غەززە * زبڵدانێکە بۆ بە فاشیستبوونی بانگخواز و ئیسلام ی سیاسیی کورد.. هیوا محەمەد ئەمین

لە ڕێکەوتی ١٢. ١٠. ٢٠٢٣ دا بەڕێز عەلی باپیر ، ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی نوسینێكی لەژێر ناونیشانێكی دورودرێژ ١ لە ماڵپەڕی ( ڕاچڵەکین ) دا بڵاودەکاتەوە٠ نوسینەکە بەشێوەی گشتیی خۆی بە دوو ئاقار و ئامانج دا ئاراستە دەکات، یەکێکیان گلەیی، سەرکۆنە و هێرشە بەرامبەر کەسانێك ، کە نەیخواستووە نە ناویان بهێنێت و نە ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر ئەو بابەتە بدات٠ ئەوی تریان سەبارەت بە جەنگ ی غەززە – ئیسرائیل و دۆز ی فەلەستینیەکانە ! ئەگەر خوێنەر کەمێك بەسەرنجدانەوە لەو نوسین و ناونیشانە دورودرێژە وردببێتەوە ، تێدەگات و دەگاتە ئەو بڕوایەی ، کە ئەم نوسینە چەندێك بە پەلە ، شپرزانە ، لە دنیابینیەك ی تەسك ، هەناسە سواریی ، دیدێك ی فاشیستانە و ئاقارێك ی نامرۆڤانە نووسراوە؟!
من لێرە دا سۆمایی دیدە و نیگا ی تێڕوانینی خۆم بەدوور لە هەر دەمارگیریی، بارگرژیی یان خوانەکردە بێڕێزیەك بەرامبەر هیچ کەسێك ، بەسادەیی دەخەمە سەر شەڕی غەززە و بۆچونەکانی عەلی باپیر گومان ی تێ دا نیە کە ئەوەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت، دۆزەخێکە، کڵپە و نێڵە ی ئاگرەکەی مرۆڤی فەلەستینیی و شار ی غەززە دەسوتێنێت، کە لەڕووی ویژدانیی، مرۆڤایەتیی و ڕەوشتپەروەریی ( ئەخلاقیی ) ەوە ناشێت و ناکرێت شایی و لۆغانی بۆبگێڕدرێت٠ بەڵام ئەم دیمەنە تەنیا دیوێك ی شانۆ ی کارەساتباری شەڕ ی غەززە – ئیسرائیلە، لە دیوەکە ی تری شانۆکە دا ، دیمەنێك ی ترهەیە کە تەراژیدیا ی ئیسرائیل و گەل ی جووە ، کە تێیدا سەدان کەس دەبنە قوربانیی ئەو دۆزەخ و کوشتارگەیە ی کە فەلەستینیەکان یان چاکترە بڵێم حەماسیەکان خافڵگیرانە بۆ گەل ی جوویان ساز دابوو ، ئەمەش دیسان نامرۆڤانە دەکەوێتەوە ، ئەگەر چۆپیی و هەلهەلە لەسەر جەستە ی قوربانیان ی مرۆڤ ی جووش بکێشین٠
بەڕێز ئەمیر لە سەرەتا ی نوسینەکەی دا باس لە دوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراو دەکات ! ئەم دەربڕین و شێوازبەخشینە بە دنیا ی نادادپەروەریی ، ڕاستە و پێچەوانە ی حەقیقەت نیە ، لەوەتەی ژیانیش هەیە هەردوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراویش هەبووە! بەڵام کاتێك نوسەر دێتە نێو هۆڵ ی دادگە و بینینی شانۆ ی ڕوداوەکان ، و هەروەها شێواز ی دەربڕین ی زمان و تێگەیشتنی ئەو بۆ کێشەکان ، ئیدی دیمەن و جیهانە دابەشکارییەکە ی جەنابی ئەمیر بۆ ژیان و مرۆڤایەتیی لە نێوان ستەمکار و ستەملێکراو دا تەم ی بەسەر دا دێت و لەسەر تەختی شانۆکە دا دیارنامێنێت ، و لە دواجار دا جەناب ی ئەمیر لە دادوەرییەکەی دا دەبێتە بەشێك لە لایەنگر و هەڵگر ی دنیا ی ئایدۆلۆژیایەك ی لایەنگیریی و پابەندبوو بە پاشخان و کولتورێك ی ئیسلامییانە و هەر لەو دیدەشەوە دواجار ئەو دادگایی شەری غەززە دەکات و دواجار دەبێتە بەشێك لە دنیای ستەمکاریی ، ئەم واقیعە تاکو ئێرە نائاسایی ، ناسروشتیی و خەوشێك نیە! بەڵام بەڕەی کێشەکە لێرە دا خۆی ڕادەخات : { مسوڵمانانی فیداکاری غەززە زەبرێکی گورچکبڕیان لەو قەوارە ناڕەوایە وەشاند و بەتوندیی هەژاندیان ، بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو } . ئەمە باوەڕی جەناب ی ئەمیری موسوڵمانانی کوردستانە ، کە لە نوسینەکەی دا ئاماژە ی پێدەدات! ئەم جۆرە نەفەس و مێتۆدە ئەخلاقیی و ئایدۆلۆژییە ، کە بەڕێز ئەمیر بەکاریدەهێنێت بۆ دادوەرییکردن لەنێوان دنیا ی هەق و ناهەق یان ستەمکار و ستەملێکراویی دا ، مێتۆدێك ی تەواو ناڕەوا ، نادادپەروەر ، نامرۆڤانە ، فاشیستانە و سادیستانەیە ، مێتۆدێکە کە لە ڕووی مێژویی و ڕەوشتپەروەرییەوە سەرچاوە ی خۆی لە هەمان ئەو مێتۆدە قورئانییە وەردەگرێت، کە لە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر و سەرهەڵدانی سورەتی ئەنفال دا برەوی هەبوو : { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مؤمنین }؟! بەڵام ئەم ڕۆژگارە ی کە گەل ی جوو و فەلەستین ی پێداتێدەپەڕێت قۆناخێکە ، لەلایەك ناژیرانە و نالۆژیکیانە دەبێت ، ئەگەر بە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر بچوێنرێت و بپێودرێت ، لەلایەکی دیەوە هەم ستەم و تاوانێکە بەرامبەر بە گەلان ی جوو و فەلەستین ٠ ئەم دید ، تێڕوانین و جیهانبینییە جگە لە زیندوڕاگرتن ، سەرهەڵدان، دروستکردن و ئەزمونکردن ی هەستی ڕق، کینە، بوغز تۆڵە و بەردەوامییدان بە ڕۆحی دوژمنکارانە لە نێوان ئەو دوو گەلە دا ، نەك هەر هیچ سود و بەرهەمێك ی نەبووە ، بەڵکو ڕێژە و ئاست ی قوربانیەکان ی هەردوو گەل ی جوو و فەلەستینیی گەیاندە دواهەمین لوتکە ی بێمۆڕالیی و بەربەرێتیی٠
چەندین ساڵە ناسیۆنالیزم ی عەرەبیی بە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا ی ئیسلامیی – ئیخوانیی و بەکارهێنانی دروشم ی نەتەوەپەرستیی ، ئیسلامیی و بەکارهێنانی چەمكی الصهیونیة ( زایۆنیزم ) ، کار لەسەر دۆز و کێشە ی فەلەستینیەکان دەکەن ، بەبێ ئەوەی توانیبێتیان ، کە چارەسەرێك ی واقیعیی و ڕیشەیی نە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و نە دۆز ی فەلەستینیش بگەێننە کەنار ی ئاشتیی و ئارامیی٠
کاتێك یاسر عەرەفات پەیماننامە ی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان واژۆ کرد ، هەر زوو فاشیستە ئیخوانیی و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان کردیانە هەڵای تاوانبارکردنی عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بە ناپاك و خۆفرۆش ، و دواییش جووە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان ئیسحاق ڕابین ی سەرۆک وەزیرانیان تێرۆر کرد ٠ ڕاستە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕین ی ڕا و ویژدانی خۆی ، بەڵام ئەمە جێگە ی باس و گرنگییپێدانی سەرەکیی من نیە لێرە دا ؛ بە ئەندازە ی ئەوەی ، کە پێم گرنگە چۆن تاك ی کورد بتوانێت خۆی لە دنیا ی جەهل ، خورافات ، ڕق ، کینە ، بوغز تۆڵە ، ڕەتکردنەوە ، قبوڵنەکردن ی بەرامبەر و … تاد بەدووربگرێت ! ئەو پاشخانە کولتوریی و فەلسەفییە ئیسلامیی – سیاسییە ی کە بۆ جەناب ی ئەمیر بووەتە ڕۆژنە ، دیدگە ، دنیابینیی و بیرکردنەوەیەك ی نەگۆڕ و موتڵەق ، پاشخانێكی تەواو فاشیستیی و بێبەزەییانەیە ، کە نەك هەر دوورە لە هەموو بەهایەك ی مرۆڤایەتیی ، ڕەوشتپەروەریی و ئیمانداریی ، بەڵکو تەنیا مرۆڤ ی دەروننەخۆش بەرهەم دەهێنێت ٠ ئەگەر سەرنج لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر بدەین ، دەبینین هەمان شێواز ی زمانی کینلەدڵیی ، ڕقئەستوریی ، هێرشبەرانە ، دروشمبازییانە ی ڕەگەزپەرست و شۆڤینیە عەرەبەکان ی بەکارهێناوە : { ستەملێکراویی گەلی فەلەستین و ستەمکاریی جوولەکە زایۆنییەکان … } یان { هەرکەس لەم ڕۆژگارە دا پشتیوانیی لە مسوڵمانانی ستەملێکراوی فەلەستین نەکات ، لە بەرامبەر ستەمی جوولەکە زایۆنییەکاندا ، نیشانەی پرسیاری زەقی دەکەوێتە سەر لە ڕووی : مسوڵمانەتیی و کوردایەتیی و مرۆڤایەتییشەوە ! }٠
