سـیستەمی فەرمانـڕەوایی تـۆتـالـیـتاری.. رەزا شـوان

تۆتالیتاریزم (گشتگیری) سیستەمێکی سیاسیی فەرمانڕەواییە. دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و سەربـازی و خۆسـەپـێن و زەوتـکەرە. زۆربـەی رژێـمە تـۆتـالیتارییەکـان لە لایـەن، سـتەمـکاران و دیـکـتاتـۆریـیـە سـیکـۆپـاتـییـەکـان و تـاک پـارتـیـیەوە بـەڕێـودەبـرێـن. رژێـمە تـۆتـالـیتارییەکـان هـەوڵـدەدەن بە زۆرداری و بە تـونـدوتیـژی و بە تـۆقـانـدن و بە زەبـری هـێزی سوپا و پۆلیس و سیخـوڕەکانیانەوە هـەژمـوونی خـۆیـان بسەپـێـنن و مـلکەچی و پابەنـدبوونی درێـژخایەنی رەهای هـاوڵاتیان بۆ رژێمەکەیان بەدەستبهـێنن. سیخـوڕی و چاودێـریی لەسەر هـەمـوو تاکـێک و کـۆمـەڵ و دامـودەزگـاکـانی دەوڵـەت دەکـەن و دەیـانخـەنە ژێـر کـۆنـترۆڵی خـۆیـانەوە. کۆنترۆڵی هەمـوو میـدیـاکان دەکەن. رێـگە بە ئـازادی و دیمـوکـراتی و ئۆپـۆزسـیۆن نـادەن. هـەمـوو چـالاکـێیەکـانی پـارتە ئـۆپـۆزۆسسیونـەکـان و هـەمـوو ئـایـدیـۆلـۆژیـایـەکی سـیاسی و ئـازادییـەکـانی تـاک و ئـازادیی رۆژنـامە قـەدەغـەدەکەن. بە ئاشکـراش پێـشـێـلی هـەمـوو مـافـەکانی مـرۆڤ دەکەن و کەس بـۆی نیـیە بەبێ رەزامەنـدیی دەوڵەت پەنجەی بخاتە ناو ئاوەوە، کەس بۆی نییە پێیان بـڵێـت پێـیەکانت خوار داناون. لە تۆقانـدن و چاوشکانـدنی خەڵکی سـڵ ناکەنەوە، لە گرتـن و بەنـدکردن و ئەشکەنجەدان و لەسـێدارەدان و لە سڕنوگومکردن و لە تـیرۆرکـردن و لە کـوشـتـنی بە کـۆمـەڵ و لە ژینـۆسایـتکـردن و لـە رەشـەکـوژی خەڵی بێ تاوان دەسـت ناپـارێـزن. دەسەڵاتـێکی رەگـەزپەرسـتن. گـێچـەڵکەرن و شـەر لەگـەڵ وڵاتـانی دراۆسی دەکـەن. بە تەنـگ بە کوشـتدانی هـاوڵاتیانیانەوە نایەن.

حکومەتە تۆتالیتارییەکان تاکڕەون و دژی فـیدرالی و دیموکراتـین. بە فەرمانڕەواییەکی ناوەنـدی بەهـێز دەناسرێنەوە. لە هەموو روویەکەوە لە هەوڵی بەرژەوەندیی خۆیاندان. هـەمـوو دەسـەڵاتـەکان و جـومگەکـانی بەڕێـوەبـردن، لە دەستی یـەک کـەس دایـە، کە سـەرۆکی دەوڵـەتە یان سـەرۆکی کـۆمـارە.
لە سایەی دەسـەڵاتی دیکـتاتـۆری تاكـڕەو و تاک پارتیـدا، رۆژ لە دوای رۆژ ئـازادی و دیمـوکـراتی و یەکـسانی و دادوەری و مـافـەکانی مـرۆڤ بەرتـەسـک دەبنـەوە. هەموو لایەنەکانی ژیانیان کۆنترۆڵکـردووە. هەموو پێگە و پـۆستێکی باڵایان قـورخکـردوون.
گـوێ لە سکاڵاو و لە داواکانی گەلەکەیان ناگرن. رێش بە خۆپێشاندانی ناڕازی نادەن.
دەوڵەتە تـۆتالیتارییەکان، سیاسەتی ئابـووری کۆنترۆڵ دەکەن. دەست بەسەر ئابووری و بـازاڕەکـانـدا دەگـرن. پـلانی ئابـووری و بـودجـەش دەوڵـەتی نـاوەنـدی دایـدەنـێـت. هـەر خـۆیـان خـاوەنـدارێـتی یـەکـە ئابـوورییە گەورەکـانـن.

زۆرێک لە دەوڵەتە پۆتالیتارییەکان، بۆ راکێشانی سۆزی مرۆڤە ساویلکەکان، فاکتەری ئایـن دەقـۆزنەوە. خۆیان بە خـوای سەر زەوی دەزانن. مـلکەچ نەبـوون بۆ فەرمـان و سیاسەتەکانیان، بە دژایەتیکـردنی خوا دەزانـن و سزای لە سێدارەدانانیان دەدەن. ئـەم راستیەش لە کۆمـاری پەت و سـێدارەی ئێرانی ئیسلامیـدا پراکـتیزە دەکـریت. بە دەیان لاوی کوردیان بە تومەتی هەڵبەستراوی”دژی خـوا” لە سێدارەدران. لە راستیدا لەبەر ئـەوەی کە ئـەوانە کوردبـوون و ئازادیخـوازبـوون. لەسەر بـاڵانـەنەپـۆشـین بە دەیـان کچی لاویان گرت لەژێـر ئەشکەنجـەداندا مردن. لەوانەش جوانـەمەرگ ژینـا ئـەمـینی.
لە رژێـمێکی دیکتاتۆری و کۆنەپەرست و بێـڕەوشتی وەک کۆمـاری پەت و سـێدارەی ئێـران نەبـێـت، لە کـام لە وڵاتـانی جیهـانـدا “پـۆلـیسی رەوشـتی” هـەیـە؟!
تـۆتـالیـتاریـزم و فـاشـیـزم لەیـەک دەچـن و هـەردووکـیان دوو جـۆری سـتەمکاریـن، بەڵام فاشیزم ئایدۆلـۆژیایەکی زۆر کۆنـترە لە تـۆتالیتاریـزم. فـاشـیزم لە هەلومەرجی ئـابـووری و مێـژوویـی دوای جـەنـگی جـیهـانـیی یـەکـەم، بـە زەقـی بـوونی هـەبـوو. فـاشـیـزم دژایـەتی تـاکـگەرایی دەکـات و ئایـدۆلـۆژیـایی دیمـوکـراتی رەتـدەکـاتەوە.
ئەگەرچی هەندێک تـۆتالیتاریزم بە دیاردەیەکی مـۆدێـرن دادەنێت، بەڵام تـۆتالیتاریزم رەگ و ریشـەی مێـژوویی ئـاڵـۆزی هـەیە و دەگـەڕێـتـەوە بـۆ پێـش زایـنی. لە ساڵی (٤٣٠) ی پێش زاینی لە یـۆنـان لە (سپارتا) لە سەردەمی شا (لیـۆنیـداس) دامەزرا.
لەگەڵ دەستپێکـردنی جەنگی جیهانی دووەمـدا، تـۆتـالـیتاریـزمی دەرەوەی دەوڵـەت، بوو بە هـاوتـای حکومەتی تاک پـارتی رەهـای سەرکوتکەر. لە نموونەی دەسەڵاتی تـاک سەرکـردەوە و تـاک پـارتی، ئەمـانە دیکـتاتـۆری رژێـمە تـۆتالییەکـان بـوون:
ئەڵمـانیـای نـازی ـ لە سەردەمی ئەدۆڵـف هـیـتلەر. یەکـێتی سـۆڤـیەت ـ لە سەردەمی جـۆزێـف سـتالـین. ئیتـاڵـیای فـاشستی ـ لە سـەردەمئ بـیـنـیـتـۆ مـۆسۆلـین. کـۆماری چـین ـ لە سەردەمی مـاوتسی تـۆنـگ. کۆریـای باکـوور، لەسەردەمی خـێـزانی کـیـم، سەرۆکی ئێستای کۆریـای باکوور ـ کیـم جـۆنگ ئـۆن. لـەم سەردەمـەشـدا لە چـەنـد وڵاتێکی جیهـانـدا چەنـدیـن دیکـتاتـۆری سیکـۆپاتی و سـتەمکار هـەن کە تاکـڕەوانە دەستیان بەسەر وڵاتـەکانیانـدا گرتـوون و ئـازادیـیان پـاوەن کـردوون و تـاک پـارتی وڵاتـەکانیان بە ڕێـوەدەبـن. لەوانـەش، روسیا و تـورکیـا و ئێـران و سوریـا… هـتد.
تایبـەتمـەنـدییـەکانی تـۆتـالـیتاری
١ـ تۆتالیتاریزم ئایدیـۆلـۆژیایەکی ئاراستەکراوە. لەسەر بنەمای لەپێش هەموو شتێک
و لەسەرووی هەموو شـتێکەوە، بە تایـبـەتی جەخـت لەسـەر پـرسی مـلکەچـبـوون و پابـەنـدبـوون و هـاوبەستەبـوونی رەهـا بـۆ دەوڵـەت رژیـمـەکەی دەکـات.
٢ـ دەسەڵات و بەڕێـوەبـردن لە دەستی (تاک پارتی) سیاسی دایە، کە بەزۆری لەلایەن دیکتاتۆرێکەوە سەرکردایەتی دەکات و بەڕێـوەی دەبات. هەموو چالاکییە سیاسییەکان قـورخ و پـاوەن دەکـات. ئـۆپـۆزسـیۆن و رەخـنەگـرتـن و نـاڕەزایی قـەدەغـەدەکـات.
٣ـ بەکارهـێنانی شێوازی توندوتیژی و هەڕەشە و تۆقاندن، لەرێگەی پۆلیسی نهـێنی (سـیخوڕەکـانیان) بـۆ چـاودێـری و بـۆ کـۆنتـرۆڵکـردن و بۆ بـێـزارکردنی هـاوڵاتیـان.
٤ـ هێز و چەک و سوپا لەژێردەستی دەوڵەت دایە، بۆ سەرکوتکردن بەکاریان دەهێنن.
٥ـ کـۆنـترۆڵی زانیاری و هەموو میـدیاکان دەکـەن و سانسۆری تـونـد و سنوورداریان دەکەن. تەنیا بۆ پـڕوپاگەنـدە و بانگەشە و پیاهـەڵـدانی دەسەڵاتیـان بەکاریان دەهـێـنن.
٦ـ دەستـێوەردانی دەوڵـەت لە سیاسەتی ئابـووری وڵاتـدا. دەست بەسەر بازاڕەکـانـدا دەگرن، لە رێگەی خاوەنـدارێتی زۆربەی یەکە ئابـوورییە گەورەکان و بەرهەمهـێنان، بـۆ سوود و بەرژەوەنـدیی تایبـەتی خـۆیان. خۆیان های لایف دەژین باکیان بەوە نییە کە گـەل بـرسی و نەبـوو و بێ خـزمەتگـوزاریبێـت.
٧ـ دەوڵـەتی تۆتـالـیتاری، هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، راپەڕانـدن، دادوەری. لەژێـر کۆنترۆڵ و ئاراستەکردنی دان. دەسەڵات خۆی لە سەرووی یاساوە دەزانێت. تەنانەت بـڕوایـان بەو یاسایانەش نییە، کە خـۆیان دایـان ناون و بـڕیاریـان لەسەر داون. هیچ یاسایەکیش دانانرێت، ئەگەر لە بەرژەوەنـدیی دەسەڵاتی ستەمکاردا نەبێت. هـیچ کەس و لایەنێکیش بۆیان نییە لپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن و باس لە گەندەڵییەکانیان بکەن.
بە کورتی، تۆتـالـیتاریـزم، فـۆرمێکی فەرمانڕەوایی سیاسی دیکتاتۆری و ستەمکاری و تـاک سـەرکـردە و تـاک پـارتـیی تـونـدڕەوە. دەسـەڵات و هـەژمـوونی تـەواوی بەسـەر ژیانی گشتی و تایبەتی تاک و کۆمەڵ و هەموو جومگەکانی دەوڵەتـدا هـەیە. لە سایەی دەسەڵاتی دەوڵەتی تـۆتالـیتاریـدا، ئـازادیی تاک و ئازادیی رۆژنامە و مافـەکانی مـرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی و دیموکـراتی و ئۆپـۆزسیۆن و فـرە ئایـدۆلـۆژیایی بوونیان نیـیە. دەسەڵاتێکی نـاوەنـدیی گـشتگـیرییـە و دان بە فـیـدراڵی و بە خـۆبـەڕێـوەبـردنی هـەرێمـایـەتی و بە کـیـسە جـیـاییـدا نانێـت.
هەنـدێ جار دەسەڵاتی دیکتاتـۆری، دەیانەوێت بە بەڵـێنی گەورە و بە درۆی چاکـسازی و بە دروشمی بـریـق و باق، خـەڵکی سادە و ساویـلکە فـریـوبـدەن و خـۆڵ لە چاویـان بـکەن. لەوانـەیە هـەڵـبژاردنی ساخـتەش بـکەن ، یان راپـرسیی درۆش ئەنـجـام بـدەن. ئاخـر چی ئەقـڵ و لـۆژیکێک هـەیە کە بـڕوا بەوە بکات، کە دیکتاتـۆرێکی خوێنرێـژ و ستەمکار و تاکڕەوی وەک (سەدام حوسێـن)ی گـۆڕبەگـۆڕ، لە راپـرسییەکی گـشتیدا، رێـژەی لە (٩٩،٩%) دەنگەکـانی رازیبـوون بە (بـەڵێ) بەدەسـتـبهـێنـێـت؟!

