نووسەری كورد بۆ كێ دەنووسێت؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

هەموو ڕەهەندە مانایەكانی نووسین، لەوەدا دەردەكەون كە چەند دەتوانرێت كاریگەریەتی لە سەر هزر و بیركردنەوەی خوێنەر دروست بكات و مەوداكانی بیركردنەوە و تێڕامانی هزری فراوانتر بكەن . لەنێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا، بە هەزاران كەس دەنووسن، كتێب چاپ دەكەن، بیڕوڕاكانییان دەخەنە ڕوو، هەیانە ساڵانە پێنچ شەش كتێبی بە ناو فیكریی، شیعر، لێكۆڵینەوە، سیاسەت و ڕۆژنامەوانی و مەعریفە بڵاودەكاتەوە، بە بێ ئەوەی نووسینەكانی بۆ خوێنەران بەهایان هەبێت و جێگەی خۆیان بگرن. بێگومان ڕەنگە باس و بابەتی كتێبەكان گرنگ و پێویست بن، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، بە چ مۆدێكی نووسین دەیگەیێنێت؟ چ پەیامێك و مەبەستێكت هەیە و ڕووت لە كام خوێنەرە؟ خوێنەرێكی سادەی كورد، كە تا ئێستاش نیتشە ناناسێت، یان خوێنەرێكی ئەڵمانی؟ ئایا پێویست دەكات، سەد جار باسی هایدگەر بكەیت لە نووسینێكدا، لە كاتێكدا تۆ ڕووت لە خوێنەری كوردە، نەك نەتەوەیەكی دیكە؟ گەر سەرنج لە زمانی نووسینی بەشێك لە نووسەرانی كورد بدەین، بە تایبەتیش لە بواری هزریی و لێكۆڵینەوەدا، دەبینین زمانێكی یەكجار وشك و برینگ بێ مانایەو خوێنەر دوای ئەوەی لە خوێندنەوەی وتارەكە دەبێتەوە، ناچارە ئەو پرسیارە لە خۆی بكات بەڕاست ئەوە چی بوو من خوێندمەوە؟ چ سوودێكم لەم وتارە بینی، كەكاتێكی زۆری خۆمم بۆ تەرخان كرد؟ بە بڕوای من، نووسەری كورد هیچ كاتێك نابێت ئەوەی بیر بچێت كە ئەو بۆ خوێنەری كورد دەنووسێت و ڕووی لە خوێنەرێكە ڕەنگە زانیارییەكی هەمە لاایەنەی لە هەموو ڕووێكەوە نەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە نووسین سادە بكەینەوە، بەڵكو بەو مانایەی چۆن ئەوەی مەبەستمانە دەیگەیێنین؟ ئایا پێویست دەكات كاتێ لە بارەی شاعیرێكی كوردەوە دەنووسین، سەد جار ناوی نیتشە و هایدگەر و دیكارت و كانت و ئەدۆرنۆ بێنین؟ جارێكیان هاوڕێیەكی شاعیرم پێی گوتم (نووسەرێك كتێبێكی لە بارەی حەمە عومەر عوسمان نووسیبوو، كەچی هێندەی باسی نیتشەی كردبوو، هەرباسی شیعرەكانی نەكردبوو، گوتی منیش پێم گوت، تۆ كتێبت لە سەر نیتشە نووسیوە، یان حەمە عومەر عوسمان؟) بە داخەوە ئەمە بۆتە مۆدێك لە دنیای نووسینی ئێمەدا و نووسەران بڕوایان وایە، چەند باسی فەیلەسوفانی دنیا بكەن و ناوەكانیان ڕیزبكەن، ئەوەندە ڕۆشنبیرتر و داناتر دەردەكەون. لە كاتێكدا دەكرێ تۆ ئەوەی مەبەستە بیگەیێنێت، بەبێ ئەوەی ئاڵۆزییەك لە هزری خوێنەر دروست بكەیت. بەشێكی زۆر لە نووسەرانی كورد، بە تایبەتیش گەنجەكان و ئەوانەی تازە سەرەتای نووسین و دەركەوتنیانە، بۆ ئەوەی گوایا پیشانی خوێنەرانی بدەن چەند زمان دەزانن، چەند پڕ مەعریفە و ڕۆشنبیرن، دێن لە نووسینەكانیاندا ناوی هەرچی فەیلسوف و بیرمەندی دنیا هەیە ڕیزدەكەن و بیریان دەچێتەوە كە ئەوان ڕوویان لە كام خوێنەرە و بۆ كێ دەنووسن؟ بۆیەشە نووسینەكانیان نەك هەر نابێتە ئیزافەیەك بۆ دنیای ڕۆشنبیری ئێمە، بگرێ گەلێك جار بە گاڵتەو و توانجەوە دەگوترێت، نووسەری كورد نیتشە و هایدگەر دەپەرستێت. لەم ڕووەو دەمەوێ نموونەیەكی بەرجەستە و دیار بێنمەوە. لەو ڕۆژانەدا، وتارێكی (هاوار محمەد) ێكم خوێندەوە، كە بە تێگەیشتنی خۆی، قسە لە سەر ئەنفال لە شیعری مامۆستا (ڕێبوار سیوەیلی) دەكات. ئەم بەڕێزە، لە نووسینە دوور و درێژو بێزاركەرەكەی خۆیدا، ناوی هەرچی فەیلەسوفی دنیا هەیە دێنێت، تەنێ ئەوەی باسی ناكات ئەنفالە. بەڵگەشم بۆ قسەكەم ئەوەیە، كە خودی مامۆستا سیوەیلی وەڵامی نووسینەكەی داوەتەوە و پێی دەڵێت ئەوەندی خۆت نغرۆی ناوی بیرمەندەكانی جیهان كردووە، ئەركە سەرەكییەكەی نووسینت، كە ڕەنگدانەوەی ئەنفالە لە قەسیدەكەی مندا، لە بیرچووە. زۆر بە ڕوونیش پێی دەڵێت، ئەم شێوازە لە نووسین نەك هەڵەیە، بگرە جۆرێك لە سەر لێ شێواندن و تێنەگەیشتنیشە لە گوتار و مانای دەقی شیعریدا. سیوەیلی، كە یەكێكە لە دیارترین و پڕ مەعریفەترین نووسەرانی ئێمە و یەكێكیشە لە بە ئاگاترین نووسەرانی كورد، لە هزری فەیلەسوفان و بیرمەندانی دنیا، كەچی مەگەر پێویست بكات و بە دەگمەن دەنا ناویشیان ناهێنێت ! گریمان ئێمە مانان وەك خوێنەرێك، ئاستی ڕۆشنبیریی و تێگەیشتنمان لەو نووسینە كەمە، بەڵام ئەگەر وایە، بۆچی سیوەیلی ئەم جۆرە بە ناو نووسین و توێژینەوانە ڕەت دەكاتەوە؟ بەشێك لە نووسەرانی كورد، دەیانەوێت مەعریفەی خۆیان لە نووسیندا نماییش بكەن، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەوان ئەم مەعریفەیە پیشانی كێ دەدەن؟ خوێنەرێكی ئەڵمان، ئینگلیز و عەرەب؟ یان خوێنەرێكی ئاسایی كورد، كە جگە لە زمانی كوردی هیچ زمانێكی دیكەی بیانی نازانێت؟ ئەم جۆرە بە ناو توێژینەوانە، نەك هەر خزمەت بە دنیای نووسین و ڕۆشنبیری كوردی بە مانا گشتییەكەی ناكەن، بەڵكو لە ئاستی بژاردەی نووسەرانی پڕ مەعریفەش ڕەت دەكرێنەوە، چونكە دەزانن ئەم شێوازە زمانە ئاڵۆز و میكیاژكراوە بە ناوی سەدان فەیلەسوف، سوودێكی ئەو تۆی بۆ خوێنەری كورد نابێت. نووسەرانی كورد، دەبێ هەمیشە ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن كە ئایا ئەوان بۆ كێ دەنووسن؟ بۆ خۆیان؟ یان بۆ خوێنەرێكی بیانی؟ دەكرێ تۆ باسی ئەنفال بكەیت، بەڵام لە پەراوێز و بە بچووكی؟ مەگەر باسەكەت لەسەر ئەدۆرنرۆیە یان ئەنفال و شیعر؟ بۆچی كتێبەكانی حەمە سەعید حەسەن، دە جار چاپ دەكرێنەوە ولەكتێب فرۆشیەكانیش نامێنن؟ بۆچی خوێنەران بە تاسەوە كتێب و نووسینەكانی ڕێبوار سیوەیلی دەخوێننەوە؟ بێگومان دیارە، چونكە ئەم نووسەرە، دەزانێت هزری خوێنەری كورد بدوێنێت و دیالۆگی لەگەڵ بكات، پرسیاری لا دروست بكات، لە هەمووشی گرنگتر ئاست و تێگەیشتن و زمانی خوێنەری كورد نەك هەر شارەزایە، بەڵكو بە قووڵی خوێندوویەتیەوە و ڕۆچووتە ناوی، بۆیە بە بایەخەوە كتێب و توێژینەوەكانیان دەخوێنرێنەوە. نووسەری كورد، لە بەرای هەمووشتێكدا دەبێ ئەوە بزانێت كە ئەو ڕووی لە خوێنەرێكە و بۆ خوێنەرێك دەنووسێت، كە تا ئێستا هەژار موكریانی و پیرەمێرد و عەلائەدین سەجادی و دڵدار و شێح ڕەزا ناناسێت، ئیدی چۆن سەدان فەیلەسوفی وەك ئەدۆرنۆ و والتەر بنیامین و ئەوانی دیكە دەناسێت، كە بەشێك لە نووسەرانی ئێمە وەك سیوەیلی دەیڵێت هەر بۆ ئەوە ناویان دێنن، تا بە خوێنەر بڵێن ئەمانە دەناسین و بزانە چەند ڕۆشنبیرین ؟!

