کێ لە شۆڕش دەترسێت؟.. ڕزگار عومەر

ناسنامەی کتێب
ناوی کتێب : کۆمۆنیستەکان لە شۆرش دەترسن
بابەت: چوار چاوپێکەوتن
نووسەر : ژان پۆل سارتەر
وەرگێڕان : شوان ئەحمەد
لە چ زمانێك وەرگێڕان کراوەو سەرچاوەکەی : ئاماژەی پێ نەدراوە لەلایەن وەرگێڕو لەلایەن خاوەنی بڵاوکراوە (ڕێکخراوی ئازادبوون)
چاپخانەی: کاردۆ
تیراژ: ٥٠٠ دانە
نرخ: ٤٠٠٠ دینار
نۆبەتی چاپ: چاپی یەکەم- ٢٠٢٣

ئەم کتێبە لە زۆر ڕوو گرنگی خۆی هەیە، ڕوویەکیان هێزی بزواندنی کۆمەڵایەتی ” گەنج” ڕۆڵێك کە گەنجان لە سیاسەت بیبینن، ڕووەکەیتری بریتیە لە ڕەخنەی فەیلەسوفێکی گرنگی وەکو سارتەر کە تەنیا وەکو فەیلەسوف بەشداری نەکردووە لە شۆرشی ١٩٦٨ فەڕەنسا بەڵکو خۆیشی چالاکوانێکی بەر لە شۆرش و دوای شکتی شۆرش بوو.
بیروڕاکانی لەم چاوپێکەوتنانە بەیان کراون زادەی ئەزموونی مەیدانیی شۆڕشەکەو ئەو چوارچێوە مێژوییەی جیهانە کە لەو سەردەمی (١٩٦٨) زاڵ بوو بەسەر بارودۆخی سیاسی و ستراتیژی دونیا بە تایبەتی ئەوروپا لە ژێر سایەی هەردوو جەمسەری سۆڤیەت و ئەمریکا.
بۆ تێگەیشتن لەم کتێبەو لە شۆرشی ١٩٦٨ لە فەڕەنسا ئەبێ ڕەگەزە سەرەکیەکانی پێك هاتەی دونیای ئەو سەردەمە بخەینە ڕوو.لە نێو دونیای ئەو سەردەمەدا جیهان لە نێو شەپۆڵێك ڕووداوی گەورەدا خۆی پێناسە دەکرد بە تایبەت بۆ لە ڕووی سیاسی و دووبارە پەیدابوونەوەی ” ئومێد” بۆ بزوتنەوەی چەپ کە ئەو دەمە هەژموونی نەك تەنیا بەسەر بزوتنەوەی چینی کرێکارو توێژەکانیتر هەبوو بەڵکو ببووە پەرچەمی سیاسی جیهان بینی بزوتنەوەی خوێندکاران نەك تەنیا لەفەرەنسا بەڵکو لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی بەرەنگاری گەورە لە ئارادابوو.
یەکێك لە خاسیەتە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە، بە تایبەتی لە کانونی بەڕێوەبردنیدا بریتی بوو لە یاخی بوونێکی وورد نەك تەنیا دژ بە سیستەمی کاپیتالیزم ، بەڵکو یاخی بوونیش بوو لەو بلۆکە مێژوویەی کە شوناسی چەپی لە ئاستی دونیادا مۆنۆپۆل کردبوو. لە سەر ئاستی نێو نەتەوییدا و لە زنجیرە ڕووداوە مێژوویەکانی بەر لە شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا لە تێك شکاندنی تابوویەکی گەورە کە بریتی بوو لە :- ڕاپۆرتی خرۆشۆف دژ بە جۆری دەسەڵاتدارێتی ستالین لە ساڵی ١٩٥٦ دا لە پاش مردنی ستالین. ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێنتەری ئەو فۆرمە لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست بڵاوکرایەوە، درزێکی خستە نێو ئەو دیوارە بیروکراسیەی کە نەیدەهێشت نەوەیەکی نوێ لە گەنجانی کۆمۆنیست سەر لە نوێ بنیاتی ئەلتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بکەنەوە لە دیدگاو لە پراکتیسدا. دوای ڕاپۆرتەکەی خرۆشۆف دوو جۆر لە مامەڵە هەبوو لە گەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا،دونیای سەرمایەداری لە بلۆکی ڕۆژئاوا کردی بە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی شەڕی سارد دژ بە کۆمۆنیزم ، مامەڵەیەکیتریش بریتی بوو لە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ بەرژوەندی کۆمۆنیزم .
بەشی زۆری بەرەنگاریەکانی خوێندکاران وبزوتنەوەی کرێکاری لەسەرەتای شەستەکانادا هەڵوێستی فەرمییان بریتی بوو لە تازەکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی کۆمۆنیزم و موتوربە کردنی بە تێڕوانینی تازە و ئاکشنی جەریئانە نەك تەنیا لە ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکاندا، بەڵکو لەسەرئاستی نێونەتەوەییشدا و ئەو کێشەو گرفتانەی کە بوعدی جیهانایان هەبوو چەشنی؛ قەیرانە ئابوریەکان، شەڕەکان وەکو شەڕی ڤێتنام، خەباتی گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم بۆ سەربەخۆیی هتد.
تێڕوانینی دیدی سیاسی ئەو بزوتنەوەیەی شۆڕشی فەرەنسای بەرپا کرد،سەرەڕای ئەوەی هەرەمێکی پتەوی سیاسی نەبوو بەڵام بۆچونیان لەبەرامبەر هەموو ئەو مەسەلانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا زۆر ڕوون ئاشکرابوو. بزوتنەوەی دژی شەڕ کە لە ئەمریکاش تەشەنەی کردبوو ڕاڕا نەبوو لە وەستانەوە دژ بە شەڕی ڤێتنام و خانە کردنی وەکو شەڕێکی ئیمپیریالیستی و دژە ئازادی. لەبەرامبەر خەبات بۆ سەربەخۆیی گەلانی ژێر دەستەش؛ ئەم بزوتنەوەیە یەك دیدی زۆر ڕوونی هەبوو کە داوای کشانەوەی دەسبەجێ ی سوپای ووڵاتانی خۆیان دەکرد لەو ووڵاتانەو پشتگیری شۆڕشیان دەکرد.کاتێکیش ئەم شۆڕشانە سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، ڕاستەوخۆ بوون بە مۆتیڤێکیتری مەعنەوی بۆ ئەم بزوتنەوەیە نەك تەنیا لە فەرەنسا بەڵکو لە شارە سەرەکیەکانی ئەم سەرو ئەوسەری دونیا وەکو بلفاست و بەرلین و مارلبۆرن ومەکسیکۆ.
چەند مانگێك بەر لە دەستپێکی شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ، بزوتنەوەی خوێندکاران لە مانگی ١ و ٢ ی هەمان ساڵ لە شاری بەرلین کۆنگرەیەکی نێو نەتەوەییان بەست بۆ ئاڵ وگۆڕ کردن و ئارایشت دانی هەڵوێست و ساغ بوونەوە لەسەر چەندین پرسی گرنگی ئەو سەردەمە. گرنگترین پرسەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆڵی گرێ دانی خەباتی کرێکاران و بزوتنەوەی خوێندکاران لە دروست کردنی گۆڕانکاری چییە ؟ هەلوێست بەرامبەر شۆڕشی ڤێتنام ، ڕۆڵی ” توندو تیژی ” لە شۆڕشدا لە ئەجێندای گەرمی ئەو کۆنگرەیە بوو، ڕاستەوخۆش دوای ئەو کۆنگرەیە بوو کە خوێندکاران یەکەم جار لە ئیتاڵیا ئاکشنی گەورەی سەرتاسەریان بەڕێوەبرد.
شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا تەنیا بۆ چەپی نوێ گرنگی نەبوو وەکو ” دەرفەت و ئومێد ” بەڵکو بۆ دوو ڕەقیبی جیهانیش سەرئێشەیەکی مێژوویی گەورە بوو. ئەم دوو ڕەقیبە؛- کە لە لایەك سەرجەم ووڵاتانی دونیای کاپیتالیزم دەگرێتەوە، لە لایەکیتریش ئەو بلۆکەی لە ژێر شوناسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست هەبوو ( قوتبی سۆڤیەت) دەگرێتەوە .
هەردوولا دڵەڕاوکێی زۆریان هەبوو دژ بەو شۆڕشە و لەلای ئەوان گرنگی ئەو شۆڕشە وەکو “هەڕەشە ” ی ڕاستەوخۆ ئەژمارکرا هەم لە دونیای لیبرال هەم لە دونیای بیروکراسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست. ئەمەش یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی شکست پێهێنانی شۆڕشەکە بوو.
هەردوو قوتب جۆرێك لە هەڵوێستی نەنوسراویان یان نافەرمیان هەبوو لەوەی کە ئەم شۆڕشە نابێ سەرکەوێ. حیزبی شیوعی فەرەنسی لە ڕویی مێژوویەوە تا ئێستا بەوە تاوانبار دەکرێ کە لە پاڵ فاکتەکانی توندوتیژی سیستەمی عورفی و سەربازی ئەو دەمەی فەرەنسادا، ئەویش ڕۆڵی هەبوو لە ئارایشت دانی مەیدانیی ئەم ڕێکەوتنە جیهانیەی دژ بە شۆڕش.
ئەو حیزبە، ئەو دەمی یەكێك بوو لە حیزبە هەرە گەورەکانی فەرەنسا و زۆربەی سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان لە ژێر نفوزو هەژموونی ئەودابوون.ڕۆژنامەی ڕۆژانەو هەفتانەو چەندین چاپخانەی کتێب و بڵاوکراویتری لە ژێر دەستا بوو. ئەندامانی حیزب لە ژێرەوە ڕۆژانە تێکەڵی شۆرش بوون، بەڵام چەندین سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە بە فشاری سۆڤیەت لەسەرەوە بە نهێنی لەگەڵ حکومەتی دیگۆڵ خەریکی سەودا بوون بۆ کۆتایی پێهێنانی شۆڕش .
ئەمە لە کاتێك بوو کە لە ڕۆژانی کۆتایی ئایاری ١٩٦٨ مانگرتنی گشتی کرێکاران وجوتیاران قوتابیان وفەرمانبەرانی دەوڵەت گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و یەکەم جار بوو لە مێژوویی جیهان ١٠ ملیۆن کەس لە مانگرتنی گشتی ووڵاتێك بەشدار بن. حکومەتی دیگۆڵ ئۆفەری زیادکردنی لەسەدا بیستی خستە بەردەم سەندیکا ڕیفۆرمیستەکانی کرێکاران کە بەشێك ڕازی نەبوون و بەشێك لەوان ڕازی بوون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە با مانگرتن بوەستێ چونکە ئەمە مەرجی دیگۆل بوو.
دیگۆڵ پێشنیاری ئەوەی کردبوو بۆ حیزبی شیوعی فەرەنسی کە ئەم شەڕە لە هەڵبژاردن ساغ بکرێتەوەو ئەوان لە هەڵبژاردن پشکی زۆرتری دەسەڵاتیان بەردەکەوێ. حیزبی شیوعی خۆشی متمانەی تەواوی بەوە هەبوو کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆرینە دەهێنێت. ئەم ” دڵنیایە ” مەرجدارە بریتی بوو لە کۆتایی پێهێنانی مانگرتن و شۆڕش .
چەند سەرچاوەیەکی حیزبی شیوعی فەرەنسی ئەم هەلوێستەی خۆیان وەکو بەرگە گرتن لە خوێن ڕشتن و شەڕی ناوخۆلە قەڵەم دەدەن و ئەوان لەو باوەڕەبوون کە ئەزموونی ئیسپانیا لە فەرەنساش دووبارە دەبوو، بزوتنەوەی چەپ وکرێکاران خەڵتانی خوێن دەکران و بەرەی ڕاستیش بە دەسکەوتی باشتر سەردەکەوت، هەندێك لێکدانەوە ئەم هەڵوێستە بە عەقلانی لە قەلەم دەدەن و هەندێکیش بە سات و سەودا بە شۆڕش.
ڕاستە شۆڕشی فەرەنسای ١٩٦٨ تەمەنی لە هی کۆمۆنەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دا کەمتر بوو، ڕاستە ئەویش چەشنی کۆمۆنە سەرکوت کرا و بە زەبروزەنگی سیستەم کۆتایی پێهات، بەڵام لە ڕووی پرنسیب و مێژوودا فاکتی ” دەرفەت و ئومێد ” ی هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوەو درێژەی هەیە! تەنانەت زۆربەی ڕەخنەگرانی باڵی چەپ لە ئەمڕۆدا هەمکاریی نێوان بزوتنەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران و کرێکارانی ساڵی ٢٠١٨ لە ئەمڕۆی فەرەنسادا وەکو کلتورو ڕۆحی ئەم شۆڕشە پێناسە دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ماکرۆن بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە دەوڵەت بە فەرمی یادی ئەم شۆڕشە بکاتەوە! دیارە نەك وەك لە ئامێزگرتنی ئامانجەکانی ئەو شۆرشە، بەڵکو وەکو چەند ئەنجامگیریەکی ” ئازادی ” تاکە کەسی بە تێگەیشتنە لیبرالیەکەی، بۆ دزین و تاڵان کردنی بەها سەرەکیەکانی ئەم شۆڕشە.
لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ؛ تەنیا کارگەکان لە لایەن کرێکاران و فەرمانبەران داگیر نەکرا، بەڵکو پرسی ” خۆبەڕێوەبردنی ” کارگەو دام ودەزگاکان لە لایەن چینی کرێکارەوە وەکو پرسێکی ئیداری شۆڕش خرایە ڕوو، تەنانەت چەند ڕۆژێك بەر لەسەرکوت کردنی یەکجارەکی شۆڕش چەندین کارگەو دامەزراوە لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبران .
لە ١٩٦٨ی فەرەنسادا؛ یەکەم جار بوو لە مێژووی مۆدێرنە ” زانکۆ ” لە ئاستێکی مەیدانی بەربڵاودا بێتە دەرەوە لە دیکۆڕی ئەریستۆکراتی ئەکادیمی بەتاڵ. زانکۆکان داگیرکران لە لایەن خوێندکارانەوە، ڕۆژانە دەیان سمیناری فیکری و فەلسەفی و سیاسی بەڕێوە دەچوو. پرسی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لە زانکۆ تەنیا ئەوە نەبوو کە ڕۆڵی چەپ لە زانکۆ چیە ؟ بەڵکو پرسیارێکی قوڵتربوو، پرسیارەکە ئەوەبوو چۆن دەکرێ زانکۆ ببێتە کەرستەی دروست کردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە؟
هەمان ئەم پرسیارە سەرەکیە دەبێ وگرنگە چەپ لە ئەمڕۆدا لە خۆی بکات ! نەك تەنیا وەکو ئەوەی کە گروپێکی گەورەی کاریگەری کۆمەڵایەتی چەشنی ” گەنجان” لە زانکۆکانن، بەڵکو وەکو ئامادە کردنی دۆخی هاوچەشنی ئەم شۆڕشە لە بواری هەمکاریی چینایەتی و پێشڕەوایەتی. چونکە ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەو سەردەمە لە پاڵ ڕەگەزی چەپ بوون، ڕۆشنبیری وبیرتیژی سیاسیەوە، لە ڕووی دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتیەوەش بەشی زۆریان ” یاخی” بوون و ” گەنج” بوون کۆیانی دەکردەوە.