بە زۆری ئەم ستەمکار و دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارانە، لە لایەن گەلەوە هەڵـنەبـژێـراون، یان بە هەڵـبژاردنێکئ گـشتی ساختە هەڵـبژێـراون. یان لە رێگەی بنەماڵەیی یان لەڕێی قـۆستنەوەی باردۆخـێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابـووری و بـۆشـایی فەرمانـرەوایی، یان لە ڕێـگەی کـودەتـایەکی سەربـازی یـان قـەیـرانی سـیاسی و دۆخـێکی نـائاساییەوە دەسـتیان بەسـەر دەسەڵاتـدا گـرتـوون. بە ئاسن و ئـاگـر درێـژە بە دەسەڵاتـیـان دەدەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەند سایتێکی ئینگـلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




شێخ سەنعان لە رۆمانی ئۆرتینا.. رۆژگار خالید

” مەیخانەکەی ئۆرتینا “
نووسینی ” نەبەز گۆران ” .
ئەم ڕۆمانە لەبارەی شاڕێگەی گەشتی ژیانی شێخی سەنعان نووسراوە کە قەدەری ژیان شێتی دەکات و بەدیار جوانییەوە دەمرێت .
لە سەرەتای ڕۆمانەکە نووسەر
دەڵێت
” هەر کەسێک گووتی من هەموو شتێک دەبینم کوێرێکی تەواوە ” .
بۆ ئەوەی لە چەندین گۆشەوە لەبارەی شێخی سەنعانەوە بزانین .
مامۆستا هێمنی موکریانی بەرز لە شیعرێکی
دەفەرموو
شێخی سەنعان بۆ کچی گاور لە ئیسلام وەرگەڕا
من خەریکم
بۆ کچە شێخێ پەشیمان ببمەوە !
تۆ بەڵێنم پێ بدە
تا من بەرەو ژوان ببمەوە
بمدەیە ماچێکی تەڕ لەم لێوە
با جوان ببمەوە
من گوڵی سەر گۆڕی ئاواتی لەمێژینەم
بەڵام
ڕێژنێکم لێ بدا
پێم وایە بۆ ڕوان ببمەوە !
شێخی سەنعان پیاوێکی پیری بەتەمەن و خوداناس و بیرمەندە ، خەونێک دەبینێت بۆیە بڕیار دەدا بەدوای مانای خەونەکەی بکەوێت .
لەگەڵ 3 لە قوتابییەکانی کە بۆ فێربوونی زانست و ئایین دەرسیان پێدەڵێت گەشتەکەی دەستپێدەکەن بەناوەکانی ” غەرقانی تەمبورژەن لە شاری تاقەوسان و ڕودانی ڕۆمی لە ووڵاتی ڕۆم و غەزنەوانی بنووس خەڵکی شاری حیجازە “.
ئەو شوێنەی گەشتی بۆدەکەن دەتوانم بڵێم ناوچەکانی ” تەوێلە _ بیارە خورماڵ ” بێت ئەم بەهەشتەی لەسەر زەوی خودا دروستی کردیە بۆ میللەتی کورد . دوای گەیشتنی بە شارەکە بەدوای عەشقی نێو خەونەکەی ” تینا ” دەگەڕێت و دەیەوێت ببینێ . لەگەڵ ئەوەشدا قوتابییەکانی فێری عەشق و شەیدایی و شەڕی ئایینی دەکات . پێی وایە هەر کەسێک لە ئێمە لەڕێگەی شتێکەوە دەتوانێت لە خودای قووڵ ببێتەوە و ئاراستەی تیشکەکان لە خاڵێک کۆبکاتەوە ، ئەم خاڵە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە جیاوازە . بۆیە هەریەکێک لە ئێمە ئەو خاڵە یا ئەو تیشکەین . ڕۆژێک دێت تێدەگەین ئەو ڕێگەیە بۆ خودای گرتوومانە ڕێگەیەکە لەو هەزاران ڕێگەیی خەڵکی دیکە گرتوویانەتەبەر تاوەکو لە هێز و توانای خودای قووڵ ببنەوە . شێخی سەنعان ئەو ڕێز و متمانە و ئارامی و زانیاری و تەمەنەی هەیەتی لەدەستی دەدا و هەموو شتێک لە کچێکی گاور دەبینێتەوە وە ئاواتی ئەوە دەبێت ئەم شۆخە ببینێ . لێکدانەوەکان ئەوەیە پێی دەگات دەبینێ و هەندێکی دیکەش ئەوەیە تینا ڕازی نابێت بیبینێت . هەربۆیە شێخ و قوتابییەکانی رووبەڕووی سەختی و ناخۆشی و شەڕ و تانە و تەشەری خەڵکی شارەکە دەبنەوە . ئەو شارەی فێرت دەکا شەڕی خەڵکێک بکەی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا هەن . لە بەرامبەر ئەم خەڵکەدا دەبێت بەهەموو پێوەرێک جیاواز ببی . هەموو ووشەیەکی ڕەق پێویستی بەقسەیەکی شیرین هەیە . لە بەرامبەر هەموو ئەزیەتدانێک ئارامییەکی پێویستە . لە بەرامبەر هەموو نەزانینێک دونیایەک زانین هەیە . لەبەرامبەر سەدان شەیتان دەتوانێت خودات بەبیر بهێنیتەوە . لەبەرامبەر دۆزەخێک پێت دەڵێت بەهەشتێک هەیە بەڵام چۆن پێی دەگەی . لەبەرامبەر مردن فێرت دەکا یەخەی ژیان بگریت . لەبەرامبەر گریان و ناخۆشی فێری دەکا پێبکەنی . پێمان دەڵێت ژیان مەبینە بەڵکو بەدوای ژیان بکەوە . جوانترین بەشی ڕۆمانەکە پەیوەندییەکی قووڵ و جوان لەنێوان مرۆڤەکان و شارەکان نیشان دەدات و دەنووسێت : مرۆڤ لەدوای تەمەنی 60 ساڵی پێویستی بەوە نییە خراپە بکا .
_ ئەوەی بێتە ئەم شارە پێویستە ڕوحی پارچە پارچەبکات بەسەر ئایینەکاندا چونکە شارێکی فرە ئایینە .
_ گوناهی ژیانە دونیای لەبەر چاوت کردبووە یەک شار پەڕ و باڵی کردووی لەیەک شار قەتیسی کردی .
_ خودا لەنێو دڵەکاندایە و ناتوانین ببینین .
_ بڕیار لەسەر شتێک مەدە بەچاو نابینرێت .
_ لە شێخ شەرم ناکەی لە خودای شەرم بکە .
_ بۆچی تەماشاکردنی سروشت و ئاسمان و ئەستێرە و گوڵ ئاسایی بێت و بینینی ئافرەت گوناهبێت ، جوانی هەر جوانییە !
_ نیەتی باش بخە دڵتەوە .
_ کاری من بنووسیە نووسینەوەی خەیاڵ و ئەندێشەی خەڵکی تر هەر جارە و لای یەکێک کاردەکەم ، کارەکەی من دەتکاتە سێبەری ئەو کەسەی کاری بۆ دەکەیت .
_ کەبووی بە سێبەر خۆت وون دەکەی دەبیت بەم کەسە کاری بنووسی بۆ دەکەی .
_ من شوێنکەوتەی شتێکم بەچاو نابینرێت بەدڵ هەستی پێدەکرێت دەمەوێت بۆ یەکجار یش بێت لەم دونیا بەرینە ئەو جوانییە ببینم هەستی پێدەکەم .
_ تینا ئەو شۆخەی خودا لەبەر جوانییەکەی ئەو ئەو شارەی پاراستووە .
_ مرۆڤیش بەڕوخسار و زمانی نایناسی دەبێ لێیەوە نزیک بیت و بچیتە ناخییەوە ئەوسا دەزانی چ جۆرێکە !
_ نیەتی من بۆچێژ وەرگرتن نییە بۆ وانە وەرگرتنە .
_ کاتێک ڕق هەڵی کرد یەکەم شت کە دەمرێت خۆشەویستی ناو دڵەکانە .
_ بۆم باسکرد لە شارەکەی خۆمان شاری ئایینەکان نییە مرۆڤ ناتوانێت ئایینەکانی دیکە ببینێت و تێبگات جیهانی ئەوان چییە .
_ کاری ئێمە نییە ئازاری ڕوحلەبەرەکان بدەین چونکە پاداشت و سزا لای خودایە .
_ تکام وایە لەمرۆوە هەنگاوێک لە ڕقەکەی ناختان دوور بکەونەوە هەنگاوێک لە جوانی و خۆشەویستی نزیک ببنەوە .
_ مرۆڤ دەتوانێت بەچەند ساتێکی کەم ببێتە دڕندەیەکی گەورە ، بەس چەند ساڵێکی پێویستە تاببێتەوە بەمرۆڤ .
_ خراپە لەخۆت و خەڵک دووربخەوە ئەوە باشترین زیکر و باشترین نوێژە لای خودای .
_ لەناو هەموو ئایینێکی ئاسمانیدا روحێک هەیە ئەم روحە ئەسلی ئایینەکەیە .
_ ژیان ئەوە ناهێنێت سەری خۆتی بۆ نەوی بکەی دوو ڕۆژ سەرت بەرز بکەوە بایی هەزار ساڵ سەرنەویکردنە .
_ جا کە خەڵک لە شتێک نائومێد بوو ئارەزوو دەکات بە زمانە تیژەکەی وێرانی بکا .
_ لە نێوان ئایین و بڕوا دەبێ یەکێک هەڵبژێرم گەر ئایینم هەڵبژارد خەڵکی شارەکە بەپیرمەوە دێت و پیرۆزم دەکەن گەر بڕوام هەڵبژارد نەفرەتم لێدەکەن.
_ لەناو گیانداران تەنها مرۆڤ خەون دەبینێ و ئارەزووی گەیشتنی بەخەونی هەیە .
_ گوێ بناغەی بیرکردنەوەیە گوێیەکانی خۆتان جوان پەروەردە بکەن با ژیانتان جوان بێت .
_ گیاندارێک لەم سەرزەمینە نییە لە مرۆڤ ترسناکتربێت و یەکێکم لەو کەسانەی بەردەوام دەترسم چونکە مرۆڤ چێژی زۆر دەبینێت لە ئازاردانی بەرامبەرەکەی .
_ پاککردنەوەی ڕوح سەختترە لە پاککردنەوەی ژیان .
_ ژیان بە شوێنەکان خۆش نابێت ژیان بەو خۆشییە خۆش دەبێت کەسەکان بە یەکدی دەبەخشن .
_ خۆشی ژیان لەگەڵ کەسێک ڕێزت بگرێت ئارام بێت زمانی شیرین بێت دووربێت لە توڕەیی جوانییەکان ببینێ .
کۆتایی ڕۆمانەکە بە پەشیمان بوونەوە و دلشکان و بێ تاقەتی و جیابوونەوەیەکی هەتا هەتایی کۆتایی دێت .
تێدەگەین /
لەتەجروبەی ژیانەوە دەنکە خۆڵیک یا بەردێک یاخود گوڵێک یاخود گۆمە ئاوێک یاخود پەپولەیەک یاخود بایەکی سارد یاخود ڕووناکی تیشکی خۆر یاخود تاریکی شەو لە ساتێکەوە تێپەڕ ناکات .
تێدەگەین /
گریانی مرۆڤێک یاخود پێکەنینی مرۆڤێک بەنێو کات و شوێن تێپەڕبوونە بەنێو کەسانێک سەدان ساڵی دیکە دەژین .
لەشوێنێک هەی لەپڕ هێزێک یاخود ترسێک یا نەفرەتێک تێدەپەڕێت دەبنەوە تارمایی و دەبنەوە ئەو هێزە ووجودیە نەبینراوی هەبووە .
تێدەگەین /
وەک تارمایی یانیش وەک سێبەرێک بووینە بە ئەرک بەسەر ئەو گەردوونەی .




کاریگەریەکانی ناڕەزایەتی مرۆڤدۆستی لەسەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا.. نوری بەشیر

