سادۆمازۆخییەتی سیاسەت و کۆمەڵگەی کوردی.. شوان عەباس بەدری

بێگومان گەر بە وردی لەو قەیرانانەی کە بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە بروانین و جیا لە خوێندنەوەی سیاسی ئەوا خوێندنەوەیەکی دەروونناسیانەیان بۆ بکەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کە زۆربەی قەیرانەکانی ئێستا ، لە دەرئەنجامی کەلەرەقی و روانینە کورتبینەکانی بەرپەرسە باڵاکانی ناو سیاسەتی کوردییەوە هاتوونەتە ئاراوە ، بە واتایەکی تر زۆرجار سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی عەقڵێکی خێڵەکی ووشک و بەرژەوەندییە بەرتەسکە حزبایەتییەکانی خۆیان بە بێگوێدانە ئەو دەرئەنجامە مەترسیدارانەی کە رەنگە لە داهاتوودا هەم یەخەی خۆیان و حکومەتەکەیان و هەم یەخەی دانیشتوانی هەریمی کوردستان بگرێت، هەنگاوی هەڵەیان هەڵهێناوەو دوابەدوای دروست بوونی قەیرانیش هەڵەیان بە هەڵە پەردەپۆش کردووە .

لە ئێستادا گەر بروانینە سنووری جوگرافیایی هەرێمی کوردستان ، ئەوا دەبینین سنوورێکە کە تا بینا قاقای لە ناو چەندین قەیرانی قووڵ و مەترسیداردا نوقم بووە ، هەر لە بێزاری خەڵک لەبەرامبەر بەرپرسان و کاربەدەستانی هەرێمەکەوە بگرە تا دەگاتە هێرش و بوردوومانەکانی وڵاتانی چواردەور و ملیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران و هەڵوەشاندنەوەی تەبایی کۆمەڵگە و خێزان و چەندین قەیرانی هەمەجۆری دیکە.

هەرچەندە لە ئێستادا بەلای خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە کێشەی مووچە و پێنەدانی مووچە و بەبارمتە گرتنی مووچە لەلایەن پارتێکی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە بە بیانووی نەناردنی برە پارەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لەلایەن بەغدادەوە بۆتە باس و خواسی سەرەکی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و سۆشیال میدیا و هەموو کونج و بناوانێکی ناو شەقامی کوردی و گەورە و بچووکی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردووە ، بەڵام لە ئەساسدا ئەم بابەتە تەنها بابەتە رووکەشەکەی قەیرانەکەیە و گەر پشت پەردەکانی رووداوەکان بخوێنینەوە زۆر بە ئاسانی قەیرانە هەرە مەترسیدارەکەی ناو جوگرافیا بچووکەکەی هەرێمی کوردستانمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە لەیەک کاتدا هەم خۆی لە شەریکە بەشی گشت پارتە سیاسییەکان دەبینێتەوە پێکەوە، وە لە هەمان کاتیشدا هەوڵی سرینەوەی جەماوەری و قورسایی سیاسی هەندێک پارتی سیاسی ناو مەیدانی حوکمرانی و دەسەڵاتە و جۆرە سادۆمازۆخییەکی پێوەدیارە.

بە واتایەکی دیکە سیاسەتی کوردی لە ئێستادا سیاسەتێکی سادۆمازۆخییە و لەلایەک بەرپرسان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وای وێنا دەکەن کە هەموو هەوڵێکی خۆیان لە پێناوی باشترکردنی ژیانی خەڵک و چارەسەری قەیرانەکانی هەرێم خستۆتەگەڕ و لە هەمانکاتیشدا بە قامچییەک پشتی خەڵکیان بە خەمساردی و خەمی ئەوەی تەنها قسەی خۆیان بچەسپێنن و پێشهات و چارەسەرەکان تەنها بەو جۆرە بێت کە ئەمان ئارەزووی دەکەن شەقار شەقار کردووە و بە بەرنامەیەکی تۆکمە کۆمەڵگەی کوردییان کردووە بە کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان مازۆخی.

بە واتایەکی تر خەڵک وەک کۆمەڵە کۆیلەیەکی مازۆخی بێدەسەڵات لە ژێر ئازاری قامچی دەسەڵاتدار و خاوەنەکانیان پشتی خۆیان چەمانۆتەوە و سوژدەی تەسلیم بوونیان بردووە و تەنها ماوە ماوە لەملاولەولا وەک نارەزایەتییەک بایکۆتێک رادەگەیەنن یان لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی لە دژی لایەنەکەی تر بۆ ماوەیەک شۆیەکی هەمە رەنگ ئەنجام دەدەن و دوای ئەوەش هەریەکەو دەچێتەوە بۆ ماڵی خۆی .

