هەزار و یەک شەوە ئەو کتێبەی کە خۆرهەڵات و خۆرئاوا پێی سەرسامن.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەتا دێت جیاوازییەکانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک شت دەتوانن ئەم جیاوازییە کەم بکەنەوە، لەمەشدا ئەدەب دەتوانێت ببێتە ئەو پردە ئەفسووناوییە، کە ئەم دوو بەشە دژ بەیەکەی سەر زەوی، بە یەکتریەوە ببەستێتەوە.
یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی ئەدەبیاتی جیهان کتێبی ” هەزار و یەک شەوە”یە ، ئەم کتێبە لە پەنا کتێبەکانی تری جیهاندا، لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، لەهەمانکاتیشدا بە یەکێک لەو کتێبە گرنگانە دادەنرێت ، کە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەبیاتی خۆرئاواوە هەبووە. بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژوویەکان بێت، کتێبی هەزار و یەک شەوە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە بۆ پێشخستنی هونەری چیرۆک بەگشتی و رۆمان بەتایبەتی لە ئەوروپادا. ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسا لە بارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: هەتاوەکو 14 جار ئەم کتێبەم نەخوێندەوە، نەمتوانی ببم بە چیرۆکنووس” تۆ بڵێیت ئاخۆ ئەم کتێبە چی تێدا بێت هێندە ناخی نووسەر و فەیلەسوف و بیرمەندانی جیهانی هەژاندووە؟!
دیارە هۆکار زۆرن بۆئەوەی جیهان پێگەیەکی تایبەت بەم کتێبە بدات، لە پێش هەموویانەوە ناوەڕۆکی کتێبەکە کە پڕیەتی لە کۆمەڵێک حکایەتی ئێجگار جوان، پەندی پێشینان، حیكمەت، ئەمە جگەلەوەی ئەم کتێبە گوزارشت لە بەشێکی گرنگی مێژووی خۆرهەڵات دەکات، خۆرهەڵات بە مانا گشتگیرییە کەلتوورییەکەی نەک بەو مانایەی ئەمڕۆ کە بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە.
لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم کتێبە و ناوەڕۆک و شێوازی نووسین و کاریگەرییەکانی باس بکەم، هەرچەندە بۆ قسەوباسکردن لەبارەی ئەم کتێبەوە زۆری دەوێت، بەڵام من لێرەدا هەوڵ دەدەم زانیارییەکی گشتی بددەمە خوێنەر و لەپەنا ئەوەشدا وردە سەرنجی خۆم باس بکەم.

ناوەڕۆک
یەکێک لە پاشاکانی خۆرهەڵات ناوی شەهریار دەبێت، پاش ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت کە ژنەکەی خیانەتی لێدەکات و لەگەڵ یەکێک لە خزمەتکارە رەشپێستەکانی پەیوەندی سێکسی دەبێت، ئەمەش ئاگر بەردەداتە گیانی و یەکسەر ژنەکەی دەکوژێت، دواتریش بڕیارێکی ترسناک دەدات، ڕقی لە هەموو ژنێک دەبێت و بڕیار دەدات، هەموو شەوێک ژنێک بهێنێت و پاشئەوەی لەگەڵیدا دەخەوێت بۆ بەیانی سەری ببڕێت، چونکە بەلای ئەوەوە هەموو ژنەکان خیانەتکارن.
گەڕان بە دوای کچی عازەبیشدا دەبێتە ئەرکی وەزیرەکەی، دواجار وەزیرەکەی هیچ کچێکی پاکیزەی دەستناکەوێت کچەکانی خۆی نەبێت. کچێکی دەبێت بەناوی شەهرەزاد، ئەمەش وەزیرەکە دەخاتە رەوشێکی دەروونی ئێجگار خراپەوەو نازانێت چی بکات، بەڵام کچەکەی زیرەک دەبێت و دەچێت بە باوکی دەڵێت: من رازیم ئەم کارە بکەم و خۆی دەکاتە قووربانی. سەرەتا باوکی رازی نابێت دواتر شەهرەزاد بە زیرەکی خۆی، قەناعەت بە باوکی دەکات. لێرەشەوە حکایەتەکە دەستپێدەکات.
شەهرەزاد کچێکی زیرەک و جوان و ژیر دەبێت، هەر لە یەکەم شەو کە چاوی بە پاشا شەهریار دەکەوێت، دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتێک بۆی، بەڵام حکایەتەکەی تەواو ناکات، هەمووکاتێک کە دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتەکە، هەتاوەکو پاشا خەوی لێدەکەوێت، شەهریار بۆ بەیانی بڕیار دەدات کە شەهرەزاد نەکوژرێت هەتاوەکو حکایەتەکەی بۆ تەواو دەکات. بەم فێڵەش هەموو شەوێک شەهرەزاد حکایەتێک بۆ پاشا دەخوێنێتەوە، بەڵام تەواوی ناکات و بەمجۆرەش 1001 شەو لەلای دەمێنێتەوە هەر شەوەی حکایەتێکی بۆ باس دەکات. ئەمەش دەبێتە سەرەتا و کۆتایی ئەم کتێبە مەزنەی جیهان.

مێژوو و سەرچاوی حکایەتەکە
دیارە قسەو باسی زۆر و لێکۆڵینەوەی زۆر لە بارەی مێژوو، سەرچاوەی سەرەکی ئەم کتێبەوە نووسراوەو وتراوە. بەڵام بەشێکی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە سەرچاوەو مێژووی ئەم حکایەتە دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان. دیارە ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە و خاوەنی کۆمەڵێک ئەفسانە و حکایەتی گرنگە لە پێش هەموویانەوە ” مەها بەهاراتا” کە مێژووەکەی بۆ سەدەی پێنچی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
پاشان لە ئێران ئەم حكایەتانە بەشێوەو ناوی جۆراوجۆر دەردەکەون لەوانە: “حکایەتەکانی بوونەوەرە ئەفسوناوییەکان، حکایەتەکانی شەهرەزاد و شەهریار” ئەمانە بوونە سەرەتای ئەم حکایەتانە. کۆنترین دەقی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی عەرەبی لە فارسییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتی زایینی، ئەوکاتە لە زمانی فارسی بەناونیشانی ” هەزار حکایەت” بڵاوبوویەوە کاتێک دەکرێت بە عەرەبی بە ناونیشانی ” هەزار شەو، الف لیلة” بڵاودەکرێتەوە، دواتریش دەکرێت بە حکایەتکانی هەزارو یەک شەوە” الف لیلة و الیلة”چاپ دەکرێت. دواتریش لە سەدەی 17 دا لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسیی و لێرەوە عیشقی خۆرئاواییەکان بۆ ئەم کتێبە ئەفسووناوییە دەستپێدەکات.

حکایەتە سەیرو سەمەرەکان
دیارە ئەم کتێبە تەنها لە یەک حکایەت پێکنەهاتووە، بگرە لە کۆمەڵێک حکایەتی جۆراجۆر لە خۆدەگرێت، هەندێکیان لە جیهاندا ناوبانگیان باش دەرکەوتووە، دەتوانم بڵێم لە هەزار و یەک شەوەش زیاتر ناوبانگیان پەیدا کردووە لە پێش هەموویانەوە” حکایەتی سندیباد، عەلادین و فانۆسی ئەفسوناوی، عەلی بابا و چل دزەکە” ئەم حکایەتانەش هەریەکەیان خاوەنی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینی جیاوازن. هەمووشیان لەناو ئەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە، ئەمەش شێواز و مۆدێلێکی نوێی لە جیهانی ئەدەبیاتدا داهێنا.

شێوازی نووسین
یەکێک لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم کتێبە شێوازی نووسینیەتی، لەم کتێبەدا شێواز و تەکنیکی چیرۆک نووسین لەدایک دەبێت، بەتایبەتی هونەری ” گێڕانەوە” . لێرەوە گرنگی گێڕەوەر یان حکایەتخوان دەردەکەوێت، دواتریش لە ژانری چیرۆک و کورتە چیرۆک و رۆماندا، گێڕەوەر دەبێتە بنەمای سەرەکی هەموو کارێکی ئەدەبی.
جگە لەمیش رەگەزەکانی تر وەکو ” دیالۆگ، گرێی ئەدەبی، کتوپڕ، سەرەتا و کۆتایی،” هەموو ئەمانەش دەبنە بنەمای سەرەکی بۆ ژانری تری ئەدەبی. لێرەشەوە چیرۆک و ئەفسانەکان لە یەکتری جیادەبنەوەو هەریەکەشیان رێچکەی خۆی دەگرێتە بەر.
هەروەها تێکەڵاوکردنی سیحر و واقعیەت، تەکنیکێکی جوانی تری ئەم کتێبەیە، کە لە زۆر حکایەتتدا ئەمە رەنگدەداتەوە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” سندیباد، عەلی بابا و چل دزەکە” لەسەدەکانی دواتر تەکنیکی ” ماگی ریالیزم،واقعی سیحری” لەدایک دەبێت، کە یەکێکە لە شێوازە جوانەکانی نووسینی رۆمان.
بۆیە تەواوی مێژوونوسانی ئەدەبیاتی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، کە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، سەرەتایەکی زۆر گرنگ بووە بۆ ژانری چیرۆک و دواتریش رۆمان و کورتە چیرۆک. شێوازی نووسین، خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبەیە، بۆیە هەموو ئەدیب و نووسەرێک ناچارە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە. جگەلەوەش ئەم کتێبە ئاسۆی بیرکردنەوە خەیاڵی خوێنەر بەگشتیی و نووسەران و ئەدیبان بەتایبەتی فراوانتر دەکات.

شیعر
یەکێک لەو شێوازە تایبەتانەی کە ئەم حکایەتانەی پێ نووسراوە، زمانی شیعری و بەکارهێنانی شیعرە. هیچ حکایەتێک هێندەی ئەم حکایەتانە شیعری تێدا بەکارنەهاتووە، هەموو حکایەتێک پارچەیەک یان زیاتر شیعری تێدایە. لێرەشەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەو کەسانەی کە ئەم حکایەتانەیان نووسیوەتەوە، زۆر هۆگر و شەیدای شیعر بوون، تەنانەت دەکرێت بڵێین پێدەچێت شاعیریش بووبێتن، دەنا کەسێک شاعیر نەبێت ناتوانێت هەموو ئەو شیعرە جوانانە بنووسێت. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە شیعر بەشێكی گرنگی ئەم کتێبە گرنگە پێکدێنێت و لە زۆربەی لاپەڕەکانیدا شیعری تێدایە، هەمووشیانی شیعری جوانی عەربییە کە لە رووی مانا و دەربڕینەوە، شیعری زۆر جوانن.

بابەتە گرنگەکانی ئەم کتێبە
بەدەر لە لایەنی ئەدەبی، ئەم کتێبە پڕیەتی لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر و گرنگ، کە کاتێک خوێنەر دەیخوێنێتەوە جێژی زۆری لێوەردەگرێت. ئەم کتێبە تەنها گێڕانەوەی کۆمەڵێک حکایەتی بەرئاگردان نییە، بەڵکو گێڕانەوەی مێژووی بەشێکی گرنگی جیهانە. ئێمە لەرێگەی ئەم کتێبەوە، تاڕادەیەک وێنەیەکی گەلانی ئەم ناوچانەمان لا دروست دەبێت کە لە حکایەتەکاندا باسیان کراوە بەتایبەتی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و چین و هیندستان و ئاسیای ناوەڕاست و یۆنانی کۆن. هاووڵاتیانی ئاسایی، مەلیک و نەجیبزادەکان، کۆیلە و نەجیبزادەکان، ئەهلی قەڵەم و ئەهلی شمشیر و ئەهلی بازاڕ و ئیمانداری،ئەهلی کەیف و خۆشیی و رابواردن، هەموویان لەم کتێبەدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. ئەمەش داهێنان و شتێکی نوێ بووە، کە کتێبێک هەموو ئەو خەڵکە جۆراجۆرانە کۆبکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەم کتێبە تەنها باسی چینێکی کۆمەڵایەتی ناکات، بگرە باسی هەموو ئەو چین و توێژانە دەکات کە لەو سەردەمەدا هەبوون. ئێمە خانمێکی بەرێز ، لەشفرۆش، سەماکەر، کەنیزەک دەبینین، هەروەها پیاوی رێزدار، شەهوەتباز، پیاوکوژ، میهرەبان . هەموویان حکایەتی خۆیانیان هەیە. ئەمەش جوانیی زۆری بەم کتێبە داوە، چونکە ئێمە تەنها بە حکایەتی مەلیک و نەجیزاندەکان ئاشنا نابین، بەڵکو حکایەتی خەڵكی ئاساییشمان دەستدەکەوێت.

ئیرۆتیک
یەکێک لەو بابەتانەی کە مایەی سەرنجی من و زۆرێک لە ئەدیبان و لێکوڵەوەرانی ئەدەبیشن ئەوەیە، ئەم کتێبە لە زۆر شوێندا حکایەت و دیمەنی ئیرۆتیکی زۆری تێدایە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە گێتی ئیسلامی بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، ئیرۆتیک بە هەموو شێوەیەک قەدەغە و حەرام دادەنرێت. کەچی سەیر لەوەیە کە پێشتر ئەم حکایەتانە دەماودەمیان کردووە لە کۆڕ و مەجلیسەکان خوێندراونەتەوەو باسکراون، بەلای خەڵکیی و دەسەڵاتیشەوە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە قەدەغە بکرێن یان حەرام بکرێن. هەندێکی تر پێیان وایە باسکردنی بابەتی سێکسیی و پەیوەندی خۆشەویستی نێوان ژن و پیاوان، خاڵێکی گرنگی تری ئەم حکایەتانەیە، چونکە هەست دەکەیت ئەم حكایەتانە هەڵقووڵاوی ژیانی رۆژانەی ئەوکاتەی خەڵکی خۆرهەڵات بووە، پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیش ، بابەتێکن کە پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە جا لە هەر سەردەم و قۆناغێکی مێژووییشدا بن.
هەربۆیە زۆرکەس حکایەتە ئیرۆتیکەکانی ناو هەزارو یەک شەوە، بە سەرەتای لەدایکبوونی ئەدەبی ئیرۆتیک و دواتریش فیلمی پۆرنۆ دادەنێن.
ئەو دیمەنە ئیرۆتیکیانەی ناو حکایەتەکانیش وایکردووە کە نەک تەنها لە رووی ئەدەبییەوە، بەڵکو لەرووی هونەری تابلۆکێشانییشەوە کاریگەری هەبێت و زۆر تابلۆکێشی جیهانیش هاتوون بە کاریگەری حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، تابلۆی جوان و گرنگیان کێشاوە.

حوکمڕانی خۆرهەڵاتی
کاتێک خوێنەر ئەم حکایەتانە دەخوێنێتەوە، کەمێک بەرچاوڕوونیی و زانیاری لەبارەی شێوازی حوکمڕانی ئەم ناوچەیە دەستدەکەوێت، ئەو وێنەیەش زیاتر ، وێنەیەکی ناشیرینی حوکمڕانی بووە، حاکم یان مەلیک و والییەکان، وڵات و ناوچەکانیان بە شێوازێکی حوکمڕانی رەها و تاکڕەویی کە ئەمڕۆ بە دیکتاتۆری وەسف دەکرێت، بەڕێوە بردووە. خەڵکانی ئەم ناوچەیەش زیاتر وەکو رەعیەت و زۆرجاریش وەکو کۆیلە سەیرکراون بەتایبەتی هەژار و کەمدرامەتەکانی شارەکان، جووتیار و سەپانی گوندەکان. لەپەنا ئەمانەشدا هەست بە خۆشگوزەرانیی و بەختەوەری ژیانی میر و پادشاکان دەکەین، لە چ نازو نیعمەتێکدا ژیان و چۆن داهاتی وڵاتایان بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵیان تاڵان کردووەو کەسیش نەیوێراوە هیچ قسە بکات یان ناڕەزایی دەرببڕێت.

هارون رەشید
یەکێک لە پادشا ناسراوەکانی عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هاورن رەشیدە. دیارە قسەی جیاواز لە بارەی ئەم حاکمەوە دەکرێت، هەندێكیان بە حاکمێکی ملهوڕ و هەوەسباز و شەهوانی ناویدەبەن، هەندێکیش بە باشترین حاکم و پادشای رووناکبیر ناوی دەهێنن. بەهەرحاڵ هیچ مەلیک و حاکمڕەوانێکی خۆرهەڵات، هێندەی هارون رەشید لەناو ئەم حکایەتانە ناوی نەهاتووە، هەربۆیە زۆرکەس پێیان وایە کە ئەم حکایەتانە بەشێکیان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی هارون رەشیدا نوسراون. لە رێگەی کۆمەڵێک حکایەتەوە ئاگاداری رەوشی سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەبین لە سایەی حوکمڕانی هاورن رەشیدا.
لە پەنا هارون رەشیدا کۆمەڵێک کەسایەتی تر کە لەوەوە نزیک بوون یان بەشێک بوون لە فەرمانڕەوایەتەکەی، ناویان دێت لە پێش هەموویانە شاعیری ناسراوی عەرەب ئەبونەواس، وەزیری ناودار جەعفەر بەرمەکی، مەسروری شمشێر وەشێنییەتی، لە زۆر شوێندا باسی دڵڕەقیی مەسروری شمشێر وەشێنی هارون رەشید دەکرێت.

ئاژەڵ
لەپەنا مرۆڤ و دەروبەری، ئاژەڵ لەم حکایەتانەدا پانتایی گەورەیان بەردەکەوێت، هیچ حکایەت و چیرۆک و ئەفسانەیەک، هێندەی هەزارو یەک شەوە باسی ئاژەڵەکانی تێدا نییە. لە زۆر شوێندا ئاژەڵەکان رۆحیان لەبەر دەکرێت و دێنە گۆ و لە هەندێک شوێنێشدا بە زمانی شیعر باسیان دەکرێت. ئەمەش شێوازێکی جوان بووە، کە دواجار رێگەی خۆشکر بۆ لەدایکبوونی هەزاران حکایەتی هاوشێوەی کە باسی ئاژەڵەکان دەکات.
لە زۆر شوێنیشدا مرۆڤەکان دەکرێنە ئاژەڵ ، لەمەشدا سیحر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، دەتوانم بڵێم ئەم مەسەلەیە لە زۆر حکایەتدا دەبینین کە ژنێک یان پیاوێک لەلایەن ساحیرێکەوە کراوە بە سەگ یان پشیلە یان مار.
جێگەی ئاماژەیە لە سەدەکانی دواتردا ئەم شێوازە لە رۆماندا بەکاردێت، کە ئاژەڵ ببنە پاڵەوانی رۆمان بۆ نموونە رۆمانی ” مەزاری ئاژەڵان” ی جۆرج ئۆریل.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
بەشێکی زۆری حکایەتەکان لە ناو شار و دێهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدەن. ئێرە دەبێتە مەیدانی سەرەکی حکایەتەکانی بەتایبەتی شاری بەغدا، لە هەموو شارەکانی تری خۆرهەڵات باس دەکرێت، هەرئەمەش وەکو بەڵگەیەک بەکاردەهێنرێت کە ئەم حکایەتانە لە سەردەمی هارون رەشیدا نووسراون. لەپەنا بەغداش، شاری بەسرە، موسڵ، حەلەب، موسڵ، دیاربەکر، قاهیرە دێن. بەشێکی زۆری حکایەتەکان لەم شارانە روو دەدەن یان پاڵەوانەکان بەناویاندا تێدەپەڕن. لێرەشەوە کەمێک ئاشنای ژیانی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم شوێنانە دەبین.

قوستەنتینییە
قوستەنتینییە کە ئێستا پێی دەڵێن ئەستنەبوڵ، شارێکی ترە کە پانتایی باشی بۆ داگیرکراوە، بەتایبەتی لەحکایەتیی مەلیک عومەر و هەردوو کوڕەکەی شیرکان و زەوء مەکان، کە یەکێکە لە حکایەتە درێژەکان و نزیکەی 200 لاپەڕەی کتێبەکە باس لەم حکایەتە دەکات. بەشێكی زۆری حکایەتەکە باسی چۆنێتی هەوڵدان بۆ پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوستەنتینییە دەکرێت لەلایەن لەشکری مسوڵمانانەوە، لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوتسەنتییە کە ئەوکاتە بە پایتەختی ئەوروپا دەناسرا و پایتەختی شارستانی یۆنانی کۆن بووە، دەمێک بووە مسوڵمانەکانی خۆرهەڵات چاویان تێبڕیووەو ویستی داگیرکردنیان هەبووە بۆئەوەی دەست بەسەر سەرەوت و سامان و ژنە جوانەکانیاندا بگرن، بەداخەوە دواجار لەلایەن تورکی عوسمانییەوە بەدڕندەترین شێوە داگیر دەکرێت.

جیهانی کۆن و نوێ
جگە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم حکایەتانە باسی جیهانی ئەوکاتە دەکات کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکە ناسراوە بەتایبەتی وڵاتانی ” چین، هیندستان، ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەتی شاری سەمەرقەند، ئەفریقا” بەشێکی حکایەتەکان لە وڵاتانی دوورترەوە هاتوون بۆ نموونە حکایەتی ” عەلی بابا و چل دزەکە” باسی کوڕی پینەدۆزێکی چینی دەکات ، کە کوڕێکی تەمبەڵ بووە. هەروەها لە حکایەتی ” بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو”، ئەمیش رووداوەکانی لە چین ڕوویداوە. واتە لێرەوە جیهان بە چین شارەزا بوون، پێدەچێت ئەسڵی حکایەتەکەش لە چینەوە هاتبێت.
هەروەها جگە لە چین شاری سەمەرقەندیش دەبێتە مەیدانێکی تری حکایەتەکانی هەزار یەک شەوە بەتایبەتی کاتێک باسی شای زەمان برای مەلیک شەهریار دەکات. لێرەشەوە دیمەنێکی خێرامان لە بارەی ئەم شارە دێرینەی ئاسیاوە پێدەدات.
هەندێک حکایەتی دەگەنە ئەفریقا و هیندستان. جگە لە وڵاتانی سەرزەوی، گەشتێکی گەورەی دەریاکانیشی تێدایە بەتایبەتی لە حکایەتی سندیبادا. هەربۆیە دەکرێت بڵێین حکایەتی هەزارو یەکشەوە، یەکەمین کتێبی ئونیڤێرساڵ ” جیهانی” بووەو باسی هەموو گەلان و ئاینزاناکانی جیهان کردووە. ئەمەش خاڵێکی تری سەرکەوتووی ئەم حکایەتانەیە ، هەرئەمەش وایکردووە کە جێژی خوێنەرانی جیهان بۆلای خۆی رابکێشێت.

کاریگەرییەکانی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانەوە
لە پاش کتێبی ئینجیل هیچ کتێبێکی خۆرهەڵات، هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانییەوە بەجێنەهێشتووە بەتایبەتی بەسەر ئەوروپاوە. هەر لەگەڵ وەرگێڕانی بۆ زمانی فەرەنسی، ئیتر کاریگەری ئەم کتێبە بەسەر جیهان بەگشتیی و خۆرئاوا بەتایبەتی دەرکەوت. لە ساڵی 1704 بۆ 1717 لەلایەن خۆرهەڵاتتناس و وەرگێڕی فەرەنسی ئانتوان جالان بە بەش بەش بۆسەر زمانی فەرەنسی وەرگێڕاوە. لەرێگەی زمانی فەرەنسیشەوە بۆ زۆربەی زمانە ئەوروپییەکان وەرگێڕاوە. دواتر ئەم حکایەتانە بۆ زۆربەی زمانەی ئەوروپییەکانی تر وەدەگێڕێت و دەبێتە کتێبە ئەفسووناوییەکەی خۆرهەڵات، کە زۆربەی نوخبەی نووسەر و ئەدیبی ئەوروپا حەزیان بە خوێندنەوەی ئەم حکایەتە دەکەن.
بۆیەکەمجاریش ساڵی 1823 لە زمانی فەرەنسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی، دواتریش لە ساڵی 1837 -1841 بۆیەکەمجار لە زمانی عەرەبییەوە لەلایەن گوستاڤ ڤایل وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی، پاشان لە ساڵی 1907 دووبارە لەلایەن رۆژهەڵاتناس و وەرگێڕی ئەڵمانی ڤێکسی گرێڤەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی.

تابلۆکێشان
لە رووی هونەرییەوە بەتایبەتی هونەری تابلۆکێشان، ئەم کتێبە ناخ و دەروونی کۆمەڵێکی زۆر لە تابلۆکێشە ناودارەکانی ئەوروپای هەژاندووە، وایکردووە کە عیشقیان بۆ خۆرهەڵات بجووڵێت و ئەم عیشقەش لە تابلۆکانیاندا دەربکەوێت. لە پێش هەموویانەوە تابلۆکێشی ناوداری فەرەنسی ژان ئۆگوست ئانگەر “کە لە ساڵی1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1867 کۆچی دواییکردووە.” هەروەها ئۆژین دیلاکروا ” لە ساڵی 1798 لەدایک بووە و لە ساڵی 1863 کۆچی دواییکردووە” کە ئەویش تابلۆکێشێكی ناسراوی فەرەنسایە سەر بە قووتابخانەی رۆمانسی بووەو جێپەنچەی بەسەر مێژووی هونەری تابلۆکێشانی فەرەنسا و جیهان دیارە. ئەم تابلۆکێشە هێندە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە کاریتێکردبوو، کە هانیدا سەفەرێک بۆ وڵاتانی مەغریبی عەربی بکات و کۆمەڵێک تابلۆی نایابی مەغریبی عەرەبیی و خۆرهەڵات بکێشێت. جگە لە کۆمەڵێک تابلۆکێشی تری جیهان، کە بەشێكی زۆریان لە رێگەی ئەم حکایەتانەوە وێنای خۆرهەڵات لە مێشکیان کێشاوە.

لە رووی موزیک و گۆرانییەوە
لە رووی موزیکیشەوە ئەم کتێبە کاریگەری بەسەر زۆرێک لە کۆمپۆنیست و موزیکژەنەکانی جیهانەوە هەبووە، بۆ یەکەمجار کۆمپۆنیستی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرایەکی بەناونیشانی “خەلیفەی بەغداد” ئامادەکرد و دواتریش هەر بەهەمان ناوەوە شاکارێکی موزیکی بڵاوکردەوە. دوای ئەویش کۆمپۆنیسی ئەڵمانی کارل ماریا ڤۆن ڤیبەر لە ساڵی 1811 شاکارێکی موزیکی بەناونیشانی ” عەلی بابا” بڵاوکردەوە.
بەڵام لە هەموویان ناسراوتر ، کۆمپۆنیستی ناوداری روسیا کۆرساکۆڤ لە ساڵی 1888 دا لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، شاکارێکی مەزنی بەناونیشانی ” شەهرەزاد” بڵاوکردەوە. دواتر بووە یەکێک لە شاکارە موزیکییە جیهانییەکان کە هەتاوەکو ئەمڕۆش لە جیهاندا بە بەردەوامی لێدەدرێتەوە، هەر کە باسی ئەم کتێبە دەکرێت، یەکسەر ئەو پارچە موزیکییە لێدەدرێت.
لە خۆرهەڵاتیش ژنە گۆرانبێژی میسری ئوم کەلسوم، یەکێک لە گۆرانییە جوانەکانی بەناوی ” هەزارو یەک شەوە” یە، کە یەکێکە لە گۆرانییە جوانەکانیی و هەتاوەکو ئێستاش لەناو ناخ و دەروونی خەلکی خۆرهەڵاتدا ماوە. جگە لە زۆر کۆمپۆنیست و موزیکژەن و گۆرانیبێژی تری جیهان.

لەرووی فیلم و کاری سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەوە
هیچ کتێبێک هێندەی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەری کاری سینەماو تیڤییەوە نەبووە، هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ. بۆیەکەمجار دەرهێنەری فەرەنسی جۆرج میلییس فیلمی ” کۆشكی هەزار و یەک شەوە” لە ساڵی 1905 بەرهەمهێناوە. لە ساڵی 1924 دا فیلمی ” دزی بەغداد” لەلایەن دەرهێنەر رائول والچ بەرهەمهێنراوە. دوایینجاریش لەلایەن دەرهێنەری ئیتالی پاولۆ بازۆلینی لە ساڵی 1974 دا فیلمی ” گوڵی هەزار و یەک شەوە” بەرهەمهێنرا.
لەرووی فیلمی کارتۆنیشەوە کاریگەری هەبوو، لەراستیشدا بە حوکمی ئەوەی ئەم کتێبە کۆمەڵێک حکایەتی ئەفسوناویی لەخۆ دەگرێت، بەلای منداڵەوە زۆر خۆشن، من خۆم کاتێک منداڵ بووم زۆر حەزم بە فیلم کارتۆنەکانی ” سندیباد، عەلادین ، هەزارو یەک شەوە” هەبوو. ئەم فیلمە کارتۆنانە دونیای خەیاڵ لای منداڵ زۆر فراوان دەکەن.
بۆیەکەمجار لە ئەمریکا لە ساڵی 1959 وەکو فیلم کارتۆنی لەلایەن جاک کینی بەرهەمهێنرا، دواتریش لەلایەن فیلمسازی ژاپۆنییەوە ئۆسامۆ تیزیۆکا لە ساڵی 1969 بەشێوەیەکی جوانتر و مۆدێرنتر فیلم کارتۆنی هەزار یەک شەوە هاتە بەرهەم.

ئۆپێرا
لەرووی ئۆپێراشەوە کاریگەری زۆر گەورەی هەبووە، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەیەدا، چەندینجار کراوە بە ئۆپێرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، دەرفەتی زۆرباشی تێدایە بۆئەوەی لەرووی هونەری ئۆپێراوە کاری لەسەر بکرێت، بۆیەکەمجاریش لەلایەن کۆمپۆنیس و موزیکژەنی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرای خەلیفەی بەغداد” نمایشكرا، هەر لەگەڵ ئەم ئۆپێرایەشدا شاکارە موزیکییەکەی بۆ دانا. لە پاش بۆیلدیۆوە 12 جاری تر وەکو ئۆپێرا هەزارو یەک شەوە نمایشكراوە دوایینجاریش لە ساڵی 2012 لە ئۆپێرای ڤییەننا لە نەمسا بەناونیشانی ” هەزار و یەک شەوە” نمایشكراوە.
لەرووی شانۆشەوە زۆرێک لە حکایەتەکانی کراون بە کاری شانۆیی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا لەسەر تەختی شناۆ نمایشكراوە.

کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانەوە
کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانیشەوە زۆر دیارە، بەتایبەتی نووسەران و رووناکبیران و فەیلەسوفانی ئەوروپا لە سەدەکانی رۆشنگەری. لەمبارەیەوە ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا دەڵێت: من هەتاوەکو 14 جار حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەم نەخوێندەوە، نەبووم بە چیرۆکنووس”
ژنە رەخنەگەری ئەڵمانی ئارموندە هێلەر دەڵێت: حکایەتی هەزارو یەک شەوە، توانی وێنەیەکی رۆمانسیی و خەیاڵیی لە زیهنی ئێمەدا بەرامبەر خۆرهەڵات دروست بکات .” هیچ کتێب و نووسەرێکی خۆرهەڵات، هێندەی ئەم حکایەتانە کاریگەری بەسەر ئەدەبی ئەوروپییەوە نەبووە. هەروەها ئەم کتێبە بە قوڵی ناخی شاعیرو بیرمەندی ئەڵمانی گۆتەی هەژاندووەو کاری تێکردووە.

