گومانی مێتۆدی لای دێکارت.. کاوە جەلال

یەک) کەس و سەردەم

ڕێنێ دێکارت (بە لاتینی: ڕێناتوس کارتێزیوس) فەیلەسوفێکی مەزنی فەڕەنسییە، مەزنێتییەکەشی بە ناولێنانێکی سەرنجڕاکێش ناسێنراوە: ئەو “باوکی نوێسەردەمی ئەوروپی”یە. هەڵبەتە ئەم ڕستەیە لە سێ واژە پێکدێت: باوک، نوێسەردەم، ئەوروپی. باوک بەرهەمێک دەخاتەوە کە نوێسەردەمە، وەلێ ئەوە نوێسەردەمێکی ئەوروپییە. ئەوجا کاتێک ئەو دەبێت بە بنیاتنەری شێوازێکی نوێی فەلسەفاندن کە “پەرچاندن”ی (ڕێفلەکسیۆنی) مێتۆدییە ڕووەو خودی خۆ، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە مەئریفەی ڕوون و ئاشکرا، ئیدی بەو کارە بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە فەلسەفاندنی باوی سەردەمەکەی دەڕێژێت کە سکۆلایستیک بوو.
دێکارت ساڵی 1596 لە لا های هاتە جیهانەوە، باوکی نەجیبزادە و یاساوان بوو لە دادگەی باڵای بریتانیە، دایکی جیهانی بەجێهێشت کاتێک تەمەنی ئەو یەک ساڵان بوو، بۆیە نەنکی بەخێوی کرد. ئەو لە تەمەنی هەشت ساڵاندا نێررا بۆ خوێندن لە فێرگەیەکی یێزووییەکان (یەسوعییەکان) لە لا فلێش، وەلێ لەبەر ئەوەی کوڕێکی لەشساغ نەبوو، ئەوا ڕێی پێدرابوو تا سەئات 11 لە پێخەفدا بمێنێتەوە و پاشان بێت بۆ فێرگە، بەوەش هاوپۆلەکانی تووڕە دەبوون، دەکەوتنە بۆڵە و سکاڵا: “ئەرێ بۆچی هەرگیز ئەم زەلامە سزا نادرێت؟”، ئەویش وەڵامی دەدانەوە: ئەو وەک شیرەمژە هێندە لاواز بووە کە پزیشکەکان بە تەمای ژیانی نەبوون، بۆیە ناچارە خۆی بپارێزێت و زۆر بنوێت. زۆر نووستن بوو بە نەریتی دێکارت بەدرێژایی ژیانی.
وانەکانی فێرگەی لا فلێش بریتی بوون لە گریکی، لاتینی، ماتماتیک، ئەستێرەناسی، موزیک، تەلارسازی، هەروەها و بەتایبەتی نووسینە لۆگیکییەکانی ئەڕیستۆتێلیس کە وەک زەمینەی فێرکاری چەسپێنرابوون. هاوکات ئەو دەمە یێزووییەکان وەک پێشکەوتنخوازترین ئۆڕدی کڵێسەی کاتۆلیکی ناسرابوون، چونکە گەرچی مامۆستاکان سکۆلایستی بوون، سەرباری ئەوە هەڵوێستێکی کراوەیان بەرانبەر پرسیار و وەڵامی نوێی زانستە سروشتییەکان هەبوو. بەم شێوەیە دێکارت لە زارۆکییەوە بەر دوو شێوازی هزرین دەکەوێت: سکۆلایستیک و هومانیزم، ئەوجا دوای هەشت ساڵ خوێندن لە لا فلێش ساڵی 1612 دەڕوات بۆ پواتیێر تاکو لە زانستگەکەی بەردەوامی بە خوێندن بدات: فەلسەفە، ماتماتیک، یاساناسی و پزیشکی کە ساڵی 1616 تەواوی دەکات.
وەلێ دێکارت لەکاتی فێرخوازییەوە لە لا فلێش تووشی گومان دەبێت لە هەموو ئەو زانستانە کە وەک ڕاستیی پرسیارهەڵنەگر دەخزێنرانە نێو هۆشی فێرخوازانەوە. ئێرنست بلۆخ پەیوەند بەم ڕەوشەی دێکارتەوە لە گومانێکی پسیکۆلۆگییانە دەدوێت، کەواتە ناسۆری دەروونی کە بەپێش گومانی مێتۆدیدا ڕادەبورێت. ئەو خۆی لە “دیسکورزی مێتۆد”دا دەنووسێت: “لە گێژاوێکی ئەوتۆی گوماندا (…) خۆم دەبینییەوە (…) کە ئیدی لە زانینمدا تەنیا نەزانینم ئاشکرا کرد”(1). کەواتە ئاشکرایە بۆچی ئەو دوای تەواوکردنی خوێندنی زانستگەیی ناتوانێت بۆ خاتری پارە و پێگەی سۆسیال پۆستی پارێزەر یان دادوەر وەربگرێت، ژن بهێنێت و وەچە بخاتەوە: “(من نەمدەویست) زانست بکەم بە پیشە تاکو ئاستی گوزەرانی خۆمی پێ چاک بکەم”، بە پێچەوانەوە، هەرئەوەندەی تەمەن دەرفەتی پێدەدات کە خۆی لە پابەندی بە مامۆستا سکۆلایستییەکانییەوە بەربدات، بڕیار دەدات لە دوو شوێنی دیکە نەک لەنێو کتێبەکاندا بۆ زانست بگەڕێت: “لەنێو خۆم یان لە کتێبی مەزنی جیهاندا (…)؛ بەم شێوەیە باقیی تەمەنی گەنجێتیمم بەکارهێنا بۆ گەشتکردن تاکو کۆشکوسەرا و سوپای جیاواز بناسم، بە مرۆڤانی جیاواز لە کارەکتەر و پێگەی سۆسیال تێکەڵ ببم، ئەزموونی هەمەجۆر کۆبکەمەوە و لەو دۆخانەدا کە قەدەر دەیخستمە نێویانەوە، خۆم بخەمە ژێر تاقیکردنەوەوە (…)”(2).
کەواتە دێکارت بڕیار دەدات ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر. ئەو لە سەردەمی جەنگی سیساڵەی مەزەبەکاندا ماوەیەکی کورت لە پاریس بەسەردەبات، پاشان باوکی ساڵی 1618 دەینێرێت بۆ کۆرسی سەربازی لە هۆڵەندا کە ئەو دەمە وەک پێشەنگی جەنگی بزۆک ناسرابوو: هۆڵەندییە کالڤینییەکان بەم شێوازە نوێیەی گێڕانی جەنگ بەسەر ئیسپانییە کاتۆلیکییەکاندا زاڵ بوون کە تا ئەو جەنگە وەک نەبەز ناسرابوون(3). پاشان دێکارت لای مۆڕیتسی ناساو و بەدووی ئەویشدا لە سوپای بایەرن وەک ئەفسەری بێمووچە دەچێتە خزمەتی سەربازییەوە، تەنانەت مەیدانییانە لە داگیرکردنی پراگدا بەشداری دەکات. ئەو ساڵی 1621 لە خزمەتی سەربازی دەکشێتەوە و بەردەوامی بە گەشتەکانی دەدات.
لەکاتی خزمەتی سەربازیی دێکارتدا لە بایەرن / ئەڵمانیا ڕوداوێکی گرنگ هەیە کە ڕەخنەگرانی ناوی دەنێن کاتی خویابوونی هزری نوێسەردەم. دێکارتی بیستوسێ ساڵان ئەفسەرە لە هەوارگەی زستانەی لەشکرەکەیان لە نۆیبورگ:
“ئەو دەمە لە ئەڵمانیا بووم. (…) جەنگ کە جارێ لەوێ کۆتایی نەهاتبوو، بانگی کردبووم بۆ ئەوێ. دوای ئەوەی لە ئاهەنگی تاجلەسەرنانی کایزەر (فێردیناندی دووەم لە نۆی سێپتێمبەردا لە فرانکفورت – ن) گەڕامەوە بۆ سوپا، زستان دەستی پێکرد، ئیدی لە هەوارگە مامەوە و لەوێ هیچ دەرفەتێکی گفتوگۆی پەرتکەرەوەم نەبوو، وەلێ هەر لەوێ بۆ خۆشبەختی نە خەم و نە سۆز هەراسانیان کردبووم. بەم شێوەیە بەدرێژایی ڕۆژ بەتەنیا لە ئۆدەیەکی گەرمدا دەرگەم لەسەر خۆم داخستبوو و تەنیا بە بیرۆکەکانمەوە خەریک بووم.”(4)
دێکارت شەوی 10/11ی نۆڤەمبەری 1619، لە شەوی سان مارتیندا (5)، سێ خەون بەدووی یەکدا دەبینێت. ئەو دوای ئەو خەونانە بڕیار دەدات ببێت بە فەیلەسوف. وەک ئەو خۆی دەبێژێت، خەونی یەکەم و دووەم “سامناک” بوون، ئەوی سێیەم “شیرین” و “ناسک” بوو. ئەو هەر سێ خەونەکەی لە دەفتەرێکی تێبینیدا دەنووسێتەوە و دەفتەرەکە بەدرێژایی ژیانی لای خۆی دەپارێزێت، تەنانەت لەتەک خۆیدا دەیبات بۆ کۆشکی ستۆکهۆلم. بێگومان گێڕانەوەکانی خۆی بزر بوون، ئێمە ناڕاستەوخۆ بەڕێی ئادرێیۆ بایێ-وە کە یەکەم بیۆگرافیی دێکارتی (1691) نووسیوە، نێوەرۆکی ئەو خەونانەمان پێگەیشتووە. بایێ کە لە دەفتەری تێبینییەکانی دێکارتدا داڕشتنی ئەو سێ خەونەی ئەوی خوێندبۆوە، لە نووسینی بیۆگرافییەکەی دێکارتدا دایاندەڕێژێتەوە. ئەمڕۆ گێڕانەوەکەی بایێ وەک باوەڕپێکراو ناسێنراوە.
لە خەونی یەکەمدا هەموو شتەکان شێواون؛ ئەو بەنێو شاردا وێڵە و لەشی بەلای چەپدا کەوتووە، کەواتە ناتوانێت بەڕێکی بەڕێوە بڕوات و بەو هۆیەوە شەرمی بە خۆی دێت، بۆیە هەوڵ دەدات خۆی ڕاست بکاتەوە، وەلێ باهۆزێک هەڵی کردووە و دەرفەتی پێنادات خۆی بەپێوە ڕابگرێت، تەنانەت چەند جارێک لەسەر پێی چەپ دەیسووڕێنێتەوە. ئەوجا هەوڵ دەدات بۆ هێورکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی لەشی دەرمانێک بخوات، وەلێ هەوڵەکەی شکست دەهێنێت. پاشان هەوڵ دەدات هانا بۆ کلێسەیەک بەرێت تاکو لەوێ بە ئارامیی دەروونی بگاتەوە، وەلێ ناتوانێت بە کڵێسەکە بگات، چونکە باهۆزەکە بەتوندی بەرەو پاش دەیگەڕێنێتەوە. جگە لەوە مرۆڤەکان کە ئەو لە ڕێ پێیان دەگات، بایەخی پێنادەن. هاوکات گەرەکە پیاوێک بدۆزێتەوە تاکو مێلۆنێکی (کاڵەکێکی) پێبدات، کەچی ئەمەشی بۆ ناچێتە سەر. سەرئەنجام هەڵکێشراو لە ئارەق بێدار دەبێتەوە، هەست بە ئازارێکی توند دەکات و وای بۆ دەچێت کە گیانی خراپ ویستوویەتی لەخشتەی بەرێت، ئیدی بۆ نزیکەی دوو سەئات لە چاکە و خراپەی نێو جیهان دەهزرێت. پاشان دەنوێتەوە.
دێکارت لە خەونی دووەمدا دەکەوێتە نێو بۆرانێکەوە و هەورەگرمەیەک ڕایدەچڵەکێنێت، بێدار دەبێتەوە و هەست دەکات کە دەتوانێت لە تاریکیدا ببینێت، وەلێ نازانێت کە داخۆ هۆی ئەوە بۆ پزیسکە پەرشبووەکانی نێو ئۆدەکەی دەگەڕێتەوە یان بۆ چاوانی خۆی کە داگیرساون و ڕوناکی دەخەنەوە. کەواتە ناتوانێت خەون و کەتوار لە یەکدی جیابکاتەوە. جگە لەوە ئەو زۆر جار شتی بەو چەشنەی بینیوە، بۆیە ئیدی سەرلەنوێ بەئارامی دەنوێتەوە.
لە خەونی سێیەمدا نەک هەورەبروسکە، بەڵکو ڕوناکیی مۆم هەیە. ئەم خەونە ترسناک نییە وەک دوانەکەی پێشوو. دێکارت ژمارەیەکی زۆر کتێبی لە بەردەمدایە، هەروەها فەرهەنگێک لەسەر مێزێکە و نازانێت کێ لەو جێیەدا دایناوە. لە تەنیشت فەرهەنگەوە کۆکارێکی هەڵبەستڤانان لە بەرگێکدا دەبینێت، ئەوجا پیاوێک کە دێکارت نایناسێت، هەڵبەستێکی نێو ئەو کۆکارەی بۆ دەپەسنێنێت کە بەم وشانە دەست پێدەکات: “Est et Non” (“ئەرێ و نەرێ”)، وەلێ ئەو ناتوانێت هەڵبەستەکە بدۆزێتەوە، بۆیە دەبێژێت کە هەڵبەستێکی دیکەی زۆر جوانی هەمان هەڵبەستڤان هەیە و بریتییە لە: “Quod vitae sectabor iter?” (“ئایا (لە ئایندەدا) چە ڕێگەیەک بگرمە بەر؟”). سەرباری ئەوە ناتوانێت ئەمیش بدۆزێتەوە. کاتێک لاپەڕەکانی هەڵدەداتەوە، تێیاندا پۆرترێی بچووکی جیاواز دەبینێت و هەست دەکات، گەرچی کتێبەکە زۆر جوانە، سەرباری ئەوە جیاواز لەوە چاپکراوە کە ئەو پێشتر بینیبووی. لە کۆتاییدا کتوپڕ کتێبەکان و پیاوەکە دیارنامێنن.
دێکارت لە خەونی یەکەمدا بەتەنیایە و وێڵە، هەروەها بەلای چەپدا کەوتووە، ئەمەش بەگوێرەی ڕاڤەکردنی ئەو دەمەی ئەوروپی لاربوونەوەیە بەرەو گومڕایی، یان دوورکەوتنەوەیە لە ڕێی ڕاست (بریتییە لە ئیڕتیداد)، بۆیە مرۆڤەکانیش کە ئەو لە ڕێ پێیان دەگات، بایەخی پێنادەن. ئەوجا مێلۆنەکە، بەگوێرەی ڕاڤەکارانی دێکارت، وێنەیە بۆ میوەیەک یان مرۆڤێک کە ژیانی ناخەکییانەی نەناسراو و گوماناوییە، کەواتە مرۆڤ دەشێت پەیوەند بە هەردووکیانەوە بەسەهوودا بچێت. دێکارت وایدادەنێت کە ئەو دەتوانێت بەبێ مێلۆن، بەبێ مرۆڤان، هەڵبکات، بۆیە ستایشی “تەنیایی” دەکات. مێلۆن بۆ ئەو بەرجەستەی تەنیاییە وەک پێویستییەک بۆ هزرین. ئەوجا کاتێک ئەو لە خەونی یەکەمدا وێڵ بووە و لە خەونی دووەمدا هەورەگرمەیەک ڕایدەچڵەکێنێت، ئەوا خەونی سێیەم هانی دەدات کە بۆ ڕێگەی خۆی بگەڕێت. بە بڕوای ئەو فەرهەنگەکە نیشانەیە بۆ کۆی زانستەکان، کۆکاری هەڵبەستڤانەکان نیشانەیە بۆ پەیوەندیی فەلسەفە و دانایی، ئەوجا ئاماژەدانی کابرای نەناس بۆ ناونیشانێکی وەک “ئەرێ و نەرێ” هاندانە بۆ جیاوازیکردن لە نێوان ڕاست و هەڵەدا، وەلێ گەر لە کتێبەکاندا پرسی “ڕاست و هەڵە”ی بۆ ساغنەکرایەوە، ئەوا گەرەکە خۆی بگەڕێت کە داخۆ شتێکی ڕاست یان هەڵە هەبێت و لەنێو هۆشی خۆیەوە هەڵقوڵابێت. خەونی سێیەم ئاماژە بۆ ئایندە دەدات، دێکارتیش ڕێگەی بەرەو ئایندە دەگرێتە بەر(6).
بە گۆتەی دێکارت خۆی ئەم سێ خەونە کاریگەری لەسەر ئایندەی ئەو دەنوێنن، ئەو گۆیا لەو خەونانەوە دەگات بە بنەمای “کۆگیتۆ ئێرگۆ سوم” (“من دەهزرێم کەواتە من هەم”)، یان دەگات بەو بڕوایە کە گەرەکە شۆڕشێکی فەلسەفەیی بەرپا بکات، واتا: هەر شتێک کە وەک جەخت و مسۆگەر دەنوێنێت، لە بناغەوە بڕمێنێت و سەرلەنوێ لە یەکەمین بناغەکانەوە دەستپێبکاتەوە(7). بە شێوەیەکی ڕوونتر ببێژین، ئەو دەیەوێت مێتۆدێکی یونیڤێرساڵ (گشتگیر) بۆ توێژینەوە لە ڕاستی (واتا زانین) گۆڕان پێبدات تاکو فەلسەفە ببێت بە زانست. لە بنەڕەتدا ئەم زانستە نوێیە کە ئەو بنیاتی نا، کاریگەریی قووڵی لەسەر جیهانی مۆدێرنی ئەوروپی نواند. لەوێ دەربڕینی “من” لە دێکارت جیانابێتەوە.
وەلێ دێکارت سەرباری بڕیاردان بۆ گرتنەبەری ڕێگەی خۆی هێشتا هەر ئەزموونەکەی شەوی 10/11ی نۆڤەمبەری 1619 بۆ ماوەی 18 ساڵ وەک نهێنییەک لە ناخی خۆیدا دەشارێتەوە.
دێکارت دوای مردنی باوکی میراتییەکی زۆری بۆ دەمێنێتەوە و ڕزگاری دەکات لە خەم و مشووری گوزەران. دوای ئەوەی ماوەیەک لە پاریس بەسەر دەبات، دەڕوات بۆ هۆڵەندا و لەوێ 19 ساڵ (لە 1629 تا 1649) دەمێنێتەوە. ئەو دەمە هۆڵەندای کالڤینی و کۆماری تەواو جیاواز بوو لە فەڕەنسای کاتۆلیکی و شانشینی، چونکە لەوێ بەهۆی پەیوەندییە لیبەرالەکانییەوە مرۆڤ دەیتوانی ئازادانە بنووسێت و نووسینەکانی بڵاوبکاتەوە. سەرباری ئەوە لە ماوەی ژیانیدا لەو وڵاتە 24 جار لە ترسدا شوێنی گوزەرانی دەگۆڕێت، هاوکات ناونیشانی خۆی بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە ناسیارانی دەدات. ئەوجا هەر لە هۆڵەندا ڕوداوێکی خەمهێن کاریگەریی قووڵ لەسەر ژیانی دەنوێنێت: لەوێ لەتەک کیژە کارەکەرەکەیدا بە ناوی هێلێنە یانز زارۆکێک دروست دەکات و ساڵی 1635 دەبێت بە باوک، وەلێ کچەکەی لە تەمەنی پێنجساڵاندا دەمرێت، بەو هۆیەشەوە دەخزێتە نێو تەنگژەیەکی قووڵی دەروونییەوە.
ساڵی 1637 دێکارت نووسینی “دیسکورز لەبارەی مێتۆدی بەکارهێنانی دروستی ئاوەز و گەڕان بۆ ڕاستی لەنێو زانستەکاندا” بڵاودەکاتەوە و فەلسەفە ڕاسیۆنالیستییەکەی ڕادەگەیەنێت. وەلێ بەهۆی ئەو نووسینەوە نەک تەنیا کڵێسە لە فەڕەنسای زێدی خۆی، بەڵکو تیۆلۆگە پرۆتێستانتەکانی هۆڵەنداش لەدژی ڕاستدەبنەوە. ئامانجی نووسەری “دیسکورزی مێتۆد” ئەوەیە کە خوێنەرانی فێرببن مێتۆدییانە ڕاست لە هەڵە جیابکەنەوە تاکو لە کردارەکانیاندا بەڕوونی ببینن و لە ژیاندا بەمسۆگەری بەرەو پێش هەنگاوبنێن، وەلێ مرۆڤ ئەمەی پێبەدیدەهێنرێت، گەر لەنێو خۆیدا بنەمایەک بۆ لەسەروەستان بچەسپێنێت. لێرەدا ڕوونتر تێدەگەین کە بۆچی ئەو دەبێت بە باوکی نوێسەردەمی ئەوروپی: چەسپاندنی بنەمای خۆیی دەبێت بە هەوڵی چەندین ملیۆن مرۆڤی ئەوروپی بەو مەبەستە کە ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر. بۆیە هێگل دەبێژێت: “ئەو پاڵەوانێکە کە (…) زەمینەی فەلسەفەی لەنوێوە بنیاتنایەوە”(8).
ئەوجا دێکارت ساڵی 1641 “مێدیتاسیۆنەکانی (لێهزرینەکانی) یەکەم فەلسەفە” بڵاودەکاتەوە، سەرەتا بە زمانی لاتینی، پاشان بە فەڕەنسی، جا گەرچی هێشتا هەر لاتینی زمانی ستاندارتی فەلسەفە و زانستەکان بوو. وەلێ زەبری بێبەزەییانەی دەسەڵاتدارانی ئایینی دێکارت ناچار دەکات ماسک هەڵبگرێت تاکو لەتەکیاندا نەکەوێتە ناکۆکییەوە. بۆیە لە سەرەتای کتێبەکەیدا بەشێکی “پێشکەش” دادەنێت و دەنووسێت:
“ڕێنێ دێکارت سڵاوی خۆی پێشکەشی ڕاگران و دکتۆرانی فاکولتێی تیۆلۆگیی پیرۆزی پاریس دەکات”، ئەوجا بەردەوام دەبێت: ئەو نووسینەکەی دەخاتە بەردەمیان تاکو ئەو زانا مەزنانە خۆیان بەڕوونی مەبەستی ئەو ببینن و دوای ئەوەی بینییان، ئیدی بەگونجاوی دادەنێن، لەبەر ئەم هۆیە گەرەکە ئەوانی بەڕێز بەرگریی لێبکەن (!). سەرەڕای ئەوە دێکارت هێشتا هەر تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە پرسی خودا و نەمریی دەروون دەخاتە بەردەم تیۆلۆگەکان: “من هەردەم ئەو تێڕوانینەم هەبووە کە پرسیاری خودا و دەروون گرنگترینی ئەو پرسیارانەن کە دەبێت بە یاریدەی فەلسەفە نەک تیۆلۆگی بسەلمێنرێن”(9).
سەرباری ئەوە ژیانی دێکارت بەهۆی کتێبەکانییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە. دوای ئەوەی کریستینەی شاژنی سوید پاییزی 1649 بانگی دەکات بۆ کۆشکی ستۆکهۆڵم تاکو لەوێ وانەی فەلسەفەی پێبدات، ئەو بانگهێشتەکەی قبووڵ دەکات و دەڕوات بۆ سوید. وەلێ شاژن ڕاهاتبوو بەیانیان زوو بێداربێتەوە و هەستێت، دێکارتی خەوخۆشیش دەبوو بەو بەیانی زووە هەستێت و بڕوات بۆ لای تاکو بابەتی فەلسەفەیی بۆ بخوێنێتەوە – بە سەرئەنجامێکی کوشندەوە: بەرگەی یەکەم زستانی سوید ناگرێت. ئەوی سەرمابردەڵە لەکاتی پیاسەکردنی بەیانیان لەتەک شاژندا بەسەختی سەرمای دەبێت، سییەکانی هەو دەکەن، نەخۆشییەکە لێی پیس دەکات و 11.02.1650 لە ستۆکهۆڵم دەیکوژێت.
ساڵی 1663 نووسینەکانی دێکارت دەخرێنە نێو لیستی نووسینە یاساغکراوەکانەوە (Index librorum prohibitorum) کە بەکورتی هەروەها ناودەنرێت “لیستی رۆمی” (Index Romanus).
دێکارت لەپاڵ فەلسەفەدا هەروەها واتایەکی مەزنی بۆ ماتماتیک هەیە. ئەو بە نووسینی “لەبارەی ئەندازە” گۆڕانی دا بە کایەیەکی نوێ لە ماتماتیکدا کە ناو دەنرێت ئەندازەی شرۆڤەیی. ئەم ئەندازەیە هاوکێشە جەبرییەکان بە داڕشتنی ئەندازەیی شرۆڤە دەکات، هەروەها بابەتە ئەندازەییەکان بە هاوکێشەی جەبری وەسف دەکات. جگە لەوە ئەو یەکەم ماتماتیکی بوو کە هێماکانی “+” و “-“ی لە ژمێرەدا بەکارهێنا، هەروەها شێوازی نووسینی توان (بۆ نموونە a2 لەبریی aa)، هێمای ڕەگ و سێ پیتەکەی کۆتایی ئەلفبا (x، y و z) کە وەک قەوارەی بگۆڕ (ڤاریابل) لە سیستەمی پۆتاندا بەکاردەهێنرێن، دەگەڕێنەوە بۆ دێکارت.

