لەبارەی کتێبی ” دنیای تارمایی و کارەکتەری پەنهان “ی هۆشەنگ شێخ محەمەد.. خوێندنەوەی رۆژگار خالید

چەشنی کتێب / لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.

ئەو کتێبە گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە دەروازەیەکە بۆ قووڵایی ناخی خۆمان و کەسەکانی تر و ئەو ژیانەی تێدایین و لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوە و لێكدانەوە و گەڕانە بەدوای شتەکانی تری دەوروبەرمان وا دەکات پرسیاری دروست بکەین یاخود بترسین لە پرسیارکردن .
بۆیە بەگشتی مرۆڤەکان لەبەردەم کۆمەلێک بژاردەن ، وەک باشە و خراپ ، زانین و نەزانین، ڕاستی و درۆ، دانیشتن بەدیار چارەنووسێکی نادیار یانیش خەریکی گەڕانێک ببن بەنێو فکری تاریکی و خەریکی زیاتر لە وەڵامێک ببن بۆ گەیشتن بۆ تورسکاییەک کەچاوەڕێی دەکەن ، یانیش بترسن لە بزربوونی حەقیقەت و نیشاندانی وەهم وەک جۆرێک لە حەقیقەت ، یانیش وا تێبگەن ژیان ڕاوەستانێکە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دیوێکیتری شتەکان .
بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو کتێبە کتێبی دڵخوازی منە و
خوێندنەوەیەکی گرنگی بۆ دەکەم لەڕوانگەی ” زمانناسی/ کۆرنۆلۆژی ” لەڕووی زانستی گێڕانەوە و هەبوونی دونیای عەقلگەراییدا / نارتۆلۆژی لەڕوانگەین ئایین و فەلسەفی ئیشراقی و دونیایی پەنهانی .

سەرەتا
نووسەری کتێب بەم ووتەی مەولانای جەلالەددینی ڕۆمی دەستپێدەکات
کەدەڵێت :.
جەهل لەبەردەستی کامڵدا دەبێتە زانست، زانستیش لەبەردەستی نوقسان و نەزاندا دەبێتە جەهل !
ئەوەی نەخۆش و دەردەدار دەستی تێوەردەدا دەبێتە دەبێتە دەرد و نەخۆشی و بەڵام کەسی کامڵ ئەگەر دەست بۆ کوفریش ببات دەبێتە ئایین !!
دواتر نووسەر دێت لەڕوانگەی فەلسەفی ئیشراقی خوێندنەوە و گێڕانەوە دەکات بۆ 16 چیرۆکی نووسەری ” یوسف عزەدین ” ئەو چیرۆکانە هەم حەقیقەتن و هەم خەیاڵن چونکە بۆ بەشێکمان زانینن و بۆ بەشێکی دیکەمان وەک جەهل وایە ، چونکە لەخەیاڵگەمان دنیایی تارمایی و مرۆڤ وەک کارەکتەری وون ناتوانێ پەیامەکانی بگەێنێت ، ئەگەرچی مرۆڤ لە ئەسل وجوودی هەیە کەچی بەتێپەڕبوونی کات دەبێتەوە بەتارمایی .

سەرەتایەکیتر
ئەوەی گرنگە بەلای منەوەئەم کتێبە پەیوەست نییە بەکات و زەمەنێکی دیارکراو بەڵکو وەک ڕووناکی و تاریکی وایە لەشوێنێک هەڵدەکات و لەشوێنێکی دیکەتاریک دەبێت وەک سووڕانەوەیە بەدەوری شتەکان بەڵام هەرجارێک بەشێوەیەکی جیاواز !!
گرنگترین ئەو پرسیارانە لەو کتێبەبەدیم کرد ئەوەیە:
ئێمە لەکوێی ئەو زەمەنەینن و بەرەو کوێ دەچین؟!
پەیوەندی کات بە زەمەنەوە لەکوێ دەستپێدەکات و لەکوێ کۆتایی دێت؟!
قسەکردن لەسەر بەستنەوەی و لێکترازانی پەیوەندی نێوان کات و شوێن لە دونیای ئێمەدا ، بەواتایەکی دیکە مرۆڤ لە زەمەنێک لەدایکدەبێت و لە زەمەنێکی دیکە دەژیت و لەسەردەمێکی دیکە دەمرێت !
هەر بۆیە تووشی جۆرێک لە کێشەی فکری دەبینەوە چۆن لەو شتانە تێدەگەین کاتێک وەک حەقیقەت دەیانبینن؟!
چۆن لەو شتانە هەڵدێن وەک وەهم بڕوای لەسەری دروستدەکەین ؟!
مرۆڤ مەحکومە بەکوشتن بەڵام چ جۆرە کوشتنێک کوشتنی جەستە یا کوشتنی روح هەیە ” کاتێک مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە ” یانیش جاڕدانی وەک کەسێکی شێت و دەرووننەخۆش!!
بۆیە پرسیارەکان قولتر دەبنەوە و دەبێ بپرسین :
ئایین چییە و ئیمان چییە و مەعریفە چییە ؟
پەیوەندیی نێوانیان چۆنە؟
لەسەرەتای بوونەوە تاوەکو کۆتایی پێهاتنی ئەو گەردوونە
مرۆڤ بەناو ژیان تێدەپەڕێ یانیش ژیان بەناو مرۆڤ تێدەپەڕێ ئەی کامیان ئەوەی دیکە دەخواتەوە ؟!
پیاوی ئایینی و کارەکتەری ئایینی نزیک لە دەسەڵاتداران کێین؟
ڕۆلی فەلسەفەی ئیشراقی لەنێوان ئایین و فەلسەفە و مەعریفەدا چییە؟
چۆن وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە کوفر و ئیلحاد و خودا و ناخودا و ئیمان دەداتەوە و پشت پیرۆزییەکان دەخاتەڕوو؟ چۆن گومان بکەین و ئەی یەقین چیمان پێدەڵێت ؟

خوێندنەوەی یەکەم
مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی لە زمانی ئەوانەی دیکە تێبگات کەواتە گرنگە پڕ یادەوەری ببین و چاوەڕێ ببین و بێدەنگ ببین و نزیک ببین، کەواتە مرۆڤێک ببین هەم وەک کارەکتەری وون و هەم وەک بتێک هەبین ، بۆ چەندەها ساڵ ئاگامان لە دونیای ئاشکرا و شاراوە ببێ ، بۆ ئەوەی ببین بەزمانناس کەواتە دەبێ گێڕەرەوە ببین و هەموو کەسێک وەک کارەکتەرێک تەماشا بکەین !!
بۆ ئەوەی لەکۆی ئەو شتانەی نووسیم تێبگەین، دەبێ ڕامانێکی چاکمان هەبێ و لە شتەکان وردبینەوە و گومان بکەین !
کەواتە دەپرسم:
زمان دەتوانێ چ شتێک بگێڕێتەوە و دەتوانێت چ شتێک نەگێڕێتەوە ؟
چۆن ڕاستییەکان گۆدەکا و چۆن درۆکانیش دەشارێتەوە؟
بۆچی شتەکان بشاردرێنەوە؟
مرۆڤ چۆن شتەکان کەشف دەکا لە ڕێگەی گومانەوەیە یانیش لەڕێگەی حەقیقەتەوە یانیش هیچیان ؟
زمان چۆن بێدەنگ دەکرێت و چۆنیش وای لێدەکرێت هەموو شتێک بلێیت ؟!
چ جۆرە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان زمان و بیرکردنەوە؟
چ جۆرە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان دونیای مەعریفەنناسی و فەلسەفی زمانناسی ؟
مرۆڤ دەیەوێت لە رێگەی جادوو و سحر هێزێکی بەدەر لە سروشتی هەبێ لەدەرەوەی سرووشت بێت و دواتر وجوودیەتی خۆی نیشانی هەمووان بدات، لەوکاتەدا سوود لە سۆفیەک وەردەگرێ یا دەروێشی یا کەسێک زمانێکی تایبەتی هەبی یا کەسێک فەیلەسوف بێت ، یانیش لە ڕێگەی مەعریفەوە ئەزموونی ژیان و ئەزموونی تێنگەیشتنی لەناواقیعی ژیان و چارەنووسی خۆی دەگێڕێتەوە لێرە دەگەینە دەرئەنجامی :
چارەنووسی شتەکان مرۆڤەکان بەرەو کوێ دەبات، بۆ ئەوەی شەڕی ماناوە بکات لەکاتێکدا دەکرێت شتێک خۆی دەردەخا وەک ڕاستی، کەچی ڕاستی نییە ، مرۆڤەکان چییان بەسەر گەردوون و خودا هێناوە یاخود گەردوون و خودا چییان بەسەر مرۆڤ هێناوە !!
لێرەدا گرنگە بپرسین زمان دەتوانێت چ کێشەیەک دروست بکا و چ دونیایەک وێران بکا لێرە فێری ئەوەمان دەکا زمان چ هونەرێکی تێدا هەیە ، کەچی بێهونەرە .

خوێندنەوەی دووەم
مرۆڤ وەک کارەکتەرێکی ئەقلانی و کارەکتەرێکی پڕ لە کێشە دەخاتەڕوو !!
تێگەیشتنی مرۆڤ چییە لە دونیای ئەقلانی؟
ئایا مرۆڤ دەبێ بێدەنگ ببێ بۆ ئەوەی ئەقلانییەت بەشی هەمووان بکا ؟
پاشان بپرسین مرۆڤی نائەقلانی کێیە؟
پەیوەندی نێوان ئەقلانییەت و نائەقلانی چۆن دەستپێدەکات و چۆن بەردەوام دەبێ و چۆن کۆتایی دێت؟
لەنێوان دوو هاوکێشەدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تاوانکار و مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تاوانلێکراو، مەحکومە بەشتێک نەیکردبێ یانیش مرۆڤ لە ئەزەلەوە لۆ ئەبەد وەک تاوانکارە و هەمیشە تاوان بەرهەمدەهێنێتەوە !!
لێخۆشبوون چییە؟
ئایا لێخۆشبوون کۆتایی ڕقە یانیش مەرگی ڕقە و دەکرێت جارێکی دیکە زیندوو ببێتەوە ؟
ژیان چییە و ئەودیوی ژیان چییە؟
مردن چییە و مانەوە چییە؟
ڕۆلی سەرەکی مرۆڤ لە سووڕانی ژیان و دروستکردنی کارەکتەرێکی دیکە بۆ ژیانێکی خەیاڵی چییە؟
پەیوەندی نێوان شوێنی تاوان بە زەمەنەوە و پەیوەندی زەمەن و بەکاتەوە چییە؟
ئاگاهی چییە و نائاگاهی چییە؟
خورافە چییە و ئایین چییە؟
ئایا مرۆڤ لەنێوان کوشتن و خۆکوژی خود کامیان هەلدەبژێرن ؟
ئیدیعای مرۆڤ وەک خودا چۆن دروستبوو ؟
لە چ شتێک مرۆڤ و خودا لەیەکدی دەچن وە لە چ شتێک لەیەکدی دووردەکەونەوە ؟!!
لۆ ئەوەی وەڵامی ئەو هەموو پرسیارە بدەمەوە
مرۆڤ دەبەستمەوە بە کتێب و رستە و ووشەوە پاشان دێم گەمەیەک دروست دەکەم، هەموو شتێک دەبەستمەوە بەدونیای مەعریفە و بەزەمەنەوە دواتر مرۆڤ دەگەڕێنمەوە ڕێچکەی خوداناسی و ئایینناسی و گەڕانەوە بۆ ناسینی پێغەمبەران و فەیلەسوفەکان و شاعیران چونکە سروشتی مرۆڤ دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەپیرۆزکردنی شتەکانی !! پاشان ئەو بابەتە دەبەستمەوە بەژیانی چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستا چونکە بەگشتی مرۆڤایەتی وێنەیەکی لە خەیاڵی هەیە دووبارە وێنەی دروستی دەکاتەوە و دواتر دێت پۆلێنی دەکات بۆ جۆرێک لە دونیایی ئەقلانی بۆ وێنادەکا و دەیبەستێتەوە بە زەمەنەوە و دواتر دێت بۆمانی دەگێرِێتەوە لەڕێگەی چیرۆکەوە چونکە هەموو شتێک لە ڕیگەی چیرۆکەوە بۆمان ساغ بۆتەوە ، بۆ ئەوەی چیرۆکیش بەشێکی گرنگ بێت لە حەقیقەتی شتەکان و دێت باسی ڕاستی و درۆ و گومان و یەقینی شتەکان دەکاتەوە و دواتر دێت فکرێکی پیرۆز دەسەپێنێ و شەڕی لەسەر دەکا و پاشان دێت جادووی پێوەدەکات ، بەناچاری وادەکا خۆی ببێ بە ئەفسانە و دەسەڵاتدارێکی رەها و پاشان هێز دەداتەوە شتەکان و کردەکان دەبینێ کردەیی خراپە و باشە دابەش دەکاتەوە هەر بەمەبەست یەکێکیان دەشارێتەوە ، دواتر دێت وەک کەسێک دەتوانێت جیهانێک بونیاد بنێت و بتوانێ بیشکێنێت بەئەنقسەت خەیالی ئێمە دەستکاری دەکا و دووبارە دروستی دەکاتەوە ، لە ڕوانینی خۆی پێی وایە بەشێوەیەکی جوانتر شتەکان بۆ خەڵک و زەمەنێکی دیکە دەگوازێتەوە و دەیبیستێتەوە بۆیان بەواقیع و خەیال بۆیان، کەچی دێت هێزێکی فیزیکی بەبەر دەکات و دەبێت بە کارەکتەرێکی پڕ لە جوولە و کەسانی دیکەی پێدادگایی دەکا، پاشان دێت یادەوەرییەکان داگیر دەکات و وا دەکا ببین بە کەسێکی دەرووننەخۆش و شێت، پاشان وا دەکا دەیان تاوان بکەن و دەیان تاوانیان کەشف دەکات بەبێ ئەوەی بکوژ ببین و تاوانکارببن ، لێرەوە دەبێت بەکەسێکی ئەفسوناوی بەرگێکی نوێ دەپۆشێت و رووداوەکان بۆ خەڵکی دەگێڕێتەوە و بەرگری دەکا و پێی وایە ناهێلێت ژیان کۆتایی بێت و مێژوو دەنووسێتەوە و پێمان دەڵێت ژیان هیچ کاتێک چەقی نەبەستووە و ئەو هەموو نهێنییەکان دەزانێ و هەمووان تووشی دۆخێک دەکا بترسین لە ڕوودان و ڕوونەدانی هەر حەقیقەتێک.
بۆیە لەڕێگەی ترسەوە شتەکان دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە وەهم و دۆخێک دروست دەکا کەوا ئەو دەتوانێ بەرگری بکا و نەهێلێت پیرۆزییەکان سوکایەتی پێوە بکرێت ، دیسانەوە خورافە دەهێنیتەوە بەرباس و دووردەکەوێتەوە لە خودا و ئایین و پێغەمبەران و فەیلەسوفان چونکە ناچارانە چاوی لە جەهلە چاوی لە میهرەبانی دار و بەرد و مردوویەکە بۆ ئەوەی ئاواتەکانی بهێنێتەدی، پاشان پێی وایە ئەقلانییەت شتەکی بێسوودە و مرۆڤ نابێت بیربکاتەوە !!
بۆیە وەک ئەفسانەیەک گەمەی بەچارەنووس دێت و لەبەر مێژوو ڕادەکات و بەناو ڕووناکی دەڕوا و دەچێتەوە نێو تاریکی، پێی وایە هیچ شتێک بوونی نییە و هیچ سنوورێک بوونی نییە ئیشی ئەو تەنها و تەنها ئەوەیە و گەمەیەکی تاڵمان لەگەڵ بکات .
کەواتە ئێمە هەم کارەکتەرێکی وەهیمن و هەم لەحەقیقەت دەترسین.




