بیركردنەوە لە بری ئەوانیتر یان دیماگۆجیەتی ڕوانین؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بیركرنەوە لە بری ئەوانیتر، یەكێكە لەو تێگەیشتنە خراپانەی لە كۆمەڵگەی ئێمەا زۆرباوە. ئێمە هەمیشە دەمانەوێت، تێگەیشتنی خۆمان بەسەر هەموواندا بگشتێنین، بە بێ ئەوەی درك بەوە بكەین، كە مرۆڤەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و خەم و كێشە و مەراقی هیچیان لەویتریان ناچێت. سرووشتی سایكۆلۆژیای هەر مرۆڤێك لەویتر جیاوازە، كاتێ كەسێك لە پێناو خۆشەویستەكەی خۆی دەكوژێت، یان دایكی و دواتر خۆشی دەكوژێت، ئێمە هەموومان ڕەخنە دەگرین، بەلاَم دەبێ بزانین كەسمان ئەو نین و كەسیشمان ئەزموونی ژیانی ئەومان نەكردووە، بۆیە نابێت ژیانی خۆمان و تێگەیشتنی خۆمان، بكەینە پێوەر بۆ تێگەیشتن و بیركردنەوەی ئەوانیتر. لە كۆمەڵگەی كوردیدا، نێرێك نابینیتەوە حەز بكات خۆی بكاتە ژن و ڕەگەزەكەی خۆی بگۆڕێت، بەلاَم كاتێ مرۆڤێك لە بنەڕەتدا ڕەگەزی ژنبوونی لە ڕووی بایۆلۆژیی و فسیۆلۆژی تێدایە و دێت خۆی دەكاتە ژن، پێویست ناكات بە كۆمێنت و پۆست و قسەی برینداركەر، سووك و ڕیسوای بكەین و ڕەخنەی لێ بگرین كە بۆ ئەو كارەت كردووە، كێ دەڵێت ئەگەر تۆش بە هەمان بوون و پێكهاتەوە وەك ئەو بووایت هەمان كارت نەدەكرد؟ بۆیە دەبێ بزانین مرۆڤەكان، بە جیاوازییەوە دەژین و ژیان دەكەن، مەرج نییە ئەوەی من پێم پەسندە و دەیڵێم، لای هەمووان وابێت و یاخود تەنها بیركردنەوەی خۆم پێ ڕاست و دروست بێت. مرۆڤ پێكهاتەیەكە لە هەست و ڕوانین و هزر و دنیابینی، بۆیە سایكۆلۆژیای مرۆڤەكان و جیهانبینییان، ئەگەر ئەوەندە نزیك و هاوشێوەی یەكتریش بێت، بەلاَم لەگەڵ ئەوەشدا بە پۆینتێك جیاواز دەكەونەوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە بیركردنەوەی مرۆڤەكان و ئازادی و تێگەیشتن و ڕوانگە و بیر و ڕایان لە بارەی هەر پرسێكەوە بگرین. ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە داخەوە لە پەراوێزی چاپكردنی سەدان كتێبی بازاڕی بە ناوی پەرەپێدانی مرۆیی و كۆمەلاَیەتی و پەروەردەیی و گرفتی تاك و خێزان، جۆرە مۆدێك لەنووسین دروست بووە، كە ئەویش مۆدی بیركردنەوەیە لە بری هەمووان. بە جۆرێك كەسێك كتێبێك وەردەگێڕێت، یاخود دەنووسێت، مەبەستیەتی ئەوەی ئەو لەو كتێبەیدا لە ڕووی ناوەڕۆكەوە خستوویەتییە ڕوو، بۆ هەموو مرۆڤێكی ئەزموون بكات، وەك ئەو چۆن دەڕوانێتە مرۆڤێك، پرسێك، دیاردە و ڕووداوێك، هەموو كۆمەڵگە لەگەڵ ئەودا بن و وەك ئەو بیر بكەنەوە، كە ئەمەش ئەوپەڕی دیماگۆجیەتە. مرۆڤەكان، وەك چۆن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە لە یەكتری جیان، بەو شێوەیەش لە ڕووی كۆمەلاَیەتی و سایكۆلۆژی، ژیان و بیركردنەوەیان جیان. گەر گوزەرێك بە نێو دنیای كتێب و بلاَوكردنەوە لە كتێبخانەكاندا بكەین، دەیان ناونیشانی سەیر و سەمەرەی كتێب سەرنجت ڕادەكێشن و ئەگەر یەكجار هوشیار و بیركەرەوە و خاوەن ناسنامەی كەسییانەی خۆت نەبیت فریوت دەدەن. سەدان كتێب هەن، باس لەوە دەكەن ( چۆن بە ڕۆژێك دەوڵەمەند دەبیت ، چۆن كۆنتڕۆڵی تووڕەییت دەكەیت، لە ماوەی چەند چركەیەك چۆن دەبیتە زمانزانێكی باش و قسەكەرێكی