بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنی کوردستان.. عوسمانی حاجی مارف

دواخستنی هەڵبژاردنی کوردستان لە درێژبوونەوەی ئەو دۆخە ناوازەیەوە سەرچاوەی گرتوە کە بەردەوامی گێژاو و ناسەقامگیری دۆخی سیاسی، سەراپای کوردستانی داگیرکردوە، کە کاریگەری زیاتری لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی هەڵبژاردنەکانیش داناوە، کە بە چەندین مەترسی و هەڕەشەی دەوروبەر لە عێراقی وناوچەیی دەورە دراوە، لەهەمانکاتدا ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دیمەنی ئەو ناسەقەمگیریەیان زیاتر کێشکردوە بەوەی ئاراستەی هەڵبژاردنەکان زیاتر سیمایەکی جەنگی بەخۆیەوە نیشان بدات، هەر ئەو هێزانەش بۆخۆیان بە پاراستنی دەسەڵاتی حزبی میلیشیا و بنەماڵە، دیمەنی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان لەقاڵبداوە.
دواتریش لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بەدوای هەڵبژاردن، لەهەمان قاڵبدانی سیاسی هەڵبژاردنەکاندا قەتیس کراوەو بە ئەنجام گەیشتووە، کە بەهیچ جۆرێک نەیانتوانی و نەیانویست کۆتایی بە دوو ئیدارەیی و دوو دەسەڵاتی زۆنی زەرد و سەوز و هێزی میلیشیا بهێنن، دەورێکی بەتوانایان بینیوە لە گۆشەگیرکردن و بێئیرادەکردنی خەڵکدا، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان نەتوانن لە میکانیزمی بەشداری لە دەسەڵات نزیک ببنەوە و بریار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن.
ئەم دۆخە زەجرو نائومێدی و ژیان و گوزەرانی سەختی بەسەر خەڵکدا سەپاندوە و سیودوو ساڵ لەژیانی زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان، کە جگە لەتوڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی دروشمی خواستی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، جێگای چاوەڕوانی بۆ هەر ئومێدێکی تر نەهێشتۆتەوە.
ئەزمونی پەیوەندی جەماوەری ناڕازی بەدەسەڵاتی بنەماڵەو حزبەکانیانەوە، بەو درک و ئاکامە گەیشتووە کە لە واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، هەڵبژاردن ڕێگایەک نیە بۆ گۆڕین یان دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەروەها ئەندامانی پەرلەمان بەهیچ جۆرێک ناتوانن نوێنەرایەتی دەنگدەرانیان بکەن. لەهەمانکاتدا سیاسەتی پاشکۆبون بۆ بەرژەوەندی و نەخشەو سیاسەتی ووڵاتان و لایەنی تر بۆتە عادەت و ئالودەبونی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەم واقعیەتەو ئەم ئەزمونە، گورزێکی گەورەی داوە لە هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە مایەی ڕەنگدانەوەی ڕیسوابون و شكۆشکاندن و شەرمەزاری ئاشکرایانە.
دوای تاقیکردنەوەی سی ودوساڵ لە داگیرکردن و تاڵانی و جەردەیی و حکومڕانی بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا، دوای پێشخزمەتی بۆ ئەمریکا و تورکیاو ئێران، دوای تێکەڵبون و ملکەچی بۆ قبوڵکردنی دەسەڵاتی میلیشیایی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرەستی لە بەغدا، جارێكی تر خەریکن وەک بلقی سەر ئاو ئەتەقنەوە، خەریکن نیشانەکانی کۆتایی مەئموریەتێك ڕادەستدەکەنەوە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مەئموریەتێکی تردان.
ئەتوانین بڵێین بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی، لەسەر هەڵبژاردن و موچەی فەرمانبەران تەواو بۆنی ئەوەی لێدێت کە قەوارەی حکومەتی پارتی و یەکێتی لەکاتێکی دیاریکراودا، زوو یا درەنگ، دەبێت مایەپوچی خۆیان ڕابگەیەنن، ناونیشانی قەوارەکەیان بگۆڕێت بەشتێکی تر.!