تەنیایی و پەرتبوونی رۆح لە شیعری ( گوناهی ئاڵ)ی سەلاح محەمەددا.. نووسینی/ عەتا قەرداخی

سه‌لاح محه‌مه‌د یه‌كێكه‌ له‌و شاعیره‌ فه‌رامۆش كراوانه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیری ئێمه‌دا غه‌درێكی زۆری لێكراوه‌، ره‌نگه‌ به‌شێكی ئه‌و غه‌در لێكردنه‌ په‌یوه‌ندی به‌ لاوازی ئاستی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیه‌وه‌ هه‌بێت، به‌شه‌كه‌ی تریشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شاعیره‌ بۆ خۆی پیاوێكی شه‌رمن و بێ هه‌ڵپه‌یه‌، له‌ كاتێكدا كه‌سانێكی زۆر كه‌ ئاستی شعیریان زۆر له‌ دوای ئه‌م شاعیره‌وه‌یه‌ به‌ڵام هه‌م خۆیان به‌هه‌ڵپه‌ن هه‌م ناوه‌ندی رۆژشنبیری كوردیش له‌به‌ر نه‌بوونی هیچ پێوانه‌یه‌كی داهێنان و له‌به‌رنه‌بوونی هیچ پێوانه‌یه‌كی رۆشنبیری و ئه‌خلاقی تیایدا بڵندگۆی خۆی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌لاح محه‌مه‌ده‌وه‌ن ده‌خاته‌ كارو له‌ هه‌موو موناسه‌به‌و بارودۆخێكدا له‌ پێشه‌وه‌و له‌ ریزی یه‌كه‌مدا دایان ده‌نێت. به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و جێگا پێدانه‌ ناتوانێت كه‌سانی بێ به‌رهه‌م و گه‌وره‌كراو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك كه‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندی به‌ داهێنانه‌وه‌ نییه‌ بكات به‌ ناوو شووناسی داهێنانیان پێ ببه‌خشێت. هه‌روه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌سی داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاشدا پشت گوێ بخرێت و فه‌رامۆش بكرێت، ئه‌وا ناتوانرێت بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بخرێته‌ په‌راوێزه‌وه‌ چونكه‌ داهێنان و به‌رهه‌مێنانی زیندوو تاكه‌ بنه‌مان كه‌ ده‌توانن شووناس به‌ خاوه‌نه‌كه‌یان ببه‌خشن. به‌ هه‌رحاڵ شاعیریان نووسه‌رو یان هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌رو به‌رهه‌م هێنی وه‌كو سه‌لاح محه‌مه‌د ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغێك و ته‌نانه‌ت هه‌تا خۆیشیان له‌ ژیاندان فه‌رامۆش بكرێن ئه‌وا ده‌بێ بزانین زیندووی به‌رهه‌مه‌كانیان زیندووی ئه‌وان بۆ قۆناغی دوورو درێژ ده‌پارێزن.
سه‌لاح محه‌مه‌د له‌ ناوه‌راستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ شیعر بڵاوكردنه‌وه‌. له‌م دواییانه‌دا كۆی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ دیوانێكدا به‌ ناوی ( سه‌رم پڕیه‌تی له‌ سێبه‌ر ) به‌ چاپ گه‌یاند. یه‌كێك له‌ خاسێته‌ دیاره‌كانی ئه‌م شاعیره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕوای به‌ چۆنێتی و ئاستی داهێنان هه‌یه‌ نه‌ك به‌ چه‌ندێتی و ئاماده‌بوونی رۆژانه‌. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئه‌گه‌ر سه‌یری كۆی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م شاعیره‌ بكه‌یت ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌چێته‌ ریزی گروپێكی دیار له‌ شاعیرانی داهێنه‌ری كورد كه‌ له‌ دیارترینیان ئه‌حمه‌د هه‌ردی و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌دو سواره‌ی ئێلخانی زاده‌و محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و پاشانیش ئه‌م دێت. ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنجی شیعره‌كانی سه‌لاح محه‌مه‌د بده‌ین ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رباری بوونی خه‌یاڵ و هه‌ستیارییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌م شاعیره‌ هه‌روا به‌ ئاسانی و به‌ساده‌یی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زمان و وێنه‌و مۆسیقا و جوانكاری ناكات، به‌ڵكو پێده‌چێت كه‌ چه‌ندین جار زمان و وێنه‌و بنیادی هه‌رده‌قێكی پێداچوونه‌وه‌ بكات تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ فڕێی بداته‌ به‌رده‌می خوێنه‌ر.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ( گوناهی ئاڵ ) بكه‌ین كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌كانی سه‌لاح محه‌مه‌دو له‌ ساڵی 1996دا نووسیووێتی و له‌ لاپه‌ڕه‌ ( 36 بۆ 41 )ى دیوانه‌كه‌یدا بڵاوی كردۆته‌وه‌. ناونیشانی ئه‌م شیعره‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك پێكهاتووه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ ناوو ئاوه‌ڵناو. ناوه‌كه‌ خۆی واته‌ گوناه وه‌كو وشه‌یه‌ك مانای ئاشكرای خۆیی هه‌یه‌ كه‌ مانایه‌كی گشتیه‌و له‌ راستیشدا وشه‌یه‌كی نێگه‌تیفه‌ چونكه‌ له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا گوناه هاوواتای تاوانه‌و هه‌ركه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ ده‌بیستین خه‌یاڵمان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ تاوانێك ئه‌نجام درابێت. به‌ڵام له‌ ناونیشانی ئه‌م شیعره‌دا گوناه به‌ ئاوه‌ڵناوی ( ئاڵ ) وه‌سف كراوه‌. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و وه‌سفه‌ جۆرو سرووشتی گوناهه‌كه‌ دیاری ده‌كات، به‌ڵام له‌ راستیدا له‌ سنووری ناونیشانه‌كه‌دا نازانرێت ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ی كه‌ ئاڵ هه‌ڵی ده‌گرێت چییه‌ هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌ شووناسی راسته‌قینه‌ی ئه‌و گوناهه‌ ئاشكرا نه‌بێت. بۆیه‌ لێره‌دا ناونیشانه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵین و شۆڕ ده‌بینه‌وه‌بۆ ناو پێكهاته‌ی ده‌قه‌كه‌ به‌و ئومێده‌ی له‌ میانه‌ی شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌وه‌ هه‌م مانای راسته‌قینه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ بدۆزینه‌وه‌ هه‌م له‌ دوای پرسیاره‌كانی ده‌قه‌كه‌و چۆنێتی ئاراسته‌ كردنیان بگه‌ڕێین به‌ مه‌به‌ستی ده‌ست نیشان كردنی جیهانبینی گشتی ده‌قه‌كه‌.

