مامۆستا و فێرخواز.. ئاراس سەعید

“مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
فرێدریک نیتشە

بەبۆچوونی من بەشێکی سەرەکی ئەو قەیرانانەی لە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فیکری و ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا هەن، ڕیشەکەی لە هەناوی سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدایە. بەتاییبەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکوو کۆمەڵگەی کوردی کە سایکۆلۆجاییەکی بندەستەی هەیە، ئەوکێشە گەورەیەی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە دنیا بینیی و سیستەمی فیکری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە. سیستەمی پەروەردەی کوردی سەر بە تەرزینی کولتووری ئایینی و پارتریایکییە و لەهەناوی ئەو سیستەمەشدا پەیکەربەندی و پایەکانی خۆی داڕشتووەتەوە. کولتوورێکە پێی وایە، حەقیقەتی ڕەها و موقەدەسی پێیە و دژی تەفسیر و ڕەخنە و کرانەوە و نوێگەرییە، هەر وەکوو چۆن تابۆی ئایین هەموو تەفسیر و ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەیەکی ئەحکام و توراسی ئایینەکەیە، ئا بەوجۆرەش سیستەمی پەروەردە دژی هەموو ڕوانین و تەفسیر و ڕەخنەیەکە لە تێکست و پڕۆگرامەکانی.
لە کولتووری ئایینیدا ڕاڤەکردن و تەفیسرکردن تەنها مافێکە بۆ مەلا و مامۆستایانی ئایینی ڕێگەپێدراوە و هەموو بۆچوون و تەفسیرێکی دیکە، بۆ ئەحکامەکانی ئایینەکە لەلایەن باوەڕدارانەوە گوناه و تاوانێکی موقەدەسە. بەوجۆرەش لە سیستەمی پەروەردەدا مامۆستا و وانەبێژەکانی خاوەنی شەرعییەتی ئەکادیمین و حەقیقەتی ڕەهایان پێییە و مافی ڕاڤەکردن و تەفسیرکردنی تێکست تەنها مافێکە بۆ ئەوان ڕێگەپێدراوە و ڕەخنەگرتن و تەفسیر و ڕاڤەکردن و ڕوانین لە گۆشەنیگای دیکەوە بۆ تێکست و پەرتووک و مەلزەمەکان تاوانێکی موقەدەسە. لێرەوە ئیشی هەرە گەورەی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری ئێمە پوچەڵکردنەوەی هەر ئایدیایەکە، لە دەرەوەی مەعریفەی خۆی بنواڕێتە کۆی ئەو کێشە گەورانەی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دینی ئێمەدا هەن. سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکوو ماشێنێکی ترسناک کاردەکات تا کۆبیر و گۆشەنیگای ڕوانینی فێرخواز لە درزێکی بچوکدا قەتیس بکات، بۆئەوەی درز و شەبەقە گەورەکانی سیستەم پەردەپۆش بکات.
لەناو سیستەمی فێرکاری ئێمەدا، پەیوەندی مامۆستا و قوتابی لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی قووڵی دەسەڵات دایە، هاوشێوەی پەیوەندی (ئاغا و کۆیلە) وەکوو ئەوەی هیگڵ ئاماژەی بۆ کردووە؛ “بوونی ئاغا بەنده دانپێدانانی ئەویدیکەی کۆیلەوە.” لە سیستەمی پەروەدەی ئیمەشدا مەرجی بوونی ئاغایەتی مامۆستا بەندە بە دانپێدانانی ئەویدیکەوە وەکوو سمیبول و باوکی مەعریفە. ئەمەش پەیوەندی بەو سیستەمە باوکسالارییەوە هەیە، کە سیستەمی پەروەرده پایەکانی خۆی تێدا داڕشتووەتەوە. (بەختیار عەلی) لە کتێبی (خوێنەری کوشندە)دا خوودی ئەو کێشەکە دەگەڕێنتەوە بۆ ئەوەی “کە قوودسییەتی مامۆستا یەکسان کراوەتەوە بە قوودسییەتی مەعریفەوە.” مامۆستا باوکی ئایدیاڵ و باوکی زانین و باوکی مەعریفەیە و ئەویدیکەی گەورەیە کە دەبێت کوڕنووش و سوژدەی بۆ بەرین. ڕیشەی ئەم پەیوەندییەش لە هەناوی ئەو کولتوورە ئاینییە باوکسالارە ترسناکەوە دێت کەدەڵێت: گۆشتی بۆ من و ئێسیکی بۆتۆ. یان (من علمنی حرفا صرت لە عبدا) کە ڕیشەیەکی ئایینی هەیە و فەنتازییایەکی ئۆدیبییە بۆ کوورتکردنەوەی وێنەی جیهان بۆ وێنەی باوکی باش و باوکی خراپ، باوکی خەسێنەر و باوکی داڵدەدەر، مامۆستای باش و مامۆستای خراپ، مامۆستایی خەسێنەر و مامۆستای میهرەبان.
دامەزراوەی پەروەدەکارانە ئاماژەیە بۆ ئەو شوێنە ماددیی و ڕەمزیانەی کە تێدا دەسەڵات نواندن و مومارەسەدەکرێت بۆ ملکەچکردن و ڕامکردن و دەستەمۆکردنی سوبێکت. سیستەمی ڕەمزی سیستەمی ئەویدیکەی گەورەیە، کە جێگرەوەی شتە ڕاستەقینەکانە بە ئەلتەرناتیڤەکان. یان وەکوو ئەوەی (ژیل دۆڵۆز و فلێکس گوتاری) لە کتێبی (ئەنتی ئۆدیب) کایەی زانیارییەکان بە بەشێک لە “پێکهاتی فالووسی کولتووری باڵادەست پێناسەدەکەن.” هەروەها فەیلەسووفی فەڕەنسی (ژاک ڕانسییەر) سیستەمی پەروەردەکارانە وەکوو نەزمێک پێناسەدەکات، کەتێدا دەسەڵاتی ئەوانەی دەزانن بەسەر ئەوانەدا کەنازانن مومارەسە دەکات. ڕانسییەر لە کتێبی (مامۆستای نەزان Le maître ingnorant) دا ئوستووڕەی سیستەمی پێداگۆجی بەوە تەعریف کردووه، کە سیستەمێکە لەسەر بنەمایی دابەشکاری بۆ دوانەیەک درێژە بەبوونی خۆی دەدات، دوانەی زانا و دانا، تەوەزەل و زیرەک. بەدیدی ڕانسییەر هیچ مرۆڤێک لە بنەمادا تەوەزل نییە. ئەو بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی (مسیۆ ژاکۆتۆ) تێزەکەی خۆی دادەڕژێت و دەنووسێت:( لە ئەنجامی گشت فێربوونە هزرییە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەی گشت منداڵێکی مرۆڤ بەیەکسانی باشتر لە هەر شتێک فێری دەبێت، ئەو فێربوونەیە کە هیچ مامۆستایەک ناتوانێت بۆی ڕوونبکاتەوە، ئەویش فێربوونی زمانی دایکییە.) لێرەوە ڕانسییەر وتە بەناوبانگەکەی ژاکۆتۆ دەڵێتەوە: “هیچ زانینێک لە کەللە سەرێکەوە ناگوازرێتەوە بۆ کەللەسەرێکی دیکە.” بەو مانایەی مامۆستای نەزان لە ڕاستیدا هیچ شتێکی نیە بیبەخشێت بەویدیکە. بەدەربڕینە فۆکۆییەکە کایەی پەروەدەکارانە و مەعریفە لە بنەمادا، کایەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانییەتی.
