جو لە روئیای عەرەبی و کوردییدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لەم دواییانەدا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی (سایمۆر ھێرش) لە (نیۆرکەر) لەمەڕ تەواجودی ئیسرائیلییەکان لە کوردستان، میدیا عەرەبییەکان ئەم ھەواڵەیان قۆستەوە و بووە ئەرتیکڵێکی گرنگ بۆیان تا دوژمنایەتی گەلی کوردستانی پێ بکەن و شەقامی عەرەبیی ھان بدەن بۆ دژایەتیکردنی کورد، سەرکردایەتی سیاسیی کورد و میدیا حزبیی و سەربەخۆکانیش بێدەنگیان لە بەرامبەر ئەم حەملەی راگەیاندنە ھەڵبژارد و ھیچ دەنگیان لێوە نەھات، جگە لەو دەنگە نوزەڵەیەی سەرکردایەتی کورد کە جاروبار بۆ پاکانەکردن بەرز دەبێتەوە. من کارم بەسەر ئەوەوە نییە ھەواڵەکەی ئەو رۆژنامەنووسە راستە یان نا، من دەپرسم بۆچی کورد ھێندە سڵ لە جولەکە دەکاتەوە؟ بۆچی ئەوەندە پاکانە بکەین لە بەرامبەر عەرەب؟ ئاخۆ ئێمە مافمان ھەیە چاودێریی عەرەب بکەین دۆستی کێن و دۆستی کێ نین یان دەتوانین فشاریان بخەینە سەر چۆن دیپلۆماسیەتی خۆیان دادەڕێژن؟ ئەی کەواتە ئەوان چۆن ئەو مافەیان ھەیە؟ لێرەوە ھەوڵ دەدەین رۆشنایی بخەینە سەر روئیای عەرەبی و کوردیی لە بەرامبەر جولەکە و کاریگەریی سیاسیی و فەرھەنگی عەرەب لەسەر کورد دەربارەی روانین لە جولەکە.

روانگەی پان ناسیۆنالیزمی عەرەبیی

لە دیدی ناسیۆنالیزمی پەڕگیرانەی عەرەبەوە جولەکە یەکەمین مەترسییە بۆ سەر قەوارەی عەرەب، چوونکە بە بڕوای ئەوان جولەکە لە کەمیندایە بۆیان و دەیەوێ کار لە دەسەڵاتەکانیان بکات و یەکێتی وەھمیانەی عەرەب بەرەو لاوازیی و لەناوبردن ببات. ھەرواش کێشەی فەلەستین کە لە راستیدا بووە بە کێشەی ھەموو عەرەب ئەو رقەی ئەستوورتر کردووە کە لە بەرامبەر جولەکە ھەیانە، بەڵام دەبێ بگوترێ ململانێ و شەڕی جولەکە- عەرەب شەڕێک نییە سەرەتاکانی بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و کاتی بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵکو رەگ و ریشاڵێکی سەدان ساڵە و بگرە ھەزار و چوار سەد ساڵەی ھەیە، رەنگە لەو ساتەوەختەوە دەست پێ بکات پێغەمبەری عەرەب (محەمەد) جووەکانی (یەسریب) بە نەفرەت دەکات و بە تۆمەتی ناپاکی و پیلانگێڕیی ھەر سێ ھۆزە جووەکەی ئەو شارە لە زێدی دێرینی خۆیان وەدەر دەنێ، دیارە ئەمەش لە رێگەی توندوتیژییەوە بووە، ھەر بەپێی ژێدەرە مێژووییە ئیسلامییەکانی خۆیان لەو ھەڵمەتانەدا سەدان جولەکە”بەنی قورەیزە” زیندە بە چاڵ کراون و ژن و سامانیان بە غەنیمە گیراوە و تاڵان کراوە، دواتریش پێغەمبەر (محەمەد) وەک سەرلەشکری سوپایەکی بەدەوی دڵڕەق چۆتە سەر تاراوگەکەیان لە قەڵای خەیبەر، لەوێش کوشت و بڕی لێکردوون و بە ناچاریی ئەوە جێگایەشی پێ بەجێھێشتوون.
ئەمە دەریدەخات ئەو ململانێیە ریشە و باکگراوندێکی مێژوویی ھەزار و چوارسەد ساڵەی ھەیە و ھەنووکەش ھەمان شت بە ناوی کێشە و دۆزی فەلەستینەوە درێژەی پێدەدرێت، لێ بە تێگەیشتنی من دەوڵەتانی عەرەبی ھەر خۆیان رێگرن لە بەردەم چارەسەربوونی قەیرانی عەرەب- ئیسرائیل بە رێگەی ئاشتی، چوونکە مانەوە و رەوایی سیاسیی دەوڵەتەکانیان بەندە بە مانەوەی ئەو کێشەیەوە. ئەوان (واتە دەوڵەتە عەرەبییەکان) دەوڵەتگەلێکن بە ناوی پاراستنی خاکی عەرەب و بەرگرییکردن لە ناسنامەی عەرەبیی فەلەستین کۆنترۆڵی دەوڵەتیان کردووە بەشێوەیەکی دیکتاتۆریی و پادشایی رەھا، لەسەرێکی ترەوە لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەی فەلەستیندا کە دەبێتە ھۆی کرانەوەی دەروازەی دیموکراتی لە ناوچەکەدا، فاکتۆرێکی بەھێز دروست دەبێ بۆ لە بەریەک ھەڵوەشان و پووچەڵبوونەوەی ئەو بنەما و پاساوانەی رەوایی داوە بە دەسەڵاتی درێژخایەن و دیکتاتۆرییانەی دەوڵەتانی عەرەب.
ئەوساش شەڕەکە دەچێتەوە نێو ماڵی عەرەب خۆی، واتە شەڕی دیموکراتیزەکردنی ناوخۆ و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە جیاجیاکانی کۆمەڵانی خەڵک و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵێکی مەدەنی و ئاسایی کە تیایدا ھاووڵاتیان ماف و ئازادییەکانیان دەستەبەر بکرێ و بە یاساش زامن بکرێ، ئەو کات تاکی عەرەبیی ئامادە نییە ئازادیی و مافە سەرەکییەکانی دوا بخات، چوونکێ ھیچ ھۆکارێکی ماقوڵ و بابەتی بەدیناکات بۆ ئەو دواخستنە. بە ھیچ پاساوێکیش ملکەچ نابێ تا دەوڵەت خەمساردانە بە دیار مافە خوراوەکانییەوە بوەستێ، لەم حاڵەتەدا تاکی عەرەبی خۆی رادەپسکێنێ لە ستەمکاریی دەسەڵات و داوای ماف و ئازادییە کەسییەکانی خۆی دەکات، دەوڵەتانی عەرەبیش بۆ خۆدزینەوە لەمە و خەفەکردنی دەنگە ناڕازییەکان ھەمیشە تاکەکانی گەل بە دوژمنێکی ھەمیشەیی و داتاشراو دەترسێنن و زوو زووش وەبیریان دەخەنەوە، لەم نێوەندەشدا چاکترین و نزیکترین دوژمنیشیان ھەڵبژاردووە بۆ ئەم کارە، ئەویش گەلی جولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیلە.

روانگەی پان ئیسلامیزم

ئیسلامگەراکان کە توخمێکی بنەڕەتیی و بەھێزی جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی عەرەبن، بە دید و شێوەی تر لە دیدی ناسیۆنالیزم کاریگەرییان ھەیە لە قووڵکردنەوە و وێناندنی شەیتانیانەی جولەکە، ئیسلامگەراکان کە نوێنەرایەتی جەمسەری کۆنسەرڤاتیزمی کۆمەڵ دەکەن و بەرگریی لە عادات و نەریتی کلاسیکی و باوی عەرەبی دەکەن و وەک نەریتی ئیسلام دەیبیننەوە، بەردەوام لەسەر ئەم وەتەرانە کار دەکەن و ئیحساساتی تاکی عەرەبی بۆ دوژمنایەتی جولەکە دەورووژێنن. روونتر بڵێین، بۆ نموونە ئیسلامگەراکان دەزانن کۆمەڵی عەرەبی بە توندیی پابەندە بە چەمکی ئەخلاقەوە، دیارە ئەخلاقیش لە روئیای تاکی عەرەبیدا بەستراوەتەوە بە جەستەی مرۆڤ و ممارەسەی سێکسەوە، ئیسلامگەراکان دێن پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە جولەکە و زایۆنیزم لە پیلانی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی فەسادێکی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگە ئیسلامیی و عەرەبییەکاندا.
جگە لەوەش ئیسلامگەراکان بەو پاساوەش رۆشنبیریی و شارستانی رۆژئاوا رەت دەکەنەوە کە سترۆکتۆری ئەو رۆشنبیرییە جولەکەی لە پشتەوە وەستاوە! ئەمەش مانای وایە رۆشنبیرییەکی لە خشتەبەرە، (د.فەرەج عەلی فۆدە) نموونەیەکی جوان لەم بارەیەوە دەھێنێتەوە کە چۆن ئیسلامگەراکان دەیانووت جولەکەکان دەڵێن مارکس و داروین و فرۆید ھەرسێکیان لە خۆمانن و بۆ بەلادارێبڕدنی خەڵکانی تر دروستمان کردوون!. ئیسلامگەراکان بەرگ و پۆشاکی ئاینیی دەکەن بە بەری کێشەی نەتەوەیی و جوگرافیی نێوان عەرەب- جولەکە، ئەوانەی لە ئۆرشەلیم خۆیان بە کاروانی سوپا و ھاووڵاتیانی سڤیلدا دەتەقێننەوە بە ھاواری (اللە اکبر) کارەکە ئەنجام دەدەن و بە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینیی دەزانن و وەک شەھیدبوونیش چاو لەو وەحشیگەرییە دەکەن.
ئیسلامگەراکان تەگەرەی یەکەم و سەرەکی و دیاری شکستپێھێنانی ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ئاشتین، ئەوان لە ھەر چوار لای دنیای عەرەب و ئیسلامییەوە بە ناوی فەلەستین و دوژمنایەتی جولەکەوە ھاریکاریی ماددیی و لۆجیستی دەکرێن. ھەر لە بەرئەوەشی ئیسلامگەراکان بە چەشنی دەوڵەتە عەرەبییەکان رەوایی و شەرعیەتیان لەو کێشەیەوە وەرگرتووە، مانەوە و بوونیان بەستراوەتەوە بە بوون و مانەوەی کێشەی عەرەب- ئیسرائیلەوە. راستییەکی حاشا ھەڵنەگریش ھەیە ئەگەر دوژمنایەتی جولەکە و رۆژئاوا (کە بە لای ئەوانەوە داینەمۆکەی جولەکەیە) نەمێنێ ئیسلامگەراکان ناتوانن بۆ تەنیا یەک خولەکیش لە ژیاندا ھەناسە بدەن، کەواتە ئیسلامگەراکان شەڕی مان و نەمانی خۆیان دەکەن.

