گومانی مێتۆدی لای دێکارت.. کاوە جەلال

یەک) کەس و سەردەم

ڕێنێ دێکارت (بە لاتینی: ڕێناتوس کارتێزیوس) فەیلەسوفێکی مەزنی فەڕەنسییە، مەزنێتییەکەشی بە ناولێنانێکی سەرنجڕاکێش ناسێنراوە: ئەو “باوکی نوێسەردەمی ئەوروپی”یە. هەڵبەتە ئەم ڕستەیە لە سێ واژە پێکدێت: باوک، نوێسەردەم، ئەوروپی. باوک بەرهەمێک دەخاتەوە کە نوێسەردەمە، وەلێ ئەوە نوێسەردەمێکی ئەوروپییە. ئەوجا کاتێک ئەو دەبێت بە بنیاتنەری شێوازێکی نوێی فەلسەفاندن کە “پەرچاندن”ی (ڕێفلەکسیۆنی) مێتۆدییە ڕووەو خودی خۆ، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە مەئریفەی ڕوون و ئاشکرا، ئیدی بەو کارە بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە فەلسەفاندنی باوی سەردەمەکەی دەڕێژێت کە سکۆلایستیک بوو.
دێکارت ساڵی 1596 لە لا های هاتە جیهانەوە، باوکی نەجیبزادە و یاساوان بوو لە دادگەی باڵای بریتانیە، دایکی جیهانی بەجێهێشت کاتێک تەمەنی ئەو یەک ساڵان بوو، بۆیە نەنکی بەخێوی کرد. ئەو لە تەمەنی هەشت ساڵاندا نێررا بۆ خوێندن لە فێرگەیەکی یێزووییەکان (یەسوعییەکان) لە لا فلێش، وەلێ لەبەر ئەوەی کوڕێکی لەشساغ نەبوو، ئەوا ڕێی پێدرابوو تا سەئات 11 لە پێخەفدا بمێنێتەوە و پاشان بێت بۆ فێرگە، بەوەش هاوپۆلەکانی تووڕە دەبوون، دەکەوتنە بۆڵە و سکاڵا: “ئەرێ بۆچی هەرگیز ئەم زەلامە سزا نادرێت؟”، ئەویش وەڵامی دەدانەوە: ئەو وەک شیرەمژە هێندە لاواز بووە کە پزیشکەکان بە تەمای ژیانی نەبوون، بۆیە ناچارە خۆی بپارێزێت و زۆر بنوێت. زۆر نووستن بوو بە نەریتی دێکارت بەدرێژایی ژیانی.
وانەکانی فێرگەی لا فلێش بریتی بوون لە گریکی، لاتینی، ماتماتیک، ئەستێرەناسی، موزیک، تەلارسازی، هەروەها و بەتایبەتی نووسینە لۆگیکییەکانی ئەڕیستۆتێلیس کە وەک زەمینەی فێرکاری چەسپێنرابوون. هاوکات ئەو دەمە یێزووییەکان وەک پێشکەوتنخوازترین ئۆڕدی کڵێسەی کاتۆلیکی ناسرابوون، چونکە گەرچی مامۆستاکان سکۆلایستی بوون، سەرباری ئەوە هەڵوێستێکی کراوەیان بەرانبەر پرسیار و وەڵامی نوێی زانستە سروشتییەکان هەبوو. بەم شێوەیە دێکارت لە زارۆکییەوە بەر دوو شێوازی هزرین دەکەوێت: سکۆلایستیک و هومانیزم، ئەوجا دوای هەشت ساڵ خوێندن لە لا فلێش ساڵی 1612 دەڕوات بۆ پواتیێر تاکو لە زانستگەکەی بەردەوامی بە خوێندن بدات: فەلسەفە، ماتماتیک، یاساناسی و پزیشکی کە ساڵی 1616 تەواوی دەکات.
وەلێ دێکارت لەکاتی فێرخوازییەوە لە لا فلێش تووشی گومان دەبێت لە هەموو ئەو زانستانە کە وەک ڕاستیی پرسیارهەڵنەگر دەخزێنرانە نێو هۆشی فێرخوازانەوە. ئێرنست بلۆخ پەیوەند بەم ڕەوشەی دێکارتەوە لە گومانێکی پسیکۆلۆگییانە دەدوێت، کەواتە ناسۆری دەروونی کە بەپێش گومانی مێتۆدیدا ڕادەبورێت. ئەو خۆی لە “دیسکورزی مێتۆد”دا دەنووسێت: “لە گێژاوێکی ئەوتۆی گوماندا (…) خۆم دەبینییەوە (…) کە ئیدی لە زانینمدا تەنیا نەزانینم ئاشکرا کرد”(1). کەواتە ئاشکرایە بۆچی ئەو دوای تەواوکردنی خوێندنی زانستگەیی ناتوانێت بۆ خاتری پارە و پێگەی سۆسیال پۆستی پارێزەر یان دادوەر وەربگرێت، ژن بهێنێت و وەچە بخاتەوە: “(من نەمدەویست) زانست بکەم بە پیشە تاکو ئاستی گوزەرانی خۆمی پێ چاک بکەم”، بە پێچەوانەوە، هەرئەوەندەی تەمەن دەرفەتی پێدەدات کە خۆی لە پابەندی بە مامۆستا سکۆلایستییەکانییەوە بەربدات، بڕیار دەدات لە دوو شوێنی دیکە نەک لەنێو کتێبەکاندا بۆ زانست بگەڕێت: “لەنێو خۆم یان لە کتێبی مەزنی جیهاندا (…)؛ بەم شێوەیە باقیی تەمەنی گەنجێتیمم بەکارهێنا بۆ گەشتکردن تاکو کۆشکوسەرا و سوپای جیاواز بناسم، بە مرۆڤانی جیاواز لە کارەکتەر و پێگەی سۆسیال تێکەڵ ببم، ئەزموونی هەمەجۆر کۆبکەمەوە و لەو دۆخانەدا کە قەدەر دەیخستمە نێویانەوە، خۆم بخەمە ژێر تاقیکردنەوەوە (…)”(2).
کەواتە دێکارت بڕیار دەدات ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر. ئەو لە سەردەمی جەنگی سیساڵەی مەزەبەکاندا ماوەیەکی کورت لە پاریس بەسەردەبات، پاشان باوکی ساڵی 1618 دەینێرێت بۆ کۆرسی سەربازی لە هۆڵەندا کە ئەو دەمە وەک پێشەنگی جەنگی بزۆک ناسرابوو: هۆڵەندییە کالڤینییەکان بەم شێوازە نوێیەی گێڕانی جەنگ بەسەر ئیسپانییە کاتۆلیکییەکاندا زاڵ بوون کە تا ئەو جەنگە وەک نەبەز ناسرابوون(3). پاشان دێکارت لای مۆڕیتسی ناساو و بەدووی ئەویشدا لە سوپای بایەرن وەک ئەفسەری بێمووچە دەچێتە خزمەتی سەربازییەوە، تەنانەت مەیدانییانە لە داگیرکردنی پراگدا بەشداری دەکات. ئەو ساڵی 1621 لە خزمەتی سەربازی دەکشێتەوە و بەردەوامی بە گەشتەکانی دەدات.
لەکاتی خزمەتی سەربازیی دێکارتدا لە بایەرن / ئەڵمانیا ڕوداوێکی گرنگ هەیە کە ڕەخنەگرانی ناوی دەنێن کاتی خویابوونی هزری نوێسەردەم. دێکارتی بیستوسێ ساڵان ئەفسەرە لە هەوارگەی زستانەی لەشکرەکەیان لە نۆیبورگ:
“ئەو دەمە لە ئەڵمانیا بووم. (…) جەنگ کە جارێ لەوێ کۆتایی نەهاتبوو، بانگی کردبووم بۆ ئەوێ. دوای ئەوەی لە ئاهەنگی تاجلەسەرنانی کایزەر (فێردیناندی دووەم لە نۆی سێپتێمبەردا لە فرانکفورت – ن) گەڕامەوە بۆ سوپا، زستان دەستی پێکرد، ئیدی لە هەوارگە مامەوە و لەوێ هیچ دەرفەتێکی گفتوگۆی پەرتکەرەوەم نەبوو، وەلێ هەر لەوێ بۆ خۆشبەختی نە خەم و نە سۆز هەراسانیان کردبووم. بەم شێوەیە بەدرێژایی ڕۆژ بەتەنیا لە ئۆدەیەکی گەرمدا دەرگەم لەسەر خۆم داخستبوو و تەنیا بە بیرۆکەکانمەوە خەریک بووم.”(4)
دێکارت شەوی 10/11ی نۆڤەمبەری 1619، لە شەوی سان مارتیندا (5)، سێ خەون بەدووی یەکدا دەبینێت. ئەو دوای ئەو خەونانە بڕیار دەدات ببێت بە فەیلەسوف. وەک ئەو خۆی دەبێژێت، خەونی یەکەم و دووەم “سامناک” بوون، ئەوی سێیەم “شیرین” و “ناسک” بوو. ئەو هەر سێ خەونەکەی لە دەفتەرێکی تێبینیدا دەنووسێتەوە و دەفتەرەکە بەدرێژایی ژیانی لای خۆی دەپارێزێت، تەنانەت لەتەک خۆیدا دەیبات بۆ کۆشکی ستۆکهۆلم. بێگومان گێڕانەوەکانی خۆی بزر بوون، ئێمە ناڕاستەوخۆ بەڕێی ئادرێیۆ بایێ-وە کە یەکەم بیۆگرافیی دێکارتی (1691) نووسیوە، نێوەرۆکی ئەو خەونانەمان پێگەیشتووە. بایێ کە لە دەفتەری تێبینییەکانی دێکارتدا داڕشتنی ئەو سێ خەونەی ئەوی خوێندبۆوە، لە نووسینی بیۆگرافییەکەی دێکارتدا دایاندەڕێژێتەوە. ئەمڕۆ گێڕانەوەکەی بایێ وەک باوەڕپێکراو ناسێنراوە.
لە خەونی یەکەمدا هەموو شتەکان شێواون؛ ئەو بەنێو شاردا وێڵە و لەشی بەلای چەپدا کەوتووە، کەواتە ناتوانێت بەڕێکی بەڕێوە بڕوات و بەو هۆیەوە شەرمی بە خۆی دێت، بۆیە هەوڵ دەدات خۆی ڕاست بکاتەوە، وەلێ باهۆزێک هەڵی کردووە و دەرفەتی پێنادات خۆی بەپێوە ڕابگرێت، تەنانەت چەند جارێک لەسەر پێی چەپ دەیسووڕێنێتەوە. ئەوجا هەوڵ دەدات بۆ هێورکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی لەشی دەرمانێک بخوات، وەلێ هەوڵەکەی شکست دەهێنێت. پاشان هەوڵ دەدات هانا بۆ کلێسەیەک بەرێت تاکو لەوێ بە ئارامیی دەروونی بگاتەوە، وەلێ ناتوانێت بە کڵێسەکە بگات، چونکە باهۆزەکە بەتوندی بەرەو پاش دەیگەڕێنێتەوە. جگە لەوە مرۆڤەکان کە ئەو لە ڕێ پێیان دەگات، بایەخی پێنادەن. هاوکات گەرەکە پیاوێک بدۆزێتەوە تاکو مێلۆنێکی (کاڵەکێکی) پێبدات، کەچی ئەمەشی بۆ ناچێتە سەر. سەرئەنجام هەڵکێشراو لە ئارەق بێدار دەبێتەوە، هەست بە ئازارێکی توند دەکات و وای بۆ دەچێت کە گیانی خراپ ویستوویەتی لەخشتەی بەرێت، ئیدی بۆ نزیکەی دوو سەئات لە چاکە و خراپەی نێو جیهان دەهزرێت. پاشان دەنوێتەوە.
دێکارت لە خەونی دووەمدا دەکەوێتە نێو بۆرانێکەوە و هەورەگرمەیەک ڕایدەچڵەکێنێت، بێدار دەبێتەوە و هەست دەکات کە دەتوانێت لە تاریکیدا ببینێت، وەلێ نازانێت کە داخۆ هۆی ئەوە بۆ پزیسکە پەرشبووەکانی نێو ئۆدەکەی دەگەڕێتەوە یان بۆ چاوانی خۆی کە داگیرساون و ڕوناکی دەخەنەوە. کەواتە ناتوانێت خەون و کەتوار لە یەکدی جیابکاتەوە. جگە لەوە ئەو زۆر جار شتی بەو چەشنەی بینیوە، بۆیە ئیدی سەرلەنوێ بەئارامی دەنوێتەوە.
لە خەونی سێیەمدا نەک هەورەبروسکە، بەڵکو ڕوناکیی مۆم هەیە. ئەم خەونە ترسناک نییە وەک دوانەکەی پێشوو. دێکارت ژمارەیەکی زۆر کتێبی لە بەردەمدایە، هەروەها فەرهەنگێک لەسەر مێزێکە و نازانێت کێ لەو جێیەدا دایناوە. لە تەنیشت فەرهەنگەوە کۆکارێکی هەڵبەستڤانان لە بەرگێکدا دەبینێت، ئەوجا پیاوێک کە دێکارت نایناسێت، هەڵبەستێکی نێو ئەو کۆکارەی بۆ دەپەسنێنێت کە بەم وشانە دەست پێدەکات: “Est et Non” (“ئەرێ و نەرێ”)، وەلێ ئەو ناتوانێت هەڵبەستەکە بدۆزێتەوە، بۆیە دەبێژێت کە هەڵبەستێکی دیکەی زۆر جوانی هەمان هەڵبەستڤان هەیە و بریتییە لە: “Quod vitae sectabor iter?” (“ئایا (لە ئایندەدا) چە ڕێگەیەک بگرمە بەر؟”). سەرباری ئەوە ناتوانێت ئەمیش بدۆزێتەوە. کاتێک لاپەڕەکانی هەڵدەداتەوە، تێیاندا پۆرترێی بچووکی جیاواز دەبینێت و هەست دەکات، گەرچی کتێبەکە زۆر جوانە، سەرباری ئەوە جیاواز لەوە چاپکراوە کە ئەو پێشتر بینیبووی. لە کۆتاییدا کتوپڕ کتێبەکان و پیاوەکە دیارنامێنن.
دێکارت لە خەونی یەکەمدا بەتەنیایە و وێڵە، هەروەها بەلای چەپدا کەوتووە، ئەمەش بەگوێرەی ڕاڤەکردنی ئەو دەمەی ئەوروپی لاربوونەوەیە بەرەو گومڕایی، یان دوورکەوتنەوەیە لە ڕێی ڕاست (بریتییە لە ئیڕتیداد)، بۆیە مرۆڤەکانیش کە ئەو لە ڕێ پێیان دەگات، بایەخی پێنادەن. ئەوجا مێلۆنەکە، بەگوێرەی ڕاڤەکارانی دێکارت، وێنەیە بۆ میوەیەک یان مرۆڤێک کە ژیانی ناخەکییانەی نەناسراو و گوماناوییە، کەواتە مرۆڤ دەشێت پەیوەند بە هەردووکیانەوە بەسەهوودا بچێت. دێکارت وایدادەنێت کە ئەو دەتوانێت بەبێ مێلۆن، بەبێ مرۆڤان، هەڵبکات، بۆیە ستایشی “تەنیایی” دەکات. مێلۆن بۆ ئەو بەرجەستەی تەنیاییە وەک پێویستییەک بۆ هزرین. ئەوجا کاتێک ئەو لە خەونی یەکەمدا وێڵ بووە و لە خەونی دووەمدا هەورەگرمەیەک ڕایدەچڵەکێنێت، ئەوا خەونی سێیەم هانی دەدات کە بۆ ڕێگەی خۆی بگەڕێت. بە بڕوای ئەو فەرهەنگەکە نیشانەیە بۆ کۆی زانستەکان، کۆکاری هەڵبەستڤانەکان نیشانەیە بۆ پەیوەندیی فەلسەفە و دانایی، ئەوجا ئاماژەدانی کابرای نەناس بۆ ناونیشانێکی وەک “ئەرێ و نەرێ” هاندانە بۆ جیاوازیکردن لە نێوان ڕاست و هەڵەدا، وەلێ گەر لە کتێبەکاندا پرسی “ڕاست و هەڵە”ی بۆ ساغنەکرایەوە، ئەوا گەرەکە خۆی بگەڕێت کە داخۆ شتێکی ڕاست یان هەڵە هەبێت و لەنێو هۆشی خۆیەوە هەڵقوڵابێت. خەونی سێیەم ئاماژە بۆ ئایندە دەدات، دێکارتیش ڕێگەی بەرەو ئایندە دەگرێتە بەر(6).
بە گۆتەی دێکارت خۆی ئەم سێ خەونە کاریگەری لەسەر ئایندەی ئەو دەنوێنن، ئەو گۆیا لەو خەونانەوە دەگات بە بنەمای “کۆگیتۆ ئێرگۆ سوم” (“من دەهزرێم کەواتە من هەم”)، یان دەگات بەو بڕوایە کە گەرەکە شۆڕشێکی فەلسەفەیی بەرپا بکات، واتا: هەر شتێک کە وەک جەخت و مسۆگەر دەنوێنێت، لە بناغەوە بڕمێنێت و سەرلەنوێ لە یەکەمین بناغەکانەوە دەستپێبکاتەوە(7). بە شێوەیەکی ڕوونتر ببێژین، ئەو دەیەوێت مێتۆدێکی یونیڤێرساڵ (گشتگیر) بۆ توێژینەوە لە ڕاستی (واتا زانین) گۆڕان پێبدات تاکو فەلسەفە ببێت بە زانست. لە بنەڕەتدا ئەم زانستە نوێیە کە ئەو بنیاتی نا، کاریگەریی قووڵی لەسەر جیهانی مۆدێرنی ئەوروپی نواند. لەوێ دەربڕینی “من” لە دێکارت جیانابێتەوە.
وەلێ دێکارت سەرباری بڕیاردان بۆ گرتنەبەری ڕێگەی خۆی هێشتا هەر ئەزموونەکەی شەوی 10/11ی نۆڤەمبەری 1619 بۆ ماوەی 18 ساڵ وەک نهێنییەک لە ناخی خۆیدا دەشارێتەوە.
دێکارت دوای مردنی باوکی میراتییەکی زۆری بۆ دەمێنێتەوە و ڕزگاری دەکات لە خەم و مشووری گوزەران. دوای ئەوەی ماوەیەک لە پاریس بەسەر دەبات، دەڕوات بۆ هۆڵەندا و لەوێ 19 ساڵ (لە 1629 تا 1649) دەمێنێتەوە. ئەو دەمە هۆڵەندای کالڤینی و کۆماری تەواو جیاواز بوو لە فەڕەنسای کاتۆلیکی و شانشینی، چونکە لەوێ بەهۆی پەیوەندییە لیبەرالەکانییەوە مرۆڤ دەیتوانی ئازادانە بنووسێت و نووسینەکانی بڵاوبکاتەوە. سەرباری ئەوە لە ماوەی ژیانیدا لەو وڵاتە 24 جار لە ترسدا شوێنی گوزەرانی دەگۆڕێت، هاوکات ناونیشانی خۆی بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە ناسیارانی دەدات. ئەوجا هەر لە هۆڵەندا ڕوداوێکی خەمهێن کاریگەریی قووڵ لەسەر ژیانی دەنوێنێت: لەوێ لەتەک کیژە کارەکەرەکەیدا بە ناوی هێلێنە یانز زارۆکێک دروست دەکات و ساڵی 1635 دەبێت بە باوک، وەلێ کچەکەی لە تەمەنی پێنجساڵاندا دەمرێت، بەو هۆیەشەوە دەخزێتە نێو تەنگژەیەکی قووڵی دەروونییەوە.
ساڵی 1637 دێکارت نووسینی “دیسکورز لەبارەی مێتۆدی بەکارهێنانی دروستی ئاوەز و گەڕان بۆ ڕاستی لەنێو زانستەکاندا” بڵاودەکاتەوە و فەلسەفە ڕاسیۆنالیستییەکەی ڕادەگەیەنێت. وەلێ بەهۆی ئەو نووسینەوە نەک تەنیا کڵێسە لە فەڕەنسای زێدی خۆی، بەڵکو تیۆلۆگە پرۆتێستانتەکانی هۆڵەنداش لەدژی ڕاستدەبنەوە. ئامانجی نووسەری “دیسکورزی مێتۆد” ئەوەیە کە خوێنەرانی فێرببن مێتۆدییانە ڕاست لە هەڵە جیابکەنەوە تاکو لە کردارەکانیاندا بەڕوونی ببینن و لە ژیاندا بەمسۆگەری بەرەو پێش هەنگاوبنێن، وەلێ مرۆڤ ئەمەی پێبەدیدەهێنرێت، گەر لەنێو خۆیدا بنەمایەک بۆ لەسەروەستان بچەسپێنێت. لێرەدا ڕوونتر تێدەگەین کە بۆچی ئەو دەبێت بە باوکی نوێسەردەمی ئەوروپی: چەسپاندنی بنەمای خۆیی دەبێت بە هەوڵی چەندین ملیۆن مرۆڤی ئەوروپی بەو مەبەستە کە ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر. بۆیە هێگل دەبێژێت: “ئەو پاڵەوانێکە کە (…) زەمینەی فەلسەفەی لەنوێوە بنیاتنایەوە”(8).
ئەوجا دێکارت ساڵی 1641 “مێدیتاسیۆنەکانی (لێهزرینەکانی) یەکەم فەلسەفە” بڵاودەکاتەوە، سەرەتا بە زمانی لاتینی، پاشان بە فەڕەنسی، جا گەرچی هێشتا هەر لاتینی زمانی ستاندارتی فەلسەفە و زانستەکان بوو. وەلێ زەبری بێبەزەییانەی دەسەڵاتدارانی ئایینی دێکارت ناچار دەکات ماسک هەڵبگرێت تاکو لەتەکیاندا نەکەوێتە ناکۆکییەوە. بۆیە لە سەرەتای کتێبەکەیدا بەشێکی “پێشکەش” دادەنێت و دەنووسێت:
“ڕێنێ دێکارت سڵاوی خۆی پێشکەشی ڕاگران و دکتۆرانی فاکولتێی تیۆلۆگیی پیرۆزی پاریس دەکات”، ئەوجا بەردەوام دەبێت: ئەو نووسینەکەی دەخاتە بەردەمیان تاکو ئەو زانا مەزنانە خۆیان بەڕوونی مەبەستی ئەو ببینن و دوای ئەوەی بینییان، ئیدی بەگونجاوی دادەنێن، لەبەر ئەم هۆیە گەرەکە ئەوانی بەڕێز بەرگریی لێبکەن (!). سەرەڕای ئەوە دێکارت هێشتا هەر تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە پرسی خودا و نەمریی دەروون دەخاتە بەردەم تیۆلۆگەکان: “من هەردەم ئەو تێڕوانینەم هەبووە کە پرسیاری خودا و دەروون گرنگترینی ئەو پرسیارانەن کە دەبێت بە یاریدەی فەلسەفە نەک تیۆلۆگی بسەلمێنرێن”(9).
سەرباری ئەوە ژیانی دێکارت بەهۆی کتێبەکانییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە. دوای ئەوەی کریستینەی شاژنی سوید پاییزی 1649 بانگی دەکات بۆ کۆشکی ستۆکهۆڵم تاکو لەوێ وانەی فەلسەفەی پێبدات، ئەو بانگهێشتەکەی قبووڵ دەکات و دەڕوات بۆ سوید. وەلێ شاژن ڕاهاتبوو بەیانیان زوو بێداربێتەوە و هەستێت، دێکارتی خەوخۆشیش دەبوو بەو بەیانی زووە هەستێت و بڕوات بۆ لای تاکو بابەتی فەلسەفەیی بۆ بخوێنێتەوە – بە سەرئەنجامێکی کوشندەوە: بەرگەی یەکەم زستانی سوید ناگرێت. ئەوی سەرمابردەڵە لەکاتی پیاسەکردنی بەیانیان لەتەک شاژندا بەسەختی سەرمای دەبێت، سییەکانی هەو دەکەن، نەخۆشییەکە لێی پیس دەکات و 11.02.1650 لە ستۆکهۆڵم دەیکوژێت.
ساڵی 1663 نووسینەکانی دێکارت دەخرێنە نێو لیستی نووسینە یاساغکراوەکانەوە (Index librorum prohibitorum) کە بەکورتی هەروەها ناودەنرێت “لیستی رۆمی” (Index Romanus).
دێکارت لەپاڵ فەلسەفەدا هەروەها واتایەکی مەزنی بۆ ماتماتیک هەیە. ئەو بە نووسینی “لەبارەی ئەندازە” گۆڕانی دا بە کایەیەکی نوێ لە ماتماتیکدا کە ناو دەنرێت ئەندازەی شرۆڤەیی. ئەم ئەندازەیە هاوکێشە جەبرییەکان بە داڕشتنی ئەندازەیی شرۆڤە دەکات، هەروەها بابەتە ئەندازەییەکان بە هاوکێشەی جەبری وەسف دەکات. جگە لەوە ئەو یەکەم ماتماتیکی بوو کە هێماکانی “+” و “-“ی لە ژمێرەدا بەکارهێنا، هەروەها شێوازی نووسینی توان (بۆ نموونە a2 لەبریی aa)، هێمای ڕەگ و سێ پیتەکەی کۆتایی ئەلفبا (x، y و z) کە وەک قەوارەی بگۆڕ (ڤاریابل) لە سیستەمی پۆتاندا بەکاردەهێنرێن، دەگەڕێنەوە بۆ دێکارت.

دوو) شێوازی هزرینی سکۆلایستی

لە بنەڕەتدا دەستەواژەی “چەرخی نێڤین” تەنیا پەیوەندیی بە ئەوروپای کریستیانییەوە هەیە، شێوازى پێگەیاندنی ئەم چەرخەش بریتییە لە سکۆلایستیک، واتا پێگەیاندنى فێرگەیى. وەلێ ئێمە پێویستە سکۆلایستیک لە دوو واتادا دیارى بکەین: لە واتایەکى تەسکدا هزرینى فەلسەفەیى-فێرگەییە کە تا ڕێنیسانس پەیڕەو دەکرا. ئەو دەمە فێرگەکان لەنێو کڵێسەکاندا بوون و پاشان لە سەدەى سیازدەیەمدا گوێزرانەوە بۆ نێو زانستگەکان. لێ سکۆلایستیک لە واتایەکى فراواندا شێوازى هزرینى ئەم چەرخە بەگشتى دەگرێتەوە.
گەرچى سکۆلایستیک بەنێو سێ قۆناغى سەرەتا و باڵا و درەنگدا ڕەت دەبێت، سەرەڕای ئەوە وەک سەرجەم مۆرکێکى سەرەکیى هەیە: بەندە بە تیۆلۆگى و سەروەریى کلێسە و بیبلەوە؛ زەمینەکەى بریتییە لەو تێڕوانینە کە واى دادەنێت هەقیقەتى ئیمان پێشتر لە لایەن تیۆلۆگییەوە پێناسە کراوە. ڕوونتر ببێژین: مرۆڤ دەبوو بڕوای بە خودا و سروش هەبێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە زانایان بۆیان نەبوو لە فاکتە جیاوازەکان بتوێژنەوە کە مۆرکی زانستی مۆدێرنە، بەڵکو دەبوو بەڵگە بۆ دۆگمەکانی کڵێسە بهێننەوە. بۆ نموونە لە ئەستێرەناسیدا، پابەند بە جیهانبینیی گریکییەوە، زەمین خرابووە نێوەندی سیستەمی خۆرەوە، خۆریش وەک هێمای چاوی خودا دادەنرا کە لە سەرەوە چاودێریی هەر کردارێکی مرۆڤان دەکات. جگە لەوە پرۆگرامی زانست تەنیا بەسەر لکە سەربەخۆکانی فەلسەفەدا بەکارنەدەبرا، بەڵکو بەسەر یاساناسی و پزیشکیشدا.
هزرینی سکۆلایستی لە ئاستی لێرەبوونی (وجودی) نێوجیهانیی مرۆڤەوە وەک ئیماندارێکی ئاوەزمەند ئاوەڵا دەکرا، فێرخوازانیش وەک ئاوەزمەند و سەلار و گوێرایەڵ زانستەکانیان لە مامۆستایان وەردەگرت و دەیاندانەوە یان درەنگتر لەسەر ڕێنوما چەسپێنراوەکان پەرەیان پێدەدان. کەواتە ئەوان بەدەر بوون لە ئازادیی هزرین. گەر کڵێسە بیپرسیایە: “ئایا چۆن هەبوونی خودا دەسەلمێنرێت؟”، یان “بۆچی خودا بۆ مەبەستی خەڵاسی مرۆڤان بوو بە مرۆڤ؟”، دەبوو فەیلەسوفان لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا بەڕەهایی بەند بن بە سێ بنەماوە: بیبل، پاتریستەکان (باوکانی کڵێسە) و ئەڕیستۆتێلیس. نەک سەلماندنی ئیمان، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ئاوەزمەندانەی دۆگمەکانی کڵێسە بابەتی ئەوان بوو بەو ئامانجە کە ئیمانداران باشتر لە نێوەرۆکی ئیمان و ڕاستیی خەڵاس تێبگەن. لێرەدا دەستوێژەکانی ئەرگومێنتهێنانەوەی زانستی بەگوێرەی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس و دیالێکتیکی فێرگەکان (سکۆلاکان) لە سەرجەم مەئریفەی زانستی و بەشەکانی خوێندندا بەگەڕ دەخران، دیالێکتیکیش لەم پەیوەندییەدا بەواتای دانانی پرسیار (quaestio) و دانوستاندن (disputatio)ی دروستی زانستی کە پابەند بە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیسەوە ئەنجام دەدرا. بۆ نموونە گەر پرسێکی نێو بیبل ببووایە بە بابەتی دانوستاندن، ئەوا پرسەکە وەک ڕاستی دادەنرا، ئەوجا “پرسیار” ئاڕاستەی دەکرا تاکو لە خودی ئەو بابەتە دانراوەوە مەئریفەی قووڵتر دەربئەنجامێنرێت، لێرەشدا تەنیا مامۆستا دوایەمین تێڕوانینی چواندووی ڕادەگەیاند و وەک گونجاو بە بنەماکانی ئیمانی کریستیانی وەردەگیرا. چە قورەت بوو فێرخوازێک “پرسیار”ی ڕاستیی بکردایە، کەواتە خۆی نەخستبایەتە ژێر ڕکێفی ڕاستیی چەسپێنراوی کڵێسەوە! ڕستەکەی ئەنسێڵم چواندنی گشتیی هەبوو: “من ئیمانم هەیە، کەواتە من دەزانم”. وەک پاشان دەبینین، دێکارت درەنگتر بنەمایەک ڕادەگەیەنێت کە دەشێت وەک دژەوەڵام بۆ ئەنسێڵم دایبنێین: “من دەهزرێم کەواتە من هەم”.
جگە لەوە هزرینی فیزیکی لە سکۆلایستیکدا بەند بوو بە هزرینی گریکییەوە کە چوار توخمی بنەڕەتیی وەردەگرت و لە ژێرەوە بەرەو ژوور بریتی بوون لە: ئەرد، ئاو، هەوا و ئاگر. توخمە قورسەکانی ئەرد و ئاو سارد بوون، توخمە سووکەکانی هەواو و ئاگر گەرم بوون؛ ئەرد و ئاگر وشک بوون، هەوا و ئاو بەلێشاو بوون، هاوکات ناکۆکیی نەبڕاوە هەر چواریانی بەبێ هیچ شیمانەیەکی ئاشتبوونەوە تەنیبوو. دروستبوون و لەناوچوون دوو پرۆسەی نەبڕاوەی کایەی زەمینی بوون. بە یەکگرتنی چەند توخمێک شتێک دەهاتە ئاراوە کە ناو دەنرا “تەنی تێکەڵ” بە فۆرمێکی تایبەتییەوە کە گەردیلە توخمییە ناتەباکانی خودی ئەو تەنەی ڕادەگرت. بۆ نموونە لە لەشی ئاژەڵدا ئاگر لە شێوەی گەرمیی ئەنیمالیدا لەگۆڕێ بوو؛ هەر ئەوەندەی فۆرمی توخمییانەی ئاژەڵەکە لەناوبچووایە و ئەویش مردار ببووایەتەوە، ئیدی سەرەتا ئاگرەکەی لێوە دەردەچوو، چونکە چیدی فۆرم ئاژەڵەکەی ڕاگیر نەکردبوو، تا لە کۆتاییدا لاکی ئاژەڵەکە سارد دەبۆوە. یان گەر ئاگر بییەوێت لەدژی ئاو بجەنگێت، سەرەتا گەرمیی خۆی وەک پێشڕەو بۆ دەنێرێت، ئەویش ساردیی سروشتیی ئاو ڕاودەنێت و لاوازی دەکات، چونکە ئاو لە سروشتەوە چڕ و قورسە، بە پێچەوانەشەوە گەرمی دەیەوێت بیکات بە هەڵم. ئەوجا گەر کاریگەریی دوژمنانەی چۆنێتییەکەی گەرمی کە سەربەخۆ کارایە، تا ڕادەی پێویست بەردەوام بێت، ئیدی دەبێت لە کۆتاییدا فۆرمی ئاو کە ماتەرییەکەی تەنیوە، جێ بۆ فۆرمێکی دیکە چۆڵ بکات: فۆرمی هەوا (10).
مۆرکێکی بنەڕەتییانەی فیزیکی چەرخی نێڤین ئەوە بوو کە شتەکانی وەک پێکهاتوو لە گەوهەر و چۆنێتی وەردەگرت، وەلێ هەردووکیانی سەربەخۆ لە یەکدی دادەنا، جگە لەوە هەردووکیان بەزۆری لە چالاکیدا بوون (ئەم پرسە لە خوارەوە ڕوونتر دەبێتەوە).
وەلێ لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا سەرجەم جیهانبینیی سکۆلایستی خرایە ژێر پرسیارەوە، هەڵوەشێنرایەوە و بەوەش لەکارخرا، کە بێگومان جیهانبینییەکە هێندە ئاسان تەسلیم نەبوو، بەڵکو چووە شەڕی خوێناوییەوە لەدژی هەر جۆرە هزرینێکی نوێ لە زانستە سروشتییەکان، لە فەلسەفە و ڕێکخستنی نوێی جڤاکیدا.

سێ) مێتۆدی زانستی-سروشتییانەی نوێسەردەم

کاتێک سکۆلایستە قەدیمییەکان کە پابەندی ئەڕیستۆتێلیس بوون، زانستەکانیان بەگوێرەی بابەتەکانیان دادەبەشاند و بەجیا لە هەر یەکەیان دەتوێژینەوە، ئەوا لە نوێسەردەمدا مێتۆد دەبێت بە کلیلی بنیاتنانی زانست. جگە لەوە لە هزرینی زانستی-سروشتییانەی قەدیمییە سکۆلایستییەکاندا ماتماتیک وەک پاشکۆی فیزیک دادەنرا، بێگومان وەک پاشکۆیەکی سەربەخۆ لە فیزیک و هاوکات دەگۆترا، کە ماتماتیک تەنیا بە داماڵین (ئەبستراکسیۆن) لە فیزیک بەدیدەهێنرێت، وەلێ ئەم جۆرە تێڕوانینە ئاستەنگێکی گەورە بوو لە بەردەم داواکارییە زانستییە نوێکانی ئەو سەردەمەدا کە بۆ بنیاتنانی تەکنیک ڕاگەیەنرابوون. بۆ نموونە دێکارت لەدژی فیزیکی ئەڕیستۆتێلی کە سپێکولاتیڤ (بەدەر لە مەئریفەی مسۆگەرکراو) بوو، داوا دەکات کە دەبێت فیزیک بەڕەهایی بکرێت بە ماتماتیک. لێرەدا فیزیکی نیوتن بوو بە ئەلتەرناتیڤی فیزیکی قەدیمییەکان و توانیی داواکارییەکانی ئەو سەردەمە بۆ دەستگرتن بەسەر سروشتدا ساتار بکات. ئەوجا، وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، کاتێک لە فیزیکی قەدیمیدا چۆنێتییەکان سەربەخۆ لە گەوهەرەکان دادەنران، ئەوا فیزیکی دێکارت (کە بێگومان ئەمڕۆ تەواو بۆڕدراوەتەوە) چۆنێتییەکان دەکات بە ڕەوشی گەوهەر: سەرجەم فرەجۆریی سکۆلایستییانەی توخمەکان، گەوهەرەکان، فۆرمەکان، چۆنێتی و چەندێتییەکان، دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو تایبەتمەندی کە بریتین لە شێوە و بزووتن و تەنیا بەندن بە گەوهەری کشاوەوە (ڕێس ئێکستێنزاوە)، ئەمەش ئاسانکارییەکی نوێ بوو بۆ هزرینی بەبەرهەمی فیزیکی.

سەرفرازبوونی زانستە سروشتییەکانی نوێسەردەم بەندە بە مێتۆدی ئێکسپێریمێنتێل (تەجروبەیی) و مۆدێلە ماتماتیکییەکانی فیزیکی گالیلێی و نیوتنەوە. گەرەک بوو جیهان میکانیستییانە ڕوونبکرێتەوە. ئەم جیهاندیدییە نوێیە وایدادەنێت کە هەموو تەنە ماتەریەلەکان (کەرەسەییەکان) لە گەردیلەی میکانیکی یان لە ئەتۆم پێکدێن و پێکڕا پابەندی یاساکانی میکانیکن(11). لێرەدا دەگەین بە مێتۆدی ئەم هزرینە میکانیستییە کە دوو ڕەوت بە ئاڕاستەی بەرەڤاژ لە خۆدەگرێت: ڕێزۆلوسیۆن (بە گریکی: ئانالیزیس، واتا شرۆڤەکردن، شیکردنەوە یان دابەشاندن)، ئەوجا کۆمپۆزیسیۆن (بە گریکی: سینتێزیس، واتا لێکدان، ڕێکخستن یان داڕشتن).
گالیلێیۆ گالیلێی (1564-1642) و ئایساک نیوتن (1642-1727) لەو زانایانەن کە مێتۆدی ناوبراویان بەهەند وەردەگرت. گالیلێی ئەم مێتۆدەی لە ئێکسپێریمێنتەکانیدا (تەجروبە زانستییەکانیدا) سەبارەت بە پانتایی لار بەگەڕخست، ئەویش کاتێک لارییەکەی گۆڕێ تاکو تەوەرەکانی بزووتنی بەربوونەوە شرۆڤە بکات(12). هەروەها نیوتن لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “پرنسیپیا” چوار ڕێسای مێتۆدۆلۆگیانەی دانا: دوو ڕیسای یەکەم ڕوودەکەنە شرۆڤەی هۆی دیاردەکان، داوا دەکەن تەنیا ئەو هۆیانە وەربگیرێن کە بەسن بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەکان، هەروەها گەرەکە ئەنجامگەلی هاوشێوە بگەڕێنرێنەوە بۆ هۆی هاوشێوە. سێیەمیان بریتییە لە ڕێسای ئیندوکسیۆن (ئیستیقراء، دەرئەنجامگیری لە تایبەتێتییەوە بەرەو گشتێتی)؛ ئەم ڕێسایە تەنیا ڕێ بە یەک شێوازی کارکردن دەدات: دەبێت ئەدگاری میکانیکییانەی هەر تەنێک کە ئەمپیریانە ناسراوە، بە چەشنێک بگشتێنرێت کە ئیدی چواندنی بۆ هەموو تەنەکان، تەنانەت بۆ بچووکترین گەردیلەکانی هەر تەنێک، واتا بۆ ئەتۆمەکان، هەبێت. چوارەم ڕێسا دەیسەپێنێت: مرۆڤ هەرگیز نابێت دەستبەرداری ئەو هیپۆتێزانە (گریمانانە) بێت کە ئەمپیریانە سەلمێنراون، وەلێ گەر درەنگتر زانستییانە وەک هەڵە سەلمێنران (falsification)، ئیدی دەتوانێت وازیان لێبهێنێت، کەواتە نەک لەو کاتەدا کە گونجاویان بۆ زانست جێی پرسیار نییە، لەبرییەکی سپێکولاتیڤیان (بەدەر لە مەئریفەی مسۆگەرکراویان) بۆ دابنێت(13).
دێکارت بە پێچەوانەی هزرینی ئەمپیرییەوە کە داوای مەئریفەی جەخت ناکات، گۆڕان بە مێتۆدێکی ڕاسیۆنالیستی دەدات، واتا گشتێتییە بەڕەهایی چواندووەکانی ماتماتیک وەک بنەڕەت دادەنێت، چونکە بەهۆی چواندنی ڕەهایانەوە شیاوی هەڵوەشاندنەوە نین، بۆیە دەمانگەیەنن بە مەئریفەی جەختی شتەکان. ئەو تەنانەت داوا دەکات کە دەبێت زانین هەمان جەختیی ڕەهای ماتماتیکی هەبێت. بێگومان ئەو سەرەتا بنەڕەتێک بۆ جەختییە پێویستەکەی مەئریفە دەچەسپێنێت: نابێت بەبێ ئینتوئیسیۆنی (نەزەری) ڕوون و ئاشکرا هیچ هزرینێکی دەرئەنجامگیر (دێدوکسیۆن) وەربگیرێت. جیاوازیی هەردووکیان لەوەدایە، کە ئینتوئیسیۆن نەزەری سادە و لە خۆدا ئارامی گەوهەرە، وەلێ لە هزرینی دەرئەنجامگیردا بزووتنێکی زنجیرەیی بەردەخرێت؛ جگە لەوە ئێمە لە ڕەوشی ئەمیاندا پێویستمان بە ئێڤیدێنس (ڕوون و ئاشکرایی) نابێت، چونکە ئیستا هزرینی هەڵهێنجەرانە جەختییەکەی خۆی لە تەرکیزەوە وەردەگرێت.
ئێمە تەنیا دوای نەزەری ڕوون و ئاشکرا لەو ڕاستییە سادانە کە گشتین، دەتوانین ئاوەزمەندانە دەستبکەین بە دەرئەنجاماندنی تایبەتێتی، هەر ئەم مێتۆدەشە کە دەرفەتی بڕیاری (حوکمی) دروستمان بۆ دەڕەخسێنێت و دەتوانین زانست بنیاتبنێین. مەئریفەیەک کە بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بەدیهێنرابێت، بۆ دێکارت بریتییە لە بەڵگەنەویست (ئەکسیۆم). یان بە پێچەوانەوە گەر من بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا تێنەگەم کە لە سێگۆشەیەکی گۆشەوەستاودا کۆی ڕووبەری دوو چوارلایەکسانی سەر لاکان یەکسانە بە ڕووبەری چوارلایەکسانی سەر ژێ، ئەوا پێناسەکردنی ئەم بیردۆزە لە لایەن منەوە بەدەرە لە بنەڕەتی مەئریفی. من تەنیا ئاوەزمەندانە پێناسەکەم وەرگرتووە، یان دەرخم کردووە و لە زاکیرەمدا ڕامگرتووە. من ئەوها نابم بە ماتماتیکی، جا چەند زۆر کاری ماتماتیکییانەی ئاوەزمەندانەم لێبووەشێتەوە. تەنیا بەدووی نەزەری ڕوون و ئاشکرادا دەشێت بابەتە دانراوەکە بە دابەشاندن / شرۆڤەکردن بەرەو پرنسیپەکانی ببرێتەوە کە پێکڕا ڕاستیی ڕوون و ئاشکران، ئەوجا پرنسیپەکان بە ڤەگەڕان لە داڕشتن-ەوەیەکدا لێکبدرێنەوە.
دێکارت مێتۆدی ڕێزۆلوسیۆن-کۆمپۆزیسیۆن: شرۆڤەی پاشڤەچوو بەرەو پرنسیپەکان و ئەوجا لێکدانەوەیان، بە چوار ڕێسای هزرینی زانستی پێشان دەدات:
1) ڕێسای ئێڤیدێنس (ڕوون و ئاشکرایی): من نابێت هیچ شتێک بە ڕاست دابنێم کە گومانی لێبکرێت. کەواتە تەنیا شتێک، ڕەوشێک یان گۆزارەیەک بە ڕاستی دادەنرێت، گەر ئاگایی بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بینیبێتی. بێگومان من تەنیا کاتێک ئەم دەرفەتەم بۆ دەڕەخسێت، گەر خۆم سەرەتا لە هەڵپە و پێش-بڕیار (حوکمی موسبەق) بەدوور بگرم.
2) ڕێسای دابەشاندن: کێشەی ئاڵۆز دادەبەشێنم بەسەر کەرتە-کێشەدا تاکو ئاسانتر بە چارەسەر بگەم.
3) ڕێسای ڕێکخستن: بیرۆکەکانم ڕێکدەخەم، لێرەشدا لە سادەوە، واتا لە ڕوونترین ئۆبژێکتەکانەوە دەستپێدەکەم و پلە بە پلە بەرزدەبمەوە بەرەو ئاڵۆز، تا ئیدی دەگەم بە مەئریفەی ئۆبژێکتە ئاڵۆزەکان.
4) ڕێسای تەواوەتێتی: ورددەبمەوە داخۆ توێژینەوەکەم تەواوەتییە یان نا، کەواتە داخۆ لە ڕەوتی کارکردنمدا هیچم لەبیرنەچووبێت(14).
بەپوختی ببێژین، گەر کێشەیەک بەر من کەوتبێت و ناچار بم هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی بدەم، ئەوا دایدەبەشێنم بەسەر کەرتەکانی یان هۆکانیدا (ڕێزۆلوسیۆن)، ئەوجا لەم کەرتانەوە کێشەکە سیستەماتیکییانە لێکدەدەمەوە (کۆمپۆزیسیۆن) (15). ئێمە دەتوانین بۆ شتەکان کە دەشێت ببن بە بابەتی ڕوونکردنەوە، ئەم نموونانە بهێنینەوە: 1) گەر ناچار بین سەرجەمێکی بەرجەستەی ئاڵۆز (بۆ نموونە سەئاتێک) ڕوونبکەینەوە، ئەوا سەرەتا دایدەبەشێنین بەسەر کەرتەکانیدا، ئەوجا کارایی سەرجەمەکە بەڕێی بزووتنی کەرتەکانییەوە (بەکرە و ئیسپرینگ و هتد) ڕوون دەکەینەوە؛ 2) دەشێت ئەنجامی ڕوداوێکمان لە بەردەمدا بێت، لێرەشدا بۆ ئەوەی خۆمان لە پێش-بڕیار بەدوور بگرین، ئەوا بە ڤەگەڕان شوێن زنجیرەی هۆکانی دەکەوین، ئەوجا ڕەوتی سەرهەڵدانی زنجیرەکانی ڕوداوەکە پێناسە دەکەین و هەر بەو پێناسەیە شێوازێک بۆ سەرهەڵدانی ئەنجامی ڕوداوەکە دیاری دەکەین؛ 3) تێگەیەکمان هەیە کە وەسفی فاکتێک دەکات؛ سەرەتا تێگەکە شیتەڵ / شرۆڤە دەکەین یان دایدەبەشێنین بەسەر تێگەی سادەی گشتیتردا (یونیڤێرساڵتردا) تاکو ئەو واژانە کە لەنێویدا بەکاربراون، ببەینەوە بەرەو چەند تێگەیەکی ئاسانتر، ئەوجا بە لێکدانەوەی تێگە گشتیترەکان کە بە یاریدەیان پرنسیپگەل فۆرمولە دەکەین، دەگەڕێینەوە بۆ لای تێگەکە، کەواتە ئەوە تێگە گشتیترەکانن کە دەرفەتی دەرئەنجاماندنمان بە چەشنێک بۆ دەڕەخسێنن کە ئیدی دەتوانین دەرئەنجامەکە بەرجەستانە بپشکنین(16).

چوار) گومانی مێتۆدی وەک ڕێگەی گەیشتن بە جەختیی مەئریفە

دێکارت وایدادەنێت کە مێتۆدی شرۆڤەکردن-لێکدانەوە نەک تەنیا تێڕوانینی نوێمان سەبارەت بە ماتماتیک و فیزیک پێدەگەیەنێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانین لەسەر ئەم ڕێگەیە “یەکەم فەلسەفە” (پریما فیلۆسۆفییا، واتا مێتافیزیک) بنیات بنێین. ئەو لە نووسینی “مێدیتاسیۆنەکانی (لێهزرینەکانی) یەکەم فەلسەفە”دا مێتافیزیک بە گومانی مێتۆدی ئاوەڵا دەکات، چونکە بە دیدی ئەو گومان بەرماندەدات لە پێشبڕیار و دەمانگەیەنێت بە مەئریفەی جەخت. لەم ڕوانگەیەوە گومانی مێتۆدی لای دێکارت گومانگەرایی (سکێپسیسیزم) نییە کە تێیدا گومانکردن بە خودی گومان تەواو دەبێت، بەڵکو لە پێناوی گەیشتندایە بە مەئریفەی ڕوون و ئاشکرا، لێرەشەوە ئیدی واتای “مێدیتاسیۆن” لای ئەو ڕوونتر دەبێتەوە: مێدیتاسیۆن ڕامان نییە وەک لای عیرفانییەکان، بۆ نموونە سۆفییەکان یان بودییەکان، بەڵکو “لێهزرینی ڕەخنەیی مەبەستمەندە” و پێشانی دەدات کە چۆن فێرخوازی سەر ڕێگەی فەلسەفە و خوازیاری فەلسەفاندن دەتوانێت بەڕێی گومانەوە بە جەختیی مەئریفە بگات، کەواتە نەک خۆی سوننەتیانە بە فەلسەفەوە خەریک بکات کە هیچی دیکە نییە جگە لە دانەوەی گۆتراوەکان و هەوڵدان بۆ وەرگرتن لەنێو کۆڕی زانایانی سوننەتیدا.

1) ڕێگەبڕینی شرۆڤەیی ڕووەو شیمانەی زانین (ڕێزۆلوسیۆن)

ئێمە لە گومانی مێتۆدیدا شرۆڤەییانە لە تێڕوانین و دەرککردنی نێوجیهانییانەی خۆمانەوە دەکەوینە ڕێ. ئێمە سەرەتا وەک مرۆڤی نێو جیهانەکەمان تێگەیشتنێکی سوننەتیانەی جیهانمان هەیە، چونکە ئەوها پەروەردە کراوین، بۆ نموونە لە بڕوای ئایینیی تایبەتییەوە خۆشە کراوین بۆ ئەوەی تێڕوانین و بڕواکان بەرهەم بهێنینەوە، یان ئێمە بە دەرخکردن بەشە زانستییەکانی فیزیک و ماتماتیک، مێژوو و تەنانەت فەلسەفە و هتد تەواو دەکەین، وەلێ پاشان ناتوانین سەربەخۆ بهزرێین، بەڵێ تەنانەت دەشێت هەڵبەستێک لە بەردەمماندا بێت و بە کەلامی خودایەتییەک دابنرێت، ئێمەش، گەرچی دەرچووی بەشی فەلسەفەین، هێشتا هەر بەگوێرەی ئەو دابە وەریدەگرین، جا گەرچی هەڵبەست تەنیا دەشێت هۆنراوەی مرۆڤی بێت! ئێمە دەترسێین! دەترسێین لەڕێدەربچین و سەرزەنشت بکرێین، یان دۆستانمان لێمان بتەکێنەوە و تەنیا بکەوین! ئێمە لە کۆتاییدا وەک ئەم جۆرە کەسێتییە سوننەتییە دەبینەوە بە مامۆستا و ترادیسیۆن بەرهەم دەهێنینەوە.
هۆی ئەوە کە مرۆڤان هەروا سانا پێدراوە هۆشەکی و پراکتیکییەکانی جیهانەکەیان وەردەگرن، دێکارت دەیگەڕێنێتەوە بۆ زەینێکی ڕاهێنانپێنەکراو. لەم ڕوانگەیەوە گومانی مێتۆدی هەروەها ڕاهێنانە بە زەینمان، واتا زەینمان فێری هزرین دەکەین، ئەمەش بەدی دێت گەر سەرجەمی تێگەیشتنی سوننەتییانەی جیهان هەڵبووەشێنینەوە. ئەمەیە شۆڕشە فەلسەفەییەکەی دێکارت. ئەو خۆی دەبێژێت: ئەو دەیەوێت “(…) هەموو شتێک بڕمێنێت” و ئەوجا “لە یەکەمین بناغەکانەوە سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە”(17). کەواتە ئەو چیدی متمانە بە هیچ گۆتراو و نووسراوێک ناکات. بێگومان ئەو ناتوانێت سەرجەمی ئەو بۆچوونانە بپشکنێت کە ناسیونی یان تەنانەت خۆی پەیڕەویی کردوون (ئاخر ئەوە ناشێت)، بە پێچەوانەوە لە بناغەکان ورد دەبێتەوە، واتا لەو پرنسیپانە کە بنەڕەتی بۆچوونەکانن، لێرەشدا ئاشکرایە کە بۆچوون زانینێک نییە کە مرۆڤ خۆی بەدییهێنابێت. من بۆ نموونە وای بۆ دەچم کە ڕەوشێک ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە، وەلێ بەجەختی نازانم کە دروست ئەوهایە.
یەکەم هەنگاوی گومان ئەو پرسیارەیە کە داخۆ چۆن من ڕاستی (زانین) لە هەڵە (نەزانین) جیابکەمەوە. وەلێ نوێیەتیی ئەم پرسیارەی دێکارت لەوەدایە کە ئەو پرسیارەکە ئاڕاستەی خۆی دەکات، یان بەگشتی ئاڕاستەی مرۆڤی دەکات: ڕەنگە ئەوە تەنیا مرۆڤ خۆی بێت کە زۆر جار لە نەزانییەوە ڕاست و هەڵە بە یەک تێکەڵ دەکات، نەک گیانێکی خراپ فریوی بدات. ئاخر زۆر جار دەرکەوەرەکانم بەهەڵەمدا دەبەن. کەواتە کتێبەکان بە هەرە مەزنترین و پیرۆزترینیانەوە چی دەبێژن با بیبێژن، زانایان چی دەنووسن با بینووسن، وەلێ من، ئەرێ من، کە لەم ساتەدا لەنێو جیهاندام، بەبێ هیچ گرنگیدانێک بەوان لە خۆمەوە دەستپێدەکەم – بێگومان من خۆم وەک مرۆڤی ئاوەزمەند، هەڵەکەر، پێشبینیدار، ئەندێشاوی، قسەدەربڕ و هەروەها بڕیاردەری لۆگیکی، شیتەڵکەری ڕستەی ماتماتیکی، هەروەها ویستمەند. من دەبێت جارێ سەرجەمی ئەمانە لەنێو خۆمدا ساغبکەمەوە.
لەو ساتەدا کە من لە خۆم دەپرسم داخۆ چۆن بتوانم ڕاستی (زانین) لە هەڵە جیابکەمەوە، ئەوجا لەنێو خۆمدا بۆ وەڵام بگەڕێم، من هەنگاوێک لە جیهانەکەم دوورکەوتوومەتەوە. من پەرچاندنێکم (ڕێفلێکسیۆنێکم) بە ئاڕاستەی خۆم ئەنجامداوە. ئاشکرایە من لەم ئاستەدا پێش هەموو شتێک بەر توانستی دەرکگیریی دەرکەوەرەکانم دەکەوم: من بە چاوان دەبینم، بە گوێیان دەبیستم، بە زمان دەچێژم، بە لووت بۆن دەکەم، بە دەستانم شت دەگرم. من هەمیشە دەرکی شتانی بەرجەستەیی دەکەم. وەلێ ئایا دەتوانم هەروا سانا متمانە بە دەرکەوەرەکانم بکەم؟ من لە ماڵەوە بەتەنیا دانیشتووم و خەیاڵم ڕۆیشتووە، کتوپڕ دەنگێک دەبیستم، ئەوجا دەڕۆم بۆ لای هەڤاڵێکم و سوێندی بۆ دەخۆم کە گوێم لە خشپەی جنۆکە بووە، کەچی پاشان هەر خۆم کتوپڕ بۆم ساغدەبێتەوە کە من لەو ڕەوشەدا ترساوم و تەنیا خۆمم بیستووە. بەتایبەتی دەرکەوەری بینین زۆر جار بەهەڵەمدا دەبات. لە دوورەوە چەپکەگوڵێک لەنێو گوڵدانێکدا دەبینم و لە خۆم دەپرسم کە داخۆ بۆنی ئەو گوڵانە چەند خۆش بێت، ئەوجا بەپەلە بەرەو ئەوان دەڕۆم تاکو بۆنیان بکەم، کەچی کاتێک دەگەمە ئەوێ، بەڕوونی دەبینم ئەوانە گوڵی پلاستیکین. لەسەر شەقامێک لەو بەرەوە کوڕێک دەبینم و زۆر لە هەڤاڵێکی نزیکم دەچێت، دەستی سڵاوی بۆ بەرزدەکەمەوە، کەچی ئەو هەر تەماشام ناکات. ڕۆژی ئایندە لەنێو شاردا بەڕێکەوت دەیبینم و گلەیی لێدەکەم کە دوێنێ وەڵامی سڵاوەکەمی نەداوەتەوە، ئەویش بەڕێزەوە پێم دەبێژێت کە دوێنێ لە گەشت بووە و هەمووی سەئاتێکە گەیشتۆتەوە ئێرە. دێکارت ئەم گومانە لە دەرککردنی مرۆڤان بەم شێوە ڕادیکالە دەردەبڕێت: کاتێک من لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە پیادەڕەوان لەسەر شەقامەکە دەبینم، من جەختم لەوە کە من دەرکی مرۆڤان دەکەم، وەلێ ئایا من لێرەدا چیی دیکە دەبینم جگە لە جل و شەفقە کە ڕەنگە نێوەرۆکیان مەکینە بێت؟ کەواتە ئایا ناشێت ئەم دەرککردنە تەنیا خەون بێت؟ ئاخر لەبەر ئەوەی من گومان لە هەموو شتێک دەکەم، ئەوا جارێ هیچ پێوارەیەکم نییە و بە یاریدەی بتوانم ڕەوشی بێداری لە ڕەوشی خەونبینین جیابکەمەوە. من لەکاتی خەونبینیندا لە دۆخی خۆم جەختم، بۆ نموونە لە جێیەکی دیاریکراوم یان لەتەک کەسێکدام، کەچی من تەنیا خەونم بینیوە، کەواتە دەرکەوەرەکانم بەهەڵەیاندا بردووم، چونکە من بەڕاستی لەو جێیە نیم، بەڵکو لەنێو پێخەفەکەمدا نووستووم! ئەی ئیدی ئایا چۆن من لەو کاتەدا کە دەرکی خۆم وەک کردارنوێنێکی نێو جیهان دەکەم، جەخت بم لەوە کە لێرەبوونی من لە جیهاندا خەونبینین نییە؟ ئاخر ئایا ناشێت ئەم دەرککردنەی خۆم وەک کردارنوێنێکی نێو جیهان هاوشێوەی ئەو خەونە بێت کە دوای بێداربوونەوەم دەبینم هیچ بنەمایەکی ڕیالی نەبووە؟ بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە ئەم پرسیارەی خەونبینین تەنیا یەکێکە لە “توخمەکان”ی گومانە مێتۆدییەکەی دێکارت، ئەویش چونکە ئێمە لەنێو گوماندا نازانین، جارێ ناتوانین بزانین، کە داخۆ جیهانێکی دەرەکی هەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ڕەنگە هەموو دەرککردنەکانمان تەنیا خەونبینین بن.
لەبەر ئەوەی دەرکەوەرەکان نەک تەنیا لەکاتی بێداریدا، بەڵکو هەروەها لەکاتی خەونبینیندا بەهەڵەماندا دەبەن، ئەوا دێکارت گریمانە دەکات کە ماتەری (کەرەسە) تەنیا لە ئەندێشەدا هەیە، بەمەش ئیدی هاوکات هەموو ئەدگارەکانی ماتەری، وەک بارست، فۆرم، چۆنێتی (کڤالێتی)، ڕەنگ و هتد، تەنانەت کشانی لە ڕاوم و گۆڕانی لە کاتدا، پێکڕا دەکەونە ژێر گومانەوە. ئەوجا هەر بەم گومانە لە ماتەری و ئەدگارەکانی پرسێکی دیکە ڕووندەبێتەوە: زانستە سروشتییەکان کە لە شتە ئاوێتەکان دەتوێژنەوە، بۆ نموونە فیزیک، کیمیا، پزیشکى و هتد، شیاوی گومانلێکردنن، چونکە بەو شتە ئاوێتانەوە خەریکن کە جێی گومانن. نابێت هیچ کامیان بە زانست دابنرێت. کەواتە دەبێت ئەمانیش بنیات بنرێنەوە.
ئەی ئایا مەسەلەکە لەتەک ماتماتیکدا چۆنە کە ڕستەکانی ئاپریۆرین (بەدەرن لە دەرککردن) و بەڕەهایی ڕاستن؟ ئێمە بۆ نموونە هەرگیز ناتوانین ڕاستیی ئەم ڕستە ماتماتیکییە بخەینە ژێر پرسیارەوە: “2+3=5”. وەلێ ئێستا پرسیارێکی کرۆکی لە بەردەمماندا سەرهەڵدەدات: من زۆر جار، سەرباری ژیری و کۆششی بەردەوامم، لە شیتەڵی ماتماتیکیدا بەهەڵەدا چووم، جا گەرچی ڕستە و بیردۆزەکانی هەمیشە ڕاستن. کەواتە ئایا بۆچی من دەکەومە هەڵەوە؟ زۆر دەشێت “گیانێکی خراپ” هەبێت و لەکاتی شیتەڵکردنی ماتماتیکیدا بمخاتە هەڵەوە. ئەوجا هەردەم خراوەتە مێشکمەوە کە خودایەک هەیە و منی ئافراندووە، بەڵێ ئەوەندە مەزنە کە توانای بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێتەوە، وەلێ ئایا ناشێت ئەم خودا دانا و قادیرە منی ئەوها ئافراندبێت کە تەنانەت لە شیتەڵکردنی ڕستە ماتماتیکییەکانیشدا بکەومە هەڵەوە؟
بەم شێوەیە سەرجەمی ئەو شتانە کە بە ڕاستی دادەنران، هەڵوەشاونەتەوە: جیهان و ئەمەش بەواتای تەنانەت لەشی خۆم بە دەرکەوەرەکانمەوە کە سەر بە جیهانە، ئەوجا زانستە سروشتییەکان، ماتماتیک و خودا. بۆیە ئێستا دێکارت بەدەم گومانکردنەوە بڕیار دەدات یەک تاکە جەختی وەربگرێت: جەختیی نابوونی هیچ جەختییەک. سەرباری ئەوە لایەنێک ئاشکرایە: من گومان دەکەم، ئەوجا هەر پرسیارێک کە من دەیکەم، من خۆم تێیدا دەبمەوە بە پرس: جیهان و من، ماتماتیک و من، گیانی خراپ و من، خودا و من! ئاخر ئایا ئەوە من نەبووم کە جیهان و تەنانەت ماتماتیک و خودام خستە ژێر گومانەوە؟ ئایا ئەوە من نیم کە دەکەومە هەڵەوە یان فریو دەدرێم؟ کەواتە “شت”ێک هەیە و نەشیاوە گومان لە لێرەبوونی بکرێت، واتا ئەم “من”ە کە هەڵە دەکات، کە زۆر جار نازانێت ڕاست لە چەوت جیابکاتەوە، کە ویستی هەیە، کە دەتوانێت ئەرێ و نەرێ ڕابگەیەنێت. کەواتە “من هەم”، وەلێ لەبەر ئەوەی ئەم “من”ە کە هەیە، لە خۆیەوە و تەواو خۆدابڕیو لە جیهان دەهزرێت، ئەوا “هزرڤانە”. کەواتە ئێستا سەربەخۆ لەوە کە من چی دەهزرێنم و لە چی دەهزرێم، ناتوانم گومان لەوە بکەم کە من بەگشتی دەهزرێم. ئەوجا لێرەدا شتێکی دیکەم بۆ ساغدەبێتەوە: لەبەر ئەوەی من توانیومە جیهان و ماتماتیک و تەنانەت خودا بخەمە ژێر گومانەوە، ئەوا من ئازادم. ئاخر بوونەوەرێک کە بتوانێت تەنانەت گومان لە ماتماتیک و خودا بکات، دەبێت ئازاد بێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی من ئازادم، ئەوا لێرەوە، لەنێو ئەوپەڕی قووڵایی ناخی خۆمدا، لەم “من”ە بەڵگەنەویستەوە وەک پنتی لێوەدەرچوون، دەتوانم بەرەو پێش هەنگاو بنێم تاکو بزانم بە چیم دەگەیەنێت، جا گەر ئەوە تەنانەت جەختیی نابوونی هیچ جەختییەک بێت.
دێکارت دەبێژێت، گوزارشتی “من هزرڤانم”، یان لە شێوەی ڕستە بەناوبانگەکەیدا: کۆگیتۆ ئێرگۆ سوم (“من دەهزرێم کەواتە من هەم”)، دەرئەنجاماندنى لۆگیکى نییە، بەڵکو من کتوپڕ لە ڕەوتی هزرینی نێو قووڵایی ناخی خۆمدا بە نەزەرێکى (ئینتوئیسیۆنێکی) تەواو سادە و ڕۆشن بۆم خویا دەبێت کە من لێرەبوونم هەیە (وەک ئەو خۆی لە ژوورەکەی هەوارگەی زستانەی لەشکرەکەی لە بایەرن)، ئەوجا دواى ئەوەى دەزانم کە نەشیاوە من بتوانم بەبێ لێرەبوون بهزرێم، کەواتە دوای ئەوەی بۆ من جەختە کە لێرەبوونم بەڕێی هزرینمەوە ڕاستێنراوە، ئیدی دەبێژم: “من هزرڤانم”. بۆیە ئێرنست بلۆخ دەبێژێت کە نابێت لە نێوان “من دەهزرێم” و “کەواتە من هەم”دا “کۆما” دابنرێت. ئەوجا هەر دێکارت خۆی ئەرگومێنت دەهێنێتەوە: گەر ئەم “پنتە” کە دەرچەی درێژەپێدانی گومانە، واتا گەر “من دەهزرێم کەواتە من هەم” دەرئەنجامێکى لۆگیکى بایە لە سیلۆگیزمەوە (زانستى پێوەرەوە)، ئەوسا دەبوو پێشتر سەرڕستە (پرێمیسی / پێشدانراوی یەکەم) بزانرێت، واتا: “هەر شتێک کە بهزرێت، هەیە”، ئەمەش بڕیارە / حوکمە و سەرلەنوێ بەگوێرەی مێتۆدەکەى دێکارت دەکەوێتەوە ژێر گومان، چونکە لەسەر بناغەى پێشمەرج ڕاگەیەنراوە. دێکارت پێشمەرجى ناوێت، بەڵکو نەزەری ڕوون و ئاشکرا وەک بنەڕەت دەچەسپێنێت و دەبێت پابەند پێوەی بڕیار بدرێت. کەواتە بە تێڕوانینی ئەو دەرچە-پنتی “من دەهزرێم کەواتە من هەم” بەدەرە لە ئەزموونی دەرکی؛ دەرچەکە ئاپریۆرییە (پێش-ئەزموونییە) وەک پنتێکی لەسەروەستان، وەک هەڵگری هزرین، هاوشێوەی پنتەکەی ئەرخەمیدێس کە داوای کردبوو تاکو لێوەی سەرجەم جیهان ببزوێنێت.
بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە کۆگیتۆ (من-دەهزرێم / من هزرڤانم / ئاگایی) زوو خرایە ژێر ڕەخنەوە، بە تایبەتی لە لایەن فەیلەسوفانی ئینگلیزییەوە (هۆبس، هیوم). وەلێ ئیمانوێل کانت یەکلاکەرەوە خۆی بە کۆگیتۆی دێکارتەوە خەریک کرد و بە باشی دانا کە “من دەهزرێم” لۆگیکییانە ڕاڤە بکرێت، چونکە بە دیدی ئەو واتای فەلسەفەیی کۆگیتۆ لە گەوهەرێتیی ئەودا نییە، بەڵکو لە کارایی (لە فونکسیۆنالێتیی) ئەودایە بۆ مەئریفە(18).
دێکارت “من-دەهزرێم” یان ئاگایی ناو دەنێت “شتی هزرڤان” (ڕێس کۆگیتانس). ئەم “شت”ە (ڕێس) بە تێڕوانینی ئەو بریتییە لە گەوهەر (زوبستانس)، کەواتە بوونەوەرێکە کە تەنیا بەڕێی خۆیەوە هەیە، بە واتایەکی دی، بوونەوەرێکە کە بۆ لێرەبوونی خۆی هیچی دیکەی پێویست نییە. دێکارت خودی هزرین وەک بەڵگە وەردەگرێت بۆ ئەم هەقیقەتەی “شتی هزرڤان”، کە گەرچی خۆی لە جیهان و دەرکەوەرەکانیش دابڕیوە، کەچی هێشتا هەر بەردەوام دەهزرێت. لەم ڕوانگەیەوە من لەنێو خۆمەوە بە هەموو ڕەوشەکانی ئاگاییم دەزانم، واتا: گومانکردن، لێڕوانین، ڕاگەیاندنی ئەرێ یان نەرێ، ویستن و نەویستن، هەبوونی ئەندێشە (پێشبینیی وێنەیی) و هەست. تەنانەت توانستەکانى تەن، بۆ نموونە بزووتن، تەنیا لەنێو پێشبینیدا هەن.
کاتێک لە دابی فەلسەفەییدا دەستەواژەی “زیندەوەرى ئاوەزمەند” وەک پێناسەى مرۆڤ بەکاردەهێنرا و سەرجەم مرۆڤانى وەک مرۆڤ دەگرتەوە، ئەوا دێکارت بە دەستەواژەی “شتى هزرڤان” خۆی لەو دابە جیادەکاتەوە. جگە لەوە ئاخافتن لە “زیندەوەرى ئاوەزمەند” سەرلەنوێ بەگوێرەی مێتۆدەکەی دەیخاتەوە گومان لە “زیندەوەر” کە کشاوە و “ئاوەزمەند” کە مۆرکی زیندەوەری کشاوە، لێرەشدا ئەو جارێ بۆی ساغ نەبۆتەوە کە داخۆ بابەتى جەستەیى هەبێت یان نەبێت، بەڵکو تەنیا لەبارەى “شت”ێک دەزانێت کە لێرەبوونی جەختە و دەهزرێت. کۆگیتۆ، کە تێیدا لێرەبوون و هزرین پێکەوەن، تاکە پنتێکی مسۆگەرە بۆ بەردەوامیدان بە گومانکردن. ئەوجا لەبەر ئەوەی من هەرگیز ناهزرێم کە من دەهزرێم، بەڵکو هەردەم لە شتێک دەهزرێم، ئەوا “من” نێوەرۆکی جیاوازی هەیە و دەبێت لێیان وردبمەوە تاکو هەر کامیان بە ئاسانترین بەڵگە بکەوێتە ژێر گومانەوە، وەلاوەبنێم و لە کۆتاییدا ئەوەم بۆ بمێنێتەوە کە بۆ هزرین شایانی وەرگرتنە.
هەر نێوەرۆکێکی “شتی هزرڤان” ئیدێی (واتا پێشبینیی) تایبەت بە خۆی هەیە. دێکارت بە لێوردبوونەوە جیاوازیی نێوان سێ جۆر ئیدێی بۆ ئاشکرا دەبێت: دەرککردن، ویست و بڕیار. من بۆ نموونە پێشبینیی درەختێک دەکەم یان لێدەترسم. جگە لەوە من ویستم هەیە، بۆ نموونە شتی باش، ناباش یان تەنانەت مەحاڵم دەوێت. وەلێ پێویست نییە من پەیوەند بە ویست و دەرکگیری یان هەستگیرییەوە لە هەڵە بترسم، چونکە گەر من ویستی خراپە یان تەنانەت ویستی مەحاڵم هەبێت، گومانی تێدا نییە ئەوە هەمیشە من خۆمم کە ئەو جۆرە ویستانەم هەیە، یان ئەوە منم کە خراپە و مەحاڵم دەوێت. یان گەر من هەستێکی بەدم هەبێت، ئەم هەستە بەبێ گومان لەنێو مندا هەیە، کەواتە ڕاستە (جا گەرچی دەشێت ویست و هەستی بەد لە ڕووی مۆرالییەوە شایانی سەرزەنشتکردن بن). ئەمانە تەنیا پێشبینین لەنێو مندا. وەلێ مەسەلەکە پەیوەند بە بڕیارەوە / حوکمەوە جیاوازە. بڕیار هەمیشە ڕوودەکاتە شتەکانى دەرەوەى من، بۆیە من دەبێت بەتایبەتی لە بڕیاردا بۆ سەرچاوەى هەڵەکانم بگەڕێم، لێرەشدا گەورەترین هەڵەی من ئەوەیە کە بڕیار دەدەم، گۆیا پێشبینییەکانی نێو من وێکچووی شتەکانى دەرەوەن. بۆ نموونە من لە بیستنەوە، لە ڕاهاتنی ژیانی ڕۆژانەوە، دەبێژم “ئازاد مەزنترین شاعیرە”، یان “زێدی من شاری شارانە”. ئەم بڕیارانە بۆ دێکارت دەربڕراوی ڕەمەکی کوێرن. بەکورتی: من دەبێت زۆر ئاگام لە هەر بڕیاردانێکم بێت. وەلێ من جارێ ئەم پرسە وەلاوە دەنێم، چونکە دەبێت پێش ئەوە بزانم داخۆ ئیدێکانی من لەکوێوە هاتبن.
هەندێکی پێشبینییەکانم لە دەرەوە هاتوون، بۆ نموونە پێشبینیی درەختەکە. من هەروەها ئیدێم هەیە کە خۆم ئەندێشەییانە دەیهۆنمەوە، بۆ نموونە من پێشبینیی جنۆکە و حۆری یان ئەسپی باڵدار دەکەم. ئەوجا بۆ من خویا دەبێت کە لەنێو مندا چەند ئیدێیەکی لە ناخدا ڕسکاو (idea innatae) هەن، کەواتە ئەمان ئیدێی ئەوتۆن کە دوای جەختبوون لە لێرەبوونى منى هزرڤان بەزەرووری لە سروشتی “من” خۆیەوە دەڕسکێن، بۆیە تایبەت نین بە مرۆڤ وەک مرۆڤ. دێکارت تەنیا متمانەی بەم جۆرە ئیدێیانە هەیە، چونکە بە ئەدگاری ڕاستی، واتا بە زانینی ڕوون و ئاشکرا، دەگونجێن و پێویستیان بە “ئەرێنیکردن” یان “نەرێنیکردن” نییە. ئێمە بۆ نموونە دوو ئیدێی جیاوازی خۆرمان هەیە. یەکێکیان ڕیشەی لەنێو دەرکەوەری بینیندا داکوتیوە، بۆ نموونە کاتێک من لە خۆر دەڕوانم. خۆر بەگوێرەی ئەم ئیدێ دەرکییە زۆر بچووکە. وەلێ من ئیدێی دووەم لە یاساکانی ماتماتیکەوە بەدیدەهێنم، ئەمەش لای دێکارت بەواتای، ئەم ئیدێیە لە تێگەی ئەوتۆوە بەدیدەهێنم کە لای من وەک ڕسکاوی ناخەکی لەگۆڕێیە. خۆر بەگوێرەی ئەم ئیدێیە زۆر لە زەمین گەورەترە. کەواتە ئاشکرایە ناشێت ئەم دوو پێشبینییە یەکسان بە خۆر بن، لێرەشدا ئەو یەکەیان کەمترین چوونیەکیی بە خۆر هەیە کە ڕاستەوخۆ لە دەرکەوەری بینینەوە چێکراوە. سەرچاوەی ئەم ئیدێیە بە دیدی دێکارت دەگەڕێتەوە بۆ ڕەمەکی کوێری مرۆڤ کە زۆر جار بەهەڵەیدا دەبات. وەلێ مرۆڤ لە توانستی سروشتییەوە، واتا لە ئاوەزەوە، بە پێشبینیی دووەم دەگات، بۆ نموونە کاتێک هەوڵ دەدات بە یاریدەی ڕستە و بیردۆزەکانی ماتماتیک پێناسەیەکی خۆر بکات کە تا ڕادەی شیان پێی بگونجێت. ئەم ئیدێیەی خۆر کە بە سەلماندنی ماتماتیکی بەدیهێنراوە، ڕوون و ئاشکراترە لەو ئیدێیەی خۆر کە بە دەرکەوەری بینین چێکراوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئیدێکانی من نێوەرۆکی ڕیالی جیاوازیان لە یەکدی هەیە: هەندێکیان ئیدێى گەوهەرن (زوبستانسن)، هەندێکى دیکەیان ئیدێى ئەدگارەکانی (ئەکسیدێنسەکانی) گەوهەرن. لێرەدا ئاشکرایە کە ئەدگار بەندە بە گەوهەرەکەی خۆیەوە، بۆیە دەبێت ئیدێکانى گەوهەر مەزنتر بن لە ئیدێکانی ئەدگاری گەوهەر، چونکە نێوەرۆکێکی ڕیالی مەزنتریان هەیە – پلەیەکی باڵاتری بوونیان هەیە. وەلێ من هەروەها لەنێو ئەو ئیدێیانەدا کە لە ناخدا ڕسکاون، ئیدێیەکی زۆر تایبەتی ئاشکرا دەکەم: گەرچی من خۆم ناکامیلم (ئاخر من گومانکەرم و ئەمەش بەڵگەی ناکامیلێتیی منە)، سەرباری ئەوە پێشبینیی کرۆکێکم هەیە کە لە هەموو ڕوویەکەوە کامیلە. دێکارت ئەم ناهاوکێشەیە بە تیۆریی کاوساڵێتی (پەیوەندیی هۆئەنجامی) ڕووندەکاتەوە. یان وەک ئێرنست بلۆخ ڕەخنەییانە دەبێژێت، دێکارت ڕەوتی گومانکردن دەپچڕێنێت و لە پێناوی خۆگیرساندنەوەدا “هانا دەبات” بۆ تیۆریی هۆئەنجامی.
بەگوێرەی تیۆریی هۆئەنجامی دەبێت لە هۆى هەر ئەنجامێکدا ئەوەندە نێوەرۆکی ڕیال هەبێت کە لە ئەنجامدا هەیە، چونکە ئەنجام لە هۆوە چێدەبێت. ئەوجا گەر من ئیدێی جیهانێکی کامیلم هەبێت کە بێدوایەکیانە بە سێ ئاڕاستەدا کشاوە، ئەوا دەبێت هۆی ئەم جیهانە خاوەنی هەمان نێوەرۆکی ڕیال بێت، واتا دەبێت ئەویش بێدوایەکی بێت. کامیلێتی و بێدوایەکێتی بەڵگەن بۆ ئەو هەقیقەتە کە نابێت من سەرچاوەی ئەو کرۆکە کامیلە بم، چونکە من دوایەکیم. ئاخر، بەگوێرەی پەیوەندیی هۆئەنجامی، ئەو بڕەی نێوەرۆکی ڕیال کە لە ئەنجامدا هەیە، لەنێو مندا نییە. دێکارت بەم تیۆرییە پرسی ئافراندن لە هیچەوە، لە نابوونەوە (من العدم) هەڵدەوەشێنێتەوە. نە دەشێت شتێک لە هیچەوە چێببێت، نە دەشێت کامیلێک لە ناکامیلێکەوە بێتە ئاراوە. جگە لەوە ئێستا پرسێکی دیکە بۆ من ساغدەبێتەوە: کامیلێتی تەنیا کاتێک کامیل دەبێت، گەر هاتوو بەزەرووری ئێکزیستێنسی (لێرەبوونی) هەبێت.
دێکارت گەوهەری کامیلی بێدوایەکی بە زمانی باو ناودەنێت “خودا”، کە وەک بینیمان مۆرکەکانی بریتین لە: کامیلێتی (ئاخر سەرجەم بڕی نێوەرۆکی ئەنجامی لە خۆ گرتووە)، قادیرێتی (ئاخر توانیویەتی ئیدێی بێدوایەکێتی لە منی دوایەکیدا بچێنێت)، هەروەها چاکە (ئاخر لەبەر ئەوەی کامیلە، ئەوا ناشێت خراپ بێت؛ خراپە یان بەهەڵەبردن مۆرکی مرۆڤی کێماسمەندە نەک هینى خودای کامیل).
بێگومان خوداکەی دێکارت خوداى نوێژبۆکردن و لێپاڕانەوە نییە، بەڵکو وەک کامیل، بەتوانا بۆ هەر شت، دانا و چاک، تەنیا ئیدێیەکى زەروورییە بۆ جەختیی مەئریفە. ئاخر لەبەر ئەوەی چاکی و ڕاستیخوازی سەر بە ئیدێی خودان، ئەوا ناشێت خودا فریودەر بێت، بۆیە دەبێت ئیدێ ڕوون و ئاشکراکانی شتی هزرڤان ڕاست بن، واتا بەو شتانە بگونجێن کە کردەکییانە لەگۆڕێن. بەم شێوەیە لە کۆتاییدا بە ئیدێی خودا دەرفەت بۆ دێکارت دەڕەخسێنێت ڕووەو جیهان وەربچەرخێت.

2) لێکدان-ەوەی توخمەکانی هزر و بناغەڕشتنی هزرینی ڕاسیۆنالیستی

گومان وەک هزرینی شرۆڤەیی (ڕێزۆلوسیۆن، ئانالیزیس) بە سەلماندنی ئیدێی خودای چاک و دانا و کامیل نەک تەنیا دەگیرسێتەوە، بەڵکو هاوکات دەرفەت بۆ من-ی هزرڤان دەڕەخسێنێت ڕووبکاتە کەتوارێک کە لە دەرەوەی ئەو لەگۆڕێیە، چونکە خودا وەک چاک و دانا و کامیل هاوکات بنەڕەتی جیهانە، هەر خۆیشی گەرەنتی بەو دەدات بەبێ ترس لە هەڵە ڕوو لە جیهان بکات(19). وەلێ ئەو دەبێت سەرەتا بە لێکدان-ەوە (ڕێ-کۆمپۆزیسیۆن، سیستێزیس) داببەزێت و سیستەماتیکییانە توخمە هەڵوەشێنراوەکانی هزر ڕێکبخاتەوە. کەواتە دەبێت من-ی هزرڤان سەرلەنوێ لە چالاکییەکانی نێو خۆی بڕوانێتەوە کە بریتین لە دەرککردن، زانینی زەینی و توانستی بڕیاردان.
جەختبوون لە لێرەبوونی شتە ماتەرییەکان بەندە بە دەرککردنەوە، وەلێ خودی دەرککردنەکان سەرهەڵدەدەن دوای ئەوەی شتەکان کاریگەری لەسەر دەرکەوەرەکانی مرۆڤ دەنوێنن. ئاخر من بمەوێت یان نەمەوێت شتە دەرەکییەکان دەرکەوەرەکانم دەوروژێنن، وەلێ ئەوان دەرکى ماتەرییەکی سێئاڕاستەیى (پانی و درێژی و قووڵی) دەکەن، هەر ماتەرییەکیش لە کەرتى جیاواز پێکدێت و هەر کەرتەیان لە خۆیدا سێئاڕاستەییە، هەروەها هەر یەکەیان فۆرم و شێوازى تایبەتیى بزووتنى هەیە. مۆرکێکی کرۆکییانەی دیکەی ماتەری ئەوەیە کە لە شتی هزرڤان جیاوازە، چونکە کشاوە. کرۆکی شتی هزرڤان بەهۆى هزرینەوە نەگۆڕە، کرۆکی ماتەری بەهۆى کشانەوە نەگۆڕە؛ تەنیا شێوازى هزرین و دۆخى نێوخۆى کشان بگۆڕن.
دۆخە بگۆڕەکانى هەردوو گەوهەری هزرڤان و کشاو بریتین لە “مۆدوس” (جۆر و شێوازى بوون یان ڕودان)، وەلێ مۆدوس بەبێ گەوهەرەکەى لێرەبوونى نییە. بۆ نموونە: تەنێک کشاوە، فۆرم و بزووتنی هەیە. ئەو تەنە گەوهەرە، کشانى مۆرکە (ئەتریبوتە) و فۆرمەکەى بریتییە لە مۆدوس. “من” شتێکى هزرڤانە، توانستى یادوەرى و ویستى هەیە. “من” گەوهەرە، هزرین مۆرکە، یادوەرى و ویست بریتین لە مۆدوس.
لەم جێیەدا گونجاو دەبێت سەرلەنوێ ڕوونبکەینەوە ئیدێ لە ناخدا ڕسکاوەکان و بەپوختی دیارییان بکەین. ئێمە بە دیدی دێکارت پێنج ئیدێی بەو جۆرەمان هەیە و ناویان دەنێت ڕاستیی ئەزەلی، تێگەی گشتی، بیردۆز، هاوکات وەک مەرجی هزرین دەیانچەسپێنێت: یەک) “من دەهزرێم کەواتە من هەم”؛ ئەم ئیدییە کە گەوهەری هزرڤانە، یەکەمین و جەختترین زانینی ڕوون و ئاشکرای منە، یەکەم ڕاستیی ئەزەلییە و وەک بینیمان بەڕێی گومانەوە بە نەزەرێکی ڕوون و ئاشکرا لێمان هەڵدێت. دوو) خودا دووەم ئیدێیە کە هاوشێوەی “من-دەهزرێم” تەواو ڕوون و ئاشکرا دەناسرێت؛ خودا باڵاترین گەوهەرە و بێدوایەکییە، بۆیە لە دەرەوەی من-ی دوایەکییە. سێ) یاسا لۆگیکییەکان؛ دوای ئەوەی من ڕوون و ئاشکرا دەزانم کە من هزڤانم، هەروەها دەزانم کە خودای چاک و دانا و کامیل هەرگیز نامخاتە هەڵەوە، ئیدی بنەڕەتێکی دیکەم بۆ ساغ دەبێتەوە: هەموو ئەو ئیدێیانە کە یاساکانی هزرینی لۆگیکی دەردەبڕن، ڕاست و ڕوون و ئاشکران، یاساکانیش بریتین لە یاسای چوونیەکی (ئیدێنتیتێ)، یاسای دژبێژی، یاسای سێیەم بەدەرکەر و یاسای هۆی کافی(20). چوار) ڕستە ماتماتیکییەکان، بەتایبەتی بیردۆزەکان کە بناغەی سەرجەم ماتماتیکن. پێنج) ڕاوم-ی / فەزای شتە ماتەرییەکان (کەرەسەییەکان) مەرجی زانینی ڕوون و ئاشکرای جیهانە. ئاخر ڕاوم بەزەرووری گرێدراوە بە پێشبینیکردنی شتەکانەوە. بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە تێگەی ڕاوم لای دێکارت واژەیەکی دیکەیە بۆ تێگەی کشان، بۆ ڕێس ئێکستێنزا (شتی کشاو) کە نە فۆرمێکى تایبەتى و نە قەوارەیەکى تایبەتییە، بەڵکو بەڕەهایى لە ئەدگارەکانى ماتەری جودایە، هەروەها بێدوایەکییانە بە سێ ئاڕاستەدا کشاوە و لەنێو کشانیدا هیچ بۆشاییەک نییە، بەڵکو لە نێویدا کەرتە گەردیلە بێدوایەکییانە پەرش بوونەتەوە و تەنیا لە فۆرم و بزووتندا لە یەکدى جیاوازن. بە دیدی دێکارت تەنیا ئەم تاکە جیهانە بێدوایەکییە هەیە نەک چەند ئاسمانێک، ئاخر گەر ماتەری گەوهەرێکى کشاو بێت، ئەوا دەبێت سەرجەمى ڕاومە شیاوەکان بەبێ کەلێن پڕبکاتەوە. ئێمە تەنیا پابەند بەم گەوهەرەوە دەتوانین پێشبینیی تەن بکەین، جگە لەوە مەرجی بیردۆزە ئەندازەییەکانە، بەمەش یاساکانی ڕاوم کە لە ماتماتیکدا گۆڕان پێدەدرێن، بریتین لە یاساکانی جیهانی کشاو.
دێکارت جیهانبینییەکی میکانیستیی هەیە کە هاوکات جەستە و هۆشی مرۆڤیش دەگرێتەوە. ئەو لە لەش (Leib) نادوێت، بەڵکو لە جەستە (Körper) و ناوی دەنێت مەکینە بەبێ هیچ جیاوازییەک لە سەئاتێک کە بەهۆی ڕێکخراوی بەکرە و ئیسپرینگەکانییەوە دەبزوێت. ئەو هەر لەم ڕوانگەیەوە دڵ بە پەمپێک دادەنێت کە خوێن بۆ نێو لەش دەنێرێت و ژیان دەشێنێت. بەپوختی ببێژین: سەرجەم جیهان پێکهاتەیەکە لە پەستان و لێدان، چونکە لە جیهاندا تەنیا ماتەرییە پەرش و جیاوازەکان هەیە. ئەم جیهانە دوورە لە زەین.
بێگومان لەبەر ئەوەی جەستەی مرۆڤ بە دەرکەوەرەکانییەوە سەر بە جیهانە، ئەوا شتی هزرڤان و شتی کشاو لە مرۆڤدا پێکەوەن. مرۆڤ لە هەردوو گەوهەر پێکهاتووە. کەواتە دێکارت ئەو تێڕوانینە هەڵدەوەشێنێتەوە کە گۆیا مرۆڤ هۆشە لەنێو جەستەیەکدا (واتا لەش زیندانی هۆش نییە و پاشان هۆش بە مردنی لەش ئازاد ببێت). کاتێک من بۆ نموونە هەردوو لاقم دەبزوێنم، زەین یاوەریی ڕۆیشتنم دەکات (ڕێ نادات بکەومە نێو چاڵێکەوە)، یان کاتێک ئازار لەشم دەتەنێت، ڕاستەوخۆ زەین چالاک دەبێت (بۆ نموونە داخۆ بە چە دەستوێژێک لەشم هێور بکەمەوە). بەم شێوەیە دەرکەوەرەکان کە سەر بە جیهانی کشاون، دەبن بە نێوەندیار لە نێوان جیهان و من-ی هزرڤاندا، وەلێ ئەوان ناتوانن کرۆکی جیهان، واتا کشان، دیاری بکەن، بەڵکو تەنیا دەرکی دیاردەی شتەکانی جیهان دەکەن و پاشان وێنەکانیان دەبن بە “زانینی ناڕوون و نائاشکرا”. دەرککردنەکانمان تەنیا لایەنێکی شتەکانمان پێدەگەیەنن. ئەوە ئەرکی زەینە کە زانینی ناوبراو بە کارتێداکردن وەربگۆڕێت بۆ زانینی ڕوون و ئاشکرا. دەرکەوەرەکان بۆ نموونە دەرکی ئاوی شین دەکەن، پاشان گەرەکە زەین لەوە بهزرێت کە داخۆ ئاو “لە-خۆدا”، بەگوێرەی سروشتی، چی بێت.
ئێمە لێرەدا لای دێکارت شێوەیەکی پەرچاندنمان هەیە کە جیاوازە لە تیۆریی پەرچاندن لە ئەمپیریزمدا. بەگوێرەی ئەم ڕێبازە فەلسەفەییە شتە ماتەرییەکان وەک خۆیان دەرکدەکرێن (سێنسەیشن)، پاشان زەین دەرککراوەکان دەپەرچێنێت (ڕێفلەکشن) و بە کۆکردنەوەی پێکەوەگونجاوەکان و لێدەرکردنی هەر شتێکی پێنەگونجاویان مەئریفە دەسازێنێت. وەلێ پرۆسەی پەرچاندن لای دێکارت ئاڵۆزترە، چونکە دەرکەوەرەکان دەرچەی پرۆسەی مەئریفە نین، بەڵکو زەین کە وەک چۆنێتییەکی من-ی هزرڤان ی لە جیهان دابڕاو هەیە، تاکە ئۆرگانی مەئریفەیە.
ئێمە دەبێت سەرەتا لای دێکارت جیاوازی بکەین لە نێوان دوو چالاکیی زەینیدا: من بۆ نموونە لە چالاکییەکیاندا بڕوا بە شتێک دەکەم، وەلێ بەڕێی ئەویدیکەیانەوە دەزانم کە من بڕوا بەو شتە دەکەم. هاوکات دەشێت ئەم دوو چالاکییە سەربەخۆ لە یەکدی ڕووبدەن. چالاکیی دووەم، واتا کاتێک زەین لەبارەی بڕوابوونی خۆی بە شتەکە دەزانێت، بۆ دێکارت بریتییە لە “پەرچاندن” (ڕێفلێکسیۆن). ئەمیان چالاکییەکی پاشیانییە: زەین پاشان “وەردەچەرخێت” ڕووەو چالاکییەکەی خودی خۆی. وەلێ، وەک لە سەرەوە بینیمان، من بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بۆم خویا دەبێت کە من هزرڤانم و وەک هزرڤان هەم، بێگومان پێش پەرچاندن. ئەمیان ئەکتێکی ئاگاییە کە وەک خۆ-بگر (selbstbezüglich / autoreferentiell) لەگۆڕێیە و لێوەی پەرچاندن: هزرین، ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە گەر من گومان لە جیهان بکەم، بەئاگام کە من گومان لە جیهان دەکەم. بۆ ئەمە زانینی پەرچاوە پێویست نییە. ئەم ئاگاییە لای دێکارت بنەڕەتییە نەک پەرچاندن. ئێمە لێرەدا هاوکات دەبینین کە چۆن ئاگایی وەک بنەڕەت ڕێ دەگرێت لە چێبوونی زنجیرەیەکی بێدوایەکییانەی پەرچاندن، واتا: کاتێک چالاکیی دووەم کە زانینە لەبارەی بڕوابوونی خۆی بە شتێک، یەکەمیان (بڕوابوون بە شتەکە) وەک بابەتی خۆی دادەنێت و بە دانانی دەیکات بە بیرۆکە، دەبێت لە زنجیرەی پەرچاندندا ئەو خۆیشی لە لایەن بیرۆکەیەکی سێیەمەوە بەوە کرابێت و ئەمەش تا بێدوایەکی دەخایەنێت. بە پێچەوانەشەوە من لەنێو خۆمەوە بە ئەکتێکی ئاگایی لەبارەی هەموو چالاکییەکانم دەزانم، بۆ نموونە لەبارەی ئەو چالاکییە کە من بڕوا بە شتێک دەکەم، هەروەها لەبارەی ئەو چالاکییەش کە من دەزانم بڕوا بەو شتە دەکەم. من ڕاستەوخۆ لە هەردووکیان بەئاگام، لێرەشدا ئیدی زنجیرەی پەرچاندنی بێدوایەکی نایەتە گۆڕێ(21).
وەلێ من سەرلەنوێ ناچارم توانستی مەئریفەم دیاری بکەم و لە هەر توانستێکی دیکەمی جیابکەمەوە کە بشێت بمخاتە هەڵەوە. کەواتە لە چالاکییە نێوەکییەکانی خۆم ورد دەبمەوە کە بریتین لە چالاکیی دەرککردن و هێزی وێناندن و زەینی، هەروەها توانستی بڕیاردان (حوکمدان)، لێرەشدا ئەم توانستەی دوایی تاکە توانستێکە کە بەندە بە “ویست”ەوە. بەبێ چالاکبوونی ویست هیچ بڕیارێک نادرێت. چالاکییەکانی دەرککردن و زەین نەشیاوە هەڵە بن گەر من ئاگام لە بڕیاردانم بێت، واتا ڕەمەکییانە نەبێژم ئەمە ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە. ئاخر کێشەی ویست ئەوەیە کە ئەو یەکسەر لە “ئەرێنیکردن” یان “نەرێنیکردن”ى هەر شتێکدا بەشدارە، بەو ڕێیەشەوە زانینی شتەکان دەئاڵۆزێنێت، چونکە زەین سنوورى هەیە و تەنیا لەنێو ئەو سنوورەیدا لەبارەی بابەتێک دەزانێت، وەلێ ویست بە پێچەوانەوە بێسنوورە و دەتوانێت سنووری چالاکییەکەی زەین، واتا زانینى ڕوون و ئاشکراى شتەکان، تێبپەڕێنێت. ویست دەتوانێت زۆر شت کە دەرکەوەرەکان بەلێڵى دەرکیان کردوون، وەربگرێت یان بگەڕێنێتەوە. وەلێ گەر بڕیار ڕووبکاتە تێگە گشتییە تاکەکان، یان بڕیاری ڕوون و ئاشکرا بێت بەسەر تاکە فۆرمەکاندا، ئەوسا گەرەکە بڕیار بدەم و مەترسیی هەڵەم لەسەر نییە، چونکە خودای دانا و چاک و کامیل گەرەنتیی منە کە لە ناسینی ڕوون و ئاشکرای شتەکاندا نەکەومە هەڵەوە. جگە لەوە ئێستا دەزانم کە گیانى خراپى فریودەر (شەیتان) لێرەبوونى نییە و بمخاتە هەڵەوە (یان خراپەم پێبکات)، بەڵکو تەنیا مرۆڤ خۆى سەرچاوەى هەڵەکانێتى (یان خراپەکانێتى). خۆلادان لە هەڵە (و خراپە) بە دەستى خۆیەتى، واتا ئەو دەبێت بزانێت کە زەینى سنووردارە و خواستی بۆ هەڵەکردن نییە، وەلێ ویستێکى هەیە کە دەتوانێت بێدوایەکی بێت و بەو ڕێیەشەوە دەیخزێنێتە نێو هەڵەوە. گەر مرۆڤ پەیوەندیی ئەم دوو توانستەى خۆی دروست پێکەوە بگونجێنێت، ئەوسا بەڕاستى بەکاریان دەهێنێت، ئەوسا ئیدی بڕیارەکانی ڕوون و ئاشکرا دەبن و بەوەش چواندنی ئۆبژێکتیڤییان دەبێت. بڕیاری ڕوون و ئاشکرا لە بێگومانییەکی سەبژێکتیڤییەوە دەدرێت دوای ڕوانینی ڕاستەوخۆی ڕوون و ئاشکرا لە فۆرمی بابەتەکە.
بەم شێوەیە دوای ئەوەی سەبژێکتی ڕاستیخواز، واتا خوازیاری زانین، ڕێگەی گومانی مێتۆدیی لە دەرککردنی جیهان و شتەکانییەوە گرێتە بەر و گەیشت بە مەئریفەی جەخت، ئیدی ئێستا دەزانێت خۆی لە هەر بڕیارێکی گومانلێکراو ببوێرێت، چونکە ئەوە پێش-بڕیارە (حوکمی موسبەقە) نەک بڕیاری ڕوون و ئاشکرا. زانست، یان فەلسەفە وەک زانست، تەنیا بە بڕیاری ئێڤیدێنت بنیاتدەنرێت.

پەراوێز
1- Descartes, Réné. Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. Stuttgart 1984. S. 6.
2- Ebenda, S. 9 f.
3- Specht, Reiner: Descartes. Reinbeck 1980. S. 14.
4- Descartes, Réné, a.a. O., S. 12.
5- مارتین سەربازێکی رۆمی بوو، ساڵی 316ی زایینی هاتۆتە جیهانەوە. لە ڕۆژێکی ساردی زستاندا بەلای سواڵکەرێکدا ڕەت دەبێت کە لە برساندا هەڵدەلەرزێت. مارتین زۆر بەزەیی بەو سواڵکەرەدا دێتەوە و لەژێر نیوەی پاڵتۆکەیدا جێی دەکاتەوە؛ کە شەو داهات، مارتین خەون بە سواڵکەرەکەوە دەبینێت و پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو عیسایە. سان / زانکت مارتین بۆ ماوەی سی ساڵ بوو بە بیشۆپی توور. ئەو 8ی نۆڤەمبەری 397 مرد.
6- لەبارەی خەونەکانی دێکارت بڕوانە:
a) Specht, Reiner, a.a.O., S. 17 f.
b) Ritter, Heinning. Die Nacht der Träume. FAZ 14.01.2010.
c) Sigmund, Freud. Über Träume und Traumdeutung. Frankfurt a. M. 1971 S. 302.
7- Descartes, Réné. Untersuchungen über die Grundlagen der Philosophie. Zeno.org. S. 19.
8- Hegel, Georg Wilhelm Friedrich. Geschichte der Philosophie. Bd. 3. F.a.M. 1986, S. 123.
9- Descartes, Réné. Untersuchungen, a.a.O. S. 5.
10- Specht, Reiner, a.a.O., S. 90.
11- هزرینی میکانیستی تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم سەروەر بوو بەسەر مەئریفەی سروشتدا، وەلێ بە دەستپێکی ئەتۆمفیزیک وەک زانستێکی مۆدێرن ئاشکرا بوو کە تێگەیشتنی میکانیستییانەی سروشت لە گۆشەنیگای فیزیکی کلاسیکییەوە ناگونجێت بە بینای ماتەری و کاریگەریی نێویەکییانەی گەردیلە سوپ-ئەتۆمییەکان. بڕوانە:
Falkenburg, Brigitte: Das Konzept der Materie im interdisziplinären Vergleich. Mechanistische Erklärung und ihre Grenzen. In: Was die Welt im Innersten zusammenhält. Hg. Frank Vogelsang, Almuth M.D. Hattenbach, Thomas Kirchhoff, Hubert Meisinger. Berlin 1974.
12- Ebenda, S. 15.
13- Ebenda, S. 16.
14- Descartes, Réné. Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. A.a.O. S. 18 f.
15- کوردەکان تێگەی “لێکدانەوە”یان وەک وشە لە ئارەبەکان وەرگرتووە و بێئاگا لە واتا مێتۆدییەکەی بەکاری دەهێنن: بۆ نموونە کەسێک دەبێژێت: “لێکدانەوەکەی بەڕێزیانم بەدڵ نییە”. وەلێ بەڕێزیان هیچ پرسێک یان تێگەیەکی ئاڵۆزی شرۆڤە نەکردووە / دانەبەشاندووە و پاشان توخمەکانی یان پرنسیپەکانی لێکدابێتەوە، واتا ڕێکیخستبێتن، بەڵکو تەنیا بابەتەکەی لە ڕوانگەی خۆیەوە ڕاڤە کردووە.
16- بۆ ئەو نمونانە بڕوانە:

  • Röd, Wolfgang. Descartes. Die Genese des cartesianischen Rationalismus. 1978. S. 38.
  • Metzler Lexikon Philosophie. www.spektrum.de
    17- Descartes, Réné. Untersuchungen, a.a.O., S. 19.

18- کانت لە یەکەم ڕەخنەکەیدا بە ناونیشانی “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی” ڕوو دەکاتە کارایی “من” لە ڕووی تیۆریی مەئریفە و پێگە ئۆنتۆلۆگییەکەیەوە (ئەو پێش ئەم نووسینە هەڵوێستێکی دیکەی سەبارەت بە “من” هەبوو). ئەو لە نووسینی ناوبراودا خۆی بە پسیکۆلۆگیی ڕاسیۆنالی کریستیان ڤۆڵفەوە خەریک دەکات و دەبێژێت، نەشیاوە بتوانین بە سیلۆگیزم (زانستی پێوەر) گەوهەرێتی و یەکانە و هۆشەکێتی (ناماتەریالێتی)ی من و دەروون بناسین. ئەم جۆرە سیلۆگیزمانە بۆ کانت پارالۆگیزمن (چەوتە دەرئەنجامن). ئەو لەبارەی “من دەهزرێم / کۆگیتۆ” دەبێژێت: “دەبێت من دەهزرێم بتوانێت یاوەریی سەرجەم پێشبینییەکانم بکات تاکو ئیدی ئەوان پێشبینیی من بن”. کانت لێرەدا “من” وەک دوا سەبژێکتی مەئریفە وەردەگرێت. ئاخر کاتێک من خۆم وەک سەبژێکتی هزرکردوو دەهزرێنم، لێرەدا خۆم وەک شتێکی سرەوتوو دەناسم، من لە هزریندا “من” دەناسم وەک سەبژێکتێک کە گەوهەرە، کە گەوهەری ناکەرەسەیی کارتێزییە. سەرباری ئەوە کانت داوا دەکات کە دەبێت “من دەهزرێم” لۆگیکییانە ڕاڤە بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە واتای فەلسەفەییانەی “من دەهزرێم” لە گەوهەرێتییەکەیدا نییە، بەڵکو لە کارایی (فونکسیۆنالێتیی) ئەودایە بۆ مەئریفە. بەم شێوەیە کانت پێگەی “من” ڕزگار دەکات لەو هێرشانە کە بەتایبەتی دەیڤید هیوم کردبوونیە سەر تێروانینی کارتێزیانەی ئاگایی، وەلێ هاوکات مۆدێلی گەوهەرێتیی من وەرناگرێت. کانت دەیەوێت بەم هەڵویستەی ببێژێت، کە ئێمە ناتوانین بەڕێی فەلسەفەیەکی ئاگاییەوە دوایەمین جەختی سەبارەت بە سروشتی گەوهەریانەی خودمان بەدیبهێنین. ئێمە لە هزریندا لە خۆمان بەئاگاین کە ئێمە لێرەبوونمان هەیە، کە بێگومان جارێ لێرەبوونمان کاتێگۆریانە دیارینەکراوە، سەرباری ئەوەش لێرەبوونی ئێمە لەو مەغزایەدا نییە کە ئێمە وەک چی هەین، بۆ نموونە وەک هزرڤان هەبین وەک چۆن دێکارت دەبێژێت.
بڕوانە:

  • ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردڕاوم، کوردستانپۆست، دەنگەکان. هەروەها بڕوانە:
  • Klemme, Heiner F.: Kants Auseinandersetzung mit Descartes. S. 177- 186.
    19- بە دیدی ئادۆرنۆ دوای ئەوەی سەبژێکتی هزرڤان خۆی مێتۆدییانە لە جیهان دادەبڕێت، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ جیهان. سەبژێکتی هزرڤان دوای سەلماندنی خودای چاک و دانا و کامیل ڕێگەی بەرەو جیهان بە لێکدانەوە دەگرێتەوە بەر، وەلێ ئەوەی پێبەدیناهێنرێت، چونکە ئێستا هەردوو شتی هزرڤان (ڕێس کۆگیتانس) و شتی کشاو (رێس ئێکستێنزا) بەدەلاقەیەک لە یەکدى دابڕاون، لەبەر ئەم هۆیە سەبژێکتی هزرڤان تەنیا فۆرمى ئەو شتەى پێدیاری دەکرێت کە ئەو خۆی سەرەتا بە دەرکەوەرەکانی دەرکی کردووە و بەو ڕێیەوە بە کایەی ئاگایی ئەو گەیشتووە. کەواتە سەبژێکت لە نێوەرۆکی بەردەوام بگۆڕی شت دوور دەمێنێتەوە. ئەمە بۆ ئادۆرنۆ بریتییە لە پرۆسەی نامۆبوون (ئیغتیراب). بڕوانە:
    کاوە جەلال: هەوڵێک بۆ نزیککەوتنەوە لە دیالێکتیکى نێگەتیڤى ئادۆرنۆ. گۆڤاری ئایندە. ژ 56. 2004.
    20- یاسای چوونیەکی: گەر “A” و “B” هیچ جیاوازییەکیان لە نێواندا نەبێت، ئەوسا چوونیەکن (ئیدێنتن)؛ یاسای دژبێژی: ناشێت گۆتەیەک هاوکات ڕاست و هەڵە بێت، کەواتە ڕاستە یان هەڵەیە؛ یاسای سێیەم بەدەرکەر: لە دوو گۆتەی دژیەکدا تەنیا یەکێکیان ڕاستە، سێیەمێک نییە؛ یاسای هۆی کافی: هیچ هۆیەکی بێئەنجام نییە. ئەم یاسایە دەیسەپێنێت کە نابێت هیچ فاکتێک وەک لەگۆڕیبوو چواندنی پێبدرێت، یان هیچ گۆتەیەک بە ڕاست دابنرێت، گەر هۆیەکی کافی بۆ ئەوە لەگۆڕێ نەبێت کە فاکتەکە یان گۆتەکە ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە.
    21- بۆ ئاگایی یان شتی هزرڤان وەک خۆ-بگر بڕوانە:
    Heller, Edmund. Descartes’ Selbstverhältnisse. Philosophisches Jahrbuch 111. Jahrgang / II. 2004. S. 366 ff.

سەرچاوەکان
بە کوردی:

  • کاوە جەلال: ڕێنێ دێکارت. دەزگای پەخشی سەردەم، سلێمانی 2008. (زۆرینەی سەرچاوە لاوەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە خوارەوە پێکەوە لەتەک سەرچاوە نوێکانی ئەم نووسینەی ئێرەدا دانراونەتەوە).
  • کاوە جەلال: لە ڕێنیسانس-هومانیزمەوە ڕووەو نوێسەردەمی ئەوروپی. دەنگەکان / کوردڕاوم / کوردستانپۆست.
    بە ئەڵمانی:
    سەرچاوەی سەرەکی:
    Descartes, Réné:
  • Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. Stuttgart 1984.
  • Untersuchungen über die Grundlagen der Philosophie. Zeno.org.
  • Meditationen über die Erste Philosophie. Reclam. Stuttgart, 1971

سەرچاوەی لاوەکی:

  • Beneke, Klaus: Biographien und wissenschaftliche Lebensläufe von Kolloidwissenschaftlern, deren Lebensdaten mit 1996 in Verbindung stehen. Nehmten 1999.
  • Bloch, Ernst. Leipziger Vorlesungen zur Geschichte der Philosophie. Bd. 3, Frankfurt/Main 1985.
  • Falkenburg, Brigitte: Das Konzept der Materie im interdisziplinären Vergleich. Mechanistische Erklärung und ihre Grenzen. In: Was die Welt im Innersten zusammenhält. Hg. Frank Vogelsang, Almuth M.D. Hattenbach, Thomas Kirchhoff, Hubert Meisinger. Berlin 1974.
  • ‌Heller, Edmund. Descartes’ Selbstverhältnisse. In: Philosophisches Jahrbuch 111. Jahrgang / II. 2004.
  • Herre, Paul. Deutsche Kultur des Mittelalters im Bilde. Leipzig 1935.
  • Klemme, Heiner F.: Kants Auseinandersetzung mit Descartes. In: Descartes und Deutschland – Descartes et l’Allemagne, hrsg. von Jean Ferrari, Pierre Guenancia, Margit Ruffing, Robert Theis u. Matthias Vollet, Hildesheim, Zürich, New York 2009.
  • Lloyd, Genevien. Das Patriarchat der Vernunft. Bielefeld 1985
  • Lutz-Bachmann, Matthias: STAATS LEXIKON, www.staatslexikon online.de/Lexikon/Scholastik.
  • Marshall Jr, David J. Prinzipien der Descartes-Exegese. München 1979
  • Metzler: Lexikon Philosophie. Die Methode von Resolution (Analysis) und Komposition (Synthesis). Spektrum.de
  • Röd, Wolfgang. Descartes. Die Genese des cartesianischen Rationalismus. München 1982.
  • Specht, Reiner: Descartes. Reinbeck 1980.
  • Derselbe. Descartes. In: Klassiker der Philosophie, Bd. 1, Hrsg. V. Ottfried Höffe. München 1981.
  • Williams, Bernard. Descartes. Das Vorhaben der reinen philosophischen Untersuchung. Frankfurt/Main. 1988.



یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە.. ئازاد حەمە

ئەم نوسینە کورتە پێشکەشە بە فەریدون حەسەن، کە چاوەکانی تروسکای لەسەر داخرا

پتر لە دەروازە:
لە سەرەتای ساڵانی 1980 کاندا لە سەردانێکی بیریاری فەرەنسی دێریدا بۆ ئەمەریکا، ژورنالیستێکی ئەمەریکی لێیدەپرسێت: گەر ئەم دێریدایە نەبویتایە، کە ئەمڕۆ هەیت حەزتدەکرد چی بیت؟ دێریدا لە وەڵامدا دەڵێت: حەزمدەکرد رۆماننوس بم، وەک رۆماننوسەکەی هاوڕێم مۆریس بلانشۆ Blanchot. ئەم وتنەی دێریدا دوو دانپێدانانی تێدایە. دانپێدانانێک بە مەزنی رۆماننووسی و ئەویتر دانپێدانانە بە هاوڕێکەی، لێ لە دەڤەری ئێمەدا هەردوو دانپێدانانەکە لەسەرەمەرگدایە. کەواتە، بۆ دێریدا دەستهەڵگرتن لە فەلسەفە بە رۆمان بەلەجیاتیدەکرێت. وەکیتریش ئەم حاڵەتە رووبەڕووی زۆرێک رۆماننوسی تری رۆژئاوایی دەبێتەوە. دەوروبەری ئەلبێر کامی Camus پڕبوو لە هزرەڤان. کامی فەلسەفەزانی لەرێگای رۆمانەکانیەوە سازدەدا. لەسەردەستی کامی کردەی رۆماننوسی خۆی بریتیکرد لە کردیەک لە هزرەڤانی، وەکیتر هزرەڤانی پیادەكرد و ئەدەبەکەشی هێندەی فەلسەفە قووڵاییەكانی بیركردنەوەی گۆڕی. کەواتە رۆمان دەکارێت هزر بەرهەمبهێنێت. تا رۆماننووسیش لە دەڤەری ئێمە نەبێتە پرۆسەیەک لە بیریاریی ناکرێت رۆمانی کوردی هەنگاوی گڵوباڵ بنێت.
بۆئەوەی خۆمان لەگەڵ وتەنەکانی لایسەرەوە هاوتاکەین گوزەرێک بەناو داڵانەكانی ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی دا دەکەین. لەوێندەرێ چییەتی جەفاکانی بەختیار عەلی بە تێگەیشتنی چەمکیی conceptual خۆمان گرێدەدەینەوە و ڕووناکی و چریسکەی ئەدەبەکە لەناو گەرووی تاریکی ئەدەبی ئێستاماندا دەردێنین. ئەمەش سەرنج بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت، کە لەم دۆخە نالەبارەی ئێمە دەیژێین چۆن مانای نوێ بە ئەدەب بدرێت؟ کەس ئەمەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە سامناکەکاندا ئەدەبێکی تر و تێهزرینێکی ئەدەبی تر بوونی هەبێت.
هەرچەندە ئەم نوسینە کورتە تەقەلایەکی هزریی نییە بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ئەدەبیی بەختیار عەلی، لێ کۆششێکی شەرمنانەشە بۆ وتن لەسەر پرسی ئەدەب لەمیانەی ناوبراوەوە، دواتر رێگاش بۆ وتن لە پرسی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ تا رادەیەک دەکاتەوە.چونکە خوێنەری هزرهەژار لە چاوەڕوانی ئەدەبی بێهزرە. ئەدەبی بێ هزریش بکوژی بیرکردنەوە و تێڕامانە. لەوێندەرێ هەرگیز پرسیار لەدایکنابێت و وەستان بەدیار دێڕ و گوزارەوە بوونی نابێت.

ئەدەب واتە بیرکردنەوە

ئەدەب شوێنێكە بۆ سازدانی بیركردنەوە. سەرسامبوونیش بە مۆدێلێک لە ئەدەب لە بنەڕەتدا سەرسامبوونە بە مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەو ئەدەبە، کە ئەدەبێکی لوغزاوییە. کافکا بیرکردنەوەیە لە ناو بیرکردنەوەیەکی کارامادا. گشت ئەزموونی شیعریی مالارمێMallarmé بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی تر. رۆنێ شار Charئەمیش جۆرێکە لە بیرکردنەوەی نادوبارە. پاستێرناک Pasternak لە ڕەچەڵەکدا تەقەلایەکە بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە چاو دەمی خۆی. گۆران و سەیاب و یاسنین و خەلیل حاوی و ئەنسی الحاج، ئەمانەش تەقەلاگەلێکن بۆ تێپەڕاندنی دەمی بیرکردنەوەی شیعریی خۆیان. تێپەڕاندنەکانیش هەردەم هاوتەریبنابن لەگەڵ بیرکردنەوەی باوی ئەدەبیی. بۆیە تێپەڕاندن، کە لادانە، باجی خۆی هەیە و تێگەیشتنیشە لە چیەتیی بیرکردنەوەی ئەدەبیی باو و لەو هەلومەرجەش، کە بەرپرسیارە لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ئەو شێوە ئەدەبە.
ئەدەب بوارێکە لە بیرکردنەوە. ئەدەب لەبەرئەوەی هزرە پێویستی بە بیرکردنەوەیە. ئەدی زمان؟ گوزارشتكردنی زمان لە چركەساتەكانی گەیاندنی هزر ئەوەیە، كە چی چۆن پێویستە بگوترێت، بەڵام ئەوەی بۆ زمان پێویستە، مەرج نییە بۆ هزریش پێویست بێت. زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و شتێكی دی مەبەستە، یان زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و هزرێكی دی لەپشتەوەیە؛ هزرێک، کە خۆی بە خاوەنی زمانەكە دەزانێت. ئەوەی ئێمە لێرەدا گەرەكمانە بیڵێین ئەوەیە، كە پێكدادان لەنێوان زمان و هزردا شیاوە و مێژووی هزر و زمانیش شایەتحاڵی ئەوەن. هاوکات داڕشتنی هزری ئاڵۆز بە زمانی سادە کاری دەوێت، بەڵام بۆ ئەو خوێنەرانەی پاشخانی هزرییان نییە داڕشتنی هزری ئاڵۆز وەک خۆی تێنەگەیشتن و بێزاریی دروستدەکات بۆیە زۆرێک لەو خوێنەرانە رەخنەی شێوازی هۆنینەوەی زمانەوانی نووسەرەکەدەکەن بێ ئەوەی بیر لە ئاستنزمی پاشخانی هزریی خۆیان بکەنەوە.

بیرکردنەوەی ئەدەبی دەبێت بی بەزەیی بێت بەرامبەر بە بەرهەمهێنانی پرسیاری هزریی

لەم دۆخە خراپەی ئێمەی کورد دەیژێین، کە سیاسەت هۆکاری ڕاستەقینەی خراپکردنەکەیە، چۆن مانای تازە بە ئەدەبی هاوچەرخی کوردی بدەین؟ کەس لە ئێمە ئەوەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە ترسناکەکانەوە ئەدەبێکی تر و بیرکردنەوەیەکی تری ئەدەبی بوونی هەبێت. ئەم دۆخە خراپە داوای زۆرتین بیرکردنەوە و جیاوازترین بیرکردنەوەمان لێدەکات. ئێمە، لەم دۆخەدا و بەگشتیش، ئەو جۆرە لە بیرکردنەوەی ئەدەبی بە پێویست دەزانین، کە بێ بەزەییانە کارلەسەر پرسیار بەرهەمهێنانبکات.
شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی جێی مشتومڕە. ئەڵبەتە هەموو شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەدەبی شایانی ئەوە نیین جێی مشتومڕ بن، مەگەر ئەوانە نەبێت، کە لە ناخی شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبییاندا پرسیار بەخێودەکەن. پرسیار دروستکردن لەناو ئەدەب یەکێکە لە ئەرکە مەزنەکانی ئەدەب. لە پرسی ئەدەبیشدا شوێنپێهەڵگرتن هەیە. لێ لەو بارەوە تێپەڕاندنیش بوونی هەیە. ئەلبێر کامی Camus دەکەوێتە ژێرکاریگەریی تێگەیشتنی فەلسەفیی سارتەرەوە، لێ دەشتوانێت هزری سارتەر سەبارەت بە ئەدەب تێپەڕێنیت. ئێمە، کە بەشێک نین، تا هەنووکە، لە بزووتنەوەیەکی هزری گەورەی گڵوباڵ، ئەدی ئەدەبەکەمان هێندەی هزرمان هەژارە؟ ئەمە پرسیارێکی سەرسامئامێزە بۆ ئێمە! چونکە ئەزموونە ئەدەبییە گەورەکان شانبەشانی هزر رۆشتوون. بۆیە بۆ ئێمە و لەم نوسینە کورتەدا ئەوە پرسیارە، کە لەو شوێنەی بزووتنەوەی هزری هەژار کاری خۆی دەکات ڕێگا بە سەرهەڵدانی ئەدەبێکی دەگمەن دەدات؟ بۆ ئەوەی لەو ژینگە هەژارەدا ئەدەبێکی دەگمەن(جیاواز، نادوبارە)سەرهەڵدات بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی سادەی هەژار لە هۆنینەوە و داڕشتن پێویستە لەدایکبێت. ئەمەشە بەختیار عەلی کۆششی بۆدەکات.
ئەدەب وەک ئازاری جەستە وایە سروشتی خۆی هەیە. ئەمە پاساو نییە بۆ داکۆکیکردن لە ئەدەبی لاواز و سەرپێی، کە هزر بەرهەمناهێنێت. ئەدەبی بێ هزر، بێ بیرکردنەوە ئەدەبێکی بۆشە. ئەمەیە زبڵەئەدەب. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە جەستەی ئەدەب شوێنی ناسینەوەی هزرە. جەستەی ئەدەب باشترین پەناگایە بۆ ئاشنابوون بەو زمانەی خراوەتەگەڕ. بۆیە هەستکردن بە ئەدەب، بەوەی کە ئەم ئەدەبە چەند باشە، کە ئەم باشیەش پرسیارە لەسەر چەند دەگمەنە، هەستکردنە بەو وتنانەی ئەم ئەدەبە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت، بەو هێزەی لە زمانی وتنەکەدا پەنهانە بۆ رەخساندنی خەیاڵ و گێڕانەوە.
سەرباری ئەوە، بۆ ئەوەی لێرەدا تیشک بخەینە سەر ئەو ڕێگایانەی، کە بەرەو دەرهاویشتەیەکی لۆژیکیمان دەبات، لەم بارەیەوە پێویستمان بەوەیە هێما بۆ ئەوە بکەین، کە گشت هیواکانی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ ناشێت لەسەر بەختیار عەلی دانرێت. ئەی ئەگەر ئەم هیوایە نەهاتەدی؟ ئەوجار چی؟ئەوجار دەمی کۆتایهاتنی ئەدەبی کوردیمانە، ئاوابوونی ئەدەبمان دوا قەدەرمان دەبێت؟ گەر وابێت ئەمە ئەنفالێکیترە. ئەنفالی ئەدەبیی. ناشێت هەروەک سیاسەت چۆن زوو زوو دەمانبات بەرەو مەهابادێکیتر، ئەزموونی ئەدەبیشمان بمانبات بەرەو نەهامەتییەکی ئەدەبیی تر. گەر ئەمە ڕووبدات خەتای بەختیار عەلی نییە، بەڵکو خەتای هەڵچنینی ئەو خواست و هیوا زۆرانەن لەسەر بەختیار عەلی، ئەمەش وادەکات بە ناچاری بگەڕێنەوە بۆ ئەدەبی پێش ناوبراو. هۆلۆکۆستی ئەدەبی کوردی لێرەوە دەستپێدەکات.

دزەكردنی فەلسەفە بۆ ناو ئەدەب

ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەی فەلسەفە دزەی تیاکردوون ئەدەبێکی تری لێدەرچووە. ئەدەب، کە فەلسەفە گێچەڵی پێدەکات ئەدەبێكە دەرەقەتی گێڕانەوەی وون و لەدەستچووەکانی هەیە، توانای بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی هەیە، دەکارێت چەمک بەرهەمبهێنێت، لەناو دۆگم نامێنێتەوە و وەهمیش دروستناکات. بۆیە ئەدەبی ڕووكەش، کە ئەدەبێکی دابڕاوە لە فەلسەفە، ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناوەڕۆک و دووبارە جیهانێکی هزریاریی دروستبكات. ئەدەبێک ئەزموون دەخاتەوە، کە ئەزموون لە تێڕامانی فەلسەفیەوە وەردەگرێت و تەماشاکردن بۆ جیهان و بوون لەناو ئەو جیهانە دەگۆڕێت. ئەم جۆرە ئەدەبە شڵەژان و گومان دەخاتەژێرپرسیارەوە و چەمکی وەک: دابڕان، بێدەنگیی، تارمایی، مەرگ، تاریكیی، تەنهایی، و…. دەکات بە ئامرازی بیرکردنەوەی خۆی.
هەردەم ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبن بە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری ڕیشاڵی، یان تووخمی هزریین. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ئەدەب دەکارێت ئەزموونی هزری بخاتەوە. تەماشاكردنیش بۆ ئەدەب وەك بەشێك لە كردەی هزرەڤانی لەوێوە سەرهەڵدەدات، ئەدەب کاتێک دەکارێت ئەوە بکات،کە ئەدەب لە پەنای هزری فەلسەفییدا گەشەدەکات. لێرە بەوەدەچێت قسە لەو جۆرە ئەدەبە بێت،کە ئەدەبی تێرهزر و بەپیتە، ئەوەش ئەو ئەدەبەیە هەواری خۆی بەرەو ناوچە هزراوییەكان گواستوەتەوە.بەمە ئێمە لێرە لە دەرگای ئەو پرسیارە دەدەین، کە بەم جۆرەیە:چۆن ئەدەب بکارێت بە گژ هزردا بچێتەوە، و واش لە ئەدەب بکات فەلسەفە بەرهەمبهێنێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی لای سەرەوە دەکارین بڵێین: لە مێژووی هزری رۆژئاوادا نموونە لەسەر ئەو جۆرە ئەدەبە بەرچاودەکەوێت. لێ پێویستە ئەوە بزانین، کە هزرکاری لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە. گشت ئەدەبی میلەتانیش بەو ئەرکە هەڵنەستاوە. ئەدەب، کە بەم ئاقارە دەڕوات شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبی لەم جۆرە چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆی دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، کامی، یان سێلان، هۆڵدلین یان مالارمێ بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.

پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە

لێرەدا خۆم لە قەرەی ئەو ئارگیومێنتە نادەم، کە داوای راڤەکاریی بیری بیرمەندانم لێدەکات لە پەیوەندی بە ئەدەبەوە. ئەمەش بەپێێ ئەوە، کە ئەدەب و فەلسەفەی رۆژئاوا، کە بۆتە مۆدێلێک بۆ نرخاندنی ئەدەب و فەلسەفە ئەو وانەیەمان فێردەکات، کە بیرکردنەوەی ئەدەبیی لە پەیوەندیدایە بە فەلسەفەوە.
تێگەیشتنی ئێمە لەبارەی ئەوەی لای سەرەوە وروژێنرا، ئەوەیە، کە پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە بۆ سەرهەڵدانی ئەدەبی دەگمەن(نایاب، دژەهەمان). ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە، گەر بە نموونە وەرگرین، بێ ئەندازە دابڕاوە لە هزری هزرەڤانان، ئەو هزرە رۆژئاواییەی موڵکی گشت مرۆڤایەتییە. باشە ئەدەب، کە پشتی لە بیرکردنەوە فەلسەفییەکان کرد چی ڕوودەدات؟ بێگومان ئەوە ڕوودەدات، کە لە قۆناغی پێش بەختیار عەلی دا ڕوویداوە. ئەدەبێک، کە دوورەپەرێز بووە لە فەلسەفە، دیوارکەوتووەتە نیوان بیرکردنەوەی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی فەلسەفییەوە.
ئامادەبوونی فەلسەفە لەناو ئەدەب کارکردنە لەسەر گۆڕینی نیشتیمانی ئەدەب. قڵپکردنەوەی ئەدەب و گۆڕینی ئاقاری. ئەدەب، کە بەهزراوینەکرێت ئەدەبێکی بێ تام و بەتاڵ دەبێت. ئەدەبی بێ تام و بەتاڵ ترسناکە. توانای وتنی نەوتراو و درکپێنەکراوی نییە. ئەو ئەدەبەی لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە دەستی دەبێت لە دروستکردنی جۆرێک لە بیرمەندی، نموونە ساد Sade، کافکا، بۆرخێسBorges، رێلکە ، فلۆبێر Flaubert و ….. .ئەدەبی لەم شێوەیە بە نادیاربوون و پارادۆکس و تەموومژاوییەکانەوە دەیگرێت. ئەم ئەدەبە زمان پەلەکێشی ناوچە یاساغ و بڤەکان دەکات و والە زمان دەکات ئەوە گۆبکات، کە جارێ گۆینەکردووە. هەر لێرەوەش دەگمەنی لەدایکدەبێت.

پەتای بیرکردنەوە شیفابوونیشی لەگەڵە

پەتای بە بەختیار عەلیبوون دەبێت تەشەنە بسێنێت، لە گشت شوێنێکمان دا بڵاوببێتەوە، دواجار هیوای ئەوەش بخوازرێت، کە شیفابوون لەم پەتایە هەرگیز نەیەتەدی. ئەم پەتایە گەر بریتیبێت لە خودی بیرکردنەوە، هیوامەندم بیرکردنەوە خۆیبکات بە گشت جێگەیێکماندا. ئەم بەختیار عەلییە هیچ نییە لە بیرکردنەوە زیاتر. بیرکردنەوە ئەمی گەیاندووەتە ئێرە. ئێرەش بەس نییە مادەم بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە دەرمانە و شیفابوونیش لەم دەرمانە ناشێت شیاوبێت. ئەوە بیرکردنەوەیە ڕەهەندی مێژوویی-کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە لەبەرچاودەگرێت و دواتر لە کارێکی رۆماننوسیدا بەرجەستەی دەکات. بۆ ئێمە لێرە هەر بیرکردنەوە براوە نییە، بەڵکو چۆنیەتی بیرکردنەوە، داڕشتنی دێڕ و گوزارە.
بیرکردنەوەی فەلسەفیی و بیرکردنەوەی ئەدەبیی ئێمە پێویستی بەوەیە چەمک بەرهەمبهێنێت. ئەمەش بەرهەمنایەت تا دووچاری پەتای بیرکردنەوە نەبین. فەلسەفە، کە ئاسۆی بیرکردنەوە دەجوڵێنێت، ئەدەب لەناو ئەو جوڵانەوەیە دەژیت. کەواتە، ئەوە بیرکردنەوەی فەلسەفییە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کاریگەرییان بەرباسدەخات و ئەدەبیش هاوکار دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی دژوارییەکانی ژیانی رۆژانەی ناو ئەو جیهانە.
زۆرێک دەپرسن سودی بیرکردنەوە لەناو ئەدەبدا چییە؟ ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن نە لە ئەدەب و نەش لە فەلسەفە حاڵیین. ئەوە ئەدەبە، ئەڵبەتە لەمیانەی فەلسەفەوە، فێری ژیانژیانمان دەکات. گەر کەسەکە بە چاکی لە ووردەکاریەکانی ئەدەب و فەلسەفە حاڵینەبووبێت ناکارێت نە ئەدەب و نەش فەلسەفە وەک ئامرازێک بۆ خۆپارێزی دەروونی و خۆچاکسازی ڕۆحی بەکاربەرێت. چونکە تاریکییەکان تا کۆتا نین. هەروەک ئەوەی، کە رووناکییەکانیش تا کۆتا بەردەوام نیین. ئەو ئەدەبەی لەسەر پایەکانی فەلسەفە دەوەستێت دەتوانیت بەختەوەری، ناخ ئارامی بۆ خوێنەرەکەی بهێنێت. ئەدەب لە دەرەوەی جوگرافیای فەلسەفە نییە. ئەدەب لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە. ئەدەبی تەندروست پشتگیریی فەلسەفە دەکات. فەلسەفەش پیویستی بەم پشتگیرییە هەیە. چونکە هەردوو ئیش لەسەر تەندروستبوونی مرۆڤ دەکەن. لەبەرئەوەی ئەدەب و فەلسەفە لە دڵنەوایی شارەزان دەکرێت بەکارببرێن بۆ شیفابوون لە پەتای بیرنەکردنەوە. ئەم پەتایە لە دەڤەری ئێمە زۆر بەربڵاوە و زیانێکی زۆریشیداوە لە گەشەنەکردنی ئەدەب و فەلسەفە. شیشرۆن Cicero وتەنی “”فەلسەفە، کە پزیشکی راستەقینەی رۆحە””، پێمانوایە ئەدەب زۆرێک لەم پزیشکە ڕۆحییەوە فێردەبێت. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین، کە چارەسەر بە فەلسەفە و ئەدەب وەک دەرمان باشترین چارەسەرن لە ئێستادا، ئەو ئێستایەی لێوانلێوە لە جەنجاڵی و پەرتی و دابڕان.

برسیەتی بۆ رۆمانی لەم جۆرە
زۆرێک لە خوێنەرەکانی بەختیار عەلی لەوە بەئاگانیین کە، گەڕانەوەی ئەمان بۆ کارە ئەدەبییەکانی (شیعر، رۆمان) بەختیار عەلی بۆ ئەو برسیەتییە مەعریفییە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکە پێانەوەدیارە. برسیەتیەکە پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کارە ئەدەبییەکانی ناوبراو لەسەری دەوەستێت. ئەڵبەتە ئەو وەستانەشە ئەدەبی لەو جۆرە بەرهەمدێنێت، کە تەنیایی ئەمان دەجولێنێت. ئەدەبی لەم شێوەیە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەمکە. لێرەوە هۆنینەوە و داڕشتن فۆرمێکی تر لەخۆدەگرێت. داماوی تاکی کورد، زەلیلی بەدەست هیواکانەوە، شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەوین لە کۆمەڵگەی نوێی کوردی، وێناکردنی مرۆڤی تازەی کورد و پەیامە بەردەوام بۆشەکانی هۆکارن بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی بەختیار عەلی.
خوێنەرەکانی ناوبراو، خۆیان دەزانن بەجۆرێکی کەساس دەژین و ژیانیشیان وێرانە، لێوانلێوە لە برین. برینی ئەمان بێ کۆتایە. چونکە مرۆڤە کەساسەکان پێویستیان بەو هەلومەرجانەیە کەساسی لەناودەبەن. ڕەنگە بەشێک لەو هەلومەرجانە بێ مافی بێت، نایەکسانی بێت، غەدر بێت، یان ڕەنگە هەستی تەنیایی و ئاوارەیی بێت لە زێدی خۆیان. لێرەوە گەڕانەوە بۆ ئەدەبی بەختیار عەلی خۆی بەپێویست دەزانێت. باشە ئەم جۆرە ئەدەبە دەرمانە؟ ڕێگایەکە بۆ شیفابوون لەو مەینەتییە بوونیاویانەی تیایدەژین؟

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی کردە ئەم بەختیار عەلییە. هەرزوو هەژارییە مەعریفییەکەی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی پەست و دڵشکاوکرد. ئەمەی ئێستا دەیخوێنیتەوە بەرهەمی ئەو پەستی و دڵشکاویەیە. کەواتە یاخیبوون لەدایکبوو. ئێمە پێویستمان بە زنجیرەیەک لە یاخیبوون هەیە تا چارەسەری هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بکەن. بۆیشە لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد، کە یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە. کەمە، چونکە بەو هەژارییە مەعریفییەی رۆمانی کوردی ناوێرێت. زۆرە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سەرەتای یاخیبوونێک زەمینەی بۆ سازێنرا.
ئەوەی وترا مەبەست لێی ئەوە نەبوو بمانەوێت خۆبەراووردکردنێک لەنێوان ناوبراو و ئەوی تردا دروستکەین. چونکە خۆبەراووردکردن بەئەویتر کارێکی تەندروست نییە. دۆزێکی ئەوتۆش دێنێتە گۆڕێ، کە کاتەکانت تەنها لە چاودێریکردنی ئەویتردا بەسەربەریت. تۆ ئەو کات خۆتنابینی، بەس ئەویتر دەبینیت، خۆتیش نابیت ئەویتر دەبیت. بوون بە ئەویتر واتە خۆبەراووردکردن. بۆیە چاکترە لە کاتی قسەکردن لە هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی لە ڕەچەڵەکی ئەو هەژاریە بەووردی حاڵیبین، کە هۆکارە بۆ لەئامێزگرتنی بەختیار عەلی.

ئەدەب داڵدەی نەوتراوەکانە

وتنی نەوتراو دەچێتە خانەی ئەو جۆرە وتنانەی شایانی وتنن. وتنی لەم شێوەیە وتنێکە هێشتا نەوتراوە. ئەو وتنەش، کە نەبووەتە وتن براوەی یەکەمە، چونکە ئەزمووننەکراوە. کەوابێت، چۆن ئەدەب بکرێت بە جێگایەک بۆ پەی پێنەبراوەکان؟ ئەڵبەتە تەنها بە وتنی نەوتراوەکان ئەوە دێتەدی. ئەو وتنانەی هێشتا نەبوونە بە بەشێک لە بیرکردنەوەمان. بەواتەیەکی تر، ئەدەبنووسینی ئێمە تا خۆی وەک ‘نوسینەوەی کارەسات” نیشاننەدات ناکارێت نەوتراو بخوڵقێنیت. ئەمە خۆزگەکانی ئەدەبی کوردیش دێنێتەدی. ئەم ئەدەبە بیرکردنەوەیەکە لە شوێنێکی ترەوە دێت، سەرهەڵدەدات. لێ، ئایا ئەمە تەنها ئەرکی بەختیار عەلییە؟ نەخێر (بەپیتی گەورە). هیواکانی ئەدەبی کوردی، گەر بریتی بێت لە جەختکردن لە بوونی خۆی، بەرهەمهێنانی ناسنامەیەک تایبەت بەخۆی، ئەمە دێتەدی، بەو مەرجەی ئەدەبی کوردی خۆی بە بەشێک لە هزرەڤانی بزانێت. هزرەڤانی لە جۆرێکی پوخت و شوێنێک بۆ نەوتراوەکان.
ئەدەبێک مردن ئەزموون نەکات، بە باڵای ئەوینی شکستخوارد و چەپۆکی سێکسا هەڵنەشاخێت، سەروی بێدەنگی نەبێت و تەنهایش نازدار نەکات زۆری ماوە ببێتە ئەدەب. ئەدەبێک گەندەڵی وەک شمەکێکی سیاسی و بەس ببینیت و توێکاری بۆ ئەم گەندەڵییە لەناو ناخ و دەروونی مرۆڤەکاندا نەکات، ئەو ئەدەبە لاپەرێز دەمێنێتەوە. ئەدەبی واش بۆ ئەوەی لە لاپەرێزی خۆی دەربازکات مشەخۆر دەبێت لەسەر وتنەکانی پێشخۆی. ئەمەش بەرەو دیوێکی تری خراپی بیرکردنەوەی لاپەرێزمان دەبات، کە بیر لە ئەویتری خوێنەر ناکاتەوە. ئەویترێک، کە پێویستی بە ئێمەیە. ئەویترێک لە چاوەڕوانی گشت شتە باشەکانە. بۆیە فەرامۆشکردنی ئەویتر لە ئەدەبدا بە زیانی خود، ناسنامەی ئەم خودە دەگەڕێتەوە.
پرسی ئەدەب پرسی هێنانەگۆی مەحاڵبووەکانە

لە ئێستادا، لە گشت شوێنێک، لەم جیهانە بچوکەی ئێمەدا ئەگەری مەحاڵبوون impossible لە زیادبووندایە. ئەدەب کە نەیتوانی مەحاڵبووەکان بهێنێتەگۆ لە بەئەدەبوون دەکەوێت. ئەو نەختە فەلسەفەیەی لە دەڤەری ئێمە نەشونمای کردووە تەنها و تەنها سەرقاڵی پرسیارە ئەدەبی و سیاسییە کۆمەڵایەتی و ئاینیە سادەکانە و لەم رووەشەوە شتێکی ئەوتۆی بەرهەمنەهێناوە. واتە فەلسەفە لێرە و ئێستا تەنها سەرقاڵی زانستە مرۆییەکانە و زانستە سروشتییەکانی فەرامۆشکردووە. ئەمەش وایکردووە لەگەڵ مەحاڵبوون دەستلەملان نەبێت. هەر ئەم لایەنە کاردانەوەی خراپی لەسەر ئەدەبیش داناوە.
بێ مانا، نادیار، ناکۆتا و پووچ کە بەشێکن لە مەحاڵەکانمان، کە نەبوونەتە باسی ئەدەبی ئێمە. راستەوخۆنوسینیش لە بواری ئەدەبیماندا زیانێکی زۆریداوە لە بێدەنگبوون لە مەحاڵەکانمان. کەواتە شیاوە بپرسین: لە چ ساتەوەختێکدا ئەدەبی باش (باش بە مانای دەگمەن و نادوبارە) لەدایکدەبیت؟ لەو ساتەوەختەی ئەدەب شانبەشانی فەلسەفە لەناو تاریکی ژیان دەربازماندەکات، فێری پرسیارمان دەکات سەبارەت بە بوونمان. وەکیتر، فەلسەفە و ئەدەب ، کە پێکەوە کاردەکەن، لە دوو لاوە کارمان لەسەر دەکەن: ئەزموونی تێڕامانمان دەوڵەمەنندەکەن و بیرکردنەوەشمان بۆ چەمکگەلێکی وەک خەمۆكی، هاوسەرگیری، بێدەنگی، تەنهایی، و ئەوینداری و خیانەت دەگۆڕن. جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە چەند ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بەختیار عەلی ئەمەی کردووە؟

دەرئەنجام: ئەدەبی دەگمەن

سەرهەڵدانی ئەدەب، ئەدەبی نایاب، کارێکی سانا نییە. چونکە ئەم بەشە ئەدەبە بەرپرسیاریەتی هێنانەگۆی تەمومژاویی، بێدەنگیی و بەدفڕیی لە کاری ئەدەبیدا لەئەستۆدەگرێت. بێگومان ئەدەبی نایاب لەوێوە دێتەدونیاوە. بۆیە بەغیلی بە بەختیار عەلی با بەغیلیبێت بە هێزی بیرکردنەوەی ئەو، بەوەی بیرکردنەوە چەند دەکارێت دوور بڕوات و ئاسۆکانیش تێپەڕێنێت.
ئەدەبی دەگمەن ئەو ئەدەبەیە، کە دەربازکەری خودی ئەدەبە لە گرفت و لاوازییەکانی. ئەم جۆرە ئەدەبە، ئەدەبێکە خەریکی گەڕانەوەی شتە لەدەستچوو و ونەکانە. ئەدەبی دەگمەن گفتوگۆ بێکۆتاییەکان دێنێتەگۆڕێ و لەپشت سەرهەڵدانی تێیۆرییە ئەدەبیەکانیشەوە دەبێت. جا ئەدەبی وامان هەیە؟ ئەزموونی ئەدەبی بەختیار عەلی جۆرێکە لەم ئەدەبە؟ گشت ئەوی لایسەرەوە وترا وەک وەڵامێک دەبینم بۆ ئەم دوو پرسیارە.
تێپەڕاندنی بەختیار عەلی شیاوە. لێ بەم کواڵیتێ ئەدەبییەی ئێستا نا. چونکە وتنی سادە، نزیک لە زمانێکی لاواز و سەرپێی، دابڕاو لە هزر ناکارێت ئەدەبی یاخی بەرهەمبهێنێت و نیگەرانییەکانمان، ئەو پارادۆکسانەی تیایدەژین، بکاتە وتن. شانسێک ئەو دەمە لەبەردەم هاتنەدی هیواکانی ئەدەبی کوردییە، کە ئاقاری بیرکردنەوەی ئەدەبنووسی(رۆمان،چیرۆک، شیعر، شانۆ ، …) ڕوو لە گۆڕانبکات. سەرلەبەرگۆڕینی پرسیاری ئەدەبی، بەو مەرجەی بەهۆیەوە پرسیارە سیاسییە کۆمەڵایەتییە ئاینییەکان بەر تەوژمی ئەو گۆرانەبکەون، شانسەکە بەهێزدەکات. لێرەوە، کەوابێت، ئەوەی مەبەستە گۆڕینی پرسی ئەدەبە. ئەو پرسەی فەلسەفەی کۆنتنێنتاڵ بۆ شەش دەیەک دەبێت سەرقاڵیەتی (هایدیگەر لەسەر هۆڵدرلین، دێریدا لەسەڕ سیلان، فوکۆ لەسەر ئارتۆ، دولۆز لەسەر سینەما، بادیو لەسەر چاخی شاعیران ئاگامبین لەسەر کافکا و….هتد).
هیچ ئەدەبێک بێ لەکە و بێ خەوش نییە. تەنانەت مۆدێلە جیهانییەکانیش(پوشکین، ئێلوار، شکسپیر، ڤالێری، بەیاتی، میشۆMichaux ،….). لێ پێموایە بەشێک لە خەوشەکانی مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی پەیوەندی بە سێ لایەنەوە هەیە. لایەنی یەکەم بریتییە لە خراپی دۆزی ئەدەبی پێش خۆی (بەتایبەت رۆماننووسین). لایەنی دووەم بریتییە لەو شێوازە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کە رووبەڕووی بیرکردنەوەی ئەدەبی ناوبراو دەبێتەوە، کە ئەمەشیان قوربانی دەستی لایەنی یەکەمە. دوا لایەن پێدەچێت پەیوەندی بە جۆرێک لە شێوازی هۆنینەوەی دێڕ و دەربڕینی ناوبراوەوە هەیە (نوسینیدرێژ، شێوازی داڕشتنی زمانەوانی،…. )، کە ئەوەش وایکردووە بەشێک لە خوێنەرانی پەستکات. لێ کێشەی بەشێک لە خوێنەرانی ناوبراویش ئەوەیە، کە دەخوازن نوسەر بەپێی حەز و شێوازی بیرکردنەوەی ئەوان بنوسێت. کێشەیەکیتری ئەو جۆرە خوێنەرانە ئەوەیە، کە پاشخانی هزرییان نییە و ڕاشهێنراون لەسەر جۆرێک لە نوسین و خوێندنەوە.

ئازاد حەمە




یادێك لە تێرۆرکردنی ڕەئوف زوهدی.. هیوا محەمەد ئەمین

.. نوسەر ی ناوداری کورد مامۆستا ( ڕەئوف زوهدی ) ١٩٢٢ – ١٩٩٠ سی و چوار ساڵ لەمەوبەر ؛ لەسەر یەکێك لە شەقامە ئاپۆڕەکانی شار ی سلێمانی – مەولەوی بە دەمانچەیەك ی بێدەنگ تێرۆرکرا و جەستەی لە نێو خوێنی خۆی دا شەڵاڵ کرا . ئاهەنگ ی پرسە و ڕۆژی ماتەمینیی ئەو لە کەشێك ی پڕ ترس ، دڵەڕاوکێ و دوودڵیی دا بەڕێخرا ، و ڕۆژێك دواتر لە ( گردی سەیوان ) ی شار ی سلێمانی بەخاكسپێردرا . چرا ی ژیان ی نوسەر ، ڕوناکبیر و نیشتیمانپەروەرێكی کورد هەروا بە سانایی خامۆشکرا ، و لە مێژو ی کوردیش دا چووە گۆشە ی بێدەنگیی و لەیادچوونەوە ، دواجار نە کەسێك بۆی هاتە وەڵام نە زەنگی مەترسیی تێرۆریش لە هێچ شوێنێك دا هاتە زرنگدانەوە ؟! تێرۆریستان بە دڵێك ی شاد و ئاسودەوە ئەم کردەوە تێرۆریستانەیان کردە ڕاپۆرتێك ی مژدانەبەخش ، و مژدەی بەڕێکردنی پیرێك ی کوردپەروەر ، هوشیار ، ماندونەناس و ڕوناکبیرێكی کوردیان بۆ دۆزەخی ئاسمان ، بە لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکەیان ، ڕاگەیاند .
مامۆستا ڕەئوف زوهدی بەپێی نەخشیەك ی ژێربەژێر و پێشترداڕێژراو ، لە دادگەیەكی داخراو و نهێنیی گروپێك ی ئیسلامیی سیاسیی دا ، سزای مەرگ ی بەسەردادرا . پێشتریش لەلایەن کەسانی ناو ئەم گروپە تێرۆرخوازانەوە ، نوسەری ناودار ( عومەر تۆفیق ) ، ڕۆژنامەگەر ، نوسەر و شاعیر ( کاکەی فەلاح ) لەبەردەم یان نزیك ماڵی خۆیان تێرۆر کردن . هەروەها خاوەن کتێبخانە ( خولە خاکیی ) و نوسەر ( ئەنوەر برزو ) شیان لە خوێنی خۆیان دا گەوزاند ، و دواتریش چەند هەوڵێكی تری بێئاکامیان دا بۆ پاکتاوکردنی چەند کەسایەتیەكی تر ی نوسەران و هونەرمەندان ی کورد ، لەوانە نوسەر ( کەریم زەند ) ، ساماندار ( عەلی بۆسکانی ) ، ( ئەحمەد سالار ) و ( سەعدون یونس ) . ئەم زنجیرە ڕوداوی تێرۆر و پاكتاوکردنە خوێناویانە ی ڕوناکبیرانی کورد لەسەردەمانێك دا ئەنجامدران ، کە باری سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی و چارەنوسی کورد لە باشوری کوردستان لەوپەڕی لێژیی و مەترسیدا بوو ، ڕۆژگارێك کە حکومەتی بەعس ی عێراق لە لوتکە ی دەستەڵاتی سیاسیی و سەربازیی خۆی دا نەخشەی کیمیاویی و هێرشەکانی ئەنفال ی بۆ قڕکردنی کوردان و وێرانکردنی کوردستان سازدەدا ، ڕۆژگارێك کە دنیا ی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتی کورد لە هەر کاتێك ی دی زیاتر پێویستی بە بوونی ئەو نوسەر و ڕناکبیرانە هەبوو ؟ !
لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و دواتر ئازادبوونی کوردستان ، ئیسلامی سیاسیی کورد لە باشوری کوردستان خۆیان وەك هێزێك ی سیاسیی ئایینیی ڕاگەیاند ٠ تێرۆری ئیسلامیی لەو قۆناخە پر گۆڕانکارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیانە دا ، وەك جاران و بەشێوازێك ی نوێتر درێژەی پێدرایەوە و کەوتنە بەکارهێنانی شێوازی هەڕەشە و سوکایەتییکردن بە نوسەران و بیری سەردەمخوازیی ، و تاوانبارکردنیان بە لادەر و پڕوپاگەندەکردن بۆ کوفر ، ئیلحاد و سوکایەتییکردن بە ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام ، کەوتنە سوتاندنی کتێبخانە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانیی ، و دواجار خۆچەکدارکردن ، بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەی کورد و دژایەتیکردنی ئافرەتان و بەکارهێنانی شێوازی پەروەردەی ئیسلامییانە لە قوتابخانەکان . بەداخەوە پاکتاوکردن و تێرۆری بیرمەندان ، ڕۆژنامەنوسان و ڕوناکبیران لە مێژوی جیهانی ئیسلامیی و لە باشوری کوردستان مێژویەکی خۆی هەیە ، هەر لە ئەبو مەنسوری حەلاج ، سەهرەوەردیی بگرە تاکو دەگاتە تێرۆری ڕوناکبیر و تێکۆشەری کورد جەمال عیرفان ، عەبدولخالق مەعروف ، ڕۆژنامەنوسان سۆرانی مامەحەمە ، کاوە گەرمیانیی ، شاعیری لاو بەکر عەلی و …تاد
ڕەئوف زوهدی کێیە ؟
ساڵی ١٩٢٢ لە شار ی سلێمانی لەدایکبووە ! خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە . ساڵی ١٩٤٦ خانەی مامۆستایان ( دارالمعلمین ) ی لە شار ی بەغداد تەواوکردووە . لە ساڵی ١٩٤٨ بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراقیی ، لە ساڵەکانی ١٩٤٩- ١٩٥٠ لەسەر چالاکیی سیاسیی زیندانی دەکرێت ، پاشان لە سلێمانی دەبێتە مامۆستا ، لە ساڵی ١٩٦٣ بەدەستی بەعسیەکان دەگیرێت و زیندانیی دەکرێت ، و بۆ ماوەی ساڵێك تیای دا دەمێنێتەوە . لە ساڵی١٩٦٥ تاکو ساڵی ١٩٦٨ بەهۆکاری چالاکیی و کاری سیاسیی لە وەزیفەی حکومیی دووردەخرێتەوە ، و دواجار لەساڵی١٩٧٨ دا خانەنشین دەکرێت .
بەرهەمە چاپکراوەکانی
١- لە هەقە بۆ کەوتنە تەقە
٢- رسالة مفتوحة الی پاپا / بە زمانی عەرەبیی
٣- چاوپیاخشاندنێك بە مێژوی جیهان دا – نەهرۆ / وەرگێڕان بۆ کوردیی – دوو بەرگ

٤- قصة الإنسان / جورج حنا / وەرگێڕان بۆ کوردیی
٥- تأریخ سری للبترول / وەرگێڕان لە عەرەبیەوە بۆ کوردیی
٦- گوڵەبەڕۆژە فرۆش / چیرۆك – ١٩٨٥
لەگەڵ چەندین نوسراوی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی .
لە ڕێکەوتی ٢٥ . ٢ . ١٩٩٠ دا و لە تەمەنی ٦٨ ساڵیی دا لە شەقامی مەولەوی لە شار ی سلێمانی بە دەمانچەیەك ی بێدەنگ و بەدەستی تێرۆریستانی ئیسلامیی کورد گیانی بەخشی بە ئەدەبیاتی کوردیی و کورد و کوردستان.

