سەردەمی جەنگ یان سەردەمی لاساییكرنەوە؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕۆمانی سەردەمی جەنگ، سەرگوزستەی خێزانێك دەگێڕێتەوە، كە هەر لە كۆچڕەوەكە بگرە، تا شەڕی ناوخۆ و دواتریش، قوربانی زۆر دەدەن و منداڵەكانیان ون دەبن و هەریەك لە باوك و دایك و كوڕەكەش، چارەنووسێكی نادیار دەیانگرێتەوە. بێگومان تیمەی ئەو ڕۆمانە وەك ڕووداو، لەژێر كاریگەریەتی و لاساییكرنەوەی ڕۆمانی ( دێو بەهمەن) نووسراوە. بڕوام وایە، نووسەری ڕۆمانەكە دێو بەهمەنی خوێنبێتەوە، چونكە هاوچوون و نزیكیەكی زۆر لە نێوان هەردوو ڕۆمانەكە، لە كەسایەتی و ڕووداو و وێنەو گێڕانەوەكان بوونی هەیە. بێگومان ئاسایە ڕووداوێك وەك تیمەی نووسینی دەقێك، لە زۆرتر لە تێكستێكدا ڕەنگبداتەوە و بەرجەستە بكرێت، وەلێ كاتێ وردەكاری ئەو ڕووداوە، هێنە هاوشێوە دەبن، بە جۆرێك كە نزیكییەكی زۆر لە نێوان هەردوو تیمەی دەقەكە هەبێت، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە، ئەمە دەبێتە جۆرێك لەلاساییكردنەوەو كۆپیكرنی خەیاڵ و بیرۆكەی نووسەرانی دیكە و داڕشتنەوەیان، لە فۆڕمێكی كەمێك جیاوازدا، وەك ئەوەی لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگدا دەبینرێت، ڕووداوێك بە تایبەتی ڕووداوی سیاسی و نەتەوەیی، بەو پێیەی ئێمە هەمیشە لە نێو نەهامەتی وكارەساتەكان ژیاوین، دەكرێ بەرجەستە بكرێت و لە ڕووبەرە گشتییەكەیدا، بەڵام سەرلە نوێ گبَڕانەوەی ئەو ڕووداوانە، بە كەمێك گۆڕانكاریی و دەستكارییەوە، نابێتە هۆی ئەوەی كاریگەریەتی و ئاستی لاساییكرنەوەی دەقی دووەم لە هی یەكەم جیابكاتەوە. لێرەدا بە كورتی لە بارەی ڕۆمانی سەردەمی جەنگ هەڵوەستەیەك دەكەین.
تیمە لە ڕۆمانی دێو بەهمەن و سەردەمی جەنگدا:
سەردەمی جەنگ، لە سەر زاری سەردەم فەریدونەوە، ڕووداوەكانی ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ دەگێڕێتەوە. گەرچی سەردەم دوای كۆڕەكە لە دایك دەبێت، بێگومان شەڕی ناوخۆش لە نێوان ساڵانی 1994 _1998 لە باشووری كوردستان ڕوویدا، كەچی سەردەم وەك گەواهیدەرێك بە سەر ڕووداوەكانەوە دەردەكەوێت. بنووسی ڕۆمان، لێرەدا ڕەچاوی زەمەنی ڕووداوە مێژووییەكانی بە زەمەنی تەمەنی سەردەم ودواتریش نەكردووە، ئەمە وێرای ئەوەی ڕۆماننووس باس لە شەڕی براكوژی یەكەم و دووەم دەكات، لە كاتێكدا شەڕی براكوژی لە كوردستاندا، یەك قۆناغ و سەردەم بوو، ئەگەریش لە براكوژی دووەم مەبەستی ئەوە بێت، دیسانەوە دروست دەبێتەوە، ئەوا كارێكە نابێ بە ناو ڕۆماننووس باسی بكات. سەردەم كوری فریدون بورهانە، بورهان ئەسعەدی باوكی، دوو كوڕی دیكەی پێشتر هەبوونە و تەمەنیان لە نێوان شەش ساڵی و دوو ساڵی دابوونە و هەردوو كوڕەكەی لە كۆچڕەوەكەدا ون دەبن و پاشان ئەم دوو كوڕە ( هەڤاڵ و كامەران) لەلایەن دوو خێزانی دیكەوە هەڵدەگیرێنەوە. نازداری خوشكیشیان، بەڕووداوی ئوتومبێل كۆچی دوایی دەكات. ونبوونی ئەم دوو كوڕە، برینێكی گەورە لە سەر دڵی ئەو دایك وباوكە فریدون و ئامینە ڕۆستم جێدێڵێت و سەرەنجام باوكیان بەو دۆخەو لە چاوەڕوانی شادبوونەوەی بە هەروو كوڕەكەیی و مەرگی نازداری كچی دەمرێت. سەردەمیش، دوای دابڕانی بۆ ماوەیەك و چوونی بۆ شاری ماد باكوور، پاش چڵ ساڵ ئەحمەد بورهانی مامی دەدۆزێتەوە و پاشانیش دەگەڕێتەوە لای دایكی و بە نائومێدییەوە ژیان دەكات و لە چاوەڕوانی ئەوە دایە، فریشتەی مەرگ بێت و ڕوحی بكێشێت. لەو ڕۆمانەدا، دوو حزبی (سارد) و (گەرم) بوونیان هەیە، لە ڕۆمانی دێو بەهمەنیشدا، كە پێنچ ساڵ بەرلەو ڕۆمانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە، حزبی (ئەی) و (بی) هەن. ڕۆمانی دێو بەهمەن، باسی ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ و كارەساتی سی و یەكی ئاب و ئاوارەبوونی حزبی ئەی بۆ سنوور دەكات، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، دیسانەوە ڕووداوی شەڕی ناوخۆ و و هاوكات گرتنی شاری ماد باشوور، لەلایەن حزبی گەرم و دەرچوون و ئابڵوقەدانییان لە سەر سنوور دەكات و دواتریش هێزی حزبی سارد، لە سەر سنوور بە هێڕەوە دەگەڕێنەوە و شارەكەیان ئازاد دەكەن، كە بێگومان ڕووداوەكان لێرەدا، سی و یەكی ئاب و چوونی هێزەكانی یەكێتی بۆ سەر سنوور و پاشان گەردەلوولی تۆڵەن. لە ڕۆمانی دێو بەهمەندا، برایەك لە حزبی ئەی بە دەستی براكەی لە حزبی بی دەكوژرێت، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، هەڤاڵی برازا، بەدەستی ئەحمەد بورهانی مامی دەكوژرێت، واتا هەمان دیمەن لە ڕەگی خوێن و خزمایەتی دووبارە بۆتەوە. لە ڕۆمانی دێو بەهمەندا، پیرەمێردێك لە كۆی پێنچ كوڕ، چواریان لە دەست دەدات و دەبنە قوربانی شەڕی ناوخۆ و بە تاسەوە، بە دوای كوڕەكەی دیكەیدا سەردانی شارەكەی دیكەی ژێر دەسەڵاتی حزبی نەیار دەكات، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، فریدونی باوكی سەردەم، دوو كوڕی لە كۆچڕەوەكەدا لێ ون دەبن و سەردەمیش بە نهێنی دەڕواتە شاری ماد باكوور و دوای ئەوەی فەریدەونی باوكی بۆ سۆراغی دەچێت و پێی دەڵێن كوڕەكەت نەماوە، دەمرێت. لە ڕۆمانی دێو بەهمەندا، بەشێكی گێڕانەوەكان لە ڕێگەی نامەوە دەخرێنەڕوو، لە سەردەمی جەنگیشدا، دیسانەوە دوو نامە لە نێوان ئەحمەد بورهان و سەردەمی برازای ئاڵوگۆڕ دەكرێن. لە ڕۆمانی دێو بەهمەندا، دیمەنەكانی بازگە، سەر سنوور، گرتن و زیندانیكردن، وێنە و ناسنامە و كۆپی بوونیان هەیە، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، هەمان ئەو دیمەنانە بە گێڕانەوەیەكی دیكە دووبارە بوونەتەوە، بە تایبەتیش كاتێ سەردەم لە كاتی چوونی بۆشاری ماد باكوور، لەلایەن یاساوڵانی بازگەكەوە دەگیڕێت و دەبردرێتە لای ئەحمەد بورهانی مامی، ئەویش دەیناسێتەوە. سەیر لەوەدایە، دوای چڵ ساڵ دابڕانی ئەو مام و برازایە لە یەكتری، زۆر بە ئاسانی ئەحمەد بورهان سەردەمكی برازای دەناسێتەوە، لە كاتێكدا لە تەمەنی نزیك بە شەش ساڵییەوە، دوای ئەوەی ئاشكرا دەبێت سیخوڕی بۆحزبەكەی تر دەكات، ماد باشوور جێدێڵێت. گاڵتەجاری لەو شێوەیە، كە كەسێك دوای چڵ ساڵ منداڵێك بە گەورەیی بناسێتەوە، تەنها لای ئەو نەوە خۆبەشتزانە هەیە، كە هەموو تەقەلایەك دەدەن ببنە ڕۆماننووس، كەچی ناتوانن تێكستێك بنووسن سنووری ڕۆمان ببەزێنێت، یاخو ڕۆمانێك دەنووسن، بێ ئاگا لەوەی پێشی ئەوان، كەسانی بە تواناتر و ڕۆماننووسی دیارتر نووسیویانە.