بیردۆزی موئامەرە و عەقڵی کلاسیکی عەرەبیی

بەشێک لە رۆشنبیرانی عەرەب، ئەوانەی ناسیۆنالیزمی پەڕگیرانە بەرچاوی لێڵ نەکردوون دەرکیان بەوە کردووە یەکێک لە ئیشکالییەتە ناوەکی و سایکۆلۆژییەکانی گەلی عەرەب وێنەکێشانی دوژمنێکی یۆتۆپی و وەھمییە، ئەمە جۆرە ترسێکە و بۆتە بەشێک لە ئەقڵ و ئایدیا و بیرکردنەوەی گشتیی عەرەب، ھەر ئەم ئیکشالییەت و عەقڵییەتە کلاسیکییە وای لێکردوون بە چاوێکی دوژمنکارانەوە سەیری ھەموو ئەوانی تری غەیرە عەرەب بکەن و بە مەترسیی لەسەر خۆیان لە قەڵەمی بدەن، ئەم ئیشکالییەت و فۆبیایە زیاتر بەرامبەر بە ئیسرائیل و رۆژئاوا و لۆبی جولەکە لەوێ دورست کراوە، ھەر وەک بە بەرجەستەیی دەیبینین عەرەب لە خەیاڵدانی خۆیدا جگە لە وێنایەکی ئەھریمەنانە ناتوانێ تابلۆیەکی تری جولەکە و رۆژئاوا ببینێت، ئەم گرێ دەروونییە ئاڵۆزە لە ھەموو چێوەکانی ژیانی سەرجەم ئەندامانی گەلی عەرەب رەنگی داوەتەوە و رەگی داکوتیوە.
بە پێی تێگەیشتنی ھەندێک لە رۆشنبیرانی عەرەب بە تایبەتی ئیسلامییەکانی چەشنی (سەید قوتب و محەمەد قوتب و فەتحی یەکون و عەفیف عەبدولفەتاح تەبارە و تاد..) جولەکە لە ھەوڵی بەردەوامدایە و داوی بەردەوام دادەنێ بۆ لەناوبردنی عەرەب و ناشیرینکردنی رووی ئاینی ئیسلام. لە راستیشدا زۆر پێم سەیر بوو کاتێک ئەوەم خوێندمەوە عەرەبەکان نەسرانییەت (بەپێی وتەی ئەوان) بە بەشێک لەماسۆنییەت حسێب دەکەن و ماسۆنییەتیش بە لقێکی کارای زایۆنیزم لە قەڵەم دەدەن!!، چوونکێ ئەمە شتێکە ناچێ بە عەقڵی ھیچ کەسێکدا کە دوو ملیار مەسیحی لە جیھاندا داردەست و شاگردی ٨-٩ ملیۆن جولەکە بن، ئەمە ھەر وەک ئەوە وایە بڵێین فڵانە کوڕ حەوت ساڵ لە باوکی بە تەمەنترە.
ئەم بیردۆزی موئامەرەیە کە لەوانەیە کەمترین حەقیقەتی تێدا بێت لە واقیعدا دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئیسلامگەراکان بە مەبەستی درێژکردنەوەی بوونیان لە بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامیدان، ئەوان ناتوانن بەبێ داتاشینی دوژمن بژین، چوونکە دوژمن دروستی کردوون و شەرعییەتی بەبوونیان داوە. لەوانەیە ھەندێک رەوایی ھەبێت لەو رقە ئەستوورەی عەرەب بەرامبەر جولەکە ھەیەتی، بەڵام دیسان دەبێت ھێما بۆ ئەوە بکرێ ئەوە دەوڵەتانی عەرەبن نان بەم مەسەلەیەوە دەخۆن و خەڵکی بێ ماف و بێبەش لە سەرەتایترین ممارەسەی ئازادیی، سەرقاڵی ئازادیی فەلەستین دەکەن و بە تلیاکی ھەبوونی موئامەرەی دەرەکی نەشە و سەوداسەرییان دەکەن تاکو نەزانن چی دەگوزەرێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ملھوڕ و تۆتالیتاریی سەرانی عەرەبدا، تا ئاگادار نەبن چۆن سەروەت و سامانی وڵاتەکانیان لە خزمەتی سەرانی دەسەڵاتدا تەخشان و پەخشان دەکرێت.
سەدام حسێن یەکێک لەو سەرکردانە بوو دەیویست لە رێگەی بەکارھێنانی کێشەی فەلەستین و سەفسەتەی ھەبوونی پیلانی بەردەوامی جولەکە لە دژی عەرەب ببێتە سیمبولێکی نەتەوەیی و گشتگیری عەرەب، ھەر بە ناوی پاراستنی یەکێتی عەرەب و موئامەرەی ئیمپریالیزمی کوڕی شەرعی زایۆنیزم شەرعیەتی دابوو بە دەسەڵاتی سەرکوتکارانەی خۆی، ھەر ئەمەش وای لێکرد بەو ھەموو ستەمکارییەی خۆیەوە زۆرترین ھەوادار و لایەنگری ھەبێت لە ھەر چوار لای عەرەبییەوە و ئێستاش بەشێک لەوانە بە ناوی (موقاوەمە)وە لە عێراق دژ بە ھاوپەیمانان دەجەنگن. ئەرکی رۆشنبیرانی عەرەبە ھەوڵبدەن بۆ گۆڕینی ئەو خەیاڵدانە عەرەبییەی بە وەھمی دوژمن و بیرۆکەی موئامەرە ئاخنراوە، وەلێ ئەمە پێویستی بە زەمەن و شۆڕشێکی سەرتاپاگیر ھەیە، بەڵام کاری نەکردە نییە، رۆشنبیرانی عەرەب لەسەر شانیانە کۆمەڵی عەرەبیی بەو ئاقارەدا بەرن بە چاوی لۆژیک تەماشای دەوروبەری بکات نەک بە چاوی گومان و رق و گرێی دەروونییەوە.

جولەکە لە بەردەم چاویلکەی کوردییدا

ئەگەر بە چاویلکەی کوردیش لە جولەکە بڕوانین رەنگبێ لای ئێمەش ھەمان ئیشکالییەت ھەبێ لەلای عەرەبەکان ھەیە، چوونکێ باکگراوندی ئەقڵییەت و رۆشنبیریمان عەرەبییە “ھیچ نەبێت لە باشوور”، یان بە مانایەکی تر ھزر و رۆشنبیریی و خەیاڵدانمان گەمەکردنە لە بازنە و خولگەی عەقڵییەتی عەرەبی و درێژکراوەی ئەوە. لە دیدگای تاکی کوردیشەوە جولەکە ھەردەم وێنایەکی قێزەون و ناشیرینی ھەبووە و ھەرچی خوو و رەوشت و ئەدگاری ناشیرینی وەک ترسنۆکیی و بەدفەساڵیی و خۆپەرستیی و بێ ئابڕوویی ھەیە دراوەتە پاڵیان. ئەگەر سەیری ھەندێ رستە بکەین خەڵک لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاریدەھێنێ ئەو راستییەمان لەلا ئاشکراتر دەکات، لە کوردەواریدا دەوترێت (خۆ من جولەکە نیم!!!) ئەم رستەیە لە کاتێکدا بەکار دەبرێت قسەکەر تاوانێک یان ناھەقییەکی بەرامبەر ئەنجام بدرێت، عەرەب وتەنیش (والعکس الصحيح) واتە ئەگەر جولەکە بوومایە شایستەی ئەوە بووم ئەو تاوانەم بەرامبەر بکرێت!!، ئەمەش رەواییدانە بۆ ئەنجامدانی ھەر کارێکی نێگەتیڤ بەرامبەر بە جولەکە، بێگوومانیش ئەمە زادە و ھەڵقووڵاوی عەقڵی کلاسیکیی و داخراوی کوردییە ھەروەک وتمان بارگاوییە بە پان ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی. ئەمە ھەمان ئەو راسیزمەیە ھۆلۆکۆستی دروست کرد و ھیتلەری بەرھەم ھێنا لە ئەوروپادا.
نەزعەیەکی تری بێ مانای ئاریاییەکان و نەتەوە ھیندۆ ئەوروپییەکان ھەیە ناوی ئەنتی سامیزمە، بە شێوەیەکی ھەمەجی و عەفەویی لەلای تاکی کوردیش بوونی ھەیە. بەڵام کاتی پرسیارە دژە باوەکەیە، ئەویش ئەوەیە بۆچی ئێمە وەک کورد پابەندین بە راددەی پەیوەندیی عەرەب بە جولەکەوە؟ ئەوان ئەگەر شەڕێکی مێژوویی و خوێناویی لە نێوانیاندا ھەیە ئەی ئێمە چیمان ھەیە؟ ئەگەر جولەکە بەوە تاوانبار دەکەین بەوەی دەستی ھەبووە لە پیلانی نەگریسانەی ساڵی ١٩٧٥ی جەزائیر بۆ ھەرەس پێھێنانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ئەی بە چی پاساوی ئەو تاوانە بدەینەوە، کورد و سەلاحودینی ئەیوبی سەرکردەی کورد لە میانەی جەنگی دژی “خاچپەرستەکان”دا، ژمارەیەکی زۆری جولەکەشیان لەناو بردووە و لە زادگەی رەسەنیان لە فەلەستین دەریانپەڕاندوون.؟. کاتی ئەوەش ھاتووە کورد لەلای خۆیەوە چاو بخشێنێتەوە بە روئیای کلاسیکی خۆیدا لە بەرامبەر جولەکە، چوونکێ ئیمڕۆکە چانسێکی باش لەبەردەم ھەردوولادا ھەیە زیاتر لێک نزیک ببنەوە و پەیوەندیی ھاوبەش دروست بکەن.

لێکچوون

زۆر کارەسات و رووداوی تراژیدیی ھاوبەش لە نێوان کورد و جولەکەدا ھەیە. ھەردوولا “دوو کەمینە” بوون لە ژێر دەسەڵاتی عەرەبدا ستەمیان لێکراوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگیی لێکردووە، ئەوانیش ھەروەک کورد تا سەرەتای سەدەی بیستەم بێ دۆست و پشت و پەنا بوون و تەنانەت بێ چیاش بوون، ھۆلۆکۆست پرۆسەیەکە ھەر لە ئەنفال دەچێت، ئەو دوو پرۆسەیە ھەر ناوەکانیان جیاوازە ئەگەرنا لە واقیعدا یەک شتن، ئەویش قڕکردن و جینۆسایدکردنە، جولەکە بە عەقڵ و بیر و توانای ئابوورییان توانییان سەرکەوتن بەدەست بھێنن لە کاتێکدا تا سەرەتای سەدەی بیستەم بێ پشت و پەنا بوون، تەنانەت خەونەکەی “ھێرتزل” وەک یۆتۆپیا دەبینرا. کوردیش تەنیا بە بازووی خۆی ھەوڵیداوە، بەڵام لە دۆستایەتی و پشتگیرییدا دەیان ساڵ دوای جولەکە ئاوڕی لێدرایەوە ھەرچەندە ئەو ئاوڕدانەوەیە بەو شێوەیەی جولەکەکان نەبوو. جولەکەکان قوربانیانی دەمارگیریی و راسیزم و ستەمی نەتەوە سەر دەستەکان بوون، کوردەکانیش قوربانی ھەمان شتن، جولەکەکان ھەموو رێگاکانی لە ناوبردنیان لەسەر تاقیکرایەوە، کوردیش ھەر بەو جۆرە ھەوڵی لەناوبردنی درا (ئەنفال و کیمیاباران شاھیدە) کەواتە بەبێ ویستی ھیچ لایەک کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی وێکچوو ھەیە لەنێوان کورد و جولەکەدا.

بەرژەوەندیی ھاوبەش

کورد ئێستا لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی قەوارەی خۆیدایە و پێویستی زۆری بە دۆستایەتی و گرێبەندی ھاوبەشە لەگەڵ دەوڵەت و گەلانی تردا، بە حوکمی ئەوەی ھەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان کەوتۆتە نێوان چەندین دەوڵەتی نەیار و داگیرکەر کە ئامادە نین مافی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکەیدا بە رەسمی بناسن چجای ئەوەی لەسەر ئاستێکی باڵا گرێبەند و پڕۆژەی ھاوبەشیان ھەبێت، پێویستە کورد بە دوای دۆست و دەوڵەتی تردا بگەڕێت، یەکێکیش لە دەوڵەتە ھەرە نزیکەکان لە کوردستانەوە ئیسرائیلە. بە بەراوورد بە دەوڵەتانی تری رۆژھەڵاتی نێوین ئیسرائیل تاکە دەوڵەتی دیموکراتی و پێشکەوتووە لە ناوچەکەدا و دواڕۆژێکی رۆشن و ئاسۆیەکی گەشیش ھەیە لە بەردەمیدا.
ھەردوولا دەتوانن پێکەوە گرێبەندی بازرگانی و ئابووری ببەستن و پەیوەندیی نزیک و دۆستانەیان لەگەڵ یەکتر ھەبێت!، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆ دادەنێت لەسەر باری سیاسیی و ئابووری کوردستان بە تایبەتی کە جولەکەکان خاوەنی سێ لەسەر چواری سەرمایەی ھەموو جیھانن و خاوەنی بەھێزترین عەقڵییەتی بازرگانی و ئابووری بازاڕن. لە بواری زانست و تەکنۆلۆژیادا جولەکە یەکێکن لە نەتەوە پێشەنگەکان، لە بواری سیاسیشدا لۆبی جولەکە بە تایبەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفراوانە و کاریگەریی و قورسایی خۆیانیان ھەیە. دوای ئەوەش مەرج نییە کورد بە تەنێ لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیی دۆستانەی ھەبێت و گرێبەندی لەگەڵ ببەستێت، بەڵکو پێویستە لەگەڵ چەندین وڵاتی تر پەیوەندیی دۆستایەتی و بازرگانی و کۆنتراکتی ئابووری و سیاسیی ھەبێت، نەک کورد پەیوەندیی لەگەڵ جولەکە بکاتە قوربانی ویستی عەرەب و ئاوەزی کۆنسەرڤاتیزمی کوردەواریی.

دۆسێی فەلەستین و ئەدەبی بەرگریی کوردیی

ئەو دیمەنە توندوتیژانەی لە رێی شاشەی (تی ڤی)یەکانەوە دەیبینین گەلێک راستن کە سەربازانی جولەکە بە چ جۆرێکی ھۆڤانە سەرکوتی خەڵکی فەلەستین دەکەن، وەلێ ئەم حاڵەتانە پەرچەکردارە نەک کردار، بەڵام ھێشتا ئەمە مانای شەرعیەتدان نییە بەو دڵڕەقییەی ئەرتەشی ئیسرائیل. ئەدەبی بەرگریی کوردیی پایە و رەگەزێکی ھەرە سەرەکی پێکھاتووە لە ئەدەبی دیفاعکردن لە فەلەستین جا لە شیعر و چیرۆکەوە بیگرە تاکو دەگات بە نۆڤلێت و رۆمان. ھەروەھا چەندان شۆڕشگێڕی کورد لە کوردستانەوە چوونەتە فەلەستین و دیفاعیان لەو وڵاتە کردووە، دروست بەپێچەوانەوە ھەر فەلەستینییەکان بە تایبەتی ئەوانەی لە عێراق بوون دوژمنی سەرسەختی کورد بوون،. بڕوانن کاتێک مامەڕیشە چۆتە فەلەستین، سلێمانی لە ژێر حوکمی “ملازم محسین”ی فەلەستینیدا تاریکترین و رەشترین رۆژانی چەوساندنەوەی تێدا گوزەراوە. یان ئەو کاتەی شێرکۆ بێکەس قەسیدەی بۆ ئەریحا و کەرتی غەززە دەنووسی چەشنی غەسان کەنفانی، شاعیرە فەلەستینییەکان بە شکۆی دیکاتۆرێکی وەک سەدامدا ھەڵیاندەدا.
لە ئاستی رۆشنبیرانیشیاندا ئەوەتا (ئیدوارد سەعید) وەک لیبرالترین رۆشنبیری فەلەستینی، نکۆڵی لەوە دەکرد عێراق بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە ھەڵەبجەی دا بێت. لەلایەکی ترەوە ئەو مەرگەساتانەی بەسەر کورد ھاتووە لە عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا چەند جار زیاترە لەوەی فەلەستین، کەسێک نەبوو دیمەنی تراژیدیاکانی کورد بخاتە بەردەم ویژدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، لوتکە و یەکێتی عەرەب بێدەنگی دایگرت، سەرانی وڵاتانی ئیسلامی دەمی خۆیان دووری، بگرە نەک ھەر داکۆکییان لێنەکردین، بەڵکو وەک دوژمنی خوا و ئیسلام چەپڵەیان بۆ مەرگی ھەزارانمان لێدا و لەسەر ئێسک و پروسکی ئەنفال زەماندەویان سەدامی قەعقاع دەگێڕا.

