ڕەهەندی مێژوویی لە نێو پەند و قسەی نەستەقی کوردیدا.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

“خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ پەندو قسەی نەستەق، بە هیوای گفتوگۆ و ڕەخنە لێگرتن”

پێشەکی:
هیچ دەقێکی فۆلکڵۆری نییە، چ دریژ بێت و چ کورت، لە نێو زەمەنێکدا نە گوترابێ و بۆ زەمەنێک و چەندان زەمەنیش نە گواسترابێتەوە، کەواتە هەموو دەقێکی فۆلکڵۆری ڕەهەندێکی مێژوویی لە ناوە خۆیدا هەڵگرتووە و بەرهەمی مێژوویەکی تایبەتیشە.جا دۆزینەوەی ئەم ڕەهەندە مێژووییە و زەمەنەکەی ، بۆ لێکۆڵەر و توێژەر، کارێکی زەحمەت نییە ، کە ڕەنگ بێ ئەمە زەمەنە ئاست و مەودای شەو و ڕۆژ و مانگ و ساڵ، بگرە سەد و هەزارە شی تێبکەوێ.
دەکرێ ڕەهەندە مێژووییەکەی دەقی فۆڵکلۆری، لە ناوەوەی خودی دەقەکە دابێ، کە زمان و واتای دەقەکە دەگرێتەوە، دەشکرێ هەندێ جار، لە دەرەوەی دەقەکە دابی کە لێرەدا مەبەست لە فەلسەفەی دەقەکەیە. چۆن؟ دەقی فۆلکڵۆر لە نێوەندە زانستییەکان بە “حیکمە ” ناوزەند دەکرێ، حیکمەش بەشێکە لە فەلسەفە. کەواتە گەڕان بەدوای فەلسەفەدا لە دەقی فۆلکلۆریدا ، کارێکی زانستیی مەتمانە پێکراوە.
لەم لێکۆڵێنەوە یە دا، کە تایبەتە بە (پەند و قسەی نەستەق)، سەرەتا پێویست دەکات پەند و قسەی نەستەق بە شێوازێکی تازە پێناسە بکەین، پەیامگر، بتوانێ بە ڕوونی و بێ چەندوچوون، ئەو دووانە لێک جودا بکاتەوە. لەبەر ئەوەی کە:
1) تا ئێستا تێکەڵییەکی لێڵ و ئاڵۆز، لە نێوان هێندێ لە دەقەکانیاندا دەبینرێ.
2) کتێب و سەرچاوە هەیە و لەژێر ناوی “پەندی کوردی” کۆکراوەتەوە و چاپکراوە، ئەو دووانەی لێک جیا نەکردووەتەوە.
3) لە هێندی بەرهەمدا “گۆتەی خەڵک” و “گۆتەی ناوداران” یشیان تێکەڵ کراوە.
4) ئەم جیانەکردنەوەی زانستییانەی ئەو دووانە، جگە لە ئاستە میللەیەکدا، ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە، هێندێ ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا.
تەنانەت، لە نێو کتێبی (پەندەکانی پیرەمێرد)ی گەورە شاعیری کوردیش، ئەم تێکەڵییە دەبینرێ. بێگومان کتێب و سەرچاوەی متمانەپێکراو و پەسندیشمان لەبەردەست دایە، بۆ نموونە، کتێبی (پەندی کوردی و چێڕۆکەکەی)ی “عومەر شێخەڵلا دەشتەکی” و کتێبی (مشتاخا چیا ژ گۆتنێن پێشیا)ی ” مەلا مەحمودی دێرشەوی”.
بەداخەوە هەندێ نووسەر لەگەڵ ئەوەی کە زۆر ماندووبووین و شەونخۆنیان چێژتووە، لێ زور وردبینی و تێڕامانی ورد لە چاپکراوەکانیاندا، لە مەر لێکجوداکردنەوەی پەند و قسەی نەستەق نابینیرێ. هەر بۆ نموونە نووسەرێکی بەڕێز، کتێبێکی لە ژێر ناوی (لێکدانەوەی هەزار پەندی کوردی – ٢٠١٥) بڵاوکردووەتەوە، کەچی لەو هەزار پەندەی باسی کردوون، کەمترین ژمارەی پەندیان تێدایە. ئەفسووس! ئەم جۆرە کتێبانەش لە کتێبخانەی کوردیدا ژمارەیان کەم نییە!
پەند وەکو دەستەواژە و گۆتەی خەڵک بە چەند شێوەیەکیش بە کار دێت :
پەندێکی بە سەر هات ، نە بیتەوە : واتە کەسێك بە سەرهاتێکی ناخۆشی بە سەرهات و بەسەرهاتەکە (پەند)ێکی لێکەوتەوە، ئەو بەسەرهاتە ناخۆشە بەسەرکەس نە یەت لە ناخۆشی دا ، بەردەوام ئەو بەسەرهاتە وەک چیڕۆک بۆ پەند لێوەرگرتن دەگێڕدرێتەوە .
دەتکەم بە پەند : کەسێک لە یەکێک توڕەدەبێ و گەفی لێدەکات و پێی دەڵێ .. بەسەرهاتێکت بەسەر دێنم دەتکەم بە پەند ، بەسەرهاتەکە وەک پەند بگێڕدرێتەوە، واتە ببێت بە چیڕۆکێکی پەند ئامێز .
بوو بە پەند : واتە کەسێک بەسەرهاتێکی بەسەر هات ، هێندە ناخۆشە بەردەوام وەک پەند خەڵک دەیگێڕنەوە و دەڵێن : بوو بە پەند .
لێرەدا، کورد گوتەنی، بە پووخت و ڕەختی، دەچینە نیو باسێ “پەند و قسەی نەستەق و قسەی خەڵک و گۆتەی ناوداران، پێناسەیان دەکەین و هێلێ نێوان سنووریان، بە نموونە، دەست نیشان دەکەین:

یەکەم: پـەنـد:
با لەپێشدا، بۆ ئاسانکاری، پەندێک بە نموونە بهێنینەوە، ئەوسا بچینە نێو بابەتەکە:
پەندێکی هەیە کوردی دەڵێ:
“پا پای کەرە، چنگ چنگی مەیاسە
سـەرم سـوڕماگە لەی کـار و باسە!

ئەم پەندە چۆن دروست بووە؟
دەگێڕنەوە، بووک و خەوسووێک مەڕدار بوون و لە گوندێک دەژیان ، بوکەکە مەگیرانی دەکات و زۆری حەز دەچێتە (ڕوونەکەرە)، بەڵام ، خەسووە ڕەزیل و قرچۆکەکەی، ئامادەنابێ و لێناگەڕی ئەو بووکە قشتیلەی، زادی ڕوونەکەرە بێنێتە سەر لێو. کار وا دەمێنتەوە، تا ڕۆژێک، خەسوو، بۆ پرسەیەک لە گوندێکی درواسێیان لە ماڵ دەردەچێ؛ ، بەڵام پێش ئوغرکردنی، دەچێ، ئەو ڕوونەکەرەی هەیانە لە نێو مەنجەڵێکدا بە بنمیچی ژوورەکەیدا هەڵدەواسێ و ئەرزی ژوورەکەش بە قوڕێ جوان جوان سواغ دەدا.
جا بووکەکە کە دەبینی. ماڵ ماڵی خۆیەتی و تەنیایە، فورسەت دێنی و دەچێتە سەر پشتی کەرێک و خۆی دەگەێنێتە مەنجەڵەی ڕوونەکەرە و بە ئارەزووی خۆی چنگی لێ گیردەکا و بە دڵێ خۆی لێی دەخوا.
کاتێک خەسوو لە پرسە دەگەڕێتەوە، سەیر دەکا جێ سمی کەر بەسەر قوڕەکەوە دیارە و مەنجەڵە کەرەش، جێ چنگی بەسەرەوەیە، دۆش دادەمینێ و سەری لێدەرناکا و لەبەرە خۆیەوە دەڵێ:”پا پای کەرە ، چنگ چنگی مەیاسە ؛ سەرم سوڕماگە لەی کار و باسە!” ئەم ڕووداوە چێڕۆک ئامێزە ش ، ئەم پەندەی لێدەکەوێتەوە – کە لە قالبی دیکەشدا گوتراوەتەوە.
دەکرێ پەند بەم شێوەی خوارەوە پێناسە بکەین و بڵێن:
پەند بەرهەمی ڕووداو و بەسەرهاتێکی مێژوویی چێڕۆک ئامێزە و لە کۆتایی ئەو ڕووداوە پەندێک بەرەهەم دێت و دەبێت بە نموونەیەکی قبووڵکراو و زیندوو بۆ ڕووداوی هاوشێوەی ، پەندە کە دەگوترێتەوە ، چێڕۆکە کە نا گێڕدرێتەوە ، خەڵکەكەش بە گوتنەوەی پەندەکە ، لە مەبەستەکە تێدەگەن و دەزانن چی ڕووی داوە و مەبەست چیە !.
کەواتە پەند بەرهەمی ڕووداوی چێڕۆکئامێزی کتوپڕە ؛ دەبینین ئەم پەندە لە خراپ ڕەفتاریی خەسووەکەوە دروست بووە و هەر خەسووەکەش پەندەکەی داڕشتوە و داهێناوە ، لە فۆلکڵۆردا بە گشتی، مرۆڤە چاک و خراپەکان، جوان و ناشیرینەکان، پاشا و گەداکان، گەورەو بچووکیان هەمووان عاقڵ و شێتەکان هاوبەشن لە بەرهەم هێنانیدا.
لە شیتەڵکاریی (زەمەن)ی پەندەکەدا، تێدەگەین کە وەرز.. وەرزی بە هارە و گیا سەوزە و مەڕ و ئاژەڵ تێر لەوەڕن و شیریان زۆرە و بەرهەمە شیرییەکانیش زۆر و زەوەندن و ڕوونەکەرەپەیدا بووە . ڕووداوەکەش چێڕۆکئامێزە و کات و شوێن و ڕووداو و کارەکتەریەکانیش دیارن. بونیاتی دەقەکەش، بە دوو نێوە دێڕی شیعری ناسک، داڕێژراوە.

دووەم: قسەی نەستەق

ئەم قسەی نەستەقەی خوارەوە دەخەینە ڕوو
گەورەیی بە عەقـڵە ، بە سـاڵ نییە.
دەوڵەمەندیی بە دڵە ، بە ماڵ نییە.
ئەم قسەی نەستەقە چۆن دروست بووە؟
کە سەرنج لەم دەقە دەدەین، دەبینین دەچێتە قاڵبی قسەی نەستەق، دەردەکەوێ چەند زانیارییەکەی فڕە بابەت لە خۆ دەگرێ: “گەورەیی، عەقڵ، ساڵ – تەمەن؛ دەوڵەمەندیی، دڵ –
وەک دڵ و دەروون، ماڵ.” کە ئەوانیش لە چوارچێوەیەکی ئەدەبی پووخت و تۆکمە و مۆسیقادار و واتادار، دارێژراون. دەقەکە ڕەهەند و شیتەڵکاریی دەروونناسییانە و کۆمەڵناسییانە و مرۆڤناسییانە هەڵدەگرێ لە پاڵ تێرامان لە زمان و زمانەوانی بەرچاوی نێو دەقەکە.
گەورەیی : لێرە واتە کەسی تەمەندار و بە عومر.
عەقڵ : واتە کەسی عەقڵدارو خاوەن زانین و زانیاری وتاقیکردنەوە .
ساڵ : واتە ژمارەی ساڵەکانی کەسی بە تەمەن .
دەوڵەمەندیی : واتە کەسی پارەدارو هەبووە .
دڵ : لێرە واتە کەسی دڵکراوە و دەسبڵاو و چاوتێرو سەخی .
ئەم قسەی نەستەقە کێ گوتوویەتی؟ ئەم قسەی نەستەقە هیچ ڕووداو و چێڕۆکێکی لە پشت نییە، بەڵکوو وەک بەرهەم و لێکدانەوەی هزرێکی بلیمەتانە و کەسێکی دنیا دیتە و خاوەن ئەزموون دەخوێندرێتەوە ، تێیدا بە زەقی وردبینیی زانیاری تاکناسیی و کۆمەڵناسیی و مرۆڤناسیی و زمانزانیی تێدا دەدرەوشێتەوە. بەرهەمی ئەزموونی عەقڵێکی مەزن و لێکدانەوی مرۆڤێکی وردبین و عەقڵ بە کارهێنەرە .
ئەگەر سەرنج بدەین ئەم قسەی نەستەقەش وەک پەندەکەی پێشوو بە شیعر داڕێژراوە ، واتە پەندو قسەی نەستەق ، هەتا گۆتەی خەڵک و گۆتەی ناودارانیش هەندێ جار ، جگە لەوەی لە ڕستەی کورت و دەستەواژەی جوان داڕیژراو دەگوترێن و بە شێوەی شێعرو کێش و قافەیەش بەرهەم دێن .
لەم قسەی نەستەقە دا دوو کەسایەتیی جیا و دوو دڵ و دەروونی جیا و ئاسمان و ڕێسمان لێک دوور ، بە یەکەوە قسەیەکی نەستەقی پڕ واتا و ئاواز و ئەزموون و عبیرەتی پەسندکراو و بەجێی لەخۆیدا کۆکردووتەوە. کەواتە قسەی نەستەق بەرهەمی بیرکردنەوە و بیرتیژی و وردبینی و تاقیکردنەوە و لێکدانەوەی عاقڵانەیە.
زەمەن لەم قسە نەستەقەدا، تەمەنی دوو کەسایەتیی جیایە: پیرێک و منداڵێک – لای کەم گەنجێک. گەورەکە کە نادیارە، واباسکراوە کە (بێ عەقڵ و بێمەعریفەیە)؛ لە کاتێکدا، منداڵەکە کە ئەوەیش هەر نەناسراوە، (ئاقڵ و بە هۆش و گۆشە). گوتەکە لەسەر بنەمای گەورەیی، بێ عەقڵ و عەقڵی بچووکەوە دامەزراوە. واتە تەمەنی زۆر و عەقڵێ کەم؛ عەقڵێ زۆر و تەمەنی کەم ، کۆبوونەتەوە و لە داڕشتنێکی شیعرئامیزدا و ئەم قسە نەستەقەیان پێ بەخشیووین.

سێیەم : گۆتەی خەڵک
ڕەنگبێ، لە یەکەم خوێندنەوەیدا دەستەواژەی “گۆتەی خەڵک” پرسیارێک بورووژێنێ: ئەدی ئاخۆ پەند و قسەی نەستەقیش هەر گۆتەی خەڵک نین؟ فۆلکڵۆر هەمووی هەر گۆتەی خەڵک و مرۆڤ نین؟
دوای ئەوەی ڕۆشناییەکمان خستە سەر پەند و قسەی نەستەق، هەوڵدەدەین لێرەدا، ئەم تەمەی سەر”گۆتەی خەڵک” بڕەوێنینەوە و بەیتی مەقسەد بخەینە ڕوو.
با ئەم دوو نموونە، لە “گۆتەی خەڵک” بخەینە بەرچاو:

  • ئەو سەرەم لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە!
  • پیربوون دەرمانی نییە!

کێ گۆتەی خەڵک” دادەهێنێ و و بە کاری دەهێنێ؟

کەسێک، دەمێکە خەریکی ئەنجامدانی کارێکە، هەر کارێک بێ، ئەوانەی بە دیارییەوە ڕاوەستاون دە بێنن، کابرا زۆر خاو و خلیچ و سارد و سوڕە و پێناچێ سەر لە کارەکە دەربکا و وەک پێویست بۆی مەیسەر نابێ، جا یەکێک، پێی دەڵێ:’لالۆ، بۆ جێی برای خۆت ناکەی، کارەکەت بۆ تەواوکات و ڕزگارمان بێ؟” ئەوەیش، بە نابەدڵییە و دەڵێ:”برا، ئەوە دەڵێی چی؟ خۆ ئەمن ئەو سەرەم لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە؟!”.
دیقەت بدەنێ، ئەو گوتەیە، هیچ ڕووداو و چیڕۆکێکی لە پشت نییە، پێ ناچێ بەرهەمی ئەزموون و کارامەیی و بیرمەندیی و دنیادیتەیی بێ. پتر لە قسەی بازاڕی سادە و ساکار و ئاسایی دەچێ. تۆیش ومنیش و خەڵکی دیکەش، دەتوانن شتێکی لەو تەرزە بڵێن و دارێژن.واتە نە بەسەرهاتێکی چیڕۆک ئامێزی لە پشتەو نە پێویستی بە تاقیکردنەوەو وردبینیەکی زۆر هەیە !