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١١

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١١ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن..




قەیرانی ناسنامە و تەنگژەی ناسیۆنالیزم لە کوردستان.. ستیڤان شەمزینی

ئەگەر خۆمان رووبەڕووی پرسیارێکی لەم جۆرە بکەینەوە: داخۆ لە مپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟. خۆی لە خۆیدا ئەم پرسیارە کێشە ئامێزە، راستتر وایە بڵێین فاکتۆرەکانی دروستنەبوون و نەخەمڵینی ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟، بۆچی بزووتنەوەی (نەتەوەیی) کورد یان بزووتنەوەی کوردایەتی نەیتوانیوە کڵێشەیەکی ناسیۆنالیستی بە خۆی ببەخشێت؟ بەڵام پرسیارەکە لە فۆرمی یەکەمدا بەو جۆرە داڕێژراوە وەک بڵێی کورد ناسیۆنالیزمێکی ھەبووبێت و ئێستا ئاستەنگ و قەیرانی تووش بووبێت، سرووشتی قەیران وایە دەکەوێتە دوای شتەکانەوە نەک پێشیان، ئەگەریش قسە لەسەر لەمپەرەکانە، پێموایە کاتەکە درەنگترە لەوەی ئێمە گفتوگۆی بێزەنتی لەبارەوە بکەین، بەو پێیەی لەناو جیھانێکی گۆڕاوداین، ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەداین لە ئاستی دنیادا، لە نموونەی گەڕانەوەی مۆتەکەی جەنگ و قەیرانی خۆراک و کێشەی ئاوی شیرین و ھەڕەشە ئیکۆلۆژییەکان (ژینگە)، لە سەرو ھەموو ئەمانەشەوە براوینەتە نێو جیھانێکەوە بەم زووانە دەکەوێتە ژێر رکێفی ژیریی دەستکردەوە، داھاتوو بەرەو ئەو وێستگەیە دەڕوات ئەم زیرەکییە پاشگری (دەستکرد یان پیشەسازیی) لە خۆی بکاتەوە، ببێتە تاکە ھۆشی رەسەن و ھەڵسوڕێنەری جیھان. لەو چەند مانگەی پێشوودا مژۆڵی ئەوە بووم چەند برووسکە شیعرێک بنووسم لە شێوەی ئەفۆریزمدا لە یەکێکیاندا نووسیم (ئایندە ئەوەندەی بۆ رۆبۆتە بۆ مرۆڤ نییە). ھێشتا رۆبۆتەکان توانای بۆنکردنیان نییە و دەکرێت لەلایەن مرۆڤەوە بەرزەفت بکرێن، بەڵام ئایا ئەمە تا سەر بەم شێوەیە دەبێت؟ بێگوومان نەخێر. رۆژێک دێت مرۆڤایەتی دەکەوێتە بەردەم مێردەزمە راستەقینەکەوە، رۆبۆت دەبێتە سەرداری و لە بری خۆی ھەموو چشتێکی بۆ ھەڵدەبژێرێت و ئەوەی پێی دەڵێن (ویستی ئازاد) دەبێتە سەراب، ھەنووکە زیرەکی دەستکرد لە ئافراندنی بوونەوەرێکی تری جیا لە مرۆڤە کە ھۆشی بەخۆی بێت و دروستتر بیر بکاتەوە، ئێمە چیمان پێ دەکرێت لەگەڵ ئەو عەقڵە ئەبستراکتەی کە دەبێتە فەرمانڕەوا؟، ئەوسا بەزەییمان بەخۆماندا دێتەوە کە سەردەمی دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا ناوبنێنین (رۆژگاری زێڕین) مادام ئەم عەقڵە ھەر لە ئێستاوە توانای ئەوەی ھەیە بڕگەی دەیەمی سەمفۆنیای بیتھۆڤن بەوپەڕی کوالێتییەوە تەواو بکات. تا ئەو راددەی مستەفا سلێمان خاوەنی کۆمپانیای (Deep Mind) بۆ پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد پار ساڵ لە کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا (شەپۆلی داھاتوو- the coming wave ) کە یەکێک بوو لە پڕ فرۆشترین کتێبی ساڵی ٢٠٢٣ بەر پێشەکییەکی زۆر جیاواز و تایبەت دەکەوین لە ئامادەکردنی کرۆنۆلۆژییەکی تایبەت بە گەشەسەندنی شارستانی و تەکنۆلۆژیی، لەوێدا بلیمەتی نووسەرەکەی بە تەواوەتی دەردەکەوێت پێش ئەوەی ئاشکرای بکات تەنانەت خودی ئەم پێشەکییەش لەلایەن ژیری دەستکردەوە ھاتووەتە نووسین. ئەمەش وای لە نووسەری کتێبی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم- ٢٠١٤ (کلاس شواب) کرد لە پاش نۆ ساڵ بڵێت ئەوەی من وەک ئەگەرێکی دوورتر و خەیاڵی زانستی پێشبینیم دەکرد ئەمڕۆ ھاتووەتە دی و فاکتێکی راستەقینەیە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کرۆکی تەوەری سەرەکی، کورد بەدرێژایی مێژوویەکی بەرین و دوور و درێژ بەھۆکارگەلێکی زۆر کە لەم پانتاییەدا بواری ژماردنیمان نییە، گەلێکی دابەشبوو بووە بەسەر ھۆز و عێڵەکاندا، ئەگەر بە باندۆری یوڤاڵ نوح ھەراری قسە بکەین و دەقاودەق تێزەکەی لە ھەمبەر جیاوازیی نەتەوە و خێڵ پیادە بکەین بەسەر دۆخی کوردییدا، ئەوەی پێی دەوترێت نەتەوەی کورد زۆر تازەیە، بەو پێیەی کۆبوونەوەی خەڵک لە چواردەوری یەکتری تەنانەت لەو شوێنە بە ھەڵەناونراوانەشدا بە شار، لەسەر بناغەی یەکتر ناسین و پەیوەندیی خوێن بووە، خێڵ بە تەنیا پەیوەندییە خوێنییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ھێمایەکە بۆ ئەو گروپە کۆمەڵایەتییە چەند سەد کەسییانە لە پێش شۆڕشی کشتوکاڵیی لە دەوری یەکتر جەم دەبوونەوە، ئەم قۆناغەش پێڤاژۆی ژیانی سرووشتییە، کە مەدەنیەت بە مانای ئەرستۆییەکەی یان پەیمانی کۆمەڵایەتی بە مانا رۆسۆییەکەی لە ئارادا نەبووە. بەم ھۆکارە کوردبوون بریتی نەبووە لە پەیوەستبوون (ئینتما) بۆ نەتەوە ھێندەی پەیوەستبوون بووە بۆ خێڵ، لە چوارچێوە ھەرە گەورەکەشیدا بۆ ھۆز یان ناوچە و میرنشینێکی دیاریکراو، کوردبوون دیاردەیەکی تازەیە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە دەستپێدەکات کە بە (لە دایکبوونی نەتەوەیەک) ناوزەد دەکرێت، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە وردە وردە لەنێو نوخبەدا گەشە دەکات، لەگەڵ سەرھەڵدان و شۆڕشەکانی کورددا، بە تایبەت لە بزووتنەوەی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ لە باشوور، لە رۆژھەڵات و باکووریش لە ھەشتاکانەوە، کوردبوون دەچێتە قۆناغێکی باڵاترەوە، بەو ھۆکارەی بۆ یەکەمین جار کۆی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئەو شۆڕشانەدا (سەرباری ھەر رەخنەیەک) جۆرێک لە ئاوێتەبوون لەنێویاندا دروست دەبێت، چیتر ناسنامەی ناوچەیی و خێڵەکی ناتوانێت بەسەر ناسنامەی کوردبووندا زاڵ بێت، لێ بەداخەوە لەم سی ساڵەی رابردوودا مەوداکە تەسکتر بووەتەوە بە بنەماڵەییکردن و ھۆزگەرایی و بە ناوچەییکردن جێگەی کوردبوونی گرتووەتەوە بە تایبەت لە باشووری کوردستان. لەگەڵ ئەمەشدا ھێشتا کورد بە مانا مودێرنەکەی خاوەنی ناسیۆنالیزم نییە، ئەوەی بە ناسیۆنالیزمی کوردیی ناو دەبرێت تا ئەمڕۆش بیرێکی ھەمەکی نەبووە ئەوەندەی ئایدیایەکی نوخبەوییە و وەرنەگەڕاوەتەوە سەر بەستێنە کۆمەڵایەتییەکە، لێرەدا ناچارین کەوانەیەک بکەینەوە ئاماژە بەو ئایدیا کاڵ و کزە بکەین لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا بکەین کە ئەگەر پێش رسکانی ناسیۆنالیزمی ئەوروپی نەکەوێت، بێگومان ھاوکاتی بووە، بەڵام ئایا ئەم ئایدیا پەرەی پێدرا یان نا؟ کاری من و تۆ ئەوەیە بپرسین بیرۆکەکەی ئەحمەدی خانی بۆچی ناسیۆنالیزمی بەرھەم نەھێنا؟. خۆ ئەگەر دیقەت لە پاشگری (سازیی) پاش چەمکەکانی نیشتمانسازیی، نەتەوەسازیی یان دەوڵەت نەتەوە بدەین ھاوواتای شێلان و سازکردنی شتێکە لە مەتریاڵێکی خاو کە خۆی پێشتر بە شێوە سرووشتییەکەی لە ئارادایە، بەڵام ھیچ کڵێشەسازییەکی نییە. لێرەوە دەلاقەیەک بە ڕووی پرسێکی گەلەک گرنگدا دەکرێتەوە، نەتەوە لە رێگەی ھۆشیاریی ناوەکیی گەلێکەوە دێتە ئارا، ناسیۆنالیزم دروست دەکرێت نەک بۆت دروست بکەن، وەک چۆن زیاد لە بیست دەوڵەت بۆ عەرەب دروستکرا و پاشان وا ھێدی ھێدی و یەک یەک ھەڵیاندەوەشێننەوە. جارێکی دیکەش بیرتان دەخەمە پڕۆژەکەی خانی لە سەدەی حەڤدەدا (مەم و زین) دەکرا پێشبخرێت و بکرێتە ھەوێنی ناسیۆنالیزمێک بۆ کورد، بیھێننە بەرچاو گۆتە مەموزینی بینووسیبا و ئەحمەدی خانیش فاوست یان ژانەکانی ڤارتە!!. لە کاتێکدا ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٦) مەم و زینی لە ساڵی ١٦٩٢ نووسیووە، بەڵام یۆھان گۆتە (١٧٤٩-١٨٣٢) بەرگی یەکەمی (فاوست)ی لە ساڵی ١٨٠٨ و بەرگی دووەمی لە ساڵی ١٨٣١ بڵاوکردووەتەوە، ئەگەر بەراووردێکی مێژوویی بکەین مەم و زین ١١٦ ساڵ پێش بەرگی یەکەمی فاوست کەوتووە. ئۆربیلی لە ساڵی ١٩٣٨دا مەم و زین لە ئاستی (جەنگاوەر لە پێستی پڵنگدا) رووستاولی بۆ گورجییەکان و (شانامە)ی فیردەوسی بۆ فارسەکان دەنرخێنێت.
ناسیۆنالیزم دەرھاویشتەی سەردەمی دوای رێنسانس (ھەستانەوە)ی ئەوروپییە، کۆرپەی شۆڕشی پیشەسازییە، دروست ئەو کاتەی جۆن لۆک و ھۆبز و ئەو بیریارانەی پاش ئەوان کەوتن، جەخت لەسەر گرنگی دەوڵەت دەکەنەوە، ئەمەش ھێڵێکە لە (سینیکا) لە سەدەی یەکەمی زاینییەوە درێژ دەبێتەوە. کرۆکی ئایدیای ئەوان لە بارەی دەوڵەتەوە بریتییە لە راگرتنی باڵانسی نێوان خەڵک و فەرمانڕەوایی، ئەویش لە رێگەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە، ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی بابەتی فەیلەسووفانی دوای رێنسانس بووە، بە تایبەتتر دەتوانین چاوێک بە کتێبی (لیڤیاسان))ی ھۆبزدا بخشینێنەوە. ئەمەش لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە بووە بە ئایدیایەکی نوێتر و خۆی لە پڕۆژەی ناسیۆنالیزم (دەوڵەت نەتەوە)دا فۆرمۆڵە کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت باز بدەین، ئەوە ئەم بیرەی پێشخست بریتی بوو لە ژورنالیزم (رۆژنامەوانی)، کەچی رۆژنامەوانی کوردیی بە نزیکەیی سێ سەدەیەک لە مێژووی رۆژنامەوانی جیھانی دواکەوت!، ئەمە دۆزێکە بۆ خۆی شایانی لێ وردبوونەوەی زیاترە، چوونکە ئەو ھۆشیارییە فیکرییە لە رۆژنامەکانەوە پەرەی پێدرا. ئیدی دەوڵەت نەتەوەکان لە وڵاتانی خۆرئاوایی لە دامێنی ئەم ھۆشیارییەوە بوونە فاکت. لێ خودی دەوڵەت لە مانا دێرین و مودێرنەکەیدا زادەی پێڤاژۆیەکی پێشکەوتنی شارستانییە و لە پێچێکی مێژووی پەیدا بووە و رۆڵی وەرگرتووە، دەشێ سەردەمی پووکانەوەشی ھەبێت کە زۆر دوور نییە لە ئێستادا بە تایبەت بەھۆی گەشەکردنی تەکنۆلۆژییەوە. نابێت ئەوەش لە بیر بکەین ناسیۆنالیزم ھەمیشە دەوڵەتی دروست نەکردووە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگە فرە نەتەوە و کولتوورەکاندا لە نموونەی ئەمەریکا یان تورکیا سەرکردەیەک دەوڵەتێکی بەھێزیان بنیات ناوە، تەنانەت وڵاتانی عەرەبی ھێندەی ناسیۆنالیزم دەگەی لێدان نیو ئەوەندە خزمەتی نەکردن، چوونکە داستانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دیاردەیەک بوو لە زانکۆکانی بەیرووت و سۆربۆن دروستکرا، زۆرینەی ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگووترێت دەوڵەتانی عەرەبی بە بڕیار یان پێش دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی رۆنران بە پێی ئەو دیزاینە سیاسیی و ئابوورییانەی ئیمپریالیزم و وڵاتانی زلھێزی دەیانخواست.
