پیاوێكی بێچارەنووس.. هۆلۆكۆستی جوولەكە و ئەنفالكردنی كوردان.. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

كاتێك حیزبی نازی لە ئەڵمانیای سەردەمی ئەدۆلیف هیتلەردا، لە بەرگی ڕژێمێكی فاشیزم و تۆتالیتاریزم بە بەرچاوی زلهێزەكانی دونیاوە، بەهۆی جیاوازیی ئایینی و نەژادییەوە، دەست بە پرۆسەی كۆمەڵكوژیی جوولەكەكانی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپا دەكات، ئەو ڕووداوە، ڕووداوێكی ئاسایی نییە كە تەنیا پەیوەندی بە كۆمەڵكوژی و پاكتاوكردنی جوولەكەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا هەبێت، بەڵكوو دەبێتە خەمێكی گەورەی جیهانی، بەهۆی ئەوەی بە پرۆژە و بە بەرنامە لە ساڵی 1940 بەدواوە تاوەكوو ساتەوەختی كەوتنی ئەڵمانیای نازی، بە مەرگەساتترین و قێزەونترین شێوە درێژەی دەبێت.
ئیدی ئەو هەڵمەتە لە ناخی هەر مرۆڤێكدا دەبێتە ترسێكی قووڵ و پرۆسەیەك وێڕای كوشتن و سووتاندن و خنكاندنی ئینسانی جوولەكە، هاوكات بە بەرنامە كاری بۆ لەشكۆدانی ئینسانیش بە گشتی كرد، ئینسان لە سایەی ئەو پرۆسەیەدا لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا، ئەتككرا و سووتێندرا و بەزیندوویی خرایە چاڵەكانی مەرگەوە، بە گاز خنكێنرا و بە هەزاران لاشەی بەستوو، فڕێدران و لەناوبردران، قاچەكانی مرۆڤ لەنێو پێڵاوی بێگاریدا، ڕزین و بڕانەوە و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو ئینسانی ناچار كرد شەرم لە جەستەی خۆی بكات.
هۆلۆكۆست، چیرۆكی دۆزەخی نازییەكان، هەرگیز نابێت لەبیر بكرێت، بە تایبەتی بۆ گەلێكی ستەمدیدەی وەك كورد، هۆلۆكۆست زۆر نامۆ نییە و كوردیش بەهۆی جیاوازیی نەژادییەوە بە پرۆژە و بەرنامەی دەوڵەتی عێراق و دراوسێكانی كۆمەڵكوژ و ئەنفال و كیمیاباران كرا و گازی بەسەردا ڕژێندرا، ئەگەر ئینسانی جوولەكە لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیای نازیدا، بەزیندوویی خرانە سووتێنگەوە، دواتر ئەو مێژووە تاوانكارییە لە شوێنێكی تری ئەم جیهانە بەرینەدا خۆی دووبارە دەكاتەوە و لەسەر دەستی ڕژێمەكەی سەددام حوسێن لە عێراقدا ئینسانی كوردیش بە بەرچاوی كۆمەڵگەی جیهانییەوە دەخرێنە نێو زیلی عەسكەری و پاشان لە چاڵە خۆڵەكاندا بەدەم گریان و پاڕانەوە و هاوارەوە زیندەبەچاڵ دەكرێن.
لێرەدا ئازار یەك شێوە ئازارە، بەڵام لە دوو سەردەمی جیاوازدا، ئەگەر ئێستا هۆلۆكۆستی جوولەكەكانی ئەورووپا، ئازارێكە و جیهان هەستی پێدەكات و یادی دەكاتەوە، خۆ ئەنفال و هەڵەبجەی كوردانیش هەمان ئازارن، كەچی وەك پێویست جیهان هەست بەو ئازارە ناكات و یادی ناكاتەوە، بۆیە تۆ وەك كوردێك لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕە و بەشەكانی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس”دا هەست دەكەیت ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد لە عێراقن نەك ئەڵمانیا، هەستی دەكەیت كوردیش گیۆرگی زۆری هەن و هەزاران كەسیشی بێچارەنووسن.

هۆلۆكۆست و پیاوێكی بێچارەنووس

ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس، لە نووسینی ئیمرە كیرتێزی ڕۆماننووسی هەنگارییە، ڕووناك شوانی لە سوێدییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. نووسەر كاتێك تەمەنی نزیكەی چواردە ساڵان بووە، لە پرۆسەی بەدناوی هۆلۆكۆستدا لەلایەن نازییەكانەوە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لە هەنگاریاوە بۆ ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و پاشان بۆ بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیا ڕاپێچ دەكرێت و لەگەڵ هەزاران جوولەكەی تردا كە هیی وڵاتانی جیاوازی ئەورووپان لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا بێگاریان پێدەكرێت و بە چاوی خۆی ئەو دۆزەخەی نازییەكان دەبینێت كە مرۆڤ تێیدا بەزیندوویی دەخرێتە سووتێنگەوە.
پرۆسەی پاكتاوكردن و كۆمەڵكوژكردنی جوولەكەكانی ئەورووپا لە ساڵانی 1940 تاوەكوو 1945 كە بە هۆلۆكۆست ناسراوە، بە بڕیاری ئەدۆلیف هیتلەر سەرۆكی ئەوكاتی ئەڵمانیای نازی بەمەبەستی پاكتاوكردن و كۆتاییهێنان بە ڕەگەزی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەستیپێكرد، ئەو پرۆسەیە هێندە قێزەون و مەرگەساتاوییە، تەنانەت جیهانیشی شەرمەزار كرد، پرۆسەكە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوەچوو و بە ملیۆنان ئینسانی جوولەكەی ئەورووپایی لە كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئەڵمانیای نازیدا، لەو شوێنانەی كەوتنە دەست ئەڵمانیا، كوژران و سووتێندران و خرانە بەر كاری بێگارییەوە.
نووسەرانی كتێبی “هۆلۆكۆست” ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین، لە پێشەكی كتێبەكەیاندا ئاماژە بە ژمارەی قوربانییانی جوولەكە لە پرۆسەی هۆلۆكۆستدا دەكەن، لەنێوان پێنج تاوەكوو شەش ملیۆن جوولەكە و زیاتر لە نیو ملیۆن قەرەج بوون، هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەن قوربانییانی تری پرۆسەكە پێكهاتووە لە 100 هەزار كەمئەندام و كەمئەقڵ و خەڵكی بێزراو و هەزاران هۆمۆسێكسواڵ و چەندین ملیۆن پۆڵۆنیایی بێ چەك و گیراوانی جەنگی ڕووسیا. سەبارەت بە ڕوانگەی نازییەكان بۆ نەژاد، هەروەك لە كتێبەكەدا دەڵێن مێژووی ئەڵمانیای نازی جیا نییە لە جیهانیی نازییەكان، كوشتاری جوولەكەكان دەرئەنجامی هزری نەژادپەرستانە-ئایدۆلۆژیای ئەدۆلیف هیتلەر بوو، هیتلەر و حیزبی نازی ڕوانگەیان لە پێكهاتەی نەژادپەرستانەی خۆیان سەبارەت بە مرۆڤ و نەفرەتەكانیان لە كۆمەڵگەی دیموكراتیك و بەهاكانی نەشاردووەتەوە، بۆ نازییەكان نەژاد لەخۆگری هەموو شتێكە و بەهای تاك تەنیا لەوەدا كورت دەبێتەوە، ئامرازێكە لەدەست دەوڵەتی نەژادپەرستدا، ئەم ئایدۆلۆژیایە بەزوویی لەدوای بەدەسەڵاتگەیشتنی نازییەكانەوە لە 30ی كانوونی دووەمی 1933دا هاتە ئاراوە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە لە ویکیپیدیادا هاتووە “هۆلۆکۆست لە بنچینەدا وشەیەکی یۆنانییە، بە مانای سووتاندن بە فڕن دێت، زۆرتر بۆ ئەو کوشتارەی جوولەكەکان دێت کە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لەلایەن پارتی سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا، ناسراو بە “نازی” بە سەرکردایەتیی ئەدۆلیف ھیتلەر دەستیپێکرا، گەرچی ڕای جیاواز ھەن ئەم پرۆسەیە تەنیا جوولەکەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کەسانی دیكەی پەکكەوتە و نەخۆش و زیندانیانی سیاسی کە بە دیل گیرابوون، واتە لە ھێزەکانی یەکێتیی سۆڤییەت و کۆمۆنیستەکان و قەرەج و ھاوڕەگەزخوازەکانیش دەگرێتەوە.
کوشتاری نازییەکان جگە لە شەش ملیۆن جوولەکە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دیکەشی گرتەوە لەوانە: سەدان ھەزار قەرەجی ئەورووپایی و سەدان ھەزار (سێرب) کە بەشیکی زۆریان لەناوچوون، نزیک بە دوو ملیۆن مەسیحی و وێڕای سێ ملیۆن جوولەکەی ئەو وڵاتە و دیلەکانی شەڕ و خەڵکی ئاسایی ڕووس و میللەتەکانی سلاڤی ڕۆژھەڵات و ڕووسیای سپی و ڕووس و ئۆکرانی و ھۆمۆسێکسوالەکان، خەڵکی پەککەوتە و نەخۆش و کۆمۆنیستەکان و نەیارانی سیاسی و ڕووناکبیران و ئەندامانی یەکێتییەكانی کرێکاران و پیاوە ئایینییەکانی سەر بە کلێسای ئۆرتۆدۆکس و کاتۆلیک و پرۆتستانت.
لای هەندێك لێکۆڵەر، وشەی ھۆلۆکۆست ھەموو ئەو قوربانییانە دەگرێتەوە کە لە سەرەوە باسکران، بۆیە لەسەر ئامارێكی دروستی سەرجەمی قوربانییەکانی ھۆلۆکۆست کێشە و ڕای جیاواز ھەیە، ئەوەیشە هەندێك لایەن دەڵێن نۆ تاوەكوو یازدە ملیۆن كەس بووە و هەندێكجاریش باسی 26 ملیۆن قوربانی دەکرێت.
وەك لەو كورتە پێناسەیەی هۆلۆكۆستدا دەركەوت، جوولەكەكان قوربانیی باوەڕی نەژادپەرستیی حیزبی نازییەكانن، ڕێك لە ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی سەردەمی ڕژێمی بەعس و سەددام حوسێن دەچێت، ڕاستە جوولەكەكان لە هۆلۆكۆستدا بەهۆی جوولەكەبوونیانەوە كۆمەڵكوژكران، ئەوەتا بە چەند دەیەیەك دوای ئەو ڕووداوە كوردیش تەنیا بەهۆی كوردبوونییەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێكی عەرەبەوە كۆمەڵكوژ كرا. لەبەر ئەوە ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس گرنگە، ڕێك دەڵێی ئازارەكانی كورد لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا دەگێڕێتەوە، ئەگەر ئینسانەكان لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بە گازی ژەهراوی خنكێندران، لە هەڵەبجەش ئەمە ڕوویدا و هەزاران مرۆڤی كورد بە ژەهر خنكێندران، بەداخەوە كۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەو ستەمەی لە كورد كرا، بێدەنگ بوون و تەنانەت لە كاتی داواكردنی سەربەخۆییشدا، پاڵپشتی كورد نەبوون، ئیدی گرنگە كوردیش سەدان ئیمرە كیرتێزی هەبێت، ئازار و كۆمەڵكوژیی كوردان لە ڕێگەی ڕۆمان و بەرهەمی ئەدەبییەوە بە كۆمەڵگەی جیهانی بناسێنن.

چیرۆكی گیۆرگی چواردە ساڵان

گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵان، پاڵەوانی سەرەكیی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس” كە لە ڕاستیدا خودی نووسەری ڕۆمانەكەیە، بەڵام لەسەر زاری گەنجێكی جوولەكە لە فۆڕمی ئەدەبیدا یادەوەرییەكانی خۆی دوای ڕزگاربوونی لە ئۆردۆگە زۆرەمیلێكانی ئەڵمانیای نازی دەگێڕێتەوە.
باوكی گیۆرگی لە هەنگاریا خاوەن كارگەیەكی گەورەی دار و تەختەیە، بە ئایین جوولەكە و سەرقاڵی كاروباری ئاسایی خۆیانن، لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەو خاوەنكارە بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لەژێر گوشاری نازییەكانی ئەڵمانیادا، بۆ بێگاری بانگ دەكرێت و كارگەكە و تەنانەت سەروەت و سامانەكەیشی بە شوتۆی كرێكار و ژمێریاری كارگەكەی دەسپێرێت. شوتۆ ترسی جوولەكەبوون و بێگاری نییە. وەك لە پێشوودا ئاماژەمان بە دۆخی جوولەكەكان لەو سەردەمەدا كرد، بەهۆی جیاوازیی ئایینەوە دەستگیر دەكران و لە خەڵكانی مەسیحی جیا دەكرانەوە.
چیرۆكی گیۆرگی زۆر خەمناكە، بەوەی هێشتا سەرەدەری لە ئایین دەرناكات و خۆیشی پێویستی بە سەرپەرشتیارێكە چاوی لێی بێت، كەچی بەهۆی بانگكردنی باوكی بۆ بێگاری، ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی باوەژن و ماڵەوەیشی دەكەوێتە ئەستۆ، دەی ئەو هێشتا نایەوێت لەو دۆخە نەخوازراوە تێبگات، بۆیە پێش ڕۆیشتنی، باوكی و خزمەكانی باوەژنەكەی، هەوڵی زۆری لەگەڵدا دەدەن و دەیانەوێت تێی بگەیەنن ئیدی ئەو پێی ناوەتە قۆناغێكی تری ژیانەوە، پێی خۆش بێت یان ناخۆش، ئێستا ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی ماڵ و باوەژن و هەموو شتێكی دەكەوێتە ئەستۆ، وێڕای ئەوەی هێشتا توانای دەرخكردنی ئەو هەموو ئامۆژگارییەی نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەست دەكات و تێدەگات دوای ڕۆیشتنی باوکی، ژیانێکی جیاواز دەژین و دەبێت خۆی بۆ قۆناغێکی سەخت ئامادە بکات.
چیرۆكە خەمناكەكە كە پێویستە خەمی هەمووان بێت، لێرەوە دەستپێدەكات، كاتێك بە چەند مانگێك دوای ڕۆیشتنی باوكی بۆ بێگاری، گیۆرگیش بەهۆی دەركردنی چەند یاسایەكی نوێ لە دژی جوولەكەكان، لەلایەن لاوانی نەتەوەیی کە ئەو گرووپە ئەندامی ڕێکخراوێکی سەر بە نازین و گەنجانی تەمەن سێزدە ساڵان بەسەرەوە لەسەر بنەمای سەربازی و شۆڤینیەت پەروەردە دەکەن، گیۆرگی بەزۆرەملێ بۆ کارگەی شێپڵ کە کارگەیەکی پاڵاوتنی نەوتە لە هەنگاریا لەگەڵ هەژدە هەرزەکاری تردا بانگ دەكرێن و پێویستە ڕۆژانە بۆ كاری بێگاری سەردانی ئەو كارگەیەی پاڵاوتنی نەوتە بكات، وێڕای ئەوەی باوەژن و خزمەكانی و خۆیشی تاڕادەیەك خۆشحاڵ دەبن بەو كارە، ئەو سەردەمە كاری لەمجۆرە بۆ جوولەكەكان لەچاو بێگاری لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا زۆر باش بووە، هەرچۆنێك بێت چەند مانگێك بەو تەمەنە بچووكەیەوە، خۆی لەگەڵ بێگاری لەو كارگەیەدا ڕادەهێنێت تا ئەو بەرەبەیانییەی بە ئۆتۆبووسێك بەرەو پاڵاوگە نەوتییە سەربازییەكە دەچێت، پێش ئەوەی بگاتە شوێنكارەكەی، ئۆتۆبووسەکەی لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێت و دەمودەست داوا لە سەرنشینانی دەكرێت هەرچی جوولەکەیە دەستیان بەرز بكەنەوە و بێنە خوارێ، ئەویش ئەو دۆخە بە ئاسایی وەردەگرێت و یەكسەر دەچێتە خوارێ، ڕاگرتنی ئۆتۆبووسی دیكە چەندبارە بووەوە، ئیدی هەر ئۆتۆبووسێک دێت، پۆلیس ڕایدەگرێت و هەرچی جوولەكەیە لە گۆڕەپانێكدا كۆدەكرێنەوە، دوای چەند کاتژمێرێک چەندان جوولەکەی دیكە ڕادەگیرێن و ئینجا بۆ بارەگەیەكی گومرگ دەیانبەن و لە ژوورێكدا دەرگەیان لەسەردا کڵۆم دەدەن، بۆ ئێوارەكەی پۆلیسەكە فەرمان لە سەرووی خۆی وەردەگرێت و سەرجەم جوولەكەكان بۆ گواستنەوەیان بەرەو ئەڵمانیا ناونووس دەكات و دوای چەند ڕۆژێك بە شەمەندەفەر لە هەنگاریاوە دەگەنە سەربازگەی ئاوشڤتز-بیرکناو لە ئەڵمانیا، کە ئۆردووگەكە بە سەربازی ئەڵمانی دەورەدراوە و پڕێتی لە جوولەكەی وڵاتانی ئەورووپا و کەسانی قەرەج و پیر و منداڵ و ژن و پیاو و گەنج، دواتر گیۆرگی لە ئۆردووگەی زۆرەملێی ئاوشڤتزەوە بۆ ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد دەگوازرێتەوە.