هەرچەندە بەئەنجام گەیاندنی لاسەنگی ئەم هاوکێشەیە لەبەرامبەر هەرێمدا، لەلایەک ئاکامی گۆڕینی هاوسەنگی هێزو دەسەڵاتی لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێرانە، کە خۆی لە “چوارچێوەی هەماهەنگیدا” پێناسەدەکات، لەلایەکی ترەوە دەوری ئەو نەخشەو سیاسەتانە کە هەوڵ ئەدرێت سەقامگیری بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا دابین کرێت، لەم ڕاستایەوە ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق بە ڕەوتی هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەی سەقامگیربونەوەی دۆخی ئابوری و سیاسی لە عێراقدا، دەبێتە هۆکاری ئەو فشارەی کە ئایندەی حکومەتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
هەروەها خاڵێکی گرنگ کە لەم نێوەدا جێگای باسە، بەرفراوانبون و تەقینەوەی زیاتری ئاستی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کوردستانە لەبەرامبەر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا، بەتایبەتی توانایی و بەردەوامی ناڕەزایەتی مامۆستایان کە بۆ ماوەی پێنچ مانگ خۆڕاگریان بە بایکۆت نمایشکرد، ئەم ناڕەزایەتیە، کە بە هەر پێشڕەوی و ڕۆڵێک جێگای خۆی کردەوەو لە مێژوی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستاندا، خاڵێکی بەرهەمداری تۆمارکرد، کە تا ڕادەیەک بەو ئەنجامە گەیشتن کە لە دابینکردنی دانی موچەی فەرمانبەران دڵنیابن.
لەهەمانکاتدا دیوێکی تری ئەم واقعە کە جێگای تێبینیە، فشاری ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە، فرسەتی دا بە دەسەڵاتی بەغدا لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە ملکەچیەکی تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت. کە یەکەم: دادگا زەمینەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی بڕیارێکەوە دابەدەستەوە کە داوا لە دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق دەکات ڕاستەوخۆ موچە بدات بەو کەسانەی کە مافی خۆیانە بەبێ ئەوەی ئەو پارەیەی بۆیان تەرخانکراوە بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت. دووەم: دەرکردنی بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە کە دادگای ناوبراو بڕیارێکی دەرکرد لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووریە.
بەجیا لەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچە دەستکەوتێکە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی کوردستان بەڵام لەهەمانکاتدا گورزێکی توندە لە قەوارەی هەرێم و پێگەی حزبەکانی کوردایەتی لە ڕاستای ئەو ململانێ و کێشانەی کە لە نێوان هەولێرو بەغداد حاڵەتێکی بەردەوام و نائاسایی وەرگرتوە.
ئەوەی جێگای باسە کە لەم وتارەدا ئاماژەی پێبدەین، لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم لە ١١١ ئەندامەوە بۆ ١٠٠ ئەندام، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا، هەر یازدە کورسیەکە کە تایبەتە بە کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نادەستوورین.
ئەم بڕیارە دەنگی ناڕەزایەتی و نیگەرانیەکی زۆری لای بارزانی و سەرکردەکانی پارتی لێکەوتۆتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەم “بڕیارە سیاسیە و زۆر نەرێنییە” و دژی “ڕۆحی دەستورو دژی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانە”.
هەڵبەتە کێشەکە لەسەر ئەوە نیە کە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکە سیاسیە، چونکە لە پەیوەند بە هەلومەرجێکەوە خراوەتەڕوو، کە نیشانەی باڵادەستی دەسەڵاتی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ە لە حکومەتی عێراقدا، ئەوەش شاراوە نیە کە دادگای باڵای فیدراڵیش پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێران و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، بەو مانایەش بڕیارەکە گومانی ئەوەی لەسەر نیە کە سیاسیەو مەبەستی سیاسی بەدواوەیە، لەهەمانکاتدا ئاشکرایە کە لە بەرژەوەندی پێگەی بارزانی نیە، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە ئەم بڕیارەو هەر بڕیارێکی تری دادگای فیدراڵی لەو شوێنەوە لایەنە سیاسیەکەی بناسینەوە کە لە بەرژەوەندی سیاسەت و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت.