کۆمەڵەی دۆستایەتی و ھاریکاریی

یەکێک لەو کەناڵە گرنگانەی پەیوەندیی نێوان گەلان و نەتەوە ژێر دەستەکان دامەزراندنی کۆمەڵە و یانەی دۆستایەتی و ھاریکاریی و یەکترناسینە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیدراسیۆنێکی فراوان لەنێوان ئەو گەلانەدا بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم و توندوتیژیی لەسەر ھەریەکێکیان، ھەروەھا دەبێتە رایەڵێکی بەھێز بۆ تێگەیشتن لە دۆخ و باری سیاسیی و ئابووری و کولتووریی ھەر یەکێک لەو نەتەوە و کۆمەڵگانە، بۆ زیاتر سوود وەرگرتنیش لە ئەزموونی سیاسیی و فەرھەنگی یەکتر و لێک نزیکبوونەوەی زیاتر لە پێناوی ئامانجی ھەر لایەکدا. ئەمڕۆش لە کوردستان ھەلومەرجی دروستکردنی کۆمەڵە و یانەی لەم جۆرە ھاتۆتە پێشەوە یان بە مانایەکی زەرورەتی ئەو یانە و کۆمەڵانە ھاتۆتە پێشەوە.
یەکێکیش لەو گەلانەی دەبێت لە لیستی یەکەمدا بێت بۆ ھەڵبژاردنی لەلایەن کوردەوە گەلی جولەکەیە، جگە لە جولەکەش ھەقوایە ئەم ھەنگاوە پەل بھاوێت بۆ لای گەلانی تری وەک ئەرمەن و ئاسوری و ئازەر و بەلوج و ئەمازیغی تاد.. ھەموو ئەمانەش کارتێکردنیان ھەیە لە گۆڕینەوەی دید و بۆچوونەکان و سوودوەرگرتن لە شارستانێتی و کەلەپوور و مێژووی یەکتر، لەم چوارچێوەیەشدا کورد دەتوانێت سوودێکی زۆر وەربگرێت لە ئەزموونی جولەکە لە پێناو دروستکردنی دەوڵەت و پڕۆژەی نەتەوەسازییدا، دەتوانێت ھەموو ئەو ئالییەتانە بناسێ بوونە مایەی رابوونی گەلی یەھودیی و سەرھەڵدانی بیری نەتەوایەتی لەلایان.

دانپیانانێکی شەخسیی

لەم چاپتەرەدا دەمەوێ دانپیانانێکی شەخسی خۆم بخەمەڕوو ئەویش ئەوەیە: من وەک تاکێکی کورد جولەکەم خۆشدەوێت (ھەرچەندە ئەم وشەیە زۆر میللی و کلاسیکییە چوونکە لە سیاسەتی ھاوچەرخدا دوو شت بوونی نییە: خۆشەویستی و مۆراڵ)، بەڵام من جولەکەم خۆشدەوێ وەک ئەوەی ئەوان پێشەنگی زانست و فەلسەفە و مەعریفە بوون، ئەوان توانییان بە ژیریی و دانایی خۆیان ھاوڕەگەزەکانیان لە ھەر چوار لای گێتی لە ژێر چەتری نیشتمانێکی نەتەوەییدا کۆبکەنەوە، من (ھێرتزل)م خۆشدەوێت و حەزم دەکرد ئەو سەرکردەی من بوایە لە بری ئەو ھەموو سەرکردە زۆرانەی کە ھەر یەکەی چەند رۆژێکی ساڵ بۆ یادکردنەوەیان کراوەتە پشووی فەرمی و ھیچیشیان بۆ کورد نەکردووە، حەزم دەکرد (مەناحیم بێگن) سەرۆکی وڵاتەکەم بوایە نەک ئەوانەی دەستیان سوورە لە خوێنی یەکتردا. مرۆڤایەتی قەرزاری جولەکەیە و چاکەیان ھەیە بەسەر ھەر یەکێکمانەوە، لەوە زیاتریش رەنگبێ جولەکە و ھێزی جولەکە وای کردبێت ئێمە لەم بەشە نیشتمانەی خۆماندا وەھا بە ئارامی و سەربەستی بژین، نازانم وایە یان نا؟ بەڵام زۆر گومانم ھەیە جگە لە جولەکە بەرگریکارێکی ترمان ھەبێت.

———————————————————————-

*ئەم وتارە بە دووبەش لە ژمارەکانی (١-٢)ی رۆژنامەی (میدیای کورد) لە رۆژانی ١١و٢٧ی مانگی ئازاری ٢٠٠٥ بڵاوبووەتەوە. پاشتر لە بەرگی دووەمی کتێبی (قوتووی عەتار)دا بەشێوەی کاغەز دووبارە بڵاوکراوەتەوە لەلاپەڕە ١٦٧-١٧٧.

دوای نۆزدە ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە رۆژنامەوانییە ھێشتا رق بەرامبەر بە جوو (ئەنتی سیمیتیزم) لەوپەڕی قووڵپی خۆیدایە منیش بە پێویستمزانی دووبارە ھەمان دید و روانگە بخەمەوە بەرچاو.




شانۆنامە.. کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش.. نووسینی: عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ)

شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەندا

                                          کاره‌کته‌ره‌کان

دانا : کوڕێکی ته‌مه‌ن ده‌ ساڵانه‌، سه‌رپه‌رشتیاری خوشک و براکانییه‌تی. شه‌ڕواڵیک و کراسێکی ناڕێکی له‌به‌ردایه‌.
په‌ری : خوشکی دانا، ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵانه‌،سه‌رپه‌رشتیاری کاروباری ماڵه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌. مه‌کسییه‌کی دڕاو و بۆری له‌به‌ردایه‌.
شێرکۆ : برای دانایه‌.ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵانه‌. کۆنه‌ شه‌رواڵێک و کراسێکی له‌به‌ردایه‌. له‌گه‌ڵ دانای برای ئه‌رکی بژێوی خوشک و براکانی له‌سه‌رشانه‌.
ئارام : برای دانایه‌. ته‌مه‌نی چوار ساڵانه‌. زۆربه‌ی کات له‌گه‌ڵ په‌ری خوشکی دایه‌. بێجامه‌ و کراسێکی ده‌ست کورتانه‌ی له‌به‌ردایه‌.
باجی لەعلی : تەنها دەنگی دەبیسترێت.
ئومێد : هاوسەری پەری تەمەنی نزیک بە بیست و چوار ساڵێک دەبێت.

شوێنکات

دووانیوه‌ڕۆی ڕۆژێکی مانگی ئه‌یلوولی دوو هه‌زار و چواره‌، که‌لاوه‌یه‌کی ڕووخاو و داڕماوی خانووه‌کانی فه‌یله‌قی که‌رکووکه‌.

دیمه‌نی یه‌که‌م

دیمه‌ن : که‌په‌رده‌ لاده‌درێت که‌چه‌ خانووه‌که‌ی ماڵی ئه‌م منداڵانه‌یه‌. ژوورێکی بچکۆله‌ی چۆڵه‌ خاڵی له‌هه‌ر دیمه‌ن و پێداویستییه‌کی ژیانی ئه‌مڕۆ.هۆده‌که‌ نیمچه‌ تاریکه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌بینرێ ئه‌م شتانه‌ن: له‌گۆشه‌یه‌که‌وه‌ دوو ته‌نه‌که‌ی ڕۆنی ژه‌نگ گرتوو که‌ یه‌ک دوو شڕه‌ دۆشه‌ک و به‌تانی و سه‌رینیان له‌سه‌ره‌. ناوه‌ڕاستی شانۆش (هۆده‌که‌) ده‌رگایه‌که‌ ڕوو به‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌کرێته‌وه‌، ده‌رگاکه‌ گونیه‌ی پینه‌کراو و لێکدراوه‌ و به‌بزمار به‌سووچه‌کانی دیواری شانۆوه‌ داکوتراون. له‌ گۆشه‌که‌ی تره‌وه‌ سۆپایه‌کی عه‌لادینی کۆن که‌ قووتووه‌ ئاوێکی له‌سه‌ره‌. له‌ته‌نیشت سۆپاکه‌وه‌ دوو سێ قاپ و که‌وچک دانراون له‌گه‌ڵ کۆنه‌ قۆرییه‌ک. په‌ری ئارامی له‌باوه‌شه‌ و له‌نزیک سۆپاکه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌که‌ له‌سه‌ر نیمده‌ره‌یه‌ک هه‌ڵکورماوه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ فه‌رده‌یه‌ک قووتوو و بوتڵی به‌تاڵ به‌دیواری شانۆوه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌. په‌ری به‌ده‌م لاواندنه‌وه‌وه‌ ئه‌یه‌وێ برسێتی له‌بیر ئارام بباته‌وه‌.

په‌ری : ( به‌ده‌نگێکی سۆزدار و پڕ له‌ سه‌رپه‌رشتیارییه‌وه‌)
لاچۆ لاچۆ ئه‌ی ملهوڕ
ئارام خه‌وی لێکه‌وتووه‌
ئارام ژیر و هێمنه‌
لای دادەی خۆی خەوتووە

    ئارام خوشکی خۆش ئه‌وێ
    دانا و شێرکۆی له‌پشتن
    ئارام ژیر و هێمنه‌
    یەک یەک نازدار و قشتن

ئارام : ( به‌ده‌م گریانه‌وه‌) په‌ری برسیمه‌. نانم ده‌رێ.

په‌ری : ( هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ لاواندنه‌وه‌که‌ی)
ئارام ئه‌گه‌ر برسی بێ
چاوه‌ڕێی برا ئه‌کا
ئارام ئه‌گه‌ر خه‌وی بێ
ده‌ست له‌مل چرا ئه‌کا

ئارام : ( ئه‌نوزێته‌وه‌) برسیمه‌. ده‌ی برسیمه‌.

په‌ری : ( هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ لاواندنه‌وه‌)
ئارام گریان نازانێ
ژیر و هێمنه‌ و بێده‌نگ
ئارام ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ بێ
خه‌ون ئه‌بینێ ڕه‌نگاوڕه‌نگ

ئارام که ‌گه‌وره‌ ئه‌بێ
پشت و پەنایە بۆ ماڵ
ئارام ژیر و زرنگە
گڕە دژ بە ژینی تاڵ

( ئارام بێده‌نگ ئه‌بێ که‌زیاتر نیشانه‌ی خه‌و لێکه‌وتنیه‌تی. په‌ری به‌هێمنی ئارام له‌شوێنی خۆی له‌سه‌ر نیمده‌ره‌که‌ درێژ ئه‌کات. خۆشی ئه‌چێته‌ نزیک جێ و بانه‌کان و پشت به‌ته‌نه‌که‌یه‌که‌وه‌ ئه‌دات و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ست ئه‌کات به‌گریان و پاشان هێدی هێدی هه‌نسک ئه‌دات. په‌ری له‌هه‌نسک دان ئه‌وه‌ستێ و به‌لچکی مه‌کسییه‌که‌ی فرمێسکه‌کانی ئه‌سڕێ.)

په‌ری : خوایه‌ گوناهمان چی بوو وات لێکردووین؟ بۆ وه‌کو خه‌ڵک دایک و باوکمان نییه‌؟ هه‌ر که‌سێکمان هه‌بووایه‌ به‌س بوو. ئاخر من نازانم چی بکه‌م و کاکه‌ داناش له‌گه‌ڵ شێرکۆ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێئه‌کرێ. له‌ به‌یانی زووه‌وه‌ به‌ سکی برسی له‌ماڵ ده‌رئه‌چن و په‌نا دیوار و سه‌رزبڵخان نامێنێ به‌دوای قووتووی بیبسی و بوتڵی ئاوی به‌تاڵ و کۆنه‌ فافۆن و مس و لاستیک نه‌گه‌ڕێن. ئێوارانیش پێنج هه‌زار دینار یان حه‌وت هه‌زار دینار که‌ ته‌نها به‌شی چه‌ند سه‌مونێک ئه‌کات ،په‌یدای ئه‌که‌ن. ئه‌ی خوایه‌ ڕه‌حمێ…من نازانم چی بکه‌م؟ نازانم. به‌خوا ده‌رو جیرانه‌کان نانمان نه‌ده‌نێ هیچ نییه‌ بیخۆین.

( له‌ودیوی ده‌رگا گو‌نییه‌که‌وه‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ دێ و په‌ری به‌په‌له‌ ئه‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و پاش نه‌ختێک دانا و شێرکۆ و په‌ری دێنه‌ ژووره‌وه‌. دانا دۆشه‌کێک له‌سه‌ر ته‌نه‌که‌ ڕۆنه‌که‌ دائه‌گرێ و له‌سه‌ری دائه‌نیشی. شێرکۆش له‌خوار داناوه‌ خۆی به‌ئه‌رزدا ئه‌دات. په‌ریش ئه‌و عه‌لا‌گه‌ ڕه‌شه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ دانا هه‌ندێ سه‌مونی کڕیوه‌ و هێناویه‌ته‌وه‌. په‌ری ده‌ست ئه‌داته‌ شقارته‌یه‌ک تا سۆپاکه‌ داگیرسێنێ. قووتووه‌ ئاوه‌که‌ دائه‌گرێ و سۆپاکه‌ پێئه‌کات. ئاوی ناو قووتووه‌که‌ ئه‌کاته‌ قۆریه‌که‌وه‌.)

