دیدارێک لەگەڵ ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی گابریال گارسیا مارکیز.. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سازدانی : گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ

لەم دیدارەدا گابریال گارسیا مارکیز؛ پێشنیاری حکومەتێک دەکات کە بتوانێت خەڵکی هەژار دڵخۆش بکات. ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی گابریال گارسیا مارکێز؛ وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب ١٩٨٢؛ ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ ی نیسانی ٢٠١٤، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا ژیانئاوایی لێکردین. گابریال گارسیا مارکێز بەناوبانگترین نووسەری ئەمریکای لاتین بوو؛ هەروەها چەپێکی مولتەزیم بوو. دەقی ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە لە ژمارە ١٣٨ ی ئازار-نیسانی ١٩٨٣ی گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێدا بڵاوکراوەتەوە.

دەقی دیدارکە
گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا دەتوانین ئاوڕێک لە شێوازی گەشەسەندنی بیروباوەڕی سیاسیت بدەینەوە؟ باوکت کۆنەخوازە. کۆڵۆمبیا دوای سەربەخۆیی لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٨١٩وە؛ بە سەدەیەک شەڕی ناوخۆی پچڕپچڕدا تێپەڕی، دوو پارتی سیاسی لە دەیەی چلەکانی سەدەی نۆزدە هاتنەبوون: پارێزەران کە فەلسەفەی نەریتگەرایییان لەسەر بنەمای بنەماڵە، کەنیسە و دەوڵەت بوو؛ و لیبراڵەکان کە ئازاد لە بیرکردنەوە و دژە ڕۆحانیی و لیبڕاڵی ئابووری بوون. خوێناویترین شەڕەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە جەنگی هەزار ڕۆژە (١٨٩٩-١٩٠٢) بوو کە وڵاتەکەی ئیفلاس و وێران کرد. لە کۆڵۆمبیا باوە دەڵێین کۆنەپەرستبوون یان لیبراڵ بوون بەندە بەوەی کە باوکت چییە، بەڵام دیارە باوکت بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی سیاسیت نەبووە چونکە زۆر زوو بەرەی چەپت هەڵبژارد. ئایا ئەم هەڵوێستە سیاسییەت کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە بنەماڵەکەت؟