کۆتایی
٢٨/ ٤ / ٢٠٢٤
هیوا محەمەد ئەمین




کاریگەری خێزان لەسەر توشبوونی تاك بە گرفتە دەروونییەکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی)

کاتێك تۆ لە نێو خێزانێکدا ئەژیت کە تەنها بە ڕووکەش خێزانە هیچ بوارێکی تاك بوونت لە ئارادا نییە، دوو ژیانی جیاواز لە تێڕوانینتان بۆ ژیاندا دەژین بێ بوونی پانتاییەك کە تیایدا بتوانن گفتوگۆبکەن لەسەر ئەو پرسانەی کە هاوڕانین لەگەڵ یەك و هەروەها نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی تاك لەم نێوبەندەدا، هەرخێزانێک نەیتوانی زمانی لێك تێگەیشتن و هاوڕێیەتی بهێنێتە ئاراوە چیدی پێیی ناوترێ خێزان بەڵکو زیندانە یاخود مەکینەی لەکار خستنی مرۆڤە، مرۆڤ کاتێک لەنێو خێزانەکەی خۆیدا هەستی کرد گوێی بۆناگیرێت و نامۆیە بەو ژینگەیە و ڕێگەی پێنادرێ خۆی دەرببڕێ، ئەوا مرۆڤێکی شەرمن و ترسنۆک دەبێ. دواتر خەون و خولیا و هەرچی هونەرێک هەیە تێیدا خەفە دەبن و لەناودەچن!

ئەو تاکانەی کە لە خێزانی لەم چەشنە لەدایك دەبن لە داهاتوودا کە گەورەدەبن لە کاتی بوونی هەر کێشەیەك بە ئەگەرێکی بەرزەوە پەنا دەبەنە بەر دەرەوەی خێزان، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چ گرەنتییەك هەیە دەرەوە هاوکار و پەناگەی ئەم تاکە بن؟

ئەم دۆخە گاریگەری تەواوی هەیە لەسەر هەردوو ڕەگەز بە دیاریکراویی لە ڕووی هەموو بوارەکانی ژیانی ئێستا و ڕابردووی و داهاتووی تاك، بۆیە زۆر جار دەستەواژەیی “خێزانی ژەهراوی” بەکاردەهێنرێت بۆ ئەم پرسە کە ڕەگ و ڕیشەیی قوڵ لەخۆ دەگرێ.

ئەوەی بۆمن گرینگە لێرەدا باسی بکەم ئەم باڵادەستیە زیاتر ڕەگەزی مێ دەگرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا ڕەگەزی نێریش بەدەر نییە لەم پرسە کە بە درێژایی مێژووی تاکی کورد لەباشووری کوردستان ئەقڵیەتی نێرسالاریی زاڵە کە ڕابردوویەکی درێژخایەنی هەیە لەم ژینگەیەدا کە ئەمەش پرسێکی ترە کە لێرەدا ناپڕژێمە سەر ئەم باسە.

بۆیە تاك لەم دۆخەدا دەستەوەستان دەوەستێ لە هەمان کاتدا کاریگەی خراپی دەبێت، هەر بۆیە ئافرەت زۆرجار باشترین شتێك یاخود نایابترین چانسێك کە هەیبێ و هیوای لەسەر هەڵچنیبێ بریتیە لە هاوسەرگیری کردن و خۆدەربازکردنی لەو فەزا خێزانیە داتەپیوەی، ئا لێرەوەیە کە دەتوانین بڵێین حەز و تامەزرۆیی ئافرەت بۆ هاوسەرگیری ناتوانێ خۆی بەشاراوەیی و پەنهانی بهێڵێتەوە، بۆیە ئافرەت کاتێک فەزای خێزانی کێشەی تێدا دەبێت ئەوا بێ ئۆقرەیی و تامەزرۆیی و چاوەڕوانی بۆ هاوسەرگیری زۆرتر و دڵخوازتر دەبێ.

ئەمەش هانی دەدات کە خۆی بەدوای هاوسەرگیریدا بگەڕێت بەڵام بەشێوازێکی تایبەتی خۆی نەخوازە بەڕێگەیەکی ئاشکرا لە باشووردا. بۆئەم مەبەستەش چەند ڕێگایەك بەکاردهێنێت.

بۆنمونە: لەپڕ بەرەو خۆشەویستی هەنگاو دەنێت و دەیەوێ پیاوێک دەست نیشان بکات و پەیوەندیەکی کورت مەودای لەگەڵدا ببەستێ مەرجی ئەوەشی لێ وەربگرێت کە خۆشەویستیەکەیان کورت خایەن بێت و بەرەو هاوسەرگیری هەنگاوی پێ بنێت. یاخود ڕێگەیی تر بەکاردەهێنێت ئەویش ئەوەیە لەزۆر جێگە باسی سەروەت و سامانی بکات، یا باسی کارامەیی و لێهاتووی خۆی بکات لە بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان،
یاخود بەیانی دەست ڕەنگینی خۆی بکات لە گشت جێگەیەك یاخوود ئاستی ڕۆشەنبیری خۆی دەربخات، یانیش ئاستی عیبادەتی، زۆرجارش ڕوودەدات کە پەنا بۆ باڵاپۆشی ببات لەپێناو بەدەست خستنی هاوسەرگیری.

هەموو ئەم ڕێگا و میکانیزمانە وە زیاتریش کە ئافرەتان بەکاریان دەهێنێن یانیش بیری لێ دەکەنەوە زۆرینەی بۆ بەدەستهێنانی هاوسەرگیریە کە بتوانن لێوەی ڕزگاریان بێت لەو ئیشکالە خێزانیانە کەتێدا هەموو شت بۆیان سانسۆر و قەدەغە بووە…!

بۆیە لێرەدا ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت بەکارهێنانی ئەم میکانیزمانە بەمانای بوونی گرفت دێتن لەنێو خێزانی کوردی بە شێوەیەکی گشتی، ئەم پرسە بە دیاریکراویی لەسەر ئەمەیە کە ئێمە پێش پەروەردەیی داینگەکان و قوتابخانەکان و زانکۆکان، پێویستمان بە پەروەردەیەکی خێزانی گونجاو و تەندروست هەیە، کە بتوانێ مرۆڤێك بەرهەم بهێنێت کە تەنها لە ڕووە بایەلۆجیەکەوە مرۆڤ نەبێت، بۆیە باشترین بژاردە بۆ ئەم پرشەش بریتیە لە هۆشیاریی پەروەردەیی خێزانی.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی).




کورتە چیرۆک\ پەروەر.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

دەرگای ژوورەکەی کردەوە، بەرەو ئاودەستەکە ڕۆیشت، کەلوپەلەکانی خۆی لەسەر زەوییەکە دانا. هەروەکوو خووی پێوە گرتبوو، بۆ هەزارەمین جار ڕووداو و نەهامەتییەکانی ژیانی خۆی وەکوو ڤیدیۆ هاتەوە بەر چاوانی. پەنجا ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ڕۆژە تێپەڕیوە کە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی سێوەرەگ دەریان کرد و بەرەو ئەستانبۆڵ دووریان خستبووەوە. ئێستاش هەروەکوو ڕۆژی ڕوون ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەی دێتەوە بەر چاوانی. چوار پۆستاڵ لەپێی، سمێڵ پانی، چەک لە دەستی، ڕەزاگران لەبەر دەرگاکەی قووت بوونەوە و ئەویان بە چاوبەسترایی ڕاپێچی ناو زیلە سەربازییەکە کرد.
دەستی دایە فڵچەکە و خستییە ناو ئاودەستەکە، یەک دوو جاران بە بنی ئاودەستەکەی داهێنا، دایکی کەوتەوە یادی. ئەو دایکە قوڕبەسەرەی کە لە کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیمێ، بە مەلۆتکەیی هێنابوویانە سێوەرەگێ. هەموو جاران دەیگێڕاوە کە باوکی یەکێک بووە لە هاوەڵەکانی سەید ڕەزا، هەر لەگەڵ‌ ئەویش کەوتبووە داوی پیلانە قێزەونەکەی دۆغانی کارگێڕی ئەلازیگ. ئەو کات تەمەنی هەر شەش مانگان بوو، تەنێ شەش مانگ.
ئاخێکی هەڵکێشا و دەستی کردەوە بە پاککردنەوە. دوو سێ جاری دی فڵچەکەی بە بنی ئاودەستەکە داهێنا، ئەو جارە کەوتەوە یادی هاوڕێیەکەی، کە هەموو جارێک ئاگاداری دەکردەوە تا نازناوە کوردییەکەی فڕێ بدات و هەر ناوە ڕاستەقینە تورکییەکەی خۆی بەکار بهێنێت. (برام ئۆڕهان، ئەو نازناوەت فڕێ بدە، با وەکوو ئەو هاوڕێیەمان، شڤان، شاربەدەرت نەکەن). فڵچەکەی یەک دوو جاری تریش بە بنی ئاودەستەکە داهێنا، ئەو ڕۆژەی هاتەوە یاد کە لە دەرگای مێوانخانەی ئەتاتورک هاتە ژوورەوە و وەکوو خزمەتکارێک دەستی کرد بە کارکردن. ئێستاش دوای پەنجا ساڵ، لە هەمان مێوانخانە، لە هەمان شار، بە هەمان دەردی دووری، ڕۆژ و شەوەکانی خۆی بەیەکەوە گرێ دەدات.
پشتێشەکەی زۆری بۆ هێنا و ناچار فڵچەکەی دەستی دانا، لەسەر زەوییەکە دانیشت و هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا. ئیتر تینی جارانی نەماوە، هەر یەک دوو مانگی ترە و پشتی بۆ هەتایە دەچەمێتەوە، ئەرێ باشە بۆ دەڵێن کە داری گەورە وەک نەمامی تازە دانایەت! خۆ ئەو هەرگیز بەو ئاواتە نەبوو کە بۆ پەنجا ساڵ لە مێوانخانەیەک، دوور لە زێدی باوباپیرانی، ببێتە نۆکەری بێگانان. ئاخ کە بیری شارەکەی خۆی دەکات، بیری چیرۆکەکانی باپیرەی دەکات. ئێستاش ئەو چیرۆکەی لە یادە کە باپیرەی بە تاقی تەنیا، بە خۆی و بە داردەستەکەی دەستی، چوار سەربازی عوسمانی ڕاونابوو.
لە شوێنی خۆی هەڵسایەوە، دووبارە دەستی دایەوە فڵچەکەی، دوو جاری تریش بە بنی ئاودەستەکەی داهێنا. وتەکانی شڤانی هاتەوە یاد، موچڕکێکی پێدا هات. ئێستاش گۆرانییەکانی ئەوی هەردەم لە مێشکە، هەردەم بە ئاوات بوو، بۆ جارێکیش بێت پێی شادببێتەوە و لە نزیکەوە گوێ لە گۆرانییەکانی بگرێت. ئەو هاوڕێیەی کە هەر لە منداڵییەوە بۆی ببووە مامۆستای ژیان، مامۆستای بەرخۆدان. لە دڵی خۆیدا دووبارە و سێبارەی دەکردەوە: (بەرخۆدان ژیانە، بەرخۆدان ژیانە). هەر لەو خەیاڵانەدا بوو، دەرگای ژوورەکە کرایەوە و چوار پۆستاڵ لەپێی، سمێڵ پانی، چەک لە دەستی، ڕەزاگران لەبەر دەرگاکەی قووت بوونەوە و ئەویان بە چاوبەسترایی ڕاپێچی ناو زیلە سەربازییەکە کرد.




سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی.. عوسمانی حاجی مارف

هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە. دوای ئەوەش بایدن دەستیکرد بە قسەکردن لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمەش هەر لەسەرەتاوە دژایەتی نێوان هەردوکیانی بەڕوونی نیشاندا.
بایدن جەخت لەسەر بەشداری وڵاتەکەی دەکاتەوە لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل لەبەرامبەر هێرشی ئێراندا، لەکاتێکدا هەڵوێستی حکومەتی عێراق وەک پەیوەستبونی بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دژی ئیسرائیل و سیاسەتەکانیەتی لە هێرشکردنی بۆ سەر غەززە.
سودانی سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام عێراق وەک وڵاتێکی گرنگ بۆ ئەمریکا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بۆیە بایدن، سودانی دەخاتەبەر ئەو واقعەی کە بتوانێ هاوسەنگی نێوان هەردوولایان ڕاگرێت، ئەم بانگهێشتەی سودانی بۆ کۆشکی سپی دەستەبەرکردنی ئەو ئاراستەیەیە کە دەخالەتی ئێران و هێزە میلیشیاکانی لە عێراقدا سنورداربکات.
سەردانەکەی سودانی کە لە سەختترین کاتدا بەڕێوەبرا، هاوکاتە لەگەڵ ئەم گرژیەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە، ئەم سەردانە قورساییەکی گەورەی خستەسەر ئەرکی سیاسی سودانی کە بتوانێ دامەزراندنی پەیوەندیەکی گونجاو و پتەو لەگەڵ هەردوو ئێران و ئەمریکادا جێبەجێ بکات، هەرچەند دۆخی نێوان واشنتۆن و تاران گرژتر بێت، ئەو ئەرکە بۆ سودانی قورستر دەبێت.
سودانی هەوڵئەدات بتوانێ نوێنەرایەتی ئەو سەقامگیریە ئەمنی و سیاسی و ئابوریە بکات لە عێراقدا، کە ئاراستەیەکە بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی لە ئارادایە، کە چەندین ساڵە ناوچەکە بەگشتی لەسایەی داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق و دەخالەتی لە ناوچەکەدا، خولقێنەری گەورەترین کارەسات و نەهامەتی و نائارامی و ئەوپەڕی گێژاوی سیاسی بووە، هەروەها ناوچەکە شایەتحاڵی شەڕێکی وێرانکەر بوو لەگەڵ داعش. پێش ئەوەش قۆناغەکانی دەرگیر بە شەڕی تائیفی و قەومی لە عێراقدا کە دوای داگیرکاری ئەمریکا پێشهات، بەدوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، عێراق چوە ناو دەورەیەکی تەواو جیاواز لە بارگرژی و ناسەقامگیری سیاسی بەردەوامدا، بەڵام ئەو ئاراستەیەش کە لەڕێڕەوی فەراهەمکردنی ئارامیە بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق و ناوچەکەدا، دڕەنگ یا زوو ناوچەکە دەخاتە دۆخێکی تەواو جیاوازو تازەوە.
لەو سەردانەی سودانی بۆ واشنتن، پرسی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زاڵ بوو بەسەر پرسیارەکاندا، بەتایبەتی کە هێرشەکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیوە، لەوێشەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی لەڕێگەی عێراقەوە چوونەتە ناو ئیسرائیلەوە، ئەوەی شایانی باسە سودانی لەو بارەیەوە تەنها هەوڵیداوە بەڵانسێک ڕاگرێت و نەکەوێتە بەرامبەر ئەمریکا.
مەسەلەیەکی تر، بیرۆکەی کشانەوەی ئەمریکا بوو لە عێراق، چونکە سودانی بۆخۆی لەژێر فشاری هێزە عێراقیەکانی نزیک لە ئێراندایە، کە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی هەمەلایەنە لە عێراق بکشێنەوە، بەڵام ئەمریکا هەرگیز دەستەواژەی کشانەوە بەکارناهێنێت، بەوپێیەی بوونی سەرباز گەرەنتیەک بۆ واشنتۆن پێکدەهێنێت، لە بەردەوامی دۆخی سەربازیی ئێستای عێراق و سوریادا، کە دوای هەڵمەتی دژی داعش بەدیهات، سودانی لەسەر کشانەوەی ئەمریکا ئەوەندە قسەی کردوە کە ئەوە تەنها داوای چەند لایەنێکە.
ئەوەی شایانی باسە، ئامانجی سەردانەکە، بەپێی بەیاننامەکەی سودانی، ئەوە نیشان ئەدات کە پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمریکا بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ کە بریتیە لە چالاککردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کە هاوتەریب بن لەگەڵ بەرنامەی حکومەتی عێراقدا، کە تیشک دەخاتە سەر چاکسازیە ئابووری و داراییەکان، هەروەها لەسەر هاوبەشی بەرهەمدار لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بۆ سەرمایەگوزاری، لەهەمانکاتدا دەستەبەرکردنی دۆخێک، مانا بە ئاسایش و پاراستنی حکومەتی عێراق بدات.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین پەیوەندیەکانی لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا سودانی دەیەوێت، چاوپۆشی لە ڕابردوو بکات، لەسەر بنەمای پەیوەندیە ئابوریە ڕاستەوخۆکان و دەرفەتی وەبەرهێنانی بەرهەمدار بگونجێنێت، دامەزراندنی پەیوەندی بانکی تۆکمە لەنێوان هەردوو وڵاتدا کە یارمەتیان دەدات تادۆخی چەرخاندنی سەرمایەگوزاری زیاتر فەراهەم بکات.
ڕەنگە ئەم سەردانە سەختترین سەردانی سودانی بێت بۆ کۆشکی سپی، لە هەلومەرجێکی دژواردایە کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت و واشنتۆنی سەرقاڵ کردووە، دیارترینیان شەڕی غەززە و گرژیی نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئیسرائیلە لەلایەکی ترەوە، بەتایبەت کە کەسانێک هەن لە واشنتۆن جەخت لەسەر پێناسەی حکومەتی سودانی دەکەن، حکومەتێکە کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، بە ئاماژەدان بە سروشتی پێکهێنانی حکومەتێکە کە لەدایکبونێکی سەختی هەبووە دوای کارکردنی زیاتر لە ساڵێک، بەهۆی ناکۆکی سیاسی شیعە و شیعە، هەروەها لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکەو، لەهەمانکاتدا کێشەکانی بەغداو هەولێر ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە.
سێ دۆسێی سەرەکی هەن کە واشنتۆن لەم سەردانەی سودانیدا گرنگی پێداوە، کە لە بەیاننامەی بانگهێشتکردنی کۆشکی سپی بۆ حکومەتی عێراق ئاماژەی پێکراوە، یەکەمیان دۆسیەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندی عێراقە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، واتە ئەمریکی و بوونی هێزە سەربازیەکەی لە عێراق. دووەمیان ئەو دۆسیەی پەیوەستە بەو چاکسازیە داراییانەی کە حکومەتی سودانی جێبەجێی دەکات، بەوپێیەی واشنتۆن دەیەوێت جموجۆڵی دۆلار کۆنترۆڵ بکات، چونکە واشنتۆن پێیوایە عێراق کاری پێویست ناکات بۆ ڕاگرتنی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران، هەروەها سپیکردنەوەی پارە ، جگە لە هاوکاری دارایی تیرۆر، بە ئاماژەدان بەو سامانەی کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە لە عێراق کۆکراوەتەوە. دۆسیەی سێیەمیان تایبەتە بە سەربەخۆیی عێراق لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا، بەتایبەتی پرسی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی ووزە یان هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، کە ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ سزاکانی واشنتۆن بەسەر تاراندا.
سەبارەت بە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە پێشینەی کارەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دایە، هەربۆیە حکومەتی عێراق ئەم دۆسێیە ڕادەگرن و سودانیش ناتوانێ قسەی یەکلاییکەرەوەی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت.
مەلەفی ئەو سزایانەی کە بەسەر بانکە ئەهلیەکانی عێراقدا سەپێندراوە بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسێکانی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران، لەنێو ئەو دۆسێیانەی کە لە سەردانەکەشدا باسیان لێوەکراوە، دۆسێی دارایی و ئەوانەی پەیوەستە بە بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمەریکا و کاریگەری بانکەکانی عێراق و قەرزەکانی عێراق دەگرێتەوە.
پێش ئەو سەردانەی سودانی، چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نامەیەکیان ئاراستەی بایدن کردوە داوایان لە بایدن کرد کە دۆسیە سەختەکان لەگەڵ سودانی تاوتوێ بکات، لەنێوانیاندا پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر، کە بۆ یاسادانەران لە واشنتۆن دۆسێیەکی گرنگە، ئەم بابەتە زۆرجار باسی لێوەکرا لەو نامەیەی کە یاسادانەران بۆ بایدنیان ناردبوو، هەڵبەتە سودانی نەیدەویست بچێتە واشنتۆن تا لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆبونەوەی ڕێکخست و لایەکیشی لە کێشەی مووچەکردەوە، باڵیۆزی ئەمریکاش پاڵپشتی بۆ کۆبونەوەی نێوان سودانی و بارزانی کرد، بۆیە سودانی سەرکەوتوانە توانی لەو سەردانەدا ئەو دۆسێیە تێپەرێنێت
واتە ئەو ئومێدو چاوەڕوانیەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هەیانە، لەم سەردانەی سودانیدا، بەڵکو ئاوڕێک لە ئایندەیەکی تر بۆ حکومەتی هەرێم بدرێتەوە، مایەپوچ مایەوە. ئاشکرایە کە هەر لەسەرەتاوە ئەوە بۆ ئەمریکاو هەرلایەنێکی تری دەخیل لە دۆخی سیاسی عێراقدا پێشبینی لێدەکرێت، جگە لە جەختکردن لەسەر یەکپارچەیی عێراق و دامەزراندنەوەو جێگیرکردنی ناوەندبونەوەی عێراق، نەخشەو بەرنامەیەکی تر بۆ پەیوەندی بەغداو هەولێر لە ئارادانیە، هەر بەو مانایەش خۆرادەستکردنی حزبە کوردیەکان بە چارەنوسێک کە زیاتر بە حکومەتی بەغداوە دەیانبەستێتەوە ڕێگایەکی تریان نیە.




ئاودەستێکی کراوە.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

بۆن دێ..
بۆنی مرۆڤ،
زەوی بۆگەنی کردووە
لە قاچاخچییەک دەگەڕێم
بمگەیێنێتە دەرەوەی زەوی
**
لە هەر پارکێک،
لە سەنتەری هەر کۆڵانێک،
لەناو جەرگەی شەقامێکی پڕ ژاوەژاو،
لە دەروازەی باخچەی پاشا
لەناو هۆلی سینەماکان
لە کافێکان، ژوانگەکان
لە پەڕتووکخانە گشتییەکان
لەبەر دەرگای ماڵی سوڵتان
لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان
لەهەر شوێنێک هەنگاوەکانت شڵەژان
دەتوانیت بیکەیت
هەموو قولانجێکی زەوی
ئاودەستێکی کراوەیە




گـرێـتا تـونبـێـرگ چالاکـوانێکی جیهـانی کەشـوهـەوا.. رەزا شـوان

ئەگـەر بە وردی مێـژوو بخـوێنینەوە، ئـەم راستیـیەمـان بـۆ دەردەکەوێـت، کە هەمـوو گۆڕانکارییە گەورەکان و هەموو بـزووتنەوە گەورەکان، هەمیشە لە سـایەی خەبات و تێکـۆشان و سـووربـوون و سەرگـەرمی و سەرەکـێشی و سەرسەخـتی لاوانی خـوێـن گـەرم و گەشبـین و متـمانـەبەخـۆ و ئیـرادە پـۆڵایـن و پێـشەنگـدا هـاتـوونـەتـەدی.
گـرێـتا ئـێلیـۆنـۆر ئێـرمـان تـونـبێـرگ. ناسراویـشە بە (گـرێتا تاتـان ئێـلیـۆنـۆر ئـێرمان تونبێرگ) چالاکوانێکی کەشوهەوای سویدی و جیهانییە و لە هەموو جیهاندا ناسراوە.
گـرێتا تـونبـێـرگ لە رۆژی (٣/ یانـوار/ ٢٠٠٣) لە (سـتۆکهـۆڵـم) ی پایتەخـتی سـویـد لەدایک بـووە. کچـەگەورەی دایک و باوکـێتی. دایکی (مالـینا ئێـرمان) گـۆرانیبـێژێکی ئۆپیرا بوو. باوکیشی (سفانتێ تونبێرگ) ئەکتەرێکی ناوداری ئەمریکی بوو. باپیرەشی (ئـۆلـۆف تونبێرگ) ئەکـتەر و دەرهـێنەر بـوو. گـرێتا دەڵێت:”لە سەرەتـادا من کچـێکی شەرمن و بێدەنگ و کەمدوو بووم. دوایی گۆڕام و بووم بە چالاکوانێکی کەشوهـەوا”.
گـرێتـا تـونبێـرگ، ئەو هـەرزەکـارە سویـدییە قـسە نەرم و نیـانە، زۆر زوو خـونچـەی پـشکـووت. بوو بە یەکێک لە ویـژدانی جیهـانی و بە یەکێک لە چالاکـوانە دیارییەکانی گـۆڕانی کەشـوهـەوا لە جیهـانـدا. بـوو بە سـەرکـردە و بە پێـشڕەوی بـزووتنەوەیەکی جەماوەریی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی کەشوهەوا. بـوو بە چالاکـوانێکی سەرسەختی ژینگەیی. گرێتا لە تەمەنەی (٨) ساڵیدا، لە (دێسەمبەری/ ٢٠١٨) دا، بۆ یەکەمجـار گـوێی لە وتارێک بـوو دەربارەی کەشـوهـەوا. بەڵام لەوە تێنەگـەیشـت، کە بـۆچی کار بۆ زیـاتر لەو بارەیەوە نەکـراوە. پـرسی کەشوهـەوا، خەیاڵی سەرقـاڵ کرد. لە ماوەی چەنـد ساڵـێکـدا، خـووەکانی خـۆی گـۆڕیـن و بـوو بە ڤـیگـن (رووەکخـۆر)، رەتـیشی کـردەوە کە گـۆشـت بخـوات و بە فـڕۆکە گـەشـت بکات. چـونکە پێـيوایە کە (ئـاژەڵ و فـرۆکە بـڕێکی زۆر لـەو گـازانە دەردەکەن کە بەشـدارن و هـۆکـارێـکـن لە پیـسـبوونی کەشـوهـەوای جـیهـان و زیـادبـوونی رێـژەی گـازی کاربـۆن).
گرێتا تونبێرگ لە تەمەنی (١١) ساڵیدا تووشی خەمـۆکی بوو. وازی لە قسەکردن هـێنا. دوایش تووشی نەخۆشی (ئاسپێرگەر) بوو کە لە ئێستادا بە (ئۆتیزم) دادەنرێت، تووشی دڵـەڕاوکێ بـوو. بەڵام لەگەڵ زیـرەکی ئاسایی و گەشەکـردنی زمـانـدا، ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی ئاسپێرگەریان هەیە، مەیـلی ئەوەیان هەیە، کە بە قـووڵی سەرنجـیان لەسەر یەک بیرکردنەوە و یەک گرنگیدان بـدەن. بابەتی گرێتا تۆنبێرگ گۆڕانی کەشوهەوا یە.
کە لە ئەمڕۆدا بووە بە کێشەیەکی سەرەکی جیهـان. ترسی ئەوە هەیە کە لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێـنی لەسەر ژیانی مـرۆڤ هـەبێت. بۆیە ساڵانە کـۆنگرەیەکی گـشتی بە ئامادەبـوونی بەشێکی زۆری سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهـەوا و چارەسەرکـردنی، چەنـدیـن باس و لـێکـۆڵـینەوە تاوتـوێ دەکـرێـن.
گـرێـتا، لە (ئەیـلولی/ ٢٠١٨) دا، سێ هـەفـتە لەپـێـش دەستـپێکـردنی هەڵـبژادنـەکـانی پەرلەمـانی سویـد، نەچوو بـۆ قـوتـابخـانە، بۆ ئەوەی لە دەرەوە، لەبـەردەم پەرلەمـانی وڵاتەکەیـدا دابنیشێت و مـانبگـرێـت. تابـلـۆیـەکی سپی بە دەسـتەوە گرت، کە بە زمـانی سویـدی لەسەری نووسـرابوو (مـانگـرتـنی قـوتـابخـانە بـۆ کەشـوهـەوا) هەرچەندە لە یەکـەم رۆژی مانـگـرتنەکەی بە تەنیا خـۆی بـوو. بەڵام لە رۆژانی دواتـر خەڵکـییەکی زیاتر و زیاتر چـوونە پـاڵی. چـیرۆکی مانگـرتنەکەی، سەرەنـجی نێـودەوڵەتی راکـێشا.
لە دوای هەڵبژاردنەکان، گرێتا تونبێرگ گەڕایەوە بۆ قوتابخانە. بەڵام درێـژەی بەوەدا، کە رۆژانی هەینی ناچـوو بۆ قوتابخـانە. گـرێتـا لە ساڵی (٢٠١٨) دا. لەژیـر دروشمی (رۆژانی هـەینی.. بۆ داهاتـوو) لەبەدەم بەرلەمانـدا مـانی دەگـرت. بۆ مـاوەی (٢٥١) هـەفـتە درێـژەی بە مانگـرتـن دا. تا ساڵی (٢٠٢٣) کە قـۆناغی ئامادەیی تەواوکرد و قـوتابخانەی نەما، کۆتـایی بە مانگـرتن هـێنا. بەڵام تابـلۆکەی دەستی، بەقـەد دیـواری کـۆشکی بـەردەم پەرلەمـانی سـویـددا هـەڵـواسی.
دەسـتـپێـشخەرییـەکەی گـرێـتا لە مـانگـرتنـدا، بـووە هـۆی وروژانـدنی بە هەزاران لە خوێندکار و لاوان لە جیهاندا، بۆ ناڕەزایی دەربـڕین بۆ گۆڕانی کەشوهەوا. لە دواییدا گروپی (هـەینی بـۆ داهاتـوو) ی دامەزراند. ئەم گروپە زۆر بە خێرایی تەشنەی کرد و سـەرانسـەری جیهـانی گـرتـەوە و بـوو بە بـزووتـنەوەیـەکی کەشـوهـەوای جـیهـانی.
گـرێتا دەڵـێت:”لە ناخمـدا هەسـت بەوە دەکـەم، ئەگەر نـاڕەزایی دەرنەبـڕم، دەمـرم”. وتیشی:”ئێستا کەسانی زیاترمان هـەیە، کە لە بـزووتنەوەی کەشوهـەوادا، لە شەڕی کەشـوهـەوا و دادپەروەریی کـۆمـەڵایـەتیـدا، کـۆکـراونـەتەوە”.
تـونبـێرگ، بـۆ ئـەوەی کـاریگەرییەکی زیـاتـری هـەبـێـت، هەوڵـیدا یاسادانەران هـان بـدات بۆ چارەسەرکـردن و بە یاساکـردنی گـۆڕانکاریی کەشوهـەوا و ژینگەپـارێـزی.
چالاکییەکانی گرێتا تونبێرگ، لە ساڵی (٢٠١٩) دا، رێـگەی بۆ هـەرزەکـاران و لاوان خۆشکـرد بۆ خۆپیشانـدان لە رۆژێکـدا، کە لە هەمـوو کـێشوەرەکانـدا ئەنجـامی بـدەن. ئەوەبوو لە (١٦٣) دەوڵەدا خـۆپيشاندانی ناڕەزایی بۆ کەشوهەوا کرا. ئەوە یەکەمجار بـوو لە جیهـانـدا، کە منداڵان و لاوان خۆپیشانـدان بکەن و بە کۆمەڵ داوای پارستن و چارەسەرکردنی کەشوهـەوا بکەن. لە زۆربەی خۆپیشانـدانەکانیشدا، وێنەی چالاکوانی کەشـوهـەوا (گـرێتا تـونبـێـرگ) یان بەرزکـردبـوونەوە.
گرێتا وەک هەرزەکارێکی (١٥) ساڵان، بە پەیـامێکی تـاکـەوە دەستی پـێکـرد. بـەڵام بـزووتنەوەکـەی بـوو بە بـزووتنـەوەیـەکی جیهـانی و تـا ئێـستا، لە (٧٥٠٠) شـار لە جیهـانـدا بـڵاوبـووەتـەوە.
گـرێتا تونبـێرگ، ئەمساڵی خوێنـدنی کـردووە بە پشوو، لەوانەیە ساڵی داهاتـوو، بچـێتە زانکـۆ و درێـژە بە خوێنـدن بـدات. کارەکەی وروژێنـەر و ئیـلهـامـبەخـش بـوو، بـۆ بە سـەدان هـەزار خوێنـدکار لەسەرانسەری جیهـانـدا، بـۆ بەشـداریکـردن لە هـەینییەکانی خۆیـانـدا بـۆ داهـاتـوو، کە لەم وڵاتـانەدا خۆپێـشانـدانی ناڕەزایی دژ بە پیـسکـردن و بە ژەهـراویکـردنی کەشـوهـەوا بەڕێـوەچـوون: بەلـچـیکا، کـەنـەدا، ئەمـریـکا، بەریتـانیا، فـینـلەنـدا، دانـیمارک، فـەرەنسـا، هـۆڵـەنـدا، ئەڵمـانیـا.
(مـانگـرتـنی قـوتـابخـانە بـۆ کەشـوهـەوا) بـووە بە ئایـکـۆنـێکی جـیهـانی.
گـرێـتا دامـەزرێـنەر و رابـەری بـزووتـنەوەیـەکە، کە بە (رۆژانـی ٢٠١٨ ) ناسـراوە. کـاری بۆ چـارەسەرکـردنی کـێـشەی گـۆڕانی کەشـوهـەوا کـردووە.
گـرێتا تونبـێرگ، وەک چالاکـوانێکی سەرسەختی کەشوهـەوا، بـووە بە کەسایەتییەکی ناسراوی جیهـانی. چەنـدین بانگهـێشتـنامەی وەرگـرت، بۆ قـسەکـردن لەسەر گـۆڕانی کەشوهـەوا. لە کۆڕبەنـدی ئابووری جیهـان لە (داڤـۆس) لە سـویسرا و لە پەرلەمـانی ئەوروپـا، لە کۆنگـرێسی ئەمـریـکا دا بەشـداریی کـرد و دەربـارەی کەشوهـەوا قـسەی کرد. هـەروەها لە دەزگاکانی یاسادانانی کەشوهـەوا لە: ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئەمریکادا بەشـداربـوو و تـاری لەسەر کەشوهـەوا و ژینگە پێشکەشکـرد. لە پاریس و بەرلین و نیویـۆرک و چەنـدین شاری تری جیهـان، بەشـداری لە خۆپیشانـدانەکانیان بۆ گـۆڕینی کەشوهەوا کرد و وتاری پێشکەش کـردووە. گرێتا چالاکوانێکی چاونەتـرسە و زۆر بە راشکاوی و بـوێـرییەوە، رووبـەڕووی سەرۆکـەکان بـووەوە و رەخـنەی لـێـیان گـرت، لەوانەش، دۆنـاڵـد تـرەمپی سەرۆکی پێـشووی ئەمـریـکا. وتـارەکانی گـرێتـا، تـۆنـێکی شەرمەزارکـردنی دەسەڵاتـدارانی لەخۆگـرتـوون. لە وتارێکـیدا، لە (٢٣/ سێـپتەمبەر/ ٢٠١٩) دا، لەبەردەم لـووتکەی سەرکـردەکـانی جیهـانـدا لە نەتـەوە یەکگـرتـووەکـان سەبارەت بە (گەرمبـوونی جـیهـان) کـە سکـرتێـری گـشـتیی نەتـەوە یەکـگـرتـووەکـان (ئەنتـۆنیـۆ گـۆتـێرێش) ئامـادەبـوو، گـرێتـا بە سەرکـردەکـانی جـیهـانی وت:” بە قـسە پووچەکانتان، ئێـوە چـۆن وێـراتـان؟ خەونەکـانـم و منـداڵیمتان دزیوە”. وتیشی:”پێتان بـاشبێـت یـان بـاش نەبێـت گـۆڕانکاری بەڕێـوەیە”. ئـەم هـەسـتانـەی لە سەرانـسەری جیهـانـدا دەنگیان داوەتـەوە. ئازایـەتی و بـوێـری بە چـالاکـوانـانی گـۆڕانی کەشوهـەوا بەخشیون. واشییان لە سیاسەتمەداران کردووە کە ئاسوودە نەبن. بە وشە ئاگرینەکانی گەلێک لە سەرۆکەکانی جیهـانی تەزانـد. لەوانـەش سەرۆکی پێشووی ئەمـریکا دۆناڵـد ترەمـپ. ترامپ دەربارەی گرێتا تونبێرگ، وتی:”ئـەو لە کچـێکی بچووکی زۆر دڵخۆش دەچێت، بە ئەوپەڕی چاوەڕوانییەوە، چاوەڕوانی داهاتوویەکی گـەش و نایـاب دەکات”.
گرێتا ئەوەشی بە سەرکـردەکان وت:”نامـەوێـت گـوێ لە مـن بگـرن، دەمـەوێـت گـوێ لە زانـاکان بگـرن. دەمـەوێـت لە پـشـتی زانـسـتەوە یەکـبگـرن”.
بـۆچی گـرێتا تـونبـێرگ، گـەورەکـان هـەراسان دەکـات؟ لـە راسـتـیدا پێـمـوایە، رەنـگە هـەرزەکـارییە تـونـدەکەی و قـسە لـەڕووەکـانی، کـلـیـلی کـاریـگەرییـەکـانی بـێـت.
گـرێـتا تونبێرگ لە (سێپتەمبەری/٢٠١٩) دا، لە بـۆنـەیەکی نەتـەوە یەکگـرتـووەکانـدا، بانگهـێشتی ئەمریکا کرا. بە یەخـتـێکی بێ دەردانی گازی ژەهـراوی، لەگەڵ باوکیدا بۆ مـاوەی دوو هـەفـتە، بە زەریـای ئەتـڵەسـیدا، گەشـتـیان کـرد تا گەیشـتە ئەمـریـکا. لە شاری نیـویـۆرک، لەبەردەم هـەزارن کەسی ژینگەدۆسـت و دژی گـۆڕانی کەشوهـەوا، وتارێـکی گـرنگی سەرنجـڕاکـێـشی لەسەر کەشـوهـەوا پێـشکەشکـرد.
گرێتا تونبێرگ، چەنـد جـارێک لە لایەن پـۆلـیسی سویـدەوە گیرا و دوایی ئازادیان کرد.
لە سـاڵی (٢٠١٩) دا، سـێ نـوێـنەری نەرویـج، گـرێتـا تـونبـێرگـیان بـۆ وەرگـرتـنی (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئاشـتی) کانـدیـدیـان کـرد.
گـرێتا تـونبێرگ، تا ئێستا سێ کـتێـبی دەربارەی کەشوهـەوا نووسیوە و چـاپیکـردوون.
تا ئێستا لە سوید و لە دەرەوەی سویـد، چەندین خەڵاتیان پێشکەش کردووە. لەوانەش:
لە ساڵی (٢٠١٩) دا (خـەڵاتی نێـودەوڵەتی ئاشـتی منـداڵان) یان پێبەخـشی. هـەرەوهـا لە لایـەن (رێـکخـراوی لـێـبووردنی نێـودەوڵـەتیـیەوە) لە واشـنتـۆن (خـەڵاتی باڵـیۆزی ویـژدان) یـان پـێـبەخـشی. لە سویـد لە ستۆکهـۆڵـم خەڵاتی ژینگەیـان پێبەخـشی. بەڵام گرێتا تونبێرگ، ئەم خەڵاتەی وەرنەگـرت و رەتیکـردەوە. لە پـۆستێکـدا لە ئینستاگـرام روونیکـردەوە، کە:”بـزووتـنەوەی کەشـوهـەوا، پێـویـستی بە خـەڵاتی زیـاتـر نیـیە”.
لەلایەن گۆڤاری (تایم)ی بەناوبانگەوە. نازناوی باشترین کەسایەتی ساڵی (٢٠١٩)ی بەدەستهـینا. بچـووکـتریـن کەسایەتیی ئەو ساڵە بـوو، کە ئەم نـازناوە بەدەستبهـێنێت.
(ئێـدوارد فـێـڵسنـتاڵ) ی سەرنـووسەری گـۆڤـاری تـایـم، وتی:”ئـەو بـۆتە گەورەترین دەنگ لە گەورەتـریـن پرس کە ئەمساڵ رووبـەرووی هەسارەکەمان بۆتـەوە، ئـەو لە هـیچـەوە هـات، بۆ ئەوەی سەرکـردەیی و رابـەری بـزووتنەوەیـەکی جیهـانی بکات”.
فـیلمێکی دیکۆمێنتارییان دەربـارەی ژیـان و چالاکییەکانی گرێتا تونبێرک دەرکـردووە.

(*) بـۆ نووسـینی ئـەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئـینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی:٢٠٢٤




خەونە بێ ئەدرەسەکان.. ستیڤان شەمزینی

دنیای من بێ تۆ ھێندە ئاڵۆزە
ژیان خۆی تێدا ناناسێتەوە
مردن خەریکی تەفسیرکردنێتی


من دڵۆپێک خەندەی تەڕم
بۆ سەر لێوی وشکھەڵاتووت
من پشکۆی داگیرساوی پێکەنینم
بۆ دیلانێی دڵی تەنگت


ژیانم لاشەیەکە لە کفنی مەرگدا
مەرگم بەرگی ژیانی کردۆتە بەر
سەیرە لە مردن و ژیاندا
چاوم بەرەو لای تۆ دەفڕێت!!


لە ژێر زەمینی ژیانەوە ھەناسە دەدەم
لە بەرزایی مردنەوە دەڕوانم
بەدەم ژیانەوە مردم
لە باوەشی عەشقدا زیندوو بوومەوە


ھەمیشە نوێژم بۆ ژیان کردووە
بە کۆڵانەکانی عەشقدا
لە دەست مردن رامکردووە
لە کاتی نوێژ و راکردندا
کڕنووشم بۆ ھەتاوە ژنێک بردووە


خەونی ئاڵی خۆشەویستیم
بە کێردی مەرگ سەر بڕدرا
بە سەری بڕاوەوە
خەونێکی تر بە تۆوە دەبینم


چاوم
لە تۆزی مەنفا پاک دەکەمەوە
نیشتمان لەبەر ھەتاو ھەڵدەخەم
خۆیشم بەسەر تەنافی تۆوە
وەک کۆترێکی غەریب ھەڵدەنیشم


چوونکە ھەژارم خەونیش نابینم
دراو چەند ساڵە
تەوقەی لەگەڵ نەکردووم
بەو ھەموو گەداییەوە
دڵم بۆتە باخ و
ژنێک
ھەر رۆژەی گوڵێکی تێدا دەڕوێنێ


رووباری “راین” لە من دەچێت
پێچەوانەی ھەموو کەس رێ دەکەم
خەڵکیش پێچەوانەی من بیردەکەنەوە
من و خەڵک
لە ھیچ کوێ ناگەینە یەکتر
ئەوان
لە گازینۆکانی ھەوەسبازیی کەوتوون
منیش لە خانەقاکانی عەشق


بە ھاتنی سەری ساڵەکان
خۆشحاڵ نیم
ساڵێک لە تەمەنی عەشقمان
کەم دەبێتەوە
ساڵێکیش دەخەینە
ناو عەلاگەی خاشاکەوە
ھەموو سەری ساڵێک
کزە لە دڵمەوە دێت
بۆ ئەوانەی بەناو ساڵێکدا تێپەڕیون
بێ ئەوەی دەستنوێژی
خۆشەویستیان ھەڵگرتبێت

ستیڤان شەمزینی





ئەحمەد شەوقـی و چـیرۆکەشیعـر بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

لە کۆن و لە ئێستاشدا، وڵاتی میسر لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی عـەرەبدا، پێشەنگی وڵاتانی عەرەبە. لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (محەمەد عـەلی پاشا:١٧٦٩ـ ١٨٦٩) ز، کە بە (عـەزیـزی میسـر ) و بە ( دامەزرێنـەری میسـری نـوێ ) ناودەبـرێـت. شایەنی باسیشە محەمەد عـەلی پاشا کوردە و خەڵـکی شاری ئامـەد ( دیاربەکـر ) ە . محەمەد عەلی پاشا لە ساڵی ( ١٨٠٥ بۆ ١٨٤٨) ز ، فەرمانڕەوای میسر بـوو. سەردەمەکەی بە سەردەمی زێـڕینی میسـر ناودەبـرێت. میسـر لە هـەمـوو بـوارەکانـدا پێـشکەوت لە بـواری ئەدەبی منـداڵاندا، چەند نووسەرێکی باش و بە توانای میسـری هـەڵکەوتـن و کۆمەڵێک چـیرۆک و شیعـریان بۆ منـداڵان نووسی. چەنـد چـیرۆکـێکیشیان لە زمـانی فەرەنسی و ئینگـلیزییـەوە، وەریانگـێڕان بۆ سـەر زمـانی عـەرەبی. بێگـومان ئەدەبی منـداڵانی فـەرەنسی و ئیـنگـلـیزی، کاریـگەرییەکی زۆریـان لەسـەر ئـەم نـووسـەرانە هـەبـوو. ناسـراوتـریـن نـووسـەرەکـانـیش: روفـاعـە تـەهـتاوی، محـەمـەد عـوسـمـان جـەلال، محەمـەدسەعـید عـوریـان، محەمەد هـەڕاوی، محـەمەد عەتـیە ئەلـئەبـراشی، عـەلی فـوکری، ئەحـمەد شـەوقی، کامـیـل گەیـلانی، عـەبـدولتەواب یوسـف،… چەنـد نـووسەرێـکی ناسـراوی تـر. زۆر بە کـورتی باسی (ئەحـمـەد شـەوقی) دەکـەیـن:

(ئەحمەد عـەلی ئەحمەد شەوقی: ١٨٦٨ ـ ١٩٣٢) ز. لە شاری ( قاهـیرە)ی پایتەخـتی میسر لەدایکبووە. ئەحمەد شەوقی بە رەچەڵک کوردە و باوکی خەڵکی شاری سلێمانیە لە باشـووری کوردسـتان. دایکـیشی تـورکی شەرکەسیە. بـاوکی لە سـوپـاکەی محەمەد عـەلی پاشادا بـوو، کە چـووە میـسر نەگەڕایـەوە و لەوێـدا مایـەوە. پاپیـرەشی چەنـدین پۆستی بـاڵای لە حکوومەتی خـدێـوی دا هەبـوو. کەسـایەتییەکی ناسـراوبـوو. ئەحمـەد شـەوقی نکـووڵی لە رەسەنـایەتی خـۆی ناکـات، دان بـەوەدا دەنـێـت کە کـوردە بـاوانە. بەم دێـڕە شـیعـرەی کوردبـوونی خـۆی ئاشکـرا دەکـات و دەڵـێـت:
ســمـعـــت بـأذنــي مـــن ‌أبــــي وهــو قـــائــل
مـن الکـرد أصـلي جـئـت فـي الـعـرب نـاشـئـا
واتـاکـەی بە کـوردی:
بـە گــوێـی خــۆم گـوێــــم لـە بـاوکـــــم بــوو کـە وتـی
بەرەچەڵەک کوردم هـاتـم لەناو عـەرەبـدا پـێگەیـشـتم
داپیـرەی ئەحـمەد شـەوقی، لە کۆشکی (خـدێـوی ئـیسماعـیل) پلەیەکی بـاڵای هـەبـوو. بەو هـۆیەوە زۆر دەوڵەمەنـد بـوو. ئەحمەد شەوقی منداڵیی لەگەڵ داپیرەیدا لە کۆشک بەسەربـرد. لەسەردەستی داپیـرەی پەروەردە بـوو.
ئەحمەد شەوقی لە تەمەنی (٤) ساڵـیدا، فـیری بنەمـاکانی نووسـین و خوێنـدنەوە بوو.
کە لە قوتابخانەی سەرەتایی بوو، لەبەر زیرەکی و بلیمەتی لە خەرجییەکانی قوتابخانە بەخشییان. لە تەمەنی (١٥) ساڵیدا، ئامادەیی تەواوکرد. ئارەزووی لە خوێندنی مافەکان هەبوو. بەڵام لەبەر بچووکی تەمەنی، لە بەشی مافەکان لە زانکـۆ وەرنەگـیرا. هەر لەم تەمەنەدا، دەستی بە شـیعـر دانـان کةرد. مامـۆسـتاکانی سەرسـامی شـیعـرەکانی بـوون.
لەبـەر بچـووکی و بـلیـمەتی (تـۆفـیق پاشـا خـدێـوی) لە سـاڵی (١٨٨٧) لەسەر ئەرکی حکـوومـەت، بـۆ خـوێنـدنی یاسـا، نـاردی بـۆ فـەرەنـسـا. بـە پـلـەی نایـاب بـڕوانـامەی بەکالوریـۆسی لە فەرەنسا بەدەسـتهـێـنا. ئەو کاتەی کە خوێنـدکار بـوو لە (پاریـس) لە فەرەنسا، ئاشنای ئەدەبی فەرەنسی بوو. بە تایبەتیش سەرسامی چـیرۆکەشیعـرییەکانی نـووسـەری بەنـاوبـانـگی فـەرەنـسی (لافـۆنـتـیـن) بـوو، کـە منـداڵانی هـۆنیـونـەتـەوە.
شـەوقی لە ساڵی (١٨٩١) گـەڕایەوە بـۆ مـیـسر. چەنـد پایـەکی رۆشـنبـیریی هـەبـوو.
شـیعـر و شـانـۆ هـەمەچـەشـنەکانی ئەحـمـەد شـەوقی زور بـەرزن. لە هـەمـوو وڵاتـانی عـەرەبـدا ناوبانگـیان دەرکـرد. لە ساڵی (١٩٢٧) لە ئاهـەنگـێکی مەزنـدا، بە بەشـداری شاعـیرانێکی زۆری عـەرەب، هەموویـان هـاوڕابـوون کە نازاناوی (أمیر الشعـراء) واتا (مـیری شاعـیران) بە ئەحمەد شەوقی ببەخـشن. تا ئێستا ئەو نازناوە تایبەتە بە ئەحمەد شـەوقی یەوە.
چـیرۆکەشیعـرییەکانی ( لافـۆنتـیـن) بـۆ منـداڵان، کاریـگەریـان زۆریـان لەسـەر شەوقی هەبـوو. هەر لەسەر بیر و شێوازی چیرۆکەکانی لافـۆنتـین، ئەحمەد شەوقی، کۆمەڵێک چـیرۆکەشیعـر و سـروود و گۆرانی، بە زمـانی عـەرەبی بۆ منداڵانی عـەرەب نووسـیوە. ئەو چیرۆکەشیعـر و گۆرانییانەی ئەحمەد شەوقی تا ئەمڕۆش بایەخـیان کاڵنەبوونەتەوە و منـداڵان و چـێـژ و خـۆشـییان لـێوەردەگـرن.
ئەحمەد شـەوقی نایـشارێتەوە، لە پێشەکی دیـوانـەکەی (دیـوانی شەوقـیات) دا، دەڵـێت: “لەسـەر شـێوازی لافـۆنـتـین، بـیـری خـۆمـم لـە نـووسـیـنی چـیـرۆکـەشـیعـرەکـانـمـدا تاقـیکـردۆتـەوە. هـەرکە دوو یا سێ چـیرۆکەشـیعـرم دەنـووسی، دەچـووم بـۆ کۆمـەڵە منـداڵـێکی میسری دەیـانـمخـوێنـدەوە. یەکـسەر لێیان تێدەگەیشتن و پێیان خـۆش بـوو. زۆربەیـان دەیـهـێـنانە پـێکەنـین. ئەمـەش مـژدەیەکی بـاش بـوو بـۆ مـن”
لـەو کاتەشەوە (ئەحـمەد شـەوقی بە پـێـشەنـگی ئـەدەبی منـداڵانی عـەرەب) ناوبـراوە. ئەحمەد شەوقی، چیرۆکە شیعـرەکانی بۆ منداڵان بە زمانی ئاژەڵ و باڵندەوە نووسیون. لە هەندێکیشیاندا رۆڵی مـرۆڤـیشیان تێدایە. ئەگەرچی فـۆرمی چـیرۆکەکانی لە شێوەی نوکتە و پێکەنـیندان. بەڵام لە ناوەڕۆک و مەبەسـتدا، رەخـنە و تانە و توانـج و پـلارن.
ئەحمەد شەوقی، لە دیـوانەکەیـدا، بەشـێکی تایـبەتی بۆ منـداڵان تەرخـان کـردووە ، بە ناوی (دیوانی منداڵان) کە زیاتر لە (٥٥) چـیرۆکەشیعـر و (٢٠) سروود و گۆرانیی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە. ئەمانە ناوی هەنـدێ لە چـیرۆکەشیعـر و هـۆنـراوەکانی شەوقـین بۆ منـداڵان (رێـوی و کەڵەشـێر، راوکەر و چـۆلەکە، عـەلەشیـش، مـریشکی خـۆماڵی، پـشـیلەکەم، شـێر و بـۆق، رێـویی ناو بەلـەمەکە، نیـشـتـمان، دایکـم ، نەنکـم، کەشتی وئاژەڵەکان، قـوتابخـانە، بەزەیی بە ئاژەڵ، کـۆتـر، خۆشـەویستیی نیشـتـمان،… هـتد). ئەحمەد شەوقی، چیرۆکەشیعـری (رێـوی و کەڵەشێر)ی لە لافـۆنتین ەوە وەرگـرتـووە. بە دووری نـازانـم کە (لافـۆنـتـیـن) يـش، ئـەم چـیرۆکەشـیعـرەی، لـە کورتـە چـیـرۆکە ئەفـسانەییەکانی (ئـێـزۆپ)ی یـۆنـانـییـەوە وەریـگـرتـووبـێـت.

شاعـیر و بیـرمەنـدی گەورەی کوردیشمان ( پیرەمـێرد ) ی نەمر، ئەم چـیرۆکەشیعـرەی وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمـانی کوردی. بەڵام بە زمـانێکی کوردیی ئەوەنـدە ناسک و ئاسان و رەوان و بەچـێژ و شـیریـن بۆ منـداڵانی کوردمانی هـۆنیـوەتەوە. زۆر لە دەقـەکەکانی ئەحمەد شـەوقی و لافـۆنـتـین جـوانـتر و شـیرینـتر و ئاسانـترە. مـن لە ساڵی (١٩٥٦) کە منـداڵ بـووم لە (قـوتـابخـانەی سـەرەتـایی شـۆرجـە) بـووم لە شاری کەرکوک، ئەم چـیرۆکەشـیعـرەم لە دەمی قـوتابییەکی کوردی لەخـۆم گەورەتر لەبەرم کرد، تا ئێستاش لەبیرم نەچـۆتەوە. ئەمەش دەقی چیرۆکەشیعـرەکەی پیرەمێـردە (رێـوی و کەڵەشـێر)ە:

رۆژێ مـــام رێـــوی دەهــــات
دەم بـە ویــــرد و ســـەڵـەوات

  • * *
    دوایـــی دەیــــوت بـە ئـــــاواز
    لەعـنـەتی خــوا لـە فـێـڵـبــــاز
  • * *
    دنـیـــا هـێـنـــدەی پـێ نـــــاوێ
    هـــــەژارێ بـخــــــەیـتـە داوێ
  • * *
    عـومــــرێــکـە دێــــت و دەڕوا
    وا چـــاکـە روو بکـەیـنـە خــوا
  • * *
    ئــــاخ رۆژێ بـەیــــــانـی زوو
    گوێـم لـە دەنـگی بانگ دەبـوو
  • * *
    خـۆزگـــــە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
    بـەیـانـیـــان بـانــــگ بــدێــرێ
  • * *
    نـــاردی بـۆ لای کـەڵـەشــــێـر
    دانــی بـۆ دەڕژێـنـــــم تــــــێـر
  • * *
    ئـــەو بــێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
    مــن دەبـمـــە پـیـــــاوی خــودا
  • * *
    کـەڵـەشــــێـر بـە راســــپـێـری
    وتـــی بــەم فـێـــــڵە فــــــێـری
  • * *
    بـەڵام بــــاب و بـاپـــــــیـرمـان
    ئـەوەی خـستـۆتـە بـــــیـرمـان
  • * *
    رێـــوی بـە فـێــــڵ نـاوەســتـێ
    مـەگـەر تـەڵــە پـێـی بـەســتـێ

لەم چـیرۆکەشیعـرەدا، رێـوی هـێمایە بۆ مـرۆڤی فـێـڵباز و خەڵـەتێنەر، کە دەیەوێـت لە ژێر پەردەی ئاین و بە رواڵەت پیاوچک و بە زمان لووسی، کەسانی دڵپاک و خۆشبڕوا بخـەڵـەتـێـنێ و تەفـرەیـان بـدات. بـەڵام ئـەو کەسـانـە نـاسـراون و نـاوزڕاون، خـەڵـکی شارەزای فێڵ و پیلان و نیاز خراپییان بوونە، چیتر بڕوا بە قسەکانیان ناکەن و ناکەونە داویـانەوە. پەیـامی ئـەم چـیرۆکەشـیعـرەش ئـەوەیـە: کـە منـداڵان لە داهـاتـوودا، ئـەوە دەزانـن کە دنیـا، پـڕە لـە رێـوی فـێـڵـباز. واتـە لە کەسانی فـێـڵـباز و درۆزن و بەدکـار.
ئەحمەد شەوقی ، شاعـیریکی نیشـتمانی بوو، لەگەڵ ئینگـلیزەکانـدا ناکـۆک دەبێـت. لە کاتی جەنـگی جیهـانی یەکەمـدا، لە ساڵی ( ١٩١٤) دا، لە میسر دووری دەخـەنەوە و دەیـنێرن بۆ شاری (بەرشـلـۆنە) ی (ئیسپانیا). بەڵام دووری زیـاتر هەسـت و سـۆزی نیشـتمان پەروەریی دەخـروشـێنیت. تا لە ساڵی (١٩٢٠) دا، دەیگەڕێننەوە بۆ میـسر.
ئەحمەد شەوقی مامۆستایانی خۆشدەویست. لە ستایشی و رێزی (مامۆستا) دا دەڵێت:
قــــم لـلـمـعـــــلـم وفــــە الـتـبـجـــــیـلا
کـاد الـمـعــــلـم أن یـکــــون رســـــولا
واتـاکـەی بە کـوردی:
هـەســــتـە بـۆ مـامـۆســـتا شــــکـۆداریـیـە
وەخـتبـوو مـامـۆسـتا بـبـێـت بـە پـەیـامـبەر

کەڵەشاعـیر ئەحمەد شەوقی، لە (١٤/١٠ / ١٩٣٢) لە قـاهـیرەدا کـۆچی دوایی کرد.
وەکو رێـزلـێنانێک بۆ پایەبەرزی ئەحمەد شەوقی، لەسەر بڕیاری حکوومەتی ئیتاڵیا،
لە ساڵی (١٩٦٢) دا، لە بەناوبانگـترین باخچەی رۆمـای پایتەخـتدا (فـیلابـۆرگـیزی) پەیکەرێکی شـیاوی ئەحمـەد شـەوقـیان دانـاوە.
ماڵەکەشی لە قاهـیرەدا، کراوە بە مـۆزەخانە (مـۆزەخـانەی ئەحمەد شەوقی) کە زیاتر لە (٧٥٠ ) دەسنووس و رەشنووسی خۆی تێدایە. لەگەڵ هەموو کـتێبەکانی و وێنە و تابلۆکانی. ئەو خەڵات و مەدالیانەی پێشکەشیان کـردووە. بـڕوانامە رێـزلـێنراوەکانی.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




لەو دیو خۆتەوە.. نەوزاد بەندی

کێشەکە لەوەدایە ، بێ ئاگاداریی خۆمان ، یەکتری کۆنتڕۆڵ ئەکەین ..
بۆ نمونە لە کۆڵانێکا ، ماڵێک خانووەکەی ئەڕوخێنێ و ..بە دیزاینی نوێ خانوویەک دروست ئەکات .. ئەمە وا لە هەموو ماڵەکانی کۆڵانەکە ئەکا بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو ماڵەوە و ..پرسیارێکیان لە لا دروست بێ : ( بۆچی ئێمەیش وەکو ئەو نەکەین ؟ ) ..
تۆ دەچیتە پێشانگای کتێب ، ناچاریت لە ژێر کونتڕۆڵی ئەوانەی چواردەورتا ، هەستیت کتێب بکڕیت یان بە لایەنی کەمەوە وەک نووسەر یان خوێنەر هەڵس و کەوت بکەیت ، قەت بینیوتە کەسێک لە پێشانگای کتێبا بنەڕێنێ ، یان جنێو بدات یان ڕا بکات ؟ لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرینەیان نە نووسەرن و نە خوێنەر ..
ئەم کۆنتڕۆڵکردنە ناڕاستەوخۆیە ، لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەوخۆ ، کە کەسێک بە هێز یان قسە دێتە سەر هێڵی ژیانت ، ئازار بەخشترە ..چونکە کونتڕۆڵی ناڕاستەوخۆ ناچارت ئەکات خۆت بگەڕێی بۆ کەسانێک کە کونتڕۆڵت بکەن .. ڕیکلام یەکێکە لەو هێزە ناڕاستەوخۆیەی بەردەوام وا دەکات مرۆڤەکان وەک خۆیان نەژین و ..پۆڵێنیان ئەکات و ..پلە و پایە و کاڵاکانیان بە سەردا دابەش ئەکا ، ئەمەیه بە مێگەلکردنی یان بە سەربازگاکردنی کۆمەڵگا ، کە بێ ئاگای خۆت بوویتە سەربازی بیر وباوەڕ و کاڵایەک کە ڕەنگە خۆت وەک خۆت ساڵەهای ساڵ دژی بوو بیت .. شەڕ و ئاشتبوونەوە و ڕق و خۆشەویستی و هەموو ڕووداوەکان ، کۆنتڕۆڵکاری دوور و نزیکن و ..یاری بە مرۆڤەکان ئەکەن ..
ئەوەی ئازار بەخشە ، زۆرینەی ژیانمان ( بە ئاگا و بە بێ ئاگاداریی خۆمان ) وەک ئەوەی خۆمان ئەمانەوێ ، ناژین ..بەڵکو وەک ئەوەی ئەوانەی چواردەورمان ئەیانەوێ ئەژین ..
ئەمە پێی ئەووترێ فەلسەفەی مێگەل ..
تەماشا ئەکەی زۆرینەی سەر خوانەکە ، برسییان نییە و .. لە ژێر کاریگەریی ئەوانی تردا ، دادەنیشن و خواردن ئەخۆن ..زۆرینە حەزیان لە سەیران و سەفەر و میوانداریی نییە ، بەڵام بە هۆی کۆنتڕۆڵی ئەوانی ترەوە ، بەشدارن ..
زۆرینە کۆیلە نین ، بەڵام کاتێ سیستمی کۆیلەکردن دەبێتە فەرمانڕەوا ، هەمووان وەک یاسایەک پەیڕەوی لێ دەکەن و ..مافەکان و داهاتوو و هەموو ژیانیانی تێدا خەسار ئەکەن..
تەماشای ئەوانە بکە کە هەڵئەپەڕن ، زۆرینەیان خەمبارن ، چونکە خواستی خۆیان نییه و لە ژێر کۆنتڕۆڵدان ..
وای لێ دێت ، مرۆڤەکان هەموویان لە یەکتر بچن ، لە تەوەرە گشتیەکاندا هیچ جیاوازییەک نەبێ ، ئەمەیش وا دەکات بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی سەد ملیۆن کەسیی وەک
بەڕێوەبردنی یەک کەس وابێ ، تەنانەت ئاسانتریش بێ ، چونکە تۆ بتەوێ کەسێک کۆنتڕۆڵ بکەیت ، کاردانەوەی ئەبێ ، بەڵام کاتێ بتەوێ سەد ملیۆن کەس کۆنتڕۆڵ بکەی ، هەمووان بێکاردانەوە ئەبن ، یان ڕاستتر هەر یەکەی چاوەڕێی کاردانەوەی ئەوانی تر ئەکات و ئەڵێ بۆچی من ببم بە سووری بەرلەشکر !؟ .. لە کۆتاییدا دۆخەکە بە بێ کاردانەوە تێدەپەڕێ ، ئەوەیش کارەساتە گەورەکەیە کە تیایدا تەنانەت نیشتمانی تێدا دەفرۆشرێ بە بێ کاردانەوەی هاونیشتمانیان .
تەنانەت خێزانەکان ، زۆرینەیان بە خواستی خۆیان دروست نەکراون ، لە ژێر پاڵەپەستۆی کۆمەڵگادا و بە بیستنی هەندێ زەنگی ترسناک وەک زەنگی تەنیایی و بەجێهێشتنی شەمەندەرەکە و قەیرە بوون و پەڕاوێزکەوتن و ئەم جۆرە دروشمە کۆنتڕۆڵکارانەدا دروست بوون ..
ڕەنگە ئینسان لە هەموو تەمەنیدا ، یەک جاریش بە خواستی خۆی نەژیابێ ، تێکڕای ڕۆژەکانی ..تێکڕای بژاردەکانی ، هی خۆی نین ..ئیتر ئەم دۆخە یان لە سەدا سەد کۆنتڕۆڵکراوە یان کەمتر ..گرنگ ئەوەیە خەڵکانێک بەردەوام لەناوەندی بڕیاردانیدان و ..ئەیکەن بە کەسێکی تر و .. وای لێ دەکەن وەک خۆی نەژی ..
ئەم دۆخە ، گەیشتۆتە ئەوەی فەیلەسوفێکی وەک جان پۆڵ سارتەر بڵێت : مردنی باوکم زۆر باش بوو بۆم ..
یان سامۆئێل پیکێت ساڵەهای ساڵ قسە لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکات و ..توشی نامۆبوون بێت کە پاشان بە شێت یان چەپێنراو یان ئاڵۆزیی دەروونی پێناسە کرا ..لە کاتێکدا تەنانەت تەنیاییش لەو کۆنتڕۆڵکارییە ڕزگارت ناکا و .. دوور بە دوور ، کۆنتڕۆڵی وەهمی دێت و نەخشەکانت بۆ ئەگۆڕن ، یان بە لایەنی کەمەوە هەستی ئەوەت لەلا دروست ئەکەن کە تۆ کەسێکی باش نیت و کۆمەڵگا و داب و نەریتت بە لاوە ناوە .. وەک بیریارێک ئەڵێت تەنانەت دوورکەوتنەوە لە سیاسەتیش ، جۆرێکە لە سیاسەت ..!




سێ شیعری شەماڵ بارەوانی

باوەشێک عەبەس

عیشق ماڵی خەیاڵی شیعری لە نەزۆکی پڕکردم

جگە لە هێنانی جانتایەک گریان و دروستکردنی قەفەسێک بۆ ڕۆحم، هیچیتری بۆ نەکردم

عیشق باوەشێک عەبەسی بۆ هێنام و
ژێدەری جۆگەلەی خۆشبەختی وشککردم

عیشق وەرزێکی تر پاییزی بۆ هێنام و
هەرچی هەمبوو لە خەون و خولیا،
هەمووی لێ ونکردم

عیشق ئۆگر بە پارچە پارچەبوون و فێری سترانی فیراق و هاوەڵێتی تەنیایی کردم

جا عیشق چی لێنەکردم
خەڵکی تەنها جارێک دەمرێت
من بەهۆی عیشقەوە ڕۆژی سەد جار دەمردم
……………………………
سەربوردەی وەهم

ئازیزەکەم،
ئێمە نەسەبمان دەچێتەوە سەر دیباجەی هەرزەگومانێک و
لە منداڵدانی دەهریبوونەوە هاتووین

ئێمە لە نەوەی تیۆرەگوناحێکی سەرسەرین و
تا بینەقاقامان نغرۆی پارادۆکس بووین

وەرە با لە پەراوێزی حەکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە چیرۆک بدەینە دەم چیرۆکەوە، بەڵکو مەرگی شەهرەزادێکی تر دوا بخەین و
تووڕەیی نێرە شازادەیەک هێوربکەینەوە

لەشێوەی سیزیف گیرمان خواردووە لە نێوان سێوەکەی خوداوەند و تاتەبەردێکی مەزهەب

بەمیان لە بەهەشت دەرکراین و
بەویان دەماننێرنەوە هەمان شوێن!

دەبێ چەند میقاتی تری بوێت تا بۆ خودای بسەلمێنین کە ئێمە پاکیزەین

ئێستاش هەر دەڵێم چی دەبوو گەر خودا لە بری پەراسووی پیاو، لە میهرەبانی خۆی دروستی کردباین؟

دەی با بگەڕێینەوە
بۆ دەرەوەی فەهرەستی مێژوو و
دامێنی یەکەم نوتفەی زەمەن

بڕۆینەوە سەر سنوورەکانی مەنفا و
لە ئاستانەی خورافەدا خۆمان فەنا فەنابکەین

بڕۆینەوە بۆ تخووبەکانی دۆزەخ و دووباره بە سێوێکی تری نەفرەتی خوداوەند تاقی بکەینەوە

ئێرە چیتر بۆ ئێمە دەست نادات
پڕبووە لە چەمکی گوناه و
لە سەربوردەی وەهم
ڕێگاکان هەموویان دەڕۆنەوە ماڵی سمێڵ
——————
پڕ بە میزاجی نێرێک

بێدەنگ بن ژنێک قسەدەکات
بە ڕاسپۆتینەکانی هەوەس بڵێن جەستەی من مۆنالیزایەکی ئێزدانییە، نەک کێڵگەی خۆخاڵیکردنەوە

لەبیرم دێت من حەسرەتەکانی ژنم دەنووسییەوە،
ئەوان وشەکانیان دەخنکاندم

لەبیرم دێت دەیانگوت ئافرەت لە عەورەتەوە هاتووە و مێ زۆینەی دۆزەخ پێکدێنن!

لێرە هێشتا هەمووان دەڵێن دووکەڕەت کچێک، ئینجا دەکات بە نێرێک!

بەرلەوەی بێم بۆئێرە، گوێم لە قیڕەقیڕی منارەی مەعبەدێک بوو بە دیار تەرمی ڕۆمانێکی نەوال سەعداوی و خەمەهەڵکڕووزاوەکانی ژنێکەوە قاقای دەکێشا

دوێنی نێرەنەریتێک و ڕەشەبایەکی زۆر کۆن بە گڤەگڤێکی جاڕسکەر هەڕەشەی زمانی بڕینیان لێکردم

من لە عادەتی ژنبوونمەوە لەنگەرم گرتووە و
هەرگیز ناڕۆمەوە سەر نەسەبی هیچ ڕەنگێکی پیاوانە

لێناگەڕێم کارمامزی خولیاکانم لەناوقەرەباڵغی لوورەلووری هیچ بیابانێک ڕاوبکرێن و لەژێر پۆستاڵی پاتریارکیدا شووشەی خەونەکانم خوڕەیان بێت

بۆچی دەبێ پڕ بە میزاجی نێرێک قەفەس بۆ حەزەکانم بدوورن

بۆچی پیاو ئیعرابی ڕستەی ژنبوون بکات و وەزن و قافییە بۆمدێڕەکانم دابنێت
خودایە، من لەو موعادەلەیه هەرتێنەگەیشتم!

لە هەمووی سەیرتر!
شەو پارچەمەزهەبێکی مێزەربەسەری هەزار و چوارسەتساڵ بەرلە ئێستام لەژێر سەرینەکەی باوکم دوزییەوە،
تێیدا نووسرابوو: ژن لە حزووری پیاودا نابێت بە دەنگی بەرزپێبکەنێت. بۆچی دەبێ پڕ بە میزاجی نێرێک قەفەس بۆ حەزەکانم بدوورن

بۆچی پیاو ئیعرابی ڕستەی ژنبوون بکات و وەزن و قافییە بۆمدێڕەکانم دابنێت
خودایە، من لەو موعادەلەیه هەرتێنەگەیشتم!




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی (فه‌ره‌نسای برسی).. د. شەونم یەحیا

بنتیكت بۆنزی، دكتۆرای له‌ بواری ئه‌نترۆپۆلۆژیایی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رگرتووه‌،له‌ ساڵی 2023دا كتیبێكی (SEUIL) بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناوی (فه‌ره‌نسای برسی) له‌ بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی (448 لاپه‌ڕه‌ له‌خۆ ده‌گرێت.

بیرۆكه‌ی ئه‌م كاره‌ی (بۆنزی) سه‌ره‌تا له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت، كه‌ هه‌موو رۆژێ له‌ناو شاردا تووشی كه‌سانێك ده‌بین، كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتووه‌ وتابلۆیه‌كی زۆر ساده‌ی هه‌ڵگرتووه‌ و له‌سه‌ری نوسراوه‌(برسیم). .
خواست لەسەر یارمەتی خۆراک لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سێ هێندە زیادی کردووە. ئەستەمە زانیاری ورد هەبێت لەسەر ژمارەی وردی سودمەندان، بە تایبەتی بەهۆی تۆمارکردنی دوو هێندە – بانکە خۆراکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا پێشوازییان لە ٢.٤ ملیۆن کەس کردووە بە بەراورد بە ٨٢٠ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠١١. شتێک دڵنیایە، نۆ ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا.
ئه‌م كتێبه‌ باسی گوزه‌رانی رۆژانه‌ی چه‌ندان كه‌س ده‌كات، كه‌ نقومبوونه‌ له‌ وه‌رگرتنی كۆمه‌كی خۆراكی به‌تایبه‌تی له‌ ڕێكخراوی (ریستۆ دوكۆر) کۆمەڵەیەکی قازانج نەویستە بەپێی یاسای ساڵی ١٩٠١ وەک سوودی گشتی ناسراوە، لە فەرەنسا لەلایەن نوکتەچی و ئەکتەر میشێل کۆلۆچی (ناسراو بە کۆلۆش) لە ساڵی ١٩٨٥ دروستکراوە.
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ سه‌ره‌تا له‌ كاتی قه‌یرانی ساڵی هه‌شتاكان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی دامه‌زرا. بۆ كۆمه‌ك كردنی هه‌ژاران و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو له‌ناكاوییه‌كان ، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی چل ساڵی رابردوودا ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ ئه‌مرۆ بۆته‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ كه‌ به‌ ده‌یان ملیۆن كه‌س له‌ فه‌ره‌نسا پشتی پێ ده‌به‌ستن، بۆ دابینكردنی خۆراكیان، ئامانجی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی كۆنكرێتی به‌رنگاری هه‌موو ئه‌م سیسته‌مه‌ خۆاكیانه‌ ‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ خۆراك به‌ شكۆوه‌ بۆ تاك ده‌سته‌به‌ر ناكات و ڕێگه‌ به‌ هه‌مووان نادات به‌ شكۆوه‌ نان بخۆن. بۆیه‌ پێان وایه‌ ده‌بێ هه‌موو تاكێك به‌ كه‌رامه‌ت و شكۆوه‌ خۆراكیان بۆ دابین بكرێت.

بەبێ پێکهاتەکانی وەک ڕێستۆس دو کۆر، توێژەر بێنێدیکت بۆنزی مەزەندە دەکات، ئاژاوەی برسێتی ڕووبدات” وهه‌روه‌ها ئیدانه‌ی پەرەسەندنی بازاڕی برسێتی و سیستەمی کشتوکاڵی پیشەسازی ده‌كات.
ئەنترۆپۆلۆژیست بنێدیکت بۆنزی بۆ ماوەی پێنج ساڵ خۆی نوقم کرد لە ڕێستۆس دو کۆر بۆ ئەوەی باشتر لە شکستەکانی سیستەمەکە تێبگات،له‌م كتێبه‌دا (بۆنزی) باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌ فه‌رنسا بژیت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان خۆت له‌ ناو بارودۆخێكی سه‌ختدا ببینیته‌وه‌.
ڕووخساری هەژاری فرەن. زۆر ڕووداوی ژیان هەن – نەخۆشی، ڕووداوی کار، جیابوونەوە، دەرکردن، مەیخواردنەوە – کە دەمانباتە ناو خولگەیەکەوە کە چاکبوونەوە لێی ئەستەمە. وە کاتێک دووبارە دەکەوینەوە، چیتر هەوڵی هەستانەوە نادەین، هیوادارین ته‌نیا بۆئەمڕۆ بژین..

هەروەها کەسانێک هەن چاوەڕێی وه‌ڵامی مانه‌وه‌ دەکەن و ناتوانن کار بکەن.سەرنجی چەندین کەسی بەساڵاچوو زیاتر دەدەین کە ناتوانن بەرگەی زیادبوونی تێچوونەکان بگرن. بۆ ئەوەی سەقفێک بەسەر سەریاندا بمێنێتەوە، چیتر پارەیان نییە بۆ خواردن… “تازەهاتووەکان”یش، کرێکارانی هەژارن ناتوانن كار بیکەن. هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونیان نییە، لە کاتێکدا کە هەموو شتێک زیاد دەکات جگە لە داهات. ئەگەر دامه‌زراوه‌یه‌كی وەک ڕێستۆس دو کۆر نەبوایە، تەقینەوەی توندوتیژی و گرژی و ڕەنگە ئاژاوەی برسێتی زۆر ڕوویدایه‌.
INSEEنوێترین لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و دواین ئاماری كه‌ زۆر مه‌ترسیدار و سوتێنه‌ر ئه‌ویش سنورداكردنی خۆراكه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ فه‌ره‌نسا به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، یه‌ك له‌سه‌رسێ فه‌ره‌نسیه‌كان به‌تێری ناتوانن نان بخۆن، ئەم سیستەمە لە کاتێکدا بەردەوام بووە کە تۆنێک بەرهەمی خۆراکی قەدەری لەناوچوونە.

نزیکەی چل ساڵ دوای یاسای “کۆلۆش” ، بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سێکۆرس کاتۆلیک سەبارەت بە دۆخی هەژاری لە فەرەنسا، هەشت ملیۆن کەسی فەرەنسی هێشتا پێویستیان بە یارمەتی خۆراکی هەیە بۆ ئەوەی بژین. وەک ڕێکارێکی فریاگوزاری دیزاین کراوە، یارمەتییە خۆراکییەکان بەردەوام بوون.
پارادۆکسەکە ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیۆن تۆن خۆراکی بەکارهێنراو لە فەرەنسا بەفیڕۆ دەچێت.

به‌نتیكت بۆنزی ره‌خنه‌ له‌و سیسته‌مه‌ خۆراكیه‌ له‌ فه‌رنسا ده‌گرێت ده‌ڵی “سیستەمی یارمەتی خۆراک توندوتیژه‌، سیسته‌مێكی خۆراكی ناداپه‌روه‌رانه‌یه‌،چونكه‌ به‌ یه‌كسانی هه‌موو وه‌ك یه‌ك ئه‌م هاوكاریانه‌یان به‌ده‌ست ناگات، بگره‌ ئه‌م كۆمه‌ك و هاوكاریانه‌ی كه‌ ده‌درێت به‌ هه‌ژارانیش توندوتیژییه‌” پێ وایه‌ هه‌موو مرۆڤێك مافی خۆراكی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ مافی هه‌ڵبژاردنی خۆراكی نه‌بێ” ئه‌م سیسته‌مه‌ خۆراكیه‌ له‌ فه‌رنسادایه‌ بازارێكی دروستكردووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌وڵه‌مه‌نتر بن وهه‌ژاره‌كانیش هه‌ژار تر بن، ماركێت و بازاڕی سه‌رمایه‌داران بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ باج بپارێزن، له‌ ڕێگای ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌ له‌ ماركێته‌كان چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ستۆك بوونیان فڕێ بده‌ن، وه‌ك یارمه‌تی سیسته‌می خۆراكی به‌ دامه‌زراوه‌ خێرخوازییه‌كان ده‌یبه‌خشن، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت به‌شێك له‌و باجه‌یكه‌ پێویسته‌ بیده‌ن بیانبه‌خشێ، گه‌ده‌ی هه‌ژاران بۆته‌ ریسكلینی خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌رچوو. ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك لیكه‌وته‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌ی له‌ ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. هه‌روه‌ها وای له‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ گه‌شه‌ی ئابووری تاكه‌ كه‌سیدا دوور بكه‌ونه‌وه‌ و ته‌نیا پشت به‌ كۆمه‌كی خۆراكی ببه‌ستن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌پرسێت (ئه‌م سیسته‌مه‌ یارمه‌تی خۆراكییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندنی كێ دایه‌؟) ئه‌مه‌ سیسته‌مه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات باشترین ئه‌لته‌رناتیڤه‌ كه‌ هه‌ژاران و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان و بێكاران بێ ده‌نگ بكات، و سه‌رمایه‌دارانیش تیدا پاشا بێ. بۆنزی هەموو ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری فه‌ره‌نسا ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
ئەم نائارامییە بەهۆی ئەوەیه‌ ئەکتەرە ئابوورییەکان بازاڕێکی برسێتییان پەرەپێداوە. لەو ساتەوەختەوە کە دەکرێت پارە لە ناڕەحەتی خۆراکی خەڵک وەربگیرێت و بچێتە ناو لۆژیکی بازاڕەوە لە شێوەی لێخۆشبوون لە باج و ئاڵوگۆڕکردن. داواکاری گەورە بۆ خۆراکدانی ئەو کەسانە دەکرێت کە توانای خۆراکدانی خۆیان نییە. تەواوی بازاڕێک پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی بەرهەمی زۆر هەرزان بە کوالیتییەکی ناتەواو دابین بکات.
ده‌ڵێ “من نیگەران نیم لەوەی کە پێکهاتەکانی یارمەتی خۆراک زانیویانە چۆن بەردەوام بن. من نیگەرانم لە دەرئەنجامەکانی سیستەمەکە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئەم هاوکارییە بەکاردەهێنن” ڕوونی دەکاتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، ئەو داکۆکی لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات بۆ خۆراک و بەرگری لە ڕۆڵی بزوێنەری کۆمەڵگاکان دەکات.

د.شەونم یەحیا 




ئایدیای پێشکەوتن وەک دواکەتن.. ستیڤان شەمزینی

خاڵی ھەرە بەھێزی سرووشتی مرۆیی کە لە کۆی ئاژەڵەکانی تر جودای کردووەتەوە توانای تێپەڕاندنی دۆخی خۆیەتی، تێپەڕاندنی ھەر دۆخێکیش کۆمەڵێک لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگیی بە دوای خۆیدا ھێناوە، بۆ وێنە لەگەڵ سەرھەڵدان و دەستپێکی شۆڕشی کشتوکاڵیدا مرۆڤ لە باری کۆچەرییەوە بەرە نیشتەجێبوون رۆشت، ئەمەش ژیانی گوندنشینی لێکەوتەوە، لەگەڵیدا مرۆڤ لە رووی ژیار و ژیانەوە تەکانێکی گەورەی بەرەوپێشەوە دا و خۆی لە زۆر جەبری سرووشتکرد راپسکاند، وردە وردەش شارستانی و نووسین و نۆرمێک لە پەرستگا و ئاینی پێشکەووتر لە تەومپەرستی و دەوڵەت شاری دامەزراند کە زۆرێک لەوانە لە دوماھیدا بوون بە ئیمپراتۆریا مەزنەکانی نێو دیرۆک لە چەشنی ئەو ئیمپراتۆریا پانوپۆڕ و ھەژموونخوازانەی بە رۆخەکانی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل لە ھەزاران ساڵ پێش زایینەوە ھاتنە ئارا. لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیشدا مرۆڤ توانی تەکانێکی زۆر گەورەتر بدات بۆ پێشەوە ئەویش بە پێشخستنی ئامێر و داھێنانە زانستییە یەک لە دوای یەکەکانی لە ماوەیەکی پێوانەیی و زۆر کورتدا، مارکس لە کتێبی “ھەژاریی فەلسەفە”دا نووسیوویەتی: (ئاشی ھەوایی کۆمەڵگەی فیوداڵی بەرھەمھێنا، ئاشی ھەڵمیش کۆمەڵگەی سەرمایەداریی پیشەسازیی بەرھەم دەھێنێت). ئەم جارە لێکەوتەکانی ئەم پێڤاژۆ دیرۆکییە بە ئەندازەی پێشکەوتنەکان فراوانتر بوون، مرۆی لە دەستە و گروپی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر تاک کەسدا دابەشکرد لە فۆرمی پڕۆلیتاریادا، ھاوکات سەردەمی ژیان لە میترۆپۆڵەکاندا بوو بە دیاردەیەکی ھەمەکی.
ھەموو ئەو پێشکەوتنانەش لە سایەی ئاوەزی مرۆییەوە بەرھەم ھاتن. ئەمەش وایکرد بە تایبەت لە دیکارت بە دواوە ئاوەزسەنتەریی ببێتە جێگرەوەی ھەر شتێک. لەم نێوەندەدا لەگەڵ سەردەمی رۆشنگەرییدا (بەناولێنانی کانت) ئایدیای پێشکەوتن کە بەرھەمی (بوێریی بەکارھێنانی عەقڵ)ە، بوو بە تێڕوانینی زاڵ بەسەر کۆی ھزری مرۆییدا لانیکەم لە ژیاری خۆرئاوادا. ئیدی بە پێی روانگەی ئەم ئایدیایە تاکو زانست و زانیاریی بەرەو پێشەوە بڕۆن مەوداکانی ئازادیی و خۆشگوزەرانی بەرفرەتر دەبن، فەیلەسووفە رۆشنگەرەکان زۆرترین جەختیان لەوە دەکردەوە بە پێشکەوتنی زانست مرۆڤایەتی دەگاتە ئاستێکی بەرز لە ئازادیی و خۆشبەختی!. بە شێوەیەک لە شێوەکان رزگاربوون لە ھەر بەربەست و نادادییەک بەسترایەوە بە راددەی پێشکەوتنی زانست و زانیارییەوە، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان بەزین و کورتھێنانی ئەم ئایدیا زاڵە دەبینین. تەنانەت ئەو ئازادییە فەراھەمکراوەی ئەمڕۆکە ھەیە و لە ئارادایە جێگەی رەخنەی توندە، چوونکە دژی رۆح و بەھا مرۆییەکان وەستاوەتەوە، ژان بۆدریاری فەیلەسووفی فەڕەنسی باس لەوە دەکات سەردەمی مودێرنی ھەنووکە سەردەمی پۆست ئازادییە و مرۆڤ تا دوا توانستی خۆی بەشێوەیەکی زێدەڕۆییانە دەستی بە ئازادیی گەشتووە، وەک بڵێی ئەم ئیمکانە بەرزەی ئازادیی ئاوس بێت بە نائازادیی.
رەنگە ھەڵە نەبێت ئێمەش ئەم قۆناغە کە پۆست مرۆڤایەتییە بە نامرۆڤایەتی ناوەزەد بکەین. سەرنج بدەن پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە جێگەیەک گەشتووە کۆتایی بە مرۆڤ ھێناوە، ئێستا من ناتوانم بڵێم ئەمە باش یان خراپ، تەنێ ئەوە دەزانم ئەم توانستە زانستیی و تەکنۆلۆژییە بەرفراوانەی مرۆڤ تەنانەت لە رەھەندی بیۆلۆژییەوە پەرەی پێداوە، خودی مرۆڤ دەپەڕێنێتەوە بۆ بوونەوەرێکی تر، جا نازانم ئەو بوونەوەرە مەیمونی برۆبۆسیسە یان دەبێتە ئەو خودایەی HOMO DEUS لە ھەنووکەوە یوڤاڵ نوح ھەراری مزگێنی پێداوین. من دژی پێشەوەچوونی زانست و تەکنۆلۆژیا نیم، بەڵام ناکرێت پرسیار نەکەین سەرئەنجامی ئەو ھەموو پێشکەوتنە ئامێرییە کە مرۆڤ بەرەو بوونەوەرێکی سایبۆرگی دەبات (تێکەڵاوکردن و ئاوێتەکردنی مرۆڤ وەک ئۆرگانیکێک لەگەڵ ئامێر وەک دروستکراوێکی بێ گیان) بەرەو کوێمان دەبات؟. ئاخر مرۆڤی لەم تیپە نوێیەدا Homosapien ئەوەندە تەماعکارە ھێشتا دەیەوێت ژیرتر بێت وەک لەوەی ئێستا ھەیە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە خەریکە جیھان بەسەر خۆیدا دەڕوخێنێت لە رێگەی بەکارھێنانی ئەو ئاستە بەرزەی ئاوەزەوە بەدەستی ھێناوە و ھەر بەردەوامیشە لە بەدەستھێنانی ژیریی زێدەتر. فەیلەسووفی ئەڵمانی (مارتین ھایدگەر): جەختی لەوە دەکردەوە زانست بیر ناکاتەوە، ئەمە ئەگەر فاکتێک بووبێت بۆ سەرەتای سەدەی بیست، ھەڵە نییە ئەگەر ئێمە لە چارەگی یەکەمی ئەم سەدەیەدا بڵێین چیتر زانست بیر دەکاتەوە و دەزانێت چۆن چۆنیش خۆی پەرە پێبدات. زانست چیتر کوێر نییە، چاوساغی جیھانێکی خاڵی کراوەیە لە مرۆڤ و بەھاکانی، سەرکردایەتی شۆڕشی ئامێرەکان دەکات دژ بە مرۆڤایەتی. ئەگەر لە سەدەی رابردوودا ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنیک و بۆمبی ئەتۆمی چیتر بوو نەووبێت جگە لە ھۆلۆکۆست و ھێرۆشیما و ھەڵەبجە؟ بێ دوودڵی لەم سەدەیەدا بەرئەنجامی تەکنۆلۆژیا و شۆڕشی ھۆشمەندیی دەستکرد لە مرۆڤخستنی مرۆڤە، ئەو پێشکەوتنە مەزنەی مرۆڤ لە ژیاندا پێی گەیشتووە، ھێشتا ھیچ نییە، تەکنۆلۆژیا نەخشەی پێیە بۆ گەیشتن بۆ سەر ئەستێرانی دیکە، بەڵام ھێشتا کلیلی خۆشبەختی دانەھێناوە کە لای من خۆشبەختی بنچینەیە نەک پێشکەوتن، خۆشبەختی ئامانجە و داھێنانەکان ئامڕاز.
ئایدیای پێشکەوتن و نوێکاریی کە لانیکەم لە فەلسەفەی گریکییەوە ئامانج بووە و مرۆڤی بۆ ھاندراوە، پاشتر دروشمی بۆ پێشەوە، بێ ئاوڕدانەوە ھەر بۆ پێشەوە، ھەمیشە بۆ پێشەوە. بوو بە ستوونی فەلسەفەی رۆشنگەریی لە دیکارتەوە تا ئێستا. لە دۆخی کوردیشدا لەگەڵ دەسپێکی سەدەی بیستەم وەک ئایدیایەکی رۆمانسیی بە بێ ھیچ خستنە ژێر پرسیار و گومانکردنێکەوە دەبێتە ئایدیایەکی زاڵی جڤاتی کوردیی، ئەمە ئەو کۆنتێکستەیە گووتاری رۆشنبیریی (شیعر) و رۆژنامەوانی کوردیی لە دەوری ئامانجێکی سەرەکی دەخولێتەوە کە بریتیین لە پێشکەوتن و تازەگەریی (دیارە لە فۆرمە کوردییەکەیدا)، لە ناو ئەم دیسکۆرسەدا، کەسانی وەک شێخ نوری شێخ ساڵح پەیدابوون، وەک دیاریشە شێخ لە پەنا (گۆران)دا بە نوێکەرەوەکانی شیعری کوردیی دادەندرێن، چاوی ھیوای بڕیوەتە نەوەی نوێ، ئەو نەوەیەی بەر تیشکی پێشکەوتن کەوتووە و ژیان دادەمەزرێنن، لێرەدا بە قووڵی دیقەت لە ناواخنی ئەم دێڕە شیعرە بدەن: (سوبحەینێ ئەم تەجەددودە بۆ تۆیە ئەی شەباب.. بۆ تۆیە ئەی ئومێدی وەتەن خادیمی حەیات), خۆ ئەگەر دیقەت بدەین زۆرینەی بڵاوکراوە و رۆژنامە و کۆوارەکانی ئەو سەردەمە دوو وشەی لێکدراون و دووەمیان نوێ یان تازەیە. لە نموونەی بڵاوکراوەکانی دەنگی گێتی تازە، گۆڤاری رۆژی نوێ و رۆشنبیری نوێ و نووسەری نوێ، رۆژنامەی کوردستانی نوێ و پێشکەوتن و بۆپێشەوە ھتد.. تا ئەوەی مێجەرسۆن کاتێک لە ساڵی ١٩١٩دا یەکەمین چاپخانە لە سلێمانیدا دادەمەزرێنێت، ئەم رووداوە ناکرێت وەک پێشکەوتنێک بیری لێ نەکرێتەوە، ھەر لەم سۆنگەوە ھەمان ساڵ لە ھەمان چاپخانە رۆژنامەیەک بە ناوی (پێشکەوتن) دەردەکات.
جیا لەمەش ھەندێک ناوی میتافیزیکی چەشنی رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی کە ئینگلیز دەریکردووە (مودێرنە عەقڵانییەت و راستیی بە یەک چەمک سەیر دەکات) یان بڵاوکراوەی رۆژ (خۆر) یاخۆ گۆڤاری رووناھی کە پێچەوانەی تاریکییە، بەڵام ئایا بە رەھایی تاریکیی خراپە؟ کاتی وەڵامەکەیە: بێگوومان نەخێر. ئەم ئایدیایە لە رۆشنگەرییەوە ھاتبوو،ھەر شتێک نوێ بوو یان ھەر جۆرە پێشکەوتنێک لە خۆیدا ئەرێنییە، ئەم دیدگایە زیانێکی گەورەی بە کورد گەیاند چوونکە پشتی کردە شتە کۆنەکانی خۆی کە نیوەیان بە کەڵکی ئێستاش دێن، ھاوکات بە سینگێکی کراوەوە پێشوازیی لە ھەر دیاردە و تەکنیک و ستایلێکی تازە کرد بە ھەموو لایەنە نەرێنییەکانەوە. دەبێت بەم روانگە کاڵەی خۆماندا بچینەوە، مەرج نییە ئەوەی نوێ بوو بە پێداویست سەر بە باشە بێت، یان ئەوەی کۆن بوو چیتر سوودی نەمێنێت، ئەمە مامەڵەیەکی مەسرەفگەرایی و کاڵاپەرستییە دەرھەق بە کولتوور. تەنانەت نەوەی نوێ ھیچ مانایەکی پۆزەتیڤی نییە، لەوانەیە ئەم نەوە نوێیە پەیامھێنی ستەمکارییەکی نوێ و دڵڕەقانەتر بێت، وەک لە نموونەی حزبی بەعس و ئەزموونی کوردستانی باشووردا بینیمان. ئەدۆنیس لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی بۆ لینین پۆشکین بەھای زیاتر بوو لە شاعیری شۆڕش مایاکۆیفسکی؟ دەڵێت: لینین لە ھونەردا لایەنگری کۆنەکان بوو، بەڵام لە دیدگا و تیۆرییدا لایەنگری تازەکان. من نامەوێت باز بدەم لەسەر بناغەیەکی بۆش، زۆرتر لەسەر بابەتێک دەوەستم، نامەوێت پێ بە پێ لەگەڵ بیر و فەلسەفەی رۆژئاواییدا بڕۆم، ھاوچەرخێتی کۆپیکردن نییە، ئەوەیە تێبگەیت پێویستییەکانی کۆمەڵگەکەت چییە کە ھێشتا مودێرنێتە بە تەواویی نەھاتووەتە ناوییەوە، تا مشتومڕی پۆست مودێرنە بکەین، بە کورتی بیبرمەوە ئەگەر پۆست مودێرنە رەخنەی ریشەی مودێرنە بێت، پۆست مودێرنە کەوتووەتە کوێی کۆمەڵگەی ئێمەوە؟. لایەنگری نەریت نیم، چوونکە بۆ تێپەڕاندنی نەریت دەبێت سەرەتا مودێرنە قەبوڵ بکەین.
تەنانەت خودی خۆم چەپێک کە سەرەتای بیرکردنەوەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیم لە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە دەستم پێکرد، ئەوسا و ئێستاش دژی ئەو تێز و بیرکردنەوەیە بووم کە کۆمۆنیزمی کارگەریی زیاتر خۆی وەک نوێنەری شارستانی خۆرئاوا لە خۆرھەڵاتدا پێناسە دەکرد. دیقەت بدەن مەنسور حیکمەت وا بیری لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەکردەوە پارتێکی رۆژئاواییە و کۆمۆنیزمە کۆنەکە نییە، تەنانەت لە وتارێکی زارەکیدا کە دواتر بەناونیشانی (ئایا دەکرێت کۆمۆنیزم لە ئێران سەربکەوێت؟)، لە لاپەڕە ٥٠٧-٥٤٠ پاشکۆی یەکەمی (بەرھەمە ھەڵبژێردراوەکانی مەنسور حیکمەت)دا بڵاوکراوەتەوە و کاوە عومەر وەریگێڕاوە بۆ کوردیی، بە روونی باس لەوە دەکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە ناو ریشە ھزریی و فەرھەنگییەکانی رۆژئاواوە ھەڵقووڵاوە و دەڵێت: (لە ئێراندا بە سەرکەوتنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی شارستانێتی رۆژئاوا سەردەکەوێت). منیش لە کتێبی شارستانی کۆلاپسدا بەشێکی سەرەکیم تەرخانکردووە بۆ کەوتن و کۆتایی شارستانێتی خۆرئاوایی، ئەگەرچی دیسکۆرسی نازیزم و فاشیزم لەسەر بنچینەی رەتکردنەوە و شکستی شارستانی خۆرئاوا خۆی رۆنابوو، بەڵام لە خۆیدا پەیدابوونی نازیزم و فاشیزم بەڵگەیەک بوو بۆ ئەو کەوتنە نەک بە پێچەوانەوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا فەیلەسووفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە پێش ھەموویانەوە ڤاڵتێر بنیامین باسیان لە شکستی پڕۆژەی رۆشنگەریی و مودێرنێتەی خۆرئاوایی کرد، ئەوان تێبینییان کردبوو شارستانێتی رۆژئاوایی پێچی کردووەتەوە بە لای فاشیزم و نازیزمدا، چەند ساڵ پێشتر و بەدیاریکراویی لە ساڵی ١٩١٨دا لەگەڵ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانی، فەیلەسووفی ئەڵمانی ئۆسڤالد شپێنگلەر لە کتێبێکی دوو بەرگیدا بە ناوی (داڕمانی رۆژئاوا- Der Untergang des Abendlandes) جەختی لەسەر ئاوابوونی ژیاریی و کولتووری رۆژئاوا دەکردەوە.
ھەروەک چۆن فەیلەسووفی ھاوچەرخ میشێڵ ئۆنڤرێ لە کتێبی (داڕووخان- Decadence) بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ھەرەسی شارستانێتی خۆرئاوایی بونیادنراو لەسەر میراتی بایبڵ و یۆنانییەکان دەخاتە ڕوو، ئەو لە کتێبەکەیدا تیۆریزەی نەزۆکی ئەو ژیارە و پیربوونی رادەگەیەنێت کە لە ھیچتر ناچێت جگە لە پڵنگێکی کاغەزیی. جیا لەوەش کێشەی ئێران ھێنانی شارستانێتی رۆژئاوایی نییە و سەرکەوتنی ژیاری رۆژئاوایش بە ھیچ کلۆجێک ھاومانای سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا نییە بەشێوە فرەڕەھەندەکەی. ئێمە تا دەمێکی نزیک پڕۆژەمان زۆرتر بە رۆژئاواییکردنی کۆمەڵگە بوو بۆیە نەمانتوانی ھەنگاوی سەرکەوتووانە بنێین چوونکە ھیچ خوێندنەوەیەکمان بۆ کۆنتێکستی کوردیی نەبوو. کێشەکە ئەوەیە دیموکراسی لیبراڵیزمی خۆرئاوا بکەینە قەرەوێڵەکەی پرۆکرەست و قاڵبێکی ئایدۆلۆژیی و ھەموو شتێک لەو روانگەوە ھەڵبسەنگێنین، بە پوختەکراویی پڕۆژەی پێشکەوتنی فەرھەنگی و زانیاریی بریتیبوو لە ئەوروپایزەکردن کە ئەمەش ناکۆکی جەوھەریی لەگەڵ خواستی کۆڵۆنیالیزمدا نەبوو، گریمان سیستمێکی فەرمانڕەوایی زۆر باش و ھارمۆنی لە رۆژھەڵاتی ئاسیا یان لە ناوەڕاستی ئەفەریکا دروستکرا، بەڵام لە رووی فۆرمەوە لە دیموکراسی رۆژئاوایی نەچوو، ناکرێت بڵێین ئەزموونێکی خراپە، با ھاووڵاتیانیش لێی رازی بن. دیموکراسی و بەھا رۆژئاواییەکان ئەزەلی نین و بە پێچەوانەی تێڕوانینی فۆکۆیاماوە مێژوو قوفڵ ناکەن، ئەوەی روونە دیموکراسی و لیبرالیزم لەناو پرۆسەیەکی مێژووییدا ھاتوونەتە ئارا، مێژووکردن نەک خۆڕسک، ھەر کەسی تر دەتوانێت بەھای باشتر دابھێنێت بە تایبەت لەو کاتەی بەھاکانی رۆژئاوا نوزەیەکی کەمیان تێدا ماوە بۆ مرۆڤایەتی، خۆ ئەگەر تا کۆتایی سەدەی بیستەم سیستمی خۆرئاوایی باشترین بووبێت ئێستاکە وا نییە، ناڵێم ئەڵتەرناتیڤ ھەیە، بەڵام ئەگەر دروست نەکرێت سەردەمی دیستۆپیاکان دێن، من ئیسلامگەرام ناوێت تەنانەت کۆمۆنیزمی باو و ئەزموونکراویش رەتدەکەمەوە، پێویستمان بە تێپەڕاندنی ئەم سیستمەیە نەک بە خراپتر یان کەمێک باشتر بەڵکو بۆ باشترین.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر تەوەری سەرەکیی باسەکەمان، ئەوا ئایدیای پێشکەوتن، ئامانجگەراییانە لە بزاڤی مێژووی دەڕوانی، بەوەی ھەر پێشکەوتنێک خراپەیەک لە ناودەبات، (قوتابخانەیەک بکەنەوە، زیندانێک دادەخرێت!)، لەم ناوکۆییەشدا بیرۆکەی ئەوەی تاوانکاریی لە نەزانییەوە دێت، ناوەڕۆکێکی گرنگ بوو لە فەلسەفەدا بە تایبەت لە سەردەمی رۆشنگەرییدا، بەڵام فەلسەفی ھاوچەرخ سەرنجی داوە تاوانکارییە نوێیەکان لەوپەڕی زانینەوە دێن، بۆ نموونە نازیزم و کەمپەکانی خنکاندنی ھۆلۆکۆست کە دوا توانستی زانین و زانستیان تێدا بەکاردەھات، ئاوشڤێتس بە روونترین شێوەی نیشانداین زانست چیتر نییە جگە لە چەکێکی ئایدۆلۆژیی بۆ سەرکووت و خەساندن و حۆلاندان و دیسپۆتیزم. ئەوەی تۆ پێتوابێت فیسار سەرۆک لە نەزانییەوە کارەکانی باش راناپەڕێنێت، ئەم ئایدیایە دەچێتە راژەی ستەمکارییەوە، وەک بڵێی ئەگەر بیزانیبا ئەوەی نەدەکرد، بەڵام ئاشکرایە ئەو بە ھۆشیارییەوە تۆ سەرکووت دەکات. لە دیمەنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردییدا ئەم دیسکۆرسە زۆر بەھێزە و بە نەیارەکانیان دەڵێن نەزان و نەخوێندەوار، بەپێی ئەم لۆژیکە بێت ئەگەر زانا و خوێندەوار بوونایە سیستمەکەیان بە باشی بەڕێوە دەبرد، وا دەکەن فرمێسک بڕژین و بڵێن زۆر گوناھن نازانن چی دەکەن، ھەمان ئەو دیمەنەی عیسای مەسیح کە وتی خودایە لێیان خۆشبە نازانن. بە پێی میتافیزیکیای زانین، رەوتی بەرەو پێشەوەچوونی مێژوو لە یەک کاتدا رەوتی پێشکەوتن و بەختەوەرییە بەیەکەوە، ھەر ئەم روانینە میتافیزیکییە ئەو ئایدیایەی پێ بەخشین، جیھانی پێشوو لە ھەموو بارێکەوە لە ئێستا خراپتر بووە وەک چۆن ئەو جیھانەی لەسەر رێی داھاتوو وەستاوە لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت وەک بڵێی پارادیسێک یان ناشوێنێک ھەبێت جیھان بەرەو ئەوێ پاڵ پێوەبنێین کە ئەوە ھەردەم وا نەبووە، بەڵکو ئەم ئایدیالیزمە لە دامێنی مودێرنێتە و رۆشنگەرییەوە بەربووەتەوە. ئەوەشی لەسەر سەکۆی جیھانی تازەدا دەیبنێن نەزانیی وەک سێگۆشەی بەرمۆدا زانین ھەڵدەلووشێت. لێرەدا بە روونی رۆڵی ئاین لە پشت ئایدیاکەوە دیارە کە وا سەرنج دەدرا ھەموو شتێک بە گوێرەی رێسا دیالەکتیکییەکان و لەسەر باڵی مینێرڤا (خودای زانینی رۆمانی) بەرەو باشتر دەڕوات.
لە ھیگڵەوە تا مارکس و پاشتریش وا دادەنرا تا مێژوو و زانین بچنە پێشەوە ئەوەندەش خۆشبەختی و ئازادیی مرۆڤ دەڕواتە پێشەوە، بەو مانایەی پێشکەوتن و مێژوو یەک ئامانجی ھاوبەشییان ھەیە، ئەویش رزگارکردنی تەواوەتی مرۆڤە، بەڵام پێشکەوتن بەو شێوە ئامانجگەراییە نەچووە پێشەوە، بەڵکو کورت بووەوە بۆ پێشکەوتنی زانستیی پەتی و پۆژەتیڤیزم و بە ئامێرکردنی پانتایی ژیان، ئەمەیان لە بەرامبەر ئایندا دەوەستێتەوە. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، فەیلەسووفانی خۆرئاوایی ھەستیان بە مەترسییەکانی کوێخایەتی زانست کرد، لە پێش ھەمووانەوە ماتریالیستەکان لە کوشتنی خودا لەلایەن زانستەوە نیگەران بوون، سارتەر ترسی ئەوەی لێ نیشتبوو، ئەم جیھانە خاڵی کراوەتە لە روحانییەت و خۆی داوەتە دەست زانستی ئەبستراکت تا ژیانی وەک ماشینەیەکی بێ ھەست و گیان بەڕێوە ببات. بە درێژایی سەدەی بیستەمیش کەس لە بێرتراند رەسڵ زۆرتر بە گژ ئایندا نەچووەوە، کەسیش ھێندەی وی سزای ئەم بەگژاچوونەوەی وەرنەگرتەوە و لێ نەگەڕان تۆڵەلێکردنەوەی بکەوێتە پاش مردنی، سەرباری بڕوای پتەوی بەوەی زانست یارمەتیمان دەدات بۆ رزگاربوونی مرۆڤ لە دەست ئاریشە و تەنگژەکان، ھێشتا رەسڵ بە سەرکەوتنەکانی زانست و پێشکەوتنی تەکنیکی دڵخۆش نەبوو، پێیوابوو زانست بەرەو بێ ئامانجی لە ژیاندا ئاڕاستەمان دەکات، پێشنیاری ئەوەشی کرد لەو کاتەی زانست جلوبەرگی مانا لەبەری ژیان دادەکەنێت، (دەبێت بۆ لەمەودوا ئایدیاڵ و بەھاکانمان نیشتمانێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە).
ئەگەرچی زانست تا راددەیەک سەرکەوتووبوو لە داماڵینی ھزری خورافی و میتۆلۆژیی لە ئەندێشەی مرۆڤ، بەڵام بە رەھایی نەیتوانی مێشکەکان لە ئەفسانەگەرایی پاک بکاتەوە، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا جیا لە میتۆسە دێرین و باوەکان، رستێک ئەفسانەی مودێرنی ھێنایە سەر سەکۆی جیھان، کە ھەریەک لەو میتۆلۆژیا سەردەمییانە خوێنێکی زۆریان لە پێناوی ھیچدا بۆ رێژرا. ئێوە تەماشای ئەو دەرئەنجامە بکەن لە تیۆری ئیڤولەیشنی داروین کەوتەوە، بە دەرکێشانی تەرزێکی نوێ لە داروینیزمی کۆمەڵایەتی لە ھەناوی داروینیزمی بایۆلۆژیی کە لە خۆیدا زانستێکی سەربەخۆ و پەتی بوو. زێدەڕۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین ئامانجی زانست بێ ئامانجییە، چوونکە زانست بە دوای ئامانجی ھیچ شتێکدا ناگەڕێت، ھێندەی لە ھۆکار و چییەتی شتەکان دەکۆڵێتەوە، ئامانجی عەقڵانییەت لە دیکارتەوە بۆ کانت و لەویشەوە بۆ ئێمە، بریتییە لە ناعەقڵانییەت!، ئەو ئیمکانە بەرزەی ئاوەزگەرایی، ئاوسە بە شێتیی، ئەو شێتییەی جیھانی ئەمڕۆ ھەڵدەسووڕێنێت. ئەم لە ئامانج و مانا داماڵینەی جیھان بووەتە فاکتۆری ئەو نێھیلیزمەی ئەمڕۆ دنیای داپۆشیوە کە تێیدا بەرگەگرتنی ژیانێکی رووتکراوە لە مانا زۆر لە ئەستەم ئەستەمترە، پێموایە ئەو بزاوتە ئاینییانەی بە روحی (ئامانجگەرایی)یەوە دەگەڕێنەوە، دەتوانن لە ماوەیەکی پێوانەییدا باڵابن و زۆر زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا بەھێز ببن، چوونکە مرۆڤ ھەرچەند مودێرن و زانستگەراش بێت، نایەوێت بەوە قایل بێت ژیانی ھیچ مانا و ئامانجێکی تێدا نەبێت. لە کۆتاییدا ھەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم جەخت لەسەر روانگە ناباوەکە دەکەمەوە، نەک مەرج نییە ئایدیای پێشکەوتن بە ھەموو تانوپۆی خۆیەوە مانای بەرەوپێشەوە چوون بەدەستەوە بدات، بەڵکو نمایشی چارەکی یەکەمی ئەم سەدەیە بە روونی پێی گوتین ئەم پێشکەوتنە لە خۆیدا جۆرێک بوو لە پاشکەوتن، دەبێت جارێکی تر بە روانگەکانماندا لە ھەمبەر چەمکی پێشکەوتندا بچینەوە.

٢٣-٣-٢٠٢٣
ستۆکھۆڵم- تێبی

تێبینی: ئەم وتارە لەگەڵ دوو وتاری تردا لە مانگی مارت و ئاپریلی ٢٠٢٣دا نووسراون، بەڵام بەھۆکاری پەرەسەندنی نەخۆشی شێرپەنجەی نووسەر بڵاوکردنەوەیان بۆ ئێستا دواکەوت، ئەم وتارەش ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە ماڵپەڕی (دەنگەکان) بڵاودەکرێتەوە.




شوێنی شانۆ لە ژیانی جەماوەردا.. ن- كامەران حاجی ئەلیاس

شانۆ بەشێكی گرنگی نێو كۆمەڵگایە،هاوكارێكی كاریگەرە لە بونیادنان ودروستكردنی لایەنی ئاكاری هەرگەلێك كە دەڵێم ئاكار مەبەستم لەمانا گشتگیرەكەیە. هەرلەسەرەتای دۆزینەوەی شانۆ لەسەردەستی گریگەكان،ئامادەبوونیان لە شانۆگەرییەكان وەكو پابەند بوونێكی ئاینی بووە بۆ هەرتاكێك چونكە شانۆ فاكتەرێك بووە بۆ ئەوەی گوزارشت لە لایانی ئاینی بكات ،كەلایەن زۆر پیرۆز بووە بەتایبەتی لە ئاهەنگەكانی خواوەندەكان دا .
شانۆ بەپێی سەردەم و كاتەكاندا، شوێنێكی گرنگی لە ژیانی رۆژانەی گەلاندا بینیوە، ئەگەر ئاوڕێك لەسەردەمە شارستانییەكان دا بدەینەوە،شانۆ ئامادەبوونێكی كارای هەبووە بەشێوەك لە شێوەكان گوزارشتێكی رۆشنبیری و هۆشیاری نێو كۆمەڵگا بووە،بە واتایەكی تر ئاوێنەی نێو كۆمەڵگابوو. بۆیە شانۆ گرنگە چونكە شوێنی هۆشیاركردنەوەی فكری بووە بۆ وەرگر لەرێگەی هەست و سۆز و گرژییەكان دەتوانێت لەرێگەی ئەم هونەرەوە دەست بۆ سەرجەم كایەكانی ژیاری كۆمەڵایەتی، ئابووری ،سیاسی..ببات بەو شێوەیەش ئاستی بیركردنەوە و هەستكردن بە پرسیارەتی لای وەرگر زیاتر دەكات و بەشدار دەبێت لە گۆڕان وگۆڕانكارییەكان دا.
شانو سێبەرێكی بەردەوامی مرۆڤ بووە لە بەرجەستەكردنی هەموو بارودۆخێكی ژیاری رۆشنبیری جەماوەر، بەجۆرێك كاریگەر بووە رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە گۆڕینی چەندین سیستەمی ئابووری ،سیاسی…لەم ڕوانگەریەوە شانۆكاران شانۆیان لەئەستۆ گرد بەوەی شانۆ پەیامێكی كاریگەرە تا ئەو رادەیەی هەندێك لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان شانۆ وەكو دەزگایەكی پەروەدەیی وەسف دەكەن وەكو هەرقوتابخانە و پەیمانگا و كۆلیژێك سەیر دەكەن بۆ پەروەردەكردنی هەرتاكێك . شانۆ هەر لەكۆنەوە وەكو ئامێرێكی فێركردن و پەروەردە بەكار هاتووە بەهۆی ئەوەی رۆڵێكی كارای هەبووە لە گەشەكردن و پێشكەوتنی توانستی رۆشنبیری و گەیاندنی بەها فێربوونەكان بۆ قوتابیان و هاوكاری كردنیان لە تێگەیشتنی میتۆدییەكان.جۆرەكانی شانۆی منداڵ هەر لەشانۆی منداڵ و بووكەڵە و تارمایی سێبەر و كارتێكەرە دەنگییەكان كەلە شانۆی منداڵ بەكار دێت،خەیاڵی منداڵ بەهێز دەكات دەبێتە هۆی ئەوەی لەرێگەی شانۆ منداڵ خێراتر فێربێت و لە چەمكی وانەكان تێبگات.
جیاوازی شانۆ لەگەڵ هونەركانی تر لەوەدایە لە هونەری شانۆ لەرێگەی جەستەیەكی زیندوو رووبەری بینەر دەبێتەوە،كە ئەكتەرە زۆرجاریش وابووە بینەرانیش چ بە دیالۆك یان بەجووڵەیەك بەشداردەبن بۆیە كاریگەری زیاترە لە هونەرەكانی هەرچەند موزیكژن لەرێگەی ئامێرەكەی هونەرەكەی پێشكەش بە بینەران دەكات ئەگەرچی بەشێوەی زیندوو پێشكەش دەكرێت بەڵام ناگاتە ئەوە كاریگەرییەی شانۆ هەیەتی بۆ وەرگر بەهەمان شێوەش بۆ هونەری شێوەكاری كاتێ هونەرمەندێك پیشانگایەك دەكاتەوە لەرێگەی تابلۆیەكانی هونەرەكەی خۆی نمایش دەكات ئەگەر خۆشی لە پیشانگایەكە ئامادە نەبێت ،دەتوانێ كارەكەی نمایش بكات. خاڵێكی تری شانۆ ئەوەیە كارێكی كۆمەڵییە و هەموو هونەركانی تر لە خۆدەگرێت وەكو (موزیك ،شێوەكار) كاریگەرییە دەنگییەكان و زۆرجار موزیكی زیندوو لەگەڵ گۆرانی لە نمایشی شانۆدا بەكار هاتووە بۆ گوزارشت كردن لە حاڵەتەكانی نێو شانۆگەرییەكە ،بەهەمان شێوەش بۆ هونەری شێوەكاری لەرووی دیكۆر و ئێكسسوات رۆڵێكی گرنگ دەبینێت بۆ زۆرێك لەنمایشەكان، نابێ رۆڵی ئەدەبیشمان لەبیربكرێت ،كەتێكستە چیرۆك ،سیناریۆ وەكو سێكوچەكەی نمایش لەتەك (ئەكتەر، بینەر، دەق) رۆڵی خۆی هەیە زۆرێك لە نووسەرانیش بۆچوونیان وایە كە دەق تێكستێكی مردووە تائەو كاتەی دەچێتە سەرتەختەی شانۆ ئەنجا دەبێتە دەقێكی زیندوو هەر لەبەر ئەم هۆیانەوە شانۆ بە باوكی هونەر ناوزەند كراوە.
شانۆ لە دووبەشی سەرەكی پێك دێت (مەرگەسات و بەزمەسات) هەردووشێوەكە بەشێوەك لەشێوەكان كاریگەری خۆیان لەسەر كۆمەڵگا جا چ بەشێوەی تاك بێت یاخود بەشێوەی كۆمەڵ دەبێت ،لە هەموو ڕوێكەوە زۆرجاریش هاوكارە بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتە هەنوییەكان بۆیە شانۆ بۆتە پێداویستییەكی گرنگی هەر گەلێك، چونكە لە ژیانی هەرمرۆڤێك دا خۆشی و ناخۆشی هەیە كۆمەڵێك ئاریشەوگرفت هەیە شانۆ دەتوانێت گوزراشت لەو هەموو ناسۆریانەی هەرتاكێك بكات بەرادەیەك زۆر جاریش چارسەریشی بۆ كردوە.
پەیوەندی شانۆ لەگەڵ جەماوەرداپەیوەندییەكی كۆنەهەر لەسەردەمی (فەرعۆنییەكان و یۆنانییەكان و رۆمانییەكان) ئەو پەیوەندییە هەبووە،چونكە شانۆ راهێنان بە دەرونی مرۆڤایەتی دەكات بۆ ئەوەی گۆرانكاری لە هەڵوێستەكانی خۆی بكات لەرێگەی پشت بەستن بە عەقڵ و لۆژیك بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەك بۆ هەڵوێستەكانی لێرەدا رۆڵ و شوێنی شانۆ لە ناو كۆمەڵگا دەردەكەوێت بۆ ئەوەی لەرێگەی نمایشەكان، كۆمەڵگایەكی رۆشنبیرو پەروەردەیی و سیاسی دروست بكات، شانۆ دەزگایەكی گرنگ و كامڵە بۆ كۆمەڵگا دەبێتە زمان حاڵی ئەوان.
لەسەرپەیوەندی شانۆ بە جەماوەر نووسەری دیاری جیهانی (ولیم جۆن شكسپیر) دەڵێت” جیهان شانۆیەكی گەورەیە پیاوان و ئافرەتانیش ئەكتەری سەر ئەو شانۆیەن”.هەر لەبارەی گرنگی شانۆ لەسەر كۆمەڵگا نووسەر و دەرهێنەری ئەڵمانی بەرتوڵد بریشت دەڵێت” نان و شانۆم بدەرێ گەلێكی رۆشنبیرت دەدەمێ”.نووسەری گەورەی میسری نەجیب مەحفوز یش لەبارەی شوێنی شانۆ لەنێوە جەماوەردا دەڵێت” لێمان دەپرسن نهێنی پێشڤەچوونی شانۆ لە چی دایە؟ نهێنییەكە لەوەدایە كە ئێمە هەموومان ئەكتەرین”.
ئەگەر ئاوڕكیش لە شانۆی كوردیش بدەینەوە بەدرێژایی مێژوو بۆمان دەردەكەوێت،كە نمایشە شانۆییەكان چەند رۆڵ و كاریگەری هەبووە لەسەر هۆشیاركردنەوەی جەماوەر هاندانیان بۆ خۆشەویستی خاك و وڵات بەتایبەتی لەسەردەمی پێش راپەرینی بەهاری ساڵی 1991ی گەلی كوردستان هەمیشە شانۆكارانی كوردستان لەبەری گەل دابوون، هەمیشە نمایشە شانۆییەكان گوزارشت بوون لە خەم و مینیەتانی گەل. نمایشە شانۆیەكان رۆڵێكی گرنگیان بینیوە لە جۆش دانی جەماوەر هۆڵە شانۆییەكان هەمیشەجمەیان دەیان بگرە چەندینجار دەرگاو پەنجەرەكانی هۆڵەكان بەهۆی زۆری بینەران شكاون نمایشەكان بۆ چەند مانگێك بەردەوام دەبوون لە نمایشكردن سەرباری بوونی سانسۆرێكی زۆر لەسەردەقە شانۆییەكان تا رەزامەندی دەقێكی شانۆیی وەردەگیرا بەچەندین فلتەر تێپەردەبوو،تادەگەیشتە رۆژی نمایشكردن ،لەبەر ئەوەشە سەردەمی شانۆی هەشاتاكان بەسەردەمی شانۆیی زێرینی كوردی ناوەزند كرابوو چونكە پەیوەندیەكی بەهێرلەنێوان شانۆكاران و بینەران هەبوو لەهەمان كاتدا نمایشەكان گوزراشت بوون لە ناسۆرییەكانی گەل.




ئازارەکانی شەهرەبانۆ /شیعری شەماڵ بارەوانی

نازانم بۆ پەتەکەی ملی لەیلا قاسم بگریم
یان سوێندە بێ نازەکەی لەیلا زانا

هێشتا بۆنی ئازارەکانی شەهرەبانۆم لێدێت
هێشتا دەنگی فیغانی پیرۆزی ئابادی بۆ کچە کوردە بە کەنیزەکراوەکانی گوڵاڵە و نەهاوەند دەمهاڕێت
هێشتا زامی یەکەم ناپاکی هارپاک بە جەستەی نیشتیمانمەوەیە
هێشتا بە تۆمەتی کڕنۆشنەبردن بۆ ئادەم به ئبلیس تۆمەتبار دەکرێم

سەیرێکی ناوگەلی مێژووم بکەن
سەرەڕای ئەم هەموو فتووحات و تەعریبه
ئەم هەموو فەرمان و ئەتککردنە
هێشتا بۆنی بەرائەت و خوێنی پاکیزەیی لێدەچۆڕێت

بیرتانە کە لەبە هەشت دەرکراین، تەنانەت خوداش بێدەنگ بوو!

تەنها لەسەر ئەوەی گوتم ڕەگم دەچێتەوە سەر دەمارەکانی سەید ڕەزای دێرسمی، بە قەڕنێک زیندانی مەحکووم کرام

ئەوان قبووڵ ناکەن بڵێین لێرەبوو یەکەمجار مەشخەڵی شارستانییەت هەڵی کرد
لێرە بوو خۆری ئێزدانییەت هەڵهات و
هەر لێرەش بوو یەکەمجار حەکایەتی ژیان دەستی پێکرد

ئەمڕۆ ڕۆیشتمە سەر گڵکۆی یەزدەکورد و
پێکەوە بۆ ڕووخانی دەوڵەتی ساسان
زۆر بە کوڵ دامانە قوڵپی گریان

هێشتا ئایەتەکانی خودا موتوربەی لاپەڕەکانی زەمەن نەببوون
ئێمە لە پەراوێزی سورەتی ئەنفال دا زیندانی کراین
هێشتا وشەکانی خودا لە لەوحی مەحفووزدا زمانیان نەگرتبوو
ئێمە خەڵتانی بێ دەنگی کراین

لەگەڵ یەکەم نوتفەی وجوود، ئێمە گیرۆدەی قەفەز بووین
دوای دووهەزار و ئەم هەموو ساڵە، هێشتا لە ناهارمۆنییەتی زەمەن لەگەڵ خەریتەی خەونەکانی کورد تێنەگەیشتووم
هێشتا من و خودا لەسەر سێوەکەی بەهەشت لە جەدەلەتییەتداین

جارێ لەسەر تەوقیتێک کۆک نیم،
نازانم کەی دەگەڕێمەوە سەر تخووبی وەرزی ماد و
تەوقی ئەو نەفرەتە ئەزەلییه لە بەرۆکی ڕۆڵەکانی ئێزدا و مێژووی لالش دەکەمەوە
نازانم کەی دەبمەوە بە ئەردەشێرەکەی جاران و
دووبارە ئاگری ئازادی لە ئاتەشگا ڕووخاوەکەی ئەشۆ زەردەشت دەکەمەوە




سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت و غازی هەیە و دەبێت داهاتی ئەم پرۆسەیە وەربگرێت. هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە دەستووردا هاتووە لە ئەگەری دروستبونی ململانێ، ئەولەویەت بە یاسای هەرێم و پارێزگاکان دەدرێت. بەڵام حکومەتی فیدراڵی و سۆمۆ دەڵێن بەپێی مادەی ١١١ی دەستوور “نەوت و گاز هی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو ناوچەکان و پارێزگارەکاندا”، واتە نابێت لە کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەند دەرچێت.
لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردودا دادگای فیدراڵی لە بەغدا بڕیاریدا هەرێم ئەو نەوتەی لەسەر زەویەکانی بەرهەم هێنراوە ڕادەستی بەغدا بکات، هەروەها ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان واژووی کردبوو هەڵبوەشێنێتەوە. بابەتەکە گەیشتە ئاستێک کە دەسەڵاتی دادوەری لە بەغدا گرێبەستەکانی لەگەڵ زۆرێک لە کۆمپانیا بیانیەکان بە تایبەت کۆمپانیا ئەمریکی و کەنەدیەکان پووچەڵکردەوە.
هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق “هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان” ڕادەستی بەغدا بکات، واپێدەچێت ئەو یاسا نوێیەی نەوت کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە بەغدا ئامادە دەکرێت، دوا فاکتەر دەبێت کە کۆتایی خەونی هەر جۆرە سەربەخۆییەکی کوردستان دەخاتە ناو مشتی حزبە کوردیەکانەوە.
حکومەتی ناوەند دەیەوێت ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی عێراق لە ڕێگەی یەک کۆمپانیای نیشتمانیەوە واتە کەرتی نەوت و غاز ڕێکبخرێت وە هاوردەکردن لە یەک حسابدا دابنرێت.
ئەمەش کۆتایی بە هەر باسێک دەهێنێت سەبارەت بە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوام بوون لە کارەکانی فرۆشتنی نەوت، کە پێشتر سەربەخۆ لە حکومەتی فیدراڵی ئەنجامی داوە، تەنانەت ئەگەر هەرێم بتوانێت کەناڵەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی لە فرۆشتنی نەوت ڕێکبخات، ئەوا دەبوو هەموو داهاتە نەوتیەکانی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات لە بەغدا، بەمەش حکومەتی ناوەندی بە تەواوەتی کۆنترۆڵی دارایی بەسەریاندا ئەنجام ئەدات.
باوەڕێکی بەرفراوان لە بەغدا هەیە کە پێدانی مافی سەروەری هەولێر بەسەر نەوتدا، مەیلی جوداخوازی بەهێزتر دەکات و سەرچاوەیەکی ناڕێژەیی لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی دەوڵەت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ناکرێ ناکۆکی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر تەنیا وەک ناکۆکیەکی لەناکاو سەیر بکرێت، بەڵکو لەوە زیاتر درێژ دەبێتەوە بۆ حساباتی سیاسی پەیوەست بە بژاردەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی حزبە کوردیەکان، لەلایەکی تریشەوە دابینکردنی ژێرخانی ئابوریە بۆ ئەو سەربەخۆییە، کە هەرگیز نەیان توانی ژێرخانێکی جێگیر دامەزرێنن و هیچ ئاماژەیەکیش ئەوە نیشان نادات کە لە تەواوی ژیانی سیاسیاندا ئامادەیی و توانای سەربەخۆی و دامەزراندنی ژێرخانی ئابوریان هەبێت.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڵێنی سەربەخۆیی کوردستانی عێراقیان دا لە بەرامبەر ئەوەی سوپای پێشمەرگە لە پێشەنگی شەڕی داعشدا بێت، هەروەها لەلایەن تورکیاشەوه پاڵپشتی کرا. بەڵام پاش ماوەیەکی کورت لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ڕفراندۆم هێرشکرایە سەر کوردستان وهەر هەنگاوێکی دیکەشیان بەرەو سەربەخۆیی سەرکوت کرد، چونەکە پێکهاتەی حکومەتەکانی ئێستای عێراق و ئێران و تورکیا بەرگەی کاردانەوەکانی سەربەخۆیی کوردستان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا ناگرن.
لەلایەکی تریشەوە ئامانجی مۆسکۆ تەنیا لە دەستەبەرکردنی یەدەکی گەورەی نەوت و گاز لە کوردستانی عێراقدا سنووردار نەبوو، بەڵکوو درێژبووەوە بۆ چاندنی تۆوی لەناوبردنی سەربەخۆیی کوردستان و لە درێژخایەندا جەختکردنە لەسەر عێراقێکی یەکپارچە.
هاوکات چین کاریگەری خۆی لە باشووری عێراق دروست کردوە، لەڕێگەی چەندین گرێبەست لە کەرتی نەوت و گاز کە دواتر دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ گرێبەستی ژێرخانی گەورەتر لە سەرتاسەری باشووردا.
ڕێککەوتنی هاوکاری هەمەلایەنە کە لە نێوان ئێران و چین بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، نوێنەرایەتی درێژکردنەوەی قەبارە و پانتایی ڕێککەوتنی “نەوت لە بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان” دەکرد، کە بەغدا و پەکین لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا واژۆیان کرد، کە ڕێگەیان بە کۆمپانیا چینیەکاندا وەبەرهێنان لە پرۆژەی ژێرخانی عێراق لە بەرامبەر نەوت.
بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە کە لێدوانی سودانی، لە ٣ی ئابی ٢٠٢٣، ڕایگەیاندبو، یاسای نوێی یەکگرتووی نەوت کە لە بەغداوە بەڕێوەدەبرێت، هەموو بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانەکانی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات و فاکتەرێکی بەهێزە لەوەی یەکپارچەیی عێراق پێکدەهێنن.
دەسەڵاتداریەتی حزبەکان لە هەرێمدا دوای سی دوو ساڵ سەربەخۆیی لە تاڵانچێتی و قاچاخچێتی بە نەوت و دامەزراندنی دۆخ و سیستمێکی گەندەڵی لە تەواوی بوارەکاندا، لە بەرامبەر پرۆسەیەکی ڕیسواو شەرماوەردان لە ڕادەستبونی دەسەڵاتەکەیان بۆ خزمەتکردن بە یەکپارچەیی عێراق و پابەند بونیان بە حکومەتی ناوەندەوە.




پيرۆز بێت يادی رۆژنامەگەری کوردی .. سەردار جاف

بەر لە ١٢٦ ساڵ و لە وڵاتی غوربەت و لە،قاھیرەی پایتەختی میسر یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەناوی
” کوردستان ” لە سەر دەستی ڕەوانشاد میقداد بەدرخان بەچاپ گەیشت و بڵاوکرایەوە، نەتەوەی کوردیش وەک گەلانی دونیا بوو بە خاوەن ڕۆژنامەی چاپکراوی تایبەت بەخۆی ، وەلێ جیا لە نەتەوە و گەلانی دی ئێمەی کورد دوور لە زێد و نیشتیمانی خۆمان ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕسکا ، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ زەبر و زەنگی داگیرکەرانی خاکی کوردستان کە ستەم و زوڵمیان دەرھەق ئەنجام داوین، و لە ھەموو جۆرە ئازادییەک تەحریمکراین، و نکوڵیان لە بوونی نەتەوەییمان دەکرد، بەڵام کورد بوون و مانەوەی خۆی سەلماند و دەسەلمێنێ، سەپاندنی ھزری تاکڕەوی داگیرکەرانی کوردستان و دیکتاتۆریەت و زەبر و زەنگیان نەیتوانیوە چۆک بە بواری گەشەی ڕۆشنبیری کوردی بدەن، ھەرکاتێکیش کورد ئازاد بووبێ بواری ڕۆژنامەگەری کوردی گەشەی کردووە و پێشکەوتوو بووە ، بەڵگەیش کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەھاباد و بەیاننامەی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ و پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھاوکات وشە و فەرھەنگی کوردیش ھەنگاوی مەزنی پێشکەوتنی لە ڕێی ڕۆژنامەرییەوە ناوە، لەم بۆنە پیرۆزەدا ، دروود بۆ گیانی پاکی میقداد بەدرخان و ھەموو ئەو ڕۆشنفکرانە دەنێرین ڕۆژێک لە ڕۆژان بەدیار ڕۆژنامەگەری کوردییەوە ماندوو بوون، سڵاو و ماندوو نەبی لە ھەموو ئاوانەیش دەکەین بەردەوامن لە خزمەت بە دونیای ڕۆژنامەگەری کوردی ، بەرز و پیرۆز بێ یادی ڕۆژنامەگەری کوردی و گەشاوەتر بێت وشەی کوردی ..




نزایەکی پاییزی.. شیعری: عەبدولڕەحمان فەرهادی

بای وەشت ھەڵدەکا لێرانە
بە نەغمە و نەیژەنینەوە
پاییز پڕ دەکا لە حوزن
بە ھەڵبەستی غەمگینەوە


شەماڵ بە ھەگبەی پڕەوە
شمشاڵی پاییز دەژەنێ
لەنجەولاری گەڵاڕێزان
میلۆدیی عیشقی دەدەنێ


چوومە نێو ماڵی شەماڵێ
پڕ بوو لە ناڵە و گریەی نەی
چوومە ڕەشماڵی خەیاڵێ
ڕەباس بووم بە مەستبوونی مەی


سەرێکم دا لە شنەیێ
تێر بووم لە چریکەی شالوور
باوەشم بە سروەدا کرد
بردمیە نێو خەیاڵێ، دوور


نامەیەکم بە دەبوور نارد
بۆ دڵبەرەکەی دوورە ڕێم
گوتم ئاخۆ کەی بتبینم!
گوتی تۆ وەرە، چاوەڕێم


شەماڵ ھات بە ھاتوھاوار
قژی تێکدایت و شێوانی
ھەر تاڵێکی بردە لایێ
ھیچ تاڵێكی بۆم نەھانی.


ده‌ڵێی لووزه‌وه‌ بارانی
له‌پڕ دێی به‌خوڕ داده‌كه‌ی
برووسكه‌ی گه‌واڵه‌ هه‌وری
عیشقت له‌ ناخم ڕاده‌كه‌ی

  • * *
    وه‌ك په‌ڵه‌ هه‌وری ناو ساوی
    بریقه‌ت دێ و ده‌چیته‌وه‌
    یان ڕه‌نووه‌ به‌فری لاپاڵی
    بۆ ناخم شۆڕ ده‌بیته‌وه‌
  • * *
    چما تۆ شنه‌ی شه‌ماڵی
    یان ده‌بووری لای هێواره‌
    سروه‌ی سپێده‌ و به‌یانی
    یا بای وه‌شتی له‌م هه‌واره‌
  • * *
    چركه‌یێ نییه‌ له‌ ژینما
    لێت دابڕێ بیر و هۆشم
    چیی تێدایه‌ ئه‌گه‌ر تاوێ
    ئازارت له‌ده‌ست نه‌نۆشم؟!
  • * *
    ته‌مه‌ن چه‌شنی دره‌ختێكه‌
    له‌ پاییز نزیك بۆته‌وه‌
    سایه‌ی عیشقت زیندانێكه‌
    بۆ ساتێك لێی نه‌بۆته‌وه‌

عیشقت ئه‌وه‌نده‌ به‌سۆیه‌
شه‌و و ڕۆژم لێ گۆڕاوه‌
هه‌موو كاتێ وا ده‌زانم
ته‌مه‌ن له‌ ڕێتا دۆڕاوه‌


به‌سه‌ تاكه‌ی ببمه‌ دینی
ده‌شتوده‌ر و شاخوداخان
ته‌زووی عیشقی پر له‌ ژانت
ڕۆژێ دەمكوژێ له‌ داخان





کتێبی (پێشانگەی تەرمەکان) چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

وەشانی “نووسیار” لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا، بەم نزیکانە کتێبی (پێشانگەی تەرمەکان) چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه. ئەم کتێبە لە نووسینی چیرۆکخوان، فیلمساز و ڕۆماننووسی عێراقی: حەسەن بەلاسم ـە و زانیار عەلی لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوە.
کتێبەکە لە دوو کۆمەڵەچیرۆک پێک هاتووە: “سەرشێتەکەی مەیدانی ئازادی” و “مەسیحی عێراقی”. هەردوو کۆمەڵەکە پێکەوە ناونیشانی “پێشانگەی تەرمەکان”ـیان هەڵگرتووە، چەند چیرۆکێکی تریان بۆ زیاد کراوە و هەموویان پێکڕا دەبنە بیست‌وپێنج چیرۆک.
ئەم کتێبە بۆ زیاتر لە بیست زمانی دنیا وەرگێڕدراوە. جێی خۆشحاڵییە خوێنەرانی کوردزمانیش بواری ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت بیخوێننەوە و لێی بێبەش نەبن! دوای کتێبی “فەرهەنگەپیاو”، ئەمە دەبێتە دووەم کتێبی پرۆژەی وەرگێڕانی کۆبەرهەمی حەسەن بەلاسم. بەدوایدا بەرهەمە گرنگەکانی دیکەی دێن و هەر لە وەشانی “نووسیار”ـەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

لەبارەی ئەم کتێبەوە، زانیار عەلیی وەرگێڕ دەڵێت:
چیرۆکەکانی ئەم کتێبە ئەگەرچی بە کۆمەکی خەیاڵ نووسراون، بەڵام نووسینەوەی واقیعێکن کە دوور و نزیک بە ئێمە ئاشنایە. گێڕانەوەی بەسەرهاتی مرۆڤە دۆڕاو، دوورەپەرێز و دڵشکاوەکانی کۆمەڵگەن. ڕووتکردنەوەی ناخی ئەو مرۆڤانەیە کە بەر نەفرەتی خودا کەوتوون و بێزاری و بیری خۆکوژی تەنگی پێ هەڵچنیون. پیشاندانی دەروونی ئەو بوونەوەرەیە کە لەپێناو خۆیدا ئامادەیە هەموو شتێکی تر بکاتە قوربانی!
ڕەنگە پێمان وا بێت چیرۆکەکان خەیاڵین، نەکردەیە ئەم ڕووداوانە لە دنیای ڕاستەقینەدا ڕوویان دابێت؛ بەڵام نووسەر لە زۆر جێ دڵنیامان دەکاتەوە کە ڕاستەقینەن. لێرەدا تەنها باس لە گێڕانەوەیەکی تۆقێنەر و کوشتن و ئەشکەنجە ناکەین، ئەم چیرۆکانە کرۆکی ئاوابوونی مرۆڤ و ژیانە، ئێمە بۆ ئەوپەڕی لەناوبردن و نەمانی چاکە دەبات. دەتوانین بڵێین ئەم بەرهەمە یەکێکە لە باشترین و گرنگترین بەرهەمەکانی حەسەن بەلاسم. ئەم کتێبە ناوبانگی ئەوی بە جیهاندا بڵاو کردەوە و بۆ زۆر خەڵاتی گرنگی ئەدەبی پاڵێورا. لەڕێی ئەم چیرۆکانەوە ئاشنای دنیا ئەدەبییەکەی دەبین، کە ترس و تۆقین، جەنگ و کوشتار، گێڕانەوەیەکی فەنتازی بۆ ڕووداوەکانی عێراق؛ لە دیارترین تێماکانن. پێم وایە سەربوردەی تەمومژاویی کارەکتەرەکان، هەتا ماوەیەکی زۆر لە خەیاڵ و ئاوەزی خوێنەردا دەمێننەوە.

نووسەر لە چەند دێڕێکدا:
حەسەن بەلاسم، ڕۆماننووس و سینەماکاری عێراقی، ساڵی ١٩٧٣ لە بەغداد لە دایک بووە. ئێستە لە وڵاتی فینلاند نیشتەجێیە. چەندان کتێبی لە ژانری چیرۆک، ڕۆمان، شیعر و سینەمادا بڵاو کراوەتەوە.
ساڵی ١٩٩٩ بەغدادی جێ هێشتووە و لە سلێمانی گیرساوەتەوە. لەگەڵ هەندێک سینەماکاری کورددا، فیلمی “زامی کامێرا”ـی دەرهێناوە. کتێبەکانی ناوبانگی جیهانییان پەیدا کردووە و بۆ چەندین خەڵاتی ئەدەبی پاڵێوراون، هاوکات بەشێکی زۆریشیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان. ساڵی ٢٠١٤، وەک یەکەم نووسەری عەرەب، خەڵاتی ئیندپێندێنت ـی بەریتانیایی بۆ کۆمەڵەچیرۆکی “پێشانگەی تەرمەکان” بردووەتەوە. ڕۆژنامەی گاردیان وەک “باشترین نووسەری عەرەب کە لە ژیاندایە” ناوی بردووە.
“فەرهەنگەپیاو” یەکەم کتێبی چاپکراوی ئەوە. “ئەڵڵا ٩٩ (ڕۆمان)”، “پێشانگەی تەرمەکان (کۆمەڵەچیرۆک)” لە دیارترین کتێبەکانی ئەون.

وەرگێڕ لە چەند دێڕێکدا:
زانیار عەلی، ساڵی ١٩٩٩ لە شاری کەلار لە دایک بووە. وەرگێڕە و ئەدەبیات بە گشتی، ئەدەبیاتی عەرەبی بە تایبەتی وەردەگێڕێت. تا ئێستە خاوەنی نۆ بەرهەمی چاپکراوە:

  1. هێرمان هێسە/ ژیان و بەرهەم/ وەرگێڕان (٢٠١٧)
  2. بەخۆنازین لای نالی و موتەنەبی/ لێکۆڵینەوە/ ئارام جەلال/ وەرگێڕان (٢٠١٨)
  3. کۆماری مریەم/ ڕۆمان/ وارد بەدر ئەلسالم/ وەرگێڕان (٢٠١٩)
  4. شیعرگەلێک؛ جەنگ لە باخەڵی شاعیرێکدا لە بیری چوون/ شیعر/ جان دۆست/ وەرگێڕان/ (٢٠١٩)
  5. وەک درەختێک بیر دەکەمەوە/ شیعر/ عەبدولعەزیم فنجان/ وەرگێڕان (٢٠٢٠)
  6. فەرهەنگی کوردیی وێنەدار/ فەرهەنگ بۆ منداڵان/ ماجیدە ئەلحۆرانی/ وەرگێڕان و وردبینیی زمانەوانی (٢٠٢١)
  7. فەرهەنگەپیاو/ کۆمەڵەدەق/ حەسەن بەلاسم/ وەرگێڕان (٢٠٢١)
  8. سەربوردەی خەبات/ ڕۆمان/ جان دۆست/ وەرگێڕان (٢٠٢٢)
  9. پێشانگەی تەرمەکان/ کۆمەڵەچیرۆک/ حەسەن بەلاسم/ وەرگێڕان (٢٠٢٤)



چەپ و راست.. شیعری سەلام عومەر

گوێی راستەمیان قانگ دا
ئێستا گوێی چەپەم
جگەرە بەجگەرە پێدەکا
٭ ٭ ٭
ددانەکانی لای راستم
شیرینی وەراندی
ئی لای چەپم تاڵی
٭ ٭ ٭
بەراستە دەنووسم
بەراستە شوت دەکەم
دەست و پێی چەپم بینەرن
٭ ٭ ٭
داکم نوشتەیەکی
بەشانی راستمەوە هەڵواسی
بەدەستی چەپم لێمکردەوە.




کارەساتی بێ ئومێدی و چەنەبازی ئینسانە گچکەکان.. ئەکرەم سەعید

“من کەسێکی نیمچە شێت و نیمچە مردووم” – چیرۆکی: چەنەبازی لەسەر نیل/ نەجیب مەحفوز

مەحفوز لەسەر زاری “ئەنیس” کە یەکێکە لە چەنەبازەکانی سەر ڕووباری نیل و پاڵەوانی چیرۆکەکەیە، “حەقیقەتی کەسایەتی خۆی باس دەکات بۆ ئەوانی دی:(من کەسێکی نیمچە شێت و نیمچە مردووم). هەڵبەتە ئەوە هەر بەتەنها ئەنیس و هاوەڵەکانی نییە، لە نێو بەلەمێکی سەر نیل کەسایەتیان لەو چەشنەیە، بەڵکە لەڕاستیدا زۆربەی زۆر خەڵکی میسر و جیهان لە ساڵاکانی ۱۹٥۰- وە تا ئێستاش (نیمچە شێت و نیمچە مردوون)، ئەوەش دوا پلەی نامۆیی و بە شمەکبوونە، و لە دەستدانی هۆشیاری ئینسانی و چینایەتییە، کە ئینسانەکان لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەدریدا دووچاری هاتوون.
ئەمە توانج و وەسفێکی ناشرین نییە بەتەنزەوە بە مرۆڤەکان، بەڵکە ئەمە کێشانی دیمەنی واقیعی حاڵی ئینسانەکانە لە سەردەمی ئێمەدا. ئەمە سەرگوزشتەێکی ڕاستەقینەیە بۆ حاڵی کۆمەڵگە و ئینسانەکان لە ئێستادا، وە دەمامکە درۆزنەکان ئاشکرا دەکات، و لە گوتاری ئیدۆلۆژی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ساختە هاتۆتە دەرەوە، وەسفی ئەو دۆخە خەسار و پارچەپارچە بوونە باس دەکات کە خەڵکی دوێنێی میسر و ئەمڕۆکەی جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنێ، کە بێگومان ئاکامی ئەم ناهۆشیارییە( نیوە شێت و نیوە مردووە)ی ئینسانەکان، ئەنجامەکەی دونیا بە ناچاری بەرەو کارەسات دەبات.

  • کاتی قەیران و جەنگی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداری، گەر چینی کرێکاران و ئازادیخوازان هۆشیار نەبوون، و هاوشێوەی پێڕە چەنەبازەکەی ڕۆمانەکەی مەحفوز لە بری نێو بەلەمێک لەسەر نیل، ئەمڕۆکە لە نێو سۆشیال – میدیا خەریکی دیالۆگی کەرەکان و چەنەبازی بن، ئیدی چاوەڕێی کارەسات بکە ڕووبدات.
  • لە دووهەفتە لەمەوبەر تا دوێنێ، ئۆکرانیا دووجار هێرشی کردۆتە سەر (وێستگەی ئەتۆمی زابوریجیا بۆ بەرهەمهێنانی ووزە)، ئەو وێستگە گەورەیە گەر بتەقێتەوە، جگە لە بەشێکی ڕوسیا کە زیانی بەردەکەوێ، ئۆکرانیا بۆ خۆی دەبێتە پنتایێک لە خاک کە بەکەڵکی ژیان نامێنێ، ئەمە جگە لەوەی زیان بە (پۆلۆنیا، ڕۆمانیا، و باقی ووڵاتانی بەلکان) دەکەوێت، و تەنانەت تیشکی ئەتۆمی تەقینەوەی ئەو وێسگەیە زیانی هەیە بۆ تەندروستی خەڵکی ووڵاتانی (فیلەندا و سوید).
  • لە هێرشی ئەم دواییەی “ئێران و ئیسرائیل” بۆ سەر یەکتری ڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆ، هەڕەشەی پەلاماردانی وێستگە ئەتۆمییەکان هاتۆتە گۆڕێ. گەر کارەساتێکی ئەتۆمی بە ئەنقەست یان نەخوازراو ڕووبدات، بە ملیۆناها مرۆڤ زیانمەند دەبن، و ناوچەکە شیاوی ژیان نامێنێ.
  • لە کاتێکدا دڕندەکانی سەرمایە خەریکن مرۆڤایەتی دووچاری کارەساتێکی ئەتۆمی دەکەن، کە کارەساتی هیرۆشیما و ناکازاکی و کارەساتی ئەتۆمی وێستگەی چێرنۆبڵ لەساڵی ۱۹۸٦، لە چاویدا کارەساتێکی گچکەیە، کەچی مرۆڤایەتی هاوشێوەی (پێڕە چەنەبازەکەی مەحفوز)، کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە خۆدەگرێت، لە مامۆستا و ڕۆشنبیر و دز و بەرپرس و سەماکار و کرێکار، هەموو وازیان لە کەیف و چەنەبازی خۆیان نەهێناوە، و بەرامبەر ئەو هەموو قەیران و کارەساتەی جەنگ و کۆکوژی منداڵ و خەڵکی مەدەنی، توانای زۆرەبڵێی و چەنەبازییان لەدەست نەداوە، بەڵام ئەفسوس زۆر هەنگاوی عەمەلی ڕاستەقینە دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکانیان، و دژی نوخبەی جەنگی بۆرژوازی جیهانی، بۆ ڕاگرتنی مەترسی فەنابوون و فەوتان، تا ئێستاکە نەنراوە.
  • زۆر دەگمەن سۆسیالیستەکان تەشەنە لە ئاست نزمی هۆشی خەڵکی دەدەن، بەڵام لە بەرامبەر ساویلکەیی خەڵکی، لە پێش جەنگ و کاتی جەنگی جیهانی دووەم، خەڵکی ئەڵەمان و بەشێکی دیاری چینی کرێکاران، بە ئیدۆلۆژی و پروپاگاندەی نازییەکان و هیتلەر فریوو درابوون. لەم ساتەوەختەدا بوو کە ولیام ڕایش (گوێ بگرە مرۆڤی گرنگن)ی نووسی؛ هەڵبەتە سۆسیالیستەکان بە مرۆڤەکان ناڵێن( بچوک یان گرگن )، بەڵام مرۆڤ لەو هەلومەرجە و لە دەروونی “ولیام ڕایش” تێدەگات کە بۆچی وا تووڕە بووە، چونکە ئاستی هۆشیاری و پراکتیکی چینی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە ئاستی هەڕەشەکاندا نەبووەو کۆمۆنیستەکانیش بێ توانا و بێ کەڵک بوون، و خەڵکیش هەر خەریکی کەیف و چەنەبازی خۆیان بوون . لەم ساتانەدایە چیرۆکەکەی “نەجیب مەحفوز” دیمەنی دوێنی میسر و دیمەنی ئەمرۆکەی جیهان، بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
  • لە ڕاستیدا ئەوە مەترسیدارە کە سیستەمی سەرمایەداری لەمڕۆکەدا دڕندانە هێرش بۆ سەر بژێوی چینی کرێکاران دەبات و هەژاریان دەکات، وە نوخبەی سەرمایەی فەرمانڕەوا دڕندەیە، و ئاگری جەنگ لێرەو لەوێ هەڵدەگیرسێنێ و کارەسات دەقەومێنێ، بەڵام لەوە مەترسیدارتر و کارەساتبارتر ئەوەیە کە زۆربەی مرۆڤەکان لەم سەردەمەی ئێمەدا، ناهۆشیار و بێ دەرباسین، یان ووە دووی ئەحزابی بۆرجوازی ناسیۆنالیست و ئایینی کەوتوون.
لەڕاستیدا زۆربەی مرۆڤایەتی لەمرۆکەدا ( نیمچە شێت و نیمچە مردوو)ن؛ شێت بەمانای ناهۆشیار، و مردوو بەمانای بێ جوڵە و بێ پراکتیکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی دونیای سەرمایەداری.