بزوتنەوەیەکی مەزن و گەورەی جیهانی هەر لەسەرەتای هێرشە دژی مرۆڤایەتیەکانی حکومەتی ئیسرائیلەوە، بەردەوام بۆماوەی زیاتر لە سێ مانگە شەقامی شارەکانی جیهانی داگرتووە، کە داوای ئاگربەست دەکات، ئەمەش بەمانای؛ نا بۆ کوشتار، نا بۆ کاولکاری و نا بۆ جینۆساید کە لە غەززە ئەنجامدەدرێت.
هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیی دنیای چەندقوتبی کە هەم جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین و بەدوایدا فراوانبوونەوەی گرژی ناوچەکە، وایکردووە نەک تەنیا تەنگەژەی ئیسرائیل بەڵكو ئەمریکاو وڵاتانی غەربیشی توشی هەژان کردووە، ئیتر هەر بەو هێندەی کە ئەمریکا وەک تاک جەمسەری جێگاو رێگای خۆی لەچاو پێشوودا وەک زلهێزی دنیا لەدەستداوە، جێگاوڕێگای ئیسرائیلیش بۆ ئەمریکا وەک پێشوو نەماوە، بۆیە پشێویەک کە لەجیهاندا هەیەو بەتایبەت لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، ئەو پشێویەی ناوچەکەی زیادکردووە، چ بۆ جەمسەری ئەمریکاو جەمسەری بەرامبەر لە روسیاو چین و وڵاتانی ناوچەکە ئەوە ناخوازێت، بەدوای رێگاچارەدان بۆ ئارامی زیاترو بەرژەوەندی سەرمایەکانیان لەم دەورەیەدا. لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل توشی قەیرانێک بووە بەتایبەت چۆنیەتی دەرچوون لەم جەنگەی بەرپای کردووە، بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جیهانی یەخەی گرتووە چ لەناوەوەو چ لەئاستی دنیادا هێندەی تر قەیرانەکەی بەڕوویدا قوڵتر کردۆتەوە.
ناڕەزایەتیەک وەک بزوتنەوەیەکی مرۆڤدۆستی و ئازادیخواز سەڕەڕای کۆمەڵکوژی خەڵكی غەززەو چونەسەرەوەی کوشتار لە ئیسرائیل، وە داوای هاوکاری زیاتر لەهاوپەیمانانی و چونەسەرەوەی ناڕەزایەتیەکان لە ئیسرائیل و لەئاستی ناوچەکەدا، قەیرانەکانی لەسەر ئیسرائیل و ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواوی زیاتر کردووەو تا دەگاتە کەوتنەمەترسی رێگای بازرگانیان لە ناوچەکەدا لەدەریا و لەزەویەوە.
بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەدەرەوەی خواستی حکومەتەکان و حزبەکانی بۆرژوازی بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ کە ریشەیەکی مێژوویی هەیە، بەرئەنجامی چەند سەدە لەخەباتی چینی کرێكارو ژنان و هەروەها کاریگەریەکانی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بە ڕابەری لینینە، هەرچەندە سۆسیال دیموکرات پاشەکشەی کرد، هەرچەندە باڵی راستی بۆرژوازی ئەمڕۆ لەدنیادا زاڵە، بەردەوام هێرش بۆسەر ئەم دەستکەوتە جیهانیە دەهێنێت، لە هێڕشەکانی ریگان و تاتشەرەوە بە فراوانی دەستیپێکرد، تا ئەمڕۆ سەرانی وەک؛ ترامپ و بایدن، بلێرو بۆریس و سوناک، ماکرۆن و تا دەگاتە پۆتین، بەڵام بەردەوام ئەم بزوتنەوەیە هێشتا ئاڵا هەڵگری مافەکانی ئینسانە.
ئەم ناڕەزایەتیانە ئەگەر راستەوخۆ کاریگەری دانەنابێت لەوەی هەنگاوە جەنگخوازی و دژی ئینسانیەکانی سەرمایەداری حکومەتەکانیان بوەستێنێت، بەڵام لەدریژماوەدا ئەو حکومەتانەو سەرانی ئەو حکومەتانەی ریسوا کردوە، هەموو ریسوایی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەبینین کە لە جەنگی عێراقدا کردیان لەژێر پاساوی هەبوونی چەکی کیمیایی، تا دەگاتە، جەنگی ئێستای ئۆکرانیاو ئیسرائیل و ئەوەی لە ئەفغانستان و سوریا ئەنجامیاندا، وە ئەنجامە کارەستبارەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەیبینێت، کە چ ریسواییەکە بۆ سیستەمی سەرمایەداری بەهەر هاتوهاوارێکی مافی مرۆڤ و پێشکەوتنەوە، رووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەم بزوتنەوەیەی خوارەوەی کۆمەڵگا کە لەنەبوونی تەنیا یەک حکومەتی ئینساندۆست و رادیکاڵ لەدنیادا، هێشتا خۆی دەردەخات، بۆخۆی ئومێدو تاوێک بە مرۆڤایەتی لەئاستی دنیادا دەدات کە ئەم دنیای سەرمایەداری و رابەرایەتیەی بۆرژوازی کە جیا لەبەربەریزم هیچی تری لەدەست نایەت و بۆ مرۆڤایەتی بەکەڵک نەماوەو دەبێت، بڕوات. ئەم بزوتنەوەیە لە درێژەی خۆیدا بەشێوەی جۆراوجۆر خۆی نیشاندەدات و یەخەی سەرمایەداری و پیشێلکاریەکانی دەگرێت هەر لە؛ ئامادەیی یەک ملیۆنی لەلەندەن بەدژی لێدانی عێراق، تاکو ئامادەیی سێ مانگ لە شەقامەکانی بە سەدهەزاری و ملیۆنی لە ئاستی دنیادا بۆ غەززەو دژی ئیسرائیل و تا دەگاتە ناڕەزایەتی سەدان هەزار کەسی زیاتر لە پەنجا ناوچەی ئەڵمانیادا دژ بە پارتی ئەڵتەرناتیف AFD راستڕەوو راسیست و فاشیستی دژی پەنابەری، کە وەک هێزێکی گەورە خۆی نیشاندا، تا دەگاتە هێزی بەرگری لەخەڵكی کۆبانی.
ئەم بزوتنەوە ئینساندۆستی، ئازادیخواز، چەپ، کرێكاری و کۆمۆنیستیە، ئەوەتا کاریگەریەکانی نەک تەنیا لە ریسواکردن و لاخستنی حکومەتی ئیسرائیل و پاساوی کۆمەڵكوژی لەژێرناوی بەرگری لەخۆی دەکات، کاریگەریەکانی لەئاستی دنیادا لەسەر حکومەتەکان و حزب و لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیسرائیل داناوە. ناڕەزایەتیەکانی ئەم هێزە سەدان هەزاری و ملیۆنیە تەنیا هاوارو ناڕەزایەتیەکانی ڕووبە کوشتاری ئیسرائیل نیە کە ئەنجامی دەدات، بەڵکو یەخەی ئەو دەسەڵاتانەشی گرتووە کە لەپاڵ کوشتارو کاولکاری حکومەتی ئیسرائیلدا وەستاوەن لەچەشنی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا.
ئەم بزوتنەوە جیهانیە ئومێدبەخشە کاریگەرە کە داوای ئاگربەست دەکات و دەڵێت نا بۆ کوشتنی منداڵان لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، لە چوارەهەمین مانگی خۆیدا دەڵێت نا بۆ جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین و بەڵێ بۆ رێگاچارەی یەکجاری دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل، کە جیا لە کەلێنخستنە ناو یوئێن، وڵاتانێکی وەک باشووری ئەفریقا دێنێتە پێشەوە کە لە دادگای دادوەری نێودەوڵەتی (دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای) دا شکات لە ئیسرائیل بکات و بیباتە بەردەم دادگا و لەسەر کۆمەڵکوژیەکانی لە غەززە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم هێزە گەورەیە بەجۆرێک خۆی نیشانداوە کە نە حکومەتانی هاوپەیمانی ئیسرائیل دەتوانن پاشەکشەی پێبکەن، نە ئیسرائیل دەتوانێت، لەناوخۆدا بێدەنگیان بکات.
ئەم بزوتنەوەیە جیهانیە کە ریشەکەی لە خەباتی چینی کرێکار و سۆشیالیزمەوە سەرچاوەی گرتووە، کە نایەوێت جارێکی تر کێشەی فەلەستین برینی قوڵ و کۆمەڵکوژی لەنێوان خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستیندا بەردەوام بێت و دووبارە بێتەوە، ریزی خۆی بێماندووبوون بە دروشم و دەنگی بەرزەوە دەڵێت ئاگربەست و چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستینی خستۆتەر بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەربۆیە کاریگەری داناوە، هەر ئێستا ئەوروپای هێناوەتە سەر ئەوەی کە قسەوباس لەسەر چارەسەری کێشەی فەلەستین بکەن. رۆژی دوو شەممە ٢٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤ وەزارەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وەرەقەیەکی گفتوگۆی بۆ وڵاتانی ئەندام ناردووە کە نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل پێشنیار کردووە لە ژێرڕۆشنایی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر کەرتی غەززە بۆ زیاتر لە ٣ مانگ. پلانێکی ١٢ خاڵییان خستۆتەبەردەم کە داوای “کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ ئاشتی” دەکات کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا، میسر، ئوردن، سعودیە و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕێکدەخرێت، هاوکات بانگهێشتی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەچوونی. لە پلانی پێشنیارکراوی ئاشتیدا جەخت لە ئاگربەست کراوەتەوە و هەروەها دەڵێت “جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی کە شانبەشانی ئیسرائیل بژی، هیچ چارەسەرێکی هەمەلایەنە و متمانەپێکراو نییە”.
ئەم بزوتنەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە لە پشتیوانی دەوڵەتێکی شۆشیالیستی بەهرەمەند نیە، سەرەڕای ئەوەی کەلەچاو ئەو هێزە گەورەیەدا، چینی کرێکار بەرێزێکی سیاسی یەکپارچەو بە ڕابەری بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بەهێز تێیدا بەشدارنیە، بەڵام بەو ئاسۆ مرۆڤدۆستیەوە کە هەیەتی لەمەیداندایە، هەربۆیە گرنگە لەهەر گۆشەیەکەوە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بەهێزبکرێت، بەشداری تێدا بکرێت، بانگەوازی بۆ بکرێت و لەپاڵیدا بین تا ئەوکاتەی کە چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان بە هێزێکی زیاترەوە دەتوانن زیاتر چارەنوسی نەک تەنها کێشەی فەلەستین بەلایەکدا بخات، بەلکو ئەو کێشەو جەنگانەی کە سەرمایەداری بەرپای دەکات و مرۆڤایەتی لەبەردەم چارەنوسی نادیاردا ڕاگرتووە، بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانی.

