ژیل دۆلۆز.. دەقی هونەری چییە؟.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵلا كردوویە بە كوردی

هونەر مێژووییەكی درێژی هەیە، سیخناخ بە پەراوێز و زیاد لە سەرنج و ناوەڕۆكێك. مێژووی هونەر سەرەڕای بەرەوپێشچوونەكانی پرسیارێكی سادەمان روو بەڕوو دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە (كاری داهێنان چییە؟) بەڵام ئایا بەشێوەیەكی گشتی ئەو پرسیارە دەكەوێتە دەرەوەی ناوكۆییە مێژووییەكەیەوە؟ یان بە سیاسەت و ئەو قەیرانە فیكرییانەوە پەیوەستە، كە ئابڵوقەی (كاری داهێنان)یان داوە؟ ئایا دەبێ‌ هونەر و كاری داهێنان هەوڵێكی رادیكاڵیانە بێ‌، بۆ تێگەیشتنێكی دیكەی جیهان؟ یان هەمیشە وەك زمانی كەمە نەتەوەییەكان دەمێنێتەوە؟ بێگومان كاری داهێنان دەكەوێتە دەرەوەی رێسا و مەدلولە باوەكانەوە.
(بە وردی فەلسەفە بوارێكی مەعریفییە، لەسەر داهێنانی چەمك وەستاوە)
“ژیل دۆلۆز” (فەلسەفە چییە؟)
ژیل دۆلۆز فەیلەسوفی فڕەنسی (1925-1992) پرسیاری “كاری داهێنان چییە، فەلسەفە چییە؟” لە لێكچەرێكدا ” lecture” ساڵی 1987 بە ناونیشانی كاری داهێنان چییە خستە روو. دۆلۆز لەو لێكچەرەیدا فەرهەنگێكی بۆ ئەلف و بێی كاری داهێنان دانا. لەسەر چ بنەمایەك كەسێك دەتوانێ‌ بڵێ‌ من بیرۆكەم هەیە. سەرەتا و پێش ئەوەی پرسیاری كاری داهێنان وەڵام بدەینەوە، پێویستە لەوە تێبگەین كە كاری داهێنان لە هونەردا دەكەوێتە كوێ‌، هونەر دەكەوێتە كوێی زانستە مرۆڤایەتییەكانەوە؟

پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە
دۆلۆز چوار ساڵ دوای لێكچەرەكەی و لە كتێبەكەیدا بە ناوی “فەلسەفە چییە؟” كە لە ساڵی 1991 بڵاوی كردەوە، پەیوەندی نێوان (زانست) و (هونەر) و (فەلسەفە)مان بیر دەخاتەوە. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا روونی دەكاتەوە، كە پێیوایە فەلسەفە و زانست و هونەر چوارچێوەیەكی گەورەی فیكرییان هەیە. فەلسەفە لەو چواچێوە گەورەیەدا كار لە داهێنانی چەمكدا دەكات. كەچی زانست دەكەوێتە خانەی لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی دیاردەكان و هاوكێشەكانەوە. بەڵام هونەر دەكەوێتە ژێر كاریگەری دەرككردن و هەڵچوونەوە.

