پرۆژەیەکی دراماتۆرگی بۆ شانۆنامەیەکی سارە کین.. نیهاد جامی

ئەم تێکستەی لێرەدا دەیخوێننەوە کردەیەکی دراماتۆرگیە بۆ شانۆنامەی 4:48 ی نووسەر سارە کین، لەپاڵ گەڕانەوە بۆ ژیاننامەی نوسەر و دامەزاندنی دیدێکی هونەری بۆ دروستکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی ژیانی نوسەر، بۆیە لەپاڵ کارەکتەری نوسەر، فیلمسازێک دەردەکەوێت، ئەم تێکستە بۆ ئەنجامدانی کردەی دەرهێنان نووسراوەتەوە، کە دەبێتە تازەترین کاری شانۆیی من، پێمخۆش بوو لێرەدا تێکستە دراماتۆرگیەکە بڵاو بکەینەوە.
بۆ دەیالۆگی شانۆنامەکە گەڕاوینەتەوە سەر تێکستە وەرگێڕدراوە کوردیەکەی خاتوو باران، هەرچەندە من بە زمانی کوردی کاری تیا ناکەم، بەڵام پێمخۆش بوو ئاماژە بۆ ئەو خاڵە بکەم، هەروەها هاورێی ئازیزم د. ڕێباز جەلال وەریگێڕاوەتە سەر زمانی پۆڵەندی.


ژوورێک زیاتر لەستۆدیۆی سینەمایی دەچێت، بەهۆی دانانی کامێرا و ڕوناکی و کلاکێتەوە، لەوە دەجێت خەریکی تۆمارکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری بن لەسەر ژیانی نووسەرێک، سەرەتا ئێمە وێنەگرێک دەبینین، هەر خۆشی دەرهێنەری فیلمەکەیە، لەپشت کامێراکەوە وەستاوە، ئاراستەکەی کامێراکە دەکاتە دیواری دواوەی ژوورەکە وەک ئەوەی نمایشی فیلمێکی سینەمایی بکات، لەسەر شاشەکەی دواوە دەنووسرێت ٤:٤٨، فێتێکی ڕەش کە زیاتر لەنیشاندانی تراکی فیلمێکی کۆن دەچێت، چارلی چاپلن لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت، ئێمە ژنێک دەبینین لە سوچێکی ژوورەکە سەیری فیلمەکە دەکات، دەرهێنەرە سینەماییەکە کە ژنەکە دەبینێت ئاراستەی کامێراکە دەسورێنێتە لای ژنەکە، شاشە سینەماییەکەی دواوەی ژورەکە دەکوژێتەوە، ژنەکە پێّدەکەنێت، لەسەر شێوازی چارلی چاپلن خۆی گۆڕیووە، لاسایی ئەو دەکاتەوە، دەست دەکات بە نواندنی چارلی چاپلن، لەپڕ دەوەستێت، دەچێتە شوێنێّکی تری ستۆدیۆکە، کامێراکە بەدواوەیەتی، دەرهێنەر ئاماژەی بۆ دەکات کە دەست بە قسەکردن بکات.

من ناوم سارە کەین لەژیاندا پێنج شانۆنامەم نووسی، شانۆ باشترین شوێنە بۆ مرۆڤ تا بە ئازادی خۆت برینەکانی تیا بنووسیتەوە، کەس نەتوانێت دەستکاری شتەکانت بکات “وەک ئەوەی شتێکی بیر کەوتبێتەوە” یەکەمجار باوکم دەستکاری شتەکانی کردم، من ئەوەم لەیەکێک لەشانۆنامەکانم باسکردووە، هەموو شتێک لەپێش چاوی مندا دەمرێت، بۆیە مردن و خۆکووشتنم هیچ گرنگیەکی نیە، ئاخۆ خۆکووشتنی من چارەسەری کێشەکان دەکات؟ یەکەمجار کە ئەو بیرۆکەی خۆکووشتنە سەری هەڵدا، ووتم وا باشە لە کاتژمێر ٤:٤٨ خولەک خۆم بکوژم، هەر کاتێک بیری لێ دەکەمەوە، دەزانم ئەوە کاتێکی باشە بۆ خۆکووشتن، بەڵام باشتر وایە شانۆنامەکەم تەواو بکەم، هەست دەکەم قسەیەکی زۆر هەیە نەمنووسیوەو پێویستە بیاننووسم.

٢

لەگەڵ دەرهێنەر باس لەوە دەکات کە دەکرێت دیمەنی دواتر لەنەخۆشخانە وێنە بگیرێت، یاخود کەشێکی وا بێت گوزارشت لەنەخۆشخانە بکات، دەرهێنەر خەریکی گۆڕینی ڕوناکی و کوژانەوەی هەندێک گلۆپ و داگیرساندن و خولقاندنی کەشێکە لەرێی روناکی و ڕەنگەوە، دەرهێنەر تێبینی خۆی لەسەر شوێن و دیمەنەکە پێدەلێت، لەوە دەچێت هەردوکیان لەسەر گرتەکە هاوڕابن، دەرهێنەر شوێنێک دەست نیشان دەکات بۆ وێنەگرتن، سارە کەین وون دەبێت، دەرهێنەر خەریکی خۆ ئامادەکردنی دیمەنی داهاتووە، روناکیەکان کز دەکرێن، لەگەل ڕۆشن بوونەوەی تەنیا سارە کەین دەبینین، لەخەو هەلساوەو خەونەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەکەی تێکەڵەیەکە لە ترس و پێکەنین، زیاتر لەدۆخێکی شڵەژاو دیالۆگەکانی دەڵێت.
لەخەومدا چووم بۆ لای دکتۆرێک، وتی هەشت خولەکت ماوە بژیت. لە کاتێکدا نیوسەعاتبوو لە ژووری چاوەڕوانییە نەفرەتییەکەی ئەو دانیشتبووم!

٣
بێدەنگیەکی درێژ خایەن، ترسێک سارە کەین داگیر دەکات، بەناو ژوورەکەدا دێت و دەچێت، بیر لەشتێک دەکاتەوە، کەوا نازانین چیە، وەک ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵە مۆسیقیەک قسە بکات، تا خۆیان بۆ کۆنسێرتێی مۆسیقی ئامادە بکەن، بەتەنیشتیەوە ئامێرێکی ئۆرکۆدیۆن لەژوورەکەدایە، داوە لە مۆسیقیە خەیاڵیەکان دەکات کەوا دەست پێبکەن، خۆشی لەگەڵیان دەکەوێتە مۆسیقا ژەنین.
مۆسیقاکەی دەوەستێنێت.. هەست ڕادەگرێت، هەڵدەستێتەوە، لەناوەراستی ژوورەکە دەیەوێت بخەوێت، بەلام هەموو گیانی دەلەرزێت، لەبەر خۆیەوە دەڵێت

ــ من گازم بە جولەکەکاندا کرد، کوشتاری کوردەکانم کرد، بۆمببارانی عەرەبەکانم کرد، سواری منداڵی بچووک بووم لە کاتێکدا داوای بەزەییان دەکرد، گۆڕەپانی جەنگی پڕ لە مردووەکان هی منن، من وامکرد هەمووان ئاهەنگەکە جێبهێڵن.
دادەنیشێت، بەدەستەکانی هەردوو قاچەکانی خۆی دەگرێت، دەیەوێت چیرۆکی کەسێک بگێڕێتەوە، بەڵام جولەکردنی فۆرمێکی ئاسایی وەردەگرێت، تەنیا لەکاتی قسەکردن تۆنی دەنگی دەگۆڕێت
من چاوە حیزەکانت دەمژم و لە قتوویەکدا دەینێرم بۆ دایکت و کاتێکیش من دەمرم، لە جەستەی منداڵی تۆدا دێمەوە دونیا، بەڵام پەنجا قات خراپتر و شێتتر، من ژیانت دەکەم بە دۆزەخێکی داگیرساو، من مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم ســــــەیرم مــــــــەکــــــــــــــــە