دەربڕین ی ئەم جۆرە چەمك و دەربڕینە تیژپەڕ ( تطرف ) و ساڕێژبووە بە ڕق ، کینە و بوغزبەرامبەر بە گەل ی جوو ، نەك هەر ناتوانێت حەقیقەت و هۆکاری سەرهەڵدان ی ئەم جەنگ و خوێنڕێژییانە بنرخێنێت ، بەڵکو بە هەمان شێوەش ناتوانێت هەتوانێك بخاتە سەر برین و ژان ی دایكێك ی دڵسوتاو و سکسوتاو ی فەلەستینیی و جوویەك ، بەڵکو بارەکە ی بۆ هەردوو گەل ی ناوبراو بە گوزەرێك ی تەراژیدیاش دا برد ٠ هەر لە سەرەتا ی جەنگەکە دا زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز ، کەسایەتیی و پارتە ئیسلامییە کوردەکان زۆر گێلانە ، نەفامانە و ناواقیعیانە کەوتنە وتارخوێندن ، بەڕێکردنی ئاهەنگ ی شیوەن و گریانی ساختە و درۆزنانە لە مزگەوتەکان و دەرکردنی بەیاننامە و هاندان ی سۆزداریانە ی سۆز ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد بە گیان ی ڕق ، کینە ، تۆڵە و پیرۆزیی قودس ، بۆ جەنگ و غەزاکردن دژی جوو و وڵاتی ئیسرائیل ، وەك بڵێیت کورد و جوو دوژمن ی باوەکوشتەی یەکتری بووبێتن ؟ ! ئەمیری موسوڵمانان لە ڕوداوەکان دا بەدەستوبردە بۆ هەڵوێستوەرگرتن ، بۆیە هەرزوو کەوتە بانگەواز ، بەیان دەرکردن و هاندانی گەنج ی کورد بەرەو غەزاکردن ، هەروەك ساڵێك لەمەوبەر زۆر نادادپەروەرانە و بە دیدێك ی ئیسلامیانە ی تەنگ و ستەمکارانەوە هاوشان ی مەلا و مۆدێلی نوێی فاشیستانە ی بانگخوازە کوردەکان ی وەك دوکتۆر عەبدولواحیدەکان ، بەیاننامەیەكی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئانیی دژی ئێزدییەکان دەرکرد و هەڵوێستی خۆی و پارتەکەی دژ بە ڕوداوەکەی ساڵ ی پاری ئێزدیەکان لە شارۆچکەی شنگال ڕاگەیاند٠
ئۆقرەئارامیی، ئاسودەیی و دڵخۆشبوونی جەناب ی ئەمیر بە کوشتار ی جووەکان و تۆڵە سەندنەوەی فەلەستینییەکان لە جووەکان ، بە جۆرێك لە ناخ و ویژدانی دا قوڵپ دەدات ، دەکەوێتە هەڵە ، بوختان ، هۆنینەوە ی بێبنەما و بێبەڵگە ، و بەلاڕێدان ی ڕاستیی سەبارەت بە هەڵوێست و کاردانەوە ی مرۆڤ ی کورد لەهەمبەر دڵخۆشیی و شادییدەربڕینیان بەرامبەر بە کوشتار ی جووەکان لەلایەن فەلەستینیەکانەوە : { بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو ، لەنێویشیاندا خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکانیدا : باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ..تاد } ٠ ئەم جۆرە قەتیسبوون و خۆچڕکردنەوەیە لەنێو زۆنگاو ی بیر ی فاشیستیبوون ، ڕق ، کینە ، بوغز ، تۆڵە ، ڕەتکردنەوەی ئەوان ی دی و هەروەها بازنە ی داخراو ی ئایین ، دەقی قورئانیی ، کۆڵان ی داخراو ی فەرمودە و یاساکانی شەرع دا ، مرۆڤ بەرەو دنیا ی پوچیی ، دڕندەیی ، بێئومێدیی ، گەشاندنەوەی پشکۆی دنیا ی ئاژەڵیی دەبات ، بەرەو ئاوابوونی خۆری دادپەروەریی ، هەستی مرۆڤایەتیی و کوژاندنەوە ی ڕوناکایی ئیمان و مردن ی یەزدان دەبات ، مردنی یەزدانیش سەرەتا ی سەرهەڵدان و ڕەوایەتیدانە بە ستەم، نادادپەروەریی، نایەکسانیی و زەقکردنەوە و چریسکانەوەی شمشێر ی ڕق و کینە بۆ ملپەڕاندن و کەوڵکردنی پێستی ئەوانیدی٠
گەلۆ ڕۆڵی ئیمان و یەزدان لەم نێوە دا چیە ؟ ئیمان هێز یان مەملەکەتێك ی دەستڕۆیشتوو ی دەستەڵات ی پاشایی نیە ، کە بوون ، چەمك و ماناکانی خۆی لە ئەودیوی سروشتەوە حەشاردابێت ، مەقەڕ ، مزگەوت ، تەکیە و خانەقا نیە کە ئامانج تیای دا بەرهەمهێنان ی مرۆڤی مێگەلیی بێت ، هەروەها لەقاڵبدانی دەق ، باوەڕ ، عەقیدە ، مەزهەب و ئایینێكیش نیە کە پیرۆزبکرێت و بپەرسترێت ، بەڵکو هێزی سروش ( وحي ) و ئیلهامێك ی بێکۆتایە لە هەر سەردەم و ڕۆژگارێك دا، کە پەیام و ئامانجەکەی گەیاندنی مرۆڤە بە پلەیەکی باڵاتر لە فەزیڵەتی ڕەوشتپەروەریی ، دواجار گەیاندنی مرۆڤە بە ڕوناکایی و بەرجەستەبوون ی سیفاتی یەزدانیی لە ئەو ، واتا مرۆڤ دا، واتا کار و پڕۆژەی ئیمان دروستکردن و بەرهەمهێنانی مرۆڤی یەزدانییە ، بەجۆرێك ی دی سەرهەڵدانی مرۆڤ ی ڕیالیستیی و ئیماندارە ٠ ئاراستە و ئامانجەکان ی ئیمان و ئایین زۆر لێکجیاوازن:
ئایین؛ توێکڵ و دیوە دنیایی و ڕوکەشەکە ی ژیانە ، بەجۆرێك ی دی نێوەندگیریەکە لەنێوان دنیا ی ئاژەڵیی و ئەفسانەکان ی گەیشتن بە دنیا ی بەهەشت و دۆزەخ ! پایە و جێگە ی مرۆڤیش لەو نێوەندە دا لە سەنتەربوون و سیفاتی گەردونییەوە بەرەو پەراوێز و گیرخواردن لە چوارچێوە ی ناوچەیبوون ( لۆکاڵییبوون ) و ئەحکام ی پابەندبوون بە دنیا ی ئایین دەبات٠ بەڵام ئیمان ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو ئەو کۆت و بەندانە ی ئەفسانە ، ئایین و پیاوانی ئایینیی ، ئاراستەکردنی مرۆڤە لە دنیا ی ئەفسانەیی بەرەو دنیا ی ڕیالیستیی و هۆشمەندیی ، و هەروەها ئازادکردنیەتی لە دنیا ی ئاژەڵییەوە بەرەو فەلسەفە ی مرۆڤبوون ، واتا ئیمان گەیاندن ی مرۆڤە بە بەرزترین و باڵاترین ڕەوشت ٠ سیفاتێك ی تر ی ئیمان دەرهاویشتن ی مرۆڤە لە دنیا ی قەتیسبوون ، پەنگخواردنەوە ، خولخواردنەوە و ناوچەییبوون ، بەرەو بەجیهانیبوون و هەڵگرتنی سیفاتێك ی گەردونیی لە ناخ ، ویژدان ، بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆڤ دا ٠ لەم دنیا سیفات گەردونیە دا ، کە سیفاتێك ی بەرز و باڵای بەرجەستەبووە لە بوون ی یەزدان دا ، کۆی مرۆڤایەتیی ، بە هەموو ڕەنگ ، زمان ، نەتەوە و ڕەگەزێكەوە لەوێ دا جێگە ی دەبێتەوە ، واتا چ جوویەك یاخود فەلەستینییەك بێت ٠ بەڵام ئەوە ئایین و کەرەستەکان ی ئایینە کە لەلایەك دابڕین دروستدەکەن لە نێوان یەزدان و مرۆڤ دا ، واتا لە نێوان حەقیقەت و فەلسەفەی مرۆڤبوون دا ، و لەلایەکی دیەوە خوڵقاندن ی کێشە و قوڵترکردنەوەی بەربەست و ئاڵنگاریەکانی نێوان مرۆڤە تاکو ڕادەی دروستکردن و حەقانیەتبەخشین بە دنیای ستەم ، تاوان ، غەدر، خیانەت ، ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لەنێو کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی بەگشتیی و موسوڵمانان بەتایبەتیی : { لاتقوم الساعة حتی یقاتل المسلمون الیهود ، فیقتلهم المسلمون ، حتی یختبئ الیهودي من وراء الحجر والشجر ، فیقول الحجر و الشجر : یامسلم یا عبد اللە هذا یهودي خلفی فتعال فاقتلە ….. تاد } . لەم باس و خواستانە دا هەڵبەتە مەولانای ڕۆمیی ستەم و ناهەقیی نەنواندووە کاتێك کە دەڵێت :
من لەبەرئەوە بێئایین و دینم
تاکو نەڕێژم خوێنی هاوشێوەم