ناوی كارەكتەرەكان لە هەردوو ڕۆمانەكەدا:_
هەڵبەتە ناونان پرۆسەیەكی گشتییەوە دەشێ هەزاران كەس ناویان هاوماناو وەك یەكتری بێت، بەڵام نابێ ئەوەمان بیربچێت كە ناو، شوناسێكە بۆ ناسینەوەی هەر مرۆڤێك لە ئاستە كەسی و كۆمەڵایەتی و ناسنامەیەكەیدا، لێرەوەش دەكرێ لە دوو ڕۆماندا، ناوی كارەكتەرێك یان دوو كارەكتەر، وەك یەك و هاوشێوەبن، بەڵام كاتێ ناوەی كارەكتەرەكان، لە ڕۆمانی دووەمدا، هاوشێوەی كارەكتەری ڕۆمانەكەی پێشووە، ئەوا جگە لەلاساییكردنەوە هیچی ترە؟ لە ڕۆمانی دێوبەهەمەندا، كە شەش ساڵ، بەرلەو ڕۆمانەی ڕامیار محمەد بڵاوكراوەتەوە، ئەم كارەكتەرانە هەن:( شاهۆ، كامەران، بەهمەن، سەریاس، ڕۆستەم، براژن، بارام، ئەحمەد) لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا كەلەم ماوەی ڕابردوو بڵاوبۆتەوە، كارەكتەرەكانی ( سەریاس، ئەفسەر بەهمەن، كامەران، شاهۆ، ڕۆستەم، براژن، بارام، ئەحمەد) بوونیان هەیە. \ شوێن و دیمەنەكان لە هەردوو ڕۆمانەكەدا:
لە ڕۆمانی دێو بەهمەندا، چونكە ڕەنگدانەوەی شەڕی ناوخۆ و كارەساتی سی و یەكی ئابە، چەندین دیمەن و لۆكیشنی وەك (بازگە، ئەفسەر، سەر سنوور، شار، ڕەفتاری چەكدارەكان بەرانبەر خەڵك، ئوتێل، لێدان و ئەتككردن ) دەبینرێن، هەمان ئەو دیمەنانە تا ڕادەیەكی زۆر بە كەمێك وەسف و دەستكارییەوە، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیش بوونیان هەیە. بۆ نموونە: لە هەردوو ڕۆمانەكەدا، ڕەفتاری چەكدارەكان لە بازگەكان بەرانبەر بە خەڵك و كادیری حزبەكانی خۆیان دەبینرێت. ئەمە وێرای ئەوەی كە لەو نێوەندەوە، خەڵكی ئاساییش كراوەتەو قوربانی وەك شوفێری ئەو ئوتومبێلەی خەڵك بە كرێ دەگوازێتەوە، یاخود لە ڕۆمانی دێو بەهمەندا، بارامی سالە بەراز، ڕۆڵی سیخورێك لە نێو حزبەكەی بۆ حزبی بەرانبەر دەبینێت، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، ئەحمەد بورهان، هەمان ڕۆڵ و ئەركی هەیە. ئەمە وێرای ئەوەی كە لە ڕۆمانی دێو بەهەمەندا، باسی دیاریكردنی سنووری دوو ئیدارەیی وەك دەرهاوێشتەی شەڕی ناوخۆ دەكرێت، لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگیشدا، هەمان وەسف دووبارە بۆتەوە.

چەند هەڵەیەك لە ڕۆمانی سەردەمی جەنگدا:_
بێگومان زمانی دەربڕین و گوزارشتكردن، وەسف و وێنای ڕووداوەكان لەو ڕۆمانەدا، لەو پەڕی نا هونەریی و بێ هێزی دایە، كە دەریدەخات نووسەری ڕۆمانەكە، چەند هەژار و پەرپووتە لە ڕووی زمانی نووسینی ڕۆمانەوە، كە هونەركاریی و وردەكارییەكی یەكجار زۆری دەوێت. لەو سۆنگەیەشەوە لە پەراوێزی زمانی نووسینی ڕۆمانەكەوە، نووسەر كەوتۆتە هەڵەی زەقەوە وەك:_

  • ل 10 نووسیویەتی:_(لە سەرجێگەكەی خەوتبوو، بێ ئۆقڕە، شپرزە و هەناسەسوار) ئەگەر كەسێك ئەوبارە دەروونییانەی هەبێت، دەتوانێت بخەوێت.
  • ل 11 نووسیویەتی:( بە جەستە لەڕو لااواز و ئارەقاوییەكەی لە جێگاكەی هاتە دەر) بێگومان بارەكە لێرە دیارە كە سەردەم، لە نێو جێگەی خەوتن نەماوە، كە چی سێ دێڕ دواتر، بنووسی ڕۆمان بیری دەچێتەوە چی نووسیوە، ئەمجارەیان دەنووسێت.(بەتانییەكە نیوەی سەرەوەی داپۆشیبوو!) كەواتا نابێ سەردەم لە جێگەكەی هاتبێتە دەر.
  • لا 15 نووسیویەتی:_( سەردەم بە دایكی گوت كە شەهییەی ژەمی قوڕسی نییە، دایكیشی قاپێك هەنگوین و ماستی بۆ دانا) مەگەر هەنگوین ژەمی قورسە یان سووك؟
  • لا 18 نووسیویەتی:_( قۆڕییە كۆنە ڕزیوەكەی خستە سەر ئاگر) با لەوەگەڕێین كە قۆڕییەی چا، ئاسنە و ئاسنیش ناڕزێت، تەنێ دەپرسین ئەگەر ڕزیو بووە، چۆن بەرگەی خستنە سەر ئاگری گرتووە؟
  • لا 21 نووسیویەتی:_( خەمڵاندنەكانی ڕاست دەرچوون) نووسەری ڕۆمانەكە لێرەدا جیاوازی لە نێوان خەمڵاندن و پێشبینی نەكردووە، چونكە هەرگیز خەمڵاندن وەكو خۆی لە هەر شتێكەوە بێت ڕاست دەرناچێت، ئەی بۆ دەگوترێت خەمڵاندن؟
  • لا 32 نووسیویەتی:( لە قوتابخانە، دەم و لووتی سەریاسی بە هۆی دەمە قاڵێوە شكاند و لە سەر ئەوەش باوكیان بانگ كرد بۆ قوتابخانە) بێگومان لێرەدا دیارە كە باوكی سەردەم، ئاگادار دەكرێتەوە بەو شەڕەی كوڕەكەی، كەچی چوار دێر دواتر ئەمجارە دەنووسێت:( بەڕێوەبەر دەربارەی ئەو شەڕە، هیچی بە فریدون بورهان نە گووت) كە ئەمەش دووگێڕانەوەی پێەوانەی یەكترین
  • لا 76 نووسیویەتی:_( دەم و چاوی خۆی، بە نینۆك داماڵی بوو)، لێرەدا، نووسەر حیاوازی لەنێوان ڕنین و داماڵین نەكردووە، كە دوو واتای جیاواز لە یەكتریان هەیە.
  • لا 90 نووسیویەتی:_( كە ئەوان گەیشتن، جەستە مردووەكە لەوێ نەمابوو) سەرنج لەو جۆرە داڕشتنەی زمان بدەن؟ ئەمە مانای وایە، جەستەی كەسە مردووەكە، خۆی ڕۆیشتووە! نازانم كەسێك شارەزایی لە داڕشتن و بەیەكەوە نانی ڕستە نەبێت، چۆن بوێری ئەوەی هەیە ڕۆمان بنووسێت؟

    • لا 91 نووسیویەتی:_( لێكۆڵینەوەیەكی درشت) لێرەدا، باس لەو لێكۆڵینەوەیە دەكات كە بۆ كوشتنی نازدار كراوە، بەڵام ئایا لێكۆڵینەوە كردن، لە هەر تاوانێك بێت، بە وردی دەكرێت یان بەدرشتی؟ لێكۆڵینەوەی درشت هیچ داهێنانێكی تێدایە.

  • لا 136 نووسیویەتی:_( لەو ڵاپەڕەیەدا، هەڵەیەكی زەق كراوەوە نووسەری ڕۆمان لێی بێ ئاگابووە، ئەویش ئەوەیە كە كاتێ ئەحمەد بورهان ون دەبێت، بورهان ئەسعەدی باوكی دەچێتە لای فریدون ئەسعەدی برای، تا هەواڵەكەی پێ بدات، كەچی ئەوەی لێرەدا وەڵام دەداتەوە، سەردەم فریدوونە، نەك فریدوون خۆی.)
    هەر لەدرێژەی گێڕانەوەی ڕووداوەكان، بنووسی ڕۆمان لە شوێنێكی دیكەدا، لەبارەی مەرگی باوكی دوو شێوەی جیاواز باس دەكات. كاتێ فریدون بورهانی باوكی سەردەم، بۆ سۆراغی سەردەمی كوڕی كە چووە بۆ شارەكەی دیكەی ژێر دەستی حزبی گەرم بە ڕێ دەكەوێت، لە بازگەی نێوان سنووری هەردوو شاردا پێ دەڵێن ( كوڕی چی؟ كوڕەكەت كوژراوە) ئیدی ئەو لە هەژمەتی ئەم هەواڵە دەمرێت، كەچی سەردەم لەنامەی دووەمدا كە بۆ ئەحمەد بورهانی مامی ناردووە، باس لەوە دەكات كە باوكی كەس نەیكوشتووە، بەخۆی مردووە! ئەمەش جۆرێكە لە بێ ئاگایی لە كردەی گێڕانەوە. وێرای ئەمانەش درێژدادڕیی، هەڵەی زمانەوانی و بابەتی زۆرتر هەن لە ڕۆمانەكەدا. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم كە سەردەمی جەنگ، لاساییكردنەوە و كۆپیكردنەوەیەكی زەقی ڕۆمانی دێو بەهمەنی محمەد كەریمە، هەر خوێنەرێكیش بڕوای وایە من هەڵەم، یان نووسینەكەم دروست نییە، سەر پشكی دەكەم بچێت هەردوو ڕۆمانەكە بخوێنێتەوە و بەراوردی یەكتریان بكات!

—————————————-

پەراوێز: سەردەمی جەنگ، ڕۆمان، نووسینی: ڕامیار محمەد، بڵاوكراوەی كورد ڕاوم _ 2023
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە ( 1304 ) ڕۆژی 21/12/2023 بڵاوكراوەتەوە.