دوو) شێوازی هزرینی سکۆلایستی

لە بنەڕەتدا دەستەواژەی “چەرخی نێڤین” تەنیا پەیوەندیی بە ئەوروپای کریستیانییەوە هەیە، شێوازى پێگەیاندنی ئەم چەرخەش بریتییە لە سکۆلایستیک، واتا پێگەیاندنى فێرگەیى. وەلێ ئێمە پێویستە سکۆلایستیک لە دوو واتادا دیارى بکەین: لە واتایەکى تەسکدا هزرینى فەلسەفەیى-فێرگەییە کە تا ڕێنیسانس پەیڕەو دەکرا. ئەو دەمە فێرگەکان لەنێو کڵێسەکاندا بوون و پاشان لە سەدەى سیازدەیەمدا گوێزرانەوە بۆ نێو زانستگەکان. لێ سکۆلایستیک لە واتایەکى فراواندا شێوازى هزرینى ئەم چەرخە بەگشتى دەگرێتەوە.
گەرچى سکۆلایستیک بەنێو سێ قۆناغى سەرەتا و باڵا و درەنگدا ڕەت دەبێت، سەرەڕای ئەوە وەک سەرجەم مۆرکێکى سەرەکیى هەیە: بەندە بە تیۆلۆگى و سەروەریى کلێسە و بیبلەوە؛ زەمینەکەى بریتییە لەو تێڕوانینە کە واى دادەنێت هەقیقەتى ئیمان پێشتر لە لایەن تیۆلۆگییەوە پێناسە کراوە. ڕوونتر ببێژین: مرۆڤ دەبوو بڕوای بە خودا و سروش هەبێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە زانایان بۆیان نەبوو لە فاکتە جیاوازەکان بتوێژنەوە کە مۆرکی زانستی مۆدێرنە، بەڵکو دەبوو بەڵگە بۆ دۆگمەکانی کڵێسە بهێننەوە. بۆ نموونە لە ئەستێرەناسیدا، پابەند بە جیهانبینیی گریکییەوە، زەمین خرابووە نێوەندی سیستەمی خۆرەوە، خۆریش وەک هێمای چاوی خودا دادەنرا کە لە سەرەوە چاودێریی هەر کردارێکی مرۆڤان دەکات. جگە لەوە پرۆگرامی زانست تەنیا بەسەر لکە سەربەخۆکانی فەلسەفەدا بەکارنەدەبرا، بەڵکو بەسەر یاساناسی و پزیشکیشدا.
هزرینی سکۆلایستی لە ئاستی لێرەبوونی (وجودی) نێوجیهانیی مرۆڤەوە وەک ئیماندارێکی ئاوەزمەند ئاوەڵا دەکرا، فێرخوازانیش وەک ئاوەزمەند و سەلار و گوێرایەڵ زانستەکانیان لە مامۆستایان وەردەگرت و دەیاندانەوە یان درەنگتر لەسەر ڕێنوما چەسپێنراوەکان پەرەیان پێدەدان. کەواتە ئەوان بەدەر بوون لە ئازادیی هزرین. گەر کڵێسە بیپرسیایە: “ئایا چۆن هەبوونی خودا دەسەلمێنرێت؟”، یان “بۆچی خودا بۆ مەبەستی خەڵاسی مرۆڤان بوو بە مرۆڤ؟”، دەبوو فەیلەسوفان لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا بەڕەهایی بەند بن بە سێ بنەماوە: بیبل، پاتریستەکان (باوکانی کڵێسە) و ئەڕیستۆتێلیس. نەک سەلماندنی ئیمان، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ئاوەزمەندانەی دۆگمەکانی کڵێسە بابەتی ئەوان بوو بەو ئامانجە کە ئیمانداران باشتر لە نێوەرۆکی ئیمان و ڕاستیی خەڵاس تێبگەن. لێرەدا دەستوێژەکانی ئەرگومێنتهێنانەوەی زانستی بەگوێرەی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس و دیالێکتیکی فێرگەکان (سکۆلاکان) لە سەرجەم مەئریفەی زانستی و بەشەکانی خوێندندا بەگەڕ دەخران، دیالێکتیکیش لەم پەیوەندییەدا بەواتای دانانی پرسیار (quaestio) و دانوستاندن (disputatio)ی دروستی زانستی کە پابەند بە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیسەوە ئەنجام دەدرا. بۆ نموونە گەر پرسێکی نێو بیبل ببووایە بە بابەتی دانوستاندن، ئەوا پرسەکە وەک ڕاستی دادەنرا، ئەوجا “پرسیار” ئاڕاستەی دەکرا تاکو لە خودی ئەو بابەتە دانراوەوە مەئریفەی قووڵتر دەربئەنجامێنرێت، لێرەشدا تەنیا مامۆستا دوایەمین تێڕوانینی چواندووی ڕادەگەیاند و وەک گونجاو بە بنەماکانی ئیمانی کریستیانی وەردەگیرا. چە قورەت بوو فێرخوازێک “پرسیار”ی ڕاستیی بکردایە، کەواتە خۆی نەخستبایەتە ژێر ڕکێفی ڕاستیی چەسپێنراوی کڵێسەوە! ڕستەکەی ئەنسێڵم چواندنی گشتیی هەبوو: “من ئیمانم هەیە، کەواتە من دەزانم”. وەک پاشان دەبینین، دێکارت درەنگتر بنەمایەک ڕادەگەیەنێت کە دەشێت وەک دژەوەڵام بۆ ئەنسێڵم دایبنێین: “من دەهزرێم کەواتە من هەم”.
جگە لەوە هزرینی فیزیکی لە سکۆلایستیکدا بەند بوو بە هزرینی گریکییەوە کە چوار توخمی بنەڕەتیی وەردەگرت و لە ژێرەوە بەرەو ژوور بریتی بوون لە: ئەرد، ئاو، هەوا و ئاگر. توخمە قورسەکانی ئەرد و ئاو سارد بوون، توخمە سووکەکانی هەواو و ئاگر گەرم بوون؛ ئەرد و ئاگر وشک بوون، هەوا و ئاو بەلێشاو بوون، هاوکات ناکۆکیی نەبڕاوە هەر چواریانی بەبێ هیچ شیمانەیەکی ئاشتبوونەوە تەنیبوو. دروستبوون و لەناوچوون دوو پرۆسەی نەبڕاوەی کایەی زەمینی بوون. بە یەکگرتنی چەند توخمێک شتێک دەهاتە ئاراوە کە ناو دەنرا “تەنی تێکەڵ” بە فۆرمێکی تایبەتییەوە کە گەردیلە توخمییە ناتەباکانی خودی ئەو تەنەی ڕادەگرت. بۆ نموونە لە لەشی ئاژەڵدا ئاگر لە شێوەی گەرمیی ئەنیمالیدا لەگۆڕێ بوو؛ هەر ئەوەندەی فۆرمی توخمییانەی ئاژەڵەکە لەناوبچووایە و ئەویش مردار ببووایەتەوە، ئیدی سەرەتا ئاگرەکەی لێوە دەردەچوو، چونکە چیدی فۆرم ئاژەڵەکەی ڕاگیر نەکردبوو، تا لە کۆتاییدا لاکی ئاژەڵەکە سارد دەبۆوە. یان گەر ئاگر بییەوێت لەدژی ئاو بجەنگێت، سەرەتا گەرمیی خۆی وەک پێشڕەو بۆ دەنێرێت، ئەویش ساردیی سروشتیی ئاو ڕاودەنێت و لاوازی دەکات، چونکە ئاو لە سروشتەوە چڕ و قورسە، بە پێچەوانەشەوە گەرمی دەیەوێت بیکات بە هەڵم. ئەوجا گەر کاریگەریی دوژمنانەی چۆنێتییەکەی گەرمی کە سەربەخۆ کارایە، تا ڕادەی پێویست بەردەوام بێت، ئیدی دەبێت لە کۆتاییدا فۆرمی ئاو کە ماتەرییەکەی تەنیوە، جێ بۆ فۆرمێکی دیکە چۆڵ بکات: فۆرمی هەوا (10).
مۆرکێکی بنەڕەتییانەی فیزیکی چەرخی نێڤین ئەوە بوو کە شتەکانی وەک پێکهاتوو لە گەوهەر و چۆنێتی وەردەگرت، وەلێ هەردووکیانی سەربەخۆ لە یەکدی دادەنا، جگە لەوە هەردووکیان بەزۆری لە چالاکیدا بوون (ئەم پرسە لە خوارەوە ڕوونتر دەبێتەوە).
وەلێ لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا سەرجەم جیهانبینیی سکۆلایستی خرایە ژێر پرسیارەوە، هەڵوەشێنرایەوە و بەوەش لەکارخرا، کە بێگومان جیهانبینییەکە هێندە ئاسان تەسلیم نەبوو، بەڵکو چووە شەڕی خوێناوییەوە لەدژی هەر جۆرە هزرینێکی نوێ لە زانستە سروشتییەکان، لە فەلسەفە و ڕێکخستنی نوێی جڤاکیدا.

سێ) مێتۆدی زانستی-سروشتییانەی نوێسەردەم

کاتێک سکۆلایستە قەدیمییەکان کە پابەندی ئەڕیستۆتێلیس بوون، زانستەکانیان بەگوێرەی بابەتەکانیان دادەبەشاند و بەجیا لە هەر یەکەیان دەتوێژینەوە، ئەوا لە نوێسەردەمدا مێتۆد دەبێت بە کلیلی بنیاتنانی زانست. جگە لەوە لە هزرینی زانستی-سروشتییانەی قەدیمییە سکۆلایستییەکاندا ماتماتیک وەک پاشکۆی فیزیک دادەنرا، بێگومان وەک پاشکۆیەکی سەربەخۆ لە فیزیک و هاوکات دەگۆترا، کە ماتماتیک تەنیا بە داماڵین (ئەبستراکسیۆن) لە فیزیک بەدیدەهێنرێت، وەلێ ئەم جۆرە تێڕوانینە ئاستەنگێکی گەورە بوو لە بەردەم داواکارییە زانستییە نوێکانی ئەو سەردەمەدا کە بۆ بنیاتنانی تەکنیک ڕاگەیەنرابوون. بۆ نموونە دێکارت لەدژی فیزیکی ئەڕیستۆتێلی کە سپێکولاتیڤ (بەدەر لە مەئریفەی مسۆگەرکراو) بوو، داوا دەکات کە دەبێت فیزیک بەڕەهایی بکرێت بە ماتماتیک. لێرەدا فیزیکی نیوتن بوو بە ئەلتەرناتیڤی فیزیکی قەدیمییەکان و توانیی داواکارییەکانی ئەو سەردەمە بۆ دەستگرتن بەسەر سروشتدا ساتار بکات. ئەوجا، وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، کاتێک لە فیزیکی قەدیمیدا چۆنێتییەکان سەربەخۆ لە گەوهەرەکان دادەنران، ئەوا فیزیکی دێکارت (کە بێگومان ئەمڕۆ تەواو بۆڕدراوەتەوە) چۆنێتییەکان دەکات بە ڕەوشی گەوهەر: سەرجەم فرەجۆریی سکۆلایستییانەی توخمەکان، گەوهەرەکان، فۆرمەکان، چۆنێتی و چەندێتییەکان، دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو تایبەتمەندی کە بریتین لە شێوە و بزووتن و تەنیا بەندن بە گەوهەری کشاوەوە (ڕێس ئێکستێنزاوە)، ئەمەش ئاسانکارییەکی نوێ بوو بۆ هزرینی بەبەرهەمی فیزیکی.

سەرفرازبوونی زانستە سروشتییەکانی نوێسەردەم بەندە بە مێتۆدی ئێکسپێریمێنتێل (تەجروبەیی) و مۆدێلە ماتماتیکییەکانی فیزیکی گالیلێی و نیوتنەوە. گەرەک بوو جیهان میکانیستییانە ڕوونبکرێتەوە. ئەم جیهاندیدییە نوێیە وایدادەنێت کە هەموو تەنە ماتەریەلەکان (کەرەسەییەکان) لە گەردیلەی میکانیکی یان لە ئەتۆم پێکدێن و پێکڕا پابەندی یاساکانی میکانیکن(11). لێرەدا دەگەین بە مێتۆدی ئەم هزرینە میکانیستییە کە دوو ڕەوت بە ئاڕاستەی بەرەڤاژ لە خۆدەگرێت: ڕێزۆلوسیۆن (بە گریکی: ئانالیزیس، واتا شرۆڤەکردن، شیکردنەوە یان دابەشاندن)، ئەوجا کۆمپۆزیسیۆن (بە گریکی: سینتێزیس، واتا لێکدان، ڕێکخستن یان داڕشتن).
گالیلێیۆ گالیلێی (1564-1642) و ئایساک نیوتن (1642-1727) لەو زانایانەن کە مێتۆدی ناوبراویان بەهەند وەردەگرت. گالیلێی ئەم مێتۆدەی لە ئێکسپێریمێنتەکانیدا (تەجروبە زانستییەکانیدا) سەبارەت بە پانتایی لار بەگەڕخست، ئەویش کاتێک لارییەکەی گۆڕێ تاکو تەوەرەکانی بزووتنی بەربوونەوە شرۆڤە بکات(12). هەروەها نیوتن لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “پرنسیپیا” چوار ڕێسای مێتۆدۆلۆگیانەی دانا: دوو ڕیسای یەکەم ڕوودەکەنە شرۆڤەی هۆی دیاردەکان، داوا دەکەن تەنیا ئەو هۆیانە وەربگیرێن کە بەسن بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەکان، هەروەها گەرەکە ئەنجامگەلی هاوشێوە بگەڕێنرێنەوە بۆ هۆی هاوشێوە. سێیەمیان بریتییە لە ڕێسای ئیندوکسیۆن (ئیستیقراء، دەرئەنجامگیری لە تایبەتێتییەوە بەرەو گشتێتی)؛ ئەم ڕێسایە تەنیا ڕێ بە یەک شێوازی کارکردن دەدات: دەبێت ئەدگاری میکانیکییانەی هەر تەنێک کە ئەمپیریانە ناسراوە، بە چەشنێک بگشتێنرێت کە ئیدی چواندنی بۆ هەموو تەنەکان، تەنانەت بۆ بچووکترین گەردیلەکانی هەر تەنێک، واتا بۆ ئەتۆمەکان، هەبێت. چوارەم ڕێسا دەیسەپێنێت: مرۆڤ هەرگیز نابێت دەستبەرداری ئەو هیپۆتێزانە (گریمانانە) بێت کە ئەمپیریانە سەلمێنراون، وەلێ گەر درەنگتر زانستییانە وەک هەڵە سەلمێنران (falsification)، ئیدی دەتوانێت وازیان لێبهێنێت، کەواتە نەک لەو کاتەدا کە گونجاویان بۆ زانست جێی پرسیار نییە، لەبرییەکی سپێکولاتیڤیان (بەدەر لە مەئریفەی مسۆگەرکراویان) بۆ دابنێت(13).
دێکارت بە پێچەوانەی هزرینی ئەمپیرییەوە کە داوای مەئریفەی جەخت ناکات، گۆڕان بە مێتۆدێکی ڕاسیۆنالیستی دەدات، واتا گشتێتییە بەڕەهایی چواندووەکانی ماتماتیک وەک بنەڕەت دادەنێت، چونکە بەهۆی چواندنی ڕەهایانەوە شیاوی هەڵوەشاندنەوە نین، بۆیە دەمانگەیەنن بە مەئریفەی جەختی شتەکان. ئەو تەنانەت داوا دەکات کە دەبێت زانین هەمان جەختیی ڕەهای ماتماتیکی هەبێت. بێگومان ئەو سەرەتا بنەڕەتێک بۆ جەختییە پێویستەکەی مەئریفە دەچەسپێنێت: نابێت بەبێ ئینتوئیسیۆنی (نەزەری) ڕوون و ئاشکرا هیچ هزرینێکی دەرئەنجامگیر (دێدوکسیۆن) وەربگیرێت. جیاوازیی هەردووکیان لەوەدایە، کە ئینتوئیسیۆن نەزەری سادە و لە خۆدا ئارامی گەوهەرە، وەلێ لە هزرینی دەرئەنجامگیردا بزووتنێکی زنجیرەیی بەردەخرێت؛ جگە لەوە ئێمە لە ڕەوشی ئەمیاندا پێویستمان بە ئێڤیدێنس (ڕوون و ئاشکرایی) نابێت، چونکە ئیستا هزرینی هەڵهێنجەرانە جەختییەکەی خۆی لە تەرکیزەوە وەردەگرێت.
ئێمە تەنیا دوای نەزەری ڕوون و ئاشکرا لەو ڕاستییە سادانە کە گشتین، دەتوانین ئاوەزمەندانە دەستبکەین بە دەرئەنجاماندنی تایبەتێتی، هەر ئەم مێتۆدەشە کە دەرفەتی بڕیاری (حوکمی) دروستمان بۆ دەڕەخسێنێت و دەتوانین زانست بنیاتبنێین. مەئریفەیەک کە بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بەدیهێنرابێت، بۆ دێکارت بریتییە لە بەڵگەنەویست (ئەکسیۆم). یان بە پێچەوانەوە گەر من بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا تێنەگەم کە لە سێگۆشەیەکی گۆشەوەستاودا کۆی ڕووبەری دوو چوارلایەکسانی سەر لاکان یەکسانە بە ڕووبەری چوارلایەکسانی سەر ژێ، ئەوا پێناسەکردنی ئەم بیردۆزە لە لایەن منەوە بەدەرە لە بنەڕەتی مەئریفی. من تەنیا ئاوەزمەندانە پێناسەکەم وەرگرتووە، یان دەرخم کردووە و لە زاکیرەمدا ڕامگرتووە. من ئەوها نابم بە ماتماتیکی، جا چەند زۆر کاری ماتماتیکییانەی ئاوەزمەندانەم لێبووەشێتەوە. تەنیا بەدووی نەزەری ڕوون و ئاشکرادا دەشێت بابەتە دانراوەکە بە دابەشاندن / شرۆڤەکردن بەرەو پرنسیپەکانی ببرێتەوە کە پێکڕا ڕاستیی ڕوون و ئاشکران، ئەوجا پرنسیپەکان بە ڤەگەڕان لە داڕشتن-ەوەیەکدا لێکبدرێنەوە.
دێکارت مێتۆدی ڕێزۆلوسیۆن-کۆمپۆزیسیۆن: شرۆڤەی پاشڤەچوو بەرەو پرنسیپەکان و ئەوجا لێکدانەوەیان، بە چوار ڕێسای هزرینی زانستی پێشان دەدات:
1) ڕێسای ئێڤیدێنس (ڕوون و ئاشکرایی): من نابێت هیچ شتێک بە ڕاست دابنێم کە گومانی لێبکرێت. کەواتە تەنیا شتێک، ڕەوشێک یان گۆزارەیەک بە ڕاستی دادەنرێت، گەر ئاگایی بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بینیبێتی. بێگومان من تەنیا کاتێک ئەم دەرفەتەم بۆ دەڕەخسێت، گەر خۆم سەرەتا لە هەڵپە و پێش-بڕیار (حوکمی موسبەق) بەدوور بگرم.
2) ڕێسای دابەشاندن: کێشەی ئاڵۆز دادەبەشێنم بەسەر کەرتە-کێشەدا تاکو ئاسانتر بە چارەسەر بگەم.
3) ڕێسای ڕێکخستن: بیرۆکەکانم ڕێکدەخەم، لێرەشدا لە سادەوە، واتا لە ڕوونترین ئۆبژێکتەکانەوە دەستپێدەکەم و پلە بە پلە بەرزدەبمەوە بەرەو ئاڵۆز، تا ئیدی دەگەم بە مەئریفەی ئۆبژێکتە ئاڵۆزەکان.
4) ڕێسای تەواوەتێتی: ورددەبمەوە داخۆ توێژینەوەکەم تەواوەتییە یان نا، کەواتە داخۆ لە ڕەوتی کارکردنمدا هیچم لەبیرنەچووبێت(14).
بەپوختی ببێژین، گەر کێشەیەک بەر من کەوتبێت و ناچار بم هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی بدەم، ئەوا دایدەبەشێنم بەسەر کەرتەکانی یان هۆکانیدا (ڕێزۆلوسیۆن)، ئەوجا لەم کەرتانەوە کێشەکە سیستەماتیکییانە لێکدەدەمەوە (کۆمپۆزیسیۆن) (15). ئێمە دەتوانین بۆ شتەکان کە دەشێت ببن بە بابەتی ڕوونکردنەوە، ئەم نموونانە بهێنینەوە: 1) گەر ناچار بین سەرجەمێکی بەرجەستەی ئاڵۆز (بۆ نموونە سەئاتێک) ڕوونبکەینەوە، ئەوا سەرەتا دایدەبەشێنین بەسەر کەرتەکانیدا، ئەوجا کارایی سەرجەمەکە بەڕێی بزووتنی کەرتەکانییەوە (بەکرە و ئیسپرینگ و هتد) ڕوون دەکەینەوە؛ 2) دەشێت ئەنجامی ڕوداوێکمان لە بەردەمدا بێت، لێرەشدا بۆ ئەوەی خۆمان لە پێش-بڕیار بەدوور بگرین، ئەوا بە ڤەگەڕان شوێن زنجیرەی هۆکانی دەکەوین، ئەوجا ڕەوتی سەرهەڵدانی زنجیرەکانی ڕوداوەکە پێناسە دەکەین و هەر بەو پێناسەیە شێوازێک بۆ سەرهەڵدانی ئەنجامی ڕوداوەکە دیاری دەکەین؛ 3) تێگەیەکمان هەیە کە وەسفی فاکتێک دەکات؛ سەرەتا تێگەکە شیتەڵ / شرۆڤە دەکەین یان دایدەبەشێنین بەسەر تێگەی سادەی گشتیتردا (یونیڤێرساڵتردا) تاکو ئەو واژانە کە لەنێویدا بەکاربراون، ببەینەوە بەرەو چەند تێگەیەکی ئاسانتر، ئەوجا بە لێکدانەوەی تێگە گشتیترەکان کە بە یاریدەیان پرنسیپگەل فۆرمولە دەکەین، دەگەڕێینەوە بۆ لای تێگەکە، کەواتە ئەوە تێگە گشتیترەکانن کە دەرفەتی دەرئەنجاماندنمان بە چەشنێک بۆ دەڕەخسێنن کە ئیدی دەتوانین دەرئەنجامەکە بەرجەستانە بپشکنین(16).

چوار) گومانی مێتۆدی وەک ڕێگەی گەیشتن بە جەختیی مەئریفە

دێکارت وایدادەنێت کە مێتۆدی شرۆڤەکردن-لێکدانەوە نەک تەنیا تێڕوانینی نوێمان سەبارەت بە ماتماتیک و فیزیک پێدەگەیەنێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانین لەسەر ئەم ڕێگەیە “یەکەم فەلسەفە” (پریما فیلۆسۆفییا، واتا مێتافیزیک) بنیات بنێین. ئەو لە نووسینی “مێدیتاسیۆنەکانی (لێهزرینەکانی) یەکەم فەلسەفە”دا مێتافیزیک بە گومانی مێتۆدی ئاوەڵا دەکات، چونکە بە دیدی ئەو گومان بەرماندەدات لە پێشبڕیار و دەمانگەیەنێت بە مەئریفەی جەخت. لەم ڕوانگەیەوە گومانی مێتۆدی لای دێکارت گومانگەرایی (سکێپسیسیزم) نییە کە تێیدا گومانکردن بە خودی گومان تەواو دەبێت، بەڵکو لە پێناوی گەیشتندایە بە مەئریفەی ڕوون و ئاشکرا، لێرەشەوە ئیدی واتای “مێدیتاسیۆن” لای ئەو ڕوونتر دەبێتەوە: مێدیتاسیۆن ڕامان نییە وەک لای عیرفانییەکان، بۆ نموونە سۆفییەکان یان بودییەکان، بەڵکو “لێهزرینی ڕەخنەیی مەبەستمەندە” و پێشانی دەدات کە چۆن فێرخوازی سەر ڕێگەی فەلسەفە و خوازیاری فەلسەفاندن دەتوانێت بەڕێی گومانەوە بە جەختیی مەئریفە بگات، کەواتە نەک خۆی سوننەتیانە بە فەلسەفەوە خەریک بکات کە هیچی دیکە نییە جگە لە دانەوەی گۆتراوەکان و هەوڵدان بۆ وەرگرتن لەنێو کۆڕی زانایانی سوننەتیدا.

1) ڕێگەبڕینی شرۆڤەیی ڕووەو شیمانەی زانین (ڕێزۆلوسیۆن)