لە ڕوانگە ی ئیمانەوە ؛ پێم پێویستە ئاماژەیەك بۆ بەشێك ی تر لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر بدەم کە : { هەروەها مزگەوتی ئەقصا و قودسیش خاڵی هاوبەشی نێوان تێکڕای مسوڵمانانە چونکە یەکەمین ڕووگە و سێیەمین حەڕەمیان و ، شوێنی سەفەری شەوڕۆ و میعراجی پێغەمبەرەکەیانە : سبحان الذی أسرى بعبدە لیلا …. تاد } ٠قەتیسکردنی دنیا ی ئیمان و سروشت ی یەزدان و سیفاتی یەزدانیی لە ناوچەیەك ی جوگرافیایی دیاریکراو دا ، یەزدان دادەبەزێنێتە ئاست ی پاشایەك ی ستەمکار و دادوەرێك ی نادادپەروەر و دڕندە کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە دەستەڵاتدارێتیی و فەرمانڕەوایی ئەو بەشە جوگرافیایە ورگی یەکتر هەڵدەدڕن ؟ ! تاکو ئێرە ؛ لەوانیە بارەکە زۆر تەراژیدیی و بێچارەسەر نەبێت ، بەڵام کێشە قوڵ و مەترسیدارەکە لەوێ دا سەرهەڵدەدات ، کە ئایین وەك ڕۆڵ ی نێوەنجیەك دێتە نێو ئەم کایە و یاریەوە ، واتا دێت و شەرعیەت بە لایەك دەدات بۆ حەڵاڵکردن ی ڕشتنی خوێنی ئەوی دی ! ! بە بۆچوونی من خاڵ ی هاوبەشی نێوان مرۆڤایەتیی بەگشتیی و کۆمەڵگە ی موسوڵمانان بەتایبەتی ، شاری قودس نیە ، بەڵکو ئەو بەها و پرنسیپە مرۆڤایەتییانەن کە دان بە بوونی ئەوانی دی و ڕێز لە مافەکان ی ئەوانی تر دەگرێت ، ئەو پێوانانەن کە پێناسە و جیاکاریی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای فەلسەفەی مرۆڤبوون دادەڕێژن ، واتا ئەو پێوانانە ی زەردەشت ئاسا ، کە بیر ی چاک ، گوتار ی چاك ، کردار ی چاك دەکاتە بنەمای پێناسە و ناسنامەیەك ی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤی ڕاستەقینە نەك ڕەگەز و ئایینێك ی دیاریکراو ٠
بەپێی ئەم پێناسەیە ؛ ناسنامە و ناسینەوەی ڕۆح و ڕوخسار ی قودس ، لە پیرۆزبوونی ئەو دا نیە ، بەڵکو لە بەرجەستەبوون ی ڕۆح ی خۆشەویستیی ، میهرەبانیی ، لێبوردەیی ، پێکەوەژیان و قبوڵکردنی یەکتریدایە ، لە نێوان هەردوو گەل و هەر تاکێك ی جوو و فەلەستینییدایە . بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر لەم بارەیەوە وەها دەنووسێت : { چونکە مرۆڤ ئەگەر مسوڵمان بێ دەبێ پشتی مسوڵمان بگرێ ، بەتایبەت ئەگەر وەك فەلەستینییەکان مەزڵومیش بن …. تاد } ئەم جۆرە دید و تێڕوانینە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ، و پێناسەکردنی مەزڵومیەت لەسەر بنچینە ی ئایین ، باوەڕ و پیرۆزکردن ی پارچەیەك ی جوگرافیایی، نەك تەنیا ئایدۆلۆژیایەكی ئەفسانەئامێزاوییە ، بەڵکو هاندان و برەودانە بە بیری توندوتیژیی و سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای فاشیزم ی ئیخوانیی و داعشیزم ی ئیسلامیی لەنێو کۆمەڵگە دا . لەم ڕۆژنە و دیدەوە ؛ نابێت پێمان سەیربێت ، کاتێك بەڕێز دوکتۆر مثنی أمین لە چاوپێکەوتنێك ی تەلەڤیزیۆنیی کەناڵی ( میحراب ) ، بەم جۆرە دید و بیرە فاشیستییە ئیسلامییەوە پێناسە ی گەل ی جوو دەکات:
{ جوولەکە خوێڕین ، ترسنۆکن ، زاڵمن ، بێکارن ، مشەخۆر و …. تاد }، بەڵام بەمجۆرە پێناسە ی حەماس دەکات:
{ حەماس موعجیزەیەك ی خوایە، حەماس بۆ شەهیدبوون و مەرگ هاتووە ، جیهاد ئەکەن، سەری ئیسلامیان بەرزکردەوە، لەپێناوی خوا شەهید دەبن، خوا ڕێز لە شەهیدەکانی دەگرێت ؛ ئەو شەهیدانە لای خوا شفاعەت بۆ خەڵکی تر دەکەن، حەماس مەفخەرەیە بۆ موسوڵمانان و بۆ ئەحراری عالەم نەك تەنیا بۆ موسوڵمانان ، حەماس جوانترین نمونەی ئەخلاقیاتی پێشان دا، حەماس خاوەن رسالة ە …. تاد }
بەیادهێنانەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستانە ی ئیخوان ی ئۆردوغانیی لەهەمبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ، باکور و باشوری کوردستان ئەوەمان بۆدەسەلمێنێت ، کە فەلسەفە و سیفات ی بەرزیی و باڵا ی موسوڵمانبوون فەلسەفەیەك ی هەڵخەڵەتێنەرانە و پوچگەرایانە ی عەبەسیانەیە ، کە توانا ی پاراستنی کەرامەت و زامنکردن ماف ی تاك یان دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنوسی هیچ گەلێك ی موسوڵمان یان ناموسوڵمانی نیە ، ئەوەی لە مێژودا موسوڵمان بە موسوڵمانی کردووە لە دڕندەیی ، چەوساندنەوە ، تیرۆر ، کوشتار و ئەشکەنجەدان دا ، وێنە ی نەبووە ٠بۆیە کارێك ی ناڕەوا و ناپەسەندە ، ئەگەر ئێمە دیمەنەکانی گشت ئەو مێژوە خوێناویی و پڕ لە نادادپەروەریە ی کە ئاماژەم پێی دا بشێوێنین و تەنیا لە چەمكێك ی بچوك ی وەك زایۆنیزم و یەهودیەت ، یان پیرۆزیی قودس و شەری وێرانکاریانە ی غەززە – ئیسرائیل دا بچوك و بەتاڵ بکەینەوە ؟ ! پیرەمێرد ی شاعیر لە شیعرێکی دا دەیخاتەوەبیرمان کە:
ئەو قەومەی کە خوا دەربارەی ئەوان ٢
فەرمووی یەك بە دەن بۆ ڕۆژی مەیدان
چۆن لە ڕاستیی جوو ڕوو وەرئەگێڕن
لە خەیبەرەوە بەوانە فێرن