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4047 )ی ڕۆژی 2/4/2024 بڵاوكراوەتەوە.




ڕکابەری چین و هندستان.. عوسمانی حاجی مارف

ڕێکەوتنی هیندستان و ئیمارات، بەشدارە لە بەرزکردنەوەی چانسی پێشکەوتنی پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، کە لەچوارچێوەی ستراتیژی فراوانی ئیدارەی جۆ بایدنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەری چین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، جێگیربونی چین بووەتە واقعێکی حاشا هەڵنەگر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمریکاش بەدوای هەلی ڕوبەڕوبونەوەیە لە ڕکابەری بەرامبەر پرۆژەکانی چین. سەرهەڵدانی بەرچاوی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سنووری ئابووریدا ناوەستێت، بەڵکو لەم دواییانەدا درێژبووەتەوە بۆ لایەنی سیاسی، ئەمەش لە ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری پەکین دەرکەوت، نێوەندگیریەک کە چینی بەڕکابەرێکی گەورە لەسەر شانۆی جیهانی لە بەرامبەر ئەمریکادا نیشاندا.
هەرچەندە ئەمریکا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بێباکیەکی ڕونی لە پاراستنی پەیوەندی و نفوزی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشانداوە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی گرنگیە جیۆپۆلەتیکی و ئابووریە زەبەلاحەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ململانێ لەگەڵ چین بووە هۆی ئەوەی ئیدارەی بایدن بیر لەو ستراتیژە بکاتەوە، کە پڕۆژەی “ڕێڕەوی ئابووری” وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی لەبەرامبەر، دەستپێشخەری “پشتێن و ڕێگاوبان”ی چینی ببینێت، کە دواجار دەبێتەهۆی دروستکردنی زنجیرەی نوێی دابینکردن بۆ ئەوروپا، کە پشت بە هیندستان دەبەستێت لەبری پشتبەستن بە چین، بۆیە ئیدارەی بایدن دەیانەوێت بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ دۆخەکاندا بکەن.
لە ڕۆژی سێشەمەی ١٣ی شوبات، هیندستان و ئیمارات ڕێکەوتنێکی چوارچێوەیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی ئابوری نێوان هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا واژۆکرد، ئەو رێرەوەی پێشتر لە “لوتکەی گروپی G20” لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا راگەیاندرا، کە لە نیودەلهی بەڕێوەچووە.
هەرچەندە ئامانجە ئابووری و سیاسیەکانی ووڵاتانی بەشدار لە کۆریدۆرەکەدا هەن، کە بریتین لە بەرزکردنەوەی پەیوەندیی ناوچەیی و هاوکاری ئابووری، بەڵام سەرکەوتنی کۆریدۆرەکە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە دیمەنی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
بە سەرنجدان بەوەی کە بەندەری حەیفای ئیسرائیلی، پێشبینی دەکرێت دەروازەی سەرەکی ئەو کۆریدۆرە بێت، بۆیە لەگەڵ بەندەرەکانی باشوور و ڕۆژئاوای ئەوروپا، پەرەپێدان و تەواوکردنی ڕێڕەوی ئەو پرۆژەیە زیاتر پەیوەست دەبێت بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، یان لانیکەم گەیشتن بەڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەشی باکووری کۆریدۆرەکە، کە بەدەستهێنانی ئەمەش ئەستەمە، مەگەر بەڕێکخستنی دۆخی غەززەی دوای جەنگ دەکرێت کاری لەسەر بکرێت، شەڕی ئیسرائیل لەسەر غەززە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پڕۆژەکان، کەڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، کە وا دەکات جێبەجێکردنیان لە ماوەیەکی نزیکدا ئاسان نەبێت.
تەماحە ئابوورییەکانی هیندستان کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٦ ئەڵمانیا تێپەڕێنێت و ببێتە چوارەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا، پاڵی بە سەرۆکوەزیرانی هیندستانەوە ناوە کە قووڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیەکانی پەیوەست بە هاوردەکردنی وزەو هێزی کارە لە هیندستان.
گەشەی پەیوەندیەکانی چین لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی، هاندەری هیندستان بووە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی نیگەرانی هیندستان سەبارەت بە هەوڵەکانی چین بۆ درێژکردنەوەی کاریگەریەکانی لەڕێگەی ئەو بەندەرانەی کە دەڕواننە “دەریای عەرەبی و گەروی باب المندب” بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی، کە گرنگترین هێڵەکانی بازرگانی هیندستانە لەڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا.
ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو، لە ئێستادا گەورەترین بلۆکی هاوبەشی بازرگانیە بۆ هیندستان، بەهای بازرگانی دوو قۆڵی لە ساڵی دارایی ٢٠٢١-٢٠٢٢ گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی، هەروەها ئیمارات و سعودیە بوونەتە سێیەم و چوارەم هاوبەشی بازرگانی بۆ هیندستان.
لەناو وڵاتانی “ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو”دا بەتایبەتی سعودیە، ئیمارات و قەتەر، هەڵپەکانی “طموح” هیندستان دەنگی دایەوە، کە بە گرنگیدانێکی زیاترەوە سەیری هیندستانیان دەکرد، وەک بازاڕێکی گرنگی گەشەسەندو بۆ هەناردەکردنی وزە، هەروەها دابینکردنی پڕۆژەی هاوبەش کە لەگەڵ ستراتیژیەتی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت و گاز و گواستنەوە بگونجێت، بۆ وەبەرهێنانێکی زیاتر لە کەرتەکانی وزەی نوێبوەوە و تەکنەلۆژیادا.
وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی هیندستان بۆ کێبڕکێ لەگەڵ کاریگەری چینی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمپانیایەکی هیندی بەندەری حەیفای ئیسرائیلی کڕی، بۆئەوەی ببێتە بەدیلێک بۆ گرێبەستێکی هاوشێوەی چینی کە لەلایەن واشنتۆنەوە ڕاگیرا، کە هەوڵدەدات نیودەلهی بکاتە بەدیلێک بۆ پەکین. پێدەچێت واشنتۆن هەوڵی ئەوە بدات هیندستان وەک ڕکابەرێک بۆ چین لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت، کە نیودەلهی پەیوەندیە سەربازی و ئابووری و کارەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی دەپارێزێت.
کۆنترۆڵکردنی بەندەری “ستراتیژی” ئیسرائیلی حەیفا” لەلایەن هندستانەوە بەشێکە لە ستراتیژیەکی نوێی ناوچەیی کە هەوڵئەدات دەوری هەبێت بۆ سنوردارکردنی کاریگەری چین، لەلایەکی تریشەوە تێکەڵبوونی ئیسرائیل بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر دەکات.