ئەوەی پێویستە لەم بارەیەوە قسەی لەسەر بکەین ئەم بڕیارە سیاسیە دژ بە دەستورێک نیە کە بۆ حکومەتی ئێستای عێراق نوسراوە، حکومەتی عێراق بە دوای ٢٠٠٣ وە، پێکهاتەیەکە کە لەسەر بنەمای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی”بەشبەشێنەی” تائفی و قەومی دانراوە، واتە لەسەر دانانی ئیمتیاز بە شوناسنامەی تائفی و قەومی مرۆڤەکان دەناسرێنێت، هاووڵاتیبون لە دەستوری عێراق و کوردستاندا سوکایەتی پێدەکرێت، خەریکن عێراق لەلایەک لە بەردەم زۆرینەی شیعەو سونەو عەرەب، کورد دابەش دەکەن و پێناسەی دەکەن، لە لایەکی تریشەوە باس لە مافی کەمینەکانی تر دەکرێت، ئەم جۆرە لە مامەڵە بە دانیشتوانی عێراق و کوردستان، کەمکردنەوەی شکۆ و بەهاو سەنگینی واقعی ئینسانەکە، واتە کەسێک ئەتوانێ مافی ئیمتیازێکی بەرزی لە دەسەڵاتدا هەبێت، دەبێت سەر بە زۆرینە بێت، لە قوژبنێکیشدا لەخوار مەجلیسی زۆرینەوە، چەند جێگایەکیش دەبەخشن بە کەسانێک کە سەر بەکەمینە بن، دەستورێکی لەم چەشنە کە گەورەترین سوکایەتیە بە بەشەریەت، پێشوەخت و لەکاتی خۆیدا واژۆی پەسەندکراوی خودی بارزانی و تاڵەبانیە، ئێستاش بارزانی باسی نا عەدالەتی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکات، کە ئەم دادگایەش بۆخۆی ئاوێنەیەکە لە پێکهاتەی حکومەتێکی تائیفی و قەومی، ناساندنی پێکهاتەی حکومەتی عێراق بە “فیدراڵی” هەر ئەو مانایە دەبەخشێ کە مافی هاووڵاتیبون جێگایەکی نیە لەدەستوری عێراق و کوردستاندا، مرۆڤەکان ملکەچی دەستورێکی نائینسانی و کۆنەپەرستانە کراون، سەر بەعێراق بن یا کوردستان، ملکەچی بەندەکانی دەستورێکن مافی هاووڵاتیبون و ئینسانی لێسەندراوەتەوە، بۆیە پێویستە خەڵکی موتەمەدنی عێراق و کوردستان ئەو دەستورە بپێچنەوەو بیسوتێنن، بۆ هەتاهەتایی کۆتایی بە حکومەتەکەشی بێبهێنن.




نوستالژیا/7/.. پاشتێلانە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی حەوتەم

پاشتێلانە

دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١، کەشێکی نوێ لە کوردستان دروستبوو. ھەموو کەس لە سێ شارە ئازاد و رزگارکراوەکەی کوردستان ھەستی بە جۆرێک لە سەربەستی دەکرد، سەرەتایەکیش بوو لە کرانەوەی کوردستان بە رووی دونیادا. لەو نێوەندەدا ھەندێک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر کاریگەریی ئەو بارودۆخە نوێیەی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا ھات. پێشتر ئاھەنگی ژنھێنان، لە ماڵان و دەشت و دەر دەکرا، زۆرجاریش تەقەی خۆشی شایی دەکردە شین. لە یادمە پێش راپەڕین خزمێکمان لە پێشمەرگایەتی گەڕابووەوە دوای ئەنفال. ژنیان بۆ ھێنا، تا نەبێتەوە بە پێشمەرگە، حەوت شەو و حەوت رۆژ لە حەوشەی ماڵەکەیاندا کە ھەر حەوشەکەیان ٣٠٠ مەتر دەبوو، دەنگی دەھۆڵ و زوڕنا دەھات، منیش ھەر لە قوتابخانە دەگەڕامەوە وەک نەنکم دەیووت بۆ چڵێسییەکە خۆم دەکرد بە شاییەکەدا، ئیتر بخۆ لە ناز و نیعمەتی سێ چوار جۆر گۆشت. دوای راپەڕین، ئاھەنگی پاشتێلانە رووی کردە ھۆڵەکان، بۆ خزم و کەسی ئێمە دوو ھۆڵ زۆر نزیک بوو، ھۆڵی چۆپی و ھۆڵی پیشەسازیی، ھەردووکیان دەکەونتە سەر شاڕێی سالم لە شاری سلێمانی. ئێمە ئەوسا کۆمەڵێک کوڕ و کچی گەنج بووین، ھەموومان خاڵۆزا و پورزا و ئامۆزا و خزمی پلە یەک بووین، ھەمیشە ھەموو شاییەکمان گەرم دەکرد و جۆشێکی تایبەتمان پێدەدا، بە ھەموو جۆرە ھەڵپەڕکێیەک ئاھەنگەکەمان دەڕازاندەوە. شەڕمان دەکرد لەسەر سەرچۆپی گرتن، ئێمە باش بووین، لە شوێنانی تر لەسەر سەرچۆپی، شەڕی گەورە و خوێناوییان دروست دەکرد و ھەندێک جار دەیانکردە ئەو رۆژەی قەرەوەیسی تێدا کوژرا.