تێبینی:

  • چات یان “چەنەبازی لەسەر ڕووباری نیل”، چیرۆکی کۆمەڵێک مرۆڤی نامۆ و پەراوێزخراو، کۆمەڵێک ئینسان کە لە نێو کێشەکان و چڵپاوی کۆمەڵگادا، پشتگوێخراون و بێ ئومێد و بێ متمانەن بە فکر ، خاوەنی هیچ خەون و ئامانجێک نین، دەچنە شوێنێک بۆ سەر گەرمکردن.
    “بەلەمێک لەسەر ڕوباری نیل” ئەو شوێنەیە کە خەونەکانی ڕزگاربوون لە ستەمکاری بەدی دەهێنێ لە ژیانێکی بێ مانا کە مرۆڤە کچکەکان هیچیان پێناکرێ لە چات زیاتر، جا چات بێ لە نێو بەلەمێکی سەر ڕوباری نیل یان چات بێ لەمڕۆدا لەنێو نێت، جیاوازی ئەو تۆی نییە.
  • دەتوانی چیرۆکەکە لە نێتدا بەخۆڕای وەک “پی دی ئف” بخوێنیتەوە، وە هەروەها چیرۆکەکە کراوە بە فلیم بە ناوی (ثرثرة فوق النيل)، دەتوانی چێژ لە فلیمەکەش وەرگری، چونکە تا بڵێی ئەکتەرەکان نواندنێکی جوان پێشکەش دەکەن.

ئەکرەم سەعید




كاتێ‌ دەریا پیر دەبێ‌.. ئەدۆنیس.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی

پێشدەستی:

هەمیشە لە پشت هەموو داهێنانێ‌، فیكرو دنیابینییەكی نوێ‌ و چەمك و شێوازی دەربڕینی جیاواز و ئازادی بیركردنەوە و خەیاڵی بەرفرەوان و دیدێكی دیكەی مەعریفی و جوانكاری دەبینرێت، كە لەگەڵ كۆن جیا دەكەوێتەوە، كەواتە بۆ ئەوەی بیر بكەینەوە دەبێ‌ لە لایەك پەیوەندییەكی دینامیكیانەمان بە فیكر و مەعریفە و جیهانبینی سەردەمەوە هەبێت، لەلایەكی دیكە پەیوەندی بە كەلەپورەوە بكەین. (گادامێر) دەڵێت: وجودی مرۆیی لە یەك كاتدا میژوویی و هاوچەرخیشە، بەو مانایەش تێگەیشتنی ئێمە بۆ مێژوو لە بۆشاییەوە نایەت، بەڵكو لەو ئاسۆ هەنووكەییەوە دێت، كە مێژووی داهێنان یەكێكە لە دامەزراوە راستەقینەكانی.
كەواتە تێگەیشتنمان بۆ مێژوو لە سەر داهێنان و دیالۆگەوە دادەمەزرێت، نەك گوێگرتنێكی مردوو و سلبیانە، هەروەها كاری هونەری پرۆسەیەكی دیالیكتیكییە لە سەر ئەو پرسانە دەوەستێت كە كارەكە ئاراستەی ئێمەی دەكات، لە هەمان كاتدا بوونی كارەكەش پێكدێنێ‌. تێگەیشتنمان بۆ مێژوو بە مەعریفە و هوشیاری هەنووكەییەوە بەندە، نەك ئەو مۆرە ئایدیۆلۆژییایەی كە لە خڵتەی كەلەپورەوە ماونەتەوە، یان لە خڵتەی سنوری فیكری نەتەوایەتییەوە ماوەنەتەوە.
فیكری زیندوو بەردەوام زەمەنەكان دەبرێت و بە شێوەی جیاواز، دەركەوتەی جیاواز و فۆرم و چەمكی جیاواز لەگەڵماندا دەژیت. كەواتە هیچ دەقێك نییە سەرچاوەی زیندووی نەبێت، وەك چۆن لە پشت هەموو فیكرێكی نوێ‌، لە پشت هەموو دەقێكی داهێنەرانەوە كۆمەڵێك خەیاڵ و بیركردنەوەی مەعریفی و فەلسەفی دیكە وجودی هەیە و زیندووێتی خۆیان لە نێو ئەو داڕشتنە نوێیەدا دووبارە بە چەمك و شێوەو جوانكاری و رەهەندی فەلسەفی و فیكری دیكەی جیاوازەوە دەخەنە روو، هەموو كەلتورێكیش كۆمەڵێك رەگەزی مردوو، یان بە مانایەكی دیكە كۆمەڵێك رەگەزی تێدایە كە وزەكانیان سنووردارە و توانای هەڵسانەوە و خۆگۆڕینیان تێدا بەدی ناكرێت، ئەو بەشە نازیندووە هەمیشە چوارچێوە بە دەوری خۆیدا دەكێشێت و خۆیان لە ژیان تەریك دەكەن، یان خۆیان لە كۆمەڵێك چوارچێوەدا هەڵدەگرنەوە، كە دەشێ‌ زێتر ئایدیۆلۆژیا ئاراستەكانیان دیاری بكات، بە دیوەكەی دیكەش لە بەر ئەوەی توانا و وزەی گفتوگۆ و خۆنوێكردنەوەیان نییە، قبوڵی ئەویدیكەی جیاواز ناكەن، بە هیچ جۆرە دانوستانێك رازی نین، تەواوی بوونی خۆیان لە شانازیكردن بە رابردوو، گەڕانەوە بۆ رابردوو هەڵدەگرنەوە.
لە رۆژهەڵاتدا بەشە نازیندووەكەی كەلەپور كۆمەڵێك شوێنپەنجەی دیاریان بە سەر كۆمەڵگاوە دەبینرێت، بەشێكی زۆری ئەو مۆ رو شوێنپەنجانەش راستەوخۆ پەیوەندی بەو بیركردنەوە دواكەوتووانە و ئایدیۆلۆژیانەوە هەیە، كە رۆژهەڵاتی دواكەوتوو پرۆسیسەی دەكات، هەر لە نەخشاندنی روخساری كۆمەڵگاوە، حوكمی پۆلیسی، دواكەوتوویی پیشەسازی، پەیوەستبوون بە نۆڕمە كۆمەڵایەتییە دواكەوتووەكان، زمانی چوارچێوەدار، خەت، نەخشە، مێژوویی سیاسی، هەتا دەگاتە ئینتیمای قەومی…هتد
كەواتە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئەكتیڤانە بوونی خۆمان بسەلمێنین، دەبێت هەڵگری جیهانبینیەكی مۆدێرن بین و یونیڤێرساڵانە بیر بكەینەوە، دەبێت بە جۆرێك لە جۆرەكان تەجاوزی كەلەپوری سنورداری نەتەوایەتی و فیكر و مەعریفەی چوارچێوەدار بكەین و بڕوامان بە داهێنان هەبێت، بەو مانایەش داهێنان هاوژیانییە.

كاتێ‌ دەریا پیر دەبێ‌
بەیروت بە یادەوەری هەڵدەبژێرێ‌.
گشت ساتێ‌
لم وەك باڵەخانەی دوارۆژ دادەنێ‌
سەفەر دەكات
لە هەنگاوەكانی دەردەچێ‌
دەچێتە نێو خەونەكانی.

هەر چەندە حیكمەت ئەدەبە
ئەزموون رووتی دەكاتەوە.
هێلكارییەكان دەكێشێ‌
دەیدڕێنێ‌.

دەرگا دادەخا
نەك بۆ ئەوەی خۆشییەكانی بەند بكات
بەڵكو بۆ ئەوەی خەمەكانی ئازاد بكات.

خۆڵەمێشەكەی ئاگر دەخاتە سەرسامییەوە
ئاگرەكەی كات.

نكۆڵی لەو شتانە دەكات، كە دەچنە ژێر دەستییەوە
نكۆڵی لەو شتانە دەكات، خۆیان بە دەستەوە دەدەن.

رابردوو دەریاچەیەكە بۆ تاكە مەلەوانێ‌
یادەوەری.

دەریا هیچ كاتی نییە قسە لەگەڵ لم بكات
دانانی شەپۆل بواری نادا.

نائومێدی عادەتە
هیوا دۆزینەوە.

خۆشی باڵی هەیە، نەك جەستە
خەم جەستەی هەیە، نەك باڵ.

خەون تاكە بێ‌ تاوانێكە
ناتوانێ‌ زیندوو بێ‌
بە راكردن نەبێ‌.

بیركردنەوە هەمیشە دەگەڕێتەوە
شیعر هەمیشە سەفەر دەكات.
جوانترین ماڵ، نهێنییە
بەڵام بۆ ئاكنجەبوون ناشێ‌.

زمان ژەنگ دەگرێ‌ لە زۆر بڵێی
چاو ژەنگ دەگرێ‌ لە كەم خەوی.

سەفەر دەكەم، بۆ هەر كوێ‌ بێ‌:
ناخی تۆ دوورترین شوێنە.

دوێنێ‌ بریندار بووم
دوێنێ‌ زانیم:
برینەكان دروستیان كردووم.

گوندێكی چكۆڵە منداڵیتە
لەگەڵ ئەوەشدا
چەند سەفەر بكەیت
سنور نابەزینی.

الحوار المتمدن
لو أن البحر یشیخ
أدونیس
الادب والفن




جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟.. ئاسۆ کەمال – ئەکرەم سەعید

سیاسەت و جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان پڕە لە فروفێڵ و فریودان، بۆیە ئەگەر جەنگەکانیان لە بەشێکیدا وەک شانۆگەری بێتە بەرچاو، بەڵام مەخابن شانۆگەریکی خوێناوییە.
فریودان و جەنگ و داڕمانی کۆمەڵگە، ڕێگای چینی بۆرژوازییە بۆ چارەسەری کێشەکان، شۆڕش و بنیاتنانی کۆمەڵگەی عەدالەت و ئازادی و یەکسانی سۆسیالیستی، ڕێگای چینی کرێکارانە بۆ چارەسەری قەیرانەکان.
دوای هێرشەکەی شەوی ۱٤ ئەپریلی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەگەری جەنگێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا زیادی کردووە، بە تایبەتی ئەگەر ئیسرائیل تۆڵە لە ئێران بکاتەوە. بەتایبەتی دوای هەڕەشەی ئەگەری لێدان لە ووێزگە ئەتومیەکان لە (ئێران و ئیسرائیل)، ئیدی دڕندەیی ئەم دەوڵەتانە و کارەساتێ کە دووچاری ناوچەکەی دەکەن، بۆ دۆست و دوژمن ئاشکرا بووە.

  • هۆکارەکانی ئەم کێشمەکێش و جەنگە فرەن، ئێمە هەوڵ دەدەین بەکورتی باسیان بکەین:
    ۱/ پێشینەی مێژووی کێشەکان لە ناوچەکەدا:
  • یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ پرۆژه ‌ترسناکه‌کان که‌ تائێستاش کرێکارانی زۆربه‌ی ناوچەکە به‌هۆیه‌وه‌ دووچاری کێشه‌ی فکری و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له ‌سیاسه‌تی چینایه‌تی خۆیان، پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تە ئایینییەکان – ( ناوچەێکی موقه‌ده‌س بۆ سەرمایەداری) بوو. ‌ له‌ ساڵه‌کانی ۱۹۰۰ – ۱۹۸۰ ده‌وڵه‌ته‌ ئاینیه‌کان ( ڤاتیکان، سعودیه‌، ئیسرائیل و دواتر پاکستان و ئێران) دامه‌زرا . ده‌وڵه‌تی ئایینی له‌ چوارچێوه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی، که‌ پڕۆژه‌ی باڵی موحافیزکارانی برجوازی جیهانییه‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی و ده‌ست پێشخه‌ری ئینگلیز . ده‌وڵه‌تی ڤاتیکان به‌ڕه‌سمی ساڵی ١٩٢٩ دامه‌زرا / ده‌وڵه‌تی سعودیه‌ی سێیه‌م ساڵی ۱۹۰۲ دامه‌زرا / ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ساڵی ۱۹٤۸ دامه‌زرا. وه برجوازه‌ سۆشیالیسته‌‌کان ده‌که‌ونه‌ بۆسه‌ی پڕۆژه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی برجوازه‌ موحافیزکاره‌کانه‌وه‌: یه‌کیه‌تی سوڤیه‌ت یه‌که‌م ووڵات بووه‌ که‌ له‌ ساڵی ۱۹۲٦ دانی نا به‌ ده‌وڵه‌تی سعودیه‌، وه‌ له‌ ساڵی ۱۹٤۸ دانی ناوه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل. بەم جۆرە ساڵانێکە ئەم ناوچەیە کراوە بە کێڵگەی سەرهەڵدان و پەرەوەردەکردنی کۆنەپەرستی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکان، و ناوچەکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی هێزە کۆنخوازەکان کە ڕێگرییان لە هەموو جۆرە دیمەنێکی ئازادی و مەدەنی گرتووە. بەتایبەتی لەم خولەدا کە بلۆکەکانی جیهانی سەرمایەداری لەسەر هەژموون لەسەر ناوچەکە ململانێیانە، ئیدی ناوچەکە بۆتە مەیدانێکی جەنگ.
    ۲/ جەنگی پرۆژەکان:
    هەموو جەنگێک درێژبوونەوەی سیاسەتەکانە بە شێوازێکی دی. ئامانجە سیاسیەکان وەک (مافی سەربەخۆیی و دەستکەوت و هەژموون)، ڕێگا و پردێکن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پرۆژەکان و پلانەکان. ئەگەر ململانێی نێوان لایەنەکان بەڕێگای سیاسی نەگەیشتە ئامانجی خۆی، ئیدی جەنگ ڕێگاێکە بۆ گەیشتن بەو پلان و پرۆژانە.
  • لەسەر خاکی فەڵەستین زیاد لە حەفتا ساڵە ململانێ هەیە، و بێگومان “قودس و ئەقسا” بۆ هەر سێ ئایینەکە پیرۆزە. بۆیە ململانێی سیاسی لەسەر ماف و دەسەڵات لەو پانتاییانەدا ساڵانێکە بە جەنگ وویستراوە یەکاڵا بکرێتەوە.
  • لەمڕۆکەدا (خاک و جێگای پیرۆزی ئایینی) بە نسیبەت یەهودیە توندڕەوەکان، وگەڕانەوەی قودس و ئەقسا و پرۆژەی ئیمارەتی ئیسلامی بزووتنەوەی حەماس، تەنها دیوی دەرەوەی ململانێکەیە یانی توێکڵەکەیەتی، چونکە ساڵانێکە پرۆژەی ئابووری و سیاسی لایەنەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی خۆیان خزاندۆتە نێو جەنگ لەسەر فەڵەستینە. بۆیە ئەگەر جەنگەکە تەنها لە دیوی سیاسی و ئایدۆلۆژی لۆکاڵی ئیسلامیەکان و یەهودیەکان تەماشا کەین، کە بەڵگە نەویستە شرۆڤەێکی پێویست و گرنگە، بەڵام ڕوانگەێکی نوقسانمان لەسەر کێشەکە دەبێ، چونکە لە دونیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا ( لۆکاڵی و جیهانی / ئابووری و سیاسەت و فکر ) بەندوبەستراوە بەیەکەوە، بۆیە گرنگە لە شرۆڤەمان بۆ ململانێکان دیوە شاراوەکەی یانی کاکڵەکەی، واتە ئامانجی ئابووری و پرۆژەکانی بلۆکەکان بخەینە بەر ڕۆشنایی.
  • لە جەنگی ئەم دووایەی نێوان ئیسرائیل و غەزەدا، جگە لە هۆکارە مێژوویەکانی زوڵم و داواکارییە سیاسیەکانی فەلەستینییەکان، جەنگی پرۆژە ئابووری و سیاسییەکانی بلۆکەکان خۆی حەشارداوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: ( ڕەنگە شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە، پرۆژەی واشنتۆن بۆ بەکارهێنانی بەندەری حەیفای ئیسرائیل بۆ بەستنەوەی هیندستان لە ڕێگەی سعودیەوە بە ئەوروپا تێکبدات.). ئەمە یانی جێبەجێکردنی بیرۆکەی واشنتۆن بۆ گەمارۆدانی نفوزی چین و لەمپەر دانان لەبەردەم پرۆژەی “ڕێگای ئاوریشم” بەبنبەست دەگات.
  • پرۆژەی (ئایینی ئیبراهیمی / پرۆسەی ئاساییکردنەوە لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی)، بە تەواوەتی ئێران و هاوپەیمانەکانی لاواز دەکات، و کارتی “قودس، ئەقسا و مافی خەڵکی فەڵەستین”یان لەژێر چنگ دەردەهێنێ. جەنگی ئەم پرۆژە جیاوازانە، بڕێکی گرنگ لە هۆکارەکانی ئابووری و سیاسی جەنگی ئەم دوواییەی نێوان ئیسرائیل و غەززەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، چونکە ئەم جەنگە ئەو ئامانجە ئابووری و سیاسیانە دەبڕێنێتەوە:(پرۆژەی پشتێن و ڕێگا -ڕێگای ئاوریشمی نوێ، یان پرۆژەی ڕێگای هیند) وە (پرۆژەی ئاینی ئیبراهیمی، یان پرۆژەی ئیمارەکانی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).
  • ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا لێرەدا (ئیسلامی، یەهودی و ناسیۆنالیستی)، تەنها بۆ کۆکردنەوەی هێزی خەڵکی فریووخواردووە، تاوەکو لایەنەکان بەکاریان بهێنن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان.
  • ئەمەریکا کەشتی و فڕۆکە هەڵگری بۆ کەناری دەریاکانی ئیسرائیل ڕەوانەکردووە، چونکە ئەگەر ئیسرائیل زەربە بخوات، ئەوا تەواوی پرۆژەکانی “مام سام” بەبنبەست دەگات
    . * سەرکردەکانی تاقمی حەوت ووڵاتەکانی سەرمایەداری، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بە تایبەتی داوا بکەن ئیسرائیل هەنگاو نەنێت لە وەڵامی هێرشی ئێران کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان. بەپێی ئەوەی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک کە لەکاتی گفتوگۆکاندا ئامادەبووە، هەموو سەرکردەکان نیگەران بوون لە ئەگەری کاردانەوەی ئیسرائیل و پەرەسەندنی ململانێکان. سەرچاوەکە لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە نووسیویەتی: “بڕیاردرا کە هەموو وڵاتانی ناو گروپی حەوت بە تایبەتی داوا لە ئیسرائیل بکەن کە هەنگاوێک نەنێت کە ململانێکان پەرە پێبدات”.
    بەرژەوەندی لە جەنگ و بەرژەوەندی هێوەرکردنەوە
    حەماس و ڕاستڕەوی توندڕەوی زایۆنی بەسەرکردایەتی نیتنیاهۆ و روسیای پۆتین بەرژەوەندییان لە بەرفراوان بوونی جەنگ هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێران و ئەمەریکاو زۆربەی ووڵاتانی غەرب و ناوچەکە بەرژەوەندییان لە هێوربوونەوەو کۆنترۆڵی باری گرژی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە، و نایانەوێ جەنگی غەززە ببێتە جەنگی ناوچەیی.
  • بەیدەقێکی یاخی – مۆرەکان لەسەر تەختەی شەترەنجی سیاسی
    بەڵێ ئیسرائیل بنکەێکی سەربازی دەوڵەتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوایە، بەڵام ئەمڕۆکە حکومەتی توندڕەوەکانی زایۆنیەکان بەسەرکردایەتی ناتنیاهۆ، لە کۆکوژی خەڵکی غەززە، و پەلاماری ئێراندا زۆر ناچێتە ژێر بڕیار و داواکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی سەرمایەداری ڕۆژئاواوە. بۆیە ئەم بەیدەقە لاسار و یاخییە لە لێدانی لە ئێران، یان لە پەلاماری ڕەفەح لە غەززە، یان لە هێرش بۆ سەر لوبنان، مەترسی جەنگێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخولقێنێ.

جەنگی دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و ئیران، سیما و وێنای ئایندەیەکی ڕاستەقینەی پڕ لە مەترسی لە ئێستاوە نیشانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا. قسەکانی هەردوو نوێنەری حکومەتی ئەم دوو ولاتە لە نەتەوەیەکگرتوەکان بەسە بۆ ئەوەی کە بزانین چۆن دوو هێزی دڕندەی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا باشترین ئەکتەر و کارەکتەری ئەم دەورەیەی دڕەندەکانی سەرمایەن، کە دەوری سەرەکی دەبینن لە دیاریکردنی ئایندەیەکی تاریک و پڕ شەڕ و نائارامی و هەژاری و قەیرانی ئەم ناوچەیەدا. ئەمە دەورەی دڕندەکانی سەرمایەیە، کە ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا و فەلەستین و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دەیانەوێ لە ڕێگەی شەڕەوە هاوسەنگی هێزی نێوان خۆیان بگۆڕن لە پێناو دابەشکردنەوەی ناوچەکانی کاریگەری دەسەڵات و بەجێهێنانی پڕۆژە ئابوری و سیاسیەکانیان. ئەمە کۆتایی مێژووی پڕوپاگەندەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بوو کە نیولیبرالیزم و بلۆکی سەرکەوتوی ڕۆژئاوا لە شکستی سۆڤیەتدا کردبویانە ئاڵای هەڵخەڵەتێنەرانە و ئێستا هەر لایەنێکی بورژوازی ئاڵای ڕاستەقینەی شەڕی چەتەکان و دڕندەکانی سەرمایەیەی بەرزکردۆتەوە.
ئەم شەڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردوە و لە قۆناغی شەڕی نوێنەرەکانی کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە گوازراوەتەوە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا و ئەمەش چاوەڕوانی تەقینەوەی گەورەتر و فراوانبونەوەی مەیدانی شەڕ و کارەساتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتری بەدواوەیە. هەرچەند بەرژەوەندە ئابوریەکانی بازاڕی جیهانی سەرمایە و نەوت سنوری فراوانبونەوەی ئەم شەڕە بەرتەسک دەکەنەوە لە ئێستادا و هیچ کام لە وڵاتە زلهێزەکان خوازیاری ئەوەش نەبن کە پڕۆژە ئابوریە ستراتیژی و سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەدا نەوەستن، بەڵام ناکۆکی بەرژەوەندیەکان و پڕۆژەکانی ڕیگای ئاوریشمی چین یاخود بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێی ئەمریکا کە سعودیە و ئیسرائیل هاوبەشە سەرکیەکانی بن، خۆی لە ژێر ئاگری ئەم شەڕەدا چارەنوسیان دیاری دەکرێت. ئەم شەڕە ئاڵۆزیەکی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا دروست دەکا کە شەڕەکانی کەنداوی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە چاویاندا سادە دەبن، یان تەنانەت لە چاو شەڕی ئۆکرانیا و روسیادا کە چوارچیوەی شەڕەکان تا ڕادەیەک دیاریکراوە.
لەسەدەی بیستدا چەند دەوڵەتی دینی لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دروستکراون، لەلایەن سەرمایەداری ڕۆژئاواوە دەوڵەتی ئیسرائیل و سعودیە بنیات نران و دواتر هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێرانیش، ئەم دەولەتانەی کردە سەرچاوەی نائارامیەکی هەمیشەیی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە سایەیدا بازاڕی نەوت و ووزە و ناوچەی نفوزی سیاسی و جیۆپلەتیکی بە قازانجی ئەمریکا و دەوڵەتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بۆ زیاتر لە سەدەیەکە ڕاگرتوە. دابەشکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر بەرەکانی شەڕی دینی جولەکە و ئیسلامی شیعی و سونەدا بوەتە مایەی مانەوەی ئەم هێز و حکومەتە کۆنەپەرستانە لە ناوچەکەدا و بردنە دواوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران و ڕیزی سەربەخۆیان دژی بورژوازی ڕەنگاوڕەنگی دینی و مەزهەبی و تایفی لەم ووڵاتانەدا.
ئەمڕۆش شەڕی ئەم لایەنە دژ بەیەکانی بورژوازی و حکومەتەکانیان لەسەر بەژەوەندی ئابوری و سیاسی و هەژمونی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوەتە مایەی بە قوربانی بونی زیاتری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە و کوژران و هەژارتر بوون و ڕیگری بەردەم سەرکەوتنی ناڕەزایەتی و ڕزگاربون لەدەست ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ناوچەکە و دەسەلاتدارانی جیهانی سەرمایە.
ئەوە گرنگە کە ئەمڕۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئیران و ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی هەردوو بەرەی جەنگەکە بێت و دروشمی نا بۆ جەنگ بەرزبکاتەوە. بەڵام پیویستە بزانین کە ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ئەمڕۆ درێژە بەم شەڕەی خۆیان دەدەن و سەرکوتی هەموو ناڕەزایەتیەک دەکەن دژی دەسەڵاتی شەڕخوازانەی ئەوان بێت. هەربۆیە ڕێگاچارەی ئێمە وەک خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە ئەوەیە کە لە هەموو وڵاتەکاندا ڕیزی سەربەخۆی خۆمان لەم دەوڵەت و حکومەتە دڕندانەی سەرمایە و حزبە بورژوازیە جۆراوجۆرەکانی لایەنگرانی لایەکی شەڕەکە جیابکەینەوە و وەک یەک بەرەی یەکگرتووی جەماوەری دژی شەڕ و دژی هەردوو بەرەی ناوخۆیی و جیهانی بورژوازیەکانی ئەم شەڕە بین. ئێمە دەبێ وەک بەرەیەکی یەکگرتوی سەربەخۆی چینایەتی دژی هەموو لایەنەکانی ئەم دەورەیەی دڕندایەتی سەرمایەی جیهانی و ناوچەیی بوەستینەوەو هەنگاو دژی شەڕ و دەسەڵاتی هەردوو بەرەی ئەم شەڕە بنێین، و تەنیا بەم هێزە ڕیکخراو و یەکگرتوەمانەوە دەتوانین پارێزگاری لە ژیانی خۆمان بکەین، و نەبینە قوربانی جەنگی دڕندەکانی سەرمایەداران.
ووتارەکەمان بە چەند دێڕێک دەربارەی ئەنگلس و جەنگ کۆتایی پێدەهێنین:
( ساڵانی کۆتایی ژیانی ئەنگڵس – بۆ ئاسانکاری دەتوانین ئەو دەیان ساڵە لەبەرچاو بگرین کە ئەنگڵس لە مارکس زیاتر ژیاوە – هاوکات بوو لەگەڵ قۆناغێکی گەشەسەندنی خێرای گرژییە ئیمپریالیستییەکان کە بڕیار بوو ببێتە هۆی یەکەم کوشتاری جیهانی. بۆ هەمووان ڕوون بووەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا شەڕێکی جیهانی گەورە لە ئارادایە؛ و کەس نەبوو وەک ئەنگڵس زۆرجار و بە دڵنیاییەوە هۆشداری بدات لە کارەساتی داهاتوو.
ڕەنگە ئەمەی خوارەوە کە لەلایەن ئەنگڵسەوە نووسراوە، ناسراوترینیان بێت:
“هیوادارم ئارامی بپارێزرێت؛ لە شەڕێکی لەو شێوەیەدا، مرۆڤ ناتوانێ هاوسۆزی هیچ کام لە شەڕکەرەکان بێت؛ بە پێچەوانەوە مرۆڤ ئاواتەخوازە هەموویان لێیان بدرێ، ئەگەر ئەوە بتوانرێت” .) / مارکس و ئەنگڵس لەسەر شەڕ / لەلایەن ئنۆن لە ۳۰ ئازاری ۲۰۰۲ نووسراوە/ سایتی: کرێکاران ئازادی.
Marx and Engels on war – Submitted by Anon on 30 March / workers Liberty
ئاسۆ کەمال – ئەکرەم سەعید




كەركووك.. خوولی دووەمی فیستیڤاڵی شیعری مەلای جەباری بەرێوە دەچێت.. ئا- كامەران حاجی ئەلیاس

لە شاری كەركووك خوولی دووەمی فیستیڤاڵی شیعری مەلای جەباری بەناوی خوولی (شێخ محمدشێردەرە )بەرێوە دەچێت.
لەبارەی ناوەڕۆكی خوولە “ئەسوەد فایق” سەرۆكی فیستیڤاڵی شیعری مەلای جەباری راگەیاند” لەم خوولەی فیستیڤاڵیدا لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەیە بەرێوە دەچێت، لەكۆی نەوەت شاعیر كەشیعریان ناردوە 23شیعر وەرگیراوە شیعرەكانیش لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە كەلەتەواوی شارە كانی كوردستانی گەورە وەرگیراوە هەڵبژێردراون ،لەم ڕۆژانە ناوی شاعیرە كان بڵاو دەكەینەوە”.
هەروەها ئەسوەد فایق دەڵێت” ئەم خولە بەناوی شاعیری كەركوك و گەرمیان (شێح محمدشێردەرەوە)دەبێت وەدیوانەكەی شێخ محمد چاپ دەكرێت و پێكەش بەمیوانەكان دەكرێت فیستیڤاڵەكەش لەشاری كەركوك بەسپۆنسەری كاك سید كامەران كوڕی كاك سید تاهر جەباری سەرۆك عەشرەتی جەباری سازدەكرێت، فیستیڤاڵ بۆ ماوەی دووڕۆژ بەردەوام دەبێت ،كۆمەڵە میوانێك لە نوسەران و هونەرمەندان لەكوردستانی گەورەوە ئامادە دەبن”.
ئەسوەد فایق زیاتر گووتی” لە فیستیڤاڵەكەدا جەندین پانێڵ و كۆڕی تێدا ئەنجام دەدرێت وەهەشت شاعیری تایبەت وەك میوان شیعر دەخوێنەوە،ڕێزلێنان بۆ چەند هونەرمەندێك و نوسەرێكی گەورە ئامادەكراوەو پێیان ئەدرێت، هەرلە فیستیڤاڵ ڕێزلێنان پێشكەش بە كۆمەڵێك كەسایەتی كۆمەڵایەتی، لەدەسپێك و كۆتایی دووئاهەنگی تایبەت سازدەكرێت بۆمیوانەبەڕێزەكان لەلایەن جەند هونەرمەندێكی بەناوبانگ”.
لە كۆتاییدا (ئەسوەد فایق )سەرۆكی فیستیڤاڵی شیعری مەلای جەباری بە راگەیاند: فیستیڤاڵی شیعری مەلای جەباری بۆخزمەت كردنی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی بەردەوامی هەبێت ساڵانە لەشاری كەركوك، سازدەكرێت.لە مانگی داهاتوو فیستیڤاڵەكەدا بەرێوەدەچێت”

ئا- كامەران حاجی ئەلیاس




لە جیاتی سیستمی تەکنۆکرات ، سیستمی تەنکەرۆکرات.. نەوزاد بەندی

له هیچ ووڵاتێکا ، له هیچ هەرێم و شار و گوندێکی ئەم دنیا و ئەو دنیایشدا ، نییە و نەبووە و نابێ بە شەو و ڕۆژ ، لەیل و نەهار ، تەنکەرە پتڕۆڵ و نەفسا ، شەقامەکان داگیر بکەن و بەرەو دەروازە سنوورییەکان مل بنێن ..بێ ماندوو بوون ، بێ تێرخواردن ، بێ کۆتایی ،هەتاهەتایی ، بە دوکەڵی شین و ڕەشی خەستەوە ، بە هۆڕنی بێزار کەرەوە ، ئەم تەنکەرە ساحێب نادیارانە ، دێن و دەڕۆن ..جارێک تەنکەر وەردەگەڕێت و دوو سێ ئوتومبیلی داماو لەگەڵ خۆیدا گڕ دەگرێ .. جارێ تەنکەر لەناو تونێلەکاندا دەتەقێتەوە و بۆ چەندین ڕۆژ ڕێگای نێوان شارەکان دادەخرێت ..جارێک تەنکەر تلۆر دەبێتەوە و پتڕۆڵەکەی دەڕژێتە ناو ڕووباری ئاوی خواردنەوەی شار و هەتا چەند ڕۆژێک ئاوی خواردنەوە له هاووڵاتیان قەدەغە دەکرێ .. جارێ ئوتومبیلی مامۆستایەک ئەچێ بە ژێر تەنکەرێکا . . جارێ تەنکەرێک ستۆپی دەپچڕێ ، ڕیزێک ئوتومبیل وێران دەکا . . ئەمانە ڕووداوی ڕۆژانەن و هیچ لایەن و کەسێک خۆی ناکات بە خاوەنی و ..بووە بە شتێکی ئاسایی ..لە کاتێکدا دەیان و سەدان ڕۆژنامە و کەناڵی ئازاد و نائازاد و سێبەر هەن و .. چەندین فەوج پەیامنێر ، پزیشکێ هەڵەیەک بکا ، پەنجا مایکی ڕەنگا و ڕەنگ وەکو ئایسکرێم لەبەردەم نەخۆشەکەدا قوت دەکرێنەوە .. تەماتە لە بازاڕدا گران بێ ، لافاوی ئایسکرێمەکان دوکانە و دوکان دەکەن ..موچە لە بەغدادەوە تا دەگاتە کوردستان ، گێژەڵوکەی مایکە ڕەنگاوڕەنگەکان وەک گەلەگورگ بە دوایەوەن ..
ئەرێ بۆچی حەکیمێک چارەسەرێکی ئەم تەنکەرانە نادۆزێتەوە ؟ کۆرۆنا و ئەنفلۆنزای مریشک و سارس و بەراز گوزەشتن و .. پەتای تەنکەر لە زیاد بووندایە ، ئەرێ ڤاکسینێ ، ئەنتی بایۆتیکێ ، تیشکێ ، MRIیەک نییە بۆ چارەسەری ئەم تەنکەرانە ؟
ئەرێ ئەم تەنکەرانە کەی باڵیان بۆ دروست ئەبێ و شەقام و گیانی هاووڵاتیان ڕزگاریان ئەبێ لە دەستیان ؟ کەی وەک دیناسۆرەکان ئینقیراز ئەکەن و وەک چاخی دیناسۆرەکان ، چاخی تەنکەرەکان ئەبێ به مێژوو ؟ کەی مەکینەیان هەڵئەسێ ؟ کەی شۆفێرەکانیان ڕائەکەن بۆ هەندەران ؟ ئەرێ کەی خێرخوایەکی سکەندەنافیی دەرگای مافی پەناهاندەیی بۆ تەنکەر و شۆفێرەکانیان دەکاتەوە ؟ ئەرێ کەی ئەم پتڕۆڵە نەفرەتییە تەواو دەبێ ؟ کەی نەفسا ئێکسپایەر دەبێ ؟ ئەرێ کەی ئەم خاوەنە نەناسراوانە تێر دەخۆن ؟
شەقامەکان هەموو وەک هەویری پیتزا ، چاڵ و چۆڵ و وێران بوون لە ژێر پێچکەی هەزاران تەنکەری 36000 لیتریدا .. هەوا و ئاو و ژیانی هاووڵاتیان وەک تونی حەمام ڕەش و قێزەون و تاڵ بوون ..
لەدوای ئەوەی خەڵکەکە ، لە سیستمی میلیتاریی دۆنکیشۆتیی بەعس ڕزگاریان بوو ، خەونیان ئەوەبوو سیستمی تەکنۆکراتی بێتە ئاراوە ، کەچی سیستمی میلیشیاگەری تەنکەرۆکرات هاتە ئاراوە …

تەنکەرە نەفسا ، نە ئەوەڵیان هەیە و نە ئەخیر ..
هەر ئەوەیە و .. کەس بۆی نییە بڵێ لەل .. ڕۆژانە قوربانییەکانی تەنکەر ئەکرێن بە ژێر خۆڵەوە و ئەڵێن قەزا و قەدەرە …قەزا و قەدەر ..
پێشنیار ئەکەم لەمەودوا هەر وەفدێ بێتە کوردستان ، لە جیاتی گوڵ ، چەپکێ دۆلاری خوێناویی لەسەر گۆڕی شۆفێری تەنکەری وون ، تەنکەری ساحێب نادیار ، دانێ … پێشنیار ئەکەم مۆنۆمێنتی تەنکەری وون دروست بکرێ و تیایدا وێنەی قوربانیانی تەنکەر هەڵواسرێ ، کە لە قوربانییەکانی کیمیاوی و ئەنفال نزیک بۆتەوە .. لە قوربانییەکانی تاوەری بەهێزکردنی تۆڕی مۆبایلی ناوشارەکان نزیک بۆتەوە …

(( هەتا ڕۆژی قیامەت دێت و نایێ
لە دووری نامە شەرحی ماجەرایێ
لە ئاهـ و ناڵەیی پەروانە خەوفێ
کە تۆ بگرێ خودا ئەی شەم بە بایێ
دەمت دەرمان، تەبیب تۆ، من بریندار
دەسا بۆ حاڵی من تەدبیر و ڕایێ )) – وەفایی –

نەوزاد بەندی




سۆناتایەکی بێ ناونیشان.. ستیڤان شەمزینی

مێشکم بووەتە قوتوویەکی ژەنگاویی
لێوانلێوە لە جەستەی ئەو گوڵە وەریوانەی
ھەناسەی ژەھراویی ژیانیان ھەڵمژی
ھێی، ئەی رێبواری شەکەت
چیتر بە دوای ھەقیقەتدا مەگەڕێ
ھەقیقەت جوجەڵەیەک بوو
چەقەڵی درۆ خواردی
ھێندە بەخت بۆ زەوی مەگرەوە
بەرچاوی تۆڕی جاڵجاڵۆکە گرتوویەتی
ئەو ئاسمانە بەرینە بە تۆ چی
گەر ئەستێرەیەک گۆرانیت بۆ نەڵێت؟
چی لە کتێبەکانی حیکمەت دەکەیت
گەر شێتخانە لە چارەی تۆ نووسرابێت؟
تازە ژیان چیتری ماوە پێتبەخشێ
کە منداڵی لێ زەوت کردیت و
بە ریشێکی ماش و برنجییەوە
خزاندیتیە لیتاوی مەنفاوە؟؟


تۆ بە سوراوەکەت
ژیان تۆخ دەکەیتەوە
من بە فرمێسکەکانم
مردن کاڵ دەکەمەوە
تۆ شوێنەواری ئازارەکانت دەسڕیتەوە
من زەمەنی گریان دەنووسمەوە
تۆ بەرچنەیەک لە تیشک کۆدەکەیتەوە
من دارستانێک لە برووسکە دەڕوێنم
تۆ سەرنجی ئەو دڵۆپە بارانانە دەدەیت
خۆیان دەدەن بە پەنجەرەی دڵتدا
من سەرقاڵم بە بۆمبابارانکردنی
قەڵا تاریکەکانی تەنھاییەوە
تۆ خەریکی نامەنووسینیت
من سەرقاڵی خوێندنەوەی نامەکانت
تۆ نووسیووتە
چەند پڕ کابووسە
ئەو جیھانەی بەتاڵە
لە خۆشەویستی
من ئیتر دەستەوەستانم
خۆم بھۆنمەوە


ئازارەکانم ھێندە روون و جوانن
رەنگە خودا
کۆڵانەکانی بەھەشتیان پێ بڕازێنێتەوە
ناوێرم زەردەخەنە حەزینەکانم
ئاشکرا بکەم
نەکا خودا
پێغەمبەرێکی دڵشکاوی
پێ بخاتە پێکەنین
شێوەی برینەکانم ھێندە قەشەنگن
خوداش نازانێ
شوێن پەنجەی کام شێوەکارە
ھەستەکانم ھێندە داگیرساو و گەرمن
ترسم ھەیە لێم بدزم
بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکەکان
جنونەکانم ئەوەندە نوێباو و جاحێڵن
دڵی پیری عەقڵ
سەرلەنوێ گەنج دەکەنەوە
لەگەڵ ئەوەشدا پێی لێ دەنێم
چەندان غەمم
لە ھەناوی شیعردا حەشارداوە
ھەزاران فرمێسکم
لە باخچەی پشتەوەی چاو ناشتووە
عەشقێکی گەورەشم
لە دڵێکی بچووک پەستاوە

تێبینی: کۆی ئەم سۆناتایانە لە نێوان مانگەکانی دیسامبەری ٢٠١٨ تاکو مارتی ٢٠١٩دا نووسراون، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠یش بە لە کۆ شیعری (سۆناتای خۆشەویستی) لەلاپەڕە ١٧٨-٢٢٨ بەشێوەی کتێبی کاغەز چاپکراون و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پێش ھاتنی کۆرۆنا ڤیرۆس مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ ئەنجام درابوو.




خۆشم دەوێی.. شەماڵ بارەوانی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی ئازادیخوازێک
بۆ سەورەکەی
پابەندم پێتەوه
پابەندی بارانێک بۆ هەورەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی نازیزمێک بۆ فیکرەکەی
لەوێردی عیشقدام و
پابەندم پێتەوە
پابەندی دەروێشێک بۆ زیکرەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی دیلێک بۆ سەربەستی
بێزارم لە دووریت
بێزاری گرتییەک لەو زنجیرەی هەردوو دەستی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی شاعیرێک بۆ چامەکەی
پابەندم پێتەوە
پابەندی نووسەرێک بە خامەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی ستالین بۆ ستەمەکەی
پابەندم بێتەوە
پابەندی یاریزانێک بە گەمەکەی

بێزارم لە دووریت
بێزاری خەمبارێک لە خەمەکەی
ڕقم لە ڕقتە
بەقەد ڕقی
کازیوەی سپێدەیەک لە تەمەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی لۆکە بۆ نەرمییەکەی
بێزارم لە نەهاتنت
بێزاری مانگی تەممووز لە گەرمییەکەی

خۆشەم دەوێی
خۆشەویستی کۆترێک بۆ هێڵانەکەی
بێزارم لە بێزاریت
بێزاری عاشقێک لە ناپاکی و جێهێڵانەکەی
پابەندم پێتەوە

پابەندی جووتیارێک بە زەویکێڵانەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی ماسییەک بۆ ئاو
پابەندم پێتەوە
پابەندی گوڵبەڕۆژەیەک بۆ هەتاو
بێزارم لە بێزاریت
بێزاری کەپیتاڵیستێک
لە مارکس و لەنین و ماو

خۆشم دەوێی و پابەندم پێتەوە
وەک پابەند بە مــرۆڤبوونەکەی بـودا
خۆشم دەوێی خۆشم دەوێی بەقەد خــودا

شەماڵ بارەوانی




نامەیەک سەبارەت بە دادگایی تاوانبارانی ئەنفال

751 كەسایەتی بنەماڵەی ئەنفال و شەهید و قوربانی كیمیاباران و پێشمەرگەی دێرین و چالاكوانی جینۆساید و نووسەر و توێژەر, پەرلەمانتاری خانەنشین و تێكۆشەری دێرین, كەسایەتی سیاسی و جەماوەری داوی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال دەكەن , واژۆیان لەسەر نووسراوی ناو كەوانەكە كردووە , داوای دادگایی تاوانباران دەكەن ئەگەر سكاڵا لە دادگاكانی عێراقیش بجوڵێنرێت , هەرچەندە دوای ئەنفال و هەڵەبجەو جینۆسایدی بارزانی و فەیلی نابوایە قەت بۆ عێراق بگەڕاینایەتەوە, چونكە بێ ئومێد بوونە لە دەسەڵاتداران و پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان , بە شێوەی گشتی دڵداری لە گەڵ تاوانباران و بنەماڵەكانیان دەكەن.
لێرەوە داوا لە هەر پارێزەرو كەسێك دەكەین هاوكار بێت لە گەیاندنی سكاڵاكە , هەر تێچوویەكیش هەبێت بۆ پێشكەش كردنی سكاڵاكە بۆی دەگەڕێنینەوە لە گیرفانی خۆمان .

تكایە سەرنجەكانی خۆتان بنووسنەوە, بە تایبەت ئەوانەی بە نووسینی ناویان پشتیوانیانی لە هەڵمەتەكە كردووە ……. ببنە پارێزەری خۆبەخشی سكاڵاكە, كەسوكاری قوربانیان ئێوەش بەسە بێدەنگی ببنە سكاڵاكەر بۆ سزادانی تاوانباران

((هەڵمەتی بە دادگاییگەیاندنی تاوانبارانی ئەنفال..بۆ یادی 2024ی ئەنفال، لە دادگای عێراقی…ناوی خۆت لە خوارەوە بنوسە))

1-عەلی مەحمود محەمەد چالاكوان لە بواری جینۆساید
2-نەزیر عەلی ئەبوزەید، رۆژنامەنوس، دهۆک
3-رێبین شەمامکی پارێزەر هەولێر
4-كامه ران محمود محمد
5-فائق شفیق حسین
6-ئارام کەمال، چالاکوان و رۆژنامەنووس (سلێمانی)
7- نەجمەدین فارس حسن نوسەر و مارکسیست
8-کاوە مڕشد
9-مەهدی جاف. شانۆکار
10-یوسف جوهر حمد صالح
11-دلێر زاهیر نادر
12-عەبدوڵا گۆران رۆژنامەنوس
13-دەوەن مەعروف، نووسەر.
14-سۆهراب رحمتی
15-فاروق شێخ عمر شەونامەنووس
16-نوروزعلی عبدلله/خانەشین
17-هەڤاڵ عەبدوڵا ئیبراهیم
18-هاوڕێ هەژار پ م دێرین
19- عبدالقادر محمد حسین
20- صابر جعفر علی
21-ئازاد محمود قادر چالاکوان ی مەدەنی
22-هەردی مەهدی مامۆستای زانكۆ
23-سەربەست ڕەسوڵ
24-کەمال حسن ڕەشید چالاک وان
25-ئاسۆس مەحموود
26-مریم کریم / کارمه ندی ته ندروستی
27-غەمبار جوهر احمد
28-فاخرنامق حمدامین
29-جێگر جەواد رەشید، خوێندکاری زانکۆ
30-سلمان داود كریم
31-دلیر محمد نوری
32-سردار ئەحمەد ساڵەح
33-بێستون حسێن احمد / خاوەن ٢٩ ئەنفال
34-ئاسۆ کەرکوکی
35-بەختیار خچر عبداللە
36-لارزۆ بەکر
37-چیمەن مەحمود بۆمبا
38-ئەیوب فایەق – کەنەدا
39-ریاز کاکە شین شریف امین (کرکوك) تکساس امریکا
40-زرار فازڵ
41-كاروان حسین
42-ڕۆمان عەبدوڵا
43-سەرکەوت مەجید تارۆ – فیلمساز
44-شۆڕش حمید حمزە
45-هێمن مەولود – نووسەری بواری جینۆساید
46-لوقمان موستەفا
47-دیاربەرزنجی، نووسەروچیرۆکنووس
48-کاوە حسن پێشمەڕگەی دێڕین
49-عمر احمد رەسول. پارێزەر
50-رۆستەم بەرواری کاری تەندروستی
51-ئالان هەمووان. فیلمساز
52-کەژاڵ نوری/ نوسەر و چالاکوان
53-ڕێبوار کامیل رەشید
54-سعود هاشم
55-خەبات جەمال ڕەفعەت
56-لالۆ کاکە خان
57-زرار ئەزیز
58-ئاسۆس هەردی
59-خەبات ئەمین
60-هەردی عبداللە/ کوری ئەنفال/ ڕۆژنامەنووس
61-هەڵمەت کەریم محمد/
62-ابراهیم ئەمین
63-بانوو هەلەبجەیی. چالاکونی بواری مافەکانی ژنان
64-سەرکەوت محمد
65-ئیدریس محمد
66-هەوراز ئەحمەد -ڕۆژنامەنووس
67-لوقمان محەمەد
68-ئەنوەر نامق کەرکوکی
69-زانکۆ سەردار، ڕۆژنامەنوس
70-کاروان احمد عبدالرحمن⁄ سەرنوسەری ڕۆژنامەی بابەڕووشە⁄ بۆ پرسی جینۆساید
71-محسن حسن شێروانی
72-سەیدعەتا ڕۆژنامەنوس
73-صابر اسماعیل پیشمه رگه ی دیرین
74-بەرزان حسێن ساڵح: مامۆستا
75-سركوت محمد خچر
76-ستارە عارف- نوسەر و ڕۆژنامەنوس
77-شامل قادر
78-شادی سەمەد
79-فەرەیدون بێوار-رۆژنامەنووس
80-بێستوون فەتاح
81-نەوزاد عزیز خدر
82-کاروان سەعید،
83-سیروان سەلیم، خوێنەر
84-قانع خلیل
85-بەکر ئاڵەیی شاعیر و رۆمان نووس
86-سەلاحەدین ساڵەیی …. رۆژنامەنووس
87-عوسمان محەمەد /خانەنشین
88-زاھیر عمر
89-شكراڵلە حمدئەمین سەعید
90-لێزان بکر ـ کۆیە
91-مەلا تەحسین گەرمیانی نوسەرو ڕۆژنامەنوس
92-مڤفر فاتح شكور مهندس حكومی
93-چالاك محەمەد/ سوید
94-ئیبراهیم نامۆ
95-سلام عبدالله نووسەرو ساسەتمەدار
96-شوان حەمە. نووسەر و ڕۆژنامەنووس
97-ابوبکر حسین مستەفا
98-قادر ئەلیاسی
99-مەجید جنیکانلوو
100-مستەفا کەریم مستەفا
101-ئاراز نجم
102-عدنان محمد حمەصالح
103-جمال عبدوللە
104-محێدین ڕەشید
105-ڕزگار عەلی حەمە بچکۆل/ڕزگارە سوور
106-دیاری محمد ولی
107- کەژال عەلی نوسەر و شاعرو چالاکوان بەرسی رێکخراوە دیموکراتیەکان سویسرا 108-هردی علی قادر
109-ته یمور عبدالكریم
110-اسعد عزیز
111-ستار غریب كركوك
112-کاک ئەحمەد سەعدی مەخمور
113-هەدیە محەمەد صاڵح
114-د .هیوا جاف (سلێمانی)
115-محمد عبدالله حسن مامۆستا/هەولێر
116-خیراللە عبداللە شێخ احمد
117-هەورامان عەلی نوسەر -فنلەند
118-جرجیس صالح سعید
119-مەنسوور خالید عەبدوڵڵا
120-عباس رسول محمدامێن
121-محمد علی لفتە
122-جبار ستیف ُپ دێرین كركوك
123-م. عەلی پەرلەمان
124-عدالت احمد .فەرمانبەر
125-سەروەت کۆیی – لەندەن
126-جانی دیلان، هونەرمەند و ڕۆژنامەوان- ئەمریکا
127-جێگر عمر کاڕەش
128-سالار ڕەشید/ سویسرا
129-پەری تاهیر، چالاکوانی مەدەنی – ئەمریکا
130-هەردی شکر محمود, هەولێر
131-احمد حمدامین اومر
132-ئەحمەد سەعید
133-بەھزاد موحسین.. چالاکی مەدەنی
134-غازی ڕفعت
135-عادل حاجی
136-سنور محمد
137-به‌ندی لقمان نادر كوڕه‌ ئه‌نفال كۆیه‌
138-ھەژار ئەمین
139-ڕەنج رۆوف
140-عبدول علی ئەوڕەحمان
141-حمزە قاسم علی چالاکوان لە بواری جینوساید
142-سفین عباس البستانی
143-شارێگا ستار خالید
144-ڕزگار عەزیز
145-سابیر عبدالرحمن عولا هەولێر
146-احمد عارف
147-حاجی ئەنوەر پ دێرین و چالاكوان
148-گۆڤار احمد- رۆژنامەنووس ـ لندن
149-محمود محمد
150-ڕزگار باهیر عارف هونەرمەند سلێمانی
151-مام فەرهاد چالاكوان كەنەدا
152-محەمەد خەیروڵا ئەمین ئەڵمانیا
153-جەماڵ ئاغجەلەری
154-کاوە ئەمین رۆژنامەنوس سلێمانی
155-موفق رسول محمد موڤف حكومی
156-نیاز سعداللە عبداللە مامۆستا هۆلەندە
157- هەژارجاف
158-رزگار شوانی پ دێرین و رۆژنامەنووس سوید
159- خالید شەیدا نووسەر و شاعیر و دیزاینەری هونەری شێوەکاری
160- م لێزان حسن پێشمە رگە ی دێرین
161-نەهرۆ شەمسەدین ڕوسوڵ
162- ئاشتی عمر غفور
163-هەڵكەوت سدیق ساڵەح مامۆستا
164-فەرهەنگ هەڵەبجەیی. مۆنتێر و ڕۆژنامەنوس. ستێرک تیڤی.بروکسل
165-دیار بەکر
166-ڕزگار ئەمین ، شانۆکار
167-سەلاح یاسین
168-عومەر ئەحمەد
169-سۆران عەزیز نامیق
170-خەلیل محەمەد عبداللە
171-حەسەن بایز ئەحمەد
172-شێرکۆ محمود
173-عەلی لەیلاخ
174-ئەحمەد سەیدە
175-یوسف جوهر
176-اكرم مجید زه هاوی
177-حازم كوتك پێشمەرگەی دێرین, بنەماڵەی شەهید و نووسەر
178-نایلە حسین
179-باهر تاهیر
180-هیوا مجید
181-مەریوان زەندی/ پ. دێرین- هەولێر
182-هەڵاڵە شەوکەت لهۆنی _ هەورامان
183-سڵێمان حسێن خدر
184-شێرکۆ محمد کورد
185-خدر حەسەن نەژاد
186-كاسترۆ حەسەن
187-سەردار حەمید
188-د.هاورێ زەنگەنە .دەرووناس و مامۆستای شانۆ / ئەڵمانیا
189-کاوەعبداللە
190-ئەحمد کریم ئەحمد
191-عوسمان مەحمود کانادا
192-کامەران ئارف
193-كاوە حەسەن
194-دلسۆز شفیق خلف داکوکیکار لە مافی مرۆڤ
195-شێخ عەتا محەمەد
196-هەژار گه نبی فەرمانبەر
197-شوان واحید شانۆکار لە نەرویج
198-جەمال مەحمود پێشمەرگەی دێرین
199-ئەحمەد مەحەمەد
200-بارزان شێخ عوسمان
201-نەورۆز زیندانی
202-نەورۆز حسەین ساڵح
203-بورهان هەژار – شێوەکارو نوسەرو هۆزانڤان. بەرلین
204-هیوا جمال
205-عاصف كلهور – سوید
206-زیاد نوری رسول
206-چێنەر سیروان احمد ، چارەسەرکاری دەروونی
207-یوسف شوانی کاسب
208-فواد عبدالرحیم عبداللە
209-ڤاهیر رەسوڵ محمد احمد
210-گارق صباح عباس
211-کاوە عومەر چالاكی سیاسی و وەرگێڕ کەنەدا
212-خە بات خالد پ/م دیرین
213-هەردی احمد بریتانیا
214-ھاورێ جبار مەرزانی
215-انور احمد دیزاینەر
216-وەزیرە جلال چالاكوانی بواری جینۆساید و خوشكی شەهید ئارام
217-هاوڕێ یوسف حەساری /پ.م دێرین
218-نوزاد خسرەو
219-نزار محەمەد
220-دكتور محمد بشده ری ده سته ی دا كوكی له زینزانیانی كوردستان
221-جەماڵ عەبدوڵا
222-محمدعبدول علی زیندانی سیاسی
223-حەمە نووری عومەر کاکی
224-ئازاد محمود قادر سلێمانی چالاکوانی مەدەنی
225-هەڤرەس شوان چالاكوان هەولێر
226-هاوتا فارس محمود
227-نەوزاد محەمەد ، هەگبەی بنار
228-هاوکار فەتاح
229-هێدی چاوەڕێ
230-شامیل قادر مامۆستا و شاعیر/کەرکوک
231-ئایار سەید باقی هەڵەبجەیی ماف ناس و پێشمەرگەی دێرین.
232-ھێرش عوسمان
233-گرفتار کاکەیی _کاریکاتێرست
234-کاوە عمر ھیدایت
235-عاصی علی جعفر
236-جاسم غفور/ بەریتانیا
237-کنعان عوسمان
238-گه بالانی
239-ئاسۆ بیارەیی نووسەر و پ .دێرین سوئید
240-چرۆ خەتاب عومەر /کیمیایی بورای نەوت
241-اسماعیل قادر محمد چالاکی سیاسی
242-شۆرش ئەمین چالاكوانی مافی مرۆف
243-عەبدوڵا حەمەد زیندانی سیاسی هەولێر
244-سەرکەوت کەریم عەلی ،سلێمانی
245-ڕێبوار سامی غەریب
246-ازاد شاكر
247-هیوا جاف
247-ئاڤیڤان بوکانی
248-ئالان هەمووان
249-محمد قادر
250-حمید خالد کریم / هاوڕێ وشیار پ دێرین حەسار
251-ازاد شاكر
252-کاوە عبداللە
253-مسته فا احمد محمد ماف په روه ر که ر کوک
254-شەهلا محمد احمد
255-بەختیار هەڵەبجەیی هونەرمەند
256-عبدالخالق سدیق ⁄فەرمانبەر
257-هەژار احمد عبدللە.
258-نوزاد خسرەو .چالاکوانی مەدەنی
259-کۆمەڵی هێڤی بۆ پشتیوانی قوربانینی جنگ
260-سیروان احمد
261-دیرین عارف حمه امین
262-کامەران تەیب
263-جەماڵ عەبدوڵا بەریتانیا
264-دەشتی سەڵتە زیندانی سیاسی سلێمانی
265-ئەحمەد سەعید ھاوڵاتی
266-عوسمان مەحمودی(چۆمەڵانی)
267-جەعفەر تیکانتەپە.
268-بەختیار ئەحمەد شێخۆ -پ.م. ی دێرین و چاڵاکوان ئێستا
269-عەلی رەزا
270-کەلسوم حسین
271-شەهلا محمد
272-شادی سەمەد
273-ئۆسمان وسو
274-دلسوز شفیق زەنگنە داکیکار لە مافی مرۆف
275-كۆچی عەلی سەعید چەمچەماڵ بنەماڵەی ئەنفالكراو
276-هیوا محمدامین
277-عەدنان كۆچەر كوڕی شەهید نووسەر
278-ئەحمەد رەسول سوئید
279-ناسر تەها سلێمان
280-ئافتاو عزیز علی بنەماڵەی ئەنفال
281-ناجی عومەر ئیسماعیل
282-نەریمان رەشید پێشمەرگەی دێرین
283-نوزاد عمر علی
284-أسو هاشم پارێزەر هەولێر
289-ئاكام وەزیری رۆژنامەنووس
290-دلشاد صالح
291-بهزاد أحمد
292-فاتح مستەفا حەمەدئەمین
293-قاسم کازم حمە علی بنەماڵەی ئەنفال چەمچەماڵ
294-احمد محمود
295-لاوكۆ عاللایی
296-ئاسۆ ئەحمەد دەوڵەت سوئید
297-کارزان حمەجان محمدامین
298-كەریم ئەمینی
299-ئازاد سابیر رەشید
300-مامۆستا شێرکو ساڵەیی پێشمەرگەی دێرین
301-زەكی حەبیب
302-خچر گاهر خچر
303-مستەفا فاتیح عومەر
304-ئەمیر جمیل
305-رحمن خدر ابراهیم رسول
306-ئومێد ئەحمەد خدر
307-جوتیار کەریم
308-ئازاد غریب احمد
309-د. لانە کرمانج
310-سازان ئەحمەد محەمەد
311-ئیبراهیم سالەرحەد نووسەرو وەرگێر نەرویج
312-رێباز هاشم كوری شەهید
313-ئەحمەد مەجید بنەمالچەی ئەنفال و چالاكوانی بواری ئەنفال و پێشمەرگەی دێرین
314-سەربەست نەریمان كەریم رۆژنامەنوس
315-فواد عوسمان تەها رۆژنامەنوس و چالاكوانی جینۆساید
316-ئازار سەرچاوی پێشمەرگەی دێرین
317-مەولود بابان
318-جەمال نەجاری
319-م.علی زەنگەنە كەسایەتی سیاسی
320-كارۆخ اسماعیل
321-ئاوات سارۆژ
322-ئاواره عبدالرحمن عولا
323-لالۆ كاكە خان
324-ێ‌لان ممتاز نوری مامۆستای زانكۆ
325-محمد امین سادق
326-شوکت محمد ساڵح
327-ڕەهێڵ عبداڵڵە حمە
328-ئارام عزیزچالاكوان
329-توانا تەوێڵەیی
320-رۆوف ابراهیم صالح صوفی- بەریتانیا
321-هۆشیار مەلا عبدالرحمن تیچكۆشەری سیاسی
322-هادی ئەحمەد ئەندازیار
323-صاحب نادر
324-کۆچەر ڕەشاد كوڕی شەهید
325-حەمید نادر نووسەرو چالاكوان هەولێر
326-دەشتی بەرزەواری رۆژنامەنووس هەولێر
327-دڵشاد سعید محەمەد ڕزگاربوی ئەنفال لە نوگرە سەلمان
328-حەمەسوار عەزیز–نوسەرو ڕەخنەگر
329-شوقی عمر محمود
330-خرمان محمد رسوڵ
331-سەلام ڕسوڵ قادر
332-ئیحسان عەبدوڵا
333-پشتیوان سدیق
334-مەسعود سەمەدی
335-شریف اسعد حمد
336-ئیبراهیم عەلی
337-حیکمت فائق عارف پێشمەرگەی دێرین و بنەماڵەی شەهیدی كیمیاباران
338-رێباز تەها ئەنوەر
339-ھاژە سلیمان مستەفا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان خولی پێشوو
340-عدنان اسماعیل
341-هاوڕێ حمە
342-ئیبراهیم هەورامانی شاعیر و نوسەری بواری جینۆساید
343-فوزیە عباس خلیفە
344-هەژار سولێمان
345-نەجات جەبار هۆڵەندا پێشمەرگەی دێرین
346-فرمان فاتح شكور
347-کازم احمد ئەڵمانیا
348-زه رده شت كاوه نادر
349-شادیە سلیم
350-کەمال کاکل حوسێن
351-بوكان عبدالله پارێزەر
352-نەجمەدین فارس حسن
353-برهان محمد ،هونەرمەند
354-سیروان قادر
355-دكتۆر عبداللە دادیار
356-ڕزگار سعید محمد فقی
357-سروە عوسمان مستەفا ـ نووسەر و شاعیر
358-رێبین رسول علی عزیز
359-ڕزگار شێخ ساڵح
360-بسام عمر
361-نوزاد عبدالباقی سعید
352-زاهیر ابراهیم
353-عیسا حوسێن .. شاعیر هەولێر
354-چیمەن عمر
355-سامی حاجی حەمەد
356-ئاریان ئەکرەم ئەحمەد
357-خالید سلێمان نووسەر
358-باهۆز شوانی
359-شاخه وان حه ساری پێشمەرگەی دێرین
360-جەزا ئەحمەد فارس، مامۆستای زانکۆ
361-صابر جعفر علی پ دێرین
362-شۆڕش شهباز
363-سۆهراب اسدللە
364-ئەنجام فتاح
365-جەهانبخش خالدی
366-بڕوا عەلادین مەحمود
367-ڵوقمان مەلا قادر
368-یوسف محمود
369-لقمان علی حسین
370-عەلی عەبداڵا
371-عپمان صالح گه
372-سمکۆ ع. مەولود
373-هێمن جوهر احمد/ کوڕە ئەنفال
374-علی محەمەد ئەمین
375-فازل عەباس چالاكوان هەولێر
376-ده سته ی دا كوكی له مافی زیندانیانی سیاسی كوردستان محمد بشده ری
377-سعید حمەفرەج قادر
378-خۆشه وی مەلا محمود
379-بەختیار محمد صالح
380-بەهار عەلی چالاكوانی مافی ژنان هەولێر
381-گۆران ساڵح پێشمەرگەی دێرین و شاعیر گوندی حەسار
382-هێرش عومەر
383-نەوزاد وەلی عارف
384-شێرزاد شێر، شوان شەقڵاوە، پێشمەرگەی دێرین!
385-انورحمە لاو تاقانەی ئەنفال گەرمیان
384-کۆچەر عەلی رۆژنامەنوس
385-عماد محمد بنەماڵەی شەهید كەركوك
386-بارزان رشید محمد
389-سەعید مێهری
390-محمد سید رۆژنامەنووس كەركوك
391-هیوا حسن علی
392-ئاڵا حسن مولود
393-گۆران مەركی
394-ئیبراهیم عومەر
395-سەربەست محەمەد ئیسماعیل
396-ازاد محمد
397-هێمن مصگفی اسعد (باوکم و برام و مامە و سێ ئامۆزام) ئەنفالن.
398-ڕزگار منصور ڕەحیم
399-هەنگاو هاشم رۆژنامەنووس
400-ئارام محەممەدیان
401-ڕەنج رۆوف
402- زیتۆ ئیسماعیل چالاكوان هەولیر
403-ئومێد چاوشین رۆژنامەنووس
404-یوسف علی شریف چالاكوان مەخمور
405-جلال محمد رشید
406-عومەر فارس عەزیز رۆژنامەنووس
407-رێکارێ مزویری نووسەری بواری جینۆساید
408-سابیرعەلی
409-ارسلان اسعد کوخە رسول
410-سید یق لوڕستانی چالاک وان سلێمانی
411-هەڵۆخانەقینی
412-محمد رسول محمد
413-عبداللە حمە عبداللە
414-کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
415-هاوڕێ پێشڕەویپێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفال
416-سە کین جە وانمە رد
417-هەژار صباح عپمان چالاكوان و رۆژنامەنووس ئەمەریكا
418-عمر محمود
419-كاوان بۆتیمار
420-ناسك حسێن
421-هەندرێن ئەحمەد / رۆژنامەنووس
422-کاردۆ صباح عبداللە
423-صابر عبداللە
424-بەختیار ئاکۆیی
425-جێگر جواد ڕەشید
426-ئاسو حمید پاریزەر
427-ڕابەر ڕەشید ـ ڕۆژنامەنووس و پ.م. دێرین ـ کەرکوک
428-دلێر محەمەد شەریف /ئاکۆ پەرلەمانتاری خانەنشین و هونەرمەند
429-د رابعه چالاكوان و پزیشك خانەقین
430-هەڤاڵ عەبدوڵا
431-ئاکۆ ئاکۆیی/ نووسەر و پێشمەرگەی دێرین
432-عبداللە صابر سعدون، (رزگار حەساری) فۆتۆگرافەرو پێشمەرگەی دێرین…..
433-بڕوا ئەسعەد ڕۆژنامەنووس
434-دلشاد رمچان
435-ئەحمد کۆمۆنیست
436-وکاف زیباری
437-تەها حەمید مامشەیی.
438-پشتیوان کریم گەڵاڵی ؍ئەڵمانیا
439-هوشەنگ باباعلی اسماعیل/ پێشمەرگەی دێرین
440-حەمە هاشم – شێوەکار
441-هێمن بابان رۆژنامەنووس
442-بەكر تەیفور رۆژنامەنوس
443-دلێر علی ئەحمەد
444-ئەنوەر ئەحمەد رۆژنامەنووس
445-كاڵی كەریم چالاكوان سویسرا
446-کمال ڕانیە
447-بایەزید کەریم چالاكوان هەولێر
448-كاروان حسین / پیشمەرگەی دیرین
449-ڕێناز هاشم بنەماڵەی شەهید
450-کاکەزیاد حمد عبداللە
451-رێزان ساڵح ، توێژەر و شانۆکار
452-نەوزاد شوانی نووسەر
453-هێرۆ محمود حمدأمین
454-هیوا ڕەش پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی
455-ڕوناک محمەد نجم چالاكوانی ژنان سلیمانی
456-هاوڕێ کریم
457-حەمە سەعید زەنگنە چیرۆك نووس و نووسەر كركوك
458-گۆران نامیق شانۆکار
459-ئارام بۆگدی پیچشمەرگەی دیچرین و كەسوكاری ئەنفالكراو نەرویج
460-نەهرۆ عاڵلایی /ڕۆژنامەنووس و چالاكوان
461-مەهدی جاف. شانۆکار
462-ریبین صباح عبدالله چالاكوان و پاریزەر
463-لێزان ڕەشید مغدید
464-هیوا شوانی پێشمەرگەی دێرین
465-زرار مه لا گجكه پێشمەرگەی دێرین
466-یووسف مەنتک نووسەرو ڕۆژنامەنووس / ئەڵمانیا
467-فریا مناف
468-شكراڵلە حمدئەمین سەعید
469-ئاسۆ فەقێ چالاكوان نەرویج
470-ئالان تۆفێق
471-عومەر خدر کاکیل فۆتۆگرافەر و كوڕی شەهید
472-سەرکەوت خدر
473-فەرەیدون عبدول
474-عەلی شوانی
475-کاروان عەلی عەبدوڵڵا
476-عەبدوڵا ئەژی..خوێنەرونووسەر..
477-هاوڕی سەعید
478-گەردە مامەحەمە خوشكی شەهید و ئەنفال و شەهیدی قەڵەم
479-کوشاد حمە سعید وەرگێڕ و نوسەر
480-علی خدر
481-ڕەنج گاهر علی ئەفەندی چالاكی سیاسی سویسرا
482-حویز عبداللە
483-ئاسۆس هەردی نووسەرو رۆژنامەنووس و پێشمەرگەی دێرین
484-ماهر محمد غفور
485-سیروان حمەخان
486-هیوا سابیر
487-ڕاستی احمد
488-سەردار عومەر
489-محمد مشیر پَێشمەرگەی دێرین و شاعیر و نوسەر
490-کاوە حسن پێشمەڕگەی دێرین
491-ئەحمەد قادر بایز
492-ئەحمەد عەلی کریم برای ئەنفالکراو
493-جەمال شوشە پێشمەرگەی دێرین
494-سالار سیامەند مامۆستا ـ هەولێر
495-سربست کاکی
496-دڵشاد رزاق رسول. دڵشاد کاوانی. نووسەر.
497-تاهیر ڕەحیم -نووسەر- ئەڵمانیا
498-سەربەست یەڵدا پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی
499-خالد حەسەن مەحموود
500-کوردۆ سالح / پێشمەرگەی دێرین. بەرپرسی حیزبی شیوعی هەولیر.
501-هیمن صلاح
502-مەحمود موراد تێكۆشەری دێرین هۆڵەندا
503-محمد عبدالله عپمان
504-عبدالخالق محمد حمد امین/ پێشمەرگەی دێرین
505-شێروان عوسمان/کەنەدا
506-جەمیل شوانی پ دیرین دانمارك
507-په روا ده وله ت
508-ئاشتی ڕەسوڵ
509-لقمان احمد کریم
510-سەفین ئیسمایل
511-ئارێز دارا پوور تێكۆشەری دێرین
512-تۆفیق حمه محمد
513-عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ) شاعیرو نووسەر كەنەدا
514-فەرهاد کەریم عبدوڵا
515-ڤاهیر ڕسول محمد احمد
516-جلال حمید روستم
.517- هاوکار جەلال کەریم
518-ڕێکار ئەحمەد پێشمەرگەو تێكۆشەری دێرین
519-کەرەم کاکەوەیس
520-ئاشنا مەجید کاکە
521-تەیب كاكەیی
522-محمد عبدالله
523-کاروان کریم احمد برای شەهید
524-نجیب خدابخش
525-هاورێ سعید
526-حەمید ئەبوبەکر ئەحمەد بەدرخان رۆژنامەنووس
527-تاریق محەمەد ئەمین
528-سفین محمد هینی
529-د.ڕزگار ڕەنجەڕۆ
530-كمال زنگه نە
531-لوقمان قادر تەها پێشمەرگەی دێرین
532-دانا سەمەد …..کاسب
533-ئەحمەد زامدار
534-پێزان محسن
535-عوسمان قادر ئەحمەد
536-لاوێن قادر حاجی کاکە
537-بــڕیار حیــدر جــبار
538-به‌ندی لقمان نادر كوڕه‌ ئه‌نفال
539-مصگفی أحمد محمد نوری/ حقوقی /كركوك
540-یونس رەسول مینەزادە
541-بدرالدین حمەصالح مامۆستا هەولێر
542-هێرش نوری محمد
543-فازڵ عوسمان فەقێ عەزیز زیندانی سیاسی سویسرا
544-سەنگەر صبری مجید شقڵاوە
545-عوسمان غەریب محەمەدئەمین تێكۆشەری دێرین
546-عبدالله علی محمد دارتاش
547-فوئاد بابان
548-عبدالرحمن کریم مەلازادە مامۆستای خانەنشین
549-ڤاهیر ڕەسوڵ محمد احمد
550-مهدی نامق کریم
551-لقمان صدیق رسول كوڕی شەهید و تێكۆشەری دێرین سلێمانی
552-کەریم مەرەسەنە
553-چۆمان احمد محمود
554-توانا ئەحمەد
555-شاڵاو مورتكە پ دێرین
556-كەمان بهادین نوری سلێمانی
557-مەریوان مامە عەلی
558-رێبوار محەمەد
559-میراو ئاژگەیی
560-شێرزاد خدر
561-عیماد عەلی زیندانی سیاسی ئەڵمانیا
562-عبدول علی ئەوڕەحمان
563-شاخەوان شۆڕش لێكۆلەری بواری جینۆساید كوری شەهیدی سەركردە دانمارك
564-ئەبو شهاب حەساری
565-بەختیار چاوەڕێ
566-هێرش حەبابە گەورە
567-جاسم خێلانی پیچشمەرگەی دیچرین سوئید
568-حەسەن مارف
569-حواس مه لازاده
570-کاوێس عبداللە
571-ئیدریس شێخۆ تێكۆشەری دێرین هەولێر
572-ناڤم عمر
573-گوڵاڵە ڕەزا سالح سەرۆکی ڕێکخراوی ژنانی کورد و ئیتاڵی خوشكی شەهید
574-جمال ڕە شید ده باغ
575-نازم عوسمان.کۆمنیتەی کورد لە ئیتاڵیا
576-نەورۆز شەریف
577-ئومێد بابان نەمسا
578-برایمی کاکەحەمە
579-کمال میرزا / سلێمانی .
580-مەهدی حەسەن خدر
581-سامان سلیمان
582-عومەر هەنگاو
583-نەریمان ئەمین
584-خۆشناو شێر
585-سیروان امین چالاكی سیاسی فینلەندا
586-د. محمد كیانی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و تێكۆشەری سیاسی
587-چالاک زەنگە نە ‌‌ پیشمە رگە ی دیرین
588-کمال حسـین ــ خانەنشـینی پێشـمەرگەی دێـــــــــریـن
589-بیان تاهیر
590-هاوژین حەمە ڕەشید/ بەریتانیا
591-كمال شوانی
592-عەباس نادر قادر-نووسەر -هەولێر
593-بەختیار مستەفا قادر رۆژنامەنووس و چالاكوان سلێمانی
594-جاسم غفور/بەریتانیا
595-فارس عزو فرنسیس سیاوش….پێشمەرگەی دێرینی حیزبی شوعی عیراق…
596-تارا ئەحمەد/ سوید
597-هیوا سەید سەلیم كوڕی شەهید و نووسەرو چالاكوان
598-جێگر جەواد رەشید، خوێندکاری زانکۆ
599-فائزە فۆاد – زەردەشتیانی کورد
600-دیاری محمود چالاک
601-کمال میرزا حسن
602-نزار عقراوی تێكۆشەری سیاسی بەریتانیا
603-سیروان نجم الدین جلال
604-بەختیار کەمال جبڕائیل / خانەنشین
605-جه مال مه حموود-که نه دا
606-لوقمان محەمەد
607-سیروان محەمەد
608-قومری ساڵح
609-ئەردەلان ئەمین
610-چیمەن مەحمود بۆمبا
611-ئارام عپمان
612-وریا قادر
613-كاروان حسین
614-بەكر عەبدولكریم
615-حسن عبداللە عمر
616-سروە محمەد سالح خانە نیشین،سەرچنار
617-عبدالعزیز احمد عزیز
618-سیروان سەعید
618-عدالت احمد
619-ناجح محمەد ئەحمەد
620-فەرهاد عمر عبدالرحیم
621-احمد محمود
622-دەوەن مەعروف، نووسەر
623-اسماعیل برایم صابر
624-نیهایەت مام شێخ چالاکوان
625-دڵشاد محەمەد مستەفا
626-جەزا جەعفەر
627-یوسف گالب ساڵەیی
628-تەحسین شەریف
629-سمکۆ ئەحمەد
630-شامل جلال
631-عباس رۆستەم سلیمان تێكۆشەری دێرین
632-عبداللە حسێن احمد
633-صلاح حمه ئه مین
634-عەبدولڵا پۆڵا پێشمەرکەی دێرین ئەمەریكا
635-سالار فەتاح قادر
636-کارزان حمەجان محمدامین
637-ئاسۆ ئەحمەد دەوڵەت
638-ئەیوب ئەنوەر سماقەیی
639-فەخرەدین گەرمیانی نووسەرو شاعیرو پێشمەرگەی دێرین
640-ئارام نەجم
641-احمد محمود
642-ریبوار احمد پ. م دیرین
643-کریم عباس یاسین-مامۆستا
644-حسین علی
645-د. ناجح محمەد ئەحمەد، پێشمەرگەی دێرین هەڵەبجە
646-منسور حسن سعید
647-هیمن برزان خورشید
648-قادر كەندیناوه
649-جەلال عەلی ئەحمەد پێشمەرگەی دێرین
650-کاڤم علی مامۆستاوڕۆژنامەنووس کەرکوک
651-صابر جعفر علی
652-مامۆستا زرارقادر خەیلانی/سەرپەرشتیاری خانەنشین..
653-دڵزار زرار قادر/ فەرمانبەر
654-کاوە عبداللە .چالاک وانی مەدەنی
655-سیروان باپیر
656-شوان صابر مصگفی مافناس و چالاكوانی مافی مرۆڤ
657-حەسەن محەمەد
658-فرمان محمد برای ئەنفالكراو شەهید
659-محمد نحم پ م دێرین
660-شێرزاد شێر، شوان شەقڵاوە، پێشمەرگەی دێرین
661-ئاوات ڕەسوڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووس
662-کامران حسین
663-ئاراس رشید
664-ادهم نجار
665-کاروان عبداللە .چالاکی سیاسی
666-مصگفی یاسین حمد خانەنشین
667-ھاوژین عەلی سابیر
668-کاک ئەحمەد سەعدی فەرمانبەر لە مەخمور
669-ئەحمەد سەعید
670-قارمان محمد
671-تەها مامشەیی نەرویج
672-سوهەیلە حوێز ئیسماعیل
673-فاتح مستەفا حمدئەمین چالاكوان پیچشمەرگەی دێرین
674-ابراهیم مجید فرج
675-سامان بکر احمد – چالاکەوانی مەدەنی وزیندانی سیاسی
676-ساماڵ سەلاح رۆژنامەنوس بەلجیكا
677-چرۆ خەتاب عومەر
678-سەربەست نەریمان كەریم رۆژنامەنووس و چالاكوان
679-سفین عباس /خانەنشین
680-ڕێباز فاروق حسین
681-سۆران عەبدوڵڵا عوسمان
682-جلال انور سعید
683-فاروق عبدلکەریم قادر
684-کاروان کەمال
685-سلێمان حسێن خدر
686-جباراحمد نووسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
687-هیوا شوانی پێشمەرگەی دێرین
688-یەحیا ئەحمەد فەرەج
689-لقمان ناسیح انور
690-سەلاحەدین ساڵەیی / رۆژنامەنووس
691-گۆران هەڵەبجەیی نوسەرو چالاكوان دانمارك
692-كمال عباس أسعد
693-هیوا محمد عباس
694-قادر عزیز
695-کۆسرەت ئەحمەد بێکەس
696-زیرك محمد إبراهیم صابر
697-ژیان حمە سعید
698-چنور محمود
699-خولیا حسێن شاعیر كەنەدا
700-اکرم جوهر
701-کامیل ئەحمەد فەرەج
702-بــڕیار حیــدر جــبـار قــوتـابـی زانــکۆ
703-عەبدوڵا مەحمود نووسەر
704-نەوزاد بابان چالاكی سیاسی و نووسەر
705-شاخه وان حه ساری پێشمەرگەی دێرین و بنەماڵەی شەهید
706-دوکتور محه مه د ره حیمی
707-دڵشاد سعید محەمەد ڕزگاربوی ئەنفال لە نوگرەسەلمان
708-مافپەروەر حمدامینی وەسمان بیرێژی
709-عبدالرحمن کریم عبداللە
710-دكتۆرە فایزە خەتاب خوشكی شەهید
711-صابر فیچ الله أحمد
712-نورالدین احمد سا لح / كه ركووك
713-گارق فریق حسن
714-ڕزگار سعید محمد
715-سیروان مستەفا محەمەد
716-لگیف محمد
717-سیروان محەمەد سەعید
718-سعید حمەفرەج قادر
719-عبداللە صابر سعدون/ رزگار حەساری فۆتۆگرافەرو پێشمەرگەی دێرین
720-مسته فا احمد محمد /ماف په روه ر/ که رکوک
721-محمد زه نگه نه
722-محسن علی
723-حسن عبداللە عمر
724-کامه ران حمه نوری حمه کریم کورسانی / الماتیا
725-بەختیار محەمەد
726-سەرهەد تۆفیق باوكی 5 مندالی ئەنفالكراو
727-ڕزگار عبید محمد ئیلنجاغ شوان کە کوك
728-سمیرە ئەحمەد /چالاکوان . کەرکوک
729-نیاز عبداللە چالاكوان فەرەنسا
730-ڕێبوار محەمەد
731-یاسین غفور درویش فرج / هەڵەبجە
732-بەختیار مامۆستا محمود
733-شاسوار شوانی بەلجیکا
734-قاسم نۆکانی پێشمەرگەی دێرین
735-نجات محمد زەنگەنە
736-سالارعزیز حەساری.
737-ئامانج عبدوڵا مەعروف
738-نەسرین بابان ئەڵمانیا
739-ئارام صاڵح حسین
740-حمید خالد کریم / وشیار حەساری
741- سوارە یوسف کەڵوڕی
742- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
743-مەلا شاخی پ دێرین و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و نووسەری بواری جینۆساید
744-ۆژان شەهید حەمەڕەش – ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و كچی شەهیدی فەرماندە
745-موحسین شیروانی پارێزەر بەرپرس لە كەیسی ئەنفالە لە دادگای باڵای تاانەكان
746-پەری عەزیز بەرپرسی پێشووی دۆسیەی گۆرشە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان
747-دلێر کەریم محەمەد نووسەر لە بواری جینۆساید
748-محمد زرنگ چالاکوانی جینۆساید وپێشمەرگەو ڕێکخستنی دێرین و نوسەری جینۆساید
749-هێمن حەسیب نووسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
750-رازاو سلێمان ئەڵمانیا
751-کریم عباس یاسین-مامۆستا-هەولێر




ئادیابین لەنێوان شێوەو ناوەرۆكدا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

سەختترین كار لەدراماو سینەمادا دەست بردنە بۆ مێژوو، كە دەبێت زۆر بەهەستیاری و بەرپرسیاریەتیەوە هەڵس و كەوتی لەگەڵدا بكەیت، هەر بەلاڕێدا بردنێكی مێژوو (بەهەر ئامانجێك) بێت، باجێكی گەورەی لەسەرە.
بەڵام ئەم هەستیارییە بەمانای ئەوە نیە، ئیدی بوێری ئەوەمان نەبێت دەست بۆ كاری مێژوویی بەرین، لەكاتێكدا ئێمە وەك گەلێكی جەزرەبە دراوو ستەم لێكراو، لەهەموو گەلانی دنیا پتر پێویستیمان بەهەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوو و دەرخستنی ڕاستیەكان هەیە.
بەردەوام لەچەندین لاوە شەڕی دراماو سینەمامان پێ‌ دەفرۆشن و قەستی ناشیرین كردنی شوناسی نەتەوەییمان دەكەن، پارەیەكی خەیاڵی زۆریش بۆ ئەو ئامانجە نەگریسە تەرخان دەكەن، كەچی مخابن ئێمەی كورد دەستە پاچە وەستاوین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە درامایی و سینەماییانە كە بەئەنقەست دەكرێتە سەرمان.
لە ئادیابین دا (حەسەن عەلی خان) دەستی بۆ ئەو مێژووە بردووە، بۆ ئەوەی ئەو ئاراستە شێواوەی درامای كوردی بەئاراستەیەكی تر بگۆڕێت و دوای جەلیل زەنگەنە و حەسەن عەلی كەسانێكی تر بەدوایاندا دا بێن و بەهەمان بیركردنەوە، بەردەوامی بەو سەرەتایە بدەن، كە ئەوان بەكۆمەڵێ‌ كێشەوئاریشا دەستیان پێكرد.
لە (ئادیابین) دا زۆرینەی كێشەكان بەسەر لایەنە مێژووییەكەدا شكاونەتەوە، هەندێ‌ بینەر وا هەست دەكات، لەهەندێ‌ لاپەڕەی مێژوویی دا مێژووەكەی دەشێوێندرێت و غەدر لەراستیەكان دەكرێت، ئەم غەدرەش لەسەر خۆی هەژمار دەكات و نایەوێ‌ ئەو ڕاستیانە پەردەپۆش بكرێن.
لەمەدا بینەر مافی خۆیەتی بەرهەم هێنەرو دەرهێنەر بخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەوە، لەپای ئەوەی ورد بین نەبوونە دەرهەق بەهەندێ‌ لایەنی مێژوویی، كە ساغ كردنەوەیان پێویستی بەوە دەكرد، كەسانی پسپۆر لەو بوارەدا راوێژیان پێ‌ كرابوایە.
(حەسەن عەلی خان) لەوەدا سەركێشی كردووە، كە پانتاییەكی ئێجگار دوورو درێژی مێژوویی خستۆتە چوارچیوەی یەك دراما، كە كۆی تۆماری كردنی تێدا بەگشتی ناگاتە بیست سەعاتێك و ئەو بیست سەعاتەی دابەشی سی ئەلقە كردووە، خۆی لە چەندین رووداوی گەورەی مێژووی كورد داوە، كە لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی و بەریتانییەوە دوای جەنگی جیهانی یەكەم دەست پێ‌ دەكات، لە ساڵی 1917 ەوە تا شۆڕشەكانی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد بارزانی و شۆِشە یەك دوای یەكەكانی بارزان و روداوەكانی كۆماری مهاباد تا دەگاتە پەڕینەوە لە ئاراس:
پەڕینەوە لە ئاراس بە تەنیا پێویستی بە فیلمێكە، لەو داستانەدا و لە كاتی بەریەكەوتنی بارزانیەكان لە گەڵ ئێرانیەكان حەوت پێشمەرگە شەهید دەبن و چەندی تر بریندار دەبن، بۆ ماوەی 53 رۆژ ئینجا گەیشتنە سەر رووباری ئاراس، لە گەڵ گەشتنیان بۆ سنووری یەكێتی سۆڤیەت بارزانی دوو نامە بەدەستی میرحاج ئەحمەد بۆ ستالینی سەرۆكی سۆڤیەت دەنێرێ‌ و داوای پەڕینەوەیان لێ‌ دەكات بۆ ناو خاكی یەكێتی سۆڤیەت، دوای ماوەیەكی كورت سۆڤیەت رەزامەندی لە سەر پەڕینەوەكەدا.
حەسەن عەلی ئەو داستانە تراژیدیە گەورەیەی ئەوەندە بچوووك كردۆتەوە، خۆزگەی ئەوەی بۆ بخوازی ناوی ئاراست هەر نەبیستبوایە.
پاشان پەڕینەوەیەك بە بێ‌ نیشاندانی پێشەوای ئەو كاروانە كە مستەفا بارزانیە، شاردنەوەی مێژوویەكە كە كورد شانازی پێوە دەكات.
ئەگەر هەر یەك لەو هەموو روداوە تێكەڵاوانە بخەیتە چوارچیوەی یەك دراماو بۆ هەر رووداوێك لەو مێژووە دوورو درێژە تەنیا دیمەنێك دروست بكەیت، ئەوە دەسەڵاتت بەسەر ئەو هەموو ماوەیەدا ناشكێ‌ و كورت دێنی.
جەلیل زەنگەنە لە گەردەلوولدا بە (سێ‌ بەش) هێشتا نەیتوانی ئەو مێژووە تێر بكات و بە ناتەواوی دەستی لێ‌ هەڵگرت، بەڵام دوای ئەوەی گەردەلوول ئاسەوارێكی گەورەی لەمێژووی درامای كوردی دا بەجێ‌ هێشت، كە تا ئەو دەمەش هیچ درامایەكی مێژوویی و سیاسی نەیتوانیووە سنووری گەردەلوول ببڕێ‌.
بەگشتی مەعلومە چەند ئەوەندەی پانتایی رووداوەكان لەدرامایەكدا فرەوانتر بێت، دەسەڵات شكانی دەرهێنەر بەسەر بەرهەمدا كەمتر دەبێتەوە.. بۆیە بینەر هەست بەوە دەكات كە دەرهێنەر بە شێوەی بروسكە بەسەر مێژوودا تێدەپەڕێ‌ و ناتوانێ‌ ئەو وێستگە مێژووییانە تێر كات.
حەسەن عەلی خان ویستویەتی ئەركێكی هونەری و نەتەوەیی گەورەی سەرشانی خۆی لەم قۆناغە هەستیارو گرنگەی كوردستان بەجێ‌ بگەیەنێ‌، بەڵام كۆمەڵێ‌ كێشەی مێژوویی بۆ دروست بووە، چونكە هەوڵی ئەوەی نەداوە، پێشتر پەنا بۆ كۆمەڵێ‌ لەشارەزایانی بواری مێژوویی بەرێت و خۆی لەو كێشانە دوورە پەرێز رابگرێ‌ .
بەڵام بینەریش دەبێت لەوە بگا كە مێژوو كتێبێك نیە بۆ خوێندنەوە، بەڵكو كامێرایەكە بۆ نیشادانی وێنە.
كتێب و كامێرا هەردوكیان بەیەك ئاراستە ڕوو لەمێژوو دەكەن، ئامانجەكانیان دەڕژێتە نێو یەك سەرچاوە، بەڵام هەر یەك لەوان زمانی جیاوازو ستایلی تایبەتی خۆیان هەیە و هەر یەك بەفۆرمێك مێژوو دەگێڕنەوە.
بەڵام لەهەمان كاتدا مێژوو كتێبێكی موقەدەسیش نیە نەتوانی گۆڕانكاری لێ‌ بكەیت و جوانتری كەیت، كاتێك دەبێتە موقەدەس كە بیشێوێنی و بەئاراستەیەكی بەریت كە بۆ بەرژەوەندییەكی تایبەتی بەكاری بێنی.
دراماو سینەما لەسەردەمی ئەمڕۆكەدا بوونەتە ئەلتەرناتیف بۆ خوێندنەوەی مێژوو، چونكە هەموو بینەرێك مێژوو ناخوێنێتەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵك دراماو سینەما دەبینن، بۆیە مەعریفەی بینەر بۆ ڕوداوە مێژووییەكان، لەدراماو سینەمادا زۆرترە لەسەرچاوەی مێژوویی وەك كتێب، ئەگەر ئەو بەرهەمە درامی و سینەماییانە لەسەر بونیاتێكی باوەڕپێكراوی مێژوویی بونیات نرابن، نەك لەسەر خەیاڵ.
هەر كات پێداچوونەوە بۆ تێگەیشتن لە مەعریفەی مێژوو بكەیت، لەوە دەگەیت كە ئەو وڵاتانەی دراماو سینەمایان تێدا تەژیە، نیوەی زێتری سەرچاوەكانی تێكەیشتنی كۆمەڵگاكانیان لەرێ‌ ی دراماو سینەماوەیە نەك كتێب.
كتێب بۆ نوخبەیەك لەكۆمەڵگایە و بۆ فێر بوونە، بەڵام دراماو سینەما بۆ جەماوەرە بەگشتی و ئامانجی سەرەكیش چێژ وەرگرتنە.
كەواتە چی بكەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەوە بەخۆمان بدەین مێژوویەكی خاوێنی نەتەوەیی تۆمار بكەین ؟
ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە تەنها هەر لای دەرهێنەرەكان نەبێت، كە بەگەورەی بەرهەم ناونراون، بەڵكو ئێستاكە بەرهەم هێنەرەكان و پارەدارەكان خاوەن بڕیارن، ئەوان جڵەوی ئاراستەكردنی ئەومێژووەیان خستۆتە دەست، بێ‌ ئەوەی رێگە بەهیچ دەرهێنەرێك بدەن هیچ پرسیارێكی هەبێت.
بەرهەم هێنەر لەدرامای ئادیابین دا خاوەنی بیرۆكەی دراما كەیەو ویستویەتی وەك مەسیحیەك دەرفەتێك لەدرامادا قۆرخ بكات، لەپەنای ئەو دەرفەتەدا لایەنێك لەپەیوەندی مێژوویی نێوان مەسیحیەكان و بارزانیەكان نیشان بدات، بەسوود وەرگرتن لەو رۆَژانەی كە شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەساتەوەختێكی تەنگەتاودا لەژێر فشاری عوسمانییەكاندا پەنا بۆ قەشە (مار شەمعون) دەبات و ئەویش لەو تەنگەتاویە بەهانایەوە دێت و لای خۆی حەشاری دەدات.
ئەم هەڵوێستەی (مار شەمعون) لاپەڕەیەكی مێژوویی مەسیحیەكانە و مافی خۆیانە شانازی پێوە بكەن، بەڵام خستنە ڕووی بەو فۆرمە لاوازو سەر پێییە، لە دیمەنێكی كورتی هێمادار و نیشاندانی شێخ عەبدولسەلام بەشاردنەوەی روخسار، لەكاتێكا زۆربەی پێغەمبەرانی خوا سیمایان دەركەوتووەو دایەلۆژیان هەبووە، مانایەكی تر دەبەخشێت و لاوازی دەرهێنەر دەردەخا، لەچارەسەر كردنێكی درامی بۆ دیمەنەكە.
ئەمە لەكاتێكا خودی ئەو بابەتە گرنگە بابەتی فیلمێكی تایبەتەو هی ئەوە نیە بچووك بكرێتەوە و لەپەراوێزی دیمەنێك لە درامایەكدا بەرجەستە بكرێت.
هەولێریش بەهەمان شێوە بەخۆی و بەو مێژووە پڕ لەسەروەرییەی بچووك و كەم بایەخ كراوە، ئەو هەولێرە نیە كە لەمێژوودا دەیخوێنیتەوە، وەك لانكەی شارستانیەكان، شاری عیلم و مەعریفەو كولتوورو كەلەپوور، شارێك بەشاری هۆلاكۆ شكێن ناو نراوە، كەچی كامێرا لەكاتی رۆیشتنی عوسمانیەكان و هاتنی ئینگلیز خەڵكەكەی هەموو تێك دەقرژێن و لەترسان شار بەجێ‌ دێڵن، تەنانەت ماڵی پاشاش خۆیان بۆ ڕاكردن ئامادە دەكەن.
ئایا ئەركی كامێرا ناشیرین كردنی شارێكە یا ئەگەر ناشیرین بوو جوانتری كەیت ؟
هەولێر لەهیچ سەردەمێكا، لەسەختترین رۆژانی مێژوو، روو بە رووی هەموو ئەو ئیمپارتۆریەت و حكومەتە شۆڤینیانە بۆتەوە كە قەستی پەلاماردان و داگیركردنیان كردووە.
یەكێك لەجوانیەكانی ئەو شارە فرە نەتەوە فرە ئاینە، كەسایەتیەكانیەتی، كە لەو سەردەمەی دراماكەدا ئەستێرەی درەوشاوەی شاری هەولێر بوون، ناكرێت تۆ باس لەمێژووی نوێ‌ ی هەولێر بكەیت و كەسایەتیەكی گەورەی وەك مەلا فەندی فەرامۆش بكەیت.
لە شوێنی ئەو كەسایەتیە ناودارانەی هەولێر كەسایەتی وەهمی وەك ( مومتاز پاشا) و ( بەهجەت پاشا ) دروست بكەیت.
لەگەڵ چەندین لە پریفیسۆرو مامۆستایانی زانكۆ قسەم كرد، هەموو جەختیان لەوە كردەوە، كەسانێك لەمێژووی شاری هەولێردا نەبوونە بەو ناوە، رەنگە ئەو ناوانە لەرۆمانێكی خەیاڵی بووبن، كە هیچ پەیوەندییان بە مێژووەوە نیە.
دەكرێ‌ لەنێو ئەو هەموو زاناو داناو نیشتمان پەروەرانەی هەولێر، هەموویان فەرامۆش بكەیت و مومتاز ناوو بەهجەت ناوێك دروست بكەیت ؟.
ئایا ئەمە شێواندنی مێژوو نیە؟
كێشەی سیناریۆ
هونەری سیناریۆ لەدرامای كوردی دا، هونەرێكی ساوایەو تەمەنی دروست بوونی لەگەڵ تەمەنی سەرهەڵدانی درامایە لەكوردستاندا، كە خۆی لەنیو سەدەیەك و پتر دەدات.
هەتا ئێستاشی لەگەڵ دابێت، سیناریۆ وەك كێشەیەكی بنەڕەتی لە درامادا ماوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو نووسەرانەی لەبواری سیناریۆدا پسپۆرن زۆر بە دەگمەنن.
لە وڵاتی ئێمەدا هۆكاری سەرەكی سەرنەكەوتنی دراما لاوازی سیناریۆیە، چونكە زۆر جاران بیرۆكەیەك دەكرێتە بنەماو لەناوەرۆكی ئەو بیرۆكەیە كاراكتەرو دیالۆگ و روداو دروست دەكرێت و ئەو پێكهاتەیە ناو دەندرێت بەسیناریۆ.
سیناریۆی ئادیابین كە لەبیرۆكەیەكی (نینۆس نەمرود)ەوە وەرگیراوەو لەلایەن (كەریم عەبدوڵڵا) نووسراوە، چەند تەوەرێكی جیا جیای مێژوویی، سیاسی، كۆمەڵایەتی دەگرێتە خۆی
تەوەری مێژوویی: هەولێر وەك شارێكی دێرینی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و پەیوەندی مێژوویی ئایینی و نیشتمانی نێوانیان دەركەوتووە، بەڵام لەشاخ داو لەگەرمەی شۆڕشەكاندا ئەو پێكهاتانە نابینین، وەك ئەوەی بوونیان نەبێت.
تەوەری سیاسی: ململانێی سیاسی ئینگلیزو عوسمانیەكان لەسەرخاكی هەولێرو سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسی كوردو تراژیدیاكانی، هەر لەشۆِڕشی بارزانەوە تا داستانی پەڕینەوە لە ئاراس .
تەوەری كۆمەڵایەتی: پرسی كۆمەڵایەتی لەچەند دیمەنێكدا بەرجەستە كراون لەوانە:
دیوەخانی مومتاز پاشاو پیاوەكانی، گەشتە كەی عەزراو حوشترەكەی، پرسی خۆشەویستی فەرهادو نەرمین، ئایشێ‌ و سەلوان، ساڵح و كچە منداڵەكە، ون بوونی ساڵح و دۆزینەوەی، خانەكەی عەزیز، دوكانەكەی بەهجەت پاشاو نۆكەریەكەی فەتحیە فەندی، سیخوڕییەكانی رەشید حەمامچی، فڕێدانی مەلۆتكەكەی سەعدیە، ماڵەكەی مام جەبارو رەدوو كەوتنی كچەكەی.
هەر سێ‌ تەوەری مێژوویی و سیاسی و كۆمەڵایەتی تێك هەڵكێشی یەكتر كراون، بەڵام پێم وایە لەڕووی چێژەوە، تەوەرە كۆمەڵایەتیەكان لەدوو تەوەرەكەی تر بەچێژ تر بوون هەمیشە هۆكار بوون بۆ بەرزكردنەوەی ریتمی دراماكە، لەبەرئەوەی بابەتە كۆمێدی ورۆمانسی و كێشە كۆمەڵایەتیەكانی تێدابوو.
بەگشتی لاوازی سیناریۆ وەك لایەنێكی هونەریی نەرێنی لە دراماكەدا هەستی پێ‌ دەكرێت، وەك:
1.سیناریۆكە هێڵێكی دیاری كراوی درامی نیە بۆ رووداوەكان، بەڵكو پارچە پارچە كراون، هەر پارچەیەك جۆرە سەربەخۆییەكی خۆی هەیە، ئەمە وای كردووە دراماكە بونیاتێكی درامی بەهێزی نەبێت .
2.دیمەنەكان لێكتر نەبەستراونەتەوە بۆ ئەوەی بینەر چاوەڕێ‌ ی ئەنجام بكات.

  1. دایەلۆگەكان تێر نەكراون.
    4.لەسیناریۆكەدا گرێی درامی یا بوونی نیە، یاخود زۆر لاوازە، شتێ‌ نیە بینەر چاوەڕوانی كردنەوەی بكات .
    5.ڕەگەزی وروژاندن لاوازە، بینەر بێ‌ هیچ كێشەیەكی دەروونی دیمەنەكان تێدەپەڕێنێ‌.

    دەرهێنان :
    دەرهێنەر لەدەستپێكی دراماكەی دا بەخۆ ئامادەكردنێكی تەواوەوە ئەو دەسەڵاتە هونەرییەی خۆی نیشان داین، كاتێ‌ كۆبوونەوەی ژەنەڕاڵە سەربازیەكانی هەردوو سوپای عوسمانی و ئینگلیزی دەكرێت، بۆ ئەوەی عوسمانیەكان بە پێی ڕێكەوتن هەولێر بەجێ‌ بێڵن.
    بەستایلێكی سینەمایی و تەپڵو موزیكی سەربازی بەجۆش، چەند دیمەنێك نمایش دەكات، كە وا هەست بكەیت فیلمێكی بیانی دەبینیت و گەشبینیەكی زۆر بینەر دەگرێ‌، بەڵام لەئەلقەكانی دواتر ئەو ریتمە بە تەوژم و پڕ لەجوانكاریانە گۆڕانكارییان بەسەر دادێ‌ و لە هەندێ‌ دیمەندا بەرزو لەهەندێكی تردا نزم دەبێتەوە.
    (حەسەن عەلی خان) بەر لەوەی كار بۆ دراما بكات، ئەزموونێكی زۆری لە سینەمادا هەیە و لەچەندین ڤیستیڤاڵدا خەڵاتی سینەمایی پێ‌ بەخشراوە، بۆیە لەو درامایەدا سوودی لەو ئەزموونە وەرگرتووەو بەدیدێكی سینەمایی كاری دەرهێنانی بۆ (ئادیابین) كردووە.
    زۆر ئارەزووی كاری سەركێشی دەكات، بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی دیمەنە سەختەكانی وەك شەڕو شۆڕو بەكارهێنانی تەقەمەنی وتەكنیك و خدعەی سینەمایی، وەك لەچەند دیمەنێكی ئادیابین دا لە شەڕی بارزاندا دەیانبینین، یاخود بەكارهێنانی فڕۆكەو تۆپباران كردنی لەهەندێ‌ دیمەنی جەنگدا، بەهۆی تەكنیك و گرافیك.
    هەروا دەرهێنەر بۆ نیشاندانی تواناو دەرخستنی ئەتمۆسفیرە سەخت و دژوارەكان، بە تایبەت لە كەشوهەوای ساردو بەفران بارین و زریاندا وێنەكانی دەگرێ‌، بۆ ئەوەی بینەر بخاتە ناوئەو ئەتمۆسفیرە سەختە، وەك دیمەنی گەڕانی مومتاز پاشاو سۆراغ كردنی هەڤالەكانی لەچیا. هەروا دەرهێنەر خۆ ئامادە كردنێكی باشی كردبوو بۆ دابین كردنی جلوبەرگ و چەك و تفاقی سەربازی و ئێكسسواراتی كلاسیكی كۆنی ئۆتۆمبیلی كلاسیكی و پەیتونەو حوشترو جلوبەرگی ئافرەتان و پیاوان و تۆپ، كە بەئاسانی دەستەبەر نابن.
    لە(ئادیابین) دا كێشە لەهونەری مۆنتاژ و دەستی كارامە نیە، چونكە هەردوو دەست رەنگین (نەجات مەولودی) و( هونەر شەهدی) بەتوانستێكی گەورەوە دراماكەیان بەرجەستە كردووە، بەڵكو كێشە لای دەرهێنەرە كە ویستویەتی لەمۆنتاژدا جۆرێك لەفێڵ لەبینەر بكات بۆ دریژ كردنەوەی كات و تەواو كردنی 30 ئەلقە.
    چونكە پێی وابووە ژمارە 30 لە بایەخ و بەهای بەرهەمەكە زێتر دەكات، بەپێچەوانەی ئەو هاوكێشەیەی دەڵێ‌ لەفەرهەنگی زانستی دا، زێدەڕۆیی وەك كەم و كورتی وایە.
    بینەر زوو درك بەبۆشاییەكە دەكات و دەزانێ‌ فێڵی لێ‌ دەكرێت، وا هەست دەكات كە دەرهێنەر لەدەست كورتی و قەیرانی دیمەنە پەنا بۆ ئەو درێژكردنەوە لاستیكیانە دەبات، كە لەئەنجامدا زۆر بەگرانی لەسەر بەهای هونەری دراماكە دەشكێتەوە.
    زۆر جاران وا رێ‌ كەوتووە ئەلقەیەكی تەواو بەدوو یان سێ‌ دیمەن كۆتایی بێت و ئەلقەكان تێر نابن، بەتایبەت لەدیمەنەكانی گەشتەكەی ( كاترین) ی دەزگیرانی (كابتن) بۆ كوردستان، كە بۆ ماوەی دوو رۆژ دیمەنەكان لێك رادەكێشران، بێ‌ ئەوەی هیچ روداوێك لە دیمەنەكاندا ببینی.
    بە بازار گەڕاندنی حوشترەكەی عەزرا، بۆ ماوەی دوو رۆژ ئەو حوشترە بە بازاڕەكانی هەولێردا رادەكێشرا.
    زەماوەندەكەی فەرهادونەرمین، كە ریتمی دراماكەی هێنایە سەر سفرو بینەر وا هەستی دەكرد بەرامبەر بە كلپێك دانیشتووە نەك دراما، جیگەی سەر سوڕمانە دەرهێنەر بەرامبەر بەو بۆشاییە گەورەیە چاوپۆشی كردبێت و چارەسەرێكی لا نەبووبێت.
    گریانی عەزیز بەرامبەر سەعدیە دوای بڕیاری بەشوودانی بەزۆری.
    جگە لەدرێژكردنەوەی لاستیكی بۆ دیمەنەكان، دەرهێنەر بۆ درێژكردنەوەی كات چەند گرتەیەك لە ئەلقەی رابووردوو دووبارە دەكاتەوە گوایە بۆ بەبیر هێنانەوەیە، كەچی درامای رۆژانە وەك هەفتانە نیە بینەر لەبیری كات و بتەوێ‌ روداوەكان بەبیر بینەر بێنییتەوە.
    بەپێی پێوەری كاتی دراما بێت، ناكرێت هیچ ئەلقەیەك لە 45 خولەك كەمتر بێت، كەچی لەو درامایە، ئەلقەی وا هەیە بەتایتلەوە ناگاتە چارەگە سەعاتێك.
    ئەمەش نیشانەی كورت هێنانی سیناریۆیە، كە هەندێ‌ جار دەرهێنەر دەستەپاچە دەمێنێتەوە لەچارەسەر كردنی، بۆیە ناچاری ئەوە دەبێت كات بدزێ‌.
    بەڵام باشتر لەدزینی كات ئەوەیە كە زۆر لەخۆت نەكەیت ژمارە 30 تەواو كەیت لەسەر حیسابی بەهای هونەری و ئاستی بەرهەم.
    خۆ دەكرێ‌ 20 ئەلقە بێت، بەڵام بە تێری، مەسەلەكە نەیاسایە نە مەرج، هیچی ترنیە زیاتر لەوەی بەو ژمارەیە پرۆپاگەندە بۆ زەخامەتی كارەكەت بكەیت .
    ئەمەش هەمدیسان كاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی بینەردا بەجی دێڵێ‌ كە دەرهێنەر بەلاواز دەبینێ‌، چونكە بەرپرسی یەكەم لەهەموو گرفتەكان تەنیا دەرهێنەرە.
    سێ‌ رەگەزی سەركەوتوو
    لەبونیاتی دراماكەدا هەر رەگەزێك كێشی خۆی هەیە، بینەر بە روونی هەست بەئاستی داهێنان و شكستی هەر یەكێكیان دەكات، بەڵام خۆش بەختانە سێ‌ رەگەزی سەرەكی بوونەتە كۆڵەگەیەكی پتەو بۆ دراماكەو بە تەواوەتی تێر كراون و مافی خۆیان داوەتە بەرهەمەكە كە بریتین لە:

  2. وێنەگرتن
    پێگەی (هاوكار فەرهاد) و ستافە وێنەگرەكەی، بەقەد پێگەی دەرهێنەر گرنگی هەیە لەو بەرهەمەدا، چونكە هەر یەك لەوان تایبەتمەندی و رۆڵی تایبەتی خۆیان هەیە لەبەرجەستەكردنی بەرهەمەكە، بەڵام وێنەگرتن بە كرۆكی راستەقینەی بەرهەم دادەندرێت وهەموو ستاتیكاو چێژێكی دراما لەوێنەوە چڕۆ دەكات.
    (هاوكار فەرهاد) بەڕێوەبەری وێنەگرتن زۆر زیرەكانە گۆشەكانی كامێراو گرتە هەستیارەكانی بژار كردووە، بەدیدێكی سینەمایی پێشكەوتووهەڵس و كەوتی لەگەڵ كامێرادا كردووە.
    فەرهاد بە ئاستی ئەو وێنەگرە بیانیانەی جاران بەخەرجیەكی زۆرەوە دەمانهێنانە كوردستان، كاری داهێنەرانەی خۆی لە گەڵ ستافێكی لێهاتوو وەك یاریدەدەر كاریان لە گەڵدا كردو بە سەركەوتوویی لێی دەرچوون، بۆیە شایەستەی ستایشن.

    2.موزیك:
    موزیك لەزۆربەی دراماكانی ئێمەدا ناتوانێت رۆحی درامی بخاتە بەر رووداوەكان، زۆر جاران موزیك دراما دەكوژێ‌ و ناتوانێت ریتمێكی هاوسەنگ بۆ وێنەو جوولە و روداو تێر كات،
    لەو بەرهەمەدا ( زانا جەبەلی) بەموزیك مۆركێكی درامی بەهێزی بەدیمەنەكان داوە، كە كاریگەری دەروونی بەسەر هەستی بینەردا بەجێ‌ بێڵێ‌.
    من لە نمەیەكی تایبەتیم بۆ زانا جەبەلی دەست خۆشیم لێ‌ كرد لە پای ئەوكارە جوانەی، زۆر دڵگران بووم كە دەیگوت لە وڵاتی ئێمەدا خەڵكانێك هەن ئەگەر هەر داهێنانێك بكەیت، بوێری ئەوەیان نیە دەست خۆشیت لێ‌ بكەن، وەك ئەوەی ئەو كەسانە بەو دەست خۆشی لێ‌ كردنە بچووك ببنەوە.

    3.رووناكی:
    رووناكی لەكاری درامیدا تەنها بۆ جوانكاری نیە، بەڵكو بەهێزترین فاكتەرێكی گوزارشت
    بەخشینە بەدیمەنەكان و ڕوخساری ئەكتەرەكان، بە تایبەت لەحاڵەتە دەروونیەكانی وەك ترس و نیگەرانی.
    بۆیە گرنگە ئەندازیاری رووناكی بەر لەوێنە گرتن دەق بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆی هەبێت لەدابەش كردنی رووناكی.
    لە (ئادیابین) دا رووناكی ررۆڵێكی كاریگەری هەبوو لەسەر جوانكردن و بەرجەستە كردنی دیمەنەكان، كە هونەركاران(محەمەد كەمال) ویاریدەدەرانی رۆڵێكی كارایان تێدا بینی.

ئەكتەرو كاراكتەر لە ئادیابین دا
بۆ بژاردەكردنی ئەكتەر لەدرامای ئادیابین دا، دەرهێنەر جگە لەئەكتەری خۆماڵی، دوو ئەكتەری ئینگلیزو دوو ئەكتەری لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەشداری پێ‌ كردووە، هەردوو ئەكتەری ئینگلیزی(( فێڵ وێبستێر) ( سۆوفی كارل) و ئەكتەری رۆژهەڵاتی ( سومەییا ڕەزایی ) و( شەهرەزاد) جگە لە ستافێكی بە توانای ماكیاژ كە لەسێ‌ ماكێژكار پێك هاتبوون. بە پێی ئەزموونی رابووردویان توانست و پێگەی نواندنی هەر یەك لەو ئەكتەرانە توانایەكی دیاری كراویان هەبووە، بەڵام كاتێك هەست دەكەیت لەم بەرهەمەدا توانست و داهێنانێكی گەورەتر لە قەوارەی خۆیان پێیە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر چەند خاڵێك:
1.دەسەڵاتی دەرهێنەر لەسەر راهێنانی ئەكتەرو بەرز كردنەوەی حاڵەتی هونەری و مەعنەوی.
2.بابەتی دراماكەو فەلسەفەی گەیاندنی.
3.لێوەشاوەیی كاراكتەر لەگەڵ ئەكتەرو بڕی كاریگەر بوونی بەو كاراكتەرە.
4.ئازاد كردنی ئەكتەرو فەراهەم كردنی دەرفەت بۆ داهێنان هەندێ‌ لەو ئەكتەرانە لە دیمەنێك یان دواندا دەردەكەون، كەچی لە پڕێكا دەبنە هەڵم و دیار نامێنن، بێ‌ ئەوەی پاساوێك هەبێت بۆ بەشداری كردنیان، پاساوێكیش هەبێت بۆ جێ‌ هێشتنیان.. بەگشتی زۆرێك ئەو ئەكتەرانەی لەبەرهەمەكەدا بەشداربوون، توانایەكی زێدە لە توانای خۆیان نیشانداین، بۆ بەرجەستە كردنی رۆڵەكانیان. بەڵام رۆڵی هەندێ‌ لەو ئەكتەرانە لە زەهنی بینەردا كاڵ نابنەوەو تا قەدەر حەیامێك بە زیندوویەتی دەمێننەوە.

شوكروڵڵا شێخانی:
شوكروڵڵا دەمێكی دوورە لەنواندن دوور بوو، بەڵام هەموو كات خەونی بەگەڕانەوە بۆ بەردەم كامێرا دەبینی، ئەوجارە ئەو رێكەوتە هاتە پێشەوەو رۆڵی مومتاز پاشای پێ‌ درا، كە هەڵگری ئایدیاو بیرو باوەڕێكی نەتەوەییە، هەڵوێستی جوامێرانەی نیشان داوە بەرامبەر ئینگلیزو هەمیشە هاوكارو هاوسۆز بووە لە گەڵ بزووتنەوە ئازادی خوازەكان.
لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە كەسێكی دانا بووە لەچارەسەر كردنی كێشەكان، بەتایبەت كێشەی ژن هەڵگرتنی فەرهادی كوڕی و ئایشێ‌ ی خوشكە ژنی، كە لە بری بەكاهێنانی هێزو خوێن رشتن، بە تێگەیشتن و هوشیاری چارەسەری گونجاوی بۆ ئەو كێشانە دانا، بەمەش ئەو كاراكتەرە بووە هێما بۆ نیشاندانی لۆژیك بۆ چارەسەر كردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكان. لە رووی نواندنیشەوە شوكروڵڵا توانی دەرفەتەكە قۆرخ بكات، بۆ ئەوەی مافی تەواو بە كاراكتەرەكەی خۆی بدات،
لە ِووی ئەداو ریتمی نواندن و جەستەوە. خوا چانسی ئەوەی پێ‌ بەخشی، كە لەو قۆناغەی تەمەنیدا، سەر بڵند بمینێتەوە بەرامبەر بە گەلەكەی، ئیدی ئەو(مومتاز پاشا)یە لەشوكروڵڵا شێخانی جیا نەبێتەوەو ببێتە ناونیشانی هەمیشەی.

زاهیر عەبدوڵڵا ( بەهجەت پاشا):

كۆنە كاربەدەستێكی عوسمانیەكان بوو، دوای هەرەس هێنانیان بەرامبەر بە ئینگلیز بەهجەت پاشا، ئەو رەواجەی جارانی نەما، هەوڵی دەدا بەسیخوری و ماستاو گرتنەوە، لای ئینگلیزەكان خۆی خۆشەویست كات و زەڕبەیەك لەمومتاز پاشای ناحەزی بدا، بە یاریدەی فەتحیە فەندی زۆر تۆڕو پیلانی بۆ پاشا داناوە، هیچ لەو پیلانانە سەری نەگرت، جگە لەوەی لای كابتن سعودی شكا، وەك خۆی گۆتەنی ڕەسیدی قڕانەكی نەما. زاهیر عەبدوڵڵا دوای كاراكتەری ( عومەر چاو چنۆك) لە درامای هەبوو نەبوودا، بۆ یەكەم جار دوای ئەو هەموو بەرهەمانەی پێشكەشی كرد، بەو رۆڵە لە(عومەر چاوچنۆك)ی تێپەڕاندو كاراكتەرێكی تر جێگەی گرتەوە، كە ببێتە هەنگاوێكی گەورە لە ژیانیدا. زاهیر لەساڵانی هەشتاكان تاوەكو ئێستاكە رۆڵی دەیان كاراكتەری دیوە، هەمیشە چاومان لەوە بووە عومەر چاو چنۆكێكی تر، بە فۆرمێكی تر دروست كاتەوە، بەڵام هیچیان ئەو ناونیشانە فەخریەیان، بەقەد بەهجەت پاشا پێ‌ نەبەخشی.
كابتن های ( فێڵ وێبستێر): كابتن حاكمی ئینگلیزی بوو لەهەولێر، جگە لەلایەنی سەربازی، بەردەوام یاداشتەكانی خۆیو خەڵكەكەی دەنووسییەوە، ئەو كەسێكی هوشیار بوو، ئەو ماوەیەی لە هەولێر بوو، ئازاری هیچ كەسێكی نەدا، جگە لە ئەدا كردنی ئەركی سەربازی، بەتایبەت لە هەرەس پێ‌ هێنانی هەوڵەكانی خورشید ئاغاو هەڕەشە چەكدارییەكانی بۆ سەر سوپای بەریتانی (فێڵ ویبیستیر) ئەكتەرێكی لیهاتوو بوو، هێزێكی كاریگەر بوو بۆ پرسی نواندن لەدراماكەدا، دەرهێنەر وێنەیەكی سروشتی و واقیعی بەڕوداوەكات بەخشی، بینەر ئارەزووی ئەوەی دەكرد،دیمەنەكانی (كابتن) زێتر بوایە، چونكە لەگەڵ دەركەوتنی هەستت بەوە دەكرد، لە بەردەم فیلمێكی ئینگلیزی دانیشتووی. سومەییە ڕەزایی: رۆڵی سەعدیە قاجاری ـ لە دراماكەدا بینی بوو، ئەو ئافرەتە بوو، كە لەرۆژە تەنگەتاوەكانی شەڕدا، دایكێك ( شەهرەزاد) كۆرپەیەكی خۆی ڕادەستی سەعدیە دەكات، كە كۆرپەكەی بەرێتە هەولێرو لەوێ‌ چارەیەكی لێ‌ بكات، ئەویش كۆرپەكە لە بەردەم ماڵی مومتاز پاشا فڕێ‌ دەدات، ئەوان هەڵی دەگرنەوەو بەخێوی دەكەن. دوای 14 ساڵ ئینجا (ساڵح) دایكی پەیدا دەبێتەوەو داوای دەكاتەوە، سەعدیە لەو رۆژەوەی عەزیزی خانچی ناسی بوو، خۆشی ویستبوو، سێبووری دنیای بە عەزیز دەهات، بە زمانی خۆی و بە دەم پاڕانەوە داوای لە عەزیز كرد بیخوازێ‌، بەڵام عەزیز هیچی بۆ پێ‌ نەكراو نەیتوانی ئەو ئاواتەی ئەو بینیتە دی. لە بری (عەزیز) فەتحیە فەندی نۆكەری بەهجەت پاشا كە پیاوێكی ڕەبەن بوو، مەراقی لێداو لە بەهجەت پاشا پاڕایەوە سەعدیەی بۆ بخوازێ‌، ئەویش لە ژێر هەڕەشەو چاو سوور كردنەوە سەعدیەی ناچار بەهاوسەرگیری كرد لەگەڵ فەتحی، بەڵام هاوسەرگیریەك بێ‌ خۆشەویستی.
تا رۆژێكیان دوای تێپەڕبوونی تەمەنێك، سەعدیە كەوتە پاڕانەوە لە فەتحی كە یەخەی بەرداو تەڵاقی بدا، فەتحیە فەندیش بۆی دەركەوت كە سەعدیە دادی نادا، ئەویش گەیشتە قەناعەت كە لەئاكامدا سەعدیە ئازاد كات.
لەدوا ساتدا سەعدیە گەڕایەوە لای عەزیزی مەعشوقی، بۆ ئەوەی كۆنە مرازەكەی حاسڵ بێت.
لەڕووی نواندنەوە ( سومەییە) باشترین ئەكتەری ئافرەت بوو لەدراماكە، ئەگەرچی شێوەزارێكی كوردی بەفۆنەتیكی فارسی هەبوو، بینەر باش تێی نەدەگەیشت، بەڵام نواندنێكی پڕ لە داهێنانی هەبوو، لە رووی ئەداو پێرفۆرمانسی نواندنەوە، كە كاراكتەرەكەی پڕ كات لە جۆش و خرۆش.

خەرمان هیرانی:
خەدیجە هاوسەری مومتاز پاشا بوو، لەسەرەتادا دژی بەهاوسەربوونی فەرهادو نەرمینی خۆشەویستی بوو، چونكە پێی وابوو فەرهاد لایەق بە نەرمین نیە، بەڵام كە فەرهادونەرمین سەری خۆیان هەڵگرت و دواتر ئاشت كرانەوەو مارە بری كران، بەختەوەر بوو. دواتر كێشەی عەیشێ‌ و سەلوان و كێشەی ساڵحی هاتە پێش زۆر ئازاری بەوە خوارد كە ساڵح دوای 14 ساڵ بەخێو كردن، شەهرەزادی دایكی رەسەنی خۆی هەڵبژارد. دەرهێنەر لەپەراوێزی كاراكتەری خەدیجەدا دەیتوانی شوێنێك بۆ هەستی نەتەوەیی و شۆِڕشگێڕیش بۆ ئافرەتی كورد لەو قۆناغەدا بكاتەوە، كارێك بكات ئافرەتیش لە خۆنیشاندانە جەماوەریەكە بەشداری پێ بكات .
بە تایبەت دوای ئەوەی خەدیجە هەستی بەوە كرد كە مومتازپاشاو مەحفوزە فەندی بە نهێنی ئەوان قسە لەسیاسەت دەكەن، خەدیجە نهێنیەكەی زانی و پاشا سەری ماچ كردو پێی گوت شانازیت پێوە دەكەم،
دەبوا ئەو ئاشكرا بوونەی سیاسەت گەرمتر بكرێت و بواری زێتر بدرێت بۆ چوونە ناو سیاسەت لە لایەن خەدیجەوە.
خەرمان هیرانی بۆ یەكەم جارە بەو ئاستە لەدرامایەكی كوردی دەركەوێ‌، دەرفەتێكی ئاوا باشیشی بۆ هەڵكەوێ‌، كە بەو ئاستە بەرزە نواندن بكاو توانستەكانی خۆی بەرجەستە بكات. ئەو لەحاڵەتە سۆزداریەكاندا تەواو دەچووە ناو رۆڵەكەی و نواندنەكەی پڕ بوو لەڕاستگۆیی ودوورلەهەڵچوون و زێدە رۆیی لە نواندندا. خەرمان دوای نواندنی لەشانۆیی ( باوك) ی سدیق عەزیز، رۆڵێكی تری نەبینیووە لەو ئاستەدا، كە ئێمە لە ئادیا بیندا بینیمان.

رزگار ئەحمەد ( فەتحیە فەندی) :
پیاوو كۆیلەی بەهجەت پاشا بوو، لەدوكانی كوتاڵ فرۆشتنەكە، بە هێنانی هەواڵی سیخوڕی خۆی لەلای بەهجەت خۆی خۆشەویست دەكردو جار جارەش نەخشەو پیلانی دژی مومتاز پاشا بۆ بەهجەت پاشا دادەنا. لە بری ئەو كۆیلایەتیە،
بەهجەت مرازی حاسڵ كردو بەزۆر سەعدیە خانی لێ‌ مارە كرد، لە كۆتاییشدا كە زانی سەعدیەخۆشی ناوێ‌ سێ‌ بەردەی لە دەست ناو تەڵاقی دا.
رزگارئەحمەد وەك هونەرمەندێكی كۆمێدی لەدرامای ( كەونەدەركە)بە كاراكتەری نوری كشمش ناسرا، ئەورۆڵە دوای تێپەڕبوونی نیو چارەگە سەدە زێتر، ئێستاش لە زەهنی بینەردا كاڵ نەبۆتەوە. رزگار ئەو رابووردووەی خۆی زیندوو كردەوە، ئەوجارە بە فۆرمێكی دیكە توانای نواندنی خۆی نیشان دایەوە.

رزگار زاهیر( فەرهاد):
رۆڵی فەرهادی كوڕە تاقانەكەی مومتازپاشای بینیبوو، لەو رۆژنەی ئینگلیز بەرەو داگیر كردنی هەولێر هەڵدەكشا، ئەو خەریكی خۆ تێكنان بووبۆ ڕاكردن، ئەو كات پێم سەیر بوو، كوڕە گەورەی پاشا بیەوێ‌ لەترسان لەگەڵ ژنان شار بەجێ‌ بێڵێ‌ ! ئەو كات لاوازی كاراكتەرەكەی فەرهادم بینی و لام سەیر بوو مومتاز پاشا نەیتوانیووە تۆزێك لەهەستی نیشتمانی بە كوڕەكەی ببەخشێ‌. دواتر كاتێ‌ فەرهادو نەرمین یەكتریان ناسی، زۆر بە لووت بەرزی و مەغروریەوە هەڵس و كەوتی لەگەڵ نەرمین دەكرد، بەڵام دواتر كە ڤایرۆسی خۆشەویستی لێیدا، نەك هەر بۆ نەرمین ڕوخا، بەڵكو خەوو خۆراكی لەخۆی حەرام كردو بە هەلەداوان هەلسوكەوتێكی هەرزەكارانەی نا مەقولی كرد، بێ‌ ئەوەی هیچ پرس و ڕایەك بەباوكی بكاو حیسابێك بۆ شكۆی خێزانەكەی بكات شەوێك كچەی هەڵگرت وڕایكرد، بە تەنیا پاساوێكی لاواز، كە دایكی بە هاوسەر گیری لەگەڵ نەرمین ناڕازی بووە!
ئەو كارە لە درامادا هەڵەیەكی گەورەیە كە رێگەیەكی نا لۆژیكی و نا شارستانی فێری خەڵك بكەیت و بە گەنجەكان بڵێ‌ ی ئەگەر ئەو كچەیان نەدایتێ‌ دەستی بگرەو ڕاكە، دوای ماوەیەك سوڵحێك بكەو وەرنەوە.
(رزگار) وەك نواندن لەهەموو بەرهەمەكانی پێشوو تری، لەوانەش لە (دوا شەودا) هەنگاوی باشتری هاوێشتووە، ئەگەرچی سیناریۆ رەسمێكی جوانی بۆ كاراكتەرەكەی نەكێشابوو، جگە لە رۆڵی ئاشقێكی سەر شێت نەبێت كە هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو، جگە لە ڕاكردن نەبێت.
دەرهێنەر لە دیمەنەكانی كۆتایی دا فەرهادی تێكەڵ بە جەماوەرە خۆ نیشاندەرە كرد، ویستی وەك گەنجێكی شۆڕشگێڕ نیشانی بدات، بەڵام بینەر ئەوەی دەزانی كە نیشاندانی فەرهاد لە خۆ نیشاندانەكەدا تەنیا پڕكردنەوەی بۆشایی بوو، چونكە ئەو كاراكتەرە هەرگیز بە خەیاڵیش بەلای پرسی نیشتمانییەوە نەچووەو بیریشی لێ‌ نەكردۆتەوە، ئیدی كەس نەیزانی چۆن فەرهاد لەكون فەیەكونێك بوو بە شۆِڕشگێڕ !؟

تەلار هیرانی( ئایشێ):
رۆڵی ئایشێ‌ ی خوشكی خەدیجەی بینی، كێشەی سەرەكی ئەو ئەوەبوو كە چانسی هاوسەر گیری نەبوو، بۆیە ناچاری ئەوەبوو، خۆشەویستی لەگەڵا سەلوانێكی خاوەن ژن ئەنجام بدا. كاركنەرەكەی جۆرێك لە دژایەتی بۆ دروست كردووە لەبەر ئەوەی شەڕ لەگەڵ پاشا دەكا بۆ رازی بوون بەهاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی خاوەن ژن، ئەوە دەسەلمێنێ‌ كە بڕوای تەواوی بەفرەژنی پیاو هەیە. بینەر هەست بەوە دەكا ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سەلوان و ئایشێ‌ دا هەیە، هیچ بۆنێكی خۆشەویستی لێ‌ نایێ‌ و هیچ ڕەگو ریشەیەكیشی نیە، بەڵكو پەیوەندییەكە ئامانج تەنیا هاوسەرگیرییە.
لەو درامایەدا (تەلار هیرانی) لەدیمەنی ڕووبەڕوو بوونەوەیدا لەگەڵ مومتاز پاشا بەهێزێكی درامی كاریگەرو گربانێكی بەكوڵ دەردەكەوێ‌ كە بەبوێریەوە داوای مافی مرۆیی خۆی دەكات بۆ هەڵبژاردنی ئەو كەسەی خۆشی دەوێ‌ و لەئەنجامدا وا لەمومتاز پاشا دەكات، هیچ قسەیەكی نەبێت بەرامبەر بە ئایشێ‌ و بێدەنگ بێت . نواندن بۆ تەلار هیرانی لە دراماو شانۆدا وەك یەكە، بەڵام تواناكانی لە شانۆدا لە دراما بەهێزترە. لە دیرۆكی هونەری تەلار سەتایەك هەیە بە ناو شانۆیی ( مەرگ و كچ ) ئەو سەرەتایە هەر وەك خۆی ماوەو شتێكی تری نەهاتۆتە سەر بە قەد (مەرگ و كچ) سەنگین بێت بۆ تەلار، رەنگە ئادیابین) هەولێك بێت بۆ ئەو ئامانجە..
مەولان حەمەدەمین (عەزیز توتنچی):
پیشەی توتنچی هیچ پەیوەندییەكی بەكاراكتەرەكەی مەولانەوە نیە، چونكە ئەو خانچیە، خۆ ئەگەر عەزیز خانچی بوایە، رەنگە بۆ عەزیز نازناوێكی لێوەشاوەتر دەبوو.
ئەو عەزیز توتنچیە پیاوێكی ڕەبەن بوو، تەمەنی تەواو هەڵكشابوو، بارەگاو مەنزڵگای ئەو خانە بوو، شوێنی حەوانەوەی كاروان سەراو رێبوارانی جارانی هەولێر
پیاوی مومتاز پاشابوو، قەدەر حەیامەكی لەخزمەتی ئەودا بەسەر بردبوو، بەڵام پاشا هیچ حیسابێكی بۆ نەدەكرد، جگە لە كۆیلەیەكی گوێ‌ ڕایەڵ نەبێ‌.
ئەو خانە ببوو بەهەوارێك بۆ ناساندنی زۆر لەموسافیرەكان، لەوانەش ( سەعدیە) خان، ئەو ژنەی لەیەكەم رۆژی سەردانی بۆ خان و یەكەم لوقمەی نان خواردنیان بە یەكەوە، ئاشقی ئەو عەزیزە بەد بەختە بوو، كە پیاوێكی ڕەوشت بەرزو هێمن و لەسەرخۆ بوو، ئەوی بەخەیاڵیدا نەدەهات، لەو ڕەبەنی و بێ‌ كەسی و بێ‌ سەلواییە ئافرەت بوو،
تەنانەت لەو شەوەی سەعدیە ویستی پەردە لەسەر ناخی خۆی لابەرێ‌ و كلیلی دڵی خۆی دایە دەست عەزیز و بە ڕاشكاوی و بەدەم شەپۆلی گریانەوە داوای ئەوەی لە عەزیز كرد بیخوازێ‌، كەچی عەزیزی بێ‌ دەسەڵات بەدەم گریان و خۆخواردنەوە بێ‌ ئومێدی كردو پیێ‌ راگەیاند كە هیچی پێ‌ ناكرێ‌ جگە لە گریان و خەم خواردن نەبێت.
ئەو شەوە عەزیز خۆی بەبێ‌ دەسەڵاترین مەخلوقی خوا هاتە بەرچاوی، چونكە نەیتوانی بە هانای سەعدیەی بێكەس و بێ‌ پشت و پەناوە بێت، كە بەهجەت پاشا، هەڕەشەی بەزۆر بەشوودانی لێ‌ دەكرد.
مەولان حەمەدەمین لەرووی سروشتی مرۆییەوە زۆر لە كاراكتەرەكەی خۆی نزیك بوو، هەمان ئەو خەسڵەتە تایبەتیانەی تێدابوو كە لە (عەزیز توتنچی) دا هەبوو، بۆیە ئەوەی مەولان بناسێ‌، هەست بە جیاوازییەكی ئەوتۆ ناكات لە نێوان ئەكتەرو كاراكتەرەكەی.
ئەو لە نواندن دا ریتمێكی هێمنی دوور لەهەڵچوونی هەیە، تەنانەت لەریتمی دەنگیش هەمان ریتمی جەستەی هەیە، لە ئەدای نواندن دا بەپێی پێویست كار دەكات، ئەو سروشتی بوونە جۆرێك لەجوانی بەنواندنی عەزیز بەخشیووە.
ئەدیابین بۆ مەولان دەرفەتێكی گونجاو بوو بۆ مەولان، چونكە كامێرا و هەستیاری كامێرا بۆ فۆرمی نواندنی مەولان باشترین و نزیكترین فاكتەرێكە بۆ بەرجەستە كردنی ئەو نواندنە نەرمەی مەولان .

هەندرێن عەبدولڕەحمان ( جوامێر):
جوامێر ئەو گەنجە خوێن گەرمە بوو، یەكەم جار دوای هەرەس هێنانی عوسمانیەكان و هاتنی سوپای ئینگلیز، لەگەرمەی ژاوەژاوو شڵەژانی خەڵكی هەولێر، جوامێرمان وەك گەنجێكی ئاسنگەر بینی، بەڵام دواتر نەمانزانی بۆچی دەرهێنەر ئەو ئاسنگەریەی بەجوامێر نەهێشت و كردی بەپیاوێكی ئاغا.
جوامێر هەستێكی كوردایەتی بەرزی هەبوو، كاتێ‌ عوسمانیەكان بەتێكشكاوی بە بازاڕدا تێدەپەڕین، ئەو لەگەڵ هاوڕێیەكی سوپا گەورە تێكشاوەكەی عوسمانی چەك دەكەن ( ئەمەش جۆرە موبالەغەیەكی نا مەعقولی دەرهێنەرە بوو كە دوو گەنج سوپایەك چەك بكەن!)
لە كۆتاییدا ئەو هەستە پاك و چاونەترسیە بوو وای كرد لەخۆنیشاندانە جەماوەریە گەورەكە دەستگیر بكرێت و پاشان لەسێدارە بدرێت.
رەنگە لەش و لاری جوان و ئیلقاو دەنگی، وای لەدەرهێنەر كردبێت، هندرێن وەك ئەكتەرێك بۆ ئادیابین هەڵبژێرێ‌، بەڵام بێ‌ ئەوەی بیرۆكەیەكی دیاری كراوی بۆ دروست كردنی كاراكتەرێك بۆ ئەو ئەكتەرە هەبووبێت، تەنانەت پیشەی ئاسنگەریەكەشی لێ‌ سەندەوە.
هندرێن ئەزموونێكی تازەی لەگەڵ درامادا هەیە، پێویستی بەوە هەبوو دەرهێنەر زێتر لەوەندە چاوی لەسەر نواندنی هندرێن بێت و هانی بدات جووڵەو ئەدای نەرمتر بكاتەوەو نواندنێكی سروشتی بێ‌ گرژی ئەنجام بدات.
بەڵام لە دیمەنی لەسێدارە دانەكە، زۆر شت گۆڕاو هندرێن توانی بەرجەستەی رووداوێكی كاریگەر بكات و بینەرهەست بەو ئیرادە بەهێزو خۆراگریە شۆڕشگێڕانەییە بكات كە لە روخساری جوامێر دەردەكەوت، بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی مردن.
بۆیە هندرێن بەو دیمەنە پاسپۆرتی پەڕینەوەی پێ‌ درا.

رووبارخالید( نەرمین )
نەرمین كچی مام جەبار بوو، ئەو كچەی دوكانێكی شیرینی مناڵانی هەبوو، ئاشقی تاك لایەنەی فەرهادی مومتاز پاشا بوو،كە هیچ مەیلی پێ‌ نەدەدا، دواتر توانی بەمەكربازی خۆی دڵی فەرهاد داگیر بكات و خەوو خۆراكی لێ‌ حەرام بكات،
لەئەنجامدا كە زانیان دایكی فەرهاد بە هاوسەرگیریان ڕازی نیە، سەری خۆیان هەڵگرت و پەنیان بۆ فاتمەخان برد.
تا رۆژێكیان فاتمەخان لەگەڵ مام جەبارو زەهرای دایكی، ئاشتی كردنەوەو زەماوەندی خۆیان گێڕا.
رووبار لەزمانی خۆشەویستی دەگەیشت، بەو زمانە قسەی لەگەڵ بینەر دەكرد.
ئەكتەرێكی رۆح سووك و شیرین بوو، نواندنێكی نەرم و بێ‌ گرێ‌ ی دەكرد، هەستت بەخۆش ویستنێكی ڕاستەقینە دەكرد بۆ فەرهاد، ئەم هەست كردنەی بینەر ئەنجامی راستگۆیی بوو لەگەڵ كاراكتەرو رۆڵەكەی خۆی.
رووبار لە ئادیابیندا لە دەرگا فرەوانەكەیەوە هاتە ژوور، چاوەڕوانی مەكەن بەوئاسانیە لێی دەرچێ‌.
زیاد كەریم ( سەلوان )
كە سەلوانی كوڕی بەهجەت پاشا بو، كاتی خۆی بێ‌ ویستی خۆی ژنێكیان بەسەردا سەپاند خۆشی نەدەویست، بۆیە بەردوام وەك راِوچیەك چاوبازی لە گەڵ ئایشێ‌ ی خوشكی خەدیجەی ژنی مومتاز پاشا دەكرد، كە باوكی هەردوكیان خوێنی یەكتریان فڕ دەكرد.
بەهجەت پاشا كە بە كەین و بەینی سەلوانی كوڕی و ئایشێ‌ ی زانی، زۆری پێ‌ خۆشبوو، وای مەزەندە كرد سەلوان هان دەداو ئایشێ‌ هەڵدەگرێ‌ و بەمەش حەیاو نامووسی مومتازی لە تورەگە دەكاو سعودی دەشكێنی.
بەڵام لە ئاخیردا وا دەرنەچوو، چونكە ئایشێ‌ و سەلوان بڕیارێكی عاقلانەیان داو بە مرازی خۆیان گەیشتن.
زیاد كەریم و كاراكتەرەكەی لەگەڵ یەك كۆك نەبوون، نەیدەتوانی ببێتە ئاشقێك و بە هەموو دەسەڵاتی خۆیەوە گوزارشتێكی راستگۆیانە لەو ئەشقە بكات،
زۆر بەلاوازی چووە بەردەم مومتاز پاشاو راستەوخۆ پێی گوت: پاشا لە دەركەی هاتیمە ژۆرێ‌، دەمەوێ‌ بمكەیە كوڕی خۆت.
دیمەن و دیالۆگەكە لەو ساتەوەختە گەرمە دەروونیەی پاشا ئەوەندە ساردو سڕو بوو، من بومایە لەجیاتی دەرهێنەر هەرگیز بەو دیمەنە رازی نەدەبووم ئەو دیمەنە مردووە وا بە سادەیی تێپەڕێ‌.




شوێنى نالى له‌ پرۆژه‌ى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورددا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌زموونى شیعرى شاعیرێكى گه‌وره‌ى وه‌ك (نالى) كارێكى هه‌روا ئاسان نىیه‌ له‌كاتێكدا به‌رهه‌مى(نالى)له‌ ئاستێكى به‌رزى داهێناندایه‌و جیهانبینى شیعرى (نالى) گه‌لێك له‌وه‌ فراوانترو هه‌مه‌لایه‌نتره‌ كه‌ بتوانرێت ته‌نیا له‌ ڕوانگه‌یه‌كه‌وه‌ بخوێندرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى شێوازى قورس‌و بنیادى كلاسیكانه‌ى تێروته‌سه‌ل له‌ هونه‌ره‌كانى شیعرى كلاسیكى عه‌ره‌بى‌و فارسى كه‌ ئه‌وه‌ش كرده‌ى گه‌یشتنى به‌دۆزینه‌وه‌ى ئاستى ده‌لالى یان به‌شێوه‌یه‌كى تر زمانى ئه‌ودیوى ده‌قى ئاڵۆزتر كردووه‌. یه‌كه‌مین هه‌نگاویش بۆ دۆزینه‌وه‌ى پرسیارى (نالى) له‌سه‌ر بنه‌ماى گه‌یشتن به‌خوێندنه‌وه‌ى زمانى ئه‌ودیوى ده‌قه‌كانیه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام، واته‌ خاڵى یه‌كه‌م بۆ دۆزینه‌وه‌ى پرسیارى (نالى)‌و چۆنیه‌تى ئاڕاسته‌كردنى له‌ دۆزینه‌وه‌ى ده‌لالاته‌ زمانیه‌كانى ده‌قه‌كانییه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات.
دیاره‌ ئاخاوتن له‌سه‌ر تێكڕاى ئه‌زموونى (شیعرى نالى) كارێكى گرانه‌‌و ده‌قى (نالى) زیاتر له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌ت ‌و سیماى ده‌قى زیندووه‌ كه‌ سنورى تاك ره‌هه‌ندى‌و تاك جیهانبینى ده‌به‌زێنێت. ئاستى داهێنانى نالى له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه ‌تواناى بنیادنانى ساختمانێكى زمانى قه‌شه‌نگى هه‌بووه‌. به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌دلولانه‌ى كه‌ ئه‌و پێكهاته‌ زمانییه‌ هه‌ڵیده‌گرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و جیهانبینىیه‌ گه‌ردونىیه‌ى كه‌ له‌پشتى ده‌قه‌كانى (نالى) یه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ مه‌عریفیانه‌ى كه‌ له‌ هه‌ر ده‌قێكدا به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌.
من لێره‌دا ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ى لایه‌نێك له‌به‌رهه‌مى شیعرى (نالى) بدوێم كه‌ پێشتر چه‌ند جارێك پێم له‌سه‌ر داگرتووه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لە دوای ئەحمەدی خانی، (نالى)م به‌ بنیادنه‌رى گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى داناوه‌(١)، له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ده‌رباره‌ى بنه‌ماكانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى له‌به‌رهه‌مى شیعرى (نالى)دا بدوێم. هه‌روه‌ها رووه‌ پۆزه‌تیف‌و نێگه‌تیفه‌كانى كاركردنى نالى له‌و بواره‌دا بخه‌مه‌ به‌رده‌م تێڕامان‌و لێكدانه‌وه‌و ئه‌نجامیش له‌میانه‌ى جیهانبینی شیعرییه‌وه‌ شوێنى نالى له‌و پانتایىیه‌دا ده‌ست نیشان بکەم.
گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى له‌ڕاستىدا گوتارێكى سیاسىیه‌، به‌ڵام له‌مێژوو و كه‌لتورى كوردیدا شێواندنى بارى سروشتى گه‌شه‌كردن‌و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوون وه‌هاى كردووه‌ كه‌ دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تى‌و كه‌لتورى‌و روناكبیرییه‌كانیش له‌بارى سروشتى خۆیاندا نه‌بن، هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆكارێك كه‌ شیعر به‌گه‌لێك بابه‌تى تر باربكرێت‌و ببێته‌ پانتاییه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ى مێژوو و سیاسه‌ت‌و كۆمه‌ڵناسى، ئه‌مه‌ سه‌ربارى ئه‌ركى ئیسەتیكى‌و مه‌عریفى. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ گوتارى مانه‌وه‌ى كورد كه‌ گوتارێكى سیاسىیه‌ له‌ سنورى شیعردا بۆ یه‌كه‌م جار له‌ كه‌لتورى كوردیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات‌و ده‌رده‌كه‌وێت. گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى هه‌ست‌و هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى فۆرمه‌له‌ ده‌بێت‌و له‌ گه‌وهه‌ردا بریتىیه‌ له‌ پرۆژه‌ى هێشتنه‌وه‌ى كه‌سێتى كوردى له‌ له‌ناوچوون‌و تێكشكاندنى ته‌واوه‌تى(٢)، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌م گوتاره‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى رۆحى پاراستنى له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌ ئیحاى به‌ره‌و بزاڤ‌و رابوون‌و خۆ دروست كردنه‌وه‌ش هه‌ڵده‌گرێت. واته‌ سه‌ربارى سیماو خه‌سڵه‌تىخود پاراستن جۆرێك له‌پرۆژه‌ى دژوه‌ستانیش پێشنیار ده‌كات كه‌ ئه‌ویش دیدێكى ئایینده‌خوازى هه‌ڵده‌گرێت‌و ئاماژه‌ى گه‌یشتن به‌ئاستى بوون له‌داهاتوودا هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌شه‌ كه‌ واى كردووه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌م گوتاره‌ له‌ پانتایى مێژوودا ئیش ده‌كات‌و حاڵه‌ته‌ مه‌ئلوفه‌كان ده‌دوێنێ هێشتا جۆرێك له‌ ئه‌زمونگه‌رێتى له‌خۆیدا كۆ بكاته‌وه‌و له‌هه‌مان كاتدا مامه‌ڵه‌ كردنیشى له‌گه‌لأ مێژوودا جۆرێك له‌ خه‌یاڵ‌و ئه‌ندێشه‌ى بنیادنانى یۆتۆپیا هه‌ڵبگریت. یۆتۆپیایه‌ك كه‌ مه‌وداى بوون تیایدا فراوان‌و پرسیاریش له‌بوون ره‌هه‌ندى بینینش سه‌ربارى مانه‌وه‌ى گه‌وهه‌رى ئه‌م گوتاره‌ له‌ جوغزێكى داخراودا ئه‌م تاك بینین ره‌ت بكاته‌وه‌. گوتارى (مانه‌وه‌) بووەتە جیهانبینى به‌شێكى زۆرى شیعرى كوردى، کە ئه‌وەش وه‌ك وتمان بارى سیاسى‌و مێژوویى سەپاندوویەتی.