لەژێرڕۆشنایی هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ گەمارۆدانی کاریگەریەکانی چین لە هەموو شوێنێک، هیندستان یەکێکە لە ئامڕازەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بە هەوڵدان بۆدیاریکردنی بەدیلێک لەبەرامبەر پەکیندا.
لەگەڵ باشتربوونی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ لەبەرڕۆشنایی خێراکردنی ئاسایبونەوە، دەرفەتی بازرگانی نوێ بۆ ئیسرائیل دەکرێتەوە، حەیفاش لە دۆخێکی باشدایە بۆئەوەی گەشە بکات بۆ ناوەندێکی ناوچەیی و ئیستغلالکردنی شوێنی ستراتیژیی خۆی کە ڕکابەری میسر و کەناڵی سوێس دەکات
بۆیە بوونی کۆمپانیاکە لە ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ زیادبوونی بازرگانی دەریایی لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا و هەوڵەکانی نیودەلهی بۆ ئەوەی ناوەندێک لە دەریای ناوەڕاستدا هەبێت، بەندەری حەیفا نزیکەی ٥٠٪ی سەرجەم کاڵای ئیسرائیلی لێوە دەگوێزرێتەوە.
بەندەری حەیفای ئیسرائیل لەڕوانگەی ستراتیژیەوە بە چەند هۆکارێک بە گرنگ دادەنرێت، دیارترینیان لەبەرئەوەی دەکەوێتە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست وەک گۆڕەپانێکی گرنگ بۆ بازرگانی نێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. هەروەها بەندەری حەیفا دەستگەیشتنێکی خێرا بۆ شارە گەورەکان و ناوەندە پیشەسازیەکانی ئیسرائیل دابین دەکات، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی کارامەی کاڵا و سەرچاوەکان.
خاوەندارێتی هیندستان لە بەندەری حەیفا ئەگەری ئەوەی هەیە بێتەهۆی ئاڵوگۆڕی زیاتری کاڵا و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانی دارایی لەنێوان هیندستان و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا، ئەمەش ئابووری هیندستان بەرزدەکاتەوە.
هیندستان لەگەڵ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی بەندەری حەیفا، دەتوانێت پەیوەندیەکانی بە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا باشتر بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک و کاڵا و سەرچاوەکان لە نێوان ئەو ناوچانەدا ئاسانتر هاتوچۆ بکەن.
کۆنترۆڵکردنی بەندەری حەیفا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیندستان سوودێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمەش ئاسایشی دەریایی بەرز دەکاتەوە و ڕێگەی پێدەدات بگاتە ڕێڕەوی کەشتیوانی گرنگ، هاوشێوەی هەوڵەکانی چین.
ئیمارات بزوێنەری سەرەکی ئاسایکردنەوەی وڵاتانی عەرەبیە لە ناوچەکەدا، لەبواری هاوکاری ئابووری و بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا لەگەڵ تەلئەبیب دانوستانی چالاک ئەنجام دەدات و لەهەمانکاتدا پەیوەندیەکی نزیکیشی لەگەڵ پەکین هەیە.
ئەمریکا هەوڵدەدات یەکگرتنی ناوچەیی لەنێوان هاوبەشەکانیدا بەرزبکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی بڕی ئەو سەرچاوانەی کە ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجیان دەکات، لە درێژخایەندا بەبێ ئەوەی بەرژەوەندیە سەرەکیەکانی خۆی بکاتە قوربانی. بەهێزکردنی یەکگرتنی ناوچەیی یەکێکە لە پایەکانی ستراتیژی نوێی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمە جگە لە پاراستنی هاوبەشی ناوچەیی و ڕاگرتن و کەمکردنەوەی گرژیەکان و هەوڵدان بۆ ئارامبونەوەی دۆخی سیاسی ناوچەکە.
پێشنیاری ئەمریکا بۆ بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێڵی ئاسنین، پەیوەستە بە دەستپێشخەری “هاوبەشی بۆ ژێرخانی جیهانی و وەبەرهێنان”، کە واشنتۆن و گروپی حەوت وڵاتی (G7) لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا ڕایانگەیاند، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی “دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا”ی چین، کە کاریگەری نێودەوڵەتی زیاتر بە پەکین دەبەخشێت.
هۆکارێک کەڕێگرە لە پێشکەوتنی پڕۆژەکانی “ڕێڕەوی ئابووری” لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم پڕۆژانە سەرکەوتوو نین لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و گرژیە بنەڕەتیەکانی ناوچەکە، ئەوەش ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێرانە، ئەو ڕاستیەی کە هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەوڵەکانی ئەمریکای پووچەڵکردۆتەوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی، لەلایەکی ترەوە ڕکابەری سعودیە و ئێرانە.
بەگشتی دوای چەندین ساڵ لە ناجێگیری دۆخی سیاسی ناوچەکەو ململانێی وڵاتانی زلهێزی دنیا و کاریگەریان لەسەر زیاتر وێرانکاری عێراق و سوریاو لیبیا و یەمەن و لوبنان، ئاراستەیەک لە ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕ لە دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هاتۆتە بەرەوە، کە ئەوە دەخاتەبەر ئەجندای نەخشەو سیاسەتی لایەنەکانی دەخیل لە ناوچەکەدا، کە لەدواشیکردنەوەدا پێویستیان بەوەیە بۆ دامەزراندن و جێگیرکردنی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و ڕکابەری نێوانیان، دەبێت دۆخی ناوچەکە سیمایەکی ئارامی و سەقامگیری سیاسی بەخۆیەوە ببینێت، بۆنمونە پەیوەندی و پرۆژەکانی “ڕێڕەوی ئابووری” و دەستپێشخەری “پشتێن و ڕێگا” کە ڕێڕەوێکی پێشڕەوی لە دامەزراندنی سەرمایەگوزاری چین و هندستان نیشان ئەدات، هەرچەندە کێبڕکێ و وەستانەوە لەبەرامبەر یەکتردا لەلایەن هەرلایەنێک لە پرۆژە ئابوریەکانیدا دەبینرێت، کە لەوێنەی ڕکابەری و بەرامبەرکێی ئەمریکا و هندستاو چین و روسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەردەکەوێت، بەڵام لە دواجاردا لە دامەزارندنی ڕێڕەوی ئابوری بەستنەوەی هندستان و چین و کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەوروپاوە، پێویستی بە دابینکردنی ئاسایشێکی پتەوە بۆ گواستنەوەو وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا، هەر بەم ئاراستەیەش ئەگەری کۆتاییهێنان بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکاتە پێداویستیەکی حەتمی.




