فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ڕەخنەی فەلسەفەیی فەلسەفە:
غەزالی و پاشەوارانی

ئەبو حامید ئەلغەزالی (1058-1111) سەر بە وتووێژخوازترین هزرڤانانە لە مێژووی فەلسەفەی ئیسلامیدا، تەنانەت هەندێکی داڕشتنەکان نایخەنە ڕیزی فەیلەسوفەکانەوە. هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووە جیاوازەکانی بەرهەمەکەی: ئەو وەک ڕەخنەگرێکی تیژی فەلسەفە، بەتایبەتی فەلسەفەی فارابی و ئیبن سینا، دێتە نێوانەوە، هاوکات ئەو خۆی فەیلەسوفە لە ئاستێکی باڵادا کە لۆگیک و ڕەخنەکەی لە مێتافیزیک لە سەردەمەکەی تێدەپەڕن. جگە لەوە بەرهەمەکەی دوو شێوازی تەواو جیای داڕشتن لە خۆ دەگرێت: ئەو لە لایەک هزرڤانێکی ئێکسۆتێرییە، کەواتە پابەندی ئەرگومێنتهێنانەوەی زانستی-ڕاسیۆنالە، وەلێ هاوکات نووسەرێکی ئێسۆتێرییە بە مەیلێکی بەهێزەوە بۆ میستیک. ئەو لەپاڵ ڕەخنەی فەلسەفەدا هەروەها چینی زانایانی ئاین و شەریئەتی، واتا ئولەماکانی، ڕەتکردەوە و ملکەچیی ئەوانی بەرانبەر دەسەڵاتداران، هەروەها دەردی تەرقیەخوازی و ژیانی گوماناوییانی لە ڕووی مۆرالییە خستە ژێر ڕەخنەیەکی تیژەوە. کەواتە ئەو هزرڤانێک بوو کە بەزەحمەت لەتەک نموزەجێکی یەکانەیی ڕاڤەکردندا دەگونجێت. غەزالی ساڵی 1058 لە توس کە دەکەوتە خۆراسانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی فارسەوە، هاتە جیهانەوە. ئەو لە نیشاپور لای ئەلجووەینی (1085 مردووە) کە تیۆلۆگێکی بەناوبانگی سەر بە ڕێبازی ئەشئەری بوو، چووە بەر خوێندن، ئەوجا لە بەغداد کورسییەکی بەواتای بۆ شەریئەی ئیسلامی وەرگرت. خەریکبوونی چڕی ئەو بە فەلسەفەوە، بەتایبەتی بە فەلسەفەی ئیبن سیناوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ماوەیەی کاری وانەبێژییەکەی. غەزالی لەدژی ئیبن سینا یەکێک لە نووسینە سەرەکییەکانی خۆی نووسی، بە ناونیشانی “تەهافوت ئەلفەلاسیفە” (Distructio philosophorum). وەلێ تەنگژەیەکی قووڵ کە نەمانی زەمینە و ئاڕاستە بوو، ناچاری کرد واز لە پۆستی وانەبێژییەکەی بهێنێت. ئەو پشتی کردە نزیککەوتنەوەی تەنیا ئەقیدەگەرا (دۆکترینێر) و ڕاسیۆنال لە ئایین و وەرچەرخا ڕووەو میستیک. غەزالی چەند ساڵێکی درێژخایەن بەنێو جیهانی ئیسلامیدا گەڕا و لە کۆتاییدا گەڕایەوە بۆ نیشاپور، پاشان بۆ توس ی زێدی خۆی و هەر لەوێ ساڵی 1111 مرد. ئێمە دەتوانین لە سەرجەم هزری غەزالی پەرچەکردارێک لەسەر تەنگژەی هۆشەکییانەی سەردەمەکەی تێبگەین، تەنگژەیەک کە لە لایەک فەلسەفە خستبوویەوە، لە لایەکی دی ڕیشەی لەنێو ئاژاوەی قووڵی نێو تیۆلۆگیی ئیسلامیدا داکوتی بوو، کە ئیدی لە سەرئەنجامدا نەک تەنیا بەسەر تەئویلی سوننی و شیئییانەدا، بەڵکو لەنێو ئەم ئاینزایانەشدا بەسەر سێکت و مەدرەسەی لەژمارەنەهاتوودا دابەشی. لە فەلسەفەدا بەتایبەتی ئیبن سینا بە هێزی پڕواپێهێنەری فەلسەفەیی و ئایینی-میستیکییانەی خۆدەربڕینییەوە تیۆلۆگە ئیسلامییەکانی ناجەخت کردبوو. وەڵامی ئەوە تا کاتی غەزالی کەم یان زۆر نزیککەوتنەوەی تیۆلۆگەکان بوو لە فەلسەفە، یان بە پێچەوانەوە بەرهەڵستیکردنی فەلسەفە بوو بە شێوەی ناوردبین یاخود تەنانەت تووڕە.

ڕەخنەی فەلسەفە

غەزالی کۆبەرهەمێکی فراوانی نووسینی بەجێهێشت. لە کارە تیۆلۆگییە سەرەکییەکەیدا بە ناونیشانی “ئیحیائ عولوم ئەلدین” (ژیاندنەوەی زانستە ئایینییەکان) کە لە ساڵانی گەڕانەکانیدا سەریهەڵدا، هەوڵ دەدات پێشبینییە ترادیسیۆنییە ئایینییەکانی ئیمان بە مەشقەکانی سۆفیزمەوە، هەروەها ئێتیکی ئیسلامی بە ئێتیکی ئەڕیستۆتێلی و ئەمیش بە فەزیلەکانی سۆفییەوە گرێبدات. ڕەخنەی ئەو لە فەلسەفە لە “تەهافوت”دا بەتایبەتی لە فارابی و ئیبن سیناوە دەستپێدەکات کە بەواتاترین نوێنەری فەلسەفەیەکی ئەڕیستۆتێلی-نوێپلاتۆنی بوون. غەزالی بە خۆیدا ڕادەپەڕموێت کە بەرپەرچی بیست تیۆریی فەلسەفەیی بداتەوە، لێرەشدا حەڤدە دانەیان بە لادان لە ئیمانی ڕاستینە دادەنێت، وەلێ گەرچی بە ئیسلام ناگونجێن، سەرباری ئەوە بە دیدی غەزالی کوفر نین، وەک بۆ نموونە تیۆرییەکەی ئیبن سینا لەمەڕ دەروون، یان پێشبینییە سروشتی و هۆئەنجامییەکانی فەیلەسوفان بەگشتی، یاخود ئەو تێڕوانینە کە خودا وەک هەرە یەکەمین هیچ ئەتریبوتێکی نییە. وەلێ غەزالی بە پێچەوانەوە سێ تیۆری وەک بێئیمانی دەبینێت، بەمەش هەرسێکیان زەندەقە و داگەڕانن لە ئیسلام: یەکەمیان تێڕوانینی جیهانە وەک ئەزەلی، دووەمیان وادانانەکیی فەیلەسوفەکانە سەبارەت بە ناسینی شتە تاکەکان لە لایەن خوداوە نەک وەک شتی تاک، بەڵکو تەنیا پەیوەند بە ڕێکخراوی گەردوونییەوە، کەواتە تەنیا وەک کەرتی زەرووریی ئەو ڕێکخراوەی جیهان کە خۆی دروستی کردووە؛ سێیەمیان تێزی نەمریی دەروونە کە نکۆڵی لە ژیانەوەی (قیامەتی – و) لەش دەکات. غەزالی سەرئەنجامەکە لە نووسینێکی بچووکتریدا بە ناونیشانی “ڕزگارکەر لە تاریکی” (المنقذ من الضلال) پوخت دەکاتەوە. زۆر جار بەهەڵە وا دادەنرێت گۆیا ئەم نووسینە “ئۆتۆبیۆگرافی”یە، چونکە غەزالی تێیدا دوائەنجامی هزرینی خۆی گرێدەدات بەو موئایەشە جیاوازانەوە کە لە ڕەوتی پێگەیشتنی کەسەکییانەی خۆیدا کردبوونی. ئەو حوکمی توند بەسەر فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامیدا دەدات: گەر پێشتر تەنانەت سۆکرات، پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس بەقووڵی “گیرۆدەی ناڕێکوپێکییەکانی بێباوەڕی و گومڕایی” بووبێتن، ئەوا دەبێت “خۆیان و لایەنگرانیان، لە نێویشیاندا فەیلەسوفانی ئیسلامی ی وەک ئیبن سینا و فارابی و دیکەش، بە بێباوەڕ” دابنرێن. ئەوجا غەزالی ئەوەشی دەداتە پاڵ کە: “هیچ کەس لەنێو فەیلەسوفانی ئیسلامیدا هاوشێوەی ئەم پیاوانە تێڕوانینەکانی ئەڕیستۆتێلیسی نەگەیاندووە” (al-Ghazali 1988, 18).
بێگومان ئەم نەفرەتکردنە لە فەلسەفە هێندە ڕەسەن نەدەبوو گەر غەزالی لە هەندێک پنتی بنەڕەتیدا جیاوازیی لە تیۆلۆگە ئەقیدەگەراکان نەبووایە. ئەو سەرەتا زانستی “فەلسەفە” بەسەر شەش لکی جیاوازدا دادەبەشێنێت: ماتماتیک، لۆگیک، زانستی سروشتی، مێتافیزیک، پۆلیتیک و ئێتیک، وەلێ تەواو جودا لە یەک دەیاننرخێنێت. ئەو لەبارەی ماتماتیک دەبێژێت: “کێ لەم زانستە بڕوانێت، هۆشسام دەبێت بە دروستێتی و بێهاوتایی سەلماندنەکانی”، بۆیە ئولەماکانی ئایین “تاوانێکی گەورە ئەنجام دەدەن گەر باوەڕ بکەن کە دەشێت ئیسلام بە ڕەتکردنەوەی ئەم زانستە بە سەرفرازی بگەیەنرێت” (Ebd., 19 ff.). ئەمە هەروەها لۆگیک دەگرێتەوە کە وەک ئامراز سەرەتا بێلایەنە، تەنانەت بۆ تیۆلۆگەکانیش بەشە زانستێکی گرنگی یاریدەدەرە، وەلێ گەر ناوردبینانە بەسەر ئاییندا بەکارببرێت، ئیدی دەبێت بە ئامرازی تەحریفکردنی ڕاستییە ئایینییەکان. هەروەها زانستە سروشتییەکانیش بۆ غەزالی دوو لایەنیان هەیە: ئەوە ئەرکی ئەقیدەگەری نییە بەرهەمەکانیان ڕەتبکاتەوە گەر هاتوو نەبن بەهۆی گومڕایی، بۆ نموونە نکۆڵیکردن لە گۆتەکانی قورئان. غەزالی وەک سەرئەنجامی ئەوە تەنانەت داوا لە زانایانی ئاین دەکات کە مێتۆدە لۆگیکییەکانی فەیلەسوفانی دژیاری خۆیان قبووڵ بکەن. ئەو خۆی دوو لێکۆڵینەوەی لەبارەی لۆگیک نووسی تاکو بەو ڕێیەوە لۆگیک بۆ تیۆلۆگی و شەریئەت سوودمەند بکرێت. وەلێ غەزالی سەرئەنجامەکە پەیوەند بە مێتافیزیکەوە تەواو جیاواز دەردەکێشێت: مێتافیزیک گەواهی دەدات بۆ “بەسەهووچوونەکان”ی فەیلەسوفان و غەزالی هەوڵ دەدات بەرپەرچی هەریەکەیان بداتەوە، لێرەشدا ڕەخنەی ئەو لە لۆگیک کارایی خۆی وەردەگرێت. ئەمە دروست بە گرنگترین بەشی فەلسەفەیی لە هزری غەزالیدا دانراوە.