ڕۆمانێكی فرە ڕەهەند

ئەو ڕۆمانە دەچێتە بازنەی ڕۆمانی فرە ڕەهەندەوە، واتە یادەوەریی و مێژوویی و واقیعی و ئایینی، ئیمرە كیرتێزی نووسەری ڕۆمانەكە خۆی یەكێك بووە لەو جوولەكانەی لە پرۆسەی پاكتاویی ئایینی و نەژادیدا (هۆلۆكۆست) لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بووە، خۆی ئازاری چەشتووە و ڕووداوەكانی بەچاوی خۆی بینیوە تاوەكوو ئەو كاتەی ئەڵمانیای نازی دەڕووخێت، ئینجا ئازاد دەكرێت. ڕۆمانەكە لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ڕووداوێكی واقیعی بەسەردەكاتەوە كە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ڕوویداوە و چەندین كتێب و فیلم و هەزاران وتار و بابەت و یادكردنەوەیشی لەسەر نووسراون و ئامادەكراون.
لەو خاڵەیشدا مێژووییە، مێژوویییە بەو مانایەی هۆلۆكۆست پرۆسەیەكی پاكتاویكردنی نەژادی و ئایینییە و دەستپێك و كۆتایی لە مێژوودا تۆمار كراوە، بۆیە بێدوودڵی ئەو ڕۆمانە مێژوویی و واقیعی و یادەوەریی و تەنانەت ئایینی و سیاسیشە، پرۆسەی هۆلۆكۆست لەسەر دەستی حیزبێكی خاوەن دەسەڵات كە فەرمانڕەوایی وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەڵمانیای دەكرد، ڕوویداوە، بۆیە سیاسیشە.
جیاوازی ڕۆمان لەگەڵ هەر ژانرێكی تردا كە ڕووداوێكی مێژوویی و واقیعی تۆمار دەكەن و دەنووسنەوە، ئەوەیە، ڕۆمان جیاوازە لەو كتێبانەی دیكە كە ڕووداوی هۆلۆكۆستیان تەنیا وەك ڕووداو و ئامارێكی بێ گیان و دوور لە دۆخە سایكۆلۆژییەكە باس كردووە، كاتێك لە كتێبێكی ئاسایی دەنووسرێت لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدا مرۆڤ ئازار دەدرا و دەكوژرا، ئەمە بەشێكە لە گواستنەوەی ئازارەكە و ناگاتە ئەوەی ڕۆماننووسێك خۆی لە بۆشنڤەڵد بووە و لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ئازارەكان و ڕووداوەكان و جۆری خواردن و هەستی قێزلێبوونەوە لە جەستەی كێماوی خۆی لەو سەربازگەیە دەنووسێتەوە، ڕۆمان چونكە لایەنی دەروونی تێدا ڕەچاو دەكرێت، بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانەی وەك ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی و ئەنفالی كوردان، قووڵتر دەتوانێت ڕۆبچێتە ناخ و هەستی خوێنەر بجووڵێنێ و ڕای گشتی لەبارەوە دروست بكات.
كێ هەیە كاتێك لاپەڕەكانی ئەم ڕۆمانە پڕ كێم و خوێن و دۆزەخییە هەڵدەداتەوە، لەگەڵ گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵاندا، هەست بە ترس نەكات و لەلای خۆیەوە هەناسەیەكی قووڵ هەڵنەكێشێت و نەڵێ ئۆخەی من گیۆرگی نیم!
ئیمرە كیرتێز، بە تەنیا چیرۆكی خۆیمان بۆ ناگێڕێتەوە، ئەو گیۆرگییە لەبری هەمووان بەدەست جیاوازیی ئایین و نەژادییەوە ئازار دەچێژێت، ئەوە خۆی پەیامێكە بۆ هەمووان، ئەگەر جیاوازیی نەژادی و ئایین بوونە هۆی ئەوەی مرۆڤ بەهۆیانەوە بچەوسێندرێتەوە یان بچەوسێنێتەوە، مرۆڤایەتی لەبەردەم پرسیارێكی گەورەدایە، ڕاستە گیۆرگی باسی ئەنفال ناكات، بەڵام هەمان ئازاری كوردێكی هەیە كە بەهۆی كوردبوونییەوە لەسەر پشتی زیلێكی عەسكەری لە گەرمەسێری كوردستانەوە بۆ پارێزگەكانی خوارووی عێراق دەبردێت و لەوێدا لە جیهان دادەبڕێت و بەدەم هاوار و گریان و پاڕانەوە و دەستبەرزكردنەوە بۆ ئاسمان دەخرێتە چاڵی مەرگەوە، ئێ ئەوە چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەو سووتێنگەیەی گیۆرگی باسی دەكات هەیە، كاتێك لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدی نازییەكاندا مرۆڤ تەنیا بەهۆی جوولەكەبوونییەوە دەسووتێندرێت و لە ژووری سیخناخ لە گاز دەخنكێندرێت! بەڵێ هیچ جیاوازییەكیان نییە، چ ئەوەی لە هۆلۆكۆست و چ ئەوەی لە ئەنفالدا ڕوو دەدەن، لە كرۆكدا یەك ڕووداون و تاوانێكی یەكجار گەورەن، تەنیا كات و شوێنیان جیاوازە.

یەكەم ماچی كونەتەیارە و یادەوەرییەكی شیرین

ئەگەرچی بابەتی سەرەكی ڕۆمانەكە بە تایبەتی تیشك دەخاتە سەر ڕەوشی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەورووپا لە پرۆسەی پاكتاوكردنی جوولەكە و چەندین گرووپی دیكەی مرۆڤ لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە لەنێو بردران، بەڵام لە تەك ئەوەشدا، ڕووداوێكی خۆشەویستیی نێوان گیۆرگی و كچێكی هاوتەمەنی خۆی بەناوی ئەنناماریا هەیە، ڕۆمانەكەی لەو دۆخە گشتییە ترسناكەدا، جیاواز و جوانتركردووە، بەڕای من ڕۆحی بە بەردا كردووە.
لەو دیمەنی خۆشەویستییەدا، ئەگەرچی نووسەر نەیویستووە كاری جدی لەسەر بابەتی خۆشەویستی لەنێو ڕۆمانەكەیدا بكات، وەك باوە زۆربەی ڕۆماننووسەكان بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خوێنەر، پەنا بۆ بابەتی خۆشەویستی و سێكسی دەبەن، بەڵام ئەو دیمەنەی یەكەم ماچە لەنێو پیاوێكی بێچارەنووسدا ڕووداوێكە و لە بەرگی ئەدەبیدا خۆی خزاندووەتە نێو ڕووداوە ئاڵۆزەكانی ڕۆمانەكە، لێ جێگەی خۆی كردووەتەوە، ئەویش پێناسەكردن و سەربووردەی یەكەم ماچی نێوان گیۆرگی و ئەنناماریایە، پێش ئەوەی گیۆرگی ڕاپێچی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بكرێت، گرنگی ئەو ماچە لەوەدایە لەكاتێكدا بۆردوومانی فڕۆكەیان لەسەرە، كەچی تینی خۆشەویستی و گڕی ماچ، وای لێ كردوون باكیان بە ترس و مەرگ و زرمەی بۆمبەكان نەبێت و لەپڕ بخزێنە باوەشی یەكدییەوە و یەكەم ماچ بگۆڕنەوە، ئەو ماچە هێندە شیرینە، وەك یادەوەرییەكی خۆش لای گیۆرگی دەمێنێتەوە.
گیۆرگی گەنج بە تامەزرۆییەوە باس لەو یەكەم ماچە دەكات: “پێرێ شەو، لە كاتی بۆمببارانی فڕۆكەكاندا، لە كونەتەیارەكە، یان دروستتر بێژین لەو ڕێڕەوە نیمچەچۆڵە تاریكەی لە كونەتەیارەكە جیا دەبێتەوە، لە تەك ئەنناماریادا كەوتینە دۆخێكی تاڕادەیەك تایبەتییەوە. لە بەراییدا گەرەكم بوو نیشانی بدەم لە كوێوە خۆشترە تەماشای ڕووداوەكانی دەرەوە بكات، لێ پاش چركەیەك كاتێك زرمەی بۆمبێكمان ژنەفت، كە لە نزیكمانەوە تەقییەوە، هەموو جەستەی وەك گەڵای دار دەهەژیا، ئەمن بەڕوونی هەستم پێ كرد، چۆن لە ترساندا خۆی بە منەوە ئاوێزان كرد، باسكی لە دەور ملم ئاڵاند و دەموچاوی لە شانم گیر كرد، ئیدی هیچم بەیاددا نایەتەوە، تەنێ ئەوە نەبێت، كە لە دووی دەمی گەڕام، هەستێكی تەماوی، گەرم و نیمچەشێداری، لەگەڵ حەپەسانێكی خۆشی لە ناخمدا جێهێشت، لەبەر ئەوەی یەكەم جار بوو كچێك ماچ بكەم، جگە لەوەش بیرم لێ نەكردبووەوە، ڕۆژی دواتر لەسەر پلیكانەكان بۆم دەركەوت ئەویش بەوە حەپەسابوو، پێی وابوو، بۆمبەكە هۆكار بووە، لە ڕاستیدا ئەمەیان دروست بوو، پاشان جارێكی دیكە یەكترمان ماچ كرد، لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین”.
وەك لەو دیمەنەدا دەردەكەوێت گڕی ئەوین و حەزی ماچی ڕەگەزی بەرانبەر كاتێك كڵپە دەدات، كاتوساتی بۆ نییە، هەركە ئەو گڕە هەڵدەگیرسێت، لەنێو كوورەی ئاگریشدا بێت، خۆشەویستەكان باوەش بە یەكدا دەكەن و نێو دەمی یەكدی ماچ دەكەن، ڕاستە ماچی یەكەم شەرمەیەكی لەگەڵدایە، بەڵام بۆ هەمیشە لە یادەوەریی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، یادەوەرییەك هەتا ناو گۆڕیش لەگەڵیدا شۆڕ دەبێتەوە. گیۆرگی لەخۆیەوە ناڵێ: لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین!