گەر وابڕوات و خەڵک هەر بەم جۆرە مازۆخییە بەردەوام بێت لە تەسلیم بوونی، رەنگە ماوەیەکی دیکە بەرپرسان ماوتسی تۆنگ ئاسا بۆ ئارامکردنەوەی سادییەتە سیاسییەکەی خۆیان شۆڕشێکی فەرهەنگی و ئابووری (جیا لە ئابووری سەربەخۆ ) ڕابگەیەنن و کارەساتی جەرگبڕتر و گەورەتر بەسەر خەڵکە چەپڵەلێدەر و سەرچۆپی گرەکە بهێنن !

هەرچەندە ئەم بابەتی سیاسەتی سادۆمازوخییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لە قۆناغێک لە قۆناغە سیاسی و هەستیارەکاندا بە شێوەی جیاجیا دەرکەوتووە و باشترین نموونە بۆ ئەم بابەتەش سیاسەتە نەخوێنراو و کەلەرەقییەکانی جەمال عەبدولناسری دووەمین سەرۆک کۆماری میسرە کە لەسەردەمەکەیدا ووڵاتەکەی بەرەو داڕمانێکی تەواو برد و خەڵک و سوپا و ئابووری و جوگرافیای میسری لەناو ئاگردانێکی وادا سووتاند کە تا ئێستا دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتە هەڵە و سادییەتە سیاسییەی ماوەتەوە و دوای خۆیشی ئەنوەر ساداتی جێگرەوەی بە رێگەی جۆراوجۆر هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ سرینەوەی پاشماوە سیاسییە ماڵوێرانکەرەکانی جەمال عەبدول ناسر، بەڵام نە تەنها نەیتوانی بەتەواوی ئەو پاشماوانە بسرێتەوە بەڵکو خۆیشی بە جۆرێ لە جۆرەکان کەوتە ناو ئەو ئاگردانەوە و دواجاریش سەری خوارد .
لە کۆتاییشدا بێگومان گەر بەرپرسانی ئێمەش ئەم بەرگە سادۆمازۆخییەی بەریان دانەکەنن و بەرگی چاکسازییەکی راستەقینە و بە دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی تەسک لەبەر نەکەن ، ئەوا ئایندەی هەرێمەکەمان زۆر لە ئێستا خراپتر و ناروونتر دەبێت و هەمووشمان دەزانین ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تا سەر دۆست و پشتیوانی هیچ ووڵات و لایەن و کەسێک نین و نابن و دواجار ئەوەی کە تیا دەچێت و دەفەوتێت تەنها خەڵکە هەژار و کەمدەرامەت و مووچەخۆرەکەیە!




