زانکۆی بێ فەلسەفە هزرهەژارە.. ئازاد حەمە

دەستپێک: غەدرکردن لە فەلسەفە

بەرتەسککردنەوەی بازنەی بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆ غەدرێکە لە فەلسەفە دەکرێت، کە دەشڵێین زانکۆ، مەبەستمان مامۆستا و خوێندکاری زانکۆیە، کە هەردوو پێکەوە لە ئێستادا ئەو غەدرە لە فەلسەفە دەکەن. ناشكۆمەندیشە بۆ زانکۆ، یان نێوەندی ئەکادێمیی، غەدر لە فەلسەفە بکات. بە گشتی غەدر هەڵەیە و بەشێکیشە لە خراپە و قسەکردنیش لەبارەیەوە دەچێتە خانەی فەلسەفەی ڕەوشتەوە. واتە لە کۆتاییدا ئەوەی غەدرمان بۆ شرۆڤەدەکات هەر خودی فەلسەفەیە. ئەی باشە فەلسەفە دەبێت چۆن قسە لەو غەدرە بکات لە خۆی دەکرێت؟
فەلسەفە بەخۆی دژە غەدرە، کەچی دەبینین بە ئاشکرا لە زانکۆکانی هەرێمدا غەدریلێدەکرێت. باشە بۆ ئەم غەدرە لە فەلسەفە دەکرێت؟ ئەم پرسیارە تا ئەندازەیەکی زۆر گرنگترین پرسیاری ئەم نوسینە کورتەیە و هەوێنی نوسینەکەشە. بڵێسەی غەدر ناهەمواری دێنێت و شكۆمەندییش تێکدەدات. بەکورتی لەبەر ئەو غەدرەی لە زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفە دەکرێت، فەلسەفە جێپێی لێژە. هەر ئەوەشە، کە ناحەزانی فەلسەفە دەیخوازن. ئەو دەمەش غەدر لە فەلسەفە دەکرێت پرسیاری فەلسەفیی، کە کرۆکی فەلسەفە پێکدێنێت، سەریلێدەشێوێت.
ئەوە فەلسەفەیە مانا بە واتای پرسیار دەدات، وا لە پرسیار دەکات لە بەرتەسکیی دەربازیبێت. فەلسەفە ئەمە دەکات، چونکە شوێنی بەرهەمهێنانی هزرە. بۆیە وشەدانی ئەم نوسینە بەجۆرێک ئاقاروەردەگرێت، کە زانکۆی بێ فەلسەفە زانکۆیەکی هزرهەژارە. لێرە بەگشتی قسە لە زانکۆ دەکرێت و جارجارەش قسەکردنەکە بە دۆزی زانکۆ لە نێوەندی ئەکادێمی کوردی تایبەتدەکرێت. لەبەرئەوە سەرنجدەخەینە سەر زانکۆ و فەلسەفە، چونکە فەلسەفە لە زانکۆدا وادەکات خوێندکاران ئامرازگەلی جیاواز بۆ گەیشتن بە دید و تێڕوانیینەکانیان بەکاربەرن و رۆڵببینن لە بەرینکردن و بەچۆنایەتیکردنی بیرکردنەوەکانیان و خۆشیان لەسەر ڕاڤەکردن و ئامانجی تۆکمە و فرەڕەهەند ڕابێنن.
هەر لێرەدا دەپرسین:ئێمە پرۆژەی فەلسەفییمان هەیە؟ ڕەنگە زانکۆ دروستکەری پرۆژە فەلسەفییەکان بێت و بشکارێت دەستەبژێری رووناکبیریی لە کۆمەڵگەدا دروستکات،لێ زانکۆ ناتوانێت بمانکاتە فەیلەسوف. بۆیە لێرەدا دەکرێت پرسیارێک ڕووبەڕووی خوێنەری ئەم نوسینە بکەینەوە: چۆن دەبینە فەیلەسوف؟ بۆیە وادەڵێم،چونکە باوەڕم بەوەیە زانکۆ ئەو کارە ناکات. زانکۆ کارگەی بەرهەمهێنانی فەیلەسوف نییە. بوونە فەیلەسوف پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دژواریی هزریی و تێڕامانییە و دۆز و هەلومەرجی خۆی هەیە. لەبەرئەوە ئەم نوسینە باوەڕی بەوەیە، کە کێشەی فەلسەفیی زانکۆکانمان تەنها کێشەی خودی زانکۆکان نییە، تەنها بە خوێندنی باڵاوە گرێدراو نییە. کێشەی فەلسەفە کێشەی هەموانە، بە تاک و کۆمەڵگەوە. ئەم کێشەیەش تەنها پەیوەندی بە کردنەوەی بەشی فەلسەفە و داخستنی ئەم بەشەوە نییە لە زانکۆکان. کێشەکە پەیوەندی بەچۆنیەتی مامەڵەوەیە لەگەڵ فەلسەفە وەک بوارێک لە بیرکردنەوە و تێڕامان، بە چۆنیەتی دیالۆگکردن لەگەڵ کولتووری دەرەکیی و کرانەوە لەبەردەم شارستانیەکانیتردا.
خواستی فەلسەفە خواستێكی كەسیی نییە، خواستە بۆ پەرەدان بە دەركەوتن و باڵاخستنی بیركردنەوە و تێڕامانی فەلسەفیی لە نێوەندی ئەكادێمیدا. ئەمە وادەکات فەلسەفە بكارێت هزر و هۆشیاری تازە لە نێوەندی ئەكادێمی و كۆمەڵگەدا بڵاوبكاتەوە. ئەم بەشە هزرییە،كە ڕووییەكی شارستانی و عەقڵی گشت نەتەوە و كۆمەڵگەیەك نیشاندەدات، کە دێتە ناو زانکۆوە وادەکات مامۆستا و خوێندکار خۆیان لە قەرەی بابەتگەلی فرەئاڕاستە و نەخەمڵیو و سەیروسەمەرە بدەن و دەرفەتی تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و ڕوانینی ئەم مرۆڤە بگۆڕن. ئەمەش بۆ ئەم چرکەساتەی کۆمەڵگەی ئێمە پێویستە. کەواتە بۆ ئەوەی کۆتای بە غەدرکردن لە فەلسەفە لە زانکۆ بهێنرێت، دەبێت زانکۆ ببێتە شوێنێک بۆ دروستکردنی ڕوناکبیریی فەلسەفیی. ئەم روناکبیرییە فەلسەفییەش ناکرێت تەنیا خۆی لەناو زانستە مرۆییە کۆمەڵایەتییەکاندا قەتیسبکات و دۆزی زانکۆش واپێویستدەکات فەلسەفە پەلبهاوێژێ بەرەو بەشەكانی كۆلێژە زانستە سرووشتیەكان(پزیشکی، فیزیك، بایۆلۆژی، ماتماتیك، كۆسمۆلۆژی، فەلەكناسی، فەلسەفەی كوانتۆم، ئابووری، جوگرافیا، جیۆلۆجی، كیمیا و …) و لەوێشەوە بەرەو فەلسەفەی جێندەر، فێمینیزم، ژینگە و یاسا و جوانیناسی و…..
لەو سۆنگەیەشەوە ئەوە دەڵێین، هەرکە فەلسەفە هاتەناو زانکۆوە دەکارێت ببێتە پلاتفۆرمێك بۆ گەشەپێدانی ئەكادێمی (سەنتەری پەرەپێدانی هزری ئەكادێمی) لە زانكۆ. لەڕێگای ئەو نێوەندەشەوە دەكرێت گەشەبدرێت بە چەند لایەنێک: دروستكردنی داتاباسێك(كتێبخانەیەكی ئەلەكترۆنی) تایبەت بە هزری جیهانی، هاوچەرخكردنی ئاڕاستەكانی وانەوتنەوە، بنەمادانان بۆ بەها ئەكادێمییەكان، وتنەوەی بابەتی بیركردنەوەی ڕەخنەیی، بیركردنەوەی لۆژیكیی، بیركردنەوەی گوماناویی و بیركردنەوەی داهێنانیی، دروستكردنی نێوەندێكی هزریی بۆ ڕاڤەكردن و دیالۆگی ململانێكان، میوانداریكردنی بیرمەند و روناكبیرە نێودەوڵەتیەكان و سازكردنی كۆنفرانس و مێزگردی هزریی گلوباڵ. هەموو ئەوانەش پێویستی بە مامۆستا و خوێندکاری زمانزان و هزرکراوە و ئاشنا بە تازەگەرییەکانە. لێرەوە ‌غەدر لە فەلسەفە لە زانکۆ ڕوو لە ئاوابوون دەنێت.

هەتیبوونی زانکۆ

فەلسەفە دایکی زانینەکانە لە زانکۆ، کەواتە زانکۆی بێ فەلسەفە هەتیوە(بی دایکە) و پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانکۆش وەک پەیوەندی نێوان دایک و خێزان وایە. چەوسانەوەی دایک بە مانای چەوسانەوەی گشت خێزانەکە دێت و هەتیبوونی زانکۆش تەنها بەهۆی بێ شوێنکردنی فەلسەفە و سڕینەوەی لە ئەندێشەی زانینی ئەکادێمیدا دێت. فەلسەفە لە زانکۆ، فێربوون بە گشت پسپۆرییەکان دەدات و واش لە زانین دەکات بیربکاتەوە. بەم جۆرە، فەلسەفە،کە دەکەوێتە ناو زانکۆوە لۆژیک و رەوشت شانبەسانی بوونناسی و بیرکاری لێکدەئاڵێن و یەکترتاودەدەن.
لە نێوەندی ئەکادێمیدا، کە فەلسەفە ووندەبێت خێزانی ئەکادێمی دادەڕمێت. نەمانی فەلسەفە لە زانکۆ نەمانی دایکە. کاتێک زانکۆ فەلسەفە دەخاتە دەرەوەی خۆی، بەوە زانکۆ هەتیو دەبێت. هەتیوبوونی زانکۆ گەورەبوونیەتی بەبێ دایک(سەرپەرشتیار)، ئەو دایکەی شتی فێردەکات. هەروەک مردنی دایک، کە بە کەسی تر جێگایپڕنابێتەوە، فەلسەفە لە زانکۆ، کە نەما زانینی تر جێگای ناگرێتەوە، چونکە توانای فەلسەفەیان نییە و تامی فەلسەفەش نادەن. ناوی فەلسەفەش لە زمانەکاندا(بۆنموونە لە فەرەنسی، ڕووسی،عەرەبی….و) مێیە،ئەمە نیشانەیە لەسەر هێزی بەرهەمهێنان لە فەلسەفەدا و هەستی دایکبوونەکەشی. لەبەرئەوە فەلسەفە وادەکات لەو زانینە بکۆڵینەوە زانکۆ دەمانداتێ.

فەلسەفە گەڕۆکە، بێ زێدە

فەلسەفە پەیگیرییە (بەدواچوونە) بۆ شتێک، کە هێشتا نییە، نیمانە، نەهاتووەتەدی. شتێک جارێ لێرە نییە، لەوێیە. لێرە نییە و دەچین بۆ ئەوێ تا بیدۆزینەوە. فەلسەفە تەقەلایەکە بۆ دۆزینەوە، ئەمەش بەو واتایەدێت، کە فەلسەفە گەڕانە بەدوای شتێکی بزر و وون دا.
چۆن فەلسەفە بەو وونبووە دەگات؟ ئەڵبەتە بە گەڕان و پشکنین، کە دواتر بە دۆزینەوە کۆتایدێت. هەروەها بە پرسیار و لێپێچینەوە لە گشت شتەکان. لەبەرئەوە کاتێک فەلسەفە دەپرسێت تەنیایی چییە ئەمە بۆ ئەوە دەکات تا لە سۆراغی وەڵامێکدا بێت بۆ چەمکی تەنیایی. کەوتنە سۆراغی شتێک هەوڵدانە بۆ پەیداکردنی ئەو شتە، دۆزینەوە و بەدواگەڕان بۆ ئەو شتە. فەلسەفە کاتێک دەپرسێت بۆ دەبێت ڕەوشت هەبێت دەخوازێت بەدوای وەڵامێکدا وێڵبێت بۆ ئەم پرسیارە. ئامرازی سەرەکی لەم گەڕان و سۆراغپرسینەش بیرکردنەوەیە. ئەم شێوازەش لە بیرکردنەوە بۆ زانکۆ گرنگە و پێویستی مامۆستا و خوێندکارە لەیەککاتدا.
وێڕای ئەوە، لەناو فەلسەفەدا وێڵبوونێک بوونی هەیە. راستە وێڵبوون سەرگەردانییە، لێ گەڕانیشە بەدوای ئەوەی وونە. دیارە دوای پرۆسەی گشت گەڕانێکیش کردەی دۆزینەوە لەدایکدەبێت. واتە ئەوە دەدۆزینەوە، لێمان بزرببوو، کە وێڵببووین بەدوایدا. کاتێک وێڵدەبین بەدوای شتێکدا، ئەمە بەو مانایەش دێت، بەدوای وەڵام، کە چارەسەرە، دەگەڕیین. وەڵام، چارەسەر، ئەو شتەیە لێمان وونببوو و بەدۆزینەوەشی ئیدی فەلسەفە ئارامدەبێت و ئەوێ دەکاتە زێدی کاتی خۆی.
ئەڵبەتە لەناو ئەم پرۆسەی گەڕان و سۆراغکردنەدا گرفتارییەکیش بوونی هەیە. خودی فەلسەفەش لە پەیوەندیدایە لەتەک چەمکی گرفتاریی. چونکە فەلسەفەکردن کردەیەکە لە گرفتاریی. پرسیاری فەلسەفەیی جۆرە گرفتارییەکی تێدایە، کە دواتر دەبێت بە ئارامی و دەربازبوون لەو گرفتاریی و شەکەتییە. فەیلەسوف شەکەت و ماندوودەبێت تادەگات بە وەڵامێکی پەسەند، کە شایانی ئەو پرسیارەبێت سەبارەت بە ڕەچەڵەک و مانای چەمکێک کردوویەتی.
ئەمە مانای ئەوەیە فەلسەفە ئاوارەیە، بێ جێگایە، دەگەڕێت و دەخولێتەوە تا ئەوە بەدەستبهێنێت، کە نیمانە. کەوابێت دەکرێت بپرسین: فەلسەفە زێدی هەیە؟ فەلسەفە بۆ هەبوون و بەردەوامی خۆی پێویستی بە زێدە؟ زێدی فەلسەفە زانکۆیە؟ نەخێر زانکۆ زێدی فەلسەفە نییە. لەبەرئەوەی فەلسەفە بێ زێدە گشت شوێنێک بە زێد، بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت. لە هەموو جێگایەک بوێرانە فەلسەفە دەپرسێت: درۆ چییە؟ میهرەبانی بۆ هەیە؟ …و. بیرکردنەوە، کە ناسنامەی فەلسەفەیە، لە گشت شوێنێکدا بوونی هەیە. ئەمە وادەکات بیرکردنەوەکان زێد بۆ فەلسەفە داتاشن. زێدی سەرەتای فەلسەفە یۆنان بوو، دواتر بوو بە شوێنی تر. ئێستاش زێدی فەلسەفە وا لەو جێگایەی بیرکردنەوە تیایدا لە ترۆپکدایە.

فەلسەفە گرنگە پەتائاسا لە زانکۆکاندا بڵاوببێتەوە
فەلسەفە بابکرێت بە پەتا و لە حەرەمی زانکۆکانماندا بڵاوبکرێتەوە. هەرکە ئەوە کرا ئەو کات فەلسەفە ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی، فەلسەفە داکیرساندنی مەشخەڵی زانینە و هیوای هاتنی ڕووناکی بیرکردنەوەیە. لەهەر جێگایەکدا فەلسەفە سەوزبێت لەوێ کۆشکی باوەڕبەخۆبوون و دادوەری لۆژیکی بنیاتدەنرێت و گریمانەناسی و بەڵگەمەندی وەگەردەخرێت.
ئەم پەتایە ئەو پەتایە نییە،کە پێش مەرگ دێت. ئەم پەتایە مانا بە ژیانمان دەدات و وزەی بیرکردنەوەمان بەهێز و دووربین دەکات. فەلسەفە، کە خۆشەویستییە بۆ دانایی، بە بڵاوبوونەوەی ژیانمان لێوانلێودەکات لە بەرەکەتی دانایی. بۆیە پێمانوایە فەلسەفەکردن هەنگاوێکە بۆ خۆتەندروستکردن. بەمجۆرە پەتای فەلسەفە پەتای داناییە.
تەندروستبوون لەڕێگای فەلسەفەوە شیاوە؟ بەڵێ. چونکە فەلسەفە ئارامیهێنەوە. ئەو ئارامییە دوای ئەوە دروستدەبێت، کە تێگەیشتن دێت. فەلسەفە تێگەیشتنمان دەداتێ سەبارەت بە ژیانی ئێمە و بوون. فەلسەفە بە پرسیارکردن و زۆر بەدواچوونەکانی هاوکارماندەبێت لەوە حاڵیبین لێیحاڵینەبووینە.واتە فەلسەفە بۆتیشکخستنەسەر ناڕوونی و بەدحاڵیبوونەکانە. زانکۆش، ئەو شوێنەیە،کە کۆی زانینەکانی تیایە و فەلسەفەش لەوێندەرێ هەڵدەستێت بە ئەرکی خۆی. ڕاستە فەلسەفە لە زانکۆ، هەر زانکۆیەک بێت، ڕووبەڕووی چەندین ڕێگریی و ئاستەنگی چاوەڕوان نەکراو دەبێتەوە،بەڵام فەلسەفە، بە ئامادەبوونی لەناو کایەی ئەکادێمیدا ڕاچڵەکین دروسدەکات، زانین دەخاتەژێرپرسیارەوە، گومان لە فێربوونی تۆکمە و رەها دەکات و تێگەیشتنی تر و جیا دێنێتەکایەوە.
ئەو ژینگە تەندروستەی فەلسەفە لە زانکۆ دروستیدەکات، تەنها ئەو ئەتوانێت ئەوە بکات و لەو ڕووەشەوە فەلسەفە ئەزموونی زۆرە. ئەزموونی فەلسەفە لە بەتەندروستکردن بۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە. زۆرێک چەمک هەن (دەروون، گیان، ئاوەز، جەستە، ئاگایی و……) ئێمەی مرۆڤ سەرەتا لێیحاڵینەدەبووین، کەچی ئێستا بەهۆی مشتومڕە فەلسەفییەکانەوە زانینێکی زۆرترمان لەسەر لێحاڵینەبوونەکانمان پەیداکردووە. بۆیە کاتێک فەلسەفە پەتائاسا لە زانکۆدا بڵاودەبێتەوە، بێجیاوازی، لەناو زانستە مرۆییەکۆمەڵایەتی و زانستە سروشتییەکان دا ڕاچڵەکینی ئێپستیمی(مەعریفی) چاوەڕواننەکراو دروسدەکات.
گەر لێگەڕێین فەلسەفە لەناو کایەی ئەکادێمیدا پڕجوڵە بێت، دەزانێت چۆن ئیشی خۆی دەکات، چۆن تیشکدەخاتەسەر ئەو زانین و تێگەیشتنانەی پەراوێزخراون و بێ سیما و وونن. فەلسەفە لەناو زانستەکاندا دیالۆگدروستکەرە، کێشەی دووانەییە چەمکییەکان چارەسەردەکات و شرۆڤەی ئاماژە کولتوورییەکانیش بەرباسدەخات. بەکورتی فەلسەفە، گەر بواریبدەن، لێناگەڕێت زانکۆ هەژارهزربێت، جێگایەک بیت بۆ وەلاوەنانی پرسیار و قێزەوەنکردنی گومان. چونکە فەلسەفە گفتوگۆی دەوڵەمەند سەبارەت بە چەمکە سیاسی و مێژوویی و زمانەوانییەکان شانبەشانی چەمکە بیرکاریی و بایۆلۆجی و پزیشکییەکان دێنیتەکایەوە.

ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە

ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە (ئالان بادیۆ). بەربەستەکان تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە. زۆرجاریش بەربەستەکان بێسەروبەرانە دێنەپێشەوە. بەربەستەکان لەیەک کاتدا ئامادە و نائامادەشن. هەندێک لە بەربەستەکان لە گشت شوێنێکدا هەن. بەپێچەوانەوە هەندێکی تر تایبەت و جیان و ژینگەی خۆیانیان هەیە. لە فەلسەفەدا لەبەرئەوەی هیوابڕاوی بوونی نییە، بۆیە فەلسەفە لێزانە لە لابردنی بەربەستەکان.
بەربەستەکان دڕدۆنگ و نیگارانییەکانن، کە لێرە و لەوێ ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین. وەکیتر، بەربەستەکان کۆسپن، تەگەرەن و خۆیان وەک کێشە نمایشدەکەن. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە دایکی دیالۆگ دەزانێت، لێهاتووە لە ڕووبەڕوونەوەی کێشە و تەنگەتاویی. دەستەواژەی بەربەست بۆ فەلسەفە ڕاگوزەر و هەڕەمەکی نییە. چونکە بەربەست لەمپەر و ئاسته‌نگهێنەرە. ئەو تەگەرە و ڕێگرانەیە دەمانوەستێنیت. دوای هاتنی تەگەرە و بەربەست جوڵە نامێنیت. فەلسەفەش، کە دایکی گفتوگۆ و مشومڕە و ئەمەش بەهەڵکەوت نییە و بەری مێژوویەکە لە گفتوگۆ و پرسیارمەندیی، لەناو قورسترین کۆسپ و بەربەسەتەوە سەریدەرهێناوە. ئەو مێژووەش پێماندەڵێت مەرامی فەلسەفیی مەرامێکی مرۆییە و مێژووەکەش لەتەک ئەو باسوخواسانەدا دەستلەملان بووە، کە لەپێناوی مرۆڤدا هاتوون.
لەو شوێنەی کۆسپ و تەگەرە هەیە، کاری فەلسەفە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکانە. فەلسەفە ئەمە نەکات بۆ هەیە! زانکۆ، کە پڕە لە کۆسپ و تەگەرە، بەهاتنەناوەوەی فەلسەفە کۆسپ و تەگەرەکان ڕەوتێتر وەردەگرن و لەگەڵ کاتیشدا بە گفتوگۆی شیکاریی بەرەو نەماندەچن. هاوکات فەلسەفە کۆڵەکەی بیرکردنەوەی لۆژیکی و داهێنانییە، ئەمە وادەکات فەلسەفە بپرسێت: چۆن زاڵبین بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا؟بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان لەناو کایەی ئەکادێمیدا پێویستمان بە فەلسەفەیە. فەلسەفە لەوێ بیرکردنەوە دروستدەکات و پرسیار دەسازێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا و خوێندکار ئەرکیان بیرکردنەوەیە لە بیرلێنەکراو. ئەمەش هەردوولا بەرەو بیرکردنەوە لە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان دەبات. کۆسپخستنەبەردەم فێربوون و ئاسته‌نگدانان لەبەردەم ئەو پرۆسە ڕوناکبیرییەی زانکۆ دەیدات تەنها بەهۆی زاڵبوونی تێگەیشتنی فەلسەفییەوە لەناو مامۆستا و خوێندکاران چارەسەردەکرێت و ژینگەی ڕوناکبیریی زانکۆش گۆڕانی راستەقینەی دێتەسەر.
لەم گۆشەنیگایەوە ئەوەش دەڵێین، ئەوەی، كه هەمیشه جێگای پرسیاره بۆ ئێمە ئەوەیە، کە دەستەبژێری ئەکادێمی ئێمە بۆ کتێبی فەلسەفیی ناخوێنێتەوە؟ تەنانەت گەر بیشیخوێنێتەوە بێوچان نایخوێنێتەوە. وەکو تریش ئەم دەستەبژێرە ئەوە دەخوێنێتەوە کاری پێیەتی. هاوکات کتێبخوێندنەوە، بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی، کە مەرامێکی هەمەلایەن لەخۆدەگرێت لەناو خوێندکارانی زانکۆکانی ئێمەدا جارێ ئاسایینەبووتەوە. بۆیشە سەرنجدەخەینە سەر خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی چونکە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی شتێکی تر دەدات بە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، کە کتێبەکانی تر نایداتێ. ئەو شتە، کە هەتوانی دەربازبوونە لە کێشە گیرۆدەخوڵقێنەکان شتگەلێکی گەردووناوین و تەنیا لە دووتوێی کتێبە فەلسەفییەکانیشدا بەرچاودەکەون. ئەمەو کتێبە فەلسەفییەکان لێوڕێژن لە گفتوگۆی گرنگ و پەردە لادەریشن لەسەر پەردەلەسەر لانەدراوەکان.

کەتواری فەلسەفە

دەکرێت بپرسین فەلسەفە بەری چییە؟ فەلسەفە بەری بیرکردنەوەی مرۆڤ و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ بیرکردنەوە. لێرەوە بیرکردنەوە دەکەوێتە ناو ڕاچڵەکین و هەڵچنینی وەڵام بۆ پرسیارە دژبێژ و تەنگژاوییەکان. فەلسەفە ئەو پرسە مرۆییەیە، لە بوونمان نابێتەوە. لە دەمی شکست و سەختی و دژوارییەکاندا پەنای بۆدەبەین، واتە بیردەکەینەوە. پێشتریس لەو بارەوە وتومانە، کە دڵخوازبوونی فەلسەفە چەکەرەبوونی بیرکردنەوەیە، زڤرین و گەڕانەوەی واتاکانە بۆ داڵدەی خۆیان، ڕۆشتنە لە بۆشاییەوە بۆ پڕایی، بەرەو پڕپڕ بوون لە وتن، وتنی ئەوەی تا هەنووکە نەبیستراوە. ئەم شێوە وتنە، ئەو وتنەیە، کە بەتەنیا کاری هزرە، کارە مەزنەکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە کارەکەی ئەمەیە، ئەوەیشە، کە خەمی ژیانمەندیی ئێمە و دەدردیسەرییەکانمانیەتی لە بوونماندا. بۆ ئێمە؟ فەلسەفە لەپێناوی ئێمەدا کاری خۆی کردووە بە گەڕان بەدوای بیرکردنەوە و هەڵوەشانەوەی ئەستەم و تخوبدانان لەبەردەم کەند و کۆسپەکانماندا.
سەرباری ئەوەی وترا، درکیش بەوە دەکرێت، کە کەتوار (بارودۆخ، واقیع )ی فەلسەفەی گڵوباڵ باش نییە. کەتواری بیرکردنەوەی مرۆڤی نوێ ئەو باشە نییە، کە خۆی پێیوایە. بەڵام ئەمە ئاماژە نییە لەسەر کۆتای فەلسەفە. ئەم ناباشییەی کەتواری فەلسەفە پەیوەندی بە دۆزی گڵوباڵی رەوشتی و مرۆیی مرۆڤەوە هەیە. ئەم دۆزەش پرسیارە لەسەر ئێستای پلانێتەکەمان (هەسارە). جەنگ، نادادی، گرفتی ژینگەیی، داڕمانی ئاکاریی مرۆیی، رێزنەگرتن لە ئاژەڵ و زۆری بێکاریی و خراپی دۆزی تەندروستی مرۆیی. لێرەوە دەپرسین: چی بە تەوەرەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفەی هاوچەرخ بزانین؟ هەروەک پێشتر، راستی، بەها، زانین و…. بە تەوەرەکان بزانین یان مرۆڤی هاوچەرخ، هەنووکە، خاوەنی تەوەرەی ترن؟
لەم حاڵەتەدا پێویستمان دوبارە بەوەیە، کە بزانین، فەلسەفە بابەتێکی ڕاستەقینەی سەرسوڕمانە، بەڵام ئایا ئەمە لەگەڵ رۆشنبیریی ئێمەدا یەکدەگرێتەوە؟ ئایا فەلسەفە لەناو ئێمەدا تایبەتمەندی لەخۆگرتووە؟ یان ئەو بابەتانەی لەژێر ناوی فەلسەفە دەنووسرێن و پێیاندەگوترێت فەلسەفیی چەند فەلسەفین؟ چەند نووسینە فەلسەفییەکانمان لە پێویستییە مرۆییەکانی ئێمەوە نزیکن؟
ئەو کەتوارە هەژارەی هزرمانی تێدایە ناهەمواری بۆ ئەوانە دروستدەکات لەو هزرە تێدەڕامێن. بۆیە پێویستمان بەو دانپـیـاهـێنانەیە، کە پێیوایە: فەلسەفە شوێنێکە پڕە لە هەڵەت و بەردەڵانی، جۆرێکەلە هۆزانڤانی، ئەڵبەتە بە ڕیتمێکی ئاوەزیی و چڕتر لە داڕشتنی گوزارە و قوڵتر لە هۆنینەوەی وشە کاریخۆی دەکات.
هەر تایبەت بە کەم درامەتی هزرییمان دڵشكاوانە و زۆر بە ڕاشکاوی لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین، کە وەرگێڕانی نووسینی فەلسەفیی لەلایەن کەسانی بێئاگا لە فەلسەفە (ناقوڵ و ناپسپۆر لە فەلسەفە) زیانی لە ڕوناکبیریی فەلسەفییمان دەدات و جێپەنجەی ئەو وەرگێڕانە هەڵانەش دیار و بەر چاو دەمێننەوە و زەمینەش بۆ تێنەگەیشتن لە فەلسەفە دروستدەکەن. ئەو جۆرە وەرگێڕانانە، کە داڕشتنە فەلسەفیی و زمانەوانییەکانیان پڕن لە هەڵە ڕوناکبیریی فەلسەفیشمان کێشاویدەکەن.
پەرۆشیم بۆ ئەو لایەنە وادەکات ئەو چەشنە بیرکردنەوەیەم هەبێت، کە ئەو نووسینە فەلسەفییانەی لەژێر کاریگەریی ئەو وەرگێڕانە هەڵانە چرۆدەردەکەن هیوایان پێنەکرێت و لە زیاد لە گۆشەیەكیشەوە بینینی خەوشەکانیان بەهەندوەرگیرێت. هاوکات بۆ لەمەولا پێویستمان بەوەیە نووسینی فەلسەفییمان لەلایەک لە چڕنووکی نووسینی فەلسەفیی ناڕەسەن دەربێنین و لەلایەکی تر نووسینی فەلسەفییمان هەستیارانە دادوەری بەسەر تێکستی فەلسەفیی جیهانییەوە بکات.
باشە بۆ گەیشتن بەو خۆزگەیەی لای سەرەوە وروژێندرا، زانکۆ، بەو نەختە فەلسەفەیەی تیایەتی، دەکارێت بەو ئەرکە هەستێت؟ بێگومان نەخێر. هۆکارەکە ئەوەیە، کواڵیتێی زانکۆکانمان و ئەو شێوازە فەلسەفییەی لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی نێوەندی ئەکادێمیماندا زاڵە ناکارێت هەڵتەکاندن لە زانینی ئەکادێمی هەنووکەماندا بکات. هاوکات لەناو قەڵەمڕەوی فەلسەفیی جیهانییدا شتێک باوە لە زانکۆکانی ئێمەدا بوونی نییە، ئەوەش پرسیارسازیی و بەڵگەمەندییە.هاوکات لە زانکۆکانماندا شێوازی خوێندن و بیرکردنەوەش کۆسپ و ئاستەنگن لەبەردەم گەشەی بیرکردنەوەی داهێنانی و گوماناوییدا. لە هەموو ئەوانە گرنگتر، فەلسەفە نەهاتووەتە ناو بەشە جیاوازەکانەوە، دوورە لە زانستە سروشتییەکانەوە.

فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ

ڕەوشی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ زۆرێک گفتوگۆدێنێتە پێشەوە. سەرەتای گفتوگۆکان ئەوەیە، کە سەرنجڕاکێشە لەم نوسینە کورتەدا ئاماژە بۆئەوەبکەین، کە گفتوگۆی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ جیاوازە لە گفتوگۆی فەلسەفە وەک شوێنێک بۆ داهێنانی دانایی. فەلسەفە وەک بەش پێویستی بەوەیە خۆی نوێبکاتەوە.
فەلسەفە ناشێت لەم سەردەمە، کە هەنگاو بەرەو زیرەکی دەستکرد دەنێت وەک هەزار ساڵ لەمەوبەر بوترێتەوە. ئەمەی وترا بەو مانایەدێت، کە فەلسەفەوتنەوە لە زانکۆکان پێویستی بەرێفۆرمێکی گەورەیە. سەرەتای ئەو رێفۆرمە لەوێوەدەستپێدەکات، کە شانبەشانی وتنەوەی مێژووی فەلسەفە گرنگ و پێویستە جۆرێک لە بەبیرکاریکردنی (mathematization) هزر، لۆژیک و تێۆلۆژیا(لاهوت، یەزدانناسی)، ئۆنتۆلۆژیا (بوونناسی) و تێۆریزانین(ئێپستمۆلۆژیا) بوترێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە و لەم حاڵەتەدا زانکۆ پێویستی بە مامۆستای فەلسەفەی هزرکراوە و زمانزان و خاوەن ئاگامەندی هاوچەرخە. بێئەوە زانکۆ فەلسەفەشی تیابێت شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت.
شایانی وتنە، لەمڕووەوە بابەتێکی کرۆکداری تر هەیە، کە تایبەتە بە فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ، ئەوەش پەیوەندی بە خودی خوێندکاری فەلسەفەوە هەیە. بەشەکانی فەلسەفە ڕوو لە وشکبووندەکەن و لەم رووەشەوە هۆ زۆرە و سەرەکیترین هۆش ڕەنگە ئەوە بێت، کە خوێندکاری بەشی فەلسەفە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستناکەوێت، کە دەپرسێت، دوای تەواوکردنی ئەم بەشە کارم دەستدەکەوێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە و هۆکاری کار دەستنەکەوتنی خوێندکاری بەشی فەلسەفە پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە هەیە، لەوانە: بەشی فەلسەفە هەروەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد پێویستی بە رێفۆرمە. رێفۆرمەکان هەر لە گۆرینی هزر و توانا و لێهاتووی مامۆستاکانەوە دەستپێدەکات تادەگاتە گۆڕینی مێتۆدی وانە وتنەوە و کۆرس بوک و خودی وانەکان و ناوەرۆک و ئامانجییان.چونکە ئەو پەرۆشییە لەناو مامۆستاکانی فەلسەفەدا بوونی نییە، کە بەسەردەمیکردنی بەشەکە بەقازانجی گشت زانکۆ دەگەڕێتەوە.

زانکۆی بێ فەلسەفە

ڕاستە بێ باکیمان بەرامبەر بە فەلسەفە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە، لێ بێ شکۆیی فەلسەفەش لە ئێستادا لە نێوەندی ئەکادێمیمان هەلومەرجی تری هەیە. لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا پرسیار درەنگ دروستدەبێت. کە دروستیش دەبێت سادە و فرەرەهەند نییە. هەر لەوێدا شێوازی قسەکردن و روونکردنەوە زێدەڕۆیتیادەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە. هەروەها پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفە وتنەوە بە چەوسانەوەی فەلسەفە کۆتای دێت. فەلسەفە بەخۆی دژی چەوسانەوەیە، کەچی لە زانکۆی بێ فەلسەفە دا دەچەوسێنرێتەوە.
وێڕای ئەوە، لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا، فەلسەفەشی تیابێت هەر بێ فەلسەفەیە. لەم حاڵەتەدا هەڵگری بروانامە لە فەلسەفە وادەردەکەوێت، کە هەڵگری بروانامەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان(مرۆییەکان). بۆ ئەوەی هەڵگری بروانامەی فەلسەفە شارەزای فەلسەفە بێت پێویستی بەوەیە جارێکیتر فەلسەفە بخوێنێتەوە. چونکە فەلسەفەی لەبەردەست ئەوانەدا خوێندووە، کە قوڵایی فەلسەفییان نییە. ئەمەش بەشێکە لەو غەدرەی زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفەی دەکەن، ئەوەی فەلسەفە دەخەنەبەردەست کەسانی ناپسپۆڕ لە فەلسەفە!
بارکردنی فەلسەفە لە زانکۆ بارکردنی عەقڵە، کە ئەوەش بە بارکردنی بیرکردنەوە کۆتای دێت. هەر لەبەر ئەوە، دژایەتیکردنی فەلسەفە لە زانکۆ دژایەتیکردنی عەقڵ و هاوکات ڕاستیشە. زانکۆ و فەلسەفە پێکەوە دۆخی ڕاستی دەپارێزن. فێربوونی ڕاستیش لە زانکۆ شانبەشانی زانین بێ بوونی فەلسەفە بێ مانا دەبێت. بۆیە ترسی زانکۆ لە فەلسەفە ترسە لەو عەقڵەی فەلسەفە دەیهێنێتە ناو زانکۆوە.

زانکۆ بە فەلسەفەوە
فەلسەفە وەک دانایی بابەتێکی گەورەترە لە بابەتی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ. ئەوەی هەیبەتی فەلسەفە لە زانکۆ دروستدەکات ئەو داناییەیە، کە لە کرۆکی فەلسەفەدا پەنهانە. بەداناییبوونی فەلسەفە وادەکات زانکۆ نەکارێت پشت لە فەلسەفە بکات. کەوابێت، شکۆی زانکۆ بە بوونی فەلسەفەوە لەناو زانکۆ گرێدراوە. ئەم شکۆیە بەو مانایە نایەت کە بەشی فەلسەفە لە زانکۆ بوونی هەبوو، ئەوە مانای ئەوەیە زانکۆ شکۆدارە و زانینی زانکۆییش شکۆی پارێزراوە. نەخێر بەوجۆرە نییە، بەڵکو شکۆکە بە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بیرە لە گشت بەشە جیاکانی کۆلێجە زانستی و مرۆییەکانەوە گرێدراوە.
بەم شێوەیە بێت، فەلسەفە کە دێتە ناو زانکۆوە ئەمە والە مامۆستا و خوێندکار دەکات ریال(واقیعی)تر بن و زانکۆش دەبێتە داڵدەی نەشونمای پرسیار و بیرکردنەوەی ئازاد، ویست بۆ ماف، کە ئەمانەش دروستدەبن، ئەوکات فەلسەفە لەناو زانکۆ خۆی پێویستتر دەردەخات و زاڵیشدەبێت بەسەر وڕێنەدا. لێرەوە زانکۆ بەهۆی فەلسەفەوە بیر دەکاتەوە لە بوون و ستاتۆسی(کیان) خۆی و خودی خۆشی باشتر دەبینێت. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کاتێک فەلسەفە لە زانکۆدا ئامادەیە ژیرمەندیی لەرێگای ئەو پەیوەندییە بەتینەوە دێتەئاراوە، کە لەنێوان پرسیار و وەڵام دا هەیە.
بەپێی ئەوەی زانکۆ شوێنی خستنەگەڕی عەقڵە، هەر ئەو شوینەشە ڕوناکی زانین بڵاودەکاتەوە. لەبەرئەوە فەلسەفە لەناو زانکۆدا بواریکە بۆ هێشتنەوەی عەقڵ و نەهێشتنی سڕینەوەی بیرکردنەوە.کەواتە، فەلسەفە ئارەزوو نییە پێویستییە. بەمجۆرە سەرەتا نابێت فەلسەفە ئارەزوو بێت، کە مرۆڤ لە بوونی فەلسەفە گەیشت ئەوکات لای دەبێت بە ئارەزوو، بگرە ویستیش. راستە فەلسەفە ئارەزوویەکی شاراوەیە لە هەمووماندا، بەڵام ئەم ئارەزووە کەتواری خۆی هەیە و کاتی سەرهەڵدان و کارابوونیشی جیاوازە.
بەپێی رۆلان بارت بێت بۆ کافکا نوسین رێگایەک بوو بۆ دەربازبوون لە نیگەرانیی، زانکۆش دەبێت بەو جۆرە بروانێتە فەلسەفە. فەلسەفە وا لە زانکۆ دەکات خۆی دەربازکات لە نیگارنیەکان، کە هەردەم بەرۆکی زانینی ئەکادێمیدەگرن. رزگاربوون لە نیگەرانییش دەمانخاتەبەردەم پرسی چۆنیەتی رزگاربوون لە نیگەرانیی.

چیبکرێت تا فەلسەفە لە زانکۆ هێژابکرێت؟

زۆرێک ناخوازن فەلسەفە توخنی زانکۆ بکەوێت، چونکە پێیانوایە فەلسەفە بێئیمانی، بێباوەڕی، بڵاودەکاتەوە. بۆیە ئەو کەسەی لە نێوەندی ئەکادێمیدا فەلسەفەدەکات وەک دژە ئاین و یەزدان تەماشادەکرێت. بەڵام ئایا وایە؟ ئەڵبەتە نەخێر.چونکە فەلسەفە لە زانکۆ بۆئەوە هەیە، کە لە خودی خۆمانمان نزیکبکاتەوە و خۆشماننزیکبکاتەوە لە ژیان و ئەو ژینگەیەی رۆژانە دەیژیێین.
سەرباری ئەوە، دورکەوتنەوەی خوێندکاران لە زانکۆ لە فەلسەفە پەیوەندی بە خودی ناواخنی فەلسەفەوە هەیە. فەلسەفە خۆی وایە، سادەیەکی بازاڕی نییە. هەرلەبەرئەوە زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆکان رقییان لە فەلسەفەیە و تاپێشیانبکرێت خۆیان لە فەلسەفە بەدووردەگرن. بێشەرمانە زۆرجار داوادەکەن بە زمانێکی سادە، زۆر سادە، ئەوە باسکرێت، کە بابەتێکی هزرییە. هەر ئەوەنە گوێیان لە چەمکی فەلسەفە دەبێت ترس و نیگەرانییەک روخساریان دادەپۆشێت و پرسیاری ئەوە لەو روخسارە پەشۆکاوەیان دەبینرێت، کە تێناگەم. تێناگەم لە فەلسەفە ئەو گوزارە باوەیە خوێندکاری زانکۆ خۆیپێ لە فەلسەفەفێربوون دەربازدەکات. بۆ ئەو خوێندکارە شتێک نییە ناوی گفتووگۆ یان دانوستاندنی فەلسەفەیی بێت. ئەو لە ژینگەیەکەوە هاتوە نافەلسەفیی بووە، لێوڕێژبووە لە بیرنەکردنەوە، لە کتێب نەخوێندنەوە، لە بیرکردنەوەی بۆش و سەرپێیی ناقوڵ و ڕووکەش. بۆیە ئەو خوێندکارە سەرسام نییە بە هەچ شتێک بلکێ بە ژیرمەندیی و ئەندێشەگەراییەوە. ئەم بەجۆرێک لەتەک فەلسەفەدا ناسازگاره ئاسان نییە لەو ماوە کورتەی زانکۆدا بکرێت بیری بەجۆرێکی تر بچنرێت و وایلێکرێت ڕچەشكێنەرانە بیربکاتەوە. هۆڵ و ژینگەی زانکۆ و ئەو جۆرە مامۆستایانەی لە ئێستادا بەردەستن، ئەو جۆرە خوێندکارانە لە هەناوی بیرنەکردنەوەدا قەتیسدەکەن. ئەمەش گیرۆدەخوڵقێنن بۆ ئەوانەی بخوازن فێربوونێکی تر لەناو خوێندکاراندا بچێنن.
بەداخەوە، ئەم جۆرە خوێندکارانە ئەو نەوەیەن وه‌ڕس و بێزارن لە بیرکردنەوەی قوڵ و فراوان. ئه‌گه‌ر سوور بشزانن فەلسەفە ئەوەیان فێردەکات پێشتر فێرینەبوونە هەر هەڵوێستێکی باشیان نابێت لەوبارەوە. گشت ئەمانەش به‌ره‌نجامی ئەو ژینگە پڕنادادیی و بێ مافییەیە، کە خۆیان و خێزانەکانیان ساڵانێکە تیایدەژین. بەڵێ ئەو ژینگەیە رق لە فەلسەفەی تیا سەوزکردوون و کردوشنی بە دوژمنی کتێبخوێندنەوە.