گابریال گارسیا مارکیز : نا؛ بەو جۆرە کاردانەوەم دژی بە بنەماڵەکەم نەبووە ، چونکە دەبێت لەبیرتان بێت کە هەرچەندە باوکم کۆنەپارێزە، بەڵام باپیرم کۆڵۆنێڵێکی لیبڕاڵ بووە. ڕەنگە بیروباوەڕی سیاسیم لە سەرەتاوە لەلای ئەوەوە هاتبن، چونکە لەبری ئەوەی لە منداڵیدا چیرۆکی ئەفسانەییم بۆ بگێڕێتەوە، بە گێڕانەوەی ترسناک لەبارەی دوایین شەڕی ناوخۆ کە بیرکەرەوە ئازادەکان و دژە پیاوانی ئایینی، دژ بە حکومەتی کۆنەپەرستی هەڵیان گیرساندبوو، دڵخۆشی دەکردم. هەروەها باپیرم باسی کۆمەڵکوژی کرێکارانی کێڵگەی مۆزی بۆ دەکردم کە لە ئاراکاتاکا لە ساڵی لەدایکبوونمدا ڕوویدابوو (١). کەواتە دەبینیت بنەماڵەکەم کاریگەرییان لەسەر من هەبووە بەرەو یاخیبوون نەک بەرەو بەرزڕاگرتنی سیستەمی دامەزراو.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : تۆ لەیادتە کەی و لەکوێ یەکەم دەقی سیاسی خۆت خوێندەوە؟
گابریال گارسیا مارکیز : قوتابخانەی ناوەندیم لە زیپاکیرا؛ پڕ بوو لەو مامۆستایانەی کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن مارکسیستێکەوە لە کۆلێژی ڕاهێنانی مامۆستایان لە سەردەمی حکومەتی چەپی سەرۆک ئەلفۆنسۆ لۆپێزدا وانەیان پێگوترابوو.(٢) مامۆستای جەبر لە کاتی پشووی نێوان وانەکاندا ماتریالیزمی مێژوویی پێ دەوتینەوە، مامۆستای کیمیا کتێبی لینین پێ دەداین و مامۆستای مێژووش باسی ململانێی چینایەتی بۆ دەکردین. کاتێک ئەو زیندانە سەهۆڵاوییەم بەجێهێشت، نەمدەزانی باکوور و باشوور لە کوێن، بەڵام دوو قەناعەتی زۆر بەهێزم هەبوو. یەکێکیان ئەوە بوو کە ڕۆمانی باش دەبێ گواستنەوەیەکی شیعریی واقیع بێت و ئەوی دیکەیان ئەوە بوو کە داهاتووی نزیکی مرۆڤایەتی لە سۆسیالیزمدایە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا قەت ئەندام بوویتە لە حیزبێکی کۆمۆنیستیدا؟
گابریال گارسیا مارکیز : من لە تەمەنی بیست ساڵیدا بۆ ماوەیەکی کورت سەر بە شانەیەکی حیزبی کۆمۆنیست بووم، بەڵام بیرم ناچێت هیچ کارێکی سەرنجڕاکێشم کردبێت. من زیاتر هاوسۆزی حیزب بووم نەک جەنگاوەرێکی ڕاستەقینە. لەو کاتەوە پەیوەندی من لەگەڵ کۆمۆنیستەکاندا هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینیوە. زۆرجار ئێمە کێشەمان هەبووە چونکە هەر جارێک هەڵوێستێک دەگرمەبەر کە ئەوان حەزیان لێی نییە، ڕۆژنامەکانیان بەجیددی هێرش دەکەنە سەرم. بەڵام من هەرگیز بە ئاشکرا تەنانەت لە خراپترین ساتەکانیشدا ئیدانەم نەکردوون.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : من و تۆ لە ساڵی ١٩٥٧ پێکەوە گەشتی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتمان کرد و سەرەڕای ئەوەی هیواکانمان بە سۆسیالیزمەوە چەسپاندبوو، بەڵام ئەوەی بینیمان بەدڵمان نەبوو. ئایا ئەو سەفەرە قەناعەتی سیاسی ئێوەی گۆڕی؟
گابریال گارسیا مارکیز : بەڕاستی کاریگەرییەکی تەواو یەکلاکەرەوەی لەسەر بیروباوەڕی سیاسیم هەبوو. ئەگەر لەیادت بێت من ئەو کات لە زنجیرە وتارێکدا بۆ گۆڤارێکی بۆگۆتا،(٣) کاریگەرییەکانی ئەو گەشتەم لەسەر بیروباوەڕی سیاسیم باس کردووە. وتارەکانم بێ خواستی خۆم دوای نزیکەی بیست ساڵ جارێکیتر بڵاوکرانەوە ئەویش نەک وەک ئەوەی من دەیبینم لەدەرەوەی هەر بەرژەوەندییەکی ڕۆژنامەوانی یان سیاسی، بەڵکو بۆ ناکۆک لەگەڵ گەشەسەندنی سیاسی خۆم نیشانی بدەن.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئەی هیچ ناکۆکییەک هەبوو لەو نێوەدا؟
گابریال گارسیا مارکیز : نەخێر، هیچ ناکۆکییەک نەبوون. کتێبەکەم یاسایانە ئامادەکرد و ئاخنیمە نێو کۆ بەرگەکانی بەرهەمەکانم و بەتەواوەتی خستمنەڕوو کە بە چاپە بەربڵاوەکانیان لە هەموو گۆشە و شەقامێکی کۆڵۆمبیا دەفرۆشرێن. یەک وشەم تیایاندا نەگۆڕیوە. لەمەش زیاتر، پێموایە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر سەرچاوەی قەیرانی ئێستای پۆڵەندا لەو بابەتانەدا دەدۆزرێتەوە کە دۆگماتیستەکانی ئەو سەردەمە دەیانگوت لەلایەن ئەمریکاوە پارەیان پێدراوە. ئەوەی جێی پێکەنینە ئەوەیە کە هەر ئەو دۆگماتیستیانە ئەمڕۆ دوای بیست و چوار ساڵ لەسەر کورسییە ئارامەکانی دامەزراوە سیاسی و داراییەکانی بۆرژوازیدا جێگیرن لە کاتێکدا مێژوو ڕاستی و دروستی من دەسەلمێنێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئەی بۆچوونت چییە سەبارەت بەوەی کە پێێ دەڵێن دیموکراسییەکانی خەڵک؟
گابریال گارسیا مارکیز : ناوەندی گریمانەی ئەو وتارانە ئەوەیە کە دیموکراسییەکانی خەڵک بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سۆسیالیستی نەبوون و هەرگیزیش نابنە سۆشیالیست ئەگەر ئەو ڕێگایە بگرنەبەر کە لەسەری بوون، چونکە سیستەمی سۆشیالیزم دانی بەو بارودۆخە تایبەتییانە دانەدەنا کە لە هەر وڵاتێکدا زاڵ بوون. سیستەمێک بوو کە لە دەرەوە لە لایەن یەکێتیی سۆڤییەت و لە ڕێگەی حیزبە کۆمۆنیستییە ناوخۆییە دۆگما و بێ ئەندێشەکانەوە سەپێنرا کە تاکە بیرکردنەوەیان ئەوە بوو کە مۆدێلی سۆڤییەت لە کۆمەڵگایەکدا جێبەجێ بکەن کە ناگونجێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : با بچینە سەر یەکێکی تر لە ئەزموونە هاوبەشەکانمان ، ئەوکاتانەی لە پرێنسا لاتینا، ئاژانسی هەواڵی کوبا بووین. من و تۆ هەردووکمان کاتێک حزبی شیوعی کۆنی کوبا دەستیکرد بە دەستبەسەرداگرتنی زۆرێک لە دامەزراوەکانی شۆڕش، دەستمان لەکار کێشایەوە پێت وایە ئێمە بڕیارێکی دروستمان دا؟ یان پێت وایە تەنها ڕاچڵەکینێک بوو لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا کە ئێمە نەمانتوانی بەو شێوەیە بیبینین؟
گابریال گارسیا مارکیز : پێم وایە بڕیارەکەمان بۆ جێهێشتنی پرێنسا لاتینا دروست بوو. ئەگەر ئێمە دەستمان بە دیدگاکانمانەوە بگرتایە، لە کۆتاییدا مۆری دژە شۆڕش، نۆکەری ئیمپریالیست و هەتادواییمان بەناوچەوانەوە دەلکا، کە دۆگماتیستەکانی ئەو سەردەمە بەسەرتدا دەیان چەسپاند . ئەوەی من کردوومە، ئەگەر لەبیرتان بێت، ئەوە بوو کە خۆم خستە پەراوێزەوە. من لەنزیکەوە زۆر بەوردی دیقەتی پرۆسەی گەشەسەندنی کوبام دەکرد ئەو کاتەی خەریکی نووسینی کتێب و سیناریۆی فیلمی ڕۆمانەکانم بووم لە مەکسیک. ڕوانگەی من ئەوەیە کە هەرچەندە شۆڕش دوای هەڵچوونە زریانییە سەرەتاییەکان ڕێڕەوێکی سەخت و هەندێکجار دژ بەیەکی گرتەبەر، بەڵام هێشتا ئاسۆی نەزمێکی کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکات کە دیموکراسیتر و دادپەروەرترە و زیاتر لەگەڵ پێداویستییەکانمان دەگونجێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا تۆ دڵنیایت؟ ئایا هەمان هۆکارەکان هەمان ئەنجام بەرهەم ناهێنن؟ ئەگەر کوبا سیستەمی سۆڤییەت وەک مۆدێلێک وەربگرێت (دەوڵەتێکی تاکە حزبی، ناوەندگەرایی دیموکراسی،جنەقابەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، ڕێکخراوە ئەمنییەکان کە کۆنترۆڵی توند بەسەر دانیشتوواندا دەکەن)، ئایا بەدەستهێنانی “نەزمی دادپەروەر و دیموکراسی” بەو شێوەیە قورس نابێت لەوێ وەک چۆن لە یەکێتیی سۆڤییەتدا هەیە؟ ئایا تۆ لەم شتە ناترسیت؟
گابریال گارسیا مارکیز : کێشەی ئەم شیکارییە خاڵی دەستپێکردنیەتی. تۆ لەو بنەمایەوە دەست پێدەکەیت کە کوبا مانگی دەستکردێکی سۆڤییەتییە و من باوەڕم بەوە نییە. پێم وایە شۆڕشی کوبا بیست ساڵە لە باری نائاساییدایە بەهۆی دوژمنایەتی و تێنەگەیشتنی ئەمریکاوە کە تەحەمول بە سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی حکومەت ناکات کە نەوەد میل لە کەناراوەکانی فلۆریدا دوورە.
ئەمە خەتای یەکێتیی سۆڤیەت نییە، کە بەبێ هاوکاری ئەو (پاڵنەر و ئامانجەکانی هەرچییەک بن) شۆڕشی کوبا ئەمڕۆ بوونی نەدەبوو. لە کاتێکدا دوژمنایەتی بەردەوامە، دۆخی کوبا تەنیا لە ڕووی باری نائاساییەوە دەتوانرێت حوکم بدرێت کە ناچاریان دەکات بە شێوەیەکی بەرگریکارانە و لە دەرەوەی کایەی بەرژەوەندی مێژوویی و جوگرافی و کولتووری سروشتی خۆیان مامەڵە بکەن. کاتێک دۆخەکە ئاسایی بووەوە، ئەوکات دەتوانین جارێکی تر باسی بکەینەوە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : فیدڵ کاسترۆ پشتیوانی لە چوونە ژوورەوەی یەکێتیی سۆڤییەت کرد بۆ یۆگۆسلاڤیا،( ئەمە ڕاستە لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەندێ شت)، هەڵوێستی تۆ چی بوو؟
گابریال گارسیا مارکیز : من لەو کاتەدا ناڕەزایەتییەکی گشتیم کرد و ئەگەر هەمان دۆخ سەرهەڵبدات جارێکی دیکە هەمان شت دەکەمەوە. تاکە جیاوازی لە نێوان هەڵوێستی من و فیدڵ کاسترۆ (چاو تا چاو لە هەموو شتێکدا وەک یەک نابینین) ئەوەیە کە ئەو لە کۆتاییدا ڕەوایەتی بە دەستێوەردانی سۆڤییەت هێنا و من هەرگیز ڕەوایەتی نادەم. بەڵام ئەو شیکارییەی کە لە وتارەکەیدا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی دیموکراسییەکانی خەڵک کردبووی، زۆر ڕەخنەگرانەتر و بەهێزتر بوو لەوەی کە من لە وتارەکانمدا کردوومە کە ساتێک لەمەوبەر باسمان دەکرد. لە هەر حاڵەتێکدا داهاتووی ئەمریکای لاتین لە هەنگاریا، پۆڵەندا، یان چیکۆسلۆڤاکیا هەرگیز دیاری ناکرێت، بەڵکو لە خودی ئەمریکای لاتین دیاری دەکرێت. بیرکردنەوە لە هەر شتێکی تر وەسوەسەیەکی ئەوروپییە و هەروەها هەندێک لە پرسیارە سیاسییەکانتان بۆنی ئەم وەسوەسەیەی لێدێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا و دوای ڕەخنەلەخۆگرتنە بەناوبانگەکەی شاعیری کوبا هێبێرتۆ پادیلا، (٤)پادیلا لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەوە دەستبەسەرکرا بۆ سین و جیم لەسەر هەڵوێستە سیاسییە “گومانلێکراوەکان”ی لە بەرهەمەکانیدا، دوای مانگێک و دوای دانپێدانانی بە ئاشکرا بۆ مەیلی دژە شۆڕش ئازادکرا. ئەمەش لافاوێکی ڕەخنەی ڕۆشنبیرانی ئەوروپی و ئەمریکای لاتینی لێکەوتەوە. ئەمەش وەک ڕوودانێکی گرنگ لە پەیوەندی نێوان نووسەران و شۆڕش دەبینرا چ وەک سەردەرهێنانی ستالینیزمێکی نادیار، یانیش وەک سەلماندنی ئەوەی کە ڕۆشنبیری بۆرژوازی خیانەت لە ئەرکەکانی خۆیان دەکەن بە وەستانیان لە بەرەی شۆڕشی لە ژێر گەمارۆدا حەسرکراو. هەندێک لە هاوڕێکانتان بە خۆمەوە خۆمان لە ڕژێمی کوبا دوور خستەوە، بەڵام تۆ نەتکرد. تۆ واژۆت لەسەر ئەو تەلەگرامە ناڕەزایەتییە نەکرد کە ئێمە ناردمان. تۆ سەردانی کوبات کرد و بوویتە هاوڕێی فیدڵ. چی وای لێکردیت کە هەڵوێستێکی ئاوا لەبار لە بەرامبەر ڕژێمی کوبا بگرێتەبەر؟
گابریال گارسیا مارکیز : زانیاری باشتر سەبارەت بەوەی کە بەڕاستی چی ڕوویداوە و هەروەها ڕوانگەیەکی سیاسی پێگەیشتووتر بوو وای لێکردم بتوانم بە ئارامی و سەبر و تێگەیشتنێکی مرۆیی زیاترەوە سەیری دۆخەکە بکەم.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : جگە لە تۆ ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران لە ئەمریکای لاتین باس لە سۆشیالیزم (مارکسیست-لینینیست) دەکەن وەک بەدیلێکی خوازراو. پێتوانییە ئەمە جۆرێک لە سۆشیالیزمی “مۆدێرن” بێت؟ سۆشیالیزم چیتر ئەبستراکتێکی بەخشندە نییە، بەڵکو واقیعێکی تا ڕادەیەک ناسەرنجڕاکێشە. ئایا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەوەی لە پۆڵەندا ڕوویدا، کەس باوەڕ بەوە نەکات کە چینی کرێکار لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتدارە؟ ئایا دەتوانن بژاردەی سێیەم بۆ کیشوەرەکەمان لە نێوان سەرمایەداریی خراپ و “سۆسیالیزم”ی خراپدا ببینن.
گابریال گارسیا مارکیز : من باوەڕم بە بژاردەی سێیەم نییە. من پێم وایە بەدیلەکان زۆرن ، ڕەنگە تەنانەت بەدیلەکانیش بەقەد ژمارەی وڵاتانی ئەمریکای لاتینی ئێمە و لەنێویاندا ئەمریکاش هەبن. من قەناعەتم وایە دەبێت چارەسەری خۆمان بدۆزینەوە. دەتوانین لە هەر شوێنێک کە بتوانین سوودمەند بین لەوەی کە کیشوەرەکانی دیکە لە مێژووی درێژخایەنی پڕ لەپەشێوی خۆیاندا بەدەستیان هێناوە، بەڵام نابێت بەردەوام بین لە کۆپیکردنیان بە شێوەیەکی میکانیکی وەک ئەوەی تا ئێستا کردوومانە. بەم شێوەیە لە کۆتاییدا دەتوانین مارکەی خۆمان لە سۆسیالیزم بەدەست بهێنین.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : قسەکردن لەسەر بژاردەکانی تر، حکومەتی فەرەنسا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت لە ئەمریکای لاتین؟
گابریال گارسیا مارکیز : لەم دواییانەدا لە نیوەڕۆ خوانێکدا لە مەکسیک، سەرۆک میتران(٥) لە کۆمەڵێک نووسەری پرسی، “چاوەڕوانی چی لە فەرەنسا دەکەن؟” وەڵامەکەیان گفتوگۆیەکی وروژاند کە بەرەو ئەوە ڕۆیشت کە کێ دوژمنی سەرەکی کێیە. ئەوروپییەکانی سەر مێزەکە کە قەناعەتیان هەبوو کە لە لێواری هەندێک نەخشاندنی نوێی جیهاندان کە لەسەر شێوازی یاڵتا بوون،(٦)دەیانگوت دوژمنی سەرەکییان ئەمریکایە. من وەڵامی پرسیارەکەی سەرۆکم دایەوە (هەمان پرسیارەکە کە ئێستا دەیکەیت) بەم شێوەیە وتم، “بەو پێیەی هەریەکەمان دوژمنی ژمارە یەکمان هەیە، ئەوەی پێویستمانە لە ئەمریکای لاتین دۆستێکی ژمارە یەکە. فەرەنسای سۆسیالیستی دەتوانێت ئەو هاوڕێیە بێت”.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا پێتوایە دیموکراسی وەکچۆن لە وڵاتانی سەرمایەداری پێشکەوتوودا هەیە، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمیشدا جێبکەوێت؟
گابریال گارسیا مارکیز : دیموکراسی لە جیهانی پێشکەوتوودا بەرهەمی گەشەسەندنی خۆیانە و بە پێچەوانەوە نییە. هەوڵدان و چاندنی لە دۆخی خامەکەیدا لە وڵاتانی (وەک ئەوانەی ئەمریکای لاتین) کە کلتوورێکی تەواو جیاوازیان هەیە، ئەوەندەی هەوڵدان بۆ چاندنی سیستەمی سۆڤیەت لەوێدا، تەقلیدی و ناواقیعییە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : تۆ وای دەبینی کە دیموکراسی جۆرێک لە خۆشگوزەرانی وڵاتە دەوڵەمەندەکانە، لەیادت نەچێت ئەو دیموکراسییە هەڵگری خەسڵەتی پارێزگاری لە مافی مرۆڤە کە تۆ بەردەوام بۆی جەنگاویت.
گابریال گارسیا مارکیز : من باسی بنەما دیموکراسییەکان ناکەم بەڵکو باسی فۆرمەکانی دیموکراسی دەکەم.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : بەو بۆنەیەوە، ئەنجامی جەنگە درێژخایەنەکەت لەپێناو مافی مرۆڤ لەبواری سەرکەوتن و دۆڕاندا چیبووە؟
گابریال گارسیا مارکیز : پێوانەکردنی زۆر قورسە. هیچ ئەنجامێکی ورد و دەستبەجێ لەگەڵ کارەکانی وەک من لە بواری مافی مرۆڤدا نییە. زۆرجار کاتێک دێن کە تۆ کەمترین چاوەڕوانییان لێ دەکەیت و بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانەوە کە مەحاڵە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بەشەیان بکەیت کە کردارێکی تایبەتی خۆت دەیگێڕێت. ئەم بەرهەمە وانەی بێفیزییە بۆ نووسەرێکی بەناوبانگی وەک من، کە بە سەرکەوتن ڕاهاتووە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : کام لەو هەنگاوانەی کە ناوتن زۆرترین ڕەزایەتبەخشی پێبەخشیوی؟
گابریال گارسیا مارکیز : ئەو کردارەی کە دەستبەجێترین ڕەزامەندی کەسی پێبەخشیم، کارێک بوو کە پێش سەرکەوتنی ساندینیستا (٦)لە نیکاراگوا ئەنجامم دا. (٧)تۆماس بۆرگێ کە ئێستا وەزیری ناوخۆیە، (٨)داوای لێکردم بیر لە ڕێگەیەکی باش بکەمەوە بۆ فشارخستنە سەر سۆمۆزا(٩) بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاوسەرەکەی و کچە حەوت ساڵانەکەی بدات باڵیۆزخانەی کۆڵۆمبیا لە ماناگوا بەجێبهێڵن کە داوای پەنابەرییان لێکردبوو. دیکتاتۆر خەریکی ڕەتکردنەوەی ڕەفتارێکی سەلامەت بوو، چونکە ئەوان بنەماڵەی کەسێکی کەمتر نەبوون لە دوایین دامەزرێنەر و ئەندامی بەرەی ساندینیستا کە لە ژیاندا مابوو.
من و تۆماس بۆرگێ بۆ چەند کاتژمێرێک کێشەکەمان هەڵگەڕاندەوە تا خاڵێکی بەسوودمان بۆ هات. کچە بچووکەکە هەوکردنی گورچیلەی هەبوو. پرسیارمان لە پزیشکێک کرد کە بارودۆخی ئێستای چۆن کاریگەری لەسەر ئەمە دەبێت؟ وەڵامەکەی ئەو ئارگیومێنتەی پێداین کە بەدوایدا دەگەڕاین. کەمتر لە چل و هەشت کاتژمێر دواتر دایک و کچ لە مەکسیک بوون، ئەمەش بەهۆی ڕەفتارێکی سەلامەتەوە کە بە پاساوی مرۆیی نەک سیاسی بەخشران.
لە بەرامبەردا زۆرترین دۆسیەی بێهیواکەرم ئەو کاتە بوو کە یارمەتیم دا بۆ ئازادکردنی دوو بەڕێوبەری بانقی ئینگلیزی کە لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن گەریلاکانەوە لە ئەلسەلڤادۆر ڕفێندرابوون. ناویان ئیان ماسی و مایکل شاتەرتۆن بوو و چونکە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوو لایەندا نەکرابوو ، بڕیار بوو لە ماوەی چل و هەشت کاتژمێردا لە سێدارە بدرێن.
ژەنەڕاڵ عومەر تۆریخۆس(١٠) بەناوی خێزانی پیاوە ڕفێنراوەکانەوە تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای لێکردم یارمەتیدەر بم لە ڕزگارکردنیان. لە ڕێگەی چەندین ناوەندەوە پەیامەکەم بۆ گەریلاکان گواستەوە و لە کاتی خۆیدا گەیشتە گەریلا. بەڵێنم دا کە ڕێکبخەم بۆ ئەوەی دەستبەجێ دانوستانەکانی فیدیە دەست پێبکاتەوە و ئەوانیش ڕازی بوون. پاشان داوام لە گراهام گرین کرد کە لە ئەنتیبێس دەژێت، پەیوەندی بە لایەنی ئینگلیزییەوە بکات.
دانوستانەکانی نێوان گەریلا و بانکەکە چوار مانگی خایاند. ڕێککەوتن کرابوو کە نە من و نە گراهام گرین هیچ بەشدارییەک لە دانوستانە ڕاستەقینەکاندا نەکەین بەڵام، هەرکاتێک کێشەیەک دروست دەبوو، لایەنێک یان لایەنێکی دیکە پەیوەندییان پێوە دەکردم بۆ ئەوەی هەوڵبدەن و گفتوگۆکان دووبارە دەستپێبکەنەوە.
بەڕیوبەرەکان ئازاد کران بەڵام نە گراهام گرین و نە خۆم یەک وشەی سوپاسگوزاریمان وەرنەگرت. بێگومان زۆر گرنگ نەبوو، بەڵام تا ڕادەیەک سەرم سوڕما. دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، ڕوونکردنەوەیەکم بۆ هات، من و گرین شتەکانمان ئەوەندە باش ڕێکخستبوو کە ئینگلیزەکان پێیان وابوو ئێمە بەشداری پیلانین لەگەڵ گەریلاکان.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : زۆر کەس وەک جۆرێک لە باڵیۆزی سەرگەردان لە کاریبی سەیرت دەکەن ، بێگومان باڵیۆزێکی نیازپاکی. تۆ هاوڕێی شەخسی کاسترۆیت، هەروەها هاوڕێی تۆریخۆس لە پەنەما، کارلۆس ئەندرێس پێرێز لە ڤەنزوێلا، ئەلفۆنسۆ لۆپێز میشێلسۆن لە کۆڵۆمبیا، هاوڕێی ساندینیستاکان لە نیکاراگوای. تۆ قسەکەرێکی ئیمتیازداریت بۆ هەموویان. چ پاڵنەرێک لەئارادایە بۆ وەرگرتنی ئەم ڕۆڵە؟
گابریال گارسیا مارکیز : ئەو سێ کەسایەتییەی کە باسیان دەکەیت لە یەک کاتدا لە دەسەڵاتدا بوون کە کاتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کاریبی. ڕێکەوتێکی زۆر بەختەوەرانە بوو. بەداخەوە کە ئەوان نەیاندەتوانی بۆ ماوەیەکی زیاتر هاوکاریان بکەن. ساتێک هەبوو کە ئەو سێ کەسە کە لەگەڵ کاسترۆ و سەرۆکێکی وەک جیمی کارتەر لە ئەمریکا کاریان دەکرد. بێگومان دەیانتوانی ئەم ناوچەی ململانێیە بخەنە سەر ڕێگای ڕاست. گفتوگۆیەکی بەردەوام و زۆر ئەرێنی لە نێوانیاندا بەڕێوەدەچوو. نەک هەر شایەتحاڵی ئەوە بووم بەڵکو هەرکاتێک توانیبێتم یارمەتیم داوە. پێموایە ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی (بۆ من یەک شتن و تێناگەم بۆچی پێیان دەوترێت دوو شتی جیاواز) گەیشتوونەتە قۆناغێکی گەشەسەندن و خاڵێک لە مێژووی خۆیاندا؛ کە ئامادەن بۆ شکاندن و دەرچوون لە چەقبەستوویی نەریتی خۆیان. بەڵام منیش لەو باوەڕەدام کە ئەمریکا هەر هەوڵێکی لەو جۆرە پووچەڵ دەکاتەوە، چونکە بە واتای دەستبەرداربوون لە ئیمتیازە زۆر کۆن و گرنگەکانە. کارتەر لەگەڵ هەموو سنووردارکردنەکانیدا باشترین لایەن بوو بۆ ئەم گفتوگۆیەی کە کاریبی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەیبووە و ئەو ڕاستییەی کە سەرۆکایەتییەکەی هاوکات بوو لەگەڵ سەرۆکایەتییەکەی تۆریخۆس و کارلۆس ئەندرێس پێرێز و لۆپێز میشێلسن، بەڕاستی زۆر گرنگ بوو. هەر ئەم دۆخ و قەناعەتە تایبەتە بوو کە هانی دام بەشداری بکەم، هەرچەندە بە شێوەیەکی نێوانڕۆییش بێت. ڕۆڵی من تەنیا ڕۆڵی ناوەندێکی نافەرمی بوو لە پرۆسەیەکدا کە ئەگەر هەڵبژاردنی کارەساتبارانەی سەرۆکی ئەمریکا نەبووایە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان دەکات، زۆر لەوە زیاتر دەڕۆیشت. تۆریخۆس دەیگوت کارەکەم “دیپلۆماسی نهێنی”یە، زۆرجاریش لەبەردەم خەڵکدا دەیگوت ڕێگەیەکم هەیە بۆ ئەوەی هەواڵی ناخۆش وەک خۆش دەرکەوێت. هەرگیز نەمدەزانی ئەمە سەرزەنشتە یان دەستخۆشی.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : چ جۆرە حکومەتێکت پێخۆشە لە وڵاتەکەت لە دەسەڵاتدا بێت؟
گابریال گارسیا مارکیز : هەر حکومەتێک بێت بەس خەڵکی هەژار ئاسوودە بکات. ئینجا بزانە!