(فەلسەفە رامان نییە)
دۆلۆز ئەركی فەلسەفە لە پەیوەستبوونی دیاریكراوی كۆتایی و ئەدیوو ناكۆتاییدا دەبینێتەوە، بەمجۆرە داهێنانی چەمكەكان لەسەر زانست دەوەستێ‌.
ئەركی فەلسەفە رامان نییە. رامان و بیركردنەوە پێناسەیەك نییە بۆ فەلسەفە. بۆ نموونە بۆ لە كاری ژماردندا بیركارییستەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە هەیە. سینەماییەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە و رامانی سینەمایی هەیە. لێرەدا فەلسەفە هۆكارێكە نەك زانستێك كە ناوەڕۆكی تایبەتی خۆی هەبێت. بە راستی ئەركی فەلسەفە ئەوەیە، كە دیاریكراوی كۆتایی و ناكۆتایی بەیەكەوە ببەستێتەوە. واتە رووداوەكان بە یەكەوە ببەستێتەوە، ئەو رووداوانەی كە چەمكەكان دادەهێنن و زانستی لەسەر وەستاوە و لەوێشەوە كۆمەڵێ‌ رووداو نیگار دەكێشێ‌ و دەبێتە سەرچاوەی ئەو مەرجانەی كە (رووداو/ ئەزموون) خاوەندارییان دەكات.
بەڵام هونەر دەیەوێ‌ كاریگەری جوانی (كۆتایی و ناكۆتایی/ دنیایی و ئەودیوو دنیایی) وەك بینراو لە هونەری شێوەكاریدا بەرجەستە بكات، لێرەدا ئامانجی كاریگەرییەكان بەسەر بینراودا بۆ دەرككردنی ئەو رەهەندانە دەگەڕێتەوە كە تێیدا بزرن. بەو مانایەش هونەر سەربەخۆ نییە، بەڵكو لە چوارچێوەكانی فەلسەفە و زانستدا خۆی دەبینێتەوە، كەواتە هەر سێكییان لە بۆتەیەكدا دەتوێنەوە و دەبنە پرسیارێك ئەویش ئەوەیە: حەقیقەت چییە؟ ئەو پرسیارەش بە درێژایی مێژوو هەموو چالاكییە مرۆییەكان لەخۆ دەگرێ‌.
هونەر پێچەوانەی زانست، داڕژانە، هونەر لە رێگای هەستەكان و هەڵچوونەكانەوە ماناكان ئازاد دەكات و رێگای دۆزینەوەی حەقیقەتی شتەكان دەگرێتەبەر. هەر لەو رێگایەشەوە هونەرمەند لە نەبینراوەوە، لەودیوو نەبینراوەوە هونەر دەكاتە بینراو. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا “فەلسەفە چییە؟” دەڵێ‌ هونەر رێگا ناكۆتاییەكان دەگرێتەبەر بۆئەوەی بۆ هونەر بگەڕێتەوە.

ئایا مەرجە داهێنان هەڵگری بەهای ئەخلاقی بێت؟
لە راستیدا ئەو نووسینەی كە لە نێوان رۆلی زانست و هونەر و فەلسەفە دابڕان و بەیەكداچوون شیدەكاتەوە، ئەو دابڕانە ژینگەیەك دەنوێنێ‌، كە دەشێ‌ مرۆڤ هەڵویستی خۆی لە بارەی جیهان دیاری بكات. ئێستا ئێمەش وەك دۆلۆز دەڵێت لەسەر رۆلی هونەر و چییەتی هونەر و ئەو پانتاییانە وەستاوین، كە هونەر رۆناكییان دەكاتەوە، بەڵام ئەو بیركردنەوەیە چۆن وەك بنەمای داهێنان دەردەكەوێت؟! ئایا شێوەكارێك – بۆ نموونە- كاتێ‌ پۆرترتێك نیگار دەكا، ئەوە بە كارێكی داهێنەرانە هەڵدەسێ‌؟ ئایا داهێنان جۆرێكە لە شێتی و جیاوازی و تێپەڕاندنی باو؟!