سەرئەنجام

لێرەدا مشتێک شرۆڤەی کورتمان خستەڕوو سەبارەت بە هزرهەژاری زانکۆ، کاتێک بێ فەلسەفە دەبێت، لەمە قسەمان تەنها لە بوون و نەبوونی بەشی فەلسەفە نەبوو لەناو حەرەمی زانکۆ، قسە سەرەکییەکەمان لە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی بوو لەناو مامۆستا و خوێندکاران، لەناو سەرتاپای کۆلێجەکان، لە گشت قوژبنێکی نێوەندی ئەکادێمیماندا. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کەمدراماتی زانکۆ دەکرێت بەو هەژارییە هزرییە فەلسەفییە پێوانەبکرێت لە زانکۆدا بوونی هەیە. جێی نیگەرانییشە، دەرفەت لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆدا ناکرێتەوە، وانەکان و فێربوونەکان هەڵگری توخمی زانینیی نوێ و نادووبارەنابن. ڕەنگە بەشی فەلسەفە، کە سەربەخۆی بدرێتێ و هەست بە ئازادی بکات، بکارێت خوێندن لەو بەشە والێکات بە ویستی خوێندکار بێت و دواتر پسپۆر لە لقەجیاجیاکانی فەلسەفەش دروستکات و زەمینەش بۆ دروستکردنی پسپۆر لە هزری ڕۆژئاوا بڕەخسێنێت. بەڵام پێش هەموو ئەوانە پسپۆڕ لە فەلسەفە پێویستی بەوەیە خۆی لە قاتوقڕیی هزریی دەربازکات و ئاسۆی هزریی بەرین و فراوانکات.
شارستانیی کۆن و نوێ لە جۆری فەلسەفەی بەخۆیەوەی نەدیوە. پێگەی ئەم جۆرەش، واتە فەلسەفە، کە مرۆڤایەتیی دۆزیویەتیەوە، بە گەوجەکان لاوازنابێت. گەوجەکان، کە ئاشنانیین بە فەلسەفە نازانن فەلسەفە لێوانلێوە لە ئاوەز، کە ئەوەش دژە جەمسەری ئەوانە. گەوجەکان، کە شادن بە نەمانی فەلسەفە، لەوە بێئاگان نەمانی فەلسەفە بە نەمانی پرسیارەوە گرێدراوە. پرسیاریش هەیە تا مرۆڤ هەبێت. گەوجەکان، کە فریوخواردوون، لە زیادبووندان. گەوجەکان دەکرێت مرۆڤەکانی ناو و بەردەستی دەسەڵات بن، دەیشکرێت دوژمنانی فەلسەفە ئەوانە بن، کە بەسەقەت فەلسەفە دەکەن. گەوجەکان ئەوانەن، کە ڕقیان لە فەلسەفەیە، ئەوانەی فەلسەفە تاوانباردەکەن بە ناڕوونیی لە بیرکردنەوە. ئەوانەیش، کە بەهۆی خراب_حاڵیبوونیان لە فەلسەفە جێگه‌ به‌ فەلسەفە لێژده‌كەن و پرسگەلی فەلسەفیی ناوروژێنن، کە دەرد و کێشەکانمان تیماربکەن. کەوابێت، بۆ دەبێت فەلسەفە هەبێت، کە گیرۆده‌بوونەکانمان نەخاتە ژێرپرسیارەوە!

ئازاد حەمە




مانای سێ یەمی فیگوری مرۆڤ و سەگ.. نیهاد جامی

ئێمە لە کوێی ژیانداین؟ پرسیارێک پەیوەست نیە بە ئێستامانەوە، هێندەی پرسێکی بونگەرایی ئێمەیە کە دەکەوینە کوێی مێژووی مرۆڤەوە؟ هەر بەڕاست ئێمە لەسەردەمێکدا کە کولتوری شاشە ژیانی زەوتکردوین، پێویستە لەگەڵ ڕووداوەکانی رۆژدا قسەمان لەهەموو شتێک هەبێت؟ کۆی ئەو پرسیارانە دەرگا کردنەوە نیە بۆ قسەکردن، هێندەی نائومێدبونی مرۆڤە لەم رۆژگارەدا، رووبەرێک نامێنێت بۆ پسپۆری، بەبیانوی هەڵوێستەوە قسە لەتەواوی کایە جیاوازەکانی ژیان دەکەین، لێناگەڕێین پسپۆڕانی بوارەکە قسەمان بۆ بکەن.
لێرەدا ئێمە لەنێوان مرۆڤ و کولتوردا،بۆشاییەکمان هەیە لەو پەیوەندیەدا، ئەویش ناسینە، ناسین وەک مانای زانستی مرۆیی دێت، لەو ساتەدا دەپرسین کاری هونەری دەکەوێتە کوێی زانست؟
بوونی هونەر بۆ ئەو ناپەرسیاریەتیەی مرۆڤە تا بەدەردی گەمژەیی قسەکردنی زۆرینە نەمرین، هەندێکجار قسەکردنی زۆرینە وەک ژەهرێکە دەرخواردمان دەدرێت، ئێمە بەهۆی ئەو قسەکردنانەوە بونمان لەبەردەم ژەهراوی بوندایە، بەڵام هونەر دێت خێرا فریامان دەکەوێت، لەم رۆژگارەدا کەوا مرۆڤی ئێمە قسە لەروداوگەلێکی کۆن دەکات، ئەو مرۆڤە خۆی وەک هەمیشە دابەش دەکاتە سەر دوو بەرەی دژ بەیەک، ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە قسەکردن نیە وەک ئەوان، هێندەی بێدەنگیەکە کە ئاخۆ ئەم ژەهرە دەمانکوژێت یان تەنیا کوێرمان دەکات؟لەبەردەم ئەم پرسیارەدا هونەر دێت تا ڕزگارمان بکات لە مەرگ و کوێریی، حەقیقەتی مرۆڤ لەقسەکردنەوە دەباتە ناو گومانکردن، بۆ من ئەو حەقیقەتە لەتابلۆکانی هونەرمەند پێشەوا مەحمود بینیم، کۆمەڵە فیگورێکی مرۆڤ لەدۆخێکی ئاوێتەیی نێوان مرۆڤ و سەگدا رووبەروی هاودژبونەوەی تێگەیشتنمان دەکاتەوە بەوەی ئەو لۆژیکە کە بوو بە زانیاری بەرایی لە ئێستادا، بەوەی سەرەتا مرۆڤ وەک گیاندار دەرکەوت و هەندێک سات ئارەزویەکی زۆر دەمانبات بۆ لای تیۆرەکەی داروین بۆ مرۆڤی سەرەتایی، تا ئاستی ڕۆچوونەوە ناو مرۆڤناسی، بەڵام ئیدی ئەو زانینە هیچ کۆمەکێکمان ناکات بۆ ئێستا، دەشێت ئەوە زانستێک بێت مرۆڤەکانی تۆڕی کۆمەلایەتی لەشوێنی شوێنەوارناسان و مرۆڤناسان قسەی لەبارەوە بکەن، سەرەنجام روانینەکان هەمووشیان شتێک بە زانینمان نابەخشن، کەچی پێشەوا دێت مرۆڤی هاوچەرخ ئەو مرۆڤەی باس لەوە ناکات کە سەرەتا ئەو لەشێوەی گیاندار بوو، هێندەی فیگوری ئەو مرۆڤە لەئێستادا ئەو حەقیقەتەیە کە بوونی ئەو لەنێوان مرۆڤ و گیاندارەکە دەگۆڕدرێتە سەر سەگ، لێرەدا سەگ بە کۆمەڵە دەلالەتێکەوە بۆ دینیەکانی لای خۆمان شوێنی سەگ سەر شەقامە، شەوان بە مرۆڤ دەوەڕێت، کەچی بۆ مرۆڤی خۆرئاوایی باشترین دۆستە و لەماڵەوە ئەندامێکی هەرە ئازیزی خێزانە، ئەو دوالیزمە ڕەنگە بۆ مرۆڤی کوردی وەک فیگورێکی بێبەها سەیری بکرێت، بێئاگا لەوەی بوونی ڕاستەقینەی خۆیەتی لەقسەکردنێکی هەمیشەیی، بەڵام هونەرمەندەکەمان لەگەشتێکی هونەری کە ئیدی ئەو لەناو کولتوری خۆرئاوا نیگاردەکێشێت، سەگ بۆ ئەو ئەو مانا کوردیە نابەخشێت، بەقەد ئەوەی دۆخی لابردنی جیاوازی نێوان مرۆڤ و گیاندارە لە فیگورێکدا، ئێمە لەبەردەم ئەو دوو مانایە بۆ فیگور ئومێدێک بۆ خۆمان لەبینین نادۆزینەوە، بۆیە نائومێدیەکانمان بەرەو مانای سێیەمی کاری هونەریمان دەبەن، ئەو مانایە بە کوێمان دەگەیەنێت؟ پرسیارەکەی ئێمە لێرەوە دەست پێ دەکات تاوەکو گومان لەکۆی ڕوانینەکانی پێشوومان بکەین.
لێرەدا بۆ مانای سێیەم پشت بە ڕۆلان بارت دەبەستین، کە کۆی ئەوەی خستمانە ڕوو لەهەمان کاتدا بەو مانایە گومانی لێ دەکەین، هۆکارەکەی مەعریفە نیە هەر وەک زانیاری مرۆڤەکانی تۆڕی کۆمەلایەتیە کە بارت بە ئاستی هەواڵ ناوی دەبات، ئێمە کارمان بەو ئاستە هەواڵیەی فیگور نیە، وەک چۆن وەستان لەئاستی ڕەمزی فیگور بەس نیە، ئەو دەمەی ئاستی ڕەمزی فیگور شوناسی مرۆڤی هاوچەرخمان لە رووخساری سەگ نیشان دەدات، ئاخۆ ئەو دەلالەتەی بۆ وەرگر دەینێرێت لەدەرەوەی بەزەیی و سۆز وێناکردنە بۆ شوناسی داهاتووی ئەو مرۆڤە؟
ئایا ئەوە زمانە ئیدی توانای تێگەیشتنی لەدەستداوە و لەڕێگەی هەستەکانەوە دەتوانین کۆ دەنگیەکی بێدەنگی بۆ زمانی بینین و ئاماژە دروست بکەین؟ ئەوە دەشێت پرسیار بێت، بەلام هەرگیز دەستەواژەیەکی پێشنیارکراومان نیە بۆ تێگەیشتن لەداهاتووی ئەو مرۆڤە.
ئەو مرۆڤە لەهەر پۆرترێتێکدا سەر بە کولتور و ڕەگەزێکە، فیگوری ژنێکە دابەش بۆتە سەر مرۆڤ و سەگ، ئەو دابەش بونە ناگۆڕێت، ئەوەی دەگۆڕێت ڕەگەزو نەژاد و کولتورە، دەبێت بە پیاو بە ڕەش پێست بە مرۆڤێکی عەرەبی بە هاوڕەگەزبازێک لەڕێی ڕەنگی قژیەوە وەک ئاماژەیەکی زیرەکانەی هونەرمەند خستویەتیە ڕوو، سۆزانیەک، پیرێکی نەخۆش بەدەم ناڵینی ئازارەوە، بەڵام لەکۆی کردەی بینین پۆرترێتی ئەو مرۆڤە لە تاکێکەوە یەکدەگرن، لە کۆ پۆرترێتدا فیگوری ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخ پێکدێنن، بۆ لابردنی تەواوی ئەو جیاوازیە کولتوریی و نەژادیە، ئەوە ئێمەین، ئێمەیەک چەندە ڕابردوومان هەڵگری شوناسێک بوو، سەرەنجام یەک سیستمی ئەخلاقی هەمومان کۆ دەکاتەوە، جیاوازی نەژادی و ڕەگەزی و کولتوریی هیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە.
ئەگەر مانای ڕوون لەناو مانای سێیەم بەپێی چەمکە بارتیەکە بخوێنینەوە، بەو پێیەی بارت دەنووسێت «ئەوە بەشێکە لە مانای ڕوون، وە مانای ڕوون شۆڕشە» دەبێت بڵێین شۆڕشی تەکنەلۆژی کە مرۆڤی هاوچەرخی کردە بەرهەمی کولتوری شاشە، فیگوری ئەو مرۆڤە ئیدی لەبەردەم بینین و وێنەدایە، هەستی مرۆیی شتێک نیە هێندەی پێویستی بینینە، نیگای سەگ کە هەمیشە نیگایەکی خەمبار و هاوهەمەنگیە لەگەڵ بینین، لێرەدا حەقیقەتی مانای سێیەم لەو ئاوێتە بونەی مرۆڤ و سەگ دەردەکەوێت لەبینینی تەواوی زانیاری و ڕووداوەکانی شاشەدا، کە لەساتی بینین ئەو مرۆڤە سەگئاسا خەمبار دەبێت و هاوسۆزی نیشان دەدات، هاوسۆزیەک دیسان لەڕێگەی پەیوەندی شاشەوەیە.
مانای سەختی وەک یەکێک لە ماناکانی سێ یەم لێرەدا چیە؟ پاککردنەوەی رووخسارە لە سەگ و بینینەوەی وەک مرۆڤی هەر تابلۆیەک؟ ئایا ئەوە مانا سەختەکەیە یاخود ڕووپۆشکردنی سەگ بەسەر تەواوی فیگور تا ئێمە سەگ ببینین نەک مرۆڤ؟ ئێستە لەو ساتەدا مانای سەخت ئێمە دەخاتە بەردەم دوو گریمانە، بەڵام ئاخۆ ئیشکردنەوە لەسەر یەکێک لەو دوو گریمانەیە بۆ خۆی کردەیەکی پووچگەرا نیە بەوەی بمانەوێت ئەو دوو فیگورە لە فیگورێکدا لەیەکتر جیا بکەینەوە؟ لە مانای سەختیدا بۆ من پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە.
کەواتە ئێمە لەمانا سەختەکەدا بەرەو کوێ دەڕۆین مادام نامانەوێت لەسەر ئەو دوو پرسیارە ئیش بکەین؟ ئێمە کاتێک یەک لەو دوو روخسارە «سەگ و مرۆڤ» لەیەکتر جیا ناکەینەوە، دەزانین کردەی زانینیش هەر کاتێک زانیمان پێویستمان بە گەڕان نیە، ئێمە لە نەزانراو دەگەڕێین تا بگەین بە زانین، بۆیە قسەکردن لە ڕوخساری سەگ یان مرۆڤ دوو ڕووخساری زانراون، ئەوەی نەزانراوە نهێنی ئەو دەمامکەیە لەڕێی سەگەوە هونەرمەندەکەمان خستویەتیە سەر مرۆڤ؟ لێرەدا ئێمە قسە لەهیچ لەو دوانە ناکەین هێندەی دەمانەوێت لەنهێنی ئەو دەمامکە تێبگەین وەک ئەوەی ئیدی مرۆڤ وسەگ پێکەوە یەک فیگور پێک بێنن، ئەو فیگورە پەیوەندی زەمەنی مرۆڤی سەرەتاییە تا دەگات بە مرۆڤی ئەمڕۆ کە چۆن ناتوانێت بەبێ گیاندار هەڵبکات، لەهەمان کاتدا پەیوەندی هاوبەشیان وایکردووە هەر یەکێکیان ئەویتر تەواو بکات، ئەو لۆژیکە لەگەڕاندا بەرەو ئەو ئاستەمان دەبات کە ئیدی چۆن دەکرێت ئێمە لەیەکتریان هەلبوەشێنینەوە، هەڵوەشاندنەوەی فیگور دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوە بێت بۆ سرووشت ساتێ تەنیا ڕەنگ بوونی هەیە و هێشتا مرۆڤ و گیاندار نەهاتونەتە ناویەوە.
ئەگەر بارت لە وتارەکەیدا بگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە ئارەزوی نواندنی برێختیانە «شانۆکاری ئەڵمانی بڕتۆڵد برێخت» ئەوا لای پێشەوا مەحمود فیگورەکە نواندن ناکات، هێندەی نوێنەرایەتی فیگوری منە، من وەک ئاماژەیەکی مرۆڤی هاوچەرخ.
هەست و ئارەزووەکان هیچ گۆڕانکاریەکیان بەسەر نایەت، ئەوەی دەگۆڕێت فۆڕمی بینینە، دەنا ویستی مرۆڤ و گیاندار کردەیەکی بایەلۆژی هاوشێوەی یەکتریە، ئەوە فیگورە لەوێنەیەکی ئاوێتەیی دا ئەو دوانەی کردۆتەوە یەکتر، یا گەر بە زمانی بارت قسە بکەین دەمامکی سەگ لەسەر مرۆڤ بۆتە هۆکاری نواندنێکی برێختیانە کە نوێنەرایەتی یەکتری دەکەن، چونکە سەر بە یەک نەژاد و زیندەگین، هەر نا لە کاری هونەری هونەرمەندەکەماندا.

١٩/٥/٢٠٢٤
نەخۆشخانەی لا تیمۆن




كام یەكسانی لە نێوان ژن و پیاودا ؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

سەرنجێك لە بارەی پرۆژەكەی پەیمانگای پەرە پێدانی ئەمنی وكارگێڕی لە هەنبەر پرسی یەكسانیدا