کۆمۆنیزمی بۆرژوایی و میتۆدی مارکس!.. و.سابیر

ڕۆژی ٥ / ٥ / ١٨١٨ ڕۆژی لە دایکبوونی کاڕڵ مارکسە ، کە خۆی لە خۆیدا لەدایکبوونی میتۆدێکی شۆڕشگێڕانەی خەباتی بەردەوامە دژ بە سەرمایەداری .
مارکس خۆی مردووە وەک لاشە، بەڵام میتۆدی بیرکردنەوەی لەسەر تاسەری جیهاندا هەمیشە زیندووەو ، ڕوو لەبەرزیەو بۆتە تارمایەکی زۆر ترسناک بۆ خودی بۆرژواکان و دەسەڵاتەکانیان لەسەرتاسەری جیهاندا .
یەکێک لەو خاڵە بنەڕەتیانەی کە پەیوەندیان بە میتۆدی مارکسەوە هەیە بۆ لێکدانەوەو ڕەخنە گرتن لە جیهانی سەرمایەداری و سیستەمی بەرهەمهێنان وە جێگاو ڕێگای کۆمەڵگاکان ، ئەوەیە کە میتۆدی خەباتکارانەی ئەو تەنها وابەستە نیە بە ئاین و دژایەتی ئاینەوە .
جێگاو ڕێگای کۆمەڵگاکان لە پڕۆسەی خەباتی چینایەتیدا ، لەسەر بنەمای کۆمەڵگای سۆکۆلاریستی و زانست پەروەرەکان وە کۆمەڵگای ناسۆکۆلاریست و ئاینی و ەدژ بە زانست ، دەستنیشان ناکرێن و ناخەمڵێنرێن.
کۆمۆنیزمی مارکس لە پێناو سۆکۆلاریزە کردنی کۆمەڵگا نەهاتۆتە ئاراوە، کۆمۆنیزمی مارکس لەبەرامبەر خودی ئاینەکان وە بەرەی دژ بە سۆکۆلایزم و دژ بە زانست نەهاتۆتە ئاراوە ، کۆمۆنیزمی مارکس دژ بە بنەما ئابووری و سیاسیانە هاتۆتە ئاراوە، کە بتوانێت ڕەگ و ڕیشەی چەوساندنەوەی چینایەتی و خاوەنداریەتی تایبەتی دەستکۆتا بکات، وە چینە چەوساوەکان و پڕۆلیتاریا لە سیستەمێکی چەوسێنەرانە دەربهێنێت ، کە ئەوانی کردووە بە کۆیلەیەک و کاڵایەک کە کڕین و فرۆشنیان پێوە ئەکرێت.
کۆمەڵگای سۆکۆلار و زانستخواز پێوەر نیە بۆ ئازادی و سەرفرازی چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگاو پڕۆلیتاریا ، بەڵکە بەپێچەوانەوە خۆی لە خۆیدا بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگای سەرمایەداریەو ، هەموو زانست و سۆکۆلاریزمێک بە قازانجی لێبڕاڵیزمی بۆرژوازی ئەچێتە پێشەوە.
وە تەواوی دەستکەوتە زانستی و عیلمانیەکان وە دیگیتاڵیزم و گەشەی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن و زیرەکی دەستکرد ..هتد لە ژێر چاودێری و بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی گەشەو کەڵەکەی سەرمایەو بەرژەوەندیە مۆنۆپۆڵیەکانی ئیمپریالیزمی جیهانی دەستنیشان ئەکرێن وئەچنە پێشەوە.
خودی جیهانی ئەمڕۆو دوێنێش هیچ کات لەسەر بنەمای دابەشکاری لە نێوان کۆمەڵگا ئاینی و کۆنەپەرستەکان وە کۆمەڵگای سۆکۆلار و زانستخواز و عیلمانیەکان دەستنیشان نەکراوە ، و لێکنەدراونەتەوەو وە لەسەر ئەو بنەمایە شیکاریان بۆ نەکراوە.
بەڵام بابزانی بۆچی کۆمۆنیزمی مارکس وە میتۆدی هزری مارکس لەلایەن کۆمۆنیزمی بۆرژوازی و بۆررژوا چەپەکان تەنها و تەنها لە چوارچێوەی ( ئاینداری و دژ بە ئاینبوون ) دا لێکدراوەتەوەو شێوێندراوە و ناوەرۆکی شۆڕشگێڕانەی هزرو میتۆدی مارکسیان ، گۆڕیوە بە لایەنگریکردن لە سۆکۆکاریزم و زانست و دژایەتی ئاین و وثیۆلۆگی ( Theology) ؟
وە ئایا ئەم باسە مانای ئەوە ئەگەیەنێت کە مارکس ڕۆڵی ئاینی بە باش و پۆزەتیڤانە ئەژمارکردووە ؟ بێگومان نەخێر ، لەلای مارکس ئاین ڕۆڵێکی خەفەکەرو سەرکوتگەری ڕوحیەتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لەبەرامبەر سەرمایەداری وە چینە داراکان ئەگێڕێت ، ڕەنگە یەکێک بێت و بپرسێت ئەی ئەوە نیە کە لە زۆربەی ڕێکخراوە جیهادیە ئاینیەکاندا وەک ئیسلام دژ بە داگیرکەران ئەجەنگن ؟! مەگەر ئەمە شۆڕشگێڕبوون نیە ؟! بێگومان ئەگەر بەدیدگاو هزری کەسێکی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانە بیربکەینەوە ، وە لەمەودایەکی تەسکی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیەوە بۆ وەدەستهێنانی ئیمتیازاتی زیاتر ، ئەو کاتە هێزێکی بەرهەڵستکاری بۆرژوازی لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و بۆرژوازیدا ئەم چالاکیانە بە شۆڕشگێڕانە لە قەڵەم ئەدەن یان ئەژمار ئەکرێن .
مارکس ڕۆڵی ئاین لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەبینێتەوەو ، وەک بەشێک لە سەرخانی بۆرژوازی سەیری ئەکات ، بە گۆڕینی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و کۆتاکردنی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی لەلایەن( دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا) وە زەمینە سازی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگا بەرەو سۆسیالیزم ، خودی ئاینیش زەمینەکانی مانەوەی خۆیان لەدەست ئەدەن .
زۆر جار قسەوباس و نووسینەکان لەسەر خودی شێواندنی هزری شۆڕشگێڕانەی مارکس کراوە ، هەروەک لێنین و بەڵشەفیەکانیش کردوویانە ، وە بگرە ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە زیندوکردنەوەی ئەم میتۆدە شۆڕشگێڕانەیەی مارکس و ئەنگلز.
هەروەها مێژووی خەباتی چینایەتی لە ئەوروپا و جیهانی پێشکەوتو وە سۆکۆلاری ، گەیشتۆتە ئاقارێک کە جاربۆجار کۆمۆنیزمی بۆرژوازیی و بۆرژوا چەپەکان هەنگاوی ژەهراوی زیاتر ئەنێن بۆ شێواندنی ئەم هزرە شۆڕشگێڕانەیە.
یەکێک لەو قوتابخانە میراتی و بەرچاوەکانی ئەمڕۆی جیهانی سۆسیال دیمۆکراسی مۆدێرن و سۆکۆلاریزمی ئەوروپا بریتیە لە EUL/ NGL (یەکێتی چەپەکانی ئەوروپا – چەپی سەوزی نۆردی) ، ئەم پێهاتە سیاسی و ڕێکخراوەیەی بۆرژوازی کە بەناوی مارکس و کۆمۆنیزمەوە قسە ئەکات ، ئەرکی سەرەکی مراندنی ئەو میتۆدە شۆڕشگێڕانەیەی مارکسە .
وە ئەوەی شایانی باسە ئەم ڕێکخراوە ئیمپریالیستیەو وە چەندین ڕێکخراوەی تر ، ئەرکی سەرەکیان ئەوەیە کە درێژە بە هەوڵێکی بێهودەی کۆنی خودی بۆرژواکان بدەن بۆ شێواندنی هزرو و میتۆدی مارکس ، هەر لەگەڵ ساتەوەختی هاتنە ئاراوەی ڕەخنە تێکشێنەرەکانی بۆ خودی بنەماکانی ئابووری سیاسی بۆرژوازی.
سۆکۆلاریزمی بۆرژوایی و دژ بە ثیۆلۆگی و ئاینەکان بەشێوەی جۆراو جۆر خۆیان نمایشکردووە ، وە بەشێکیان وەک بۆرژوا چەپەکان کە خۆیان بە میراتگری مارکس ئەزانن .
لە ئەوروپا و جیهانی پێشکەوتوی سەرمایەداری (سۆکۆلاریزم ) بووە بە پەرچەمی دژایەتی و ڕەگەزپەرستی ئاینی، وە هەڵاواردنی کەمایەتیە ئاینیەکان . وە سۆکۆلاریزم بۆتە هێلانەی هاوبەشی بۆرژوا لێبڕاڵەکان و بۆرژوا چەپەکان ، بنەماو پێکهاتەی سیاسی ئەو جموجوڵانەی کە بەناوی سۆکۆلاریزمەوە لە ژەوروپاو جیهانی سەرمایەداری پیادەئەکرێت، شایەتحاڵی
لەسەرەتادا ڕۆژنامەی دانیمارکی ( یۆڵاندس بوستن) کە پشت بە ئایدیۆلۆژیایەکی لێبڕاڵانەی خۆپارێزانەیە ( کۆنسەرڤاتیڤ ) وە سەر بە پارتی پارتی گەلی پارێزگارە ، لە 30/ 9 ی ساڵی 2005 هەڵسا بە بڵاوکردنەوەی وێنە کاریکاتێریەکانی محمد وەک پێغەمبەری موسوڵمانەکان ، دواتر لە 10 ی کانونی دووەمی / 2006
ڕۆژنامەی نەرویجی بی ماگازیننێت وە ڕۆژنامەی ئەڵمانی دی فێڵیت ، کە ئەویش سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکی لێبڕاڵانەی خۆپارێزانەی کۆنسەرڤاتیڤە ، وە ڕۆژنامەی فەڕەنسی فڕانس سۆیر و شارڵی ئێبدۆ کە سەر بە ئایدیۆلۆژیای ( بۆرژوا چەپەکانە ) لە ساڵی 2006 ، وە گەلێک ڕۆژنامەی تریش وێنەکانیان جارێکیتر بڵاوکردەوە.
میتۆدی کاکردن لەسەر برەودان بە سۆکۆلاریزمی بۆرژوازی ، هەوڵێکی سۆسیال دیمۆکراتیانەی ڕیفۆرمیستانەیە ، بۆ بنیاتنان و هێنانە ئاراوەی زەمینەکانی یاخود پێشینەکانی گواستنەەی کۆمەڵگای سەرمایەداری ، بەرەو کۆمەڵگای سۆسیالیستی .
ئەم جۆرە نەخشەسازیە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا ، لەسەر بنەمای دژایەتی ئاینەکان و ثیۆلۆگی بە شێوەیەکی گشتی هیچ پەیوەندیەکیان بە میتۆدی مارکسەوە نیە، بەڵکە هەوڵێکی ژەهراویە بۆ گۆڕینی کۆمۆنیزمی مارکس بە کۆمۆنیزمێکی بۆرژوازیانە .
هەوڵێک کە بێهوودە تەواوی ستراتیژیەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و جیهانی و دامودەزگا مێدیایی و موخابەراتەکانیان وە هۆڵیوود لەسەر ئەوە کۆکن ، کە پێویستە دژایەتی کۆمۆنیزم بکرێت ، دژایەتیەکی فێڵبازانەی سۆسیال دیمۆکراتیانە ، دژایەتیەک کە کار لەسەر شێواندن و لە گۆڕنانی میتۆدی مارکسە ، وە تەنها مرۆڤایەتیان خستۆتە بەردەم چەندین لێکدانەوەی جیاواز لە تێڕوانینی نادروست لەسەر تێگەیشتن لە میتۆدی مارکس ؛ بەتایبەت لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆ* ساد کار لەسەر دوو تەوەرە ئەکات ، یەکەمیان : مارکس مولحیدەو دژایەتی تەواوی ئەو کەسانە یان ئەو کۆمەڵگایانە ئەکات کە باوەڕیان بە ئاینەکان وەک ئیسلام هەیە . دووەمیان : مارکس جوولەکەیەو دژایەتی هەموو جوولەکەکان ئەکات . تێکەڵکردنی تێڕوانینی مارکس لەسەر ئاین و ەڕۆڵی لە خەباتی چینایەتیدا ، بە مەسەلەی دژایەتیکردنی ئەو جەماوەرەی یان ئەو کۆمەڵگایانەی کە تیایاندا ئاینێکی دیاریکراو زاڵە ، تەواو بدعەیەکی بۆرژوازیانەیە.
هەروەها تێڕوانینێکی کوشندانەی تر بۆ شێواندنی میتۆدی مارکس ، ئەوەیە کە کۆمەڵگای سەرمایەداری لە ڕێگەی ڕیفۆرم و چاکسازی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی یان ڕێکخراوەو سەندیکاو نقابە پیشەییە جیاوازەکانەوە ، یان هەر مۆدێلێکی تری ڕێکخراوەی جەماوەری ، توانای ئەوەیان هەیە کە پێشینە گرنگەکانی گواستنەوە بەرەو کۆمەڵگای سۆسیالیستی فەراهەم بکەن .
ئێدوارد بڕنشتاین و کاڕڵ کاوتسکی سەر قافڵەی ئەم جۆرە لە تێڕوانینە ژەهراویانە بوون ، بۆ شێواندنی میتۆدی مارکس ، وە بۆرژوا چەپەکان و سەوزەکان و یەکییەتیەکانیان زادەی ئەم جۆرە میتۆدە بۆرژوازیەی سۆسیال دیمۆکراسیەن ، کە خۆی لە خۆیدا بۆتە سەرخانێکی فیکری پێویست بۆ وڵاتانێکی ئیمپریالسیت ، کە توانیان دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و ڕەفاە دروستبکەن ، لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایەیەک کەلە وڵاتانی هەژارو و ناوچەکانی تری جیهانەوە ، لە ڕێگەی داگیرکاری و شەڕو چەوساندنەوەو دەستگرتن بەسەر سەرچاوە گرنگە سروشتیەکانی کەرەسەی خاوو نەوت و سووتەمەنی و گازو هەروەها دەستگرتن بەسەر شوێنە ستراتیجیەکانی بازرگانی وە ئەمنی و ئابووری جیهانی .
بۆرژوازی جیهانی و ئەمریکا ، دامودەزگا موخابەراتی و مێدیاکانیان وە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانیان وە سیستەمی پەروەردەو فێرکردن و …هتد لە سەر ئەم سێ تەوەرە سەرەکیە کاری بەردەوامی خۆیان درێژە پێئەدەن ، وە وەک ئەرکێکی سەرەکی خۆیان لە ناوچەکانی بەناو ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان لە ئەستۆ گرتووە .
یەکێک لەم بلۆکە ڕیفۆرمیستیە باوانەی کە توانیان میتۆدی مارکس بشێوێنن ، وە ببن بە لایەنگری ئاینەکان و لە مەراسیم و بۆنەکانیاندا بەشداری ئەکەن وە کاری هاوبەش لەگەڵ خودی بۆرژوا تائیفی و قەومیەکان و مەزهەبیەکان ئەکەن ، سەرهەڵدانی ستالینیزم وەک ڕیفۆمیزمێکی چەپی شەعبەوی و میللی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە ، کە لە حیزبە بەناو شیوعیە تەقلیدیەکانی وەک ح. ش.ع دا بەرجەستە بۆتەوە.
هەروەها ڕەوتێکی تری سۆسیال دیمۆکراتیانەش کە میتۆدی خەباتکارانەی مارکسیان شێواندووە ،وە لەو ناوچانەدا سەریان هەڵدا وە برەویان پێدرا بەدوای شۆڕشی ئێران ١٩٧٩ ، ڕەوتی ( کۆمۆنیزمی کرێکاریە ) ، کە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە پێکهاتەی فیکری لێبڕاڵیزمی ئەوروپایی و میتۆدی بۆرژوا چەپەکانی ئەوروپا کە کار بۆ بە سۆکۆلاریزەکردنی کۆمەڵگای ناوچەکەو و دژایەتی کۆمەڵگا ئاینیەکانیان ئەکەن .
تا سەرمایەداری و چەوساندنەوەی چینایەتی شەڕو هەڵاواردن و بێمافی و سووکایەتی بە کەمایەتیە کۆمەڵایەتیەکان و هەڵاواردن لە نێوان میللەتان و ئاینەکان …هتد مابێت ، مارکسیش هەر زیندووە ، وە میتۆدی شۆڕشگێڕانەی مارکس زۆر لەوە بەهێزترە کە بۆرژوا چەپەکان بتوانن بیشێوێنن .