تێبینییەکان وەرگێڕ ئامادەی کردوون :
(١)کۆمەڵکوژی بەکۆمەڵی کرێکارانی کۆڵگەکانی مۆز لە کۆمپانیای یونایتد فروت کە لە ڕۆژانی ٥ و ٦ ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٨ ڕوویدا. سەرەتا کرێکارانی گیڵگەکانی مۆز مانیان گرت لەپێناو :
١-باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن.
٢-کرێ هەفتانە بدرێت.
٣-بیمەی کاریان هەبێت.
٤-خزمەرگوزاری نەخۆشخانە باشتر بکرێت.
٥-واز‌ێنانی کۆمپانیا لە دامەزراندنی کڕیکارانی کاتیی وەک هەڕەشە بۆ سەر مانگرتووان.
٦-زیادکردنی هەقدەست.
٧-شەش ڕۆژ کارکردن لە هەفتەدا.
دەوڵەتی کۆڵۆمبیا و سەرمایەدارانی کۆمپانیای یونایتد فروت کرێکارانیان بە کۆمۆنیست دەناساند و دواتر فەرمانی تەقەکردن دەرکراو کرێکاران کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللە و ٤٧ کڕێکار گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.دیارە بەشێکی بەرچاوی بەشداربووان لە کرێکاران ئەندامی حیزبی لیبڕاڵ و حیزبی کۆمۆنیستی کۆڵۆمبیا بوون.
(٢)ئەلفۆنزۆ لۆپز ( ١٨٨٦ – ١٩٥٩) سیاسەتمەدارێکی کۆڵۆمبیا کە دووجار بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا و لەڕیگەی حیزبی لیبڕاڵی کۆڵۆمبیاوە گەیشتە دەسەڵات. لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەم سەرۆکەدا ماف و ئازادی بزووتنەوەی نەقابی لە کۆڵۆمبیا پەرەی سەند و دەسەڵات زیاتر بەلای چەپدا قورسایی خۆی دانابوو.
(٣)گۆڤاری بۆگۆتا؛گۆڤارێک بوو لە شاری بۆگۆتا لە وڵاتی کۆڵٶمبیا دەردەچوو.
(٤)هێبێرتۆ پادیلا ( ١٩٣٢ – ٢٠٠٠) شاعیری کوبی کە سەبارەت بە هەڵوێستی دەرهەق بە شۆڕشی کوبا و دوای هاتنە دەرەوەی لە زیندان، سەرنجی نێونەتەوەیی چووە سەر ناسرا.
(٥)فرانسوا میتەران(١٩١٦ – ١٩٩٦) سەرۆکی فەرەنسا بوو لەنێوان ١٩٨١ – ١٩٩٥. سکرتێری حیزبی سۆشیالیستی فەرەنسا بوو. میتەران یەکەمین چەپ و درێژماوەترین سەرۆک بووە لەمێژووی فەرەنسا.
(٦)یاڵتا یان ساری یاڵتا کەوتۆتە کەنارەکانی باشووری ئۆکرانیا کە بە دەریای ڕەش دەورەدراوە.
(٧)ساندینیستا؛حیزبی سۆشیالیستی سیاسی نیکاراگوا کە بە ئەندامەکانی دەوترا ساندینیستا.
(٨)تۆماس بۆرگێ(١٩٣٠ – ٢٠١٢) ئەندامی حیزبی سۆشیالیستی نیکاراگوا و وەزیری ناوەوەی نیکاراگوا لەسەردەمی دەسەڵاتی دانیال ئۆرتێگا.
(٩)سۆمۆزا؛دیکتاتۆر ئەنەستاسیۆ سۆمۆزا گارسیا ( ١٨٩٦ – ١٩٥٦) کە بۆ ماوەی چەند دەیە قۆرخی دەسەڵاتی وڵاتی نیکاراگوای کربوو و ساڵی ١٩٥٦ تیرۆر کرا.
(١٠)ژەنەڕاڵ عومەر تۆریخۆس؛یان عومەر تۆریخۆش هیرارا ( ١٩٢٩ – ١٩٨١)دیکتاتۆر و سەرکردەی وڵاتی پەنەما بوو و ئەو کەسەش بوو کە سەودای بە کەناڵی پەنەماوە لەگەڵ ئەمریکادا کرد.

سەرچاوە : گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ؛ ژمارە ئازار و نیسانی ساڵی ١٩٨٣
New Left Review.
سایتی جاکۆبین
https://www.jacobinmag.com/2014/04/gabriel-garcia-marquez-our-own-brand-of-socialism




شانۆ و کۆمەڵگا.. نیهاد جامی

پەیوەندی نێوان شانۆ و کۆمەڵگا هەمیشە بۆ من بابەتێکە جێگەی گرنگی تایبەتیم بووە، بەپێی قۆناغ و ئاستەکان ئەوەی جیاوازی بۆ خوڵقاندوین زادەی تێگەیشتنمان بووە لە زمانی شانۆیی، لێرەشدا لەسۆنگەی ئەم پەیوەندیە هەندێک سەرنج دەخەینە ڕوو.
نمایشی شانۆیی زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگایە، نمایشێک نیە لەهەر کۆمەلگایەک نمایش بکرێت کاریگەریەکانی لەیەک ئاستدا بن، ئەوەش پەیوەستە بە گرنگی پەیوەندی نێوان نمایش و کۆمەڵگا، کە پێویستە گوزارشت لەخەمی کۆمەلگا بکات، هەر کاتێک شانۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا بەجێنەهێشت مانای وایە شانۆیەکی دابڕاوە لەژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو کۆمەڵگایە.
بۆیە ئەو دەمەی دەرهێنەری شانۆیی هەست دەکات شانۆنامەیەک لەگەل دیدی دەرهێنانی ئەو ناگونجێت بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی و چارەسەری درامی و خوێندنەوەی نوێ ناکرێت تێکست ببڕێت و زیادی بکات کە سەرەنجام کار لەتەک شانۆنامەیەک دەکەیت کە بەویستی خۆت دەستکاریت کردووە، لەو کاتەدا باشترین کارێک ئەوەیە واز لەنوسەرەکەو شانۆنامەکەی بێنیت و بۆ خۆت ئەو شانۆنامەیەی دەتەوێت بینووسیت، یاخود ئەوەی دەتەوێت لەگەڵ شانۆنوسێک رێکبکەویت کە شانۆنامەیەکی لەو شێوەیەت بۆ بنووسیت، ڕابردووی ئێمە لەشانۆدا یادەوەریەکی سەرگەردانە لەژێر ناوی سەیرەوە، بۆیە پێویستە لەئێستادا خالێک بۆ ئەو ڕابردووە دابنێین، هەڵەکانیش هێندە زۆرن چاوپۆشی لێکردن و بەردەوامی لەسەری تەنیا گوزارشت لە نەزانینی ئێمە دەکات، دەبێت بوێری ئەوەمان هەبێت دان بەهەلەکانی ڕابردومان بنێین.
بۆیە پێویستە ئەوە بزانین کەوا کردەی ئامادەکردنی چیرۆک یا ڕۆمان بۆ شانۆنامە، کردەی گۆڕینی ژانری ئەدەبیە، نەک لەپشت ناوی نووسەر هەلبستین بە نووسینی دیمەن و لا بردنی بونیادی پێکهاتەی چیرۆک، لەدەرەوەی ئەو کردەیە نووسەر دەتوانێت شانۆنامەیەک بنووسێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کەوا بیرۆکەکەی لەچیرۆکێک وەرگیراوە، ئێمە لەڕابردوو ئەوەمان ناوبردوە بە دەقئاوێزان، کە ئەوەش خەوشێکی مەعریفەی شانۆیی ئێمە بووە، نووسەر دەتوانێت وەک نووسینی سەربەخۆ ئاماژە بۆ شانۆنامەکەی بکات، بە ئاماژەکردن بەو چیرۆکەی وەک بیرۆکە کاری لەتەکدا کردووە.
وەک ئاماژەمان بۆ کرد ئامادەکردن گۆڕینی ژانرە، ئەو ڕوانینەی بڕوای وایە گۆڕینی ژانر دەکرێت وەک نووسینی سەربەخۆ ناوی بەرین لەراستیدا کە کارەکتەرو رووداو و شوێن و ململانێی درامی زادەی رۆمان یان چیرۆکەکە بێت بەهیچ جۆرێک ناتوانین وەک تێکستی سەربەخۆ ناوی بەرین لەڕێی گۆڕینی ژانرەوە، گۆڕینی ژانر دەبێتە کردەی ئامادەکردن بۆ شانۆ.
بۆیە پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو کەوا دەقئاوێزان لەنمایشی شانۆییدا بریتی نیە لە کۆکردنەوەی چەند دەقێک لەناو دەقێکدا، یاخود گواستنەوەی دیالۆگ و دەستەواژەکانی دەقیتر، ئەو تێگەیشتنە هەڵە حاڵی بوونی دەرەوەی تیۆرە، لەڕاستیدا ئیشکردنەوەی دەقئاوێزان لەشانۆدا وەرگرتنی چەمک یاخود کارەکتەرە، بۆ سەر لەنوێ نووسینەوەی دەقێکی نوێ کە تێگەیشتنی دەقی پێشوو بگۆڕێتە سەر مانای نوێ، وەک ئەو تێگەیشتنەی فەیلەسوفی فەڕەنسی ژیل دۆلۆز لەکتێبی دژە ئۆدیب ئەوە دەخاتە ڕوو کە نایەوێت بەرەو تێگەیشتنی فرۆید بۆ گرێی ئۆدیب بگەڕێتەوە، هێندەی مەبەستیەتی فاشیزمی نوێی خۆرئاوای پێ بخوێنێتەوە.
بۆیە ئەو شانۆنامانەی مانای نوێیان بە دەقئاوێزان بەخشیووە چەمک و کارەکتەر و روداویان وەرگرتووە نەوەک دیالۆگی شانۆنامەی پێشوو بێنن کۆی بکەنەوەو بەویستی خۆیان شانۆنامەکە وەک کۆلاژێک بخەنە ڕوو، ئەوەی لەبزوتنەوەی شانۆی ئێمە بینراوە کۆلاژی شانۆنامەکانە نەک دەقئاوێزان، بۆ من ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە لەداهاتوودا لەڕێگەی توێژینەوەیەکی زانستیەوە لەسەری دەوەستم ولێی دەکۆڵمەوە.