لەگەڵ گواستنەوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لە قۆناغی كۆمۆنەی سەرەتاییەوە، بۆ كۆیلایەتی و دواتر دەرەبەگایەتی و پاشانیش سەرمایەداری، وەك دوا فۆڕمی پەرەسەندنی ژیاریی و كۆمەڵایەتی و سیستەمێكی سیاسی و كارگێڕی كە ئێستا لە جیهاندا باڵادەستە، مرۆڤایەتی گەلێك پێشكەوتنی شارستانی بە خۆوە بینیوە. مرۆڤە سەرەتایەكان، لە ئەشكەوتەكان دەژیان و پشتیان بە ڕاوكردن بۆ درێژەدان بە ژیانییان دەبەست، بەگەڵای دارەكان و پێستی ئاژەل، خۆیان لە سەرما دەپاراست، پاشان ئاگریان دۆزییەوە، لەگەڵ دۆزینەوەی ئاگر، لە ئەشكەوتەكان هاتنە دەشت و قەراغ ڕووبارەكان و ئەو هەڵومەرجە سەرەتاییە نوێیە، ناچاریكردن شوێنێك بۆ مانەوەی خۆیان لە ڕووداوە سرووشتتیەكان و خۆپارێزیان دروست بكەن و دواتریش دەستیان كرد بە زەوی داچاندن و گوندی چەرمووی ناوچەی چەمچەماڵی هەرێمی كوردستان، یەكەم گوندی دیرۆكی و شوێنەوارییە، كە مرۆڤایەتی بۆ یەكەم جار كشتوكاڵی تیادا كردووە. هەموو ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و مرۆیانە، هەڵومەرجێكی تازەیان لەگەڵ خۆیان هێناوەتە ئاراوەو دینامیكییانە ژیان گۆڕاوە لە قۆناغێكی سەرەتاییەوە، بۆ قۆناغێكی ئاڵۆزی وەك ئێستا. مرۆڤە سەرەتایەكان، دوای ئەوەی لە شێوەی كۆمەڵ كۆمەڵ، بە یەكەوە دەستیان كرد بە ژیانكردن و كاركردن، فۆڕمێكی كۆمەڵایەتییانەی تازە بە ناوی خێزان، هەروەها گوندی گەورەترو شارۆچكە هاتنە ئاراوە. بەمەش مرۆڤایەتی لە قۆناغی سەرەتاییانەی بەیەكەوە بوونەوە پەرت و بڵاوبوونەوە و هەریەكەیەان، شوناسێكی جیاوازتری لەوان وەرگرت. نەتەوە و گەلانی جیاواز بە درێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی دەركەوتن و ئەو گەشەكردنە ڕەگەزیی و سرووشتییە، هەم پێداویستی زۆرتری هێنا ئاراوە، هەمیش فۆڕمێكی دیكەی جیاوازی لە ژیانی ئاسایی نێو گوند و شارە سەرەتاییەكان هێنا ئاراوە، كە ئەویش شارە بە مانا مۆدێرنەكەی. شار، بە كۆمەڵێك تایبەتمەندی جوگرافی، ئەتنیكی، كولتووری، پیشەسازیی و بازرگانی دەناسرێتەوە، كە هەڵگری جۆرە هارمۆنیایەكی كۆمەڵییە و هەموو پێكهاتەكان لە شاردا بە جیاوازی ڕەگەزیی و ناسنامەیان یەكدەگرنەوە، بە پیچَەوانەی گوند كە پارێزگاری لەو مۆركە خێڵەكیە گوندییەی خۆیان دەكەن. لە شاردا، جۆرە ونبوونێكی ناسنامەیی هەیە، كە ئەوی جیاواز و تاك لە نێو كۆی شاردا دەتوێێتەوە دەبێتە بەشێك لە كۆی ناسنامەی گشتی ئەم گۆڕانكارییە هەر تەنها شەقام و باڵەخانە و سیمای ژیاریی و سەرخانی شار ناگرێتەوە، بەڵكو لە ئاستی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و مرۆیی و كرانەوەی هزریشدا دەگرێتەوە. بە جۆرێك كە جیاوازی ڕەگەزی، ئازادییەكانی ژن، ئازادییە كەسی و گشتییەكان، گەشەی زۆریان بە خۆوە دیوە. بێگومان ئەو پێشكەوتنانە، دەرەنجامی گەشەی ژیاری و شارستانی كۆمەڵگەن و بەشێكن لە پێشكەوتنەكانی جیهان و لەگەڵ هەر جۆرە پێشكەوتنێك، ئیدی شوناسی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە و پرسی ماف و ئازادییەكانیش پێشدەكەون و گۆڕانیان بەسەر دادێت، وەلێ پرسێكی مرۆیی گەورە، كە دەكرێ وێرای ئەو هەموو پێشكەوتنانەی كە مرۆڤایەتی تا ئێستا بە خۆیەوە بینیویەتی، هێشتا نەتوانراوە وەك پێویست گۆڕانكاری تێدا بكرێت، پرسی جیاوازی نێوان هەر دوو ڕەگەزە، بە تایبەتیش لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا. گەرچی ژنان، ماف و دەسكەوتی گەورەی زۆریان، هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ژیان وەدەست هێناوە، وەلێ هێشتا لە هەزاران شوێن و جێگە و سووچی ئەم دنیایە، ژنان هاوتای پیاوان نین. سەرمایەداری، كە وەك دوا مۆدی كۆمەڵایەتییانەی ژیان، لافی ئەوەی لێ دەدات، كە دوای كۆمۆنێزم، ئیدی ژیان دەكاتە بە هەشت، قەیرانەكانی ئەوەندی دیكە قووڵكردنەوە، بە جۆرێك لەو سیستەمەشدا، هێشتا ژنان مافخوراو یەكسان نین لەگەڵ پیاوان. بۆ نموونە تا ئێستاش لە مێژووی درێژی ئەمەریكادا، بەو هەموو دیموكراسییەت و لیبرالییەت و كرانەوەیە، ژنێك نەبۆتە سەرۆكی. هەتا ئەم ساڵانەی دوایی لە وڵاتانی كەنداو، ژنان ماقی شۆفێری كردنیان نەبوو، بێگومان ئەگەر لەم وڵاتانە ژنان بەوشێوەیە بێبەش بكرێن لە مافەكانیان، دەبێ لە كۆمەڵگەی ئێمەدا چۆن بن؟ پرسی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاودا لە كۆمەڵگەی ئێمە، پرسێكی كۆمەڵایەتی، خێزانی و كولتووریی و پەروەردەیە. كێشەیەكە، ڕەگێكی درێژی مێژوویی هەیە و بووە بە نۆڕم و تێگەیشتنێكی میللییانە كە هەرگیز پیاو و ژن هاوتای یەكتری نین و نابن. بەو پێیەی لەلایەكەوە شەریعەتی ئیسلام وا دەڵێت، لەلایەكی دیكەشەوە ڕەهەندی جەستەیی و فسیۆلۆژی ژن، دەكرێتە پاساوێك بۆ ئەو لێك جیاكردنەوە و پلە بەندییە كۆمەڵایەتییە بەو مانایەی ژن سووڕی مانگانەی هەیە، منداڵی دەبێت، ڕۆمانسیتر و بەسۆزترن، لەوەی ئەقلانیتر بن. ئەمە وێرای ئەوەی كە گەورەترین مەترسی لە سەر ئەو بەیەكسانكردنە هەیە، كە ئەویش مەسەڵەی بەستنەوەی شەڕەفە بە ژن و لە ژنیش بە عەورەتی و لە عەورەتیشی بە دڵۆپە خوێنێك. بۆیە بەردەوام بە شێوەیەكی ڕەها، لە جیهانبینی پیاودا، ئەو سنوورە دەبێتە خاڵی جیاكەرەوەی هەردووكیان لە یەكتری. لە ڕاستیدا، پرسی یەكسانی لەنێوان ژن و پیاودا، بە تەنها كاری ڕێكخراوێكی فێمێنیزمی، ژنە چاڵاكوانێك، دامودەزگای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی خێزان و ئافرەت نییە، ئەو پرسە پەیوەندی بە بیركردنەوە و ئەقڵیەتی كۆمەڵگە بە گشتی هەیە، بۆیە دەبێت كاربكرێت لە سەر هەڵگێڕانەوەی ئەو تێڕوانینە. من سەیرم پێ دێت، وەختێ دەبینم ژنێك قەڵغانی مرۆیی و دەیان خەڵاتی ڕێز لێنان لە پێنا و كاركردنی لە سەر پرسی یەكسانی پێ دەدرێت! مەگەر ئەو پرسە بە تەنها هی یەك كەسە؟ لە دوای ڕاپەڕینەوە، گەرچی كرانەوە و پێشكەوتنێك لەم ڕووە هاتۆتە ئاراوە، بەڵام هێشتا وەك پێویست نییە و دەزگاو ڕێكخراوەكانی ئەو بوارە و بگرە حكومەت و فێمێنیستەكانیش، بە ئاگایی و خۆپارێزییەوە كار لەسەر ئەو پرسە دەكەن، چونكە دەزانن دەرەنجامەكەی چی دەبێت؟ پرسی یەكسانی پەیوەندی بە سیاسەتی یەكسانی، بزاڤی ڕێكخراوەیی، هەوڵی فێمێنستانە بە تەنها نییە، بەڵكو پرسێكی گشتییە و پەیوەستە بە ئەقڵی گشتی كۆمەڵگە و تاكەكانەوەو دەبێ لەوەدا هوشیار ببنەوە، كە یەكسانی چییە و چەند بڕوایان پێیەتی، نەك لە ڕێگەی پەیام و گوتارێكی كورت مەودا، ئەو پرس و بابەتە بكرێتە گەنگەشەی كۆمەڵایەتی و دوانریش شوێنی خۆی نەگرێت. (سیاسەتی یەكسانی لە نێوان ئاقرەت و پیاودا)، ناونیشانی بڵاوكراوەیەكی (پەیمانگای پەرەپێدانی ئەمنی و كارگێڕی و تەكنەلۆژیای زانیاریی) سەر بەوەزارەتی ناوخۆیە و تیایدا لە بارەی سیاسەتی یەكسانی، ماف و ئەرك و ئازادییەكانی نێو ئەو دوو ڕەگەزە، دەرفەتی كاركردن، چەند پرسێكی دیكە، باس لە چۆنییەتی بەرجەستەكردنی ئەو سیاسەتە دەكات. ئەم بڵاوكراوەیە، گەرچی پێ دەچێت ناوەڕۆكەكەی پەیوەست بێت، بە كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆوە بەتەنها بەڵام چونكە بەشێوەیەكی گشتی لە بارەی یەكسانی ئافرەت دەدوێت، ئیدی پرسەكە پەیوەست دەبێتەوە بە هەموو كۆمەڵگەوە. لە دەسپێكی ئەو بڵاوكراوەیەدا، پێناسەی سیاسەتی یەكسانی كراوە، بەڵام گەر سەرنج لە ناوەڕۆك و شڕۆڤەی ئەو چەمكە بدەین، دەبینین خودی پێناسەكە، پارادۆكس و دژ واتایی وڵێلی و ناڕوونیەكی زۆری تێدایە و بەڕاشكاویی و بە ڕوونی و بێ سڵەمینەوەی كۆمەڵایەتی و كولتووریی و خێزانی، پێناسەی چەمكی یەكسانی ناكات، گومان دەكەم ئەوانەی پێناسەكەیان كردووە، لەڕوانگەی خۆپارێزیی میللی و كۆمەڵایەتییەوە، مەبەستیان نەبووە پێناسەكە ڕوونتر بكەنەوە و بە كردەیی دەریبخەن كە یەكسانی چییە و چۆنە. لە پێناسەكەی پەیمانگای پەرەپێدانی ئەمنی و تەكنەلۆژیای زانیاریی هاتووە:( یەكسانی لە نێوان ئافرەت و پیاو، بریتییە لە فەراهەمكردنی ماف، بەرپرسیاریەتی و دەرفەتی یەكسان لە نێوان ئافرەت و پیاو كچ و كوڕ، یەكسانی نەك بەو مانایەی دەبێ ئافرەت و پیاو وەك یەكیان لێبێت، هەروەها مەبەست لە یەكسانی ئافرەت و پیاو بریتی نییە لە بوونی كێشەی ئافرەت . لا 7 ) هەڵبەتە ناتوانرێت لە ڕووی بایۆلۆژییی و فسیۆلۆژییەوە، ئافرەت هاوتای پیاو بكرێت، بەڵام نابێت ئەم جیاكارییە ژێندەرییە، ببێتە فاكتێك، بۆ ئەوەی دەرفەتی تەواوەتی یەكسانی، بە پاساوی ئەوەی ناتوانرێت وەك یەكیان لێبكرێت، نەدرێتە ئافرەت. بۆیە ئەم پێناسەیە، جۆرێك لە پارادۆكسی تێدایە و بە تەواوەتی پرسی یەكسانی لە نێوان هەردووكیان ناهێنێتە ئاراوە. بە تایبەتیش كە پێناسەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە نە كێشەی ئافرەت هەیە، نە دەشتوانرێت ئەو دوو ڕەگەزە هاوتای یەكتری بكرێن، لە ڕاستیدا نكۆڵیكردن لە بوونی كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئافرەت، بە مانای ئەوە دێت، كە لە بنەڕەتدا كێشەیەك بە ناوی یەكسانی نییە، تاكو سیاسەتێكی بۆ دابنرێت، لە كاتێكدا پرسی ئافرت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، لە كێشە هەر ئامادە و زیندووەكانە، بە بەڵگەی ئەوەی سەدان ڕێكخراوی تایبەت بەو بوارە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی، بزاڤی فێمێنستی و تاكەكەسی، لە پێناو نەهێشتنی ئەو جیكارییە لە خەبات و چاڵاكیدان. ئیدی نازانم چۆن كێشەیەك بەو ناوەوە نییە؟ هەڵیەتە كە كێشەیەكیش نەبوو، ئیدی مانای وایە، هیچ چارەسەریەك بۆ كێشەكە پێویست نییە. تاكو ئێستاش لە هەرێمی كوردستاندا، لە ڕوانگەی هەندێك خێزانەوە، كوشتنی ژنان بە پاساوی شەڕەفەوە ڕەوایە، ئافلرەتان بەتایبەتیش لە گوندەكاندا، مافی خوێندن و كاركردنیان نییە، بێگومان كرانەوە و پێشكەوتنێكی یەكجار زۆر لەم ڕووەوە هەیە، بەڵام وەك كێشەی تاكایەتی و خێزانی، ئەم پرسە بوونی هەیە. بۆیە دەبێ جەخت لەوە بكرێتەوە كە نەك دەبێ ئافرەت و پیاو وەك یەكبن، بەڵكو هەر جۆرە جیاكارییەك لە ڕووی ڕەگەزەی، ماف و ئەركەوە، نابێ بوونی هەبێت. لەو سۆنگەیەشەوە پێویستیمان بە پەیامێكی ڕوون، سیاسەتێكی دیار و ڕاشكاو، بۆ پیادەكردنی یەكسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەكەدا دەبێت، نەك بە ناڕوونی باسی ئەو پرسە بكەین بە تایبەتیش دەبێ تایبەتمەندی ئافرەت لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە لە بارچاو بگیرێت. لە كۆمەڵگەی كوردیدا، گرفتەكانی ئافرەت هەر تەنها لە بوونی كار و ئابوورییەكی سەربەخۆ، ئازادی كاركردن و ڕەخساندنی زەمینەی كۆمەڵایەتی بۆیان كۆتایی نایەت، بەڵكو دەبێت لایەنی خێزانی و فسیۆلۆژی ئافرەتیش لە بەرچاو بگیرێت. بۆ نموونە: ئافرەتان وێرای ئەركی ماڵ و ماڵداریی، بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵ، پیشەیی و كار، ڕێكخستن و كاری ڕۆژانە و چەندان وردەكاری دیكە، ماندووەتی زیاتر دەبینن و پێویستیان بەوەیە دەرفەتی پشووی زیاتریان لە ئەرك پێ بدرێت. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، هۆكارەكانی حەسانەوە، پشوودانی دوای ماندووەتی تاقەت پروكێنی كاركردن، گەشت و سەیران و چەندان ئامرازی دیكەی خۆشگوزەرانی بۆ پیاوان ڕەخساون و هەن، وەلێ ئافرەت چەند ماندووش بێت، هەر دەبێ ڕۆژەكانی بەگشتی وەك زیندانییەك لە چوارچێوەی ماڵدا بباتە سەر، كە ئەمەش دیسانەوە دەبێتە جیاكارییەكی دیكە لە نێوان هەردوو ڕەگەزەكەدا. لێرەوەش دەبێ دۆخی كاركردنی هەردوولایان لەڕووی پیشەیی، سەفەركردن، بەشداری و ئامادەیی لە دامو دەزگاكان لە بەرچاو بگیرێت و مافیان پێشێل نەكرێت، بەوەی بە زۆر ناچار بكرێن، كارێك دوور لە خواستی خۆیان بكەن وەك بەشداری خول و سەفەركردن. لێرەدا، گرنگە ئاماژە بەوە بدەین كە باس لە یەكسانی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە دەكرێت، واتا یەكسانی لە هەموو ڕووەكانەوە و ئەمەش بەو مانایە نییە كە مافی یەكێكیان لە پێناو دەستەبەری مافی ئەویتر بخورێت. بەداخەوە ساڵانێكە لە نێو ئێمەدا، لە پەراوێزی خەباتی ڕێكخراوەیی و فێمێنیزمی، بەشێك لە ژنان دەیانەوێت پرسی مافی خۆیان، بەپێشێلكردنی پرسی مافی پیاو ببەستنەوە، كە ئەمەش دیسان نایەكسانی ڕەگەزی دێنێتە ئاراوە؟ لەو بڵاوكراوەیەدا، لە بڕگەیەكی دیكە سەبارەت بە هەڵبژاردن هاتووە: ( ئەگەر هاتوو بەربژێرێكی پیاو و بەربژێرێكی ئافرەت لەچاوپێكەوتن دەرچوون، ئەوا پێویستە پێشینەیی بدرێتە ئافرەتەكە و وەكو بەربژێر دیاری بكرێت. لا 15 ) ئەم بڵاوكراوەیە، گەرچی لەبارەی پرسی یەكسانییە، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بری ئەوەی یەكسانی بێنێتەدی، بە بڕوای من، ئەوەندەی تر ئەو جیاكارییە قووڵتر و زەقتر دەكاتەوە. ئەگەر پیاوێك لە چاوپێكەوتنێكدا، وەك بەربژێر سەركەوت و هەموو تایبەتمەندییەكانی ئەو بوارەشی تێدا بێت، دەكرێ بڵێین بە پێی كام یاسا، ئەو مافەی لێ زەت دەكرێت و دەدرێتە ئافرەتێك؟ ئەمە یەكسانییە لە ئەرك و مافدا؟ یاخود بە پێچەوانەو؟ ئەگەر ئافرەتێك بە لێوەشاوەیی و لێهاتوویی خۆیەوە وەك بەر بژێر سەركەوت، بۆچی دەبێت لە پێشینەیی بدرێتە پیاوێك؟ مەگەر هەردووكیان مرۆڤ نیین؟ وەك یەك ماف و ئەركیان نییە؟ نابێ مافی یەكێكیان، لە پێناو مافی ئەویتردا، پێشێل بكرێت، چونكە ئەمە جۆرێكی دیكەیە، لە جیاكاریی لەڕووی ماف و پیەییەوە. لەبرگەیەكی دیكەی ئەو بڵاوكراوەیەدا، لەبارەی پۆست و بەرپرسیاریەتی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا هاتووە:_(لە پۆستە باڵاكان، یەكسانی لە نێوان ئافرەت و پیاو، یەكێكە لە میكانیزمە گرنگەكان، بۆ ڕێكخستنی دام و دەزگاكە) گەر سەرنج لەو بڕگەیە بدەین، بە دیاریكراوی دەستەواژەی (پۆستە باڵاكان)ی دیاری نەكردووە، كە مەبەست كام پۆستە و لە چ پلەیەكی كارگێڕی دەست پێ دەكات؟ بۆچی ئەو پۆستانە، بە ناونیشان و پێگەی سیاسیی، بە ئاشكرا ڕووننەكراونەتەوە، كە ئەمەش بەبڕوای من، جۆرێكی دیكەیە لەوەی كە ئافرەتان، ناتوانن تا پۆستی باڵای ئەم هەرێمە، بڕۆن و هەرتەنها، لە پێگەیەكی دیاریكراو دەمێنەوە. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، كە بەشێك لە پێناسە و بڕگەكانی ئەو بڵاوكراوەیە، پێویستیان بە داڕشتنەوەو پێناسەكردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بە ڕوونی دەربكەوێت، كە مەبەست لە سیاسەتی یەكسانی و چۆنیەتی پیا دەكردنی لە كۆمەڵگەی كوردی و دامودەزگا كارگێڕییەكان چییە؟!

پەراوێز:_ سیاسەتی یەكسانی لە نێوان ئافرەت و پیاودا، لە بڵاوكراوەكانی: وەزارەتی ناوخۆپەیمانگای پەرە پێدانی ئەمنی و كارگێڕی و تەكنەلۆژیای زانیاری، زنجیرە (9)، چاپی یەكەم 2019.

سەدیق سەعید ڕواندزی

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1378) لە 20/2/ 2024 بڵاوكراوەتەوە.




سیمیۆلۆژیای بارت و بوونگەرایی سارتەر.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