سەربازی ون.. کورتەچیرۆک/ ن/جەلال قادر

بەری بەیانێکی ساردی مانگی نەورۆز بوو، نم نم باران دەباری، هەر وەک هەموو سپێدەیەک بەرەو چایخانەکەی بەردەم پەیکەری (سەربازی ون) بەڕێکەوتم. لەژێر کەپری چایخانەکە پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵانم بینی، ڕەشتاڵە و دەم و چاو وردیڵانە، کابۆیەکی شین و چاکەتێکی خاکی خەتخەتی لەبەردابوو، پەرداخێک چای بەدەستەوە بوو، خێرا خێرا مژی لە جگەرەکەی ناو قامکەکانی دەستی دەداو بە نیگەرانییەوە تەماشای ئاسمانی دەکرد. لەم ساتە پەڵە هەورێکی ڕەش و نزم بە ئاسمانەوە کۆچیان دەکرد. من لەژێر کەپرەکە دانیشتم، کابرای چایچی کە هەم ناسیاومە و هاورێی منداڵیشمە، بە بێ سڵاوکردن، بە بێدەنگی پیاڵە چاێیکی لەبەردەمم دانا، سەرم سووڕما، وتم : چییە؟ مام بەکر، سلاوکردنیش لە بیرچووەتەوە
تەماشایەکی کردم، بە قامکی ئیشارەتی بۆ شوێنی پەیکەرەکە کردوو، وتی : نابینیت، نەتبیستووە، ئەمشەو پەیکەری (سەربازی ون) دیارنەماوە
کاتێ سەرم هەڵبڕی، واقم وڕماو حەپەسام. هەستامە سەرپێ، پیاڵە چاکە لەدەستم بەربووە خوارەوە
! کەواتە دەبێت دزرابێت_
نازانین. زەنگمان بۆ پۆلیس کردووەو چاوەڕوانین+
لە جێگەی خۆم دانیشتم. لەدڵ خۆمدا وتم : ئای لەم شارە وێرانە، بۆ تەنها رۆژێک مرۆڤ ناتوانێت بە ئارامی تیایدا بژێت
مەفرەزەیەک لە پۆلیس گەیشتنە شوێنی پەیکەرەکە، بە وردی پشکنین و ڵێکۆڵینەوەیان دەست پێکرد
کابرای چاکەت خاکییە لەبەرەکە، بەدەنگێکی پڕ لەخەم دەیگووت : لەپاش چەندین ساڵ ماندووبوون و نەخشەکێشان بۆ دروستکردنی پەیکەری مرۆڤێکی قارەمان وبێ تاوان و بێ ناونیشان، ئەمەش چارەنووسی بێت، سەیرە، وا چاکترە هەموومان کۆچ بکەین، ئەم شوێنە بەجێبهێڵین
هەستم کرد ئەویش وەک من دڵی تەنگەو تووڕەیە. پێمگووت : هەرچەند ئەو پەیکەرە سمبوولی نەتەوەو نیشتمانمان بوو، بەڵام ئێمە نابێت بۆ هیچ کوێ بچین، دەبێت هەوڵدەین و بزانین ئەو پەیکەرە کێ دزیویەتی، بۆچی دزراوە؟
کابرای چاکەت خاکییەکە، مژێکی قووڵی لە جگەرەکەی دا، وتی : ولات وێران بووە، دەوڵەت و میللەت پێکڕا دزن، ڕێز لە شکۆی نیشتیمان ناگرن. ئێستا وا سەرمانلێشێواوە نازانین دەستی تاوان بۆ کێ درێژکەین. کێ ناڵێت ئەم دزینە مەرامی سیاسی لە پشت نییە
پێمگووت :لەم مەملەکەتە هەموو ڕۆژێک کە لە خەو بێدار دەبیتەوە، گوێ بیستی ڕووداوی سەیروسەمەر دەبیت، دەبێت سەبر بگرین تا ڕۆژدەبێتەوە. بەڵام من سەرم لەوە سووڕماوە، ئەو پەیکەرە زۆر قورس و سەنگین بوو، دەبێت بەچی گواسترابێتەوە؟
لەم کاتە چەند ڕۆژنامەنووس و کامیرەمان نزیک بە باخچەی پەیکەرەکە گرد بوونەوە. داوای زانیاری زۆرتریان دەکرد لە پۆلیسەکان. وتە بێژی پۆلیسی شار لەبەردەم مایکرۆفۆنەکان بەپێوە وەستا و کەوتە دواندن : بەداخەوە، دوێنێ شەو، بەدەستی ناحەزانی گەل، شوێنی پەیکەری سەربازی ونیان ڕووخاندووە و پەیکەرەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە. ئێمە بەرەدەوامین لە لێکۆلینەوە، هێشتا زووە تا پەنجەی گومان ئاراستەی لایەنێک بکەین
ڕۆژنامەنووس: بەڕێز، ئاخۆ بە چ ئامێرێک توانراوە ئەم پەیکەرە بگوازنەوە؟
وتەبێژ : وەک وتم … لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام زانیاری تەواومان لایە کە ئەم پەیکەرە نە بە شۆفەڵ، نە بە تڕێڵە یان ئۆتۆمبیڵی بارهەڵگر گوازراوەتەوە
ڕۆژنامەنووس: کەواتە دەکرێت، بە هێڵی کۆپتەر ئەم کارە ئەنجام درابێت
_ نازانین.
ئەم چاوپێکەوتنە زۆری نەکێشا، لەپاش نیو کاتژمێر لەدوورەوە دوو دوو، سێ سێ یان بەپۆڵ گەنج و لاوانی شار لە فلکەو باخچەی پەیکەرەکە کۆبوونەوە و دەنگی ناڕازی جەماوەر بەرزبووەوە
سەرەتا پۆلیس هەوڵی دا گردبوونەوەکە ڕوونەدات، بەڵام زۆری پێنەچوو ئەم کۆبوونەوە بوو بە سروود خوێندن و ناڕەزایی دەربرین
پۆلیسەکان دەستڕێژێک تەقەیان ڕوو لە ئاسمان کرد.بەڵام گەنجەکان خوێنگەرم و بەتین بوون، جامی ئۆتۆمبیلی پۆلیسەکانیان شکاند. پۆلیسەکانیش لەترسا لەوناوە دوورکەتنەوە
لەشوێنی پەیکەرەکە، چەند دڵۆپە خوێنێک ڕژا، گەنجە خۆپیشاندەرەکان بە موبایڵەکان وێنەی سێڵفی و بە کۆمەڵ دەگرت، وەک ئەوەی سەرکەوتنێکی مەزنیان ئەنجام دابێت
کابرای چاکەت خاکی، ئاخێکی هەڵکیشا و وتی : ئاخۆ دەبێت دیسان چ دەستێکی پیس هاندەری ئەم گەنجانەبێت، لەسەرەتاوە من بە دانانی ئەم پەیکەرە خۆشحاڵ بووم، نەمزانی ڕۆژێک دادێت خەڵکی قوربانییەکانیان لەبیردەچیتەوە
پێمگووت : برا تۆ زۆر خەراپ بیردەکەیتەوە، هەمیشە گەنج لە هەوڵی ژیانێکی نوێ و پڕ لەبەختەوەری دان، گەنج ئارەزووی دوا ڕۆژێکی ڕووناکە، بەڵام دەستە پیسەکان دەبن بە بەربەست لەبەردەم ئازادی و خۆشییەکانی ژیان
وتی : دەزانم، دەزانم….بەڵام هەرکات و ساتێک تیشکێک و ڕووناکییەک بەدی دەکەین، نازانم ئەم حەمکە بازرگانە سیاسیانە لە کوێوە دێن، دەست دەگرن بەسەر هەموو سەرکەوتنەکانمان. تەماشاکە نیوەی جەماوەرەکە نازانێت بۆچی ڵێرە کۆبوونەتەوە
لەپاش دە خووڵەکێک چەند هێڵی کۆپتەرێک بە ئاسمانی شارەوە دەرکەتن و گەیشتن بە شوێنی خۆپیشاندەرەکان. ئاو گەرم و دووکەڵی غازی فرمێسکاوییان ڕژاند بەسەر خۆپیشاندەرەکان، ئەوانیش ناچار ئەوناوەیان چۆڵ کرد