ئێمە لە گومانی مێتۆدیدا شرۆڤەییانە لە تێڕوانین و دەرککردنی نێوجیهانییانەی خۆمانەوە دەکەوینە ڕێ. ئێمە سەرەتا وەک مرۆڤی نێو جیهانەکەمان تێگەیشتنێکی سوننەتیانەی جیهانمان هەیە، چونکە ئەوها پەروەردە کراوین، بۆ نموونە لە بڕوای ئایینیی تایبەتییەوە خۆشە کراوین بۆ ئەوەی تێڕوانین و بڕواکان بەرهەم بهێنینەوە، یان ئێمە بە دەرخکردن بەشە زانستییەکانی فیزیک و ماتماتیک، مێژوو و تەنانەت فەلسەفە و هتد تەواو دەکەین، وەلێ پاشان ناتوانین سەربەخۆ بهزرێین، بەڵێ تەنانەت دەشێت هەڵبەستێک لە بەردەمماندا بێت و بە کەلامی خودایەتییەک دابنرێت، ئێمەش، گەرچی دەرچووی بەشی فەلسەفەین، هێشتا هەر بەگوێرەی ئەو دابە وەریدەگرین، جا گەرچی هەڵبەست تەنیا دەشێت هۆنراوەی مرۆڤی بێت! ئێمە دەترسێین! دەترسێین لەڕێدەربچین و سەرزەنشت بکرێین، یان دۆستانمان لێمان بتەکێنەوە و تەنیا بکەوین! ئێمە لە کۆتاییدا وەک ئەم جۆرە کەسێتییە سوننەتییە دەبینەوە بە مامۆستا و ترادیسیۆن بەرهەم دەهێنینەوە.
هۆی ئەوە کە مرۆڤان هەروا سانا پێدراوە هۆشەکی و پراکتیکییەکانی جیهانەکەیان وەردەگرن، دێکارت دەیگەڕێنێتەوە بۆ زەینێکی ڕاهێنانپێنەکراو. لەم ڕوانگەیەوە گومانی مێتۆدی هەروەها ڕاهێنانە بە زەینمان، واتا زەینمان فێری هزرین دەکەین، ئەمەش بەدی دێت گەر سەرجەمی تێگەیشتنی سوننەتییانەی جیهان هەڵبووەشێنینەوە. ئەمەیە شۆڕشە فەلسەفەییەکەی دێکارت. ئەو خۆی دەبێژێت: ئەو دەیەوێت “(…) هەموو شتێک بڕمێنێت” و ئەوجا “لە یەکەمین بناغەکانەوە سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە”(17). کەواتە ئەو چیدی متمانە بە هیچ گۆتراو و نووسراوێک ناکات. بێگومان ئەو ناتوانێت سەرجەمی ئەو بۆچوونانە بپشکنێت کە ناسیونی یان تەنانەت خۆی پەیڕەویی کردوون (ئاخر ئەوە ناشێت)، بە پێچەوانەوە لە بناغەکان ورد دەبێتەوە، واتا لەو پرنسیپانە کە بنەڕەتی بۆچوونەکانن، لێرەشدا ئاشکرایە کە بۆچوون زانینێک نییە کە مرۆڤ خۆی بەدییهێنابێت. من بۆ نموونە وای بۆ دەچم کە ڕەوشێک ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە، وەلێ بەجەختی نازانم کە دروست ئەوهایە.
یەکەم هەنگاوی گومان ئەو پرسیارەیە کە داخۆ چۆن من ڕاستی (زانین) لە هەڵە (نەزانین) جیابکەمەوە. وەلێ نوێیەتیی ئەم پرسیارەی دێکارت لەوەدایە کە ئەو پرسیارەکە ئاڕاستەی خۆی دەکات، یان بەگشتی ئاڕاستەی مرۆڤی دەکات: ڕەنگە ئەوە تەنیا مرۆڤ خۆی بێت کە زۆر جار لە نەزانییەوە ڕاست و هەڵە بە یەک تێکەڵ دەکات، نەک گیانێکی خراپ فریوی بدات. ئاخر زۆر جار دەرکەوەرەکانم بەهەڵەمدا دەبەن. کەواتە کتێبەکان بە هەرە مەزنترین و پیرۆزترینیانەوە چی دەبێژن با بیبێژن، زانایان چی دەنووسن با بینووسن، وەلێ من، ئەرێ من، کە لەم ساتەدا لەنێو جیهاندام، بەبێ هیچ گرنگیدانێک بەوان لە خۆمەوە دەستپێدەکەم – بێگومان من خۆم وەک مرۆڤی ئاوەزمەند، هەڵەکەر، پێشبینیدار، ئەندێشاوی، قسەدەربڕ و هەروەها بڕیاردەری لۆگیکی، شیتەڵکەری ڕستەی ماتماتیکی، هەروەها ویستمەند. من دەبێت جارێ سەرجەمی ئەمانە لەنێو خۆمدا ساغبکەمەوە.
لەو ساتەدا کە من لە خۆم دەپرسم داخۆ چۆن بتوانم ڕاستی (زانین) لە هەڵە جیابکەمەوە، ئەوجا لەنێو خۆمدا بۆ وەڵام بگەڕێم، من هەنگاوێک لە جیهانەکەم دوورکەوتوومەتەوە. من پەرچاندنێکم (ڕێفلێکسیۆنێکم) بە ئاڕاستەی خۆم ئەنجامداوە. ئاشکرایە من لەم ئاستەدا پێش هەموو شتێک بەر توانستی دەرکگیریی دەرکەوەرەکانم دەکەوم: من بە چاوان دەبینم، بە گوێیان دەبیستم، بە زمان دەچێژم، بە لووت بۆن دەکەم، بە دەستانم شت دەگرم. من هەمیشە دەرکی شتانی بەرجەستەیی دەکەم. وەلێ ئایا دەتوانم هەروا سانا متمانە بە دەرکەوەرەکانم بکەم؟ من لە ماڵەوە بەتەنیا دانیشتووم و خەیاڵم ڕۆیشتووە، کتوپڕ دەنگێک دەبیستم، ئەوجا دەڕۆم بۆ لای هەڤاڵێکم و سوێندی بۆ دەخۆم کە گوێم لە خشپەی جنۆکە بووە، کەچی پاشان هەر خۆم کتوپڕ بۆم ساغدەبێتەوە کە من لەو ڕەوشەدا ترساوم و تەنیا خۆمم بیستووە. بەتایبەتی دەرکەوەری بینین زۆر جار بەهەڵەمدا دەبات. لە دوورەوە چەپکەگوڵێک لەنێو گوڵدانێکدا دەبینم و لە خۆم دەپرسم کە داخۆ بۆنی ئەو گوڵانە چەند خۆش بێت، ئەوجا بەپەلە بەرەو ئەوان دەڕۆم تاکو بۆنیان بکەم، کەچی کاتێک دەگەمە ئەوێ، بەڕوونی دەبینم ئەوانە گوڵی پلاستیکین. لەسەر شەقامێک لەو بەرەوە کوڕێک دەبینم و زۆر لە هەڤاڵێکی نزیکم دەچێت، دەستی سڵاوی بۆ بەرزدەکەمەوە، کەچی ئەو هەر تەماشام ناکات. ڕۆژی ئایندە لەنێو شاردا بەڕێکەوت دەیبینم و گلەیی لێدەکەم کە دوێنێ وەڵامی سڵاوەکەمی نەداوەتەوە، ئەویش بەڕێزەوە پێم دەبێژێت کە دوێنێ لە گەشت بووە و هەمووی سەئاتێکە گەیشتۆتەوە ئێرە. دێکارت ئەم گومانە لە دەرککردنی مرۆڤان بەم شێوە ڕادیکالە دەردەبڕێت: کاتێک من لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە پیادەڕەوان لەسەر شەقامەکە دەبینم، من جەختم لەوە کە من دەرکی مرۆڤان دەکەم، وەلێ ئایا من لێرەدا چیی دیکە دەبینم جگە لە جل و شەفقە کە ڕەنگە نێوەرۆکیان مەکینە بێت؟ کەواتە ئایا ناشێت ئەم دەرککردنە تەنیا خەون بێت؟ ئاخر لەبەر ئەوەی من گومان لە هەموو شتێک دەکەم، ئەوا جارێ هیچ پێوارەیەکم نییە و بە یاریدەی بتوانم ڕەوشی بێداری لە ڕەوشی خەونبینین جیابکەمەوە. من لەکاتی خەونبینیندا لە دۆخی خۆم جەختم، بۆ نموونە لە جێیەکی دیاریکراوم یان لەتەک کەسێکدام، کەچی من تەنیا خەونم بینیوە، کەواتە دەرکەوەرەکانم بەهەڵەیاندا بردووم، چونکە من بەڕاستی لەو جێیە نیم، بەڵکو لەنێو پێخەفەکەمدا نووستووم! ئەی ئیدی ئایا چۆن من لەو کاتەدا کە دەرکی خۆم وەک کردارنوێنێکی نێو جیهان دەکەم، جەخت بم لەوە کە لێرەبوونی من لە جیهاندا خەونبینین نییە؟ ئاخر ئایا ناشێت ئەم دەرککردنەی خۆم وەک کردارنوێنێکی نێو جیهان هاوشێوەی ئەو خەونە بێت کە دوای بێداربوونەوەم دەبینم هیچ بنەمایەکی ڕیالی نەبووە؟ بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە ئەم پرسیارەی خەونبینین تەنیا یەکێکە لە “توخمەکان”ی گومانە مێتۆدییەکەی دێکارت، ئەویش چونکە ئێمە لەنێو گوماندا نازانین، جارێ ناتوانین بزانین، کە داخۆ جیهانێکی دەرەکی هەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ڕەنگە هەموو دەرککردنەکانمان تەنیا خەونبینین بن.
لەبەر ئەوەی دەرکەوەرەکان نەک تەنیا لەکاتی بێداریدا، بەڵکو هەروەها لەکاتی خەونبینیندا بەهەڵەماندا دەبەن، ئەوا دێکارت گریمانە دەکات کە ماتەری (کەرەسە) تەنیا لە ئەندێشەدا هەیە، بەمەش ئیدی هاوکات هەموو ئەدگارەکانی ماتەری، وەک بارست، فۆرم، چۆنێتی (کڤالێتی)، ڕەنگ و هتد، تەنانەت کشانی لە ڕاوم و گۆڕانی لە کاتدا، پێکڕا دەکەونە ژێر گومانەوە. ئەوجا هەر بەم گومانە لە ماتەری و ئەدگارەکانی پرسێکی دیکە ڕووندەبێتەوە: زانستە سروشتییەکان کە لە شتە ئاوێتەکان دەتوێژنەوە، بۆ نموونە فیزیک، کیمیا، پزیشکى و هتد، شیاوی گومانلێکردنن، چونکە بەو شتە ئاوێتانەوە خەریکن کە جێی گومانن. نابێت هیچ کامیان بە زانست دابنرێت. کەواتە دەبێت ئەمانیش بنیات بنرێنەوە.
ئەی ئایا مەسەلەکە لەتەک ماتماتیکدا چۆنە کە ڕستەکانی ئاپریۆرین (بەدەرن لە دەرککردن) و بەڕەهایی ڕاستن؟ ئێمە بۆ نموونە هەرگیز ناتوانین ڕاستیی ئەم ڕستە ماتماتیکییە بخەینە ژێر پرسیارەوە: “2+3=5”. وەلێ ئێستا پرسیارێکی کرۆکی لە بەردەمماندا سەرهەڵدەدات: من زۆر جار، سەرباری ژیری و کۆششی بەردەوامم، لە شیتەڵی ماتماتیکیدا بەهەڵەدا چووم، جا گەرچی ڕستە و بیردۆزەکانی هەمیشە ڕاستن. کەواتە ئایا بۆچی من دەکەومە هەڵەوە؟ زۆر دەشێت “گیانێکی خراپ” هەبێت و لەکاتی شیتەڵکردنی ماتماتیکیدا بمخاتە هەڵەوە. ئەوجا هەردەم خراوەتە مێشکمەوە کە خودایەک هەیە و منی ئافراندووە، بەڵێ ئەوەندە مەزنە کە توانای بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێتەوە، وەلێ ئایا ناشێت ئەم خودا دانا و قادیرە منی ئەوها ئافراندبێت کە تەنانەت لە شیتەڵکردنی ڕستە ماتماتیکییەکانیشدا بکەومە هەڵەوە؟
بەم شێوەیە سەرجەمی ئەو شتانە کە بە ڕاستی دادەنران، هەڵوەشاونەتەوە: جیهان و ئەمەش بەواتای تەنانەت لەشی خۆم بە دەرکەوەرەکانمەوە کە سەر بە جیهانە، ئەوجا زانستە سروشتییەکان، ماتماتیک و خودا. بۆیە ئێستا دێکارت بەدەم گومانکردنەوە بڕیار دەدات یەک تاکە جەختی وەربگرێت: جەختیی نابوونی هیچ جەختییەک. سەرباری ئەوە لایەنێک ئاشکرایە: من گومان دەکەم، ئەوجا هەر پرسیارێک کە من دەیکەم، من خۆم تێیدا دەبمەوە بە پرس: جیهان و من، ماتماتیک و من، گیانی خراپ و من، خودا و من! ئاخر ئایا ئەوە من نەبووم کە جیهان و تەنانەت ماتماتیک و خودام خستە ژێر گومانەوە؟ ئایا ئەوە من نیم کە دەکەومە هەڵەوە یان فریو دەدرێم؟ کەواتە “شت”ێک هەیە و نەشیاوە گومان لە لێرەبوونی بکرێت، واتا ئەم “من”ە کە هەڵە دەکات، کە زۆر جار نازانێت ڕاست لە چەوت جیابکاتەوە، کە ویستی هەیە، کە دەتوانێت ئەرێ و نەرێ ڕابگەیەنێت. کەواتە “من هەم”، وەلێ لەبەر ئەوەی ئەم “من”ە کە هەیە، لە خۆیەوە و تەواو خۆدابڕیو لە جیهان دەهزرێت، ئەوا “هزرڤانە”. کەواتە ئێستا سەربەخۆ لەوە کە من چی دەهزرێنم و لە چی دەهزرێم، ناتوانم گومان لەوە بکەم کە من بەگشتی دەهزرێم. ئەوجا لێرەدا شتێکی دیکەم بۆ ساغدەبێتەوە: لەبەر ئەوەی من توانیومە جیهان و ماتماتیک و تەنانەت خودا بخەمە ژێر گومانەوە، ئەوا من ئازادم. ئاخر بوونەوەرێک کە بتوانێت تەنانەت گومان لە ماتماتیک و خودا بکات، دەبێت ئازاد بێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی من ئازادم، ئەوا لێرەوە، لەنێو ئەوپەڕی قووڵایی ناخی خۆمدا، لەم “من”ە بەڵگەنەویستەوە وەک پنتی لێوەدەرچوون، دەتوانم بەرەو پێش هەنگاو بنێم تاکو بزانم بە چیم دەگەیەنێت، جا گەر ئەوە تەنانەت جەختیی نابوونی هیچ جەختییەک بێت.
دێکارت دەبێژێت، گوزارشتی “من هزرڤانم”، یان لە شێوەی ڕستە بەناوبانگەکەیدا: کۆگیتۆ ئێرگۆ سوم (“من دەهزرێم کەواتە من هەم”)، دەرئەنجاماندنى لۆگیکى نییە، بەڵکو من کتوپڕ لە ڕەوتی هزرینی نێو قووڵایی ناخی خۆمدا بە نەزەرێکى (ئینتوئیسیۆنێکی) تەواو سادە و ڕۆشن بۆم خویا دەبێت کە من لێرەبوونم هەیە (وەک ئەو خۆی لە ژوورەکەی هەوارگەی زستانەی لەشکرەکەی لە بایەرن)، ئەوجا دواى ئەوەى دەزانم کە نەشیاوە من بتوانم بەبێ لێرەبوون بهزرێم، کەواتە دوای ئەوەی بۆ من جەختە کە لێرەبوونم بەڕێی هزرینمەوە ڕاستێنراوە، ئیدی دەبێژم: “من هزرڤانم”. بۆیە ئێرنست بلۆخ دەبێژێت کە نابێت لە نێوان “من دەهزرێم” و “کەواتە من هەم”دا “کۆما” دابنرێت. ئەوجا هەر دێکارت خۆی ئەرگومێنت دەهێنێتەوە: گەر ئەم “پنتە” کە دەرچەی درێژەپێدانی گومانە، واتا گەر “من دەهزرێم کەواتە من هەم” دەرئەنجامێکى لۆگیکى بایە لە سیلۆگیزمەوە (زانستى پێوەرەوە)، ئەوسا دەبوو پێشتر سەرڕستە (پرێمیسی / پێشدانراوی یەکەم) بزانرێت، واتا: “هەر شتێک کە بهزرێت، هەیە”، ئەمەش بڕیارە / حوکمە و سەرلەنوێ بەگوێرەی مێتۆدەکەى دێکارت دەکەوێتەوە ژێر گومان، چونکە لەسەر بناغەى پێشمەرج ڕاگەیەنراوە. دێکارت پێشمەرجى ناوێت، بەڵکو نەزەری ڕوون و ئاشکرا وەک بنەڕەت دەچەسپێنێت و دەبێت پابەند پێوەی بڕیار بدرێت. کەواتە بە تێڕوانینی ئەو دەرچە-پنتی “من دەهزرێم کەواتە من هەم” بەدەرە لە ئەزموونی دەرکی؛ دەرچەکە ئاپریۆرییە (پێش-ئەزموونییە) وەک پنتێکی لەسەروەستان، وەک هەڵگری هزرین، هاوشێوەی پنتەکەی ئەرخەمیدێس کە داوای کردبوو تاکو لێوەی سەرجەم جیهان ببزوێنێت.
بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە کۆگیتۆ (من-دەهزرێم / من هزرڤانم / ئاگایی) زوو خرایە ژێر ڕەخنەوە، بە تایبەتی لە لایەن فەیلەسوفانی ئینگلیزییەوە (هۆبس، هیوم). وەلێ ئیمانوێل کانت یەکلاکەرەوە خۆی بە کۆگیتۆی دێکارتەوە خەریک کرد و بە باشی دانا کە “من دەهزرێم” لۆگیکییانە ڕاڤە بکرێت، چونکە بە دیدی ئەو واتای فەلسەفەیی کۆگیتۆ لە گەوهەرێتیی ئەودا نییە، بەڵکو لە کارایی (لە فونکسیۆنالێتیی) ئەودایە بۆ مەئریفە(18).
دێکارت “من-دەهزرێم” یان ئاگایی ناو دەنێت “شتی هزرڤان” (ڕێس کۆگیتانس). ئەم “شت”ە (ڕێس) بە تێڕوانینی ئەو بریتییە لە گەوهەر (زوبستانس)، کەواتە بوونەوەرێکە کە تەنیا بەڕێی خۆیەوە هەیە، بە واتایەکی دی، بوونەوەرێکە کە بۆ لێرەبوونی خۆی هیچی دیکەی پێویست نییە. دێکارت خودی هزرین وەک بەڵگە وەردەگرێت بۆ ئەم هەقیقەتەی “شتی هزرڤان”، کە گەرچی خۆی لە جیهان و دەرکەوەرەکانیش دابڕیوە، کەچی هێشتا هەر بەردەوام دەهزرێت. لەم ڕوانگەیەوە من لەنێو خۆمەوە بە هەموو ڕەوشەکانی ئاگاییم دەزانم، واتا: گومانکردن، لێڕوانین، ڕاگەیاندنی ئەرێ یان نەرێ، ویستن و نەویستن، هەبوونی ئەندێشە (پێشبینیی وێنەیی) و هەست. تەنانەت توانستەکانى تەن، بۆ نموونە بزووتن، تەنیا لەنێو پێشبینیدا هەن.
کاتێک لە دابی فەلسەفەییدا دەستەواژەی “زیندەوەرى ئاوەزمەند” وەک پێناسەى مرۆڤ بەکاردەهێنرا و سەرجەم مرۆڤانى وەک مرۆڤ دەگرتەوە، ئەوا دێکارت بە دەستەواژەی “شتى هزرڤان” خۆی لەو دابە جیادەکاتەوە. جگە لەوە ئاخافتن لە “زیندەوەرى ئاوەزمەند” سەرلەنوێ بەگوێرەی مێتۆدەکەی دەیخاتەوە گومان لە “زیندەوەر” کە کشاوە و “ئاوەزمەند” کە مۆرکی زیندەوەری کشاوە، لێرەشدا ئەو جارێ بۆی ساغ نەبۆتەوە کە داخۆ بابەتى جەستەیى هەبێت یان نەبێت، بەڵکو تەنیا لەبارەى “شت”ێک دەزانێت کە لێرەبوونی جەختە و دەهزرێت. کۆگیتۆ، کە تێیدا لێرەبوون و هزرین پێکەوەن، تاکە پنتێکی مسۆگەرە بۆ بەردەوامیدان بە گومانکردن. ئەوجا لەبەر ئەوەی من هەرگیز ناهزرێم کە من دەهزرێم، بەڵکو هەردەم لە شتێک دەهزرێم، ئەوا “من” نێوەرۆکی جیاوازی هەیە و دەبێت لێیان وردبمەوە تاکو هەر کامیان بە ئاسانترین بەڵگە بکەوێتە ژێر گومانەوە، وەلاوەبنێم و لە کۆتاییدا ئەوەم بۆ بمێنێتەوە کە بۆ هزرین شایانی وەرگرتنە.
هەر نێوەرۆکێکی “شتی هزرڤان” ئیدێی (واتا پێشبینیی) تایبەت بە خۆی هەیە. دێکارت بە لێوردبوونەوە جیاوازیی نێوان سێ جۆر ئیدێی بۆ ئاشکرا دەبێت: دەرککردن، ویست و بڕیار. من بۆ نموونە پێشبینیی درەختێک دەکەم یان لێدەترسم. جگە لەوە من ویستم هەیە، بۆ نموونە شتی باش، ناباش یان تەنانەت مەحاڵم دەوێت. وەلێ پێویست نییە من پەیوەند بە ویست و دەرکگیری یان هەستگیرییەوە لە هەڵە بترسم، چونکە گەر من ویستی خراپە یان تەنانەت ویستی مەحاڵم هەبێت، گومانی تێدا نییە ئەوە هەمیشە من خۆمم کە ئەو جۆرە ویستانەم هەیە، یان ئەوە منم کە خراپە و مەحاڵم دەوێت. یان گەر من هەستێکی بەدم هەبێت، ئەم هەستە بەبێ گومان لەنێو مندا هەیە، کەواتە ڕاستە (جا گەرچی دەشێت ویست و هەستی بەد لە ڕووی مۆرالییەوە شایانی سەرزەنشتکردن بن). ئەمانە تەنیا پێشبینین لەنێو مندا. وەلێ مەسەلەکە پەیوەند بە بڕیارەوە / حوکمەوە جیاوازە. بڕیار هەمیشە ڕوودەکاتە شتەکانى دەرەوەى من، بۆیە من دەبێت بەتایبەتی لە بڕیاردا بۆ سەرچاوەى هەڵەکانم بگەڕێم، لێرەشدا گەورەترین هەڵەی من ئەوەیە کە بڕیار دەدەم، گۆیا پێشبینییەکانی نێو من وێکچووی شتەکانى دەرەوەن. بۆ نموونە من لە بیستنەوە، لە ڕاهاتنی ژیانی ڕۆژانەوە، دەبێژم “ئازاد مەزنترین شاعیرە”، یان “زێدی من شاری شارانە”. ئەم بڕیارانە بۆ دێکارت دەربڕراوی ڕەمەکی کوێرن. بەکورتی: من دەبێت زۆر ئاگام لە هەر بڕیاردانێکم بێت. وەلێ من جارێ ئەم پرسە وەلاوە دەنێم، چونکە دەبێت پێش ئەوە بزانم داخۆ ئیدێکانی من لەکوێوە هاتبن.
هەندێکی پێشبینییەکانم لە دەرەوە هاتوون، بۆ نموونە پێشبینیی درەختەکە. من هەروەها ئیدێم هەیە کە خۆم ئەندێشەییانە دەیهۆنمەوە، بۆ نموونە من پێشبینیی جنۆکە و حۆری یان ئەسپی باڵدار دەکەم. ئەوجا بۆ من خویا دەبێت کە لەنێو مندا چەند ئیدێیەکی لە ناخدا ڕسکاو (idea innatae) هەن، کەواتە ئەمان ئیدێی ئەوتۆن کە دوای جەختبوون لە لێرەبوونى منى هزرڤان بەزەرووری لە سروشتی “من” خۆیەوە دەڕسکێن، بۆیە تایبەت نین بە مرۆڤ وەک مرۆڤ. دێکارت تەنیا متمانەی بەم جۆرە ئیدێیانە هەیە، چونکە بە ئەدگاری ڕاستی، واتا بە زانینی ڕوون و ئاشکرا، دەگونجێن و پێویستیان بە “ئەرێنیکردن” یان “نەرێنیکردن” نییە. ئێمە بۆ نموونە دوو ئیدێی جیاوازی خۆرمان هەیە. یەکێکیان ڕیشەی لەنێو دەرکەوەری بینیندا داکوتیوە، بۆ نموونە کاتێک من لە خۆر دەڕوانم. خۆر بەگوێرەی ئەم ئیدێ دەرکییە زۆر بچووکە. وەلێ من ئیدێی دووەم لە یاساکانی ماتماتیکەوە بەدیدەهێنم، ئەمەش لای دێکارت بەواتای، ئەم ئیدێیە لە تێگەی ئەوتۆوە بەدیدەهێنم کە لای من وەک ڕسکاوی ناخەکی لەگۆڕێیە. خۆر بەگوێرەی ئەم ئیدێیە زۆر لە زەمین گەورەترە. کەواتە ئاشکرایە ناشێت ئەم دوو پێشبینییە یەکسان بە خۆر بن، لێرەشدا ئەو یەکەیان کەمترین چوونیەکیی بە خۆر هەیە کە ڕاستەوخۆ لە دەرکەوەری بینینەوە چێکراوە. سەرچاوەی ئەم ئیدێیە بە دیدی دێکارت دەگەڕێتەوە بۆ ڕەمەکی کوێری مرۆڤ کە زۆر جار بەهەڵەیدا دەبات. وەلێ مرۆڤ لە توانستی سروشتییەوە، واتا لە ئاوەزەوە، بە پێشبینیی دووەم دەگات، بۆ نموونە کاتێک هەوڵ دەدات بە یاریدەی ڕستە و بیردۆزەکانی ماتماتیک پێناسەیەکی خۆر بکات کە تا ڕادەی شیان پێی بگونجێت. ئەم ئیدێیەی خۆر کە بە سەلماندنی ماتماتیکی بەدیهێنراوە، ڕوون و ئاشکراترە لەو ئیدێیەی خۆر کە بە دەرکەوەری بینین چێکراوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئیدێکانی من نێوەرۆکی ڕیالی جیاوازیان لە یەکدی هەیە: هەندێکیان ئیدێى گەوهەرن (زوبستانسن)، هەندێکى دیکەیان ئیدێى ئەدگارەکانی (ئەکسیدێنسەکانی) گەوهەرن. لێرەدا ئاشکرایە کە ئەدگار بەندە بە گەوهەرەکەی خۆیەوە، بۆیە دەبێت ئیدێکانى گەوهەر مەزنتر بن لە ئیدێکانی ئەدگاری گەوهەر، چونکە نێوەرۆکێکی ڕیالی مەزنتریان هەیە – پلەیەکی باڵاتری بوونیان هەیە. وەلێ من هەروەها لەنێو ئەو ئیدێیانەدا کە لە ناخدا ڕسکاون، ئیدێیەکی زۆر تایبەتی ئاشکرا دەکەم: گەرچی من خۆم ناکامیلم (ئاخر من گومانکەرم و ئەمەش بەڵگەی ناکامیلێتیی منە)، سەرباری ئەوە پێشبینیی کرۆکێکم هەیە کە لە هەموو ڕوویەکەوە کامیلە. دێکارت ئەم ناهاوکێشەیە بە تیۆریی کاوساڵێتی (پەیوەندیی هۆئەنجامی) ڕووندەکاتەوە. یان وەک ئێرنست بلۆخ ڕەخنەییانە دەبێژێت، دێکارت ڕەوتی گومانکردن دەپچڕێنێت و لە پێناوی خۆگیرساندنەوەدا “هانا دەبات” بۆ تیۆریی هۆئەنجامی.
بەگوێرەی تیۆریی هۆئەنجامی دەبێت لە هۆى هەر ئەنجامێکدا ئەوەندە نێوەرۆکی ڕیال هەبێت کە لە ئەنجامدا هەیە، چونکە ئەنجام لە هۆوە چێدەبێت. ئەوجا گەر من ئیدێی جیهانێکی کامیلم هەبێت کە بێدوایەکیانە بە سێ ئاڕاستەدا کشاوە، ئەوا دەبێت هۆی ئەم جیهانە خاوەنی هەمان نێوەرۆکی ڕیال بێت، واتا دەبێت ئەویش بێدوایەکی بێت. کامیلێتی و بێدوایەکێتی بەڵگەن بۆ ئەو هەقیقەتە کە نابێت من سەرچاوەی ئەو کرۆکە کامیلە بم، چونکە من دوایەکیم. ئاخر، بەگوێرەی پەیوەندیی هۆئەنجامی، ئەو بڕەی نێوەرۆکی ڕیال کە لە ئەنجامدا هەیە، لەنێو مندا نییە. دێکارت بەم تیۆرییە پرسی ئافراندن لە هیچەوە، لە نابوونەوە (من العدم) هەڵدەوەشێنێتەوە. نە دەشێت شتێک لە هیچەوە چێببێت، نە دەشێت کامیلێک لە ناکامیلێکەوە بێتە ئاراوە. جگە لەوە ئێستا پرسێکی دیکە بۆ من ساغدەبێتەوە: کامیلێتی تەنیا کاتێک کامیل دەبێت، گەر هاتوو بەزەرووری ئێکزیستێنسی (لێرەبوونی) هەبێت.
دێکارت گەوهەری کامیلی بێدوایەکی بە زمانی باو ناودەنێت “خودا”، کە وەک بینیمان مۆرکەکانی بریتین لە: کامیلێتی (ئاخر سەرجەم بڕی نێوەرۆکی ئەنجامی لە خۆ گرتووە)، قادیرێتی (ئاخر توانیویەتی ئیدێی بێدوایەکێتی لە منی دوایەکیدا بچێنێت)، هەروەها چاکە (ئاخر لەبەر ئەوەی کامیلە، ئەوا ناشێت خراپ بێت؛ خراپە یان بەهەڵەبردن مۆرکی مرۆڤی کێماسمەندە نەک هینى خودای کامیل).
بێگومان خوداکەی دێکارت خوداى نوێژبۆکردن و لێپاڕانەوە نییە، بەڵکو وەک کامیل، بەتوانا بۆ هەر شت، دانا و چاک، تەنیا ئیدێیەکى زەروورییە بۆ جەختیی مەئریفە. ئاخر لەبەر ئەوەی چاکی و ڕاستیخوازی سەر بە ئیدێی خودان، ئەوا ناشێت خودا فریودەر بێت، بۆیە دەبێت ئیدێ ڕوون و ئاشکراکانی شتی هزرڤان ڕاست بن، واتا بەو شتانە بگونجێن کە کردەکییانە لەگۆڕێن. بەم شێوەیە لە کۆتاییدا بە ئیدێی خودا دەرفەت بۆ دێکارت دەڕەخسێنێت ڕووەو جیهان وەربچەرخێت.