ئێستا هەڵدەستێتەوە، سەیری دەوروبەری ژوورەکە دەکات، ئۆرکۆدیۆنەکەی لەباوەش دەگرێت، دەیەوێت بگریێت، روناکی لەسەری دەکوژێتەوە، لە شاشە سینەماییەکەوە سەر لەنوێ دەیبینینەوە، دیمەنێک نیشان دەدرێت سارە کەین بەسەر کورسیەکەوەیە وەستاوە، کامێرا دەچێتە بەرزاییەوە دەبینین پەتێکی بەملەوەیە و دەیەوێت خۆی بکوژێت، بە قاچەکانی کورسیەکەی ژێر پێی لا دەبات، شاشەکە ڕەش داگەڕاوە، ژوورەکە بەتەواوی ڕۆشن بۆتەوە، دەرهێنەر بە نیگەرانیەوە کامێرا و کەل وپەلەکانی وێنەگرتن کۆ دەکاتەوە و دەچێتە دەرەوە، ستۆدیۆکە بەتاڵ و وەک ئەوەی هیچ شتێکی لێ نەبووبێت، هەموو شتێک کۆتایی دێت.




چاوپیکەوتنەکەی ڤلادیمێر پوتین.. ڕزگار عومەر

هەفتەی ڕابردوو لە جوڵەیەکی زیرەك و بەرچاودا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بەشداری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی تاکەر کارلسۆن کرد، ئەمەش بووە هۆی سەرنج و مشتومڕی نێودەوڵەتی، بەشێك لە میدیای ئەمریکاو سیاسەتمەدارەکان ئەم ڕۆژنامەنوسەیان تەخوین کرد! گفتوگۆکە قووڵ بووەوە بۆ کۆمەڵێک بابەت، تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ دیدگاکانی پوتین سەبارەت بە کاروباری جیهانی پێشکەش کرد. چاوپێکەوتنەکە 2 کاتژمێر و 6 خولەکی خایاند. سەرۆکی ڕووسیا نزیکەی 60 پرسیاری وەرگرت تەنیا لە 23 سەعاتی یەکەمدا ڕاستیەکی گەورەی سەلماند کە خەڵك ڕۆژئاوا تەنیا نایەوێ گوێ لە سەرکردەکانی خۆی بگرێت ، بەلکو دەیەوێ گوێ ی لەو بە ” دوژمن” کراوەیش بێت، چونکە چاوپێکەوتنەکە تەنیا لە ماوەی 23 کاتژمێردا زیاتر لە 150 ملیۆن جار بینراوە، پاش ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوەو لەلایەن زیاتر لە860 هەزار کەسەوە “لایک” کرا. 269 هەزار جار دووبارە بڵاوکراوەتەوە.لە کەناڵی یوتیوبی ڕۆژنامەنوسکە زیاتر لە 8.3 ملیۆن جار بینراوە!
تەوقیتی چاوپێکەوتنەکە “گرنگییەکەی” زیاتر کرد، چونکە لە دۆخێکی پڕ لە گرژیی جیۆپۆلیتیکییەکان و نادڵنیاییە جیهانییەکان سازکرا. ئامادەیی پوتین بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکیدا، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی دیپلۆماسییە بۆ پڕکردنەوەی دابەشبوونی نێوان ڕوسیاو نەیارانی. گرنگی ئەم جۆرە گفتوگۆیە ناتوانرێت کەمنرخ بکرێت، بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە زانیاری هەڵە و لە خشتەبردنی بەپلان دەتوانێت ململانێیە خوێناویەکان فراوانتر بکات.
لە ڕووی هەڵسەنگاندنی ئێستای پۆتیندا؛ سوچێکی گرنگی چاوپێکەوتنەکە، دەرك کردنی دووبارەی ڕۆڵی گرنگی میدیا بوو لە داڕشتنی ڕای گشتیدا. جەختکردنەوەی پوتین لەسەر گرنگی زانیاری دروست و ڕاپۆرتکردنی بێلایەن دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، چونکە تیشکی خستە سەر پێویستی تێگەیشتنێکی هاوسەنگتر لە ڕووداوە جیهانییەکان بەلای کەمی گرنگی “دەرفەتی یەکسان” بۆ هەموو لایەك کە دەنگی بگات و هەروەهاش چاوپێکەوتنەکە توانی بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووسان و ژۆرنالیزمی جدی لە دابینکردنی ڕووی دووەمی حەقیقەت بخاتەوە سەر مێزی پیشەگەریی ڕۆژنامەوانی. بەشێك لە نەیارانی پۆتین و سەرکردە سیاسیەکانی ڕۆژئاواو ڕەخنەگران دەڵێن:-
” ڕەنگە ئەو چاوپێکەوتنە خزمەتی بە ئەجێندای سیاسی پوتین کردبێت بە ڕەخساندنی سەکۆیەک بۆ ئەوەی ئەویش گێڕانەوەی خۆی بخاتەڕوو. بە پێچەوانەی ئەمش هەندێکی دیکە پێیان وایە چاوپێکەوتنەکە بەشداری کردووە لە بنیات نانی تێگەیشتنێکی گشتگیرترو نزیکتر لە دیدگای ڕووسیا، کە ڕەنگە ئەم چاوپێکەوتنە ڕێگا خۆش بکات بەلای کەمی لە نێو ڕای گشتی جیهانیدا کە لەبەردەم جەنگی خوێناوی و بەردەوامدا پرسی گەڕانەوە بۆ دیبلۆماسیەت بە هێزتر بکات.
چاوپێکەوتنەکەی پوتین لەگەڵ تاکەر کارلسۆن بێ پەردە دیدێکی جیاوازی ڕەخنەگرانەی لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و ڕۆڵی میدیا و پرسە جیهانییەکان هێنایە ئاراوە. پرسیارو وەڵامی ڕاشکاوانە لە نێوان سەرۆکی ڕووسیا و ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەدا، وردەکارییەکی گرنگی لە ئاڵۆزییەکانی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد و لەوێ جەخت لەسەر گرنگی گفتوگۆی کراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخانە کردەوە کە جیهانی نقوم بووی ئەمڕۆمان پێناسە دەکەن.ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کردنەوەی دەرگای داخراوی دیالۆگ، دەرگایەك کە کەم نین ئەو سەرکردە جیهانیانەی دەیانەوێ قفڵەکانی تۆکمەتر بکەن!




ڕامانێک لە کتێبی “پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا”.. نووسینی و ئامادەکردنی کاک کامەران سوبحان. خوێندنەوەی: رۆژگار خالید

سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم :
هەر مرۆڤێک لە ئێمە تاوانبار نییە بەو شتانەی دەیڵێت یانیش ئەو کردەوانەی دەیکات بەڵکو تاوانبارە بەو شتانەی لەسەر دەگوترێ ، چونکە لە کۆتاییدا بەو شتانە تاوانبار و سزا دەدرێت و تۆڵەی مەرگی ویژدانی بەسەر دەسەپێنرێت کە نەیکردووە ، نەوەک لە ئەسڵدا تاوانباربێت بەو شتانەی لەسەری دەبێت بە پەڵەی ڕەش ، تەنانەت ئەگەر ئەو تاوانەی ئەنجامیش دابێت چاوپۆشی لێدەکرێت کاتەک دەسەڵات و هێز هەیە پاڵپشتی دەکات !!
ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە :.
بۆچی نووسەران و شاعیران و ڕۆشنبیرانی نەتەوەیی ئێمە ڕوبەڕووی شتانێک دەکرێنەوە نەیانکردووە یانیش وایان لێدەکەن پەڵەی ڕەش بکەوێتە سەر کەسایەتیان !!
بۆ وەڵامی ئەو باس و خواسی هەیە
ئەم کتێبە دەستپێکی باشمان نیشان دەدات و نووسەر هەلدەستێت بە :.
گێڕانەوەی چل چیرۆک و بەسەرهات لەبارەی پیرەمێردی شاعیر و نووسەران و خەڵکی شاری سلێمانی و دەڤەری شارەزوور و ناوچەکە بەگشتی .
لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە بەبەردەوام کێشە و بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ نوخبەی ڕۆشنبیران و پیاوانی ئایینی و خەڵکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەمان .
بۆیە دەتوانین بڵێین قسەکان و هەڵوێستەکان نووسینەکان دەمێننەوە و لاناچن ، لەپاڵ ئەوەشدا کاریگەریی نەرێنی دەهێنێت و پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە دەشکێنرێت ، کەچی ئەو کەسانە بەبەرزی خزمەتی زمان و وێژەی کوردیان کردووە ، لەسەردەمی خۆیان دەکەونە بەر نەفرەتی زمانی خەڵکەکەی .
ئەگەر ئەم پرسە بۆ پیرەمێرد یان نووسەران و شاعیران ڕاست بێت ، بێگومان بۆ هەموو کەسێک ڕاستە ، چونکە هەر تاکێک لە ئێمە تاوانبار دەکرێت بەشتێک نەیکردووە یانیش نەیگوتووە یانیش بەشتێک نەینووسیووە .
لەدواجاردا :.
ئەو ڕۆڵە ناشیرینە وا دەکا هەمووان لە یەک ئاست ببینرێن و کەس جیاوازتر و باشتر و زیرەکتر و بەهێزتر نەبێت .
هەر کاتێکیش لە شتێکی بچووک تاوەکو شتێکی گەورە وابکات جیا ببێتەوە چ بەنووسین بێت یا وەرگێڕان یا هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت .
بێگومان ڕووبەڕووی دەیان تۆمەت و بوختان و سوکایەتی و هەڕەشە و جنێودان و خیانەتی نشتیمانی و تۆمەتی دینی و لادینی دەکرێتەوە .
هەر ئەوەشە وادەکا :.
ئینسانی ئێمە و کەسایەتی ڕۆشنبیری ئێمە یا لە قهری فەقیری و رەزاڵەتی و بەبێ پشت و پەنای بمرن یانیش سەریان هەڵگرن و ناوچەکە بەجێ دەهێڵن یانیش واز لە نووسین و خوێندنەوە کتێب دەهێنن لە سووچێکی ماڵەکەیان بێدەنگ دەبن کەچی دووبارە سووکایەتیان پێدەکرێت چونکە تەسلیمی واقیع ژیان بوونە .
بۆیە بەدەردی ” شێتی دەمرن ” کەوا خەڵک وایان پێدەلێن .
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لەم کتێبە چەند چیرۆکێکە وەک خۆی دەنووسمەوە و پوختەیەکی لەسەر دەنووسم .
لە چیرۆکی ” نۆیەم “
” پیاوێک لەناو دەستنووسەکان دەبێت بە تۆز “
_ کاتێک شاعیران و نووسەران لەبەر خەم و خەفەت و ئەو هەموو ناو و ناتۆرە شارەکان جێدەهێڵن و سەر هەڵدەگرن و شارەکان جێدەهێڵن بەبێ ئەوەی بزانن بۆچی کۆچ دەکەن ؟
بەرەو کوێ کۆچ دەکەن و لە شارەکان هەڵدێن؟
بۆچی دونیای رۆشنبیر ئێمە و ژیانی خەڵکی ئاسایی ئێمە پڕە لە کێشە و پڕە لە ڕق و کینە ؟
بۆچی دونیای ئێمە پڕە لە ڕووداو و پێشهاتی خراپ و هەر دووبارەش دەبێتەوە !!
وەڵامەکە ئەوەیە قبوولکراونین و بەرژەوەندی کەسانێک هۆکاربوو و مرۆڤ ترساوە لەوەی هۆشیار بکرێتەوە .
لە چیرۆکی ” دەیەم “
” وەنەوزێک هەموو شتێکی کرد بە خۆڵەمێش”
شێخ مەحمود حەفیدی بەرزنجی کتێبخانەیەکی گەورەی پڕ لە کتێبی دانسقەی دەستنووسی سەردەمی ئەمەوییەکانی بەخشیە مزگەوتێکی دێرین لە گەڕەکی سابونکەران لە شاری سلێمانی ، کتێبخانەکەش پێشتر دیاری میرێکی سۆرانی ناوچەی ڕەواندز بوو بۆ شێخ مەحمودی حەفید .
بەڵام
لە بێباکی بیت یاخود بەهۆی کەمتەرخەمی یانیش بەدەستی ئەنقەست بێت ئەو کتێبخانەیە لە بەرەبەیانی زوودا گڕ دەگرێت و کتێبەکان و دەستنووس و قورئانە دێرینەکان دەبنەوە بە خۆڵەمێش و ئەوانەی وەک خزمەتکار و کەسی نوێژخوێن و بێلانە لەم مزگەوتە دەخەون بەهۆی گەرمی ئاگرەکە لە خەو هەڵدەستن !!
پرسیارە جدییەکە ئەوەیە
بۆچی دەبێت ئەو هەموو کتێبە بێباک و بێ منەتانە بسووتێن ؟!
بەلای خەڵکەوە شتەکی وا گرنگیش نییە کتێب و دەستنووس دەسوتێت !!
بۆیە ئەوانەی لەم مزگەوتە دەمێننەوە بە درێژایی 30 ساڵ خۆشەویستی زۆریان بۆ ئەم شوێنە هەیە بەقەهری سووتانی ئەو هەموو کتێبانە دەمرن !!
بۆچی بەدەیان و سەدان کتێب و دەستنووس و دیوانی شیعری شاعیران بەهۆی باران و لافاو دەفەوتێن و بەلای خەلکەوە شتەکی زۆر ئاساییە کاتەک مێژووی نەتەوەیەک ئاو دەیبا و دەفەوتێن و ” گرنگیەکی ئەوتۆی نییە ” !
وەڵامەکە ئەوەیە تاوەکو ئێستاش مەعریفە لەدوای هەموو شتێکە زۆرینەی خەڵکی ئێمە وەک یەکدی دەژین یانیش وەکو چاولێکارن و حەزدەکەن ژیانیان لاسایی بکەنەوە ، زۆرینە دژە کتێب و دژە مەعریفە و دژی خوێندنەوەیە .
چیرۆکی ” یانزەیەم “
مردنی کتوپڕی شاعیران لەناو دەستنووسەکان
ئەوەی سەیرە لەناو ئەو دەستنووسانەی نووسراوەتەوە مردنی کتوپڕی شاعیران و هەڵهاتن و لەترسی کوشتن و ونبوونی هەندێکیان باسکراوە !!
لەم چیرۆکەدا ڕووبەڕووی دوو خاڵ لە واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی نێوان ئینسانەکان دەبینەوە .
1.دزینی کتێب و دەستنووس و دڕان و فەوتانی چەندەها کتێب و فرۆشتن و پێدانی دەیان کتێب بە بێگانە و دوژمنانی گەلی کورد کوشتنی نووسین و ووشە و کتێبی ئەوانە .
2.دروستکردنی سەدان تۆمەت بۆ کەسایەتییەکان لەم کاتەدا
وەک
_ پیاوی ئینگلیزە یا پیاوی بێگانەیە !
_ سیخوڕە !
_ هەتیمچی و پیسخۆرە !
_ کەسایەتی بۆش هیچ لە بارانەبووە !
جگە لە کۆمەڵێک شتی دیکە هەن و سوکایەتیان پێدەکرێت وەک دژە نەریتە و دژە دین و کافرە و مەشروبخۆرە و قەلەمفرۆشە .
ئەوەی سەیرە ئەوەیە تاوەکو ئێستا قسەی لەسەر دەکرێ کێین ئەوانەی دژایەتی ئەوانە دەکەن ؟
ئایا پیاوانی ئاغا و دەسەڵاتداران یانیش چاوساغی تورک و فارس و عەرەبن یانیش پیاوانی ئایینی و پارێزەری نەریتی کۆمەڵایەتی کۆنن یانیش خەڵکی ئاسایی و نەخوێندەوارن .
چونکە
ئەوانەی دژایەتی کراون کەسایەتی بەرزن وەک مەولانا خالیدی نەقشبەندی و نالی و مەحوی و پیرەمێرد و دەیان و سەدانی کەس لەپێش ئەوان و سەدان کەسی دیکە لە پاش ئەوان تووشی هەمان دۆخ بوونەتەوە .
تەنانەت دوای سەد ساڵ
ئێستاش ئەو دەردە هەر هەیە لە نێوان شاری ” هەولێر و سلێمانی” بۆیە رۆشنبیران شارەکان جێدەهێڵن !!
یانیش کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات لە پاشان بە دزینی بەرهەمی بێگانە تۆمەتبار دەکرێن لە کاتەکدا ئەو کەسانە زیاتر لە زمانێک و دووان و سێ زمانیان زانیوە ئینجا شاربەدەرکراون .
لە کۆتایی دا ئەو قسەی پیرەمێرد دەیکا کاتەک رەخنەی لێدەگرن لە ستایشی گۆرانی شاعیر و مەحمود پاشای بابان و ئەمین زەکی بەگ و شێخ حسام الدین نەقشبەندی دەکا .
دەڵێت ئەو کەسانە چ دەلێن بابلێن گرنگ نییە ئەوەی گرنگە ئەوەیە .
من چی لەبارەی ئەم منەوەر هەڵکەوتانەی نەتەوەکەم دەلێم .
ئەوەی گرنگە بلێم ئەوەیە
کێن ئەوانەی مانەوە لەنێو مێژووی ئێمەدا دژی رۆشنبیران و نووسەران و شاعیران و نووسەرانی کوردبوون و دژی نووسین بوون ؟
یانیش
نووسەران و شاعیران و نووسەرانی کورد خزمەتیان بە نەتەوە و زمانی کوردی و وێژەی کوردی کرد .
بێگومان نووسین دەمێنێتەوە و نووسەران و شاعیران و نووسەران بوونە بەشێک لە مێژووی ئێمە .
ئەوانەی قسەیان دەکرد و هەڕەشەیان لە نووسەران دەکرد لەبیرکران و بوونە پەلەی رەش بۆ مێژوویی خۆیان .
بۆ ئەوەی بزانین نەتەوەی ئێمە چۆن ژیاوە ، گرنگە هەر کەسێک لە ئێمە ئەو کتێبە بخوێنێتەوە .
لە کۆتایی دەمەوێت ئەوە بڵێم چەندە سادە دەژین و چەندە سادە بیردەکەینەوە و چەندە بەسادەیی دەبینەوە خۆڵ بەبێ ئەوەی هیچ شتێک هەبێت گرنگ بێت بکەین و پیوستە هەڵوەستە بکەین چەندە ترسناکە مرۆڤەکان لەیەکدی بچن .