من و مام بەکر چایچی بە سواری ئۆتۆمیلەکەم گەڕاینەوە بەرەو ماڵ، گوێمان لە بێژەری ڕادیۆکە بوو چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند بەرپرسێک ئەنجام دەدا : داوا لە جەماوەر دەکەین، دان بە خۆیان بگرن، ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە گفتوگۆکردنداین

دوا چاوپێکەوتن لەگەل پیرەمێردێک بوو، بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد :
ئێوە نوێنەری ئێمە نین، لەگەڵ حکومەت تێر گوو بخۆن
هەندێک جار لەکاتی ناخۆشی، مرۆڤ پێکەنینیشی دێت بە ڕووداوەکان. تووبڵێی کارەساتەکانیش بووبن بە گاڵتەجاڕی!. هەر بەدەم ماشێن لێخووڕینەوە لە مام بەکرم پرسی : ئەرێ ئەو کابرا چاکەت خاکییە کێ بوو؟ پەژارەوخەمبار دیاربوو، گوێم ڵێبوو دەیگووت : پەیکەری پیرۆز نابێت بشوێندرێت
مام بەکر، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و وتی : نایناسیت؟ ئەوە پەیکەرسازەکە بوو!

ن/جەلال قادر




كـۆرت شویتەرز- ئه‌و قه‌سیدانه‌ی وه‌ك قه‌سیده‌ ده‌رده‌كه‌ون.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
ئه‌و ڕۆژه‌
ئەو ڕۆژەی
دەگەیتە تافی لاوی
كەچی هێشتا
یاری لەگەڵ
بووكەڵۆكەكەتدا دەكەی ..
تۆیش
وێنه‌ی هەموو فریشتان
وەك لە پێشدا كردووتە
وادەزانی
ئەوانە كیژی شۆخن
وادەزانی
تۆیش وەكو ئەوانی
كە جحێڵ بووی ..
بەڵام ،
تۆ ئێستا پیری ،
سەرمات دەبێ‌
دەمری ..

(2)
ئاسكه‌كه‌ له‌رزی پێوه‌ نووساوه‌
كە شێر دەنەڕێنن ..
وەختێ‌ كەمتیار بۆن دەكەن
ئاسكەكە دەلەرزێ‌
بەڵام هونەر زیاتر دەبەخشێ . ‌

(3)
قه‌سیده‌یه‌كی لاڵ
كرمێك
بە قولابێكدا شۆڕدەبێتەوە .
ماسییەك كرمەكە دەگەزێ‌
قولابەكەیش دەگەزێ ‌ ..
قولابەكە ماسییەكە دەگرێ‌ و
ئەوەتا ماسییەكە ،
بە قولابەكەدا شۆڕ دەبێتەوە ..
قولابەكە ،
ماسییەكە لە ئاو ڕادەكێشێ‌
ماسییەكە لە دەرەوەدا دەمرێ‌
قولابەكە ماسییەكە دەكوژێ ‌ .