کێشەی پەیوەندیی هۆئەنجامی

غەزالی بنەڕەتییانە گومان لە مافی ئاوەز دەکات کە بۆی هەبێت پرنسیپەکانی خۆی بەسەر ئاییندا بەکاربەرێت. ئەو لێرەدا بەئاشکرا ئەرگومێنت لەدژی پرنسیپی هۆ دەهێنێتەوە، لێرەشدا نکۆڵیکردنی فەیلەسوفەکان لە پەرجوو وەک دەرچە دادەنێت. ئەمان بەو ئەرگومێنتە نکۆڵییان لە پەرجوو کردبوو کە دژ بە تیۆریی هۆئەنجامییە سروشتییەکانە و ئێمەش دەبێت ئەمپیریانە لەم تیۆرییە تێبگەین، جگە لەوە وەک پرنسیپی ڕێکخراوی جیهان تیۆرییەکی زەروورییە، ئاخر تەنیا گەر پەیوەندیی هۆئەنجامی گریمانە بکرێت، ئیدی ڕێکخراوێکی ناسراو بەگشتی دەشێت و ڕیکخراوەکەش دەمانگەیەنێت بە خودا وەک یەکەمین هۆی زەرووری. گەر بۆ نموونە شتێک دەست بە سوتان بکات، بۆ ئەوە دەبێت هۆیەکی سروشتی هەبێت و هەمیشە سەرلەنوێ بە لەگۆڕێبوونی هەمان دۆخ دەبێت بەهۆی هەڵگیرسانی ئاگر. هەرگیز ناشێت سووتان بەبێ هۆیەکی سروشتی کە ئاگرەکە دەخاتەوە، بێتەئاراوە. هەر بەگوێرەی ئەمە فەیلەسوفەکان دەیانویست سەرجەم نموونەکانی پەرجوو لە قورئان و نووسراوە ئیسلامییەکاندا خوازەییانە تەئویل بکرێن نەک مرۆڤ وشە بە وشە لێیان تێبگات. بێگومان تا چەند ئەم تێڕوانینە بە ئاوەزدا بچێت، هێشتا هەر تیۆلۆگەکان لە پشتییەوە دروست گومانکردنێکی بنەڕەتییان لە خودای قادیر دەبینی. ئاخر گەر خودا لە توانایدا نەبووایە ڕیکخراوییەکەی بوونەهۆی سروشتی بپچڕێنێت، ئەوسا خۆیشی لەژێر ڕکێفی ئەو ڕێکخراوەدا دەبوو و چیدی خودای قادیر نەدەبوو. گونجاو بەمەش دژەئەرگومێنتی باوی تیۆلۆگەکانی ئیسلام ئاماژەدان بوو بۆ قودرەتی خودا: ئەو قودرەتە توانیویەتی ئەوەش بشێنێت کە بەرواڵەت وەک نەشیاو (مەحاڵ) دەنوێنێت و هەر ئەوها و هەردەم بەگوێرەی ویستی خۆی پرنسیپی هۆئەنجامی نەهێڵێت (1). باوەجو ئەم شێوەیەی هزرین کە بریتییە لە “credo quia absurdum” (“من باوەڕم هەیە، چونکە ئەوە بێهودەیە” [چونکە دەکەوێتە سەرووی توانستی تێگەیشتنی ئاوەزەوە – و]) سەرەتای سەدەی سێیەم لە هزرینی کریستیانیشدا لای تێرتولیان هەبوو.
فەیلەسوفەکان نکۆڵییان لە پەرجوو کردبوو و غەزالی بەرپەرچی دانەوە، نوێیەتیی بەرپەرچدانەوەکەش لە جۆری ئەرگومێنتهێنانەوەی ئەودا بوو. ئاخر ئەو لەوێدا بەسانایی ڕووناکاتە قودرەتی خودا، بەڵکو هەوڵ دەدات پرنسیپی هۆئەنجامی، وەک تیۆریی بوونەهۆی زەرووریانەی سەرجەم ڕوداوەکان، هەڵبووەشێنێتەوە. هەروەها غەزالی لە لایەنی خۆیەوە وایدادەنێت کە لە نێوان بوونەوەردا پەیوەندیگەلی زەرووری هەیە، بۆ نموونە کاتێک ئێمە ئەدگاران دەدەینە پاڵ بوونەوەران، یان پەیوەندییە ڕاوم-ییەکان. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک چواندنی بۆ ئەو ڕوداوە یان ئەو شتانە نییە کە بە دەرکەوەرەکان شیاوی دەرککردنن: “پەیوەندی لە نێوان ئەوەدا کە وەک باوە بە هۆ و ئەنجام دادەنرێت، بە تێڕوانینی ئێمە زەرووری نییە. […] لە هەر کوێ دوو شت هەبن، لە هەبوونی یەکێکیانەوە بەزەرووری هەبوونی ئەویدیکەیان ناکەوێتەوە، بە هەمان شێوە لە نالێرەبوونی یەکێکیانەوە نالێرەبوونی ئەویدیکەیان ناکەوێتەوە” [سیتاتەکە وەرگیراوە لە: Ibn Ruschd 1913, 252]. پەیوەندیی نێوان دوو شت یان دوو ڕوداو ناگەڕێتەوە بۆ ناچارەکێتییەکی نێوەکی لە ئەوان خۆیاندا، چونکە ئەم ناچارەکێتییە لە سروشتدا تێبینی ناکرێت. گەر بۆ نموونە پارچەیەک خوری بەر ئاگر بکەوێت و دەست بە سووتان بکات، ئەوا فەیلەسوف لێرەدا لە پەیوەندییەکی هۆئەنجامی دەدوێت، وەلێ غەزالی بەرپەرچی ئەوە دەداتەوە:
“کەواتە ئایا بەڵگە بۆ ئەوە چییە کە ئاگر هۆکارەکەیە؟ تێبینیدانی ئەمپیری تاکە بەڵگەی فەیلەسوفەکانە: سووتان بە ئاگر و هاوکات لەتەک بەرئاگرکەوتندا دێتەئاراوە. تێبینیدانەکە دەیسەلمێنێت کە سووتان هاوکات لەتەک ئاگردا دێتەئاراوە، وەلێ نایسەلمێنێت کە سووتانەکە بەهۆی ئاگرەوە دەکەوێتەوە [هەمان سەرچاوە، 253].
کەواتە ئێمە بەڕاستی تەنیا دەتوانین چاودێریی پەیوەندییەکی دوای-یەکی (post-hoc) نەک پەیوەندیی بەهۆوەیی (propter-hoc) بکەین. ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە ناتوانین لە ڕووی ئەمپیرییەوە دژبێژیی غەزالی بکەین. هەر بەم پێیە دەرئەنجامگیرییەکەی ئەو بریتییە لە: ئێمە لێرەدا هۆبوونێکی زەرووریمان نییە، بەڵکو ئەوە کاریگەریی خودایە: “خودا هۆی سووتانە، ئەویش کاتێک ڕەشایی دەهێنێتە نێو خوریەکەوە، هەروەها بۆ پێکهاتەکانی هەڵیدەوەشێنێتەوە و وەریدەگۆڕێت بۆ سوتوو. خودا ئەم کارە بە نێوەندیاریی مەلایکەکان ئەنجام دەدات یان ڕاستەوخۆ” (هەمان سەرچاوە). واتای ئەم ئەرگومێنتهێنانەوەیە لەوەدا نییە هەروەک ئێمە گەڕانەوەیەکی سەرلەنوێمان ڕووەو خودا هەبێت، یان واتاکەی لە هەوڵدانێکی لاوازدا بێت بۆ ڕزگارکردنی بڕوابوون بە پەرجوو، بەڵکو واتاکەی لەو هەقیقەتەدایە کە ئێستا هێزە ئەمپیرییەکەی سەلماندنی پەیوەندیی بەهۆوەیی (پرۆپتەر-هۆک) بەرپەرچ دەدرێتەوە. ئەم شێوازە هزرینەی غەزالی بێئاکام بوو، وەلێ ئەرگومێنتهێنانەوەکە درەنگتر لە فەلسەفەی ئەوروپیی نوێسەردەمدا، وەک ئاشکراشە لای دەیڤید هیوم، سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە. لێرەدا دەشێت زۆر سەرنجڕاکێشانە وەرچەرخانێک ڕوون بکرێتەوە: لە نێوان پارادیگمای ئۆنتۆلۆگییانە – کە غەزالی پێوەی پابەند بوو – و پارادیگمای مێنتالیستیی نوێسەردەم – کە هیوم پەیڕەویی دەکرد. ڕەخنەی غەزالی لە بەڵگەهێنانەوەی ئەمپیریانە بۆ پەیوەندییە زەروورییە هۆئەنجامییەکان هەر ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە ئاماژە بۆ خودا بدات – خودا سەرلەنوێ وەک ناوکی ئۆنتۆلۆگییانەی هەر ڕوداوێک؛ بە پێچەوانەشەوە لەبەر ئەوەی نەشیاوە ئەمپیریانە پەیوەندیی هۆئەنجامی وەک جەختییەکی ئۆنتۆلۆگییانە بسەلمێنرێت، ئەوا هیوم دەرئەنجامێنێت کە سازاندنی ڕێژە هۆ-ئەنجامییەکان تەنیا لە خووی هزرینی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بەڕێی ئەزموونەوە. کەواتە کاتێک غەزالی پەیوەندیی هۆئەنجامیی وەک کەرتی ڕێکخراوێکی جیهان بەرپەرچدایەوە، ڕێکخراوێک کە ئەو ئۆنتۆلۆگییانە لێی تێدەگەیشت و پەیوەندییە هۆئەنجامییەکە بە ئاماژەدان بۆ ڕێکخراوێکی هەروەها ئۆنتۆلۆگییانەی خودایی ڕزگاردەکات، ئەوا هیوم ڕێگەیەکی ئەوتۆ دەگرێتە بەر کە تەنیا بۆ ئاوەز کراوەیە: هیوم لە پەیوەندیی هۆئەنجامی تێناگات وەک پرنسیپێکی ڕێکخستن کە لەنێو سروشتدایە (کەواتە ئۆنتۆلۆگییانەیە)، بە پێچەوانەوە وەک پرنسیپی ئاگایی مرۆڤ دەیبینێت، واتا وەک پەرچەکرداری ئاگایی لەسەر ئەو ئەزموونانە کە مرۆڤ کردوونی. بێگومان هیوم ناتوانێت بەوە ڕوونی بکاتەوە کە داخۆ چۆن ئەزموونکردنی شتێک بەگشتی بشێت. کانت ئەم هەنگاوە دەنێت، کە دوای ئەوەی هیوم لە “سەرخەوی دۆگمایی” بێداری دەکاتەوە، ئیدی پەیوەندیی هۆئەنجامی تەنیا بە کاتێگۆرییەکی زەین دادەنێت، زەینیش بەگوێرەی ئەمە “یاساکانی خۆی بەسەر سروشتدا دەسەپێنێت” نەک بییەوێت لە ئەزموونەوە دەریان بئەنجامێنێت (Immanuel Kant, Prolegomena, § 36).
ئەرگومێنتەکانی غەزالی لەدژی تێگەی پەیوەندیی هۆئەنجامی لای فەیلەسوفەکان پێشانی دەدەن کە چەند زۆر دێباتی سکۆلایستییانەی نێو سیستەمەکانی ئیمان لە چەرخی نێڤیندا بەرەو پێش هەنگاوی نا تا ئیدی بە هزری مۆدێرنە دەگات. هاوکات لێرەدا ئەوەش خویا دەبێت کە تا چەند تیژترین ڕەخنەی هزری بێئاکام دەمێنێتەوە گەر تەنیا بچێتە خزمەتی بەرگریکردنی دۆگماییەوە لە سەرەکێتیی ئایین. ڕەخنەی غەزالی لە فەیلەسوفەکان تێکرا دوو سەرئەنجامی هەبوو. گومانی تێدا نییە کە ئەو ڕەخنەیە رۆڵێک بۆ سەرهەڵدانی کەشێکی گۆڕراو بەرانبەر فەلسەفە دەگێڕێت. ئەمڕۆ فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامیی هاوچەرخ ئەو تانوتە لە غەزالی دەدەن. پۆلێمیکی ئەو لەدژی فەلسەفە ڕاستەوخۆ خودی فەیلەسوفەکانی هەنگێوت کە ئێستا لەنێو ژینگەیەکی سەرجەمییانە گۆڕراوی جڤاکیدا بەردرابوونە بەردەم نالێبوردەیی و دوژمنکاریی پەرەسەندوو. لە کۆتاییشدا غەزالی نەک تەنیا پۆلێمیکی لەدژی “بەسەهووچوونەکان” نواند، بەڵکو هەروەها ڕاستەوخۆ سەرزەنشتێکی پێوەلکاند: ئەم بەسەهووچوونانە هەڵگەڕانەوەن لە ئیمان، هەڵگەڕانەوەی ئەوهاش دەشیا لە هەڤرایەڵی جڤاکییانەی سەردەمەکەی ئەودا کوشندە بێت. وەلێ غەزالی هاوکات لە ڕووی مێژووی هزرەوە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی فەلسەفەدا. ئەو بە شێوازی ئەرگومێنتیانە هەوڵی دا فەلسەفە لەکاربخات، لێرەشدا پەیڕەویی مێتۆدە فەلسەفەییەکانی کرد؛ جگە لەوە بەوەفایانە تێزە ڕەخنەییەکانی فەیلەسوفانی خستەبەردەم، کە ئیدی بەو ڕێیەوە زانینی زۆر لەبارەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی و نوێ-پلاتۆنی ڕاستەوڕاست بە ئەڵقەگەلی فراوانی تیۆلۆگە سوننیەکان گەیشت و رۆڵێکی گێڕا بۆ سەقامگیربوونی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس لە مەدرەسە ئایینییەکاندا.

ڕەخنەی غەزالی لە فەلسەفە هەروەها سەرئەنجامێکی سیاسیی هەبوو. دابەشبوونی ئیسلام بەسەر سوننی و شیئیدا، هەروەها لێکهەڵوەشانی ئیسلام بەسەر ژمارەیەکی فرە سێکت و مەدرەسەدا، لای غەزالی نیشانە بوون بۆ لەخشتەبردنی ئیمانداران بەڕێی هزرینی چەوتەوە. ئەو هۆی سەرهەڵدانی ئەم هزرینە چەوتەی دەگەڕاندەوە بۆ فەلسەفە کە ویستوویەتی ڕاسیۆنالانە ڕێکخراوی جیهان ڕوونبکاتەوە و بیسەپێنێت، بەو ڕێیەشەوە ئیسلامی تێکشکاندووە.

غەزالی لە پامفلێتێکدا لەدژی شیئەی ئیسمائیلییە پەیوەندییەکی لە نێوان ئەوان و نوێ-پلاتۆنییەکاندا دەرخست: گرێدانی “زەینی پەتی” وەک یەکەم ڕژان ی یەک-ی هەرە سەرەتایی بە بیرۆکەی پێغەمبەرییەوە. بەمەش بە دیدی غەزالی هزرینی فەلسەفەیی نەک تەنیا پەرجووی پێغەمبەری، بەڵکو هەروەها لە سەرئەنجامدا خەلافەتیشی لەهێز خستووە کە گەرەک بوو دوای پێغەمبەر پارێزەر و بەرگریڤانی ئیمان بێت. کەواتە ڕادیکالێتییەکەی غەزالی بەرانبەر شیئە و فەیلەسوفەکان پەرچەکردارێکی ڕاستەوخۆ بوو لەسەر داڕوخان و ناتەبایی لەنێو جیهانی ئیسلامیدا. غەزالی – تەواو لە مەغزای جیهانبینییەکی هەیەپارێزدا کە ئەمڕۆش باوە – هزرینی ڕەخنەیی لەو ڕەوشە بەرپرسیار دانا، بە ئەندازەی ئەوەش خۆزگەی بۆ بەهێزبوونی خەلافەت هەبوو. بە دیدی ئەو دەستوێژی بەهێزبوونی خەلافەت بریتی بوو لە ڕاگرتنی هەر ناکۆکییەکی نێوەرۆکی، ئەوەش بەدیدەهێنرا گەر فەلسەفە بکرایە بە مەسەلەی چەند زانایەکی کەم. گەرەک بوو زۆرینەی مرۆڤان ڕێنوماییەکانیان تەنیا لە قورئان و سوننە وەربگرن، تەنانەت دەبوو پراکسیسی سیاسی لەسەر ئەو دوو ڕێنومایە ئەنجام بدرێت. هەر بەم پێیە دەرئەنجامی غەزالی لە ڕووی واتای فەلسەفەوە بۆ پراکسیسی جڤاکی بریتی بوو لە: “لەبەرئەوەی بەسەر زۆرینەی مرۆڤاندا ئەو وەهمە باڵادەستە، […] کە گۆیا خاوەنی کامیلێتی ی ئاوەز و توانستن بۆ جیاوازیکردنی ڕاستی لە هەڵە و ئیمانی دروست لە بەسەهووچوون، ئەوا دەبێت تا بکرێت بڕێنەرەوانە گەڤی خەڵک بکرێت کە کتێبەکانی بەسەهووبراوان نەخوێننەوە.” (Al-Ghazali 1988, 27). گەر ئەمە بە یوتۆپیاکەی فارابی لەمەڕ دەوڵەتی دانایی بەراورد بکەین، ئەوا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە تا چە ڕادەیەک فەلسەفەی سیاسی لەسەر ڕێگەی بەرەو تیۆکراتیی دوژمن بە هزر پێشڤە چووبوو.

پاشەوارانی غەزالی

ڕەخنەی فەلسەفەیی غەزالی لە فەلسەفە هاوکات تینی بە تیۆلۆگی دا کە خۆی وردتر شارەزای فەلسەفە بکات و مێتۆدەکەی وەربگرێت. محەمەد ئیبن عەبدولکەریم ئەلشەهرستانی (نزیکەی 1086-1153) یەکێک بوو لەو یەکەمین کەسانە کە هەوڵی بەو چەشنەیان دا. ناوبانگی شەهرستانی دەگەڕێتەوە بۆ نووسینەکەی بە ناونیشانی “کیتاب ئەلمیلەل وەلنیحەل” (حیزبە ئایینی و مەدرەسە فەلسەفەییەکان). ئەو لەم کتێبەدا بەفراوانی سێکت و حیزبەکانی نێو ئیسلامی داڕشت، لێرەشدا کتێبەکە نەک تەنیا مێژووی سێکتە ئیسلامییەکان لە سەردەمی سەرەتاوە، بەڵکو هەروەها فەلسەفە لە کولتووری ئیسلامیدا و ئایینە مەزنەکانی دیکەی پاڵ ئیسلامیش لە خۆ دەگرێت. وەلێ گومانی تێدا نییە کە داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤی نییە، بەڵکو لە نێویدا بڕێکی زۆر ڕەخنەی تیۆلۆگەکان و غەزالی لە فەلسەفە هەیە. شەهرستانی لە هزری ئیبن سینادا کەم یان زۆر ئەوە پوختدەکاتەوە کە پێشتر غەزالی لە “تەهافوت”دا نووسیبووی. سەرباری ئەوە کتێبەکەی یەکێکە لە فراوانترین داڕشتنەکانی مێژووی هزر لە ئیسلامدا تا سەردەمی خۆی، هەروەها بناغەیەکی گرنگی زانیارییە، بەتایبەتی لەبارەی “سێکت”ەکانی سەردەمی زووی ئیسلام و هزریان. ئەوجا کتێبەکە بەڕێی جۆری داڕشتنییەوە دیدێکمان بۆ نێو هزری ئەقیدەگەرای ئایینی لە ئیسلامدا بۆ دەڕەخسێنێت. وەلێ فەخرەدین ئەلڕازی واتایەکی مەزنتری فەلسەفەیی لە شەهرستانی هەبوو. ئەو ساڵی 1149 لە ڕای هاتە جیهانەوە. دوای خوێندن لەوێ چەند ساڵێکی بە گەڕان بەسەربرد و لە کۆتاییدا لە شارەکەی زێدی خۆی وەک مامۆستا نیشتەجێ بوو. ڕازی لەوێ ماوەیەک ژیانی بەهەژاری بەسەربرد، پاشان بەهۆی میراتییەکەوە گەیشت بە خۆشگوزەرانی. ئەو ساڵی 1210 لە هیرەت (لە ئەفغانستانی ئەمڕۆ) مرد. پێشتر دەسەڵاتدارەکەی هیرەت دەرفەتی پێدابوو خوێندنگەیەک لەنێو کۆشکەکەیدا دابمەزرێنێت. فەخرەدین رازی یەکێک بوو لە دوایەمین ئێنسیکۆلۆپێدیستە مەزنەکانی ئیسلام و بە چەند کارێکی زۆر هەوڵی دا نەک تەنیا تیۆلۆگی پێکەوە لەتەک ڕاڤەیەکی فراوانی قورئاندا، بەڵکو هەروەها زانستە دنیاییەکان و فەلسەفەش دابڕێژێت و ڕاڤە بکات، لێرەشدا پشتی بە غەزالی بەست و هەر لەسەر دابی ئەو ڕاڤەیەکی بۆ فەلسەفەی ئیبن سینا نووسی. وەلێ ڕازی لەو نووسینەدا زۆر زۆرتر لە غەزالی فەلسەفەی بە تیۆلۆگییەوە لکاند، ئەوە بە ڕادەیەک کە ئیدی هەردوو کایەکە بەدەگمەن لە یەک جیادەکرێنەوە. ڕازی، دەرچوو لە لۆگیک و فەلسەفەی سروشتەوە، هەوڵی دا ڕاسیۆنالانە ئیدێی خودا ڕوونبکاتەوە، پاشان ڕووی کردە ڕەخنەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی-نوێپلاتۆنی (بەتایبەتی تێڕوانینی ڕژان)، لێرەشدا تێگەیشتنی ئیسلامیانەی خۆی کە بۆ “زانینی سروش” هەیبوو، بەرانبەر ئەو فەلسەفەیە دانا. لێرەوە ئیدی سەرلەنوێ بڕێکی زۆر لە فەلسەفە دێتە نێو تیۆلۆگییەوە. سەرباری ئەوە تێکەڵکردنی فەلسەفە و تیۆلۆگی لە لایەن ڕازییەوە هەروەها جیاوازییەکانی نێوانیانی سڕییەوە و هەڵوێستی ناڕۆشنی ئەوتۆی خستەوە کە تایبەتمەندییە تێگەییەکەی فەلسەفە و بەردەوامیی ئەویان سەرلەنوێ لاواز کردەوە. هاوکات ڕازی لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆیدا هەیەپارێزتر بوو لە غەزالی. لە ئایندەدا ئەم گرێدانەی نێوان مێتۆدیکی فەلسەفەیی و تێگەیشتنی بنەڕەتییانەی هەیەپارێز شەقڵی بە تیۆلۆگیی ئیسلام دا، کە ئیدی لە نێوەرۆکە فەلسەفەییەکەی زۆر کەم زیاتر لە توخمە بنەڕەتییەکانی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس مایەوە. ئەم توخمانەی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس تا نێو سەدەی نۆزدەیەم مانەوە، بەتایبەتی وەک بەشێکی پێگەیاندن لە مەدرەسەکاندا کە وەک دامەزراوەی فێرکاری لکێنرابوون بە مزگەوتێکەوە.