مامۆستا سەر بەکایەی زانین و مەعریفە نیە، بەڵکو سەر بەکایەی دەسەڵات و حکوومەت و ئایدۆلۆژیا و حیزبە. لە بنەمادا مامۆستا ناوێک نیە بۆ ئەو کائینەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەدە سەپاندوویەتی و سەرقاڵی خەساندنی تواناکانی ئەقڵمانە، بەڵکو ئەو کائینەیە لەڕێگە تاریکەکاندا وێڵی بینین و دۆزینەوەین. وەکوو ئەوەی (جۆن هێنری نیومان) لە کتێبە گرنگەکەیدا (ئایدیای زانکۆ) دا دەڵێت: “پەروەردە بوار ڕەخساندنە بۆ عەقڵ ڕیسککردن، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مامۆستا لە ڕێگەی کتێبە مەزنەکانەوە.” بۆ دەستنیشانکردن و ناسینی شوناسی ڕاستەقینەی (فێرخواز و مامۆستا) پێویستە بگەڕێنەوە بۆ گوتارەکەی (بەختیار عەلی) سەبارەت بە (ئارەزووی فێربوون لەنێوان دۆڵۆز و لاکان) دا، بەدیدی (بەختیار عەلی) “خوێندکاربوون دۆخێکی وجوودییە، هەر بوونەوەرێک بیەوێت لە خۆیی و ئەوانیدیکە تێبگات خوێندکارە.”
ئەو لەو گۆشەنیگایەوە ناڕوانێتە خوێندکار کە تەنها لە ڕوانگەی پەیوەندیەکانی دەسەڵاتەوە لە قوتابی دەڕوانێت، ئەو ڕوانییەی تەنیا بوونە کۆمەڵایەتیی و کارەکتەرە بچوک و شوناسە کۆمەڵایەتییە تەسک و ڕاستەکەی لەبەرچاو دەگرێت و مانایی قوتابی کورتدەکاتەوە بۆ مانا مەکتەبی و زانکۆییەکەی و تەنیا لە بازنەی هاوکێشەی دەسەڵاتدا قوتابی دەبینێتەوە و لە چوارچێوەیەکدا تێدا قوتابی لایەنە لاواز و گوێگرەکەیە و مامۆستاش لایەنە بەهێز و قسەکەرەکەیە. ئەو بۆچوونە سونەتییەی بۆ دۆخی قوتابی کە لەمنداڵییەوە لە ڕووحی خۆماندا هەڵمانگرتووە:”قوتابی باش ئەو قوتابییە کە بێدەنگ و گوێڕایەڵی مامۆستایە.”
بەدیدی بەختیار عەلی: ” قوتابی بوون، ئەو هەستە وجوودییەیە کە دەتوانین پرسیار لەتاریکی بکەین، تارکییەکی ناکۆتا.” دەکرێت پرسیارکردن لە تاریکی بەوە مانا بکەین پرسیارکردنە لەوەی کە نایزانین. ئەو تاریکیەی پێ دەڵێن:” کایەی نادیار.” وەکوو نەستی (ئەرنست بلۆخ) (ئەوەی هێشتا پێی هۆشیار نین.) بلۆخ نەست بەسەر زەمینی ئەو بابەتانە دەزانێت کە پێی هۆشیار نین.
جیاوازی مامۆستا و فێرخوازیش لەوەدا دەردەکەوێت، کە قوتابی ئەو کەسەیە کە دەزانێت سنووری بچوکی زانینی زۆر بچوکترە لە سنووری گەورە و بێکۆتای زانین. بەپێچەوانەوە مامۆستا هەمیشە پێی وایە دەزانێت، نەزانی خۆی لە ژێر ناسناو و کڵێشەی سادەی مەعریفیدا دەشارێتەوە و لەیەک گۆشەنیگای ڕوانیندا چەقی بەستووە و مردووە. مردن بەو مانایەی نیگارکێشی بەناوبانگ (ئادگار دیگاس) لە شوێنێکدا دەریدەبڕێت:(زۆر بەختەوەرم ستایلی خۆم نەدۆزیوەتەوە، گەر ستایلی خۆم بدۆزیبایەتەوە له وەڕەزیدا دەمردم.)
دەکرێت جیاوازی نێوان مامۆستا و قوتابی ئەوەبێت، کە مامۆستا لەیەک ستایل و مۆدێلی مەعریفەدا گیری خواردووە، بەڵام خوێندکار ئەو کەسەیە کە تەنها یەک ڕێگە و یەک ڕوانینی نیە، بەڵکو هەرجارە و ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە. یان وەکوو ئەوەی بەختیار عەلی دەڵێت: (دەزانێت هێشتا تێنەگەشتووە، ئەم هێشتایە ئەبەدییە و شتێک نیە لای مامۆستایەک و حەکیمێک و فەیلەسووفێک بگیرسێتەوە بەڵکو لە مەرگدا ڕادەوەستێت بێ ئەوەی گەیشتێبێتە وێستەگەیەکی کۆتایی. قوتابی ئەو کەسەیە کە قوتابخانەی نیە، قوتابی لە قوتابخانەدا ناگاتە مەقامی قوتابی بوون بەڵکو ئەو کاتە پێی دەگات لەناو کتێبخانەیەکدا بمرێت، بمرێت و هێشتا ئەو کتێبەی نەدۆزیبێتەوە کە بۆی دەگەڕێت. مەقامی قوتابی لە مەقامی مامۆستا گەورەترە، مامۆستا لە جێگایەکی بچووکی مەعریفەدا گیر دەخوات، زانیارییەک دەگەیەنێت، بەڵام هەمیشە قوتابی شتێکی زۆرتری دەوێت لەوەی مامۆستا دەتوانێت بی بەخشێت، مامۆستابوون هەمیشە ڕۆڵێکی کاتییە، قوتابی دەتوانێت بۆ هەتا هەتایە و لە هەموو جێگایەکدا قوتابی بێت، بەڵام مامۆستا ناتوانێت هەمیشە قوتابی بێت.) کەم تازۆر (بەختیار عەلی) ئەم بۆچوونەی لە هزری نیتشە وەرگرتووە کاتێک دەڵێت: “مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
بەدیدی نیتشە پێویستە مرۆڤەکان خاوەنی مۆدێل و تێڕوانینی خۆیان بن بۆ ژیان، نەک لە پنتێکی ڕوانیندا چەق ببەستن. (زەرادەشت شاگردەکانی بەجێدەهێڵێت، خۆت لەمن دووربخەرەوە، دووربە لێم. من ڕێگەی خۆم هەیە و تۆش ڕێگەی خۆت هەیە، باشترین و تەواوترین ڕێگا بوونی نییە، تەنها ڕێگایەک بوونی نیە. هەموو ڕێگایەک بەشێکە لە ڕێگایەکی ناکۆتا) بەمانەیەکی دیکە، هەموو ئایدیایەک بەشێکە لە زنجیرەیەکی ناکۆتایی لە ئایدیا، یان وەکوو ئەوەی لاکان بە (زنجیری دالەکان) گوازرشتی لێ دەکات، (بۆ ئەوەی لەیەک تێبگەین، پێویستیمان بە دوو هەیە).
من ناوی (فێرخواز) بۆ (قوتابی) بەکاردەهێنم، فێرخواز کەسێکە کە خوازیار و (ئارەزوو)ی فێربوونە. چەمکی ئارەزوو لای لاکان جۆرێکە لە نوقستانی ئارەزووی ئەوشتەیە کە نیمانە. تێنوێتییە بۆ پڕکردنەوەی نوقستانییەک، لەزەت ساتی چێژ بینینیە لەو نوقستانییە. بەختیار عەلی بەکۆمەکی لاکان چەمکی (سوبێکتی نوقستان) وەکو ناوێک بۆ سوبێکتی قوتابی بەکاردەهێنت. سوبێکتی قوتابی ناوێکی دیکەیە بۆ سوبێکتی کەرت و چاڵ چاڵ و نوقستانی خۆمان، قوتابی ناوی سوبێکتە هەمیشە نوقستانەکەمانە کە لەکایەی فێربووندا بۆ ئارەزووە مەحاڵەکەی خۆی دەگەڕێت، ئارەزووی هەمیشەیی و تێرنەبووی فێربوون.
فێرخواز ناوێکە بۆ ئەو کائینەی نوقستانەی هەرگیز لەکایەی زانیدا تێرنابێت. وەکوو قەلەڕەشەکەی (ئیدگار ئالان پۆ) کە پێمان دەڵێت( نا نا هەرگیز) هەرگیز تاریکی و ناخمان تەواو نابێت. هەرگیز منێکی ساف و بێگرێ و بێپرسیار و بێدوودڵی بوونی نیە، خوود یان نیە یان بوونێکی هەلا هەلایە.