نیهاد جامی




بەرماڵەکەی عەبدولەتیف و نیولیبرالیزمەکەی موئەید!.. سەمیر نوری

ئەم بەرماڵە بەوە ئەچی هەر خێری بۆ عەبدالطیف نەبێ بەڵکو فرسەتێکیش بێت موئەید ئەحەمدیش کاڵاکەی خۆی کە بابەتی نیولیبالیزمە بخاتە بازارەوە. “سەرمایەداری نیولیبرالیزم” چەمکێکی سەیرە وەک ئەوە وایە چەندان جۆری سەرمایەداری هەبێ نیولیبرالیزم جۆرێکی تری سەرمایەداری بێت وەک سەرمایەدای لیبرالیزم و سەرمایەداری ناسیونالیزم و سەرمایەداری ئیسلامیزم …هتد. بەڵام موئەید نەیتوانیوە شتێکی تازە لە سەر سەرمایەداری نیولیبرالیزم بڵێت بەغەیری باس کردنی سەرمایەداری بەگشتی و پەیوەندی کارو سەرمایە.
لەکاتێکدا نیولیبرالیزم زیاتر وەک بزوتنەوەیەک بورژوازی هاتوەتە کایەوە ووەک تیوریەکی ئابوری لە هەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە بە دوای توند بونەوەی قەیرانە ئابوریەکانی سەرمایەداری لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهاندا، لە توند بونەوەی ئەم قەیرانە ئابوریانەی سەرمایەدا لە جیهاندا بە ڕوخانی دیواری بەرلین نیولیبرالیزمیش گەیشتوەتە ئەوجی خۆی لەبەرمبەر چینی کرێکار و شکست پێهێنانی بزوتنەوەی کرێکاریادا. لە کاتێکدا لە عێراق و کوردستانی عێراق لیبرالزمێک بوونی نەبوە و نیە وەک بزوتنەوەیەک تا ئەم ئیستا ئاڵ و گۆڕی بەسەردا هاتبێت دوای باڵا دەستی سەرمایەداری بازار ئازاد ئەمیش ببێ بە نیو لیبرالیزم. یان ڕونتر بڵێین لە کوردستان عێراق سەرمایەداری لیبراڵی بوونی نەبووە، ڕەقابەتی بازار ئازاد بوونی نەبوە ، تایبەتیکردنەوە ( privatization) کە تا ڕادەیەک لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە حکومەتی بەعس دەستی بۆ برد، لە شوێنی خۆی لۆقەداکات بە شوێنێک نەگەیشتوە بە گشتی سەرمایەی دەوڵەتی تا ئێستا کار دەکات هەموو سێکتەرە گەورەکانی ئابوری بەدەستی دەوڵەتەوەن، کرێکاران و کۆمەڵگە خاوەنی هیچ ڕێکخراوبونێکی یەکێتیە کرایکاریەکان نەبوون تا ئێستا هەڵمەتیان بۆ ببرێت و ڕابەرانی کڕیکاری هەمیشە ڕاونراون سەرکوتکراون و ” کاری هەرزان وکڕێکاری بێ دەنگ” داسەپێنراوە بەسەر چینی کرێکاردا، کرێکار چی هەبووە لەم وڵاتانەدا تا نیولیبرالیزم لێی بسەنێتەوە. بێکاری و هەژاری لەسەراسەری عێراق و کوردستان بێداد دەکات ئەمە نەک پەیوەندی بە نیولیبرالیزم و نیوکۆنزەرڤەتیڤەوە نەبوە بەلكو پەیوەندی بە بارۆخێکی تری سیاسی کۆمەڵایەتیەوە هەبوو بەتەواوی جێاوازە. زیاتر پەیوەندی باڵا دەستی باندە ئیسلامی و قەومیەکان و جەنگی تایەفی و قەومی ئیسلامی و بەتاڵان بردنی سەروەت وسامانی کۆمەڵگەوە هەیە.
ئەم مەفهومە زیاتر پەنایەکە بۆ بزوتنەوەی ئەنتی ئیمپریالیزم و خۆدرخستنێتی لەژێر ناوێکی تردا لە عێراقدا زۆر ناو بەتاڵ بێمانا و بێ ئەرزشە ، خۆدورخستنەوە لە ڕەخنەی ڕاستەوخۆ لە سەرمایەداری ئەم سەردەمە و سوێند خواردنە بە شۆڕشی کۆمۆنستی. ئەنتی ئیمپریالیزمێک کە خۆی لە ڕاوەستانەوە بەدژی تایبەتی کردنەوە ( پرایڤەتایزیشنەوە) هەیە نەک ڕەخنە لەسەرمایداری و خەبات لەدژی سەرمایداری. ئابوری عێراق هیچ پەیوەندیەکی بە نیولیبالیزم و ئابوری نیو لیبرالیەوە نیە، ناوێکی گونجاو بۆ ئابوری کوردستان و بۆ عێراق (کلپتۆکراسیە ) سەرمایەدای دزی وتاڵانی. سەرۆک حزبەکان و بەرپرسە سەربازیەکان و خاوەن عەمامە سپی و ڕەشيەکان بوون بە ملێار دێر. گەندەڵی و تاڵان بڕۆ لە عێراق بە ڕادەیەکە عێراق لە لستە ١٨٠ وڵاتی گەندەڵدا لە ژمارە ١٥٧ریزبەندیەکەدایە، عادل عەبدالمەهدی کاتێ وەزیری نەوت بوو لە ٢١٥ دەڵی لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٥ لە میزانیەی ٨٥٠ ملیار دۆلار ٤٥٠ ملیار دۆلاری بە هەدەر دراوە، دیارە عەبادی و بەرهەم ساڵح و ئەندامانی لێژنەی مالی پەرلەمان هەریەکەیان ئەم ژمارانە پشت راست دەکەنەوە بەڵام بەژمارەی جیاواز جیاواز، ماموەستایەکی ئابوری زانکۆی بەغدا عەبدالرحمن مەشهەدانی دەڵێ ئەو ژمارانە دەخرێنە ڕوو دەقیق نین ژمارەکە لە ٣٥٠ بۆ ٦٠٠ملیار دۆلارە لە ٢٠٠٦ وە بۆ ٢٠١٨، من تێناگەم بۆ موئەید ئاڵاوە بە برماڵەکەی عەبدولەتیفەوە ئایا ئەم ژمارانە یارمەتیت نادەن بەحسێکی دەقیقتر سەر ڕاست تر بکەیت؟. لە مناڵێکی کوردستان بپرسە پێت دەڵی بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانی سەروەتی کۆمەڵگەی کوردستان حەپەلوش دەکەن. ئەمەیە ئابوری کلپتۆکراسی یانی ئابوری تاڵان بڕۆ وپەیدابوونی ئۆلیگارشیەکی خەتەرناک لە سیاسیەکان و جەنەڕاکان و پیاوە دینیەکان، ئەمە چی پەیوەندی هەیە بە ئابوری نیولیبراڵیەوە. بەڵام تۆ بۆ ئەوەی تیوریەکەت بگونجێنی دەئاڵیی بە برماڵەکەی عەبدولەتیفەوە نەک بە سەدان ملیاری دۆلاری تاڵانکراوی کۆمەلگەوە.
موئەید لەهەوڵی بۆ گونجاندنی ئەم کاڵایە “بەرماڵە” لەبازاڕی کاردا سەرەکەوتو نەبوە، قسەکانی عەبدولوتیف لە چاوپێکەوتنێکدا دەکاتە مەحەکی قسەکانی ، تا بڵێ ئەمە ئەتوانی کڕێنی بەشی”سهم” بێت، بەڵام ئەم بەشە هیچ مەردودێکی مادی نیە بۆ کڕێار، بەڵکو مەرودی دینی هەیە کە ئەمش هیچ ناخاتە سەر کەڵەکەی سەرمایە. “صكوك الغفران” چەکی لێبوردن کە قەشەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەستیان بۆ برد جیاوازیەکی وای نیە تەنها هیچ تێچویەکی نەبوو نە سەرمایەی گۆڕاو نە سەرمایەی نەگۆڕ بۆ ئەوان، من پێم وایە ئەم ” بەرماڵەش” لەو بابەتەیە و عەبدولەتیف هێچ سەرمایەیەکی لەو مزگەوتەدا سەرف نەکردوە نەک سەرمایە ناخاتە دروست کردنی مزگەوتەوە بەڵکو پارەکەی لە دەوڵەت و هێزەکۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگە پەیدا دەکات بەشێوەی خێر وسەدەقەو شێوەیەکی ترە لە تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە. زیاتر ئەمە گەوجاندن و بەرەو دواوە بردنی کۆمەڵگەدا کار دەکات نەک لە سیستەمێکی ئابوری.
لەچی بارو دۆخێکدا عەبدولەتیف دەتوانی “بەرماڵ” بفرۆشێت، ئەمە خۆی مەسەلەیەکی زۆر گرنگە لە ڕون کردنەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی و کارنامەی ئەوان بەتایبەت لەسەر سەرخانی کۆمەڵگە( بە قەولی موئەید سوپرستەرکچەر) کە موئەید لێرەدا زۆر باش گیری کردوە. نیولیبرالیزم لە عێراقدا ناونیشانێکە بۆ خەباتکردنی لەگەڵ ئاشە هەوایە مەزنەکاندا، وەک دۆنگیشوت، دوژمن بسازی و بچیتە جەنگیەوە، کۆمەلگە لەدوژمنی واقعی خۆی و ڕوو بەڕوی بوونەوەی دوربخەیتەوە بە ئەنقەست بێت یا لە تێنەگەیشتنەوە.
موئەید لە تیروانیەنەکەیدا ناچیەتە سەر ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیزم. ناچیتە سەر تەکیەی شێخایەتی شێخەکانی کەسنەزان ، ناچیتە سەر داعش و جمهوری ئیسلامی و حەشدی شەعبی. ئەم بزوتنەویەیەی کە دەیەوێ کۆمەڵگە کاول بکات بەرە هەزاران ساڵ بەرەو دواوە بگەرێننەوە. لەمەش زیاتر ناچتە سەر ئەڵتەرناتیڤێک کە لەعێراقدا حاکمە بریتە لە دەسەڵاتی مۆزایکی دەسەڵاتی دین- نەتەوە – مەزهەب – عەشیرەت و داسەپاندنی پێناسەی دینی- قەومی عەشیرەتی، یان دەسەڵاتداری پشک پشکێنە. بەڵام خەڵکی عڕاق زۆر ڕۆشن بەم دەسەڵاتە و ئەم ئەڵتەرناتیڤ و دەسەڵاتی چەپکە گوڵەکە( مام جەلال) و حکومەتی مۆزایکی وتیان نا لەچەندان ڕاپەڕینی یەک لەدوای یەکدا بە تایبەتی لە شۆڕشی تشریندا چەندان حکومەتی عراقیان ڕوخاند و بارەگا ومەقەرەکانی حزبەکانی دەسەڵاتیان لە کوردستان سوتاند و پێچایەوە. نیولیبرالیزم ناونیشانێکە بۆ ئەوەی ڕەخنە لە ئەلتەرناتیڤی ئەم سەردەمەی سەرمایەداری لە وڵاتەکانی وەک عیراق و ئیران وئەفغانستان و لبنان نەگریت. خەڵکی عێران وتیان” باسم الدین باگونا الحرامیە” واتە بە ناوی دینەوە دزەکان دزیان لێکردین، جونکە سور دەزانن بەبەرچاویانەوە عەمامە بەسەر ملیارها دۆلاریان تاڵان کردوە نەک نیولیبرالیزم.
موئەید دەڵی ئیسلامیزم لە سەرخانی ( سوپەرستەرکچەرەکەی) کۆمەڵگە کار دەکات بەڵام وەڵامەکەی بە سکیولاریزم نادرێتەوە لە سەرخاندا وەڵام نادرێتەوە بەڵکو بە شۆڕشی کۆمۆنستی. دیارە ئەوەی ڕۆشنە موئەید ناتوانی پەیوەندی ئیسلامیزم و ژن ستیزی و نەبوونی ئازادیە مەدەنیە غەربیەکان ومافە جیهان شمولوکان و سکیولاریزم جێ بکاتەوە و پەنا دەباتە بەر نیولیبالیزم لەوێشدا گیر دەکات. ئەو لەوە حاڵی نابێت سەرمایەداری سەرتاپای جیهانی داگرتوە چیتر پیویستی بە سکیولاریزم و تەمەدونی غەربی و رفاه و دیموکراسی غەربی و هاوڵاتیبونی یەکسان نیە بۆ ئەوەی سەرمایەداری جێ بخات لە سەراسەری جیهاندا، ئەم ئامانجانە ئێستا کەوتوەتە ئەستۆی چینی کرێکار. ئیستا سەرمایەداری هەموو شوێنێکی داگرتوە. بەڵکو ئەلتەرناتیڤی موزایکی و نسبیەتی فەرهەنگی و ماڵتی کەچەریزم ، پۆستمۆدرینیزم رەواج پێ دەدات دەستی لە دەسکەوتەکانی لیبرالیزم هەڵگرتوە پیویستی پێی نیە بۆ ڕێ خۆشکردنی سەرمایەداری لەسەراسەری جیهاندا.
دیارە تیوری خەباتی چینایەتی کە مارکس تیوریەکەی دۆزیەوە، بە خەباتی چیناتەی چێنی کرێکار دەسپێدەکات ئامانجی ئەم خەباتە لە یەکەم هەنگاو سەرخانی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج نەک پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنان و ڕوو بەڕو وبونەوەیە بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە بورژوازیەکان و لێسەندنەوەی دەسەڵاتی سیاسیە لە هەنگاوی یەکمدا واتە لەسەرخانی کۆمەڵگەدا تێکۆشان دەست پێدا دەکات بەبێ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی گۆڕین لە ژێرخاندا مەحاڵ و خەیاڵە. هەروەها موئەید لەم خەباتە لەسەرخاندا زیاتر مەبەسێتیتی بڵێ سکیولاریزم وەڵام نیە بەڵام ئەو وەڵامەکەی گشت گیرە بۆیە قسەکەی ئەو خەباتی بۆ دەسەڵاتی سیاسیش دەگرێتەوە کە ئەمەش دەکاتە هێچ نەکردن.
سکیولاریزم تەنها جیایی دین لە دەوڵەت ناگرێتەوە بەڵکو گەرانەوەی پێناسەی ئینسانی لەبەرمبەر پێناسەی دینی و قەومی و عەشیرەتی و هاوڵاتی بوون و یەکسانی ژن و پیاو و ئازادیە مەدەنیەکانیش دەگرێتەوە ، لە وڵاتێکی وەک عێراق وکوردستان ئەمڕۆ تەوەرەی خەباتی جەماوەری پێک دەهێنن، روخاندنی حکومەتی موزایکی کە لە نیوان سەرۆک جمهورێکی کورد سەرەک وەزیرانی شیعە و سەرۆک پەرلەمانی سونە و کە خەڵک پێیی دەڵیین حکومەتی پشک پشکێنە سەرەکی ترین خواستی شۆڕشی تشرین و لاوانی تشرین بوو و هەیە هەروەها شیعاری ” لا شیعیە لا سنیە نرید حکومە علمانیە” واتە نە سنە و نە شیعە دەسەڵاتێکی سکیولارمان دەوێت سەرلەوحەی خەباتی سەراسەری شۆڕشی تشرین بوو و هەیە و لە بەهاری عەربیش شیعاری سەرەکی ” نان، ئازادی، کەرامەتی ئینسانی” بوو، ئەگەر لەمە تێنەگەی دەبێ خۆت لەسروی کۆمەڵگەوە ببینی لە خەیاڵاتی خۆتدا مەلەبکەیت.
خەباتی لەسەرخاند (سوپەر سترەکچەردا ) تەوەرەی سەرەکی خەباتە وهەر لەوێشەوە دەچێتە پێشەوەو، عێراق و کوردستان تایبەتی خۆیان هەیە تەواو جیاوازە لەگەڵ بەریتانیاو ئەمەریکا و کەندا ….. سکیولاریزم و رفاه خواستی زۆربەی کۆمەڵگەیە نەفی کردنەوەی ئەم خەباتە بەمانای ئەوە دێت تۆ هیچ تێگەیشنێکت نیە بۆ بارو دۆخی تایبەت لە وڵاتێکی دیاریکراودا بەڵکو قسەی گشتی بێ بنەماو کار نەکردن دەخەیتە دەستوری کارتەوە، بۆیە بەرزکردنەوەی شۆڕشی کۆمۆنستی تەنها تایتڵێکە بۆ بێ ئیشی. ئێستا تێکۆشان بۆ دەوڵەتێکی سکیولاری نا قەومی نادینی بەشێکی جدی خەباتی چینایەتی پێکدەهێنێت و بەدەست هێنانی یەکسانی ژن و پیاو، باڵادەستی پێناسەی ئینسانی نەک پێناسەی قەومی دینی و عەشیرەتی، هاوڵاتی بوونی یەکسان، بەدەست هێنای مافە جیهان شمولەکان ، بەدەستهێنانی رفاه ” العیش الکریم” سەرلەوحەی خەباتی چینایەتین لە کوردستان ولەعێراق خەباتی واقعین لە دژی سەرمایەداری بۆ دامەزراندنی سۆشیالیزم.
ڕونکردنەوە: عەبدولەتیف شوێن بەرماڵێکی خستە بازارە لە مزگەوتی بەهەشت لە سلێمانی بە ٦٥٠ دۆلاری ئەمەریکی، لەم پەیوەندەدا موئەید ئەحمەد ووتاریکی لە فەیس بوک بڵاوکردەوە پەیوەستی کردوە بە نیولیبراڵیزمەوە.