لێهاتوو، بە ئاسانی واز لە دوودڵی بێنە، بۆچی پیاوان گوێ ناگرن، چۆن زیرەك دەبیت ، چۆن ژیانی خۆت لە چەند ڕۆژێك دەگۆڕیت، زاڵبە بە سەر ژیانت، بە یەك ڕۆژ ئەتەكێتی ژیان فێر بە، چۆن بە ئاسانی دەوڵەمەند دەبیت، چۆن بە ئاسانی دەبیە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو) ئەم ناونیشانانە و دەیانی تر، لە ڕاستیدا بێ بەهاكردنی كتێب و بە بازاڕیكردنی كتێبە، لە پێناو قازانجی كەسی و بەشێك لە دەزگاكانی چاپ و بلاَوكردنەوە. ئاخر مرۆڤ ئەگەر كەمێك هوشیاری هەبێت، دەبێ بزانێت دوودڵی، نەخۆشییەكی ترسناكی دەروونییە و نەك بە ڕێنوێنی وەرگێڕێكی نەزان، لە ڕێگەی كتێبی نووسەرێكی نەناسراوەوە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو ئەم نەخۆشییە پێویستی بە دەیان دیدەنی پزیشكی دەڕوونی و ڕێنمایی دەروونی هەیە، ئەمە وێرای بەكارهێنانی زۆرتر لە چارەسەرێك، لەگەڵ ئەمەشدا، هەزاران لەو مرۆڤە دوودلاَنە، نەك چاك نابنەوە، بەڵكو سەرەنجام نەخۆشیەكەیان سەردەكێشی بۆ خەمۆكییەكی قووڵ و دواتریش بە داخەوە خۆیان دەكوژن. ئیدی نازانم چۆن بە كتێبێك، مرۆڤێك لەو نەخۆشییە چاك دەبێتەوە؟ یاخود بۆ ئەوەی ببینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو لە هەر بوارێكدا، ئەوا دەبێ چەندین ساڵ كۆشش بكەین، فێر بین، ئەزموونمان هەبێت، ئیدی نازانم چۆن بە یەك دوو وتاری نێو كتێبۆكەیەك، دەبینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو؟ بۆ ئەوەی ببینە زمانزانێكی باش، دەبێ هەزاران كتێب بخوێنینەوە، زمانزانی و ڕۆشنبیریی قسەكردن و هونەری دەربڕین، كاری یەك ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە. ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیكەی بێ مانا، كە گوایا لە چوارچێوەی ڕۆشنبیریی گشتی و پەرەپێدانی مرۆیی دەخرێنە ڕوو، بە داخەوە هیچ نین جگە لە بێ بەهاكردنی كتێب و ڕێز نەگرتن لە مەعریفە و نووسین. ئەم جۆرە قسە و بیركردنەوە سادانە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، مەترسی گەورە و كوشندەن، چونكە هوشیاری زۆربەی هەرە زۆری تاكەكان، لەو ئاستەدا نییە درك بە جیاوازییەكان بكەن و قووڵ ببنەوە و بپرسن، بە ڕاست چۆن مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هەژار موكریانی و شكور مستەفا؟ بۆیە بە ئاسانی دەكەونە ژێر كاریگەریەتی ئەو بیركردنەوە سادە و چەواشەكارانە و سەرەنجامڕەنگە ڕێگەیەكی هەڵە هەڵبژێرن. ئەركی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، ژمارەی سپاردن بە هەموو كتێبێك نەدات، بواری چاپ و بلاَوكردنەوە ڕێكبخات، نەك لە پەراوێزی هەبوونی سانسۆر و ئازادی بلاَوكردنەوە و نووسین، بە داخەوە كتێبخانەكانی ئێمە پڕ بكرێن لە كتێبی بازاڕیی و بێ مەعریفەیی لەو شێوەیە! كە لە ڕاستیدا جۆرێكە لە بە گەمژەكردنی تاك كە پێویستە لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی و سەردەمێكدا خاوەنی بیركردنەوەو ڕوانینی سەربەخۆیانەی خۆی بێت و بە ئاسانی چەواشە نەكرێت، بە تایبەتیش لە ڕووی ئایینی و ئایدۆلۆژییەوە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4001) ڕۆژی 24/1/2024 بلاَوكراوەتەوە.