کۆرتەیەک لە سەر چەمکی شۆڕش: ئێنقلاب.. سامان خضر محمد

‎شۆڕش چییە؟ شۆڕش ، گۆڕانێکی کەیفی و بنەڕەتییە، ئاڵوگۆڕێکی گەورە و بنەڕەتییە لە ژیانی کۆمەڵگادا. واتای شۆڕش لە کۆمەڵناسیدا، ڕووخانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کۆن و لەکارکەووتە و جێگرتنەوەیە بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نوێ و باوەڕپێکراوترە .

‎بۆ نموونە: شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا کە نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، شۆڕشێکی بۆرژوایی بوو. بۆئەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی کۆن کە ڕژێمی پاشایەتی بورپۆنی هێماکەی بوو لە ناوبرد و لە جێ ئەودا سیستەمی سەرمایەداری نوێ وپێشکەو توتر دانا.

‎شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕووسیە شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بوو چونکە بە لە ڕیشەکەندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری کۆن و بنیاتنانی کۆمەڵگای سۆسیالیستی نوێ کە گەورەترین گۆڕانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا مێژووی بەرەو پێشکەو تنێکی جیاوازدابرد. شۆڕش چینێکی حاکم دەبەزێنێت و چینێکی تر دەهیێنێتە سەر حوکم کە نوێنەرایەتی پەیوەندیی بەرهەمهێنانی پێشکەوتووتر دەکات. دەکرێت ئەوەش بلێین کە شۆڕش جۆرە حکوومەتێکی نوێ و باوەڕپێکراوتر جێنشینی جۆری پێشووی حکومەت دەکات..

مەسەلەی بنەڕەتی لەهەر شۆڕشێکدا پرسی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتییە. گرتنی دەسەڵات لە چینی حاکمی بەسەرچوو بە دەستی توێژ یان چینی پێشەنگ، لە هێما بنەڕەتییەکانی هەر شۆڕشێکە. شۆڕش گەورەترین شێوازی خەباتی چینایەتییە و ئەوە چین و توێژە پێشکەوتنخوازەکان کە لە ڕێگەی شۆڕشدا قوڵترین و بنەڕەتیترین گۆڕانکاری لە بواری ئابووری، ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا درووست دەکەن و سیمای بە تەواوەتی دەگۆڕن.

هەروەها چەندین جۆری شۆرش هەیەلەوانە شۆرشی بۆرژوازی،شۆرشی بۆرژوا دیمۆکراتیک ، شۆڕشی سۆسیالیستی و هتد.
بۆ دیاریکردنی جۆری شۆڕشی کۆمەڵایەت گرنگە بزانین هەر شۆڕشێک چ ناکۆکیەک چارەسەر دەکات، چ ئەرکێکی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات، چ چینێک لە دەسەڵات لا دەبات و چ چینێک لەڕیزی پێشەوەی ئەو شۆڕشدایە.

بۆ ئەوەی هەر شۆڕشێک بەدی بێت ، مەرجی بابەتی ( مەرجی شۆڕشگێڕانە ) و مەرجی هزری ( بوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ ) پێویستە .

شۆڕش ڕاپەڕینی جەماوەرییە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئێستا بگۆڕدرێت، لە قارەمانیەتیی ئەم یان ئەو تاکی تایبەتەوە یان ئەم یان ئەو گرووپ و حزبی سیاسیی دیاریکراوەوە سەرهەڵنادات. شۆڕشی وڵاتێک لە قۆناغی یەکەمی لەدایکبوونی مەرجە بابەتییەکان ژیانی کۆمەڵایەتیە.




گفتوگۆ لەگەڵ گۆرانیبێژ عزەدین شاهۆیی.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

گۆرانیبێژ عزەدین شاهۆیی: كلیپ كردن بۆ كارە هونەریەكانی هەر هونەرمەندێك گرنگە
گۆرانیبێژ عزەدین شاهۆیی: زۆر گرنگە گۆرانیبێژ ژەنیار بێت
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەندی گۆرانیبێژ عزەدین محەمەد سمایل ناسراو بە( عزەدین شاهۆیی)، لە 1970-6-1 لە گوندی ئیلنجاغی بچووكی ناوچەی قوشتەپەی شاری هەولێر لەدایك بووە، ئاشنابوونی بە هونەری گۆرانی بۆ سەردەمی منداڵی و سەردەمی هەرزەكاری دەگەڕێتەوە، لە ڕێگای ئێزگەی كوردی بەغدا گوێی لە گۆرانیە كوردیەكانی دەگرد هەرچەندە، زۆر جار ڕێگری هەبوو لە بنەماڵەكەی و كاریگەری كەلتووری هۆكارێك بوون بۆ كارەكانی.گۆرانیبێژ شاهۆیی لە ساڵی 2019 كۆمەڵێك گۆرانی لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی تۆمار دەكات و دواتر لە تۆڕی كۆمەڵاتیەتی فیس بووك بڵاوی دەكاتەوە و ئەوە بوو دەنگدانەوەیەكی باشی پەیداكرد، دوای ئەو دەنگدانەوەیە چەندین بەرنامەی تەلە فزیۆن و ڕادێۆیی ساز لەگەڵ سازكرا، شاهۆیی زیاتر كاری لەسەر بەرهەمە فۆلكۆریەكان كردووە كە هەوڵیداوە زیاتر ئیش لەسەر ئەو ئاوازە فۆڵكلۆریانە بكات كە ساڵانێكی دوور ودرێژە فەرامۆش كراون ودووبارە تۆماری كردۆتەوە بەڵام بە مۆسیقایێكی باشتر و بە دەنگێكی نوێ بەگوێی گوێگرانی ئاشنا كرد ئێمە لەنزیكەوە بە چەند پرسیارێك ئەم هونەرمەندەمان بەسەركردوە.