قۆناغى مێژوویى ژیانى نالى
نالى له‌ نێوان ساڵى (1880-1856)دا ژیاوه‌ (3). قۆناغى سه‌ره‌تاو لاوێتى ژیانى تا به‌جێ هێشتنى وڵات له‌ سلێمانى‌و ده‌وروبه‌ریدا به‌سه‌ربردووه‌. له‌ڕووى مێژوویىیه‌وه‌ ته‌مه‌نى نالى ده‌كه‌وێته‌ قۆناغى كۆتایى فه‌رمانڕوایی میرنشینى بابانه‌وه‌. وه‌ك ئاشكرایه‌ میرنشینى بابان بریتى بووه‌ له‌ فه‌رمانِره‌وایىیه‌كى سنوردارى ناوچه‌یى كه‌ به‌رهه‌مىقۆناغێكى دیارى كراوى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارىیه‌. كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى له‌ڕووى نه‌شونماو به‌ره‌و پێش چوونه‌وه‌ تا ئه‌و قۆناغه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستى دروستكردنى میرنشین له‌كاتێكدا له‌ گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى گه‌شه‌ ئاسایدا كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گات به‌ ڕۆحى ره‌هاى كۆمه‌ڵگا كه‌ ئه‌ویش بریتىیه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى له‌دواى رووخاندنى ده‌وڵه‌تى میده‌وه‌ تا سه‌رده‌مى نالى توانیوویه‌تى بگاته‌ ئاستى پێكهێنانى دامه‌زراوى میرنشین كه‌ ده‌توانین بڵێین بریتىیه‌ له‌ ئاستێكى دیارى كراوى گه‌شه‌ى خێلأ. دروست بوونى میرنشین له‌ برى ده‌وڵه‌ت ماناى بوونى جۆرێك له‌ تێك چوون له‌ گه‌شه‌ى سروشتى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌دا.
لێره‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ هه‌ست‌و هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌ر وه‌ختى (میرنشینى بابان)دا یان هه‌رنه‌بووه‌ یان ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت زۆر لاواز بووه‌و ته‌نیا له‌ سنورى كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و هێزو ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ ویستوویانه‌ میرنشین داگیربكه‌ن زیاتر نه‌بووه‌. واته‌ هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى له‌سه‌ر وه‌ختى (میرنشینى بابان)دا ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت ئه‌وا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وئاسته‌ى كه‌ ببێته‌ رۆح‌و مۆتیڤى جوڵاندنى میرنشین‌و له‌سه‌ربنه‌ماى ئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یىیه‌ كاربكات وه‌ك پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندى‌و كه‌سىیه‌تى نه‌ته‌وه‌یى خۆى نمایش بكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ میرنشینى بابان له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا كه‌ له‌ میرنشینه‌ كوردىیه‌كانى تر گه‌شه‌ سه‌ندوو تربووه‌. به‌ڵام هێشتا ئیداره‌یه‌كى ناوخۆ بووه‌و ناوچه‌یه‌كى جوگرافى دیاریكراوى له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بردووه‌. لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى پێناسه‌ بكرێت كه‌ په‌یڕه‌وى هیچ سنوورێكى ده‌ستكرد ناكات له‌ كوردستاندا و به‌سه‌ر هه‌موو سنوره‌كانى پێوه‌ندى خێڵایه‌تى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ئایینى‌و مه‌زهه‌بیدا ده‌په‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وا گوتارى میرنشینى بابان بریتى بووه‌ له‌و گوتاره‌ سیاسیه‌ى كه‌ته‌نیا له‌ سنورى جوگرافى‌و ئیدارى خودى میرنشین خۆیدا بوونى هه‌بووه‌و نه‌یتوانیووه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى میرنشین. به‌واتا گوتارى میرنشینى بابان نه‌بۆته‌ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى. له‌ڕاستیدا پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بدركێنین كاتێ عه‌ره‌ب باس له‌ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى عه‌ره‌بى ده‌كه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كى خاوه‌ن ناسنامه‌ى مێژوویى‌و كه‌لتوورى هه‌یه‌ بۆى بگه‌ڕێنه‌وه‌و هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ خه‌سڵه‌ته‌كانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان دیارى بكه‌ن كه‌ئه‌و بنه‌ما ئاماده‌ش بریتىیه‌ له‌ كه‌لتورى ئیسلامى‌و فیكرى نه‌ته‌وه‌یى عه‌ره‌ب كه‌ به‌رهه‌مى فیكرى‌و عه‌قڵى چه‌ندین بیرمه‌ندى گه‌وره‌ى وه‌ك فارابى‌و غه‌زالى‌و ئیبن روشد ئیبن خه‌لدون‌و…. تاد، به‌ڵام به‌ گوێره‌ى كورد ئه‌و ئاماده‌ بوونه‌ مێژوویى‌و كه‌لتوورییه‌ى رابردووى نىیه‌ بۆیه‌ زیاتر هه‌رده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بوارى شیعر كه‌ دیار ترین ره‌گه‌زى كه‌لتوورییه‌ له‌ مێژووى كورددا كه‌ كورد كردویه‌تى به‌پانتایىیه‌ك بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى بیرو بۆچونه‌كانى له‌نێو ئه‌وانه‌شدا بۆبه‌رجه‌سته‌كردنى هه‌ست‌و هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى.
نالى هاوته‌مه‌نى نیوسه‌ده‌ى كۆتایى میرنشینى بابان بووه‌، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات، داخۆ شیعرى نالى چه‌ندێ په‌یوه‌ستى ژیانى سیاسى ئه‌و میرنشینه‌ بووه‌؟ ئایا گوتارى سیاسى میرنشین‌و گوتارى ئه‌ده‌بى نالى یه‌كیان گرتووه‌؟ یان ئایا گوتارى مانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ جیهانبینى شیعرى (نالى)دا له‌ گوتارى سیاسى میرنشین تێپه‌ڕى كردووه‌و گه‌یشتبێته‌ ئاستى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد؟ ئایا گوتارى شیعرى نالى به‌ ئاڕاسته‌ى ناوه‌ندێتى فه‌رمانڕه‌وایى میرنشین‌و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى ناوه‌ندێتى فه‌رمانڕه‌وایى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى بووه‌ یان خاوه‌نى خه‌سڵه‌ت‌و كه‌سێتى سه‌ربه‌خۆى خۆى بووه‌؟ له‌دواى هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ش ده‌پرسین ئایا گوتارى نالى پاشكۆى سیاسه‌ت‌و عه‌قڵیه‌ت‌و ستراتیژى میرنشینى بابان بووه‌ یان میرنشین له‌سه‌ر رۆحىگوتارى نالى رۆیشتووه‌؟ پێش ئه‌وه‌ى له‌دواى دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌و زنجیره‌ پرسیاره‌ى سه‌ره‌وه‌ بڕۆمِ پێم باشه‌ گوتارى مانه‌وه‌ى كورد بناسێنم، گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى بریتىیه‌ له‌ هه‌وڵدانى كورد بۆ هێشتنه‌وه‌ى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كوردو كاركردن بۆبه‌ره‌و بڵند كردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى كوردى له‌ڕووى نزیك كردنه‌وه‌ى له‌ رۆحى ره‌هاى كۆمه‌ڵگه‌ واته‌ ده‌وڵه‌ت. شان به‌شانى بنیادنانى پرۆژه‌ى بیناكردنه‌وه‌ى كه‌سێتى تێكشكاوى كوردى‌و هه‌وڵدانى بۆ گه‌یاندنى كورد به‌مێژوو.
تا ئێسته‌ له‌ مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا راوبۆچوونى باو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌حمه‌دى خانى یه‌كه‌مین شاعیرى كورده‌ له‌ڕووى مێژوویىیه‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تاى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى بنیاد ناوه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگانه‌ى كه‌ بۆ سه‌لماندنى ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌هێنرێته‌وه‌ زیاتر مایه‌ى لێدوان‌و گفتوگۆ له‌سه‌ركردنن، ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دى خانى (1650-1706) له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى پێشكه‌وتووى ئه‌وروپیدا بژیایه‌ ده‌شیا دركاندنى رایه‌كى له‌وجۆره‌ به‌رامبه‌ر به‌جیهانبینی شیعرى بێ چه‌ندو چون وه‌ربگیرایه‌، به‌ڵام هه‌رئاوا ئاسان نیه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دواكه‌وتووى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ى وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كى پیشه‌سازى ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ دەرکەوتنی بۆچوونی نەتەوەیی پەیوەست بە قۆناگە مێژووییەکەو ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی لەو کاتەدا تەنیا وەکو ئاستی پەرەسەندنی هەست و هوشیاری تاکەکەسی دەستەبژێر لێکدەدرێتەوە. ئەحمەدی خانی وەکو پیاوێكى ئایینى‌و له‌هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ست به‌ یاساو ده‌ستورو په‌یامى فكرى ئیسلامییه‌وه‌و لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەکو کۆمەڵگای کوردیی ئەو کاتەدا گوتاری نەتەوەیی بونیاد بنێت مایەی لەسەر وەستانە، کە لەو مێژووەدا بابەتی نەتەوایەتی و ناسیونالیزم لە ئەوروپاش نەبووبووە گوتاریکی خاوەن شوناس. ده‌شێ هه‌ستیارى مرۆڤ پێش قۆناغى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌و هه‌ستیارى كۆمه‌ڵایه‌تى بكه‌وێت، به‌ڵام دیسان ئه‌وپێشكه‌وتنه‌ى (هه‌ست) دوو سه‌ده‌ پێش مێژوو بکەوێت ئاسایی نیەو جێگای پرسیاری قوڵە.
مه‌به‌ستمان له‌ناو هێنانى ئه‌حمه‌دى خانى لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناشێت هه‌روا به‌ئاسانى ده‌رباره‌ى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى له‌به‌رهه‌مى شیعرى ئه‌ودا بڕیاربده‌ین‌و بەڵام بینینی بنەمای گوتارێک كه‌پێوه‌ندى به‌كوردو كرمانج‌و بارى ژیانى كورده‌وه‌ هه‌یه‌، ئەگەرچی بەس نەبێت‌ بۆ ئه‌وه‌ى جیهانبینى شیعرى خانى ناسنامه‌ى شیعرى نه‌ته‌وه‌یى تەواو وه‌ربگرێت، بەڵام ناشکرێت ئەوە بە سەرەتایەکی گرنگ دانەنرێ. ده‌شێ خانى مه‌م‌و زینى كردبێته‌ به‌هانه‌ بۆ گوزارشتکردن له‌ ژیانى ناهه‌موارى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و سنوره‌ جوگرافیایه‌ى كه‌ ژیانى تێدا گوزه‌راندووه‌ ئەوەش پەیوەندی بە ژیانى سیاسى‌و مێژوویى كوردەوە هەبووە لەو قۆناغەدا. بەڵام ئەو پرسیارەش سەرهەڵدەدات ئەگەر خانى له‌سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌یه‌مدا گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى بونیاد نا بۆچى له‌دواى خۆیه‌وه‌ ئه‌و گوتاره‌ به‌رده‌وام نه‌بوو؟ له‌ ئێسته‌دا كه‌ ئێمه‌ باسى بوون یان نه‌بوونى ئه‌و گوتاره‌ لاى نالى ده‌كه‌ین ده‌زانین ماوه‌ى نێوان ژیانى ئه‌ده‌بى خانى‌و نالى نزیكه‌ى سه‌ده‌و نیوێكه‌.
ئێمه‌ پێشتر ده‌رباره‌ى یه‌كه‌مین هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یادوه‌رى كوردى دواین‌و گوتمان باباتاهیرى هه‌مه‌دانى (930ز-1010ز) یه‌كه‌مین شاعیرى كورده‌ كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانى ره‌مزو هێما‌و ده‌لاله‌ته‌كانى ئایینى زه‌رده‌شتى (4) ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى بونى جۆرێك له‌ هه‌ستكردنه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ى ڕابردوو. رابردووى كه‌سێتى كوردى ، ده‌شێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانى هێماو ده‌لاله‌ته‌ ئایینیه‌كانى كۆنترین ئایینى نه‌ته‌وه‌ به‌ڵگه‌ى بونى جۆرێك له‌هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى بێت، به‌ڵام بوونى هه‌ستێكى ساده‌ى نه‌ته‌وه‌یى له‌ ئاستى تاكه‌ كه‌س‌و له‌پانتایى شیعریشدا كه‌شیعر زیاتر به‌رهه‌مى خه‌یالأ‌و ئه‌ندێشه‌‌و خه‌ونه‌و ناشێت وه‌ك گوتار قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت چونكه‌ كاتێ باسى گوتار ده‌كه‌ین به‌واتا ده‌بێ بنه‌ماكانى پرۆژه‌یه‌ك بۆ فۆرمه‌له‌بوونى ئه‌و گوتاره‌ ئاماده‌بوونى هه‌بێت. بنه‌ماى پڕۆژه‌یه‌كى له‌و جۆره‌ش نه‌لاى بابا تاهیرو نه‌لاى ئه‌حمه‌دى خانى نابینرێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجى ئه‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌ بده‌ین كه‌نالى تیایدا ژیاوه‌ ئه‌وا ده‌بینین نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌ له‌كوردستان به‌گشتى له‌بارێكى دواكه‌وتووى پێوه‌ندى خێڵایه‌تیدا بووه‌و كوردستان له‌ نێوان چه‌ند میرنشینێكدا دابه‌ش كراوه‌ كه‌ دیار ترینیان له‌و مێژووه‌دا میرنشینى ئه‌رده‌ڵان‌و بابان بوون كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م میرنشینانه‌ش نوێنه‌رى به‌رژه‌وه‌ندى چه‌ند خێڵێكى كوردو ناوچه‌یه‌كى جوگرافى دیارى كراو بوون‌و هه‌ریه‌كه‌ش له‌م دوو میرنشینه‌ گه‌رچى هه‌ندێ جار ویستوویانه‌ خۆیان وه‌ها نیشان بده‌ن كه‌ سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌رده‌ڵان په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ ناوه‌ندێتى ئیمپراتۆرى سه‌فه‌وى‌و بابانیش راسته‌‌وخۆ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌والى به‌غداو ناڕاسته‌وخۆش له‌رێگاى ئه‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ناوه‌ندێتى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانىیه‌وه‌. كه‌واته‌ هیچ كام له‌و دوو میر نشینه‌ خاوه‌نى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد نه‌بوون خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و میرنشینانه‌ ته‌واو سه‌ربه‌خۆش بوونایه‌ ئه‌وه‌ هێشتا هه‌ر ناكرێت به‌هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد دابنرێن، چونكه‌ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى سنوره‌كانى نێوان جوگرافیاى نه‌ته‌وه‌ ده‌ڕوخێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر میرنشین له‌ئاستى ده‌وڵه‌تیشدا بوایه‌ ماده‌م نوێنه‌رى هه‌موو نه‌ته‌وه‌ نىیه‌ هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌ى كورد نابێت. له‌م باره‌یه‌وه‌ ناجى عه‌لوش لاى وایه‌: سیسته‌مى ده‌وڵه‌تى به‌شێك له‌ نه‌ته‌وه‌ سیسته‌مێكى خێڵایه‌تى‌و تایه‌فه‌گه‌رى ده‌بێت‌و به‌پێچه‌وانه‌ى پڕۆژه‌ى رێنسانسى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه‌ ده‌بێت(5) هه‌ر به‌م پێودانگه‌ هیچ كام له‌و دوو میرنشینه‌ى له‌سه‌رده‌مى ژیانى (نالى) دا هێشتا له‌فه‌رماندا مابوون هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى‌و پڕۆژه‌ى رێنسانسى نه‌ته‌وه‌یى كورد نه‌بوون.
به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ میرنشینى بابان هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى نه‌بووه‌و په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ ناوه‌ندێتى ده‌وڵه‌تى عوسمانى‌و له‌ڕووى یاساو ده‌ستورو شه‌ریعه‌تى ئیسلامه‌وه‌ له‌ڕووى دامه‌زراوى به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ دامه‌زراوى به‌ڕێوه‌بردنى خێڵایه‌تى بووه‌، به‌ڵام هێشتا میرنشینى بابان خاوه‌نى كه‌سێتىیه‌كى دیارى خۆى بووه‌و له‌دیارترین میرنشینه‌كانى كورد ده‌ژمێردرێت‌وهه‌ر له‌سه‌رده‌م‌و له‌سه‌روه‌ختى فه‌رمانڕه‌وایى ئه‌ویشدا شارى سلێمانى دروست كراوه‌ كه‌ له‌پێشه‌نگى ئه‌و شارانه‌یه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ خه‌سڵه‌تى شاریان هه‌یه‌، دروست بوونى سلێمانى له‌سه‌رده‌مى میرنشینى (بابان)دا به‌ره‌و ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ سه‌رنجمان راده‌كێشێ كه‌ له‌گه‌لأ دروست بوونى شاردا سه‌ره‌تایه‌كى ساده‌ى پیشه‌سازى ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ سلێمانى وه‌ك شار كه‌ دروست بووه‌ به‌سروشتى خۆى له‌ئه‌نجامى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى له‌و ناوچه‌یه‌دا دروست نه‌بووه‌. به‌ڵكو نه‌خشه‌ى شارو چۆنیه‌تى دروست كردنى بیناو شه‌قام‌و بازاڕو ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌ده‌ره‌وه‌ى كوردستان هێنراوه‌ واته‌ پڕۆژه‌ى بیناسازى دروست كردنى كوردستان له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌رهه‌مى عه‌قڵى كوردى نه‌بووه‌. خواستى عه‌قڵى بیناسازى‌و ئه‌ندازیارى له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ بنیادنانى سلێمانى له‌گه‌ڵ خۆیدا سه‌ره‌تا ساده‌كانى پیشه‌سازى له‌گه‌لأ خۆیدا هێناوه‌. هه‌ر به‌و پێیه‌ش له‌لایه‌ك بنه‌مایه‌كى ساده‌ى مه‌سه‌له‌ى هه‌ستیارى نه‌ته‌وه‌یشى له‌گه‌ڵدا هاتووه‌. له‌لایه‌كى تره‌وه‌ بنیادنانى سلێمانى وه‌ك شارێكى هاوچه‌رخ كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ستى دانیشتوانه‌كه‌شى هه‌بووه‌و به‌ره‌و هاوچه‌رخێتى پاڵى ناون كه‌دروست بوونى ئاستێكى ساده‌ له‌ هه‌ستیارى نه‌ته‌وه‌یى له‌م شاره‌دا به‌تایبه‌تى له‌نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مدا زیاتر رووى میرنشینى له‌خێڵایه‌تىیه‌وه‌ به‌ره‌و میرنشینى نه‌ته‌وه‌یى گۆڕیوه‌. دروست بوونى شارى سلێمانى به‌و شێوه‌یه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ باسكرا له‌ دوو لاوه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر ناسروستى دروست بوونى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى كوردى له‌ قۆناغه‌كانى دواتردا هه‌بووه‌.
یه‌كه‌میان له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ (سلێمانى)دا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌سروشتى دروست نه‌بووه‌، له‌ قۆناغه‌كانى دواتریشدا ئه‌وكاریگه‌رییه‌ى پێوه‌ دیار بووه‌ ته‌نانه‌ت تا ئێستاش له‌ڕوكه‌شدایه‌..و ناتوانێت شۆڕبێته‌وه‌ بۆ نێو رۆحى ئینسانى كورد چونكه‌ سیفه‌تى سه‌رخانێكى خواستراوى هه‌یه‌، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خواستنه‌ ده‌ره‌كیه‌ له‌گه‌ڵ خواستنى عه‌قڵى بنیادنانى شاردا كاریگه‌رى نێگه‌تیفى له‌سه‌ر پانتایى هه‌ست‌و نه‌ستى ئینسانى كورد نه‌بوایه‌‌و كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى له‌م ناوچه‌یه‌دا له‌ ئه‌نجامى گه‌شه‌ى خۆیدا ئه‌و شاره‌ى دروست بكردایه‌، ئه‌وا هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى له‌ ئه‌نجامى گه‌شه‌ى ناوخۆى خودى كۆمه‌ڵگه‌ى خێڵایه‌تى كوردیدا به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى دروست ده‌بوو، ئه‌وده‌مه‌ش هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى ڕه‌گ‌و ریشه‌یه‌كى به‌هێزترى ده‌بوو له‌ ڕووكه‌شدا نه‌ده‌مایه‌وه‌و به‌ڵكو هه‌ر خۆى له‌ ناخى كۆمه‌ڵایه‌تى ئینسانى كورده‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵا‌و له‌ سنورى هه‌ستیشه‌وه‌ ده‌گوازرایه‌وه‌ بۆ سنورى هۆشیارى.
به‌تێڕوانینى من دروست بوونى سلێمانى به‌شێوه‌یه‌كى سیاسیانه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامى بڕیارى میرنشین بوو له‌برى ئه‌وه‌ى به‌ سروشتى‌و له‌ئه‌نجامى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ناوچه‌كه‌دا بوایه‌ بۆته‌ هۆى شێواندنى دروستبوونى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى كورد هه‌ر له‌یه‌كه‌م له‌دایكبوونیه‌وه‌.
نالى وه‌ك شاعیرێكى داهێنه‌رى هه‌ستیار هاوچه‌رخى ئه‌و قۆناغه‌ مێژوویه‌ی ژیانى سیاسى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى مێژوویى میر نشینى بابان‌و سلێمانىیه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئایا نالى له‌ژێر كاریگه‌رى شارو گوشارى میرنشیندایه‌ یان به‌شێوه‌یه‌كى تر جیهانبینى شیعرى نالى به‌كاریگه‌رى شارو ئاماده‌بوونى میر نشین له‌ سنوورى شاردا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نالى وه‌ك شاعیرێكى داهێنه‌ر له‌و دیوى سنورى شارو میر نشینه‌وه‌ یۆتۆپیایه‌ك دروست ده‌كات‌و ده‌خوازێت میر نشین‌و شار بگه‌نه‌ ئاستى ئه‌و یۆتۆپیا قه‌شه‌نگه‌ ؟
نالى شاعیرێكى دیارو داهێنه‌رى سنورى میرنشینى بابان بووه‌. بۆیه‌ به‌ له‌به‌رچاو گرتنى ئه‌و مێژووه‌ كه‌ میرنشینى بابان فه‌رمانڕه‌وا بووه‌و ((نالى))یش له‌ لایه‌ك شاعیرێكى دیارو له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ هه‌م مه‌لاو هه‌م سه‌ر به‌یه‌كێك له‌ خێڵه‌ دیاره‌كانى سنورى بابان بووه‌ ئه‌ویش جافى میكایه‌ڵییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناشێت نالى له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و میرنشینه‌دا بێ لایه‌ن بووبێت. كه‌واته‌ یان نالى له‌گه‌لأ ئه‌و میرنشینه‌ بووه‌و وه‌ك شاعیرى میرنشین خۆى نیشانداوه‌ یان له‌ هه‌ڵوێستى دژى سیاسه‌ت‌و ستراتیژى میرنشین دا بووه‌. له‌به‌رهه‌مى شیعرى (نالى)دا به‌ڵگه‌ى شیعرى بۆ دژایه‌تى كردنى میرنشین نادۆزینه‌وه‌ به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات ئه‌گه‌ر نالى له‌گه‌لأ سیاسه‌تى میرنشین ته‌با بووه‌ داخۆ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بووه‌ كه‌ میرنشینى به‌نوێنه‌رى باڵاى نه‌ته‌وه‌كه‌ى زانیوه‌؟ یان له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نالى وه‌ك مه‌لایه‌كى ئایینى به‌و چاوه‌ ڕوانیووێتى كه‌ میرنشینى بابان له‌ سنورى (سلێمانى)دا نوێنه‌رى راسته‌قینه‌ى فه‌رمانڕه‌وایى ئیسلامى بووه‌؟ گه‌ڕان له‌ دواى وه‌ڵامى ئه‌م دووپرسیاره‌و پرسیاره‌كانى تریش رێگا خۆش ده‌كات بۆ دیارى كردنى رۆڵى (نالى) له‌ بنیادنانى پڕۆژه‌ى گوتارى مانه‌وه‌ى كورددا.
دیاره‌ گومان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ نالى وه‌ك شاعیرێكى پایه‌ به‌رز سه‌رچاوه‌ى زانست‌و زانیارى‌و روناكبیرى بریتى بووه‌ له‌ كه‌لتوورى ئیسلامى‌و هه‌ر له‌ سایه‌ى ئه‌و كه‌لتووره‌شدا له‌ ناوچه‌یه‌كى دواكه‌وتووى كوردستاندا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و پله‌ باڵایه‌ى ئاستى ڕووناكبیرى كه‌ ئه‌نجام ببێته‌ یه‌كێك له‌ لووتكه‌ دیاره‌كانى شیعرى كوردى له‌مێژووى كۆن‌و نوێدا. هه‌ڵبه‌ته‌ نالى وه‌ك مه‌لایه‌كى ئایینى ئیلتیزامى به‌ گه‌وهه‌رى ئایینه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و ئیلتیزامه‌ گه‌یاندویه‌تییه‌ ئاستى ته‌ماهى كردن‌و تواندنه‌وه‌ له‌رۆحى ئایینه‌كه‌دا یان سه‌ربارى ئیلتیزامى ته‌واویش به‌پره‌نسیب‌و ده‌ستووره‌كانى ئیسلامه‌وه‌ خودێكى زیندوو كه‌ سیماى كه‌سێتى كوردییه‌ هه‌رماوه‌و ئه‌ویش بریتى بووه‌ له‌ كه‌سێتى نالى كه‌ هه‌نگاوى به‌ره‌و دابڕان له‌ گه‌وهه‌رى گوتارى سیاسى ئایینى ئیسلام ناوه‌؟ یان له‌ ئاڕاسته‌یه‌كى تردا نالى له‌برى ئه‌وه‌ى له‌نێو گه‌وهه‌رى كه‌لتوورى ئیسلامدا بتوێته‌وه‌، داخۆ هه‌وڵیداوه‌ گوتارى مانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى كوردو گوتارى ئایینى یه‌ك بخات‌و به‌و پێیه‌ش گوتارى ئایینى ئیسلام به‌ به‌رژه‌وه‌ندى دروست كردنه‌وه‌ى كه‌سێتى تێكشكاوى كوردى به‌كاربهێنێت؟
ئێمه‌ پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ناكرێت دوور له‌بارو دۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و مێژوویى‌و ئاستى ژیانى سیاسى‌و فیكرى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى ئه‌و قۆناغه‌ى كه‌نالى تێدا ژیاوه‌. وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى سه‌ره‌وه‌مان ده‌ستگیرببێت. هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌شمان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ نالى هاوچه‌رخى دوا قۆناغى میرنشینى بابان بووه‌ كه‌ میرنشینێكى خێڵایه‌تى كوردى بووه‌و هه‌ست‌و هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى كوردیش وه‌ك ده‌رئه‌نجامى سروشتى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست نه‌بوون. دروست بوونى شارى سلێمانیش وه‌ك شارێكى هاوچه‌رخ له‌ كۆتایى سه‌ده‌ى هه‌ژده‌یه‌مدا‌و بوونى به‌ پایته‌ختى میر نشین له‌ ئه‌نجامى گه‌شه‌ى ئاسایى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى له‌و ناوچه‌یه‌دا نه‌بووه‌، به‌ڵكو سلێمانى به‌ بڕیارێكى سیاسى میرانى بابان دروست بووه‌ تا بیكه‌نه‌ پایته‌ختى میرنشینه‌كه‌یان. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات ئایا بیركردنه‌وه‌ له‌ دروستكردنى سلێمانى‌و كردنى به‌ پایته‌ختى میرنشین به‌رهه‌مى ئه‌قڵى كوردى خۆیه‌تى یان به‌ ڕێنمایى‌و پێشنیارى ده‌ره‌وه‌ بووه‌؟ ئایا نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ى بیناسازى سلێمانى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ واته‌ له‌ ڕۆژئاوا قه‌رز كرا له‌ ئه‌نجامى ئه‌قلأ‌و سه‌لیقه‌ پێشكانى میرانى بابان خۆیان واته‌ (كورد)بووه‌ یان ئه‌ویش به‌ ڕێنمایى عه‌قڵى ئه‌وانى تربوو؟ ئه‌و پرسیارانه‌ پێویستیان به‌ وه‌ڵامى مێژوویى‌و سیۆسیۆلۆژى هه‌یه‌ كه‌ من لێره‌دا به‌جێیان ده‌هێڵم له‌ لێكوڵینه‌وه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆدا كه‌ له‌سه‌ر (میرنشینى بابان‌و دوا قۆناغ له‌گه‌شه‌ى خێڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى) هه‌وڵى دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌ده‌ین.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى خۆیه‌تى ئاماژه‌ى بۆ بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوتارى میرنشینى بابان گوتارێكى خێڵایه‌تى بووه‌ واته‌ هه‌ست‌و هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى بوون به‌خۆى ببڕێت دروست نه‌بووه‌. هه‌ر لاوازى‌و نه‌بوونى ئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یىیه‌ وه‌هاى كردووه‌ كه‌ میرنشینه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامى كێشه‌ى نێوان سه‌رانى میرنشیندا هه‌ره‌س بهێنێت.
(نالى) ئه‌گه‌ر هه‌ست‌و هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یشى به‌هێز نه‌بووبێت ئه‌وا وه‌ك كه‌سێكى ڕووناكبیرى ئه‌و سه‌رده‌مه‌و وه‌ك شاعیرێكى داهێنه‌ریش هه‌ستى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌چى پێویسته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى‌و مانه‌وه‌ی میرنشین‌و چیش ده‌بێته‌ هۆى هه‌ره‌س هێنان‌و له‌ناوچوونى هه‌ر ئه‌و هه‌ستكردنه‌ وه‌هاى كردووه‌ له‌ئاستى هه‌ر كارێكى په‌سه‌ندا دڵخۆش‌و خه‌نى بێت‌و زۆر جاریش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دروستانه‌ى میرنشین كار له‌ هه‌ستى شاعیرانه‌ى نالى بكه‌ن‌و ئه‌و حاڵه‌ته‌ش بگوازرێته‌وه‌ بۆنێو پانتایى ده‌قه‌ شیعرییه‌كانى نالى، وه‌سف كردنى پاسه‌وانه‌كانى ئه‌حمه‌د پاشا سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه‌ ڕاده‌كێشێت كه‌ ئه‌و یۆتۆپیایه‌ى نالى له‌ خه‌یاڵى مه‌ودا فراوانى شیعرى خۆیدا دروستى ده‌كات كۆمارێكى نمونه‌یى بێت‌و ئه‌حمه‌د پاشا له‌ لووتكه‌ى هه‌ره‌مى ئه‌و یۆتۆپیایه‌دا بێت‌و پاسه‌وانه‌كانیش سوپاى پارێزه‌رى یۆتۆپیاكه‌ بن.
ئه‌م تاقمه‌ مومتازه‌ كه‌وا خاصه‌یى شاهن
ئاشوبى دڵى مه‌مله‌كه‌ت‌و قه‌لبى سوپاهن.
گه‌رچى ئه‌ولێكدانه‌وه‌یه‌ى له‌ دیوانى (نالى)دا بۆ ئه‌م به‌یته‌ كراوه‌ جۆرێكى تره‌و وشه‌ى ئاشوب‌و قه‌لب وه‌ها لێكدراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا ماناى ڕووكه‌شیان وه‌رگیراوه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ وشه‌ یان دێڕه‌كه‌ به‌جیاو به‌بێ دۆزینه‌وه‌ى ده‌لاله‌ته‌كانى له‌ سیاقى ده‌قه‌كه‌دا وه‌رگیراون. به‌ڵام لێكدانه‌وه‌ى دروستى ده‌لاله‌تى ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نالى له‌ خه‌یاڵدا یان به‌خه‌ون یۆتۆپیایه‌ك دروست ده‌كات‌و ئه‌و یۆتۆپیایه‌ش مه‌مله‌كه‌تى بابانه‌ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ش سوپایه‌كى دلێرى له‌ گه‌نج‌و لاوان پێویسته‌ تاپارێزراو بێت. ئه‌و سوپایه‌ش له‌ده‌ورى میر كۆده‌بنه‌وه‌و مه‌مله‌كه‌ت ده‌پارێزن ده‌سته‌ى ئه‌حمه‌د پاشا ده‌سته‌ى چاپووكى ئه‌و سوپایه‌ن كه‌ گڕوكڵپه‌ى ناو جه‌رگه‌ى مه‌مله‌كه‌تن‌و هه‌ر خۆشیان هێزى بزوێنه‌رى سه‌رجه‌م سوپاى میرنشینى بابانن واته‌ ئه‌و یۆتۆپیایه‌ى كه‌ نالى به‌خه‌یالأ دروستى كردووه‌ به‌پێى ئه‌ولێكدانه‌وانه‌ى كه‌ گوایه‌ نالى له‌سه‌رده‌مى ئه‌حمه‌د پاشادا له‌ سلێمانى نه‌ماوه‌و دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ساڵى 1839 ئه‌حمه‌د پاشا بۆته‌ میرى بابان‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ مامۆستا جه‌مال بابان ده‌ڵێت: ئه‌حمه‌د پاشا گه‌وره‌ترین كوڕى سلێمان پاشا بوو ساڵى 1839 جێگاى باوكى گرته‌وه‌. ئه‌م میره‌ میرێكى لێهاتوو‌و مه‌ردبوو، جۆرێك له‌دلأ ڕه‌قى تێدا بوو، ئاره‌زووى دروستكردنى سوپایه‌كى رێك‌و پێكى هه‌بوو كه‌ به‌ نوێترین شێوه‌ پڕچه‌كى بكات.(6)
لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ى نالى له‌و قه‌سیده‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌ى ده‌كات بریتىیه‌ له‌ خه‌ون یان به‌رهه‌مى خه‌یالأ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌لأ مێژوودا لێك ده‌دات، به‌ڵام ده‌لاله‌تى قوڵى ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ له‌ سنورى ئه‌و یۆتۆپیایه‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ سنووره‌ نادیاره‌كانى له‌و دیوى سنوورى داخراو ناسراوى مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ى ئه‌حمه‌د پاشاوه‌یه‌. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین سه‌ربارى بوونى به‌ڵگه‌یه‌كى مێژوویى بۆ سه‌لماندنى بوونى ئه‌و سوپایه‌ له‌سه‌ر وه‌ختى ئه‌حمه‌د پاشادا، به‌ڵام ناشێت بڕوا به‌وه‌ بهێنین كه‌ میرنشینێكى خێڵایه‌تى كوردى له‌نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مدا ده‌سته‌یه‌كى وا نمونه‌یى له‌ سوپا هه‌بووبێت، دیسان ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى زیاتر به‌هێزكردنى خه‌یاڵه‌ ئه‌فسونگه‌ریىیه‌كه‌ى (نالى) یه‌ بۆ بنیادنانى یۆتۆپیایه‌ك كه‌ جێگاى خه‌ونه‌ مه‌ودا قووڵه‌كانى ئه‌وى داهێنه‌رى تێدا ببێته‌وه‌.
ده‌شێ له‌پشتى ئه‌م قه‌سیده‌وه‌ جۆرێك له‌هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى هه‌بێت، به‌ڵام به‌ لێكدانه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌و ڕوانگه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان تا ئێسته‌ وامان له‌ میرنشینى بابان روانیووه‌ كه‌ هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورده‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئێسته‌ به‌وردى سه‌یر بكه‌ین‌و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى پێشتر گوتمان كه‌ گوتارى میرنشین گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد نىیه‌. به‌ڵكو گوتارى خێڵایه‌تى كوردىیه‌ كه‌ له‌ قۆناغێكدا توانیویه‌تى میرنشین دروست بكات. نالى له‌ دوو ڕوانگه‌وه‌ یۆتۆپیاى بابان دروست ده‌كات، پاسه‌وانه‌كانى ئه‌حمه‌د پاشاش وه‌ك سوپایه‌كى نمونه‌یى وه‌سف ده‌كات.
یه‌كه‌میان له‌و ڕوانگه‌وه‌یه‌ كه‌ گوتارى نالى هاوشانى گوتارى میرنشینى بابانه‌ نالیش وا ده‌ڕوانێ كه‌ بابان به‌رزترین ئاستى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى دروستى كردووه‌. واته‌ له‌ تێڕوانینى (نالى)یه‌وه‌ میرنشینى بابان نمونه‌ى باڵاى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى كورده‌و ده‌بێ ئه‌میش له‌گه‌ڵیدابێت.
ئالێره‌وه‌ ماهیه‌تى گوتارى نالى له‌ مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تى ئاشكرا ده‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ چاوى ده‌سه‌ڵات‌و ستراتیژى میرنشینه‌وه‌ كورد ده‌بینێ بۆیه‌ رۆحى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى به‌ئه‌ندازه‌ى رۆحى گه‌شه‌ سه‌ندوى میرنشینى بابانه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ نالى نه‌یتوانیوه‌ گوتارێكى نه‌ته‌وه‌یى مه‌ودا فراوانتر له‌ گوتارى سیاسى میرنشینى بابان دروست بكات، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گوتارى سیاسى میرنشین نه‌خشه‌ِ ڕێژى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ى رێنسانسى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه‌ بڕوانین‌و شێوازى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و به‌و پێیه‌ش گه‌شه‌ى فیكرى‌و رووناكبیرى سروشتى بێت ده‌بێ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى سنوورى گوتارى سنوورته‌سكى میرنشینى بابانى تێك بشكاندایه‌و بپه‌ڕییایه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌موو جوگرافیاى نه‌ته‌وه‌.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ نالى كه‌ وێنه‌یه‌كى یۆتۆپیایانه‌ى پاسه‌وانه‌كانى ئه‌حمه‌د پاشا ده‌كێشێت ده‌شێ هیچ مۆتیڤێكى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى بوونى نه‌بێت‌و نالى وه‌ك به‌شێك له‌ ئیداره‌ى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌میرنشینى بابان بڕوانێت‌و هه‌ر كارێكى په‌سه‌ندو هه‌ر دیمه‌نێكى سوپایى به‌هێز له‌ سنورى میرنشینى (بابان)دا به‌شان‌و شكۆى ده‌وڵه‌تى ئیسلامی بزانێت‌و میریش به‌و جێنشینه‌ دڵسۆزه‌ بزانێت كه‌ وه‌ڵامى خۆى بۆ ناوه‌ندى (فه‌رمانڕه‌وایى) به‌جوانى جێ به‌جێ ده‌كات. لێره‌دا مه‌به‌ستمان كه‌مكردنه‌وه‌ى تێڕوانینى نالى نىیه‌، چونكه‌ ده‌شیا نالى له‌م ڕوانگه‌یه‌شیانه‌وه‌ بنیادى پڕۆژه‌ى پێكهێنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى بنایه‌ كه‌ ئه‌میان جێ ده‌هێڵین بۆ دوایى‌و جارێكى تر بۆى ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ به‌تایبه‌تى كه‌ باسى هۆى كۆچ كردنى نالى‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى بكرێت.
یه‌كێك له‌شیعره‌ دیاره‌كانى نالى كه‌ تائێسته‌ ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر (نالى)یان نووسیووه‌ جگه‌ له‌ گیوى موكریانى ئه‌وانى تر به‌ به‌ڵگه‌ى هه‌ستى كوردایه‌تى نالى ده‌زانن من پێم باشه‌ له‌میانه‌ى خوێندنه‌وه‌ى شیعره‌كه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ین. نه‌ك به‌ بوونى وشه‌ى كوردو كوردى ئیتر وه‌ها تێبگه‌ین ئه‌وه‌ نالى گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى بنیادناوه‌. هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ بۆچوونه‌كه‌ى گیو مایه‌ى قسه‌ له‌سه‌ركردنه‌. چونكه‌ ناكرێت تۆ وه‌ك پێویست داواى شتێك له‌ شاعیر بكه‌یت كه‌ له‌ڕووى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تىیه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ نه‌گه‌یشتبێته‌ ئه‌و ئاسته‌. له‌ بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ به‌راودكردنى نالى له‌و قۆناغه‌دا له‌ڕووى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه‌ به‌شاعیرانى فارس‌و عه‌ره‌ب كارێكى نادروسته‌ چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌ مێژوویه‌كى ئاماده‌و كه‌لتورێكى ئاماده‌ى پێشتریان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى نالى ئه‌و زه‌مینه‌ ئاماده‌یه‌ بوونى نه‌بووه‌.
نالى ده‌ڵێت:
ته‌بعى شه‌ككر بارى من، كوردى ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا
ئیمتحانى خۆیه‌ مه‌قصودى له‌ (عمدا) واده‌كا
یا له‌ مه‌یدانى فه‌صاحه‌تدا به‌ میپلى شه‌ه سوار
بێ ته‌ئه‌ممول به‌و هه‌موو نه‌وعه‌ زوبانى ڕاده‌كا
كه‌س به‌ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه‌ خۆ كردییه‌
هه‌ر كه‌سێ نادان نه‌بێ خۆى تالبى مه‌عنا ده‌كا
بێته‌ حوجره‌م پارچه‌ پارچه‌ى موسوه‌ده‌م بكرێ به‌ڕۆح
هه‌ركه‌سێ كوتاڵ‌و پارچه‌ى بێ به‌ده‌ڵ سه‌ودا ده‌كا
شیعرى خه‌ڵقى كه‌ى ده‌گاته‌ شیعرى من بۆ نازكى؟!
كه‌ى له‌دیققه‌تدا په‌تك ده‌عوا له‌گه‌ڵ هه‌ودا ده‌كا؟!)

نالى لێره‌دا به‌یانى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌ كوردى شیعر بنووسێت. لێره‌شدا یان ئه‌وه‌تا نالى له‌پێش ئه‌م شیعره‌دا شیعرى به‌ كوردى نه‌نوسیووه‌و ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونیه‌تى، یان خودى ئه‌م شیعره‌ وه‌ڵامه‌ وه‌ك له‌ دیوانى (نالى) دا هاتووه‌(7) بۆ كه‌سانێك ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان له‌ نالى گرتووه‌ كه‌ به‌كوردى شیعر ده‌نووسێ. به‌هه‌رحالأ ئه‌مه‌یان هێنده‌گرنگ نىیه‌. به‌ڵكو ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌و جیهانبینىیه‌یه‌ كه‌ له‌پشتى ده‌قه‌وه‌ وه‌ستاوه‌.
ڕاسته‌و خودى بكه‌ر له‌شیعره‌كه‌دا كه‌ خودى (نالى) یه‌ له‌ كاردانه‌وه‌یه‌كدا هه‌ڵوێستى خۆى ده‌رده‌بڕێت‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش دوو ئاڕاسته‌ى هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌. یه‌كێك وه‌سف كردنى تواناى خۆیه‌تى كه‌ چۆن یارى نێوان زمانه‌كان ده‌كات‌و له‌و بواره‌شدا زمانى كوردى كه‌تا ئه‌وكاته‌ جگه‌ له‌ شێوازى فۆلكلۆرى شیعرى نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ باڵایه‌ى به‌كارهێنانى كه‌ نالى به‌كارى هێناوه‌ به‌تایبه‌تى كه‌ نالى شێوازى شیعرى لێره‌دا مه‌به‌ست عه‌روزو هونه‌ره‌كانى ترى شیعرى عه‌ره‌بى‌و فارسىیه‌ له‌ كوردیدا به‌كارده‌هێنێت كه‌ ئه‌وه‌ش خاڵێكى لاوازه‌ له‌ ڕوِوى گوتارى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌.
ئاڕاسته‌ى دووه‌م وه‌سف كردنى تواناى داهێنانى خۆیه‌تى كه‌ له‌پڕۆسه‌یه‌كى به‌راوردكاریدا به‌رهه‌مى خۆى له‌ لووتكه‌دا ده‌بینێت كاتێ به‌راوردى ده‌كات به‌ به‌رهه‌مى شاعیرانى تر، ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ش هه‌ر له‌پێناوى سه‌لماندنى شاه سوارى خۆیدایه‌ له‌بوارى (داهێنان)دا، به‌ڵام ده‌شێ واى لێك بده‌ینه‌وه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆشایىیه‌كى مێژوویى‌و كه‌لتوورى له‌پشتى ئه‌و بۆچوونه‌ى (نالى)یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت‌و ڕاستیه‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌پێش ئه‌و له‌مێژووى كوردا پانتاییه‌كى گه‌وره‌ى بێكردارله‌ڕووى داهێنان‌و بگره‌ نووسینیشه‌وه‌ هه‌بووه‌ بۆیه‌ نالى وه‌ك یه‌كه‌م كه‌سى داهێنه‌ر به‌یانى شۆڕشه‌كه‌ى خۆى ده‌كات كه‌ له‌ نووسینى شیعردا گه‌وهه‌رى به‌یانكردنه‌كه‌ى نالیش هه‌ڵوێستى كه‌سێكه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت رۆڵى خۆى له‌ مێژوویه‌كى بێ كردار وه‌ك بكه‌رێكى خاوه‌ن كردارى ڕووداو دروست كه‌ر نیشان بدات. هه‌ر لێره‌وه‌ گرنگى رۆڵى نالى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌مێژووى ئێمه‌دا ده‌یه‌وێت له‌ رێگاى داهێنانه‌وه‌ به‌زمانى كوردى له‌ پانتایىیه‌كدا كه‌ بكه‌رى تیا دروست نه‌بووه‌ ئه‌م خۆى ببێته‌ بكه‌ر. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ته‌نیا بریتى نىیه‌ له‌كارێكى تاكه‌ كه‌سى‌و چیتر له‌دوایه‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێكى تر نه‌نرێت. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نالى له‌و شۆڕشه‌یدا بنه‌ماى پڕۆژه‌یه‌ك داده‌نێت كه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌نگاوى یه‌كه‌مه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زمانى نه‌ته‌وه‌ با نالى ئه‌و هه‌نگاوه‌شى له‌ژێر كاریگه‌رى مۆتیڤى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تیشدا نه‌نابێت‌و سه‌رچاوه‌كه‌ى بریتىبێ له‌ گه‌ڕانی خودێكى داهێنه‌ر به‌دواى ئه‌زموونى نوێدا نالى له‌ هه‌ڵوێستى ئه‌زموونگه‌رانه‌ى داهێنانى شیعریدا رێگاى له‌وه‌ كه‌وتبێت عه‌روزى عه‌ره‌بى‌و شێوازى شیعرى فارسى به‌زمانى كوردى له‌ نووسینى شیعردا به‌كار بهێنێت، به‌ڵام ئه‌نجام هه‌ر به‌وه‌ ده‌گات كه‌ نالى زمانى نه‌ته‌وایه‌تى ده‌كات به‌زمانى شیعر. چونكه‌ یه‌كێك له‌ توخمه‌كانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى بریتىیه‌ له‌ زمان. به‌ڵام نالى ئینقلابێك به‌سه‌ر شێوازى شیعرى كوردى پێشتردا ده‌كات كه‌ به‌كێشى په‌نجه‌ یان فۆلكلۆرى كوردى بوو ئه‌وه‌ش له‌گاتاكانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ ره‌سه‌نایه‌تیه‌كى كوردى هه‌یه‌.
(نالى) له‌و هه‌ڵوێسته‌شدا زیاتر بنه‌ماكانى گوتاره‌كه‌ى به‌هێز ده‌كات‌و هه‌ر له‌ سنوورى وشه‌دا نایهێڵێته‌وه‌ ئه‌گه‌رچى به‌ چه‌مكى (بارت)‌وشه‌ى خۆى فیكره‌. به‌ڵكو قووڵ ده‌بێته‌وه‌ بۆ مانا واته‌ بۆ مه‌به‌ست له‌ به‌كارهێنانى ئه‌و زمانه‌ كاتێ ده‌ڵێت:

كه‌س به‌ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه‌ خۆ كردییه‌
هه‌ر كه‌سێ نادان نه‌بێ خۆى تالیبى مه‌عنا ده‌كا

ئه‌گه‌ر سه‌رنجى ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ بده‌ین له‌پشتى ئه‌م دوودێڕه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نالى له‌ دوو ئاستدا هه‌ست به‌ كه‌مێتى‌و نا ئاماده‌بوون ده‌كات. ئاستى یه‌كه‌م (كه‌س به‌ئه‌لفاڤم نه‌ڵێ خۆ كوردییه‌) وشه‌ى (خۆ) لێره‌دا ده‌لاله‌تى جۆرێك له‌ دڵنیا كردن هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ئه‌ویش دڵنیاكردنێكى نێگه‌تیڤه‌، چونكه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ كوردى له‌ ئاستێكى نزمدایه‌‌و ده‌شێ ئه‌وانى تر بڵێن ئه‌و زمانه‌ى كه‌ ئه‌و شیعرى پێ ده‌نووسێت له‌و ئاسته‌دا نىیه‌ بۆكارێكى وه‌ها بشێ‌و داهێنه‌رێك به‌كارى بهێنێت. هه‌ر لێره‌وه‌ جۆرێك له‌ بێ به‌هاكردنى ئه‌و كاره‌ى نالى ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه‌ بكه‌رى نادیارن‌و پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌و زمانه‌ى نالى به‌كارى ده‌هێنێ بۆ شیعر نوسین زمانێكى بێ به‌هایه‌ (چونكه‌ كوردى)یه‌ ئه‌وانه‌ كێن؟ داخۆ هه‌ر كوردن یان ئه‌و بكه‌رانه‌ن كه‌ زمان‌و كه‌سێتى كوردیان له‌ رابردوودا تێكشكاندووه‌؟ یان ده‌شێ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ كه‌سانێكى وه‌ها بوونیان نه‌بووبێت، به‌ڵام نالى له‌ ئه‌نجامى گومان كردنیدا له‌ سه‌ركه‌وتنى خۆى له‌كارێكى له‌و جۆره‌دا ئه‌ودێڕه‌ فڕێ بدات، به‌واتایه‌كى تر ده‌شێ نالى خۆى له‌ حاڵه‌تى هه‌ستكردن به‌لاوازى‌و نزمى ئاستى زمانى كوردیدا له‌وكاته‌دا له‌لاوه‌عیدا ئه‌وه‌ دروست بووبێت كه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زمانى كوردى ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ى زمانى عه‌ره‌بى‌و فارسى نىیه‌ ده‌شێ ئه‌م بكه‌وێته‌ به‌رهێرش كاتێ به‌كوردى ده‌نوسێت. ئه‌مه‌ش ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه‌ نالى له‌گه‌ڕان به‌دواى ئه‌زمووندا كوردى به‌كار هێناوه‌، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى بوایه‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ شلۆقه‌، به‌ڵام له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا ئه‌م بۆچوونه‌ له‌به‌هاى پڕۆژه‌ى نالى كه‌م ناكاته‌وه‌ چونكه‌ به‌پێى ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ كه‌سێتى داهێنه‌رانه‌ى مه‌زنتر ده‌بێت. چونكه‌ داهێنه‌ر به‌رده‌وام به‌گومان‌و دوودڵیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ كرده‌ى داهێنان‌و ناتوانێت به‌ دڵنیایى بژى‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌لأ بابه‌تى داهێناندا بكات، كه‌سییه‌تى نالى له‌ پشتى ئه‌م شیعره‌وه‌ كه‌سێتىیه‌كه‌ ناتوانێت بگات به‌ یه‌قین. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ ئه‌زمووندایه‌، له‌ هه‌ر ئه‌زموونێكیشدا له‌به‌رامبه‌ر ترسى سه‌رنه‌كه‌وتندا ڕاده‌وه‌ستێت. نالى ده‌ترسێ ئه‌زموونى به‌كوردى نوسینى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێنێت بۆیه‌ پێش وه‌خته‌ ده‌ڵێ من له‌ سنوورى مه‌ئلووفى بنیادنانى شیعر نووسین ده‌رچووم، شێوازێكى نوێم به‌رهه‌م هێناوه‌ به‌زمانى كوردى ده‌شێ ئێوه‌ بكه‌ونه‌ سه‌نگه‌رى دژایه‌تى كردنمه‌وه‌و ئه‌زموونه‌كه‌م ره‌ت بكه‌نه‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى نالى ناڕاسته‌وخۆ لێى ده‌دوێ حاڵى هه‌موو ئه‌زموونێكى نوێیه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام نوێخوازى‌و تازه‌كردنه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رهێرشى كۆنه‌ پارێزان‌و ته‌قلیدىیه‌كان، كه‌واته‌ هه‌ڵوێستى نالى هه‌ڵوێستى تازه‌ گه‌رێگه‌ كه‌ له‌ خه‌مى بنیادنانى ئه‌زموونى نوێدایه‌.
كاتى نالى له‌ ئاستى دووه‌مدا ده‌ڵێت (كه‌س به‌ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆكوردییه‌). ئه‌گه‌ر سه‌رنجى وشه‌ى (خۆ) بده‌ین سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌بارى یه‌كه‌مدا جگه‌ له‌ (خود) كه‌ ئه‌ویش ماناى بكه‌رى دروستكه‌رى ئه‌و ئه‌زموونه‌یه‌ له‌هه‌مان كاتدا ئیحاى جۆرێك له‌ دڵنیایى ده‌دات. لێره‌دا نالى جارێكى دى به‌ بكه‌رى نادیار كه‌ ده‌شێ ئاماده‌بونیان هه‌بێت یان ئاماده‌بوونیان نه‌بێت‌و نالى له‌حاڵه‌تى ترسدا به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌زموونه‌كه‌ى له‌ خه‌یاڵى خۆیدا ئه‌و بكه‌ره‌ دژه‌ى دروست كردبێت ده‌ڵێت گله‌یى ئه‌وه‌م لێ مه‌كه‌ن كه‌من له‌ ئه‌زموونى سه‌ربه‌خۆى خۆمدا به‌ئاڕاسته‌یه‌كى جیاواز له‌ شێوازى مه‌ئلوف ده‌نووسم. واته‌ لێره‌دا نالى جارێك به‌هانه‌ بۆ بوونى سه‌ربه‌خۆیى بۆ ئه‌زموونى نوێ ده‌هێنێته‌وه‌ جارێكى دى بانگه‌شه‌ بۆ (گه‌وره‌یى) خۆى ده‌كات كه‌ بۆته‌ خاوه‌نى ئه‌زموون‌و كردارى دروست كردووه‌، واته‌ نالى ده‌یه‌وێت بڵێت من شاعیرێكى ساده‌ نیم ته‌نیا له‌ سنورى مه‌ئلوف‌و ته‌قلیدا بجوڵێم‌و به‌رهه‌م بهێنم، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت بڵێ من خاوه‌نى كردارم.
كردارى نوسینى ئه‌و ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌ به‌ كوردى له‌لایه‌ن منه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، هه‌رلێره‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نالى ته‌نیا له‌و سنووره‌دا نامێنێته‌وه‌ كه‌وه‌ك (ئه‌فرێندراو) لێى بڕوانرێت، به‌ڵكو نالى ده‌بێته‌ (ئه‌فرێنده‌ر) ئه‌مه‌ش قۆناغێكه‌ كه‌ مرۆڤ تیایدا ده‌گات به‌ ئاستى بوون هه‌ر ئه‌وگه‌یشتنه‌شه‌ به‌حاڵه‌تى بوون ناوى نالى گه‌وره‌و مه‌زن كردووه‌و له‌ بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ نالى له‌دواى گه‌یشتن به‌ (بوون) دا ده‌گه‌ڕێت.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ نالى هاوشانىیه‌ك له‌نێوان (خۆ كوردییه‌)‌و (خۆ كردییه‌)دا پێك ده‌هێنێت كه‌ ئه‌گه‌ر خود له‌ به‌شى دووه‌مدا كه‌ بكه‌رێكى كردار دروستكه‌ره‌ كه‌سێتى كورد بوایه‌ ئه‌وا ماناى ئه‌وه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وت كه‌كرده‌ى ئه‌و بكه‌ره‌ له‌ پێناوى به‌ كوردى كردندا ده‌بوو به‌شێوه‌یه‌كى گشتى. به‌ڵام لێره‌دا بكه‌رى دروستكه‌رى كردارى به‌كوردى نوسین ته‌نیا نالى خۆیه‌تى له‌م حاڵه‌ته‌شدا (كوردى) ته‌نیا بریتىیه‌ له‌ ئه‌زموونى شیعر نوسینى نالى. به‌واتا لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ خودى كردار دروست كه‌ر واته‌ بكه‌ر نه‌بۆته‌ كه‌سێكى نه‌ته‌وه‌یى كوردو به‌رهه‌مى كرداره‌كه‌ش كه‌ به‌كوردى نوسینه‌ نه‌بۆته‌ به‌رهه‌مى هه‌ست‌و هۆشیارى كورد، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ناكرێت بێ چه‌ندو چوون ئه‌م شیعره‌ى نالى به‌گه‌وهه‌رى گوتارى مانه‌وه‌ى كورد دابنێین، ڕاسته‌ نالى به‌ كوردى نووسیویه‌تى‌و باسى له‌ مه‌ئلوفیه‌تى زمانى كوردى بۆ شیعر نوسین ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ستێكى ساده‌ى كوردایه‌تیش لاى نالى ئاماده‌بوونى هه‌بووبێت ئه‌وه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى پێكهێنانى گوتار. هه‌ر بۆیه‌ من واى بۆده‌چم كه‌ نالى وه‌ك ئه‌زموونگه‌رێك كه‌ به‌دواى نوێدا ده‌گه‌ڕێت رێگاى له‌ ئه‌زموونى به‌كوردى نووسین كه‌وتووه‌، هه‌ڵوێستیشى به‌رامبه‌ر به‌و بكه‌ره‌ نادیاره‌ى كه‌ گوایه‌ له‌ هه‌ڵوێستى دژى ئه‌زموونه‌كه‌ى ئه‌مدایه‌ زیاتر ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌هێزده‌كات. ئه‌و حاڵه‌ته‌ى كه‌ تیایدا نالى واى نیشان ده‌دات كه‌سانێك هه‌ن دژى به‌كوردى نوسینه‌كه‌ى ئه‌من، حاڵه‌تێكه‌ نالى به‌گومان پێى ده‌گات. یان له‌ سنوورى خه‌یاڵدا ئه‌و حاڵه‌ته‌ دروست ده‌كات. خۆیشى وایده‌بینێت كه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌نجامى ده‌دات ده‌رچوونه‌ له‌ سنوورى مه‌ئلوف‌و حاڵه‌تى باو بۆیه‌ گومانى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دژایه‌تى ده‌كرێت، به‌ڵام هیچ سیمایه‌كى ئه‌و دژایه‌تى كردنه‌ نه‌ له‌ مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا په‌یوه‌ست به‌و قۆناغه‌ى نالى تیا ژیاوه‌ به‌ڵگه‌ى بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌، نه‌ له‌ مێژووى سیاسى (میرنشینى بابانیش)دا دژایه‌تى كردنى ئه‌وانه‌ى تیا باسكراوه‌ كه‌ به‌ كوردى نوسیویانه‌ له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ نالى..

به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌وسه‌رده‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى نه‌ته‌وه‌كانى تریش هێشتا لاواز بووه‌ هێنده‌ به‌گرنگ له‌ مه‌سه‌له‌ى به‌كارهێنانى زمان نه‌ڕوانراوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌یه‌كیش هه‌بووبێت ئه‌وا پێم وایه‌ له‌وه‌ زیاتر نه‌بووه‌ كه‌ هه‌ندێ كه‌س پێیان وابووبێت كه‌ داهێنان ده‌بێت به‌زمانى ده‌سه‌ڵات بێت، زمانى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ده‌بیش له‌و مێژووه‌دا زمانى عه‌ره‌بى‌و فارسى بووه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى میرنشینى بابان ناڕاسته‌وخۆ سه‌ر به‌ ناوه‌ندێتى ده‌سه‌ڵاتى عوسمانى بووه‌. به‌هه‌ر حالأ لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و گازه‌نده‌یه‌ى نالى به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ى كه‌ لایان وایه‌ زمانى كوردى بۆ داهێنانى گه‌وره‌ نابێت ناتوانێت ببێته‌ به‌ڵگه‌یه‌كى به‌هێز بۆ لایه‌نگرێتى حساب كردنى به‌ به‌رهه‌مهێنى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى، به‌ڵكو ده‌شێت ئاماده‌بوونى ئه‌زموونى نالى (له‌ شیعرى كوردى)دا له‌ ڕوانگه‌ى گوتارى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه‌ وا دابنرێت كه‌ هه‌ندێ له‌ بنه‌ماكانى بنیادنانى ئه‌و گوتاره‌ى به‌رهه‌مهێناوه‌.
دیسان ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ى كه‌ زیاتر بۆ به‌رهه‌م هێنانى گوتارى كوردى له‌ شیعرى (نالى)دا تائێسته‌ ده‌هێنرێته‌وه‌ چامه‌ به‌ ناوبانگه‌كه‌یه‌تى كه‌ له‌ئاواره‌یىیه‌وه‌ بۆ سالمى شاعیرى ده‌نێرێت و به‌گشتى پرسیار كردنه‌ له‌ باره‌ى سلێمانى‌و سنوورى میرنشینى بابانه‌وه‌ له‌ دواى هه‌ره‌سى میرنشین. نالى له‌م قه‌سیده‌یه‌دا وێڵى دواى دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامه‌، به‌دواى یه‌قیندا ده‌گه‌ڕێت، یه‌قینى مانه‌وه‌ى (شار) وه‌ك خۆى، یان یه‌قینى وێران بوونى هه‌موو شتێك له‌دواى ڕووخاندنى میرنشین.
نالى له‌ قه‌سیده‌ى (قوربانى تۆزى ڕێگه‌تم ئه‌ى بادى خۆش مرور) گۆرانى بۆ رابردوویه‌ك ده‌ڵێت كه‌ له‌ تێڕوانینى ئه‌وه‌وه‌ رابردوویه‌كى نمونه‌یى زیندوى باڵایه‌و له‌ خه‌یاڵى ئه‌مى شاعیردا به‌رزترین نمونه‌یه‌، ئه‌و نمونه‌یه‌ش میرنشینى بابانه‌، ڕاسته‌ له‌ده‌ست چوونى ئه‌و میرنشینه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى سنوردارى ناوچه‌یى بووه‌، به‌ڵام زیانێكى گه‌وره‌بوو له‌كورد، چونكه‌ ده‌شیا خوێن‌و ده‌مارگیرى خێڵایه‌تى(8) بڵند ببوونایه‌و بگه‌یشتنایه‌ته‌ ئاستى گه‌یشتن به‌ به‌رزترین ئاستى رۆح، واته‌ رۆحى كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رزترین ئاسته‌ كه‌ گوزارشت له‌ ماهیه‌تى رۆحى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و عه‌قڵ بكات ده‌وڵه‌ته‌(9) به‌ڵام ئێمه‌ پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ میرنشینى بابان میرنشینێكى خێڵایه‌تى بووه‌و به‌وپێیه‌ش خاوه‌نى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نه‌بووه‌، خه‌مى نالى له‌م قه‌سیده‌یه‌دا خه‌مى هه‌ره‌سى ئه‌و میرنشینه‌یه‌. جا لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات داخۆ نالى له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ نیگه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕوخاندنى میرنشین كه‌ نوێنه‌رى كورد بووه‌؟ یان له‌ژێر كاریگه‌رى وه‌لائى خۆیدا بۆ میرنشین له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ خۆى وه‌ك شاعیرى میرنشین بینیووه‌ هه‌ڵوێستى نواندووه‌؟ له‌ هه‌ر بارێكیاندا بێت ده‌لاله‌تى هه‌ستى نیشتمانپه‌روه‌رێتى نالى ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى زیاتر به‌ تێڕوانینى ئێمه‌ له‌ڕاستىیه‌وه‌ نزیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ نالى له‌به‌ر له‌ده‌ست چوونى شوێن‌و مه‌قامى خۆى به‌هۆى له‌نێو چوونى میرنشینه‌وه‌ نیگه‌رانه‌.

له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ نالى له‌تاراوگه‌وه‌ بۆ زێدى خۆى ده‌گرى ئه‌مه‌ش جۆره‌ حاڵه‌تێكه‌ كه‌زۆربه‌ى كات پێوه‌ندىیه‌كى ئه‌نتۆلۆژیانه‌ ده‌ورى تێدا ده‌بینێ نه‌ك هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى، جیابوونه‌وه‌و په‌رت بوون له‌ زێدو شوێنى له‌دایك بوون‌و گه‌وره‌بوون بریتىیه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌و په‌رت بوون له‌مێژوو، له‌ رابردوو، له‌ بیره‌وه‌رىیه‌كان، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌و رابردووه‌دا خاوه‌نى یاده‌وه‌رى خۆش بێت، لێره‌وه‌ ده‌شێ لاواندنه‌وه‌ى سلێمانى له‌لایه‌ن (نالى)یه‌وه‌ زیاتر له‌ ژێر كاریگه‌رى بیره‌وه‌رییه‌كانى رابردوودا بێت، له‌گه‌لأ هه‌ست كردن به‌غوربه‌تدا، غوربه‌تى خاك‌و ئاوو كانى‌و چیاو دارستان، غه‌ریبى كه‌س‌و كارو براده‌رو ناسیاران، لاى نالیش غه‌ریبى كۆڕى پیاو ماقوڵان‌و میرو دیوه‌خانى میرو سه‌یران‌و سه‌فاى سلێمانى‌و ده‌ورو به‌ریه‌تى، نالى له‌ ئه‌نجامى یه‌ك گرتنه‌وه‌ى ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ى سه‌ره‌وه‌دا گۆرانى بۆ سلێمانى ده‌ڵێت، له‌ دووره‌وه‌ بست به‌بست‌و شوێن به‌شوێنى ده‌لاوێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر نالى خاوه‌نى هه‌ستیارىیه‌كى نه‌ته‌وه‌یى به‌هێز بوایه‌ له‌چاوى میرنشینى بابانه‌وه‌ سه‌یرى كوردى نه‌ده‌كردو هه‌ره‌سى میرنشین به‌و شێوه‌یه‌ بێ هیواى نه‌ده‌كرد كه‌ جارێكى تر سه‌رنه‌كاته‌وه‌ به‌ وڵاتدا. راسته‌ له‌ ڕووى جیهانبینى شیعرییه‌وه‌ شاعیرێكى هێجگار داهێنه‌ر‌و مه‌زنه‌و له‌ڕیزى ئه‌و شاعیره‌ ده‌گمه‌نانه‌یه‌ كه‌ توانیویه‌تى جیهانبینى گه‌ردوونى بنیادبنێ، به‌ڵام له‌ڕووى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین جگه‌ له‌چه‌ند بنه‌مایه‌كى ئه‌و گوتاره‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى فۆرمه‌له‌كردنى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى، نالى له‌ سنورێكى ساده‌و ڕووكه‌شدا كه‌ ئه‌ویش سنوورى هه‌سته‌ له‌و گوتاره‌ نزیك بۆته‌وه‌، دیاره‌ گومانى تێدا نىیه‌ كه‌ ناشێت گوتارى كوردى به‌بێ به‌رهه‌م هێنانى فیكرى كوردى به‌رهه‌م بێت، یان ساده‌تر بڵێین به‌بێ به‌رهه‌م هێنانى جیهانبینى فیكرى به‌رهه‌م نایه‌ت، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامى ئیش كردن له‌ نێو مێژوو، كه‌لتوور‌و ره‌مزو هێماكانى كورددا یان له‌نێو فانتازیاى كوردیدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌نىیه‌ نالى بخه‌ینه‌ به‌رده‌م دادگایى كردنه‌وه‌ كه‌ بۆچى به‌وشێوه‌یه‌ كارى نه‌كردووه‌ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى به‌رهه‌م بهێنێت، نه‌خێر، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان زیاتر تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وبۆچوونه‌یه‌ كه‌ پێشترو به‌ ته‌واوه‌تیش له‌ساڵى (1991)دا ده‌رمان بڕیبوو كه‌ نالى هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردىیه‌ كه‌ ئه‌و گوتاره‌شمان به‌گوتارى مانه‌وه‌ ناو بردبوو، دیاره‌ ناكرێت كرده‌ى داهێنان‌و ئه‌زموونى داهێنانى شاعیرێكى دیارى وه‌ك نالى به‌پێى ویستى ئێمه‌ لێك بدرێته‌وه‌ یان ئه‌و گوتاره‌ به‌رهه‌م بهێنرێت كه‌ ئێمه‌ پێمان خۆشه‌.

به‌هه‌رحالأ قه‌سیده‌ى (قوربانى تۆزى ڕێگه‌تم..) نابێته‌ به‌ڵگه‌ى سه‌لماندنى جێگا كردنه‌وه‌ى نالى له‌سنورى به‌رهه‌مهێنه‌رى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردیدا، به‌ڵكو به‌ڵگه‌ى حاڵه‌تى( نۆستالیجیا)ى شاعیره‌ بۆ زێدى خۆى كه‌ ئه‌وه‌ش جۆرێكه‌ له‌ پاشه‌كشه‌ یان بێ ئومێدانه‌ سه‌یركردنى ڕووداوه‌كانه‌، به‌ واتایه‌كى دى له‌حاڵه‌تى (نۆستالیجیا)دا بكه‌رێتى دروست نابێت، مه‌به‌ستمان له‌ بكه‌رێتى دروستكردنى جووڵه‌و ڕووداوه‌، چونكه‌ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى بكه‌رێكى خاوه‌ن كردار دروستى ده‌كات به‌تایبه‌تى له‌مێژووى كورددا چونكه‌ به‌رهه‌م هێنان‌و بنیادنانى گوتارى كوردى به‌جۆرێك له‌ خۆسه‌لماندن‌و لە رووداوەستان ده‌گاته‌ ئه‌نجام، به‌ڵام له‌م قه‌سیده‌یه‌دا نالى نه‌ك ناتوانێت بكه‌رێكى خاوه‌ن كردار پێشكه‌ش بكات به‌ڵكو حاڵه‌تى لاواندنه‌وه‌و نۆستالیجیا بۆ زێدو شوێنى ژیان ڕاسته‌وخۆ سیماى به‌ركارێكى به‌رهه‌مێنى ده‌قه‌كه‌ نیشان ده‌دات، شاعیر مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ڕوانگه‌ى به‌رهه‌م هێنانى ده‌قه‌وه‌كه‌وه‌ بكه‌ربێت واته‌ له‌ سنورى به‌ده‌قكردنى ئه‌وه‌ى له‌ ناخیدایه‌و به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ ئه‌گه‌ر شاعیر پێشتر توانیبێتى بكه‌رێكى ساده‌و لاوازبێت له‌سه‌ر زێدى خۆى كاتێ له‌ ڕووى ئه‌وانه‌دا ده‌وه‌ستێ دژى به‌كوردى نووسینن، ئه‌وا له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ئه‌و حاڵه‌ته‌ لاوازه‌ى بكه‌رێتى له‌ ده‌ست ده‌دات، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وه‌هاى لێ ده‌كات كه‌ جارێكى تر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رزێدى خۆى چونكه‌ دڵنیابووه‌ كه‌ دواى میرنشینى بابان ئه‌میش بوونى هیچ مانایه‌كى نىیه‌ له‌ شارو شوێنه‌وارى میرنشیندا، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا نالى ئه‌گه‌ر هه‌ستێكى نیشتمانى به‌هێزى هه‌بوو بۆچى پشتى له‌ نیشتمان كردوو جارێكى تر بۆى نه‌گه‌ڕایه‌وه‌؟

مه‌سه‌له‌ى كۆچ كردن‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى نالى له‌لایه‌ك ده‌شێ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ روخاندنى میرنشینى بابانه‌وه‌، چونكه‌ نالى شاعیرێكى ته‌باو كۆك بووه‌ له‌گه‌ڵ میرانى بابانداو گوتارى میرنشین‌و گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى یه‌كیان گرتۆته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێك نالى ده‌چێت بۆ حه‌ج‌و دواتر كه‌ هه‌واڵى هه‌ره‌سى میرنشین ده‌بیستێ ئیتر هیچ ئومێدێكى گه‌ڕانه‌وه‌ى نامێنێت چونكه‌ ئه‌و نموونه‌ باڵایه‌ى كه‌ ئه‌و ئومێدى پێ سپاردبوو واته‌ میرنشینى بابان هه‌ره‌سى هێنا. ئه‌مه‌ ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ بووه‌ هۆى نه‌هاتنه‌وه‌ى نالى بۆ سلێمانى ئه‌گه‌ر نالى شاعیرى میرنشین بووبێت‌و هیچ درزێك له‌نێوان گوتارى نالى‌و گوتارى میرنشیندا نه‌بووبێت، به‌ڵام لێكدانه‌وه‌یه‌كى تریش هه‌یه‌ بۆ هۆى كۆچ كردن‌و به‌تایبه‌تیش نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى نالى بۆ سلێمانى. مامۆستا (مه‌لا كه‌ریمى موده‌ریس) ده‌ڵێت، نالى موریدى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى بوو(10) جا ئه‌گه‌ر بتوانرێت به‌ به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنرێت، ئه‌وا من پێم وایه‌ نالى به‌رده‌وام له‌گه‌لأ (میرانى بابان)دا له‌ حاڵه‌تى ناته‌بایى‌و ناڕێكى‌و هه‌ندێ جاریش ئاشت بوونه‌وه‌دا بووه‌، هه‌مان شێوه‌ى پێوه‌ندى نێوان مه‌ولاناخالیدى رابه‌رى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى‌و میرانى بابان. لێره‌وه‌ نزیكییه‌ك له‌نێوان گوتارى نه‌قشبه‌ندێتىو گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى له‌ شیعردا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ هه‌رچۆن ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى مه‌یلى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ نێو مێژوو و كه‌لتورى كوردى هه‌بووه‌و ده‌شیا گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردىو گوتارى ئایینى له‌ڕێگاى ته‌قسه‌كانى ته‌سه‌وفه‌وه‌ تێكه‌لأ بكات‌و نه‌قشبه‌ندێتى ببوایه‌ته‌ پڕۆژه‌ى زیندوو كردنه‌وه‌ى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كوردو بنیادنانى پڕۆژه‌ى زیندوكردنه‌وه‌ى رێنسانسى رۆشنبیرى كوردى ئه‌نجام بدایه‌ هه‌مان شێوه‌ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى لاوازى نالىو رۆحى به‌ره‌و دابڕانى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا هه‌بووبێت‌و، نالى لایه‌نگرى مه‌ولاناو ته‌ریقه‌ته‌كه‌ى بووبێت‌و رۆشتنیشى بۆ حه‌ج‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌شى له‌ژێركاریگه‌رى هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌دا بووبێت كه‌ مه‌ولانایان ناچارى وڵات به‌جێ هێشتن كردو رێگاشیمان نه‌دا په‌یامه‌كه‌ى به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ى لێره‌دا باسمان كردن ته‌نیا گریمانى بۆچوونن له‌ڕوانگه‌ى ڕوانینه‌ شوێنى گوتارى ئه‌ده‌بى نالىیه‌وه‌، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ زیاتر ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ نالى نه‌یتوانیووه‌ گوتارێكى ته‌واوى نه‌ته‌وه‌یى بنیادبنێت به‌ڵام هه‌ندێ له‌توخمه‌كانى ئه‌و گوتاره‌ى به‌رهه‌م هێناوه‌.

له‌كاتێكدا ده‌شێ هاوشێوه‌یه‌ك له‌نێوان كۆچ كردنى نالى‌و مه‌ولانا خالیدى رابه‌رى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندیدا هه‌بێت‌و وه‌ك ئاشكراشه‌ نالى هاوچه‌رخى سه‌رده‌مى كێشه‌و ململانێ‌و ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو ته‌ریقه‌ته‌یه‌. دیسان هه‌ر لێره‌وه‌ ناكرێت واى بۆ بچین نالى له‌و كێشه‌یه‌دا بێ لایه‌ن بووبێت، به‌تایبه‌تى كاتێ مامۆستا مه‌لا كه‌ریم پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت كه‌ نالى موریدى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى بووه‌، گه‌رچى به‌ به‌ڵگه‌ى شیعرى ناتوانرێت ئه‌م بۆچوونه‌ بسه‌لمێنرێت، بگره‌ نالى له‌ كۆمه‌ڵێ شیعردا به‌دژى سۆفى‌و ژیانى سۆفیه‌كان قسه‌ده‌كات، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:

(به‌زمى هه‌ژاره‌، قه‌لفڕى ئه‌غیاره‌، ده‌ورى گوڵ
صۆفى! بڕۆ، مه‌به‌ به‌دڕك، تۆ له‌ ئێمه‌ نیى!)

به‌ڵام من واى بۆ ده‌چم نالى خۆى له‌ ئاستى میران‌و رابه‌رانى ته‌ریقه‌تدا بینیووه‌و له‌ ئاستێكى به‌رزه‌وه‌ سه‌یرى خواره‌وه‌ى كردووه‌و سۆفى له‌خواره‌وه‌ بینیووه‌و خۆى له‌وان جیاكردۆته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌م جۆره‌ له‌گه‌لأ سۆفى ده‌دوێت، ئه‌مه‌ش جارێكى دى گوتارى ئه‌ده‌بى نالى ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌گوتارى میرنشینى بابانه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رى ئه‌و میرنشینه‌ میره‌كانن نه‌ك سۆفى ته‌ریقه‌ت‌و ره‌عیه‌تى میرنشین. به‌هه‌ر حالأ ئه‌وه‌ى گرنگه‌ لاى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆر جار بێ لێكدانه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى له‌ به‌رهه‌مه‌كانى شاعیرێكدا راسته‌وخۆو بێهیچ دوو دڵییه‌ك نازناوى رابه‌رى شیعرى نه‌ته‌وایه‌تى‌و فیكرى نه‌ته‌وه‌یى ده‌درێته‌ پالأ هه‌ندێ له‌ شاعیرانى ڕابردووى ئێمه‌، ئه‌وه‌ش دیاره‌ مه‌به‌ست زیاتر گه‌وره‌كردنى ناویانه‌، به‌ڵام حه‌قه‌ دڵنیابین كه‌ ئاستى داهێنانى ئه‌و شاعیرانه‌ ناوى بۆ دروست كردوون. ئیتر پێویست ناكات به‌ زۆره‌ ملێ بیانخه‌ینه‌ هه‌ندێ سنورى تایبه‌تىیه‌وه‌. نالیش یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا نالى بنیادنه‌رى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى نیه‌، به‌ڵكو هه‌ندێ له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى له‌ شیعرى (نالى)دا ده‌دۆزێته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌كان

1-عه‌تا قه‌ره‌داغى- گوتاره‌كانى ئه‌ده‌بى كوردى- خه‌رمانه‌- ژماره‌ (5) 1992 سوید.
2-هه‌مان سه‌رچاوه‌.
3-محمد امین زكى –خلاصه‌ تأریخ كرد و كردستان – ترجمه‌ محمد على عونی- القاهره‌ 1939 ص 358 .
4-عه‌تا قه‌ره‌داغى – سه‌ره‌تایه‌كى مێژوویى له‌ تێكشكاندنى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كوردى و پڕۆژه‌ى دابڕان – گۆڤارى یه‌كگرتن – ژماره‌ (16)ى ساڵى 1993 كۆپنهاگن.
5-ناجى علوش – المشروع النهچوى العربى – العدد (9) 1997 ص 104.
6-جه‌مال بابان – گۆڤارى كۆڕى زانیارى – به‌رگى (8) 1981 ل 403.
7-مه‌لا عبدالكریم ى موده‌ریس – دیوانى نالى – ل 108
8-الدكتور محمد عابد الجابرى – العصبیه‌ والدوله‌ ص 360
9-هیغل – العالم الشرقى – ترجمه‌ امام عبد الفتاح امام ص 9
10-مه‌لا عه‌بدول كه‌ریم ى موده‌ریس – دیوانى نالى 31
11- سه‌رجه‌م ئه‌و دێڕه‌ شیعرانه‌ى له‌م باسه‌دا هاتوون له‌ دیوانى نالى ئاماده‌كردنى مامۆستا مه‌لا كه‌ریمى موده‌ریس وه‌رگیراون.




ڕیكلامی كتێب و ڕیكلامی مۆبیلیات!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

به‌ ڕێكه‌وت، له‌ والی تایبه‌تی كتێبخانه‌یه‌ك، ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر و وه‌رگێڕم دیت، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان كتێبێكی خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، وه‌ك نیمچه‌ ڕیكلامێك به‌ خوێنه‌رانیان ده‌ناساند وباسیان ده‌كرد. له‌ ڕاستیدا، ڕیكلامكردن بۆ كتێب، دیمه‌نێكه‌ نه‌ك نابێ خۆشحاڵمان بكات و هانمان بدات بۆ خوێندنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ببێته‌ مایه‌ی نیگه‌رانییه‌كی قووڵ و پرسیار و گومان، به‌وه‌ی كتێبیش وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌، هاوشێوه‌ی هه‌ر كاڵایه‌كی دیكه‌ی بازاڕیی بۆ نموونه‌ وه‌ك مۆبیلیاتی لێهاتووه‌. ڕیكلامكردن بۆ كتێب، مانای وایه‌ كتێبیش وه‌ك هه‌ر كه‌رسته‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانی لێهاتووه‌وه‌ ئه‌و به‌ها مه‌عریفی و سیمبولی و هزرییه‌ی نه‌ماوه‌ و به‌ ڕیكلام نه‌بێت، كه‌س به‌لای كتێب داناچێت. هه‌میشه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینی ئه‌وه‌م كردووه‌ ، كه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی ده‌ناسرێن و ڕیكلامییان بۆ ده‌كرێت، له‌و كتێبانه‌ن كه‌ ناوه‌ڕۆكێكی لاواز و نابابه‌تیان هه‌یه‌ و دوای خوێنه‌وه‌یان، هیچ جۆره‌ پرسیارێكی هزری و چێژ و جوانییه‌ك لای خوێنه‌ر جێناهێڵن. بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌م، ده‌توانم ناوی ده‌یان كتێب و ڕۆمان و شیعرو وه‌رگێڕان ڕێز بكه‌م، به‌ڵام له‌ به‌ر ناو و ناوبانگی نووسه‌ره‌كانیان، خۆیانی لێ ده‌بوێرین. له‌ دنیای بازرگانی ئێمه‌دا، ڕیكلامكردن ده‌ره‌چه‌یه‌كی چاكه‌، بۆ فریودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و ده‌ستخه‌ڕۆكردنی كڕیار، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی كه‌رسته‌ی كواڵیت به‌رز و ناوازه‌، كه‌رسته‌ و شتومه‌كه‌ زبر و خراپه‌كانیان، ساغ بكه‌نه‌وه‌. هه‌میشه‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و كه‌رستانه‌ ده‌كرێت، كه‌ بازاڕیان نییه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت كڕیاری بۆ په‌یدا بكه‌ن. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ ئێمه‌ له‌ بایه‌خ و ڕۆڵی ڕیكلام بۆ نماییشكردن و ناساندنی هه‌ر شتێك نه‌گه‌ین، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی لێره‌دا له‌ به‌رچاو ده‌گیرێت، سوود و قازانج و ده‌سكه‌وتی ماددییه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و كاڵایه‌ چه‌ند كواڵیتی به‌رزه‌ و شیاو و تۆكمه‌یه‌. ئیدی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت ختووكه‌ی سۆزی كڕیاره‌كان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی بچێته‌ سه‌ر ئه‌و كاڵایه‌ و تاقیبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئایا ڕیكلام به‌ ته‌نها به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئێمه‌ به‌ كاڵایه‌كه‌وه‌ گرێ بدات و بیكه‌ینه‌ پێوه‌رێك بۆ تاقیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی؟ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ و وڵاتانی جیهانیشدا، هه‌ر كاتێك ئاماژه‌ بۆ كه‌رسته‌ و ئامێرێك ده‌كرێت كه‌ له‌ ژاپۆن دروستكراوه‌، ئیدی پێویستیمان به‌وه‌ نابێت ڕیكلامی بۆ بكرێت ، چونكه‌ هه‌موو دنیا ده‌زانێت، كواڵیتی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌و وڵاته‌ به‌رهه‌م دێت، بڕاندو ئۆرگیناڵن و لاساییكه‌ره‌وه‌ نین. ئێمه‌ پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌ كه‌سێك پێمان بڵێت كه‌لوپه‌له‌كانی ژاپۆن بكڕن چونكه‌ باشن، ئێمه‌ خۆمان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانین، لێره‌وه‌ش بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و كه‌رستانه‌ بكرێت یان نا، هیچ سه‌رنجڕاكێشانێك لای مرۆڤ دروست ناكات، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ر كاتێك باسی كاڵای چینی ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌مان بڕاندۆته‌وه‌ كه‌ چه‌ند مانگێك كارده‌كات و ئیدی له‌ كار ده‌كه‌وێت. به‌ مه‌ش ئه‌گه‌ر ملیۆنان جار ڕیكلام بۆ كه‌رسته‌ چینییه‌كه‌ بكرێت، هاوتای ئه‌و كاڵایه‌ی ژاپۆن نابێت كه‌ بێ ڕیكلامكردن شوێنی خۆی ده‌گرێت. ده‌شێ ئه‌مه‌ بۆ كتێبیش هه‌مان شت بێت. كتێبی گرنگ و به‌ به‌ها، تێكستی مه‌عریفی و بابه‌تی، شیعر و ڕۆمان و وه‌رگێڕانی جوان و داهێنه‌رانه‌ و سه‌ركه‌وتوو، هه‌رگیزپێویستیان به‌وه‌ نییه‌ ڕیكلامیان بۆ بكرێت، به‌ڵكو خۆیان ده‌چنه‌ نێو خوێنه‌ران. بڕوام وایه‌، كتێب ده‌بێت خۆی له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، هه‌ڵگڕی ئه‌و هێزه‌ بێت، كه‌ بچێته‌ نێو خوێنه‌ران و خۆی بسه‌پێنێت و بخوێنرێته‌وه‌، نه‌ك نووسه‌ره‌كه‌ی له‌م شار و له‌و شار، بانگه‌شه‌ی بۆ بكات و بیناسێنێت. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و وه‌رگێڕێك، ئه‌زموونێكی جوان و سه‌ركه‌وتوو دیاری هه‌بێت، پێویستی به‌وه‌ نییه‌ خۆی له‌ په‌راوێزی كتێبه‌كانی بناسێنێت و كتێبه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و به‌ خوێنه‌ران بڵێت كتێبه‌كه‌مان بخوێننه‌وه‌. كتێب و نووسین دوای بڵاوكردنه‌وه‌یان، په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌و تۆیان به‌ نووسه‌ره‌وه‌ نامێنێت و ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌، ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كتێبه‌كه‌. به‌ ئێستاشه‌وه‌، ئێمه‌ پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌ كه‌س (شار) ی حوسێن عارفمان پێ بناسێنێت، (چێشتی مجێور) ی هه‌ژار موكریانیمان پێ بناسێنێت، (ڕیگا) ی مه‌مان پێ بناسێنێت، (سه‌گوه‌ڕ و ئه‌ژدیها و لاوه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌ و گۆڕستانی چراكان و دوانزه‌ وانه‌ بۆ مناڵانمان) پێ بناسێنێت، چونكه‌ ئه‌و تێكستانه‌، خۆیان له‌ ناوه‌ڕۆكدا هه‌ڵگڕی وزه‌ و هێز و تین و تاوی ئه‌وه‌ن، خۆیان به‌سه‌ر خوێنه‌ر دابسه‌پیبَنن و بخوێنرێنه‌وه‌. هه‌رگیز ڕیكلام ناتوانێت، كتێبێكمان لا په‌سند و گرنگ و خۆشه‌ویست بكات، ئه‌گه‌ر خۆی له‌ ناوه‌ڕۆكدا هه‌ڵگڕی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ نه‌بێت. كتێب پێویستی به‌ ناساندن، شڕۆڤه‌كردن، به‌خشین به‌ واژۆی نووسه‌ره‌كانیان نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا بۆته‌ مۆد، به‌ڵكو خوێنه‌ران خۆیان ده‌توانن ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبه‌ دوای خوێنه‌وه‌ی هه‌ڵبسه‌نگێنن. كه‌م نین ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ ده‌یان شوێن ڕیكلامیان بۆ ده‌كرێت و به‌ كتێبێكی گرنگ ده‌ناسێنرێن، كه‌ چی خوێنه‌ر كه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌، هیچ چێژ و جوانی و مانایه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌ وه‌رناگرێت، خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك سه‌دان ئه‌زموونم له‌و باره‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌وه‌ی كتێبه‌كان هه‌یه‌. بگره‌ خوێنه‌رانێك هه‌ن، په‌شیمانی خۆیان ده‌رده‌بڕن له‌وه‌ی هه‌رپاره‌یان به‌ كتێبه‌كه‌ش داوه‌! كتێب، كورسی و مێز و كۆنه‌ نییه‌، تاكو نووسه‌ره‌كه‌ی وه‌ك كۆنه‌ كڕ و سه‌وزه‌ فرۆش و میوه‌ فرۆشه‌كان، شاره‌ و شار بگه‌ڕێت و ڕیكلامی بۆ بكات. خوێنه‌رێك، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر و عه‌وداڵی كتێب و خوێنه‌وه‌ بێت، له‌ سه‌ر مه‌ریخیش بێت، ئه‌وا به‌ دوای كتێب و به‌رهه‌می بڵاوكراوه‌ ده‌گه‌ڕێت و تا نه‌یخوێنێته‌وه‌ واز ناهێنێت. له‌و ڕۆژانه‌ی ڕابردوودا، چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌ شیعر له‌ سنووری سۆران و ڕواندز بڵاوكرانه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ مابوو بڵێین له‌ سۆران شیعر ده‌بارێت ! جا گرنگ نییه‌ كام جۆره‌ شیعره‌، ئه‌م دوو شاره‌، ته‌نها چوار خوله‌كێك نێوانیانه‌، كه‌ چی شاعیر هه‌بوو، له‌ هه‌روو شاره‌كه‌ كتێبه‌ شیعرییه‌كه‌ی خۆی ده‌ناساند، سه‌یر له‌وه‌ دابوو له‌و ناساندنانه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ی سۆران بوون ده‌هاتنه‌ ڕواندز و هه‌ر ئه‌وانه‌ی ڕواندزیش بوون، ده‌چوونه‌ سۆران، واتا له‌ هه‌ردوو شوێنه‌كه‌ هه‌مان كتێبیان وه‌رده‌گرته‌وه‌. هه‌میشه‌ بڕوام وابووه‌، تێكست و كتێبی جیاوازو داهێنه‌رانه‌، پێویستیان به‌ ناساندن و واژۆی نووسه‌ر و ڕیكلامكرن نییه‌، چونكه‌ كورد وته‌نی (مانگ كه‌ دیاربوو، پێویست به‌ ئاماژه‌ كردن ناكات).

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌(4044) له‌ ڕۆژی 28/3/2024 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




سپێتی بەفر وەک شیعر.. رێباز محەمەد جەزا

خوێندنەوەیەکی پانۆڕامییە بۆ ڕۆمانی ( بەفر) ی نووسەری گەنج
( ماکسێنس فێرمین)

دنیای نوێ‌ ، زۆر شتی بەهەند وەگرتووە ، لای زۆرێك لەتیۆرسێنەكانی بواری ئەدەب (ڕۆمان ) پایەیەکی گرنگی دروست بوونی ئەو جیهانە هاوچەرخەیە کەرۆڵی گرنگ دەبینێت لە پێشخستنی كۆمەڵگەدا . لەبەرئەوەی كتێبخانەی كوردی لەڕووی توێژینەوەی ئەكادیمیەوە ، دەربارەی ( ڕۆمانی نوێ ) زۆر هەژارە ، کاتێک دەمانەوێت قسەی لەبارەوە بکەین ، ڕووبەڕووی گرفتی زۆر دەبینەوە بەتایبەتی لەقۆناغی نووسین و شیكردنەوەدا ، ئەمەش دۆخێكە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەست و پەی پێبردنانەی بەپلەی یەكەم وەك خوێنەری دەق و هوشیاری و نەریتی خوێندنەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە کە ئاستی جیاوازی چەشەی ئەدەبیمان و نەبوونی پێشینەو سەرچاوەو ژێدەری پێویست بۆیەكاڵاكردنەوەی بیرو بۆچوونەكانمانەوە بەتایبەتی لەڕووی ترادسیۆنەوە بۆخوێنەری ئێمە گرنگە ،(ماکسێنس فێرمین) ڕۆماننووسێکی فەرەنسییە و بە شێوازێکی کورت و چڕ دەنووسێت. ئەو شێوازەی ئەو زیاتر بە شێوازی مینیماڵی ناسراوە و وردەکارییەکان بۆ خوێنەر جێ دەهێڵێت و چاو دەبڕێتە نەخشەی سەرەکیی ڕۆمانەکەی فێرمین شاکارەکەی بریتییە لە”بەفر،” “هەنگەوان” و “کەمانچە ڕەشەکە” ئەو سێ ڕۆمانەن.
بەفر، یەکێکە لەئەزموونەتازەکان کە شێوازی نووسینەکە لەلایەن جەندین ڕۆماننووسەوە کاریان تێداکراوەو هەندێکجار بەڕۆمانی مینی ماڵیستیش ناودەبرێن . بەفر ڕۆمانێکە دەربارەی جوانی و سپێتیی بەفر و هایکۆی ژاپۆنی. خودی ڕۆمانەکە فەزایەکی هایکۆیی هەیە و لە هایکۆنووسێک دەدوێت. ڕۆژێک هایکۆنووسەکە لەگەڵ باوکیدا بە تەنیشت ڕووبارێکەوە پیاسە دەکەن، هایکۆنووسە گەنجەکە بە باوکی دەڵێت: شیعر چییە؟ باوکی دەڵێت: شیعر ئەم ڕووبارەیە. رۆمانی بەفر ، كە بەرهەمی هزریی نووسەری گەنج ماكسێنس فێرمینی لەدایکبووی ( 1968) ە ‌و دەكرێت باش بخوێندرێتەوە، چونكە ڕۆمانی بەفر تام‌ و چێژێكی تایبەتی بەمرۆڤ دەبەخشێت ‌. جیاوازە لەڕۆمانی بەفری ئۆرهان پامۆک کەئەویش بەرهەمێکی تری ناوازەو شاکارێکە بۆخۆی بەڵام ئێمە لێرەدا باسی ڕۆمانی بەفری فێرمین دەکەین ؛ ئەو دەمەی رۆمانەكە دەخوێنیتەوە واهەست دەكەیت رۆچوویتە ناو چامەیەكی شیعری بەپێز، چونكە سەراپای رۆمانەكە بە نەفەسێكی شیعری نووسراوە، كە ئەمەش داهێنانێكی تازەیە‌و زیاتر سەرنجی خوێنەر بەلای خۆیدا كێشدەكات‌ . فێرمین نەیشاردۆتەوە كە چەندە لەژێر كاریگەری شیعردایە‌و ئاوا گوزارشت لەشیعر‌و شاعیر دەكات لەبەر ئەوەی شیعر لای فێرمین هاندەر‌و یارمەتیدەرێكە بۆ دۆزینەوەی جوگرافیایەکی جیاوازترلە مرۆڤ، ئەو ئاوا گوزارشت لەشیعر‌و شاعیر دەكات. هەروەها ئەو دەیەوێت ئەدەب‌و هونەر بەتێكەڵی ببینێت ‌‌و هەرواش بەئێمەیان بناسێنێت ‌، ئەو رایەڵێكی بەهێزی هەیە لەنێوان خۆشەویستی لەلایەك‌و سەما‌و جوانناسی‌و مۆسیقا‌و نیگاركێشان‌و شیعر لەلایەكی تر. سەرچاوەی هەموو ئەمانەش بەلای ئەوەوە لە خۆشەویستی ئافرەتێكەوە سەرهەڵدەدەن بۆ كاراكتەرێكی بەهێزی ناو رۆمانەكە، كە ئەویش (سوزوكی) یە. واتە لە بەرامبەر تەواوی هونەرەكاندا ئەو بەلای خۆشەویستی دایدەشكێنێت ‌. ئەوەش سەرەڕای لەیەكچوونیان، بەڵام( خۆشەویستی بە قورسترینیان دەزانێت . تەواوی گرێبەندەكانی ناو رۆمانەكەش ( رێكەوت ) دەكەنە شوناسی خۆیان، واتە رێكەوت پروشەیەكی دیاری ناو رۆمانەكەیە، كە چەندین جار هاتۆتەسەرڕێگەی ، وەك دەبینین بەڕێكەوت بەسەر لاشەی (بەفر) لەناو بەستەڵەكدا تێدەپەڕێت بەڵام لەبەر جوانییەكەی لەهۆش خۆی دەچێت‌. یان رێكەوتی بینینی سوزوكی ‌و بەفر ‌و دروستبوونی ئەو عیشقە راستەقینەیەی لای سوزوكی یا بەیەكگەیشتنی ( كچی بەفر)‌ و (یۆكۆ‌) و زەماوەندكردنیان، یان كە سوزوكی زانیبووی جوانترین‌و سپیترین تابلۆی خۆی بكێشێت.
فێرمین شەڕێكی گەورە بەرپادەكات لەنێوان رەنگ‌ و بێڕەنگیدا ، كە سەرەتا بەدوای دۆزینەوەی بێڕەنگیەوە دەبێت ‌‌و لەڕێی سوزوكی دەیدۆزێتەوە ، كە ئەو دەمەی نابینا دەبێت و دواجاریش بەكەناری رەنگەكان دەگات لەڕێی یۆكۆوە، ئەوەی سەرنجیش رادەكێشێت ‌ ئەوەیە، بەفر لای ئەو بێڕەنگە یان كە دەڵێ‌: بەفر سپییە، هەر بۆیە دیار نیە ‌و شایانی بوون نیە، جا دەشێت ئەمە رەنگێكی خەیاڵی بێت و كەشف نەكرابێت. یان لەهەندێک‌ وێنەی ناو رۆمانەكەدا جێ‌ پەنجەی زانست دیارە، بەشێوەیەك كە ئاوێتەی كردووە لەگەڵ رۆمانسییەت‌و لەڕێی زانستەوە دەرگای بەڕووی جوانیی ‌و سۆز كردۆتەوە. ئەوەتا سوزوكی بە یۆكۆ دەڵێ‌: كوڕی خۆم ئەو چوونە چ سودێكی بۆ من هەیە؟ ئەزانم ئەمەی وتت راستە ، بەڵام چوونە سەر مەزاری هاوسەرەكەم كە ساڵانێكی زۆرە مردووە، بۆ پیرەمێردێكی وەكو من چ سودێكی هەیە ؟ یان هوروشی دەڵێ‌: .. لەیەك شت دڵنیابووم ، ئەویش ئەوەبوو كە ئەم پیردەبێت‌و دنیا بەجێ‌ دەهێڵێت، بەڵام ئەم روخسارە جوانە خەوتووەی ناو ئەم بەفرە، هەرگیز پیرنابێت‌و تەنانەت دوای مەرگیش ‌و تا ئەبەد خۆشەویستی بۆ ئەم ژنە لەوێدا دەمێنێتەوە. ئەمە بەفر ‌و بەستەڵەك وەكو مۆمیاكردن وان بۆ لاشەی مردوو، هەروەها كار لەسەر هێشتنەوەیان دەكات لە دۆخێكی جێگیردا، بە پێچەوانەی باری تری فیزیایی لە فەزای ئازاد كە كاری داخوران‌و پیربوون لەسەر لاشەی ئادەمیزاد دەكەن. فێرمین لەڕێی یۆكۆی پاڵەوانی ناو رۆمانەكەوە، شارەزایێكی زۆر بەكاردێنێت‌ بۆ لێك نزیكخستنەوەی هەردوو جیهانی واقیع‌و خەیاڵ. ئەمەش ئەو كاتەیە كە یۆكۆ زانیاری لەسەر ( بەفر) دەداتە سوزوكی ‌و سوزوكی بەسەرسوڕمانەوە پێی دەڵێ‌: تۆ ئەم شتانە لە كوێوە دەزانیت. بەڕاستی تۆ كێیت؟ پەیامهێنێكی دونیای مردووانیت ؟ كەس نازانێت ئەو لەكوێیە، دەمێكە ئەو كەژ‌و كێوە ئەویان لەمن سەندۆتەوە. هەرچەندە یۆكۆ دەیەوێ‌ یارییەكە بكات‌و تۆپەكە بخاتە گۆڕەپانی مامۆستاكەی ‌و پێی بڵێ‌ ئەو لەڕێی جوانیی رۆحەوە دەرك بە شتەكان دەكات، چونكە بەرلەوە فێرببوو( كە لە بنەڕەتدا رۆشنایی راستەقینە ‌و رەنگی راستەقینە پەیوەندیان بە جوانی رۆحەوە هەیە) یان راستیەكەی دەیەویست بەمشێوەیە مامۆستاكەی هەڵخەڵەتێنێت‌، كە ئەمە جاری یەكەمی نیە، بەڵكو بۆ یەكەمجار ئەو كاتەبوو كە لەیەكەم پرۆڤەدا مامۆستا پێی گوت: چاوەكانت بخەرە سەریەك‌و بزانم چی دەبینیت؟ ئەویش وتی رەنگی سووری درەختەكان، بەڵام مامۆستا هەستی بە ساختەییەكەی كرد‌و بە توندی وەڵامی دایەوە، جاری دووەمیش ئەوەبوو كە مامۆستاكەی هەڵخەڵەتاند ‌و لە واقیعیشدا چی بینیبوو دەربارەی ( بەفر) ئەوەی خستە ناو چێوەی خەیاڵ‌و بە مامۆستاكەی راگەیاند، واتە خەیاڵی تەوزیفی سەر واقیع كرد‌و مامۆستای پێ‌ سەرسام كرد، كە ئەمەش هونەرێكی جوان و ئەرێنی هەبوو بەلای سوزوكی یەوە، كە گرێی دەروونی بۆ كرایەوە‌و بەلاشەی بێگیانی ( بەفر)ی گەیاند ‌و تا ئەبەد لەتەنیشت لاشەی ئەو راكشا هەروەها لەرۆمانەكەدا ژمارە(7) ئەفسونێكە یان تاكە دوورگەی نەدۆزراوەی نێو رۆمانەكەیە، تەواوی ئەوانەی رۆمانەكە دەخوێننەوە، هەرگیز لە سیحری ئەم ژمارەیە ناگەن، چونكە مەبەستێكی شاراوەی رۆماننووس لە پشتی ئەم ژمارەیە خۆی مەلاس داوە‌و ئەویش مەبەستی نیە بیدركێنێت تەنها دەتواندرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت .
لەکۆتاییدا دەکرێت بڵێین ڕۆمانی سەردەم ڕۆمانی مینیماڵی یان هەرناوێکی تری لێبنێین پێویستە و مرۆڤی کورد ئەم جۆرە ڕۆمانە پوخت وبێگەردانە بخوێنێتەوەو خۆی لەگەڵ جیهانی نوێ بگونجێنێت و دوور بکەوێتەوە لەدرێژ دادڕی بێ واتاو بێ ئاکام وەکو هەندێک نووسەری پێدەناسرێتەوە .




لێکدان.. چیرۆک: نەوزاد بەندی

ئاخر توخوا ئەمەیش بوو بە چیرۆک ؟
ئەو بەیانییە پشوو بوو ، نەمزانی بە هۆی چییەوە پشووە ، چونکە پشوو ئەوەندە زۆر بوون ، ئەبێ بەدوادا چوونی بۆ بکەیت ..وای لێ هاتووە بەرپرسێ قازێک بخوا و لەلای بەتام بێ ، ئەو ڕۆژە ئەکرێتە پشوو ،ناوێکی لێ ئەنرێ ، ڕۆژی قاز ..قازە بەچێژەکەی خاوەنشکۆ ..قازی قازان ..داستانی قازقازۆک ..قازە خێرلەخۆ نەدیوەکە ….
لەناو جێدا پاڵم لێدابۆوە ، ژوورم تاریک کردبوو ، بەتەما بووم ئەو ڕۆژی قاز و شتە بکەم بە ڕۆژی خەو ..ئێ لە سەردەمێکداین ، پاڵکەوتبی پارێزراوتریت لەوەی دانیشتبیت ..دانیشتبیت ، ژیانت پارێزاوترە لەوەی بە پێوە ڕاوەستابیت . . لە ماڵەوە بە پێوە ڕاوەستابیت ، فیشەک کەمتر ئەتدۆزێتەوە تا لە دەرەوەی ماڵ بە پێوە ڕاوەستابیت ..
بەڵام چی ئەڵێی لەگەڵ لیستی بازاڕ کردندا ؟ هەر هێندەم زانی لە لاپەڕەیەکی حەوت سانتم پان و بیست سانتیم درێژدا ، ناوی کۆمەڵێک بابەت نووسراون ، کە ئەبوو بیانکڕم : پاککەرەوەی شوف سێ لیتر و نیویی ، خوێی هیمالایا ، ترۆزی ترشیات ، دوو دەسک کەرەوز و دەسکێک مەعدەنۆس با گەڵاکانی تۆخ نەبن ، دەسکێشێکی لالە با میدییەم بێ ، سەمونی حەجەری ، زیرە ، گشمیش ، دەرمانی فەلافل ، عەمبە ، ساسی فێ فێ ، لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 ، کیسی خۆڵ ، پەڕۆی سیحریی ، دوو پاکەت ئاو ، نیو کیلۆ قەیسی ، دوو کیلۆ و نیو گوڵەبەڕۆژە ..ماسیحەیەکی سنکی مەتبەخ …..
ئەو لە قەیەفەری سەری کردبوو بە هێلانەی مریشکەکانا و لەبەر خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بوو : ئەک پاڵتان نەگەڕێ مریشک ، لە دوانزە هێلکەوە هاتۆتە سەر سێ هێلکە ..
ئیتر بە پشتا و پشتا بە خێرایی لە هێلانەکە هاتە دەرەوە ،کەفەڵی بەر نووکی بتڵە غازێکی ژەنگاویی کەوت ، کە نیوە وەستاو ، وەستێنرا بوو ، هاواری لێ بەرز بۆوە :پێکرام ..خۆم ڕۆ !
من بە کاوەخۆ هەستامە سەر پێ و ..لیستی بیست سانتیم پان و حەوت سانتیم درێژم خستە ناو پانتۆڵی کاوبۆکەم کە به پشت دەرگاکەدا وەک کەوڵی ڕێویی هەڵواسرا بوو ، جا بیرم کردەوە ئەم جۆرە لاپەڕەیەم لە کوێ کڕیوە ؟ هەرچەندم کرد بیرم نەکەوتەوە ..
چوومه بەردەم ئاوێنەکە ، تەماشایەکی خۆمم کرد ، پیاح چەند ناشیرینم ..پێستێکی تاریک ، پەڵەی سوور لەملاولاوە ، زبرییەک وەک ئەو شەقامانەی پارێزگاری نوێ ئەیڕنین و هەتا بڕیاردان لەسەر بودجەی ساڵی نوێ بەجێی ئەهێشتن ..تەماشایەکی ڕیشی نیو ملیمیی ماش و برنجی خۆمم کرد ، بیتاشم یان نەیتاشم ؟ بڕیارم بۆ نەدرا .. بیرم کردەوە ، جاران بە چ عەقڵێکەوە هەوڵی یەکبینەی دڵداریم دابوو ؟ ئاخر گەنەڵە ی بستە باڵای وورگ ئاوساوی بێ ملی پێست مارمێلکەی دەنگ قۆڕە قۆڕ ، کچ حەز له چ شوێنێکت بکا ؟ ئەڵێی هامەریت و درۆن لێی داوی ..
ئاتە که گوێی له هاواری خۆم ڕۆ بوو ، به پەلە میزەڵییەکەی کرده شانی و بەرەو لای هێلانەکە هەیپێی لێکرد ، سەنگەری گرت ، شکی نەما دوژمنەکانیان فرسەتیان لێهێناوه و تلاندوویانەتەوە ، بۆنی بارووتی نەکرد ، جا کە تەماشای دوو دڵۆپ خوێنی خوار دۆخینی کرد که بە شەڕواڵه سپیەکەیەوە دیار بوون ، ووتی بە کەلامی خوا کوڵەوەیباب گەستوویەتی !
ــکچێ کوڵەوەیبابی چی ؟ دەملار .. بتڵه غاز قنگی دڕیم ..ئەمه چ سەگبابێ ئەم غازەی ئەئاوا داناوە ؟
دوو هێلکەیان به سەروچاویدا شکابوون ، دانەیەکیان به سڵامەتیی به دەستی چەپیەوە بوو ، له حاڵێکدا سەر و پۆتەڵاکی له هەوێرێک ئەچوو ، کارەبای بە سەردا کوژابێتەوە و ئامێری هەویرکارییەکە له گەڕ وەستابێ .
ـــ بەردت لێ وارێ ، ئەوە بۆ ئەوەنە جرپنی ؟ غازم لاونیو داناوە ، خاڵیی بوو ، خستمە ناو تەشتێ سەهۆڵ ، ساوەرێکی پی هەڵکوڵێنم ..
من بە بێ تەراش و شانەکردن لە ماڵ دەرچووم ، تەماشای ئوتومبیلەکەم کرد ، خۆڵ دایپۆشیوە ، تومەز خۆڵبارینە ، هەر خێرا لووتم چوزایەوە ،پاودەری گڵە سوور بەری خۆری گرتبوو ، ئەتووت هەندێ فیلمی هیندییە کە خۆڵەپەتانێ ئەکەن و گۆرانی خۆش خۆش ئەڵێن .. بە خێرایی چومە ناو ئوتومبیلەکەم ، جامەکانم باش قەپات نەکردبوو ، داشبۆرد و ستێرنەکە ئەتووت بە تایبەت خۆڵە سوورت لێ پرژاندوون ، هەر لە خۆمەوە حەزم کرد لەسەر خۆڵی داشبۆردەکە هەندێ پیت و وشە بنووسم بە یادی جاران کە خۆشنووس بووم ، (مامۆستا سەید موحسین ، مامۆستای خۆشنووسیی …. ) ، گوێم له دەنگی خێزانم بوو ئەیووت هێشتا لەناو سەیارەکەدایت ؟ بە تەمای کەی بڕۆی ؟وا نیوەڕۆیە ..
ئاتە بۆنی بارووتی نەکرد ،بەڵام هاوسەری دەمەونخون لێی کەوتبوو ، یەک تاک هێلکەی بە دەستەوە بوو ، دوو هێلکە بەسەر و ڕیشیدا تەقی بوون ، سەر و کەللەی لەو هەویرانە ئەچوون کە لە نیوەی شێلاندا کارەبا بڕاوە و ئامێری هەویرەکه لە کارکردن وەستاوە ..
ووتی کچێ فیشەکی چی ؟ ئەو بتڵە غازە چ سەگبابێ لەویا دایناوە ؟ قنگی دڕیم ، بەردت لێ وارێ ..
ئاتە به بێ خواستی خۆی قاقایەکی لێ دا کە زیاتر له قوقەی کەڵەشێرێکی نەخۆش ئەچوو ، پێی ووت دۆخینت بپسێنه بزانم زامەکەت قوڵە یان پێست داماڵکانە ؟
ووتی کچێ دۆخینی چی ؟ لاچۆ ..هاوار بە ماڵم .. هەر ئەوە مابوو مریشکە بێخێرەکانت بە دەنووک یەکاڵام کەنەوە ..
من سلفم لێدا و یەکڕاست پێم لە سکلێتەر نا ، ئوتومبیل چەند مەترێ ڕۆیشت و کەوتە خوتە و بۆڵە ..ئێ خۆ ڕاستە دەمەو بەهارە بەڵام کەش و هەوا هێشتا ساردە ، بە بێ گەرمکردن ئوتومبیل چۆن ئەڕوا ؟ حەماوە لە خوار سفرەوەیە . . ناچار لەبەردەم ماڵی سەعیدی سێموچە بەجارێ ، ئوتومبیلەکەم ڕاوەستاند و دام بە بۆش .. نزیکەی پێنج خولەک ڕاوەستام ، لەو ماوەیەدا تەماشای ڤایبەر و مەسنجەری مۆبایلەکەم کرد .. ئەو نامانەی بۆیان ناردبووم ، هەموویان نوکتە بوون .. نوکتەی بێ تام ، مانگایەک ڕایئەکرد بە دوای پشیلەیەکا .. پیاوێک سەر و ڕیش و برۆی خۆی تاشی بوو ، نوسیبووی وایش هەر قۆزم ..دوو پاسکیلسوار ، پیتزایەکیان پێ بوو ، لێی نووسرا بوو ، دەبڵ نەبوو ، پارەکەی مەدە .. کچێ بە دەنگێکی ناخۆش گۆرانی با بچینە سەر وەیسی ئەووت ..
ئەو بە کاوەخۆ هەستایەوە ، دوو دڵۆپ خوێن لە شەڕواڵە سپیەکەیەوە دیار بوون ، ئەتووت بۆرە مار گەستوویەتی ..لە داخا ئەو هێلکەیەی کە بە دەستیەوە بوو ، هەتا هێزی تیایە ماڵی بەسەری ئاتەدا .. ئاتە کە لینجاوی هێلکە بە ڕوخساریا هاتە خوارەوە ، دەهری بوو ، کوڵە گسکێک هات بە دەستیەوە ،تا هێزی تیا بوو تێی گرت ، بەری نەکەوت .. ناچار گرماندی : ئەک کرمەڕێز بی ، شێتە شەش تڕ ، ئەو هێلکەیەت بۆ پیا ماڵیم ؟ خێری هێلکەیەکت نییە ، وەڵا .. تڕکەنی دەغەزاری بۆگەن ..!
وویستم پێی لێ نێم ، سەعیدی سێموچە بەجارێ ،دەرگای ماڵی ترازاند ، سڵاوێکی گەرمی لێکردم ، منیش سڵاوم سەندەوە ..سەعیدی سێموچە بەجارێ ، وەک ئەوەی تەکسی ڕاگرتبێ ، دەرگای سەکنی کردەوە و لە تەنیشتما دانیشت ..کۆکەیەکی بۆ کرد و ووتی ببوورە تۆزێ تاخیریش بووم ! ..منیش نەدەکرا هیچ بڵێم ، دراوسێیە ..هەندێ دراوسێ وەک گونی قۆڕ وان ، بیانبڕی هەر وەی ، نەیانبڕی هەر وەی ..
ووتم : نا نا ڕێک لە کاتی خۆیدا هاتی ..
پێم بە سکلێتەرا نا سەیارە وەک کێچ دەرپەڕی .. سەعیدی سێموچە بەجارێ ووتی : ئەمە مەکینەی چەندە ؟
ووتم : بیست و تۆربۆیە ..
قڕقێنەیەکی ناخۆشی دا بۆنی پیاز و کەوەری دوێنی شەو هات بەسەرما ،
ووتی : خوا لێت نەسێنێ ..
من وامزانی مناڵەکانم ئەڵێ ، ووتم لەگەڵ مناڵەکانی تۆیشا !
ئەو نەیزانی چی بە ئاتە بڵێ ، یان ڕاستتر نەیدەزانی کاردانەوەی ئاتە وا خێرا و دەمارگیرانەیە ، هەر بۆیه بایدایەوە و ووتی : کچێ خواقەزا ، سوعبەتم لەگەڵدا کردیت ، بۆ ئەوەی چاو کارت تێ نەکا ئەو هێلکەیەم پیا کێشای ، خەڵک لاندکروزەر ئەکڕن پێش هەموو شتێ دوو سێ هێلکەی پیا ئەکێشن لەبەر چاو و نفوس ..
ئاتە لەو کاتەدا کە زەردێنەی هێلکەکە ئەڕژایە ناو سوخمەکەیەوە ووتی : شەرت بێ بە کوێخا مارفی برام بڵێم سوارت بێ ! ، وا ئەزانی بێکەسم ؟ وەرە زەلام هاتووم قنگی بۆ عیلاج کەم ، هێلکە بارانم بکا ..
ئەو هەرچۆنێ بێ ئاتەی ڕازی کرد کوێخا مارفی برای تێ نەگەیەنێ ، وەعدی کراسێکی ئاودامان شینی پێدا ..جا لە پڕێکا بیری کردەوە کە ئەبێ بچێ بۆ سلێمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا ، کۆبوونەوەیان هەیە لەسەر گاداری و بیری ئیرتیوازی و ئەو زەوییانەی ئەکەونە ڕاستە شەقامەکە ، نابێ کشتیاری تیا بکرێ ، دەسەڵات بە نیازه بیانکا به تاوەر و مۆڵ و پڕۆژەی بازرگانی و ناوچەکە ببوژێنێتەوە ..
هەر ئەوەنەی بڵێی یەک دوو ، ڕاپەڕی و دەستێ جلی قۆپچەی قاوەیی میلداری هەبوو ، پۆشی .. ئەتووت ئەو کەفەڵە بەوەوە نەبووە کە نوکی بتڵی غازی ژەنگاوی، سمی بووی ..
پیکابی بابەهانی بە گەڕ خست و وەک تێسکەی تفەنگ ، ڕووە و سلێمانی تێی تەقاند ..تۆز و خۆڵی برد بە ئاسمانا ..
لە کاتی ئوتومبیل ئاژۆتنا ، تەماشایەکی سەعیدی سێ موچە بەجارێم کرد ، هەستم کرد لاجانگەکانی تەرازوو نین ، لا جانگی لای چەپی هەتا خوار نەرمانی گوێچکەی هاتبوو ، کەچی ئەوەی لای ڕاستی ،لە ئاستی هایلێکسەکەدا قەل کرا بوو ..
پێم ووت : کاک سەعید ئیش و کار چۆنە ؟
ووتی : موچە دابەشکرێ باشە ، دابەش نەکرێ ، به قوڕ گیراوە ..!
ئەم سەعید سێ موچە بەجارێیە ، خۆی موچە خۆر نەبوو ، ئیشی جوملەی گوێنی و گوریس و بەنی ئەکرد ، جارێکیان پەیامنێری کەناڵێک به گیری ئەهێنێ و جۆرەها پرسیاری سەیر و سەمەرەی لێ ئەکا ، یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە : ئایا بە ڕای تۆ ئەم حوکمەتە چۆن لەگەڵ خەڵک ئاشت ئەبێتەوە ؟
سەعیدی گوێنیفرۆش سەر و حەج وتبووی : ئەم حوکمەتە هەتا سێ موچە بەجارێ دابەش نەکا ، خەڵک خۆشی ناوێ !

پەیامنێرەکەیش لە پڕ بینەرترین تیڤیدا ئەم ڕایەی سەعیدی گوێنیفروش بڵاو دەکاتەوە و لە جیاتی بڵێ بەڕای کاک سەعید ئەبێ حوکمەت سێ موچە بە جارێ دابەش بکا ، جا ئەتوانێ میللەت ئاشت بکاتەوە ، ئەڵێ : بەڕای کاک سەعید سێ موچە بەجارێ دابەش بکا ، جا ئەتوانێ خەڵک ئاشت بکاتەوە .. ووشەی ( ئەبێ حوکمەت )ی لە نێوان سەعید و سێ موچە بەجارێکدای لە بیر چوو بوو بیڵێ ، بەو جۆرە ، سەعید ، نازناوی سێ موچە بەجارێی بەسەردا دابڕا ..خێزانی پێی وتبوو بە ڕای من (سێ موچە بەجارێ ) لە ( گوێنیفرۆش ) خۆشترە ..
ــقەزیه خۆشی و ناخۆشی نییە ، قەزیەکە ئەوەیە بە بێ ئەوەی لە ژیانما دینارێ موچەم وەرگرتبێ ، ئەم سێ موچەیەم پێوە چەلب کرا ..
ئەو بە بابەهانەکەوە خۆی کرد بە سلێمانیدا ، ژمارەکەی علوج بوو ، ترسی لە کامێرای تیژ ڕەوی و شت نەبوو ..
من لە شەقامی مەولەوی سەعیدی سێ موچه بەجارێم دابەزاند ..
ئەو گەیشتە تێرمیناڵی شارەزوور ..لەوێ بۆنی کەبابخانەیەک هات بەسەریدا ، بەرگری پێ نەکرا ، لە گوێ شەقامێکا بابەهانی پارک کرد و خۆی کرد بە کەبابخانەکەدا ..
من ئوتومبیلەکەم لای مزگەوتی کانێسکان پارک کرد و به پیادە چوومە مارکێتێک کە زۆربەی کەل و پەلەکانی ناو لیستی لاپەڕەی حەوت سانتیم پان ، بیست سانتیم درێژی لێ بوو ..
ئەو ، دوای دوو شیش کەباب و شیشێک گورچیله و دوو شیش جگەر ، چایەکی ئەبوو هێلی هەڵدا و سویچەکەی کردەوە بە بابەهانەکەدا .
من چوومەوە ناو ئوتومبیلەکەم ، چێکێکی لیستەکە و کەل و پەلەکەم کرد ، تەنها لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 م دەست نەکەوتبوو ..چوومە سایدی ئەو بەر ، بەرەو گەڕەکی ئاشتی ڕۆیشتم .
ئەو بابەهانەکەی به سابونکەرانا ، غل کردەوە ..
من گەیشتمە لای فولکەی میوەفرۆشان .
ئەو شەقامی مەولەوی بڕی ، له کۆتایی شەقامەکەدا ، پۆلیسێکی هاتوچۆ ڕایگرت ، ووتی : ساڵانە و مۆڵەتەکەت ؟
ــ پێشمەرگەی دێرینم ..
ــ کەرکوکتان جوانە ، حەسەن پلایس گاڵەی پێکردن دابەزە ..
ئەو دەهری بوو ، دابەزین و یەخەی پۆلیسگرتنەکەی پێکەوە بوون ، وەک شۆڕەبی ئەیهێنا و ئەیبرد ، شڵەقاندی ، دەستی برد چەکی کرد ، دەمانچەیەکی تۆپڵی دەسک عاجی بەلاقەدەوە بوو .. کۆمەڵێ گەنج کە هەموویان ئینزیلاقیان هەبوو ، بە شەلەشەل گەیشتنە سەریان ، بۆ ناوبژی نا ، تەنها بۆ تەماشاکردنی ئەو شەڕە خۆشە …پۆلیسەکە ئەیویست شتێ بڵێ ، نەیئەتوانی ، وەک ئەوەی گوێزێکی شیلیی لە قوڕگیدا گیری خواردبێ ..ئەو ووتی : سوپاسی خوا بکە کە کۆبوونەوەی ئەرز و ئاوم لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە ، ئەگینا وازم لێ نەدەهێنای ، ویستی دەمانچە تۆپڵییەکە بکا بە لاقەدی خۆیدا ، پەشیمان بۆوە ، پێش ئەوەی بیداتەوە ، شانەکەی ترازاند ، تا فیشەکەکانی دەربێنێ ، نەبادا فرسەتی لێ بێنێ و لە بابەهانەکەدا بیکوژێ ..تەماشا ئەکا فیشەکی تیا نییە ، سەیرێکی کرد و ..بە بزەیەکەوە ووتی :
ــ فیشەکیشت پێ نییە تڕە ..
پۆلیسەکە ویستی بڵێ دوێنێ شەو لە یادی ئازاد کردنی مەعەسکەر خالیدا ، تەقاندمن ..
بەڵام گوێزە شیلییەکەی قوڕگی نەیهێشت ..
من گەیشتمە چوار ڕێیانی ئەمنە سوورەکە ، لەوێ لە فرۆشگایەک ڕاوەستام ، لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 ی نەبوو ، ووتی بڕۆ بۆ دارە سووتاوەکە ..
ئەو بە گەڕەکی عەقاریدا هاتە خوار
من گەیشتمە ئاستی باڵەخانەی یو ئێنی کۆن .
ئەو بە ڕاستە شەقامەکەی یوئێن دا وەک بروسکە تل بۆوە
من وویستم یو تێرن بکەم
ئەو بواری نەدام و لە چەمەلەغی پشت سەکنی دام ، ئوتومبیلەکەم خولایەوە ..
کە دابەزیم ، ئەبینم ئەو بە تالیبەرێکەوە خەریکە بەرەو ڕووم دێت ..
منیش بە پەلە ناو ئوتومبیلەکەم گەڕام ، تەنها پاکەتێ کلێنکسم دۆزییەوە .
ئەو تالیبەرەکەی بەرز کردەوە بیکێشێ بە تەپڵی سەرمدا ، منیش پاکەتە کلێنکسەکەم ئاڕاستەی وورگی ئەکرد ..
لە ناکاو ووتی : شامیل !
سەرنجێکم دا ، ئاوێکی سارد کرا بە گیانما ، ئۆی خۆ ئەمە عوزێرە !
تالیبەرەکەی فڕێ دا ، زرنگەی تالیبەرەکە کە بەر زەوی کەوت ، شکی ئەوەی لە لا نەهێشتم کە بە یەک لێدان ، کۆتاییم پێ هاتبوو ..
باوەشی پیاکردم :
ــ شامیل گیان ! خەجاڵەتم .. ئەوە تۆ لە کوێی ئازیزم ؟ چەند ساڵە بۆچی وونی ؟
سی و شەش ساڵ پێش ئەو بەرواره عوزێرم لە کاتی خزمەتی سەربازیدا ناسی ..ئەو کاتەیش هەر وا شێتۆکە بوو ، وەک تیر دەردەچوو ..بەردەوام لە کۆتایی ڕێڕەو و دەرگاکاندا تامپۆنی لەگەڵ عەرەبەکاندا ئەکرد ، لە حاڵێکدا ناوچاوی عەرەبەکانی شین ئەکردەوە و (ئەیا با ..و ئەیا وێلی ) لە عەرەبەکان بەرز ئەبۆوە ، کەچی عوزێر بە شەق و مستەکۆڵە بەرئەبووە گیانیان و پێی ئەووتن : چاوتان نییە ؟ سەگباب ..گوێرەکەن ؟؟
ئەرەوەڵڵا به ناوی عوزێرا بیرم کەوتەوە ، ئەو کاغەزە حەوت سانتیمیە هی ئامێرێکی ئەمەریکی بوو ، فەرمانگەکەمان کڕیبووی ، پرنتەرەکەی ئەو جۆرە کاغەزەی بۆ دەبوو ، پڕ یەک لۆری لەو کاغەزەی لەگەڵدا هاتبوو ، ئامێرەکە یەک هەفتە ئیشی کرد و سووتا ، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەیدەزانی چی لە پڕ یەک لۆری تۆپە کاغەز بکا ، هەر فەرمانبەرێ پڕ دوو گوێنی تۆپە کاغەزی حەوت سانتیمی دایە ..ناوی ئامێرەکە بە ( عوز ) دەستی پێدەکرد ، ناوەکەی ناڵێم نەک بەڕێوەبەری کارگێڕیمان تووشی لێپرسینەوە ببێ .
ئاخر توخوا ئەمەیش بوو بە چیرۆک ؟؟




سۆناتای گۆرانی.. ستیڤان شەمزینی

ئەو ئاگرە چی بوو کردتەوە؟
خەریکە گڕ بمخوات
ئەو برینە چی بوو
لە جەستەی غرورت کرد؟
وەختە لە خوێندا بخنکێین
دەزانم نیازت وایە
لە دڵی خۆتدا
جێگەی ئەو پیاوە بکەیتەوە
نیشتمان جێی ھێشت و
مەنفا
ئامێزی سارد و سڕی بۆ کردەوە
دەزانم ئەو ئاگرەت بۆ ئەوە کردەوە
تاکو شاعیرێکی سەرگەردان
یەکە یەکە
شیعرە نائومێدەکانی
بدا بە دەمەوە و
دەست بکات
بە ھۆنینەوەی ئەو قەسیدانەی
ھەموو وەرزەکان
لە بەھاردا کۆدەکەنەوە
دەزانم بۆیە بە چەقۆی میھرەبانی
جەستەی بزنە کێوی
غروری پیاوێکت
توێ توێ کرد
تاکو ماتەم بگرێ
بۆ ئەو نێرگزە ژنانەی
بە قۆچی نێرسالاریی پلیشانەوە


بورکانێک لە ھەستما ھەڵچووە
چیایەک شیعر
لە مێشکما باڵای کردووە
دەشتی عاتیفەم نەزیفی بەربووە
بەلەمی یاخیبوون
بە رووباری خەیاڵمدا ھاتوچۆیەتی
راڕەوی خەونەکانم
شەنگە ژنێکی پێدا تێدەپەڕێ
لەوەتی لە دایکبووم
ژێی دەنگی
لە گوێیەکانمدا دەزرنگێتەوە
شنەبایەک پرچی رۆژەکانم
شانە دەکات
پەروانەیەک قردێلەی سوور دەدا
لە سەرچڵیم
باران
بەسەر تەنھاییە قەرەباڵغەکەمدا دەبارێت
پەردە لەسەر چاوی پەنجەرەکەم لادەبەم
ژنێک لە بەر باران راوەستاوە
خەونی سەردەمی چاوەڕوانیم
بیر دێتەوە و
بەو سێوەدا ناسیمەوە
لە باخی شیعرمدا ڕنیبووی


گۆرانیت بۆ دەڵێم
وەک خوڕەی ئەو بارانەی
بە دڵخۆشییەوە دەبارێت
وەک ئەو نزایەی
لە دڵی عارفێکەوە دێتە دەر
وەک راچڵەکانی
مۆمێک لە تاریکی شەودا
وەک زڕەی پیاڵەی مەی
سەرخۆشترین پیاوی دنیا
تۆ تەنھا گوێ لە گۆرانییەکەم بگرە و
بە ئەسپایی ماچم بکە
گۆرانیت بۆ دەڵێم
وەک ھاژەی ئەو خوێنەی
لە چاوی زەمەندا قوڵپ دەدا
وەک ھۆرەی ئەو بولبولانەی بەسەر
تەرمی شەقامێکی بێکەسدا دەخوێنن
وەک قرچەی ئەو بارانە گڕگرتووانەی
تووڕەیی دەخەنە جۆلانەی خۆیانەوە
وەک ئاوازی ئەو گیا کلێتە سەوزانەی
سروشت دەلاوێننەوە
تۆ تەنھا گوێ لە گۆرانییەکەم بگرە و
بە ئارامی ماچم بکە





هایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
قەسیدەی چاوەکانت،
بۆ نابینایێ خوێندمەوە
بوو بە کراسەکەی یوسف
2
بیرم لە یەختەکان و
شەپۆلەکانی دەریا نەدەکردەوە
نیشتیمانم بای
3
سپێدەیەکی تاریک
بەکۆتا دێت گەشتە غەمگینەکەم
بە کاتی تەنیایی.
4
لە دیوارێکی لاچەپی نیشتیمان
بە ناوێکی خوازراوەوە
دەنووسم ئازادی.
5
ئیدی سەقفەکە دڵۆپە ناکا
ئاسمان کراسی هەورەکانی گوشیی
ئاوارەکان بزە دەکەن.
6
لە ژوورێکی تاکەکەسیی
لەسەر ڕیتمی مردن
ڕۆژێکی دیکەی ژیانم گوزەشت.
7
خۆرئاوابوو،
ئەو سپێدەیەی
ڕۆیشتی.
8
تۆ ژمارەکەت داخراوە
من بۆ ئەبەد
دەرگاکەم.
9
ژیان
هەموو ڕەنگەکانی بیدعەن
ڕەش نەبێ!
10
دەچم دەمرم،
تکایە کەس بانگم نەکات
هەستە شەڕە.
11
سفرەی جێماو،
پەڕ و باڵی جوجەڵەیەکی سپی
بەربانگی پشیلەیەکی ڕەش!
12
سەرم لە شانی هەور دەخشێ
لەوسەری زەوی
دیارم.
13
شەڕ کەی دەستی پێکرد؟
ئەوەیان دەزانم
کەی کۆتایی دێت؟
ئەوەیان بۆ نەوەکانم جێدەهێڵم.
14
جەنگ هەڵیکرد
خانووەکەم بە خۆڕایی فرۆشت
بە مارمێلکەکان
15
پێکێک ژەهرە
بە تامی هەنگوین
چاوەڕوانیت.
16
پەڕەیەکی سپی
نەخشەی نیشتیمانم لەسەر کێشا
سوور هەڵگەڕا
17
تۆزی بۆردومانەکە نیشتەوە
تاکە پێڵاوێکی بەتاڵ
گریاندمی.
18
تۆ هیچ مەڵێ
هێندە بە بێدەنگ گریاوم
لە زمانی هەموو ئاماژەیەک دەگەم.
19
بەبەر دەمی گوڵێکدا تێپەڕیم
لە ڕکاتی یەکەمینا سەلامی دایەوە
پەپولەیەک
20
بەزیندوویی
مانگیان خستە تابوتەوە
هەورە تەڵخەکان
21
نەبا زەوقی مردنی هەڵسێ
چنگ چنگ ڤیاگرای ژیان قووت دەدا
مرۆڤ
22
ئاوێنەیەکی شکاو
کەی دێیت؟
پارچەکانم کۆکەیتەوە
23
دڵم خێراتر لێدەدا
دڵنیام شوێنێکی دێشێ
نیشتیمان
24
تاسەیەکی فێنک،
لەسەر پشتی شەقام ـ
سێبەری شاخ.
25
،مێزێکی چۆڵ
دوو قاوەی سارد
.پژمینی بۆمبێک




چەند سەرنجێک لەسەرهێرشەکەی ئێران بۆسەرئیسڕائیل وئاکامەکانی!.. حەسەن ڕازانی

لە تۆڵەی ئەوهێرشەی کە ئیسڕائیل کردیە سەر کونسوڵیەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریاو چەندین گەورە بەرپرسی پاسدارانی کوشت، ئێران لە رۆژی 13 و بەیانی زووی14ی ئەم مانگی نیسانەدا هێرشی تۆڵەی خۆی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجامدا! لە بۆ ئەنجامدانی ئەو تۆڵەیەش پێش وەختە ئێران ئیسڕائیلی ئاگادارکردەوە وکاتێکی دیاریکراوی جێمتمانەشی دانا کە بریتیبوو لە ٢٤ بۆ ٤٨ سەعات کە هێرش دەکاتە سەر ئیسڕائیل و تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە!

ئێران هێرشەکەی ئەنجامدا و بەڵێنەکەی بە ڕاستگۆیانە ڕێک لەو کاتەدا جێبەجێکرد کە بۆ ئیسڕائیلی دیاریکردبوو! بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیلی و جەزیرەی قەتەڕ و هەروەها بە پێی قسەکانی گیلاد ئەردان Gilad Erdan نوینەری ئیسڕائیل لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە هێرشی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئێران لەو هێرشەدا 170 دڕۆن و 30 ساروخی درێژمەودای کروز و 120 ساروخی درێژمەودای بالیستیکی بەکار هێناوە بە دەیان تەن لە تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە!

بە دەرخستنی چەند سەرنجێک لەسەر ئەو هێرشە دەردەکەوێت کە تەواوی ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە بە قازانجی ئیسڕائیل و زەرەری ئێران خودی خۆی شکایەوە چونکە:

یەکەم: پێش ئەو هێرشەی ئێران دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە هۆی کێشەی فەلەستینەوە هەم لە ناوخۆیداو هەم لە ڕووی نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی سیاسی و پشگیری نێو نەتەوەیی و تەنانەت هی هەرێ دۆستەکانیشی ڕووی لە خوارێ بوو، بەڵام ئەو هێرشەی ئێستای ئێران هاوکێشەکەی ڕێک پێچەوانە کردەوە. ئیسڕائیل ئێستا لە ڕووی سیاسی و نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی ڕووی لەسەرەو هی ئێرانیش ڕووی لە خوارێیە!
دووەم : ئەو هەموو ساروخە کروزەو مەودا دوورهاوێژانەو نزیکەی دووسەد فڕۆکەی دڕۆن، کە هەندێک سەرچاوە بە نزیکەی چوارسەد دڕۆنیان دادەنین، بە دەیان تەن تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە لە چەندین لاوە هێرش دەکرێتە سەر ئیسڕائیل بەڵام هەموو زەرەری دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕووی گیانییەوە بریتیبوو لە برینداربوونی کچێکی بەدەوی منداڵی تەمەن حەوت ساڵ بەڵام بەسووکی. ئێران بەم هێرشە توانی چی بکات و چی دەویست بیکات لە ئیسڕائیل؟

سێهەم : بە بڕوای من، ئەو هێرشەی ئێران ناچاریی بوو بۆ ئێران. ئەو هێرشە وەڵام دانەوەی ئاخوندەکان بوو بە فشاری ناوخۆی ئێران و هەروەها وەک وەبەرهێنانێکی سیاسیانەی ناوخۆیی بوو ، هەروەها وەڵامدانەوە بوو بە فشاری جیهانی ئیسلامیی بە تایبەتی جیهانی شیعەگەرایی، وەڵام دانەوە بوو بە فشاری حەمساویەکان و بابەتی دیفاع لە قودس و کێشەی فەلەستین و لە لایەکی تریشەوە بەڵێنێکی دابوو کە وەڵامی دەبێ بۆ ئیسڕائیل و ئەو هێرشەش وەک سڕینی ئارەقەی ڕووی سیستەمی ئاخوندگەرایی بوو!

چوارەم : بە بڕوای من، بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل بابەتی غەززەو خەڵکی داماوی فەلەستین و کێشەی فەلەستین و هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر شارو ناوچەی ڕەفەح کەوتە دواوەو بابەتی ئێران ئیسڕائیل بوو بە بابەتی سەرەکی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی. ئێران بەم کارەی کێشەی غەززەی هێنایە دواەوە..ئەمەش وەک هاوکارییەک بوو بۆ ئیسڕائیل!

پێنجەم: من پێم وایە بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل چاوی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی ڕووی پێ لە ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و غەززە وەرگێڕاو خەریکی کرد بە ئێرانەوە..ئەمەش هاوکاری ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسییەوە!

شەشەم : ئێران بە و هێرشەی بۆ سەر ئیسڕائیل هێزی خۆی نیشانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دا کە تواناو هێزی سەربازی چەندە و لە چ ئاستێکدایە ئەگەر بیەوێت شەڕ لە گەڵ ئیسڕائیل بکات؟ ئێران نیشانی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی دا کە بەو هەموو هێرشە بەرفراوانە مووشەکی و درۆنیە نەیتوانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەیێنێت! نیشانی دا کە هەمووی هاش و هوشی ئیعلامیی بوو! خەڵک وای لە ئێران ڕا دەبینی کە ئیسڕائیل لە یەکەم هێرشدا هەر قوت بدات !

حەوتەم : بە بڕوای من، ئێران بەو هێرشەی کە کردیە سەر ئیسڕائیل بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕووی ئیسڕائیل ببێتەوە! چونکە بەو هەموو هێرشە گەورەیەی نەی توانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەێنێت! هەموو ساروخ و دڕۆنەکانی لە ئاسماندا پێش ئەوەی بگەن و زووربەیان لە نیوەی ڕێ تەقێنرانەوە! لێرەدا زانست و پێشکەوتن و تەکنەلۆجیای سەردەم کەوتە بەرامبەرکێ لەگەڵ هاش و هوشی ئیعلامیی سیستەمی ئاخوندی! هەموو کەسیش شاهیدە کام لا دەیباتەوە.

هەشتەم : ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕئیل وەک پشتگیرییەک شکایەوە بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕئیل چونکە هەندێک دەوڵەت کە خەریک بوو لە ئیسڕائیل دەتەکینەوە هێنانیەوە بۆلای ئیسڕائیل، تەنانەت ئەمریکا خەریکی تەکینەوە بوو. ئەم هێرشە ئەمریکاو چەندین دەوڵەتی گەورەی تری هێنانەوە مەیدان بۆ هاوکاری ئیسڕائیل! ئێران لێرەدا هاوکاری ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە!

نۆهەم: بە بڕوای من، هێرشی حەمساویەکان بۆ سەر ئیسڕائیل بە کت وپڕی و کوشتنی بە سەدان لە خەڵکی بێتاوانی جولەکە و بە دیلگرتنی بە سەدانی تر هەلی ڕەخساند بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسرائیل کە ئەوە بکات کە کردی و ئێستاش بەردەوامە ولەوە دەچێت زۆریش لەوە خەراپتر بکات بە خەڵکی داماوی فەلەستین! بە هەمان شێوەش هێرشی ئێرانیش بۆ سەر ئیسڕائیل هەلێک دەدا بە ئیسڕائیل کە لەمەودوا دەستی کراوە بێت لە ژێر بیانووی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل لەوانەیە درەنگ یان زوو ئیسڕائیل بە هاوکاری لەملاولەولاوە لە ئەتۆمەکەی ئێران بدات و بۆ هەتا هەتایێ لە کاری بخات یان زیانی گەورەی پێبگەێنێت، یاخود زیانی تر بە ئێران بگەێنێت!

دەیەم: هەر لە ئێستاوە دەوڵەتانی عەڕەبی ڕایان گەیاند کە ناهێڵن ئێران ئاسمانیان بەکاربهێنێت لە دژی ئیسڕائیل بۆ نموونە ئوردون بە ڕەسمی ڕای گەیاند. ئەمەش هاوکاری ئیسڕائیل دەکات! بەڵام لەبەرامبەردا دۆستەکانی ئیسڕائیل بۆ نموونە بەریتانیاو ئەمریکا بنکەی سەربازییان لە دەریای ناوەڕاست و عێڕا ق و قەتەڕدا هەیەو بەکاریشیان دەهێنن لە دژی ئێران بۆ هاوکاری ئیسڕائیل!

یازدەیەم: چەندین دەوڵەتی عەڕەبی بۆ نموونە سعودیەو ئوردون و میسڕ و دەوڵەتانی وەک فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکا هاوکاری ئیسڕائیلیان کرد لە خستنەخوارەوەی ئەو موشەک و دڕۆنانەی کە ئێران بۆ سەر ئیسڕائیلی بەڕێکردن. ئەمەش دەری خست کە ئیسڕائیل پاڵپشتی وەڵاتانی ناتۆی هەیەرو تەنانەت ئەوەتە هەندێک لە دەوڵەتانی عەڕەبیش هاوکاری ئیسرائیل دەکەن لە دژی ئێران!

دوازدەیەم: بە نەزەری من ئێران نەی دەویست هیچ زەرەرێک بە ئیسرائیل بگەێنێت، جا یان لە ترسان بوو یان بەرژەوەندی و سیاسەتی ئاخوندەکان وای دەخواست، ئەگینا بۆچی کات و ماوە دادەنێت و دەڵێت لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ سەعاتدا وەڵاممان دەبێ و هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل دەکەین؟ ئەوە وەک و ئەوە وایە کە ئێران بە ئیسڕائیل و دەوڵەتەکەی بڵێت: ئەی دەوڵەتی ئیسڕائیل ئاگاتان لە خۆ بێت و خۆتان و خەتی دیفاعیتان ئامادە بکەن و مەهێڵن هیچ زیان بگات پێتان وا من ناچارم و دەبێ هێرش بکەمە سەرتان و ئێوەش خۆتان قایم بکەن. واتە ئێمە ناچارین شتێک بکەین و هێرش دەکەین!

ئاکامەکانی کردەوەکانی ئێران لە دژی ئیسڕائیل

ئێران بەو هێرشەی سوودی سیاسی نێونەتەوەیی بە ئیسڕائیل گەیاندو لەبەرامبەریشدا ئاستی خۆی پێهێنایە خوارەوەو زیانیشی بە کێشەی فەلەستین و غەززەی ئێستا گەیاند. هەلی دا بە ئیسڕائیل کە دەست کراوە بێت و هەر کات ویستی گورز لە ئێران بوەشێنێت
ئەو ئەودەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوەو بە ئارەزووی خۆیان چیان بوێت دەیکەن لە دژی کورد بەڵام نابێ وا بزانن کە نەتەوەو دەوڵەتی تر هەمان شێوەی کوردن و دەتوانن هەروا بکەن.. ئەوەتە ئێستای ناوچەکە دەری خست کە ئەگەر وابکەن لە بەرامبەر مست درێشەیان لێدەدرێت . بۆ نموونە ئێران لە گەڵ جولەکەو دەوڵەتی عیبری!
دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە شیعارو هاشو هوشی ئیعلامیی لەسەر خەریتە ناسڕێتەوە کە حەمساویی و ئاخوندەکان بۆ فریودانی جیهانی ئیسلامی بەکاری دەهێنن.

لەساڵی ١٩٤٨ وە هەندێک حیزب و لایەن و دەوڵەت هەن لە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامیدا داوای سڕینەوەی دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیلیی دەکەن و لەسەر خەریتە نەیهێڵن تەنانەت هەندێک واوەتریشی بۆ دەڕۆن و دەڵێن دەبێ جولەکە هەر نەمێنێت لەسەر زەوی بەڵام پێچەوانەکەی دەردەکەوێت!

پرسیارێکی سیاسی لێرەدا سەردەردێنێت ئەویس ئەوەیە کە خەڵک دەپرسێت : ئەدی ورچە سپیەکە دەبێ کەی وەخەبەر بێت؟ خۆ وردە وردە دەوروبەرەکەی لەدەست دەدات؟

حەسەن ڕازانی




گووفه‌كی وه‌رگێڕان.. به‌ختیار محه‌مه‌د

كێ له‌م بڕگه‌یه‌ (له‌م چه‌ند ڕ‌سته‌یه) تێده‌گا: ((… له‌پڕێكدا وه‌ك شتێ دنیا له‌ بێده‌نگییه‌كدا كه‌ له‌ نێو یاده‌وه‌رییه‌كانه‌وه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ داپۆشرا و ون بوو. له‌وه‌ی كه‌ دوور له‌ ئه‌ستانبۆڵ، دوور له ‌هه‌مووان، له‌وێدا بووم و ‌خۆم ژیانی خۆم دروست ده‌كرد هه‌ستم به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ده‌كرد))؟ ل 19 پتر له‌ ده‌ جار و پازده‌ جارم خوێنده‌وه‌، ئه‌و‌جا به‌حاڵ بڕه‌كی لێ تێگه‌یشتم. به‌ڕاستیی تاوانه‌ وه‌رگێڕانی خراپ: ته‌عه‌دایه‌ له‌ خوێنه‌ری كورد و له‌ نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌؛ به‌ر له‌ هه‌ر شتێكیش ته‌عه‌دایه‌ له‌ زمانی كوردی ده‌كرێ.
ئه‌ی ئه‌مه‌ مانای چییه‌: ((شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ كه‌مێك له‌ زه‌وییه‌كه‌ی ئێمه‌ نزیك بوویه‌وه، پاشان پێچی كرده‌وه‌ و له‌ وێستگه‌كه‌ ڕاوه‌ستا‌.))؟ ل 20 ئایا هیچ كوردێك وه‌ها ده‌ئاخڤێ؟ كه‌س ده‌ڵێ سه‌یاره‌كه‌، بایسكیله‌كه‌، ماتۆڕه‌كه‌… كه‌مێك له‌ زه‌وییه‌كه‌ی من نزیك بۆوه‌؟ قیتار، سه‌یاره‌، ماتۆڕ، شه‌مه‌نده‌فه‌ر… له‌ ئێمه‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌، نه‌ك له‌و زه‌وییه‌ی، كه‌ ئێمه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ین و له‌سه‌ری ڕاوه‌ستاوین. زه‌وی هه‌یكه‌لێكی ئه‌ندازه‌یی دیاریكراو نییه‌، تا ئه‌م ته‌نانه‌ی لێ نزیك ببنه‌وه‌. به‌نموونه‌ ڕووبار (ئاو) كه‌ خۆی به‌شێكی ئۆرگانییه‌ له‌ زه‌وی، ئه‌و لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌ و ده‌توانین بڵێین ئاوه‌كه‌، ڕووباره‌كه‌، لافاوه‌كه‌ له‌ زه‌وییه‌كه‌ی ئێمه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئاو خۆی به‌شێكه‌ له‌ پێكهاته‌ی خاك و به‌شێكه ‌له‌ ڕووی ته‌ختایی ئه‌و. ئه‌م نزیك بوونه‌وه‌یه‌ بۆ مرۆڤ و ئاژه‌ڵ ده‌شێ، چونكه‌ ئه‌وانیش به‌شێكی ئۆرگانین له‌ خاك و زه‌وی. به‌كورتی ده‌شێ بۆ ئاو و گیانله‌به‌ر بڵێین له‌ زه‌وی نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ته‌نی مردوو نابێ. له‌م باره‌دا ده‌بێ بڵێین شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌، سه‌یاره‌كه… له‌ ئێمه‌ نزیك ده‌بۆوه‌، نه‌ك له‌ زه‌وییه‌كه‌مان؛ یان ڕاستتره‌ بگوترێ: شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ له‌ نزیكی ئێمه‌وه‌ تێده‌په‌ڕی؛ یانیش له‌ نزیكی ئه‌و زه‌وییه‌وه‌ تێده‌په‌ڕی، كه‌ ئێمه‌ كارمان تێدا ده‌كرد (بیرمان لێ ده‌دا، چونكه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كار له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا بیر لێدانه‌، هه‌موو ڕووداوه‌كان له‌ ده‌وری ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌)… ئه‌م براده‌ره‌ وه‌رگێڕه‌ (تۆ بڵێی نووسه‌ره‌كه‌ وای گوتبێ؟) به ‌شێوازێك باسی ڕاوه‌ستان و ڕه‌وتی ڕۆیشتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌كا، وه‌ك بڵێی باص و گه‌ڕۆكه‌ (سه‌یاره‌) بێ. پێده‌چێ ئه‌م وه‌رگێڕه‌ به‌ حه‌رفیی ئه‌م ده‌قه‌ی وه‌رگێڕابێ، بۆیه‌ هێنده‌ به‌رباده‌.
به‌هه‌رحاڵ بزانن ئه‌و كوردییه‌ی: ((ده‌مویست بیركردنه‌وه‌ له‌ ژنه‌ قژسووره‌كه‌ نه‌ك له‌ عه‌لی به‌ڵكوو له‌ خۆیشم بشارمه‌وه‌.))؟ ل37 بیركردنه‌وه‌ چۆن ده‌شاردرێته‌وه‌؟ خۆ مادده‌ نییه‌ تا بیشارینه‌وه‌؟ گه‌لۆ، ئه‌مه‌ واتای چییه‌: ((به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ستا مه‌حموود سێ چوار مه‌تر له‌ نێو زه‌ویدا بووایه‌…))؟ ل 37 ئه‌ی زه‌وی به‌تاڵ چییه‌؟ ((به‌ نێو زه‌وییه‌ به‌تاڵ و كێڵگه‌كاندا)). ل41 بزانن چش ده‌ڵێ: ((منیش وه‌ك وه‌ستا دوای كۆتایی كاره‌كه‌ خۆم به‌ سێبه‌ر ده‌گه‌یاند و سه‌یری عه‌لیم ده‌كرد…))! ل 41 توخوا تاوان نییه‌ كورد وا قسه‌ بكا: ((كاتێك زه‌ینم به‌ ده‌وری ئه‌م بیرانه‌دا ده‌سووڕایه‌وه‌…))، ل41 یان: ((ڕۆژی چواره‌م، كاتێك ده‌ڕۆیشتم سه‌ر له‌ قابله‌مه‌ی خواردنه‌كه‌ بده‌م…))؟ ل41 تۆ بزانه‌ ئه‌و قسه‌ عه‌جایبه‌ی: ((هه‌موو شه‌وێك كاتی خۆرنشین، وه‌ستا مه‌حموود لێی ده‌پرسیم…))! ل43 ئه‌دی به‌وه‌ی ده‌ڵێن چ ((هه‌ر ڕێك له‌و كاته‌دا، خۆر له‌ به‌رانبه‌ر چاوه‌كانماندا ئاوا ده‌بوو))؟ ل46 به‌ وه‌ڕینی سه‌گیش ده‌ڵێ: ((وه‌ڕه‌ی سه‌گه‌كان)). ل46 بشزانن چ ده‌ڵێ: ((هه‌ستم به‌ بۆنی ئه‌و ئاگره‌ی كوژابوویه‌وه‌ و سێبه‌ری ئه‌و دارسنه‌وبه‌رانه‌ی بوونیان نه‌بوو ده‌كرد))؟!… ل46
ئه‌م براده‌ره‌ ئابڕووی ئه‌م كتێبه‌ی بردووه‌ و هه‌تكی كردووه‌؛ بۆیه‌ من لێره‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ (146)، كه‌ خۆی (326) لاپه‌ڕه‌یه‌، واز له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ده‌هێنم و چیدیكه‌ ناتوانم له ‌سه‌ری به‌رده‌وام بم؛ ئه‌وه‌نده‌ی خوێندیشمه‌وه‌، تۆپزیم له‌ خۆم كرد.
وه‌رگێڕان ته‌نها زمانزانین نییه‌ (ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زمانزانێكی باشیش بیت)، به‌ڵكو هونه‌ری نووسینیشه‌. وه‌رگێڕ نووسه‌ره‌، هه‌روه‌كو ئه‌و نووسه‌ره‌ی، كه‌ خاوه‌نی ده‌قه‌كه‌ خۆیه‌تی؛ بۆیه‌ ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌بێته‌ ده‌قی وه‌رگێڕ، چونكه‌ ئه‌و له‌ زمانی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌یگۆڕێ بۆ زمانی دووه‌م. واته‌ ئه‌و ده‌قه‌ی به‌ توركی (یان به‌ هه‌ر زمانێكی دیكه‌) نووسراوه‌، وه‌رگێڕ دێ به‌ زمانی كوردی ده‌ینووسێته‌وه‌. بۆیه‌ هه‌ڵبه‌ت هه‌ر زمانه‌ و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی له‌ ڕووی ڕسته‌سازیی و وشه‌سازیی و ڕه‌وانبیژییه‌وه هه‌یه‌. له‌مه‌وه‌ وه‌رگێڕانی حه‌رفیی‌ هه‌ڵه‌یه‌ و شكست ده‌هێنێ. ده‌بێ گوتاری زمانی دووه‌م قسه‌ بكا و ده‌ق ته‌واو له‌ گوتاری زمانی یه‌كه‌م خۆی دابڕێنێ. لێره‌دا وه‌رگێڕان حه‌قی ته‌واوی ده‌قه‌كه‌ ده‌دا به‌ زمانی یه‌كه‌م (زمانی ئه‌سڵی ده‌قه‌كه‌)؛ بۆیه‌‌ وه‌رگێڕان كارێكی ئه‌سته‌مه‌، هێنده‌ ئاسان نییه‌، تا هه‌رچی بێ به‌ هه‌وه‌سی خۆی ده‌قێك – له‌ هه‌ر بوارێك بێ – وه‌رگێڕێ و وه‌كو ئه‌م ده‌قه‌ی به‌رده‌ستمان به‌ هه‌تككراوی پێشكه‌شمانی بكا. ئێمه‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ دوو دیوی یه‌ك دراون: هه‌ردوولا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قی داهێنراو ده‌كه‌ن (لێره‌دا گرنگیش نییه، كه‌‌ نووسه‌ر خاوه‌ن ده‌قه‌ و وه‌رگێڕ خاوه‌نی نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ قسه‌ر له‌سه‌ر كایه‌ی وه‌رگێڕان ده‌كه‌ین)؛ ده‌قی داهێنراویش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واتا و زمان ده‌كا؛ بۆیه‌ وه‌رگێڕ نووسه‌رێكه‌، كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دوو زمان ده‌كا، ئه‌مه‌ش كاره‌كه‌ی ئه‌و ئه‌سته‌متر و سه‌ختتر ده‌كا. له‌مه‌وه‌، كه‌ وه‌رگێڕانی باش ده‌خوێنیه‌وه‌، هه‌ندێ جار ناوی خاوه‌ن ده‌ق له‌بیر ده‌كه‌ی و وا ده‌زانی وه‌رگێڕ نووسه‌ری خاوه‌ن ده‌قه‌كه‌یه‌، هێنده‌ جوان ده‌قه‌كه‌ وه‌رده‌گێڕێ؛ به‌نموونه: عه‌زیز گه‌ردی.

ژێده‌ر: ئۆرهان پاموك، ژنێكی قژسوور، وه‌رگێڕانی سه‌روه‌ر عومه‌ر، شوێنی چاپ: تاران (كتێبخانه‌ی گۆڵدن بووك – 2019).