سەمیر نوری




ئاڵوگۆڕ لە ڕێگەی پرۆژە ئابوریەکانەوە.. عوسمانی حاجی مارف

لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤،وەزیری گواستنەوەی تورکیا و عێراق و قەتەر و ئیمارات، واژۆی یاداشتێکی چوارلایەنەیان کرد لە بەغدا، سەبارەت بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی، بە ئامادەبونی ئەردۆغان و سودانی.
پڕۆژەی ڕێڕەوی گەشەپێدان نوێنەرایەتی یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی گواستنەوەی نێوان ئاسیا و ئەوروپا دەکات، جێگاورێگای جیۆپۆلەتیکی عێراقیش ئەوە نیشان دەدات کە ئەم پرۆژەیە بۆ زیاتر تێکەڵکردنی عێراقە لەگەڵ پڕۆژە ستراتیژیە ناوچەییەکان.
ئەم پڕۆژەیە کە پشتگیری لە چین وەردەگرێت، دەچێتە ناو کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی نێودەوڵەتیەوە، بەئاشکرا کێبڕکێی پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری دەکات، کە لەلایەن بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، بۆ بەستنەوەی هیندستان و کەنداو و ئەوروپا لەڕێگەی بەندەری حەیفای ئیسرائیلەوە.
پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” ئامانجی بەستنەوەی کەنداو بە ئەوروپایە لەڕێگەی تۆڕێک لەڕێگەی وشکانی و هێڵی ئاسنین کە درێژیەکەی ١١٩٠ کیلۆمەتری لە خاکی عێراقدایە و لە فیش خاپور لە باکووری عێراق کۆتاییدێت، لەڕێگەی ڕێگاوبان و تۆڕی شەمەندەفەری تورکیاوە دەچێتە ئەوروپا. بەندەری ئەلفاو وەک خاڵی دەستپێکی پرۆژەکە هەڵبژێردرا بەهۆی قووڵیەکەیەوە کەڕێگە بە کەشتیە گەورەکانی بارهەڵگر دەدات بەکاریبهێنن.
پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە تورکیا بە کەنداوەوە دەبەستێتەوە، بەڕوونی ڕکابەری پرۆژەی ڕێڕەوی “هیندو- کەنداو-ئەوروپا” دەکات. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: “کۆریدۆرەکان… “ی ووزە و گواستنەوە، ناتوانرێت لە ناوچەکەدا کارا و بەردەوام بێت بەبێ بەشداریکردنی تورکیا.
واژۆکردنی ڕێکەوتنی “ڕێگای گەشەسەندن” هاوکاتە لەگەڵ پەرەپێدانی هاریکاری ئەمنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، دژ بە بوونی پەکەکە لە باکووری عێراق، هەروەها فشارەکانی ئەنقەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی نێوان ئەو حزب و لایەنە عێراقیانەن کە پەیوەندیان بەئێرانەوەیە. گرنگی ئامانجی جیۆپۆلەتیکی ئەم پرۆژەیە لەئایندەدا لەلایەک دەبێتە دورخستنەوەی عێراق لە کایەی نفوزی ئێران، لەلایەکی ترەوە بەرزکردنەوی نفوزی تورکیایە لە عێراقدا و دامەزراندنی پەیوەندیەکی پتەوترە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بەتایبەتی سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە لەباری عەمەلی و ئابوریەوە تورکیا زیاتر بە ئەوروپاوە گرێ ئەدات، بۆیە تورکیا گرنگیەکی تایبەت بەم پرۆژەی گەشەکردنە نیشان دەدات، لەهەمانکاتدا پەیوەندی لەگەڵ بارزانی دەچێتە خانەی فەرامۆشیەوە.
پێش واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چوارقۆڵی لەسەر ڕێڕەوی گەشەپێدان، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق قەدەغەکردنی پەکەکەی ڕاگەیاند، دوای کۆبوونەوەی سیاسی و ئەمنی چڕ لە نێوان لایەنی تورکیا و عێراقی، کە باس لە گەیشتن بەڕێکەوتنێکی تۆکمەی ئەمنی کراوە، کە ئاسایشی ئاو و هاوکاری دژی داعش لەخۆدەگرێت.
قەتەریش شەریکێکی ستراتیژی تورکیایە، دۆحە بەڵێنی بە بەغدا داوە کە١٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات لە دابینکردنی دارایی پڕۆژە و خزمەتگوزاریەکانی ژێرخانی عێراق، ئەمەش لەچوارچێوەی پلانەکانە بۆ بەرزکردنەوە و هەمەچەشنکردنی وەبەرهێنان و سەرچاوەکانی. واپێدەچێت لە داهاتوودا پرۆژەکە ڕێگە بە دروستکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز لە کەنداو و عێراقەوە بۆ ئەوروپا بدات، کە بەشداری دەکەن لە گواستنەوەی غازی قەتەر بۆ ئەوروپا، و لەگەڵ ستراتیژی یەکێتی ئەوروپادا یەکدەگرێتەوە بۆ وازهێنان لە غازی ڕووسیا.
ئەگەری ئەوە هەیە کە چەند ئاستەنگێک بەرەوڕوی “ڕێگای گەشەپێدان” بێتەوە، ئەویش وەک زاڵبونی گەندەڵیەکی بەرفراوانە لەسیستمی حوکمرانی عێراقدا، کە کێشەیەکی گەورەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، هەروەها نائارامی سیاسی و ترس لە سەقامگیری دۆخی ئەمنی عێراق، لەلایەکی تریشەوە ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا، بەتایبەتی کە لە بارەی ئەم پرۆژەیەوە هیچ جۆرە باس و ڕێکەوتنێک لە گەڵ هەرێمدا نەکراوە.
هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی ئەو هێزە میلیشیاییانەی لەعێراقدا پاشکۆی خۆیەتی، پەنا بۆ بەربەست خستنە بەردەم ئەو پرۆژەیە ببات.
کێشەیەکی تریش مەسەلەی تێچونی کەمی گواستنەوەی دەریایی بە بەراورد بە گواستنەوەی زەمینی، بەو پێیەی ڕێگایەکی گەشەپێدانی فرە شێوازە، و پێویستی بە بارکردنی کۆنتێنەر هەیە لەسەر کەشتیەکان بۆ بەندەری فاو و دواتر بارکردنیان لەڕێگەی وشکانیەوە لەڕێگەی بارهەڵگر یان هێڵی ئاسن، ئەمەش پێویستی بە تێچونی کارپێکردنی زۆر هەیە بە بەراورد بە کەشتیوانی لەڕێگەی کەناڵی سوێسەوە. هەرچەندە لەڕووی کاتەوە سوودێکی بەرزی کێبڕکێی دابین دەکات، چونکە ماوەی گواستنەوەی کەشتیوانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا کورت دەکاتەوە بۆ نزیکەی نیوەی کاتی ئەوەی کە ئێستا لەڕێگەی کەناڵی سوێسەوە دەکرێت.
ڕێڕەوی ئەم پرۆژانە کە بەداوی سی ساڵ زیاتر لە ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا قسەیان لەسەر دەکرێت و دەچێتە بەر پرۆسەی جێبەجێبونەوە، نیشانەی هاتنەپێشەوەی دەورانێکی ترە، دەورانێک کە شکستی میلیتاریزمی ئەمریکا و پاشەکشەی لە ناوچەکە، هەروەها کۆتایی ئەو جەنگانەی باڵیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، لەلایەکی ترەوە مانای رەوینەوەی کابوسی شەڕ و سیناریۆی کارەساتباری کوشت و کوشتاری قەومی و مەزهەبیە، کە پێداویستیەکی حەیاتیە بۆ سەرمایەو سەرمایەگوزاری، ملهوڕی میلیشیاکان بەرەو پەراوێز پاڵپێوەدەنێ. ئەمەش بوار بەڕوی شەفافبونەوەی ناکۆکی و گەشەی خەباتی چینایەتی و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق و کوردستان ئاوەڵا دەکات.
دوای دەیان ساڵ جەنگ و وێرانکاری، ئیتر ناوچەکە لەڕوانگەی بەرژەوەندی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەوە پێویستی بە دەورەیەک لە ئارامی و ئاسایش هەیە. بۆیە ڕەوەندی سەرەکی بارودۆخەکە ڕوی لەوەیە دەورەیەک لە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش بۆ کەڵەکەی سەرمایە لە ناوچەکە فەراهەم بێت.
دوای زیاتر لە سێ دەیە سەرگەردانی و گێژاوی سیاسی، کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێدەنێتە قۆناغێکی تازەوە و نیشانەکانی ئەو دەورە تازیەش رۆژانە خۆی بەیان دەکات، دەورەی پێشوو کە بە جەنگی ئەمریکا لە دژی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ و لە درێژەی ئەو ڕەوەندەشدا ڕاپەرینی ئازار و پاشان هاتنەکایەی “ناوچەی ئارام” دەستیپێکرد، بە کۆتایی گەیشتووە. لەو قۆناغەدا کوردستان بە کردەوە لە عێراق دابڕا بەبێ ئەوەی وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانی پێدابنرێت. ئەم دۆخە ژێرخانی ئابوری و بنەماکانی ژیانی مەدەنی لەبەریەک هەڵوەشاندەوە، دەسەڵاتی حزبە بۆرژوازیە بنەماڵەیی و میلیشیایانی بەسەر کومەڵگەدا سەپاند و بووە مایەی پاشەوپاشگێڕانەوەی کومەڵگە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەوە.
ئاراستەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە لەدۆخی سیاسی ئەم دەورەیە و دابینکردنی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری، حەتمیە کە خەباتی کرێکاری و کۆمۆنستی دەخاتە بەردەم لێپریسنەوەیەک کە دەبێت بەئاگاو هوشیاربێت لە تواناو چۆنیەتی هەڵسوڕانی سیاسیدا، کە لەمیانەی هاوکێشە سیاسیەکاندا و گۆرینی هاوسەنگی هێزەکاندا، ئەرک و مەسائلی سیاسی تازەتر لە خەباتی سیاسی دێتە پێشەوە، ئەم دۆخە ئەرکێک دەخاتە بەردەم تەواوی هەڵسورانی سیاسیەوە کە پێویستە وەک ئەلتەرنەتیفێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە مەیداندا حزوری سیاسی و میکانیزمەکانی خەباتی سیاسی لەم ئاڵوگۆڕانەدا بۆ شۆرشی کرێکاری دەست نیشان بکرێت.




دەبێت ڕۆژێکی نیشتمانی بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە کوردستان دیاری بکرێت

ڕۆژی 16 ئایار، کە وەك ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق دیاریکراوە، بە داخەوە هیچ ئاماژە و گوزارشتێك بۆ قوربانیانی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە خۆ ناگرێت، لە کاتێکدا بەپێی هەموو ئامارەکان، لە کۆی 301 گۆڕی بە کۆمەڵی سەردەمی ڕژێمی بەعس، زۆرینەی قوربانیانی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە، گۆڕی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردستان.

دیاریکردنی ڕۆژی 16 ئایار، لەسەر راسپاردەی کۆنگرەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بوو، کە لەلایەن ڕێکخراوی ناوەندی عێراقی نوێ لە 2006/9/18 لە شاری لەندنی بەریتانیا سازکرابوو، کە ساڵێك دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە فەرمی ئەم ڕۆژەی وەك ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دیاریکرد و ناساندنی.

بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەك، ڕاسپاردەکەی کۆنگرەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بۆ دیاریکردنی 16 ئایار، لەسەر بنچینەی هەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ لە ناوچەی مەحاویل لە پارێزگای بابل لە 16 ئایاری 2003 بوو، واتا یەك مانگ دوای رووخانی ڕژێمی بەعس.. لە کاتێکدا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ، لە پێش ئەو مێژووە لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزارەکان هەڵدراونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی ڕۆژی 16 ئایار، هیچ گوزارشت و ئاماژییەك بۆ قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی گەلی کوردستان لە خۆناگرێت، بەڵام ڕێزگرتن لەم ڕۆژە بەرپرسیارێتیەکی مرۆییە، ئەمەش لە سونگەی بەرپرسیارێتی ئاکاری و مرۆڤایەتیانە بە رێزگرتن لە قوربانیانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، جا لە هەر پێکهاتە ونەتەوەیەك بێت… بەڵام وەك ئەرکێکی بەرپرسیارێتیمان بەرانبەر بە قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی جینۆسایدکراوانی گەلی کوردستان و کەسوکارییان، ئێمە لە نووسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، دیاریکردنی ڕۆژێك لە هەرێمی کوردستان وەك ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بە زەرورەتێکی حەتمی دەبینین، ئەمەش لە پێناو بە نیشتمانیکردنی ئەم پرسە.

بۆیە ئێمە بانگەواز لە رێکخراوەکان و توێژەران و نوسەران و چالاکوانانی ئەم بوارە دەکەین، کە بە هەموو لایەك هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە، تا لە كۆنگرەیەكی تایبەت و بە ڕەزامەندی هەموو لایەك لەسەر بنچینەی بەڵگەی سەڵمێنەر، ڕۆژێك له هەرێمی کوردستان وەك ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دیار بکرێت.

1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید.
2- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
3- گۆڤاری تۆپزاوە ـ گۆڤارێکی تایبەتە بە پرسی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد
4- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
5- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
6- رێكخراوی بەرگری لە قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان
7 – هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
8- تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – KONCICC
9- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان

10ـ گۆڤاری گوڵچن
11- رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
12- تۆڕی ئایكان كوردستان
13- رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
14- محەمەد زرنگ ــ زیندانی سیاسی و چالاكوانی بواری جینۆساید
15- سالار مەحمود ــ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان
16- مەلا شاخی ــ نووسەری بواری جینۆساید
17- قاسم كازم ــ چالاكوان و كەسوكاری ئەنفال
18- جەبار ئەحمەد ــ توێژەری بواری جینۆساید
19- ئەیاد كاكەیی ــ پاریزەر له دۆسیەی ئەنفال و دۆسیەی بارزانیەکان
20- هەدار زوبێر بارزانی ــ پارێزەری کەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان
21- شاخەوان قادر شۆڕش ــ لێكۆلەر لە بواری جینۆساید
22- زەمان عەبدە ــ سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
23- هابیل احمد کریم ــ بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ
24- هەڵمەت هۆشیار ــ رۆژنامەوان
25- سەرهەنگ محەمەد ــ چالاكوانی بواری جینۆساید
26ــ ⁠لەتیف فاتیح فەرەج ــ لێكۆڵەر لە بواری جینۆساید
27ــ عادل مەلا سالح ــ بەریوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی شەهیدان و چالاكوانی بواری جینۆساید
28- وەزیرە جەلال سەعید ــ خۆشكی شەهیدی سەركردە
29- سەوسەن محەمەد میرخان ــ کچە ئەنفال، سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەم
30- – كۆچەر رەشاد موراد ــ كوڕی شەهید و چالاكوانی بواری جینۆساید
31- عەدالەت عومەر ــ لێكۆڵەر لە بواری جینۆساید
32- ڕۆژان شەهید حەمەڕەش ــ ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
33- د. فاتیح سەنگاوی ــ لێكۆلەر لە بواری جینۆساید
34- سەڵاح کەرکووکی ــ رێکخەری کاروباری ناساندنی جینۆساید ـ سوید
35- حازم محمد بلەیی ــ نوسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید
36- فوئاد عوسمان ــ نووسەر لە بواری جینۆساید
37- گەردە مامە حەمە ــ چالاكوان و خوشكی شەهید و ئەنفال
38- جەوهەر کانی هەنجیری ــ فۆتۆگرافەری بواری ئەنفال و کەسوکاری ئەنفال
39- نازدار ئەسعەد محمود ــ چالاكوان و كەسوكاری جینۆسایدی بارزانیەكان
40- دكتۆر ئیبراهیم مەلا زادە ــ لێكۆلەر لە بواری جینۆساید
41- حیکمت فائق ــ چالاکوان لە بواری جینۆساید و خاوەنی 11 شەهیدی خێزانەکەم بە چەكی كیمیاوی
42- دلێر کەریم ــ نووسەر لە بواری جینۆساید
43- د. عبدالرحمن كەریم دەرویش ــ پسپۆر لە بواری جینۆسایدناسی
44- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید
45- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفال
46- عادل مەجید ــ تاقانەی ئەنفال
47- عەلی مەحمود محەمەد ــ چالاكوانی بواری جینۆساید