هیوادارم ئەم جەنگە نەبێتە کەرەستەیەك بۆ خۆشکردن ی ئاگری ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لە نێوان مرۆڤ ی جوو و فەلەستینیی ! ! با هەوڵ و بیرکردنەوەکان بەو ئاراستەیە بێت ، کە ڕۆحی میهرەبانیی ، بەخشندەیی خۆشەویستیی و قبوڵکردنی یەکتری لە نێوانیان دا بەرپا ببێت ٠هیوادارم نمونەکانی عەلی باپیر ، دوکتۆر مثنی أمین و دوکتۆر عەبدولواحیدەکان نەبنە مایە ی فیتنە ، عاقیبەتشەڕیی و دروستکردنی زبڵدانی کولتور ی غەزا ، جیهاد ، چاندنی تۆو ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، شەڕی پیرۆز لەنێو دڵ ، دەرون ، ڕەوشت و ویژدان ی تاك ی مرۆڤ ی کورد و موسوڵمان دا ! دواجار دەڵێم با کورد نەبێتە لەیستۆك و نەچێتە جەنگێکەوە ، کە شەڕی ئەو نیە ، ئێمە ی کورد گیرۆدەی مەزڵومیەت و ستەملێکراویین ، گیرۆدە ی کیمیاویی ، ئەنفال ، تعریب ، ڕەشەکوژیی و جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ، فەیلیی و بارزانییەکانین ، گیرۆدە ی ڕەگەزپەرستیی ، نکۆڵیی نەتەوەیی ، بیری دژەکورد و ئیخوانی ئۆردوگانیی ی تورکیین ، گیرۆدە و ستەملێکراویی سیستەم و بیری نەتەوە – مەزهەبیی و حوکمەکانی لەسێدارەدان ی مرۆڤی کوردین لە جمهوریی ئیسلامیی ئێران دا ؟ ! کاراکتەری چەوسێنەر و ستەمکار لێرە دا گەل ی جوو نیە ، بەڵکو خێڵ ی موسوڵمانانن کە بەدرێژایی سەدان ساڵە دەمانچەوسێننەوە و ئازارمان دەدەن.