چركه‌ی كات خولی ده‌م ( با ) یه‌
سه‌رم دوای ئه‌م گوڵاوه‌ تاڵه‌، یڕ هه‌رایه‌
كام رێگا ئه‌مباته‌وه‌ ماڵێ
كام په‌نجه‌ره‌ په‌رده‌ی عیشقی ،
تێم ئه‌ئاڵێ ؟
ده‌رگاكان یاساوڵی شه‌ڕن
ئێخه‌ به‌ بۆنی ده‌مم و
جگه‌ره‌ی په‌نجه‌ شله‌كانم ئه‌گرن
ئه‌م شه‌قامه‌ باریكه‌ی هه‌موو شه‌وێ
وه‌ك ئه‌سپێكی به‌ وه‌فا جێم ناهێڵێ
بۆنی سۆزی دایكم و
چه‌قۆی قسه‌ تیژه‌كانی لێ هه‌ڵئه‌ستێ
من ئه‌چمه‌ ناوه‌وه‌و
ئه‌ویش تا چاو بڕكا ره‌شه‌
وه‌ك لێك گه‌ڕان
من ئه‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌و
ئه‌ویش ئاڵه‌ وه‌ك راموسان.
شاعیر لێره‌دا باسی خودی خۆیی و مه‌سه‌له‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی ده‌كات كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كی ترین بنه‌ماكانی به‌رهه‌م هێنانی شیعر بێت. له‌ ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌دا سه‌لاح باسی زه‌مه‌ن ده‌كات كه‌ چۆن ده‌ڕوات به‌ تایبه‌تی له‌ كاتێكدا كه‌ وای نیشان ده‌دات كاتی مه‌ستی بێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئاستێكی تردا ده‌شێ وه‌های لێكبده‌ینه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ گوێره‌ی مرۆڤ كات هیچ مانایه‌كی نییه‌و خودی مرۆڤیش له‌م ژیانه‌دا رۆتینێكی بێ مانا به‌ڕێ ده‌كات وه‌كو چۆن مه‌ستێك بێ بیر لێكردنه‌وه‌و بێ ئاگایانه‌ دێت و ده‌ڕوات. ئه‌م شوێنی خۆی وه‌ها دیاری ده‌كات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یه‌تی و دوای خواردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ گوڵاوی تاڵ ناوی ده‌بات ئیتر سه‌ری ده‌بێته‌ پوره‌ هه‌نگێكی ئاڵۆزو ده‌وروژێت به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌گاته‌وه‌ ماڵی خۆی و چ رێگایه‌ك ده‌توانێت بیباته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. هه‌روه‌ك ده‌شێ ماڵ هێما بێت بۆ شوێنی ئۆقره‌ گرتن و حه‌وانه‌وه‌. ئه‌وی ماندوو سه‌ر پڕ له‌ هه‌راو ئاژاوه‌و ناكۆكی ئاره‌زووی ئه‌وه‌ بكات كه‌ بگاته‌ بارێك تیایدا بحه‌وێته‌وه‌و له‌و باره‌ ئاڵۆزو ناهه‌مواره‌ رزگاری ببێت.
ئه‌م دسان به‌ جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ ده‌پرسێت له‌ باره‌ی ئه‌و رێگایه‌ی كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ یان ده‌یگه‌یه‌نێته‌ بارێكی سه‌قامگیرو پڕ له‌ ئارامی. هه‌روه‌ك پرسیار له‌وه‌ش ده‌كات ئایا ده‌شێ كه‌سێك هه‌بێت له‌م باره‌ ئاڵۆزه‌دا یان له‌و هێمنی و ئارامیه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت پێی بگات هه‌ستی بۆ ئه‌م بكاته‌وه‌و خۆشه‌ویستی پێ ببه‌خشێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و باره‌ ده‌روونیه‌یه‌ كه‌ تیایدا گومان و نیگه‌رانی ئه‌وی شاعیر ده‌رده‌كه‌وێت. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ پایه‌ گرنگه‌كانی داهێنان ئه‌و گومان و هه‌ست به‌ نیگه‌رانی كردنه‌یه‌. له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌م به‌م باره‌ ده‌روونی و هه‌ستیاره‌ى خۆیه‌وه‌ به‌ ئومێدی گه‌یشتن به‌ ئارامی و سه‌قامگیری و حه‌وانه‌وه‌ ده‌جوڵێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پێی وایه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌رگاكانی گه‌یشتن به‌ ئارامی و سه‌قامگیریدا یاساوڵ و لێپرسینه‌وه‌ هه‌یه‌. لێپرسینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆچى بۆنی گوڵاوی تاڵی لێ دێت، لێپرسینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆچى په‌نجه‌كانی جگه‌ره‌ له‌ ئامێز ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ لێره‌دا هه‌رچه‌نده‌ ماڵ وه‌كو جێگایه‌ك بۆ حه‌وانه‌و ئارمی و سه‌قامگیری باس ده‌كرێت له‌ هه‌مان كاتدا جێگایه‌كیشه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌و بۆ كوشتنی ئازادییه‌كانی ئه‌و. ئه‌وه‌شی كه‌ ئه‌م ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه‌ ده‌رگای ماڵه‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی نه‌بینراودا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ماڵ له‌ بۆچوونی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌وه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌و ئارم گرتنه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ماڵ جێگایه‌كه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌و بۆ به‌دواداچوونی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و چی ده‌كات و چۆن ره‌فتار ده‌كات. دیاره‌ هه‌ر پرسیارێكی له‌م جۆره‌ وه‌كو جۆرێك له‌ خۆ هه‌ڵقورتان له‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وی دی ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌كه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌لایه‌ن نزیكترین كه‌سیشه‌وه‌ بێت كه‌ خۆشه‌ویست یان هاوسه‌ره‌كه‌ی بێت. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی تردا رووناكی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ له‌ ماَڵێكدا دوو كه‌س له‌ چوار چێوه‌ی خێزاندا كۆ ده‌كاته‌وه‌و سرووشتی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش ئاشكرا ده‌كات.
شاعیر له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ باسی په‌یوه‌ست بوونی مرۆڤ به‌ شوێنه‌وه‌ ده‌كات ئیتر گرنگ نییه‌ ئه‌و شوێنه‌ چ جۆره‌ شوێنێكه‌. ئه‌وی شاعیر باسی په‌یوه‌ندی خۆی و ئه‌و شه‌قامه‌ ده‌گات كه‌ شه‌وانی دره‌نگ و زۆربه‌ی كاتیش به‌ مه‌ستی پیایدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و له‌وه‌ش ده‌دوێ كه‌ ئه‌و شه‌قامه‌ به‌ وه‌فایه‌و هه‌رگیز ئه‌م به‌ جێ ناهێڵێت. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ شوێن ره‌گه‌زێكی بێ لایه‌نه‌و ئه‌وه‌ی مانا به‌ شوێن ده‌به‌خشێت مرۆڤ خۆیه‌تی. لێره‌دا شاعیر خاسێتی مرۆڤ یان ته‌نانه‌ت هه‌ندێ ئاژه‌ڵ به‌ شوێن ده‌به‌خشێت كه‌ خاوه‌نی وه‌فایه‌كی له‌ راده‌ به‌ده‌رن. بۆ نموونه‌ شاعیر شه‌قامه‌كه‌ هاوشێوه‌ ده‌كات به‌ ئه‌سپ له‌ وه‌فاداریدا. ئه‌سپ و سه‌گ له‌و ئاژه‌ڵانه‌ن كه‌ وه‌كو هێمای وه‌فا باس ده‌كرێن. كاتێ ئه‌و ئه‌سپ سواره‌ی كه‌ له‌ غارداندا ئه‌سپه‌كه‌ی شه‌كه‌ت و ماندو ده‌كات و به‌ رێكه‌وت ئه‌سپه‌كه‌ ده‌گلێ یان سواره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌و پێی له‌ ئاوزه‌نكیدا ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌ست به‌جێ ئه‌سپه‌كه‌ راده‌وه‌ستێت و به‌ دیار سواره‌ گلاوه‌كه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و به‌ دوای خۆیدا رایناكێشێت نه‌وه‌كو ئازاری پێ بگات یان بمرێت. خۆ ئه‌گه‌ر سواره‌كه‌ ده‌ست به‌جێ له‌و گلان یان كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یه‌دا بمرێت ئه‌وا ئه‌سپه‌كه‌ به‌ دیار ته‌رمه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و به‌ جێی ناهێڵێت. ئه‌مه‌ش وه‌فاو دڵسۆزی و هۆگری ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ بۆ مرۆڤ نیشان ده‌دات.
ئه‌م شه‌قامه‌ به‌ جۆرێك جێگای خۆیی له‌ هه‌ست و نه‌ستی ئه‌مدا گرتووه‌ كه‌ بۆنی دایكی لێدێت. ئه‌مه‌ش ئاستی قوڵی خۆشه‌ویستی یان په‌یوه‌ست بوونی ئه‌م به‌م جێگایه‌وه‌ نیشان ده‌دات. له‌ روویه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ رێگای وه‌سف كردنی شه‌قامه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت هه‌رچه‌نده‌ دایكی خاوه‌نی سۆزو خۆشه‌ویستیه‌كی قوڵ بووه‌ بۆ ئه‌م به‌ڵام قسه‌كانیشی كاریگه‌رو هه‌ندێ جار پێده‌چێت ئازار به‌خشیش بووبن بۆی، كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش له‌و كاتانه‌دا بوو بێت كه‌ ئه‌م سنووره‌كانی رووخاندبێت و گه‌ڕان و رۆیشتن به‌ دوای ویست و حه‌زه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیدا وه‌های لێكردبێت زیاتر بۆ خۆی بژی و بێباك بێت له‌ ده‌ورو به‌ر. له‌م كاتانه‌شدا رووبه‌رووی جۆرێك له‌ ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشت كردن بووبێته‌وه‌ له‌ لایه‌ن دایكیه‌وه‌. ئێستا كه‌ له‌ رووی یادوه‌رییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رابردوو، یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ شه‌قامه‌كه‌دا ده‌هێنێته‌وه‌ یاد له‌گه‌ڵ ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌شدا دایكی و خۆشه‌ویستی و سۆزو له‌ هه‌مان كاتدا ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشتكردنه‌كانیشی یاد ده‌كه‌وێته‌وه‌. لێره‌دا له‌ ئاستی قوڵی ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كاتێ مرۆڤ خۆی ده‌داته‌ ده‌ستی زۆرێك له‌ خواست و ئاره‌زووه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی، ئه‌وا گومانی تیادا نییه‌ كه‌ روو به‌رووی ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشتیش ده‌بێته‌وه‌و ره‌نگه‌ هه‌ندێ جار ئه‌و ره‌خنانه‌ تیژو كارگه‌ریش بن وه‌كو ده‌می چه‌قۆ.
ئه‌م هه‌موو شه‌وێ به‌م شه‌قامه‌دا دێته‌وه‌و دوای مه‌ست بوون به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و سه‌رباری لێپرسینه‌وه‌ی ده‌رگاكان به‌ڵام ئه‌م هه‌ر خۆی ده‌كات به‌ ژووردا. واته‌ ژووره‌وه‌ یان ماڵه‌وه‌ ئه‌م له‌ ئامێز ده‌كات و به‌و پێیه‌ش ئه‌م ده‌شارێته‌وه‌ یان ئه‌م به‌و باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌چێته‌ باری دیار نه‌مان یان خۆشاردنه‌وه‌وه‌ یان خۆی له‌ ئامێزی ماڵه‌وه‌دا حه‌شار ده‌دات. ئه‌می شاعیر به‌ جۆرێك وێنای شه‌قامه‌كه‌و خۆی ده‌كات كه‌ شه‌وان ته‌نیا هه‌ر ئه‌م به‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌دا رێگا بكات. بۆیه‌ پێمان ده‌ڵێت تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌م ده‌رگای ماڵه‌وه‌ دوای پرسیار لێكردن و لێپرسینه‌وه‌ رێگای چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ده‌دات هاوده‌می راسته‌قینه‌ی شه‌قامه‌كه‌یه‌، به‌ڵام كه‌ ئه‌م ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ ئیتر شه‌قامه‌كه‌ بێ هاوده‌م و هاوڕێ ده‌مێنێته‌وه‌. كاتێ ئه‌م شه‌قامه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵیت و له‌و ساته‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ سه‌رنج بۆ دوای خۆیه‌وه‌ ده‌گێڕته‌وه‌ جگه‌ له‌ تاریكی هیچی تر نابینێت. ئه‌گه‌ر گه‌یشتنی ئه‌وی شاعیر بۆ ناو ژووره‌وه‌ بوونی ئه‌و بێت له‌ ئێستادا ئه‌وا شه‌قامه‌كه‌ی دوایه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ رابردووی ئه‌و كه‌ رابردوویه‌كی تاریكه‌ واته‌ مێژوویه‌كه‌ رووناكی تیادا نییه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ئه‌م خاوه‌نی رابردوویه‌كی گه‌ش نییه‌ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌نی رابردوویه‌كی تاریك و نائاشكراو نادیاره‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌م له‌ رابردوودا نه‌یتوانیووه‌ ئاماده‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێت یان ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت له‌ رابردوودا هه‌تا رابردووه‌كه‌ی ببێت رابردوویه‌كی خاوه‌ن شووناس. ده‌شێ په‌یوه‌ندی ئه‌م و رابردوو رووبه‌رێكی فراوانتری هه‌بێت و ئه‌م بریتی بێت له‌ كۆمه‌ڵ یان نه‌ته‌وه‌و رابردووش رابردووی كۆمه‌ڵ یان نه‌ته‌وه‌ بێت كه‌ له‌ رووی ئاماده‌بوون و بنیادنانی شارستانێیه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ تاریكستان.
لێم گه‌ڕێن من هاوڕێی شه‌وم
من هه‌ره‌ دوژمنی سه‌ر سه‌ختی
وڵاتی بێ چاره‌ی خه‌وم
من و شۆسته‌
دوو ته‌رمی ره‌ق و ناسكین
من و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كان
پاكه‌تی به‌تاڵ و باسكین .
شاعیر هه‌وڵده‌دات زیاتر خۆی بناسێنێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌دوێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا داوایه‌كی گشتی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ ناچێت دواواكاری بێت به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی كه‌ جۆرێكه‌ له‌ ده‌ربڕین بۆ زیاتر ناساندنی خۆی. ئه‌و داوا ده‌كات كه‌ لێی بگه‌ڕێن و كه‌س خۆی له‌ كاروبارو هه‌ڵس و كه‌وت و ره‌فتاری ئه‌و هه‌ڵنه‌قورتێنێت؟ ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ئه‌م كه‌سێتیه‌ ده‌یه‌وێت خۆی خاوه‌نی بوونی خۆی بێت و وه‌كو تاكه‌ كه‌س هه‌موو شتێكی له‌ ده‌ستی خۆیدا بێت. ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ بانگه‌شه‌ كردنه‌ بۆ بنیادنان و درووست بوونی تاكه‌ كه‌سی خاوه‌ن شووناس كه‌ تاكو ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بوونی نییه‌. ئه‌می شاعیر وه‌ها خۆی پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ هاوڕێی شه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌شێ به‌ دوو ئاراسته‌ى جیاواز لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ شه‌و هێمای تاریكی و نه‌زانیه‌. ئایا ده‌شێ شاعیر بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌م هاوڕێی نه‌زانی و تاریكی بێت؟ بێگومان ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ بۆ هاوڕێیه‌تی ئه‌می شاعیرو شه‌و ناتوانێت رووبه‌رێكی ئه‌وتۆ داگیر بكات چونكه‌ ناتوانین ته‌سه‌وری ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ته‌نانه‌ت كۆنه‌په‌رستترین كه‌سیش دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ دۆست و خوازیاری شه‌وو تاریكییه‌. لێكدانه‌وه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌می شاعیر خۆی پێشتر باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن شه‌وانی دره‌نگ دوای مه‌ست بوون به‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌م تاكه‌ هاوڕێی شاقامه‌كانه‌، كه‌ ده‌شێ هه‌رچۆن خۆی به‌ هاوڕێی شاقامه‌كان ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م به‌ هه‌مان شێوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌وانی دره‌نگی خۆی جۆرێك چێژی پێببه‌خشێت و بیكاته‌ هاوڕێ و دۆستی شه‌و. له‌ روویه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌شێ شه‌و وه‌ها لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ كاتی بیركردنه‌وه‌و خوردبوونه‌وه‌و تێڕامان بێت به‌ تایبه‌تی كاتێ هێمنی و خامۆشی باڵ به‌سه‌ر هه‌موو شوێنێكدا ده‌كێشێت. ئه‌گه‌ر وامان دانا كه‌ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یان رووبه‌رێكی فراوانتر داگیر ده‌كات ئه‌وا مانای وایه‌ شاعیر بۆیه‌ خۆی به‌ هاوڕێی شه‌و ده‌زانێت چونكه‌ له‌ شه‌ودا ده‌توانێت بیر بكاته‌وه‌و وردبێته‌وه‌و رابمێنێت به‌رامبه‌ر به‌ بوون و ژیان و هه‌موو شتێكی ئه‌م گه‌ردوونه‌. هه‌روه‌ك ده‌شێ وه‌هایشی لێك بده‌ینه‌وه‌ كه‌ شه‌و كاتی شاردنه‌وه‌و حه‌شاردان و په‌رده‌ له‌سه‌ر نانه‌. ده‌شێ شاعیر بۆیه‌ هاوڕێیه‌تی شه‌وی به‌لاوه‌ په‌سه‌ند بێت چونكه‌ شه‌و ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ هه‌موو شته‌كان به‌ نهێنی ده‌پارێزێت. ئه‌و ته‌نیا له‌شه‌ودا ده‌توانێت گوڵاوی تاڵ بخواته‌وه‌و مه‌ستانه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیی و به‌ ئازادی بێ ترس له‌ چاوی خه‌ڵك و له‌ قسه‌ی خه‌ڵكی به‌ شه‌قامه‌كاندا رێگا بكات. به‌واتایه‌كی تر به‌لای ئه‌مه‌وه‌ شه‌و ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ تیایدا ئه‌م هه‌ست به‌ ئازادی ده‌كات هه‌ر بۆیه‌ خۆی به‌ هاوڕێی شه‌و داده‌نێت.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ شاعیر له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ بۆچی ئه‌م هاوڕێی شه‌وه‌ واته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و په‌یوه‌ست بوونه‌ی خۆی به‌ شه‌وه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش چێژ وه‌رگرتنه‌ له‌ مانه‌وه‌و شه‌ونخوونی واته‌ ئه‌م چێژ له‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ له‌ شه‌وی پڕ له‌ نهێنی و هێمنی و خامۆشیدا نه‌نوێت. ئه‌م له‌ كاتێكدا دۆستی شه‌وه‌ ، له‌ به‌رامبه‌ردا نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی وڵاتی بێچاره‌ی خه‌ویشه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرا نییه‌ ته‌نیا له‌ شه‌ودا نه‌یاری خه‌وه‌ یان به‌ گشتی له‌ خه‌و بێزاره‌ یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌یاری وڵاتی خه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش مانایه‌كی جیاواز ده‌به‌خشێت. چونكه‌ كاتێ وشه‌ی خه‌و له‌گه‌ڵ وڵاتدا لێك ده‌درێن مانایه‌كی تر به‌رهه‌م ده‌هێنین كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ دواكه‌وتوویی و سستی و ناكارایی و مانه‌وه‌ له‌ جوغزێكی داخراوو گۆشه‌گیردا به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ كه‌ هیچ ویست و ئاره‌زوو خولیایه‌كی كاركردن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون و رابوونه‌وه‌ له‌ ئارادا نه‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌م باره‌یاندا لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ بكه‌ین ئه‌وا شاعیر له‌ ئاستێكی قوڵدا باسی گۆڕانكاری و رابوونه‌وه‌و به‌ره‌وه‌ پێشه‌وه‌ چوون ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و باری تێڕامان و خوردبوونه‌وه‌و بیر كردنه‌وه‌یه‌دا ده‌گونجێت كه‌ شاعیر باشترین كات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ شه‌و ده‌زانێت.
ئه‌م جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باس كردنی بوونی خۆی له‌ شه‌ودا واته‌ ئه‌و شه‌وانه‌ی كه‌ دره‌نگانێ له‌ دوای مه‌ست بوون به‌ ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌ چۆڵ وهۆڵه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌وه‌شدا خۆی هاوشێوه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كاندا.ئه‌م خۆی و شۆسته‌كان وه‌كو یه‌ك ده‌بینێت كه‌ هه‌ردووكیان وه‌كو دوو ته‌رمی ره‌ق و ناسكن. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ شۆسته‌كان پێكهاته‌یه‌كی ره‌ق و بێگیانن و به‌ ته‌نیشت شه‌قامه‌كاندا وه‌كو ته‌رم راكێشراون، ئه‌میش خۆی ده‌كاته‌ هاوڕێی ئه‌و شۆسته‌ مردووانه‌. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات ئایا چ ده‌لاله‌تێك له‌ پشتی ئه‌م هاوشێوه‌كردنه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت؟ بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ شۆسته‌كان تاكه‌ ئه‌ركێكی ساده‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ پیاده‌ ره‌وه‌كان به‌سه‌ریاندا ده‌رۆن و ئه‌مانیش واته‌ شۆسته‌كان هیچ پرسێكیان پێنه‌كراوه‌ هه‌تا بزانرێت ئایا به‌وه‌ رازین كه‌ رۆژانه‌ هه‌زاره‌ها كه‌س پێ بنێن به‌سه‌ر پشتیادا. لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ شۆسته‌كان پێكهاتیه‌كی پێ پیادا نراون واته‌ به‌ركارێكی به‌رده‌وامن و هه‌میشه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌مان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نییه‌. ئه‌می شاعیر خۆی هاوشێوه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌م شۆستانه‌دا واته‌ مه‌به‌ستیه‌تی بڵێت منیش وه‌كو شۆسته‌كان له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا تاك و ته‌نیام، منیش وه‌كو شۆسته‌كان ته‌رمێكی راكشاوی بێ هه‌ست و گیانم كێ دێت ده‌توانێت پێم پیادا بنێت، منیش وه‌كو شۆسته‌كان ناكارام وهه‌میشه‌ كارم له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌واتایه‌كی تر شاعیر ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌رچۆن شۆسته‌كان به‌ركارێكی به‌رده‌وامن منیش به‌ركارێكی به‌رده‌وامم و له‌واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ درێژه‌ى ژیادا له‌بری ئه‌وه‌ی بكه‌ر بم و كار له‌سه‌ر واقیع و له‌سه‌ر ده‌ورو به‌ر بكه‌م و بنیاد بنێم و به‌رهه‌م بهێنم، هاوشێوه‌ی ئه‌و شۆشته‌ بێگیانانه‌ پێم پیادا ده‌نرێت. بێگومان ئه‌م گوزارشت كردنه‌ی سه‌لاح محه‌مه‌د گوزارشت كردنێكی راستگۆیانه‌یه‌ له‌ بوون و چاره‌نووسی مرۆڤ له‌ سه‌رزه‌مینه‌ی واقیع كه‌ رۆژانه‌ هه‌موومان ده‌بینین كه‌ چ سووكایه‌تیه‌ك به‌و بوونه‌وه‌ره‌ ده‌كرێت كه‌ ناوی مرۆڤه‌ و وه‌كو شۆسته‌كان پێی پیادا ده‌نرێت و برسی ده‌كرێت و ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌و ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌و یاری به‌ هه‌ست و كه‌رامه‌تی ده‌كرێت و دواجاریش به‌ دڕندانه‌ترین شێواز ده‌كوژرێت. به‌واتا هه‌رچۆن شۆسته‌كان پێیان پیادا ده‌نرێت مرۆڤیش به‌ چه‌ندین شێوازی جۆراو جۆرو ترسناكتر له‌ پێ پیادا نان، پێی پیادا ده‌نرێت.
جارێكی تر شاعیر خۆی هاوشێوه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ جۆگه‌له‌ ئاوه‌كاندا كه‌ چۆن هه‌ردووكیان پاكه‌تی به‌تاڵن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت هه‌رچۆن پاكه‌تی به‌تاڵ هیچ ناوه‌رۆك گه‌وهه‌رو ماهیه‌تێكی نییه‌، منی مرۆڤیش به‌ هه‌مان شێوه‌ بێ گه‌وهه‌رو بێ به‌هاو بێ ناوه‌رۆكم. ئه‌مه‌ش زیاتر ناكارایی و بێ توانایی مرۆڤ نیشان ده‌دات له‌ به‌رده‌می چاره‌نووسێكی ترسناك و نادیاردا كه‌ ئه‌م خۆی ناتوانێت هیچ ده‌ورێكی هه‌بێت له‌ دیارى كردن و ده‌ست نیشان كردنیدا كه‌ ئه‌ویش چاره‌نووسی ترسناكی مردنه‌ یان چاره‌نووسی سووكایه‌تی كردنه‌ به‌ بوون و به‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤانه‌ی. مرۆڤ له‌به‌رده‌می ئه‌و چاره‌نووسه‌ تاڵه‌دا هێنده‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌كو پاكه‌تی به‌تاڵ وایه‌ كه‌چۆن ره‌شه‌با ده‌یفڕێنێ و ناتوانێت هیچ به‌رگریه‌ك بكات. كه‌واته‌ لێره‌دا شاعیر پێمان ده‌ڵێت راسته‌ ئێمه‌ی مرۆڤ له‌ زۆر كاتدا خۆمان به‌هێزو وه‌كو سه‌روه‌رى ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ده‌رده‌خه‌ین و ده‌مانه‌وێت وای نیشان بده‌ین كه‌ خاوه‌نی هه‌موو هێزو توانایه‌كین به‌ڵام له‌ راستیدا له‌به‌رده‌م حه‌قیقه‌تی مردندا بێ ده‌سه‌ڵات و ناكاراین و هیچ شتێكمان پێ ناگۆڕدرێت.
تیر ئه‌ندازه‌ به‌ ئابڕووه‌كان
ئه‌مشه‌و شووشه‌ی خه‌یاڵی ناسكیتان شكان
من چیم پێیه‌
زیاتر له‌ چه‌پكێ فرمێسك و
له‌ دوو لاقی قورسی له‌ ژیان به‌ جێماو
………………….
لاشه‌م بده‌نه‌وه‌ ده‌ست
تا بیبه‌مه‌ ناو حه‌شارگه‌ی