(1): ئێمە نابێت لەم تێروانینە بە هەڵە ئۆکاسیۆنالیزمی فەلسەفەی درەنگتر تێبگەین. ئاخر ئۆکاسیۆنالیزم نکۆڵی لە پەیوەندیی هۆئەنجامییانەی نێوان لەش و دەروون دەکات و وایدادەنێت، کە خودا یان پرنسیپی خودایی لە “هەل”دا (بە لاتینی: ئۆکاسیۆ) دەبێتە هۆی گرێدانی ڕووداوە دەروونی-هۆشەکی و لەشەکی-جەستەییەکان. ئەم ئۆکاسیۆنالیزمە ڕاستەوخۆ دەبێت بە پاڵهێزی جیهاندیدییەکی پانتایستی، ئاخر تەنیا هۆشی خودایی کە هەردەم لەنێو سەرجەمدا لەگۆڕێیە، دەتوانێت گرێدانێکی بەو چەشنە ئەنجام بدات. گومانی تێدا نییە کە تیۆلۆگە ئیسلامی یان کریستیانییەکانی چەرخی نێڤین و پێشبینییان لەمەڕ خودای کەسێنراو مەبەستی بەو چەشنەیان نەبووە.

———————

سەرچاوە:
Geert Hendrich: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.

فەرهەنگۆک ی وەرگێڕ
دێباتی سکۆلایستی: دێبات لە هەڤرایەڵی ئیسلامیدا واتای “کەلام” (گفتوگۆ، دانوستاندن) دەگەیەنێت بەو ئامانجە کە بە ئەرگومێنتهێنانەوەی ڕاسیۆنال بناغەیەک بە ئیمان بدرێت و بەو ڕێیەشەوە گومانەکانی مرۆڤ لە ئایینەکەیان یەکلابکرێنەوە. هزرڤانەکان بریتی بوون لە ئەلموتەکەللیمون و زانستەکەشیان ناودەنرا “عیلم ئەلکەلام” (زانستی سکۆلایستی). ئەمان بەهۆی کاریگەریی فەلسەفەوە لەسەریان شێوازی نوێی هزرین لە هۆشیاندا هاتبووە ئاراوە، لەژێر ئەم کاریگەرییەشدا گۆڕانیان بە مێتۆدی دیکەی سەلماندن دا تاکو قورئان و حەدیس ڕوونبکەنەوە، ڕوونکردنەوەکانیشیان ناتەبا بوون بە تێڕوانینی باو و سەروەر بۆ ئایینی ئیسلام.
ئەقیدەگەری: ئۆرتۆدۆکسی، پابەندی سوننەتییانە (لاساییگەرایانە) بە بنەماکانی ئایینەوە.
ئەمپیری: تەجریبی، سەلمێنراو بە تاقیکردنەوە.
ئەتریبوت: ئەدگار، تایبەتمەندی، کاراکتەریستک.
ئێکسۆتێری: نووسینێک کە ڕووی کراوەتە دەرەوە: خەڵک، خوێنەرانی فراوان.
ئێسۆتێری: ئاڕاستەدراو ڕووەو ناخەکێتی، ڕەوانی، یان داخراو لە بەردەم خوێنەرانی فراوانی نەشارەزادا.
هەڤرایەڵ: کۆنتێکست
مێنتالیزم: مێنتال واتا “هۆشەکی”، کەواتە ناخەکی. مێنتالیزم ڕێبازێکی فەلسەفەییە کە بابەتانی هۆشەکی وەک گەرەنتی بۆ ڕاستیی دەربڕینە / ڕستە خۆییەکان لەبارەی هەر پێشبینییەک یان بۆ واتای وشە دادەنێت.
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆبژێکتیڤی: فاکتی وەک سەربەخۆ لە هەست و تێڕوانینی کەسەکی.
ئۆکاسیۆنالیزم: وایدادەنێت کە ناخەکێتیی مرۆڤ هۆشەکییە (نا-ماتەریەلە) و هیچ پەیوەندییەکی نێویەکی لە نێوان لەش و دەرووندا نییە، و تەنیا خودا لە نێوانیاندا وەک نێوەندیار کارا دەبێت. ئەم ئاڕاستەیە پابەند بە دوالیزمی دێکارتەوە گۆڕان پێدرا.
پامفلێت: نووسینی شەڕانی، زۆر جار پابەندنەبوو بە فاکتەوە؛ یان پۆلێمیکی تیژ بۆ نموونە لەدژی کەسێکی دی.
پانتایستی: لایەنگری پانتایزم کە خودا لەنێو جیهاندا دادەنێت، یان دەبێژێت: هەردووکیان یەکانگیرن.
پارادیگما: شێوازی، ڕێبازی یان نموزەجی بنەڕەتییانەی هزرین. بۆ نموونە لای پلاتۆن بریتییە لە مێتۆدی لێکچواندن.
پەیوەندیی هۆئەنجامی: کاوساڵێتی. پەیوەندییەکە یاساییە. لێرەدا جەخت دەکرێت کە ڕوداوێک هەمیشە بەدووی ڕوداوێکی دیکەدا دێت؛ یەکەمیان ئەنجامە، ئەوی دووەمیان هۆیە.
پۆلێمیک: واتای وشەیی: هێرش، شەڕ. بەزۆریی ناکۆکیی توندە لە میانەی دانوستاندنی ئەدەبی، فەلسەفەیی، زانستی یان سیاسیدا.
ڕاسیۆنال: هزرینی مەبەستمەند، هزرینی بەردەوام یاوەریکراو بە ئاوەز.
ڕاوم: فەزا، سپەیس، ئەوەیە کە سەربەخۆ لە ماتەری هەیە، جا گەرچی ئەم لەنێو ئەودایە. ڕاوم بریتی نییە لە شوێن / جێ کە دیاریکراوێکی نێو ڕاومە.
ڕەوان: سپیریتوالێتی، مەئنەویەت
سێکت: کۆمەڵەیەکی هاوبڕوا کە لە کۆمەڵەیەکی (لە ئایینێکی) گەورەتر جیابۆتەوە و ئەندامانی وایدادەنێن کە ڕێبازی ئەوان تاکە ڕێگەی گەیشتنە بە جیهانی خودایی.
سیتات: ئیقتیباس
تیۆکڕاتی: تیۆس بەواتای خودا، کڕاتاین بەواتای دەسەڵاتداری. کەواتە واتا وشەییەکەی بریتییە لە “دەسەڵاتداریی خودا”. لەم جۆرەی دەسەڵاتداریدا ماف و یاسا پابەند بە ئایینەوە دەچەسپێنرێن و ڕەوایەتییان پێدەدرێت وەک پەیڕەویکردنی ویستی خودا.
وادانانەکی: دەربڕینێک کە وایدادەنێت شتێک / ڕەوشێک / کەسێک ئەوهایە، وەلێ دەشێت ئەوها نەبێت، بۆ نموونە: “هەموو سیاسییەکان گەندەڵن”.




كیەكەگۆ دژە عەقڵانیزمێکی مەترسیدار و شەڕانگێز.. رزگار سەعید

لە زستانی 1841 سورین كیەكەگۆ (یاخود کیرکیگارد)ی بیست و هەشت ساڵە پاش هەفتەیەک لە هەرەسهێنانی پرۆسەی خۆشەویستی لەگەڵ (ریگینا ئۆڵسن) دەزگیرانی کە ساڵانێک بە ئازارەوە بەڕێ کردبوو ئەم کۆتایی پێهێنابوو، لە کۆپنهاگنەوە دەگاتە زانکۆی بەرلین بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕاستییەکی ڕەها کە چۆن بتوانێت جارێکی دی ئارامی بە ڕۆحی ببەخشێتەوە.
سەرەتا ئەم لاوە بە جۆشەوە گوێ بۆ وتارەکانی شێلینگ دەگرێت سەبارەت بە “فەلسەفەی وەحی” تەنانەت لەگەڵ هێرشەکانیشیدا هاوڕا دەبێت بۆ سەر دیموکراسی سیاسی و لیبرالیزم، بەکارەکانی هیگڵ ئاشنا دەبێت، بەڵام ئەم گوڕ و تینی شەوقە زۆر ناخایەنێت و بە خێرایی بۆ نائومێدییەکی قووڵ پەل دەکێشێت.
ساڵی 1843 لە ژێر ناوێکی ساختەی ڤیکتۆر ئێرێمیتا کتێبێکی گەورە بەناوی(Entweder – Oder) بڵاو دەکاتەوە، لەم بەرهەمەیدا دوو ئەگەری بوون یان تێڕوانین بۆ ژیان لەیەکتر جیا دەکاتەوە ئەوانیش ئەگەری جوانیناسی و ئەگەری ئەخلاقیە کە تێیدا ڕەخنەش لە هیگلیزمی دەگرێت.
ساڵی 1848 بە بڵاوبوونەوەی گوتارەکانی مەسیحیەت، ڕووبەڕووی کڵێسای دانیمارکی دەبێتەوە، تۆمەتباریان دەکات بەوەی مەسیحی بوون چیتر دەرئەنجامی بڕیارێکی هۆشیارانە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە تەنها خودی کڵێسا کان پشتگیری لێدەکەن.
كیەكەگۆ خەمێکی هەڵگرتبوو کە سەرچاوەکەی لە پرسیارێکی گرنگ و فرە ڕەهەنددا بوو بەوەی ئایا مرۆڤ چۆن دەتوانێت مەسیحییەکی پەرستراو بێت لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی مۆدێرندا؟
هەر بۆیە لە ڕێگەی نووسینی تیۆلۆژییەوە هەوڵیدەدا لە ناڕەحەتیەکانی ڕۆحی خۆی شارەزا بێت، سەرئەنجام ئەم لێکدانەوەی ڕوحە دەیکاتە کارەکتەرێکی کلاسیکی لاهووتگەریی ئەوروپی مۆدێرن و بەردەوام بەدوای مانادا وێڵ دەبێت، تا مانایەک لەسەر خودی خۆی ببینێتەوە.
كیەكەگۆ لە 5 ی ئایاری 1813 لە شاری کۆپنهاگن لەخانەوادەیەکی دەوڵەمەند لەدایکدەبێت کە پێشتر باوکی زۆر هەژار دەبێت و سامانێکی زۆری لە خانەوادەکەیانەوە بۆ دەمێنێتەوە، باوکی دەبێتە بازرگانێکی بەناوبانگ، بەڵام ئەو سەرمایەیەی باوکی نابێتە مایەی خۆشی و نیعمەت، بەڵکو ترسی مردن و گوناە لێی دەبێتە تەقوایەکی خەمناک و خەمۆکیەکی بەردەوامی ژیانی.
ساڵی 1830 لە زانکۆی کۆپنهاگن فەلسەفە و ئیلاهیات دەخوێنێت، پاش هەشت ساڵ دەست دەکات بەخوێندنی ئیلاهیاتی پرۆتستانت بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ گومانە ئایینییەکان.
ساڵی 1841 لەسەر چەمکی ئایرۆنی کە لێکۆڵینەوەیەکی چڕە لەسەر سۆکرات لە ڕوانگەی زینۆفۆن و ئەرستۆفانیس و ئەفلاتون بەناوی (لەبارەی چەمكی ئایرۆنییەوە بە گەڕانەوەی هەمیشەیی بۆ سوكرات) خوێندنەکەی تەواو دەکات، هەوڵدەدات چیدی وانە نەدات بە بەرامبەرەکەی، بەڵکو هانی بدات سەربەخۆیانە پرسیار بکات و بیربکاتەوە و ڕاستییەکانی خۆی بدۆزێتەوە، گاڵتە بە نیوە زانین بکات و شوێن بۆ زانینی گشتگیر بکاتەوە، ئیدی فۆڕمی ژیانی دەگۆڕێت بۆ ژیانێکی لوکس و بە زانا و نووسەرێکی تایبەتی دانیمارکی دەناسرێت، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ کار نەکردنی و کاتێکی زۆری بەردەست دەبێت بۆ خۆڕاگری و بیرکردنەوەی بەردەوام.
کاتێک ڕەخنە لە ئایدیالیزمی ئەڵمانی بە تایبەت ئیدیعاکانی هیگڵ دەگرێت بۆ ئەوەی حەقیقەتی ئیمانی کۆنی لۆتەران بە زاراوەی عەقڵی مۆدێرن ڕوون بکاتەوە، ئیمان بە بیرکردنەوەی عەقڵانی نازانێت، بەڵکو دەیکاتە بڕیارێکی ناعەقڵانی، ئەمەش دەبێتە مەترسییەکی بێ مەرج “بازدان” بۆ ناو نەزانراو هەر لەم ڕوانگەوەیە بە باپیرەی بوونگەرایی مۆدێرن پێناسە دەکرێت.
زاڵبوون
كیەكەگۆ لە شیکارییەکیدا بۆ قوربانیدان و پلان داڕێژراوی ئەبراهام بۆ ئیسحاق (ئیبراهیم بۆ ئیسماعیل) ڕوونی دەکاتەوە هەموو مرۆڤێک لە ژێر فشاری وجودیدایە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدات.
پێویستە هەموو کەسێک بڕیار لە چۆنیەتی ژیانی خۆی بدات نەک تەنها سەرنجی لەسەر بەکاربردن و چێژوەرگرتن بێت، بە پێچەوانەوە هەرگیز ناتوانێت لەو “قۆناغە جوانکارییەدا” بەسەر پووچیی مانا و بێزاری بوونگەرایدا زاڵ بێت، بەواتایەکی دی مرۆڤ دەتوانێت یان خۆی هەڵبژێرێت، یان سنوورداربوونی خۆی بکاتە ڕەها لە خۆ جێگیرکردنی گوناهباریدا، دەتوانێت بوێر بێت و“ باز بدات” ە ناو ئیمان.
ئەم بازدانە بۆ بەرزترین “قۆناغی ئایینی” ژیانە، قسەیەکی فانییە لە جددییەتی ئیمان کە لەلایەن ئیبراهیمەوە وێنا دەکرێت، کە ئامادەبووە بە ویستی خودا قوربانی ئەنجام بدات، بۆ كیەكەگۆیش ئەم ئامادەگی کوشتنە بۆ توندترین گوێڕایەڵ بوونی ئایینیی دەگەڕێنێتەوە.
چەمکی ترس
كیەكەگۆ کاتێک ڕەخنەگرانە باس لە ئیمان دەکات، بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر دەسەڵاتدارانی دنیا چونکە “لە ڕێگەی گوێڕایەڵی بێ مەرج بۆ خودا تێکڕای شتگەلەکان لە دۆخی چەقبەستوویاندا دەمێننەوە.” ئیمان تەنها شتە دنیاییەکان لە چەسپاندن و سەقامگیریی دەپارێزێت کە دژایەتی سنوورداربوون دەکەن.
ئیمان تەنها ڕێگە دەدات سنووردارەکان سنووردار بن و بەرەنگاری ڕەهابوونەکان ببێتەوە ئەمەش هێزێکی ڕەخنەگرانەی سنووردارە، واتە ئەگەر هەموو شتێکی دنیایی سنوورداربوونی خۆی هەبێت، ئەوا ئیمانیش دەبێت بۆ خۆی جێبەجێ بکات، کەواتە نەک هەر عەقڵ سنووری خۆی هەیە، بەڵکو ئیمانیش سنووری دیاری خۆی هەیە و نابێت خۆی بخاتە جێگای خودا، ئەمە ئەو ڕەهەندەیە کە كیەكەگۆ کاری لەسەر دەکرد و بەو هۆیەوە مۆدێلێکی مەعریفی بۆ هەموو ئەو مرۆڤە خواپەرستانە دابین دەکرد کە نەیان دەویست سنوورەکان بناسن و بناغەکانی مەدەنیەت دابمەزرێنن.
ترس وەک پێشمەرجێکی گوناه نەک دەرئەنجام پۆلێکی سەرەکییە لە بیرکردنەوەی كیەكەگۆدا، وەک لە کتێبی”چەمکی ترس” لە ساڵی 1844 باسی لێوە دەکات.
سەبارەت بە جیاوازیی نێوان ترس و شپرزەیی دەڵێت: ترس هەمیشە ترسە لە شتێكی دەرەكی، بەڵام شپرزەیی دۆخێكی بوونخوازانەی مرۆڤە لە ناخیدا گەشە دەکات.
ترس هیچ پەیوەندییەکی بە خودی ترسەوە نییە، بەڵکو وەک گێژاوی ئازادی و واقیعی ئازادیە، بەمکارەی سەرنج بۆ ناڕوونییەکەی ترس ڕادەکێشێت، بۆ ئەو ئەگەرە یەکتر دوورخراوانەی کە لەخۆی دەگرێت، چونکە شتانێک لەخۆدەگرێت لە هەمان کاتدا هەم ترسناکە و هەم سەرنجڕاکێش، بۆیە بە “دژە هاوسۆزی و هاوسۆزی دژە هاوسۆزی” ناوی دەبات، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەوەی فرۆید سەبارەت بە هەستکردن بە تاوانباری تێبینی دەکات: مرۆڤ تاوانبار نییە چونکە گوناه دەکات، بەڵکو گوناه دەکات چونکە ئاگاداری تاوانبارییە.
كیەكەگۆ لە بەشێکی چەمکی ترسدا باس لە ترسی مرۆڤ دەکات وەک سەرچاوەی ئازادی خۆی لێکدەداتەوە، هەوڵدەدات پەیامەکە وەک بەرهەمێکی دەروونی تێبگەین، بەڵام چەندین جار بە قووڵی لە دۆگماتیکدا قووڵی دەکاتەوە، زیاتر هەوڵدەدات ئەم بارەمان بۆ ڕوون بکاتەوە، کاتێک یەکەم مرۆڤ حاڵەتی بێتاوانی خۆی وەک جۆرێک لە خەون ئەزموون دەکات، کاتێکیش لە خەونەکەی بەئاگا دێتەوە، تێدەگات بە هیچ دەورە دراوە، ئەم هیچبوونە دەیترسێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوونبوونەوەی ئازادییەکەی، بەمەش بەشێک لە چەمکی ناوەندی فەلسەفەی بوونگەراییمان پێ دەناسێنێت.
تێڕوانینەکانی كیەكەگۆ سەبارەت بە ئاڵۆزی ترس و ئازادی و گوناه و سێکسییەت تاڕادەیەک تێگەیشتنیان سەختە، بەڵام دەتوانرێت لە ئیلاهیات و دەروونناسی و فەلسەفەی سەدەی بیستەمدا بدۆزرێتەوە.

*کورتەیەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژی پرۆفیسۆر فریدریش ویلهێلم گراف لەزانکۆی میونشن کە یەکێکە لە دیارترین زانایانی ئیلاهیاتی پرۆتستانت لە ئەڵمانیا لە رۆژنامەی کولتوور بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە بە بۆنەی 210 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی سورین ئابای كیەكەگۆدا.




ئەگەر چنار وهێمن زیندووبونایە.. کاوان قادر

فەیسبووکی تەلەفیزیۆنی خاک بۆ یادی چنارو هێمن ئەو دوو مناڵە بێ نازەی کەلەبەرواری ٧/١/١٩٩٢دا لە ناوچەی سەیدسادق لە ڕێگەی چونە قوتابخانە لەسەرما ڕەق بوونەوە . بەم بۆنەوە تەلەفیزیۆنی خاک بە دوو دێڕ و درۆیەک لە ٧/١/٢٠٢٤ لە پۆستێکی فەیسبوکیدا ئەو کارەساتەی کە ٣٢ ساڵ بەرلە ئێستا ڕویدا یاد کردەوە . هەرچەندە شاردنەوەی ڕاستی یەکانی مێژوو بۆ کاسبکارێکی قەڵەم وهونەر وەزیفەیەکی سەخت نی یە ، بەڵام ئەگەر خاک مەبەستی بوایە یادی چنار وهێمن بکاتەوە پێویست بوو سەرەتا هۆکاری ئەو کارەساتەی بخستایەتە ڕوو کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا ڕویدا . بەپێوانەی خزمەتگوزاری ژیانی ئەوسای ئاوارەکانی ئەو دەڤەرە بوایە کە پاشماوەی ئەنفال بوون ، دەبوو ڕووی ئەوەتان نەبوایە ئەو یادە بکەنەوە ، بەڵام ئێوە چاو قایمن عەیبەشتان پێ عەیب نی یە . بەڵام من ناچارم ئەو مێژووەتان بۆ ڕاست بکەمەوە چونکە ئێمە لەو مێژووەدا هێشتا زیندووین .
ئەو پەیکەرە ناوی هەیە کاتێ دروستکرا ناومان لێنا ( مناڵانی بێ ناونیشان ) ، ناتانەوێت ناوی بێنن ؟ چونکە ئەوە ناونیشانێکە مێژووی دەسەڵاتدارێتی حزبەکەتان شەرمەزار ئەکات ، کە لەسەردەمەدا لە ژێر دەسەڵاتی کوردایەتییەکەتاندا کە هێشتا هەڵمی لێ هەڵئەستا مناڵانی بێ ناونیشان هەبێت . مناڵانی بێ ناونیشان ، مناڵانی هەژاری ئەم کۆمەڵگەیەن و هەر لەسکی دایکیانەوە چارەنوسی چینایەتیان دیاری کراوە ولەو ڕۆژەوەی پێ دەگرن قوربانی بازاڕن . ناونیشانی ئەو مناڵانەیە لەسەرجادەکان لەژێر دەسەڵات وقانونی ئێوەدا تەمەنی مناڵییان بە کوێرەوەری بەسەر دەبەن . ئایا ئێوە یادی ٣٢ ساڵەی دەسەڵاتی خۆتان دەکەنەوە ؟ ئاخر چنارو هێمن ٣٢ ساڵ بەر لە ئێستە لە باوەشی دەسەڵاتی ئێوە دا ڕەق بوونەوە ، ئەگەر چنارو هێمن زیندوو بوونایە کێ دەڵێ ئەوانیش وەک هەرێم عەلی وئاکار جەبار لەڕیزەکانی خۆپیشاندانی خەڵکی سەیدسادق بە تەقەکانی ئێوە نەدەکوژران !؟ وە بکوژانیشیان تا ئێستا دەسوڕێنەوە ، کە دژی بێ گوزەرانی وبێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان هاتنە سەرشەقام ونەیانویست لەعصری جۆگەلەدا بژین . ئەگەر چنار وهێمن بمانایە کێ دەڵێ لەگەڵ سەرکار بارام وهاوڕێکانی ئامادە نەبوون خۆیان بکەن بە خۆراکی ماسییەکانی ئاوی دیجە ، تا ئەوانیش لەژێر سێبەری ئێوەدا نەژین ، مناڵانی بێ ناونیشان ناونیشانی چەندین نەوەی ژێر حوکمڕانی ئێوەیە ژیان ودونیای مناڵییان بە سوکایەتی بازار بەسەردەبەن و بە برسێتی و جەستەی ماندوو شەکەتەوە دەچنە ژێر جێگەوە ، ناونیشانی ئەو مناڵانەیە کە پاشماوەی ئەنفال و کیمیابارانن کە تا ئێستەش بەدوای دۆزینەوەی ئێسک وپروسکی باوک ودایکیانەوەن کە بوونەتە قوربانی بۆ بەدەسەڵات گەیشتی ئێوەی خاڵی لە هەموو پڕانسیب و ئینسانییەتێک . یادی چنارو هێمن دەکەنەوە لەم لاشەوە لەشکرێک لەهاوپۆلەکانیان لەسەرجادەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمارەتی کوردایەتی ئێوەدا بازاڕ بۆتە قوتابخانە بۆیان و ودەرسی میحنەت و ڕەنجەڕۆیی تیا دەخوێنن .
پەیکەری مناڵانی بێ ناونیشان لە ڕۆژگارێکدا لەدایک بوو، کە بەرەی کوردایەتی سەرگەرمی تاڵانی وخۆ قەلەو کردن وچەتەی سەرسنورەکان بوون ، بێ خەبەر لە ژیان وگوزەرانی خەڵکی . قوربانیانی وەکو چنار و هێمن یادگاری ژێر دەسەڵاتی ئێوەیە بۆ ئێمە ماوەتەوە ، ئەوە ئێمەین لە یادی ناکەین . لەم وڵاتەدا دوو جۆر مێژوو دەنوسرێتەوە ، برسی کردن و نابەرپرسیارێتی لە ژیانی خەڵکی ئیشی ئێوەیە ، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان وفراندن ئیشی ئێوەیە ، بۆ سەندنەوەی مافەکان زەحمەتکێشێکی وەک ئیدریس مەسعودی نانەوا لە هەولێر کە چەند مناڵی وەک چنار وهێمنی هەیە بێ سەروشوێن دەکرێت لەلایەن هاوخەباتەکەتانەوە ئیشی ئێوەیە ، تەقە لە خۆپیشاندەران ئیشی ئێوەیە ومێژوی ئێوەیە ، هەر لەپاڵ دەستی ئێوەدا هەزاران خوێن گەرم ودڵسۆزی ئەم وڵاتە جگە لەوانەش کە بوون بە قوربانی وەک باوکی ئەنفالکراوی چنارو هێمن مێژوویەکی تر دەنوسنەوە فکرەی پەیکەری ( مناڵانی بێ ناونیشان ) ئەو کارەساتەی سەید سادقی لە مێژودا تۆمار کرد ، چیرۆکی هەزاران چنارو هێمنی ژێر دەسەڵاتی کوردایەتی ئێوە دەنوسن ودەگێڕێتەوە ، هەربۆیە چەندین جار دەسەڵات وشارەوانی هەوڵیان داوە ئەم پەیکەرە بڕوخێنن یان لەبەرچاوی خەڵکی ئەو شارەی دوور بخەنەوە و ئەو مێژووە بسڕنەوە ، چونکە پەڵەیەکی شەرمەزاری یە بەتەوێڵی بزوتنەوەی کوردایەتی ودەسەڵاتەکەتانەوە . خۆشبەختانە ناڕەزایەتی هاوڕێیان وهاوچین و هاوپۆلەکانی چنارو هێمن سەلماندیان با ئەو پەیکەرە بمێنێت وەکو ڕەمز و یادگاری دەسەڵاتەکەتان .
پێویستە ئەم هەڵەیەشتان بۆ ڕاست بکەمەوە ، پەیکەری مناڵانی بێ ناونیشان بەرهەمی کۆمەڵێک هونەرمەند بوو، ڕێکخراوێکی سەربەخۆیان بەناوی ( پڕۆژەی بوژاندنەوەی هونەری پەیکەرسازی )یەوە پێک هێنابوو ، بەرنامە وئامانجێکی بۆ خۆی دیاریکردبوو بەبێ پاداشت کۆمەڵێک پڕۆژەی هونەری ئەنجام بدات وهەوڵی پێشخستنی کلتورێکی مەدەنیانەی کردبوە ئامانجی خۆی ، کە ئەم پەیکەرە یەکێک لە کارە هاوبەشەکانی ئەم گروپە بوو هەریەک لە هونەرمەندان (( ئاکام عومەر ، زاهیر سدیق ، کاوان قادر، ڕێبوار قادرشاسوار ، مەهدی حەمە غەریب ، تاڤان کەمال ،) ئەندامی ئەم پڕۆژەیەبوون و ئەم بەرهەمەیان خۆبەخشانە دروستکرد ئەم ٦ هونەرمەندە ئەم پەیکەرەیان دروستکرد نەک بەتەنها کاک زاهیر .
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم ئیعلامی پڕۆفیوشیناڵ ئەرکێتی بەر لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک بەدواچوون بکات و بە دەستپاکی وڕاستگۆیانە بابەتەکان بڵاوبکاتەوە ، ئەوە مەسئولییەتێکی ئەخلاقی یە . خاک تیڤی ئەوە باش دەزانێت کە ئەوە کاری گروپە ، چونکە کاک زاهیر چەند ساڵێک بەرپرسی ئەو کەناڵە بووە دڵنیام لەو ڕاستی یە ئاگاداری کردونەتەوە . بەڵام سەرم سوڕماوەو نیگەرانم کە کاک زاهیر کە هاوڕێ ی هونەری چەند ساڵەی منە ، لە کۆمێنتدا ئەو هەڵەیە ڕاست ناکاتەوە ، تەنها دەستخۆشی دەکات ، هەروەک چۆن لە پەیکەرەکەی عومەری خاوەری بەردەم لاهای ئەو غەدرەیان لەخۆی کرد ڕەنج وماندوو بوونیان فەرهود کرد ، ئەمڕۆ هونەرمەندانی پەیکەری مناڵانی بێ ناونیشانیش بەهەمان شێوەی خۆی ، ماف خوراو بوون و غەدریان لێ کراوە ، بەداخەوە بەڕێزیان بێ دەنگیان هەڵبژارد ، ئەو لەسەنگەری تەلەفیزیۆنەوە ئەو شەڕەی کرد وە پێویستە لەو تەلەفیزیۆنەشەوە ئەو پۆزشە بێنێتەوە بۆ هەمان هۆکار . پێویستە تەلەفیزیۆنی خاکیش داوای لێبوردن بکات لە هەموو ئەو پەیکەرسازانەی ناوەکانیان خرانە ژێر بەڕەوە ، بەڵام پێویست ناکات داوای لێبوردن لە مێژوو بکات چونکە ژیانیان بەشی داوای لێبوردن ناکات ، مێژوو خۆی لەوە تێ دەگات .
یەکێک لە بەشداربوانی دروستکردنی پەیکەری ( چنار وهێمن بە ناوی مناڵانی بێ ناونیشان لە سەید سادق ) ( پەیکەری یەکگرن لە فولکەی دکتۆر دارا لە سلێمانی )( پەیکەری پێشمەرگە لە ڕەواندوز )

٨/١/٢٠٢٤
کاوان قادر




حکومەتی ئیسرائیل و بنبەستی رێگاچارە!.. نوری بەشیر

شەڕی حکومەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی غەززە سێ مانگی تێپەڕاند، هێرشەکانی لە کوشتارو بریندارو کاولکاری و ئاوارەیی تابێت دەچێتەسەرەوە. ئاخرین ئامارەکانی کوشتاری خەڵكی غەززە بەرزبۆتەوە بۆ ٢٣٢١٠ کەس کە دوولەسەر سێی کوژراوەکان ژن و منداڵن. ئاماری بریندارەکان نزیکبۆتەوە لە ٦٠ هەزار کەس، وە بە هەزاران کەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکانی غەززەدایە. زۆربەی ئەو شارە کاولبووەو بە هەزاران بریندار بەپێی راپۆرتی پزیشکانی بێسنوور لە کاتوسەعاتدا لەبەردەم مەرگدان. هەروەها ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكانی غەزە گەیشتۆتە ١٠٥ كەس. لە ٨٥٪ ی دانیشتوانی غەززە کە دوو ملیۆن و سێ سەدهەزار کەس بوون، ئاوارەبوون. ژمارەیەکی زۆر بەهۆی تینوێتیو برسێتیەوە بەپێی راپۆرتی یوئێن، مردوون.
درێژەکێشانی شەڕو هێرشەکانی لەهەموو روویەکەوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا نیە، هەروەک چۆن راگرتنیشی لەئێستاو بەپێی فشارێک رووبەڕووی دەبێتەوە شکستێتی، ئەگەرچی وانیشاندەدات کە دەیەوێت شەڕەکەبەردەوام بێت و دامنەی فراوانبکاتەوە، بەڵا بەجیا لەزیادبوونی ناڕەزایەتی جیهانی و ناوخۆی ئیسرائیل بەدژی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی و هاوپەیمانەکانی، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلیش رۆژانە بەرزدەبێتەوە، خەرجیەکانی شەڕەکەی دەچێتە سەرەوەو داواکاری کۆمەكی جیهانیە لە هاوپەیمانەکانی. هەروەها درێژەی ئەم هەلومەرجە ئاڵۆزی ناوچەکەی زیادکردووە کەئەمەش لەبەرژەوەندی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوای هاوپەیمانی ئیسرائیلدا نیە، بۆ ئەمەش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەرەبی کردوە.
حکومەتی ئیسرائیل لە قەیرانێکی گەورەدایە لە بەردەوامی شەڕەکەی یان وەستانیدا، لەبەرامبەر هەلومەرجی درێژەکێشانی شەڕ، کۆمەڵێک هەنگاو و پلان و بەرنامەی نوێی خستۆتە بەرنامەی کاریەوە کە ناوەرۆکی رێگاچارەی یەکلایەنەی بەرژەوەندیەکانیەتی بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی لەم شەڕەدا بەرۆکی گرتووە. لەوانە شوێنکەوتنی سەرانی بزوتنەوەی حەماس و بەدرۆن لێدانی کەسایەتی حەماس و سوپای پاسداران و حزبوڵا، کوژرانی ژمارەیەک لە سەرانی ئێران و هێزەکانی لایەنگری ئێران، لەوانە؛ ساڵح عاروری، جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس لەباشوری بەیروت، وە کوژرانی وسام حسن الطویل لە سەرانی حزبوڵاو هەروەها کوژرانی رازی موسەوی لە سەرانی سوپای پاسداران لە سوریا، هەروەها موشەکبارانی باشوری لوبنان، بەمەبەستی فراونکردنەوەی شەڕەکەو ململانێی لەگەڵ ئێراندا.
هەروەها لەژێرناوی لەناوبردنی حەماسدا بەرنامەی کۆچی بەزۆری خەڵكی غەززەی بۆ ناوچەی سنوری نێوان میسرو ئیسرائیل لە بەرنامەدایەو بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ میسرو سعودیە و وڵاتی کۆنگۆ لە گفتوگۆدایە. بەپێی وتەی یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەدوای کۆتایی شەڕەکەدا بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە ئیدارەی مەدەنی کەرتی غەززە دەگوازرێتەوە بۆ دامەزراوەیەکی فەڵەستینی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی غەززە بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێنمایی و سەرپەرشتی دەکرێت.
لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەی ئیسرائیل دروستیکردوە، کێشە بۆ ئەمریکا دروستبووە، هەم وەڵامی ئیسرائیل بە موشەک دەدرێتەوە، هەم حوسیەکان و هێرشی درۆنی کێشەیەکی زۆری بۆ پاپۆڕە بازرگانیەکانی ئیسرائیل، ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردوە، وە میلیشیا شیعەکانی لایەنگرانی ئێران لە عێراق هێرشە درۆنیەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، کوردستان و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و لە سوریا زیادی کردووە.
لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتیەکان لەدنیادا تەنیا بەڕووی حکومەتی ئیسرائیلدا نیە، بەڵکو یەخەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەشی گرتۆتەوە کە هاوپەیمانی لەگەڵدا دەکەن. ئەو ریزە ملیۆنیەی لەدنیادا دێنە شەقامەکان و داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و چارەسەری کێشەی فەلەستین دەکەن، بەرۆکی حکومەتی ئەمریکاو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی گرتوە کە بەدژی ئاگربەستن، ئەوەش بۆخۆی درزو کەلێنی خستۆتە نێوان حزب و حکومەتەکانیان لەسەر قبوڵکردنی ئاگربەست یان درێژەدان بەشەڕ. ئەو ناکۆکیەش ناو یوئێنیشی گرتۆتەوە. ریزی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بەرەو زیادبوون دەچێت لەو شوێنانەی کەبەرهەمی چەک و تەقەمەنیان هەیەو دەنێرێت بۆ ئیسرئیل. ناڕەزایەتی ریزی مرۆڤدۆستی بەدژی ئەو لایەن و کۆمپانیانەی کە کۆمەكی حکومەتی دەکەن فراواندەبێتەوە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدەن، کەئەمریکاو رۆژئاوا لە دنیادا رووبەڕووی شکست و پاشەکشەیەک بۆتەوە بەتایبەت لە ئاسیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەک و بەبیانوی کۆمەكی حکومەتی ئیسرائیل پشتکردنە حکومەتی ئۆکرانیا، کە لەئاخرین قسەکانی زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی کە ناتۆ بەتەنیا جێیان هێشتین، وە پێشڕەویەکانی روسیا لە ئۆکرانیا، بەناچار ئەمریکاو ناتۆ بۆ رێگاچارە دەگەڕێن، لەکاتێکدا لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانەدا قەیرانی حکومەتی ئێسرائیلیش یەخەی گرتوون. بەناچار ئەمریکا لەبەرامبەر ترسی هێرشە درۆنیەکانی حوسیەکانی یەمەنداو مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی بازرگانیان لە کەنداودا، هاوپەیمانیەکی نوێی دروستکردوە لە ١٠ وڵات لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا، لەژێرناوی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانیدا، لەکاتێكدا کە لە هاوپەیمانی پێشوو بەسەرۆکایەتی سعودیە بۆ بەرگری لە حکومەتی یەمەن و بەدژی حوسیەکان شکستیان هێنا.
درێژەکێشانی شەڕی ئیسرائیل و هەوڵی فراونکردنەوەی بۆ ناوچەکە و جینۆسایدی خەڵكی غەززەو راگوێزانی زۆرەملێ تا دەگاتە پلانەکانی بۆ دوای شەڕەکەی، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، وەک هاوپەیمانەکانی لە ئایندەی دەترسن و بۆیە بەناچاری، هوشداری دەدەن بە ئیسرائیل.
هەربۆیە درێژکێشانی شەڕ و بەرنامەو پلانێکی یەکلایەنە بۆ غەززە و فەلەستین، بەپێی بەرنامەی بەرژەوەندیەتی حکومەتی ئیسرائیل لە کوشتارو کۆچی زۆرە ملێ و نەخشەی ئێستاو دوای شەڕ، چەندە هاوکاریەکانی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواش بەردەوام بێت، کە ناتوانێت هەر بەردەوام بێت، ناتوانێت ئارامیەک لەو ناوچەیدا بەدیبێنێت، بەتایبەت بەبێ رێگاچارەی یەکجاری ٧٥ ساڵەی کێشەی خەڵكی فەلەستین، ئەوا ئەو برینە سارێژ نابێت و بەچەندین شێوەی تر لەلایەک حکومەتی ئیسرائیل کوشتارو کاولکاری دووبارە دەکاتەوە، لەلایەکی ترەوە ئیسلامی سیاسی هێز لە کێشەی فەلەستین وەردەگرن، وەک ئەوەی ئێستا لەناوچەکدا دەبینرێت، کێشەکانی ئەمانە وەک ئێستا دەیبینین ئاگرەکەشی ناوچەکە دەگرێتەوە، بۆیە رێگاچارەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە بنبەستێکی گەورەدایە بەو دەلیلەی کە جێگاورێگایەکی چەند دەیەی لەمەوپێشی بۆ ئەمریکاو غەرب نەماوە، هەروەها جارێکی تر کێشەی فەلەستین بە کەیسێکی گەورترەوە کە ئەویش جینۆسایدی ئینسانە لەدنیای هاتوهاواری سەرمایەداریدا، هاتۆتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە.
بەبێ چارەسەری کێشەی فەلەستین هەمیشە قوربانیەکانی خەڵکی مەدەنی فەلەستین و ناوچەکە دەبن، هەربۆیە زەرورە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جیهانیەکان، بۆ ئاگربەست و رێگاچارەی یەکجاری کێشەی فەلەستین بەڕوویاندا بەهێز بکرێت.
٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤




لەبارەی ڕۆمانی ” تەونی بریا “.. رۆژگار خالید

لەلایەن کاک فەرهاد چۆمانی نووسراوە .
هەر یەکێک لە ئێمە ڕۆژانە خەریکی هۆنینەوە و ئیشکردنین لەسەر خۆزگەکانمان ، ئەو خۆزگانەی ئامادەین قوربانی گیانی بۆ بدەین .
بێخەبەرین :
لەوەی ئەو خۆزگانە وەک دەزوویەک بێت و بکەوینە تەونی کەسانێک بەخەیاڵیاندا نەیەت کەدەمانکوژن یانیش ژەهرخواردمان دەکەن یانیش ئابڕوومان دەبەن یانیش دەبینە بووکەڵەیەک بەدەستیانەوە ، دواتر شکۆمان دەشکێنن .
ئەگەر کەمێک ڕابمێنین و دەبینین /
جاڵجاڵۆکە تەونی هەیە و باز چڕنووکی هەیە و وورچ قەپی هەیە و شێر نەڕەی هەیە و ژووژک دڕکی هەیە .
ئەی مرۆڤ چی هەیە بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت ؟!
بۆ ئەو پرسیارە کۆمەلێک وەڵامی دووبارە هەیە ، بەڵام گرنگە مرۆڤەکان بزانن چۆن خۆیان دەپارێزن لە تەونەکان .
بۆیە گرنگە بزانین تەون چییە ؟!
وەکو مووی پرچی ئافرەتان باریکە ، بەڵام دەکرێت سەدان کیلۆمەتر درێژبێت و هەرگیز نەپسێت .
هەربۆیە پێتان دەڵێم ئاگاتان لە خۆزگەکانتان بێت ، گرنگتر لەوەش ئەوەیە ئاگاتان لە تەونانە بێت دەنووسێت بەژیانتانەوە ، نەوەک ڕۆژێک بێت گلەیی بکەن !
لەبارەی ڕۆمانەکەوە
ئەوەی ئەو ڕۆمانە جیادەکاتەوە لەرۆمانی دیکە تەنها لە ڕووی ناوەڕۆک و جیاوازی ستایلی نووسین و لایەنی تەکنیک و بەکارهێنانی ووشەی نوێ نییە .
بەڵکو مەترسی پرسەکەیە !
خەریکە تەونی بریا دەبێتە شتێکی ئاسایی لەلای ئینسانی کورد .
چونکە دۆخێک هاتۆتە پێش ئینسانی کورد بەکاربهێنرێت لەڕووی ” خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی” و سیخوڕی کردنی ئینسانی کوردە بەسەر هاوشار و نەتەوەکەیی .
خەریکە جۆرە تاکێک دروست ببێت زۆر بەئاسانی شکۆ و کەرامەت و خوێنی هاوڵاتی کورد دەفرۆشێت .
ترسناکتر لەوەش ئەوەیە لەداهاتوودا بەئاشکرا تاکی کورد بەکاربهێنرێت بۆ کوشتنی کوردێکی دیکە بۆ بەرژەوەندیی و خزمەتکردنی ئەجێندای دەوڵەتانی دراوسێ .
لەدواجار ئەو مەترسیە بەسەر هەمووان بشکێتەوە و کۆنترۆڵ نەکرێت .
سەردەمێک و کەسانێک بێنە پێش شەرم نەکەن لەوەی ئەو جۆرە کارانە بکەن و بەشانازییەوە باسی بکەن .
لەدواجار نووسینی رۆمانێکی لەم شێوەدا گرنگی خۆی هەیە .
چونکە ئەو مێژووە ناشیرینە پێویستی بە نووسینەوە و گوتنەوە هەیە ، بەهۆکاری ئەوەی نەوەیەک دوای ئێمە دێتەبوون بابزانێت میللەتێکین خەریکی ناشیرینکردنی ئەو شتانەنین بەدڵی ئێمە نییە یانیش ئێمە ڕۆڵێکی وامان تێدا نەبووە .
هەر بۆیە ئەم دیاردەیە پێویستی بە بنەبڕکردن هەیە یانیش کاریگەریی کەم بکرێتەوە و وانیشانی تاکی کورد بدرێت، کارێکی وا جێگەی شەرم و نامۆیە بەکردەوەی ئینسانی کورد .
راشکاوانە بڵیم کارەکە ئەوەندە قێزەونە پێویستە تاکی کورد تێبگات خۆفرۆشی و خۆپەرستی و بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆی هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ببێتە چاوساغی دوژمنی گەلەکەی .
لەبارەی ڕۆمانەکەوە /
” پرسی شوێن “
لەڕووی جوگرافییەوە گرنگی خۆی هەیە وادەکات ژینگەیەکی لەبار بهێنێتە بوون تاکی کورد بیر بکاتەوە ئەویش هاوشانی تاکی عەرەب و فارس و تورکە .
” پرسی کات “
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کەسایەتی تاکی کورد ئەوەیە بەگشتی ناتوانرێت خەریکی دروستکردنی ئەو شتانە بێت بۆ تەمەن و ئەو ژیانەی هەیەتی لەخۆی دروستی بکات و ڕۆڵی هەبێت لە پەروەردەکردنی خۆی و خەریکی ئەوە بێت خۆی بنیاد بنێت لەڕووی فکر و پێگەی کۆمەڵایەتی و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی .
” پرسی کوردبوون “
ئەم بابەتەش چەندە جێگەی ئومێد و سەربەرزی و ژیانێکی پڕ شکۆیە بەقەد ئەوەش پێویست دەکا بەئاگایی و ترسەوە لەبارەیەوە بدوێین و خەباتی بۆ بکەین و بەرگری لێبکەین چونکە کوردبوون شەرەفێکی گەورەیە بەهەموو پێوەرێک .
” پرسی ئایین “
لەڕووی بیر و باوەڕ و خوداپەرستی و فرە ئایینی وایکردووە نەتەوەیی کورد جیاواز بێت لەگەڵ هەر نەتەوەیەکی دیکە وەک عەرەب و فارس و تورک ، چونکە نەتەوەیی کورد زیاتر لە ئایینێک پەیڕەو دەکا وەک ” ئیسلام و مەسیحی و جوولەکە و ئێزیدی و زەردەشتی و یارسانی ” ئەوەش وایکردووە بابەتی ئایین بەکاربهێنرێت لەلایەن نەتەوەکانی دیکە دژی نەتەوەیی کورد و جیاوازی ئایینی قبووڵ نەکرێت .
” پرسی ئەشق “
لە ڕۆمانەکە داستانی خۆشەویستی شیرین و فەرهاد دووبارە دەبێتەوە .
بەڵام لە فۆڕمێکی جیاواز ئەم ئەشقە لەپڕ دروست دەبێت ،کەچی دووبارە نەگەیشتن و دڵشکاندن و حەسرەتی ئەم ئیشقەش دەچێتە ژێرگل .
ئالێرەدا فۆرمی نووسینی نووسەر کلاسیکیانە دووبارە دەبێتەوە و نەیتوانی ئەم داستانە بەشێوەیەکی دیکە بنووسێتەوە گەیشتن و مانەوەی تێدا بێت ، هەر ئەمەشە وادەکا هەرکاتێک ناوی شیرین و فەرهاد هات یەکسەر بیرمان بکەوێتەوە و بترسین لە نەگەیشتن و مردن و کوشتنی هەردووکیان یاخود یەکێکیان .
هۆکارەکەش ئەوەیە ئاشناین بەم داستانە خەیاڵیە و حەز دەکەین دووبارە دەبێتەوە .
_ لەوانەیە هۆکاری دیکەش هەبێت نووسەر ناوی خۆی فەرهادە و ونبووی شیرینێک بێت .
ترسی خاک و تاکی کورد /
تاکی کورد لەبەردەم دوو بژاردەیە .
1.بەخەیاڵی نایەت خاکەکەی و خەڵکەکەی و نەتەوەکەی لەناودەچێت .
2.جۆرێکی دیکە ژیان و کەرامەتی دەکاتە قوربانی بۆیی .
” پرسی زمان و مێژوو “
لە ئێستا جۆرێک لە تاکی کورد هەیە بەگاڵتە و گەپ باسی زمان و مێژووی نەتەوەکەی دەکات ، هەر ئەوەشە وادەکا نووسەر زۆر بێباکانە تاکی کوردمان نیشان دەدات و دەیخاتە بەردەم ئەوەی وازدەهێنی لە زمانی نەتەوەکەی بەلایەوە گرنگ نییە مێژووی نەتەوەکەی چییە و وادەزانێت ئەوکاتە خەڵک باسی دەکا زمانی عەرەبی یا تورکی یا فارسی یا ئینگلیزی لەزمانی کوردی باشتربێت ، دەتوانم بڵێم نووسەر پێی وایە ئەوەش جۆرێکە لەهەستی خۆبەکەمزانین وبەزانینی زمانی بێگانە دەشارێتەوە .
” پرسی میوزیک و چەک و شەهید “
نەتەوەیی کورد هاوشانی هیچ نەتەوەیەک نییە چونکە کارەکتەری شیرین لە کچێکی میوزیکژەنەوە دەبێتە شەڕڤانێک و کەمانجەکەی دادەنێت و چەکەکەی دەکاتە کەمانجەکەی و بەرگری لە خاکەکەی دەکات و شەهید دەبێت هاوشانی دەیان شەڕڤانی پیاو و ژنی دیکە .
” سەرەتایی ڕۆمانەکە “
لەڕێگەی کتێبێکی نووسراوە /
بەناوی ” وونبوو ” دەستپێدەکات کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە دەکەوێتە تەونی کەسانێک وەک رۆبۆتێک دەیجولێنن بەناوی ” کەمال ” .
” ناوەڕۆکی کتێبەکە “
کوردێکە بەناوی ئیبراهیم بەچاوی مرۆڤبوون و چاوی باوکبوون و چاوی کوردبوون منداڵێکی ساوا لە ڕەگەزی کچ بە نەتەوە تورک هەڵدەگرێتەوە و گەورەیی دەکا و دوای ئەوەی کچەکە گەورە دەبێت پێی دەلێت تۆ کچی هەڵگیراوەی منی ، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی شاری دەرسیم و خەریکی خەباتی نهێنی دەبێت بۆ نەتەوەکەی ” .
ئەشقی نەفرەتی” هۆما _ مەردان “
” تارمایی هۆما “
هیچ ئافرەتێک نییە بەقەد هۆما ئاشقی مەردان بووبێت یانیش بەخەیاڵ بیری لێکردبێتەوە هەر ئەوەشە وایکردووە هۆما بەجۆرێک ئاشقی ببێت لەناخی هەموو پیاوێک دا بەدوایی دەگەڕێت .
” تارمایی مەردان “
هیچ پیاوێک نییە بەقەد مەردان بێدەنگ بێت و کەسایەتێکی شاراوە و پڕ نهێنی هەبێت ، لەدواجار هیچ شتێک نییە ببێتە بەربەست لەبەردەم ژیانی مەردان بۆ ئەوەی بگۆڕێت .
بەسەرهاتی ڕۆمانەکە دابەش دەبێت بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ووڵاتی تورکیا و رۆژئاوای کوردستان .
کارەکتەرەکانیش کوردی باکوور و باشوور و رۆژئاوای کوردستانن ، جگە لە عەرەب و تورک و هاولاتی بیانی دیکە پاڵپشتی لە فکری ئیسلامی سیاسی دەکەن .
_ شاری دەرسیم وەک لانکەی شۆڕش و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و زۆرداری و قەدەغەکردنی زمان و کلتوور کوردی ناوی دەهێنرێت .
_ شاری کۆبانێ وەک ڕەمزی مانەوەی نەتەوەیی کورد و شاری خۆڕاگریی ناوی دەهێنرێت .
_ داعش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سیاسی و بەکارهێنانی ئایین بۆ بەرژەوەندی ووڵاتانی ناوچەکە ناوی دەهێنرێت .
” لەکۆتایی ڕۆمانەکە “
کارەکتەری کەمال بە برینداری دەکەوێتە چنگی چیاڤان و مەردان و بەرەو شوێنی دەبەن هەریەکێک لەئێمە گرنگە لەخۆی بپرسێ ئەم شوێنە کوێیە و دەیانەوێ چ شتێک بەسەر کەمالی بهێنن .
چەند نووسینێکی نێو ڕۆمانەکە وەک خۆی دەنووسمەوە .
_ خودایە ئەگەر بەچاکیش نەژیام مردنێکی شایستەم پێڕەوا ببینە .
_ ئەو شەوانە هەموویان دەخەوتن من بیرم لە تۆ دەکردەوە ، یەکێک لەم شەوانە نەزرێکم لەدڵ گرت گەر تۆ منت خۆش بوێت ببم بە مرۆڤێکی باش .
_ مرۆڤ سەری لە هەرشتێک دەرنەچێ ناوی دەنێت چارەنووس .
_ سەرمای هیچ شارێک لە سەرمای ئامەد ناچێت، سەرچاوەی ئەم سەرمایە زیندانی ئامادە .
_ لەبارەی زمانی کوردی تورکەکان بەزمانی باڵندەکان و تورکە چیاییەکان ناویاندەنا، زمانێک وەک ماددەی هۆشبەر وابوو لەدەمی هەر کەسێک بیانبیستایە بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دەیانخستە زیندانەوە .
_ پێدەچیت هەڵگرتنی خۆلی نیشتمان و زێد سرووتێک بووبێت، هەر کوردێک ئاوارە بووە چنگێکی لەخاکی نیشتمان هەڵگرتبێت بۆ ئەوەی لە ئاوارەیی و غوربەتدا بێتە سەبووری و هەدا بۆی .
_ کاتێک بڕیاری شەڕ دەدەیت نابێ زۆر بیر لەئاشتی بکەیتەوە . لەشەڕدا هەلهەلەی کچە شەڕڤانەکان تێکەڵ بە هاواری کوڕەکان دەبوو .
_ بۆچی ناتوانین لەم ناوچەیە وەک مرۆڤ بژین هەر کاممان پەتی حیکایەتی خۆمان هەیە .
_ هاتنی دیلەکان دڵخۆشت نەکات باهۆزیکی دیکە بەڕێوەیە .