نووسین كلیلە بۆ ناسینی جیهان، نەك جیهان كلیل بێت بۆ ناسینی نووسین. لە رێگای ئەو قسەیەی بارتەوە لەنێوان (نووسین) و (كلیل) لەنێوان ئازادی زمان و مێژووی نووسین… هەوڵدەدەم قسە لە چەمكی (ناسینی مێژوو) لای سارتەر و چەمكی (ناسینی ئازادی) لای بارت بكەم. وەك دەزانین هەر یەك لە سارتەر و بارت لە رووی رۆشنبیرییەوە بۆ دوو نەوەی بەرهەڵستكار دەگەڕێنەوە. دەشێ‌ لەو خوێندنەوەیەدا بۆ بیروڕاكانی بارتی سیمیۆلۆژی (لەبری وشەی كلیل) وشەی ئازادی زمان و بۆ (ناسینی جیهان) و بۆ پشكنینی بیروڕاكانی سارتەری بوونخواز وشەی مێژووی نووسین (لەبری وشەی كلیل) بۆ (ناسینی نووسین) بەكار بهێنین، دواجار بە كورتی دەمانەوێت ناسینی جیهان لە سیمیۆلۆژیا و ناسینی نووسین لە پابەندبوونی نووسەر بخوێنینەوە!
(ژان پۆل سارتەر) ناسینی نووسین وەك وەسیلەیەك بۆ پابەندبوون دەخاتە روو. كەواتە زمان وەك بەها، ئایدیۆلۆژیەتێكی هەژمووندار پێكدێنێ‌ و مرۆڤ والێدەكات لەلایەك بەدوایدا بكەوێت و لەلایەكی دیكەش لە دووتوێیدا دابخرێت. بەڵام (رۆلان بارت) پێیوایە دەق لەگەڵ خوێنەر دێتە گۆ. لە خوێندنەوەدا دەق قسە ناكات، بەڵكو لەگەڵ خوێنەردا دەكرێتەوە. سارتەری بوونخواز پێیوابوو مرۆڤ مانا درووست دەكات! بەڵام بارت پێیوابوو مانا بە دەست دێ‌ و مرۆڤ لەخۆ دەگرێ‌. كەواتە ئەو خوێندنەوەیە دەكەوێتە نێوان داخران و كرانەوە، درووستكردن و هاتنەدی.
(1)
زمانی سارتەر، زمانی شۆڕشگێرییە، بەڵام هەرگیز بارت بەرگەی زمانی شۆڕشگێرانەی نەدەگرت و پێیوابوو ئەوە سیمیۆلۆژیایە كار بۆ بووژانەوەی رەخنەی كۆمەڵایەتی دەكات. رەنگە هاوگونجاندنی زمان لەنێوان مێژوو و ئازادی، زمانی شۆڕشگێری و سەیرورە بتوانێ‌ بارت و سارتەر لە یەكنزیك بكاتەوە؟! بە دیوەكەی دیكە بارت سەرسام بوو بە چەمكی پابەندبوونی سارتەر، ئەگەرچی هەرگیز زمانی شۆڕشگێرانەی قبووڵ نەبوو! بەڵام سارتەر بایەخی بە سیمیۆلۆژیای بارت نەدەدا، وەكچۆن بێگومان جەختكردنەوەی سارتەر لە پابەندبوونی نووسەر، دژ بە مەرگی نووسەر لای بارت دەكەوێتەوە.
لای وجودییەكان بوون پێش ماهیەت دەكەوێ‌. لێرەوە پابەندبوونی نووسەر دوای تێگەیشتن دێت، یان لانی كەم هاوكات لەگەڵ زمانی شۆڕشگێرانە دێتە بوون! یان بە دەربڕێنێكی دی پابەندبوونی نووسەر لە زمانی شۆڕشگێرانەوە دەست پێدەكات، بەو مانایەی كە مرۆڤ مەوجودێكە دەچێتە نێو پەیوەندی لەگەڵ خۆیدا و توانای ئەوەی هەیە، برەو بە تواناكاتی خۆی بدات. مرۆڤ بەرەو ئیمكانی بوونی خۆی دەچێت، بەو مانایە تەنها مرۆڤ هۆشیاری بە بوونی خۆی هەیە.
لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵدەدەم لە فەلسەفەی سارتەردا چەمكی دەروونخوازی نووسەر بەو شێوەیە گەڵاڵە بكەم، كە (مرۆڤ هیچ نییە، تەنیا پابەندبوون نەبێ، كە زمانی شۆڕشگێری درووستی دەكات! ئەو قسەیەی من تەنیا بە ئەدەبەوە بەندە، واتە ریشەی ئەم خوڵقاندنە لە خودی نووسەردایە، نەك لە جیهانی دەرەوە و ناچاركردنی زمانەوە بێت!
بەڵام سیمیۆلۆژیا پێچەوانەی سارتەر دەكەوێتەوە، هەر لێرەشەوە بارت پێیوابوو ئەدەب هیچ چارەیەكی بۆ ئازادی پێ‌ نییە، هەر ئەوەندە نا، بەڵكو ناتوانێ‌ لە ناچاربوونی زمانیش دەربچێ‌ و ئازادی دابین بكات، چونكە زمان فاشییە! بەو مانایەش پابەندبوون وەك سارتەر بیری لێدەكاتەوە هەرگیز لە زماندا دەرناكەوێت، تەنها لە رێگای مێژوو و شۆڕشەوە نەبێ‌، چونكە زمان سیستمێكە رێساو یاسای خۆی هەیە و هەموو نووسەرێك ملكەچی ئەو رێسا و یاسایانەیە. دەشێ‌ هەموو نووسەرێك بكەوێتە نێو مێژووەوە بەڵام هیچ سنورێك بۆ ئازادی زمان بوونی نییە!
(2)
شێواز یان ستایل لە كاتی داڕشتندا، كۆد بۆ دەقە ئەدەبییەكان دادەنێت! بەو مانایەش شێوازەكانی ئەدەب بەرهەمی لادانەكانی زمانن، لێرەوە شێواز و زمان بە یەك دەگەن، بە مانایەكی دیكە وەكچۆن زمانی ئەدەبی لە سەیرورەدایە، هەمیشە شێوازی ئەدەبیش لادانەكانی زمان دەگرێتەخۆ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ستایل فۆرمی نووسینە و رەهەندی كەسی و جەستەیی هەیە. بەڵام نووسین كە بابەتی نێوان زمان و ستایلە، لە رێگای نووسەرەوە دەگات و لە رێگای نووسەرەوە پابەند دەبێت. دەتوانین بڵێین نووسین بوارێكە بۆ ئازادی و پابەندبوون. نووسین بوارێكە بۆ زمان و مێژوو، چونكە وەكچۆن مێژوو بێلایەن نییە، زمانیش بێلایەن نییە.
لەسەر بنەمای بێلایەن نەبوونەوە، دەتوانین بڵێین زمان و شێواز دوو هێزی كوێرن، بەڵام نووسین كردەیەكی تاكئامێزی مێژووییە. زمان و شێواز دوو بابەتن، بەڵام نووسین وەزیفەیە. هەمیشە نووسین لە پەیوەندی نێوان داهێنەر و كۆمەڵگاوە هەڵدەقوڵێ‌. ئەوە زمانی ئەدەبییە بەردەوام ئاراستەكردنی كۆمەڵگا دەگۆڕێ‌.
(3)
بارت لە كتێبی “نووسین لە پلەی سفر”دا وەك پەرچەكردارێك لەبەرانبەر ئەو پێناسەكردنەی “سارتەر” كە دەڵێت: شیعر لێوردبوونەوەیەكی خودییە و پرۆسیسەكردنێكی زارەكییە، لە بنەڕەتدا ئامانجی خۆی هەیە. بەڵام پەخشان هاوكاریكردنی نووسەر و خوێنەر نیشان دەدات. لە پەخشاندا بەیەكگەیشتن پردێكە دەكەوێتە نێوان دوو ئازادی و زێتریش. لەو قسەلێكردنەدا سارتەر فەزای ئەدەبی دیاری دەكات…
پەرچەكردارەكەی بارت ئەوەیە كە نووسین شوێنێك لەنێوان شێواز و زمان بەدەست دەهێنێ‌. نووسین لە پلەی سفر خاڵی یەكتر بڕینی تەوەرەی “X” و “Y”ە، لە رووداوەكانی “دیكارت”دا. زمان تەوەرەی “X” ەو ئاسۆیی و نمایشكارانە دەكەوێتەوە. بەڵام شێواز “Y”یە و گوزارشتكردنێكی ستوونییە. شێوە و بەهای نووسینیش لە یەكتربڕینی ئەو دوو تەوەرەیە دەردەكەوێت. بەو مانایە لای بارت نووسین دەبێ‌ بەردەوامی بە بێدەنگی و بێلایەنی و دالەوە بدات.
(4)
ئەوەی سارتەر لە بارەی زمانی ئەدەبی شۆڕشگێرییەوە قسەی لێدەكات، بارت لە بارەی ئازادی سیمیۆلۆژیاوە دەیڵێتەوە. بەڵام یەكەمیان ئەدەب بە پابەندبوونی سیاسییەوە دەلكێنێ‌ و دووەمیان لە سیاسەت جیای دەكاتەوە و پێیوایە هەرگیز تواناكانی ئازادی لەسەر نووسین نەوەستاوە، لەسەر پابەندبوونی سیاسی نووسەر جێگیر نابێت، بەڵكو لەسەر ئازادی زمان و گۆڕانەوە دەوەستێ‌، زمانیش لەبەر ئەوەی فاشییە، هەمیشە ئازادی زمان دەبێ‌ لە هەوڵی سەیرورەدا بێت، هەمیشە زمان دەبێ‌ لە جوولەدا بێت! بەڵام لای سارتەر هەموو ئەوانە هیچ مانایەكیان نییە، چونكە نووسەر پابەندە، نووسەر مەوجودێكە دەچێتە پشت وشەكانەوە بۆ ئەوەی لە ئامانجەكانی خۆی نزیك بێتەوە. بەڵام مەوجودی بارتی لە خوێنەر و خوێندنەوەدا دەكرێتەوە، چونكە بارت پێیوایە خوێندنەوە جۆرێكە لە (دووبارە نوسینەوەی دەق) و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەق، دەق خوێنەر دەخاتە گومان و هاوسەنگی رۆشنبیریی و دەروونی و زمانەوانی لەق دەكات! دەق لە رێگای سیستمە دەلالییە تایبەتییەكانی و بە هۆی تەكنیكەكانییەوە خوێنەر وەك نێچیری خۆی دەپێكێ‌، دەق لە رێگای ناسینی زمانی بارتەوە بەردەوام خوێنەر و نووسەر هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام سارتەر پێیوایە نووسین جۆرێكە لە دووبارە نووسینەوەی مێژوو، نووسین لە رێگای زمانی شۆڕشگێرییەوە بەرەو ئامانجی خۆی دەچێت، بێگومان لەوێشەوە نووسین لە رێگای ناسینی نووسەر وەك پابەندبووییەكی ئایدیۆلۆژیی هەژمووندار دادەخرێت!

12/5/2024 هەولێر




خۆشەویستی زۆرانبازیی نییە، لە خۆشەویستیدا براوە و دۆڕاو نییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی یەکەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

پێشەکی
ئەم کتێبە بریتییە لە خۆدواندنێک “مۆنۆلۆگ” لە بارەی زۆر پرسی لێک جیاواز، ھەر لە خۆشەویستی و سێکس و جەستەوە بیگرە تاکو مەرگ و نامۆبوون و رەخنەگرتن لە مۆدێرنێتە و سیستمی کاپیتالیزم، ناوەڕۆکی ھەر ھەموویان لە دواجاردا بەستراوەتەوە بە چەمکی خۆشەویستییەوە، ھەر بۆیە ناوی کتێبەکەشمان نا “خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجەدا” ھەرچەندە ئەم ناونیشانە، خواستنە لە ناوی رۆمانی “خۆشەویستی لە زەمەنی کولێرا”ی گابریل گارسیا مارکیز، ئەمەش کارێکی رێپێدراوە، تەنانەت کەسێکی وەک “لینین” ناوی یەکێک لە کتێبە سیاسییەکانی خۆی “چی بکرێت؟” لە ناوی رۆمانێکی ناسراوی رووسییەوە وەرگرتبوو، بەڵام ئێمە دەقاودەق ناوەکەمان وەرنەگرتووە، بەڵکو “شێرپەنجە”مان خستۆتە بری “کولێرا”، ئەگەرچی ھەردوو ناوەکە ناوی نەخۆشین، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە ناوەڕۆکێکی لێکچوویان نییە، ھەڵبەتە وشەی “شێرپەنجە” لای من دوو دەلالەتی بنەڕەتی ھەیە، یەکەمیان ئەوەیە ئەم کتێبە کە لە بنەماوە چەند پەرەگرافێکی پەرش و بڵاوبووە، لە سەروەختی ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە نوسراوە و پاکنووسکراوە، دووەمیان، پێموایە زەمەنەکە چەرخی شێرپەنجەیە بۆ خۆشەویستی و ئەو ھیومانیزمەی من داکۆکی لێ دەکەم و کردوومە بە درێژایی تەمەن، دەتوانم بڵێم دۆزی ژیانم دۆزی ھیومانیزم و بەرگرییکردن بووە لە مرۆڤی رووت. ئەوەی لەسەروو ھەموو شتێکەوە بۆم گرنگە مرۆڤە، ھەر شتێکی تر لە خواروو ئەمەوە دەبینم.
رەنگبێ شێوازی مۆنۆلۆگەکان بۆ خوێنەران سەیر بن، یان رەنگە بڵێن باشتر بوو لە فۆرمی توێژینەوەدا بیرۆکەکان تەرح بکرابان، ئەمانە ھەموو راستن، بەڵام لەوانە راستتر لەوەدایە، ئەم مۆنۆلۆگانە شەڕێکە لەناو ئەندێشەمدا بەرپابووە و تا کۆتایش ئەم جەنگە بەردەوامیی دەبێت. لانیکەم مرۆڤێک سەروکاری لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا ھەبێت، لە باری سایکۆلۆژییەوە جێگیر نییە، بەو پێیەی ھەمیشە لە شەڕێکی بێ پسانەوەدایە لەگەڵ بیر و پارادۆکسەکانی ناو ھزرینی، ئەمە حاڵەتێکی سروشتییە، لە سۆنگەی ئەوەی دڵەڕاوکێ ھەمیشە مامانی داھێنانە و ھەوێنی پێشکەوتنی ژیاریشە، تەنانەت ئەدگارێکی ھەمیشەیی مرۆڤی شارستانییە. ئەو دیالۆگەی نێوان “من” و “خۆم” تەنیا ئاوازسەندنەوە نییە بۆ یەکتر، نەریتی بەندبێژەکانیش پەیڕەو ناکەن تاکوو بەندی یەکتر تەواو بکەن، بەڵکو لە بارێکی مۆلەق و ناجێگیردا قسە دەکەن، تەبا نین لەگەڵ یەکتر لەسەر زۆر شت، بەڵام دواجار ئەمە ئەندێشەی مرۆڤە، پێموایە ئەندێشەی ھەر مرۆڤێکی تریش پڕیەتی لە ھاودژیی، لەوانەیە جیاوازییەکەم لەوەدا بێت توانای گوزارشتکردنم ھەیە لەو پارادۆکسە. بۆی ھەیە “خۆم” لێرەدا ھەر “من”ە فرۆیدییەکە بێت، ھەمیشە بکەوێتە بەرداشی شەڕی دەستەویەخەی “ئەو” و “منی باڵا”وە. “من”یش لەم تێکستەدا ھەمیشە “ئەو”ی سەرکێشە، ھیچ کات رۆڵی “منی باڵا” ناگێڕێت، بگرە لەم تێکستەدا “منی باڵا” بوونی نییە، ئەوەی ھەیە دیالۆگی “من” و “ئەو”ە، ئەمەش وەک وتم بە پێی تیۆری دەرونشیکاریی فرۆید.
حەزیش ناکەم باس لە ناوەڕۆکی کتێبە بکەم، یان کورتی بکەمەوە لەم پێشەکییەدا بۆ خوێنەر، ئەگەر وا بکەم پێویست ناکات خوێنەر خۆی ماندوو بکات و تەواوی کتێبەکە بخوێنێتەوە. ئەوەی گرنگە لام ئاماژەی بۆ بکەم، روونکردنەوەی ھەندێک تەمومژە لە دەوروبەری مۆنۆلۆگەکان. ھەندێک جار “من و خۆم” ھێندە دوور لە یەکتر دەئاخڤن، وەک ئەوەیە دوو کەسی جیاواز قسە بکەن، بەڵام لە راستییدا قسەکەری یەکەم و کۆتایی ھەر نووسەری ئەم کتێبە خۆیەتی، لەوە زیاتر روانینی ھیچ کەسێکی تر بەشدار نەبووە لە گەڵاڵەکردنی ئەم مۆنۆلۆگانەدا، ھەر بۆیە چارم نەبوو، دەبوایە ئەم جەلەحانێیە ھەر لە نێوان “من و خۆم”دا رووبدات، زۆرجار بیرۆکەی ئەوە بە خەیاڵمدا گوزەری دەکرد، ناوێک “ناوی کەسێک” لە بەرامبەر “من”دا دابنێم، بەڵام ھەر زوو ژیوان بوومەوە، بەوەی نەکا سەر لە خوێنەر بشێوێنێت و پێیوابێت نووسەر لەگەڵ کەسێکی تردا دیالۆگی کردووە و ئەم بەرھەمە لە دایک بووە.
کۆتا جار، ئەم پرسیارەش لە خۆم دەکەم، ئایا کتێبێکی وەھا پێویست بوو بۆ خوێنەری کورد؟. وەڵامێکی کۆنکرێتم لا نییە، دەمێک لەبەرخۆمەوە دەڵێم ئەم کتێبە وەک ھەموو دەنگەکانی بۆشایی ئاسمان تەنھا وەک دەنگێک لەناو ئەو ھەموو ھەراوھوریایەدا دەمێنێتەوە و کەس گوێی لێی نابێت، دەمێکی تر دەڵێم خوێنەرێک ھەیە بیدۆزێتەوە و بە بایەخەوە بیخوێنێتەوە، لەناو ھەموو ئەو راڕاییانەشدا بڕیاری چاپکردنیم داوە، ئیدی ھەر لە چاپ ھاتە دەرەوە، پەیوەندییم لەگەڵ ئەم کتێبە دەپچڕێت و تاکە شتێک بمبەستێتەوە پێوەی ناوی خۆمە لەسەر بەرگی کتێبەکە، ھەروەک ئەلبێر کامۆ لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا وتبووی “کتێبەکانی خۆم ناخوێنمەوە، دەمەوێت کارێکی تر، ئەنجام بدەم، یان روونتر بڵێم دەمەوێت بەرھەمێکی تر بنووسم”. ئەم پرەنسیپەش لە سەرەتاوە باوەڕم پێی ھێناوە و جێبەجێم کردووە، ھەر بۆیە لە ئێستادا وەک بێگارییەک پێشەکی ئەم کتێبە دەنووسم، بەھۆی ئەوەی خۆم تەرخان کردووە بۆ نووسینی کۆمەڵێک بەرھەمی تر. لەیەک کاتدا کار لەسەر سێ کتێب دەکەم، بۆیە کاتم بەدەستەوە نابێت تا جارێکی تر کتێبەکانم بخوێنمەوە. نایشارمەوە ھۆکارێکی تریش ھەیە، ترسم ھەیە لە کاتی دووبارە خوێندنەوەیدا ئەو ھەستەم بۆ دروست بێت، پەلەم کردووە و زۆر شتیشم نەوتووە کە دەبوو بیڵێم. بەھەرحاڵ ھیوادارم ئەم کتێبە سوودێکی بچووک بە خوێنەری کورد بگەیەنێت، ئومێدەواریشم بگاتە دەستی خوێنەرێک توانای داوەریکردنی ھەبێت لەسەر تێماکانی ناو کتێبەکەمان.

کۆتایی فێبریوەی ٢٠١٩

ئەڵمانیا – شتاینھاگن

-١-
خۆم: بە قووڵی سەیری ئەو دەریایە بکە، دێڕێک، شیعرێکی لەسەر بنووسە!! من دەریام خۆش دەوێت و ھەمیشە لە تەنیشتییەوە ھەست بە ئارامی دەکەم.
من: بۆ شەپۆلە دوورەکان دەڕوانم، کە چەند نامرادانە دەمرن بێ ئەوەی بگەنە کەنار، ئەگەر ئامانجت کەنار بێت، دەبێت ھێزی شەپۆلدانت بەھێز بێت و ھەنگاوەکانت گەورە بن.
خۆم: ئەوە گەیشتنە کەناریش چی دەبێت؟. ھەموو شەپۆلێک لە کەناردا ون دەبێت راستتر وایە بڵێم دەمرێت.
من: گرنگ نییە لە کوێدا دەمرن، ئەوەی جێی بایەخە لە ھەنگاو و گوڕدان تا کاتی مردن.
خۆم: لە دوورەوە ئاوەدانییەک دیارە، ئەوبەرەوە وڵاتێکی ترە، کولتوورێکی ترە.
من: نا، من نامەوێ جگە لە دەریاکە چاوم بۆ ھیچ کوێی تر بڕوانێت، بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوانم، تەنیا شینایی دەریام لێ دیارە. دەریا شمشاڵێکە، شەپۆلەکان ئاوازە جادووییەکین و زمانی شاعیر دەپژێنن. لەکن شاعیر دەریا و شیعر یەکێکن.
خۆم: با تۆزێک بێدەنگ بین، رێ بدەین شەپۆل بدوێت و لە باوەشی یەکتردا ھەست بە دڵنەوایی بکەین.
من: زۆر باشە، وا دەکەین، پێم خۆشە گوێ لەم شیعرە بگرین کە باسی دەریا دەکات.
خۆم: ئەو فرمێسکە چی بوو. لە چاوانتەوە باری و کوڵمی منی تەڕ کرد.
من: بە بێدەنگی و لە مێشکی خۆمدا دەمووت “تۆ ھەست بەوە ناکەیت، چ ئازارێک دەمخوات، رۆژەکانم تێدەپەڕن و مەرگ زیاتر لێم نزیک دەبێتەوە، چەند ئەکتەرێکی باشم کە دەتوانم بۆ دڵخۆشیت خۆم بە باش نیشان بدەم”.
خۆم: خەیاڵت بۆ کوێ رۆشتووە، بۆچی بێدەنگیت؟.
من: نا، بێدەنگ نیم، بەڵام وەک سەرۆکی ھیندە سوورەکانی سیاتل لە وتارێکدا وتی “وشەکانم ئەستێرەکانن ئاوا نابن”. دەمەوێت شتێک بڵێم ھەمیشە بمێنێتەوە، وشەکانم دەبێت ھێزی مانەوەیان ھەبێت بۆ زۆر دوور، دەمەوێت لە رێی وشەکانمەوە زۆر بژیم، چوونکە کاتم زۆر کەم ماوە بە فیزیکیی.
خۆم: تۆ زۆر باش دیاریت، تۆنی دەنگت وا ناڵێت کە کەمت مابێت لە ژیاندا، تۆم لە رۆمانێکدا خوێندۆتەوە، نموونەی ھێز و ئیرادەیت!!.
من: ئەوەی چاوت پێتدەڵێت ھەمیشە جێی گوومانە، چاومان کەمترین جار راستییەکان دەبینێت، پێم خۆشە راستییە تۆقێنەرەکە نابینیت، تا بتوانین چێژ لە ئێستا وەربگرین.
خۆم: واز لە باسی مردن بھێنە، بۆچی ھەموو کات بە مردن دەمترسێنیت؟.
من: مردن خۆی لە باسکردنی دەترسێت، تۆ کاتێک باسی مردن نەکەیت واتە ھێندە تۆقیویت لێی ناوێریت ناویشی بھێنیت. تەنھا ئەوانەی نزیکن لە مردنەوە ھەست بە خۆیان دەکەن، ھیچ کەسی تر ناتوانێت لێیان تێبگات.
خۆم: واز لە بابەتی مردن بھێنە، دەمەوێت بپرسم چەندە منت خۆش دەوێت؟.
من: بڕینی رێگا کەندەڵانەکانی عەشق، ریسک و سەرکێشیم، ھەموو نیشانەکانی عەشقێکی گڕگرتوو نیشان نادەن؟.
خۆم: من شێوازی خۆمم ھەیە لە خۆشەویستیدا، ئەویش راوەستانە لەنێوان “من” و “منی باڵا”دا.
من: “منی باڵا” ھەمیشە سەرکوتکارە، دیکتاتۆرێکی رووتە، خۆشەویستی بە “من” دەکرێت، “منی باڵا” دوژمنی باوەکوژی خۆشەویستییە.
خۆم: “منی باڵا” رێگە نادات ھەموو کارێک بکەم لە خۆشەویستیدا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر زۆر خۆشم دەوێی.!
من: دنیای خۆتت لە قاڵبداوە و زیندان کردووە لەسەر داخوازیی “منی باڵا”!، ئەو بەڵایە لە کۆڵ خۆت بکەوە، جارێک لە قسەی دەربچۆ و بە قسەی “من” بکە، بزانە چی جوانییەکی لێ قەدەغە کردوویت؟.
خۆم: پێوەرەکانی من بۆ خۆشەویستی جیاوازن، بڕوام بە خۆشەویستی ئەفلاتۆنی ھەیە، جەستە ھیچ رۆڵێکی وەھای نییە لەو فۆرمە خۆشەویستییەی من دەیخوازم؟.
من: زۆر جار وەک پیاوێکی بۆھیمی دەردەکەم، بەڵام کۆمەڵە پرنسیپێکی خۆم ھەن، رەنگە لە ھی کەسی تر نەچن، وەلێ ئەوەی سەبارەت بە خۆشەویستی دەیزانم، نابێت بەردی خۆشەویستی بەرز بکەیتەوە، بێ ئەوەی ھەموو جمکەکانی بگریت، دەبێت خۆشەویستی بە ھەموو تانوپۆی خۆیەوە قبوڵ بکەیت، ئەگەرنا قبوڵت نەکردووە.
خۆم: مەرجی جەستەت ھەیە بەسەرمەوە وانییە؟ تۆ نابینیت رۆحم لە تۆدا دەتوێتەوە! ئەمەت پێ کەمە؟.
من: کێشەکە شتێکی ترە، پێکگەیشتنی بایۆلۆژیی نەک ئارەزوو بەڵکو پێویستیشە، تۆ جەستەی خۆت ئاوێزانی کەسێک نەکەیت خۆشت دەوێت، ئەو مافە دەدەیت بە کێ ئاوێزانت بێت؟. خۆشەویستی عیرفانی، شێوازە ھەرە کۆن و مازۆخییەکەی خۆشەویستییە، تۆش ئەو مەرجەت لەسەرم ھەڵبگرە!!.
خۆم: تۆ زۆر بەھێزیت، من ناتوانم خۆم بگرم لەبەردەم ھێزت، تۆ یەکەم کەسیت لاواز بنوێنم لە بەردەمیدا.
من: خۆشەویستی زۆرانبازیی پاڵەوانەکان نییە، تا ھێز براوە و دۆڕاو دەستنیشان بکات، لە خۆشەویستیدا براوە و دۆڕاو نییە، ئەوەی ھەست بەلاوازیی دەکەیت، لە بەرامبەر مندا نییە وەک قەبارە بایۆلۆجییەکە، بەڵکو بەرامبەر بە وزەی خۆشەویستی منە.
خۆم: ھەر چۆنێک بێت تۆ گەمەکەت بردەوە و کۆتاییەکەت بە ویستی خۆت دیاری کرد.
من: ئەمە گەمە نییە، بەڵکو کردەیەکی ئیستاتیکی ھاوبەشە، ئێمە ھەردووکمان پێکەوە ئەو تابلۆیەمان رەنگ کرد.
٢١-١٠-٢٠١٨
کاتژمێر: نۆ و پێنج خولەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




“کانێ بچووکێ یان ڕۆمانی بووکێ” ڕۆمانێکی ژنانە.. دڵشاد کاوانی

پێشەکى
هەرچەند ئەدەبیاتی کوردیی لە بورای ڕۆماندا هێشتا لە گڕوگاڵ دایە، بەم دوایی دواییە، دەیان قەڵەم و ڕۆماننوویسی تازە بوێرانە هاتوونەتە پێش و جلەوی ڕۆماننووسیان لە هەستۆ گرتووە، وەلێ هێشتا ئەدەبیاتی کوردیی لە بۆشایی و کەمهێنانی ڕۆمانی باشدایە. بەتایبەتی ڕۆماننووسانی ژن و بە بیر و فانتازیا و ڕوئیای ژنانە لە کەم کەمترە و ژماردنیان بە پەنجەکانی دەست، پەنجەکان گەلێک زۆرترن.