وەک خۆم لەبری ناسیۆنالیزم زیاتر بڕوام بە (کوردبوون)ە کە لە جەبرێکی سرووشتییەوە بیگوازینەوە بۆ کڵێشەیەکی فیکریی و فەلسەفیی، ئەوەش بە پاڵپشت و لەسەر بنچینەی شارستانی بونیاد دەنرێت، بۆ نموونە شارستانێتی سۆمەری بناغەیەکی پتەوە و دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە و لەوێوە دەستپێبکەین لە سۆنگەی ئەوەی ئێمە تاکە میراتگری راستەقینەیانین. پێویستە پێش ھەر کارێک بە ئەفسانە و داستان و کەلەپوور و مێژووماندا بچینەوە، لەوێوە دەتوانین لەجیاتی ناسیۆنالیزمێکی بەربەریی خۆرئاوایی، بیرێکی کوردیی پوختەکراوی مرۆڤدۆستانە ھەڵھێنجین. ئەوەی مەبەستی ئەزە جیایە لە تیۆریزەکانی ئۆجەلان کە بە گەڕانەوە بۆ شارستانییە دیرۆکییەکانی میزۆپۆتامیا ھەمووان لە خوانێکدا کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەم خوانەدا کورد لەلای خوارەوە و لەسەر پاپووچە شڕی تورک و فارس و عەرەب دانیشتووە. باس لەوە دەکەم کورد یان باپیرانمان لە مێژوودا رۆڵێکی بەرجەستە و کارایان ھەبووە لە خستنە سەر پێ و شێوەپێدانی شارستانێتیدا ھەبووە، ئەمە سەرمایەیەکی ڤێرجواڵ و پۆتنسیاڵێکی ھەرە گەورەیە لە پشتمانەوە وەک وتم بۆ تێپەڕاندنی (کوردبوون) لە بابەتێکی دیتێرمینیستییەوە بۆ بیرێکی پوختی کوردیی کە تێیدا مرۆی کورد ھەست بە ترانسێندێنتاڵێتی (شکۆمەندیی) خۆی بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کورد ئەمە بۆ ناکات؟. ھەرچەند سەردەھێنم و دەبەم بەرسڤێکم نییە. ئاخر بۆچی دیموکراسی لە دەوڵەت شارێکی وەک ئەسیناوە کە ھێندەی گەڕەکێکی سنە یان سلێمانی ئێستا نەدەبوو کە نە کۆیلە نە ژن مافی بەشدارییان تێیدا نەبوو، تەنیا بۆ پیاوە ئازاد و خانەدانەکان دروستکرابوو، دەبێتە ئیدیاڵ و سیستمێکی یونیڤرساڵ؟ ئەی بۆچی ئێمە کە بەڵگە مێژووییەکان نیشانیداوین ھەزاران ساڵ بەر لە ئەسینییەکان سیستمی کارگێڕیی و یاسایی تۆکمەتر و باشترمان ھەبووە بۆی نەگەڕێینەوە و نەیبووژێنینەوە؟.جیا لەوە سەدەی نۆزدە لەبەرچاو بگرن ھۆلیۆد گوندێکی بچووکی نەناسراو بوو، ئەی ئێستا چی؟ بۆچی ھیچمان ھەیە و بۆ ماوەتەوە لە دەرەوەی شێوازی پەسەندی ھۆلیۆدیی؟. ھۆکاری ئەمە ھەرچییەک بێت پێموایە سووچی خۆمانە کە خەریکە ئەسیمیلە بووین. بە جۆرێک تووشی ئەلیناسیۆن (بەخۆنامۆبوون) کراوین پێمانوایە تا کاروانەکەی ئێمە لە عەجەم نەگەڕێتەوە ئێمە داڕنراوەکانی شارستانین. ئەحمەد موختار جاف لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە دێڕە شیعرێکدا دەنووسێت: (لە خەو ھەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە). دوای نەوەد ساڵێک ھێشتا پێناچێت میللەتی کورد لە خەو ھەستابێت، بەتایبەت دەسەڵات بە دەسەڵاتی رۆشنبیرییەوە خوازیارە (میللەت) ھەر لەو خەوە قووڵەدا بمێنێتەوە، لە بری ھۆشیاریی راستەقینە خراوەتە دەریای زڕە ھۆشیارییەوە. لە زنجیرە درامای (یاریی تەختە پادشاییەکان)دا کاتێک، رۆب پرسیار لە کاتلین دەکات: (بۆچی کەسێک ھەیە دەیەوێت بران بکوژێت؟) لە کاتێکدا ئەو منداڵێکی لاوازی خەوتووە!. کاتلین لە وەڵامدا پێی دەڵێت دەتوانین لە پرسیارەکە وەڵامەکە وەربگریتەوە، ئەوسا رۆب بە تۆنێکی لەسەرخۆتر دەڵێت: (کەسێک ھەیە لەوە دەترسێت بران لە خەو ھەستێت), کورد (بران)ێکی ھەزاران ساڵەی خەو لێ کەوتووە و وەک بڵێی تووشی ئەلزەھایمەر بووبێت، رابردووی خۆی بیر نایەتەوە.
نەگبەتییەکە ئەوەیە ھێشتا خەڵکانێکمان لە ئاستی دەستەبژێردا پێیانوایە ئێمە بە ھۆی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە (لێرەدا وەک فیگۆرێکی دیرۆکیی سەیری دەکەین) سزا و نەفرەتی رۆژئاواییەکانمان بەسەردا سەپێنراوە، وەک بڵێی ناسیۆنالیزمیش کاڵایەکی تری ناو سیستمی بەرخۆریی بێت و بایکۆتیان کردبین، نەخێر وا دەھزرێم ناسیۆنالیزم لە تێڕوانینی میللەتێکەوە سەرچاوە دەگرێت لە بەرامبەر خۆیدا، ئایدیایەکە لە ئاوەزی دەستەبژێرێکەوە دەپەڕێتەوە بۆ ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ، ئەو ئارگۆمێنتەی ھەردەم سەلاحەدین دەکاتە بیانووی بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەت نەتەوە ھیچ نیازێکی ئیمپریالیستی و کۆلۆنیالیستیانەی مرۆڤی (سپی) رۆژئاوایی خۆ بەسەردارزان نابینێت، خۆ ئەگەر وابوایە داگیرکردنی ھیندستان بە تایبەت لە سەردەمی ڤیکتۆرییدا چۆن پاساو دەدرێتەوە؟ ئەی قڕکردن و لە ریشە دەرھێنانی دانیشتوانی رەسەنی پێست رەشی ئوسترالی بۆچی؟، ئەی دەستبەسەراگرتن و ئاپارتاید و تاڵانکردنی ئەفەریکا لە پێناوی ئەوروپای پاش ھەردوو جەنگە جیھانییەکە چۆن پاساو دەدرێتەوە؟. ئێمە خۆمان کارمان نەکردووە لە بواری مرۆڤسازییدا، دەنا لە بری ناسیۆنالیزمێکی لەبەرگیراوەی خۆرئاوایی کۆلۆنیالیستی، لەسەر شارستانێتی دێرینی میزۆپۆتامیا دەمانتوانی نموونەیەکی پێشکەوتووتر و ئیستاتیکیتری پێشکەش بکەین، بە تایبەت ئێمەی کورد میراتێکی دەوڵەمەندیی مێژوویی ھاوکارمان بوو،ئەوەی لە شارستانی سۆمەریی بەجێماوە بە پێی ھەموو بەڵگە دیرۆکییەکان تەنیا کوردە، تەنانەت بنەچەی زمانی کوردیی بۆ پانزە ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بە نزیکەیش پێنج ھەزار و چەند ساڵێک نووسینی مێخی لەلایەن باوانی کوردەوە (سۆمەرییەکان) داھێنراوە کە زمانی کوردە دەشتەکییەکان بووە، شۆڕشی یەکەم (شۆڕشی کشتوکاڵی بە ناولێنانی ئالڤین تۆفلەر) لە وڵاتی دوو زێوە دەستیپێکردووە کە بناغەی پێشکەوتنی شارستانێتی مرۆڤایەتی بووە، ئەمەش ئەو کوردانەی لە چیاکانی زاگرۆسەوە دابەزینە دەشتاییەکان نەک رۆڵی سەرەکیان تێدا بینیوە، بەڵکو شۆڕشێک بوو لەسەر دەستی ئەوان دەستی پێکرد. کورد ئەم مێژووە لە پشتی خۆیەوە نابینێت، مرۆی کورد کراوەتە رۆبۆتێکی ئەبستراکتی بێ مێژوو و شارستانی و کولتوور بەدەر لە گرێی ستۆکھۆڵم، بێ ویست و ئیرادەش کراوە، شتێکی بۆ نەماوەتەوە بۆ شانازیی پێوەکردن، بەپێچەوانەوە ھار و سەرشێت کراوە بەرامبەر بە بوونی خۆی، وەھا تێگەیەندراوە ھەمیشە گرێی (گازلایتنیگ)ی ھەبووە کە ئەوەش لە شانۆنامەیەکە وەرگیراوە لە ساڵی ١٩٣٨دا نووسراوە، چۆن ھاوژینێک ئیرادە و ویستی ژنەکەی تێکدەشکێنێت تەنانەت وای لێدەکات بێ دوودڵی بڕوا بە بێ توانایی و دەستەوەستانی و تەنانەت شێتبوونی خۆی بھێنێت. کورد ناتوانێت بە ناسیۆنالیزمێکی ھاوردەکراوی رۆنراو لە ئاوەزی ھەژموونگەرانەی خۆرئاوایی یان لەبەرگرتنەوەی شۆڤێنیزمی دەوڵەتانی دەوروبەری خۆی پێناسە بکاتەوە، پێشنۆرەترین کارێک بیکات خۆ رزگارکردنێتی لە ھەژموونی کولتووریی و سیاسیی نەتەوەکانی تر، وەک ئاشکراشە کرۆکی تێزی ھەژموون یان ھەژموونی کولتووریی لای گرامشی لەوەدا چڕ دەبێتەوە پێشمەرجی بەرزەفتی ھەر تاک و کۆمەڵگەیەک دەستبەسەراگرتنی کولتوور و ئەندێشەیە لەم رێگەیەوە دەستبەراگرتنی ھەموو شتێک ئاسانترە لەوەی بیری لێ دەکرایەوە.
پێم خۆشە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەم (کوردایەتی) کەلەپوورێکی کۆنە و وەڵامدەرەوەی ئەوسا و ئێستای کۆمەڵگەی کوردیی نەبووە!. پێموایە کوردایەتی کە لە پەنجاکانی سەدەی پێشوووە کەوتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییەوە و پتر چەمکێکی (کاژیک)ییانە بوو، بە تازەیی کۆن ببوو!، چوونکە ئەم کۆنسێپتە تیۆریزە نەکرابوو لەسەر کێشی عروبە و وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شەپۆلی سۆشیالیستی ئەو سەردەمە گەڵاڵە کرابوو، ھەر بۆیە مانایەکی چەمکایەتی نەبوو، پتر وەک دەستەواژەیەکی میللی خۆی چەسپاند. تا ئێستاش بۆ کەس روون نییە کوردایەتی چییە؟ پێناسەی ئەم چەمکە چییە لە رووی تیۆرییەوە، تەنانەت بوڵتنی (کاژیکنامە) نەیتوانیوە وەڵامێکی پڕ بە پێستی ئەوە بداتەوە، ھەر کاژیکنامە بۆ خۆی ھێندەی ریاکسیۆن بوو لە بەرامبەر ھەژموونی فیکریی چەپی ئەو کاتدا، تیۆریزەیەکی نوێ نەبوو جگە لەو نیشتمانپەروەرییە کلاسیکییەی لە حاجی قادرەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ھیچی تری نەخراوەتە سەر. لە کۆتایشدا کوردایەتی نەیتوانی ناسیۆنالیزمی کوردیی بونیاد بنێت، لێرەدا دەبێت کەوانەیەک بکەینەوە و بێژین ناسیۆنالیزم وەک ئەوەی ھەیە چ وەک چەمک چ وەک پراکتیس سرووشتکرد نییە بەڵکو بونیادنراوێکی دنیای مودێرنە کە بونیادگەرایی و بیرمەندە پۆست مودێرنیستەکان رەتی دەکەنەوە، بەڵام ئەمە مانای وانییە ھەر بونیادنراوێک لە خۆیدا باش یان خراپە، بەڵکو دەکەوێتەوە سەر ناوەڕۆکی ئۆبژەکە خۆی. ئەگەر بڕیارە ھەموو بونیادنراوێک یان ناسرووشتییەک خراپ بێت ھێشتاش دەبوو مرۆڤ لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆ نەھاتبایەتە دەرێ. ھەر خودی شارستانی لە شۆڕشی کشتوکاڵیی و داھێنانی نووسینەوە تا دەگاتە سەر ژیریی دەستکرد و کوانتۆم فیزیک لادانن لە رێسا سرووشتییەکانی ژیان. بۆیە مەرج نییە ھەرچی بونیادنراوێک ھەیە رەت بکەینەوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە ئەنجامی ناسیۆنالیزم کە چەقەکەی ئەوروپا بوو جگە لە ئاوشڤیتز و ستەمکاریی چیتری لێکەوتەوە؟ با لەملاوە یوڤاڵ نوا ھەرارییەکی (جوو)ش ھەبێت جوانییەکانی ناسیۆنالیزممان پێ نیشان بدات!. لێرەدا مارکس ئاسا چۆن ھیگڵی ھەڵگێڕایەوە، منیش ژێستێکی لەو چەشنە لەگەڵ جەمال نەبەز دەکەم کە لە ھەوڵێکی بنبەست و ناکامدا ویستی تیۆریزەی ئەوە بکات کوردایەتی نە ناسیۆنالیزمە لە کڵێشە رۆژئاواییەکەیدا نە بیری نەتەوەچێتییە رۆژھەڵاتییەکەیە بەو فۆرمەی لە رۆژھەڵاتی نێویندا بوونی ھەیە، ئەو بێ ئەوەی بە ئارگۆمێنت بۆمان بسەلمێنێت بیری نەتەوەیی کوردیی چییە، کتێبە بچووکەکەی کۆتایی پێدێت، لە روانگەی ئەزەوە ئێمە دەبێت بچینەوە سەر ئەم کتێبە بۆ ئەوەی پارادایمێکی تر بە کوردبوون ببەخشین، واتە کوردبوون لە جەبرێکی سرووشتکردەوە بگۆڕین بە بۆ شتێکی سەرتر کە بارگاوییکردنێتی بە کولتوور و شارستانێتی، چوونکە کوردبوون لە خۆیدا پێدراوێکی ئەبستراکتە، توخمە سەرخانییەکانی وەک سیاسەت (لای ئەرستۆش مرۆڤ نابێتە مرۆڤ بێ سیاسەت) و رۆشنبیریی و شارستانێتی و کولتوور، مانا بە کوردبوون دەبەخشن.