من یەکێک بووم لە گەنجە بە جۆشەکان، زۆربەی خزمان پێش ھەموو کەس کارتیان بۆ من دەنارد، تا بچمە ئاھەنگی بووک گواستنەوەیان، چونکە دەیانزانی ھەر کە ئاھەنگ دەستیپێکرد، ئەو دەستگرتنەی دەست دەگرم، تا دەرگای ھۆڵەکە دانەخەن، لە ھەڵپەڕکێ ماندوو نابم. ئەوسا ئاھەنگەکانیش سادە بوون، دی جەی و شتی وا لە ئارادا نەبوو، ماڵە ھەژارەکان تەسجیلێکی رایزنیان دەھێنا، بەڵام زۆربەی جار تیپێکی میللی بۆ ئەو ئاھەنگانە بانگ دەکران. ناوی تیپەکانم بیر نەماوە، بەڵام ئەو گۆرانیبێژانەی دەھاتنە ئاھەنگەکان و لە ئێستادا بیرم ماون، بریتین لە “میدیا حسێن، عەتا چاوشین، کەریم گوڵانی، عەلی یارە، کەمال عەلی، قالە مۆریاسی، رەزا جولەکانی، جەزا قڕگەیی، خالید سەقزی، شیروان عەبدوڵڵا، عەلائەدین حەسەن، ئەمیر حەسەن، یادگار ستار، کاروان نوری، سۆران نوری، مەحموود محەمەد، رەزا چاوڕەش، ئیسماعیلی تەپڵ، جاسمی ساز، زۆری تر”. من لەگەڵ دەنگی ھەر یەک لەو گۆرانیبێژانە ھەڵپەڕیووم، بەڵام چۆن ھەڵپەڕینێک؟ بڕوا بکەن زەوی لە ژێر پێمدا دەلەرییەوە.
ئەوسا دیاردەیەکی تر، لە ناو ئاھەنگەکاندا بوونی ھەبوو. بە تایبەت لە سەرەتای راپەڕین و چەند ساڵی دوای راپەڕین. ئەویش شەڕە پەڕۆ بوو. ھەر گروپە یان ھەر کەسە پەڕۆیەکی لە رەنگی ئاڵای حزبەکەی دەھێنا، دەیکردە سەرچۆپی، نەیارەکانیش تووڕە دەبوون، یان ریزی ھەڵپەڕکێکەیان جیا دەکردەوە یان ھەوڵیان دەدا ئاڵای حزبەکەیان بکەنە دەسڕی سەر چۆپی. بێگومان من لەگەڵ ئەوەدا نەبووم، چونکە من کەسێکی چەپ بووم، بەڵام ئەو گروپەی ئێمە، ھەمیشە پێش چوونە ئاھەنگ، پرسیاریان لە یەکتر دەکرد، ئایا تەواو ئامادەن، ھیچیان بیر نەچووە، مەبەستیان لەوە بوو کە پەڕۆ سەوزەکەیان بیر نەچێت، جار جار تەسبیحی دەنک سەوزیان دەھێنا، چونکە دەیانووت ئێستا فڵانە ناوچە وەک چالاکی دەسڕی زەردی داوەتە لایەنگرانی خۆی بۆ ئەوەی ئاھەنگەکە زەرد بکەن، پێیان ناخۆش بوو، دەیانووت ھەر دەبێت زۆرترین سەرچۆپی بە پەڕۆی سەوز بگیرێت.