و.سابیر
٧/ ٥ / ٢٠٢٤




وێناكردن لە بۆشایی.. هونەرمەند سەردار سنجاوی خەیاڵی بۆشاییەكان دەگرێ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

مارسیل دۆشامپ دەڵێ هیچ شتێك خاوەندارێتی ناكرێ و رەسەن نییە، هیچ شتێكیش ناكرێ بدزرێ.
(1)
پڕ كێشەترین چەمك، چەمكی بۆشاییە! چونكە لە بۆشاییدا چییەتی دیار نییە، لە بۆشاییدا جیهان هیچ بوونێكی تایبەت بەخۆوە نابینێ، جگە لە ئاژاوە و سپێتی و شوێنی ماتەوزەی خەیاڵی و بیركردنەوەی نەدیتراو.
هونەری پڕكردنەوەی بۆشاییەكان چارەنووسی نێوانەكانە، نە ڕابردووی هەیە و نە داهاتوو، چارەنووسی بێ یادەوەرییە. بەو مانایەش خەیاڵكردنی هونەری بۆشاییەكان و بینین لەو تێگەیشتنەوە دێ، كە بۆشایی شوێنێكە بۆ هەڵبژاردنی تاقیكردنەوەكان.
لە هونەری خەیاڵكردنی بۆشایی گۆشەیەكی بەتاڵ هەیە، پاشان بە فیزیكیكردنی خەیاڵ، بینینی خەیاڵكراو! بێ ئەوەی پەیوەندییەكی دیاریكراو لەنێوانیاندا درووست بێت.
(2)
لە هونەری وێنەكردن لە بۆشایی، مرۆڤ نقومی سەیركردنی بابەت نییە. بە دوای ئەوەدا ناگەڕێ، كە جیهانی پێوەسف بكاتەوە! بەڵكو خەیاڵی خۆی لە سەیرورە و بەرهەمهێنانەوەی بینراودا تاقی دەكاتەوە. هونەرمەند سەردار سنجاوی هەوڵدەدات لە رێگای كردەی رووخێنەرانەوە لە وەسفكردنی بابەت، لە باوەڕی هاوبەش رابكات! نایەوێ قبوڵكراو بێ، شانازی بە خودێكەوە ناكات، كە سیستم تەواو بە خواستی خۆی لە قالبی داوە، هەمیشە لە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی بۆشاییە!
گۆرٍینی سیستم لە گۆڕینی پەیوەندی مرۆڤ بە خۆیەوە دەستپێدەكات، خوێندنەوەی خودە بە پێوەری خود، لەسەر ئەو بنەمایەوە هونەرمەند سەردار سنجاوی ماتەوزەكانی خەیاڵی بینراو بە فیزیكی دەكات، نەك نەخشەی لەبەرگیراو، جوگرافیا دەكێشێ نەك مێژوو، گەشت و كۆچ، نەك مانەوە و نیشتەجێبوون.
لە هونەری خەیاڵكردن لە بۆشایی و بەرهەمهێنانەوەی بینراو وامان لێدەكات لەنێوان شتەكاندا بیر لە شتەكان بكەینەوە. وەرگر لە هونەری خەیاڵكردن لە بۆشاییەكاندا لە هەر پنتێكەوە تەماشا بكات و بە هەر ئاڕاستەیەكدا بڕوات دەڕژێتە سنووری بیركردنەوە و پەیوەندییەكانی جوانی و تێگەیشتنەوە. بە كورتی هونەری خەیاڵكردن لە بۆشایی، مێژووی بێدەنگیی (هونەری تابلۆكێشان) دەخاتە ئەرشیفەوە و بەرەو نواندنی رووداوی دیتراوی جوولاو هەنگاو دەنێت.
پرسیار ئەوەیە، چ شتێك بۆشاییەكان لە مەودای بینراودا پێكەوە دەبەستێتەوە، كە هیچ پەیوەندییەكی دیاریكراویان لەنێواندا نییە؟
لە ڕاستیدا پێویستی جوانكاری و خەیاڵی هونەری بۆشایی و تێگەیشتن لە خەیاڵی بینراو، بیركردنەوەیە لە مەودا وردەكان، پارچە بچووك و لێكدابڕاوەكان، كە پەیوەندییەكی دیاریكراویان بە یەكترەوە نییە، كەچی بەیەكتریشەوە بەندن، ئەوە پێویستی ژیانە، مەودایەكە بۆ هەناسەدان، بۆ زیندوو مانەوە لە ژیاندا.
(3)
وەكچۆن بۆدلێری شاعیر بە زیندووكەرەوەی چەمكی خەیاڵ دادەنرێ. هونەری بۆشایی زیندووكەرەوەی بینینی خەیاڵ و تێگەیشتن و بەرهەمهێنانەوەیە. ئیتر جیهان ملكەچی دەلالەت و مانا نابێت، ملكەچی ڕێكخستن و پۆلێنكردن نابێت. هونەری خەیاڵكردن لە بۆشاییدا دەستبەرداری هەموو سیستەمێكە، كە تێیدا بە گوێرەی “یەك” و “فرە” تەماشای بوونەوەرەكان دەكات! چونكە نە فرەیە نە تاك، نە سەرەتای هەیە و نە كۆتایی، نە ئەسڵی هەیە و نە ئامانج، دژ بە دامەزراندن و ڕەگدانانە، دژ بە جوولەی گەشەسەندن و ئامانجەكەیەتی!. سنووری خۆی لە پڕكردنەوەی خەیاڵی بۆشایی، بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵكردن لە بۆشاییدا دەكێشێ و جیهانێك دیاری دەكات، تێێدا حەقیقەتی هونەر دەخرێتە نێو پەیوەندی بۆشاییەكانەوە، حەقیقەتی هونەر دەخرێتە نێوانەكانەوە، كە سەر بە پێكهێنەرەكانی نین. لێرەوە داهێنەر بۆ چێژ و خۆشی كار لە (مەودای جووڵە) و (خەیاڵكردن لە بۆشایی) ناكات، بەڵكو بەرهەمهێنانەوەی بۆشایی پێداویستییەكی زیندەگییە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