undefined
لە راستیدا كاری داهێنان وەك خۆی لە شێتی نزیك نییە، بەڵكو لە پشت چەمكی شێتی جۆرێك لە مەبەست هەیە. نموونەی (ئەو مەبەست و نیازەش. و:ك) دۆلۆز لە لێكچەرەكەیدا (لە نموونەی جوولەكەكاندا) دەیخاتە روو، ئەو جوولەكانەی لە زەمەنی هیتلەردا لە ئەڵمانیا “هەڵاتن” یەكەمینی ئەو كەسانە بوون كە زیندانەكان و سەربازگاكان و لەناوبردنی بە كۆمەڵییان شەرمەزار كرد. (دۆڵۆز: هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین. و:ك) جوولەكە هەڵاتووەكان زانیارییەكانیان (بە دنیا) راگەیاند، دەشێ‌ ئەو زانیارییانە دژ بە بڵاوكراوەكانی نازییەت وەسفیان بكەین.
لەو نموونەیەدا دۆلۆز سەرنجمان بۆ خاڵێكی زۆر ورد رادەكێشێ‌، ئەویش ئەوەیە هەرگیز زانیارییە دژەكان كارێكی داهێنەرانە نەبوون. هەرگیز ئەو زانیارییە دژانە هیتلەریان بێزار نەدەكرد. بەڵام گرنگی ئەوە بوو، كە بوون بە كردەیەك لە كردەكانی (یان بوون بە نیازێ‌ لە نیازەكان)ی بەرگریكردن. لێرەدا كردەی بەرگریكردن نە زانیارییە و نە زانیاری دژ، بەڵكو (مەبەست) بەكارهێنانی كۆمەڵێ‌ زانیارییە وەك ئامرازی بەرگری بۆ كەشفكردنی تاوانەكانی پاكتاوكردنی رەگەزی لەژێر حوكمی هیتلەردا.
دۆلۆز لە شیكردنەوەی كاری داهێناندا دەچێتە سەر بابەتێك ئەویش لێكنزیكردنەوەیەكی جەوهەری نێوان كاری داهێنان و كردەی بەرگرییكارییە. كاری هونەری كارێك نییە بەلای مەعریفیدا بكرێتەوە، چونكە لالێكردنەوەی مەعریفە لە لێپرسراوێتی زانستدایە. زانست بە زانیارییەكان و بەردەوامییەوە بەندە. كاری هونەری كردەیەكی بەرگریكارانەیە، بەڵام ئەی ئەو پەیوەندییە تەمومژاوییەی نێوان كاری هونەری و كردەی بەرگریكاری چییە!

هونەر بەرگری لە مردن دەكات
هونەر تاكە رێگایە، بەرگری لە مردن دەكات. ئەو گوتەیەی فەیلەسوف و چالاكوانی فڕەنسی “ئەندریە مالرۆ”(1901 ـ 1976)، دۆلۆزی زۆر سەرسام كرد. زۆر بە سادەی دەڵێ‌ “هونەر تاكە شتێكە كە بەرگری لە مردن بكات”. سەرەڕای سادەیی ئەو پێناسەیەی مالرۆ لەسەر جەوهەری كاری هونەری وەستاوە، وەك ئەوەی كردەیەكی مانادار بێ‌، بەرگریكردن لە چاكە بێ‌ بە دژی خراپە، پاكی بە دژی ناپاكی، راستی بە دژی درۆ. بەمجۆرە كاری داهێنان دۆزەرەوەی ریسواییە.
بە گەڕانەوە بۆ بیروڕای دۆلۆز، فەیلەسوف، داهێنەری چەمكەكانە. فەیلەسوف وەك داهێنەرێك دەردەكەوێت كە تابلۆی فیكری نیگار دەكا. فەیلەسوف داهێنەرە چونكە بەرگری دەكات و حوكمەكانی پێشوو كۆتایی پێدەهێنێ‌. دووبارە هونەر بەرگریكردنە، راستە ئەو تەنها شتێك نییە، كە بەرگری دەكات! بەڵام هەموو كارێكی هونەریی داهێنەرانە هەر دەبێ‌ هەڵگری فیكرەی بەرگریكردن بێ‌.
دۆلۆز دەیەوێت هەموو ئەو دەستەواژە سواوانە بەتاڵ بكاتەوە، چونكە گرنگە وەك تووتی لاساییكەرەوە نەبین، گروپی فەیلەسوفان یان هونەروەران بە چییەوە پەیوەستن. گرنگ ئەوەیە پرسیار بكەین و پشكنین بكەین و بەرگری بكەین، ئەگەر گونجا بتەكان تێبشكێنین.