لە گوتنی “پیربوون دەرمانی نییە.”، دیسان کەسێک کە پیریی و نەخۆشییەکانی، تەنگی پێ هەڵدەچنێ و هەرچەندی دەکەن داو ودەرمان و چارەیەکیان وەدەست نەکەوێ، لەو پیرییە و لەو نەخۆشییانە، دەربازی بکات. جا کەس وکارو خزم خوێش دەڵێن، هیچ نەما بۆی نەکەین، هیچ عیلاج و چارەی نییە، چیبکەین پێرییەو دەرمانی نییە!
دەبینین ئەم گۆتەیەش، پێویستی بە ڕووداوێکی چێڕۆکئامێز و عەقڵی ئەزمووندار و هۆش و گۆشی پڕ مەعریفە و بیرمەندیی نییە. هەرکەس دەتوانێ قسەی وا بکات و ڕۆژانە گوێمان لەو جۆرە ڕستە و دەستەواژانە دەبێ.

بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەی کە کە پیریی دەرمانی نییە و کابرا سەری لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە ، پێویستیمان بە ئەزموونی زۆر و فەرهەنگی مەعریفی گەورە و هزر و مێشکی ژییرانەو تاقیکردنەوەو گەڕانی زۆر نییە. هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی تێگەیشتن دابێت، ئەمانە دەزانێ و لە کاتی پێویست بەکاریان دەهێنێ و دەیانڵێتەوە !

چوارەم: وتەی ناوداران

وتەی ناوداران، ئەو وتە جوان و واتادار و تۆکمە و پڕ عیبرەت و ئەزموونەن، کە هەموومان بە حەزەوە دەیان خوێنینەوە ە و لە ژیانی ڕۆژانە و لە بواری ئەدەب و مەعریفە و زانستدا بەکاریان دێنین، خاڵی درەوەشاوەی ئەم وتانە ئەوەیە، دەزانرێ هێ کێنە و خاوەکانیان ناسراون، جا هێ سەردەمە دێریننەکانی مێژوو بن یان هی ئەم سەدەمەی ئێستای خۆمان بن.
واتا فەرهەنگیی ئەو وتانە ، گەورە و فراوانن، لە ناوئاخنی کتێبە ئاسمانییەکان و فەرموودەی پێغەمبەران و بگرە تا قسەی زانا و دانا و و فەیلەسوف و بیرمەند و شاعیر و هونەرمەند و سیاسی و کەسە دیار و ناسراوەکانی مێژووی دێرین و سەردەم دەگرێتەوە. بێگومانە ئەم گوتارانەش بەرهەمی ژییری و ئەزموون و هزری قووڵ و تێڕوانینی ئەوانە بۆ ژیان و بوون و مەرگ و گەردوون… تاد. لەگەڵ ڕۆژگاردا ئەو گوتانە گەیشتوونەتە خەڵک و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا دووبارەیان کردوونەتەوە. دیارە نموونە هێنانەوە بۆ ئەم بەشە (وتەی ناوداران) کارێکی ئاسانە زۆر پێویست بە ماندووبوون ناکات، ڕۆژانە لە گفتوگۆکاندا گوێمان لێیان دەبێت و لە نووسینەکاندا دەیانخوێنینەوە.

با بە یەک نموونەی گوتەیەکی ئەدیب و شانۆنووسی ئایرشی(ئایرلەندی) ناودار برناردشۆ، ئەم بڕگەیە دەوڵەمەند بکەین کە دەڵێ:

:”سەرمایەداری وەک سەرو ڕێشی من وایە، زۆری لەبەرهەم ، ناڕێکی لە دابەشکردن.”
لەمەشدا ئەو زاتە مەبەستی سەروڕیشی خۆیەتی، کە سەرێکی ڕووتاوە و ڕیشێکی پان وپۆڕو درێژو پڕ مووی هەبۆوە.

دەربارەی زەمەنیش لەم گۆتەیەی بەرناردشۆدا، دەکرێ بڵێین: زەمەن، سەردەمی ژیانی برناردشۆو سەرهەڵدان و گەشەسەندنی دەسەڵات و دەستکەوتی مەزنی سیستمی سەرمایەدارییە لە ڕۆژاوا دا. لێ، ئێستا هەر بستێکی ئەم جیگایانە دەگرێتەوە کە سیستمی یان ڕژێمی سەرمایەداریی تێیاندا باڵا دەست بێ: کۆکردنەوە بەرهەمێکی زۆر و دەست بەسەرداگرتنی ئەو دەستمایە زۆرە، لە نێو چەنگ و قاسە و ژمارە بانکی چەند کەسێک و تاقم و دەستەیەکی بچووکدا کۆبووەتەوەو بەشیکی خەڵکیش لێی بێبەشن !


چەند نموونەیەک لە پەند و قسەی نەستەق و ڕەهەندە مێژووییەکانیان:

یەکەم: “بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.” (١*)
ئەمە قسەی نەستەقە.
ئەگەر بتەوێ باوەڕ بە کەسێک بێنی کارێکی بچووک و خێرا و کەمخاییەن ئەنجام بدا و ئاکامەکەی چاک بێ با بۆ کاتێکی کورتیش بێت ؛ یان ئامۆژگاری کەسێک بکەی لە ڕووی پاک و خاوێنی و پاگژیدا، ئەوا دەکرێ، پەنا بۆ ئەم قسەی نەستەقە کوردییە ببەیت و بڵێت:” بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.” بێ گومان ئەمە قسەی شوانێکە ، جا چونکە شوان مەڕ و بزنناسە ، بەوەی زۆرترین کاتی ڕۆژگار لەگەڵیاندا بەسەر دەبات و سەرنجیان لێدەدا و شارەزایانە. دیقەتی داوەتێ کە شەو لەو دەشت و دەرە دەمێنەوە ، پێش ئەوەی بزن پاڵ کەوێ بە سمەکانی هێندێ خەرێکی زەوییەکە دەبێ و جێگەی خۆی خۆش دەکات. ئەمەش کردەیەکی خۆرسکانەیە، چونکە ئەو ئاژەڵە کەم تووکە و زەوی ڕەق و تەق و زیخاوی و بەردین ئازاری جەستەی دەدەن، هەوڵدەدا نەختێ شوێنەکەی خۆی خۆش کات، بۆ ئەوەی بۆ ئەو شەوە خەوێکی خۆش بکات ، چۆن بزن هەرشەوەی لە ئاقارێک دەلەوەرێندرێت .
زەمەنی پەیدا بوونی ئەم قسەی نەستەقە:
من وای بۆ دەچم ، مێژووی ئەم قسەی نەستەقە زۆر کۆن بێ، بۆ سەردەمی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاژەڵداری بگەرێتەوە ، دوای بەجێهێشتنی ئەشکەوت و پێش نیشتەجی بوونی مرۆڤ لە گوند و ئاوایدا، چونکە چاخی شوانکارەیی بە شێوە سەرەتاییەکەی زۆر پێش سەردمی نیشتەجیبوون و بونیاتنانی شارەسانییەت بووە.
ئەگەر لە چێڕۆکی (مەڕۆکە و بزنۆکە)ی فۆلکڵۆریی کوردی ورد بینەوە، دەبینین ، بزن داوا لە مەڕ دەکات بۆ ئەوەی پێکەوە خانوو دروست بکەن پێش ئەوەی زستان بێت و بەفر و باران دابکات، بەڵام؛ مەڕ شانازی بە خورییە زۆرەکەی خۆیەوە دەکات و بێ باکە، گوێ ناداتە داوایەکەی بزنۆکەی هاوڕێی. کاتێک وەرزی بەفر و بارین دێ و مەڕە بەرگەی سەرما ناگرێ و دەچێتە بەر قاپی بزنۆکە و داوای لێ دەکا جێی بکاتەوە، بزن هەر خۆشی تێناگەێنی و مەڕی گێژ و وێژ لەو ناوە لەسەرمان ڕەقهەڵدێ و مردار دەبێتەوە. هەمووشمان لە پەیامی چیڕۆکەکە تێدەگەین و دەزانین ئەنجامی مەڕەکە چۆن بووە!
لەم قسەی نەستەقە و چێڕۆکی(مەڕۆکە و بزنۆکە) یە ، دەبینین کە ( بزن) کارەکتەری کارکردن و بەکارهێنانی عەقڵە و پێشبینی داهاتووکردنە و کاریشی بۆ دەکات، لە قسەی نەستەقەکەش دا بزن بۆ(شەوێک) جێگای خۆی خۆش دەکات و بۆ( زستان و تەمەن )ێکیش لە چیڕۆکەکەدا خانوو دروست دەکات؛ ئەنجامی پێشبینییەکەی دەرکەوت کە زستان هات و بەفر و باران دای کرد و سەرما دەستی خۆی وەشاند، مەڕ بەرگەی نەگرت و چووە بەر دەرگای بزن و پاڕایەوە جێگای بکاتەوە تا لە سەرما نەمرێت؛ بەڵام؛ بزن ئەوەی هاتەوە بیر کە هاوێن داوای لێکرد پێکەوە خانوو دروست بکەن، کەچی مەڕ بە قسەی نەکرد و پشتی بە خووریە زۆرەکەی خۆی بەست، ئێستاش بزن دەرگای لێناکاتەوە، ئەوەبوو مەڕ لە دەرەوە مایەوە و دواجار سەرما ڕەقی کردەوە.
ڕەهەندی زەمەن لە “بزن بۆ شەوێک جێگەی خۆی خۆش دەکا”:

  • بزن بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات . پێشبینی خەوتنی – شەوێک – ە و هەوڵدانە بۆ بە ئاسودەیی پاڵ کەوتن و بە خۆشی خەوتن لەم شەوەدا.
  • لە چێڕۆکی مەڕۆکە و بزنۆکە: دوو کارەکتەر، دەکەونە بەرامبەر یەکتر: مەڕ و بزن. یەکیان عەقڵ بە کاردێنێ و پێشبینی داهاتوو دەکات کە بزنە. ئەوەی تریان بە خووریە زۆرە کەی دەنازێ و عەقڵ بەکارناهێنێ و پێشبینی داهاتوو ناکا و سەرەڕای ئەوەش بە گوێی بزنیشی ناکات ؛ دەرکەوت ئەنجامەکەی چی بوو، مەڕە سەری خۆی لەسەردانا. بزنیش پێشبینی داهاتووی کردووە و عەقڵی بەکارهێناوە و چارەسەری بۆ بەفر و باران و سەرمای زستان دۆزیوەتەوە و بە کردەوە خۆی پاراست و لە ژیان بەردەوام بوو.
    شیکردنەوەی: قسەی نەستەقی : بزن بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات:
    بزن : گیاندارێکی زیندووە و جێگای مرۆڤی گرتووەتەوە.
    بۆ شەوێک: هێمایە بۆ زەمەنێکی کورت ، کە – شەو – ێکە.
    جێگای خۆی: واتە شوێن، تایبەتە بۆ بزن لە شەوێکدا. ماڵی خەوتنە وجێگایەکی ئارامە .

خۆش دەکات: کارکردنە بۆ ئەوەی ئەم شەوە بە خۆشی و ئاسودەیی بخەوێ، خۆشی بە مانای لەززەتی ژیان دێت بۆ خەوی تەنیا شەوێک .
لەم قسەی نەستەقەدا چەند فەلسەفەیەکی (کات) و(شوێن) و (کارکردن) و(لەززەت)ی( ژیان) کۆکراونەتەوە؛ بە واتایەکی دیکە، هەر یەک لەم وشە و ناوانە سەر بە فەلسەفەیەکن.
ئەفلاتون لە بارەی (کات ) و (جێگا) وە دەڵێت: “کات ئەو ماوە پێویستەیە بۆ جووڵەی ئەستیرەکانی ئاسمان.” لەم قسەی نەستەقەدا، کات پێویستە بۆ کارکردنی بزن و گەیشتن بە خەوی ئاسودە، لە شەوێکدا!
ئەرستۆش لە بارەی (شوێن– جێگا) وە دەڵێ: “جێگا ئەو شوێنەیە کە شتێک لە خۆ دەگرێ.” لەم قسەی نەستەقەشدا ، جێگا ئەوەیە کە بزن شەوێک بە ئاسودەیی تێیدا دەخەوێ.
لەم قسەی نەستەقەدا( کات )ئەوەیە، کە بزن بۆ( شەوێک) لە جێگایەک دا بە ئاسودەیی بخەوێ، بۆ ئەوەی لەم شەوەدا ئاسودە بێ و (لە ززەت) لە چرکەساتی خەو وژیانی ئەو شەوە ببێنێ ؛ هەر بۆیە (کار )دەکات بۆ ئەوەی ئەو شەوە بە ئاسوودەیی بخەوێ !
شوێنیش ئەو (جێگا)یەیە ، کە بزن خۆشی دەکات بۆ ئەوەی شەو تێیدا بە خۆشی بخەوێ.
هەروەها ئەرەستۆ لە بارەی کارەوە دەڵێت: “ئەو کارەی کە دەبێتە هۆی مەیسەر کردنی کاری بە کۆمەڵ، دەبێتە هۆی وەدەستهێنانی ئامرازەکانی بەختیاریی بۆ تاکی کۆمەڵگە.”. ئەو کارەی کە بزن کردوویەتی، هەرچەندە بە تەنیاش بوو، بووەتە هۆی بەختیاریی خۆی وەک تاک ، کە هەندێجار بەختیارییەکە ماددییە و هەندێ جاریش مەعنەوییە. لێر بۆ بزن کارەکە، هۆی بەختیاری ئاسودەیی بوو، واتە مەعنەوی بوو. بەڵام مرۆڤەکان لە نێوان خۆیان دا جیاوازن، هەندێکیان کەم ئاوەزن و هەندێکیان بە هێز و عاقڵن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەریەکەیان کاری جیاواز لەوەی تر بکات و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی شارستانی پێک دێت، لێرەش لە چیڕۆکی٠) مەڕۆک و بزنۆکە ) بینیمان بزن و مەڕ لە بە کارهێنانی عەقڵدا جیا بوون و ئەنجامە کەشیان وەک یەک نەبوو!
زەمەن لە دەقی “بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.”
زەمەنی ناوەوەی یەک – شەو – ە، کە بزن کاری تێیدا کرد و گەیشت بە ئاسودەیی.
زەمەنەی دەرەوە یان مێژووی دروستبوونی قسەی نەستەقەکە، بە لێکدانەوەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکەمی سەرهەڵدانی شوانکارەیی و دروستکردنی خانوو و گوند کە (دە هەزار) ساڵێک پێش زایینە. ئەمەیش هاوزەمەنە لەگەڵ چیڕۆکی مەڕۆکە و بزنۆکە، کە چێڕۆکە کە بە – هیما – باس لە دروستکردنی خانوو دەکات بۆ یەکەمینجار و لە وێشدا مەڕ و بزن وەک دووکارەکتەرن لە جیاتی مرۆڤ ڕۆلێان بینیوە.
پێناسەیەک بۆ بزن …