په‌پووله‌كانی شه‌و .. به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بێده‌نگ و له‌بیركراون: به‌م شه‌وه‌ (ده‌مژمێر هه‌شت و نیو)، منداڵێكم بینی له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامێك دانیشتبوو، سینیه‌كی له‌سه‌ر هه‌ردوو ئه‌ژنۆی بوو، خۆی گرژ كردبۆوه‌ و قه‌مسه‌له‌كه‌ی وه‌ك چه‌تر به‌سه‌ر سه‌ری خۆی دادابوو. من یه‌كه‌م جار نه‌متوانی بۆی ڕاگرم (چونكه‌ دیمه‌نه‌كه‌ گه‌له‌ك سه‌رنجی ڕاكێشام)، كه‌مێك له‌ولاتر وه‌ستام، ویستم بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئۆتۆمبێل، چونكه‌ شوێنی پێچكردنه‌وه‌ بوو، نه‌متوانی به‌گ بگه‌ڕێمه‌وه‌‌. فزولیه‌ت و په‌رۆشی وایان لێكردم، كه‌ بڕۆم و له ‌شوێنێكی دوورتر پێچ بكه‌مه‌وه‌ و بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای. ئۆتۆمبێله‌كه‌م (هه‌ر بارانیش ده‌باری) 100 – 150 مه‌ترێك دوورتر ڕاگرت و دابه‌زیم و چوومه‌ لای. وه‌ك په‌یكه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شۆسته‌یه‌ دانیشتبوو. سینیه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر چۆكی و قه‌مسه‌له‌كه‌ی كردبووه‌ چه‌تر و سه‌روسیمای به‌ ته‌واویی ون بوو. منیش ده‌ستێكم بۆ شانی برد و كه‌مێكم ڕاته‌كاند و بانگم كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌بوو، دڵم خورپه‌ی كرد. دوو سێ جاری دیكه‌ بانگم كرد و ڕامته‌كاند، ئه‌مجاره‌ زۆر به‌هێواشی كڵاوی قه‌مسه‌له‌كه‌ی لابرد و به‌ چاوی خه‌واڵووه‌وه‌ به‌ كزی وه‌ڵامی دامه‌وه‌: ((ها!)). من گوتم: (ئه‌وه‌ چ ده‌كه‌ی لێره‌ به‌م شه‌وه‌ و به‌م بارانه‌؟). گوتی: ((نانه‌قه‌یسی ده‌فرۆشم)). له‌سه‌ر نانه‌قه‌یسییه‌كه‌ پێنج هه‌زارییه‌ك و دوو دانه‌ هه‌زارییش هه‌بوو، كه بارانه‌كه‌ ته‌ڕی كردبوون و ڕه‌نگی په‌مبه‌یی تۆخی نانه‌قه‌یسیه‌كه‌یان گرتبوو. گوتم: (به‌م شه‌وه‌ بۆ ناچیته‌وه‌؟ كوا كێ به‌م وه‌خته‌ نانه‌قه‌یسی ده‌كڕێ؟)… گوتم: (ماڵتان له‌ كوێیه‌؟)، گوتی: ((له‌ گڵكه‌نده‌)). (ئێ باشه‌ كوو ده‌چیه‌وه‌؟)، ((ته‌كسی ده‌گرم)). ئینجا گوتی: ((با كه‌مێكی دیكه‌ ئیش بكه‌م، ده‌چمه‌وه‌. ئێمه‌ كرێچین، كرێیه‌كه‌مان 300 هه‌زاره‌، دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زارمان خڕ كردیته‌وه‌، په‌نجا هه‌زاری ماوه‌… داكم گۆتی ئه‌گه‌ر زیاتر ئیش بكه‌ی، بایسكیله‌كت له‌بۆ ده‌كڕم {به‌م قسانه‌ ئاگر له‌ جه‌رگم به‌ربوو}…)). منیش ڕاستییه‌كه‌ی پێم گوت: (ئه‌گه‌ر ماڵت نزیك بوایه‌ ده‌مبردیه‌وه‌). گوتی: ((نا، دوایێ به‌ ته‌كسی ده‌چمه‌وه‌)). گوتم: (دایك و باوكت ماون؟)، گوتی: ((ئا)). گوتم: (خوشك و برات هه‌ن‌؟)، گوتی: ((ئا، چوار خوشك و سێ براین)). گوتم: (تۆ له‌ هه‌موویان گه‌وره‌تری؟)، گوتی: ((نا، من له‌ هه‌موویان بچووكترم)). منیش پاش ئه‌م گفتوگۆیه‌ هیچی ترم نه‌گوت، پێنچ هه‌زارییه‌كم خسته‌ سه‌ر سینییه‌كه‌ و به‌جێم هێشت، ‌ئه‌ویش یه‌كسه‌ر، وه‌ك پیاوێكی به‌ ته‌مه‌ن گوتی: ((زۆر سوپاس، ڕه‌حمه‌ت له‌ داك و بابت)).

به‌ختیار محه‌مه‌د




ناساندنی کتێب/ نیگەرانی کۆتایی نەهاتووی کوردەکانی عێراق.. ئەرسەلان حەسەن

پێش ٣٦ساڵ فڕۆکەکانی عێراق کیمیاییان بەسەر شاری هەڵەبجەدا باراند. دەکرێت ئەم جینۆسایدە بەراوردبکرێت بەتاوانی فڕۆکەکانی نازی کۆندۆر لیژیۆن، کە لەنیسانی١٩٣٧ شاری باسکی گێرنیکای وێرانکرد. ڕۆژنامەنووس، بیاتریس دیلێز، بەمشێوەیە ئەم تراژیدیایە دەگێڕێتەوە.

بەرگی کتێبەکە

لە ساڵی ١٩٨٨، شەڕی ئێران و عێراق چووە هەشتەمین ساڵەوە. هەر دوو وڵات بڕستییان لێ بڕا. لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵێک پێشتر و لەدوا کردەوەی دووژمنایەتیدا، سەدام کە خۆرئاوا و سۆڤیەتی بە سەنگەرێک لەبەرامبەر ئیسلامگەراییان دەزانی و چەکییان بۆ ڕەوانە دەکرد، بەرپرسیاری “چارەسەر کردنی پرسی کوردستان”ی بە ئامۆزاکەی علی حەسەن ئەلمەجید، ناسراو بەعەلی کیمیایی سپارد. ئەلمەجید بەپێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت ڕێککەوتننامەی ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید (١٩٤٨)، هەوڵیدەدا دانیشتوانی گوندە کوردنشینەکانی پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دۆڵی جافایەتی بەگازی خەردەل تۆپ باران بکات.

بیاتریس دیلێز

ڕۆژنامەنووس بیاتریس لە کتێبەکەیدا، “جینۆسایدی لەبیرکراو، دەنگی تووڕەی گەلی کورد”، بە هۆی تووێژینەوەیەکی مەیدانی تایبەت بە ڕاستییە بەڵگەدارەکان کە لەشایەتحاڵان و شەڕڤانانی پێشمەرگە وەرگیراون و پاڵپشت بەڕوانینی ڕەخنەییانە و نەخشەکان، باسی ئەم کارەساتانە دەکات.

مێژووی ئەرمینیا
بیاتریس دیلێز دەگێڕێتەوە چۆن ئەلمەجید ڕێدەدات “مهمات خاصە” لە هەڵەبجە و خورماڵ بەکاربێنن. ناوچەیەکی دانیشتوان ٥٥ هەزار کەس، لەسەرەتادا بەشێک نەبوو لە “ناوچە قەدەغە کراوەکان”، کە لەچوارچێوەی کۆتا چارەسەرکردنی پرسی کورد و بە پێی بڕیاری ٤٠٠٨ی پەسندکراوی حوزەیرانی ساڵی١٩٨٧، دەبوو لەڕیشەوە هەمووکێشە و گرفتەکانی ژیان تێیدا، چارەسەر کرابا.
ئەم بۆردوومانە ٥٠٠٠ قووربانی و ١٠ هەزار برینداری بۆ کردەوە بەدناوەکانی ئەنفال زیاد کرد. کردەوەیەکی وێرانکەر کە لەماوەیەکی کەمی زیاتر لە شەش مانگ بەکورتی ١٨٢ هەزار قووربانی لێکەوتەوە. بێگومان کوشتنەکە بەمەبەستی جینۆساید بووە. عێراقییەکان لاسایی تورکە لاوەکانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی (CUP) ساڵی ١٩١٥یان کردەوە، بۆ لەناوبردنی ئەرمەنییەکانی دانیشتووی ئیمپراتۆری پێشووی عوسمانی.
پرۆتۆکۆلی ساڵی ١٩٢٥ی جنێڤ، بەکارهێنانی ئەم چەکە قەدەغە دەکات، عەلی حەسەن ئەلمەجید، لە ٢٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٧، لەبەردەم دەسەڵاتدارانی حزبی بەعس بەشانازیییەوە دەڵێت: “تەنیا ڕۆژێک بەچەکی کیمیایی پەلاماری ئەوان (کوردەکان) نادەم، ١٥ ڕۆژ درێژە بەپەلاماردانیان دەدەم.”
نەئەمریکا، نەڕووسیە، نەفەرەنسە و نەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێویستییان نەزانی گچەکترین دەنگی ناڕەزایی چ لەدەستپێکی کردەوەی ئەنفال، لە بەهاری ١٩٨٧ و چ بەدرێژایی فراوان بوونی کردەوەکە لە ساڵی دواتر هەڵبڕن. دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC-CPI) نەیتوانی لەمبارەیەوە بڕیار بدات، چونکە تەنیا دەتوانێت بڕیار لەوتاوانانە بدات، کە دوای دامەزراندنی لە ساڵی ٢٠٠٢دا ڕوویانداوە.
بیاتریس دیلێز، کچە کوردێکی ٢٥ ساڵەی سنوور ناوی کردووەتە پاڵەوانی چیرۆکەکەی، کە بەگەنجی قووربانی کیمیاباران بوە و بەتێکچوونی ژێ دەنگییەکانی بەهۆی بۆنکردنی گازە کیمیاییەکان، کێشەی بەدروستی قسەکردنی بۆ دروست بووە. بەهۆی ئاسانکارییە وریاکانی، ئەم ڕۆژنامەنووسە دەمانباتە ناو خێزانی ئەم ژنە گەنجەوە. بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕای هۆکارەکانی زەبر و زەنگی، ئەوشوینەی پێش دەستپێکی باسکردنی یادەوەریی خۆی و نزیکەکانی، وشەی “هەڵاتن”، “خۆشاردنەوە” و “خەبات” وەک سەربەند دووبارە دەکرێنەوە.
یادەوەرییەکی پڕ لەڕووداوی بەئازار، لەوێ ترس، برسێتی، تێنەگەیشتن و نائومێدی بەیەکداچوون. ژیانێک کە بۆ هەمیشە داخی یادەوەری ئەم ڕووداوەیان پێوەیە، ئەو ڕۆژە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨، کاتژمێر ٢٢، کاتێک یەکەم فڕۆکەی مێک ٢٣ی دەستکردی ڕووسیە لە ئاسمان دەرکەوت و گورزە کوشندەکەی هەڵڕشت و بۆنی سێو کە تایبەتمەندی بۆمبی کیمیاییە، گەیشتە خەڵکی گوندەکە.
خاتوونی تووێژەر، لێهاتووانە وتوێژی نێوان ڕزگار بووان و باسکردنی ڕووداوەکان تێکەڵاو و لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٩، لەگەڵ خۆی دەمانباتە سووریە، دوورترین شوێنی باکووری وڵات. لەو سەردەمەدا، سەربازە عێراقییەکان ٣٩ کەس، ٢٥ مەسیحی و چواردە موسڵمانیان کووشت. بە بیانوی کەمی کات و ترسی گەڕانەوەی سووپا، بە پەلە لاشەکانیان لەگۆڕێکی بەکۆمەڵ و بە بێ ڕەچاوکردنی نەریت بەخاکسپارد. ئەمەش بابەتێکی دیکە بوو کە دەیسەلمێنێت ڕقی حزبی بەعس دژی کوردەکانی خوازیاری مافەکانیان، گەر پێویستبکات، چاوەڕوانی شەڕی عێراق و ئێرانی نەدەکرد تا خۆی دەربخات.