بۆ من ئاشکرایە ھێشتاش لە شێوەی کلاسیکییەکەی خۆیدا تەماشای پرسی ناسیۆنالیزم دەکەین, وەک وتم جیھان لە بەردەم زنجیرەیەک ئاڵنگاریی مەزندایە یەکێک لەوانەش زیرەکیی دەستکرد و پێشکەوتنی خورافیانەی تەکنۆلۆژیایە کە رێی پێ ناگیرێت, لێکەوتەکانی ئەمە لەسەر ئاستی دنیا ھەموو کۆنسێپتێکی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بردووەتە پێڤاژۆی پۆست- پۆستەوە، ئێمە لە دەروازەی جیھانێکدا نین، بەڵکو لە ناو ئەو جیھانەداین چووەتە پۆست پۆست مودێرنەوە، لە بەستێنی پۆست ناسیۆنالیزمدایە، لە زەمەنی پۆست کۆلۆنیالیزم و نیولیبرالیزمیشدایە. لەگەڵمدا سەرنج بدەن بیسمارک کاتێک مژۆڵی یەکخستنەوە میرنشینە ناکۆکەکانی ئەڵمانیا بوو، چۆن ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵوەشانەوە و داڕمانی یەک لە دوای یەکی میرنشینە کوردییەکاندا؟. ئەو سەردەمەی ناسیونالیزم لە ھەڕەتی گەنجی و گوڕی خۆیدا بوو جگە لە دەستەبژێک کۆی کورد سەرقاڵی شۆڕش بوو لە پێناوی ئایندا دەتوانین شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەم رووەوە بکەینە نموونە، ھەنووکەش ناسیۆنالیزم کە لرخەلرخی سەرەمەرگێتی تازە بە تازە کورد دەیەوێت دروستی بکات!. ئەمە جیاوازییەکەیە و لێرەوە و لەسەر چەرپای ئەم نەخۆشخانەیە بەم بەرەبەیانە بە خۆیەوە سەرقاڵی کردووم و کڵافەی بیرکردنەوەی ئاڵۆزکاندووم. دوا جار جیھان ھیچی لێ نەماوەتەوە جگە لە بازاڕ، بە جۆرێک ئەگەر میلتۆن فریدمان ١٩١٢-٢٠٠٦ کە بە گەورەترین و کاریگەرترین ئابووریناسی دژەی کینزیی و تیۆریسیۆنی ھەرە کارای نیولیبرالیزم ناسرابوو بکەوێتە باری تراوماوە کە چۆن کاڵا و بازاڕگەرایی تاکە فەرمانڕەوای دنیایە!. بۆ نا ئەگەر لەم ھەلومەرجە نوێیەدا ناسیۆنالیزم ببێتە حکایەت؟ بۆچی نا ئەگەر لە بری ناسیۆنالیزم بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بۆ کورد بکەینەوە؟!، بۆچی نا ئەگەر دەستەبژێری ئێمە لە بری رۆژئاوا بۆ شارستانێتی دێرینی کوردەواری بگەڕێتەوە؟. رەنگە ئەمە شێوازێکی سوکراتیانە بێت لە پرسیارکردن، بەڵام پرسیارگەلێکی لۆژیکیی و رەوان. خودی خۆم پێموایە ژیریی دەستکرد کۆتایی بە چاخی بیرکرنەوەی مرۆیی دەھێنێت, چیدی ئێمە نین ئایدیا و بیرۆکە بەرھەم دەھێنین، بەڵکو لە قۆناغی گواستنەوە و رادەستکردنی ئاوەزی مرۆییمانداین بەو ژیرییە دەستکردە. نەک ھەر ئێمەی کورد بگرە تەواوی جیھان فڕێدراوەتە کونێکی رەشی گەردوونەوە ئەوسەریمان لێ دیار نییە. تۆ ھەست بەوە ناکەیت ھەر ئەم چرکەساتە و بێ ئاگا لە خۆمان لەنێو جەنگی جیھانی سێیەمداین؟! بەڵام دیارە پارادایمی جەنگ لە ریشەوە گۆڕاوە. درۆنێک لەباتی لاپاڵم بھاوێت زیرەکانە ئامانجی خۆی دەپێکێت, ئەمە بێجگە لەوەی بەرەی شەڕ ھەر لە ئۆکرانیاوە تا غەززە درێژبووەتەوە، وڵاتانی تری وەک سوێد و ئەڵمانیاش لە خۆ ئامادەکردندان بۆ جەنگ، زۆرینەی دەوڵەتانی جیھان لە خۆ پڕچەککردندان، بەوەش بازاڕی چەکفرۆشیی گەرمتر بووە، ئەمەش ئارەزووی ئەو نیو لیبرالیزمە کێوییەیە لەوە دەرچووە پێی بگوترێت نیولیبرایزم، کە دروشمەکەی بریتی بوو بازاڕ پێش ھەر شتێک.
جارێکی تر پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەم ناسیۆنالیزم تەنیا ئەندێشەی بەشێک لە دەستەبژێری رووناکبیری کورد بووە، نەک بووبێتە بزافێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی. ئەمە لەلایەک و لەسەرێکی تریشەوە سەردەمێک ئیدیاڵی مودێرنیزاسیۆنی کۆمەڵی فیوداڵی کوردیی و بیرۆکەی (پێشکەوتن)، کە لە دوا دەرئەنجامدا دەبێتە مایەی ئازادیی و خۆشگوزەرانی. مێشکی نەوەی یەکەمی دەستەبژێری کوردی لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیستەمدا گرتبوو، لە ژێر کاریگەریی تێڕوانینی دەستەبژێردا جەماوەر ھەموو تامەزرۆ و داواکاریی ژیانێکی رۆژئاواییانەیان ھەبوو، لانیکەم ئەوروپا ببووە نموونەی ئیدیاڵ، کەچی لە سایەی دەستەبژێری سیاسیی و رۆشنبیریی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا مێشکی مرۆڤی کورد مۆبیلیزە کراوە و بە ئاڕاستەی سەرسامی و تامەزرۆیی بۆ نموونەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینەکانی کەنداو ھاندراوە. رۆشنبیری ئێمە لە روانگەی خۆرئاواوە یان راستتر بڵێم وەک رۆژھەڵاتناسێک سەیری کۆمەڵگەی کوردیی دەکات، نەک بە میتۆدە زانستییەکانی رۆژئاوا ئەنالیزی کۆمەڵگەکەی بکات. کاتی خۆی فۆکۆ دووچاری گرفتی ئەوە ببوو چۆن رۆژئاوا بخوێنێتەوە؟ لەبەرئەوەی نارۆژئاواییەکان جگە لە سەرسامی و پیاھەڵدان یان رەتکردنەوە و کینەسازیی، ھیچی تریان بە شێوەیەکی زانستی و میتۆدیی لە بارەی رۆژئاوا نەوتبوو و نەنووسییوو. فۆکۆ ھاتە سەر ئەو قەناعەتی دەبێت بە پێی ھەڵگێڕانەوە کارەکە ئەنجام بدات، وەک چۆن دەست دەخەیتە ناو دەستکێشێک و دیوی ناوەوەی دەھێنیتە دەرەوە, ئێمەش بۆ دیاگنۆسی کۆمەڵگەی خۆمان دەتوانین کەڵک لە وەھا کارێک وەربگرین. ئەمە بە چی دەکرێت؟ پێموایە ھیچ رێگەیەک لە بەردەمدا نییە جگە لە ناسینی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی فرە رەھەند. رۆشنبیری کورد لە نێوان دوو جیھانبینی دژیەکی وەک رافیع تەھتاوی و سەیدقوتبدا، دنیابینی سێیەمی لێ بووەتە ئەستەم. رافیع رفاعە تەھتاوی ١٨٠١-١٨٧٣ لە ناو کولتووری رۆژئاواییدا ئەسیمیلە ببوو، زۆر رۆمانسیانە سەیری ئەوروپای دەکرد بە تایبەت لە کتێبە پاریسییەکەیدا (تخلیێ الإبریز فی تلخیێ باریز -١٨٣٤) تەنیا چاوی پێشکەوتن و تازەگەریی ئەوروپیی دەبینی کە ئایدیاڵەکە بۆ لاساییکردنەوە و کۆپیکردن و گواستنەوەی بۆ خۆرھەڵات و بەشەکانی تری جیھان، دوای زیاتر لە سەدەیەک سەیدقوتب (١٩٠٦-١٩٦٦) لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، لە زنجیرە کتێبێکدا دیسکۆرسێک دەھێنێتە گۆڕێ لە راستای رق و قێزلێھاتنەوە لە جیھانی رۆژئاوا، ئەگەرچی لە نێوان تەھتاوی و سەیدقوتبدا وەک دوو رۆڵەی میسریی، کەسانی چەشنی جەمالەدین ئەفغانی ١٨٣٨-١٨٩٧ شاگردەکەی (محەمەد عەبدە: ١٨٤٩-١٩٠٥) ھەبوون، وێڕای ئەوەی ئەوان دوو موسڵمانی پابەند بوون، ھێندە سەرسام و ھۆگری شارستانی خۆرئاوایی و مودێرنێتە ببوون، ھەوڵێکی شکستخواردوویان دەستپێکرد بۆ مودێرنیزاسیۆن و کرانەوە و ریفۆرمی ئاینی لە جیھانی ئیسلامیدا، ئەوان بوون بە سەرمەشقی رێنسانێکی ئیسلامی ھەرەسھێنراو بە تایبەت بە ھۆی ناپاکی محەمەد رەشید رەزاوە لە کەلەپووری ریفۆرمیستی عەبدەی مامۆستای، لە بەرامبەردا پەرەی بە تیۆرییەکی تری ئیسلامیی دا کە بوو بە ھەوێنی کۆمەڵەی برایان (ئیخوان)، تا بە ئەمڕۆش دەگات ئەگەرچی دەنگی کۆنەپارێزان زاڵترە، بەڵام دیسکۆرسی رۆشنبیریی لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەسەر ئەو دنیابینییەدا زاڵە لە سەرەتاوە باسمان کرد، رۆشنبیریی کوردیش لە تەڵزگەی ئەم دوو کاتیگۆرییەدا (لاسایی و قێز) گینگڵ دەخوات و ناتوانێت دیسکۆرسێکی کوردیی لە نێوان پەرستن و نەفرەت لە ژیاری خۆرئاوایی بکاتە رێڕەوی بیرکردنەوە و بیری کوردیی.
بۆ پرسی ناسیۆنالیزمیش کورد تاکو بە ئێستا دەگات خەریکی لەبەرگرتنەوەی پارادایمە خۆرئاواییەکەی ناسیۆنالیزمە، پێموایە لە بری بونیادنانی ناسیۆنالیزمێکی کوێر کاری ئێمە ئەوەیە دەوڵەتی ھاونیشتمانی دروست بکەین لەسەر بنەمای کوردبوون کە مەودا بکاتەوە بۆ پێکەوەژیانی خەڵکانی تری ناکورد لە چەشنی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانەی زۆر لە مێژە لەگەڵماندا دەژین و ژیاون. ئەمەش جووینەوەی تێزەکەی یۆرگن ھابرماس نییە، چوونکە ئەو پێیوایە جیھانگەرایی ئەم رەوشە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ھاونیشتمانی یان ھاووڵاتی جیھانی دەڕەخسێنێت، بە پێچەوانەوە وایدەبینم گلوبالیزەیشن (جیھانگەرایی) روویەکی ئابووری پەتی ھەبوو بۆ فەراھەمکردنی دەستی کاری ھەرزان و بردنی کۆمپانیا فرە ڕەگەز و مۆنۆپۆڵەکان بۆ ھەر لایەکی گێتی، ئەوەی لە ھزری یەکێکی وەکوو مندایە دروستکردنی مۆدێلێکی کوردیی نیشتمانە کە لە ھیچ کوێ نموونەی نەبێت، ئەمەشم لە نامیلکەی (دووبارە پێناسەکردنی کوردبوون)دا شیتەڵ و شرۆڤە کردووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا. لەو نامیلەکەیدا جەختم لەوە کردووەتەوە دەبێت کوردبوون ببێتە شێوازی ژیان، دیقەت بدەن تەلارسازیی کوردیی چی بەسەرھاتووە؟ وەک لە وتاری (شاری شووشەیی و کولتووری خۆڵەمێشی)دا ئاماژەم پێکردووە چۆن دیزاینی وڵاتانی کەنداو بووە بە ئایکۆن و زاراوەی بە (دوبەی)یکردنی کوردستان بووە بە قسەی سەر زاران. پێموایە کورد نابێت لاسایی کەس بکاتەوە جگە لە خۆی.
رەنگە خەڵکانێک ھەبن بانگەشە بۆ گەڕانەوەی ناسیۆنالیزم بکەن لە ئەوروپاوە، ئەگەر ئەم بانگەشەیە کتومت وابێت، دیسانەوە ھەر جەخت لەسەر رۆنانی شارستانییەتێکی کوردیی دەکەمەوە لەسەر بنەمای (کوردبوون). وەلێ بە دیتنی خۆم ئەوەی نھۆ لە ئەوروپا لە گەشانەوە و بووژانەوەدایە تەنیا ناسیۆنالیزمێک نییە لە شێوە نەریتییەکەیدا کە پایەکانی خۆی لەسەر لەناوبردن و ئەسیمیلەی گەلانی تر راگرتبوو، تەنانەت فۆرمێک نییە لە فۆرمەکانی ئەنتی سیمتیزم (دژە جوو). بەریانی دژە بێگانە و پەنابەریی لێ دەربکەین، بە گشتیی ئەم رەوتە کە بەراستڕەوی توندڕۆ یان پۆپۆلیزمی رادیکاڵ ناوبانگی رۆشتووە، پەرچەرکردارە بەرامبەر چەندین شت لە نموونەی ئەو فراوانبوونەوە ھۆکیزمییەی لە پرسی جێندەریزمدا خەریکە ئەوروپا دادەپۆشێت، ھاوکات گەڕانەوەشە بۆ بەھا خۆرئاوایی و مەسیحییەکان و رۆڵ پێدانەوەی خێزان و پیاوبوون و ژن بوون و دایکایەتی و باوکایەتی کە ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی (ئێل جی بی تی- لیسبەین، گەی، بیسێسکوال، ترانس جێندەر)دایە کە بووە بە ئایدۆلۆژیایەکی نوێی سەرشێتانەی سەردەم. سەیر بکەن جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیتاڵیا بە چ دیسکۆرسێکەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی گرتە دەست؟. کەواتە ئەم بادانەوەیە بە لای راستڕەوییدا تەنیا بادانەوە نییە بەلای ناسیۆنالیزمدا لە کڵێشە کلاسیکییەکەیدا، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ بنچینەی شارستانی خۆرئاوایی (یۆنانی- مەسیحی) و ئەو بەھایانەی لەو شارستانێتییەدا باڵادەست بوون، نکۆڵی لەوەش ناکرێت یەکێک لە ئامانجەکانیشی نیو ناسیۆنالیزمێکە لەگەڵ رۆحی سەدەی بیست و یەکدا تەبا بێتەوە، پرسی گەڕانەوەی سەروەریی ھەر دەوڵەتێکی ئەوروپاییە بە جیا، ئەو سەروەرییەی سەدەیەک پێش ئێستا بیرمەندێکی نازی وەکو کارڵ شمیت پێوەی سەرقاڵ ببوو.
قسەی کۆتاییم ئەوەیە بە روون و راشکاویی دژی ناسیۆنالیزمم (وەک دیاردەیەکی تایبەت بە ژیاری خۆرئاوا) چوونکە لە دیسپۆتیزم (ستەمکاریی) زیاتر چیتری بەرھەم نەھێنا، ھەروەک چۆن دژی سۆسیالیزمی بنیاتنراوم ھەر لە سۆڤێتەوە تا ئیمپریالیزمی نوێی چین، ھەر لە لە لینینەوە تا گورباتچۆڤ. من خۆم بە کوردێکی چەپ دەزانم نەک چەپێکی کورد (تکایە ورد دیقەت لەو دەربڕینە بدەن). ئەو چەپەی لە مێشکمدایە ماخۆلانێتی فۆرمێکی تەواو کوردییە و لە خزمەتی کوردستاندایە، ھەمان ئەو مۆدێلەیە چینی دوای ماوتسی تۆنگی کرد بەو زەبەلاحە ئابووری و سیاسییەی ئەمڕۆ، کەچی بە داخەوە بەھۆی نەخۆشییەکەمەوە تیۆریزەکردنی زۆر سست و خاو دەڕواتە پێشەوە (پێنج سەد لاپەڕەیەکم تیۆریزە کردووە وەک رەشنووسی یەکەم، بەڵام کارەکە ھێشتا نیوەیە). ئەو تیۆریزەیە دۆکترینێکە ئەگەر وەک خۆی پراکتیس بکرێت بە دەوڵەتی کوردستان دەستپێدەکات، بە بەھێزیی کوردستان لە پێگەی جەمسەرێکی نوێی جیھان کۆتایی پێدێت. پێشتریش بە درێژایی کتێبی (شارستانی کۆلاپس- ٢٠٢٢) لە دوو توێی ٦٦٠ لاپەڕەدا ئەو مۆدێلە چەپەی بە تاکی تەنیا بیرم لێ کردووەتەوە، بە خێرایی ئەنالیز کراوە، لەوێشدا وەک بەشدارییەکی سەرەتایی بەشێکی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ بەرگریی لە (کوردبوون). خوێنەر خۆی دەتوانێت بگەڕێتەوە سەری.