جارێک لە ساڵی ١٩٩٢، چووینە ئاھەنگێک لە ھۆڵی پیشەسازیی، (ئێستا شوێنەکەی کراوە بە تەلاری کوردستان مۆڵ). ماڵی زاوا کە تازە ببوونە خزممان، خۆیان چەند پارچە پەڕۆیەکی زەردیان ھێنابوو، نەیاندەھێشت کەس بە پەڕۆی سەوز سەرچۆپی بگرێت، خەریکبوو شەڕ دروست ببێت، بەڵام لەو کاتانەدا باوکم، یادی بەخێر، ھاتە ئاھەنگەکە، سێ پێشمەرگەی خۆیشی لەگەڵدا بوو، کەوتە ناو مقۆمقۆکەوە، گەنجەکان تووڕە ببوون لەسەر پارچە پەڕۆیەک، بەڵام باوکم وتی ئادەی پەڕۆیەکی سەوز و زەردم بدەنێ تا تێکەڵاویان بکەم و سەرچۆپی پێ بگرم، ئەمەش بە لای ھەموو گەنجەکانەوە سەیر بوو. باوکم بە تووڕەییەوە وتی: من فەرماندەیەکی سەربازییم و کەسیشتان نییە لە من زیاتری چەشتبێ بەدەستی پارتی و یەکێتی، بۆیە ئەو پەڕۆ تێکەڵاوە دەکەمە سەر چۆپی تا پێتانبڵێم پەڕۆی سەوز و زەرد ھەر پەڕۆیە و نابێتە زیو. بەمەش شەڕەکە کۆتایی پێھات. منیش تەنیا سەیری وەزعەکەم دەکرد، پێم خۆشبوو، تەنیا ئاھەنگەکە بەردەوام بێت. بەڵام خۆشبەختانە ئاھەنگەکە بەردەوام بوو.
جگە لەمانە، ئەوسا ئێمە ئەو پاشتێلانە و جۆرە ئاھەنگانەمان دەکردە شوێنی مێبازیی، حەزمان دەکرد، خێرا رۆژی ئاھەنگ بێتە پێشەوە، بە دڵنیاییەوە دەرفەتێکی باشی بە ئێمە دەبەخشی بۆ ئەوەی راوی دڵی کچان بکەین. لەوەش خۆشتر ئەوەیە، من و یەک دوو ھاوڕێی تر کە نامەوێ ناویان بھێنم چونکە پرسم پێنەکردوون تا ناویان ئاشکرا بکەم، ئەوەندە بە جۆش و زەوق بووین، خوا وەکیلانە خۆمان دەکرد بە ئاھەنگی خەڵکی تردا. زۆرجار دەچووینە ئاھەنگی کەسانی نەناسراو. بیرم دێتەوە زۆربەی جار، دەچووینە حانووتەکە و فەردە لەفەمان بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەکرد. جا ئەگەر بە بیرتان بێتەوە منداڵ وەک چۆن مێش و مەگەز لە شیرینی دەئاڵێن ئاوھا لە فەردە بەدەست دەئاڵن و بە دوایدا رایاندەکرد بۆ ئەوەی لەفەیەک زیاتر وەربگرن.
جا زۆرجار کە دەچووینە، ئاھەنگی ئەو خەڵکە نەناسراوانە، لەگەڵ بووک و زاواش وێنەمان دەگرت، بۆ ئێمە ھیچی تێ نەدەچوو، ھەموو شت لەسەر حسابی ئەبوشوارب “زاوا” بوو. لەم ماوەیەشدا سەیری ئەلبومی تازە خزمێکم دەکرد، لە ناکاو چاوم بە وێنەیەکی خۆم و “ئا”ی برادەرم کەوت، لەگەڵ بوک و زاوایەکدا. منیش یەکسەر پرسیارم کرد، وتم ئەرێ ئەو بوک و زاوایە کێن؟ تازە خزمەکەمان کە بەھۆی ژن و ژنخوازییەوە بۆتە خزممان، وتی ئەوە “س” برامە، ئێستا لە ھۆڵەندا دەژی!! منیش وتم ئەی ئەو دوو کەسەی تەنیشتی کێن، وتی بڕوا بکە، نازانم بەڵام لەوە دەچێت خزمی ماڵی براژنم بن. منیش وتم جوان دیقەت بدە، بزانە کەسێکیان لە من دەچێت، ھەوڵیدا بڕوا بکات، کەسێکیان لە من دەچێت، بەڵام خۆی پێ رانەگیرا و دەستی خستە سەر برادەرەکەم و وتی، ئەوە کەمێک شێوەی تۆی تێدایە. منیش بێ ھیچ پێشەکی و روونکردنەوەیەک وتم نەخێر ئەوی دووەمیان منم، دەزانم ئەو ئاھەنگە لە کوێ بوو. ساڵی ١٩٩٦ بوو، لە فڵانە ھۆڵ و ئەمیر حەسەن لەوێ گۆرانی دەوت، لەگەڵ کاک ئەمیریش وێنەمان گرت ھەر لەسەر حسابی براکەی تۆ.