داوی نەوت
بیاتریس دیلێز، بیرمان دێنێتەوە ڕاگواستنی کوردەکان لەنێوان ساڵەکانی ١٩٦٩ تا ١٩٨٢، بەئامانجی بەعەرەبکردنی خاکەکەیان. بەتایبەت لە ساڵی ١٩٧٢، کاتێک حکومەتی بەعس درکی بەڕەهەندەکانی سامانی نەوتی شاراوە کرد لەژێر زەوی کەرکووک. پاشان، هەر بەڵێنێکی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کوردەکان و تایبەتمەندی نەتەوەیی و کەلتوورییان ڕەتدەکرێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٥٧، لە ٦٤٪ی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە و دوای ٢٠ساڵ، تەنها لە ٣٧٪ی بوون.
نووسەر، لەڕوانگەی خۆیەوە ئاماژە بە بەشێکی دیکەی کارەساتەکە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕووی داوە: کردەوەی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان کە زۆربەیان لەشاخەکانی شەنگال دەژین و داعش بە لەدین هەڵگەڕاوەی دەزانین. بەرنامەی تیرۆریستەکان بەهۆی هێزی پێشمەرگەوە شکستی هێنا. دوای شەڕێکی سەخت، ئەندامانی هاوپەیمانان توانیان پیاوان لە لەناوچوون و ژنان لە کۆیلایەتی سیکسی ڕزگار بکەن. بە کورتی، ٦٤١٧ ژن و منداڵ لەیەکەم ڕۆژی پەلامارەکە ڕفێنران و نزیکەی ١٣٠٠ ئێزیدی کووژران.
سنوور، لەگوێگرتن لەقسەکانی بیاتریس دیلێز فێری زۆر شت بوو کە باسی مێژووی ئێزیدییەکانی بۆ دەکرد. ئەو لە هەرێمی کوردستانی ئاڵۆز، دەخوازێت وەک هەر ژنێکی گەنج سەربەخۆ بژی.

  • دغدغە های بی پایان کردهای عرا ق- جان ميشل مورل
    orientxxi.info



کورتە چیرۆک\ خەون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

سەر لە بەیانی زوو قەپەنگەکەی هەڵداوە و دەرگای پەڕتووکفرۆشییەکەی کردەوە. هێمای (کراوەیە)کەی خستە سەر دەرگاکە و گڵۆپەکانی داگیرساند و چوو لەسەر کورسییەکەی خۆی دانیشت. سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، و هەمان ئەو پەڕتووکانەی بینی کە دوێنێ بینیبووی، کە هەمان ئەو پەڕتووکانەش بوون کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا و حەفتەیەک پێشتر و بگرە چەند مانگێکیشە لەسەر تاقەکان دانرابوون، تەنها تۆزی سەر پەڕتووکەکان گۆڕابوون. چەندین ڕۆژە دێت و دەرگایەکە دەخاتە سەر پشت، کەچی بۆ ئێوارەکەی وەکوو خۆی، بە گیرفانی خاڵییەوە دەچێتەوە ماڵەوە.
کەشوهەوا خۆش بووە، بەهار سەرەدیقانێیتی لەگەڵ زستانێ، تیشکەتاویش وەکوو خەنجەر پەنجەرەی پەڕتووکفرۆشییەکەی دەبڕێت و لەسەر چاوەکانی گۆران چڕ بوویتەوە، ئەویش لە تاوان چاوەکانی خۆی نوقاندبوون. یەکێک هاتە ژوورەوە و دوو دانە پەڕتووکی کڕیی، دوو سێ خولەک تێپەڕ نەبوو گەنجێکی باڵابەرز هاتە ژوورەوە و داوای (مێژووی ئەدەبی کوردی)ی دکتۆر مارف خەزنەداری کرد و مستێک پارەی لە چنگی گۆران نا. دایکێکیش، کە منداڵێکی پارچەڵەی لە دەست بوو، هاتە ژوورەوە و یەک دوو پەڕتووکی زانستیی کڕیی، چوو لە لایەک دانیشت و دەستی کرد بە خوێندنەوەیان. دوو سێ هەرزەکاریش هاتنە ژوورەوە و دەوری پەڕتووکەکانی نیچەیان دا و کەوتنە تاوتوێکردنی بیردۆزەکانی.
ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی سەیر بوو، هەر کڕیارێک دەچووە دەرەوە، دوو کڕیاری تری بەدوای خۆی دەهێنایە ژوورەوە. گۆران نەیدەزانی چی دەگوزەرێت، تەنێ ئەوڕۆ هێندەی یەک دوو مانگی ڕابردوو پەڕتووکانی فرۆشتووە. ئای، ئەوە ڕۆڵەی کوردە دەستی کردووە بە خوێندنەوە! ئای، ئەوە کوردە گوێی لە حاجی قادر گرتووە و ((بە شیر و خامە وڵاتەکەی پایەدار دەکات!))
گۆران سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، تاقەکان نیوەیان خاڵی ببوون، لە دڵی خۆیدا گوتی: (بەیانی هەر زوو هەڵدەستم و ئەو تاقانە دووبارە پڕ دەکەمەوە). دڵی گەلێک خۆش بوو، کەوتە بیرکردنەوە:‌ (دوو سەد لۆ کرێی دوکانێ، پەنجای لۆ مارێ، هەر چ نەبی حەفتەکی پێ بەڕێ دەکەین، ئەو چار سەدەی دەشمینێتەوە دەدەمەوە کاکلی خانی). ئۆخخەیەکی کرد و بۆ یەکەمین جار دوای دوو مانگان زەردەخەنە هاتە سەر لێوانی.
پیرەمێردێک هاتە ژوورەوە، و ئاماژەی بە پەڕتووکێک کرد کە لە تاقەی هەرە بەرزی پەرتووکخانەکە بوو، گۆران قاندرمەکەی هێنا و پلیکانە دوای پلیکانە بەسەر کەوت. لە تاقەی سێیەمین چاوی بە پەڕتووکی (مرۆڤ و دەوروبەر) کەوت، بزەی هاتێ و بیری کەوتەوە کە ئەوە یەکەمین شاکاری مەسعوود محەمەد بوو کە خوێندبوویەوە. کە گەیشتە تاقەی چوارەمین (زیندەخەو)ی فەتاح ئەمیریی بینی، ئای ئەوە کوردە وەکوو ئازاد و مەلیی متووی خوێندنەوەنە!
کاتێک کە گەیشتە سەری سەرەوە، سەیرێکی خوارەوەی کرد و چیتر پیرەمێردەکەی نەبینی، قاندرمەکەی ژێر پێشی هوردە هوردە بزر دەبوو، زۆری نەبرد بەخۆشی شڵپەی هاتێ و بەربووەوە. چاوەکانی کردەوە، خۆی قیت کردەوە و لەسەر کورسییەکەی دانیشتەوە، سەیرێکی تاقەکانی کرد، هەمووی تژی بوون لە پەڕتووک، ڕووی خۆی وەرگێڕا و سەیرێکی ئاوێنەکەی بەردەمی خۆی کرد، جگە لە ((عەکسی قەمەری ناو حەوزێکی لیخن))، هیچی تری نەبینی.


1- تاقە: ڕەف، تاقەکان:‌ ڕەفەکان




(بەشی دووەمی) مشتێ لە ئازارەکانی پریاسکەکە.. کەنعان مدحەت

وەک هەر خانەنشینێکی بەر بانکی هەرێم
دوانزە مانگە،
چاو لە ئاسمانم بۆ
خستنە تاقی بەزەیی خوا و
هەناردە بە ناو کراوەکانی ( گوایە)
بەڵکو قنگەچاوێ بە کوردە کەشیا بگێڕێ
نەبا ئەو دوودڵییە و کزە ئیمانەی پێ
ئەوەندەی تر تیاچێ و
قەت قەت
بەیەک نەگەینەوە!

لەسەر داوای هاوسێکەی سەرەوە
دادوەری ڕێ لە خۆ تێکدەری چاو لە خەڵاتی بابەنۆیل
وەک مەکینە تەراشی دیجتاڵ
سەر و ڕیش و
بڕۆ و برژانگی پیر و جاحێڵی تاشین
خۆشمان بە هۆی نوقڵانە و دەمچەوریی
سەروسەکوتی تێکشکاو و باری دەروونی،
بە زەوی سڕاومان…
پێ سەیر نەبو و
ناشبێ !!

ئێستا،
ئەو دەستکەوتەی لە شێوەی هەڵم
لوول لوول
لوولکراو هەڵکشا
وەک کێڵگەی جوتکراو و ئامادە
کاوێژە یادی خەلەی پار.. .. .. ئەکا

ئەمەیە وژە وژ و دەنگی درۆنی هاوسێ
نەشتکوژێ،
سوورە ماچێکی هەر پێیە
بۆ ڕووشانی حەیا و
ژێرخانی هەنوکە و سبە

کوانووی سڕ و ساردی گەوزاو، لە ناو خۆڵەمێشا..
تۆی لە ناو ناڕەزایەتی و قەرز و
کورتهێنانی کێشا..
لەو زار گرتن و زار هەڵدانەت چی
وا قفڵ دراوی،
بە درێژایی زنجیرە تەنکەری ئاودیوکراو
مارس هەڵدەی فریات نەکەون
بە براوەیی هەڵسیتەوە
تۆز کراوەتە گژ کورسی و
ئاو بە ژێر پێت..
لە خۆ هەڵخڵەفان و چا لە دوای چا هەڵدان
چیتر هەڵناکڕێنرێ

ئەوەی پینەوپەڕۆی دەکەی
هەر پلیکانێ و
دوند و
کچێنی شاخ نییە
ئەوە یەکەکانی بوون و
کەسایەتی، ڕانە گوێ ڕایەڵەکەیە!