بزن ئاژەڵێکی ماڵی کراوی مرۆڤەو مێژووێکی کۆنی لە گەڵ مرۆڤدا هەیە ، مرۆڤ سوودی زۆری لە بزن بینیوە ، شیرەکەی بە زۆر شێوە بۆ خواردن بەکاردێنێت ، گۆشتەکەی دەخوات ، موووەکەی بۆ زۆر پێویستی و کەرەستە بەکار هێناوە ، پێستەکەشی بە زۆر جۆر بە کار هاتووە ، هەتا میزو کشپلەکەی وەک پەین بۆ بە هێز کردنی زەوی و سوتاندن سوودی لێبینراوە، هەتا شاخەکەشی لە سنوورێکی دیاریکراو بە کار هاتووە . تەمەنی بزن لە نێوان دوازدە تا پازدە ساڵ دەژی .
مێژووی بزن ، زۆر بە سەر چاوەکان ئەوە دەسەڵمێنن کە سەرەتا لە ( چیاکانی زاگرۆس ) و ( کەوانەی بە پێت ) مرۆڤ بزنی ماڵی کردووە ، لە ( مێژووی بزنی ئیران ) دا هاتووە کە : ئیران یەکەمین بە ڵگەی بە خێو کردنی بزن و ماڵی کردنەکەی لە ناوچەی ( گەنج دەرە) ی شاری کرماشانە لە دەورو بەری ( دە هەزار ) ساڵ پێش زایین بە خێو کراوە ، کە ئەمەش ڕاستەو خۆ کوردستانە ، هەروەها ( مورتەزا ڕەزایی ) نوێنەری ئیران لە کۆ بوونەوەی وڵاتان بۆ دەسنیشان کردنی ( ڕۆژی بزن ) هەوڵی دا ئەو ڕۆژە بە ناوی ئیرانەوە تۆمار بکات و گوتوویەتی : ( مێژووی بە خێوکردنی بزن لە چیاکانی زاگرۆس لە ئیران بۆ پێش دوازدە هازار ساڵ دەگەڕیتەوە )(٢*)

لە ( داستانی دەموزو عەشتار )(٣) دا کە داستانێکی سۆمەریە و ڕیشەی سەرهەڵدانی بۆ سەردەمی باپیرانی سۆمەریەکان دەگەڕێتەو، بزن وەک کارەکتەرێکی زیندوو لە داستانەکە ڕۆڵ دەگێڕێ ؛ کە لە لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکاندا سەڵمێندراوە تەمەنی ئەم داستانە( دوازدە هەزار ساڵ) دەبێت و شوێنی ڕووداوەکانیش چیاکانی کوردستانە ، بە پێی لێکۆلێنەوەیەک کە ئێمە کردوومانە ، ئەو شوێنە دەموزی شەش مانگ تێیدا لە ژێر زەوی دەمینێتەوە و لە ڕؤژی نەورۆزدا دێتدەرەوە ( شاری ژێر زەمینی دێرینکۆیۆ ) (٤)ی دوازدە هازار ساڵیە یە لە کوردستانی باکوور ، دەموزی لەم داستانەدا نموونەی خوداوەندێکی شوانە ! ئەمە هە مووی بەڵگەی ئەوەن کە کوردستان وڵاتی یەکەمی بە خێو کردنی بزنە .
بزن زۆر جۆری هەیە ، لە کوردستان دوو جۆری ناسراوە ، بزنی ئاسایی و بزنە مەرەز ، مووی بزنە مەرەز بۆ دروستکردنی ڕانک و چۆغە بە کار دێت ، بزنی کوردستان بزنێکی چیاییەو زۆر چوست و چاڵاکە ، بە هۆی ئەو مێژووە دوورو درێژەی کە بزن لە گەڵ مرۆڤ دا هەیەتی ، چووەتە نێو هەموو بەشەکانی فۆلکڵۆرو هەتا ئەدەبی نووسراووتەواوی هونەرە کانیشەوە ، هەر بۆیە لە وێنەکۆنەکانی دەستکردی مرۆڤ لە نێو ئەشکەوتەکان وێنەی بزن بە ڕوونی دەبینرێ !
بزن ئێستا سەرچاوەیەکی ئابووریە ، هەر بۆیە گرنگیەکی زۆری پێدەدرێ و کتێبی زانستی زۆر لە بارەی پەروەردەی بزنەوە نووسراوە ، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە هۆی گرنگی بزنەوە ڕؤژێکی بۆ دیاری کردووە .


دووەم: “هێندەم نەماوە بمنێنە گوێزێ.”(٥*)
هونەرمەند حەسەن زیرەک لە گۆرانییەکیدا دەڵێ:
هێنـــدەم نەمــاوە بمنێنە گوێزێ
بە خۆم لێرانە یار لە تەورێزێ
نە چاو تێر دەبێ نە دڵ دەبێزێ

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەم گۆرانییە (هێندە م نەماوە بمنێنە گوێزێ.) یە ، کە لێرە مەبەستی شاعیرلە بە کارهێنانی ئەم قسەی نەستەقە ئەوەیە ، پیر بوویمە وهێندەم نەماوە بمرم و بمخەنە نێو (گوێز ، گۆز، گۆزە ، کوپە ، دەخمە، گۆڕ) ە وە کە لە کۆنەوە بە کوپەیان دەگوت دەخمە و دەخمەش وەک گۆڕ بە کاردەهات . ئەوەش لەوەوە هاتووە کە لە پێش زایین و بەتایبەت لە هەزارەی دووەمدا، مردوویان دەخستە نێو کوپە – گۆزە، ئێستاش جاروبار لە ئەنجامی پشکنینە شوێنەوارییەکان لەم جۆرە کوپانە دەدۆزرینەوە – لە مۆزەخانەی سلێمانیش دانەیەک نمایش کراوە، کە ئێسک و پرووسکی مردووی تێدایە، لەوشدا کە لە گۆرانییەکەدا گۆزە بە (گوێزێ) هاتووە، ئەم گۆڕانکاریە لە بەر پێویستی سەروای شیعری گۆرانییەکەیە .
لەم قسەی نەستەقەدا دوو زەمەن هەیە: یەکەم زەمەنی ناوەوە کە زەمەنی پیربوون و مردنی عاشقەکەیە و خستنە نیو کوپە و گۆزەیە .
دووەم: زەمەنی دروستبوونی قسەی نەستەقەکەیە، کە بەڕای ئێمە بۆ ئەو مێژوو و زەمەنە دەگەڕێتەوە کە مردوو دە خرایە نێو کوپە و ئەویش لانی کەم چوار هەزار ساڵ پێش ئێستایە.


سێیەم: “هێندەم نەماوە بمنێنە قەفەس، نە چاو تێردەبێ نە دڵ دەڵێ بەس.”
ئەمەش بۆ ئەو زەمەنە دەگەڕیتەوە کە پیرەمێرد و پیرێژنە بە تەمەنەکان دەچوونە تەمەنەوە ، ئیسک و جەستەیان هێندە ناسک دەبوون بۆ ئەوە نەدەبوون بەدەست هەڵگێڕو وەرگێڕ بکرێن ، بۆ پاراستینان لە نێو قەفەزێکی تایبەتیان دادەنان یان درێژیان دەکردن، کە پڕە لە لۆکەی نەرم و نیان ، بۆ ئەوەی هیچ شتێکیان بەر نەکەوێ و جوولەیان پێ نەکرێ و ئازاریان پێ نەگات. کەواتە ئەو دەمە لە نێو قەفەس دانان ، پێش ئەوەیە بخرێنە نێو گوێزێ ـ نێو کووپەی مەرگ.
هێندەم نەماوە بمنێنە قەفەس، واتە هێندەم نەماوە هێندە پیربم و لەدەست و پێ بکەوم و بە قەفەس هەڵمبگرن و بمگوێزنەوە! لە ئەفسانەیەکی کوردی لە کتێبی ( هێڵکەی نامێ)(٦*)، ئیمامی هەمزە کە کەسایەتیەکی سەردەمی پێغەمبەرە دەکرێتە پاڵەوانی ئەفسانەیەک کە زەمەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (شارە قەڵا – وڵاتە شار) و دوو هەزار ساڵ پێش زایین، لەوێدا ئیمامئ هەمزە هێندە پیر بووە دەخرێتە نێو قەفەس و دەبریتە خزمەت پێغەمبەر ؛ ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندی ئەفسانە ، کە (زەمەنگۆڕی و شوێنگۆڕی بە پاڵەوان و ڕووداوگۆڕی ) دەکات ! لەو ئەفسانەیە ئیمامی هەمزە هێندە پیر بووە، خستوویانەتە نێو قەفەس و بە لۆکە دەوریان داوە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بیگوێزنەوە ، حیکایەتەکە دەڵێ 🙁 چوون ئیمامی هەمزەیان هێنا ، ئیمامی هەمزە چ ئیمامی هەمزە ! هێندە پیرە لە نیو قەفەس و لۆکەیان ناوە ، پێستی چاوی بەری چاوی گرتووە ، بە( قوڵاب) بۆ یان هەڵداوەتەوە ، کەس ناناسێتەوە ئەگەر نەڵێی ئەوە فلانە ، گوێی لە هیج نابێ ، ئەگەر بۆی هاوار نەکەی ، هەر چۆنێکی بی جوون هینایان و لە تەنیشت پێغەمبەریان دانا ) ،( ل٢٥،٢٦-ب١،ب١)
زەمەن و مێژوو لە نێو ئەم قسەی نەستەقە دا:
دوو زەمەن هەیە: یەکەم زەمەنی ناوەوەیە، کە زەمەنی پیربوون و کەترەیی کەسایەتیەکەیە !.
دووەم: زەمەنی دروست بوونی قسەی نەستەقەکەیە، کە بەڕای ئێمە نزیکە لە زەمەنی – مردوو خستنە نێو گۆزە – کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین. بەڵام ، دوای هاتنی ئیسلام زمانی گێڕانەوەکە گۆڕانی بەسەر دا هاتووە !


چوارەم: “مردووێک و زیندووێکی، پێکەوە لە قەبری دەنێ.”
ئەم قسەی نەستەقە، بە چەندان شێواز دەگوترێ و دەنووسرێ، بە تایبەت کاتێ باسی کەسێکی دڵڕەق و زاڵم دەکەن. بیستوومانە و خوێندومانەتەوە، کە لە سەردەمە دێرینەکاندا، پاشا هەبووە کە مردووە ، دەست و پەیوەندەکانیشی بە زیندوویی لە گەڵدا نێژراون ، بۆ ئەوەی لە جیهانی ئەولا کە هەستانەوە وەک سەر دنیا خزمەتیان بکەن ، بە پێی باوەڕی ئەودەم ! لە کەلتووری هێندێ هۆز و ئێڵ و عەشرەتیشدا، ژنی زیندوویان لەگەڵ هاوژینە مردووەکەی پێکەوە بە خاک سپاردووە. هەرچەندە هیچ لەو ڕەوشانەمان لە مێژووی کورددا نەکەوتووەتە بەرچاو، دەڵێن لە وڵاتی تایلاند هۆزێک هەیە کە پیاوەکە دەمرێ ژنەکەشی لەگەڵ دەنێژن، هەروەها هیندیک هۆز لە هیندستان ئەوانیش پیاو کە دەمرێ ژنەکەی بە زیندوویی لە گەڵ دەنێژن !
ڕوون نییە لە کەینێووە و لە چیەوە ئەم بیرۆکەیە پەڕیوەتە نێو فۆلکلۆری کوردی؟ لام وایە ئەم قسە نەستەقە لە کەلتووری نەتەوەکانی دیکەدا وەرگیرابێ و کەوتبێتە نێو زمان و کەلتوری کوردیمان. ئێستا ئەم ڕستەیە بەردەوام لە نێو کورددا، ڕۆژانە دووبارە دەکرێتەوە، وەک دەبینین کارەکە لە داب و نەریتی میللەتانەوە بووە بە – قسەی نەستەق – لە نێو کوردەواری بە کەسێکی زاڵم و دڵڕەق دەگوترێ، ئەگەر دەستی بڕوات مردووێک و زیندووێکی پێکەوە لە قەبری دەنێ !
زەمەنی ناوەوەی ئەم قسەی نەستەقە جێگیر نییە ، زەمەنی مردنی کەسەکانە . بەڵام، زەمەنی مردوو و زیندووە لە گۆڕنان پێکەوە زۆر کۆنە و ئێستاش وەک باسمان کرد کەم و زۆرهەر بەردەوامە. پێموابێ زەمەنی بە فۆلکڵۆربوونی ڕەوشەکە، کە بووەتە قسەی نەستەق، ئەویش تازە نەبێت و مێژووییەکی کۆنی هەبێت ! لای کەم بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە.


پێنجەم: “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”
دیسان حەسەن زیرەک لە گۆرانی – سەبری – دا دەڵێ:
سەبری بە خودا و بە پێغەمبەر
بە میحرابی چــاوی ئەســـمەر
کەوتوومە گێـــژی ئەسکەندەر (٧*)
نەجات نابــم تـاکـو مەحـشەر

ئەوەی مەبەستی ئێمەیە “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”ە ، ئەم دەستەواژە پەند ئامێزە، لە چیێەوە هاتووە؟ بۆ چ زەمەنێک دەگەڕێتەوە؟ ئەوەی کە یارمەتیمان دەدات و دەبێ بە کلیلی دۆزینەوەی نهێنییەکە وشەو ناوی (ئەسکەندەر )ە، کە مەبەست (ئەسکەندەری مەقدۆنی) سەرکردەی یۆنانییە، کە لە نزیک شاری (هەولێر) و لە شەڕی ( گۆگەمیللا) لە ساڵی (٣٣١) پێش زایین (دارای سێیەم)ی، پاشی فارسی ئەخمینی شکاند. ڕووداوەکە وادێتە بەر زهن کە لەشکری گەورە و بێ ژمارەی ئەسکەندەر کە لە زۆر میللەت و لە زۆر بەش پێکهاتبوو، ئەو لەشکرە بە چەکی جۆراوجۆر لە ڕم و شێر و تیروکەوان و پیادەوە، و سوارەی ئەسپ و فیل و ڕاکێشانی گالیسکە بە مانگا، بە کوردستاندا پەرت بووە و کەسێکی ئەم وڵاتەش کەوتووەتە نیو ئەم لەشکرە زۆر و سەری لێ شێواوە و ترساوە و چەپ و ڕاستی خۆی لێ تێکچووە و گێژ بووە ، نەیزانیوە چۆن ڕزگاری دەبێت. دیارە دواجار ڕزگاری بووە و بەسەرهاتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و ئەم ڕووداو و چێڕۆکە ئەم پەندەی لێ کەوتووەتەوە. بۆیە ئێستاش ئەگەر کەسێک کێشەیەکی توش بێت و بۆی چارە نەکرێ دەڵێ: “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”

زەمەنی دروستبوونی ئەم پەندە بە تەخمین بۆ مێژووی هاتنی ئەسکەندەر و لەشکرەکەیەتی بۆ کوردستان، لە دەوروبەری ساڵی (٣٣١)زایینی دەگەڕێتەوە .
زەمەنی ناوەوەی پەندەکە زەمەنی هەمان ڕۆژی ڕوودانی کەوتنە نێو لەشکری ئەسکەندەری ئەو هاوڵاتییە کورستانیەیە ، کە ترساوە و نەیزانیوە چۆن ڕزگاری دەبێت ، کە دەڵێ ..کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر ، لە – کەوتوومە – مەبەستی ئێستای ڕووداوەکەیە و هەمان ڕۆژو مانگ و ساڵێ هاتنی لە شکرەکەی ئەسکەندەرە !
زمانی پەندەکە کە کوردی ئێستایە. ببێگومانی زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش ڕەوشێ هەموو فۆلکڵۆرە، کە لەگەڵ زەمەن زمان و زارەکەی دەگۆڕێ و ماناکەی لە نێو خۆیدا هەڵدەگرێ و دەیپارێزێ.