لەبارەی ڕۆمانی” هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان” لە نووسینی: بەهروز بوچانی.. رۆژگار خالید

رۆمانێکی تەواو جیاواز و سەردەمییە و براوەیی خەڵاتی فیکتۆریایە ، بەڵام حکومەتی ئوسترالیا ڕێگەی نەدا دوورگەی مانۆس جێبهێڵێت و خەڵاتەکەی وەربگرێت .
خەڵاتی دووەمی لەلایەن ڕێکخراوی قەڵەمی نێودەوڵەتی پێدراوە و کرا بەئەندامەی فەخری رێکخراوەکە لەم بارەیەوە دەڵێت :.
” هەستێکم لا دروست بوو ، وەکو منداڵێک کاتێک دیاریەکی پێدەدرێت لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا ” .

شێوازی نووسینی ئەم ڕۆمانە بەشێوازی تێکست نووسراوە و بەنامەی واتس ئاپ بۆ هاوڕێکانی ناردووە .
ئەم ڕۆمانە تەکنیکی نووسینی هێندە بەرزە لەناو هەر ڕووداوێک وادەکا بیر لە ڕووداو و پێشهاتی دیکە بکەیەوە .

ئەم رۆمانە لە دووبەش پێکهاتووە .
بەشێکی پەیوەستە بەخاکی کوردستان و زوڵم و ستەمی وڵاتانی ناوچەکە دەرهەق بەگەلی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی .
بەشەکەی تری پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و بارودۆخی مرۆڤەکان و ناچاردەبن وڵاتەکەیان جێبهێڵن و رووبکەنە وڵاتێکی تر، هەر بۆیە ئەم بەشەی ئەم ڕۆمانە باس لەم کەسانە دەکات بڕیار دەدەن بەڕێگەی قاچاخ کۆچبکەن بۆ ووڵاتی ئوسترالیا .
بەدبەختی ئەوان ئەوکاتە دەستپێدەکات لەنێو ئۆقیانووسدا کەشتییەکەیان نوقم دەبێت و کەشتییەکی بەریتانی ڕزگاریان دەکا دواتر دەدرێنە کەشتی سەربازیی ئوسترالیا .
پێش ئەوەی بگەنە کەناراوەکان، بەچوار رۆژ حکومەتی ئوسترالیا هەمواری یاسای کۆچبەرانی کردۆتەوە، چیتر مافی پەنابەرێتی نادات بە کۆچبەران .
وەک چارەسەرێک ڕێوشوێنی تایبەت دەگیرێتە بەر دەرهەق بەم کەسانە و دەبردرێن بۆ دوورگەی مانۆس ووڵاتی پاپوا غینیای نوێ لەم دوورگەیە دەسبەسەر دەکرێن .
خراپی مامەڵەی ووڵاتی ئوسترالیا و زەبر و زەنگی یاساکانی بەندینخانە و مامەڵەی پاسەوانەکان و خراپی باری دەروونی ئەو کەسانە وادەکا دۆخێکی یەکجار خراپ و قورس ڕووبەڕوویان ببێتەوە .
هەر بۆیە نووسینی ئەم ڕۆمانە و وەرگێڕانی بۆسەر زمانی ئینگلیزی و فارسی ، دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەرگایەکی گەورەیان بەڕووی کرایەوە.
پرسیاری جددی هاتەپێش لە دوورگەی مانۆس چ دەگوزەرێت ؟!
بۆچی پێشێلی مافی مرۆڤ دەکرێت ؟!
بۆچی پێشێلی مافی پەنابەران دەکرێت؟! بۆچی گوزەرانی ئەم کەسانە بەم شێوەیە ؟!