ماڵێكی تاریك وه‌ك
قورگێكی فڕێنراو له‌ سوارچاكی ده‌نگ
من ترپه‌ی باران ئه‌مگرێنێ
من ( با ) خۆشه‌ویستی هه‌موو
ماڵه‌ رووخاوه‌كان
بۆ هه‌واری رۆحم دێنێ
من شه‌ماڵیش ئه‌توانێ
كۆڵه‌كه‌ی هێزم بشكێنێ
من شه‌ماڵیش ئه‌توانێ بمگرێنێ.
شاعیر دوای ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌وانی دره‌نگ به‌ مه‌ستی یان به‌ هه‌ر جۆرێكی تر به‌ ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌ چۆڵه‌كاندا رێگای ماڵه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌گرێت، له‌وه‌ ده‌چێت كه‌ كه‌سانێك رێگایان پێ گرتبێت بۆیه‌ پێیان ده‌ڵێت ئێوه‌ئه‌مشه‌و شووشه‌ی ناسكیتان شكاندو خۆیشی وه‌ها پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌م خاوه‌نی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ فرمیسك و له‌ دوو لاقی قورسی له‌ ژیان به‌ جێماو. به‌ واتا ئه‌م سه‌رزه‌نشتی ئه‌و تیر ئه‌ندازانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ خه‌یاڵی ناسكی ئه‌میان شێواندووه‌ كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ شووشه‌ی خه‌یاڵیان شكاندبێت. ئه‌مه‌ش ناسكى و هه‌ستیاری خه‌یاڵی ئه‌و ده‌رده‌خات. هه‌روه‌ك رایشی ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م جگه‌ له‌و خه‌یاڵه‌ ناسكه‌ شتێكی تری ئه‌وتۆی نییه‌ ته‌نانه‌ت قاچاكانیشی قاچی ئاسایی نین هه‌تا بتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی سرووشتی رێگایان پێ بكات. ئیتر بۆ ده‌بێ كه‌سانێك هه‌بن رێگا به‌م بگرن له‌ كاتێكدا ئه‌م كه‌سێكی په‌پووله‌ ئاسایه‌و هاوده‌می شه‌قامی چۆڵی شه‌وو شۆسته‌ی وه‌كو ته‌رم راكشاوو جۆگه‌له‌ ئاوی درێژكشاوی ته‌نیشت شه‌قامه‌كانه‌؟ هه‌موو ئه‌م وه‌سفانه‌ی كه‌ ئه‌م بۆ خۆیی ده‌كات ناكارایی و نا بكه‌رێتی ئه‌م ده‌سه‌لمێنن كه‌ له‌ ئاستێكی فراوانتردا ده‌شێ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو ئه‌وانه‌ بكات كه‌ خاوه‌نی هه‌ست و خه‌یاڵ و رۆحێكی مرۆیی وه‌كو ئه‌من. كه‌ ده‌شێ له‌ ئاستێكی ته‌واو گشتی تردا هه‌موو مرۆڤایه‌تی بگرێته‌وه‌.
شاعیر دوای ئه‌وه‌ی كه‌ تیر ئه‌ندازه‌كان له‌شه‌وێكی دره‌نگی سه‌رشه‌قامدا رێگای پێ ده‌گرن، پێیان ده‌ڵێت كه‌ ئه‌م خاوه‌نی هیچ نییه‌ هه‌تا رێگای پێبگرن. بۆیه‌ داوایان لێ ده‌كات كه‌ لاشه‌یی بده‌نه‌وه‌. لێره‌دا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ لاشه‌یان لێ داگیر كردبێت. دیسان هه‌ر لێره‌دا دابه‌شبوونێك له‌ پێكهاته‌ی كه‌سێتی ئه‌ودا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ویش له‌ نێوان لاشه‌و رۆحیدایه‌ یان له‌ نێوان پێكهاته‌ی فیزیكی و پێكهاته‌ی مه‌عنه‌وی ئه‌ودایه‌، له‌و دابه‌ش بوونه‌شدا رۆح یان پێكهاته‌ی مه‌عنه‌وی باڵا ده‌سته‌و ئاماده‌بوونی هه‌یه‌و ده‌دوێت و ئه‌و خاوه‌نی پێكهاته‌ى فیزێك یان لاشه‌یه‌. ئه‌می شاعیر داوا ده‌كات كه‌ لاشه‌ی بده‌نه‌وه‌ تاكو بیباته‌وه‌ بۆ نێو چوار دیواری ماڵێكی تاریك، ماڵێكی خامۆش و بێ ده‌نگ. ئه‌م كه‌سێتیه‌ یان ئه‌م رۆحه‌ی كه‌ شه‌وانه‌ به‌ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌كاندا رێگا ده‌كات پێ ده‌چێت له‌ بۆته‌ی جه‌سته‌یه‌كدا بێت له‌ بری ئه‌وه‌ی كه‌ ویسته‌ فیزیكی و بایۆلۆجیه‌كانی بۆ دابین بكات، ده‌یه‌وێت بیباته‌وه‌ نێو چواری دیواری ژوورێكی خامۆش و بێ ده‌نگ له‌وێدا به‌ندی بكات. كه‌واته‌ ده‌شێ لێره‌دا وه‌های لێكبده‌ینه‌وه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و ژووره‌ داخراوه‌ یان ئه‌و ماڵه‌ خامۆشه‌ی كه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا باس ده‌كرێت بوویه‌كی مادیانه‌ی هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌شێ بوویه‌كی مه‌عنه‌وی بێت و بریتی بێت له‌و زیندانه‌ گشتییه‌ی كه‌ داب و نه‌ریت و كه‌لتوورو ئاین بۆ جه‌سته‌ی داناوه‌و جه‌سته‌ ناتوانێت ئه‌و ویست وئاره‌زووه‌ بایۆلۆجی و غه‌ریزه‌ییانه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات كه‌ به‌شێكن له‌ بوونی سرووشتی ئه‌و. ئێستا رۆح یان كه‌سێتی مه‌عنه‌وی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌ كه‌ ده‌شێ به‌ شاعیر خۆیشی ناوی ببه‌ین هه‌وڵده‌دات ئه‌و جه‌سته‌یه‌ به‌ هێمنی و به‌ بێده‌نگی بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركوتی بكات به‌وه‌ی كه‌ بیباته‌وه‌ بۆ نێو چوار دیواری داخراوو خامۆشی ژوورێك یان ماڵێك. شاعیر بۆ ئه‌م كاره‌ی كه‌ ده‌یكات پاساوو بیانووی خۆیی هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كه‌سێكه‌ تاقه‌تی ئه‌و ململانێ و گێرمه‌و كێشانه‌ی نییه‌و كه‌سێكی هه‌ستیاری له‌و جۆره‌شه‌ كه‌ بچووكترین شت كاری لێ ده‌كات بۆیه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌ كه‌ خۆی بداته‌ ده‌ستی ویست و ئاره‌زووه‌كانی جه‌سته‌و له‌و پێناوه‌شدا دووچاری كێشه‌و گیرو گرفت بێت. كه‌واته‌ لێره‌دا شاعیر وێنه‌ی كه‌سێكی خۆپارێزمان بۆ ده‌كێشێت كه‌ نایه‌وێت رووبه‌ڕووی كێشه‌و گیرو گرفت ببێته‌وه‌.
شاعیر باسی هه‌ستیاری خۆی ده‌كات كه‌ نه‌ك هه‌ر رووداوی ترسناك كاری لێ ده‌كات به‌ڵكو له‌وه‌ش ده‌دوێت كه‌ چۆن رووداوی زۆر ئاسایی ده‌یهه‌ژێنێ و كاریگه‌ری خۆی له‌ سه‌ری داده‌نێت به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ كه‌ كار له‌ راڕه‌وی ژیانی بكات. ئه‌م ترپه‌ی باران كه‌ له‌ راستیدا باران هه‌م هێمای ژیانه‌وه‌و زینده‌گانیه‌ هه‌م ترپه‌ی باران ئاوازێكی مۆسیقی خۆشی تێدایه‌ كه‌ ده‌توانین بڵێین مۆسیقای رۆحه‌و رۆحی مرۆڤ ئارام ده‌كاته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و ترپه‌ مۆسیقیانه‌ وا له‌ ئه‌می شاعیر ده‌كه‌ن كه‌ بگری. ئه‌مه‌ش به‌ دوو ئاراسته‌ لێك ده‌درێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیاره‌ ته‌نانه‌ت ترپه‌ی بارینی بارانیش رایده‌چڵه‌كێنێ و ده‌یترسێنێ، به‌ جۆرێكی ئه‌و تۆ كه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ ئاستی گریان. دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیاره‌ ترپه‌ی بارینی باران كه‌ وه‌كو پێشتر گوتمان له‌ مۆسیقایه‌ك ده‌چێت كه‌ بۆ رۆح لێ بدرێت و زمانی رۆحی هه‌بێت، راسته‌وخۆ كار له‌ رۆحی ئه‌م ده‌كات و ده‌یخاته‌ باری جوڵه‌و به‌خۆدا چوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامی ئه‌و جوڵه‌و هه‌ڵچوونه‌ش جۆرێك پاكژبوونه‌وه‌ به‌رهه‌م دێنێت كه‌ ئه‌ویش به‌ گریان گوزارشنتی لێ ده‌كرێت. واته‌ ئه‌و گریانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی گۆی لێبوونی ترپه‌ی باران بارینه‌وه‌ درووست ده‌بێت بریتیه‌ له‌ پاكژبوونه‌وه‌ی رۆح. واته‌ ئه‌م كه‌سێتیه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیاره‌ كه‌ ترپه‌ی باران بارینیش ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاستی پاكژبوونه‌وه‌ی رۆحی.
شاعیر پێشتر باسی هاوڕێیه‌تی خۆیی و شه‌وو شه‌قام و شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كانی ده‌كرد. ئێستاش باسی په‌یوه‌ندی خۆیی و باران و با و شه‌ماڵ ده‌كات. با ئه‌و ره‌گه‌زه‌ی نێو سرووشته‌ كه‌ ئه‌م و ماڵه‌ رووخاوه‌كان به‌یه‌كتره‌وه‌ ده‌به‌ستێت و خۆشه‌ویستی ئه‌و ماڵه‌ رووخاوانه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ نێو دڵی ئه‌م. لێره‌دا شاعیر هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ی مرۆییانه‌ی خۆی له‌ ده‌ربڕینێكی شیعری جواندا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵ كه‌ ئه‌وانه‌ن له‌ ماڵه‌ رووخاوه‌كان و له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژاره‌كاندا ده‌ژین. (با) خۆشه‌ویستی ئه‌م هه‌ژارو بێ ده‌ره‌تانانه‌ له‌ رۆحی ئه‌مدا ده‌نێژێت. ئه‌وه‌شی گرنگه‌ خۆشه‌ویستی ئه‌مانه‌ له‌ دڵیدا هه‌وار ناخات به‌ڵكو له‌ رۆحیدا جێگیر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش زیاتر قوڵی و به‌هێزی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ نیشان ده‌دات. دیسان ئه‌م له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ رێگای قسه‌كردن له‌سه‌ر بای شه‌ماڵ، له‌ لایه‌ك هه‌ستیاری و ناسكی خۆی ده‌رده‌خات له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ناكارایی و لاوازی خۆی نیشان ده‌دات به‌ تایبه‌تی كاتێ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ شه‌ماڵ ده‌توانێت كۆڵه‌كه‌ی هێزی ئه‌م بشكێنێت. ته‌نانه‌ت شه‌ماڵ كه‌ بایه‌كی هێمن و فێنك و سازگاره‌ ده‌توانێت ئه‌وی شاعیر بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێك كه‌ بگری. ئه‌مه‌ش دیسان له‌ لایه‌ك ناسكی و هه‌ستیاری ئه‌م نیشان ده‌دات و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ جۆرێك له‌ لاوازی و بێ ده‌سه‌ڵاتی و ناكارایی ئه‌و به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، كه‌ كۆی ئه‌م قسانه‌ش ناكارایی و لاوازی مرۆڤ له‌ به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی نادیاری خۆیدا نیشان ده‌دات.
له‌ گیانی منا هه‌ست ئه‌ڕوێ و
له‌ سه‌هۆڵبه‌ندانی دڵتانا
شه‌خته‌ی مه‌رگ ده‌ست پێ ئه‌كا
لێره‌ له‌م وڵاتی كه‌ڕ بارینه‌
خۆشه‌ویستی جوانترین نێچیری سه‌ر بڕینه‌
ده‌ستم ناگاته‌ پرچی خۆر بیڕنمه‌وه‌
ده‌ستم ناگاته‌ ئارایشتگای ده‌مامكه‌كان بیسڕمه‌وه‌.
شاعیر پێشتر خۆی هاوشێوه‌ ده‌كرد له‌گه‌ڵ شه‌قام و شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كاندا واته‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ توخم و ره‌گه‌زه‌كانی سرووشتدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌دوێت و له‌ بری خۆ هاوشێوه‌ كردن له‌گه‌ڵیاندا جیاوازی نێوان خۆی و ئه‌وان نیشان ده‌دات. به‌ واتایه‌كی تر ئه‌وان له‌ جه‌مسه‌رێك داده‌نێت و خۆی له‌ جه‌مسه‌ره‌كه‌ی تر. دیاره‌ له‌و به‌راورد كردنه‌شدا خۆی ده‌بێته‌ هه‌ڵگری خاسێته‌ باش و پۆزه‌تیفه‌كان و ئه‌وانیش ده‌بنه‌ هه‌ڵگری خاسێت و سیفاته‌ خراپ و نێگه‌تیفه‌كان. ئه‌م باسی ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وان ده‌كات كه‌ له‌ گیانی ئه‌مدا هه‌ست ده‌ڕوێ كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی له‌ (هه‌ست ) لێره‌دا هه‌ستی مرۆڤانه‌و ناسكی و هه‌ستیارییه‌ واته‌ ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌م خۆی هه‌میشه‌ له‌ رووی مرۆییه‌وه‌ له‌ گه‌وره‌ بوون و په‌ره‌سه‌ندن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووندایه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای لێ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ترپه‌ی باران وشنه‌ی شه‌ماڵ و خه‌م و خۆشه‌ویستی ماڵه‌ رووخاوه‌كاندا بگری. ئه‌م خاوه‌نی رۆحێكی زیندو دڵێكی گه‌رمه‌و ئه‌و هه‌سته‌ مرۆییه‌ش له‌و رۆحه‌ زیندووه‌و له‌و دڵه‌ گه‌رمه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت. به‌ڵام له‌ جه‌مسه‌ره‌كه‌ى تر كه‌ ئه‌وانن، دڵیان ته‌زیووه‌و رۆحیان له‌ رووی هه‌ستی مرۆییه‌وه‌ مردووه‌ بۆیه‌ له‌ سه‌هۆڵبه‌ندانی دڵیانا شه‌خته‌ی مه‌رگ ده‌ست پێ ده‌كات، واته‌ ئه‌وان ئه‌گه‌رچی خۆیان زیندوون به‌ڵام مه‌رگ به‌رهه‌م ده‌هێنن و دڵیان له‌ بری هه‌ستی مرۆڤانه‌و خۆشه‌ویستی رق و كینه‌و هه‌ستی دژه‌ مرۆیی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. هه‌ستكردنی شاعیر به‌م جیاوازییه‌ وای لێ ده‌كات كه‌ هه‌ست بكات ئه‌م جۆرێكی جیاوازه‌ له‌ مرۆڤ و له‌وه‌ ناچێت له‌ ره‌گه‌زی ئه‌وان بێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی مایه‌ی خه‌مێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌كو شاعیر بیر ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ست ده‌كه‌ن و ده‌ژین ژماره‌یه‌كی كه‌من به‌ڵام له‌ رووی مرۆییه‌وه‌ گه‌وره‌ترو به‌رزترو مرۆڤترن.
شاعیر به‌ زمانێكی ساده‌و بێ گرێ ده‌توانێت گه‌لێك وێنه‌ى جوان به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆ نموونه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ وڵاتی ( كه‌ڕ ) بارین ناو ده‌بات. له‌ راستیدا ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌كی ته‌واو نامه‌ئلوفه‌، به‌ڵام وێنه‌یه‌كی جوان و به‌رهه‌م هێنی ماناو ده‌لاله‌ت و جوانكارییه‌. ئه‌مه‌ش تواناو به‌ ده‌سه‌ڵاتی شاعیر به‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زمان و وێنه‌و به‌رهه‌م هێنانی شیعریه‌تدا نیشان ده‌دات. شاعیر پێی وایه‌ ئێره‌ ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ وڵاتی كه‌ڕ بارینه‌. دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ كه‌ڕ مرۆڤه‌و شاعیر له‌ بری ئه‌وه‌ی بڵێت له‌م وڵاته‌دا مرۆڤه‌كان خۆیان كه‌ڕ ده‌كه‌ن و گوێ له‌ هیچ ناگرن، ده‌ربڕینی كه‌ڕ بارین به‌كار ده‌هێنێت كه‌زمانێكی شیعریتره‌. ئه‌گه‌ر به‌ دوای ئه‌و مانایه‌شدا بگه‌ڕێین كه‌ ئه‌م ده‌ربڕینه‌ هه‌ڵی ده‌گرێت ئه‌وا بۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه‌ له‌م وڵاته‌دا ئه‌وه‌ندی خه‌ڵك قسه‌ ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ گۆێ ناگرێت، به‌ واتا له‌ وڵاتی ئێمه‌دا تاكو ئێستا هونه‌ری گفتوگۆ كردن فێر نه‌بووین و كه‌س گوێ له‌ كه‌س ناگرێت و تاكو ئێستا هه‌ر كه‌سه‌و بۆ خۆی قسه‌ ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ده‌توانین به‌ ئاراسته‌یه‌كی تریش لێكدانه‌وه‌ی وڵاتی كه‌ڕ بارین بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م وڵاته‌دا كه‌س گوێ له‌ ئازارو خه‌م و داواكاری و ویسته‌كانی ئه‌وانی تر ناگرێت به‌ تایبه‌تی ده‌شێ مه‌به‌ست له‌ كه‌ڕ هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵات بێت یان ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ پنت و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدان. له‌ راستیشدا هه‌روایه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌گاته‌ پله‌یه‌كی دیاری ده‌سه‌ڵات ئیتر له‌ به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌رو خواره‌وه‌ی خۆیدا كه‌ڕ ده‌بێت. به‌هه‌ر حاڵ به‌ روانینی من زیاتر لێكدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ وڵاتی كه‌ڕ بارین گونجاوتره‌ چونكه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ ناسك و رۆحه‌ زیندووه‌و دڵه‌ گه‌رمه‌ی ئه‌می شاعیردا كه‌ڕو بێ وه‌ڵامن.
كاتێ شاعیر ئه‌م وڵاته‌ به‌ وڵاتی كه‌ڕ بارین ناو ده‌بات، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی نموونه‌ دێنێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌م وڵاته‌دا جوانترین نێچیری سه‌ربڕین خۆشه‌ویستییه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی ئاشكراو به‌هێز ده‌دۆزرێته‌وه‌ له‌ نێوان كه‌ڕی و سه‌ربڕینی خۆشه‌ویستیدا. مه‌به‌ست له‌ كه‌ڕى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌ زمانی خۆشه‌ویستی تێناگه‌ن، یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و زمانه‌ نازانن یان فێری نه‌بوون چونكه‌ ئه‌و زمانه‌ سرۆش و ئیلهام له‌ رۆح و هه‌ست و سۆزو دڵی زیندووه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. پێشتریش ئێمه‌ باسی ئه‌وه‌مان كرد كه‌ كاتێ شاعیر ئه‌م شتانه‌ له‌ بوون و ناخیدا ده‌ژین، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆی دایناون له‌ ناخیاندا رق و كینه‌ له‌ دایك ده‌بێت. كاتێ كه‌ خه‌ڵك له‌ زمانی خۆشه‌ویستی تێنه‌گه‌ن و نه‌یزانن مانای وایه‌ خودی خۆشه‌ویستی له‌ به‌رده‌م گه‌وره‌ترین مه‌ترسیدایه‌ كه‌ ئه‌ویش مه‌ترسی سه‌ربڕین و له‌ ناوچوونه‌. ئه‌می شاعیر كاتێ ده‌گاته‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ خۆشه‌ویستی له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی له‌ ناوچووندایه‌ به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ ده‌ڕوانێت چونكه‌ ده‌زانێت كاتێ خۆشه‌ویستی هه‌ره‌س ده‌هێنێت مانای وایه‌ ژیان هه‌رس ده‌هێنێت چونكه‌ ناشێت ته‌سه‌وری ژیان بكرێت به‌بێ خۆشه‌ویستی. هه‌ر له‌م كاته‌دا ئه‌وی شاعیر گوزارشت له‌ بێ توانایی و ناكارایی خۆی ده‌كات بۆ رنینه‌وه‌ی پرچی خۆرو بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌مامكانه‌ی كه‌ رووی راسته‌قینه‌یان قبَ شاردراوه‌ته‌وه‌. واته‌ ئه‌م ئاواته‌ خوازه‌ كه‌ بتوانێت رووی راستی شته‌كان وه‌كو خۆی و وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ن ده‌ربخات، به‌ڵام ئه‌و توانایه‌ی نییه‌ كه‌ ئه‌و ئاواته‌ی بێنێته‌ دی. ئه‌مه‌ش جارێكی تر ناكارایی و بێ توانای و نائاماده‌بوون بۆ كردنی كار یان درووستكردنی رووداو نیشان ده‌دات له‌ واقیعێكدا كه‌ ئه‌و پێى وایه‌ واقیعی كه‌ڕ بارینه‌.
ئه‌ى هه‌ڵفڕیوه‌ ناسكه‌ سه‌رشێته‌ ئازاكه‌
راكه‌ راكه‌ راكه‌ راكه‌
ته‌رمی سه‌ر شۆسته‌م سه‌ر شان و
ناو دڵ و به‌له‌می ته‌ماشاكه‌
خنكان ده‌روازه‌ی واڵایه‌
بۆنی رۆحت
بێ ناونیشان و ئاڵایه‌
گوناهم كرد
یان تۆ منت كرده‌ دیاری هه‌ناوی
ئا ئه‌م گوڵه‌ سپییه‌ ئاڵه‌
گوناهم كرد
یان تۆ به‌ ئه‌مانه‌ت دات نام له‌لای
ئه‌م وڵاته‌ ره‌نگاڵه‌.
شاعیر كه‌سێك ده‌دوێنێت كه‌ ئاشكرا نییه‌ كێیه‌، به‌ڵام هه‌ندێ خاسێتی ئه‌و كه‌سه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ رێگای ده‌رخستنی ئه‌و خاسێتانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ر شێت و ئازاو له‌ هه‌مان كاتدا ناسك بووه‌و له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵفڕیووه‌ یان هه‌ڵهاتووه‌ به‌ڵام بۆ كوێ ؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ نه‌زانراوه‌. ئه‌م داوا له‌و كه‌سه‌ ده‌كات كه‌ فریا بكه‌وێت ئه‌می به‌ ته‌رم بووی سه‌ر شۆسته‌ یان ئه‌می مردووی راكشاوی ته‌نیشت شۆسته‌ی مردووی شه‌وانی شار بخاته‌ سه‌ر شانی و له‌ هه‌مان كاتدا سه‌یری ناو دڵ و ناخی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزانێت چی تێدایه‌. له‌ باری یه‌كه‌مدا شاعیر لێره‌دا خۆی وه‌كو كه‌سێكی مردوو پێشكه‌ش ده‌كات و بیرى نه‌چووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر خۆی هاوشێوه‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵ شۆسته‌ مردووه‌كاندا. بۆیه‌ ئێستا داوا له‌و هاوڕێ هه‌ڵفڕیوه‌ ده‌كات كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌و سه‌یری ناخیشی بكات تا بزانێت ئایا بۆچی مردووه‌، ئایا چی له‌ ناخیدا په‌نگی خواردۆته‌وه‌و بۆى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، یان نه‌یتوانیووه‌ گوزارشتی لێ بكات. هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئاخاوتنی شاعیر له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نزیك له‌ نێوان شاعیرو ئه‌م كه‌سه‌دا هه‌بووه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌ی كه‌ مردنه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ به‌جێهێشتنی ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌. شاعیر وای ده‌رده‌خات له‌ كاتێكدا كه‌ هیچ به‌ربه‌ست و رێگرێك له‌ به‌رده‌م مردندا نییه‌، مردن به‌ سه‌ربه‌ستی و بێ دوو دڵی دێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و وای نیشان ده‌دات كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و هۆكارێكی سه‌ره‌كی مردنی مه‌عنه‌وی ئه‌مه‌. دیاره‌ مه‌به‌ستیشمان له‌ مردنی مه‌عنه‌وی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سێته‌ له‌ راستیدا نه‌مردووه‌، به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ هه‌ست ده‌كات ناكارایه‌و توانای رووداو درووست كردن یان ئه‌نجامدانی هیچ كارێكی نییه‌. هه‌ر بۆیه‌ مردنی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت و وای نیشان ده‌دات هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ له‌ نێوان ئه‌وو شۆسته‌ بێگیانه‌كاندا. لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ بوونی مرۆڤ له‌ بكه‌ر بوونیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كاتێ كه‌سێك نه‌توانێت هیچ كارێك بكات یان رووداو درووست بكات كه‌واته‌ بوونی هیچ مانایه‌كی نییه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ رووی فیزیكیشه‌وه‌ زیندوو بێت ئه‌وه‌ له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ بوونی نییه‌ واته‌ وه‌كو مردوو سه‌یر ده‌كرێت.
شاعیر له‌ كاتێكدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مردن هیچ سنوورێك ناناسێت و مل كه‌چی یاساكانی كات و شوێن نییه‌، له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ له‌ دووره‌وه‌ بۆنی رۆحی هاوڕێ دووره‌كه‌ی یان هاوڕێ هه‌ڵفڕیوه‌كه‌ی ده‌كات و رۆحی ئه‌ویش له‌ شێوه‌ی وڵاتێكدا وێنا ده‌كات كه‌ نه‌ ناونیشانی هه‌یه‌و نه‌ ئاڵا. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌ كه‌س لێكبده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ نه‌یتوانیووه‌ له‌ رووی ئاماده‌بوونه‌وه‌ له‌ بواری به‌رهه‌م هێناندا چ به‌رهه‌م هێنانی مادی بێت یان به‌رهه‌مهێنانی مه‌عنه‌وی به‌شداری هه‌بێت و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. هه‌ر بۆیه‌ به‌ كه‌سێكی بێ ناونیشان و بێ ئاڵا ناوی ده‌بات. خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی گه‌ل یان نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵ ئه‌م وێنه‌یه‌ لێكبده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا مه‌به‌ست له‌و هاوڕێیه‌ی كه‌ شاعیر له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێت ده‌شێ كه‌ل یان نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌كه‌ی شاعیر بێت كه‌ به‌ درێژایی مێژوو شكست یان هه‌ره‌س یان خنكان یان مردن ده‌رگای واڵا بووه‌ له‌ به‌رده‌میداو ئێستاش رۆحی ئه‌م پێكهاته‌یه‌ كه‌ ده‌توانین بڵێین رۆحی گشتی گه‌له‌ رۆحێك نییه‌ گه‌یشتبێته‌ ئاستی بڵند بوون. به‌ چه‌مكی هیگڵی رۆح یان رۆحی گشتی بریتیه‌ له‌ گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی بوون كه‌ لێره‌دا ده‌بێته‌ گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی بوونی گه‌ل یان نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵ كه‌ به‌پێی هه‌مان پێوانه‌ ئه‌و رۆحه‌ی كه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا ده‌خرێته‌ به‌رده‌م لێدوانه‌وه‌ هیچ شووناسیكی نییه‌ چونكه‌ به‌ پێی هه‌مان چه‌مكی هیگڵی شووناس له‌ بوونی ده‌وڵه‌تدا پێناسه‌ی هه‌یه‌.