سەرمایەداری نیولیبرالیزم و “جێگەی نۆیژ” فرۆشتن لە هەرێمی کوردستان.. موئەیەد ئەحمەد

کەسێک بە ناوی (عبداللطیف احمد) کە ئیسلامیـیەکی سەلەفیـیە نرخی هەر بەرماڵیک، جێگەیەکی نۆیژکردنی مزگەوتی (بەهشت)ی شاری سڵیمانی، کە لە پرۆسەی دروستکردندایە، بە (٦٥٠) دۆلاری ئەمریکی خەمڵاندووە و خستویەتە بازارەوە.
دیارە ئەم نرخە لەچەشنی هەر پرۆژەیەکی تری سەرمایەداری، فۆرمی بەهای کۆن و تازە بەرهەمهاتووی بەرهەمەکەیە (مزگەوتی بە‌هەشت). ئەمەش بەمانایەکی تر نرخێکە حسابکراوە لەسەر بنەمای سەرمایەی بەکارهاتوو (گوڕاو و نەگۆر) و زیادەبایی بەرهەمهاتووی تازەی ڕەنجی کرێکاران، کە سەرچاوەی کرێی کرێکاران و سوودی سەرمایەدارانی وەبەرهێنەری پڕۆژەکەیە.
ئەم بەکاڵاکردنەی جێگەی نۆێژکردن، لە سوشیال میدیادا دەنگیداوەتەوە و بووەتە مایەی سەرنج و سەرسوڕمانی بەشێک لە خەڵکی هەرێم؛ و ئەڵێن ئەوە چۆنە “دین” و “دینداری” و “خواپەرستی” نرخی هەیە، و ئەتوانرێ کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێ، وەک هەر بەرهەم و پشکێکی تری بانک و دامەزروە مالیـیەکان.
لە چاوپیکەتنێکی تەلەفزیۆنی کەناڵی (٨)دا، (عبداللطیف احمد) باسی لەوە کردووە کە بیرۆکەکەی لە بەریتانیاوە وەرگرتووە، و لەوێ ئەم شیوە پشکە کاری پێدەکرێ. هەروەها وای لەقەڵەم داوە کە بەم کارەی داهێنانێکی نوێی “خێرداریی” کردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە، هەر زوو لەگەڵ دیاریکردنی نرخی هەر بەرماڵیکی مزگەوتەکە، بازاری سەرمایە لە هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمێکی فاینانسی تازە و پشکێک مامەڵەی لەگەڵ کردووە، و کڕین و فرۆشتنی ئەم بەرهەمە دەستی پێکردووە. گەر بە خەیالیش وێنای بکەین ڕەنگە ئەم پشکە لەناو بازاری بانکی جیهانیشدا شۆینپێیەک بۆ خۆی پەیدا بکات و تا ئاوەڕئەداتەوە خۆی لە نێو تۆڕی سەرمایەی ئەمریکی و ئیسرائیلی و ئیرانی و سعودی و ڕوسی و چینیدا ببینێتەوە، و کڕین و فرۆشتنی پیوە بکرێت. لە کاتێکدا کە سۆشیال میدیا و بەشیکی کۆمەڵگای کوردستان سەرقاڵی جەدەلی فیکریـیە لەسەرئەم مەسەلەیە، ڕەنگە دەورانی پشکی مزگەتەکە وەک سەرمایەیەکی فاینانس بەبێ سرەوتن لە جوڵە و پرۆسەی تەحقیقی زاتی خۆیدا بێت و مەودای هەرێمێشی تیپەڕاندبێ.
هەرچۆن بێت ئەم شۆکەی کە (پشکی بەرماڵ) فەراهەمی هێناوە، بەشێکی لە دیندارەکان توشی زویری و سەرسورمان کردووە کە چۆن هەستی دینی ئەوانی ڕووشاندووە، و بەشیکی تریانی بەرەو خەڵوەت و بیرکردنەوە بردووە لە نهێنیـیەکانی پەیوەندی ژیانی مادی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئینسانەکان بە فیکر و دین و دینداریـیەوە.
دیارە ئەم بەکاڵاکردنەی شوێنی نوێژکردن دیاردە و ئاکامی پرۆسەیەکی فراونترە کە پەرەسەندنی سەرمایەداری نیولیبرالیزمە لە هەرێمدا، و پەیوەستکردنی هەرچی زیاتری ژیانی ئینسانەکانە بە بازاری سەرمایەوە. ئەم پڕۆسەیە بەتایبەت لە سێ دەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی کردۆتە مەڵبەندی بێمافکردن و بەهەژارکردن و پرۆلیتاریزەکردنی هەرچی زیاتری جەماوەر، و پەرەپێدانی فەرهەنگی تاکگەرایی بورژوازی و کەلتوری چەوسێنەرانەی تاکی سەرمایە لەناو کۆمەڵگەدا.
لە دابەشکردنی کار لە دەروونی چینی بورژوازی و ڕەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیـیەکانیدا، بۆ پاراستنی سیستمی سەرمایەداری، ڕۆڵی ئیسلامیزم دیارە کە لە ڕێگەی پەردە دادن بەسەر ناکۆکیـیەکانی جیهانی واقعیـیەوە، و پەیوەستکردنەوەیان بە دەرەوەی ئەم جیهانەوە ئەنجام ئەدرێ. هەبوونی دەوڵەمەند و هەژار و دابە شبوونی کۆمەڵگە بە دارا و نەدار وەک ئیرادە و قەدەرێکی دەرکی و ئاسمانی نیشان ئەدری، و بەکۆیلەکردنی ژنان و بێمافکردنیان و سوکایەتی پیکردنیان و چوار ژنی وەک مەسەلەیەکی دەرکی و ئاسمانی و سونت و کلتوری پێشتری ئیمانداری لە قەڵەم ئەدرێ.
بە کورتی ئیسلامیزم بە ئایدیۆلۆژیەکی ئاسمانی کار ئەکات لە کاتێکدا کە بزوتنەوەیەکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری دیاریکراوی ناو کۆمەڵگەکانە. و هەر لەم ڕیگەیەشەوەیە کە شوێنپێی خۆی جێگیر کردووە و پەرەی پێ داوە هەم لە ناو وڵاتێکدا و هەم لە بەرامبەر بورژوازی دەسەلاتداری وڵاتانی تری سەرمایەداریدا.
یەکەم مەرج لەم دابەشکردنەی کار لەنێو کەمپی بورژوازی جیهانیدا بۆ پاراستنی سیستمی چەوسینەرانەی سەرمایەداری ئەوەی خواستووە کە ئیسلامیزم بە ئایدیۆلۆژیا و فیکرێکی سەرووی سەر زەمین بێتە ناو پانتایی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری کۆمەڵگەوە، نەک وەک (عبداللطیف احمد) ئەم بیر و ئایدیۆلۆژیا و دینداریـیە بیهێنیتە خوارەوە بۆ سەر زەمین و تێکەڵی بکات لەگەڵ سەرمایە و بەکاڵکردنی شتەکان و فکرەکان.
ئیسلامیزم بە ئایدیۆلۆژیای دەرەکی دەروەی ئابوری سیاسی کۆمەڵگە و دابەشبوونی چینایەتی و تەنانەت دەروەی پاتریارکی و پیاوسالاری و کۆیلەیەتی ژنان، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا، رەواج بە خۆی ئەدا. هەر بۆیە لە مەیدانی ستەمکاری لەسەر ژنانیشدا ئیسلامیزم کەڵک لە بەرژوەندی واقعی پیاوسالارانەی نێو کۆمەڵگە وەرئەگری کە لە پرۆسەیەکی مێژوویدا لێکهەڵپێکراون لەگەڵ دیندا، و جاریکی تر لە ئەمڕۆدا ئەم ستەمکاریـیە وەک مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژی و ئاسمانی و ئیمانداری وێنا ئەکات و کوشندەتری ئەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئیسلامیزم لە سوپەرستڕەکچەردا کار ئەکات، بەڵام وەڵامی شۆرشگێڕانە پێی هەر تەنها لە سوپەرستراکچەردا نیـیە، و بە سکویلاریزم وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو لە بناغەدا بە گۆرانکاری شۆڕسگێرانەی دنیای واقعی و شۆرشی كۆمۆنیستانە بەسەر کۆیلایەتی ئینسان لە سیستمی سەرمایەداریدا فەراهم دێت.
١٠ /٤/٢٠٢٤