دەوڵەت وەک سەرچاوەیەک بۆ نەبونی ئاسایش.. عوسمانی حاجی مارف

لە هەر شوێنێ هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری بکرێت و ناجێگیری ببێتە واقعیەتی بەردەوامی ژیانی هاوڵاتیان، دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی تەواو بە دەوڵەت و دامودەزگاکانی، یان بەشێوازێكی تر ئەتوانین بڵێین هەمان ئەو دامودەزگایانەی ئەو دەوڵەتە، بەشێکی هەڵسوڕاو دەبن لە خولقاندنی مەترسی و نائەمنی لەسەر هاوڵاتیان.
بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعسی ناسیۆنالست، ئەو حکومەتەی سێ دەیە زیاتر سەرچاوەی مەترسی و نائەمنی بوو لەسەر ژیانی دانیشتوان، بەڵام کاتێ لەڕێگەی داگیرکاری ئەمریکاوە کۆتایی بەدەسەڵاتی هات، کۆمەڵێك هێزی قەومی و ئیسلامی و تائفی میلیشیایی جێگایان گرتەوە کە بوونە مایەی سەرلێشێواوی سیاسی و توندوتیژی کە دوبارە درێژەیان دا بەنەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسیان لە شێوازێکی تردا وەکو شێوازی حکومەتکردن پەرە پێدا. لەهەمانکاتدا مایەی ئەوپەڕی تراژیدیاو کارەسات و گاڵتەجاریە کە ئەم داگیرکاریەی ئەمریکا لەژێرناوی دژی سەرکوتی بەعس و سەدامدا، کراوەتە بانگەوازی پرۆسەی دامەزراندنی سیستمی سیاسی دیموکراسی لە عێراقدا. دیارترین نمونەکانی بەردەم گواستنەوەی ئەم دیموکراسیە لە عێراقدا لە وێنەی دەوڵەتدا، گەندەڵی بەربڵاوو جەردەیی و دزی و قۆرخکردنی سەرمایەو دەسەڵاتی سیاسیە بەهێزی میلیشیا، لەهەمانکاتدا مایەی ئەوپەری بیدەربەستی و نابەرپرسیاریەتیە بەرامبەر ژیان و گوزەران و ئاسایشی دانشتوان.
دیموکراسی تەنها بۆ ئەوەیە لەم هەلومەرجە پڕ گێژاوە سیاسیەدا، هەرچۆنێک بێت چەند ساڵێ جارێک ڕێژەیەک لە دانیشتوان کێشکەن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردانەکاندا، بۆ رەسمیەتدان بە دەسەڵاتی میلیشیاکانیان. هەڵبەتە ئاراستەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا وەک ‌هێمای گواستنەوەی بانگەوازی دیموکراتیزمن بۆ ئەو شوێنانەی داگیری دەکەن، دیمان کە لەم نمونەیەی دەسەڵاتی سیاسی وەک عێراق باشتری لێ سەوز نابێت.
عێراق لە ٢٠٠٣وە، بەدەست گرژی سیاسی و خولقاندنی کێشمەکێش و توندکردنەوەی فەزای تائیفیەوە دەناڵێنێت کە حکومەتی عێراقیش هەر لەو چوارچێویەدا خۆی بە دەسەڵاتی بەشبەشێنە پێناسەکردوە، کە بێجگە لە نەبونی ئاسایش و ڕودانی کارەسات و بارگرانی گوزەران، لەهەمانکاتدا هەناسەی ئازادی سیاسی و ئازادی بیروباوەڕ بووە بەژێر دەست و پێی هێژمونی ئیسلامی سیاسی و شەڕی تائفی هێزە میلیشیاکانەوە.
لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەسەر بنەمای ئاستی نفوزو هاوسەنگی هێزە میلیشیاکان و سەوداو مامەڵەی سیاسی نێوان لایەنەکان بەڕێوەدەبرێت و هاووڵاتی بون مانایەکی نەماوە. ئەوەش لەئاکامدا ئەوە دەسەلمێنێت کە هاووڵاتیان درک بەوە دەکەن بەڕاستی بە هیچ جۆرێک بەشدارنین بۆ دەخالەت و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی وژیانی ڕۆژانەی ئێستایان. لەهەمانکاتدا یاری بە چارەنوس و ژیان و موچەکانیان دەکرێت. دەنگدانیش لە هەڵبژاردنەکاندا تەنها بەکارهێنانی کردارێکە بۆ بە فەرمی ناسینی ئەو دۆخە دژوارو گەندەڵخانەیەی کە پێیان دەڵێن حکومەتی فیدراڵی عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو حکومەتەی کە لە ڕێرەوی زیادکردنی ڕێژەی بێکاریە و ئاستی فراوان بونەوەی هەژاری بەرز ڕادەگرێت بە شێوازێکیتر ، هەژاریش نەبونی ئاسایش بەرجەستە دەکاتەوە، هەر ئەمەشە کە ماناو پێناسەی پرۆسەی دامەزراندنی دیموکراسیە لە عێراقدا، لەژێر پەردەی پشتیوانی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا مۆردەکرێت و بە دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەبرێت، کۆمارێکی ئیسلامی کە خۆشی وەک دەوڵەتێک گەورەترین سەرچاوەی سەپاندنی نەبونی ئاسایشە لە ئێران و عێراق و ناوچەکەدا.
لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستاندا ڕووداوەکان بە هۆی یەکتربڕینی زۆر فاکتەرەوە خێراتر دەبن، کە وا دەکات هەموان هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بکەن، بەتایبەتی بەدوای شەڕی غەززەو وێرانبونی غەززە، واپێدەچێت کە ئەگەری رودانی کارەساتەکان زیاتربێت و ڕواڵەتی کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکەو عێراق دەرکەوێت، بۆیە پریشکی ئەو شەڕەی غەززە، ئومێد بە ئاسایش و سەقامگییر لە عێراق زیاتر دور دەخاتەوە، هەروەها کاریگەری گۆڕانکاریەکان و پیادەکردنی نەخشەی میلیتاریزمی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاتر بەڵای ناوەڕۆکی پرۆسەی گواستنەوەی دیموکراسی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بە نەرێنی و قێزەون شیدەکاتەوەو پێویستە لایەنی دژی مرۆڤایەتیەکەی باش بناسین، ئەتوانین بڵێین دەوڵەت بەناوی دیموکراتیەتیشەوە مانایەکی نیە بۆ دابینکردنی ئاسایش.
سیاسەتمەدارانی لایەنە سیاسیەکانی باڵادەست لە عێراق و کوردستان، سەرەڕای هەوڵدانی هەرلایەنێکیان بۆ گەڕان بەدوای تروسکایی هیوایەکدا کەوەک پاڵەوانی یەکلاییکەرەوە بناسرێن، لە ناوەڕاستی قەیرانە یەک لە دواییەکەکاندا، بەردەوامن لەڕاڕایی و بڕیارە جیاوازەکانیان، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی پێگەو نفوزی سیاسیاندان، نەک دامەزراندنی جێگیری سیاسی.
گێژەڵۆکەی سیاسی بە پرسیارێکی دووبارەبوەوە خۆی دەسەپێنێت، ئاخۆ کێ لە شەڕی غەززەدا سەردەکەویت؟، دوای شەڕ، هێزی سەرکەوتو چۆن سەرکردایەتی ناوچەکەو دۆخەکە دەکات؟ سیاسەتمەدارانی لایەنەکانی باڵادەست لە حکومرانیدا وا دەردەکەون وەک ئەوەی یاری مار و پەیژە بکەن، لەو شوێنەی کە هەندێکیان بەرز دەبنەوەو هەندێکی تریش دادەبەزن، ئەمەش وا دەکات شێوازی حوکمڕانی لە بازاڕی دۆلارەکە بچێت، لە چۆنیەتی مامەڵەدا هونەری قازانج و زیان پێچیدەو نادیارە، نە دەوڵەتی ئەمریکا و نە دەوڵەتی ئیسرائیل و نە ئێران و نەعیراق بەهیچ جۆرێک ئاراستەی جیگیر سیاسی لە پەیوەند بە مامەڵەی کێشەی فەلەستینەوە ناکەن.
کۆمەڵگا لە دۆخێکی چەقبەستووی ناکۆکی نێوان هاووڵاتیان و بەرپرسەکاندا دەژی، لەمەترسی تەشەنەی شەڕەکە بۆ ناوچەکە سەرسام ماون، ئیسلامیەکان و بەرپرسەکانیش لە دوڕیانی شەڕی داگیرکاری ئیسرائیل و میلیتاریزەی ئەمریکادا خۆیان دەکەنە خاوەنی بەڕەنگاری، لە هەر ڕووداوێک چاودێری دەکرێت و بەدوای نیشانەکانی سەرکەوتن یان شکستدا دەگەڕێن. تەحەدای سەرەکی هەر ئەوەیە کە گەڕان بەدوای هاوسەنگی لەدەرەوی دەوری دەوڵەتەکان و بەرژەوەندی لایەنە ئیسلامیەکان، پێویستە لەبەرژەوەندی گشتی کاری لەسەر بکرێت، کەڕەنگدانەوەی جەنجاڵی واقیعی سیاسی ئێستا پێویستی بە خرۆشانی جەماوەریە بۆ کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لەناو ئەم چوارچێوە ئاڵۆزەدا دەبێت خەڵکی عێراق بپرسێت و بە دوای ڕێچکەیەکی واقیعی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان و سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش بگەڕێت. لێرەدا ڕۆڵی هاوڵاتی هۆشیار دێتە ئاراوە لە بەرامبەر دەوڵەتدا، کە ئاواتەخوازە داهاتویەکی باشترو داوای گۆڕانی بنەڕەتی لەڕوانگەی سیاسیدا دەکات. گۆڕانی ڕاستەقینە تەنیا لەڕێگەی تێگەیشتن لە دۆخەکە و بەشداریکردنی بەردەوام لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و هەڵگیرسانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەبێت. بۆیە دەورو دەخالەتی هاوڵاتی پێویستە هاوبەشێکی کاراو بەکۆمەڵ و سەراسەری و ڕێکخراو بێت لە داڕشتنی داهاتووی خۆی و دەور و دەخالەتی لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
هەروەها پێویستە فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتداران ئەوەیان بەسەردا بسەپێنرێت و لەوە تێبگەن کە گوێگرتن لە داخوازیەکانی هاووڵاتیان و وەڵامدانەوەی خواستەکانیان گەیشتنە بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بنەمای سەقامگیری ووڵات پێکدەهێنێت، کاتێک بڕیارەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەموو دانیشتوان بن و مانای گەشەسەندنی بەردەوام بەخۆیەوە ڕاگرێت، ئارامی و ئایندەیەکی باشتر و پێشڕەوانەتر لەگەڵ ڕەوتی ڕوداوەکان بەدوای خۆیەوە دەهێنێت، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتداران لە عێراق و کوردستان پیادەی دەکەن، نمونەی ئەزمونێکە یەک زەڕە هەست بە بەرپرسیاریەتی تیا بەدی ناکرێت و بەتەنگ هیچ جۆرە چاکسازیەکیشەوە نین، کە بۆنی ئاسایش و مرۆڤایەتی پێوە بێت، بۆیە تەنها ڕێگا، کردنەدەرەوی هێزەکانی ئەمریکا و ڕوخانی دەسەڵات و ڕێکخستنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کەچارەنوس و ئایندەی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش ساغ دەکاتەوە.
گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئایندەی سیاسی عێراق و کوردستان و گۆڕانکاریەکانی لەپەیوەند بە کۆتاییهێنان بەدەسەڵات کە خواستێکی ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕینی هەلومەرجی ئێستا، هەوڵدانە بەرەو دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی کە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی خواستەکانی هاوڵاتیان بێت، دامەزراندنی دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بەڕێوە بەرێت و لە ڕێرەوی بەدەستهێنان و داسەپاندنی ژێانێکی باشتردا هەنگاو بنێت، بە مەرجی مسۆگەرکردنی یەکسانی تەواوی هاوڵاتیان.
زۆرێک لە میلیشیا شیعەکان بەشێکن لە حکومەتی ئێستای عێراق – پێگەیەک کە دوای ساڵانێک لە بەکارهێنانی چەکەکانیان، پشتیوانیە لە کۆماری ئسلامی ئێران، وەک زۆربەی میلیشیا شیعەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆیان بە بەشێک لە بەرەنگاری دژە ئەمریکی و دژە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، وەک حزبوڵای لوبنان، بوونەتە ئەکتەری باڵادەست لە سیاسەتی وڵاتەکەداو داوای چونەدەرەوی هیزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن، بەردەوامن لە چەسپاندنی خۆیان و چنینەوەی سەروەت و سامانی عێراق و هەوڵدان بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات و ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراق و کۆتایی هێنان بە قەوارەی هەرێم، تەواوی ئەم سیناریۆیانە لە عێراق و لە کوردستان لەڕێگەی هاتنە مەیدانی خرۆشانی جەماوەریەوە دەبێت کۆتاییان پێ بهێنرێت، دەبێت دەرگای پێکهێانی هەرجۆرە حکومەتێک بەڕویاندا داخرێت، کە سەرچاوەیەکی مەترسین لە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریدا.