دانا : ( به‌جۆرێک له‌شه‌رمه‌وه‌ ڕوو له‌ په‌ری ئه‌کات) جیرانه‌کان هیچیان بۆ نه‌هێناوین؟
په‌ری : نه‌خێر.
دانا : ( ڕوو لە پەری دەکات) ئه‌وه‌ بۆ هیچت به‌ئارامدا دانه‌داوه‌؟
په‌ری : ( ته‌ماشایه‌کی ئارام ئه‌کات) ئێستا له‌برسا خه‌وی لێکه‌وت.( ده‌ست ئه‌داته‌ به‌تانییه‌ک و ئارام دائه‌پۆشێ) تا خه‌وی لێکه‌وت هه‌ر داوای نانی ئه‌کرد.
دانا : ده‌ هه‌ڵی سێنه‌ با سه‌موون بخوات. ( دانا په‌لامار ئارام ئه‌دات و ئه‌یکاته‌ باوه‌ش) هه‌سته‌ برا بچکۆله‌که‌م، هه‌سته‌ له‌خه‌و، بزانه‌ کاکه‌ دانا چی هێناوه‌. ئه‌ها سه‌موونم بۆ هێناوی. هه‌سته‌ به‌برسێتی مه‌خه‌وه‌.
ئارام : ( به‌ جۆرێک نازکردن و گریانه‌وه‌) برسیمه‌ سه‌موونم ئه‌وێ.
په‌ری : ( سه‌مونێک له‌ عه‌لاگه‌که‌ ده‌رئه‌هێنێ و که‌رتی ئه‌کات و که‌رتێکی ئه‌داته‌ ئارام و که‌رتێکیشی قه‌پێکی لێ ئه‌دا و ئه‌یخاته‌وه‌ ناو عه‌لاگه‌که‌. شێرکۆ که‌ تا ئه‌و کاته‌ هه‌ر پاڵکه‌وتووه‌، قیت ئه‌بێته‌وه‌ و له‌ دانا ئه‌پرسێ)
شێرکۆ : کاکه‌ دانا، حه‌وت هه‌زارمان په‌یدا کرد؟
دانا : به‌ڵێ.
شێرکۆ : پێنج هه‌زارمان دا به‌سه‌موون، و دوو هه‌زارمان پێ ماوه‌.
دانا : وایه‌.
په‌ری : ( بە شەرمەوە ڕوو لە دانا دەکات) کاکه‌ دانا ئه‌و دوو هه‌زاره‌م ئه‌ده‌یتێ؟
دانا : بۆچیته‌؟
په‌ری : حه‌زم له‌ بنێشته‌، لای مام غه‌فوور بنێشتی پێ ئه‌کڕم.
شێرکۆ : بنێشتی چی، وه‌ڵڵا له‌ده‌می نانێی. تۆ بنێشت بکڕی منیش چوکلێتم ئه‌وێ.
په‌ری : ( ڕوو بە شێرکۆ) ئینجا تۆ حه‌قت چییه‌؟ کاکه‌ دانا خۆی ئه‌مداتێ.
دانا : ( به‌ هێمنییه‌وه‌) په‌ری گیان، ئه‌زانم حه‌زت له‌ بنێشته‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نها ئه‌و دوو هه‌زاره‌مان هه‌یه‌،ئه‌بێ قه‌ناعه‌ت بکه‌ین و هه‌ندێ پاره‌ پاشه‌که‌وت بکه‌ین تا ئه‌گه‌ر ڕۆژی نه‌خۆش بووین و نه‌مانتوانی بچین بۆ قوتوو و فافۆن و مس، ئه‌وا بتوانین سه‌موون بکڕین و برسیمان نه‌بێ. به‌ڵام په‌یمانی ئه‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر تۆزێ پاره‌که‌مان زیادی کرد بنێشتت بۆ ئه‌کڕم.
په‌ری : ( به‌ خه‌جاڵه‌تبارییه‌وه‌) ببووره‌ کاکه‌ دانا تۆ ڕاست ئه‌که‌یت. من بنێشتم جارێ ناوێ. که‌ی پاره‌مان هه‌بوو ئه‌وسا بنێشت ئه‌کڕم.
دانا : (ئه‌چێته‌ لای په‌ری و ده‌ست به‌سه‌ریدا ئه‌هێنێ) ئافه‌رین په‌ری. تۆ خوشکێکی زۆر ئاقڵێ.
( ده‌نگێک له‌ده‌ره‌وه‌ بانگی په‌ری و دانا ئه‌کات، ده‌نگی باجی لەعلی جیرانیانە‌.)
ده‌نگی باجی لەعلی : په‌ری کچم په‌ری، دانا له‌ماڵه‌وه‌ن؟ وه‌رن ئه‌م خواردنه‌م لێوه‌رگرن.
(په‌ری و دانا به‌ڕاکردن ئه‌ڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌نگی دانا : ده‌ستت خۆش بێ باجی لەعلی، خوا پاداشتت بداته‌وه‌. ده‌نگی په‌ری : سوپاس باجی لەعلی، ده‌نگی لەعلی : عافیه‌تتان بێ و به‌یانی قاپه‌که‌م بۆ بێنه‌وه‌. ده‌نگی په‌ری : به‌سه‌رچاو باجی لەعلی به‌یانی قاپه‌که‌ت بۆ دێنمه‌وه‌. ده‌نگی لەعلی : ده‌باشه‌ ئاگاتان له‌خۆتان بێ . ده‌نگی دانا و په‌ری پێکه‌وه‌ : خوا حافیزت بێ . دانا و په‌ری دێنه‌ ژووره‌وه‌. دانا قاپێ گه‌وره‌ی پڕ له‌خواردنی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و په‌ریش به‌دووایه‌وه‌. دانا قاپه‌ خواردنه‌که‌ دائه‌نێ و په‌ریش سه‌موونه‌کان ئه‌هێنێ و ئه‌وسا هه‌موو له‌ده‌وری قاپه‌ خواردنه‌که‌ ده‌ست ئه‌که‌ن به‌نانخواردن. ڕووناکی له‌سه‌ریان کز ئه‌بێ.(

دیمه‌نی دووه‌م

شوێنکات
هه‌مان شوێنی دیمه‌نی یه‌که‌مه‌، کات نۆی شه‌وه‌.
دیمه‌ن : شێرکۆ و په‌ری و ئارام نووستوون. شانۆ تاریکه‌ ‌ڕووناکییه‌کی که‌م سه‌ر شانۆی داپۆشیوه‌. دانا بێداره‌ و هه‌ر گینگڵ ئه‌دات. دانا له‌سه‌ر جێگه‌که‌ی ڕاست ئه‌بێته‌وه‌ و به‌تانییه‌که‌ به‌ په‌ری و ئارام و شێرکۆ دائه‌دات. ماوه‌یه‌کی زۆر کورت لێیان ئه‌ڕوانێ و پاڵ ئه‌داته‌وه‌. لێره‌وه‌ ئیتر دانا به‌ئاگایه‌ و نه‌خه‌وتووه‌، به‌ڵام ته‌نها ده‌نگ دانا وه‌کو مۆنۆلۆگ ئه‌بیسترێ.)
ده‌نگی دانا : نازانم بۆچی قەدەری ئێمە بەمجۆرەیە؟ گوناهمان چیبوو وامان بەسەرهات؟ ئەگەر بەدبەختی نەبووایە بۆچی دایک و باوکمان بەر تەقینەوە دەکەوتن. ئێ چی دەبوو ئێمەش وەکو ئەو عالەمە لەپەنای دایک و باوکدا ڕۆژگارەکانمان بەسەر ببردایە و بچووینایە مەکتەب و تووشی ئەم برسێتی و ڕۆژڕەشییە نەهاتینایە.( وچانێکی کورت) تازە هیچ ناکرێت. بەڵام ڕۆژێک دێت گەورە دەبین و بەتوانا دەبین و دەتوانین ئاسانتر بژێوی ژیانمان دابین بکەین. ڕۆژێک دێت؛ وەزعمان زۆر لە ئێستا باشتر دەبێت و ئێ خۆ تا مردن ئاوا ناژین. هەمووجارێک کە سەیری مناڵانی گەڕەکان دەکەم پۆشتە و تێرن، گریانم بۆ خۆمان دێت. هەرکاتێک دەبینم منداڵان دەچنە مەکتەب یان لە مەکتەب دێنەوە کزە لە جەرگمەوە دێت. ئاخر بۆ دەبێت چاومان لە یارمەتی ماڵە جیران بێت؟ ماڵی باجی لەعلی و مام کەریم ئاوا بێت قسوریان نەکردووە و بەردەوام یارمەتییان داوین. ( تۆزێک بێدەنگ دەبێت) من تەمەنم ١٠ ساڵە و دوو سێ ساڵی تر دەتوانم کرێکاری بکەم و پارەی زیاترم دەست دەکەوێت.( هەڵدەستێتەوە و بڕێک لە بینەران نزیک دەبێتەوە و ئاوا گوزارشت لە وەزعی تاڵی ژیانی خۆیان دەکات).
چوار منداڵی کەساسین
بێ باوک و سەرپەرشتین
لەنێو کێڵگەی ژیانا
خەمی ورد و درشتین

بوتڵی بەتاڵ و قووتی
کۆدەکەینەوە ئێمە
بەزستان و بەهاوین
جووتێ نەعل لە پێمە

خوشک و براکانیشم
تا بڵیی ڕووت و برسین
لەنێو ئەم کەلاوەیە
لە مەرگی خۆ دەترسین

کێ دەزانێ ئێمە وا
چوار منداڵی بەدبەختین
بەئاواتی هەبوونی
تەنها ژوورێکی تەختین

ئێمە شکۆمان شکا
جێگای سەرنجی خەڵکین
ئاخ چیبکەین لەم زەمانە
وا لاواز و بێکەڵکین

( لەم کاتەدا ئارام دەجوڵێتەوە و بەئاگا دێت. دانا دەچێت بەلایدا تا بانی بدات، بەڵام ئارام لە دانا دەڕوانێت و دەست دەکات بە گریان. پەریش بەئاگا دێت)
پەری : کاکە دانا ئەوە چییە بۆ نەخەوتووی؟
دانا : خەوم نایە.
پەری : کاکە دانا هەوڵبدە بخەویت.
دانا : ( بەرەو لای جێگەکەی دەڕوات و پاڵ دەداتەوە.) باش دەی ئێوەش بخەون.
پەری ( ئارام لەتەنیشت خۆی دەخەوێنێت و ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت)
لاچۆ لاچۆ ئه‌ی ملهوڕ
ئارام خه‌وی لێکه‌وتووه‌
ئارام ژیر و هێمنه‌
لای دادەی خۆی خەوتووە

    ئارام خوشکی خۆش ئه‌وێ
    دانا و شێرکۆی له‌پشتن
    ئارام ژیر و هێمنه‌
    یەک یەک نازدار و قشتن

(ئیتر وردە وردە دەنگی پەری کز دەبێت و شانۆش تاریک دادێت.)

پەردەی سێیەم
شوێنکات : ئێوارەیەکی کۆتایی هاوینی ساڵی ٢٠١٦یە، شاری کەرکووک
دیمەن : ماڵی پەری و ئومێدە. ماڵێکی سادە وتاڕادەیک هەژاری پێوە دیارە. زۆر نابێت پەری و ئومێد هاوسەرگیرییان کردووە. یەک دوو دۆشەک و سەرین دانراون و پانکەیەک و سوراحییەک پڕ لەئاو لەگەڵ پەرداخێک دانراون. ڕووناکی دەچێتە سەر پەری و ئومێد.
ئومێد : ( ڕوو لە پەری دەکات) دەزانیت زۆرم هەوڵ دا بۆ نیوەڕۆ بێت تا پێکەوە نان بخۆین.
پەری : مەبەست کێیە؟
ئومێد : مەبەستم دانایە. وتی ئێوارە دوای نانخواردن دێم.
پەری : لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، زۆر مورتاحە و وەزعیشی گەلێ لەجاران باشترە.
(لەپڕ لە دەرگا دەدرێت، ئومێد دەڕوات دەرگا بکاتەوە. دوای چەند چرکەیەک لەگەڵ دانا پێکەوە دێنەوە سەر شانۆ.)
ئومێد : فەرموو کاکە دانا گیان.. بەخێر بێی.
پەری : ( هەڵدەستێتە سەر پێ و بەخێرهاتنی دانای برای دەکات) کاکە دانا بەخێر بێی.
دانا : سوپاستان دەکەم سوپاس ئومێد گیان.. پەری گیان تۆ چۆنیت؟
پەری : زۆر باشم، سوپاس.
ئومێد : دانا گیان نانت خواردووە؟ با نانت بۆ بێنین.
دانا : سوپاس نانم خواردووە. هەر حەزم کرد چاوم پێتان بکەوێت.
ئومێد و پەری : ( بەیەکەوە) یاخوا بەخێر بێی.
ئومێد : ئەم بەیانییە چەندم پێوتی نان مەخۆ و وەرە لای خۆمان پێکەوە نان دەخۆین
دانا : چاوەکەمی ئومێد گیان.. نا نەمدەتوانی بۆ نانخواردن بێم. دەبوایە شێرکۆ بگەێنمە دەوام لە لەیلان و ئینجا بگەڕێمەوە و ئارامیش لە حەسیرەکە هەڵگرم بیبەمەوە ماڵ.
پەری : ( ڕوو لە دانا) ئەزانی کاکە بەر لەوە بێی باسی تۆمان دەکرد.
دانا : ( بەسەرسوڕمانەوە ) بەڕاست؟ چۆن باسمتان دەکرد؟
ئومێد : وتمان لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، ئاسوودەترە.
دانا : وایە، زۆر ڕاستە. لەوەتەی ئەو ئیشە دەکەم، وەزعمان زۆر باشتر بووە و هەروەها شێرکۆش لەوەتەی لە چیمەنتۆکەی لەیلان دەوام ئەکات و مەعاشەکەشی خراپ نییە. ئارامیش خەریکی خوێندنەکەیەتی. بەگشتی زۆر باشین و بەراورد ناکرێین بە جاران.
ئومێد : هیوادارم هەوا باش بن. مرۆڤ کار بکات و هەوڵ بدات، هەم وەزعی باش دەبێ و هەمێش دەگاتە ئاواتەکانی
دانا : وایە.
ئومێد : دانا گیان ئێمە لەسەردەمێکدا و لە سیستەمێکدا دەژێین، هەموو شتێکیان کردۆتە پارە. پارە و پەیوەندییەکانی پارە، جێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانی گرتۆتەوە. مرۆڤ و بەهای مرۆڤ بەپارە بەراورد دەکڕێت. تۆ تەماشا پەیوەندییە ئینسانییەکان چییان بەسەردا هاتووە. ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەسەر ئەو جادەیە ژان بتگرێت، دەیان کەس موبایلەکەیان دەردەکەن و وێنەت دەگرن،بەڵام ناتگەێننە نەخۆشخانە. گەشەی تەکنەلۆژیا و بە فەیسبووکبوونی تەواوی گۆی زەوی، ئینسانی لە کائینێکی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕیوە بە ئەسیری چەند سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پەری : (سێ چای دێنێ و چایەکان لەبەردەم خۆیان دادەنێت و سینییەکە لەتەنیشت خۆیەوە دادەنێت.) کاکە دانا بەزەیی و خۆشەویستی لای ئینسانەکان تا دێت کاڵتر دەبێتەوە. ئێستا نەک سەردان بەڵکو خەڵک تاقەتی ئەوەشیان نییە تەلەفۆن بۆ یەکتر بکەن.
دانا : راستە پەری گیان، بەڵام خۆ ئێمە نابێت تەسلیم بە وەزعەکە بین.
ئومێد : ( دەست دەداتە سەر ڕانی دانا) ئافەرین کاکە دانا گیان دروست وایە. ئەم دۆخەی تێیکەوتووین هۆکارەکەی جیاوازی چینایەتییە. تەماح و چاوچنۆکی خاوەن پارە هەژاری و نەداری و جەنگ و کوشتار و ماڵوێرانیمان بۆ دێنێ. ئێمە دەبێت دژ بە خاوەن پارە بجەنگین.