  • سەرەتا بابزانین چۆن ئاشنای هونەری گۆرانی وتن بوویت؟
  • ئاشنابوونم بە هونەری گۆرانی بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە كە لە منداڵی و سەردەمی هەرزەكاری لە ڕێگای ئێزگەی كوردی بەغدا گوێم لە گۆرانیە كوردیەكان دەبوو لەو تەمەنەوە هۆگر و گوێگری ئەو هونەرە بووم،بەهۆی بوونی بەهرەی دەنگ خۆشیم تێكەڵ بە ئاوازو گۆرانی بووم.
  • كامەن ئەو گۆرانیبێژانەی كاریگەریان لە سەرتۆدا هەبووە،یاخود بەدەنگیان سەرسامیت؟
  • گەورە هونەرمەندانی كورد زۆرن كە كاریگەریان لەسەر من هەبووە، بەڵام دەنگی چەند هونەرمەندێك جیاوازتر دەهاتنە بەرگوێم وەكو مامۆستایان حەسن زیرەك، ماملێ، محمد عارف جەزیری، عەزیز شارۆخ، كاوێس ئاغا…هتد بەرهەمەكانیان بوون بەهەوێنی بەهرەیی هونەریم.
  • لەسەرچ بنەمایەك تێكستی گۆرانییەكانت هەڵدەبژێریت؟
  • ئەو گۆرانیانەی تایبەتن بە خودی خۆم هەوڵم داوە ئەو هۆنراوانە هەڵبژێرم كە زیاتر لەگەڵ سروشت و كەسایەتی من گونجاو بێت لە هەمان كاتدا گرنگە هۆنراوەكان گوزراشت لەرەسانایەتی كوردی بكەن.
  • تا چەند كلیپكردن بۆ گۆرانیبژ گرنگە، ئاستی كلیپی گۆرانییە كوردییەكان چۆن دەبینی؟
  • بێگومان كلیپ كردن بۆ كارە هونەریەكانی هەر هونەرمەندێك بۆ بەرەو پێشچونیەتی لە بوارەكەدا گرنگە بەڵام زۆر جاریش گوزەران و باری داری كەسەكە دەبێتە ئاستەنگ لەبەر دەم كارە هونەریەكان، بۆیە كلیپ بە گرنگ دەزانم، ئاستی كلیپی گۆرانییەكوردییەكان باشن بەڵام مانای ئەوە نییە هەموو كلیپەكانیش باش بن.
  • بەرێزتان زیاتر لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان بەرهەمەكانت بڵاودەكەنەوە، كەمتر لە تیڤییەكان دەردەكەون هۆكارەكەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
    -لەوانەیە بەشێكی ئەو وەڵامە لای كەناڵەكان بێت …بەشەكەی تر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازە كلیپ كردنەی من كە كردوومە بۆ كارەكانم و جگە لەخودی خۆم هیچ كەسێكی تر لە كلیبەكانم نمایش نەكراوناكرێن بۆنموونە وەكو بەشداری كردنی ئافرەت …ڕەنگە لەی زۆرێك لە كەناڵەكان ئەوە مەرجی سەرەكی بێت ! بە داخەوە.
  • ئایا مەرجە گۆرانیبێژ ژەنیار بێت ؟
  • بەڵێ زۆر گرنگە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت و سەركەوتوانەتر دەتوانێ كارە هونەریەكانی باشتر ئەنجام بدات،لە هەمان كات دا هاوكارێكی باشی ژنیارەكان دەبێت،چ لە كاتی تۆماركردنی گۆرانیەكان یاخود لە كاتی سازدانی كۆنسێرتەكان بە شێوەیەكی زیندوو.
  • لە ئێستادا چەندین فۆرمی گۆرانی هەن بۆنموونە وەك ( ڕاپ) چۆن دەڕوانیت ئەم شێوازانە بەتایبەتی بۆ نێو كۆمەڵگای كوردی؟
  • بە بۆ چونی من ” ڕاپ” جۆرێكە لەو شێوازە هونەری كە نامۆیە و جێگای نابێتەوە لە چوار چێوەی مێژووی هونەری ڕەسەنی كوردی و شتێكی كاتی یە بەڵام هەندێ لە گەنجەكان حەزی لێدەكەن.
  • هیچ بەرهەمێكی نوێت لە هەگبەدایە؟
  • بەڵێ چەند بەرهەمێكی نوێم لەبەر دەستە و كاریان لەسەر دەكەم و بەو هیوام تەمەن ڕێگام پێبدات و ئەنجامیان بدەم بیخەمە بەر گوێی بیسەران.
    ناوی هەندێ لە گۆرانییەكانی هونەرمەند عزەدین شاهۆیی: گۆرانی “سیلەی چاو “هۆنراوەی م. قادری علیخا ئاواز ی ناسری كریمی،گۆرانی “گەڵای تەمەن “هۆنراوەی د. ژیلوان تاهیر ئاواز ی عزەدین شاهۆیی ،گۆرانی” ئاوێنەی ئەوین”هونراوەی ؛م. قادری علیخا ئاوازی عزەدین شاهۆیی ،گۆرانی” لە یادمی” هۆنراوەو ئاوازی كەمال یابە، گۆرانی “شەوی تاریك” هۆنراوەی حسێن شریف پەناهی ئاواز و وتنی عزەدین شاهۆیی ،گۆرانی “پەری شیعر” هۆنراوەی حسێن شەریف پەناهی ئاواز و وتنی عزەدین شاهۆیی.