كرمێكی دی
بە قولابەكەدا شۆڕدەبێتەوە ..
ماسییەكی دی
كرمێكی دی دەگەزێ‌ و
ئەوەتا ژیانێكی نوێ‌
لە نێو وێرانەدا سەردەردێنێ ‌ .

(4)
وه‌ختێ ، كه‌سێ ، جارێ ، وتی

وەختێ‌ ، كەسێ‌ ،
جارێ‌
وتی :
كە برادەرێك جارێ‌ وتی
كە برادەرێكی دی وتی :
من بە برادەری سێیه‌مم وت
كە برادەری چوارەم وتی
برادەری پێنجەم وتی
كە برادەری شەشەم وتی
من جارێ‌ وتوومە
كە جارێ‌ نەموتووە دەڵێم
تا بە هەموو ڕاستگۆییەوە
بە هەموو برادەران بڵێ‌
كە من ڕاستە وتوومە
هیچم نەگوتووە .

(5)
بیری لێ بكه‌وه‌

چوار ڕێهەڵكەن
لەسەر بانێكدا وەستا بوون
یەكەمیان وتی (( ئۆف ))
دووەم : (( كەواتە چۆن دەگونجێ‌ ))
سێیەم : (( ئەو بانە بەرگەمان بگرێ‌ ،
لە كاتێكدا.. ))
چوارەم : (( ئەو بانانەی
بێ‌ كاریتەن ناتوانن ))
لەو دەمەیدا
بان ڕما و كەوت
بینیت چۆن …..؟

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

  • كۆرت شویتەرز : ساڵی 1887 لە هانۆڤەر لە دایك بووە . هونەری لە كۆلیژی هونەرەكانی دریسدن خوێندووە . بە شاعیرێكی ( دادا )یی دەناسرێ‌ ، هەرچەندە ئەو شێوەیەكی پێدابوو بەوەی دژی بە سیاسەتكردنی دادا بوو .
  • له‌ ماڵپه‌ڕی (ئیلاف)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .
    http://elaph.com/Web/Culture/2010/4/550176.html



مشتێ لە ئازاری ناو پریاسکەکە.. کەنعان مدحەت

چراکە کز بووەتەوە،
یا تانەی ماندوویەتیم لێ ڕواوە؟
هەمو شتێ،
کوێرە لە حەن ئاڵۆزییە سپیکراوەکە
کابرای نمەک حەرام
هەڵبژێری پشت پەردە لۆچدارەکە
خۆی بە باگردێنی سەر ئیسک و پروسکم نازانێ و
بەردەوامە..

ئەم فریشتە نا پەردەیییانە
لە نێردەی خوا ناچن
دوو کزە ئەستێرەی لە پرتە کەوتوویان پێ
لەیەکا ناتوێنرێتەوە

بە دەست تەققەڵە دوورمانەوە داماون
ڕێ کاکێشان تا قوڵایی ئاشتی
لە مین جممەیان دێ
تا تەڵە،
گەلە قۆڵییەکە
هەڵنەوەشێننەوە
(بەردی ئەلحەد)-یان پێ
ڕاناماڵڕیتەوە

بەرنامەکە،
بە پێی بەرژەوەندی و
حەزی داڕێژراوە سەرسپییەکە
لەسەر دوندی سەنگەرما سەروقنگ هەڵواسراوە
ئەزمونەکە هیچی لە شارستانییەت و
پێشکەوتوویی نەکڕاندووە

سەرچۆپیگران،
نەوەی هەر هەمان سەرچۆپیگرانی پێشوون
گۆرانییەکانیش تێکەڵییەک لە فۆلکلۆر و ( هیپ هۆپ )
وەک ئەوە وایە بڵێی لە قورئانیشا هەڵە و
تفت و تاڵی زۆرە..
بە خوێنەوار و نەخوێنەوار لێت کۆببنەوە
شەق و زللە..
چی نەبێ لە چاویا

دێن دێن..
_ بێ پێ بڕینەوە_
براوەکانی لە خێرایی تیشک،
بە پەلەتری خوارەوە
دێن، جێ بە کۆڕەک و سەفین..
تەسک کەنەوە

کەژە ئۆکسجین لێ بڕاوەکە
هەر ژەهرە دوو ئۆکسید و ژەهرە دەرەکی
لێ نوقسانە..
( لۆزان )_ە پەیمانێکی تر
لەو نێوانە
بچێننەوە

پەڕیان بە باڵمەوە نەهێشتووە
شنەش لە خۆم زیاتر
لە هێز خراوە
چاوم بە نیشتنی،
کۆلارە لە فەنەر ڕووتکراوەکە هەڵنایە و
چیشم لە دەست نایە!