به‌ختیار محه‌مه‌د




گفتوگۆ لەگەڵ شێوەكار شیلانە سابیر.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

شێوەكار شیلانە سابیر: كاتێ سروشت و خەیاڵ تێكەڵ دەبن،دەتوانرێت جوانترین تابلۆ نیگار بكەیت
شێوەكار شیلانە سابیر: بەهرەی زۆر باشمان لە ئافرەتان هەیە پێویستە زیاتر هانبدرێن
خاتوونی شێوەكار(شیلانە سابیر سۆفی )، لە ساڵی 1976 لە شاری كەركووك لە دایك بوو،هەرلەتەمەنی پێنج ساڵییەوە،وەكو منداڵێكی بەهەرمەند لە نێوە خێزانەكەی بەدەست رنیگینی دەركەوتووە،كاتێ دەچێتە قوتابخانە بەهۆی دەست رنگییەوە بەشداری سەرجەم پیشانگاكانی نێو قوتابخانەكەی دەكات .
خاتووشیلانە بۆ برەوە دان بە بەهرە هونەرییەكەی دەچێتە پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر لە ساڵی 1999 بەشێ شێوەكاری لقی (نیگار) بەسەركەوتووی هەموو قۆناغەكانی خوێندن تەواو دەكات ،كاتێ قوتابی دەبێت لە پەیمانگا بەشداری سەرجەم فیستیڤاڵەكانی پەیمانگا دەكات لەو ساتەوە تائێستا بەشداری چەندین پیشانگای كردووە ئێمە بۆ زیاتر ئاگادار بوون بە كارو چالاكییەكانی هەڤپەیڤینێكی هونەریمان لەگەڵیدا سازدا.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس


*سەرەتا بابزانیت خاتوو شیلان چۆن ئاوێتەی هونەری شێوەكاری بوو؟

  • بەهۆی ئەوەی من لەخێزانێك دا،پەروەردەبووم باوكم مامۆستا یەكی ڕۆشەنبیر بووەو دایكیشم زۆر پاڵ پشتی ئێمە بوو بۆ گەشەسەندن و فێر بوون، جگەلەوەوە برایەكەم هونەرمەندە بۆیە زۆر هاوكارم بوو زۆر لە كارە هونەریەكانی فێربووم ،وە هاندەرم بوو بەتایبەتی بۆ خوێندن لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان،لەبەرئەوە كەشی ماڵەوە و بوونی بەهرەی هونەریم وای لەمن كرد ئاوێتەی جیهانی هونەری شێوەكاری بم.

    *دەكرێت بەكورتی باس لە كارو چالاكییەكان بۆ خوێنەرانمان بكەیت؟
  • كاتێ قوتابی بووم لەپەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر بەشداری سەرجەم فیستیڤاڵەكان و چالاكی ناو پەیمانگام كرد، دوای تەواوكردنی پەیمانگەش بەردەوام لە كارەهونەرییەكانم لە ساڵی 1999 بەشداری یەكەم پیشانگای هاوبەشم كرد كەلە هۆڵی میدیا ی شاری هەولێر بەبەشداری چەندین هونەرمەند كرایەوە.لە ساڵی 2001 یەكەم پیشانگەی تایبەتم لە شاری سۆران كردەوە.لە ساڵی 2002 لە شاری ئاكرێ بەشدری پیشانگایەكی هاوبەشم كرد ،لە ساڵی 2003 بەشداری پیشانگایەكی هاوبەشەم كرد لە شاری سۆران ،لە ساڵی 2009 لە شارۆچكەی هیران بەشداری پیشانگایەكی هاوبەشم كرد كەئەوكات یەكەم جاربوو ئافرەت لە هیران بەشداری لە پیشانگادا بكات.
    لەساڵی 2013 لەگەڵ مامۆستایانی هونەر لەشاری هەولێر بەچەند تابلۆییەك بەشداری لە پیشانگایەكی هاوبەشم وە لە ساڵی 2016 بەشداری پیشانگایەكی هاوبەشم كرد لەساڵی 2023 بەشداری پیشانگایەكی نێودەوڵەتیم كرد كە كۆمەڵێ لە هونەرمەندانی كوردستان بەشداربوون.دواكارم ئەم ساڵ بوو 2024 لە پاركی شانەدەر بەشداری لە پیشانگایەكی كاری دەستیم كرد.
  • باشە دەستت خۆش بێت ،بەكاری كامە لە هونەرمەندانی كورد و جیهانی سەرسامیت؟
  • ئەگەر مرۆڤ خۆی بەهەرەی تێدابێت وخوا بەهرەیەكی پێ بەخشیبێت وەلەهەمان كاتدا بەگەڕان و بەدواداچوون بەدوایی بلیمەتە جیهانیەكان و فێربوونی زیاتر لەئەزمونەكانەكانیان بۆ نموونە هونەرمەندان (ئاری بابان و ئیسماعیل خەیات ) دەرگای زیاتر كردەوە بۆ پەرپێدانی ھونەر یم لەوبوارەدا.

    *كاتێكی دیاركراوت هەیە بۆ نیگار كردنی تابلۆكانت؟

  • بێگومان وەكو دایك وەك و مامۆستا تەرخانكردنی كات بۆ كاری هونەر ی پێویستی بەدابەشكردنی كاتە بەجۆرێك بتوانیت خولیاكانت پشت گوێ نەخەیت یارمەتی دانی خێزانیش ڕۆلی خۆی دەبینێت سوپاس كەمنیش لەو یارمەتی دانە بێ بەش نیم بۆیە بەپێی كاتەكانم كاتم بۆ نیگاركردنی تابلۆكانم داناوە.

    *وەكو شێوەركارێك ئاستی ئافرەتانی شێوەكار بەگشتی وبەتایبەتی ئافرەتانی كورد چۆن دەبینیت؟
  • گۆمانی تێدانییە ژنان لەكوردستان دا ،بێ بەش نین لەو بەهرەیە، ئەوا نیش بەپێی توانا هەوڵ دەدەن و بەدەم خولیاكانیانەوە دەچن بەڵام پێویستیان بە دەرفەتی زیاترە بۆ گەشە سەندن و كردنەوەی پێشانگا وخولی فێربوون، بەواتایەكی تر بەهرەی زۆر باشمان لە ئافرەتان هەیە پێویستە زیاتر هانبدرێن.

    *تا چەند رۆڵی رەنگەكان لە تابلۆ گرنگە؟
  • ڕەنگ ڕۆحی تابلۆیە ،كلیلی پەیامی ھونەریە كەیە، بۆیە تێكەڵ كردنی ڕەنگ و گەیاندنی هەر پەیامێك پێوستی بە لێهاتووی خەیاڵ شارەزایی دەوێت، بۆئەم مەبەستە هونەرمەند دەبێ بەردەوام لەپێگەیاندنی خۆیدا بێت،منیش ڕەنگ لە تابلۆكانم دا شوێنی تایبەتی هەیە بەپێی جۆری تابلۆیەكە ڕەنگ بەكاردەهێنم.

    *ئەو بابەتانە چین كە دەبنە هەوێنی تابلۆكانت بۆنموونە سروشتە یان خەیاڵە..؟

  • كاتێ سروشت و خەیاڵ تێكەڵ دەبن،دەتوانرێت جوانترین تابلۆ نیگا ر بكەیت ،هونەر مەند پێویستی بە خەیاڵی فراوان هەیە تابتوانێت لەگەڵ سروشت دا مەبەستی خۆی بدا بەدەستەوە،بۆیە سروشت وخەیاڵ بابەتی سەرەكی تابلۆكانی منن.
    *لەكاتی كردنەوەی پیشانگاكان گرفتی كەمی بینەر هەیە لە ئێستادا بینەری پیشانگان لە چ ئاستێك دایە؟
    -كێشەی بینەر هەیە ،لەوە دەچێت سەرقاڵی ژیان و نەبوونی كاتیش گرفت دەبێت بەڵام ئامادەبوونی چەند كەسێك خاوەن بەهرە و ئەزموون و ئەو كەسانەی هونەر بەبوارێكی گرنگ دادەنێن، باشترە لەئامادەبوونی خەڵكێكی زۆر كە ئامانج لێی تەنیا هەر چەندایەتی بێت.

    *وەكو مامۆستایەكی وانەی هونەر تاچەند گرنگی بە وانەكە دەدرێت لە ناوەندەكانی خوێندن؟

  • گرنگی دان بە وانەی هونەری، بە بۆچوونی خۆم لەلای خودی مامۆستای بابەتی پەروەردەی هونەرییە ئەو دەتوانێت قوتابیەكانی خۆی هانبدات بەهرە شارەوەكانیان بدۆزێتەوەلە رێگەی كردنەوەی پیشانگاكان بۆیان لە هەمان كاتدا دەبێ دەستەی كارگێری قوتابخانە پاڵپشتی مامۆستاو قوتابیان بكات، بەدابین كردنی كەرستەو نیگارگا(مەرسەم).



له‌و بڕوایه‌دا نیم بوارێكی‮ ‬تر بۆ داهێنان‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‮ ‬دڵی‮ ‬شكاوه‌وه‌ هه‌بێ‮*.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

‮* (له‌و بڕوایه‌دا نیم بوارێكی‮ ‬تر بۆ داهێنان‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
له‌ ده‌ره‌وه‌ی‮ ‬دڵی‮ ‬شكاوه‌وه‌ هه‌بێ‮.. )‬ پیكاسۆ‬‬‬‬‬‬
‬‬‬‬‬‬ ‬‬‬
‬‬‬

ناڵێم نه‌بووه‌،‮ ‬به‌ڵام كه‌م وارێك كه‌وتووه‌ ،‮ ‬له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬خۆماندا دیدارێك‮ ‬یا هه‌ڤپه‌یڤینێكی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسیم دیبێ به‌ مه‌به‌ستێك كرابێ هه‌ڵوێستێك‮ ‬یا بابه‌تێكی‮ ‬شایه‌سته‌ به‌ هه‌ڤپه‌یڤین بووبێت حاڵه‌تێكی‮ ‬داهێنانی‮ ‬تێدا ده‌ربڕابێ ،‮ ‬كه‌ به‌ داخه‌وه‌ زۆر جاران بوون و نه‌بوونیان وه‌كو‮ ‬یه‌ك وا بووه‌‮…‬ به‌ش به‌ بار ئه‌م دیارده‌یه‌ ( كه‌ به‌ڕاستیش‮ ‬له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی‮ ‬دوایدا بووه‌ به‌ دیارده‌‮) ‬به‌ خاڵێكی‮ ‬تری‮ ‬پاشاگه‌ردانی‮ ڕۆژنامه‌نووسیمانی‮ ‬ده‌بینم ،‮ ‬چونكه‌ پێم وایه‌ دیداری‮ ڕۆژنامه‌نووسی‮.. ‬به‌ تایبه‌تیش كه‌ به‌ دیوی‮ ‬دونیای‮ ‬كولتوور و داهێناندا ده‌شكێته‌وه‌ ئه‌گه‌ری‮ ‬بزواندن و جۆشدانی‮ ‬چالاكی‮ ‬و بزاڤه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی ‮ ‬هونه‌ره‌‌‮ ‬كه‌ له‌ لای‮ ‬ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ مینبه‌ر و ستێجی ‬ئه‌وانه‌ی‮ ‬عه‌وداڵی‮ ‬ناو و ناوبانگن و هیچیتر‮!‬ ته‌نانه‌ت وه‌ك لقێكی‮ ‬گرنگی‮ ‬ڕۆژنامه‌گه‌ریش به‌و ڕه‌نگه‌ بایه‌خی‮ ‬پێ نه‌دراوه‌‮. ‬چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی‮ ڕۆژنامه‌ و شاشه‌ی‮ ‬ته‌له‌فزیۆن و هۆی‮ ‬دیكه‌ی‮ ڕاگه‌یاندن،‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬دیتراوه‌‮ ‬یا به‌ قسه‌ هێنراوه‌‮ ‬یا وه‌ك خودی‮ ‬خۆی ،‮ ‬یاخود وه‌كو پله‌ی‮ ‬وه‌زیفه‌كه‌ی‮ یا هه‌ر هۆیه‌كی تری ده‌ره‌وه‌ی داهێنان و مه‌ودا جیاجیاكانی بووه‌ ‬نه‌ك ‌ ‬یا بیانوویه‌كی‮ ‬پێویست‮…‬ ئه‌م‮ ‬لایه‌نه‌ش ده‌هێنێ له‌ سه‌ری‮ ‬بنووسرێ،‮ ‬به‌ڵام من‮ ‬لێره‌دا ئه‌م چه‌ند دێره‌م به‌ پێویست زانی‮ ‬پێش ئه‌وه‌ی‮ ‬به‌شێكی‮ ‬ئه‌و دیداره‌ بخه‌مه‌ڕوو كه‌ به‌ پێی‮ ڕۆژنامه‌ی‮ (‬العرب‮)‬ی‮ ‬له‌نده‌نی‮ (‬ژماره‌ی‮ ‬ڕۆژی‮ 61-01-7891سیدنی ‬ئۆرێل له‌گه‌ڵ‮ (‬پیكاسۆ)دا كردوویه ‬و له‌ ڕۆژنامه‌شدا بڵاوی‮ ‬نه‌كردووه‌ته‌وه‌،‮ ‬پێده‌چێ‮ (‬العرب)یش له‌و كتێبه‌ی‮ ‬وه‌رگرتبێ كه‌ ئۆرێل له‌ سه‌ر پیكاسۆی‮ ‬نووسیوه‌‮.‬ با پێكه‌وه‌ دیداره‌كه‌ بخوێنینه‌وه‌ و نه‌ختێك به‌ خۆمان و دیداره‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬و پرسیاره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كانماندا بچینه‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ بواری‮ ‬كولتوور و ژیانی‮ ‬ڕووناكبیریماندا . ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬

‮(-: ‬سیدنی‮ ‬ئۆرێل‮) ‮(+: ‬پیكاسۆ‮)‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬

-: ‬ئه‌م دونیایه‌ چی‮ ‬پێ دای؟ ‮
+ ‬ئه‌و ڕه‌نگه‌ی‮ ‬پێدام كه‌ تا دوای‮ ‬مردنیش به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێم‮…‬ ئه‌م دونیایه‌ پرسیارت ده‌داتێ ،‮ ‬گرنگ ئه‌مه‌یه‌‮…‬ له‌و بڕوایه‌دام پرسیار هۆ و ئه‌گه‌ری‮ ‬به‌هره‌داری‮ ‬و لێزانی‮ ‬ژیانه‌‮… ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌ێینێ،‮ ‬منیش وه‌ك خه‌ڵكی‮ ‬تر له‌ نیشانه‌ی‮ ‬پرسیار بگه‌م‮…‬ به‌ڵام لێڕامینه‌‮!‬ سه‌یری ئه‌وه‌ی‮ ‬نیشانه‌ی‮ ‬پرسیاری‮ ‬به‌م شێوه‌یه‌(؟‮) ‬داناوه‌ چه‌ند سریالی‮ ‬بووه‌‮…‬ بێگومان له‌و حاڵه‌ته‌ مرۆییه‌ عه‌وداڵ به‌ دوای‮ وه‌ڵامه‌ی‮ ‬هه‌ڵێنجاوه‌‮…‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬

‮-: ‬تۆ له‌ كاره‌كانتدا ،‮ ‬هه‌وڵت داوه‌ به‌ دوای‮ وه‌ڵامدا بگه‌رێی؟
‮+: ‬ڕاستیی ،‮ وه‌ڵام له‌ لای‮ ‬من گرنگ نه‌بووه ‌،‮ ‬ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو بێ وه‌ڵام له‌ هه‌موو شتێكدا هه‌یه‌‮… ‬بۆ من گرنگتر ئه‌وه‌ بووه‌ له‌وان وه‌ڵامه‌ ‌،‮ ‬كه‌ زۆر جار گێلانه‌ و بێ سه‌روبه‌رن ،‮ ‬پرسیاری‮ ‬له‌ ئاست مرۆڤی‮ ‬لێ هه‌ڵێنجم‮.‬ ده‌بووایه‌ به‌ مێژوودا بچمه‌ خوار ،‮ ‬بچم مه‌سه‌لا تا ده‌گه‌مه‌،‮ ‬شارستانییه‌تی‮ (‬مایا‮)،‮‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬تا ئه‌و هه‌وڵه‌ جوامێرانه‌یه‌ بدۆزمه‌وه‌‬كه‌ بۆ تێگه‌یشتنی‮ ‬دونیا دراوه‌‮…‬ گومانی‮ ‬تێدا نییه‌،‮ ‬ڕۆڵه‌ی‮ ‬ئه‌م هۆزه‌‮ ‬غه‌ریبانه‌ چه‌مكی‮ ‬وایان پێ بووه‌ جێی‮ ‬سه‌رسڕمان‮…‬ ده‌نا چۆن به‌رد ده‌بێته‌ بوونه‌وه‌رێكی‮ ‬كولتووری؟ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ڕۆڵه‌ی‮ ‬ئه‌و هۆزانه‌ به‌ جۆرێك به‌سه‌ر سه‌نگتراشیدا كه‌وتبوون ،‮ ‬وه‌ك بڵێی‮ ‬به‌و باوه‌ڕه‌ گه‌یشتبن به‌رد خۆی‮ ‬بڕیاری‮ ‬دابێ شێوه‌یه‌كی‮ ‬تر وه‌ربگرێ‮…‬ ئاده‌مزاد وایه‌‮… ‬زۆران هه‌ن بڕوایان وایه‌ به‌ كۆششی‮ ‬هه‌مه‌لایه‌نه‌یان به‌ دوای‮ (‬خود)دا ده‌گه‌ڕێن كه‌چی‮ ‬له‌ حه‌قیقه‌تیشدا له‌ پێناوی‮ ‬شێوه‌یه‌كی‮ ‬تر له‌گه‌ڵ خوددا هه‌ڵدێن‮!‬
‮-: ‬با تۆ وه‌ك نموونه‌یه‌كی‮ ‬زیندوو وه‌ربگرین…؟ ‮
+ : ‬باشه‌ با وابێ‮… ‬به‌ڵام نامه‌وێ وای‮ ‬بۆ چووبی ‬من به‌ فڵچه ‌و به‌ هۆی‮ ‬فڵچه‌وه‌‮ ‬یا هه‌ر شتێكی‮ ‬تر خه‌باتم‮ ‬كردبێ تاكو ببم به‌‮ (‬ڕیوی‮) ‬یا‮ (مریشك‮)…‬ من ده‌مویست ببم به‌ منێكی‮ ‬تر‮… ‬دیاره‌ كه‌ وێنه‌كه‌ له‌ لای‮ ‬تۆدا ته‌ماوی‮ ‬ده‌رده‌كه‌وێ‮… ‬به‌ڵام پێویسته‌ نه‌ختێك له‌ زمان لا بده‌ین‮…‬ ئا ئه‌و بێده‌نگییه‌،‮ ‬ده‌شێ وێنه‌كه‌ چاتر ده‌ربخا‮… ‬تۆ ده‌بێ بچیته‌وه‌ ژووره‌كه‌ی‮ ‬خۆت و هه‌موو شتێك دابخه‌ی‮. ‬ ‮ ‬ده‌رگا‮… ‬په‌نجه‌ره‌كان‮… ‬ئه‌وجار داوا له‌ ده‌نگه‌كانی‮ دی ‬كه‌ به‌ هۆیه‌ك له‌ هۆیه‌كان ماونه‌ته‌وه‌ بكه‌ی‮ ‬بچنه‌ ده‌ره‌وه‌‮…‬ ئه‌گه‌ر به‌ عه‌شق و ڕه‌زای‮ ‬خۆشیان نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌،‮ ‬ده‌توانی‮ ‬به‌ ده‌نگی‮ ‬خۆت وه‌ده‌ریان نێی‮…‬ پڕ‮ ‬به‌ خۆت هاوار كه ‌،‮ ‬وه‌ك ئه‌وه‌ی‮ ‬هه‌وڵ ده‌ده‌ی‮ ‬پۆله‌ چۆله‌كه‌یه‌كی‮ ‬كێوی‮ ‬ده‌ربكه‌ی ،‮ ‬ئینجا چاو و گوێت‮ ‬ده‌م و ده‌ست داخه‌ و بیركه‌وه ‌،‮ ‬چۆن ده‌بیه‌ ئه‌وه‌كه‌ی‮ ‬تر‮.
‬ئه‌وه‌ی‮ ‬به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێی‮.‬

‮- : ‬وه‌كو بڵێی‮ ‬تۆ داوای‮ ‬لێڕامانیی‮ ‬هیندی‮ ‬ده‌كه‌ی؟
‮+: ‬نه‌ء‮… ‬نه‌خێر‮… ‬هه‌رگیز من له‌گه‌ڵ حه‌ساندنه‌وه‌ی‮ ‬ته‌ندا نیم‮. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام له‌ش ماندوو بكرێ‮… ‬پێویسته‌ له‌شمان هه‌میشه‌ ماندووبێ تاكو نه‌بێته‌ بار به‌ سه‌رمانه‌وه‌‮…‬ ‮- : ‬له‌وانه‌یه‌ ڕه‌فتارت له‌گه‌ڵ‮ ‬له‌شدا بۆیه‌ به‌و چه‌شنه‌ بێ،‮ ‬چونكه‌ به‌ ڕاستی‮ ‬تێی‮ ‬نه‌گه‌یشتووی‮.‬ هه‌میشه‌ ده‌بینین له‌ش له‌ كاره‌كانتدا به‌ له‌ باڵ‮ ‬یه‌كده‌ر هاتووی‮ ‬و ون دێته‌ به‌ر چاو؟ ‮+ : ‬ئه‌مه‌ ڕاسته‌‮… ‬من ناتوانم له‌ش‮ ‬به‌‮ ‬یه‌ك بارسته‌ ببینم‮… ‬چۆن ده‌بێ،‮ ‬له‌كاتێكدا ڕۆحت له‌ باڵیه‌ك ده‌رهاتبێ و به‌ ته‌واویش هه‌ستی‮ ‬پێ بكه‌ی‮.‬ له‌ش بریتیه‌ له‌ چه‌ند درێژبوونه‌وه‌یه‌كی‮ ‬ناهاوسه‌نگ و منیش ئیعتوبارێك به‌ بنه‌ما ئه‌كادیمییه‌كان ناده‌م‮… ‬به‌ڵكو وا پێویست ده‌كا له‌ هه‌موو شته‌كان بچمه‌ ده‌ره‌وه‌‮… ‬ده‌زانی‮ ‬كردوومه ‌و‮… ‬چوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌‮…‬

‮- : ‬تاكو جارێكی‮ ‬تر بگه‌ڕێیه‌وه‌‮… ‬مه‌گه‌ر وا نییه‌؟
‮+ : ‬ئه‌تۆ وای‮ ‬بۆ ده‌چی‮… ‬به‌ڵام له‌ ڕاستیدا جیایه‌‮… ‬من هه‌میشه‌ له‌ شتدا به‌ دوای‮ ‬ناشت گه‌ڕاوم‮! ‬له‌ ئاده‌مزاددا به‌ دوای‮ ‬نائاده‌می‮…‬ هه‌ر وایشه‌،‮ ‬گه‌ڕان له (دژ‮) ‬هاوسه‌نگیمان ده‌داتێ‮…‬ من پێم وایه‌ كه‌ هونه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ڕێسایه‌،‮ ‬گه‌ڕان به‌ دوای‮ ‬دژ ،‮ ‬كێل ده‌بێته‌وه‌‮…‬
‮- : ‬ئایا دژه‌ پیكاسۆ چییه‌؟
‮+ : ‬به‌ ته‌بیعه‌تی‮ ‬حاڵ پیكاسۆیه‌‮… ‬لێره‌شدا من نامه‌وێ دیالیكتێكی‮ ‬ماركس به‌كار بێنم ،‮ ‬كه‌ شت دژه‌ خۆیشی‮ ‬تێدایه‌ و له‌ ململانێی هه‌میشه‌ییشدا‮…‬ من له‌و بڕوایه‌م دژ له‌ ده‌ره‌وه‌مانه ‌و ئێمه‌ش به‌ دوای‮ ‬دا ڕاده‌كه‌ین‮… ‬ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ماندا بووایه ‌،‮ ‬ئه‌وا له‌ به‌رده‌م حاڵه‌ت و ناحاڵه‌تمان تێدا ده‌مرد‮… ‬چار نه‌بوو‮ ‬یه‌ك ئه‌وی‮ ‬دی‮ ‬ده‌كوشت‮…‬

‮- : ‬هه‌ست ده‌كه‌ین له‌ تابلۆكانتدا‮ (‬ده‌نگ)ت له‌‮ (‬ڕه‌نگ)زیاتر به‌كار هێناوه‌؟
‮+ : ‬ئه‌مه‌ ڕاسته‌ زۆریش ڕاسته‌‮… ‬وا ده‌رده‌كه‌وێ ناشت له‌ هاوار كاریگه‌ر تر بێ،‮ ‬بۆیه‌ وای‮ ‬ده‌بینم تابلۆكانم هاوارێكی‮ ‬مه‌زنیان له‌ خۆدا گرتووه‌‮…‬ من مه‌به‌ستیشم ئه‌و هاواره‌ نییه‌ كه‌ به‌ زه‌بری‮ ‬كۆئه‌ندامی‮ ‬هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ دێته‌ ده‌رێ‮… ‬هاوارێكی‮ ‬تر هه‌یه‌ ته‌واو جیاواز‮. ‬له‌وانه‌یه‌ ئه‌و هاواره‌ بێ كه‌ له‌ په‌یكه‌ری‮ ‬ئێسقانماندا بێ‮.‬ من به‌ خۆم به‌ ترس و كه‌یف و سه‌رسڕمان و بێ موبالاتیه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر په‌یكه‌ره‌ ئێسقانان وه‌ستاوم‮…‬ سه‌ردانی‮ ‬مۆزه‌خانانم ده‌كرد‮ ‬په‌یكه‌ره‌ ئێسقانیه‌كان ببینم و لێیان وردبمه‌وه‌‮…‬ زۆر جار ده‌مپرسی‮: ‬تۆ بڵێی‮ ‬ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ حاڵه‌تی‮ ‬پێش ئاده‌مییه‌ت‮ ‬یا پاش ئاده‌میه‌ت پێك نه‌هێنن‮… ‬ئه‌و پرسیاره‌شم هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵدا بووه‌‮…‬
‮-: ‬كه‌چی‮ ‬له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یكه‌ره‌ ئێسقانمان له‌ كاره‌كانتدا نه‌دیوه‌؟
‮+: ‬له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئه‌نجامی‮ ‬ترسه‌وه‌ بووبێ‮… ‬من دانی‮ ‬پێدا ده‌نێم هه‌ندێ كات به‌ چه‌شنێك له‌ مردن ترساوم باوه‌ڕ‮ ‬نه‌كرده‌‮…‬ مردن ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌،‮ ‬لێمان ناگه‌ڕێ ببین،‮ ‬له‌ حه‌قیقه‌تیشدا كه‌ تۆ به‌ چه‌ند ساڵێكی‮ ‬دیاری‮ ‬كراوه‌وه‌ مه‌حكووم ده‌بی ،‮ ‬چار نییه‌ مه‌حكوومی‮ ‬خه‌مۆكییه‌كیش ده‌بیه‌وه‌ ‬به‌ڵێ من ده‌ڵێم ئینسانی‮ ‬ئه‌به‌دی‮…‬

‮-: ‬كه‌قه‌ددیس ئۆگستین له‌و حاڵه‌ته‌ دوا وتی‮: ‬مردن له‌ پێناوی‮ ‬ئاده‌مزاددا داهێنراوه‌ تاكو نه‌بێ به‌ شتێ ،‮ ‬گریمان ئینسانێك توانی‮ ‬هه‌زاران ساڵ بژی‮… ‬ئایا نابێ به‌ شتێ؟
‮+: ‬بۆچی ‬ئه‌دی‮ ‬ئه‌و ساڵانه‌ی‮ ‬تێیدا ده‌ژین ،‮ ‬چڕكردنه‌وه‌ی‮ ‬هه‌زاران ساڵ نییه‌‮… ‬له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ وێنه‌یه‌كی‮ ‬كه‌منه‌زیر پڕی‮ ‬بكه‌ینه‌وه‌‮…‬ زۆر كه‌س ته‌مه‌ننای‮ ‬مردن ده‌كه‌ن ،‮ ‬به‌ڵام كه‌ بۆشیان هه‌ڵده‌كه‌وێ بمرن لێی‮ ‬هه‌ڵدێن‮…‬ ئه‌مما ئه‌وانه‌ی‮ ‬خۆیان ده‌كوژن ،‮ ‬ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێ له‌وه‌كه‌ی‮ ‬تر ڕزگاریان بێ،‮ ‬نه‌ك له‌ خۆیان ،‮ ‬ئینجا ئه‌و ئه‌وه‌كه‌ی‮ ‬تره‌ ئافره‌تی‮ ‬دووره‌وه‌كه‌وتوو بێ‮ ‬یا سه‌روسامانێكی‮ ‬له‌ كیس چوو‮…‬ كه‌ هه‌میشه‌ش ئه‌وانی‮ ‬ترن ده‌بنه‌ هۆی‮ ‬ئه‌و له‌ كیسچوونه‌‮ ‬یا ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی‮ ‬بێ‮. ‬گه‌لێ جار له‌و بڕوایه‌دا ده‌بین شه‌یتان میكرۆبی‮ ‬بۆ هێناوین‮…‬ من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئینسان هه‌زاران ساڵیش بژی‮ ‬نابێ به‌ هیچ‮ … ‬ده‌بێ به‌ ئینسان‮…‬ ‮

-: به‌ڵام مه‌ودای‮ ‬ئۆرگانی‮ ‬ئاده‌مزاد،‮ ‬به‌ كاتێكی‮ ‬دیاری‮ ‬كراوه‌وه‌ به‌نده‌‮…شانه‌كان چار نییه‌ وه‌ختێ هه‌ر له‌ نێو ده‌چن؟ ‮
+ : ‬ئێستا زاناكان مژده‌ی‮ (‬شانه‌ ڕه‌هاكان) مان ده‌ده‌نێ ئه‌و شانانه‌ی‮ ‬ناخورێن و سیلاك نابن ،‮ ‬له‌و باوه‌ڕه‌شدا نیم زاناكان درۆ بكه‌ن‮… ‬زۆر جار خه‌یاڵ ده‌بێ به‌ واقیع‮.‬
‮-: ‬لێره‌دا بوارم بده‌ قسه‌ت ببڕم و بڵێم ئه‌و خه‌یاڵه‌ دێته‌ جێ كه‌ له‌ چوار چێوه‌ی‮ ‬واقیع دا بێ،‮ ‬به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی‮ ‬واقیع،‮ ‬خه‌یاڵ زۆری‮ ‬پێناچێ ده‌بێ به‌ تراوێلكه‌ و سه‌راب؟
‮+ : ‬له‌وه‌دا له‌گه‌ڵت نیم،‮ ‬چونكه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ی‮ ‬له‌ هێنانه‌ دی‮ ‬خه‌یاڵدا به‌كاری‮ ‬ده‌هێنین ،‮ ‬مادده‌یه‌كی‮ ‬واقیعی‮ ‬بێ‮…‬ ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی‮ ‬خانووه‌كانیشمان دروست ده‌كه‌ین چیمه‌نتۆ مادده‌یه‌كی‮ ‬له‌ خه‌یاڵ و له‌نێو خه‌یاڵدایه‌‮. ‬ده‌نكه‌ گه‌نم چۆن چۆنی‮ ‬مادده‌یه‌كی‮ ‬واقیعیه‌ كه‌ تێیدا بێ گوڵ ده‌ربكا و ببێ به‌ گوڵه‌گه‌نم؟ پێویسته‌ خه‌یاڵ هه‌بێ تاكو شته‌كان بگۆڕێن‮.‬

‮- : ‬وایه‌‮… ‬به‌ڵام خه‌یاڵ وه‌ك حاڵه‌تێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی‮ ‬شته‌كان؟ ‮
+: ‬له‌ شته‌كانیشدا بۆچی‮… ‬ئه‌وه‌تا من به‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك ده‌چمه‌ حاڵه‌تێكی‮ ‬ویژدانی،‮ ‬هه‌ست به‌ ماندووبوونێكی‮ ‬زۆر ده‌كه‌م ،‮ ‬له‌وانه‌یه‌ به‌ چه‌شنه‌ مردنێكی‮ ‬كاتیی‮… ڕه‌نگه‌ بتوانم بڵێم هه‌ست به‌(نه‌مردن‮) ‬ده‌كه‌م له‌و كاته‌یدا بیرێكم به‌ دواوه‌ ده‌بێ ،‮ ‬له‌سه‌ر قوماش‮ ‬یا به‌رد‮ ‬یا برۆنز بێته‌ دی‮… ‬ئه‌و نه‌مردنه‌یش جۆرێكه‌‮ ‬له‌ ئیشی‮ ‬بێ دیماهیی‮.‬ ‮

– : ‬بۆچی‮ ‬نه‌تگوت (ژیان‮) ‬و (نه‌مردن)ت به‌كار هێنا؟
‮+ ‬چونكه‌‮ (‬ژیان‮) ‬دژی‮ (‬مردن) ‬نییه‌،‮ ‬به‌ڵكو درێژبوونه‌وه‌یه‌كی‮ ‬پێشتره‌‮.‬ تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دانی‮ ‬زۆر حاڵه‌ت هه‌یه‌(كۆتاییان‮) ‬پێش‮ (‬سه‌ره‌تاییان‮) ‬ده‌كه‌وێ؟ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفه‌كانیشدا بڕۆین ،‮ ‬ئه‌وا ده‌ڵێین به‌هره‌وه‌ری‮ ‬و لێزانی‮ ‬ژیانه‌‮… ‬دیماهییه‌ به‌ پێش كه‌وتووه‌كانه‌‮.
‬ ‮- : ‬له‌و حاڵه‌ته‌دا مردن چی‮ ‬لێ دێ؟
‮+ : ‬سه‌ره‌تای‮ ‬به‌ره‌واژ،‮ ‬ئه‌و كه‌شیشه‌ی ‬له‌‮ ‬یه‌كه‌مین ڕۆژدا ده‌مانناسێنی‮ ‬پێمان ده‌ڵێ‮: (‬هاتی‮ ‬بۆ ئه‌وه‌ی‮ ‬بمری‮).‬ مه‌رج نییه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ گێلانه‌یه‌‮ ‬بڵێمه‌وه‌ تا له‌م حه‌قیقه‌ته‌ بگه‌م‮.‬ له‌‮ ‬یه‌كه‌مین چركه‌دا ئاده‌مزاد هه‌ست ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ دونیا كه‌ شوێنێك بۆ چاوه‌ڕوانی‮ ‬بگرێ‮.‬ هه‌موومان هاتووین چاوه‌ڕێ بین‮… ‬له‌ ڕێگای‮ ‬ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین شتێك بكه‌ین‮.‬ واڕێك نه‌كه‌وتووه‌ چووبیته‌ لای‮ ‬دكتۆری‮ ‬ددان،‮ ‬له‌ كاتێكدا هه‌ست به‌ ئازارێكی‮ ‬زۆر ده‌كه‌ی‮ ، ‬ده‌بینی‮ ‬له‌ ژووره‌كه‌ی‮ ‬ته‌نیشت چاوه‌ڕوان ده‌بی‮ ‬و خه‌ڵكی‮ ‬دیكه‌شت له‌گه‌ڵدایه‌ و تۆیش هه‌وڵ ده‌ده‌ی‮ ‬له‌گه‌ڵیان بئاخڤێی‮ ‬یا خۆت به‌ گۆڤارێ ،‮ ‬شتێ؛ مژوول بكه‌ی‮ ‬تا ده‌رگات به‌ڕوودا ده‌كرێته‌وه‌‮… ‬هه‌میشه‌ ئێمه‌ له‌ به‌ر ئه‌و ده‌رگایه‌داین كه‌ وه‌ختێك ده‌كرێته‌وه‌‮.‬

‮- : ‬ده‌ڵێی‮ ‬به‌ پێچه‌وانه‌ی‮ ‬خۆت ده‌په‌یڤی‮… ‬تۆ بڵێی‮ ‬ژیان به‌و به‌رنامه‌دارییه‌ بێ؟ ‮
+: ‬نه‌موتوه‌ به‌رنامه‌دار،‮ ‬من وتم شوێنێك هه‌یه‌ بۆ چاوه‌ڕوانی‮ ‬و ده‌رگایه‌ك هه‌یه‌ چاوه‌ڕێمانه‌‮…‬

‮- : ‬له‌ پشت ئه‌و ده‌رگایه‌وه‌ چ چاوه‌ڕوانت ده‌كا؟
‮+ ‬نامه‌وێ هیچ شتێك چاوه‌ڕێم بێ‮… ‬چونكه‌ ماندووم‮… ‬ده‌مه‌وێ تا هه‌تایی‮ ‬بنووم‮… ‬ژیانی‮ ‬من بریتی‮ ‬بوو له‌ سه‌عاتێكی‮ ‬نه‌وه‌ستاو‮… ‬میله‌كانی‮ ‬به‌ خێراییه‌كی‮ ‬شێتانه‌ ده‌سوڕانه‌وه‌‮… ‬ئه‌وه‌ هه‌ستم بووه‌ و ئه‌وه‌ش په‌نجه‌كانم بوون زیاتر له‌ جارێك له‌ زه‌مه‌ندا ژیاوم‮… ‬گه‌له‌كم هه‌ناسه‌ سوار بووه‌ براده‌ر‮… ‬ئای‮ ‬چه‌ند جارانم به‌زه‌یی‮ ‬به‌و كه‌سانه‌دا هاتووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ تابلۆكانمدا ده‌رم خستوون‮… ‬وا هه‌ست ده‌كه‌م له‌ ئازارێكم گلاندوون كه‌ ده‌بووایه‌ هه‌ر خۆم به‌ ته‌نێ تێیدا بژیم‮.‬

‮- : ‬مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ بڵێی‮ ‬ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌میشه‌ و تا هه‌تا به‌ دواته‌وه‌ن؟
‮+: ‬به‌ڵێ ،‮ ‬به‌ڵێ به‌ ڕاستی‮ ‬به‌ دوامه‌وه‌ن ،‮ ‬به‌ڵام له‌ لایه‌ن زۆرانیشه‌وه‌ چه‌پڵه‌م بۆ لێدراوه‌ و زۆریش له‌سه‌ر كاره‌كانم نووسراوه ‌،‮ ‬كه‌ ده‌بووایه‌ ناوه‌ ناوه‌ خۆم به‌ زل زانیبا‮.‬ كه‌چی‮ ‬هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ دڵته‌نگی‮ ‬ده‌كه‌م ،‮ ‬من هه‌رگیز ناڵێم ژیان بریتی‮ ‬بووه‌ له‌ كاره‌ساتێك و به‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌كی‮ ‬تایه‌ زل به‌ڕێوه‌ چووه‌‮.‬ ڕاستیی‮ ‬ژیانی‮ ‬من ئه‌نجامی‮ ‬تێنه‌گه‌یشتنێك بووه‌ به‌ ناوی‮ (خۆشه‌ویستی‮) ‬نێوان ژن و پیاوێك‮…‬
‮- : ‬تۆ به‌ خۆت تووشی‮ ‬ئه‌و چه‌شنه‌ تێكنه‌گه‌یشتنانه‌ نه‌بووی؟
‮+: ‬بێگومان‮.‬ ئافره‌ت زۆر پێویسته‌‮. ‬پێویسته‌ تاكو هه‌میشه‌ دڵت تێك بشكێنێ من له‌و باوه‌ڕه‌ دانیم بوارێكی‮ ‬تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی‮ ‬دڵی‮ ‬شكاوه‌وه‌ هه‌بێ بۆ داهێنان‮… ‬هه‌میشه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم خۆشه‌ویستی‮ ڕاست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی‮ ‬تێكنه‌گه‌یشتنێكی‮ ‬ڕاسته‌قینه‌دا په‌یدا ده‌بێ‮.‬ ژنێك چۆن ده‌توانێ پیاوێكی‮ ‬خۆش بووێ كه‌ كت و مت وه‌كو خۆی‮ ‬بێ ژن پیاوی‮ ‬ناجووری‮ ‬له‌گه‌ڵ خۆیدای‮ ‬خۆش ده‌وێ‮…‬ ئه‌مه‌شم له‌ تابلۆكانمدا زۆر به‌ ڕوونی‮ ‬ده‌ربڕیوه‌‮ ‬یا وه‌ك ڕه‌خنه‌گران ناوی‮ ‬لێ ده‌نێن به‌ ته‌ماوییه‌كی‮ ‬قووڵ‮…‬ ژن‮.. ‬ڕووی‮ ‬دژم‮… ‬ئه‌و به‌رم‮… ‬ژانه‌كه‌ی‮ ‬ترم ده‌رده‌بڕێ ،‮ ‬من عاشقێكی‮ ‬خراپم‮… ‬له‌ حه‌قیقه‌تیشدا عاشقێكی‮ ‬ناوازه‌م‮ .‬




هیتلەر و فیکری ئەدەبی.. یووسف ئیسماعیل

پەیوەندی ئەدۆلف هیتلەر لەگەڵ ئەدەبدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە داڕشتنی ئایدۆلۆژیا و جیهانبینییەکەی. هیتلەر هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە خوێنەرێکی بەئەمەک بووە و ئیلهام لە بەرهەمە جیاوازەکانەوە وەرگرتووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی و ڕیتۆریکی دژە جوولەکە بەرەوپێش دەبەن. کتێبەکەی بە ناوی Mein Kampf، بیروباوەڕە پێچاوپێچەکانی بەرجەستە دەکات و وەک مانیفێستێک بۆ تەماحە وێرانکەرەکانی کاردەکات. هیتلەر ئەدەبیاتی وەک ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندە بەکارهێنا، بە ئایدۆلۆژیا ڕقاویەکانی کاریگەری لەسەر جەماوەر دروستکرد. وەسوەسەی ئەو بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پاکی ڕەگەزی دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو نووسینانەی کە بەکاریهێناوە، گێڕانەوەیەکی مەترسیداری بەردەوام کردووە کە دواجار بووە هۆی دڕندەییەکانی هۆلۆکۆست. بە لێکۆڵینەوە لە کارلێکەکانی هیتلەر لەگەڵ ئەدەب، تێگەیشتن لە میکانیزمە ترسناکەکانی پشت دەستکاریکردنی زمان و بیرۆکەکان بەدەست دەهێنین، ڕۆشنایی دەخەینە سەر هێزی وشەکان بۆ هاندانی توندوتیژی و ڕق لە کۆمەڵگادا.

کاریگەری ئەدەب لەسەر ئایدۆلۆژیای هیتلەر:
کاریگەری ئەدەب لەسەر ئایدۆلۆژیای هیتلەر کەم ناکرێتەوە. هیتلەر بە درێژایی ژیانی خوێنەرێکی بەئەمەک بووە و ئیلهامەکانی لە بەرهەمە جۆراوجۆرەکان وەرگرتووە بۆ داڕشتنی بیروباوەڕ و سیاسەتەکانی. یەکێک لە کاریگەرییە هەرە دیارەکان لەسەر هیتلەر ئەدەبیاتی دژە جوولەکەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم بوو، کە ڕق و کینە قووڵەکەی بەرامبەر گەلی جوولەکە سووتەمەنی دا. هەروەها وەسوەسەی هیتلەر بۆ چەمکی “ڕەگەزی ئاریایی” تا ڕادەیەکی زۆر بە بەرهەمی خەیاڵی و مێژووی ساختە کە پەرەیان بە باڵادەستی گەلانی ژێرمانی دەدا، لە قاڵب درا. جگە لەوەش، نووسینی هیتلەر خۆی، بەتایبەتی “ماین کامپف”، ڕەنگدانەوەی لێکدانەوەی شێواوی ئەو بۆ ڕووداوە مێژووییەکان و خواستی دامەزراندنی ڕژێمێکی تۆتالیتاری لەسەر بنەمای جیهانبینی چەواشەکراوەکەیە. لە کۆتاییدا، ئەدەب ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە داڕشتنی ئایدۆلۆژیای هیتلەر و خۆراکدانی بیروباوەڕە توندڕەوەکانی و بەشداریکردن لەو دڕندەییانەی لە سەردەمی حوکمڕانیدا ئەنجامدراون.

پڕوپاگەندە و سانسۆر لە ڕژێمی هیتلەردا:
پڕوپاگەندە و سانسۆر ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە ڕژێمی هیتلەردا هەبوو، هەم بیروڕای گشتییان داڕشت و هەم کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی زانیاری. حیزبی نازی لە ڕێگەی پڕوپاگەندەیەوە توانی دەستکاری جەماوەر بکات و هیتلەر وەک کەسایەتییەکی مەسیحی نیشان بدات و گروپە کەمینەکان شەیتان بکات. ئەم دەستکاریکردنە بۆ ئەدەبیات درێژ بووەوە، کتێبەکانی بە “ناگونجاو” یان “دژە ئەڵمانی” دەسوتێنران و نووسەران بێدەنگ دەکران ئەگەر لەگەڵ ئایدۆلۆژیای نازییەکان هاوتەریب نەبن. نووسەرانی وەک تۆماس مان و بێرتۆڵت برێخت بە زۆر دەربەدەر بوون، لە کاتێکدا نووسەرانی دیکەی وەک ئێرنست یونگەر بە هاوبەشی هەڵبژێردران بۆ نووسینی پڕوپاگەندە بۆ ڕژێم. کۆنتڕۆڵکردنی ئەدەب لە ڕێگەی سانسۆرەوە ئامرازێکی بەهێز بوو لە چەسپاندنی دەستگرتنی هیتلەر بەسەر دەسەڵاتدا، دڵنیابوون لەوەی کە تەنها گێڕانەوە پەسەندکراوەکان ڕێگەیان پێدەدرێت گەشە بکەن. ئەم دەستکاریکردنە لە ئەدەبدا خزمەتێکی زۆری بە بەهێزکردنی ئامێری پڕوپاگەندە کرد، لە کۆتاییدا یارمەتیدەر بوو بۆ داڕشتنی کۆمەڵگایەک کە پابەند و پشتیوانی ڕژێمی نازی بوو.

لە کۆتاییدا
شیکاری پەیوەندیی هیتلەر لەگەڵ ئەدەبدا یارییەکی ئاڵۆزی نێوان پڕوپاگەندە و دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا ئاشکرا دەکات. هیتلەر لە ڕێگەی دەستکاریکردنی ئەدەبەوە توانی دیمەنی کولتووری ئەڵمانیای نازی لە قاڵب بدات و گێڕانەوەیەک دروست بکات کە ڕژێمی تۆتالیتاری خۆی بەهێزتر بکات. ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ پەروەردەکردن و بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیای نازی و پەرەپێدانی هەستی شانازی ناسیۆنالیستی لە نێو خەڵکی ئەڵمانیادا کاری دەکرد. بەڵام ئەم دەستکاریکردنە لە ئەدەبدا، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو پۆتانسێڵە مەترسیدارەی کە پڕوپاگەندە بۆ سووتەمەنی توندڕەوی و بەردەوامکردنی ڕق و کینە. بە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی ئەدەبی هیتلەر، تێڕوانینێک بۆ ئەو ڕێگایانە بەدەست دەهێنین کە دەتوانرێت زمان و چیرۆکگێڕان وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ هەردوو چەوساندنەوە و بەرخۆدان بەکاربهێنرێت. لە کۆتاییدا لێکۆڵینەوە لە هیتلەر و ئەدەب وەک حیکایەتێکی وریایی کاردەکات، هێزی بەردەوامی وشەکانمان بیردەخاتەوە کە تێگەیشتنمان لە جیهان لە قاڵب دەدات.




خەیام و چوارینە ساختەکان.. ئەحمەد هەولێری

خەیام ئەگەرچی شاعیرێک و فەیلەسوف و زانایەکی سەردەمی خۆیبووە، بەڵام ناوبانگی ئەو وەک شاعیرێک زۆر دوای مەرگی و بە دیاریکراوی لە سەدەی ڕابردووەوە لە نیشابووری شارەکەی خۆی و ئێرانەوە نا، بەڵکو لە ئەوروپا تەقییەوە، ئەویش دوای پاچڤەکردنەکەی ڤیتزجیراڵد، کە ناوبانگی خەیامی بە هەموو ئەوروپادا پرژاند و بەدوایدا ناوەندی عومەری خەیام لە ساڵی ١٨٩٢ لە ئینگلتەرا کرایەوە و لە ساڵی ١٩٠٠یش لە ئەمریکا ناوەندێکی ئەدەبی بەناوی ئەوەوە کرایەوە.

ئەشێ هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە ناوبانگی عومەری خەیام لە ڕۆژهەڵاتی لانکەی شارستانیەت و شیعر و ئاینەکاندا کەمتر بزووتبێت بەراورد بە ئەوروپای سەدەی ڕابردوو، بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە لە سەروەختی خۆیدا و لەنێو کەشی ئاینی نەسازی سەلجوقیەکان، مەغۆلەکان، عەباسی، سەفەوی، بوەیهییەکان، عوسمانییەکاندا، بواری ئەوەی نەدابێت کە شیعر و ئەنگێزە سۆفی و عیرفانییەکانی خەیام وەک پێویست بڵاوببنەوە و هەمیشە و لە هەر جێیەکدا ڕووبەڕووی سانسۆری شەریعەت و دەقەکان بووبێتەوە، هەر بۆیشە ئەم چوارینانە دوای مردنی خەیام و لە سەردەمی مەغۆلەکاندا بۆ یەکەمجار ٨ چوارینەی لێ بڵاودەبێتەوە، وەکو تر لەنێو کۆڕی دۆست و مورید و هاوەڵانیدا ئەم چوارینانە باسدەکرا.

بەڵام بۆچوونێکی تر کە بڕێکی بەرچاو ڕاستی تێدایە، باس لەوە دەکات کە لە ڕۆژهەڵاتدا ناوبانگەکەی خەیام کەمتر لە ڕوانگەی چوارینەکانییەوەیە بەڵکو وەک زانا و بیرمەندێک زیاتر ناسراوە. چونکە ناتوانرێ خاوەنداریەتی ئەو چوارینانە بۆ خەیام پشتڕاستکرێتەوە، سۆفی و شەیدا و بەدمەستگەلێکی زۆر لە سەروەختی خۆیدا لەسەر شێواز و کێشی چوارینەکانی خەیام زۆر چوارینەیان سازکردووە و بەناوی ئەوەوە بڵاویان کردووەتەوە. بە جۆڕێ کە زۆر لەو چوارینانە لە ڕووی ناوەڕۆک و ماناوە دژ بەیەکن و زۆر ئەستەمە چوارینە ڕەسەنەکان لە چوارینە ئاوەکی و ساختەکان جیا بکەینەوە. بۆیە لەو بارەیەوە سادق هیدایەت دەڵێ ئەو چوارینانەی بەناوی خەیامەوە بڵاوکراونەتەوە هێندە لێکدژیان تێدایە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، کە ئەگەر بێتوو مرۆڤێک سەد ساڵ بژی و ڕۆژی دوو جار بڕواکانی سەرلەبەر بگۆڕێ هێشتا ناکاتە ئەو هەموو ناکۆکی و دۆخە لێکدژانەی لەو چوارینانەدا هەن.

ڕۆژهەڵاتناس نیکلسۆن دەڵێت: ئەگەر خەیام زیندوو بێتەوە، ئەوا دۆشدادەمێنێ لە ناسینەوەی چوارینەکانی خۆی لەنێو خەرمانی ئەو هەموو چوارینە ئاوەکی و ساختانەی دراونەتە پاڵی.
فروغ و غەنیش کە دوو لێکۆڵەری ئەدەبی-مێژوویی ئێرانن، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی چڕ کە چەند ساڵی خەیاندووە لەسەر چوارینەکانی خەیام دەڵێن: ئەو چوارینانەی کەوا ئێمە هەڵمان بژاردوون وەک چوارینەی ڕەسەنی خەیام. لەسەر بنەمای خەمڵاندن و سەلیقەمان بووە بۆ پەیڤەکانی حەکیمی نیشابوور نەک لە ڕوانگەی بەڵگەوە! چونکە ناگونجێ مرۆڤێکی مەزنی وەک خەیام کە مرۆڤێکی زانا و ماتماتیکزان بووە، ماهیەتی ژیان بباتەوە سەر بادەنۆشی و ڕابواردنی هەرزەکارانە وەک لەم چوارینەیەیدا دەبینرێ : “بەپێی شەرع هیچ تاوانێکم نییە مەگەر نێربازی و مێبازی نەبێت”، یاخود “لەسەگ کەمترم ئەگەر ناوی بەهەشت بێنم”..هتد.

جێی بایەخە مێژووی هاوچەرخی ئێران و بەتایبەت دوای درووستبوونی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی سیخناخە لەم جۆرە هەڵە و ساختەکاریانە، کار گەیشتووەتە ئەوەی کە کتێبێک بدرێتە پاڵ نووسەرێک، بیریارێک..بۆ نموونە دوو کتێب دراونەتە پاڵ عەینولقوزاتی هەمەدانی، یەکێکیان بەناوی “شرۆڤەی وتە کورتەکانی بابەتاهیری هەمەدانییە” کە هی شرۆڤەکارێکی پاش سەردەمی عەینولقوزاتە، دووەمیشیان کتێبی “خواناسینە” کە لە بنەڕەتدا هی سوهرەوەردییە و دراوەتە پاڵ عەینولقوزات هەمەدانی.

هەرچی سەبارەت بە ناوبانگی خەیام و چوارینەکانیەتی لە ناوەندی ئەوروپادا، لە ڕاستیدا ئەوە پشتڕاستی ئەم چوارینانە ناکاتەوە، چونکە بۆ وێنا بەناوبانگترین پاچڤەکردنی ئەم چوارینانە لەلایەن ڤیتزجیراڵدەوە ئامادەکراوە بەڵام بە گوتەی مەسعود فەرزادی شرۆڤەکار ڤیتزجیراڵد گوێی نەداوە بەوەی ئەو چوارینانانە هی خەیامن یاخود نا بەڵکو ئەو بەوپەڕی ئیشقەوە پاچڤەی کردوون و ئینگلیزاندوونی..

ئەحمەد هەولێری




کورتە چیرۆک\ ڕۆژبوون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

سەیرێکی کاتژمێرەکەی بەردەمی کرد و وەکوو گوللە لە جێیەکی دەرپەڕی. دەرگای وەتاخی نووستنی هەژەندی حەڤدە ساڵانی کردەوە، پڕ بە دەنگی خۆی قیڕاندی: (هەژەند، کوڕم، هەستە درەنگە، هەر هەند پێڕا دەگەی!). هەژەند، بۆڵەبۆڵێکی کرد و دیسانەوە پرخەی هاتێ. ئاشنا ئەوجارە بە دەنگێکی بەرزتر قیڕاندی: (دە هەستە کوڕی خۆم، بابە درەنگە، کوڕم درەنگە، دە با ئەمنیش بە ئیشێ ڕابگەم). هەژەند، باوێشکێکی دوورودرێژی هاتێ، و بەنابەدڵییەوە لە شوێنی خۆی هەڵساوە.
ئاشنا، بەرەو ناندینەکە ڕۆیشت، چاپەستێک چای لەسەر ئاگری دانا. چووە لای دەستشۆرەکە و دەموچاوی خۆی بە ئاو و سابوون شوشت، شانە دارەکەی دایە دەست و خستییە ناو پرچە پەخشانەکەی، هێشتا یەک دوو جاران ئەو شانەیەی بە پرچە بژەکەی نەهێنابوو، بیری کەوتەوە کە هێشتا نان و ئاوی بۆ پشیلە دووساڵانەکەی دانەنایە. شانەکەی دانا و بەپەلە چوو نانە وشکەکە و جامێک ئاوی لەبەردەم پشیلەکەی دانا. ویستی بچێتەوە بۆ لای ئاوێنەکە و دەست بداتەوە شانەکەی، کەچی دەنگی هەڵچوونی چایەکە ئەوی بەرەو ناندینەکە برد.
سەیری کاتژمێرەکەی کرد، هەشتی بەیانییە، کەمێک ئارام بووەوە:‌ (هێشتا زووە، پێڕا دەگەم). چووەوە بۆ لای ئاوێنەکە، شانەکەی خستە ناو قژە ئاڵۆسکاوییەکەی، یەک دوو جاران پێیدا هێنا. شیڕەی هەژەند، ئەو ناوەی هەژاند:‌ (ئۆۆۆۆۆۆدەەەە، نانم دەوێ). دیسان، وەکوو گوللە بۆ ناندینەکە دەرپەڕی و ماستەکەی لەسەر مێزی نانخواردنەکە دانا، نانە تیرییەکەی تەڕ کرد و دوو چایەی تێکرد. یەکی شیرن شیرن بۆ هەژەند، و یەکێکی تاڵ تاڵ، بۆ خۆی. زەردەخەنەی هاتێ و لە دڵی خۆیەوە گوتی: (تاڵ و شیرن پێکەوە چا دەبن، ئەگەر چا بن).
فڕێکی لە چایەکەی دا، مەڵاشووی سووتا، قومێک ئاوی خواردەوە، یەک دوو کەوچک ماستیشی خستە ناو دەمی، دایکی هەموو جارێک دەیگوت: (ماست هەتوانی سووتانە). هاتەوە یادی کە هێشتا پیسایی پشیلەکەی خاوێن نەکردووەتەوە، بەپەلە چووە خوارەوە تا پیساییەکەی فڕێ بدات. بۆ لای خوانەکە هاتەوە، فڕێکی تری لە چایەکەی دا، سەیری کاتژمێرەکەی سەر دیواری ناندینەکەی کرد. لەناکاو قیژاندی:‌ (هەستە هەژەند، یەکسەر دەبی بڕۆین، بڕۆ خۆت بگۆڕە).

چووە ناو تڕومبێلەکەی، دوو هۆڕنی درێژی لێدا، دوای دوو سێ خولەک هەژەندیش هاتە ناو تڕومبێلەکە. ئەوی بەرەو فێرگەکەی بکرد، و خۆیشی بۆ سەر کاری خۆی. ئەو ڕۆژە هەر لە بیری ڕۆژبوونی خۆی بوو. کەوتبووە نێو گێژاوی ئەندێشان، دەبێت هەژەند ڕۆژبوونی ئەوی لە یاد بێت؟ ئاخۆ دەبێت چ هەژەندێکی بۆ ئامادە کردبێت، لەوانەیە کێکێکی بۆ ئامادە کردبێت؟ یان لەوانەیە دیارییەکی چکۆڵەی بۆ دانابێت. خۆ ئەگەر ئەوانەش نەبێت، باوەشێکم پێدا دەکات! یان ڕەنگە پیاسەیەکم لەگەڵ بکات!

کاتژمێر پێنجی ئێوارە دەستی لە کارەکەی خۆی هەڵگرت، سواری تڕومبێلەکەی بوو، دەرگای ماڵەکەی کردەوە، بانگی کرد (هەژەند، هەژەند، لە ماڵێی؟) لە جێی وەڵامی هەژەند، دەنگی پلەی ستەیشنەکە هات. بۆ ژووری دانیشتنەکە ڕۆیشت و تەلەڤزیۆنەکەی داگیرساند، خۆی فڕێدایە سەر کەرەوێتەکە. پشیلەکەی پازی دایە سەری و دەستی بە غڕەغڕ کردن کرد، تا بەیانی بەو شێوەیە لە باوەشی یەکتریدا مانەوە.
تیشکی هەتاوی بەهێزی بەیانی، وەکوو شمشێرێک پەنجەرەی ژووری دانیشتنەکەی دەبڕی و چاوەکانی ئاشنای کۆرە دەکرد. لە خەو هەڵستا، بەرەو پەنجەرەی ژوورەکە ڕۆیشت، سەیرێکی باخچەکەی کرد، کێشکەیەکی لەسەر گۆڕی شیا بینی.


1- وەتاخ واتە ژوور

2-  زۆرێک لە خەڵکی هەولێرێ دایکیان بە ئۆدە بانگ دەکەن.

3-  هەتوان واتە مەرهەم.

4-  هەژەند واتە سەرسوڕهێن، یان موفاجەئە.




سۆناتای نوستالژیا.. ستیڤان شەمزینی

دەیان جار سوپاسی ئەو “با”یە دەکەم
بۆنی تۆم لەگەڵ خۆیدا بۆ دەھێنێ
دەیان جار ئەو حەیرانە دەڵێمەوە
لە بەر ئاگردانی ستایشدا دەیچڕیت
ئەم دێڕەت لەناو ئەشکەوتی دڵما
دەنگ دەداتەوە:
تۆ بە شیعرەوە جوانیت
بە عەشقەوە جوانتر
دەیان جار بیر لە رابردوو دەکەمەوە
دەمێک لە نێوان دیجلە و فوراتدا
تینووی دڵۆپێک ئازادیی بووم
دەمێکی تر لە نێوان ئەزمەڕ و بەراناندا
تەرمی ھیوام بەسەر شانەوە بوو
ھەنووکەش لە شارێکدا دەژیم
ھەتاو سەری پێدا ناکات
گڕی سووری تۆ دامدەگیرسێنێت
دەیان جار خۆمم بیر دەکەوێتەوە
چۆن دەستمکرد
بە نووسینی چیرۆکی ئەم خۆشەویستییە
بێ ئەوەی ھیچ کۆتاییەکی بۆ دابنێم


سەرم لە رابردوودا گیر بووە
نامەوێت بگەڕێمەوە
بۆ ئەم ئێستا تاریکە
من جەنگاوەری رووناکیم
شمشێری دەستم پەلکەزێڕینەیە
مارشم شیعرەکانی بابا تاھیر و
چاوەکانم دوو گۆمی فرمێسک
کتێبی خەیاڵم ھەمیشە سەرخۆش
ئەندێشەم ماڵی پەپولەی عەشق
پەنجەکانم
بۆنی پرچی شیعریان لێدێ
قورگیشم پڕە لە تۆنی گریان
زمانم مۆسیقای سەردەمێکی کۆنە
رۆحیشم پشکۆی داگیرساوی ئەوین
لێمبگەڕێ
با ھەر لە رابردوودا بم
من لە زمانی
شەمشەمەکوێرەی ئەم چەرخە تێناگەم
ناتوانم لە کەوتنی چراکاندا
تەماشاڤان بم
با ھەر نەوەی ئەو زەمەنە بم
ژیان لە بری خوێن
گوڵاوی لێ دەچۆڕا


لەوانەیە پێتوابێت
رەشەبایەکی ناوەختم
رەنگە تۆ لەسەر ھەق بیت
لە وەرزی وەرینی رووناکیدا
کێ مۆمی عەشق
لە جەنگەڵی دڵدا ھەڵدەکا؟
لە زەمەنی دوگمە و رۆبۆتدا
کاروانی خۆشەویستی
بە ھەستی کێدا رەت دەبێ؟
لەوانەیە پێتوابێت
شاعیرێکی شێتم
رەنگە تۆ لەسەر ھەق بیت
لەم غروبەدا
کێ ھێلانە
بۆ باڵندەی ئەوین چێ دەکا؟
کێ لەسەر پێستی ئەم سەدەیە
وێنەی عاتیفە دەکێشێ؟
بەڵێ، ئەوە بە تەنھا خۆمم
لە کێڵگەی دیوانەکاندا
ناسکترین وشە
بۆ پەسنی ژن ئەڕوێنم
بە ژێر بارانە مەستەکانی خۆشەویستیدا
بە بێ چەتر و بێ پاڵتۆ رێ دەکەم
بەڵێ ئەوە بە تەنھا خۆمم
لە پەڕاوێزی ژیان و
باوەشی تەنھاییەوە
تاکو قیامەت
بەسەر جەنازەی گوڵدانێکدا
سینگ دەکوتم





پیاسە تسکە.. ئیلهام موڕادی

لەگەڵ یادت قامکەکانم لە لاپەڕەی
ڕۆژ ژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێون بوو
لە قاپ گرتووە چاوەکانم
وێنەی پڕۆفایەکەت
بۆیە لە هەر چاو ترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا
سەرگەردانە بەهەناسەکانتەوە
لێوم
وێرانە ماڵە
خەیاڵم
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر
قەدەغەیە
پیاسە تسکە
شەقام لەخۆ بایی.

سنە
ئیلهام موڕادی




ڕەنووی منداڵێکی ساوا.. دڵکەش قادر

من ئاوام
بە پاوە وێستاوم
ئومێد لەسەر بەرۆکی دڵتەنگی دەنەخشێنم
پێکەنین دەکەم بە شاڕێگەی مانەوە
مانەوە درۆکی جوانە تا هەموان پێبکەنن و
داهاتوو لە چاوماندا بێت.
کەس لە پشتی پەنجەرەوە سەیری
کشانی نەیزەک ناکا
کەس هەواڵی ڕۆیشتن نادات
ئەوەی هەڵی کردوە زیکرەیاتێکی کۆنە لە خەیاڵی بەندبێژاندا
هیچ کەس دڵی نایە لاوی محەبەت لە پووچیدا بڕووخێنێ.
کەس بە تەنیشت تارماییدا ڕەتنابێ
شیعر پردی نێوان دڕک و پەپوولەیە
عیشقی لێدەرچێ کەس بەڕێگا تەسکەکانی دڵڕەقیدا ناچێتەوە ماڵ
کەس لە باڵکۆنەوە سەیری کەوتن ناکا
ئەوەی ڕەنووی بیرەوەرییە
کوژڕانی منداڵێکی ساوایە.

سلێمانیی
دڵکەش قادر




خەمێکی تری سەرسەری.. شەماڵ بارەوانی

وەرە با سنوورەکانی ئەو هەسارەیه ببڕین و
لە فۆرمێکی تر گەمەی عیشق دەست پێبکەینەوە

وەرە با ڕەهەندەکانی ئەو گەردوونە هەڵبوەشێنینەوە و
کراسی وەرزێکی تر بپۆشین

وەرە با منداڵ منداڵ ببینەوە و
بڕۆینەوە سەر نەسەبی گریانێکی بێعار

وەرە با دەست لە ناکۆکییەکان هەڵگرین و
لە ڕوانگەیەکی شاعیرانەوە تێکەڵ بە فەزای بوون ببینەوە

من نامەوێ چیتر لە سەردابی زەمەنێکی پووچدا سەوڵی سەرگەردانی لێبدەم و
لە تخووبی پەرێزی بیابانێکی بێ مانادا کراسی خۆشباوەڕی لەسەر تەنافی گەمژەیی هەڵخەم

نامەوێ دووبارە دەست لەگەڵ کاروانی فرمێسک تێکەڵ بکەمەوە و
بڕۆمەوە ناو بۆتەقەی خەمێکی تری سەرسەری

نامەوێ چیتر نەخشەی نیشتیمانێکی بێ ناونیشان بکێشم و
خەونەکانم لە چوارچێوەی تابلۆیەکی سوریالیستی دا ڕەنگ بکەم




ئەنفال… دیدێکی تر و تێگەیشتنێکی تر.. ئیدریس مستەفا ساڵح

بە کورتی:
پوختەی ئەم نوسینە ئەوەیە کە ئەنفال هەر بە تەنها سەدام حسێن و رژێمەمەکەی بەشدار نین لەگەڵ ئەوەی بکەری سەرەکی ئەو تاوانکاریەن بەڵام هیزە کوردیەکانی شاخ بەتایبەت بەرپرس و سەرکردەکانیان سەبەبکار و شەریکی ئەو تاوانکاریەن. ئەمە خسوسیەتی ئەنفالە کە جیای دەکاتەوە لە جینۆسایدەکانی میللەتانی تر.

درێژەی باسەکە..
لە مێژە خواستمە بابەتێکی دوور و درێژ بنوسم لەسەر ئەنفال و بۆ ئەمەش کۆرسی تایبەتم لەسەر جینۆسایدەکانی دنیا خوێند کاتێک قوتابی زانکۆ بووم لە دەرەوەی وڵات. دەتوانم بڵێم هەرچی جینۆسایدی سەدەی نوێیە خوێندمان تەنها ئەنفال نەبێ چونکە تا ئیستا نەتوانراوە بکرێ بە بابەتێکی ئەکادیمی دۆکیومێنترن و لەوێوە بخزێنرێتە ناو دنیای زانکۆ و پەیمانگە و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیجیەوە. دیارە لە مێژە سەرخەتەکانی خۆم دیاری کردووە و هەر دەمەوێ بابەتێکی ئەکادیمی بە وێنەی ئەوانەی خوێندمان ئامادە بکەم بەڵام تا ئێستا هەر بۆم نەگونجاوە. ئەم بابەتەی لێرەدا دەیخوێننەوە کە زۆرتر سیاسیە، هەندێ ئایدیای سەرەکی منە دەربارەی ئەنفال کە جیاوازترە لە هەموو ئەو وتار و بابەتانەی تاکو ئیستا لەسەر ئەنفال نوسراون.
یەکێک لەو کێشە گەوارنەی هەموو هزرێک تیی دەکەوێ ئەوەیە هەر خەریکی گوتنەوە و شیکارکاری شتە باوەکان بێت دەربارەی رووداوەکان. ئەم دیدە زۆرتر مەبەستی خۆی دەپێکی گەر بێتوو لەسەر مەسەلەی جینۆساید تاقی بکەینەوە بەتایبەتتر ئەنفال. لە نێو هەموو ئەو جینۆسایدانەی مێژوودا هیچیان وەک ئەنفال ئەو خاسیەتەیان وەرنەگرتووە کە تاوانکاریەکەی بەهۆی هەردوو هێزی ناوخۆ و هێزی دەرەکیەوە روویدابیت. ناوخۆ و دەرەکی لێرەدا مەبەستم لەو هێزە خۆماڵییەی سەر بە لایەنی ئەنفالکراوەکانە وەک زمان و رەگەز، هێزە دەرەکیەش کە لە دەرەوەی زمان و ناسنامەی میللەتی ئەنفالکراوە و بە ئەنفالچی لە قەڵەم دەدرێ.
تاکو ئیستا سەرجەم باسەکانی لەمەڕ ئەنفال، بە دەوری هەندێ دید و تێگەیشتنەوەیە کە هزری رەخنەگر تینوێتی پێ ناشکێ. تێگەیشتنەکە بە سادەی ئاوهایە کە سەدام ئەنفالی کوردی کردووە چونکە رژێمی بەعس رژێمێکی فاشستی و دژە کور دبووە و لە مێژیشە خۆی بۆ ئەو تاوانکاریە مەڵاسداوە. ئەمە تەنها دیوێکی دیاری لاوازی بابەتەکەیە بەڵام دیوە شاراوە و گرنگەکانی تری ئەنفال کامانەن. بۆ ئەوەی بتوانین دیدێکی بابەتی بدەینە باسی ئەنفال دەبێ لە کۆی هەموو ئەو کەس و هیزانە بکۆڵینەوە کە لەو تاوانکاریەدا بوون چ هێزی کوردی شاخ و چ هیزی عێراقی دەوڵەتیی. هەروەها ناشبێ فەرامۆشی ئەو هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیانەی بکەین کە ئەو هەلومەرجەیان بۆ خوڵقاند. بەڵام نزیکترینیان ئەو بکەرانەی مەیدان بوون بەتایبەتی بکەری کوردی. ئەوەی کە روویدا بەرئەنجامی کۆمەڵێ سیاسەتی سەقەتی سەرکردایەتیەکی نەزان و لە هەمان کاتیشدا بزان بوو کە ئەو دۆخەی بۆ تاوانکاریەکە خوڵقاند.
دەزانم لێرەدا پرسیارێک قوت دەبێتەوە دەپرسن رژێمی بەعس لە مێژ بوو پلانی هەبووە و دوو بەڵگەش دەوترێ. یەکێکیان ئەو سەربازگە و تاوەرە گەورانەی گەرمیانن کە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان دروستکرا؛ دووەمیشیان، ئەو بەڵگانەی رژێمی بەعسن کە گوایە هەر بەتەما بوونە ئەو تاوانکاریە بکەن گەر هێزی کوردی شاخ هەبوایە یان نەبوایە. لە راستیدا ئەمە لاوازترین دید و بۆچوونە و بگرە لە کۆڵ خۆکردنەوەیەکە بۆ گەڕان بە دوای تیگەیشینێکی بابەتیانەدا.
هیچ هێزێکی سیاسی و فکری و دەوڵەتی چ نەتەوەیی، چ ئاینی، چ قەبیلەگەرایی نیە بیرۆکەی پاوانخوازی تێدا نەبێ و مێژووش ئەمەی سەلماندووە. پاوانخوازیش یان لەسەر داگیرکاری و کزکردن یاخود نەهێشتن و سڕینەوەی ئەوانی تر کار دەکات، بەڵام زەمان و مەکان و مەوداکانی ئەو پاوانخوازیە چیە ئەوە گرنگە لێی تێبگەین. مەودای جینۆسایدەکان لە بەرامبەر کەمینە نەتەوەیی و رەگەزی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و بێ هێزەکاندا قەتیس بووەتەوە و هەرواش دەبێ؛ بەڵام، لە مەسەلەی ئەنفالدا هەندێ حسباتی گرنگ دەگۆردرێن کە لە هیچ جینۆسایدێکی تردا بوونی نەبووە. ئاماژە بە دوو لێدوانی گرنگ دەدەم بۆ چوونە ناو ئەو باسەوە کە یەکێکیان لێدوانێکی جیهانیە و ئەوی تریان نێوخۆیی کوردیە و هەردووک لێدوانەکە گەواهیدەری ئەو دیدەیە کە فکرەی سەرەکی ئەم بابەتەیە.

لێدوانە جیهانیەکان
جەنەڵ رۆمیۆ دالییەر جەنەراڵێکی کەنەدیە, ساڵی ١٩٩٤ کە شەڕی ناوخۆیی وڵاتی رواندای کیشوەری ئەفریقیا روویدا ئەوبەرپرسی گشتی هێزە ئاشتیپاریزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەو وڵاتە. بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆک وڵات کە سەر بە هۆزی هوتوەکان بوو، هوتوەکان کە زۆرینەی رواندان شەڕێکی خوێناویان بەرپاکرد دژ بە کەمینەی توتسی لە وڵاتدا. هوتوی زۆرینە پەلاماری توتسی کەمینەیاندا و بۆ ماوەی ١٠٠ رۆژ شەڕی ناوخۆی بەرپابوو. لەو ١٠٠ رۆژەدا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار مرۆڤ قەتڵ و عام کرا کە زۆربەیان لە خێڵی توتسی نەژاد بوون.
جەنەراڵ رۆمیۆ دالییەر کە ئەو سەد رۆژەی کردووەتە پەرتوکێک و دواتر کرا بە فلیمێکی مەزن بە ناوی ئوتێل رواندا، ووسا و ئیستاش دەڵێ سەبەبکاری سەرەکی ئەو جینۆسایدە دەستەبژێری سیاسی جیهانی بوون کە لە سەرۆک و دەولەتە زلهیزەکان بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا بەرجەستە دەبێ، بەررپسی روودانی ئەو جینۆسایدە بوون. ئەو ئیستەش کە لە ژیاندا ماوە و من بۆخۆم دیتومە و قسەم لەگەڵی هەبووە ئیستاش خەمبارە بەو رۆژگارە و کە باسی دەکات خەمێکی قوڵ لە دڵ و دەروونی و هەناسەیەوە دێنەدەر. ئەو وەک هەموو بەرپرپسە جیهانیەکانی تری وەک ئەمریکا و فەرەنسای نەکرد، کە دوو تاوانباری ئەسڵی هەڵایسانی ئەو جینۆسایدەن، رواندای بە جێ نەهێشت نەک هەر بە جاوی خۆی ئەو کوشتارەی دیت بەڵکو تییدا ژیا بەو هەموو خوێن و کوشتارەی ئەو ٨٠٠ هەزار کەسەوە.
جەنەراڵ رۆمیۆ بەو لێدوانانەی پێمان دەڵێ، وەک لە فلیمەکەشدا دیارە، کە ئەمریکا و فەرەنسا لەوێ بوون و بەهۆی بوونی چەندان ساڵەی ئەوانەوە هەلومەرجێک دروست بوو کە ئاگری تاوانکاریەکە خۆش ببوو کە دەیانتوانی رێگری لێ بکەن بەوەی بکەونە بەینەوە کەچی دۆخەکەیان بۆ هێزە توندرەوە هوتوییەکانیان بەجێهێشت لە کاتێکدا هەموومان دەمانزانی ئەوانە وڵات خەڵتانی خوێن دەکەن گەر دەستیان بروات. ئەوە بوو ئەوەیان کرد کە لە مێژووی تاوانکاریدا بێ وێنەیە. بەڵام، دوای چەند ساڵێک رواندا توانیتی ئەو تاوانکاریە گەورەیە تێبپەڕێنێ و هەردوو هۆزی نەژاد جیاوازی هوتو و توتسی ئاشت بکاتەوە و وەک جاران شان بە شانی یەک بژین و ئەو دراوسێیانەشی کە کوڕ و منداڵی یەکتریان کوشت بوو باوەشیان کردەوە بە یەکدا و لە یەکدی خۆش بوون.
ئەم قسانەی جەنەراڵ رۆمیۆ دالییەر پێمان دەڵێ کە ئەسڵی روودانی هەر جینۆسایدێک ئەوانەن کە لەسەرەوە دەسەڵاتیان هەیە وەک نوخبەی سیاسی حاکمدار. ئەنجامدەرانی مەیدانی جینۆسایدەکان هۆکاری دووەمن گەر سێیەمیش نەبن و هۆکاری یەکەم سەرکرد و بەرپرسەکان و هەرکات ململانی و بەرژەوەندیەکانیان کەوتە کێشە ئەوا مرۆڤەکانی خوارەوە دەکەنە قوربانی ساغ بوونەوەی کێشەکانیان. ئەنفالی کورد نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو قسانەی جەنەراڵ رۆمیۆیە کە چۆن سەرکردایەتیەکانی هەردوو لا بەتایبەت سەرکردایەتی وکردی ئەودەم ئاگری جینۆسایدی ئەنفالیان خۆش کرد تاکو روو بدات و وەک خۆیان دەڵێن چاوەڕێی هەڵەبجەیەکی تریان دەکرد تاکو خۆیانی زیاتر پێ بناسێنن بە دنیای دەرەوە.
لە رووی سیاسی فکریەوە بابەتەکە ئەوەیە کە هەموو هیزێک دەیەوێ باڵا دەستی زیاتری هەبێ و ئەم باڵا دەستیە لەسەر بنەمای کەم کردنەوە و سڕینەوەی ئەوانی تری کەمینە یاخود بێ هێزەکان دەچێتە پێش و لەم پرۆسەدایە کە قەتڵوعامەکان روودەدەن. لە خودی ئیستادا زۆر دەولەت دوو نەخشەیان هەیە، نەخشەیەکی رەسمی و نەخشەیەکی نهێنێ لەوانە تورکیا و چین و روسیا. چین و روسیا کە پەیوەندیەکانیان لە ئیستادا لە ترۆپکی خۆیدایە کەچی هەر یەک نەخشەی تایبەتی خۆی هەیە کە هەر یەک بەشیک لە جوگرافی ئەوی تری خزانۆتە ناو نەخشە غەیرە رەسمیەکەیوە و ئەو پارجە زەویە بە هی خۆی دەزانێ. لەسەر ئاستی تاک و خەڵکیش هەر میللەتە خاک و وڵاتەکەی لە دڵی خۆیدا بە گەورەتر دادەنێ لەوەی لەبەرچاوە و ئەمەش لە قسەکردنی رۆژانە و نوسین و تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەندێ جار لێدوانەوە دەردەکەوێ. جا ئەم حالەتە بگوازەرەوە بۆ حکومەتێکی تاکڕەوی تاک سەرکردەی دکتاتۆر لە رۆژهەڵاتی ناوینی بجوکدا بەتایبەت وەک عێراق ئاخۆ دەبێ چۆن بێ بەتایبەتتر سەرکردەی هێزی بەناو شۆڕشی چەکداری لە شاخ یەکبینە چیلکە و جەواڵ وەربدنە شارە زەردەواڵەکە و دواتر گەر پێیانەوە بدات دەڵێن خەتای زەردەواڵەکە بوو. لە هەموو خاکێک و شوێنیک شارە زەردەواڵە یان زەردەزیڕە هەیە. گەر بەلایدا نەچی هیچ لێ ناکات بەڵام کە دارت تێوەژەن و پێوەی دایت ئەوا ………..

لێدوانی جەنەراڵێکی بۆسنی…
چوار پێنچ ساڵ پێش ئێستا جەنەراڵێکی بۆسنی باس لە سالانی جینۆسادی خەڵکەکەی خۆی دەکات بە دەست سربیەکانەوە لە دەیەی نەوەدەکانی رابردوودا. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ سەرۆکی پێشوتری بۆسنیا هەرزەگۆڤین پێ راگەیاندم کە پەلاماری هەندێ شوێنی یوئێن و دەسگا جیهانیەکانی تر بدەین لەگەڵ نانەوەی هەرا و زەنایەک لەوەی پەلاماری سربەکانی بۆسنە بدەین تاکو ئەوانیش دەسبکەنەوە لە موسڵمانەکانی بۆسنە؛ بەتایبەت دەوڵەتی سربیا کە زۆرینەی وڵاتن و زۆر تورەن لەوەی یوگسلافیایان لە دەست دەچێ یاخود لە دەسچووە و چیتر سەرداری ئەو وڵاتە نەماون رووداوێکی ئاوها روحی تۆڵەیان زیاتر دەوجوڵێنێ ئەوەبوو ئەو قەتڵوعامەیان کرد زیاتر لە هەشت هەزار موسڵمانی بۆسنیان کوشت لە شاری سریبرینیتشا لە سالی ١٩٩٥. ئەوەی جێگەی سەرنجی زیاترە ئەوەی ئەو جەنەراڵە دەڵێ عەلی عیززەت بیگۆڤیچ پێی گوتم کە ئەمریکاییەکان پێیان راگەیاندووم ئەو کارە بکەین. دەلێ منیش پێم گوت ئەوە بە راستیتە خۆمان بچین بە دەتسی خۆمان خەڵکەکەی خۆمان بخینە بەر فیشەکی مەرگەوە. بیگۆڤیچ پێی گوتبوو بەڵێ دەبێ وابکەین جونکە ئەوە خواستی ئیدارەی بیڵ کلینتۆنە.

لێدوانی ناوخۆیی کوردی

هەمان ئەو لێدوان و حاڵەت و رووداوانەی لەسەرەوە باسمان کردن لە ئەنفالدا بەرجەستەیە بەڵام یەک شت کە ئەنفال لە جینۆسایدی رواندا و هەر جینۆسایدێکی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەنفال تەنها لەسەر دەستی هێزی دەرەوە (هیزی رژێمی بەعس) رووی نەدا بەڵکو لەسەر دەستی خودی هیزی کوردی روویدا کە لەو دەمەدا دەسەڵاتدار بوو. بۆ ئەوەی لە کرۆکی بابەتێک تێبگەین هەندی جاران پێوستیت بە بەڵگە نیە و تەنها خودی رەوڕەوەی رووداوەکان دەتوانن کۆمەڵێ راستی حاشاهەڵنەگرت بۆ بخەنە بەردەست. لە ئەنفالدا بەڵگەکان بە قەد رەورەوەی رووداوەکان بەهێزن بە تایبەت بەڵگەکان لە زاری خودی خەتاکەرانەوە بێت ئەمە جگە لە یادەوەری ئەنفالکراوان مەبەستم ئەوانەی لە کاتی پرۆسە و ئەنجامدانی تاوانکاریەکە رزگاریان بوو.
مێژووی پەلامار و پاوانخوازیەکان چ لە کۆنەوە تاکو ئیستا جا هەر هیزێک قەوارەیەکی سیاسی یا ئاینی یا کۆمەڵایەتی یا نەاژدییدابێت ئەوەمان پێدەلێت کە هەموویان ویست و هەوڵ و ئیرادەی فراوانبوون و گەورەبوونیان هەبووە و ئەمەش بێگومان لەسەر نەمان و سڕینەوەی ئەوانی تر دەبێت جا ئەم فراوانبوون و گەورەبوونە لە پاکتاوکردنی ئەوانەی دەورەبەری خودی خۆیان بوونە کە بەشێم بوونە لە خۆیان چ لە رووی زمانەوە بێت یاخود نەژاد و ئاین یاخود جوگرافیاوە بێت. بۆیە ئەو ئیدیعایەی گوایە سەدام و رژێمی بەعس هەر ئەو پەلامارە گەورەیان دەدا گەر هێزی پێشمەرگە هەبوایە یان نا ئەوا ئاگای لە مێژووی فراوانتری سەرهەلدان و دروستبوونی ئەو هیزانەی پاکتاوسازیان ئەنجامداوە لە مێژوودا، و چاویلکەی مێژوویان تەنها سەدام و رژێمەکە دەخوێننەوە. زۆرێک لە پاکتاوسازیەکانی مێژوو نەژادی نەبوون یا ئاینی بوون یاخود جوگرافیایی و قۆرخی دەسەڵاتدارێتی بوون.
راستیەک لە زاری هەموویانەوە…
حزبیە کوردیەکانی ئەو دەم بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هێزی یەکەمی ئەو کاتی شاخ بوون و بگرە رژێمێکی سەربەخۆ بوون و حوکمی بەشێکی زۆری کوردستانیان دەکرد هەر لە هەبوونی هێزی سەربازی و باجدانان و دادگا و زیندان و بڕیاری کوشتن و لە سێدارەدانەوە تا دەگات بە شەڕکردنی لەگەڵ هێزە دەوڵەتیەکانی ناوچەکە لەوانە هێزی دەوڵەتی عێراق کە هەڵەبجە و ئەنفالی دێهاتیەکانی کوردستانی کرد. ئەویش لە دەرئەنجامی پێشێل کردنی ئەو گفتوگۆ و دانێشتنانەی لەگەڵ سەرانی دەوڵەتی عێراقیدا کردبوویان بەتایبەت سەدام حوسێن وەک سەرۆکی وڵات.
بە دەنگ و وێنەی ڤیدیۆیی هەیە کە هەموویان دەڵێن سەرەتای دەسپێکردنی مفاوەزاتی ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤ سەدام حوسێن بە شەخسی بە خودی جەلال تالەبانی گووتووە. وەک لە زاری خۆیانەوە دەیڵێن سەدام حوسێن زۆ ربە موئەدەبانە ئەمەی بە تالەبانی گوتووە (بەڕیز جەلال تاڵەبانی قسەیەک دەکەم خوانەخواستە خوانەخواستە بە هەڕەشەی وەرنەگرن، ئەویش ئەوەیە کە هویادارم دەست تێکەڵاو نەکەن لەگەڵ دوژمنەکانماندا چونکە گەر ئەوە بکەن ئەوا بە هەموو هیزی خۆمان لێتان دەدەین.) هەر لە هەمان ساڵدا و لە یەکێک لە دانیشتنەکانی تردا عیزەت دووری جێگری سەدام حوسێن بە نەوشیروان مستەفای جێگری جەلال تڵلەبانی وتبوو کاتێک نەوشیروان مستەفا هەرەشەی لێدانی نەوتەکەی کەرکوکی کردبوو بە هیزی سوپای پاسدارانی ئێرانی، عیزەت دووری لە وڵامدا پێی گوتبوو: (ئەگەر ئێران بهێنن و لە نەوتەکەی کەرکوک بدەن ئەوا هەرچی دیهاتی دەوربەر هەیە دەیڕوخێنین و خەڵکەکەی راگوێز دەکەین.) عاقڵی سەرکردایەتی کورد ئەوە بوو کە هەردوو ئاگادارکردنەوەکەیان بە فشە وەرگرت. لە لایەک نەوشیروان مستەفا پاسداری هێنا و لە نەوتەکەی کەرکوکیاندا و خۆشیان هەڵاتن. دەرئەنجام زەرەرمەندی ئەوەڵ و ئاخیر دێهاتەکانی دەوربەری کەرکوک بوو کە باجی نابەرپرسیارێتی و ناسیاسی بوون و بێ هزری سیاسی ئەو سەرکردایەتیەیاندا.
دوای سێ و چوار ساڵ لەو رووداوە هەڵەبجە و ئەنفال روویاندا. بە پێی یادەوەریەکانی خودی خۆیان چەند مانگێک پێش تاوانکاریەکەی ئەنفال، ئەفسەرێکی باڵای سوپاسی عێراقی دێتە لای سەرکردایەتی یەکێتی، گوایە ئەفسەرەکە رادەکات بەڵام لەوانەشە بە مەبەستەوە نێردرابێ، نەخشەی پەلامارەکانی ئەنفالیان پێ نیشان دەدات و ئاگاداریان دەکاتەوە. هەروەک پیشەی سیاسی خۆیان گوێان نەدا بە نەخشەکانی ئەو ئەفسەرە هێنابووی ئەمە جگە ەلوەی لە چەندان لاوە دەزانرێ کە سوپاسی عێراقی قسەکەی سەرۆکەکەیان جێ بەجێ دەکەن کاتێ پێی گوتبوون (بە هەڕەشە لێم وەر نەگرن بەڕیزینە بەس خوانەخواستە خوانەخواستە دەست لەگەڵ دوژمنەکانمان تێکەڵاو بکەن ئەوا بە هەموو هیز خۆمان لێتان دەدەین.) ئەوە بوو سوپاسی عێراق ئەنفالی بەسەر هەموو دەشت و دێهاتەکانی کوردستاندا کرد و ئەوانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و خەڵکەکەیان بۆ شاڵاوی سوپای عێراقی بەجێهێشت.

سوپاسگوزاری و لیخۆشبوونی کوردی لەسەر مەرگی ئەنفال…
کاتێک کە هەڵەبجە روویداوە، هەر لە زار و وشەی نوسراوی خۆیانەوە دەڵێن سەرکردەی یەکەمی یەکێتی گوتوبووی خۆزگە چەند هەڵەبجەیەک رووی دەدات تاوەکو بەناوبگتر بین. بۆیە هەر بە تەنها قوربانی دوو رژێمی شەڕکەری وەک ئێران و عێراق نەبوو بەڵکو قوربانی ئەو عەقڵ و خولقی خودی سەرکردایەتی کوردی و هیزە جەکدارەکەشی بوو هەر بۆیە دوای چەند سەعاتێک و چەند رۆژێک لە کیمیای بارانەکە ئەوەی ئەو هیزە کوردیە کردبوویان، دەزانم هەندێک دەڵێن ئەوانە چەند کەسێک بوون بەڵام مەسەلەکە ژمارە نیە بەڵکو ئەو عەقڵ و خوڵقەیە کە دوای تاوانکاریەکە دەستیان دابووە تاوانکاری تر کە مرۆڤ موچڕکی شەرمی پیدێ کاتێک بیەوێ باسیان بکات. قۆناغی دوای ئەنفاڵ وات لە راپەڕینەوە تاکو ئیستا حازر بەدەستترین بەڵگەیە کە هیزی کوردی ناوخۆیی بەردەوامە لە ئەنفالکردنی نەک هەر پاشماوەی ئەنفالەکان بەڵکو هەموو ئەوانەشی بەر شاڵاوی فیزیکی ئەنفال نەکەوتوون وا لە ئاستە روحیەکەی بەر ئەو شالاوە کەوتوون، ئەنفالی رژێمی بەعس گەر پاکتاوی جەستەیی مرۆی کورد بوو ئەوا ئەنفالی کوردی پاکتاوی روحی مرۆی کوردی کردۆیە ئامانج و ئەم ئامانجەشی چاک پێکاوە بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیەی تەواوە.
سوپاسگوزری و لیخۆشبوون و نامەی پشتیوانی بێ تاوانیی هەمان سەرکردایەتی شاخ لە جەنەراڵ و کەسە گەورەکانی بکەرانی ئەنفالی رژێمی بەعس بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەو راستیەیە کە هێزە کوردیەکانی شاخ بە ئیسلامیەکانیشەوە بەشێک بوون لە تاوانکاری ئەنفال. نامەکانی سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ دەزگا رەسمیەکانی ئەوروپا بۆ پشتیوانی لە بێ تاوانی نزار خەزرەجی لەو ئەنفال هەر بە تەنها نیشانەی بێ هزری سیاسی و خاڵی بوونی مۆراڵی نەتەوەیی نیە لەو تاوانکاریە بەڵکو نیشانەی شەریکبووناینە لەو تاوانکاریە لەگەڵ سەرانی بەعسدا. بۆیە هەر دید و بۆچوون و باس و خواسێک سەرکردایەتی کوردی لەو تاوانە بێ بەری بکات ئەوا جگە لەوەی ناکامڵ و نابابەتی دەبێ بەڵکو دەکەوێتە ئە وبەرەیەی کە سەبەکار و شەریکی جینۆسایدی ئەنفال بوون.

ئاستی تیئۆری جینۆساید…
تێگەیشتنی باو ئەوەیە کە جینۆساید پاکتاوێکی رەگەزیە لە لایەن هیزێکی دەرەوەی ئەو نەتەوەیە یان ئەو خەڵکە دەچێتە پێشەوە یاخود لەسەر دەستی هیزێکی زۆرینەی نەژادی یان ئاینی دژ بە کەمینیەکی نەژادی یا ئاینی ئەنجام دەدرێ؛ ئامانج لە جینۆسایدەکان بریتیە لە پاوانخوازی ئەم پاوانخوازیەش مەرج نیە هەر لە پەلامار بۆ سەر هێزە غەیرەکان بێت بەڵکو دەکرێ و لە مێژووشدا ائوها دەتسی پیکردووە کە قەتڵ و عامەکان لە پەلاماری هێزە ناوخۆییەکانی خودی خۆیانەوە دەستی پێکردووە ئینجا بۆ سەر ئەوانی تر. کرۆکی هاوکێشەی جینۆسایدەکان لەسەر زۆرینە و کەمینە، بەهێز و بێ هێز، غافڵگیر و ناغافڵگیر دروست بووە. ئەو جینۆسایدانەی لە سەردەمی زاڵێتی سیستەمی لیبرال دیموکراسی واتە هەژمونوی رۆژئاوایی دروست بووە لەوانە جینۆسایدی رواندیەکان، بۆسنیەکان، دارفۆریەکان و تەنانەت کوردیش خاسیەتێکی وەرگرتووە کە لەگەڵ لە کرۆکدا لەوانی رابردوو هەمان شتە بەڵام لە روودانی و هێزە بەشداربووەکانی تایبەتندیتیکی تری هەیە. هەڵبجە و ئەنفال ئەو جینۆسایدانەن کە خاسیەتی خۆی هەیە. ئایدیای سەرەکی ئەم نوسینە لەسەر ئەو تایبەتمەندێتیەیە.

١٣ی ٤ی ٢٠٢٤




کتێبی ” تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی ” چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی ” تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی ” کەوتە بەردەستی هەموولایەک بۆ خوێندەوە و دروستکردنی گفت و گۆی بونیاتنەرانە سەبارەت بەم بابەتە گرنگە .

ئەم کتێبە وەک نمونە و شیوازێکی تازەی کاری هاوبەش لە نێو کۆمۆنیستەکاندا ، بەرهەمی کاری چوار ‌هاوڕێیە : ئەکرەم سەعید ، سامان کەریم ، ئاسۆ کەمال و گۆنا سەعید .

سەرەتای ئەم کارە بە بریارێکی هاوبەش دەستی پێکرد سەبارەت بە گرنگی پێکەوە کارکردن و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی بابەتی فکری و سیاسی لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە خەباتی کۆمۆنیستی و بزوتنەوەی کرێکاری .. ئەمە یەکەم بەرهەمی هاوبەشمانە …
کتێبی ” تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی ” چوار ووتاری لە خۆ گرتوە کە هەریەکەیان لە گۆشەیەکی جیاوە هەوڵی دروستکردنی تێگەشتنێكی بنەمایی دەدات سەبارەت بە هەل و مەرجە بابەتی و ناوخۆیی یەکانی نێو چینی کرێکار و ئەگەری شۆرشی سۆشیالیستی لە بەر ڕۆشنایی ئاڵ و گۆڕەکانی جیهانی سەرمایە و کار و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان لە سەردەمی ئیستادا ..
ئاسۆ کەمال – لە ووتاری یەکەمدا “شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠” ، هەوڵ دەدات وەڵام بە پرسیارێکی بنەڕەتی بداتەوە، لە ڕێگەی لێکدانەوەی شۆڕشە کرێکاریەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی کرێکاران .. بە تایبەت گرنگی دەدات بە ئەو دەرس و تەجروبانەی کە دەکرێت لە شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا وە فێر بین بۆ ئەم سەردەمە.
ئەکرەم سەعید – لە ووتاری “سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم ” شیکاریەکی وورد بۆ هەردوو دیاردەی ” قەیران” و ” بەربەریزم” ی سیستەمی سەرمایەداری دەکات و بە پشت بەستن بە بەڵگە و نمونەی جۆرا جۆری سیاسەت و کردەی دەوڵەتانی سەرمایەداری و کۆمپانیاکان ، بنەماکانی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و دڕندەیی ئەمڕۆی سەرمایەداری شی دەکاتەوە.
سامان کەریم – لە ووتاری سێهەمدا لە ژێر ناوی ” ڕەشنوسێک دەربارەی ڕێىازی شۆڕشی پرۆلیتاریا” ، هەل ومەرجە بابەتی و پراکتیەکانی بەردەم پرۆلیتاریا ی جیهانی ڵیکداوەتەوە لەبەر ڕۆشنایی بارو دۆخی ئێستەی سەرمایەداری جیهانی و بەرهەمهێنان ، کە دەکرێت وەک سەرەتای نەخشە ڕێگایەک بۆ شۆرشی ئایندەی پرۆلیتاریا لێی بڕواندرێت ..
گۆنا سەعید – لە ووتاری چوارەمدا “ڕوانینێک لە بارو دۆخی کرێکاران لە بەر ڕۆشنایی کاریگەری دوایین پێنج دەیە لە جیهانگیری !” ، بە پشت بەستن بە ئامارەکان لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی کردوە لەسەر چینی کرێکاری جیهانی وەک بکەری شۆڕشی سۆشیالیستی ، بە گوزەرێک بەسەر بەو ئاڵ و گؤرانەی کە بەسەر پێکهاتەی چینی کرێکار و شێوازەکانی کار و ڕیکخراوبوون و ئاستی ناڕەزایەتی یەکانی چینی کرێکاردا هاتوون لە ئەنجامی پێنج دەیە لە جیهانگیری و نیوالیبرالیزم .




یەمەن- مەترسیەکانی فراوانبوونی جەنگ و تێکچوونی ئاساییشی ناوچەکە.. فەرمان محەمەد

گرژییەکان بە خێرایی بەرز دەبنەوە و دەکێشرێنە ناو ململانێیەکی ناوچەیییەوە. وەک چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار ئەوەی نیشانداوە، کە بەرزبوونەوەی گرژییەکان دەتوانێت بەخێرایی بۆ شەڕێکی جددی بگۆڕێت. بەم شێوەیەش ترس لە ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرک پێدەکەین؛ ترسی ئەوەی کە گرژییەکان لەسەر شەڕی غەززە و هاوکاتیش گرژیەکانی یەمەن، بڕژێتە ناو ململانێیەکی ناوچەیی فراوانترەوە.
ئاڵۆزییەکانی جیهان ڕووە و ‌هەڵکشانن و دەبینین، کە لە ئۆکرانیا شەڕەکە درێژەی کێشاوە و کۆتایی نەهاتووە. شەڕی غەزەش پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدار و پاشان شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکڕای جیهان ماندووێتی شەڕ و مەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیی و تێکچوونی نەزمی جیهانی پێوەدیارە. ئێستاش ناوچەکە ڕووبەڕووی جەنگێکی تری دۆستێکی نزیکی ئێران دەبێتەوە، کە دوژمنی سەرسەختی ئەمریکایە، ئەویش یەمەنە. حووسیەکان بەهەندێک داینامیکی ئاڵۆز و گرەوێکی بەرز یاریی دەکەن، لەژێر سێبەری سەرکردەی جیهانی ئیسلامیی شیعە کە ئێرانە و لە بەرانبەردا سعوودیە سەرکردەی ئیسلامی سووننەیە، کە شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ڕاستیدا بووەتە شەڕێکی بەوەکالەت لەنێوان هەردووک زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەک و هەروەها ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا لەلایەکی دیکەوە.
بەریتانیا، ئەمریکا و ئەو هاوپەیمانییەی کە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێکهاتووە زیاتر لە دەیان هێرشی بۆ سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەستپێکرد. واشنتۆن و لەندەن ڕێگەیان بە فڕۆکە جەنگییەکانیاندا، کە هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنەی کە بە قەڵای حووسییەکان ناودەبردرێت. ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە حووسییەکان هەڵمەتێکی دوو مانگەیان ئەنجامدا، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا، کە بە گوتەی خۆیان پشتیوانیی لە فەلەستینییەکانی غەززە دەکەن. لەهەمان کاتدا حووسییەکان بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە کەشتییە ئیسڕائیلییەکان دەکەنە ئامانج. بەم جۆرە هێرشەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا مەترسییەکانی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر و خێراتر کرد. حووسییەکان هۆشداریی دەدەن کە تۆڵە دەکەنەوە و بەڵێن دەدەن بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیی و بەرژەوەندیەکانی ئیسڕائیل- ئەمریکا. ئەمەش لەلای کەسانی سیاسیی، شرۆڤەکار و بیرمەندان بووەتە مەترسیی و ڕایانگەیاندووە، کە بەردەوامیی پەککەوتنی بازرگانیی دەریایی، ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک.

لێرەدا دەکرێت بپرسین حووسییەکان کێن؟
حووسییەکان گرووپێکی میلیشییایی یەمەنن، کە بە ناوی دامەزرێنەرەکەیان حووسێن بەدرەددین حووسییەوە ناونراوە و نوێنەرایەتیی لقی زەیدی ئیسلامیی شیعە دەکەن. ئەوان لە هەشتاکانی سەتەی ڕابوردوودا بە دژایەتیی کاریگەریی سعوودیە لە یەمەن سەریان هەڵدا. ئەو گرووپە کە بە زیاتر لە سەت هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت و ناوی فەرمییان ئەنساروڵـڵایە، زۆربەی ڕۆژاوای وڵات بەڕێوەدەبەن و بەرپرسی کەناراوەکانی دەریای سوورن و بەشێکی زۆری وڵاتی کۆنتڕۆڵکردووە، لەنێویاندا گەرووی “بابولمەندەب” کە بەرەو دەریای سوور دەکشێت.
حووسییەکان، هاوپەیمانی ئێرانن و لە شەڕێکی ناوخۆدا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری یەمەندا گرت، لەگەڵ هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، بۆ ئەوەی پشتیوانیی خۆیان بۆ حەماس نیشان بدەن، بەڵێنیاندا کە هێرش بکەنە سەر ئەو کەشتیانەی کە پەیوەندییان بە ئیسڕائیلەوە هەیە، یان بەرەو بەندەرەکانی ئیسڕائیل دەڕۆن.
حووسییەکان دەڵێن، ڕێگریی لە کەشتییە ئیسڕائیلیی و ئیسڕائیلییەکان دەکەین، کە بە گەرووی بابولمەندەبدا تێبپەڕن، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئیسڕائیل بۆ ئەوەی لانیکەم ڕێگە بە یارمەتی مرۆیی پێویست بدات، بچێتە ناو کەرتی غەززەوە، کە ئیسڕائیل لە ماوەی سێ مانگی ڕابوردوودا گەمارۆی داوە. حووسییەکان لە ١٩ی ئەم مانگەدا سەرنجی جیهانی ڕاکێشا، کاتێک فەرماندەیی کەشتیی بارهەڵگری گالاکسیی کرد و دواتر کردیان بە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی.
لە کاتێکدا کەشتیوانیی جیهانیی کاریگەری قووڵی لەسەر بووە، کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانیی بە تەواویی، خۆیان لە دەریای سوور دوور خستووەتەوە، بەڵام سەرەڕای ڕێگرییەکانیان، حووسییەکان زیانێکی کەمیان بە کەشتییەکان گەیاندووە و خۆیان لە کوشتن یان بریندارکردنی خەڵکەکەی ناو کەشتیەکان بەدوور گرتووە.
گۆڕینی تاکتیک لەهێرشەکانیاندا؛ لە سەرەتای مانگی یەکدا، حووسییەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی کەشتیی بێسەرنشین و لە ماوەی ڕابوردوودا ئەو گرووپە بەلەم و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە، کە لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ کەشتیەکانی دیکەدا دەتەقنەوە. لە کاتێکدا ئەو گرووپە تاکتیکی گۆڕیوە، بەڵام چالاکییەکانیان لە دەریای سوور ڕانەگرتووە.
ڕاپۆرتێکی ئەم دووایییەی کۆمپانیای ویندوارد کە کۆمپانیایەکی شیکاریی دەریایییە، دەریخستووە کە لەوەتەی حووسییەکان دەستیان بە هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر دەریای سوور، ژمارەی ئەو ڕێڕەوانەی کە بە هێڵی کەشتیوانییە گرنگەکەدا تێدەپەڕن، زۆر دابەزیووە. لە هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمدا، کەشتییە کۆنتێنەرەکان کە بە دەروازەی باشووری دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب تێدەپەڕن، بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای هەفتانەی ساڵی ٢٠٢٣، بە ڕێژەی ٧٠% کەمیکردووە. لەهەمان کاتدا 136% زیادبوونی گەشتەکان لە ڕێگەی “کیپی هیوای باش”ـەوە هەبووە.

گرژیەکانی دەریای سوور و هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاساییش: ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کۆتاییهێنانی بە هێرشی حووسییەکانی کردووە. ئەووە بوو ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیی لە دەریای سوور، بەپەلە بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد، سەرەڕای نیگەرانی ڕووسیا و چین.
بڕگەیەکی سەرەکیی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاساییش، ڕۆژی چوارشەممە کە لەلایەن ئەمریکا و ژاپۆنەوە سپۆنسەر کراوە، ئاماژەی بە مافی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، “بۆ بەرگریکردن لە کەشتییەکانیان، لەنێویاندا ئەوانەی کە ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانیی تێکدەدەن ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی بکرێنەوە”. ئەو بڕگەیە گەیشتە پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانیی، کە هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی و ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، بۆ بەرگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانییە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات وتەبێژی حووسییەکان بڕیارنامەکەی بە “گەمەی سیاسیی” ناوبردوو و ڕەتیکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوە ئەمریکایە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
دەستتێوەردانی ئەمریکا و بەریتانیا ڕەنگە بەسوودی حووسییەکان بشکێتەوە؛ حووسیەکان دەتوانن لە بەرزبوونەوەی گرژی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی قازانج بکەن و زلهێزی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی بخزێننە ناو یارییەکەوە، بەمەش ڕێگرییان لێناکرێت و لە ڕاستییدا دەکرێت زیاتر بوێرییان پێبدرێت.
شەوی پێنجشەممە، ئەمریکا و بەریتانیا چەندین شوێنیان لە یەمەن بۆردومان کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەو مووشەکانەیان خستە خوارەوە، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە دەریای سووردا ئاڕاستەکرابوون، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکا ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، دوو مووشەکی کروزی دژە کەشتیی و یەک مووشەکی بالیستیی دژە کەشتییان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە. ئەمەش یەکەمجارە لەم شەڕەدا ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی، هێرش بکەنە سەر خاکی یەمەن.
ئەگەرەکانی فراوانبوونی ململانێ و شەڕی بەوەکالەت؛ ئەگەر شەڕ لەگەڵ حووسییەکان پەرە بستێنێت – بۆ نموونە ئەگەر ئێران بڕیار بدات چەکی زیاتر بۆ حووسییەکان دابین بکات – ئەوا ئوسترالیاش کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکایە دەچێتە ژێر فشارێکی زیاترەوە بۆ ناردنی سەرچاوەی سەربازیی. شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، کاتێک حووسییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی یەمەن. حووسییەکان لەگەڵ ئێران هاوپەیمانن، حکوومەتی یەمەنیش لەگەڵ سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی هاوپەیمانە و چەند ساڵێکە شەڕی بەوەکالەت و سیبەری ئێران-سعوودیە دەکەن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بە ناوبژیوانی چین ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئێران و سعوودیە ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا گرژییەکانی نێوان حووسییەکان و حکوومەت کەم بووەوە.

پشتگیریی ئێران یان بوێریی و توانای ناوخۆیی؛ لە کاتێکدا هێشتا هەندێک گرژیی لە ئارادایە، بەڵام پێدەچێت خراپترینی شەڕی ناوخۆ، لانیکەم بۆ ئێستا کۆتاییهاتبێت و لەنێوان ئەو پێشهاتانەشدا حووسییەکان بەو باوەڕە گەیشتوون، کە لە ململانێکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. بەو هەستەیان ئەوەندە بوێرانەبوون، کە هەست بە بەهێزبوون بکەن بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی یەمەن تێبپەڕێنن و کردەی سەربازی لە دەریای سووردا ئەنجام بدەن، کە لە جیهاندا بە یەکێک لە قەرەباڵغترین کەناڵی کەشتیوانیی دادەندرێت. لەگەل ئەوەشدا حووسییەکان ئامادەی کەمکردنەوەی چالاکییەکانیان نین، بەڵکوو گرینگی زیادتر بە پەرەسەندنی هێرشەکانیان دەدەن.

فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




14-4 كێ كردی بە ڕۆژی ئەنفال؟.. عەلی مەحمود محەمەد

ئەنفال مەرگی خێراو لەسەرخۆی بە ئازاری گەلێك بوو، مەرگێك پرۆسەی روح كێشانەكەی 197 ڕۆژی خایاند، ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیكردنی لادێنشیینەكان كوردستان و سوتاندنی خاك و وێرانكردنی ئاوەدانی و وشككردنی سەوزایی و كانییەكانی و نەهێشتنی مرۆڤێك بە ناوی كوردەوە، لە سەرەتا لە دەرەوەی شارەكان جاڕی كۆمەڵكوژی دا، دوایی ناو شارەكانیشی گرتەوە، سوپای عێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفەو مەفرەزە تایبەتییەكانەوە وەك حەزییایەك لە هەرچوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێكانی كوردستانیان دا، ئەوەی ڕزگاری نەبوو لەو ڕۆژەوە ببڕیای ببڕای نەیانمان بینییەوە. هەموو ڕۆژەكانی ئەو ئۆپەراسیۆنی مەرگە، مەرگەساتێكی پڕ لە وەیل بوو، ڕۆژگارەكانی دواشی ژیانی ناو مەرگەساتەكانی تۆپزاو و نگرەسەلمان، چاڵ و پەناگای گولەبارانكردنی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوان هەموو مێژووییەكی دانەبڕاون لە یەكتر، بە ئەڵقەیەكی هەتا هەتایی پێكەوە گرێدراون، مێژووییەك بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان، جێی خۆیەتی یادی هەموو ئەو تاوان و كارەسات و قوربانیانە بكرێتەوە كە لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام دران بە ناوی ئەنفال. ئەوەی لە ناوییدا نەژییا بێت، ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناكەكانی تاوان و كارەساتە جەرگ بڕەكانی نەبینیبێت، ئەوەی ئێش و ئازارەكانی بە جەستە و روح نەچەشتبێت، ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەكانی، گەڕان بە دوای پارچە جگەرەكانی، ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت و لەو جەهەنەمە نەگەڕابێتەوە، ناتوانێت وینای چیرۆكەكانی ئەو مەرگە ساتە بكێشێت، ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر دوورترە، ئەمە ئەو جیهانەیە لە وێنای جەهەنەمی ئاینەكان و دۆزەخی عاشقان گەورەترە، ئەمە جیهانێكی تایبەتە كورد ناوی ناوە ئەنفال و مرۆڤایەتیش ناوی ناوە جینۆساید.
خۆ ناشتوانرێت هەموو ڕۆژەكانی ئەنفال، بكرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەكانی قوربانیان، چونكە فەزایەك بۆ ژیان، كاتێك بۆ بیركردنەوە و هەنگاو نان بۆ ئایندە، چركە ساتێك بۆ بۆ ژیانی دوا ڕۆژ نامێنێتەوە .
لە بیركردنەوەی یاداوەرییەكانیش مانای لە بیركردنی تاوان، لە یاد كردنی خیانەت، لە بیر كردنی مێژووی تاڵ و شكستەكانی ڕابردوو دێت، گەلێكیش ڕابردووی غەدر و كارەساتەكانی لە بیر بكات، مانای ڕازییە بە كوشت و بڕەكانی داهاتووش، مانای ملكەچ دەكات بۆ زەلالەت و قەسابییەكان كەوا چاوەڕوانین، لەبیركردنی یاداوەرییەكان یانی دەست ئاواڵە كردنی داهاتووە بۆ دوبارە بوونەوەی كارەساتە ترسناكەكان. بۆ ئەوەی لە داهاتوو مەرگە سات و قەسابی كردنەكانی رابردووی خۆمان لە یاد نەچێت، بۆ ئەوەی ئێسكەكانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەكان دەركەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجییەكان بكەین، پێویستمان بەوە هەیە لە ڕێگەی یاد كردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەك گەلێكی بەردەوام لە پرسە و خەبات كەر بۆ دواڕۆژێكی ڕۆشن دانێین، گەلێك ئامادەیی ئەوەی هەیە ڕابردووەكان خۆی وەك ئەوەی هەبووە بخوێنێتەوە بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو، ئێمە چاومان لە داهاتووە، بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داهاتوییەكی ڕون و گەش دابین بكەین و هەڵەكان دووبارە نەكەینەوە، هەرچەندە بوونی تاوانبارانی كورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد دەكات و یادكردنەوەكانمان تاڵە كەن، بەردەوام ئازارمان دەدەن.

بۆ بەرواری 14-4

شێخ وەسانان و بادینان و سەردەشت یەكەم شارو ناوچە بوون، بەر لێدانی چەكی كیمییاوی كەوتن لە كوردستان، بەڵام هەڵەبجە كرا بە ڕۆژی شەرمەزاركردنی چەكی كیمیاوی لە كوردستان وە چووە لیستی گینزەوە وەك خاوەند زۆرترین قوربانی چەكی كیمیاوی لە جیهان، چونكە قەبارەی زیانەكانی گەورەتر بوو لە هەمووان و تاوانەكە ناسراوتر تربوو لەوانی پێشوتر و دواتر كە هاتن. بر بەرز راگرتنی یادگە، هەموو تاوانێك پێویستە ڕۆژێك هەبێت بۆ یادكردنەوەی، بوونی ڕۆژێكی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەكە لە لایەن نەتەوەوە بۆ لەبیر نەكردنەوەو سزا دانی بكەرانی، هەروەها گرنگیشە بۆ بەردەوام هێشتنەوەی لە زەینی نەوەكانی داهاتوو و باشتر كردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە، ئەمە لە پاڵ ئەوەی بەرز راگرتنی یاداوەری بەشێكە لە قەرەبوو كردنەوەی مەعنەوی قوربانیان.

كام رۆژ بۆ ئەنفال؟

ئەنفالیش بەهەمان شێوە دەبێت ڕۆژێك تیایدا دیاری بكرێت بۆ یادكردنەوەی ئەو تاوانە 197 رۆژییەی كە لە جەرگەیدا نزیك بە 10% گەلەكەمانی تێدا كوشت و بڕ كرا، نە یەكەم ڕۆژی و نە دوا ڕۆژی ئەو تاوانە لە رویی مرۆییەوە ئەو زیانە گەورەیەی نەبووە تا دیاری بكرێن بە ناوەندی ڕۆژی یاداوەری، گەورەترین قەبارەی تاوانەكە لەپرۆسەكە ئەنفالی سێی گەرمیانە (دیاری كردنی ئەو ژمارانەی ڕژێم بۆ شەش پرۆسەی ئەنفالی 2 و 3 و 4 و 5 و 6 و 7ی ئەنفالەكانی دیاریكردووە بە كارێكی باش نازانم، بەڵكە ئەنفالەكان پێویستە بە ناوی ناوچەكانیانەوە ناو زەد بكرێن لە داهاتوودا، هەرچەندە لەوەشدا گرفتێك هەیە چونكە ئەو پرۆسانە هەموو ناوچەیەك زیاتریات گرتۆتەوە).
ئەنفالی گەرمیان كە لە ڕۆژی ڕەشی 7 نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێكرد و لە 20-4 كۆتایی پێهات، وەك بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەكان بوو، هەرچەندە لەم شاڵاوەیان چەكی كیمیاوی بەكار نەهات جگە لە گوندی تازە شار وەك شیمانە دەكرێت، بە پێچەوانەی ئەنفالەكانی دیكە، كە سەرجەمیان بە لێدانی چەكی كیمیاوی دەستیان پێكرد، وەلێ پێدەشتەكانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبونەوەی سوپای بەعس بۆیە زیانەكان گەورە بوون، ئەمە لە پاڵ لە خشتەبردنی خەڵك لە لایەن جاشەكانەوە بە بوونی لێبوردنی گشتی، هەندێك جار مەلای مزگەوتەكانیش كەوتوونەتە ئەو تەڵەیەوە، لەگوندی تازە شار پێشمەرگەكانی (( یەكێتی نیشتمانی كوردستان، حیزبی شیوعی عێراقی)) قوربانی گەورەیان دا، بەڵام نەتوانرا پێش بە هێرشەكان بگیرێت، قەبارەی سوپای هێرش بەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە و جەماوەر، كە پێشر لە دوو پرۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی كاریگەریان بەر كەوتبوو و تواناكانیانیان لاواز كردبوو، زیانی گەورەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال لەپرۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەكانی 13-14-15—4-1988دا بوو، بە تایبەتیش ڕۆژی 14-4، زیانەكانی ئەو ڕۆژانەی تاوانەكە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون كە بە سێیەك بۆ نیوەی كۆی قوربانیەكانی هەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەكرێت، شەوی 13لەسەر 14 ی 4 بازنەی ئابلوقەدانی خەڵك تەسككرایەوە، كە رۆژی دواتر لە گوندی ملە سوورە زۆربەی خەڵكەكە لە لایەن جاشەكانەوە تەسلیمكرانەوە، لەو رۆژانە لە قادر كەرەم و سەنگاو لەیلانیش زیانەكان زۆر بوون، لە ڕۆژی 14 نیساندا لەهەردوو گوندی ملەسورەو كوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆربەی خەڵكی ناوچەكە پاش تەنگكردنەوەی بازنەی ئابلوقە لە سەریان هەموویانیان كۆكردەوە و ئەنفالیانیان كردن، جاشەكان ڕۆڵی كارایان هەبوو لە ئەنفالكردنی ئەو خەڵكە. لەو ڕۆژەدا هەزاران كەس خەڵكی ناوچەكە كە بەشی زۆرییان ژن و مناڵ و پیر و پەككەوتە بوون كۆكرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراكتۆرو ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتییانی ئەنفالكراو گواسترانەوە بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو (قۆڕەتوو دەكەوێتە سنوری ناحیەی مەیدانی شاری خانەقینەوە، ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی 1974 ەوە تەعریب كراوە).
پاشماوەی جل وبەرگەكانیان تا ناوەڕاستی نەوەدەكانیش مابوون.
بەم هۆیەوە رێكەوتی 14-4 وەك ڕۆژێك تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال گەیشتە ترۆپكی تاوان هەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال، ڕۆژێك دەیان هەزار هاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسكردنەوەیان لە ناو بازنەیەكی تەسك لە لایەن جاشەكانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف تەسلیم بە بەعس كرانەوە، بۆیە كاتێك 14-4 دێتە پێشەوە دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییكردن، ئەگەر تا ئێستاش و دوای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكان بەشێكیانی وەك تۆمەتبار بۆ دادگاییكردن ناساند.

حكومەت لە خەوهەڵسا

دیاریكردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال هەنگاوێكی گرنگ بوو لە سەر دیاریكردنی ڕاستە ڕێگایەكی درووست بۆ بە گەلی كردنی یاداوەری تاوانی ئەنفال و جینۆسایدناسینی و بە مێژووكردنی و هەوڵدان بۆ باشتر كردنی باری ژیای بەجێماوەكانی قوربانیان .
هەموو كات زیان هەتیوەو قازانج باوكی زۆرە، كە بۆ یەكمجار داواكرا 14-4 بكرێت بە ڕۆژی ئەنفال، دەستەبژێرێكی كەم لە دەوری بانگەوازەكەی كۆبوونەوە، تەلەفزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا، ڤیستیڤاڵ لە رێكخەرانی تێكدرا، لافیتەی بانگەوازی پێچرایەوە و بڕیاری گرتن بۆ چالاكڤانانی دەركرا، كەسێك خۆی ناكرد بە خاوەندی، وەلێ كە هەوڵی بێپسانەوە و بەردەوامی دەیان كەس كە ناویان هاتووە دەگات بە ئەنجام، لە هەموو لایەكەوە دەڵێن منم، هەموو كات خەڵكانی بەرژەوەند خواست لە دوای هەوڵەكانەوە ئامادەن بۆ دورینەوەی رەنجی خەڵكانی خۆنەویست .
دوای 19 ساڵ لە تاوانی ئەنفال، دوای 16 ساڵ لە ئازادبوونی كوردستان، دوای 12 ساڵ لە نووسینەوەی یەكەم بەیانی فەرمی كە تیایدا داواكراوە 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت لە كوردستان، هەمان بەیاننامە لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوكراوەتەوە و ئەرشیفكراوە، دوای ئەوەی ترسی هەڕەشەی كەس و كاری ئەنفالكراوەكان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نە هێنانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی كەس و كارەكانمان تۆقاندیانی، لە بەرواری 4-4 -2007 بڕیار لەسەر ئەوە درا 14-4 بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت، با پێكەوە سەیری ئەم هەواڵە بكەین، رۆژی 14ی 4 بە رۆژی ئەنفال ناسێنراوە :
” پیشنیوه‌رۆی دوینی 4/4/2007، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و عومه‌ر فه‌تاح جیگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، له‌ ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی كرد. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی بریاری دانانی رۆژی 14/4ی هه‌موو ساڵیك به‌رۆژی ئه‌نفالكراوه‌كان وه‌رگیرا “.
بۆ نەپرسین دوای 16 ساڵ لە ئازادبوونی كوردستان، زوو نەبوو رۆژێكتان دیاریكرد بە رۆژی ئەنفال؟

هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی 14-4 بە رۆژی ئەنفال

ئەو اۆژانەی دۆزی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی لایەنەكان نەبوو نووسەران و چالاكڤانانی ئەم بوارەش لە ژمارەی پەنجەكانی دەست كەمتر بوون، دۆسیەیەكی بص خاوەند بوو، كەمتر لە راگەیەناندنەكان باسی لێوە دەكرا ئەوەی هەشبوو پەرتوبڵاو بوو، هوشیاری لە بواری دۆزەكە زۆر لە خوار بوو. لەو ڕۆژانەدا كۆمەلصك چالاكوان و اۆشنبیر و هونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە، بە سكی برسی و ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە، لە پاڵ نەبوونی و هەژاری خەمی ئەنفالەكانیان لە كۆل نا و شەویان دایە دەم اۆژەوە بۆ بە مصژوو كردنی ئەم تاوانە و دیاری كردنی اۆژصك بۆ یادكردنەوەی دەستەجەمعی، تاكو لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە تاوانەكە و ساڵانە لە كات و ساتی خۆیدا یاد بكرێتەوە، ئەو یاداوەرییە نەمرێنرێت، لە بیری تاكەكانی گەلەكەمان بە زیندویی بمێنێتەوەو ببێتە ڕچەی ناساندنی لەئاستی جیهانیدا .
پصویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی كە هەوڵەكانیان بەری گرت بۆ دیاریكردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال، ناویان بچصتە مصژووی بەگژدا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچییەكان، منیش وەك ئاگادارصكی زۆرتر لە هەر كەسصكی دیكە لە بەشێكی زۆری ئەو چالاكیانە، چەند دصرصك لەم یادە دەخەمە سەر كاغەز، بە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو ناوانەی بە بێ هیچ هۆكارێك لە یادیانم كردووە، ناڕەوایە ڕەنجی كەسانێك بۆ بەمێژوو كردنی ئەنفال هەوڵیان داوە لە یاد بكرێن، بەری ڕەنجی كەسانی دی، هەوڵ و ماندوبوونی كەسانی دی ئەگەر لەگەڵیانیشدا نەبیت لە یاد بكەیت، ئەوانەی بازرگانی بە تاوانەكانەوە دەكەن كاریان ئەوەیە.

كێن ئەوانە؟

پاش گەڕانێكی وورد بە ناو ڕۆژنامەكانی دوای ڕاپەڕین، ئەوەی كەوتە بەر سەرنجم، یەكەم وتار لە سەر ئەو اۆژە نووسرابێت بە اصز ا خ لە كوردستانی نوصی ژمارە 66 نووسیویەتی، كە دوایی بە پرسیار بۆم دەر كەوت ئەو كەسایەتیە ئازیزە ناوی بەاصزی كاك اەحمان خانییە لە دەربەندیخان، ئەمە وەك یەكەم ئاماژە دان بە رۆژی 14-4.
ڕۆژنامەكان ئەو ڕۆژانە باشترین بەڵگەنامەن بۆ ئەوەی بزانیین ئەم هەوڵانەی دراون بۆ دیاریكردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال چەند كاریگەر بونەو لەو رۆژگارەو جێگای خۆیان گرتوەو گەیشتوونە بە جێی مەبەست و توانیویانە ئەو داواكارییە بسەپێنن لە ئاستی گەل و كەناڵەكانی راگەیاندنی ئەوكات.
ڕۆژنامەكانی كوردستان تاكو ساڵی 1995 ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووە، با چاوێك بە چەپكێك ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئەو كاتانە بخشێنیین لە رۆژی 14ی چواردا .
كوردستانی نوێی ژمارە 66ی رێكەوتی 14-4-1992یدا لە مانشێتەكەی هاتووە: (سەركەوتنێك لەگەڵ ڕژێم بەهای ئەو كاغەزەی نابێت كە لە سەری مۆر دەكرێت ).
كوردستانی نوێ ژمارە660 ی رێكەوتی 14-4-1994، لە مانشێتەكەیدا هاتووە(بەییانامەی م س ینك بە بۆنەی كۆچی دوایی هەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند )، لێ ئیتحادی ژمارە 75 ی رێكەوتی 16-4-1994 یش هەمان بابەتە .
الاتحادی ژمارە 127 رێكەوتی 15-4-1995 لە مانشێتەكەی هاتووە، (امریكا قلقە علی حقوق الانسان خصوصا فی اقلیم الكردی بتركیا).
بەڵام كوردستانی نوێ ژمارە 962 رێكەوتی 14-4-1995 مانشێتەكەی بریتی بوو لە: (لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەكەی ئەكیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێك لە نەوتی عێراق پەسەند دەكات) (هەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەكانی ناوەوە بڵاو كراوەتەوە، لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكان لەسەر 14-4 رۆژی ئەنفال، كە یەكەم بەیاننامەیە بە بۆنەی رۆژی ئەنفالەوە دەرچووبێت، هەروەها چالاكییەكانی ڤیستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالەكان)ی تێدا بلاوكراوەتەوە، رۆژانی دواتریش لەسەر هەمان ڤیستیڤاڵ هەواڵ بڵاو كراوەتەوە، هەموو ئەوانەش لەسەر داواكاری ئێمە بوو.
هەرچی كوردستانی نوێی ژمارە 1262 ی ڕۆژی یەك شەممەی رێكەوتی 14-4-1996ە، لە مانشێتەكەیدا هاتووە (تەنها بە دادگاییكردنی ئەنفالچییەكان ڕوحی شەهیدانمان شاد دەبێت)، ئەمەش دووای هەفتەیەك چالاكی ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەكان لە هەولێرو شەقڵاوە، “لەوكاتە كۆمەڵەی روناكبیری كۆمەلایەتی كەركووك ویستیان هەبوو 17-4 وەك رۆژی ئەنفال دیاریبكەن، بەلام هەوڵەكانیان شكستی هێنا ” .
هەرچی ڕۆژنامەی برایەتییە ژمارە 1920 رێكەوتی 14-4-1994 ە، لە مانشێتەكەی هاتووە: (هێژا مسعود بارزانی لە پرسەی خوالێخۆشبوو رسول مامەند ئامادە دەبێت )، هەرچەندە پەیامی برایەتی هەمان ژمارە لەسەر تاوانی ئەنفالە، وەلێ هیچ ئاماژەیەك بە رێكەوتی 14-4 وەك ڕۆژی ئەنفال نەكراوە.
ڕۆژنامەی یەكگرتوو ژمارە 86 ی رێككەوتی 12-4- 1996 لە مانشێتەكەیدا هاتووە:( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێ بپارێزرێن، ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ كران )” بەهۆی بەشداری كا عەبدالڕەحمان سدیق لە رێكخستنی ڤیستیڤالی یەك و دوو كاریگەری لەسەر یەكگرتوو هەبوو لەو رۆژگارە”.
هەرچی رۆژنامەی ئاڵای ئازادی زمانحاڵی ئەوكاتی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بوو، لە ژمارە 68 ی رێكەوتی 11-4-1993 یدا لە مانشێتەكەی هاتووە: بە سەرخستنی دەست پَی شخەری pkk، بەرنامەی هاوبەش و هاوكاری سیاسی، ئەركێكی نەتەوایەتییە.
بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە 166 ی رێكەوتی 16-4-1995 دا هاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەكەمان و دڕندەیی دوژمنانە)، ئارمی ڤیستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالەكان لە لاپەڕە یەكدا بڵاو كراوەتەوە.
لە مانشێتی ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستانی ژمارە 2ی ساڵی 48 ی ساڵی 1992 هاتووە:(پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..)، بەڵام لە ژمارە 94ی رێكەوتی 12-4-1993 هاتووە:(هەلومەرجی كوردستان وا دەخوازێ كە بە پەلە هەوڵی بەستنی كۆبونەوەی سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی بدرێ). وەلێ ڕێگای كوردستانی ژمارە 104ی رێكەوتی 19-4-1994دا هاتووە:(بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەكان پێویستە بایەخێكی زیاد بە 182000 ئەنفالكراوو كەس و كارەكانییان بدەین )، سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان كە سەروتاری رۆژنامەكەیە لەسەر ئەنفالە. بەڵام ڕێگای كوردستانی ژمارە 152 ی بەرواری 11-4-1995 لە مانشێتەكەی هاتووە(14 ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەكان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەكەمان )(ڕۆژی 14 نیسان ڕۆژێكی هەرگیز لە یاد نەچووە لە بیرو هزری َڕۆڵەكانی گەلەكەمان. ئەم ڕۆژە هێمایەكە بۆ گەورەترین تاوان كە ڕژێمە شۆفینیستیەكەی سەدام دژ بە گەلەكەمان ئەنجامی دا).
بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی 1994 ەوە لە مانگی نیسان باسی ئەنفال كراوە، بەڵام لە ساڵی 1995 ەوە جەخت لەسەر دیاریكردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال كراوەتەوە، ئەوەش بە هەوڵی ئێمە بووە، راستەوخۆ پەیوەندی بە رۆژنامەكانەوە كراوە.
ڕۆژنامەی ووڵاتی رێكەوتی 15-4-1996 ژمارە 151 دا هاتووە:(یادی ئەنفالەكان هاندەرێكە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات)، بەرنامەی ڤیستیڤاڵەكەش لە هەمان ژمارە لە دوا لاپەڕە بلاو كراوەتەوە.
لە رۆ ژنامەی بۆ پێشەوەی ژمارە 18 ی رێكەوتی نیسانی دا، لە سەروتارەكەی هاتووە1995 :(با یەكی ئایار بكەینە ڕۆژی بەرپاكردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕ و برسێتی)، هاوكات لە هەمان ژمارەدا بابەتێك بڵاوكراوەتەوە بە ناوی (كارەساتی ئەنفال و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).
ساڵی 1996 و لە یادی ئەنفالدا ڕۆژنامەكانی وڵات، ئاڵای ئازادی، یەكگرتوو، پاڵە…… مانشێتەكەیان لەسەر ئەنفال بوو، رۆژنامەی ڕێگای كوردستانیش ئەو ژمارەیەی سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەكەشی لەسەر ئەنفال بوو.

هەوڵە پراتیكییە سەرەتاییەكان

لە پەرتووكی تونی مەرگ كە بەڕێز كاك زیاد عەبدڕەحمان ” نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا” نووسیوییەتی هاتووە (( (c.d.a.w.e) لە ساڵی 1993 هەمان ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی یادكردنەوەی هەڕەشەكانی ئەنفال داناوە ویادی كردەوە. هەروەها دەنووسێت لە هەمان ڕۆژی ساڵی 1994 یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای كەركووك لە گەرمییان كرایەوە، پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داهاتوودا ببێتە یادی قڕكردنی بە كۆمەڵی گەلی كورد( پەرتووكی تونی مەرگ –ل9). لێرەدا نووسەر ئەگەرێك دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕكردنی بە كۆمەڵی گەلی كورد، نەك بە كردنی بە ڕۆژی ئەنفال .
ساڵی 1994 لە ژێر درووشمی (دیاریكردنی چارەنووسی ئەنفالكراوەكان ) كۆمیتەی باڵای یادكردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی 6 ەمین ساڵەی كارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەكانی بەعس. لە ڕۆژانی 14-15-4-1994 زنجیرە چالاكییەكی لە كەلار و سمود ئەنجامدا، لیژنەی سەرپەرشتی یادەكە لە لایەن مەڵبەندی كەركوكی ینك و هاوڕێیانی شیوعی-حشكع- محەلی كەركووك و یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان سازدرا بوو (ك ن 18-4-1994 ژمارە 663).
لە دەڤەری گەرمیان بەرصزان رەحمان خانی، تەها سولێمان، سەردار عەبدللە، دڵشاد تالەبانی، گولاڵە عەزیزو …….. چالاكانە كاریان لەسەر دۆزی ئەنفال كردووە لەو رۆژانە. كاك سەردار عەبدللە بە منی ااگەیاند بۆ ساڵی دواتر مەبەستی 1996 ە، كە بینیمان لە 14-4-1995 لە هەولصر یادی ئەنفال بە بەر فراوانی كرایەوە، ئصمەش لەوە بە دواوە سور بوین لەسەر دیاریكردنی 14-4 وەك اۆژی ئەنفال.
نابێت ئەوەش لە یاد بكەین لە ئایاری ساڵی 1994 شانۆگەری وەرزێكی شووم لە هەولێر پێشكەشكرا كە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی و خاڵە حەمرین و لالۆ ڕەنجە و حەسەن گەرمیانی و …….. كۆمەڵێك دڵسۆزی دیكە ڕۆڵیان تێیدا هەبوو، گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەكرد، وەلێ بە ئامانجی دیاریكردنی 14-4 نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال، لێ رۆڵی پۆزەتیفی هەبوو لە ناساندن و وەبیرهێنانەوەی تاوانی ئەنفال و گرنگیدان پێی.

ڤیسیتیڤاڵی ئەنفالەكان بۆ دیاریكردنی 14-4 بە رۆژی ئەنفال

پێشتر بە پەرتەوازەیی یادی تاوانی ئەنفالمان دەكردەوە، وەلێ جێگای ناگرت بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ ئەنفال، بانگەوازی ڤیستیڤالی یەكەمی ئەنفالەكان لە 12-3-1995 بۆ ئەنجام دانی یەكەم ڤیستیڤال لە هەولصر بڵاو كرایەوە، لە 14-4 ڤیستیڤاڵەكە بۆ ماوەی یەك هەفتە لە هۆلی میدیا بەردەوام بوو،ئەم بەاصزانە اۆلیان لە ئامادە كردن و سەركەوتنی گصاا ((محمد ملا سدیق –لالۆ اەنجدەر –سەدرەدین خۆشناو-فاتیح شەیدا-كەریم غەفور ” كەریمۆك” –كەماڵ غەمبار، قادر نادر-فریاد هیرانی-ئاشتییە سور ” دارا و پایزە” -هاوار مستەفا-سۆزان مامە-بدرالدین ساڵح-نیهاد دزەیی-كەریم سەركەش-هەردی سەردەم –دەشتی بەرزەواری -مامۆستا اەحیم-عوسمان عمر( عوسمانی خەتم ) -ازگار مام بۆرە- مامۆستا فرهاد خالید-نیهاد جامی –تەحسین فایەق-ئاوارە خان-كەریم مەلا-مامۆستا كمال غەمبار- هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەلاح مەزن-ئەندازیار عەبداڵەحمان سدیق- ئازاد سلصمان و هاوكار و هصمن حەساری و شەفیق حاجی خدری و كنێر و شەوقی دارەتوو و جەماڵ شوشە و عەدنان كۆچەر و خالید كاوێز و ئازاد و محەمەد مشیر و ……..هتد .هەروەها بەاصزان ازگار شوانی و ازگار حەساری و فواد سدیق لە اصگای كوردستان و كاك ستران عبدللە و كاك دلشاد عبدللە و ئیسماعیل عەبدالكەریم لە كوردستانی نوص و كاك غازی حەسەن و ئیدریس شەیداهۆ و كاك بصكەس حەمەد قادر لە ئاڵای ئازادی بەشداری كاریگەریان كرد لە ڕێگەی پشتیوانی و بەشداری و ڕۆژنامەكانیانەوە، تەنانەت كاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەكانیان دانا بۆ ئەوەی 14-4 وەكو ڕۆژی ئەنفال بناسن.
بۆ سالی دواتر 1996 جگە لەو بەاصزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەكەمدا هاتووە، بەاصزان سەرهەد تۆفیق –شوان داودی –غازی حەسەن- گرفتار كاكەیی- هەردوو مامۆستای هصژاو تصكۆشەر خالید دلصر و سەعید ناكام و پاڵەی خالید دلێر و هیوا ناسیح و ئەسكەندەر جەلال و فەرحان و خالید كاوێس و ئازاد و ،،،، هتد بەشداری چالاكانەیان كرد.
دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا لە سەروە، كەسانی تێدا بوو وەك مامۆستا خالید دلێر و مامۆستا بەدرەدین حەمەساڵەح و كاك نیهاد دزەیی و سەرهە تۆفیق و ئەرخەوانی كچی لە ڤیستیڤاڵی دووەم زۆر ماندوو بوون، كەسانی دیكەش بەشدارییەكی ڕەمزییان كرد بەڵام ناكرێت ناویان لە یاد بكرێت، پشتیوانییەكی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەكە .
ئەو ساڵە بە داواكاری ئصمەو بە هاوكاری بەاصز كاوە نادر پارت و اصكخراوە سیاسی و اۆشنبیرییەكان دەیان بەیاننامەیان لە رێكەوتی 7-4 ەوە دەركرد بە بۆنەی 14-4 و ناساندنی وەك ڕۆژی ئەنفال، لەوە بە دواوە ئیتر 14-4 وەك اۆژی ئەنفال بو زبە ئەمری واقیع، ڕۆژێكیش بۆ ئەنفال دیاریكرا، ئیتر نەتوانرا خۆ لە یادكردنەوەی بدزنەوەو وەڵام بە داواكاری قوربانییەكانی نەدەنەوە، وە بیر لە دیاریكردنی رۆژێكی دیكە بكرێتەوە.
بەشێك لە بەشداربوونی چالاكییەكانی ڤیستیڤاڵی یەكەم جگە لە بەشداربووانی پێشانگای كاریكاتێر “كاك گرفتار كاكەیی” و بەشە هونەرییەكە: عەبدالڕەزاق سافی، سەلاح مەزن، سەدرەدین خۆشناو، فاتیح شەیدا، فریاد هیرانی، كەریم غەفور، عەلی مەحمود، عەبدالڕەحمان سدیق، ناڵە حەسەن، بەهرە موفتی، ئیدریس شەیداهۆ، خالید عوسمان، سۆزان مامە، بەختیار مامە، سەرهەنگ ئیسماعیل، زانا خالید.

بەیاننامەكان
ساڵی 1995 یەكەم بەیاننامە بە بۆنەی 14-4 ڕۆژی ئەنفال، ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان و دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەریان كرد، هەرچەندە لە بەیاننامەكەی یەكگرتوودا هاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێكدا كە یادی ئەو كارەساتە بێ دینی یە دەكەینەوە ،داوا لە هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندنمان دەكەین، كە وەك تاوانە جینۆسایدییەكانی سەدەكانی ناوەڕاست و، جەنگە جیهانییەكان و، كارە بە كۆمەڵ كوژییەكانی ستالین و هیتلەر، لە قەڵەمی بدەن و ،گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەكارهێنانی وشەی (ئەنفال) ڕسوا بكەن و، وشەو زاراوەیەكی بۆ بەكار بێنن كە ڕێسی پیلانی هەڵوەشێنێتەوە ) ئەمە بەشێك بوو لە بەیاننامەی مەكتەبی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی كارەساتی بەناو ئەنفالەوە – یەكگرتوو ژمارە 37 )، دیارە ئەم هەوڵەش لە لایەكەوە دڵسۆزییە بۆ پرۆسەكە، لە لایەكی دیكەوە بەشێك بوو لە نەخشەكانی پارت و لایەنە ئیسلامییەكان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال، نە چەسپینی لە كۆمەڵگای كوردەواریدا، كە لەگەڵ بۆچوونەكانیان ناهاتەوە سەبارەت بە دەستەواژەی ئەنفال.

چیتر كرا

ساڵی 1996 بەهۆی سەركەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالەكان هەوڵەكان گەورەترەوە بوون، بە هەوڵ و كۆششی ڕێكخراوی ئاوارە و ئەنفالەكان لیژنەی سەرپەرشتی لە شارەكانی هەولێر و شەقڵاوە پێكهێنرا، هەروەها داوا لە حزب و ڕێكخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەكان كوردستان كرا، بەیاننامە بەبۆنەی 14-4 دەربكەن و لافیتە لەو یادەدا بنووسن و لە شوێنە گشتییەكان بە تایبەتیش دەوروبەری هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر هەڵیواسن، تاكو شاری هەولێر سیمای ئازییەت باری گشتی بە خۆوە بگرێت.
لە ساڵی 1996 لیژنەی كاری هاوبەشی حیزبە كوردستانیەكان لە 1-4 ەوە بەیاننامەی هاوبەشیان دەركرد لەسەر 14-4 و ناساندنی وەكو ڕۆژی ئەنفال، كە لە 7 حیزبی كوردستانی پێك هاتبوون، سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە: بزوتنەوی موسڵمانانی كوردی فەیلی –سەركردایەتی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی توركمانی–كۆمەڵەی جوێلۆجی كوردستان-یەكێتی مامۆستایانی كوردستان-یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان-ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان-حزبی سۆسیالستی كوردستان-یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان-دەستەیەك لە ڕابەرانی بزووتنەوەی كرێكاری-كۆمەڵەی ڕوناكبیری كۆمەڵایەتی گەرمەسێر.
سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێكخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواكاری ئێمە لەناو ڤیستیڤاڵەكەو شەقامەكانی هەولێر و بەردەم بنكەو بارەگاكانییان هەڵواسی كە تا ئەوكاتە كوردستان و شاری هەولێر دیاردەی راگەیاندنی گەورەی وای بۆ تاوانی ئەنفال و كۆمەڵكوژی بەخۆوە نەبینیبوو، ئەو بایاننامانەش هەموو بە سوپاسەوە بە داواكاری ئێمە دەركراون.
ئەم بروسكەی پشتگیرییانەش گەیشتنە بەڕێوەبەرانی ڤیستیڤاڵەكە: ( دەستەی ڕۆژنامە نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی توركمانی-مكتب سیاسیی– تیپی شانۆی نیشتمان-مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان-حزب الاخاو توركمانی –مكتب سیاسی- بزاڤی خوێندكارو لاوانی كوردستان-سكرتارییەتی باڵا- حیزبی ڕزگاری كوردستان-مەكتەبی سیاسی -–مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یەكێتی پێشەنگانی كوردستان-كۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی كوردستان-كۆمەڵەی جیۆلۆجی كوردستان-یەكێتی بێكارانی كوردستان-كۆمەڵەی ئاوارەكانی كوردستان-ڕێكخراوی جیهانی بۆ داكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ(ئەمینداری گشتی)-بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-هەولێر—كۆمەڵەی نەتەوەیی كورد-مەڵبەندی چوار—كۆمیتەی ڕێكخستنی هەولێری حیزی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق—كۆمەڵەی فەرهەنگ و ئاوەدان كردنەوەی باڵەكەیاتی—یەكێتی ژنانی كوردستان-مەكتەبی سكرتاریەت—ئەنجومەنی پارێزەرانی كوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنەوی دیموكراتی گەلی كوردستان—كۆمەڵەی زیندانیە سیاسییەكان—مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی جوتیارانی كوردستان—خوێندكارانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان—كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حیزبی شیوعی كوردستان—كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیرانی شاری هەولێر—كۆمیتەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی ی ن ك—خوێندكارانی پەیمانگای هونەرە جوانەكان—ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان—لەشكری 16 دەشتی هەولێر ینك—تیپی شانۆی حەمرین—كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان—ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە كوردستان (كوردستان ۆچ)—ناوەندی هەولێری پارتی كاری سەربەخۆیی كوردستان –ڕادیۆی ڕێگای كوردستان—ڕێكخراوی تێكۆشانی ڕەنجدەرانی كوردستان—ڕێكخراوی ڕەوتی بەلشەفیك—یەكێتی گشتی قوتابییانی كوردستان).
ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان هاتووە، زۆربەشیان بە هەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی هۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشدارییان كرد.
ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنها لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەكەدا هەبوو: ( بیرۆی پارتی كاری سەربەخۆیی كوردستان- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان- ڕۆژنامەی ووڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی كرێكارانی كوردستان-لیژنەی پارێزگای كەركوكی حیزبی شیوعی كوردستان-یەكێتی ئافرەتانی زەحمەتكێشان-لقی هەولێری حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان-كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی كوردستان مەكتەبی سیاسی-كۆمەڵەی ڕوناكبیری كۆمەڵایەتی كەركووك- كۆمەڵەی ڕوناكبیری و كۆمەڵایەتی گەرمەسێر –مەكتەبی مافی مرۆڤی ی ن ك-یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان).

پێشانگای كورد قڕان

هەروەها ئەم هونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان كرد لە پیشانگای كورد قڕان: (جوهەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریف—سلێمان شاكر—سەربەست عومەر—سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-كامران – ڕزگار فقێ عبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار كاكەیی)(چارەنووس ژمارە 2 –حوزەیرانی 1996)*.

شانۆگەری ئەنفالستان

شانۆگەری (ئەنفالستان) ئامادەكردن و دەرهێنانی: كەریمۆك غەفور نواندنی: هاوار مستەفا خان، كەریم مەلا، سۆزان مامە، جەلال ئەنوەر، عەلی سیاسی، كەریمۆك غەفور، بەرهەم محەمەد، هەردی حسێن، كامەران عەبدولوەهاب، شیلان سەدرەدین، عەبدولقادر محەمەد، گوڵالە عوسمان، گۆران حسێن، رزگار ئیسماعیل، ڕەوا دڵشاد وەسانی، ئازاد ئەنوەر، ئەحمەد عەدۆ.
لەرێكەوتی ١٩-٤-١٩٩٥ لە چوارچێوەی چالاكییە هەفتەییەكەی ڤیستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالەكان نمایش كرا، لە هۆڵی میدیا-هەولێر لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالە بەدناوەكان.
ڤیستیڤاڵی یەكەم بە شانۆگەری شەقام لە ناوەندی رۆشنبیری سەردەم لە قەلاوە بۆ هۆڵی میدیا بەناو بازاڕدا دەستی پێكرد، هەردوو پەرلەمانتار عیدۆ بابا شێخ و نەهلە خان بەشدار بوون تیایدا.
شانۆگەرییەكە لالۆ رەنجدەر، تەحسین فایەق، نیهاد جامی، كەریمۆك، ئاوارە خان ئامادەیان كرد و زۆری دیكە بشداربوون تیایدا.

بەشداربووانی ڤیستیڤاڵی دووەم: عەزیز وەهاب محەمەد، كەماڵ غەمبار، محەمەد ساڵەح ئامێدی، د.ئاسۆ عەبدوڵا، ئارام، شەفیق حاجی خدری، مامۆستا ئەحمەد چاوشین، د.رەشاد میران، مامۆستا بهائالدینی جوتیاران، حەسەن جاف، عەبدالڕەزاق مەرزنگ، غازی حەسەن، عەلی مەحمود محەمەد، جەلیل كاكە وەیس، سەرفراز نەقشبەندی، سەدرەدین خۆشناو، ئارام سەلیم، كەریم غەفور، مامۆستا عەبدالڕەحمان سدیق.

چەسپینی رۆژەكە

هەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەم یاساغكرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری هەولێر، منیش تۆمەتبار كرام، وەلێ كە مەممنوع كرا زیاتر مەرغوب بوو، گرنگ ئەوەیە پەیامەكانی چەسپی و لە كۆتاییدا ڕۆژێك دیاریكرا بە ڕۆژی ئەنفالكراوەكانمان، لەو ڕۆژەدا خەم و داواكارییەكانمان یەك دەخەین، خامەكانمان دابەش دەكەین، بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین، بە بیر ڕێگایەك دەدۆزینەوە بۆ بە یاساییكردن بە مێژووكردنی و بە جیهان ناساندنی وەك تاوانی جینۆساید، بە دەست و دەنگێكی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانكاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا.

تێكدانی ڤیستیڤاڵی دووەم

كە ڤیستیڤاڵی یەكەم دەنگ و سەدای گەورەی دایەوە لە ناو خەڵك و كەناڵی راگەیاندنەكان، كۆمەڵەیەك لە هەولێر لقێكی هەبوو بە ناوی كۆمەڵەی روناكبیری كۆمەڵایەتی كەركوك كە بەڕێز جەلال جەوهەر ئەو كات بەرپرسیان بوو لەو بەشە، لە لایەكەوە دەیانویست رۆژی 17-4 بسپێنن وەك رۆژی ئەنفال، لە لایەكی دیكەوە كەوتنە خۆ ئامادە كردن بۆ یادكردنەوەی ئەنفال و دەیانەویست هەوڵەكە لە ئێمە بسێننەوەو خۆیان پێی هەڵبستن، هەروەها سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان كرد مۆڵەتی رێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكان وەربگرنەوە و بۆ خۆیان رێكخراوێك تۆمار بكەن بەناوی ئەنفالەكان، هەروەها داوایان لە قوربانیان و هونەرمەندان كرد بەشداری چالاكییەكانمان نەكەن.
لە كاتێك ئێمە هۆڵی میدیاشمان لە چەند مانگ زووترەوە گرتبوو، ئامادە بووین هۆڵەكە بۆ ئەوان بەجێ بهێڵین و مەراسیمەكەی خۆمان لە 7ی نیسانەوە ئەنجام بدەین، هێشتا لە گێچەڵ كردنی خۆیان نەكەوتن، كە بینییان سەدان لافیتە بۆ پشتیوانی ڤیستیڤاڵەكەمان لە ناو هۆڵی میدیاو دەوروبەری هەڵواسراوەو دەیان بەیاننامە بۆ پشتیوانیمان دەركراوەو بەشداری بەرفراوانی نووسەران و هونەرمەندان لە ڤیستیڤاڵەكەی ئێمە وە پەراوێز كەوتنەوەی ئەوان، تەنانەت مەكتەبی سیاسی ینك بە 10000 دینار پاڵپشتی ئێمەیان كرد، ئەوجا بە پشتیوانی خوالێخۆشبوو جەبار فەرمان مۆڵەتی گرتنی هۆڵی میدیا و گەلەرییەكەیان لێمان سەندەوە دایان بە سەوڵەی بەدری سەر بە مەجلس ئەعلای ئیسلامی، بۆ شەوەكەی لافیتەكانیان بە پیسایی تێكدراو تۆمەتەكەیان خستە سەر من، لە لایەكی دیكەوە كاریگەرییان لەسەر یەكێك لە رزگاربووانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دانا لەسەر مینبەر لە كاتی سمیناردا بێدەنگی لێكرد و وەلامی پرسیاری كۆڕگێڕی نەدایەوە، بەڵام شكستیان هێنا.




مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و نامەکانی ئازادی.. ئەحمەد هەولێری

لەنێو ئەو پۆلە تێکۆشەرە کوردەی کە لە ٩ ی گوڵانی ٢٠١٠دا لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە لەسێدارەدران، زێدەتر ناوی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر بەرگوێ دەکەوێ. لەبەرئەوە نا کە مەقام و شکۆی ئەو تێکۆشەرانە جیاوازە، بەڵکو لەبەر سیحری نامەکانی فەرزاد کە هەمیشە کوانووی ناو و شۆرەتی ئەو بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. شیرین عەلەمهولی یەکێک بوو لەو ژنە تێکۆشەرانەی نێو ئەو پۆلە، کە وەک هاوەڵەکانی لێی دەگێڕنەوە خاوەن مۆڕاڵێکی بەرزی شۆڕشگێڕانە بوو کە هەزاران داستان و چیرۆک ناتوانێت بارتەقای مۆڕاڵی بەرز و شۆڕشگێڕانەی وی بێت. فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریانیش تەژی بوون لە مۆڕاڵی بەرزی مرۆڤانە و یۆتۆپیای ئازادیخوازانە. سیلوا هاراتونیان ژنە ئەمریکایی کە بەڕێکەوت هاوزیندانی شەهید شیرین عەلەمهۆلی دەبێت لە زیندانی نەگریس و تۆقێنەری “ئەوین” لێی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شیرین لەو زیندانەی کە تەژی بوو لە تاوانبارانی گەورەی دزی و مادەی هۆشبەر و تاوانکاری هەتا سیاسی، کارێکی کردبوو کە کەس لە قسەی دەرنەدەچوو، هەمووان بە لوتفەوە لە بەردەمی دەوەستان و گوێیان بۆ قسەکانی دەگرت و خۆشیان دەویست. ئەویش بە سۆزی دایک و فێرکارێکەوە دڵاوایی دەکردن و ورەی دەدانێ.

سا لەو نێوەندەدا ناوی مامۆستا فەرزاد زیاتر لەناواندایە، لەبەرئەوەی کۆمەڵێ نامەی بەنرخی لێ بەجێ ماوە کە هێندە بە کرۆکن بەسن بۆ ئەوەی تا هەتایە ناوی مامۆستا فەرزاد بە زیندووی بهێڵنەوە، نامەکان هێندە بە هەتەرانە و ئەشقەوە نووسراون مرۆڤ کەمەندکێش دەکەن. نامەکانی فەرزاد کەمانگەر ئەوی خستە چەقی گرنگیپێدانی ئازادیخوازان و ئەدیب دۆستانەوە. ئاخر هیچ شتێک بە ئەندازەی نووسین کاریگەری نامێنێتەوە، مرۆڤەکان جەربەزەیی دەنوێنن و شەهید دەکەون بەڵام ئەوەی زێدەتر ناویان دەهێڵێتەوە شتێکە لە شێوەی نووسیندا ئەگەر لەپاشیان جێ بمێنێ. نووسین بۆ خۆی گرنگترین بزاوت و داهێنانی مرۆڤە ئەگەر نووسینەکان نەبوونایە ڕایەڵەی پەیوەندی ئێمە بە شارستانییەتە کۆنەکانەوە دەپچڕا و بۆ ئێستاش هیچمان پێ نەدەما زانست و زانیاری خۆمانی لێوە هەڵێنجێنین. ئەم نامانە کە لە دوای شەهید کەوتنییەوە بڵاوکرانەوە هەرزوو گەیشتنە لووتکەی ئەدەبیاتی بەرەنگاری ئێرانیەوە و خەڵکانێکی زۆر تا هەنووکەش دەیخوێننەوە و بە وشەکانی پەنگری ویژان و زیندوێتیانی پێ دەگەشێننەوە.

گاندی دەڵێ مرۆڤە ڕاستەقینەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ژیانێکی سەختدا دەستەویەخەن. سا هەرمان فەرزاد ژیان و چارەنووس و نامەکانی گەواهی لەسەر مێنتاڵی ئەم مرۆڤە مەزنە دەدەن. لە یەکێک لە نامەکانیدا و لە دێڕێکدا گوزارشت لە خۆی وەک زیندانییەک و زیندانەوانەکە دەکات و دەڵێ : دوو کەس، دوو دیوی دیوار، دەرگەیەکی ئاسنین هەیە و ڕۆژنەیەکی گچکە تێیدا، تۆ لە دەرەوەی بەندینگە و من لەناویدا.

یاخود دەنووسێ : من مەدەرە بەر کوتەك کاتێک لە بەڕێڕۆیشتندا دەنگی پێیەکانم دێت، ئاخر دایکم فێری کردووم بە هەنگاوەکانم لەتەك زەمیندا قسە بکەم و بەرخورد بم. لەنێوان من و زەمین پەیمانێك هەیە و پەیوەندییەك کە پێویستە زەمین پڕ لە خەندە و جوانی بکەم، دەی کەواتە بهێڵە با بەکاوەخۆ بەڕێدا بڕۆم، بهێڵە با دەنگی پێم ببیسترێت، بهێڵە زەمین بزانێت هێشتاکە من زیندووم و هیوادار”

لەیەکێکی تر لە نامەکانیدا دەنووسێ : “منی فێرکار لە فێرخوازەکانمەوە خەندە و پرسیارەکانم بە میرات بردووە”. ئەمەش دەریدەخات کە مامۆستایەکی ڕاستەقینە بووە و ئەزموونی لە خوێنکارەکانی گرتووە و لەگەڵیاندا لە پەیوەندییەکی هەتەرانەدا بووە. ئەوەتا لە زاری نیچەوە دەڵێ : کەسێک لە ڕیشەوە مامۆستایە هەموو شتەکان لە پەیوەندی بە خوێنکارەکانیەوە بە جدی وەردەگرێ”

لە نامەیەکی تریشدا و لە توێی زیندانێکی تەنگ و تاریک و بۆگەنەوە خەیاڵەکانی باڵدەگرێ و دەیباتەوە بۆ ڕابردوو و ئەو گوندەی کە تێیدا مامۆستا بووە و بە دڵێکی بریندارەوە بۆ فێرخوازەکانی دەنووسێ : زۆر دڵتەنگم بۆتان، لە توێی ئەم زیندانەوە شەو و ڕۆژ بە بیرەوەرییە شیرینەکانی ئێوەوە شیعری ژیان دەچڕم، ھەموو ڕۆژێ لەبری ئێوە ڕۆژباش لە خۆرەتاو دەکەم، لەنێو ئەم چواردیوارە بەرزانەوە لەگەڵ ئێوەدا بێدار دەبمەوە، لەگەڵتاندا پێدەکەنم و لەگەڵتان دەنووم. ھەندێکجار ‘شتێکی لەشێوەی دڵتەنگی’ سەراپای هەبوونم دادەگرێ، خۆزگە دەکرا بە وێنەی جاران کە لە گەشت و گەڕان دەھاتینەوە و بەم گەرانەشمان دەگوت گەشتی زانستی!

لە درێژەدا دەچێتە سەر باسی نادادییەکانی دنیا و دەنووسێ : خۆزگە دەکرا کتێبی بیرکاریمان بەھەموو نەزانراوەکانیەوە خستبایە بن بەردێکەوە، چونکە کاتێ باوک نەتوانێ نانێک بۆ خێزانەکەی بنێتە سەر سفرە چ جیاوازییەکی ھەیە مرۆڤ بەدوای ٣+١٤ بێت یان ١٠٠+١٤

لە ڕوانگەی خۆشەویستی بۆ فێرخوازەکانی ئامۆژگاری دەدا و دەنووسێ: کوڕانی سروشت و خۆرەتاو دەزانم ئیدی لەمەودوا بۆتان ناکرێ لەگەڵ هاوپۆلەکانتان دانیشن و بخەنن و وازی بکەن، چونکە دوای بەڵای(پیاوبوون) خەمی نان پەیداکردن بەرۆکتان دەگرێ، بەڵام نەکەن پشت بکەنە خەونەکانتان. منداڵەکانتان فێربکەن بۆ وڵاتەکەیان ببنە ڕۆڵەیەک لە جنسی شیعر و باران. لە کۆتاییدا دەنوسێ ئیدی بە خۆرەتاوتان دەسپێرم تا سبەینێیەک کە هێندە دوور نییە وانەی عیشق و ڕاستی بۆ وڵات بڵێنەوە!

ئەحمەد هەولێری




پڕۆژەی گەشەپێدانی ئابوری عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

دەستپێشخەری”پشتێن و ڕێگاوبان” کە بە دەستپێشخەری ڕێگای ئاوریشمی نوێ ناودەبرێت، پڕۆژەیەکی جیهانیە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی ژێرخانی بەیەکەوە گرێدراو، کە لەلایەن سەرۆکی چین”شی جین پینگەوە” لە ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکردوە، ڕێڕەوی ئابووری هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا نوێترین پڕۆژەیە کە ئامانجی یەکخستنی هاوبەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیایە بۆ یەک بلۆکی ئابووری جوگرافی، پڕۆژەیەکی هاوبەشی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری.
هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، یەکێتی ئەوروپا، هیندستان، ئیمارات، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا یاداشتێکیان واژۆ کردووە کە هێڵکاریە بنەڕەتیەکانی تۆڕی گواستنەوە ئاشکرا دەکات لە گواستنەوەی کەشتیەوە تاوەکو هێڵی ئاسن. پڕۆژەکە ئامانجی بەستنەوەی هیندستانە بە ئەوروپا لەڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پڕۆژەکە بریتیە لە هێڵی شەمەندەفەر کە ئیمارات، سعودیە، ئوردن و ئیسرائیل بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، هەروەها ڕاکێشانی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و کێبڵی گواستنەوەی داتا بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندی دیجیتاڵی، هەروەها بۆری بۆ هەناردەکردنی هایدرۆجینی پاک لە نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا .
لەهەمانکاتدا پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەی سنوور بەزاندنی عێراقە، کە کەنداو بە تورکیا دەبەستێتەوە. ئەم تۆڕە پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراق وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی بەرزدەکاتەوە و داهاتی دارایی دابین دەکات.
ڕێگای گەشەپێدان پڕۆژەیەکی عێراقیە کە هەوڵدەدات ژێرخانی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن دروست بکات، بەمشێوەیە سوود لە جوگرافیای عێراق و چەندین سنوور وەردەگرێت.
ڕێگای گەشەپێدان هەوڵێکە بۆ ناساندنی مۆدێلێکی نوێی گەشەپێدان بۆ سەقامگیرکردنی عێراق لەڕووی سیاسییەوەو هەوڵدان لە پێکهێنانی دۆخێکی ئەمن و ئارام و لەبار بۆ سەرمایەگوزاری، واتە سەقامگیری سیاسی بەمانای کۆتایی کێشمەکێش و ناکۆکیەکان نیە، لەسایەی نەزمی چەند جەمسەری تازەی جیهاندا، لەئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا کێشمەکێشی جەمسەرەکان لەسەر ناوچەی نفوز و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانیان درێژەی دەبێت.
عێراق زۆر پێویستی بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات هەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت، هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، عێراقیش وەک سعودیە و میسر و وڵاتانی دیکەی کەنداو، شاهیدی گۆڕانی بەرژەوەندیە بەرەو پڕۆژەی گەورە و بازرگانی سنور بەزاندنن.
دوای چەندین ساڵ لەدەسەڵاتی حکومڕانی بەشبەشێنەی هێزی میلیشیای نەتەوەیی و تائیفی، حکومەتی فیدراڵی بەپێکهاتەی حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێم، دوای چەندین ساڵ لە دۆخی شەڕو نائارامی و گێژاوی سیاسی، حکومەتی عێراق بەدوای سەرچاوەی نوێدا دەگەڕێت، بیرۆکەی “گەشەپێدان” جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە ناو ناوەڕۆکی گوتاری لایەنەکانی دەسەڵاتداران لە حکومەتی عێراقدا، بەرەو ئاراستەیەک هەوڵئەدرێت کە زیاتر مەیلی بەرەو بازاڕە کراوەکان و تێکەڵکردنی ئابووریە ناوخۆییەکانە بە ئابووری جیهانەوە دابین بکات.
هەروەها ڕێگای گەشەسەندن پەیوەستە بەو قەناعەتە باوەی کە بۆرجوازی عێراق و گەشانەوەی زیاتری سەرمایە زۆر پێویستی بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات هەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت، هەر لەم ئاراستەیەشەوە مەسەلەی سەقامگیری و ئارامی سیاسی دەبێتە پێداویستیەک بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیە.
عێراق ڕێگای گەشەپێدانی سەرمایەگوزاری دەستپێکردوە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە و هەوڵدەدات سوود لەپێگەی جوگرافی وڵات و چەندین سنوور وەربگرێت. ئامانجی پڕۆژەکە دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەیە کە کەنداو بە تورکیە دەبەستێتەوە و یەکێکە لەو جۆرە کارانەی کە ئەمڕۆ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باس دەکرێت بۆ پەرەپێدانی بازرگانی سنووربەزێن و پەیوەندیکردن نەک تەنها لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو لە نێوان وڵاتانی ئاسیاشدا.
ڕێگای گەشەپێدان ئەگەر سەرکەوتوو بێت، پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراق وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی بەرز دەکاتەوە و گەڕانەوەی دارایی و سەرمایەگوزاری و هەلی کار دابین دەکات، لە بنەڕەتتردا، پڕۆژەکە هەوڵێکە بۆ ناساندنی مۆدێلێکی نوێی گەشەپێدان کە بتوانێت عێراق لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیربکات.
وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش زیاتر ئارەزوی خۆیان نیشان دەدەن بۆ دروستکردنی ئەم ڕێڕەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتی لە سنوور بەزاندن، بەجۆرێک ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فراوان دوای ئەو هەموو شەرو کارەسات و گێژاوە سیاسیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی جیۆ-ئابووری نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا، ئەمەش لە پەیوەندی و کێشمەکێشی چین و ئەمریکادا ڕەنگی داوەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، کۆڕیدۆرە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتان و ناوچەکان زیاتر و زیاتر پەیوەست دەبن بە هاوتەریبیە جیۆپۆلیتیکیەکانەوە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە ئۆکرانیا، قەناعەتێکی گشتی هەیە کە مۆدێلی عێراق بۆ دابەشکردنەوەی سامانی نەوت کەموکوڕی تێدایە و ئەگەر ڕاست نەکرێتەوە، ڕەنگە قەیرانی سیاسی داهاتوو زۆر توندتر بێت.
هەرچەندە داهاتی عێراق لە هەناردەکردنی نەوت لە نێوان هەشت بۆ نۆ ملیار دۆلاردایە لە مانگێکدا، ئەمەش بەهۆی گرانی نرخی نەوتەوەیە، لەلایەکی تریشەوە وەبەرهێنان و بازرگانی نەوت نەک نەیتوانیوە سەرچاوەیەک بێت بۆ ئەمنیەت و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق، بەڵکو بەردەوام مەیدانی کێشەو شەڕی نێوان هێزە میلیشیاکان بووە لەسەر باڵادەستیان بەسەر بیرە نەوتیەکاندا.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئایا توانای دەوڵەت بۆ دابینکردنی دارایی و جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی وەها گەورەی تێکەڵبون بە ئابوری جیهانەوە ئیمکانی هەیە، یان ئەو ئاستەنگیانە چین کە بەرەوڕوی ئەم پرۆژەیە دەبنەوە؟.
ئەو ئاستەنگیانەی ڕێگا بە خێرایی چوونە پێشەوەی ئەم پرۆژەیە دەگرێت کەم نین و وەلانانیان ئاسان نیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی گەندەڵیەکی تەواو زاڵ و بەربڵاو و سیستماتیک کە لە تەواوی عێراقدا سایەی کردووە. هەروەها ئاستەنگی ئەوەی عێراق تائێستا شایەتحاڵی دۆخێکی وەها نائەمنی و بونی هیزی میلیشیاو ناسەقامگیریە کە تێپەڕاندنی بە ئاسانی نایەت بەدەستەوە، چونکە هەوڵی گروپە میلیشیاکان کە بەشدارن لەدەسەڵاتدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی دەوڵەت و سەرچاوەکانی بەشێوەیەکە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و تێکدانی توانای حکومەت بۆ هەماهەنگی وردی پرۆسەی پلاندانان و جێبەجێکردن، بۆیە دور نیە ببێتە هۆی کشانەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی، یان کشانەوەی ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی سودمەندبوون لەڕێڕەوی گەشەپێدانی سەرمایەگوزاریەوە ئەدەن.
هەروەها سروشتی کوتلە سیاسیەکانی عێراق زیاتر ئاسانکاری بۆ حسابات و قازانجی کورتخایەن دەکەن، تائەوەی پشت بەستن بە پڕۆژەی درێژخایەن، بەڵام دەخالەت و پرۆژەکانی وڵاتانی زلهێزی دنیا بەتایبەتی چین بە ئاراستەی پرۆژە درێژخایەنەکان هەنگاو دەنێن.
لەهەمانکاتدا بەربەستی سەرکەوتنی پڕۆژەکە بریتیە لە سەختی دابینکردنی بودجەی بەردەوام بۆ پڕۆژەیەکی وەها گەورە، کە ناکارایی و گەندەڵی بەربڵاو لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، کێشەی گەورەی بۆ دروست دەکات، ڕەنگە ئەگەری نائەمنی و نادڵنیایی وەبەرهێنەران لەڕێگای گەشەپێدان و ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت سوودی لێ وەربگرن، بێهیوایان کات.
ئەوەی بەرچاوە حکومەتی محەمەد شیاع سودانی ڕێگەی گەشەپێدانی لەباوەشگرتووە، کە بە ئامرازێکی دەزانێت بۆ خێراکردنی گەشەسەندنی ئابووری عێراق و پتەوکردنی پەیوەندی وڵات بە بازاڕە جیهانیەکان و دروستکردنی سەرچاوەیەکی گەورەی نوێی داهات، لەباری عەمەلیشەوە هەوڵ ئەدات بەم ڕێگەیە سەرۆکایەتی خۆی و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی جێگیر بکات.
ڕێگای گەشەپێدان بەوپێیەی پڕۆژەیەکی ئابووریە کە لە دەوری ئامانجێکی سیاسیدا دەسوڕێتەوە، ئەویش سەرکەوتنی گۆڕینی دۆخی سیاسی ئێستای عێراقە لە نائارامی ئێستایەوە بۆ ئارامی و گەڕان بەدوای چارەسەری ئاستەنگە ئابوری و سیاسیەکان، ئامانجی ڕێگای گەشەپێدان زیاترە لەوەی پەیوەندی بازرگانی سنووربەزێن بەدەستبهێنێت، جگە لەڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی کە بەندەری فاو لەباشووری عێراق بە سنووری عێراق و تورکیا دەبەستێتەوە، دەبێتە هۆی دامەزراندنی کارگە و وەرشەکان، کە ڕێگەی زیاتر بە چالاکیە ئابوری بازرگانیەکان دەدات، سودانی ڕایگەیاند کە ڕێگای گەشەپێدان تەواوکەرێکی پێویستە بۆ بەندەری فاو لەناوخۆدا بەرەو تورکیا و ئەولاتری تورکیا.
لەوەش زیاتر، پڕۆژەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێناسەکردنەوەی سنوورەکانی باشوور و باکووری عێراق، هەربۆیە حکومەتی عێراق بەرنامەڕێژی دەکات بۆ ناوەندبونەوەی عێراق و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان.
هاوکات ڕێگای گەشەپێدان، وەک پرۆژەیەکی گەورە کە کاریگەری ستراتیژی لەسەر عێراق هەیە، ڕەنگە ببێتە دەرفەتێک و هاندەرێک بۆ حکومەتی عێراق بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی خۆی بەسەر ناوچە پەراوێزەکان و فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتە ناوەندیەکان. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی قەبارەی هەرێم مانا پەیدادەکات، حکومەتی عێراق پێویستی بەوەنابێت حکومەت و دەسەڵاتێکی تر لە چوارچێوە عێراقدا لە پاڵیدا بێت و ببێتە هاوبەش لەم پرۆژەیەدا، ئەوەندە بارزانی و تاڵەبانی دەوێت کە سەر یەشە بۆ پرۆژەکە دروست نەکەن و بتوانن ئەمنیەتی هەرێم بپارێزن، جگە لەوەش ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی نوێ ئامڕازی خێرای پەیوەندی نێوان پارێزگاکانی عێراق پێویست دەبیت، دروست بکرێن، بۆ باشتر تێکەڵکردنی شارەکان لەگەڵ یەکتر و پەرەپێدانی چالاکیە ئابووریە ناوخۆییەکان و پڕۆژە بەرفراوانەکان.
عێراق دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی و ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ کاڵاکان، کە ئابووریەکەی هاندەدات و هەلی کار دروست دەکات و سەرچاوەی نوێی داهات بۆ سەرمایەداران و دەوڵەت بەرهەم دەهێنێت. کاربەدەستانی عێراق داهاتی ساڵانەی پرۆژەکە بە نزیکەی چوار ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن، کە کۆی تێچووی پڕۆژەکەش بە نزیکەی 17 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
قەتەر وڵاتێکی سەرەکیە لە کەنداودا کە ئارەزووی پێشخستنی ئەم پڕۆژەیە دەکات، بەتایبەتی پاش ئەو ئەزمونە تاڵانەی کە تێیدا ژیاوە لەکاتی ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ بەسەریدا سەپێنراوە، ئەمەش وای لە قەتەر کرد بەدوای ڕێگەی بەدیلدا بگەڕێت بۆ بازرگانی. جگە لەوەش قەتەر پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ تورکیا هەیە کە هاوپەیمانی سەرەکی ناوچەکەیە لە پێش و لە کاتی گەمارۆکەدا.
تورکیا بە جۆش و خرۆشەوە پشتگیری لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەکات، چونکە ڕێگایەکی کورت بۆ ناوچەی کەنداو دابین دەکات و هەروەها خواستەکانی ئەنقەرە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانی جێبەجێ دەکات.
هاوکات ئیمارات دەتوانێت لەم پرۆژەیەدا هاوبەشی بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی، داوای هاوکاریی کرد بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری فاو کە بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە پێکدەهێنێت. ڕەنگە ئەمە لەگەڵ بەرژەوەندی ئیماراتدا بگونجێت بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە عێراق، و پاراستنی پێگەی خۆی وەک لایەنێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردن یان سەرپەرشتیکردنی بەندەرەکان لەسەر ئاستی جیهانی. بەڵام واپێدەچێت ئیمارات کەمتر مەیلی بەشداریکردنی لەو پرۆژەیەدا هەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری ئەوەی کە بەندەری فاو ببێتە ڕکابەری بەندەرەکانی خۆی، هەروەها ئەو کاریگەریەی کە گروپە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران و دژە ئیمارات لە عێراقدا دەور دەبینن. بۆیە ئیماراتبە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرژەوەندیەی کە ڕێڕەوی ئابووری لە نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە کاتی شەڕی غەززەدا وەریگرتووە، ئەوەی پێباشترە چاوەڕێ بکات پێش پابەندبوونی بە پڕۆژەیەکی لەوچەشنە.
لەم کەین و بەینەشدا، کوێت بەندەری فاو بەڕکابەرێکی بەندەری موبارەک ئەلکبیر لە دوورگەی بوبیان لێک ئەداتەوە، کە بەردەوامی دروستکردنی گرژی لەنێوان عێراق و کوێتدا دروستکردووە. هۆکاری ئەمەش تەنها ناکۆکی لەسەر سنوورە دەریایەکانی نێوان هەردوو وڵات نییە، بەڵکو ئەو بۆچوونەی عێراقیشە کەڕەنگە بەختی بەندەری موبارەک ئەلکەبیر تێکبدات. ئەم ناکۆکییانە بووە هۆی ڕاگرتنی کارکردن لەسەر پڕۆژەی بەندەری کوێت بۆ ماوەیەک، بەڵام لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣ حکومەت دەستپێکردنەوەی کارەکانی تەواوکردنی ڕاگەیاند.
“هەنگاونان بەرەو چین” بووەتە بەشێک لە گوتاری سیاسی هەندێک لە کوتلە سیاسیەکانی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیکن، کە ئەمەیان وەک ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا نیشانداوە، لەلایەکی تریشەوە بە سەرکەوتنی پرۆژەی گەشەپیدان دەخەمڵێنرێت.
لە ساڵی ٢٠٢١ عێراق بووە گەورەترین سوودمەند لەو پارەیەی کە چین بۆ دەستپێشخەری “پشتێن و ڕێگا” تەرخانی کردووە، لە کۆی نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار ١٠.٥ ملیار دۆلاری وەرگرتووە. پێش ئەوە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ چین ڕێککەوتبوو لەسەر دامەزراندنی سندوقێکی هاوبەش کە تێیدا داهاتی سەدهەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی چین و وەبەرهێنانەکانی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە عێراق بەکاربهێنرێت.
حکومەتی عێراق بەنیازی ئەوە بوو کە بەندەری فاو وەک پڕۆژەیەکی تەواوکەری دەستپێشخەری “پشتین و رێگاوبان” پیشان بدات، ڕێڕەوێکی دەریایی نوێ دابین بکات کە بتوانێت خزمەت بە چین و زلهێزە ئابووریە تازەپێگەیشتوەکانی ئاسیا بکات، بەو پێیەی بڕیارە کاتی گواستنەوەو گەیشتنی کاڵاکان بۆ ئەوروپا کەم بکاتەوە. بۆیە لەم نێوەدا عێراق ڕووبەڕووی کێبڕکێی توندی وڵاتانی دراوسێ دەبێتەوە، کە هەندێکیان زیاتر لە بازرگانی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی بەندەر و کەشتیوانیدا بەشدارن، وەک ئیمارات و هەندێکی دیکەش وەک تورکیا، ئێران و کوەیت،کە توانای ئەوەیان هەیەڕێگری لە پلانەکانی عێراق بکەن.
حکومەتی عێراق وەها نیشان ئەدات ئەوپەڕی گرنگی بە شەفافیەت دەدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا. بەڵام ئەمە شتێک نادات بەدەستەوە گەر حکومەت نەتوانێت پشتگیری سیاسی بەردەوام دەستەبەر بکات و بودجە بۆ ڕێگای گەشەپێدان ڕێکبخات، ئەمەش پێویستی بە بنیاتنانی کەیسێکی بەهێز هەیە لە بەرژەوەندی پڕۆژەکە تا گومانی سەرنەکەوتنەکەی کەمکاتەوە.
لە دواجاردا ئەتوانین بڵێین ئەم پرۆسەیە لە گەشەپێدانی ئابوری عێراق دەستی پێکردوە، سەرکەوتن یا شکست لەبەردەم چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێکی تەواو جیاوزادا بەرەوڕوە، کە لە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕو دۆخێکی سیاسی وەهادایە کە هاوکێشەی سیاسی دەخاتە بەردەم دەورانێكی تازەوە، کاریگەری جدی لەسەر رۆڵ و نەخش و هاوسەنگی هێزەکان دادەنێت، کە چۆن مامەڵەی دۆخەکە دەکەن. هێزە شیعەکان بە تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حکومرانی و دەسەڵاتی سیاسیدا دەستی بەم ڕەوتەوە گرتووە، نەخشە سیاسیەکانی لەسەر ئەو بنەمایە پیادە دەکات، لە هەوڵی هەنگاوەکانی ناوەند بونەوەی عێراقدایە.
هەرێمی کوردستان خۆی ڕادەستی ئەوەکردوە کە بەشێکە لە عێراق و گەڕاوەتەوە ژێرڕکێفی دەوڵەتی ناوەندی، ئەم ئاڵوگۆڕە هەلومەرجێکی تازە دەهێنێتەکایەوە کە کاریگەری لەسەر هەمو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی دادەنێت و بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری پێدەنێتە قۆنا‌غێکی تازەوە.

حکومەتی ناوەندی ئەو دەرفەتەی پەیداکردوە کە هێژمونی خۆی بەسەر هەمو جوگرافیای عێراق بە کوردستانیشەوە بسەپێنێ، لەڕوی سیاسی و ئابوریەوە حزبە بورژوازیە کوردەکانی ناچار کردوە مل بەم دۆخە بدەن، دواجار بەو مەرجە دەتوانن بەردەوامی بە پێگەی سیاسیان بدەن، کە ببنە پاسەوانی پرۆژەی گەشەپێدانی ئابوری عێراق وبە ڕەسمی قەبوڵی ناوەندبونەوەی عێراق بکەن، هەلومەرجی تازەش گرێخواردنەوەی کوردستانە بە عێراقەوە.

عوسمانی حاجی مارف

نوسینی ئەم وتارە بۆ ڕۆشناییە لە سەر گۆشەیەکی ئەو بڕیارنامەیەی کە لە کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستاندا دەنگی پێدرا، سەبارەت بە “بارودۆخی سیاسی و سەرخەتی سیاسەتەکانی حزب”




کاملای گوریسەکە بگیرێ.. سامانی وەستا بەکر

هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوێرییەکی زۆری پێویست بوو تا ئێران ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ئەگەرچی سنوردار و بەپێێ ئاگادارکردنەوەی پێشتریش بوو.
ئێران:
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، بەگوێرەی بۆچوونی ئێرانییەکان چیتر بۆ ئەو وڵاتە نەئەگونجا لەڕێی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە وەڵام باتەوە، چونکە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە بە هێرشکردنی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی وڵاتی هێرشکراو ئەژمارەکرێ ئەگەرچی بەپێی هەواڵگری ئیسرائیل باڵوێزخانەکە وەک بنکەیەکی سەربازی وکاری سیخوڕی بەکارهێنراوە، بەڵام ڕۆژگار ئەیسەلمێنێ کە ئێران هەڵەشەیی و پەلەی کردووە لەو بڕیارەیا.

  • ئەوترێ هێرشە ڕاستەخۆکەی ئێران بەپێی ڕێکەوتن و ئاگاداری پێشووتری ئەمریکا و ئیسرائیل کراوە، ئەویش بە مەبەستی پاراستنی شکۆی سەربازی و سیاسی ئێران کە چەندینجار لەلایەن ئیسرائیلەوە شکێنراوە و ئێران بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی سنورداری هەبووە.
  • ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ هێرشی نەکرادایە چیتر لەلایەن هێزە هاوسۆزەکانییەوە لە دەرەوەی سنوری ئێران متمانەی ئەوەیان نەئەما کە ئێران توانای پاراستی ئەوانی هەیە، چونکوم ئەگەر ئێران توانای پاراستنی زەوی و خاکی خۆی نەبێ بێگومان توانای پاراستنی کەسی تریشی نابێ.
  • ئەگەرچی باس لەوە ئەکرێ کە ئێران لەڕێی باڵوێزخانەی سویسراوە نەخشە و کاتی هێرشەکەی گەیاندۆتە ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵام ئەگەر ئەو گریمانەیەش لاوازبێ بەڵام ئێران بەردەوام لەڕێی بڵاوکردنەوەی بەیانامەو ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانیەوە ئاگایاری ئەیا بە ئێسرائیل کە نیازی هێرشی هەیە، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئیسرائیل ئامادەسازی بکا و کەمترین زیانی بەرکەوێ چونکە ئێران و ئابورییەکەی بەرگەی کاردانەوەی توندی ئیسرائیل ناگرێ.
  • هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە شکستی ئەو ولاتە کۆتای هات و سەرەنجام بۆ ئێران و هەموو هێزە هاوسۆزەکانیشی سەلمێنرا کە موشەکەکانی ئێران ناتوانێ بەسەر تەکنۆلۆجیای ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیا زاڵبێت.
  • ترسی ئێران لەو کارەی و کاردانەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا هێندە زۆربوو هێشتا موشەکەکانی ئێران بە ئاسمانەوە بوون کە ئێران ڕایگەیاند ئەوان کۆتاییان بە هێرشيکە هێناوە ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێ کە ئێران ئەوە ئەزانێ کە تەکنۆلۆجیای سەربازی ئەو وڵاتانە توانای خستەنخوارەوەی موشەک وهێزە دەریایی و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی نییە.
  • بەم کاردانەوە و هێرشە هەڵەشەیەی ئێران هاوکاری و سودێکی زۆری بە ئیسرائیل گەیاند و جارێکی تر کردیەوە بە مناڵە خۆشەویستەکەی ڕۆژئاوا.
    ئیسرائیل:
    ساڵانێکە ئیسرائیل بە چەندین هۆکار لە هەوڵی ئەوەیایە کە ئێران لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ تێوەگلێنێ لەبەرچەن هۆکارێک:
  • تا بتوانێ ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر پێگەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆتای بە دڵەڕاوکێی بەدەستهێنای چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە نەیارەی خۆی بهێنێ.
  • تا جبەخانەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران پشانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو بات کە ئێران چ جبەخانەیەکی کۆکردۆتەوەو چەندیش مەترسییە بۆ سەر جیهان بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو.
  • ئیسرائیل توانی پشتگیری بێ مەرجی ڕۆژئاوا و زۆربەی وهەرەزۆری وڵاتانی جیهان بەدەستبهێنێتەوە و ئەوەش بۆ ئێران و هەموو ئەوانە بسەلمێنێ کە بەهەڵە لە لێکدانەوەیان بۆ پشتگیری مرۆڤدۆستانی جیهان بۆ خەڵکی سیڤیل غەزە ئەکرد.
  • لە دوای هێرشە تیرۆرستییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی ئیسرائیل کار بۆئەوەئەکا بیسەلمێنێ کە بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین باڵی ڕانەگەینراوی سوپای قودسی ئێرانەوە، بۆیە ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە ئەکات کە خودی ئێران ڕاپێچی جەنگێکی ڕاستەوخۆ بکات لەبری هاوسۆزەکانی، لەمەشا سەرکەوتوبوو.
    ئیسرائیل بێ وەڵام نابێ، چونکوم لەلای ئیسرائیل کار بەو هاوکێشەیەک ئەکرێ کە لاوازی بەواتای نەمان و کۆتای ئەو وڵاتەیە بۆیە وەڵامیان ئەبێت، ئێستاش کاتە گونجاو ئاڵتونییەکەی ئیسرائیلە کە هێرشی ڕاستەوخۆو بێ پەردە بکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و تواناکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبکات، هەر ئەوەشنا بگرە ئەگەر بەگونجاوی بزانن دوورنییە هێرش بکەنە سەر مۆڵگەی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و ژێرخانی ئابوری ئەو وڵاتە و تونای سەربازی و ئابوری ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبکەن بەڵام ئەم کارە بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نابێ و ناکرێ.
    ئەگەر بەهێزەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل هێرشی سایبەری بکاتە سەر ئێران ولە ڕێگەیەوە زیانی زۆر و گەورە بگەیەنێتە ئێران و لەم کارەشا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی نییە و لە هەمانکاتیشا ئەتوانێ سود لە تواناکانی کۆی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی وەرگرێ بەبێ ئەوەی توشی کاردانەوەی ئێرانیان بکات.

USA:
لەبەر ئەوەی ئەمریکا و وە بەتایبەتی دیموکراتەکان و جۆن بایدن هەلبژاردنیان لە پێشە کار بۆ ئەوە ئەکەن کە کارلەکار نەترازێت و ئیسرائیل وەڵامی نەبێ، هەروەک چۆن لە پێشووتریشا هەوڵی زۆریان ئەیا کە ئیسرائیل هێرشی سنوردار بکاتە سەر کەرتی غەزە، چونکوم بەشی هەرە زۆری دەنگدەری عەرەب و ئیسلامەکانی ئەمریکا دەنگ بە دیموکراتەکان ئەیەن بۆ نمونە ولایەتی “میشیگان”، وە بەشێوەیەکی گشتیش بنکەی جەماوەری دیموکراتەکان دژی هەلگیرسانی جەنگ و تیوەگلانی ئەو وڵاتەن.
لەئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی ڕاستەوخۆیا لەبەرژەوەندی دیموکراتەکان و جۆن بایدن نییە و کارەکە لەبەرژەوەندی دۆناڵد تراپم و کۆمارییەکان کۆتاییەت، لەبەر ئەو هۆکارە لە ئێستایا تیمەکەی جۆن بایدن هەوڵێکی زۆرئەیەن کە ئیسرائیل وەڵامی نەبێ، بەڵام:
سترایجی قوڵی ئەمریکا و بەرژەوەندی ئەو وڵاتە شتێکی ترەو لەسەرو جۆن بایدن و هەڵبژاردنەکانەوەیە و پاراستنی ئیسرائیل بۆ ئەوان پاراستنی ڕاستەوخۆی ئەمریکایە و نەمانی ئیسرائیل نەمانی کۆتای بەرژەوەندییەکانێتی ئەو وڵاتەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بگرە ئاسیا و بەشێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپاش.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە پاڵپشتی سەربازی و ستراتیژی ئیسرائیل بکەن و شەوی ڕابردووش بەکردار ئەوەیان سەلمان.
ئەمریکا خودی خۆی هێرشی ڕاستەوخۆ ناکاتە سەر خاکی ئێران بەڵام چەن کارێکیتری زۆر گرنگ و یەکلایکەرەوە بۆ ئیسرائیل ئەکا، لەوانە:
١. هێرش ئەکاتە سەر هەر هێزێکی هاوسۆزی ئێران کە بیانەوێ زیان بە ئیسرائیل بگەیەنن.
٢. سنوری ئیسرائیل ئەپارێزن و ڕێگەنایەن هیچ موشەک و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل.
٣. چەک و جبەخانەی زۆر و بەهێز و نوێترین تەکنۆلۆژی ئەگەیەننە ئیسرائیل کە ئەبێتە هۆکاری یەکلاکەرەوە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆیا.
٤. دروستکردنی هاوپەیمان دژی ئێران و توندکردنەوەی گەمارۆی ئابوری لەسەری.

G7:
کۆی ئەو وڵاتانە پشتگیری خۆیان بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند و ئەمەش هەنگاوێکی ترە کە بەسودی ئیسرائیل و شکستی ئێران ئەشکێتەوە، ئەمە لەکاتێکایە کە پێش هێرشيکەی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کۆی ئەو وڵاتانە ‌هەڵوێستێکی جیاوازتریان هەبوو بەرامبەر شێوازی مامەڵەکردن و جێبەجێکردنی پلانی سەربازی ئیسرائیل لە غەزە، بەڵام کورتبینی ئێران ئەم هاوکێشەیەی پێچەوانە کردەوە و گەڕانییەوە سەر ڕێچکەی پێشوو و هەمیشەیی خۆی.

وڵاتانی کەنداو:
وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودییە سیاسەتێکی زۆر زیرەکانە پەیڕەوئەکەن و خۆیان تێوەناگلێنن.
سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، عومان و کوەیت تا ئاستێک یەک ستراتییژ و یەک سیاسەتیان هەیە و لەسەرەتای هێڕشە تیرۆرستیەکەی حەماسەوە بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل ئەوان بێدەنگن، ئەگەرچی ناوبەناو سەرکۆنەی کوژرانی خەڵکی سڤیل ئەکەن لە کەرتی غەزە بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی وایان نییە بەرامبەر ئیسرائیل کە ببێتە هۆکاری خراپبوونی بەرژەوەندییەهاوبەشەکانیان لەبەر چەن هۆکارێک:
١. ئەوان بزوتنەوەی حەماس، حیزبوڵای لوبنانی، حوسییەکانی یەمەن و هێزە شیعیە یاخیەکانی ئێراق بەباڵی سەربازی ئێران ئەزانن و ئێرانیش نەیاری سەرسەختی ئەو وڵاتانەیە و سەرکەوتنی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ئەوانیشە.
٢. حەماس، حیزبوڵای لوبنانی، حوسییەکانی یەمەن و هێزە شیعیە یاخیەکانی ئێراق چەن هێزێکی ئیسلامی جیهادین کە ئەوان بەنەیاری بەرژەوەندییە سیاسیە ناوخۆییەکانی خۆیانی ئەیبینن.
٣. بەهێزبوونی ئێران بەواتای لاوازی ئەوانە.
٤. سەرکەوتنی ئێران ئەبێتە هۆکاری دەستبەسەراگرتنی سنورە ئاوییە هاوبەشەکان و سەرەنجام پاشەکشێی ئابوری ئەو وڵاتانەی لێئەکەوێتەوانێ.
٥. ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلێکی بەهێزا بۆئەوان گرنگتر و ستراتیژی ترە لە ئێرانێکی نەیاری شیعی ودژ.
٦. وڵاتانی کەنداو ئامادەنین دەست لە پرۆژەی ئاشتەوایی ئاینە ئیبراهیمییەکانی نێوان ئەوان و ئیسرائیل هەڵگرن و بگەڕێنەوە چوراگۆشەی یەکەم.

ڕوسیا:
ڕوسیا گەورەترین سودمەندی کۆی ئەم هەموو پشێوی و جەنگە نەخوازراوەی ناوچەکەیە چونکە سەرنجی کۆی جیهان لە ئۆکرانیاوە گواستراوەتەوە بۆ ئیسرائیل-غەزە و ئیران. لە ئەگەری فراوانبوونی جەنکەیا ڕوسیا دەسی واڵائەبێت کە چەنگی ئۆکرانیا-ڕوسیا لە بەرژەوەندی خۆی کۆتای پێبێنێت و هەژموونی خۆی بەسەر ئەوروپایا بسەپێنێ.

هەرێمی کوردستان:
ئەزموونەکان ئەوەیان سەلمانووە کە کورد و کوردستان هیچ بەرژەوەندییەکی ستراتیژی و درێژخایەنی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیا نییە بەڵکو کۆی ئەو وڵاتانە کورد و خاکەکەشی لە بەرژەوەندی خۆیان بەکارئەهێنن، بۆیە گرنگە کورد بە دوورییەکی یەکسان لەکۆی لایەنەکانی ئەو جەنگانە بوەستێ و بگرە هەوڵبا باشترین پەیوەندی لەگەڵیانا هەبێ و کاربکا بۆ دروستکردنی بەرژەوەندی ستراتیژی بەجۆرێک کە زلهێزەکان و وڵاتانی هەرێمی پاراستنی کورد و کوردستان بە بەشێک لە ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیان ئەژمارکەن، نمونەی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئیسرائیلی ئەکەن.
گرنگە کورد بەگشتی بە تایبەتی هەرێمی کوردستان لەناوخۆیا یەک و یەکگرتووبێ و دەست بەناوەڕاستی گوریسەکەوە بگرێ.

سامانی وەستا بەکر
١٤-٤-٢٠٢٤ سوید-ستۆکهۆڵم




ئاو سێبه‌ره‌.. شیعری فەرهاد کەریم

مرۆڤ هه‌میشه‌ پێویستی به‌ باوه‌شی ئاوه‌ و دوواندنی سێبه‌ری خۆی
بۆ هات و چوون رووبار ئه‌و شوێنه‌یه‌ ژیان مه‌له‌ی تێدا ده‌کا
مه‌راق له‌ رابردوو و ئێستا مه‌خۆ له‌ گه‌ل رووبار پیاسه‌
داهاتوو ئاوه‌دان به‌تاڵیت ده‌یبا ئاو
مرۆڤی بێ سێبه‌ر رابردووی پڕ ئه‌ستێره‌یه‌ و داهاتووی شه‌و
شوێن هه‌یه‌ به‌ردی ڵێ ده‌بارێ
باڵنده‌ ئازادتره له‌ من‌
ماسی حه‌زی به‌ سه‌فه‌ر نیه‌ له‌ گه‌ل تۆ
مرۆڤ بۆ دارستانیش بدوێ بوونه‌وه‌ره‌کانی نه‌خۆش ده‌که‌ون
گه‌ر ده‌ته‌وێ بژیت له‌ ئاو نزیکبه‌و نوێژکه‌‌
هه‌میشه‌ حه‌زده‌که‌م وه‌ک ئاو بڕوا سێبه‌رم
گه‌ر که‌وت رۆینم راستکه‌مه‌وه‌و راستتر بڕۆم تا خوار نه‌بێ و لار نه‌بم
هه‌ندێجاریش ڕێده‌م پێشم که‌وێ بۆ جوانی خۆم
به‌ر له‌وه‌ی ئیش له‌ سه‌رخۆم که‌م ئیش له‌ سه‌ر سێبه‌رم
گه‌ر لێم ونبوو له‌ ده‌رگای ماڵه‌وه‌ دا
ده‌ترسم به‌ هاوڕێیه‌تیم ماندوو‌ له‌ گه‌ل ئاو بڕوا
ماڵه‌وه‌ تاریک بێ سێبه‌ر نازانم بڕۆم به‌ رێدا
بێ سێبه‌ره‌که‌م ته‌نیام و ئاو ده‌مبا
رۆیشتن له‌ گه‌ل ئاو خۆشتره‌ له‌ ته‌نیایی
ئاو جێت ناهێڵێ
ئاو ده‌تبا و سێبه‌رت گه‌وره‌
مرۆڤ فێر نه‌بووه‌ بژیت
سێبه‌ری خۆی نابینێت
ته‌نیایه‌ و ته‌نیایی خۆی نا ناسێت
مرۆڤ ماسی و کۆتر و گوڵ و دره‌خت و سه‌گ و ئاسمان و ئه‌ستێره‌ و سێبه‌ر نا ناسێت
مرۆڤ خۆشی نا ناسێ و نازانێ مرۆڤه،‌
مرۆڤ مرۆڤه‌ و سێبه‌ری خۆی نادوێنێ
مرۆڤه‌ مرۆڤ دژه‌ به‌ خۆی
من سێبه‌ری خۆم خۆشده‌وێ وه‌ک ئاو ده‌ڕوا قاچی ناشکێت
من خۆم خۆشده‌وێ وه‌ک ئاو ده‌رۆم قاچم ناشکێت
ئاو ژیانه‌ وه‌ک ئاو بڕۆ ژیانت ناشکێ و سێبه‌رت ژان ناکا
رۆیشتن وه‌ک ئاو جوانه‌ وه‌ک کۆتر
رۆژباش له‌ سێبه‌ره‌که‌ت که‌
با ئاو وه‌ک کۆتر بفڕێ و
کۆتر وه‌ک ئاو بڕوا




خەڵاتگـرانی خەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان لە ساڵی ٢٠٢٤.. رەزا شـوان

دوو ساڵ جارێک لە (کۆپنهـاگن) ی پایتەختی دانیمارک، یان لە پایتەخـتی وڵاتـێکی تر. بـە بـۆنـەی یـادی رۆژی لەدایکـبوونی، کـەڵـە نـووسـەری بـواری ئـەدەبیـاتی منـداڵان (ھـانـز کـریـستـیان ئەنـدەرسـین) کـە بە (بـاوکی چـیرۆکی ئەفـسانـەیی بۆ منـداڵان) لە جـیهـانـدا ناسراوە. دوو خـەڵاتی بەنـرخ، کە بەرزتـرین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بواری ئەدەب و کتێبی وێنەیی بۆ منـداڵان. کە بە (خـەڵاتی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسین) یان بە (خـەڵاتـی نـۆبـڵی منـداڵان) یـان بـە (خـەڵاتـی نـۆبـڵی بـچـووک) یـش نـاودەبـرێـت. خەڵاتەکانیش بریتین لە (دوو مەدالیای زێـڕ ـ وێنەی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسین) یان بەسەرەوەیە، لەگەڵ (دوو بـڕوانـامەی دپـلـۆم) لە ئاھـەنـگـێکی شـایستەدا، پـێـشکەش دەکرێن بە باشترین نووسەری کـتێبی منـداڵان و بە باشترین ھـونەرمەنـدی وێنەکێشی کتـێـبی منـداڵان، کە لە مـاوەی دوو ساڵی پێـشووتـردا، باشـتـریـن کـتـێـبی بـۆ منـداڵان نووسـیوە و وێنەکـێشـێک کە جـوانتریـن کـتێبی وێنـەیی بۆ منـداڵان کـێـشاوە و چاپیان کردوون. لە هەر شوێنێکی جیهاندابن. کتێبەکانیش لە لایەن رێکخراوی (ئەنجوومەنی نێـودەوڵـەتی بـۆ کـتـێـبی گـەنجـان) کە کـورتـکـراوەکـەی (ئی بی بی وای) یە، ئـەوان کـتێـبەکـان هەڵـدەسەنگـێنن و هـەڵـیانـدەبـژێـرن و لەوانەیە مـاوەی ساڵـێکی پێـبچـێت. سەرجەمیش کارەکانی نووسەران و هـونەرمەنـدە کاندیدکـراوەکان، بە درێـژی ژیانیان بۆ منداڵان لەبەرچاودەگـرن. تا شایستەی وەرگـرتنی ئەو دوو خەڵاتە بن، ئینجا بـڕیـار لەسەر براوەی هەردوو خەڵاتی هانـز کریستیان ئەنـدەرسـین دەدەن و ناوی بـراوەکان رادەگەیەنـن. لە ساڵی (٢٠٠٩) وە، خەڵاتـەکان بە سـپـۆنـسەری کۆمـپانیای دورگـەی نـامی لە کۆریـای باشـوور دەدرێـت. مەبەسـتـیش لـە پـێـشکەشکـردنی ئـەم خەڵاتـانە، رێـزگـرتن و پـێـزانیـنە بـۆ ئـەو خـزمـەتـە زۆرەی، کە ھـانـز کـریسـتیان ئەنـدەرسـین ـ دانیمارکی، لە بـواری ئەدەبیاتی منداڵانـدا پێشکەشی کـردووە، کە تا ئەمـڕۆش منداڵان لە هەمـوو جیهـاندا، چـیژێکی زۆر لە خوێنـدنەوە چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی وەردەگرن.
(خەڵاتی هانـز کریستیان ئەندەرسین) بەناوبانگترین و بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بـواری ئەدەب و کـتێبی وێنەیی بۆ منـداڵانـدا. بەڵام ئەم خەڵاتە پارەی لەگەڵـدا نییە. بۆ یەکـەم جـار لە ساڵی (١٩٥٦) دا. لە لایـەن ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتـێـبی گەنجان، لە سـویسـرا، پـێـشنارکـرا و بـڕیاریـان لەسەر بەخـشـینی ئەم خـەڵاتە دا، بە باشـترین نووسەری کـتێبی منـداڵان. یەکەم نووسەری بـراوەی ئەم خەڵاتەش، خاتـوو (ئیلیانـور فـارگیون) ی بەریتانی یە، لە ساڵی (١٩٥٦) دا ئەم خەڵاتەی بەدەستیهـێنا. هەر لە لایەن هەمان ئەنجـوومەنەوە، لە ساڵی (١٩٦٦) وە، بـڕیـار لەسەر بەخـشینی ئەم خەڵاتە، بە باشترین هـونەرمەنـدی وێنەکێشی کتێبی وێنەیی بۆ منداڵان درا. یەکەم هـونەرمەنـد کە ئـەم خەڵاتەی بـردەوە، وێنەکـێشی سـویسری (ئەلـویـس کاریگـیـت)ە. لـەو سـاڵانـەوە تا ئێـستا، هـەر دوو سـاڵ جـارێـک، ئـەم دوو خـەڵاتە، لە یـەک رۆژدا دەیـانبـەخـشـن، بە باشـتریـن نووسـەری ئـەدەبی منـداڵان و بە باشـتـریـن وێنـەکـێشی کـتـێـبی وێنەیی بۆ منـداڵان، لە هـەر شوێـنێکی جیهانـدابـن. چونکە وێنـە تەواوکەری تێکستی ئەدەبی منـداڵانە. زۆر جاریـش وێنـە زیـاتـر لە تێکـسـت، سـەرنـجی منـداڵان رادەکـێـشـێـت و ئاسانـتر پەیـام و ئامـانـجی نـووســیـنەکە بە منـداڵان دەگـەیەنـێـت.
خەڵاتی ئەمساڵ (٢٠٢٤) ی هانز کریستیان ئەندەرسین، دەدرێن بە باشترین نووسەری کتێبی منداڵان، بە چیرۆکنووس و رۆژماننووسی بەناوبانگی نەماساوی (هاینز جانیش) لە بواری ئەدەبی منـداڵان و مـێرمنـداڵان. خەڵاتی باشـترین وێنەکـێـشی کـتێـبی وێنـەیی منـداڵان، دەدرێـت بە هـونەرمەنـدی وێنەکێشی بەنـاوبـانی کەنـەدی (سـیـدنی سـمیـس). کە لە لایـەن لـیژنەی شارەزا و تایبەتی ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتێـبی گەنجـان، کە خاتوو (لـیز پاگ) ی سەرۆکی لیژنەی دادوەری خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسینە بۆ ساڵی (٢٠٢٤). لە لە رۆژی (٨/ نیسان/ ٢٠٢٤) دا، لە کاتی کردنەوەی پێشانگای خولی (٦١) ی کتێبی نیودەوڵەتی بۆ منداڵان لە پۆڵۆنیا. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ناوی هەردوو براوەی خەڵاتی هانز کریستیان ئەندرسین بۆ ساڵی (٢٠٢٤)ی راگەیاند. کە نووسەری نەمساوی (هـایـنز جـانیش) و وێنـەکـێشی کەنـەدی (سـیـدنی سـمـیس)ە.
لە کاتی کـۆنـفـرانسی (٣٩) یەمی ئەنجـوومەنی نێـودەوڵەتی بۆ کـتێـبی گەنجـان، کە لە (١ئـاب/ بۆ/٣٠ ئەیـلـوول/ ٢٠٢٤) لە شاری (تـریستا) لـە ئیـتاڵـیادا دەسـتپێـدەکات. لە ئاهـەنگێکی شایستەدا،خەڵاتەکان (مەدالـیایەکی زێـڕ و بـڕونامەی دپـلـۆمی رێـزلینان) پێشکەشـدەکـرێـن بە هـەردوو بـراوەی خـەڵاتی هـانـز کـریسـتـیان ئەنـدەرسـیـن.
شایەنی باسە (٥٩) نووسەر و وێنەکێش لە (٣٣) وڵاتانی جیهانەوە بۆ وەرگرتنی ئەم خـەڵاتە، کانـدیدکـرابوون. (١٠) نـووسەر و وێنەکـێشیشی شـارەزای بـواری ئـەدەب و هـونـەری منـداڵانیـش، لە (١٠) دەوڵەتی جیهـان، وەک ئەنـدامی لیـژنەی دادوەری بۆ هـەڵسەنگانـدن و بـڕیـاردان لەسەر باشتریـن کـتێبەکانی کاندیـدە هەڵـبـژیـراوەکان، بە سەرۆکایەتی خاتوو (لیز پاگە) سەرۆکی دەستەی دادوەری، نوێنـەرەکانیان ئەنـدامانی ئەم لـیژنەیەن. دوای لـێکـۆڵـیـنەوەیـەکی چـڕ لە کـتێبە کانـدیـدکـراوەکان، بە زۆرینەی دەنگەکانی ئەم لـیژنەیە، لە لیستـێکی کورتکـراوەدا (٦) نووسـەر و (٦) وێنەکـێشیان لەو (٥٩) نووسـەر و وێنەکـێشانەیان هەڵـبژارد. لە دواییـدا لەو لـیستە کورتکراوەدا، باشترین نووسەری کتێب و باشترین وێنەکێشی کتێبی وێنەیی بۆ منـداڵانیان هەڵبژارد.
کە نووسەری نەمساوی (هـایـنز جـانیش) و وێنەکـێشی کەنـەدی (سـیدنی سـمیس)ە.
پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان بۆ کانـدیکـردنی باشترینی دوو کـتێب، بـریتین لە:”کـوالـیتی جـوانکاریی هـونەری و ئـەدەبی، لەبەرچـاوگـرتـنی کـاری تـازەگـەری و جیـاوازی و داهـێـنەرانـەی هـەر پـاڵـێـوراوێـک، تـوانـای بـیـنـینی دیـدگـای منـداڵان و فـراوانکردنی کنجکاوییەکانیانی هـەبێـت. گـرنگی بەردەوامی کارکـردنی بۆ منـداڵان و بۆ گەنجان هـەبێـت. بەخشینی خەڵاتەکە بەنـدە بە تـەواوی کـارەکانی ئەو نووسەرە و ئەو وێنەکـێشەوە لە ماوەی ژیـانیـانـدا، کە خەڵاتەکـان دەبـنـەوە”.
حەزدەکەیـن کە ئـەوەش بـزانـن، کە رێـکخـراوی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتێـبی گەنجـان، لە سـاڵی (١٩٥٣) دا دامـەزرا، کـورتـەی نـاوەکـەی (ئی بی بی وای) ە. رێـکـخـراوێـکی خۆبەخـشی سوودنەویستە. ئەنـدامەکانی سەر بە زۆربەی وڵاتـانی جیهـانـن. ئامـانجی ئەم رێکخراوە، لە بەخـشینی خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین. پشتگیری و هانـدانی نـووسـەران و وێنـەکـێشانی بـواری ئەدەبیـات و هـونـەری وێنەکـێـشانی منـداڵانە. بـۆ پـێـشکەوتـن و بـۆ داهـێنان لـەم دوو بـوارەدا، لـە هـەمـوو جـیهانـدا بەبـێ جیـاوازی.
زۆر بە کورتی هەردوو بـراوەی خەڵاتی ئەمساڵی هانز کریستیان ئەندەرسین، بناسن.
هاینز جانیش براوەی خەڵاتی نووسەری باشترین کتێب بۆ منداڵان:
(کـیندەربـۆتچوتـور هـاینـز جـانیـش) لە ناوەنـدی ئەدەبیـدا بە (هـایـنز جـانیش) خـۆی ناسانـدووە. نـووسـەرێـکی بەنـاوبـانگ و گـەورەی نەمسـاوییە، لە بـواری نووسـینی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منداڵان و مێرمنداڵان. چەنـدین کاری ئەدەبیی چاپکراوی هەیە.
جانیش رۆنامەنووسێکی کـۆن و نـوێی رادیـۆیە. سەرنووسەری گۆڤـارێکی منـداڵانە. نووسەری چەنـدیـن کـتێبی وێنەیی و کـتێبی شـیعـر و شانۆ و سیناریـۆیە بۆ منـداڵان.
چەنـدین پارچـە شـیعـری بۆ سەمـای شانـۆیی نووسـیوە.
هـایـنز جـانیـش، لە زانکـۆی ڤـێـنا، بەکالـۆریـۆسی زمـانی ئەڵـمـانـیدا وەرگـرتـووە.
هـاینز جانیش، لە ساڵی (١٩٦٠) لە (بـۆرگنلانـد) لە نەمسا لەدایکبووە. کە نزیکە لە سـنووری (هـەنگاریـا) وە. لە ئێـسـتادا لە شـاری (ڤـێـنا) ی پایتـەخـتی نەمـسا دەژی.
هـایـنز جـانیـش هـەمیـشـە جـەخـت لەسـەر ئـەو قـسـەیـەی دەکـاتـەوە، کە بەڵایـەوە:
“لـە ئەدەبـدا هـیچ شـتـێک زۆر بچـووک نـیـیە”.
بەپێی قسەی لیژنەی دادوەری بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی کاندیدەکان، هاینز جانیش بە مامۆسـتا کورتـە چـیرۆک دادەنـرێـت. بەپێ خەیـاڵی خوێنـەرانـیش، هـایـنز لە کـتـێبە کورتە چیرۆکەکانیدا، ماوە بۆ گوزارشـتکردن جێدهێـلێت. بەشێک لە کارەکانی کۆمیدین. بەڵکو هـەنـدێک جـاریش گەمـژانەن. لە زۆر لە نووسـینەکانیـشیدا، دەقـەکانی سـادەن و تـوخـمێکی فەلسەفـیـیان هـەیە. نووسینی کتێبەکەی (کەمـتر زیـاتـرە) لە لایەن هایـنز بۆ منـداڵان، بوو بە خەڵاتگـری خەڵاتی هـانـز کریستان ئەندەرسین، بۆ باشترین نووسەری کـتێـبی ئـەدەبی بۆ منـداڵان، بۆ ساڵی (٢٠٢٤). ئەم کـتێـبەکەی وەریـانگـێڕاوە بۆ سـەر چەنـد زمـانێک. لە زۆر شـوێنی جیهـانـدا، بۆتـە هـۆی سـەرسـامی منـداڵان و گەنجـان.
هـاینز ئارەزوویەکی گەورەی بۆ ئەدەب و نووسین هـەیە. بێجگە لە کـتێبەکانی، چەند وۆرک شـۆپێکی دەربـارەی ئەدەب و داهـێنان بۆ منـداڵان و گەورەسـاڵان و بۆ کـاری داهـێنەرانە، بۆ هـونەرمەنـدانی گەنجی خـاوەن پێـداویستییە تایبەتییەکان ئەنجامـداوە.
جـانیـش لە نەمـسا و لە دەرەوەی نەمـسادا، چەنـدیـن خەڵاتی بـەرزی بەدەستهـێناوە.
سیدنی سمیس بـراوەی خەڵاتی باشترین کتێبی وێنەیی بۆ منداڵان:
(سیدنی سـمیس) هـونەرمەنـدی وێنەکێشی بەناوبانگی کەنەدییە، لە ساڵی (١٩٨٠) لە گوندی (نـۆڤـا سکـۆتیا) لە کەنەدا لەدایکبووە. دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە شـاری (تـۆرۆنـتـۆ) ژیـانی بەسەبـرد، لە ئێستادا لەگـەڵ خـێزانـەکەیـدا گەڕاوەتـەوە بۆ زێـد و پارێـزگاکەی خـۆی.
لـیژنەی دادەوریی بۆ هەڵـبژاردن، ئاماژەیـان بەوەکرد کە: کارەکانی سـیدنی سمیس، لە گـێڕانەوەی بیـنراوی یان یادەوەرییەکی کورتی مـوزیکی دەچـن. ئەمەش رەنگـدانەوەی قسەکەیەتی کە:” گوێگـرتـن ئەو.. شـێوازی مامەڵەکـردنیەتی لەگەڵ چـیرۆکەکانـدا” وا دەردەکەوێت کە تەکنیکی سادە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی بەکاردەهـێنێت. لە راستیشدا ئەمە لە ئەنجامی پـراکـتیک و ئەزمـوونێکی چـڕەوە هاتوون. کە کەسایتییەکانی خاکین، بـەڵام لە راسـتی و رەسەنـایەتیـدا، هـاوسـۆز و میهـرەبـانـن. بۆیـە رەنگەکـان بۆ ئـەوە بەکاردەهـێنێت، کە سروشت و بـۆن و درامـا بخاتە هـەر کـتێبێکەوە. هەروەهـا دەکرێت وتـەی (کەمـترە زیـاتـرە) بـۆ کـارەکـانی پـراکـتـیزە بـکـرێـت. ئێـمـەی کوریـش دەڵـێـین: (نەخـت و پـوخـت.. نـەک زۆر و بـۆر).
چـونکە سمیس حەز لە زیـادەڕۆیی ناکـات. سـیدنی سـمیس، بەڕاستی هـونەرمەنـدێکی وێنەکێشی بەرزی جیهانی یە. لە ساڵی ٢٠٢٢شدا، بۆ خەڵاتی هانز کریستیان کاندیدکرا. خـۆشی چەنـد کـتێـبێکی چـیرۆکی بـۆ منـداڵان نـووسـیوە و بە وێنـە رازانـدوونیەتـەوە.
تا ئێستا لە کەنەدا و لە ئەمریکادا چەند خەڵاتێکی بەرزی لە بوارەکەیدا بەدەستهـێناوە.
ئەمساڵ (٢٠٢٤) سـندنی سمیس، وەک باشترین وێنەکـێش کـتێبی وێنەیی بۆ منـداڵان، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین (خەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان) هەڵیانبژارد. سـیدنی سـمیس یەکـەم کەنـەدییـە، کە ئـەم خـەڵاتـەی بەدەستهـێـنـا.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە، سوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٤




سۆناتای بێدەنگی.. ستیڤان شەمزینی

بێدەنگی جوانترین جۆری وتنە
دنیام نقومی بێدەنگییە
وشەکانم ورتەیان لێوە نایێ
ئاوازەکانم زاریان بەستراوە
گۆرانییەکانم ھەر ھەموو کپن
شیعرەکانم بێدەنگی دایگرتوون
رەشەباکانم بێ لرفە ھەڵدەکەن
تۆفانەکانم زمانیان گۆ ناکات
ئەوەی لەم کاتەدا
بە دەنگی بەرز ھاوار ئەکات
کتێبی ھەستمە و
خۆشەویستی تۆی تێدا نوسراوە
ھەموو شتێکم بێدەنگە
خۆم پارچەیەکم لە خامۆشی
دڵیشم جانتایەکی شەڵاڵی سکونە
کاتێک تۆ دەیکەیتەوە
ھەموو کەشکەڵان پڕ دەکات
لە بۆنی عەتری خۆشەویستی


کە نەتوانم بە باڵی خەندەیەک
بە ئاسمانی پێکەنینەکانتدا بفڕم
توانام نەبێت بە مۆمێکەوە
بەناو تخوبی پرچەکانتدا رەت بم
دەسەڵاتم نەبێت بە دوو چاوی سەوزەوە
لە مێرگی بەھاریی رۆحت بڕوانم
بە حەپەساویی لە ئاسمان رابمێنم و
ئەستێرەی خۆشەویستیم بۆ نەدۆزرێتەوە
بێدەنگی قەشەنگترین دەربڕینە
تا تۆ دەرگای خەونەکانم
بەڕوودا واڵا نەکەیت
باڵی شیعرەکانم ناکرێنەوە
تاکوو دڵم
بە رۆحتەوە ھەڵنەواسرێت
شیلەی ماچەکانم
بە لێوتەوە وشک نەبێتەوە
“تا”ی ئەم بێدەنگییە بەرم نادا
بەو خاچی بێدەنگییەوە دامبگرە
وا دنیام کردە
ئۆقیانووسێک لە فرمێسک


وانەی بێدەنگیم
لە قوتابخانەی خۆشەویستیدا خوێند
چیرۆکی بێدەنگیم
لە چاوە شەرمنەکانی تۆدا نوسییەوە
شەوە بێدەنگەکانم
لە نێو دڵی پڕ گەردەلوولتدا خەواند
نەمامی بێدەنگیم
لە ناو زاری خۆمدا رواند
تا لە حیکمەتی بێدەنگیم تێنەگەیت
عەشقی منت پێ نادۆزرێتەوە
لە پەنجەرەی بێدەنگییەوە
سەمای شێتانەت چاو دەکەم
تۆش بە بێدەنگیی
لە توانەوەی من دەڕوانیت
چاوەڕێی ئەوە ناکەیت
بە وتنی خۆشم ئەوێی
رۆژووی بێدەنگیم بشکێنم





سکاڵا.. پشکۆ ناکام

…… دوا بەدوای مژدەی ڕیفڕاندۆم و پێک هێنانی دەوڵەتی کوردی!! خۆشترین مژدە بۆ کورد ئەوەیە کە بە ئاسانترین شێوە ڕێگای بەهەشتی بۆ کورت کراوەتەوە و لەسەر دەستی پێنجەم خەلیفەی ئیسلام ئەمڕۆ هەر موسڵمانێکی کورد زمان بە تەنها شەش سەد و پەنجا دۆلار ! بەهەشت مسۆگەر ئەکا و لە شەڕە شەقی مەحکەمەی ڕۆژی قیامەت نەجاتی ئەبێ و بەبێ سەرەگرتن بۆ یەکلایی کرنەوەی کەیسەکەی کە لەوانەیە چەن مانگ یان چەن ساڵێک بخایانێ ، بە کڕينی بەرماڵێک لە مزگەوتی بەهەشت بە تەنها ٦٥٠دۆلار بلیتێکی چوونە بەهەشت مسۆگەر ئەکا و بۆ ئەوەی زۆرترین موسڵمان لەو نیعمەت و خێرە ئیلاهییە بێ بەش نەبن لەوانەیە حەجمی هەر بەرماڵێک بچووک بکرێتەوە بۆ نیوەی ئەوەی ئێستا و دووریش نیە هەوڵ نەدرێ بۆ دروست کردنی بەرماڵی دوو یان سێ قاتی….. بەڵام چەن گرفتێک ڕوو بەڕووی کڕیارانی بلیتەکەی بەهەشت بوونەتەوە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێ ڕەنگە گەشتەکەی بەهەشت وا ئاسان نەبێ ، یەکەم گرفت ئەوەیە کە بۆچی بلیتی بەهەشت بە ” دۆلار ” بێ ؟ کە پارەی ووڵاتێکی کافر و مولحید و مونافیق و ئەهلی جەهەننەمە ، ئایا ناکرێ بە پارەی ووڵاتێکی ئیسلامی بێ بۆ نمونە ” لیرەی سعودی”كە زێدی ئایینی ئیسلامە ،و ئایا مامەڵەکردن بە پارەی کافرەکانەوە حەرام نیە ؟ .. گرفت یان پرسیارێکی تر ئەوەیە کە وەک ئەمڕۆ لە دونیایا وا باوە کە بلیتی ستانداری سەفەرکردن بۆ کەسانی ژێر هەژدە ساڵ شتێک هەرزانترە ، جا ئایا ئەو سیستەمە بلیتەکەی بەهەشتیش ئەگرێتەوە !! هەقی خۆیشێتی بەڕێوەبەر و موحاسیبەکانی سەفەرەکەی مزگەوتی بەهەشت ڕەچاوی ئەم تێبینیە بکەن…جگە لەوەش چ گرەنتیەک هەیە کە بەهەشت فول نابێ و جێی ئەو هەموو خاوەن بليتی مزگەوتی بەهەشت ئەبێتەوە و لە ئەگەری نەچوونە ژوورەوەی بەشێکیان زەمانەت چیە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان یان هیچ نەبێ نیوەی چونکە وەک زانراوە بلیتەکە بۆ ئەم سەر و ئەوسەر نیە ، تەنیا یەک سەرە واتا بۆ بەهەشت بێ گەڕانەوە و باشترین چارەسەریش بۆ ئەم گرفتە ئەوە کە بلیتەکە کراوە بێ بە بێ دەستنیشان کردنی کاتی گەڕانەوە ، ..
سەرنجێکی گرنگ ئەوەیە کە هەموو ئەزانین کە دونیای ئەمڕۆ گەندەڵی و قاچاغچێتی و تەزویر و فێڵ و فەرەجێکی زۆری تیایە ، ئایا هیچ ڕێگايەک ئەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەهلی جەهەننەم و مافیاکانی بلیتەکە تەزویر نەکەن و خەڵک نەپەڕەێنرەوە ئەوبەر..!! هەیشە ڕای وایە کە ئەوانەی ڕۆژی قیامەت بە گەرمای هاوین و سەرمای زستان سەرەیان گرتوە بۆ دوا بڕیار چۆن بەوە ڕازی ئەبن کەسێک بە شەش سەد و پەنجا دۆلار و بە بێ هیچ مەحکەمە و لێپێچینەوەیەک لە جەدەولی ئەعمالی بە کەماڵی ئیسراحەت خۆی بکا بە بەهەشتا ، کێ ئەڵێ خۆپیشاندان ڕوو نایات…!!
بە پێی شەرع و ئوسوڵیاتی ئیسلام، ژن ” مێ ” نیوەی کۆمەڵ نیە بەڵکو نیوەی پیاو” نێر”ە ، لە پرۆسەی شایەتیی و میراتیا دوو ژن حسابی یەک پیاوی بۆ ئەکرێ ، ئاخۆ بلیتەکەی بەهەشتی مزگەوتی بەهەشت ڕەچاوی ئەمەی تیایە چونکە بە پێی شەرعەکە ئەبێ دوو ژن یان مێ بە یەک بلیت بچنە بەهەشت ، بەڵام ڕەنگە لەبەر ئەوەی مەسەلەکە پارەیە گەر بکرایە ژن دووقاتی پیاوی لێ ئەسەنرا.!!
گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە لە کەم و کوڕیی سەفەرەکەی بەهەشت بە سپۆنسەری مزگەوتی بەهەشت سکاڵا لە کوردستان یان لە مەحکەمەی فیدڕاڵی تۆمار ئەکرێ..؟

پشکۆ ناکام




یاد نامە.. هێدی گەڵاڵی

پاش دوورکەوتنەوەیەکی مەودا فراوانی من و تۆ ، هێشتا خۆشەویستیم بۆ تۆ بە موتوربەکراوی ماوەتەوە..
هێشتا بیرەوەری ساڵانی تەمەنی بەسەرچوومان وەک درەختێکی هەمیشە سەوز لە کێڵگەی دڵدا ڕەگی داکوتاوە…
هێشتا ڕێی ئەڤینداریمان شوێن پێی تۆی پێوە دیارە لە هەر کوێیەک لە هەر سوچێکی ئەم دنیایە بیت شێوەت دەکەم!!
لە قەد دیواری ژووری دەرووندا وێنەت هەڵواسراوە و هەموو چرکەساتێک سیمات دەبینم …
کە سەیری ئاوێنەی ڕاڕەوی ژووری میوان دەکەم ڕوخساری گەش و کوڵمەی ئاڵی ئەوسات بەدی دەکەم و چاوە گەشەکانت دەبینم..
خەندەی لێو و ددانی ورد و قژی خاو و گۆنای گەشت دەبینم…
ئەو ساتانە نەک هەر هەستەکانم تەنانەت نەست و بێ ئاگایشم بە ئاگا دێتەوە و روح و ناخیشت دەبینم‌…
ئێستاش دڵخۆشیم بەوە دەدەمەوە کە تۆ لە ژێر هەمان ئەو ئاسمانەی کە لێتەوە نزیکم!
نزیکین هێندەی نێوان روح و جەستە ..
نزیکین هێندەی چاو و سۆمای بینین…
نزیکین هێندەی ترپەکانی دڵ و هەناسەمان…،بەڵام گیانە
لەگەڵ هەڵکشان و ڕۆچونی تەمەندا؛
چیرۆک و دیرۆکی ڕۆژانەی عەشقمان لە پەڕاوی یاد و ساڵنامەی خۆشەویستیماندا نوسراوەتەوە..
یادگاریەکان ، بیرەوەریەکان ، قسە خۆشەکان، ناز و عیشوە و تەنانەت زویربوونەکانیشت لە بیرەوەری یادەکانم ئەلبووم و ئەڕشیف بووەو لە هزر و ئەندێشەم هەڵگیراوە و ڕۆژانەش بە یادی جارانەوە بە چاوی دڵ سەیری ئەو ئەلبوم و ساڵنامەیە دەکەم کە تەواوی ڕۆژ و مانگ و ساڵانی خۆشەویستیمان تێدا تۆمار کراوە…!!

هێدی گەڵاڵی




چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەده‌چێت.. مه‌نسوور جیهانی

ـ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵینده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌” و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

به‌رپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، داوا له هه‌موو ئه‌و‌ فیلمسازانه ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان و یا به ناوه‌رۆکی کورده‌کان ساز کردووه؛ تاکوو به‌رهه‌مه بڵینده سینه‌ماییه‌کان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمه‌کانی خۆیان بۆ به‌شداری له به‌شی پێشبڕکێی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ‌له ڕێگای ماڵپه‌ڕی “فیلم فریوه‌ی” به ناونیشانی https://filmfreeway.com/MoscowKurdishFilmFestival بنێرن و ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی (ژوئه‌نی) ٢٠٢٤ دوایین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان دیاریی کراوه.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی”دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: “ئه‌م فێستیڤاڵه، له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا بۆته ڕووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ما. به تایبه‌ت جێگای خۆشحاڵییه که نه ته‌نیا کوردانی تاراگه و نیشته‌جێی وڵاتی ڕووسیا بوونه‌ته هۆگریی فێستیڤاڵه‌که‌؛ به‌ڵکوو ساڵی پار، سه‌رنجی زۆریی له لایه‌ن پیشه‌گه‌ڕانی سینه‌ما و هه‌روه‌ها بینه‌رانی ڕووسیاوه بۆلای خۆی ڕاکێشا. و هه‌ر ئه‌وه گرینگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌ که ئێمه له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی کارێکی گرینگ و زۆر پێویستین. له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی فێستیڤاڵ، پلانێکمان داڕشت که بینه‌ران نه ته‌نیا له‌گه‌ڵ سینه‌ما، به‌ڵکوو به شێوه‌ی گشتیی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاوازیی کورده‌کان ئاشنا بکه‌ین. له ساڵی ٢٠٢٣ توانیمان پێشانگایه‌ک له هونه‌ری هاوچه‌رخی کوردیی به‌ڕێوه‌به‌رین و ئه‌مساڵیش هیوادارین که ئه‌م ڕێگایه درێژه پێبده‌ین و بێجگه له سینه‌ما و شێوه‌کاری، مۆسیقا، هه‌ڵپه‌ڕکێی، ئه‌ده‌بیات و ته‌نانه‌ت خواردنی زۆر خۆشیی کورده‌واریش پێشکه‌ش بکه‌ین.”

لە درێژه‌ی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: “ساڵی پار، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، ته‌رکیزی خستبووه سه‌ر سینه‌مای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌و مێژوو و دابوونه‌ریته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی که هه‌یه‌‌تی. ئه‌مساڵیش به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزمان خستۆته‌ سه‌ر ئاخاوتن و وتووێژیی نێوان که‌لتووریی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ سینه‌مای ڕووسیا. کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە که هەمووی ئەم تایبەتمەندییه جوانانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە. فیلمه‌کانی فێستیڤاڵی کوردی “مۆسکۆ”، بینه‌رانی خۆی ئاوێته‌ی جوانناسی و به‌‌هێزبوونی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی، دابوونه‌ریت و که‌له‌پووریی ئایینی و هه‌روه‌ها دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیی و که‌لتووریی خه‌ڵکانی کورد ده‌کات که به‌ڕاستی خه‌زێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی سینه‌مای ڕۆژهه‌ڵاتن.”

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”.




مەلەفی دەنگەکان سەبارەت بە ئەنفال.. ساڵی ٢٠٠٧

لینکی مەلەفەکە لە ئەرشیڤی دەنگەکان..

حه‌مه‌ فه‌ریق حه‌سه‌ن :
‌ماده‌م باس له‌ داهێنانه‌، له‌دنیای ئه‌مڕۆی جیهانگیرییدا هونه‌رو ئه‌ده‌ب ((کاڵا))ن. ئه‌گه‌ر نه‌بنه‌ کاڵا، کورت و دروست مانای وایه‌ ((بێبه‌هان)) له‌ کوردستان، وه‌ک چۆن به‌فێڵێک ڕۆژنامه‌و ڕووناکبیریی له‌ده‌سته‌ڵات پووچکراون.
شه‌ماڵ عادل سه‌لیم :
 ئه‌نفال ئه‌وکرده‌جینۆسایده‌ بوو که‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌ بنه‌ڕه‌تیوسه‌ره‌کییه‌کان   ( زه‌رد ، سوور، شین ) ،ڕه‌نگه‌ قه‌شه‌نگ و بریسکه‌داره‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی لوول داو ڕاپێچی ژێرلم و کلووبی شه‌وانی میسریعه‌ره‌بی و   ئه‌شکه‌نجه‌خانه‌کانی  به‌عسی 
فاشی کرد
.
نیهاد جامی:
بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه‌ ترسناک و هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزه‌ بگۆڕین پێویستمان به‌وه‌یه‌ رۆژنامه‌گه‌رى کوردى واز له‌و ستایشکاریه‌ بێنێت و خوێندنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌یى ئه‌نجام بدات ده‌رگا بۆ بۆچونه‌ جیاوازه‌کان ئاوه‌ڵا بکات له‌روانگه‌ى زانیسته‌کانى وه‌کو کۆمه‌ڵناسى کاریگه‌رى ئه‌و رووداوه‌ له‌سه‌ر ئێستاى ئێمه‌ ده‌ست نیشان بکات،..
نیگار نادر:
ئەوە كۆی ئەو زمانە سیاسی و ئایدۆلۆژیه بووە كە كورد بەدرێژایی ئەو نۆزدە ساڵە بۆ ئەنفال دەكاری بردوەو مامەڵەی پێكردوە كەدەكرێ بڵێین زمانێكی كول وكورت بووە بە ورد بینانە بەكارنەهێنراوە
..
کاروان کاکه‌ سوور:
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ ناو مێژوو زۆر جار گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی نۆستالۆژییانه‌یه‌، نه‌ک دیسپۆتیکییانه‌. گه‌رانه‌وه‌یه‌که‌ پره‌ له‌ سۆز و میهره‌بانی، بۆیه‌ ناتوانین مێژوویه‌کی جیاواز له‌و مێژووه‌ ره‌سمییه‌ بخوڵقێنین. ئه‌و گه‌رانه‌وه‌یه‌ هه‌ڵگری چاوێکه‌، که‌ هه‌موو رابردوو به‌ پیرۆز ده‌بینێت،
..
خه‌لیل کاکه‌یی..
هۆشیاری عه‌بدولعه‌زیز
 پاشماوه‌کانى قوربانى ..
چاوه‌ڕوانى هاتنه‌وه‌ له‌ چاره‌ نووسه‌وه‌ بۆ دوا چاوه‌ڕوانى..؟
محه‌مه‌دى مشیر
یادێکى جه‌رگبڕ و ده‌سه‌ڵاتێکى ساردوسڕ
هەژێن :
 ئێمە ناتوانین ئامانجی ناوەند و کەسانێکی دڵسۆز لەگەڵ ئامانجی پارتێکی سیاسی دا، کە ئەم پرسە وەك تاکتیك و کارتی فشار بۆ سەر دەسەلات بە کار دەبات، هاوتا بکەین.
.
عه‌لی نارێنی
زمانى ئه‌ده‌ب زمانى باڵاى هه‌ر میلله‌ت ونه‌ته‌وه‌یه‌که‌ به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌بى ئێمه‌ى تایبه‌ت به‌ ئه‌نفال ئه‌و زمانه‌ باڵایه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ ئاستى دروشمێکى سیاسى وبووه‌ته‌ زمانى ژماره‌و قاره‌مان وکڕوزانه‌وه‌و ..
مه‌جید ساڵح
میدیاى ئێمه‌ جوغزێکى به‌رته‌سکى ناوچه‌یىء ئایدۆلۆژى بۆخۆى ده‌ست نیشانکردوه‌و نایه‌وێت لێى ده‌رچێت. مامه‌ڵه‌کردنى ئه‌وانه‌ى له‌ پشتى ئه‌و میدیانه‌ون، زۆر سه‌ره‌تایىء بێ مه‌نهه‌جیانه‌ په‌یامێک ئاراسته‌ ده‌که‌ن وه‌ک خۆتان ناوتان ناوه‌ ته‌نیا له‌ “مه‌وعزه‌” ونه‌سیحه‌ت ورێنمایى ده‌چێت
..
ئاسۆعه‌بدولله‌تیف
ئه‌نفال رۆژنامه‌یه‌کی بێ سه‌رنوسه‌ره‌ ؟!
ئه‌نفال له‌ده‌ستی حیزبدا خه‌ریکه‌ ئه‌گه‌نێ ، تکایه‌ بیده‌نه‌ ده‌ست میدیا!؟
ئه‌حمه‌د معین
ئه‌نفال :
جینۆسایدی دوێنێ وپیلانی ئه‌مڕۆ
 عومه‌ر محه‌مه‌د:
دادگاى باڵاى تاوانه‌کان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باش هاته‌ ناوه‌و دواتر خراپ مامه‌ڵه‌ى کرد، خۆ لایه‌نى قوربانى هه‌رئه‌وه‌ نیه‌ کۆمه‌ڵکوژکراوه‌، کۆمه‌ڵکوژى یه‌کێکه‌ له‌ جۆره‌کانى جینۆساید، دادگاکه‌ ئه‌و ئه‌رکه‌شى له‌سه‌رشانه‌ بریار له‌چاره‌نوسى قوربانیه‌کان بدات…
ئه‌میر قادر :
سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌و فرسه‌تانه‌ی که‌ دێنه‌ ڕێگا بۆ ئه‌وه‌ی قوربانیه‌کان ڕوو به‌ڕوو وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ تاوناباراندا ڕووبه‌ڕوو ببنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگادا یان تریبۆنێکی عادیلانه‌دا به‌درێژایی مێژوو زۆر دانسقه‌و ده‌گمه‌نن،
که‌مال ڕه‌ئوف:
ئه‌نفال وه‌ک یاده‌وریى تاڵ له‌ ڕابردووماندا
ئه‌نفال وه‌ک ترس له‌ئاینده‌ماندا
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی:
کاتاسترۆفی ئه‌نفال ژه‌هره‌وزه‌ی له‌ کارمای مرۆڤی کورد دا چاند
عومه‌ر جه‌لال:
کوا رووفاتى ئه‌نفالى ناوچه‌کانى دى؟
بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال وه‌ک جینۆساید بناسرێت و ببێته‌ شوناسێک بۆ بوونى کورد،ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین کاره‌ساته‌ تا هه‌نووکه‌ حیزبی کوردى نه‌یتوانیووه‌ وه‌ک رێکخراوى چاک و چه‌ند رێکخراوێکى دى ئازاد و ئاکتیڤ بێت له‌ ناساندن و گه‌وره‌کردنه‌وه‌ى چه‌مکى ئه‌نفال،
..
خه‌تاب سابیر:
له‌رووی یاسایی و ستانداردی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هێشتا ده‌بێ به‌ که‌مێک چاوقایمییه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌نفال به‌ جینۆساید بناسین یان بناسێنین. ئه‌گه‌ر ورد سه‌رنج بده‌ین، ..
سه‌ردار عه‌زیز :
گومان له‌‌وه‌دا نیه که ئه‌و گۆرانانه‌ی به سه‌ر ناوچه‌ی عێراق و سیاسه‌تی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به ناوچه‌که‌دا هات بۆیه‌که‌م جار له مێژوودا، تا نووسینی ئه‌م دێرانه قازانجی له زیانی بۆ کورد زیاتربووه…….
ئه‌نفال.. قوبادى جه‌لى زاده‌

منداڵێک له‌ ژێر لمى ( عه‌رعه‌ره‌ ) وه‌ ،
به‌ حاجیه‌کانى گوت :
من مه‌مکى دایکم به‌ ده‌مى ( سه‌گ ) ێکى ره‌شه‌وه‌ بینى !
من مێخه‌کبه‌ندى داپیره‌م به‌ ده‌نووکى ( قه‌ل )ێکه‌وه‌ بینى !
من مه‌تاره‌ى بابه‌ گه‌وره‌م له‌ ملى درێژیى ( حوشتر ) ێکەوە بینى !

هه‌ندرێن
ده‌مه‌وێ بێژم، ده‌بوو مرۆی هوشیاری کورد له‌ ده‌ستپێکدا له‌وه‌ تێگه‌یشتبا که‌  دادگاییه‌کی له‌و جۆره‌ی که‌ خودی ئه‌مریکا وه‌ک نمایشێک له‌و دیمۆکراتیی و ئازادییه‌ی له‌ قوتووکراوی بۆ عێراقی هێنا بوو به‌ڕێوه‌ی برد، …..
شاخه‌وان شۆڕش
سه‌دام له‌ تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفال بێبه‌ری کرا و تاوانه‌کان به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد کۆتاییان نه‌هاتووه‌
..  
رێکپۆش عه‌زیز :
 ژنی کورد نه‌ک هه‌ر کێشه‌ی ژنانی ئه‌نفال، به‌ڵکو هیچ  شتێکی نه‌کردووه‌ له‌مه‌ڕ پرسی ژن له‌ کوردستاندا..
دارا مه‌حمود :
به‌داخه‌وه‌ بارودۆخی ناله‌باری عێراق ، که‌وه‌ک پڕمه‌ترسیترین وڵاتی جیهان ده‌ناسرێت، و کێشه‌و گرفته‌ ئاڵۆزه‌کانی وایکردووه‌، دۆزی ئه‌نفال و دادگاییکردنی سه‌رانی ڕژێمی به‌عس که‌مڕه‌نگ بێته‌وه‌و بچێته‌ ڕیزی خواره‌وه‌ی کێشه‌و ڕووداوه‌کان
..
شیلان جه‌بار:
تاكو ئێستا زۆرله هونه‌رمه‌ندان هه‌وڵیان داوه به‌كاری هونه‌ری چ هونه‌ری شێوه كاری بێت یاخود هونه‌ری شانۆو مۆسیقا،گوزارشت له كاره‌ساتی ئه‌نفال بكه‌ن ..
حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش:
ئێمه‌ ده‌بێت بزانین ئه‌ده‌بێكمان نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ری حیزبه‌ سیاسییه‌كان بتوانێت بیربكاته‌وه‌و قسه‌بكات ..
دارا ئارام :
ئه‌گه‌ر ڕه‌نگ و هێڵه‌کان به‌ هێزتر نه‌بێ له‌ ده‌وری وشه‌کان ئه‌وا که‌متر نییه‌ له‌و ده‌ربرینانه‌ی که‌ به‌ وشه‌ بۆ ئه‌نفال ده‌رده‌بڕرێت. چونکه‌ ره‌نگ و هێڵه‌کان زمانێکی جیهانین و مرۆڤ به‌ هه‌موو زمانه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ ده‌توانن له‌ مانای ئه‌نفال تێبگه‌ن
..
سمکۆ ئه‌حمه‌د :
ره‌نگ و فۆرم رێگایه‌کی کورتری هه‌یه‌ له‌ وشه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ زهن و ئه‌قڵ..
جه‌مال مه‌حموود:
ئه‌نفال ئه‌و زامه‌ قووڵه‌یه‌ که‌ تا ئێستاش نه‌ک هه‌ر هه‌وڵی ساڕیژکردنی نه‌دراوه‌ به‌ڵکو خوێ به‌برینیه‌کانیه‌وه‌ ده‌کرێت…
 ئه‌نفال و ره‌هه‌نده‌ سۆسیۆلۆجییه‌کانى
توێژینه‌وه‌یه‌کى تیورى و مه‌یدانییه‌
ئاماده‌کردنى
محه‌مه‌د ره‌ئوف عه‌بدولعه‌زیز



مامۆستا و فێرخواز.. ئاراس سەعید

“مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
فرێدریک نیتشە

بەبۆچوونی من بەشێکی سەرەکی ئەو قەیرانانەی لە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فیکری و ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا هەن، ڕیشەکەی لە هەناوی سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدایە. بەتاییبەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکوو کۆمەڵگەی کوردی کە سایکۆلۆجاییەکی بندەستەی هەیە، ئەوکێشە گەورەیەی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە دنیا بینیی و سیستەمی فیکری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە. سیستەمی پەروەردەی کوردی سەر بە تەرزینی کولتووری ئایینی و پارتریایکییە و لەهەناوی ئەو سیستەمەشدا پەیکەربەندی و پایەکانی خۆی داڕشتووەتەوە. کولتوورێکە پێی وایە، حەقیقەتی ڕەها و موقەدەسی پێیە و دژی تەفسیر و ڕەخنە و کرانەوە و نوێگەرییە، هەر وەکوو چۆن تابۆی ئایین هەموو تەفسیر و ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەیەکی ئەحکام و توراسی ئایینەکەیە، ئا بەوجۆرەش سیستەمی پەروەردە دژی هەموو ڕوانین و تەفسیر و ڕەخنەیەکە لە تێکست و پڕۆگرامەکانی.
لە کولتووری ئایینیدا ڕاڤەکردن و تەفیسرکردن تەنها مافێکە بۆ مەلا و مامۆستایانی ئایینی ڕێگەپێدراوە و هەموو بۆچوون و تەفسیرێکی دیکە، بۆ ئەحکامەکانی ئایینەکە لەلایەن باوەڕدارانەوە گوناه و تاوانێکی موقەدەسە. بەوجۆرەش لە سیستەمی پەروەردەدا مامۆستا و وانەبێژەکانی خاوەنی شەرعییەتی ئەکادیمین و حەقیقەتی ڕەهایان پێییە و مافی ڕاڤەکردن و تەفسیرکردنی تێکست تەنها مافێکە بۆ ئەوان ڕێگەپێدراوە و ڕەخنەگرتن و تەفسیر و ڕاڤەکردن و ڕوانین لە گۆشەنیگای دیکەوە بۆ تێکست و پەرتووک و مەلزەمەکان تاوانێکی موقەدەسە. لێرەوە ئیشی هەرە گەورەی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری ئێمە پوچەڵکردنەوەی هەر ئایدیایەکە، لە دەرەوەی مەعریفەی خۆی بنواڕێتە کۆی ئەو کێشە گەورانەی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دینی ئێمەدا هەن. سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکوو ماشێنێکی ترسناک کاردەکات تا کۆبیر و گۆشەنیگای ڕوانینی فێرخواز لە درزێکی بچوکدا قەتیس بکات، بۆئەوەی درز و شەبەقە گەورەکانی سیستەم پەردەپۆش بکات.
لەناو سیستەمی فێرکاری ئێمەدا، پەیوەندی مامۆستا و قوتابی لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی قووڵی دەسەڵات دایە، هاوشێوەی پەیوەندی (ئاغا و کۆیلە) وەکوو ئەوەی هیگڵ ئاماژەی بۆ کردووە؛ “بوونی ئاغا بەنده دانپێدانانی ئەویدیکەی کۆیلەوە.” لە سیستەمی پەروەدەی ئیمەشدا مەرجی بوونی ئاغایەتی مامۆستا بەندە بە دانپێدانانی ئەویدیکەوە وەکوو سمیبول و باوکی مەعریفە. ئەمەش پەیوەندی بەو سیستەمە باوکسالارییەوە هەیە، کە سیستەمی پەروەرده پایەکانی خۆی تێدا داڕشتووەتەوە. (بەختیار عەلی) لە کتێبی (خوێنەری کوشندە)دا خوودی ئەو کێشەکە دەگەڕێنتەوە بۆ ئەوەی “کە قوودسییەتی مامۆستا یەکسان کراوەتەوە بە قوودسییەتی مەعریفەوە.” مامۆستا باوکی ئایدیاڵ و باوکی زانین و باوکی مەعریفەیە و ئەویدیکەی گەورەیە کە دەبێت کوڕنووش و سوژدەی بۆ بەرین. ڕیشەی ئەم پەیوەندییەش لە هەناوی ئەو کولتوورە ئاینییە باوکسالارە ترسناکەوە دێت کەدەڵێت: گۆشتی بۆ من و ئێسیکی بۆتۆ. یان (من علمنی حرفا صرت لە عبدا) کە ڕیشەیەکی ئایینی هەیە و فەنتازییایەکی ئۆدیبییە بۆ کوورتکردنەوەی وێنەی جیهان بۆ وێنەی باوکی باش و باوکی خراپ، باوکی خەسێنەر و باوکی داڵدەدەر، مامۆستای باش و مامۆستای خراپ، مامۆستایی خەسێنەر و مامۆستای میهرەبان.
دامەزراوەی پەروەدەکارانە ئاماژەیە بۆ ئەو شوێنە ماددیی و ڕەمزیانەی کە تێدا دەسەڵات نواندن و مومارەسەدەکرێت بۆ ملکەچکردن و ڕامکردن و دەستەمۆکردنی سوبێکت. سیستەمی ڕەمزی سیستەمی ئەویدیکەی گەورەیە، کە جێگرەوەی شتە ڕاستەقینەکانە بە ئەلتەرناتیڤەکان. یان وەکوو ئەوەی (ژیل دۆڵۆز و فلێکس گوتاری) لە کتێبی (ئەنتی ئۆدیب) کایەی زانیارییەکان بە بەشێک لە “پێکهاتی فالووسی کولتووری باڵادەست پێناسەدەکەن.” هەروەها فەیلەسووفی فەڕەنسی (ژاک ڕانسییەر) سیستەمی پەروەردەکارانە وەکوو نەزمێک پێناسەدەکات، کەتێدا دەسەڵاتی ئەوانەی دەزانن بەسەر ئەوانەدا کەنازانن مومارەسە دەکات. ڕانسییەر لە کتێبی (مامۆستای نەزان Le maître ingnorant) دا ئوستووڕەی سیستەمی پێداگۆجی بەوە تەعریف کردووه، کە سیستەمێکە لەسەر بنەمایی دابەشکاری بۆ دوانەیەک درێژە بەبوونی خۆی دەدات، دوانەی زانا و دانا، تەوەزەل و زیرەک. بەدیدی ڕانسییەر هیچ مرۆڤێک لە بنەمادا تەوەزل نییە. ئەو بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی (مسیۆ ژاکۆتۆ) تێزەکەی خۆی دادەڕژێت و دەنووسێت:( لە ئەنجامی گشت فێربوونە هزرییە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەی گشت منداڵێکی مرۆڤ بەیەکسانی باشتر لە هەر شتێک فێری دەبێت، ئەو فێربوونەیە کە هیچ مامۆستایەک ناتوانێت بۆی ڕوونبکاتەوە، ئەویش فێربوونی زمانی دایکییە.) لێرەوە ڕانسییەر وتە بەناوبانگەکەی ژاکۆتۆ دەڵێتەوە: “هیچ زانینێک لە کەللە سەرێکەوە ناگوازرێتەوە بۆ کەللەسەرێکی دیکە.” بەو مانایەی مامۆستای نەزان لە ڕاستیدا هیچ شتێکی نیە بیبەخشێت بەویدیکە. بەدەربڕینە فۆکۆییەکە کایەی پەروەدەکارانە و مەعریفە لە بنەمادا، کایەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانییەتی.
مامۆستا سەر بەکایەی زانین و مەعریفە نیە، بەڵکو سەر بەکایەی دەسەڵات و حکوومەت و ئایدۆلۆژیا و حیزبە. لە بنەمادا مامۆستا ناوێک نیە بۆ ئەو کائینەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەدە سەپاندوویەتی و سەرقاڵی خەساندنی تواناکانی ئەقڵمانە، بەڵکو ئەو کائینەیە لەڕێگە تاریکەکاندا وێڵی بینین و دۆزینەوەین. وەکوو ئەوەی (جۆن هێنری نیومان) لە کتێبە گرنگەکەیدا (ئایدیای زانکۆ) دا دەڵێت: “پەروەردە بوار ڕەخساندنە بۆ عەقڵ ڕیسککردن، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مامۆستا لە ڕێگەی کتێبە مەزنەکانەوە.” بۆ دەستنیشانکردن و ناسینی شوناسی ڕاستەقینەی (فێرخواز و مامۆستا) پێویستە بگەڕێنەوە بۆ گوتارەکەی (بەختیار عەلی) سەبارەت بە (ئارەزووی فێربوون لەنێوان دۆڵۆز و لاکان) دا، بەدیدی (بەختیار عەلی) “خوێندکاربوون دۆخێکی وجوودییە، هەر بوونەوەرێک بیەوێت لە خۆیی و ئەوانیدیکە تێبگات خوێندکارە.”
ئەو لەو گۆشەنیگایەوە ناڕوانێتە خوێندکار کە تەنها لە ڕوانگەی پەیوەندیەکانی دەسەڵاتەوە لە قوتابی دەڕوانێت، ئەو ڕوانییەی تەنیا بوونە کۆمەڵایەتیی و کارەکتەرە بچوک و شوناسە کۆمەڵایەتییە تەسک و ڕاستەکەی لەبەرچاو دەگرێت و مانایی قوتابی کورتدەکاتەوە بۆ مانا مەکتەبی و زانکۆییەکەی و تەنیا لە بازنەی هاوکێشەی دەسەڵاتدا قوتابی دەبینێتەوە و لە چوارچێوەیەکدا تێدا قوتابی لایەنە لاواز و گوێگرەکەیە و مامۆستاش لایەنە بەهێز و قسەکەرەکەیە. ئەو بۆچوونە سونەتییەی بۆ دۆخی قوتابی کە لەمنداڵییەوە لە ڕووحی خۆماندا هەڵمانگرتووە:”قوتابی باش ئەو قوتابییە کە بێدەنگ و گوێڕایەڵی مامۆستایە.”
بەدیدی بەختیار عەلی: ” قوتابی بوون، ئەو هەستە وجوودییەیە کە دەتوانین پرسیار لەتاریکی بکەین، تارکییەکی ناکۆتا.” دەکرێت پرسیارکردن لە تاریکی بەوە مانا بکەین پرسیارکردنە لەوەی کە نایزانین. ئەو تاریکیەی پێ دەڵێن:” کایەی نادیار.” وەکوو نەستی (ئەرنست بلۆخ) (ئەوەی هێشتا پێی هۆشیار نین.) بلۆخ نەست بەسەر زەمینی ئەو بابەتانە دەزانێت کە پێی هۆشیار نین.
جیاوازی مامۆستا و فێرخوازیش لەوەدا دەردەکەوێت، کە قوتابی ئەو کەسەیە کە دەزانێت سنووری بچوکی زانینی زۆر بچوکترە لە سنووری گەورە و بێکۆتای زانین. بەپێچەوانەوە مامۆستا هەمیشە پێی وایە دەزانێت، نەزانی خۆی لە ژێر ناسناو و کڵێشەی سادەی مەعریفیدا دەشارێتەوە و لەیەک گۆشەنیگای ڕوانیندا چەقی بەستووە و مردووە. مردن بەو مانایەی نیگارکێشی بەناوبانگ (ئادگار دیگاس) لە شوێنێکدا دەریدەبڕێت:(زۆر بەختەوەرم ستایلی خۆم نەدۆزیوەتەوە، گەر ستایلی خۆم بدۆزیبایەتەوە له وەڕەزیدا دەمردم.)
دەکرێت جیاوازی نێوان مامۆستا و قوتابی ئەوەبێت، کە مامۆستا لەیەک ستایل و مۆدێلی مەعریفەدا گیری خواردووە، بەڵام خوێندکار ئەو کەسەیە کە تەنها یەک ڕێگە و یەک ڕوانینی نیە، بەڵکو هەرجارە و ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە. یان وەکوو ئەوەی بەختیار عەلی دەڵێت: (دەزانێت هێشتا تێنەگەشتووە، ئەم هێشتایە ئەبەدییە و شتێک نیە لای مامۆستایەک و حەکیمێک و فەیلەسووفێک بگیرسێتەوە بەڵکو لە مەرگدا ڕادەوەستێت بێ ئەوەی گەیشتێبێتە وێستەگەیەکی کۆتایی. قوتابی ئەو کەسەیە کە قوتابخانەی نیە، قوتابی لە قوتابخانەدا ناگاتە مەقامی قوتابی بوون بەڵکو ئەو کاتە پێی دەگات لەناو کتێبخانەیەکدا بمرێت، بمرێت و هێشتا ئەو کتێبەی نەدۆزیبێتەوە کە بۆی دەگەڕێت. مەقامی قوتابی لە مەقامی مامۆستا گەورەترە، مامۆستا لە جێگایەکی بچووکی مەعریفەدا گیر دەخوات، زانیارییەک دەگەیەنێت، بەڵام هەمیشە قوتابی شتێکی زۆرتری دەوێت لەوەی مامۆستا دەتوانێت بی بەخشێت، مامۆستابوون هەمیشە ڕۆڵێکی کاتییە، قوتابی دەتوانێت بۆ هەتا هەتایە و لە هەموو جێگایەکدا قوتابی بێت، بەڵام مامۆستا ناتوانێت هەمیشە قوتابی بێت.) کەم تازۆر (بەختیار عەلی) ئەم بۆچوونەی لە هزری نیتشە وەرگرتووە کاتێک دەڵێت: “مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
بەدیدی نیتشە پێویستە مرۆڤەکان خاوەنی مۆدێل و تێڕوانینی خۆیان بن بۆ ژیان، نەک لە پنتێکی ڕوانیندا چەق ببەستن. (زەرادەشت شاگردەکانی بەجێدەهێڵێت، خۆت لەمن دووربخەرەوە، دووربە لێم. من ڕێگەی خۆم هەیە و تۆش ڕێگەی خۆت هەیە، باشترین و تەواوترین ڕێگا بوونی نییە، تەنها ڕێگایەک بوونی نیە. هەموو ڕێگایەک بەشێکە لە ڕێگایەکی ناکۆتا) بەمانەیەکی دیکە، هەموو ئایدیایەک بەشێکە لە زنجیرەیەکی ناکۆتایی لە ئایدیا، یان وەکوو ئەوەی لاکان بە (زنجیری دالەکان) گوازرشتی لێ دەکات، (بۆ ئەوەی لەیەک تێبگەین، پێویستیمان بە دوو هەیە).
من ناوی (فێرخواز) بۆ (قوتابی) بەکاردەهێنم، فێرخواز کەسێکە کە خوازیار و (ئارەزوو)ی فێربوونە. چەمکی ئارەزوو لای لاکان جۆرێکە لە نوقستانی ئارەزووی ئەوشتەیە کە نیمانە. تێنوێتییە بۆ پڕکردنەوەی نوقستانییەک، لەزەت ساتی چێژ بینینیە لەو نوقستانییە. بەختیار عەلی بەکۆمەکی لاکان چەمکی (سوبێکتی نوقستان) وەکو ناوێک بۆ سوبێکتی قوتابی بەکاردەهێنت. سوبێکتی قوتابی ناوێکی دیکەیە بۆ سوبێکتی کەرت و چاڵ چاڵ و نوقستانی خۆمان، قوتابی ناوی سوبێکتە هەمیشە نوقستانەکەمانە کە لەکایەی فێربووندا بۆ ئارەزووە مەحاڵەکەی خۆی دەگەڕێت، ئارەزووی هەمیشەیی و تێرنەبووی فێربوون.
فێرخواز ناوێکە بۆ ئەو کائینەی نوقستانەی هەرگیز لەکایەی زانیدا تێرنابێت. وەکوو قەلەڕەشەکەی (ئیدگار ئالان پۆ) کە پێمان دەڵێت( نا نا هەرگیز) هەرگیز تاریکی و ناخمان تەواو نابێت. هەرگیز منێکی ساف و بێگرێ و بێپرسیار و بێدوودڵی بوونی نیە، خوود یان نیە یان بوونێکی هەلا هەلایە.




سەرمایەداری نیولیبرالیزم و “جێگەی نۆیژ” فرۆشتن لە هەرێمی کوردستان.. موئەیەد ئەحمەد

کەسێک بە ناوی (عبداللطیف احمد) کە ئیسلامیـیەکی سەلەفیـیە نرخی هەر بەرماڵیک، جێگەیەکی نۆیژکردنی مزگەوتی (بەهشت)ی شاری سڵیمانی، کە لە پرۆسەی دروستکردندایە، بە (٦٥٠) دۆلاری ئەمریکی خەمڵاندووە و خستویەتە بازارەوە.
دیارە ئەم نرخە لەچەشنی هەر پرۆژەیەکی تری سەرمایەداری، فۆرمی بەهای کۆن و تازە بەرهەمهاتووی بەرهەمەکەیە (مزگەوتی بە‌هەشت). ئەمەش بەمانایەکی تر نرخێکە حسابکراوە لەسەر بنەمای سەرمایەی بەکارهاتوو (گوڕاو و نەگۆر) و زیادەبایی بەرهەمهاتووی تازەی ڕەنجی کرێکاران، کە سەرچاوەی کرێی کرێکاران و سوودی سەرمایەدارانی وەبەرهێنەری پڕۆژەکەیە.
ئەم بەکاڵاکردنەی جێگەی نۆێژکردن، لە سوشیال میدیادا دەنگیداوەتەوە و بووەتە مایەی سەرنج و سەرسوڕمانی بەشێک لە خەڵکی هەرێم؛ و ئەڵێن ئەوە چۆنە “دین” و “دینداری” و “خواپەرستی” نرخی هەیە، و ئەتوانرێ کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێ، وەک هەر بەرهەم و پشکێکی تری بانک و دامەزروە مالیـیەکان.
لە چاوپیکەتنێکی تەلەفزیۆنی کەناڵی (٨)دا، (عبداللطیف احمد) باسی لەوە کردووە کە بیرۆکەکەی لە بەریتانیاوە وەرگرتووە، و لەوێ ئەم شیوە پشکە کاری پێدەکرێ. هەروەها وای لەقەڵەم داوە کە بەم کارەی داهێنانێکی نوێی “خێرداریی” کردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە، هەر زوو لەگەڵ دیاریکردنی نرخی هەر بەرماڵیکی مزگەوتەکە، بازاری سەرمایە لە هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمێکی فاینانسی تازە و پشکێک مامەڵەی لەگەڵ کردووە، و کڕین و فرۆشتنی ئەم بەرهەمە دەستی پێکردووە. گەر بە خەیالیش وێنای بکەین ڕەنگە ئەم پشکە لەناو بازاری بانکی جیهانیشدا شۆینپێیەک بۆ خۆی پەیدا بکات و تا ئاوەڕئەداتەوە خۆی لە نێو تۆڕی سەرمایەی ئەمریکی و ئیسرائیلی و ئیرانی و سعودی و ڕوسی و چینیدا ببینێتەوە، و کڕین و فرۆشتنی پیوە بکرێت. لە کاتێکدا کە سۆشیال میدیا و بەشیکی کۆمەڵگای کوردستان سەرقاڵی جەدەلی فیکریـیە لەسەرئەم مەسەلەیە، ڕەنگە دەورانی پشکی مزگەتەکە وەک سەرمایەیەکی فاینانس بەبێ سرەوتن لە جوڵە و پرۆسەی تەحقیقی زاتی خۆیدا بێت و مەودای هەرێمێشی تیپەڕاندبێ.
هەرچۆن بێت ئەم شۆکەی کە (پشکی بەرماڵ) فەراهەمی هێناوە، بەشێکی لە دیندارەکان توشی زویری و سەرسورمان کردووە کە چۆن هەستی دینی ئەوانی ڕووشاندووە، و بەشیکی تریانی بەرەو خەڵوەت و بیرکردنەوە بردووە لە نهێنیـیەکانی پەیوەندی ژیانی مادی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئینسانەکان بە فیکر و دین و دینداریـیەوە.
دیارە ئەم بەکاڵاکردنەی شوێنی نوێژکردن دیاردە و ئاکامی پرۆسەیەکی فراونترە کە پەرەسەندنی سەرمایەداری نیولیبرالیزمە لە هەرێمدا، و پەیوەستکردنی هەرچی زیاتری ژیانی ئینسانەکانە بە بازاری سەرمایەوە. ئەم پڕۆسەیە بەتایبەت لە سێ دەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی کردۆتە مەڵبەندی بێمافکردن و بەهەژارکردن و پرۆلیتاریزەکردنی هەرچی زیاتری جەماوەر، و پەرەپێدانی فەرهەنگی تاکگەرایی بورژوازی و کەلتوری چەوسێنەرانەی تاکی سەرمایە لەناو کۆمەڵگەدا.
لە دابەشکردنی کار لە دەروونی چینی بورژوازی و ڕەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیـیەکانیدا، بۆ پاراستنی سیستمی سەرمایەداری، ڕۆڵی ئیسلامیزم دیارە کە لە ڕێگەی پەردە دادن بەسەر ناکۆکیـیەکانی جیهانی واقعیـیەوە، و پەیوەستکردنەوەیان بە دەرەوەی ئەم جیهانەوە ئەنجام ئەدرێ. هەبوونی دەوڵەمەند و هەژار و دابە شبوونی کۆمەڵگە بە دارا و نەدار وەک ئیرادە و قەدەرێکی دەرکی و ئاسمانی نیشان ئەدری، و بەکۆیلەکردنی ژنان و بێمافکردنیان و سوکایەتی پیکردنیان و چوار ژنی وەک مەسەلەیەکی دەرکی و ئاسمانی و سونت و کلتوری پێشتری ئیمانداری لە قەڵەم ئەدرێ.
بە کورتی ئیسلامیزم بە ئایدیۆلۆژیەکی ئاسمانی کار ئەکات لە کاتێکدا کە بزوتنەوەیەکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری دیاریکراوی ناو کۆمەڵگەکانە. و هەر لەم ڕیگەیەشەوەیە کە شوێنپێی خۆی جێگیر کردووە و پەرەی پێ داوە هەم لە ناو وڵاتێکدا و هەم لە بەرامبەر بورژوازی دەسەلاتداری وڵاتانی تری سەرمایەداریدا.
یەکەم مەرج لەم دابەشکردنەی کار لەنێو کەمپی بورژوازی جیهانیدا بۆ پاراستنی سیستمی چەوسینەرانەی سەرمایەداری ئەوەی خواستووە کە ئیسلامیزم بە ئایدیۆلۆژیا و فیکرێکی سەرووی سەر زەمین بێتە ناو پانتایی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری کۆمەڵگەوە، نەک وەک (عبداللطیف احمد) ئەم بیر و ئایدیۆلۆژیا و دینداریـیە بیهێنیتە خوارەوە بۆ سەر زەمین و تێکەڵی بکات لەگەڵ سەرمایە و بەکاڵکردنی شتەکان و فکرەکان.
ئیسلامیزم بە ئایدیۆلۆژیای دەرەکی دەروەی ئابوری سیاسی کۆمەڵگە و دابەشبوونی چینایەتی و تەنانەت دەروەی پاتریارکی و پیاوسالاری و کۆیلەیەتی ژنان، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا، رەواج بە خۆی ئەدا. هەر بۆیە لە مەیدانی ستەمکاری لەسەر ژنانیشدا ئیسلامیزم کەڵک لە بەرژوەندی واقعی پیاوسالارانەی نێو کۆمەڵگە وەرئەگری کە لە پرۆسەیەکی مێژوویدا لێکهەڵپێکراون لەگەڵ دیندا، و جاریکی تر لە ئەمڕۆدا ئەم ستەمکاریـیە وەک مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژی و ئاسمانی و ئیمانداری وێنا ئەکات و کوشندەتری ئەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئیسلامیزم لە سوپەرستڕەکچەردا کار ئەکات، بەڵام وەڵامی شۆرشگێڕانە پێی هەر تەنها لە سوپەرستراکچەردا نیـیە، و بە سکویلاریزم وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو لە بناغەدا بە گۆرانکاری شۆڕسگێرانەی دنیای واقعی و شۆرشی كۆمۆنیستانە بەسەر کۆیلایەتی ئینسان لە سیستمی سەرمایەداریدا فەراهم دێت.
١٠ /٤/٢٠٢٤




چارەسەری قەیرانەکە، رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانە!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە چەند سەدەی رابردوودا لە ئێران، ئەو رژێمەی دەسەڵاتدار بووە، هەر کامەیان و بە رادەیەک (دیکتاتۆری) بوون و خەڵکیان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کردووە! بە تایبەت دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوی و دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی. یەکێکیان لە ساڵی ١٢٩٩ (1920) بە کودەتا و ئەویتریان لە ساڵی 1357 (1979) بە هەنگاوێکی فریودەرانەی ئیسلامی هاتە سەر دەسەڵات. هیچ کام لەم دوو دیکتاتۆرییەتە جێی پەسندی خەڵکی ئێران نەبوون و خەڵک و رێکخراوە جەماوەری و شورشگێڕەکان، بە شێوازی جیاواز لەدژی ئەم دەسەڵاتانە لە خەبات و تێکۆشاندا بوون!
ئەگەرچی وابەستەیی دیکتاتۆریی پەهلەوی بە بێگانە و، دڕندەیی و “خۆ بە خوایی دانان”ی دیکتاتۆریی ولایەتی فەقیهی، تایبەتمەندی سەرەکی ئەم دوو جۆرە دیکتاتۆریەتە بووە، بەڵام تایبەتمەندی هاوبەشیان، (دەسەڵاتخوازی و سەرکوتکردنی گەل) بووە.
دوو دیوی دراوێک!
ئەوەی کە “تایبەتمەندی سیستەمێک لە ناوەوە و دەرەوەی خاکەکەی، دوو دیوی دراوێکن” بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ پێناسەکردنی حکومەتەکان. لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی ئایینیی ئێران “دۆستی” هیچ گەل و وڵاتێک نەبووە و نیە. چونکە پێش هەمووان، دوژمن بی خەڵکەکەی خۆیەتی لە ناو ئێران و لە هەر شوێنێک بۆی هەڵکەوتبێت، وەک ئاژەڵێکی کێوی گازی گرتووە و ئازاری ئەم و ئەوی داوە و بە خوێنی ئەوانیتر ژیاوە. ئەمە دەرئەنجامی ئەزمونێکی ٤٥ ساڵەیە سەبارەت بە رژێمی ئایینی لە ئێران!
رژێمی ویلایەتی فەقیهی وەک ئاژەڵێک وایە کە باس لە مرۆڤایەتی و ئیسلام و شارستانیەت و ئایین و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و نەتەوە دەکات، لە کاتێکدا ئەم چەمکانە تایبەتن بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەم دەسەڵاتە، لە یەک کاتدا لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا، بۆ فرەخوازی و مانەوە لە دەسەڵات لە هیج تاوانێک سڵ ناکاتەوە!
لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە تا ئەمڕۆ، سەرکوتکردنی خەڵک، گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کوشتنی نەیاران، سیمای دیار و بەرچاوی ئەم دەسەڵاتە بووە. هاوکات لەگەڵ ئەمجۆرە تاوانانە لە ناوخۆی سنوورەکاندا، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، تیرۆریزم و شەڕخوازی دژ بە نەیارانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی، کە ئاوێتەی دیماگۆگی بە ناو “ئیسلام” بووە، سیمای دووهەمی ئەم دەسەڵاتە بووە. لەکاتێکدا ئیسلام ئایینی رەحمەت و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە و ئاشتی و ئازادییە و هەموو جۆرەکانی “زۆرەملی” رەتدەکاتەوە!
وانەیەک لە مێژوو!
ئەوەی رژێمی دژە مرۆی ئێران دەخاتە (لوتکەی رژێمە دیکتاتۆرییەکان)ەوە، ئەوەیە کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی جگە لە دیماگۆگەکان لەژێر ناوی ئیسلامدا، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە “شەڕ لە دژی خەڵکی ئێران” بە شەڕهەڵایسان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا پەڕاوێز بخات. هەر بۆیە لە یادمانە کە چۆن خومەینی، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە لە ساڵی1979، زەمینەی شەڕ لەگەڵ عێراقی خۆش کرد و لە هەنگاوی دواتردا، شەڕخوازیی خۆی بە “بەرگریکردنی پیرۆز” (دفاع مقدس) ناوبرد و درێژەی دا بە شەڕەکە لە ژێر ناوی “رزگارکردنی قودس بە رێگەی کەربەلا”وە. شەڕێک کە نەک هەر هەرگیز بە “ئاشتی” نەگەیشت، بەڵکو بە دیماگۆگ و هەنگاوی فریودەرانە، حکومەتەکەی ئەوسای عێراقی هان دا بۆ هێرشکردنە سەر کوەیت، بۆ ئەوەی لەسەر دەستی هاوپەیمانان بیڕووخێنێت!
هەمووان ئەوەیان لە بیرە کە خومەینی و رژێمەکەی لە ساڵی ١٩٨٨ (١٣٦٧) بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبوڵ کرد، بۆ ئەوەی لە لایەن “ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران”ەوە نەڕووخێندرێت. بەڵام لە ساڵی 1369 (1991) سەرۆک کۆماری ئاخوندان، واتا (عەلی ئەکبەر هاشمیی رەفسەنجانی) عێراقی هەڵخەڵەتاند و زەمینەی بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران خۆش کرد بۆ داگیرکردنی عێراق! بەجۆرێک کە ئەگەر “ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران” لە ناوچەی سنووری ناوەڕاستی عێراق بەرانبەر بە ئێران نەبوایە، رژێمی ئێران لە هەمان ساڵدا عێراقی داگیرکردبوو! بە تایبەت کە پێش ئەم وادەیە، بە بانگەشەی پشتگیریکردن لە هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، حکومەتی ئێران “هێزی ئاسمانی”ی عێراقی پەک خستبوو و ژمارێکی زۆری لە فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقی داڵدەدابوو.
لایەنە کارەساتبارەکەی ئەم پرۆسەیە ئەوە بوو کە رێگای رزگارکردنی ئێران و عێراق و ناوچەکە لە (بناژۆخوازی ئیسلامی)، واتا ئێران، بە تەواوی بەردەست بوو و کلیلی کردنەوەی “دەرگا داخراوەکان” بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی “سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریەتی ئایینی ئێران” بەدەست بەرهەڵستکارانی ئێرانەوە بوو، کە لە راستیدا ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بوون.
لە راستیدا هەڵەی ستراتیژی و رۆژەڕەشیی (عێراق) لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە حکومەتی پێشووی عێراق بە پشتبەستن و “متمانە” بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بەرەو “باشووری عێراق” کەوتە رێ و هێرشی برد و ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە دوژمنی لەمێژینەی عێراق، واتە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، وردە وردە و بە فێڵ و فێڵبازی، رێگەی بۆ هاتنەژوورەوە و داگیرکردنی عێراق خۆش کرد و لە هەنگاوی دواتردا، بە هاوئاهەنگی و رێکخستنی خۆی لەگەڵ هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان )عێراق( هەڵلووشێت!
بارودۆخی ئێستای عێراق و پەرەسەندنی هێزی بە وەکالەتی ئەم رژێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتی نەرم و نیانی و هێمنانەیە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران. ئەم هەڵە سیاسی-ستراتیژییەی وڵاتان لە ناوچەکە و لە جیهان، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی هاوچەرخی تووشی ئەم دۆخە ناخۆش و نالەبارەی ئێستا کردووە.
هەڵەیەکی سیاسی و ستراتیژی کە رێگەی بە دەسەڵاتی ئایینی ئێران دا بە هەڵگیرسانی شەڕ لە پشت سنوورەکانی ئێرانەوە، رووخاندنی خۆی لەسەر دەستی خەڵکی ئێران و بەرهەڵستکارانی راستەقینەی دوابخات و خەڵکی بێتاوانی ئێران و ئەم ناوچەیە لە جیهان، بکاتە گۆشتی قوربانی و لەسەر پێ مانەوەی دیکتاتۆرییەت تا ئێستا. لە فەلەستین و غەزەوە بگرە تا لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن و تەنانەت وڵاتانی وەک ئۆکرانیا، یان وڵاتانی دوور کە هەر کامەیان بوونەتە ئامانجی هێرشی تیرۆریستی و بناژۆخوازی ئیسلامی.
دوا وشە!
ئەزمون و دەستکەوتەکانی چوار تا پێنج دەیەی رابردوو ئەوە دەردەخات کە نابێ رێگە بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی ئێران بدرێت شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هەڵگیرسێنێت و دەبێ سەری مارەکە لە تاران پان بکرێتەوە. چونکە (شەڕی سەرەکی) لە ناو ئێران و لە نێوان خەڵکی ئێران و ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا لە ئاڕادایە و لە لایەن بەرخۆدانێکی بەهێزەوە نوێنەرایەتی دەکرێت کە دەتوانێت بە خێرایی “کات” بە قازانجی گەلی ئێران بگۆڕێت و دیکتاتۆرییەت لە ناوخۆی ئێراندا بخاتە خوارەوە. بە واتایەکیتر، تاکە رێگای دەربازبوون لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، وەستانە لە تەنیشت خەڵک و موقاومەتی ئیران، لە پێناو پێشخستن و سەرخستنی شەڕی سەرەکی لە بەرانبەر رێژیمی ئێران لە ناو سنوورەکانی ئێراندا!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





گـرنگـییەکانی چـیرۆک لە گـۆڤـارەکانی منـداڵان.. رەزا شـوان

گۆڤـارەکانی منـداڵان، ئەو گۆڤـارە نووسراو و چاپکـراوانەن، کە بەپـێی قـۆناغـەکانی تەمـەن و گـەشـەکـردنی منـداڵان، بابـەتـەکـانیـیان بە تـایبـەتـین بـۆ منـداڵان، لەلایـەن گەورەساڵانەوە دەنووسرێن و ئامادەدەکـرێن و دەردەهـێنرێـن و چاپ دەکـرێن، دەشێ منـداڵان خۆشیان لە هەنـدێ لە گۆشـەکانی گۆڤـارەکان، بە بابـەتی سووک و کورت و ئاسان و ساکار بەشدارییان تێـدا بـکەن.
گۆڤاری منداڵان، یەکێکە لە هـۆیە گرنگەکانی میـدیـای منداڵان. سەرچاوەیەکی گرنگە لە سەرچـاوەکانی رۆشـنبیریکـردنی منـداڵان. کە بە زمـانـێکی ساکار و شـیریـن و بە شێوازێکی ئەدەبی و هـونەری ناسک و جـوان، بە وێنەی رەنگاوڕەنگ، بابەتـەکانی ئامـادەدەکـرێـن و دەڕازێـنرێنەوە. ئـەم تایبەتـمەنـدییانەش وایـان کـردووە، کە لەگـەڵ سەرچـاوەکانی تری رۆشـنبـیریی منـداڵانـدا جیـاوازی هـەبێـت، چونکە گـۆڤـارەکـانی منـداڵان دەتـوانـن بـە ئـاسـانی، سـەرنـجی منـداڵان رابـکـێـشـن و چـێـژ و سـوود لـە خـوێنـدنەوەی بابەتە هەمەڕەنگەکانیـان وەربگـرن و بە سەیـرکـردنی وێنـە جـوان و رەنگاوڕەنگەکـانیان دیـدەیـان رۆشـن بـکەن. واش لە منـداڵان بـکەن، کـە هـۆگـر و هـاوڕێی هـەمیـشەی گـۆڤـارەکانی منـداڵان بـن و لایـان شـیریـن ببـن.
گۆڤارەکانی منداڵان، ناوەنـدێکی گـرنگـن بۆ پاراستن و بۆ گواستنەوەی رۆشـنبیری و بەهـا و داب و نەریتە رەسەن و جوانەکانی کۆمەڵ بۆ نەوەی داهـاتوو. هـۆیەکی زۆر گـرنگیشن لە هـۆیەکانی پەروەردەکردن و فـێرکـردن و ئاراستەکـردنی ناڕاستەوخـۆی منـداڵان. گۆڤارەکانی منـداڵانی کورد، هـۆ و هـانـدەرێکی گـرنگـیشن بۆ گـۆشکـردن و پەروەردەکردنی منداڵانی کوردمان، بە رۆحی کوردایـەتی و بە کوردستان پەروەری و بە خۆشەویستی مرۆڤایەتی. هـۆیەکی گـرنگـن بۆ ئاشناکـردنی منـداڵانی کوردمان، بە مێژووی پڕ لە سەروەری گەلەکەمان و بە جوگرافیا و بە سروشتی جوانی کوردستان. هـۆیەکـن بۆ ناسانـدنی سەرکردە و کەڵـە تێکۆشەران و ناودارە نەمرەکانی گەلەکەمان
بە منداڵانی کورد. هـۆیەکی گرنگیشن بۆ فێرکردنی منداڵانی کوردمان بە خۆشەویستی
و شانازی کردن، بە بەرگـریکردن و بە پاڵەوانێتی و گیان فـیدایی پێشمەرگە و گەریـلا شەرڤانە قارەمانەکانی کوردستان، کە بوونەتە هـێما و سیمبولی ئازایەتی و پاڵەوانێتی لە جیهاندا. گۆڤارەکانی منداڵانی کورد گەشە بە بەهـرە و حەز و ئارەزووەکانی منداڵان دەکەن و ئاسۆی بیـر و ئەنـدێشەیان فـراونتر و گەشتر دەکەن. سامانی وشە و رستە و فەرهـەنگی زمـانەوانیشـیان دەوڵەمەنـتر دەکـەن.
چیرۆکی منداڵان ئەو گـێڕانەوە نووسراوەییەیە یا زارەکییەیە، کە بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسـراون. مەبەسـت و پەیـامێکی: پەروەردەیی، نیشـتمانی، کۆمـەڵایەتی، هـونـەری، مـۆراڵی، زانـسـتی و زمـانەوانی، یان چـێژ و خـۆشی لەخـۆدەگـرێـت.
چـیرۆکی منـداڵان، بە ئامـرازێک بۆ بـڵاوکـردنەوەی کولـتوور و زانسـت و زانیـاری و فەلسەفـەکـان دادەنـرێـت. یەکـێکە لە کـاریـگەرتـریـن جـۆرەکـانی ئـەدەب لە دەروونی منـداڵان و گەورەسـاڵان. هـۆکـارێکی گـرنگـیـشە بۆ بنیاتنـانی کەسـایەتیی دروسـت و هاوسەنگی منداڵان. چیرۆک لەلای منداڵان پێگەیەکی دیاریکراوی گرنگ و جیـاوازی هـەیە و لە سەرووی ژانـرە ئەدەبییەکانی دیکەوەیە. بەو چـێژ و هـێزە کـاریگەرییەی کە هـەیەتی، زیـاتر لە ژانـرە ئەدەبییەکـانی دیکە، کاریـگەریی لەسەر منـداڵان هـەیە. سەرچـاوەی ئەم گـرنگییە لەوە دایە، کە چـیرۆک زیـاتر گـوزارشت لە پێویستییەکانی منـداڵان دەکـات، بـۆ گـەڕان و ناسیـنی جیهـانی دەوروبەریـان. لە راسـتـیـشـدا ژیـانی مـرۆڤ لەدایکـبوونـیەوە تا کـۆچکـردنی، بـریتـیـیە لە زنجـیرە چـیرۆکـێکی شـیرین و تـاڵ، یان لە رۆمـانـێکێ درێـژ، کە بە دوا مـاڵـئـاوایی کـۆتـایی دێـت.
لەسەر ئەم بنەمایە، دەکـرێ لەو هـۆکارانە تێبگەین، کە بۆچی چیرۆک پانتاییەکی زۆری لە گۆڤارەکانی منـداڵان گرتووتەوە، بە گۆڤـارە کوردییەکانی کوردستانیشەوە. کە لە هەر ژمارەیەکدا، چیرۆکێک یان دوو چیرۆک بۆ منداڵان، بە وێنەی کێشـراوی رەنگاوڕەنگی جـوانەوە بـڵاودەکـرێنـەوە. چـونکە سـتافی ئـەو گـۆڤـارانـە، ئـەوە دەزانـن کـە چـیرۆک ئاسانـتریـن رێـگایە، بۆ گەیـانـدنی پەیـامـە پـەروەردەیی و نیشـتـمانی و کـۆمەڵایـەتی و رەوشتی، بە منـداڵانی هـۆگـری خـوێنـدنەوە. کار بۆ ئەوە دەکەن، کە کۆمەڵێک بەهـای بـەرز و سـۆز و رەوت و بیـرۆکە و زمـان و تـوخـمەکـانی رۆشـنـبـیری و زانسـتی بـۆ منـداڵانی خـوێنـەر دابـین بکەن. بەشـدارن لە پـێکهـێنانی شـێوازێکی جیـاوازی تەواو، لەگەڵ ئـەو منـداڵانەی کە خـوێنـەر نیـن.
ئەو چیرۆکە وێنەییانەی کە لە گۆڤـارەکانی کوردستانـدا بڵاودەکرێنەوە، لە گۆڤـارەکانی (پەپـولە، هـەنـگ، سڤـۆرە، لەتیف هەڵـمەت، لاپەڕەی منـداڵان لە رۆژنامەی هەولـێر) یان لە گۆڤـارەکانی پێشتردا بڵاوکـراونەتەوە، یان لە سایتە کوردییە ئەلیکـترۆنییەکانـدا بڵاکراونەتەوە و بڵاودەکرێنەوە. رۆلێکی گرنگیان هەبووە و هەیە لە رۆشنبیریکردن و لە ئاراستەکـردنی منـداڵانی نەوەکـانی پێشتر و نەوەی ئەمـڕۆێ کـورد. کە گەشـبینبن و متـمانەیـان بە تـوانـاکانی خۆیـان هـەبێـت، لە دروسـتکـردنی داهـاتـوویەکی گـەشـتر و گەیشتن بە هیـوا و ئامانەنجە خوازراوەکانی کورد و کوردستانی نیشتمانی پیـرۆزمـان.
تا ئێستا بە دەگمەن باس لە رۆڵ و لە گرنگییەکانی چیرۆکەکانی منداڵان لە گۆڤارەکانـی کوردستان بۆ منـداڵان کـراوە. بویە هـیوادارم کە لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بکـرێـت. زیـاتر تیشک بخـرێتـە سـەر ئەم بـوارە و هەڵـیـانـبسەنگـێـنن.
ئەوەش دەپـرسـین، ئایا ئەو چـیرۆکانەی کە لە گۆڤـارە کوردییەکانـدا بڵاوکـراونەتەوە و بڵاودەکـرێنەوە، توانیویـانە رۆڵی خۆیـان لە پەروەردەکـردن و لە رۆشـنبیریکـردن و لە بە نیشـتمانیکـردن و بە کـۆمەڵایەتیکـردنی منـداڵان کـورد، بینـیون و دەبیـنن؟ تا ئێـستا تـوێـژینەوەی ئاکـادیمی نەکـراوە. بە وردی تیشک نەخـراوەتە سەر پەیـام و نـاوەڕۆکی ئـەو چـیرۆکانەی لە گۆڤـارە کوردییەکـانـدا بـڵاوکـراونەتـەوە. تا ئەمـڕۆش رێـکارەکانی میـتـۆلـۆژی (مەنهـەجی) بۆ لێکـۆڵـینەوە لە چـیرۆکەکانی منـداڵانی کورد لە گۆڤارەکانی کوردستان بۆ منداڵان روون نەکـراونەتەوە. لەوانەش دیاریکردنی بابەت و ئامانجەکانی چـیرۆکەکـانی منـداڵان لە گـۆڤـارە کورییـەکـان بـۆ منـداڵان. هـەڵـسەنگـانـدن و رەخـنەی ئەدەبـیـمان نەبـووە و نیـیە، بـۆ لـێکـۆڵـیـنەوە لە لایـەنی ئەرێـنی و نەرێـنیـیان، باشی و خـراپیـان، بەهـێـزی و لاوازییـان.
گۆڤـارەکانی منداڵان، رۆڵ و گرنگییەکی چارەنووسسازیان هـەیە، لە بنیاتنانی مێشک و هـزری دروستی منـداڵان. هـۆشـیاریـان دەکـەنەوە و هـانیان دەدەن بـۆ خوێنـدنەوە و بۆ خۆرۆشنبیریکردن. گـۆڤارە کوردییەکان بۆ منداڵان، یارمەتیی منداڵانی کورد دەدەن، کە بە دروستی فـێری زمانی کوردی ببن. هـانیشیان دەدەن بۆ نووسینی چـیرۆک و شیعـر.

گۆڤارە کوردییەکانی منداڵانی کورد، گۆڤاری گشتین، بۆ تەمەنێکی دیاریکراوی منـداڵان نین. بە زۆری بۆ منـداڵانی تەمەنی (هـەشـت بۆ دوانـزە) سـاڵانـن. گـۆڤـاری تایبـەتیش نیـن و هـەمـوو بابەتـێکـیان لەخۆگرتوون. کاتی دەرچـونیشیان دیاری نیـیە. تیـراژشیان زۆر کـەمـە و بە هـەمـوو شارەکانی کوردسـتان ناگـەن. زۆر بە داخەوە کە لەو گۆڤـارە کوردییـانەی کە لەسەرە ناویانـم هـێـناون، یەک دانـەیـان بـۆ کـتێبفـرۆشەکانی کەرکوک لێ نانـێـرن؟! مـن سێ ساڵ پێش ئێستا، ئەم گلەییەم گەیـانـدە بـرای بەڕێـزم، مامۆستا نەریمان عـوسمان، لە سـتافی گـۆڤـاری پەپـولە کە لە سلـێـمانی دەردەچـێـت. بەڵـێنیان دا، کە لەمەوە دوا، لە هەر ژمارەی پەپـولە چەنـد دانەیەکی بـۆ کتێبخانەکانی کەرکـوک لێ دەنێرن. بەڵام وا دیارە هەر بەڵین بوو، چونکە ئەمساڵ لە سێ کتێبخانەی سەرەکی کەرکـوکـم پـرسی ئایـا گـۆڤـاری پەپـولەتـان بـۆ دەنـێـرن؟ لە وەڵامـدا وتـیان نەخـێـر.
دووبـارە داوا لە ستافی گـۆڤـاری پەپـولە و هـەنـگ دەکـەم، کە لە هـەر ژمـارەیەکـیان، چەند دانەیەک بۆ کـتێـبخانەکانی شاری کەرکوک (دیالۆگ) یا (باباگـوڕگـوڕ) یا (کارێز) بنـێـرن. بـۆ ئـەوەی منـداڵانی کـوردمـان، لـەم شـارە بێـنـازەی کوردســتانـدا، هـۆگـری خوێندنەوەی بابەتەکانی ئەم گۆڤارانەی منداڵان ببن. رۆڵی چەنـد سایتێکی ئەلیکترۆنی کوردی بەرز دەنرخێنین لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ئەدەبیات و پەروەردەی منـداڵان.

دوبـەی: ٢٠٢٤

رەزا شـوان




سۆناتای ئازار.. ستیڤان شەمزینی

ھەمیشە بیرم کردۆتەوە
چنینەوەی ماچی لێوەکانت
چارەنووسی منە
خواردنەوەی پێکی پەژارەکانت
بەشی منە
ھەڵمژینی ئۆکسژینی دووریت
ھەناسەی منە
نقومبوون
لە زەریای لەشی ناسکتدا
داستانی منە
بە چارەنووس و بەش و
داستانی خۆم رازیم


من و تۆ ھەردەم پێمانوایە
ئایەتەکانی عەشق
تەرجەمە دەکەین
بۆ سەر زمانی ئەم چەرخە دڵڕەقە
سروودە کۆنەکانی خۆشەویستی
بۆ لاواندنەوەی گوڵ
نۆژەن دەکەینەوە
ئەو دەمەی دنیا
غەرقی کابووس دەبێت
بە کەشتی ئەوین دەپەڕینەوە
چەند بەختەوەرین لەگەڵ یەکتر
من و تۆ


جیھانی مێشکم ھێندە ئاڵۆزە
بە ئاستەم خۆمم پێ دەناسرێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە ھاڵاو
خۆم ئەبینم شەپۆلی گڕ ئەمبات
لە ئاسمانی خەیاڵەکانمدا کڕێوەیە
بەفر ئەبارێت
رەش وەک چارەنووسم
لەژێر ساباتی دڵمەوە “با” ھەڵدەکات
ھەڵمدەگرێت بۆ بەر دەرگای تۆ
ئەی ئەو ژنەی
خۆر لە چاوەکانتەوە ھەڵدێت
مانگ لە ناو لەپی دەستتدا
ئەدرەوشێتەوە
جیھانی مێشکم ھێندە قەرەباڵغە
وەھا پڕت کردووە
جێگەی خۆم نابێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە لافاو
کوخی بیرکردنەوەم ئاو ئەیبات
لەسەر پەڕەی دڵم نیگار ئەکێشم
چ نیگارێک؟
نیگاری تۆ
کە باراناوی فرمێسک
توانای شۆردنەوەی نەبێت
ئەی ئەو ژنەی لەو میتاڵە پیسە
منت بەو پاکژییە خوڵقاند


چەند قورسە
ئەو ئازارەی من
کێوی تەمەنم
لە بنیدا وردوخاش بوو
بیرم نایەت کەی ئازارم ناسی
لە ھەموو شوێنێک
لەگەڵمدا رێ دەکات
لە ھەموو کاتێکدا
پێمەوە نوساوە
میوانێکە
لە رێی دوورەوە ھاتووە
لە ناو چیمەنی رۆحمدا دەحەسێتەوە
“نای”یەکی گرینۆکی دەنگ ناخۆشە
لەناو سەرمدا گوێم لە زرنگانەوەیەتی
ئای ئازار
ھاوڕێیەکی چەند ھاروھاجی
بەرد ئەگریتە
ئاوێنەی روونی وجودم
چەند سەختە ئەو ئازارەی من
پرتەقاڵی گەنجیم
لە ژێر پێیدا فلیقایەوە
نازانم کەنگێ بوو
خۆی کرد بە ماڵی ژیانمدا
لە ھەموو جێگەیەک
تارمایی ئاسا بە دوامەوەیە
لە ھەموو وەختێک
لەسەر رێی شادیم وەستاوە
بۆنێکی گەنیوی دۆزەخە
ھەموو رۆژێک
لەگەڵ ھەوادا ھەڵدەیمژم
تاوە تەرزەیەکی رەشی قەترانییە
خۆی بە لچکی کراسی
رۆژگارمەوە دەگرێتەوە
ئای ئازار
بیرێکی چەند قووڵیت
وەک یوسفێک
بێ چارە کەوتوومەتە ناوتەوە

ستیڤان شەمزینی





دوو شیعری شەماڵ بارەوانی

دەڤەری بێدەنگی

لەو دیوی خەونێکی هەڵکڕوزاوەوە هاتووم

شیعرەکانم بۆنی پیرییان لێ دێت

من لەمێژە هەڵوەرینم کردووەتە ئەدرەس و
هەموو وشەکانم ڕەنگی ماتەمیان گرتووە

لێم گەڕێن تکایە، دەمەوێ بڕۆمەوە دەڤەری بێدەنگی و
هەرێمی بێتاقەتی بکەم بە نیشتیمانی ئەبەدیم

دەمەوێ ببم بە هاوەڵی سەراب و
لە کەنار دەریای نا ئومێدی لەنگەر بگرم

تاقەتی هیچ شکستێکی ترم نەماوە
چیتر بەرگەی وەرزێکی تری پاییز و هیچ دۆڕانێکی تر ناگرم

گوتم من پیاوی عیشق نیم نا، ئەوە بۆ تێناگەن.