کۆتایی

———————————————

پەراوێزەکان
١- لە نێوان جوولەکە زایۆنییە داگیرکار و فەلەستینییە وڵات زەوتکراوەکاندا
٢- ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئایەتە قورئانیە ی ، کە : { یا ایها النبی صرخ المؤمنین علی القتال إن یکن منکم عشرون صابرون یغلبون مائتین و ان یکن منکم مائة یغلبوا الفا من الذین کفروا بأنهم قوم لایفقهون }
*- ئەم نوسینەم چەند ڕۆژێك لەمەوپێش لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکردەوە ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵەیەکەوە کە لە خۆمەوە ڕوی دابوو ، بە ڕێکەوت نوسخەی ڕەشنوسەکەم بۆ ڕۆژنامە ی ناوبراو ناردبوو . بەداوای لێبوردن لە سایتی دەنگەکان و ئاوێنە ، کە بەناچاریی بە پێویستم زانیی لە دوو ڕاگەیاندن و سەکۆی جیاواز دا بڵاویبکەمەوە . سوپاس بۆ تێگەیشتنی دەنگەکان !

هیوا محەمەد ئەمین
14 .1 . 2024




کتێبی چەپکێک لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی ١٩٥٩ – ٢٠١٢ نووسین و ئامادەکردنی یووسف مەنتک لە سوید چاپ و بڵاوکرایەوە

ڕۆژنامەگەری- چاپخانە- بیبلیۆگرافیاو لێکۆلینەوە
لە سوێد لە لایەن دەزگەی کتێبی ٤٩ چاپ وبلاوکرایەوە

کتێبی یەکەم،
نووسین و ئامادەکردن یووسف مەنتک نەخشەسازی ناوەرۆك وبەرگ: دڵشاد خۆشناو- شێروان فاروق،
چاپی یەکەم ٢٠٢٣، وەشانخانەی ٤٩ کتێب سوێد،
ژمارەی (ISBN: 978-91-89859- 54-8 )

بوارەکانی: مێژوو، بیبلیۆگرافیا، ئینسکلۆپیدیا و فەرهەنگ، کاری دامەزراوەیی دەوێت، چەندین بەشی جودا لە خۆدەگرێت، وەک سەنتەری توێژینەوە، کادر، پسپۆڕ، بوودجە، چاپخانە، بەڕێوەبەرایەتی، کتێبخانە و ئەرشیف.
بە درێژایی مێژوو، نەبوونی کتێبخانە و ئەرشیفخانەی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد، ئیشکردنی لەم بوارەدا هەژار کردووە. لە کاتی پێویست هانای بۆ سەرچاوەی بیانی و داگیرکەرانی کوردستان بردووە، لەوەشدا زەرەمەند بووە، چونکە وەک پێویست نەنووسراوەتەوە.
بۆیە لە کوردستاندا ئەم کار و بەرهەمانە پتر هەوڵی تاکەکەسی بوونە. هەر کارێکیش کرابێت، بەپێی تواناو هەوڵێکی زۆر، لە کەموکوڕی خاڵی نەبووە. مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی دەوڵەمەندترین سەرچاوەی کوڵتوور و مێژووی نەتەوەیی کوردە، باشترین سەرچاوەیە وەک بەڵگەی مێژووی دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت. بۆیە نووسەر هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لەم بوارەدا هەبێت، ژمارەیەکی باشیش لە گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی تێدا هەن، چی بەردەست کەوتووە لە ڕابردوو هەڵی گرتوون، بە ئۆرگیناڵ، یان بە کۆپی و وێنە.
لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە خەریکی نووسین و دانانی ئەم پەرتووکی مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی و چاپخانەو بیبلیۆگرافیاو لێکۆلینەوەیە، کە (٢١٠) ناونیشانی گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە لە خۆدەگرێ، لەگەل زیاتر له‌ (٥٠) ناونیشانی چاپەمەنییەکانی سەرەتاکانی دەرکەوتنی چاپخانەو ڕۆژنامەگەری کوردی ( بێگومان سەرەتاکانی دەرکەوتنی ڕۆژنامەگەری و چاپخانەی کوردی، لە زۆر سەرچاوەدا کاریان لەبارەوە کراوە. نووسەریش بە پشتبەستن و ئاماژەکردن بۆیان سوودی لێ وەرگرتوون. تەنێ نووسەر لێرەدا بە یەک لێکۆڵینەوە پاتە ئاماژەی بۆ کردوونەتەوە، لەگەڵ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکانیان). زۆربەیان لە ئەرشیفی خۆیدا هەبوون، بۆ زانیاری وەرگرتن لەسەر ناونیشانەکانی دیکەیش هەوڵی گەڕان بە: تەلیفۆن، نامە، سەردانی کتێبخانە و ئەرشیفی تایبەتی، ئەرشیفی کۆمەڵە و ڕێکخراو و چاپەمەنییەکان، پرسیارکردن بە پسپۆڕ و شارەزایان، نووسەرانی بواری مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی، ڕۆژنامەنووسان، لایەنی پەیوەندیدار بە چاپەمەنییەکان، زۆربەیان دەستی هاوکاریان بۆ درێژکردووە ، و هێندێکیشیان تا ئێستایش دەنگیان نییە، سپاس بە هەردوو لایان دەڵێت.
ناونیشانەکانی ناو ئەم کتێبە، شوێنی دەرچوونیان بە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان، دابەشبووە. هاوکات وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و تاراوگە. لە هێندێک شوێن لەوانەیە زانیاری تەواو نەبووبێت، ئەوەش لەبەر بەدەست پێ ڕانەگەیشتن بووە، وە چەند ناونیشانێکیش وێنەی دانەناوە.
ناونیشانەکان بەپێی ڕیزبەندی ساڵ و ناونیشانی بڵاوکراوەکە، شار و وڵات، ئەلفوبێ کاریان لەبارەوە کراوە. ئەمەیش مێتۆدی ئیشکردنی زانستی و ئەکادیمیانەیە لە بواری بیبلیۆگرافیا و ئینسکلۆپێدیا.
دەستەواژەکانی: کوردی ناوەڕاست ڕێنووسی ئارامی مەبەست لە شێوەزاری سۆرانییە. کوردی باکوور ڕێنووسی لاتینی مەبەست لە شێوەزاری کرمانجی باکوورە.
ناونیشانیش هەن شوێنی دەرچوونیان لەسەر نەنووسراوە.
هیج پڕۆژە و کتێبیک کێماسی بەدەر نییە، ئەم کتێبەی بەردەستیشتان بێگومان کەلێنی تێدا هەن. ئێوەیش دەتوانن بە سەرنج و ڕەخنە و تێبینییە زانستییەکانتان جوانتر و دەوڵەمەندتری بکەن. نووسەر هیوا دەخوازێت توانیبێتی خزمەتێکی بە مێژووی ڕۆژنامەگەری و کتێبخانەی کوردی کردبێت.