ئوم فەهدەکانی کوردستان.. شوان عەباس بەدری

چوار ڕۆژ لەمەوبەر و لەناو جەرگەی شاری بەغداد ،بلوگەرێکی عیراقی بەناوی غوفران مەهدی سەوادی ،ناسراو بە “ئوم فەهد” ،لەبەردەم ماڵەکەی خۆی بە دەمانچەی بێدەنگ کوژرا و کووشتنەکەشی قسەو باسێکی زۆری لەدوای خۆیدا هێنا.
هەرچەندە کووشتنی ئەم خانمە شتێکی ئەوەندە گەورە و گران و گرنگ نەبوو و نییە بەلامەوە ،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شێوازی کووشتنەکەی و لێزانی کەسی بکوژ و نهێنییەکانی پشت کووشتنەکەی سەرنجی ڕاکێشام و لە کووشتنەکەی خودی خانمەکە گرنگتر بوو بەلامەوە.
بە واتایەکی تر هەموو کەسێک ڕەنگە بکوژرێت و هیچ نهێنی و بابەتێکی شاراوەی نەبێت کە وون بێت ،بەڵام لە کووشتنەکەی “ئوم فەهد”دا بابەتەکە تەواو پێچەوانەیەو بە تایبەتیش پێش کووشتنەکەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی چەندین نهێنی مەترسیداری لە کچە هاوپیشەیەکی خۆی کردبوو کە لەسەر پارە و شەوەسوورەکانیان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عیراق و بەتایبەتیش بەرپرسەکانی ناو دەزگا ئەمنییەکان، ناکۆکی کەوتبووە نێوانیان.
گەر بە وردی سەرنجی چۆنییەتی کووشتنەکەی بدەین و شارەزاییمان لە زانستی بەڵگەی تاوان و دەروونناسی تاواندا هەبێت ، ئەوا تێدەگەین کە کەسی بکوژ ،کەسێکی لێزان و پسپۆرە لە کارەکەیدا و بە ڕای من دوور نییە بکوژەکە ئەفسەر یا کەسێکی تایبەتی ناو دەزگا ئەمنییەکانی عیراق بێت ، بە تایبەتیش لە شێوازی ڕاو کردنی نێچیرەکەی ئەم ڕاستییەنەمان بۆ ئاشکرا ئەبێت.
بۆ نموونە ، بکوژەکە بۆ شاردنەوەی خەتەکانی لەشی جلی ڕەشی لەبەرکردووە و لە زانستی بەڵگەی تاواندا کاتێ بکوژ جلی ڕەشی لەبەردا بێت ،دەستنیشانکردنی خەت و دەرپەڕیوی یان بەژن ڕێکی و ناڕێکی کەسەکە کارێکی قورسە ، دووەم زۆر بە هێمنی ماتۆڕەکەی لە پشت دیوارێکەوە ڕادەگرێت بە بێ ئەوەی بیکوژێنێتەوە و بە هێڵێکی نیمچە بازنەیی بەرەوڕووی نێچیرەکەی دەڕوات تا دەکەوێتە ناو خاڵی کوێری ئاوێنەی شۆفێرەکە و لە کەمتر لە چرکەیەک پەلاماری دەرگای لای شۆفێرەکە دەدات و بە دەمانچەیەکی بێدەنگ “ئوم فەهد” ئەکووژێت ، سێیەم دوای کووشتنی نێچیرەکەی تەنها و تەنها مۆبایلەکەی دەبات و بە پەلە قەوانی فیشەکەکانی کۆدەکاتەوە تا بەم جۆرە تیمەکانی بەڵگەی تاوان لە ڕێی قەوانەکانەوە نەیدۆزنەوە ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەوەمان پێدەڵێت ئەم کەسە شارەزاییەکی باشی لە زانستی بەڵگەی تاوان و کاری تیمەکانی بەڵگەی تاوان و دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە، چوارەم بەبردنی تەنها مۆبایلی نیچێرەکەی لە کاتێکدا جانتاکەی کەسی کوژراو چەندین دەفتەرە دۆلاری تیا بووەو ئەو خشڵ و ئاڵتوونانەشی کە بە دەست و گەردنییەوە بوون نرخەکەیان چەندین دەفتەر دۆلار بووە ،ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە مەبەستی کەسی بکوژ دزی نەبووە ،بەڵکوو تەنهاوتەنها فەرمانی پێکراوە کە “ئوم فەهد” بێدەنگ بکات و مۆبایلەکەشی بێنێت لەگەڵ خۆی ، واتە هەموو نهێنی کووشتنەکەی ئەم خانمە لەناو مۆبایلەکەیدا بووەو بەڵگە و نهێنییەکانی ناو مۆبایلەکەی سەری خوارد تا بەم جۆرە ڕێگە لە ئابرووچوونی بەرپرسێکی پلە باڵای حکومی یان وەزیرێک یان سەرۆک حزبێک یان مەلاوعەمامە بەسەرێکی ناسراو یان پەرلەمانتارێک و ڕەنگە سەرۆک وەزیرانێکی عیراق بگیرێت.
بەهەر حاڵ بە کووشتنی “ئوم فەهد” ئەو نهێنییەش کە بریاربوو لە دژی کچە هاوپیشەکەی بڵاویبکاتەوە هەر وەک نهێنییەکانی تری ناو عیراق تائەبەد وون بوو و کووشتنەکەی هەموو ئەگەرەکانی بۆ درێژکردنی پەنجەی تاوان بۆ هەموو سیاسی و ئەفسەرە باڵاکانی ناو دەزگا ئەمنییەکانی عیراق بە کراوەیی هێشتەوە و ڕەنگە لە داهاتوودا کاتێ کارتی سیاسی یان ئەفسەرێک دەسووتێت بە کردنەوەی ئەم دۆسییەی کووشتنە نەیارەکانیان لێیان بدەن و تاوانی کووشتنەکە بخەنە ملیان کە پێشتریش چەندین کاری بەم جۆرە بۆ دەرپەڕاندنی سیاسی و ئەفسەرەکان کراوە.
گەر سەیرێکی دۆسییەی کووشتنی “ئوم فەهد” بکەین ،ئەوا تێدەگەین بە دەیان “ئوم فەهد” و هاوشێوەکانی لە کوردستاندا دەژین کە ڕەنگە ئەمانیش هاوشێوەی “ئوم فەهد”ەکەی بەغداد چەندین کەیسی تۆمارکراوی ئابرووبەر و مەترسیداری ئەم هەرێمەیان لابێت و ڕۆژانەش لە شوێنە گرانبەهاکان دابنیشن و پۆزی پارە و ئاڵتوون لێبدەن و لەناو خۆیشیاندا بە شانازییەوە باسی ئەوە بکەن کە چەندین بەرپرس و دەوڵەمەندییان لە خشتە بردووە و تۆماری سێکسی یان هەر نهێنییەکی دیکەیان لایە.
لێرەوە ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە کەس تاکو سەر ئازیز و شیرینی دەسەڵاتداره پلەباڵاکان نییە و تا ئەوکاتە گرنگیت کە لێت تێرنەبوون یان خود کاریان بۆ دەکەیت و کاتێ ئەو بەرژەوەندییە نەما یان بووی بە مەترسی ،ئەوا کووشتنت لە خواردنەوەی پەرداخێ ئاو ئاسانترە، باشترین نموونەش کووشتنەکەی “ئوم فەهد”ەکەی بەغایە کە بە یەک تەلەفۆن بازگەکانی هەڵدەگرت و ئەفسەرەکانی دەگواستەوە و نیمچە حاکمێکی فیعلی بەغا بوو ،بەڵام دواجار بە چوار فیشەک کرایە قوربانی وونکردن و شاردنەوەی نهێنییەکان و بێگومان ئایندەی “ئوم فەهد”ەکانی کوردستانیش لەو باشتر و جیاوازتر نابێت.




کتێبى مێژووی وەرگێڕان لە سەردەمی خەلافەتەکانی ئیسلامیدا چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبى مێژووی وەرگێڕان لە سەردەمی خەلافەتەکانی ئیسلامیدا، لە نووسینى دڵشاد کاوانییە. توێژینەوەیەکى زانستى مێژوویی مەعریفەى ئیسلامییە. لە لاى دەزگەى پڕۆژەى ئاگا چاپ و بڵاوکرایەوە.
ئەم کتێبە یەکەمین توێژینەوەى کوردییە لەمێژووى وەرگێران لە هەرسێ خەلافەتەکانى ئیسلامی ڕاشدیى و ئومەوی و عەباسی کۆڵیوەتەوە و زیاتر لە چل بەڵگەنامە و دەستنووسى زانایان و فەیلەسووفانى ئیسلامى خراوەنەتەڕوو.
باس لە بەرهەم و وەرگێڕان و داهێنانى سێ قۆناغى گرنگى زانایانى ئیسلامى دەکات. کە لە بوارەکانى پزیشکى و بیرکارى فەلەکناسى و کیمیاسازیى فیزیازانیی سەردەمى زێڕینى زانستگەرایى ئیسلامىدا لە قوتابخانەکانى جوندیشاپور و ماڵى حیکمە و تەرابلوس و ئەندەلوس و مەراکش و دیمەشق سەرتۆپى جیهان بوون و ڕۆڵى گرنگیان هەبووە.
دڵشاد کاوانى ڕایگەیاند: خوێنەری کوردی بە گشتی بە فەیلەسووف و زانایانی ئیسلامیی ئاشنانییە. بۆیە دوای سێزدەهەمین بەرهەمم، جیاواز لەکارەکانی پێشوو ئەمە دوا کتێبمە کە چاپ دەبێت، دەتوانم بڵێم قوڕسایی بەقەد کۆی کارەکانی پێشووترم بووە کە دەستم داوەتێ.
هەروەها گوتى: کتێبەکەم پێکهاتووە لە تووێژینەوە لە ژیان و بەرهەمی وەرگێڕدراوی سی و حەوت زانای مسووڵمان، لە سەردەمەکانی کۆتایی خەلافەتی ڕاشیدیی و خەلافەتەکانی و ئومەویی و عەباسی. لەگەڵ کۆمەلێک دەستنووس و زیاتر لە ١٠٨ پەڕاوێز و ١٣ سەرچاوی عەرەبی و ٨ سەرچاوی فارسی و ٥ سەرچاوەی ئینگلیزی. ٢ سەرچاوەی تورکیم بەکارهێناوە.