بۆچی یاساکان و سیستەمی بەندی و مامەڵەی حکومەتی ئوسترالیا و کارمەندانی ئەم بەندیخانەیە بەم شێوەیە ؟!
هەر بۆیە دوای نووسینی ئەم ڕۆمانە و دەیان ووتار لەلایەن بەهرۆز بوچانی ئەمجارە دەرگایەک کرایەوە میدیا و دەزگای راگەیاندنەکان و ڕۆژنامەوانی ناچارکرد بەرەو ڕووی ئەم دورگەیە بچن و هەر بەجددی چ دەگوزەرێت !
دوای دەنگدانەوەکان حکومەتی ئوسترالیای ناچارکرد لە ساڵی 2017 شوێنەکە دابخات .
چونکە کەسێکی وەک بەهرۆز بوچانی سەرمەشق و رێبەری ئەو کەسانە بوو تاوەکو داواکارییەکان جێ بەجێ بکرێت و هەموو جیهانیشی ئاگادارکردەوە .
بەدروشمی
تاوانی من چییە ؟
بۆ دەبێ لە زیندانبم ؟
پرسیاری دیکەش لەچەشنی داواکاری
” بەلەمەکەم وێ نادەنەوە و هەتا بگەڕێمەوە نێو ئۆقیانووس “
” ناهێلن بگەڕێمەوە ئیندۆنیزیا “
داواکاری ڕاستەخۆ
” دادگاییم بکەن “
ناگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەیهاتووین .
پاشان مانگرتنی سەرتاسەری و وایکرد ئاژاوە و خوێنڕێژی لێبکەوێتەوە و کەسانێک بمرن .
لەم بەشە :
پەیوەستە بە کوردستان و نیشتمان و دایک و پێشمەرگە و مرۆڤەوە هەمووی دەبەستێتەوە شاخەکان و پێمان دەڵێت ئێمە هیچ نین بەبێ شاخەکان هەموو کاتێک شاخەکان ئێمەی لەخۆی گرتووە وەک چۆن دایک منداڵەکەی لەباوەشی دەگرێت .
لەم بارەیەوە لە ڕۆمانەکەی دەنووسێت :
لەسەردەمی شەڕ لەدایکبووم شەڕێک لە ئاسمانەوە بەسەرماندا دەکەوتە خوار .
دایکم پێی دەگوتم کاتێک هەوڵت دەدا بێتە نێو دونیای مرۆڤەکان بەقاچە بچووکەکانت لە ڕەحمی منت دەدا و لەو کاتەدا دەمردم لە برسان .
جەنگ لە ئاسمان بەسەرماندا دەکەوتە خوار بێهیچ پەناگەیەک بووین و پێمان دەڵێت لەدوای جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە شاخەکان لەدایکبووم و کوڕی دار بەڕووم ئەو شاخانەی وایکرد کەسانی بەهێز لەخۆی بگرێت و دەپرسێت بۆچی هەموو کاتێک ئێمەی کورد دۆستمان نییە ؟!
لەم بارەیەوە دەڵێت تەنها خۆمان دۆستی خۆمانین .
لەبارەی ژیانی دەڵیت:
لە تەوێل و لە گوندێکی چوڵ لەناو ئەم شاخانە لەدایکبووم .
باشە فەرقی چییە مرۆڤ لە تەنیشت گاگەل و لە گوندێکی چۆڵکراودا لەدایک بێت و بێتە ئەم دونیایە یانیش لەشوێنێکی وەک بەهەشت بۆن و بەرامەی خۆشبدات ؟
دایکان لە غەریزەی دایکایەتی خۆیاندا دەپێچاوە و پەنایان بۆ چیاکان دەبرد و کچانی گەنج لە دڵی پیاوانێکدا بەشوێن خەونەکانیان دەگەڕان کە دەستە دەستە بەرەو شەڕ دەچوون و دەستە دەستە وەک جەنازە دەگەڕانەوە .