نە پایز و
نەش زستانە
تەرزە بارینی ناتەباش
میوانی ئێستاو لەمە و دوای بێ جارانە

گلەییم لە تەق و پۆق و سروود.. بە هیج زانە
لەوانەی لە مەرگ و
ماڵئاوایی بە هەڵە تێگەیشتوون
وانەی،
بەرە ئەرێنییەکەی
لە ڕاپسکان..
بەتاڵ دەکەنەوە

ئەی تاکەی کێڵگەی قەرەبوو نەکراو
وێنەی هەور بکێشێ
هەور،
لە هەڵم و شێ..
بپاڕێتەوە
ئابرووی وشکایی بپۆشرێ؟




بێـلا جـەی دارک بچـووکـتریـن نووسـەری جیهـان.. رەزا شـوان

کچۆڵەی روخسارشیرینی بەریتانی (بێـلا جـەی دارک)ی تەمەن پێنج ساڵان، بچووکترین نووسەری ساڵی (٢٠٢٣) یە لە هەموو جیهانـدا، کە ناوی لە ژمارەی پێوانەیی فەرمی جیهانی “گـینس” تۆماراکـراوە. بێـلا جەی دارک لە رۆژی (٤/ یـۆلیۆ/٢٠١٦) لە شاری (وێـیـمـۆس) لە ویـلایـەتی دۆرسـت، لە ئیـنگـلـتەرا لەدایـک بـووە. بێـلا دوو ریکـۆردی پێـوانەیی جیهـانی گـینسی بەدەستهـێـنا. یەکـەم ریکـۆردی لە تەمـەنی پـێـنج ساڵـیدا، لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، وەک بچـووکـترین نووسـەری کـتێـب بۆ منـداڵان لە جیهـاندا. دووەم ریکـۆردی لـە تەمـەنی شـەش ساڵـیـدا، لـە کـۆتـایی سـاڵی (٢٠٢٣) دا، بەدەسـتـیهـێـنا، وەک بچـووکـتریـن نووسەری زنجـیرە کـتـێـب بۆ منـداڵان لە جیهـانـدا ناوی تۆمـارکرا.

دایـکی بێـلا نـاوی (چـێـڵـسی سـیـم) ە و تەمـەنی (٢٨) سـاڵە، شـێـفـێکی پـیـشەگەریی چێشتخانەیەکە. باوکی ناوی (مابـڵز دارکز) ە و تەمەنی (٣١) ساڵە، کرێکارێکی گەچە.
هەمـوو شـتـێک لـەو کاتەوە دەسـتیپێکـرد، کە لە رۆژێـکی ساڵی (٢٠٢٠)، بێـلا جەی دارک چـوو بـۆ لای دایـک و بـاوکی و بـەم قـسـەیـەی سـەرسـامـیانی کـرد، کـە وتی:
“بـڕیارم داوە کـتـێـبـێک بنووسـم”. دایک و باوکی پێیانوابوو ئەوە (یەکـێکە لەو شتە بێ بنەمایـانەی کە منـداڵان دەیـانـڵـێـن).
بەڵام ئەم خەون و بـڕیـارەی بێـلا جەی دارک، بوو بە راستی و هـێـنایەدی. توانی تەنها لە مـاوەی پـێـنج رۆژدا، چـیـرۆکـێکی جـوان و مەبـەستـدار بنووسـێـت. چـیرۆکەکەشیی لەژێـر نـاوی (پـشـیـلە ونبـووەکە) یـە. پاڵـەوانی چـیـرۆکـەکەی پـشـیـلەیـەکی بچـووکە.
پشیلە بچکـۆلەکە، سەرەکـێشی دەکات و شەوێـک بۆ گـوزەرکـردن بە شـارەکەدا، بەبێ پرس و رەزامەندیی دایک و باوکی، بە تەنیا لەماڵەکەیان دووردەکەوێتەوە، ون دەبێت. دوای ئەوەی چەنـد بەسەرهـاتێکی ناخۆشی بەسەردا هـات، بە زەحمەتی گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. بۆیـە پەشـیمـان دەبێـتەوە و داوای لـێـبووردن لە دایـک و بـاوکی دەکـات، کە گـوێی بە ئامۆژگارییەکەیان نەدا، کە نابێـت بە تەنیـا لە مـاڵ دووربـکەوێتەوە، پـشیلە بچکۆلەکە لە بەسەرهاتەکانی ئەو شەوەی، وانەیەکی گرنگ فـێربوو. بێلا جەی دارکی پـێـنج ساڵان وتی:”بیـرۆکەی ئـەم چـیرۆکەم، لە یەکـێک لە وێـنەکـێـشـانەکـانمـەوە بـۆ هـات”. شایەنی باسیشە هەموو وێنەکانی کـتێبەکەی خۆی وێنەیانی کـێشاوە، تەنیا دوا وێنەی خوشکە لەخۆ گەورەتـرەکەی (لاسی مـای) بـۆی کـێشاوە. پەیـامەکەی بێـلا بۆ منـداڵان ئەرێنییە. ئەوەیـە کە نـابێـت منـداڵان بەبێ پـرسی دایک و باوکـیان، بە تەنیا لەمـاڵ بچـنە دەرەوە و دووربکەونەوە. بە تایبەتیـش لە شـەوانی تاریکـدا.
بێـلا جەی دارک دەڵێت:”ویسـتم بـبـمە نووسـەر، هـۆگـری وێنەکـێشان و نووسـیـنم”.
بە وتـەی چـێلسی دایکی بێـلا:”بێـلا هەمیـشە خەیاڵـێکی فـراوان گەورەی هەبـووە، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە، کە فـێری خوێندنەوە و نووسین بوو، کورتە چیرۆکی نووسیوە. بۆیە ئەونـدە سەرسوڕهـێنەر نەبـوو بەلامانەوە، کاتێک کە بێـلا وتی بـڕیـارە کـتێبـێک بنووسـم”. وتیشی:” ئەو گەشەسەنـدووی ئەرێـنییەکانی خەڵکـییە، تەنهـاش حەزی لە خوێنـدنەوە و وێنەکێشانە. بەراستی شانازیی پێوە دەکەم، پێموانەبـوو بگاتە ئەم ئاستە. دەمەوێـت ئـەو داناپێـدانـانە بەدەستـبهـێنـێـت کە شانەیەتـی “.
هەر بە قـسەی دایک و باوکی، بێـلا سووربـوو لەسەر زیـاتر خوێنـدنەوە و گەڕان، بۆ هـێنانەدیی خـواستە ئەدەبییەکـانی.
کـتێـبەکەی بێـلا جـەی دارک (پـشـیلە ونبـووەکە) لە پێشا هـەر چـیرۆکێکی نووسـراوی پاکـنووسی چاپنەکـراو بـوو. تا رۆژێـکی ساڵی رابـردوو، بێـلا لەگەڵ دایـک و بـاوکـیدا، چوون پێشانگایەکی کتێب بۆ پشتگیریی خـێزانەکان لە شارەکەیاندا. بێـلا کـتێبە بچووکە وێنەیەکەشـراوکەی (پـشـیلە ونبـووکە) ی لەگـەڵ خـوێـدا هـێـێنابـوو. کە لەوێـدا چـاوی بە کـتێبە چاپکراوە نمـایشکراوەکان کەوت، لـێرەوە گـرنگی چـاپکـردنی کـتێـب خەیاڵی بـێـلای سەرقاڵکـرد. پەیوەنـدیی بە بەرپـرسێکی دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە کرد و کـتـێـبەکەی پێـشانـدا و وتی: “ئەمـە کـتـێـبی منـە”. بەرپـرسی دەزگـاکەی چاپکـردن و بـڵاوکـردنەوەکە پێـیـوت: ئەمـە زۆر جـوانـە”. قـسـەیـان لەسـەری کـرد. بەرپـرسـەکە بـڕیـاری چاپکـردن و بڵاوکـردنەوەی کتێبەکەی بێـلای دا. ئەمە ئەو شـوێـنە بـوو، کە هـەمـوو شـتـێک لەوێـوە پـێـشکەوت”.
کتێبی (پشـیلە ونبووەکە) لە نووسین و وێنەکـێشانی بێـلا جەی دارک، لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی (گـیـنگەر فاری پـریس) ەوە، لە (٣١/ یانـواری/٢٠٢٢) چاپکـرا و بڵاوکرایەوە. هەر لە سەرەتاوە زیاتر لە هەزار دانەی لـێفـرۆشرا. لەو کاتەوە زیـاتر لە دوو هـەزار دانـەی لـێفـرۆشــراوە. ئەمـەش بـووە هـۆی ئـەوەی، کە بێـلا جـەی دارکی تەمـەن پـێـنج ساڵان، وەک بچـووکـترین نووسەی لە جـیهانـدا، نازنـاوی و بـڕوانـامەی ریکۆردی جیهانی (گینس)ی پێبدرێت. چونکە لەگەڵ پێوەرەکانی نازناوەکەدا دەگونجێت.
لە ئیمەیڵێکی گینس وۆرڵد ریکۆردەوە، کە وەڵامی داواکەی بێلا جەی دارکیان داوەتەوە و بۆ دایکیان ناردبوو. ئەم دەقەی تێدا هاتووە:” بە خۆشحاڵـییەوە پێتانی رادەگەیەنیـن، کـە داواکـاریـیـەکـەت، بـۆ بـچـووکـتریـن کـەس، بـۆ بـڵاوکـردنـەوەی کـتـێـبـیک (مـێ) سـەرکـەوتـووبـوو، ئـێـستا بـێـلا خـاوەنی نـازنـاوی ریـکـۆردی جـیهـانی گـێـنـسـە”.