عێراق گۆڕەپانی گەمەی هاوبەشی ئەمریکاو ئێرانە!.. عوسمان حاجی مارف

عێراق نەک شوێنێکی ستراتیژی گرنگ و تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دابینکردوە، بەڵکو بەهۆی ئەو سامانەی لەڕێگەی ئەو هێزە میلیشایانەی کە سەربەخۆیەتی و کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقیان کردوە، ئێران گەورەترین سودیان لێ بەدەست دەهێنێت، بەمشێوەیەش سەرچاوەی توانا داراییەکانی بۆ دابیندەکات، تاڕادەیەک قەرەبوی سزا ئابوریەکانی ئەمریکای پێدەکاتەوە.
پرۆژەی فراوانخوازی ئێران، ڕەهەندێکی جوگرافی نوێ و فراوانتری وەرنەدەگرت ئەگەر ئیدارەی جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە ڕێگەی هێزە میلیشیا ئیسلامیەکانەوە عێراقی ڕادەستی ئێران نەکردایە، کە ئێستا بۆتە بنکەی هێرشکردنە سەر شوێنە سەربازیەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری عێراق و سوریا و ئەردەن.
ڕووخانی حکومەتی بەعس و گۆڕینی تەنها بۆ ژێردەستی ئێران، ڕێگایەکی لە بەغداوە بۆ بەیروت لە ڕێگەی دیمەشقەوە کردەوە، هەروەها بە پشتیوانی بەشار ئەسەد هێزە میلیشیاکان بەتەواوی خۆیان ڕادەستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” و پلانەکانی لە ناوچەکەدا کرد، کە تا ئەمڕۆش ووڵاتانی عەرەبی باجی کەوتنی عێراق بە دەستی ئێران ئەدەن.
ئەگەر ئەو بومەلەرزە عێراقیەی کە بە داگیرکاری لەلایەن ئەمریکاوە پێشهات، نەبوایە، کە دواتر لەسایەی دەورو دەخالەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی گێژوای سیاسی هەموو ناوچەکەی گرتەوە، “کۆماری ئیسلامی” ئازاد نەدەبو کە ڕاستەوخۆ دەورو دەخالەتی لە عێراق و ناوچەکەدا سەرکەوتوانە بسەپێنێت، لەهەمانکاتدا توانی لەم هەلومەرجە تایبەتەشدا بەوشێوەیە هێرش بکاتە سەر ئەمریکیەکان لە سنوری سوریاو ئەردەن. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئاشکرایە ئێران بەبێ سەپاندنی خاوەندارێتی عێراق، نەیدەتوانی بونی خۆی لە ناوچەکەدا فراوان کات و دەخالەت بکات.
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئێران توانای مومارەسەی ڕۆڵی پارێزەری عێراق و سوریا و لوبنان و بەشێکی یەمەنی هەیە. هەرچەند ئەمریکا دەستی بە هێرشە موشەکیەکانی کردوە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئیدارەی بایدن چۆن ئەم پرۆسەیە یەکلایی دەکاتەوە، یان چۆن بەو لێدانە لە سنووری سوریا و ئوردن گرفتەکانی لەبەرامبەر ئێراندا ساغ دەکاتەوە. گرنگ ئەوەیە هیچ وەڵامێکی ڕۆشنی نییە کە بتوانێت لە سەر زەویدا ئەنجامی هەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق و هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا، کە لەڕێگەی حکومەتی ئێستای بە سەرۆکایەتی محمد شیاع ئەلسودانیەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ئەم سەرۆکایەتیەش ئەجێندایەکی ئێرانیە و هیچی تر.
هێرشێکی لەمشێوەیە دەرخەری ئەوەیە کە ئێران زیاتر بەرەوپێش دەچێت لە هەوڵەکانیدا بۆئەوەی ئەوە دووپات کاتەوە کە دەسەڵاتی باڵای بەسەر ناوچەکەدا بپارێزێت، ئەو هەوڵانەش بۆ دەرکردنی ئێران لە سوریا و بەتایبەت لە باشووری سوریا دەدرێن تائێستا هیچ سوودێکی نییە.
هه ڕوه ها ئەوەی تائێستا جێگیر بووە ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بەگشتی بە بەرژەوەندی ئێران شکاوەتەوە، لەکۆتایدا ئەوانەی ئێستا حوکمڕانی عێراق دەکەن میلیشیای تائیفی عێراقین کە ئێران لە ڕابردودا لە باوەشی گرتبون، هەر ئەم میلیشیایانەن، کە دەیانەوێت هێزی ئەمریکی لە عێراق دەربکەن و هێرشە موشەکی دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
هەرکەسێک لە پراکتیکەکانی ئەمریکادا بپشکنێت، بۆی دەردەکەوێت کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادە نیە ڕۆڵی هەبێت لە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی غەززەدا، وەک ئامادەکاریەک بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتووی کەرتی غەززە، کە بەرەوڕووی شەڕێکی وێرانکەری ئیسرائیل بۆتەوە، ئەمریکا لەم بارەیەوە لە گێژاوێکدایە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی نییە، لەهەمانکاتدا بەدوای ئەوەشەوە نیە و لە بەرژەوەندی نیە ئەم شەڕە فراوان بێتەوە.
ئەمریکا باجی پراکتیزەکردنی سیاسەتێک دەدات، کاتێ کە مامەڵەی لەگەڵ حوسیەکان کردووە، وەک ئەوەی هیچ پەیوەندیەکی نزیک و دووریان لەگەڵ ئێراندا نەبێت، لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان واشنتۆن و تاراندا، باڵادەستیەکی ڕونی ئێرانی هەیە کە هاوتای بێتوانایی ئەمریکایە کە ڕەنگدانەوەی نائامادەیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی پاش ئەو شکستانەی لە چەندساڵی رابردودا بەسەری هاتووە.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ عێراق هێمای سروشتی ئەو گێژاوەیە کە دەرگیرە لەگەڵ هێزە میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” کە دەست بەسەر عێراقدا توندتر دەکەن، هەروەک چۆن “سوپای پاسداران” زۆر بەتوندی دەستیان بەسەر ئێراندا توندتر کردوە. حەشدی شەعبیش فەرمانێکی بەسەر حکومەتی عێراقدا سەپاند بۆ چوونە ناو دانوستانەکان بە ئامانجی کردنەدەرەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، ئەم ئامادەبوونە بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆشنە کە لەسەر بنەمای نەخشە و خواستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” ە.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئەمریکا دەڵێت؛ سەرۆک نەبوە هێندەی بایدن سیاسەتی رازیکردنی ئێران درێژە پێندات.