کاریگەری بەسەر رۆمان و چیرۆکی ئەوروپییەوە
زۆر مێژوونوسی ئەدەبی ئەوروپی پێیان وایە، کە ئەم کتێبە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەو رۆمان و حکایەتە ئەوروپییانەوە هەبووە، کە بە بەردی بناغەی رۆمان و چیرۆکی ئەوروپی دادەنرێن. بۆ نموونە ئەم کاریگەرییە بەسەر حکایەتەکانی ” سەمیرامیس و شازادەی بابل” ی ڤۆلتێر زاڵە، هەروەها نووسەر و ئەدەیبی ناسراوی ئینگلیزی جیمس مۆریر ” لە 1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1849 کۆچی دواییکردووە” لە بەشێکی زۆری کارەکانیدا، هەست بەم کاریگەرییە دەکەین بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” حاجی بابا، موسلیمە، میرزا و حکایەتی فارسی” . هەروەها هەست بەم کاریگەرییە گەورەیە بەسەر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا و ئەوروپا مۆنتیسکۆ دەکەین ، بەتایبەتی لە کتێبی ” نامە فارسییەکان”دا. هەروەها رۆمانە ناسراوەکەی سەرکێشییەکانی رۆبنسۆن کروز کە لە نووسینی نووسەری ناوداری ئینگلیزی دانیێل دیڤۆ،” لە ساڵی 1660 لەدایک بووەو لە ساڵی 1731 کۆچی دوایی کردووە.” هەروەها سەفەرەکانی کالیڤەرز لە نووسینی نووسەری ناوداری ئینگلیزی جۆناتان سویف ” لە ساڵی 1667 لەدایک بووەو لە ساڵی 1745 کۆچ دواییکردووە”، ئەم دوو رۆمانەش کە بە رۆمانە بنەڕەتییەکانی رۆمانی ئینگلیزی و ئەوروپی دادەنرێن، بەشێکی زۆری حکایەتەکانیان لە حکایەتی سندیبادەوە بردووە کە یەکێکە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە.
نووسەری ناوداری روسیش لیۆ تۆڵستۆی زۆر هەواداری ئەدەبی خۆرهەڵاتی بووە، بەتایبەتیش حکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە، زۆر کاری تێکردووە. ئەم کاریگەرییە گەورەیەش لە حکایەتی ” پاشاو بازەکەی” بە ڕوونی دیارە. هەرچەندە ئەم حکایەتەی، حکایەتێکە بۆ منداڵان نووسراوەو دەچێتە قاڵبی ئەدەبی منداڵانەوە. ئەم حکایەتەش لەژێر کاریگەری حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە نووسراوە بەتایبەتی حکایەتی ” قەمەر زەمان”

کاریگەرییەکانی لەسەر ژانرە جیاوازەکانی رۆمان
هیچ کتێبێکی جیهان هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەر ئەدەبیاتی جیهانەوە نەکردووە بەتایبەتی لەرووی چیرۆک و رۆمانەوە. زۆرکەس بە دایکی هەموو چیرۆک و رۆمانەکانی دادەنێن. لەم کتێبەدا رۆڵی ” گێڕەوەر، پاڵەوان، فەنتازیا، خەیاڵ، زمانی شیعری، گرێی ناو چیرۆک، دیالۆگ” دەردەکەوێت. هەربۆیە ئەم کتێبە دەبێتە ئیلهابەخش و سەرچاوەی داهێنان و ئەفراندنی ژانری نوێی چیرۆک و رۆمان لە پێش هەموویانەوە ” رۆمانی خەیاڵی، ئیرۆتیک، پۆلیسیی، خۆشەویستی، مێژووییی”

رۆمانی خەیاڵئامێز و ئەفسووناوی
حکایەتی هەزارو یەک شەوە راستە لەلایەکەوە باسی ژیانێکی هەقیقی دەکات بەڵام لە پەنا ئەم هەقیقەتەشدا، ئێمە جیهانێکی خەیاڵیی و فەنتازیا دەبینین، ئەمەش لە کۆمەڵێک حکایەتی سەیر و سەمەرەدا دەردەکەوێت کە تێیدا پاڵەوانەکانی هێز و توانای ناسروشتییان هەیە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” سندیباد، عەلی بابا ، عەلادین”دا ئەو حکایەتاناش بوونەتە سەرچاوەو سەرەتایەک بۆ رۆمان و چیرۆکی خەیاڵئامێز کە دواتریش رۆمانی ” خەیاڵی زانستی-science fiction” و ماگیی ریالیزمی” واقعی سیحری” تێدا لەدایک دەبێت.

ئەدەبی ترسناک
بابەتێکی تر کە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەدا بە روونی دەردەکەوێت، مەسەلەی دەرکەوتنی جنۆکە و دێو و درەنجە، کە ئەمەش زۆرجار ترس دەخاتە دڵی خوێنەری ئاساییەوە، لێرەشەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین، ئەدەبی ترسناک جا ” فیلم یان رۆمان و چیرۆک” لەدایک بووە. ئەمەش بەروونی لە حکایەتەکانی ناو هەزارو یەکشەوە دەردەکەوێت بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” ماڵی مردووەکان، شاری مس” دا بە جوانی دەردەکەوێت، کەتێیدا باسی جنۆکە و رۆحی مردووەکان دەکات.

ئەدەبی پۆلیسی
لە بەشێکی حکایەتەکانیدا باسی کەسانی دز و جەردە دەکات، لە حکایەتی ” بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو” کاتێک بەرگدروێک لە چین کۆمڕەیەک دەباتەوە ماڵەوە ، لەکاتی نانخواردندا دەمرێت، ئەویش دەیبات بۆ ماڵی پزیشکە جووەکە و لە ژێرزەمینەکەدا فڕێی دەدا، دواتر پزیشکەکە تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی کۆمڕەکە، دواتر سوڵتان فەرمان دەردەکات بە سزادانی ئەو کەسانەی کە ئەم تاوانەیان کردووە، جگە لە بەرگدرووەکە و پزیشکە جووەکە، نزیکەی 12 کەسی تر تێوە دەگلێن و هەرەیەکەشیان باسی حکایەتی خۆی دەکات و لە کۆتاییدا تاوانبار دەدۆزرێتەوە.
هەروەها لە حکایەتی کوشتنی کچە منداڵەکە یان ” سێ سێوەکە” کاتێک لە بەغدا تەرمی کچێکی منداڵ دەدۆزرێتەوە، هارون رەشید داوا لە وەزیر جەعفەر دەکات دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا تاوانباری بۆ بدۆزنەوە، ئەویش هەتا سێ رۆژەکە تەواو دەبێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر خەریکە خودا حافیزی لە ژن و منداڵەکانی بکات و بچێت بۆ بەردەم مەسروری شمشێر وەشێن، تا ملی لە لاشەی بکاتەوە، کەچی لەپڕێکدا دوو کەس پەیدا دەبن و دەڵێن ئێمە کوشتوومانە، دواتر لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات، ئەوانیش تاوانبار دەرناچن، دیسانەوە هارون رەشید سێ رۆژی تر مۆڵەت بە وەزیرەکەی دەدات، ئەویش دەگەڕێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر ئاشكرا دەبێت کە کۆیلەیەکی رەش سێوێکی بە کچەکە داوە، دواتر خواردوویەتی و ژەهر خواردوو بووە، ماوەیەکیش بە دوای کۆیەلەکەدا دەگەڕێن تا لەکۆتاییدا تاوانبار دەدۆزنەوەو سزای دەدەن.
هەموو ئەمانەش سەرەتایەکی گرنگ بوون بۆ دروستبوونی تەکنیک و فۆرمی ئەدەب و رۆمانی پۆلیسی، کە لە مڕۆدا رەواجێکی زۆری هەیە.

هەندێک سەرنج
لەگەڵ هەموو ئەو جوانیانەی کە لەم کتێبەدا هەیە، بەڵام لە پەنا ئەوەشدا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی و رەخنەش لەم کتێبە دەگیرێت. لە پێش هەموویانەوە ئەم کتێبە بە چەندین جۆر چاپکراوە، لە جیاتی چاپێک و وەرگێڕانێک ، چەندەها وەرگێڕانی هەیە، کە زۆرجار خوێنەر سەری لێتێکدەچێت کامیان هەڵبژێرێت.
لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، زۆر رووداو، چیرۆک هەیە ، کە دووبارە و سێ بارە دەبنەوە، بۆ نموونە لە زۆر چیرۆکدا بابەتی ” خیانەتی ژنێک لە پیاوەکەی، بەدگۆڕان” گۆڕینی مرۆڤ لەرێگەی سیحرەوە بۆ ئاژەڵ” ئەم دیمەنانە هەتاوەکو کۆتایی کتێبەکە بەردەوام دەبن.

کاریگەری ئەفسانەکان
لەلایەکی ترەوە لە زۆر شوێندا هەست بە کاریگەری ئەفسانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و هیندستان و ئێران و یۆنان بەسەر ئەم حکایەتانەوە هەیە، بگرە هەندێک چیرۆکی هەیە وەکو خۆی دانراوەتەوە. بەتایبەتی ئەفسانەی گیلگامیش و کەلیلە و دیمنە، کە زۆر پێش حکایەتی هەزارو یەک شەوە نووسراون، لەم دوو ئەفسانەیەشدا ” پاڵەوانی سیحر ئامێز، گۆڕینی مرۆڤەکان بۆ ئاژەڵ” رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، بۆیە هەندێک لە لێکۆڵەوەرەکان پێیان وایە ، کە ئەم حکایەتانەش بەشێکن لەو ئەفسانە کۆنانە.
ژن سەرچاوەی خراپەکارییە
خاڵێکی تر کە زیاتر لەلایەن رەخنەگرە ڤێمینیستەکان لێیدەگرن ئەوەیە، کە وێنەی ” ژن” لەم حکایەتانەدا لە زۆر شوێندا بە خراپ باسکراوەو زۆرجار باسی ” فێڵبازیی و مەکری ژنان” دەکات، هەروەها ژن بە سەرچاوەی خراپەکاری دادەنێت، ئەمەش لە بەشێکی زۆری حکایەتەکاندا هەیە. بەڵام لەهەمانکاتیشدا نابێت ئەوەشـمان لەبیربچێت، کە پاڵەوانی سەرەکی ئەم حکایەتانە شەهرەزادە، کە کچێکی زیرەکە و لێرەشدا زیرەکیی ژن دەردەکەوێت و پێگەی بەهێزی لەناو حکایەتەکاندا پێبەخشییوە.

وەرگێڕانی بۆ کوردی
دیارە ئەم حکایەتانە بۆ زۆر زمانی جیهان وەرگێڕاوە، پێشتریش لە کوردەواریدا لەناو مەجلیس و کۆبوونەوە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم حکایەتانە جا هەموویان پێکەوە بن یان دانە دانە لەناو خەڵکیدا باسکراون، بەڵام بەداخەوە زۆر درەنگ هەموو حکایەتەکان کراون بە کوردی. خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە زمانی عەرەبیی و فارسییەوە ، لەلایەن کۆمەڵێک وەرگێڕی هێژاوە، کراوە بە کوردی، ئەمەش خزمەتێکی باشی کتێبخانەی کوردی دەکات ، لەهەمانکاتیشدا خوێنەری کوردیش دەستی بەم شاکارە ئەدەبییە مەزنەی جیهان دەگات.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە خاڵی زۆر جوان و شاراوەی تێدایە، لەوانەبێت من لەم وتارەدا تەنها ئاماژەم بە هەندێک خاڵ کردبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت باش لەم حکایەتانە بگەین ، سەرەتا پێویستە جارێک یان دووجار ئەم حکایەتانە بخوێنینەوە، بۆئەوەی هەم زانیاریی باشمان دەستبکەوێت و هەمیش جێژ لەو حکایەتە جوانانە وەربگرین، کە لەم کتێبەدا باسکراون. هیوادارم لە خوێنەران کە ئەم کتێبە بخوێننەوە بەتایبەتی ئەوانەی حەزیان بە چیرۆک و ئەفسانەیە، چونکە حکایەت و دیمەن و ڕووداوی زۆر جوانی تێدایە.

———————————

سەرچاوە:
1/ ألف ليلة وليلة. الناشر مؤسسة هنداوي. لندن . المملکة المتحدة. 2017
/1/ ملهم فايز راضي. دراسة-تحليلية-لكتاب-ألف-ليلة-وليلة / https://mqqal.com
2/ محمد عبد الرحمن يونس. حكايات ألف ليلة وليلة تتمازج في ثقافات الأمم والشعوب. www.alarabiya.net
3/ عيسى مخلوف. شهرزاد أو الهجرة إلى الغرب. www.nidaalwatan.com
.
4/ Tausendundeine Nacht zwischen Orient und Europa. www.hu-berlin.de/de
5/ Als Europa den Orient erfand Tilman Spreckelsen. www.faz.net/aktuell




چه‌ند وێنه‌یه‌كی ورد “له‌نێوگێژاوی ژیاندا” بۆ دروستبوونی وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌تر.. ئەژین فەهمی

ده‌كرێ چه‌ندین چیرۆكی ئه‌ندێشه‌كراو لای هه‌ر یه‌كێكمان بۆ گێڕانه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵام ئەوەی گرنگه‌ وه‌ها بگێڕینه‌وه‌ له‌ هیی كه‌سی تر نه‌چێت؛ گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆمانمان هه‌بێت و هه‌میشه‌یش پێی بناسرێینه‌وه‌. ئیجا ئه‌و گێڕانه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ داڕشتنی وشه‌سازی، ده‌ربڕینی هه‌ندێك وشه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆمان بێت، یاوه‌خود تەکنیک و وه‌سف كردنی دیمه‌نه‌كان و گرێچنی بێت. بۆیه‌ چه‌ند گرنگه‌ شاره‌زایی و كارامه‌ییت له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌وانی تر هه‌بێت، هێنده‌یش گرنگه‌ له‌ ده‌قی خۆتدا چۆن كار ده‌كه‌یت و چیرۆكێكی جیاواز له‌ گێڕانه‌وه‌ و ناوازه‌ له‌ ده‌ربڕین داده‌ڕێژیت. بۆ دووپات کردنەوەی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌م، له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی “له‌نێیو گێژاوی ژیاندا”ی چیرۆكنووس (گۆران سه‌مه‌د )دا بە ڕوونی بەدیی دەکرێت. ئه‌م كتێبه‌ له‌ نۆ، کورتەچیرۆك پێكهاتووه‌.
نۆ، چیرۆك له‌ كه‌شێكی جودا له‌ یه‌كدی، كه‌ هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی وردن بۆ نیشاندانی وێنه‌یه‌كی باڵاتر، به‌ڵام خاڵێكی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، ئه‌ویش نیشاندانی وێنه‌ی (ئیرۆتیك)ه‌، کە له‌ زۆرینه‌ی چیرۆكه‌كاندا هه‌یه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك چیرۆكنووسی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌. نووسه‌ر جگه‌ له‌ خه‌می تاك و كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كانیان، ئه‌و خه‌مێكی گه‌وره‌یش له‌ پشت ئیرۆتیكه‌وه‌ باس ده‌كات، ئیرۆتیك به‌ مانای ئه‌وه‌ی، كه‌ وێنه‌كان سرووشتی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن‌، بێ هیچ تەمومژێک، ببینرێن.
نووسه‌ر هه‌ر له‌ڕێگه‌ی وێنه‌ هه‌ستیاره‌كانه‌وه‌ نیشانی داوین، كه‌ چه‌ند سرووشتین، بێ گومان ئیرۆتیكایش هه‌ستی بزواندنه‌، كه‌ ده‌شێ له‌ ژیانی هه‌ر یه‌كێكماندا هه‌بێت و ئه‌مێستایش له‌م چیرۆكانه‌ به‌ری ده‌كه‌وین. هه‌رچه‌نده‌ نووسه‌ر له‌ چیرۆكه‌كانیدا هه‌موو شتێكی باس نه‌كردووه و زۆر شتی لە تاریکیدا بۆ خوێنەر بەجێ هێشتوە‌، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ گوتویه‌تی، به‌ڵام له ڕێگه‌ی وێنه‌كانه‌وه وێنه‌ی تر ده‌بینین. گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ “له‌نێو گێژاوی ژیاندا” ئه‌وه‌ باش دیاره‌، كه‌ مرۆڤ له‌ به‌دبه‌ختیه‌كانی و سه‌ر لێشێواوییه‌كانی نێو ژیاندا كه‌وتووه‌ته نێو گێژاوه‌وه‌. جا ئەو گێژاوە چەند ڕەهەندی هەیە و لە هەر چیرۆکێکدا بە شێوەیەک دەردەکەوێت. هه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان هه‌ست به‌ ورد چنینی ده‌كه‌ین، ده‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ین شتگه‌لێك كه‌شف ده‌كات و دنیایه‌كی جیاواز له‌ سه‌ربه‌ستی هه‌یه‌. به‌و چه‌شنه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان به‌جه‌سته و‌ ئازادن، به‌ دڵی خۆیان دێن و ده‌سوڕێن، نه‌ك به‌ خواستی دڵی نووسه‌ر گوزه‌ر بكه‌ن. ئه‌م ئازاد كاركردن و كاره‌كته‌ر ناسییه وای كردووه‌ چیرۆكه‌كان جێگه‌ی خۆیان لای خوێنه‌ر بكه‌نه‌وه‌ و ڕووداو و دیمه‌نه‌كان بیر نه‌چنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێكیان په‌ر‌ۆشی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر ده‌بێت. لێره‌دا به‌ باشم زانی به‌ چه‌ند دێڕێك باس له‌ هه‌ر نۆ چیرۆكه‌كه‌ بكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌یان قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام لام وایه “ئالوده‌ به‌‌ ته‌نیایی”، شه‌شه‌مین چیرۆكه، له‌ باره‌یه‌وه‌ تێڕامانی زیاترم بۆی هه‌بێ‌ و زێده‌تر له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێم. چیرۆكی “دوو خولەک و په‌نجاوسێ چركه‌ به‌ كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستم” به‌ چه‌ند دێڕێك له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێم: ئه‌م چیرۆكه، مانشێتئاسایه، بۆ من ته‌كنیكێكی نوێتره‌‌ له‌كاره‌كانی تری نووسه‌ر، ئه‌م ڕێپۆرتاژ كار كردنه‌ وای له‌ ده‌قه‌كه‌ كردووه‌، گه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌ چیرۆكه‌كه‌ وه‌ربگرین، چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، ده‌شكرێ پارچه‌كانی چیرۆكه‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كدی بن و بێ یه‌كدی مانای ته‌واو نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. بێگومان ئه‌م شێوازە كار كردنه‌ خزمه‌ت به‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات و وای لێ ده‌كات به‌ر شێواز و ته‌كنیكێكی نوێ بكه‌وین. نووسه‌ر، له‌ ڕێگه‌ی كه‌سی یه‌كه‌مه‌وه به‌ زمانێكی پاراو‌ و ساده‌، كه‌ توخنی ناوچه‌گه‌رایی نه‌كه‌وتووه‌، چیرۆكی سه‌رگوزه‌شته‌ی خۆی و دڵداره‌كه‌ی له‌ به‌غدا، كه‌ بۆ بژێوی ژیان ده‌چێته‌ ئه‌وێ، بۆ هاوڕێكه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌. پاڵه‌وان له‌كاتی گێڕانه‌وه‌دا به‌ نێو كه‌ش و كوچه‌ و كۆلانه‌كانی به‌غداددا ده‌مانگێڕێت. وه‌ها باش وێنه‌كانی گه‌یاندووه‌ له‌ ئێمه‌ وایه‌ له‌ شه‌قامی “موته‌نه‌بین” و به‌ دیار هاتن و چوونی پاڵه‌وانه‌کەوەین و تا ده‌گات به‌وه‌ی له‌ كونێكه‌وه‌ سه‌یری نزیك بوونی ئه‌و و دڵداره‌كه‌ی بكه‌ین. ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ هونه‌رێكی به‌رز نووسراوه، هونه‌رێك تژی له‌ وێنه‌ی جۆرا و جۆر و بینراو. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ نووسه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه ‌باسی عیشقێكی ناكام له‌ژێر سایه‌ی پاره‌ و ده‌سته‌ڵات ده‌كات، پێشمان ده‌ڵێت: عیشق باڵاتره‌ له‌ هه‌ر شتێك، كه‌ مرۆڤ بایه‌خی بۆ داناوه‌. بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌یش بێ گوێدانه‌ هیچ شتێك، پاڵه‌وان و دڵداره‌كه‌ی له‌و غه‌ریبییه‌دا به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌ عیشقه‌كه‌یان. هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی پاڵه‌وانه‌کەوه به‌ر زۆر شتی نه‌بینراو ده‌كه‌وین، كه چەندین پرسیار دەوروژێنێت‌. بۆیه‌ گه‌ر له‌ دێڕه‌كانی نێو چیرۆكه‌كه ورد بینه‌وه‌ ده‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ین، نووسه‌ر جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك نووسه‌رێك نووسیویه‌تی و خۆی بێ به‌ری كردووه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی نووسه‌ربوون، كه‌چی ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چڕکردنەوە و كورتبڕی له‌ گێڕانه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ كردووه‌.
(گۆران سه‌مه‌د) به‌ زمانێكی پاراو و به‌ چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك، چیرۆكی چه‌ندین ساڵمان بۆ چڕ ده‌كاته‌وه‌. لە چیرۆكی “گه‌نیو نه‌بوون”دا، بەر تەکنیکێکی تر دەکەوین، بۆ نموونە هه‌یكه‌لی ئه‌م چیرۆكه‌، تا ده‌گات به‌ ناواخنیشی، سه‌رتاپێی له‌ خزمه‌تی دۆخی سایكۆلۆژیی كاره‌كته‌ره‌کەدایە. بار و دۆخی چیرۆكه‌كه‌ سه‌روكاری له‌گه‌ڵ جه‌نگدا هه‌یه‌ و كاره‌كته‌ر له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندایه‌. بە ڕوونی لێك چونێك لەنێوان ئه‌م چیرۆكه‌ و چیرۆكی “دواهه‌مین وێنه‌”دا هەیە. گه‌رچی كاره‌كته‌ره‌كه‌مان بێ ناوه‌، به‌ڵام هۆكاری بێ ناوییه‌كه‌ی بۆ به‌دبه‌ختییه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌… گه‌ر بێ ناویش بوویت، شتێك نامێنێته‌وه‌ گرێدراوی ناونیشان بێت. گه‌رچی له‌چه‌ند دێڕێكدا هه‌ست به‌ ده‌ربڕینێكی چه‌شنی وتار نووسین و جۆرە ڕاسته‌وخۆ ده‌ربڕینێک دەکەوین، به‌ڵام لام وایه ئه‌م ده‌ربڕینه‌ وتارئاسا و ڕاسته‌وخۆییه‌ زۆر جار وا ده‌خوازێت بۆ نێو چیرۆك، ڕه‌نگبێت ئه‌م جۆره‌ لە گێڕانەوە، به‌ره‌و قووڵایی بمانبات، هاوکات لێرەدا گرنگە نووسەر بتوانێت تێمان بگەیەنێت و په‌یامه‌كه‌یشی وه‌ك ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی بگات.
بۆ نموونە گه‌ر بڕوانین له‌ دوا دێره‌كانی ل (٢٤) بە ڕوونی ئەمە دەبینین. بۆیه‌ دەکرێت بڵێم: ئەم چه‌ند دێڕه‌ی باسی (قاتیل بونی گیانی خۆت و شانازی كردن به‌م قاتیل بوونه‌وه‌) ده‌كات، لام وایه‌ ئه‌م داڕشتن و ده‌ربڕینه‌،‌ چه‌نده‌ وتارئاسایه‌، هێنده‌یش هونه‌رییانه‌یه‌ و لێرەدا بۆ چیرۆکەکە گرنگە. له‌م چیرۆكه‌دا نیگه‌رانییه‌‌كانی (ئه‌دگار ئالانپۆ)مان بیر دێنێته‌وه، بێگومان هه‌مان نیگه‌رانی و ته‌مومژییه‌كانی نێو چیرۆكه‌كانی (ئالانپۆ) نییه‌، به‌ڵكوو نیگه‌رانییه‌كی تره‌، كه‌ وای له‌ كاره‌كته‌رەکە كردووه‌ شوێن به‌خۆی نه‌گرێت و زۆر كات له‌ دواندنی خۆیدا بێت. كاره‌كته‌ر، چاوه‌ڕێی هاتنی كه‌سێكه‌، هه‌ر ئه‌م خۆ دواندنه‌یش، لەم چاوەڕوانییەدا وای كردووه ئه‌م چیرۆكه‌ هه‌ڵگری په‌یامێكی قووڵبێت و چەندین لایەنی سایکۆلۆژی لەخۆ بگرێت. له‌ چیرۆكی “ئاخێز” یشدا، نووسه‌ر گرنگی به‌ پێوه‌ندی نێوان دوو عاشق ده‌دات، بێگومان ئه‌و پێوه‌ندییه‌یش پرسێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ چیرۆكه‌كه‌دا و وێنه‌ی داوه‌ته‌وه‌. خه‌یاڵی چیرۆكه‌كه‌ له‌و چیرۆكانه‌یه‌، كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كه‌شێكی ساردی زستانی و بۆنی خاك و عیشقێكی جوان. لێرەدا (گۆران سه‌مه‌د) به‌ ئاگاییه‌وه‌ ده‌ستی بۆ بابه‌ته‌كه‌ بردووه ‌و وای كردووه‌ وێنه‌ ئیرۆتیكییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چاوی كامێراكه‌ی له‌ خزمه‌تی وێنه‌كان داناوه‌. كامێراكه‌یش وێنه‌كانی وه‌ك خۆی، بێ زیاد و كه‌م، گەیاندووە. بێگومان ده‌ربڕینی وشه‌گه‌لێك له‌ ئامانجی نیشاندانی وێنه‌ی هه‌ستیار و ئیرۆتیك، پێیویستی به‌وه‌یه‌ وشه‌ی كه‌م و ئامانجدار به‌كار بێت، له‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌م نیشاندانی وێنه‌كان و ئابووری وشه‌ ده‌سه‌لمێنێت. ل (31) گوتی: ده‌خۆیته‌وه‌؟ گوتم: له‌وه‌ ده‌چێت… له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم ده‌رك به‌ شتێكی سه‌یر بكات، پێشبینی ترسێكم لێی ده‌كرد. گوتی: جه‌ناب خۆش ده‌ژییت… گوتم: من؟ گوتی شوشه‌‌كه‌ قڵب بكه‌مه‌وه‌، یان چۆڕێكت بۆ تێكه‌م؟ باگۆم دایه‌وه: تكایه‌، چۆڕێك… جووڵه‌كانی جۆرێك بوون. زۆر كۆنتڕۆڵ و به‌ئاگا. هیشتا جله‌كانی دانه‌كه‌ندبوون. ته‌نیا ماچی هاتنیمان گۆڕیبووه‌وه‌…
له‌ چیرۆكی “بووكه‌ڵه‌ په‌ڕۆیینه‌كاندا” نووسه‌ر به‌ شێوازێكی هونه‌ری سووژه‌ و ده‌ربڕینەکانی چنیووە، ئه‌م چیرۆكه‌ پشتی به‌ نیشاندانی وێنه‌ی منداڵی به‌ستووه‌. شتێکی ئاشکرایە سه‌رده‌می منداڵی هه‌ر یه‌كێكمان بایه‌خێكی گرنگی له‌ یاده‌وه‌ریماندا هه‌یه‌، منداڵیی ده‌توانێت هه‌ڵقووڵاوی چه‌ندان بیرۆكه‌ی كار كردن بێـت له‌ چیرۆكدا. لەو بڕوایەدام، نووسه‌ریش ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی له‌ منداڵیی خۆیەوە وه‌رگرتووه‌. لەم چیرۆکەدا تەمەنی منداڵی لەنێوەندی کارەکەدایە و هەموو شتەکان بە دەوری ئەو یادەوەرییانەدا دەسوڕێنەوە، کە جارێکی تر هەرگیز ناگەڕێنەوە. لێره‌دا پوخته‌یه‌كی چیرۆكه‌كه‌ دێنمه‌ باسه‌وه‌: ئه‌م چیرۆكه‌ لە ژینگەیەکی هاوڕێیانه‌ی منداڵیدا دەسوڕێتەوە؛ هه‌روه‌ك چۆن له‌ چیرۆكی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر سوودی له‌ هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌ وه‌رگرتبوو، به‌ڵام لێره‌دا باس كردنی هاوڕێ شتێكی تره‌، به‌كه‌مێك جوداوازییه‌وه‌. لێره‌دا ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ منداڵییه‌، یاده‌وه‌ری (كۆدۆ و كارۆیه‌)، كه‌ یاداشت كراوه‌ و خۆیان چیرۆكه‌كه ده‌گێڕنه‌وه‌. ‌ یاده‌وه‌رییه‌ك له‌نێو فیلمی كارتۆن و یارییه‌ منداڵییه‌كانییاندا به‌رجه‌سته‌یه‌. بێگومان ئه‌و به‌رجه‌سته‌ بوونه‌ وێنه‌ی جوانی سه‌رده‌می منداڵی ئه‌فراندووه‌. له‌یه‌ك چواندنی ئه‌و فیله‌ی یاری پێده‌كه‌ن و ئه‌و فیله‌یشی له‌ چیرۆكه‌كانی داده‌ سه‌یراندا هه‌یه‌. شایانی باسه‌ چیرۆكه‌كه‌ ڕەوشێکی تایبه‌ت به‌ دنیای منداڵان لەخۆ دەگرێت‌، كه‌ خێزان تێیدا سه‌رپشكه‌.
هه‌بوونی خێزانیش لەم چیرۆکەدا، وای كردووه‌ چیرۆكه‌كه‌ ساکار و پاك و سرووشتی ده‌ركه‌وێت. كۆتایی هاتنی چیرۆکەکەیش بە تراژیدیایه‌، ناوه‌ڕۆکەکەی تەواو پێكاوه‌ و هه‌ڵگری چه‌ندان په‌یامی جیاوازه، كه‌ ده‌كرێ لای هه‌ر خوێنه‌رێك جیاواز بێت.
له‌ چیرۆكی “دواهه‌مین وێنه، ڕوون نییه‌ كه‌ی ده‌بێته‌ ده‌ستپێك ‌” دا : نووسه‌ر له‌م چیرۆكه‌یشدا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر وێنه‌كان، به‌ڵام ئه‌م وێنه‌یه‌ی لێره‌دا ده‌بینرێت جیاوازتره‌ له‌ وێنەکانی پێشووتر، بێگومان وێنه‌یش پاڵنه‌رێكه‌ بۆ مانه‌وه‌، به‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌كرێ بیبینین نیشاندانی كاره‌ساتی بالیسانه‌، ده‌كرێ ته‌واوی ڕووداوه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته‌مان یاد نێته‌وه‌، گه‌رچی خۆیشمان له‌وێ ئاماده‌ نه‌بووین، به‌ڵام نووسه‌ر لێره‌دا، به‌ نیشاندانی وێنه‌كان بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، وەک ئەوەی خۆمان له‌وێ بووین. چرکاندنی وێنەیەک، ئەو ساتەمان بۆ تا ئەبد لەوێدا، بێ جووڵە دەهێڵێتەوە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ زمانی كه‌سی یه‌كه‌م داڕێژراوه‌، له‌ تۆ وایه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌، گه‌ر ته‌واوی كاره‌ساته‌كانیش نه‌بێت، ئەوا نووسه‌ر ژیانی خۆی كردووه‌ته‌ چیرۆك. گەر به‌ زمانی که‌سی دووه‌م و سێیه‌می تاك نووسرابوایه‌، شتێكی تربوایه‌ و به‌ جۆرێكی تر به‌ری بكه‌وتینایه‌. سەرلەنوێ نووسه‌ر، لەم چیرۆکەیشدا، خۆی بێ به‌ری نه‌كردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌، گه‌رچی لێک چوونێک لەێنوان ئەم چیرۆکە و چیرۆكی پێشتردا هەیە، به‌ڵام شایانی باسه‌ بڵێم: ئه‌م خۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی نووسه‌ر بێ مه‌به‌ست نییه‌. به‌ چه‌شنێكی تر و پلۆتیكی تر داڕشتنێكی جوانی نووسیوه‌ته‌وه‌. ده‌كرێ له‌ هه‌ر كونجێكدا وێنه‌یه‌كی جوداوازی به‌دبه‌ختی و ڕاسته‌قینه‌ و ته‌نانه‌ت كاره‌ساته‌كانیش ببینین. له‌ چیرۆکی “ئالووده‌ به‌ ته‌نیایی” دا، چیرۆکێکە لام وایه‌ پێویسته‌ زیاتر له‌باره‌وه‌ بدوێم و زیاتریش قسه‌ هه‌ڵده‌گرێت. لێره‌دا به‌ گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شت زان نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ ڕاپێچی نێو ئه‌م چیرۆكه‌مان بكات. ئاشكرایه‌ ئالووده‌ به‌ هه‌ر شتێك بین، ڕێی تێده‌چێت و له‌ ژێر فشاری شتگه‌لێكه‌وه‌ ئالووده‌ بووبین، به‌ڵام گه‌ر ورد بینه‌وه‌ زۆر جار به ‌هه‌ر هۆكارێك بێت، ته‌نیایی وا ده‌كات ئالووده‌ بین، ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته‌ بڵێم ئالووده‌ بوون به‌ ته‌نیایی سه‌خته‌، ته‌نیایی پرسێكی فەلسەفی، مرۆیی و خودگەراییە‌، ده‌كرێ هه‌ر كه‌سێك بۆچوونێكی له‌باره‌وه‌ هه‌بێت.
زۆر جاریش هه‌ر ته‌نیاییه‌ داتده‌ماڵێت و دەتشکێنێت، ته‌نیاییه‌ك تێیدا سه‌ر لێ شێواو بیت، هاوکات گه‌ر ئه‌م ته‌نیاییه‌ پشتگوێ بخه‌یت و باكت پێ نه‌بێت و له‌ ئاستی خۆی گه‌وره‌تر نه‌كرێت، ئه‌وا زیانت پێ ناگات، لە هەمان کاتدا ده‌توانی له‌نێو ته‌نیای خۆتدا به‌دوای ماناكانی بون بگه‌ڕێیت. بیرمه‌نده‌كانی پێشوو له‌ ته‌نیایدا زۆر شتیان ئه‌فراندووه‌، به‌دوای ماناكانی شته‌ ورده‌كان گه‌ڕاون و زۆریان بۆ لێکداوینەتەوە‌، زۆر جاریش ببیرمه‌نده‌كان ده‌ره‌قه‌تی ته‌نیایی نه‌هاتوون و خۆیان كوشتووه‌. بۆیه‌ ده‌كرێ له‌هه‌ركوێ بێت خۆمان فریو نه‌ده‌ین و له‌كوێدا پێویستی كرد له‌ ته‌نیایدا بوه‌ستین و له‌ كوێیشدا هه‌ستمان كرد ئیدی نابێت ته‌نیا بین، ئه‌وا ده‌بێت ته‌نیا نه‌بین، به‌ جۆرێكیتریش: زۆر جار هه‌وڵی ته‌نیا بوونمان داوه‌ و ته‌نیا نه‌بووین، زۆرجاریش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ئێمه‌ له‌به‌رده‌م كاره‌كته‌رێكداین تێگه‌ڵ به‌ ته‌نیایی بووه‌ و تا ڕاده‌یه‌كیش ته‌نیایه و له‌ یادی دڵداره‌‌كه‌یدایە، له‌ ته‌نیاییدا ئاره‌زووه‌ سێكسییه‌كانی كپ ده‌كاته‌وه‌. نووسه‌ر له‌ نووسینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا، كه‌ به‌ دوایدا چه‌ند دێڕێکی تر دێن، ئازادانه‌ باسی ئه‌ندامی نێرینه‌ ده‌كات، ڕه‌نگبێت ده‌ربرینی وه‌ها وشه‌یه‌ك ئاسان بێت، به‌ڵام ئاسانیش نییه‌ نیشاندانی وێنه‌یه‌كی ئیرۆتیكی له‌ ده‌ربرینی ئه‌م وشه‌یه‌دا. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌ر ئیرۆتیكه‌ نه‌ك زیاتر له‌ ئیرۆتیك بێت. له‌ دوا دێڕه‌كانمدا له‌ باره‌ی چیرۆكه‌كه‌وه‌، گه‌رچی داڕشتنێكی تا ڕاده‌یه‌ك فره‌ ده‌نگه‌ و به‌ر ده‌نگی جودا ده‌كه‌وین. ئه‌وه‌یش باش ڕوونه‌، كه‌ نووسه‌ر چه‌نده‌ شاره‌زایی له‌ دروستکردنی كاره‌كته‌ر هه‌بووه‌، شاره‌زاییه‌ك به‌و ڕاده‌یه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌ له‌م چیرۆكه‌دا چۆن جووڵێنراوه‌،‌ “گۆران سەمەد” وه‌ها جووڵاندوویه‌تی و بارته‌قای ناسینی كارەکتەر،‌ له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ردا ژیاوه‌ و كۆتایی چیرۆكه‌كه‌یشی به‌ كراوه‌یی جێهێشتووه‌. گه‌ر به‌ چه‌ند دێڕێكیش بێ، باسی چیرۆكی “باڵكۆنێكی شین” دەکەم: ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ زمانی كه‌سی دووه‌م ده‌گێڕدرێته‌وه، كه‌ تێیدا گرنگی به‌ باسكردنی كولتووری خۆرهه‌لات دراوه‌، ئێمه‌ له‌م چیرۆكه‌دا به‌ر شوێنێكی جیاوازتر ده‌كه‌وین، وه‌ك له‌ چیرۆكه‌كنی تر، ئه‌ویش بالكۆنێكی شینه‌، ناونیشانی چیرۆكه‌كه‌یش هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌یه‌. چیرۆكی دایكێكمان بۆ ده‌گێڕیته‌وه، كه‌ خاوه‌نی منداڵێكی كوڕه‌، كه‌ منداڵه‌كه‌ی له‌ ته‌مه‌نێكدایه‌ هه‌ست به‌ زۆر شتی ده‌وروبه‌ر ده‌كات، تێده‌گات دایكی له‌به‌ر عیشقی پیاوێكی تر خۆی ده‌دوێنێت، گۆرانی ده‌ڵێت و سه‌ما بۆ ژیان ده‌كات، ئه‌سته‌مه‌ تێگه‌یشتن له‌و دۆخه‌، كه‌ دایكی شوو به‌ پیاوێكی تر ده‌كات و پێێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوه‌ پیاره‌یدا چۆن بووه‌. دیاریش نییه‌ ئه‌و پیاوه‌ ده‌بێته‌ باوكی ڕاسته‌قینه‌ی، یان نا، بوون به‌ باوك به‌و مانایه‌ی، كه‌ جێگه‌ی باوكی ڕاسته‌قینه‌ت بۆ بگرێته‌وه، به‌ ڕاستی ئه‌و دۆخه‌ بۆ كوڕێكی له‌و ته‌مه‌نه‌ سەختە. هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌یش نووسه‌ر به‌م ڕێگه‌یه‌ چووه‌ته‌ ناخی كاره‌كته‌ره‌وه، له‌ هه‌مووی جێ بایه‌ختر ئەوەیە، ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ چیرۆكی ڕووسی و لایه‌نی سایكۆلۆژیش پشتگوێ نه‌خراوه‌. گه‌ر به‌ چه‌ند دێڕێك باسی كۆتا چیرۆكه‌كانی (نادیار و مۆسیقاڕ) بكه‌م: ده‌شێ بڵێم: هه‌ردووكیان كورتیله‌ چیرۆكن، به‌ شێوازێكی جودا له‌وانی تر داڕێژراون و سرووشتی هه‌نگاو ده‌نێن: نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ به‌ كه‌مترین وشه‌ زۆرترین په‌یام بگه‌یه‌نێت.
له‌ چیرۆكی “نادیار”دا جگه‌ له‌ ڕه‌چاوكردنی دەستگرتن بە وشه‌وە، ئێمه‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌ر دۆخێكی ته‌واو جیاوازەوە، گه‌ر دوای چه‌ند جارێك خوێنه‌ری بن، دۆخه‌كانیش زیاتر ده‌رده‌كه‌ون. من وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌ركم به‌ هونه‌ری تێكه‌ڵكردنی ئاوازی وشه‌كان به‌و كوردییه‌ پوخته‌یه‌وه‌، کرد. كۆتا چیرۆك، كه‌ چیرۆكی “مۆسیقاڕ”ه‌، بێ هیچ وشه‌یه‌كی زیاده‌ ئامانجی ده‌ربڕینی ڕووداوه‌كانی پێكاوه‌، ڕوونتر بڵێم: به‌ كه‌مترین وشه، یان وشه‌ی بێ ئه‌رك زۆرترین په‌یامی تێدایه. من لێره‌دا بۆ هه‌ردووك چیرۆكەکە به‌ پێویستی نازانم، بچمە وردەکارییەوە و باسی ته‌واوی ڕووداوه‌كانی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته‌ بیڵێم، تێڕامانی دیمه‌نێكه‌، له‌ ڕێی ئه‌م دیمه‌نه‌وه‌، جه‌‌خت له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ ورد و گرنگه‌ی نووسه‌ر ده‌كه‌م، كه‌ چه‌ند به‌ باوه‌ڕ به‌خۆ بوونه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئازادی و ڕچه‌ شكاندنه‌وه وێنه‌ی دوو عاشقی بۆ كێشاوین، كه‌ له‌به‌رچاوی خه‌ڵكییه‌وه‌ یه‌كدی له‌ باوه‌ش ده‌گرن و ڕامووسین ده‌كه‌ن. نیشاندانی ئه‌م وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م به‌ نموونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌، گه‌ر خوێنه‌ر زیاتر له‌ جارێك نوقمی دێڕه‌كانی ئه‌م كورته‌ چیرۆكانه‌ نه‌بێت، له‌ ئه‌و وایه، نووسه‌ر هیچی وای نه‌گوتووه‌ و وێنه‌كانیش پارچه‌ پارچه‌ن و نه‌شگه‌یشتوون، به‌ڵام لام وایه‌ گه‌ر زیاتر له‌ جارێك سه‌رنجی وێنه‌كان بده‌ین و ورد بینه‌وه‌، ئه‌وان به‌ باشی ده‌بینرێن، زه‌ینت به‌جێ ناهێڵن و لێڵ نین. بۆیه، لێڵ نه‌نووسین و ڕوون هوونه‌ره‌، وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌ لێی بێزار نه‌بن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ریش دوای ماوه‌یه‌ك به‌ر خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان به‌رهه‌می خۆی بكه‌وێت، هه‌م وێنه‌كانی دێنه‌وه‌ به‌رچاوی و هه‌میش له‌نێو وێنه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: “له‌نێو گێژاوی ژیان”دا، گۆران سه‌مه‌د، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، ٢٠٢١