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد..
دۆزەخەكانی نەژادپەرستی

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد، دوو لەو سەدان ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكانن كە بە هەزاران ئینسانی جوولەكە و قەرەج و هۆمۆسێكسواڵ و كەمئەندام و كەمئەقڵ و كەسانی بێزراویان تێدا ڕاگیراون، بە تایبەتی ئەو دوو ئۆردووگەیە دۆزەخن بۆ جوولەكەكان، چونكە پرۆسەی پاكتاوكردنەكە زیاتر ئامانجی جوولەكەكان بووە تا گرووپەكانی دیكە، لەبەر ئەوەشە ئێستاش جیهان دەیەوێت نازی ئیسرائیل كە دەوڵەتێكی جوولەكەیە ڕابگرێت و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەوەی لە هۆلۆكۆست بەسەر جوولەكەدا هات، دووبارە نەبێتەوە، تەنانەت ئەڵمانیای ئێستاش بە بەردەوامی چاوێكی لەسەر پاراستنی جوولەكەیە تاوەكوو ئەو پەڵە ڕەشەی كە هیتلەر خستە سەر ڕووخساری ئەڵمانییاوە، بە یەكجاری بسڕدرێتەوە و بە كۆمەڵگەی جیهانی بڵێن ئەوە هەموو ئەڵمانییەكان نەبوون هۆلۆكۆستیان كرد، تەنیا هیتلەر و گرووپەكەی لێی بەرپرسیارن، بۆیە ئێستا حیزبی نازی لە ئەڵمانیا كاركردنی لێ قەدەغە كراوە.
ئیمرە كیرتێز، چونكی خۆی قوربانییە و بەچاوی خۆی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی دیوە، هێندە ورد و بە سەلیقە، وێنەی كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكان دەگرێت، تۆی خوێنەر كاتێك ڕۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هەر دەڵێی ئێستا لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەژیت و یەكێكیت لە بێگارەكان و دەستگیركراوانی جوولەكە و قەرەج، ئاخر كیرتێز بەو ڕۆمانەی، پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینە و ناشرینی نازییەكان هەڵدایەوە، وێنەیەكی ئەوتۆی گرتووە و بە جۆرێك ڕووداوەكانی تۆمار كردوون، هەرگیز لە زاكیرەی خوێنەردا كاڵ نابنەوە. كێ هەیە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەكە، سووتێنگەكان و ئازاری ئینسانەكان لەبیر بكات!
“مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات بە پەرجوو ڕادێت، وردە وردە توانیم لەسەر پێی خۆم بە پێخاوسی بۆ نۆرینگەكە بڕۆم، پەتووەكەم لەسەر كراسەكەدا لەخۆ پێچابوو، لەنێو هەوا ساردوسڕەكە و بۆنوبەرامە ئاشناكەدا بۆنێكی جیاوازم ناسییەوە، پاش ئەوەی بیرم لە كاتە بەسەرچووەكە كردەوە، بەو ئەنجامە گەیشتم كە دەشێت سەرەتای بەهار بێت، لە ڕێگەی گەڕانەوەمدا سەرپێیی سەرنجی دوو پیاوم دا بە جلی زیندانییەوە لە كۆخەكەی ئەوبەری تەلبەندەكەی ئێمەوە عەرەبانەیەكی تاڕادەیەك گەورە كە تایەكانی لاستیك بوون، لەو جۆرەی دەتواندرێت بە بارهەڵگرەوە پێوەست بكرێت، ڕادەكێشایە دەرێ، لەو بارەدا پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووم بینین”.
ئەوە دیمەنی عارەبانەیەكی گەورەیە لە ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد كە پڕ لە جەستەی مرۆڤە، بیهێنە بەرچاوی خۆت، گیۆرگی زۆربەی كاتەكانی لەوێدا لە تەك ئەو دیمەنانەدا بەسەربردووە، دەی ئەگەر تۆ یەكێك بیت لەو گیراوانە و بەچاوی خۆت عارەبانەیەكی پڕ لە پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووی مرۆڤ ببینیت، ئینجا بۆی هەیە تۆش ببیتە پارچەیەك لەو جەستە وشكەوەبووانەی عارەبانەیەكی دیكە و بەندییەكی تر جەستەی تۆ ببینن! گیۆرگی هەركە ئەو دیمەنە بەچاوی خۆی دەبینێت، دەترسێت و بەپەلە پەتووەكە لەخۆیەوە دەپێچێت و بە شەلەشەل و چنگ لەسەر شان بەرەو ژوورەكەی خۆی دەگەڕێتەوە و گورج گورج خۆی دەخزێنێتە نێو لێفەكەی و ئیدی وەك جۆرێك لە خۆشاردنەوە خۆی گرمۆڵە دەكات.

برسێتی و شەرمكردنی لە جەستەی خۆی

ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بۆ ئینسانەكان دۆزەخن، ئەوانەی ڕاپێچی ئەو شوێنانە دەكرێن، لە بەها و شكۆی مرۆیی دادەماڵدرێن، تاوەكوو ئەندامەكانی جەستە توانای كاری زۆرەملێ و جووڵەیان هەبێت، لەلایەن سەربازەكانەوە بەكاردەهێنرێن، كاتێكیش ئەو توانایە لەدەست دەدەن، بە یەكجاری ڕەزیل و بێبەها دەمێننەوە، ئەوەی خاڵێكی گەشە، لەو دۆخەشدا پزیشك و پەرستارەكان وێڕای ئەوەی لەژێر گوشاردان، كەچی تاڕادەیەكی باش نێوانیان لەگەڵ نەخۆش و پەككەوتە و بریندارەكانی ئۆردووگەدا باشە، دەكرێت ئەمە پەیامێك بێت بۆ پزیشكان و هەموو ئەوانەی لە سێكتەری تەندروستیدا كار دەكەن، لە سەروەختی جەنگ و هەر جۆرە ململانێیەكی هێزەكاندا پێویستە ڕێز لە پیشەكەی خۆیان و مرۆڤ بگرن و لووتكەی كار و ئامانجیان ڕزگاركردنی مرۆڤ بێت لە ئازار و مردن. گیۆرگی دەیان نموونەی جوانی ئەو هەستە بەرزەی پزیشك و پەرستار و كارمەندانی ئۆردووگە زۆرەملێكە دەگێڕێتەوە كە سەرباری دۆخە ئاڵۆزەكەی تێیدان، هێشتا پەیامی مرۆیی خۆیان لە ڕێگەی مومارەسەكردنی پیشەی پزیشكییەوە لە چارەسەركردنی نەخۆش و بریندارەكاندا دەگەیەنن، ئەگەرچی ئێستا ئەو دۆخە بە قۆناغێكی تر گەیشتووە بەوەی سەرمایەداری پیشەی پزیشكیشی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە تا ئەو ئاستەی لەم جیهانە پێشكەوتووەدا كەسانێك هەن بەهۆی نەبوونی پارەوە بۆ دابینكردنی دەرمان و نەشتەرگەری، گیانلەدەست دەدەن. لێ لە دۆزەخەكەی نازیدا پزیشكەكان لەگەڵ گرتوواندا میهرەبانن.
“نە عینادی، نە نوێژ و نە هەڵاتن لە شتێك ڕزگاریان نەدەكردم، ئەویش برسێتی بوو، دیارە لە وڵاتیشدا برسیم ببوو، یان پێم وابوو برسی بووم، لە كارگەی خشتەكەدا، لە شەمەندەفەر، لە ئاوشڤتز، تەنانەت لە بۆشنڤەڵدیشدا برسیم بوو، لێ هەرگیز بەڕادەی ئێستا هەستم بەم برسێتییە درێژخایەنە نەكردووە، سەراپای بوونم بوو بە بۆشایی، هەموو تەقەلام كپكردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بێكۆتایییە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش تەنێ چاوەكانم شك دەبردن كە چاوساغی هزر و هۆشم بوون، كار و ئاكاری ئاراستە دەكردم، دار و وردەبەرد و ئاسن نەخۆم لەبەر ئەوەیە كە نە دەتوانن ئەم شتانە بجووین و نە هەرس دەكرێن، سەرەڕای ئەوەیش لمم تاقیكردەوە، گەر گژوگیایشم دەستبكەوتبایە دوودڵیم لێ نەدەكرد، بە داخەوە گژوگیا نە لە كارگەكە نە لە ئۆردووگاكەیشدا سەوز نەدەبوون”.
لە دۆزەخەكەی نازیدا، برسێتی وا لە ئینسان دەكات تەنانەت بیر لە خواردنی لم و هەر جۆرە ماددەیەكی تری ڕەقیش بكاتەوە، بۆشنڤەڵد نموونەیەكە لەو نموونە واقیعییە تاڵانەی، ڕژێمی دیكتاتۆر و تۆتالیتار ئەگەر بە چەكیش نەتكوژێت، لە برسان و تامەزرۆیی بۆ لەتێك نان دەتكوژێت، ئێمە ئێستا باسی قۆناغێكی سیاسی و مێژوویی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی دەكەین، وێڕای برسێتی لەو كەمپە زۆرەملێیانەدا، تەنانەت بەهۆی گەمارۆدانی شارێكی ڕووسیا لەلایەن هێزەكانی ئەڵمانیای نازییەوە، مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستەی گۆشتی منداڵ و ژن و كچ و دایك و باوك و هاوڕێ و هاوشارییەكانی بخوات، ئەمەیش لە ئەنجامی ئەو پەتایەی نازییەت كە بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ فەرمانڕەوایی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپای كرد، مرۆڤایەتی پێویستە لە ئاست ئەو جۆرە ڕژێمانە هەردەم لە ترسدا بێت نەوەك جارێكی دیكە و لە بەرگێكی تردا زیندوو ببنەوە و هەمدیس ماڵوێرانی و مەرگەسات دووچاری مرۆڤایەتی بكەنەوە.
وێڕای برسێتی ئەو ڕۆمانە پێمان دەڵێت مرۆڤ لە سایەی ئەو جۆرە ڕژێمانەدا، تەنانەت شەرم لە جەستەی خۆیشی دەكاتەوە، بۆچی؟ لە ئۆردووگەكانی نازیدا، مرۆڤ هێندە پەراوێز دەخرێت و بە ژینگەیەكی پیس ئاشنا دەبێت، بە هێواشی جەستە بەهێزەكەی توانای خۆڕاگرتنی نامێنێت و دەبێتە شوێنگەی ئەسپێ و زیندەوەرانی تر و پاشان ئەو جەستە جوانەی ڕۆژگارێك بەهێز و چالاك بووە، دووچاری داڕزان و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو و برینی قووڵ و گەورە گەورە دەبێتەوە، سەرئەنجام هەر ئەو برین و كێم و ئازارانە لە پەلوپۆی دەخەن و ئیدی بەزیندوویی یان بە مردوویی بێت، دەخرێتە نێو عارەبانەیەكەوە و فڕێ دەدرێت و پاشان دەسووتێندرێت.
“ئێستا پێستم چرچ و لەڕ بووە، وشك و زەردهەڵگەڕانەوە، هەموو جۆرە دوومەڵ، پەڵەی قاوەیی، قڵش و لیرگەلێكی لێ دەرهاتووە، كە فرە دەخوران و وەڕزیان دەكردم، بە تایبەتی نێوان قامكەكانم ئەمە “گەڕی” بوو، هەینێ بە باندی سترومم نیشان دا، ئەو بە ئاماژەیەكی لێزانانە دەستنیشانی كرد. لە خێراییی لاوازبوون و لەناوچوونی ئەو پێستەی ئێسقانەكانمی داپۆشیبوو حەپەسام! سەیرم لە ڕۆژبەڕۆژ توانەوە و بنبڕبوونی گۆشتی جەستەمدا هات، هەموو ڕۆژێ شتێكی نوێ سەرهەڵدەدات و سەرم لێی سووڕ دەمێنێ، خەوشێكی نوێ، ناحەزییەكی تر لەم شتە فرە سەیرەدا، لەم شتە زێدە نامۆیەی ڕۆژێك لە ڕۆژان نزیكترین هاوەڵم بوو، جەستەم، شتێكی بەسامە، چیتر ناتوانم بۆی بڕوانم، قێزی لێ دەكەمەوە، بۆیە ماوەیەكی زۆرە جلەكانم لەبەرم دانەكەندوون بۆ ئەوەی خۆم بشۆرم، جگە لە بێحەوسەڵەییم خۆم لە هەموو ئەو كارە سەختە بێكەڵكانە كێشایەوە، سەرما و پێڵاوەكانیشم لەولا بوەستن.

نۆستالیژیا و نامۆیی

ئینسان لەو ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكاندا لە یەككاتدا دووچاری نۆستالیژیا و نامۆییش دەبێت، بە خەیاڵ هەموو ئەو شت و كارە بێزاراوانەی ژیانی ئاسایی خۆش دەوێن و تامەزۆیە بۆ یەكجاریش بێت، بە ژیانی ئازادی ئاشنا ببێتەوە، ئەوەتا گیۆرگی لەنێو ئەو هەزاران كەسەی نێو ئۆردووگەكەدا، بیری هەموو ئەو كار و هەڵوێستە خراپانەی خۆی دەكاتەوە و پەشیمانە لەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕێزی لە شتەكانی خۆی نەگرتووە، مرۆڤ شتەكانی زیاتر لەلا بە نرخ دەبن، كاتێك لەدەستیان دەدات.
گیۆرگی ژیان و هەموو شتێكی لەدەستدا، ئەوەتا ئێستا ئەو هەموو شتێكی ڕابردووی خۆی خۆش دەوێت، چونكە ئۆردووگەی نازییەكان هێندە سامناكە نەبێتەوە، بە خەیاڵ بۆ ڕابردووی خۆی دەگەڕێتەوە و لەدەست ئەو ئێستایەی تێیدا هەڵدێت “خۆشترین شت بەلامەوە بۆ بەسەربردنی كات ئەوەبوو گەر بكرایە ڕۆژێكی تەواو، بەبێ بڕانەوە، لە سبحەینەوە تاوەكوو ئێوارێی ماڵی خۆمان بهێنمەوە بەرچاوم، لە هەمان سادەییدا، دەكرا بە هەمان كۆشان ڕۆژێكی ئاوەها نموونەیی بهێنمە بەرچاوم، لێ هەمیشە ڕۆژی ناخۆشم بەیاد دەهاتەوە”. نامۆیی بە دونیا پەتایەكی ترە ڕۆحی مرۆڤ لە زیندانی دەسەڵاتی تۆتالیتاریدا دەخوات، نامۆبوون بە هەموو شت، بە كۆمەڵگە، بە مرۆڤی دەوروبەر، بە خۆت و جەستە و ناخت، ئیدی لەو زیندانانەدا مرۆڤ هەر ساتەوەختەی بەدەست ئەندێشەیەكەوە گیر دەخوات، جارێك بەخۆی نامۆیە و جارێكیش بە خەیاڵ و نۆستالیژیا دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ڕابردووی، ڕابردوویەك زەحمەتە دووبارە ببێتەوە.

لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە

ئینسان لە زیندانی دیكتاتۆردا ڕزگاربوونی نزیكە لە مەحاڵەوە، ڕەنگە هەموو هەوڵێكیشی بۆ ئازادی بە شكست و ئەشكەنجەی نوێ كۆتایی بێت، لێ ئازادییەكی تر هەیە، هەرگیز دیكتاتۆرەكان ناتوانن دەستەمۆی بكەن و دەركی پێ بكەن، ئەویش ئازادیی ئەندێشە و لە ناخەوە بیركردنەوەیە لە ئازادبوون، مرۆڤ بە ڕێگەی خەیاڵ و ئەندێشەوە دەتوانێت هەمیشە ئازاد بژی، دەكرێ كەڵەپچە لە دەستت بێت و لە گرتووخانەیەكدا بیت و دەیان پاسەوان و جەللادت لە نزیكدا بن، بەڵام هەرگیز ئەو هەستەت نامرێت كە دەتەوێت ئازاد بیت، گرنگ نییە، ناتوانیت ئازاد بیت، گرنگ ئەوەیە خۆت لەگەڵ كۆتوبەندی دیلیدا ڕانەهێنیت، كۆیلە ئەو كەسەیە بە كۆیلایەتی ڕازی دەبێت و هەوڵی ئازادیی خۆی نادات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی تەنیا وەك كۆیلەیەك ڕاگیراون و بیر لە ئازادی دەكەنەوە، ئەوە كۆیلە نین، چون ناخێك هەیە بیر لە ئازادبوون دەكاتەوە، گیۆرگیش ئەگەرچی دەزانێت ڕزگاربوونی مەحاڵە، بەڵام بە ئەندێشە بیر لە ئازادی دەكاتەوە و دەیەوێت هەموو ڕووداوەكانی ژیانی وەك شریتێك بهێنێتەوە بەرچاو، ئەمە خۆی جۆرێكە لە ئازادی و پەیامێكیشە مرۆڤ نابێت لە سەختترین ساتەوەختی زیندان و ئاستەنگەكانیشدا بیر لە خۆڕادەستكردن بكاتەوە. “بەشێك لە سرووشتی مرۆڤ هەیە تایبەت بە خۆیەتی و بە هیچ ڕەواڵێك لێی داگیر ناكرێت، ئەوە ڕاستییە، تەنانەت لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە”.
گیۆرگی لەو دۆخەدا ئەگەرچی تەواو پەكی كەوتووە و هەندێ جاریش هیچ ئومێدێكی نامێنێت، بەڵام ئەوەتا لە ناخیدا دەڵێ: “بەخۆم ژنەفتم باسی ڕابردوو و داهاتوو دەكرێت، لە هەمووشیان زێدەتر، گەلێك باسی ئازادی دەكرێت، بەڵێ بە بوێرییەوە دەڵێم نەمبیستووە لە هیچ شوێنێكی دیكەی جیهاندا هێندەی نێو گرتووان باسی ئازادی بكرێت، ئێوارەیەكی تاریكی مانگی نیسانە، لەكاتێكدا سەرۆكی ئۆردووگەكە جارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەدوا، پیەتیكایش بە ڕوومەتی سوورهەڵگەڕاو، بە جۆشوخرۆش و پڕ بە هەزاران وشەی ناڕوون گەڕایەوە، هاوكات سەرۆكی ئۆردووگاكە حارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەستی بە قسان كردەوە، ئەمجارەیان ڕووی دەمی لە ئەندامانی پێشووی تیمی پەتاتەپاككردنەوە كرد و داوای لێ كردن بەزووترین كات بۆ شوێنەكەی خۆیان، واتە ناندێنەكە بگەڕێنەوە، هەروەها داوای لە دانیشتووانی ئۆردووگەكە كرد، گەرچی تا نیوەشەویش بووە بە بێداری بمێننەوە، لەبەر ئەوەی دەستیان بە لێنانی شۆربابەگۆشتێكی خەستوخۆڵ كردووە، ئەوجا بە ئاسوودەیی سەرم خستە سەر بالیفەكەم و بەكاوەخۆ شتێك لە ناخمدا داسەكا، ئەو دەمەی ئەمنیش ڕەنگە بۆ یەكەمین جار بیرم لە ئازادی كردەوە”.

ئازادی و لەبیرنەكردنی ئازارەكان

دوای ئەوەی ئەڵمانەكان لە شەڕدا دووچاری شكست دەبن، ئەو جوولەكانەی لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا ڕاگیرابوون، ئازاد دەبن و هەر كەسەیان بەرەو وڵات و شاری خۆی دەگەڕێنەوە، ئەگەرچی ئەوانەی ئازادبوون ژمارەیان زۆر كەمە، چونكە زۆربەیان لە ماوەی پرۆسەی پاكتاوكردن لە كەمپەكاندا بە جۆرەها شێوە كوژران و سووتێندران و خنكێندران و لە برسان مردن و لە تینووێتیدا خنكان.
كاتێك گیۆرگی بە وڵاتەكەی “هەنگاریا” ئاشنا دەبێتەوە، زۆر شت وەك خۆیان نەماون، زۆربەی خەڵكەكە یان بزرن یان مردوون، باوكی كە پێشتر بۆ بێگاری لەلایەن نازییەكانەوە بردرا، لە ئۆردووگەدا گیانیلەدەستداوە و باوەژنەكەشی شووی بە توشۆ، ئەو كرێكارەی كە باوكی، كۆگەی دارەكەی پێسپارد، كردووە و شوێنەكەی جێهێشتووە، كەسوكاری باوەژنەكەیشی زۆر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن ئەو دۆخەی بەسەری هاتووە، وەكخۆی قەبووڵ بكات و ژیانێكی نوێ دەستپێبكاتەوە، بەڵام گیۆرگی هێندە بە قووڵی ئازاری چەشتووە و لەبەرچاوی شكۆی مرۆڤ شكێندراوە، داواكەیان ڕەت دەكاتەوە، ئەگەرچی سەرجەم ڕووداوەكان بە ئاسایی دەبینێنێت، سەرەڕای ئەوەش ناتوانێت لەئاست ئەو ستەمەدا بێدەنگ بێت، دواجار بڕیار دەدات لەبارەی ئەوەی لە ئۆردووگەكاندا ڕوویداوە، قسە بۆ ڕۆژنامەكان بكات.

——————————————–

سەرچاوەكان:
ناوی كتێب: پیاوێكی بێچارەنووس
نووسەر: ئیمرە كیرتێز
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: ڕووناك شوانی
بابەت: ڕۆمان
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم 2016
لە بڵاوكراوەكانی ئەندێشە
**
ناوی كتێب: هۆلۆكۆست
نووسەران: ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین
وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری
بڵاوكراوەی ئاراس، چاپی یەكەم 2007
**
سەرنج: ئەم بابەتە لە كتێبی (خوێن و ئیرۆتیك)ی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا، وەرگیراوە.




کەشوهەوای جیهان و یەکسانی کۆمەڵایەتی.. ڕزگار عومەر

پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان تێکچوونی کەشوهەوای جیهان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بارودۆخی ژینگەیی نوێنەرایەتی ئاستەنگێکی گەورە دەکات بۆ کۆمەڵگەو ووڵاتە بێ دەسەڵاتەکان، بەتایبەتی چینە هەژارەکان. لە کاتێکدا جیهان لەگەڵ ئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا ناڵە ناڵیەتی، بۆ ئەم دۆخە چ وەکو چالاکوانێکی سیاسی یان ژینگەیی زۆر گرنگە لە ئەنجامە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان بۆ هەژاران و پەیوەندییە سروشتییەکان بە پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێبگەین.
چینە هەژارەکان؛ کە زۆر گروپی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە لەوانە جووتیارە وەرزێرەکان و شوانکاری پشت بەستوو بە لەوەرگا سروشتیەکان و کرێکارە کشتوکاڵیەکان بە شێوەیەکی نایەکسان کاریگەری ڕاستەقینەی سەختی تێکچوونی ژینگەیان لەسەرە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبێت. زیادبوونی ئاستی و توندی کارەساتە سروشتییەکان لە ناوچە هەژارەکان ، وەک زریان، لافاو و وشکەساڵی، بە توندی کاریگەری داناوە، ئەمەش جیاوازیی و قڵشتە ئابووری و چینایەتیەکانی ئێستا زیاتر دەکات. سەرچاوەو داهاتی سنووردارو و ژێرخانی ئابوری ناتەواو لەم ناوچانەدا کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان وادەکات زیاتر ببن بە قوربانی ئەنجامە وێرانەکانی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی سەقامگیر، ماڵ و بژێویان .
زۆرجار خەڵکی هەژار بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە سامانە سروشتییەکان دەبەستن، وەک کشتوکاڵ و ماسیگرتن. تێکچوونەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ئەم ئیکۆسیستەمانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سەرەتاییەکان، ئەمەش وادەکات کۆمەڵگە لاوازەکان قووڵتر نقوم بن لە هەژاری.

دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئاستەنگەکانی ژینگەیی زۆر گەورەن، کە نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر بژێوی ژیان هەیە، بەڵکو کاریگەریان لەسەر تەندروستی و پەروەردە و خۆشگوزەرانی گشتی هەیە.
کۆمەڵگە هەژارەکان ڕووبەڕووی مەترسی زیادبوونی بەدخۆراکی، نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی دەبنەوە. جگە لەوەش، کۆچی زۆرەملێی خەڵک بەهۆی هۆکارە ژینگەییەکانەوە دەتوانێت ببێتە هۆی قەرەباڵغی ناوچە شارییەکان و فشارێکی زیاتر لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان دروست بکات و بەشداربێت لە نائارامی کۆمەڵایەتیدا.
چارەسەرکردنی پەیوەندی نێوان بارودۆخی خراپی ژینگەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە. سیاسەتە ژینگەییەکان دەبێت پێداویستییەکانی کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان لە پێشینەدا بن و گەشەپێدانی بەردەوام و خۆڕاگری بەرەوپێش ببەن.
پەیوەندی نێوان بارودۆخی ژینگەیی نالەباری کەشوهەوای جیهانی و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان دەرفەتی نەهێشتووە بۆ نکۆڵی لێکردن. گەیشتن بە “دادپەروەری کۆمەڵایەتی” لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوادا پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە کە بەڕێوەبردنی ژینگە لەگەڵ “عەدالەتی کۆمەڵایەتی” تێکەڵ بکات، ئەم تێکەڵ کردنە ئیختیاریی نیە بەڵکو زەرورەتە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گروپە لاوازەکان بە تەنیا نامێننەوە!




خوێنـدنەوەیەک بۆ رۆمـانی ملوانکەی ئەفـسوناوی.. رەزا شـوان

رۆمانی (ملوانکەی ئەفسوناوی) بۆ مێردمنداڵان، دووەم رۆمانی شاعیر و چیرۆکنووس و رۆمـانـنووسی ناسـراوی ئەدەبیـاتی منـداڵانی کـورد، مـامـۆسـتا (ئەمیـن محـەمـەد) ە. ئەم رۆمـانەی بـۆ هـەرزوکاران نووسیوە. (١٢) بەشە، (٩٢) لاپـەڕەی مامناوەنـدییە. چاپی یەکەمی لە چاپخانەی (پـانـدا) لە ساڵی (٢٠٢٤) دا چاپکـراوە. لە بڵاوکـراوەکانی دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە یە، بە سپۆنسەری دارایی بەڕێـز دکتۆر (تەهـا رەسـووڵ) چاپکـراوە، تیراژی (٥٠٠) دانـەیە. کوالـیتی دیـزایـنی بەرگ و وێنەکـان و چاپکـردن و جـۆری کاغـەزەکەی باشـن. چەپکەگـوڵی سوپاسم بـۆ مامۆستا ئەمـین محەمـەد، کە بە (پی دی ئێـف) رۆمـانەکەی بـۆم نـارد. جـوانـترین دەستخـۆشی و پـیرۆزبـایی لێـدەکەم.
رۆمانی ملـوانکەی ئەفسونـاوی، لە ناونیشانەکەیەوە و لە سەرەتاوە بە ئەفسون دەست پێـدەکـات، هـەر بـە ئەفـسونیـش چـارەسەری رووداوەکـان دەکـات و کـۆتـایی دێـت. ئەم رۆمـانە، رۆمـانێکی خەیـاڵـيی فـانتـازییە، لە هەمانکاتیشدا رۆمانێکی خەیـاڵی زانستییە و رۆمانێکی داهاتـووە (جۆرێکە لە جۆرەکانی رۆمان). پێم باشە پێش ئەوەی بێمە سەر دەربـڕینی را و چەنـد تێبینی و سەرنجی تایبەتیم دەربارەی ئەم رۆمـانە. بە کورتی و بە چـڕی، پـێناسەی رۆمـان و ئەفــسون (جـادوو) و رۆمـانی فـانتـازیـا بـکەیـن.