خودایە گوێت لێم بێت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئاە خودا
من بۆ ئەوە نەھاتمە دنیا
بەند بە باڵای تەنھاییدا ھەڵبدەم
شیعری دەمدرێژی عەبەس بنووسم
ھاوار بکەم جگە لە خۆکوشتن
کەس کەس وەڵامم نەداتەوە
ناوم لە لیستی قەرزی
ھەموو مەیخانەکاندا ھەبێت
پێیەکم لە نێو لیتاوی غوربەت
پێیەکی ترم لەنێو خەیاڵی زادگەدا بێت
خەیاڵدانم لە باخەڵی شێتیدا بێ
قاچم بووبێت بە تەڵەی شیزۆفرینیاوە
پاڵتۆیەکی کون کونم لەبەردا بێ
کزەبای دابڕان خۆی بکات بە جەرگمدا
بە تەنیشتی دەریادا رێ بکەم
شەپۆلەکان تێر تێر پێم پێبکەنن
بە کەنارەکان بڵێن
ئەم پاڵەوانە گاڵتەجاڕە لەخۆ مەگرن
بەدەم گریانەوە بیر لە کۆچ بکەمەوە
دەرگای گەردوونم لەسەر کڵۆم بدەن
ھەر لەنێو خۆمدا و
لە تەک ئەو خەونانەی نایانبینم
پیاسەیەکی کەساسانە بکەم
تەنانەت چراش لە ئەنگوستەچاوەکانمدا
بە ئەنقەست چاوی خۆی کوێر بکات
ھەتاو سەری خۆی ھەڵبگرێت
بە بەردەم باخەکانی رامووساندا تێپەڕم
لێوێکی کاڵ ناوچەوانی گرژ بکات
وەڵامی سڵاوەکەم نەداتەوە
بچمە دیدەنی کۆترێکی سپی
چارەنووسی رەش ھەڵبگەڕێ و
دەستی پاڕانەوە بەرز بکاتەوە
ئامون لە بەڵای ژوان دووری بخاتەوە
خۆزگە تازە باڵقبووەکانم
لەوپەڕی شۆخ و شەنگیدا
بەدەم چاوەڕوانییەوە پیر ببن
رۆژەکانم ببن بە تەمی ناو بیرەوەریی
شەوەکانیش پڕ لە بیرکردنەوەی گوناھبار
کە چۆڕێک بەزەیی لە دڵیاندا نەبێت
دەستەکانم ھێند سارد و بێ گیان بن
ھێز و توانای نەخشاندنی
تابلۆی ئاگردانێکیان نەبێت
تا بێ ئۆقرەیمی لەبەر گەرم بکەمەوە
زمانم بە زنجیری وەفا ببەسترێت
نەتوانم سکاڵای برینەکانم
بە دەستی گوڵێکی ناپاک
بگەیەنمە بارەگای حەزرەتی باخ
ھەمیشە ستایشی ئاسمان بکەم
ئەویش لەبەردەم ئەستێرەکاندا
تەریقم بکاتەوە
لە ھەموو کوچەیەکیشدا
ئابڕووم ببات لەسەر تاوانێک
ھەرگیز نەمکردووە
ناوم بزڕێنێت لەسەر تۆمەتێک
لە مێشکی خۆیدا دروستی کردووە
ئاە یەزدانی مەزن
ناشێ یادەوەریت نەمابێت و
لە بیرت چووبێتەوە
منت بۆ ئەوە نەئافراند
پەسنی درەوشانەوەی مانگ بکەم
تریفە گوێم لێنەگرێت
نزا بۆ ھاتنی شنەبا بکەم
گەردەلول لەگەڵ خۆی بمبات
ھەوڵی کەویکردنی نیشتمان
لە نسێی دڵمدا بدەم
تاراوگە دەستەمۆم بکات
لەگەڵ خۆرەتاودا جووت بم
ببمە باوکی تاریکترین شەوەکان
خۆم لەپشتی پێکەنینەوە بشارمەوە
لەسەر شاڕێی ھەموو شادمانییەکانم
گریانێکی بە کوڵ خۆیم پێ بناسێنێت
بیر لە باوەشی کچێک بکەمەوە
شەڕ بە توندی پەلم رابکێشێت
لەنێو سەنگەرێکی بەزیودا بکوژرێم
تەرمەکەم ببێتە ژەمێکی ئێجگار چەور
بۆ چەند سەگێکی برسی
بە چنگە کڕێ کۆشکێک
بە کتێبەکانی عەشق چێ بکەم
ئاگری فیراق لە لەشی بەربێت
ببمە سەربازی ئەو دەجالانەی
بەدەستێک دەمنێرنەوە بەرەی جەنگ
بەدەستێکی تر ئیمزای ئاشتبوونەوە
لەگەڵ بکوژەکانمدا دەکەن
ببمە سپارتاکۆسی نەوەیەک
پشتیان لەژێر پووچیدا چەمابێتەوە
ھەموو بە کۆمەڵ نەفرەتم لێ بکەن و
ئازادیی وەک جگەرەکانیان تەرک بکەن
دڵداری لەگەڵ بەھاردا بکەم
قەدەر ھەر پایزم بە گژدا بکات
زستان لەبەر ئاھی خۆمدا
گەرم بکەمەوە
ئەو ھێندە ناپاک بێت
ھاوین بکاتە دوژمنی باوەکوژم و
ھەڕەشەی تواندنەوەی
ئەو ئارەزووانەم لێ بکات
لە نێو چاڵە بەفرەکانی شەرمنیدا بەستوونی
دارسێوی راستگۆیی ئاو بدەم
لە کۆتاییدا بەدڵێکی شکاوەوە
کۆمەڵێک سێوی گەنیوی درۆزن بڕنمەوە
چاوەڕوانی پەروانەیەک بم
وەک میوانێکی رۆح سوک
سەر بە ماڵە شپرزەکەمدا بکات
ھەموو کات دەرزەنێک ئاژەڵی دڕندە
لەسەر فەرشی ھیواکانم ھەڵپەڕن
مەرکانەکانی ژیان پڕ بکەم
لە ئومێدی رەنگاورەنگ
لەوسەرەوە
بە دەستی بەتاڵ بگەڕێمەوە
مەیتی ئاواتە کوژراوەکانم
بەسەرشانەوە بێت
لەنێو دارمێوەکاندا بژیم
تینووی دڵۆپێک شەراب بم
لەنێو گۆڕستانەکاندا بمرم
عەوداڵی قەبرێک بم
نیشتمان لەنێو دڵمدا بێت
تووشی جەڵتەی دڵ بم
ئەوین لە نێو رۆحمدا بێت
لە دوورترین شوێن چاوی بۆ بگێڕم
بمەوێت رۆمانێکی دڵخۆش بنووسم
پێنووس مان بگرێت
بە سەرماندا بشیڕێنێت
ئەی کوڕی دڵتەنگی بەنیازی
لە کونی خۆت ھەڵگەڕێیتەوە و
حاشا لە ئەژدادی خۆت بکەیت!!؟
ئاە خودایە
دەترسم سەرت زۆر قاڵ بێت
بەو شانۆ تاڵەی سەر زەوییەوە
منیش ھەقی خۆمە
کە دەزانم پیر بوویت و
گوێیەکانت
تا سنووری کەڕیی گران بوون
بێھێنمەوە بیرت
منت لە رەحمی دایکمەوە
بۆ ئەوە دەرنەھێنا
گشت سەرکەوتنەکانم
پڕ پڕ ببن لە تامی شکست
خوێنی شەیدابوونم
لەبەر دەرگای ژنێکدا بڕژێت
سەبەتەی حەزەکانم
تەژی بن لە میوەی گەنیو
کڵاوە خورییەکەی سەرم
ببێتە ھاوپەیمانی گێژەڵوکە
لە نێوان من و مردندا
تەنھا لەشێکی نەخۆش ھەبێت
لە نێوان من و ژیاندا
ھەزاران دیوار قوت بووبێتەوە
مەحکوم بم بە پەڕاوێزخستن و جەفا
مافی گەڕانەوەشم نەبێت
بۆ تاریکایی پێش لە دایکبوون
شۆڕشی باخێکی پەرژینکراو بم
گوڵ بەو ناسکییەوە
خیانەتم لێ بکات
بمخاتە بۆسەی دڕکەوە
دەفتەرێکی شیعری بۆنخۆش بم
کەس بۆنم نەکات
کەس پەڕەی رۆحم ھەڵنەداتەوە
شوێنکەوتەی تەریقەتی دڵ بم
ھەموو رۆژێک عەقڵ
بەزمێکم بۆ بنێتەوە و
بە خەتاباریی تێیدا دەربچم
سەدەیەک لە چاوەڕوانی پەرییەکدا
وەک گڕکانێک لە ھەڵچووندا بم
گروپێک جنۆکە یەخسیرم بکەن
لە نائومێدییدا داممرکێننەوە
ھەمیشە لە راکردندا بم
بە دوای خۆشگوزەرانیدا
سەرئەنجام پۆلیسی ھەژاریی بمگرێت
ھەموو شەوێک تامەزرۆی روئیا بم
بە ئامێزی ژنێکی مەستەوە
مۆتەکە سواری سەری
تامەزرۆییم ببێت
پشتاوپشت بگەمەوە سەر ئاو
رووبارەکان نکۆڵی و
ئۆقیانووسەکان ھەڕەشەم لێ بکەن
کە ھێندە نەجیبزادە نیم
سولالەم بچێتەوە سەر باران
بەددان جڕیکردنەوەوە پێم بڵێن
ئەی دوکەڵزادە ھۆشت بێتەوە بەر
تۆ نەوەی رەسەنی ئاگریت
ناتوانین بۆ شەوێکیش جێت بکەینەوە
دەستی ماندووێتی بکەمە کەمەرم
بە دوای ناسنامەی خۆمدا بگەڕێم
لە رۆژھەڵاتی زەوی
بە گوومان بن لەوەی
شێوەی بیرکردنەوەم
سەر بەوێندەر نییە
لە رۆژئاوای زەمینیش
گا بە گوندا بناسنەوە و
بەھۆی قژی رەشمەوە
ھاشا لە بنەچەم بکەن
کاتێک کوخێکی ئارام بنیات دەنێم
خۆم و تەنھایی تێیدا بسرەوێین
دەنگێک لە دوورەوە ھاوار بکات
ھۆ رەنج بەخەسار ھەوارت بگوازەوە
ماڵت لەسەر ھێڵی بوومەلەرزەیە
زۆر گوێ نەگرم بۆ ئەم قسەیە
داڵغەم بچێتە سەر رێختەرەکەی
بڵێی مردنم چەند پلەی پێویست بێ؟
ئاە خودایە
ھێندە چەنەبازیم کرد
سەر دەرناکەم لەوەی وتوومە
ئێستا خۆیشم نازانم
حیکمەتی خەڵقکردنم چی بوو؟
لوتف بفەرموون
خۆتان وەڵام بدەنەوە
٣-٨-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی
لە رۆژی لە دایکبوونمدا، مۆمی ئەم شیعرەم ھەڵکرد. چەند ساڵێکە وا راھاتووم لەم رۆژەدا شیعرێک بنووسم.




گـریگـۆری سـمیـس باڵـیۆزی ئاشـتی و منـداڵان.. رەزا شـوان

هەندێک کەس بە سروشتی، هەر لە منـداڵییەوە ناوازەن و بەهـرەیەکی ئەفـسووناوییان پێبەخـشراوە. ئەوان بـلیمەت و هەڵکەوتوون و بە راستی زیرەکن. بە گشتی تواناکانیان لە بـوارە تایبەتییەکانـدا وا نیشـان دەدەن، کە (١٠) ساڵ لەپێـش تـوانـاکانی هـاوشێوەی گەورەساڵانی لێهاتووەوەن. لـێرەوە زاراوەی منـداڵی پەرجـو (سەرسوڕهـێنەر) بۆ ئەو منـداڵە لە تـوانـا بەدەرانە بەکـاردەهـێنرێـت. بە درێـژایی مـێـژوو، زۆر منـداڵی پەرجـو هەبوون و هەن. هەنـدێکیان بوونەتە گەورەساڵی بەرهەمـدار. تا ئەو کاتە دەستکەوتی هـزری زیاتـریان بەدەست هـێناون، لـەوەی کـە ئـێـمە لە هـەمـوو ژیـانـمانـدا بەدەسـتی دەهـێنـیـن. تا ئێسـتا باسی (٩) منـداڵی پەرجـوی جیـهانـیـمان کـردووە. ئەمجـارە بـاسی منـداڵـێکی تـری بـلـیـمەت و هـەڵـکەوتـوو و پـەرجـوی ئەمـەریـکی دەکـەیـن. کە نـاوی (گریگـۆری ئاڕ سـمیس) ە. بە (بـاڵـیۆزی ئاشـتی و منـداڵان) لە جیهـانـدا ناسـراوە. بـۆ کـورتکـردنەوەی ناوەکەی بە نـاوی (گـریـگ) یـشـەوە نـاودەبـرێـت.
گـریگـۆری بـۆب سـمیـس، لـە سـاڵی (١٩٩٠) لـە ئەمـەریـکا لەدایـک بـووە. تاقانەی خـێزانـەکەیـەتی. دایـکی نـاوی (جـانـێـت سـمـیس) ە، بـەڕێـوەبـەری کـاربـوو. بـاوکی ناوی (بـۆب سمیس) ە، بـڕوانامەی ماستەری هـەیە، زانـایەکی مایکـرۆبـایـۆلـۆژییـە.

گریگۆری منـداڵێکی بـاڵابەرز و قـژ زەردە بـوو. هەر لە منـداڵییەوە بەهـرە و زیـرەکی دەرکەوتن. گریگـۆری لە تەمەنی (٤) مانگانـدا فـێری قسەکردن بوو. لە تەمەنی (١٤)
مانگانگـیدا، پـرسیار و راهـێنانی بیرکاری جـێـبەجێ دەکـرد. هـەر لـەم تەمەنـەدا فـێری خـوێنـدنـەوە و لەبـەرکـرنی کـتـێـب بـوو. لـە تەمـەنی (٢) سـاڵـیدا بـە تـەوای هـۆگـری خـوێنـدەوەی کـتێـب بـوو. لە تەمەنی (٥) ساڵیـدا لە باخچةەی منـداڵانـدا، باسی ئـەوەی بۆ هـاوڕێکانی دەکرد کە چـۆن رووەک خـواردن بۆ خـۆی دروسـت دەکات. لە تەمـەنی (٦ ـ ٩) ساڵان هەمـوو پـۆلـەکانی قـوتابخـانەی بنەڕەتی بە پـلەی نایـاب تەواوکـرد. لە تەمەنی (٩) ساڵیدا، لە ئامادەیی گـشتی (ئـۆرینگ پارک) لە فـلـۆریدا، بە پلەی نایاب و ئابڕومەندی تەواوکرد. بچووکترین قوتابی بوو، لەم تەمەنەدا، دەرچووی ئامادەیی بێت.
گریگـۆری دەڵـێت:”لە چـوار سـاڵـیـمەوە، خـەونـم بە دەستپـێکـردنی خـوێندن لە کـۆلێژ دەبـیـنی” دەشـڵـێـت” بـۆچی خـەڵـکی دەڵـێـن، ئـاسـمـان ســنوورە؟ بـۆ مـن نـا!!
خـەون و هـیوای گریگـۆری هـاتنەدی. لە تەمەنی (١٠) ساڵیـدا بەبێ تاقیکردنەوە لە زانکـۆ وەرگـیرا. بـە پـلـەی نایـاب و ئـابـڕوومـەنـدی، بـڕوانـامـەی بەکـالـۆریـۆسی لە بـیـرکاریـدا، لە کـۆلـێـژی (رانـدۆلـڤ مـاکـۆن) وەرگـرت. بـڕوانـامەی مـاستەریـشی لە بایـۆلـۆژی حـیسـابـاتیـدا لە (زانکـۆی ڤـێـرجـیـنـیا) لە (شـارلـۆتـسڤـیـل) بەدەسـتهـێـنا. بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستە بایۆلـۆژییەکان لە (زانکۆـی گارنێگی مێلۆن) وەرگرت.
گەورەتـرین خـولیای گریکـۆری سمیس بیرکاری بوو. دەنووسێت:”زانست دەروازەی نهـێنـییەکانی جیهـانـەکەمانە. بیـرکـاریش وەک چـرایـەکە، رێـگا روونـاک دەکـاتەوە” لەگەڵ ئەوەشدا بیرکاری ئامانج نییە. بەڵام هۆکاریکە بۆ هێنانەدیی ئامانجی گریگۆری.
بەڵام بـلیـمەتی تەنیـا نیـوەی چـیرۆکەکەیە بۆ گـریگـۆری سـمیس. لەو کاتـانەی کە لە قـوتابخـانەدا نییە، ئەم گەنجـە وەکو چالاکـوانێکی بـواری ئاشتی و مافـەکانی منـداڵان، بە جـیهـانـدا دەگـەڕێـت. چـاوپـێکـەتـنی لەگـەڵ سـەرۆکی وڵاتـان و لەگـەڵ بـراوەکانی خـەڵاتی نۆبـڵـی ئاشتی و سەرکردە ئاینییەکان و مامۆستاکانـدا کردووە. کـۆبـوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پێـشـووی ئەمەریکا (بـیـل کلـینـتـۆن ) و سەرۆکی پێشـووی یەکـێتی سۆڤیەت (میخـایـل گـورباتـشـۆف) کردووە. باسی پلانی پەروەردە و ئاشتی لەگەڵیاندا کردووە. نوێنەری (سی سی ئێـف) بـوو. لە دانیشـتنی تایبەتی ئەنجـوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتـووەکان. سەبارەت بە مافەکانی منداڵان وتاری داوە. لە چەندین کۆڕ و کۆبـوونەوەی تریشـدا، لە زۆر شوێنی تردا، وەکو باڵـیـۆزی ئاشتی و منـداڵان، وتاری پێشکەش کردووە. گریگۆری چەندین پەیامی بەهـێزی نووسی و چەندین کۆبوونەوەی بەڕێـوەبـرد، وتاری هـانـدان و ورووژێنـەری پێـشکەش کـردوون. چەنـدیـن راپـرسیی ئەنجامـداون. لە چەندیـن بەرنامەی بێشوماری بەناوبانگی جیهـانی، لە تەلـەڤـزیـۆن و رادیـۆکاندا، چەنـدیـن دیمـانەیـان لەگەڵ سازکردوون. باسی ئاشتی و منداڵانی کردووە.

گریگـۆری لە رێگەی دەرکەوتنە زۆرەکانییەوە، داوای لە سەرکـردەکانی حکومەتەکان کـرد، کە منـداڵـەکانیان وەک گـەورەتـریـن سـامـانی وڵاتـەکـانیان بـزانـن. کـۆتـایـش بە تـونـدوتیـژی بەرانبـەر بە منـداڵان بـهـێـنن. پەیـامـەکـانی پـڕن لە هـيـوا لە گەشـبیـنی، خەڵکی زیـاتر هـۆشیارکردووەتەو بۆ هـێنانەدیی مافـەکان و پێـداویستییەکانی منداڵان.
گـریگـۆری دەڵـێـت:”ئـەرکی ئـێـمە، دروستکـردنی داهـاتـوویەکی ئـارام و ئاسوودە و تەنـدروسـتە بـۆ هـەمـوو منـداڵان”. لـە ئەمـەریـکا و لـە سـەرانـسەری جـیهـانـدا. گـریگـۆری ژیـانی بـۆ ئـەم پـرسە جیهـانیـیانە تەرخـان کـردووە و درێـژەی پێـدەدات. بەردەوامـە لە خـەبـات و کـارکـردن، لـە پـێـناوی ئاشـتی و خـۆشگـوزەرانی منـداڵان.
گـریگـۆری دەڵـێت:” مـن خـەون بـەو رۆژەوە دەبـیـنم کە هـەمـوو منـداڵان بتـوانـن بەبێ تـرس و لە جیهـانێکی ئارامـدا بـژیـن”. دەشڵێت:”ئاشتی لە منداڵانی جیهـانەوە دەست پێـدەکات، کاتێک کە درێـژە بە فـێرکردنیان دەدەیـن. پێـش ئەوەی فـێری رق و کـینە ببـن. یەکەم هەنـگاوی ئاشتـیش لە رێی فـێرکـردنەوە دێـت، چونـکە فـێرکـردن تێگەیشــتن دروسـت دەکـات، تێگەیشتنـیـش دەبـێـتە هـۆی چـارەی ئەڵـتـەرنـاتیـڤ”.
گـریگـۆری دامـەزرێنـەری رێکخـراوی (بەرگـریـکاری لاوانی نێـودەوڵـەتی) یـە. کە رێکخـراوێکە کاردەکات، بۆ پێشخستنی بنەماکانی ئاشتی و لەیەکـتێگەیشتن لەنێـوان لاوان لەسەرانسـەری جیهـانـدا.
گـریگـۆری سمیس، بە هـۆی هـەوڵە مـرۆییەکانی و چالاکـییەکانی بۆ بەرقەراربـوونی ئاشتی و بۆ مافەکانی منـداڵان، لە تەمەنی (١٢) ساڵـیدا، بۆ وەرگرتنی خـەڵاتی نۆبـڵی ئاشتی پاڵێورا. کە بچـووکتریـن تەمـەنە تا ئێستا بۆ نـۆبـڵی ئاشتی کانـدیـد بکـرێـت. لە تەمـەنی (١٣) ساڵـیدا بـۆ جـاری دووەم، بـۆ نـۆبـڵی ئاشتی کانـدیـدیان کـرد. تا ئێسـتا چـوار جـار بـۆ ئـەم خـەڵاتە کانـدیـد کـراوە.
گـریگـۆری سـمیس، لە پێـش تەمەنی (٢٠) ساڵـیدا، لە تاقـیکردنەوەکانی (مـیـنسا) دا، بـۆ پـێـوانـەکـردنی تـێکـڕای زیـرەکی، پـلـەی زیـرەکی و بـلـیـمـەتـی گـریگـۆر (٢٠٠) پـلـەیە، واتـە (٤٠) پـلە لە سـەرووی زیـرەکی (ئەلـبـێرت ئەنیـشـتایـن) و پـرۆفـیسۆر (سـتـیـڤـن هـۆکـنـیگ) ەوەیـە. كە پـلـەی زیـرەکی هـەریەکەیـان (١٦٠) پـلـەیە.
هـۆی بەکارهـێنانی نـاوی ئەنیشتایـن بەرانبەر بە زاراوەی بـلیمەتی، چونکە ئەلـبێرت ئەنیشـتایـن روونـاکـبـیرێکی ئـەقـڵی سـەدەی بـیـسـتەم بـوو. بـۆیـە کە باسی بـلـیمەتی کەسـێکی زیـرەک دەکـرێـت، بـە ئاسـتی بـلـیمـەتی ئەنیـشـتایـن هـەڵـدەسـەنـگـێـنرێـت.
لە ئێستا کە تەمـەنی گـریگـۆری ئـاڕ سمـیس سی و چـوار ساڵە، چەندین پۆستی باڵای هـەیە. سەرقـاڵی لە چەنـدین بـواری ئاکـادیمی و لـێکـۆڵـینەوەی پـزیشکی و زانستیـیە، خـەریـکی بەدەسـتهـێـنانی دکـتۆرای دووەمـێـتی.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤

(*) بۆ ئەم نووسینە، سوودم لە چەنـد سایتـێکی ئینگـلیـزی وەرگـرتـووە.