چارەسەری قەیرانەکە، رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانە!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە چەند سەدەی رابردوودا لە ئێران، ئەو رژێمەی دەسەڵاتدار بووە، هەر کامەیان و بە رادەیەک (دیکتاتۆری) بوون و خەڵکیان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کردووە! بە تایبەت دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوی و دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی. یەکێکیان لە ساڵی ١٢٩٩ (1920) بە کودەتا و ئەویتریان لە ساڵی 1357 (1979) بە هەنگاوێکی فریودەرانەی ئیسلامی هاتە سەر دەسەڵات. هیچ کام لەم دوو دیکتاتۆرییەتە جێی پەسندی خەڵکی ئێران نەبوون و خەڵک و رێکخراوە جەماوەری و شورشگێڕەکان، بە شێوازی جیاواز لەدژی ئەم دەسەڵاتانە لە خەبات و تێکۆشاندا بوون!
ئەگەرچی وابەستەیی دیکتاتۆریی پەهلەوی بە بێگانە و، دڕندەیی و “خۆ بە خوایی دانان”ی دیکتاتۆریی ولایەتی فەقیهی، تایبەتمەندی سەرەکی ئەم دوو جۆرە دیکتاتۆریەتە بووە، بەڵام تایبەتمەندی هاوبەشیان، (دەسەڵاتخوازی و سەرکوتکردنی گەل) بووە.
دوو دیوی دراوێک!
ئەوەی کە “تایبەتمەندی سیستەمێک لە ناوەوە و دەرەوەی خاکەکەی، دوو دیوی دراوێکن” بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ پێناسەکردنی حکومەتەکان. لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی ئایینیی ئێران “دۆستی” هیچ گەل و وڵاتێک نەبووە و نیە. چونکە پێش هەمووان، دوژمن بی خەڵکەکەی خۆیەتی لە ناو ئێران و لە هەر شوێنێک بۆی هەڵکەوتبێت، وەک ئاژەڵێکی کێوی گازی گرتووە و ئازاری ئەم و ئەوی داوە و بە خوێنی ئەوانیتر ژیاوە. ئەمە دەرئەنجامی ئەزمونێکی ٤٥ ساڵەیە سەبارەت بە رژێمی ئایینی لە ئێران!
رژێمی ویلایەتی فەقیهی وەک ئاژەڵێک وایە کە باس لە مرۆڤایەتی و ئیسلام و شارستانیەت و ئایین و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و نەتەوە دەکات، لە کاتێکدا ئەم چەمکانە تایبەتن بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەم دەسەڵاتە، لە یەک کاتدا لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا، بۆ فرەخوازی و مانەوە لە دەسەڵات لە هیج تاوانێک سڵ ناکاتەوە!
لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە تا ئەمڕۆ، سەرکوتکردنی خەڵک، گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کوشتنی نەیاران، سیمای دیار و بەرچاوی ئەم دەسەڵاتە بووە. هاوکات لەگەڵ ئەمجۆرە تاوانانە لە ناوخۆی سنوورەکاندا، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، تیرۆریزم و شەڕخوازی دژ بە نەیارانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی، کە ئاوێتەی دیماگۆگی بە ناو “ئیسلام” بووە، سیمای دووهەمی ئەم دەسەڵاتە بووە. لەکاتێکدا ئیسلام ئایینی رەحمەت و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە و ئاشتی و ئازادییە و هەموو جۆرەکانی “زۆرەملی” رەتدەکاتەوە!
وانەیەک لە مێژوو!
ئەوەی رژێمی دژە مرۆی ئێران دەخاتە (لوتکەی رژێمە دیکتاتۆرییەکان)ەوە، ئەوەیە کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی جگە لە دیماگۆگەکان لەژێر ناوی ئیسلامدا، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە “شەڕ لە دژی خەڵکی ئێران” بە شەڕهەڵایسان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا پەڕاوێز بخات. هەر بۆیە لە یادمانە کە چۆن خومەینی، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە لە ساڵی1979، زەمینەی شەڕ لەگەڵ عێراقی خۆش کرد و لە هەنگاوی دواتردا، شەڕخوازیی خۆی بە “بەرگریکردنی پیرۆز” (دفاع مقدس) ناوبرد و درێژەی دا بە شەڕەکە لە ژێر ناوی “رزگارکردنی قودس بە رێگەی کەربەلا”وە. شەڕێک کە نەک هەر هەرگیز بە “ئاشتی” نەگەیشت، بەڵکو بە دیماگۆگ و هەنگاوی فریودەرانە، حکومەتەکەی ئەوسای عێراقی هان دا بۆ هێرشکردنە سەر کوەیت، بۆ ئەوەی لەسەر دەستی هاوپەیمانان بیڕووخێنێت!
هەمووان ئەوەیان لە بیرە کە خومەینی و رژێمەکەی لە ساڵی ١٩٨٨ (١٣٦٧) بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبوڵ کرد، بۆ ئەوەی لە لایەن “ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران”ەوە نەڕووخێندرێت. بەڵام لە ساڵی 1369 (1991) سەرۆک کۆماری ئاخوندان، واتا (عەلی ئەکبەر هاشمیی رەفسەنجانی) عێراقی هەڵخەڵەتاند و زەمینەی بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران خۆش کرد بۆ داگیرکردنی عێراق! بەجۆرێک کە ئەگەر “ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران” لە ناوچەی سنووری ناوەڕاستی عێراق بەرانبەر بە ئێران نەبوایە، رژێمی ئێران لە هەمان ساڵدا عێراقی داگیرکردبوو! بە تایبەت کە پێش ئەم وادەیە، بە بانگەشەی پشتگیریکردن لە هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، حکومەتی ئێران “هێزی ئاسمانی”ی عێراقی پەک خستبوو و ژمارێکی زۆری لە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقی داڵدەدابوو.
لایەنە کارەساتبارەکەی ئەم پرۆسەیە ئەوە بوو کە رێگای رزگارکردنی ئێران و عێراق و ناوچەکە لە (بناژۆخوازی ئیسلامی)، واتا ئێران، بە تەواوی بەردەست بوو و کلیلی کردنەوەی “دەرگا داخراوەکان” بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی “سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریەتی ئایینی ئێران” بەدەست بەرهەڵستکارانی ئێرانەوە بوو، کە لە راستیدا ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بوون.
لە راستیدا هەڵەی ستراتیژی و رۆژەڕەشیی (عێراق) لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە حکومەتی پێشووی عێراق بە پشتبەستن و “متمانە” بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بەرەو “باشووری عێراق” کەوتە رێ و هێرشی برد و ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە دوژمنی لەمێژینەی عێراق، واتە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، وردە وردە و بە فێڵ و فێڵبازی، رێگەی بۆ هاتنەژوورەوە و داگیرکردنی عێراق خۆش کرد و لە هەنگاوی دواتردا، بە هاوئاهەنگی و رێکخستنی خۆی لەگەڵ هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان )عێراق( هەڵلووشێت!
بارودۆخی ئێستای عێراق و پەرەسەندنی هێزی بە وەکالەتی ئەم رژێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتی نەرم و نیانی و هێمنانەیە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران. ئەم هەڵە سیاسی-ستراتیژییەی وڵاتان لە ناوچەکە و لە جیهان، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی هاوچەرخی تووشی ئەم دۆخە ناخۆش و نالەبارەی ئێستا کردووە.
هەڵەیەکی سیاسی و ستراتیژی کە رێگەی بە دەسەڵاتی ئایینی ئێران دا بە هەڵگیرسانی شەڕ لە پشت سنوورەکانی ئێرانەوە، رووخاندنی خۆی لەسەر دەستی خەڵکی ئێران و بەرهەڵستکارانی راستەقینەی دوابخات و خەڵکی بێتاوانی ئێران و ئەم ناوچەیە لە جیهان، بکاتە گۆشتی قوربانی و لەسەر پێ مانەوەی دیکتاتۆرییەت تا ئێستا. لە فەلەستین و غەزەوە بگرە تا لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن و تەنانەت وڵاتانی وەک ئۆکرانیا، یان وڵاتانی دوور کە هەر کامەیان بوونەتە ئامانجی هێرشی تیرۆریستی و بناژۆخوازی ئیسلامی.
دوا وشە!
ئەزمون و دەستکەوتەکانی چوار تا پێنج دەیەی رابردوو ئەوە دەردەخات کە نابێ رێگە بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی ئێران بدرێت شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هەڵگیرسێنێت و دەبێ سەری مارەکە لە تاران پان بکرێتەوە. چونکە (شەڕی سەرەکی) لە ناو ئێران و لە نێوان خەڵکی ئێران و ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا لە ئاڕادایە و لە لایەن بەرخۆدانێکی بەهێزەوە نوێنەرایەتی دەکرێت کە دەتوانێت بە خێرایی “کات” بە قازانجی گەلی ئێران بگۆڕێت و دیکتاتۆرییەت لە ناوخۆی ئێراندا بخاتە خوارەوە. بە واتایەکیتر، تاکە رێگای دەربازبوون لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، وەستانە لە تەنیشت خەڵک و موقاومەتی ئیران، لە پێناو پێشخستن و سەرخستنی شەڕی سەرەکی لە بەرانبەر رێژیمی ئێران لە ناو سنوورەکانی ئێراندا!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