٢٤\١\٢٠٢٤




کۆتایی عەشق وەک کۆتایی پشکۆیە.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

عەشق تەلارێک نییە بە گوڵ و گوڵزار پەرژین کرابێت تا بە ئاسانیی و بێ سڵەمینەوە بەرەو کەنارەکانی ھەنگاو بنێین، عەشق دەریایەکی لاسار و تووڕەیە و زاڵبوون بەسەر شەپۆلە ھەڵچووەکانیدا لە لە باوەشگرتنی ئەستێران زەحمەتترە. عەشق ماندووبوون و رەنجە، ئیرادەیەکی بێ کۆتاییە، ئەو ئیرادەیەی فەرھاد کێوی بێستونی بە دەرزی پێ بنکۆڵ کرد، ئەو ئیرادەیەی قاچی لەسەر زەوی چەقاندووە و سەری لەسەرو بڵندیی خۆر و ئەستێرانەوەیە. ھەنگاوەکانی چوون بۆ نێو مەملەکەی عەشق ئازاراوین، کۆڵانەکانی کۆشکی عەشق وەک کۆڵانەکانی دۆزەخ وان، ئەو رێبوارە لە خۆبردووەی بڕیار دەدات بەرەو ئەو تەلارە بڕوات دەبێت بزانێت فەرشی سوور لەبەر پێی رانەخراوە، بەڵکو بە دڕک و داڵ دەورە دراوە. عاشق نابێت بترسێت، عاشق نابێت بشڵەژێ، عاشق نابێ بلەرزێت، عاشق نابێ دوورەپەرێز بێت، چون عەشق ژان و ئازارە، عەشق جەنگێکی نەبڕاوەی سۆزە، عەشق تۆپەڵێک کۆدی نەبینراوە، لەمسکردن و رامکردنی وەک چنگیرکردنی رووناکی تیشک وایە. عاشق ھەموو کات مەحزونە، عاشق ھەموو کات سەرکەشە، عاشق ھەمیشە شریتی ژیانی لەنێوان ترسێکی تۆقێنەر و دڵنیاییەکی وەھمیدا دەڕوات. عەشق وەک شەراب تاڵە و تفتە، بەڵام تامی خەیاڵەکانی شیرینە، عەشق وەک ئاگر گەرمە، بەڵام وەک ئەو پرشنگدار و رووناکە، عەشق وەک بەفر ساردە، بەڵام ھەروەک وی سپی و بێگەردە، عەشق وەک شاخ سەخت و قایم و باڵابەرزە، بەڵام ھەروەک ئەویش سەرفراز و بڵندە.

عەشق خەونێکی قووڵە

تەلار و ھیوا دەمێک بوو بڕیاریاندا بوو بۆ ھەمیشە بۆ یەکتر بژین و بمرن، گفتوگۆکانی نێوانیان تەنیا و تەنیا باسی عەشق و دەربڕینی سۆز و پەیمان بوو، ئەم دووانە دوو فریشتەی عاشق بوون لە بەرگی دوو مرۆڤی ئەم زەمەنە بێ رەحمەدا. ھیوا وایدەزانی رۆمیۆیە و تەلاریش وایدەزانی ھەر بە تەنیا خۆی (جولێت)ە، بەجووتە دەیانویست موعجیزە بخوڵقێنن، ئەو راستییە رەھایە بە درۆ بخەنەوە کە زەمەنی ئێستا بە زەمەنی کۆتایی دێوانەکان لە قەڵەم دەدات. ھیوا و تەلار وایاندەزانی لە دوای غەرقبوونی تایتانیک و دابڕانی جاک و رۆز لە یەکتر، گەردوون جگە لە عەشقی ئەوان ھیچ عەشقێکی تری بەخۆوە نەدیوە. لە ھەموو بە یەکگەیشتنەکانیاندا وایاندەزانی خەون دەبینن، بەڵام کام خەون؟ خەونێکی قووڵ کە بوراقێکی شین بۆ نێو قووڵترین کەناری ئاسمانت دەیبردن. زۆربەی جار عەشقیان بە خەونێکی ئێجگار قووڵ لێکدەدایەوە، وا بیریان دەکردەوە خەون ھەمیشە و بۆ ھەتاھەتایە دژ و پێچەوانەی واقیعە، بەتایبەتی ئەم واقیعە گەنیوە. عەشقی نێوان ئەم کوڕ و کچە گەنجە کە ھێشتا بیست و پێنج ساڵی تەمەنیان تێنەپەڕیبوو، بەشێوەیەک سەرسوڕھێنەر بوو مەگەر لە توێی کتێب و ئەفسانەکاندا دەستت بکەون، تەنانەت ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگایان لەم پەیوەندییە بوو سەریان لەوە سوڕمابوو ھێشتا لەم دنیایەدا عەشقێک بەم رەنگ و شێوەیە ماوە و دەیەوێت تەحەدای ھەموو واقیعێکی داسەپاوی رووت بکات .

وەرزی دابڕان

ئەو ساڵانە وڵات ببووە (گەراجێکی گەورە) و ھەموو گەنجێک جانتاکەی لەبن دەستی بوو تا سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، پاپۆڕەکان ببوونە نیشتمانی رەسەنی گەنجانی خێرنەدیوی کورد. ئەو ساتانە باس ھەر باسی سنووری مینڕێژکراو و رێگای بەلەم و شەمەندەفەری قاچاغ بوو، ئەم سەفەرەش ناوی لێنرابوو گەشت لە ناڕەحەتییەکانی دۆزەخەوە رووەو بەھەشتی دڵفڕێن و ئارام. ھیوا بە رەزامەندیی خێزان و مەعشوقەکەی بڕیاری دا وەک ھەموو ئەو گەنجانەی تر ئەم سەفەرە پڕ لە کارەسات و نادیارە دەست پێبکات. زۆربەی ھەرە زۆری ھاوڕێکانی پێیان سەیربوو ھیوا ئەم بڕیارە بە پەلەیەی داوە!، چونکە لەو بڕوایەدا نەبوون ھەفتەیەک دوور لە دڵدارەکەی بتوانێت بژی، بەڵام وەڵامی بۆ ھاوڕێکانی ئەوە بوو دەیگووت: من و تەلار دوو کەس نین، نا، نا بە ھەڵەدا مەچن ئێمە یەکێکین، ئیتر خۆ نەکراوم بە دوولەتەوە تا ھەست بە دابڕان بکەم، من لەگەڵ ئەو دەژیم ھەروەھا ئەویش لەگەڵ من، ئەوە عەشق نییە گەر تۆ ھەستت کرد دووریت لە مەعشووقەکەت، بەڵکو عەشق ئەوەیە بە جۆرێک تێکەڵاو ببن ھیچ سنوور و لەمپەرێک لەنێوان عاشق و مەعشوقدا نەمێنێ، سەرەنجام ببنە یەک گیان، ئەوەش ھەروەک ئاوێتەبوونی دوو کانزا یان دوو رەنگ وایە یان وەک تێکەڵاوکردن و کارلێکردنی ئاو و مەی وایە. ھیوا بەو قەناعەتەوە کە تەنیا نییە و تەلار وەک سێبەر لەگەڵیدایە و بەشێوەیەکی مەعنەویی ھەردەم لەگەڵ یاد و یادەوەریی تەلاردایە، بەرەو ھەندەران بە رێ کەوت. دوای چەند رۆژێک بە رێگەی قاچاغ خۆی گەیاندە وڵاتی تورکیا، پاش مانەوەی چەند رۆژێکی کەمیش، ھیوا ھەموو ئاوات و قەدەر و چارەنووسی خۆی خستە دەستی قاچاخچییەکەوە و بڕیاری دا بە رێی ئاو و بە یەخت بۆ بەری یۆنان بپەڕێتەوە.

کارەساتێکی تاڵ

شەوێکی باراناویی لە پڕ قاچاغچییەکە کە بەلای راستدا دەلەنگی ھاواری کرد، “خێرا بکەن سواری ئەو لۆرییە بن”.، ھیوا وەک ھەموو نەفەرەکانی تر سواری لۆری بوو تا گەیشتە سەر دەریا، لەوێشەوە سواری یەخت بوون بە ئیجەدا بەرەو یۆنان، ترس باڵی بەسەر ھەموویاندا کێشابوو، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک ئەو پەنجا نەفەرە نوقمی بێدەنگی ببوون، ئەمەش یارمەتییەکی باشی خەیاڵەکانی ھیوای دەدا. لەپڕ یەکێکیان کە بە قۆشمەچی ناسرابوو، بە دەنگە بەسۆزەکەی گۆرانییەکی حەسەن زیرەکی چڕی و پەردەی ئەو بێدەنگییەی دڕاند، چەند کاتژمێرێک تێپەڕی ھەر بەناو دەریادا رێیان تەی دەکرد، دەریاش تووڕە ببوو ھەر لە منداڵێکی لاسار دەچوو، دەریا ئەو دەریایە نەبوو ھیوا بە رۆژ دیبووی، زۆر لاسار و رق ئەستوور دەھاتە پێش چاو، بەڵام ھەرچۆنێک بوو توانیان بەسەر ترسی خۆیان لە بەرامبەر ھەڵچوونی دەریادا زاڵ بن و بیبەزێنن. ئەوەبوو دواجار گەشتنە کەناری ئارام و لەوێشەوە خزێنرانە پشتی لۆرییەکی ترەوە “کە لەوێ پێیان دەگووت شاحینە” بەرەو ئەسینای پایتەختی دەبردن، ھەر لەگەڵ گەیشتنیان بە ئەسینا ھیوا ھەناسەیەکی ھەڵمژی و بیری کردەوە ئەوە کیشوەرێک لە یارە غەمبارەکەی دوورکەوتۆتەوە.
ھیواا خێرا خۆی ئامادە کرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگاتە ئیتاڵیا، لەگەڵ قاچاغچییەکی تر رێک کەوت، دوای چوار رۆژی تر بە شاحینە بیگەیەنێتە ئیتاڵیا، دوای ئەو چوار رۆژە لەگەڵ سیانزە کەسی تردا بە ڕێ کەوتن، لە رێگە یەکێک باسی دەفتەرە دۆلار و یەکێکی تر باسی دوکان و بازاڕی دەکرد، یەکێکی تر بە باڵای ئەوروپای پڕ ئافرەتی چاوشین و جواندا ھەڵیدەدا و شیعری دەھۆنییەوە، بەڵام ئەم بێدەنگ لە یادی دڵدارەکەیدا نغرۆ ببوو، وەک مقەبایەک لە تەنیشت نەفەرەکانی ترەوە لە خەیاڵات و خەونەکانی خۆیدا دەژیا، لە ھەرا و ھوریا و چیرۆکەکانی ئەوانی تر تەواو بێ ئاگا ببوو، نەفەرەکانی تر سەریان لەو بێدەنگی و چاو داخستنەی ھیوا سوڕمابوو، چاک دەیانزانی ھیوا چاوی بڕیوەتە شتێک، بەڵام بێ خەبەرن لەوەی ئەو شتە چییە؟. تا مامۆستا ئازاد کە وەک ئەو نەفەرێکی قاچاغ بوو، ھیوای دواند، ئەویش بوخچەی دڵی بۆ کردنەوە و بە دوور و درێژیی و بەلاغەتەکەی خۆیەوە باسی عیشقی بۆ کردن و متی کردن، وای لێکردن ھەموو ئیست بگرن و دەست بخەنە ژێر چەنەگەیان بۆ بیرکردنەوە. ئەم دەمەتەقێیە ھەر بەردەوام بوو تا ئەوەی شۆفێرەکە ھاواری لێکردن دابەزن ئێوە گەیشتنە رۆما، ئەوەبوو یەک یەک دابەزین، بەڵام لەم کاتەدا ئۆتۆمبێلێکی تیژڕۆ لە ھیوای دا و جەستەی لە خوێندا سوور کرد، بەدەم ناڵانەوە تا مردن ھەر ھاواری بوو تەلار، تەلار، بەڵام خوداش بەو ھەموو بەزەییەوە نەگەیشتە فریای! ھیوا لەوێ وەک ئەستێرەیەکی ئاسمانی عەشق کشا، ئەوساتە ساتی نامۆبوون بوو، لەوانەیە ھەر لەو کاتەدا بووبێ کە تەلار پیاڵە چایەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە و نەیزانی بۆچی وا لە ناکاو راوەستا و ئیستی گرت. کارەساتە تاڵ و گەورەکە روویدا، ھیوا وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار کشا و تەلاریش وەک مۆمێکی گەش بێ خەبەرە.