ئەوەی پێویستە بگوترێ

کورد بەدرێژایی مێژوو بەر داگیرکاری کەوتووە، داگیرکەرانی کوردستان هەموو کات خاک و فەرهەنگی کوردیان کردۆتە ئامانج. تا بۆیان کرابێت هاووڵاتیان کوشتوە، وڵاتەکەیان وێران کردووە، شوێنی پەرستگە و ئاتەشگە و سەرچاوەی فەرهەنگ وکوڵتووریان لەناو بردووە و سوتاندویانە ، بە تاڵانیان بردووە. هاوکاتیش گەلێ کورد و کەمینە نەتەوەکانی پێکەوە لە کوردستان ژیان دەکەن، لەبەر پەرێشانی و شەڕو پالاماری هێرشەکانی داگیرکەرانی کوردستان و خۆ دەرباز کردن، نەیانتوانیوە بای هێندە کوڵتوور و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی خۆیان گرینگی پێبدەن و بیپارێزن، وەک گەڵانی جیهان ببن بەخاوەنی ئەرشیفخانەیەکی تۆکمەو دەوڵەمەند، هیوادارین ئەوەی لە ڕابردوو نەکراوە، بۆ ئێستاو داهاتوو دەسەڵاتی کوردی بایەخی جیددی پێبدات.
لەلایەکی دیکە زۆرێک لە وڵاتانی داگیرکار بە ڕۆژئاوایییەکانشەوە، کە وڵاتێکیان داگیرکردووە، ئەجێندای هەرە گرینگیان بردنی چاپخانە و دەرکردنی ڕۆژنامە بووە، وەک ئینگلیزەکان، کە عێراقیان داگیر کرد، لە هەر ویلایەتێک ڕۆژنامەیەکیان دەرکرد. ڕۆژهەڵاتناسەکانیش لایەنی کەم ڕۆڵی باشییان لە بە ئەرشیفکردن و نووسین، لەبارەی کڵتوور و فەرهەنگی کوردەوە هەبووە. ئەگەر ئەوان نەبووان، ئێستا بەشێکی زۆری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ئێمەی کوردیش دەفەوتا.
گەلی کورد بە درێژایی مێژوو، وەک گەلێکی ژێردەستە و خاک داگیرکراو لەلایەن دەسەڵات و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی: تورکیا، عێراق، سوریا، ئێران ڕووبەڕووی هەڕەشەی سڕینەوەی کڵتوور و فەرهەنگ و زمانەکەی بۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە نووسەر و ڕووناکبیر و سیاسییەکانی کورد زیندانی و تیرۆر کراون. لەژێر دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیشدا، چ لە شاخ، چ لە شار خۆخۆری و براکوژی لەسەر ئاستی فەرهەنگی و مرۆیی لەولا بوەستێ. لە ئێستاشدا بە هۆی باری خەراپی دارایی و سیاسی زۆرینەی چاپەمەنییەکانی باشووری کوردستان وەستاون.
گرفتی سەرەکی:
گرفتی سەرەکی نەبوونی ئەرشیف و کتێبخانەیەکی نەتەوەیی، سەرچاوەی پێویست، هاوکاری نەکردنی زۆر لەو کەسانەی پەیوەندیدار بە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی و ئەو بڵاوکراوانەی بە جۆرێک پەیوەندیدار بوون لە دەرچوونیان.




وێنەکانی فیلمی “به‌هه‌شتی خراپکاران” لە دەرهێنانی مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی بڵاو کرایەوە

ئامادەکردنی: مه‌نسوور جیهانی

لە سەروبەندی یەکەمین نمایش کردنی فیلمی سینه‌مایی “به‌هه‌شتی خراپکاران” لە دەرهێنانی سینه‌ماکاری ناوداری لوڕ “مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی” لە بەشی رکابه‌ریی “سه‌ودای سیمورغ” لە چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر، پەردە لەسەر وێنەکانی فۆتۆگرافیی ئەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ لادرا.

“به‌هه‌شتی خراپکاران” (بهشت تبهکاران) Paradise of criminals نوێترین به‌رهه‌می بلێندی سینه‌مایی سینه‌ماکاری ناوداری لوڕ “مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی” لە بەرهەمهێنانی “فەتحوڵڵا جەعفەری جه‌وزانی” و “عەلی قائیم مەقامی” لە یەکەمین نمایش کردنی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “سه‌ودای سیمورغ” لە چل و دووهه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌ویی فیلمی فەجر ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما و وێنەکانی فۆتۆگرافی “عەلی نیک ره‌فتار”، لە فۆتۆگرافەرانی سینەمای ئێران، بۆ بەشداری کردن لەم بۆنە و رووداوه‌ هونەرییەدا و به‌ ئامانجی ئاشناکردنی به‌رده‌نگه‌کان و بینەران له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ بڵاو کراوەته‌وه‌.

لە فیلمی “بەهەشتی خراپه‌کاران”دا ژمارەیەک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران لەوانە؛ ئەمیر حوسێن ئارمان، لادن مسته‌وفی، سەحەر جەعفەری جه‌وزانی، پیژمان بازغی، حەمید گوودرزی، ڕەزا یەزدانی، بێهنام ته‌شه‌کور، هوومه‌ن به‌رق نه‌ورد، حیسام مه‌نزوور، ڕەزا شەفیعی جەم، فەریبا موته‌خه‌سس، فەخرەدین سه‌دیق شەریف، ئیسماعیل خەلج، عەلیڕەزا جەلالی تەبار، محەمەدڕەزا هاشمی، سوهەیل بەرخورداری، حەمید موته‌قی، فەتحوڵڵا جەعفەری جه‌وزانی، مێهدی مێهریار و جەواد تووسی ڕۆڵیان گێڕاوە و هەروەها لەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌دا؛ ئەفسانە بایگان و فەرهاد قائمیان بە ده‌ورگێرانی خۆیان ئامادەیی و به‌شدارییه‌کی فه‌خری و شەرەفمەندانەیان هەیە.