پەندو شوێنەوار ..
یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی پەندو قسەی نەستەق ئەوەیە کە سنووری بابەت نازانن و سەر بە ماڵی هەموو بابەتەکی ژیانی مرۆڤ دادەگرن ، سەیرکە لێرە ئەم قسەی نەستەقە کە دەڵێ 🙁 پەندی پێشینان نەقشی بەردییە !) بزانە کە چۆن قسەی نەستەق بە پەند دا هەردەڵێ وپەسنی دەکات و گرنگیەکەی دەخاتە بەر چاو ، هەر کاتێ تۆ کە دەڵێی – پەند – یان گوێت لە وشەی پەند دەبێت .. ئەوا هەست دەکەی کە باسێ بابەتێکی زۆر گرنگ دەکرێ ، واتە وشەی پەند هەر بۆ خۆی مانایەکی گرنگ و جوانییەک لە نێو خۆی دا هەڵگرتووە ، هەر ئەوە شە کە کۆمەڵگە – هەموو کۆمەڵگەکان – لە ڕابردوو و ئێستاس دا بەردەوام ڕۆژانە – پەند – بە کار دەهێنن ! ئەو بە کار هێنانە بەردەوامە واتە پەند هەرچەندە بۆ خۆی سەرەتایەکی تایبەت بە خۆی هەیە لە دروست بوون و سەرهەڵدان دا ، بەڵام هەرگیز کۆتایی نیەو هەمیشە لە نێو زەمەنێکی بێ بڕانەوە دا دەسوڕێتەوە ! کەچێ ئەم قسەی نەستەقە جارێکی تر بەوەی کە بە – نەقشی بەرد – ی دەچوێنی ، جارێکی تر نەمریی پێ دەبەخشێ و دەڵێ : پەند وەک نەقشی بەرد وایە ، چۆن نەقشی بەرد لە نێو ناچێ و هەر دەمینێتەوە ، نەقشی بەردیین بە شێکە لە شوینەوار ، پەندیش ئاوا نەمرە و بەردەوام دەمینێتەوە ! واتە بە هونەری – زمان – ئەدەب گوتن و نووسین سوودی لە – هونەری دەست – نووسین و وێنەکێشان لەسەر بەرد بینیوەو بە یەکی چوواندوون ؛ ئەمەش جارێکی تر هونەری پەندو قسەی نەستەق دەردەخات و دوو هونەر بە یەکەوە ..یەکتر باڵادەکەن .

زەمەن لە نێو قسەی نەستەقی – پەند نەقشی بەردییە – ! (٨*)
زەمەنی یەکەم ، زەمەنی گوتنی ئەم قسەی نەستەقەیە ، کە من وای بۆ دەچم ئەو کاتە گوترابێت کە مرۆڤ هەستی بە نرخ و گرنگی – نەقشی بەرد – یی کردبێ و تێگەیشتبێ کە ئەوەی لەسەر بەرد دەنەقشێ لە نێو ناچێ بۆ هەمیشە دەمینێتەوە ، بێ گومان ئەوزەمەنەش زەمەنی دوای سەر هەڵدانی هونەری نەقشێ بەردیین بووە ، ئەو زەمەنەش بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ یەکەمجار پەنای بۆ نەخشاندنی بەرد بردووەو هەستی کردووە کە هۆیەکی گرنگی مانەوەی نەقشەکانی دۆزیوەتەوەو لە وانە باشترە کە پێشتر نەقشی لەسەردە کردوون ، جا نەقشی لەسەر هەر شتێکی تر کردبێت ! ئەو زەمەنەش بە هەزاران ساڵ دە خەمڵێندرێت کە زەمەنی ڕابردووێکی یەکجار دوورە ! لە نێو ئەم قسەی نەستەقە دا دوو زەمەن هەیە ، یەکەم : زەمەنی گوتنی قسەی نە ستە قەکەیە ! کە دوای زەمەنی پەیدا بوونی نەقشی بە ردینە ! ئەو زەمەنەش زیاتر لە پازدە هەزار ساڵ دەبێت !
زەمەنی دووەم ، ئەو زەمەنە سەرەتای هەیەو بێ بڕانەوەیە ، زەمەنی مانەوەی نەقشی بەردیین ! کە زەمەنی داهاتووەو داهاتووێکی بێ سنوور ، زەمەنی سەر هەڵدانەکەی بە پانزە هەزار ساڵ مەزەندە دەکرێ و ..زیاتریش ، زەمەنی مانەوەی لە سەرهەڵدانەوە بۆ ئێستاو داهاتووی بێ سنوور ..
ئێستا دەرکەوت ئەم قسەی نەستەقە کە باسی گرنگی – پەند – دەکات ، لە نێوان دوو زەمەن دایە، زەمەنێک لە گەڵ سەر هەڵدانیەتی و زەمەنێکیش لە گەڵ بەردەوامیی و کۆتایی نە هاتنیەتی ، زەمەنێک تێیدا لە دایک بووەو زەمەنێک تێیدا دەژیت ودەگات بە نەمریی !
لە داهێنانی ئەم قسەی نەستەقە دا هونەری فۆلکڵۆریش دەردەکەون ، سەرنج بدە : لێرە – قسەی نەستەق – بۆ پەسند کردنی – نەقشی بەردین – کە کارێکی شوێنەوارییە ، بە گرنگی – پەند – دا هەردەڵێت ؛ پەند وەک بەشێک لە فۆلکڵۆر!
لێرەش دەبێ ئەوە لە بێر نەکەین ..ئەو ( زمان )ەی کە سەرەتا قسەی نەستەقەکەی پێ گوتراوە ، ئەو زمانە نیە کە ئێمە ئێستا قسەی پێ دەکەین و قسەی نەستەقە کە بە کار دێنین ؛ زمانەکەی سەرەتا گۆڕاوەو لە نێو زمانەکەی ئێستا دا ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی ماوەتەوە .

شەشەم : ماری سەر خەزنە ..
بوویتە (ماری سەر خەزنەی ):(مار پاسەوانی خەزنەیە) ، ئەم قسەی نەستەقە بە کەسێک دەڵێن .. کە ماڵی دنیای زۆر بێت و دڵێ نەیێ خەرجی بکات و سوودی لێببێنێ ! دیارە جگە لەوەی کە ئەم قسەی نەستەقە دروست بووە ، دەیان چێڕکیش هەن باسی مارو زێڕ دەکەن ، بەتایبەت ئەو شوانەی کە شمشالی خۆش لێدەدات و مارێک لە کونێکەوە لیرە یەکی زێڕێ بۆ دێنێتە دەرەوە ، دواجار شوانە تەماع دەیگرێ و دەیەوێ مارەکە بکوژێ بۆ ئەوەی بە جارێک تەواوی لیرەکانی دەسکەوێ ؛ بەڵام ، سەرکەوتوو نابێت !
ئەوش لەوە هاتووە کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتی و سەر هەڵدان و لە نێو چوونی شارستانییەتەکان ، لە کۆن دا کوپە زێرکە ئەو وەختە ( کوپە ) زێڕی تێدا هەڵگیراوە ، بە هەر هۆیەک بێت کەوتووەتە ژێر زەوی و ساڵانێکی زۆری بەسەردا ڕابردووە ، کە دۆزراوەتەوە ، دەبینن مارێکی بەسەرەوەیە ، ئەمە لە بەرچاو دا هەیەو چێڕۆکەکانیش پشتگیری دەکەن .
دیارە ئەو کوپە زێڕانە وەک بەشێک لە کۆنینەی شووێنەواریەکان سەیردەکرێن و زۆریش گرنگن بۆ دەسکەوتنی زانیاریە کۆن و مێژووییەکان ، جگە لەوی( کوپە و زێڕ)کە دەدۆزرێنەوە ، نرخێکی گرنی کۆنینەو شوێنەواریان هەیە ، زێڕ بۆ خۆی شتێکی بە نرخە ؛ کوپەکە لەو کەم نرختر نیە!
زەمەن لەم قسەی نەستەقەدا .. دوو زەمەنە ،
زەمەنی یەکەم : زەمەنی دۆزینەوەی کوپە زێڕی مار بەسەرەوەیە ، کە زەمەنێکی کراوەیە و لە ڕابردوو ڕووی داوەو ئێستاش ڕوو دەدات و لە داهاتووش هەر ڕوودەدات و کوپە زێڕ دەدۆزرێتەوە.
زەمەنی دووەم : زەمەنی دانانی کوپە زێرەکانە ، کە لە دوو سەت ساڵ بۆ پێنج سەت ساڵ و هەزارو دوو هەزارو سێ هەزار..تا چوار هەزار ساڵێش دەڕوات .

حەوتەم : خودا بیدا لە خەتە جووتێکی دەیدا !
ئەمەش لەو بەراوردەوە هاتووە کە جووتیار ساڵانە زەوییەکی زۆرو پان و پۆڕ دەکێڵێ و ماوەیەکی زۆر چاوە ڕێی دەکات و دەیدوورێتەوە ، دوای ماندوو بوونێکی زۆر ، جا ئەگەر شتێکی دەسکەوێ ! بەڵام ؛ ڕێککەوتووە جووتیارێک لە خەتە جووتێک گاسنی لە (کوپە زێڕ) ێک گیر بووە و بە هۆی ئەو خەتە جووت و کوپە زێرەوە بۆ خۆی دەوڵەمەند بووەو خودا داویەتێ !!.. جا لەم ڕووداوەوە یە دەڵێن : خودا بیدا لە خەتە جووتێک دەیدات ! دیسان ئەم کوپە زێرەش هەر وەک بەشێک لە شوێنەواری کۆن دەنرخێندرێ و سەیرکە ( کوپە) چۆن لە دروستبوونی پەندو قسەی نەستەق و چێڕۆکە فۆلکڵۆریەکان بەردەوام ئامادەیە ؛ دیارە زۆر هۆ هەیە لە ژیان کە کەسانێک بە ماوەیەکی کەم و ماندوو بوونێكی کەم دەوڵەمەند دەبن ، بەو کەسانە دەڵێن .. خو بیدا لە خەتە جووتێک دەیدات . ئەمەش بەراوردکردنی کاری ساڵێکی جوتیارە لە چاندنەوە تا ڕەوسە و داکردن ؛ لە گەڵ ماوەی کورتی خەتە جوتێک و دۆزینەوەی کوپە زێڕێک !
زەمەن لەم قسەی نەستەقە دا.. دوو زەمەنە .
زەمەنی یەکەم : زەمەنی شاردنەوەی کوپە زێرەکەیە ، کە زەمەنێکی درێژە ، لە دوو سەت ساڵەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا.
زەمەنی دووەم : زەمەنی دۆزێنەوەی کوپە زێرەکەیە ، ئەویش زەمەنێکی کراوەیە ، لە دوای شاردنەوەو ژێر زەوی کەوتنی کوپە زێرەکەوە دەست پێدەکات و بەردەوامە بۆ ئێستاو داهاتووی بێ سنوور .

هەشتەم : سندوقی سەرت !
حەسەن زیرەک لە گۆرانیەکی دا دەڵێ :
دەستم بە دامێن قوربان دەگرم کە مبەرت
چونکێ بەگزادەی هاوار دە بمە نۆکەرت
دەی جا لوتفت بێت مردم سندوقی سەرت

زۆر جار لەکوردەواری کەسێک زۆر بە عەبرەیی کاری دەکەوێتە لای کەسێکی دەسەڵاتدارو دەستڕۆیشتوو ، لێی دەپاڕیتەوەو داوای لێدەکات ئەوکارەی بۆ بکات و پێی دەڵێ : ئەم کارەمان بۆ بکەو (سندوقی سەرت ! ) هونەرمەند ( حەسەن زیرەک ) یش ئەم قسەی نەستەقەی لە شێعری گۆرانیەکی دا بە کاری هێناوەو ڕوو لە خۆشەویستەکەی دەکات و دە:ڵێ : دەستم بە دامێن قوربان دەگرم کەمبەرت ! دەست بە دامێن و دامێن گرتن ئەوپەڕی دەخیڵ بوون و پاڕانەوەیە لەو کەسەی کە بتەوێ کارەکەت بۆ بکات ؛ لێرە زیرەک ڕووی لە یارەکەیەتی و لێی دەپاڕیتەوەو بە گەورەیی و بەگزادەیی دا هەردەڵێ ! لێرە بەگزادە تەنیا مانایەکی چێنایەتی نادات ؛ بەڵکە گەورەیی ماڵەبابی خۆشەویستە و بە زمانی کۆمەڵگە بە بەگزادە ناوی دەبات و لە خۆی بە گەورەتری دەزانێ ! هەر بۆیە دەڵێ چونکێ تۆ بەگزادەی و باڵادەستی لە مەیدانی خۆشەویستی دا منیش دەبمە نۆکەرت ، لێرە لە بەرامبەر گەورە کردنی یار خۆی بچووک دەکاتەوەو زمانی کۆمەڵگە بەکاردێنیو ئەو – یار – دەکات بە – بەگزادە – و خۆی – عاشق – دەکات بە – نۆکەر – !! نۆکەر واتە دەست و پیوەندو ناوماڵ ! ئەم هەموو پێدا هەڵگوتن و پاڕانەوەو یا مەزن کردن و خۆ بچووک کردنەوەیە بۆ ئەوەیە کە یار کەمێک لوتفت هەبێت ؛ با ئەو لوتفەت بەخاتر سندوقی سەرت بێت !
سندوقی سەر لە چیەوە هاتووە ؟
لە مێژووی شوێنەوارەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە مردوو هەر لە کۆنەوە وەک خاوەن ڕوح سەیرکراوەو باوەڕێ زیندوو بوونەوەی مردوو بووەتە هۆی هەڵس و کەوتی سەیرو جیا جیا لە گەڵ جەستەی مرۆڤ ، هەر بۆیە لە کۆنەوە مردووەکانیان واناشتووە کە دواجار زیندوو دەبنەوەو پێویستیان بە کەرەستەو خواردن و خواردنەوە دەبێت ، هەر بۆیە لەگەڵ جەستەی مردوو خواردن و خواردنەوەو کەرەستەی پێویست ناشتراوە ! ئەم باوەڕە کە گەیشتە سەردەمی پاشاو دەسەڵاتدارەکان ، ناشتنەکان گۆڕانی بەسەرداهات و هەندێجار جگە لە کەرەستەو پێویستی ، دەست و پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ دەناشتن ؛ جاری واش هەبوو ژن و مێرد پێکەوە لە گۆڕ دەندران ، بە تایبەت کە پیاوەکە دەمرد ، پاش ئەوەی زیڕو جەواهێر پەیدابوو ، چۆن بەنرخن .. پاشاو دەوڵەمەندەکان زێڕو زیوو جەواهێریان لە گەڵ خۆیان دەشاردەوە ، ئەمە لە هەموو شارستانیەتەکان وابوو ، لە میزۆبۆتامیاو میسرو زۆر وڵات و میللەتی تر ، کە باوەڕێان بوو ئەم زێرو جەواهێرە لە پاش مردن و لە نێو گۆڕ بە کەڵکیان دێن ؛ ئەم زێڕو جەواهێرەش لە نێو سندوق دادەندران و سندووقەکەش لە تەک سەری مردوو دادەندرا ! ، جاری واهەبوو سندووقەکەش زێڕ بوو ، بۆیە ئەگەر لەژیان شتێکی بەنرخیان دەس بکەوتایە ، بەتایبەت زێڕ دەیانگوت : هەڵیگرە بۆ نێو سندووقی سەرت !! ئەمە هەزاران ساڵ درێژەی کێشا تا سەردەمی هاتنی ئایینە ئاسمانیەکان ، ئیتر باوەڕو ئایین گۆڕانی بەسەرداهات و مردوو جێتر پێویستی بە ئاوو نان و زێڕۆ جەواهێر نە بوو لەگەڵی بنێژن ! ئەوەی پێویست بوو خوا پەرستی و کاری چاکە بوو ، واتە مرۆڤ پێش مردنی خۆی خوا پەرستی خۆی دەکردوو ئیمانی خۆی دەپاراست ، هەر بۆیە دەگوترێ ، ئەوەی لە گەڵ خۆتی دەبەیتە گۆڕ ..تەنیا چاکەیە ! واتە سندووقەکە وەکو باوەڕ مایەوە ، ئەوەی گۆڕانی بەسەرداهات ، ئەوە بوو لە نیو سندووقەکەدا ! بەڵام ، سندووقەکەش شێوەکی مە عنەوی وەرگرت و هەر مایەوە ! ئەم جارە خەڵکە کە باوەڕێان وابوو تەنیا چاکە لەگەڵ مردوو دەچێتە گۆڕ و دەمێنتەوە ؛ ئەو چاکە مانەوەی نێو گۆڕ – سندووقی سەری – لە باری ماددیەوە کرد بە مەعنەوی ! چۆن پێشان دەیانگوت زێڕەکەت هەڵگرە بۆ نێو سندووقی سەرت ، کە لەگەڵتا لە گۆڕ دەشاردرێتەوە ، ئێستا ئەو چاکەیە بووەتە ئەو زێڕەو دەخرێتە نێو ئەو سندووقە مەعنەوەییەو ئەم قسە نەستەقەی لە ڕووی زمانەوە وەک زەمانی زوو وەکو ماناو باوەڕ هەر ماوەتەوە ، ئەوەتە زیرەک دواوی لوتف لە یار دەکات و دەڵێ : بۆ سندووقی سەرت !واتە ئەگەر چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت و لتفت هەبێت ، ئەو چاکەیە دەچێتە نێو سندووقە ئیمانیەکەت و لەو دنیا بەکەڵکت دیت ؛ چۆن پێشان باوەڕێان وابوو پەیداکردنی شتێکی بەنرخ ، بۆ نموونە زێڕ بۆ نێو سندووقەکەی نێو گۆڕو تەنیشت سەرت بەکەڵکە و سودی لێدەبینی ئێستاش چاکەو پیاوەتی جێگای ئەو زێڕەی گرتووەتەوە زەمەنی گوتنەوەی ئەم قسەی نەستەقەش بەردەوامە لە ڕؤژی دروستبوونیەوە تا ئەمڕؤ !
زەمەن لە نێو قسەی نەستەقی : سندووقی سەرت دا .
مێژووی دروستبوون و سەرهەڵدانی ئەم قسەی نەستەقە بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە ، سەرەتاکەی بۆ ئەو باوەڕی زیندوو بوونەوە دەگەڕێتەوە ، کە خەڵکەکە باوەڕێان وابوو پاش مردن جارێکی تر مردوو وەک خۆیان زیندوو دەبنەوە ، ئەم باوەڕە لای ئەشکەوتنشینانی ( ئەشکەوتی شانەدەر ) بەر لە ٦٥ هەزار ساڵ هەبووە ! هەر بۆیە کەرەستە سادەکانیان لەگەڵ مردووەکانیان ناشتووە . ئەم باوەڕی بەردەوام بوو تاگەیشتە سەردەمی سندووقی زێڕ ، دوای ئەویش لەگەڵ ئایینە ئاسمانیەکان خۆی گونجاندو بە شێوە مەعنەویەکەی مایەوەو هەتا ئێستاش بەردەوامە و ڕۆژانە بەکاردێ ! ئەوەش دیارە کە چۆن شێوەی کەرەستەی باوەڕو سندووقەکە گۆڕاوە ، ئاواش زمانی گێڕانەوەی گۆڕانی بەسەرداهاتووەو ناوەرۆکەکەی خۆی پاراستووە تا گەیشتووەتە زەمەنی ئەمڕۆ هەر میللەتە بە زمانی خۆی دەری دەبڕێ !