کۆنفرانسی میرزا ئەحمەد داواشی و پەیڤێک.. هۆمەر نۆریاوی

بەڕێوەچوونی هەر چەشنە کۆبوونەوە،کۆنفرانس و فێستیڤاڵێک،یەک لە پێوەرەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی سەردەمیانە دێتە ئەژمار و گەرەک بەهەند وەربگیردرێت. ڕووداو و بویەری لەم چەشنە،هەوایەکی تازە بۆ نێو کۆمەڵ دەگوێزێتەوە و دەرفەتێکیش دەخاتە بەردەم کۆمەڵەی ڕۆشنبیری تا بە ئامادەییەکی باشترەوە بۆ داهاتوو، پلان و بەرنامە دابڕێژێت. ڕاستە ئێمەی کورد لەم بوارەدا هێشتاکە خاوەن ئەزموونێکی دوور و درێژ نین و بگرە لە سەرەتاداین، لێ هەنگاوی شیاویشمان ناوە.
بۆ ساڵانێک دەچێت لە شار و دەڤەرە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یان لە ڕێی دەزگە و دامەزراوە فەرمییەکان یانژی ناوەندە سەربەخۆکانەوە چەندان کۆنفرانس و فێستیڤاڵ بەڕێوە دەچێت. هەر کامە لەم ڕووداوانەیش بە گوێرەی کەشوباکە،هەڵگری کۆمەڵە تایبەتمەندییەکن. بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا گرینگە ڕووی لە دەستەی بەڕێوەبەرە کە تا چەندە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم پرسە هەستیارەدا شارەزا و پسپۆڕە و بەپلانەوە بەرەو پیری ڕووداوەکە دەڕوات. تا چەندە لە بانگهێشتی میوان و خەڵکانی ڕووناکبیر و پسپۆڕی ئازاد و سەربەخۆدا بڕیاربەدەست بۆ خۆیەتی و کرۆکی ڕووداوەکەی بەلاوە گرینگە.
دەڤەری هەورامان بە هەموو پار و بەشەکانیەوە لە چاو ناوچەکانی دیکەی کوردستان (لەبەر گەلێک هۆ و هەگەر)لەم سۆنگەوە هەژارترە و ئەو دەرفەتەی پێنەدراوە وەک پێویست خۆی لەم بوارەدا تاقی بکاتەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەورامان،ئەو ناوچە زەنگین و دەوڵەمەندەی کوردستان دێتە ئەژمار کە خاوەنی مێژوو و چاند و کولتوورێکی دێرین و ڕەنگاڵەییە و هەر لە کۆنەوە تا هەنووکە بە هەزاران سیما و کەسایەتی درەوشاوەی لە گەلێک بواردا تێدا هەڵکەوتووە کە بەشێکیان کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە.
“میرزا ئەحمەد داواشی”(1980-1905)،یەک لەو کەسایەتییە دیارانەی ئەم ناوەی نیشتمان دێتە ئەژمار کە بەداخەوە لە خودی ناوچەکەی خۆیشیدا غەریب دەنوێنێت و کەمتری لەسەر نووسراوە. بۆ چەند ساڵێک دەچێت کە “توێژینگەی کوردستانناسیی زانستگەی سنە” باسکی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە و تا ئێستا چەند کۆنفرانسێکی لەم پێوەندییەدا بەڕێوە بردووە. بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکیش بۆ شاعیر و سیمایەکی ناوچەی هەورامان جێی پێزانین و دەستخۆشیی فرەوانە. وەک خودی بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە ئیشارەتیان پێداوە،نزیکەی شەش مانگێک بەو پرسەوە سەرقاڵ بوونە و هەموو هەوڵێکیشیان خستووەتە گەڕ تا کۆنفرانسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت. سەرەنجام ڕۆژی 19ی گوڵانی 2724 (8ی مای 2024)کۆنفرانسەکە لە زانستگەی سنە و لە چەند پەنێلێک(لە دوو هۆڵی مەولەوی و فیردەوسی)دا بەڕێوە چوو.
بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەم کۆنفرانسە ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەم.
یەکەم خاڵ، ئەوەی لە ناوەندێکی زانستی دەوەشێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت، بایەخدانان بۆ نەزم و تەکووزی و پلان و بەرنامەیە کە ئەم خاڵە لە کۆنفرانسەکەدا ئەوەند بەردیدە نەدەکەوت و شپرزییەکی فرەی پێوە دەبینرا.
دووەم،کەسایەتییەکی فارسزمانم لە نێو کۆنفرانسەکەدا بەرچاو نەکەوت کە وتار یان بابەتێک لەسەر میرزا ئەحمەد داواشی پێشکەش بکات کەچی پێشکەشکار بەردەوام خۆی بە باڵای زمانی فارسیدا هەڵدەواسی. هەروەها زمانی ئاخاوتن و قسەکردنی چەند وتاربێژێکی کۆنفرانسەکەیش لە ئاست پێگەی ناوەندێکی زانستیدا نەبوو و زێتر شیاوی کۆڕ و دانیشتنی نێو فەرمانگە فەرمییەکان بوو!
سێیەم،نەبوونی بەرنامەیەکی چڕ و پڕ و دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ وتاربێژان بوو کە هەر ئەم پرسە هەرا و زەنایەکی لە نێو هۆڵەکەدا نابووەوە.
چوارەم،خۆهەڵواسینی بەڕێوەبەران بە”فەرهەنگی ئێرانی”!دا بوو کە بووبووە بنێشتەخۆشەی تەنانەت چەند وتاربێژێکێش و بەردەوام پاتە دەکرایەوە کە گوایە پێویستە میرزا ئەحمەد و کەسایەتییەکانمان بە هەموو ئێران بناسێندرێن کە ئەرچی وەک خودی خۆم بە چاوێکی ئەرێنی سەیری ئەم پرسە دەکەم بەڵام ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە نەک کۆمەڵگەی ئێرانی بگرە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ئێرانییش هەرگیز فەرهەنگ و چاندی کوردی لە لای نەبووەتە پەرۆشێکی نەک سەرەکی بگرە لاوەکییش و تەنانەت فرە جاریش بە هەڕەشە دادەنرێت. بەڵگەیش لەم پێوەندییەدا یەک و دووان نین. دیوێکی ئەم پرسە، ڕاست درێژکراوەی سیاسەتە دزێوەکەی ڕژێمی پاشایەتیی حەمە ڕەزا پالەوی(1980-1919) لە هەمبەر مێژوو و کولتووری کوردە کە ئەو سەردەمە لە ڕێی سیمایەکی ناسراوی وەک “ڕەشید یاسمی”(1951-1896)یەوە جێبەجێ دەکرا.
پێنجەم،بەڕێوەچوونی پەنێلەکان لە دوو هۆڵی جیاوازدا بوو کە ئەرچی دەرفەتی دەخستە بەردەم بەشداربووان بە گوێرەی حەز و ویستی خۆ بڕیار بدەن بۆ کامە پەنێل پشکدار بن،لێ لەبەر چەند هۆکارێک،ئەم پرسە بۆ خۆ بشێوییەکی لە کۆنفرانسەکەدا دروست کردبوو.
شەشەم،قەرەباڵغبوونی ناوەڕۆک و بەرنامەی کۆنفرانسەکە بوو کە هیچ پێویستی نەدەکرد ئەو هەموو وتار و بابەت و وتاربێژەی تێدا جێ بکرێتەوە هەر ئەمەیش بە لایەنێکی لاوازی کۆنفرانسێکی زانستی دادەنرێت.
حەوتەم،سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەران ئاماژەیان بەو خاڵە دەدا کە گوایە نزیک بە شەش مانگێکە بەو ڕووداوەوە سەرقاڵن بەڵام لە باری ڕاگەیاندن و میدیاییەوە کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکرابوو؛تەنانەت لە نێو خودی شاری سنەدا بەزەحمەت دوو لافیتە و پارچەنووست بەردیدە دەکەوت کە بۆ کۆنفرانسەکە پەلکێشت بکات. بە واتایەکی دی،بەشێکی فرەی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران هەر ئاگاداری ڕووداوەکەیش نەبوون. ئەوە لە حاڵێکدایە لەسەر لافیتەی خودی کۆنفرانسەکە بە “کۆنفرانسی نەتەوەیی” ناودێر کراوە!
هەشتەم،ئەمە وتەی سەرزاری بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە بوو کە ئێمە دەمانەوێت نەک لە ئاستی کوردەواری بگرە لە هەموو ئێراندا میرزا ئەحمەد داواشی بناسێنین کەچی زۆربەی بەشداربووان ڕووی لە خودی بەڕێوەبەرانی زانستگە و بەشێکی گوڵچنکراو و هەرە کەمی ڕووناکبیرانی ناوچەی هەورامان(ڕوانسەر،جوانڕۆ و پاوە) بوو. بە واتایەکی ڕاستتر،نووسەر و ڕۆشنبیرێکی دەڤەر و ناوچەکانی دی کوردستانت لە کۆنفرانسەکەدا بەردیدە نەکەوت کە ئەمە ڕاست بەپێچەوانەی بانگەوازەکەی ئەم بەڕێزانەیە. گەلێک پێویست بوو بازنەکە بەرفرەوانتر بکرێت و نووسەر و ڕووناکبیری فرەتر بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت بکرێت(ئەگەر تەنێ وەک بەشداربوویش بێت.).
سەرەڕای ئەم خاڵانە بەڵام هەمیشە یەک لە بەشە باڵکێشەکانی فێستیڤاڵ و کۆنفرانسەکان ڕووی لە بەشی پەراوێزە کە هەلێکی شیاو بۆ بەشداربووان بە مەبەستی ئاشنابوون بە سیما و کەسایەتییە جۆربەجۆرەکان دەڕەخسێنێت. زۆر جار پرسە جیاوازەکانی بەرباس لە کۆڕ و دانیشتنەکانی پەراوێزی ئەم چەشنە جڤین و کۆبوونەوانە،گەرم و گوڕتر لە خودی کۆنگرەکان دەنوێنن و دەرفەتێک بۆ بەشداربووان دروست دەبێت تا پێکەوە بکەونە گفتوگۆ و باسوخواس و بیر و ڕاگۆڕینەوە. هەر ئەم پرسەیش دواتر کۆنفرانس و کۆبوونەوەی دیکەی بەدوادا دێت. گەرەک ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە ژمارەیەک نووسەر و توێژەری وەک حەمەڕەشید ئەمینی،سەیید ئیسماعیل حسێنی،محەممەد یەعقووبی،ئەکرەم وڵەدبەگی،سابیر عەزیزی،عوسمان نووری،عەداڵەت کەریمی و هتد لە پەنێلەکاندا پشکدار بوون و لەسەر لایەن و ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیان و شیعر و کەسایەتیی ئەدەبیی میرزا ئەحمەد داواشی قسەیان کرد. هەروەها کۆنفرانسەکە چەندان وتاربێژیشی لە خۆ دەگرت کە لەو نێوانەدا دەکرێت ئیشارەت بدەینە کەسانی وەک محەممەدعەلی سوڵتانی،سەیید موعتەسەم سەییدزادەی هاشمی،یادگار کەریمی،حسێن محەممەدی(کوڕی شاعیر)،مەسعوود بینەندە و هتد.
کۆنفرانسەکە بە هەموو خاڵە ئەرێنی و لاوازەکانیەوە کۆتایی هات؛ئومێدە بۆ لەمەوبەدوا کۆنگرەی بەپێزتری بەدوادا بێت.
جێی ئاماژەپێدانە ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی کوردستانناسی ساڵی 1379ی هه‌تاوی(2000)له‌سه‌ر ڕه‌زا‌مه‌ندیی به‌شی توێژینه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی زانست، توێژینه‌وه‌ و ته‌کنۆلۆژیای ئێران، گرووپی توێژینه‌وه‌یی زمانناسیی و تۆره‌ی کوردی دامه‌زرا و چالاکیی فه‌رمیی خۆی ده‌ست پێ کرد. دواتر دوو لقی توێژینه‌وه‌یی “لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر مێژوو و فه‌رهه‌نگی کوردستان” و لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتژیک و په‌ره‌پێدانی کوردستان” هاتنه‌ ئاراوه‌ و ڕێبه‌ندانی ساڵی 1394ی هه‌تاوی(2016)،مۆڵه‌ت بۆ توێژینگه‌ی کوردستانناسی ده‌رچوو.
پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت وەک لە دیوانەکەی شاعیردا هاتووە، میرزا ئەحمەد داواشی،کوڕی محەممەد، ساڵی 1323ی کۆچی(1905)لە شاری “ڕوانسەر”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێت.
(دیوانی میرزا ئەحمەد داواشی،ل14)
میرزا ئەحمەد دواتر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی خۆی لە چەند بوارێکدا ڕوو لە چەند گوندێکی ئەم ناوە دەکات و وەک لە خودی دیوانە چاپکراوەکەیشیدا ئیشارەتی پێدراوە، تا دوا ساڵی ژیان لە گوندی”کانی خێران”دا دەمێنێتەوە. میرزا ئەحمەد،پێوەندییەکی نزیکی دەگەڵ ژمارەیەک شاعیر و نووسەری ناسراوی وەکوو سەیید تایەر هاشمی(1991-1915)،شێخ محەممەدسەعید نەقشبەندی(1930)،محەممەدعەلی سوڵتانی(1957) و هتد بووە. یەک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شیعری میرزا ئەحمەد داواشی ڕووی لە نزیککردنەوەی زار و بنزارەکانی زمانی کوردییە کە ئەم پرسە بۆ ژمارەیەک بە ناو نووسەر و توێژەری ئێستا لە دەڤەری هەوراماندا کە سەد مخابن لەبەر ناشارەزایەتی یان هەر هۆکارێکی تەماویی دی، دەیانەوێت کەلێن بخەنە نێو زمانی کوردییەوە، زۆر جێی تێڕامان و سەرنجڕاکێشە. شیعری ئەم شاعیرە، باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە دێتە ئەژمار کە زمانی کوردی،دارێکی پڕ لقوپۆیە کە هەر کامە لە زار و بنزارەکانی دەبنە مایەی دەوڵەمەندیی خودی شادارەکە.
سەرەنجام ئەم مرۆ نیشتمانپەروەرە ساڵی 1980 کۆچی دواییی دەکات و لەسەر وەسییەتی خۆی،لە ئارامگەی “سەروەیس”و لە تەنیشت مەزاری “وەیسی قەرەنی”دا دەنێژرێت.
بۆ وتن دەشێت کە” سەروەیس”دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەسەر بەرزاییەکەوە لە نێوان جادەکەی ڕوانسەر-کرماشاندایە و نزیکەی 7 کیلۆمەترێک لە جادەی سەرەکییەوە دوورە. وەک دەگوترێت مەزاری “وەیسی قەرەنی”لەوێیە. ساڵانەیش بە هەزاران کەس بۆ هاتنەدی مرازیان،ڕوو لەوێندەرێ دەکەن.
هیجران
تا کەی لە هیجران دوورییت بناڵم؟
تا کەی بێ مەیلی،هاوار وە ماڵم؟
تا کەی چون”فەرهاد”ئاهر بشۆ لێم؟
بێدینێ چون تۆ،باوەڕ نەکا پێم
هەر من چون فەرهاد ئاوارەی چینم
شەهید شەیدای،شێوەی شیرینم
هەر من پەرێ تۆ،هوون دڵ وەردم
هەر من پەرێ تۆ،گرانەن دەردم
نە نە وە ڕاسی،ڕاز نەباتەکەم
بوویەرە چێشەن،تەقسیراتەکەم
هەر من چون مەجنوون،وەیلان هەردم
زەلیل و زار و زەبوون و زەردم
تۆ بیت وە”تەرسا”ی لاو شێوە شیرین
من بیم وە”سەنعان”،دەیری بیم لە دین
من هەر لە سەفا،تۆ لە جەفا بیت
گونای من چێشەن،وێت بێوەفا بیت
(دیوانی میرزا ئەحمەد داواشی،ل219)
ژێدەر:
دیوانی میرزا ئەحمەد داواشی،کۆکردنەوەی حسێن محەممەدی و پێداچوونەوەی حەبیبوڵڵا کەریمی،تاران،پەخشکاری ئیحسان،چاپی یەکەم،1389ی هەتاوی




ژینگە دۆستی نیشتمانپەروەرانە.. د. شەماڵ ئیسماعیل پوور

بەرایی
هەرچەند ئێستا دۆخی ژینگە لە جیهاندا لە خراپترین ئاستی خۆی دایە و گەورەترین هەڕەشەی لەسەرە، بەڵام هەموو تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگا و بەرپرسان و هەموو خاوەن حوکمان و دەسەڵاتداران بەوە هەڵدەسەنگێندرێن کە تا چەندە ژینگەدۆست و ژینگەپارێزن.
لەگەڵ هەر سەقەت‌کردنێکی ژینگەییدا، ژینگەدۆستییەکی تایبەت دێتە ئاراوە. مرۆڤی ئێستا لە ڕابردووی خۆی لەمەڕ ژینگە دۆستی و ژینگەپارێزی شەرمەزارە و کولتووری جیهانی سەدان چیرۆکی دڵتەزێنی ژینگەتێکدەری بە تەوێڵەوەیە و دەیان فیلم و نووسراوەی تایبەت به قڵت و بڕی گیاندار و ئاژەڵی تایبەت لە جیهاندا ماوەتەوە کە مرۆڤی ئێستا بە شەرمەوە لێی دەڕوانێ.
بۆ شفرەی فیل و پێستی کڕۆکۆدیل و ڕێوی و پڵینک و بەور و دەیان ئاژەڵی دیکە سەدان جەنایەت کراوە کە مرۆڤی ئەوکات بە شانازییەوە لێی ڕوانیوە و تەنانەت وێنەی خۆبەزلزانانەی لەسەر گرتووە و بە دیواری دیوەخانەوە هەڵیواسیوە. زۆر بێڕەحمانە گیاندارانیان قڕ کردووە و کەسیش مێشێکی لێ میوان نەبووە.
لە کوردستان دەکەوتنە گیان دار و بێشە و بە هەزاران داریان دەبڕیەوە و دارستانەکانیان خاپوور دەکرد. بۆ گرتنی ماسی ژاریان لە چۆم و ڕووباران دەکرد و هەزاران ماسی گەورە و بچووکیان قڕدەکرد و لە هەمان کاتیشدا چی بۆق و ڕەقە و گیانداری ئاوییە قڕ دەبوون و دەکەوتنە قەراخ ئاو. ئاگریان لە دارستانەکان بەردەدا و بەداخەوە ئەم کردەوە دزێوە ئێستاش بەردەوامە و ژینگەی لێڕەواڕی تێکداوە و خەسارێکی قورسی ئاوقەی ژینگە کردووە و خەساری گیانی و مرۆییشی لێکەوتۆتەوە و چەندین کەسی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لەکاتی ئاگرکوژانەوەدا گیانیان بەخت کردووە و شەهید بوون. وەرزێڕی لێنەزان و دڵڕەق ئاگریان لە پەرێزەکانیان بەردەدا و دەبوونە هۆی سووتاندنی هەموو چەشنە مار و مێروو و ئاژەڵێکی نێو پەرێزەکان. بازرگانان و دزانی ئاسەوارە مێژووییەکان سنگی سەدان چیای ئەم نیشتمانەیان بۆ بەرد و ئاسەواری مێژوویی شەقار شەقار کرد و دیمەنی جوان و شوێنی ژیانی ئاژەڵانیان شێواند و هیچ قازانجێکیش بە خەڵک و ژینگەکەی نەگەیشت. دەردی سەرباری دەردان ئەوە بوو هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی، پێشی بەو کاولکاریانە نەگرت و لە ئاست ئەو وێرانکارییە نابەرپرسانەدا خۆی بە بەرپرس نەزانی. ئێستاش بۆ ڕاوەستان لە بەرانبەرهەر کارەساتێکی ژینگەتێکدەرانەدا تەنیا دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران خۆیان بە بەرپرس دەزانن و بەدەستی بەتاڵ دەچنە شەڕی ئاگر و لافاو و دوژمنانی ژینگە و بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین کەس لەم ڕێیەدا گیانیان بەخت کرد. موخابن دەوڵەتانی ناوچەکەش هیچ پڕۆگرام و بەرنامەیەکیان بۆ ژینوار و ژینگەپارێزی نییە و بە هیچ جۆرێک یارمەتی ئەوان نادەن و تانانەت تەگەرەشیان دەخەنە بەرپێ و زۆرجار تووشی گرتن و بەند و بێبەشی لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیشیان دەکەن.