گەنجەکان هەڵدەهاتن و پیرەکان قوربانی بوون نەیاندەتوانی بڕۆن بە بیرەوەی دەمانەوە لە برسان و توونیان دەمردن .
پێشمەرگەکانیش لە چیاکان نوێنەرایەتی پاراستنی ووڵات و شەڕەفی دەکرد .
لەبەشی دواتری ڕۆمانەکە /
باس لە بەندیخانەیەکانی مانووس دەکات و دەڵێت بەهۆی زۆری ژمارەی پەنابەران
لەسێ زیندان پێکهاتبوو .
” دیلتا و ئۆسکار و مایک “
وە لە کۆمەلێک کۆنتێنر پێکهاتبوو بۆ شوێنی پزیشکان و پاسەوان و شوێنی نانخواردن و شوێنی پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی بەندییەکان بەکەس و کاریان .
دۆخی خراپی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و پیسی شوێنەکە و نەبوونی شوێنی پێویست بۆ خۆشوشتن و دەستشۆری توالێت وایکرد ببێتە زبڵخانە .
نەبوونی خواردنی پێویست و نەبوونی شیرینی و گۆشت وایکرد بگاتە ئاستی ئەوەی مرۆڤەکان بمرن لە برسان .
نەبوونی دەرمان و دکتۆری پسپۆر و زۆری سەرەی زیندانییەکان لەکاتی وەرگرتنی دەرمان وایکرد خەڵکانێک داوای چارەسەر و دکتۆری نەکات .
بڵابوونەوەی نەخۆشی ئاوسان و هەبوونی سیسرک و کولەی خوێنمژ و گەرمی پلەی گەرما و بەدخۆراکی و مامەڵەی پاسەوانەکان و شەوانی برسیان رۆژ لەدوای رۆژ ژیانیان خراپتر ببێت.
دۆخەکە بەجارێک تێکچوو کاتێک وەزیری کۆچی ئوسترالیا سەردانی بەندیخانەکە دەکات و دەڵێت :
” ئێوە هیچ شانسێکتان نییە دەبێت بگەڕێینەوە ووڵاتەکانی خۆتان یانیش بۆ هەتا هەتایە لەم دوورگەیە بمێننەوە .
دواتر شۆڕشی گیراوەکان دژی نادادی و ستەمی بەڕێوەبەرانی بەندیخانەکە دەستپێدەکات و دەنگدانەوەی میدیا و راگەیاندنەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وا دەکات ناچار زیندانییەکە چۆل دەکرێت .
ئەوەی گرنگە لەکۆتایی بڵێم هیچ کەسێک ناتوانێت وەڵامی ئەم هەموو پرسیارە و ئەم هەموو مامەڵەیە بداتەوە کاتێک مرۆڤێک ناچارە خۆی بکوژێت و نەگەڕێتەوە بۆ ووڵاتەکەی .
وەرگێڕانی ” دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە “
” پێداچوونەوەی دکتۆر عبدالخالق یەعقوبی”
هیوام ئەوەیە بخوێننەوە بۆ ئەوەی لەخۆت بپرسی جگە لە چیاکان کێ دۆستی کوردە ؟!
وەڵامێکی زۆر سادە و بیرلێنەکراوەمان هەیە خۆمان دۆستی خۆمانین، پێویستە لەناو ماڵەکەت و لەشارەکەت و لە هەرێمەکەت و لە هاوزمانەکەت چاوەڕێی بکەی دۆستتە ، هیچ کاتێک دژە نەتەوەکەت نایەت لەدەرگات بدات و داوای دۆستایەتی بکات .