گـرنگـییەکانی چـیرۆک لە گـۆڤـارەکانی منـداڵان.. رەزا شـوان

گۆڤـارەکانی منـداڵان، ئەو گۆڤـارە نووسراو و چاپکـراوانەن، کە بەپـێی قـۆناغـەکانی تەمـەن و گـەشـەکـردنی منـداڵان، بابـەتـەکـانیـیان بە تـایبـەتـین بـۆ منـداڵان، لەلایـەن گەورەساڵانەوە دەنووسرێن و ئامادەدەکـرێن و دەردەهـێنرێـن و چاپ دەکـرێن، دەشێ منـداڵان خۆشیان لە هەنـدێ لە گۆشـەکانی گۆڤـارەکان، بە بابـەتی سووک و کورت و ئاسان و ساکار بەشدارییان تێـدا بـکەن.
گۆڤاری منداڵان، یەکێکە لە هـۆیە گرنگەکانی میـدیـای منداڵان. سەرچاوەیەکی گرنگە لە سەرچـاوەکانی رۆشـنبیریکـردنی منـداڵان. کە بە زمـانـێکی ساکار و شـیریـن و بە شێوازێکی ئەدەبی و هـونەری ناسک و جـوان، بە وێنەی رەنگاوڕەنگ، بابەتـەکانی ئامـادەدەکـرێـن و دەڕازێـنرێنەوە. ئـەم تایبەتـمەنـدییانەش وایـان کـردووە، کە لەگـەڵ سەرچـاوەکانی تری رۆشـنبـیریی منـداڵانـدا جیـاوازی هـەبێـت، چونکە گـۆڤـارەکـانی منـداڵان دەتـوانـن بـە ئـاسـانی، سـەرنـجی منـداڵان رابـکـێـشـن و چـێـژ و سـوود لـە خـوێنـدنەوەی بابەتە هەمەڕەنگەکانیـان وەربگـرن و بە سەیـرکـردنی وێنـە جـوان و رەنگاوڕەنگەکـانیان دیـدەیـان رۆشـن بـکەن. واش لە منـداڵان بـکەن، کـە هـۆگـر و هـاوڕێی هـەمیـشەی گـۆڤـارەکانی منـداڵان بـن و لایـان شـیریـن ببـن.
گۆڤارەکانی منداڵان، ناوەنـدێکی گـرنگـن بۆ پاراستن و بۆ گواستنەوەی رۆشـنبیری و بەهـا و داب و نەریتە رەسەن و جوانەکانی کۆمەڵ بۆ نەوەی داهـاتوو. هـۆیەکی زۆر گـرنگیشن لە هـۆیەکانی پەروەردەکردن و فـێرکـردن و ئاراستەکـردنی ناڕاستەوخـۆی منـداڵان. گۆڤارەکانی منـداڵانی کورد، هـۆ و هـانـدەرێکی گـرنگـیشن بۆ گـۆشکـردن و پەروەردەکردنی منداڵانی کوردمان، بە رۆحی کوردایـەتی و بە کوردستان پەروەری و بە خۆشەویستی مرۆڤایەتی. هـۆیەکی گـرنگـن بۆ ئاشناکـردنی منـداڵانی کوردمان، بە مێژووی پڕ لە سەروەری گەلەکەمان و بە جوگرافیا و بە سروشتی جوانی کوردستان. هـۆیەکـن بۆ ناسانـدنی سەرکردە و کەڵـە تێکۆشەران و ناودارە نەمرەکانی گەلەکەمان
بە منداڵانی کورد. هـۆیەکی گرنگیشن بۆ فێرکردنی منداڵانی کوردمان بە خۆشەویستی
و شانازی کردن، بە بەرگـریکردن و بە پاڵەوانێتی و گیان فـیدایی پێشمەرگە و گەریـلا شەرڤانە قارەمانەکانی کوردستان، کە بوونەتە هـێما و سیمبولی ئازایەتی و پاڵەوانێتی لە جیهاندا. گۆڤارەکانی منداڵانی کورد گەشە بە بەهـرە و حەز و ئارەزووەکانی منداڵان دەکەن و ئاسۆی بیـر و ئەنـدێشەیان فـراونتر و گەشتر دەکەن. سامانی وشە و رستە و فەرهـەنگی زمـانەوانیشـیان دەوڵەمەنـتر دەکـەن.
چیرۆکی منداڵان ئەو گـێڕانەوە نووسراوەییەیە یا زارەکییەیە، کە بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسـراون. مەبەسـت و پەیـامێکی: پەروەردەیی، نیشـتمانی، کۆمـەڵایەتی، هـونـەری، مـۆراڵی، زانـسـتی و زمـانەوانی، یان چـێژ و خـۆشی لەخـۆدەگـرێـت.
چـیرۆکی منـداڵان، بە ئامـرازێک بۆ بـڵاوکـردنەوەی کولـتوور و زانسـت و زانیـاری و فەلسەفـەکـان دادەنـرێـت. یەکـێکە لە کـاریـگەرتـریـن جـۆرەکـانی ئـەدەب لە دەروونی منـداڵان و گەورەسـاڵان. هـۆکـارێکی گـرنگـیـشە بۆ بنیاتنـانی کەسـایەتیی دروسـت و هاوسەنگی منداڵان. چیرۆک لەلای منداڵان پێگەیەکی دیاریکراوی گرنگ و جیـاوازی هـەیە و لە سەرووی ژانـرە ئەدەبییەکانی دیکەوەیە. بەو چـێژ و هـێزە کـاریگەرییەی کە هـەیەتی، زیـاتر لە ژانـرە ئەدەبییەکـانی دیکە، کاریـگەریی لەسەر منـداڵان هـەیە. سەرچـاوەی ئەم گـرنگییە لەوە دایە، کە چـیرۆک زیـاتر گـوزارشت لە پێویستییەکانی منـداڵان دەکـات، بـۆ گـەڕان و ناسیـنی جیهـانی دەوروبەریـان. لە راسـتـیـشـدا ژیـانی مـرۆڤ لەدایکـبوونـیەوە تا کـۆچکـردنی، بـریتـیـیە لە زنجـیرە چـیرۆکـێکی شـیرین و تـاڵ، یان لە رۆمـانـێکێ درێـژ، کە بە دوا مـاڵـئـاوایی کـۆتـایی دێـت.