دانا : ( فڕێک لە چاکەی دەدات) ئومێد گیان خۆت دەزانیت من زۆر سەرم لەو شتانە دەرناچێت، بەڵام ڕقی ئەو دنیایەم لە هەژاری و نەگبەتی و جەنگ و کاولکارییە. هەر شتێک ئەم وەزعە بگۆڕێت من لەگەڵیدام.

ئومێد : ئەم وەزعە هەوا نابێت، حەتمەن دەگۆڕدرێت. هەرکات ئێمەی هەژار و ستەمدیدە وشیار بووینەوە و یەکمان گرت، شۆڕشمان بەرپا دەبێ و ئەوکات ئازاد دەبین و چەوسانەوەش نامێنێت. بەواتایەکی تر دەبێت لەڕێگەی شۆڕشەوە جیاوازی و ئینجا ستەمی چینایەتی نەهێڵین و ئاسودەیی باڵ بکێشێت بەسەر ژیانماندا.

دانا : من لەگەڵ نەمانی چەوسانەوەم و لەهەرکوێیەک خەبات بکرێت دژ بە چەوسانەوە، من بە خەباتی خۆمی دەزانم.

ئومێد : ( بەدەم چا خواردنەوەوە) هەر بژیت کاکە دانا. ئەم هەست و هەڵوێستە زۆر جوانە، تۆ بەڕاستی وەفادار و خەمخۆری رزگاری مرۆڤایەتیت. بەڵام یەک ڕەخنەی بچووکم لێت هەیە. خوێندەوارییەکەت بەقوەت بکە. تۆ پێویستە بخوێنیتەوە و ئاستی وشیاری خۆت بەریتە سەر.

دانا : ڕاست ئەکەی ئومێد گیان بەس کاتم نییە و مەشغولی ڕێم نادات.

ئومێد : ( بە گاڵتەوە) ئەوە چی دەڵێی دانا گیان، ئێواران وەرە ئێرە و لەگەڵ پەری وانەتان پێدەڵێم و خوێندەوارییەکەتان بەهێز دەبێت.

پەری : کاکە دانا من ماوەیەکە خەریکم و تەواو فەرقم کردووە و ئێستا هەندێک شت دەتوانم بخوێنمەوە و بنووسم.

دانا : وا دەکەم. ( بە پێکەنینەوە) پۆلێکمان بۆ بکەرەوە شێرکۆش دێنم.

ئومێد : جێی بەختەوەریمە. هەر هەمووتان وەرن ( بەگاڵتەوە) حەز دەکەم هەموو گەڕەکەکە بێنە.
( ئەوان بەردەوام دەبن لە قسەکردن و ڕووناکی لەسەریان کز دەبێت و شانۆ تاریک دادێت و پەردە دادەدرێتەوە.)

تەواو

تێبینی : ئەم دەقە لە ساڵی ٢٠١٠ دەستم پێکرد و لە ٢٠٢٢ تەواوم کرد.




شیعر نەناسەكان لە شیعر دەدوێن.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ئایا دەكرێت شیعر لە ڕێی كۆمێنتی فەیسبووكەوە هەڵبسەنگێنرێت؟ ئایا شاعیربوون بە پێوەری زۆری و كەمی كۆمێنتە؟ شیعری جوان و داهێنەرانە، ئەو شیعرەیە كە لە تیكتۆك لە شكرێك نەخوێندەوار و بێ ئاگا و میللی گوێی لێ دەگرن؟ دەكرێ شیعر وەك پێكهاتەیەكی زمانەوانی و بابەتی و مانایی، كورت بكەینەوە بۆ پۆستێكی چەند وشەیی؟ یان شیعر خوێنەوە و هەڵسەنگاندنێكی قووڵ و گەورەی دەوێت؟ ئایا ئەو شاعیرەی فەیسبووكی نییە و شیعرەكانی لەو ڕێگەیەوە بلاَو ناكاتەوە و كۆمێنتی بۆ نانووسرێت شاعیر نییە؟ دەتوانین شوناسی شاعیری جواننووس و داهێنەرانە، بدەینە پاڵ شاعیرێك و ئەزموونی دەیان ساڵەی پێنچ شاعیریش بە قسە فڕێدانێكی نێو تۆڕە كۆمەلاَیەتییەكان ڕەت بكەینەوە و بە كۆتاهاتوو ناوزەد بكەین ؟ ئەمانە و گەلێك پرسیاری دیكە، دەشێ لە پەراوێزی دنیای سۆسیال میدیا و مینبەرەكانی بلاَوكردنەوە بكرێن و مایەی هەڵوەستەكردن بن. بێگومان هەڵسەنگاندن و كردەی خوێنەوەی هەر دەقێكی ئەدەبی، وێرای ئەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە دەبێ پەیڕە و لە میتۆدێك بۆ خوێنەوەی بكرێت، هاوكات پاشخان و تێڕوانینێكی هزرییانەی قووڵی دەوێت, بۆ ئەوەی ڕەخنەگر بتوانێت كۆدە شاراوەكانی ئەو دەقە بكاتەوە و بە دوای پرسیارە بێ وەلاَمەكاندا بگەڕێت. خوێنەوە و هەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوەی دنیابینی و تێڕوانینی هزرییانەی شاعیرێكە كە لە شیعردا بەرجەستەی دەكات. بۆیە شیعر وەك تێكست، هەڵگری چەندین ڕەهەند و دەلالەتی شاراوەیە و ئەستەمە بە كۆمێنتێكی ڕاگوزەرانەی كەسێك، كە ڕەنگە لە هەموو ژیانی دوو دیوانە شیعری نەخوێنبێتەوە هەڵبسەنگێنرێت. خوێنەوەی شیعر، كردەیەكی هزریی و پرسیاریی ئاڵۆزە و دەبێ هەموو لایەنە هونەری و بابەتییەكانی دەقەكە بگرێتەوە، هەر لە زمان و واتاوە، تا دەگاتە كۆدە شاراوەكانی دەق، كە پرسیار لای خوێنەر دروست دەكەن. شیعرو ئەزموونی شیعری شاعیرێك بە تەنها، لە ڕێگەی پۆستێك و قسەیەكی سادە ڕەت ناكرێتەوە، ئێمە كاتێ ئەزموونی شاعیرێك ڕەت دەكەینەوە و ئەەزموونی شاعیرێكی دیكە بە داهێنەرانە دەناسێنین، دەبێ ئەرگۆمێنتی شیعریمان پێ بێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە ئەوەی دەیڵێین ڕاستە و ئەزموونی ئەم شاعیرانە كۆتایان هاتووە. بە داخەوە ئێستا بە هۆی زۆربوونی مینبەرەكانی گوتن، ئێمە ڕاو بۆچوونی كۆمێدی و سەیر لەلایەن خوێنەران و نووسەران و كەسانێك دەبینین و دەخوێنینەوە، كە پارادۆكسی گەورە لە بۆچوونەكانیان هەیە و نووسینەكەیان دەریدەخات كە ئەوان چەند بێ ئاگان لە دنیای شیعر و هەڵسەنگاندی شیعری. گەرچی ئەم جۆرە بۆچوونانە، لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا هیچ ئەرزشێكیان نییە، بەلاَم ڕەت كردنەوەیان پێویستە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە نووسینانە لەلایەكەوە نەبێت بە مۆد و لەلایەكی دیكەشەوە، هەموو كەسێك بوێری ئەوەی نەبێت خۆی بە شیعر بە ناو شیعر ناسەوە هەڵبواسێت. لەو ڕۆژانەدا، هاوڕێیەكی شاعیر كورتە نووسینێكی كەسێكی بە ناوی (ڕێبوار مەلا زادە) بۆ ناردم، كە لە پۆستێكدا نووسیویەتی:_( لە ئێستادا كۆمەڵێك شاعیری وەك عەبدولاَ پەشێو، قوبادی جەلیزادە، كەریم دەشتی، جەمال غەمبار، سەباح ڕەنجدەر) و زۆری تریش، لە ڕووی شیعرییەوە كۆتایان هاتووە و باشتر وایە چیتر (میعر) بە ناوی شیعر نەنووسن. لە شیعر نووسیندا خانەنشین بن). بێگومان بە تەنها قسەیەكی لەو شێوەیە، پێویستی بە دەیان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی وردی ئەزموونی ئەم شاعیرانە هەیە، چونكە شیعرێك، بە تەنها ناكرێتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئەزموونی شیعری شاعیرێك. ئەم جۆرە بۆچوونانە، تەنها لای ئێمە هەیە، كە كەسانێك بوێری ئەوەیان هەبێت، سووك و ئاسان ئەزموونی شیعری شاعیرانێك بە كۆتاهاتوو وەسف بكەن، بە بێ ئەوەی بوێریی و شارەزایی ئەوەیان هەبێت، پێمان بڵێن چۆن و بۆچی ئەم شاعیرانە بە سەر چوون؟ چۆن ئەزموون و شیعری پێنچ شاعیری جیاواز، بە قسەیەك كۆتایی دێت؟ بێگومان منیش وەك خوێنەرێك دەزانم ڕەنگە لەو شاعیرانە هەبێت، لە ئێستادا شیعری سادە و ساكار بنووسێت و ئەزموونەكەی وەك دوێنێ نەبێت، بەلاَم ئەمە بە قسە ناكرێت، بە هەڵسەنگاندن و بەراوردكردن و ئەرگۆمێنتی شیعری دەكرێت، بۆ ئەوەی بۆچوونەكەمان شیاوی خوێندنەوە بێت و شوێنی خۆی بگرێت. هەر لەم نووسینەیدا، ئەم بەڕێزە دەنووسێت (كەریم دەشتی شاعیرێكی ئیرۆتیكییەو و شیعرەكانی كردۆتە كەناڵێكی پۆڕنۆ). بێگومان هەر كەسێك شیعر ناسبێت و ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەی خوێنبێتەوە، ئەوە دەزانێت كە دەشتی نە شاعیرێكی پۆرنۆییە، نە ئیرۆتیكی، بەڵكو شاعیرێكی زۆر بە ئاگا و زانیاریی و هوشیارییەكی شیعری گەورەشی هەیە. بوونی شیعرێك یان وێنەیەكی سێكسی و ئیرۆتیكی، ئەزموونی شاعیرێك ناكاتە پۆڕنۆیی، ئەم جۆرە بۆچوونانە، بۆچوونی بێ ئەرزشن و تەنها قسەی نێو تۆڕە كۆمەلاَیەتییەكانە و لای شیعرناسان هیچ بەهایەكی ئەدەبی و ڕەخنەیی نییە. هەر لە درێژەی ئەو نووسینەیدا، زادە بڕوای وایە ئەو بە ناو شیعریی و شۆخییەی كە دەڵێت (لە كێی وەرە خەونم) لە شیعری ئەم شاعیرانە هونەریترو داهێنەرتر و ئەدەبیترە، چونكە هەزاران كەس گوێ لێ دەگرن و لە تیكتۆك سەیری دەكەن . من سالاَنێكی زۆرە دەڵێم، خوێنەرانێكی زۆر لە نێو ئێمە هەن، كە شیعر بە تۆپانی تێگەیشتوون، بۆیە بڕوایان وایە جمهوری كێ زیاتر بێت ئەو شاعیرترە، بێ ئاگا لەوەی هەر كاتێك شیعر هێندە سادە و میللی و بازاڕیی بووەوە، ئەوا ئێمە لە بەردەم شیعر نین. ئەم بۆچوونە، دەریدەخات كە ئەم بەڕێزە چەند شیعر ناسە و چەندیش لە شیعر وەك ژانرێكی هونەری گەیشتووە. هەڵبەتە ڕاست دەكات، شیعری ئەو دكتۆرە لە شیعرەكانی ئەم شاعیرە زۆرتر هەواداری هەیە، بەلاَم ئایا شیعر وەرزشە بە كەمی و زۆری هەوادار پێوانە بكرێت؟ یان ژانرێكی هونەریی و بژاردەییە؟ دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم كە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی شیعریی، كردەیەكی هزریی قووڵە و ڕامان و بیركردنەوەی دەوێت. ناكرێت شاعیرێك كە دەیان شیعری داهێنەرانەی هەیە، بە میعرنووس بناسێنین و ئەوەشی شیعرەكەی بۆتە بابەتی كۆمیدیا و گاڵتە پێكردنی نێو تۆڕە كۆمەلاَیەتییەكان و دەڵێت لە كێی، بەرانبەرەكەشی پێی دەڵێت لە بن ئەو دارەم، بە شاعیر بزانین و بڕوامان وابێت ئەو میعرەی دەینووسێت شیعرە. هیوادارم شیعر نەناسەكانی ئێمە، واز لە هەڵسەنگاندنی شیعر بێنن، چونكە مانای وانییە ئەوەی ئەكادیمی بوو شیعر ناس بێت، مەگەر مسعود محمەد هیچ بڕوانامەیەكی ماستەر و دكتۆرای لە ئەدەبی كوردی و شیعری كلاسیكی كوردی هەبوو؟ كەچی چ عەبقەریەك بوو لە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی نالی وحاجی قادری كۆیی.