ئاستانەی ئامێز

حەزەکەم
لە ئاستانەی ئامێزت دا کەسێکی بێ حەوسەڵە بم
ببم بە گوڵ و لە ئینجانەی ڕۆحتدا سەوزبم

حەزدەکەم
ببم بە هەڵۆی ماچ و لەسەر لوتکەی لێوت بگیرسێمەوە
ببم بە ناونیشان و لە هەواری هۆنراوەکانت بتوێمەوە

حەزدەکەم
ببم بە پێنووس و دەفتەری بوونت پڕکەم لە وردە خەون
ببم بە حەرف و لە ئامێزی دێڕەکانت فەنابم
هاوشێوەی خودا و کەون

حەزەکەم
ببم بە ڕەنگ و بخزێمە چوارچێوەی میهرەبانیت
ببم بە ئاوی دیدە و
بڕژێمە ناو چۆمی چاوەڕوانیت

شەماڵ بارەوانی




چیرۆک\ ئاوماڵک.. عومەر سەید

بە پێی گێڕانەوەی بنەماڵەکەمان، باپیرە هەرە گەورەمان، یەکێک بووە لە دوانزە سوارەی مەریوان. نازانم ئەمە تا چەند ڕاستە! بەڵام بە دڵنیاییەوە دەزانم باپیرەم، یەکێک بووە لە سوارچاکانی هاوڵی شێخ. لە شەڕی ئاوباریکدا، هێندە قارەمانانە بە پێوە جەنگاوە. فیشەکێک بنا گوێی دەسمێ و تا مردن بێ ئەوەی لە پرسیاری بەرامبەرەکەی تێبگات، بە سەعات وەڵامی داوەتەوە. باوکم کە خۆم شاهیدم، بەشداربووە لە هەموو شۆڕشەکانی ڕۆژگاری خۆی. خۆم سێ چوار جار بینەری ڕەو و ماڵ سووتان و کۆمەڵکوژیم. نیوەی ئەوانەی دەمناسین، گۆڕغەریبن و نیوەکەی تریشیان بۆ ئەو نیوەیە دەگریان و ئازاریان دەچەشت. لە سەرجەرەی بنەماڵەکەمدا نزیک بە پێنج سەد ساڵی، هەر جەنگ و ململانێی خوێناوییە. تیایدا، دەیان باوک، شەهیدە. سەرجەلەیەکە گەر بە خەیاڵ وێنایی بکەیت و لەو هەموو ناوە سەیر سەیرەی پیاوانی سمێڵ بابڕ چاو دابخەیت. یەک پارچە، ژنانی گرینۆک و ڕەشپۆشی وێرانەحاڵت بۆ دەردەکەوێت.
بە کۆی گشتی، هەموو ژنان، هەموو دایکەکان، ڕەشپۆشن. وەک چۆن هەموو ساڵەکان بە سووتانی گوندەکان ڕەشن.
تایبەتمەندییەکی تری بنەماڵەکەمان، ڕۆیشتنە بەدەم خەوەوە! یەکێ لە گەریدەکان کە وابزانم ناوی ڕیچە، دەڵێت: یەکێک لەو دوانزە سوارە، پەرەجۆیەک بوو بۆ خۆی! بەسەر ئەسپەکەیەوە، وەک ئەوەی لە خەودا بوبێت. بە هەر چوار لادا شمشێر و ڕمی دەوەشان و دۆژمنی دەخستە ژێر چوار پەلی ئەسپەکەیەوە. بە دڵنیاییەوە ئەو سوارەییەیان، کە ڕەنگە یەکەم یان دەیەمییان بووبێت. باپیرەگەورەی من بووە. نەک ئەوەی وەک لە خەودا بووبێت، بەڵکوو هەر بە ڕاستی لە خەودا بووە و هەر بەدەم خەوەوە ئەو قارەمانییتیەی بۆ مێژوو تۆمار کردووە.
من هەمیشە بەدەم خەوەوە دەڕۆیشتم. برا و خوشکەکانیشم. باوکە پیرەکەم، دوای ئەو هەموو خەباتەی کە هەمیشە وەک حیکاتخوانێک، نەبەردییەکانی خۆیی و هاوڕێیەکانی تیادا دەگێڕایەوە. یەکەم جار بەدەم خەوەوە. چوو بە گژ براکەیدا و شار بە دەری کرد.
هەموو نیوە شەوانیک بەدەم خەوەوە دەچووە نێو ئاوایی و لە دەرگای ماڵانی دەدا و لە خۆڕا خەڵکی بێزار دەکرد. دەچووە نێو باخەکان و ڕێڕەوی جۆگەلە ئاوەکانی دەگۆڕی! بەری میوەکانی دەڕنی کە هێشتا کاڵ بوون! دەرگای گەوەڕ و پەچەکانی دەخستە سەر پشت! تا بەرەبەیان، نێو ئاوایی دەبووە حەشر لە دەنگگەلی مێگەلدا! بە دەنگ و ڕیتمێکی سەیر، ورچەکانی بانگێشتی سەر کورەی هەنگی دەرودراوسێ دەکرد. ڕەنجی ساڵێکی هەنگەکان و خاوەنەکانیانی دەساوییە لچی ئەستور و زمانی درێژیان. ڕەمەزانان، بە دزی مجێوەرەکەوە دەچوە ماڵی خوداوە و سەعاتێک بەر لە بانگی بەیانی، بانگی دەدا. ژن و پیاوان پێکهەڵدەپژان، دەبووە شەڕیان. بێ پارشێو نییەتی ڕۆژوویان دەگرت.
هەموو خەڵکی ئاوایی ڕەزالەتیان بوو بە دەست کۆنە خەباتگێڕەوە.
بە تەنها دایکم ئەم خووەی ئێمەی نەبوو. ئەو لە نەسەبێکی تر بوو، بۆ نەگبەتی کەوتبووە لای باوکمەوە و تووشی ببوو بە تووشی ماڵباتێکی خەوڕەوەوە. شەوان کە ئێمە کۆمپلیت بە دەم خەوەوە کەتنمان دەنایەوە! ئەو دەبوایە هەرگیز بێ خەم نەنوێت و هەمیشە ئێشکگری ئێمە بێت. داماوە هەموو نیوەشەوانێک، بە دیار ئاگردانەکەوە، یان لە موبەقەکەدا، بە ئاستەم چاوی دەچووە خەو و تا بەرەبەیان وەنەوزی ئەدا.
هەندێ شەو، من و براکانم لەسەر جێگاکانمانەوە بەرزە پێ ڕادەوەستاین و وەک ئەوەی لە ژێر کاریگەری جادوویەکی سەیردا بین. وەک ئەوەی دوژمنی باوەکوشتەی یەکتربین، بێ ئاگا و گێژ، تاوێک لە یەکمان دەڕوانی و پاشان وەک گای هار تێکبەردەبووین و هەموو سەروگوێلاکی یەکمان خەڵتانی خوێن دەکرد! شەویش بووە، خوشکەکانمان، چنگیان لە پرچی یەک گیر کردووە و پڕ بە ماڵەکە و پڕ بە گوندەکە زریکاندویانە! لە هەموومان شێت تر، برا بچووکەکەمان بوو! بە ڕۆژ تا ئێوارە بە دارلاستیکێکەوە ڕاوە چۆلەکەی دەکرد و دەیکوشتن. دەیکوشتن و هەر بە دەست، ڕووە و قیبلە ملی هەڵدەکێشان و هاواری دەکرد. بە نییەتی چەقۆ خودایە! شەوانیش بەدەم خەوەوە، لە عەمبارەکەی باوکم، بە جاغ گەنمی دەدزی و دەیبرد و ڕۆیی دەکردە ژێر درەختەکان. پڕ بە شەوەکەش هاواری دەکرد. باڵندەکان فریشتەی خودان.
بە درێژایی شەو پڕ ئاشوب بووین. بەیانیانی زووش، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت! پێکەوە لەسەر سفرە، بەرچاییمان دەکرد و خەونەکانی شەوێمان بۆ یەک دەگێڕایەوە! کە خەون نەبوون و ڕاستی بوون. برا هەرە چکۆڵە هەرە لاسارەکەشمان، ئەوی هەمیشە شقارتەیەکی لە گیرفاندا بوو. بەدەم خەوەوە دەچووە نێو باخ و باخاتی خەڵکەوە و هەرزاڵی باخەوانەکانی دەسووتان! تا بەرەبەیان بە دەوری گڕی دار و قامیش و گەڵایی وشکدا، بەدەم خەو و هەڵپەڕکێی سێ پێییەوە، هاواری دەکرد. جەژنە، جەژنە، جەژنی ئازادی…
ئەو بەرەبەیانییەی بە دەم خەوەوە کەوتە نێو کێڵگەی مینەوە و هەپرون بە هەپروون بوو، هێشتا بۆنی شیری خاوی لێدەهات. خوشکێکم، بە دەم خەوەوە و لە ڕێی کانی زگەکەیی دانا کە کچۆڵەیەکی خرپن و سپی، ناونرا کانی، بەڵام ساڵێکی نەبرد بۆ ئەبەد وشکی کرد.
لە هەمووی سەیرتر، مامە شەلەکەم بوو! بە ڕۆژ لە دیوەخانەکاندا سوڵحی عەشایەری دەکرد. بە دەنگی بەرز بە پیاو ماقوڵانی گوندی دەگووت، بەسە ئیتر من قسەم تیادا کردوە و عەیبە… کەچی بە شەوان، بەدەم خەوەوە، بە دزییەوە کلکی ماکەرەکانی دەقرتان و ئاگری بەردەدایە عەمبارە پڕ گەنم و زەخیرەکان! دەرپێی سەر تەنافی ژنە ڕەسەنەکانی دەدزی و فڕێیدەدایە حەوشەی بێوەپیاوەکانەوە. ئەتواری قۆڕی مامم، هەمیشە دەیان کێشە و گۆبەندی دەبردە دیوەخانی ڕیش سپێیکان و هەر خۆیشی چارەسەری دەکرد.
لەویش سەیرتر، ئامۆزا کەرەکەم بوو! بە ڕۆژ تا ئێوارە، باسی مێژووی سەروەری تیرە و تایفەکەمانی دەکرد. بەرۆکی بە ڕێبواران دەگرت و هەمیشە و هەزار جار دەیوت ئێمە. کەچی شەوان بەدەم خەوەوە. ژمارەی باخ و خاوەنەکانیان، ژمارەی سەر مەڕ و خاوەنەکانیان. تەنانەت ژمارەی شارە مێرولەی سەر ڕێگاکانیشی لە ڕاپۆرتی شێوە خشتەییدا، دەبرد بۆ مۆڵگەی دوژمنی دیار ئاوایی.
شەوێکیش برا ناوەنجێکەم، هەر بەدەم خەوەوە. هەڵدەکوتێتە سەر کوونە گورگێک و بێ ترس، هەر چوار بەچکەی گورگ دێنێتەوە ناو ئاوایی! بۆ شەوی دواتر گەلەگورگ دەدەن بەسەر ئاواییدا و زیاد لە سەد و هەشتا سەر مەڕ و بەرخۆلە مردار دەکەنەوە.
هەر ئەو شەوە ئەنگوستەچاوە، هەورێکی چڵکن لایی باشورەوە هات و دایکردە شەستەباران. هێندە توند و لەپڕ بوو بە لافاو، کەس فریایی نەک ماڵوحاڵ، تەنانەت خۆیشی نەکەوت! بارانێکی سوورباوی بە بۆن، بۆنی مەرگ و بارووت. لرفە و هاژەی، سێڵاوی بە تەوژم، بۆنی تیژی بارووت، باهۆزێک بە گڤەگڤ و وژەوژ، هەموومانی ڕاپێچ کرد. بەدەم خەوەوە و بێ ئاگا، خێرا و تەپاوتل دەیبردین. وەک چیلکەو چاڵ، پەڕۆوپاتاڵ، تا ئێرەی هێناین.
بیرم نەچێ ئێستا کە ئەم وردە چیرۆکانەتان بۆ دەگێڕمەوە. مردوویەکم و لە گۆڕەکەم هاتوومەتە دەرەوە. هەر بەدەم خەوەوە ڕاپێچی ئێرە کراین و لم دایپۆشین.
ئێستا دایکیشم هەر وەک ئێمە، بەدەم مەرگەوە دێت و دەچێت! هەموو شەوێک، سێ پای مەشکەکەی دەخاتە سەر شان و دەگەڕێت. بستێ زەوی ڕەقەڵەی دەستناکەوێت تا سێ پاکەی لەسەر گیربکات و مەشکەدۆی خۆی بژەنێت. بەردەوام دەڵێت. قوڕم پێوەدا، ئەمە کەی مەملەکەتە! هەر لم و بۆشاییە، بستێ زەوی ڕەقەڵە نادۆزیتەوە!
باوکم هەردوو دەستی خستۆتە پشتی و مات و توڕە، پشت کوڕ و شان داتەپیو، ورد ورد بەسەر لمەکەدا هەنگاو دەنێت و جگە لە شوێن پێیەکانی، هێڵێکی سەیریش لە گڵۆڵە بچوکەکەی تەسبیحە شۆڕەکەی بە دوای خۆیدا بە جێدێڵێت کە بەسەر لمەکەدا دەخشێت. باوکم بەردەوام دەڵێت. تف لەو ژیانەی ئێمە ژییاین، تف لەم مردنەی ئێمە مردین…
خوشکەکانیشم بەدەم مەرگەوە، دەستەکانیان هەڵبڕیوەتە سەر سەریان بە وێنایی هەڵگرتنی گۆزەیەک! بەردەوام بە بیابانەکەدا، بە دوای کانییدا دەگەڕێن.
شەوێک بڕیارمدا بەدەم مەرگەوە، ملی ڕێی دوور بگرم و بگەڕێمەوە ئاواییەکەی خۆمان. باوکم وتی نەکەی ڕۆڵە، دوورە و هەرگیز ناگەیت. دایکم وتی، ڕۆڵە تۆ شارەزای ڕێگاکە نیت، بەدەم مەرگەوە زەحمەتە و خۆت بە فەتارەت مەدە! وتم بە شوێن پێی لافاوەکەدا هەنگاو هەڵدێنم، بە هەمان ڕێڕەوی ئەودا دەگەڕێمەوە، هەر دەڕۆم. یا دەگەم یان بەدەم مەرگەوە دووبارە دەمرم.
مەغریبێک، دەستی ماڵئاوایم هەڵبڕی و کەوتمەڕێ. هێشتا گەورەکچانی گۆڕغەریب بێدارنەبوبوونەوە. لە دوامەوە زۆرێک لە تیرە و تایفەکەم، لە گۆڕە بە کۆمەڵەکەوە هەستابوونە سەرپێی و تەماشایان دەکردم. هەموو پێکەوە بانگیان دەکردم و ڕاز و نیازییان هەبوو. تا لە چاویان بزر بووم، دەنگەلی ئەوان لە گوێیەکانمدا دەزرنگایەوە. سەرێ بکە بە حەوشەی ماڵەکەمدا، بزانە چی ماوە لە عەمباری گەنم و چی ماوە لە کای ناو کادان؟ لەبری من بچۆرە سەر کانی چاوقرژاڵ و بە خەیاڵی منەوە دوو گوێل ئاو بخۆرەوە تا من لێرەوە سوکنایی و فێنکایی بێتە ڕۆحمەوە. دەنگێک دەیوت، لە ئاوایی بچۆرە دیار پەنجەرەی ماڵەکەم و لێی بدە. بزانە دوای ویشومەی لافاو، ئاوەدانە؟ دەنگێکی تر هاواری دەکرد. کەس لە دوایی ئێمە جێماوە؟ گەر هەن، هەر بە دەم خەوەوە ژیان دەکەن؟ وەک ئێمە کە بەدەم مەرگەوەوە و لە نێو لمدا ژیان دەکەین! ئەی ئەوان بە دەم ژیانەوە چۆن چۆنی دەژیین؟ دوا سەدا، پیرە خوشکە بێوەژنەکەم بوو. نوزەڵەی کزی بە بیابانەکەدا، خاو و بە ئاستەم دەهاتە گوێم. هێندەی نێو لەپێ، قەتماغەی هیزی بن سەقفی تەنوربانەکەم لەگەڵ خۆتا بە دیاری بۆ بهێنەرەوە. ئەم گەورەخوشکەم، بە ڕۆژ پیاوەکەی دارکاری دەکرد و بە شەوانیش، بەدەم خەوەوە، لە تەنوربانەکەدا بە دەرزییەک، دەکەوتە سیمای تەڵخی خۆی و خاڵی شێوە سەیری لە ڕوومەت و چەناگەیدا دەکووتی.
هەموو دەنگەکان، تێکڕا دەیانوت، ئێمە لێرەین، ئەوان لەوێ چۆن دەکەن ژیان؟ هەر بە دەم خەوەوەن؟
بیابانم بڕی، بە دەشت و هەردەی فراواندا هەنگاوم هەڵهێنا. بە زنجیرە تەپۆڵکەی پڕ کەندڕ و پێچەڵ پێچەڵدا هەڵزنام، بە چەمی بەردەڵاندا ڕێگەم دایەبەر. تا گەیشتمە چەم و چیایی هەزار بە هەزار، بناری ڕەوەزی سەخت و باخ و باخاتی سووتاو. دڵ و دەرونم پڕ بووەوە لە هەوای پاکی نیشتمان، جێنزرگەی باووباپیران. توولەڕێی بنارم گرتەبەر و پاش سێ ڕۆژی مەرگڕەوی. گەیشتمەوە شوێنەواری خاپور و سووتاوی گوند.
بە یاڵی گردە سورکەڵەدا، کە دەڕوانێتە سەر ئاوایی داگەڕام. گەیشتمە نێو داروپەردووی سووتماک. خاپوور و وێرانە جێنزرگەی باووباپیران! تۆپەڵی خانووی توواوە، داروپەردووی ڕەشداگەڕاوی سەقف و ڕاجەی بە خەڵوزبوو! گەڕام و چاوم گێڕا. هیچ شتێک سەرنجی ڕانەکێشام، هیچ شتێک وەک خۆیی نەمابوو! هەرگیز لەوە ناچێ لێرەدا مرۆڤ ژیابێت! هەڵکشام بەرەو ڕیزە تاوێرەبەردی سەرووی ئاوایی. تەنها ئەو تاوێرانە وەک خۆیان مابوون. بەرد بە ئاسانی لەبەین ناچێت. ئەوان تۆماری هەموو مێژون. ناوی خۆم و هاوئاواییەکانم، وەک خۆیان ماوەن. ئەمە ناوی خۆمە کە بۆ یادگاری لە کەرتە شاخەکە هەڵمکۆڵییوە. ئەمەش جێ پەنجەی هاوڕێکەمە، وەک خۆیی ماوەوە و هەر دەڵێی ئەمڕۆ نووسراوە. لە مێژووی مرۆڤەکانی ئەم گوندە، تەنها ئەم نووسینە خواروخێچانە ماوە! ئەم یادگارییە کرچوکاڵانە کە زەمەن بۆیی نەسڕاونەتەوە! کوا دەنگگەلی مەڕوماڵات. کوا سەدایی بانگی مەلا، کە پڕ بە ئاوایی هاواری دەکرد، حەییە عەلەل فەلاح. کوا فەلاح و کوا خاکی بە پیت!؟
داگەڕامە نێو داروپەردووی تێکڵڕژاو. تەپوڵکەی ئێرەو و ئەوێی دیوەخان و حەسار و عەمبارەکان، بە گیاکەڵە و دڕکوداڵ داپۆشراون. ڕێگەی پێچەڵپێچەڵی نێو گوند، بە خۆڵ و خاشاک هێندەی بزنە ڕێیەکی لێ ماوەتەوە. پێچاوپێچ هەنگاو هەڵدێنم و دەڕوانم. دەگەمە ژێر دارتووە زەبەلاحەکەی بەردەم مزگەوت. ئەوەی ماوەتەوە، تەنها کۆتەرەیەکی سووتاوە، لە هەموو ماڵی خوداش، تەپۆڵکەیەک خشتی سووتاو کە تیایدا دەمی ژەنگگرتووی ئەو موکەبەرەییە دیارە کە پێنج فەرزە دەنگی “اللە اکبری” ی لێبەرز دەبووەوە.
لە لاپاڵێکی ئەولاتریش، بە ڕێکەوت چاوم چووە سەر تاوێرەبەردێکی ئاشنا! بە شێوە لاکێشەییەکەیدا ناسیمەوە. هەمان ئەو بەردەیە کە بە بەرزکردنەوەی خۆمان پێوە هەڵدەکێشا. ئێوارن لە ژێر سێبەری دار تووەکەدا، کوڕوکاڵ کۆدەبووینەوە و لە نێوان خۆماندا، پێشبڕکێی بەهێزی و خۆڕاگریمان لە ڕێگەی برزکردنەوەی چەندجارەی ئەم بەردە بۆ سەر سەرمان و ماوەیی خۆڕاگریمان لە ژێریدا، بۆ یەک دەنواند. تاقە ڕێگەی خۆهەڵکێشان و شانازیمان، تاقە ڕێگای سەرنجڕاکێشانی کیژانی گوند، هەر ئەم بەردە بوو. مێژووی هەموومان لەم بەردەدایە، جێ پەنجە و نێولەپمان، توێژاڵی عەرەق و قەتماغەی خوێنی سەری ئەوانەی لەژێریدا خۆیان بۆ ڕانەدەگیرا و بەسەریاندا دەکەوت و برینداری دەکردن. هەناسەی توندی هەناومان، ئەو کاتی لە ژێر قورساییەکەیدا هەموو جەستەمان دەلەرزی. هەمووی لەم بەردە پیرۆزەدایە. کەوا لێرە بێ ناز کەوتووە! دانەویمەوە و هەردوودەستم دایە و بە نیازی بەرزکرنەوەی. لەگەڵ بەرکەوتنی پەنجەکانم بە ڕەقی و زبرێکەی. تەزوویەکی سەیر بە ڕۆحمدا گەڕا و بەرچاوانم ڵێڵ هەڵگەڕا! هەستم بە گێژی کرد و هەموو دنیا بە دەورمدا دەخولایەوە، یان من بە دەوری بەردەکەدا دەخولامەوە. دەخولامەوە و لەگەڵمدا، زەمەن دەگەڕایەوە. کۆتەرەدارەکە چرۆی کرد. بە جوڵەی خێرا هەڵکشا و پەلوپۆی هاویشت! تا بووەوە دار تووە زەبەلاحەکە. خشتی توواوەی مزگەوتەکە خۆبەخۆ دەجمان و هەڵدەکشانە سەر یەک و بوونەوە بە مزگەوت. حەوزەکە خۆڕەیی ئاوی تێگەڕایەوە. لە هێکڕا و هاوکات هەرچی داروپەردوو هەبوو. کەوتنە جووڵە و گوند بە هەموو جوانی و وردەکارییەکانییەوە خوڵقایەوە! وەک ئەوەی هێزێک وتبێتی ببنەوە، هەموو شتێک وەک جاری جاران بووەوە. بوونێک پڕ پڕ لە دەنگی پاساری و مەڕوماڵات، پڕ دەنگگەلی مرۆڤ. من دەخولامەوە و بە بەرچاومەوە، سەدان دار و درەخت بە خێرایی چاو تروکانێک هەڵدەچوون و باڵا باڵا دەشەکانەوە. دەخولامەوە و بە هەر چوارلامدا، لە هەموو لایەکەوە، خشت دەچووە سەر خشت و هەڵدەکشان و دەبوونەوە خانوو. خانوویەلێک پڕ لەو بەرهەیوان و سەربانە فراوانانەی کە ژنانی چارۆکە لە کۆڵ، بە سەرییەوە جلیان بە تەنافەکاندا هەڵدەواسی.
دەشتی سووتاو و ڕەشداگەڕاو، لە هێکڕا هەڵدەگەڕایەوە و دەبووەوە کێڵگەی گەنم و فەریکەنۆک.
لەو چەند ساتە کورتەدا، خەڵکی ئاواییم بینی بە دەم خەوەوە، مژۆڵی کار بوون. یەک درەوی دەکرد و یەک گوێسەبانەی سواغدەدا.
کاتێکیش دەستم لە بەردەکە بەردا. سروشت گەڕایەوە شێوە ڕاستەقینەکەی خۆی. بە بەرچاومەوە، هەمو شتێک دادەروخا و دەسووتا. خشت لە خشت دەترازا، درەختەکان بە باڵای بەرزیان گڕ و ئاگر هەڵیدەلۆشین!
گەڕامەوە نێو داروپەردووی گوندێکی خاپورکراو. جارێکی تر دەستم دایەوە بەردەکە. دیسانەوە کەوتمەوە نێو گێژاوەوە! سەرلەنوێ دنیا نوێ دەبووەوە و هەموو جووڵەیەک ڕووە و ئاوەدانی دەبزوا. دیسانەوە داروپەردوو دەبوونەوە باڵەخانە و درەخت باڵایان دەکرد. هەر کە دەستیشم دەکێشایەوە. هەموو شت دەبووەوە خۆڵەمێش. هەر زوو تێگەیشتم ئەم بەردە، مێژووی هەموو ئێمەی لە خۆیدا تۆمار کردووە و ئاسایی نییە. وەک چۆن کێلەکەی حەموڕابی، تۆماری ئەبەدی یاسا و ڕێساکانێتی. ئەم کێلەبەردەش مێژووی هەموو ئێمە و ئاوایی و دار و درەختی لە ناو ڕەقی و زەمەنبڕی خۆیدا هەڵگرتووە. بیرم کردەوە لەگەڵ خۆمدا بیبەمەوە بۆ بیابان. بۆ لای هاوزمانە زیندەبەچاڵ کراوەکانم، ئەوانی بەدەم مەرگەوە دەجوڵێن. بەڵام هەرچەندم کرد بە ئاستەمیش بۆم نەبزوا، سەیرە! من کە بە دەم خەوەوە دەمتوانی سووک و ئاسان تا سەر سەرم بەرزیبکەمەوە بۆ تاوێکی باشیش بێ ماندوبوون و هەڵلەرزین لە ژێریدا خۆم ڕابگرم. کەچی بەدەم مەرگەوە ناتوانم بە ئاستەمیش بیجوڵێنم!
باشتر وایە ئەم کێلەبەردە، هەر لێرە بێت. تا بۆ ئەبەدییەت خەواڵویی و سووتان و مەرگەساتەکانمان بگێڕێتەوە. بۆ هەتاهەتایە، سەبوری ڕۆحی ژاکاومان بێت. ئەم کێلەبەردە، نە دەنوێت و نە دەمرێت، هەر هەبووە و هەر دەبێت.

تێبینی: وێنەکە “ئەسغەر لەتیف” ی پاڵەوانی ئەنفالکراوی چیرۆکەکەیە، لە ساتی بەرزکردنەوەی بەردەکەدا.

عومەر سەید




دوو پەخشانە شیعر.. نوسینی: هێدی گەڵاڵی

!! بۆ ئەو

ڕۆژانێك بوو بارانی چاوەكانم لە پێناو سنەوبەری باڵاتا زرێبارێک لە عەشقی دروست دەکرد..
بۆ هەمیشەش لە دووریتا سیەکانم دەرگا واڵا بوو بۆ میوانداری هەناسەی پەنکخواردو و قەتیسماوی ناخ و دەروونت..
ئاخ دووری و دابڕان بۆچی هێندە ئازار بەخشی بۆ ئەو عیشقەی ساڵانێكە كۆچی كرد .. عیشقێک لەگەڵ ترپەکانی دڵ ئاوێتەی یەكتر دەبوون و بێ یەكتر هەڵیان نەدەكرد..
تۆ ؛ لە دیدی من ئەمێستاكەش بەقەد باڵی پەپوولە ناسكی!
بە قەد عاشق بۆ مەعشوق پڕ هەستی !
بەقەد باڵای دار سنەوبەر شەنگی!
بەقەد دەروێش بۆ تەریقەت مەستی!
ئاخر ئێمەی عاشق بە دوو جەستە تەنیا دڵێکمان هەبوو..
لە دوو باخچەی ئەڤیندا تەنیا گوڵێکمان هەبوو..
‌لە بری دوو هزر تەنیا یەک هزرو یەک دیدمان هەبوو!
‌بێدەستەڵاتم لە ئاست هاڵاوی هەناسەم؛چونکە جگە لە هەناسەی ئەوینی تۆ هەناسەی ئاسایی هەڵناکێشێ!!
‌من چی بکەم شەوان کە سەیری ئاسمان دەکەم دڵم بە بینینی مانگ و ئەستێرەکان خۆشە؛چون دڵنیام کە تۆش وێنەی من لە ژێر هەمان ئاسمانیت و سەیری مانگ و هەسارەکان دەکەیت. هەموو شەو ڕۆژێکیش یەک خۆرو مانگ و ئەستێرە دەبینین هاوکات یەک پڕشنگ و یەک تیشک و یەک ڕۆشنایی!!!!
‌بەڵام گیانە ؛ دوای ساڵانێک عاشقبوون بووین بەو سەرابەی کە هەرگیز پێی ناگەین …
‌بووین بەو گوڵەی لە باخچەی تەمەنمان هێدی هێدی زریان بردی!!
بووین بەو وشکە ساڵیەی لە تینوێتیدا عەشق شکاندی!!
لەگەڵ هەموو ئەو دووری و دابڕانە ئەبەدیەی نێوانمان هێشتا عەشق و ئەوینمان بە زیندوویی لە ئەرشیفی دڵدا ماوەتەوە؛ چونکە عەشق ئەو کاتە بە زیندوویی دەمێنێتەوە کە لە پێناویدا ئازار بچێژیت ، بەڵێ ئازار بچێژیت !
‌ئازاری دووری …..
‌ئازاری دابڕان…..

                            یاد نامە

پاش دوورکەوتنەوەیەکی مەودا فراوانی من و تۆ ، هێشتا خۆشەویستیم بۆ تۆ بە موتوربەکراوی ماوەتەوە..
هێشتا بیرەوەری ساڵانی تەمەنی بەسەرچوومان وەک درەختێکی هەمیشە سەوز لە کێڵگەی دڵدا ڕەگی داکوتاوە…
هێشتا ڕێی ئەڤینداریمان شوێن پێی تۆی پێوە دیارە لە هەر کوێیەک لە هەر سوچێکی ئەم دنیایە بیت شێوەت دەکەم!!
لە قەد دیواری ژووری دەرووندا وێنەت هەڵواسراوە و هەموو چرکەساتێک سیمات دەبینم …
کە سەیری ئاوێنەی ڕاڕەوی ژووری میوان دەکەم ڕوخساری گەش و کوڵمەی ئاڵی ئەوسات بەدی دەکەم و چاوە گەشەکانت دەبینم..
خەندەی لێو و ددانی ورد و قژی خاو و گۆنای گەشت دەبینم…
ئەو ساتانە نەک هەر هەستەکانم تەنانەت نەست و بێ ئاگایشم بە ئاگا دێتەوە و روح و ناخیشت دەبینم‌…
ئێستاش دڵخۆشیم بەوە دەدەمەوە کە تۆ لە ژێر هەمان ئەو ئاسمانەی کە لێتەوە نزیکم!
نزیکین هێندەی نێوان روح و جەستە ..
نزیکین هێندەی چاو و سۆمای بینین…
نزیکین هێندەی ترپەکانی دڵ و هەناسەمان…،بەڵام گیانە
لەگەڵ هەڵکشان و ڕۆچونی تەمەندا؛
چیرۆک و دیرۆکی ڕۆژانەی عەشقمان لە پەڕاوی یاد و ساڵنامەی خۆشەویستیماندا نوسراوەتەوە..
یادگاریەکان ، بیرەوەریەکان ، قسە خۆشەکان، ناز و عیشوە و تەنانەت زویربوونەکانیشت لە بیرەوەری یادەکانم ئەلبووم و ئەڕشیف بووەو لە هزر و ئەندێشەم هەڵگیراوە و ڕۆژانەش بە یادی جارانەوە بە چاوی دڵ سەیری ئەو ئەلبوم و ساڵنامەیە دەکەم کە تەواوی ڕۆژ و مانگ و ساڵانی خۆشەویستیمان تێدا تۆمار کراوە…!!




قەساب.. لە عەرەبییەوە: پشکۆ ناکام

لە سەردەمێکا کە زۆر کۆن نیە ، جارێک ” عبد العزیز بوتفلیقة”ی سەرۆکی پێشووی ووڵاتی “جزائر” سەردانێکی بازاڕی قەساب یان گۆشت فرۆشەکانی کرد بوو ، لە کاتی گەڕانیا بە خۆی و حیمایە زۆرەکانیەوە لەبەر دەم دوکانێکا کە گەنجێکی لێ بوو وەستا و کەوتە قسە کردن لەگەڵیا :
سەرۆک : گۆشتەکەت لە خراپ ناچێ ، بازاڕت چۆنە ، هەیە ؟ قەساب : تاڕادەیەک باشە گەورەم…
سەرۆک : ئەمڕۆ چەن کیلۆت فرۆشتوە ..؟
قەساب : قوربان هیچم نەفرۆشتوە ..
سەرۆک : بۆ..؟
قەساب : بەهۆی سەردانەکەی جەنابتانەوە کەس بۆی نیە بێتە ناو ئەم بازاڕەوە گەورەم..
سەرۆک :کەواتە با سفتاحت من بێ ، لەم ڕانە پێنج کیلۆم بەرێ
قەساب : ناتوانم قوربان..
سەرۆک : بۆ ناتوانی ..؟
قەساب : پێش گەیشتنی جەنابتان هەموو چەقۆکانیان کۆکردۆتەوە و بردویانە گەورەم..
سەرۆک : بێ چەقۆش هەر ئەکرێ ، ئەو ڕانەم هەمووی بە یەک پارچەیی بەرێ،
قەساب : گەورەم ، بمبورە ..ناتوانم..
سەرۆک : بۆ ؟ بۆ ناتوانیت ؟
قەساب : چونکە من قەسابەکە نیم ، من خۆم پۆلیسم.. گەورەم
سەرۆک : ” بە تووڕەییەوە” بڕۆ فەرماندەکەتم بۆ بانگ کە
قەساب : قوربان ئەوەتا لەوبەر ماسی ئەفرۆشێ
سەرۆک : بۆچی بۆتە ماسی فرۆش..!؟
قەساب : چونکە مەعاشەکەی بەشی ناکا…گەورەم

سەرچاوە: ئینتەرنێت

ناوی نووسەر نادیارە




ژیل دۆلۆز.. دەقی هونەری چییە؟.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵلا كردوویە بە كوردی

هونەر مێژووییەكی درێژی هەیە، سیخناخ بە پەراوێز و زیاد لە سەرنج و ناوەڕۆكێك. مێژووی هونەر سەرەڕای بەرەوپێشچوونەكانی پرسیارێكی سادەمان روو بەڕوو دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە (كاری داهێنان چییە؟) بەڵام ئایا بەشێوەیەكی گشتی ئەو پرسیارە دەكەوێتە دەرەوەی ناوكۆییە مێژووییەكەیەوە؟ یان بە سیاسەت و ئەو قەیرانە فیكرییانەوە پەیوەستە، كە ئابڵوقەی (كاری داهێنان)یان داوە؟ ئایا دەبێ‌ هونەر و كاری داهێنان هەوڵێكی رادیكاڵیانە بێ‌، بۆ تێگەیشتنێكی دیكەی جیهان؟ یان هەمیشە وەك زمانی كەمە نەتەوەییەكان دەمێنێتەوە؟ بێگومان كاری داهێنان دەكەوێتە دەرەوەی رێسا و مەدلولە باوەكانەوە.
(بە وردی فەلسەفە بوارێكی مەعریفییە، لەسەر داهێنانی چەمك وەستاوە)
“ژیل دۆلۆز” (فەلسەفە چییە؟)
ژیل دۆلۆز فەیلەسوفی فڕەنسی (1925-1992) پرسیاری “كاری داهێنان چییە، فەلسەفە چییە؟” لە لێكچەرێكدا ” lecture” ساڵی 1987 بە ناونیشانی كاری داهێنان چییە خستە روو. دۆلۆز لەو لێكچەرەیدا فەرهەنگێكی بۆ ئەلف و بێی كاری داهێنان دانا. لەسەر چ بنەمایەك كەسێك دەتوانێ‌ بڵێ‌ من بیرۆكەم هەیە. سەرەتا و پێش ئەوەی پرسیاری كاری داهێنان وەڵام بدەینەوە، پێویستە لەوە تێبگەین كە كاری داهێنان لە هونەردا دەكەوێتە كوێ‌، هونەر دەكەوێتە كوێی زانستە مرۆڤایەتییەكانەوە؟

پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە
دۆلۆز چوار ساڵ دوای لێكچەرەكەی و لە كتێبەكەیدا بە ناوی “فەلسەفە چییە؟” كە لە ساڵی 1991 بڵاوی كردەوە، پەیوەندی نێوان (زانست) و (هونەر) و (فەلسەفە)مان بیر دەخاتەوە. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا روونی دەكاتەوە، كە پێیوایە فەلسەفە و زانست و هونەر چوارچێوەیەكی گەورەی فیكرییان هەیە. فەلسەفە لەو چواچێوە گەورەیەدا كار لە داهێنانی چەمكدا دەكات. كەچی زانست دەكەوێتە خانەی لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی دیاردەكان و هاوكێشەكانەوە. بەڵام هونەر دەكەوێتە ژێر كاریگەری دەرككردن و هەڵچوونەوە.

(فەلسەفە رامان نییە)
دۆلۆز ئەركی فەلسەفە لە پەیوەستبوونی دیاریكراوی كۆتایی و ئەدیوو ناكۆتاییدا دەبینێتەوە، بەمجۆرە داهێنانی چەمكەكان لەسەر زانست دەوەستێ‌.
ئەركی فەلسەفە رامان نییە. رامان و بیركردنەوە پێناسەیەك نییە بۆ فەلسەفە. بۆ نموونە بۆ لە كاری ژماردندا بیركارییستەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە هەیە. سینەماییەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە و رامانی سینەمایی هەیە. لێرەدا فەلسەفە هۆكارێكە نەك زانستێك كە ناوەڕۆكی تایبەتی خۆی هەبێت. بە راستی ئەركی فەلسەفە ئەوەیە، كە دیاریكراوی كۆتایی و ناكۆتایی بەیەكەوە ببەستێتەوە. واتە رووداوەكان بە یەكەوە ببەستێتەوە، ئەو رووداوانەی كە چەمكەكان دادەهێنن و زانستی لەسەر وەستاوە و لەوێشەوە كۆمەڵێ‌ رووداو نیگار دەكێشێ‌ و دەبێتە سەرچاوەی ئەو مەرجانەی كە (رووداو/ ئەزموون) خاوەندارییان دەكات.
بەڵام هونەر دەیەوێ‌ كاریگەری جوانی (كۆتایی و ناكۆتایی/ دنیایی و ئەودیوو دنیایی) وەك بینراو لە هونەری شێوەكاریدا بەرجەستە بكات، لێرەدا ئامانجی كاریگەرییەكان بەسەر بینراودا بۆ دەرككردنی ئەو رەهەندانە دەگەڕێتەوە كە تێیدا بزرن. بەو مانایەش هونەر سەربەخۆ نییە، بەڵكو لە چوارچێوەكانی فەلسەفە و زانستدا خۆی دەبینێتەوە، كەواتە هەر سێكییان لە بۆتەیەكدا دەتوێنەوە و دەبنە پرسیارێك ئەویش ئەوەیە: حەقیقەت چییە؟ ئەو پرسیارەش بە درێژایی مێژوو هەموو چالاكییە مرۆییەكان لەخۆ دەگرێ‌.
هونەر پێچەوانەی زانست، داڕژانە، هونەر لە رێگای هەستەكان و هەڵچوونەكانەوە ماناكان ئازاد دەكات و رێگای دۆزینەوەی حەقیقەتی شتەكان دەگرێتەبەر. هەر لەو رێگایەشەوە هونەرمەند لە نەبینراوەوە، لەودیوو نەبینراوەوە هونەر دەكاتە بینراو. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا “فەلسەفە چییە؟” دەڵێ‌ هونەر رێگا ناكۆتاییەكان دەگرێتەبەر بۆئەوەی بۆ هونەر بگەڕێتەوە.

ئایا مەرجە داهێنان هەڵگری بەهای ئەخلاقی بێت؟
لە راستیدا ئەو نووسینەی كە لە نێوان رۆلی زانست و هونەر و فەلسەفە دابڕان و بەیەكداچوون شیدەكاتەوە، ئەو دابڕانە ژینگەیەك دەنوێنێ‌، كە دەشێ‌ مرۆڤ هەڵویستی خۆی لە بارەی جیهان دیاری بكات. ئێستا ئێمەش وەك دۆلۆز دەڵێت لەسەر رۆلی هونەر و چییەتی هونەر و ئەو پانتاییانە وەستاوین، كە هونەر رۆناكییان دەكاتەوە، بەڵام ئەو بیركردنەوەیە چۆن وەك بنەمای داهێنان دەردەكەوێت؟! ئایا شێوەكارێك – بۆ نموونە- كاتێ‌ پۆرترتێك نیگار دەكا، ئەوە بە كارێكی داهێنەرانە هەڵدەسێ‌؟ ئایا داهێنان جۆرێكە لە شێتی و جیاوازی و تێپەڕاندنی باو؟!

undefined
لە راستیدا كاری داهێنان وەك خۆی لە شێتی نزیك نییە، بەڵكو لە پشت چەمكی شێتی جۆرێك لە مەبەست هەیە. نموونەی (ئەو مەبەست و نیازەش. و:ك) دۆلۆز لە لێكچەرەكەیدا (لە نموونەی جوولەكەكاندا) دەیخاتە روو، ئەو جوولەكانەی لە زەمەنی هیتلەردا لە ئەڵمانیا “هەڵاتن” یەكەمینی ئەو كەسانە بوون كە زیندانەكان و سەربازگاكان و لەناوبردنی بە كۆمەڵییان شەرمەزار كرد. (دۆڵۆز: هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین. و:ك) جوولەكە هەڵاتووەكان زانیارییەكانیان (بە دنیا) راگەیاند، دەشێ‌ ئەو زانیارییانە دژ بە بڵاوكراوەكانی نازییەت وەسفیان بكەین.
لەو نموونەیەدا دۆلۆز سەرنجمان بۆ خاڵێكی زۆر ورد رادەكێشێ‌، ئەویش ئەوەیە هەرگیز زانیارییە دژەكان كارێكی داهێنەرانە نەبوون. هەرگیز ئەو زانیارییە دژانە هیتلەریان بێزار نەدەكرد. بەڵام گرنگی ئەوە بوو، كە بوون بە كردەیەك لە كردەكانی (یان بوون بە نیازێ‌ لە نیازەكان)ی بەرگریكردن. لێرەدا كردەی بەرگریكردن نە زانیارییە و نە زانیاری دژ، بەڵكو (مەبەست) بەكارهێنانی كۆمەڵێ‌ زانیارییە وەك ئامرازی بەرگری بۆ كەشفكردنی تاوانەكانی پاكتاوكردنی رەگەزی لەژێر حوكمی هیتلەردا.
دۆلۆز لە شیكردنەوەی كاری داهێناندا دەچێتە سەر بابەتێك ئەویش لێكنزیكردنەوەیەكی جەوهەری نێوان كاری داهێنان و كردەی بەرگرییكارییە. كاری هونەری كارێك نییە بەلای مەعریفیدا بكرێتەوە، چونكە لالێكردنەوەی مەعریفە لە لێپرسراوێتی زانستدایە. زانست بە زانیارییەكان و بەردەوامییەوە بەندە. كاری هونەری كردەیەكی بەرگریكارانەیە، بەڵام ئەی ئەو پەیوەندییە تەمومژاوییەی نێوان كاری هونەری و كردەی بەرگریكاری چییە!

هونەر بەرگری لە مردن دەكات
هونەر تاكە رێگایە، بەرگری لە مردن دەكات. ئەو گوتەیەی فەیلەسوف و چالاكوانی فڕەنسی “ئەندریە مالرۆ”(1901 ـ 1976)، دۆلۆزی زۆر سەرسام كرد. زۆر بە سادەی دەڵێ‌ “هونەر تاكە شتێكە كە بەرگری لە مردن بكات”. سەرەڕای سادەیی ئەو پێناسەیەی مالرۆ لەسەر جەوهەری كاری هونەری وەستاوە، وەك ئەوەی كردەیەكی مانادار بێ‌، بەرگریكردن لە چاكە بێ‌ بە دژی خراپە، پاكی بە دژی ناپاكی، راستی بە دژی درۆ. بەمجۆرە كاری داهێنان دۆزەرەوەی ریسواییە.
بە گەڕانەوە بۆ بیروڕای دۆلۆز، فەیلەسوف، داهێنەری چەمكەكانە. فەیلەسوف وەك داهێنەرێك دەردەكەوێت كە تابلۆی فیكری نیگار دەكا. فەیلەسوف داهێنەرە چونكە بەرگری دەكات و حوكمەكانی پێشوو كۆتایی پێدەهێنێ‌. دووبارە هونەر بەرگریكردنە، راستە ئەو تەنها شتێك نییە، كە بەرگری دەكات! بەڵام هەموو كارێكی هونەریی داهێنەرانە هەر دەبێ‌ هەڵگری فیكرەی بەرگریكردن بێ‌.
دۆلۆز دەیەوێت هەموو ئەو دەستەواژە سواوانە بەتاڵ بكاتەوە، چونكە گرنگە وەك تووتی لاساییكەرەوە نەبین، گروپی فەیلەسوفان یان هونەروەران بە چییەوە پەیوەستن. گرنگ ئەوەیە پرسیار بكەین و پشكنین بكەین و بەرگری بكەین، ئەگەر گونجا بتەكان تێبشكێنین.

كاری داهێنان، بەرگریكردن لە تاراوگە
كردەی بەرگریكردن وەك ئەوەی داهێنانە، لەنێو خۆیدا دوو رووە، لەگەڵ ئەوەی هونەرە، لە دواجار كارێكی مرۆییشە. بۆیە هەموو فۆڕمێك لە فۆڕمەكانی كاری هونەری وەك پێویست تێكۆشانێكی مرۆییە. بەڵام ئەو تێكۆشانە مەرج نییە هەمیشە لە كاری هونەریدا فۆرمەلە بكرێ‌، تەنها زۆر بە كەمی گروپی داهێنەران دەتوانن لە تاراوگەدا فۆرمەلەی بكەن، لە تاراوگەدا گروپی داهێنەران زەوییەكانیان لە كوێیە.
هیچ كارێكی داهێنەرانە لە دەرەوەی تاراوگەدا نییە. (مەبەست لە تاراوگەیی بەزاندنی سنوورەكانە، دۆلۆز دەڵێ‌ تاراوگەنشینەكان، یان كۆچەرەكان لەسەر هێلی هەڵهاتن دەجوولێن، هیچ سنوور و جەوهەرێكی جێگیر نابینن… و:ك) ئەگەرچی داهێنەرەكەی لە نیشتمانی دایكیشیدا بێت، چونكە داهێنەر هەركە دەستی بە كار كرد، بە هەموو مانایەك دەكەوێتە تاراوگە و دەرەوەی نیشتمانی دایكەوە. لە راستیدا داهێنەر بە كاری فەلسەفە هەڵدەسێ‌، واتە پرسیار بەرەو رووی جوانی و حەقیقەت و چێژ دەكاتەوە. بەمجۆرە داهێنەر كاری داهێنان وەك پرسی فەلسەفی لێكدەداتەوە، واپێدەچێ‌ ئەو بابەتانە بكەونە دەرەوەی پرسیاركردنەوە، بەڵام لە راستیدا ناكەوێتە دەرەوەی پشكنینەوە.
بەمجۆرە كاری داهێنان چ هونەری بێ‌، یان زانستی، یان فەلسەفی، یان هەتا سیاسی، وەك ئەفلاتوونییەكان، نیچەییەكان، ماركسییەكان، ئەوانیدیكە تەمومژاوی نییە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵلا كردوویە بە كوردی

———————————–

سەرچاوەكانی نووسەر:

  • “جیل دولوز”/”فلیكس غتاری” “ما هی الفلسفە؟” ترجمە مركز الإنما‌و القومی بیروت گبعە 1997.
    Claire Colebrook, Philosophy and Post-structuralist Theory: From Kant to Deleuze -2 Edinburgh University Press, 2005.
    3– Gilles Deleuze on Cinema: What is the Creative Act 1987 (English Subs), https://www.youtube.com/watch?v=a_hifamdISs
    4- هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین، لەبەر ئەوەی نا كە خەیاڵ دەكەین، لەبەر ئەوە نا كە خەون دەبینین، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە واقیعێك لەسەر هێلی هەڵاتن دەكێشین و رووتەختی پێكەوەسازانی لەسەر پێكدەهێنین. بڕوانە (گفتوگۆكان) ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل296.
    5 – گفتوگۆكان)، ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل355.

لە ئینتەرنێتەوە:
الجزیرە. 28/4/2017
نووسینی: هند مسعد.




چیرۆک\ وەرگێڕ.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

لە پێش پێشی پاسەکە دانیشتبوو و سەیری ئەو چیایە سەرکەشانەی دەوری خۆی دەکرد. هەر دوو سێ خولەک جارێک ئاوڕی لە نیکۆڵاسی هاوڕێگەی دەداوە و چیرۆکێک، بەسەرهاتێک، شتێکی بۆ دەگێڕاوە. (ئەو ئەشکەوتەی ئەولا دەبینیت؟ چەندین ئێسقانی مرۆڤی کۆنیان تیادا دۆزیوەتەوە). (ئەو تاشەبەردە گەورەی دەبینیت؟ مەزاری شێخێکی لێیە، هەتا ئێستاش خەڵکی ئەو گوندانەی دەوروبەری دەچن بۆ لای، بۆ ئەوەی داوای کوڕێکی لێ بکەن). (ئەو شاخەت دیوە، ئەو شاخە؟ دەگێڕنەوە دەڵێن کاتی خۆی پێشمەرگە زیاتر لە دوو سێ فڕۆکەیان لەسەری تێکشکاندبوو). نیکۆڵاسیش گوێی خۆی قوڵاخ کردبوو و لەگەڵ هەر زانیارییەک یان بەسەرهاتێک سەری خۆی دەلەقاند و شتێکی لە پەڕاوەکەی بەر دەستی دەنووسی.
لەو ڕۆژەوەی کە کوردۆ بۆکانی گفتی بە نیکۆڵاس داوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوەڵی و لەگەڵی بێت بۆ باشووری کوردستان، حەجمانی تێدا نەماوە. نە شەوانی لێ دەبێتە ڕۆژ و نە ڕۆژیشی بۆ دەچێتە سەر. هەر لە ڕۆژی یەکەمینەوە نەخشەیەکی تۆکمەی بۆ گەشتەکەی داڕێژتبوو. (هەر کە گەیشتمە شەقڵاوەی، تێر تێر لیچاڵی گەرازی دەخۆم). (کە گەیشتمە ڕەواندز، چەندین وێنەی دڵڕفێن لە لێواری ئەو خەرەندەی دەگرم). (ئاخ، بەس بگەمە ئەو پیرە قەڵاتەی هەولێرێ. ڕۆژ هەتا ئێوارێ لێی ڕادەمینێم. هەموو بەیانیانیش لە چایخانەی مەچکۆ، لەبن دیواری قەراتێ، تێر تێر نان و ماست و سەرتووی دەخۆم). (وەی دەنا بچووبامە بازاڕی قەیسەریی کۆیە، ڕۆژ هەتا ئێوارێ کولێرانم لێ دەخوارد). (لە سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی، یەکسەر دەچوومە سەردانی گردی سەیوانی). تا دەهات خەونەکانی کوردۆ مەخمەڵیتر و شیرینتر دەبوون.
ئەو نەیدەزانی نیکۆڵاس بۆ نیازی ئەو گەشتە دوورودرێژەی هەیە، هەر ئەوەندەی دەزانی کە ئەو کابرایە نووسەرێکی ئەوڕووپییە و چەندین چیرۆک و ڕۆمانی بڵاو کردووەتەوە. هەر بە ئاستەم دێتەوە یادی، کە ڕەنگە جارێک چیرۆکێکی وەرگێڕدراوی وی خوێندبێتەوە. بەڵام چەندی دەیکات و دەیکات، بیری نایەتەوە کە کەی و چی بوو. بانگەوازەکەی نیکۆڵاسی لە ماڵپەڕێک بینیبوو و سەرنجی ڕاکێشابوو. (نووسەرێکی ئەوڕووپی پێویستی بە کوردیزانێک هەیە کە لە گەشتەکەی بۆ باشووری کوردستان یاوەری بێت، نەک هەر تێچووی گەشتەکەی دەگرێتە خۆی، بەڵکوو پارەیەکی باشیشی پێ دەدات. تەنها شتێک کە لەو چاوساخەی داوای دەکات، ئەوەیە کە ببێتە وەرگێڕ و ڕێنمای).
کوردۆ هەرگیز هەلێکی وا زێڕینی لە دەست خۆی نەدەدا، هەر کە ئەو بانگەوازەی خوێندەوە، پەیوەندی بە نیکۆڵاس کرد و دەستی لە کارەکەی خۆی کێشاوە. هەردەم خەونی ئەوە بوو کە سەردانی باشووری کوردستان بکات. ئەو هەرێمەی کە کوردان تیایدا میری خۆیانن. لە هەموو قوژبنێکی ئەو هەرێمە دەتوانێت کورد بێت و بە کوردی بدوێت. بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا، پێویست ناکات لەگەڵ ئەفسەرێک بە فارسی بدوێت، یان دۆسییەیەکی فەرمی بە فارسی بنووسێت. هیچ‌ گومانی لەوە نەبوو کە ئەگەر پارەی هەبووایە، ئەوا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا سەری خۆی هەڵدەگرت و لە باشوور دەگیرسایەوە.
کوردۆ نیازی گەڕانەوەی نەبوو، باولە فشەڵەکەی هەموو سەروماڵی وی تێدابوو: بڕوانامەکەی، تێزی ماستەرەکەی کە لەسەر زمانی کوردی و بنزاراوەکانی بوو، تاریک و ڕوونی هێمنی، دوو جلی نووستن، پێنج دەرپێکورت، شەش جووت گۆرەوی، دوو دەستە جلی کوردی و گیزدانێک. وای دانابوو کە سێ مانگی یەکەم لە هەولێرێ بمینێتەوە، دوایێش بیرێکی لێ بکاتەوە، ڕەنگە بچێتە دهۆکێ دەلال و چەند مانگێکیش لەوێ بەسەر ببات.
پاسەکەیان گەیشتە هەولێرێ، و لە نزیک مێوانخانەکەیان دابەزین. لەسەر داخوازی نیکۆڵاس، بەر لەوەی بچنە سەرەوە بۆ ژوورەکەی خۆیان، بەرەو چێشتخانەی مێوانخانەکە ڕۆیشتن. کوردۆ بە متمانە بەخۆبوونێکەوە چووە پێش و پرسیاری لە شاگردەکە کرد:

  • ئەرێ ناندینتان کرایتەوە؟
  • کوردی نزانی.
  • ناندین، نان، خواردن، هەیە؟
  • کوردی نزانی، عەرەبی، عەرەبی؟
  • ئەمن عەرەبی نازانم، نان، نان، عەمنەم، هەیە؟
  • عەرەبی، عەرەبی؟
  • کەسێکتان هەیە لێرە ئیش بکات و کوردی بزانێت؟
  • عەرەبی، ئینگلیش؟
    نیکۆڵاس، کە گوێی لە ئینگلیش بوو، بە ئینگلیزی پێی گوت کە هاتوون نانی بخۆن. شاگردەکەش ئەوانی دانیشاند، و دوو لیستی خواردنی لەپێش دانان. کوردۆ سەیری لیستەکەی بەردەمی کرد، و هیچی لێ تێنەگەیشت، نیوەی بە عەرەبی، و نیوەکەی تریش بە ئینگلیزی بوو. ڕووی لە نیکۆڵاس کرد و بەشەرمەوە داوای لێ کرد تا بۆی وەربگێڕێتە سەر زمانی فارسی.

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی


1- لیچاڵ:‌ مڕەبا – مربی
2- مێوانخانە: هۆتێل، فندق
3- ناندین:‌ مەتبەخ




سۆناتای دیدار.. ستیڤان شەمزینی

ئای لەو نیگا بکوژانەت
چەند ھێمنانە سەرنجیان ئەدزیم
وامدەزانی ئەم یەکتر بینینە کورتە
تا کۆتایی تەمەن بەردەوام دەبێت
کاتێک لە تۆ دابڕام
بەفری سەر شۆستەکان وەک دڵی خۆم
لە ژێر پێی ھەنگاوەکانمدا ورد ئەبوون
کزەبای ئەم شارە سەھۆڵییەم بانگ کرد
توانەوەی من لە تۆدا بنووسێتەوە
ھەروەک توانەوەی بەفری
ئەم بیابانە بەستووەی باکووری زەوی
لە ژێر تیشکی زێڕینی ھەتاودا


تۆ ھێشتا لەوە تێناگەیت
ئەو چاوانەی نیگای تۆی دەکرد
پڕ پڕە لە ھاژەی بە خوڕی فرمێسک
ئەو دەستە تەزیوانەی
شیعر لە ستایشی جوانیدا دەھۆنێتەوە
ھێندە گوڕی ھەیە
دەتوانێت بەبێ رەزامەندیی خۆر
سوڕانەوەی زەوی رابگرێت
ئەو کاسە سەرەی
گوڵاوی عەشق
لە قووڵاییەکەوە ھەڵدەقووڵێت و
تۆی وەک چڵێک نێرگز
بۆندار کردووە
پڕ پڕیشە لە حەزی سەفەر
سەفەر بۆ کوێ؟ نا، بۆ ھیچ کوێ
تەنیا رووەو مەملەکەتی دڵی تۆ


ئەمێستا بیرکردنەوە لە تۆ ئاگرە
گڕ لە دەشتی عاتیفەم بەر ئەدا
زمانی قەڵەمی شیعرم دەچزێنێ
دارستانی بیرەوەرییم ئەسووتێنێت
چاریشم نییە
ھەر بیرت لێ ئەکەمەوە
ئەمێستا بیرکردنەوە لە تۆ بارانە
لەناو گلێنەی چاوەکانمەوە ئەبارێت
بەسەر وشک و برینگی شەوانمدا دادەکات
خاکی وشکی رۆحم تەڕ تەڕ دەکات
چاریشم نییە
ناتوانم بیرت لێ نەکەمەوە
ئەمێستا من و تۆ
لەژێر تارای سپی زستاندا
پەیمانی سەمای توانەوە
بە یەک دەدەین





خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی (ئه‌و کاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئێمه‌ نه‌چوو).. هیوا ناسیح

له‌م ماوه‌یه‌ی پێشودا هاورێ و نوسه‌ر کاک سالار ڕه‌شید کتێبی (ئه‌و کاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئێمه‌ نه‌چوو) به‌دیاری بۆ ناردم، که‌ بریتییه‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانی نوسه‌ر، نزیکه‌ی شه‌ش سه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌، دوو له‌ سێی کتێبه‌که‌ یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆیه‌تی و سێیه‌کیشی ته‌رخانه‌ بۆ یادداشته‌کانی هاورێیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌ی و چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک.
کتێبه‌که‌ به‌ یاده‌ورییه‌کانی مناڵی و گه‌ڕه‌که‌که‌یان له‌ که‌رکوک ده‌ستپێ ده‌کات، تا ده‌گاته‌ مێردمناڵی و سه‌ره‌تای گه‌نجێتی و تێکه‌ڵبوونی به‌ دونیای خوێندنه‌وه‌ و بیر و ئینجاش نێو رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان (کۆڕه‌‌ک)، که‌ ئه‌وسا گه‌وره‌ترین و کاریگه‌رترین رێکخراوی سیاسیی باشوری کوردستان بووه‌ و بڕبڕه‌ی پشت و دینه‌مۆی یه‌کێتی نیشتمانی بووه‌. ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی جوانتر و بابه‌تیتر کردوه‌، پێڕست بۆ ناونیشانی بابه‌ته‌کان و هه‌روه‌ها نوکته‌ و قسه‌ی خۆشی نێوان بابه‌ته‌ جدی و تراژیدییه‌کانه‌.
نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان بۆ مرۆڤێک که‌ خۆی له‌ نێو مه‌یدان و چه‌قی ململانێ و ڕووداو و کێشه‌کاندا بوو بێت پێویستییه‌کی ژیاریی و مێژوویی و ئه‌‌ده‌بییه‌، جگه‌ له‌‌وه‌ش ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌، هاوکات به‌سه‌رکردنه‌‌وه‌ و ئه‌مه‌ک و وه‌فایه‌کیشه‌ بۆ گیان و یاده‌وه‌‌ریی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و رێگا و رێبازه‌دا بوونه‌ته‌ قوربانی. بۆیه‌ من ده‌ستخۆشییه‌کی زۆر له‌ کاک سالار ده‌که‌م بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌.
چه‌قی باسه‌کان ساڵانی کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تا و ناوه‌راستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوه‌، بابه‌ت ڕێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ له‌ نێو شاری که‌رکوک، ڕووداو و چالاکی و کێشمه‌کێشمه‌کانی نێو باڵه‌کانی رێکخراوه‌که‌یه‌. باسی سه‌رجه‌م یان زۆربه‌ی زۆری ئه‌و گه‌نجه‌ تێکۆشه‌ر و دڵپڕ و ئازا و به‌جه‌رگانه‌ی نێو که‌رکوک و د‌ه‌وروبه‌رین، که‌ گیانیان خستبووه‌ سه‌ر له‌‌پی ده‌ستیان و له‌ نێو ئه‌و (کاروانه‌)دا بوون به‌ره‌و ئه‌و (هه‌واره‌)ی ئامانجیان بوو، به‌ هه‌موو تین و توانا و وزه‌ و بڕستی خۆیان خه‌باتیان بۆ ده‌کرد و به‌ گژ ئه‌ژدیهای به‌عس دا ده‌چوونه‌وه‌. به‌ کورتی چیرۆکی خوێن و خه‌باتی نهێنی کۆمه‌ڵێک کوڕ و کچی گه‌نجی دڵپڕ له هیوا، چالاکی و چاونه‌ترسی، ترس و دڵه‌ڕاوکه‌، گیران و زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌، شه‌هیدبوون و زه‌حمه‌ت، بێ مورادی و نائومێدبوون و وازهێنان، ناپاکی و خۆنه‌گری هه‌ندێک، کێشمه‌کێشمی حزبایه‌تی.
کتێبه‌که‌ به‌ زمانێکی کوردی پاراو نوسراوه‌، نوسه‌ر خۆی نه‌کردۆته‌ قار‌ه‌مان و فریشته‌ و له‌ هه‌ندێک جێگاشدا دانی ناوه‌ به‌ هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕییه‌کانیدا، ئه‌وه‌ش باشه‌ که‌ هه‌ر پشتی به‌ یادگه‌ی خۆی نه‌به‌ستوه‌، به‌ڵکو داوای له‌ هاورێ و هاوخه‌باته‌کانیشی کردوه،‌ که‌ وه‌‌ک شایه‌تحاڵێک یاداشتی ئه‌و ساڵانه‌ی خۆیانی به‌ کورتی بۆ بنێرن، یان دواندونی و سه‌رجه‌میانی لێره‌دا بڵاوکردۆته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی چێژی زیاتری پێمدا ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت، که‌ زۆر له‌‌ جێگا و ده‌ڤه‌ره‌کانی باسی کردوه‌ نزیکی زێد و ناوچه‌که‌ی منن‌ (گه‌رمیان)، هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌ندێک هاورێم کردوه، که‌ ساڵانێکه‌ ئاشنای که‌سایه‌تی و بیرکردنه‌وه‌یانم،‌ وه‌ک فازڵ عوسمان و عه‌لی سیاسی و هیتر، جگه‌ له‌وه‌ی تێیدا باس له‌ مامم (وریا ئاخجه‌له‌ری) کراوه‌، که‌ پێشمه‌رگه‌ی دانه‌بڕاو و دێرینی ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌ و له‌ سنوری تیپی ٢١ی که‌رکوک و ٢٥ خاڵخاڵاندا لێپرسراوێتی جۆراوجۆری هه‌بووه‌. دواتر ئه‌و سه‌روه‌ختانه‌ی باسی ده‌کات، به‌تایبه‌ت ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان سه‌ره‌تای گه‌نجێتی و ئاشنا بوونی من بوو به‌ جیهانی خوێندنه‌وه‌ و سیاسه‌ت، به‌ هۆی ماممه‌وه که‌ کادر بوو‌ له‌ ناوچه‌ی ئاغجه‌له‌ر و قڵاسێوکه‌،‌ زۆر جاران سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌و باره‌گاکانیانم کردوه‌، ئێمه‌ ماڵمان له ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر بوو، هه‌ره‌وه‌ها به‌ هۆی ئه‌وه‌‌ی باوکیشم له‌و کاته‌دا له‌ ڕێکخستنه‌کانی هه‌مان حزب کاری ده‌کرد، ماڵمان وه‌ک مه‌کۆی رێکخستن و کۆبوونه‌وه‌‌ی شانه‌کان وابوو، جاری واش بوو، پاش چالاکی پێشمه‌رگانه‌، که ده‌هاتنه‌ ناو شارۆچکه‌که و ده‌ستیان ده‌وه‌شاند، یان تۆپبارانی داموده‌زگاکانی به‌عسیان ده‌کرد، باوکم داوای له‌من ده‌کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌تم خۆش بوو، تا ڕاپۆرتی ئه‌نجامی چالاکییه‌کانیان و کاریگه‌ریی له‌سه‌‌ر وره‌ و مه‌عنه‌وییاتی خه‌ڵک و دانیشتوانه‌که‌ی بۆ بنوسمه‌وه‌، تا له‌ رێگه‌ی خۆیه‌وه‌ بینێرێت بۆ ڕێکخراو، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و زانیاری ته‌واو له‌سه‌ری.
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام که‌سایه‌تی ئه‌‌‌سعه‌د سۆفی (شێخ دارا) یه‌، که‌ ده‌کرێت ژیان و سه‌ربورده‌ی بکرێت به‌ ڕۆمان یان فیلم، ناوبراو له‌ ساڵانی کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای هه‌‌شتاکاندا گه‌نجێکی که‌رکوکی زۆر بوێر و زیره‌ک و وریا و خوێندکاری زانکۆ بووه‌‌، به‌رپرسی پۆلێکی چالاکیی سه‌ربازیی (ئیغتیالات)ی کۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ نێو شاره‌‌که‌دا، وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت خۆی ڕاسته‌و خۆ جا وه‌ک سه‌رپه‌رشتیار بێت یان بکه‌ر به‌شداریی کۆمه‌ڵێک چالاکی کاریگه‌ر و جۆریی (نه‌وعی) له‌ شاری که‌رکوک و سلێمانی کردوه‌، که‌ تێیدا چه‌ندان به‌عسی و به‌کرێگیراوی پله‌دار به‌سزا گه‌یه‌نراون. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێکیان به‌ ناوی (عه‌لی مغاویر) ده‌گیرێت و بێ هیچ ئه‌‌شکه‌نجه‌ و فشارێکی وا، ناپاکی ده‌کات، ناوی هه‌رچی هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ هه‌یه‌ به‌ ورده‌کاریی و پێکهاته‌ی پۆل و شانه‌کانییانه‌وه‌ بۆ هه‌واڵگریی به‌عس له‌ که‌رکوک ئاشکرا ده‌کات، تا گیانی خۆی ڕزگار بکات. ئیتر ده‌‌یان کادر و ئه‌ندامی ڕێکخستنه‌کانی کۆمیته‌که‌یان (ئاگری سور) ده‌گیرێن. گه‌وره‌ترین زه‌بری گورچکبڕ به‌ر رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ ده‌که‌وێت له‌ شاره‌که‌دا، به‌مه‌ش کۆمیته‌ی ئاگر له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێت، چالاکترین و ئازاترین ئه‌ندامه‌‌کانی له‌سێداره‌ ده‌درێن یان بێسه‌روشوێن و زیندانی ده‌‌کرێن.
ئه‌سعه‌د دوای گیرانی له‌ سه‌ره‌تا و له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌‌ی قورسدا ناوی دوو له‌ هاوڕێکانی ده‌درکێنێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ قوڕوقه‌پی لێ ده‌کات و ناوی ئه‌و ده‌یان ئه‌ندام و کادرانه‌ی تر ناهێنێت و به‌ نهێنی ده‌هێڵێته‌وه‌، به‌مه‌ش گیانیان ده‌پارێزێت، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت، به‌ڵام به‌ شایه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانیان کردوه‌، یه‌کێکیش له‌وان نوسه‌ری کتێبه‌که‌ کاک سالاره‌، ناوبراو به‌ گیانێکی به‌رز و وره‌یه‌کی پۆڵاینه‌وه‌، تا ئه‌و کاته‌ی له‌ سێداره‌ ده‌درێت، ناڕوخێت و هیوای به‌ تێکۆشان و خه‌بات به‌رده‌وامه‌، ته‌نانه‌ت له‌ گاڵته‌و قسه‌ی خۆشیش ناکه‌وێت، له‌ هه‌مووی سه‌‌رنجڕاکێشتر دان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆیدا ده‌نێت و ئاماده‌ی سزای مه‌رگیشه‌ بۆ خۆی. نوسه‌ر ده‌یگڕێته‌وه‌، کاتێک له‌ ته‌موزی ١٩٨٣دا له‌ زیندانی موسڵ سه‌ردانی ده‌کات، ئه‌سعه‌د پێی ده‌ڵێت: ئیعتیرافم له‌سه‌ر دوو که‌س له‌ هاورێیانم کردوه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆژێک هات و له‌ زیندان ئازاد کرام، کۆمه‌ڵه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رمیم نه‌کات، ئه‌وا من به‌ رێکخراوێکی شۆڕشگێڕی نازانم!! ل٢٩٨. من لێره‌وه‌ له‌ یه‌کێتی نیشتمانی به‌ تایبه‌ت له کۆنه‌ هاورێ و هاوخه‌باته‌کانی له‌ نێو ئه‌و حزبه‌‌دا، ده‌پرسم، ئایا ئه‌م مرۆڤه شایه‌نی په‌یکه‌ری زێرین نییه‌، له‌ نێو جه‌رگه‌ی که‌رکوکدا بۆی دروست بکرێت؟ ئاخر ئه‌م قاره‌مانه‌ هیچی له شه‌هید (ئاسۆی ده‌لاک) که‌متر نییه‌.
کاک سالار شیکردنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تی و جوانی بۆ هه‌ڵه‌‌ و که‌موکوڕییه‌کانی رێکخستنه‌کانی ناو که‌رکوک کردوه‌، که‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌‌یه‌یان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌و ڕۆڵه‌ی ناوبراویش گێڕاویه‌تی له‌ دووباره‌ دروستکردنه‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کان مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌. به‌ڵام بیرمان نه‌‌چێت هه‌میشه‌ دوای شکست و نسکۆ ڕه‌خنه‌گرتن ئاسانه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئایا کاک سالار، یان شانه‌ و که‌رته‌که‌یان پێش ڕوودانی ئه‌و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنانه،‌ وه‌ک هه‌ڵسوڕاو و کادرێکی مه‌یدانی ڕێکخراوه‌که‌ هه‌ستیان به‌و مه‌ترسی هه‌ڵانه‌ کردبوو؟ بۆ نمونه‌ ئه‌و تێکه‌ولێکه‌ی شانه‌ و پۆله‌کان له‌ بواری سه‌ربازی و ڕێکخراوه‌ییدا، گه‌ر به‌ڵێ، ئایا خۆی و هاورێکانی سه‌روی خۆیان به‌ فه‌رمی له‌و هه‌ڵانه‌ ئاگادار کردو‌ه‌ته‌وه‌؟؟
له‌ لا ٤٠١دا باس له‌ به‌ڕێوه‌چوون کۆنفرانسی دووه‌می کۆمه‌ڵه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت، که‌ سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی بڵاوکراوه‌ی (هه‌ڵوێست)یان لا گیراوه، گوتویه‌تی (بیانبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕه‌میان بکه‌ن!)، ئه‌مه‌شی له‌ کتێبێکی تر وه‌رگرتوه‌، که‌ نوسه‌ره‌که‌ی یه‌کێک بووه‌ له‌و تۆمه‌تبارانه‌، واته‌ بێلایه‌ن نه‌بووه‌ له‌ ململانێکه‌دا، سه‌یره کاک سالار خۆی له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا بووه‌، که‌چی وته‌ی یه‌کێکی تری لایه‌‌نگر نه‌ک بێلایه‌نی کردوه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌، که‌ هیچ لۆژیکێک قبوڵ ناکات، له‌ کاتی به‌‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسێکدا، سکرتێری حزبه‌که‌ بێت و قسه‌ی وا بکات! ئه‌وی یادداشته‌کانی م. پشکۆ و هه‌ڤاڵ کوێستانی خوێندبێته‌وه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک به‌وردی ڕووداوه‌کانی نێو کۆنفرانسه‌که‌‌یان تۆمار کردوه‌، شتی وای به‌رچاو ناکه‌وێت. بۆیه‌ به‌ڕای من ئه‌م قسه‌یه‌ دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌.
له‌ ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ به‌ وشه‌ و ده‌بڕین له‌‌ هه‌ندێک شوێن له‌ نێوان یاداوه‌رییه‌کانی کاک سالار نوسیویه‌تی و له‌‌گه‌ڵ یادداشته‌کانی هاوڕێکانیدا، که‌ تێیدا ده‌قه‌کانیان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌دی ده‌کرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌‌کیشی له‌ پاشکۆدا بڵاوکردونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چونکه‌ کوالیتییان‌‌ چاک نییه‌، باش ناخوێنرێنه‌وه‌. پاشان ته‌نها یه‌ک وێنه‌ی خۆی و دوو هاوڕێی له‌ پاشکۆدا بڵاوکردۆته‌وه‌، ده‌کرا نوسه‌ر هه‌وڵی زیاتری بدایه‌ و هه‌ندێک وێنه‌ی شه‌هید و زیندوه‌کانی تری، که هاوخه‌بات و هاوڕێی بوون و له کتێبه‌که‌دا ناویان هاتوه‌ په‌یدا بکات و بڵاوبکاته‌وه‌. ڕاسته‌ وه‌ک له پێشتردا وتمان زمانی نوسینه‌که‌‌ی به‌ گشتی ڕه‌وانه‌، به‌ڵام له‌‌ هه‌ندێک ده‌ربڕین و ڕسته‌دا مرۆڤ هه‌ست ده‌کات، که‌ هێشتا شێوازی ڕاگه‌یاندن و ئه‌‌ده‌بیاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێوه‌ دیاره‌، بۆ نمونه‌: نه‌زه‌ری خۆی به‌و جۆره‌ به‌یان کرد… ل١٦٩، ته‌بلیغ و ته‌رویج و سازمانده‌هی … ل٣٧٠، ته‌‌کسیرکردنی به‌یاننامه‌، ته‌بلیغاتی ته‌سلیمخوازانه‌ … ل ٣٨٣.
باسی ورده‌کاریی ناپێویست وایکردوه‌ له‌ هه‌ندێک جێگه‌دا بابه‌ته‌کان درێژببنه‌وه‌، له‌‌ هه‌ندێک شوێن پێویست بوو زیاتری له‌باره‌وه‌ بنوسرێت، که‌چی به‌کورتی پێیدا گوزه‌ری کردوه‌، بۆ نمونه‌ شه‌هید مه‌لا محێێه‌دین، که‌ کادرێکی چالاک و کارا بووه‌، ڕۆڵی که‌م باسکراوه‌، یان باس له‌وه‌ ناکات، چۆن (عه‌لی مغاویر) پاش ئه‌و ناپاکییه‌ی کردویه‌تی، ته‌نانه‌ت ده‌ دوانزه‌ ساڵ دوای ڕاپه‌ڕینیش هه‌ر ماوه‌ و زیندوبووه‌، تا دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ٢٠٠٣ ئینجا به سزای ڕه‌وای خۆی (مه‌رگ) ده‌گه‌یه‌نرێت!
بۆ ئه‌و که‌سانه‌‌ی قوربانییان به‌ گیانی خۆیان داوه‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌کان به‌ (شه‌هید) ناوزه‌دی کردون‌، که‌ به‌ڕای من له‌ ڕووی که‌لتوری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی کورده‌وه‌ باشترین وشه‌یه‌، که‌چی له‌ هه‌ندێک جێگه‌دا ده‌ڵێت (کوژران) ل٤٣٣، یان ده‌ڵێت (گیانیان به‌ خشی) ل٣٨٥. بۆ نوسه‌رێک که‌ ئایدۆلۆجییه‌کی دیاریکراوی هه‌بێت، باشتره‌، یه‌ک زاراوه‌ی په‌‌سه‌‌ند لای خۆی، به‌کار ببات.
نوسه‌ر ڕه‌خنه‌ی توند له‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به‌ گشتی و کۆمه‌ڵه‌ به‌ تایبه‌تی ده‌گرێت، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م و زۆر له‌ هاورێکانی له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکاندا ده‌ست له‌ خه‌بات و رێکخستن بکێشنه‌وه‌. وه‌ ئه‌وان به‌ هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌ ده‌زانێیت، که‌ (کاروانه‌که‌)یان نه‌گه‌‌یشتۆته‌ ئه‌و (هه‌وار)ه‌ی که‌ ئه‌مان به‌ دڵ و به‌گیان قوربانییان بۆی داوه‌ و خه‌باتیان له‌ پێناودا کردوه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌‌ به‌شێکی زۆری ڕاسته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بوو باس کرابا، ئێ خۆ هه‌ر شۆڕش و جوڵانه‌وه‌ی کورد نه‌بووه‌، که‌ ئاکامه‌که‌ی (گاڵ)ی هێناوه‌، زۆربه‌ی زۆری، گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو، ئه‌و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشانه‌ی، لای که‌می له‌ رۆژهه‌ڵاتی دوور و ناوه‌ڕاست و نزیکدا، به‌رپا کراون، سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانیان، واته‌ نه‌گه‌یشتون به‌‌و (هه‌وار)ه‌ی، که‌ کاتی خه‌بات دروشم و ئامانجیان بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رکه‌وتن خۆی شتێکی ڕێژه‌یییه، به‌ڵام، به وردبوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارودۆخی دوای سه‌رکه‌وتنی قۆناغه‌که‌ و ئه‌نجامه‌که‌یدا ده‌زانین، زۆربه‌یان ره‌نگه‌ که‌متر له‌ نیوه‌ی ئامانجه‌‌کانیان به‌دیهێنابێت، ئه‌مه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شۆڕشانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ بیری کۆمۆنیزم پاشخانی فیکری و مۆتیڤیان بووه‌.
به‌ختیار عه‌‌لی له‌ ل٤٢٧ رۆمانی (شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌کان)دا ده‌نوسێت ((نیشتمان له کچێک ده‌چێت، دێوێکی زل و ناشرین ڕفاندبێتی و جوانی ژاکاندبێت، سوارچاکێکیش هاتبێت ڕزگاریبکات، به‌ڵام شه‌هوه‌تی ئه‌و سوارچاکه‌ بۆ لاقه‌کردن و ئه‌تککردنی ئه‌و کچه‌ که‌متر نییه‌ له‌ شه‌هوه‌تی دێوه‌‌کان)). به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ لای که‌می بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تایبه‌تیتریش بۆ باشوری کوردستان رێک وا که‌‌وتۆته‌وه‌! به‌ کورتی کاک سالار نه‌یتوانیوه‌، وه‌ک نمونه‌یه‌کی مادیی مێژوویی ته‌نها وڵاتێکمان بۆ بنوسێت، که‌ کاروانه‌که‌یان ڕێبواره‌کانی گه‌یاندبێته‌ هه‌واره‌که‌یان، که‌ ئامانجیان بووه‌. بۆیه‌ لام وایه‌ گرفته‌که‌ له ئاستی مه‌عریفی و ڕۆشه‌نبیریی گه‌له‌‌که‌شدایه‌، نه‌ک هه‌ر سه‌رکرده‌ و ڕێبه‌ره‌کان.
ئه‌م کتێبه‌ شایانی خوێندنه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی وێڵی زانیاریی خه‌باتی رۆژانی سه‌خت و مێژووی تێکۆشانی که‌رکوکن. دووباره‌ ده‌ستخۆشی له‌ کاک سالار ره‌شید ده‌که‌م بۆ نوسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌ گرنگه‌ و سوپاس بۆ دیارییه‌که‌یان.

سه‌رچاوه‌:

  • ئه‌و كــــاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئیمه‌ نه‌چوو، ده‌رباره‌ی چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كی نادیار له‌ مێژووی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ شاری كه‌ركوك، یاده‌وه‌ری سالار رشید، چاپخانه‌ی تاران، چاپی یه‌كه‌م 2020



چێژبینین لەنمایشە شانۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا.. ڕێباز محەمەد جەزا

نمایشە شانۆییەکانی کوردستان لەڕووی ژمارەوە زۆرنین بەڵام کاتێک چەمکی هاوڵاتی و ژیار و شارستانییەت ڕوون نەبێت ، نازانین دەکەوینە کوێی ژان وزێی گرفتەکانەوە ، لەبەرئەوە زۆرکات دەبینین هەوڵدان بۆڕامکردنی هەموو خەڵک و هاوشوناسبوونی بێمەرج لەگەڵیاندا ، زەمینە بۆ پۆپۆلیزم لەسیاقدا – پەرێزدا – خۆشدەکات ؛ ئەمەش سەر بەوساتە خۆیەتی کەگروپێک یان کۆمەڵێك کەس بەناوی جیاوازی و دۆزینەوەی فۆرمی تایبەتەوە ، خۆیان دەخەنە شوێنی هەموو خەڵک و لەبری هەموو خەڵک قسەدەکەن وپێوەرو پێوانە ڕیزدەکەن وپێی دەپێون ؛ لەکاتێکدا ئەو هەوادارانەی ئەو بەرهەمە پەسەند دەکەن هەموو خەڵک نین !! وەکو بڵێی هەمووجەماوەری ئەوبەرهەمەش نین کەواتە بەو پێوەرەش بێت گەر لەدۆخێکی بابەتی وستاندارددا بیر لەخەڵک بکەنەوە ئەوا خەڵک هێشتا ناوەرۆکێکی زیاتری پێوەیە تافۆرمالیمێکی ڕووت و ڕاستەوخۆ بێت .
بۆئەم مەبەستە بەشێکی زۆر لەنمایشەشانۆییەکان و بکەرەکانیان ؛ بەناوی هەمەجۆرەوە گوزارە دەردەبڕن ؛ جارێک دێن لەژیر ناوی “چێژ” و جارێکی تر دێن لەژێر ناوی ” جوان ” یاخود “باش” قسەکانیان ڕیزدەکەن وبەرهەمەکان بەسەر “سزا”و”پاداشت” یان “خێر ” و
“شەڕ” یان “باش وخراپ ” دابەش دەکەن ؛ چونکە ئەم تێگەیشتنە جۆرە پۆپۆلیزمێکی شانۆیی بەرهەم دەهێنێت ( پۆپۆلیزم لەئاستێکی سەرەتاییدا ، هەوڵدەدات چەمکی ناوەرۆکداری خەڵک بگۆڕێت بۆ فۆرمالیزمێکی پەتی) ، واتە هەموو ئەوناواخنە ناکۆک و گرژانەش چارەسەر بکات کەچەمکی خەڵک خۆی بەناساز هێشتوییەتییەوە !! کەواتە چی پەیوەندییەک هەیە لەنێوان “چێژ ” وەکو چەمکێکی ئیستاتیکی لەگەڵ “پۆپۆلیزمی شانۆ؟ ” بەتایبەتی لەنمایشی شانۆگەرییەکانی هەرێمی کوردستاندا !! “لەم دەرفەتە کورتەدا ئەوەدەخەمەڕوو کەهیچ بەرهەمێکی ” پۆپۆلیستی ” مەودا درێژ وقوڵ نییە ، بەڵکو کورتخایەن و “ئاڵۆزە” و لەئاستێکی سەرەتاییدایە کەناوەرۆکێکی نەخوێندراوەو ساکاری هەیە و بەرگەی بچوکترین تاقیکردنەوەو پرسیاری “جدی –ڕژد” ناگرێت و هەڵدەوەشێتەوە .

بەشی یەکەم
پۆپۆلیزمی شانۆگەری

پۆپۆلیزم چییە؟ بۆئەوەندە مەترسیدارە؟ ” پۆپۆلیزم، بەرنامەیەکە یان بزووتنەوەیەکی سیاسیە کە بانگەشەی پاڵپشتیکردنی کەسی ئاسایی دەکات، پۆپۆلیزم بەزۆری توخمەکانی چەپ و ڕاست تێکەڵ دەکات ، دژایەتی بەرژەوەندییە بازرگانی و داراییە گەورەکان دەکات بەڵام زۆرجار دوژمنایەتی پارتە لیبڕاڵ و سۆسیالیستی و کرێکارییە دامەزراوەکانیش دەکات یان زۆرجار زاراوەی پۆپۆلیست بە شێوەیەکی سووکایەتیپێکردن بەکاردەهێنرێت بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتمەدارێک کە ترس و حەماسەتی گەلێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە. کەواتە بەپێی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ پۆپۆلیزم، بەرنامەی ئابووری پۆپۆلیستی دەتوانێت یان پلاتفۆرمێک بێت کە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئاسایی و وڵات بە گشتی بەرەوپێش دەبات یان پلاتفۆرمێک کە هەوڵدەدات سەروەت و سامان دابەش بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی جەماوەری، بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەکانی بۆ وڵات ” ( Munro،2023) بەڵام لەهونەری شانۆدا بەواتای چی دێت ؟” سەرەڕای پەیوەندییە هاوچەرخەکانی زاراوەی ‘پۆپۆلیزم’ لەگەڵ براندێک لە حوکمڕانی تاکڕەوی کۆنەپەرستانە ، (شیلی ئەلێندێ) و بە تایبەتی مۆزەخانەی سۆلیدارێتیدا، یارمەتی نۆژەنکردنەوەی پۆپۆلیزم دەدەن وەک پڕۆژەیەکی سیاسی نەک بە دەرپەڕاندنی ، بەڵکو بە بنیاتنانی کۆدەنگی جەماوەری پێناسەی دەکەن . بە پێشکەشکردنی دیدگابۆ جیهانێکی نوێ، ئەو هونەرەی کە نمایشکرابوو، بوو بەهۆی یەکخستنی لە کارێکی سیاسی فراوانتر، کە وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاری جەماوەری، نەک تەنها بەڵگەنامەیەک بەکاردەهات ( Mason،2010 ) یان هەر وەکو لەلایەن ” نیل سمیسەوە ” ڕوونکراوەتەوەو دەڵێت:” من دەڵێم کە ئێمە [هونەرمەندانی سۆهۆ] بەڕاستی ویستمان ئەمریکا بگۆڕین. یان ڕەنگە ئەوە بێت کە ئێمە ویستمان دەست بە سروشتی ڕاستەقینەی ئەو شتە بگرین کە پێمان وابوو ئەمریکا چییە یان دەبێ بێت.” خواستی ئەوان بۆ دەرخستنی بەڵێنی ئازادی و یەکسانی کە لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی میللەتدا هاتووە، لە ( (FOOD 1971-1973، ئەو پڕۆژەیەی کە بەکۆمەڵ بەڕێوەدەبرا، بانگەوازی دیموکراتیزەکردنی هونەری بۆ ژیان وەرگرت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێداویستییە جەستەیی، ئابووری، سۆزداری و هونەرییەکانی کۆمەڵگادا کرد. دواتر ئێرنێستۆ لاکلاو. بەم شێوەیە کردارەکانیان لە یەک کاتداو بەلۆژیکێکی پۆپۆلیستی پێشکەوتنخوازانە و پاشەکشەیی پیشان دەدا. پۆلیسی سنوور لە شوێنەوارە ماددییەکانی FOODدا دیارە: هونەرمەندەکانی سپی پێست و چینی ناوەڕاستی سۆهۆ هێڵی سنووری نوێی شارەکانیان بە درێژایی وەدەرنانی چینایەتی و ڕەگەزپەرستانەی دەرەوەی شارەکان کێشا.( Mabey،2010 )بەم شێوەیە پۆپۆلیزم هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی هەمووخەڵکە و خۆی بەزمانحاڵی هەمووان دەزانێت و ڕێ لەجیاوازییەکان دەگرێت و سنوری ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوەو هێڵیان بۆدەکێشێت وبەرەو ئادۆلۆجیای مەبەستدار دەروات بەڵام چێژ چی پەیوەندییەکی بەم دۆزەوەوە هەیە؟ واتە شانۆی پۆپۆلیستی هەوڵی بەگەمژەکردنی دوولایەنەدەدات: لایەنێکیان بەرهەمەکەو لایەنەکەی تریان وەرگرەکانیان . ئەوەی لەژێر دەستەواژەی پۆپۆلیزمدا کۆدەبێتەوە، کۆمەڵەی هاوچەرخەکانن کە نایانەوێت پەیڕەوی لە ڕیتمی پێشکەوتنی کولتووری و ڕۆشنگەری بکەن.
پۆپۆلیستەکان یاساکانی ئەتەکێت دەشکێنن و خۆیان بە جلوبەرگی مێژوویی ڕابردووی تۆتالیتارییەوە دەپۆشن. پۆپۆلیستەکان ، ستایشی پاوانخوازی یەک بۆچوون دەکەن و ڕەخنە لە تێڕوانینی دیموکراسی بۆ هەمەجۆریی بگرن وەک هەڕەشە لەسەر ناسنامە، کە بەپێی تێگەیشتنیان دەبێت لە ئەفسانەی نەتەوەییەکەوە سەرهەڵبدات. هەستەکانی توڕەیی و بێزاری زیادەڕەوی وەک ڕەسەنایەتی هەڵوێستیان کاردەکەن. بەپێی لێکدانەوەیەکی ئێستاو بەربڵاو، پۆپۆلیزم دەرئەنجامی دابەشبوونێکە: لە لایەکەوە، ئەو تاکانە هەن کە بە توانای فێربوون و خۆگونجاندن وەڵامی گۆڕانکارییە خێراکان و تەحەددای فرەچەشنی دیجیتاڵکردن دەدەنەوە؛ پێشوازی لە توانای فراوانبوون دەکەن ، زانین و پەیوەندی و چێژوەرگرتن. لە لایەکی دیکەوە پۆپۆلیستەکان وەک دۆڕاو دەردەکەون، بەرگریکارانی ڕابردووی دوێنێ و چەقی نەگۆڕی لە قوڕدا کە هەست دەکەن لە ژێر هێرشدان لەلایەن کراوەیی پرۆسەی گۆڕانکارییەوە یان سەرکوتکراون. لەسەر ئاستی دیاردە ڕەفتارییەکان ئەم دۆخە لە ئەنجامدا وێنەیەکی دووانەیی تایبەت بەخۆیەوە دەبینێت: لە لایەکەوە جوانیناسی پۆپۆلیزم هاوتایە لەگەڵ ئەو نیشانانەی کە لەبواری دەماریی تاکەکەسی وەک گەڕانەوەی سەرکوتکراوەکان.
پۆپۆلیزم — نەخۆشییەکی بەردەوامی سیستەم لەشانۆدا چۆنە؟ جگە لەوەی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی-داینامیکییە، دەبێت لە گۆشەیەکی دیکەوە لەبەرچاو بگیرێت. ستراتیژییەکانی پەیوەندیکردن لە سادەکردنەوە و یاریکردن بە هەستەکان و ئینکاریکردن لەڕاستییەکان و لە ئێستادا لە ئابووری و ئیکۆلۆژیای میدیادا بەکاردەهێنرێن کە تێیدا نەخۆشی ڕەفتار بووەتە نیشانەی کۆمەڵگەی دیجیتاڵی بە گشتی.
لە ساڵی ١٩٧٦دا کۆمەڵناسی فەرەنسی (ژان بۆدریلار) تیۆرێکی داڕشت لەو کاتەوە لە مۆدە دەرچووە، وەک ئامرازێکی شیکاری بەسوودە.

  • زۆر پێش دیجیتاڵکردنی دەق و وێنە و فیلم و زۆر پێش هێنانەکایەی ئامێرە مۆبایلەکان کە مرۆڤی مۆدێرن بەردەوام لە پەیوەندیدا دەمێنێتەوە ؛ بۆدریلارد ئاماژە ناکات بۆ ئەوەی لەم سەردەمەدا پێی دەوترێت هەواڵی ساختە یان شەڕی زانیاری، واتە زانیاری هەڵە بە ئەنقەست و داڕشتنی بۆچوونی حیسابکراو. کەواتە چێژ چییە؟ چۆن لەجێژ تێبگەین ولەپۆپۆلیزمی هونەری بەدووربین ؟ کەلەم ڕۆژانەدا زۆرترین بەکارهێنەری زاراوەی چێژ هەیە کەنەدەزانن چییە؟ نەهەوڵی تێگەیشتنیش دەدەن .!! لەبەرئەوەئەم نووسینە هەوڵدەدات زۆر بەسادەیی وبەکورتی ئەوەمان پێبڵێت کە چێژ بابەتێکی پۆپۆلیستی نییەو بینەرانیش پۆلێن ناکرێن لەژێر ناوی چێژی وەرگرت یاخود نا !! لەکاتێكدا ئێمە پێویستمان بەخوێندنەوەی جدیی و ڕژدی دۆزەکەهەیە ..

    بەشی دووەم
    چێژبینین لە شانۆدا

    چێژ چییە؟ چۆن لە چێژ تێبگەین؟ ئەمە ئەو پرسیارە ورووژێنەرەیە کە قسە و باسی زۆری لەبارەوە کراوە؛ بەڵام لامان ڕوون نییە واتا و مەبەستەکانی چین؟ لەبەر ئەوەی زۆر بە کار دێت و تا ڕادەیەک ئاڵۆزە و بە گرنگی دەزانم پرسیار لە چێتییەکەی بکەم، چونکە “گومانی تێدا نییە کە پرسیارکردن دەربارەی هەر شتێک جۆرە ئاگاییەکە دەربارەی بابەتی لێپرسراو و جێ مەبەست؛ هەروەها ناسین و زانست دەربارەی پرسیارلێکراو لە خودی وەڵامەکەدا واڵا و ئاشکرایە.” (کرۆچە: 2010، 53). چۆن بیر لە چێژ بکەینەوە؟ بە شێوەیەکی سەیر سەختە پێناسە بکرێت، زۆر کەمتر هەست بە باشی بکەیت لەو بارەیەوە، چێژ بوونەوەرێکی فێڵاوییە. ” ئایا فەلسەفە دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ئاسانکردنی؟” (Dresser، 2020) بیرو باوەڕی چێژبەخشی ڕاستەقینە بە ناوی پێش ئەپیکۆرۆسەوەیە، بەو پێیەی ئەو کەسەی کە دایمەزراندووە، خوێندکاری سۆکرات بووە بە ناوی ئەپیکۆرس، لە نێوان خۆی و ئەفڵاتوون و ئەرەستۆدا ڕکابەری هەبووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەفڵاتوون فەلسەفەی سۆکراتی شێواندووە. سەبارەت بە نەیارەکانی، تۆمەتباریان کرد بە سۆفیست. پێدەچێت لە سەرەتادا یەکێک بووبێت لە سۆفیستەکان، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەکاندا، ئەو سۆفیستەی کە لە بازنەکەی دوورکەوتەوە و یەکەم خشتی بۆ یەکێک لە گەورەترین بیری فەلسەفی سەردەمی ئێمە دانا کە سوودی گشتی بۆ هەموو مرۆڤەکان هەبوو.
    ئەم پەرەسەندنە لە لایەن فەیلەسووفی ئینگلیزی تۆماس هۆبز، جۆن لۆک، دەیڤید هیوم، جۆن میل و هێربێرت سپێنسەر ئەنجام دراوە، بەڵام سەرچاوەی بیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بلیمەتە یۆنانییە (ئەپیکۆرس). ئەرەستۆ بۆ ئەپیکۆرییەکان چێژ بە هیچ شێوەیەک هەستێکی ئەرێنی نییە، تەنیا هەستکردنە بە ئاسوودەیی یان ئارامیی کە دوای ڕزگاربوون لە ئازار دێت. «ئەکسیۆلۆژیا/ ئاکارناسی» و ژیانی بەختیار و چێژوەرگرتن “بە پێی فەلسەفەی ئەپیکۆرس تاقیکردنەوەکانی ژیان دەری دەخەن کە ئێمە سەوداسەری لەززەتین، زیندەوەریش بە بێ بیرکردنەوە و فێربوون، وەک ئادەمیزاد بە شوێن لەززەتدا دەگەڕێت. کە وابوو لەززەت یان چێژ مەبەست و ئامانجە، ئەو ڕێگایەش کە بۆ گەیشتنە لەززەتەکەش دەگیرێتە بەر، فەزیلەتە.” (عەزیز: 2005، 275) مرۆڤی تینوو بەم شێوەیە هەست بە چێژ دەکات کاتێک تینویەتی بە پەرداخێک ئاو دەکوژێتەوە. ئەرەستۆ دان بەوەدا نانێت کە چێژ سیفەتێکی نەرێنی هەیە، بەو پێیەی تەنیا ڕزگاربوون نییە لە ئازار، بەڵکوو بە بۆچوونی ئەو توخمێکی ئەرێنی لە خۆ دەگرێت، ئەو دەڵێت ئەو چێژەی ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین، ئەو چێژەیە کە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێگاکەمان دەیدۆزینەوە، واتا کە ئامانجمان دەرهێنانی چێژە لە ساتەوەختە زوو تێپەڕەکان. دوور لە هەموو پەشیمانیەکی بێماناو بەسەر ئەو خۆشیانەی کە نەماون، دوور لە چاوەڕوانییە بێماناکانی ئەو خۆشیانەی کە ڕەنگە بێتە پێشەوە. ڕابردوو ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە و داهاتوویش تا ڕادەیەکی زیاتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد خەریکە دەکرێتەوە.

    (الغنامی: 2023) ئەرەستۆ دان بەوەدا نانێت کە چێژ جۆرێتی نەرێنی هەیە، چونکە تەنیا ڕزگاربوون نییە لە ئازار، بەڵکوو بە بۆچوونی ئەو توخمێکی ئەرێنی لە خۆ دەگرێت. وەسفکردنی هەر چێژێک بە خراپە لە ڕووی زاراوەوە دژایەتییە، بۆ ئەو چێژ هەمیشە چاکە و خواستراوە لە هەموو کاتێکدا. مرۆڤەکان وا گریمانە دەکەن کە چێژەکان لە سرووشتی خۆیاندا جیاوازن، چونکە لە سەرچاوەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرن، هەر بۆیەشە دەگوترێت چێژە دەروونییەکان پلەیەکی بەرزتریان هەیە لە چێژە هەستیارەکان. ڕاستییەکەی هیچ بنەمایەک بۆ جیاکارییەکی لەو شێوەیە نییە، چونکە هەموو چێژەکان هەمان سرووشتیی هەستیان هەیە، بە بێ گوێدانە ئەو سەرچاوەیەی کە لێیەوە سەرچاوەی گرتووە. هەرچی دەیزانین و هەموو کارێکمان بۆ هەستکردن گەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەک فەیلەسووفی هەست «وەسف/ پەسن»ـی بکەین.

    چێژ شتێکی داواکراوە، ئازار شتێکی ڕەتکراوەیە و هەموو شتێکی تریش بە پێی ئەو چێژە یان ئازارەی پەیوەستە پێیەوە، خوازراوە یان نەخوازراو. لێرەوە دەرەنجامەکە ئەوە بوو کە چێژ ئامانجێکی پێویستیە. زۆر گرنگە بە ڕوونی هەموو ئەو شتانە ببینین کە ئەم بانگەوازە بۆ ئەم ئەزموونە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سەرنج بدەن، تێڕوانینی ئەرەستۆ سنووردار نییە بە ئارەزووی هەر مرۆڤێک بۆ چێژ و دوورکەوتنەوە لە ئازار، بەڵکوو باس لەوە دەکات کە مرۆڤ ناتوانێت ئارەزووی هیچ شتێکی تر بکات. (الغنامی: 2023) یاخود هەر وەکوو لە سایتی (Stanford Encyclopedia of Philosophy)ـدا هاتووە چێژ لە بەکارهێنانە گشتگیرەکاندا گرنگن لە بیرکردنەوەدا سەبارەت بە خۆشگوزەرانی، ئەزموون و دەروون، سۆزداری ئەرێنی، هەموو خۆشی و حەز و چێژوەرگرتن لە خۆ دەگرێت. لە ئێستادا زۆر جار بەختەوەری بە هەمان شێوە بە کار دەهێنرێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوون لەگەڵ بەکارهێنانە کۆنەکان کە ئاماژەن بۆ بەختەوەریی گشتی یان سەرکەوتن لە ژیاندا .

    لەم ڕوانگەیەوە چێژ دابەش دەبێت بۆ هەست و بەرهەست و لەوێوە جێ بەخۆی دەگرێت و کاریگەری دادەنێت. ڕەنگە فەلسەفەی چێژ وەک فەلسەفەیەکی تاکگەرایی و خۆپەرستانە دەرکەوێت کە بچووکترین گرنگی بە کەتوار یان ئەوانی تر نادات و بە دوای ئارامی و چێژەکاندا بگەڕێت، ڕاستییەکە ئەوەیە ئەگەر قووڵتر بچینە ناو پێکهاتەی مرۆڤەوە، چێژ ڕەتکردنەوەی ئازار و بەفیڕۆدانی ڕۆژانی ژیانە، ڕاکردنە بە دوای وەهمە کوشندەکان و خاڵی قارەمانێتی لەسەر حیسابی ئارامی دەروون و بیرکردنەوە و چێژ و ئارامی و بەختەوەری کە ئامانجی بوونە. (طاهر: 2020)0ئەم ئاخ هەڵکێشانە بۆ تێنەگەیشتنە لە دۆخێک کە ڕۆیشتووە و زەحمەتە بە دوایدا بچینەوە. هەروەها لە سایتی (Stanford Encyclopedia of Philosophy)ـدا باس کراوە، چێژ وەک باش و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات. ئەمەیش ڕوونکردنەوەیەکی سادە پێشنیاز دەکات، هەم بۆچی مرۆڤەکان بە دوای چێژدا دەگەڕێن و هەم هۆکاریش هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن. ئەوەی کە ڕەنگە ئێمە شتێک بۆ چێژەکەی پێ باشتر بێت و هەڵیبژێرین، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕاستییەک هەیە سەبارەت بە چێژ کە هەندێک هەڵبژاردنی لەو جۆرە باشتر دەکات لە هەندێکی تر. فەیلەسووفەکان ئەم پێشنیارە زیاتر دەبەن، هەندێک جار چێژیان لەوە وەرگرتووە کە تاکە ئەزموونێکی سادە (تایبەتمەندی) ئەزموونەکان باش و سەرنجڕاکێش دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە ئامادەن. لەبەر ئەوەی (مرۆڤ بوونەوەرێکی قسەکەرە، کە بە هۆی خانەکانی مێشکییەوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ژیان، بابەتەکان، ئاکامەکان، دوێنێ، ئەمڕۆ، ئاییندە دەکات. لەناو کەللەی سەری مرۆڤدا کام لە پاڵنەرەکان هانی دەدەن کە ڕەفتار و ئاکارەکانی بە ئاڕاستەیەکی دیارکراودا ڕێک بخات؟ ئەم پاڵنەر و مۆتیڤانە دەشێت «ترس» بێت کە لە دەسەڵاتمان هەیە تا باسی «چێژ» بێت کە دەمانخاتە پەیوەندییەکی ڕۆمانسیانە بۆ بە دەستهێنانی سێکس و هەروەها دەشێت بیرکردنەوە بێت لە «بەختەوەرییەکی ئارام» کە لە چاندن و چاودێریکردنی درەختەکان و سەوزایی باخچەی گەرەکەکەمان ئەزموون دەکەین. دەڵێن ئەم سێ وشەیە «ترس، چێژ و بەختەوەری» ئیدارەی ئەم بوونەوەرە بیرکەرەوە ئاڵۆزە دەکەن و دەسەڵاتیان زاڵە بەسەر سایکۆلۆژیەتی و بیرکردنەوەکانیدا. (دۆسكی: 2021). چێژ یان لەززەت؛ ھەستکردن بە خۆشییە، یانی حاڵێک کە بۆ لەش جۆر و لەبارە و حەزی پێ دەکات. پێچەوانەی ئێش و ئازارە، کە بۆ لەش ناخۆش و ئەزیەتکەرە.

    مرۆڤ و گیانلەبەرە خاوەن وشیارییەکانی تر، یانی ئەوانەی لە خۆیان و لە دەوروبەریان ئاگادارن، مەیلیان لە چێژوەرگرتنە و بۆیان بە بایەخ و شیاوی بە دوادا گەڕانە. چالاکییە چێژبەخشەکان زۆرن، بۆ وێنە خواردن و سێکس و گوێگرتن لە مۆسیقا و کایەکردن. زانستی هاوچەرخ بەشێکی گرنگی بۆ چێژ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام پێشنیازی ئەوە دەکات کە پەیوەندییەکانی چێژ بە هۆشیاری و سەرنجڕاکێشانی پاڵنەرەوە ؛ فەیلەسووفانی هاوچەرخ بەردەوامن لە مشتومڕکردن لەسەر ئەوەی چێژ چییە؟ بەڵام تەنیا دەستیان کردووە بە قسەکردن لەسەر پێشکەوتنە زانستییەکان کە هێواش هێواش پڕی دەکەنەوە کە چ بەکارهێنانێکی تەمەندرێژی ماددە دەروونییە چالاکەکان بۆ بەرزکردنەوەی باری دەروونی و چارەسەرە نوێیەکانی دەرمان بۆ خەمۆکی پێشتر پێشبینی کراوە کە چێژ دیاردەیەکی بایۆلۆژییە.( 2021 Lake, MA & BA Jazz) لای (سپێنسەر): ” چێژ زێدە وزەیەکە پێویستی بە دەرپەڕین هەیە.” هەروەها (شیلوو) دەڵێت: ” مرۆڤ بە تەنیا گەمە و یاری دەکات و لە گەمە منداڵانەکەیدا قووڵترین مانا هەیە، هەندێک پێیان وایە کە چێژوەرگرتن مەعریفەیە، یان ڕامان و دەرککردن و بەشداری و هاوئاهەنگییە، هەموو ئەمانەیش بە ڕەگەزە دەروونییەکانەوە پەیوەستن. ئەوەی گومان هەڵناگرێت ئەوەیە کە میکانیزمی چێژوەرگرتن زۆر ئاڵۆزترە وەک لە میکانیزمی مەعریفە و زانین، هێزی چەشە و چێژوەرگرتن هێزی زیرەکی نییە، بە هۆکارە جۆراوجۆرەکانەوە بەستراوبێتەوە، هەندێکیان دەروونی و هەندێکیشیان کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵین، ناکرێت لە گۆشەی هۆکارێکەوە بڕوانرێتە ئەو میکانیزمە…” (ڕەسووڵ: 2017، 130_134).

    ئەنجام
    کەواتە چێژی نمایشە شانۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە کوێی ئەم دۆزەوە؟
    ئەو چێژە شانۆییەی کە لە ئەنجامی کاریگەریی پەیوەندی نێوان وەرگر و نمایشی شانۆدا دروست دەبێت، نوێنەرایەتی ئەو چەناڵە پەیوەندییە دەکات کە لە ڕێگەیەوە ناوەڕۆکی دەق و پێشکەشکردنەکە پێکەوە دزەپێدەکرێن و کارلێکی دەروونی نێوان (بەرهەم و خودی وەرگر) و کارلێکی گەیشتنە بەزۆرترین حاڵەتەکانی هاوسۆزی قووڵ بۆ ستراتیژی ئیلهامبەخشی شانۆیی، یاخود پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لای هاوکێشەکە (بەرهەم + وەرگر) نزیکتر دەبنەوە. ( الاعسم2007) چێژەکانی ناو شانۆی ژیان زۆر و هەمەچەشنن، مرۆڤیش بە پرسی تێرکردنی غەریزەکانیەتی بە چێژە جۆراوجۆرەکان، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، یاسایی یان نایاسایی، تووشی کێشە دەبێت، بە مەرجێک پاڵنەری سەرەکی ڕزگارکردنی ڕۆح بێت لە شتە سەرکوتکراوەکان، بەبێ گوێدانە هۆشیاری، کولتوور، پاشخان، یان تیۆر، مەرجدارکراون بۆ چێژوەرگرتن لە بەرهەمەکانی هونەر، لەوانە: شانۆ، سینەما و تەلەفزیۆن، بەڵام ئەو چێژەی کە لە ئەنجامی سەیرکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و شانۆنامەکانەوە یان نمایشە گێڕدراوەکان بەگشتی دێتە ئاراوە، نزیکە لە سەرنجڕاکێشترینیان. بەڕەچاوکردنی سەلیقەی بینەران، هونەرەبینراوەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەست و دڵی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. (الأعسم،2023)بەڵام بۆ ئەو نەتەوانەی نەریتی بینینی نمایشە جیاوازەکانیان نییە ،نازانن وناتوانن چێژی بەرهەمی هەمەجۆرو فرەچەشنییان هەبێت ؛ کێشەکە بەجۆرێکی ترەو پێویستی بەوردەکاری زیاترە ؛ چونکە مرۆڤی کورد شایانی ئەوەیە پەروەردەی شانۆییانەی خۆی پێش بخات و بتوانێت بەسروشتی و دوور لەشێواندن گوزارشت لەخۆی ونمایشەکان بکات .

    ڕێباز محەمەد جەزا

    سەرچاوەکان :

  1. کرۆسە ، بندیتۆ ، چەمکەکانی جوانناسی ، وەرگێڕانی : سەربەست خەسرەوعارف ، دەزگای چاپ و پەخشی سەدەم ، چاپی یەکەم ، سلێمانی 2010
  2. محەمەد جەزا ، ڕێباز : ئیستاتیکای شانۆگەری ، لەپەیمانگای هونەرەجوانەکان / بەشی هونەری شانۆ ، ساڵی : 24/4/2017
  3. عەزیز، حەمید : سەرەتایەک لەفەلسەفەی کلاسیکی یۆنان ، لەبڵاوکراوەکانی کتێبفرۆشی سۆران _ هەولێر ، زنجیرەی ژمارە (36) ، چاپی دووەم – هەولێر2005
  4. https://www.imdb.com/title/tt30277878
  5. Mason, M. (2010). Sample Size and Saturation in PhD Studies Using Qualitative Interviews. Forum Qualitative Sozialforschung/Forum: Qualitative Social Research, 11
  6. باز ، اوكتافيو : ‘الشعر ونهايات القرن والقلة والكثرة’، ، ت. ممدوح عدوان. ، مجلة المدي/ العدد 16/1997،
  7. أبتر، ت .ي: ادب الفنتازيا، ت. جبار سعدون، دار المأمون، بغداد، 1989
  8. https://www.iasj.net/iasj/article/13140
  9. https://alsabaah.iq/72410-.htm



چەند شیعرێکی چاڕڵس بوکۆفسکی.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

شاعیری سەعلووکەکانی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا

شیعر

بۆ نووسینی
چەند شیعرێکی پووخت
گەلێ نائومێدی و
بێزاری و
بەدبەختی پێویستن
ئەویش
نە بۆ هەموو کەسێک
دەنووسرێ و
نە بۆ هەموو کەسێکیش
دەخوێنرێتەوە.

                 ئێستا

گەیشتن بەئەمڕۆ و
پێنانە نێو ئەم تەمەنە زۆرەوە
دەیەکان تێپەڕین
بێئەوەی تەنانەت یەک کەسی بەڕاستی ئەهریمەنم تووش ببێ
بێئەوەی تەنانەت یەک کەسی بەڕاستی جیاوازم تووش ببێ
بێئەوەی تەنانەت یەک کەسی بەڕاستی چاکم تووش ببێ
بە پێنانە نێو ئەم تەمەنە زۆرەوە
دەیەکان تێپەڕین و
بەیانیانیش تا تۆ بڵێی خراپترن.

                                با پێت بڵێم

دۆزەخ بە پرۆسەیەکی لەسەرخۆ
نەک خێرا
پارچە پارچە و
خشت بە خشتی
بە چواردەورت هەڵچنرا.
ئێمە بەدەستی خۆمان
دۆزەخمان
بۆ خۆمان دروست کردووە و
گلەیش لە خەڵکانی تر دەکەین.
بەڵام دۆزەخ هەر دۆزەخە
پڕ بەپێستی وشەی دۆزەخ هەر دۆزەخە
دۆزەخی من و
دۆزەخی تۆ و
دۆزەخی ئێمە
دۆزەخ، دۆزەخ، دۆزەخ
گۆرانی دۆزەخ
سەر لە بەیانی پێڵاوەکانت لە پێبکە
ئەی دۆزەخ.

                         جەنگ 

جەنگ، جەنگ، جەنگ
ئەژدیهایەکی زەردی
عەقڵ و جەستەخۆرە
جەنگ،
شتێکە لە وەسف نەهاتوو
چێژێکە لەتووڕەیی،
دوا چەڵتەچەڵتی پیاوێکی عەقڵ ساوایە.

جەنگ هی ئێمەیە؟
ئێمە بەرپاکەری جەنگین؟
لەگەڵ نزیکتر بوونەوەمان
لە دوا ترووسکەی دەرفەتمان
تاقە گوڵێک مایەوە
تاقە چرکەیەک
هەناسەیەکی لەم جۆرە.

                                 باران

سەمفۆنیای ئۆرکێسترایە.

                               چ نووسەرێک بوو

ئەوەی ئێ ئێ کەمینگزم لا دڵگیر دەکات
دەهات لە پیرۆزی وشەی دەبڕی و
زۆر بە جوانی و لێزانانە
دێرەکانی نیشان دەداین
جوان و تەڕپۆش

چی پێ دەویست، ئەوەی دەکرد
ئێمەش لەنێو
سەرما و ماندوێتی
هەڵدەوەراین
ئینجا بێگومان لاسایی کەرەوەکانی دەهاتن
لاساییان دەکردەوە
وەک ئەوانەی لاسایی کیتس و شیڵی و
سوینبێرنس و باریۆنیان و تادواییان دەکردەوە.(٣)

بەڵام تەنها یەک ئێ ئێ کەمینگز هەبوو
یەک هەتاو.
یەک مانگ
یەک شاعیری لەو جۆرە.

                        هاودەم

من تەنها نیم
ئەوەتا لێرەیە
هەندێجار هەست دەکەم
ڕۆیشتووە
دوایی سەرلەبەیانی
یان نیوەڕۆ
یان بە شەو
لە شەقەی باڵ دەدا و دێتەوە
ئەو باڵندەیە کەس نایەوێ
لە من زیاتر
ئەوە باڵندەیە، باڵندەی منە
باڵندەی ناسۆرییە
گۆرانی ناڵێ
ئەو باڵندەیە
لەسەر لقی دارەکە لارە لارییەتی.

                          وەختێ شیعر خۆی دەدا لە

وەختێ شیعر خۆی لە هەزاران شیعر دەدا
ئەوسا هەست دەکەی
داهێنانت زۆر کەم بووە.

                          عەشق و ناوبانگ و مردن

لەدەرەوەی پەنجەرەکەم دادەنیشێ و لێم دەڕوانێ
وەک کەنەفتەژنێک بیەوێ بچێ بۆ بازاڕ
دادەنیشێ و لێم دەڕوانێ
لە میانی تەل و تەم و وەڕینی سەگەوە
بە شپرزەییەوە ئارەقە دەتکێنێ
تا لەناکاو ڕۆژنامەیەک دەکێشم بە شاشەکەدا
ڕێک وەکو کوشتنی مێشێک
ئەوسا گوێت لە هاوارێک دەبێ
بەسەر ئەم شارە بێکەسە و
پاشان دەڕوا.
کۆتایی هێنانی شیعرێک بەم شێوازە
بێدەنگییەکی لە ناکاو دەخوڵقێنێ.

                                   هەندێ کەس

هەندێ کەس هەرگیز شێت نابن
بەس من، هەندێجار لە پشت قەنەفەکەوە
بۆ سێ چوار ڕۆژ پاڵ دەکەوم.
لەوێدا دەمدۆزنەوە
دەڵێن ئەوە فریشتەکەیە
ئینجا شەراب دەکەن بە گەروومەوە
سنگم ڕۆن پڕژێن دەکەن و دەمشێلن.(٤)

هێنری چارڵس بوکۆفسکی؛ شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئەمریکی، لە شانزەی ئابی ساڵی ١٩٢٠ لە ئەڵمانیا هاتۆتە دونیاوە. بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم شاعیرە بریتین لە هەزاران شیعر و سەدان کورتە چیرۆک و شەش ڕۆمان، کە زۆربەیان ڕوو بە خەڵکی هەژاری ئەمریکان. یەکێک بووە لەو شاعیرە زۆر تایبەتانەی کە لە مێژووی ئەمریکادا جارێکی هەرگیز دووبارە نابێتەوە. ئەم شاعیرە لەسەر گۆشە تایبەتەکەی (تێبینییەکانی پیرەپیاوێکی کەنەفت) نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی پەروەندەی تایبەتی بۆ دەکاتەوە. بوکۆفسکی لە دایکێکی ئەڵمانی و باوکێکی ئەمریکییە و لەساڵی ١٩٢٣ ئەم خانەوادەیە لە ئەڵمانیاوە دەچنە ئەمریکا و پاش ماوەیەک لە ناوەندی باشووری لۆس ئەنجڵس جێگیر دەبن ، لەو گەڕەکەی کە پێشتر باوک و باپیری بوکۆفسکی کاریان لێکردووە و تیایدا ژیاون. ئەم شاعیرەی ئەمریکا باوکێکی بێکار و تووڕەی دەبێ و لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە زۆر ئەشکەنجەی بوکۆفسکی دەدات و ئەم گەنجە هەست ناسکەش هەر زوو تێکەڵ بە دونیای خواردنەوە دەبێ. دوای قۆناغی ئامادەیی، بوکۆفسکی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێتە کۆڵیژی لۆس ئەنجڵس و ئەدەب و هونەر و ڕۆژنامەگەری دەخوێنێ. لەتەمەنی بیست و شەش ساڵیدا یەکەمین کورتەچیرۆکی بڵاو دەبێتەوە. لە هەڕەتی لاویدا تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن دەبێت. لە سەرەتای دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە فەرمانگەی پۆست دادەمەزرێ. لەماوەی ژیانیدا چەند جاری کارەکەی دەگۆڕێت . ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ ژنە شاعیر بەربەرا فرای هاوسەرگیری دەکات و دوای دوو ساڵ لەیەکتر جیا دەبنەوە. لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن “بلاک سپاڕۆ پرێس”ەوە کاری پێدەدرێ.(١) بوکۆفسکی لەگەڵ خواردنەوەدا دەژێت و خواردنەوە کاریگەری زۆری دەبێت بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و نووسینەکانی. ساڵی ١٩٧٦ دووبارە هاوسەرگیریی دەکاتەوە و ئیتر بوکۆفسکی لە نێوان خواردنەوە و نووسیندا ڕۆژەکانی ژیانی بەسەر دەبات، تا لە نۆی ئازاری ساڵی ١٩٩٤ بە نەخۆش لوکیمیا گیان لە دەست دەدات. بوکۆفسکی ڕاستگۆیانە گوزارشت لە خۆی دەکات و گەورەترین ڕاستگۆیی لە نووسینەکانیدا بەدی دەکرێت. ڕاستگۆییەکەی بوکۆفسکی لە بەرجەستەکردنەوەی ئینسانییەتی ئینسان لە شیعر و نووسینەکانیدا لە خراپترین حاڵەت و دۆخی تێکشکان و کارەساتئامێزیی ڕەنگ دەداتەوە. نووسینەکانی بوکۆفسکی لەپەیوەندییەکی بەهێز دان لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی کە ڕەنگە هەر ئاگایان لە نووسین و ئێمە و بوکۆفسکی نەبێت. کرداری نووسین لای بوکۆفسکی لە نێوان دوو جەمسەریی مرۆڤ و کاری نەکردەدا لەهاتوچۆ دایە و بەهاکەشی بەهیچ ناخەمڵێنرێ. بوکۆفسکی ئەگەر چی خۆی زۆر بە ئاگاییەوە شوێنی ژیانی دەستەبەرکردووەو ئاگاداری پارەی خۆی بووە و زانیویەتی چۆنی خەرج بکات و هیچ کاتێک و هیچ شەوێ لەسەر شەقامەکانی شار نەماوەتەوە و سەعلووک نەبووە، بەڵام سەرجەم بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی سەعلوکەکانی لۆس ئەنجڵس و ئەمریکان و دەتوانین بە نووسەری سەعلووکەکانی ناو زەد بکەین.(٢)

پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١)بلاک سپارۆ پرێس؛ دەزگای چاپ و بڵاوکرانەوەی بلاک سپارۆ لە ساڵی ١٩٦٦ لە لایەن جان مارتینەوە لە لۆس ئەنجلسی کاریفۆڕنیا دامەزراوە تا بەرهەمەکانی چاڕڵس بۆکۆفسکی و نووسەرە پێشڕەوەکانی تری ئەمریکا بڵاوبکاتەوە. دوای زیاتر لە ٣٥ ساڵ و چاپکردنی نزیک بە ٧٠٠ کتێب، جان مارتین دەزگاکەی لە ساڵی ٢٠٠٢ فرۆشت.
(٢)بۆ نووسینی ئەم کورتە ژیاننامەیەی بوکۆفسکی سوودم لەم سەرچاوەیە وەرگرتووە. http://en.wikipedia.org/wiki/Charles_Bukowski
(٣)ئێ ئێ کەمینگز؛ شاعیر و وێنەکێش و شانۆنامەنووس و نووسەری ئەمریکی ١٨٩٤ – ١٩٦٢
کیتس؛ جان کیتس شاعیری ئینگلیزی ١٧٩٥ – ١٨٢١
پێرسی شێڵی؛ شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیز ١٧٩٢ – ١٨٢٢
ئەلگێرنۆ چارڵس سوینبێرن: شاعیر ڕەخنەگر و شانۆنامەنووس و ڕۆماننووسی ئینگلیزی ١٨٣٧ – ١٩٠٩
جۆرج گۆردن بایرۆن؛ شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیزی ١٧٨٨ – ١٨٢٤
(٤)ئەم شیعرانەی سەرەوەم لەم دوو سەرچاوەیەی خوارەوە وەرگرتووە.
1-The Last Night of the Earth Poems
Charles Bukowski
An Imprint of Harper Collins Publishers
New York, USA 2002 page 94,136,147,337, 338, 345.
2- http://www.poemhunter.com/poem/as-the-poems-go/

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری ڕامان ژمارە ٣١٨ ی سالی ٢٠٢٤، بڵاوبووەتەوە.




کاکل کونەبا و لاولاو و لاولاو.. تەنزە چیڕۆکی: عەبدولڕەحمان فەرهادی

کاکل کۆپتەر، یەکێک بوو لە هاوڕێیانمان کە بۆ خوێندن لە تەیراوەوە دەهاتە دواناوەندیی زۆزان. کاکل، هەر بە هەرزەکاری درۆزنێکی داهێنەر بوو لە هەڵبەستن و فیشاڵ و فۆرتە و شێلمانوەشێنی، ڕمبەی شێلمانی درۆیەکانی، هیچ جۆرە ڕمبەیەکی ئەرز ئەرزی شەڕی عیراق و ئێرانی نەدەگەیشتێ، بۆیە لە شەشی ئامادەیی کلکەناوی (کۆپتەر)مان بۆ کردە (کونەبا)، لەوێوە بە (کاکل کونەبا) ناوبانگی دەرکرد، دواتر کاکل بووە بازرگان و بە زیتوزرنگیی خۆی، دەوڵەمەندێکی نەقۆڵای لێ دەرچوو. کاکل ئەوکات لە مانای کونەبا نەدەگەیشت، دەمانگوت: “کونەبا واتا تەوژمی بایەکی زۆر کە لە تونێڵ و کونەشاخان دێتە دەرەوە و دەنگەکەی هاششەیەکی گەورەی لێوە دێ، مانای بەهێزی دەدات، کاکل گیان، تۆیش بەهێزی بۆیە پێت دەڵێین کونەبا!” ئەو نەیدەزانی کلکەناوی کونەبا کە دەدرێتە پاڵ یەکێک، بە مانای کەسی درۆزنی بە شاتوشووت دێ، (شاتوشووت)یش دوو وشەی لێکدراون، شات واتا کەسی خۆهەڵکێش کە لە سلێمانی پێیدەڵێن فشەکەر، هەروەها شووت واتا درۆی هەڵبەستراو، کە چیڕۆکەکەی فانتازیایەک و بێ بنەمایە. کاکل، بەهەق کونەبایەکی بێئامان بوو و چیڕۆکی ئەفسانەییی ئەوەندە زۆر بوو، باوەڕ ناکەم هیچ چیڕۆکنووس و ڕۆماننووسێک دەرەقەتی نووسینەوە و کۆکردنەوەیان بێ، من هەوڵم داوە بەشێکیان بنووسەمەوە و بیانکەمە چیڕۆک، بەڵام تەواو تیایدا سەرکەوتوو نەبوووم. لەو سەتان سەرهات و چیڕۆکانەی وی، دەتوانم یەکێکیانتان بۆ بگێڕمەوە:
من کە قۆناغی ئامادەییم بڕی و چوومە زانکۆ، چەند ساڵێک لە کاکل کونەبا دابڕام. ڕۆژێکیان لەناو قەرەباڵغییەکەی شەقامی باتا، لووتم بە لووتی بووەوە، دوای چاکوچۆنی و یەکتر ماچکردن، دەستی گرتم و بردمیە چایەخانەکەی ئەبوو سامی کە هەر لەسەر ئەو شەقامەیە، دوای باسوخواسێکی زۆری خۆی و گێڕانەوەی سەرهات و چیڕۆکە لەبن نەهاتووەکانی. من بە سەری زمانی سوتاوم گوتم:
-ئەرێ کاکۆ، ئێستایش ماڵتان هەر لە تەیراوە ماوە؟ باگۆی دامەوە:
-ناااا، نەخێر برایێ من، ئێستا گوزەرانم زۆر باشە و خانووێکم لەسەر شەقامی سی مەتریی تەنیشت تەیراوە کڕیوە کە چەند کۆڵانێک لە دواوەی ماڵی پارێزگاری هەولێرە. وەسفەکەی وا بوو کە ماڵیان نزیکی چایەخانەی باییزە! ماڵی پارێزگار، زۆۆۆر لە پشت ئەوان ڕێک لەسەر شەست مەتری بوو، بەو پێیە بێ، زۆر لێک دوور بوون.
گوتمێ:
-کاکۆ، وەسفێکی تەواوم بۆ بکە کە کامە دەرگا هەوە، تا ڕۆژێک سەرێکت بدەم.
ئەوکات وەک ئێستا مۆبایل و لۆکەیشن و ئەو بەزموڕەزمانە نەبوون تا کارەکانمان مەیسەر بکەن. ویستم باشتر تێمگەیەنێ، کەچی ئەو قسەکانی پێ بڕیم و دەستی بە ئاسانکاری و وەسف و چۆنیەتیی دۆزینەوەی ماڵی خۆیانی بۆ کردم و گوتی:
-گوێبگرە کاکەی فەرهادی
-ئێمە لە ماڵەوە باخچەیەکی گەورەمان هەیە، ساڵانێکە بنە لاولاوێکمان چاندووە، لاولاوی سەگبابخێو، ڕەگی وا داکوتاوە و بە عەموودی بەردەرگاکەمان هەڵگەڕاوە و دارتێلەکانیشی تەنیوەتەوە و ڕۆیشتووە، نە عەموودێک نە دووان و نە سێیان، دەیان عەموود بەو کۆڵانانەدا ڕۆیشتووە و لاولاو نەوەستاوە و خەریکە تەواوی دارتێلەکانی گەڕەکەکە بگرێتەوە، باشییەکەی لەوەدایە هەر ڕۆییوە و تا بەردەرگای ماڵی پارێزگار نەوەستاوە، ئێستا لاولاو لەوێ وەستاوە، ئیتر خوا بزانێ بە کوێ دەگات! دڵنیام دەپەڕێتەوە و بەرەو تەیراوەیش دەڕوا، ئەو لاولاوە خێرێکی زۆری بۆ من داوەتەوە، بڵێ چۆن!
منیش تەواو چووبوومە ناو گێڕانەوە بەچێژەکەی.
کاکل بەردەوام بوو:
-بە برای خۆم بڵێم، ئەو لاولاوە سوودەکەی لەوەدایە کە هەر میوانێکم دێ، ڕێکەوت زۆر جار لە پاسەوانەکانی ماڵی پارێزگاریان پرسیوە:
-ئەرێ ماڵی کاکل بەگ لە کوێیە؟ ئەوانیش یەکەوسەر ئاماژەیان بە لاولاوی هەڵگەڕاوی سەر دارتێلەکەی بەر دەرگایان کردووە و پێیان گوتووە:
-ئەم لاولاوەت بینیوە بەسەر ئەو عەموودەدا ڕۆییوە؟
میوانەکەش سەر بەرز دەکاتەوە و تەماشا دەکا بەڵێ! لاولاو بە عەموودەکەوەیە و ئەولای دیار نییە و ڕۆییوە. پێی دەڵێن:
-کاکە گیان، خۆت ئەزیەت مەدە و چیتر مەگەڕێ، تەنیا ئەو لاولاوە بگرە، لاولاو و لاولاو بڕۆ، یەکەوسەر دەگەیتە ناو ماڵی کاکل بەگ.
تا میوانەکە لە پاسەوانەکان ئاودیو دەبێ، هەر هاواری دەکەنێ:
لەبیرت نەچێ لاولاو و لاولاو، لاولاو و لاولاو، لاولاو و لا…
-جا گوێ بگرە کاکەی فەرهادی.
تۆ ماڵی پارێزگار پێدەزانیی؟
-بەڵێ.

  • زۆۆۆر باشە. کە هاتیە بەردەم ماڵی پارێزگار، لە یەکێک لە پاسەوانەکان بپرسە ماڵی کاکل بەگ لە کوێیە، ئەوانیش بەهۆی ئەو لاولاوە ڕێک دەتگەیەننە سەر سەرم!
    من وام نەکرد! بڵێن چی؟ دوو سێ مانگ دواتر چوومە سی مەتریی نزیک چایەخانەی باییز؟ لەسەر جادەکە ڕیزە ماڵێک تا ئەوسەر هەن، هەر لەخۆوە دەرگایەکم کوتا، ژنێکی پێدەچوو خزمەتکار و ئەوانە بێ! دەرگای لێ کردمەوە، پرسیم: ماڵی کاکل کامەیە؟ بە ئاماژەی پەنجەی، ماڵەکەی تەنیشت خۆی پیشاندام.
    تەماشایەکی بەرودەرگاکەیان و زۆۆۆۆریش ئەولاترم کرد، هیچ عەموود و لاولاوی لێ نەبوو! پاشتر ئەوەبوو چوومە سەر سەری کاکل کونەبای فشەفشکەری بە هاشوهووش! پرسیم:
    -ئەرێ کاکۆ، ئەوە کوا عەموووود؟ کوا لاولاااااو؟ بەرسڤی دامەوە:
    -بەداخەوە چەند ڕۆژێک لەوەبەر، شارەوانی عەموودەکەیان گواستەوە و لاولاوەکەیشمان وشکی کرد!
    پێمگوت:
    -خوا ڕێی ڕاستت بە نەسیب بکا کاکل گیان، لاولاو و لاولاویش بتگەیەنێتە ئەو ڕێیە ڕاستە!

لە دڵی خۆمدا گوتم: “واچاکە لە درۆی درۆزنان نەکۆڵمەوە، چەندی لێبکۆڵمەوە، درۆی تر سەر قیت دەکەنەوە! ئەوەیە دەڵێن قەت هەوڵ مەدە درۆزنان بەدرۆ بخەیتەوە، چونکێ بە درۆیەکی دیکە جەوابت دەدەنەوە!”

هاوڕێی خوێنەر:
*ئێستامان کە ئێستایە، ئەگەر شوێنەکەی ماڵی پارێزگار و ماڵی کاکل کونەباتان بە سیستمی لۆکەیشن بۆ بنێرم، بڕواتان هەبێ سەتان مەتر و لەوانەیە سی کۆڵان زیاتریش لێک دوورن.
*ئەم چیڕۆکەم بەبۆنەی یەکی نیسان نووسی، کە جەژنی درۆزنانە. هیوادارم ئێوەیش لاولاو و لاولاو ڕێی ڕاست بگرنەبەر.




سۆناتای زەمەن.. ستیڤان شەمزینی

دەزانم چۆن ئێستا بە ھاوارەوە ئەژیم
رۆژێک بە بێدەنگی ئەمرم
نامەوێت زاری قەڵەم ببەستم
با زریکەی بگاتە ئۆرانۆس
خوێنی لەشی بگاتە
بەردەم دەرگای ماڵی یار
تەنیا یەک وشە ئەھێڵمەوە
بۆ سەرەمەرگ:
خۆشم ئەوێی
دەزانم چۆن ئاوی ژیانم
لە سەرچاوەوە لێڵە
مەرگێکی تەڵخ
لەسەر رێی چارەنووسمە
رێ لە لافاوی فرمێسک ناگرم
با جۆگەلە ببەستێت بۆ بەردەم زیۆس
با بە ھاژەوە بەلای یاردا تێپەڕێت
تەنیا یەک دڵۆپ دەھێڵمەوە
بۆ سەرەمەرگ:
دڵۆپی دوا دێڕە شیعر


گوێ نادەم بەوەی
گروپێک شەمشەکوێرە
نیازی کوشتنی خۆریان ھەیە
ئاوڕ لەو گوڵە گەنمە سەوزە نادەمەوە
لە دەمی سن و کوللەی غەمێکی ئەزەلیدایە
بە لای تەرمی مەسیحدا تێدەپەڕم
لە خاچی بێھودەیی دایناگرمە خوارێ
رەنگە پێتان سەیر بێت ئەوەندە دڵڕەقم!
خۆم خۆر و گوڵە گەنم و مەسیحم
بەسەر تەرمی خۆمدا
بە تەنھا شیوەن ئەکەم
تۆش بەلامدا تێدەپەڕیت
وا دەزانی شۆخی ئەکەم


بایەقوشی بێزاریی
لەسەر رۆحی رۆشنایی دەخوێنێ
دەستم لەژێر چەنەم داناوە
تەنھا تەماشا دەکەم
پاسەوانانی ئەھریمەن
بە شمشێری رق
جەرگی شەوقی
ئاتەشتگایەکی دێرین ھەڵدەدڕن
بە بێدەنگی
کتێبی ھەڵھاتن ئەخوێنمەوە
راوچییە تووڕەکان
نیشانە لە سوێسکەی شیعر ئەگرنەوە
دەستم تێی نەچوو
لە دیوانێکدا بینژێم
رەنگە پێتان سەیر بێت
ھێندە دڵڕەقم!
خۆم رۆشنایی و شەوقی ئاتەشتگا و
سوێسکەی شیعرم
لە کەنارێکدا خەریکم
گۆڕ بۆ خۆم ھەڵدەکەنم
تۆش بەلامدا تێدەپەڕیت
وا دەزانی گەمە دەکەم


ئای چەند سەختە ئەم زەمەنە
بۆ دۆزینەوەی خۆشەویستی
دەبێت سەر بکەیت بە مۆزەکاندا
لە مۆزەی لۆڤەر
بەردێکی رەقم بینی
لەسەری نوسرابوو
پەیکەری خۆشەویستی
مێژووەکەی
بۆ چاخی بەردین ئەگەڕایەوە
بیرم کردەوە
لە چەرخی بەردینی دڵەکاندا
پەیکەرێک بۆ خۆشەویستی دابتاشم
رەنگە رەنج بەخەساریش دەربچم
ئای چەند زەحمەتە ئەم زەمەنە
بۆ دۆزینەوەی کتێب
دەبێت روو بکەیتە ئەرشیفخانەکان
لە ئەرشیفخانەیەکی بەرلین
کتێبێکم دۆزییەوە
لەسەری نوسراو بوو
کتێبی خۆشەویستی
تۆز و خۆڵی مێژوو
بە رووخسارییەوە بوو
لە پشتەوەیدا
دێڕێکی سەرنجڕاکێش ھەبوو:
ئەم کتێبە بۆ مرۆڤی دێرین نوسراوە
بیرم کردەوە
لە چاخی مەرگی کاغەزدا
کتێبێک لەسەر خۆشەویستی بنووسم
کێ ناڵێت دوای ئەوە
نامبەن بۆ شێتخانە؟

ستیڤان شەمزینی





جاراننامە.. نەوزاد بەندی

جاران هەمووان موسوڵمان بووین و یەک موفتی هەبوو ، ئەویش حەمام بوو ..
ئێستا هەر گەڕەکێک دوو سێ موفتی تیایە ، کەچی خەڵکەکە بەس لە موسوڵمان ناچن

٭ ٭ ٭

جارانیش
پاتە دڕاوەکەی پێیان ،
میللەت بوو ..
ئێستایش ، هەروەها ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵک پیاسەی ئەکرد ،
ئێستا سەیارە ..

٭ ٭ ٭

جاران
دڵمان هەبوو ،
ئێستا ، دکتۆری دڵ ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵک وەک وابوون ،
ئێستا کەس لە کەس ناچێ ..

٭ ٭ ٭

جاران ،
هەژار برسی بوو ،
ئێستا دەوڵەمەند ..

٭ٓ ٭ ٭
جاران
حوکمەت ، حوکمەت بوو ..
ئێستا (کمە)کەی فڕێ دا ،
بوو بە (حوت )

٭ ٭ ٭

جاران ،
بۆ خۆشیی شیعرم ئەنوسی و
لە داخا ڕیشم ئەهێشتەوە ..
ئێستا ، لە داخا شیعر ئەنووسم و
بۆ خۆشیی ڕیش ئەهێڵمەوە ..

٭ ‌ ٭ ٭

جاران بەردەم ماڵی دەستڕۆیشتوو ،
مەرکانەیەک ئاو و
جامێکی فافۆنی لێ دانرابوو ..
نووسرابوو : ڕەحمەت لەوەی ئاو ئەخواتەوە ..
ئێستا ،
وەنەوشەیەکی درع و
کابینەیەک و
چەکدارێکی چاوباشقاڵ ..
پیاوم ئەوێ بوێرێت بەو سایدەدا تێپەڕێ ..

٭ ٭ ٭

جاران دراوسێکان
قاپە پەڵپینە و ناوساجییان ئەدا بە یەکتری ..
ئێستا ، پاسوۆردی وایفای ..

٭ ٭ ٭

جاران کچ شانەی دار و
کوڕ دارلاستیکی بە دەستەوە بوو ..
ئێستا یەکێکیان ئایفۆن و
ئەوەی تریشیان ، هەر ئایفۆن ..

٭ ٭ ٭

جاران ، نەڕەی باوک ڕۆژە ڕێیەک ئەڕۆیشت ،
ئێستا باوک خواخوایەتی بە سەریا نەنەڕێنن ..
جاران ئیلهامی شیعر و شنەی شەماڵ بە دێلیڤەری ، ماڵە و ماڵی ئەکرد ،
ئێستا پیتزا …

٭ ٭ ٭

جاران ، بە جەژنا ،
پیاوانی گەڕەک ئەگەڕان ، بۆ گەردن ئازایی
ئێستا مناڵی گەڕەک بۆ نوقوڵ ..

٭ ٭ ٭

جاران
نوقوڵی ترش و شیرین هەبوو ،
ئێستا هەواڵی تاڵ و تفت ..
تەلەفزیۆنی جاران ،
بۆ تەمسیل و گۆرانی داواکراو بوو ..
تەلەفزیۆنی ئێستا ،
بۆ پلەیستەیشن و
هەواڵی موچە و
ڕووداوی هات و چۆ و
سووتانی بازاڕ ..

٭ ٭ ٭

بێژەری جاران ،
یەکپارچە ئەدەب و ڕەوشت بوو ..
هی ئێستا کە دەم لار ئەکاتەوە ،
ئەڵێی قەحبەی بەغایە !

٭ ٭ ٭

جاران کچ بە دەم قسەی ئەکرد ،
ئێستا بە لوت ..

٭ ٭ ٭

جاران باوی کتێب بوو ،
هی زانست و ڕۆشنبیریی ..
ئێستا باوی دەفتەرە ،
هی دۆلار و یۆرۆ ..

٭ ٭ ٭

جاران له بەغاوە پوشەخورما ئەهات ،
ئێستا ، موچە ..

٭ ٭ ٭

جاران ( خسوسیی ) تایبەت بوو بە ئوتومبیل ..
ئێستا زۆر شتی خسوسیی پەیا بوون ، وەک
مامۆستای خسوسیی ..
پزیشکی خسوسیی ..
فیتەری خسوسیی ..

٭ ٭ ٭

جاران دڵی کوڕ و کچ ،
تەنها یەک کەسیان تیادا ئەسیر بوو ،
ئێستا دڵی کوڕ ئەڵێی مەکتەبی کچانە و
دڵی کچیش وەک مەنتیقە سەناعییەکە ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵک چاوەڕێی خوێندنەوەی بەیاننامەی یانزەی ئازار بوون ،
ئێستا ، چاوەڕێی خوێندنەوەی لیستی موچە ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵکەکە هەر یەکی نیسان درۆیان ئەکرد ..
ئێستایش خەڵکەکە هەر یەکی نیسان درۆ ئەکەن ..
بەڵام حوکمەت ، ساڵ چوار وەرزە …

٭ ٭ ٭

جاران ماڵ چۆڵ و هۆڵ بوو ،
دڵ پڕا و پڕ له جوانی ..
ئێستا ماڵ پڕە لە کەل و پەل ،
هەمووانیش بۆ پەل و کەل ئەکڕوزێنەوە ..

٭ ٭ ٭

جاران شەڕە مناڵ هەبوو ،
ئێستا شەڕە حیزب و شەڕە کوتلە و شەڕه سەرۆک ..

٭ ٭ ٭

جاران سەعات دەی شەو ، خەڵک هەموو خەوتبوون ..
ئێستا سەعات یانزەی شەو ئەڕۆنە دەرێ بۆ پیاسە ..

٭ ٭ ٭

جاران پارە شتی پێ ئەکڕرا ،
ئێستا خەڵکی پێ ئەکڕرێ ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵکی لادێ بۆ نان و کەبابێ ئەهاتنە شار ..
ئێستا بۆ دۆنم و تاوەر و خەستەخانەی ئەهلیی ..

٭ ٭ ٭
جاران
هاوڕێیەتی و خزمایەتیی
جوانکارییان تێدا ئەکرا ..
ئێستا ، لوت ..

٭ ٭ ٭
جاران مناڵ پارەی تەبع ئەکرد
ئێستا ، پۆڵ بریمەر ..

٭ ٭ ٭

سەرۆکحیزبی جاران ،
هەر خۆی کوێخا ڕینگۆی ساحە بوو ..
ئێستا خۆی و کوڕەکانی و
هەموو ئەوانەی بە زێراب پێی دەگەنەوە ..

٭ ٭ ٭

جاران
حاڵەتێ هەبوو ،
پێی ئەووترا تێر خواردن ..
سیفەتێ هەبوو ،
پێی ئەووترا شەرم ..
ڕیزبەندییەک هەبوو ،
پێی ئەووترا گەورە و بچووکیی ..
شتی تریش..

نەوزاد بەندی




لێڕوانینێک بەمێژووی نەوروۆزدا.. ئەرسەلان حەسەن

نەورۆز جەژنێکی مێژووییە و میللەتان بەجیاوازی ئایین، نەتەوە یادی دەکەنەوە. کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە یادی ئەم جەژنە دەکاتەوە و زیاتر بەجەژنی خۆی دەزانێت تا میللەتانی دیکە، کە گەنگەشەیەکە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە یان دەتوانین بڵێین بەتەواوی ساغ نەکراوەتەوە، بەڵام هەموو ساڵێک بەکۆتایی هاتنی زستان و تووانەوەی شەختە و سەهۆڵ، نەمانی سەرماوسۆڵە، هاتنی بەهار و سەری ساڵی کوردی یادی دەکەنەوە. چوارشەممە سوورە لە پێشوازیدایە و سێزدەبەدەر بەڕێی دەکات.

یونسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان و نەورۆز
ڕەنگاڵەیی و فرەکەلتوور و هاوڕێیەتی مرۆڤەکان لە نەورۆزدا وای لە یونسکۆ کردووە بە تایبەت (کنوانسیۆنی ٢٠٠٣ بۆ پاراستنی میراتی کەلتووری ناڕۆحی و دەستپێشخەری ئەڤغانستان، ئازەربایجان، ئێران، عێراق، کازاخستان، قەرقیزیا، پاکستان، تاجیکستان، تورکیا، تورکمانستان و ئۆزبەکستان لە ساڵی٢٠٠٩، نەورۆز وەک ڕەگەزێک تۆمار بکات و لە ساڵی ٢٠١٦ بیخاتە لیستی نوێنەرایەتی میراتی کەلتووری ناڕۆحی مرۆڤایەتییەوە. لە ساڵی٢٠١٠، کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان “ڕۆژی جیهانی نەورۆز”ی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارنامەیە پێشوازی لەوڵاتانی ئەندام دەکات بۆ ئاهەنگ گێڕان لەنەورۆز، پاراستن، پەرەپێدانی کەلتوور، نەریتەکانی و هاندانیان بۆ زیادکردنی زانیاری نەورۆز و ڕێکخستنی ڕووداوەکانی ساڵانە بەبۆنەی ئەم جەژنەوە).

مێژوو و چۆنێتی پەیدابوونی نەورۆز
مێژووی نەورۆز بۆ سەردەمێکی زۆر کۆنی پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە و تووێژەرەوان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی جیاواز بەو ئەنجامە گەیشتوون سۆمەرییەکان زادەی جەژنی نەورۆز و میهرەگانن لە نێوان دوو ڕووباردا.
دەگێڕنەوە جەمشید پاشایەکی بەهێز بووە و کۆشکەکەی کەوتووەتە نزیک دەریاچەی ورمێ. دوای زستانێکی سەخت و هاتنەدەرەوەی لە کۆشکەکەی، خۆر لێیداوە. وا سەرسام بووە بەتیشکی خۆر، لەو ڕۆژەوە نەورۆزی ڕاگەیاندووە و بڕیاریداوە ساڵانە یادی ئەم ڕۆژە بکرێتەوە. بەپێی مێژوو، لەڕۆژی شەشی مانگی نیسان یان مانگی حوزەیران کە چووەتەسەر تەختی پاشایی هاوڵاتییەکانی فێری ئەو نەریتە کردووە و داوای لێکردوون دوای خۆی یادی ئەم جەژنە بکەنەوە.

شانامە
لەشانامەدا هاتووە “جەمشید بەتێپەڕبوونی بەئازەربایجاندا، بڕیاریداوە لەم شارەدا تەختێکی بۆ دروستبکەن. پاشان بەتاجی پاشایییەوە چووەسەر تەخت. خۆر بەڕوویدا درەوشاوەتەوە و درەوشانەوەی چاوەکانی پڕ کردووە”.

نەورۆز پێش ئیسلام
کۆرۆشی گەورە لەمێژووی نەورۆزدا، یەکەم پاشا بووە لە ساڵی ٥٣٨ی پێش مەسیح نەورۆزی بەڕەسمی ناسیوە و ئەو ڕۆژەی کردووە بەجەژن. هەندێک مێژوونووس لەوباوەڕەدان کۆرۆش لە شاری بابل بۆنەی جەژنی نەورۆزی دیتوە و نەک بەدرێژایی دەوڵەتی هەخامەنشینی، بەڵکو لەسەردەمی ساسانی و ئەشکانییەکانیش بەشکۆ یادی کراوەتەوە. لەوکاتەدا جەژنی نەورۆزیان بۆ نەورۆزی بچوک و گەورە دابەشکردووە. نەورۆزی بچوک یان نەورۆزی گشتی، لە ١ی نیسانەوە تا ٥ی مانگی نیسانە. لەم ٥ ڕۆژەدا، هاوڵاتییان سەردانی پاشایان کردووە. پاشان ڕۆژی شەشەم، تەنانەت سەرەتای نەورۆزی گەورە یان تایبەتی تا سەردەمی ساسانییەکان بەردەوام بووە و ٢٥ ڕۆژ پێش هاتنی بەهار، ڕێوڕەسمی تایبەتی ساز کراوە. لەو ڕێوڕەسمەدا، مرۆڤەکان دانەوێڵەکانیان چاندووە و تا ١٦ی مانگی نیسان، چاوەڕوانی هاتنەبەرهەمیان بوون. باوەڕیانوابوون دانەوێڵەیەک باشتر گەشە بکات، ساڵی داهاتوو بەرهەمی زیاتر دەبێت و دایانچاندووە. هەر لەوساڵەدا زۆربەی بەشە جیاوازەکانی دابونەریتی نەورۆز پێکهات و هەمووساڵێک لەڕۆژی نەورۆزدا نووێژی بەیانی کراوە و پاشان ماڵەوماڵ گەڕاوون بۆ جەژنە پیرۆزەکردن.

نەورۆز دوای ئیسلام
نەورۆز جەژنێکی نیشتمانییە و زۆربەی کەسایەتییە دیارەکانی ئیسلام پێوقەدەم بەخێریان زانیوە و بۆئایینیان گێڕاوەتەوە. نموونەیان هێناوەتەوە جەژنی نەورۆز ئەوڕۆژەیە نوح کەشتییەکەی بەئاو دا دا، حەزرەتی ئیبراهیم کوڕەکەی خۆی سەرنەبڕی و…هتد.
مێژووی جەژنی نەورۆز لە ئایینی زەردەشتدا
لەکاتێکدا زۆربەی نەتەوەکانی دنیا بتپەرستبوون، زەردەشتییەکان یەک خوایان پەرستووە. جەژنی نەورۆز و ئایینی زەردەشت پەیوەندی نزیک لە نێوانیاندا هەبووە. “فروهەر” گرینگترین بیروباوەڕی ئایینی زەردەشتە. فروهەر هێزی ئەودیو سروشتەو لەبوونی بوونەوەرەکاندا هەیە. فروهەر خودی واقیعی هەر بوونەوەرێکی زیندووە و پاڵپشتییەتی. فروهەر یارمەتی بوونەوەری زیندوو و مرۆڤ دەدات دوای مردن، بۆ خودی واقیعی خۆیان بگەڕێنەوە. هەندێک فروهەر لەدەستدەدەن، هەندێک بەچاکەکردن بەدەستی دێنن. فروهەر لەزمانی ئاڤێستا، ناوی “فەروەشییە”. بۆیە هەندێک زمانناس، باوەڕیانوایە پەیوەندی لە نێوان “فروهەر” و “فروردین”دا هەیە. بەپێی گێڕانەوەی ئایینی زەردەشت، خاوەن فروهەرەکان دەتوانن ساڵی جارێک دوای مردن سەر لەئازیزەکانیان بدەنەوە. بێگومان دەکرێت وایدابنێی ئەو ڕۆژەش شەوی جەژن یان سەری ساڵە.

پەیوەندی چیرۆکی حەزرەتی سلێمان و نەورۆز
لەچیرۆکی حەزرەتی سلێماندا، ئەهریمەن ئەنگوستیلەکەی حەزرەتی سلێمانی دزیوە. حەزرەتی سلێمان بۆ ماوەیەک لە شار دەرکراو لەگوندێکدا ژیا و نائومێد بوو، لەنکاو بەهەڵدڕینی سکی ماسییەک ئەنگوستیلەکەی دۆزییەوە، بەڵام ناگەڕێتەوە لای خەڵک. پاشان خەڵکەکە هاتنەلای و سلێمانیان بردەوەسەر تەختی پاشایی. ئەوکاتە بەپێی ئەفسانە، دەیانگوت “نەورۆز هات” و سلێمان گەڕایەوە. ئەو ڕۆژە نەورۆز بووە و بەم بۆنەوەیە هەموو ساڵێک ئاهەنگییان گێڕاوە.

داب و نەریتەکانی نەورۆز
ماڵ پاککردنەوە

لە کوردەواریش کاتێک خۆر بەدەرەوە بووبێت، هەمووماڵێک ساڵانە چەند جارێک ناوماڵەکانیان هێناوەتەدەرەوە و بەسەر سوانەی خانوەکانیاندا هەڵیانخستوون بۆئەوەی خۆرییان بەربکەوێت و بەدارێک تەکاندوویانن تا پاکببنەوە. (ماڵ پاککردنەوە گرینگترین بەشی جەژنی نەورۆز بووە و هۆیەکەشییان بەڕەچاوکردنی تەندرووستی زانیوە. نەریتی ماڵ پاککردنەوە بۆ ئایینی زەردەشت دەگەڕێتەوە و گەر ماڵێک لەنەورۆزدا پاک نەکرێتەوە، بەرەکەتی بەسەردا نابارێت).

سەردانیکردن
سەردانیکردن یان جەژنی یەکتر بینین، یەکێکە لەگرینگترین بەشەکانی جەژنی نەورۆز. ئەندامانی خێزان پێکەوە کۆبوونەوە. ڕۆژی یەکەمی جەژن تایبەتە بەسەردانیکردنی گەورەی خێزان. زۆربەی منداڵەکان لە ماڵی باوکییان کۆدەبنەوە. فەلسەفەی ئەم بابەتەش دروستکردنی پەیوەندی خێزانییە.

خوانچەی حەوت سین
گێڕانەوەکانی خوانچەی حەوت سین جیاوازەو پێیانوایە هێماکانی حەوت سین زۆر فەلسەفین و ئەو خوانچە هەموو وزە باشەکان دەهێنێتە ماڵەوە. خوانچەی حەوت سین یەکێکە لە گرینگترین بەشەکانی نەورۆز. تەنانەت هەندێک کەس بژاردەکانی خوانچەی حەوت سین دەدەنەپاڵ جەمشید.

سێزدەبەدەر
سێزدەبەدەر دواڕۆژی جەژنی نەورۆزە. لەم ڕۆژەدا هاوڵاتییان دەچنەناو سروشتەوە و چێژ لە جوانییەکانی وەردەگرن. هۆیەکانی بوونی سێزدەبەر جیاوازن، بەڵام دەتوانین بڵێین گرینگترینیان، دۆستایەتیکردنی سروشتە.

ئاگرکردنەوە
نەریتی ئاگرکردنەوە لەکۆمەڵی کوردەواری تاکە نەریتە وەک خۆی ماوەتەوە و هەمووساڵێک لە ئێوارەی ٢٠ی ئادار، واتە ڕۆژێک بەرلەهاتنی جەژنی نەورۆز یان سەری ساڵ ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن. دەبێت بزانین پێشتر و لەنەورۆزدا (خۆیان لەئاو هەڵدەکێشا، کە ڕێز نواندن بووە بۆ ئەناهید یان خوا).

نەورۆز لەوڵاتانی جیهان
ئەمڕۆ لەزۆربەی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست، قەفقاز، ئاسیای ناوەندی، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و… هتد، یادی نەورۆز دەکەنەوە. هەڵبەتە دابونەریتی جەژنی نەورۆزی هەندێک وڵات لێکجیاوازە و هەر وڵاتە بەگوێرەی نەریتی خۆی یادی نەورۆز دەکاتەوە.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە کۆمەڵێک سەرچاوەی گوگڵ وەرگرتووە.

ئەرسەلان حەسەن




په‌راوێـزی سێیه‌مینی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ قاڵبدان و داپۆشینی‮ ‬ده‌ق به‌ تیوری‮ ‬خواستراو و تیوراندنی‮ (ده‌ق) به‌و بینین‌ و ‮ڕوانگه‌یه‌ پێموانییه‌ زیندوویه‌تیی‮ ‬به‌دواداچوون بگه‌یه‌نێ و له‌ كه‌ناره‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و قووڵایی‮ .. ‮ ‬ئه‌وه‌نده‌ی‮ ‬به‌هۆی‮ ‬خودی‮ ‬ده‌قه‌كه‌وه‌ ده‌توانێ‮.. (‬له‌ حاڵێكدا ئه‌گه‌ر داهێنه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‮ ‬به‌سه‌ردا شكابێ). ‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
تائێستا‮ ‬له‌ هه‌ندێك دیارده‌ بترازێ ‬،‮ ‬تیوراندنی‮ ‬داهێنه‌ری‮ ‬كورد‮ بۆ ده‌ق ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
(‬به‌تایبه‌تیش لای‮ ‬شاعیران)‬،‮ ‬زۆربه‌یان خواستراو و داسه‌پاو‮ ‬بوون ،‮ ‬له‌وه‌ی‮ ‬له‌ ئه‌زموونی‮ (‬ده‌ق)ـه‌كه‌ خۆیه‌وه‌ هاتبن ،‮ ‬یا به‌لای‮ ‬كه‌مه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی‮ ‬خاوه‌ن ده‌ق‮ (‬داهێنه‌ر)ـه‌‌وه‌ هه‌ڵێنجرابن‮!!‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
پێده‌چێ دواكه‌وتوویی‮ ڕه‌خنه‌ی‮ ‬كوردیش ( كه‌ ئه‌ویش واته‌ خودی ڕه‌خنه‌ به‌ داهێنان نه‌خوێندراوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌شفی په‌نهانان ده‌كا و ڕوونبینی نوێ و ڕه‌هه‌نده‌ هه‌مه‌لایه‌ناكانی دیكه‌ی ده‌ق ده‌بینێته‌وه‌ .. ) به‌شی زۆری به‌هۆی‮ ‬ئه‌م دیارده‌یه‌وه بێ‌‮ ‬به‌تایبه‌تیش له‌وه‌نده‌ی‮ ‬په‌یوه‌ندی‮ ‬به‌‮ ده‌قی‮ ‬داهێنانی‮ ‬كوردی‬یه‌وه‌ هه‌یه‌‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
بێگومان به‌مه‌ش داهێنه‌ر له‌ تیوراندنی‮ (ده‌ق)دا نه‌ك هه‌ر ناگاته‌ قووڵاییان ،‮ ‬به‌ڵكو هه‌میشه‌ له‌ لێواران‌ ده‌گیرسێته‌وه‌‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئه‌م تێكپه‌ڕینه‌یش بێ لالێكردنه‌وه‌ و ئاوڕ لێدانه‌وه‌‌ له‌ تێگه‌یشتنی ده‌ق وه‌كو خۆی كه‌ هه‌یه‌ نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر به‌ هه‌ر هۆیه‌ك ده‌یه‌وێ‬‬‬ بیگه‌یێنێته‌ ترۆپك یا له‌ ئه‌رزی زه‌مینیدا باوێ .. كه‌ ئه‌مه‌یش سه‌ر له‌ خوێنه‌ر تێك ده‌دا له‌ تێگه‌یشتن و وه‌رگرتنی ده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر دوو ڕووی زمان ( وه‌ك ئامرازێكی سه‌ره‌كی ته‌كنیكی نووسین) و گه‌مه‌ شاراوه‌كانی و گه‌یاندنی ڕووپێوی خه‌یاڵ و مه‌عریفی نووسه‌ر ..
له‌و ڕاسته‌دا سه‌پاندنی‮ ‬فۆڕمی‮ ‬خواستراو به‌سه‌ر‮ (ده‌ق) ‬دا و له‌به‌ركردنی‮ ‬كراسی‮ ‬ئه‌م و ئه‌و له‌ تیوراندنی‮ داهێنه‌ری‮ ‬كورد بۆ‮ (ده‌ق) ‬تا ئێستا كورتی‮ ‬هێناوه‌‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




کورتە چیرۆک\ زەیتوون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

ڕووکەن بەڕاکردن هاتە ژوورەوە، و کاغەزێکی بۆر و چڵکنی دایە دەستی دلبخوینی باوکی. دلبخوین هەر لە عەفرین لەدایک ببوو، و لە باوکی بیستبوو کە گوایە هەر لە کۆنی کۆنەوە لەو شارەدا ژیاون. هەر لە باوکییەوە ڕەزێکی گەورەی دارزەیتوونی بۆ بەجێ مابوو، و لە باوکیشی بیستبوو، کە ئەویش لە باوکی، و ئەمیش لە باوکی خۆی بۆی مابووەوە. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە زۆرێک لە بنەدارەکان تەمەنیان لە دوو سەد ساڵ ڕەتیان دابوو. باوکی هەموو جارێک پێی دەگوت کە دارزەیتوونەکانیش وەکوو مرۆڤەکان هەستیان هەیە، ئەوان هەست بە خاوەنەکانیان دەکەن، هەست بە خۆشەویستی و ڕێزی ئەوان دەکەن. ئەو دارزەیتوونەی کە خودانەکەی میهرەبانە لەگەڵی، سەرکەشتر، و تەندروستر، و بەبەرترە لەوەی کە خودانەکەی تەنها دەیەوێت زەیتوونەکان بگوشێت و ڕۆنی زۆرتر بەرهەم بهێنێت.
ڕەزەکەی دلبخوین ناوبانگی دەرکردبوو، هەر قلە زەیتوونەکی بە قەد ئاڵووباڵووەک بوو، سەوز سەوز، خڕ خڕ، گۆشتن گۆشتن. هەر بە دوو پەنجان دەتتوانی ڕۆنی لێ بگوشیت. لە شاردا قسەی زۆر بڵاو ببووەوە کە لە ماڵی دلبخوین لە جێی میوە، زەیتوون لەبەردەم مێوانان دادەنێن. هەموو پاییزێک، دلبخوین لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵەکانی، بۆ هەرەوەزیی لەگەڵ هاوسێکانیان دەچوونە ڕەزەکەیان و هەرچی زەیتوونە دەیان ڕنی. دواتریش، دەکەوتنە گوشینی بۆ ئەوەی جوان جوان ڕۆنەکەی لێ دەرێنن.
بەڵام، ئەمساڵ لە ساڵانی پێشتر جیاواز بوو، هاوسێ کۆنەکانی چیتر نەماون، و ڕووە خۆش و ناسراوەکان، ئێستا مۆن و نامۆ بووینە. تەنانەت وەڵامی بەیانی باشی دلبخوینیش نادەنەوە، ئێوارانیش کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، وەکوو کەمتیارگەلێکی برسی ددانی خۆیان لێی جیڕ دەکەنەوە، وەکوو ئەوەی بیانەوێت شتێکی لێ زەوت بکەن، و ئەویش بە دەردی خۆشناڤی هاوسێی ببەن. لە سەروبەندی هێرشی چەتە تورکەکان بۆ سەر شارەکەی، زۆرێک لە هاوڕێ و ناسیاوەکانی بێ سەروشوێن کەوتن. هەر چەندە ئەو هەموو جارێک لە سۆراخیان دەپرسێت، بەڵام وا دیارە ئەوانیش‌ وەک تڕی بن گۆم، گووم بووینە!
ئێستاش ئەو ڕۆژەی لە یادە کاتێک کە باوکی لە سەرەمەرگدا بوو، و داینیشاند و باسی ئەو خەڵکانەی دەوروبەری عەفرینی دەکرد، کە چاویان بڕیبووە ڕەزەکەی ئەو. (Lawê min, Ereb û Tirk dixwazin serweta me ji me bibin. Eger di destê wan de be, yek kurd nabe xwediyê parîiyek axê. Qet ev mal û rez nefiroşin wan, ew hurmeta wan zeytûnan nagirin! Ew nazê xiweza xiweşê Kurdistanê nagirin – ڕۆڵە، عەرەب و تورکەکان دەیانەوێت ئەو ماڵ و سامانەمان لەبن دەست دەرێنن. خۆ ئەگەر بە دەستی وان بێت، هیچ کوردێک خاوەنی بستێک خاک نابێت. هەرگیز نەکەی ئەو ماڵ و ڕەزەیان پێ بفرۆشیت، ئەوان ڕێزی ئەو زەیتوونانە ناگرن! ئەوان نازی ئەو سروشتە جوانەی کوردستان هەڵناگرن).
بە لەرزەلەرزێکەوە، نامەکەی دەستی هەڵپچڕی، و سەیری کرد بە تورکییەکی ئیستانبووڵی، بە دەستخەتێکی قێزەونی ناشرین، بە ڕەنگێکی زەق زەق، نووسرابوو: (سبەی، لەگەڵ گەردی بەیانی ئەو ماڵەت چۆڵ بکە، ماڵە عەرەبێک بووینەتە خاوەنی نوێی. خۆ ئەگەر سەرپێچیش بکەیت، ئەوە کچ و کوڕەکەت لەبەر چاوی خۆت کەوڵ دەکەین، و دواتر خۆت و خێزانەکەت).
دەستی کرد بە کۆکردنەوەی شتومەکەکانی، وێنەکانیان، شەدەکەی باوکی، یەکەم نیگاری دەستکردی ڕووکەنی کچی، یەکەم دیاریی خێزانەکەی، شاڵەکەی دایکی، قۆچانی خانوو و ڕەزەکەی، کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لەژێر ناوی باپیرەگەورەی دەرچووبوو، و جووتە گۆرەوییە کونکونەکەی خۆی. بوخچەکەی پێچاوە، و دەستی کردە پێنووس، و لەسەر پشتی کاغەکەوە نووسی:‌ (Mal û rezê min pêşkêşî we be, lê ji kerema xiwe agehdarî wan zeytûnan be, nazê ew hel bigirin – ماڵەکەم و ڕەزەکەمتان پێشکەش بێت، بەڵام تکایە ئاگاتان لەو زەیتوونانەم بێت و نازیان ڕابگرن). پێنووسەکەی دانا، هەڵستاوە سەر پێیەکانی، کەوتە بۆن کردن و ماچ کردنی یەکبەیەکی ئەو شوێنانەی کە یادگارییەکی لەگەڵ هەبوو. ئەو سەکۆیەی کە ڕووکەن پێی لێ گرت، ئەو قوژبنەی کە کوڕەکەی هەموو جارێ دڕناغەی لێ دەگرت، ئەو هەیوانەی کە دلبەری هاوژینی خۆی لێ گواستەوە.
سەر لە بەیانی، هەر لەگەڵ بانگی کەڵەشێرێ، بوخچە لەسەر شان، و هەردوو منداڵی بە دەستەوە، و دلبەریش لەلای ڕاستییەوە، ئەو ماڵەیان بەجێ هێشت، و بەرەو دەرەوەی شار بەڕێ کەوتن، کاتێک گەیشتنە لای ڕەزەکەیان، چەند شۆفڵێکی تورکییان لە دوورەوە بینی، خەریک بوون یەکبەیەکی دارەکانیان لە ڕەگەوە هەڵدەکەنی!