لە پوختەی چیرۆکی ئەم فیلم و به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌دا هاتووە: که‌سێکی نووسەر و گەنج که‌ چالاکی بواری کرێکارییه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراو و بەبێ مەبەست دەبێتە دیلی پیلانەکانی تاوانباران و خراپکاران.

ژماره‌یه‌ک لە ستافی فیلمی سینه‌مایی “بەهەشتی خراپکاران” بریتین لە: دەرهێنەر: مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری فیلم هه‌ڵگرتن: ئەمیر کەریمی، مۆنتاژ: مێهدی حوسێنی وەند، مۆسیقا: فەردین خه‌لعه‌تبه‌ری، سیناریۆ: مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی، فەرید موستەفەوی، دیزاینەری سه‌حنه‌ و جلوبەرگ: ئەسغەر نیژادئیمانی، دیزاینەری روخسار و ماکیاژ: مه‌هین نەویدی، دیزاین و تێکه‌ڵکردنی ده‌نگ: سەید مەحموود مووسه‌وی نیژاد، دەنگهه‌ڵگر: ئارش بروومەند، جیلوه‌ و کاریگەرییە تایبەتەکانی مەیدانی: ئارش ئاقابه‌یک، جیلوه‌ و کاریگەرییە بینراوەکان: کامیار شه‌فیع پوور، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان: بێهزاد هاشمی، وێنه‌گری فۆتۆگرافەر: عەلی نیک رەفتار، یاریدەدەرانی دەرهێنەر: عەلی مێهرئاسا، مێهدی حاجی یووسف، پارسا هاشمی، به‌ڕێوه‌به‌ر و ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن: مەنسوور جیهانی، له‌ بەرهەمهێنانی دامەزراوەی سینه‌مایی فاڕابی و کۆمپانیای سینه‌مایی جه‌وزان فیلم، بەرهەمهێنەران: فەتحوڵڵا جەعفەری جه‌وزانی، عەلی قائیم مەقامی.

فۆتۆکان: عەلی نیک رەفتار




ئێش.. شیعری فه‌رهاد که‌ریم

هه‌ر رۆژێ شوێنێکم دێشێ
رۆژێ دڵ و
‌رۆژێ سی و
رۆژێ پێ
رۆژێ په‌نجه و ده‌مار و گوێ ‌
رۆژێ لووت و زمان و چاو و بژانگ و برۆ
تارمایی و بزه‌ و فرمێسک و پژمینم دێشێ
له‌ بینین و گۆتن و بیستن و هه‌ست وچێژ گه‌رێ
رۆژێ قژ و پێست و خوێنم
رۆژێکیش هه‌موویان پێکه‌وه‌ دێشێ
ده‌زانم گیان کێشان نزیک بووه‌
رۆژێ مردنم
رۆژێ ژیانم دێشێ
ئێشێکی گه‌وره‌ که‌وتۆته‌ نێوان مردن و ژیان
ژیانم دێشی و مردنم ژان ده‌کا
هه‌ناسه‌ و روانین و بیرکردنه‌وه‌ و بیستن و بینینم
ده‌نگم مێشکم مووم دێشێ
پشو و شادی و ماندو و خه‌مم
گۆتن و زمانم دێشێ
لاوازی و جووڵه‌ و هێز وخوێنم
تاریک و روونیم ئێشم دێشێ
ووشه‌م له‌ رسته‌دا دێشێ
بیر له‌ زمان ناکه‌مه‌وه‌ ده‌ربڕیینم دێشێ
ر‌ابردووم فه‌رمۆشکردووه‌ و ئێستام دێشێ
ئێش ده‌گاته‌ به‌یانی
له‌ دوارۆژ گه‌ڕێ هه‌موو شتێ پڕ ئێش بووه‌
باو باران و ته‌م و هه‌ور و شنه‌با
مرۆڤ و ماسی و باڵنده‌ و ئاژه‌ڵ
نان و خۆر و ده‌وروبه‌ر
ئێشێکی زیندوو که‌وتۆته‌ ناو ئێش
ئێشم دێشێ

مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی سه‌یره‌

تاریکی شه‌و جوانه‌
مرۆڤ رووناکییه‌کی تاریکه‌
ئه‌ستێره‌کان نزیک بوونایه‌ پڕ تاریکی مرۆڤ ده‌بوون
له‌ ناو تاریکی مرۆڤ بینین ده‌که‌وێته‌ گۆڕ
شه‌و پشوودانی گیان و سروشته‌
روناکی فڕێمه‌ده‌ ناو شه‌و
شه‌و خاوێنه‌ مرۆڤ
روناکییت تاریکه‌ خه‌وی ده‌زڕێت شه‌و
رۆژ ئاوێنه‌ی رووناکییه‌
تاریکه‌ رووناکییت، رووناکییت تاریکه‌ مرۆڤ
رۆژ به‌و هه‌موو رووناکییه‌وه‌ رۆشن ناکا ناخت مرۆڤ
له‌ ناو تاریکییت وه‌ره‌ ده‌رێ
شه‌ونیگه‌رانه‌ به‌و هه‌موو تاریکیه‌ی فڕێتداوه‌ته‌ ناو رۆژ
له‌ ناو شه‌وی رۆژ و له‌ ناو رۆژی شه‌ودا خه‌وتوویت مرۆڤ
خه‌وت خستۆته‌ بینینی رۆژ و بیستنی شه‌و
ئه‌ستێره‌کان نزیک بوونایه‌ کۆر ده‌بوون
به‌ کۆریی له‌ ناو ده‌نگی شه‌و و جووڵه‌ی رۆژدایت
ده‌ست به‌ چاوته‌وه‌ بگریت ئاوێنه‌یه‌ ده‌ستت
په‌نجه‌کان ناناسته‌‌وه‌
په‌نجه‌کانت لێده‌بێت به‌ سێداره‌
رۆژی بینین و شه‌وی بیستنت له‌ سێداره‌ ده‌ده‌یت
شه‌و له‌ رۆژ داده‌گیرسێنی و له‌ رۆژ شه‌و
ده‌بینه‌ منداڵی سوتان و مردن
بوونه‌وه‌رێکی سه‌یره‌ به‌ سوتان و مردن ده‌ژی مرۆڤ
له‌ ناو شه‌و و رۆژی خۆمدام مردووه‌ ژیان
گۆڕه‌ و نه‌خۆشخانه‌یه‌ زه‌وی بۆ مردن مرۆڤ




دیوانی شیعری ئێوارانی ڕاین ، غروب های راین، نووسینی یووسف مەنتک بە زمانی فارسی لە سوێد چاپ و بڵاو کرایەوە

دیوانی شیعری ئێوارانی ڕاین ، غروب های راین، بە زمانی فارسی لە وەشانخانەی 49 کتێب لە سوێد چاپ و بڵاو کرایەوە. نووسینی یووسف مەنتک، وەرگێڕانی بۆ فارسی سپێدە صالحی
وێنەی بەرگ ئاری میرزا
چاپی یەکەم 2023 سوێد
ISBN : 978-91- 89859-53-1
ئەوەی شایانی ئاماژە پێکردنە ئەو کتێبە پێشتر بە زمانی ئەڵمانی و شێوەزاری کرمانجی باکوور ڕێنووسی لاتینی چاپ و بڵاو کراوەتەوە، بڕیارە بە هەردوو زمانەکانی عەرەبی و ڕووسیش بڵاو بکرێنەوە.