پاش کەمێک بێنە و بەردە، توانی بڕوا بکات کە ئەو کەسەی لە وێنەکەدایە منم، منیش ھەموو چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە و ساتێکی پڕ لە پێکەنینمان لەگەڵ ئەو یادەوەرییە بردە سەر، بەڵام لە ناکاو لاپتۆکەی ھێنا و ھەندێک لە وێنە نوێیەکانی براکەی نیشاندام لە ھۆڵەندا و لە کوردستان و لە ھەندێک وڵاتی تر. کاتێک بە تەواوەتی لە وێنەکە ورد بوومەوە، کاکی زاوا زێڕینەی جاران، سەری بووە بە تاسی موسڵ و تەواو ئەسڵەح بووە، بوکە خانیش بە قەدەر مامۆستایەکی رەزا گرانی پێشوومان قەڵەو بووە و بە مانای وشە بووە بە ژنێکی خان ومان، کە سەیری کچە نۆبەرەکەیم کرد، ھێندە بەخۆ و گەورە بووە، لە سلێمانی بووایە دەمێک بوو ئەویشیان بە شوودا بوو. بۆیە لەبەر خۆمەوە وتم، تۆبڵێی منیش پیر بووبم؟.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 517-520 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




ژیان نامەی شاعیری کورد مستەفا بەگی کوری مەحمود بەگ ناسراو بە کوردی).. سامان خدر

        

    مستەفا بەگی کوڕی مەحموود بەگی ژیان ساحێبقەرانە ناسراو بە کوردی، لە ساڵی ١٨٠٩یان ١٨١٢لە سلێمانی لەدایک بووە، ھەر لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٠ زایینی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. ھەڵبەستوان وەکوو منداڵانی سەردەمەکەی خۆی لە حوجرە فێری خوێندەواری بووە، بەڵام درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە مەلا. مستەفا بەگی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی شیعری بابان لە قەڵەم دەدرێت و یەکێک بووە لە پەیڕەوانی تەریقەتی قادری، بەڵام بەداخەوە بەرھەمێکی کەمی ھۆنراوەوان کەوتووەتە دەست خوێنەران جگە لەوەش کە ناوی ھۆزانڤان لەتەک نالی و سالمەوە دێت، بەڵام وەکوو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

(لایەنە شاراوەکانی ژیانی)

گەلێک لایەنی شاراوەش ھێشتا پەردەی لەسەر ھەڵنەدراوەتەوە کە ئەوەش وایکردووە گەلێک شتی ئەفسانە تێکەڵ بە ژیانی مستەفا بەگی کوردی بکرێت کە ھیچ بنچینەیەکی زانستیی نییە. گوایە مستەفا بەگ عەشقی قەدریە ناوێک بووە، ئەو قەدریە بووەتە سەرچاوەی ئیلھامی شیعری مستەفا بەگ. دەگێڕنەوە کە مستەفا بەگی کوردی بە شای ئێران گەیشتووە، لەگەڵ ئاقانی ھەڵبەستوانی گەورەی ئێران شەڕەھۆنراوەی کردووە، شای ئێران گەلێک سەرسام بووە بە کوردیی، گەرچی ئەو گێڕانەوەیە جێگای گومانە و عەقڵی مرۆڤ بۆی ناچێت کابرایەکی کوردی خەڵکی بابان بگاتە شای ئێران و لەوێ لە مەجلیسی شادا کابرایەکی سونیی مەزھەب ھێرش بکاتە سەر مەزھەبی شاە ئاقانی ھەڵبەستوان، بەڵام ھەرچۆنێکیش بێت ئەوا ھەرگیز لە شاعیرییەتی و ھەڵوێستی مستەفا بەگ کەم ناکاتەوە، بەڵام مستەفا بەگ کە ئاوارەی ئێران کرابێت ئاسان نییە بگاتە شای ئێران، جگە لەوەش لە دیوانەکەی کە ئێستا لەبەردەستدایە ھیچ ئەوە نادەنە دەست کە گەیشتووەتە کۆشکی شاھانە و شەڕەھۆنراوەی لەگەڵ قائانیدا کردبێت. ناوی قادر گەلێکجار لە ھۆنراوەکانی کوردی بەکار ھاتووە، بێ ئەوەی بە تەواوی ساغ کرابێتەوە ئەو قادر ناوە کێیە؟