سات لە دوای سات لە جێی میزڵدان پفم تیا دەکرێ
لە کەشتییەکی لێقەوماو دەچم
ئاراستەی چارۆکەکەمم
لە دەست دابێ
بە شەپۆل و با ماوە لەنگەرگا و
چارەنووسم

ئێستا، پاسەوانیی،
بازاری زێڕ..
بە جمکانەکە سپێردراوە
گوایە بەڕێزیان لە گورگ بە خزمەتترن
مارکەی کوردیی،
ورگ چەوری دەهۆڵە تەشبین
دز، کەمە، پێیان بوترێ
داک خۆ گێش ناشێ بۆ سەردار

ئەو چراخانانەی، کارەبا،
بە دیقی خستوون و
بە یاری شێر و خەتەوە گلاندوویانیەتی
هۆی دەگەڕێتەوە،
بۆ چاوزەقکردن لە بەرگر و تەمیکردنی قازی..
هەتا هەتایە چێشتیان کوڵ نەدا و
قەت قەتیش خەمیان پێ
تەقەڵ نەکرێ..

دەبێ چەن شەهیدت دابێ
چەند ئەشکەوت و
پاڵەتاوێر..
لە ژەهرەباران پاراستبیتیان
وا ئێستا لە کۆشکا..
کاری چاگێریان پێ ڕاسپاردووی؟
بەچکەکان بە پاسەوانی
کەژاوەی حەبیبە و
کولانە مریشک..
پۆلیسانە ڕابێن
لەسەر حەپە حەپ و
پاراستنی ناوگەڵ و هێلکە مریشک؟

لە دوای هەر بەهارە چەخماخە و هەورەتریشقەیەک
دەیان دەیان دۆمەڵان، خاک، شەقار دەکەن
زنجیر و پاوەن دەبڕن..
پاش ئەو هەمو نەهامەتییەی پیا تێپەڕیوم
ئەوسا و ئێستایش،
لە ترس سەگە دان تیژەکان
تۆڕی دۆزەخە تاراوگەم پێ نابڕێ
دەنگی ناڕەزایەتیم هەڵبڕم

لە هەورازە، بەڕوو لێ توراوەکە
کەلاوەسەنگەر
شوێنەواری ناولێنراوە
پێشمەرگە،
پێشمەرگەی ناو شار
سەرەڕای ئاراستەی پێچەوانە و
بەرپرسیاریەتییەکەی!

تەواوی لەوەڕگایان لە گاوان
قەدەغە کردووە
هەر مانگایە و
کەوتووەتە بۆڕە بۆڕ
گاوان، ئەوەندەی خەمی خۆیەتی
نیو ئەوەندەی خەمی مانگاکانی نییە!

کاوێژکردن وەک مۆدێل و ستایلی هەتاهەتا
جەختی لەسەر دەکرێ!
ئەوە نییە لەسەر داوای بازاری و بندیوار
چەپڵە بۆ ( دۆشین )ی زیاتر لێدەدرێ
حەوسەڵەی دەوێ،
هەر شتێ،
بخرێتە ژیر بەندی فریاکەوتن و
لە دەستورا جێگیرکرێ!




سۆناتای شاعیر.. ستیڤان شەمزینی

لەسەر دیوارێکی کۆنی شاری بابل
بە خەتێکی بزماریی نوسرابوو:
خۆشەویستی خۆی بە شیعر دادەپۆشێ
چاو دەبڕێتە کەشتی عاتیفە
بەسەر کێوی ئارەزوودا سەردەکەوێ
دێوانەیەک لەولاوە پەیدا بوو
بە قوڵنگی دەستی
دێڕێکی تازەی ھەڵکۆڵی:
عەشق مۆمێکە
لەو کاتەی بەناو تونێلی نوتەکی ژیاندا
رەت دەبین