لەسەر ئەم بنەمایە، دەکـرێ لەو هـۆکارانە تێبگەین، کە بۆچی چیرۆک پانتاییەکی زۆری لە گۆڤارەکانی منـداڵان گرتووتەوە، بە گۆڤـارە کوردییەکانی کوردستانیشەوە. کە لە هەر ژمارەیەکدا، چیرۆکێک یان دوو چیرۆک بۆ منداڵان، بە وێنەی کێشـراوی رەنگاوڕەنگی جـوانەوە بـڵاودەکـرێنـەوە. چـونکە سـتافی ئـەو گـۆڤـارانـە، ئـەوە دەزانـن کـە چـیرۆک ئاسانـتریـن رێـگایە، بۆ گەیـانـدنی پەیـامـە پـەروەردەیی و نیشـتـمانی و کـۆمەڵایـەتی و رەوشتی، بە منـداڵانی هـۆگـری خـوێنـدنەوە. کار بۆ ئەوە دەکەن، کە کۆمەڵێک بەهـای بـەرز و سـۆز و رەوت و بیـرۆکە و زمـان و تـوخـمەکـانی رۆشـنـبـیری و زانسـتی بـۆ منـداڵانی خـوێنـەر دابـین بکەن. بەشـدارن لە پـێکهـێنانی شـێوازێکی جیـاوازی تەواو، لەگەڵ ئـەو منـداڵانەی کە خـوێنـەر نیـن.
ئەو چیرۆکە وێنەییانەی کە لە گۆڤـارەکانی کوردستانـدا بڵاودەکرێنەوە، لە گۆڤـارەکانی (پەپـولە، هـەنـگ، سڤـۆرە، لەتیف هەڵـمەت، لاپەڕەی منـداڵان لە رۆژنامەی هەولـێر) یان لە گۆڤـارەکانی پێشتردا بڵاوکـراونەتەوە، یان لە سایتە کوردییە ئەلیکـترۆنییەکانـدا بڵاکراونەتەوە و بڵاودەکرێنەوە. رۆلێکی گرنگیان هەبووە و هەیە لە رۆشنبیریکردن و لە ئاراستەکـردنی منـداڵانی نەوەکـانی پێشتر و نەوەی ئەمـڕۆێ کـورد. کە گەشـبینبن و متـمانەیـان بە تـوانـاکانی خۆیـان هـەبێـت، لە دروسـتکـردنی داهـاتـوویەکی گـەشـتر و گەیشتن بە هیـوا و ئامانەنجە خوازراوەکانی کورد و کوردستانی نیشتمانی پیـرۆزمـان.
تا ئێستا بە دەگمەن باس لە رۆڵ و لە گرنگییەکانی چیرۆکەکانی منداڵان لە گۆڤارەکانـی کوردستان بۆ منـداڵان کـراوە. بویە هـیوادارم کە لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بکـرێـت. زیـاتر تیشک بخـرێتـە سـەر ئەم بـوارە و هەڵـیـانـبسەنگـێـنن.
ئەوەش دەپـرسـین، ئایا ئەو چـیرۆکانەی کە لە گۆڤـارە کوردییەکانـدا بڵاوکـراونەتەوە و بڵاودەکـرێنەوە، توانیویـانە رۆڵی خۆیـان لە پەروەردەکـردن و لە رۆشـنبیریکـردن و لە بە نیشـتمانیکـردن و بە کـۆمەڵایەتیکـردنی منـداڵان کـورد، بینـیون و دەبیـنن؟ تا ئێـستا تـوێـژینەوەی ئاکـادیمی نەکـراوە. بە وردی تیشک نەخـراوەتە سەر پەیـام و نـاوەڕۆکی ئـەو چـیرۆکانەی لە گۆڤـارە کوردییەکـانـدا بـڵاوکـراونەتـەوە. تا ئەمـڕۆش رێـکارەکانی میـتـۆلـۆژی (مەنهـەجی) بۆ لێکـۆڵـینەوە لە چـیرۆکەکانی منـداڵانی کورد لە گۆڤارەکانی کوردستان بۆ منداڵان روون نەکـراونەتەوە. لەوانەش دیاریکردنی بابەت و ئامانجەکانی چـیرۆکەکـانی منـداڵان لە گـۆڤـارە کورییـەکـان بـۆ منـداڵان. هـەڵـسەنگـانـدن و رەخـنەی ئەدەبـیـمان نەبـووە و نیـیە، بـۆ لـێکـۆڵـیـنەوە لە لایـەنی ئەرێـنی و نەرێـنیـیان، باشی و خـراپیـان، بەهـێـزی و لاوازییـان.
گۆڤـارەکانی منداڵان، رۆڵ و گرنگییەکی چارەنووسسازیان هـەیە، لە بنیاتنانی مێشک و هـزری دروستی منـداڵان. هـۆشـیاریـان دەکـەنەوە و هـانیان دەدەن بـۆ خوێنـدنەوە و بۆ خۆرۆشنبیریکردن. گـۆڤارە کوردییەکان بۆ منداڵان، یارمەتیی منداڵانی کورد دەدەن، کە بە دروستی فـێری زمانی کوردی ببن. هـانیشیان دەدەن بۆ نووسینی چـیرۆک و شیعـر.