شاعیر به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وی هاوڕێی هه‌ڵفڕیو پرسیارێكی نائاسایی و ته‌نانه‌ت وه‌ڵام گوماناوی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ شوێن و پێگه‌ی خۆیی و ده‌وری خۆی له‌ خوڵقاندنی ئه‌و باره‌دا، یان ده‌وری ئه‌و له‌ گه‌یاندنی ئه‌م به‌و باره‌ نائاساییه‌دا. دیاره‌ به‌ جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ ئه‌مى شاعیر له‌و ده‌پرسێت داخۆ ئه‌م خۆی گوناهی كردووه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌ سه‌رئه‌نجامی ئه‌و گوناهه‌یه‌ یان ئه‌م خۆی بێ گوناهه‌و ئه‌وی هاوڕێی هه‌ڵفڕیو فڕێی داوه‌ته‌ ئه‌و باره‌و دۆخه‌وه‌؟ له‌ راستیدا شاعیر باسی خۆی ده‌كات له‌ نێو كفنێكی سپیدا كه‌واته‌ به‌و پێیه‌ ده‌بێ شاعیر مردبێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاعیر دوای مردنی خۆی ئه‌م قسانه‌ ده‌كات، بۆیه‌ لێره‌وه‌ راسته‌وخۆ تێده‌گه‌ین كه‌ شاعیر باسی مردنی مه‌عنه‌وی خۆی ده‌كات و ناراسته‌وخۆش وای نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌و هۆكاری ئه‌م مردنه‌ مه‌عنه‌وییه‌ی ئه‌مه‌. هه‌روه‌ك دیسان هه‌مان پرسیاری پێشوو به‌رز ده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ داخۆ ئه‌م خۆی گوناهی كردووه‌ یان ئه‌وی هاوڕێِی هه‌ڵفڕیو سپاردوویه‌تی به‌ وڵاتی ره‌نگاڵه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ وڵاتی ره‌نگاڵه‌ش وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌تی. دیاره‌ لێره‌دا وڵاتی ره‌نگاڵه‌ش ده‌ربڕینێكه‌ كه‌ سه‌ره‌تایی بوونی ئه‌و وڵاته‌ ده‌رده‌خات كه‌واته‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا له‌ ئاستی نه‌بینرای ده‌قه‌كه‌دا ئاشكرا ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌می شاعیر له‌ وڵات به‌ جێماوه‌و پێده‌چێت ئه‌وی هاوڕێی ئه‌می لێره‌ به‌جێ هێشتبێت و خۆی به‌ره‌و وڵات و جێگایه‌كی تر رۆیشتبێت. راسته‌ ئه‌می شاعیر خاوه‌نی هه‌ست و سۆزو خه‌یاڵێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی تایبه‌تی و تاكه‌ كه‌سی خۆیه‌تی به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وای ده‌رده‌بڕێت كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی كه‌سێكی نزیك و خۆشه‌ویست ده‌وری كاریگه‌ر ده‌بینێت له‌وه‌دا كه‌ مرۆڤ بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی بێزاری و خه‌می گه‌وره‌و هه‌ست كردن به‌ ته‌نیایی و به‌ گۆشه‌گیرییه‌كی ئه‌وتۆ كه‌ سه‌رئه‌نجام هه‌ستكردن به‌ مه‌رگی مه‌عنه‌وی به‌رهه‌م بهێنێت. واته‌ هه‌چه‌نده‌ ده‌شێ شاعیر گوزارشت له‌و هه‌سته‌ زۆر تایبه‌ته‌ی خۆی بكات به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵده‌دات له‌ رێگای به‌شداری پێكردنی ئه‌وی تره‌وه‌ له‌ چاره‌نووس وخه‌م و ئازارو هه‌ست كردنه‌كانیدا ته‌نیا نه‌بێت چونكه‌ ته‌نیایی له‌ بارێكی له‌و جۆره‌دا وا له‌مرۆڤ ده‌كات كه‌ نه‌توانێت له‌ به‌رده‌می ئه‌و چاره‌نووسه‌دا خۆی رابگرێت، به‌شداری پێكردنی ئه‌وی دی له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ كاریگه‌ری پۆزه‌تیفی ده‌بێت چونكه‌ هه‌ست ده‌كات كه‌ ته‌نیا نییه‌. لێره‌دا سه‌رباری گوزارشت كردنی شاعیر له‌ هه‌سته‌ تایبه‌ته‌كانی خۆی كه‌ دیاره‌ ئه‌و هه‌ستانه‌ش هه‌مان هه‌سته‌ مرۆییه‌ مه‌ودا قوڵه‌كانن، دیسان ئاراسته‌ جوڵیه‌ك هه‌یه‌ یۆ خاڵی كردنه‌وه‌ی خۆی یان گه‌یشتن به‌ جۆرێك له‌ پاكژ بوونه‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی تۆماس ستێرن ئیللیه‌تدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێی وایه‌ ده‌ق یان ( شیعر) ته‌نیا گوزارشت كردن نییه‌ له‌ خودی تاكه‌ كه‌سی به‌رهه‌م هێن به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ بۆ دوور كه‌وتنه‌وه‌ش له‌ خودی ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ خۆی.
ئێى بژی ده‌رگای داخراو
ئێی بمرێ زیندووی كوژراو
ئێی له‌م شته‌ سه‌یرانه‌
ئێی له‌م وشه‌ له‌ناوخۆ كوژراوانه‌
خه‌ونێكی سه‌یره‌ لێره‌ بوون، یا ناونانی
پرسه‌یه‌كی سه‌یره‌ پێكه‌نین یان گریانی.
شاعیر پاش ئه‌وه‌ی به‌ دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ بزانێت داخۆ خۆی هۆكاری ئه‌و چاره‌نووسه‌ی ئێستایه‌تی یان هاوڕێ هه‌ڵاتووه‌كه‌ی، پێده‌چێت جۆرێك له‌ دڵنیایی له‌لا درووست بووبێت به‌وه‌ی كه‌ هاوڕێكه‌ی به‌ ته‌نیا به‌جێی هێشتووه‌و مانه‌وه‌ش به‌ ته‌نیا هۆكارێكه‌ بۆ كه‌سێكی هه‌ستیارو ناسكی وه‌كو ئه‌م كه‌ ترپه‌ی باران و شنه‌ی شه‌ماڵیش ده‌توانن بیگرێنن،یان بگاته‌ ئاستی َ خۆی له‌گه‌ڵ شۆسته‌ی راكشاوی ته‌نیشت شه‌قامه‌ چۆڵه‌كانی شه‌و هاوشێوه‌ بكات، واته‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ست به‌ مردنی مه‌عنه‌وی خۆی بكات. له‌م كاته‌دا جارێكی تر وای نیشان ده‌داته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا ماڵێكی كش و مات و ئه‌و دیووی ده‌رگا داخراوه‌كان جێگای ئارام گرتن و حه‌وانه‌وه‌ن. بۆیه‌ لایه‌نگری خۆی بۆ ده‌رگا داخراوه‌كان ده‌رده‌بڕێت كه‌ ده‌شێ له‌و دیووی ئه‌و ده‌رگا داخراوانه‌وه‌ مرۆڤێكی ته‌واو زیندوو به‌ هه‌موو مانایه‌كی ئاماده‌بوون ئاماده‌بوونی هه‌بێت یان ده‌شێ مرۆڤێگی ته‌واو مردووى تێدا بێت نه‌ك وه‌كو ده‌ره‌وه‌و سه‌رشه‌قامه‌كان كه‌ پڕه‌ له‌ مرۆڤی نیوه‌ زیندوو نیوه‌ مردو یان باشتر بڵێین مرۆڤگه‌لێك كه‌ له‌ رووی جه‌سته‌یی و فیزیكییه‌وه‌ زیندوون به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌وی و ده‌روونییه‌وه‌ مردوون. ئه‌می شاعیر دژی ئه‌و حاڵه‌تی نیوه‌ مردوو نیوه‌ زیندووه‌یه‌ چونكه‌ پێی وایه‌ مرۆڤی له‌و جۆره‌ ناتوانێت له‌ هیچ بوارێكدا ئاماده‌بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و هیچ به‌رهه‌م بهبَنێت. له‌ راستیشدا ئه‌گه‌ر له‌ نێو ده‌قه‌كه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی ده‌ره‌و بچین واته‌ بۆ نێو واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی كه‌ ده‌قه‌كه‌ی تیادا به‌رهه‌م هاتووه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵى كورده‌واری، ئه‌وا له‌ رووی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین مرۆڤی كورد مرۆڤێكی نیوه‌ زیندوو نیوه‌ مردووه‌ واته‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژیانێكی ساده‌ به‌رێ ده‌كات ئه‌گینا له‌ رووی به‌رهه‌م هێنانی شارستانێتیه‌وه‌ به‌ درێژایی مێژوو ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ كه‌ له‌و ئاسته‌دا بوو بێت كه‌ بكه‌رێتی ئه‌و بسه‌لمێنێت . زیندویش كاتێ مانای هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ ئاستی بكه‌ردا بێت. شاعیر ئه‌و باری نیوه‌ زیندو نیوه‌ مردووه‌ به‌ زیندووی كوژراو ناو ده‌بات و لایه‌نگری كۆتایی هاتنی ئه‌و باره‌ شلۆقه‌ ناكاره‌یه‌یه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ده‌خوازێت ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بمرێت له‌وه‌ باشتره‌ كه‌ به‌و جۆره‌ بمێنێته‌وه‌.
شاعیر ئه‌و باره‌ی كه‌ تیایدا مرۆڤ ناكاراو لاوازه‌و له‌ نێوان مردوو زیندوودا ماوه‌ته‌وه‌ به‌ بارێكی سه‌یر ده‌زانێت، بارێكی ئه‌وتۆ كه‌ پێی وایه‌ شته‌كان له‌ ناو خۆیاندا یان له‌ خودی خۆیاندا كوژراون. هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پێی وابێت له‌ واقیعێكی له‌م جۆره‌دا مه‌سه‌له‌ی بوون وه‌كو خه‌ون وایه‌، خه‌ونێك كه‌ به‌ دیهاتنی مایه‌ی گومانه‌. هه‌ر له‌م واقیعه‌داو په‌یوه‌ست به‌ مه‌سه‌له‌ی بوون، خۆسه‌لماندن و به‌ بكه‌ر بوون یان مه‌سه‌له‌ی مردنی ته‌واوه‌تی له‌ فه‌زایه‌كی ئاڵۆزو په‌شێودان. فه‌زایه‌ك كه‌ تیایدا دیواری نێوان پێكه‌نین و گریان ده‌ڕوخێت. له‌ پشتی ئه‌م بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یه‌وه‌ ده‌لاله‌تی تێكه‌ڵاوبوونی ناسنامه‌كان یان لاوازی ناسنامه‌كان بۆ به‌ده‌ست هێنانی خاسێتی ته‌واوه‌تی خۆیان به‌رهه‌م دێت. ئه‌م تێكه‌ڵاو بوونه‌ش بۆ كۆمه‌ڵى رۆژهه‌ڵاتی به‌گشتی و بۆ كۆمه‌ڵی كورده‌واری به‌ تایبه‌تی شتێكی ئاشكراو له‌ به‌رچاوه‌و هه‌تا زه‌مینه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ تاكه‌ كه‌س ببێته‌ خاوه‌نی شووناسی تایبه‌تی خۆی ئه‌وا شووناسی زیندوو له‌ شووناسی مردوو جیا ناكرێته‌وه‌.
له‌ كۆڵم دابه‌زه‌ ماندووم
من نازانم ئه‌ڕۆم یان وه‌ك دووریت
له‌ ناو جه‌سته‌ی خۆما نووستووم
مۆسیقایه‌كی سه‌یره‌ گه‌ر هاتوو گه‌یشتمه‌وه‌
نه‌رم نه‌رم له‌ ده‌رگاكه‌ی سه‌رم ئه‌دات
ئای له‌ ته‌رمی چاوه‌ڕوانی و
له‌ كاروانی شه‌وه‌ تێك شكاوه‌كان.
شاعیر داوا له‌ هه‌مان كه‌س یان هه‌مان هاوڕێی دوور یان هه‌ڵاتوو ده‌كات كه‌ له‌ كۆڵی دابه‌زێت كه‌ له‌ راستیدا وا ده‌رده‌كه‌وێت شتێكی تر بدوێنێت كه‌ بووه‌ته‌ بارێكی گران بۆی كه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ وه‌كو هاوڕێكه‌ی لێكی بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا ده‌شێ مه‌به‌ست خه‌مى هاوڕێَكه‌ی بێت كه‌ دووری و رۆیشتنی ئه‌وو به‌ ته‌نیا به‌جێ هێشتنی ئه‌م ئه‌و خه‌مه‌ی درووست كردبێت و ئێستا وه‌كو بارێكی گران ئه‌می بێزارو ماندو كردبێت. هه‌روه‌ك ده‌شێ له‌ ئاستێكی فراوانتردا سه‌یری ئه‌و داواكارییه‌ بكه‌ین و وای لێك بده‌ینه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست خه‌مێكی گه‌وره‌تر بێت كه‌ ئه‌ویش یان خه‌می گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی بێت كه‌ دواكه‌وتووی و مانه‌وه‌ له‌ په‌راوێزی مێژووداو ژێرده‌سته‌یی و كۆیله‌یی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌ندامێكه‌ لێی و خاوه‌نی هه‌ستێكی زۆر ناسك و حه‌ساسیشه‌ ئه‌وه‌ی لا درووست كردبێت و بۆی بوو بێته‌ خه‌مێكی گه‌وره‌و ئێستا بخوازێت كه‌ له‌و خه‌مه‌ رزگاری ببێت. هه‌روه‌ك ده‌شێ رووبه‌ری خه‌مه‌كه‌ له‌وه‌ش فراوانتر بێت و بریتی بێت له‌ خه‌می ئه‌و بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌ پای ئه‌و سووكایه‌تیانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ به‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤ و به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كرێت. ئه‌می شاعیر ئه‌م خه‌مه‌ بێزاری كردووه‌و ده‌یه‌وێت لێی ده‌رباز بێت هه‌رچه‌نده‌ بۆ كه‌سێكی هه‌ستیاری له‌و جۆره‌ رزگار بوون له‌ خه‌م و ئازارو نیگه‌رانی شتێكی مه‌حاڵ و چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌.
ئه‌م دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ داخۆ له‌ جێگای خۆیدا جێگیره‌ یان ده‌جوڵێت و رێگا ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌و باره‌ ده‌روونیه‌ نائاساییه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌وی تێدایه‌ كه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ راستیدا وه‌كو سه‌فه‌رێك وایه‌ له‌ نێوان ئێستاو داهاتوودا. ئه‌و ئێستا له‌ بارێكی خراپدایه‌، هه‌روه‌ك له‌وه‌ش دڵنیا نییه‌ كه‌ ئاینده‌ی له‌وه‌ی ئێستای باشتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و چاره‌نووسه‌ ترسناكه‌یه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی به‌ گشتی به‌ ده‌ستیه‌و ده‌ناڵێنێت. ئه‌م نازانێت داخۆ ده‌ڕوات یان وه‌كو چۆن دووری هاوڕێكه‌ی شتێكه‌ له‌ ناو جه‌سته‌یدا جێگیره‌ مانه‌وه‌ی خۆیشی ئاوا جێگیره‌و ناگۆڕێت یان لێی جیا نابێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووری ئه‌و له‌ بوونی ئه‌مدا جێگایه‌كی دیاری هه‌یه‌و نه‌ك ناتوانێت له‌ یادی بكات به‌ڵكو به‌شێكی سه‌ره‌كی خه‌م و ئازارو هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن وته‌نانه‌ت هه‌ست به‌ مردن كردنیشى په‌یوه‌ندی به‌ دووری ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ شاعیر له‌ ئه‌نجامی په‌رتبوون و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌وی هاوڕێی دوور یان هه‌ڵاتوو وای لێهاتووه‌ كه‌ شه‌وانه‌ دوای خواردنه‌وه‌ی گوڵاوى تاڵ به‌ ته‌نیا به‌ شه‌قامه‌ چۆڵه‌كاندا بگه‌ڕێته‌وه‌و خۆی هاوشێوه‌ بكات به‌ شۆسته‌ مردووه‌كان و جۆگه‌له‌ی ئاوه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی ته‌نیایی ئه‌م نیشان ده‌دات. ئه‌م وه‌كو خه‌ونێك سه‌یری به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ ده‌كات و ئه‌و خه‌ونه‌ش زۆر ناسك و پڕ بایه‌خ باس ده‌كات و به‌ مۆسیقا ناوی ده‌بات، مۆسیقایه‌ك كه‌ به‌ هێمنی له‌ ده‌رگای سه‌ری ده‌دات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ مه‌سه‌له‌ی به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ى ئه‌م و هاوڕێكه‌ی كه‌ ده‌شێ له‌ ئاستێكی تردا به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستان بێت یان به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بێت، وه‌كو ئه‌و مۆسیقایه‌ وایه‌ كه‌ هارمۆنیای كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ ئه‌و مۆسیقایه‌ش ئاراسته‌ی سه‌ر ده‌كرێت ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌و به‌یه‌كتر گه‌یشتنه‌وه‌یه‌ كه‌كۆبوونه‌وه‌و به‌یه‌كتر گه‌یشتنی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ به‌ عه‌قڵ و له‌ سنووری عه‌قڵدا ده‌بێت و ده‌گاته‌ ئه‌نجام.
كاتی گه‌یشتنه‌وه‌ یان به‌ یه‌كتر گه‌یشتنه‌وه‌ هێنده‌ گرنگ و بایه‌خداره‌ وه‌كو مۆسیقایه‌كی هێمن سه‌یر ده‌كرێت كه‌ له‌ ده‌رگای سه‌ری ئه‌م ده‌دات، ئه‌م له‌ بارێكی شلۆقدایه‌و ناتوانێت بڕیار بدات كه‌ داخۆ به‌ هێمنی ده‌رگای لێ بكاته‌وه‌ یان خۆی لێ بێ ئاگا بكات. ئه‌نجا ئه‌گه‌ر خۆی لێ بێ ئاگا كرد، ئایا ئه‌و پاشه‌ كشه‌ ده‌كات یان به‌ شێوه‌یه‌كی توندتر دێته‌ پێشه‌وه‌؟ واته‌ ئه‌م له‌وه‌ دڵنیا نییه‌ كه‌ ئایا ویست و ئاره‌زووی به‌یه‌كگه‌یشتن و یه‌كگرتنه‌وه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ به‌هێزه‌ كه‌ ئه‌م و هاوڕێكه‌ی یان له‌ ئاستێكی فراوانتردا هه‌موو مرۆڤایه‌تی كۆ بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ی لێره‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت له‌ ئاستێكی قوڵتردا بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵایه‌تی بوون كه‌ ئه‌وه‌ش چه‌مكێكی سیۆسیۆلۆجیه‌و مرۆڤ به‌ سرووشتی و به‌ غه‌ریزه‌ مه‌خلوقێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ڵام زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی و ویستی ده‌سه‌ڵات به‌ جۆرێك كۆنترۆڵی ده‌كات كه‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی زۆر لاواز ده‌كات، به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ له‌بری خۆشه‌ویستی و برایه‌تی و یه‌كبوون، رق و كینه‌و دوژمنایه‌تی و په‌رتبوون ده‌بێته‌ خاسێتی دیارو باڵاده‌ستی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی و له‌ بارێكی وه‌هاشدا رایه‌ڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و پێكه‌وه‌ به‌ستن و پێكه‌وه‌ ژیان لاواز ده‌بێت و به‌و پێیه‌ش دیواری ئه‌ستوورى لێك دابڕان و لێكتر تێنه‌گه‌یشتن درووست ده‌بێت. سه‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش مرۆڤ یان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ به‌ تایبه‌تی ئه‌و نوخبه‌یه‌ی كه‌ هه‌ستیارییه‌كی سه‌روو ئاساییان هه‌یه‌ ده‌كه‌ونه‌ باری هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن و گۆشه‌گیریه‌وه‌. ئه‌و ده‌مه‌ش هه‌ستكردن به‌ جۆرێك له‌ مردنی مه‌عنه‌وی یان ده‌روونی سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌ختترین و دژوارترین ئازاری رۆحی و ده‌روونی به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت و تاكه‌كه‌سی زیندوو له‌ رووی فیزیكی یان جه‌سته‌ییه‌وه‌ هه‌ست به‌ جۆرێك له‌ مردن ده‌كات كاتێ هه‌ست ده‌كات ته‌نیاو بێكه‌س و بێ هاوده‌مه‌. ئێستا ئه‌می شاعیر له‌و باره‌ شلۆقه‌ ده‌روونیه‌ پڕ ئازاره‌دایه‌و هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ زیندووه‌ به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ یان له‌ رووی رۆحی و ده‌روونیه‌وه‌ هه‌ست به‌ جۆرێك له‌ مردن ده‌كات.
سه‌رئه‌نجام ده‌توانین بڵێین ئه‌م شیعره‌ی سه‌لاح محه‌مه‌د بریتییه‌ له‌ سه‌فه‌ری مرۆڤێكی هه‌ستیار له‌ جوگرافیای بوونی تایبه‌تی و تاكه‌ كه‌سی خۆیه‌وه‌ بۆ نێو واقیع و بۆ نێو كۆمه‌ڵ له‌ ژێر كاریگه‌ری پاڵنه‌ری غه‌ریزه‌ی مرۆڤانه‌و ویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بووندا . به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی رایه‌ڵه‌ رۆحییه‌كانی پێكه‌وه‌ به‌ستنی تاكه‌كان و هه‌ندێ جار ویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونیش لاواز ده‌بن و به‌ جۆرێك كاڵ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ به‌ره‌و هه‌ره‌س ده‌چن. له‌م كاته‌دا ته‌نیا رایه‌ڵ و ویسته‌ مادی و غه‌ریزه‌ییه‌كان ده‌بنه‌ هۆكاری كۆبوونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوون كه‌ له‌ بارێكی وه‌هاشدا رووبه‌رێكی ئه‌وتۆ بۆ كاركردنی هه‌سته‌ ره‌سه‌ن و راسته‌قینه‌كانی مرۆڤ نامێنێته‌وه‌و له‌م كاته‌شدا مرۆڤی هه‌ستیاری له‌و جۆره‌ی كه‌ كه‌سێتی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، ده‌كه‌وێته‌ باری ته‌نیای و گۆشه‌گیرییه‌وه‌و هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی ته‌نیاو بێ هاوڕێ و بێ هاوده‌مه‌، بۆیه‌ له‌ نێو ره‌گه‌زه‌ بێ گیانه‌كان و له‌ نێو توخمه‌كانی سرووشتدا هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێ و هاوده‌م ده‌دات و خۆیان له‌گه‌ڵ هاوشێو ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌مه‌ستی شاردنه‌وه‌ی باری ته‌نیای خۆیی و بۆ خۆرزگار كردنی له‌ مه‌ترسیه‌كانی ته‌نیایی و هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن و بۆ خۆ ده‌رباز كردن له‌و باره‌ ده‌روونی و هه‌ستییه‌ی كه‌ تیایدا هه‌ست به‌ مردنی رۆحی و مه‌عنه‌وی ده‌كات، واته‌ خۆ هاوشێوه‌كردنی كه‌سی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قام و شۆسته‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌كانی شه‌وانی دره‌نگدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و بارو دۆخه‌دا وای نیشان بدات كه‌ ته‌نیا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ئازاره‌ سه‌خته‌كانی ته‌نیایی و له‌ مه‌ترسیه‌ سه‌خته‌كانی هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردن رزگار بكات. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ كه‌لتوورو عه‌قڵی كۆمه‌ڵی هاوچه‌خ ئه‌و كه‌لتوورو عه‌قڵه‌یه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ خۆیدا هه‌ستكردن به‌ ته‌نیایی و گۆشه‌گیری مرۆڤ ده‌هێنێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا مرۆڤ وه‌كو تاكه‌ كه‌س و له‌ ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵی ده‌سته‌جه‌می نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌ویش مرۆڤێكی تاك و ته‌نیایه‌. دیاره‌ له‌ كۆمه‌ڵی دواكه‌وتووی وه‌كو ئێمه‌شدا ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ ناكاراو نائاماده‌یه‌و ناتوانێت بوونی خۆی بسه‌لمێنێت بۆیه‌ به‌ ئاشكرا وه‌كو بوویه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ لێكراوو چاره‌نووس نادیار ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌لاح محه‌مه‌د له‌م شیعره‌یدا وێنای مرۆڤێكی ته‌نیاو گۆشه‌گیری نێو كۆمه‌ڵمان بۆ ده‌كات كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌ركه‌وتنی كه‌لتووری كۆمه‌ڵی هاوچه‌رخ له‌ لایه‌ك و بوونی ئه‌نتۆلۆژیانه‌ی مرۆڤیش وه‌كو تاكه‌كه‌س له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ بوویه‌كه‌ ماده‌م به‌رهه‌می یه‌كه‌م هه‌ڵه‌و یه‌كه‌م گوناهه‌و بۆ خۆیشی بوویه‌كی ئاڵۆزو ته‌موو مژاوییه‌ كه‌واته‌ ئاسوده‌یی و حه‌وانه‌وه‌و ئارامگرتنی شتێكی مه‌حاڵ یان چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌. كاتێ مرۆڤ له‌ بارێكی وه‌ها ترسناك و پڕ له‌ نیگه‌رانیدایه‌، به‌ بۆچوونی ئه‌می شاعیر گوناهێك ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ئه‌ویش گوناهی ئاڵه‌، كه‌ ئه‌ویش له‌ خواردنه‌وه‌ی گوڵاوی ئاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ده‌شێ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گوناهه‌ ئاڵه‌دا تاكه‌ كه‌سی هه‌ستیار كه‌مێ له‌ هه‌ستی ته‌نیایی و له‌ گۆشه‌گیرییه‌كه‌ی كه‌م ببێته‌وه‌و به‌وه‌ش كه‌مێ باری شانی سووك ببێت. واته‌ گوناهی ئاڵ له‌ سنووری ئه‌م ده‌قه‌دا وه‌كو جۆرێك له‌ هه‌وڵی رزگاربوون وایه‌ له‌و باره‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ تاكه‌ كه‌سی هه‌ستیاری تیادا ده‌ژی له‌ گۆمه‌ڵی هاوچه‌رخدا.




چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەند بەڵێن عەبدولهادی.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند بەڵێن عەبدولهادی: ئامێری چەلۆ دەنگێكی ئەفسوناوی هەیە
هونەرمەند بەلێن عەبدولهادی: ژەنیاری زۆر بەتوانای جیهانی و كوردی كاریگەرییان لەسەر من هەیە
بەلێن عەبدولهادی: موزیك و خۆشەویستی تەواوكەری یەكترین
هونەرمەندی ژنیار (بەڵێن عەبدولهادی) لە 1981 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە هەلە منداڵییەوە ئارەزووی بۆ موزیك هەبووە،لە ساڵی 1998 یەكەم ئاوازی بۆ منداڵان داناوە لە كەناڵی كوردستان تیڤی تۆماركردەوە.
ئەو هونەرمەندە،بەمەبەستی پەرپێدان و فێربوونی موزیك بەشێوەیەكی ئەكادیمی لە ساڵی 2001 دەچێتە پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر لەبەشی موزیك دەخوێنێت ،دەبێتە ژنیارێكی بەتوانای ئامێری (چەلۆ) لە كوردستان،بەجۆرێك هەرلەپەیمانگا دەبێت ئاواز و دابەشكردن بۆ مارشی یەكێیتی قوتابیان و یەكێتی لاوانی دیموركراتی كوردستان دادەنێت بەشێوەی كۆرس تۆمار كراو بڵاوكرایەوە.
بەڵێن هادی بەهۆی توانیستی لە ژەنینی ئامیری چەلۆ دەبێتە ئەندامی تیپی ئۆركێسترای كوردستان بەشداری سەرجەم چالاكییەكانی دەكات ئاوازی بۆ چەند گۆرانیبێژێك داناوە وەكو(دڵدار وریا ئەحمەد ،خەند عەبدوڵڵا،ئەمیر محەممەد،ئاری حەلاق ،گریان سادق حەریری ،كاروان عوسمان،گۆران محەمەد..)
ژنیار بەڵێن هادی، لەو كاتەی قوتابی بوو لە پەیمانگەهونەرەجوانەكانی هەولێر،گرووپێكی موزیكی دامەزراێنێت بە ناوی (گرووپی موزیكی ئاڵا) كە چەندین كۆنسێرت لە شارەكانی (هەولێر-سلێمانی-دهۆك-سۆران) ئەنجام دەدەن
ئەم هونەرمەندە خاوەنی چەندین ئاواز و دابەشكردنی موزیكە ئێمە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە كاری چالاكییەكانی،لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین چۆن جیهانی هونەری موزیكت ناسی؟