شاعیرەکە عاشق ببوو
مەرکانەی بەتاڵی ھەستی پڕ دەکرد
لە گوڵە ھێرۆی خۆشەویستی
ئاگری لە لەشی شیعر بەرئەدا
لەسەر شوشەی شکاوی دڵ
سەمای ئەکرد
بۆنی کەزی ژنێک لە رۆحی ئەھات
بەدزی عەقڵەوە خەونی ئەبینی
نوکی قەڵەمەکەی تۆفانێک بوو
لافاوی ماچی لەگەڵ خۆی ئەھێنا
ئەمەش حکایەتی خۆم نییە


پێدەچێت مردن سامناک نەبێت
ژیانیش ھێندە زەحمەت نییە
ھەموو شەوێک
مردن تاقی دەکەینەوە
ھەموو رۆژێکیش ئەژین
خۆشەویستی ترسناکە
ئەوە نییە بە کۆمەڵ لێی ھەڵدێین!
ئەم چەرخە سیخنانە بە دڵڕەقی
دڵڕەقی پێستێکی جادوویی ھەیە
فیشەکی خۆشەویستی نایبرێ
ئاگری شیعر نایسووتێنێ
چەقۆی فرمێسک نایدڕێت


ژنەکان ھەموو رووناکن
ژنەکان ھەموو سپین
چەند سەیرە چارەنووسیان رەشە!!
ژیان لەنێو رەحمیاندا ھەڵدەگرن
دەستیان نییە لە پەلاماردانی باخدا
فوو لە مۆمی خۆشەویستی ناکەن
ژنەکان ھەموو جوانن
شاعیر حەیران بۆ ئەو جوانییە ئەچڕێ
پیاوان بە بڵێسەی ئەو جوانییە سووتاون
لەناو مەحشەری ھەموو ژناندا
شۆخە ژنێکی زۆر بێ ئۆقرە
لە فارگۆنی ھەرە دواوەی
شەمەندەفەری تەمەندا
بە چاوە تاوسییەکانی
بە دوای مندا دەگەڕێ


٢٥-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – بیلەفێلد




بەلاغی كۆتایی كۆنفرانسی ( لە جینوسایدەوە بۆ ژیان)

بە دروشمی لە جینوسایدەوە بۆ ژیان، رۆژی هەینی ١٥/٣/٢٠٢٤‌ یادی ٣٦ ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بە چەكی كیمیاوی لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقی لەناوچوو، لە شاری هەولێر و بە بەشداری ژمارەیەك لە توێژەر وچالاكوان و نووسەری بیانی و ناوخۆیی و قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان، كۆنفرانسێك بەڕێوە چوو، گفتوگۆیەكی تێر و تەسەل لەلایەن ئامادەبووانەوە لەسەری كرا و بەدواداچوون وئاڵگۆڕكردنی زۆری بابەتەكان، كۆنفرانسەكە دەوڵەمەند كرا. لەدەرئە‌نجامدا، كۆنفرانس، ئەو راسپاردانەی لای خوارەوەی گەڵاڵە كرد وئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە جیهانییە تایبەتمەندەكان كرد,
كە هەندێكی تایبەت بوو بە‌ حكومەتی عێراقی فیدڕال.
1-پشت بەستوو بە بڕگەی یەكی ماددەی ١٣٢ دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، كۆنفرانس داوا دەكات حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ، گرنگی زیاتر بە بریندارانی چەكی كیمیاوی بدات لە رووی چارەسەری پزیشكی و دابینكردنی داو و دەرمان.
٢- هەر پشت بەستوو بە ئاماژە پێكراوی بڕگە یەكی خاڵی یەك، داواكارین حكومەتی عێراق كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و سەرجەم ئەو شوێنانە بكات كە چەكی كیمیاویانی لە دژ بەكار هاتووە لە كوردستان.
3- لە رێگای دادگا مەدەنییەكان ، پشت بەستوو بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ـ كە تاوانی كیمبارانی هەڵەبجەی بە جینوساید ناو ناساندووە .
4_داواكارین حكومەتی عێراق قەرەبووی شایستەی ماددیی و مەعنەوەی خەڵكی هەڵەبجە بكاتەوە، وەكو قەرەبوویەكی مەعنەوی دەبێ حكومەتی عێراقی فیدرال كە وارسی حكومەتی پێشووی عێراقە،‌ دەبێ بەفەرمی داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان و خەڵكی شاری هەڵەبجە بكات.
٥- داواكارین حكومەتی عێراقی لە رێگای دەزگای شەهیدانی عێراق پشت بەستوو بە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٠٦، كار بۆ هەڵدانەوە ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بكات كە قوربانیانی كیمیابارانن و دوای ناسینەوەیان، لە مەراسیمی شایستەدا‌، بەخاك بسپێردرنەوە.
٦- دەبێ حكومەتی عێراق بەلێننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە دامەزراندی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی لە جیهان ناسراو بە (OPCW)و ئەو بڕیارانەی كە لەو رێكخراوە دەردەچن جێبەجێ بكات، تاكو تاوانی هاوشێوەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە،‌ دوبارە نەبێتەوە.
٧- داوا دەكەین عێراق ئیمزا لەسەر رێكەوتننامەی بنەرەتی رومای ساڵی ١٩٩٨ تایبەت بە دامەزراندنی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی (ICC) بكات و ببێتە ئەندام لەو دادگایە.
٨_ داواكارین حكومەتی عێراق هاوكاری كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بكات لە هەوڵەكانی بۆ دادگایی كردنی ئەو كۆمپانیایانەی كە هاوكاری رژێمی لەناوچویان كردوە بۆ بەدەست هێنانی ئەو ماددە و كەرستانەی كە چەكی كیمیاوی پێ كردست كردوە.
٩_ دەبێ حكومەتی عێراق كار بۆ جێبەجێ كردنی هەردوو بڕگەی ماددەی ١٣٢ی دەستوری هەمیشەیی عێراق بكات.
10_ كاراكردنەوە ئەو لێژنەیەی كە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كابینەی بەڕێز”نوری مالكی” دروست كردبوو بۆ بە جیهان ناساندنی تاوانی جینوساید.
11-پێویستە عێراق پەیوەست بێت بە هەموو ئەو ڕێككەوتننامە جیهانیانەی پەیوەستن بە قەدەغەكردنی بازرگانی چەك، چەكی زیرەك و بۆمبی فسفۆری و هێشۆیی و ئەتۆمی و … بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رووداوی هاوشیوەی هەڵەبجە دووبارە نەبنەوە.
12. كار بكات بۆ ئەوەی ئاسمانی كوردستان بە گشتی وپارێزگای هەڵەبجە بە تایبەتی ئاسمانی ئاشتی بێت، هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی بۆی نەبێت پێیدا تێبپەڕێت.