2) لێکدان-ەوەی توخمەکانی هزر و بناغەڕشتنی هزرینی ڕاسیۆنالیستی

گومان وەک هزرینی شرۆڤەیی (ڕێزۆلوسیۆن، ئانالیزیس) بە سەلماندنی ئیدێی خودای چاک و دانا و کامیل نەک تەنیا دەگیرسێتەوە، بەڵکو هاوکات دەرفەت بۆ من-ی هزرڤان دەڕەخسێنێت ڕووبکاتە کەتوارێک کە لە دەرەوەی ئەو لەگۆڕێیە، چونکە خودا وەک چاک و دانا و کامیل هاوکات بنەڕەتی جیهانە، هەر خۆیشی گەرەنتی بەو دەدات بەبێ ترس لە هەڵە ڕوو لە جیهان بکات(19). وەلێ ئەو دەبێت سەرەتا بە لێکدان-ەوە (ڕێ-کۆمپۆزیسیۆن، سیستێزیس) داببەزێت و سیستەماتیکییانە توخمە هەڵوەشێنراوەکانی هزر ڕێکبخاتەوە. کەواتە دەبێت من-ی هزرڤان سەرلەنوێ لە چالاکییەکانی نێو خۆی بڕوانێتەوە کە بریتین لە دەرککردن، زانینی زەینی و توانستی بڕیاردان.
جەختبوون لە لێرەبوونی شتە ماتەرییەکان بەندە بە دەرککردنەوە، وەلێ خودی دەرککردنەکان سەرهەڵدەدەن دوای ئەوەی شتەکان کاریگەری لەسەر دەرکەوەرەکانی مرۆڤ دەنوێنن. ئاخر من بمەوێت یان نەمەوێت شتە دەرەکییەکان دەرکەوەرەکانم دەوروژێنن، وەلێ ئەوان دەرکى ماتەرییەکی سێئاڕاستەیى (پانی و درێژی و قووڵی) دەکەن، هەر ماتەرییەکیش لە کەرتى جیاواز پێکدێت و هەر کەرتەیان لە خۆیدا سێئاڕاستەییە، هەروەها هەر یەکەیان فۆرم و شێوازى تایبەتیى بزووتنى هەیە. مۆرکێکی کرۆکییانەی دیکەی ماتەری ئەوەیە کە لە شتی هزرڤان جیاوازە، چونکە کشاوە. کرۆکی شتی هزرڤان بەهۆى هزرینەوە نەگۆڕە، کرۆکی ماتەری بەهۆى کشانەوە نەگۆڕە؛ تەنیا شێوازى هزرین و دۆخى نێوخۆى کشان بگۆڕن.
دۆخە بگۆڕەکانى هەردوو گەوهەری هزرڤان و کشاو بریتین لە “مۆدوس” (جۆر و شێوازى بوون یان ڕودان)، وەلێ مۆدوس بەبێ گەوهەرەکەى لێرەبوونى نییە. بۆ نموونە: تەنێک کشاوە، فۆرم و بزووتنی هەیە. ئەو تەنە گەوهەرە، کشانى مۆرکە (ئەتریبوتە) و فۆرمەکەى بریتییە لە مۆدوس. “من” شتێکى هزرڤانە، توانستى یادوەرى و ویستى هەیە. “من” گەوهەرە، هزرین مۆرکە، یادوەرى و ویست بریتین لە مۆدوس.
لەم جێیەدا گونجاو دەبێت سەرلەنوێ ڕوونبکەینەوە ئیدێ لە ناخدا ڕسکاوەکان و بەپوختی دیارییان بکەین. ئێمە بە دیدی دێکارت پێنج ئیدێی بەو جۆرەمان هەیە و ناویان دەنێت ڕاستیی ئەزەلی، تێگەی گشتی، بیردۆز، هاوکات وەک مەرجی هزرین دەیانچەسپێنێت: یەک) “من دەهزرێم کەواتە من هەم”؛ ئەم ئیدییە کە گەوهەری هزرڤانە، یەکەمین و جەختترین زانینی ڕوون و ئاشکرای منە، یەکەم ڕاستیی ئەزەلییە و وەک بینیمان بەڕێی گومانەوە بە نەزەرێکی ڕوون و ئاشکرا لێمان هەڵدێت. دوو) خودا دووەم ئیدێیە کە هاوشێوەی “من-دەهزرێم” تەواو ڕوون و ئاشکرا دەناسرێت؛ خودا باڵاترین گەوهەرە و بێدوایەکییە، بۆیە لە دەرەوەی من-ی دوایەکییە. سێ) یاسا لۆگیکییەکان؛ دوای ئەوەی من ڕوون و ئاشکرا دەزانم کە من هزڤانم، هەروەها دەزانم کە خودای چاک و دانا و کامیل هەرگیز نامخاتە هەڵەوە، ئیدی بنەڕەتێکی دیکەم بۆ ساغ دەبێتەوە: هەموو ئەو ئیدێیانە کە یاساکانی هزرینی لۆگیکی دەردەبڕن، ڕاست و ڕوون و ئاشکران، یاساکانیش بریتین لە یاسای چوونیەکی (ئیدێنتیتێ)، یاسای دژبێژی، یاسای سێیەم بەدەرکەر و یاسای هۆی کافی(20). چوار) ڕستە ماتماتیکییەکان، بەتایبەتی بیردۆزەکان کە بناغەی سەرجەم ماتماتیکن. پێنج) ڕاوم-ی / فەزای شتە ماتەرییەکان (کەرەسەییەکان) مەرجی زانینی ڕوون و ئاشکرای جیهانە. ئاخر ڕاوم بەزەرووری گرێدراوە بە پێشبینیکردنی شتەکانەوە. بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە تێگەی ڕاوم لای دێکارت واژەیەکی دیکەیە بۆ تێگەی کشان، بۆ ڕێس ئێکستێنزا (شتی کشاو) کە نە فۆرمێکى تایبەتى و نە قەوارەیەکى تایبەتییە، بەڵکو بەڕەهایى لە ئەدگارەکانى ماتەری جودایە، هەروەها بێدوایەکییانە بە سێ ئاڕاستەدا کشاوە و لەنێو کشانیدا هیچ بۆشاییەک نییە، بەڵکو لە نێویدا کەرتە گەردیلە بێدوایەکییانە پەرش بوونەتەوە و تەنیا لە فۆرم و بزووتندا لە یەکدى جیاوازن. بە دیدی دێکارت تەنیا ئەم تاکە جیهانە بێدوایەکییە هەیە نەک چەند ئاسمانێک، ئاخر گەر ماتەری گەوهەرێکى کشاو بێت، ئەوا دەبێت سەرجەمى ڕاومە شیاوەکان بەبێ کەلێن پڕبکاتەوە. ئێمە تەنیا پابەند بەم گەوهەرەوە دەتوانین پێشبینیی تەن بکەین، جگە لەوە مەرجی بیردۆزە ئەندازەییەکانە، بەمەش یاساکانی ڕاوم کە لە ماتماتیکدا گۆڕان پێدەدرێن، بریتین لە یاساکانی جیهانی کشاو.
دێکارت جیهانبینییەکی میکانیستیی هەیە کە هاوکات جەستە و هۆشی مرۆڤیش دەگرێتەوە. ئەو لە لەش (Leib) نادوێت، بەڵکو لە جەستە (Körper) و ناوی دەنێت مەکینە بەبێ هیچ جیاوازییەک لە سەئاتێک کە بەهۆی ڕێکخراوی بەکرە و ئیسپرینگەکانییەوە دەبزوێت. ئەو هەر لەم ڕوانگەیەوە دڵ بە پەمپێک دادەنێت کە خوێن بۆ نێو لەش دەنێرێت و ژیان دەشێنێت. بەپوختی ببێژین: سەرجەم جیهان پێکهاتەیەکە لە پەستان و لێدان، چونکە لە جیهاندا تەنیا ماتەرییە پەرش و جیاوازەکان هەیە. ئەم جیهانە دوورە لە زەین.
بێگومان لەبەر ئەوەی جەستەی مرۆڤ بە دەرکەوەرەکانییەوە سەر بە جیهانە، ئەوا شتی هزرڤان و شتی کشاو لە مرۆڤدا پێکەوەن. مرۆڤ لە هەردوو گەوهەر پێکهاتووە. کەواتە دێکارت ئەو تێڕوانینە هەڵدەوەشێنێتەوە کە گۆیا مرۆڤ هۆشە لەنێو جەستەیەکدا (واتا لەش زیندانی هۆش نییە و پاشان هۆش بە مردنی لەش ئازاد ببێت). کاتێک من بۆ نموونە هەردوو لاقم دەبزوێنم، زەین یاوەریی ڕۆیشتنم دەکات (ڕێ نادات بکەومە نێو چاڵێکەوە)، یان کاتێک ئازار لەشم دەتەنێت، ڕاستەوخۆ زەین چالاک دەبێت (بۆ نموونە داخۆ بە چە دەستوێژێک لەشم هێور بکەمەوە). بەم شێوەیە دەرکەوەرەکان کە سەر بە جیهانی کشاون، دەبن بە نێوەندیار لە نێوان جیهان و من-ی هزرڤاندا، وەلێ ئەوان ناتوانن کرۆکی جیهان، واتا کشان، دیاری بکەن، بەڵکو تەنیا دەرکی دیاردەی شتەکانی جیهان دەکەن و پاشان وێنەکانیان دەبن بە “زانینی ناڕوون و نائاشکرا”. دەرککردنەکانمان تەنیا لایەنێکی شتەکانمان پێدەگەیەنن. ئەوە ئەرکی زەینە کە زانینی ناوبراو بە کارتێداکردن وەربگۆڕێت بۆ زانینی ڕوون و ئاشکرا. دەرکەوەرەکان بۆ نموونە دەرکی ئاوی شین دەکەن، پاشان گەرەکە زەین لەوە بهزرێت کە داخۆ ئاو “لە-خۆدا”، بەگوێرەی سروشتی، چی بێت.
ئێمە لێرەدا لای دێکارت شێوەیەکی پەرچاندنمان هەیە کە جیاوازە لە تیۆریی پەرچاندن لە ئەمپیریزمدا. بەگوێرەی ئەم ڕێبازە فەلسەفەییە شتە ماتەرییەکان وەک خۆیان دەرکدەکرێن (سێنسەیشن)، پاشان زەین دەرککراوەکان دەپەرچێنێت (ڕێفلەکشن) و بە کۆکردنەوەی پێکەوەگونجاوەکان و لێدەرکردنی هەر شتێکی پێنەگونجاویان مەئریفە دەسازێنێت. وەلێ پرۆسەی پەرچاندن لای دێکارت ئاڵۆزترە، چونکە دەرکەوەرەکان دەرچەی پرۆسەی مەئریفە نین، بەڵکو زەین کە وەک چۆنێتییەکی من-ی هزرڤان ی لە جیهان دابڕاو هەیە، تاکە ئۆرگانی مەئریفەیە.
ئێمە دەبێت سەرەتا لای دێکارت جیاوازی بکەین لە نێوان دوو چالاکیی زەینیدا: من بۆ نموونە لە چالاکییەکیاندا بڕوا بە شتێک دەکەم، وەلێ بەڕێی ئەویدیکەیانەوە دەزانم کە من بڕوا بەو شتە دەکەم. هاوکات دەشێت ئەم دوو چالاکییە سەربەخۆ لە یەکدی ڕووبدەن. چالاکیی دووەم، واتا کاتێک زەین لەبارەی بڕوابوونی خۆی بە شتەکە دەزانێت، بۆ دێکارت بریتییە لە “پەرچاندن” (ڕێفلێکسیۆن). ئەمیان چالاکییەکی پاشیانییە: زەین پاشان “وەردەچەرخێت” ڕووەو چالاکییەکەی خودی خۆی. وەلێ، وەک لە سەرەوە بینیمان، من بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بۆم خویا دەبێت کە من هزرڤانم و وەک هزرڤان هەم، بێگومان پێش پەرچاندن. ئەمیان ئەکتێکی ئاگاییە کە وەک خۆ-بگر (selbstbezüglich / autoreferentiell) لەگۆڕێیە و لێوەی پەرچاندن: هزرین، ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە گەر من گومان لە جیهان بکەم، بەئاگام کە من گومان لە جیهان دەکەم. بۆ ئەمە زانینی پەرچاوە پێویست نییە. ئەم ئاگاییە لای دێکارت بنەڕەتییە نەک پەرچاندن. ئێمە لێرەدا هاوکات دەبینین کە چۆن ئاگایی وەک بنەڕەت ڕێ دەگرێت لە چێبوونی زنجیرەیەکی بێدوایەکییانەی پەرچاندن، واتا: کاتێک چالاکیی دووەم کە زانینە لەبارەی بڕوابوونی خۆی بە شتێک، یەکەمیان (بڕوابوون بە شتەکە) وەک بابەتی خۆی دادەنێت و بە دانانی دەیکات بە بیرۆکە، دەبێت لە زنجیرەی پەرچاندندا ئەو خۆیشی لە لایەن بیرۆکەیەکی سێیەمەوە بەوە کرابێت و ئەمەش تا بێدوایەکی دەخایەنێت. بە پێچەوانەشەوە من لەنێو خۆمەوە بە ئەکتێکی ئاگایی لەبارەی هەموو چالاکییەکانم دەزانم، بۆ نموونە لەبارەی ئەو چالاکییە کە من بڕوا بە شتێک دەکەم، هەروەها لەبارەی ئەو چالاکییەش کە من دەزانم بڕوا بەو شتە دەکەم. من ڕاستەوخۆ لە هەردووکیان بەئاگام، لێرەشدا ئیدی زنجیرەی پەرچاندنی بێدوایەکی نایەتە گۆڕێ(21).
وەلێ من سەرلەنوێ ناچارم توانستی مەئریفەم دیاری بکەم و لە هەر توانستێکی دیکەمی جیابکەمەوە کە بشێت بمخاتە هەڵەوە. کەواتە لە چالاکییە نێوەکییەکانی خۆم ورد دەبمەوە کە بریتین لە چالاکیی دەرککردن و هێزی وێناندن و زەینی، هەروەها توانستی بڕیاردان (حوکمدان)، لێرەشدا ئەم توانستەی دوایی تاکە توانستێکە کە بەندە بە “ویست”ەوە. بەبێ چالاکبوونی ویست هیچ بڕیارێک نادرێت. چالاکییەکانی دەرککردن و زەین نەشیاوە هەڵە بن گەر من ئاگام لە بڕیاردانم بێت، واتا ڕەمەکییانە نەبێژم ئەمە ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە. ئاخر کێشەی ویست ئەوەیە کە ئەو یەکسەر لە “ئەرێنیکردن” یان “نەرێنیکردن”ى هەر شتێکدا بەشدارە، بەو ڕێیەشەوە زانینی شتەکان دەئاڵۆزێنێت، چونکە زەین سنوورى هەیە و تەنیا لەنێو ئەو سنوورەیدا لەبارەی بابەتێک دەزانێت، وەلێ ویست بە پێچەوانەوە بێسنوورە و دەتوانێت سنووری چالاکییەکەی زەین، واتا زانینى ڕوون و ئاشکراى شتەکان، تێبپەڕێنێت. ویست دەتوانێت زۆر شت کە دەرکەوەرەکان بەلێڵى دەرکیان کردوون، وەربگرێت یان بگەڕێنێتەوە. وەلێ گەر بڕیار ڕووبکاتە تێگە گشتییە تاکەکان، یان بڕیاری ڕوون و ئاشکرا بێت بەسەر تاکە فۆرمەکاندا، ئەوسا گەرەکە بڕیار بدەم و مەترسیی هەڵەم لەسەر نییە، چونکە خودای دانا و چاک و کامیل گەرەنتیی منە کە لە ناسینی ڕوون و ئاشکرای شتەکاندا نەکەومە هەڵەوە. جگە لەوە ئێستا دەزانم کە گیانى خراپى فریودەر (شەیتان) لێرەبوونى نییە و بمخاتە هەڵەوە (یان خراپەم پێبکات)، بەڵکو تەنیا مرۆڤ خۆى سەرچاوەى هەڵەکانێتى (یان خراپەکانێتى). خۆلادان لە هەڵە (و خراپە) بە دەستى خۆیەتى، واتا ئەو دەبێت بزانێت کە زەینى سنووردارە و خواستی بۆ هەڵەکردن نییە، وەلێ ویستێکى هەیە کە دەتوانێت بێدوایەکی بێت و بەو ڕێیەشەوە دەیخزێنێتە نێو هەڵەوە. گەر مرۆڤ پەیوەندیی ئەم دوو توانستەى خۆی دروست پێکەوە بگونجێنێت، ئەوسا بەڕاستى بەکاریان دەهێنێت، ئەوسا ئیدی بڕیارەکانی ڕوون و ئاشکرا دەبن و بەوەش چواندنی ئۆبژێکتیڤییان دەبێت. بڕیاری ڕوون و ئاشکرا لە بێگومانییەکی سەبژێکتیڤییەوە دەدرێت دوای ڕوانینی ڕاستەوخۆی ڕوون و ئاشکرا لە فۆرمی بابەتەکە.
بەم شێوەیە دوای ئەوەی سەبژێکتی ڕاستیخواز، واتا خوازیاری زانین، ڕێگەی گومانی مێتۆدیی لە دەرککردنی جیهان و شتەکانییەوە گرێتە بەر و گەیشت بە مەئریفەی جەخت، ئیدی ئێستا دەزانێت خۆی لە هەر بڕیارێکی گومانلێکراو ببوێرێت، چونکە ئەوە پێش-بڕیارە (حوکمی موسبەقە) نەک بڕیاری ڕوون و ئاشکرا. زانست، یان فەلسەفە وەک زانست، تەنیا بە بڕیاری ئێڤیدێنت بنیاتدەنرێت.

پەراوێز
1- Descartes, Réné. Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. Stuttgart 1984. S. 6.
2- Ebenda, S. 9 f.
3- Specht, Reiner: Descartes. Reinbeck 1980. S. 14.
4- Descartes, Réné, a.a. O., S. 12.
5- مارتین سەربازێکی رۆمی بوو، ساڵی 316ی زایینی هاتۆتە جیهانەوە. لە ڕۆژێکی ساردی زستاندا بەلای سواڵکەرێکدا ڕەت دەبێت کە لە برساندا هەڵدەلەرزێت. مارتین زۆر بەزەیی بەو سواڵکەرەدا دێتەوە و لەژێر نیوەی پاڵتۆکەیدا جێی دەکاتەوە؛ کە شەو داهات، مارتین خەون بە سواڵکەرەکەوە دەبینێت و پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو عیسایە. سان / زانکت مارتین بۆ ماوەی سی ساڵ بوو بە بیشۆپی توور. ئەو 8ی نۆڤەمبەری 397 مرد.
6- لەبارەی خەونەکانی دێکارت بڕوانە:
a) Specht, Reiner, a.a.O., S. 17 f.
b) Ritter, Heinning. Die Nacht der Träume. FAZ 14.01.2010.
c) Sigmund, Freud. Über Träume und Traumdeutung. Frankfurt a. M. 1971 S. 302.
7- Descartes, Réné. Untersuchungen über die Grundlagen der Philosophie. Zeno.org. S. 19.
8- Hegel, Georg Wilhelm Friedrich. Geschichte der Philosophie. Bd. 3. F.a.M. 1986, S. 123.
9- Descartes, Réné. Untersuchungen, a.a.O. S. 5.
10- Specht, Reiner, a.a.O., S. 90.
11- هزرینی میکانیستی تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم سەروەر بوو بەسەر مەئریفەی سروشتدا، وەلێ بە دەستپێکی ئەتۆمفیزیک وەک زانستێکی مۆدێرن ئاشکرا بوو کە تێگەیشتنی میکانیستییانەی سروشت لە گۆشەنیگای فیزیکی کلاسیکییەوە ناگونجێت بە بینای ماتەری و کاریگەریی نێویەکییانەی گەردیلە سوپ-ئەتۆمییەکان. بڕوانە:
Falkenburg, Brigitte: Das Konzept der Materie im interdisziplinären Vergleich. Mechanistische Erklärung und ihre Grenzen. In: Was die Welt im Innersten zusammenhält. Hg. Frank Vogelsang, Almuth M.D. Hattenbach, Thomas Kirchhoff, Hubert Meisinger. Berlin 1974.
12- Ebenda, S. 15.
13- Ebenda, S. 16.
14- Descartes, Réné. Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. A.a.O. S. 18 f.
15- کوردەکان تێگەی “لێکدانەوە”یان وەک وشە لە ئارەبەکان وەرگرتووە و بێئاگا لە واتا مێتۆدییەکەی بەکاری دەهێنن: بۆ نموونە کەسێک دەبێژێت: “لێکدانەوەکەی بەڕێزیانم بەدڵ نییە”. وەلێ بەڕێزیان هیچ پرسێک یان تێگەیەکی ئاڵۆزی شرۆڤە نەکردووە / دانەبەشاندووە و پاشان توخمەکانی یان پرنسیپەکانی لێکدابێتەوە، واتا ڕێکیخستبێتن، بەڵکو تەنیا بابەتەکەی لە ڕوانگەی خۆیەوە ڕاڤە کردووە.
16- بۆ ئەو نمونانە بڕوانە:

  • Röd, Wolfgang. Descartes. Die Genese des cartesianischen Rationalismus. 1978. S. 38.
  • Metzler Lexikon Philosophie. www.spektrum.de
    17- Descartes, Réné. Untersuchungen, a.a.O., S. 19.

18- کانت لە یەکەم ڕەخنەکەیدا بە ناونیشانی “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی” ڕوو دەکاتە کارایی “من” لە ڕووی تیۆریی مەئریفە و پێگە ئۆنتۆلۆگییەکەیەوە (ئەو پێش ئەم نووسینە هەڵوێستێکی دیکەی سەبارەت بە “من” هەبوو). ئەو لە نووسینی ناوبراودا خۆی بە پسیکۆلۆگیی ڕاسیۆنالی کریستیان ڤۆڵفەوە خەریک دەکات و دەبێژێت، نەشیاوە بتوانین بە سیلۆگیزم (زانستی پێوەر) گەوهەرێتی و یەکانە و هۆشەکێتی (ناماتەریالێتی)ی من و دەروون بناسین. ئەم جۆرە سیلۆگیزمانە بۆ کانت پارالۆگیزمن (چەوتە دەرئەنجامن). ئەو لەبارەی “من دەهزرێم / کۆگیتۆ” دەبێژێت: “دەبێت من دەهزرێم بتوانێت یاوەریی سەرجەم پێشبینییەکانم بکات تاکو ئیدی ئەوان پێشبینیی من بن”. کانت لێرەدا “من” وەک دوا سەبژێکتی مەئریفە وەردەگرێت. ئاخر کاتێک من خۆم وەک سەبژێکتی هزرکردوو دەهزرێنم، لێرەدا خۆم وەک شتێکی سرەوتوو دەناسم، من لە هزریندا “من” دەناسم وەک سەبژێکتێک کە گەوهەرە، کە گەوهەری ناکەرەسەیی کارتێزییە. سەرباری ئەوە کانت داوا دەکات کە دەبێت “من دەهزرێم” لۆگیکییانە ڕاڤە بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە واتای فەلسەفەییانەی “من دەهزرێم” لە گەوهەرێتییەکەیدا نییە، بەڵکو لە کارایی (فونکسیۆنالێتیی) ئەودایە بۆ مەئریفە. بەم شێوەیە کانت پێگەی “من” ڕزگار دەکات لەو هێرشانە کە بەتایبەتی دەیڤید هیوم کردبوونیە سەر تێروانینی کارتێزیانەی ئاگایی، وەلێ هاوکات مۆدێلی گەوهەرێتیی من وەرناگرێت. کانت دەیەوێت بەم هەڵویستەی ببێژێت، کە ئێمە ناتوانین بەڕێی فەلسەفەیەکی ئاگاییەوە دوایەمین جەختی سەبارەت بە سروشتی گەوهەریانەی خودمان بەدیبهێنین. ئێمە لە هزریندا لە خۆمان بەئاگاین کە ئێمە لێرەبوونمان هەیە، کە بێگومان جارێ لێرەبوونمان کاتێگۆریانە دیارینەکراوە، سەرباری ئەوەش لێرەبوونی ئێمە لەو مەغزایەدا نییە کە ئێمە وەک چی هەین، بۆ نموونە وەک هزرڤان هەبین وەک چۆن دێکارت دەبێژێت.
بڕوانە:

  • ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردڕاوم، کوردستانپۆست، دەنگەکان. هەروەها بڕوانە:
  • Klemme, Heiner F.: Kants Auseinandersetzung mit Descartes. S. 177- 186.
    19- بە دیدی ئادۆرنۆ دوای ئەوەی سەبژێکتی هزرڤان خۆی مێتۆدییانە لە جیهان دادەبڕێت، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ جیهان. سەبژێکتی هزرڤان دوای سەلماندنی خودای چاک و دانا و کامیل ڕێگەی بەرەو جیهان بە لێکدانەوە دەگرێتەوە بەر، وەلێ ئەوەی پێبەدیناهێنرێت، چونکە ئێستا هەردوو شتی هزرڤان (ڕێس کۆگیتانس) و شتی کشاو (رێس ئێکستێنزا) بەدەلاقەیەک لە یەکدى دابڕاون، لەبەر ئەم هۆیە سەبژێکتی هزرڤان تەنیا فۆرمى ئەو شتەى پێدیاری دەکرێت کە ئەو خۆی سەرەتا بە دەرکەوەرەکانی دەرکی کردووە و بەو ڕێیەوە بە کایەی ئاگایی ئەو گەیشتووە. کەواتە سەبژێکت لە نێوەرۆکی بەردەوام بگۆڕی شت دوور دەمێنێتەوە. ئەمە بۆ ئادۆرنۆ بریتییە لە پرۆسەی نامۆبوون (ئیغتیراب). بڕوانە:
    کاوە جەلال: هەوڵێک بۆ نزیککەوتنەوە لە دیالێکتیکى نێگەتیڤى ئادۆرنۆ. گۆڤاری ئایندە. ژ 56. 2004.
    20- یاسای چوونیەکی: گەر “A” و “B” هیچ جیاوازییەکیان لە نێواندا نەبێت، ئەوسا چوونیەکن (ئیدێنتن)؛ یاسای دژبێژی: ناشێت گۆتەیەک هاوکات ڕاست و هەڵە بێت، کەواتە ڕاستە یان هەڵەیە؛ یاسای سێیەم بەدەرکەر: لە دوو گۆتەی دژیەکدا تەنیا یەکێکیان ڕاستە، سێیەمێک نییە؛ یاسای هۆی کافی: هیچ هۆیەکی بێئەنجام نییە. ئەم یاسایە دەیسەپێنێت کە نابێت هیچ فاکتێک وەک لەگۆڕیبوو چواندنی پێبدرێت، یان هیچ گۆتەیەک بە ڕاست دابنرێت، گەر هۆیەکی کافی بۆ ئەوە لەگۆڕێ نەبێت کە فاکتەکە یان گۆتەکە ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە.
    21- بۆ ئاگایی یان شتی هزرڤان وەک خۆ-بگر بڕوانە:
    Heller, Edmund. Descartes’ Selbstverhältnisse. Philosophisches Jahrbuch 111. Jahrgang / II. 2004. S. 366 ff.

سەرچاوەکان
بە کوردی:

  • کاوە جەلال: ڕێنێ دێکارت. دەزگای پەخشی سەردەم، سلێمانی 2008. (زۆرینەی سەرچاوە لاوەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە خوارەوە پێکەوە لەتەک سەرچاوە نوێکانی ئەم نووسینەی ئێرەدا دانراونەتەوە).
  • کاوە جەلال: لە ڕێنیسانس-هومانیزمەوە ڕووەو نوێسەردەمی ئەوروپی. دەنگەکان / کوردڕاوم / کوردستانپۆست.
    بە ئەڵمانی:
    سەرچاوەی سەرەکی:
    Descartes, Réné:
  • Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. Stuttgart 1984.
  • Untersuchungen über die Grundlagen der Philosophie. Zeno.org.
  • Meditationen über die Erste Philosophie. Reclam. Stuttgart, 1971

سەرچاوەی لاوەکی:

  • Beneke, Klaus: Biographien und wissenschaftliche Lebensläufe von Kolloidwissenschaftlern, deren Lebensdaten mit 1996 in Verbindung stehen. Nehmten 1999.
  • Bloch, Ernst. Leipziger Vorlesungen zur Geschichte der Philosophie. Bd. 3, Frankfurt/Main 1985.
  • Falkenburg, Brigitte: Das Konzept der Materie im interdisziplinären Vergleich. Mechanistische Erklärung und ihre Grenzen. In: Was die Welt im Innersten zusammenhält. Hg. Frank Vogelsang, Almuth M.D. Hattenbach, Thomas Kirchhoff, Hubert Meisinger. Berlin 1974.
  • ‌Heller, Edmund. Descartes’ Selbstverhältnisse. In: Philosophisches Jahrbuch 111. Jahrgang / II. 2004.
  • Herre, Paul. Deutsche Kultur des Mittelalters im Bilde. Leipzig 1935.
  • Klemme, Heiner F.: Kants Auseinandersetzung mit Descartes. In: Descartes und Deutschland – Descartes et l’Allemagne, hrsg. von Jean Ferrari, Pierre Guenancia, Margit Ruffing, Robert Theis u. Matthias Vollet, Hildesheim, Zürich, New York 2009.
  • Lloyd, Genevien. Das Patriarchat der Vernunft. Bielefeld 1985
  • Lutz-Bachmann, Matthias: STAATS LEXIKON, www.staatslexikon online.de/Lexikon/Scholastik.
  • Marshall Jr, David J. Prinzipien der Descartes-Exegese. München 1979
  • Metzler: Lexikon Philosophie. Die Methode von Resolution (Analysis) und Komposition (Synthesis). Spektrum.de
  • Röd, Wolfgang. Descartes. Die Genese des cartesianischen Rationalismus. München 1982.
  • Specht, Reiner: Descartes. Reinbeck 1980.
  • Derselbe. Descartes. In: Klassiker der Philosophie, Bd. 1, Hrsg. V. Ottfried Höffe. München 1981.
  • Williams, Bernard. Descartes. Das Vorhaben der reinen philosophischen Untersuchung. Frankfurt/Main. 1988.



یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە.. ئازاد حەمە

ئەم نوسینە کورتە پێشکەشە بە فەریدون حەسەن، کە چاوەکانی تروسکای لەسەر داخرا

پتر لە دەروازە:
لە سەرەتای ساڵانی 1980 کاندا لە سەردانێکی بیریاری فەرەنسی دێریدا بۆ ئەمەریکا، ژورنالیستێکی ئەمەریکی لێیدەپرسێت: گەر ئەم دێریدایە نەبویتایە، کە ئەمڕۆ هەیت حەزتدەکرد چی بیت؟ دێریدا لە وەڵامدا دەڵێت: حەزمدەکرد رۆماننوس بم، وەک رۆماننوسەکەی هاوڕێم مۆریس بلانشۆ Blanchot. ئەم وتنەی دێریدا دوو دانپێدانانی تێدایە. دانپێدانانێک بە مەزنی رۆماننووسی و ئەویتر دانپێدانانە بە هاوڕێکەی، لێ لە دەڤەری ئێمەدا هەردوو دانپێدانانەکە لەسەرەمەرگدایە. کەواتە، بۆ دێریدا دەستهەڵگرتن لە فەلسەفە بە رۆمان بەلەجیاتیدەکرێت. وەکیتریش ئەم حاڵەتە رووبەڕووی زۆرێک رۆماننوسی تری رۆژئاوایی دەبێتەوە. دەوروبەری ئەلبێر کامی Camus پڕبوو لە هزرەڤان. کامی فەلسەفەزانی لەرێگای رۆمانەکانیەوە سازدەدا. لەسەردەستی کامی کردەی رۆماننوسی خۆی بریتیکرد لە کردیەک لە هزرەڤانی، وەکیتر هزرەڤانی پیادەكرد و ئەدەبەکەشی هێندەی فەلسەفە قووڵاییەكانی بیركردنەوەی گۆڕی. کەواتە رۆمان دەکارێت هزر بەرهەمبهێنێت. تا رۆماننووسیش لە دەڤەری ئێمە نەبێتە پرۆسەیەک لە بیریاریی ناکرێت رۆمانی کوردی هەنگاوی گڵوباڵ بنێت.
بۆئەوەی خۆمان لەگەڵ وتەنەکانی لایسەرەوە هاوتاکەین گوزەرێک بەناو داڵانەكانی ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی دا دەکەین. لەوێندەرێ چییەتی جەفاکانی بەختیار عەلی بە تێگەیشتنی چەمکیی conceptual خۆمان گرێدەدەینەوە و ڕووناکی و چریسکەی ئەدەبەکە لەناو گەرووی تاریکی ئەدەبی ئێستاماندا دەردێنین. ئەمەش سەرنج بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت، کە لەم دۆخە نالەبارەی ئێمە دەیژێین چۆن مانای نوێ بە ئەدەب بدرێت؟ کەس ئەمەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە سامناکەکاندا ئەدەبێکی تر و تێهزرینێکی ئەدەبی تر بوونی هەبێت.
هەرچەندە ئەم نوسینە کورتە تەقەلایەکی هزریی نییە بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ئەدەبیی بەختیار عەلی، لێ کۆششێکی شەرمنانەشە بۆ وتن لەسەر پرسی ئەدەب لەمیانەی ناوبراوەوە، دواتر رێگاش بۆ وتن لە پرسی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ تا رادەیەک دەکاتەوە.چونکە خوێنەری هزرهەژار لە چاوەڕوانی ئەدەبی بێهزرە. ئەدەبی بێ هزریش بکوژی بیرکردنەوە و تێڕامانە. لەوێندەرێ هەرگیز پرسیار لەدایکنابێت و وەستان بەدیار دێڕ و گوزارەوە بوونی نابێت.

ئەدەب واتە بیرکردنەوە

ئەدەب شوێنێكە بۆ سازدانی بیركردنەوە. سەرسامبوونیش بە مۆدێلێک لە ئەدەب لە بنەڕەتدا سەرسامبوونە بە مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەو ئەدەبە، کە ئەدەبێکی لوغزاوییە. کافکا بیرکردنەوەیە لە ناو بیرکردنەوەیەکی کارامادا. گشت ئەزموونی شیعریی مالارمێMallarmé بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی تر. رۆنێ شار Charئەمیش جۆرێکە لە بیرکردنەوەی نادوبارە. پاستێرناک Pasternak لە ڕەچەڵەکدا تەقەلایەکە بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە چاو دەمی خۆی. گۆران و سەیاب و یاسنین و خەلیل حاوی و ئەنسی الحاج، ئەمانەش تەقەلاگەلێکن بۆ تێپەڕاندنی دەمی بیرکردنەوەی شیعریی خۆیان. تێپەڕاندنەکانیش هەردەم هاوتەریبنابن لەگەڵ بیرکردنەوەی باوی ئەدەبیی. بۆیە تێپەڕاندن، کە لادانە، باجی خۆی هەیە و تێگەیشتنیشە لە چیەتیی بیرکردنەوەی ئەدەبیی باو و لەو هەلومەرجەش، کە بەرپرسیارە لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ئەو شێوە ئەدەبە.
ئەدەب بوارێکە لە بیرکردنەوە. ئەدەب لەبەرئەوەی هزرە پێویستی بە بیرکردنەوەیە. ئەدی زمان؟ گوزارشتكردنی زمان لە چركەساتەكانی گەیاندنی هزر ئەوەیە، كە چی چۆن پێویستە بگوترێت، بەڵام ئەوەی بۆ زمان پێویستە، مەرج نییە بۆ هزریش پێویست بێت. زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و شتێكی دی مەبەستە، یان زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و هزرێكی دی لەپشتەوەیە؛ هزرێک، کە خۆی بە خاوەنی زمانەكە دەزانێت. ئەوەی ئێمە لێرەدا گەرەكمانە بیڵێین ئەوەیە، كە پێكدادان لەنێوان زمان و هزردا شیاوە و مێژووی هزر و زمانیش شایەتحاڵی ئەوەن. هاوکات داڕشتنی هزری ئاڵۆز بە زمانی سادە کاری دەوێت، بەڵام بۆ ئەو خوێنەرانەی پاشخانی هزرییان نییە داڕشتنی هزری ئاڵۆز وەک خۆی تێنەگەیشتن و بێزاریی دروستدەکات بۆیە زۆرێک لەو خوێنەرانە رەخنەی شێوازی هۆنینەوەی زمانەوانی نووسەرەکەدەکەن بێ ئەوەی بیر لە ئاستنزمی پاشخانی هزریی خۆیان بکەنەوە.

بیرکردنەوەی ئەدەبی دەبێت بی بەزەیی بێت بەرامبەر بە بەرهەمهێنانی پرسیاری هزریی

لەم دۆخە خراپەی ئێمەی کورد دەیژێین، کە سیاسەت هۆکاری ڕاستەقینەی خراپکردنەکەیە، چۆن مانای تازە بە ئەدەبی هاوچەرخی کوردی بدەین؟ کەس لە ئێمە ئەوەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە ترسناکەکانەوە ئەدەبێکی تر و بیرکردنەوەیەکی تری ئەدەبی بوونی هەبێت. ئەم دۆخە خراپە داوای زۆرتین بیرکردنەوە و جیاوازترین بیرکردنەوەمان لێدەکات. ئێمە، لەم دۆخەدا و بەگشتیش، ئەو جۆرە لە بیرکردنەوەی ئەدەبی بە پێویست دەزانین، کە بێ بەزەییانە کارلەسەر پرسیار بەرهەمهێنانبکات.
شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی جێی مشتومڕە. ئەڵبەتە هەموو شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەدەبی شایانی ئەوە نیین جێی مشتومڕ بن، مەگەر ئەوانە نەبێت، کە لە ناخی شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبییاندا پرسیار بەخێودەکەن. پرسیار دروستکردن لەناو ئەدەب یەکێکە لە ئەرکە مەزنەکانی ئەدەب. لە پرسی ئەدەبیشدا شوێنپێهەڵگرتن هەیە. لێ لەو بارەوە تێپەڕاندنیش بوونی هەیە. ئەلبێر کامی Camus دەکەوێتە ژێرکاریگەریی تێگەیشتنی فەلسەفیی سارتەرەوە، لێ دەشتوانێت هزری سارتەر سەبارەت بە ئەدەب تێپەڕێنیت. ئێمە، کە بەشێک نین، تا هەنووکە، لە بزووتنەوەیەکی هزری گەورەی گڵوباڵ، ئەدی ئەدەبەکەمان هێندەی هزرمان هەژارە؟ ئەمە پرسیارێکی سەرسامئامێزە بۆ ئێمە! چونکە ئەزموونە ئەدەبییە گەورەکان شانبەشانی هزر رۆشتوون. بۆیە بۆ ئێمە و لەم نوسینە کورتەدا ئەوە پرسیارە، کە لەو شوێنەی بزووتنەوەی هزری هەژار کاری خۆی دەکات ڕێگا بە سەرهەڵدانی ئەدەبێکی دەگمەن دەدات؟ بۆ ئەوەی لەو ژینگە هەژارەدا ئەدەبێکی دەگمەن(جیاواز، نادوبارە)سەرهەڵدات بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی سادەی هەژار لە هۆنینەوە و داڕشتن پێویستە لەدایکبێت. ئەمەشە بەختیار عەلی کۆششی بۆدەکات.
ئەدەب وەک ئازاری جەستە وایە سروشتی خۆی هەیە. ئەمە پاساو نییە بۆ داکۆکیکردن لە ئەدەبی لاواز و سەرپێی، کە هزر بەرهەمناهێنێت. ئەدەبی بێ هزر، بێ بیرکردنەوە ئەدەبێکی بۆشە. ئەمەیە زبڵەئەدەب. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە جەستەی ئەدەب شوێنی ناسینەوەی هزرە. جەستەی ئەدەب باشترین پەناگایە بۆ ئاشنابوون بەو زمانەی خراوەتەگەڕ. بۆیە هەستکردن بە ئەدەب، بەوەی کە ئەم ئەدەبە چەند باشە، کە ئەم باشیەش پرسیارە لەسەر چەند دەگمەنە، هەستکردنە بەو وتنانەی ئەم ئەدەبە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت، بەو هێزەی لە زمانی وتنەکەدا پەنهانە بۆ رەخساندنی خەیاڵ و گێڕانەوە.
سەرباری ئەوە، بۆ ئەوەی لێرەدا تیشک بخەینە سەر ئەو ڕێگایانەی، کە بەرەو دەرهاویشتەیەکی لۆژیکیمان دەبات، لەم بارەیەوە پێویستمان بەوەیە هێما بۆ ئەوە بکەین، کە گشت هیواکانی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ ناشێت لەسەر بەختیار عەلی دانرێت. ئەی ئەگەر ئەم هیوایە نەهاتەدی؟ ئەوجار چی؟ئەوجار دەمی کۆتایهاتنی ئەدەبی کوردیمانە، ئاوابوونی ئەدەبمان دوا قەدەرمان دەبێت؟ گەر وابێت ئەمە ئەنفالێکیترە. ئەنفالی ئەدەبیی. ناشێت هەروەک سیاسەت چۆن زوو زوو دەمانبات بەرەو مەهابادێکیتر، ئەزموونی ئەدەبیشمان بمانبات بەرەو نەهامەتییەکی ئەدەبیی تر. گەر ئەمە ڕووبدات خەتای بەختیار عەلی نییە، بەڵکو خەتای هەڵچنینی ئەو خواست و هیوا زۆرانەن لەسەر بەختیار عەلی، ئەمەش وادەکات بە ناچاری بگەڕێنەوە بۆ ئەدەبی پێش ناوبراو. هۆلۆکۆستی ئەدەبی کوردی لێرەوە دەستپێدەکات.

دزەكردنی فەلسەفە بۆ ناو ئەدەب

ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەی فەلسەفە دزەی تیاکردوون ئەدەبێکی تری لێدەرچووە. ئەدەب، کە فەلسەفە گێچەڵی پێدەکات ئەدەبێكە دەرەقەتی گێڕانەوەی وون و لەدەستچووەکانی هەیە، توانای بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی هەیە، دەکارێت چەمک بەرهەمبهێنێت، لەناو دۆگم نامێنێتەوە و وەهمیش دروستناکات. بۆیە ئەدەبی ڕووكەش، کە ئەدەبێکی دابڕاوە لە فەلسەفە، ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناوەڕۆک و دووبارە جیهانێکی هزریاریی دروستبكات. ئەدەبێک ئەزموون دەخاتەوە، کە ئەزموون لە تێڕامانی فەلسەفیەوە وەردەگرێت و تەماشاکردن بۆ جیهان و بوون لەناو ئەو جیهانە دەگۆڕێت. ئەم جۆرە ئەدەبە شڵەژان و گومان دەخاتەژێرپرسیارەوە و چەمکی وەک: دابڕان، بێدەنگیی، تارمایی، مەرگ، تاریكیی، تەنهایی، و…. دەکات بە ئامرازی بیرکردنەوەی خۆی.
هەردەم ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبن بە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری ڕیشاڵی، یان تووخمی هزریین. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ئەدەب دەکارێت ئەزموونی هزری بخاتەوە. تەماشاكردنیش بۆ ئەدەب وەك بەشێك لە كردەی هزرەڤانی لەوێوە سەرهەڵدەدات، ئەدەب کاتێک دەکارێت ئەوە بکات،کە ئەدەب لە پەنای هزری فەلسەفییدا گەشەدەکات. لێرە بەوەدەچێت قسە لەو جۆرە ئەدەبە بێت،کە ئەدەبی تێرهزر و بەپیتە، ئەوەش ئەو ئەدەبەیە هەواری خۆی بەرەو ناوچە هزراوییەكان گواستوەتەوە.بەمە ئێمە لێرە لە دەرگای ئەو پرسیارە دەدەین، کە بەم جۆرەیە:چۆن ئەدەب بکارێت بە گژ هزردا بچێتەوە، و واش لە ئەدەب بکات فەلسەفە بەرهەمبهێنێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی لای سەرەوە دەکارین بڵێین: لە مێژووی هزری رۆژئاوادا نموونە لەسەر ئەو جۆرە ئەدەبە بەرچاودەکەوێت. لێ پێویستە ئەوە بزانین، کە هزرکاری لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە. گشت ئەدەبی میلەتانیش بەو ئەرکە هەڵنەستاوە. ئەدەب، کە بەم ئاقارە دەڕوات شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبی لەم جۆرە چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆی دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، کامی، یان سێلان، هۆڵدلین یان مالارمێ بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.

پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە

لێرەدا خۆم لە قەرەی ئەو ئارگیومێنتە نادەم، کە داوای راڤەکاریی بیری بیرمەندانم لێدەکات لە پەیوەندی بە ئەدەبەوە. ئەمەش بەپێێ ئەوە، کە ئەدەب و فەلسەفەی رۆژئاوا، کە بۆتە مۆدێلێک بۆ نرخاندنی ئەدەب و فەلسەفە ئەو وانەیەمان فێردەکات، کە بیرکردنەوەی ئەدەبیی لە پەیوەندیدایە بە فەلسەفەوە.
تێگەیشتنی ئێمە لەبارەی ئەوەی لای سەرەوە وروژێنرا، ئەوەیە، کە پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە بۆ سەرهەڵدانی ئەدەبی دەگمەن(نایاب، دژەهەمان). ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە، گەر بە نموونە وەرگرین، بێ ئەندازە دابڕاوە لە هزری هزرەڤانان، ئەو هزرە رۆژئاواییەی موڵکی گشت مرۆڤایەتییە. باشە ئەدەب، کە پشتی لە بیرکردنەوە فەلسەفییەکان کرد چی ڕوودەدات؟ بێگومان ئەوە ڕوودەدات، کە لە قۆناغی پێش بەختیار عەلی دا ڕوویداوە. ئەدەبێک، کە دوورەپەرێز بووە لە فەلسەفە، دیوارکەوتووەتە نیوان بیرکردنەوەی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی فەلسەفییەوە.
ئامادەبوونی فەلسەفە لەناو ئەدەب کارکردنە لەسەر گۆڕینی نیشتیمانی ئەدەب. قڵپکردنەوەی ئەدەب و گۆڕینی ئاقاری. ئەدەب، کە بەهزراوینەکرێت ئەدەبێکی بێ تام و بەتاڵ دەبێت. ئەدەبی بێ تام و بەتاڵ ترسناکە. توانای وتنی نەوتراو و درکپێنەکراوی نییە. ئەو ئەدەبەی لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە دەستی دەبێت لە دروستکردنی جۆرێک لە بیرمەندی، نموونە ساد Sade، کافکا، بۆرخێسBorges، رێلکە ، فلۆبێر Flaubert و ….. .ئەدەبی لەم شێوەیە بە نادیاربوون و پارادۆکس و تەموومژاوییەکانەوە دەیگرێت. ئەم ئەدەبە زمان پەلەکێشی ناوچە یاساغ و بڤەکان دەکات و والە زمان دەکات ئەوە گۆبکات، کە جارێ گۆینەکردووە. هەر لێرەوەش دەگمەنی لەدایکدەبێت.

پەتای بیرکردنەوە شیفابوونیشی لەگەڵە

پەتای بە بەختیار عەلیبوون دەبێت تەشەنە بسێنێت، لە گشت شوێنێکمان دا بڵاوببێتەوە، دواجار هیوای ئەوەش بخوازرێت، کە شیفابوون لەم پەتایە هەرگیز نەیەتەدی. ئەم پەتایە گەر بریتیبێت لە خودی بیرکردنەوە، هیوامەندم بیرکردنەوە خۆیبکات بە گشت جێگەیێکماندا. ئەم بەختیار عەلییە هیچ نییە لە بیرکردنەوە زیاتر. بیرکردنەوە ئەمی گەیاندووەتە ئێرە. ئێرەش بەس نییە مادەم بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە دەرمانە و شیفابوونیش لەم دەرمانە ناشێت شیاوبێت. ئەوە بیرکردنەوەیە ڕەهەندی مێژوویی-کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە لەبەرچاودەگرێت و دواتر لە کارێکی رۆماننوسیدا بەرجەستەی دەکات. بۆ ئێمە لێرە هەر بیرکردنەوە براوە نییە، بەڵکو چۆنیەتی بیرکردنەوە، داڕشتنی دێڕ و گوزارە.
بیرکردنەوەی فەلسەفیی و بیرکردنەوەی ئەدەبیی ئێمە پێویستی بەوەیە چەمک بەرهەمبهێنێت. ئەمەش بەرهەمنایەت تا دووچاری پەتای بیرکردنەوە نەبین. فەلسەفە، کە ئاسۆی بیرکردنەوە دەجوڵێنێت، ئەدەب لەناو ئەو جوڵانەوەیە دەژیت. کەواتە، ئەوە بیرکردنەوەی فەلسەفییە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کاریگەرییان بەرباسدەخات و ئەدەبیش هاوکار دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی دژوارییەکانی ژیانی رۆژانەی ناو ئەو جیهانە.
زۆرێک دەپرسن سودی بیرکردنەوە لەناو ئەدەبدا چییە؟ ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن نە لە ئەدەب و نەش لە فەلسەفە حاڵیین. ئەوە ئەدەبە، ئەڵبەتە لەمیانەی فەلسەفەوە، فێری ژیانژیانمان دەکات. گەر کەسەکە بە چاکی لە ووردەکاریەکانی ئەدەب و فەلسەفە حاڵینەبووبێت ناکارێت نە ئەدەب و نەش فەلسەفە وەک ئامرازێک بۆ خۆپارێزی دەروونی و خۆچاکسازی ڕۆحی بەکاربەرێت. چونکە تاریکییەکان تا کۆتا نین. هەروەک ئەوەی، کە رووناکییەکانیش تا کۆتا بەردەوام نیین. ئەو ئەدەبەی لەسەر پایەکانی فەلسەفە دەوەستێت دەتوانیت بەختەوەری، ناخ ئارامی بۆ خوێنەرەکەی بهێنێت. ئەدەب لە دەرەوەی جوگرافیای فەلسەفە نییە. ئەدەب لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە. ئەدەبی تەندروست پشتگیریی فەلسەفە دەکات. فەلسەفەش پیویستی بەم پشتگیرییە هەیە. چونکە هەردوو ئیش لەسەر تەندروستبوونی مرۆڤ دەکەن. لەبەرئەوەی ئەدەب و فەلسەفە لە دڵنەوایی شارەزان دەکرێت بەکارببرێن بۆ شیفابوون لە پەتای بیرنەکردنەوە. ئەم پەتایە لە دەڤەری ئێمە زۆر بەربڵاوە و زیانێکی زۆریشیداوە لە گەشەنەکردنی ئەدەب و فەلسەفە. شیشرۆن Cicero وتەنی “”فەلسەفە، کە پزیشکی راستەقینەی رۆحە””، پێمانوایە ئەدەب زۆرێک لەم پزیشکە ڕۆحییەوە فێردەبێت. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین، کە چارەسەر بە فەلسەفە و ئەدەب وەک دەرمان باشترین چارەسەرن لە ئێستادا، ئەو ئێستایەی لێوانلێوە لە جەنجاڵی و پەرتی و دابڕان.

برسیەتی بۆ رۆمانی لەم جۆرە
زۆرێک لە خوێنەرەکانی بەختیار عەلی لەوە بەئاگانیین کە، گەڕانەوەی ئەمان بۆ کارە ئەدەبییەکانی (شیعر، رۆمان) بەختیار عەلی بۆ ئەو برسیەتییە مەعریفییە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکە پێانەوەدیارە. برسیەتیەکە پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کارە ئەدەبییەکانی ناوبراو لەسەری دەوەستێت. ئەڵبەتە ئەو وەستانەشە ئەدەبی لەو جۆرە بەرهەمدێنێت، کە تەنیایی ئەمان دەجولێنێت. ئەدەبی لەم شێوەیە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەمکە. لێرەوە هۆنینەوە و داڕشتن فۆرمێکی تر لەخۆدەگرێت. داماوی تاکی کورد، زەلیلی بەدەست هیواکانەوە، شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەوین لە کۆمەڵگەی نوێی کوردی، وێناکردنی مرۆڤی تازەی کورد و پەیامە بەردەوام بۆشەکانی هۆکارن بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی بەختیار عەلی.
خوێنەرەکانی ناوبراو، خۆیان دەزانن بەجۆرێکی کەساس دەژین و ژیانیشیان وێرانە، لێوانلێوە لە برین. برینی ئەمان بێ کۆتایە. چونکە مرۆڤە کەساسەکان پێویستیان بەو هەلومەرجانەیە کەساسی لەناودەبەن. ڕەنگە بەشێک لەو هەلومەرجانە بێ مافی بێت، نایەکسانی بێت، غەدر بێت، یان ڕەنگە هەستی تەنیایی و ئاوارەیی بێت لە زێدی خۆیان. لێرەوە گەڕانەوە بۆ ئەدەبی بەختیار عەلی خۆی بەپێویست دەزانێت. باشە ئەم جۆرە ئەدەبە دەرمانە؟ ڕێگایەکە بۆ شیفابوون لەو مەینەتییە بوونیاویانەی تیایدەژین؟

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی کردە ئەم بەختیار عەلییە. هەرزوو هەژارییە مەعریفییەکەی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی پەست و دڵشکاوکرد. ئەمەی ئێستا دەیخوێنیتەوە بەرهەمی ئەو پەستی و دڵشکاویەیە. کەواتە یاخیبوون لەدایکبوو. ئێمە پێویستمان بە زنجیرەیەک لە یاخیبوون هەیە تا چارەسەری هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بکەن. بۆیشە لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد، کە یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە. کەمە، چونکە بەو هەژارییە مەعریفییەی رۆمانی کوردی ناوێرێت. زۆرە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سەرەتای یاخیبوونێک زەمینەی بۆ سازێنرا.
ئەوەی وترا مەبەست لێی ئەوە نەبوو بمانەوێت خۆبەراووردکردنێک لەنێوان ناوبراو و ئەوی تردا دروستکەین. چونکە خۆبەراووردکردن بەئەویتر کارێکی تەندروست نییە. دۆزێکی ئەوتۆش دێنێتە گۆڕێ، کە کاتەکانت تەنها لە چاودێریکردنی ئەویتردا بەسەربەریت. تۆ ئەو کات خۆتنابینی، بەس ئەویتر دەبینیت، خۆتیش نابیت ئەویتر دەبیت. بوون بە ئەویتر واتە خۆبەراووردکردن. بۆیە چاکترە لە کاتی قسەکردن لە هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی لە ڕەچەڵەکی ئەو هەژاریە بەووردی حاڵیبین، کە هۆکارە بۆ لەئامێزگرتنی بەختیار عەلی.

ئەدەب داڵدەی نەوتراوەکانە

وتنی نەوتراو دەچێتە خانەی ئەو جۆرە وتنانەی شایانی وتنن. وتنی لەم شێوەیە وتنێکە هێشتا نەوتراوە. ئەو وتنەش، کە نەبووەتە وتن براوەی یەکەمە، چونکە ئەزمووننەکراوە. کەوابێت، چۆن ئەدەب بکرێت بە جێگایەک بۆ پەی پێنەبراوەکان؟ ئەڵبەتە تەنها بە وتنی نەوتراوەکان ئەوە دێتەدی. ئەو وتنانەی هێشتا نەبوونە بە بەشێک لە بیرکردنەوەمان. بەواتەیەکی تر، ئەدەبنووسینی ئێمە تا خۆی وەک ‘نوسینەوەی کارەسات” نیشاننەدات ناکارێت نەوتراو بخوڵقێنیت. ئەمە خۆزگەکانی ئەدەبی کوردیش دێنێتەدی. ئەم ئەدەبە بیرکردنەوەیەکە لە شوێنێکی ترەوە دێت، سەرهەڵدەدات. لێ، ئایا ئەمە تەنها ئەرکی بەختیار عەلییە؟ نەخێر (بەپیتی گەورە). هیواکانی ئەدەبی کوردی، گەر بریتی بێت لە جەختکردن لە بوونی خۆی، بەرهەمهێنانی ناسنامەیەک تایبەت بەخۆی، ئەمە دێتەدی، بەو مەرجەی ئەدەبی کوردی خۆی بە بەشێک لە هزرەڤانی بزانێت. هزرەڤانی لە جۆرێکی پوخت و شوێنێک بۆ نەوتراوەکان.
ئەدەبێک مردن ئەزموون نەکات، بە باڵای ئەوینی شکستخوارد و چەپۆکی سێکسا هەڵنەشاخێت، سەروی بێدەنگی نەبێت و تەنهایش نازدار نەکات زۆری ماوە ببێتە ئەدەب. ئەدەبێک گەندەڵی وەک شمەکێکی سیاسی و بەس ببینیت و توێکاری بۆ ئەم گەندەڵییە لەناو ناخ و دەروونی مرۆڤەکاندا نەکات، ئەو ئەدەبە لاپەرێز دەمێنێتەوە. ئەدەبی واش بۆ ئەوەی لە لاپەرێزی خۆی دەربازکات مشەخۆر دەبێت لەسەر وتنەکانی پێشخۆی. ئەمەش بەرەو دیوێکی تری خراپی بیرکردنەوەی لاپەرێزمان دەبات، کە بیر لە ئەویتری خوێنەر ناکاتەوە. ئەویترێک، کە پێویستی بە ئێمەیە. ئەویترێک لە چاوەڕوانی گشت شتە باشەکانە. بۆیە فەرامۆشکردنی ئەویتر لە ئەدەبدا بە زیانی خود، ناسنامەی ئەم خودە دەگەڕێتەوە.
پرسی ئەدەب پرسی هێنانەگۆی مەحاڵبووەکانە

لە ئێستادا، لە گشت شوێنێک، لەم جیهانە بچوکەی ئێمەدا ئەگەری مەحاڵبوون impossible لە زیادبووندایە. ئەدەب کە نەیتوانی مەحاڵبووەکان بهێنێتەگۆ لە بەئەدەبوون دەکەوێت. ئەو نەختە فەلسەفەیەی لە دەڤەری ئێمە نەشونمای کردووە تەنها و تەنها سەرقاڵی پرسیارە ئەدەبی و سیاسییە کۆمەڵایەتی و ئاینیە سادەکانە و لەم رووەشەوە شتێکی ئەوتۆی بەرهەمنەهێناوە. واتە فەلسەفە لێرە و ئێستا تەنها سەرقاڵی زانستە مرۆییەکانە و زانستە سروشتییەکانی فەرامۆشکردووە. ئەمەش وایکردووە لەگەڵ مەحاڵبوون دەستلەملان نەبێت. هەر ئەم لایەنە کاردانەوەی خراپی لەسەر ئەدەبیش داناوە.
بێ مانا، نادیار، ناکۆتا و پووچ کە بەشێکن لە مەحاڵەکانمان، کە نەبوونەتە باسی ئەدەبی ئێمە. راستەوخۆنوسینیش لە بواری ئەدەبیماندا زیانێکی زۆریداوە لە بێدەنگبوون لە مەحاڵەکانمان. کەواتە شیاوە بپرسین: لە چ ساتەوەختێکدا ئەدەبی باش (باش بە مانای دەگمەن و نادوبارە) لەدایکدەبیت؟ لەو ساتەوەختەی ئەدەب شانبەشانی فەلسەفە لەناو تاریکی ژیان دەربازماندەکات، فێری پرسیارمان دەکات سەبارەت بە بوونمان. وەکیتر، فەلسەفە و ئەدەب ، کە پێکەوە کاردەکەن، لە دوو لاوە کارمان لەسەر دەکەن: ئەزموونی تێڕامانمان دەوڵەمەنندەکەن و بیرکردنەوەشمان بۆ چەمکگەلێکی وەک خەمۆكی، هاوسەرگیری، بێدەنگی، تەنهایی، و ئەوینداری و خیانەت دەگۆڕن. جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە چەند ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بەختیار عەلی ئەمەی کردووە؟