ئەنجام:
یەکەم : دەردەکەوێ هەتا ئێستاش بە گشتی، لە نێو نووسەران و ڕۆشنبیران و هەتا هەندێک لە ئەکادیمیەکانیش پەند و قسەی نەستەق لێک جیا ناکەنەوە.
دووەم :چەندان لەو کتێبانەی کە بە ناوی پەند کۆکراونەتەوە و چاپکراون، جیاوازییان لە نێوان پەند و قسەی نەستەق نەکردووە و بە تیکەڵی و بە ناوی پەند بڵاویان کردوونەتەوە.
سێیەم : هەندێ نووسەر لە پێناسەکردنی قسەی نەستەق و پەند سەرکەوتوون، بەڵام، لە هەڵبژاردن و لێکجیا کردنەوەی دەقی پەند و قسەی نەستەق پشوو درێژ نین و زۆرجار تێکەڵیان دەکەن.
چوارەم : تەنانەت (پیرەمیرد)، شاعیری مەزنیش لە پەندەکانی خۆیدا هەمووی تێکەڵ کردوون و- پەندو قسەی نەسەتەق وگۆتەی ناوداران و گۆتەی خەڵکێ – وتەی خۆشی بۆ زیادکردوون.
پێنجەم : لە بەکارهێنانی قسەی نەستەق و پەند و گۆتەی خەڵک و گۆتەی ناوداراندا هەر هەموویان وەک پەند بەکاردێنن و لە بەکارهێنانیشیاندا مەبەستیان حیکمەتەکەیەتی! نەک چۆنیەتیی دروستبوونی.
شەشەم : دەرکەوت سەردەمی دروستبوونی پەندو قسەی نەستەق و بە گشتی فۆلکڵۆر، زۆر کۆنەو بۆ سەردەمی ئەشکەوت دەگەڕێتەوەو گەشەکردنی لەگەڵ گەشەکردنی ژیان و گۆڕانکاریەکان بووە ، ئێستا پەندو قسەی نەستەق بەتایبەت و بەگشتی فۆلکڵۆر تام و بۆی هەموو زەمەنەکانی پێوەیە .
حەوتەم : پەند و قسەی نەستەق، فۆلکڵۆر بە گشتی، بەرهەمی کۆمەڵگەیە و لە نێو کۆمەڵگەشدا چاک و خراپ هەیە، زانا و نەزان، گەورە و بچووکیش، هەر بۆیە هەمووان هاوبەشن لە دروستکردنی فۆلکڵۆر بەگشتی و پەند بەتایبەت بە گەورە و بچووک و زاناو نەزانەوە .
هەشتەم : دەرکەوت هەندێ لە قسەی نەستەق و پەندەکان تەمەنیان بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دەتوانین بڵێین ئەمە بۆ هەموو دەقە فۆلکڵۆریەکانیش هەروایە.
**
ڕوونکردنەوەیەک : مامۆستای بەڕێزم (دکتۆر دڵشاد عەلی) لە کۆتایی مانگی چواری ٢٠٢٣ دا ؛ گەورەییان نواندو پەیوەندیان پێوەکردم ، فەرموویان (یەکێتی نووسەرانی کورد _لقی سلێمانی ) خەریکن ( دیداری پیرەمێرد بۆ پەندی پێشینان ) ساز دەکەن ، پێمان خۆشە ئێوەش بابەتێکتان لە بارەی پەندەوە هەبێت . داواکەی بەڕێز دکتۆر دڵشاد ئەم لێکۆلێنەوەیەی لێ هاتە بەرهەم ( ڕەهەندی مێژوویی لە نێو پەندو قسەی نەستەقی کوردی ) دا . دیدارەکە لە ڕۆژانی ٣،٤/٥/٢٠٢٣ بوو، واڕێککەوت من ئەو ڕؤژە ئەندامی گفتوگۆی نامەیەک بووم لە زانکۆی کۆیە ، برای بەڕێزم نووسەری ناوداری کورد (مامۆستا فازیل شەوڕۆ ) گەورەیی نواندو لە ڕؤژی دیاری کراو بابەتەکەی پێشکەش کرد ، بە شایەدی هەموو ئەو بەڕێزانەی ئامادەی دیدارەکە بوون ، مامۆستا فازیل لە خۆم چاکتر بابەتەکەی پێشکەش کردوجوانتر وەڵامی پرسیاری ئامادە بوانی دایەوە لەسەرەتاشەوە چەند تێبینیەکی وردیشی هەبوو ، لە دڵەوە شادی کردم و هەتا ماوم سوپاسی دەکەم .

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
هەولێر – گوڵان – / ٢٠٢٣

سەرنج وتێبینی و(١)https://didehbanelmiran.ir/22247/%D8%A8%D8%B2%D8%B1%DA%AF%D8%AF%D8%A7%D8%B4%D8%AA-%D8%B1%D9%88%D8%B2-%D8%AC%D9%87%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%D8%B2-%D8%AF%D8%B1-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86/ ڕۆژی جیهانی بزن . نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژێکی وەک ڕۆژی بزن دیاری کردووە . (٢)دانانی ئەم وێنانە دەری دەخەن کە فۆلکڵۆرو شوێنەوار تەواو کەری یەکترن .
)ئەم پەیکەرەی بزن بیرۆکەی لە داستانی ( دەمووزو عەشتار ) وەرگیراوە. (٤)شاری ژێر زەمینی ( دێرینکۆیۆ) لە باکوری کوردسان ، هەشت چین لە ژێر چین بە زەوی دا چووەتە خوارەوە ، لە ئەنجامی لێکۆڵێنەوەیەکی ئێمە دا دەرکەوت ، ئەو شوینەیە کە دەمووزی لێی دەچیتە خوارەوەو(جیهانی ژێرەوە )و شەش مانگ دەمێنتەوەو لە ڕۆژی (نەورۆز )دێتەوە سەردنیا .
)ئەم قسەی نەستەقانەم لە گۆرانیەکانی کوردیزانی گەورەی کورد ( هونەرمەند حەسەن زیرەک ) وەرگرتووە . (٦)کتێبی هێڵکەی نامێ، ب ١ چ ١
) ئەم وێنەیە زۆری و بەربڵاوی جەیشی ئەسکەندەر نیشان دەدات ، وێنەکە بەدرەنگەوە بە خەیاڵ کراوە. (٨) ئەم بەردە نەقشکراوە لە ( پەرستگای گرێ مرازان ) دۆزراوەتەوە ، کە تەمەنی ( ١٢ هەزارسال) ەو لە باکوری کوردستانە .




شکۆی ئافرەت لەنێوان تاجی زێڕین و دووڕوێتیی خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی دا.. هیوا محەمەد ئەمین

.. لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ؛ هەردوو ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان و خوشکانی یەکگرتووی کوردستان ، کە دوو ڕێکخراوی سەربە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانن ، و هەرساڵەی لە پارێزگەیەكی کوردستان ڤیستیڤاڵی حیجاب و باڵاپۆشیی بەڕێدەخەن بەناوی ( ڤیستیڤاڵی تاجی زێڕین ) ڤیستیڤاڵی ئەمساڵ لە شاری هەولێر دەهەمین ساڵی خۆی بەڕێکرد . ئەگەر لەم ڤیستیڤاڵە ی ئەمساڵ ی هەولێر وردببینەوە ؛ دوو وێنە یان دوو دیمەن ی جیاواز بەڵام تەواوکەربەیەك ، دەبینین . وێنەیەکیان ، هۆڵێك ی گەورە ، کە سەدان کچ ی منداڵکار ی تەمەن پانزدە تاکوهەژدە ساڵ ، بە حیجاب و جل و بەرگی یەکشێوازیی و یەکڕەنگیی ، بێدەنگ و بێجوڵە دانییشتوون ، و لەسەر تەختی شانۆی هۆڵەکەشەوە لەلایەن چەند کچێك ی ئاهەنگێڕ و وتاردەرانێکەوە کچانی دانیشتووی نێو ڤیستیڤاڵەکە وەك سەربازانێك ی گوێڕایەڵ و بەدیسپیلینکراو ئاراستەدەکەن . دیمەنی دووهەم ناوەڕۆك و ئامانجی ئەو وتار و دروشمانەن کە لە ڤیستیڤاڵەکە دا پێشکەش دەکرێن . کۆی ئەم دوو دیمەنە دەمانگەێنێتە ئەو باوەڕەی ، کە ئامانجی ئەم ڤیستیڤاڵە نەك تەنیا پڕۆژەیەكی ئیمانداریی ، یەزدانناسیی و گەشەپێدانی زانستیی و کۆمەڵایەتیی نەبوو بۆ دژایەتییکردن ی گەندەڵیی ، نادادپەروەریی ، بێبەهاکردن ی زانست و مەعریفە ، بێموچەیی ، بازرگانییکردن بە مادەی هۆشبەر و گەڕانەوەی ئیعتیبار بۆ کەس و تاك ی کورد ، بەڵکو تەنیا پڕۆژەیەكی سیاسیی و نمایشێك ی ئیسلامی سیاسیی بوو بەئامانجی دروستکردن ی نەوەیەکی نوێ لەسەر مۆدێلێك ی ئیسلامیی و ئیخوانیی بۆ داهاتوی کوردستان ، و هەروەها بەئیسلامیکردنی مێژو ، کولتور ، خونەریت ، بیرکردنەوەی تاك ی کورد و کۆی کایە ژیارییەکان ی کۆمەڵگە ی باشوری کوردستان لەسەر پایە و بنیاتنانی بیرێك ی فاشیستییانە ؟! وتارەکان ئاوس بوون بە فیکری خۆبەزلزانیی و دەربڕینێك ی هیستیریایی و برەودان بە پراکتیزەکردنی بیری جیاخوازیی ، هەڵاواردنی کۆمەڵایەتیی ، قبوڵنەکردنی جیاوازییەکان و بوغزاندن لە نێو توێژ و ئاراستە جیاوازەکان ی کۆمەڵگە دا . هێزە ئیسلامیی و بانگخوازە ئیسلامییەکان ، کە هەرگیز خۆشییان لە هونەر ، مۆسیقا ، ڕەنگ ، شادیی ، گۆرانیی و شیعر نایەت ، سەرەتای ڤیستیڤاڵەکەیان بە هێرشکردن و سوکایەتییپێکردنی ناڕاستەوخۆ بە شاعیری نەتەوەیی کورد فایەق بێکەس دەستپێکرد و کەوتنە شێواندنی شیعرە ناسك و بەناوبانگەکەی بەناوی ( نەسرین ) . بێکەس لەو شیعرە دا خەیاڵناسکانە و واقیعبینانە خۆی لەبەردەم ئەركێكی نەتەوەیی ، نیشتیمانیی و بەرپرسیارێتیەك ی ئەخلاقیی بەرامبەر بە نەهامەتیی و کڵۆڵیەکانی هەموو نەسرینەکان ی کورد دەبینێتەوە . ئەو وەك ڕۆشنبیر ی سەردەمەکەی خۆی ، زۆرباش لەوە تێگەیشتبوو کە دەردی کڵۆڵیی و ڕەنجەڕۆیی ئافرەتی کورد لە نەخوێندەواریی ، بیری پیاوسالارێتیی کۆمەڵگە ، قەتیسبوون لە نێو خونەریت ی کۆمەڵایەتیی داخراو و ئافاتی ئایین دایە ، بۆیە ڕوو لە نەسرین ناوێك ، وەك ئاماژە و سیمبۆلێك بۆ هەموو ئافرەتێكی شکۆشکێنراو ، چەوساوە و ژێردەستەی کورد لە سەدەی بیستهەم دا دەکات و دەڵێت :
نەسرین دەمێکە ، داخت لە دڵمە
گیرۆدەی بەندی ، ژیانت زوڵمە
وا من پێت ئەڵێم ، چونکە لەسەرمە
هەستە تێکۆشە ، تا خوێنت گەرمە
سەرپۆش فڕێدە ، چ وادەی شەرمە
دروشمەکانی ڤیستیڤاڵ بەم ئامانجە سیاسییە شیعرەکە چرچ و لۆچ و بەئیسلامیی دەکەن : { ئێستا ئیسلام دینی نەسرین ی شیرینپۆشی باڵاپۆش و پڕهەستە ، ئێستا سەرپۆش ڕەمزی مەعریفە و زانستە ، ئیتر نەما باوی بەستە } :
نەسرین داخەکەت سەختە لەسەر دڵ١
هیوای ئەویشت وابردە ژێر گڵ
هەستای تێکۆشای تا خوێنت گەرمە
سەرپۆشت عیلم و مەعریفە و شەرمە
ئەم جۆرە هیستریا ئیسلامیانەیە کە ئامانج تیای دا برەودانە بە بیری دەمارگیریی ، و هەروەها بیری جیاکاریی و دابەشکردن ی کۆمەڵگە و دابڕینی ئەندامانی کۆمەڵگە لەیەکتری . لە دیدی خوشکانی ئیسلامیی یەکگرتوو دا ، ئافرەت تاکو شەرمن ، داپۆشراو ، گوێڕایەڵ و ملکەچی پیاو و مێرد بێت ، ئەوا خاوەنی کەسایەتییەکی جوان و سەرکەوتووە ، ئەگەر حیجابدار و باڵاپۆشیش بێت ئەوا خاوەنی لوتکە ی ڕەوشت ، حەیا و حورمەت ، عیززەت و مەعریفەیە . دروشمی حەماسییانە و زێدەڕۆییکردن لە پیاهەڵدانی حیجاب و باڵاپۆشیی لە ڤیستیڤاڵەکە دا بەرگێك ی تەواو پیرۆز و یەزدانیی پێدەبەخشرێت ، کە لەگەڵ بنەمای فەلسەفەی ڕەوشت ، ئیمان و دنیا ی یەزدانناسیی دا یەکناگرنەوە . بەڕێز خاتون ناسك تۆفیق نوێنەری سەرۆکی یەکگرتوو لە ڤیستیڤاڵەکە دا وتارێك دەدات و : { ئێوە ئایەتێك ی زیندوی خوای گەورەن ، کە بەسەر زەوی دا دێن و دەچن . } . خاتونێكی ئاهەنگێڕیش لەسەرەتای ڤیستیڤاڵەکە دا ڕوو لە کچانی ئامادەبووان دەکات و : { تاجی عیززەت بەشانازیەوە بپۆشە ، تۆ خەلیفەی خوای گەورەیت لێرە . } . ئەم جۆرە پیاهەڵدانانە نەك تەنیا دزێو ، نالۆژیك ، هیستریایی و دەمارگیرییەکی ئایینیانەیە ، بەڵکو خۆشکردنی زەمینەیەکیشە بۆ بنیاتنان و سەرهەڵدانی بیری فاشیستیی و ئاژۆتنی تاك و کۆی کۆمەڵگەی کورد بەرەو نائارامیی ، و دروستبوون ی بیری توندڕەویی ، توندوتیژیی ، جیاکاریی ، ڕەتکردنەوە و تەحقیرکردنی ئەوانی دی . دابەزاندنی ئاستی یەزدان تاکو ڕادەی بازرگانێك ی ساماندار کە تاجی زێڕین دەکاتە دیاریی کچانی منداڵکار و ناکامڵ ، یان بۆ ئاست ی شێخێك ی نەزان و گێل کە خاوەنی تەکیە ، خەلیفە و دەروێشە ، نەك تەنیا دروستکردنی هاوبەشە بۆ یەزدان ، بەڵکو ئەوپەڕی سوکایەتیی و بێحورمەتییکردنە بە بەها و سیفەتە سروشتیی ، گەردونیی و ڕوناکاییەکە ی یەزدان ؟ ! پرسیار لێرە دا ئەوەیە کە ، ئایا حیجاب و باڵاپۆشیی چ پەیوەندیەکیان بە ئیمان ، یەزدان و مەعریفەوە هەیە ؟ ئایا حیجاب و باڵاپۆشیی هێز و کاریگەریی ئەوەی هەیە کە ئافرەتی موسوڵمانی کورد ئاودیوی دنیا ی ئاژەڵیی بکات و ڕۆح و ویژدانی ئەو بگەێنێتە باڵاترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕەوشتپەروەریی (فەزیڵەتیی ئەخلاقیی ) و ئاوێتەکردنی بە جیهانی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) ەوە ؟ . من نامەوێت بچمە نێو ئەم وردەکاریانەوە ، بەڵام ڕاستییەك هەیە کە یارمەتیمان دەدات لە مانا ی یەزدان و پەیوەندیی ئەو بە ڕۆحی مرۆڤەوە تێبگەین : لە زاتی یەزدان ، لە دنیا ی یەزدان و یەزدانناسیی دا فەلسەفەی حیجاب و باڵاپۆشیی نەك دیاردەیەك ی نامۆیە و توانای خۆبەرجەستەکردنی لە ڕەوشت ، فەزیڵەت ، پەیام وخواستێك ی یەزدانیی دا نیە ، بەڵکو ئەوە ئایین ، شەرع و فتوا ی پیاوانی ئایینیە کە مانایەك بە حیجاب و باڵاپۆشیی دەدەن ، و دواجار دەیکەنە یاسایەك و دەیسەپێنن بەسەر کۆمەڵگە و ئافرەتان دا . خاتون ناسك لە وتارەکەی دا ئەمە ناشارێتەوە و دەڵێت : { ئەبێ تۆ لەم زەمەنی ڕوکەشگەراییە ، لەم زەمەنی ئیهتیمامدان ی ماددەگەراییە دا دەبێت تۆ جیاواز بیت لە خەڵکیی ، تۆ هەمیشە ڕێکپۆش بیت ، جوانپۆش بیت لە سنوری شەرعا … } . پرسیارێك کە پێویستە لێرە دا خۆی بەرجەستە بکات ئەوەیە کە ، ئایا هەربەڕاستیی حیجاب و باڵاپۆشیی شکۆ بۆ ئافرەتان دەستەبەردەکات ؟ خاتون ناسك لە وتارەکەی دا : { تاجەکان بخەنە سەرسەرتان ، تاجەکە تاجی شکۆ ، تاجی ڕێز ، تاجی سەربەرزییە ، و چەپڵەیەك ی قایم بۆخۆتان لێبدەن !! } . پێشکەشکاری ڤیستیڤاڵەکەش : { کاتێك باڵاپۆشیت هەستدەکەیت جلەکەشت تەسبیح و زیکری خوا دەکەن ، هەست دەکەیت حیجابەکەشت أللە أکبر هاوار دەکات و ئەڵێ حی علی الفلاح } . باڵیۆزی حیجاب خاتو ئیمان محمدیش : { حیجاب لوتکەی عبودیەتە بۆ أللە . } . ئەم جۆرە موخاتەبە لاواز و پیاهەڵدانە پڕهیستریا ، دروشمبازیی و دەمارگیرییە ئایینیە کوێرانەیە بەرامبەر بە باڵاپۆشانێك کە سەرەتای تەمەنی ژیانیانە دەربڕی جۆرێك لە متمانەبەخۆنەبوون و کۆڵەوارییە لە تێگەیشتن لە دنیای ڕێز ، ڕەوشت و شکۆی مرۆڤایەتیی ، نەك ناتوانێت ئەو کچە منداڵکارانە هەنگاوێك لە زانست ی یەزدانناسیی ، فەزیڵەتی یەزدانیی و بەدەستهێنانی ڕوناکایی یەزدان و ناسین ی سروشتی گەردونیی ئەو ، نزیك بکاتەوە ، بەڵکو توانای ئەوەیشی نیە ، کە ئەوان بگەێنێتە ئاستی هوشیاریەك ی باڵا بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێكی ئەخلاقیی و بەدەستهێنانی شکۆیەك بۆیان . شکۆبەخشین و بەدەستهێنانی شکۆ بۆ تاك و هەر کۆمەڵگەیەك ی مرۆڤایەتیی لەڕێگەی شەرع ، وەعز ، حیجاب و باڵاپۆشییەوە بەدەستنایەن ، بەڵکو لەڕێگە ی ئەو یاسا دنیایانەوە دەستەبەردەبن کە توانای بەرهەمهێنانی عەقڵ و ئیرادەیەك ی ئازاد و سەربەخۆیان بۆ هەر تاکێك ی کورد هەبێت ، عەقڵێك کە توانای هەبێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و دوور لە نێوەندگیریی ئایین ، یاسای شەرع و وەعز و ئامۆژگاریەکانی پیاوانی ئایینیی ، مرۆڤ ئاودیوی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی بکات و بیکاتە مرۆڤێك ی ڕاستەقینە ، چاکەخواز ، ئازاد و خاوەن ئیرادە و عەقڵێك ی سەربەخۆ و ئازاد ، بەڵام عەقڵێك ی وەها دەبێت خولقێنەری ڕێنیسانس یان بیری ڕۆشنگەریی بێت ، تاکو بەهۆیەوە لەلایەك زیندوێتیی و بەردەوامیی ژیان بپارێزێت ، و لەلایەك ی دیەوە توانایی ئەوە بە ئیرادە و ویژدانی مرۆڤ ببەخشێت ، کە ئەو وەك تاکێكی کۆمەڵگە ئەرکدار یان بەرپرسیار و لێپرسراو بکات بەرامبەر بە ئەرکێك ی ئەخلاقیی بەمەبەستی ئەنجامدان و بەرجەستەکردنی کاری چاکە ، چاکەخوازیی ، دادپەروەریی و یەکسانیی بەرامبەر بە کۆمەڵگە . پرسیار دەکەم کە ، ئایا لۆژیکییە ، حیجاب و باڵاپۆشیی ببێتە ناسنامەی تاك ، عەقیدە و ڕەوشتی هەر ئافرەتێك ؟ بێگومان نەخێر ، پێشتریش بەکورتی ئاماژەم بەوە دا کە ناڕەوایە ڕەوشت و فەزیڵەتی ئەخلاقیی تەنیا لە ئایین ، شەرع و سیمبۆلەکانی دا قەتیس بکرێن ، کانت : ( ڕەوشت سەربەخۆ و دابڕە لە ئایین ) ، واتا لەدەرەوەی ئایین ، شەرع و قورئان دا هەر مرۆڤێك لەڕێگەی عەقڵ و ئیرادەیەكی ئازاد و سەربەخۆوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی باڵاترین ڕەوشت و ویژدان ، ببێتە کاراکتەرێكی چاکەکار ، و بەسود و بەرهەمهێن بۆ کۆمەڵگەکەی ، چونکە لە دواجار دا هەموو کۆمەڵگەیەك ی مرۆڤایەتیی پێویستی بە کار ، یاسا و بەرنامەیەك ی ئەخلاقیی هەیە ، کە بتوانێت دادپەروەریی ، ئازادیی و یەکسانیی لەنێو کۆمەڵگە دا بکاتە بنەما و ناسنامەی هەر تاك و کۆمەڵگەیەك ی ئازاد . کانت ی فەیلەسوفی ئەخلاق دەڵێت : ( بەبێ مرۆڤ و ئەنجامدانی کاری ئەخلاقیی ، ژیان و واقیع ی کۆمەڵگە دەبێتە دارستانێك ، کە چیتر ناتوانێت خاوەنی ئامانجێكی مرۆڤایەتیی بێت ) . ناسنامەی کەسایەتیی و ئیمانیی ئافرەت ی کورد حیجاب و باڵاپۆشیی نیە ، بەڵکو ئەوانە تەنیا دیوە ڕوکەشەکە ی ژیانی هەر ئافرەتێك ی موسوڵمان ی کوردە ، و دواجاریش ئامانج تەنیا کاکڵە نەك توێکڵ . بەڕێز خاتون ناسك { ئێمە بۆئەوە باڵاپۆشیی دەکەین ، کە شوناس ناسنامەمان دیاربێ ، شوناسی ئیمانیمان دیاربێت …} . ئیمان بەدوور لە نێوەندگیریی ئایین و شەرع ، تەنیا ڕێگەیەکە کە مرۆڤ ئازادانە و تەندروستانە دەگەێنێت بە یەزدان ، واتا بە باڵاترین عەقڵ و دانایی ، بە بەرزترین ویژدان و ڕەوشت . یەزدان دواجار و بۆخۆی دنیایەكی بەرفراوان ، بێکۆتا و بێسنورە کە لە زاتی خۆی دا هەڵگری سیفاتێك ی سروشتیی و گەردونییە ، و تیای دا ناسنامە هیچ ڕۆڵێك ی واقیعیی ، ڕۆحیی و ئەخلاقیی گرنگ ناگێڕێت !! کاتێك ئایینێك هەڵوەدای بەدەستهێنانی ناسنامەیەك بۆ عەقیدەکەی دەبێت ، ئەوا خۆبەخۆ لەلایەك دەکەوێتە دژبەریەكی کوێرانە و گەمژانە بەرامبەر بە یەزدان ، و لەلایەك ی ترەوە دەبێتە هەڵگری بیر و پەیامێك ی فاشیستییانە و ئاکارێك ی چەوسێنەرانە بەرامبەر بە کۆی تاك و کۆمەڵگەکەی ، واتا ئا لەوێدایە کە کۆمەڵگە ئیدی لە یەکەیەکی یەکگرتوو و هاوبەشی دەستەجەمعییەوە دەبێتە کۆمەڵگەیەك ی نالۆژیك ی لەیەکترازاو و دابەشبوو بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی بەشکۆ و بێشکۆ ، باوەڕدار و بێباوەڕ یان ڕەوشتدار و بێڕەوشت . لەم ڕۆژگاری قەیران ، برسیەتیی ، بێکاریی ، گەندەڵیی و نادادپەروەرییە ی کە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان پیای دا تێپەڕدەبێت ، خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی سەرقاڵی ڕازاندنەوەی ساڵۆنەکانی ڤیستیڤاڵی تاجی زێڕین و باڵاپۆشکردنی کچانی هەژار و نەدارانی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوەن ؟ ! خاتون ناسك : { لە یادی جیهانیی باڵاپۆشان تەواوی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکان و گەشەپێدان ، سەرقاڵی تەوعیەن لەسەر باڵاپۆشیی . } ، بەڵام ئەو ڕاستییە فەرامۆش دەکەن ، کە شەرع ، پیاوانی ئایینیی و بانگخوازە ئیسلامییە سەلەفیی ، ئیخوانیی ، جیهادیی ، تەکفیریی و داعشیەکان بوونەتە مایەی کڵۆڵیی و سەرچاوەی فەساد ، بێبەهاکردن و شکاندنی شکۆی ئافرەت و هەر تاکێك ی کورد دوکتۆر عبدالواحد بەم جۆرە گاڵتەجاڕیەوە تاجی شکۆ دەنێتە سەر سەری ئافرەت ی موسوڵمانی کورد : { جامعة مؤنثە و جامعیش کە مزگەوت دەکات و نێرینەیە ، کەواتە دائیمەن نێرینەش هەیەتی بەسەر مێینە دا } یان دەڵێت : { هیچ یاسا و شەرعێك یان بەڵگەیەکی زانستیی نیە کە بیسەلمێنێت و ببێتە ڕێگر لەبەردم شوکردنی کچێكی نۆ ساڵان بە پیاوێك ی ٥٨ ساڵان . } . ئەگەر ئامانجی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی یەکگرتوو بریتیە لە نیشتیمانسازیی ، گەشەپێدانی هوشیاریی و دژایەتیکردن ی بێبەهاکردنی مەعریفە و تاك ی کۆمەڵگە ی کوردیی ، ئەوا دەبێت وەك ئەرکێك ی ئەخلاقیی و و نیشتیمانیی دژی ئەو بۆچوون و ئەحکامانەش بووەستن کە شکۆی ئافرەتان دەشکێنن و: { النساء ناقصات عقل و دین } . خوشکانی یەکگرتووش وەك بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی دەبێت هەڵگری چاکسازیی بن لەو یاسا و ڕێسایانەی ، کە ماف بە پیاوان دەدەن لە ژنان بدەن : { الرجال قوامون علی النساء …. والاتي تخافون نشوزهن فعظوهن واهجروهن فی المضاجع واضربوهن فإن أطعنکم فلا تبغوا علیهن سبیلا .. } . ئافرەتی حیجابدار و باڵاپۆشان ی موسوڵمان دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن کە شایستەی ئەوە نین چیدی ئەوان بە سەگی ڕەش و گوێدرێژ بچوێندرێن : { یقطع الصلاة المرأة والحمار والکلب الأسود } . خاتون ناسك لە وتارەکەی دا بە دوو مۆڕاڵی جیاواز و دژبەیەك ڕوبەڕوی سەدان کچی منداڵکار و کامڵ نەبووی جەستە و عەقڵ وەها دەڵێت : { هەرگیز خۆتان بە پلە دوو سەیر مەکەن وە ڕازیش نەبن هیچ کەسێ بە پلە دوو سەیرتان بکات } ، لەڕووی تیۆریەوە ئەو قسەیە جوان و مرۆڤدۆستانەیە ، بەڵام لەباری پراکتیك دا کە کاتێك دوو ئافرەت لە دادگە دا بە یەك شایەت دادەنرێن ، ئەوا ئیدی خاتون ناسك لەبەردەم ئەم ئایەتە دا { واستشهدوا شهیدین من رجالکم ، فإن لم یکونا رجلین فرجل و إمرأتان } دەستەپاچە دەبێت و بۆ دواجار بەم جۆرە کۆتایی بە ئەفسانەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو دەهێنێت : { کرمنا بنی آدم – ان اکرمکم عند اللە اتقاکم } . ئافرەتی باڵاپۆش دەبێت لەو ڕاستییە تێبگات ، کە دوو یان سێ و چوارژنەیی یاسایەکی ئایینیی و شەرعیی ناڕەوا و بێبەزەییانەیە کە تەنیا شکۆی ئافرەتان دەشکێنێت : { وإن خفتم ألا تقسطوا فی الیتامی فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنی و ثلاث و رباع …. } . کچانی حیجابدار و باڵاپۆش دەبێت ئەو پرسیارە بکەن و بڵێن ، ئایا بەڕاستیی ئافرەت لە پەراسویەك ی خواروخێچ دروستبووە ؟ : { إستوصوا بالنساء خیرا فانهن خلقن من ضلع وإن أعوج … } . ئەرکێکی ئەخلاقیی خوشکانی یەکگرتوو و ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئیسلامییە ، کە لە هەموو ڤیستیڤاڵەکانی تاجی زێڕینیان دا چیرۆك ی قوربانیانی خوشك و برایانی ئێزدیمان بەیادی کچان ی باڵاپۆش دا بهێننەوە ، کە چۆن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ( داعش ) بێبەزەییانە و دڕندانە کۆمەڵکوژییان دەکەن و خوشکانی ئێزدیشمان دەکەنە کۆیلە و سەبایا و لە بازاڕەکانی نوخاسەی موسڵ و ڕەقەی سوریا دا دەفرۆشرێن ، دەکڕدرێن ، سوکایەتیی و ئیغتیصاب دەکرێن بەناوی ئیسلام و شەرعەوە ، بەڵام بەداخەوە ئێوە لەئاست ئەم بەربەریەت و دڕندەێتییە دا بێدەنگ بوون و کەمتەرخەمن ، ئەوەندەی ئێوە لە خەمی غەززە دا بوون ، بۆ ساتێکیش دڵتان بۆ قوربانیان و غەدرلێکراوان ی ئێزدیەکان لێی نەدا ؟ ! کەناڵی العربیە لەم چەند ڕۆژانە دا بەشی دووهەمی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کچانی ڕفێندراوی ئێزدیی بڵاوکردەوە و ئەو ڕاستیانەیان خستە بەردەم ڕای گشتیی جیهان و دەنگێكی زۆری دایەوە ، بەڵام ئێوە پارتی و یەکێتی ئاسا بێباکتر بوون ، و لەئاست ئەو تاوانانە دا بێدەنگیتان هەڵبژارد . ئەوەی داعش لەسایەی شەرع و ئیسلام دا بە خوشکانی ئێزدیی ئەنجامیانداوە نیشاندەری ئەوپەڕی دڕندەیی و بەربەرێتیی و ناشارستانێتیی ئیسلام پێشاندەدات . کچانی نۆ – یانزدە ساڵانی ئێزدیی بەسەبایاکراون و هەریەکەیان بەدەیان جار فرۆشراون و دەستدرێژیی ناموس کراوەتەسەریان . خوشکانمان بەچاوی پڕفرمێسك و هەنسکی گریانەوە دەیگێڕنەوە کە لەژێر سایە و حوکم و شەرعی ئیسلامی داعشیی دا چۆن شکۆیان شکێنراوە ، دەیگێڕنەوە کە هێندەی ژنانی حیجاب و باڵاپۆشانی داعش دڕندە ، بێبەزەیی و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کردوون ، پیاوانی داعش بەوجۆرە نەبوون ؟ ! کچانی بەسەبایاکراوی ئێزدیەکان دەیگێڕنەوە کە چۆن ژنانی حیجابدار و باڵاپۆشانی ئەمیرە ئیسلامییەکان کچانی نۆ ساڵان تاکو شانزدە ساڵانیان بەجوانترین شێوە و بەبۆنی خۆشەوە ڕازاندووتەوە و پێشکەشی مێردەکانیان کردوون . خوشکان و خانمانی ئیسلامیی و هەموو ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی کوردستان ، بانگخواز و بەشێك ی زۆری مەلاکانی کوردستان کە خۆیان بە پارێزەری ڕەوشت و دادپەروەریی دەزانن ، بەداخەوە چاو و گوێیان و ویژدانیان دەرهەق بەو هەموو چەوساندندنەوە و نادادپەروەریی و بێویژدانییانە خەواندووە و وەك بڵێیت هیچ ڕووی نەدابێت ؟ ! کار و بیرکردنەوەی ئێستای ئیسلامیی سیاسیی ، مەلای دەربار ، ئەمیر ، باڵاپۆشانی ئیسلامیی و هەموو بانگخوازە ئیسلامییەکان تەنیا بووەتە باس و خواستی سێکس ، چوارژنەیی ، جیهادی نیکاح ، زەواج ی موتعە و میسیار ؟ ! هەروەك چۆن پارتی و یەکێتی کۆمەڵگەی کوردیان برسیی و تووشی نەهامەتیی ، گەندەڵیی و بێڕەوشتیی کردووە ، بەهەمان شێوەش ئیسلامیی سیاسیی و ڕێکخراوەکانیان ، مەلا و بانگخوازەکان کۆمەڵگەی کوردیان بەرەو کولتوری توندڕەویی و تەکفیر ، لاڕێیی ، دزیی و جەردەیی بەناوی زەکات عەمرە ، حەج و …تاد بردووە . ئەوانە بەڕاستیی کۆمەڵگەی ئێمەیان بەرەو جەهل و خورافات بردووە ، ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە دا برەوی نیە زانست و مەعریفەیە ؟ ! فایەق بێکەسی ڕەحمەتیی لە ڕۆژگار ی خۆی دا هەمان ئەم دیمەن و کاراکتەرانەی بینی ، بۆیە لە بێهیوایی و نائومێدیی دا لۆمەی خۆی دەکات و دەڵێت :
تف لە عیلم و سەنعەت سەد کارەبا
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا
توشی لافاوی عیلم بووم بەڵام زوو دەرپەڕیم
سواری پاپۆڕی جەهل بووم و بەناویا تێپەڕیم
سەد شوکور ئۆخەی نەجاتم بوو لەباسی عیلم و فەن
نامگرن جارێكی تر بۆیە لەکەیفا هەڵپەڕیم
خوێنەواریی شێتیو هەر جەهلە ئینسان سەرئەخا
گەر ئەمجارە باسی عیلمم کرد بزانن سەرسەریم