ئێستا و ژینگەپارێزی:
لە جیهانی مودێڕندا ژینگەپارێزی ئاکارێکی بەهاداری مرۆڤە و شارۆمەندی لێزان و لەخۆڕابین شانازی بەم تایبەتمەندییەوە دەکات. مودێڕنیتە دەخوازێ کە مرۆڤ بە پێی پڕنسیپەکانی ژیان لە ژینگە بڕوانێ و بایەخی هەر شتێکی سروشتی بناسێ و ڕێزی لێبگرێ. بەم پێیە لە هەر کۆمەڵگایەک مودێڕنیتە جێگیر بووبێ ، ژینگەپارێزی سەری هەڵداوە و مرۆڤ بەڕێزەوە ڕوانیویەتی بۆ سروشت. بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا ژینگەدۆستی نەبۆتە دیاردە و تاکی کۆمەڵگا ئەم تایبەتمەندییە بە خۆی ڕەوا نابینێ.
ئێستا ژینگەپارێزی تایبەتمەندییەکی ڕۆشنبیرانەیە و تاکی ڕۆشنبیر خۆی بە دۆستی ژینگە دەزانێ و پاراستنی ژینگە دەخاتە ڕیزی کارە هەرە جیاواز و جوانەکانییەوە. تاکی کۆمەڵگا ئێستا بەو قەناعەتە گەیشتووە کە هەموو سروشت هی ئەوە و بە بێ سەرنجدان بە ناوچەگەرایی خۆی بە خاوەنی هەموو سروشت و ژینگە دەزانێ. هەنووکە کۆمەڵگا لە ئاکاری ژینگەپارێزی مرۆڤ‌سەنتەرەوە ڕووی لە ئاکاری ژینگەدوستانەی گیاندار و سروشت سەنتەر و بێگیانخوازی کردووە و سروشتخوازی ( نە بە مانا فەلسەفییەکەی) دروشم و توخمی سەرەکی پڕۆگرامی ژیانی مرۆڤی سەردەمە . ئێستا هەموان تێدەگەن هەر گیاندارێک لە سروشتدا بەها و پێگەی خۆی هەیە و کەمبوونەوە و لاچوونی خەساری تایبەت به خۆێ هەیە و هەنگاوێک لەوەش سەرتر چوون و لایان وایە هەموو شتتێکی سروشتی خاوەن زەروورەتی خۆیەتی و دەبێ بەهاێ تایبەتی پێبدرێ.

کورد و ژینگە:
ژینگە و ژینواری کورد بە جۆرێک لەگەڵ ژیانیدا تێکەڵ بووە کە کورد بە درێژایی مێژوو، ژینگەکەی خۆشویستووە و ژیانی لە ژینگە جیا نەکردۆتەوە. کورد هەرگیز مرۆڤ‌سەنتەرانە لەگەڵ ژینگە مامەڵەی نەکردووە و خۆی لە ژینگە بەجیا نەزانیوە. چاوە کانییەکی وەکوو ڕۆحی خۆی پاراستووە و دار و بەردی ئەم وڵاتەی بە قەد خۆی خۆشویستووە. باوەڕی پتەوی بەم خاڵە گرینگە بووە کە بە بێ ژێنگە بێ نیشتمانە و بۆ نیشتمانیش سەر و ماڵ و گیان و خوێن و ژیانی فیدا کردووە. ئەمە بەم واتایە نییە کە هەموو خاڵەکانی ژینگەپارێزی ڕەچاو کردووە و هیچ ئاکارێکی دژ بە سروشت و سروشتدۆستی نەبووە. بەڵام لەچاو نەتەوەکانی‌تر زۆتر ئەوینداری سروشت و ژینگە بووە و باشری پاراستووە . وەک دەڵێن هەمیشە لای وابووە کە جیا لە چیاکان و داوێنی سروشتی شاخاوی خۆی دۆستێکی نەبووە.
بەداخەوە زۆر جار بە هۆی پیلانی تایبەت و پەروەردەی کەسانی نەفسنزم و خۆبەکەمزان ، کەسانێک دژ بە ژینگە وێستاونەتەوە و لە ڕاوی کەو و ڕێوی و کەروێشک و باڵندە و هتددا زێدەڕۆییان کردووە و ڕکەیان بۆ پەلەوەری جوان و ئازاد و ناوازە دروست کردووە و ژیان و ئازادیان لێ ئەستاندوون. بە درێژایی مێژووی ئەم گەلە تەنیا دوو چین دژ بەم ژینگەیە وێستاونەتەوە:
یەکەم؛ ئەوانەی وا کەمتر زانا بوون و ژیانیان بە نەزانی هەوێن کردووە و هەڵسوکەوتیان نابەرپرسانە و نەزانانە بووە. ئەمانە بە پێی ڕادەی بیری تەسکی خۆیان ، سروشت و ژینگەیان ناسیوە و بەداخەوە بێڕەحمانە لەگەڵی جوڵاونەتەوە . نەزانی و خورافەپەرەستی کارێکی کردووە ئەو کەسانە لەخۆڕا ببنە دوژمنی مار و ددان‌ژومێرە و سەرمازۆڵکە و کوندەبوو و ….
دووهەم؛ ئەو کەسانەی وا خاین بە گەل و نیشتمانن و بۆ تێکدانی ژینگە و سروشتی وڵاتەکەیان هەر کارێکیان بە ڕەوا زانیوە . ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی چاوشۆڕ و نیشتمان فرۆش و دژ بە ئاو و خاکی خۆیانن و بۆ تێکدانی جوانی و ئارامی و سەروەری نیشتمان و گەلەکەیان لە هیچ کاولکاری و ناحەزئاکارییەک ناپرینگێنەوە. ئەم تاقمە بەڕادەیەک خۆبەکەمزان و دۆڕاون کە حازربوون چی خراپەیە دەرحەق بە خاک و ئاو و نیشتمان و سروشتی خۆیانی بکەن.

ئێمە و ژینگە:
بۆ پاراستنی ژینگە کۆمەڵێک شێواز و پڕۆگرامی تایبەت هەیە کەبڕێکیان جیهانین و هێندێکیان کولتووری و پەروەردەیی و ناوچەیین. ئەو شێواز و پڕۆگرامانەی وا جیهانین و هەموو خەڵکانی جیهان تا ڕادەیەک لەسەری کۆکن بریتین لە:
یەکەم؛ ڕێکەوتننامەی ژینگەیی خۆبەخشانەی وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوو ، کە بە حەزی خۆیان و بە پێی پێشکەوتنە گشتییەکانیان لەم بوارەشدا شێوازی ژینگەپارێزی خۆیانیان بووە و خۆیان بە بەرپرس زانیوە و پڕۆگرامی تایبەتیان داڕشتووە.
دووهەم؛ شێوازی ئێکۆسیستم (زیندەوەرانی ناوچەیەک و پێوەندی نێوانیان) کە لەم شێوازەدا سەرنج دەدرێتە سەر پێوەندی نێوان هەموو زیندەوەرانی ژینگە.
سێهەم؛ قەولوبڕنامەگەلی نێودەوڵەتی، کە لە ناوەندە تایبەتەکانی نێودەوڵەتی و جیهانیدا کاریان بۆ دەکرێ و بە شێوەیەکی فەرمی بۆ هەموو نەتەوەکانی جیهان دەبنە بەرنامەی کاری و هەموان دەبێ ڕەچاوی بکەن و وڵاتانی جیهان بە نوێنەرایەتی خەڵکی وڵاتی خۆیان دەبنە ئەندامی ئەو قەولوبڕنامانە و بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن پێبەندیان بن. ئەگەر ئاو و خاک ونیشتمان و ژینوارێک هیچ‌کام لەو حاڵەتانەی سەرەوە شک نەبات و بەدەر لە هەموو ڕێکەوتننامەکانی ژینگەیی و شێوازەکانی ئێکۆسیستم وقەولوبڕنامەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێ ، دەبێ چۆن بمێنێ و چۆن خۆی لەو دۆخە هەستیار و ئەستەمە ڕزگار بکات؟ بەم هەموو خەمساردی و بێ بەرنامەبوون و ئاڵۆزییەوە چۆن تاکی ژینگە‌دۆست پەروەردە بکرێ؟
خۆشەویستی سروشت لە نیشتمانپەروەرییەکی تۆکمە و لۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێ. تاکی نیشتمانپەروەرکاتێک ئەو ناوەی دەخرێتە سەر کە بە گیان و بە دڵ ، دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاژەڵ و مار و مێروو و گوڵ و گوڵزار و تەنانەت دڕکستان و زەلکاو و زۆنگ و هتد نیشتمانەکەی خۆش بووێ. ئەگینا نیشتمان خۆشەویستی چ واتایەکی دەبێت؟ ئەم خۆشەویستییە لە ڕێی پەروەردەوە لە ڕۆح و دەروونی تاکدا چەکەرە دەکات و سەوز دەبێ. قوتابخانەکان دەبێ هەوێنی سروشت خۆشەویستی بخەنە دەروونی قوتابییەوە و شێوەی پاراستنی سروشت و ژینگە بە هەموان فێر بکەن و لەو ڕێگەوە کۆمەڵگایەکی سروشتخواز و پارێزەری نیشتمان دروست بکەن. سیستمی پەروەردە دەبێ پلان و گەڵاڵەی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە ببێ و بە جۆرێک لەبەر چاوی قوتابی شیرین بکا کە زیندوومانەوە و ساخبوون و ئارامی خۆی بە سروشتی هاوشێوەوە ببەستێتەوە. نووسەران و شاعیران و دەرهێنەرانی فیلم و بەگشتی هەموو ئەو کەسانەی بە جۆرێک دەتوانن لەسەر پەروەردە و دروست بوونی کەسایەتی تاکی کۆمەڵگا شوێندانەر بن، سروشت‌خۆشەویستی و ژینگەپارێزی بکەنە هەوێنی کارەکانیان.

ئاکام:
ژینگە پارێزیش یەکێک لە لێهاتووییەکانی مرۆڤە و دەبێ فێری ببێت و لەسەری ڕابێت. واتە لێهاتووییەکی شیاوی عاملاندنە و مرۆڤ دەبێ فێربکرێت. ئەم ئەرکە لەڕاستیدا لە ئەستۆی سیستمی پەروەردەیە و دەبێ ئەو پێکهاتە مەزنە لێی بەرپرسە بێت. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەداخەوە پەروەردە گوێی خۆی لێ خەواندووە و بەلایدا ناچێ. لەوەها حاڵەتێکدا ئەرکەکە دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵە و نووسەران و ڕۆشنبیران وئین.جی.ئۆکان و هەموو ئەو دامەزراوە خەڵکیانەی خۆبەخشانە بۆ ئەم کارە دامەزراون و چالاکی دەکەن. کەوابوو هەموومان لەم بواردە بەرپرسین و دەبێ هەرکەس بەڕادەی توانایی خۆی خزمەتت بکا و بۆ پاراستنی ژینگەکەی هەوڵ بدات. دەبێ تاکی کۆمەڵگای ئێمە بەو حەقیقەتە بگات کە نیشتمانپەروەری تەنیا پاراستنی نیشتمان لە دەست داگیرکەر و نەتەوی نییە ، بەڵکوو خۆشەویستی و بەرپرسایەتیشە لە حاند ئاو و خاک و دار و بەرد و ئاژەڵ و مار و مێروو و گیا و گژی نیشتمان.ئێستا شارۆمەند پێش لە هەموو ئەرەکانی‌تری ، پاراستن و خۆشەویستی نیشتمان و ژینگەکەی شائەرکە بۆی.

د. شەماڵ ئیسماعیل پوور / سەقز

———————————–

سەرچاوەکان:
ئا؛ فەلسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی، ڕێبوار سیوەیلی ، هاوبەشی ڕێکخراوی زەریاب و ئاژانسی پایا٫ ساڵی ٢٠٢٠
ب؛ بووکە بەفرینە ، شەماڵ ئیسماعیل پوور، ناوەندی چاپی گوتار ، ساڵی1395
پ؛ ویکی پیدیا




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١٣

بۆ خوێندنەوەی ئەم ژمارەیە کە بە زمانی فارسییە کلیکی ئێرەبکەن..




کورتە چیرۆک\ ەدنەهانەپ.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

کاروان بۆ جاری سێیەمین گوتییە دژواری تا ئاگای لە هەگبەکەی خۆی بێت، با لێی نەدزن. دژواریش وەکوو خووی پێوە گرتبوو، بەدڵساردییەکەوە سەیرێکی کرد و فڕێکی تری لە قاوەکەی بەردەمی دا. ئەوە یەکەمین جاریان بوو لە باشووری کوردستان دەربچن، جوانی و دڵڕفێنی شەپۆڵەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست، دیمەنە پڕ ئاوازەکەی شەقامەکانی بەرشەلۆنە، سەماکەر و تەنافبازەکانی کوچەوکۆڵانەکان ئەو دووانەیان سەرمەست و شەیدا کردبوو، کەوتبوونە جیهانێکی پڕ ئەندێشەی ئەفسووناوی، شەو و ڕۆژیان نەمابوو.
کاتی پارەدانێ هات و کاروان ڕووی لە دژواری کرد و تێێ گەیاند کە ئەمجارەیان نۆرەی ئەوە بۆ ئەوەی پارە بدات، دژواریش مەردانە دەستی بۆ لای هەگبەکەی برد، گەلێک دەستی گێڕا، کەچی دەستی بەر هیچ شتێک نەکەوت. سەیرێکی لای هەگبەکەی کرد، لە شوێنی هەگبەکەی مێزێکی ڕەقوتەقی بینی. شڵەژا، نەیزانی چی بکات، نەک هەر پارە و دۆسییەکانی، بەڵکوو گوزەرنامەکەشی هەر لەناو ئەو هەگبەیەدا بوو.
لەگەڵ کاروان بۆ بنکەی پۆلیسی بەرشەلۆنە چوون، هەگبەی خۆی بۆیان هەڵڕشت، پۆلیسیش پێی گوتن کە هاوینان ئەو شارە پڕ گەشتیارە، خەڵک وەکوو مێروولە دێنە نێوشار و بەجێی دەهێڵن، دۆزینەوەی شتێکی بچووکی وەک هەگبەکەی ئەو ئەستەمە. ئامۆژگاریی دژواریان کرد تا بڕوات لە باڵوێزخانەی عێڕاقی لە مەدرید گوزەرنامەیەکی نوێ دەربهێنێت. لە باڵوێزخانەی عێڕاقیش بە دژواریان گوت: ((پێویستیمان یان بە کارتی نیشتمانیی هەیە، یان بە ناسنامە و ڕەگەزنامە و پشتگیریی موختاری گەڕەکی خۆت)). هەرچەندی پێی گوتن:‌ ((دایکتان چا، باوکتان چا من لەو دوورەوڵاتەی ئەوانەتان لە کوێ بۆ بێنم))، بەڵام ئەوان کە کەللەیان لە بەرد ڕەقتر بوو، بۆیان نەسەلماند.
چاری ناچار، دژوار بڕیاری دا سەری خۆی هەڵبگرێت و بە قاچاخ ڕێ و ڕێ بگەڕێتەوە باشووری کوردستانێ. پلیتی شەمەندەفەری کڕی، لە مەدریدەوە هەتا ناو شاری باریی لە ئیتاڵیا گیر نەبوو. لەوێشەوە پلیتی کەشتیی کڕی تاوەکوو بەرەو شاری پاتڕای یۆنانی بڕوات. شەو داهات و بەرەو بەندەرەکە ڕۆیشت و پلیتی خۆی بە ئەفسەری سنووری باری پیشان دا، ئەویش داوای گوزەرنامەکەی لێ کرد. دژوار گەلێک هەوڵی دا کە بەسەرهاتەکەی خۆی تێبگەیەنێت، بەڵام قسەکانی دژوار لای ئەفسەرەکە وەک گیزەگیزی مێشوولان بوو، دووبارە و سێبارەی دەکردەوە کە پێویستی بە گوزەرنامەکەی ئەوە. کەشتی بەڕێ کەوت و دژواریش بەجێ ما.
بەتەنها، لەبەردەم دەریای ئەدریاتیک ڕاوەستابوو، نە ئەستێرەیەک، نە مانگێک لەژێر هەورە چڕەکەی ئەو شەوە سەری دەرنەهێنابوو، سامناکیی شەپۆڵی دەریاکەش قاچەکانی دژواریان خستبووە لەرزە. ڕێگای فرسەخێک لە ئاوەدانی دوور بوو، هەتا چاو بڕی دەکرد تاریکی بوو. ئەو‌ شەوە هەر لەسەر قەراخی دەریا نووست، یان چاکتر بڵێین هەوڵی دا بنوێت، چونکە لەگەڵ هەر شەپۆڵێکی بەخوڕ لە خەو ڕادەچڵەکی و موچڕکێکی پێدا دەهات.
سەر لە بەیانی، هەر لەگەڵ یەکەم پڕشنگی هەتاو، لە شوێنی خۆی هەڵساوە و بەرەو شار دەرپەڕی. دوای سۆراخکردن چاوی بە قاچاخچییەکی هەولێریی کەوت و هەمووی بۆ گێڕایەوە، قاچاخچیش داوای پارەیەکی باشی لێی کرد.
دژوار لەگەڵی پێک هات و بەڵێنی پێ دا هەر کە پێی نا بە خاکی باشووری کوردستانێ، پارەکەی هەموو بخاتە نێو دەستی. دوای دەردەسەرییەکی زۆر لە سواری ئەم بەلەم، بۆ پشتی ئەو گوێدرێژ، بۆ کەلاوەی ئەو گوند، هەتا ناو شاری سلۆپی گیر نەبوو. لەوێش هەر بە پێ سنووری بڕی و پەڕییەوە بەری زاخۆ. دوو ئەفسەری عێڕاقی سمێڵ زل چاویان پێی دەکەوێت و پڕی دەدەنێ. ویستی لە دەستیان ڕا بکات، بەڵام زۆر دوور نەکەوتەوە و ئەفسەرەکان کەوتنە پێشی. دژواریش بە هەناسەی سوارەوە پێیانی گوت:‌ ((چ قەوما، کەعبە کەچ بوو؟ مەسجیدول ئەقسایە ڕووخاوە؟ ئەمن خۆم خەڵکی ئەو وڵاتەمە و گوزەرنامەکەم ون کردووە))، ئەفسەرە نەجەفییەکە، بەدەم کۆت کردنییەوە گوتی:‌ ((بە ڕەنگتەوە دیارە کە کوردی، نەک عێڕاقی، سزای کۆچبەری نایاسایی لای ئێمە زیندانە)).