کتێبی (بیره‌وه‌رییه‌کانی نادیه‌ موراد).. هیوا ناسیح

نادیە موراد کچه‌ ڕزگاربووی ده‌ستی داعش و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی

وابزانم که‌س نییه‌ ناوی نادیه‌ مورادی نه‌بیستبێت، ئه‌و یه‌کێک بوو له‌‌و کچه‌ ئێزیدییانه‌ی که‌ که‌وته‌ ده‌ست داعش و پاش سێ مانگ له‌ ده‌ستیان رزگاری بوو. ئه‌و چیرۆکی کوشتوبڕی گونده‌که‌یان (کۆجۆ) و ڕفاندنیان و به‌که‌نیزه‌ککردن و دواتر هه‌ڵاتی خۆی له‌ دووتۆی کتێبێکدا ساڵی ٢٠١٧ به‌ هاوکاریی جێنه‌ که‌ره‌جسکی (Jenna Krajeski) به‌ زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکردۆته‌وه‌، که‌ به‌ ده‌یه‌ها میلیۆن کۆپی لێ فرۆشراوه‌ و ده‌نگێکی زۆری دایه‌وه‌، دواتر ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ بۆ چه‌ندان زمانی تر وه‌رگێڕراوه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌کراوه‌ به‌ کوردی. هه‌مان ساڵ له‌ لایه‌ن سێ نوسه‌ره‌وه‌ کراوه‌ به‌ ئه‌‌ڵمانی، که‌ بریتین له‌ (Ulrike Becker, Jochen Schwarzer،Thomas Wollermann)، له‌ لایه‌ن ده‌زگای وه‌شاندنی کنوره‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه، کتێبه‌که‌ له‌ ٣٣ به‌ش پێک دێت، به‌ قه‌باره‌ی ٣٦٣ لاپه‌ڕه‌یه‌. گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئابی ٢٠١٤ یه‌ کاتێک داعش پەلاماری شارۆچكەی شەنگال و گوندەوارەكانی دەوروبەری دا و داگیریكرد، له‌رۆژێکدا نادیه‌ دایکی و شه‌ش برای ده‌کوژرێت، دواتر ڕفاندنی و به‌ که‌نیزه‌ککردنی و مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له‌ نێو داعش، ئینجا هه‌ڵهاتنی و ڕزگاربوونی. زۆر كاریگەر، هەستهەژێن و تاسێنەرە،. دەكرێت له‌‌‌ ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌م کتێبه‌ چەندان بابەتی رۆمان و فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی لێ هەڵبهێنجێنرێت. چونکه‌ به‌‌ هه‌موو پێودانگه‌کان تاوانێکی زۆر گه‌وره‌بوو، بۆیه‌ له‌ زۆر وڵاتانی جیهان ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ ژینۆساید ناسێنراوه‌. پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌‌که، حه‌زم کرد ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر بنوسم.
ناوی کتێبه‌که‌ به‌ زمانی ئینگلیزی (دوا کچ: چیرۆکی دیلیم و جه‌نگی من دژ به‌ داعش)ه‌، به‌ڵام له‌ وه‌رگێڕانه ئه‌ڵمانییه‌که‌دا ناوی کتێبه‌که‌ کراوه‌ به‌ (من ده‌نگی ئێوه‌م)، پێشه‌کییه‌که‌ی له‌ لایه‌ن (ئه‌مه‌ل کلۆنی) که‌ پارێزه‌ریشی بووه‌، نوسراوه‌، ناوبراو هاوسه‌ری ئه‌کته‌ری ناوداری ئه‌مریکی جۆرج کلۆنییه‌. ئه‌و ده‌ڵێت: نادیه‌ ته‌نها بریگرته‌ (موکل)ی من نییه‌، به‌ڵکو هاوڕێشمه، له‌و کاته‌وه‌ی ده‌یناسم ته‌نها ده‌نگی خۆی نییه‌، به‌ڵکو ده‌نگی سه‌رجه‌م ئێزیدییه‌کانه‌، به‌هۆی ئه‌م کتێبه‌وه‌ سه‌رجه‌م جیهان چیرۆکی کوشتوبڕیانی بیست. ئه‌‌م یه‌کێک بوو له‌و کچ و ژنانه‌ی که له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێنران و له‌ بازاڕ و ته‌نانه‌ت ئینته‌رنێت و فه‌یسبوکیشدا بۆ بڕه‌پاره‌یه‌ک، هه‌ندێک جار که‌متر بوو له‌ بیست دۆلار ده‌فرۆشران!).

نادیه‌ موراد کێیه‌؟
نادیه‌ موراد باسی ته‌ها ساڵی ١٩٩٣ له‌ شاره‌دێی کۆچۆ له‌ دایکبووه‌، که‌ سه‌ر به‌ قه‌زای شه‌نگاله‌ و که‌وتۆته‌ باشوری رۆژئاوای ئه‌و شاره‌که‌وه‌ و نزیکه‌ی ٢٠ کم دووره‌ لێوه‌ی. ئه‌م له‌ خێزانێکی گه‌وره‌‌ و هه‌ژاره‌وه‌ هاتوه‌ و خاوه‌نی هه‌شت برا بووه‌. دانیشتوانی کۆجۆ نزیکه‌ی ١٧٠٠ که‌سێک ده‌بوون و به‌‌ کشتوکاڵ و مه‌ڕوماڵات به‌خێوکردن پژێوی ژیانیان دابین ده‌کرد. سه‌رجه‌م گونده‌که‌ له‌‌سه‌ر ئاینی ئێزدین. سێ لای گونده‌که‌ به‌ دێهاتی عه‌ره‌بی سوننه‌ ده‌وره‌ دراوه‌. نزیکی شاره‌دێی حاته‌مییه‌ بوو که‌ ئه‌وان ئێزدی بوون و نزیکه‌ی دوو هه‌زار دانیشتوانی هه‌بوو. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی هێناو ناوچه‌ی به‌رفراوانی له سوریا و عێراق داگیرکرد، گوند و ناوچه‌که‌ی ئه‌مانیش که‌وته‌ به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌ و به‌ هه‌زاران که‌سیان لێ کۆمه‌ڵکوژی کردن، وه‌ک ده‌گوترێت نزیکه‌ی ٦ تا ٧ هه‌زار که‌سیشیان له‌ کچان، ژنان، مێردمناڵانیان و مناڵانیان ڕفاندن. کچه‌کانیان لێ کردنه‌ که‌نیزه‌ک و مێردمناڵه‌کانیان ده‌برد بۆ سه‌ربازگه‌ی تایبه‌ت تا مێشکیان بشۆنه‌وه‌ و دواتر وه‌ک خۆکوژ به‌کاریان ده‌هێنان. هه‌رچه‌نده‌ وا بۆ نزیکه‌ی ده‌ساڵ ده‌چێت ئه‌و کاره‌سات و گه‌وره‌ تاوانه‌ ڕوویداوه‌، به‌سه‌دان له‌ کچانیشیان هه‌ڵاتون یان ڕزگارکراون، به‌ڵام هێشتا برینه‌کانیان سارێژ نه‌بووه‌ و به‌ سه‌دان که‌سیان بێسه‌روشوێنن، ناوچه‌که‌شیان له‌ نێو ململانێی سیاسی و هێرشی جارناجاری درۆنی تورکیدایه‌.
لە ساڵی ٢٠١٥ نادیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وتاریدا و قسەی لەسەر پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ململانێکان و شەڕەکاندا کرد. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبراوی بە فەرمی وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کەرامەتی ڕزگاربووانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستنیشان کرد. لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بە هاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌و یه‌که‌م کورده‌ که‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ درابێت! ئێستا ئه‌م خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌ و له‌ جیهاندا ناسراوه‌، سه‌رۆک و پاشاکانی جیهان پێشوازی لێ ده‌که‌ن، چیرۆکه‌که‌شی به‌ چه‌ندان زمانی جیهانی وه‌رگێڕراوه‌، ناسراوترین که‌سایه‌تی ئێزدییشه‌ له ئاستی جیهاندا.

ڕۆژی حه‌شر!
نادییه‌ ده‌ڵێت: مێژووی ئێمەی ئێزدی مێژووی ئازار و چەوساندنەوە و ڕەشەكوژییە بەسەرماندا، هەموو سەركوتیان كردوین، كوردە مسوڵمانەكان، شاكانی ئێران و سوڵتانەكانی عوسمانیش، بە جۆرێك تا ئێستا ٧٢ جار كۆمەڵكوژ كراوین، جارەهای لەژمارە نەهاتوو كچ و ژنەكانیان ڕفاندوین و بە كەنیزەك كراون، لەسەر ماڵوحاڵی خۆمان دەریانكردوین و تاڵان كراوین، یان بە هێز ناچاركراوین، ئاینی خۆمان بگۆڕین.عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان له‌لایه‌ک و کورده‌کان له‌لایه‌‌ک هه‌ریه‌ک بۆ لای خۆیان ڕایان ده‌کێشاین، ده‌یانویست واز له که‌لتور و نه‌ریتی خۆمان بهێنین و ببین به‌وان، ئێمه‌ به‌ کوردی ده‌دوێین و له‌ کورده‌کانه‌وه‌ نزیکترین، که‌چی ئه‌وانیش وه‌ک عه‌ره‌به‌کان ئێمه‌یان پێ بێباوه‌ڕ بوو وه‌ هه‌ندێک جار بێزیان لێمان ده‌بووه‌وه‌ و به‌ (شه‌‌یتانپه‌رست) ناوزه‌دیان ده‌کردین!
ئه‌و دێته‌ سه‌ر سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی ساڵی ١٠١٤ و نزیکبوونه‌وه‌ی هێرشی داعش، که ئه‌وکات خوێندکاری ئاماده‌یی و ته‌مه‌نی ٢١ ساڵ بووه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات که به‌ هه‌زاران پێشمه‌رگه به‌ به‌رگی سه‌ربازییه‌و‌ه‌ له ناوچه‌که‌یان بووه‌ و هه‌‌میشه‌ به‌ڵێنیان دووباره‌کردۆته‌وه‌ که‌ هیچ ترس و خه‌میان نه‌بێت و ده‌یانپارێزن له هێرشی داعش. به‌ڵام به‌ڵینه‌کانیان درۆ ده‌رچوو، چونکه‌ پێش ئه‌وه‌ی هێزی ڕه‌‌شی داعش بگاته‌ ناوچه‌که‌یان پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕێکدا و بێ ئه‌وه‌ی هه‌واڵیان بده‌نێ، ده‌کشێنه‌وه‌! ئه‌مه‌ برینێکی قوڵ ده‌کاته‌ هه‌ست و نه‌ستی ئێزدییه‌کان. ئه‌م پێی وایه، گه‌ر هێزی پ.م به‌رگرییان بکردایه‌، یان لای که‌می ئه‌‌مانیان پێش پاشه‌کشه‌که‌یان ئاگادار بکردایه‌‌ته‌وه‌، ئه‌یانتوانی خۆیان به‌رگری له خۆیان بکه‌ن، یان لای که‌می زوو هه‌ڵبێن و خۆیان قوتار بکه‌ن و کۆمه‌ڵکوژ نه‌‌کرێن، که‌چی له‌ پڕێکدا بۆ به‌رده‌م دڕنده‌کانی داعشیان جێهێشتن! بۆیه‌ به‌ وشه‌ ده‌‌ڵێت (ناپاکی) بوو لێیان کرا!
ده‌یان هه‌زارکه‌س به‌‌ره‌و شاخی شه‌نگال هه‌ڵاتبوون و له‌وێ گیریان خواردبوو، سەرگەردان و لامسەلایی ملدەنێن، زۆربەش بڕیار دەد‌ەن بمێننەوە، یان ڕاستر بڵێین، هیچ چارەیەكی باشتر شك نابەن، چونكە شاخی شەنگال بە‌و چلەی هاوینە كە زۆر بێ پەنا و بێ درەخت و گەرم و ڕووتەنە، ژماره‌یه‌کی زۆریان لە برسێتی و تێنوێتیدا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. داعشیش په‌لاماری ده‌‌دان، دۆخێكی وەك ئەنفالەكان دێتە ئاراوە. پاشان ده‌ڵێت: هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و پارتی کرێکاران به‌ یارمه‌تی هێزی ئاسمانی ئه‌مریکی ڕاڕه‌وێکیان به‌ره‌و دیوی سوریا کرده‌وه‌، چونکه‌ نزیکی سنوره‌، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌‌ی که‌ گیانی ده‌یان هه‌زار که‌سمان رزگاری بێت.
دوای گه‌مارۆدانی گونده‌که‌یان و پاشان کۆکردنه‌وه‌ی چه‌که‌کان لێیان به‌ فێڵ، گوایا ئاوا وازیان لێ دێنن، دێن سه‌رجه‌م خه‌ڵکی گونده‌که‌ له باڵه‌خانه‌ی خوێندنگه‌ی گونده‌که‌دا کۆده‌که‌نه‌وه‌، پیاوان له‌ خواره‌وه‌ و ژنان و مناڵان له‌ قاتی سه‌ره‌وه‌ له‌ وێش وه‌ک پێشتر پێیان گوترابوو، هه‌موو زێڕ و سامان و پاره‌کانیان لێ کۆده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ تاڵان ده‌یبه‌ن، ئینجا ئەوەندەی پێ ناچێت چەند لۆرییەكی زلیان بۆ دێنن، پڕیان ده‌که‌ن له پیاو و گەنجەكان و ده‌یانبه‌ن، بە دووری كیلۆمەترێك، ئه‌مان گوێیان لە دەنگی تەقە‌ و ده‌ستڕێژ ده‌بێت، هه‌ست ده‌که‌ن که‌سوکاریان کوشتن، به‌ڵام ئه‌وان گوایا به‌ لۆری ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و شه‌نگال و له‌وێ ئازادیان ده‌که‌ن! به‌ گوێره‌ی سه‌رژمێرییه‌ک له ماوه‌ی سه‌عاتێکدا له‌و رۆژه‌دا نزیکه‌ی ٧٠٠ پیاویان لێ گوله‌باران کردون!

که‌نیزه‌ یان کۆیله‌ی سێکس
پاشان ژنان و کچانی گه‌نج کۆده‌که‌نه‌وه‌ و سواری پاسیان ده‌که‌ن و ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و لای موسڵ، له‌وێ له باڵه‌خانه‌یه‌‌کی گه‌وره‌دا کۆیان ده‌که‌نه‌وه‌، ده‌ڵێت: کچانی ده‌ دوانزه‌ ساڵانیشمان تێدا بوو، له‌وێ له‌ دایکیان و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کان جیایان ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌مان ده‌به‌ن به‌ره‌و شاری موسڵ و باره‌گایه‌کی گه‌وره‌ی داعش. له‌وێ ژنێک ده‌بینێت لێی ده‌پرسێت، لێره چی ده‌گوزه‌رێت، ده‌‌ڵێت: پێشتر ٤٠٠ ژن و مناڵیان هێنا و لێره‌ فرۆشتیانن، هه‌ندێک له کچه‌کان خۆکوژیان ده‌کرد، بۆ فرۆشتن و کڕین، کچیان بردۆته‌ لای پزیشک بزانن په‌رده‌ی کچێنی ماوه‌ یان نا، دایکێکی گه‌نج مناڵێکی ساوای ١٦ رۆژه‌یان لێ سه‌ند!
له‌وێ ئه‌م له‌ لایه‌ن ئه‌میرێکی داعشه‌وه‌ که‌ داده‌وریان بووه‌ به‌ ناوی حاجی سه‌لمان ده‌کڕدرێت، له‌ خانویه‌کی گه‌وره‌‌دا، که‌ پێشتر هی دادو‌ه‌رێکی شیعه‌ بووه‌ و هه‌ڵاتوه‌، له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کانیدا ده‌ژی. مامه‌ڵه‌یه‌کی زۆر خراپی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، ده‌ستدرێژی سێکسیی رۆژانه‌، سوکایه‌تی و لێدان و …هتد. ئینجا ده‌یباته‌ دادگای گشتی موسڵ و وێنه‌ی ده‌گرن وه‌ک که‌نیزه‌ک له‌وێ تۆماری ده‌‌که‌ن، تا گه‌ر هه‌ڵات بیدۆزنه‌وه‌.
رۆژێکیان پێی ده‌ڵێت: ئێوه‌ بێباوه‌ڕ و پیسن، کافرن، ویستی خوایه‌ که‌ بکه‌ونه‌ ده‌ستمان، ئێمه‌ هاتین پیاوه‌کانتان بکوژین و ژنه‌کانتان بۆ خۆمان ببه‌ین، ئه‌مه‌ش فه‌رمانی خوایه‌ و جێبه‌جێمان کردوه‌! به‌ کورتی ناچاری ده‌کات، واز له‌ ئاینی خۆی بهێنێت، ئه‌م ده‌ڵێت به‌ ناچاری و زۆر گوایا بوومه‌ته‌ موسوڵمان. جار هه‌بوو خۆزگه‌م به‌ مردن ده‌خواست، به‌ڵام هیوای ده‌ربازبوون و هه‌ڵاتن لێ ناگه‌ڕا خۆم بکوژم. ده‌ڵێت ڕه‌وشی کچه‌ ئێزدییه‌کانی تریش و‌ه‌ک من بوو، به‌زۆر سێکسیان له‌‌گه‌ڵ ده‌کردین، بێ هیج ماره‌یی و نیکاحێک، ده‌یانفرۆشتین و ده‌یانکڕیتین و ده‌‌یانبه‌خشین وه‌ک دیاری به‌ یه‌کتری.
حاجی سه‌لمان هه‌موو رۆژێک له‌گه‌ڵم جوت ده‌بوو، گوێی نه‌ده‌دا به‌ نه‌خۆشی و ئازارم، ناچاری ده‌کردم به‌رگی وروژێنه‌ر له‌به‌ر بکه‌‌م، مکیاژ بکه‌م، ده‌یگوت: تازه‌ تۆ بوویته‌ به‌ ژن، گه‌ر بچیته‌وه‌ لای که‌سوکاری خۆشت ده‌تکوژن، بۆیه‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتن مه‌ده‌، جاری وابوو بیانوی پێ ده‌گرتم، رووتی ده‌کردمه‌وه‌ و به‌ قامچی ده‌که‌وته‌ گیانم، وه‌ک ئاژه‌ڵ لێی ده‌دام.
شه‌وێک نادیه‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتن ده‌دات، له‌ حه‌وشه‌که‌دا پاسه‌وانه‌کان ده‌یگرن، حاجی سه‌لمان و‌ه‌ک سزا به‌ڕووتی ده‌یکاته‌ ژوورێکه‌وه، هه‌ر شه‌ش پاسه‌وانه‌که‌ی بانگ ده‌کات، یه‌ک به‌دوای یه‌کدا تا به‌یانی له‌گه‌ڵی جووت ده‌بن، تا بێهۆش ده‌بێت! مان له خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌گرێت ،سودی نابێت، ده‌ڵێت: بۆیه‌که‌م جار هه‌ستم کرد، ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵکوژ کران له‌ من به‌خته‌وه‌رتر بوون!
سه‌لمان ده‌یدات یان ده‌یفرۆشێت به‌ که‌سێکی تر. ده‌ڵێت هه‌میشه‌ ده‌پاڕامه‌وه‌، نزام ده‌کرد و ده‌گریام، که‌س به‌ فریادم نه‌ده‌هات! جارێکی تر سزای ده‌ده‌ن و د‌ه‌یبه‌ن بۆ خاڵێکی پشکنینی نزیکی موسڵ، له‌وێ تا به‌‌یانی به‌ نۆره‌ موجاهیده‌کان سێکسی له‌گه‌ڵ ده‌که‌‌ن، تا له په‌لوپۆی ده‌خه‌ن! ده‌ڵێت: کاتێک ده‌مگوت ئه‌ی هاوار نه‌خۆشم، ئازارم هه‌یه‌، خراپتریان ده‌کرد. ده‌ڵێت له‌وێ تێگه‌یشتم: گه‌وره‌ترین مۆتیڤ بۆ جیهاد لای ئه‌وان سێکس بوو.