کۆتایی
هیوا محەمەد ئەمین
١ی نیسانی ٢٠٢٤
١- شیعری شاعیری ئیسلامیی ( گۆران عەباس )




لووره‌لوور به‌ره‌و ماڵێكی گه‌ردوونی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

لووره‌ی یه‌كه‌م

بەفرباری و شارى ياده‌كان سڕبوو
گیان بە قسە هات
منیش ئاشقی جوانی نەناسراوم و له‌خۆمدا باڵ و فڕین و ئاسمانم
باڵندەیەكی سه‌مازان ناو به‌ گوێی ئاسمانی هه‌وا خۆش بۆ فڕین ده‌چرپێنێ
بادەی داوای لەسەر سەكۆ ڕژاندم
ئەو ئاوازە خودایییەی
لە زیندوویی و خورپەم لێوڕێژە
كەمێكی بدەمێ و دوا گۆرانی خۆم باش بڵێم
شەوە و دایكی ئاڵ
پشدێنی سووری هەڕەشە و شەڕ كەمەری توند كردوون
جەنگاوەری مەیدانی بەتاڵیشن
منى ترووسكه‌ی گه‌رمی تاجه‌گوڵینه‌ی خودای تازه‌
مەست بە بۆنی خۆڵی باڵندە چینە تێداكردوو
سەیوانم هەڵداوە و دەستم بەسەر ئەو قۆرتانەوەیە
لافاو لە جەستەی زیندوویی و خورپەی هەڵكەندوون
دوور و دابڕاو یەكترمان تێدا دۆزییەوە و چاومان چووه‌ناو ڕووناكی
كە تاسە بەری دام ویستم چاویان ماچ بكەم ڕۆیشتبوون
زیندەوەرێكی خشۆك
لە پەنا قومەتە خۆڵێك
تەماشای كردم و بە دوژمنی زانیم
باڵندە لەناو لكوپۆپی ڕەش
بە باڵی ئاگر خۆی هەڵدا و دڵی سپاردە جوانی نەناسراو
تیشكێك لە جوانی نەناسراو دەرچوو بانگی كردم
چڵاوچڵ چاو به‌ دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ بگێڕه‌
بچۆره‌ ناو خۆڵی باڵنده‌ چینه‌ تێداكردوو
پاروو له‌ گه‌رووی منداڵ گیرنابێ
شار به‌فری له‌سه‌ر شانه
ژیان شه‌رابێكی خه‌مڵیوه‌
نمه‌ نمه‌ ده‌تكێ و ناوچه‌وان گه‌رم ده‌كا
ئه‌و كاته‌ كورته‌ی نێوان
نمه‌ و تكانم هه‌ڵبژاردووه‌ تێیدا بمێنمه‌وه‌‌

لووره‌ی دووه‌م

جریوه‌ و جووكه‌م له‌ ڕازێكی كۆن مابووه‌وه‌ و خودا ڕازی ناسی
به‌ چاوی بازانه‌ش خه‌واندمی
دووریی نێوان لێكحاڵیبوون و تاریكایی جیایی
كووپێك مه‌ی هۆگری و چلچرای یاد و ساتی خۆره‌تاو
ڕۆح سه‌رله‌به‌ر ئاوازه‌
دڵیش ده‌فی یه‌كه‌مین لێدانی خۆی لێ دا
وێنه‌ی نیگه‌رانییه‌كی ماتم كێشا
ڕووناكی ڕێگایه‌ك كه‌ ده‌مگه‌یه‌نێ هات
دووری و نزیكی هاتن
بێده‌نگی شكا و ده‌مودوویان كرد
گوتنی گۆرانیی خاویان به‌ من سپارد
به‌ شێنه‌یی پێی خۆیان له‌سه‌ر خاك گه‌رم كرد
ئه‌فسوونی حه‌فت ڕه‌نگیان ون نه‌بوو
تووتی جه‌نگه‌ڵیش نزیك بوونه‌ته‌وه‌ ته‌نیا تیرهاوێژێكیان ماوه‌
بای ده‌م به‌ لووره‌ لووریش ده‌ڵێ
سروشت كه‌می هی ئێوه‌یه‌
میوانێك له‌ ده‌رگا ده‌دا
ئێستا ته‌مه‌ نابینم

لووره‌ی سێیه‌م

١
به‌ندۆڵی كاتژمێری ناو مۆزه‌خانه‌ له‌ ده‌مار به‌تاڵ بووه‌ ‌
وه‌ك گونی نێریی خه‌ساو شۆڕبووه‌ته‌وه‌‌
په‌نجه‌ره‌شی سه‌ری له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ناوه‌
شاوه‌ڕیخنه‌ و هاوشێوەی کە دێن باڵیان دەنووک
دەنووکیان خەنجەر و جوێن
چڕنووکیان شمشێر و به‌ڵا
چاویان ئاژاوه‌گێڕ و بۆچڕووك
هاتنی شه‌ڕزاده‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌ڕ
برین بێ سنوور و پێوانە گەورە دەکا و لێوی بزر دەبێ
پێشبینی بوومه‌له‌رزه‌ش ده‌كرێ
شیعر و هاوشێوەی گه‌رم ده‌ژین و نەرم و خودايی هەنگاو دەنێن
ڕووبارێک دێ لە سینگی مەلەوان دەدا
دوای ئەوەی چووینە ناوى گوێچكه‌ماسیمان به ‌ده‌سته‌وه‌ بوو
لە خەڵاتی ڕووناکی لێی بووردین
دەتوانین بە یەکتری بڵێین سڵاو و ڕۆژباش
لە سڵاو و ڕۆژباشدا تەواو هەقیقەتین
هەڵمی شەونمین
هەڵمی خوێ نین
ئەسپێکی ڕووخۆش لە حه‌وشه‌ و ماڵمان پشتی خۆش دەکا
تەزوو بە ڕێگادا دەهێنێ و گوێت له‌ ده‌نگی دڵت ده‌بێ و پێت ده‌ڵێ به‌ڵێ
گەشتت بەرەو خەڵاتی ڕووناکی فەرموو ئه‌نگوستیله‌ت له ‌سندووق ده‌ربهێنه‌
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ئاوڕده‌داته‌وه‌
ئاسمانیش ناخ و ئه‌دگاره‌ حه‌وت ئاواز ده‌خوێنێ
* * *
خۆر له‌ قووڵایی و ڕوونیی ژیان دێته‌ ده‌رێ
كه‌م شاره‌زا و دمۆر نییه‌ به‌ ده‌می پڕ حیكمه‌ت و چرپه‌وه‌ پرسیاری خۆی ده‌كا

٢
ڕه‌نگ نیشانه‌ی نهێنی ده‌ناسێ
تیكۆشانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ و خۆی ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
به‌هه‌شت ڕه‌نگی نییه‌ یان ڕه‌نگی نه‌ناسراوه‌
کە لەدایک بوو ماڵیان نزیک گۆڕستان بوو
لە مێردمنداڵیدا بەرخەکانی دەبردە ناو گۆڕستانەکە و دەیلەوەڕاندن
ده‌نگیان ده‌هات و ون نه‌ده‌بوون
گەنج بوو لەم گۆڕستانەدا گۆڕی بۆ زۆر
خزم و کەس و برادەر و ناسیاوی خۆی لێ دا و بەڕێزەوە ناشتنی
دارەبازەشی گەڕاندەوە مزگەوت
ئێستا خۆی و منداڵی و نەوە و گوڵی گه‌رمی تێیدا نێژراون
سەری بە ناوچەوانی ئاسکێک کردووە
لە ڕووناکیی گەردوونیدا
تەماشای هەزارەی تازە دەکات
پیرۆزه‌ی سه‌رگۆڕیش ده‌ژمێرێ
ده‌بێته‌ شه‌هره‌زادی چیرۆك و به‌ردی حه‌وت په‌یكه‌ر ‌

                         *      *      *

كێلێك هه‌موو كێله‌ و ناویش هێزی ده‌ست به‌دڵه‌وه‌گرتن
ده‌یكاته تانوپۆ و‌ ئومێد‌ و هه‌موو ده‌توانین قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین

٣
گردێک باخچه‌ و سەنگەری بەسەرەوەیە
درەختی خۆڕسک قەدیان وەک دووگوردی نوێژ چنیوە
ناهێڵن خودی لە یەک بترازێ
گەورەی خوداوەندان گرد لەسەر سابوون و سه‌هۆڵ باڵا ناکا
کەناری نزم فریودەرە
بەردی گڕکان ناوچه‌وانی بووه‌ته‌ هه‌ست و ده‌می به‌ تووڕه‌یی ده‌كاته‌وه‌
لە کازیوەی لێڵ نامێنێتەوە
خۆڵەمێش لەسەر خۆی لا دەدا
ڕەگ و خۆڵی گەشەکردن بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ
دەتوانێ چاوەڕێ بکا
سیشی بەگرانی هەناسە نەدا
* * *
جه‌ژنی به‌ كه‌ژاوه‌یه‌ و لووتكه‌ پێی گوت ونم مه‌كه‌
له‌ باڵای ڕاز و ڕه‌وه‌زان ئه‌ستێره‌ی كه‌ڵبه‌هار ده‌كوژێ

٤
دەستنووسی ئایین ڕەوشتی یەکەمی زەوی تێدا نییە
نازانرێ پەنجەرە چۆن دروست بوو
ترووسکاییەکی خامۆش
دەستی گرتین و دەزووی یەکتردۆزینەوەی داینە دەست
درەخت ئێوارەخوانی خۆبه‌خشینی
بۆنوبەرامە و بەروبوومی ڕێك خست
کە لێک نزیک بووینەوە ڕەش بووین
پێستیی ئاسمان و ڕوونیی ئه‌زه‌ل هه‌ڵبزڕكا
مازوو بە هانای منداڵانەوە هات
کردیانە مووروو و تۆپ و مۆری ده‌رگای ماڵی گه‌ردوونی
بانگی ئاژەڵمان کرد بێ وەڵام ماينه‌وه‌
تیرمان سوار کرد و تۆوی سروودی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندمان وه‌شاند
زەوی چووه‌ توخمی سه‌رسوڕمان و لەپی کردەوە
لە لۆچێکی ڕەوشتی یەکەم دۆزرایەوە
* * *
زه‌وی كه‌ شووره‌ی دانرا و به‌ره‌و شار چوو
له‌ ناوكی گه‌مارۆ درا ڕه‌وشتی بزر بووه‌وه‌




ناکرێ بێدەنگ بین بەرامبەر کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە.. عوسمانی حاجی مارف

لەبەردەم دیاردەی گەورەترین کۆمەڵکوژین کە لە غەززە ڕوودەدات، بەوپێیەی داگیرکاری ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە ٣١ هەزار فەلەستینی کوشتووە کە ٧٠٪ یان ژن و منداڵن. هێشتا ئیسرائیل هەڕەشەی کۆمەڵکوژی زیاتر و کارەسات و ئازاری زیاتر دەکات.
بەجیا لەوەی چەندین مانگە ئەم جینۆسایدە بەڕۆژی ڕوناک و بەبەر چاوی خەڵکەوە ڕووئەدات، ئەمڕۆ سۆشیال میدیا وەک یەکێک لەو ئامرازە بەهێزانەی جێگای سەرنجی پانتاییەکی بەرفراوانی جیهانیە، کاریگەری تەواوی لەسەر بیروڕای گشتی و ڕۆشنکردنەوەی ئەو پەلامارە بێشومارانەی کە هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل لە فەلەستین ئەنجامی دەدەن، داناوە. لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنوسان لە میدیای تەقلیدی تێپەڕین و بە بەڵگەنامەکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێشوئازاری کارەساتەکان لە فەلەستین گەیشتن بە هاوڵاتیانی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم کاریگەریە ئەوەندە توند بووە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمی “تیک تۆک” ناچار بوو لێدوانێک بدات و بڵێت؛ “زۆرینەی ڕەهای بەکارهێنەرانی تیک تۆک ئەوانەن کە ڤیدیۆی لایەنگری فەلەستین بڵاودەکەنەوە”. بەجیا لەوەش تەواوی کەناڵی هەواڵگری جۆراوجۆری جیهان ناتوانن ڤیدیۆکانی ئەو هەواڵانەی پاکتاوکردنی غەززە نیشان ئەدەن، بڵاو نەکەنەوە.
کاریگەریەکانی ئەو ڕوداوانە، کەوتۆتە ناو سیاسەتی ناوخۆی زۆر وڵاتەوە، بۆنموونه جەماوەری جۆ بایدن، بەهۆی هەڵوێستی له سەر پرسی فەلەستین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوه، بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانان و لایەنگرانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەن و دەنگ بە بایدن نەدەن، ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری ئەمریکا فشارێکی گەورەیە لە سەر حکومەتەکەی بایدن.
بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات، سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیای شەرمەزار کرد، کە لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا خۆیان لە ئاماژەکردن بە بۆردومانی کوشندە بۆ سەر غەززە بەدوور گرتووە. ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا ڕوون و بێدوو دڵی و بە تەواوی لەگەڵ ڕای گشتی باو و ناڕەزایەتیەکان لە دوورگەکانی بەریتانیا و ناڕەزایەتی جیهاندا دەگونجێت.
پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد بەبێ مەرج. لەکاتێکدا کە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەسەڵاتی ڤیتۆی بە حکومەتی ئیسرائیل بەخشی، بە پێداگری لەسەر ئازادکردنی زیندانیەکان لەلایەن حەماسەوە وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنی ئاگربەست، ئەمەش نیشاندانی ڕیسوایی حکومەتی بەریتانیا بوو، لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی بەریتانیا کە شەقامەکانیان هەژاند دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل.
لەهەماکاتدا تورکیا و سعودیە بەهەمانشێوە کەوتونەتە ژێر فشاری جەماوەریەوە و لەژێر کاریگەری ئەو فشارەدا مامەڵەیان لەگەڵ قەیرانەکەدا کردوە. هەرچەندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەوڵیدا بێلایەن بمێنێتەوە و پێشنیاری نێوەندگیری بۆ چارەسەری ململانێکانی کرد، بەڵام ڕای گشتی لە تورکیا و خۆپیشاندانە گەورەکانی لایەنگری فەلەستین هەر زوو وای لێکرد هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و بە ئاشکرا ئیدانەی ئیسرائیل بکات.
لە میسر و ئوردن و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جیهان شاهیدی هەمان ڕێگا بوون. بۆ نموونە قەتەر کە هەر زوو پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، بەڵام دواتر ناچاربو باڵیۆزی خۆی لە تەلئەبیب بانگهێشتکردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی پەیوەندی و دەستکەوتە سیاسیەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. ڕاپرسیەکانی بیروڕا کە لە لایەن پڕۆژەی بارۆمێتری عەرەبی کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پرینستۆن ئەنجام دراون، ئاشکرایان کردووە کە بیروڕای گشتی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانی عەرەبی پاڵپشتی خۆی بۆ فەلەستین زیادکردووە، لە هەندێک ووڵاتدا پشتیوانی لە حەماس، وەک هێزی بەرەنگاری نفوزە جەماوەریەکەی زیادیکردووە، و یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ئەمەش ئەوەیە کە میدیاکانی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی هەواڵی ناوخۆ دەیخەنە ڕوو. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی ناچارکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە ئیسرائیل و ململانێکان، گەر بەشێوەیەکی ناچاری و شکڵیش بێت، بەڵام گومانی تێدا نیە کە لە داهاتوودا کاریگەریەکی بەرچاوتری دەبێت.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا وا دیاربوو کە فەرامۆشی لە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگربوو، بەڵام سەرهەڵدانی میدیای بەدیل و سۆشیال میدیا لەخستنەڕوی ڕوداوە دوژمنکاری و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا، پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ گەڕانەوەی پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین. بۆیە سەرکردەکانی وڵاتان دەبێت لەکاتی بڕیاردان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان لە داهاتوودا، بەتایبەتی شەڕەکانی پەیوەست بە داگیرکاری ئیسرائیل، مەزاج و بۆچوونی جەماوەری ناڕازی وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن.
ئیسرائیل بێوچان پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات و هەوڵدەدات ڕێگری لە ڕێڕەوی “چارەسەری دوو دەوڵەت” بکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنی فەلەستینی نوێنەرێکی گونجاوی نیە بۆ هاوبەشیکردن لە ئاشتیدا، بەڵام ئاستی گەورەبونەوەی هێرشەکانی ئیسرئیل و زۆری کارەساتەکان و ڕۆڵی میدیا لە ڕۆماڵکردنی ڕوداوەکان، “چارەسەری دوو دەوڵەت” خەریکە دەبێتە پێشەنگی پێشنیارو فشاری ناڕەزایەتیەکان و ناچارکردنی جیهان بۆ ڕەسمیەتدان بەو چارەسەرە بۆ خەڵکی فەلەستین، تا ئەو ئاستەی ئەوروپاو ئەمریکاش گەر ڕوکەشیش بێت خەریکن دان بەو ڕێگە چارەیەدا دەنێن.
لەڕاستیدا ئەوەی پێویستە جێگای پرسیارو سەرنجی جدیمان بێت، ئایا ئینسان لەبەرامبەر مەسەلەیەکی وەها هەستیاردا ئەتوانێ بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت، لەکاتێکدا بزانێت کۆمەڵکوژیەکی گەورە لە شوێنێکی دونیا ڕوودەدات، کە پێویستە هاوبەشی و پەرچەکردار بۆ ئازارەکانی دانیشتوانی غەززە هاوپشتی مرۆڤایەتیمان بێت.
پێویستە هەڵوێست بگرین و ڕیزی ناڕەزایەتی جەماوەری فراوانترو بەهێزتر کەین، لەبەرامبەر ئەو دەوڵەت و سەرکردانەدا، کە بانگەشەی پوچی ڕزگاری و دیموکراتی دەکەن و پێداگری لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی بوونی گەلی فەلەستین دەکەن؟ بۆچی ئەمریکا پێداگری لەسەر دابینکردنی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکات کە ئەم جینۆسایدە دەکاتە مومکین؟ بۆچی ئەورووپا کە ڕۆژگارێک پێیان دەگوتن تاجی شارستانیەت، بەم شێوەیە بەربەریەت بەرەوپێش دەبات؟ ئەوە ناوەڕۆکی پێکهاتەو ناکۆکیەکانی دڕندەیی سەرمایەداری و بازاڕو بەرژەوەندیەکان و ڕکابەری سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانە، کە ئێستا لە نیولیبرالیزم فرە جەمسەری و قەیرانەکانیاندا سیستەمەکەی ڕێکەدەخات…، دەبێت جیهان وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆیەوە نیشان بدات، ئەم وەرچەرخانەش دەکرێ ئەمرۆ لە ڕیسواکردن و وەستانەوە بەرامبەر شەڕەنگیزی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی سەرهەڵدات، وەستانەوەیەک کە هێزی ناڕەزایەتی جەماوەری بەهەر جۆرێک ئیمکانی هەیە، ئەم هێرشانەی ئیسرائیل ڕاگرێت و شکست بە نەخشەو سیاسەتەکانیان بهێنێت، بەڕاستی پێویستە بڕیاربدەین ڕووبەڕووی ئاستەنگیە گەورەکانی سەردەمی خۆمان ببینەوە و بەرەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری جیهانی بەرینەپێشەوە. بەهێزکردنی ئەو بەرەیە دەتوانێت وەڵامدەرەوی نەک ئاستەنگەیکانی کارەساتەکانی ئێستای فەلەستین بێت، بەڵکو ئەو ئاستەنگیانەی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و ناکۆکیەکانی زیان بە مرۆڤایەتی و خەڵکی نەدارو هەژار دەگەیەنێت وەڵام بداتەوە.
وەستانەوە لەبەرامبەر شەڕی ئێستای ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان، نەبێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین، ئەوا پێویستە هەموومان چاوەڕوانی کارەسات و لێکەوتەی خراپتر بین.




سۆناتای ژن.. ستیڤان شەمزینی

چەند سەرسامم بەو ژنە
بە تاڵێک لە پرچی نیگاکانی
منی بە عەشقی خۆیەوە بەستەوە
چەند سەرسامم بەو ژنە
بە سوراوی لێوی غەمباری
دێڕ بە دێڕ شیعری تۆخ کردمەوە
نەکا رۆژێک لە دڵیدا کاڵ ببمەوە
چەند سەرسامم بەو ژنە
زۆر بە ئەسپایی ھات
چی ویست کردی
خەونەکانی بەتاڵ کردمەوە
لە ھەموو شت
تەنیا خۆی نەبێت
جیھانی پاک کردمەوە
لە ھەموو کەس
تەنیا خۆی نەبێت
چەند سەرسامم بەو ژنە


چەند مەزنە ئەو ژنە
کاتێک پەرداخی کامەرانیم رژا
تنۆک تنۆک کۆیکردمەوە
چەند مەزنە ئەو ژنە
سەرم لە مەنفا بەستبووی
دڵم لە نیشتمان جێمابوو
ئەو زۆر بە ئەسپایی ھات
لە پێکێک عەشقدا ھەڵیقوڕاندم
چەند مەزنە ئەو ژنە
لە ژووری مەراقەکاندا بەند بووم
بیرکردنەوەم کەڕوی کردبوو
لە ناکاو
وەک باوگژێکی سەرشێت ھات
دەرگای ئەوینی لێ کردمەوە
چەند مەزنە ئەو ژنە


چەند جوانە ئەو ژنە
بەیانیان بە بەرچنەیەک ترێی رەشەوە
خۆی دەکات بە کوخەکەمدا
تا بیکەمە شەرابی شەوانی تەنھاییم
چەند جوانە ئەو ژنە
لە شەوانی ئەنگوستەچاودا
بە چرایەکی رووخۆشەوە پەیدا دەبێت
تاریکی ناو رۆحم راو دەنێت
چەند جوانە ئەو ژنە
ھەر دەمێک بیری بکەم
وەک لاولاوێکی دڵخۆش
بە پەنجەرەی ھەستمدا ھەڵدەگەڕێت
چەند جوانە ئەو ژنە





سەڕاج لە ئەسینا.. شیعری سۆران محەمەد

سەڕاج لەگەڵ ئەکلدیس
سەردانی سوقراتیان کرد
لە زیندان.
کەچی سوقرات نەیهێشت
هاوسەرو سێ منداڵەکەی
ئامادەی دادگایی بن،
پێش بڕیاری ژەهرخواردنەکەی.
لە چاوێکی سەڕاج
نیگەرانیی و
لەچاوەکەی تریدا
پووچیی دەخوێنرایەوە
.
دواتر سەڕاج
لە ڕیزی پێشەوە
لەبەردەم سەکۆی ئەبەیقورسدا
ڕاما بوو
نازانم خەیاڵیی لە
کراسە شینەکاڵەکەی شیلان دەکرد؟
یان وتەکانی ئەبیقورس
کە جەختی لەسەر
چێژی بەردەوام و باڵا
دەکردەوە
.
سەڕاج پێشنیاری ڕەفاهییەتی
بۆ دیۆژین کرد
کەچی ئەو
تەمەننای لە سەڕاج کرد
بەری هەتاوەکە بەردا
کە خۆی لەبەردا هەڵخستبوو
تەنانەت جامەکەشی فڕێدا
کە بینی لانەوازێك
بە مشتی ئاو دەخواتەوە
.
سەڕاج نەیدەویست
زینون لەبەر ئازاری
وەرگەڕانی پێی
کۆتایی بە ژیانی بێنێت
ئیدی سەڕاج
نەکەوتەژێر کاریگەریی هیراکلیتۆسەوە
بێوچان میسالییانە
حەزی ئەزموونی ژیانکردن
دەیفڕان
.
پێش گەڕانەوەی سەڕاج
بۆ نێو باخەکەی شەقڵاوە
مژیلی ئەوە بوو
چۆن لەگەڵ ئەبەیقورسا
لەسەر ڕێگای ڕەواقییەکان
بە ئەقڵی پەتی
مرۆڤ لە ترس قوتار کا
نەك تەنیا لە مەرگ
بەڵکو لە ژینیش..

سۆران محەمەد