کۆمەڵە شیعری (ژیان بێدەنگ بە مردن قسە دەکات) بڵاودەکرێتەوە

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا کۆمەڵە شیعری (ژیان بێدەنگ بە مردن قسە دەکات)
لە نووسینی ئەمیر ئەمین چاپ و بڵاودەکاتەوە.

له‌باره‌ی ئه‌م کۆمەڵە شیعرە ئەمیر ئەمین دڵێت:
ئەم کتێبە دووەمین هەوڵی منە کە ماوەی دەساڵە کاری تێدادەکەم هەوڵم داوە لەشیعرەکانم دا هەموو شتەکانی چواردەورم ماناو دەلالەتی نوێ وەربگرن ودواجاریش هەموویان بچنەوە خزمەتی زمانی شیعرەوە ،کاری گرنگی شاعیر دۆزینەوەی فۆڕم و تەکنیکێکی جودایە لەوانەی پێش خۆی و سەردەمی خۆیشی ئەم شیعرانەش بەشێکی زۆریان سەربەو ڕیالیزمە واقیعییەن کە لەڕووی دروستکردنی وێنەی شیعرییەوە کارکردنی منی پێدادەناسرێتەوە،ئەم شیعرانە بەرهەمی ئەو جیاوازییە گەورانەن لەنێو دونیای ئەمڕۆماندا بەری دەکەوین.
هەمیشە هەوڵم داوە زمانێکی نوێ و ئەرکێکی نوێ بەشیعری کوردی بدەم تاچەند سەرکەوتوم لەمەدا ئەوەیان شیعرەکان و دواجاریش خوێنەر و ڕەخنەکارانی کوردی دەتوانن قسەی لەبارەوە بکەن ،بەڵام دڵخۆشم لانیکەم دۆزینەوەی زمانێکی تایبەتی شیعری لە پێشکار و هەوڵەجدیەکانم بووە ،
بۆبڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەش (نوسیار)م هەڵبژارد چونکە پێم وایە نوسیار ئاوڕێکی جدی داوەتەوە لە بەرهەمە ئەدەبی و فکریەکان و تایبەتتر شیعر ،هیوادارم ئەم کتێبە هەوڵێک بێت بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردن و جوانترکردنی زمانی کوردی .

پارچە شیعرێک لە کتێبەکەکە:
ئەوەى نەيهێشت كچێنى ئەم پێكەنينە
تاكوو ئەوسەرى بەهار بڕوات
بە بێوەژنى بە چوار فرمێسكى هەتيوەوە
گەڕانديەوە ناو خۆمان ژيان نەبوو؟
ئەوەى بە شمشێرى شەرەف گەردنى حەواكانى خەڵتانى خوێن كرد
ئادەمەكانى فێرى خوێن مژين كرد ژيان بوو .
گەر ژيان بيهێشتبا بەديار مەراقى بەهەشتەوە نەدەسووتام
بە ديار گڕى جەهەنەمەوە هەڵنەدەلەرزيم .

ئەم گۆزەى مردنە بەدەستى كچێكى قژزەردەوە شكا
بەناز لە كانى جوانى دەهاتەوە
لەو ڕۆژەوە مردن بوبە هەزار پارچە و
كچى قژزەرديش بووبە كانى !

لەبارەی شاعیرەوە:

ئەمیر ئەمین: شاعیر و شانۆکار لە ساڵی ١٩٨٧ لە سەیدسادق لەدایک بووە. یەکەمین کتێبی شیعریی بە ناونیشانی (من و تۆ بۆ لەدایک بووین) ساڵی٢٠١٤. خاوەنی چەندین خەڵاتی شیعرییە لە دیارترینیان خەڵاتی فەخری فێستیڤاڵی نالی بۆ شیعر، خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی گوڵەهەنار بۆ شیعر و خەڵاتی دووهەم لە بیست و دووهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ شیعر. بەرپرسی خانەی گەشبیری وەلی دێوانە و ئەندامی نێوەندی تەرا و ئەندامی تیپی شانۆی نالی و دەستەی دامەزرێنەری تیپی شانۆی موکریان و سەرپەرشتیاری (گروپی شەم) بۆ چالاکی ڕۆشنبیرییە لە سەیدسادق.




خەیاڵە سەربڕدراوەکان.. شیعری ستیڤان شەمزینی

لەم چاخە سۆزانییەدا
بڕۆن خۆشەویستی لەلای شێتەکان
لە ناو شێتخانەکاندا بدۆزنەوە
ئەگەر لەوێش دەستتان نەکەوت
وەرن بەلوعەی دڵی من بکەنەوە


پەنجەرەی ھەستمان
تەمی نیگەرانی گرتوویەتی
کەسێک نییە
بە ئاوریشمی خۆشەویستی بیسڕێتەوە
ئەوەی من دەیبینیم
لایلایە بۆ عەشق دەکات شیعرە
کە چەشنی باخ
دڵی خۆی بۆ گوڵێک دەکاتەوە
بڕۆن لە شیعرەکاندا
بە دوای خۆشەویستیدا وێڵ بن


زەمەن، زەمەنی ونبوونە
پیاوەکان لەناو ھەوری تووڕەییدا
ون دەبن
ژنەکان لە تونێلە تاریکەکانی کولتووردا
ون دەبن
منداڵەکان لەناو یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا
ون دەبن
کچەکان لە چاوی دەزگیرانەکانیاندا
ون دەبن
کوڕەکان بە دەم زریانی سەفەرەوە
ون دەبن
ئەوەی دەمێنێتەوە تەنھا خۆمم
لەنێو کتێبە قەبەکاندا بزر بووم


زەمەن، زەمەنی تەواو نەبوونە
شاعیرێک دەبینم
گریانی بۆ نانووسرێتەوە
نازانێت چۆن
قەسیدە گرینۆکەکەی تەواو بکات
ھەورێک دەبینم بە بارانەوە ئاوس بووە
ناتوانێ خەونی بارین تەواو بکات
خۆم دەبینم بە پەڕەمووچێکی سپییەوە
رۆژە رەشەکانی خۆم دەنووسمەوە
ھیچ کاتیش تەواو نابم لە نووسینەوە


خۆمم بۆ نادۆزرێتەوە
نازانم ئێستاکە لە کوێم!!
ئاوڕ بۆ ھەر لایەک دەدەمەوە
ھەر چیمەنی دڵتەنگییە
سەر بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە
ھەوری چڵکن ناھێڵێت خۆر نیگام بکا
تا گوڵە ھێرۆکان لە مندا بگەشێنەوە
چارم نییە بۆ دۆزینەوەی خۆم
دەبێت لە تۆدا
بە دووی خۆمدا بگەڕێم


چەند بێزارم لەم سەردەمە
پیاوەکان رووخساریان وەک دەریایە
دڵیان پارچەیەک کۆنکرێت
ژنەکان سیمایان وەک خۆرە
رۆحیان شووشەی شکاو
ئەوە بە تەنیا خۆمم
بە رووخسارێکی شێواوە
رۆحم، لەسەر مەرقەدی
خۆشەویستی دەگەڕێتەوە