کۆتایی ٢٠٢٣

ستیڤان شەمزینی




کورتە چیرۆک\ وەجاخکوێر.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لە فڕۆکەخانەکە دەرچوو، و بۆ لای بنکەی زانیارییەکە ڕۆیشت و پرسیاری شوێنی وەستانی تەکسییەکانی لێ کرد. کەوتە نێو گێژاوی ئەندێشان و بزەی هاتێ، ئەوە چەند ساڵێک دەبێت بە کوردیی لەگەڵ کەس نەدواوە. سەیرێکی دواوەی کرد، و چاوی کەوتە سەر چاوەکانی لیۆنی کوڕی. بە دەستی چەپی ئاماژەی بۆ کرد تاوەکوو بێت بۆ لای. بە فەڕەنسییەکی تێکشکاو پێی گوت: (ئەوە وڵاتەکەمە – c’est ma pays). لیۆنی دە ساڵان کەوتە قاقای پێکەنین و هەڵە زمانەوانییەکەی باوکی چاک کردەوە. ئاسۆی باوکیشی سوور سوور هەڵگەڕا، و بەڕووگرژییەکەوە ئاماژەی پێدا تاوەکوو بەرەو شوێنی تەکسییەکان بڕۆن.
جانتاکانیان خستە ناو پاشەڵی تەکسییەکە و بازیان دایە ناوی. هەرچەندە ئەوە هەژدە ساڵە باری خۆی تێکنایە و لە فەڕەنسا گیرساوەتەوە، کەچی ئەوە یەکەمین جارە دەگەڕێتەوە کوردستان. خۆ ئەو جارەش داینەنابوو بگەڕێتەوە، ئەگەر نەخۆشییەکەی دایکی نەبووایە. هەموو جارێک کە دایکی لێی دەپرسی:‌ (ئەرێ ڕۆڵە بۆ نایەیتەوە؟ من و باوکت لەو ژیانەی تەنها تۆمان هەیە)، ئاسۆش دەکەوتە بیانوو هێنانەوە، یان دەیگوت کاری هەیە، یان لیۆنی کوڕی خوێندنی هەیە و ناتوانێت قوتابخانە بەجێ بهێڵێت، یان هەر بیانوویەکی تری لەم بابەتەی دەهێناوە.
وەک بڵێی بیەوێت شتێک بۆ کوڕەکەی بسەلمێنێت، کە دەگەیشتە هەر چوارڕیانێک، هەر باڵەخانەیەک، هەر قوتابخانەیەک، هەر دوکانێک کە دەیناسییەوە، ئاوڕێکی پشتەوەی دەدایەوە، و بە فەڕەنسییە شکاوەکەیەوە بۆ لیۆنی باس دەکرد. (ئەو باڵەخانەیە کاتی خۆی بنکەی لاوان بوو، من و جوانەمەرگ زۆر جاران بۆ شانۆگەریی دەچووینە ئەوێ)، (ئەو چوارڕیانە پێشتر زۆر بچووکتر بوو، ئێستا فراوانیان کردووە)، (ئەو باخچەیەی دەبینی؟‌ چەند جارێک لەوێ تۆپتۆپێنم کردووە). لیۆنیش بێ‌ ئەوەی هێدفۆنەکەی لە سەری بکاتەوە، سەری خۆی دەلەقاند، و جارجارەش (ئم)ێکی دەکرد.
لەپێش نەخۆشخانەی (هیوا بۆ چارەسەریی شێرپەنجە) وەستان، و جانتایەکانیان هێنایە خوارەوە. بەرەو ژووری ژمارە حەوت کەوتنە ڕێ. براژنەکەی لە داڵانەکەدا بینی کە لەپێش ژوورەکەی دایکی دانیشتبوو. لەدوای جوانەمەرگ و باوکی، براژنەکەی تاکە چاودێری ئەو دایکە بەستەزمانەی بوو. لە براژنەکەی زانیی کە پزیشکەکان لەو باوەڕە دان کە هەر چەند ڕۆژێکە و مەرگ دەبێتە مێوانی دایکی. ئەوە چەند ساڵێکە، نیازی ئەوەی هەبووە کە هاوینی دابێت سەردانی دایکی بکات، بەڵام هەر ساڵە و ڕێگرێکی هاتووەتە پێش. ئەوێ ساڵێ، کاردۆی ئامۆزای ژنی دەهێنا. ساڵەکەی پێش ئەویش، ئاووهەوا گەلێک خۆش بوو، دڵی نەدەهات ئەوێ بۆ کوردستان بەجێ بهێڵێت.
دایکی کە چاوی بە ئاسۆ و لیۆنی کوڕی کەوت، زەردەخەنەیەکی کەوتە سەر لێوانی، بانگی کردن بۆ لای خۆی. ئاسۆ دەستی ماچ کرد، و لیۆنی کوڕی پێ ناساند. دایکی داوای لە لیۆن کرد تاوەکوو بێت لە تەنیشتی دابنیشێت. ئاسۆ بەشەرمێکەوە پێی گوت: (ببوورە دایە گیان، بەڵام لیۆن کوردی نازانێت). دایکی بە سەرسوڕمانێکەوە سەیری ئاسۆی کرد، ئاهێکی هەڵکێشا. دواتر، بە دەستەکانی ئاماژەی بە لیۆن دا، تاوەکوو بێتە لای، لەسەر سەرینەکە دابنیشێت. لیۆن هاتە لای، و چاوەکانی خستە سەر چاوەکانی داپیرەی. بۆ ماوەیەکی درێژ بەو شێوەیە مانەوە، و هیچیان هیچ شتێکیان نەگوت کە ئەوەی تر تێی بگات.

ئامانج شێروانی




لە یادی 45 ــەمین ساڵرۆژی بوونی دەوڵەتی ئێران بە کۆماری ئیسلامی ئێران.. ئاوات ئەسعەدی

پاش هەڵاتنی شای ئێران بە ماوەیەک و، لە 30 و 31 ئازاری ساڵی 1979، ئایەتوڵڵا خومەینی و دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران ڕیفرەندومێکیان بۆ شێوەی حوکمڕانی وڵاتەکە ئەنجامدا. مەبەست لەم هەنگاوەیان ئەوەبوو، ئەو سیستەمە تازەیەی پاش روخانی شا دایانمەزراندبوو بە ناوی “دەوڵەتی کاتیی شۆڕشی ئیسلامی”، بەو رێفرەندومە شەرعیەتی بۆ مسۆگەر بکەن.
کاغەزەکانی دەنگدان دوان بوون: یەکێکیان رەنگەکەی سەوزبوو بۆ “بەڵێ”، ئەوی تریان زەرد بوو بۆ “نەخێر”. لە هەردووکیشیان نوسرابوو بۆ “گۆڕینی رژێمی رابوردوو بە کۆماری ئیسلامی”. ئاکامی ئەم دەنگدانە “روون بوو”. بە پێی هەواڵە رەسمیەکان رێژەی دەنگدەران بۆ “بەڵێ” پتر لە 98٪ بوو. رێژەی دەنگدەرانی “نە”یش زۆر لە خوار لە 1٪ ەوە بوو. تێکڕا 20.147.855 کەس دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی دا، بەرامبەر بە تەنیا 140.996 دژەدەنگ.
دەنگدانەکە “نهێنی” نەبوو، کە ئەمەش کۆڵەکەیەکەی پرۆسەی دەنگدانی ئازادە. لایەنگرانی ئایەتوڵڵا خومەینی، کە پتر لە هەر لایەنێکی دیکە خاوەنی دەسەڵات بوون، ئەیانزانی، کێ بە “بەڵێ” و کێ بە “نە” دەنگ ئەدات.
بەهەرحاڵ، لەو رۆژگارەدا، کە گەلانی ئێران مەستی روخانی دیکتاتۆریەتی محەمەد رەزا شا بوون، وایاندەزانی، دەگەنە سیسەتەمێکی سیاسی ئیسلامی نوێ، کە “بەختەوەری”ــان بۆ بێنێت. جا لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکەکە موسڵمانبون و موسڵمانن، ئەبوو ئەم چەمکی ئیسلامیە زۆر پەسەند بووبێت لایان.
ئەمجا ئەگەر وشەی “کۆمار” ی چەمکێکی باش بووبێت لە ئاستی رژێمی دیکتاتۆریەتی شادا، ئەوا وا پێئەچێت، کە ئەو دەمە بیر لە ئاکامە درێژخایەنەکانی چەمکی “ئیسلامی” نەکرابێتەوە. تەنانەت لە یادی سیەمین ساڵرۆژی ئەو ریفرەندومەدا، ئەبولحەسەن بەنی سەدر، کە یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو و، هاوکارێکی نزیکی خومەینی بوو لە پاریس و، کاری وەرگێڕانی لەکاتی گفتوگۆکان لەگەڵ میدیاکاندا بۆ ئەکرد، بە BBC ی ووت، کە تا ڕۆژی ڕیفرەندومەکەش هیچ کەسێک بچوکترین بیرۆکەی نەبوو، لەوەی، کە خومەینی مەبەستی لەو دەستەواژەی “کۆماری ئیسلامی” چی بووە.
ئەگەر وابێت، ئەوا زۆرینەی گەلانی ئێران لەوە تێ نەئەگەیشتن، کە دەسەڵاتی ئیسلامی رێبازێکی سەرتاپای سیاسەتی دیکتاتۆریەتە و زەوتکردنی بڕێکی زۆری شێوە ئازادیەکانی مرۆڤ لە خۆ ئەگرێت.
بێگومان زۆر دەمێکە ئەو بەختەوەریەی گەلانی ئێران چاوەروانی بوون، بەتەواوی لە گۆڕنراوە.
بۆ نموونە: لە رووی ئابووریەوە پارەی ئەو وڵاتە لە هەفتاکانی سەدەی رابوردوو زۆر بە نرخ بوو. هەر دۆلارێکی ئەمریکی بایی 70 ریالی ئێرانی بوو. ئەمڕۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 42.047,50 ریالی ئێرانیە. ئەم داشکانەی پارەی ئێرانی لەوەیە گەورەترین شکستی پارە بێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
گەورەترین گورزیش لە ئازادیە سەرەتاییەکانی ژنان و کچان درا، کاتێ کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، مافی راستەقینەی “مرۆڤبوون”ـیان لێ سەنرایەوە. بە پێی قانونی ئیسلامی دەنگی شایەتیدانی ئافرەتی ئەو وڵاتە لە دادگاکاندا، کرا بە نیو دەنگ. لەمەش بترازێت بە زۆر و بە توندو تیژی “حجابی ئیسلامی” کرایە قانون بەسەریاندا.
بڕێکی ئافرەتانی ئێران لەسەرەتاوە کەوتنە خۆیان و ڕژانە سەر شەقامەکان لەگەڵ ئازادیخوازوهاوبیرەکانیان، بۆ گێڕانەوەی ئازادیە سەرەتاییەکانیان، کە لە قانوونی ئیسلامیدا لەڕوانگەی ئەوانەوە پێشێلکرابوو. بەڵام کار لەکار ترازابوو و، ولایەتی فەقێ هی ئەوە نەبوو، گوێ بۆ داواکانی “نیومرۆڤەکان” شل بکات. نەک ئەمەش، بەڵکو کەوتە وێزەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ سەرکوتکردنی داواکانیان.
ئەوەی شوێنی سەرنجە، کە خۆپیشاندانەکانی پێراری گەلانی ئێران دژی سیستەمی ولایەتی فەقێ، پاش کوشتنی ژینا مەهسا ئەمینی لە 16 ی ئەیلوولی 2022، نەک هەر سەرکوتکرا، بەڵکو لەلایەن گەلانی دیکەی ناوچەکەوە بە هیچ شێوەیەک ئاوڕی لێ نەدرایەوە و پشتیوانی لێ نەکرا. هۆکاری ئەم فەرامۆش کردنە راستیەکی تفت و تاڵە: هێشتا زۆرینەی گەلانی موسڵمانی ناوچەکە، نە لە مەترسی کۆماری ئیسلامی حاڵی بوونە، نە لەوە تێگەیشتونە، کە ئەو سیستەمە ئیسلامیەی ئێران، کە واپێ ئەچێت بەشێکی زۆری گەلانی موسڵمان خەونی پێوە بینین، زۆرینەی گەلانی ئێران 45 ساڵە بە دەستیەوە ئەناڵێنن.
راستە، کە بە پێی ویستی زۆرینەی خەڵک دەکرێت و دەتوانرێت کۆمارێکی ئیسلامی لە هەر وڵاتێکا، کە زۆرینەی موسڵمان بێت، ڕابگەیەندرێت. بەڵام مەحاڵە “دیموکراسیەتی ئیسلامی” مەبەستی دابینکردنی مافی گشتی مرۆڤ بێت. هەر بۆیەش مەحاڵە ئەو شێوە سیستەمە سوودمەند بێت بۆ تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵگا.
لەهەمان کاتدا ئەم پرسیارەش دێتە پێشەوە: ئایا ئەبێت هەمیشەو بۆ تاهەتایی ئەنجامی دەنگدانێکی نەوەکانی پێشوو لە پرۆسیەکی سیاسیدا بەسەر نەوە تازەکانیشدا و بەبەکارهێنانی توندو تیژی بسەپێندرێت؟
ولایەتی فەقێ زۆر دەمێکە وەڵامی ئەم پرسیارەی بە “بەڵێ” داوەتەوە.