رۆمـان مێـژووییەکی کـۆنی هـەیە، هـەزاران ساڵە هـاودەمی مـرۆڤـە. چەنـدیـن رۆمـان هـەن کـە مێـژوویان بـۆ پێـش زایـنی دەگـەڕێـنـەوە. بـۆ نمـوونـە: رۆمـانی گـلگـامـیش. رۆمانی مـۆدێـریـن لە سەدەی هەژدەمـدا، لە ئەوروپادا سەریهـەڵـدا. گەلێ گۆڕانکاریی بەسەر هـاتـووە. بەڵام تا ئەمـڕۆش پێگەی خـۆی لەنـاو جـورەکانی ئەدەبـدا پاراستووە. مەرج و بنـەما و پێویستییە سەرەکـییەکانی رۆمـانی هـەرزەکاران، هەمـان مەرجەکانی رۆمـانی گەورەکـانـن بە کەمـێک جیـاوازی و تایبـەتـمەنـدییـەوە.
رۆمـان، چ بۆ گەورەکان چ بۆ هـەرزەکاران، یەکـێکە لە هـونەرە ئەدەبیـیە مۆدێـرن و جـوان و فـرە بەربـڵاوەکـانی ئـەم سەردەمـە. ژانـرێکی گـرنگە لە ژانـرەکـانی ئـەدەب، هـونـەرێکی گـێڕانـەوەی خـەیـاڵـئامـێزی پەخـشان نـووسـراوی دوورودرێـژە. لەسـەر بنـەمای خەیاڵ دامەزراوە، لە زنجـیرە ڕووداوێک یان لە زنجـیرە چـیرۆکێکی یەک لە دوای یەک پێکهـاتـووە، کە رەگەزەکانی رۆمـان پـێکەوەی گـرێـداون. بەپێی رۆمانەکە پەیـڕەوی لە ریـزبەنـدی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکان دەکرێـت. کارەکتەرەکانی رۆمـان زۆرن و رووداوەکانی تێکهـەڵکـێشن. رۆمـان فـۆرم پـرۆژەیەکی زەبەلاحـە، نـووسینی رۆمان وەک دروستکردنی مـاڵ وایە. تا زیاتر بـڕازێـنرێتەوە و تاسولووس و تیـفـتـیـفە بـدرێـت جـوانـتر خـۆی دەنـوێـنـێـت. بـەڵام بە مەرجـێک درێـژدادڕی بـێـزارکەر نەبێـت.
رۆمان بەرهەمی ئەزموونی خەیاڵ و داهێنانی مرۆڤە. رۆماننووس توانای ئەوەی هەیە، کە خەیـاڵ و بیـرۆکەکانی زادەی هـزر و پەیـام و رێـنمـاییەکانی خـۆی کە باوەڕی پێـیان هـەیە، لە چـوارچـێـوەی رووداوەکـانی رۆمـانـەکەیـدا دایـانبـڕێـژێـت و پەخـشی بـکات. رۆمـان بـۆ ئاسـانی و بـۆ بـێـزارنەبـوونی خـوێنـەر لە خـوێـنـدنـەوەی، دابەشـدەکـرێـت بـۆ چـەنـد بەشـێک، یـان ژمـارە بۆ بەشـەکانی دادەنـرێـت.
گرنگـترین رەگەزە (توخـمە) پێکهـاتـووەکانی رۆمـان: خەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، پاڵەوان و کارەکتەرەکان ـ مەرج نییە کارەکتەرەکان مـرۆڤ بن، دەشێ ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و شتی ئەفسانەیی خەیاڵی بن. بە تایبەتیش لە رۆمان بۆ هەرزەکاران ـ دیمەن و دیالۆگەکان، تەکـنیکی گێڕانەوە. هەر رۆماننووسێکیش شێوازی مامەڵەکردنی خـۆی هەیە لەگەڵ هەر رەگەزێک لەو رەگەزانە. لـێرەوە دەکرێت داهێنان لە رۆمانـدا بکرێت.
فـانتـازیا بە خـەیـاڵ پـۆشـراوە. یەکـێکە لە فـاکـتەرەکانی جـیهـانی رۆمـان و چـیرۆک و هـونەر. فـانتـازیا لە ئەدەبـدا، بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوتـرێـت، کە مەیـلی ئەوەی هـەیە لە داب و نەریتی باو دابـڕێت و لە راستییەکان رابکات و کاری لە لـۆژیک بەدەر بکات. رۆمـانی فـانتـازی، ئـەو رۆمـانەیە، کە رۆمـاننـووس بە پـلەی یەکـەم پشـت بە جیهـانی خەیـاڵ دەبەستێت. رووداوەکانی لە جیهانێکی خەیاڵـیدا روودەدەن. لە سنوور و کۆت و پـێـوەنی لـۆژیـک خـۆی رزگـاردەکـات. خـوێنـەر بـۆ گـەشـتـێکی دژەبـاو دەبـات. ئـەم جیهـانە خەیاڵـییەش، لە داهـێنانی رۆماننووسە. بەڵام ئەم وەسـفە هـەمـوو رۆمـانێکی فانتـازی ناگـرێتەوە، ئەگەر بە شـێوەیەکی هـونەری لە ژیـان بـڕوانـێت و وردبـێـتەوە.
چـیرۆکـنووسی بەنـاوبـانگی منـداڵان، دکتـۆر (سـیوس) دەڵـێـت:” فـانتازیـا بە تەواوی دیوەکەی تری عـەدەسەکەیە”. فانتازیا نکووڵی لە بوونی ئازار و مەینەتییەکان ناکات. لەوانـەیە رۆمـاننـووس بۆ چارەسەرکـردنی کـێشەکانی جیهـان، بە شێوەیەکی هـێمایی خەیـاڵ بەکـاربهـێنـێـت. نووسـەری ئـوسـترالی، پسـپۆر لە ئـەدەبی منـداڵانـدا، خـاتـوو (کەیـت فـۆرسـت) دەڵـێـت:”فـانتـازیـا لـە چـیرۆکە ئەفـسانەییـەکـانـدا، وەک مـۆمـێکی داگیرساو دەدرەوشـێتەوە و دڕ بە تـاریکی دەدات. بەڵام گرنگـترین شـت ساتەوەخـتی روونـاکـیـترە، کە پـێمـان رادەگـەیەنـێـت، هـیوا و کـۆتـاییـە خـۆشـەکـان هـەن”.
تایبەتمەندییەکانی رۆمانی فانتازی، رۆماننووس بە شێوەیەکی داهێنەرانە لە دەرەوەی ژیانی باودا، چارەسەری کێشەکان دەکات. بۆ گەیاندنی پەیام و هـێنانەدی ئامانجەکانی رۆمـانەکەی پشـت بە ئەفـسون (جـادوو) و شـتەکانی دەرەوەی سـروشت دەبەستێـت.
ئەفـسون (جـادوو) بـریتیـیە لە بەکـارهـێنانی هـێـزی نـائـاسایی، بـۆ ئـەوەی بە خەیـاڵ شـتـێکی ئەستەم بکـرێت. ئەفـسون چالاکییەکە کە بەپێی ئەو کەسەی ئەنجـامی دەدات، دۆخـێکی دیـاریکـراو دەگـۆڕێـت. مێـژووی ئەفـسـون بـۆ هـەزاران سـاڵ دەگـەڕێتـەوە.
قسەکردن لەسەر ئەفـسون، شتێکی پـڕوپـووچ و نامـۆ نییە. لە یادەوەریی کـولـتووری کوردیدا، لە گەلێ چیرۆکی رەسەنی ئەفسانەیی و داستانە کوردییەکان و حیکایەتەکاندا، کە هـەزاران ساڵە کورد دەیـانگـێڕێتـەوە. لە بەشـێکی زۆریـانـدا، ئەفـسون رەگەزێکە لە رەگەزەکـانی ئـەو چـیرۆکانە. بۆ نمـوونە چـیرۆکی (پیـرەژن و چـەرخ و فـەلـەکەکە ئەفـسووناوییەکەی). تەنانەت لە رۆمانی (مـەم و زیـن) یشدا، ئەحـمەدی خـانی پەنـای بۆ ئەفـسون بـردووە. لە کولـتوور و ئەدەبیاتی ئەفـسانەیی و نـوێی هەمـوو گەلانیـشدا ئەفـسون بـوونی هەبـووە و هـەیە. ئەفـسون لە ئەدەبـدا ئامـانج نیـیە، بەڵکو هـۆیەکە بـۆ هـێنانـەدی ئامـانجی لە تـوانـابەدەر. لە هـەمـوو ئـاینـە ئاسـمانییەکـانیشدا، جەخـت لەسـەر بـوونی ئەفــسون دەکـەن. گەلـێک لە کـەڵە رۆماننـوسـانی جیهـانی لە شاکـارە رۆمـانەکانیانـدا بۆ هـەرزەکاران، پەنـایـان بۆ ئەفـسون بـردوون، لەوانـەش: رۆمـانی ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکاندا ـ نووسینی: لویس کارۆل. ساندرێلا ـ نووسینی: چارلـز پـیرۆ. گەشتی سەرسوڕێنەری نـیـلـز ـ نووسینی سەلما لاگیرلۆف. تۆمالـیزاـ نووسینی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسـین. هـاری پـۆتـەر ـ نـووسینی جـوان رۆلـینگ… هـتـد.
من خۆم لە ئەدەبـدا نەبێت، بـڕوام بە ئەفسون و جادوو و فـاڵ و بـورجـەکانـیش نییە. ئەفـسون بە سێ جـۆرە ناسراوە: ئەفسونی سپی و ئەفسونی رەش و ئەفسونی سوور. ئەفـسونی سپی بـۆ کـاری چـاک بەکـاردەهـێنرێـت. ئەفـسونی رەش بـۆ کـاری خـراپـە بەکاردەهـێنرێت. ئەفـسونی سـوور بۆ چـارەسەری کـێشەکـان بەکـاردەهـێنرێـت. لـەم رۆژانـەدا کەسـانێکی زۆر، بـۆ چـارەسەرکـردنی کـێشەکـانیان، باوەڕیـان بە تـوانـای سەرووی سـروشـتەوە هـەیە. ئەفـسـون لە رۆمـانـدا کـارێـکی هـەڕەمـەکی نیـیە. لە رۆمانی فانتازیـدا، ئەفـسون نرخ و یاسا و دەستوور و مەرجی هـەیە. میکانـزمێکی گەورەی رووبـەڕووبـوونەوەوەیە. بەبێ ئـەوەی یاساکانی سـروشـت پێـشـێـل بکات. بـۆیـە رۆمـاننـووسی سـەرکـەوتـووی رۆمـانی فـانـتـازی، سـەبـارەت بـە چـۆنـیـەتی بەکارهێنانی ئەفسون لە رۆماندا لە کات و شوێنی خۆیدا. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکـییەکان بە شێوەیـەکی دروست و تاڕادەیـەک باوەڕپێکـراوبێـت و لە راستییەوە نزیک بێت. پێویستی بە دەستوورێکی ئەفسون و بە شێوازێکی نووسینی ورد هەیە.
رۆمـانی داهـاتـوو: جـۆرێـکە لە جـۆرەکـانی رۆمـان. کە رۆمـاننـووس تێـیـدا هـەوڵی پێشبینـیکـردنی رووداوەکـانی داهـاتـوو و داهـێـنانی ئـامێـری نـوێ دەدات. وەک ئـەو رۆمانانەی وێنەی داهـێنانەکان و گەیشـتنی مـرۆڤ بـۆ بـۆشـایی ئاسـمان و بـۆ سـەر هەسارەکان دەکات. ئەم رۆمانـانەش پشـت بە شێوازی خەیـاڵی فـراوان و بە وشـەی تـازە دەبـەسـتـێـت. مـلـوانـەکەی ئەفـسونـاوی رۆمـانێکی فـانتـازی و داهـاتـووشـە.
دێینە سەر رۆمـانی (ملـوانکەی ئەفسوناوی)ی بۆ مێردمنـداڵان، لە نووسینی مامۆستا ئەمـین محـەمەد. پێمـوایە مامۆستا ئەمـین داهـێـنەر و رابـەری راستـیی سەرهـەڵـدانی رۆمـانی هـەرەزەکارانی کوردە لە کوردستانـدا. رۆمـانی یەکەمی بۆ هەرزەکاران (کچی دورگە بچکـۆلەکە) کە لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، چاپیکـرد و بڵاوی کردەوە، نووسـەران و خوێنـەران پێشوازییەکی گەرمیـان لـەم رۆمـانـەی کـرد. بـوو بـە هـانـدان بۆ مامۆسـتا ئەمین. ئەزمـوون و شارەزاییەکی قـووڵـتر و باشـتری دەربـارەی نووسینی رۆمـان بۆ هەرزەکاران پێبەخشی. بۆیە رۆمانی دووەمی (ملوانکەی ئەفسوناوی) بۆ مێردمنداڵان بە تەکـنیک و بە ستایـلێکی جوانتر و پـڕ خەیاڵـیتر و فـانتازیتر و هـونەریتر نووسیوە.