هه‌ڵاتن له دۆزه‌خ
پاشتر له‌ ماڵێکدا ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت بینێرن بۆ سوریا بۆ ئه‌و شارانه‌ی ژێر قه‌ڵه‌مڕ‌ه‌وی داعش، ئه‌میش پلان داده‌نێت ڕابکات، شه‌وێکیان له‌ موسڵ به‌ڕێکه‌وت پیاوه‌که‌ی خاوه‌نی بیریده‌چێت، که‌ ده‌رگاکه‌ی ناوه‌وه‌ کلیل بدات، ئه‌میش وه‌ک ژنانی داعش عه‌با به‌خۆیدا ده‌دات و په‌چه‌ ده‌کات، ده‌چێته‌ حه‌وشه‌که‌ و له‌وێوه‌ به‌‌سه‌ر دیواره‌ بلۆکه‌‌که‌دا باز د‌ه‌دات، تا هێزی تێدایه‌ د‌ه‌ڕوات، کۆڵان به‌ کۆڵان، تا دوور ده‌که‌وێته‌وه‌، ئیتر ته‌واو ماندو ده‌بێت، زۆر دوودڵ ده‌بێت، ئایا له ده‌رگای ماڵێک بدات یان نا، وه‌ گه‌ر ئه‌مجار ته‌سلیمی بکه‌نه‌وه‌، چی به‌سه‌ر ده‌هێنن؟ به‌ هه‌ر حاڵ له‌ ده‌رگای ماڵێک ده‌دات، که‌ ماڵێکی عه‌ره‌بی سوننه‌ مه‌زه‌بن، خێزانێکی گه‌وره‌ن و سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ستییان به‌ ئاینه‌وه‌، به‌ڵام داعشی نین و خۆشیان پێیان نایه‌ت. ده‌رگای لێ ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌میش باسی چیرۆکی خۆییان بۆ ده‌کات، پێی کاریگه‌ر ده‌بن و ئارامی ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ نه‌ترسێت و سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌کان ده‌یشارنه‌وه‌. ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی داعش بڕی ٥ هه‌زار دۆلار خه‌ڵاتی داناوه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک، که‌ که‌سێکی دیلی ده‌ستی داعش بگرێته‌وه‌ و ڕاده‌ستیان بکاته‌وه‌، بۆیه‌ نادییه‌ ترسی زۆری ده‌بێت.
پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک له‌ ماڵه‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ دڵنه‌وایی ده‌‌که‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بێت د‌ه‌یگوێزنه‌وه بۆ ماڵی کوڕێکی تریان له‌ شارۆچکه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ، په‌یوه‌‌ندی به یه‌ک له‌ براکانی نادیه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌ هه‌ولێر کار ده‌کات و ده‌ژی. کوڕی خاوه‌ن ماڵ که‌ ناوی ناسر ده‌بێت، بڕیار ده‌دات هاوکاری ته‌واوی بکات و ڕزگاری بکات به‌ره‌و هه‌ولێر، پێناسی بۆ دروست ده‌کات، که‌ نادیه‌ هاوسه‌رییه‌تی، ئیتر له‌ که‌شێکی پڕ له‌‌ ترس و دڵه‌ڕاوکه‌دا پلان داده‌نێن، ته‌‌کسی ده‌گرن به‌ره‌و که‌رکوک، له‌ یه‌که‌‌م خاڵی پشکنینی ده‌رچوون له‌ موسڵه‌وه‌ پاسه‌وانه‌که‌ دایان ده‌به‌زێنن و پرسیاری زۆریان لێ ده‌که‌ن، له‌پڕ ئه‌م له‌ژێر په‌چه‌که‌یه‌وه‌ سه‌‌رنج ده‌دات، له‌ خانۆچکه‌ی پاسه‌وانی خاڵه‌که‌، سێ وێنه‌ هه‌ڵواسراوه‌ به‌ قه‌د دیواره‌که‌وه‌، که هه‌ڵاتون و بۆیان ده‌گه‌ڕێن، که‌ یه‌کێکیان وێنه‌ی ئه‌مه‌. ئیترئه‌وه‌نده‌ی تر ترس دایده‌گرێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ چونکه‌ ڕووی به‌ ڕووپۆش داپۆشراوه‌ نایناسنه‌وه‌.
ئیتر هه‌‌نگاو به‌ هه‌نگاو دێن تا ده‌گه‌نه‌ که‌رکوک، که ئه‌وکات له‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌دا بوو. له‌یه‌که‌م خاڵی پشکنین نادیه‌ ڕووبه‌نده‌که‌ی لاده‌دات، ده‌ڵێت: هه‌ستم به‌ ئاسوده‌ییه‌کی زۆر کرد، هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵم هه‌ڵکێشا، شنه‌بایه‌کی ئێواره‌ دای له‌ڕووم، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌‌کم کرد. پێشمه‌رگه‌کان پرسیاریان لێ ده‌که‌ن، ناسر ده‌ڵێن سه‌ردانی ماڵی باوکی ژنه‌که‌م، واته‌ نادیه‌، ده‌که‌ن له که‌رکوک، نادییه‌ که‌ زۆر په‌ست و توڕه‌یه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌، خۆشیانی ناوێت و به‌کوردیش قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکات. له‌وێوه‌ ده‌چن به‌ره‌و سلێمانی، ئینجا به‌ره‌و هه‌ولێر، خاڵی پشکنینی ئاسایشی سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر، گومانیان لێ ده‌که‌ن، که‌ دوو که‌س له موسڵه‌وه‌ هاتون، بۆیه‌ لێکۆڵینه‌‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، ناچار ئه‌مان چیرۆکه‌که‌ ده‌گێرنه‌وه‌ و ڕاستییه‌که‌ ده‌درکێنن. ئه‌وان زۆر ڕێزیان ده‌گرن، به‌تایبه‌ت له‌ کوڕه‌ گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌که‌، که‌ هاوکاری نادییه‌ی کردوه‌، مۆڵه‌تێکیان بۆ ده‌که‌ن که‌ بێ کێشه‌ هاتوچۆ بکه‌ن، وێنه‌ی ڤیدیۆییان ده‌گرن، ئه‌مان زۆرده‌ترسن، به‌ڵام ده‌ڵێن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نها بۆ به‌ڵگه‌ و ناوخۆی خۆمانه‌، ده‌ڵێت: پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی زۆر خۆشحاڵ ‌بوون، کاتێک باسم کرد، که‌ به‌ هه‌زاران له‌ هێزی پارتی ئێمه‌یان به‌ گورگان خواردوو دا و جێیان هێشتوین. ئه‌وان گوتیان: ئه‌وه پاتی بوون، ئێمه‌ بێ تاوانین. دواتر ده‌گه‌نه‌‌ هه‌ولێر و ئه‌و ئوتێله‌ی حوسنی برای نادییه‌ لێی کار ده‌کات، له‌وێ چه‌ند رۆژێک ده‌مێننه‌وه‌ و ده‌حه‌سێنه‌وه‌.
له‌وێ نادیه‌ له ژوورێکدا له‌‌گه‌ڵ ژنێکی تری ئێزدی ده‌بێت له‌ ته‌مه‌نی دایکیدا، بۆی ده‌یگێڕێته‌وه‌‌ که‌ ساڵی ٢٠٠٧ له ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌که‌‌ی ته‌لزه‌عته‌ردا سێ کوڕی به‌جارێک بوونه‌ته‌ قوربانی و تا ئێستاش گۆڕیان نییه‌، چونکه‌ لاشه‌‌کانیان پارچه‌ پارچه‌ بووه‌، ئه‌ویش بڕیاری داوه‌، تا له ژیاندایه‌ خۆی نه‌شوات، ده‌ڵێت: چونکه‌ گۆڕیان نییه‌ هه‌‌ر وا ده‌زانم زیندون و رۆژێک دێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌ڵێم ئه‌وکات خۆم ده‌شۆم، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم: باشتر نه‌مان و ئه‌م رۆژه‌یان نه‌بینی، که‌ چیمان به‌سه‌ردا هاتوه‌! هه‌ردووکیان هاوده‌رد و خه‌مزه‌ده‌ بۆ حاڵی یه‌کتر ده‌گرێن.
پاشتر حوسنی بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ نادیه‌ بچن به‌ره‌و ئۆردوگای ئێزیدییه‌کان نزیکی دهۆک، که‌ هه‌ندێک له که‌سوکاریانی لێیه‌. کوڕه‌ عه‌ره‌به‌که‌ (ناسر) دێت و خواحافیزی له‌ نادیه‌ ده‌کات، نادییه‌ زۆر زۆر سوپاسی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و له لوتکه‌ی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی خۆیدا، ده‌ڵێت: من هیچم نه‌کردوه‌، ته‌نها ئه‌رکی خۆم به‌ جێ هێناوه‌! به‌ هه‌ق مرۆڤ کاتێک هه‌لوێست و کرداری ناسر و باوکی و خێزانه‌که‌یان ده‌بینێت، هه‌ست ده‌کات، ئه‌وان چه‌ند مرۆڤدۆست و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بوێر بوونه‌. ئاخر کچێکی نامۆ و هه‌ڵاتوی ده‌ستی دڕنده‌کانی داعش، له‌ ژێر ده‌سته‌لاتی داعشدا داڵده‌ بده‌‌یت، که‌ نه‌ ئاینه‌‌که‌ی، نه‌ نه‌ته‌وه‌‌که‌ی خاڵی هاوبه‌شتان بێت. دواتریش به‌وپه‌ڕی ئازایی و دڵسۆزییه‌وه‌ هاوکاری بکه‌یت بۆ ده‌رچوون و گه‌‌یاندنی به‌ براکه‌‌ی. ده‌بێت چ مرۆڤێکی جوان و به‌‌ڕه‌وشت و خانه‌دان بێت. له‌ هه‌مووی سه‌یرتر، پێی ده‌ڵێت: نادیه‌ تکایه‌ گه‌ر ده‌زانی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌رت، براکه‌‌ت یان که‌سوکارت شتێکت به‌سه‌ر دێنن، ئه‌وا لێره‌ ده‌مێنمه‌وه‌ و جێت ناهێڵم! هه‌ردوکیان ده‌گریه‌ن، نادیه‌ ده‌‌ڵێت، نا خه‌مت نه‌بێت. دوای خواحافیزی ناسر ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای خێزانه‌که‌م، گه‌ر کچانی تر بوون وه‌ک تۆ هاوکارییان ده‌که‌م ڕزگاریان بێت و ده‌یانهێمه‌و‌ه‌! کێ ده‌ڵێت، له‌وانه‌‌یه‌ ئێمه‌ رۆژێک یه‌کتر ببینینه‌وه‌! نادیه‌ ده‌ڵێت، دواتر بیستمان داعش به‌ کاره‌که‌یان زانیوه‌ و دووبرای ناسریان گرتوه‌، به‌‌ڵام ئه‌وان حاشایان کردوه‌ که‌ ئاگایان له‌و کاره‌ بێت.

ئۆردوگا یان زیندانێکی تر!
ده‌گه‌نه‌ دهۆک په‌نابه‌رانی ئێزدی له‌ چه‌ند ئۆردوگایه‌کدا له‌ ڕه‌وشێکی زۆر خه‌مگینانه‌ و ناخۆش و ناچاریدا له‌ کۆنتێنه‌ردا ده‌ژین. که‌سوکار کوژراو و بێسه‌روشوێنکراو، بێ پاره‌ و کار، بێ خانو ماڵ، کوله‌مه‌رگی ده‌گوزه‌رێنن. له‌وێ براکه‌ی تری نادیه‌ (سه‌عید) ده‌بیننه‌وه‌، که له‌ کاتی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ به ئاسته‌م و په‌رجو رزگاری بووه‌ و هێشتا له نه‌‌خۆشخانه‌یه‌، چونکه‌ چه‌ند گوله‌ی پێوه‌یه‌. ئه‌‌و له‌ نێو ته‌رمه‌کان و ده‌سڕێژی گوله‌ و نێو چاڵی مه‌رگه‌‌که‌دا پاش ئه‌وه‌‌ی وا ده‌زانن مردوه‌، به‌ برینی سێ گوله‌وه‌ هه‌ڵدێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ گوندێکی نزیک، دواتر ڕزگاری ده‌بێت. ده‌ڵێت: سه‌عید هێشتا ئازاری زۆر بوو، به‌ڵام ده‌یگوت، ئازاری له‌شم ناگاته‌ ئه‌و ئازاره‌ی ویژدانم، که ئه‌وان هه‌موو کوژران و من ماومه‌ته‌وه‌!
نادیه‌ ده‌ڵێت له‌ ئۆردوگا هیچمان نه‌بوو بیخۆین، به‌رگمان نه‌بوو، له‌ ڕ‌ه‌وشێک زۆر خراپدا بووین، ته‌نانه‌ت به‌رگی ژێره‌وه‌شم نه‌بوو. له‌ هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ ناخۆشانه‌ و به‌تایبه‌ت ده‌سدرێژیکردنه‌کانم باس ناکرد، دڵم پڕ بوو، له‌ کاردانه‌وه‌ ده‌ترسام. بۆ یه‌که‌مجار که‌ سه‌رجه‌م چیرۆک و ڕووداوه‌ دڵته‌‌زێنه‌کانم بۆ پورم گێڕایه‌وه‌، به‌مه‌ دڵم زۆر ئاسوده‌ بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بارێکی گران له‌سه‌ر دڵم لاچوو بێت. پیاوێکی دهۆکی ئه‌م و چه‌ندان کچ و ژنی تری ئۆردوگاکه‌ ده‌بات و به نانه‌سکی، رۆژی ژه‌مێک خواردنی گه‌رم، تا ئێواره‌ له نێو مه‌زرادا کاریان پێ ده‌کات، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر منه‌تێکی زۆریان به‌سه‌ردا ده‌کات، که هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وان رۆژانه‌ دژی داعش ده‌جه‌نگن و شه‌هید ده‌بن، ناوچه‌کانی ئه‌وانیش رزگار ده‌که‌ن و …هتد. ئه‌میش له‌وه‌ زیاتر خۆی بۆ ناگیرێت رۆژێکیان ئه‌م دێته‌ وڵام و ده‌ڵێت: ئاخر هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی ئێوه‌، ئێمه‌یان ده‌ستخه‌ڕۆ کرد، جێیان هێشتین، نه‌ به‌رگریان لێکردین، نه‌ هاوکاریشیان کردین خۆمان به‌رگری بکه‌ین. بۆیه‌ بێده‌نگ بی باشتره‌. ئیتر (کار!)ه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دات.
ئه‌وه‌ی زۆر ئازاری نادیه‌ ده‌دات سه‌ره‌ڕای شه‌ش براکه‌ی، له‌وێ ده‌زانێت که‌ دایکیشی کوژراوه‌، که‌ ئه‌م زۆر خۆشی ویستوه‌ و هۆگری بووه‌. دوای چەند مانگێك و له مانگی دووی ٢٠١٥ ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ئەڵمانی، که‌ پرۆژه‌یه‌کیان هه‌یه‌ بۆ هاوکاری ژنانی هه‌ڵاتووی ده‌ست داعش، دێن و ناونوسی ده‌‌که‌ن بۆ وەرگرتنیان وەك پەنابەر لەو وڵاتە و ناردنیان بۆ ئەوێ. ئیتر قبوڵ ده‌کرێن و ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ.

هه‌ڵسه‌نگاندن
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، کاتێک ئه‌م کتێبه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، نادیه‌ وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی به‌هیز، بوێر به‌ بڕوا به‌خۆبوونێکی زۆره‌وه‌، له‌ شکست نه‌هاتوو ده‌ناسین. به‌تایبه‌ت له‌ گێڕانه‌وه‌ی بابه‌ت و ڕووداوه‌ کاریگه‌ر و هه‌ستیاره‌کان، که‌ بۆ کچێکی رۆژهه‌ڵاتی ناوازه‌یه‌‌، ئینجا هه‌ستانه‌وه‌ پاش ئه‌و مه‌رگه‌سات و تیاچوونی زۆربه‌ی خێزانه‌که‌‌یان به‌ دایکیشییه‌وه‌، دواتر چالاکی و کاری زۆری دیپلۆماسی بۆ ناساندنی کۆمه‌لکوژکردنی ئێزیدییه‌کان و دڕنده‌یی داعش، چاره‌سه‌رکردن و هاوکاریکردنی کچان و ژنانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ده‌کرێت هه‌ندێک ره‌خنه‌شی لێ بگرین، بۆ نمونه‌، ڕاسته‌ هه‌ستو په‌یوه‌ستی ئاینی له‌ نێو کورددا وایکردوه‌، هه‌ندێک جار به‌شداری له کۆمه‌ڵکوژی ئێزیدییه‌کاندا کردوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆر که‌‌مینه‌‌ بوونه‌ له‌ چاو گه‌لی کورد به گشتی، که‌ هاوسۆزی ئه‌وان بوونه‌. بۆیه‌ ته‌م و گومان خستنه‌ سه‌ر کوردبوونی ئێزیدییه‌کان کارێکی خراپه‌. جگه‌ له‌ هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی تری مێژوویی و زانیاری، که‌ نه‌ده‌بوو بیکات، بۆ نمونه‌ له‌ شوێنێکدا ده‌ڵێت: ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له باکوری عێراق به‌ هۆی پرۆسه‌کانی ئه‌نفاله‌وه‌ دانرا، له کاتێکدا کۆڕه‌وه‌که‌ هۆکاری ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌‌ک ئه‌نفال.

تێبینی و سه‌رچاوه‌:
• نزیکه‌‌ی مانگێکه‌ ده‌ستم کردوه‌ به‌ وه‌رگێڕانی سه‌رجه‌م کتێبه‌که‌ بۆ زمانی کوردی. به‌و هیوایه‌‌‌ی ته‌واوی بکه‌م و له‌مساڵدا چاپ و بڵاو بکرێته‌‌وه‌.
• NADIA MURAD, Ich bin eure Stimme, Das Mädchen, das dem Islamischen Staat entkam und gegen Gewalt und Versklavung kämpft, ISBN 978-3-426-21249-9, KNAUR; 2017




توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری وئەزمە ئیکۆلۆژییەکانی!.. جەمال کۆشش

کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس

کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی هەرە دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارە لۆکاڵی و نێونەتەوەییەکانی ئەمڕۆی جیهان بە کۆکراوەیی لەنێو سیرکوسێکی ئاهەنگی شاهانەدا دەبینی. ئەمساڵ،٦٠ (سەرۆک و سەرۆکوەزیران) ، ٢٠٠ وەزیرەکان، لە ١٠٠ دەوڵەت و هەشتایان بە ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی، ٨٠٠ بەڕێوەبەر لە گەورە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیای زیرەک و دجیتاڵی، نێوەندە گەورەکانی سەرمایەی پولی نێونەتەوەیی و بانکەکان و بازرگانی و زانکۆجیهانیـیەکان بەشداربوون.
چارەسەری ئاشتی بۆ شەڕە خوێناوییەکان “ئۆکرانیا و غەززە”، بێهیچ پەڕەیەکی ڕاسپێردراوی گشتی کۆتیهات. فلافدمیر سیلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مەرجی کۆتایهاتنی شەڕەکەی بە سەرکەوتن بەسەر فلادمیر پۆتین بەستەوە ، نوێنەرایەتی بۆرژوازی روسیاش لە بەشداری کۆڕبەندەکە بێبەشکرابوون. “ئەوان نەک بەیەکەوە، بەڵکە بەدوای یەکدا قسەیان کرد، ئیسحاق هیرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل: ئیران ئەبێت لە پشتیوانی تیرۆریستان بوەستێنرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران، حسین ئەمیر: قەوارەی زایۆنی پێویستە لەسەر تاوانکاریـیەکانی لەغەززە، سەرنگون بکرێت، زیاتر شانۆی خۆنواندن بوو، لە باخچەی ئاژەڵان دەچوو”. ١
مەرجانە سپۆلیج ئیگگەر، خانمە سەرۆکی خاچی سوری نێو دەوڵەتی، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ” زیاتر لە ١٠٠ شەڕی نێوان هێزە دوژمنە دژ بەیەکەکان لەگۆشە جیاوازەکانی جیهاندا بەرپایە”، بەڵام خاچی سور ناچارە سەدا ٢٠ کارمەندەکانیان بەهۆی بێپارەییەوە لەکارەکانیان دەربکەن.٢
” لە مانگی ٤ی ٢٠٢٣ دا ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی جیهانی کە بنکەکەی لەستۆکهۆڵمە (سپیری) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، بەپانتایی جیهان کەرەستەسەربازییەکان بۆ ٨ مین جار لەسەر یەک بەرز بوەوە، بەجۆرێک بەبەهایی.٢،٠٦ بلێۆن ئیرۆ، تفاقی جەنگی کە دەکاتە ٢.٢ تێکڕایی بەرهەمهینانی کۆمەڵایەتی جیهانی کڕدراوە. ژەنەراڵ پێرشیل، سەرۆک ئەرکانی هێزی چەکداری فەرەنسا هۆشداری دەدا لە (گەڕانەوەی دراماتیکی شەڕەگەورەکان کە بۆتە ئامرازی یەکلاکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان، لەم شەڕانەدا بەجۆرێک توندوتیژی بەکاردەهێنرێت کە سنوری هەموو مۆڕاڵێک و یاسایەکیان شکاندووە، لەکاتێکدا ئینسان بەڕاستی وا هەستی دەکرد کە تەنها لە کتێبە مێژووییەکاندا تۆمارکرابن).٣
جیهان لە کێبڕکێی خۆ پڕ چەککردندایە، وەزیری مالی ڕوسیا، ئەنتۆنی سلیناوف (هەموو لە پێناو بەرەکانی جەنگ، هەموو لە پێناو سەرکەوتن)، ١٠٩ ملیارد ئۆیرۆ کەدەکاتە سەدا ٦ ی تێکرایی بەرهەمهێنانی نشتمانی ڕوسیا بودجەی پەسەند کرد. ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ مۆدێرنیزەکردنی دامەزراوەی بەرگری ١٠٠ ملیارد ئۆیرۆی وەک دابینکردنی بڕە پارەیەکی تایبەت تەرخانکرد. ئەمەریکا بەتەنها سەدا ٤٠ ی چەکی جیهان دابیندەکات، سعودیە و قەتەر و میسر سێ دەوڵەتە یەکەمەکانی کڕیارەکانی کەرەستە سەربازییەکانن. ٤
بۆ تێگەیشتن لە دیمۆگرافی جێوپۆلەتیکی گڵۆباڵی ئەمساڵ، وردبوونەوە لە پێکهاتەی کۆڕبەندی داڤۆس، نەخشەیەکی بەسودە. بەشداربوانی کۆڕبەندەکە، لەبارەی ئەم خۆپڕ چەککردنە جیهانییەوە، بێدەنگەیان هەڵبژارد، وەک ئەوەی بەرهەمهێنانی زۆرترین چەک، ئارامی بۆ مرۆڤایەتی بێت.
مانفێستی کەپیتاڵ
ساڵی ٢٠٠١ کتێبی مانفێستی کاپیتاڵ لە نوسینی “جوهان نوربیرگ” بڵاوکرایەوە، لەو کتێبەدا بازاڕی ئازاد وئازادی بازرگانی وکەمکردنەوەی گومرگ ، وەک زامنی گەشەی مرۆڤایەتی و دابینکردنی هەلی کار و کۆتایهێنان بەهەژاری ناسێنراوە. لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسیشدا، پلانی ئابووری بۆ جموجۆلی سەرمایەی جیهانی و مۆنۆپۆلی بوارەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕی ئازاد و لێهاتوویی کێبڕکێی کۆمپانیاکان دادەڕێژن، ئەم ڕێبازو شیوازە سەرمایەداری بەرەو ڕێگایەکی داخراو و پڕ مەترسی گەیاندووە. جیهانی ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو پرۆسەیەیە و شەڕ و برسێتی و دواکەوتیـیە کلتوریـیەکان و نەخۆشیەکان وچەوسانەوە وئەزمە ئیکۆلۆژییەکان وکارەساتە ژینگەییەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئۆکسفام ، کە زیرەکانە تەوقیتەکەیان هەڵبژارد،هاودەمی کۆڕبەندەکەدا بڵاوییان کردەوە، ٥ کەس لەدەوڵەمەندەکانی جیهان سەرمایەکەیان لەماوەی کەمتر لەدەیەیەک دوو ئەوەندە بووە، لە ٤٢٠ ملیارد دۆلارەوە بوە بە ٨٦٥ ملیارد، لەکاتێکدا ٧٠٠ ملیۆن کەس داخزاون بۆ هەژاریەکی کوشندە ،رۆژانەیان بە تەنها دوو دۆلار ١٥ سەنتە. کەمتر لە دەیەیەک بلیۆنێرمان دەبێت، بەڵام بە ٢٢٩ ساڵی تر دەتوانین هەژاری لە نێوبەرین. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم نایەکسانیـیە هەرگیز و هیچ کات بەم قەبارەیە نەبووە.٥
بۆ یەکەم جارە لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا، هەژارییەکی سامناک و خاوەن سامانێکی یەکجار گەورە کێرڤیان بەیەکەوە هەڵدەکشێن. لەساڵی ٢٠٢٠ دا ٢٦ بلیۆن دۆلار (٦٣ لەسەدا) تەنها چۆتە باخەڵی سەدا یەکەوە، لەکاتێکدا ١٦ بلیۆن دۆلار (٣٧) لەسەدا بۆ باقی دانشتوان بووە. ئەم پێشهاتە مێژوویـیەیی دەیەی گەشەی کەڵەکەبوونی سەرمایە، لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا، ژمارەی ملیاردێرەکانی دوو قات کرد. لەهەمان کاتدا لە حاڵی ئێستادا ١.٧ ملیارد لە کرێکاران، مەمرەومەژی لەو وڵاتانەی هەڵائاوسان تیا بەرزە دەگوزەرێنن، ٨٢٠ ملیۆن کەس یانی هەر یەک لە دەکەس لەسەر ڕووی زەوی برسی و هەژارن و ژنان و کچان لە سەدا ٦٠هەژاران پێک دەهینن. ئۆکسفام ڕوو لە بانکی جیهانی دەکات و بەم وشانە دەنوسێت: (ڕەنگە ئێمە لەسەردەمێکدا بژین کە گەورەترین نایەکسانی و هەژاری لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە ببینینەوە)
هەندێک لە وڵاتان بەتەواوی لە لێواری مایەپووچی دان. لە کاتێکدا ووڵاتە هەژارەکان چواربە قەد ئەو پارەیەی بۆ بواری تەندروستی تەرخانی دەکەن، پارە بە خاوەن قەرزەکانیان دەدەنەوە. چوار لە پێنجی دەوڵەتەکان پلانی دەستگرتنەوەیان هەیە بەبڕی ٧.٨ بلێۆن دۆلار لە کەرتە فەرمیەکانی بواری ڕێگاوبان پەروەردە و تەندروستی. ٦
ئەم سیستەمە وەک ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام نێوی ناوە “مەکینەی بەرهەمهێنانی نایەکسانی”، لە ئاکامدا دەستکورتەکان هەژارتر وزەنگینەکان دەوڵەمەندتر دەکات. بەینی مرۆڤ بە سروشتەوە، فۆرمێکی چەوسێنەرانەی هاوشیوەی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکانی پێدەدا و ناهێڵێت و ناتوانێت پابەندی کەمکردنەوەی گەرم بوونی زەوی و کەمکردنەوەی گازی سیئۆتۆ بێت.
“دە دەوڵەمەنترین پیاوەکانی جیهان توانیان لە کاتی کۆرۆنادا، سەرمایەکەیان دوو قات بکەن، لە هەمان کاتدا لانی کەم ١٣ ملیۆن لە ژنان، کار و داهاتیان لە دەستدا، ٢٠ ملیۆن لە کچان بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانیانەوە، جارێکی تر ناتوانن دەست بەخویندن بکەنەوە. بەهۆی هەڵئاوسانەوە ماددە خۆراکیـیەکان و کۆمپانیاکانی ووزە، قازانجەکانیان زیاتر دوو قات بکەن. ٨٤ لەسەدای ٣٠٦ ملیاری دۆلاری ئەمەریکی بەسەر خاوەن پشکەکاندا دابەشبکرێن. بەمجۆرە دەوڵەمەندەکان هەر دەوڵەمەندتر و تەنانەت لە کاتی قەیرانەکانیشدا هەژارەکان هەژارتر دەبن. سەدا حەفتای ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کاریان لە دەستداوە، ژنانن. ٧
ئیکۆلۆژی و شێوازی بەرهەمهێنان، ئیکۆسۆشیالیستی و سیستەمی گەرمی زەوی
پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وتاڵانکردنی ماددە سەرەتایـیەکان (سروشت) وهەژارکردن و وێرانکردنی ژینگە و گەرمبوونی سیستەمی زەوی هەیە. ڕەنگە ئەم بابەتە بۆ خوێنەرانی کوردزمان لە چاو ئەوروپایی و ئەمەریکییەکان سەرەتا بێت. بۆیە زۆر گرنگە لە نێو کۆنتێستی کۆڕبەندی داڤۆسداوبە فێڵی ئەوەی ‘ کاپیتالیستی سەوز” دەتوانێت کارەساتی ژینگەییەکان تێپەڕێنێت سەرنجبدەین. .
ڕەوتێکی نوێ لە نێو بزوتنەوەی سۆشیالیستی و مارکسیستی بە پشبەستن بە میتۆدی مارکسی، لە تەقالای ئەوە دایە لەنێو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراواندا کە ئەمڕۆ لەبەرامبەر نابودکردنی ژینگەی جیهان و گەرمبوونی سیستەمی زەوی بەڕێکەوتوە، دەرکەوتنی ئەم مەترسیانە پەیوەند بکات بە هۆشیاری تیوری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریـیەوە. ئەم ڕەوتە متمانە و پشتیوانیەکی فراوانی لەنێو لاواندا.ئەوروپا بەدەستهێناوە . تیۆریسیۆنی بە هێزی مارکسیستی بۆ پەیدا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەر لە دەوروبەری کۆربەندی داڤۆس بڵاوکراوەتەوە، ١٤،٥ ملیۆن مردن و١٢.٥ بلیۆن دۆلار زیانی ماددی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕوودەدات کە بەزۆری ژنان و کەمدەرامەتەکان دەگرێتەوە.٨
دە لەسەدی دانشتوانە دەوڵەمەندەکەی گۆی زەوی ، سەدا پەنجای تاهاب (گازسی ئۆتۆ و میثان و ئۆزۆن)،دروستدەکەن.
( بەتایبەت کێشەی ئاو، لەکاتێکدا نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی لە ساڵێکدا، مانگێک لەژێر بێئاوی بەهێزدا ئازار دەچێژن، ..ئەوناوچانەی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی سیستەمی زەوییەوە کە٣.٣ ملیارد ئینسانی تیا دەژی، بەهۆی بیابانی وگوڕەوتۆفانەوە، رادەی مردن ١٥ جار زۆرترە لەهەر جێگایەکی تر،… لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە هەر ساڵێک ٢٠ ملیۆن کەس بە هۆکاری گۆڕانی ئاوهەوا ناچارن کۆچ بکەن…)٩
زۆربەی جێۆلۆجیەکان بۆ ئەوە دەچن کە زەوی لە سەرەتای دەورەیەکی نوێدایە ولەئاکامی مامەڵەی ئینسانەوە ئەم ئاڵوگۆڕە پەیدابووە. بەرزبونەوەی پلەی گەرمی وزۆری تاهاب، توانەوەی خێرایی بەستەڵەکەکان، وشکبوونی ڕوبارەکان، تاڵانی کەرەستەکانی سروشت لەلایەن دەولەتانی ئیمپریالیست وئەزمەی ووزە وڕژاندنی ئەم هەموو ژەهرە، مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسیەکی جددیدا ڕاگرتووە. دواکەوتن هەڵناگرێت وگەڕانەوەی پلەی گەرمی زەوی بۆ پێش شۆڕش پیشەسازی وشۆڕش لە پێناو ڕاگرتنی ئیکۆلۆژی و ژینگەی پاک، پێویستە سیستەم بگۆڕین نەک ژینگە.
نوسینەکانی مارکس لەسەر پەیوەندی ئینسان بەسروشتەوەو میکانیزمی کاری ئینسان وکائینێکی بەرپرسیار لە بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ژیانی خۆی، وە بەشداری ئینگلس لە زانستی دیالەکتیکی سروشت وپەیبردن بە ئۆرگانیکی سروشت، لەکتێبی ئەنتی دۆهرینگدا بەتایبەت، دەتوانین بە سەرەتاییەکی تیوری گرنگ بۆ ناکۆکییە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەین.
سیانزە تێزەکەی میشێل لۆڤی سەبارەت بەستراتیژی ئیکۆسۆشیالیزم و کتێب ونوسینەکانی کرستیان تسیللەرلەسەر بزوتنەوەی ئیکۆسۆشیالیستی و سەدان نوسەرو هەڵسوڕاوی سۆشیالیستی ئاسۆیەکی تر دەنێنە بەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئاسۆی ڕزگاری لە هەژاری و نایەکسانی هاوپشت وهاوکاتە لەگەڵ شۆڕش بۆ ڕزگارکردنی سروشت لە چاوچنۆکی وتاڵانی سەرمایە.
(نوێنەرانی سەرمایەو ڕژێمەکانیان ، وەها زیندانی نێو لۆجیکی توانای ململانێیکانن بۆ مانەوە، نەدەیانەوێت و نەلەو پێگەیەشن بتوانن بەرهەمهێنان، گواستنەوە و بەکاربردن، زیانەکانیان وەها کەمبکەنەوە کە پلەی گەرمی زەوی بۆ ١.٥ پلەی گەرمی سیولی کەمبکەنەوە…ڕێگا مەدەن با لە پێشدا ئاوهەوا زرگاربکەین وئینجا دواتر ولەکۆتاییدا لەدژی ستەم وچەوسانەوە خەبات بکەین)١٠
ئێکۆسوشیالیزم، پەیوەندی ئینسان بە سروشتەوە، ڕێکدەخاتەوە لەسەر بنچینەی ڕزگارکردنی کار لە چەوسانەوە. ئەزمەی ئاو لەناوچەکە وبەتایبەت لەعێراق وپیسبوونی ژینگەی شارەکان، بەشێکە لە گەشەی سەرمایە و هۆکاری هەژاری جەماوەرە. ئەم وتارە هەوڵێکی بچووکە بەو ئاڕاستەیەدا.