ڕێوڕه‌سمی رێزگرتنی مامۆستا عوسمان محەمەدی ژه‌نیاری لێهاتووی نایه‌ لە بۆکان بەڕێوەدەچێت

مه‌نسوور جیهانی ـ

ڕێوڕەسمی رێزگرتن له‌ پێگەی هونەریی مامۆستا «عوسمان محەمەدی» ژه‌نیاری ناسراویی مۆسیقای ناوچە جۆراوجۆره‌کانی کوردستان لە شاری بۆکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ڕێوڕەسمی رێزگرتن له‌ پێگەی هونەریی مامۆستا «عوسمان محەمەدی» بە نازناوی «عوسمانە سوور»، دەنگی ناسراو و بلیمه‌تی مۆسیقای ناوچە جۆراوجۆره‌کانی کوردستان و ژه‌نیاری دیار و لێهاتووی نه‌رمه‌نه‌ی (نایە) بۆ ڕێزلێنان لە شەش دەیە ژه‌نیاری و پێشکه‌ش کردنی مۆسیقای داهێنەرانە و هه‌رمان و ڕێزگرتن لە ٦٥ ساڵ خزمەتی ئه‌ویندارانه‌ی ئەم هونەرمەندە به‌توانایه‌ بە هونەری مۆسیقای فۆلکلۆریکی کوردی به‌ پاڵپشتی ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری ناحوکمی «ئاوای زیره‌ک» به‌ ئاماده‌بوونی مامۆستایانی ناوداری که‌لتوور و هونه‌ر و پێشکه‌ش کردنی مۆسیقای ناوچه‌کان و سه‌مای هه‌ڵپه‌رکێ له‌ کاتژمێر 7ی ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشەمە ٢١ی به‌فرانباری ١٤٠٢ ڕێکه‌وتی ١١ی کانوونه‌نی دووهه‌می ٢٠٢٤ لە هۆڵی ئیداره‌ی ڕۆشنبیری و هونه‌ر لە شاری بۆکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

لەم کۆڕی رێزلێنانه‌دا به‌ بەڕێوەبەرایەتی هونەریی «مه‌نووچێهر جیهانی» ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری مۆسیقای ناوچەکان، بە ڕوانگەی «گێڕانەوەیه‌ک له‌ ژیانی مامۆستایانه» لە تەمەنێک چالاکییە هونەرییەکانی مامۆستا «عوسمان محەمەدی» (عوسمانە سوور) ژەنیاری ناوداری ئامێری نایە (نه‌رمه‌نه‌ی) کە خاوەنی خەڵاته‌کانی باشترین ژه‌نیار و مۆسیقاژەن و هەڵبژاردەی یەکەمی فێستیڤاڵەکانی نێوده‌وڵه‌تیی مۆسیقا و ڕێوڕەسمە فۆلکلۆرییە نەریتییەکانە لە وڵاتانی ڕووسیا، کرۆواتیا و جۆرجیا، لە سەروبەندی ٨٤ ساڵەی ته‌مه‌نی پر خێر و به‌ره‌که‌تی ئەم مامۆستا ناوازە و ژه‌نیاره‌ خۆشه‌ویسته‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ڕۆشنبیری و هونەری ڕێکخراوی ناحوکمی «ئاوای زیره‌ک» به‌ بەڕێوەبردنی دکتۆر “ئیبراهیم عوسمانی” و بە بەشداریی ئەکادیمیای مۆسیقای «زیرەک» به‌ بەڕێوەبردنی “محەمەد مەعرووفی” و هەروەها به‌ هاوکاریی تایبەتی دکتۆر «خه‌شایار سه‌نعه‌تی» فه‌رمانداری شارستانی بۆکان و پشتگیرییه‌کانی خه‌ڵکی هونه‌ردۆستی ناوچه‌که‌ و یارمه‌تیدانی کۆمه‌ڵێک له‌ چالاکانی ئابووری به‌شی که‌رتی تایبه‌ت و کارداهێنه‌ران له‌ پێناو بڕه‌وپێدانی به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها به‌ هاوڕێیه‌تی داموده‌زگاکانی دیکه‌ی شاری بۆکان له‌ رێبازی بەرزکردنەوەی کولتوور و هونەر و بەرەوپێشبردن و فراوانکردن و په‌ره‌پێدانی هونەری بەرز و به‌پێزی مۆسیقای ناوچەکانی کوردستاندا ڕێزیان لێدەگیرێت و پله‌ و پایه‌ی هونه‌ری ئه‌و مامۆستایه‌ بەرز دەنرخێندرێت.

پەخش و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی هونەری و لێکدانه‌وه‌ و پێداچوونەوە بە بەرهەمە مۆسیقاییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندانی مۆسیقا سەبارەت بە پێگەی ئەو مامۆستایه‌، پێداچوونه‌وه‌ و تێڕوانینێکی گشتی له‌سه‌ر ژه‌نیاریی مامۆستا “عوسمانە سوور” لە فێستیڤاڵە هونەرییەکان و بەدەستهێنانی خەڵاته‌کانی مۆسیقا لە بواره‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و نێودەوڵەتی، ئاخاوتنی مامۆستایانی دیار و ناسراوی مۆسیقای ره‌سه‌ن دەربارەی ئەم هونەرمەندە، پێشکەشکردنی به‌رنامه‌ی پێکه‌وه‌ ژه‌نینی ئامێره‌کانی نایه‌ و زه‌ربی کوردی، پێشکەشکردنی مۆسیقای ره‌سه‌ن و ده‌نگبێژی و گۆرانی چڕینی هونه‌رمه‌ندانی پێشه‌نگی فۆلکلۆری ناوچه‌ی موکریان، پێشکەشکردنی به‌رنامه‌ی هه‌ڵپه‌رکێی ره‌سه‌نی گرووپی “نیشتمان” بانه، ‌پەخش و بڵاوکردنه‌وه‌ی مۆسیقای ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی مۆکریان و پێشکەشکردنی به‌یتی “سه‌یدەوان” و پارچە مۆسیقای کۆنسێرتۆی تاکژه‌نی نه‌رمه‌نه‌ی (نایه‌) و ئۆرکێسترا له‌ ده‌ستگای شوور به‌ ژه‌نیاریی مامۆستا عوسمانە سوور و ئاوازدانان و رێبه‌رایه‌تی ئۆرکێسترا له‌ لایه‌ن “کاوە فەقیه زادە”، هاوکات لەگەڵ پەردەلادان لەسەر پەیکەری سەردیسی مامۆستا “عوسمانە سوور” به‌رهه‌می “ڕێبین حه‌یدەری” و ڕێزلێنان لە مامۆستا “عوسمانە سوور” بە بەخشینی ته‌ندیس، نیشانەیەکی هونەری، کتێب، له‌وحه‌ی رێزلێنان و تابلۆی سوپاسگوزاری و دیاری هونەریی نایاب لە زومره‌ی بەرنامەکانی ئەم کۆڕبەندی ڕێزلێنان و یادکردنەوە دایە کە بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری بوکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

مامۆستا “عوسمان محەمەدی” (عوسمانە سوور) بە یەکێک لە هه‌ره‌ دیارترین و تایبه‌تترین ژه‌نیاره‌کانی ئامێری نه‌رمه‌نای (نایه‌) له‌ سه‌ر وڵات دادەنرێت. شێوازی ناوازەی ژه‌نیاری و خولقاندنی بەرهەم گه‌لی بێ وێنه‌ و ناوازە و هه‌رمان، ئەم هونەرمەندەی بە مانا ڕاستەقینەکەی لە لوتکەی هونەری مۆسیقای کوردستاندا داناوە، چ لە ڕووی توانا و تەکنیکی پێشکه‌ش کردن و چ لە ڕووی ناوبانگەوە.

مامۆستا “عوسمان محەمەدی” (عوسمانە سوور) لە ساڵی ١٣١٩ هه‌تاوی (١٩٤٠ی زایینی) لە گوندی قەرەکەند سه‌ر به‌ شاری بوکان لەدایک بووە. لە تەمەنی مێرمنداڵی لە ژێر کاریگەریی شمشاڵی مامۆستا قادر عەبدوڵڵازادە (قاله‌ مه‌ڕە)، ڕاوێژکاری دەستەی دادوه‌رانی فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەکانی کرمان، دەستی کرد بە فێربوونی شەمشاڵ و زۆری نەخایاند ژه‌نیاریی ئه‌م ئامێره‌ی به‌و شمشاڵه‌ی که‌ مامۆستا قادر عەبدوڵڵازادە (قاله‌ مه‌ڕە)، بۆی کڕێبوو، فێری ژەنینی ئەم ئامێرە بوو، پاشان ڕووی کرده‌ ژه‌نیاریی ئامێری دووزه‌له‌ و دوای ئه‌وه‌ی لێهاتوویی و شاره‌زایی له‌ ژه‌نینی دووزه‌له‌دا به‌ده‌ستهێنا، به‌ شێوه‌ی جیدی و پیشه‌یی خه‌ریکی فێربوونی نه‌رمه‌نه‌ی (نایه‌) بوو.

پاشان بۆ هه‌رێمی کوردستان سه‌فه‌ری کرد و ژه‌نیاریی مه‌قامه‌که‌انی خۆجێی ناوچه‌که‌ له‌ لایه‌ن “حه‌سه‌ن نه‌ی” له‌ شاری سلێمانی فێر بوو. لە ساڵی ١٣٤٥ هه‌تاوی (١٩٦٦ی زایینی) چالاکی هونه‌ریی خۆی به‌ هاوکاری هونەرمەندانی ناوداری ناوچەی مۆکریان لە باشووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ده‌ست پێکرد و لەگەڵ گۆرانیبێژانی ناسراوی وەک مامۆستایان حەسەن زیرەک، عەلی خەندان، عەبدوڵڵا هووشمەند (عه‌به‌ ده‌ڕژێ)، سەید عەلی ڕەحیم پوور (سەردەشتی)، سەید ئیبراهیم سەقزی و … دەستی بە کار و چالاکیی هونەری کردووە.

مامۆستا “عوسمانە سوور” بەرهەمی زۆری هەیە لەوانە نمایشی تایبەت لەگەڵ گۆرانیبێژی جیاواز و لە ساڵانی 1380 هه‌تاوی (٢٠٠١ی زایینی)دا دوو ئەلبوومی مۆسیقای بە ناوی “گۆلی” و “هه‌ژان” بە دەنگی “خه‌بات مولوودی” بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ڕۆشنبیری تۆمار و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌‌، خه‌ریکی ژه‌نیاری و سۆڵۆی تاکژه‌نی نه‌رمه‌نای بووه‌. ئه‌و مامۆستایه‌ له‌ چه‌ندین خولی مۆسیقای ناوچه‌کانی ئێران له‌ شاره‌کانی کرمان، تاران، سنه‌، مه‌هاباد، بۆکان، سه‌رده‌شت، سه‌قز به‌شداری کردووه‌.

پرۆفیسۆر عوسمان محەمەدی (36220) خاوەنی زیاتر لە 60 ساڵ ئەزموونی ژەنینی لە ئۆرکێسترای ناوچەیی و گروپەکانی مۆسیقای ره‌سه‌ن و هاوکاری لەگەڵ هونەرمەندان و مامۆستایانی مۆسیقای دیاری کوردستان.

ئه‌و مامۆستایه‌ ئێستا دانیشتووی شاری بۆکان له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوایه‌ و له‌ رێگای پێشکه‌ش کردنی به‌رنامه‌ی هونه‌ری، بژیوی ژیانی خۆی دابین ده‌کات و له‌ نێو خه‌ڵکی هونه‌ردۆستی ناوچه‌کانی کوردستاندا رێز و حورمه‌ت و پله‌ و پایه‌یه‌ه‌یکی هونه‌ری هه‌یه‌.




ئیسماعیل سابیر دیوانە شیعری “هەوری مات” بڵاو دەكاتەوە

كتێبی “هەوری مات” دووەمین بەرهەمی نووسەر و شاعیر ئیسماعیل سابیرە كە لە كۆمەڵێك شیعر پێكهاتووە، وەك شاعیر دەڵێت، كتێبەكە یەكێكی تر دەبێت لە زنجیرە بڵاوكراوەكانی ناوەندی تەم بۆ نووسینی كوردی، كە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو لە دووتوێی كتێبێكدا چاپ و بڵاو بكرێتەوە.

ئیسماعیل سابیر شاعیرێكی گەنجی دانیشتووی هەولێرە، پێشتریش دیوانە شیعرێكی تری چاپ و بڵاو كردووەتەوە، لە لێدوانێكدا گوتی، “هەوری مات” لە بنچینەدا دوو پڕۆژە یان دوو كتێبی بچكۆڵانەی سەربەخۆی لەخۆ گرتووە، لێرەدا وا پێویستی كردووە لە دووتوێی كتێبێكدا بەیەكەوە كۆ بكرێنەوە. شیعرەكانی ناو ئەم كتێبە بەپێی بارودۆخی هەر تێكستێك، هەوڵ دراوە جیاوازی دروست بكەن، هەم لە دەربڕین و دنیابینی، هەم لە مانا و تەكنیك و فۆرمی داڕشتن، وەك مێژووش كاتی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی 2017 تا 2019 و 2021 تا 2023 بەشێكی زۆر لە شیعرەكان نوێن و ئێستە بۆ یەكەمین جارە بڵاو دەكرێنەوە.

ئیسماعیل لە درێژەی لێدوانەكەیدا باسی لەوەش كرد، ناوەڕۆكی شیعرەكان ڕەنگە كەمێك قورس بێت، ئێمە بتوانین ناوەڕۆكی شیعر لە چەند دیمەن و سات و دیاردەیەكی دیاریكراودا قەتیس و بچووك بكەینەوە، چونكە شیعر هەر خۆی هێزێكی ڕامنەكراوە، بەپێی سەردەمە جیاوازەكان بەردەوام بە دوای مانا و شیكاری نوێدا دەگەڕێت.

ئەوەشی گوت تەنیا شتێك ئەوەیە ئەم كتێبە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی بۆ ئەوە بووە هەر دالێك گوزارشت بێت لە چەندان دال و مەدلوولی جیاجیا، تا خوێنەری قووڵ و وردبین ئاوێتەی خۆی بكات و بیكات بە بەشێك لە مانای تێكستەكە، یان بە جۆرێكی تر شیعر تیشك بخاتە سەر ئەو وێنانەی كە كۆمەڵگە بایەخی پێ نادات. دواجار ڕەنگە كاری شاعیرانیش هەر ئەمە بێت كە هەڵوەستە لەسەر ئەو دیمەنگەل و وێنە پەراوێزخراوانە بكات كە خەڵكی گشتی هەستی پێ ناكەن، چونكە لەبەرئەوەی شاعیران بارگاوین بە هەست، بۆیە دێن لە ڕی هێزی زمانەوە، تەكنیكەكانی دەربڕین دەدۆزنەوە. بە جۆرێك خەیاڵ و وشە بۆ خزمەتی شیعرییەت و بوون وەگەڕ دەخەن، تا لە كۆتاییدا ئیستاتیكا و وێنەگەلێكی هونەریی لەناو خەم و ژیانی مرۆڤەكاندا بەرجەستە بكەن.