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (3991 ) ڕۆژی 9/1/2024 بلاَوكراوەتەوە.




هەڤپەیڤینێک لەگەڵ هونەرمەند و میدیاکار جاسم وەندی.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند و میدیا كارجاسم وەندی: رادیۆی كوردی بەغدا خاوەن ئەرشیفێكی دەوڵەمەندی هونەری كوردی بوو
هونەرمەند و میدیاكار جاسم وەندی:بەداخەوە لە ئێستادابەشێك لە بێژەران زانیاران وەك پێویست نیە
كاتێ باس لە رادیۆ كوردی بەغدا دەكەین ،چەندین هونەرمەندو میدیاكار بەبیرمان دێنەوە یەكێك لەومیدیاكار و هونەرمەندانە دەرهێنەرو ئامادەكارو پێشكەشكار و هونەرمەند (جاسم وەندی)یە كە ساڵانێك لەو رادیۆیە دڵسۆزانە خزمەت بە كلتوو و فەرهەنگ و هونەرمەندانی كوردستانی كردوە. هونەرمەند و راگەیاندكار جاسم محەمەد مستەفا ناسراو بە (جاسم وەندی) لە ساڵی 1950 لە شاری كەركووك لەدایك بووە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو لە رادیۆی و تەلەفزیۆن بەغدا دەستی بەكاری هونەری كردووە خاوەنی چەندین بەرنامە بووە وەكو پێشكەش كار و ئامادەكار و دەرهێنەر ، هەروەها لە بواری هونەری گۆرانی وتن خاوەنی چەندین گۆرانییە لەدوای راپەرینی خەڵكی كوردستان لە بەهاری ساڵی 1991هونەرمەند و میدیاكار (جاسم وەندی) لە ساڵی 1992،بڕیار دەدات بگەرێتەوە كوردستان هەوای ئازادی هەڵمژێت لە نێو ئازادی كوردستان دەست بەكاری راگەیاندن دەكات لە كوردستان تیڤی پاشان لە دەنگی كوردستانی عێراق و لە تیڤی گوڵان تیڤی و زاگرۆس لە ئێستاشدا لە دەزگاری سەتەلایەتی كوردستان تیڤی بەردەوامە بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە هونەرمەند جاسم وەندی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین جاسم وەندی چۆن جیهانی رادیۆی ناسی؟

  • من لەسەرەتای گەنجیمەوە خولیای هونەر هەبوو،كاتێ قوتابخانەی سەرەتاییم تەواو كردلە قوتابخانەی (ئەلوەند) لە شاری خانەقین،بەبەردەوامی گوێم لە رادیۆ دەگرد ئەو كات لەگەڵ براگەورەم دەچوومە چایخانە لەوێ دەچوومە لەلای جیهازی رادیۆ دادەنیشم گوێم لە گۆرانی عەربی و كوردی دەگرت بەتایبەتی گۆرانییەكانی هونەرمەندان (عەلی مەردان ،حسێن عەلی ، عەبدولحەلیم حافز ، محەرەم فوئاد، عەبدولوەهاب…) ئەمش بووە فاكتەرێك كە، رۆژێك لە رۆژان بچمە رادیۆ بۆ ئەوەی ئەو هونەرمەندانە ببینم بتوانم كاریان لەگەڵدا بكەم بەجۆرێك چوونم بۆ رادیۆ بووە عشق و خەون و خەیاڵم بێ ئەوەی بزانم رۆژێ دەێت ئەو عشق و خەیاڵە دەبێتە راستی هیوایەكەم دێتەدی لە حەفتاییەكانی سەدەی رابردوو دەبمە كارمەندێكی ئەو دەزگایە لەبەغدا .

    *كەواتە بابزانین چۆن ئەو عشق و خەیاڵە بوو بەڕاستی؟
    بەڵێ ، رۆژیك هونەرمەند (ناسرحەسەن) سەردانی شاری خانەقینی كرد راپۆرتێكی لەسەر شاری خانەقین بۆ تەلەفزیۆنی بەغدا ئامادە دەكرد،لەمیانی راپۆرتە كەدا من گۆرانییەكم لەسەر ئاوی ئەڵوەن ووت كاك ناسریش وتی تۆ دەنگت زۆر خۆشە بۆ نایەتە رادیۆ بۆ ئەوەی چەند گۆرانییەكەت بۆ تۆمار بكەین ،بەداخەوە ئەو كات دەرفەتم نەبوو چونكە قوتابی بووم ..بەڵام وتەری هونەرمەند ناسر حەسەن هەر لەمێشكم دابوو تا رۆژێك خزمێكمان لە بەغدا بوو وتی دەنگت زۆر خۆشە بۆنایتە رادیۆ من هاورێیەكەم لەرادیۆ هەیە بەناوی (عەبدولهادی موبارك) منیش زۆرم پێخۆش بوو، چوومە رادیۆ لەلایەن لیژنەی تایبەتی رادیۆ ئەو كات لیژنەیەكی تایبەت هەبوو بۆ وەرگرتن و تۆماركردنی گۆرانی سوپاس بۆ خوا من، بەسەركەوتووی دەرچووم پاشان پێیان ووتم تۆ كوردی بڕۆ رادیۆی كوردی كاتێ چوومە بەشی كوردی منیان لە ئەرشیف دانا تا ئەو كاتەی شارەزاییەكی باشم لە گۆرانی و گۆرانیبێژان پەیداكرد.

    *لە رادیۆ خزمەتێكی زۆری هونەر و هونەرمەندان كردوە ئەو بەرنامەنەی وەكو دەرهێنەر و ئامادەكارو پێشكەشكار كردوون ئەكرێ ئاماژەیان پێبدەیت؟

  • بێگومان بەرنامەكان زۆرن دەتوانم بڵێم هەر ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، تا ساڵی 1992 زۆربەی بەرنامەكانی رادیۆ لە تۆماركردن و دەرهێنانی من بوو ،بەرنامەم بۆ زۆربەی هونەرمەندان و ئەدیبان تۆمار و كاری دەرهێنانم بۆ كردوون تەنانەت كاری دەرهێنانم بۆ بەرنامەی منداڵان كردووە كە لە ئامادەكردون وپێشكەش كردنی خاتوو (سەمیرە محەمەد عەلی) بوو هەروەها كاری دەرهێنانم بۆ بەرنامەی خاتوو(سەعدییە شەریف) خێزانی خودالێی خۆش بێت نووسەر (مەحموود زامدار)كردووە، بەرنامەی (ئێوەو ئەو هونەرمەندە) لە ئامادەكردنی و دەرهێنانی خۆم بوو توانیم لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی كوردستان دیداری هونەریان لەگەڵدا ساز بدەم ،تەنانەت لەو بەرنەمەیەدا دیدارم لەگەڵ هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئەنجام دا وەكو: نەجمەدینی غوڵامی و كاڵێ وخودالێی خۆش بێت تاهیری خەلیلیی هەروەها لەوكاتەی تیپە مۆسیقاكان سەردانی بەغدایان دەكرد ،كارم بۆ كردوون هاوكاری باشم دەكردن وەكو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تیپی مۆسیقای باواجی تیپی مۆسیقای دهۆك دەتوانم بڵێم زۆربەی هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی و كركووك و دهۆك و رواندز و كۆیەو خانەقین هاوكاریم كردوون وە گۆرانییەكانیان بۆم بڵاودەكرنەوە .

    *رادیۆی بەغدا ئەرشیفێكی دەوڵەندی هونەری كوردی بوو دوای ئەو روداوانەی لە عێراق رویدا، چی بەسەر ئەو ئەرشیفە هات؟

  • رادیۆی كوردی بەغدا خاوەن ئەرشیفێكی دەوڵەمەندی هونەری كوردی بوو، سەرچاوەیەكی رۆشنبیری هونەری كوردی بوو چەندین وتارو بەرنامەی رۆشنبیری لەگەڵ كەڵە كەسایەتییەكان لە نێو ئەرشیفەدا هەبوون سەدان بەرهەمی هونەرمەندان و شاعیران و ئەدیبان كە بەدەنگی خۆیان تۆمار كرابوون چەندین گۆرانی منداڵان هەبوو سەدان چیرۆكی تەمسیلی لەنێوئەو ئەرشیفەدبوون، بەداخەوە زۆربەیان فەوتان لەزۆر شوێن گوێم لێبووە كە هەندێ لەو ئەرشیفانەلە فەوتان رزگار كراون كەسانی دڵسۆز لە دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2003 ئەرشیفەكەیان بەروە كوردستان هێناوە بەڵام لە كوێییە ئەوە من نازانم ئەرشیفی ئەو رادیۆییە لە هەموو ئیزگەكان دەوڵەمەنتر بوو .

    *زۆرێك لە گۆرانیبێژان لەرێگەی رادیۆی كوردی بەغدا دەركەوتن تۆبەچەندین شێوە هاوكار یان بوو لە تۆماركردنی گۆرانییەكایان ئەكرێت ئاماژەیان پێبدەیت؟

  • من ئەوە بەخزمەتكردن بە هونەری كوردی دەزانم شانازی دەكەم كە هاوكاری ئەو هونەرمەندانەم كردووە،پێشتریش ئاماژەمان پێدا هەندێكجار بیسەرانی رادیۆش سەردانییان دەكردین .جارێكیان هونەرمەندی گۆرانیبێژ (وەلی دۆسكی) رێزو خۆشەویستیم هەیە بۆی هاورێیەكی نزیكی منە پێم گووت ئێوە وەكو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تیپێكی گەورەن بۆنایەن بۆ رادیۆ بۆئەوەی چەند گۆرانییەك تۆمار بكەن؟ وتی زۆرمان پێباشە بەڵام چۆن بێن وتم من بۆتانی رێكدەخەم ئەوكات بەناوی مامۆستا (زرارمحەمەد مستەفا) یاداشتێكم بۆ بەرێوەبەری رادیۆ (شاكر مەنسوڕ) نووسی ئاماژەم دا كە وەكو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دەمانەوێت چەند گۆرانییەك لە رادیۆی كوردی لەبەغدا تۆمار بكەین ، دوای رەزامەندی وەرگیرا سەرجەم ئەندامی تیپەكە هاتنە بەغدا لە رادیۆ (12) گۆرانیمان بۆ تۆماركردن بۆ گۆرانیبێژان (وەلی دۆسكی ،ئەحمەد محەمەد شریف ..) دوای گۆرانییەكانم خستە سەر بەكرەی گەورە كە پێان دەوت “ئێمی” بۆ ئەوەی لە تەلەفزیۆن كلیپی بۆ بكەن رێزم بۆ تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی رواندز هەیە.. هەورەها هاوكاری چەندین گۆرانیبیژی ترم كرد وەكو هونەرمەندان (سابیر كوردستانی ،ئیسماعیل كوێستانی ،حەسن هەیاس،مەهدی مەجید،عەلی حسێن وەندی ،نوری باریكە چەندانی تر…) بێگومان من، بەهاوكاری كارمەندانی رادیۆ ئەو خزمەتەمان دەكرد لێرە چاویان ماچ دەكەم كە زۆر دلسۆزانە كارمان دەكرد رۆحی كۆچكردوانیش خۆش بیت.