ئاوات ئەسعەدی




(٨)ی مارسی ٢٠٢٤، چالێنجەکان و ئاسۆکانی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان لە ناوچەکەدا.. شیرین عەبدوڵڵا

سیستەمی سەرمایەداری لە ئێستادا بە یەکێک لە گەورەترین و قووڵترین قەیرانە مێژووییەکانیدا تێدەپەڕێت. پێدەچێت لە ئێستادا یەکێک لە سەنتەرەکانی ئەم قەیرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا چڕبوبێتەوە و ژنان زۆرترین پشکی لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن.
ئێمە شاهیدی یەکێک لە وەحشیترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووین، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەبەردەم چاو و گوێی مرۆڤایەتیدا دەگوزەرێت، کە بریتیە لە پێنج مانگ شەڕی جینۆسایدی غەززە. تاوانی ترسناک و دڕندەیی و دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە سودان ڕوودەدات بە پەردەپۆشی تەواوەتی میدیاکان. هەروەها ناتوانین چاوپۆشی بکەین لەوەی کە لە ناوچە ناکۆکەکانی دەوروبەر لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ڕوودەدەن.
پێویستمان بە تێڕوانینێکی زۆر ورد نیـیە بۆ ئەوەی بزانین کە شەڕ و برسێتی و پەتا و لافاو و پیسبوونی ژینگە بوونەتە بەشێک لە دیاردەکانی ژیانی ئاسایی زۆرینەی ڕەهای خەڵک، ئەمانە هەمووی نیشانەکانی ئەم قەیرانە خنکێنەرەن لە ژێر سایەی سەرمایەداری و میلیتاریزمەکەی و سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی کە هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکەن جگە لە سەپاندنی هەژاری زیاتر، نایەکسانی، بێکاری، و تێچووی زۆری ژیان و لەناوبردنی ژینگە بۆ دەستەبەرکردنی قازانجەکانی. ئەمە دیمەن و باکگراوندی (٨)ی مارس (ئازار)ی ئەمساڵە.
ئەمانە، لەگەڵ زاڵبوونی دەسەڵاتە ئیستبدادی و سەرکوتگەر و پیاوسالارە دژ بە ژنانەکان لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا.
سەرمایەداری بارگرانی قەیرانەکانی دەخاتە سەر شانی ژنان و پەنابەران و باقی گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا، کە دەستیان لە دروستکردنی ئەم قەیرانانەدا نیـیە، بە ئیستغلالکردنیان وەک سوپای یەدەک (احتیاط) و سەرچاوەی کاری هەرزان و سەخت و ناجێگیر هەر کاتێک کە بازاڕ پێویستی پێیان بێت، و پاشان دەرکردنیان لە کار لە کاتی قەیرانەکاندا و هەرکاتێک پێویستی بازاڕ کۆتایی هات.
لە کاتی قەیرانەکانی سەرمایەداریدا، چینی دەسەڵاتدار و نوێنەرانی دەرفەتەکە دەقۆزنەوە بۆ لێسەندنەوەی ئەو دەستکەوت و مافانەی کە توێژە چەوساوەکان، لە ڕێگەی خەباتی سەخت و خوێناوی خۆیانەوە بە درێژایی دەیان ساڵ بەدەستیان هێناوە، بە بیانووی “بەرژەوەندی ووڵات”، “ئاسایشی نەتەوەیی” و “دوژمنی دەرەکی” هتد.. بە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە و نیشتەجێبوون، بۆیە بێکاری زیاد دەکات، بۆ ژنان ئەستەم دەبێت بتوانن کێبڕکێ لەسەر ئەو کارە کەمانە بکەن کە لە بازاڕی کاردا بەردەستن، و ناچارن ڕازی بن بە بارودۆخی کارکردن و کرێی نزمتر، یان بەتەواوی بازاڕی کار بەجێبهێڵن و لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستیەکانی ناو خێزان کە بەهۆی بڕینی خزمەتگوزارییەکانەوە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگوێ خراون.
قەیرانەکان زۆر لەسەر دۆخی تەندروستی (جەستەیی و دەروونی) ژناندا ڕەنگدەداتەوە، بەو پێیەی پیاوانی خێزان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەولەویەتیان هەیە لەسەردانی پزیشک و تێچووی چارەسەرکردن و خۆراک و پەروەردە… هتد وە گەورەترین پشکیان لە داهاتی کەمی خێزانەکە بەردەکەوێت. زۆرجار لێکۆڵینەوە دەخوێنینەوە و دەبیستین کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پیاوان تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، بەڵام زۆرینەی ئەم توێژینەوانە ڕۆڵی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارە پشتگوێ دەخەن کە تێیدا ئەم بارودۆخانە لەنێو ئەو ژنانەدا سەرهەڵدەدەن کە جگە لە هەژاری و پەراوێزخستن، بەدەست هەڵاواردن و توندوتیژی سێکسی و خێزانیەوە دەناڵێنن. سەرەڕای گرنگی دەستنیشانکردنی دەروونی لە حاڵەتە تاکەکاندا، پێویستە فراوانتر بیر بکەینەوە و ئەو سیستەمە ستەمکاریانە هەڵبوەشێنینەوە کە هەموومان نەخۆش دەخەن.
بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی ژنان لە داهێنانی سەرمایەداری نەبووە، ئەو شکستە مێژووییەی ژن کە ئەنگڵس باسی دەکات، زۆر پێش سەرمایەداری ڕوویداوە و دیاردەیەکی خۆبەخۆ بووە لە ئەنجامی دابەشکردنی خۆبەخۆیی کار و خاوەندارێتی ئامرازەکانی بژێوی لە خێزاندا، بەڵام سەرمایەداری داهێنەریی لە بەرهەمهێنانەوەی و شارەزابوون لە بە کاڵاکردنی ژندا بووە، بە خستنەگەڕی ماشێنێکی میدیایی و سیستمێکی فیکری و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرست و پیاوسالارەوە، وەک یاساکانی هاوسەرگیری، تەڵاق، صیغە، میرات، لەباربردنی منداڵ.. سەرمایەداری هەموو لایەنەکانی ژیان دەقۆزێتەوە بۆ دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ کاڵاکانی و بەدەستهێنانی قازانج، تەنانەت هونەر و ئەدەب و هەستی مرۆڤی وەک ڕۆژی دایک و ڤالانتاین و ئارەزووی منداڵبوون و زۆر شتی تر، هەموویان لە ناوەڕۆکی ئینسانی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە و دەکرێن بە کاڵا و بەکاردێن بۆ پڕکردنەوەی حسابی بانکی سەرمایەدارەکان.
هەموو ئەم دیاردانە لەم ساڵانەدا لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەخێرایی تەشەنە دەکەن، وەک دەبینین بوژانەوەی کەرتی تایبەت و سەدان قوتابخانە و نەخۆشخانەی ئەهلی کە زۆربەی زۆری خەڵک دەرەقەتی تێچوەکانی نایەت، لەسەر حیسابی بڕینی بودجەی کەرتی گشتی و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان تیاییاندا، و سەدان کلینیکی جوانکاری و ڕیکلام بۆ “بەرهەمەکانیان” و هاندانی ژنانی گەنج (هەروەها کوڕانیش) بۆ تێکدانی جەستەیان و نەشتەرگەری جۆراوجۆر. هەموو بۆنە و جەژنە باوەکان دەبنە فشارێکی ئابووری گەورە لەسەر ملیۆنەها کرێکار و زەحمەتکێش کە لە ژێر فشاری کۆمپانیاکانی ڕیکلام و میدیادا ناچارن بەشێکی بەرچاو لەو داهاتەیان کە لە بنەڕەتدا کەمیشە، بۆ دیاری بۆ ئازیزانیان خەرج بکەن، و دەرگیری بارێکی قورستر دەبن لەوەی کە لە توانایاندابێت. گەورەترین سوودمەند سەرمایەداران و بانکە نێودەوڵەتییەکانە.
لە هەمان کاتدا کە بارودۆخی توێژە چەوساوەکان، و لە سەروشیانەوە ژنان، بەرەو خراپتر دەچێت، سامانی سەرمایەدارەکان زیاتر دەبێت و سەروەت و سامان زیاتر و زیاتر لە دەستی گروپێکی بچووکدا دەمێنێتەوە کە سود لە دۆخە قەیراناویەکان و نەهامەتی ملیۆنان کەس دەبینن لە پێناو قازانج لە ڕێگەی بازرگانی چەک و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خۆراک و باقی پێداویستیەکانی کۆمەڵگا، بە پشتیوانی تەواوی دەوڵەتان و ڕژێمە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان. سەرمایەداری لە هەر شوێنێک بێت، دەرفەتێک دەدۆزێتەوە بۆ چنینەوەی قازانجی زیاتر بە هەر شێوەیەک بێت، وە گرنگی بەوە نادات ملیۆنەها کەس تووشی داهاتوویەکی نادیار ببێت، لەپێناو ڕزگارکردنی بانک و ملیاردێرەکان.
ئەوەش زانراوە کە سیستەمی سەرمایەداری هەموو قەیرانەکانی دەقۆزێتەوە بۆ داسەپاندنی پاشەکشەی ماددی و مەعنەوی بەسەر زۆربەی جەماوەردا و هەرچەند قەیرانەکە توندتر بێت، هێرشی کۆنەپەرستانە بەهێزتر و توندتر دەبێت، پشکی ژنانیش زیاتر دەبێت.
ئەوەی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە پیاو سالار و ئیستبدادیەکانی وڵاتانی ناوچەکە پێش ئەم شەڕ و ململانێیانە دەیان ناڵاند بەدەستیەوە، ئێستا چەندین جار زیادی کردووە. ئەوەی بەسەر ژنانی غەززە و سوداندا دێت، تاوانە و قابیلی بێدەنگی نیـیە، بەڵام ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەتایبەت لە دوای شکستی شۆڕشەکانی ساڵی (٢٠١١) لە میسر و تونس، زەنگی مەترسی پاشەکشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدەن، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەم قەیرانە و ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە، توانای شۆڕشگێڕانە و نیشانەکانی بەرەنگاربوونەوەی ژنانی ئازادیخواز و تەحەدای ئەم هەلومەرجە نەهامەتبارە لە گەشەکردندایە.
کەمپەینەکانی حیجابکردنی کچانی گەنج لە بەناو “فێستیڤاڵی تاجی زێڕین”ی ساڵانە و لەم بابەتە، کە بە توندی لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئیسلامی سیاسی ناوچەکەوە پشتیوانی مالی (تەمویل) دەکرێن، شتێک نیـیە جگە لە دیاردەکانی ئەم هێرشە لە دژی ژنان به ئامانجی مسۆگەرکردنی تەسلیمی فیکری و جەستەیی نەوەکانی داهاتوو و ئامادەکردنیان بۆ قبوڵکردنی هەژموونی پیاو و ئایدۆلۆژیای دژە ژن و بەم شێوەیە بەکۆیلە کردنیان.
ئازارەکانی ژنانی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی نیزامە پیاوسالارییە کۆنەپەرستەکاندا، و باڵادەستی و زیندووکردنەوەی یاسا و نەریتە پاتریارکی و خێڵەکیەکان، ئەو زەمینانەن کە تاوانەکانی کوشتن و توندوتیژی و بازرگانیکردن و هاوسەرگیریی منداڵان و فرەژنی و بێبەشکردن لە مافەکانی جیابوونەوە، میرات و چاودێری منداڵ.. ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن.
لە ناوجەرگەی ئەم سیناریۆیە و دیمەنە تاریکەدا و سەرەڕای هێرشی توندی سەرمایەداری و سیستمە کۆنەپەرستەکانی بۆ سەر ژنان و چینی کرێکار، ناتوانین دەرکەوتەکانی ڕەخنە و بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر هەموو ئەوەی کە کۆنەپەرست و سەدەی ناوەڕاستییە پشتگوێ بخەین، و هەستێکی گەشەسەندوو بۆ بەرەوپێشچوونی نیشانەکانی بزووتنەوەیەکی یاخیبوونی ژنانی فراوان لە ئاسۆدایە، بە تایبەت لە نێو ژنانی گەنجدا.
چەڵێنج (تەحەدا) و هاوپشتی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕوو لە زیادبوونن، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە دەیەی ڕابردوودا بووژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی، لە ڕێگەی بزووتنەوەکانی وەک (می توو- منیش) (٢٠١٧) کە تیشکی خستە سەر پرسی هەراسانکردن و زیادبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بە دەرکەوتەکانی ئازاردانی سێکسی و پێشێلکاری لەلایەن خاوەن دەسەڵات و سەلمێندرا لە دوای ئەمڕۆوە ناکرێت ئەم کردەوانە وەک “ناچار” قبوڵ بکرێن، ململانێکان بۆ مافی زاوزێ و لەباربردنی منداڵ لە زۆر ووڵاتانی جیهان بەردەوامە.
هەروەها وەک ئاشکرایە، کوشتنی (ژینا /مەهسا ئەمینی) لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران لە ئەیلوولی (٢٠٢٢ دا) بووە هۆی ئەو ڕاپەڕینە بەرفراوانەی کە زۆربەی شار شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە، و بە هاوپشتیـیەکی نێونەتەوایەتی فراوانەوە. ئەم ڕاپەڕینەی کە بە دژی ستەم لە سەر ژنان و حیجابی زۆرەملێ سەری هەڵدا، بە خێرایی بووە ڕاپەڕینێکی سیاسی و جەماوەری بە دژی هەژاری و بێکاری و سەرکوتی سیاسی و فەرهەنگی سیستەمی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیە ئیسلامیەکەی لە ئێراندا.
ئەم بزووتنەوانە لە ماوەیەکی کورتدا ڕەهەندی جیهانییان وەرگرت و بە بڕوای من گرنگیدان بە هاوپشتی نێونەتەوایەتی لە نێوان ژنان و بە تایبەت ژنانی چینی کرێکار و خەڵکی هەژار، یەکێکە لە بابەتە جەوهەریەکانی خەباتی ئێمە لەم قۆناغەدا.
پەتای کۆرۆنا هۆشیارییەکی لەزیاد بووندای دروستکردووە سەبارەت بە نایەکسانی و جۆرە جیاوازەکانی و چۆن نەخۆشی و تەندروستی پلەبەندییەکی کۆمەڵایەتی پەیڕەو دەکەن: تا باری کۆمەڵایەتی و ئابووری نزمتر بێت، باری تەندروستی و میانگینی (موعەدەلی) تەمەن خراپتر دەبێت.
ڕەنگە بڵێین بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ماف و ئازادییەکانیان زۆر باشترە لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق و سوریا و سعودیە و پاکستان و ئێران و ئەوانی تر و ئەمەش بەتەواوی ڕاستە، بەڵام ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لەم وڵاتانەدا بەدەستیانهێناوە بەردەوام نین و هەمیشە هەڕەشەی لێسەندنەوەیان لەسەرە، هەر وەک چۆن بینیمنان لە کەیسی (ڕۆ- دژی واید) لە ئەمریکا کاتێک دادگای باڵا بڕیاریدا یاسای منداڵ لەباربردنی کە بۆ ماوەی (٥٠) ساڵ بەکار بوو، لە هاوینی (٢٠٢٢) دا هەڵبوەشێنێتەوە.
بزووتنەوەی کرێکاری و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان بەبێ ڕۆڵگێڕانی کاریگەر و چالاکانەی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخوازی ڕادیکاڵ ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن. ماوەیەکی یەکجار زۆرە ژنان لە کاریگەری چالاکانە لە سیاسەت و بڕیاردان لە جیهانی پیاوسالاری سیاسەتدا دوور خراونەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێت و ژنان گوتاری (خیطابی) ڕزگاریخوازانەی خۆیان بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو هێزە گەورە شارراوەیەی کە لە بزووتنەوەی ژناندا هەیە، ئازاد بکرێت لەپێناو گۆڕانکاری ڕیشەیی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو شێوازە پیاوسالاری و کۆنەپەرستانەیەی چەندین سەدەیەی بۆمان ماوەتەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگە لە هەموو جۆرەکانی ئیستغلال و هەڵاواردن.