دەرئەنجام: ئەدەبی دەگمەن

سەرهەڵدانی ئەدەب، ئەدەبی نایاب، کارێکی سانا نییە. چونکە ئەم بەشە ئەدەبە بەرپرسیاریەتی هێنانەگۆی تەمومژاویی، بێدەنگیی و بەدفڕیی لە کاری ئەدەبیدا لەئەستۆدەگرێت. بێگومان ئەدەبی نایاب لەوێوە دێتەدونیاوە. بۆیە بەغیلی بە بەختیار عەلی با بەغیلیبێت بە هێزی بیرکردنەوەی ئەو، بەوەی بیرکردنەوە چەند دەکارێت دوور بڕوات و ئاسۆکانیش تێپەڕێنێت.
ئەدەبی دەگمەن ئەو ئەدەبەیە، کە دەربازکەری خودی ئەدەبە لە گرفت و لاوازییەکانی. ئەم جۆرە ئەدەبە، ئەدەبێکە خەریکی گەڕانەوەی شتە لەدەستچوو و ونەکانە. ئەدەبی دەگمەن گفتوگۆ بێکۆتاییەکان دێنێتەگۆڕێ و لەپشت سەرهەڵدانی تێیۆرییە ئەدەبیەکانیشەوە دەبێت. جا ئەدەبی وامان هەیە؟ ئەزموونی ئەدەبی بەختیار عەلی جۆرێکە لەم ئەدەبە؟ گشت ئەوی لایسەرەوە وترا وەک وەڵامێک دەبینم بۆ ئەم دوو پرسیارە.
تێپەڕاندنی بەختیار عەلی شیاوە. لێ بەم کواڵیتێ ئەدەبییەی ئێستا نا. چونکە وتنی سادە، نزیک لە زمانێکی لاواز و سەرپێی، دابڕاو لە هزر ناکارێت ئەدەبی یاخی بەرهەمبهێنێت و نیگەرانییەکانمان، ئەو پارادۆکسانەی تیایدەژین، بکاتە وتن. شانسێک ئەو دەمە لەبەردەم هاتنەدی هیواکانی ئەدەبی کوردییە، کە ئاقاری بیرکردنەوەی ئەدەبنووسی(رۆمان،چیرۆک، شیعر، شانۆ ، …) ڕوو لە گۆڕانبکات. سەرلەبەرگۆڕینی پرسیاری ئەدەبی، بەو مەرجەی بەهۆیەوە پرسیارە سیاسییە کۆمەڵایەتییە ئاینییەکان بەر تەوژمی ئەو گۆرانەبکەون، شانسەکە بەهێزدەکات. لێرەوە، کەوابێت، ئەوەی مەبەستە گۆڕینی پرسی ئەدەبە. ئەو پرسەی فەلسەفەی کۆنتنێنتاڵ بۆ شەش دەیەک دەبێت سەرقاڵیەتی (هایدیگەر لەسەر هۆڵدرلین، دێریدا لەسەڕ سیلان، فوکۆ لەسەر ئارتۆ، دولۆز لەسەر سینەما، بادیو لەسەر چاخی شاعیران ئاگامبین لەسەر کافکا و….هتد).
هیچ ئەدەبێک بێ لەکە و بێ خەوش نییە. تەنانەت مۆدێلە جیهانییەکانیش(پوشکین، ئێلوار، شکسپیر، ڤالێری، بەیاتی، میشۆMichaux ،….). لێ پێموایە بەشێک لە خەوشەکانی مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی پەیوەندی بە سێ لایەنەوە هەیە. لایەنی یەکەم بریتییە لە خراپی دۆزی ئەدەبی پێش خۆی (بەتایبەت رۆماننووسین). لایەنی دووەم بریتییە لەو شێوازە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کە رووبەڕووی بیرکردنەوەی ئەدەبی ناوبراو دەبێتەوە، کە ئەمەشیان قوربانی دەستی لایەنی یەکەمە. دوا لایەن پێدەچێت پەیوەندی بە جۆرێک لە شێوازی هۆنینەوەی دێڕ و دەربڕینی ناوبراوەوە هەیە (نوسینیدرێژ، شێوازی داڕشتنی زمانەوانی،…. )، کە ئەوەش وایکردووە بەشێک لە خوێنەرانی پەستکات. لێ کێشەی بەشێک لە خوێنەرانی ناوبراویش ئەوەیە، کە دەخوازن نوسەر بەپێی حەز و شێوازی بیرکردنەوەی ئەوان بنوسێت. کێشەیەکیتری ئەو جۆرە خوێنەرانە ئەوەیە، کە پاشخانی هزرییان نییە و ڕاشهێنراون لەسەر جۆرێک لە نوسین و خوێندنەوە.

ئازاد حەمە




یادێك لە تێرۆرکردنی ڕەئوف زوهدی.. هیوا محەمەد ئەمین

.. نوسەر ی ناوداری کورد مامۆستا ( ڕەئوف زوهدی ) ١٩٢٢ – ١٩٩٠ سی و چوار ساڵ لەمەوبەر ؛ لەسەر یەکێك لە شەقامە ئاپۆڕەکانی شار ی سلێمانی – مەولەوی بە دەمانچەیەك ی بێدەنگ تێرۆرکرا و جەستەی لە نێو خوێنی خۆی دا شەڵاڵ کرا . ئاهەنگ ی پرسە و ڕۆژی ماتەمینیی ئەو لە کەشێك ی پڕ ترس ، دڵەڕاوکێ و دوودڵیی دا بەڕێخرا ، و ڕۆژێك دواتر لە ( گردی سەیوان ) ی شار ی سلێمانی بەخاكسپێردرا . چرا ی ژیان ی نوسەر ، ڕوناکبیر و نیشتیمانپەروەرێكی کورد هەروا بە سانایی خامۆشکرا ، و لە مێژو ی کوردیش دا چووە گۆشە ی بێدەنگیی و لەیادچوونەوە ، دواجار نە کەسێك بۆی هاتە وەڵام نە زەنگی مەترسیی تێرۆریش لە هێچ شوێنێك دا هاتە زرنگدانەوە ؟! تێرۆریستان بە دڵێك ی شاد و ئاسودەوە ئەم کردەوە تێرۆریستانەیان کردە ڕاپۆرتێك ی مژدانەبەخش ، و مژدەی بەڕێکردنی پیرێك ی کوردپەروەر ، هوشیار ، ماندونەناس و ڕوناکبیرێكی کوردیان بۆ دۆزەخی ئاسمان ، بە لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکەیان ، ڕاگەیاند .
مامۆستا ڕەئوف زوهدی بەپێی نەخشیەك ی ژێربەژێر و پێشترداڕێژراو ، لە دادگەیەكی داخراو و نهێنیی گروپێك ی ئیسلامیی سیاسیی دا ، سزای مەرگ ی بەسەردادرا . پێشتریش لەلایەن کەسانی ناو ئەم گروپە تێرۆرخوازانەوە ، نوسەری ناودار ( عومەر تۆفیق ) ، ڕۆژنامەگەر ، نوسەر و شاعیر ( کاکەی فەلاح ) لەبەردەم یان نزیك ماڵی خۆیان تێرۆر کردن . هەروەها خاوەن کتێبخانە ( خولە خاکیی ) و نوسەر ( ئەنوەر برزو ) شیان لە خوێنی خۆیان دا گەوزاند ، و دواتریش چەند هەوڵێكی تری بێئاکامیان دا بۆ پاکتاوکردنی چەند کەسایەتیەكی تر ی نوسەران و هونەرمەندان ی کورد ، لەوانە نوسەر ( کەریم زەند ) ، ساماندار ( عەلی بۆسکانی ) ، ( ئەحمەد سالار ) و ( سەعدون یونس ) . ئەم زنجیرە ڕوداوی تێرۆر و پاكتاوکردنە خوێناویانە ی ڕوناکبیرانی کورد لەسەردەمانێك دا ئەنجامدران ، کە باری سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی و چارەنوسی کورد لە باشوری کوردستان لەوپەڕی لێژیی و مەترسیدا بوو ، ڕۆژگارێك کە حکومەتی بەعس ی عێراق لە لوتکە ی دەستەڵاتی سیاسیی و سەربازیی خۆی دا نەخشەی کیمیاویی و هێرشەکانی ئەنفال ی بۆ قڕکردنی کوردان و وێرانکردنی کوردستان سازدەدا ، ڕۆژگارێك کە دنیا ی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتی کورد لە هەر کاتێك ی دی زیاتر پێویستی بە بوونی ئەو نوسەر و ڕناکبیرانە هەبوو ؟ !
لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و دواتر ئازادبوونی کوردستان ، ئیسلامی سیاسیی کورد لە باشوری کوردستان خۆیان وەك هێزێك ی سیاسیی ئایینیی ڕاگەیاند ٠ تێرۆری ئیسلامیی لەو قۆناخە پر گۆڕانکارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیانە دا ، وەك جاران و بەشێوازێك ی نوێتر درێژەی پێدرایەوە و کەوتنە بەکارهێنانی شێوازی هەڕەشە و سوکایەتییکردن بە نوسەران و بیری سەردەمخوازیی ، و تاوانبارکردنیان بە لادەر و پڕوپاگەندەکردن بۆ کوفر ، ئیلحاد و سوکایەتییکردن بە ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام ، کەوتنە سوتاندنی کتێبخانە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانیی ، و دواجار خۆچەکدارکردن ، بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەی کورد و دژایەتیکردنی ئافرەتان و بەکارهێنانی شێوازی پەروەردەی ئیسلامییانە لە قوتابخانەکان . بەداخەوە پاکتاوکردن و تێرۆری بیرمەندان ، ڕۆژنامەنوسان و ڕوناکبیران لە مێژوی جیهانی ئیسلامیی و لە باشوری کوردستان مێژویەکی خۆی هەیە ، هەر لە ئەبو مەنسوری حەلاج ، سەهرەوەردیی بگرە تاکو دەگاتە تێرۆری ڕوناکبیر و تێکۆشەری کورد جەمال عیرفان ، عەبدولخالق مەعروف ، ڕۆژنامەنوسان سۆرانی مامەحەمە ، کاوە گەرمیانیی ، شاعیری لاو بەکر عەلی و …تاد
ڕەئوف زوهدی کێیە ؟
ساڵی ١٩٢٢ لە شار ی سلێمانی لەدایکبووە ! خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە . ساڵی ١٩٤٦ خانەی مامۆستایان ( دارالمعلمین ) ی لە شار ی بەغداد تەواوکردووە . لە ساڵی ١٩٤٨ بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراقیی ، لە ساڵەکانی ١٩٤٩- ١٩٥٠ لەسەر چالاکیی سیاسیی زیندانی دەکرێت ، پاشان لە سلێمانی دەبێتە مامۆستا ، لە ساڵی ١٩٦٣ بەدەستی بەعسیەکان دەگیرێت و زیندانیی دەکرێت ، و بۆ ماوەی ساڵێك تیای دا دەمێنێتەوە . لە ساڵی١٩٦٥ تاکو ساڵی ١٩٦٨ بەهۆکاری چالاکیی و کاری سیاسیی لە وەزیفەی حکومیی دووردەخرێتەوە ، و دواجار لەساڵی١٩٧٨ دا خانەنشین دەکرێت .
بەرهەمە چاپکراوەکانی
١- لە هەقە بۆ کەوتنە تەقە
٢- رسالة مفتوحة الی پاپا / بە زمانی عەرەبیی
٣- چاوپیاخشاندنێك بە مێژوی جیهان دا – نەهرۆ / وەرگێڕان بۆ کوردیی – دوو بەرگ

٤- قصة الإنسان / جورج حنا / وەرگێڕان بۆ کوردیی
٥- تأریخ سری للبترول / وەرگێڕان لە عەرەبیەوە بۆ کوردیی
٦- گوڵەبەڕۆژە فرۆش / چیرۆك – ١٩٨٥
لەگەڵ چەندین نوسراوی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی .
لە ڕێکەوتی ٢٥ . ٢ . ١٩٩٠ دا و لە تەمەنی ٦٨ ساڵیی دا لە شەقامی مەولەوی لە شار ی سلێمانی بە دەمانچەیەك ی بێدەنگ و بەدەستی تێرۆریستانی ئیسلامیی کورد گیانی بەخشی بە ئەدەبیاتی کوردیی و کورد و کوردستان.

کۆتایی
٢٨/ ٤ / ٢٠٢٤
هیوا محەمەد ئەمین




کاریگەری خێزان لەسەر توشبوونی تاك بە گرفتە دەروونییەکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی)

کاتێك تۆ لە نێو خێزانێکدا ئەژیت کە تەنها بە ڕووکەش خێزانە هیچ بوارێکی تاك بوونت لە ئارادا نییە، دوو ژیانی جیاواز لە تێڕوانینتان بۆ ژیاندا دەژین بێ بوونی پانتاییەك کە تیایدا بتوانن گفتوگۆبکەن لەسەر ئەو پرسانەی کە هاوڕانین لەگەڵ یەك و هەروەها نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی تاك لەم نێوبەندەدا، هەرخێزانێک نەیتوانی زمانی لێك تێگەیشتن و هاوڕێیەتی بهێنێتە ئاراوە چیدی پێیی ناوترێ خێزان بەڵکو زیندانە یاخود مەکینەی لەکار خستنی مرۆڤە، مرۆڤ کاتێک لەنێو خێزانەکەی خۆیدا هەستی کرد گوێی بۆناگیرێت و نامۆیە بەو ژینگەیە و ڕێگەی پێنادرێ خۆی دەرببڕێ، ئەوا مرۆڤێکی شەرمن و ترسنۆک دەبێ. دواتر خەون و خولیا و هەرچی هونەرێک هەیە تێیدا خەفە دەبن و لەناودەچن!

ئەو تاکانەی کە لە خێزانی لەم چەشنە لەدایك دەبن لە داهاتوودا کە گەورەدەبن لە کاتی بوونی هەر کێشەیەك بە ئەگەرێکی بەرزەوە پەنا دەبەنە بەر دەرەوەی خێزان، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چ گرەنتییەك هەیە دەرەوە هاوکار و پەناگەی ئەم تاکە بن؟

ئەم دۆخە گاریگەری تەواوی هەیە لەسەر هەردوو ڕەگەز بە دیاریکراویی لە ڕووی هەموو بوارەکانی ژیانی ئێستا و ڕابردووی و داهاتووی تاك، بۆیە زۆر جار دەستەواژەیی “خێزانی ژەهراوی” بەکاردەهێنرێت بۆ ئەم پرسە کە ڕەگ و ڕیشەیی قوڵ لەخۆ دەگرێ.

ئەوەی بۆمن گرینگە لێرەدا باسی بکەم ئەم باڵادەستیە زیاتر ڕەگەزی مێ دەگرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا ڕەگەزی نێریش بەدەر نییە لەم پرسە کە بە درێژایی مێژووی تاکی کورد لەباشووری کوردستان ئەقڵیەتی نێرسالاریی زاڵە کە ڕابردوویەکی درێژخایەنی هەیە لەم ژینگەیەدا کە ئەمەش پرسێکی ترە کە لێرەدا ناپڕژێمە سەر ئەم باسە.

بۆیە تاك لەم دۆخەدا دەستەوەستان دەوەستێ لە هەمان کاتدا کاریگەی خراپی دەبێت، هەر بۆیە ئافرەت زۆرجار باشترین شتێك یاخود نایابترین چانسێك کە هەیبێ و هیوای لەسەر هەڵچنیبێ بریتیە لە هاوسەرگیری کردن و خۆدەربازکردنی لەو فەزا خێزانیە داتەپیوەی، ئا لێرەوەیە کە دەتوانین بڵێین حەز و تامەزرۆیی ئافرەت بۆ هاوسەرگیری ناتوانێ خۆی بەشاراوەیی و پەنهانی بهێڵێتەوە، بۆیە ئافرەت کاتێک فەزای خێزانی کێشەی تێدا دەبێت ئەوا بێ ئۆقرەیی و تامەزرۆیی و چاوەڕوانی بۆ هاوسەرگیری زۆرتر و دڵخوازتر دەبێ.

ئەمەش هانی دەدات کە خۆی بەدوای هاوسەرگیریدا بگەڕێت بەڵام بەشێوازێکی تایبەتی خۆی نەخوازە بەڕێگەیەکی ئاشکرا لە باشووردا. بۆئەم مەبەستەش چەند ڕێگایەك بەکاردهێنێت.

بۆنمونە: لەپڕ بەرەو خۆشەویستی هەنگاو دەنێت و دەیەوێ پیاوێک دەست نیشان بکات و پەیوەندیەکی کورت مەودای لەگەڵدا ببەستێ مەرجی ئەوەشی لێ وەربگرێت کە خۆشەویستیەکەیان کورت خایەن بێت و بەرەو هاوسەرگیری هەنگاوی پێ بنێت. یاخود ڕێگەیی تر بەکاردەهێنێت ئەویش ئەوەیە لەزۆر جێگە باسی سەروەت و سامانی بکات، یا باسی کارامەیی و لێهاتووی خۆی بکات لە بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان،
یاخود بەیانی دەست ڕەنگینی خۆی بکات لە گشت جێگەیەك یاخوود ئاستی ڕۆشەنبیری خۆی دەربخات، یانیش ئاستی عیبادەتی، زۆرجارش ڕوودەدات کە پەنا بۆ باڵاپۆشی ببات لەپێناو بەدەست خستنی هاوسەرگیری.

هەموو ئەم ڕێگا و میکانیزمانە وە زیاتریش کە ئافرەتان بەکاریان دەهێنێن یانیش بیری لێ دەکەنەوە زۆرینەی بۆ بەدەستهێنانی هاوسەرگیریە کە بتوانن لێوەی ڕزگاریان بێت لەو ئیشکالە خێزانیانە کەتێدا هەموو شت بۆیان سانسۆر و قەدەغە بووە…!

بۆیە لێرەدا ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت بەکارهێنانی ئەم میکانیزمانە بەمانای بوونی گرفت دێتن لەنێو خێزانی کوردی بە شێوەیەکی گشتی، ئەم پرسە بە دیاریکراویی لەسەر ئەمەیە کە ئێمە پێش پەروەردەیی داینگەکان و قوتابخانەکان و زانکۆکان، پێویستمان بە پەروەردەیەکی خێزانی گونجاو و تەندروست هەیە، کە بتوانێ مرۆڤێك بەرهەم بهێنێت کە تەنها لە ڕووە بایەلۆجیەکەوە مرۆڤ نەبێت، بۆیە باشترین بژاردە بۆ ئەم پرشەش بریتیە لە هۆشیاریی پەروەردەیی خێزانی.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی).




کورتە چیرۆک\ پەروەر.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

دەرگای ژوورەکەی کردەوە، بەرەو ئاودەستەکە ڕۆیشت، کەلوپەلەکانی خۆی لەسەر زەوییەکە دانا. هەروەکوو خووی پێوە گرتبوو، بۆ هەزارەمین جار ڕووداو و نەهامەتییەکانی ژیانی خۆی وەکوو ڤیدیۆ هاتەوە بەر چاوانی. پەنجا ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ڕۆژە تێپەڕیوە کە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی سێوەرەگ دەریان کرد و بەرەو ئەستانبۆڵ دووریان خستبووەوە. ئێستاش هەروەکوو ڕۆژی ڕوون ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەی دێتەوە بەر چاوانی. چوار پۆستاڵ لەپێی، سمێڵ پانی، چەک لە دەستی، ڕەزاگران لەبەر دەرگاکەی قووت بوونەوە و ئەویان بە چاوبەسترایی ڕاپێچی ناو زیلە سەربازییەکە کرد.
دەستی دایە فڵچەکە و خستییە ناو ئاودەستەکە، یەک دوو جاران بە بنی ئاودەستەکەی داهێنا، دایکی کەوتەوە یادی. ئەو دایکە قوڕبەسەرەی کە لە کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیمێ، بە مەلۆتکەیی هێنابوویانە سێوەرەگێ. هەموو جاران دەیگێڕاوە کە باوکی یەکێک بووە لە هاوەڵەکانی سەید ڕەزا، هەر لەگەڵ‌ ئەویش کەوتبووە داوی پیلانە قێزەونەکەی دۆغانی کارگێڕی ئەلازیگ. ئەو کات تەمەنی هەر شەش مانگان بوو، تەنێ شەش مانگ.
ئاخێکی هەڵکێشا و دەستی کردەوە بە پاککردنەوە. دوو سێ جاری دی فڵچەکەی بە بنی ئاودەستەکە داهێنا، ئەو جارە کەوتەوە یادی هاوڕێیەکەی، کە هەموو جارێک ئاگاداری دەکردەوە تا نازناوە کوردییەکەی فڕێ بدات و هەر ناوە ڕاستەقینە تورکییەکەی خۆی بەکار بهێنێت. (برام ئۆڕهان، ئەو نازناوەت فڕێ بدە، با وەکوو ئەو هاوڕێیەمان، شڤان، شاربەدەرت نەکەن). فڵچەکەی یەک دوو جاری تریش بە بنی ئاودەستەکە داهێنا، ئەو ڕۆژەی هاتەوە یاد کە لە دەرگای مێوانخانەی ئەتاتورک هاتە ژوورەوە و وەکوو خزمەتکارێک دەستی کرد بە کارکردن. ئێستاش دوای پەنجا ساڵ، لە هەمان مێوانخانە، لە هەمان شار، بە هەمان دەردی دووری، ڕۆژ و شەوەکانی خۆی بەیەکەوە گرێ دەدات.
پشتێشەکەی زۆری بۆ هێنا و ناچار فڵچەکەی دەستی دانا، لەسەر زەوییەکە دانیشت و هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا. ئیتر تینی جارانی نەماوە، هەر یەک دوو مانگی ترە و پشتی بۆ هەتایە دەچەمێتەوە، ئەرێ باشە بۆ دەڵێن کە داری گەورە وەک نەمامی تازە دانایەت! خۆ ئەو هەرگیز بەو ئاواتە نەبوو کە بۆ پەنجا ساڵ لە مێوانخانەیەک، دوور لە زێدی باوباپیرانی، ببێتە نۆکەری بێگانان. ئاخ کە بیری شارەکەی خۆی دەکات، بیری چیرۆکەکانی باپیرەی دەکات. ئێستاش ئەو چیرۆکەی لە یادە کە باپیرەی بە تاقی تەنیا، بە خۆی و بە داردەستەکەی دەستی، چوار سەربازی عوسمانی ڕاونابوو.
لە شوێنی خۆی هەڵسایەوە، دووبارە دەستی دایەوە فڵچەکەی، دوو جاری تریش بە بنی ئاودەستەکەی داهێنا. وتەکانی شڤانی هاتەوە یاد، موچڕکێکی پێدا هات. ئێستاش گۆرانییەکانی ئەوی هەردەم لە مێشکە، هەردەم بە ئاوات بوو، بۆ جارێکیش بێت پێی شادببێتەوە و لە نزیکەوە گوێ لە گۆرانییەکانی بگرێت. ئەو هاوڕێیەی کە هەر لە منداڵییەوە بۆی ببووە مامۆستای ژیان، مامۆستای بەرخۆدان. لە دڵی خۆیدا دووبارە و سێبارەی دەکردەوە: (بەرخۆدان ژیانە، بەرخۆدان ژیانە). هەر لەو خەیاڵانەدا بوو، دەرگای ژوورەکە کرایەوە و چوار پۆستاڵ لەپێی، سمێڵ پانی، چەک لە دەستی، ڕەزاگران لەبەر دەرگاکەی قووت بوونەوە و ئەویان بە چاوبەسترایی ڕاپێچی ناو زیلە سەربازییەکە کرد.




سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی.. عوسمانی حاجی مارف

هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە. دوای ئەوەش بایدن دەستیکرد بە قسەکردن لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمەش هەر لەسەرەتاوە دژایەتی نێوان هەردوکیانی بەڕوونی نیشاندا.
بایدن جەخت لەسەر بەشداری وڵاتەکەی دەکاتەوە لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل لەبەرامبەر هێرشی ئێراندا، لەکاتێکدا هەڵوێستی حکومەتی عێراق وەک پەیوەستبونی بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دژی ئیسرائیل و سیاسەتەکانیەتی لە هێرشکردنی بۆ سەر غەززە.
سودانی سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام عێراق وەک وڵاتێکی گرنگ بۆ ئەمریکا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بۆیە بایدن، سودانی دەخاتەبەر ئەو واقعەی کە بتوانێ هاوسەنگی نێوان هەردوولایان ڕاگرێت، ئەم بانگهێشتەی سودانی بۆ کۆشکی سپی دەستەبەرکردنی ئەو ئاراستەیەیە کە دەخالەتی ئێران و هێزە میلیشیاکانی لە عێراقدا سنورداربکات.
سەردانەکەی سودانی کە لە سەختترین کاتدا بەڕێوەبرا، هاوکاتە لەگەڵ ئەم گرژیەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە، ئەم سەردانە قورساییەکی گەورەی خستەسەر ئەرکی سیاسی سودانی کە بتوانێ دامەزراندنی پەیوەندیەکی گونجاو و پتەو لەگەڵ هەردوو ئێران و ئەمریکادا جێبەجێ بکات، هەرچەند دۆخی نێوان واشنتۆن و تاران گرژتر بێت، ئەو ئەرکە بۆ سودانی قورستر دەبێت.
سودانی هەوڵئەدات بتوانێ نوێنەرایەتی ئەو سەقامگیریە ئەمنی و سیاسی و ئابوریە بکات لە عێراقدا، کە ئاراستەیەکە بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی لە ئارادایە، کە چەندین ساڵە ناوچەکە بەگشتی لەسایەی داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق و دەخالەتی لە ناوچەکەدا، خولقێنەری گەورەترین کارەسات و نەهامەتی و نائارامی و ئەوپەڕی گێژاوی سیاسی بووە، هەروەها ناوچەکە شایەتحاڵی شەڕێکی وێرانکەر بوو لەگەڵ داعش. پێش ئەوەش قۆناغەکانی دەرگیر بە شەڕی تائیفی و قەومی لە عێراقدا کە دوای داگیرکاری ئەمریکا پێشهات، بەدوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، عێراق چوە ناو دەورەیەکی تەواو جیاواز لە بارگرژی و ناسەقامگیری سیاسی بەردەوامدا، بەڵام ئەو ئاراستەیەش کە لەڕێڕەوی فەراهەمکردنی ئارامیە بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق و ناوچەکەدا، دڕەنگ یا زوو ناوچەکە دەخاتە دۆخێکی تەواو جیاوازو تازەوە.
لەو سەردانەی سودانی بۆ واشنتن، پرسی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زاڵ بوو بەسەر پرسیارەکاندا، بەتایبەتی کە هێرشەکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیوە، لەوێشەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی لەڕێگەی عێراقەوە چوونەتە ناو ئیسرائیلەوە، ئەوەی شایانی باسە سودانی لەو بارەیەوە تەنها هەوڵیداوە بەڵانسێک ڕاگرێت و نەکەوێتە بەرامبەر ئەمریکا.
مەسەلەیەکی تر، بیرۆکەی کشانەوەی ئەمریکا بوو لە عێراق، چونکە سودانی بۆخۆی لەژێر فشاری هێزە عێراقیەکانی نزیک لە ئێراندایە، کە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی هەمەلایەنە لە عێراق بکشێنەوە، بەڵام ئەمریکا هەرگیز دەستەواژەی کشانەوە بەکارناهێنێت، بەوپێیەی بوونی سەرباز گەرەنتیەک بۆ واشنتۆن پێکدەهێنێت، لە بەردەوامی دۆخی سەربازیی ئێستای عێراق و سوریادا، کە دوای هەڵمەتی دژی داعش بەدیهات، سودانی لەسەر کشانەوەی ئەمریکا ئەوەندە قسەی کردوە کە ئەوە تەنها داوای چەند لایەنێکە.
ئەوەی شایانی باسە، ئامانجی سەردانەکە، بەپێی بەیاننامەکەی سودانی، ئەوە نیشان ئەدات کە پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمریکا بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ کە بریتیە لە چالاککردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کە هاوتەریب بن لەگەڵ بەرنامەی حکومەتی عێراقدا، کە تیشک دەخاتە سەر چاکسازیە ئابووری و داراییەکان، هەروەها لەسەر هاوبەشی بەرهەمدار لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بۆ سەرمایەگوزاری، لەهەمانکاتدا دەستەبەرکردنی دۆخێک، مانا بە ئاسایش و پاراستنی حکومەتی عێراق بدات.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین پەیوەندیەکانی لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا سودانی دەیەوێت، چاوپۆشی لە ڕابردوو بکات، لەسەر بنەمای پەیوەندیە ئابوریە ڕاستەوخۆکان و دەرفەتی وەبەرهێنانی بەرهەمدار بگونجێنێت، دامەزراندنی پەیوەندی بانکی تۆکمە لەنێوان هەردوو وڵاتدا کە یارمەتیان دەدات تادۆخی چەرخاندنی سەرمایەگوزاری زیاتر فەراهەم بکات.
ڕەنگە ئەم سەردانە سەختترین سەردانی سودانی بێت بۆ کۆشکی سپی، لە هەلومەرجێکی دژواردایە کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت و واشنتۆنی سەرقاڵ کردووە، دیارترینیان شەڕی غەززە و گرژیی نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئیسرائیلە لەلایەکی ترەوە، بەتایبەت کە کەسانێک هەن لە واشنتۆن جەخت لەسەر پێناسەی حکومەتی سودانی دەکەن، حکومەتێکە کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، بە ئاماژەدان بە سروشتی پێکهێنانی حکومەتێکە کە لەدایکبونێکی سەختی هەبووە دوای کارکردنی زیاتر لە ساڵێک، بەهۆی ناکۆکی سیاسی شیعە و شیعە، هەروەها لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکەو، لەهەمانکاتدا کێشەکانی بەغداو هەولێر ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە.
سێ دۆسێی سەرەکی هەن کە واشنتۆن لەم سەردانەی سودانیدا گرنگی پێداوە، کە لە بەیاننامەی بانگهێشتکردنی کۆشکی سپی بۆ حکومەتی عێراق ئاماژەی پێکراوە، یەکەمیان دۆسیەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندی عێراقە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، واتە ئەمریکی و بوونی هێزە سەربازیەکەی لە عێراق. دووەمیان ئەو دۆسیەی پەیوەستە بەو چاکسازیە داراییانەی کە حکومەتی سودانی جێبەجێی دەکات، بەوپێیەی واشنتۆن دەیەوێت جموجۆڵی دۆلار کۆنترۆڵ بکات، چونکە واشنتۆن پێیوایە عێراق کاری پێویست ناکات بۆ ڕاگرتنی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران، هەروەها سپیکردنەوەی پارە ، جگە لە هاوکاری دارایی تیرۆر، بە ئاماژەدان بەو سامانەی کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە لە عێراق کۆکراوەتەوە. دۆسیەی سێیەمیان تایبەتە بە سەربەخۆیی عێراق لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا، بەتایبەتی پرسی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی ووزە یان هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، کە ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ سزاکانی واشنتۆن بەسەر تاراندا.
سەبارەت بە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە پێشینەی کارەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دایە، هەربۆیە حکومەتی عێراق ئەم دۆسێیە ڕادەگرن و سودانیش ناتوانێ قسەی یەکلاییکەرەوەی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت.
مەلەفی ئەو سزایانەی کە بەسەر بانکە ئەهلیەکانی عێراقدا سەپێندراوە بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسێکانی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران، لەنێو ئەو دۆسێیانەی کە لە سەردانەکەشدا باسیان لێوەکراوە، دۆسێی دارایی و ئەوانەی پەیوەستە بە بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمەریکا و کاریگەری بانکەکانی عێراق و قەرزەکانی عێراق دەگرێتەوە.
پێش ئەو سەردانەی سودانی، چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نامەیەکیان ئاراستەی بایدن کردوە داوایان لە بایدن کرد کە دۆسیە سەختەکان لەگەڵ سودانی تاوتوێ بکات، لەنێوانیاندا پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر، کە بۆ یاسادانەران لە واشنتۆن دۆسێیەکی گرنگە، ئەم بابەتە زۆرجار باسی لێوەکرا لەو نامەیەی کە یاسادانەران بۆ بایدنیان ناردبوو، هەڵبەتە سودانی نەیدەویست بچێتە واشنتۆن تا لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆبونەوەی ڕێکخست و لایەکیشی لە کێشەی مووچەکردەوە، باڵیۆزی ئەمریکاش پاڵپشتی بۆ کۆبونەوەی نێوان سودانی و بارزانی کرد، بۆیە سودانی سەرکەوتوانە توانی لەو سەردانەدا ئەو دۆسێیە تێپەرێنێت
واتە ئەو ئومێدو چاوەڕوانیەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هەیانە، لەم سەردانەی سودانیدا، بەڵکو ئاوڕێک لە ئایندەیەکی تر بۆ حکومەتی هەرێم بدرێتەوە، مایەپوچ مایەوە. ئاشکرایە کە هەر لەسەرەتاوە ئەوە بۆ ئەمریکاو هەرلایەنێکی تری دەخیل لە دۆخی سیاسی عێراقدا پێشبینی لێدەکرێت، جگە لە جەختکردن لەسەر یەکپارچەیی عێراق و دامەزراندنەوەو جێگیرکردنی ناوەندبونەوەی عێراق، نەخشەو بەرنامەیەکی تر بۆ پەیوەندی بەغداو هەولێر لە ئارادانیە، هەر بەو مانایەش خۆرادەستکردنی حزبە کوردیەکان بە چارەنوسێک کە زیاتر بە حکومەتی بەغداوە دەیانبەستێتەوە ڕێگایەکی تریان نیە.




ئاودەستێکی کراوە.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

بۆن دێ..
بۆنی مرۆڤ،
زەوی بۆگەنی کردووە
لە قاچاخچییەک دەگەڕێم
بمگەیێنێتە دەرەوەی زەوی
**
لە هەر پارکێک،
لە سەنتەری هەر کۆڵانێک،
لەناو جەرگەی شەقامێکی پڕ ژاوەژاو،
لە دەروازەی باخچەی پاشا
لەناو هۆلی سینەماکان
لە کافێکان، ژوانگەکان
لە پەڕتووکخانە گشتییەکان
لەبەر دەرگای ماڵی سوڵتان
لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان
لەهەر شوێنێک هەنگاوەکانت شڵەژان
دەتوانیت بیکەیت
هەموو قولانجێکی زەوی
ئاودەستێکی کراوەیە




گـرێـتا تـونبـێـرگ چالاکـوانێکی جیهـانی کەشـوهـەوا.. رەزا شـوان

ئەگـەر بە وردی مێـژوو بخـوێنینەوە، ئـەم راستیـیەمـان بـۆ دەردەکەوێـت، کە هەمـوو گۆڕانکارییە گەورەکان و هەموو بـزووتنەوە گەورەکان، هەمیشە لە سـایەی خەبات و تێکـۆشان و سـووربـوون و سەرگـەرمی و سەرەکـێشی و سەرسەخـتی لاوانی خـوێـن گـەرم و گەشبـین و متـمانـەبەخـۆ و ئیـرادە پـۆڵایـن و پێـشەنگـدا هـاتـوونـەتـەدی.
گـرێـتا ئـێلیـۆنـۆر ئێـرمـان تـونـبێـرگ. ناسراویـشە بە (گـرێتا تاتـان ئێـلیـۆنـۆر ئـێرمان تونبێرگ) چالاکوانێکی کەشوهەوای سویدی و جیهانییە و لە هەموو جیهاندا ناسراوە.
گـرێتا تـونبـێـرگ لە رۆژی (٣/ یانـوار/ ٢٠٠٣) لە (سـتۆکهـۆڵـم) ی پایتەخـتی سـویـد لەدایک بـووە. کچـەگەورەی دایک و باوکـێتی. دایکی (مالـینا ئێـرمان) گـۆرانیبـێژێکی ئۆپیرا بوو. باوکیشی (سفانتێ تونبێرگ) ئەکتەرێکی ناوداری ئەمریکی بوو. باپیرەشی (ئـۆلـۆف تونبێرگ) ئەکـتەر و دەرهـێنەر بـوو. گـرێتا دەڵێت:”لە سەرەتـادا من کچـێکی شەرمن و بێدەنگ و کەمدوو بووم. دوایی گۆڕام و بووم بە چالاکوانێکی کەشوهـەوا”.
گـرێتـا تـونبێـرگ، ئەو هـەرزەکـارە سویـدییە قـسە نەرم و نیـانە، زۆر زوو خـونچـەی پـشکـووت. بوو بە یەکێک لە ویـژدانی جیهـانی و بە یەکێک لە چالاکـوانە دیارییەکانی گـۆڕانی کەشـوهـەوا لە جیهـانـدا. بـوو بە سـەرکـردە و بە پێـشڕەوی بـزووتنەوەیەکی جەماوەریی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی کەشوهەوا. بـوو بە چالاکـوانێکی سەرسەختی ژینگەیی. گرێتا لە تەمەنەی (٨) ساڵیدا، لە (دێسەمبەری/ ٢٠١٨) دا، بۆ یەکەمجـار گـوێی لە وتارێک بـوو دەربارەی کەشـوهـەوا. بەڵام لەوە تێنەگـەیشـت، کە بـۆچی کار بۆ زیـاتر لەو بارەیەوە نەکـراوە. پـرسی کەشوهـەوا، خەیاڵی سەرقـاڵ کرد. لە ماوەی چەنـد ساڵـێکـدا، خـووەکانی خـۆی گـۆڕیـن و بـوو بە ڤـیگـن (رووەکخـۆر)، رەتـیشی کـردەوە کە گـۆشـت بخـوات و بە فـڕۆکە گـەشـت بکات. چـونکە پێـيوایە کە (ئـاژەڵ و فـرۆکە بـڕێکی زۆر لـەو گـازانە دەردەکەن کە بەشـدارن و هـۆکـارێـکـن لە پیـسـبوونی کەشـوهـەوای جـیهـان و زیـادبـوونی رێـژەی گـازی کاربـۆن).
گرێتا تونبێرگ لە تەمەنی (١١) ساڵیدا تووشی خەمـۆکی بوو. وازی لە قسەکردن هـێنا. دوایش تووشی نەخۆشی (ئاسپێرگەر) بوو کە لە ئێستادا بە (ئۆتیزم) دادەنرێت، تووشی دڵـەڕاوکێ بـوو. بەڵام لەگەڵ زیـرەکی ئاسایی و گەشەکـردنی زمـانـدا، ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی ئاسپێرگەریان هەیە، مەیـلی ئەوەیان هەیە، کە بە قـووڵی سەرنجـیان لەسەر یەک بیرکردنەوە و یەک گرنگیدان بـدەن. بابەتی گرێتا تۆنبێرگ گۆڕانی کەشوهەوا یە.
کە لە ئەمڕۆدا بووە بە کێشەیەکی سەرەکی جیهـان. ترسی ئەوە هەیە کە لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێـنی لەسەر ژیانی مـرۆڤ هـەبێت. بۆیە ساڵانە کـۆنگرەیەکی گـشتی بە ئامادەبـوونی بەشێکی زۆری سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهـەوا و چارەسەرکـردنی، چەنـدیـن باس و لـێکـۆڵـینەوە تاوتـوێ دەکـرێـن.
گـرێـتا، لە (ئەیـلولی/ ٢٠١٨) دا، سێ هـەفـتە لەپـێـش دەستـپێکـردنی هەڵـبژادنـەکـانی پەرلەمـانی سویـد، نەچوو بـۆ قـوتـابخـانە، بۆ ئەوەی لە دەرەوە، لەبـەردەم پەرلەمـانی وڵاتەکەیـدا دابنیشێت و مـانبگـرێـت. تابـلـۆیـەکی سپی بە دەسـتەوە گرت، کە بە زمـانی سویـدی لەسەری نووسـرابوو (مـانگـرتـنی قـوتـابخـانە بـۆ کەشـوهـەوا) هەرچەندە لە یەکـەم رۆژی مانـگـرتنەکەی بە تەنیا خـۆی بـوو. بەڵام لە رۆژانی دواتـر خەڵکـییەکی زیاتر و زیاتر چـوونە پـاڵی. چـیرۆکی مانگـرتنەکەی، سەرەنـجی نێـودەوڵەتی راکـێشا.
لە دوای هەڵبژاردنەکان، گرێتا تونبێرگ گەڕایەوە بۆ قوتابخانە. بەڵام درێـژەی بەوەدا، کە رۆژانی هەینی ناچـوو بۆ قوتابخـانە. گـرێتـا لە ساڵی (٢٠١٨) دا. لەژیـر دروشمی (رۆژانی هـەینی.. بۆ داهاتـوو) لەبەدەم بەرلەمانـدا مـانی دەگـرت. بۆ مـاوەی (٢٥١) هـەفـتە درێـژەی بە مانگـرتـن دا. تا ساڵی (٢٠٢٣) کە قـۆناغی ئامادەیی تەواوکرد و قـوتابخانەی نەما، کۆتـایی بە مانگـرتن هـێنا. بەڵام تابـلۆکەی دەستی، بەقـەد دیـواری کـۆشکی بـەردەم پەرلەمـانی سـویـددا هـەڵـواسی.
دەسـتـپێـشخەرییـەکەی گـرێـتا لە مـانگـرتنـدا، بـووە هـۆی وروژانـدنی بە هەزاران لە خوێندکار و لاوان لە جیهاندا، بۆ ناڕەزایی دەربـڕین بۆ گۆڕانی کەشوهەوا. لە دواییدا گروپی (هـەینی بـۆ داهاتـوو) ی دامەزراند. ئەم گروپە زۆر بە خێرایی تەشنەی کرد و سـەرانسـەری جیهـانی گـرتـەوە و بـوو بە بـزووتـنەوەیـەکی کەشـوهـەوای جـیهـانی.
گـرێتا دەڵـێت:”لە ناخمـدا هەسـت بەوە دەکـەم، ئەگەر نـاڕەزایی دەرنەبـڕم، دەمـرم”. وتیشی:”ئێستا کەسانی زیاترمان هـەیە، کە لە بـزووتنەوەی کەشوهـەوادا، لە شەڕی کەشـوهـەوا و دادپەروەریی کـۆمـەڵایـەتیـدا، کـۆکـراونـەتەوە”.
تـونبـێرگ، بـۆ ئـەوەی کـاریگەرییەکی زیـاتـری هـەبـێـت، هەوڵـیدا یاسادانەران هـان بـدات بۆ چارەسەرکـردن و بە یاساکـردنی گـۆڕانکاریی کەشوهـەوا و ژینگەپـارێـزی.
چالاکییەکانی گرێتا تونبێرگ، لە ساڵی (٢٠١٩) دا، رێـگەی بۆ هـەرزەکـاران و لاوان خۆشکـرد بۆ خۆپیشانـدان لە رۆژێکـدا، کە لە هەمـوو کـێشوەرەکانـدا ئەنجـامی بـدەن. ئەوەبوو لە (١٦٣) دەوڵەدا خـۆپيشاندانی ناڕەزایی بۆ کەشوهەوا کرا. ئەوە یەکەمجار بـوو لە جیهـانـدا، کە منداڵان و لاوان خۆپیشانـدان بکەن و بە کۆمەڵ داوای پارستن و چارەسەرکردنی کەشوهـەوا بکەن. لە زۆربەی خۆپیشانـدانەکانیشدا، وێنەی چالاکوانی کەشـوهـەوا (گـرێتا تـونبـێـرگ) یان بەرزکـردبـوونەوە.
گرێتا وەک هەرزەکارێکی (١٥) ساڵان، بە پەیـامێکی تـاکـەوە دەستی پـێکـرد. بـەڵام بـزووتنەوەکـەی بـوو بە بـزووتنـەوەیـەکی جیهـانی و تـا ئێـستا، لە (٧٥٠٠) شـار لە جیهـانـدا بـڵاوبـووەتـەوە.
گـرێتا تونبـێرگ، ئەمساڵی خوێنـدنی کـردووە بە پشوو، لەوانەیە ساڵی داهاتـوو، بچـێتە زانکـۆ و درێـژە بە خوێنـدن بـدات. کارەکەی وروژێنـەر و ئیـلهـامـبەخـش بـوو، بـۆ بە سـەدان هـەزار خوێنـدکار لەسەرانسەری جیهـانـدا، بـۆ بەشـداریکـردن لە هـەینییەکانی خۆیـانـدا بـۆ داهـاتـوو، کە لەم وڵاتـانەدا خۆپێـشانـدانی ناڕەزایی دژ بە پیـسکـردن و بە ژەهـراویکـردنی کەشـوهـەوا بەڕێـوەچـوون: بەلـچـیکا، کـەنـەدا، ئەمـریـکا، بەریتـانیا، فـینـلەنـدا، دانـیمارک، فـەرەنسـا، هـۆڵـەنـدا، ئەڵمـانیـا.
(مـانگـرتـنی قـوتـابخـانە بـۆ کەشـوهـەوا) بـووە بە ئایـکـۆنـێکی جـیهـانی.
گـرێـتا دامـەزرێـنەر و رابـەری بـزووتـنەوەیـەکە، کە بە (رۆژانـی ٢٠١٨ ) ناسـراوە. کـاری بۆ چـارەسەرکـردنی کـێـشەی گـۆڕانی کەشـوهـەوا کـردووە.
گـرێتا تونبـێرگ، وەک چالاکـوانێکی سەرسەختی کەشوهـەوا، بـووە بە کەسایەتییەکی ناسراوی جیهـانی. چەنـدین بانگهـێشتـنامەی وەرگـرت، بۆ قـسەکـردن لەسەر گـۆڕانی کەشوهـەوا. لە کۆڕبەنـدی ئابووری جیهـان لە (داڤـۆس) لە سـویسرا و لە پەرلەمـانی ئەوروپـا، لە کۆنگـرێسی ئەمـریـکا دا بەشـداریی کـرد و دەربـارەی کەشوهـەوا قـسەی کرد. هـەروەها لە دەزگاکانی یاسادانانی کەشوهـەوا لە: ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئەمریکادا بەشـداربـوو و تـاری لەسەر کەشوهـەوا و ژینگە پێشکەشکـرد. لە پاریس و بەرلین و نیویـۆرک و چەنـدین شاری تری جیهـان، بەشـداری لە خۆپیشانـدانەکانیان بۆ گـۆڕینی کەشوهەوا کرد و وتاری پێشکەش کـردووە. گرێتا چالاکوانێکی چاونەتـرسە و زۆر بە راشکاوی و بـوێـرییەوە، رووبـەڕووی سەرۆکـەکان بـووەوە و رەخـنەی لـێـیان گـرت، لەوانەش، دۆنـاڵـد تـرەمپی سەرۆکی پێـشووی ئەمـریـکا. وتـارەکانی گـرێتـا، تـۆنـێکی شەرمەزارکـردنی دەسەڵاتـدارانی لەخۆگـرتـوون. لە وتارێکـیدا، لە (٢٣/ سێـپتەمبەر/ ٢٠١٩) دا، لەبەردەم لـووتکەی سەرکـردەکـانی جیهـانـدا لە نەتـەوە یەکگـرتـووەکـان سەبارەت بە (گەرمبـوونی جـیهـان) کـە سکـرتێـری گـشـتیی نەتـەوە یەکـگـرتـووەکـان (ئەنتـۆنیـۆ گـۆتـێرێش) ئامـادەبـوو، گـرێتـا بە سەرکـردەکـانی جـیهـانی وت:” بە قـسە پووچەکانتان، ئێـوە چـۆن وێـراتـان؟ خەونەکـانـم و منـداڵیمتان دزیوە”. وتیشی:”پێتان بـاشبێـت یـان بـاش نەبێـت گـۆڕانکاری بەڕێـوەیە”. ئـەم هـەسـتانـەی لە سەرانـسەری جیهـانـدا دەنگیان داوەتـەوە. ئازایـەتی و بـوێـری بە چـالاکـوانـانی گـۆڕانی کەشوهـەوا بەخشیون. واشییان لە سیاسەتمەداران کردووە کە ئاسوودە نەبن. بە وشە ئاگرینەکانی گەلێک لە سەرۆکەکانی جیهـانی تەزانـد. لەوانـەش سەرۆکی پێشووی ئەمـریکا دۆناڵـد ترەمـپ. ترامپ دەربارەی گرێتا تونبێرگ، وتی:”ئـەو لە کچـێکی بچووکی زۆر دڵخۆش دەچێت، بە ئەوپەڕی چاوەڕوانییەوە، چاوەڕوانی داهاتوویەکی گـەش و نایـاب دەکات”.
گرێتا ئەوەشی بە سەرکـردەکان وت:”نامـەوێـت گـوێ لە مـن بگـرن، دەمـەوێـت گـوێ لە زانـاکان بگـرن. دەمـەوێـت لە پـشـتی زانـسـتەوە یەکـبگـرن”.
بـۆچی گـرێتا تـونبـێرگ، گـەورەکـان هـەراسان دەکـات؟ لـە راسـتـیدا پێـمـوایە، رەنـگە هـەرزەکـارییە تـونـدەکەی و قـسە لـەڕووەکـانی، کـلـیـلی کـاریـگەرییـەکـانی بـێـت.
گـرێـتا تونبێرگ لە (سێپتەمبەری/٢٠١٩) دا، لە بـۆنـەیەکی نەتـەوە یەکگـرتـووەکانـدا، بانگهـێشتی ئەمریکا کرا. بە یەخـتـێکی بێ دەردانی گازی ژەهـراوی، لەگەڵ باوکیدا بۆ مـاوەی دوو هـەفـتە، بە زەریـای ئەتـڵەسـیدا، گەشـتـیان کـرد تا گەیشـتە ئەمـریـکا. لە شاری نیـویـۆرک، لەبەردەم هـەزارن کەسی ژینگەدۆسـت و دژی گـۆڕانی کەشوهـەوا، وتارێـکی گـرنگی سەرنجـڕاکـێـشی لەسەر کەشـوهـەوا پێـشکەشکـرد.
گرێتا تونبێرگ، چەنـد جـارێک لە لایەن پـۆلـیسی سویـدەوە گیرا و دوایی ئازادیان کرد.
لە سـاڵی (٢٠١٩) دا، سـێ نـوێـنەری نەرویـج، گـرێتـا تـونبـێرگـیان بـۆ وەرگـرتـنی (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئاشـتی) کانـدیـدیـان کـرد.
گـرێتا تـونبێرگ، تا ئێستا سێ کـتێـبی دەربارەی کەشوهـەوا نووسیوە و چـاپیکـردوون.
تا ئێستا لە سوید و لە دەرەوەی سویـد، چەندین خەڵاتیان پێشکەش کردووە. لەوانەش:
لە ساڵی (٢٠١٩) دا (خـەڵاتی نێـودەوڵەتی ئاشـتی منـداڵان) یان پێبەخـشی. هـەرەوهـا لە لایـەن (رێـکخـراوی لـێـبووردنی نێـودەوڵـەتیـیەوە) لە واشـنتـۆن (خـەڵاتی باڵـیۆزی ویـژدان) یـان پـێـبەخـشی. لە سویـد لە ستۆکهـۆڵـم خەڵاتی ژینگەیـان پێبەخـشی. بەڵام گرێتا تونبێرگ، ئەم خەڵاتەی وەرنەگـرت و رەتیکـردەوە. لە پـۆستێکـدا لە ئینستاگـرام روونیکـردەوە، کە:”بـزووتـنەوەی کەشـوهـەوا، پێـویـستی بە خـەڵاتی زیـاتـر نیـیە”.
لەلایەن گۆڤاری (تایم)ی بەناوبانگەوە. نازناوی باشترین کەسایەتی ساڵی (٢٠١٩)ی بەدەستهـینا. بچـووکـتریـن کەسایەتیی ئەو ساڵە بـوو، کە ئەم نـازناوە بەدەستبهـێنێت.
(ئێـدوارد فـێـڵسنـتاڵ) ی سەرنـووسەری گـۆڤـاری تـایـم، وتی:”ئـەو بـۆتە گەورەترین دەنگ لە گەورەتـریـن پرس کە ئەمساڵ رووبـەرووی هەسارەکەمان بۆتـەوە، ئـەو لە هـیچـەوە هـات، بۆ ئەوەی سەرکـردەیی و رابـەری بـزووتنەوەیـەکی جیهـانی بکات”.
فـیلمێکی دیکۆمێنتارییان دەربـارەی ژیـان و چالاکییەکانی گرێتا تونبێرک دەرکـردووە.

(*) بـۆ نووسـینی ئـەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئـینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی:٢٠٢٤




خەونە بێ ئەدرەسەکان.. ستیڤان شەمزینی

دنیای من بێ تۆ ھێندە ئاڵۆزە
ژیان خۆی تێدا ناناسێتەوە
مردن خەریکی تەفسیرکردنێتی


من دڵۆپێک خەندەی تەڕم
بۆ سەر لێوی وشکھەڵاتووت
من پشکۆی داگیرساوی پێکەنینم
بۆ دیلانێی دڵی تەنگت


ژیانم لاشەیەکە لە کفنی مەرگدا
مەرگم بەرگی ژیانی کردۆتە بەر
سەیرە لە مردن و ژیاندا
چاوم بەرەو لای تۆ دەفڕێت!!