    *كاتی خۆی بەرنامەكانی رادیۆی كوردی لە بەغدا بیسەرێكی زۆری هەبوو،لەو بارییەوە چی دەڵێت؟

  • رادیۆی كوردی لە بەغدا لەوماوەیەدا كە بەرنامەكانی پەخش دەكرد ،رۆژ لەدوای رۆژ بیسەری بەكۆمەڵ زیاد دەكرد ،هۆكاریش زۆرن وەكو بەرنامەكان پڕبوون لە بابەتی ئاینی ،رۆشنبیری ، زانستی،هەواڵی سەیرو سەمەرەی جیهان لەهەموو گرنگتر ئامادەكردن و پێشكەش كردنی بەرنامەكان كەسانی رۆشنبیر بوون زۆربەیان ئەدیب بوون بۆیە رادیۆ ببووە پردێكی دڵسۆزی نێوان بیسەران متمانەیەكی پتەو دروست ببوو هەر لەمیانی بەرنامەكان دا دیار و خەڵات هەبوو هەر بەرێزێك خەڵاتی یان دیاری هەبووایە وەكو رێزلێنانێك پێشكەشكار یان ئامادەكار، یان دەرهێنەر خۆی دەچووە شوێنەكە چ لەشار بێت یاخود لەگوند خەڵاتەكەی پێشكەش بە كەسەكە دەكرد و لە هەمان كاتدا دیداریشیان لەگەڵ تۆمار دەكرد هەر بۆ زانیاریان هەرلەرێگەی بەرنامەكانی رادیۆ لەرێگەی گۆڕینەوەی نامەكاندا چەندین هاوسەرگیری لە نێوان بیسەران دروست بوو ئەوەش بۆ دڵسۆزی كارمەندانی رادیۆ دەگەرێتەوە ، كەهەمیشە هاوكار و دڵسۆزی بیسەران بوون.

    *رەوشی رادیۆییە كوردییەكان لە ئێستادا چۆن دەبینیت؟
    -بەداخەوە لە ئێستادا پەخشی رادیۆییەكان تەنیا ناخۆییە ،بەرنامەكانیان وەك پێوست نییە ، بەشێك لە بێژەران زانیاران وەك پێویست نیە ،ناتوانن بچەنە ناو خەڵكەوە ،گوزراشت لە ناسۆرییەكان هاوڵاتیان بكەن ..چونكە زۆر گرنگە، رادیۆ بتوانی چۆن بیسەر بۆ خۆی رادەكێشێت دەبێ بێژەر خاوەن زانیارییەكی باش بێت من وای دەبینم لە ئێستا بە هۆی زۆری ئامێرەكانی پەیوەندی سەردەمی تەكنەلۆژیا و سۆسیال میدیا بیسەرانی رادیۆ كەم بۆتەوە بۆیە دەبێ رادیۆ لە ئێستادا بەشێوەیەكی مەیدانی كار بكات لە ناو كێشەو گرفتەكانی خەڵك بێت هەمیشە پردێك بێت لە نێوان جەماوەر و دەسەڵات بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكانیان بكات ،بەڵام ئایا لە ئێستادا رادیۆ دەتوانێت ئەم كارە بكات بەداخەوە من ئەوە نابینیم هەرچەندە چەند بەرنامەیەك لە هەندێ رادیۆ هەیە باشن بەڵام هێشتا وەك پێویست نیین.

    *بەرێزتان وەكو گۆرانیبێژ خاوەنی چەندین گۆرانیین بابزانین چۆن دەستت بە گۆرانی وتن كرد؟
    -من لە قوتابخانە بەشداری زۆربەی چالاكییەكانم دەكرد ،بەتایبەتی لە كاتی سروود و گۆرانی هەر وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا دوای ئەوەی لە رادیۆ تاقیكرامەوە،بەسەركەوتوو دەرچووم ،یەكەم گۆرانیم بەناوی (باڵا بەرز) تۆمار كرد لە شیعری ئەنوەر ساڵح و ئاوازەكەی لەلایەن سەمیر زاخۆلی بوو ..دوای ئەمە چەندین گۆرانی تریم بڵاوكردەوە وەكو (لەیلی لەیلی) (بەوبەو) (گوڵی زرەد و سور) ( تەمەن) (بیروە بیرەوە) (نەورۆز) چەندانی تر ژمارەی سەرجەم گۆرانییەكم نزیكەی (21) گۆرانییە بەڵام بەداخەوە هەندكێكیان فەوتان.. من لەئێستادا كەم گۆرانی دەڵێم، بەڵام هەندێك جار لە ئاهەنگی تایبەت گۆرانی دەڵێم بەڵام لە خزمەت كردنی گەلەكەم و وڵاتەكەم لە كاری راگەیاندن هەر بەردەوامم .

    *هەندێ لە گۆرانییەكانت كلیپ كراو لەئێستا چۆن دەڕوانیتە كلیپی گۆرانییەكان؟

  • دەتوانم بڵێم كلیپ كردن بۆ گۆرانی كارێكی جوان و باشە بەداخەوە هەندێ لە كلیپەكان باش نیین ئێمە گۆرانیبێژی زۆر باشمان هەیە بەڵام هەندێ لە كلیپەكان تەنیا ئافرەت بەشێوەیەك دەردەكەون كە لەگەڵ داب و نەریتی ئێمەی كورد ناگونجێت بەجۆرێك وا لە بینەر دەكات نەگوێ لە دەنگە نەلە ئاوازەكە نە لە شیعرەكە نەگرێت بۆیە گۆرانییەكانی ئێستا كاتین چەند رۆژێكەو دوای ون دەبن كەچی ئەگەر ئاوڕێك لە گۆرانیبێژانی رابردوو بدەینەوە دەبینین گۆرانییەكانیان بەنەمری ماونەتەوە هیچ كلیپشیان نەبووە وەكو هونەرمەندان حەسن زیرەك ، تاهیر تۆفیق، محەمەد عارف جزیری، عەلی مردان ، محەمەدی ماملێ ….كاتێ گۆێ لە گۆرانییەكانیان دەگرین وادەزانی ئێستا وتراون بۆیە ئەگەر هونەرمەند دەنگ خۆش بێت پێویست بە كلیپ هەرناكات..

    *بۆچی لەئێستادا بەرهەمی گۆرانیت نییە؟وازت هێناوە لە گۆرانی وتن هۆكارەكەی چییە؟

  • ئەوەی راستی بێت من بەیەكجاری وازم لە گۆرانی وتن نەهێناوە،بەڵام باردۆخەكە وای لێكردووم لە گۆرانی وتن دوور بكەمەوە ، هەرچەند تائێستاش من خۆم بە گۆرانیبێژ دانەناوە ،وەكو ئارەزوو گۆرانیم وتووە من زیاتر وەكو میدیاكارێك كار دەكەم بەتایەبتی لەبواری دەرهێنان ئەگەرچی لە ئێستاش كەمێك لە بواری راگەیاند دووركەوتوومەتەوە بەڵام هەر لەناو كەشی راكەیاندنم ئەگەر كاری باش هەبێت من ئامادەم چ لەبواری تەلەفزیۆن یان رادیۆ یان شانۆ بێت دەیكەم چونكە پێشتریش من كاری دەرهێنانم بۆ شانۆ كردووە لە شاری خانەقین شانۆگەری (ئەڕاكێ) لە نووسینی خودا لێی خۆش بیت ئازاد خانەقینی بوو من كاری دەرهێنانم بۆی كردبوو لە تیڤی زاگرۆس كاری دەرهێنان بۆ چەندین بەرنامە كردوە سەرقاڵ یم بەو كارانە وای لێكردووم لە گۆرانی گوتن دوو ربكەمەوە ،بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا ماوەیەكە خەریكی گۆرانییەكی نوێم وەكو دوا بەرهەمم بڵاودەكەمەوە، چونكە هونەر لەلای من عیشق بووە تاكوو ئێستاش هەر عاشقم .



كـۆلاژ له‌ تـاراوگه‌ی شیعردا، كـڵاوڕۆژنه‌یه‌ك له‌ شه‌خته‌دا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

» به‌ئه‌وین و هیوا سوێندت ده‌ده‌م
پاڵه‌وانی ناو گیانی خۆت وه‌لامه‌نێ!
هیواكانی خۆت به‌ پیرۆز دابنێ..
نیتـچه‌«

كرۆكی مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد.
كۆته‌ڵساز ، ڕموه‌شێنی مه‌یدان..
ئاگردز ..
هه‌موو ئه‌و تافتانه (تارا) یه‌كیان پێ نه‌هۆنرایه‌وه‌ !!
وشه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوو ، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ نه‌مان ویستبێ له‌ ڕۆحی دره‌وشاوه‌ی بده‌ین ، ئه‌مه‌ش هه‌ستێكی به‌سۆزه‌ كه‌ ئاده‌مزادێك ده‌بینی خولانه‌وه‌ی له‌مه‌ودای ئیستاتیكاوه‌ پێ له‌پێشتر بێ ، له‌وه‌ی هیوا ستراتیژییه‌كانی كه‌ ژیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن به‌ شكۆیه‌كی وه‌ختی بدا..

لێره‌وه‌ (كـۆلاژ) بۆ من دیوه‌كه‌ی تری شیعر بوو له‌ سه‌رده‌مێكی ئیفلیجدا ؛
با له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی هونه‌ری نوێیش بێ په‌یوه‌ندی نه‌بووبێ كه‌ زه‌مانه‌ به‌ویستن بێ یا به‌ نه‌ویستن به‌سه‌ریدا سه‌پاندووین ، به‌ڵام هه‌وڵێكیش بوو له‌ ئێواره‌ی مێژوو و ڕۆژپه‌ڕی جوگرافیا بۆ ناسینه‌وه‌ی به‌هاره‌ سووتاوه‌كان و ڕۆژگاره‌ له‌ده‌ست چووه‌كان ..
ته‌كنیكی ژیان بوو ، به‌ر له‌وه‌ی ته‌كنیكی گه‌مه‌ی ده‌ست و هزری په‌تی به‌شێك له‌و ژیانه‌ بێ ‌ ناومان ناوه‌ (شێوه‌كاری) یا هونه‌ری شێوه‌كاری.
ئه‌م هونه‌ره‌ ڕه‌نگه‌ له‌ كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌گه‌ر شه‌ره‌فی ئیش تێداكردنی به‌منیش بڕابێ ، ‌ له‌ هونه‌ری دونیادا نوێ نییه ‌، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌په‌یدابوون و دانپێدانانی (‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م) له‌نێو ناوه‌ندی هونه‌ری ئه‌ورووپایێدا ، له‌ هونه‌ری هه‌ره‌ دێرینی شارستانییه‌تی مێزۆپۆتامیا و میسر و دۆڵی سنددا به‌ شێوازێك له‌ شێوازه‌كان هه‌بووه‌.

له‌ حه‌قیقه‌تیشدا كۆلاژ وه‌ك واژه‌یه‌كی ڕووت واتای )چه‌سپاندن) ده‌گه‌یه‌نێ-كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی جیاجیا له‌ بابه‌ت و ڕه‌گه‌زی جیاجیاوه‌ له‌ ڕووبه‌رێكی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی ڕووبه‌ڕێكی تر و پانتاییه‌كی دیكه‌ و ڕوانینێكی تر،
ئه‌مه‌ وه‌كو واژه‌یه‌كی ڕووت… به‌ڵام بێگومان وه‌ك هونه‌ر، كـۆلاژ هونه‌رێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ ئه‌گه‌رچی له‌سه‌رێك ڕه‌نگه‌ له‌دونیای ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ نزیكتر بێ
تا هونه‌ری شێوه‌كاری په‌تی ، به‌ڵام دیسان له‌ خۆیدا هه‌ردێته‌وه‌ قاوخی هونه‌ری شێوه‌كاری ،
له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ش زۆر هونه‌رمه‌ند په‌نایان بۆ بردووه‌ ، كه‌ به‌ڕاستی ڕه‌هه‌ندێكی ناسكئامێزی هه‌یه‌…
كاركردن و ته‌كنیكی كاركردن له‌ هونه‌ری كۆلاژدا ، ڕاستیی به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئازادی به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی هه‌مه‌ جۆر و مه‌ودای به‌رفراوانی كارتێداكردنی هه‌یه ‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ش به‌رهه‌ستیی بزاڤی شێوه‌ جۆراوجۆر و فره‌بابه‌تی له‌ بۆشاییدا كه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌یه‌وێ زه‌مینه‌یه‌كی لێ پێك بهێنێ یا كه‌شفی نوێی پێ بكا ، هه‌روه‌ها دایه‌لۆگی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ ڕه‌مز و مه‌ودا و ڕه‌هه‌نده‌كانیدا ، هونه‌رێكه‌ سه‌ركه‌وتنی تێدا به‌و ئاسانییه‌ نییه ‌و نابێ ئه‌گه‌ر پاشخانێكی مه‌عریفی و جوانناسی له‌پشته‌وه‌ نه‌بێ..

بۆ من كۆلاژ، دیوه‌كه‌ی تری شیعر بووه ‌، بۆیه‌ ده‌بینی له‌ ڕووی ته‌كنیكی كاركردنیشمه‌وه‌ پابه‌ندییه‌كی ڕۆمانسڕه‌مزی له‌ تابلۆكانمدا ده‌رده‌كه‌ون.. من له‌ كۆلاژدا هه‌ست به‌ ئازادییه‌كی ڕه‌هاتر ده‌كه‌م ، هه‌ست به‌و شێتیه‌تی و به‌و وه‌همانه‌ ده‌كه‌م كه‌پێموایه‌ كه‌م و زۆر له‌ هه‌مووماندا هه‌یه‌..
له‌كاركردنیشمدا هه‌رگیز لایه‌نی ئیستاتیكی و ته‌كنیكی كاركردن و ڕوئیای شێوه‌خوازیی له‌ مه‌ودایه‌كی ڕه‌هاترم به‌ قوربانی ناوه‌رۆكێكی ئیفلیج نه‌كردووه‌.
له‌پیشانگاكانمدا هه‌میشه‌ هه‌وڵمداوه‌ ڕیتمی ونكراو له‌ناو ژاوه‌ژاوی سه‌رده‌م بدۆزمه‌وه ‌، له‌ كاتێكدا هاوسه‌نگیمان ڕوو له‌ ئاوابوون بوو..
ئه‌وه‌ش وه‌همێك بوو ، دوور له‌و مه‌نتیقه‌ی زۆربه‌مان پێیه‌وه‌ گرفتار بووین .
خۆش نییه‌ مرۆڤ ‌بێ وه‌هم بژی.