٢-٣-٢٠٢٣

شیرین عەبدوڵڵا




بـۆ منداڵان/ ئۆپەرێتی: نەورۆز و مامەیارە.. نووسینی: عەلی حەمەڕەشید

کۆمەڵێک منداڵ و مێرمنداڵی کوڕ و کچی تەمەن (٧بۆ١٤) ساڵان، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردییان لەبەردایە، خۆیان ئامادە کردووە دەچن بۆ گردی مامەیارە تا بەشداری ئاهەنگی یادی نەورۆز بکەن، کە بۆنەیەکی خۆشی نەتەوایەتییە. مامۆستا (ژیان)، ئۆپەرێتێکی گۆرانیی ئامێزی بۆ ئامادەکردوون و هەموویان تێیدا بەشدارن. دایکی (لاوین و شکۆ)، یاپراخی گەڵامێوی بۆ ئامادەکردبوون، دایکی (ئاریان)، کووبە و دایکی (باسۆ)، شفتە و ئەوانی تریش میوە و چەرەساتییان ئامادە کردوە. کەوتنەڕێ بەرەو گردی مامەیارە، کە مامۆستا ( ژیان) بەوشێوەیە ئەوانی بینی وتی:
ئەرێ منداڵینە ئەوە چییە؟ دەڵێی دەچن بۆ سەیران؟ بیرتان چووە ئێمە دەچین ئۆپەرێتێک پێشکەش بە ئامادەبووان دەکەین؟
لاوین: (بەپێکەنینەوە)، مامۆستا گیان ئەی لە ڕۆژێکی وا خۆشدا سەیران نەکەین کەی سەیران بکەین؟
شکۆ: ڕاستە نەورۆزە و ئێمەش بەشداری ئەو بۆنە خۆشە دەکەین.
مامۆستا: دەی زۆر چاکە بابڕۆین، بەڵکو تا نزیکبوونەوەی کاتی ئاهەنگەکە پرۆڤەیەک بکەین. ‌پێشەنگ: مامۆستا گیان، تۆ هەمیشە ویستووتە بەچالاکیی نوێ و جوان بەشداری یادی نەورۆز بکەین.
ئاریان: ئێمەش حەزدەکەین کە گەورە بووین کەسێکی چالاک و خۆشەویستی وەکو تۆ دەربچین. مامۆستا: سوپاستان دەکەم گوڵەکانم، دڵنیابن مرۆڤ بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی هەر چییەکی بووێت پێی دەگات.
شکۆ: مامۆستا گیان ئێمە ئەو کاتانە دڵخۆشین کەتۆ دێیت و پرۆڤەی چالاکییەکی نوێمان پێ دەکەیت. پێکەوە ڕۆیشتن تا لای سنەوبەرەکان و چوونە ژێر ئەو کەپرۆکەیەی کە بۆیان ئامادە کرابوو ، کەلوپەلەکانیان داناو لەگەڵ مامۆستادا کەوتنە پرۆڤەکردن، چونکە هێشتا خەڵکێکی زۆر نەگەیشتبوون. بەخۆشییەوە خێرا پرۆڤەکەیان تەواوکرد، مامۆستا زۆری پێخۆشبوو، چونکە زۆر بەجوانی نمایشییان دەکرد. ئیتر دووانیان لەژێر کەپرۆکەکە بەدیار خواردنەکانیانەوە مانەوە و ئەوانیش کاتی نمایشکردنی چالاکییەکەیان هاتبوو. هێندەیان زانی بانگییان کردن، ئیتر لەگەڵ مامۆستادا چوونە سەر سەکۆی(ستەیج) تەختەی شانۆکە، مامۆستا هەر یەکێکیانی لە شوێنی تایبەتی خۆی داناو چەند ڕێنماییەکی کردن. ئیتر لەگۆشەیەکەوە وەستا و پێیوتن دەست پێبکەن و هەر لەوێشەوە چاودێری دەکردن.
ئاریان: چەند ئاسوودە و دڵخۆشم کە دەبینم هەموان هاتوون بۆ گردی مامەیارە و یادی نەورۆز دەکەنەوە. ئازاد: دڵنیام کە ڕۆحی پیرەمێردیش ئاسوودە دەبێت کەوا ڕۆڵەکانی لەو شوێنەدا، کە ساڵانی زوو یادی نەورۆزی تێدا کردۆتەوە، ئەوانیش ئاهەنگ سازدەکەن و یادی دەکەنەوە.
باسۆ:
شێوەی گـــردی مامـــــەیـارە…..لام خۆشترین شوێنی شارە
باش بزانن کـــە ئەم جێیە…..پیرەمێردی گــــەورەی لێیە
مرۆڤێک بــوو مەرد و دڵسۆز…..بۆ ئاهـــەنگ و یادی نەورۆز ئاریان:
مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….. لام جـوانترین شوێنی شـارە پیرەمێردی نــاوداری کـــورد…..ناســـراوە لای درشت و ورد وەکو نەریتێک لـــــە مێژە…..ئەو ئــــەم یادەی کـــردۆتەوە (ئەمڕۆژی ســــاڵی تازەیە)….کەســـەرەتای ئــەو شیعرەیە پیرەمێرد نووسی بــۆ نەورۆز….(دیلان)یش بەدەنگی پڕسـۆز
هێندەیتر چێــــــژی پێداوە …..لـەســـــەرزارە تاکوردماوە
بەدڵخــۆشی دەڵێم نەورۆز….. لە هەمـــــوولایەکتان پیرۆز
ئازاد:
مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….لە نـــەورۆزدا پرشنگــدارە پیرەمێرد ئــــەو مرۆڤــەیە…..ئێستا ڕۆحــی ئاسـوودەیە
کـە دەبینێت ڕۆڵەکــــــانی…..وا بــەخۆشیی و شـادومـانی
ئـاوا یادی دەکــــــەنەوە….بەشـــادی و زەردەخــەنەوە
کۆرس:
لەنەورۆزدا گشت ئاسوودەین…..بەشداری ئەو یادە دەکــەین تێکەڵ دەبن هەموو دەنگێک…..دەبن بەیەک هەمــوو ڕەنگێک وەکــــــو چیــا بەهێز دەبن….. دژی زۆردار ڕادەوەســـتن مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….. لە لای هەمــوان شکـــۆدارە خـۆزگە خـۆزگە مامـــەیارە…..کـــە جوانترین شوێنی شــارە دەیانکرد بە سەیرانگای شار….پڕ چیمەن و گــــوڵ و گوڵــزار ئەوســـا دەبوو بەجێی پشوو….هەمــوو کـــات ڕازاوە دەبــوو منداڵیش بۆ یـــــــاریکردن….بۆ خۆشیی و کــات بەسەر بردن بۆی دەهاتن لـــەگشت لاوە….یاری بکـــــــەن بە خــولیاوە خۆزگەی ئێمە ڕوون و دیارە….لــە ســـــەیرانگای مامەیــارە هۆڵێکی گەورە و ڕەنگاوڕەنگ….بۆ ســـازدانی کۆڕ و ئاهەنگ لــــە ناویدا بنیات دەنـــــرا…..بـــە پیرەمێرد ناوزەد دەکــرا
تا شاعیران و نووســــــەران….هــونەرمەندان، شێوەکــاران ڕۆژانە ســـــەردانی بکـــەن….چـــالاکیی تیا ئەنجـام بدەن ئەوســــا ڕۆحی پاک و جوانی….پیرەمێــــردی سلێمـــــانی لەگردەکــــەی مامــــــەیارە…..ئاســوودە دەبـــوو بەو کارە بۆیـــــە دەڵێین مامـــــەیارە…..ئەوکـــاتە زۆر جوانتر دیارە لەگشت لایەکی کوردستان…..دێن سەردانی دەکەن هەمووان
شکۆ:
یــــادی نەورۆز لێرە جیایە…..چێژ و خـــــۆشیی زۆری تیایە گەورە و بچوک بەیەکــەوە…..دێن و یــــادی دەکـــــەنەوە مامەیارە و نەورۆز هەر دوو …..بـــۆ پیرەمێرد بــوون بە مێژوو جێی شــانازیی سلێمانیین….هێمای خــــۆڕاگریی و جوانیین خۆزگە بۆ ســـاڵی داهاتوو….مامــــەیارە ئــــاوا دەبـــــوو
وەکو گوندێکی گەشتیاریی ….بۆ چــــالاکی و کـــۆڕ و یاری
ناوی پیرەمێرد لـــەو ناوە…..زۆر بەجـــــوانی دەدرەوشاوە لێرەدا کۆتایی بە چالاکییەکە دێت و منداڵەکان دەیکەن بە چەپڵە ڕێزان و مامۆستا ژیانش دێت بۆ لای منداڵەکان و یەک یەک ماچییان دەکات و سەرو چڵە نێرگزێکیشییان پێشکەش دەکات…

نووسینی: عەلی حەمەڕەشید




رۆژی جیهـانی کـتـێـبی منـداڵان.. رەزا شـوان

رۆژی سێـشەممە (٢/ نیسان/٢٠٢٤) یای (٥٧) ەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانـدنی (رۆژی جیهـانی کـتـێبی منـداڵان)ە. هەموو ساڵـێک لە رۆژی (٢/ نیسان) دا، بەم بـۆنەیەوە، لە سەرانسەری جیهانـدا، لە قـوتابخـانەکان و لە کـتێـبخـانەکانە گـشتی و تابەتییەکـان و لە مەڵبەندە رۆشنبیرییەکانی منـداڵاندا، بە سپـۆنسەری دەستەی رێکخـراوەی نێـودەوڵەتی کـتێـب بۆ لاوان (ئـیـبی) کە بارەگـای، لە لەنـدەن لە بەریتـانیایە، بـە فـەرمی ئاهـەنـگی شایستە و چالاکییی هەمەجـورەی رۆشنبیری و هـونەری بەڕێوەدەبـرێـت. ئەم رۆژەش وەک رێـزگـرتـن و پێـزانـینە، بە بـۆنـەی یـادی جـەژنی لەدایکـبوونی کـەڵـەنـووسـەر و شاعـیری بەنـاوبانـگی دانیـمارکی (هـانـز کریستـیان ئەنـدەرسـۆن: ٢/ نیسان/ ١٨٠٥ـ ٤/ ئـاب/ ١٨٧٥) کە بە (بـاوکی چـیـرۆکە ئەفـسانەییـەکـان لـە جـیهـان) دا، داەنـراوە. خـاوەنی زیـاتر لە (١٥٠) کـتێبی چـیرۆکی فانتازیای چاپکـراوە. کە بۆ ئـەو سەردەمە ژمـارەیەکی پێـوانـەیی بـوو. لە چـێرۆکەکانی: جـلـوبەرگی تـازەی ئیـمـپراتـۆر، پەرییـە بچکۆلەی دەریا، پێڵاوی سوور، کچۆڵە شقارتە فـرۆشەکە، بێچوە مراوییەکی ناشیرین، بولبول، تۆمالیزا، شاژنی بەفـر، دوا خەونی پیرەدار بەڕووەکە، داری سەروو،… هـتد.
(گـێلا لـێبمان) ی نووسەر و رۆژنـامەنووسی ئەڵمانی، ئەو پێشنیاری رۆژی جیهـانی کتێبی منداڵانی کرد. لە لایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کـتێب بۆ لاوان، کە رێخراوێکی خـۆبەخـشی سـوود نەویسـتە، پێشنـیارەکەیـان پەسەنـدکـرد. لە سـاڵی (١٩٦٧) دا، بـڕیاریان دا کە رۆژی (٢/ نیسان) هەمـوو ساڵێک، کـە هـاوڕۆژ و هاومانگە لەگەڵ یادی رۆژی لەدایکبوونی هانز کریستان ئەندەرسۆن، بکرێت بە رۆی جیهانی کـتێبی منداڵان لە هەموو جیهاندا. بۆ یەکەم جاریس رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان لە سویرا سازکـرا. لەو ساڵەوە تا ئەمـڕۆ، ساڵانە وڵاتێک لە وڵاتانی جیهان رادەسپـێرێـت، بۆ سـازکـردنی ئـاهـەنـگی سـەرەکی و چـالاکـیی هـەمـەجـۆرەی پەیـوەسـت بـەم رۆژە.
هەموو ساڵێکیش پۆستەرێکی تایبەتی و دروشمێکی پەیـوەنـد بەم رۆژەوە، لەلایەن ئـەو دەوڵەتە میـوانـدارەوە هەڵـدەبـژێـرێـت. ساڵی پـار (٢٠٢٣) لە وڵاتی (یـۆنـان) بەڕێـوەچـوو، لەژێـر دروشـمی”مـن کـتـێــبـم: بـمـخـوێـنـەوە”.
ئەمساڵ (٢٠٢٤) لەلایەن وڵاتی (ژاپـۆن) ەوە رێکـدەخـرێـت. نووسەرێـکی ناسراوی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە ژاپـۆن، لەم رۆژەدا پەیامێک بەم بۆنەیەوە دەنـووسێت و ئاراسـتەی هەمـوو منـداڵانی جـیهـان دەکـات. داوایـان لـێـدەکات، کە ببـن بە هـاوڕێی هـەمیشەی کـتێب و هـۆگری خوێنـدنەوەبـبن. وێنەکـێشێکی بەناوبانگی ژاپـۆنیش لە بـواری وێنەکێشانی کتێبی منـداڵان، پۆستەرێکی پەیـوەندیدار بەم رۆژەوە دەکێشێت و دەبێـتە لـۆگۆی رۆژی جیهـانی کتێبی منداڵان بۆ سـاڵی (٢٠٢٤). گەلێ چالاکیش لەم رۆژەدا ئەنجـام دەدرێـن، وەک: پـشـبـڕکی نـووسـین لە ژانـرەکـانی ئەدەبی منـداڵان، کـردنەوە پێشانگای تابلـۆی کێشراوی منـداڵان، راگەیـانـدنی خـەڵاتی کـتێب، دیمـانە لەگەڵ نووسەرانی منداڵان، پێشکەشکـردنی کـتێب بە منـداڵان، چالاکـیی رۆشنبـیری لەلایەن منداڵانەوە. وۆرکشـۆپ و کۆڕ و سیمینار دەربارەی کتێب و ئەدەبی منداڵان.
سەردانی بەشی منداڵان لە کـتێبخـانە گـشتییەکاندا. خوێنـدنەوەی کـتێبی چـیرۆک بە دەنگەوە. باسکردنی ژیان و نووسینەکانی هانز ئەندەرسۆن و نووسەرانی تر،..هتد.
هەروەهـا لە زۆربـەی قـوتـابخـانە بنەڕەتییەکـان و لە کـتێـبخانە گـشتییەکانـدا، یادی رۆژی جیهانی کـتێب بەرز ڕادەگیرێـت. چالاکیی رۆشـنبیری و ئەدەبی و خوێنـدنەوە رێکـدەخرێن. کە مامۆستاکان و قـوتابیەکان و چیرۆکخوانەکان بەشدارییان تێادەکەن.
هەندێک لە کـتێـبفـرۆشەکانیش لەم رۆژەدا، داشکاندن بۆ کـتێبەکانی منـداڵان دەکەن.
مەبەست و گرنگییەکانی رۆژی جیهانی کـتێـبی منـداڵان چـین؟
بێگومان زۆربەی ئەو زانست و زانیارییانەی کە دەیانزانین، لە کێبەوە فێریان بووین و وەرمـان گـرتـوون. کـتێب گـرنگـترین هـۆکاری رۆشـنبـیری و زرنگی و زۆرزانـیـمـانە.