لە ژێر زەمینی ژیانەوە ھەناسە دەدەم
لە بەرزایی مردنەوە دەڕوانم
بەدەم ژیانەوە مردم
لە باوەشی عەشقدا زیندوو بوومەوە


ھەمیشە نوێژم بۆ ژیان کردووە
بە کۆڵانەکانی عەشقدا
لە دەست مردن رامکردووە
لە کاتی نوێژ و راکردندا
کڕنووشم بۆ ھەتاوە ژنێک بردووە


خەونی ئاڵی خۆشەویستیم
بە کێردی مەرگ سەر بڕدرا
بە سەری بڕاوەوە
خەونێکی تر بە تۆوە دەبینم


چاوم
لە تۆزی مەنفا پاک دەکەمەوە
نیشتمان لەبەر ھەتاو ھەڵدەخەم
خۆیشم بەسەر تەنافی تۆوە
وەک کۆترێکی غەریب ھەڵدەنیشم


چوونکە ھەژارم خەونیش نابینم
دراو چەند ساڵە
تەوقەی لەگەڵ نەکردووم
بەو ھەموو گەداییەوە
دڵم بۆتە باخ و
ژنێک
ھەر رۆژەی گوڵێکی تێدا دەڕوێنێ


رووباری “راین” لە من دەچێت
پێچەوانەی ھەموو کەس رێ دەکەم
خەڵکیش پێچەوانەی من بیردەکەنەوە
من و خەڵک
لە ھیچ کوێ ناگەینە یەکتر
ئەوان
لە گازینۆکانی ھەوەسبازیی کەوتوون
منیش لە خانەقاکانی عەشق


بە ھاتنی سەری ساڵەکان
خۆشحاڵ نیم
ساڵێک لە تەمەنی عەشقمان
کەم دەبێتەوە
ساڵێکیش دەخەینە
ناو عەلاگەی خاشاکەوە
ھەموو سەری ساڵێک
کزە لە دڵمەوە دێت
بۆ ئەوانەی بەناو ساڵێکدا تێپەڕیون
بێ ئەوەی دەستنوێژی
خۆشەویستیان ھەڵگرتبێت

ستیڤان شەمزینی





ئەحمەد شەوقـی و چـیرۆکەشیعـر بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

لە کۆن و لە ئێستاشدا، وڵاتی میسر لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی عـەرەبدا، پێشەنگی وڵاتانی عەرەبە. لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (محەمەد عـەلی پاشا:١٧٦٩ـ ١٨٦٩) ز، کە بە (عـەزیـزی میسـر ) و بە ( دامەزرێنـەری میسـری نـوێ ) ناودەبـرێـت. شایەنی باسیشە محەمەد عـەلی پاشا کوردە و خەڵـکی شاری ئامـەد ( دیاربەکـر ) ە . محەمەد عەلی پاشا لە ساڵی ( ١٨٠٥ بۆ ١٨٤٨) ز ، فەرمانڕەوای میسر بـوو. سەردەمەکەی بە سەردەمی زێـڕینی میسـر ناودەبـرێت. میسـر لە هـەمـوو بـوارەکانـدا پێـشکەوت لە بـواری ئەدەبی منـداڵاندا، چەند نووسەرێکی باش و بە توانای میسـری هـەڵکەوتـن و کۆمەڵێک چـیرۆک و شیعـریان بۆ منـداڵان نووسی. چەنـد چـیرۆکـێکیشیان لە زمـانی فەرەنسی و ئینگـلیزییـەوە، وەریانگـێڕان بۆ سـەر زمـانی عـەرەبی. بێگـومان ئەدەبی منـداڵانی فـەرەنسی و ئیـنگـلـیزی، کاریـگەرییەکی زۆریـان لەسـەر ئـەم نـووسـەرانە هـەبـوو. ناسـراوتـریـن نـووسـەرەکـانـیش: روفـاعـە تـەهـتاوی، محـەمـەد عـوسـمـان جـەلال، محەمـەدسەعـید عـوریـان، محەمەد هـەڕاوی، محـەمەد عەتـیە ئەلـئەبـراشی، عـەلی فـوکری، ئەحـمەد شـەوقی، کامـیـل گەیـلانی، عـەبـدولتەواب یوسـف،… چەنـد نـووسەرێـکی ناسـراوی تـر. زۆر بە کـورتی باسی (ئەحـمـەد شـەوقی) دەکـەیـن:

(ئەحمەد عـەلی ئەحمەد شەوقی: ١٨٦٨ ـ ١٩٣٢) ز. لە شاری ( قاهـیرە)ی پایتەخـتی میسر لەدایکبووە. ئەحمەد شەوقی بە رەچەڵک کوردە و باوکی خەڵکی شاری سلێمانیە لە باشـووری کوردسـتان. دایکـیشی تـورکی شەرکەسیە. بـاوکی لە سـوپـاکەی محەمەد عـەلی پاشادا بـوو، کە چـووە میـسر نەگەڕایـەوە و لەوێـدا مایـەوە. پاپیـرەشی چەنـدین پۆستی بـاڵای لە حکوومەتی خـدێـوی دا هەبـوو. کەسـایەتییەکی ناسـراوبـوو. ئەحمـەد شـەوقی نکـووڵی لە رەسەنـایەتی خـۆی ناکـات، دان بـەوەدا دەنـێـت کە کـوردە بـاوانە. بەم دێـڕە شـیعـرەی کوردبـوونی خـۆی ئاشکـرا دەکـات و دەڵـێـت:
ســمـعـــت بـأذنــي مـــن ‌أبــــي وهــو قـــائــل
مـن الکـرد أصـلي جـئـت فـي الـعـرب نـاشـئـا
واتـاکـەی بە کـوردی:
بـە گــوێـی خــۆم گـوێــــم لـە بـاوکـــــم بــوو کـە وتـی
بەرەچەڵەک کوردم هـاتـم لەناو عـەرەبـدا پـێگەیـشـتم
داپیـرەی ئەحـمەد شـەوقی، لە کۆشکی (خـدێـوی ئـیسماعـیل) پلەیەکی بـاڵای هـەبـوو. بەو هـۆیەوە زۆر دەوڵەمەنـد بـوو. ئەحمەد شەوقی منداڵیی لەگەڵ داپیرەیدا لە کۆشک بەسەربـرد. لەسەردەستی داپیـرەی پەروەردە بـوو.
ئەحمەد شەوقی لە تەمەنی (٤) ساڵـیدا، فـیری بنەمـاکانی نووسـین و خوێنـدنەوە بوو.
کە لە قوتابخانەی سەرەتایی بوو، لەبەر زیرەکی و بلیمەتی لە خەرجییەکانی قوتابخانە بەخشییان. لە تەمەنی (١٥) ساڵیدا، ئامادەیی تەواوکرد. ئارەزووی لە خوێندنی مافەکان هەبوو. بەڵام لەبەر بچووکی تەمەنی، لە بەشی مافەکان لە زانکـۆ وەرنەگـیرا. هەر لەم تەمەنەدا، دەستی بە شـیعـر دانـان کةرد. مامـۆسـتاکانی سەرسـامی شـیعـرەکانی بـوون.
لەبـەر بچـووکی و بـلیـمەتی (تـۆفـیق پاشـا خـدێـوی) لە سـاڵی (١٨٨٧) لەسەر ئەرکی حکـوومـەت، بـۆ خـوێنـدنی یاسـا، نـاردی بـۆ فـەرەنـسـا. بـە پـلـەی نایـاب بـڕوانـامەی بەکالوریـۆسی لە فەرەنسا بەدەسـتهـێـنا. ئەو کاتەی کە خوێنـدکار بـوو لە (پاریـس) لە فەرەنسا، ئاشنای ئەدەبی فەرەنسی بوو. بە تایبەتیش سەرسامی چـیرۆکەشیعـرییەکانی نـووسـەری بەنـاوبـانـگی فـەرەنـسی (لافـۆنـتـیـن) بـوو، کـە منـداڵانی هـۆنیـونـەتـەوە.
شـەوقی لە ساڵی (١٨٩١) گـەڕایەوە بـۆ مـیـسر. چەنـد پایـەکی رۆشـنبـیریی هـەبـوو.
شـیعـر و شـانـۆ هـەمەچـەشـنەکانی ئەحـمـەد شـەوقی زور بـەرزن. لە هـەمـوو وڵاتـانی عـەرەبـدا ناوبانگـیان دەرکـرد. لە ساڵی (١٩٢٧) لە ئاهـەنگـێکی مەزنـدا، بە بەشـداری شاعـیرانێکی زۆری عـەرەب، هەموویـان هـاوڕابـوون کە نازاناوی (أمیر الشعـراء) واتا (مـیری شاعـیران) بە ئەحمەد شەوقی ببەخـشن. تا ئێستا ئەو نازناوە تایبەتە بە ئەحمەد شـەوقی یەوە.
چـیرۆکەشیعـرییەکانی ( لافـۆنتـیـن) بـۆ منـداڵان، کاریـگەریـان زۆریـان لەسـەر شەوقی هەبـوو. هەر لەسەر بیر و شێوازی چیرۆکەکانی لافـۆنتـین، ئەحمەد شەوقی، کۆمەڵێک چـیرۆکەشیعـر و سـروود و گۆرانی، بە زمـانی عـەرەبی بۆ منداڵانی عـەرەب نووسـیوە. ئەو چیرۆکەشیعـر و گۆرانییانەی ئەحمەد شەوقی تا ئەمڕۆش بایەخـیان کاڵنەبوونەتەوە و منـداڵان و چـێـژ و خـۆشـییان لـێوەردەگـرن.
ئەحمەد شـەوقی نایـشارێتەوە، لە پێشەکی دیـوانـەکەی (دیـوانی شەوقـیات) دا، دەڵـێت: “لەسـەر شـێوازی لافـۆنـتـین، بـیـری خـۆمـم لـە نـووسـیـنی چـیـرۆکـەشـیعـرەکـانـمـدا تاقـیکـردۆتـەوە. هـەرکە دوو یا سێ چـیرۆکەشـیعـرم دەنـووسی، دەچـووم بـۆ کۆمـەڵە منـداڵـێکی میسری دەیـانـمخـوێنـدەوە. یەکـسەر لێیان تێدەگەیشتن و پێیان خـۆش بـوو. زۆربەیـان دەیـهـێـنانە پـێکەنـین. ئەمـەش مـژدەیەکی بـاش بـوو بـۆ مـن”
لـەو کاتەشەوە (ئەحـمەد شـەوقی بە پـێـشەنـگی ئـەدەبی منـداڵانی عـەرەب) ناوبـراوە. ئەحمەد شەوقی، چیرۆکە شیعـرەکانی بۆ منداڵان بە زمانی ئاژەڵ و باڵندەوە نووسیون. لە هەندێکیشیاندا رۆڵی مـرۆڤـیشیان تێدایە. ئەگەرچی فـۆرمی چـیرۆکەکانی لە شێوەی نوکتە و پێکەنـیندان. بەڵام لە ناوەڕۆک و مەبەسـتدا، رەخـنە و تانە و توانـج و پـلارن.
ئەحمەد شەوقی، لە دیـوانەکەیـدا، بەشـێکی تایـبەتی بۆ منـداڵان تەرخـان کـردووە ، بە ناوی (دیوانی منداڵان) کە زیاتر لە (٥٥) چـیرۆکەشیعـر و (٢٠) سروود و گۆرانیی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە. ئەمانە ناوی هەنـدێ لە چـیرۆکەشیعـر و هـۆنـراوەکانی شەوقـین بۆ منـداڵان (رێـوی و کەڵەشـێر، راوکەر و چـۆلەکە، عـەلەشیـش، مـریشکی خـۆماڵی، پـشـیلەکەم، شـێر و بـۆق، رێـویی ناو بەلـەمەکە، نیـشـتـمان، دایکـم ، نەنکـم، کەشتی وئاژەڵەکان، قـوتابخـانە، بەزەیی بە ئاژەڵ، کـۆتـر، خۆشـەویستیی نیشـتـمان،… هـتد). ئەحمەد شەوقی، چیرۆکەشیعـری (رێـوی و کەڵەشێر)ی لە لافـۆنتین ەوە وەرگـرتـووە. بە دووری نـازانـم کە (لافـۆنـتـیـن) يـش، ئـەم چـیرۆکەشـیعـرەی، لـە کورتـە چـیـرۆکە ئەفـسانەییەکانی (ئـێـزۆپ)ی یـۆنـانـییـەوە وەریـگـرتـووبـێـت.

شاعـیر و بیـرمەنـدی گەورەی کوردیشمان ( پیرەمـێرد ) ی نەمر، ئەم چـیرۆکەشیعـرەی وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمـانی کوردی. بەڵام بە زمـانێکی کوردیی ئەوەنـدە ناسک و ئاسان و رەوان و بەچـێژ و شـیریـن بۆ منـداڵانی کوردمانی هـۆنیـوەتەوە. زۆر لە دەقـەکەکانی ئەحمەد شـەوقی و لافـۆنـتـین جـوانـتر و شـیرینـتر و ئاسانـترە. مـن لە ساڵی (١٩٥٦) کە منـداڵ بـووم لە (قـوتـابخـانەی سـەرەتـایی شـۆرجـە) بـووم لە شاری کەرکوک، ئەم چـیرۆکەشـیعـرەم لە دەمی قـوتابییەکی کوردی لەخـۆم گەورەتر لەبەرم کرد، تا ئێستاش لەبیرم نەچـۆتەوە. ئەمەش دەقی چیرۆکەشیعـرەکەی پیرەمێـردە (رێـوی و کەڵەشـێر)ە:

رۆژێ مـــام رێـــوی دەهــــات
دەم بـە ویــــرد و ســـەڵـەوات

  • * *
    دوایـــی دەیــــوت بـە ئـــــاواز
    لەعـنـەتی خــوا لـە فـێـڵـبــــاز
  • * *
    دنـیـــا هـێـنـــدەی پـێ نـــــاوێ
    هـــــەژارێ بـخــــــەیـتـە داوێ
  • * *
    عـومــــرێــکـە دێــــت و دەڕوا
    وا چـــاکـە روو بکـەیـنـە خــوا
  • * *
    ئــــاخ رۆژێ بـەیــــــانـی زوو
    گوێـم لـە دەنـگی بانگ دەبـوو
  • * *
    خـۆزگـــــە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
    بـەیـانـیـــان بـانــــگ بــدێــرێ
  • * *
    نـــاردی بـۆ لای کـەڵـەشــــێـر
    دانــی بـۆ دەڕژێـنـــــم تــــــێـر
  • * *
    ئـــەو بــێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
    مــن دەبـمـــە پـیـــــاوی خــودا
  • * *
    کـەڵـەشــــێـر بـە راســــپـێـری
    وتـــی بــەم فـێـــــڵە فــــــێـری
  • * *
    بـەڵام بــــاب و بـاپـــــــیـرمـان
    ئـەوەی خـستـۆتـە بـــــیـرمـان
  • * *
    رێـــوی بـە فـێــــڵ نـاوەســتـێ
    مـەگـەر تـەڵــە پـێـی بـەســتـێ

لەم چـیرۆکەشیعـرەدا، رێـوی هـێمایە بۆ مـرۆڤی فـێـڵباز و خەڵـەتێنەر، کە دەیەوێـت لە ژێر پەردەی ئاین و بە رواڵەت پیاوچک و بە زمان لووسی، کەسانی دڵپاک و خۆشبڕوا بخـەڵـەتـێـنێ و تەفـرەیـان بـدات. بـەڵام ئـەو کەسـانـە نـاسـراون و نـاوزڕاون، خـەڵـکی شارەزای فێڵ و پیلان و نیاز خراپییان بوونە، چیتر بڕوا بە قسەکانیان ناکەن و ناکەونە داویـانەوە. پەیـامی ئـەم چـیرۆکەشـیعـرەش ئـەوەیـە: کـە منـداڵان لە داهـاتـوودا، ئـەوە دەزانـن کە دنیـا، پـڕە لـە رێـوی فـێـڵـباز. واتـە لە کەسانی فـێـڵـباز و درۆزن و بەدکـار.
ئەحمەد شەوقی ، شاعـیریکی نیشـتمانی بوو، لەگەڵ ئینگـلیزەکانـدا ناکـۆک دەبێـت. لە کاتی جەنـگی جیهـانی یەکەمـدا، لە ساڵی ( ١٩١٤) دا، لە میسر دووری دەخـەنەوە و دەیـنێرن بۆ شاری (بەرشـلـۆنە) ی (ئیسپانیا). بەڵام دووری زیـاتر هەسـت و سـۆزی نیشـتمان پەروەریی دەخـروشـێنیت. تا لە ساڵی (١٩٢٠) دا، دەیگەڕێننەوە بۆ میـسر.
ئەحمەد شەوقی مامۆستایانی خۆشدەویست. لە ستایشی و رێزی (مامۆستا) دا دەڵێت:
قــــم لـلـمـعـــــلـم وفــــە الـتـبـجـــــیـلا
کـاد الـمـعــــلـم أن یـکــــون رســـــولا
واتـاکـەی بە کـوردی:
هـەســــتـە بـۆ مـامـۆســـتا شــــکـۆداریـیـە
وەخـتبـوو مـامـۆسـتا بـبـێـت بـە پـەیـامـبەر

کەڵەشاعـیر ئەحمەد شەوقی، لە (١٤/١٠ / ١٩٣٢) لە قـاهـیرەدا کـۆچی دوایی کرد.
وەکو رێـزلـێنانێک بۆ پایەبەرزی ئەحمەد شەوقی، لەسەر بڕیاری حکوومەتی ئیتاڵیا،
لە ساڵی (١٩٦٢) دا، لە بەناوبانگـترین باخچەی رۆمـای پایتەخـتدا (فـیلابـۆرگـیزی) پەیکەرێکی شـیاوی ئەحمـەد شـەوقـیان دانـاوە.
ماڵەکەشی لە قاهـیرەدا، کراوە بە مـۆزەخانە (مـۆزەخـانەی ئەحمەد شەوقی) کە زیاتر لە (٧٥٠ ) دەسنووس و رەشنووسی خۆی تێدایە. لەگەڵ هەموو کـتێبەکانی و وێنە و تابلۆکانی. ئەو خەڵات و مەدالیانەی پێشکەشیان کـردووە. بـڕوانامە رێـزلـێنراوەکانی.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




لەو دیو خۆتەوە.. نەوزاد بەندی

کێشەکە لەوەدایە ، بێ ئاگاداریی خۆمان ، یەکتری کۆنتڕۆڵ ئەکەین ..
بۆ نمونە لە کۆڵانێکا ، ماڵێک خانووەکەی ئەڕوخێنێ و ..بە دیزاینی نوێ خانوویەک دروست ئەکات .. ئەمە وا لە هەموو ماڵەکانی کۆڵانەکە ئەکا بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو ماڵەوە و ..پرسیارێکیان لە لا دروست بێ : ( بۆچی ئێمەیش وەکو ئەو نەکەین ؟ ) ..
تۆ دەچیتە پێشانگای کتێب ، ناچاریت لە ژێر کونتڕۆڵی ئەوانەی چواردەورتا ، هەستیت کتێب بکڕیت یان بە لایەنی کەمەوە وەک نووسەر یان خوێنەر هەڵس و کەوت بکەیت ، قەت بینیوتە کەسێک لە پێشانگای کتێبا بنەڕێنێ ، یان جنێو بدات یان ڕا بکات ؟ لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرینەیان نە نووسەرن و نە خوێنەر ..
ئەم کۆنتڕۆڵکردنە ناڕاستەوخۆیە ، لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەوخۆ ، کە کەسێک بە هێز یان قسە دێتە سەر هێڵی ژیانت ، ئازار بەخشترە ..چونکە کونتڕۆڵی ناڕاستەوخۆ ناچارت ئەکات خۆت بگەڕێی بۆ کەسانێک کە کونتڕۆڵت بکەن .. ڕیکلام یەکێکە لەو هێزە ناڕاستەوخۆیەی بەردەوام وا دەکات مرۆڤەکان وەک خۆیان نەژین و ..پۆڵێنیان ئەکات و ..پلە و پایە و کاڵاکانیان بە سەردا دابەش ئەکا ، ئەمەیه بە مێگەلکردنی یان بە سەربازگاکردنی کۆمەڵگا ، کە بێ ئاگای خۆت بوویتە سەربازی بیر وباوەڕ و کاڵایەک کە ڕەنگە خۆت وەک خۆت ساڵەهای ساڵ دژی بوو بیت .. شەڕ و ئاشتبوونەوە و ڕق و خۆشەویستی و هەموو ڕووداوەکان ، کۆنتڕۆڵکاری دوور و نزیکن و ..یاری بە مرۆڤەکان ئەکەن ..
ئەوەی ئازار بەخشە ، زۆرینەی ژیانمان ( بە ئاگا و بە بێ ئاگاداریی خۆمان ) وەک ئەوەی خۆمان ئەمانەوێ ، ناژین ..بەڵکو وەک ئەوەی ئەوانەی چواردەورمان ئەیانەوێ ئەژین ..
ئەمە پێی ئەووترێ فەلسەفەی مێگەل ..
تەماشا ئەکەی زۆرینەی سەر خوانەکە ، برسییان نییە و .. لە ژێر کاریگەریی ئەوانی تردا ، دادەنیشن و خواردن ئەخۆن ..زۆرینە حەزیان لە سەیران و سەفەر و میوانداریی نییە ، بەڵام بە هۆی کۆنتڕۆڵی ئەوانی ترەوە ، بەشدارن ..
زۆرینە کۆیلە نین ، بەڵام کاتێ سیستمی کۆیلەکردن دەبێتە فەرمانڕەوا ، هەمووان وەک یاسایەک پەیڕەوی لێ دەکەن و ..مافەکان و داهاتوو و هەموو ژیانیانی تێدا خەسار ئەکەن..
تەماشای ئەوانە بکە کە هەڵئەپەڕن ، زۆرینەیان خەمبارن ، چونکە خواستی خۆیان نییه و لە ژێر کۆنتڕۆڵدان ..
وای لێ دێت ، مرۆڤەکان هەموویان لە یەکتر بچن ، لە تەوەرە گشتیەکاندا هیچ جیاوازییەک نەبێ ، ئەمەیش وا دەکات بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی سەد ملیۆن کەسیی وەک
بەڕێوەبردنی یەک کەس وابێ ، تەنانەت ئاسانتریش بێ ، چونکە تۆ بتەوێ کەسێک کۆنتڕۆڵ بکەیت ، کاردانەوەی ئەبێ ، بەڵام کاتێ بتەوێ سەد ملیۆن کەس کۆنتڕۆڵ بکەی ، هەمووان بێکاردانەوە ئەبن ، یان ڕاستتر هەر یەکەی چاوەڕێی کاردانەوەی ئەوانی تر ئەکات و ئەڵێ بۆچی من ببم بە سووری بەرلەشکر !؟ .. لە کۆتاییدا دۆخەکە بە بێ کاردانەوە تێدەپەڕێ ، ئەوەیش کارەساتە گەورەکەیە کە تیایدا تەنانەت نیشتمانی تێدا دەفرۆشرێ بە بێ کاردانەوەی هاونیشتمانیان .
تەنانەت خێزانەکان ، زۆرینەیان بە خواستی خۆیان دروست نەکراون ، لە ژێر پاڵەپەستۆی کۆمەڵگادا و بە بیستنی هەندێ زەنگی ترسناک وەک زەنگی تەنیایی و بەجێهێشتنی شەمەندەرەکە و قەیرە بوون و پەڕاوێزکەوتن و ئەم جۆرە دروشمە کۆنتڕۆڵکارانەدا دروست بوون ..
ڕەنگە ئینسان لە هەموو تەمەنیدا ، یەک جاریش بە خواستی خۆی نەژیابێ ، تێکڕای ڕۆژەکانی ..تێکڕای بژاردەکانی ، هی خۆی نین ..ئیتر ئەم دۆخە یان لە سەدا سەد کۆنتڕۆڵکراوە یان کەمتر ..گرنگ ئەوەیە خەڵکانێک بەردەوام لەناوەندی بڕیاردانیدان و ..ئەیکەن بە کەسێکی تر و .. وای لێ دەکەن وەک خۆی نەژی ..
ئەم دۆخە ، گەیشتۆتە ئەوەی فەیلەسوفێکی وەک جان پۆڵ سارتەر بڵێت : مردنی باوکم زۆر باش بوو بۆم ..
یان سامۆئێل پیکێت ساڵەهای ساڵ قسە لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکات و ..توشی نامۆبوون بێت کە پاشان بە شێت یان چەپێنراو یان ئاڵۆزیی دەروونی پێناسە کرا ..لە کاتێکدا تەنانەت تەنیاییش لەو کۆنتڕۆڵکارییە ڕزگارت ناکا و .. دوور بە دوور ، کۆنتڕۆڵی وەهمی دێت و نەخشەکانت بۆ ئەگۆڕن ، یان بە لایەنی کەمەوە هەستی ئەوەت لەلا دروست ئەکەن کە تۆ کەسێکی باش نیت و کۆمەڵگا و داب و نەریتت بە لاوە ناوە .. وەک بیریارێک ئەڵێت تەنانەت دوورکەوتنەوە لە سیاسەتیش ، جۆرێکە لە سیاسەت ..!




سێ شیعری شەماڵ بارەوانی

باوەشێک عەبەس

عیشق ماڵی خەیاڵی شیعری لە نەزۆکی پڕکردم

جگە لە هێنانی جانتایەک گریان و دروستکردنی قەفەسێک بۆ ڕۆحم، هیچیتری بۆ نەکردم

عیشق باوەشێک عەبەسی بۆ هێنام و
ژێدەری جۆگەلەی خۆشبەختی وشککردم

عیشق وەرزێکی تر پاییزی بۆ هێنام و
هەرچی هەمبوو لە خەون و خولیا،
هەمووی لێ ونکردم

عیشق ئۆگر بە پارچە پارچەبوون و فێری سترانی فیراق و هاوەڵێتی تەنیایی کردم

جا عیشق چی لێنەکردم
خەڵکی تەنها جارێک دەمرێت
من بەهۆی عیشقەوە ڕۆژی سەد جار دەمردم
……………………………
سەربوردەی وەهم

ئازیزەکەم،
ئێمە نەسەبمان دەچێتەوە سەر دیباجەی هەرزەگومانێک و
لە منداڵدانی دەهریبوونەوە هاتووین

ئێمە لە نەوەی تیۆرەگوناحێکی سەرسەرین و
تا بینەقاقامان نغرۆی پارادۆکس بووین

وەرە با لە پەراوێزی حەکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە چیرۆک بدەینە دەم چیرۆکەوە، بەڵکو مەرگی شەهرەزادێکی تر دوا بخەین و
تووڕەیی نێرە شازادەیەک هێوربکەینەوە

لەشێوەی سیزیف گیرمان خواردووە لە نێوان سێوەکەی خوداوەند و تاتەبەردێکی مەزهەب

بەمیان لە بەهەشت دەرکراین و
بەویان دەماننێرنەوە هەمان شوێن!

دەبێ چەند میقاتی تری بوێت تا بۆ خودای بسەلمێنین کە ئێمە پاکیزەین

ئێستاش هەر دەڵێم چی دەبوو گەر خودا لە بری پەراسووی پیاو، لە میهرەبانی خۆی دروستی کردباین؟

دەی با بگەڕێینەوە
بۆ دەرەوەی فەهرەستی مێژوو و
دامێنی یەکەم نوتفەی زەمەن

بڕۆینەوە سەر سنوورەکانی مەنفا و
لە ئاستانەی خورافەدا خۆمان فەنا فەنابکەین

بڕۆینەوە بۆ تخووبەکانی دۆزەخ و دووباره بە سێوێکی تری نەفرەتی خوداوەند تاقی بکەینەوە

ئێرە چیتر بۆ ئێمە دەست نادات
پڕبووە لە چەمکی گوناه و
لە سەربوردەی وەهم
ڕێگاکان هەموویان دەڕۆنەوە ماڵی سمێڵ
——————
پڕ بە میزاجی نێرێک

بێدەنگ بن ژنێک قسەدەکات
بە ڕاسپۆتینەکانی هەوەس بڵێن جەستەی من مۆنالیزایەکی ئێزدانییە، نەک کێڵگەی خۆخاڵیکردنەوە

لەبیرم دێت من حەسرەتەکانی ژنم دەنووسییەوە،
ئەوان وشەکانیان دەخنکاندم

لەبیرم دێت دەیانگوت ئافرەت لە عەورەتەوە هاتووە و مێ زۆینەی دۆزەخ پێکدێنن!

لێرە هێشتا هەمووان دەڵێن دووکەڕەت کچێک، ئینجا دەکات بە نێرێک!

بەرلەوەی بێم بۆئێرە، گوێم لە قیڕەقیڕی منارەی مەعبەدێک بوو بە دیار تەرمی ڕۆمانێکی نەوال سەعداوی و خەمەهەڵکڕووزاوەکانی ژنێکەوە قاقای دەکێشا

دوێنی نێرەنەریتێک و ڕەشەبایەکی زۆر کۆن بە گڤەگڤێکی جاڕسکەر هەڕەشەی زمانی بڕینیان لێکردم

من لە عادەتی ژنبوونمەوە لەنگەرم گرتووە و
هەرگیز ناڕۆمەوە سەر نەسەبی هیچ ڕەنگێکی پیاوانە

لێناگەڕێم کارمامزی خولیاکانم لەناوقەرەباڵغی لوورەلووری هیچ بیابانێک ڕاوبکرێن و لەژێر پۆستاڵی پاتریارکیدا شووشەی خەونەکانم خوڕەیان بێت

بۆچی دەبێ پڕ بە میزاجی نێرێک قەفەس بۆ حەزەکانم بدوورن

بۆچی پیاو ئیعرابی ڕستەی ژنبوون بکات و وەزن و قافییە بۆمدێڕەکانم دابنێت
خودایە، من لەو موعادەلەیه هەرتێنەگەیشتم!

لە هەمووی سەیرتر!
شەو پارچەمەزهەبێکی مێزەربەسەری هەزار و چوارسەتساڵ بەرلە ئێستام لەژێر سەرینەکەی باوکم دوزییەوە،
تێیدا نووسرابوو: ژن لە حزووری پیاودا نابێت بە دەنگی بەرزپێبکەنێت. بۆچی دەبێ پڕ بە میزاجی نێرێک قەفەس بۆ حەزەکانم بدوورن

بۆچی پیاو ئیعرابی ڕستەی ژنبوون بکات و وەزن و قافییە بۆمدێڕەکانم دابنێت
خودایە، من لەو موعادەلەیه هەرتێنەگەیشتم!