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی




مۆنـۆلـۆگ و مۆنـۆلـۆگی منـداڵان.. رەزا شـوان

رەچـەڵـەکی وشـەی “مـۆنـۆلـۆگ” لـە وشـەی یـۆنـانی لاتـیـنی ” مـۆنـۆس” بە واتـا “تەنیا” و “لـۆگـۆس” بە واتـا “قـسەبـکە” سەرچـاوەی گـرتـووە. واتـا هـەر “خـۆت قـسەبکە” ئەم دەستەواژەیە، بۆ وەسفکـردنی وتارێک لەلایـەن تاکە کارەکـتەرێکەوە بەکاردێت، لە چوارچێوەیەکی دراماتیکی، شانۆ، فیلم، بەرنامەی تەلەفـزیـۆنی،…هـتد. بەو کارەکتەرەش دەوترێت (مۆنـۆلـۆگـیست).
(لیۆنارد پێتەرز) دەڵـێت: “مۆنـۆلـۆگ بریتییە لە دیالـۆگ لەنێوان دوو کەسدا، کەسێک قـسەدەکـات، ئەوی تـریـان گـۆێ دەگرێـت و کـارلـێک دەکـات، پەیـوەنـدییـەک لە نێـوان هـەردووکیانـدا دروست دەکات”.
کەواتا مـۆنـۆلـۆگ، بریتییە لە وتارێکی درێـژ، لەلایـەن تاکە کارەکـتەرێکەوە. شـێواز و میـتۆدێـکی نمایـشە کە لە بەرهـەمـێکی شـانـۆیی یان فـیلـم سینەمـایی یا لە بەرنـامـە و درامایەکی رادیـۆیی و تەلەفـزیۆنی، بە شێوازێکی جیاواز بەکاردێت. دەکرێت مۆنـۆلـۆگ قـسەکـردن بێـت بـۆ کارەکـتەرەکـانی تـری دیـمـەنـەکە یان دەکـرێـت کارەکـتەرێـک بێـت لەگـەڵ خـۆیـدا قـسەبکات. یـان لەگـەڵ بیـنەرانـدا قـسەبـکات.
ئەو ئەکـتەرەی کە رۆڵی مۆنـۆلـۆگی لە شانـۆدا دەبێـت، پێویستە شارەزایی لە مۆنۆلۆگ هـەبێت، لە قسەکردنی مۆنـۆلـۆگ و چـۆنییەتی نمایشکردنی. شێوازی دەربـڕینی ئەکتەر لە مـۆنـۆلـۆگـدا، بە سێ شـێوەیە ئەنجـام دەدرێـت: وتـاری گـشـتی، دەقـی درێـژ لەگـەڵ کەسانی تر، قسەکردن لەگەڵ خودی خۆی. لە هەریەک لەم فـۆرمانە ئەکتەر شێوازێکی نـوانـدنی جیـاواز هەڵـدەبـژێـرێـت و جـۆرهـا مەزاج پیشان دەدات.
بۆ یەکـەم جـار مـۆنـۆلـۆگ، لە شەسـتەکانی سـەدەی حەڤـدەیـەم بە زمـانی ئینگـلـیزی دەرکەوت، بـریتیـبوو لە وتارێکی درێـژی تاکە کەسێک، یان دیـمەنـێک لە درامـایەک، کە تاکە کەسێک لەگـەڵ خـۆیـدا قسەی دەکـرد. مـۆنـۆلـۆگ لە درامـای کۆنی یۆنـانیـدا، گـڤـتوگـۆکـان کـەم و کـورت بـوون. تەنیـا کەسـێک لەسـەر شـانـۆدا نمـایشی دەکـرد و مـوزیکـیشی لەگـەڵـدا بـوو. لەو سەردەمەدا مـۆنـۆلـۆگ شێوازی سەرەکی شـانۆ بوو.
مـۆنـۆلـۆگەکـان لە چـیرۆکـدا، خـزمەت بە ئامـانجـێکی دیـاریکـراو دەکـەن. بـۆ ئـەوەی وردەکاریی زیـاتر سەبارەت بە کارەکتەرێک یان سەبارەت بە پلۆتەکە “گرێکە” بدرێت بە بیـنەر یا بە بیـنەران. ئەگـەر بە وردی بەکـاربهـێـنرێـن، رێـگەیـەکی زۆر باشـن بۆ هـاوبەشکردنی بیرکردنەوە ناوخـۆییەکان، یان چیرۆکی پشتەوەی کارەکتەرێک یان بۆ ئەوەی وردەکـاریی تایبەتـتر سەبـارەت بە گـرێکە بـدرێـت.
کاتێک کارەکتەرێک لە مـۆنـۆلـۆگـێکی ناوخـۆییـدا، قـسە لەگەڵ خـودی دەکات و بینەر شایتحاڵی گڤتوگۆیەکانێتی پێی دەوترێت (مـۆنـۆلـۆگی ناوخۆیی) نەک قـسەکردن لەگەڵ کارەکـتەرێکی تر یـان قـسەکـردن لەگەڵ بیـنەران بکات، وەک (تـاکە قـسەکەر) پێناسە دەکرێت. بەڵام ئەگەر کارەکتەر، بینەر بکات بە ئامانج و یەک لایەنە قـسە بۆ یەکـێکی تـری گـوێگـر یان بـۆ بیـنەرانی گوێگـر بکات، پـێی دەوتـرێـت (مـۆنـۆلـۆگی دەرەکی).
مۆنۆلـۆگ لە چوارچـێوەی گۆرانی و شیعـر و سروود و چیرۆک و رۆمان و شانۆ و فـیـلمـدا، یان لە گفتوگۆی رۆژانەدا، جـۆری زۆرە و مەبەست و ئامانجـیشـیان زۆرن، وەک مـۆنـۆلـۆجی: کـۆمـەڵایـەتی، نیـشـتـمـانی، سـیاسی، پـەروەردەیی، کـۆمـیـدی و تـەنـزئامـێز،… هـتد. کارەکـتەر گوزارشـت لە هـزر و لە نـاخی خـۆی دەکـات. بـەڵام
هـەنـدێ جـار قـسەکانی ئاراسـتەی کەسـێکی دیاریکـراو یان جـەمـاوەر دەکـات. ئەو وتارانەی کە سیاسییەکان دەیدەن، بریتین لە مۆنـۆلـۆگ، بۆ قـایـلکـردنی گوێگرەکان
بە سیاسەتی بنیاتـنراویـان، یان هـەر بابـەتێکی تـر بێـت.
جـوانـتریـن مـۆنـۆلـۆگی سیاسی وتارێـکی (مـارتـن لـۆسـەر کـینگ) ە، لەژێـر نـاوی (خەونێکم هەیە) کە لەساڵی (١٩٦٣) دا لە رێپێوانێکـدا پێـشکەشی جەماوەری کرد.
مـۆنـۆلـۆگ وەک ئامـرازێـکی ئـەدەبی، کەرەسـتەیەکی بەهـێزە بـۆ نـووسـەران بـۆ پەرەپێـدانی کارەکتەرەکانیان یان پەرەپێـدانی گـرێ، ئەگـەر بە شـێوەیەکی دروسـت بەکاری بهـێـنن. بە تایبەتیش لە شیعـردا مـۆنـۆلـۆگ رۆڵـێکی گـرنگی هـەیە. ئـەم گـرنگـییە ئـەدەبی منـداڵانـیش دەگـرێتـەوە. لە زۆر وڵاتـانی جیهـانـدا، نووسـەرانی بـواری ئەدەبی منـداڵان گـرنـگی بـە نـووسـینی مـۆنـۆلـۆگ بـۆ منـداڵان دەدەن.
لە ئەدەبی خەیـاڵی و ریالـیزمیدا، نووسـەران بۆ ئەوە مـۆنـۆلـۆگ بەکاردەهـێـنن کە بـوار بـۆ کارەکـتەرەکان بـڕەخسێـنـن، بۆ گوزارشتکـردن لە هـزر و لە هەسـتـیان.
چـۆنیەتی هـەڵـبژاردنی باشتریـن مـۆنـۆلـۆگی دیـزاینکـراوی تایبـەت بۆ منـداڵان، زۆر گرنگە. لەوانەیە لە سەرەتادا ئەم هەڵبژاردنە قورسبێت. بەڵام منداڵانی ئەمڕۆ هۆشیار و چاوکراوە و زۆر زانـن، تابێت زۆرزانـتر دەبن و توانـای وەرگرتنیان زیـاتر دەبێـت. هەمیشە دەق و بابـەت گەلـێک هـەڵبـژێـرن، کە بە خۆشی و بە متمانە بەخۆبـوونەوە بتـوانن لە گۆڕەپـانی قوتابخـانە و لەنـاو پـۆلـدا، یـان لەسەر شانـۆدا نمـایشی بکەن.
مۆنـۆلـۆگی منـداڵان بـریتییە لە کورتە وتارێک کە لە میانەیـدا، کەسێک چەند جارێک قـسەدەکات، بێ ئەوەی دەرفـەتێک بە گـوێگـر بـدات بۆ بەشـداریکـرد لە کارلـێکەکەدا. زۆر جاریش مۆنـۆلـۆگ وەک وتارێک لەسەر بابەتێکی دیاریکـراو پێشکەش دەکرێت.
کارەکـتەری نمـایشکاری مـۆنـۆلـۆگ، لەپـاڵ زمـانی قـسەکـردنـدا، زمـانی جەسـتەیی و جـوڵەییش بەکـاردەهـێنێت. بە پـێی واتـا و مەبەستی رسـتە و بـڕگەکـان، رووخـسار و جوڵەی جەستەیی (دەستەکانی، سەری) و تـۆنی دەنگەکەی دەگـۆڕێن و دیاری دەکرێن. بۆ نموونە لە ناخـۆشـیدا، خـۆی خەمبار نیشان دەدات و تـوڕە و گـرژ و مـۆن دەبـێـت و دەمـوچـاوی گـرژ دەکـات و تـۆنی دەنـگی بـەرز دەکـاتەوە. لەوانـەیە بە کـوڵ بگـریـت. لە خۆشیشدا، دەنگی نەرمە و رووی گەشە و خەنـدەی لەسەر لێوە و قاقا پێدەکەنێت.
کلیلی هەڵبژاردنی تێکستی مۆنۆلۆگ بۆ منداڵان، ئەوەیە بە هاوکاری لەگەڵ منداڵەکانتان یان قـوتابییەکانتـان، تێکـستی مـۆنـۆلـۆگی گـونجـاو هـەڵـبژێـرن. کە کـورت و سـووک و ئاسـان و شـیریـن بـن و کاریگەریی ئەرێـنیـیان لەسـەر منـداڵان هـەبـێـت. لە سەرەتـاوە ماوەکـەی لەنیـوان خـولەکـێک بۆ سێ خـولەک بێـت. وا لە منـداڵەکـانتـان بـکەن کـە لە مەبـەسـت و لە هـونـەری پێـشکەشکـردن و نمـایشکـردنی مـۆنـۆلـۆگ تـێـبگەن.

منـداڵان بۆ شەرم شکاندن و خـۆراهـێـنان و خـۆئامادەکـردن بۆ نمایشکردنی مۆنۆلۆگ، لەسەر شانـۆ بێت یا لە گۆڕەپـانی قوتابخانەدا، یا لە هەر شوێنێکی کەدا بێـت، دەتـوانن چەنـد جارێک لە بەرانبەر ئاوێنـەیەکی گەورەدا، پـرۆڤە و مەشـقی نمایشی مـۆنـۆلـۆک بکەن. یان ئەگـەر کارەکـتەرەکە کچـۆڵـەیەک بێـت، دەتـوانێـت لەگـەڵ بووکەڵـەیەکەیـدا قـسەبکات، وا بـزانێت کە بووکەڵەکەی گـوێی لێدەگرێـت. دوایش لە بـەردەم ئەنـدامانی خـێزانەکـانیانـدا زیـاتر لە جـارێـک پێشکەشیان بـکەن.
ئەمەش نموونەیەکە لە مۆنـۆلـۆگ، لەژێـر ناوی (باخچەی ئەفـسووناویی) بۆ منداڵان و هـەرزەکاران نـووسـراوە، لە زمـانی نەرویجـیـیەوە وەرمگـێـڕاوە بـۆ کـوردی:
باخچـەی ئەفـسووناوی
دوور لە جیهـانی ئاسایی، لە باخچـەیەکی ئەفـسوونـاویـدا، جـوانـتریـن گـوڵ و رووەک دەژیـان. هەمـوو رۆژێک لەژێـر تیشکی زێـڕینی خـۆردا پاڵـدەکەوتن. لە پاکـترین ئاوی چەمەکەدا تـێر ئاویـان دەخـواردەوە. لەگەڵ ئاژەڵە قـسەکەرەکان و گیانـلەبەرەکانی کەدا، لـەم بەهـەشـتەدا بە خـۆشی و شـادی دەژیـان. ئەفـسووناوییەکەی وایکـردبـوو کە ئـەم باخچـەیە جیـاوازبێـت.
مـن نـاوم (مـیرا) یـە، پەپـوولـەیەکی بچـووکـم. دەبـیـنیـت منـیش بەشـێکـم لـەم جیهـانە ئەفـسووناوییە. رۆژەکانـم بە فـڕیـن لە گوڵـێکەوە بۆ گوڵـێکی تـر و بە گـۆرانی خـۆش لەگەڵ هـاوڕێ ئاژەڵەکـانمـدا بەسەردەبـەم. دەربـارەی ئـەم جیهـانە نایـابەی لـێیدەژیـن، هەمـوو شـتێک دەزانـم.
بەڵام رۆژێـک شـتێکی سەیـر روویـدا، تەمـێکی نامـۆ باخچـە ئەفـسوونـاوییەکـەمـانی داپـۆشی. بە ڕەنگە خـۆڵەمێـشیـیەکەی هەموو شتەکانی داپۆشی. هەموو رەنگەکان و خۆشـییەکـانی نەهـێشـت. خـۆر نادرەوشـایەوە، لەژێـر باوەشی قـورسی ئـەم تەمـەدا، گوڵـەکان سیس بوونەوە. گۆرانییە خۆشەکان لە بێدەنگـییەکی تـرسناکـدا نوقـم بـوون. بە تەواوی سەر دڵـمانی گرت. هەستـم بـەوە کـرد، ئەگـەر شتێک نەکـەیـن، تا هەتایە باخچە ئەفسووناوییەکەمان و ماڵەکـەم رزگاریان نابێت و لەدەسـتیان دەدەیـن. دەبێـت شـتـێک بـکەم بۆ ئەوەی هـۆی ئـەم تەمـە بـزانـم.
دەسـتم بە گەشتێکی سەرەکـێشی و سەڕسوڕێنەر کرد. تێـیدا کەسانی نائاساییـم بـیـنی، چ بـاش چ خـراپ. سەبارەت بە ژیـان فـێری وتەی گرنگ بووم: ئازایەتی بە قـەبارەی جەسـتە ناپێـورێـت، بەڵکـو بە دڵ دەپیـورێـت. هـەردووکیان، وانەکانی بەدەستهـێـنانی متمانە بەخـۆبوونیان فـێرکردم. لـێبووردن دەتوانێت تەنانەت رق و کـیـنە قووڵەکانیش ساڕێـژبـکات. هـاوڕێی راستەقـینە، ئەوانەن کە یارمەتیی ئەوەت دەدەن، چـۆن هـەیت بە راستی وا خـۆت ببینیـت. لە دوای چەنـدیـن تاقـیکردنەوە و تەنگانـەدا، سەرچاوەی تـاریـکـیم دۆزیـیـەوە: پیـرەژنـێکی تەنـیای جـادووکـەر، شـادی و خـۆشـیی لـە ئـێـمـە ڕفـاندووە. پێیوابووە، بەم ڕفـانـدنە، شادی و خۆشیی ئێمە بۆ ئەو دەچـێـت. دەمتـوانی شەرکـردن لەگەڵـیدا هـەڵبـژێـرم. بەڵام داوای هـاوڕێتـیم لـێـیکـرد و هەمـوو شادییەکی خۆمـم بـۆی دەربـڕی. بەم هەڵـوێـستەم رق و کـیـنەی نـاودڵی جادووگەرەکە تـوانەوە. تەمەکەش بەرزبـووە و نەمـا. ئەوەیە لە تاریکـتریـن کاتەکاندا، هـیوا و خۆشەویستی زال دەبـن. باخچـە ئەفـسوونـاوییەکەشـمـان رزگـاری بـوو!
هەموومـان ئەوە دەزانـین، دەکـریـت و دەتـوانین، فـێری هـونەرێک ببین، وا ئەمـڕۆ مـن لـێرەدا وەسـتاوم. بۆ ئەوەی لـێـت بپـرسـم: ئایا لەم گەشـتەمـدا لەگەڵـمدا دێـیت؟ پـێکەوە لەسـەر ئەم شانـۆیـەدا نمـایش بـکەیـن و ژیـان بۆ باخچە ئەفـسووناوییەکە بـگـەڕێـنیـنـەوە؟ دەتـوانـیـن درەفـەتـێکی روونـاکی پـیـشـانی بـیـنەرەکـان بـدەیـن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، کەم یان زۆر سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی و نەرویـجی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




کچە بەدبەختەکە.. دەقی : ماجد مەتروود.. وەرگێڕان: سەردار جاف

کاتێ بيرمکردەوە بێمە ناوتەوە
پرچم فڕی بە سەر پرچتدا
چاوم بە نێو چاوانتا غلۆڕبوونەوە
کاتێ بيرمکردەوە بێمە ناوتەوە
قاچم لە قاچەکانت ئاڵا
لێوم بە سەر لێوەکانت توانەوە
بەو جۆرە
دڵم بە سەر دڵتدا تليسايەوە
هەر بەو جۆرە
رۆحم بە سەر رۆتا ڕووخا
هەموو ئەوانە
جونکە بيرمکردەوە بێمە ناوتەوە
لێ
هۆ خانمە بەدبەختەکە
تەنها لە بەر ئەوەی بيرم کردی
هەموو دەرگاکانت داخست
پەنجەرەکانت داخست
گريام
ئەسرينەکان قەتيس بوون
بە ئارامی
لە سەر رايەڵەی ژينما پەخشم کرد
بە گازندەوە بە گوێی خۆرم چرپاند
خووەکانم لە نێوانی دوو ڕووبارا ون بوو
تەمەنم لە نێوانی دوو جەنگا ون بوو
کوێت و
ئابڵوقە و سەددام
ئەمريکا و
رەگەزپەرستی و سەگەکان
شپڕيوبوونمم بە دی کرد
هەتيو و پرسە
تەپوتۆز و دووکەڵ
تەپکەی بۆمبڕێژی چالاک
گاڵتەپێکردنی ڕەنگەکان
بە درێژی و پانی
لە ئابروو …. و ڕيشە … و مێژوو
هەموو ئەوانە …. بەربەستم بوون
کاتێ بيرمکردەوە .. بێمە ناوتەوە
ئەی شارە بەدبەختەکە

دەقی : ماجد مەتروود
بەلژيک
وەرگێڕان: سەردار جاف




سۆناتای تەمەن.. شیعری ستیڤان شەمزینی

چیم لە دوا جێدەمێنێ؟
جگە لە گەرمی دوو ماچ و
گۆڕێکی بێ ئادرێس
خەونێکی تەژی لە کابووس و
چەند شیعرێکی خۆکوژ
چیم لە دوا جێدەمێنێ؟
جگە لە ھێشووە بەرسیلەیەک
پێش ئەوەی ببێتە ترێی عەشق
بە دەندوکی چۆلەکەی دووریی
دڵی ھەپرون ھەپرون دەبێت
من ھیچم لە دوا جێنامێنی
جگە لە تەرمی خۆم
لە قەبرستانی بیرچوونەوەدا


تەمەنم سێوێکە
خەریکە بە داری ژیانەوە بەربێتەوە
پێش ئەوەی ئاگری پێکەنین
لە چاوی فرمێسکاویمدا بکوژێتەوە
لە رووباری پشکۆدا مەلە دەکەم
پێش ئەوەی خەیاڵم
بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە
شیعرێکی تر
بۆ خۆشەویستی ئەنووسم
بەرلەوەی مردن
بمکاتە گۆرانییەکی حەزین
قەسیدەیەک بۆ ژیان ئەخوێنمەوە
تەمەنم وەک بروسکە تێپەڕی
فریا نەکەوتم شەوێک
لەناو جیھانی تۆدا رۆژ بکەمەوە
کات ئەوەندە نەماوەیە
لە عەقڵ یاخی بم و
ببمە نۆکەری دڵ
ئەرێ بۆ وا خێرا تێپەڕی
ئەو ئەسپە شێیەی تەمەن!؟


ئەو رۆژانەی لە دەستمان رۆشتن
جوانترین رۆژەکانمان بوون
ئەو گۆرانییانەی دلێرانە وتمان
خۆشترین ئاوازەکانمان بوون
ئێستا رۆژە جوانەکان بەسەرچوون
قورگی ستران وتنمان سووتاوە
ژیان دوا دەرفەتی زێڕینی خۆی پێداین
رۆژانێکی جوان پێکەوە بەسەر بەرین
ئێمە بە جووتە
سەرقاڵی شکاندنی دڵی یەکتر بووین
نەماندەزانی ئەم رۆژە پەمەییانە
وەک بروسکە بەناو تەمەنماندا تێدەپەڕن
ھەنووکە لێرەوە بەچاوی پڕ ئەسرینەوە
شینی ئەو رۆژانە دەگێڕین کە نایەنەوە


ئەو عەشقەی من
کڵۆیەک شەکرە
لە دەمی یاردا دەتوێتەوە
ئەستێرەیەکە
ھیچ ئاسمانێک جێی ناکاتەوە
شەرابێکی کۆنە
نەڕژاوەتە پیاڵەی ھیچ مەستێکەوە
بەھارێکە
خەزان ناتوانێت بیکاتە چامە
خولیایەکە
بە دوای خۆمدا ئەگەڕێ
لە رێگا ھەورازەکانی دڵی تۆدا
ئەو عەشقەی من
تەکاندنی تاریکییە
لە شانی رۆژە ھەوراوییەکان
نورێکە
لەو کاتەی گەردوون کوێر دەبێت
کۆڕاڵێکە
لەو دەمەی ژیان کەڕ دەبێت
شیعرێکە
لە چەرخی بڕینی زماندا
باخێکە
لە زەمەنی قەدەغەکردنی گوڵدا
ئەو عەشقەی من، میتا عەشقە

ستیڤان شەمزینی





ڕەهەندی مێژوویی لە نێو پەند و قسەی نەستەقی کوردیدا.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

“خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ پەندو قسەی نەستەق، بە هیوای گفتوگۆ و ڕەخنە لێگرتن”

پێشەکی:
هیچ دەقێکی فۆلکڵۆری نییە، چ دریژ بێت و چ کورت، لە نێو زەمەنێکدا نە گوترابێ و بۆ زەمەنێک و چەندان زەمەنیش نە گواسترابێتەوە، کەواتە هەموو دەقێکی فۆلکڵۆری ڕەهەندێکی مێژوویی لە ناوە خۆیدا هەڵگرتووە و بەرهەمی مێژوویەکی تایبەتیشە.جا دۆزینەوەی ئەم ڕەهەندە مێژووییە و زەمەنەکەی ، بۆ لێکۆڵەر و توێژەر، کارێکی زەحمەت نییە ، کە ڕەنگ بێ ئەمە زەمەنە ئاست و مەودای شەو و ڕۆژ و مانگ و ساڵ، بگرە سەد و هەزارە شی تێبکەوێ.
دەکرێ ڕەهەندە مێژووییەکەی دەقی فۆڵکلۆری، لە ناوەوەی خودی دەقەکە دابێ، کە زمان و واتای دەقەکە دەگرێتەوە، دەشکرێ هەندێ جار، لە دەرەوەی دەقەکە دابی کە لێرەدا مەبەست لە فەلسەفەی دەقەکەیە. چۆن؟ دەقی فۆلکڵۆر لە نێوەندە زانستییەکان بە “حیکمە ” ناوزەند دەکرێ، حیکمەش بەشێکە لە فەلسەفە. کەواتە گەڕان بەدوای فەلسەفەدا لە دەقی فۆلکلۆریدا ، کارێکی زانستیی مەتمانە پێکراوە.
لەم لێکۆڵێنەوە یە دا، کە تایبەتە بە (پەند و قسەی نەستەق)، سەرەتا پێویست دەکات پەند و قسەی نەستەق بە شێوازێکی تازە پێناسە بکەین، پەیامگر، بتوانێ بە ڕوونی و بێ چەندوچوون، ئەو دووانە لێک جودا بکاتەوە. لەبەر ئەوەی کە:
1) تا ئێستا تێکەڵییەکی لێڵ و ئاڵۆز، لە نێوان هێندێ لە دەقەکانیاندا دەبینرێ.
2) کتێب و سەرچاوە هەیە و لەژێر ناوی “پەندی کوردی” کۆکراوەتەوە و چاپکراوە، ئەو دووانەی لێک جیا نەکردووەتەوە.
3) لە هێندی بەرهەمدا “گۆتەی خەڵک” و “گۆتەی ناوداران” یشیان تێکەڵ کراوە.
4) ئەم جیانەکردنەوەی زانستییانەی ئەو دووانە، جگە لە ئاستە میللەیەکدا، ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە، هێندێ ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا.
تەنانەت، لە نێو کتێبی (پەندەکانی پیرەمێرد)ی گەورە شاعیری کوردیش، ئەم تێکەڵییە دەبینرێ. بێگومان کتێب و سەرچاوەی متمانەپێکراو و پەسندیشمان لەبەردەست دایە، بۆ نموونە، کتێبی (پەندی کوردی و چێڕۆکەکەی)ی “عومەر شێخەڵلا دەشتەکی” و کتێبی (مشتاخا چیا ژ گۆتنێن پێشیا)ی ” مەلا مەحمودی دێرشەوی”.
بەداخەوە هەندێ نووسەر لەگەڵ ئەوەی کە زۆر ماندووبووین و شەونخۆنیان چێژتووە، لێ زور وردبینی و تێڕامانی ورد لە چاپکراوەکانیاندا، لە مەر لێکجوداکردنەوەی پەند و قسەی نەستەق نابینیرێ. هەر بۆ نموونە نووسەرێکی بەڕێز، کتێبێکی لە ژێر ناوی (لێکدانەوەی هەزار پەندی کوردی – ٢٠١٥) بڵاوکردووەتەوە، کەچی لەو هەزار پەندەی باسی کردوون، کەمترین ژمارەی پەندیان تێدایە. ئەفسووس! ئەم جۆرە کتێبانەش لە کتێبخانەی کوردیدا ژمارەیان کەم نییە!
پەند وەکو دەستەواژە و گۆتەی خەڵک بە چەند شێوەیەکیش بە کار دێت :
پەندێکی بە سەر هات ، نە بیتەوە : واتە کەسێك بە سەرهاتێکی ناخۆشی بە سەرهات و بەسەرهاتەکە (پەند)ێکی لێکەوتەوە، ئەو بەسەرهاتە ناخۆشە بەسەرکەس نە یەت لە ناخۆشی دا ، بەردەوام ئەو بەسەرهاتە وەک چیڕۆک بۆ پەند لێوەرگرتن دەگێڕدرێتەوە .
دەتکەم بە پەند : کەسێک لە یەکێک توڕەدەبێ و گەفی لێدەکات و پێی دەڵێ .. بەسەرهاتێکت بەسەر دێنم دەتکەم بە پەند ، بەسەرهاتەکە وەک پەند بگێڕدرێتەوە، واتە ببێت بە چیڕۆکێکی پەند ئامێز .
بوو بە پەند : واتە کەسێک بەسەرهاتێکی بەسەر هات ، هێندە ناخۆشە بەردەوام وەک پەند خەڵک دەیگێڕنەوە و دەڵێن : بوو بە پەند .
لێرەدا، کورد گوتەنی، بە پووخت و ڕەختی، دەچینە نیو باسێ “پەند و قسەی نەستەق و قسەی خەڵک و گۆتەی ناوداران، پێناسەیان دەکەین و هێلێ نێوان سنووریان، بە نموونە، دەست نیشان دەکەین:

یەکەم: پـەنـد:
با لەپێشدا، بۆ ئاسانکاری، پەندێک بە نموونە بهێنینەوە، ئەوسا بچینە نێو بابەتەکە:
پەندێکی هەیە کوردی دەڵێ:
“پا پای کەرە، چنگ چنگی مەیاسە
سـەرم سـوڕماگە لەی کـار و باسە!

ئەم پەندە چۆن دروست بووە؟
دەگێڕنەوە، بووک و خەوسووێک مەڕدار بوون و لە گوندێک دەژیان ، بوکەکە مەگیرانی دەکات و زۆری حەز دەچێتە (ڕوونەکەرە)، بەڵام ، خەسووە ڕەزیل و قرچۆکەکەی، ئامادەنابێ و لێناگەڕی ئەو بووکە قشتیلەی، زادی ڕوونەکەرە بێنێتە سەر لێو. کار وا دەمێنتەوە، تا ڕۆژێک، خەسوو، بۆ پرسەیەک لە گوندێکی درواسێیان لە ماڵ دەردەچێ؛ ، بەڵام پێش ئوغرکردنی، دەچێ، ئەو ڕوونەکەرەی هەیانە لە نێو مەنجەڵێکدا بە بنمیچی ژوورەکەیدا هەڵدەواسێ و ئەرزی ژوورەکەش بە قوڕێ جوان جوان سواغ دەدا.
جا بووکەکە کە دەبینی. ماڵ ماڵی خۆیەتی و تەنیایە، فورسەت دێنی و دەچێتە سەر پشتی کەرێک و خۆی دەگەێنێتە مەنجەڵەی ڕوونەکەرە و بە ئارەزووی خۆی چنگی لێ گیردەکا و بە دڵێ خۆی لێی دەخوا.
کاتێک خەسوو لە پرسە دەگەڕێتەوە، سەیر دەکا جێ سمی کەر بەسەر قوڕەکەوە دیارە و مەنجەڵە کەرەش، جێ چنگی بەسەرەوەیە، دۆش دادەمینێ و سەری لێدەرناکا و لەبەرە خۆیەوە دەڵێ:”پا پای کەرە ، چنگ چنگی مەیاسە ؛ سەرم سوڕماگە لەی کار و باسە!” ئەم ڕووداوە چێڕۆک ئامێزە ش ، ئەم پەندەی لێدەکەوێتەوە – کە لە قالبی دیکەشدا گوتراوەتەوە.
دەکرێ پەند بەم شێوەی خوارەوە پێناسە بکەین و بڵێن:
پەند بەرهەمی ڕووداو و بەسەرهاتێکی مێژوویی چێڕۆک ئامێزە و لە کۆتایی ئەو ڕووداوە پەندێک بەرەهەم دێت و دەبێت بە نموونەیەکی قبووڵکراو و زیندوو بۆ ڕووداوی هاوشێوەی ، پەندە کە دەگوترێتەوە ، چێڕۆکە کە نا گێڕدرێتەوە ، خەڵکەكەش بە گوتنەوەی پەندەکە ، لە مەبەستەکە تێدەگەن و دەزانن چی ڕووی داوە و مەبەست چیە !.
کەواتە پەند بەرهەمی ڕووداوی چێڕۆکئامێزی کتوپڕە ؛ دەبینین ئەم پەندە لە خراپ ڕەفتاریی خەسووەکەوە دروست بووە و هەر خەسووەکەش پەندەکەی داڕشتوە و داهێناوە ، لە فۆلکڵۆردا بە گشتی، مرۆڤە چاک و خراپەکان، جوان و ناشیرینەکان، پاشا و گەداکان، گەورەو بچووکیان هەمووان عاقڵ و شێتەکان هاوبەشن لە بەرهەم هێنانیدا.
لە شیتەڵکاریی (زەمەن)ی پەندەکەدا، تێدەگەین کە وەرز.. وەرزی بە هارە و گیا سەوزە و مەڕ و ئاژەڵ تێر لەوەڕن و شیریان زۆرە و بەرهەمە شیرییەکانیش زۆر و زەوەندن و ڕوونەکەرەپەیدا بووە . ڕووداوەکەش چێڕۆکئامێزە و کات و شوێن و ڕووداو و کارەکتەریەکانیش دیارن. بونیاتی دەقەکەش، بە دوو نێوە دێڕی شیعری ناسک، داڕێژراوە.

دووەم: قسەی نەستەق

ئەم قسەی نەستەقەی خوارەوە دەخەینە ڕوو
گەورەیی بە عەقـڵە ، بە سـاڵ نییە.
دەوڵەمەندیی بە دڵە ، بە ماڵ نییە.
ئەم قسەی نەستەقە چۆن دروست بووە؟
کە سەرنج لەم دەقە دەدەین، دەبینین دەچێتە قاڵبی قسەی نەستەق، دەردەکەوێ چەند زانیارییەکەی فڕە بابەت لە خۆ دەگرێ: “گەورەیی، عەقڵ، ساڵ – تەمەن؛ دەوڵەمەندیی، دڵ –
وەک دڵ و دەروون، ماڵ.” کە ئەوانیش لە چوارچێوەیەکی ئەدەبی پووخت و تۆکمە و مۆسیقادار و واتادار، دارێژراون. دەقەکە ڕەهەند و شیتەڵکاریی دەروونناسییانە و کۆمەڵناسییانە و مرۆڤناسییانە هەڵدەگرێ لە پاڵ تێرامان لە زمان و زمانەوانی بەرچاوی نێو دەقەکە.
گەورەیی : لێرە واتە کەسی تەمەندار و بە عومر.
عەقڵ : واتە کەسی عەقڵدارو خاوەن زانین و زانیاری وتاقیکردنەوە .
ساڵ : واتە ژمارەی ساڵەکانی کەسی بە تەمەن .
دەوڵەمەندیی : واتە کەسی پارەدارو هەبووە .
دڵ : لێرە واتە کەسی دڵکراوە و دەسبڵاو و چاوتێرو سەخی .
ئەم قسەی نەستەقە کێ گوتوویەتی؟ ئەم قسەی نەستەقە هیچ ڕووداو و چێڕۆکێکی لە پشت نییە، بەڵکوو وەک بەرهەم و لێکدانەوەی هزرێکی بلیمەتانە و کەسێکی دنیا دیتە و خاوەن ئەزموون دەخوێندرێتەوە ، تێیدا بە زەقی وردبینیی زانیاری تاکناسیی و کۆمەڵناسیی و مرۆڤناسیی و زمانزانیی تێدا دەدرەوشێتەوە. بەرهەمی ئەزموونی عەقڵێکی مەزن و لێکدانەوی مرۆڤێکی وردبین و عەقڵ بە کارهێنەرە .
ئەگەر سەرنج بدەین ئەم قسەی نەستەقەش وەک پەندەکەی پێشوو بە شیعر داڕێژراوە ، واتە پەندو قسەی نەستەق ، هەتا گۆتەی خەڵک و گۆتەی ناودارانیش هەندێ جار ، جگە لەوەی لە ڕستەی کورت و دەستەواژەی جوان داڕیژراو دەگوترێن و بە شێوەی شێعرو کێش و قافەیەش بەرهەم دێن .
لەم قسەی نەستەقە دا دوو کەسایەتیی جیا و دوو دڵ و دەروونی جیا و ئاسمان و ڕێسمان لێک دوور ، بە یەکەوە قسەیەکی نەستەقی پڕ واتا و ئاواز و ئەزموون و عبیرەتی پەسندکراو و بەجێی لەخۆیدا کۆکردووتەوە. کەواتە قسەی نەستەق بەرهەمی بیرکردنەوە و بیرتیژی و وردبینی و تاقیکردنەوە و لێکدانەوەی عاقڵانەیە.
زەمەن لەم قسە نەستەقەدا، تەمەنی دوو کەسایەتیی جیایە: پیرێک و منداڵێک – لای کەم گەنجێک. گەورەکە کە نادیارە، واباسکراوە کە (بێ عەقڵ و بێمەعریفەیە)؛ لە کاتێکدا، منداڵەکە کە ئەوەیش هەر نەناسراوە، (ئاقڵ و بە هۆش و گۆشە). گوتەکە لەسەر بنەمای گەورەیی، بێ عەقڵ و عەقڵی بچووکەوە دامەزراوە. واتە تەمەنی زۆر و عەقڵێ کەم؛ عەقڵێ زۆر و تەمەنی کەم ، کۆبوونەتەوە و لە داڕشتنێکی شیعرئامیزدا و ئەم قسە نەستەقەیان پێ بەخشیووین.

سێیەم : گۆتەی خەڵک
ڕەنگبێ، لە یەکەم خوێندنەوەیدا دەستەواژەی “گۆتەی خەڵک” پرسیارێک بورووژێنێ: ئەدی ئاخۆ پەند و قسەی نەستەقیش هەر گۆتەی خەڵک نین؟ فۆلکڵۆر هەمووی هەر گۆتەی خەڵک و مرۆڤ نین؟
دوای ئەوەی ڕۆشناییەکمان خستە سەر پەند و قسەی نەستەق، هەوڵدەدەین لێرەدا، ئەم تەمەی سەر”گۆتەی خەڵک” بڕەوێنینەوە و بەیتی مەقسەد بخەینە ڕوو.
با ئەم دوو نموونە، لە “گۆتەی خەڵک” بخەینە بەرچاو:

  • ئەو سەرەم لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە!
  • پیربوون دەرمانی نییە!

کێ گۆتەی خەڵک” دادەهێنێ و و بە کاری دەهێنێ؟

کەسێک، دەمێکە خەریکی ئەنجامدانی کارێکە، هەر کارێک بێ، ئەوانەی بە دیارییەوە ڕاوەستاون دە بێنن، کابرا زۆر خاو و خلیچ و سارد و سوڕە و پێناچێ سەر لە کارەکە دەربکا و وەک پێویست بۆی مەیسەر نابێ، جا یەکێک، پێی دەڵێ:’لالۆ، بۆ جێی برای خۆت ناکەی، کارەکەت بۆ تەواوکات و ڕزگارمان بێ؟” ئەوەیش، بە نابەدڵییە و دەڵێ:”برا، ئەوە دەڵێی چی؟ خۆ ئەمن ئەو سەرەم لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە؟!”.
دیقەت بدەنێ، ئەو گوتەیە، هیچ ڕووداو و چیڕۆکێکی لە پشت نییە، پێ ناچێ بەرهەمی ئەزموون و کارامەیی و بیرمەندیی و دنیادیتەیی بێ. پتر لە قسەی بازاڕی سادە و ساکار و ئاسایی دەچێ. تۆیش ومنیش و خەڵکی دیکەش، دەتوانن شتێکی لەو تەرزە بڵێن و دارێژن.واتە نە بەسەرهاتێکی چیڕۆک ئامێزی لە پشتەو نە پێویستی بە تاقیکردنەوەو وردبینیەکی زۆر هەیە !

لە گوتنی “پیربوون دەرمانی نییە.”، دیسان کەسێک کە پیریی و نەخۆشییەکانی، تەنگی پێ هەڵدەچنێ و هەرچەندی دەکەن داو ودەرمان و چارەیەکیان وەدەست نەکەوێ، لەو پیرییە و لەو نەخۆشییانە، دەربازی بکات. جا کەس وکارو خزم خوێش دەڵێن، هیچ نەما بۆی نەکەین، هیچ عیلاج و چارەی نییە، چیبکەین پێرییەو دەرمانی نییە!
دەبینین ئەم گۆتەیەش، پێویستی بە ڕووداوێکی چێڕۆکئامێز و عەقڵی ئەزمووندار و هۆش و گۆشی پڕ مەعریفە و بیرمەندیی نییە. هەرکەس دەتوانێ قسەی وا بکات و ڕۆژانە گوێمان لەو جۆرە ڕستە و دەستەواژانە دەبێ.

بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەی کە کە پیریی دەرمانی نییە و کابرا سەری لە بەر هەتاوێ سپی نەکردووە ، پێویستیمان بە ئەزموونی زۆر و فەرهەنگی مەعریفی گەورە و هزر و مێشکی ژییرانەو تاقیکردنەوەو گەڕانی زۆر نییە. هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی تێگەیشتن دابێت، ئەمانە دەزانێ و لە کاتی پێویست بەکاریان دەهێنێ و دەیانڵێتەوە !

چوارەم: وتەی ناوداران

وتەی ناوداران، ئەو وتە جوان و واتادار و تۆکمە و پڕ عیبرەت و ئەزموونەن، کە هەموومان بە حەزەوە دەیان خوێنینەوە ە و لە ژیانی ڕۆژانە و لە بواری ئەدەب و مەعریفە و زانستدا بەکاریان دێنین، خاڵی درەوەشاوەی ئەم وتانە ئەوەیە، دەزانرێ هێ کێنە و خاوەکانیان ناسراون، جا هێ سەردەمە دێریننەکانی مێژوو بن یان هی ئەم سەدەمەی ئێستای خۆمان بن.
واتا فەرهەنگیی ئەو وتانە ، گەورە و فراوانن، لە ناوئاخنی کتێبە ئاسمانییەکان و فەرموودەی پێغەمبەران و بگرە تا قسەی زانا و دانا و و فەیلەسوف و بیرمەند و شاعیر و هونەرمەند و سیاسی و کەسە دیار و ناسراوەکانی مێژووی دێرین و سەردەم دەگرێتەوە. بێگومانە ئەم گوتارانەش بەرهەمی ژییری و ئەزموون و هزری قووڵ و تێڕوانینی ئەوانە بۆ ژیان و بوون و مەرگ و گەردوون… تاد. لەگەڵ ڕۆژگاردا ئەو گوتانە گەیشتوونەتە خەڵک و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا دووبارەیان کردوونەتەوە. دیارە نموونە هێنانەوە بۆ ئەم بەشە (وتەی ناوداران) کارێکی ئاسانە زۆر پێویست بە ماندووبوون ناکات، ڕۆژانە لە گفتوگۆکاندا گوێمان لێیان دەبێت و لە نووسینەکاندا دەیانخوێنینەوە.

با بە یەک نموونەی گوتەیەکی ئەدیب و شانۆنووسی ئایرشی(ئایرلەندی) ناودار برناردشۆ، ئەم بڕگەیە دەوڵەمەند بکەین کە دەڵێ:

:”سەرمایەداری وەک سەرو ڕێشی من وایە، زۆری لەبەرهەم ، ناڕێکی لە دابەشکردن.”
لەمەشدا ئەو زاتە مەبەستی سەروڕیشی خۆیەتی، کە سەرێکی ڕووتاوە و ڕیشێکی پان وپۆڕو درێژو پڕ مووی هەبۆوە.

دەربارەی زەمەنیش لەم گۆتەیەی بەرناردشۆدا، دەکرێ بڵێین: زەمەن، سەردەمی ژیانی برناردشۆو سەرهەڵدان و گەشەسەندنی دەسەڵات و دەستکەوتی مەزنی سیستمی سەرمایەدارییە لە ڕۆژاوا دا. لێ، ئێستا هەر بستێکی ئەم جیگایانە دەگرێتەوە کە سیستمی یان ڕژێمی سەرمایەداریی تێیاندا باڵا دەست بێ: کۆکردنەوە بەرهەمێکی زۆر و دەست بەسەرداگرتنی ئەو دەستمایە زۆرە، لە نێو چەنگ و قاسە و ژمارە بانکی چەند کەسێک و تاقم و دەستەیەکی بچووکدا کۆبووەتەوەو بەشیکی خەڵکیش لێی بێبەشن !


چەند نموونەیەک لە پەند و قسەی نەستەق و ڕەهەندە مێژووییەکانیان:

یەکەم: “بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.” (١*)
ئەمە قسەی نەستەقە.
ئەگەر بتەوێ باوەڕ بە کەسێک بێنی کارێکی بچووک و خێرا و کەمخاییەن ئەنجام بدا و ئاکامەکەی چاک بێ با بۆ کاتێکی کورتیش بێت ؛ یان ئامۆژگاری کەسێک بکەی لە ڕووی پاک و خاوێنی و پاگژیدا، ئەوا دەکرێ، پەنا بۆ ئەم قسەی نەستەقە کوردییە ببەیت و بڵێت:” بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.” بێ گومان ئەمە قسەی شوانێکە ، جا چونکە شوان مەڕ و بزنناسە ، بەوەی زۆرترین کاتی ڕۆژگار لەگەڵیاندا بەسەر دەبات و سەرنجیان لێدەدا و شارەزایانە. دیقەتی داوەتێ کە شەو لەو دەشت و دەرە دەمێنەوە ، پێش ئەوەی بزن پاڵ کەوێ بە سمەکانی هێندێ خەرێکی زەوییەکە دەبێ و جێگەی خۆی خۆش دەکات. ئەمەش کردەیەکی خۆرسکانەیە، چونکە ئەو ئاژەڵە کەم تووکە و زەوی ڕەق و تەق و زیخاوی و بەردین ئازاری جەستەی دەدەن، هەوڵدەدا نەختێ شوێنەکەی خۆی خۆش کات، بۆ ئەوەی بۆ ئەو شەوە خەوێکی خۆش بکات ، چۆن بزن هەرشەوەی لە ئاقارێک دەلەوەرێندرێت .
زەمەنی پەیدا بوونی ئەم قسەی نەستەقە:
من وای بۆ دەچم ، مێژووی ئەم قسەی نەستەقە زۆر کۆن بێ، بۆ سەردەمی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاژەڵداری بگەرێتەوە ، دوای بەجێهێشتنی ئەشکەوت و پێش نیشتەجی بوونی مرۆڤ لە گوند و ئاوایدا، چونکە چاخی شوانکارەیی بە شێوە سەرەتاییەکەی زۆر پێش سەردمی نیشتەجیبوون و بونیاتنانی شارەسانییەت بووە.
ئەگەر لە چێڕۆکی (مەڕۆکە و بزنۆکە)ی فۆلکڵۆریی کوردی ورد بینەوە، دەبینین ، بزن داوا لە مەڕ دەکات بۆ ئەوەی پێکەوە خانوو دروست بکەن پێش ئەوەی زستان بێت و بەفر و باران دابکات، بەڵام؛ مەڕ شانازی بە خورییە زۆرەکەی خۆیەوە دەکات و بێ باکە، گوێ ناداتە داوایەکەی بزنۆکەی هاوڕێی. کاتێک وەرزی بەفر و بارین دێ و مەڕە بەرگەی سەرما ناگرێ و دەچێتە بەر قاپی بزنۆکە و داوای لێ دەکا جێی بکاتەوە، بزن هەر خۆشی تێناگەێنی و مەڕی گێژ و وێژ لەو ناوە لەسەرمان ڕەقهەڵدێ و مردار دەبێتەوە. هەمووشمان لە پەیامی چیڕۆکەکە تێدەگەین و دەزانین ئەنجامی مەڕەکە چۆن بووە!
لەم قسەی نەستەقە و چێڕۆکی(مەڕۆکە و بزنۆکە) یە ، دەبینین کە ( بزن) کارەکتەری کارکردن و بەکارهێنانی عەقڵە و پێشبینی داهاتووکردنە و کاریشی بۆ دەکات، لە قسەی نەستەقەکەش دا بزن بۆ(شەوێک) جێگای خۆی خۆش دەکات و بۆ( زستان و تەمەن )ێکیش لە چیڕۆکەکەدا خانوو دروست دەکات؛ ئەنجامی پێشبینییەکەی دەرکەوت کە زستان هات و بەفر و باران دای کرد و سەرما دەستی خۆی وەشاند، مەڕ بەرگەی نەگرت و چووە بەر دەرگای بزن و پاڕایەوە جێگای بکاتەوە تا لە سەرما نەمرێت؛ بەڵام؛ بزن ئەوەی هاتەوە بیر کە هاوێن داوای لێکرد پێکەوە خانوو دروست بکەن، کەچی مەڕ بە قسەی نەکرد و پشتی بە خووریە زۆرەکەی خۆی بەست، ئێستاش بزن دەرگای لێناکاتەوە، ئەوەبوو مەڕ لە دەرەوە مایەوە و دواجار سەرما ڕەقی کردەوە.
ڕەهەندی زەمەن لە “بزن بۆ شەوێک جێگەی خۆی خۆش دەکا”:

  • بزن بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات . پێشبینی خەوتنی – شەوێک – ە و هەوڵدانە بۆ بە ئاسودەیی پاڵ کەوتن و بە خۆشی خەوتن لەم شەوەدا.
  • لە چێڕۆکی مەڕۆکە و بزنۆکە: دوو کارەکتەر، دەکەونە بەرامبەر یەکتر: مەڕ و بزن. یەکیان عەقڵ بە کاردێنێ و پێشبینی داهاتوو دەکات کە بزنە. ئەوەی تریان بە خووریە زۆرە کەی دەنازێ و عەقڵ بەکارناهێنێ و پێشبینی داهاتوو ناکا و سەرەڕای ئەوەش بە گوێی بزنیشی ناکات ؛ دەرکەوت ئەنجامەکەی چی بوو، مەڕە سەری خۆی لەسەردانا. بزنیش پێشبینی داهاتووی کردووە و عەقڵی بەکارهێناوە و چارەسەری بۆ بەفر و باران و سەرمای زستان دۆزیوەتەوە و بە کردەوە خۆی پاراست و لە ژیان بەردەوام بوو.
    شیکردنەوەی: قسەی نەستەقی : بزن بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات:
    بزن : گیاندارێکی زیندووە و جێگای مرۆڤی گرتووەتەوە.
    بۆ شەوێک: هێمایە بۆ زەمەنێکی کورت ، کە – شەو – ێکە.
    جێگای خۆی: واتە شوێن، تایبەتە بۆ بزن لە شەوێکدا. ماڵی خەوتنە وجێگایەکی ئارامە .

خۆش دەکات: کارکردنە بۆ ئەوەی ئەم شەوە بە خۆشی و ئاسودەیی بخەوێ، خۆشی بە مانای لەززەتی ژیان دێت بۆ خەوی تەنیا شەوێک .
لەم قسەی نەستەقەدا چەند فەلسەفەیەکی (کات) و(شوێن) و (کارکردن) و(لەززەت)ی( ژیان) کۆکراونەتەوە؛ بە واتایەکی دیکە، هەر یەک لەم وشە و ناوانە سەر بە فەلسەفەیەکن.
ئەفلاتون لە بارەی (کات ) و (جێگا) وە دەڵێت: “کات ئەو ماوە پێویستەیە بۆ جووڵەی ئەستیرەکانی ئاسمان.” لەم قسەی نەستەقەدا، کات پێویستە بۆ کارکردنی بزن و گەیشتن بە خەوی ئاسودە، لە شەوێکدا!
ئەرستۆش لە بارەی (شوێن– جێگا) وە دەڵێ: “جێگا ئەو شوێنەیە کە شتێک لە خۆ دەگرێ.” لەم قسەی نەستەقەشدا ، جێگا ئەوەیە کە بزن شەوێک بە ئاسودەیی تێیدا دەخەوێ.
لەم قسەی نەستەقەدا( کات )ئەوەیە، کە بزن بۆ( شەوێک) لە جێگایەک دا بە ئاسودەیی بخەوێ، بۆ ئەوەی لەم شەوەدا ئاسودە بێ و (لە ززەت) لە چرکەساتی خەو وژیانی ئەو شەوە ببێنێ ؛ هەر بۆیە (کار )دەکات بۆ ئەوەی ئەو شەوە بە ئاسوودەیی بخەوێ !
شوێنیش ئەو (جێگا)یەیە ، کە بزن خۆشی دەکات بۆ ئەوەی شەو تێیدا بە خۆشی بخەوێ.
هەروەها ئەرەستۆ لە بارەی کارەوە دەڵێت: “ئەو کارەی کە دەبێتە هۆی مەیسەر کردنی کاری بە کۆمەڵ، دەبێتە هۆی وەدەستهێنانی ئامرازەکانی بەختیاریی بۆ تاکی کۆمەڵگە.”. ئەو کارەی کە بزن کردوویەتی، هەرچەندە بە تەنیاش بوو، بووەتە هۆی بەختیاریی خۆی وەک تاک ، کە هەندێجار بەختیارییەکە ماددییە و هەندێ جاریش مەعنەوییە. لێر بۆ بزن کارەکە، هۆی بەختیاری ئاسودەیی بوو، واتە مەعنەوی بوو. بەڵام مرۆڤەکان لە نێوان خۆیان دا جیاوازن، هەندێکیان کەم ئاوەزن و هەندێکیان بە هێز و عاقڵن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەریەکەیان کاری جیاواز لەوەی تر بکات و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی شارستانی پێک دێت، لێرەش لە چیڕۆکی٠) مەڕۆک و بزنۆکە ) بینیمان بزن و مەڕ لە بە کارهێنانی عەقڵدا جیا بوون و ئەنجامە کەشیان وەک یەک نەبوو!
زەمەن لە دەقی “بزن، بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات.”
زەمەنی ناوەوەی یەک – شەو – ە، کە بزن کاری تێیدا کرد و گەیشت بە ئاسودەیی.
زەمەنەی دەرەوە یان مێژووی دروستبوونی قسەی نەستەقەکە، بە لێکدانەوەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکەمی سەرهەڵدانی شوانکارەیی و دروستکردنی خانوو و گوند کە (دە هەزار) ساڵێک پێش زایینە. ئەمەیش هاوزەمەنە لەگەڵ چیڕۆکی مەڕۆکە و بزنۆکە، کە چێڕۆکە کە بە – هیما – باس لە دروستکردنی خانوو دەکات بۆ یەکەمینجار و لە وێشدا مەڕ و بزن وەک دووکارەکتەرن لە جیاتی مرۆڤ ڕۆلێان بینیوە.
پێناسەیەک بۆ بزن …

بزن ئاژەڵێکی ماڵی کراوی مرۆڤەو مێژووێکی کۆنی لە گەڵ مرۆڤدا هەیە ، مرۆڤ سوودی زۆری لە بزن بینیوە ، شیرەکەی بە زۆر شێوە بۆ خواردن بەکاردێنێت ، گۆشتەکەی دەخوات ، موووەکەی بۆ زۆر پێویستی و کەرەستە بەکار هێناوە ، پێستەکەشی بە زۆر جۆر بە کار هاتووە ، هەتا میزو کشپلەکەی وەک پەین بۆ بە هێز کردنی زەوی و سوتاندن سوودی لێبینراوە، هەتا شاخەکەشی لە سنوورێکی دیاریکراو بە کار هاتووە . تەمەنی بزن لە نێوان دوازدە تا پازدە ساڵ دەژی .
مێژووی بزن ، زۆر بە سەر چاوەکان ئەوە دەسەڵمێنن کە سەرەتا لە ( چیاکانی زاگرۆس ) و ( کەوانەی بە پێت ) مرۆڤ بزنی ماڵی کردووە ، لە ( مێژووی بزنی ئیران ) دا هاتووە کە : ئیران یەکەمین بە ڵگەی بە خێو کردنی بزن و ماڵی کردنەکەی لە ناوچەی ( گەنج دەرە) ی شاری کرماشانە لە دەورو بەری ( دە هەزار ) ساڵ پێش زایین بە خێو کراوە ، کە ئەمەش ڕاستەو خۆ کوردستانە ، هەروەها ( مورتەزا ڕەزایی ) نوێنەری ئیران لە کۆ بوونەوەی وڵاتان بۆ دەسنیشان کردنی ( ڕۆژی بزن ) هەوڵی دا ئەو ڕۆژە بە ناوی ئیرانەوە تۆمار بکات و گوتوویەتی : ( مێژووی بە خێوکردنی بزن لە چیاکانی زاگرۆس لە ئیران بۆ پێش دوازدە هازار ساڵ دەگەڕیتەوە )(٢*)

لە ( داستانی دەموزو عەشتار )(٣) دا کە داستانێکی سۆمەریە و ڕیشەی سەرهەڵدانی بۆ سەردەمی باپیرانی سۆمەریەکان دەگەڕێتەو، بزن وەک کارەکتەرێکی زیندوو لە داستانەکە ڕۆڵ دەگێڕێ ؛ کە لە لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکاندا سەڵمێندراوە تەمەنی ئەم داستانە( دوازدە هەزار ساڵ) دەبێت و شوێنی ڕووداوەکانیش چیاکانی کوردستانە ، بە پێی لێکۆلێنەوەیەک کە ئێمە کردوومانە ، ئەو شوێنە دەموزی شەش مانگ تێیدا لە ژێر زەوی دەمینێتەوە و لە ڕؤژی نەورۆزدا دێتدەرەوە ( شاری ژێر زەمینی دێرینکۆیۆ ) (٤)ی دوازدە هازار ساڵیە یە لە کوردستانی باکوور ، دەموزی لەم داستانەدا نموونەی خوداوەندێکی شوانە ! ئەمە هە مووی بەڵگەی ئەوەن کە کوردستان وڵاتی یەکەمی بە خێو کردنی بزنە .
بزن زۆر جۆری هەیە ، لە کوردستان دوو جۆری ناسراوە ، بزنی ئاسایی و بزنە مەرەز ، مووی بزنە مەرەز بۆ دروستکردنی ڕانک و چۆغە بە کار دێت ، بزنی کوردستان بزنێکی چیاییەو زۆر چوست و چاڵاکە ، بە هۆی ئەو مێژووە دوورو درێژەی کە بزن لە گەڵ مرۆڤ دا هەیەتی ، چووەتە نێو هەموو بەشەکانی فۆلکڵۆرو هەتا ئەدەبی نووسراووتەواوی هونەرە کانیشەوە ، هەر بۆیە لە وێنەکۆنەکانی دەستکردی مرۆڤ لە نێو ئەشکەوتەکان وێنەی بزن بە ڕوونی دەبینرێ !
بزن ئێستا سەرچاوەیەکی ئابووریە ، هەر بۆیە گرنگیەکی زۆری پێدەدرێ و کتێبی زانستی زۆر لە بارەی پەروەردەی بزنەوە نووسراوە ، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە هۆی گرنگی بزنەوە ڕؤژێکی بۆ دیاری کردووە .


دووەم: “هێندەم نەماوە بمنێنە گوێزێ.”(٥*)
هونەرمەند حەسەن زیرەک لە گۆرانییەکیدا دەڵێ:
هێنـــدەم نەمــاوە بمنێنە گوێزێ
بە خۆم لێرانە یار لە تەورێزێ
نە چاو تێر دەبێ نە دڵ دەبێزێ

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەم گۆرانییە (هێندە م نەماوە بمنێنە گوێزێ.) یە ، کە لێرە مەبەستی شاعیرلە بە کارهێنانی ئەم قسەی نەستەقە ئەوەیە ، پیر بوویمە وهێندەم نەماوە بمرم و بمخەنە نێو (گوێز ، گۆز، گۆزە ، کوپە ، دەخمە، گۆڕ) ە وە کە لە کۆنەوە بە کوپەیان دەگوت دەخمە و دەخمەش وەک گۆڕ بە کاردەهات . ئەوەش لەوەوە هاتووە کە لە پێش زایین و بەتایبەت لە هەزارەی دووەمدا، مردوویان دەخستە نێو کوپە – گۆزە، ئێستاش جاروبار لە ئەنجامی پشکنینە شوێنەوارییەکان لەم جۆرە کوپانە دەدۆزرینەوە – لە مۆزەخانەی سلێمانیش دانەیەک نمایش کراوە، کە ئێسک و پرووسکی مردووی تێدایە، لەوشدا کە لە گۆرانییەکەدا گۆزە بە (گوێزێ) هاتووە، ئەم گۆڕانکاریە لە بەر پێویستی سەروای شیعری گۆرانییەکەیە .
لەم قسەی نەستەقەدا دوو زەمەن هەیە: یەکەم زەمەنی ناوەوە کە زەمەنی پیربوون و مردنی عاشقەکەیە و خستنە نیو کوپە و گۆزەیە .
دووەم: زەمەنی دروستبوونی قسەی نەستەقەکەیە، کە بەڕای ئێمە بۆ ئەو مێژوو و زەمەنە دەگەڕێتەوە کە مردوو دە خرایە نێو کوپە و ئەویش لانی کەم چوار هەزار ساڵ پێش ئێستایە.


سێیەم: “هێندەم نەماوە بمنێنە قەفەس، نە چاو تێردەبێ نە دڵ دەڵێ بەس.”
ئەمەش بۆ ئەو زەمەنە دەگەڕیتەوە کە پیرەمێرد و پیرێژنە بە تەمەنەکان دەچوونە تەمەنەوە ، ئیسک و جەستەیان هێندە ناسک دەبوون بۆ ئەوە نەدەبوون بەدەست هەڵگێڕو وەرگێڕ بکرێن ، بۆ پاراستینان لە نێو قەفەزێکی تایبەتیان دادەنان یان درێژیان دەکردن، کە پڕە لە لۆکەی نەرم و نیان ، بۆ ئەوەی هیچ شتێکیان بەر نەکەوێ و جوولەیان پێ نەکرێ و ئازاریان پێ نەگات. کەواتە ئەو دەمە لە نێو قەفەس دانان ، پێش ئەوەیە بخرێنە نێو گوێزێ ـ نێو کووپەی مەرگ.
هێندەم نەماوە بمنێنە قەفەس، واتە هێندەم نەماوە هێندە پیربم و لەدەست و پێ بکەوم و بە قەفەس هەڵمبگرن و بمگوێزنەوە! لە ئەفسانەیەکی کوردی لە کتێبی ( هێڵکەی نامێ)(٦*)، ئیمامی هەمزە کە کەسایەتیەکی سەردەمی پێغەمبەرە دەکرێتە پاڵەوانی ئەفسانەیەک کە زەمەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (شارە قەڵا – وڵاتە شار) و دوو هەزار ساڵ پێش زایین، لەوێدا ئیمامئ هەمزە هێندە پیر بووە دەخرێتە نێو قەفەس و دەبریتە خزمەت پێغەمبەر ؛ ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندی ئەفسانە ، کە (زەمەنگۆڕی و شوێنگۆڕی بە پاڵەوان و ڕووداوگۆڕی ) دەکات ! لەو ئەفسانەیە ئیمامی هەمزە هێندە پیر بووە، خستوویانەتە نێو قەفەس و بە لۆکە دەوریان داوە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بیگوێزنەوە ، حیکایەتەکە دەڵێ 🙁 چوون ئیمامی هەمزەیان هێنا ، ئیمامی هەمزە چ ئیمامی هەمزە ! هێندە پیرە لە نیو قەفەس و لۆکەیان ناوە ، پێستی چاوی بەری چاوی گرتووە ، بە( قوڵاب) بۆ یان هەڵداوەتەوە ، کەس ناناسێتەوە ئەگەر نەڵێی ئەوە فلانە ، گوێی لە هیج نابێ ، ئەگەر بۆی هاوار نەکەی ، هەر چۆنێکی بی جوون هینایان و لە تەنیشت پێغەمبەریان دانا ) ،( ل٢٥،٢٦-ب١،ب١)
زەمەن و مێژوو لە نێو ئەم قسەی نەستەقە دا:
دوو زەمەن هەیە: یەکەم زەمەنی ناوەوەیە، کە زەمەنی پیربوون و کەترەیی کەسایەتیەکەیە !.
دووەم: زەمەنی دروست بوونی قسەی نەستەقەکەیە، کە بەڕای ئێمە نزیکە لە زەمەنی – مردوو خستنە نێو گۆزە – کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین. بەڵام ، دوای هاتنی ئیسلام زمانی گێڕانەوەکە گۆڕانی بەسەر دا هاتووە !


چوارەم: “مردووێک و زیندووێکی، پێکەوە لە قەبری دەنێ.”
ئەم قسەی نەستەقە، بە چەندان شێواز دەگوترێ و دەنووسرێ، بە تایبەت کاتێ باسی کەسێکی دڵڕەق و زاڵم دەکەن. بیستوومانە و خوێندومانەتەوە، کە لە سەردەمە دێرینەکاندا، پاشا هەبووە کە مردووە ، دەست و پەیوەندەکانیشی بە زیندوویی لە گەڵدا نێژراون ، بۆ ئەوەی لە جیهانی ئەولا کە هەستانەوە وەک سەر دنیا خزمەتیان بکەن ، بە پێی باوەڕی ئەودەم ! لە کەلتووری هێندێ هۆز و ئێڵ و عەشرەتیشدا، ژنی زیندوویان لەگەڵ هاوژینە مردووەکەی پێکەوە بە خاک سپاردووە. هەرچەندە هیچ لەو ڕەوشانەمان لە مێژووی کورددا نەکەوتووەتە بەرچاو، دەڵێن لە وڵاتی تایلاند هۆزێک هەیە کە پیاوەکە دەمرێ ژنەکەشی لەگەڵ دەنێژن، هەروەها هیندیک هۆز لە هیندستان ئەوانیش پیاو کە دەمرێ ژنەکەی بە زیندوویی لە گەڵ دەنێژن !
ڕوون نییە لە کەینێووە و لە چیەوە ئەم بیرۆکەیە پەڕیوەتە نێو فۆلکلۆری کوردی؟ لام وایە ئەم قسە نەستەقە لە کەلتووری نەتەوەکانی دیکەدا وەرگیرابێ و کەوتبێتە نێو زمان و کەلتوری کوردیمان. ئێستا ئەم ڕستەیە بەردەوام لە نێو کورددا، ڕۆژانە دووبارە دەکرێتەوە، وەک دەبینین کارەکە لە داب و نەریتی میللەتانەوە بووە بە – قسەی نەستەق – لە نێو کوردەواری بە کەسێکی زاڵم و دڵڕەق دەگوترێ، ئەگەر دەستی بڕوات مردووێک و زیندووێکی پێکەوە لە قەبری دەنێ !
زەمەنی ناوەوەی ئەم قسەی نەستەقە جێگیر نییە ، زەمەنی مردنی کەسەکانە . بەڵام، زەمەنی مردوو و زیندووە لە گۆڕنان پێکەوە زۆر کۆنە و ئێستاش وەک باسمان کرد کەم و زۆرهەر بەردەوامە. پێموابێ زەمەنی بە فۆلکڵۆربوونی ڕەوشەکە، کە بووەتە قسەی نەستەق، ئەویش تازە نەبێت و مێژووییەکی کۆنی هەبێت ! لای کەم بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە.


پێنجەم: “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”
دیسان حەسەن زیرەک لە گۆرانی – سەبری – دا دەڵێ:
سەبری بە خودا و بە پێغەمبەر
بە میحرابی چــاوی ئەســـمەر
کەوتوومە گێـــژی ئەسکەندەر (٧*)
نەجات نابــم تـاکـو مەحـشەر

ئەوەی مەبەستی ئێمەیە “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”ە ، ئەم دەستەواژە پەند ئامێزە، لە چیێەوە هاتووە؟ بۆ چ زەمەنێک دەگەڕێتەوە؟ ئەوەی کە یارمەتیمان دەدات و دەبێ بە کلیلی دۆزینەوەی نهێنییەکە وشەو ناوی (ئەسکەندەر )ە، کە مەبەست (ئەسکەندەری مەقدۆنی) سەرکردەی یۆنانییە، کە لە نزیک شاری (هەولێر) و لە شەڕی ( گۆگەمیللا) لە ساڵی (٣٣١) پێش زایین (دارای سێیەم)ی، پاشی فارسی ئەخمینی شکاند. ڕووداوەکە وادێتە بەر زهن کە لەشکری گەورە و بێ ژمارەی ئەسکەندەر کە لە زۆر میللەت و لە زۆر بەش پێکهاتبوو، ئەو لەشکرە بە چەکی جۆراوجۆر لە ڕم و شێر و تیروکەوان و پیادەوە، و سوارەی ئەسپ و فیل و ڕاکێشانی گالیسکە بە مانگا، بە کوردستاندا پەرت بووە و کەسێکی ئەم وڵاتەش کەوتووەتە نیو ئەم لەشکرە زۆر و سەری لێ شێواوە و ترساوە و چەپ و ڕاستی خۆی لێ تێکچووە و گێژ بووە ، نەیزانیوە چۆن ڕزگاری دەبێت. دیارە دواجار ڕزگاری بووە و بەسەرهاتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و ئەم ڕووداو و چێڕۆکە ئەم پەندەی لێ کەوتووەتەوە. بۆیە ئێستاش ئەگەر کەسێک کێشەیەکی توش بێت و بۆی چارە نەکرێ دەڵێ: “کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر.”

زەمەنی دروستبوونی ئەم پەندە بە تەخمین بۆ مێژووی هاتنی ئەسکەندەر و لەشکرەکەیەتی بۆ کوردستان، لە دەوروبەری ساڵی (٣٣١)زایینی دەگەڕێتەوە .
زەمەنی ناوەوەی پەندەکە زەمەنی هەمان ڕۆژی ڕوودانی کەوتنە نێو لەشکری ئەسکەندەری ئەو هاوڵاتییە کورستانیەیە ، کە ترساوە و نەیزانیوە چۆن ڕزگاری دەبێت ، کە دەڵێ ..کەوتوومە گێژی ئەسکەندەر ، لە – کەوتوومە – مەبەستی ئێستای ڕووداوەکەیە و هەمان ڕۆژو مانگ و ساڵێ هاتنی لە شکرەکەی ئەسکەندەرە !
زمانی پەندەکە کە کوردی ئێستایە. ببێگومانی زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش ڕەوشێ هەموو فۆلکڵۆرە، کە لەگەڵ زەمەن زمان و زارەکەی دەگۆڕێ و ماناکەی لە نێو خۆیدا هەڵدەگرێ و دەیپارێزێ.

پەندو شوێنەوار ..
یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی پەندو قسەی نەستەق ئەوەیە کە سنووری بابەت نازانن و سەر بە ماڵی هەموو بابەتەکی ژیانی مرۆڤ دادەگرن ، سەیرکە لێرە ئەم قسەی نەستەقە کە دەڵێ 🙁 پەندی پێشینان نەقشی بەردییە !) بزانە کە چۆن قسەی نەستەق بە پەند دا هەردەڵێ وپەسنی دەکات و گرنگیەکەی دەخاتە بەر چاو ، هەر کاتێ تۆ کە دەڵێی – پەند – یان گوێت لە وشەی پەند دەبێت .. ئەوا هەست دەکەی کە باسێ بابەتێکی زۆر گرنگ دەکرێ ، واتە وشەی پەند هەر بۆ خۆی مانایەکی گرنگ و جوانییەک لە نێو خۆی دا هەڵگرتووە ، هەر ئەوە شە کە کۆمەڵگە – هەموو کۆمەڵگەکان – لە ڕابردوو و ئێستاس دا بەردەوام ڕۆژانە – پەند – بە کار دەهێنن ! ئەو بە کار هێنانە بەردەوامە واتە پەند هەرچەندە بۆ خۆی سەرەتایەکی تایبەت بە خۆی هەیە لە دروست بوون و سەرهەڵدان دا ، بەڵام هەرگیز کۆتایی نیەو هەمیشە لە نێو زەمەنێکی بێ بڕانەوە دا دەسوڕێتەوە ! کەچێ ئەم قسەی نەستەقە جارێکی تر بەوەی کە بە – نەقشی بەرد – ی دەچوێنی ، جارێکی تر نەمریی پێ دەبەخشێ و دەڵێ : پەند وەک نەقشی بەرد وایە ، چۆن نەقشی بەرد لە نێو ناچێ و هەر دەمینێتەوە ، نەقشی بەردیین بە شێکە لە شوینەوار ، پەندیش ئاوا نەمرە و بەردەوام دەمینێتەوە ! واتە بە هونەری – زمان – ئەدەب گوتن و نووسین سوودی لە – هونەری دەست – نووسین و وێنەکێشان لەسەر بەرد بینیوەو بە یەکی چوواندوون ؛ ئەمەش جارێکی تر هونەری پەندو قسەی نەستەق دەردەخات و دوو هونەر بە یەکەوە ..یەکتر باڵادەکەن .

زەمەن لە نێو قسەی نەستەقی – پەند نەقشی بەردییە – ! (٨*)
زەمەنی یەکەم ، زەمەنی گوتنی ئەم قسەی نەستەقەیە ، کە من وای بۆ دەچم ئەو کاتە گوترابێت کە مرۆڤ هەستی بە نرخ و گرنگی – نەقشی بەرد – یی کردبێ و تێگەیشتبێ کە ئەوەی لەسەر بەرد دەنەقشێ لە نێو ناچێ بۆ هەمیشە دەمینێتەوە ، بێ گومان ئەوزەمەنەش زەمەنی دوای سەر هەڵدانی هونەری نەقشێ بەردیین بووە ، ئەو زەمەنەش بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ یەکەمجار پەنای بۆ نەخشاندنی بەرد بردووەو هەستی کردووە کە هۆیەکی گرنگی مانەوەی نەقشەکانی دۆزیوەتەوەو لە وانە باشترە کە پێشتر نەقشی لەسەردە کردوون ، جا نەقشی لەسەر هەر شتێکی تر کردبێت ! ئەو زەمەنەش بە هەزاران ساڵ دە خەمڵێندرێت کە زەمەنی ڕابردووێکی یەکجار دوورە ! لە نێو ئەم قسەی نەستەقە دا دوو زەمەن هەیە ، یەکەم : زەمەنی گوتنی قسەی نە ستە قەکەیە ! کە دوای زەمەنی پەیدا بوونی نەقشی بە ردینە ! ئەو زەمەنەش زیاتر لە پازدە هەزار ساڵ دەبێت !
زەمەنی دووەم ، ئەو زەمەنە سەرەتای هەیەو بێ بڕانەوەیە ، زەمەنی مانەوەی نەقشی بەردیین ! کە زەمەنی داهاتووەو داهاتووێکی بێ سنوور ، زەمەنی سەر هەڵدانەکەی بە پانزە هەزار ساڵ مەزەندە دەکرێ و ..زیاتریش ، زەمەنی مانەوەی لە سەرهەڵدانەوە بۆ ئێستاو داهاتووی بێ سنوور ..
ئێستا دەرکەوت ئەم قسەی نەستەقە کە باسی گرنگی – پەند – دەکات ، لە نێوان دوو زەمەن دایە، زەمەنێک لە گەڵ سەر هەڵدانیەتی و زەمەنێکیش لە گەڵ بەردەوامیی و کۆتایی نە هاتنیەتی ، زەمەنێک تێیدا لە دایک بووەو زەمەنێک تێیدا دەژیت ودەگات بە نەمریی !
لە داهێنانی ئەم قسەی نەستەقە دا هونەری فۆلکڵۆریش دەردەکەون ، سەرنج بدە : لێرە – قسەی نەستەق – بۆ پەسند کردنی – نەقشی بەردین – کە کارێکی شوێنەوارییە ، بە گرنگی – پەند – دا هەردەڵێت ؛ پەند وەک بەشێک لە فۆلکڵۆر!
لێرەش دەبێ ئەوە لە بێر نەکەین ..ئەو ( زمان )ەی کە سەرەتا قسەی نەستەقەکەی پێ گوتراوە ، ئەو زمانە نیە کە ئێمە ئێستا قسەی پێ دەکەین و قسەی نەستەقە کە بە کار دێنین ؛ زمانەکەی سەرەتا گۆڕاوەو لە نێو زمانەکەی ئێستا دا ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی ماوەتەوە .

شەشەم : ماری سەر خەزنە ..
بوویتە (ماری سەر خەزنەی ):(مار پاسەوانی خەزنەیە) ، ئەم قسەی نەستەقە بە کەسێک دەڵێن .. کە ماڵی دنیای زۆر بێت و دڵێ نەیێ خەرجی بکات و سوودی لێببێنێ ! دیارە جگە لەوەی کە ئەم قسەی نەستەقە دروست بووە ، دەیان چێڕکیش هەن باسی مارو زێڕ دەکەن ، بەتایبەت ئەو شوانەی کە شمشالی خۆش لێدەدات و مارێک لە کونێکەوە لیرە یەکی زێڕێ بۆ دێنێتە دەرەوە ، دواجار شوانە تەماع دەیگرێ و دەیەوێ مارەکە بکوژێ بۆ ئەوەی بە جارێک تەواوی لیرەکانی دەسکەوێ ؛ بەڵام ، سەرکەوتوو نابێت !
ئەوش لەوە هاتووە کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتی و سەر هەڵدان و لە نێو چوونی شارستانییەتەکان ، لە کۆن دا کوپە زێرکە ئەو وەختە ( کوپە ) زێڕی تێدا هەڵگیراوە ، بە هەر هۆیەک بێت کەوتووەتە ژێر زەوی و ساڵانێکی زۆری بەسەردا ڕابردووە ، کە دۆزراوەتەوە ، دەبینن مارێکی بەسەرەوەیە ، ئەمە لە بەرچاو دا هەیەو چێڕۆکەکانیش پشتگیری دەکەن .
دیارە ئەو کوپە زێڕانە وەک بەشێک لە کۆنینەی شووێنەواریەکان سەیردەکرێن و زۆریش گرنگن بۆ دەسکەوتنی زانیاریە کۆن و مێژووییەکان ، جگە لەوی( کوپە و زێڕ)کە دەدۆزرێنەوە ، نرخێکی گرنی کۆنینەو شوێنەواریان هەیە ، زێڕ بۆ خۆی شتێکی بە نرخە ؛ کوپەکە لەو کەم نرختر نیە!
زەمەن لەم قسەی نەستەقەدا .. دوو زەمەنە ،
زەمەنی یەکەم : زەمەنی دۆزینەوەی کوپە زێڕی مار بەسەرەوەیە ، کە زەمەنێکی کراوەیە و لە ڕابردوو ڕووی داوەو ئێستاش ڕوو دەدات و لە داهاتووش هەر ڕوودەدات و کوپە زێڕ دەدۆزرێتەوە.
زەمەنی دووەم : زەمەنی دانانی کوپە زێرەکانە ، کە لە دوو سەت ساڵ بۆ پێنج سەت ساڵ و هەزارو دوو هەزارو سێ هەزار..تا چوار هەزار ساڵێش دەڕوات .

حەوتەم : خودا بیدا لە خەتە جووتێکی دەیدا !
ئەمەش لەو بەراوردەوە هاتووە کە جووتیار ساڵانە زەوییەکی زۆرو پان و پۆڕ دەکێڵێ و ماوەیەکی زۆر چاوە ڕێی دەکات و دەیدوورێتەوە ، دوای ماندوو بوونێکی زۆر ، جا ئەگەر شتێکی دەسکەوێ ! بەڵام ؛ ڕێککەوتووە جووتیارێک لە خەتە جووتێک گاسنی لە (کوپە زێڕ) ێک گیر بووە و بە هۆی ئەو خەتە جووت و کوپە زێرەوە بۆ خۆی دەوڵەمەند بووەو خودا داویەتێ !!.. جا لەم ڕووداوەوە یە دەڵێن : خودا بیدا لە خەتە جووتێک دەیدات ! دیسان ئەم کوپە زێرەش هەر وەک بەشێک لە شوێنەواری کۆن دەنرخێندرێ و سەیرکە ( کوپە) چۆن لە دروستبوونی پەندو قسەی نەستەق و چێڕۆکە فۆلکڵۆریەکان بەردەوام ئامادەیە ؛ دیارە زۆر هۆ هەیە لە ژیان کە کەسانێک بە ماوەیەکی کەم و ماندوو بوونێكی کەم دەوڵەمەند دەبن ، بەو کەسانە دەڵێن .. خو بیدا لە خەتە جووتێک دەیدات . ئەمەش بەراوردکردنی کاری ساڵێکی جوتیارە لە چاندنەوە تا ڕەوسە و داکردن ؛ لە گەڵ ماوەی کورتی خەتە جوتێک و دۆزینەوەی کوپە زێڕێک !
زەمەن لەم قسەی نەستەقە دا.. دوو زەمەنە .
زەمەنی یەکەم : زەمەنی شاردنەوەی کوپە زێرەکەیە ، کە زەمەنێکی درێژە ، لە دوو سەت ساڵەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا.
زەمەنی دووەم : زەمەنی دۆزێنەوەی کوپە زێرەکەیە ، ئەویش زەمەنێکی کراوەیە ، لە دوای شاردنەوەو ژێر زەوی کەوتنی کوپە زێرەکەوە دەست پێدەکات و بەردەوامە بۆ ئێستاو داهاتووی بێ سنوور .

هەشتەم : سندوقی سەرت !
حەسەن زیرەک لە گۆرانیەکی دا دەڵێ :
دەستم بە دامێن قوربان دەگرم کە مبەرت
چونکێ بەگزادەی هاوار دە بمە نۆکەرت
دەی جا لوتفت بێت مردم سندوقی سەرت

زۆر جار لەکوردەواری کەسێک زۆر بە عەبرەیی کاری دەکەوێتە لای کەسێکی دەسەڵاتدارو دەستڕۆیشتوو ، لێی دەپاڕیتەوەو داوای لێدەکات ئەوکارەی بۆ بکات و پێی دەڵێ : ئەم کارەمان بۆ بکەو (سندوقی سەرت ! ) هونەرمەند ( حەسەن زیرەک ) یش ئەم قسەی نەستەقەی لە شێعری گۆرانیەکی دا بە کاری هێناوەو ڕوو لە خۆشەویستەکەی دەکات و دە:ڵێ : دەستم بە دامێن قوربان دەگرم کەمبەرت ! دەست بە دامێن و دامێن گرتن ئەوپەڕی دەخیڵ بوون و پاڕانەوەیە لەو کەسەی کە بتەوێ کارەکەت بۆ بکات ؛ لێرە زیرەک ڕووی لە یارەکەیەتی و لێی دەپاڕیتەوەو بە گەورەیی و بەگزادەیی دا هەردەڵێ ! لێرە بەگزادە تەنیا مانایەکی چێنایەتی نادات ؛ بەڵکە گەورەیی ماڵەبابی خۆشەویستە و بە زمانی کۆمەڵگە بە بەگزادە ناوی دەبات و لە خۆی بە گەورەتری دەزانێ ! هەر بۆیە دەڵێ چونکێ تۆ بەگزادەی و باڵادەستی لە مەیدانی خۆشەویستی دا منیش دەبمە نۆکەرت ، لێرە لە بەرامبەر گەورە کردنی یار خۆی بچووک دەکاتەوەو زمانی کۆمەڵگە بەکاردێنیو ئەو – یار – دەکات بە – بەگزادە – و خۆی – عاشق – دەکات بە – نۆکەر – !! نۆکەر واتە دەست و پیوەندو ناوماڵ ! ئەم هەموو پێدا هەڵگوتن و پاڕانەوەو یا مەزن کردن و خۆ بچووک کردنەوەیە بۆ ئەوەیە کە یار کەمێک لوتفت هەبێت ؛ با ئەو لوتفەت بەخاتر سندوقی سەرت بێت !
سندوقی سەر لە چیەوە هاتووە ؟
لە مێژووی شوێنەوارەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە مردوو هەر لە کۆنەوە وەک خاوەن ڕوح سەیرکراوەو باوەڕێ زیندوو بوونەوەی مردوو بووەتە هۆی هەڵس و کەوتی سەیرو جیا جیا لە گەڵ جەستەی مرۆڤ ، هەر بۆیە لە کۆنەوە مردووەکانیان واناشتووە کە دواجار زیندوو دەبنەوەو پێویستیان بە کەرەستەو خواردن و خواردنەوە دەبێت ، هەر بۆیە لەگەڵ جەستەی مردوو خواردن و خواردنەوەو کەرەستەی پێویست ناشتراوە ! ئەم باوەڕە کە گەیشتە سەردەمی پاشاو دەسەڵاتدارەکان ، ناشتنەکان گۆڕانی بەسەرداهات و هەندێجار جگە لە کەرەستەو پێویستی ، دەست و پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ دەناشتن ؛ جاری واش هەبوو ژن و مێرد پێکەوە لە گۆڕ دەندران ، بە تایبەت کە پیاوەکە دەمرد ، پاش ئەوەی زیڕو جەواهێر پەیدابوو ، چۆن بەنرخن .. پاشاو دەوڵەمەندەکان زێڕو زیوو جەواهێریان لە گەڵ خۆیان دەشاردەوە ، ئەمە لە هەموو شارستانیەتەکان وابوو ، لە میزۆبۆتامیاو میسرو زۆر وڵات و میللەتی تر ، کە باوەڕێان بوو ئەم زێرو جەواهێرە لە پاش مردن و لە نێو گۆڕ بە کەڵکیان دێن ؛ ئەم زێڕو جەواهێرەش لە نێو سندوق دادەندران و سندووقەکەش لە تەک سەری مردوو دادەندرا ! ، جاری واهەبوو سندووقەکەش زێڕ بوو ، بۆیە ئەگەر لەژیان شتێکی بەنرخیان دەس بکەوتایە ، بەتایبەت زێڕ دەیانگوت : هەڵیگرە بۆ نێو سندووقی سەرت !! ئەمە هەزاران ساڵ درێژەی کێشا تا سەردەمی هاتنی ئایینە ئاسمانیەکان ، ئیتر باوەڕو ئایین گۆڕانی بەسەرداهات و مردوو جێتر پێویستی بە ئاوو نان و زێڕۆ جەواهێر نە بوو لەگەڵی بنێژن ! ئەوەی پێویست بوو خوا پەرستی و کاری چاکە بوو ، واتە مرۆڤ پێش مردنی خۆی خوا پەرستی خۆی دەکردوو ئیمانی خۆی دەپاراست ، هەر بۆیە دەگوترێ ، ئەوەی لە گەڵ خۆتی دەبەیتە گۆڕ ..تەنیا چاکەیە ! واتە سندووقەکە وەکو باوەڕ مایەوە ، ئەوەی گۆڕانی بەسەرداهات ، ئەوە بوو لە نیو سندووقەکەدا ! بەڵام ، سندووقەکەش شێوەکی مە عنەوی وەرگرت و هەر مایەوە ! ئەم جارە خەڵکە کە باوەڕێان وابوو تەنیا چاکە لەگەڵ مردوو دەچێتە گۆڕ و دەمێنتەوە ؛ ئەو چاکە مانەوەی نێو گۆڕ – سندووقی سەری – لە باری ماددیەوە کرد بە مەعنەوی ! چۆن پێشان دەیانگوت زێڕەکەت هەڵگرە بۆ نێو سندووقی سەرت ، کە لەگەڵتا لە گۆڕ دەشاردرێتەوە ، ئێستا ئەو چاکەیە بووەتە ئەو زێڕەو دەخرێتە نێو ئەو سندووقە مەعنەوەییەو ئەم قسە نەستەقەی لە ڕووی زمانەوە وەک زەمانی زوو وەکو ماناو باوەڕ هەر ماوەتەوە ، ئەوەتە زیرەک دواوی لوتف لە یار دەکات و دەڵێ : بۆ سندووقی سەرت !واتە ئەگەر چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت و لتفت هەبێت ، ئەو چاکەیە دەچێتە نێو سندووقە ئیمانیەکەت و لەو دنیا بەکەڵکت دیت ؛ چۆن پێشان باوەڕێان وابوو پەیداکردنی شتێکی بەنرخ ، بۆ نموونە زێڕ بۆ نێو سندووقەکەی نێو گۆڕو تەنیشت سەرت بەکەڵکە و سودی لێدەبینی ئێستاش چاکەو پیاوەتی جێگای ئەو زێڕەی گرتووەتەوە زەمەنی گوتنەوەی ئەم قسەی نەستەقەش بەردەوامە لە ڕؤژی دروستبوونیەوە تا ئەمڕؤ !
زەمەن لە نێو قسەی نەستەقی : سندووقی سەرت دا .
مێژووی دروستبوون و سەرهەڵدانی ئەم قسەی نەستەقە بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە ، سەرەتاکەی بۆ ئەو باوەڕی زیندوو بوونەوە دەگەڕێتەوە ، کە خەڵکەکە باوەڕێان وابوو پاش مردن جارێکی تر مردوو وەک خۆیان زیندوو دەبنەوە ، ئەم باوەڕە لای ئەشکەوتنشینانی ( ئەشکەوتی شانەدەر ) بەر لە ٦٥ هەزار ساڵ هەبووە ! هەر بۆیە کەرەستە سادەکانیان لەگەڵ مردووەکانیان ناشتووە . ئەم باوەڕی بەردەوام بوو تاگەیشتە سەردەمی سندووقی زێڕ ، دوای ئەویش لەگەڵ ئایینە ئاسمانیەکان خۆی گونجاندو بە شێوە مەعنەویەکەی مایەوەو هەتا ئێستاش بەردەوامە و ڕۆژانە بەکاردێ ! ئەوەش دیارە کە چۆن شێوەی کەرەستەی باوەڕو سندووقەکە گۆڕاوە ، ئاواش زمانی گێڕانەوەی گۆڕانی بەسەرداهاتووەو ناوەرۆکەکەی خۆی پاراستووە تا گەیشتووەتە زەمەنی ئەمڕۆ هەر میللەتە بە زمانی خۆی دەری دەبڕێ !

ئەنجام:
یەکەم : دەردەکەوێ هەتا ئێستاش بە گشتی، لە نێو نووسەران و ڕۆشنبیران و هەتا هەندێک لە ئەکادیمیەکانیش پەند و قسەی نەستەق لێک جیا ناکەنەوە.
دووەم :چەندان لەو کتێبانەی کە بە ناوی پەند کۆکراونەتەوە و چاپکراون، جیاوازییان لە نێوان پەند و قسەی نەستەق نەکردووە و بە تیکەڵی و بە ناوی پەند بڵاویان کردوونەتەوە.
سێیەم : هەندێ نووسەر لە پێناسەکردنی قسەی نەستەق و پەند سەرکەوتوون، بەڵام، لە هەڵبژاردن و لێکجیا کردنەوەی دەقی پەند و قسەی نەستەق پشوو درێژ نین و زۆرجار تێکەڵیان دەکەن.
چوارەم : تەنانەت (پیرەمیرد)، شاعیری مەزنیش لە پەندەکانی خۆیدا هەمووی تێکەڵ کردوون و- پەندو قسەی نەسەتەق وگۆتەی ناوداران و گۆتەی خەڵکێ – وتەی خۆشی بۆ زیادکردوون.
پێنجەم : لە بەکارهێنانی قسەی نەستەق و پەند و گۆتەی خەڵک و گۆتەی ناوداراندا هەر هەموویان وەک پەند بەکاردێنن و لە بەکارهێنانیشیاندا مەبەستیان حیکمەتەکەیەتی! نەک چۆنیەتیی دروستبوونی.
شەشەم : دەرکەوت سەردەمی دروستبوونی پەندو قسەی نەستەق و بە گشتی فۆلکڵۆر، زۆر کۆنەو بۆ سەردەمی ئەشکەوت دەگەڕێتەوەو گەشەکردنی لەگەڵ گەشەکردنی ژیان و گۆڕانکاریەکان بووە ، ئێستا پەندو قسەی نەستەق بەتایبەت و بەگشتی فۆلکڵۆر تام و بۆی هەموو زەمەنەکانی پێوەیە .
حەوتەم : پەند و قسەی نەستەق، فۆلکڵۆر بە گشتی، بەرهەمی کۆمەڵگەیە و لە نێو کۆمەڵگەشدا چاک و خراپ هەیە، زانا و نەزان، گەورە و بچووکیش، هەر بۆیە هەمووان هاوبەشن لە دروستکردنی فۆلکڵۆر بەگشتی و پەند بەتایبەت بە گەورە و بچووک و زاناو نەزانەوە .
هەشتەم : دەرکەوت هەندێ لە قسەی نەستەق و پەندەکان تەمەنیان بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دەتوانین بڵێین ئەمە بۆ هەموو دەقە فۆلکڵۆریەکانیش هەروایە.
**
ڕوونکردنەوەیەک : مامۆستای بەڕێزم (دکتۆر دڵشاد عەلی) لە کۆتایی مانگی چواری ٢٠٢٣ دا ؛ گەورەییان نواندو پەیوەندیان پێوەکردم ، فەرموویان (یەکێتی نووسەرانی کورد _لقی سلێمانی ) خەریکن ( دیداری پیرەمێرد بۆ پەندی پێشینان ) ساز دەکەن ، پێمان خۆشە ئێوەش بابەتێکتان لە بارەی پەندەوە هەبێت . داواکەی بەڕێز دکتۆر دڵشاد ئەم لێکۆلێنەوەیەی لێ هاتە بەرهەم ( ڕەهەندی مێژوویی لە نێو پەندو قسەی نەستەقی کوردی ) دا . دیدارەکە لە ڕۆژانی ٣،٤/٥/٢٠٢٣ بوو، واڕێککەوت من ئەو ڕؤژە ئەندامی گفتوگۆی نامەیەک بووم لە زانکۆی کۆیە ، برای بەڕێزم نووسەری ناوداری کورد (مامۆستا فازیل شەوڕۆ ) گەورەیی نواندو لە ڕؤژی دیاری کراو بابەتەکەی پێشکەش کرد ، بە شایەدی هەموو ئەو بەڕێزانەی ئامادەی دیدارەکە بوون ، مامۆستا فازیل لە خۆم چاکتر بابەتەکەی پێشکەش کردوجوانتر وەڵامی پرسیاری ئامادە بوانی دایەوە لەسەرەتاشەوە چەند تێبینیەکی وردیشی هەبوو ، لە دڵەوە شادی کردم و هەتا ماوم سوپاسی دەکەم .

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
هەولێر – گوڵان – / ٢٠٢٣

سەرنج وتێبینی و(١)https://didehbanelmiran.ir/22247/%D8%A8%D8%B2%D8%B1%DA%AF%D8%AF%D8%A7%D8%B4%D8%AA-%D8%B1%D9%88%D8%B2-%D8%AC%D9%87%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%D8%B2-%D8%AF%D8%B1-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86/ ڕۆژی جیهانی بزن . نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژێکی وەک ڕۆژی بزن دیاری کردووە . (٢)دانانی ئەم وێنانە دەری دەخەن کە فۆلکڵۆرو شوێنەوار تەواو کەری یەکترن .
)ئەم پەیکەرەی بزن بیرۆکەی لە داستانی ( دەمووزو عەشتار ) وەرگیراوە. (٤)شاری ژێر زەمینی ( دێرینکۆیۆ) لە باکوری کوردسان ، هەشت چین لە ژێر چین بە زەوی دا چووەتە خوارەوە ، لە ئەنجامی لێکۆڵێنەوەیەکی ئێمە دا دەرکەوت ، ئەو شوینەیە کە دەمووزی لێی دەچیتە خوارەوەو(جیهانی ژێرەوە )و شەش مانگ دەمێنتەوەو لە ڕۆژی (نەورۆز )دێتەوە سەردنیا .
)ئەم قسەی نەستەقانەم لە گۆرانیەکانی کوردیزانی گەورەی کورد ( هونەرمەند حەسەن زیرەک ) وەرگرتووە . (٦)کتێبی هێڵکەی نامێ، ب ١ چ ١
) ئەم وێنەیە زۆری و بەربڵاوی جەیشی ئەسکەندەر نیشان دەدات ، وێنەکە بەدرەنگەوە بە خەیاڵ کراوە. (٨) ئەم بەردە نەقشکراوە لە ( پەرستگای گرێ مرازان ) دۆزراوەتەوە ، کە تەمەنی ( ١٢ هەزارسال) ەو لە باکوری کوردستانە .




شکۆی ئافرەت لەنێوان تاجی زێڕین و دووڕوێتیی خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی دا.. هیوا محەمەد ئەمین

.. لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ؛ هەردوو ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان و خوشکانی یەکگرتووی کوردستان ، کە دوو ڕێکخراوی سەربە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانن ، و هەرساڵەی لە پارێزگەیەكی کوردستان ڤیستیڤاڵی حیجاب و باڵاپۆشیی بەڕێدەخەن بەناوی ( ڤیستیڤاڵی تاجی زێڕین ) ڤیستیڤاڵی ئەمساڵ لە شاری هەولێر دەهەمین ساڵی خۆی بەڕێکرد . ئەگەر لەم ڤیستیڤاڵە ی ئەمساڵ ی هەولێر وردببینەوە ؛ دوو وێنە یان دوو دیمەن ی جیاواز بەڵام تەواوکەربەیەك ، دەبینین . وێنەیەکیان ، هۆڵێك ی گەورە ، کە سەدان کچ ی منداڵکار ی تەمەن پانزدە تاکوهەژدە ساڵ ، بە حیجاب و جل و بەرگی یەکشێوازیی و یەکڕەنگیی ، بێدەنگ و بێجوڵە دانییشتوون ، و لەسەر تەختی شانۆی هۆڵەکەشەوە لەلایەن چەند کچێك ی ئاهەنگێڕ و وتاردەرانێکەوە کچانی دانیشتووی نێو ڤیستیڤاڵەکە وەك سەربازانێك ی گوێڕایەڵ و بەدیسپیلینکراو ئاراستەدەکەن . دیمەنی دووهەم ناوەڕۆك و ئامانجی ئەو وتار و دروشمانەن کە لە ڤیستیڤاڵەکە دا پێشکەش دەکرێن . کۆی ئەم دوو دیمەنە دەمانگەێنێتە ئەو باوەڕەی ، کە ئامانجی ئەم ڤیستیڤاڵە نەك تەنیا پڕۆژەیەكی ئیمانداریی ، یەزدانناسیی و گەشەپێدانی زانستیی و کۆمەڵایەتیی نەبوو بۆ دژایەتییکردن ی گەندەڵیی ، نادادپەروەریی ، بێبەهاکردن ی زانست و مەعریفە ، بێموچەیی ، بازرگانییکردن بە مادەی هۆشبەر و گەڕانەوەی ئیعتیبار بۆ کەس و تاك ی کورد ، بەڵکو تەنیا پڕۆژەیەكی سیاسیی و نمایشێك ی ئیسلامی سیاسیی بوو بەئامانجی دروستکردن ی نەوەیەکی نوێ لەسەر مۆدێلێك ی ئیسلامیی و ئیخوانیی بۆ داهاتوی کوردستان ، و هەروەها بەئیسلامیکردنی مێژو ، کولتور ، خونەریت ، بیرکردنەوەی تاك ی کورد و کۆی کایە ژیارییەکان ی کۆمەڵگە ی باشوری کوردستان لەسەر پایە و بنیاتنانی بیرێك ی فاشیستییانە ؟! وتارەکان ئاوس بوون بە فیکری خۆبەزلزانیی و دەربڕینێك ی هیستیریایی و برەودان بە پراکتیزەکردنی بیری جیاخوازیی ، هەڵاواردنی کۆمەڵایەتیی ، قبوڵنەکردنی جیاوازییەکان و بوغزاندن لە نێو توێژ و ئاراستە جیاوازەکان ی کۆمەڵگە دا . هێزە ئیسلامیی و بانگخوازە ئیسلامییەکان ، کە هەرگیز خۆشییان لە هونەر ، مۆسیقا ، ڕەنگ ، شادیی ، گۆرانیی و شیعر نایەت ، سەرەتای ڤیستیڤاڵەکەیان بە هێرشکردن و سوکایەتییپێکردنی ناڕاستەوخۆ بە شاعیری نەتەوەیی کورد فایەق بێکەس دەستپێکرد و کەوتنە شێواندنی شیعرە ناسك و بەناوبانگەکەی بەناوی ( نەسرین ) . بێکەس لەو شیعرە دا خەیاڵناسکانە و واقیعبینانە خۆی لەبەردەم ئەركێكی نەتەوەیی ، نیشتیمانیی و بەرپرسیارێتیەك ی ئەخلاقیی بەرامبەر بە نەهامەتیی و کڵۆڵیەکانی هەموو نەسرینەکان ی کورد دەبینێتەوە . ئەو وەك ڕۆشنبیر ی سەردەمەکەی خۆی ، زۆرباش لەوە تێگەیشتبوو کە دەردی کڵۆڵیی و ڕەنجەڕۆیی ئافرەتی کورد لە نەخوێندەواریی ، بیری پیاوسالارێتیی کۆمەڵگە ، قەتیسبوون لە نێو خونەریت ی کۆمەڵایەتیی داخراو و ئافاتی ئایین دایە ، بۆیە ڕوو لە نەسرین ناوێك ، وەك ئاماژە و سیمبۆلێك بۆ هەموو ئافرەتێكی شکۆشکێنراو ، چەوساوە و ژێردەستەی کورد لە سەدەی بیستهەم دا دەکات و دەڵێت :
نەسرین دەمێکە ، داخت لە دڵمە
گیرۆدەی بەندی ، ژیانت زوڵمە
وا من پێت ئەڵێم ، چونکە لەسەرمە
هەستە تێکۆشە ، تا خوێنت گەرمە
سەرپۆش فڕێدە ، چ وادەی شەرمە
دروشمەکانی ڤیستیڤاڵ بەم ئامانجە سیاسییە شیعرەکە چرچ و لۆچ و بەئیسلامیی دەکەن : { ئێستا ئیسلام دینی نەسرین ی شیرینپۆشی باڵاپۆش و پڕهەستە ، ئێستا سەرپۆش ڕەمزی مەعریفە و زانستە ، ئیتر نەما باوی بەستە } :
نەسرین داخەکەت سەختە لەسەر دڵ١
هیوای ئەویشت وابردە ژێر گڵ
هەستای تێکۆشای تا خوێنت گەرمە
سەرپۆشت عیلم و مەعریفە و شەرمە
ئەم جۆرە هیستریا ئیسلامیانەیە کە ئامانج تیای دا برەودانە بە بیری دەمارگیریی ، و هەروەها بیری جیاکاریی و دابەشکردن ی کۆمەڵگە و دابڕینی ئەندامانی کۆمەڵگە لەیەکتری . لە دیدی خوشکانی ئیسلامیی یەکگرتوو دا ، ئافرەت تاکو شەرمن ، داپۆشراو ، گوێڕایەڵ و ملکەچی پیاو و مێرد بێت ، ئەوا خاوەنی کەسایەتییەکی جوان و سەرکەوتووە ، ئەگەر حیجابدار و باڵاپۆشیش بێت ئەوا خاوەنی لوتکە ی ڕەوشت ، حەیا و حورمەت ، عیززەت و مەعریفەیە . دروشمی حەماسییانە و زێدەڕۆییکردن لە پیاهەڵدانی حیجاب و باڵاپۆشیی لە ڤیستیڤاڵەکە دا بەرگێك ی تەواو پیرۆز و یەزدانیی پێدەبەخشرێت ، کە لەگەڵ بنەمای فەلسەفەی ڕەوشت ، ئیمان و دنیا ی یەزدانناسیی دا یەکناگرنەوە . بەڕێز خاتون ناسك تۆفیق نوێنەری سەرۆکی یەکگرتوو لە ڤیستیڤاڵەکە دا وتارێك دەدات و : { ئێوە ئایەتێك ی زیندوی خوای گەورەن ، کە بەسەر زەوی دا دێن و دەچن . } . خاتونێكی ئاهەنگێڕیش لەسەرەتای ڤیستیڤاڵەکە دا ڕوو لە کچانی ئامادەبووان دەکات و : { تاجی عیززەت بەشانازیەوە بپۆشە ، تۆ خەلیفەی خوای گەورەیت لێرە . } . ئەم جۆرە پیاهەڵدانانە نەك تەنیا دزێو ، نالۆژیك ، هیستریایی و دەمارگیرییەکی ئایینیانەیە ، بەڵکو خۆشکردنی زەمینەیەکیشە بۆ بنیاتنان و سەرهەڵدانی بیری فاشیستیی و ئاژۆتنی تاك و کۆی کۆمەڵگەی کورد بەرەو نائارامیی ، و دروستبوون ی بیری توندڕەویی ، توندوتیژیی ، جیاکاریی ، ڕەتکردنەوە و تەحقیرکردنی ئەوانی دی . دابەزاندنی ئاستی یەزدان تاکو ڕادەی بازرگانێك ی ساماندار کە تاجی زێڕین دەکاتە دیاریی کچانی منداڵکار و ناکامڵ ، یان بۆ ئاست ی شێخێك ی نەزان و گێل کە خاوەنی تەکیە ، خەلیفە و دەروێشە ، نەك تەنیا دروستکردنی هاوبەشە بۆ یەزدان ، بەڵکو ئەوپەڕی سوکایەتیی و بێحورمەتییکردنە بە بەها و سیفەتە سروشتیی ، گەردونیی و ڕوناکاییەکە ی یەزدان ؟ ! پرسیار لێرە دا ئەوەیە کە ، ئایا حیجاب و باڵاپۆشیی چ پەیوەندیەکیان بە ئیمان ، یەزدان و مەعریفەوە هەیە ؟ ئایا حیجاب و باڵاپۆشیی هێز و کاریگەریی ئەوەی هەیە کە ئافرەتی موسوڵمانی کورد ئاودیوی دنیا ی ئاژەڵیی بکات و ڕۆح و ویژدانی ئەو بگەێنێتە باڵاترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕەوشتپەروەریی (فەزیڵەتیی ئەخلاقیی ) و ئاوێتەکردنی بە جیهانی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) ەوە ؟ . من نامەوێت بچمە نێو ئەم وردەکاریانەوە ، بەڵام ڕاستییەك هەیە کە یارمەتیمان دەدات لە مانا ی یەزدان و پەیوەندیی ئەو بە ڕۆحی مرۆڤەوە تێبگەین : لە زاتی یەزدان ، لە دنیا ی یەزدان و یەزدانناسیی دا فەلسەفەی حیجاب و باڵاپۆشیی نەك دیاردەیەك ی نامۆیە و توانای خۆبەرجەستەکردنی لە ڕەوشت ، فەزیڵەت ، پەیام وخواستێك ی یەزدانیی دا نیە ، بەڵکو ئەوە ئایین ، شەرع و فتوا ی پیاوانی ئایینیە کە مانایەك بە حیجاب و باڵاپۆشیی دەدەن ، و دواجار دەیکەنە یاسایەك و دەیسەپێنن بەسەر کۆمەڵگە و ئافرەتان دا . خاتون ناسك لە وتارەکەی دا ئەمە ناشارێتەوە و دەڵێت : { ئەبێ تۆ لەم زەمەنی ڕوکەشگەراییە ، لەم زەمەنی ئیهتیمامدان ی ماددەگەراییە دا دەبێت تۆ جیاواز بیت لە خەڵکیی ، تۆ هەمیشە ڕێکپۆش بیت ، جوانپۆش بیت لە سنوری شەرعا … } . پرسیارێك کە پێویستە لێرە دا خۆی بەرجەستە بکات ئەوەیە کە ، ئایا هەربەڕاستیی حیجاب و باڵاپۆشیی شکۆ بۆ ئافرەتان دەستەبەردەکات ؟ خاتون ناسك لە وتارەکەی دا : { تاجەکان بخەنە سەرسەرتان ، تاجەکە تاجی شکۆ ، تاجی ڕێز ، تاجی سەربەرزییە ، و چەپڵەیەك ی قایم بۆخۆتان لێبدەن !! } . پێشکەشکاری ڤیستیڤاڵەکەش : { کاتێك باڵاپۆشیت هەستدەکەیت جلەکەشت تەسبیح و زیکری خوا دەکەن ، هەست دەکەیت حیجابەکەشت أللە أکبر هاوار دەکات و ئەڵێ حی علی الفلاح } . باڵیۆزی حیجاب خاتو ئیمان محمدیش : { حیجاب لوتکەی عبودیەتە بۆ أللە . } . ئەم جۆرە موخاتەبە لاواز و پیاهەڵدانە پڕهیستریا ، دروشمبازیی و دەمارگیرییە ئایینیە کوێرانەیە بەرامبەر بە باڵاپۆشانێك کە سەرەتای تەمەنی ژیانیانە دەربڕی جۆرێك لە متمانەبەخۆنەبوون و کۆڵەوارییە لە تێگەیشتن لە دنیای ڕێز ، ڕەوشت و شکۆی مرۆڤایەتیی ، نەك ناتوانێت ئەو کچە منداڵکارانە هەنگاوێك لە زانست ی یەزدانناسیی ، فەزیڵەتی یەزدانیی و بەدەستهێنانی ڕوناکایی یەزدان و ناسین ی سروشتی گەردونیی ئەو ، نزیك بکاتەوە ، بەڵکو توانای ئەوەیشی نیە ، کە ئەوان بگەێنێتە ئاستی هوشیاریەك ی باڵا بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێكی ئەخلاقیی و بەدەستهێنانی شکۆیەك بۆیان . شکۆبەخشین و بەدەستهێنانی شکۆ بۆ تاك و هەر کۆمەڵگەیەك ی مرۆڤایەتیی لەڕێگەی شەرع ، وەعز ، حیجاب و باڵاپۆشییەوە بەدەستنایەن ، بەڵکو لەڕێگە ی ئەو یاسا دنیایانەوە دەستەبەردەبن کە توانای بەرهەمهێنانی عەقڵ و ئیرادەیەك ی ئازاد و سەربەخۆیان بۆ هەر تاکێك ی کورد هەبێت ، عەقڵێك کە توانای هەبێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و دوور لە نێوەندگیریی ئایین ، یاسای شەرع و وەعز و ئامۆژگاریەکانی پیاوانی ئایینیی ، مرۆڤ ئاودیوی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی بکات و بیکاتە مرۆڤێك ی ڕاستەقینە ، چاکەخواز ، ئازاد و خاوەن ئیرادە و عەقڵێك ی سەربەخۆ و ئازاد ، بەڵام عەقڵێك ی وەها دەبێت خولقێنەری ڕێنیسانس یان بیری ڕۆشنگەریی بێت ، تاکو بەهۆیەوە لەلایەك زیندوێتیی و بەردەوامیی ژیان بپارێزێت ، و لەلایەك ی دیەوە توانایی ئەوە بە ئیرادە و ویژدانی مرۆڤ ببەخشێت ، کە ئەو وەك تاکێكی کۆمەڵگە ئەرکدار یان بەرپرسیار و لێپرسراو بکات بەرامبەر بە ئەرکێك ی ئەخلاقیی بەمەبەستی ئەنجامدان و بەرجەستەکردنی کاری چاکە ، چاکەخوازیی ، دادپەروەریی و یەکسانیی بەرامبەر بە کۆمەڵگە . پرسیار دەکەم کە ، ئایا لۆژیکییە ، حیجاب و باڵاپۆشیی ببێتە ناسنامەی تاك ، عەقیدە و ڕەوشتی هەر ئافرەتێك ؟ بێگومان نەخێر ، پێشتریش بەکورتی ئاماژەم بەوە دا کە ناڕەوایە ڕەوشت و فەزیڵەتی ئەخلاقیی تەنیا لە ئایین ، شەرع و سیمبۆلەکانی دا قەتیس بکرێن ، کانت : ( ڕەوشت سەربەخۆ و دابڕە لە ئایین ) ، واتا لەدەرەوەی ئایین ، شەرع و قورئان دا هەر مرۆڤێك لەڕێگەی عەقڵ و ئیرادەیەكی ئازاد و سەربەخۆوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی باڵاترین ڕەوشت و ویژدان ، ببێتە کاراکتەرێكی چاکەکار ، و بەسود و بەرهەمهێن بۆ کۆمەڵگەکەی ، چونکە لە دواجار دا هەموو کۆمەڵگەیەك ی مرۆڤایەتیی پێویستی بە کار ، یاسا و بەرنامەیەك ی ئەخلاقیی هەیە ، کە بتوانێت دادپەروەریی ، ئازادیی و یەکسانیی لەنێو کۆمەڵگە دا بکاتە بنەما و ناسنامەی هەر تاك و کۆمەڵگەیەك ی ئازاد . کانت ی فەیلەسوفی ئەخلاق دەڵێت : ( بەبێ مرۆڤ و ئەنجامدانی کاری ئەخلاقیی ، ژیان و واقیع ی کۆمەڵگە دەبێتە دارستانێك ، کە چیتر ناتوانێت خاوەنی ئامانجێكی مرۆڤایەتیی بێت ) . ناسنامەی کەسایەتیی و ئیمانیی ئافرەت ی کورد حیجاب و باڵاپۆشیی نیە ، بەڵکو ئەوانە تەنیا دیوە ڕوکەشەکە ی ژیانی هەر ئافرەتێك ی موسوڵمان ی کوردە ، و دواجاریش ئامانج تەنیا کاکڵە نەك توێکڵ . بەڕێز خاتون ناسك { ئێمە بۆئەوە باڵاپۆشیی دەکەین ، کە شوناس ناسنامەمان دیاربێ ، شوناسی ئیمانیمان دیاربێت …} . ئیمان بەدوور لە نێوەندگیریی ئایین و شەرع ، تەنیا ڕێگەیەکە کە مرۆڤ ئازادانە و تەندروستانە دەگەێنێت بە یەزدان ، واتا بە باڵاترین عەقڵ و دانایی ، بە بەرزترین ویژدان و ڕەوشت . یەزدان دواجار و بۆخۆی دنیایەكی بەرفراوان ، بێکۆتا و بێسنورە کە لە زاتی خۆی دا هەڵگری سیفاتێك ی سروشتیی و گەردونییە ، و تیای دا ناسنامە هیچ ڕۆڵێك ی واقیعیی ، ڕۆحیی و ئەخلاقیی گرنگ ناگێڕێت !! کاتێك ئایینێك هەڵوەدای بەدەستهێنانی ناسنامەیەك بۆ عەقیدەکەی دەبێت ، ئەوا خۆبەخۆ لەلایەك دەکەوێتە دژبەریەكی کوێرانە و گەمژانە بەرامبەر بە یەزدان ، و لەلایەك ی ترەوە دەبێتە هەڵگری بیر و پەیامێك ی فاشیستییانە و ئاکارێك ی چەوسێنەرانە بەرامبەر بە کۆی تاك و کۆمەڵگەکەی ، واتا ئا لەوێدایە کە کۆمەڵگە ئیدی لە یەکەیەکی یەکگرتوو و هاوبەشی دەستەجەمعییەوە دەبێتە کۆمەڵگەیەك ی نالۆژیك ی لەیەکترازاو و دابەشبوو بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی بەشکۆ و بێشکۆ ، باوەڕدار و بێباوەڕ یان ڕەوشتدار و بێڕەوشت . لەم ڕۆژگاری قەیران ، برسیەتیی ، بێکاریی ، گەندەڵیی و نادادپەروەرییە ی کە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان پیای دا تێپەڕدەبێت ، خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی سەرقاڵی ڕازاندنەوەی ساڵۆنەکانی ڤیستیڤاڵی تاجی زێڕین و باڵاپۆشکردنی کچانی هەژار و نەدارانی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوەن ؟ ! خاتون ناسك : { لە یادی جیهانیی باڵاپۆشان تەواوی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکان و گەشەپێدان ، سەرقاڵی تەوعیەن لەسەر باڵاپۆشیی . } ، بەڵام ئەو ڕاستییە فەرامۆش دەکەن ، کە شەرع ، پیاوانی ئایینیی و بانگخوازە ئیسلامییە سەلەفیی ، ئیخوانیی ، جیهادیی ، تەکفیریی و داعشیەکان بوونەتە مایەی کڵۆڵیی و سەرچاوەی فەساد ، بێبەهاکردن و شکاندنی شکۆی ئافرەت و هەر تاکێك ی کورد دوکتۆر عبدالواحد بەم جۆرە گاڵتەجاڕیەوە تاجی شکۆ دەنێتە سەر سەری ئافرەت ی موسوڵمانی کورد : { جامعة مؤنثە و جامعیش کە مزگەوت دەکات و نێرینەیە ، کەواتە دائیمەن نێرینەش هەیەتی بەسەر مێینە دا } یان دەڵێت : { هیچ یاسا و شەرعێك یان بەڵگەیەکی زانستیی نیە کە بیسەلمێنێت و ببێتە ڕێگر لەبەردم شوکردنی کچێكی نۆ ساڵان بە پیاوێك ی ٥٨ ساڵان . } . ئەگەر ئامانجی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی یەکگرتوو بریتیە لە نیشتیمانسازیی ، گەشەپێدانی هوشیاریی و دژایەتیکردن ی بێبەهاکردنی مەعریفە و تاك ی کۆمەڵگە ی کوردیی ، ئەوا دەبێت وەك ئەرکێك ی ئەخلاقیی و و نیشتیمانیی دژی ئەو بۆچوون و ئەحکامانەش بووەستن کە شکۆی ئافرەتان دەشکێنن و: { النساء ناقصات عقل و دین } . خوشکانی یەکگرتووش وەك بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی دەبێت هەڵگری چاکسازیی بن لەو یاسا و ڕێسایانەی ، کە ماف بە پیاوان دەدەن لە ژنان بدەن : { الرجال قوامون علی النساء …. والاتي تخافون نشوزهن فعظوهن واهجروهن فی المضاجع واضربوهن فإن أطعنکم فلا تبغوا علیهن سبیلا .. } . ئافرەتی حیجابدار و باڵاپۆشان ی موسوڵمان دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن کە شایستەی ئەوە نین چیدی ئەوان بە سەگی ڕەش و گوێدرێژ بچوێندرێن : { یقطع الصلاة المرأة والحمار والکلب الأسود } . خاتون ناسك لە وتارەکەی دا بە دوو مۆڕاڵی جیاواز و دژبەیەك ڕوبەڕوی سەدان کچی منداڵکار و کامڵ نەبووی جەستە و عەقڵ وەها دەڵێت : { هەرگیز خۆتان بە پلە دوو سەیر مەکەن وە ڕازیش نەبن هیچ کەسێ بە پلە دوو سەیرتان بکات } ، لەڕووی تیۆریەوە ئەو قسەیە جوان و مرۆڤدۆستانەیە ، بەڵام لەباری پراکتیك دا کە کاتێك دوو ئافرەت لە دادگە دا بە یەك شایەت دادەنرێن ، ئەوا ئیدی خاتون ناسك لەبەردەم ئەم ئایەتە دا { واستشهدوا شهیدین من رجالکم ، فإن لم یکونا رجلین فرجل و إمرأتان } دەستەپاچە دەبێت و بۆ دواجار بەم جۆرە کۆتایی بە ئەفسانەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو دەهێنێت : { کرمنا بنی آدم – ان اکرمکم عند اللە اتقاکم } . ئافرەتی باڵاپۆش دەبێت لەو ڕاستییە تێبگات ، کە دوو یان سێ و چوارژنەیی یاسایەکی ئایینیی و شەرعیی ناڕەوا و بێبەزەییانەیە کە تەنیا شکۆی ئافرەتان دەشکێنێت : { وإن خفتم ألا تقسطوا فی الیتامی فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنی و ثلاث و رباع …. } . کچانی حیجابدار و باڵاپۆش دەبێت ئەو پرسیارە بکەن و بڵێن ، ئایا بەڕاستیی ئافرەت لە پەراسویەك ی خواروخێچ دروستبووە ؟ : { إستوصوا بالنساء خیرا فانهن خلقن من ضلع وإن أعوج … } . ئەرکێکی ئەخلاقیی خوشکانی یەکگرتوو و ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئیسلامییە ، کە لە هەموو ڤیستیڤاڵەکانی تاجی زێڕینیان دا چیرۆك ی قوربانیانی خوشك و برایانی ئێزدیمان بەیادی کچان ی باڵاپۆش دا بهێننەوە ، کە چۆن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ( داعش ) بێبەزەییانە و دڕندانە کۆمەڵکوژییان دەکەن و خوشکانی ئێزدیشمان دەکەنە کۆیلە و سەبایا و لە بازاڕەکانی نوخاسەی موسڵ و ڕەقەی سوریا دا دەفرۆشرێن ، دەکڕدرێن ، سوکایەتیی و ئیغتیصاب دەکرێن بەناوی ئیسلام و شەرعەوە ، بەڵام بەداخەوە ئێوە لەئاست ئەم بەربەریەت و دڕندەێتییە دا بێدەنگ بوون و کەمتەرخەمن ، ئەوەندەی ئێوە لە خەمی غەززە دا بوون ، بۆ ساتێکیش دڵتان بۆ قوربانیان و غەدرلێکراوان ی ئێزدیەکان لێی نەدا ؟ ! کەناڵی العربیە لەم چەند ڕۆژانە دا بەشی دووهەمی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کچانی ڕفێندراوی ئێزدیی بڵاوکردەوە و ئەو ڕاستیانەیان خستە بەردەم ڕای گشتیی جیهان و دەنگێكی زۆری دایەوە ، بەڵام ئێوە پارتی و یەکێتی ئاسا بێباکتر بوون ، و لەئاست ئەو تاوانانە دا بێدەنگیتان هەڵبژارد . ئەوەی داعش لەسایەی شەرع و ئیسلام دا بە خوشکانی ئێزدیی ئەنجامیانداوە نیشاندەری ئەوپەڕی دڕندەیی و بەربەرێتیی و ناشارستانێتیی ئیسلام پێشاندەدات . کچانی نۆ – یانزدە ساڵانی ئێزدیی بەسەبایاکراون و هەریەکەیان بەدەیان جار فرۆشراون و دەستدرێژیی ناموس کراوەتەسەریان . خوشکانمان بەچاوی پڕفرمێسك و هەنسکی گریانەوە دەیگێڕنەوە کە لەژێر سایە و حوکم و شەرعی ئیسلامی داعشیی دا چۆن شکۆیان شکێنراوە ، دەیگێڕنەوە کە هێندەی ژنانی حیجاب و باڵاپۆشانی داعش دڕندە ، بێبەزەیی و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کردوون ، پیاوانی داعش بەوجۆرە نەبوون ؟ ! کچانی بەسەبایاکراوی ئێزدیەکان دەیگێڕنەوە کە چۆن ژنانی حیجابدار و باڵاپۆشانی ئەمیرە ئیسلامییەکان کچانی نۆ ساڵان تاکو شانزدە ساڵانیان بەجوانترین شێوە و بەبۆنی خۆشەوە ڕازاندووتەوە و پێشکەشی مێردەکانیان کردوون . خوشکان و خانمانی ئیسلامیی و هەموو ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی کوردستان ، بانگخواز و بەشێك ی زۆری مەلاکانی کوردستان کە خۆیان بە پارێزەری ڕەوشت و دادپەروەریی دەزانن ، بەداخەوە چاو و گوێیان و ویژدانیان دەرهەق بەو هەموو چەوساندندنەوە و نادادپەروەریی و بێویژدانییانە خەواندووە و وەك بڵێیت هیچ ڕووی نەدابێت ؟ ! کار و بیرکردنەوەی ئێستای ئیسلامیی سیاسیی ، مەلای دەربار ، ئەمیر ، باڵاپۆشانی ئیسلامیی و هەموو بانگخوازە ئیسلامییەکان تەنیا بووەتە باس و خواستی سێکس ، چوارژنەیی ، جیهادی نیکاح ، زەواج ی موتعە و میسیار ؟ ! هەروەك چۆن پارتی و یەکێتی کۆمەڵگەی کوردیان برسیی و تووشی نەهامەتیی ، گەندەڵیی و بێڕەوشتیی کردووە ، بەهەمان شێوەش ئیسلامیی سیاسیی و ڕێکخراوەکانیان ، مەلا و بانگخوازەکان کۆمەڵگەی کوردیان بەرەو کولتوری توندڕەویی و تەکفیر ، لاڕێیی ، دزیی و جەردەیی بەناوی زەکات عەمرە ، حەج و …تاد بردووە . ئەوانە بەڕاستیی کۆمەڵگەی ئێمەیان بەرەو جەهل و خورافات بردووە ، ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە دا برەوی نیە زانست و مەعریفەیە ؟ ! فایەق بێکەسی ڕەحمەتیی لە ڕۆژگار ی خۆی دا هەمان ئەم دیمەن و کاراکتەرانەی بینی ، بۆیە لە بێهیوایی و نائومێدیی دا لۆمەی خۆی دەکات و دەڵێت :
تف لە عیلم و سەنعەت سەد کارەبا
مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا
توشی لافاوی عیلم بووم بەڵام زوو دەرپەڕیم
سواری پاپۆڕی جەهل بووم و بەناویا تێپەڕیم
سەد شوکور ئۆخەی نەجاتم بوو لەباسی عیلم و فەن
نامگرن جارێكی تر بۆیە لەکەیفا هەڵپەڕیم
خوێنەواریی شێتیو هەر جەهلە ئینسان سەرئەخا
گەر ئەمجارە باسی عیلمم کرد بزانن سەرسەریم

کۆتایی
هیوا محەمەد ئەمین
١ی نیسانی ٢٠٢٤
١- شیعری شاعیری ئیسلامیی ( گۆران عەباس )




لووره‌لوور به‌ره‌و ماڵێكی گه‌ردوونی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

لووره‌ی یه‌كه‌م

بەفرباری و شارى ياده‌كان سڕبوو
گیان بە قسە هات
منیش ئاشقی جوانی نەناسراوم و له‌خۆمدا باڵ و فڕین و ئاسمانم
باڵندەیەكی سه‌مازان ناو به‌ گوێی ئاسمانی هه‌وا خۆش بۆ فڕین ده‌چرپێنێ
بادەی داوای لەسەر سەكۆ ڕژاندم
ئەو ئاوازە خودایییەی
لە زیندوویی و خورپەم لێوڕێژە
كەمێكی بدەمێ و دوا گۆرانی خۆم باش بڵێم
شەوە و دایكی ئاڵ
پشدێنی سووری هەڕەشە و شەڕ كەمەری توند كردوون
جەنگاوەری مەیدانی بەتاڵیشن
منى ترووسكه‌ی گه‌رمی تاجه‌گوڵینه‌ی خودای تازه‌
مەست بە بۆنی خۆڵی باڵندە چینە تێداكردوو
سەیوانم هەڵداوە و دەستم بەسەر ئەو قۆرتانەوەیە
لافاو لە جەستەی زیندوویی و خورپەی هەڵكەندوون
دوور و دابڕاو یەكترمان تێدا دۆزییەوە و چاومان چووه‌ناو ڕووناكی
كە تاسە بەری دام ویستم چاویان ماچ بكەم ڕۆیشتبوون
زیندەوەرێكی خشۆك
لە پەنا قومەتە خۆڵێك
تەماشای كردم و بە دوژمنی زانیم
باڵندە لەناو لكوپۆپی ڕەش
بە باڵی ئاگر خۆی هەڵدا و دڵی سپاردە جوانی نەناسراو
تیشكێك لە جوانی نەناسراو دەرچوو بانگی كردم
چڵاوچڵ چاو به‌ دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ بگێڕه‌
بچۆره‌ ناو خۆڵی باڵنده‌ چینه‌ تێداكردوو
پاروو له‌ گه‌رووی منداڵ گیرنابێ
شار به‌فری له‌سه‌ر شانه
ژیان شه‌رابێكی خه‌مڵیوه‌
نمه‌ نمه‌ ده‌تكێ و ناوچه‌وان گه‌رم ده‌كا
ئه‌و كاته‌ كورته‌ی نێوان
نمه‌ و تكانم هه‌ڵبژاردووه‌ تێیدا بمێنمه‌وه‌‌

لووره‌ی دووه‌م

جریوه‌ و جووكه‌م له‌ ڕازێكی كۆن مابووه‌وه‌ و خودا ڕازی ناسی
به‌ چاوی بازانه‌ش خه‌واندمی
دووریی نێوان لێكحاڵیبوون و تاریكایی جیایی
كووپێك مه‌ی هۆگری و چلچرای یاد و ساتی خۆره‌تاو
ڕۆح سه‌رله‌به‌ر ئاوازه‌
دڵیش ده‌فی یه‌كه‌مین لێدانی خۆی لێ دا
وێنه‌ی نیگه‌رانییه‌كی ماتم كێشا
ڕووناكی ڕێگایه‌ك كه‌ ده‌مگه‌یه‌نێ هات
دووری و نزیكی هاتن
بێده‌نگی شكا و ده‌مودوویان كرد
گوتنی گۆرانیی خاویان به‌ من سپارد
به‌ شێنه‌یی پێی خۆیان له‌سه‌ر خاك گه‌رم كرد
ئه‌فسوونی حه‌فت ڕه‌نگیان ون نه‌بوو
تووتی جه‌نگه‌ڵیش نزیك بوونه‌ته‌وه‌ ته‌نیا تیرهاوێژێكیان ماوه‌
بای ده‌م به‌ لووره‌ لووریش ده‌ڵێ
سروشت كه‌می هی ئێوه‌یه‌
میوانێك له‌ ده‌رگا ده‌دا
ئێستا ته‌مه‌ نابینم

لووره‌ی سێیه‌م

١
به‌ندۆڵی كاتژمێری ناو مۆزه‌خانه‌ له‌ ده‌مار به‌تاڵ بووه‌ ‌
وه‌ك گونی نێریی خه‌ساو شۆڕبووه‌ته‌وه‌‌
په‌نجه‌ره‌شی سه‌ری له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ناوه‌
شاوه‌ڕیخنه‌ و هاوشێوەی کە دێن باڵیان دەنووک
دەنووکیان خەنجەر و جوێن
چڕنووکیان شمشێر و به‌ڵا
چاویان ئاژاوه‌گێڕ و بۆچڕووك
هاتنی شه‌ڕزاده‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌ڕ
برین بێ سنوور و پێوانە گەورە دەکا و لێوی بزر دەبێ
پێشبینی بوومه‌له‌رزه‌ش ده‌كرێ
شیعر و هاوشێوەی گه‌رم ده‌ژین و نەرم و خودايی هەنگاو دەنێن
ڕووبارێک دێ لە سینگی مەلەوان دەدا
دوای ئەوەی چووینە ناوى گوێچكه‌ماسیمان به ‌ده‌سته‌وه‌ بوو
لە خەڵاتی ڕووناکی لێی بووردین
دەتوانین بە یەکتری بڵێین سڵاو و ڕۆژباش
لە سڵاو و ڕۆژباشدا تەواو هەقیقەتین
هەڵمی شەونمین
هەڵمی خوێ نین
ئەسپێکی ڕووخۆش لە حه‌وشه‌ و ماڵمان پشتی خۆش دەکا
تەزوو بە ڕێگادا دەهێنێ و گوێت له‌ ده‌نگی دڵت ده‌بێ و پێت ده‌ڵێ به‌ڵێ
گەشتت بەرەو خەڵاتی ڕووناکی فەرموو ئه‌نگوستیله‌ت له ‌سندووق ده‌ربهێنه‌
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ئاوڕده‌داته‌وه‌
ئاسمانیش ناخ و ئه‌دگاره‌ حه‌وت ئاواز ده‌خوێنێ
* * *
خۆر له‌ قووڵایی و ڕوونیی ژیان دێته‌ ده‌رێ
كه‌م شاره‌زا و دمۆر نییه‌ به‌ ده‌می پڕ حیكمه‌ت و چرپه‌وه‌ پرسیاری خۆی ده‌كا

٢
ڕه‌نگ نیشانه‌ی نهێنی ده‌ناسێ
تیكۆشانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ و خۆی ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
به‌هه‌شت ڕه‌نگی نییه‌ یان ڕه‌نگی نه‌ناسراوه‌
کە لەدایک بوو ماڵیان نزیک گۆڕستان بوو
لە مێردمنداڵیدا بەرخەکانی دەبردە ناو گۆڕستانەکە و دەیلەوەڕاندن
ده‌نگیان ده‌هات و ون نه‌ده‌بوون
گەنج بوو لەم گۆڕستانەدا گۆڕی بۆ زۆر
خزم و کەس و برادەر و ناسیاوی خۆی لێ دا و بەڕێزەوە ناشتنی
دارەبازەشی گەڕاندەوە مزگەوت
ئێستا خۆی و منداڵی و نەوە و گوڵی گه‌رمی تێیدا نێژراون
سەری بە ناوچەوانی ئاسکێک کردووە
لە ڕووناکیی گەردوونیدا
تەماشای هەزارەی تازە دەکات
پیرۆزه‌ی سه‌رگۆڕیش ده‌ژمێرێ
ده‌بێته‌ شه‌هره‌زادی چیرۆك و به‌ردی حه‌وت په‌یكه‌ر ‌

                         *      *      *

كێلێك هه‌موو كێله‌ و ناویش هێزی ده‌ست به‌دڵه‌وه‌گرتن
ده‌یكاته تانوپۆ و‌ ئومێد‌ و هه‌موو ده‌توانین قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین

٣
گردێک باخچه‌ و سەنگەری بەسەرەوەیە
درەختی خۆڕسک قەدیان وەک دووگوردی نوێژ چنیوە
ناهێڵن خودی لە یەک بترازێ
گەورەی خوداوەندان گرد لەسەر سابوون و سه‌هۆڵ باڵا ناکا
کەناری نزم فریودەرە
بەردی گڕکان ناوچه‌وانی بووه‌ته‌ هه‌ست و ده‌می به‌ تووڕه‌یی ده‌كاته‌وه‌
لە کازیوەی لێڵ نامێنێتەوە
خۆڵەمێش لەسەر خۆی لا دەدا
ڕەگ و خۆڵی گەشەکردن بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ
دەتوانێ چاوەڕێ بکا
سیشی بەگرانی هەناسە نەدا
* * *
جه‌ژنی به‌ كه‌ژاوه‌یه‌ و لووتكه‌ پێی گوت ونم مه‌كه‌
له‌ باڵای ڕاز و ڕه‌وه‌زان ئه‌ستێره‌ی كه‌ڵبه‌هار ده‌كوژێ

٤
دەستنووسی ئایین ڕەوشتی یەکەمی زەوی تێدا نییە
نازانرێ پەنجەرە چۆن دروست بوو
ترووسکاییەکی خامۆش
دەستی گرتین و دەزووی یەکتردۆزینەوەی داینە دەست
درەخت ئێوارەخوانی خۆبه‌خشینی
بۆنوبەرامە و بەروبوومی ڕێك خست
کە لێک نزیک بووینەوە ڕەش بووین
پێستیی ئاسمان و ڕوونیی ئه‌زه‌ل هه‌ڵبزڕكا
مازوو بە هانای منداڵانەوە هات
کردیانە مووروو و تۆپ و مۆری ده‌رگای ماڵی گه‌ردوونی
بانگی ئاژەڵمان کرد بێ وەڵام ماينه‌وه‌
تیرمان سوار کرد و تۆوی سروودی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندمان وه‌شاند
زەوی چووه‌ توخمی سه‌رسوڕمان و لەپی کردەوە
لە لۆچێکی ڕەوشتی یەکەم دۆزرایەوە
* * *
زه‌وی كه‌ شووره‌ی دانرا و به‌ره‌و شار چوو
له‌ ناوكی گه‌مارۆ درا ڕه‌وشتی بزر بووه‌وه‌




ناکرێ بێدەنگ بین بەرامبەر کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە.. عوسمانی حاجی مارف

لەبەردەم دیاردەی گەورەترین کۆمەڵکوژین کە لە غەززە ڕوودەدات، بەوپێیەی داگیرکاری ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە ٣١ هەزار فەلەستینی کوشتووە کە ٧٠٪ یان ژن و منداڵن. هێشتا ئیسرائیل هەڕەشەی کۆمەڵکوژی زیاتر و کارەسات و ئازاری زیاتر دەکات.
بەجیا لەوەی چەندین مانگە ئەم جینۆسایدە بەڕۆژی ڕوناک و بەبەر چاوی خەڵکەوە ڕووئەدات، ئەمڕۆ سۆشیال میدیا وەک یەکێک لەو ئامرازە بەهێزانەی جێگای سەرنجی پانتاییەکی بەرفراوانی جیهانیە، کاریگەری تەواوی لەسەر بیروڕای گشتی و ڕۆشنکردنەوەی ئەو پەلامارە بێشومارانەی کە هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل لە فەلەستین ئەنجامی دەدەن، داناوە. لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنوسان لە میدیای تەقلیدی تێپەڕین و بە بەڵگەنامەکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێشوئازاری کارەساتەکان لە فەلەستین گەیشتن بە هاوڵاتیانی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم کاریگەریە ئەوەندە توند بووە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمی “تیک تۆک” ناچار بوو لێدوانێک بدات و بڵێت؛ “زۆرینەی ڕەهای بەکارهێنەرانی تیک تۆک ئەوانەن کە ڤیدیۆی لایەنگری فەلەستین بڵاودەکەنەوە”. بەجیا لەوەش تەواوی کەناڵی هەواڵگری جۆراوجۆری جیهان ناتوانن ڤیدیۆکانی ئەو هەواڵانەی پاکتاوکردنی غەززە نیشان ئەدەن، بڵاو نەکەنەوە.
کاریگەریەکانی ئەو ڕوداوانە، کەوتۆتە ناو سیاسەتی ناوخۆی زۆر وڵاتەوە، بۆنموونه جەماوەری جۆ بایدن، بەهۆی هەڵوێستی له سەر پرسی فەلەستین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوه، بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانان و لایەنگرانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەن و دەنگ بە بایدن نەدەن، ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری ئەمریکا فشارێکی گەورەیە لە سەر حکومەتەکەی بایدن.
بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات، سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیای شەرمەزار کرد، کە لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا خۆیان لە ئاماژەکردن بە بۆردومانی کوشندە بۆ سەر غەززە بەدوور گرتووە. ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا ڕوون و بێدوو دڵی و بە تەواوی لەگەڵ ڕای گشتی باو و ناڕەزایەتیەکان لە دوورگەکانی بەریتانیا و ناڕەزایەتی جیهاندا دەگونجێت.
پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد بەبێ مەرج. لەکاتێکدا کە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەسەڵاتی ڤیتۆی بە حکومەتی ئیسرائیل بەخشی، بە پێداگری لەسەر ئازادکردنی زیندانیەکان لەلایەن حەماسەوە وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنی ئاگربەست، ئەمەش نیشاندانی ڕیسوایی حکومەتی بەریتانیا بوو، لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی بەریتانیا کە شەقامەکانیان هەژاند دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل.
لەهەماکاتدا تورکیا و سعودیە بەهەمانشێوە کەوتونەتە ژێر فشاری جەماوەریەوە و لەژێر کاریگەری ئەو فشارەدا مامەڵەیان لەگەڵ قەیرانەکەدا کردوە. هەرچەندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەوڵیدا بێلایەن بمێنێتەوە و پێشنیاری نێوەندگیری بۆ چارەسەری ململانێکانی کرد، بەڵام ڕای گشتی لە تورکیا و خۆپیشاندانە گەورەکانی لایەنگری فەلەستین هەر زوو وای لێکرد هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و بە ئاشکرا ئیدانەی ئیسرائیل بکات.
لە میسر و ئوردن و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جیهان شاهیدی هەمان ڕێگا بوون. بۆ نموونە قەتەر کە هەر زوو پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، بەڵام دواتر ناچاربو باڵیۆزی خۆی لە تەلئەبیب بانگهێشتکردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی پەیوەندی و دەستکەوتە سیاسیەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. ڕاپرسیەکانی بیروڕا کە لە لایەن پڕۆژەی بارۆمێتری عەرەبی کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پرینستۆن ئەنجام دراون، ئاشکرایان کردووە کە بیروڕای گشتی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانی عەرەبی پاڵپشتی خۆی بۆ فەلەستین زیادکردووە، لە هەندێک ووڵاتدا پشتیوانی لە حەماس، وەک هێزی بەرەنگاری نفوزە جەماوەریەکەی زیادیکردووە، و یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ئەمەش ئەوەیە کە میدیاکانی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی هەواڵی ناوخۆ دەیخەنە ڕوو. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی ناچارکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە ئیسرائیل و ململانێکان، گەر بەشێوەیەکی ناچاری و شکڵیش بێت، بەڵام گومانی تێدا نیە کە لە داهاتوودا کاریگەریەکی بەرچاوتری دەبێت.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا وا دیاربوو کە فەرامۆشی لە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگربوو، بەڵام سەرهەڵدانی میدیای بەدیل و سۆشیال میدیا لەخستنەڕوی ڕوداوە دوژمنکاری و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا، پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ گەڕانەوەی پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین. بۆیە سەرکردەکانی وڵاتان دەبێت لەکاتی بڕیاردان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان لە داهاتوودا، بەتایبەتی شەڕەکانی پەیوەست بە داگیرکاری ئیسرائیل، مەزاج و بۆچوونی جەماوەری ناڕازی وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن.
ئیسرائیل بێوچان پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات و هەوڵدەدات ڕێگری لە ڕێڕەوی “چارەسەری دوو دەوڵەت” بکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنی فەلەستینی نوێنەرێکی گونجاوی نیە بۆ هاوبەشیکردن لە ئاشتیدا، بەڵام ئاستی گەورەبونەوەی هێرشەکانی ئیسرئیل و زۆری کارەساتەکان و ڕۆڵی میدیا لە ڕۆماڵکردنی ڕوداوەکان، “چارەسەری دوو دەوڵەت” خەریکە دەبێتە پێشەنگی پێشنیارو فشاری ناڕەزایەتیەکان و ناچارکردنی جیهان بۆ ڕەسمیەتدان بەو چارەسەرە بۆ خەڵکی فەلەستین، تا ئەو ئاستەی ئەوروپاو ئەمریکاش گەر ڕوکەشیش بێت خەریکن دان بەو ڕێگە چارەیەدا دەنێن.
لەڕاستیدا ئەوەی پێویستە جێگای پرسیارو سەرنجی جدیمان بێت، ئایا ئینسان لەبەرامبەر مەسەلەیەکی وەها هەستیاردا ئەتوانێ بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت، لەکاتێکدا بزانێت کۆمەڵکوژیەکی گەورە لە شوێنێکی دونیا ڕوودەدات، کە پێویستە هاوبەشی و پەرچەکردار بۆ ئازارەکانی دانیشتوانی غەززە هاوپشتی مرۆڤایەتیمان بێت.
پێویستە هەڵوێست بگرین و ڕیزی ناڕەزایەتی جەماوەری فراوانترو بەهێزتر کەین، لەبەرامبەر ئەو دەوڵەت و سەرکردانەدا، کە بانگەشەی پوچی ڕزگاری و دیموکراتی دەکەن و پێداگری لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی بوونی گەلی فەلەستین دەکەن؟ بۆچی ئەمریکا پێداگری لەسەر دابینکردنی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکات کە ئەم جینۆسایدە دەکاتە مومکین؟ بۆچی ئەورووپا کە ڕۆژگارێک پێیان دەگوتن تاجی شارستانیەت، بەم شێوەیە بەربەریەت بەرەوپێش دەبات؟ ئەوە ناوەڕۆکی پێکهاتەو ناکۆکیەکانی دڕندەیی سەرمایەداری و بازاڕو بەرژەوەندیەکان و ڕکابەری سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانە، کە ئێستا لە نیولیبرالیزم فرە جەمسەری و قەیرانەکانیاندا سیستەمەکەی ڕێکەدەخات…، دەبێت جیهان وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆیەوە نیشان بدات، ئەم وەرچەرخانەش دەکرێ ئەمرۆ لە ڕیسواکردن و وەستانەوە بەرامبەر شەڕەنگیزی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی سەرهەڵدات، وەستانەوەیەک کە هێزی ناڕەزایەتی جەماوەری بەهەر جۆرێک ئیمکانی هەیە، ئەم هێرشانەی ئیسرائیل ڕاگرێت و شکست بە نەخشەو سیاسەتەکانیان بهێنێت، بەڕاستی پێویستە بڕیاربدەین ڕووبەڕووی ئاستەنگیە گەورەکانی سەردەمی خۆمان ببینەوە و بەرەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری جیهانی بەرینەپێشەوە. بەهێزکردنی ئەو بەرەیە دەتوانێت وەڵامدەرەوی نەک ئاستەنگەیکانی کارەساتەکانی ئێستای فەلەستین بێت، بەڵکو ئەو ئاستەنگیانەی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و ناکۆکیەکانی زیان بە مرۆڤایەتی و خەڵکی نەدارو هەژار دەگەیەنێت وەڵام بداتەوە.
وەستانەوە لەبەرامبەر شەڕی ئێستای ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان، نەبێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین، ئەوا پێویستە هەموومان چاوەڕوانی کارەسات و لێکەوتەی خراپتر بین.




سۆناتای ژن.. ستیڤان شەمزینی

چەند سەرسامم بەو ژنە
بە تاڵێک لە پرچی نیگاکانی
منی بە عەشقی خۆیەوە بەستەوە
چەند سەرسامم بەو ژنە
بە سوراوی لێوی غەمباری
دێڕ بە دێڕ شیعری تۆخ کردمەوە
نەکا رۆژێک لە دڵیدا کاڵ ببمەوە
چەند سەرسامم بەو ژنە
زۆر بە ئەسپایی ھات
چی ویست کردی
خەونەکانی بەتاڵ کردمەوە
لە ھەموو شت
تەنیا خۆی نەبێت
جیھانی پاک کردمەوە
لە ھەموو کەس
تەنیا خۆی نەبێت
چەند سەرسامم بەو ژنە


چەند مەزنە ئەو ژنە
کاتێک پەرداخی کامەرانیم رژا
تنۆک تنۆک کۆیکردمەوە
چەند مەزنە ئەو ژنە
سەرم لە مەنفا بەستبووی
دڵم لە نیشتمان جێمابوو
ئەو زۆر بە ئەسپایی ھات
لە پێکێک عەشقدا ھەڵیقوڕاندم
چەند مەزنە ئەو ژنە
لە ژووری مەراقەکاندا بەند بووم
بیرکردنەوەم کەڕوی کردبوو
لە ناکاو
وەک باوگژێکی سەرشێت ھات
دەرگای ئەوینی لێ کردمەوە
چەند مەزنە ئەو ژنە


چەند جوانە ئەو ژنە
بەیانیان بە بەرچنەیەک ترێی رەشەوە
خۆی دەکات بە کوخەکەمدا
تا بیکەمە شەرابی شەوانی تەنھاییم
چەند جوانە ئەو ژنە
لە شەوانی ئەنگوستەچاودا
بە چرایەکی رووخۆشەوە پەیدا دەبێت
تاریکی ناو رۆحم راو دەنێت
چەند جوانە ئەو ژنە
ھەر دەمێک بیری بکەم
وەک لاولاوێکی دڵخۆش
بە پەنجەرەی ھەستمدا ھەڵدەگەڕێت
چەند جوانە ئەو ژنە





سەڕاج لە ئەسینا.. شیعری سۆران محەمەد

سەڕاج لەگەڵ ئەکلدیس
سەردانی سوقراتیان کرد
لە زیندان.
کەچی سوقرات نەیهێشت
هاوسەرو سێ منداڵەکەی
ئامادەی دادگایی بن،
پێش بڕیاری ژەهرخواردنەکەی.
لە چاوێکی سەڕاج
نیگەرانیی و
لەچاوەکەی تریدا
پووچیی دەخوێنرایەوە
.
دواتر سەڕاج
لە ڕیزی پێشەوە
لەبەردەم سەکۆی ئەبەیقورسدا
ڕاما بوو
نازانم خەیاڵیی لە
کراسە شینەکاڵەکەی شیلان دەکرد؟
یان وتەکانی ئەبیقورس
کە جەختی لەسەر
چێژی بەردەوام و باڵا
دەکردەوە
.
سەڕاج پێشنیاری ڕەفاهییەتی
بۆ دیۆژین کرد
کەچی ئەو
تەمەننای لە سەڕاج کرد
بەری هەتاوەکە بەردا
کە خۆی لەبەردا هەڵخستبوو
تەنانەت جامەکەشی فڕێدا
کە بینی لانەوازێك
بە مشتی ئاو دەخواتەوە
.
سەڕاج نەیدەویست
زینون لەبەر ئازاری
وەرگەڕانی پێی
کۆتایی بە ژیانی بێنێت
ئیدی سەڕاج
نەکەوتەژێر کاریگەریی هیراکلیتۆسەوە
بێوچان میسالییانە
حەزی ئەزموونی ژیانکردن
دەیفڕان
.
پێش گەڕانەوەی سەڕاج
بۆ نێو باخەکەی شەقڵاوە
مژیلی ئەوە بوو
چۆن لەگەڵ ئەبەیقورسا
لەسەر ڕێگای ڕەواقییەکان
بە ئەقڵی پەتی
مرۆڤ لە ترس قوتار کا
نەك تەنیا لە مەرگ
بەڵکو لە ژینیش..

سۆران محەمەد