مۆمی بەر رەشەبا

ساتێک ھیوا لە ئاسمانی تەلاردا ئاوابوو، تروسکاویی ھیوا و ئومێدی کوژایەوە، وەک مۆمێکی سەرکزی بەر رەشەبا و زریانێکی بەھێز خۆی دەنواند. سەری دنیای لێ ھاتبووەوە یەک، دەیزانی بوونی ئەو بە بوونی ھیواوە واتادارە. بەردەوام دەستە خوشک و ھاوڕێ نزیکەکانی ھەرچەندە دڵیان دەدایەوە، بەڵام ئەو بۆ ساتێک چییە ھێور نەدەبووەوە لە فرمێسک ھەڵڕشتن کە بەسەر روومەتی گەشیدا جۆگەلەی بەستبوو،. چاوە زۆر رەشەکانیشی ھەروەک ئەوەی نوقڵانەی تەعزێیەکیان پێدابێ خۆیان رەشتر دەنواندا بەسەر رووە سپی و نازدارەکەیەوە. تەلار تەواو بێ ئومێد بوو، ئەم دنیا گەورەیەش ئەوەندە بچووک ببووەوە لە پێش چاوانی، وا ھەستی دەکرد لە زیندانێکی تاکەکەسیدایە، تیایدا تەنگە نەفەس دەبوو، خواردنی ئەو ببووە ھەڵمژینی غەم و پەژارە، خەویش بە تەواوەتی ماڵئاوایی لێکردبوو. دەیزانی ئاوابوونی ھیوا ھیچ ھەڵھاتنێکی نوێی بە دواوە نییە، بۆیە ئومێدبڕاو ببوو لەوەی جارێکی تر ھەتاو و رووناکی عەشق روو لە ئاسمانی بکەنەوە. ئەو کەرتێکی تەنیا بوو، بەشەکەی تری خۆی لە دنیای ونی بەرزەخدا بوو، پەلەی بوو بۆ ئەوەی بگاتە لای ئەو، چونکە بۆی ئاسان نەبوو ساڵانێکی دوورودرێژ و بێ بڕانەوە بە تەنیایی و یەک لەتیی بەردەوام بێت و بژی.
پێشتر لە تەلەفۆندا بە ھاوڕێیەکی نزیکی وتبوو، دنیا یەک جار تامی ھەیە و بۆ ھەموو کەسیش یەک ھەل ھەیە، من ھەر زوو زۆر ھەلی خۆمم دەست کەوت لە دۆزینەوەی ھیوادا، بەڵام قەدەری شووم و رەش و ئۆتۆمبێلی دڕندە لێیان زەوت کردم. بۆیە من شانسی خۆمم لە دەستدا، بێگومان دونیا دوو ھەلی تێدا نییە تا من بە تەمای ئەوە بم ھەلی دووەم بێتەوە بەردەمم، منیش بڕیار دەدەم بە شتێک کە ناوی مردنە، رەنگە ئەو مردنە بە لای خۆمەوە ژیان بێت، بەڵام ئێوە لە ھەڵەدان بە مردن و فەنابوون لێی تێدەگەن. بە درێژایی زیاتر لە مانگێک، تەلار لە نێو فرمێسک و خۆخواردنەوەدا بوو، تاو ئەو کاتەی بە ھەموو متمانەیەکەوە بڕیاری دا بە شەش دەنک حەب کۆتایی بە خۆی بھێنێت و لە ژوانگەی بەرزەخدا دەست لەملانی دڵدارە دەم بە خەندە و جوانەمەرگەکەی پڕ بە کامی دڵ سەما بکات، تا دەست لەملان وانەیەکی نوێ و جوانی عەشق پێشکەش بکەن، بەڵکو بەسەر ھەموو قەدەر و چارەنووسە داسەپاوەکاندا زاڵ بن. بەرەبەیانییەکی زوو، لەگەڵ گزنگی خۆر و کازیوەی دەم بەیاندا لە ماڵی تەلار بوو بە شین و شەپۆڕ و واوەیلا، ھەر ھاوار بوو: کچە جوانەکەم رۆ، خوشکە نازدارەکەم رۆ، ئامۆزا بەدبەختەکەم رۆ، رۆ رۆ رۆ و ھەزاران رۆ رۆ.. تەلاریش وەک پەپوولەیەکی ناسک و رەنگین لە سەرەتای وەرزی تەمەن و ژیاندا ئاوابوو، بە ئاوابوونەکەشی وانەیەکی زۆر جوانی پێشکەش کرد، پەیمان و وەفا راستەقینەکەی خۆی بۆ ھیوا سەلماند کە تەنیا ھیوا بۆ تەلار، تەلاریش بۆ ھیوایە و تەواو، ئەمەش ھاوکێشەیەکە ھیچ ھێزێک نییە لە دنیادا بتوانێت بیگۆڕێت.

کۆتایی عەشق وەک کۆتایی پشکۆیە

کۆتایی عەشق سووتماکبوونە، دڵەکان پێش عەشق وەک خەڵوز رەشێکی قەترانین، لە کاتی عەشقیشدا وەک پشکۆیەکی سوور گەش و پرشنگدارن، بەڵام سەرەنجامەکەی چیتر نییە جگە لە بە خۆڵەمێشبوون و کوژانەوەی یەکجاریی. عەشق بە سەختی و دژواریی دەست پێدەکات و ھەرواش کۆتایی پێدێت، عەشق بە ئازار و دڕک لە دڵ چەقین دەست پێدەکات و دواجاریش بە ناکامی و دەستبەتاڵی کۆتایی پێدێت. عەشق مەشخەڵێکی ئاگرە، ئەوەی لێی نزیک بێتەوە جگە لە سووتان و فەوتبوون ھیچی تری بەنسیب نابێت. عەشق کەیف و شادیی نییە، بەڵکو حوزنێکی قووڵە، بە چارەنووسی ھەر کەسێکەوە لکا ئەوا یان دەیکاتە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی یان شێتێکی سەرگەردان و پەتەڕی. عەشق وا دەکات مردن لە ئاو خواردنەوە ساناتر بێت، عەشق وا دەکات ژیان مەحاڵ بێت، عەشق وا دەکات فڕین بۆ دوورترین شوێن نزیکترین خاڵ بێت. عەشق وا دەکات زەوی لەسەر لەپی دەست رابگریت، عەشق وا دەکات جڵەو شل بکەیت بۆ سۆز و وەک کۆلارەیەک بەکرەی بۆ شل بکەیت ئیدی بۆ کوێت ببات، دەبێت لە دووی بچیت.
عەشق وا دەکات موعجیزە بخووڵقێنیت، ئاخر عەشق بە ھەموو جۆرێک دژی عەقڵە، ھەروەک چۆن عەقڵ دوژمنایەتی باوەکوژی لەگەڵ عەشقدا ھەیە، ھەر کاتێک عەقڵ تەحەکومی کرد بەسەر مرۆڤدا عەشق ماڵ دەگوازێتەوە و باردەکات بۆ دوورترین دوورگە، ھەرکاتیش عەشق جێی گرت ئەوا عەقڵ بە ھەڵەداوان را دەکات و خۆی لە سۆزی رووتی قورسی عاشق دەرباز دەکات. عەشق چیتر نییە جگە لە وەھمێکی رووت و ھەوایەکی خنکێنەر، ئەو وەک تریاک وایە بێ ئەوەی بزانین و پرسیار بکەین ئاخۆ خۆی چییە و چۆنە؟ مەستمان دەکات و راماندەکێشێتە نێو دنیای پڕ ھەڵبەز و دابەزی خۆیەوە، ھەروەک وتم عەشق گازێکی خنکێنەرە، بەڵام بۆنەکەی ئەوەندە خۆش و مەستکارە ھەرگیز ھەست بە کوشندەییەکەی ناکەین تا نەمرین. عەشق ترسناکترین داھێنراوی مرۆڤە، قورسترین کار و کردەوەیە، زەحمەتترین بیر و ھەوڵە. عەشقی نێوان ھیوا و تەلاریش بەڵگەیەکی زیندووە بۆ گەواھی ئەم رستانە.