رۆمانی ملوانکەی ئەفسوناوی، رۆمانێکی خەیاڵیی فانتازییە، بە تام و چێژێکی کوردی. مامـۆسـتا ئەمـین کـراسـێکی هـاودامـانی ئەفـسونـاویی لەبـەر ئەم رۆمـانەی کـردووە. پاڵـەوانی سەرەکـیی ئەم رۆمانە (سـیـتا) یە. کە کچێکی ئەفـسوناوی پـرچ زێڕینی زۆر چـالاک و گـورج و گـۆڵـبوو. کچـێکی نـاوازە و جیـاواز و لە تـوانابەدەربـوو. دەیتوانی هەموو شتێک بکات. خەیاڵ سەرتاپای ژیانی داپـۆشیبوو. سیتا کچێکی چاونەترسبوو. هـێمای چاکەخوازی بوو. نازناوی (کچە ئەستـێرە) شی هـەبـوو. ئەو خـۆشی رۆژێـک لە رۆژان یەکـێک بووە لە ئەستـێرەکـان، بە رێکەوت هـاتبووە سەر هەسارەی زەوی. خـۆی ئەم نهـێنیـیەی لای ئازا درکانـدبـوو.
ئەم رۆمانە ململانێیەکی سەختە، شەڕێکی گەورەی مان و نەمانە لەنێوان هـێزی خێر و هـێزی شەڕدا. هـێزی خـێر لە سیتادا کۆبـبووەوە، هـێزی شەڕ و بەدکاریش لە پیرەژنی جادووبـازدا بەرجەستەببـوو. هـەردوو لایـان تـوانـا و هـێزی ئەفـسووناوی و كاری لە توانابەدەریـان ئەنجـام دەدا. نازانـم بۆ زۆربەی ئەفسانەکان و چیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان، زیـاتر پیـرەژن دەکـەن بە هــێمای جـادووبـازی و شـەڕانی و بەدکـاری. پێمـوایە ئەمـە ناڕەواییەکە دەرهـەق بە ژنان، ئەو سۆز و نیانی و میهـرەبانییەی لە ژناندا هەیە، بەو رادەیە لە پیاودا نییە. بەڵام لەم رۆمانەدا، رۆماننووس پیرەژنێکی تری (دایەگەورە) ی سەر هەسارەی شینی کردووە، بە فـریادڕەس و بە یارمەتیدانی سیتا بۆ رزگاربوون لە پیـرەژنی جـادووبـاز. بەشـێکی زۆری کـارەکـتەرەکـان، پیـرەژنی جـادووبـاز، جـادووی لێکـردبـوون و کـردبـوونی بە گیـانەوەوەرێـکی تر یان بە دڕکەزێ، بەشێکـیانـیشی لە ئەشکەوتەکەدا بەنـدکردبوون. ئازای لەناو گوێـزێکی گەورەدا بەندکردبوو، حەوت برا پاڵەوانەکەکەشی لەناو پرتەقاڵێکدا بەندکردبوون، دارکونکەرەش کە هـاوڕێی ئازا بوو، چاوشارێکـیان کردبـوو. کە ئازا لەناو گوێـزە گەورەکەدا خۆی شاردبووەوە، بەنـدکـرا، هـاوڕێکەی ئـازا وایـدەزانی کە ئـازا لەنـاو دارێـکـدا خـۆی شاردۆتەوە، بـۆیە بـوو بە دارکونکەر، شەو و رۆژ خەریکی کونکـردنی دارەکان بـوو و بۆ ئـازا دەگەڕا. پۆلێک پـەڕەسـێلکەش، پیـرەژنی جـادووبـاز جـادووی لـێکـردبـوون، کـردبـوونی بە دڕکـەزێ. گیانلەبەران نەیاندەوێرا نزیکی ببنەوە. سیتا بە هۆی گوڵەئەستێرە ئەفسوناوییەکەیەوە، زۆریـانی رزگـارکـرد. تـرسی گـەورەیـان لـە پیـرەژنی جـادووبـاز بـوو، کـە جـادوویـان لـێـبکات. ئەم پیرەژنە ژیانی لە گیانلەبەرانی دارستانەکە تاڵ کردبوو. پـرچـی ئـەوەنـدە درێـژبـوو، تـاڵـەکـانی پـرچـی وەک داو، لەنێـوان لـووتکە چیـاکـانـدا دەنایەوە. پۆلـێک قـازوقـورینگ لە ئاسمانی دارستانـەکەدا، بەسـەر ئـەو تـاڵە قـژە جـادوویانەی پیـرەژن فـڕیبـوون. وەک رسـتە بـامێ، بە ئاسـمانەوە وشک ببـونـەوە.
ئەگەرچی بابـەتی مـلمـلانی لەنێـوان، چاکەخوازی و خـراپەخوازیـدا لەنێـوان ئاشتی و شـەڕدا، لەنێـوان رووناکی و تاریکـیدا، شـتێکی تـازە نییە. بابـەتی سـەرەکی زۆربـەی رۆمان و چیرۆک و ئەفسانە و داستانەکان و حـیکایـەتەکان بـوونە. بە زۆریـش هێزی چاکە و ئاشتی و روونـاکی، بەسـەر هـێزی شـەڕ و خـراپە و تـاریکـیدا سەرکەوتـووە. ئەم راستییانەش لە ئاینەکاندا رەنگـیان داوەتەوە. بۆ نموونە لە ئاینی (زەردەشـتی) دا. ئاینی زەردەشتی لە سەدەی شەشی پێش زاینی سەریهەڵدا. زەردەشت پەیامبەری خودا بـوو، یەکـتاپـەرست بـوو. وشـەی زەردەشـت، زاراویـەکی کـۆنی کـوردییـە، بە مـانـای ئەستێرەیەکی روونـاک و دروشـاوە و جـوان دێـت. رۆگـەی زەردەشـتییەکان تیـشک و رووناکییە. ئاینی زەردەشـتی لەسەر دوو بنـەمـا بنیاتـنراوە: یەکەمیـان (ئاهـورامەزدا) واتا خودای چاکە یان هـێزی چاکە. دووەمیان (ئەهـریمەن) بە مانای هـێزی شەڕ دێت. یۆنانییە کـۆنەکانیـش خوداوەنـدی ئاشتی و خـوداوەنـدی شەڕیان هەبـوو. هـەردەمیش لایەنگـران و پاڵـپشتیکارانی چاکە و خێرخوازی و ئاشتی و سەرکەوتـن، زیاتـربوونە.
نووسـەر بۆ رووداوەکانی ئەم رۆمـانە فانتازییەی، جیهـانێکی خەیـاڵی دروستکـردووە، کە دارسـتانێکی پـڕ لە دار و گـوڵ و گوڵـزار و چـیمەن و دڕکـوداڵ و کـانی و روبـار و ئەشکەوت و دۆڵ و گـرد و چیـایە. پـڕە لە مێروولە و هەنگ و پەپوولە و خاڵخاڵۆکە و باڵندەی رەنگاوڕەنگ و سمۆرە و دارکونکەرە و کەروێشک و بەرخ و مەیموون و بۆق و ژیشک و زەرافـە و فیـل و ئەژدیهـای حەوت سەری رەنگاوڕەنگ و قـازوقـورینگ و مـاسی و دێـوی زەبـەلاح و گیانلەبەر و حەشـامـاتی تـر. لە رۆمـانـدا نەبێـت، لە کـوێـدا ئەژدیهـای حەوت رەنگ و حـەوت سەر هەیە، کە هەریـەکە و بە ئاوازێکەوە گـۆرانی دەڵـێت. لەم رۆمانەدا کـۆمەڵـێـک کارەکـتەری سـەرەکی و لاوەکی هـەن، سەرەکـییەکان وەک: سیتای پاڵەوان و هـاوکارانی: ئازای هـاوڕیی و حەوت بـرا پاڵـەوانەکە و ریتـا و دایەگەورەی دانیشتووی سەر هەسارەی شین. پیرەژنی جادووباز و دێـوە زەبەلاحەکە.
مامۆسـتا ئەمـین، نووسـەری ملـوانکەی ئەفـسونـاوی، باکگـراونـدێکی رۆشـنبـیری و زانیاری و زانستی گشتی و خەیـاڵێکی فـراوانی هـەیە. سەرتاپـای گەردوونی خستۆتە ژێـر رکێفی رۆمانەکەی و لەبەردەم سیتای پاڵەوانی رۆمانەکەیـدا، ئەستە بـوونی نییە. بە سەر پەیـژەی ویست و بـڕوا و هـیوادا بـۆ لای دایـەگەورەی سـەر هەسارەی شـین سەردەکـەوێـت. ئەگـەرچی تا ئەمـڕۆ ئەو راسـتییە پشـتڕاست نەکـراوەتەوە، کە ژیـان لەسەر هەسارەکانی تـردا هـەبێت. یان دەفـری فـڕیـو لەسەر زەویـدا بینرابێـت. ئەمـە تەنیا خەیـاڵ و قـسە و باسـە. بەڵام نووسـەران دەتـوانـن جیهـانێکی خەیـاڵی دروست بکەن و پێشبینی داهـاتـوو بـکەن و بە تـاڵی خەیـاڵ، زەوی و هـەمـوو هـەسەرەکانی گـەردوون پـێکەوە ببـەسـتن.
“ریتـا”ی کەشتییەوانی ئاسمانیی هـەسارە شین، کە جەستەیەکی جیاوازی هەیە، سێ جار بە کەشتییەک لە هەسارەی شینەوە، هـات بۆ سەر زەوی و لەسەر گردەکەی ناو دارسـتانەکەدا، نیشتەوە و لەگەڵ سـیتا و ئازا دا، بوون بە هـاوڕێ و بە هەمان زمان قسەیان دەکـرد. ریتـا لە گەشتی دووەمیـدا، ملـوانکەیەکی ئەفـسونـاوی دەنک گەورەی یاقـووتی، پێشکەشی سـیتای کـرد، کە هـەر مـووروویـەکی لە ئەستێرەیەکەوە هـێناوە. دەنکە سەوزە گەورەکەی، ئەفسوناوییەکی تایبەتییە، لە هەسارەیەکی زۆر دەگمەنەوە هـێناوێتی، هەرکەسێک پەنجـەی لەسەر دابنێت و بڵـێـت:”هـەسارە دەگـمەنەکە تکـایە هاوکاریم بکە” یەکسەر ملوانکەکە دادەگیرسێت و دەبێت بە پەیژە لەنێوان هەسارەکاندا. بەبێ تـرس دەتوانێـت پێـدا سەربکەوێـت. دەبینرێت بەڵام کەس ناتـوانێـت بیگـرێت. ئەم ئـەم ملـوانـکە ئەفـسـونـاوییـە، دایـەگـەورەی سـەر هـەسارەی شـیـن، بـە چـل سـاڵ بـە هـاوکاریی دانیشتوانەکەی بە تاڵـێک لە قـژێ پـرچی خـۆی هـۆنیـویتـەوە. دەنکـێکی لێ دەپەڕی و نەیان دۆزییەوە. ئەو دەنکەش، گوڵەئەسـتێرەکەیە، کە کەوتبـووە لای سـیتا. لە دواییدا دەیبات بۆ لای دایەگەورە و دەیکات بە ملوانکە ئەفـسوناوییەکەوە. سیتا دوو جار چـوو بۆ سەر هەسارەی شـین، بۆ لای دایـەگەورە. جاری دووەم بۆ ئەوە چـوو کە یارمەتی بدات بۆ رزگاربـوون لە پیـرەژنە جـادووبازەکە. دایەگەورە بۆ یارمەتیـدانی بە تـاڵـێک لە قـژی خـۆی، سـیتای دەبەست بە خـۆیـەوە. پـلانی چـۆنیەتی رزگاربـوون لە پیـرەژنی جـادووبـاز بـۆ دانـا. کـلـیلی نهـێـنی پـلانـەکەش ئەمـەیە: (کـچـە ئەسـتـێرەکە، دایەگەورە، هەسارەشینەکە)یە. بە کورتی لەکوتاییدا بە هۆی ئەم پلانە ئەفسوناوییەوە، سـیـتا بەسەر پیـرەژنـە جادووبازەکەدا سەردەکەوێـت. پیـرەژنە جادووبازەکە هەڵدەداتە ناو ئەشکەوتێکی سـەر هـەسارەی سێیەم و سێ جار دەڵـێت:”ئەشکەوتە رەشـەکە ئەم بەڵایـە بە تۆ دەسـپێرم.” دەرگای ئەشکەوتـەکە دادەخـات و فـوویەک دەکات. بێجگە لە پەڵەیەکی رەش هـیچ شوێنەوارێکی دیارنامێنێـت. کە دەگەڕێتەوە بۆ هەسارەکەی خۆی هەمووشتێ ئاسایی بۆتەوە. حەوت بـرا پاڵەوانەکە، بـوونەوە بە ئەستیرەی حەوتەوانە و چـوونەتەوە بۆ ئاسمان. ئەستێرەی کاروان کـوژە و دێـوە زەبـەلاحەکەی ناو بیـرەکە، بێجـگە لە خـۆم، کەس نـازانێـت بـۆ کـوێ رایـان کـردووە.
لێرەدا رۆمانی ملـوانکەی ئەفـسوناوی کۆتایی هـات. بەڵام هەموو رووداو و کێشەکان چارەسەر نەکراون. رەنگە رۆماننووس دەستەوستان دانەنیشێت و لە رۆمـانێکی تری خەیـاڵی فانتازیـدا، چارەسەری بەشێکی تـریان بکات و بە بیانخاتە بەردەم خوێنـەران.
رۆماننووس هـێمایەکی زۆری بەکارهـێناون، هـەریەکە لە کارەکتەرەکانی هـێمایەکن بۆ مەبـەسـتێکی راستی. لەپـاڵ هـەر رسـتە و بەشـێکـدا، مەبـەستـێکی تێـدایە، پێـویسـتە خوێنەر بیر لە مەبەستە خوازراو و شارەوەکانی دیـوەکەی تـری رۆمانەکە بکات. هەر وەک چـۆن گـورگ هـێمای دڕنـدەیی و زۆردارییە. هەروەهـاش پیـرەژنە جادووبازەکە هـێمای بەدکاری و زۆرداری و ستەم و دوژمنی ئازادی و ئاشتییە. میروولەکان هێمای کۆمەڵگایەکی نموونەیی تەبایی و تێکـۆشەر و کـۆڵـنەدە و دووربـین و یاساپـەروەرن. وەک چۆن دەڵێن (واتای شیعر لە دڵی شاعـیر دایە) زۆر واتا و مەبەست لەم رۆمانەدا هـەیە، دەشێت خوێنەر لـێیان تێ نەگات. مەگـەر رۆماننووس خـۆی ئاشکـرایان بکات. کـۆمەڵـێک هـێـمای نەتـەوەیی و نیـشـتـمانی و سـیاسیی و کارەسـاتی لەخـۆگـرتـوون.
رۆمـاننـووس بە وردی کارەکتەرەکـانی هـەڵـبژاردوون، بە وردیـش مامـەڵـەی لەگەڵ رۆڵەکانیانـدا کردووە. بە سەرکەوتـن و چارەسەرکـردنی کـێشەکان کۆتـایی پێهـێناوە.
زمـانی رۆمـانی ملـوانکەی ئەفـسوناوی، زمـانێکی ئەدەبی کـوردی، پەتی و سووک و ئاسـان و شـیرینە، وشـەی بێـگانە و نامـۆی تـێـدا نیـیە، رسـتەکـان کـورتـن و خـوێنەر هەناسەسوار نابێـت. بە وردی پەیـڕەوی شـوێنی دروستی خـاڵـبەنـدییەکـانی کـردوون. تەکـنیک و شـێوازی داڕشـتنەکەی، گونجـاوە بـۆ قـۆنـاغی هـەرزەکاری. ئـەم هـەمـوو خـاڵ ئەرێنیانە، بۆ بە توانایی و شارەزایی و ئەزمـوونی چەنـد ساڵەی مامۆستا ئەمین محەمەد لە زمان و لە نووسینی بواری ئەدەبیاتی منداڵان و هەرزەکاران دەگەڕێتەوە.
بۆچی رۆمانووس (ئەستێرەی شین)ی هەڵبژاردووە؟ پێموایە دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی لە زانیـاری و زانستی دەربارەی هەسارەکـانی گـەردوون. لە راستییدا هەسارەی شـین، یەک هەسارە نییە، کۆمەڵێک هەسارەی شینن. لە ساڵی (٢٠١٢)دا، تیمێک لە زانایانی ئەستێرەناسی ئەمریکی، لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیا، بە هـۆی تەلـیسکـۆپی “هـابیـل” ەوە. هـەسـارەیـەکی شـیـنی زەبـەلاحی گـەش و درەوشـاوەی زۆر دووریـان دۆزیـیـەوە، کە دەکەوێتە نزیکەی ناوەڕاستی گەردوونەوە. ناویان لێنا (ئیکارۆس) بەناوی پاڵەوانێکی ئەفـسانەیی یـۆنانی کـۆنەوە. ئـەم هـەسارەیـە (٩) مـلـیـار ساڵی تیـشکی لە زەوییـەوە دوورە. (٣٠) جـار لـە قـەوارەی خـۆر گـەورەتـرە. (١٧٣٣) جـار لـە قـەوارەی زەوی گـەورەتـرە. پـلـەی گـەرمـی لەسـەر روویـدا، دەگـاتـە (٣٥) هـەزار پــلـەی سـەدی. هـەنـدێ لـە هـەسـارە شـیـنەکـان، بـە هـۆی گـەورەیی و گـەشی و درەوشـانـەوەیـان، شـەوان لەسـەر زەوییـەوە بە چـاو دەبـیـنرێـن.
زامـوا: لۆلۆییەکان کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی گەلی کوردی ئەمڕۆ (٤٣٠٠) ساڵ بەر لە ئێستا، لە ناوچەی (میـزۆپـۆتـامـیا) بە تایبەتی لە خـوارووی گـۆمی ورمـێ و زێـی بچووک و شـارەزوور و زەهـاودا، تا نـزیکی شـاری کەرکوک، دەوڵـەتێکی کوردییان دامـەزرانـد. لە سـەردەمی ئاشـووریـیـەکـانـدا، بەو نـاوچـەیـەیـان دەوت (زامـوا). بـە گـشتی پارێـزگای ئێـستای سـلـێمـانی دەگـرێتەوە، کە نیـشــتمانی لـۆلـۆیـیـەکـان بـوو.