  مانگی یەکی ٢٠٢٤ 


1-der Bund.leitartikel , page 15, 19.01.2023
2-WOz.Nr 4.25.jaunuar.2024
3-Le Monde diplomatique.januar 2024,Annete Hug.
4-هەمان سەرچاوەی پێشوو
5&6-Nzz.20.01.2024 , bewegung fur sozialismus.
7-flamende magazine ausgabe 5 Herbst 2023
8-woz,Nr 3,janaur 2024
9-okosozialismus ,Daniel tanuro , page 41
10-okosozilsmus.position des Klassischen Marxismus.page




شەڕخوازی لە دەرەوە و لەسێدارەدان لە ناوخۆی ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە لێژایی نەمانی دەسەڵاتی مەزهەبی لە ئێران، (عەلی خامنەیی) وەک هەموو دیکتاتۆرەکان، شەپۆلی ستەم و سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدام و کوشتنی خەڵکی زیاد کردووە. بە پێی ئاماری باوەڕپێکراو، ئەم رژێمە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ کەس و لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا نزیک بە ٩٠٠ کەسی لە سێدارە داوە. پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە زیاد بکات! بۆچی?!
تێڕامانێک لە دۆخی ئێستای دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە. دۆخی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ناوەڕاستی دەیەی پێنجەمیدا، لار و لەرزۆک و ناسکە و رێگاکانی گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی پێشوو بەڕوویدا داخراوە! ئەمە پرۆسەیەکی زانستی و لۆژیکی و حەتمییە. چونکە هەموو تاکتیکەکانی مانەوەی لە دەسەڵات بەکارهێناوە و ئێستا هیچ بژاردەیەکیتری نییە جگە لە رووخان و نەمان؟
بە واتایەکیتر، ئەم دۆخەی رژێمی ئێران، کۆتایی هەموو دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەکان بووە کە ناچار بوون پێیدا تێپەڕن و بڕووخێن و رووخاون. دەسەڵاتی دیکتاتۆری حەمەڕەزاشا، نموونەیەکی کۆنکرێتی ئەو راستییەیە کە لە ساڵی ١٣٥٧ (1979 )لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە رووخێنرا و کۆتایی پێهات!
لە گەڕان بەدوای هۆکارەکانی ئەم دۆخەدا، کە راگوزەر و کاتییە و ئاسۆیەکی روونیش دەخاتە بەرچاو، چەند هۆکارێکی سەرەکی و گرنگ هەن:
• لەناوخۆی ئێراندا خەڵک تووڕەن و بە هیچ شتێک کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهی رازی نابن. بە تایبەت ئێستا کە ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) لە هەموو ئێراندا بڵاوبوونەتەوە و سەرکردایەتیکردن و رێنوێنیکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیان گرتۆتە دەست. ئەم ناوەندانە، بە چالاکیی رۆژانەیان، بوونەتە خاڵی ئومێد بۆ خەڵکی ئێران لە پێناو گەیشتن بە ئازادیدا.
• هەموو بەرنامە و پیلان و بەشەیتانکردنی لایەنانی راپەڕینکار و شۆڕشگێڕی بەرخۆدان لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە و لە پێناو بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و پەراوێزخستنی هێزی سەرەکی موقاومەتی ئێران شکستی هێناوە. تەنانەت رۆڵی تێکدەرانە و ماڵوێرانکەری پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشوو و ئیمدادگەرانی غەیبی و رۆژئاواییش، نەیانتوانی قەیرانی رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران چارەسەر بکەن!
• سیاسەتی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران) کە هەمیشە وەک ئاستەنگ لە بەرانبەر راپەڕینی گەل رۆڵی هەبووە، شکستی هێناوە و ئێستایش خزمەت بە مانەوەی ئەم دیکتاتۆرییەتە دەکات لە هەڵایسانی شەڕ و شەڕئەنگێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!
• شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راستیدا دوو لایەنی هەیە. لە لایەک دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینیی ئێران و بە تایبەتی باسکە سەربازییە مەترسیدارەکەی، واتە (سوپای پاسداران) و هێزە هاوتەریبەکانی، و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە. بە واتایەکیتر، شەڕی سەرەکی لە نێوان دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی و خەڵکی ئێراندایە کە پێشهاتەکانیتری ناوچەکە یەکلایی دەکاتەوە!
• لە ناوەند و کانگای ئەو شەڕە سەرەکییەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، شەڕخوازیی وەلی فەقێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینیکراو بوو. شەڕخوازیی دەسەڵاتی وەلی فەقێ کە “دیاردەیەکی شووم و دڵتەزێنە”، نەک هەر نەیتوانی و ناتوانێ رێگری لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی بکات، بەڵکو خێراتریشی دەکات و بیر و رای گشتی لە جیهان هان دەدات بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕین و بەرخۆدانی گەل لە ئێران!
• راپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٤٠١ راپەڕینێکی نەک جیاواز نییە لە راپەڕینەکانی رابردوو، بەڵکو خاڵی پێگەیشتن و درێژەی راپەڕینەکانی پێشووە و بەتایبەت تەواوکەری راپەڕینی خەڵکی ئێرانە لە ساڵی ١٣٥٧ (1979) لە دژی دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشا. گەلی ئێران و خۆڕاگریی ئێران بەبڕیارن بۆ بنبڕکردنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بۆ هەتا هەتایە! ئەزموونەکان دەریانخستووە کە موقاومەتی خەڵکی ئێران ئەوەی دەیەوێت و پلانی بۆ داناوە و بەتایبەتی (ئازادی)، بەدەست دەهێنێت!
• تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا “ستراتیژییەکی دروست”ی نەبووە. ستراتیژیی دروست بریتییە لە “داننان بە خەباتی خەڵک و موقاومەتی ئێران بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری” و پاشان “دامەزراندنی ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکراتیک” کە پابەندە بە جیابوونی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانبوون نێوان ژنان و پیاوان، خودموختاریی نەتەوەکان، . هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئێرانێکی کۆماری و نائەتۆمی و فرەیی و پابەند بە ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ جیهاندا.
• ستراتیژیی دروست، رووخاندنی رژێمی ئێرانە لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران. لەبیرمان نەچێت، ساڵی رابردوودا، سیاسەتی سازانی حکومەتەکانی رۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران، ویلایەتی فەقیهی لە ئێران هارتر و رووقایمتر کرد. ئەو شەڕە نەگریسەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئاڕادایە، بەرهەمی مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و سیاسەتی سازانە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە. لە کاتێکدا هەر لەسەرەتاوە روون بوو کە “سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تاراندایە” و پەیڕەوکردنی ئەم فۆرمولەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە!
• ئامانجی سەرەکیی عەلی خامنەیی لە چڕکردنەوە و درێژەدان بە شەپۆلی سەرکوت و ئێعدام لە ناوخۆی وڵات و شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکاندا، (بەر لە پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دوورکەوتنەوە لە قەیرانی نەمانی دیکتاتۆرییەت) بۆ “شێواندنی” سنووربەندی و بەها مرۆیی و سیاسییەکان و دووبەرەکینانەوە لە ریزەکانی گەل و لایەنە سیاسییەکاندا بووە، کە هەرچەند کورتخایەنە و ناتوانێت چارەسەرێکی درێژخایەن بێت بۆ دەرچوون لە قەیرانی رووخاندن، بەڵام بێ کاریگەری نەبووە. لایەنە بەرژەوەندیخوازەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، لاگر و کڕیاری تاکتیکی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە بوون کە دەرئەنجامەکەیشی، رشتنی خوێنی زیاتری خەڵک و رۆڵەکانی خەڵک بووە لە ئێران و ناوچەکەدا.
• هێزەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی رژێمێک، هەمیشە قاعیدەی بەرخۆدانن بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر. بە واتایەکیتر ئۆپۆزسیۆنی رژێمێک، هەرچەندە نوێنەرایەتی رێژەیەکی فراوانتری گەل دەکەن لە دژی دیکتاتۆرییەت، بەڵام (بەرخۆدانی گەل) هەڵگری شۆڕش و گۆڕانکارییەکی ریشەیین لە وڵاتدا، کە خاوەن رێگەچارەی بنەڕەتین بۆ چارەسەری کێشەکان. هەر لەبەر ئەمەشە کە رژێمە دیکتاتۆرەکان لە ئێران هەمیشە لە “ترسی تایبەت”دا بوون و تۆقاون لە بوونی بەرخۆدان و یەکە و ناوەندەکانی شۆڕش!
دەرەنجامەکان:
ڕژێمی دیکتاتۆری ناتوانێت خۆی لە رووخاندن بەدوور بگرێت. هەروەک چۆن ئێران و خەڵکی ئێران بە هیچ شتێک کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت رازی نابن. لە بەرامبەر “بازنەی بچووکبوونەوەی دەسەڵات”، پێویستە “بازنە لە بەرەی گەل”دا بەرفراوانتر بکرێت و “بەرخۆدان” بەهێزتر و داواکاری و دروشمەکان لەگەڵیدا رێک بخرێت. هەربۆیە پێویستە پیلانگێڕان و خەوشدارکردنی سنووربەندییەکان و لاوازکردنی بەرەی گەل، (کە لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریییەوە کاری بۆ دەکرێت) پووچەڵ بکرێنەوە و ریزەکانی گەل و بەرخۆدانی گەل پتەوتر بکرێن و هەموو فێڵ و تەکتیکی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، پێچەوانە بکرێتەوە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. ئەم فۆرمولە، لێکدانەوەیەکیتری فۆرمولەی “سەری ماری ویلایەت لە تاران”ە، کە پێویستی بە پۆلیشکردنی ئیرادە و قۆڵ هەڵماڵینە بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. بەم شێوەیە دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکەدا کۆتایی دێت!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





” نامەکانی ڤانکۆخ “.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی” حمە هاشم “.. خوێندنەوەی: رۆژگار خالید

کتێبێکی قەبارە بچووکە و نزیکەی 150 لاپەڕەیە .
ناوەڕۆکی کتێبەکە زیاتر لە 30 نامەی دەستنووس و زیاتر لە 40 تابلۆ و ” سێکچ ” دروستکراوی لەگەڵدا چاپکراوە هەموو نامە و تابلۆ و سێکچەکان بۆ ” تیۆ ڤانکۆخی” براکەی ناردووە .
سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کەوا بەدرێژایی مێژوویی ناردنی نامە و دەستنووس و نووسین ، بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە .
پێش ئەوەی مرۆڤ فێری نووسین و خوێندنەوە ببێت لەڕێگەی ” هێماگەلێک لەنێو ئەشکەوتەکان و دیوار و کۆشکەکان وێنەی ڕم و قەڵغان و وێنەی مرۆڤ و هەبوونی ئاژەڵی دڕندەیی کێشاوە و کەسانی دیکەی لێ ئاگادارکردۆتەوە .
“دواتر مرۆڤ فێری نووسین و خوێندنەوە بووە ، ئەوجارە لەڕێگەی هەڵکۆڵین و نووسینی لەسەر ئاسن و پێستە و دواتر لەڕێگەی نامەی کاغەز پەیامی هەبووە .
ئەو پەیامەش چەندەها جۆر بووە وەک ” راگەیاندنی شەڕ و ئاشتی ” یانیش” پیرۆزبای و سەرزەنشتی بووە ” یانیش” نامەی شادی بووە یانیش پرسە و سەرەخۆشی بووە ” یانیش مرۆڤ دەردە دڵی کردیە .
پێش سەدان ساڵ تەنها پادشا و ڕاوێژکار و دەسەڵاتداران و دەوڵەمەند و خانەدان و دواتریش پیاوانی ئایینی و عاریفان توانیویانە بنووسن و بخوێننەوە .
لە ئێستادا ژیانی مرۆڤەکان گۆڕانکاری بەسەر روویداوە و نووسینی نامەی سەر کاغەز پاشەکشێی کردووە و بووە بە بەشێک لەو شێوە ژیانەی هەبووە .
کەچی
نامەی دەستنووسی کەسایەتی و ناوداران و شاعیران و نووسەران کەچەند سەد ساڵێکە نووسراون تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فراوان دەستاو دەستی پێوەدەکرێت و دەخوێنرێتەوە و لە مەزادی ئاشکرا دەفرۆشێن و هەندێکیان لە مۆزەخانەکانی دونیا نمایش دەکرێن و جێگەی بایەخەن .
ئەم کتێبە 3 بابەتی لەخۆ دەگرێت .
یەکەم /
دروستکردنی تابلۆی سکێچ وێنەکان ڕەش و سپین و تەنها پێنووس بەکاردەهێنرێت و دواتر شێوازی هەڵبژاردن و پەرشکردنی ڕەنگەکان و داهێنانی نوێی کردووە لە دروستکردنی تابلۆکان وەک تابلۆی ” پەتاتەخۆرەکان و ژیانی جوتیار و کرێکاران و ژیانی هەژاران ” و هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی تابلۆی تێدا دروست دەکا و لەو بارەیەوە دەڵێت ” چوومە دەرەوە لەناو جووتیارەکان و کێلگەکان دەگەڕام بۆ ئەوەی شوێنم هەبێت و تاوەکو تابلۆکان بکێشم ، وە کڕینی فلچە و بۆیە و کاغەز و قوماشی تایبەت بۆ تابلۆکانی خەمێکی گەورەم بووە چونکە پارەم نەبووە ناچارانە براکەم پارەی بۆی دەناردم لەم بارەیەوە دەڵێت ” لێرە کەسانێک هەن پاڵپشتی لە تابلۆکێشان دەکەن ئەگەرچی باری داراییان باش نییە وە هەندێکجار کڕیارەکان وا هەست دەکەن پارەیان بەفیڕۆداوە لە کڕینی تابلۆکان، هیوادارم رۆژێک بێت تابلۆکانم بفرۆشم و قەرەبووی چاکەکانت بکەمەوە و باری دارایی سەرشانت سووک بکەم ، لەبارەی ئەم دۆخەدا ڤانکۆخ دەڵێت
” بە شتە بچووکەکان دەستپێدەکەم بەڵام هیواکانم گەورەن ، منیش بۆ ژیان شەڕ دەکەم و ئازار دەچێژم تا بگەمە ئەو رێگە ڕۆشنەی هیوای هەردووکمانە ” .
دووەم /
نهێنی ژیانی خۆی .
دەڵێت
مرۆڤ بەژیان تاقی دەکرێتەوە هەروەک چۆن زێڕ بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە !
نازانم ژیان بەرەو کوێ دەڕوات ؟
چی بەسەر هۆشیاری ئێمە دێت ؟
هەموو شتەکانی دەوروبەرم بەرەو خەمۆکیم دەبەن هەرباشە کاغەز و ڕەنگم هەیە، لەگەڵ ئەوانەشدا شتەکان سەرلەنوێ دروست دەکەمەوە و هەموو شتەکان دوای ئەوەی کات بەسەریاندا تێدەپەڕێت کۆن دەبن و سارد و مات دەبن ، من چی بکەم ؟

  1. گۆرانکاری فکری و هونەری .
    باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات کە سوودی چییە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی ئەگەر بوێری ئەوەمان نەبێت هەموو شتێک تاقی بکەینەوە لەگەڵ تەمەنمان شتەکان قورستر دەبن !
    بەڵام هێزی ناوەوەی دڵ گەشە دەکات لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی سەختیەکان و هەندێک سەرکەوتن دەرئەنجامی هەڵەیە ، هەر بۆیە پرسیارێکی سەیر دەکا و دەڵێت ژیان چی دەبوو ئەگەر بوێری هەوڵدانمان نەبوایە ؟ راستە خۆشەویستی هەمیشە سەختی دەهێنێت بەڵام لایەنی ئەرێنی ئەوەیە کە وزە دەبەخشێت .
    دوێنێ هەندێک گوڵم بەڕەنگی گل نەخشاند هەموو شتێک خەونێکە خەونەکان بێهودەن پەڕی خەونیش بەردەوام فریومان دەدەن !!
    بیرۆکەی زۆر پاڵم پێوەدەنێت بۆ تابلۆی تازە کەچی ناتوانم بیکەم ، دووشت ڕوحم دەجولێنێت تەماشاکردنی خۆر و مردن .
    هەربۆیە زۆربەی تابلۆکانی ڕەنگی زەرد و ڕەنگی خۆر و ڕەنگی گلن و هەست دەکەی هەموو شتێک ڕوحی تێدا دەرچووە .
    ئەگەر بەڕاستی سروشتت خۆش بوێت، لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایەدا هەمیشە جوانیەکان دەدۆزیتەوە .
    ڕوودەدات؛ هەموو ژیانت خەریکی دڵخۆشکردنی ئەوانی تر بیت کەچی کەس لەبیری تۆدا نەبێت کە چ جەهەندەمێک لەسەرم گەرم بووە !



گفتوگۆ لەگەڵ ستیڤان شەمزینی.. ئامادەکردن: لیزا محەمەد

(ئێمە ئەو نەوەیەی مەحکوم کراین بە رەشبینی..) ستیڤان شەمزینی

لیزا: وەک رۆژنامەنووسێک سەرەتا دەمەوێت بپرسم لە ھەنووکەدا کێشە و رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ تەمەن چۆن دەبینیت؟. قسەت لەسەر شێوازی کاری میدیایی چییە لەم بارودۆخەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: جیھانی رۆژنامەوانی کوردیی جیھانێکی پڕ ئیشکالییەت و ئاڵۆزییە، بۆ ئەوەشی بتوانین قسەی لەسەر بکەین، ھەم پێویستمان بە رووبەرێکی فراوانترە لە دیمانەیەک، ھەم بابەتەکە پێویستی بە وردبوونەوە و داتا و شرۆڤەی تیۆرییە. ئەوەی لێرەدا دەکرێت ئێمە لەسەر ئەم تێمایە قسە بکەین، ئەوەیە: رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی بە بەراوورد بە تەمەنی خۆی “١٢٠ ساڵ” رۆژنامەوانییەکی پاشکەوتوو و بەجێماوە، شایانی بەراوورد نییە تەنانەت بە رۆژنامەوانی عەرەبیی!! کە من پێموایە رۆژنامەوانی عەرەبیش رۆژنامەوانییەکی دواکەوتووخوازە و تاکو ئەندازەیەکی زۆریش بە جێماوە لەو گەشەکردنە خێرایەی فۆرمی رۆژنامەوانی خۆرئاوایی بە تایبەت لە قۆناغی دوای کۆتاییھاتنی جەنگی سارد و خێرا بەستنەوەی جیھان بە یەکترەوە و بچووکبوونەوەی دنیا بۆ ئاستی گوندێک. لەم گوندە بچووکە جیھانییەدا رۆژنامەوانی کوردیی “بە تایبەت باشوور” پاشکۆی رۆژنامەوانی عەرەبییە لە رووی جیھانبینی و فۆرمەوە، رۆژنامەوانی عەرەبیش ھەروەک وتم رۆژنامەوانییەکی ئیفلیج و لەنگە بە پێی ستاندارە ئەکادیمییەکانی کاری رۆژنامەوانی.
لە ستروکتۆرەوە کاری رۆژنامەوانی مامەڵەیە لەگەڵ رووداو یان ھەواڵ، ئەو شەش رەگەزە سەرەکییەی ھەواڵ “کێ و کەی و چۆن و بۆ و لە کوێ و چی” بنچینەی کاری رۆژنامەوانین، بەڵام رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ کەمتر دەتوانێت ھەواڵێکمان پێشکەش بکات بەو زمان و فۆرمە رۆژنامەنووسییە ستاندارە، بە پێچەوانەوە پیشەییبوون و ئیتیک و موراڵی رۆژنامەوانی ھەمیشە لە راگەیاندنی کوردییدا ون بووە و ژێر پێ خراوە!!. رۆژنامەوانی کورد بە گوێرەی ئایدیای خۆی مامەڵە لەگەڵ رووداو و ھەواڵدا دەکات، نەک وەک ئەو وێنە مەلموسەی لە واقیعدا ھەیە یان روویداوە، بە دیوێکی تردا ھەمیشە ئەو ھەواڵ و ئەرتیکڵە رۆژنامەوانییانەی لەلایەن رۆژنامەوانی کوردەوە ئاڕاستەی وەرگر دەکرێت وێنایەکی ساختەی رووداو و ھەواڵەکانن. ئەمەش زادەی ناپرۆفیشناڵی و بێلایەن نەبوون و ھەمەلایەن نەبوونی تاکی رۆژنامەوان و دەزگاکانن!. من لێرەدا نامەوێت بڵێم رۆژنامەوان بۆی نییە لایەنگری ئایدۆلۆگییەکی دیاریکراو بکات، ھێندەی مەبەست لە مامەڵەکردنی بێلایەنانە و ھەمەلایەنانەیە لەگەڵ رووداو و ئامادەکردنی ھەواڵدا.
من ئەم قۆناغەی ئێستای رۆژنامەوانی کوردیی ناو دەنێم قۆناغی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانیی لە کوردستان، بەو پێیەی رۆژنامەوان و دەزگا رۆژنامەوانییەکان دەسەڵاتی خۆیان وەک دەسەڵاتی چوارەم، خراپ بەکاردەھێنن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکی ترە لە گەندەڵی، لەو سۆنگەیەی دیاردەی گەندەڵی تەنھا رەھەندی ئابووری یان ئیداریی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی فرە رەھەندە. ئەوەی لە رەوشی رۆژنامەوانی کوردییدا پراکتیزە دەکرێت، نموونەیەکی ھێندە بێ کەڵک و مەسرەفگەرایە، مەگەر ھەر لە کورد ئەمە روویدا بێت، بەو پێیەی مەسرەفگەرایش ھەروەک گەندەڵی تەنھا لە رووە ئابوورییەکەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو فۆرمی جۆراوجۆری ھەیە، لەم نێوەندەدا دەبینین، لە کوردستان تایپێک لە رۆژنامەوان دروستبوون مەسرەفگەرن، تەنانەت ھێندە وشەیان بە فیڕۆداوە ھیچ ئەرزشێک بۆ وشە نەماوەتەوە، بۆیە “راستکردنەوەی زمان” بە مانا “کۆنفۆشیۆس”ییەکەی کارێکی پێشنۆرە و بایەخداری ئەم قۆناغەی کاری میدیاییە لە کوردستاندا، وەک وتیشم ئەم قۆناغە ناو دەنێم زەمەنی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانان. “ھەڵبەتە مەبەستم بەدکەڵکی دارایی نییە، ھێندەی مەبەستم بەدکەڵکی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە رەمزییەکەی رۆژنامەوانییە”.

لیزا: لە ھەردوو کۆمەڵە شیعرەکەتدا کە بە چاپت گەیاندوون، بە روونی ئەوە دیارە پەیڕەوی ھیچ رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراو ناکەیت.؟ ئەمە چۆن دەبینیت و ئایا کێشە نییە شاعیرێک سەر بە قوتابخانەیەکی ئەدەبی نەبێت یان لە روانگەی تۆوە پێناسەی شیعر چییە و چۆن دەڕوانیتە پاشەگەردانی شیعر نووسین؟.

ستیڤان شەمزینی: پرسیارێکی جیددییە، ھەڵبەتە خۆم بە مەلێکی ئازاد دەبینم، ناچمە ناو قەفەزی ھیچ رێڕەوێکی ئەدەبی دیاریکراوەوە، ئەمەش ھاوواتای ئەوە نییە سوودوەرگرتن لە کەلەپووری رۆشنبیریی و قوتابخانە ئەدەبییەکان بەھەند وەرناگرم. ھەرچەند زیاتر سەرسامم بە رۆمانسیزمی نوێ، بەڵام ھەوڵمداوە بە شێوازی خۆم شیعر بنووسم، ئاخر شیعر مامەڵەیە لەگەڵ ھەست و خەیاڵ، تۆ ناتوانیت ئەم ھەست و خەیاڵە بخەیتە چوارچێوەی جیھانبینی قوتابخانەیەکی دیاریکراوەوە، خۆیشم نازانم شیعرەکانم لە چ خانەیەکدا پۆلێن دەکرێن، تەنیا ئەوە دەزانم ھەستی خۆم دەنووسمەوە، ئەو بورکانەی لە خەیاڵمدا دەتەقێتەوە لە بۆتەی شیعردا دەیاننووسمەوە. بانگەشەی ئەوە ناکەم کێش و مۆسیقا و فۆرمی شیعرییم بۆ گرنگ نییە، بەڵام لەسەر ستایلی ھیچ کەس و قوتابخانەیەک شیعر نانووسم، کەسێکی بەرەڵام لە شیعردا، ئاوھاش ئازادترم وەک لەوەی خۆم لەناو بازنەی قوتابخانەیەکی دیاریکراودا گەمارۆ بدەم.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم شیعر پێناسە ناکرێت، تەنێ ئەوەندەیە شیعر جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ منداڵی، واتە گەڕانەوەیە بۆ ناو بەرائەت و جیھانی ساکاری منداڵی، لەم سۆنگەوە ھەندێک لە توێژەرانی سۆسیۆلۆجی پێیانوایە کۆمەڵگەی شیعریی کۆمەڵگەیەکی منداڵە. لێ شیعر مێژووی نییە، رەنگە ھێندەی ھەموو تەمەنی مرۆڤ بە تەمەن بێت، بەڵام زمانی شیعر زمانێکە لەگەڵ ئاوابوونی فیوداڵیزم، کاریگەریی خۆی لە دەستدا، لە بری ئەوە “رۆمان” وەک ژانرێکی زەمەنی مودێرنێتە جێگەی گرتەوە، بە مانایەکی تر شیعر بەرھەمی گوندە و “رۆمان”یش بەرھەمی شار. ھەر لەم روانگەوە رووداوی ناو رۆمانەکان ئەگەر لە گوندێکیشدا رووبدەن نکۆڵی لەوە ناکرێت رۆمان کوڕی منداڵدانی شارە. ئەگەر دوور نەکەوینەوە لە کرۆکی بابەت، کورد کۆمەڵگەیەکی مناڵە “بەپێی پێناسەی کۆمەڵناسی” چونکە زمانی باڵادەست تیایدا شیعر بووە، بۆیەکا ھیچ کار و فرمانێکی بێ ئامادەیی شیعر نەچووە بەڕێوە “نموونەی شیعرە کێش و سەروادارەکانی کاتی جووتکردن و تۆوکردن و دروێنە و شەتڵلێدان و قۆغڵی و ھتد..”. لەبەرئەمەش زۆرێک لەو رۆمان و وتارانەی بە زمانی شیعریی دەنووسرێن تا نووکەش پڕ خوێنەرترینن، چونکە تێگەیشتن لە زمانی ئەکادیمی و زانستی بۆ خوێنەری کورد گەلێ ئەستەمە.
لەگەڵ ئەوەی خەریکە ئەستێرەی بەختی شیعر ئاوا دەبێت، کۆمەڵێک شیعرنووس گۆڕەپانی شیعری کوردییان مۆنۆپۆل کردووە بە رۆژی رووناک شیعر ئەتک دەکەن. یەکێک بە ناوی ئیرۆسییەتەوە شیعر لە ئیستاتیکا دادەڕنێت و دەیکاتە بابەتی سەرجێیی. یەکێکی دی بە ناوی زمانی ساکارەوە شیعر دادەڕنێ لە ھەموو فەنتازیا و تەکنیکێکی ھونەریی. ھەر یەکەو بە جۆرێک خەریکی ئەتککردنی شیعری کوردییە، ئێمە سەرەتای شیعریمان لە خانی و مەلای جەزیری و باباتاھیرەوە تا دەگاتە حاجی قادر و مەحوی و مەولەوی و نالی و سالم و حەمدی، پڕیەتی لە داھێنان و شۆکی بیرکردنەوە و گەمەی زمانەوانی و فەنتازیا و ئافراندن، کەچی دوای چەندین سەدە لە رێگەی فەیسبووکەوە چەند ئەرزوحاڵچییەک سەرقاڵی ریسواکردنی شیعری کوردین. ئەمە تاوانێکە وەک تاوانی تاڵانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان، وەک تاڵانکردنی سەروەتە سروشتییەکانی وڵات، وەک گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتیی. زانیمان لە مێژوودا سیاسییەکان کاریان تەنیا بازرگانی بووە بە خوێن و ھەستی مرۆڤەوە، ئەدی ھەموو ئەو شیعرنووسانە ھەمان کار ناکەن؟. بۆیە پەندێکی فەڕەنسیتان بیر دێنمەوە کە دەڵێ (ئەوانەی کاری بەد جوان دەکەن باشترن لەوانەی کاری جوان بەد دەکەن). ھۆشمەند ئەوەیە لەم پەندە تێبگات.

لیزا: شیعرەکانت دوو ئاڕاستەی سەرەکییان ھەیە، یەکەم عەشق و دووەم رەشبینی و مردن. چۆن دەتوانیت ئەم دوو پێدراوە پێچەوانەیە لە یەک کاتدا لە بۆتەی شیعردا تەوزیف بکەیت؟.