بەپێی ئەو زانیاریەی کە حزبوڵای عێراق پلاندانەرو جێبەجێکاری هێرشی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردنە، ئەمریکا دوای کوژرانی سێ سەربازەکەی تۆمەتەکانی ئاراستەی ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانی کرد.
ئەم هێرشەی پێشتر باسمان کرد لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکەمین هێرشی لەم جۆرە نەبووە و دواهەمین هێرشیش نابێت، هەروەها ناتوانرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئێران و ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
دوایین پێشهات لەم هێرشەدا ژمارەی کوژراوانی ئەمریکیەکانە، ئەمەش وردەکاریەکە واشنتۆن ناتوانێت پشتگوێی بخات، چونکە وەڵام نەدانەوە بە مانای لاوازی ئەمریکا و بوێری ئێرانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لە داهاتودا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا.
لەکاتێکدا واشنتۆن ڕایگەیاند کە وەڵامی ئێران دەداتەوە، و ئامانجی داناوە کە بە فەرمی ئاشکرای نەکردووە، ئایا بژاردەکان لەنێوان بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانەکانی ئێرانە، یان بە ئامانجگرتنی شوێنەکانی ناو دڵی ئێران دەگۆڕێت!؟، هەرچەندە ئێستا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمان ئێران دەستپێکردوە، ئایا واشنتۆن شەڕێک هەڵدەگیرسێنێت کە لەگەڵ ئاستی هەڕەشەکاندا بگونجێت؟ گەر پێداچوونەوە بە ڕاستیەکاندا بکەین، ستراتیژی ئێستای ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بە قازانجی نیە خۆی لە شەڕێکەوە بئاڵێنی، کە بگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران، ئەمریکا بەدوای سەرنەکەوتن و چەقینی نەخشەکانی لە بەرامبەر روسیا لە ئۆکرانیا، هەروەها تێوەگلانی لەگەڵ بنبەستی ئیسرائیل لە غەزەدا، گواستنەوەی شەرەکە بۆ ناوخۆی ئێران، حەتمیەتی شکستێکی گەورە دەخاتە بەر ئایندەی دابەزینی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا ناچارە جێبەجێکردنی ‌پەرچەکردار و هەرەشەکانی، جگە لە ئاستی ڕوبەروبونەوە لە بەرانبەر هێزە میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران نەچێتە ناو شەڕێکی فراوانی ناوچەییەوە، لەمەشدا چەند سەرکەوتو دەبێت، دەرگایەکی کراوە لەبەردەمیدا نیە تا هەنگاوەکانی چونە پێشەوەی بسەلمێنێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە یەکەم هێرشی ئەمریکی – بەریتانیا بۆ سەر گروپی حوسیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانیان حوسیەکانی ئاگادارکردۆتەوە، کاتێکی تەواویان پێداوە بۆ چۆڵکردنیان! ئەمەش دەگۆڕێت بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ قۆڵێکی هاوپەیمان لەگەڵ تاران.
هەربۆیە هێرشەکان کاریگەریان لەسەر توانا سەربازیەکانی حوسیەکان نەبوو، لەهەمانکاتدا ئامانجی واشنتۆنیان بۆ دەستەبەرکردنی کەشتیوانی دەریای سوور بەدی نەهێنا!
بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئێران بەهۆی بوونی سەربازی و سیاسی هەردووکیان لە یەک وڵاتدا تێکەڵاو بوون، ئەوە دەبینین ئەو بەرژەوەندیانە بەهۆی هەندێک جیاوازیەوە تێکدەچن، بەڵام زۆری پێناچێت دەگەڕێنەوە بۆ دیپلۆماسی و ئارامی.
ئەم ململانێ و گەمە سیاسیەی ئێران و ئەمریکا بەدوای شەڕی کەنداو و داگیرکاری عێراق، لە ماوەی سێ دەیەدا مایەی پێشهاتی گەورەترن کارەسات و وێراکاری و نەهامەتی بوە بۆ دانیشتوانی عێراق و کوردستان، تا ئێستاش، بەتایبەتی لە هێرشی دڕندانەی ئیسرئیل بۆ سەر غەزە ئەم ملاملانێیە، توندپێچی و دۆخێکی پێچیدەتری بە خۆوە نیشانداوە، جگە لە ئیسرائیل لایەنەکانی تر لایەنگری فروانبونەوەی شەرەکە نین، بەڵام مامەڵەیان لە گەڵ دۆخەکەدا مەترسی گەوروبونەوەی ئەو شەرە دەخاتە بەر ئەگەرێکی مەترسیدارەوە.
بەگشتی لە پەیوەند بە دۆخی ناوچەکەوەو دەوری جەمسەرە جیهانیەکان بەتایبەتی روسیاو چین، واپێدچیت دواجار ئەمریکا بژاردەیەکی تری نەبێت جگە لە ناچاری تەسلیم بوون بە ئێران، گەر هێرشیش بکاتە سەر چەند بنکەیەکی هێزە میلیشیاکان کە دەستیپێکردوە، بەڵام لەپەیوەند بە فراوان نەبونەوەی شەڕی غەززەوە، ناهاوسەنگیەک پێشهاتوە کە کاریگەری لەسەر هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکە داناوە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەدوای کەوتنی عێراق بۆ باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا ناتوانێ بەرەی شەڕی دژی ئێران گەرم کات، هەروەها شەڕی پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە لە لایەن ناتانیاهۆوە، ریسوایی و گۆشەگیریەکی بێوێنەی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ئاستی جیهاندا نیشانداوە، لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاش تەواو ئاڵۆز بووە، تا ئەو ئاستەی کە بەریتانیا نزیکترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە، لەڕێڕەوی نیشاندانی جیاوازی سیاسیە لە بەرامبەر ئەمریکادا.
بەڵام لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆتایی ئەم ململانێ و بارگرژیە، چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە و کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.