رۆمـاننـووس لـە دوالاپـەڕە و لـە بـەرگـی دووەمـی رۆمـانـەکـەیـدا، نـووسـیـوێـتی:
(ملـوانکەی ئەفسونـاوی رۆمـانێکی تایبـەت بە مـێردمنـداڵانە، بەشـێکە لە کـتێـبـێکی گـەورە بە ناونیـشانی یاداشـتەکانی ریتـای ئەستـێرە شـیـنەکە، دەڵـێن گـوایە نـزیکەی حەوت سـەد ساڵ پێش زایـن لە لایەن یەکـێک لە بوونـەوەرە ئاسمانییەکـانەوە لەسەر پێستی شەمشمەکـوێـرە نووسراوە، ئەم کـتێبە دەست نووسە. لەلایەن پـرۆفیسۆرێکی شـوێنەوارناسەوە بە نـاوی (ئەمـین محەمـەد) لە ساڵی دوو هـەزا و بیـست و سێ لە وڵاتـی زامـوا لـە ئـەشـکـەوتـێکـدا دۆزراوەتـەوە. (وڵاتـی زامـوا شـانـشـیـنـێکی ئـەم هـەسـارەیـەیە. مێـژوونـووسـێک دەڵـێ بـە هـۆی نـاکـۆکی نـاوخـۆوە لەنـاوچـوە).
مەبەستی رۆمـاننووس لە شانشینی زامـوا، ئیمـپراتـۆریەتی میـدیـایە، کە حەوت سەد ساڵ پێش زاینی دامەزرا. توانییان شاری (نەینەوا ـ موسڵ) ی پایتەختی ئاشوورییەکان بگـرن و کۆتـایی بە دەسەڵاتیان بهـێـنن. بە بەداخـەوە بە هـۆی ناکـۆکی و ناپـاکـیـیەوە. ئیمپراتـۆریەتی میـدیا، بە دەستی ساسانییەکان کۆتایی هـات. ئەگەرچی ساسانییەکانیش بە ڕەچـەڵـەک فـارس نیـن کـوردن.
بە رای مـن (ملـوانکەی ئەفـسونـاوی) لە هـەمـوو روویـەکەوە رۆمـانـێکی خەیـاڵـیی فـانتازیی نـاوازە و تـازەی جیـاوازە بۆ هـەرزەکارانی کوردمـان. مـن وام پێ باشە کە بیسـت و پێـنج دانەی لـێبـدرێـت، بە بیست و پـێنج هـەرزەکاری خـۆێنـەری کـورد، تا بیخوێننەوە و لە کـۆڕێکـدا، بە ئامـادەبـوونی رۆماننـوس مامـۆستا ئەمـین محـەمـەد. گوێ لە را و لە تێبینی و لە سەرنج و بۆچوونەکانیان دەربارەی رۆمانەکەی بگرێت.
دووبارە جوانترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پـرۆفـیسۆر (ئەمـین محەمەد) دەکەم.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




مناڵ و ئیلحاد.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

( ئەم بابەتە پوختەی ئەو ووتارەیە کە حەوت ساڵ لەمەوپێش ژنە بەغیرەتی عەرەب د.نوال السعداوی ناردبووی بۆ ڕۆژنامەی”الاهرام” بەڵام بڵاوکردنەوەی قەدەغە کرا…..)

…..هەر لە مناڵیمەوە سەیری ئاسمان ئەکەم تا جنۆکەکانی خۆیانیان لێ شاردۆتەوە ببینم ، بەڵام چاوەکانم جگە لە ئەستێرە بە شەو و چۆلەکە بەڕۆژ هیچی تر نابینن..
باوکم پیاوێکی بە ڕەوشت بوو ، جگە لەوەی نەیئەخواردەوە خیانەتیشی لە دایکم نە ئەکرد ، گوێم لێ ئەبوو ئەیووت : خوا ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی و ئازادی و خۆشەویستی و جوانیە و لە هەموو ئینسانێکا بێ جیاوازی ژن و پیاو وەک “ویژدانی زیندوو” هەیە ، لای من باوەڕ “ئیمان” دادپەروەری و ڕاستگۆیی و ئازادی و خۆشەویستی و جوانی و یەکسانی نێوان خەڵکە…
لە مناڵیمەوە مامۆستاکەم لەبەر ئەوەی باوەڕی من لەوەی ئەو جیاواز بوو بە”ئیلحاد” تاوانباری ئەکردم و بڕواشی وابوو کە کوڕ لە کچ باشترە..!! و خوای بە شێوەی پیتی چاپکراوی کتێب ئەبینی و داوای لێ ئەکردم بێ ئەوەی لێ ی تێبگەم لەبەری بکەم ، ڕۆژێک بینی کە ناوی دایکمم لە جیاتی ناوی باپیرم نووسی بوو بۆ ئەو فەسڵە دەری کردم و لە شانسی خۆما کاتم زۆر تر بوو بۆ خوێننەوەی کتێب..
” سیگمۆند فرۆید” ئایینی بە دیاردەیەکی بەشەری کە لە ڕووی مێژووییەوە بە شێوەیەکی کۆمەڵیی” کۆلەکتیڤ”ە ئەزانی ، بەڵام ” ئاریک فرۆم” مەودا دەروونیەکانی دیاردە ئایینیەکانی تێپەڕان بوو و زانا و ئەکادیمییەکان لە توێژینەوەکانیان لە ناوە و دەرەوە ناخی بەشەرییەت بەردەوامن بۆ زانینی بڕوا بوون و “نە بوون” بە ئایین کە بە “ئیلحاد” ناوئەبرێ ، لەگەڵ پەرەسەننی ڕەوتە سیاسیە ئاینییەکانی سەدەی بیست و یەک کتێبی زۆر دەربارەی ئیلحاد دەرچوە وەک ئەوەی کە نەخۆشییەکی دەروونی”نفس” کە گەنجەکان تووشی ئەبن و چارەسەری لای پزیشکە و ئەم بۆچوونانە پزیشکەکانی دەوڵەمەند و ئەقڵی میسریی هەژار کردوە…لەم دوایەیا بابەتێکی پزیشکیی میسرییم خوێننەوە کە ئەڵێ : ئیلحاد نەخۆشییەکی نەفسییە..!! بە واتای ئیلحاد بڕوا نەبوونە بە خودای خالقی دونیا وەک ئەوەی لە کتێبی ئایینا هاتوە و دووپاتی ئەکاتەوە کە زانستی دروست بوونی دونیا” کون” زانست نیە و نەزەرییەی دروست بوونی دونیا “کون” ڕاست نیەو نەزەرییەی گەشەکردن ( کە نەزەرییەی دروست بوون لە ڕوانگە ئایینیەکەوە ڕەت ئەکاتەوە) بێ بنەمایە و جۆرێکە لە ئیلحاد و ئەم ئیلحادەش وەک دەردی غەم داگرتن”الکآبة” بڵاو ئەبێتەوە..!! ،ئەم بۆچوونانە لە لایەن کۆمەڵێ پزیشکی نەفسییەوە دەرئەچێ کە جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانەی پیاوە ئاینییە کلاسیکیەکانەوە نیە و ئایینیان لە باوک و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە ، زۆر کەمیان دەربارەی بڕوا و ئایینە جیاوازەکانی جیهان زانیوە، وا یەتە بەر چاویان کە ئیلحاد ڕەت کردنەوەی ئەوەیە کە ئەوان بڕوایان پێ هێناوە و ئیلحاد کەم ئەقڵی و بیرکردنەوەیەکی هەرزەکارانە و خۆ بەکەم زانینە یان لەخۆبایی بوونێکی گەمژانە و بەدوای مەلەزەت کەوتنە..!!
چوار ملیار کەس ” زیاتر لە نیوەی دایشتوانی سەر ئەرز” لە چین و هیند و یابان ئەژین و بڕوایان بە هیچ ئایینێک نیە ، دوای مەلەزاتی خۆیان نەکەووتون ، بەڵکو دوای کاری بەرهەمهێنەر ، تونایەکی ئەقڵی بەرز و بڕوا بوونێکی زۆریان بەخۆیان هەیەکە وای کردوە ووڵاتەکەیان لە ۆێش ووڵاتانی تری جیهان بێ ، نیوەی گەلانی ئەمریکا و ئەوروپا ئایینیان بە میرات بۆ نەماوەتەوە و کە قوتابخانە نایخوێنن بەڵام لە مناڵییەوە “ویژدانێکی زیندوو” پەروەردە ئەبێ و بڕوایان بە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و کەرامەت هەیە ، دژی حکونەتەکانیان یان هەر حوکمدارێکی چەوسێنەری ستەمکار لە هەر قوژبنێکی جیهان بێ خۆپیشانان ئەکەن …مليۆنەها خەڵکیش هەن ئایینیان وەک میرات لە خانەوادەوە بۆ ماوەتەوە و لە قوتابخانە خوێنویانە و بڕوایان وایە ئایین هەقیقەتێکی ڕەهایە و هەموو شتێکی تر بێ بنەمایە و توانای بیرکردنەوەیان بە شێوە و ئاڕاستەیەکی تر لە دەست یاوە..
هێزە سیاسیە حوکمڕانەکان ” بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە ” پێویستیان بە ئایینە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەقڵی میللەت و دابەشکرنێکی تایەفەگەرییانەیان و ئینسانی “تاک”یش بۆ قبوڵ کردنی کارەساتی مردنەکەی پێویستی پێیە ، مێشکی ئینسان گەشەی کردوە کە ئەزانێ ” مەرگ” بێ ئەم لا و ئەولا جیاوزی نیە لە ڕووەک و ئاژەڵ بەڵام مێشک”مۆخ”ی ئەوان وەک ئینسان گەشەی نەکردوە و نەگەشتونەتە ووشیاری هەقیقەتی مردن و فەنا بوون..
ئینسان لە ڕێ ی خەیاڵەوە هەوڵ ئەیا فەنا بوون ڕەتکاتەوە ، وا خۆی ئەهێنێتە بەر چاو کە ئەو لە ژیانی دوای مەرگا هەیە ، ئەم مەودایەی نێوان خەیاڵ و هەقیقەت یان نێوان قايع و خەو قۆناغێکە لە تەمەنی گەشە کردن یاخود لە مێژووی بێ کۆتایی بەشەرییەت، خەیاڵ لە “بۆشایی”وە سەر هەڵنایا ، بەڵکو لە بەشی پێشەوەی خانەکانی مۆخەوەیە کە تیایا هەست و نەست و بیرەوەرییەکانی مناڵی و داهێنانە هونەری و فیکرییەکان جێگیرن…..
كێ خەوی بەوەوە ئەبینی کە بە “بەکارهێنانی” ئەلیکترۆنیات بە چاو داخستنێک بەگەی بەوسەری جیهان و کێ بیری لە ئەلیکترۆنات”ی ئاسمان ئەکردەوە؟ ئەو ئاسمانەی بە مناڵی وامان ئەزانی پڕە لە جنۆکە..!!
كاتێک “مناڵ”ێکیش هەبوونی جنۆکە ڕەتکاتەوە و بڕوای وابێ کە خودا دادپەروەری و یەکسانی و ڕاستگۆیی و ئازادی و خۆشەویستی و جوانیە ، ئایا ئەبێ بە” مولحید”….!!؟




ساڵی نوێ وپێک شاد بوون.. چیرۆکی قوتابیەکەم.. چرۆ زەند

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ قەیرانی داخستی شوێنە گشتیەکان وە قەدەغەکردنی هاتوچوو دەستی پێکرد. کارو وپەیوەندیەکان لەڕێگای زووم وئنتەرنێت گەشەی کرد. ماوەیەک دابڕام لە پۆلی زمانی کوردی. پاشان لەڕێگای زووم جارێکی تر بە پۆلە خۆشەویستەکەم شاد بوومەوە. خۆشەویستی قوتابیەکانیشم گەورەترین پاڵپشتی بوو. ئەوان بونە هاندەرم بۆ کردنەوەی پۆلەکەم. پۆلی زمانی کوردیم ڕاگەیاند لە توڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ماڵی کورد وڕۆژنامەی دەنگەکان کە ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆی ئەلەکترۆنیە، دەنگی خەڵکە بێ جیاوازی.

وەک یەکەم مامۆستای زمانی کوردی لە تورنتۆ لە کەنەدا کە سێ ساڵ هەوڵمدا لە پەروەردە وفێرکردن تا توانیم زمانی کوردی بخەمە ڕیزی زمانەکانی دنیا. زمانی کوردی بۆ یەکەم جارلە ساڵی ٢٠٠٣ دانی پێدا نرا، لەو کاتەوە من دەستم کرد بە وانە وتنەوە. من نەم ویست هەوڵی بیست ساڵم لەو قەیرانەدا بەهەند بڕوات، بۆیە بەردەوامیم هەڵبژارد.

ئەم جارەش پۆلەکەم کرایەوە، پۆلم کرد بە دوو بەش. پۆلی یەک، بۆخوێنکاری سەرەتایی. پۆلی دوو، بۆ خوێنکاری ئادەڵت، پێشکەوتوو. بۆ یەکەم جار لە ڕێگای زووم وانەم وتەوە. ئەمە کارێکی نوێ بوو بۆ من. قوتابیەکانم لە ڕێگەی ئنتەرنێت داخڵ بە پۆل دەبوون. پرۆگرامی پۆلەکان کات وڕۆژەکانم بۆ دەستنیشان کردن. هاوکاری قووتابیەکانم پۆلەکەم بەردەوام بوو.
زیلان پەڕتووکی زمانی کوردی کردە پی دی ئێف بوە ڕابەری زووم بۆ پۆلی دوو. میلۆدی بوە سەرپەرشتی زووم بۆ پۆلی یەک. پەری ڕابەری پۆلەکان بوو یاداشتی ناوەکانی دەکرد، هەر قوتابیە ئەرکێکی بوو، بەپێی بوارو لێهاتوویان. بۆ قووتابیەکانم پۆل بووە پەنجەرەیەکی ڕووناکی، تێکەڵ بوون بوو بە کۆمەڵگا لە ڕێگای کۆمپیوتەر، هەناسەیەک بوو بۆمانەوە و بەردەوامی، بەرگریەک لە داخستن وقەدەغەی هاتوچۆ. لەلایەکی ترەوە، وەڵامێک بوو بۆ ئەو زوڵم وستەمەی کە لە ولاتی زێد لێیان کرابوو، زمانی دایک یاساغ بووە. قوتابیەکانم بونە سەرمایەیەکی بەنرخ بۆ پۆلەکەم، هەوڵی ئەوان وهەوڵی من ئاویزان بوون، هاوکێشەیەک بوو پێکەوە لەیەک جودا نەدەکرایەوە. نە من بێ بوونی وان کارم پێدەکرا نە ئەوانیش بێ من پۆلی زمانی دایکیان دەبوو. لە کۆتایی ڕۆژەکەدا پاداشتی من، جوانی زانستی زمان بوو، زەردەخەنەی قوتابیەکم بوو، کە پێی دەوتم سوپاس مامۆستا، من ئێستا فێر بووم بەکوردی ناوی خۆم بنووسم.