ستیڤان شەمزینی: بێھێنە بەرچاوت ھەڕەتی لاوێتی من، یان دەسپێکی عەشقەکەم کەوتۆتە زەمەنێکەوە، کە ناوم ناوە زەمەنی “تێکشکان و کوژانەوە”! واتە ئەو قۆناغەی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، کە ھیچ شتێک بەھای نەما لە شەڕی ناوخۆدا، ھیچ گۆرانییەکی دڵخۆشکەر نەما بۆ وتن، ھیچ ئاوازێکی رووناک نەما بۆ ژەنین، ئەوێ رۆژێ سەرباری جەنگ و گەمارۆی ئابووری و رووخانی تەلاری خەونی نەتەوەیەک، زەمینە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەش مرۆڤی توشی ھەناسەسواریی و نامۆیی دەکرد، ئێمە ئەو نەوەیە بووین لەو ھەلومەرجەدا مەحکوم کراین بە رەشبینی، ئاخر رەشبینی ئارەزوویەک نەبوو ھەوڵی بۆ بدەین، بەڵکو مۆتەکەیەک بوو بەرۆکی دەگرتین، ئێمە لەو زەمانەدا گەنجیمان دەگوزەراند ھەموو ئاسۆکان تاریک ببوون، لێ ئەم ھێڵە دراماتیکییەی تراژیدیای کورد تاکو ئێستاش درێژەی ھەیە، بەڵام بارە قورسەکەی لەسەر شانی ئەو نەوەیەی ئێمە بوو، نابێت ئەو سیاقە مێژووییە نادیدە بگریت نەوەیەکی سیخناخ کرد بە رەشبینی و نیھێلیزم، بۆ نەوەی ئێمە کە ژیان ھەموو رەنگە پەلکەزێڕینەییەکانی خۆی حەشار دەدا، نائومێدیی رەوایی ھەبوو!!، بەڵکو بۆ ھەندێکی وەک ئێمە کە ئەوسا خوێنەری جیددی بووین و بیرمان لە دنیای خۆمان دەکردەوە کارەساتەکە دوو ھێندە گەورەتر بوو.
لەوە بەولاوە وەک نزار قەبانی لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت “لە زەمەنێکدا بە دوای عەشقدا وێڵ بووین، کە نازانێت عەشق چییە”. لەو زەمەنەی تەنیا بۆنی بارووتی لێدەھات و دیمەنی ھاتنەوەی تەرمی شەڕکەرەکانی جەنگی نێوخۆیی وەک تەمێک ئاسۆی روونی گرتبوو، ھاوزەمان لەو ژینگە داخراو و تۆقێنەرە کۆمەڵایەتییەدا عەشق و عاشقبوون بۆ خۆی شۆڕشێک بوو، شکاندنی سنوورە تابۆکراوەکانی کۆمەڵگە بوو، وەنەبێت لە کاتی شکاندنی ئەو سنوورانە کۆمەڵگە تەنھا فڕێی بدایتبایە دەرەوەی خۆی، بەڵکو لە رووی فیزیکیشەوە دەیسڕیتەوە. گەنجێکی وەک منیش ھەم رەشبین ھەم عاشق، ئاخۆ دەبێت شیعرەکانی چۆن دەربچن؟. ھەوڵم دەدا دوالیزمی رەشبینی و عەشق پێکەوە بخەمە ناو رستە شیعرییەکانمەوە، لە کۆتاییدا رەشبینی و عەشق بوونە بەشێکی گرنگی سایکۆلۆژیام، ئەمە ھەر وەک بۆ زۆرێک لەو نەوەیەی من ھەمان شتە.
لێ لە شانزە ساڵییەوە رووم لە بیرۆکەی کۆمۆنیزم کرد، “ھەرچەند تا ئێستاش چەپم، بەڵام بە دیدێکی جیاتر لە روانگەی چەند ساڵی پێشووترم”. کۆمۆنیزمیش بۆ خۆی بەشێکە لە فەلسەفەی گەشبینی، بەو پێیەی ھەمیشە ھیوادارت دەکات بە سۆسیالیزم و گۆڕانی ریشەیی دنیا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ھێشتا لە ژێر کاریگەریی ژینگەیی ئاینی و سۆفیستی کۆمەڵگەی کوردیی دەربازمان نەببوو، جۆرێک لە خۆشەویستیمان بۆ مەرگ ھەبوو، بێ ئاگا کەوتبووینە ژێر ئەو دیدە “ھیگل”ییەی پێیوایە “مەرگ خودی عەشقە، عەشقی رەھا و پوخت لە مەرگدا خۆی ئاشکرا دەکات”. ھەموو دەمانویست “کلایست”ئاسا لەسەر گۆڕی خۆشەویستەکەمان یان بە یادی عەشقێکی ناکامەوە خۆمان بکوژین، تاکو بیسەلمێنین مەرگ خودی عەشقە. لەبەرئەوە ئێمە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین ببووینە عارفی تەریقەتی مەولانای رۆمی و شاگردی مۆسۆلینی و بێئاگایانە دەمانووت “بژی مەرگ”، بەڵام ھەنووکە دوای ئەو ھەموو ساڵە وەک دێڕە شیعرەکەی “ژان ژینێ” لە زیندانەوە “داوای ئاشتی لە مردن دەکەم”.

لیزا: لە زۆرێک لە کتێبە سیاسییەکانتدا یەک ھێڵی روون بەدی دەکرێت، ئەویش دوانە بە زمانی رەخنەیی لە ئەدای سیاسیی و حکومداریی؟ پێتوایە ئەزموونی حکومداریی لە کوردستان ھەمیشە شایانی رەخنەگرتنە؟.

ستیڤان شەمزینی: لە راستیدا وەزیفەی ھەر تاکێکی بیرکەرەوە بریتییە لە رەخنە، بەو پێیەی رەخنە خۆی میتۆدێکە دژی داخران و چەقبەستن، لەگەڵیدا سترۆکتۆری ھەر بیناکردنەوەیەکی نوێشە. جیا لەوەش بە دەربڕینی ئەدۆنیس “رەخنە دژ و پێچەوانەی میتۆدی داخراوە”. ئیشی رەخنە ئەوەیە پرسیار جێبھێڵێت نەک وەڵام، رەخنە ھەوڵێکی مەعریفی و زانستییە بۆ ئاشکراکردنی دیوی حەشاردراوی ھەر شتێک، بۆیە ھەمیشە پشت بە زانست دەبەستێت، ھەر رەخنەیەک لەسەر زانست رۆ نەنرابێت بێ سێ و دوو ناچێتە چێوەی رەخنەوە، ئیدی رەنگە بەشێک بێت لە داشۆرین یان نابووتکردن. تۆ دیقەت بدە رەخنەکانی نیتچە لەسەر زانستی رەچەڵەکناسی “جینۆلۆجیا” تەبەنیکراون یان رەخنەکانی مارکس بنەمایەکی زانستیی ماددیی و دیالێکتیکیان ھەیە، ھەروەک ئەوەی ئەڵتۆسێر، مارکس بە دۆزەرەوەی مێژوو پێناسە دەکات. لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم رەخنەی زانستی و سیاسیی پێویستییەکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسیی و دەوڵەتداریدا، بێ رەخنە ماشێنی دەوڵەت و ئیدارە بەرەو ستەمکاریی و نادادپەروەریی گەورە دەڕوات.
رەخنەکانی من لەو چوارچێوەیەدان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی حکومداریی لە کوردستان، ھیچ کات وەک نەیارێک بۆ شکاندنی شکۆی کوردبوون رەخنەکانم ئاڕاستە نەکردووە، بەڵکو دروست بە پێچەوانەوە کاری من ئەوە بووە حکومدارییەکی دیموکراتیک و مودێرن لە کوردستان بێتە ئارا و پەیڕەو بکرێت، شکۆی ھاووڵاتیانی کوردستان بەرز رابگرێت، بەمەش شکۆی حکومدارییەکە خۆیشی بەرز رادەگیرێت. بۆ رەخنەی سیاسیی پێویستم بە زمان و میتۆدێکی سیاسیی رەخنەگرانە ھەبووە، ھەروەک “میلان کۆندێرا” لە “کافکالۆژیی”دا باس لەوە دەکات ھەڵسەنگاندنی دەروونشیکاریی یان فەلسەفییانە و مارکسییانە بۆ بەرھەمە ئەدەبییەکانی “فرانتس کافکا” سەرلەبەر ھەوڵگەلێکی شکستخواردوون، بەو پێیەی دەبێت ئەدەبیات بە ئەدەبیات ھەڵبسەنگێنرێت. ئاوھاش من پێموایە ھەڵسەنگاندنی سیاسیی پێویستە بە میتۆدی سیاسیی پراکتیزە بکرێت، ئەگەرنا کارەکە دەبێتە خولانەوەی ناو بازنە.

لیزا: لە کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”دا، رەخنەی توند لە خودی رۆشنبیری کورد دەگریت. پێتوایە کەموکوڕیی رۆشنبیران چییە؟ پێتوایە رۆڵی رۆشنبیر چییە لە کۆمەڵگەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: خۆی لە کتێبەکەدا بە روونی رەخنەکانی خۆمم ئاڕاستەی ئەو تایپە لە رۆشنبیری کورد کردووە توانیوویانە کاریگەریی جێبھێڵن، ئارکۆلۆژیستانە بە دوای لەنگیی و ناتەواوییەکانی تێفکرینی ئەو تەرزە رووناکبیرە کوردەدا رۆشتووم کە ناخوازن لە رێگەی تێزەکانیانەوە مرۆڤ فێری بیرکردنەوە بکەن، بەڵکو دەیانخەنە دۆخێکی دەروێشانە تاکو ببنە کۆیلەی چەمکەکانیان، بۆ من ئەم جۆرە لە رووناکبیری کورد وەک لە کتێبەکەشدا بە عەوامگەر ناوزەدم کردوون، جێگەی رەخنە و تێبینی زۆر بوون، ئەو جیھانە ئیشکالاوییانەی ئەوانم داوەتە بەر نووکی رمی رەخنە تیژەکانم، لەوەدا رەچاوی قسەکەی “مارکس”م کردووە کە دەڵێت “دەبێت رەخنە بێ بەزەییانە بێت”. ھەر چەند لە نووسینی باسەکانی ئەو کتێبەدا بە قووڵی کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی روانگەکانی “د.عەلی حەرب” بەڵام لەوەدا خۆم جیا کردۆتەوە، کە ئەو پێیوایە “رۆشنبیرانی عەرەب پشکدارییان لە دروستکردنی رای گشتیی و ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی نەکردووە”، لەو سۆنگەیەی پێموایە رۆشنبیری کورد کاریگەریی ھەبووە لەسەر رای گشتیی. کەواتە رەخنەکانی من لە کوێدان؟ رەخنەکانم لەوەدا چڕ دەبنەوە ئەم تایپە رۆشنبیرە کارتێکردنی نێگەتیڤیان ھەبووە لەسەر ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رای گشتیی، بەو ھۆیەی ویستوویانە جەماوەر لە مێگەلبوون بۆ سیاسییەکانەوە بکەنە مێگەلێک بۆ چەمکە سواوەکانیان.
لەوێدا بە روونی ھێمام بۆ گروپی “رەھەند” کردووە، بە پێچەوانەی بۆچوونی “لەتیف ھەڵمەت” لەسەر بزووتنەوەی ئەدەبیی “روانگە” کە وتی “روانگە ھێلکەیەکی پیس بوو ھیچی ھەڵنەھێنا”!، من پێموانییە “رەھەند” ھێلکەیەکی پیس بووبێت، چونکە رەشبینی و پووچگەرایی بەرھەم ھێنا، نەوەیەکی داڕووخاوی ھیپیستی ھەڵھێنا، نیھێلیزم و بێ ئینتمایی ھەڵھێنا، رۆشنبیریی کوردیی کردە مەزادخانەی فیکر، ھەر لەو مەزادخانەیەدا ھەر رۆژەی تێز و ئەنتی تێزێکی سواوی تێدا ھەڕاج دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتیی رووناکبیرانی کورد، ھێشتا کۆمەڵە فەقێیەکی وشکھەڵاتووی چەمک و باوەڕە دۆگمەکانی خۆیانن، نەیانتوانیوە دەسەڵاتی رەمزیی خۆیان بۆ ژیاندنەوە و بیناکردنەوەی ژیان وەگەڕ بخەن، ئەوان ھەمیشە وێرانکارن، دەڕوخێنن و دەستیان خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ، دەرگاکان دادەخەن بێ ئەوەی پەنجەرەیەکیش بکەنەوە بۆ ھەناسەدان، ئەوان نوێنەری مەرگدۆستین نەک ژیانویستیی، وەک گلگامێش بە نائومێدییەوە لە خۆیان دەڕوانن و دەڵێن “ئاە مەرگ بینەقاقای گرتووین”.

لیزا: خۆت وەک رۆشنبیرێکی چەپ پێناسە دەکەیت. پێتوانییە چەپ ئیتر لە پەڕاوێزی رووداوەکاندایە، یان پێتوانییە بە رووخانی دیواری بەرلین خەونی چەپەکانیش داڕوخا؟.

ستیڤان شەمزینی: قسەکردن لەسەر کۆتایی ھاتنی رۆڵی چەپ وەک قسەکردنە لەسەر کۆتایھاتنی ئۆکسژین لە گەردووندا!! چەپ ئەو ئۆکسژینەیە ھەموو کۆمەڵگەکان وەک ھێزیکی رەخنەگرانە نەک پێویستیان پێیەتی بەڵکو مومکین نییە بێ ئەو بتوانن بەردەوام بن. من وا بڕوا دەکەم ھێشتاش چراکە خامۆش نەبووە، پەندێکی چینی ھەیە دەڵێت “باشترین کار ئەوەیە مۆمێک داگیرسێنیت، نەک بانگەشەی تاریکی بکەیت”. ئەم پەندە زادەی ئەو عەیامە کۆنەیە، مرۆڤ ئاشقی رووناکی بوو، بۆ تیشکی خۆری دەڕوانی. لە زەمەنێکدا پارە فەرمانڕەوا و سەرمایەداریی کولتووری مرۆڤایەتییە، جیھان کەوتۆتە دەست شەمشەمە کوێرەکان. پەندەکەش بەم جۆرە ھەڵگێڕدراوەتەوە: چراکان خامۆش بکەن، نەکا شەمشەکوێرەی سەرمایەداریی بە شەوارە بکەوێت. جیھان لە سایەی بێ ویژدانی کاپیتالیزم و کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان و بازاڕی ئازاددا، غەرقی تاریکی و تراژیدیایە. ئەوەی لەم شەوەزەنگەدا چراکەی بەدەستەوەیە خودی پیرە پیاوە بیر رووناکەکەی سەدەی نۆزدەیە “کارل مارکس”.
لە راستیدا وەک لە وتاری “یۆتۆپیای مەرگی مارکس و رووخانی وۆڵ ستریت”یشدا ئاماژەم بۆ کردووە ئامادەگیی چەپ و خودی مارکس لە جیھانی نوێی تاک جەمسەرییدا ئامادەگییەکی سەرەکییە نەک کۆمبارسانە، لەوێدا وتوومە ھێشتا جیھان پێویستی بە بیری رەخنەگرانەی مارکس ھەیە, ئاخر کاتێک مارکس ھات، نەک ھەر ئەدگاری فەلسەفەی گۆڕی، بەڵکو کودەتای بەسەر تێرمی بیرکردنەوە و پرسیارە وجودییەکانیشدا کرد، بایەخی مارکس و چەپ زۆر لەوە زیاترە کورت بکرێتەوە بۆ ناو پەیڕەو و پرۆگرامی حزبێکی سیاسیی، چونکە چەپ و مارکس گومان لەم جیھانە دەکەن و ئەڵتەرناتیڤی رۆشنیشیان پێیە بۆ چێکردنی دنیایەکی تازە. پێموایە تا ئێستاش مارکس زیندووترین فەیلەسووفی جیھانە، ئەوەی لە دیواری بەرلیندا رووخا بەڵشەفیزم بوو، ئەوەی مرد لێنینیزم بوو، ئەوانەی پێیانوایە ھەرەسی سۆڤێت ھەرەسی مارکس و چەپە دەبێت جارێکی تر بە ئاستی ھۆشیاریی خۆیاندا بچنەوە. داستانی مارکس و چەپ لە رووخانی دیواری بەرلیندا تەواو نەبوو، بەڵکو دوای داڕووخانی وۆڵ ستریت دەست پێدەکات.
وا بیر دەکەمەوە کۆمۆنیزم رژێمێکی سیاسیی نییە، دەسەڵات و دامەزراوە دەوڵەتییەکان نییە، چوون خودی کۆمۆنیزم پێڤاژۆیەکە لە دەرەوەی دەوڵەت، لە ستروکتۆرە کۆمۆنیزم قۆناغێکە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیاریی مرۆڤایەتی، ھەروەک چۆن کۆیلەداریی و فیودالیزم و کاپیتالیزم سێ قۆناغی گەشەکردنی دوای کۆمۆنەی سەرەتایین، ئاواش کۆمۆنیزم زەمەنی ئەو یەکسانییەیە مرۆڤایەتی وەک قۆناغێکی پێگەیشتووتر پێی دەگات، بەو پێیەی لە کۆتاییدا ئامانجی مرۆڤ ژیانێکی باشتر و دنیایەکی جوانترە، چونکە ناتوانێت تا سەر بەرگەی ئەو ھەڵاواردنە چینایەتی و نایەکسانییە بگرێت لە ھەموو رەھەندەکانی ژیانەوە. رۆژێک دێت مرۆڤ ناچار بێت بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی ماقوڵ بکاتەوە و ھەنگاو ھەڵبگرێت بەرەو ھەڵبژاردنی باشترین بژاردە، ئەو ئەڵتەرناتیڤەش بێگومان رۆحی کۆمۆنیزمە، یان رەنگە قەیرانە ریشەییەکانی رژێمی سەرمایە و نابەرابەرییەکانی ئەو سیستمە وەھا لە خودی ئابووریناسانی سەرمایەداریی بکات بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت چارەسەر لە گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی دێرینەکەی کارل مارکسدا بدۆزنەوە، ئەمە نە یۆتۆپیایە نە دۆگماتیزم و دیدی ئایدۆلۆگی رووت، بەڵکو ئەگەرێگە بۆ داھاتوو کە ئەگەرێکی زۆر بەھێزیشە.

لیزا: لە کتێبی “تێروانینی سێھەم”دا لە ٢٥٢ لاپەڕەدا باسی کێشە جڤاتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری دەکەیت. ئایا دەکرێت بە پوختی پانۆرامایەکی کێشە جڤاتییەکانی ھەنووکە بخەیتە روو؟.

ستیڤان شەمزینی: کێشە جڤاتییەکانی ئێمە وەک کورد کۆمەڵێک کێشەی فرە رەھەندن، ھەمووشیان پێکەوە بەستراون، قووڵایی و ماکی مێژووییان ھەیە، جیا لەمە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوە ھەیە، پێویستی بە کڵێشەی تازەتر ھەیە لە ھەموو کایە و سێکتەرە جۆر بەجۆرەکانی ژیاندا. بۆ ئەم کارەش ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی ھەیە، بەو پێیەی میتۆدی پەروەردەیی ئێمە چ لەناو خێزان، چ لە قوتابخانەکاندا، میتۆدێکە لەسەر ریشە و کولتووری ئاینیی و خێڵەگەرایی بینا کراوە، ئەمەش وای کردووە کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ بەرھەم بھێنێت نەک تاکی ئەکتیڤ و ھۆشیار، ھەر لەناو ئەو رەگوریشاڵە پەروەردەییەدا گرێی خۆ بە کەمزانین و خۆ بە بچووک زانین ھەیە، بەو پێیەی مرۆڤگەلێکی بەرھەمھێناوە بە چاوی گومان و ھەستێکی نزمەوە لە خۆی و مێژووی خۆی دەڕوانێت، یەکێک لەو کێشە ھەرە سەرەکییانەی وایکردووە کورد لە مێژوودا نەبێتە خاوەنی دەوڵەت، فاکتۆرەکەی ھەر ئەم گرێ دەروونییەوە بووە، تەنانەت تۆ سەیر بکە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا زۆربەی ئەوانەشی دەنگی “بەڵێ”یان دا، دواتر توشی گرێی ئۆدیب بوون، بەو پێیەی فەرمانڕەوایی داگیرکەران بە دەسەڵاتدارێتی باوکە فرۆیدییەکە تێدەگەن.
ئەوەی لەو کتێبەدا، بە درێژایی بیست ھەڤپەیڤین، ویستوومە بە دیدێکی رەخنەگرانە بیڵێم، ئەوەیە: سیاسەت و فەرمانڕەوایی و ئۆپۆزیسیۆن و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و عەشق و خۆشەویستی و ھاوسەرگیریی و روانینمان بۆ کۆی دیاردەکانی مودێرنێتە، سەرلەبەر پێچەوانەوەیە، راستکردنەوەی ئەمەش تەنیا لە رێگەی دەستکارییکردن و گۆڕینی میتۆدی پەروەردەییەوە زامن دەکرێت. بۆیە دەکرێت قسەکانم وەھا پوخت بکەمەوە و بڵێم ھەموو کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانی جڤاتیی ئێمە پێویستیان بە دووبارە فۆرمۆلەکردنەوە ھەیە، لەم نێوەندەشدا رۆڵی رۆشنبیر رۆڵێکی کارا و ئێجگار گرنگە، لەو سۆنگەیەی رووناکبیر زانستی گۆڕین و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دنیا بەشێوەیەکی جیاوازتر لەوەی پێشتر بەرھەم دەھێنێت.

لیزا: یاخیبوون و پەشیمانبوونەوە دوو خەسڵەتی سەرەکی ژیانی خۆت و ھەندێ جاریش نووسینەکانتن!! دەکرێت بزانین بۆچی؟

ستیڤان شەمزینی: با لە پەشیمانبوونەوە دەست پێبکەین، تێزێکی سەرەکیی ھەیە لە زانستدا بریتییە لە تێزی بەدرۆخستنەوە یان پەشیمانبوونەوە. زاناکان ئەمڕۆ شتێک لە بارەی بەکتریایەکەوە دەڵێن، سبەی پێشکەوتنی زیاتری زانست ئەو زانیارییە ئاوەژوو دەکاتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت بەدرۆ خستنەوە یان پەشیمانبوونەوە لە زانیارییەکانی دوێنێ. ھەموو پەشیمانییەکی فیکریی بەرەو پێشەوەچوونی تاک دەگەیەنێت، مەرجیش نییە ئەو پێشکەوتنە ئەرێنی بێت. پەشیمانبوونەوە خەسڵەتێکی ئەو مرۆڤە بزۆز و داھێنەرانەیە، لە قۆناغێکدا و لەسەر یەک شێوە روانین چەق نابەستن، ئەوەی ئەوروپای پێشخست ھەموو ئەو گومان و پەشیمانبوونەوانە بوو لە زانستەوە تاکو فەلسەفە روویان دا و روودەدەن، دیاردەی پەشیمانبوونەوە فینۆمینێکە رەوڕەوەی مرۆڤایەتی بەرەو پێشەوە دەچەرخێنێت، قاڵب و چوارچێوە کۆنکرێتییەکان تێکدەشکێنێت، ئێمە پێویستە جارێکی تر بە تێفکرینی خۆماندا بچینەوە لە ھەمبەر چەمکی پەشیمانبوونەوە. ھەر لە نێو پەشیمانبووەشدا رەگی یاخیبوون دەدۆزینەوە، بەو پێیەی یاخیبوون ھەمیشە تێپەڕاندنی سنوورە مینڕێژکراو و قەدەغەکراوەکانە، گرنگترین فۆرمی یاخیبوونیش بەزاندنی ھێڵی سووری فیکری باو و رۆشنبیریی زاڵە، لەگەڵ ئەمەشدا لە کۆمەڵگەی ئێمە دیسانەوە میتۆدێکی پێچەوانە پەیڕەو دەکات لە روانین بۆ یاخیبوون و یاخیگەریی لە سۆنگەی ئەوەی خولانەوە لە چوارچێوەی دنیابینی کۆن “بە ماکیاژێکی نوێوە” مانای یاخیبوونی بەدەستەوە داوە، بۆ نموونە لە سیاسەتدا ئەوانەی ٥٤ ساڵە بەناوی باڵی مودێرنی بزووتنەوەی کوردییەوە یەک ئاوازی دێرین دەژەنن و لە ساڵی ١٩٦٤ەوە و نەیانتوانیوە یەک دێڕ ئیزافە بکەنە سەر گووتاری سیاسیی خۆیان، ھەمیشە وەک دەستەی یاخیگەر شوناس کراون.
جگە لەمەش دەمەوێت بڵێم ھەموو یاخیبوونێک پۆزەتیڤ نییە و مامانی جیھانێکی جوانتر نییە. ئەمە بەدەر لەوەی لە دۆخی کوردییدا یاخیبوون چەمکێکی ساختەیە، ئاخر تۆ بڕوانە ھەموو مێژوومان لە یەک دەچێت، ھەموومان لە بیرکردنەوە و رەفتاردا وەک یەکین، ئەگەر جار جار رۆشنبیرێکی یاخیگەر ھەڵکەوتبێت، دواجار بووەتەوە بە بەشێک لە فەزای باو و رۆشنبیریی سائید، تەنانەت کۆمەڵگەی ئێمە لە روانین بۆ رۆشنبیر ھێشتا توانای جیاکردنەوەی دوو شتیان نییە، یەکەم رۆشنبیر وەک مرۆڤ، دووەم رۆشنبیر وەک خاوەن مەعریفە. بۆیە تەنھا رۆشنبیرە تەقلیدییەکان بە مانای گرامیشییەکەی رۆڵیان ھەیە و ئەوانیش ھەمان گووتاری باو بەرھەم دەھێننەوە، تۆ بڕوانە نیتچە کۆتاییەکانی تەمەنی لە شێتخانە بردە سەر کەسیش نکۆلی لە بلیمەتییەکەی ناکات کە پڕ بوو لە شێتی، ژان ژینێ دز بوو زۆربەی بەرھەمە شانۆییەکانی لە زینداندا نوسیوون کە بەھۆی دزییەوە رێی کەوتبووە حەپسخانە، کەچی لە ریزی شانۆنامەنووسە جیھانییەکان ھەژمار دەکرێ. پاپلۆ نیرۆدا وەزیری گەندەڵترین دەوڵەت بوو! کەس نییە شیعرێکی ئەوی خوێندبێتەوە سەرسام نەبێت پێی. ھایدگەر فەیلەسووفێکی نازی بوو ئێستاش خودی خۆی و تێزە فەلسەفییەکانی ھەوێنی وانەی فەلسەفەن لە سەرتاسەری جیھاندا. میشێل فوکۆ ھاوڕەگەزباز بوو کەچی ھێشتا سەرنجڕاکێشترین فەیلەسووفە. جان جاک رۆسۆ باس لەوە دەکات بە منداڵی دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر کەچی فیکری ئەو ھەوێنی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەیە ھەنووکە ئەوروپا تۆزێکی لێ پیادە کردووە! ئەرێ تۆ بڵێی ئەمانە کوڕی کۆمەڵگەی کوردیی بوونایە چی نەفرەتێکیان بەسەردا بباریبایە؟!.

  • ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨دا ئەنجام دراوە و لە مانگی مایۆی ٢٠١٨دا لە رۆژنامەی “رووداو” بڵاوکراوەتەوە، ھاوکات لە ماڵپەڕی رووداو نێت دووبارە بڵاوکراوەتەوە.



چیرۆک بۆ منداڵان\ کاترین و شێرەکە.. نووسینی: کلەیر جارێت.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کاترین لەخەو هەستا و شێرێکی بینی کە پێدەکەنی.
کاترین وتی “سڵاو شێرەکە”
شێرەکە چووە لای کاترین و لەتەنیشتییەوە دانیشت.
کاترین باسی شیش و پەتی یاریکردن و خوشکە بچکۆلانەکەی بۆ کرد.
” با قاوەڵتی بکەین” کاترین ئەمەی وت و ئینجا چوونە خوارەوە.
کاترین دەفرێکی گەورەی بۆ شێرەکە پەیدا کرد.
دوای قاوەڵتی کردن کاترین چوو خۆی بگۆڕێ. بڕیاریدا کراسە پەمبەکەی لەبەر بکات کە قۆپچەی زەردی پێوەیە.
بەخێرایی جلەکەی لەبەر کرد و پاشان قاپووتەکەی کردە بەر. کاترین لەشێرەکەی پرسی “لەگەڵم دێیت بۆ قوتابخانە؟”
شێرەکە وتی ” بەڵێ”
کاترین هاتەوە یادی کەکتێبەکانی کتێبخانە دەبێت بباتەوە.
لە قوتابخانە کاترین قاپووتەکەی داکەند و بە عەسقییەکەوە هەڵیواسی.
کاسری بەهێواشی چرپاندی ” ئا ئاوا” و چووە ناو پۆلەکەیەوە.
تیکڵ خانم وتی ” سڵاو کاترین”. منداڵەکانیش خۆشحاڵ بوون بەبینینی شێرەکە.
کاترین لەنێوان جەیسن و لاورین دانیشت و شێرەکەش لەپشت کاترینەوە دانیشت.
تیکڵ خانم وتی ” بەیانیتان باش”
منداڵەکانیش وتیان ” بەیانیت باش تیکڵ خانم.
تاق بەیانی کاترین کاغەزی ئەبڕی و بە چرێش پێکییەوە دەنووساند و بۆیەی ئەکردن. وێنەی شێرێکی دروست کرد.
لەکاتی پشووشدا بازبازێن و یارییان کرد.
شێرەکە سواری پشتی خۆی ئەکردن.
شێرەکە وتی ” من تینوومە”
کاترین دەفرێکی گەورەی پەیدا کرد و بۆی پڕ لە ئاو کرد.
دوای نانخواردنی نیوەڕۆ سەرخەوێکیان شکاند. هەموو لەسەر پارچە کۆمبارەکان پاڵیان دایەوە وەختێ تیکڵ خانم چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە.
دوای نیوەڕۆشیان بە دروست کردنی هەندێ شتەوە بەسەر برد.
کاترین تاجێکی زەردی دروست کرد و دایە شێرەکە.
شێرەکە وتی ” سوپاس کاترین”
کاتێک ساتی چوونە ماڵەوە هات، کاترین باوەشێکی گەورەی بەشێرەکەدا کرد.
کاترین وتی ” قوتابخانەت پێخۆشە”
شێرەکە وتی ” منیش پێمخۆشە”
لەڕێگای گەڕانەوە بەرەو ماڵ هەندێ شتیان کڕی. کاترین هەندێ خشڵی هەڵبژارد، دوو ملوانکەی زیو و ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماس.
کاترین هەستی بەماندووبوون کرد. شێرەکە هەندێک خستییە سەر پشتی خۆی.
لەحەوشەی پشتەوە یارییان کرد. شێرەکە جۆلانەی بەکاترین کرد و فێری مڕاندنی کرد.
زۆری پێنەچوو نانی ئێوارە ئامادە بوو کە ماسی لەشیش دراو بوو.
کاترین وتی ” شێرەکەم لەژێر مێزەکەدایە”
دوای نانی ئێوارە تەماشای فیلمی “شەڕەپشیلە”یان کرد و پاشان کاتی خۆشووشتن هات.
شێرەکە لەتەنیشت بانیۆکەوە دانیشت و بۆنی هەڵمی دەکرد.
کاترین لەسەر پەنجەرەکە نووسی “شێر”
شێرەکە تەماشای کاترینی کرد کە قات بێجامەکەی لەبەر کرد و ددانی شووشت.
شێرەکە وتی ” شێر ددانی ناشوات”
کاترین وتی “بێگومان ئەیشوات” “هەموو کەسێک ددانی ئەشوات”
کاترین وتی ” شەو شاد لە خوشکە بچکۆلانەکەم بکە”
دایکی کاترین کەوتە خوێندنەوەی چیرۆک و کاترینی لەئامێز گرت و ئینجا بەخۆیەوە نووساند و ماچێکی گەورەی کرد.
دایکی کاترین وتی” شەو شاد، شەو شاد ئازیزەکەم” کاترینیش چووە باخەڵییەوە.
کاترین وتی ” شەو شاد شێرەکە،بەردەوام دێی بۆ ئێرە؟”
شێرەکە وتی ” بەڵێ بەردەوام دێم”.