سەرەتا
ڕۆمانی کانێ بچووکێ یەکێکە لەو ڕۆمانە جوانە کوردییانەی وەک ڕۆمانێکی مێینەی کوردی بەرچاوم کەوتبێت، ڕۆمانێکە بە هەناسەیەکی ژنانە و دەربڕینێکی ژنانە نووسراوەتەوە و پاڵەوان و کارەکتەرە سەرەکییەکانی ژنن و بە زمانی ژن دەدوێن، زۆربەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەش هەر بەسەر ژناندا دێن.
ڕۆمانی کانێ بچووکێ. ڕۆمانێکی (٤٧٩) لاپەڕەیە و لە (32) بەش پێکهاتووە و بەرهەمی یەکەمی جوان عوسمان حەمەئەمینی ڕۆماننووسی شاری سلێمانییە، براوەی پێشبركێی ڕێکخراوی ڤیم فاوندەیشنە بۆ ساڵی ٢٠2٣ لای لێژنەیەک لە پسپۆران و شارەزایانی ڕۆمان، بڕیاری چاپبوونی لەبارەوە دراوە و لە چاپخانەی پاندا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆمانی کانێ بچووکێ، باس لە چوار دەستە خوشک دەکات، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی خوێندنەوە و بە ئامانجەکانیان بگەن لە پاڵ ئەوەشدا لە ڕێگەی پاڵەوانی سەرەکییەوە باسی دوو ماڵباتی دانیشتووی شاری سلێمانی دەکات، یەکەمیان خێزانی گەشاوی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و بە هۆی هەژاریی و دەردەسەری و مەینەتییەکانی ژیان، ئەندامانی خێزانەکایان لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. دوومیان خێزانی لالە سەردار، ماڵێ خەزورانی گەشاو کە بە هۆی هەبوونی و دەوڵەمندییەوە تووشی هەڵوەشان و لیکترازان دەبنەوە.

چێژ لە کانێ بچووکێ.
کانێ بچووکێ هەرچەند ڕۆمانێکی قەبارە ئەستوور و ئێکس مینیمالیزمە، بەڵام بە هۆی زمان و گێڕانەوە و خۆماڵیی ڕووداوەکان و بەستنەوە و گرێدانی ڕووداوە لاوەکییەکان بە ڕوودوای سەرەکی خوێنەر ماندووناکات و ڕۆمانەکە زۆر بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە دەدات و کۆمەڵێک گڕیی گێرانەوە درووست دەکات و دواتر گرێکان دەکاتەوە. ڕۆماننووس ڕووداوە تراژییدییەکان زۆر بەوردی دەخاتە ڕوو، بە سانایی وا لەخوێنەر دەکات بچێتە ناو و وردەکاری ڕووداوەکان و خۆی تێداببینێتەوە و گەمەیەکی جوانی دەروونی دەکات، وا لە خوێنەر دەکات بەدەم ڕۆمانەکەوە لەپاڵ گریان و ئازاری کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەوە خوێنەر بە کۆڵ بخاتە گریان، ئەمەش لێزانیی و زانایی ڕۆماننووسمان نیشان دەدات.

تەکنیک و گێڕانەوە لە کانێ بچووکێ.
تەکنیکی گیڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانی کانێ بچووکێ، تەکنیک و شێوە و شێواز و بونیادی گێڕانەوەی کانێ بچوکێ بۆ ڕۆمانە ڕیالستییەکان دەگەڕێتەوە، کە ڕۆماننووس هەوڵی داوە لە دەستپێکی ڕۆمانەکەیدا لە سەردەمی نوێی گەشاوەوە بە ناوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ دەکات و دواتر لە بەشی دواتر بۆ سەردەمی منداڵی گەشاو و ژیانی سادەی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە، بەم جۆرە تاکۆتایی ڕۆمانەکە بەش دوای بەش لەنێوان هەردوو سەردەم ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و هەندێ جاریش زەمەنی سێیەمیش دەگێڕێتەوە، کە زەمەنێکی کورتی گۆڕانکارییە لە ژیانی گەشاو. کانێ بچووکێ ڕۆمانێکى فرەدەنگە، لە هەڕووداوێکى سەرەکى پەنا بۆ گێڕانەوەى ڕووداوێکى دیکە دەبات، بەڵام گێڕانەوەى لە فرەدەنگیدا کورتە و خوێنەر تێرناکات، بۆیە باشتر وابوو ڕۆمانەکە یەک دەنگ بووایە، یان فرە دەنگى تەواو. هەرچەندە جوان هەوڵی داوە لە ڕێگەی فلاشباگەوە گەمەیەکی جوانی گێڕانەوە بکات، بەڵام دەتوانین بڵێن ڕۆمانی کانێ بچووکێ وەک ڕۆمانی ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەد و شاری حسێن عارف و ئەم ستایلەی ڕۆماننووسانەی پەیڕەوکردووە کە لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان ڕۆمانی باویی کوردی پەیڕەویان کردووە.

دەتسپێکێکی باش و کۆتاییەکی خراپ.
بەم دوای دواییە پێداچوونەوەم بۆ دە ڕۆمانی گەنجانی کورد کردووە، سەرجەمیان سەرەتاییەکی باشیان دەست پێ کردووە و بەڵام نەیان زانییووە چۆن کۆتایی بە ڕۆمانەکەیان بێنن. چونکە لەسەرەتا بە گەرموگووڕییەوە دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکەن و دواتر ماندوو و شەکەتیان پێوە دیار دەبێت. دەستیان بەسەر رووداوەکانی ناو ڕۆمانە ناشکێت، بۆ کۆتایی هێنان بە ڕۆمانەکە، دەکەونە هەڵەوە. دەتوانم بڵێم گرنگی کۆتایی ڕۆمان هیچى لە دەستپێکەکەی کەمتر نییە. جوان عوسمانیش بەهەمان شێوەیە، هەرچەندە کانێ بچووکێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ دەکات واتە زەمەنی دواوەی ڕۆمانەکەیە، وەلێ بە ئەو ندازەیە پەڕەگرافی یەکەمی هەڵنەبژاردووە کە سەرنجڕاکێشترینی بە شی نێو ڕۆمانەکەی بێت، کە پێویست بوو وابێت. وەلێ دەشێ دەستپێکی خراپ نەبێت. بەڵام کۆتاییەکەی خراپە، دەتوانین بڵێین ڕۆماننوووس بەدەستی خۆی خراپی کردووە، ئەویش بە زیادکردنی بەشێک لە کۆتاییدا، کە هیچ پەیوەندیی بە ڕۆمانەکەوە نییە و بە زیادەوە خراوەتە نێو ئەو ڕۆمانە، ئەمیش بەشی (مانەوە بۆ خۆڕاگیرتیرینە) زۆر زیادە و بێ مەفاییە، لە هێزی کۆتایی ڕۆمانەکەی کوشتووە.

کارکتەرسازیی کانێ بچووکێ.
کارەکتەرە سەرەکییەکانى ناو ڕۆمانى کانێ بچووکێ لە چوار کارکتەرى سەرەکى پێکهاتووە و کە هەرچواریان دەستەخوشکن ئەویش نیکاڵ و دڵخواز و لاڤە و گەشاوى پاڵەوانى سەرەکین، لە ژیانى منداڵى هەرزەییەوە تا تەمەنى پێگەیشتوویى لەگەڵ ڕووداوەکان ڕێ دەکەن. هەروەها لە چەندین کارەکتەرى لاوەکى پێکهاتوون، کە زۆربەیان لە ڕەگەزى مێینەن و کارەکتەرە پیاوەکانیش هەر لە دەورى کارکتەرانى مێینە دەسووڕێنەوە.
هەرچەندە هەندێکجار ڤەگێر زاڵ دەبێت بە سەر گێڕانەوەدا، بە تایبەتى لەسەر زمانى پاڵەوانى سەرەکى گەشاودا، وەک هەموو شتزان دەردەکەوێت. ئەویش زانینى خودى ڕۆماننووسە نەک کارکتەرى ناو ڕۆمانەکە.
دەتوانین بڵێم باشترینى بەشى نێو ڕۆمانەکە هەڵبژاردنى کارکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکەن، کە بە زمانى خۆیان دەدوێن و تا ئەندازەیەکى زۆر لە ڕۆڵ بەخشین بە کارکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکە ڕۆماننووس سەرکەوتووبووە.

زەمەن لە کانێ بچووکێ.
ڕۆمانى کانێ بچووکێ باسى سێ زەمەنى جیاوازى شارى سلێمانى دەکات. کە بەم جۆرە خاڵبەندى بۆ دەکرێت.
1- لە ساڵانى 2004 تا 2020 واتە لەسەردەمى گەورەبوونى گەشاودا. ڕووداوەکانى ئاشکرابوونى بازرگانى ماددەى هۆشبەر و و کۆمەڵێک ڕووداوى دیکە ڕوودەدەن.
2- ساڵانى 1991- 2003 بە شەپۆڵەکانى هەستى و گەڕانەوە بۆ کۆڵانەکانى منداڵى زەمەنى ڕابردووى گەشاو و بە زۆر بە شودان و و ڕووکردنە ژیانى گوند.
3- ساڵان 1980 – 1990 ئەمەش بەشێوەى گێڕانەوەى لاوەکى بۆ ڕووداوە گشتییەکان، لەسەر زارى کارکتەرانى ڤەگێڕى هەموو شتزان و ئاریشەکانى کۆمەڵگەى کوردى وەک ئەنفال و وێڕانکردنى گوندەکانى کوردستان لەسەر دەستى ڕژێمى بەعسى عێراقى خراوەتە ڕوو.
واتە کۆى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکە بۆ نزیکەى چل ساڵى نێو ڕۆمانەکە دەگەڕیتەوە.

شوێن لە کانێ بچووکێ.
شوێنەکانى کانێ بچووکێ کەمترین کارى لەسەر کراوە دەبووایە لە ئاستى قەبارەى ڕۆمانەکەدا شوێنێش وەک ئامانج و مەبەست کارى زۆرترى لەسەر کرابووایە. سەرجەم ڕووداوەکان لە ناوەندى شارى سلێمانى و لە گوندێک ڕوودەدن. جگە لە هێنانى ناوى شوێن وەک ڕووداوى نادیار چوونى ساماڵ بۆ هەندەران و کامیل قادر لە شارى بەغدا کە ڕۆۆمانووس لەسەریان نەوەستاوە. هەرچەندە جوان لە نیشاندانى دیمەنەکانى گوند زۆر سەرکەتووبووە، چەندین وێناکردن و دیمەنى جوانى نیشانداوە، بەڵام دیمەنەکانى شوێن لە شارى سلێمانى لاوازن. بۆیە دەکرێ بڵێین شوێن لەم ڕۆمانە بێ هێزە.

فکر لە کانێ بچووکێ
فکر لە ڕۆمانى کانێ بچووکێ کارى لەسەر کراوە و چەندین چەمک و دەستەواژەى فکرى کارى بۆ کراوە و بەتایبەتى شەڕى زانین و نەزانین. وەک چەمکەکانى ماف و ئازادیی، پێشکەوتن، ئایین. ڕۆماننووس لەسەریان وەستاوە و جارێکى دیکە یوتوبیاکەى ئەفڵاتوونى لە وێنەى گوندێک: مەزاراندۆتەوە و لالە سەرداریشى وەک منى باڵایى نیچە لە بەرگێکى باوک سالاریى مەزراندۆتەوە. بۆیە بە ڕوانگەى فکیر و هزریشەوە، تا ئەندازەیک ڕۆماننووس مەبەست و ئاماژەکانى لەگەڵ ڕووداوەکان ڕێکخستووە.

هەڵەکانی کانێ بچووکێ
هیچ ڕۆمانێک بێ هەڵە و کێماسى نییە و بەهەمان شێوە ڕۆمانى کانێ بچووکێ لە هەڵە و کەموکوڕى بەدەرنییە، هەرچەندە هەندێک هەڵەى زەق هەن و دەبێت ڕۆماننووس زۆر ئاگادار بێت و تێى نەکەوێت، هەندێک هەڵەى بچووکیش زۆرجار بەسەر ڕۆماننووس و دەقدا تێدەپەرێت. بۆنموونە لە بەشى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لاپەڕە (9) ڕۆمانى کانێ بچووکێ وەک کتێبێکى یادەوەرى گەشاو لە کوردستان دەنووسرێتەوە، ساماڵ کە دەکاتە براى ئومێدى مێردى گەشاوى نووسەرى کتێبى کانێ بچووکێ، لە وڵاتێکى ڕۆژئاوایى، لە پڕێکدا کتێبەکە لە دەستى هاونشینێکى میتڕۆکە وەردەگرێت. کۆمەلێک پرسیار دروست دەبێت، ئایە ئەم کتێبە بۆ گەیشە ئەوێ و چۆن رێکەوت کە کوردێک هاونیشنى میترۆکە بێت و ساماڵ بەهۆى ئەو کتێبى براژنەکەى خۆى ببینێت. لە کاتێکدا ڕۆماننووس تەنیا ئەم دیمەنەى لەناو ڕۆمانەکەیدا دروستکردووە و وەک ئەوەى دیمەنەکەى بیرچووبێتەوە، لە هیچ شوێنێکى ڕۆمانەکە و بە هیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە سەرى و وەک گرێیەکى نەکراوە دەمێنێتەوە. لە لاپەڕە (144) لە بەشى چیرۆکى ژوورە نادیارەکە. کاتێک فەگێڕى گشتى ڕۆمانەکە گەشاوى پاڵەوانى سەرەکییە و بە جێناوى کەسى سێیەمى تاک چیڕۆکخوانى ڕووداوى نیلۆفەرە و ڕاستەخۆ دەچێتە ناو حیواڕى نیلۆفەر و دەنووسێت (نیلۆفەر دەستى پێکرد: تا ئەو دەمەى کە مامى نیلۆفەر لە قوماردا دەدۆڕێنى گێڕاومەتەوە.) کەواتە بەپێى ئەوەى نیلۆفەر دەستى پێکرد: کەواتە پێویست بوو نیلۆفەر بە کەسى یەکەمى تاک قسە بکات، کەچى گەشاوە و بە کەسى سێیەمى تاک قسە دەکات. هەر لەهەمان بەش و لە لاپەڕە (148) لە گێڕانەوەى بازرگانانى ماددەى هۆشبەر، کۆمەلێک کچ و ژن لە ژێر زەمین بۆ ئامادەکردنى ماددەى هۆشبەر بەکاردێنن، نیلۆفەر لاچاوى سووتاوە و ناچى جەستە و ڕووخسارى سووتاو و شێواوە و میهناز جەستە و ڕووخسارى پەڵەپەڵە و گروێ بووە. زەهرا فرمێسکى خوێن، لە چاوى دێت. هەرچەندە مەبەستى ڕۆماننووس ئەوەیە کە ئەوەیە بازرگانانى ماددە هۆشبەرەکان، ژن و کچە جوانەکان بۆ لەشفرۆشى بەکاردێنن و ناشیرینەکانیش بۆ ئامادەکردنى ماددەکە، واتە بە هۆى ناشیرینى ڕووخساریانەوە بەلایاندا ناچن. وەلێ بە بۆچوونى من مەرج نییە، ناشیرینەکان دەستدرێژیان نەکرێـتەسەر و بازرگانیان پێوەنەکرێت، کە خۆشى لە پێشدا ئەم دۆخەى پێگوتووین، کە ئەمانیش هەمان دەردى جوانەکانیان هەبووە. بۆیە ئەم هەموو وەسفە لێکچوو و هاوبەشانەى کارکەتەرەکان، هەم لە چێژى گێرانەوە و هەمیش لە ڕێکەوت، نیشاندانى کاریگەرى نەرێنى بۆ سەر ڕۆمانەکە هەیە. هەروەها لە لاپەڕە (162) لە بەشى (شەهیدێک بۆ گوند گەڕایەوە) دەربارەى خۆشەویستى نێوان نەزیرە و ئومێد، کە ڤەگێڕ ئاوڕەنگى خوشکى ئومێدە، چیرۆکى خۆشەویستییەکەیان بۆ گەشاو دەگێڕێتەوە و لۆمەى دایک و باوکى دەکات کە نەیان هێشتووە ئومێد و نەزیرە بەیەک بگەن. ئینجا گەشاو دەبێتە ڤەگێڕى خۆدواندن و دەڵێت: (بەڵام با واشبێت ئەى بۆچى هێشتیان خۆشى بووێت). لێرە ڕۆماننووس تێدەکەوێـت، وەک ئەوە نەزانێت خۆشەویستى پرۆسەیەکى تاکەکەسییە و کەس ناتوانێت بچێتە ناخى کەسێکى دیکە و دەستکارى خۆشوویستن و خۆشنەویستن بکات. جاگەر دایک و باوکیش بن، ناتوانن دەستکارى ناوەوەى مرۆڤێک بکەن ئەگەر ڕۆڵەکەشیان بێت. بەهیچ جۆرێک ئەمە نابێتە بڕیارى گشتى بەڵکو خۆشەویستى لە ناخى خودى کەسى دایە، هەر خۆشى ئومێد دەتوانێت نەزیرەى خۆشبووێت یان نا. لە هەمان بەش و لاپەڕە (169) گەشاو دەڵێت (خەون بینین و بیرکردنەوە لە ڕابردوو قەناسێکم بەرامبەر دەروونى خۆم دانابوو، ڕۆژانە گوللەبارانى دەروونم دەکرد). لێرەش ڕۆماننووس وردبین نەبووە، کە قەناس بۆ نیشانەگرتنە و گوللە بە تاک دەتەقێنێـت، دەبووایە بنووسێت دۆشکە یان ڕەشاش و ئەو چەکانەى لەسەریەک دەتەقن. چونکە گوللەباران ئاماژەیە بۆ گوللەى زۆر و لەسەر یەک وەک باران، نەوەک تاک تاک و هەرنەبا، دەیتوانیت بنووسێت قەناسێکم بەرامبەر دەروونى خۆم دانابوو، ڕۆژانە تەقەم لە دەروونم دەکرد، بەمەش گرفتەکەى چارەسەر دەکرد. لە بەشى چیرۆکەکانى ناو زیندان و لاپەرە (206) کاتێ گەشاو و لافە سەردانى زیندانیانى چاکسازى ژنانى سلێمانى دەکەن چاوپێکەوتن لەگەڵ کچێکى ڕەش ئەسمەر دەکەن، ڕێک حیواڕى ئەم کچە بە تەواوى زمانى ڕۆمانەکە هەڵدەگێڕیتەوە کە ڕۆمانەکە ڕۆمانێکى ڕیالستییە و لە دەرخستنى بابەتە سێکسى و زایندەکان زمانێکى شەرمنانە و ڕەوشتى باڵای هەیە، کەچى ڤەگێڕ لە ڕێگەى حیواڕى ئەم کچە بە یەک دوو ڕستەى زۆر ئیرۆتیکانە بەتەواوى دەبێتە سوریالیى و دەنووسێت (ئەم پارچە قوزە بۆمان بوو بە بەڵا….. دەمگوت خوایە گوناهت ناگات کێرت داوە بەو و قوزیش بە من). هەرچەندە ڕۆماننووس ویستوویەتى بچێتە قاڵبى کچێکى شەلاتى، وەلێ بەپێى پێوەرى گشتى زمانى گێڕانەوەى ڕۆمانەکە خوێنەر دەخاتە بەر هێدمەیەک بڵێیت ئەوە ئەم ڕۆمانەنییە، نەدەبووایە بەم جۆرە تەنیا ڕستەیەکى سوریالى بخاتە نێو گێڕانەوە، کە پێچەوانەى تەواوى زمانى فەگێڕە لە گێڕانەوەدا. لەبەشى بەڕێکردنى زستاندا لە لاپەڕە (217) کاتێک گەشاو و سەیوانى کەڕولاڵ بە ئاماژە قسە دەکەن، کەچى لە ناکاو ڕۆماننووس بیری دەچێتەوە کە سەیوان کەڕ و لاڵە ڕووداوێکى نێوان خۆیى و ئومێدى مێردى گەشاو بۆ گەشاو دەگێڕێتەوە. پاشان لەبرى ئەوەى ئومێد بۆ گەشاو زمانى ئاماژە وەرگێڕێتە سەر زمانى گوتن یەکسەر دەڵێت: (دواتر سەیوان خۆى بۆى وەرگێڕام). لە کاتێک گێڕەوە سەیوان هەر خۆیەتى و کەڕولاڵە, لێرە دەبووایە ئومێد هەڵبستێت بە کارى وەرگێڕانەکە نەک سەیوان. لە هەمان بەش و لە لاپەڕە (226) باسى شنۆ و دادە نەسرین دەکات کە دوو ژنى گوندبوون، دەڵێت لەوە تێگەیشتم کە (شنۆ و هەم دادە نەسرین هەرگیز لە ئاژەلە وردەکانى وەک مشک، جرج، مار، نەدەترسان). دواتر ئەم نەترسانەیان بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە کە ترسى گەورەتریان لە مرۆڤ بینیووە. بۆیە لە لاپەڕە (217) دەنووسێت (چون ئەوان شتى زۆر ترسناکتریان لە ژیان ئەزموونکردبوو) بە هیچ جۆرێک ترسان لە مشک و مار و جوورج پەیوەست نییە بە ترسى دیکەوە. تەنیا پەیوەندى بە ئەزموونى خودى شتکە خۆیەوە هەیە، ئەمە فیسۆلۆژیا و سایکۆلۆژیاى مێینەیە کە ڕێژەى ترسى زۆرترە لە مشک و ئەڕبابەکانى، بۆیە ئەمە بەڵگەیەکى نالۆژییکییە، ژن هەیە ڕەنگە بوێرى و چاونەترسى لە پیاو زیاتربێت، کەچى هەر لەم بونەوەرانەش دەترسێت. لە بەشى پرسەى باوکم لاپەڕە (270) کاتێک گەشاو دەچێتە سەردانى باوکى کە لە نەخۆشخانەیە و بێ هۆشە، بۆ جارى دووم دەیەوێت بچێتەوە سەردانى، لە دەرگەى نەخۆشخانە پۆلیسەکە ڕێگەى چوونە ژوورەوەى پێنادات و دەنووسێت (خۆم داماو کرد و بە درۆوە گوتم: بە خوا باوکم زۆر هیلاکە. ئەچم سەردانى دەکەم…) جانازانم بۆچى ئەم درۆیەى بۆ زیادکردووە، لە کاتێکدا هەر بەڕاستى باوکى نەخۆشە و لە نەخۆشخانەکەیە. لە بەشى ئاهەنگە تایبەتەکە و لە لاپەڕە (286-287) سەیوان شوانى گوندە و گەشاو ژنێکى بە مێردە، لەسەر کانى سەیوان کە شوانى گوندەکەیە، کوڕێکى گەنجى سەڵتە بۆ دڵنەوایى گەشاو دەچێت دەستى بەسەردا دەهێنێت. خۆى دەکات بە باوکى شەڤویی گەشاو، لە کاتێکدا لە تەمندا جیاوازییەکى ئەوتۆیان نییە. ئەمە لەگەڵ عورفى کۆمەڵایەتى و دابوونەریتى گوندێکى دواکەوتووى نەتەوەکانى سەدەى ڕابردووى کوردستان ناگونجێت، لانى کەم ئەم دۆخە بێ لێکەوتە و کاردانەوەى توندوتیژى تێپەڕنابێت. لە هەمان بەش و لاپەڕە (293) گەشاو لە وەسفکردنى سەیوان بۆ نەزیرە کە خەڵک وەک شێت ناساندوویانە، گەشاو دەڵێت: (نەزیرە سوێند بەهەرچى پیرۆزییە ئەو لە زۆر لە پیاوانى گوند و شار و ئەم نەتەوەیە عاقڵترە) لێرە ڕۆماننووس زێدەڕۆریی دەکات کە بە چ بەڵگەیەک چۆن و بە چ پێوەرێک سەیوانى کەڕولاڵ کە بە شێت ناوى ڕۆیشتووە، لە هەموو پیاوانى یەک نەتەوە عاقڵترە!!
لە بەشى شەڕە یەک بە دواى یەکەکان لە لاپەڕە (330) گەشاو بەهۆى شەڕى ناخۆیی و ئەو نەهامەتییەى تووشى کورد هاتووە، دەڵێ تاکى کوردى ڕقى لە دایک و باوکى و لە خۆشەویستانى دەبێتەوە، بۆیە دەنووسێت (تەنانەت لە تۆش خوایە ڕقیان لە تۆ و پێغەمبەرەکەش دەبێتەوە) ئەمەیان هەرگیز ڕاست نییە و پێچەوانى کۆمەڵگەى کوردى مسوڵمانە کە بە هیچ جۆرێک نە ڕقیان لە خودایە و نە پێغەمبەرەکشى، بەڵکوو لە بینینى ناخۆشیدا خەڵک زۆرتر ڕوو لە خودا و نزاوپاڕانەوە دەکەن. لەبەشى سیما دەبێتە مامۆستا لە لا (330) سیما کچێکى تەمەن (13) ساڵانە و نەخۆشى شێرپەنجەى هەیە و خەونى بوونە مامۆستاى هەیە، گەشا و لاڤە ئەم خەونەى بۆ دێنەدى لە کۆمپانیایەکى خوڵ و وانە وتنەوە دەیکەن بە مامۆستاى وانەبێژ. بەڵام سەیرەکە لەوەدایە سیما نەوک تەنیا وەک مامۆستایەک قسە دەکات، بەڵکوو وەک پرۆفیسۆرێک دەردەکەوێت، تەنانەت ڕەخنە لە سیستەمى وانەگوتنەوە و شێوە مامۆستایەتى دەگرێت، بۆیە دەنووسێت (سیما پێى گوتم مامۆستایەتى هێندەى هونەرییە هێندە پیشەى نییە) بەمەش زیاد لە پێویست زیرەکى دەخاتە پاڵ سیما کە هەرگیز بۆ کچێکى (13) ساڵان بە تایبەتى لە کۆمەڵگەى کوردى ڕاست نییە. لەبەشى خۆشەویستى لە دەرگام دەدات لە ڵا (417) ڕۆماننووس ڕەخنە لەوە دەگرێت کە نابێت ژن و مێرد لاى مەلا مارە ببڕدرێن، بەڵکوو تەنیا دەبێـت لە دادگا بێت، بە بیانووى ئەوەى کە ئەگەر تەنیا لاى مەلا مارەبڕکران، مارەییان ناکەوێت، بۆیە دەنووسێت (گەشاو ئەوە شتێکى زۆر خەتەرە جا کە لێکیش جودابوونەوە هیچ مارەیەکت ناکەوێت) لێرە ڕۆماننووس بێ ئاگایە لە یاساى بارى کەسى عێراقى کە مەرج نییە، تەنیا مارەکردن لە دادگا کرابێت، ئینجا هەقى مارەیی و مافەکان بکەوێت. بەڵکوو بە دوو شایەد گرێبەستى هاوسەرگیرییەکە دەسەلمێنێت و مادەى (10 برگەى 5) لە یاساى بارى کەسى لەسەر پیاوەکە دەکرێتەوە، جگە لە ماف و یەکلاکردنەوەى هاوسەرگیرییەکە سزاى یاسایى پیاوەکە وەک بکەر دەدرێت.
ئەمانە هەڵەى زەقەکانى کانێ بچووکێ بوون کە خستوومەتە ڕوو، جگەلەوەى ڕۆماننووس بە هیچ چەشنێک خۆى لە بەکاهێنانى وشەى عەرەبى نەپاراستووە تەنانەت لە ڕووى ڕێنووسیشەوە هەر بەزمانى عەرەبى کۆمەڵێک وشە دەنووسێت وەک اصلاح. بۆ کەچەڵ و اختصاص بۆ تایبەتەمەندییەتى و مطبخ بۆ ناندین و چێشخانە. لە چەندین شوێن دووبارە دەبنەوە.