كاری داهێنان، بەرگریكردن لە تاراوگە
كردەی بەرگریكردن وەك ئەوەی داهێنانە، لەنێو خۆیدا دوو رووە، لەگەڵ ئەوەی هونەرە، لە دواجار كارێكی مرۆییشە. بۆیە هەموو فۆڕمێك لە فۆڕمەكانی كاری هونەری وەك پێویست تێكۆشانێكی مرۆییە. بەڵام ئەو تێكۆشانە مەرج نییە هەمیشە لە كاری هونەریدا فۆرمەلە بكرێ‌، تەنها زۆر بە كەمی گروپی داهێنەران دەتوانن لە تاراوگەدا فۆرمەلەی بكەن، لە تاراوگەدا گروپی داهێنەران زەوییەكانیان لە كوێیە.
هیچ كارێكی داهێنەرانە لە دەرەوەی تاراوگەدا نییە. (مەبەست لە تاراوگەیی بەزاندنی سنوورەكانە، دۆلۆز دەڵێ‌ تاراوگەنشینەكان، یان كۆچەرەكان لەسەر هێلی هەڵهاتن دەجوولێن، هیچ سنوور و جەوهەرێكی جێگیر نابینن… و:ك) ئەگەرچی داهێنەرەكەی لە نیشتمانی دایكیشیدا بێت، چونكە داهێنەر هەركە دەستی بە كار كرد، بە هەموو مانایەك دەكەوێتە تاراوگە و دەرەوەی نیشتمانی دایكەوە. لە راستیدا داهێنەر بە كاری فەلسەفە هەڵدەسێ‌، واتە پرسیار بەرەو رووی جوانی و حەقیقەت و چێژ دەكاتەوە. بەمجۆرە داهێنەر كاری داهێنان وەك پرسی فەلسەفی لێكدەداتەوە، واپێدەچێ‌ ئەو بابەتانە بكەونە دەرەوەی پرسیاركردنەوە، بەڵام لە راستیدا ناكەوێتە دەرەوەی پشكنینەوە.
بەمجۆرە كاری داهێنان چ هونەری بێ‌، یان زانستی، یان فەلسەفی، یان هەتا سیاسی، وەك ئەفلاتوونییەكان، نیچەییەكان، ماركسییەكان، ئەوانیدیكە تەمومژاوی نییە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵلا كردوویە بە كوردی

———————————–

سەرچاوەكانی نووسەر:

  • “جیل دولوز”/”فلیكس غتاری” “ما هی الفلسفە؟” ترجمە مركز الإنما‌و القومی بیروت گبعە 1997.
    Claire Colebrook, Philosophy and Post-structuralist Theory: From Kant to Deleuze -2 Edinburgh University Press, 2005.
    3– Gilles Deleuze on Cinema: What is the Creative Act 1987 (English Subs), https://www.youtube.com/watch?v=a_hifamdISs
    4- هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین، لەبەر ئەوەی نا كە خەیاڵ دەكەین، لەبەر ئەوە نا كە خەون دەبینین، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە واقیعێك لەسەر هێلی هەڵاتن دەكێشین و رووتەختی پێكەوەسازانی لەسەر پێكدەهێنین. بڕوانە (گفتوگۆكان) ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل296.
    5 – گفتوگۆكان)، ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل355.

لە ئینتەرنێتەوە:
الجزیرە. 28/4/2017
نووسینی: هند مسعد.