(تـۆمـاس جـیـفـرسـۆن) دەڵـێت:” مـن نـاتـوانـم بەبـێ کـتـێـب بـژیـم”.
(هـێنری میللەر) دەڵێت:”کتێب تەنیا هـاوڕێ نییە بەڵکو هـاوڕێشمان بۆ دروستدەکات”.
(لـیـنی هـێـنری) یـش دەڵـێـت:”تـۆ فـێردەبـیـت.. چـونکە تـۆ کـتـێـب دەخـوێـنـیـتـەوە”.

کـتێب رۆڵـێگی گرنگ و گەورەی هـەیە لە گەشەکردن و پەروەردەکردن و لە راهـێنانی ئەقـڵ و دەروون و لە زاخاودانی هـۆش و بیر و هەستی منداڵان. رۆژی جیهانی کتێبی منـداڵان دەیەوێـت، سـوودەکانی خـوێنـدنەوەی کـتـێـب، بە بیـری منـداڵان بهـێـنـێـتەوە:
١ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان، هـانـدانی منـداڵانە بۆ زیاتر خوێندنەوە. ئەرکی دایکان و باوکان و مامۆستایانە، کە هـانی منـداڵان و قـوتابییەکانیان بـدەن، کە ببن بە هـاوڕێ هەمیـشەی کـتێـب و هـۆگری خوێنـدنەوە ببن و خووی پێـوەبگـرن، هـەمـوو رۆژێکیان رۆژی کـتێب بێت. خوێنـدنەوە ببێت بە کولتـوور و بە پێویستییەکی ژیـانی رۆژانەیـان.

٢ـ هـاوسـۆزی و خەیـاڵی خوێنـدنەوەی کـتێـب، منـداڵان رووبـەڕوی ئاسـۆیەکی نـوێ دەکاتەوە. خەیاڵ و کـنجکاوی منداڵان دەورووژێنێـت و فـراونتر دەبن. هانیان دەدات و فـێری بەهـا جـوانەکانیان دەکـات. بە شـتی نـوێ ئاشـنایان دەکات. کاریگەریی ئەرێنی ئـەدەبی لەسـەر منـداڵان گـەشـەدەکـات. ورەی منـداڵان بـەرزتـر دەکـاتـەوە و بـاری دەروونیان باشتر دەکات. ئارەزووی گەڕان بە دوای جیهانی دەوربەریان بکەن. فـێری بیـرکـردنەوە و داهـێـنانیـان دەکـات. هـەمـوو ئەمـانە، کارامـەیی بنـەڕەتین کە رێگایان پێـدەدات، گەشـەبـکەن و بـبـنە گـەورەسـاڵانی هـۆشـیار و زیـرەک و مـیهـرەبـان.
٣ـ خوێندنەوەی کتێب، یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی توانی وشەسازی، لە رێکەی خوێندنەوەوە، بـڕی ئەو زاراوانەی کە منـداڵان بەکاریان دەهـێنن، زۆرتـردەبن.
٤ـ خوێنـدنەوە راهـێنانێکی گرنگە، بۆ مێشک، زاخاوی بیر و هـۆشیان دەدات. مێشک سەرقـاڵ دەکات. رایـدەهـێنێـت بـۆ ئـەوەی بتـوانێـت پەیـوەنـدییـە دەمـارییەکـانئ باشـتر دروسـت بکات. بە تایبەتیـش کـتێـبی وێنەیی رەنـگاوڕەنـگ، زیـاتر گەشـە بە مێـشکی منـداڵانی بچـووک دەکـات.
٥ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان، هاندانی بڵاوکردنەوەی کتێبی کوالیتی بەرزی منداڵانە، بە تایبەتیش لە وڵاتـانی تازەپـێگەیشتوو. پاڵـپشتیکـردنە لەو کەسانەی پەیـوەنـدییان بە منـداڵان و بە ئەدبیـاتی منـداڵانەوە هـەیە.
٦ـ رۆژی جیهـانی کـتێبی منـداڵان، رۆژێکی ئیـلهـامبـەخـش و هاندانی هـۆشـیارییە، بۆ خۆشـەویستی خـوێنـدنەوە و سەرنجـڕاکـێـشان بۆ کـتێـبی منـداڵان و بـۆ رۆڵی بـەرزی نووسەرانی ئەدەبیاتی منـداڵان.
٧ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان هاندانە بۆ لیکۆڵینەوە و تۆژینەوەی زانستی پەیوەست، بە منـداڵان و بە ئەدەبیاتی منـداڵان. بۆ بانـگەشـەکـردن بۆ کـتـێـبە نـوێیەکـانی منـداڵان.
٨ـ لە زۆر لە قوتابخـانەکانی وڵاتانـدا، لە رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵان. هەنـدێک لە منـداڵانی خـوێنەرانی کـتێـبە وێنەییەکـانی منـداڵان، شـێوازی جـلـوبـەرگی پاڵـەوان یان کارەکتەرەکـانی کـتـێـبە دڵخـوازەکـانیان لەبەردەکـەن و وێنەیـان پێـوەدەگـرن.
٩ـ لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، خوێندنەوە بۆ چێژوەرگرتن، گەورەترین نیشاندەری سەرکەوتنە لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهاتوودا. بەداخەوە کە خوێنـدەواری نەخوێندەوارمان زۆرن. تەنهـا بە بـوونی کـتـێـبخـانەیەک لە ماڵەکـانتـانـدا نـابـن بە خـوێنـەری راسـتی.
زۆری ژمارەی کتێب لە کتێبخانەکانتاندا، پێوەرنین بۆ ئەوەی خوێنەربیت، بەڵکو چەند کتێبت خوێندۆتەوە و سـوودت لێـوەرگـرتـوون، خـووگـرتن بە خوێنـدنەوەوە پێـوەرن.
(جـۆزێـف برودسکای) دەڵـێت:”ئەو تاوانەی کە لە سوتانـدنی کـتێب مەتـرسیدارتـرە، نەخـوێنـدنەوەیـەتی”.
١٠ـ کـتێـبی باش، بـڕوا و متمانەبەخـۆبـوون و هـیوا و گەشــینی و ئازایەتی ئەدەبی
بە منـداڵانی خوێنـەر دەبەخـشـێـت. دەبـن بە کەسـایەتیی هـاوسەنـگی سەرکـەوتـوو.
ئەوانە و چەنـدیـن سـوودی تـر، لە ئامـانجـەکانی رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵانـە.
دایکان و باوکانی دلـۆڤـانی کورد، مامۆسـتایانی دڵسـۆز و خـۆڕاگـر. هـەرچەنـدە کە کوردستانی نیشــتـمانی پیـرۆزمـان، رووبـەرووی کـۆمـەڵـێک کـێشە و نەهـامـەتی و نەبـوونی و سەختی ژیـان و گوزەران بـووتەوە. بەڵام بۆ دەبێت منـداڵە بێنازەکانمان باجی شکـستییەکانی دەسەڵاتـدارانی نابەڵـەدی دەسەڵات قـورخکردووی کوردسـتان بدەنەوە؟ لە چـێژ و لە خۆشیییەکانی ژیانی منـداڵییان بێەشبن؟ گوناه و تاوانی کێیە؟
ئایا زۆربەی دایکان و باوکانی کوردستان، پارەی ئەوە لە گـیرفـانیاندا هەیە، کە لە رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵان، کـتێـب و گۆڤـاری جـوان بۆ منـداڵەکانیان بکـڕن و پـێـشکەشـیان بـکەن؟ ئـۆبـاڵی ئـەم منـداڵە بێـنازانـەمـان، لە ئەسـتۆی کـێ دایـە؟؟
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




تێکەڵاو.. شیعری نەوزاد بەندی

کە دوکاندارەکە پێم ئەڵێ :
(مام حاجی ) !
لە پڕ تاسێک ئەمباتەوە و
دڵم له خۆم دا ئەمێنێ ..
من هێشتا حەوت ساڵانم و
لەو ساوە چاوەڕێم باوکم
پاسکیلێکی دوو تایەم لە لای یوسفی عەبەکە ،
بۆ بێنێتەوە ..
بڵێی
چاوەڕوانی پاسکیل ، ئەوەندە دوور و درێژ بێ ؟!
هێشتا لە ناوەندی کاوەم ،
چاوەڕێم سەڵاحی فەڕاش ،
کارتی نمرەکان دابەش کا و
یەکی نیو دیناری بەینێ ..
لە هەورەبانەکە ، هێشتا ،
چاوەڕوانم
دوا دڵۆپی
ئای چەندم خۆش ئەوێکەی ناسڕ ،
لە تەسجیلی مارکەی ناشناڵ ،
بۆ تەسجیلی مارکەی سانکیو ،
لە کاسێتی ئۆرجیناڵی
ماڵی خالیدی بازرگان ،
بۆ کاسێتێکی بەتاڵی ماڵی خۆمان ،
بگوازرێتەوە ..قەیناکا گەر دەنگی ماسی فرۆش و بانگی عەسریش ،
تێکەڵی دەنگی ناسڕ بێ ..
( نرخی کاسێتی ئۆرجیناڵ : یەک دینار و ..
نرخی کاسێتی بەتاڵیش : حەوت پەنجایی ! )
ئاخر ئیتر مام حاجی چی ؟

٭ ٭ ٭

تۆ ،
ئەی پۆڕە خوراوەکە !
برنجە گەرم کراوەکە ..!
ئەی چا و قاوە هەزار جار کەپر کردووەکە ..!
هەمووی خەیاڵ بوون،
هەر هەمووی ..
ڕۆمیۆ و جولێت ..
شیرین و فەرهاد ..مەم و زین..
سوودی نییە ،
ئەگەر لەناو فڕۆکەیشا ،
یەک ببینین ..!
لەو سەری دنیایش دابەزین ،
سوودی نییە !

٭ ٭ ٭

ئەوەندە چاودێری ووردی
خستبووە سەر کیژۆڵەکەی ،
ووتی : بابە !
واملێهاتووە
شویش بکەم ،
مێردم لێم نزیک بێتەوە ،
تەلەفۆنت بۆ ئەکەم و
ئەقیژێنم :
خێرا..باوە ،
فریام کەوە ! ..
ساعدوني
HELP .. HELP

٭ ٭ ٭

کۆیلایەتیی گەیشتە ئاستێ ،
بڵێن موچە ڕەنگە بدرێ ،
ئەیکەن بەهەڵپەڕکێ و سەما ،
یا ڕەببی خوا بتانبڕێ !

٭ ٭ ٭

کە تەنیا بووی ، بە تەنیا بووم ،
کە یەکمان دی ،
تەنیاتر بووی ، تەنیاتر بووم ..
ئەمجارە یەکتر جێبێڵین ،
تەنیایی هەردووکمان ئەکوژێ !!

٭ ٭ ٭

کاتێ بە ماڵ و مناڵەوە گەشت ئەکەی ، وەک ئەوە وایە ڕەشەبایەک خانۆکەتانی لەگەڵ خۆی
هەڵگرتبێ .. و
لە جێیەکی تر داینابێ ..

٭ ٭ ٭

ٚئێمە کە ئازاری هەموو گیاندار و
درەخت و بێگیانێک ئەدەین بەبێ هۆ ، ئامادەیشین ، کام دیکتاتۆرە خوێڕییە
بێ و هەرچۆنێک کە بیەوێ ، ئازارمان با ..

٭ ٭ ٭
کۆشکەکەت چەند گەورە و جوان بێ ،
چەند ژوورێکی تیایە ، تایبەت
بە میز کردن ! ..
عەترەکەت چەند شاهانە بێ ،
تۆزێکی تر خۆت وون ئەکەی ،
ئەچی بۆ ژووری میزکردن ..!

٭ ٭ ٭
زیاد لە ڕادەی پێویست ،
ماڵەکانی خۆتان پاک دەکەنەوە و ..
لە حەیوان خراپتریش ، شەقام و شوێنە گشتییەکان پیس دەکەنەوە ..
ئەمە لە دەروونزانیدا ، شیزۆفرینیایە و ..
لە ئاییندا پێی ئەوترێ : نیفاق ..

٭ ٭ ٭

جاران نووسەرێک بمردایە ، دەستنووسەکانیان ساغ دەکردەوە وپێشەکییان بۆ ئەنووسی ، ئێستا هێشتا زیندوویت ، دەستنووسەکانت ئەدزن .

٭ ٭ ٭

ژیان تامی نوقوڵی ترش و شیرینی ئەبەخشی ،
کاتێ قارسی پانتۆڵەکانمان دادەدایەوە و
ئوتومان ئەکردن ..
چەند خەتێکی کاڵ و تۆخی بەجێ دەهێشت ..
ئاخر باڵامان بەرز ئەبوو ..!

٭ ‌ ٭ ٭
من ئێستایش ،
کە دەزووی کۆلارەیەک ئەپچڕێ ،
چوار کۆڵان بە دوایدا ئەگەڕێم ..

٭ ٭ ٭
ئەم کۆمەڵگایه هی ئەوەیە
یەک ڕۆژی تێدا بژیت و
جێی بهێڵیت ..

٭ ٭ ٭

سبەینێیش لای سەمونخانەی سان فڕانسیسکۆ ..
یان لەبەردەم دۆندرمە فرۆشی ئیسپانیا ..
لە تەنیشت سەروپێخانەی بۆینس ئایرس ..
لە بەرامبەر کڵاش فرۆشی ئەستەمبوڵ ..
پشت سەرتاشخانەکەی پاریس ..
لای بایعیی لەندنەوە ..!
گەر بتبینم ،
هاوکێشەکان هیچ ناگۆڕێن ..
هەر وەک خۆیان ئەمێننەوە ..

٭ ٭ ٭

لێکدانەوەی ووشەکان :
تا دوا دڵۆپ خوێن بۆ نیشتمان = تا دوا دڵۆپ نەوت بۆ گیرفان .