پێورەکانی شایستەیی ئەم نازنـاوە پێوانەییە جیهانەییە گـینس: پێویستە کـتێـبە لە لایەن دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیەکی فەرمیـیەوە چاپ بکرێت. بە لایەنی کەمەوە هەزار دانـەی لـێ چـاپ بـکـرێـت و بـفـرۆشــرێـت. بـێـلا جـەی دارک، بـە هـەمـوو پـێـوەرە پێـویـستـییەکانی گـیـنس گەیـشـت. لەوانـەش کـتـێـبەکەی لە لایـەن دەزگـایـەکی چـاپ و بڵاوکـردنـەوەوە چاپکـرا و بڵاوکرایەوە و لە ماوەیەکی کەمیشدا زیاتر لە هـەزار دانەی لـێفـرۆشـراو، تا ئێستا زیـاتر لە دوو هـەزاری لێـفـرۆشـراوە. تەمـەنەکەشی گـونجـاوە. بێـلا جـەی دارک بە فـەرمی، وەک بچـووکـتریـن نـووسـەری کـتـێـب و بـڵاوکـردنەوەی و فـرۆشتـنی ژمـارەی کـتـێب لە جیهـانـدا، لەلایـەن گـینسەوە پشـتراسـت کـرایـەوە، کە بێـلای جەی دارکی پـێـنج سـاڵان، بە راستی بچـووکتریـن نووسەری (مـێ) یە لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، لە هەموو جیهـاندا، بۆیە ناویـان لە تۆمـاری ریکـۆردی جیهـانی گـینسدا تـۆمـارکـرد و بـڕوانـامەیـان پێی دا.
بێـلا جەی دارک، ئیلهـامی لە هـەنـدێک لە کـتێـبە دڵخـوازەکانییەوە وەرگـرتـووە. هـەر وەکو چـۆن ئەم کـتـێبانە ئیـلهـامی پێبەخـشین، هـیواداریشە کە منداڵانی نووسەری کە، ئیـلهـام لە چـیرۆکەکەی (پـشـیلە ونبووەکە) وەربـگـرن. ئامـۆژگاریشی بۆ نووسەرانی ئاوتخـواز ئەوەیـە:”چـیرۆک بنـووسـن کە لە ئـێـوەوە بـێـت”.
بێـلا دەربارەی پـشیلە ونبووەکە، دەڵـێت:”تا ئێستا ئەمـە باشـتریـن کـتـێـبە. دەمەوێـت هەمـووان بـیکـڕن. زۆر شانـازی بە خـۆم و بە هەمـوو نووسـەرانی دیکەوە دەکـەم”.
بێـلا کاتێک کە نانووسێـت، چـێژ لە خوێندنەوە و لە وێنەکـێشان و لە مەلەکـردن و لە یاریکردنی رۆڵی (مامۆستا) و لە هەنـدێک لە یارییە ئەلـیکـترۆنیـیەکان وەردەگـرێـت.
کـتێبی دووەمی بێـلا دارک، لەژێـر ناوی” ئاهـەنگی بەفـرینی جـەژنی لەدایکـبوون” ە.
ئەم کـتێـبەی دەربـارەی تاقـیکردنەوەیەکـێتی، لە ئاهـەنگـێکی جەژنی لەدایکـبوون. کە چـۆن هـاوڕێتی لە هەموو شتەکانی تر گرنگـترە. ئەم کـتێبەشی لە ساڵی (٢٠٢٢) هەر لە لایـەن دەزگـای چـاپ و بـڵاوکـردنـەوەی (گـیـنگـەر فـاری پـریـس) ەوە، چـاپکـرا و بڵاوکرایەوە، تا ئـێستا زیاتر لە دوو هـەزار دانەی لێ فـرۆشـراوە. بە واتا مەرجەکانی گـینسی هـێنایەدی. بەمەش بێـلا دارک، بوو بە بچـووکـترین نووسەری زنجـیرە کـتێـب بۆ منداڵان لە جیهاندا. ریکۆردی دووەمی جیهـانی گینسی لە (٢٠٢٣) دا بەدەستهـێـنا.

ئەم دوو کـتـێـبەی بێـلا جەی دارک بۆ کریـن، نـرخی هـەر یەکەیان، بە (٧،٥) دۆلارە. لە (واتەرسـتـۆن) و لە (ئەمـازۆن) دا، لەبەردەسـتـدان.

بێـلا جەی دارک، کـتـێـبی سێیەمـێشی لەژێـر ناوی (هەڵـبژێـرە) دا نووسیوە، بەڵام تا ئێـستا چـاپ نەکـراوە و بـڵاونەبـۆتـەوە.
لە نووسـینی داهاتوومان، بچووکترین نووسەرانی کـچ و کوڕی ئەمساڵ (٢٠٢٤) تان پێدەناسێنین. کە ناویان بە فەرمی لە ریکۆردی پێوانەیی جیهانیدا گـینس تۆمارکراون.
(*) بۆ ئەم نووسینە، سـوودم لە چەنـد سایتـێکی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




دوو چەپک لەو شیعرانەی باسی تۆ دەکەن.. ستیڤان شەمزینی

چەپکی یەکەم

بی تۆیی شمشاڵێکی غەمگینە
بە من ناژەنرێت
بێ تۆیی پەیژەیەکی پۆڵاینە
پێیدا دەچمە خوارەوە بۆ ناو گۆڕ
بێ تۆیی کابووسێکە
سوار سەری خەونە شیرینەکانم دەبێ
بێ تۆیی تابووتێکی زەردھەڵگەڕاوە
لاوکە سەوزەکانمی تێدا رادەکشێ
بێ تۆیی زریانێکی شێتەڵۆکەیە
لەگەڵ یەئس کۆمدەکاتەوە
بێ تۆیی منداڵێکی چەتوونە
بەرد دەگرێتە پەنجەرەی شیعرم
ئای لە بێ تۆیی


شاعیرەکانی ھاوڕێم
ھەریەکەیان
گۆرانی بۆ شتێک دەچڕن
یەکێکیان
فرمێسکی روومەتی نیشتمان دەسڕێت
یەکێکی تر سروشت دەلاوێنێتەوە
یەکێکی تریش
لایلایە بۆ ئازارەکانی دەکات
ھاوڕێیەکی تر
دیوانەکەی کردۆتە دەغیلەیەکی گەورە
ھاوڕێیەکی تریشم
لە کۆڵانەکانی نوستالیژیا نایەتە دەرەوە
ھاوڕێیەکی دووریشم
شیعری گرینۆک بۆ تەنیایی دەنووسێت
یەکێکی زۆر نزیکیش
شیعری کردۆتە تۆڕی ماسی گرتن
راوەژنی پێدەکات
ئەوەی لەم گەڕەولاژەدا
لە کەسیان ناچێت، منم
چون تەنھا سەرقاڵی
نووسینەوەی تۆم و ھیچی تر
نازانم شاعیرم یان نا؟


چاوی عەشقت
ھەنگوینی پێدا دێتە خوار
دڵۆپێک بەسە
بۆ ئەوەی شیرینم بکات
لێوی عەشقت
جۆگەی شەرابی لێ ھەڵدەقوڵێ
دڵۆپێک بەسە
بۆ سەرخۆش بوونم
ھەیوانی عەشقت جەنجاڵ و قەرەباڵغە
پڕ پڕە لە تابلۆی رۆندکەکانی من
لەشی عەشقت
تەزووی شادیی پێدا تێدەپەڕێ
یەک ماچ بەسە
بۆ ھەڵوەرینی برینەکانم
دەستەکانی عەشقی تۆ باخچەیەکن
زەردەخەنەیەک بەسە
بۆ رسکانی ھەستی یاسەمینیم
ھەنووکە تێدەگەیت عەشقی تۆ
ئاگرێکی جاویدانییە
پریشکێک بەسە
بۆ داگیرسانی ئەبەدیی من؟





سه‌مفۆنیای عه‌شقێكی ناكام.. ستار ئەحمەد

زامه‌كانی گه‌ڵای عومرم
له‌گوڵدانی مه‌زرای دڵما
به‌سه‌ر هێشووی به‌های ژینا
بارانی خوێن ده‌بارێنن
له‌گه‌ڵ چركه‌ساتی عه‌شقا
ساتێك ده‌بنه‌ په‌یامی مه‌رگ
بۆتاوێكیش مێژووی بوونت ده‌نووسنه‌وه‌
ئه‌و ساتانه‌ی رێمان بۆ قوڵپه‌ی كانیاوو
سه‌مفۆنیای رووباره‌كان ده‌كرده‌وه‌
تۆ بۆ وه‌رینی پرچی گوڵ
هه‌ڵواسینی به‌ژنی سێوو
كوژرانی چڵێك ده‌گریای
بۆ ناسینی كه‌ناریه‌ك
چه‌ندین ته‌لبه‌ندت ده‌شكان
ئێستا له‌پاڵ خه‌رمانی ژانی حه‌سره‌تا
بۆ باده‌یه‌ك خوێنی خۆت و
هه‌ڵواسینی ترێی رازێك
په‌نجه‌ره‌ی خۆزگه‌ ئه‌دوێنی
رووپۆشی باخچه‌یه‌كی بێوه‌ژن‌و
تارای ره‌زێكی قه‌یره‌ هه‌ڵئه‌ده‌یته‌وه‌
نه‌له‌گه‌ڵ نسێی ره‌هابووندا
نه‌ له‌وێستگه‌ی عیشقا ده‌ژی
ده‌مێك ده‌بی به‌ جۆگه‌ی خوێن
تاوێك وه‌ك ره‌هێڵه‌ی باران
بناره‌كان ده‌شۆیته‌وه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ نیگای رامان‌و
گه‌واڵه‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ به‌ر
دوامده‌كه‌وی وه‌كو نه‌گبه‌تی رۆژگارو
چوون تارمایی خه‌م‌و سێبه‌ر
تۆ كسپه‌ی ژانێكی تاڵ‌و
كۆرپه‌ی حه‌زێكی بێنه‌وای
هێلانه‌ت په‌یڤی شرین‌و
ئاسمانت په‌ڕه‌ی ره‌نگینه‌
شیعر نه‌بێ
له‌ هه‌ناوی گڵا ده‌مری
لوتكه‌یه‌ك نابێته‌ ماڵت
نیشتمانێك باوه‌شت بۆ ناكاته‌وه‌
به‌سه‌ر هه‌ر دڕكێكا ده‌ڕۆیت
مینێك له‌ڕێت چێنراوه‌
باوه‌ش له‌هه‌ر دارێك ئه‌ده‌یت
سێداره‌یه‌ك له‌به‌ژنی جوانت ئاڵاوه‌
گه‌ڵایه‌ك مێژووت ده‌سڕێته‌وه‌
چڵێك زامه‌كانت دائه‌گیرسێنێ
جگه‌ له‌ سووتووی ئازارێك
به‌روارێ جێناهێڵیت‌و
مێژوویه‌ك بۆ ته‌م نانووسی
تۆ برینی عومری مه‌زرای
تۆ وڵاتی خاك‌و گوڵ بووی
له‌گه‌ڵا به‌هار‌و ئه‌وینا
هه‌ر زوو دزرای

ستار ئەحمەد