گۆشەنیگا
گۆشەنیگا لە ڕۆمانى کانێ بچووکێ چەندین گۆشە نیگاى جودا جودا دەبیندرێن، کە ڕۆماننووس لە گێڕانەوەى هەر ڕووداوێک لە پاڵ گۆشەنیگاى مەبەستى سەرەکى ڕۆماننووس چەندین گۆشە نیگاى لابەلا دەخاتە ڕوو، بەمەش کانێ بچووکێ لە گۆشەنیگاى گشتى و تایبەتی دەوڵەمەندە. نووسەر بە ئاگاییەوە کارى لەسەر کردووە.

پەیام
پەیامى ڕۆمانى کانێ بچووکێ نیشاندانى دواکەوتوویى کۆمەڵگەى کوردى و کارکردن بۆ ێیشخستنى کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارییە.

ئەنجام
لە کۆتایى بابەتەکەمان بەوە گەیشتن کە ڕۆمانى کانێ بچووکێ بە هەناسەیەکى ژنانە و دید و بۆچوونى ژنانە نووسراوە و زۆربەى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکە هەر بە ئاست و تێگەیشتن و ڕوئیای ژنانەوە دەڕوانێتە چارەسەرى کێشە و گرفت و مەینەتییەکانى کۆمەلگە. ژن زۆرتر ڕۆڵى فریادڕەس دەگێڕێت و پیاوان لاوازتر ئەم دەورەیان پێداراوە و زیاتر پیاوان کراونەتە ئامانج و بەشى سەرەکى گرفت و ئاریشەکانى کۆمەڵگەى کوردییان بەرکەوتووە.

دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕەخنەگر

سەرچاوە:
ڕۆمانى کانێ بچووکێ. جوان عوسمان حمە امین. چاپى 2023. چاپخانەى پاندا. سلێمانى.




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەری بواری منداڵان (ئەمین محمەد).. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

نووسەر ئەمین محەمەد: ئەدەبی منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە كوردستان گرنگییەكی زیاتری پێدەدەرێت و كۆمەڵێك نوسەرو شاعیری خەمخۆر و دڵسۆز خزمەت بەو بوارە دەكەن
نووسەری بواری منداڵان ئەمین محەمەد: خوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرهەست و دەرونی منداڵ هەیە
نووسەر ئەمین محەمەد: ئەدەبی منداڵان ژانرێكی تەواو جیاوازو سەربەخۆیەو مەرج وبنەماو یاساوڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە
نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان حەمەئەمین محەمەد ئیسماعیل ناسراوبە (ئەمین محەمەد )لەساڵی 1962 لەسلێمانی لەدایك بووە،لەسەرەتای هەشتاكانەوە دەستی بەشیعرنوسین كردوە،یەكەم شیعرم لەساڵی 1986 لە گۆڤاری كاروان بڵاوكردوەتەوە،بەشداری زۆربەی كۆڕەشیعرییەكانی ساڵی هەشتاكانی كردوە لەسلێمانی وهەولێرو قەڵادزێ و هەڵەبجە.(ئەمین محەمەد)،یەكەم كتێبی شیعریم بەناوی (هەڵوێست )لەساڵی 1991 چاپكردوە، كە بریتییە لە شیعری بەرگریی لەساڵی 1991 دەبێتە بە ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كورد-لقی سلێمانی. لەساڵی 2008 ڕووی كردوەتە بواری ئەدەبی منداڵان، شیعرو چیرۆك و ڕۆمان بۆمنداڵان دەنووسێت.هەروەها لەبواری ڕەخنەدا كاری كردوەو دوو بابەتی لەو بوارەدا بە چاپگەیاندوە كە هەر یەكەیەن لە كتێبێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك نوسەری تری بوارەكە. تائێستا زیاتر لەسەد شیعری لەتیڤییەكاندا لەلایەن هونەرمەندانەوە ئاوازیان بۆ دانراوەوكراون بەگۆرانی.ئێستا ئەندامی دەستەی نووسەرانی هەردوو گۆڤاری كورد جینیەسی تایبەت بەمنداڵان و كوردجینیەسی پەروەردەو ڕۆشنبیرییە.. شیعرێكی بەناوی( ژینگەی كوردستان) لە پڕۆگرامی خوێندن لە پۆلی سێیەمی بنەڕەتییدا دانراوە لەنزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ دا كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا باسی سەردەمی منداڵیی خۆت بۆخوێنەرانمان بكە چی وای لەتۆكرد، ڕوبكەیتە نووسین لەبواری منداڵان؟

  • من بەمنداڵیی كەسێكی شەرمنی خەیاڵاوی بووم ،هەمیشە لەگەڵ خۆمدا دەدوام،زۆرجار بەخەیاڵ لەسەربەرزایی گۆیژەوە بازم دەدا بۆسەرشاخی بەرانان و گڵەزەردە، هەندێ جار دوای مانگ دەكەوتم وبەژێر پەڵەهەورەكاندا ،ڕامدەكرد،هەندێ جار كەهاوینان لەسەربان دەخەوتم یەك یەك ئەستێرەكانم دەژمارد تاخەودەیبردمەوه.
    لەبارەی نووسینەوە ،سەرەتا شیعرم بۆگەورەساڵ دەنووسی ،شیعرەكانم بەرەنگاری بوون ،لەساڵی هەشتاكان لەكۆڕەشیعرییەكان بەشداریم دەكرد لەگۆڤارو ڕۆژنامەكانی ئەوئەوسادا بڵاوم دەكردنەوە،لەساڵی 1991 لەدووتوێی كتێبێكدا بەناوی (هەڵوێست )چاپمكرد.دواتر بەهۆی خۆشەویستیی زۆرم بۆمنداڵ و هەستكردنم بەكەمو كووڕی زۆر و كەمی دەقی پێویست بەمنداڵ ڕووم كردەئەوبوارەو دەستم كرد بەشیعرنووسین بۆ منداڵ وپاشان چیرۆك نووسین و وەرگێڕان لەبواری چیرۆك و لەم ساڵانەی دوایدا نووسینی دوو ڕۆمانی تایبەت بەمێرمنداڵ.
  • *كەی دەنووسیت كاتێكی دیاریكراوت هەیە بۆنووسین؟
  • من هیچ كاتێكی دیاری كراوم نییە بۆنووسین،زۆرجار بەدەم ڕێگاوە، یان له ‌ناوپاسدا،هەندێ جار لەكۆڕوكۆبوولنەودا ،هەندێ جار كه ‌شەوخەبەرم دەبێتەوە،شتێك دێت بەخەیاڵمدا و دەست دەكەم بەنووسین، هەمیشە قەڵەم وكاغەزم پێیە.بەڵام بۆ نووسینی لێكۆڵینەوەو وەرگێڕان كاتی بۆدیاری دەكەم.چوونكە كاتی دیاری كراوی پێویستە.
  • *چۆن ڕێنمایی پێشكەش بەمنداڵ بكەین بۆئەوەی بخوێنێتەوە،بەتایبەتی لەم سەردەمی تەكنەلۆژیاو زۆری كەناڵە تەلەفزیۆنییەكاندا؟
  • ڕێنمایی وئاراستەكردنی منداڵ بۆئەوەی خوێندنەوە بكات بەبەشێك لەژیانی ڕۆژانەی خۆی پێویستمان بەوەیە بەشێوەیەكی گشتیی وفراوان هەمەلایەنە دەست بكەین بە بەكەلتووركردنی خوێندنەوە لای تاك بەتاكی كۆمەڵگە،دەبێت هەوڵبدەین كتێب وگۆڤار بەردەستبن ،بۆمنداڵ لەماڵ وقوتابخانەكاندا ،مامۆستاو خێزان و نووسەرانی بواری پەروەردەو ئەدەبی منداڵان باسی گرنگی خوێندنەوە بۆمنداڵ بكەن، بەپێی قۆناغەكانی تەمەنی كتێب و گۆڤاریان بۆفەراهەم بكەن، باشتروایە دایك وباوك بزان منداڵەكانیان حەزیان لەچ بوارێكە ،بۆئەوەی لەوبوارەدا كتێب و گۆڤاری بۆدابین بكەن، باشتروایە كاتێك بۆمنداڵ دیاری بكرێت بۆخوێندنەوە،هەروەها كات دابنرێت بۆ یاری و سەیركردنی تەلەفزیۆن و مۆبایل و یارییەئەلەكترۆنییەكان. واتا بەپێی بەرنامە یاری بكات، وەبخوێننەوە.

    *ئەدەبی منداڵان لەگەڵ ئەدەبی گەورەساڵان جیاوازی هەیە؟ زەحمەتی نووسین لەبواری منداڵان لەچیدایە؟

  • ئەدەبی منداڵان ژانرێكی تەواو جیاوازو سەربەخۆیەو مەرج وبنەماو یاساوڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێچەوانەی ئەدەبی گەورەساڵانەوە ،زۆرگرنگ وهەستیارە هەمووكەس پێی ناوێرێ و كاركردن وسەركەوتن تێیدا زەحمەتە، چوونكە پێویستە نووسەر شارەزایی تەواوی لە لایەنی دەرونیی وپەروەردەیی و بنەماكانی ئەدەبی منداڵدا هەبێت، دەبێت مەرجەكانی شیعروچیرۆك و ئۆپەرێت و ڕۆمان بزانێت وبەباشی لێیان تێگەیشتبێت و توانای ئاراستەكردنی منداڵی هەبێت بەشێوەیەكی ڕوون و دروست.

    *بنەماسەرەكییەكانی هۆنراوە نووسین لەبواری منداڵاندا چین؟

  • شیعری تایبەت بەمنداڵ چەندین مەرج وبنەمای تایبەت بەخۆی هەیە، وەك سادەیی،یەكێتی بابەت، بڕگەی كورت، كەمی دێڕەكانی، بونی قافیەی نوێ و بەهێزو ئاوازدار، وشەكانی سەربەفەرهەنگی منداڵبن، ناوەركی پەروەردەیی بێت،پەیامی تێدابێت، وشەی نەشیاوی تێدانەبێت ،دووربێت لەوشەی سواو و دووبارە ،ڕەچاوكردنی لایەنی سایكۆلۆژی و بواری پەروەردەی هاوچەرچ و چەندان مەرجی تر.

    *تاچەند بوونی كتێبخانە لەماڵ وقوتابخانەدا بەگرنگ دەزانیت بۆمنداڵان؟

  • بوونی كتێبخانە لەماڵ و قوتابخانە وهەندێ شوێنی گشتیی و هەندێ جاركتێبخانەی گەڕۆك زۆر گرنگ وپێویستن بۆ خوێنەران بەگشتیی ومنداڵان بەتایبەتی، دەبێت هەوڵبدرێت خوێندنەوە بكرێت بەكەلتوور لای منداڵ ،زۆرگرنگە وا لەمنداڵ بكرێت هۆگرو ئالوودەی كتێب ببێت و چێژی لێوەربگرن، ئەگەرلەهەموو ماڵ وقوتابخانەكاندا كتێبخانەهەبێت كتێب وگۆڤاری تایبەت بەمنداڵی تێدابێت بەدڵنیایی زۆربەی زۆری منداڵان دەبن بەخوێنەرو سوودی لێدەبینن،ئەگەردایك وباوك ومامۆستا ونووسەرانی تایبەت بەمنداڵان هانی منداڵ بدەن وئاراستەیان بكەن سوودی زۆردەبێت،ئەوەئەركی سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیرییەكانیشە گرنگی بەكتێب وكتێبخانەبدەن.

    *تاچەند خوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە بۆمنداڵ پێش خەوتن بەگرنگ دەزانیت؟

  • خوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرهەست و دەروونی منداڵ هەیە ولەزۆر ڕووەوە ئارامییان پێدەبەخشێت،بەتایبەت پێش خەوتن ،ئەگەر دایك وباوك بەردەوام منداڵەكانیان بەخوێندنەوەی چیرۆك وهۆنراوە بخەوێنن ،ئەوەكارێكی زۆرباش وگرنگ وشارستانی وپەروەردەییە ولە دواڕۆژدا كاریگەری ئەرێنی لەسەرژیانی منداڵ دەبێت.

    *بڵاوبوونەوەی یارییەئاگرینییەكانی منداڵان، لەبازاڕەكاندا بەنرخێكی هەرزان پێت وانییە هۆكارێك بێت بۆ تووندوتیژیی؟

  • یارییەئاگرینییەكان دیاردەیەكی نامۆی ناپەروەردەیی وناشارستانییە، بەتایبەت لەهەندێ بۆنەدا بەڕێژەیەكی بەرچاو دەفرۆشرێت لەلایەن منداڵانەوە بەكاردەهێنرێت ،بەدڵنیاییەوە ئەوەش زیان بەخۆیان وبەهێمنی و ئارامیی گەڕەك وكۆڵانەكەیان دەگەیەنێت ،دەشبێتە هۆی بێزاری خەڵكی ،بۆیە باشتروایە دامودەزگابەرپرسەكان ڕێگا لەو دیاردە ناشیرین ناپەروەردەییە بگرن وڕێگای پێنەدەن وسەرپێچی كاران سزابدەن بەتایبەت فرۆشیاری ئەو جۆرە یارییانە.

    *وەكوو كەسێكی تایبەت مەندی بواری ئەدەب وپەروەردەی منداڵان میتۆدی خوێندن لە باخچەوقوتابخانەكان لەچی ئاستێكدایە؟

  • بەشێوەیەكی گشتیی لەم وڵاتەی ئێمەدا میتۆدی خوێندن سواو و چەقبەستووە و خەیاڵ وفەنتازیاو داهێنان ونوێگەری لەخوێندكاراندا دەكوژن، چوونكەجیاوازی و دابڕانێكی زۆروفراوان لەنێوان تیۆرو پراكتیكداهەیە، قوتابییان وخوێندكاران لەباخچەی منداڵانەوە تادەگەنە قۆناغی زانكۆ هیچ لەواتای ئەوزانستە نازانن كەبەرچاویان كەوتووەوفێركراون ئەوەش یەكێكه ‌لە گرفتەگەورەكانی ناوسیستەمی پەروەردەی وڵاتی ئێمە، چوونكه ‌ئاشكرایە پەیوەندی زانیاریی تیۆری بەپراكتیكی ڕاستەقینەوە ڕەهەندێكی سەرەكیی پەروەردەی نوێ وهاوچەرخە،زۆرجار مامۆستای وانەیەك نە لەڕووی زانستیی ونه ‌لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە باوەڕی بەو وانەیە نییە كە دەیڵێتەوە ئەوە كارەساتەو گرفتێكی گەورەیە لەبواری پەروەردەی ئێستادا.