گۆڤارە کوردییەکانی منداڵانی کورد، گۆڤاری گشتین، بۆ تەمەنێکی دیاریکراوی منـداڵان نین. بە زۆری بۆ منـداڵانی تەمەنی (هـەشـت بۆ دوانـزە) سـاڵانـن. گـۆڤـاری تایبـەتیش نیـن و هـەمـوو بابەتـێکـیان لەخۆگرتوون. کاتی دەرچـونیشیان دیاری نیـیە. تیـراژشیان زۆر کـەمـە و بە هـەمـوو شارەکانی کوردسـتان ناگـەن. زۆر بە داخەوە کە لەو گۆڤـارە کوردییـانەی کە لەسەرە ناویانـم هـێـناون، یەک دانـەیـان بـۆ کـتێبفـرۆشەکانی کەرکوک لێ نانـێـرن؟! مـن سێ ساڵ پێش ئێستا، ئەم گلەییەم گەیـانـدە بـرای بەڕێـزم، مامۆستا نەریمان عـوسمان، لە سـتافی گـۆڤـاری پەپـولە کە لە سلـێـمانی دەردەچـێـت. بەڵـێنیان دا، کە لەمەوە دوا، لە هەر ژمارەی پەپـولە چەنـد دانەیەکی بـۆ کتێبخانەکانی کەرکـوک لێ دەنێرن. بەڵام وا دیارە هەر بەڵین بوو، چونکە ئەمساڵ لە سێ کتێبخانەی سەرەکی کەرکـوکـم پـرسی ئایـا گـۆڤـاری پەپـولەتـان بـۆ دەنـێـرن؟ لە وەڵامـدا وتـیان نەخـێـر.
دووبـارە داوا لە ستافی گـۆڤـاری پەپـولە و هـەنـگ دەکـەم، کە لە هـەر ژمـارەیەکـیان، چەند دانەیەک بۆ کـتێـبخانەکانی شاری کەرکوک (دیالۆگ) یا (باباگـوڕگـوڕ) یا (کارێز) بنـێـرن. بـۆ ئـەوەی منـداڵانی کـوردمـان، لـەم شـارە بێـنـازەی کوردســتانـدا، هـۆگـری خوێندنەوەی بابەتەکانی ئەم گۆڤارانەی منداڵان ببن. رۆڵی چەنـد سایتێکی ئەلیکترۆنی کوردی بەرز دەنرخێنین لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ئەدەبیات و پەروەردەی منـداڵان.