جەنجاڵی هەڵبژاردنی سەراسەری هەرێم.. عوسمانی حاجی مارف

چەندین ساڵە هێزە قەومی و ئیسلامی و تائفیە میلیشیاکانی عێراق بەهەر جەردەیی و تاڵانچێتیەک کردویانە و دەیکەن و حکومەتیان بەڕێوە بردوە، لەهەمانکاتدا بە بەکارهێنانی دروشمی نیشتمان پەروەری و بانگەشەی وەهمی دینی و چەواشەکارانە کە خەڵکی ماندوکردوە، کاریگەریەکی تەواویان لەسەر توندکردنەوەی دۆخێکی تەواو نالەبار داناوەو ناجێگیری سیاسیان پەرە پێداوەو عێراقیان بەرەو کارەسات بردوە. هەڵبەتە لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەرەو کارەساتی زیاتریشی دەبەن.

ئامانجی ئەم بانگەشە چەواشەکاری و ناعەقڵانیە، هاندانی هەستی مرۆڤە ئاساییەکان و کێشانی وێنەیەکی خەیاڵیە، بۆئەوەی هەست و سۆزی نەتەوەیی و ئاینی و نەتەوەپەرستانەی خەڵک بجوڵێنن تا کاریگەری لەسەر بڕیارو هەڵوێستەکانیان دابنێن، بە ئامانجی ئیستغلالکردن و کۆنترۆڵکردنیان.

عێراقی یەکپارچەو حکومەتی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی و پەرلەمان، ئەو شێوازو ڕێڕەوەیە کە لایەنە شیعەکان لە پەیوەند بە دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەعێراقدا وەک نوێنەرانی ئێستای بۆرجوازی، گەورەترین دەزگای دزی و جەردەیی و تاڵانیان پێکهێناوە، لە بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزو پێگەیان بەرەو چەسپاندنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، کار بە نەخشەو سیاسەتەکانیان دەکەن، فشارهێنانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردنی ئێستا لە هەرێمدا، هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدایە، کە ڕێگاکانی ملکەچکردنی زیاتری حزبەکانی کوردایەتی بەدەست بهێنن بۆ هەنگاوەکانی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق.

حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە، هەوڵدەدات بەشێوەیەکی یاسایی دامودەزگا سەرەکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکبدات. هاوکات ئەو سنووردارکردنانەی بەغدا سەپاندویەتی، دۆخێکی دژواری لێکەوتۆتەوە. چەند مانگێکە زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری حکومەت مووچەیان وەرنەگرتووە، ئاشکرایە کە ناڕەزایی گشتی گەورەتر کردووەو ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئەمەش بۆ خۆی کێشەیەکە لە چوونە پێشەوەو دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردندا.

هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە سێ دەیە زیاترە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەی سەرەکیان هەیە، لەم دۆخەدا لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدای سیاسی و ئابووری بێوێنەو گێژاوی دیارنەبونی چارەنوسی سیاسی و سەرگەردانیدان، بۆیە بوێری ئەوەیان نیە بەئاسانی و ڕاستەوخۆ بەدەوری ئامادەییەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردندا کۆببنەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان کە بڕیاربوو مانگی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بونەتەوە، ئەمجارەش هەلبژاردنیان خستە کاتێکی تری نادیار. ئێستا زیاتر لەژێر فشاری وەڵامدانەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیدان، لەبەردەم جەنجاڵی دۆخەکەدا گیریان کردوە.

هەرچەندە ئەو دوو بنەماڵەیە لەژێر کاریگەری فشاری بە ئەنجام گەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدان، بەڵام بۆ هەموان ئەوە ڕۆشنە کە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیە ناهێنرێت، بەڵام ئەم دەورەیە فشارەکانی حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، تەحەداو سەرلێشێواویەکی بێچارەی خستۆتە بەردەم هەردوو بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانیەوە، کە چۆن بۆیان دەلوێت ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بخەنە بەرنامەی کاریانەوە؟

لەگەڵ هەر توندپێچ و گرفتێک کە دێتە بەردەم پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، ئەمەش لەو واقعیەتەوە سەرهەڵدەدات کە ئەم دوو بنەماڵەیە خاوەن هێزی میلیشیان و باڵادەستن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەزگا گرنگەکاندا، وەک سوپا، دادگا، هێزەکانی ئاسایش و سکێتەرو دارایی و ئابووری، تا دەگات بە پەرلەمانیش، لەهەمانکاتدا حکومەتی عێراق پێویستی ئەوەی پێیانە کە کوردستان بەڕێوەبەرن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بۆیان پێشهاتوە، چۆن تێدەپەڕێنن؟ بۆخۆشیان جێگای تێڕامان و بە کێشەیە!.