راسپاردنەكانی تایبەت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان

1- داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بدات و ساڵانە بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان بكات تاكوو بە شێوازی سەردەمیانە یاد بكرێتەوە.
٢- پێویستە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كار بۆ بە ‌نیشتمانیكردنی یادی كیمیاباران بكات، هەروەك چۆن لە پێڕەوی ناوخۆیی وەزارەتەكەدا هاتووه،‌ پێویستە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ساڵانە یادێكی شایستەی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ١٦/٣ بكاتەوە.
٣_ لەسەر ئاستێكی بەرز، حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ بە ‌جیهان ناساندنی تاوانی كیمیاباران و جینوساید، بكات.
٤_ گرنگیدانی زیاتر بە نەخۆشخانەی تایبەت بە كیمیاباران و دابینكردنی كەرەستە و ئامێری پێشكەوتوو و پزیشكی پسپۆری تایبەت.
٥-دامەزراندنی سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی تایبەت بە كیمیاباران تاكو توێژینەوەی زانستی لەسەر كیمیاباران بكات، بكرێتە سەرچاوەی زانیاری دروست.
٦_كاركردن بۆ سوراغكردنی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە وشادكردنەوەیان بە كەسوكاریان دوای گرتنەبەری رێوشوێنە یاسایی و ئیدارییەكان. لە كۆتاییدا، كۆنفرانس لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ گەیاندنی ئەو راسپاردانە بە لایەنی پەیوەندیدار و چاودێریكردنی جێبەجێكردنیان دەكات.

هەولێڕ ١٥ی ئاداری ٢٠٢٤




پاشماوەی ئاتەشگایەکی ڕووخاو.. شیعری شەماڵ بارەوانی

ئەگەر هاتی و من لێرە نەبووم
لە بیابانی عەرعەر بۆم بگەڕێ
من لەوێ
لەژێر کەڵبەی لمی بیابان و تۆزی پۆستاڵی تەعریبدام
ئەگەرهاتی و ئێره بۆنی ئەنفال و خوێن و خەردەل و بێنازی لێدەهات
سەیرێکی لاپەڕە دڕاوەکانی ئاڤێستا و فرمێسکی گاتاکان بکە
من لەناو پاشماوەی ئاتەشگایەکی ڕووخاوی زەردەشتدام،
بۆ شازدەی سێ
لەگەڵ پیری مۆغان
خەریکی خوێندنەوەی یەسناکان و نـــزام