سەرچاوە :

Catherine and the Lion
By Clare Jarrett
Printed in Hong Kong 1996




مێژووی درۆ.. به‌ختیار محه‌مه‌د

((ئه‌گه‌ر هه‌موو گه‌نجینه‌یه‌كت تاقی كرده‌وه‌، ڕاستگۆیی باشترینیانه‌)).(1)

((ئایا نازانی، كه‌ درۆی ڕاسته‌قینه‌… بۆ خواوه‌ندان و بۆ خه‌ڵكیش وه‌كو یه‌ك قێزه‌ونه‌؟)).(2)

كه‌س نازانێ كه‌ی مرۆڤ فێره‌ درۆكردن بووه‌؟ ئایا درۆكردن دیارده‌یه‌كی شارستانییه‌؟ ئایا پێویستییه‌كی مرۆییه‌ و به‌رهه‌می به‌رژه‌وه‌ندی و ناكۆكی و ملانێكانه‌؟ ئایا سه‌ره‌تا درۆ له‌ نێوان كێ و كێ – دا ده‌ستی پێكردووه‌ و په‌یدا بووه‌؟ له‌ چ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌ و له‌ چ كات و ساته‌وه‌ختێكی مێژووییدا درۆ كراوه‌ و سه‌ری هه‌ڵداوه‌؟ ئایا درۆ هۆكارێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌كه‌وه‌ مرۆ به‌رده‌وامیی به‌ ژیانی خۆی بدا و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هۆكارێك بووه‌ بۆ تاوان و ماڵوێرانیی؟ ئایا مرۆڤ (مرۆڤایه‌تی) ده‌توانێ به‌بێ درۆ بژی؟ ئه‌گه‌ر ده‌توانێ بۆ ناتوانێ درۆ نه‌كا و بۆ واز له‌ درۆ ناهێنێ؟ ئایا درۆكردن به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پێوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌ی ئایین چۆن ده‌ڕوانێته‌ درۆ؟ بۆ به‌ ڕه‌هایی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌؟ ئه‌ی هه‌ڵوه‌ستی فه‌لسه‌فه‌ له‌ ئاست درۆدا چییه‌؟ ئایا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌، كه‌ چه‌مكی درۆ ڕه‌ت نه‌كاته‌وه‌ و به‌ كارێكی خراپ و قێزه‌ونی نه‌زانێ؟ ئایا هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، كه‌ درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ و هه‌ر ئه‌ویش نییه‌، كه‌ ده‌توانێ له‌ناوی ببا؟ ئایا درۆیه‌كان جیاوازن؟ واته‌ جیاوازن له‌ ئاستی كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌وی دیكه‌ و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا؟ واته‌ ئاستی خراپی درۆی سیاسی وه‌ك درۆی كه‌سیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌؟ ئایا هه‌رگیز درۆی ئابووری و بازرگانی به‌ درۆی به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌راورد ده‌كرێ؟ ئایا، كه‌ ده‌سه‌ڵات (سیاسه‌تمه‌دار) درۆ ده‌كا، وه‌كو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دراوسێ و هاوڕێكه‌ت درۆت له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟ ئایا، كه‌ درۆ زۆرجار ئامراز و هۆكاری تاوانه‌، ئامراز و هۆكارێكی به‌رگرییش نییه‌: به‌رگرییكردن له‌ خۆ؟ به‌ڵام مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ی درۆ له‌ چ بوار و له‌ چ ئاستێكدایه‌؟ له‌ بوار و ئاستی سیاسی؟ یانیش له‌ بوار و ئاستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی؟ ئایا، كه‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدار درۆ ده‌كه‌ن، هه‌رگیز وه‌كو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بێ ده‌سه‌ڵات و ناده‌سه‌ڵاتدار درۆ ده‌كه‌ن؟… هیوادارم له‌م‌ وتاره‌مدا بتوانم به‌ پێی توانا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌مه‌وه‌ و هه‌ندێك به‌ تێر و ته‌سه‌لی له‌م چه‌مكه‌ (دیارده‌یه‌) بڕوانین و بدوێین.

پێده‌چێ به‌ر له‌هه‌ر شتێك درۆ (وه‌ك زۆر دیارده‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی) به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی ژیار بێ. واته‌ درۆ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌رێنییه‌كانی په‌ره‌ستاندنی ژیار. پێشده‌چێ پره‌نسیپی (سه‌ره‌تای) درۆ، به‌ره‌ژه‌وه‌ندی بێ؛ جا ئه‌م به‌رژه‌وه‌نده‌ چ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی بێ، یان به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵه‌كیی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێ. پێده‌چێ هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی (به‌رژه‌وه‌ندی) جیاوازی چینایه‌تییه‌وه‌ هه‌بێ: به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازی چینه‌كان، به‌های درۆی به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنێ. واته‌ هه‌رده‌م له‌ پشت درۆكردندا جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌: ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ته‌نانه‌ت تاكه‌كه‌سیش. واته‌ درۆكردن پێوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌: ترس له‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك بێ؛ به‌ڵام گه‌وره‌ترین ترسی درۆ له‌ حه‌قیقه‌ته‌، حه‌قیقه‌تی كه‌شفكردنی خۆی، بۆیه‌ زۆرجار درۆ، یان ده‌سه‌ڵات، یانیش تاكتیك و فرت و فێڵ دژ به‌ حه‌قیقه‌تی ئاشكرابوونی خۆی به‌كار ده‌هێنێ. له‌ ژیاری ئێمه‌دا درۆ هه‌ر ته‌نیا دیارده‌یه‌كی قێزه‌ونی زیانبه‌خش نییه‌، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی ژیاریی سوودبه‌خشیشه‌. ماده‌م سته‌م هه‌یه‌، ده‌شێ درۆی سوودبه‌خشیش هه‌بێ. ماده‌م ترس (ترساندن) هه‌یه‌، ده‌شێ درۆی سوودبه‌خشیش هه‌بێ: درۆی فریاكه‌و‌تن (ئه‌گه‌ر بشێ ئه‌م ناوه‌ی‌ لێ بنێین). ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ پلاتۆ (ئه‌فلاتوون) پێی ده‌ڵێ: ((درۆی گۆكراو{ملفوظِ})). به‌م شێوه‌یه‌ش وه‌سفی ده‌كا: ((درۆی گۆكراو هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ لاساییكردنه‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی كاڵی بارێكی ده‌روونی به‌ر له‌ درۆكه‌، نه‌ك درۆیه‌كی ته‌واو‌…)).(3) هه‌ڵبه‌ت درۆ هه‌ر پرسێكی (كێشه‌یه‌كی) ئه‌خلاقیی نییه‌، به‌ڵكو پرسێكی (گرفتێكی) گه‌وره‌ی فره‌ڕه‌هه‌ندی مرۆڤی سه‌رده‌مه‌. ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌ژین، ناتوانێ به‌بی درۆ بژی: درۆ خه‌سڵه‌ت و میكانیزمێكی بنچینه‌یی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخی سه‌رمایه‌دارییه‌. به‌رچاوترین درۆی ڕۆژانه‌، كه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ده‌یبینین، ڕیكلامه‌كانن بۆ شمه‌ك و كاڵاكان: له‌مه‌وه‌‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ چۆن به‌رژه‌وه‌ندی درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ: درۆی پێویست و زه‌روری. ئه‌م درۆیه‌ درۆیه‌كی ئه‌خلاقییی نییه‌، به‌ڵكو درۆیه‌كی ئابوورییه‌؛ به‌ڵام ئایا هیچ درۆیه‌ك هه‌یه‌، كه‌ له‌ پرسی ئه‌خلاق به‌دوور بێ؟ ڕاستییه‌كه‌ی درۆ دۆڕاندنی ئه‌خلاقه‌. واته‌ كه‌ی ئه‌خلاق نه‌ما، ئه‌و كاته‌ درۆ ده‌ست پێ ده‌كا. ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌خلاق وێران ده‌كرێ، ئیدی پرۆسه‌ی درۆكردن به‌ سیستماتێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا و له‌ ژیانی تاكدا ده‌ست پێ ده‌كا. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌ش ئه‌نجام ده‌دا – به‌ پله‌ی یه‌كه‌م – ده‌سه‌ڵاته‌. هیچ هێزێك هێنده‌ی ده‌سه‌ڵات پێویستی به‌تێكشكاندنی ئه‌خلاق و پێویستی به‌ وه‌زیفه‌ی درۆكردن نییه‌. ئه‌و وه‌زیفه‌یه‌ی، كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ شه‌رعیه‌تی پێ ده‌دا. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاری ناشه‌رعی، شه‌رعیه‌ت به‌ درۆكردن و پرۆسه‌ی درۆكردن ده‌دا. ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار ئه‌گه‌ر درۆ نه‌كا، ناتوانێ هه‌بێ. درۆ ئۆكسجینی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاره‌. ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك ماكیاڤیللی پێی وایه‌، كه‌ ((سه‌ركه‌وتنی ئه‌سكه‌نده‌ری شه‌شه‌م بۆ درۆیه‌ سه‌رسووڕهێنه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌)).(4) ئه‌فلاتوونیش به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌درۆی فه‌رمانڕه‌ وا و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌دا و ته‌نیا به‌ ئیمتیاز و به‌ مافێكی ڕه‌وای ئه‌وانی ده‌زانێ و ده‌ڵێ: ((ئه‌گه‌ر درۆ بۆ كه‌سێك بشێ، ئه‌وا ته‌نها بۆ فه‌رمانڕه‌وایان ده‌شێ، ئه‌ویش بۆ فریودانی دوژمن و بۆ باوه‌ڕپێهێنانی خه‌ڵكی بۆ چاكه‌ی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌رنا بۆ هیچ كه‌سێك ڕێگه‌ پێدراو نییه‌، كه‌ له‌م ئیمتیازه‌دا به‌شدار بێ، به‌ڵكو ئێمه‌ وای داده‌نێین، كه‌ درۆكردنی خه‌ڵك بۆ زه‌ره‌ری ده‌وڵه‌ت یه‌كسانه‌ به‌ درۆكردنی نه‌خۆش له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كه‌ی و شاگرد له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی له‌ باری ته‌ندروستییه‌كه‌ی و درۆی كه‌شتییه‌وان له‌گه‌ڵ كاپتنه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ ڕه‌وشی كه‌شتییه‌كه‌ و ده‌ریاوانه‌كانی…)).(5) ‌هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: (( كه‌ فه‌رمانڕه‌وایان ناچارن زۆر په‌نا بۆ درۆكردن و چه‌واشه‌كردن‌ ببه‌ن له‌ پێناو سوودی پێڕه‌وانیان. ئێمه‌ پێشتر گوتمان، كه‌ ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ به‌ كه‌ڵكه به‌و سیفه‌ته‌ی كه‌ ده‌رمانه‌‌.)).(6)‌ درۆ زۆربه‌ی جار – له‌سه‌ر ئاستی تاكدا – ڕه‌هه‌ندێكی چینایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌یه‌: هه‌ستكردن به‌ كێماسی ده‌شێ درۆ (كه‌سایه‌تییه‌كی درۆزن) به‌رهه‌م بهێنێ. لێره‌ درۆ ئامرازی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌: قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كێماسییه‌كانی ژیانی تاك؛ تاكێك، كه‌ له‌ ئاست تاكانی دیكه‌دا خۆی به‌ كه‌متر ده‌زانێ. ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌م ڕه‌هه‌ندێكی چینایه‌تی، هه‌م ڕه‌هه‌ندێكی خودی و زاتیی هه‌یه‌. ده‌شێ بڵێین تاك لێره‌ كه‌سێكی درۆزن نییه‌، به‌ڵكو وه‌همداره‌. واته‌ وه‌همی چیرۆكی گۆڕینی واقیعی هه‌یه. ئه‌و به‌ درۆ خۆی ده‌كاته‌ كه‌سێكی پاڵه‌وان. به‌ تایبه‌تی ئه‌مه‌ له‌ ئاست نموونه‌ی كه‌سه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ڕوو ده‌دا. واته‌ كه‌سی درۆزنی وه‌همدار، به‌ داتاشینی چیرۆكی درۆ خۆی ده‌كاته‌ هاوبه‌شی كه‌سه‌ به‌رپرسه‌كانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و له‌ چیرۆكێكی خه‌یاڵیدا، كه‌ خۆی دایتاشیوه‌، ده‌بێته‌ ئه‌ندامێكی پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئیدی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسی بێ یان كۆمه‌ڵایه‌تی یانیش ئابووری، گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م كه‌سه‌‌‌ له‌ ئازاری واقیعی كه‌مسه‌ری ڕزگاری ببێ، بۆیه‌ش‌ چێژ له‌ هه‌موو وه‌هم و هه‌موو درۆكردنێك وه‌رده‌گرێ.‌ هیچ شتێك هێنده‌ی ده‌سه‌ڵات (به‌تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ته‌قلیدییه‌كاندا) مرۆڤ شه‌یدای خۆی ناكا. له‌مه‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات كه‌سی درۆزن و‌ ماستاوچی به‌رهه‌م ده‌هێنێ؛ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هیچ پێگه‌یه‌كیان نییه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ ڕێی درۆ و مه‌راییكردنه‌وه‌، پێگه‌یه‌ك له‌ناو ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتدا بۆخۆیان به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌م پێگه‌یه‌ زۆربه‌ی جار پێگه‌یه‌كی پاشكۆییه‌. واته‌ پێگه‌یه‌كه‌ پاشكۆیی و كۆیله‌یی بۆ ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌می ده‌هێنێ. سه‌رله‌به‌ری پاسه‌وانه‌كان – له‌ هه‌ر ئاستێكدا بن – ئه‌م پێگه‌یه‌یان هه‌یه‌: پێگه‌ی پاشكۆیه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات. ده‌بێ بزانین، هه‌ندێ جار درۆ، درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ. به‌نموونه ده‌ڵێم‌: من هه‌رچه‌ند ڕاستگۆ بووبم له‌ ژیانی خۆمدا، به‌ڵام كه‌ درۆم كردبێ، ئه‌وا – زۆربه‌ی جار – له‌ ترساندا درۆم كردووه‌: ترس له‌ دایك و باوك، له‌ مامۆستایه‌كه‌م، له‌ پۆلیس و ئاسایش، له‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك، كه‌ ویستوویانه‌ هه‌ڕه‌شه‌م لێ بكه‌ن. من به‌م شێوه‌یه‌ درۆزن بوویمه: واته‌ به ‌شێوه‌ ئه‌رێنیی و خۆپارێزییه‌كه‌ی (هه‌رچه‌ند به‌مه‌ ناگوترێ درۆزن، كه‌ سیفه‌تی هه‌میشه‌یی نه‌بێ)‌. به‌ڵێ زۆر جار ترس له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا درۆمان پێ ده‌كا؛ بۆیه‌ درۆ هه‌ندێ جار پێویسته‌ و ڕێی نه‌جاته‌ (ڕزگاربوونه‌). ئه‌م درۆیه‌ سوودبه‌خشه‌، زه‌ره‌رمه‌ند نییه‌. درۆیه‌كه‌ ده‌شێ ژیانی كه‌سێك له‌ مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ ڕزگار بكا (یان له‌ هه‌ڵوه‌ستێكی زۆر ناخۆشی شه‌رمه‌زارانه‌). كێ له‌ ئێمه‌ هه‌یه‌ جارێك له‌ جاران درۆی سپی نه‌كردبێ؟ ئه‌و درۆیه‌ی هیچ زه‌ره‌رێكی نییه‌ و ده‌شێ سوودی هه‌بێ. ئێمه‌ هه‌ندێ جار به‌ ناچاری درۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیشمان ده‌كه‌ین؛ هه‌ڵبه‌ت درۆی سپی، تا له‌ فڵانه‌ شت ڕازییان بكه‌ین و واز له‌ گریان و لاساری و داخوازه‌ ناماقووڵه‌ زۆره‌كانیان بهێنن. به‌نموونه‌ پێی ده‌ڵێین ئه‌و شته‌ی تۆ له‌ هی برایه‌كه‌ت یان له‌ هی خوشكه‌كه‌ت جوانتر و باشتره‌ (خۆ ئه‌گه‌ر واش نه‌بێ)، تا واز له‌ داواكارییه‌ لاساره‌كه‌ی بێنێ و نه‌ڵێ منیش وه‌كو ئه‌وان و هی ئه‌وانم ده‌وێ؛ به‌ڵام نابێ درۆكردن له‌گه‌ڵ منداڵدا له‌م سنووره‌ (سپییه‌) تێپه‌ڕێنێ، ئه‌گه‌رنا مه‌ترسیدار ده‌بێ و ده‌بێته‌ درۆی ڕه‌ش (ترسناك). درۆی ڕه‌ش له‌ناو گه‌وره‌كاندا هه‌یه‌، نابێ له‌گه‌ڵ منداڵ به‌كار بهێندرێ. به‌نموونه‌ ساده‌ترین درۆی ڕه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ درۆ به‌ڵێنیان پێ بده‌ین ئه‌و شته‌یان بۆ ده‌كه‌ین، پاشان نه‌شیكه‌ین و ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر جارێك و دووجار به‌ڵكو چه‌ندین جار دووبار ببێته‌وه‌ و ببێته‌ دیارده‌ لای دایكان و باوكان و په‌روه‌رده‌كارانیان.

له‌نێوان درۆی ڕه‌ش و درۆی سپیدا سنوورێكی ئه‌خلاقیی هه‌یه‌: هه‌موو درۆیه‌كی ڕه‌ش له‌ به‌دڕه‌وشتییه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵ ده‌دا و به‌رهه‌می هه‌ره‌سی ئه‌خلاقه‌: ئه‌خلاقی تاك و ئه‌خلاقی كۆ؛ كه‌چی له‌ درۆی سپیدا هێزی ئه‌خلاق به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ: ئه‌خلاقی یارمه‌تی دانی خود و ئه‌وی دیكه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ماده‌م ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار و ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی هه‌یه‌، ئه‌وا درۆش به‌ هه‌ردوو دیوه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كه‌ی (ئه‌رێنێنی و نه‌رێنییه‌كه‌ی) له‌ ژیانی تاك و له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێ. ئایا درۆی خۆڕسكانه‌ هه‌یه‌؟ واته‌ ئایا هیچ مرۆڤێك هه‌یه‌، كه‌ هه‌ر به‌خۆڕسك كه‌سێكی درۆزن بێ؟ ئێمه‌ ده‌زانین منداڵ تا كه‌مێك گه‌وره‌ نه‌بێ و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی تێكه‌ڵاو نه‌بێ و كارلێك نه‌كا، ناشزانێ درۆ بكا (واته‌ درۆ لێره‌ به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی عه‌قڵیشه‌). له‌مه‌وه‌ پێناچێ مرۆڤ به‌ خۆڕسك بوونه‌وه‌رێكی درۆكرده‌ بێ. واته‌ درۆ به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیاره‌. به‌نموونه‌: مرۆڤ فێربووه‌ درۆ بكا، تا باشتر به‌رژه‌وه‌ندی خۆی – له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانی دیكه‌ – بپارێزێ. فێربووه‌ درۆ بكا، تا له‌ناو خێڵ و هۆز و گه‌له‌كه‌یدا خۆی بكاته‌ ده‌سه‌ڵاتدار. كێ هێنده‌ی دیكتاتۆره‌كان درۆزنه‌ (ئه‌وان داهێنه‌ری میدیای درۆزنن)؟ ئێمه‌ درۆ ده‌كه‌ین، تا فێڵ له‌وی دیكه‌ بكه‌ین. واته‌ زیانی پێ بگه‌یه‌نین (هه‌ڵبه‌ت درۆی گه‌وره‌ و ڕه‌ش). هه‌ر درۆیه‌ك زه‌ره‌رمان پێ بگه‌یه‌نێ، ئه‌وا درۆیه‌كی گه‌وره‌ و ڕه‌شه‌. واته‌ درۆیه‌كی ترسناكه‌. درۆی ترسناك ئه‌وه‌یه‌، كه‌ حه‌قیقه‌ت له‌ناو ببا. واته‌ ڕاستی شته‌كان له‌ناو ببا. به‌نموونه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانێك درۆ ده‌كرێ، تا ڕاستی كردنی تاوانه‌كه‌ له‌ناو ببردرێ. ئه‌م جۆره‌ درۆكردنه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ بیكا. واته‌ ده‌سه‌ڵات له‌ڕێی درۆوه‌ ڕاستی تاوانه‌كانی خۆی ده‌شارێته‌وه‌. ئه‌و ئه‌گه‌ر خه‌ڵكیش بڕوا به‌ درۆیه‌كانی نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و له‌ڕێی هێزه‌وه‌ وه‌ك ڕاستی درۆیه‌كانی خۆی ده‌سه‌پێنێ. هه‌ركه‌سێكیش ئه‌م درۆیه‌ ئاشكرا بكا، ئه‌وا ده‌شێ ژیانی بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. له‌مه‌وه‌ ڕاستگۆیی و ده‌ستگرتن به‌ ڕاستییه‌وه شتێكی دژوار و‌ مه‌ترسیداره. ڕاستیگوتن دژی درۆكردنه‌، دژێكی ڕه‌ها؛ به‌ڵام هه‌ندێ جار درۆ له‌پێناو ڕاستیدا ده‌كرێ. ئه‌م درۆیه‌ درۆی سپی و درۆی تاكتیكییه‌. واته‌ درۆ لێره‌ ده‌توانێ وه‌ك په‌رژێنێك ڕاستیی (حه‌قیقه‌ت) بپارێزێ.‌ ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ ڕاستییه‌، به‌ڵام به‌ توێكڵی درۆ. واته‌ ڕاستییه‌كه، كه‌‌ له‌ به‌رگی درۆدا خۆی ده‌رده‌خا. ئێمه‌ ئه‌م جۆره‌ درۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌نێوان جه‌للاد و قوربانیدا به‌دی ده‌كه‌ین. جه‌للاد ده‌یه‌وێ به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان دانپێدانان (ڕاستییه‌كان) به‌ده‌ست بهێنێ، به‌ڵام قوربانی هه‌وڵ ده‌دا ئه‌م ڕاستییانه‌ وه‌ك نهێنی له‌لای خۆی بپارێزێ، تا تاوانبار نه‌كرێ؛ چونكه‌ جه‌للاد هه‌وڵ ده‌دا له‌ڕێگه‌ی دانپێدانانه‌وه‌ (به‌ده‌ست هێنانی ڕاستییه‌وه‌) ڕاستییه‌كان بكوژێ. ته‌نانه‌ت جه‌للاد هه‌ول ده‌دا درۆش به‌ كه‌سی قوربانیی بكا، تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕاستییه‌ك – ئه‌گه‌ر به‌ درۆش بێ – به‌ده‌ست بهێنێ و بیكوژێ و له‌ناوی ببا. ڕاستییه‌كه‌ی وه‌زیفه‌ی جه‌للاد ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ڕاوه‌دووی حه‌قیقه‌ت بنێ، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، كه‌ جه‌للاد لێی ده‌ترسێ و دژی جه‌للاده‌. هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار فۆبیای له‌ ڕاستیی هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌شه‌ ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌خنه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كا، چونكه‌ ڕه‌خنه‌ جه‌وهه‌ری ڕاستییه‌. ڕه‌خنه‌ ڕاستی دروست ده‌كا و ئاشكرای ده‌كا، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؛ ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ نه‌بێ، ئه‌سته‌مه‌ ڕاستییش هه‌بێ. تا ئێستا، هه‌موو جیهانی پێشكه‌وتوو، ڕه‌خنه‌ په‌یدای كردووه‌ و به‌رهه‌می هێناوه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كاندا ڕه‌خنه‌ نییه‌؛ جنێو و جه‌نگ هه‌ن، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ و فیكری فه‌لسه‌فی نییه‌؛ ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ له‌ ئاسته‌ هه‌ره‌ ساده‌ و سه‌ره‌تایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شی نییه‌، بۆیه‌ له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا عه‌قڵ (ڕه‌خنه‌ و فیكر) بێ ده‌سه‌ڵاته‌ و سۆز (دابونه‌ریت و ده‌مارگیریی و ئایین) باڵاده‌سته‌. لێره‌وه‌، كه ‌ڕه‌خنه‌ نه‌بوو، درۆ زۆر ده‌بێ: درۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی و … تاد. تۆ بنۆڕه‌! چۆن ڕێژه‌ی درۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا‌ یه‌كجار زۆره‌ له‌چاو كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی وه‌ك سوید و دانمارك…؛ چونكه‌ له‌وێدا مێژووی فیكری ڕه‌خنه‌ ئازادی دروست كردووه‌، به‌ڵام لای خۆمان وا نییه‌: لای خۆمان چونكه‌ ڕه‌خنه (به‌ واتا فه‌لسه‌فی و سیاسی و فیكرییه‌كه‌ی)‌ نییه‌، ئازادیش (به‌ واتا كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگایی و یاساییه‌كه‌ی) نییه‌. واته‌ ڕاستییش (وه‌ك كولتوور، وه‌ك ئه‌خلاقی باو، وه‌ك جه‌وهه‌ر و میكانیزمی كاری ده‌زگاكان و وه‌ك ویژدان و ئه‌خلاقی كه‌سه‌كان) نییه‌. لێره‌وه‌ ڕاستی له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا وه‌ك پراكتیك دیارده‌یه‌كی فره‌لایه‌نی په‌سه‌ندكراو نییه‌، كه‌چی درۆ به‌ پراكتیك دیارده‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی په‌سه‌ندكراوه‌: ئێمه‌ به‌ قسه‌ دژی درۆین، به‌ڵام به‌ كردار و له‌ واقیعدا وا نین. زه‌رده‌شتیش ده‌ڵێ: ((باشترین چاكه‌ ڕاستییه‌ و به‌دترین تاوان درۆیه‌)).(7)

په‌راوێزه‌كان:

1- ول ديورانت, قصة الحضارة (النهضة / الاصلاح الديني), ترجمة: محمد بدران, د. عبدالحميد يونس, المجلد الحادي عشر (21 / 22), 2001, ص 94
2- افلاتون, الجمهورية, ترجمة: عيسى الحسن (الطبعة الاولى, 2003), ص 139
3- هه‌مان ژێده‌ر، ل 140
4- ول دیورانت، قصة الحضارة (النهضة / الاصلاح الدیني), ترجمة: محمد بدران, د. عبدالحميد يونس, المجلد الحادي عشر (21 / 22), 2001, ص 69
5- افلاتون, الجمهورية, ترجمة: عيسى الحسن (الطبعة الاولى, 2003), ص 148
6- هه‌مان ژێده‌ر، ل 246
7- اكرم بهرامی، په‌یامی زه‌رده‌شت، وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: وریا قانیع (له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ڕۆشنبیری جه‌مال عیرفان 2013)، ل 73

به‌ختیار محه‌مه‌د




دابەشکردنی مووچە گرێیخواردوەتەوە بە هێنانەئارای هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان هێزە چینایەتییەکاندا.. موئەیەد ئەحمەد

کەمێک بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی هەژاربوونی کادری پەروەردەیی و کرێکاران و فەرمانبەران و زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، و ڕۆڵی دەسەڵات و دوو حزبی بۆرژوا ناسیۆنالیست، واتە دوو حزبی سەرمایە؛ پارتی و یەکیەتی، لەوەدا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم واقیعە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییەکی دیاریکراوی هێزی چینایەتییە لە هەرێمدا لە نێوان جەماوەری کرێکار و زۆربەی هاووڵاتیان و لە نێوان دەسەڵات و حزبە دەسەڵاتدارەکان و خاوەنەکانی سەرمایە.
چیتر لە هاوکێشەی خەباتی چینایەتی لە هەرێمدا هیچ شتێک جێگیر نەماوەتەوە، ئەوەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لە عێراقدا بەدەستیان هێناوە، بەدرێژایی دەیان ساڵ، لە سەپاندنی دابەشکردنێکی دیاریکراوی ئەو سامانەی وڵات کە دەوڵەت خاوەندارێتی دەکات، بە شێوەیەک کە کرێکاران و فەرمانبەران لە سەدایەکی دیاریکراو لەو سامانە بەهرەمەند بن، و بۆ ئەوەی داهاتێکی جێگیر و ئاستێکی دیاریکراوی ژیانیان گەرەنتی بکات، چیتر شتێکی گەرەنتی نییە، و تەنانەت هەڕەشەی نەمانی هەیە. بۆیە ئەم دابەشکردنی سامانە پێویستی بە پێناسە و دیاریکردنێکی نوێ هەیە، بەپێی هاوسەنگی بەکردەوەی هێزی چینایەتی. ئەمە دڵی مەسەلەکە و جەوهەری بابەتەکەیە و ئەمەش بزووتنەوەی ناڕەزایی ئێستای مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و چارەنووسەکەی دەگرێتەوە.
بۆرژوازی ناسیۆنالیست لە کوردستان و نوێنەرە سیاسییە سەرەکییەکانی، پارتی و یەکیەتی، هەروەها پارتە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکان و ناسیۆنالیستە نیولیبراڵەکان، توانییان، بە درێژایی زیاتر لە سی ساڵ حوکمڕانیی خۆیان، وەک حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆن، لە چوارچێوەی ڕژێمێکی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتداردا کۆببنەوە لەم هەرێمەدا، و پاشەکشە بەسەر هەوڵ و تێکۆشانی ئازایخوازانەی جەماوەری کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، خوێندکاران، گەنجان و ئازادیخوازاندا بسەپێنن، و هەروەها توانیان سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی بۆرژوازی جیهانی بێباکانە و بە پلەیەک لە دڕندەیی کە بە دەگمەن لە جیهاندا دەبینرێت، بسەپێنن بە سەر کۆمەڵگادا، و تاڵان و قۆرخکاریی هەمەلایەنەی سەروەت و سامانی وڵات بکەنە کارەکتەری سەرەکیی و پایەی سەرجەم ڕژێمی ناسیۆنالیستی دەسەلاتدار.
حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، لە ڕێگەی سەرکوت و پشتبەستن بە ئاسۆی سیاسیی ناسیۆنالیستی زاڵ لە کۆمەڵگادا، توانیان چەپۆکی هێزیان بەسەر جەماوەردا توندتر بکەنەوە، و هەرچی لە توانایاندا بوو بەکاریان هێنا بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی کاریگەرییە شۆڕشگێڕییەکانی بزووتنەوەی شورای کرێکاران و زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی گەشەسەندوو، کە لە سەرانسەری کۆمەڵگادا سەریهەڵدابوو، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا.
بزووتنەوەی شورایی، وەک هێزێکی چینایەتی شۆڕشگێڕی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، و بە دەستپێشخەری ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان، سەریهەڵدا و ڕۆلێ بەرجەستەی دیار بوو لەسەر شانۆی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە هەرێم لەو سەردەمەدا، و لە ململانێیەکی جددی دا بوو لەبەرامبەر حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستە کوردیەکان لەسەر دیاریکردنی چارەنووس و دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگا. هەرچەندە ئەم ململانێیە بە قازانجی حزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان شکایەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی لە هەمان کاتدا تۆوی دابڕانی سیاسی ئەو حزب و هێزانە لە جەماوەر نەچێنن و زەمینەسازی بۆ داڕمانی ئاسۆ و ستراتیژی نەتەوەیی خۆیان و کەمبوونەوەی دواتری کاریگەرییان لەسەر جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان ئامادە نەکەن.
ساڵانێکی زۆرە و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١١ وە لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمین بزووتنەوەی جەماوەریی دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم و حیزبەکانیان، ڕەهەندەکانی ئەم دابڕانە مێژووییەی نێوان ئەم حیزبانە و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستاندا بە ڕێژەیەکی زۆر هەرچی قووڵتر و چڕتر بوونەتەوە.
لە ئێستادا هیچ سیستەمێکی سیاسی لە هەرێمەکەدا نییە کە پابەند بێت بەو شتەی کە لە ڕووی مێژووییەوە سەپێنراوە، واتە دابەشکردنێکی دیاریکراوی سامانی وڵات لە نێوان بۆرژوازی و دەسەڵاتداران، و چینی کرێکار، چونکە هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە نێوان جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازن، و ڕژێمی دەسەڵاتدار، تا ڕادەیەکی زۆر بەلای ئەمەی دووەمیاندایە، بە تایبەت دوای ئەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان توانیان ستەمکاری لە هەردوو ناوچەی سەوز و زەرد بسەپێنن و سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران چەندبارە ئەنجامبدەن.
ئاڕاستەکردنی ڕەخنەی ڕیفۆرمخوازانە بە ڕووی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە هەرێم و بانگەوازکردنی بۆ ڕاگرتنی تاڵانکاری و گەندەڵی، بێ کەڵکە، هەروەها خولانەوە لە بازنەی ڕەخنەی سیاسی و ئەخلاقی، لە پێگەی بۆرژا ناوەندی ناسیوۆنالیست هیچی تر نییە جگە لە کات بەفیڕۆدان بۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە کوردستان. ئەوەی پێویستە ڕەخنەی کردەیی و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییە لەسەر بنەمایەکی ڕوونی چینایەتی پرۆلیتاریی بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی جەماوەری کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و هەژاران. لەسەر ئەم بنەمایەوە، بانگەشەی جەماوەری بەرفراوانی زەرەرمەند لە حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچییەیە، کە پەرە بە خەباتی خۆیان بدەن و لە خەباتێکی کاریگەردا یەکی بخەن بۆ هێنانەدی هاوسەنگییەکی نوێی هێزی چینایەتی و سەپاندنی داواکارییەکانیان بەسەر دەسەڵاتدا.
سەپاندنی داواکارییەکانی جەماوەر بەسەر دەسەڵاتداران و هێنانەدی گۆڕانکاری لە دابەشکردنی سامانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی ئەوان، ئەڵقەیەکی گرنگ و هەنگاوێکی جددی پرۆسەی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەی هەمەلایەنە لە کۆمەڵگا و سیستەمی دەسەڵاتدا پێکدەهینێت. تەنیا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و هەژاران و چەوساوەکان کە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری و ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە دەیپارێزێت لە عێراق و ناوچەکەدا دەڕوخێنێت، دەتوانێت ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بەدەستبهێنێت.
بزووتنەوەی ناڕەزایی مامۆستایان، کرێکاران، فەرمانبەران و جەماوەری هەژار لە هەڕیمدا مافی خۆیەتی کە دابەشکردنێکی نوێی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی خۆیدا بسەپێنێت و سنورێک بۆ کۆنترۆڵ و قۆرخکاریی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لەو سەروەت و سامانانە دابنێت. پێکهێنانی شورا جەماوەرییەکانیان لەسەر بنەمای چینایەتی سەربەخۆی خۆیان هەنگاوێکی ئەوپەڕی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن سەرپەرشتی دابەشکردنی ئەو سەروەت و سامانە بکەن کە دەوڵەت و ڕژێم قۆرخیان کردووە لەبەرژەوەندی خۆیان. ئەو فۆرمەی کە ئەم ئامانجە بەدی دێت، پەیوەستە بە پەرەپێدانی خودی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی چینایەتییان.
پرسی بنەڕەتی دەستەبەرکردنی پێدانی مووچە بریتییە لە هاتنەمەیدانی هێزێکی چینایەتی کاریگەر بۆ سەپاندنی داواکارییەکان و مافی سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی خۆیان لە دابەشکردنی موچەدا بەسەر هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمدا.