سەرنج: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە رووداوێکی واقیعییەوە وەرگیراوە کە ساڵی ٢٠٠٠ روویداوە. تەنیا ناوەکان گۆڕدراون، ئەگەرنا جۆری عەشقەکە و کەساییەتییەکان بە ریالیزمی ھەبوون. ئەم چیرۆکەم لە ساڵی ٢٠٠١ نووسی، بەڵام دەرفەتی بڵاوکردنەوەیم بۆ نەڕەخسا تا چەند ساڵ دواتر.

تێبینی: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە ژمارە “٧٢٢”ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی 2007 بڵاکراوەتەوە. پاشتریش لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لەلاپەڕە ٤٦٨-٤٧٤ بەشێوەی کاغەز لە کوردستان بڵاوکراوەتەوە




هێرش بە درۆن و موشەک.. عوسمانی حاجی مارف

سوپای پاسدارانی ئێران بە بەئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی بازرگان و ملیاردلێر پێشرەو دزەیی، کە لە بنەماڵەی بارزانیەوە نزیک بوو، نیشانیدا کە توانای لێدانی موشەکی بەشێوەیەکی وردو دەقیق هەیە. سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرت کە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٥/١/٢٠٢٤، شوێنەکانی شاری هەولێری کردە ئامانج، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە “بارەگایەکی سیخوڕی” ئیسرائیلی کردۆتە ئامانج لە کوردستانی عێراق!
وردی و دیقەتی پێدانی ئامانجەکان وەک پەیامێک کاردەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران نەک تەنها دەتوانێت بینا مەدەنیەکان بکاتە ئامانج، بەڵکو دەتوانێت هێرش بکاتە سەر دامەزراوە سەربازیەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کە چەند میلێک لە بنکەیەکی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکاوە دوورە.
ئەم هێرشەی پاسداران خزمەت بە ئامانجە ناوخۆییەکانی دۆخی ئێران دەکات، بە تایبەت لە ژێرڕۆشنایی و وەڵام بەهێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە سووریا.
لە بەیاننامەیەکدا کە میدیا فەرمیەکانی ئێران بڵاویکردۆتەوە، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، هێرشەکە “ناوەندێکی ستراتیژی ئیسرائیل”ی لە عێراق کردووەتە ئامانج.
هەڵبژاردنی شوێن و سیستەمی موشەکی “خەیبەرشێکان” ئاماژەیە بۆئەوەی ئێران دەیەوێت توانای گەیشتن بە شوێنە جیاوازەکانی ئیسرائیل کە هاوسێی سوریایە بۆ جیهان ئاشکرا بکات.
بەڵام ئەمەریکا هێرشەکانی ئێرانی بە مووشەکی بالیستیک لە نزیک شاری هەولێر لە باکووری عێراق ئیدانە کرد و بە “کۆمەڵێک لێدانی بێبایەخ و بێباکانە و نادروست” وەسف کرد، ڕایانگەیاند کە هیچ دامەزراوەیەکی ئەمریکی نەکراوەتە ئامانج، هەروەها هیچ زیانێکی گیانی ئەمریکی نەبووە، ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەمریکا پشتگیری لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و هێزەکانیشی لە عێراق ناکشێنێتەوە.
هەڵبەتە ئەم هێرشانە پێویستە لە ئێستادا لەچوارچێوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئاماژەی پێبکرێت، بەتایبەتی ئیسرائیل زۆر لە هەوڵی ئەوەدایە پانتایی ئەم شەڕە فروانکاتەوە، تا لەرێگەی بەرپاکردنی جەنگێکی فراوانەوە خۆی لەو بنبەست و قەیرانەی لەم شەرەدا دەرگیری بووە، رزگاربکات.
ئەم هێرشە مووشەکیانە لەکاتێکدایە کە ئەگەری ترسی پەرەسەندنی ململانێکان هەیە، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی بۆردمان و هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی غەزە پێشبینیکراوە، لەژێر ڕۆشنایی هاتنەناوەوەی هاوپەیمانەکانی ئێران لە لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن کە بەشێوازی جۆراوجۆر چوونەتە ناو ململانێکانەوە، ئەتوانین بڵێن ئەم هێرشە موشەکیانە ئاستێکی دیاریکراوە لە چۆنیەتی هەوڵدان بۆ فراوانبونەوەی ئەم شەڕەی ئیسرائیل بەدژی دانیشتوانی غەززە، کە بەردەوامیدانە بە شەڕەکە، فەرامۆشکردنی وەڵام بە کێشەی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە کاریگەری لەسەر بێئومێدی و نالەباری دۆخەکە داناوە، لەلایەکی تریشەوە فەزایەکی پڕمەترسی و سامناک و نالەبارو دڵەڕاوکێی لەسەر ئاسایش و ناحەسانەوەی تەواوی دانیشتوانی ناوچەکە داناوە، وێنای ئەگەری خولقاندنی جەنگێکی گەورە بە خەڵکی نیشان ئەدات.
ئەوەی جێگای پرسیارە، ئاکامی ئەنجامدانی ئەم هێرشە موشەکیانە لە هەموو ئەو لایەنانەی بەجۆرێک پەیوەستن بەململانێی ئەم شەڕەوە، لەکاتێکدا فەزایەکی مەترسیدار لە بونی درۆن و هێرشی موشەکی خولقاندوە، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە بەریەکەوتنی ڕاستەوخۆی شەڕێکی گەورەو فراوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا؟.
هەرچەندە واشنتۆن دەستبەرداری ئامانج و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە عێراق بەتایبەتی نابێت، بەڵام واشنتۆن چەندینجار ڕایگەیاندبوو کە هەوڵ نادات بازنەی ململانێی دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل تێپەرێنێت، بەتایبەت بۆ هەوڵدان لە پاراستنی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لەم ناوچە گرنگەی جیهاندا، لەدوای ئەم جۆرە هێرشانەی ئێران و هێزە میلیشیاکان، ئەمریکا دەستبەرداری دابینکردنی ئەو پرۆسەی ئارامبونەوەیە نابێت، لە هەمانکاتدا ڕۆژئاواو ووڵاتانی تری زلهێزی دنیا لایەنگری فراوانبون و گەورەکردنەوەی ئەم شەڕە نین، هەروەها لایەنگرو پشتیوانن لە ئارامبونەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئیسرائیل هەوڵدەدات ئێران بۆ ناو ڕوبەڕوبونەوەکە ڕابکێشێت و مەودای شەڕەکە فراوانتر کات، بە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆرکردن دژی بەرپرسە باڵاکانی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێران لەگەڵ گەورەبونەوەی ئەم شەڕە نیەو تاران ملکەچی ئەو کارە ئیستفزازیانەی ئیسرائیل نابێت، ئاستی پەرچەکردارەکانی ئێران لە هێرشی موشەکی و درۆن تێناپەڕێت، هەرچەندە کاربەدەستانی ئێران بۆ خۆیان چەندینجار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بە دوای فراوانکردنی شەڕکەوە نین، بەڵام شەپۆلی تیرۆرەکانیان بەردەوامە، لە هەر حالەتێکدا رودانی فروانبونەوەی ئەم شەرە بەدور دەزانرێت، بەلام پێویستە لە ئاگاهی ئەوەدابین کە ئاڵۆزی و توندپێچی دۆخە ئەگەری ئەوەمان دەخاتە بەردەم، کە لە شوێنکدا پەتی کۆنترۆل لەدەست دەربچێت، بۆیە پێویستە هەوڵبدرێت بەرەی دژی شەر فراوانتر فروانتر رێکخراو بکرێت.