ژانی ته‌نیایی.. ستار ئەحمەد

سبه‌ی ده‌ڕۆی
ده‌بمه‌ هێڵ و
چه‌ند دێڕێكم پێده‌نووسی
حه‌رفێك ناكه‌یت به‌میوانم
وه‌كوو مه‌لێك
له‌بێچووی خۆی جوێبێته‌وه‌
رۆحم له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌فڕێ‌
دڵم بۆ ژانی ته‌نیایی ده‌كرێته‌وه‌
كه‌چوونه‌وه‌
مه‌مخه‌ره‌ نێو
ده‌ریای خه‌می بیرچوونه‌وه‌
من له‌عومری خۆم وه‌ڕسم

ژوانی تۆ
له‌یادی گڵا ده‌مژێنێ‌
ره‌نگه‌ به‌بیرتا رابوورم
كسپه‌ی شیعرێكم راتژه‌نێ‌
ئه‌گه‌ر شه‌وێك
گوڵه‌ ئه‌ستێره‌ی عه‌شقم هه‌ڵوه‌ری
په‌نجه‌ره‌ی سۆزت دانه‌خه‌ی
له‌سووچێكی ژووره‌كه‌تا
جێیكه‌ره‌وه‌
سبه‌ی ده‌ڕۆی
رۆحم له‌گه‌ڵ خۆتا مه‌به‌
بۆ چه‌ند ساتێك بمده‌ره‌وه‌
هه‌تا بتوانم بۆت بژیم
شیعری جوانترو جوانترت بۆ بنووسم
وه‌ك چۆن گه‌ڵا
له‌قه‌دو لاسكی دایبڕن
ده‌ستی نه‌مان هه‌ڵیده‌گرێ‌
كه‌جێمدێڵی
چاوی وه‌نه‌وز دامده‌پۆشێ‌
ویژدان له‌ده‌روونما ده‌مرێ‌
چاوه‌ڕوانم
له‌سێبه‌ری نیگایه‌كتا
به‌خوێنی زامی هه‌ناوم
په‌ڕه‌ی یادت بنه‌خشێنم
عومرێكی نوێم پێده‌به‌خشی
گه‌ر له‌خه‌ونیشا بتبینم

ستار ئەحمەد




شیعری دەفتەر.. نووسین و خوێندنەوەی بەکر ئەحمەد

https://www.youtube.com/watch?v=pw7qMkx83Xo



پیاسەیەک لە گەڵ پاڤڵ تالەبانی دا.. شاخەوان سعید سەنگاوی

ئەگەر سەردارانی سیاسی هەرێم دەتانەوێت ڕووی خۆتان و شۆفڵەکانتان سپی بێت، ئەوا باشترە لە چواردەورەکەی خۆتانەوە دەستپێ بکەن. ئەویش لە ڕێگای گوێگرتن لە خەڵکی دەرەوەی حەرم سەراکنتان، نەک ئەو مێگەڵە لە ڕاوێژکارەی کە لە چواردەورتان بوونی هەیە هەرگیز ڕۆژێک نابیستن ڕاوێژکارێک پێچەوانەی قسەی ئێوە قسە بکات. چونکە لە ترساندا برستی قسەیان نیە. بەڵام وەرە من پێتان دەڵێم لە هەرێمە گچەیەی خۆماندا نەک کوێخایەک بگرە سەدان و هەزاران کوێخا هەیە بەلام بەناو ناونیشانی جۆراو جۆر، کەواتە گوێبگرە من مشتێک لەو خەرمانەت بۆ باس دەکەم چاوڕێی ئێوە و شۆفڵەکانتان دەبم، یان قەڵاکانی ئەوان بڕوخێنی، یاخود ماڵە سەدوچل مەتریەکەی من.
زۆر دوور ناکەومەوە لە سەرووی ماڵەکەی خۆتەوە کە بەیانیان تەماشایەکی گۆیژە و ئەزمەڕ دەکەیت ئەوە نابینیت کە چون ئەو شاخە هەنجن هەنجن کرا بۆ کێ؟ کەواتە نەک نەزانیت من پێت دەڵێم بۆ پڕ کردنی گیرفانی کۆمەڵێک سەرانەسێنی دیکە، بەڵام لە بەرگێکی یاسایدا هێدی هێدی گۆیژە و ئەزمەر لە خاچ دەدرێت، نەک بۆ پڕۆژەی بنیات نانەوەی شار چونکە بنیاتنانەوەی شار بە پیلان نابێت، بەڵکو بە پلان و هەنگاو دوای هەنگاو دەبێت. هەر زۆر لێت دوور ناکەومەوە چەن سەد مەترێک لەو لای هەواری شار دەبینی چی دەگوزەرێت بەبێ مزایدە و بە بێ بانگەواز سەدان نا بگرە هەزاران دۆنم زەوی دەدرێت بە وەبەرهێن کامە وەبەرهێنانە ئەمانە من ناوی دەنێم ئەنفالچی زەوی چونکە تەنها لە خەمی کەڵکەکردنی سەفتە دۆلارەکانی خۆیانن. هەندێی لەو بەناو سەرمایەدارانە ئەگەر هەر ئەو زەویەی وەریدەگرێت خەمڵندنێکی سەرەتایی بۆ بکەیت دەتوانیت نەک جارێ بگرە دووجار شەقامی سەد مەتری پێ تەواو بکەی ئەگەر ئەمە ئەنفال نەبێت من دەپرسم چیە؟ دڵنیاشم چەند ساڵێکی دیکە دەبینیت ئەگەر تەمەن باقی بێت قسەکەم تەواوە یان نا. با زۆر نەڕۆین بەرەو مێرگەپان چونکە ئەوە نەک سەری من بگر سەری منداڵی بەربێشکەش سپی دەکات.
بۆیە بەناچاری دەگەڕێنەوە بۆ تاقانە شەستیەکەی شار ئەها تەماشاکە بیرم کەوتەوە ئەرێ خێرە هەر کۆمەڵە شوقەیەک کەدەچێ بە ئاسماندا بەنزینخانەیەکیش قوت دەبێتەوە.
باشە. باش….. دەڕۆینە خوارتر ئەرێ بەڕاست شوێنی بەنزینخانە حکومیەکەی دووڕێیانەکە بڕیار بوو بکرێت بە پارک کەچی لە پڕ زەویەکەی هێندە بەپیتە لە جیاتی دار شوقەی تێدا سەوز بوو.
تواخوا بۆستە تەماشاکە ئەرێ ئەوە گەڕاجی بغداد نیە؟ دەبینیت چی تیا سەوز بووە هەر جەمەڵۆنە و پاڵ دەنێ بەجەمەڵۆنەوە.
ئەها بەزمانەکەی خۆت هەڤاڵ تەماشایەکی ئەم گردەش بکە ئۆ دەڵێی قەڵاکەی کابرایە بەڵام لە ناودا جیاواز.
ئەرێ بەڕاست بۆ ئیشارەتی ڕاست داگیرسان ئێمە بڕیار وابوو شەستی بەشتی بڕۆین چونکە بەس بەتەماشاکردنیش کاری کارسازان تەواو نابێت جی حەشرێک بەم مەملەکەتە دەکەن. باشە باش پیاو ناوێرێت ئینکاریت لە گەڵدا بکات دەنا خانۆکەی منیش دەروخێنی.
ئەرێ بەڕاست بۆ دەپرسیت ئەی نایبینیت ئەوە تاوەری کارەبایە بەپێی ڕێنمایەکانیش دەبێت شەقام بێت. ئێباشە منیش دەزانم سیاج کراوە بەس بۆ لەمن دەپرسیت. بڕۆ لە کاربەدەستانی مەملەکەت بپرسە.
باشە ئەوە وازمان هێنا لەو….. بەڵی شەقامە! …..
باوکم بەخوا تۆ ڕاست دەکەیت لەم شەقامە دەڵێت دەست بەدیوار دەکەین هەرجارە و لە لایکیەوە دەڕۆین. دەگوێبگرە با ئەمەشت پێ بلێم ئەم شەقامە دەبینیت ئەمە سەد مەتریە دەیان ساڵە تەواو بووە لە پردەکەی ولوبە وە دەست پێ دەکات تا دەگاتە شەقامی دەروازە.
بەڵێ بەڵێ کەنیسەکەیە، بەڵێ دەزانم زەویەکی باش بوو بەڵێ وابڕیار بوو بکرێت بە پارکێک بەڵام لە پڕ خەت خەت کراو خوا لە خێری دەرنەکات خۆمان خۆش……
وریابە ماڵم ئاواکردیت خەریک بوو کەتنێك بنێیتەوە.
چی!!! باوکم بەخوا درۆم لە گەڵ نەکردیت! بەڵێ ئێستاش دەڵێم ئەم شەقامە تەواو بووە بەس لە سەر کاغەز. هههههه.
کورە ماڵت ئاوابێت خاڵی پشکنینی چی …. دەزانم ئەوە خاڵی پشکنینە بەس هی ئەو یەکەی نیشتە جێ بوونە یە. خۆشت ناو و ناونیشانەکەی دەبینیت، ئیدی بۆ لەمن دەپرسیت. گرنگ شەقامەکە هەیە.
ئەوانەی خوارەوە شوقەیە. ئێ دەزانم کە دەزانیت شوقەیە بەس هەموو شتێ شەرت نیە من پێت بڵێم ئەی ئەو هەموو ڕاوێژکارەت بۆچیە با ئەوانیش پێت بڵێن کە چی دەگوزەرێت لەم شارەدا.
بۆستە … بۆستە… من دادەبەزم لێرە…. بۆی ناوێت چونکە ئەگەر زانیم شۆفڵەکەت کەوتەکار ئەوکات هەزاران شوێنی دیکە ماوە دەتوانین سەردانیان بکەین و شۆفڵەکەتی بۆ بخیتەکار هەر وەک چۆن خستەکار بۆ قەڵاکەی کوێخا. بمێنن بەخێر و سەلامەت.