ستیڤان شەمزینی




زۆر نزیکی لێم.. گۆرانی: خۆلیۆ ئێگلێسیاس.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: پشکۆ ناکام

زۆر نزیکی لێم
ئەمەوێ هەموو ژیانم
هەر نزیک بی لێم
ئەمەش ئاستەمە
چ بۆ تۆ،،چ بۆ من
چونکە :کەسێکی تر چاوەڕوانتە
زۆر نزیکی لێم
سبەی وادەی سەفەرتە
منیش ڕۆژگار
و
ژیانێکی بێ تۆ بەسەر بەرم
جۆن ئەتوانم..؟ نازانم
هەوڵی قسە کردن مەیە
فرمێسکەکانت لەسەر ڕوومەتم
هەموو شتێک
كە بکرێ بووترێ ،ئەڵێ
خۆشت ئەزانی
ئەمڕۆ لە دوێنێ
زیاترم خۆش ئەوێ ی

ئاخۆ بە بێ تۆ
ئەم ژیانە، چۆن بگوزەرێ

بۆ تەنها شەوێکی تر
ڕێ بە ببێ بەدوا خەونەکانی
نێوانمان،، بۆ ئەبەد
كە سبەی هات
ئیتر تۆ لێرە نەماوی
گەر چی لە خەوەکانا
زۆر نزیکی لێم

زۆر نزیکی لێم
سبەی کاتێ دەست ئەگێڕم
تەنها یەک شوێن خاڵیە
ماچی سەرینە چۆڵەکە ئەکام
تا ڕووخسارت ببینم
زۆر نزیکی لێم

من ڕزگارم کردیت
بەڵام تا ئەبەد
بەندی ناو دڵمیت
چونکە تاکە شوێنی
شایستەی تۆیە کە لێ ی بیت
زۆر نزیکی لێم
گەر سبەی ڕۆژیش نەهات
با نەیەت…
گەر لەگەڵما بیت
دونیا لە خولانەوە ناکەوێت

چۆن تۆ نزیکی لێم
منیش نزیکم لێت

ئەمشەو هی ئێمەیە
كە ڕۆشتیت
لە ساتەکانا…لە ڕۆژەکانا
خۆشەویستیم بۆت، بەردەوامە
لەبەر ئەوەی
هەردەم زۆر نزیک ئەبی لێم’
…..زۆر نزیکی لێم




لە ناوەڕاستی دێڕدا.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو ڕۆژەی کە لێک دابڕاین
هیچ هۆکارێکی پەیوەندیی
بەردەست نەبوو ..
بە دابڕانێک دابڕاین ،
ئێستا نازانم تۆ مردوویت
یان بووی بە سەرۆک وەزیران ..
نازانیت کوژراوم
یاخود بووم بە وەزیری کشت و کاڵ ..

ئەو ڕۆژەی کە لێک دابڕاین ،
تەنانەت شەماڵ خەوتبوو ،
هەواڵێکمان ئاڵ و گۆڕ کا ..
کۆتر بایکۆتی کرد بوو
نامە جۆرێ بوو له تاوان ..
ئێستا نازانم لە سوید داتکوتاوە ،
یان لە کۆشکی فیرعەونەکان ،
نازناوت نەفەرتیتیە ..
نازانیت بووم بە پێشمەرگە ،
یان لە مۆڵێکی چۆڵ و هۆڵ ،
لە پێنج مەتر فرۆشگادا ،
مانگی هەزار دۆلار دەدەم ..

ئەو ڕۆژەی هەواڵت نەما ،
خۆر گیرا بوو ..
ئاستی ئاوی بەنداوەکان
هەڵکشا بوون ..
له لایەک خەڵک ئەخنکان و
لە لایەک شایی لۆغان بوو ..
ئێستا نازانم چوویتەتە
کەناڵێکی ڕاگەیاندن
تەنها دەمت لەکاردایە ..
یان لە ئۆنلاین ،
کاڵای دەستی دوو ئەفرۆشی .
تۆیش نازانیت
ئێستا خانەنشین بووم و
دەروازەکانی دڵم ، شەبەکە و
باڵۆن دەست بەسەری کردوون ..
یان بووم بە خاوەن کۆمپانیا و
شەو نییە خەو
بە دۆلارەوە نەبینم

ئەو ڕۆژەی کە وونم کردیت ،
گڵۆپ و تەزووی کارەبا ،
لە شەڕدا بوون ..
دووربین ،
میکرۆسکۆب ،
زەڕەبین ،
بۆ خوێی چێشت دەست نەئەکەوتن ..
ئێستا نازانم هاوسەری
جوملە فرۆشێکی ڕێی چینی ..
یان لە باخچەی ساوایانا ،
لە ژووری گێلاس ،
گۆرانی بە ئینگڵیزی ئەڵێیتەوە ..
هێشتا مێردت نەکردووە ..
تۆیش نازانیت
لە ئاوی ئیجە خنکاوم ..
یان مامۆستای ناڕازیم و
زیندان نییە جنێوم
تیا نەخواردبێ ..

ڕۆژێ بوو ،
هیچ ئوتومبێلێ قومێ بەنزینی تیا نەبوو ..
سەوڵ و بەلەم لێک عاجز بوون ..
ئەسپ و عەرەبانە
شیر و تیریان لەیەک ئەسوو ..
لە هەموو پەیوەندییەکانا ،
دەیان بازگە دانرا بوون ..
نێوان مەفرەزەیەک و مەفرەزەیەک ، مەفرەزەیەک
لە سەنگەر و بۆسەدا بوون ..
سەدان چەکدار ،
یارییان بە پەلەپیتکەی
چەک ئەکرد و
چزووی مۆڕەیان ئەچەقاند
بە ڕووی هەر شتێ بجوڵێ ..
شتی تریش …

نەوزاد بەندی




پەلکە زێڕینەی چەماوە.. شیعری عارف کوردە

هەموو بەیانیەک
خەو..،
هەنجن..هەنجنم دەکات
شەو..،
بەپانایی زەوی
خۆیم پێدا ئەدات
خۆری بەهار دایهەزاندوم
هەنگاوەکانم شەکەت بوون
نوشتێ خەونی ئومێد
بەسپێدەیەکی سفرەی پڕ،
دەستم دەبات..
بۆ ناچەوانی لۆچ لۆچم
تا..بسڕنەوە..،
ئەو ئارەقانەی،
لەسەر مووژەم ئێشک ئەگرن
نەوەک..،
بەر بەخۆری چاوم بگرن
ڕێگە..،
بەدڵۆپێ باران نادەم
بەسەر ڕوخسارما تێپەڕێ
تاکو تامی نەکەم..
هەموو تەمەنم،
کردە نان و
چوو بەگەروی برسێتیدا
لێ نەمتوانی،
پێنووسێک بکەمە نێوان
دوو پنجەی قڵیشاوو
چرایەک،
لەژوورێکی تاریک پێبکەم
ئەم بەیانیەش..
وەکو،
هەموو بەیانیانەکانی دیکە
بەخامۆشی،
تەپوتۆزی کارگەکان
بەگەردنی شارەوە دەئاڵێن
پۆلێ قازووقوڵینگ
بەنێوان،
پەلکە زێڕینەی چەماوەدا..،
تێ ئەپەڕنو قیژەیان دێ.