    *بە گشتی لە ئێستادا بواری ئەدەبی منداڵان چۆن دەبینی؟

  • لە ڕاستیدا ئەدەبی منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە كوردستان گرنگییەكی زیاتری پێدەدەرێت و كۆمەڵێك نووسەرو شاعیری خەمخۆر و دڵسۆز خزمەت بەو بوارە دەكەن و بەرهەمەكجانیان بۆ منداڵان لە شیعرو چیرۆك و ئۆپەرێت و شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بۆ منداڵان خستۆتە بەردەست منداڵان و كتێبخانەی منداڵانەوە.هەروەها هەردوای ڕاپەڕین كۆمەڵێك گۆڤاری تایبەت بە منداڵانیش لە شارەكانی كوردستان دەرچوون ،بەڵام بەداخەوە لەئێستادا چەند دانەیەكیان ماون كەدەربچن ئەوانی تر زۆریان بەهۆی باری داراییەوە وەستاون،كە بوونی ئەمانە خۆی لەخۆیدا خزمەتێكی باش و بەرچاو بوون بە ئەدەبی منداڵان و دەركەوتنی كۆمەڵێك شاعیر و نووسەری لاو كە بۆ ئەو بوارە گرنگە بنووسن
    نووسەر (ئەمین محمەد) چەندین بەرهەمی بەچاپ گەیاندوەو چەند بەرهەمێكی تریشی ئامادەن بۆچاپ ناوی هەندێ لە بەرهەمەچاپكراوەكانی نووسەر:

    1- هەڵوێست …شیعر ساڵی 1991
    2- ماڵی باران …شیعربۆمنداڵان ساڵی 2010
    3- هاوڕێی نوێ… شیعربۆمنداڵان ساڵی 2011
    4- خەونی چۆلەكە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2011
    5- هەنگەوردیلە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2011
    6- خەیاڵی منداڵانە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2012
    7- گۆرانیی هەورەكان …شیعربۆمنداڵان ساڵی 2012
    8-دیوانی جریوەكان ع ع شەونم …كۆكردنەوەو ئامادەكردن ساڵی 2012
    9- بەرسیلە…شیعربۆمنداڵان ساڵی 2016
    10- زمان ڕەوانی وجۆرەكانی كێشی بڕگە لەشیعری منداڵا ندا …توێژینەوە ساڵی 2013 كتێبی هاوبەشی پێنج نووسەر.
    11- چەند سەرنج و ووردزونەوەیەك لەمێژوی ئەدەبی منداڵانی كورد…توێژینەوە ساڵی 2022كتێبی هاوبەشی دەنووسەر.
    12- كچی دورگەبچكۆلەكە….ڕۆمان بۆمێر منداڵ ساڵی 2022
    13- ملوانكەی ئەفسوناوی رۆمان بۆ مێرمنداڵ 2023.




کتێب\ ئەزموون و شیعری بێگەرد (گوتار و بریوڕای ئەدەبی).. سەباح رەنجدەر

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




گرنگییەکانی ئازادی دەربـڕین بۆ منداڵان.. رەزا شـوان

ئـازادی جـوانتریـن و شـیرینتریـن و گـرنگـتریـن وشـەیە لە جیهـانـدا. ئـازادی و ژیـان گـیانـێک لە دوو جەستەدان. ژیـان بەبێ ئـازادی، ژیـان نییە و هـیچ واتا و خـۆشییەکی نییە. ئازادی واتا ژیـان بە شادی و بە ئاشـتی. ئـازادی بەخـشـیـن نییە، بەڵکو مافـێکی زگـماکی و رەوا و بنەڕەتی و سـروشتی و پـیرۆزی هەمـوو مـرۆڤـێکە بەبـێ جیاوازی. ناکـرێـت دەستکاری تێـدا بکـرێـت و لـێی کەم بکـرێتـەوە. ئازادی توانای رەفـتارکـردنە بەپـێی یاسـا و لەگـەڵ رێـزگـرتـن لە مافـەکانی کەسـانی تـر. واتـای ئـازادی ئەوەیـە کە مـرۆڤ بتوانـیت ئەوەی بیەوێت لە ژیـاندا بـیکات، مادام سـەرپـێچی لە یاساکان ناکات.
(نیلسـۆن ماندێـلا) دەڵـێـت:”واتـای ئـازادی تەنیا بچـڕینی کـۆت و زنجـیر نیـیە، بەڵکو هـەروەهـا رێـزگـرتـن و بەرزڕاگـرتـنی ئـازادی کەسـانی تـریـشە”.

ئازادی گەنجـیـنە و سامانێکی ئەوەنـدە گرنگ بەنـرخـە. کە هـیچ سامـانـێکی پێـناگات. پێـویـستە ئـەم مافـەش بە شـێوەیەکی راست و دروســت و هـاوسـەنگ بەکـاربهـێنین. ئازادی رەتکردنەوەی چەمکەکانی، کۆیلایەتی و ژێردەستی و مـلکەچی و چەمینەوە و پاشکـۆییـە. رەتکـردنەوەی رق و کـیـنە و رەگـەزپـەرسـتی و شـەڕ و تـونـدوتیـژییـە.

منـداڵانی ئەمـڕۆ، داهـاتـووی هـەر گـەل و وڵاتـێکـن. هـاوڵاتـیـانی جـیهـانی داهاتـوون.
پێـویستە لە منـداڵـییەوە، ئەم چـەمک و پـرەنسیـپـانە لە منـداڵانی کوردمـان بـڕوێـنـین.
پێـویـستە فەزایـەکی فـروانی ئـازادی بۆ منـداڵەکـانمـان بـڕەخـسـێنـین. تا بەبێ تـرس و بە ئەوپـەڕی ئازدییـەوە گـوزارشـت لە خەیـاڵ و لە را و لە هـزری خـۆیـان بـکەن.

شایەنی ئاماژە و باسیشە ئازادی دەربڕینی منداڵان مافـێکی رەوای دانپێنراوە، لەلایـەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەنـدکراوە. لە رێکەوتنـنامەی مافـەکانی منـداڵ، بـڕیارنـامەی (٢٥، ٤٤) لە (٢٠/ نـۆڤـەمبەر/١٩٨٩) کە لەلایـەن کـۆمـەڵـەی نەتـەوە یەکگـرتـووەکـانەوە پەسـەنـدکـرا و لـە (٢/ سـێـپـتەمبـەر/١٩٩٠) دا، چـووەتـە بـواری جـێبەجـێکـردن و پابەنـدبـوونی وڵاتـانی واژۆکـردووی ئـەم رێـکەوتنـنامـەیە.
لە دەقی ـ بەنـدی دوانـزەیەم ـ لە بـڕگەی یەکـەمـدا، نـووسـراوە:” وڵاتـانی ئەنـدام لـەم رێـکەتـنـنامەیـەدا، دەبێت مـافی ئـازادی دەسـتەبـەربکەن بـۆ ئـەو منـداڵـەی کە تـوانای رێکخستنی بـیروڕای تایبەتی خۆی هـەبێـت، مافی ئەوەی هـەیە کە بە ئـازادی راکانی دەربـڕێـت، سەبـارەت بە هەمـوو ئـەو پـرسـانەی کە کاریـگەرییـان بە ژیـانی منـداڵەوە هەبێت. پێویستە بەپێی تەمەن و گەشەکردنی ئەو منداڵە راکانی بە هەند وەربگيرێن”.
لە دەقـی ـ بەنـدی سـیانـزەیـەم ـ لـە بـڕگەی یەکـەمـدا، جـەخـت لەســەر ئـەوە دەکـات:
“منـداڵان مافی ئەوەیـان هـەیە، بیـروبـاوەڕەکانی خۆیـان بە ئـازادی باس بکەن. واتە مـافی منـداڵە کە لەنـاو خـێزانەکەی و پـۆل و قـوتابخـانەکەیـدا، بتـوانێـت بە ئەوپـەڕی ئـازادییەوە، گوزارشـت لە رای خـۆی بکات و لەو پـرسە گـرنگانەش کە پەیـوەنـدییان بە ژیـان و بە چارەنـووسی خۆیەوە هـەیە، پەراوێـز نەخرێـت و گوێ بۆ خواستەکانی بگیرێـت و دەنگ و را و بـۆچوونـەکانیشی بە هـەنـد وەربگـیرێت. سـەرەڕای ئەوەش هەموو منداڵـێک بۆی هـەیە، بەبێ لەبەرچاوگـرتنی جیاوازییەکان و سنوورەکان، ئەو زانـسـت وزانیـارییـانەی کە دەیـەوێـت پـێـیان بـگات”.
ئازادیی منـداڵان لە مافـەکانیانەوە دەسـتپێـدەکات. پێویستە مافەکانی منـداڵان جـێبەجێ بکـرێـن. چونکە ماف و ئازادی دوانـەن و لـێک جیـانابـنەوە. منـداڵان هەمـان مـاف و ئـازادییەکـانی گەورەسـاڵانیـان هـەیە.
گۆزارشتکـردنی منـداڵان بە ئازادی، لە سـۆز و هەست و لە را و لە راز و نیازیان، لە گرنگترین پێویستییە تەنـدروستییەکانی دەروونی و جەستەیی منـداڵانە. کردارێکی زۆر گـرنگە و هـۆکارێکی گـونجـاوە، چـونکە منـداڵان هـێـشـتا کـامـڵ نەبـوونە، کە بتـوانـن ئەڵـتەرنـاتـیـڤـێکی تـەنـدروسـتی تـر بـدۆزنـەوە، تـا بـتـوانـن لـە مـیانـەیـەوە سـۆز و هـەسـت و هـەڵـچـوونی متـبـووی دەروونـیـیان دەربـبـڕن.
بەپێی ئازادیی رادەربـڕین، منـداڵان مافی ئەوەیان هـەیە، کە را و بۆچـوونی جیاوازیان لەگەڵ بیـروڕای دایکان و باوکانیان هـەبێـت. پێویـستە ئەم جـیاوازی و بۆچـوونانەیـان لەبەرچاوبگـیرێـن. نەک بۆچـوونەکـانیان بە گەمـژانە بـزانـن. راسـتر ئـەوەیە ئازادبـن لە دەربـڕینی ئەو هەستانەی لە مێشکـیانـدا هـەن. گوێیان لـێبگـرن و بۆچـوون و را و پێـشنیارەکانیان بە هـەنـد وەربگـرن. ئـازادی دەتـوانـێـت یـارمەتـیـدەربێـت، بۆ ئـەوەی منـداڵان ژیـانی تایـبەتی خۆیـان بەڕێـوەبەرن و خۆیـان کـێشەکانـیان چارەسەربـکەن و بەرپـرسـیارێـتی بـڕیـارەکـانیان و ئەنجـامـەکانی کارەکـانـیان هـەڵـبگـرن.

لە بەندی (١٩) ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، کە لە رێگەی رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگـرتـووەکانەوە بۆ مافـەکانی منـداڵان دانـراوە. باس لەوە دەکات کە هەمـوو منداڵێک مافی بەشداریکردنی هەیە لە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەنـدییان پێیەوە هەیە.
رێگەی ئازادی دەربـڕیـن لە منـداڵەکانتـان مەگـرن. شـوورەیەکی تـرسیان بۆ دروسـت مەکەن، با بە ئەوپەڕی ئـازادی و راشکاوییەوە را و بـۆچـوونەکـانی خـۆیان دەربـڕن ـ تەنـانەت ئەگـەر پێـتان وایـە هـەڵـەشـبن ـ فـێریـان بـکەن گـوێـبـیـستی بـۆچـوون را و قـسەکانی کەسـانی تـربـن ـ تەنـانەت ئەگەر پـێـشـیان وابـێـت کە کەسـانی تـر هـەڵـەن.
(جـۆرج واشـنتـۆن) دەڵـێت:”ئەگـەر ئـازادی دەربـڕیـنمان لـێـبـسێـنـنەوە، رەنگە ئـێـمە بەرەو بێـدەنـگی ببـینەوە. بێـدەنگـیش وەک مـەڕ وایە، بەرەو سەربـڕیـنگە دەبـرێـت”.
گەر خـێزانەکان دۆخـێکی ئەوتـۆ بـۆ منـداڵـەکانیان نەڕەخـسێنن، بـۆ ئـەوەی بە ئـازادی سۆز و خـرۆش و هەڵچـوونەکانیان دەرببڕن. دووچاری فـشار و متـبوون و تێکچوونی دەروونی دەبـن. ناچـاردەبن رەفتار لەگەڵ سۆزداری پەنگخـواردووی دەروونیان بکەن. ئەمەش دەبێتە هـۆی بەردەوامی خەمۆکی و دڵتەنگی و تێکچوونی دەروونییان. هەست و سۆزداییەکانیان بە نەستی و بە ناتەنـدروسـتی دەجـووڵـێـن و دەورووژێـن.
کەواتە زۆر گـرنگ و پێویـستە، گـرنگی و بایـەخ بەوە بـدەیـن، کە چی هـۆش و بیـری منداڵەکانمانی سەرقـاڵ کردوون. دەبێ هانیان بدەین بە ئازادی و بەپێی تـرس و شەرم، بە قسەکردن یا بە نووسین یا بە وێنەکێشان یا بە گۆرانی موزیک و هەڵپەڕکێ، ئەوەی دەیـانەوێـت دەریـان ببـڕن. نابێت قسەکانیان پێببڕين. فـێری ئەوەشیان بکەین کە چـۆن ئازادی دەربـڕیـن بە خۆیان رەوا دەبینن، ئاوهـاش گوێ لە کەسانی تر بگـرن و رێز لە ئـازادی و لـە را و لـە بـۆچـوونی جـیاوازی هـاوڕێـکانـیان بگـرن. هـەسـتی کەسـیـش بـرینـدارنەکـەن. دەبێ هـەر لە منـداڵـیـیەوە ئـەوە لەهـۆشـیانـدا بـچـێـنـیـن، کە ئـازادی مـانـای بەرەڵـڵای و مـلهـوڕی نیـیە. ئـازادیش سـنوور و یاسای هـەیە. مـرۆڤ تا ئەو ئاستە ئازادە، کە پێشـێلی ئازادی و مافەکانی کەسانی تر نەکات و سنوور نەبەزێنـێت.
بە تاقـیکردنەوە و لێکـۆڵـینەوە، ئەو ساغ بـۆتـەوە، کە رێـزگرتـن لە ئـازادی دەربـڕینی منـداڵان، هـۆکارێکی گرنـگە لە هـۆکارەکانی باڵادەستی و پێشکەوتنی منـداڵان. منـداڵان بـەوەش ناسـراون، کە کـنجـکـاو و خـۆدەرخـەرن و زۆر دەپـرسـن. جـار و بـاریـش بە پرسیاری سەیـر، رامـان و دامـانمان دەکەن. بەڵام ئەمە خـاڵـێکی ئەرێـنییە و نیـشانەی زیـرەکییانە، هەرگیز نابێـت وەڵامی پرسیارەکانیان نەدەینەوە. یا بە وەڵامـێکی ناراست و سەقـەت بەڕێـیان بکەیـن. ئەوان دەیـانەوێـت ئەوانـەی نایـانـزانـن، بـیانـزانـن.
هەندێک لە منـداڵان، گـرفـتی بێـتوانایی رادەربـڕین و گوزارشتکردن و نەبوونی ئـازایی ئەدەبییان هەیە. ئەمەش پەیوەنـدی بە ترس و شەرم و گۆشەگیری و دەسەڵات سەپێـنی دایکان و باوکـانیانەوە هـەیە. کە تونـدوتـیژ و تـووڕە و رەقـن لەگەڵـیاندا، سەرکـوێـر و سەرکوت و دەمکوتیان کردوون. بە شێوازی فەرمانکردن وسکت و بیدەنگیان کردوون. بـەری ئـازادی دەربـڕینـیان لـێگـرتـوون. بـە لای ئەمـانـەوە، دەبـێـت منـداڵان لـە رووی گەورەکانـدا، دەمیان دابخەن و قـسەنەکەن، تەنها گـوێبگرن و گـوێـدێری گەورەکان بن.
(یـۆنـامات) دەڵـێـت:”تا تەمـەنی سیانـزە ساڵـیم، وامـدەزانی ناوم ـ دەمـت داخـە ـ یە”.
لەم پێـودانگەوە، پێویستە هەموومان ئەوە بـزانین، کە ئازادی دەربڕینی منـداڵان چەنـد گـرنگ و پێویستە. چ کاریگەرگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گەشەکـردنی تواناکانی منـداڵان هـەیە. نەک تەنها ئەم مافـەی منداڵەکانمان بە رەوا و پێویست بـزانین. بەڵکو پێویـستە بـوار و زەمینەیان بۆ بـڕەخـسێنین. هـانیان بدەیـن و ئافەرین و دەستخۆشیان لـێبکەین.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




شیعر\ گۆتن.. فه‌رهاد که‌ریم

بێده‌نگیت ده‌پارێزم
ماندووم ژیان زۆری گووت
پێش من مه‌ڕۆ
تارییکه‌ ده‌ڕێسێ و پڕ گۆته‌یه ژیان
بێده‌نگیت جوانه‌
مردنێکی قووڵه‌ ژیان
سه‌ری گام هێنده‌ی گووت
مردن کورته‌ و زوو ده‌گه‌ییت،
چه‌قیووم له‌ ڕێ
ده‌ترسم له‌ ده‌می ژیان
بمرم و مردن نه‌گات
سه‌ری گام هێنده‌ی گووت
تارماییی گێم
مردنم پڕ ناکا ژیان
تارماییم جێده‌مێنێ
مردن نه‌گات،
که‌ رۆژ ئاواده‌بێ
گۆرانیی بۆ بڵی
حه‌زی له‌ گۆرانی ئارامه‌ رۆژ
ماندووه‌
پیر‌ و ره‌نگ زه‌رد
په‌شێو و خه‌مباره رۆژ‌
له‌ تاریکی خه‌وی لێکه‌وێ
وه‌ ئاگانێ رۆژ،
پڕ ژیان به‌ مردن
دوور له‌ مرۆڤ وشه‌یه‌ک نێته‌ ناو زمان
مردن مرۆڤ ده‌گێ و مرۆڤ ژیان
رۆژ نوستووه‌ له‌ دوێنێ ناچم
په‌رتم له‌ ناو ده‌می ژیان
ده‌مت داخه‌
مرۆڤت بۆ جوان ناکرێ
بۆ گایین لێره‌یه‌ و
گوو له‌ ژیان ‌
ژیان که‌می ویست
زۆری ویست مرۆڤ
بێده‌نگیت ترسه‌
ترسه‌ له‌ رۆژ
ترسه‌ له‌ ژیان
هه‌ر بڵێ و تا ده‌ڕۆیت
بیرت نه‌چێ مردن قووت نادرێ




دوو بروسکە شیعر.. هێدی گەڵاڵی

داگیرکردن

تۆ لە بەرەکانی
شەڕی عەشقێکەوە
هێرشت هێنا بۆ سەر شاری دڵم
سەرکەوتوو بوویت
بەڵام نازانم!
فتوحاتت کرد
یا …
داگیرت کرد
دڵی من!

ڕۆژوو

لە کازیوە تا زەردەپەڕ
ڕۆژووی عەشقم نەشکاندووە
وەرە لێم نزیک بەرەوە؛
هیلاکی لەشم دەربکە بە
ڕامانێک!
وەرە لێم نزیک بەرەوە
تینوێتی زمان بشکێنە
بە تەڕی
نەرمی لێوانت.




مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی نەورەسەکان

بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان کارەساتێکی گەورەی ژینگەییە کە ڕووبەڕوومان بووەتەوە. بەو پێیەی کە هیچ سەرچاوەیەك بەردەست نییە بەتایبەتی باس لە مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی نەورەسەکانی کردبێت، کەواتە دەتوانین بڵێین ئەمە یەکەم جارە لە جیهاندا کارەساتێکی لەم چەشنە ڕووبدات.
بەپێی سەرچاوەی بەردەست لە (ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی)، پسپۆڕانی بواری ژینگە، پێشبینی دەکەن کە مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی باڵندەکان دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکار:
١ـ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان: بۆ نموونە، ئەنفلۆنزای باڵندە دەکرێت ببێتە هۆی مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی باڵندەکان.
٢ـ ژەهری ژینگەیی: خواردنی ماددە ژەهراوییەکانی وەك دژە مێرووەکان یان ڕژانی نەوت کوشندەیە و بە هەمان شێوە دەبێتە هۆکاری مرداربوونەوەی بەکۆمەڵ.
٣ـ برسییەتی: نەبوونی خۆراکی پێویست، لەوانە کەمبوونەوەی ڕێژەی ماسی یان کێبڕکێی نیوان باڵندەکان بۆ بەدەستخستنی خۆراکی ڕۆژانە، لە برسا مرداربوونەوەی باڵندەکانی لێ دەکەوێتەوە.

ئێمەی هونەرمەندان نیگەرانی شێواندنی ژینگەکەمانین، ئەگەر هۆکارەکەی سروشتی بێت یاخود مرۆیی، ئێمە هەست بە ئازار و دڵتەنگییەکی زۆر دەکەین بەرامبەر شێواندنی ژینگە. هەر بۆیە وەك هونەرمەندێك هەوڵم داوە ئەم کارەساتە لە تابلۆیەکدا کۆ بکەمەوە کە ببێتە هۆشیارکردنەوەیەك بۆ هاوڵاتیان و ژینگەدۆستان تاکو زیاتر پارێزگاریی لە سروشت و ژینگەکەمان بکەین و جوانییەکانی بپارێزین.

وێنە\ هونەرمەند: ژوان باقی