شاخەوان سعید سەنگاوی
Shaxewan.saed@gmail.com




دوو بە چوار.. نەوزاد بەندی

مناڵانی گەڕەک ، هەموویان ددانەکانیان ڕەش و کرمێ بوون ، بۆگەنێکی قورس له زاریانەوە ڕێی دەکرد ..
نەعلی لاستیک و ..بیجامەی بازه ..
دوای ئەو هەموو ساڵە ، لەسەر تابلۆیەکی گەورە ، بە خەتێکی ناشیرین نووسی : مناڵیی ، نەفرەتت لێ بێ ، بیرت ناکەم ..
ئەوەندە بۆگەنی دەم و گەدەی بەتاڵی هاوڕێکانی هاتبوون بەسەریدا ، کە ئەچوو بۆ قوتابخانە ، ئەیووت ئەڕۆم بۆ تەویلە ..!
بەڕێوەبەر توند نەرمایی گوێچکەیەکی گوشی ،لە تووڕەییدا ، زیاتر بە لووت ئەدوا : (ئەگەر باوکت نەهێنیت بۆ ئێرە ، جارێکی تر نایەیتەوە قوتابخانە )
بە باوکی ووت : ( تەماشا کە )
لەسەر ناوونیشانی تیا نووسەکانی ، ووشەی قوتابخانەی گۆڕی بوو بۆ ، تەویلە ..گەواخانە ..حەدیقەی حەیوانات…
چل و چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێپەڕیبون ، هێشتا وا ئەزانێ ئێستایە کە بە باوکی و بەڕێوەبەرەوە ، تێی بەر بوون ، ئەتووت هەویرێکی بێ سۆدە و خومرە ئەشێلن و ..هەرچی دەکەن ، خۆش نابێ ..
کە یەکەمجار ، هاوڕێ ناشیرینە ددان شکاو و چڵکنەکانی دراوسێیان ، داوایان لێکرد بڕۆن لە مزگەوت نوێژ بە جەماعەت بکەن چونکە مامۆستا ئەحمەد بێتوشیی ئەڵێ هەر نوێژێکی مزگەوت ، به 27 نوێژ حیسابە ..
ئەم لە مزگەوت بە مامۆستای ووت : واتا نوێژێک لە مزگەوت بکەم و .. پێنج ڕۆژ و تاقێک پاڵی لێ بەمەوە ؟
ــ یەعنی چی ؟
ــئێ 27 نوێژ ، واتا نوێژی پێنج ڕۆژ و تاقێک ..
مامۆستا ئەحمەد وەک بەڕێوەبەر گوێچکەی بۆ نەجلیقاندەوە ، بە هێمنیی بزەیەکی بۆ کرد و ..ووتی :
ــ سەعدوڵا ، هەتا زیاتر نوێژ کۆبکەینەوە ، هێشتا کەمە .. هەوڵ بدە لە ڕۆژێکا نەک 27 ، هەزاران نوێژ بکەیت ، چونکە کە ڕۆی ، ناگەڕێتەوە .. ڕۆژەکان وەک کۆمەڵێ گوێنی بەتاڵ وان ، پێش ئەوەی لە دەستمان دەربچن ، پێویستە پڕیانکەین لە عیبادەت و ئیشی باش و چاکە و یارمەتیی و دەستگرۆیی ئەوانی تر .. ! )
یەکەم نوێژی جەماعەت ، ئەوە بوو ، کە داخڵی مزگەوت بوو ، خەڵکێکی بینی جیا جیا نوێژی سونەتیان ئەکرد ، چاوەڕێی مامۆستایان ئەکرد بێت و جەماعەتەکەیان بۆ بکا .. ئەم وایدەزانی ئەمەیە نوێژی جەماعەت ، چوار ڕکاتەکەی نیوەڕۆی کرد و لێی دا هاتە دەرەوە ، لەبەر دەرگای مزگەوت مامۆستای دی ، بۆنی کەواکەی ، کە ڕەشەباکە ئەیکێشا بە ڕوخساریا ، هات بەسەریدا ، بۆنێکی گوڵەباخ تێکەڵ بە تڵپەچا و تۆوی عەلی بابا ..
ــها سەعدوڵا ، بۆ کوێ ؟
ــمن نوێژی جەماعەتی خۆم کرد !
ــ هێشتا جەماعەت نەکراوە ، بگەڕێرەوە ..
یەخەی کراسە تایوانە شینە کاڵەکەی ڕاکێشا ، کە لە بازاڕی قاچاخچێکان کڕی بووی ، قوماشێکی لاستیکیی ، دوو گیرفانی سەرسنگی هەبوو ، بە ترەقەی ناسک دادەخران ..
بەناو خەیاڵەکانیدا ڕۆچوو بوو ، لە دێزفول سەرباز بوو ، کوشتارێکی زۆر کرا بوو ، ئەو عەسرە ئێرانێکان هێرشیان کرد ، زۆربەیان کەوتبوونە ناو حەوزی تێزاب و تەلی دڕکاویی کارەبا ، سووتاندبوونی ..
ڕۆژی دوایی موچە و مۆڵەتی شەش ڕۆژی وەرگرت ، کە گەڕایەوە ، هەواڵی مەرگی مامۆستا بێتوشی بیست ..نایشارێتەوە ، خەفەتی بۆ نەخوارد ، بەڵام هەستی کرد بەشێک لەو مناڵییەی کە قەت بیری نەکردووە و دڵی بۆی لێ نەداوە ، هەرەسی هێنا …
دایکی پێی ووت : مامۆستا هیچ نەخۆشی و شتێکی نەبوو ، لە نوێژی نیوەڕۆ گەڕا بۆوە ، تێر قسەی خۆشی بۆ مامۆستا ژن کردبوو ، تێر نانیشی خواردبوو ، توخوا ! برنج و قەیسییان هەبوو ، لەگەڵ چای سێیەمدا ، چاوی داخستبوو ..ئیتر هەزار ساڵ بوو مردبوو !!
مزگەوت ، تەنها جێگایەک بوو کە مناڵە هەژارەکانی گەڕەک بتوانن سەردانی بکەن ، ئەوانەی بەلایەنی کەمەوە ددانێکیان شکابوو ، چوار دانیشیان کرمێ و ڕەش بوون ..ئەوانەی پشتە ملیان هەتاو سووتاندبووی ، جلەکانیان بۆنی دوکەڵ و ..ژێر نینۆکیان پڕ بوون لە چڵکی ڕەش، هی ئەوەبوو نایلۆنیان ئاگر ئەدا و دڵۆپ دڵۆپ نایلۆنە تواوەکەیان ئەکردە ناو شوشەی بەتاڵی شرینقە و لە کۆتاییدا تەلێکی وەک پیتی هەشتیان ئەچەقاندە ناوی ، هەتا ئەڵقەیەکی لێگیر بکەن و ببێ بە مەدالیا ، دەست و نینۆکیشان لە ئازاری دڵۆپە نایلۆنی تواوەی داخ ، بێبەش نەبوون ..تەنها لە مزگەوت بە ئارەزووی خۆیان جوڵە و قسە و بیریان ئەکردەوە ..هەموو داوایەکیان لە خوا ئەکرد :
ــ خوایه گیان ، ڤاڵڤۆیەکی ڕەنگ وەک دۆندرمەم ئەوێ .. ماڵمان سێیەم ماڵە ، بەرامبەر ماڵی ڕەزا شەلی چایچی ..خوایەگیان بۆم دابەزێنە ، تۆ هەموو شتێک ئەتوانی ..