چیرۆکی یەک لە قووتابیەکانم لە قۆناغی دوو؛
قوتابیەکانی قۆناغی دوو بە کوردی دەدوان، وەلی لە بواری نووسین وخوێندنەوەدا هەندێکیان کێشەیان هەبوو، دەبا لە نووسینی ناوی خۆیانەوە دەستپێکەن. ژمارەیەک لە قوتابیە نوێکانم ڕوو بە ڕوو نەدیتبوو. من تەنها لە ڕێگەی ئنتەرنێت زووم پۆلەکەم ئامادە دەکر. شەونم یەکێک بوو لە قوتابیانە، شەونم لە ناسکی وجوانیدا لە شەونمی سەر گووڵاڵە دەچوو. بڕێ شەرمن و دووڵ بوو، هەندێ جار بێ ئاگا بوو لەپۆل .گەلێ جار دوا دەکەوت، جاریش وا پێش دەهات پێش دەسپێکی پۆل خۆی ئامادە دەکر. جار جار ئەو بڕە کوردیەشی کە دەیزانی لەبیری دەچۆوە، کاتێ کۆشش وچالاکی پۆل کە دەبوو بخوێنێتەوە چەند جارێ دەیگووت بە خودا مامۆستا چرۆ ئامادەبووم ئێستا بیرم چووە. من دەستم دەکردەوە بە دووبارە وتنەوەی ڕستەکە، دەیگووت ئا، ئا بیرم کەوتەوە، با خۆم بیڵێم، بە پەلە ڕستەکەی دووبارە دەکردەوە، لەگەڵ دووبارەیی وشەکان، دووبارە دەوەستا، ڕستەکەی بۆ تەواو نەدەکرا. شەونم نەیدەتوانی کۆششکەی بەباشی بکات.

گەلێ رۆژ، شەونم بیری دەچوو کە پۆلمان هەیە، بە تەلەفۆن پێش وەخت ئاگادارم دەکردەوە. لەپۆلدا، کە پرسایری پیتێکم دەکرد لە ڕستەدا داینێن، ناوێک لە سەر زاری بوو، لەپر دەی وت. ڕۆژێک ویستم چیرۆکی ئەم قوتابیەم لا ڕوون بێت. مۆڵەتم لێ وەرگرت تا لە نزیکەوە لەگەڵی بدوێم، ئەوکات زانیم کە شەونم خۆشکی یەک لە هاوڕێی ودەستە خۆشکی ئازیزم لە کەنەدا خاتوو شیلان، ساڵانێکی زۆرە دوو کوڕی رۆح شیرینی شیلان قوتابین لە پۆلی یەک لە زمانی کوردی.

کاتێ گوێبیستی چیرۆکی قوتابیەکەم بووم، چیرۆکێکی نوێ نەبو، چیرۆکی زۆرینەی پەناهەندەی گەلی کورد بوو، چیرۆکی دابڕان لە وڵاتی زێد وجیابوونەوە، دووری لەخۆشەویستان، لە کوڕە تاقانەکەی. چیرۆکی غوربەت و جیابوونەوە. ڕەزا تەمەن ٢١ ساڵە، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا، بە ڕووداوێک، وەیان هەڵەی پارێزەرێک ولەهەمان کاتدا وەک کورد کە مافی هاوڵاتی لێ زەوت کراوە، مافی سەفەری نەبوە، نەیتوانیوە لەگەڵ شەونمی دایکی سەفەرکات بۆ کەنەدا. شەونم شەش ساڵ مۆمی لەدایک بوونی بەتەنها بۆ کوژاندۆتەوە، بەحەسرەتی بەیەک گەشتن. شەونم نەک هەر گریان فریایی نەدەکەوت، دەژیا تەنها بۆ ئەو چرکە ساتەی بۆ جارێ باوەش بکات بە کوڕە تاقانەکەیدا. ئەو منداڵ وهاوژینەکەی لەگەڵ نەبوو، لەکوردستانی ڕۆژهەڵات مابونەوە، شیلانی خوشکی پشت وپەنای بوو، هاندەری بوو بۆ ژیان وگوزەران. شەونم نەیدەیویست کە دڵخۆشی کەس تێک بدا، لە کۆبونەوە وچونە دەردا، بەڵام لەناخدا وەک لاشەیەکی بێ ڕوح دەژیا، ئازاری دابڕان لە کوڕە تاقانەکەی لە ناخیدا پەنگی دەخوارد زۆر جار زەردەخەنەیەکی بە خۆی بەڕەوا نەدەدی، لەپڕ دەیدا لە پڕمەی گریان.

لە کۆتایی مانگی دیسەمبەر ساڵی ٢٠٢٣، خاتوو شیلان خوشکی شەونم، پەیامێکی بۆ دانام، ئیتر ئەو کاتە مێژوویەی کە شەونم لە فرۆکەخانەی تۆرنتۆ چاوەڕوانی ڕەزا دەکات. من نەم زانی چۆن هەستم دەربڕم، دەم ویست ئەو چرکە ساتە کە شەونم باوەش بە ڕەزادا دەکا لە هزرمدا تۆمارکەم، لەو کاتەدا بژیم، بەچاو بیبینم. ئەو کاتە بوو شەونم وتی من ئیتر هیچ ویستێکم نەما دەمەوێ بمرم.
ڕەزاش وتی من ژنێک باوەشم پێدا دەکات، هەست دەکەم نایناسم، ئەوەی من گفتووگۆم لەگەڵ دەکرد لە تەلەفۆندا بۆ ماوەی ئەم شەش ساڵەدا لە ڕاستی نەدەچوو. کە دایکم ڕۆی، لە پێشدا زۆر ستەم بوو بێ دایک گەورە بم، پاشان بۆم دەرکەوت هەموو شت ڕاهاتنە. ڕاهاتم لە بێ دایکی، کاتێ دەچوومە ماڵی نەنکم هەستم بە قەرەباڵغی دەکرد لە دەورو پشتم ئەو کاتانە بۆ من باشتر دەگوزەرا. باوکم زۆر چاک بوو، من لەگەڵ ئەو دەژیام، جار جار بۆڵەمان دەهات، بەڵام دەڵێم هەموو شت ڕاهاتنە.

لە کۆتایی مانگی دیسەمبەر شەونمم دیت بۆ یەکەم جار لە ماڵە خنجیلەکەی کوڕەکەی لەگەڵە. نە دڵی باوەڕ دەکات، نە هەست دەکات کە ڕاستی بێت. ئەو شەوە وشەوی پێش گەشتکردنیان هیچکامیان نەنووستبوون، خەو لە چاوی هەردووکیان زڕابوو، ساتەکان تەنها تێڕوانین وگێڕانەوەی ساڵەکانی دابڕان بوو. شەونم پاش شەش ساڵ بە کوڕە تاقاناکەی گەیشتەوە. چیرۆکی قوتابیەکەم، دەسپێکی ساڵی نوێ، شاد بوونەوەی بە کوڕە تاقانەکەی.

December 27, 2023




سڕبوون.. شیعری سەلام عومەر

وەک تەزینی درەختەکان و
بێدەنگی باڵندەکان…..
پەنجەکانم
لەبەر سەرما جێهێشتوون و
سڕ سڕم کردوون
ژێیەکانم
لەبەردەم مایکەکان داناوە و
کڕ کڕم کردوون
ئاخر
ئەو باخچەیەی دەنگی باڵندەی لێبڕاوە
دڵنیابن لەوێ
راوچیەک خۆی حەشارداوە.




دەقی واڵا.. ستیڤان شەمزینی

ئەی ژن
ھەر دەبوو ئەمەت پێ بڵێم

ئەی ژن
ھەرگیز ئەو ھەڵەیە نەکەیت
باوەڕ بە ئێمەی پیاو بکەیت
ئێمە تەنھا لە بۆتەی شیعردا
بەرگی خواوەند بە بەرتدا دەدورین
لە گۆرانییە درۆزنەکانماندا
خۆمان بە بێ دەسەڵات
لە بەردەمتدا نیشان دەدەین
تا شەوێکی سوور مسۆگەر دەکەین
دوای ئەمە گورگەکەی ناوەوەمان
لە دڵی نەرمت بەردەدەین
شانامە بە باڵاتدا دەھۆنینەوە
تاکو ئاوی روونی ژنێتیت لێڵ دەکەین
نەکەیت باوەڕمان پێ بکەیت
ئێمە کۆمەڵێک راوچین
تۆ دەکەینە نێچیری حەزەکانمان
ھەوڵی دەستەمۆکردنت دەدەین
چون ھیچ شەرەفێکمان نییە
دەتکەینە شەرەفی ناچاریی خۆمان
ھەر کات یاخیبوویت
بێ ویژدانانە سەنگەسارت دەکەین
گەر زۆر پێشکەوتووخوازیش بین
نامانەوێت تۆ بۆ خۆت سەما بکەیت
ناچارت دەکەین
بە زوڕنای دەنگ گڕی ئێمە ھەڵپەڕیت
نامانەوێت دنیای خۆتان ھەبێت
ھەموو بەدەنگێکی کۆراڵئاسا
ئەنەڕێنین و ئەقیژێنین
ئێوە جیھانی ئێمەن
وەک ئەو منداڵە گڕو دەگرین
بە میکانۆکانی جیھانێک دروست دەکات
نەکەن، بیرتان بچێت
ئێمەی پیاو
ئێوە بە میکانۆکانی گەورەییمان دەزانین
ئارەزوو دەکەین
جیھانێکی بێ رەنگ بخوڵقێنین
بە دڵی ئێمە و لەسەر ئێسکی ئێوە
نامانەوێت ھەست بە بوونتان بکەن
باشترینمان ئەوەیە
وا بیر دەکاتەوە لە پەراسووە گێڕەکەیەوە
ھاتوونەتە دەرێ و
ئەکتەری شانۆگەرییەکن
ھەر خۆی نووسەر و دەرھێنەریەتی
ئەی ژن ھەرگیز نەکەیت
باوەڕ بەم قسانەی منیش بکەیت
وا بزانی پیاوێکی جیاوازم
ھەرگیز بەم قسەی باق و بریقانە تێمەکەوە
ئێمە ھەموو یەک میتاڵین
جیاوازییەکە لەوەدایە
ھەندێکمان لە یاری شێوەگۆڕیندا
کارامە و لێھاتووترین
ئەگەر بۆمان بلوێ
دوا بە یەکتان دەخەینە
تۆڕی خولیا شەھوانییەکانمانەوە
گەر بۆشمان نەکرێت
وەک ماری سڕ دەچینە قاوغی متبوونەوە
ھەندێکی ترمان
مێشکیان لە خوار ناوکیانەوەیە
ھەزاران تۆپ قوماشت تێوە پێچرابێت
ھەر وەک لەشێکی رووت دەتبینن
ئەمانە لەو پیاوانە پێکنەھاتوون
بە ئەبجەدیات نەخوێندەوارن
ھەمانە کتێبی قەبە دەنووسێت
ھەمانە چارەنووسی ملیۆنانی بەدەستە
ھەمانە ئێوە زۆرتان خۆشدەوێت
ئاە کەمتان دەتوانن لە سۆنەرێکدا
ناوەوەی ببینن، تا بزانن
چ کەمتیارێکە لە پێستی کەروێشکدا
ئەی ژن
ئەمەت با بیرت نەچێت
ئەوانەی دەڵاڵی بە لەشتەوە دەکەن
ھەموو پیاون
ئەوانەی خوێنت حەڵاڵ دەکەن
ھەموو ھەر پیاون
گەر بە رێکەوت
مێینەیەکیشیان لەگەڵ بوو
خوێنی پیاوسالاریی
بەدەمارەکانیدا دەگەڕێت
دەبێت ئەویش حسابی نێری بۆ بکرێ
ئەوانەی دەتکەنە کاڵا
لە جەمخانەکانی بازاڕی ئازاددا
یەک بە یەکیان پیاون
ئەوانەی فوو بە شەیپوری جەنگدا دەکەن
کە تۆی تێدا لاقە دەکرێیت
ھەر ھەموو سمێڵ بابڕن
ئەوانەی تەنیا لە شیعردا
تۆیان خۆش ئەوێ
ھەموو ھەر نێرە زەلامن
ئەوانەی لە ژوانەکاندا
درۆتان لەگەڵ دەکەن
ژمارەیەکی بێشووماری کەر پیاون
رەنگە بڵێن
تۆ بۆ ئەم دێڕانە دەنووسیت؟
پرسیارێکی زۆر بەجێیە
لەوانەیە ھیچ وەڵامێکم نەبێت
تەنھا ئەوەندە نەبێت
ئەی ژن
باوەڕم بەوە ھێناوە
تۆ ھەر جەستە نیت
تۆ بۆ بێتاقەتی دەرکردنی من
نەئافرێندراویت
دەرچەیەک نیت بۆ خاڵیبوونەوە
لە ھەڵچوونی غەریزە ھەراشەکانم
نا، شتێکی گرنگتر ھەیە بیڵێم
تکایە گوێم بۆ بگرە
بە خاتری گەیاندنی ئەم مەسیجە
رەچاوی شیعرییەتی ئەم دەقە ناکەم
دەمەوێت پێت بڵێم
وەک مرۆڤێک قبوڵت دەکەم
تۆش وەک مرۆڤ نەک پیاو
تەماشای خۆم و شیعرم بکە

دیسامبەری ٢٠١٤
ناو شەمەندەفەر
لە کۆڵن – ئەڵمانیاوە
بۆ ئاڕنھێم – ھۆڵەندا




ئێوارانە ٥٩.. شیعری سەردار جاف

ئێوارەيەک
قريوەکانی جاڕدان، زارۆکان کاس دەکا
ئەم مەنفايە دەربازبوونی بۆتە مەحاڵ
تەوژم و لرفەی رۆخانە
مێژووی رۆحێ
هێندەی چنگێکی دەمێنێ
لم شەق نابا
دەبێتە رەقەڵانێک و ناتوانێ خۆی تيا نوقم دا
ئەم ئێوارە هەتاکو دێ
تاريکی خۆی دوا دەخات و
حەشاردانی خۆر ون دەکا
شەوێ لە رۆژانی رابردووی من دەچێ
شێت بوونە ؟
يا قەرەجێکی سەرەڕۆ ؟
لە نێوان رەهایی و يەخسيری پەنگ دەخوا
يەکێ بۆنی شەکر دەکا
ئەوی دی جاڕدانی پياو
يەکێ ڤالانتاين دێنێ
ئەوی دی وێنەی پۆست و نامەی بەر ئاو
لێوەکان هەڵدەلەرزن
ژاوەژاوی دەنگەکان سووژنێکن
لە تارمایی خۆيدا ئەوا
مەڵاسدانی لێ ياساغە
چما دەبێ
بێتەوە ناو ئامێزی توانەوەی غوربەت
بێتەوە سەر
پەڕينەوەی ئەم قايەغە
قريوەی شيرينی
لە حەوشەکە
سووربوونی شەهلا رەنگ دەکا
پڕپڕن لە شەرم
لە رۆچوونی زەوی دەچێ
نە خواردنەوەی خودە
نە گێڕانەوەی دوێنێ
کێ لە دەردی کێ تێدەگا
من هەر دەڕۆم و راناگەم
لە پەرتەوازەیی خۆما
پارچەکانم کۆوە دەکەم
کە ونيش بم من هەر هەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٣ / ٢ / ٢٠٢٣