لەگەڵ ئەوەی ئەمجارەش هەڵبژاردنەکەیان دواخست، بەڵام هەوڵدان بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ سەردەمێکی سیاسی نوێ لە ڕێڕەوی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، ڕووبەڕووی جۆرێک لە سەرگەردانی بونەتەوە، کە بۆیان زەحمەت و بارگرانیە، چۆن ئەتوانن یان بۆیان دەگونجێت لەگەڵ ناوەندبونەوەی دەسەڵاتی بەغدادا خۆیان ڕێکخەنەوە، ئەوەی دەبینرێت هەنگاو بە هەنگاو حکومەتی عێراق. حکومەتی هەرێم سنوردارتر دەکات و بنەماڵەکان دەستەمۆی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی دەکات، کێشەکانی ئەم هەڵبژاردنەش بەشێکە لەو واقعە جەنجاڵەی کەتێی کەوتون.

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ لە نێو ئەم گەمە سیاسیەی باڵادەست بونەوەی حکومەتی عێراقدا سەرسام و بێچارەو بنبەستن، حکومەتی هەرێم سێ نمونەی ئۆپۆزسیۆنی جیاوازی هەیە، هەریەکەیان کۆمەڵە کۆت و بەندێکی تایبەتی خۆی هەیە، ناشتوانن یەکگرن یا بەرەیەک پێکبهێنن، بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش بکرێت یا نەکرێت نیشاندانی ئەزمونی بێتواناییان وەک ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان و حکومەتدا نیشانداوە، فرسەتی ئەوەیان نەماوە، لە ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدادا وەک ئۆپۆزیسیۆن جێگایەک پەیداکەن. ناکۆکیان لەسەر سەرکردایەتی، بێمتمانەیی لە نێوان کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن و نیگەرانیەکان لە کێشەکان و زیانەکانی هەڵبژاردن، بێئومێدی لەبەرامبەر ئایندەی سیاسی کوردستان، مایەی ڕێگریە لە پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بە ئیعتبار، هیچ لایەنێکیشیان بە تەنها لەم دۆخەدا بواری بەکارهێنانی چەواشەکاری بۆ نەماوەتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراقدا، تەنها ٢٢.٧٪ کۆی دەنگی مافی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان بەدەستهێناوە، ڕێژەیەکی زۆر لە ٧٧.٣٪ی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، واتە هەڵبژاردنێک بە کەمترین ئاست لە بەشداری دەنگدەران تێپەڕێنراوە، کە نیوەی زیاتری ئەو ڕێژەیەش ئارەزومەندانە و لە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە نەچۆتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، واتە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە بەدوای سێ ساڵ ئاماژەیە بۆئەوەی لە بەجێگەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدا ئەوپەڕی بێهیوایی بەربڵاو لە دۆخی ئێستادا، وەک ناڕەزایەتیەک ڕووبەڕووی ئەو دوبنەماڵەیە دەبێتەوە، واتە هەستیاری بۆ ڕێژەی بەشداربون لە ئەگەری هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، گومانی تیا نیە کە لێدانی مۆری ڕیسوایی لە ئێستاوە پێشبینی دەکرێت، بۆیە ئەم دەورەیە لە زۆرترین ڕێژەی بایکۆت و کەمترین ڕێژەی بەشداربوان بەرەو ڕون، ئەمەش گرفتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە چارەنوسسازە کە ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەر بە هەر جۆرو شێوازێک لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕان، ئایا خۆبەخشانە دەسەڵات ڕادەست دەکەنەوە؟، ئەوەی گومانی تیا نیە نەک دەسەڵات ڕادەست ناکەن، بەڵکو دەبێت چاوەڕوانی ئەگەری خولقاندنی کارەساتیش بین.

مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی ئاشکرایدا سەبارەت بە گرنگی مانەوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەن کە بەرپرسان لە بەغدا دەریانبڕیوە، هاوکات حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەلسودانی، داوای کشانەوەی هێزە بیانیەکانیان کردوە، ئەوەی دەیبینین کاردانەوەی بەغدا لەم بارەیەوە تەنیا قسەکردنەو نەیتوانیەوە مانایەکی کرداری بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونکە سودانی ناتوانێ هەڵوێستێکی تری هەبێت جگە لەو هەڵوێستەی کە تەنها وەک ڕاگەیاندنێک بانگەشە دەکات، نەک تەنها لەبەر نزیکی خۆی لە ئێرانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بۆخۆشی سیاسەتمەدارێکی عێراقیەو بەرژەوەندی وەها پێویست دەکات، تەحەدا وەک هێمایەک بۆ پێگەی حکومەتەکەی نیشان بدات، تا پابەند بێت بە پاراستن و بەهێزکردنی ئەو لایەنەی باڵادەستەی لە حکومەتی عێراقدایە، کە دەسەڵاتی ئەو لایەنەش هێزێکی شیعەیە، کە بە “چوارچێوەی هەماهەنگی” ناسراوە، لەهەمانکاتدا بۆ بەرزانیش مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەک پاڵپشتیەکە لەپێناو پاراستنی پێگەو نفوزی دەسەڵاتی پارتی و هێزە چەکدارەکانی، لەهەمانکاتدا بۆ پاراستنیانە لە هەر گێژاوێک کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامگیری هەلبژاردندا دەرگیری دەبن.

گریمانەی کشانەوەی ئەمریکا بەگشتی چیرۆکێکە کە هەمیشە لە باسە ناوخۆییەکان دەوروژێنرێت، بەڵام ململانێیەکە نەتوانراوە یەکلایی بکرێتەوە، لە دۆخی ئێستاشدا ئەو کێشمەکێشەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، ئەمریکا نیازی کشانەوەی لە ناوچەکەدا نیە، بەتایبەتی بەدوای ئەم شەڕەی ئێستای ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین. ئەوەی کە پێویست ناکات لە خەو و خەیاڵی جەماوەری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بێت، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بەنیاز نیە لەدەرەوەی پرۆسەی جێگیری ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، ئیمتیازاتێک بۆ حزبە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان بە فەرمی بناسێت، مانەوەی هەرێم لە هەر قەوارەیەکدا بێت بۆ ئەمریکا و ئیران، گرێدراوە بە دامەزراندنی عێراقێکی یەکگرتووەوە!




خاپوور.. شیعری ستار ئەحمەد

شیعره‌ ئاڵه‌كان له‌خاپوور ده‌پرسن

به‌رد له‌ئاوا چۆن نه‌رمده‌بێت

تیشك له‌رۆخا به‌ربه‌ستده‌كرێ‌

سنووره‌كان

ده‌روازه‌یه‌ك ده‌خه‌نه‌ دڵی ئێمه‌وه‌

ئه‌م ده‌ڕوات و گوێناداته‌

به‌سته‌و باڵۆره‌ی زامداران

له‌كوێ‌ كه‌نارێك پێشیبگرێ‌

تووڕه‌ده‌بێت

به‌سه‌ریا په‌رچه‌می شه‌پۆل هه‌ڵده‌رێژێ‌

بۆیه‌ رۆژگار به‌بێ‌ ئاووژیان

له‌ناڵه‌ی تێرنابێت

سه‌رده‌مێكه‌ لێشاو قژی رۆژ ده‌ژمێرێ‌

هه‌تاو له‌بزه‌ی كیژۆڵه‌ی سنوورا پێده‌گرێ‌

كانی له‌زامی خاك زریوه‌ ده‌كڕێ‌

ئه‌م ته‌لبه‌ندانه‌ی

له‌رێگای هه‌نگاوا دانراون

له‌زاری ئاو تێناگه‌ن و

له‌به‌ربه‌سته‌كاندا ناژین

ده‌ریا له‌نركه‌ی ده‌پرسێ‌

جۆگه‌له‌ ماچی گڵده‌كا

له‌وه‌ته‌ی زه‌مین

ئاڵای روناكی په‌رستووه‌

شیعرو شه‌پۆل دوو تیرۆژن

داستانی نه‌به‌ردیی كوردو

برینی چوارپارچه‌ی دڵمیان ژماردووه‌

له‌شیعر ده‌پرسم …؟!

خاپوور ئه‌مڕۆ بۆ تووڕه‌یه‌

كه‌ناره‌كان بۆ خه‌نده‌ی گوڵ

له‌به‌رۆكی چیا ناده‌ن

گه‌ڵای مێژوو

به‌سه‌ر چڵی جوامێرانا هه‌لده‌وه‌رێ‌

ده‌ربه‌ند له‌ته‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێ‌

ژیان

له‌به‌سته‌ی سته‌مكارا تیرۆرده‌كرێ‌

ستار ئەحمەد