ــ خوایە گیان ، لادایەکی سپی .. فیاتێکی پۆڵسکی ڕەنگ جەرگیی وەک ئەوەی مامۆستا غەریب ، با بە گریزەوە بێ ، خوایه گیان زۆرم حەز لێیه ..
Nawzad Bandy
ــ خوایەگیان ، یەک کیس نوقوڵی مینۆی سێگۆشە و ..مەساسەی مینۆی چیلکە ئاویی ، هەڵدەرە حەوشەکەمان ، ماڵەکەمان بەرامبەر میراوەکەیە ، دوو ماڵ سەروو ماڵی فەخری توجارباشیی .. خوایەگیان شەڕی نێوان دایک و باوکم کۆتایی پێ بێنە .. خوایەگیان خورووی پاشەڵم به بەیانیانی زوودا ، زۆر ئازارم ئەدا .. خوایەگیان ، قوتابخانەمان بۆ خۆش بکە ، دارحەیزەرانی دەستی مدیر و مامۆستاکان بشکێنە ..
ئەوەی لێی تێک ئەدان یان وەک ووتراوە چەم بێ چەقەڵ نابێ ، شێ عەلی خاوەن مزگەوتەکە بوو ، بە خۆی و ڕۆبێکی چوارگۆشەی کۆن و جووتێ نەعلی زلەوە ، خۆی ئەکرد بە مزگەوتەکەیدا و ..مناڵانی ڕاو ئەنا : ( سەرتان بە ….زی دایکتان ..مناڵی ئاخر زەمان ..نازانم چۆن ئەوەنە چاویان قایمە ،بستێکن دێنە دەرەوە ..؟؟ وەڵڵاهی لە عومری ئەواندا بووم لەترسی ئەوەی نەمگێن ، نەئەهاتمە دەرەوە !!..ئەمانە چ ئاگری قورەتێکن ئیلاهیی ؟ )
هیچ کەسێ ، بە مامۆستا ئەحمەدیشەوە ، قسەیان لە قسەی شێ عەلیدا نەدەکرد ، چونکە هەم پیرترین کەسی گەڕەک و ..هەم خاوەنی مزگەوتەکەیش بوو ..یان ڕاستتر کەس نەیدەوێرا وەڵامی بداتەوە .. ئەو قسەکانی سەیر بوون ، بۆ نمونە ئەیووت :
ــ کە جارێ دەستنوێژت گرت و بات لێ بۆوە ..دووەم جار دەستنوێژت تازە کردەوە و بات لێبۆوە ، دەستنوێژی سێیەم مەشۆ ، تەنکییەک ئاوە ، هەمووی بۆ جەنابت دانەنراوە ..مەعنای وایه خوا نوێژی تۆی ناوێ و غەڵەتت زۆرە ، بۆیه وا ئەتتڕێنێ ..!
هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا ، بەسەر ئەو پیتانەدا ئەڕۆیشتەوە و تۆخی ئەکردەوە ، کە نوسی بووی :
منداڵیی ، نەفرەتت لێ بێ ، بیرت ناکەم .. تف !!
بە خەتێکی ناشیرین نووسرا بوو .
Seen by Nawzad Bandy at Tue 11:05 AM




سور النور، شعر و شهادات.. شاعر صلاح جلال

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە زمانی عەرەبی کلیکی ئێرەبکەن..




وێردی فەنابوون.. شەماڵ بارەوانی

وەرە ژێرکراسی حەز و سوخمەی تامەزرۆییت
لەسەر ترۆپکی نائومێدییەکانم هەڵخە و
ڕستێک بززە لە لێواری تابلۆی خەمەکانم بچێنە

وەرە لە خەراپاتی بوونم جیلوە بکە و
هەرەمی فیراق بڕمێنە

وەرە کۆتری سوریالیستی دەروازەی ڕۆحم سەرببڕە و
پەردەی ئاسمانی نیگەرانییەکانم بدڕێنە

وەرە پەراوێزی دیدەم ئالوودە بکە بە حیکمەتی سووتان و
کوپێک قاوەی دیدارم بۆبێنە

وەرە بە دەم نۆشینی جامێک مەی غوربەتەوە،
مۆمی تامەزرۆیی لە دیوەخانی دڵتەنگیم دابگیرسێنە

وەرە دەم بخەرە دەمی شیعرەکانم و
ئامێز لە دەیجووری دێڕەکانم وەربێنە

وەره قەسیدەی ماڵئاوایی لە ئەلبوومی یادەوەریم بسڕەوە و
چەپکێک ماچ لە دەربەندی گۆنام بڕوێنە

وەرە لە خانەقای تەنیاییمدا گیتاری ئاوێتەبوون بژەنە و
دڕکی ژان لە پەرێزی چاوەڕوانیم دەربێنە

وەرە بەرماڵی نزام پڕ کە لە وردە موناجاتی عیشق و
واز لە قانوونی عەبەس بێنە

وەرە ببە بە ڕابیعەی ویساڵ و بە دەم سەمایەکی سۆفیانەوە، وێردی فەنابوونم بۆ بخوێنەوە

وەرە زەمهەریری کیشوەری ئومێدم هەپروون هەپروون کە و
بە پەنچەی دەفی سۆزت گڕی ئەو دۆزەخەی جوگرافیای ڕۆحم دابمرکێنە