زنجیرە هێرشە یەک لە دواییەکەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کە بووە هۆی دەیان قوربانی لەنێو سەربازو کارمەندانی ئەمریکیدا، پاڵ بە واشنتۆنەوە نانێت هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات، جگە لە ئاستی لێدان و هێرش بۆسەر هیزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لە سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن، نەک هەوڵێکی تر نادات، بەڵکو ژێربەژێر لەهەوڵی ڕێکەوتن دەبێت لە گەڵ ئێراندا.
ئەمریکا ناتوانێت لە عێراق بکشێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە بوونی سەربازی لەوێ لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژیە لەگەڵ بەغدا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ واژۆ کراوەو لەڕاستیدا تا ئەمڕۆش ئامادەیەکی سەرەکیە لە ستراتیژیەکانی کاریگەری ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان، بەو پێیەی باس لە ناوچەیەک دەکەین کە نوێنەرایەتی پەیوەندیەک دەکات لە نێوان کیشوەرەکانی جیهان و خاوەنی قورسایی ئابووری و جیۆپۆلەتیکیە.
هەروەها واشنتۆن بوونی خۆی و ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەربە تاران بەهێزتر دەکات، کە بە هەنگاوی بەئامانجگرتن بۆ لاوازکردنی هێزە میلیشیاکان لە سوریاو عێراق کاردەکات، بەم شێوەیەش دەیەوێت دەورو دەخالەتی ئێران لە ناوچەکەدا سنوردار کات، بەبێ ئەوەی بچێتە مەیدانی شەرێکی گەورەوە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق و هێزە شیعەکان بەگشتی پێداگری لەسەر چونەدەرەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا دەکەن، بەڵام کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق بە هیچ شێوەیەک لەسەر مێز نیە لە بازنەکانی بڕیاردان نە لە واشنتۆن و نە لە بەغدا.
ئەمەریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە، لەنێویاندا شاری هەولێر بەشێکە لە هاوپەیمانی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەروەها واشنتۆن وەها ڕادەگەیەنێت، بوونی هێزی سەربازی لە عێراق بۆ پاڵپشتی هێزە ناوخۆییەکان و ڕێگریکردنە لە گەڕانەوەی داعش، کە پێشتر ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق و سوریای کۆنترۆڵکردبوو، ئێستاش لە زیاتر ئاڵوزبونی دۆخەکە بە هەڵگیرسانی شەڕی غەززە، ئەمریکا پێداگری زیاتر دەکات بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئەم هێرشەی ئێران لە هەولێر وەڵامێکی ئێرانە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بە وتنی ئەوەی توانای فراوانکردنی بازنەی ململانێی لە ناوچەکە و لە دەرەوەی غەززەش هەیە، سەبارەت بە بوونی بارەگای مۆساد لە هەولێر، گەر لە ناوچەی دەسەڵاتی بارزانیدا بونیشی هەبێت! بەڵام ڕاگەیاندنی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، تەنها مەبەست پڕوپاگەندەیەکە ئاراستەی ناوخۆی ئێران دەکرێت، کە بەدەست هەلومەرجێکی سەختی ئابووری و ناڕەزایەتی جەماوەریەوە دەناڵێنێت.
ئەو کارە تیرۆریستیانەی ئیسرائیل لەبەرامبەر کەسایەتیەکانی ئێراندا پیادەی دەکات هەوڵدانە بۆڕاکێشانی ئێران بۆ ناو شەڕەکەو بەرەو هەڵکشانی زیاترو کرانەوە بەرەی نوێ، بەڵام وەڵامدانەوەی ئێران جگە لە کاری تیرۆرستی و هێرشی موشەکی ئاراستەیەکی تر ناگرێتە بەر، ستراتیژی ئەنجامدانی تیرۆرەکان لە هەر لایەنێکەوە، ئامرازێک نابێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هەمەلایەنە، بەڵکو هەنگاوێکی تاکتیکی دەبێت کە لە کورتماوەدا هەندێک پێگەی هێزی سەبازی نیشان ئەدات و ناتوانێ ئیسرائیل و ئەمریکا لە قەیرانی شەڕی غەززە دەرباز بکات، ناشتوانێ بەمانای شکست بێت بۆ لایەنەکانی تر.
ئەتوانم بڵێم ئەم ململانێەی کەلەڕێگەی دەخالەتی هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێرانەوە دەچێتە ناو هەرای شەڕەکەوە، وەک کۆتایی ئەو جەنگانە وایە کە شەڕەکە ڕاگیراوە، بەڵام لە هەندێ شوێنی بەرەکاندا هەوڵی وەستانی جەنگەکەیان پێ نەگیشتوەو بەردەوامن لە شەڕ، یان لایەنە سەرەکیەکانی شەڕەکە باوەڕیان بە بەشێکی هێزەکانیان نەهێناوە کە دەبێت ئەو شەڕە بوەستێت و سەرکەوتو نین لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.
ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی مەودای شەڕەکە دەدات و هەروەها هەوڵی تێوەگلانی لایەنەکانی دیکەش دەدات، بەڵام هەتا ڕۆژئاواو ئەمریکاش کە پشتیوانی ئیسرائیلن، نایانەوێت جگە لە پاکتاوکردنی غەززە، شەڕەکە بەرەی تری لێ دروست ببێت.
هەوڵدان بۆ سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەرمایەگوزاری، دوای چەندین دەیەکە واقعیەتێکە لە جەنگ و گێژاو ناجێگیری سیاسی، ئیتر مانای وەستان و کۆتایی ئەو شەڕە پێداویستیەکە لە پەیوەند بە هاتنەپێشەوەی هەلومەرجێکی تازە، لایەنە سەرەکیەکانی دەرگیر لەو شەڕەدا بە تایبەتی دەوری ئەمریکا هەڵکردنی ئاڵای سپیە بۆ وەستانی شەڕ، هەلومەرجی سیاسی لە ناوچەکەو جیهاندا لەراستای ئاڵوگۆڕێکی تەواو جدی و جیاوازدایە، کە شکستی خواستی باڵادەستی جەمسەری ئەمریکایەو هاتنەمەیدانی فرە جەمسەریە، ململانێ جەمسەرەکان ئیتر ناتوانێ بەردەوامی بدات بە جەنگی ئۆکرانیا و فراوانبونەوەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، درەنگ یازوو دەبێت ئەو شەڕانە بوەستێت.
سەرەڕای بۆردومانی تاران بۆ سەر هەولێر، بەڵام پەیوەندیەکانی ئێران و عێراق نە تێکدەچێت و نە ئاڵۆزی تێدەکەوێت، پێشبینی هیچ تێکچوونی بەرچاو لە دیالۆگەکانی تاران لەگەڵ بەغدا ناکرێت، حکومەتی عێراق پاشکۆی بەرژوەندیەکانی ئێرانەو حکومەتی هەرێم و بارزانیش دەبێت ملکەچی نەخشەو سیاسەتی ناوەندبونەوەی حکومەتی بەغدا بن، پابەندبونی هەرێم بەم سیاسەتەوە ڕەزامەندی ئەمریکاشی لەسەرە.
حکومەتی عێراق ناچارە لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا هەماهەنگیەک بکات، ئیمتیازێک بە واشنتۆن بدات، لە هەمان کاتیشدا ناچارە بە شێوەیەکی بە‌هێزو نەریتی پەیوەندی نزیک لەگەڵ تاران بپارێزێت، ئەوەی لەم ململانێ و دۆخە ئاڵۆزەدا ئایندەو چارەنوسی بەشمەینەتی و چەوسانەوە و مانەوەیەتی لە دۆخێکی نائاسایشدا، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان و تەواوی ناوچەکەیە، جگە لە بەرپاکردنی شۆرشێکی کۆمەڵایەتی و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سەرمایەداران و نوێنەرەکانیان و دامەزراندنی دەسەلاتی جەماوەری رێگایەکی تر بۆ رزگاری نیە.