  • سەرەتای من بۆ هونەری موزیك بە گوێگرتن لە موزیك و بەژداریكردنم لە چەند كارێكی هونەری وەكو كۆرس لە قوتابخانە بوو، ئەمەش فاكتەرێك بوو بۆ ئەوەی حەز و خولیام بۆ موزیك زیاتر بێت هەر لەو كاتانە توانیم ئامێری (كیبۆردێك) بكڕم و هەر لە ماڵەوە ڕاهێنان بكەم ئیتر هەرلەوێدا ئاشنایتیم لەبۆ موزیك زیاتر بوو،بەجۆرێك حەزوو ئارەزووم زۆر زیاتر بوو بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئەكادیمی خۆم فێری موزیك بكەم،بچمە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان لە بەشی موزیك بخوێنێم.

    *لەنێو ئامێرەكانی میوزك ئێوە بۆچی ئامێری چەلۆ تان هەڵبژراد؟

  • ئەوەی راستی بێت، سەرەتای پێشكەشكردنم لە بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەكان لەبەشی موزیك لە قۆناغی یەكەم لەسەر ئامێری پیانۆ داندرام دوای یەك مانگ بە هەوڵی مامۆستایانم و بەحەزوو ئارەزووی خۆم ئامێرەكەم گۆڕی بۆ ئامێری چەلۆ ئەویش بەهۆی گوێگرتنم لە چەند پارچە موزیكێكی جیهانی ،ئامێری چەلۆم خۆشویست و هەڵم بژارد، تائێستاش لە ژەنینی ئەم ئامێرە بەردەوامم.

    *وەكو ژنیارێك چۆن پێناسەی ئامێری چەلۆ دەكەیت ؟

  • ئامێری چەلۆ یەكێكە لە ئامێرە ژێدارە جیهانییەكان كە دەنگێكی ئەفسوناوی هەیەو لە كە لە زۆربەی گروپە كوردی جیهانییەكان ئامێری چەلۆ زەرورەتێكە و تەواوكەری دەنگی ئامێرەكانی دیكەیەهەر بۆیە لەزۆربەی تیپە موزیكییەكان بوونی هەیە.

    *یەكەم ئاوازت بەناوی چی بوو؟

  • یەكەم ئاوازم گۆرانییەكی منداڵان بوو كەپێش ئەوەی بچمە پەیمانگەی هونەرجوانەكان بەناوی ( من منداڵێكی پاكم) ،كاری ئاواز و موزیكم بۆ كرد و لە كوردستان تی ڤی كاری كلیپی بۆ كرا بڵاوكراییەوە.

    *كامەن ئەو ژنیارانەی كە كاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود بە ژەنینان سەرسامیت؟

  • بە گشتی ژەنیاری زۆر بەتوانای جیهانی و كوردی هەن كە كاریگەرییان لەسەر من هەیە بەڵام تایبەتمەندی لە ژەنیاری كوردو جیهانی هونەرمەندی بە توانا مامۆستا (دڵشاد محمد سەعید) زۆر كاریگەری لەسەر من هەیە.

    *ماوەیەك سەرۆك بەشی میوزكی پەیمانەگەی هونەر جوانەكانی هەولێر بوویت ئاستی قوتابیان چۆن دەبینت؟

  • بەڵێ بە شانازییەوە ماوەی سێ ساڵ سەرۆكی بەشی موزیك بووم لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر ئەزموونێكی تەواو جیاواز بوو بۆ من كە بە هەماهەنگی مامۆستایانی بەش توانیمان جووڵەیەكی هونەری تەواو بە بەشەكەو قوتابیان بكەین زیاتر بەرەو پێشی ببەین.
    قوتابیانی بەشی موزیك بە گشتی توانا و ئاستی زۆر باشیان هەیە كە دەتواندرێت بەكاری بێنن بۆ خزمەتی هونەری كوردی بە تایبەتی لە ئێستادا كۆمەڵە قوتابییەك هەن جگە لە توانای ژەنین هەوڵ دەدەن لە بواری ئاواز و دابەشكردندا پەرە بە خۆیان بدەن كە ئەم هەوڵەشیان شانازییەكی زۆر گەورەیە بۆ ئێمەی مامۆستایانی بەشی موزیك ساڵانە چەندین قوتابی بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دەهێنن، دەبنە كادری هونەری زۆر باشی بواری موزیك.

    *رۆڵی موزیك لە بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و ئاشتی لە نێوان گەلان چۆن دەبینیت؟

  • موزیك و خۆشەویستی تەواوكەری یەكترین بە بڕوای من ئەگەر خۆشەویستی نەبێت موزیك بوونی نییە
    هەموو موزیك ژەنێك لە ڕێگای ئامێرەكەی یاخود دانراوە موزیكییەكەی دەتوانێت كەم یا زۆر گوزارشت لە هەستەكانی خۆی دەرببڕێت موزیك زمانی گەلانە،هەموو گەل و نەتەوەیەك مۆرك و ڕەسەنایەتی تایبەت بە خۆی هەیە موزیكیش بەشێكە لەو ڕەسەنایەتییە بەهۆی موزیك و كاری هاوبەش دەتواندرێت گەلان و كۆمەڵگاكان لەیەك نزیك ببنەوە و كاری هاوبەش ئەنجام بدەن بێ ئەوەی لە زمانی یەكتری حاڵی بن موزیك كۆیان دەكاتەوە.

    *وەكو هونەرمەندێكی ئەكادیمی ئاستی گۆرانی و میوزیكی كوردی لە ئێستادا لەچ ئاستێك دایە؟
  • گۆرانی و موزیك ئەگەر بە شێوەیەكی ئەكادیمی و دابەشكاریەكی جیهانی بۆ بكرێتئن ئەوا بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێت لە كاتی ئێستاش لە سەرجەم شارەكانی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە موزیك دانەرەكان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان كە گۆرانی و موزیك بەشێوەی جیهانی و ئەكادیمی دابەشكردنی بۆ بكەن .. هەر بۆ نمونە لە ساڵی 2012 كارێكی كوردی میللی م هەڵبژارد بەناوی (بۆت دەڵێم لەم بەندانە) بەشێوەیەكی ئەكادیمی و جیهانی كارم لەسەر كرد .بە ڕای زۆرێك لە موزیك ژەنان و گوێگران كاردانەوەیەكی زۆر باشی هەبوو لە نێو خەڵكدا و چەند گروپێكی جیهانیش ئەو پارچە موزیكەیان ژەنیوە بە هەمان ئەو دابەشكردنەی كە من بۆیم كردبوو، بۆیە لە ئێستادا موزیك و گۆرانی كوردی رۆژ بەرۆژ بەرەو پێش دەچێت هەمیشە بە گشبینەوە لە موزیكی دەڕوانم.

    *پرۆژەی نوێتان هەیە ؟

  • بەڵێ لە داهاتوویەكی نزیك بۆ یادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 ئەگەر هاوكاری بكرێم لە لایەنی پەیوەندیدار كارێكی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئۆركێسترا ئامادەیە كە لەو یادە كارەسات بارە پێشكەشی بكەم لە ئاوازو ئامادەو دابەشكردنی خۆمە .

    چەند وێستگەیەكی هونەری هونەرمەند بەڵێن عەبدولهادی

  • لە ساڵی 2004 لە دەزگای موزیك و كەلەپووری كوردی، دەبێتە بە بەرپرسی ستۆدیۆ ئەندازەی دەنگ، كە چەندین كاری موزیك و تۆماركردن بۆ موزیكژەنان و گۆرانیبیژان ئەنجام داوە.

    • لە ساڵی 2005 دەبێتە ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان .

  • لە ساڵی 2005 بە فەڕمی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندنی سەربە وەزارەتی ڕۆشنبیری دادەمەزرێت.
  • لە ساڵی 2005-2006 گرووپی تەلەڤزیۆنی (هەرێم) دامەزرارێنێت كە بریتیی بوون لە 13 ژەنیار، هەر لەو ساڵەدا لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان وەرگیرام و دەستی بە خوێندن كردەوە،بەشداری لە سەرجەم فیستیڤاڵ و چالاكییەكانی كۆلێژ دەكان. -لە ساڵی 2010 گرووپێكی كوردی- كلاسیك بەناوی (گرووپی ژێداری هەولێر) دادەمەزرێنێت، چەندین كۆنسێرت لە شارەكانی (هەولێر،سلێمانی، دهۆك،سۆران، رواندز )پێشكەش دەكەن. -لە چەندین كۆنسێرتی هونەرمەندان بەشداری كردووە وەكوو هونەرمەندان (دانا عەبدولجەبار – محەمەد عەزیز – ماموستا شاكر كەمانچە ژەن – فیستیڤاڵی كەركووك)چەندین كاری تر.

    • لە ساڵی 2011-2016 لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كۆیە بەشی موزیك وانە بێژ بووە.
    • سروودێك بۆ پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگەی قارەمان) داناوە كە ئامادە و دابەشكردنیش بۆ كردووە و لەلایەن كۆرسەوە وتراوە.
    • تۆماركردن و كلیپكردنی گۆرانییەكی میللی كوردی بەناوی (بۆت دەڵێم) كە بەندێكی باوی ناو كۆمەڵگەی كوردییە بە شێوەی موزیكی كلاسیك ئامادە و دابەشكردنی بۆ كردبوو ئامیرەكانی (violin 1-violin 2 – viola – cello ) هەروەها كاری كلیپیشی بۆ كرا كە لەسەرجەم كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن دادەبەزێت
      هەروەها كۆنسێرتێكی چوارینەی كلاسیك كە 12 موزیكی كوردی و جیهانی لەخۆ گرتبوو لە هۆڵی پێشەوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
    • لە مانگی 05-2013 لە فیستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان سەرپەرشتیاری بەرهەمێكی موزیكی كلاسیك و بەرهەمێكی موزیكی كوردیم كرد كە بابەتە كوردییەكە ئامادە و دابەشكردنم بۆی كردبوو من وەكوو ڕابەری ئۆركسترای پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشداریم كرد
      (cellos are missing you)
      بەرهەمێكی موزیكی كوردییە كە شیوازێكی نوێی موزیكە لە كوردستان لە ئاواز و ئامادە و دابەشكردنی بۆ پێنج ئامێری (cello) نووسراوەتەوە كە هەر پێنچ ئامێرەكە لە یەك كاتدا هەریەك میلۆدییەكی جیاواز دەژەنن كەشێوازێكی هارمۆنی جیهانی لەخۆ دەگرێت ماوەی كارەكە نزیكەی چوار خولەك و نیوە.
      -لەگەڵ گرووپی ژێداری هەولێر نمایشی سەرجەم قونسوڵگەرەكانی كوردستانی كردووە. وەكوو (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەمسا، ئەمەریكا)
    • لە ساڵی 2019 مانگی 1 بووم بە بڕیاردەری بەشی موزیك
    • لە ساڵی 2019 بووم بە سەرۆكی بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر .




ئێوارانە ٦٢.. شیعری سەردار جاف و شەهلا

ئەم ئێوارە
گێژەڵوکەی بەر دەربەندی ياخی بوونی لوولم دەدا
چين چين تونێلی تاريکی قوتم دەدا
رێ دەرنابەم
نازانم لەو ديوی تونێل رێ دەدۆزم
قورتار دەبم
يا هەر لە هەناوی نەبوون دەخولێمەوە
جێ ژوانی ئێوارانم سەرەولێژە
مەگەر خودا فريادڕەس بێ
دەنا لە نێو پەتووی مەرگ
ئاوازی خاڵخاڵۆکەی شين دەڵێمەوە
باڵقرتاوی فەنابوونم
بە هەشت سەکۆی شەهلايەکە
بێگەردی مەی، ئيشقم نۆشی
خەڵوەت دوا مەنزڵێ سڕە
سەردەستەی شاژن و حۆری
مەی و نيگا
چاوانم کوليتە و کونجی
ئەو ژنە ميهرەبانەيە
لە ناو هەر دەقە شيعرێکا بۆ خۆی گڕە
کە ياخی دەبێ و لێم دەڕوا بۆم دەنووسێ
ئيرەييم دێ))
بە کزە بای سارد و ڕچيوی ئێواران
کە بە چوار دەورت دەسووڕێ
بەو شەقام و توولە ڕێيەی
دەمتاسێنێ
ئيرەييم دێ
بە شاڵەکەی دەوری ملت
لە ئامێزی خۆيت دەنێ
بەو هەموو گوڵ و گەڵايە
لە سەر ڕێگات کڕنوش بردوون
بۆنی گوڵاوی تۆ دەمژن
بەهار هات و ئاسمان ساماڵ
شکۆفەی سەردارێ کە هات
چەم فێنک و سەوز سەوزە
زێباترين نامەی ئيشق
ئەوينێ سوور
(( هەروەک پاکیی ئاوی حەوزە
کوا ئيتر دەڵێم بێکەسم
ئەوە نييە هەر تۆی ئەوينترين کەسم

٢٢ / ٢ / ٢٠٢٤




دڕکی ئەو خەونانەی لە چاوەکانم دەچەقن.. ستیڤان شەمزینی

من لەژێر ھەوری ئازارەکانمدا
پیاسە لەگەڵ سێبەرەکەم دەکەم
گوێقوڵاخی لرخە لرخی
سەعاتەکەی دەستم و
خشەی پێی شیعرێکم
خۆم دەبینم بە تەڕیی
بە دوو جلگرەی چوارشانە
بە تەنافی یەئسەوە ھەڵواسراوم
دەنگم وەک زیقەی
ئەو قوتووە ژەنگاوییە وایە
مناڵێکی لاسار
لە کەلاوەیەکدا شەقی تێھەڵدەدا
مژ لە بێھودەیی دەدەم
ناسۆر ھەڵدەقوڕێنم
یەکەمین رێبوار بەلامدا تێدەپەڕێت
بە تەوسێکەوە پێم دەڵێت
تۆ شیکترین شێتی شار و
ئاوەزمەندترین ئاژەڵی دنیایت
دووەمین رێبوار دێت
دەیەوێت وەک خواردنێکی ئێکسپایەر
فڕێمداتە تەنەکە خۆڵی ژیانەوە
یان وەک جگەرەیەکی تەواوبوو
بمخاتە تەپڵەکی گریانەوە
سێھەمین رێبوار ھات
تفێکی رۆ کردە بەردەمی
رەشەبایەکی ناوەخت
بۆ سەروچاوی منی ھێنا
ئەو ھەر منی نەبینی و
منیش گوێم لە دەنگی نەبوو
چوارەمین رێبوار
بە سەرخۆشی گەشتە لام
دەستی لە ناو مەمکی شیعردا بوو
ھەر ئەوەندەی توانی، بڵێت
عەشق بەفرێکی سووتاوە
ئاگرێکی سەرمابردەڵەیە
ئیدی بەدەم رێوە بورایەوە
پێنجەمین رێبوار
وەک ئەوەی لە بەلەمی بروسکەدا بێ
بەخێرایی بەلامدا تێپەڕی
بە دەنگێکی نوساوەوە
ھاواری دەکرد
ژیان تەڵەی مشکە
لە مێژە قاچمان کەوتۆتە ناوی
تاکو پشیلەی مەرگ دێت
شەشەمین رێبوار
بە رۆبێکی خۆشتنەوە
بە قژێکی لولی ماش و برنجییەوە
لەبەردەممدا قووت بووە
وا پێدەچوو بیەوێت پشوویەک بدا
ھاتبوو وەسیەتێکم لا بکات:
کوڕم سیاسەت کۆترێکی مەکرباز بوو
تەنھا ریقنەی بەسەردا باراندم
حەوتەمین رێبوار
ژنێکی سەرتاپا سپی پۆش بوو
چاوەکانی وەک ئەڵماس دەدرەوشانەوە
پەنجەکانی بۆنی مێخەکی ئەوینیان لێ دەھات
لە تەنیشتم دانیشت
ماوەیەکی درێژ بە بێدەنگی مایەوە
یەکەم و دوا قسەی خۆی کرد:
من نەھاتووم بۆ رۆیشتن
من ناوکی قۆخی دڵتم
من لمی کەناری رووباری عەشقتم
من شەماڵی ھاوینی تەمەنتم
من ئەو ژنە تریفەییەم
لە داڵانی یەکەمین خەونەوە
تاکو کۆتا خەون
چاوت بۆ دەگێڕا
لەم کاتەدا چاوەکانم کردەوە
بە کامی دڵ تەماشام کرد
ئاە چ ناخۆش بوو
ساتێ حەزحەزێکی خوێڕی
وەک ئەوەی نەقیزەیەک بکات
بە لا قەبرەغەی گوێدرێژێکدا
بە نوکی پێڵاوەکانی رایچڵەکاندم
ئەوسا زانیم
لە تەنیشت شەشەمین رێبوارەوە
لەسەر شۆستەی شارێکی خامۆش
خەوێکی قووڵ بردومییەوە

٢٤-٧-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




هەمان تەنیایی.. نووسینی: سیسی دوچیو.. وه‌رگێڕانی لە یۆنانییەوه‌: ئومێد قەره‌نی

لە هەموو باژاڕە گەورەکانی جیهاندا
کچان بە تەنیا بە تەنوورەی کورتی هەرزانەوە
کە لە ”چین تاون” کڕدراون..
کوڕان دەرۆزەی چەند ”سەنت”ێک دەکەن
لە نێو واگۆنە ساردوسڕەکانی نیویۆرک..
سەرنشینان بە توندیی پەنجە تەزیوەکانیان
لە نێو گیرفانیان گرمۆڵەکردوە
ئامادەن خۆیان بخزێننە ناو ژوورە بچووکەکانی باڵەخانەکانیان.

ئاسمان ڕووت و باڵەخانەی بەرز
جەستەی مرۆڤ بە زنجیر بەستراوەتەوە
بە سەربانی باڵەخانە بەرزەکانەوە،
لە کاتێکدا زەوی بەردەوامە
لە سووڕانەوەی لە بۆشایی ئاسمان
لە کاتێکدا زەوی بەردەوامە
لە سووڕانەوە لە بۆشایی ئاسمان
نیگایەکی مات و ماندوو
بەردەوامە لە تەماشا لە پشت پەنجەرەکانەوە
تەماشای دەرەوە و شەقامە جەنجاڵەکە دەکا.
لە شارە گەورەکانی جیهاندا تەنیایی وەک یەکە.
دامەزراوەکان، قوتابخانەکان
بانکەکان، فەرمانگە شارەوانییەکان
دایکە دەستبەردارەکان
بە چاوی سووری پڕ لە پەژارە بۆ ئەمڕۆ
تژی لە دڵەڕاوکێیی بۆ سبەینێ
لە باڵەخانەکان شیش دراون.
شارستانیەتێک کە گرنگی بە چێژبردن دەدا
لە خاوەنداریەتیە تایبەتییەکان، تەنیایی هەمان شتە.
کۆچبەران، پەنابەران، بێ جێ و ماڵەکان
بە چاوی خەمگینەوە تەواوی کەلوپەلەکانیان
لە ناو یەک کیسەی ڕەشی زبڵ دایە
تەنیایی هەمان شتە.
سەدان ڕێڕەوی شەمەندەفەر ئامادەن
بۆ بڕینی گڵۆڵەی خۆشییەکانی هەر کەسێک،
بەختەوەرییەکانی هەر کەسێک، تەنیایی هەمان شتە.
بزوێنەرەکان بێ وەستان هەناسەدەدەن
لەگەڵ هەناسەدانی بێ وەستانی بزوێنەرەکان
خەونەکانمان لە ”وۆڵ ستریت”ی فراواندا دەخنکێن
تەنیایی لە هەموو باژاڕە گەورەکانی جیهاندا وەک یەکە.
لە پەناگەی کۆکردنەوەی پەنابەران و
گۆڕەپانی کۆکردنەوەی کرێکارە تازەکان
خانووی کرێکاران لە تەنیشت بەنزینخانە و چێشتخانەکان
لەسەر شەقامە تایبەتەکان ئامادەن بۆ فرۆشتن.
تەنیایی لە وەئاگاهاتنی سپێدانی
فەرمانبەرێکی میریی لە لەندەن و
لە وەئاگاهاتنی سپێدانی
فەرمانبەرێکی کەرتی تایبەت لە بەرلینیشدا هەمان شتە .
تەنیایی هەر وایە،
لە زەردەخەنەی نائومێدیی یاخیبووان و
هیوای زیندانییەکان، تەنیایی هەر یەکە
لە گۆڕی هەڤاڵانی ئەنارکیست لە شیکاگۆ
لە گۆڕی هەڤاڵە کوژراوەکانی ئەسینا.
تەنیاییە نەگوجاوەکان
تەنیایی سۆزی و بەزەییئامێز
تەنیایی ئەو کۆیلەیە کە دەیەوێ یاخی بێ.
تەنیایی وەک یەکە تا سەردەکەوین.

لە کاتێکدا زەوی لە بۆشایی ئاسماندا دەسووڕێتەوە
ئێمە نەخشەی ڕزگاریی خۆمان دادەڕێژین
لە کاتێکدا زەوی لە بۆشایی ئاسماندا دەسوورێتەوە
دەبێ ئێمە ئازادبین

تەنیایی هەمان شتە
تا ئەو کاتەی درێژە بە کۆیلەییمان بدەین

تا زەوی لە بۆشایی ئاسماندا بسووڕێتەوە
ئێمە نەخشەمان بۆ ئازادیی دەبێ.

نووسینی: سیسی دوچیو
وه‌رگێڕانی لە یۆنانییەوه‌: ئومێد قەره‌نی

“سیسی دوچیو_Σίσσυ Δουτσίου”
شانۆکار و شاعیرە. ساڵی ١٩٨٠ لە ئەسینا لەدایکبووە، چوار کتێبی شیعری هەیە لەگەڵ دوو کۆمەڵە کورتە چیڕۆک، دوا کتێبی “خوشکانی قابیل”ە، چەند چیرۆکێک لەخۆ دەگرن…




ژیان مردن ده‌خوا.. شیعری فه‌رهاد که‌ریم

هه‌میشه‌ ژیان به‌ دوامه‌وه‌یه‌ من به‌ دوای ژیانه‌وه‌ نیم
له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ ماندووم رابردووم پڕی شوێنه
گاڵته‌م به‌ ئه‌مڕۆ و به‌یانی دێ تژیین له‌ له‌ته‌ مردن
شکاین و مردیین، ده‌شکێین و ده‌مریین
کاتم بۆ کۆناکرێته‌وه له‌ مردن ڕژاوه و ماندووه‌ سه‌ر
به‌ گومانه‌وه‌ رۆژباش له‌ مرۆڤ به‌ یه‌قینه‌وه‌ پیاسه‌ له‌ گه‌ل سه‌گ
باڵنده‌ و دره‌خت و ماسیم خۆشده‌وێن به‌و هه‌موو دڵره‌قییه‌وه‌ مرۆڤ تۆش
پووچیی و مردنت ڕژاند، مردوو ناگه‌ڕێته‌وه‌ ناو مردووان،
کێشه‌مان خستۆته‌ ژیان به‌و هه‌موو پووچیی و مردنه‌وه،‌ شه‌هیدان فێڵی تۆ بوو کوژران
باوه‌ڕم وایه‌ مرۆڤ ده‌بێ کارکا، مردن دوورخاته‌وه‌ و ژیان جوانکا
به‌ مردن پاک نابته‌وه‌ شه‌قام، زه‌وی بۆته‌ گۆڕو شوێنی پووچی
گه‌وره‌به‌ به‌ بچووکی ده‌خورێییت، گه‌وره‌به‌ به‌ بچووکی ده‌مرییت،
مردن وونبوونه‌ و گۆڕه‌ گۆڕی گومان
گرنگ نیه‌ شوێنێک هه‌ناسه‌ی لێدات بۆ مانه‌وه‌ ده‌ژی نه‌ک بۆ ژیان
فێریان کردین یه‌کتر بخۆین، یه‌کتر ده‌خۆین جوانه‌ ژیان

مردن ژیان ده‌خوا

به‌که‌ڵکی ژیان ناییێم
مرۆڤ دیلی چاو و ورگییه‌تیی، نان پربووه‌ له‌ شووره‌یی، ژیان له‌ مردن
خۆخۆری که‌وتۆته‌ ژیان، ئازادی شه‌رم له‌ مرۆڤه‌کا
ژیان ژیان ده‌خوا، ژیان مردن، مردن ژیان ده‌خوا
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی ئاڵۆز و سه‌یره‌
مردن مردن ده‌خوا، مردن ژیان، ژیان مردن ده‌خوا
نه‌گه‌یشتمه‌ ژیان و له‌ مردن جێمام
پێویستمان به‌ باخه‌وانێکه‌ مرۆڤ بڕوێنێ و ژیان ئاودا
مرۆڤ له‌ مردن رزگارکا و به‌ که‌ڵکی ژیان بێت
ژیان مردن نه‌خوا
مردن ژیان نه‌خوا
مردن مردن نه‌خوا
ژیان ژیان نه‌خوا
ژیان پێویستی به‌ ڕووناکییه‌ بۆ گه‌شه‌کردن
مرۆڤ فریو نه‌درێ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی ڕۆژ
ده‌ست به‌ گیرفانی شه‌ودا نه‌کا له‌ تاریکی، ڕێ له‌ خه‌نده‌ نه‌گرێ له‌ که‌نار
ته‌ماشای گزنگی رۆژکا له‌ هات و چوون، به‌یانی و ئێواره‌ جوانکا‌
چرای خۆتبه‌ له‌ شه‌و تاریکیت رووناک که
شه‌وت ته‌نها بۆ پشووبێ تاریکیت نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌
مرۆڤ تینووه‌ بۆ رووناکی، ناخی مرۆڤ زیندانی رۆژه
هه‌موو رۆژێ تیشکێ له‌و گۆڕه‌ قووڵه‌ سه‌ر ده‌نێته‌وه‌
ناخی مرۆڤ گۆڕێکی قووڵه،‌ نهێنی ئه‌و گۆڕه‌ قووڵه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌
مرۆڤ خۆشی نازانێ بۆ لێره‌یه‌ و چی ده‌وێ، گوو ده‌کاو پێده‌که‌نێ
هێنده‌ پڕم له‌ ژیان به‌یانیان به‌ هاوژینه‌که‌م ناڵێم رۆژباش
ئه‌وڕۆش ڕۆژێکیتره‌ مردن ژیان ده‌خوا به‌و هه‌موو پووچییه‌وه‌ گوو به‌ گووه‌ بووه‌ ژیان




چیتر پەراوێزی ناپاکییەکانت بە من ئیعراب ناکرێت.. شەماڵ بارەوانی

جارێکی تر لە پەنجەرەی دڵپاکییەوە موخاتەبەی دڵێک ناکەم لە نەسلی نیرۆن بێت و
لێناگەڕێم مۆرانەی نا ئومێدی بە دیواری خەونەکانم هەلزنێت
جارێکی تر ناڕۆمەوە سەر نەخشەی سەردابی زەمەنێکی لەدەستچوو و
لە کیشوەری خۆشەویستییەکی ساختە ڕەشماڵی بێهۆدەیی هەڵنادەم
تۆ ئەو ئاسمانە نەبوویت مەلی سەرگەرانیم تێیدا باڵ بگرێت و
بارانی ئارامی لە بیابانی تامەزرۆییم ببارێنیت
خۆت مەخەرە دەربەندی ڕێزمانی وشەکانم
چیتر پەراوێزی ناپاکییەکانت بە من ئیعراب ناکرێت
ئەو هەموو گوڵەی خۆشباوەڕیم
لە جوگرافیای بەڵێنەکانت ڕواند
ئەو هەموو سەوڵەی مەراقم لە کەناری درۆیەکانت لێدا
تۆ نە ئەو فەزایە بووی کە کۆتری ڕۆحم تێیدا لە شەققەی باڵ بدا و
نە ئەو دەریایەش بووی کە کەشتی ئۆقرەییم تێیدا بگیرسێتەوە
بڕۆ، نامەوێ چیتر لە بازنەی وەهمدا بخولێمەوە و
ڕۆژەکانم لە ئاستانەی فریودان بەڕێ کەم