دوبـەی: ٢٠٢٤

رەزا شـوان




سۆناتای ئازار.. ستیڤان شەمزینی

ھەمیشە بیرم کردۆتەوە
چنینەوەی ماچی لێوەکانت
چارەنووسی منە
خواردنەوەی پێکی پەژارەکانت
بەشی منە
ھەڵمژینی ئۆکسژینی دووریت
ھەناسەی منە
نقومبوون
لە زەریای لەشی ناسکتدا
داستانی منە
بە چارەنووس و بەش و
داستانی خۆم رازیم


من و تۆ ھەردەم پێمانوایە
ئایەتەکانی عەشق
تەرجەمە دەکەین
بۆ سەر زمانی ئەم چەرخە دڵڕەقە
سروودە کۆنەکانی خۆشەویستی
بۆ لاواندنەوەی گوڵ
نۆژەن دەکەینەوە
ئەو دەمەی دنیا
غەرقی کابووس دەبێت
بە کەشتی ئەوین دەپەڕینەوە
چەند بەختەوەرین لەگەڵ یەکتر
من و تۆ


جیھانی مێشکم ھێندە ئاڵۆزە
بە ئاستەم خۆمم پێ دەناسرێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە ھاڵاو
خۆم ئەبینم شەپۆلی گڕ ئەمبات
لە ئاسمانی خەیاڵەکانمدا کڕێوەیە
بەفر ئەبارێت
رەش وەک چارەنووسم
لەژێر ساباتی دڵمەوە “با” ھەڵدەکات
ھەڵمدەگرێت بۆ بەر دەرگای تۆ
ئەی ئەو ژنەی
خۆر لە چاوەکانتەوە ھەڵدێت
مانگ لە ناو لەپی دەستتدا
ئەدرەوشێتەوە
جیھانی مێشکم ھێندە قەرەباڵغە
وەھا پڕت کردووە
جێگەی خۆم نابێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە لافاو
کوخی بیرکردنەوەم ئاو ئەیبات
لەسەر پەڕەی دڵم نیگار ئەکێشم
چ نیگارێک؟
نیگاری تۆ
کە باراناوی فرمێسک
توانای شۆردنەوەی نەبێت
ئەی ئەو ژنەی لەو میتاڵە پیسە
منت بەو پاکژییە خوڵقاند


چەند قورسە
ئەو ئازارەی من
کێوی تەمەنم
لە بنیدا وردوخاش بوو
بیرم نایەت کەی ئازارم ناسی
لە ھەموو شوێنێک
لەگەڵمدا رێ دەکات
لە ھەموو کاتێکدا
پێمەوە نوساوە
میوانێکە
لە رێی دوورەوە ھاتووە
لە ناو چیمەنی رۆحمدا دەحەسێتەوە
“نای”یەکی گرینۆکی دەنگ ناخۆشە
لەناو سەرمدا گوێم لە زرنگانەوەیەتی
ئای ئازار
ھاوڕێیەکی چەند ھاروھاجی
بەرد ئەگریتە
ئاوێنەی روونی وجودم
چەند سەختە ئەو ئازارەی من
پرتەقاڵی گەنجیم
لە ژێر پێیدا فلیقایەوە
نازانم کەنگێ بوو
خۆی کرد بە ماڵی ژیانمدا
لە ھەموو جێگەیەک
تارمایی ئاسا بە دوامەوەیە
لە ھەموو وەختێک
لەسەر رێی شادیم وەستاوە
بۆنێکی گەنیوی دۆزەخە
ھەموو رۆژێک
لەگەڵ ھەوادا ھەڵدەیمژم
تاوە تەرزەیەکی رەشی قەترانییە
خۆی بە لچکی کراسی
رۆژگارمەوە دەگرێتەوە
ئای ئازار
بیرێکی چەند قووڵیت
وەک یوسفێک
بێ چارە کەوتوومەتە ناوتەوە

ستیڤان شەمزینی





دوو شیعری شەماڵ بارەوانی

دەڤەری بێدەنگی

لەو دیوی خەونێکی هەڵکڕوزاوەوە هاتووم

شیعرەکانم بۆنی پیرییان لێ دێت

من لەمێژە هەڵوەرینم کردووەتە ئەدرەس و
هەموو وشەکانم ڕەنگی ماتەمیان گرتووە

لێم گەڕێن تکایە، دەمەوێ بڕۆمەوە دەڤەری بێدەنگی و
هەرێمی بێتاقەتی بکەم بە نیشتیمانی ئەبەدیم

دەمەوێ ببم بە هاوەڵی سەراب و
لە کەنار دەریای نا ئومێدی لەنگەر بگرم

تاقەتی هیچ شکستێکی ترم نەماوە
چیتر بەرگەی وەرزێکی تری پاییز و هیچ دۆڕانێکی تر ناگرم

گوتم من پیاوی عیشق نیم نا، ئەوە بۆ تێناگەن.

ئاستانەی ئامێز

حەزەکەم
لە ئاستانەی ئامێزت دا کەسێکی بێ حەوسەڵە بم
ببم بە گوڵ و لە ئینجانەی ڕۆحتدا سەوزبم

حەزدەکەم
ببم بە هەڵۆی ماچ و لەسەر لوتکەی لێوت بگیرسێمەوە
ببم بە ناونیشان و لە هەواری هۆنراوەکانت بتوێمەوە

حەزدەکەم
ببم بە پێنووس و دەفتەری بوونت پڕکەم لە وردە خەون
ببم بە حەرف و لە ئامێزی دێڕەکانت فەنابم
هاوشێوەی خودا و کەون

حەزەکەم
ببم بە ڕەنگ و بخزێمە چوارچێوەی میهرەبانیت
ببم بە ئاوی دیدە و
بڕژێمە ناو چۆمی چاوەڕوانیت

شەماڵ بارەوانی