پۆلی زمانی کوردی لە تۆرۆنتۆ

زمانمان ناسنامەمانە
بەخێر بێن بۆ پۆلی زمانی کوردی، پۆل دەست پێدەکاتەوە لەم کات وڕوژانەی لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێ، پێشوازی لە هەموو خوێنکارێک دەکەم کە دەویەوێ زمانی کوردی فێربێت وە یان گەشە بە زمانەکەی بدات بە خوێندنەوەی کتێب و بەرهەمی نووسەرانی کورد هەموو بابەتی خوێندن لە ئونلاین ئامادەیە
پۆلی یەک بۆ سەرەتایی ڕۆژی دووشەمە
هەموو دووشەمەیەک
Jan 29, 2024- June 24, 2024
6:00 p.m.- 7:30 p.m.

هەموو دووشەمەیەک
پۆلی دوو، خوێندنەوەی چیرۆک
Jan 29, 2024- June 24, 2024
8:00 p.m.- 9:00 p.m.
تکایە پەیوەندی بکە بە مامۆستای زمان لە تۆرنتۆ
چرۆ زەند
Tell: (416) 709 48941
Website: https://chrozandauthor.com/
Email: zandchro@hotmail.com

Our Language Is Our Identity
Kurdish Class will be lunch online on the date and time mentioned below
Level one for beginners.
Start Jan 29, 2022, to June 24, 2024
Every Monday, start from 6:00 p.m. to 7:30 p.m.
Level two for an advanced student, reading stories
Stat on Jan 29, 2024, to June 24, 2024
Every Monday from 8:00 p.m. to 9:30 p.m.
Welcome to my class, please don’t hesitate to contact me if you wish to learn or upgrade your mother’s language
International Language Instructor
Chro Zand
Tell: (416) 709 48941
Website: https://chrozandauthor.com/
Email: zandchro@hotmail.com




بە تۆ چی؟.. شیعری سيمين بهباي.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پشکۆ ناکام

گەر من کافر و مولحید و پیاو خراپم

بە تۆ چی..؟

گەر من عەوداڵی مەی و مەستی شەرابم

بە تۆ چی..؟

گەر تۆ گیرۆدەی شیوەن و ئاخی

بە من چی..؟

گەر من عاشقی سەنتور و ڕەبابم

بە تۆ چی..؟

گەر تۆ غەرقی نوێژی ،

كەس پێ ی ووتی بۆ..؟

گەر من کاتی نوێژ غەرقی خەو بم

بە تۆ چی..؟

گەر تۆ شایانی لوتف و بەزەیی خودا بی

موبارەکت بێ

گەر من شایانی سەرزەنشت و لۆمە بم

بە تۆ چی..؟

گەر چی بە قەولی خۆتان دونیا سەرابە

من بێ ئەندازە عاشقی ئەو سەرابە دێرینەم

بە تۆ چی..؟

ئیتر دونیای من..

بە تۆ چی..؟