ئه‌ی وڵاتم! ئه‌ی تاراوگه‌ی جوان!
سپێده‌ ساڵحی
وه‌کوو وه‌رگێڕی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌ که‌ کات و ساتێکی زۆرم له‌ په‌نا و په‌سیو و ناو داڵانه‌ ئاڵۆز و ساده‌کانیدا به‌سه‌ر برد، ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ناوێکی دیکه‌ بۆ”ئێوارانی ڕاین” هه‌ڵبژێرم ناوی ده‌نێم” ئه‌ی وڵاتم! ئه‌ی تاراوگه‌ی جوان!”، هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناوه‌ هه‌وڵیک نییه‌ بۆ گۆڕینی ناوی ئه‌م ده‌فته‌ره‌ شیعرییه‌ یان خواستێک بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تیی ناوه‌ شیعرییه‌که‌ی به‌ڵکوو خوێندنه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌قه‌که‌یه‌ له‌ لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه‌، که‌شف و پێداگرییه‌کی دیکه‌یه‌ له‌ سه‌ر زه‌ینییه‌ت و تێڕوانینی کوردانه‌ له‌ جوگرافیایه‌کی ئه‌ورووپیدا، ڕاوکردنی ماسی و هه‌ڵهێنجانی گوێچکه‌ماسی و هه‌موو ئه‌و بوونه‌وه‌ر و زینده‌وه‌ره‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌ی به‌یت و باو و خه‌ون و خولیا و هیواکانی کورده‌ له‌ قووڵاییه‌کانی ڕاین و که‌ناره‌ پڕ حه‌سره‌ته‌کانێتی، تاسووقی خۆشه‌ویستی و حه‌زی ژیانه‌ له‌ باوه‌شی غوربه‌تێکدا‌ که‌ به‌ یادی وڵات و گۆرانییه‌ دیرۆکییه‌کانی گه‌رم دادێت، له‌ ئامێزی جیهانێکی خوێنین و سه‌رشێت، ئێوارانی ڕاین گێڕه‌ره‌وه‌ و نواندنه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی زه‌ینییه‌ت و تێڕوانینی کوردی له‌ سه‌رده‌می ئاوابوون و کۆتاییهاتنه‌ ڕۆژئاواییه‌کان و له‌ ڕۆژگاری ئاخرزه‌مانییه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانه‌، و هاوکات تیشکی خۆره‌تاوی هیوا و ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌ره‌ند و هه‌زارتوێ سامناکه‌کانی ڕووداوه‌کانه‌، گێڕانه‌وه‌ی زمانی کوردی وبرینه‌کانێتی له‌ خۆی و دنیاکه‌ی، له‌ ڕاین و جیهانه‌که‌ی و به‌ مانایه‌کی خوازه‌یی له‌ مانش و ڕاین و…هه‌ر ئاوێکی به‌خوڕی ئاوێنه‌نوێنی ڕۆژئاوایی‌ که‌ ته‌نیایی دڵدارانی که‌نارنشینی چاو له‌ ئاسۆ به‌ نه‌شئه‌ی برینێک ده‌ڕووشێنێت، برینێک له‌ دراوسێیه‌تی نیشتمانێکی دوور، خوێناوێکی به‌خوڕ له‌ یادگه‌ی تاراوگه‌یه‌کی جوان! که‌ هاوکات نیشتمانه‌ و ئه‌ویش نییه‌! ئه‌ی وڵاتم من له‌ هه‌ناوی تۆ دام یان تۆ له‌ هه‌ناوی من! ئێوارانی ڕاین ئاوه‌ها زایه‌ڵه‌ و گۆرانییه‌کی ئه‌هوراییه‌!

دەزگەی چاپ و بڵاو کردنەوەی ئەڵمانی یونایتد پ،س، سەبارەت بە شیعرەکان وایان نووسیوە لەسەر بەرگی کتێبە کەو بۆ ڕاگەیاندن:

بەرگێک لە شیعر کە لە گەشەکردن و زیادەڕەوی دوور دەکەوێتەوە و بە تەوەری کۆنکرێتی و لێدوانی ڕوون سەرسام دەکات. شیعرەکان لە ئەبستراکتدا ون نابن، بەڵکو کۆمەڵێک چیرۆک لەبارەی چارەنووسی جیاواز و نزیکەوە دەگێڕنەوە.
بۆ پشتی کتێبەکە ئەو دەقەیان نووسیوە:

کتێبێکی شیعر بە جیاوازی! زۆرجار شاعیران هەست بە ناچاری دەکەن کە بەرهەمەکانیان بە زمانی هێمادار و دەستەواژەی ئاڵۆز بارگاوی بکەنەوە کە دەتوانێت خوێنەران ماندوو و بێزارکەر بێت.
شیعرەکانی ئەم بەرگەیە دوورن لەو جۆرە گەشەکردن و زیادەڕەوییانە. بە زمانێکی پاک و ڕوون، ڕووداو و هەستەکانی ڕۆژانە ڕەنگ دەدەنەوە بەبێ ئەوەی زۆر سادە و سادە دەرکەون.
دەقەکان لە ئەبستراکتدا ون نابن، بەڵکو چیرۆک و چارەنووسی تایبەت دەگێڕنەوە، لە کاروباری خۆشەویستی لەدەستچوو، نیشتمانێکی بەجێماوە یان نیگەرانی کەسێکی ئاوارە.




دڵدانە.. شیعری دڵشاد تاقانە

دڵ لەدڵ مەدە دڵەکەم کەوا دڵ بوو بەدڵدانە
دڵ لێدەدا بۆ دڵەکەی تۆ تاکو مابێت لەدڵدانە
لەدڵیش مەدە بەبێ دڵی دڵنیا دڵمە دڵپەرستە
نهێنی دڵت لەدڵبەندە ئێستاش ماوە لەدڵدانە

چاوم لەناو چاوانی تۆ چاوباز بووە بەچاوانی
ناتروکێنێ وەڵامەدا سڵاوی چاوە سەرچاوانی
چاو لەچاوە عیشقداوە بڵێ بۆچی ئاوا مەستە
چاوبگێڕە چاودوێنە چاومە دەکا چاوچاوانی

                      دڵشاد تاقانە