تێڕامانێک سەبارەت بە کتێبی ” مەعریفە و ئیمان “.. رۆژگار خالید

” کتێبی مەعریفە و ئیمان ” بەهاوبەشی نووسراوە .

لە پێشەکی کتێبەکە کاک ” بەختیار عەلی ” دەڵێت :.
مەعریفەی مرۆڤ سنووردارە و مافی ئەوەی نییە بەناوی موتڵەقەوە قسەی بکا .
هەموو جۆرەکانی ئیمان لەسەر بڕێک زانین و بڕێک نەزانین رادەوەستێت .
بۆ ئەوەی لەسەر کێشەی ئیمان قسەبکەم و کلتورێکی نوێی پێکەوە کارکردن و دیالۆگیش دروست بکەین و ئاگاداربین بەرامبەر کێشە گەورەکانی ووجود پێویست دەکات ، دەستبکەین بەگۆڕینی پرسی ئیمان بۆ پرسیاری فیکری و زانستی و گۆڕینی بۆ بابەتێکی تێڕامان ، بێگومان ئەمەش سەختترین و ڕەقترین چەمکی نێو دەستەجەمعیە خەڵکە .
لە پێشەکی کتێبەکە نووسەری کۆچکردوو کاک ” هێمن قەرەداغی “
دەڵێت :.
چیرۆکی ئیمان بەجۆرێک لە جۆرەکان چیرۆکی ژیان و گەورەبوونی منە ، لەو چرکەساتەوە دەستپێدەکا چیتر بەگوێگرتن ڕازی نابم ، بەڵکو دەمەوێت خۆم زیاتر و زیاتر لە یەقینەکان تێبگەم .
وە لەبارەی مەعریفەوە
دەپرسێت :.
مەعریفە تەنها لەنێو کتێبەکانە یاخود لەدەرەوە و لای خەڵکیشە ؟
هەربۆیە بڕیارمدا زەمەنێک لەنووسین بوەستم و زەمەنێک لە خوێندنەوەکانیشم کەم بکەمەوە و زەمەنێک خەریکی تێڕامانبم و خەریکی دۆزینەوە و ڕاوکردنی حیکمەتی پیرەکان ببم .
ئەم کتێبە قەبارە بچووکە بەڵام بەقووڵی و هەستیارییەوە کۆمەڵێک پرسیاری جددی دروست دەکا لەسەر پرسی مەعریفە و ئیمان و باوەڕی مرۆڤەکانەوە .
ئەم کتێبە پەیوەست نییە بەئایینەکان یاخود رەخنەی بگرێت لەرەتکردنەوەی ئایینەکان .
بەڵکو
دەرگایەکی نوێ دەکاتەوە و ڕووبەڕووی گفتوگۆ و تێگەیشتنی نوێمان دەکاتەوە .
هەر بۆیە بەسادەیی دەپرسێت :.
مەعریفە چییە؟
بەرهەمی چ جۆرە بیرکردنەوەیەکە ؟ کێشەکانی بەردەم مەعریفە چییە ؟
ئایا مەعریفەی مرۆڤەکان دەتوانێت گۆڕانکاری هەبێت لەسەر بیرکردنەوەکانمان ؟
بەرهەمی بیرکردنەوەکانمان چییە ؟
ئایا بیرکردنەوەکان دەتوانێت گۆڕانکاری بەسەر مەعریفەمان بهێنێت و گۆڕانکاری جددی دروست بکا ؟!
پرسی ئیمان یانیش باوەڕهێنان .
ئیمان چییە ؟!
ئەو بڕوایەی هەمانە بڕوایەکی عەقلانییە یاخود ناعەقلانی؟
کێشەکانی بەردەم ئیمانی مرۆڤەکان چییە ؟! کێشەکان دەتوانێت گۆڕانکاریی بەسەر دابێت و چۆن گۆڕانکارییەکان قبووڵ بکەین ؟
پاشان پرسیاری جددی دێتەپێش
_ باوەڕهێنانی دینی چییە ؟
_ باوەڕهێنان بەزانست چییە ؟
_ باوەڕهێنان بەو پرسیارانەی لەسەرووی بوونی مرۆڤ و ئەو ژیانەی هەمانە چیین ؟!
ئایا باوەڕهێنان یاخود باوەڕنەهێنان وادەکات یا تەسلیمی ئەو باوەڕە ببینەوە هەیە؟!
یانیش لەڕێگەی ئەوەی دەیخوێنینەوە دەتوانین بەبەردەوام پێویستمان بەزیاتر لە پرسیارێک و زیاتر لە وەڵامێک هەبێت ، بۆ ئەوەی یەقینێکمان هەبێت لەسەر کۆی ئەو شتانەی هەیە وادەکا بیردەکەنەوەکانمان بگۆڕێت.
یانیش بەتەواوی ڕەتی بکەینەوە.
یانیش لەدوورەوە بوەستین و چیتر بەدوای پرسیار و وەڵامی ئەو پرسیارانە نەبین .
” ترسی مرۆڤەکان لەنێوان پەرەسەندنی زانست و ئەقلی چەقبەستوو “
ئالێرەدا بابەتەکە هەستیارە .
_ لەبەرامبەر هەموو بوونێک نەبوونێک هەیە .
_ ترس لە عەقلانییەت و ترس لە حەقیقەت .
کۆی ئەو پرسیارانەی لەسەرەوە کردم پەیوەندی هەیە بەکردەوەیی ڕۆژانەی هەر یەکێکمان .
_ ترس لە مەعریفەیەکی سنووردار .
_ ترس لە گۆڕانکاری وا دەکات کاریگەریی لەسەر باوەڕمان هەبێت .
_ ئەم کتێبە وادەکا تێبگەین ووجودی ئێمە وەک مرۆڤ ووجوودێکە بەس .
_ وامان لێدەکا ئاستی زانین و ئاستی بیرکردنەوە و ئاستی باوەڕمان و ئاستی ڕوانینمان لەگەڵ ملیۆنانی دیکە قبووڵ بکرێت یانیش رەتبکرێتەوە .
_ خاڵی بەهێزی کتێبەکە ئەوەیە دەپرسێت بەڕەهایی بڕوامان بەمەعریفەی دەوروبەرمان هەیە ؟
ئەم مەعریفەیە وادەکا گومان بکەین و بترسین و بێدەنگ بین پاشان ڕووبەڕووی کێشەی جددیمان بکاتەوە .
بیرکردنەوەکان وادەکا بترسین لە رەئی جیاواز و پرسیاری جیاواز لەبارەی ئاستی مەعریفەی خۆمان ؟
چونکە باوەڕی مرۆڤەکان جیاوازە لە باوەڕی ئێمە ، ئەمەش وادەکا گومانمان بۆ دروست بێت یانیش رەتکردەوە دروست دەبێت .
کێشەکان قووڵ دەبێتەوە لە بەرامبەر یەقین لە بەرامبەر پیرۆزی .
_ بترسین لە ووجودیەت و ژیانی ئێستا و دوای مردنمان .
ئاراستەی فکری و تێگەیشتنی هەر یەکێکمان ڕۆژانە بە بەردەوام خەریکی بەراوردکاری و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنە بۆ هەر یەکێک
لە :
” مەعریفە _ ئیمان _ ئایین _ زانست _ عەقلانییەت _ خودا _ مرۆڤ _ ژیان _ مردن _ دۆزەخ _ بەهەشت _ ووجودیەت “
بۆ هەریەک لەمانەم لێکدانەوە :.
” تەفسیری جیاواز و بەڵگەی جیاواز و سەلماندنی جیاواز و وەڵامی جیاواز و ناتەبابوون و گومان و ڕۆشنایی و تێگەیشتن و تێڕامان و هەوڵدان و حکمەت و ڕوانینی عەقلانییەت و ناسینی شتەکان و کاملبوون کاریگەری هەیە .
بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام شیکاری بکەین بۆ کۆی تێگەشتن و پرسەکانی بەردەم مەعریفە و ئیمان .
پێویستە ڕووبەڕووی ئیشکالەکان و کۆی سیستەمەکان و هەڵەکان و لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی مەعریفەمان دەرچین خۆمان دەرباز بکەین لە پرسیار و وەڵامی دووبارە .
_ بۆ ئەوەی لەم کتێبە تێبگەین .
_ بۆ ئەوەی ئایین و زانست و هێزێکی فیزیکی و هێزی سروشتی و هێزی بەدەر لە توانا و دەسەڵاتی مرۆڤەکان وەک خۆی قبوول بکەین .
_ بۆ ئەوەی لەمانای ژیان تێبگەین و ژیان لە کوێوە بەرەو کوێمان دەبات .
_ بۆ ئەوەی لە زەمەن و کات و شوێن تێبگەین .
_ بۆ ئەوەی بزانین لەکوێی ژیانین و بەرەو کوێ دەچین .
_ بۆ ئەوەی وەڵامی سەدان پرسیاری جددی بدەینەوە لەسە

ردەمی ئێستادا پێوستمان بەچ شتێکە !
وەڵامەکە دەکرێت تەنها تێڕامان و چاوداخستنێک بەس بێت پاشان سەرلەنوێ بیربکەینەوە .
هیوادارم خوێنەری ئەم کتێبە ببن .

رۆژگار خالید




گرینگی و واتای ئازادی.. سامان خدر محمد

ئازادی دۆخێکە کەوا هیچ بەربەستێک ڕێگر نابێت لەبەردەم ئیرادەی مرۆڤ بۆدەربڕینی شتێک یاخود گەیشتن بەئامانجێک.
هەروەها ئازادی دابڕانە لەدۆخێک یان پەیوەندیێک کەوا حەزی پێناکەین، بەڵام ئەو کۆتو بەندانەی کە بەئارەزوی خۆمان قبولی دەکەین، بەدژی ئازادی ئەژمار ناکرێن. هەوەها سەبارەت بە بۆچونەکان دەربارەی ئازادی ئەوا جیاوازە، هەندێک پێیان وایە کە مرۆڤ هەرکاتو لەهەر شوێنێک مافی خۆیەتی هەرشتێک بیەوێ بیکات، بەڵام هەندێک تر پێیان وایە کە ئازادی، سنوری خۆی هەیەو نابێت ببەزێنرێت.

ئازادی وه‌ک یه‌کێک له‌ به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ کۆمه‌ڵێکدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت که‌ ده‌ستوره‌که‌ی له‌ به‌هاکانی مافی مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵقوڵابێت، نەوەک دەستورەکەی بۆبەرژەوەندی چەند لایەنێک یاخود چەند کەسێک نوسرابێت.
بەگشتی لەکوردستاندا زۆر بەی بوارە جۆراو جۆرەکانی وەک، ڕاگەیاندن، سیاسی، ڕۆشنبیری ڕۆلێکی خراپیان گێراوە لە جێبەجێکردنی چەمکی ئازادی وەک خۆی، تابتوانن مرۆڤی ئازاد دروست بکەن بەمانا و شێوازی ئازادی وەک خۆی، نەک بەواتا تەسک و کورتکردنەوەی تەنها لەحەزو ئارەزووەکانی تاک.
هەربۆیە زۆر کەس و لایەن، خراپ لە واتای ئازادی گەیشتون بەهۆی ئەو بەهەڵەتێگەیشتنەی کە ڕاهێنراون لەسەری، بەتایبەت هەندێک لایەن واخەلکیان تێگەیاندووە کە ئازادی واتا بەڕەلایی و لادانی مرۆڤ، کەئەوە دورە لەڕاستی و گرینگی و واتای وشەکە.
هەروەها ئازادی نە دەسەنرێت و نەدەدرێت، بەڵکو ئازادی هەڵقوڵاوی ناخ و هزری مرۆڤەکانە، پێویستە مرۆڤ خۆی هەوڵی دۆزینەوەی بدات لەناخی خۆی دا.
گەیشتن بەئازادی وەک مافێک ،بەبێ قوربانی نابێت و کۆمەڵگەش بەبێ تاکی ئازاد پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت و پێش ناکەوێت، هەربۆیە ئازادی لەهەمو رویێکەوە، سودی زۆری هەم بۆتاک هەم بۆ کۆمەڵگە هەیە.




نیگا خەیاڵییەکانی چاوەکانم.. دڵکەش قادر

ئەم تەنیاییەم بچووک مەکە!
کە دەمەوێت لە تەنیاییمدا
چادرێک بم
بۆنی میسک و عەمبەر بەئاسمانی شاردا
بڵاو بکەمەوە و
داکۆکیکارێکی نیگا خەیاڵییەکانی چاوەکانم بم
مەزنایەتیم لە جەنجاڵی شاردا ون نەبێت و
شنێنەری بتی چاوەکانت بم
تۆ پێم ناڵێیت بەم هەموو سەوڵە شکاوانەتەوە
دەتەوێ بەرەوێ بڕۆی
ئاخر من بخووردی تەنیاییم مەزنە و دەگاتە بناگوێی هەموو دنیا
ئەوەی دامنابڕێ
دەنگی خڕخاڵە لە هەنگاوەکانما
تەڕیەتی پڕتەقاڵە لە سینەی مندا
خوناوی کانی منە لە نەسیمەکانی تۆ
ئەم تەنیاییەم بچووک مەبینە
ئاوڕێک لە خوناوی چاوەکانم بدەوە
تا بیرت بێت خوسانی من لەشەودا بێ وێنەیە
خوسان، شێتبوونی دواچرکەی ژیانە
لەنێوان گەمارۆدان و هەڵگۆفین
خاڵیکردنەوەی حەزە
لەنێوان دوو بەرداش و
تێکئاڵانی دوو خەیاڵ.

سلێمانیی
دڵکەش قادر