٢٨/١١/٢٠٢٣




بنبەستی دەسەڵات و بێتوانایی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی.. نادر عەبدولحەمید

لە ئێستادا یەک کۆکتێل لە بنبەستی دەسەڵاتی سیاسی و بێتوانایی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بارودۆخی گشتی؛ سیاسی-ئابووری و کۆمەڵایەتی-کلتوری هەرێمی کوردستانی عێڕاقی پێکهێناوە بە هەموو ئاڵۆزیـیەکانیـیەوە.
هەر لە دەیان کێشەی لەچارنەهاتووی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندەوە بیگرە تا لە گرێژنەچوونی یەکڕیزی حزبە قەومیـیەکان، تا لەشکرکێشی و موشەکبارانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، تا قەیرانی ئابووری؛ لە مایەپووچی زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژە و کۆمپانیای سەرمایەداران و بێ مووچەیی و بێکاری و هەژاری کرێکاران و زەحمەتکێشان، تا پەرەسەندنی ئایدیا و نەریتە دواکەوتووەکان و پاشەکشەی فەرهەنگی مۆدێرنیتە و بەها جیهانییەکانی ئینسان و هاتنەخوارەوەی پلەی ئینسانی ژن لە کۆمەڵگە و بێ ئاسۆیی لاوانی کچ و کوڕ و کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵیان بەرەو هەندەران بۆ دەرباز بوون لەم بارودۆخە دۆزەخیـیەی کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقی پێ شکڵداوە.
ئەم باروودۆخە لە ئێستادا، ئەگەر سەرپێی سەیری بکەین، وێنەیەکی فۆتۆگرافی وەستاو (ئیستاتیکی) دێتەبەرچاومان، بەڵام ئەمە خۆی وێنەی چرکە ساتێکی مێژوویی دیاریکراوە کە لەسەر پڕۆسەیەکی دینامیکی زیندوو لە کێشمەکێشێکی کۆمەڵایەتی چینایەتی دوو ڕەوەندی مێژوویی هاتۆتەئاراوە لەم هەرێمەدا، کە هەلومەرجێکی بابەتی شۆڕشگێڕانەی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەوەی ببێتە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات لە هەرێمەکە.
دووبارە بەرهەمهاتنەوەی ئابووری و دەسەڵاتی هەرێمەکە
یەکێک لەو دوو ڕەوەندانەی ئەم بارودۆخەی هێناوەتە ئاراوە، پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریـیە، لە کەڵەکە و ئینتیگرەبوونی سەرمایە و سەرمایەداران و بورژوازی هەرێمی کوردستان و دەسەڵات و حکومەتەکەی لەگەڵ سەرمایە و سەرمایەداری و بورژوازی ناوچەکە (تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو) و لێکهەڵپێکان بە بازاڕ و سەرمایەی جیهانی و بە بورژوا ئیمپریالیستی جیهانیـیەوە. ئەمڕۆ ئەم هەرێمە بۆتە بەشێکی لێکهەڵپێکراوی جیهانی سەرمایەداری هاوچەرخ و ملکەچی هەمان یاسا و ڕێساکانی ئەو سیستەمە سەرمایەداریـیە هاوچەرخەیە وەک پێکهاتەیەکی ئابوری کۆمەڵایەتی و سیاسی. لێکدانەوە بۆ بارودۆخی کوردستانی عێراق و ئاکامگیری لێی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە، ناتوانێت واقعی و دروست بێت.
ناسیونالیزمی کورد، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی (کوردایەتی) بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە، بەباڵی ڕاست و چەپـیەوە، وە بە هاوکاری و هاوپەیمانەتی ئیسلامی سیاسی ئەم ڕەوەندەیان بردۆتەپێش، بەهەموو ڕوانگەیەکی جیاواز و کێشمەکێش لەسەر جیهەتگیریـیە ئیقلیمی و بلۆکبەندیـیە جیهانیـیەکان.
لە (کۆڕبەندی جیهانی وزە) لە (٢٧ و ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢) لە (دووبەی) پایتەختی (ئیمراتی عەرەبی یەکگرتوو)، هەروەها لە (لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان) هەر لەو شارە بەدوای کۆڕبەندەکەدا لە (٢٩ و ٣٠ی ئازار)، سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە بەشداری بکات لە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی بازاڕی نەوت و گاز و وزەی جیهان، بەتایبەت دوای جەنگ لە ئۆکرانیا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو ساڵێک جەماوەری هەرێمەکە هەر لە پایزەوە بەر لە زستان خەریکی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینن دژ بە نەبوونی نەوت و گاز لە هەرێمەکە بۆ پێداویستی ڕۆژانەیان هەتا بە نرخێکی گرانتریش لە بازاڕی جیهانی. ئەمەش واتا سیستمی ئابووری هەرێم وەک بەشێکی ئۆڕگانیکی بازاڕی جیهانی، ئاڕاستەی دابین کردنی پێداویستییەکانی سەرمایە و سەرمایەداری جیهانیـیە، نەک دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانی ناوخۆ.
نەک هەر ئەوەش بەڵکو مانەوە و ئاسیشی سیستمی سیاسی و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتداری، هەرچی زیاتر گرێی خواردووە بە بەرژەوەندی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیـیە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاواوە، بەتایبەت بەرژەوەندە ستڕاتیژەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمڕۆ جگە لە شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەر کە خوازی ڕزگاربوونن لەدەست دەسەڵاتدارەتی هەرێمەکە، هەتا بەپێی ستانداردەکانی بورژوازیش، ئەم دەسەڵاتە هیچ شەرعییەتێکی نەماوە؛ ئەمە نەک هەر لە بایکۆتی زووربەی هەرە زۆری جەماوەر لە هەڵبژاردنەکاندا دەبینرێت، بەڵکو لە مامەڵەی حزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمیشدا لەگەڵ دامەزراوەی پەرلەمان بەئاشکرا دیارە کە ئۆڕگانێکی ڕوکەش و پوچ و گەندەڵە لە چەشنی حکومەتە گەنەدەڵەکەی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات.
بەم پێیە هەم ئابووری هەرێمەکە و هەم دەسەڵاتدارەتییەکەی لەسەر بنەمای بەرژوەندیـیە ئابووری و ستڕاتیژە سیاسی و سەربازی و ئاساییشیـیەکانی زلهێزە ئیقلیمی و ئیمپریالیستییەکانی جیهان دووبارە بەرهەم دێنەوە، بەردەوام دەبن و لە کێشمەکێشی جیۆ-پۆلیتیکی ناوچەکەدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن.
 نەخشەمەندی و پلانی ئاگاهانەی نیولیبرالیزم
دەسەڵاتدارەتی ناسیونالیزمی کورد لە (١٩٩١)ەوە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣)، گەرچی درێغی نەکردووە لە گرتنەبەری ئەجندای بازاڕی ئازاد و برەودان بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە، بەڵام بەهۆی جەنگی ناوخۆ و هەڵواسراوی بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق لەو کاتەدا، نەیپڕژاوەتە سەر ئەوەی کە بە پلان و نەخشە، سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم و تایبەتاندنی کەرتی گشتی (خەسخەسە) پیادە بکات، بۆیە دوای (٢٠٠٣) نەخشمەندانە پیادەی کردووە.
پەسندکردنی (یاسای نەوت و گاز) لە (٢٠٠٦)دا ئەڵقەیەکی پتەوی ئەو نەخشەیە بوو، تا ئەوەی کە کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندی بووە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤)دا و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی کابینەی هەشتەم (نێچیرڤان بارزانی) داوای لە (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کرد کە کۆمەگیان بکەن، ئەوەبوو لە (٢٠١٦)دا کۆنفراسیێکیان لە هەولێر بەست بە شداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ دانانی نەخشەیەک بۆ ئابووری هەرێمەکە.
ناوەڕۆکی ئەم نەخشەیە، لایەک بریتی بوو لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت؛ بە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی هەرچی زووتر و خێراتر بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، و شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، وە لە لایەکی ترەوە زۆرکردنی داهاتی حکومەت بە دانانی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا.
ئەم باروودۆخەی ئێستا لە سەرەتای (٢٠٢٤)دا کە وەک وێنەیەکی وەستاو دەیبینین لە بێ مووچەیی، پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری لە ڕادەبەدەر، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و وێرانبوونی کەرتی تەندروستی و خوێندن و …هتد، هەمووی ئاکامی پڕۆسەیەکی چەندین دەیەیە لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە چینایەتییە نیولیبرالیزمە ئابووریـیە کە تەواوی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی بە ملیارەها دۆلار لە دەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا کۆکردۆتەوە.
بەم پێیە، بێ مووچەیی هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی و کەمی خزمەتگوزاری گشتی، … ئاکامی نەبوونی سەروەت و سامان نییە لە هەرێمەکەدا، تا چاوەڕێی دەستی حکومەتی ناوەند بێت بودجە بنێرێت، بەڵکو بە دیاریکراوی ئاکامی دەستبەسەراگرتن و مۆنۆپۆڵکردنی ئەو سامانە گشتییەیە کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەکە بە حکومەت و حزبە قەومی و ئیسلامی و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و دادگا و میدیایەکی زەبەلاحەوە پارێزگاری لێ دەکەن. ئەمە واقعییەتێکی چینایەتی سیاسی دەردناک و ئاکامی پەرەسەندنی سەرمایەدارییە، کە کۆمەڵگەی دووکەرت کردووە لە نێوان کەمایەتییەکی خاوەن دەسەڵات و پشتیوانەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و مۆنۆپۆلکەری سەروەت و سامان و زۆرایەتییەکی بێبەش کە ژیانێکی کولەمەرگی بەسەردا سەپاوە.
نمونەی بەرچاوی ئەم واقعیەتە ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو ساڵە لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گاز لە بازاڕی جیهاندا، لەوسەرەوە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (٣٢) ملیار دۆلار قەرزارە، لەوە دەچێت داهاتی دەرهێنان و فرۆشتنی ئەم سامانە سروشتییە هەر بۆ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان بووبێت و ئەم حکومەتەش تەنها بە گرتنە ئەستۆی خەرجییەکان بەشداری کردبێت! و بە لێ بڕینی مووچەی مامۆستا و کارمەندان، بە داسەپاندنی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیان و بەبڕینی خزمەتگوزارییەکان قەرزەکانی بداتەوە.
 بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، قۆناغەکان و تایبەتمەندییەکانی
جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز وەنەبێ لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا بێ دەنگ بووبن، هەمیشە خەریکی مانگرتن و خۆپێشاندان وەڕێخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بوون، کە لەهەر قۆناغێک لە سێ قۆناغی (١٩٩١-٢٠٠٣) و قۆناغی (٢٠٠٣-٢٠١٣) و قۆناغی (٢٠١٣-٢٠٢٣) تایبەتمەندی خۆی هەبووە. لێرەدا ناچینە ناو خودی ئەم باسەوە، بەڵکو ئەوەی شوێنی مەبەستمانە ئەوەیە کە لە قۆناغی دووەمدا داهاتێکی زۆر لە بودجەی سەراسەری عێڕاق و داهاتی ناوخۆ کەوتە بەردەست حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و سفرەخوانی بازرگانان و بەڵێندەران و خاوەن پڕۆژە ئابووری و کۆمپانیاکانی پێ ڕازێنرایەوە، ئەم قۆناغە بە تەخشان و پەخشانی دۆلار و دابەشکردنی زەوی و دروستبوونی گەڕەکەکانی فیرعەوناوا ناسراوە، لەبەرامبەر ئەم هەموو ناز و نیعمەتەی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران، جەماوەری زەحمەتکێش و هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانیش بەدەست سەرکوتی فکری و سیاسییەوە دەیانناڵاد و لێرەو و لەوێ ناڕەزایەتییان دەنواند، تا ئەوەی لە (ئۆگۆستی ٢٠٠٦)دا بووە شەپۆلێکی خۆپێشاندان و پاشان ناڕەزایەتییەکانی دژ بەسەرکوت و ترۆری ڕۆژنامەنوسان بەدوای ترۆری (سەردەشت عوسمان)دا لە (ئایاری ٢٠١٠)دا سەری هەڵدا و لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا ناڕەزایەتییەکانی ئەم قۆناغە گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی، بە ئاکام نەگەیشت، سەرکوتکرا و ئەم قۆناغە کۆتایی هات.
ئەوەی شایانی باسە ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵ قەومیی کوردستان، کە لە هەوڵدا بوون (کوردایەتی) موتوربە بکەن بە لیبرالیزمی جیهانییەوە، لەم قۆناغەدا و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا زۆر چالاکبوون ئەمەش لە ناو بزووتنەوەکەی (سەردەشت عوسمان) و بەتایبەتیش لە (١٧ی شوبات)دا دەرکەوت، بەڵام دوای بنبەستی هەوڵەکانی (بزووتنەوەی گۆڕان) بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری هەتا ئەگەر شکڵیش بێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، ئاوێکی سارد کرا بەسەر ئەم لیبڕاڵ قەومیـیانەدا.
جگە لەوە بارودۆخی قەیرانی ئابووری و دارایی لە دوای ساڵی (٢٠١٣)وە، تا هاتووە چڕتر بۆتەوە و لەسەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا شکاوەتەوە و بەم پێیەش خسڵەتی چینایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە زیاتر بەرجەستە بۆتەوە و ناڕەزایەتی توێژی ڕۆشنبیران و میدیکارانی دژ بە تەنگەبەرکردنەوەی ماف و ئازادیی خستۆتە ژێر سێبەری خۆیەوە، کە ئەمانە تێکڕا بوونەتە پاڵنانی هەرچی زیاتری ئەم لیبڕاڵ قەومییانە بۆ پەراوێزی ئەو بزووتنەوانە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێشبینی ڕاپەڕینی جەماوەریش وای لێ کردوون بەچاوێکی دوودڵییەوە بڕاواننە بزووتنەوەکان و بەناوی دژایەتی کردنی “توندوتیژی” هەرچی زیاتر خۆیان کەنارگیر بگرن لێیان.
ئەمە و لە پڕۆسەیەکیشدا، وە بە ئەزموونێکی خۆبەخۆییانە، ئەم ناڕەزایەتییانە نەک هەر هیچ خۆشباوەڕییەکیان بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات نەماوە، بەڵکو هەرچی زیاتر سەربەخۆیی خۆشیان لە ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان بەرجەستە کردۆتەوە، ئەڵبەتە ئەمە نەفی ئەوە ناکاتەوە کە ئەم ڕەوت و حزبانە نفوز و جێ پێیان هەبێت لەناویاندا، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە وەک یەکەیەکی گشتی لە ژێر هەژموون و ئیتۆریتەی سیاسی ئەمانە و لیبڕاڵ قەومییەکانی کوردستاندا نەماون، بەڵام ئەم دابڕانە سیاسیـیەی ئەم بزووتنەوانە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاست دابڕان لە ئاسۆ و ئامانجی ڕەوتە بورژوا قەومییە لیبڕاڵ و ئیسلامییەکان، کە ئەمە ناکۆکییەکی کوشندەی ئەم بزووتنەوانەیە و دواتر دێینەسەری.
بەکورتی، لەبەرامبەر بنبەستی ئابووری و سیاسی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا، کە توانای هیچ جۆرە چاکسازییەکی هەتا شکڵی و بێ ناوەڕۆکیشیان نییە، چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان، کارمەندانی تەندروستی و بەگشتی مووچەخۆران و مانگرتنی دەستەجەمعی شارەکانی وەک دەربەندیخان، پێنجوێن، هەڵەبجە و کفری، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێکاری لاوان و هەژاری و بێدەرەتانی وەستاوە، ئەمە جگە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی هەر ماوە نا ماوەیەکی کرێکارانی ژینگەپارێز و جەماوەری گەڕەکە فەقیر نشینەکان و شوفێرانی پاس و تاکسییەکان، … وە هەموو ئەم بزووە ناڕەزایەتیـیانە لە دەرەوەی هەژموونی سیاسی و ئەجیندای ڕەوت و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکان لە ئارادان، بەڵام نەیانتوانیووە پاشەکشەیەکی مانادار بە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات بکەن، بۆ ماوەیەک بە گووڕ سەردەردێنن و بە بێ بەدەستهێنانی خواستەکانیان پاش ماوەیەک و بەزۆری لە ڕێگەی سەرکوتەوە دادەمرکێنەوە و دووبارە لە کاتێکی تردا سەردەردەهێننەوە و لەناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێنەوە.
بە دڵنییاییەوە بەرجەستە نەبووبەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ناوچەی (زەرد)ی ژێر دەسەڵاتی (پارتی) بەهۆی سەرکوتێکی تووندەوە و یەکگرتوونەبوونی ئەم بزووتنەوە جیاجیایانەی ئەم توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییانە لە بزووتنەوەیەکی سەراسەریدا لە ئاست هەرێمی کوردستانی عێڕاق، خاڵێکی لاوازی بنچینەیی ئەم بزووتنەوانەیە لە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا کە زۆر بێباکن لە ئاست ئەو هەموو نەهامەتی و کارەساتەی کە دایان سەپاندووە بەسەر جەماوەری ئەم هەرێمەدا، نمونەی ئەمە خۆی لە پەککەوتنی سیستمی خوێندن لە (زۆن)ی سەوزدا دەبینێتەوە بەهۆی بایکۆتی زیاتر لە چوار مانگی مامۆستایانەوە، کە نەبۆتە مەسەلەیەکی جددی نەک هەر بۆ حکومەت، بەڵکو بۆ ئەجیندای وەزارەتی پەروەردە و خوێندنیش.
 پرسیاری ئەسڵی ئەوەیە کە چ بکرێت؟
بەدڵنیاییەوە هەر هەوڵێک بۆ بەرجەستەکردنەوەی ناڕەزایەتیـیە پەنگخواردووەکانی جەماوەر لە (زۆنی زەر) و هەوڵدان بۆ یەکخستنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هێنانەدی فیدراسۆنێکی سەراسەری ئەو بزووتنەوانە هەنگاوێکی پێشڕەوی جیدی دەبێت، بەڵام دیسان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە چۆن و لە کوێوە دەستبەکار دەبین بۆی؟
خاڵی یەکەم و سەرەتا ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستن، وە بە دیاریکراویش بەرهەمی داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتە بەسەر جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەدا، ئەمە لە لایەک وە لە لایەکی ترەوە ئەم بزووتنەوانە هی توێژە زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن و ڕووبەڕووی دەسەڵاتێک بوونەتەوە کە زووربەی هەرە زۆری کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوورییەکانی ئەم هەرێمە یان هی ئەفراد و بنەماڵە و حزبەکانی دەسەڵاتن یان هاوبەشی پشک و خاوەن جۆرێک لە پەیوەندیـین کە ئەم حکومەت و دەسەڵاتە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت و ئەوانیش بەپێی ئەجینداکانی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە کاردەکەن.
بۆیە دەسپێکی عەمەلی ئەوەیە کە دەبێ هەوڵبدرێت ئەم بزووتنەوانە هەڵگری ئەم ئاسۆیە بن لە بەگژاچوونەوەی سەرچاوەی ئەم نەهامەتیانەیان کە سیاسەتێکی چینایەتی ئابووریە و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات ئاگاهانە و نەخشەمەندانە پیادەی دەکەن، و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی جیهانی ئیمپریالیزم لە (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی نێودەوڵەتی) و (نەتەوە یەکگرتووەکان) و (یەکێتی ئەوروپا) بە پشتییەوەن، کە ئەویش پیادەکردن و داسەپاندی ئەم نیولیبرالیزمەیە لە کوردستان.
گەرچی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان وەک ئاماژەمان پێداوە لە ژێر هەژموون و ئەجیندای سیاسی لیبڕاڵ قەومییەکان و ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان هاتوونەتەدەرەوە و هیچ خۆشباوەڕییەکیشیان بە چاکسازی دەسەڵات نییە، بەڵام ئاسۆ و ئامانجی ئەو ڕەوتانە زاڵە لەناو ئەم بزووتنەوانەدا و ڕێگرە لەوەی نوکی ڕمەکانیان ئاڕاستەی ئەو شوێنە بکەن کە جەوهەری و سەرەکییە لە پێشڕەوی و بەدەستهێانی سەرکەوتنیاندا.
بەمانایەک دەبێ هەوڵبدرێت بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان، بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێر، بزووتنەوەی بێکاری و بزووتنەوەی توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران …. هەموویان یەکگرتوو بن بۆ بەگژاچوونەوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم کە حکومەتی هەرێم پیادەی دەکات. دەبێ نەک هەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات وەک هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتیانەی خەڵکی بناسرێنرێن، بەڵکو دەبێ لەگەڵیشیاندا (یەکێتی ئەوروپا) و (ئەمریکا) دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش وەک دووژمنی خەڵکی کوردستان بناسرێنرێن، و لە هەوڵی ڕێکخراوکردنی ئەو جەماوەرەدا بن بەم ئاسۆیەوە بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم بەرە یەکگرتووەی حکومەتی هەرێم و پشتیوانە نێو دەوڵەتییەکانی.
ئەمەش کارێک نییە تەنها بە پڕوپاگەندەی فکری و سیاسی ئەجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمە بەشێکی بایەخداریەتی، بەڵکو دەستبەکاربوونە لەناو خودی ئەم بزووتنەوانەدا و پەیوەندی گرتنە بە ڕابەران و هەڵسوڕاوانیان و پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵ و ئەڵقەی خەباتکارانە و پێکەوە گرێدانی بزووتنەوە جیاجیاکانی توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانە لە ڕێگەیانەوە، بەشێوەیەک کە بتوانێت بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دژ بە هەڵپێچان و ڕادەستکردنی کەرتی کشتی بۆ دەستی کەرتی تاتبەت و قۆرخکاری کۆمپانیاکان بۆ سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە بووە ستنەوە و لە پەرەسەندنیشیاندا دەست بەسەر سەرمایەکانیاندا بگرن و بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بخرێتە خزمەت خۆشگوزەرانی جەماوەرەوە.
ئەمەش کارێک نییە کە بەجیا ئەنجام بدرێت لە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کرێکاری سۆشیالیست و ئینتەرناسیونالیست، کە لە جەرگەیدا کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان یەکگرتوو بکات. بەو ئەندازەیەی کە بزووتنەوەیەکی بەهێز و بەرفراوانی حزبی و سۆشیالیستی لە دەرونی ئەم کۆمەڵگەیەدا سەروسامانی پێ دەدرێت، بەو ئەندازەیە یەکگرتووکردنی ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکانی توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییە جیاجیان بنەمایەکی مادی پتەو پەیدا دەکات و لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش دێنە دەرەوە و گرێ دەدرێنەوە بە بزووتنەوەی هاوچینەکانیان لە سەراسەری عێڕاقدا بۆ جەنگێکی یەکلاکەرەوە لە دەژی دەسەڵاتی چینایەتی بورژوازی.

کۆتایی مانگی یەکی ٢٠٢٤




سزادانی مامۆستایان تاوانە.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتی هەرێم لەگەڵ خراپترین قەیرانی نەدانی موچەدا، ڕوبەڕوی واقعیەتێکی ئاڵۆزتربۆتەوە، بێجگە لە حساباتی ساڵانی پێشو، هەر لە ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا نەدانی پارەی چوارمانگ قەرزارە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم قەرزە زیاتر بێت.
لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جدی و ڕۆشنی نیە بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە، لە هەمان کاتدا گرێی چارەسەری پەیوەندی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند نەکراوەتەوەو نیشانەیەکیش نیە بۆ کردنەوەی. ئەوەی جێگای سەرنج و ڕیسوایی و گاڵتەجاریە، بڕیاری سزادانی مامۆستایان پەیامی هەڕەشەی حکومەتە بۆ شکاندنی بایکۆت بەبێ وەڵامی داواکاریەکانیان!.
دیارنەبونی ئاسۆیەک بۆ دانەوەی قەرزەکان و دانی موچە لەکاتی خۆیدا، دەنگێکی ناڕەزایەتی بەرزبۆتەوە، کە داوا دەکەن مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش واژۆی بەشێکی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم کۆکرایەوە، چەندین کۆبونەوە بۆ نوێنەرەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس لە بەغداد ڕێکخراوە، داواجاریش ئەنجامێکی ئەرێنی نەداوە بەدەستەوەو دۆخەکە وەک خۆی بە ئاڵۆزی ماوەتەوە!.
ئاسۆی دابینکردنی دانی موچە لەکاتی خۆیدا، پلەبەرزکردنەوە کە زیاتر لە ٩ ساڵە ڕاگیراوە، دانەمەزراندن بەگشتی و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.. بۆتە گرێ کوێرەیەکی حکومەتی هەرێم مەبەستی نیە بیکاتەوە.
هەرچەندە حزبەکان و حکومەتی بەغدا و هەولێر دەیان کۆبونەوەی فەرمیان ئەنجامداو سەردانیان ئاڵوگۆڕ کردوە، بەڵام نەگەیشتونەتە چارەسەری یەکلایی کەرەوە، لەهەمان کاتدا ئاسۆیەک دیارنیە بۆ نیشاندانی هاوڵاتیان کە چارەیەک پەیدادەبێت و ئەم دۆخە ئاڵۆزە تێدەپەڕێت. زیاتر کێشەکان بە لاسەنگی و بێ وەڵام و بێ چارەسەر دەبینرێن، ئەمەش بۆتە سەرچاوەی ئەوپەڕی بێئومێدی و نادڵنیایی دانیشتوان لە بەرامبەر قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانەکانی هەرێم کە بە دەسەڵاتدارانی میلیشیای نابەرپرسی بنەماڵەکان بەڕێوەدەبرێت.
ناوچەی زەرد بە پێشێلکردنی ئازادی و تۆقاندن بەر بە ناڕەزایەتیەکان دەگرێت، وەک بە بارمتەگیراوو کۆیلە مامەڵەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەکات، ناوچەی سەوز بە چەواشەکاری فەرامۆشکردن و تاوانبارکردنی مامۆستایان، یا هەڕەشەی سزای لەکار دەرکردن فشار بۆ مامۆستایان دەهێنێت دەوام بکەنەوە، ئەمەش جۆرێکی ترە لە مامەڵەی بە کۆیلە کردن.
لە هەمان کاتدا جگە لە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە پێدانی موچەو ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئاستی دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان بۆ دانیشتوان لە تەندروستی و کارەباو.. تابڵێی شەرماوەرو بە ئازارە.
دەسەڵاتێک بە هەر پێوەرو شێوازو میکانیزمێک پێکهاتبێت و بەرێوەبردنی کۆمەڵگەی گرتبێتە ئەستۆ، نەیەوێت و نەتوانێ سادەترین پێداویستیەکان دابین بکات، نەک نابێت بەهیچ جۆرێ ڕێگای ئەوەی پێبدرێت، کە لەبەرامبەر ناڕەزایەتی بۆ داواکاریە ڕەواکانی پەیوەند بە پێداویستیە حەیاتیەکانی خەڵکەوە، بەهیچ جۆرێک باس لە سزا بکات و بڕیاری سزادان دەرکات، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی دەبێت بدرێت بەدادگاو لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکرێت و سزا بدرێت.
دوای سێ دەیە زیاترلە ئەزمونی حکومڕانی لە هەرێمدا بە رۆشنی ئەوە لەبەرچاوە، کە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتی بنەماڵە و سیاسەتمەدارانی هەرێم، بەجۆرێک لە گەڵ گەندەڵی و جەردەیدا قاڵبون و ئاڵاون، هیچ ڕێگایەک بەرەو چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە لەدەستوری کاریاندا نیەو ناتوانێت ببێت، بەتایبەتی کە ئێستا ئاستی کێشەکان بارگرژی ناوچەکەو هێرشی درۆنی موشەکیشی هاتۆتە سەر.
سزادانی مامۆستایان و فەرمانبەران گەر دەسەڵاتی ئیستای حزبەکان بەهەر جۆرێک هەوڵی جێبەجێی کردنی بدەن، نابەجێ و نافەرمیە، ئەمەش دەچێتە لیستی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی کە چەندین ساڵە بەرامبەر دانیشتوانی هەرێم جێبەجێیان کردوە.