چیرۆک\ وەرگێڕ.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

لە پێش پێشی پاسەکە دانیشتبوو و سەیری ئەو چیایە سەرکەشانەی دەوری خۆی دەکرد. هەر دوو سێ خولەک جارێک ئاوڕی لە نیکۆڵاسی هاوڕێگەی دەداوە و چیرۆکێک، بەسەرهاتێک، شتێکی بۆ دەگێڕاوە. (ئەو ئەشکەوتەی ئەولا دەبینیت؟ چەندین ئێسقانی مرۆڤی کۆنیان تیادا دۆزیوەتەوە). (ئەو تاشەبەردە گەورەی دەبینیت؟ مەزاری شێخێکی لێیە، هەتا ئێستاش خەڵکی ئەو گوندانەی دەوروبەری دەچن بۆ لای، بۆ ئەوەی داوای کوڕێکی لێ بکەن). (ئەو شاخەت دیوە، ئەو شاخە؟ دەگێڕنەوە دەڵێن کاتی خۆی پێشمەرگە زیاتر لە دوو سێ فڕۆکەیان لەسەری تێکشکاندبوو). نیکۆڵاسیش گوێی خۆی قوڵاخ کردبوو و لەگەڵ هەر زانیارییەک یان بەسەرهاتێک سەری خۆی دەلەقاند و شتێکی لە پەڕاوەکەی بەر دەستی دەنووسی.
لەو ڕۆژەوەی کە کوردۆ بۆکانی گفتی بە نیکۆڵاس داوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوەڵی و لەگەڵی بێت بۆ باشووری کوردستان، حەجمانی تێدا نەماوە. نە شەوانی لێ دەبێتە ڕۆژ و نە ڕۆژیشی بۆ دەچێتە سەر. هەر لە ڕۆژی یەکەمینەوە نەخشەیەکی تۆکمەی بۆ گەشتەکەی داڕێژتبوو. (هەر کە گەیشتمە شەقڵاوەی، تێر تێر لیچاڵی گەرازی دەخۆم). (کە گەیشتمە ڕەواندز، چەندین وێنەی دڵڕفێن لە لێواری ئەو خەرەندەی دەگرم). (ئاخ، بەس بگەمە ئەو پیرە قەڵاتەی هەولێرێ. ڕۆژ هەتا ئێوارێ لێی ڕادەمینێم. هەموو بەیانیانیش لە چایخانەی مەچکۆ، لەبن دیواری قەراتێ، تێر تێر نان و ماست و سەرتووی دەخۆم). (وەی دەنا بچووبامە بازاڕی قەیسەریی کۆیە، ڕۆژ هەتا ئێوارێ کولێرانم لێ دەخوارد). (لە سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی، یەکسەر دەچوومە سەردانی گردی سەیوانی). تا دەهات خەونەکانی کوردۆ مەخمەڵیتر و شیرینتر دەبوون.
ئەو نەیدەزانی نیکۆڵاس بۆ نیازی ئەو گەشتە دوورودرێژەی هەیە، هەر ئەوەندەی دەزانی کە ئەو کابرایە نووسەرێکی ئەوڕووپییە و چەندین چیرۆک و ڕۆمانی بڵاو کردووەتەوە. هەر بە ئاستەم دێتەوە یادی، کە ڕەنگە جارێک چیرۆکێکی وەرگێڕدراوی وی خوێندبێتەوە. بەڵام چەندی دەیکات و دەیکات، بیری نایەتەوە کە کەی و چی بوو. بانگەوازەکەی نیکۆڵاسی لە ماڵپەڕێک بینیبوو و سەرنجی ڕاکێشابوو. (نووسەرێکی ئەوڕووپی پێویستی بە کوردیزانێک هەیە کە لە گەشتەکەی بۆ باشووری کوردستان یاوەری بێت، نەک هەر تێچووی گەشتەکەی دەگرێتە خۆی، بەڵکوو پارەیەکی باشیشی پێ دەدات. تەنها شتێک کە لەو چاوساخەی داوای دەکات، ئەوەیە کە ببێتە وەرگێڕ و ڕێنمای).
کوردۆ هەرگیز هەلێکی وا زێڕینی لە دەست خۆی نەدەدا، هەر کە ئەو بانگەوازەی خوێندەوە، پەیوەندی بە نیکۆڵاس کرد و دەستی لە کارەکەی خۆی کێشاوە. هەردەم خەونی ئەوە بوو کە سەردانی باشووری کوردستان بکات. ئەو هەرێمەی کە کوردان تیایدا میری خۆیانن. لە هەموو قوژبنێکی ئەو هەرێمە دەتوانێت کورد بێت و بە کوردی بدوێت. بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا، پێویست ناکات لەگەڵ ئەفسەرێک بە فارسی بدوێت، یان دۆسییەیەکی فەرمی بە فارسی بنووسێت. هیچ‌ گومانی لەوە نەبوو کە ئەگەر پارەی هەبووایە، ئەوا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا سەری خۆی هەڵدەگرت و لە باشوور دەگیرسایەوە.
کوردۆ نیازی گەڕانەوەی نەبوو، باولە فشەڵەکەی هەموو سەروماڵی وی تێدابوو: بڕوانامەکەی، تێزی ماستەرەکەی کە لەسەر زمانی کوردی و بنزاراوەکانی بوو، تاریک و ڕوونی هێمنی، دوو جلی نووستن، پێنج دەرپێکورت، شەش جووت گۆرەوی، دوو دەستە جلی کوردی و گیزدانێک. وای دانابوو کە سێ مانگی یەکەم لە هەولێرێ بمینێتەوە، دوایێش بیرێکی لێ بکاتەوە، ڕەنگە بچێتە دهۆکێ دەلال و چەند مانگێکیش لەوێ بەسەر ببات.
پاسەکەیان گەیشتە هەولێرێ، و لە نزیک مێوانخانەکەیان دابەزین. لەسەر داخوازی نیکۆڵاس، بەر لەوەی بچنە سەرەوە بۆ ژوورەکەی خۆیان، بەرەو چێشتخانەی مێوانخانەکە ڕۆیشتن. کوردۆ بە متمانە بەخۆبوونێکەوە چووە پێش و پرسیاری لە شاگردەکە کرد:

  • ئەرێ ناندینتان کرایتەوە؟
  • کوردی نزانی.
  • ناندین، نان، خواردن، هەیە؟
  • کوردی نزانی، عەرەبی، عەرەبی؟
  • ئەمن عەرەبی نازانم، نان، نان، عەمنەم، هەیە؟
  • عەرەبی، عەرەبی؟
  • کەسێکتان هەیە لێرە ئیش بکات و کوردی بزانێت؟
  • عەرەبی، ئینگلیش؟
    نیکۆڵاس، کە گوێی لە ئینگلیش بوو، بە ئینگلیزی پێی گوت کە هاتوون نانی بخۆن. شاگردەکەش ئەوانی دانیشاند، و دوو لیستی خواردنی لەپێش دانان. کوردۆ سەیری لیستەکەی بەردەمی کرد، و هیچی لێ تێنەگەیشت، نیوەی بە عەرەبی، و نیوەکەی تریش بە ئینگلیزی بوو. ڕووی لە نیکۆڵاس کرد و بەشەرمەوە داوای لێ کرد تا بۆی وەربگێڕێتە سەر زمانی فارسی.

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی


1- لیچاڵ:‌ مڕەبا – مربی
2- مێوانخانە: هۆتێل، فندق
3- ناندین:‌ مەتبەخ




سۆناتای دیدار.. ستیڤان شەمزینی

ئای لەو نیگا بکوژانەت
چەند ھێمنانە سەرنجیان ئەدزیم
وامدەزانی ئەم یەکتر بینینە کورتە
تا کۆتایی تەمەن بەردەوام دەبێت
کاتێک لە تۆ دابڕام
بەفری سەر شۆستەکان وەک دڵی خۆم
لە ژێر پێی ھەنگاوەکانمدا ورد ئەبوون
کزەبای ئەم شارە سەھۆڵییەم بانگ کرد
توانەوەی من لە تۆدا بنووسێتەوە
ھەروەک توانەوەی بەفری
ئەم بیابانە بەستووەی باکووری زەوی
لە ژێر تیشکی زێڕینی ھەتاودا


تۆ ھێشتا لەوە تێناگەیت
ئەو چاوانەی نیگای تۆی دەکرد
پڕ پڕە لە ھاژەی بە خوڕی فرمێسک
ئەو دەستە تەزیوانەی
شیعر لە ستایشی جوانیدا دەھۆنێتەوە
ھێندە گوڕی ھەیە
دەتوانێت بەبێ رەزامەندیی خۆر
سوڕانەوەی زەوی رابگرێت
ئەو کاسە سەرەی
گوڵاوی عەشق
لە قووڵاییەکەوە ھەڵدەقووڵێت و
تۆی وەک چڵێک نێرگز
بۆندار کردووە
پڕ پڕیشە لە حەزی سەفەر
سەفەر بۆ کوێ؟ نا، بۆ ھیچ کوێ
تەنیا رووەو مەملەکەتی دڵی تۆ


ئەمێستا بیرکردنەوە لە تۆ ئاگرە
گڕ لە دەشتی عاتیفەم بەر ئەدا
زمانی قەڵەمی شیعرم دەچزێنێ
دارستانی بیرەوەرییم ئەسووتێنێت
چاریشم نییە
ھەر بیرت لێ ئەکەمەوە
ئەمێستا بیرکردنەوە لە تۆ بارانە
لەناو گلێنەی چاوەکانمەوە ئەبارێت
بەسەر وشک و برینگی شەوانمدا دادەکات
خاکی وشکی رۆحم تەڕ تەڕ دەکات
چاریشم نییە
ناتوانم بیرت لێ نەکەمەوە
ئەمێستا من و تۆ
لەژێر تارای سپی زستاندا
پەیمانی سەمای توانەوە
بە یەک دەدەین