————————–

مانای وشەکان:
– ەدنەهانەپ: پەناهەندە، بەڵام بەپێچەوانەوە.
– تەناف:‌ واتە تەل، تەنافباز: واتە تەلباز، ئەو کەسەی کە لەسەر تەل دەڕوات و نمایشت دەکات، سێرک.
– گوزەرنامە: واتە پاسپۆڕت.




لەبەردەم پەنجەرەیەکدا.. شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەمێستا لەبەردەم پەنجەرەیەکی بێڕەنگ و بۆیە وەستاوم
دڵۆپ دڵۆپ ئاونگەکانی سەر سەوزەگیای ژین دەژمێرم
لە تەیمانەی تەمەنەوە دەڕوانمە بەفیڕۆدانی ئەو هەموو ڕۆژگارانەی
کەپڕبوون لە دڵشکان و نائومێدی
کە پڕبوون لە خۆخواردنەوە و پشت گوێ خستن
کە لێوڕێژ بوون لە تەنیایی،
ڕێک وەک تەنیایی بارانی وشکە ساڵێکی ئەم ژیانە برینگە.
لە تەیمانەی تەمەنەوە دەڕوانمە ئەو خەندانەی
بێئەوەی تاقە ڕێبوارێک بییان بینێت!
وەک گەڵای پایز هەڵوەرین.
لەدامێنی ئەو پەنجەرە ڕیش چەرمووەی ژین وەستاوم
کە شووشەکانی لەبەردەم خەمی درز تێبوونا دووچاری هەرەس هاتوون
خۆم دەبینم پیرەدارێکی تا بڵێی کەڵەگەتم
ڕەگم بەناخی زەمینی پەلکەڕەنگینەی ژیانا چۆتە خوارێ
لەدامێنی ئەو پەنجەرە ژەنگگرتووەی هەورەبانی بێکەسیم
بیر لە سەفەری باڵندەکانی ئومێد و
بیر لە سڵاوی هەورێکی ڕەشی سەر ئاسمانی خەیاڵ
بیر لە شیعر و
گریانی منداڵەکانم و
خەمی سەر ڕووخساری ژنە کۆچەرییەکەم دەکەمەوە.
بیر لە چەک و درووشمەکانی ڕاپەڕین
لە سەنگەرەکانی خەم و
لە گیانبازی کۆترەکانی خۆشباوەڕی دەکەمەوە.
لە تەیمانەی تەمەنەوە پەنجەرەکەم بەکراوەیی جێدێڵـم
تا پەپوولە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئومێدی لێوە بچنە ژوورێ و دەرێ
تا گۆرانی هاوڕێکانم ببیستم و
باڵندەی شیعریشم بدات لە شەقەی باڵ
پەنجەرەکەم داناخەم و چاوەڕوان لەپێشوازی وێنەکانی مناڵیما دەوەستم و
یەکە یەکە فیلمەکانی نەهامەتی و بەشمەینەتی
بۆ باخچە و مێرگ و گوڵەکان دەگێڕمەوە.
لەدامێنی پەنجەرەکی تەمەنمەوە ڕادەوەستم
جگەرەیەکی ئەریدۆ دەکێشم و
فەریدەیەک لە تانوپۆم بەدەستەوە
بەجووتێ نەعلی ئیسفەنج و شۆڕتێکی کەنارەکانی هاواییەوە
چاو دەبڕمە ئەو ڕابردووەی پڕاوپڕە لە چیرۆکە دڵسارد و خەمهێنەرەکان
پڕاوپرە لە نیگا ونبووەکانی نێو کۆڵانەکانی چارەنووس.
لەو دامێنەی پەنجەرەکە کراوەکەمدا دەوەستم و
داهاتوو گوڵباران دەکەم
باڵندەکان بەرەو فڕین بەڕێ دەکەم
ژین دەنێمە نێو تابلۆیەکی جوان و
خۆشم لەنێو پەنجەرەکەی ژیانەوە هەڵدەدەمە کۆتایی شیعرێکی تازە
خۆم فێری فڕین دەکەم و
دەبمە چۆلەکەی پەیامێک بەنێو دڵی ئاسمانەوە
دەبمە ختووکەی خۆشییەک تا مناڵێک ژیر کەمەوە.
یاخود دەبمە نامەیەک و
لەجانتای کچێکدا دەبمە گریان یاخود بزە و خۆشی
وام لە دامێنی پەنجەرەی ژیانەوە و شیعرێک هەردوو دەستی گرتوووم
خەمێک دڵی کردووم بە مۆڵگای بێدەنگی
تازە ئیتر نەدەتوانم پەنجەرەکە جێبهێڵم و
نە دەشتوانم جارێکی تر لەگەڵ جوانی شەڕ بکەم و
ببمە هاوڕێی خەم و پەژارە و دڵتەنگی.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای تشرینی دوەمی ٢٠٢٣




به‌رچنه‌یه‌ك له‌گوڵه‌ شیعر.. ستار ئەحمەد

تۆ یاری به‌گه‌ردانه‌ی فرمێسكه‌كانم بكه‌..
ئاگاداربه‌ هه‌ڵیانمه‌وه‌رێنه‌،
منیش دانه‌ی باران كۆده‌كه‌مه‌وه‌.
بازمه‌ده‌ به‌سه‌ر وشه‌ی ژیاندا..
نه‌وه‌كوو پێت له‌پیتێك هه‌ڵكه‌وێ‌ ،
خۆم دێم..
به‌رچنه‌یه‌ك له‌گوڵه‌شیعر ،
پریاسكه‌یه‌ك..
له‌وشه‌ی ته‌ڕت بۆ ده‌كه‌مه‌وه‌.
تاریكی تووڕده‌ده‌م،
كازیوه‌ت له‌به‌رك ده‌نێم ،
ده‌زانم ده‌سته‌كانت..
له‌په‌نجه‌ت ده‌گه‌ڕێن،
به‌یانیان..ده‌ده‌م به‌شانداو
سپێده‌،له‌خه‌نده‌ی گوڵ وه‌رده‌ده‌م.
كاتێ له‌رێگه‌،به‌ردێك..
سێبه‌رمی شكاند،
ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌سینه‌ما داگیرسابوو.
دیاره‌ ئه‌مڕۆم له‌دوێنێ‌ دزیوه‌..
ئایینده‌ش ،رووتبوونه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ له‌خه‌ون،
به‌ربوونه‌وه‌ی رسته‌یه‌ له‌هێڵ،
بزربوونی وشه‌یه‌ له‌په‌ڕه‌.
ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتمه‌ ژوانگه‌ت ..
رێگه‌یه‌ك رایكێشاوم بۆئه‌وێ‌ .
تۆش وه‌ره‌…
ده‌زانی پرسیار له‌سایه‌ی غوربه‌تدا…
گوشینی ده‌سته‌ بۆ شینبوونی نیگا،
مردنی ژانه‌ بۆ جه‌ژنه‌زای هه‌ڵهاتن.
به‌سه‌ر به‌رزاییدا سه‌ركه‌وه‌…
هه‌تاكوو ده‌گه‌یته‌..رووپێوی رۆخی گیان.
جوانیه‌ك له‌دره‌خت وه‌رگره‌…
نه‌سیمێك ببه‌خشه‌ به‌باران.
من دوورم..ده‌مگه‌یتێ‌…
گه‌ر هاتی چه‌ترت ناوێ‌,,,
بۆ كوچ و كوژانه‌وه‌ی كڕێوه‌.
به‌تاڵی بارانا خۆت هه‌ڵواسه‌،
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌زانن،
شه‌وگارت له‌توێی به‌فرا خه‌وانه‌.
وه‌ره‌ پێكه‌وه‌…
خه‌ناوكه‌ی فرمێسك ببڕینه‌وه‌.
رسته‌كان له‌جوانی هه‌ڵكێشین.
گوڵ له‌سنگی كڕێوه‌ده‌ین..
دانه‌ی باران كۆَكه‌ینه‌وه‌.
پیت بۆ وشه‌كان دابنێین

ستار ئەحمەد




یەکەمجارە.. شیعری نەوزاد بەندی

یەکەمجارە
باران بێ و
نەڵێم ئای! خۆزگە بمبینیایە ..

بە مناڵێک ئەڵێم
ئێستا گەڵاکانی
باخچەی باپیری وەریون ،
بڕۆ .. یارمەتییەکی بە ..
قاوەیەکیشی لەگەڵدا بخۆرەوە ..
بە شاعیرێکی دەوڵەمەند ئەڵێم
ئەگەر سەفەرت کرد ،
لە فڕۆکەکەدا شیعرێکی
جوانی بۆ بخوێنەرەوە ..
بە هەور ناڵێم تەڕی مەکە ،
بە قسەم ناکا ..
بە بای وەشت ناڵێم
قژی تێک مەدەرەوە ،
بە قسەم ناکا ..
بە غاز فرۆشەکە ئەڵێم ،
لای ماڵی باپیری مەیکە ،
بە فلوت و هات و هاوار ..
دانیشتنەکەی
بۆ تێک و پێک مەدەرەوە ..

یەکەمجارە ،
باران ببارێ و ..
شیعرێکت بۆ نەنووسم ..
بە لافاو ناڵێم
کرۆلا سپییەکەت قوڕاویی نەکا ،
بە قسەم ناکا ..
ڕوخسارم بارانی پیا ئەچۆڕێ و
هێشتا چەترەکەم هەڵنادەم ..
دوو سێ پیادە سەیرم ئەکەن ،
لە نێوان خۆیانا ئەڵێن :
یان چەترەکەی ئیش ناکا ، یان
خۆی لەکارکردن وەستاوە ..
بە هەورە بروسکە ناڵێم مەیترسێنە ،
بە قسەم ناکا ..
بە لای درەختێکا ئەڕۆم ،
خۆی شتووە و هەڵئەلەرزێ ..
پشیلەیەک لە ژێر مۆردێکا
تەماشای دەنکە بارانەکان ئەکا ..
چاوەڕێی چۆلەکەیەکە
ڕێی هێلانەکەی هەڵە کا ..
بە خەم ناڵێم ڕێی پێ مەگرە ،
بە قسەم ناکا ..
چۆلەکەیەک ئەڵێ بەسەرچاو ،
ناڕۆمە بەر پەنجەرەکەی
با دڵی دانەخورپێ ..
بە تەنکەر ناڵێم بەوێدا تێنەپەڕێ ،
بە قسەم ناکا ..
گەواڵە هەورێ وا هێنای ،
زۆر تاریکە ،
مەڕۆرەوە ..
نەک لافاو ، برسی بێ و بتبا ..
ئەمشەو له دیار یادگارێکانی با پیرت ، ئارام بگرە ..
گەر تەنیایی نیازی خراپ بوو ،
پێم بڵێ ..
بە ئاوازێکی چەشمەزار ئەڵێم
بێت و ..ژوورەکەت پڕکا لە نۆتە ..
بە خۆڵبارین ناڵێم نەیەت ،
بە قسەم ناکا ..
هیچ بیر لە من مەکەرەوە ،
لە هەر گۆشەیەک بڕوانی ،
خەمێ توند بەرۆکت ئەگرێ ..
لە هەر ڕێگایەک بتەوێ ،
سەردانم کەی ، بەرز و نزمی و
هەڵەت و بازگە ناهێڵن ..
هەر ئەندامێکم شارێکی
بۆردومانکراوە ، ئازیز ..
با نەکەویتە ژێر دار و پەردوو ..ئاگر ..
ووشکە ساڵیی ڕاناسپێرم ،
باخچەکانت نەخاتە لیستی وشکبوون ،
بە قسەم ناکا ..
بە خەو ئەڵێم ، نەهێڵێ زۆر بیرکەیتەوە ،
بتخاتە ژێر ڕەشماڵێکی ،
تا تێر بنوی ..
بە درۆن ناڵێم ، ئەمشەو مەیە ..
بە قسەم ناکا ..

یەکەمجارە ،
باران بێ و
نەڵێم تۆ بڵێی ،
لەگەڵ تاوێ ، نەیەتە خوار ؟
بڵێی باڵندەیەکی تەڕ
له نێوانماندا نەبێتە
دانوستانکار ؟ ..
داوا لە هیچ کەسێ ناکەم
هەواڵێکی تۆم بۆ بێنێ ،
بە قسەم ناکەن




برووسکەکان.. شیعری ستیڤان شەمزینی

برووسکەی یەکەم

بە تەنیایی لە دایکبووم
عومرێک بە تەنیایی ژیام
لەناو حەشاماتیشدا
بە تەنیایی مردم
وای لە من
زامێکی چەند تەنیا بووم!


دەریایەکی خامۆشم
ئەگەر وەک پاپۆڕێک
بەسەرمدا تێپەڕیت
رەنگە دۆزەخێکی ئاویی بم
ئەگەر وەک نەھەنگێک
لەناومدا بژیت
بەھەشتێکی مەنگم


ئەم گەردوونە زۆر چۆڵە
پرسیارم لە خۆم کرد
کوانێ مرۆڤ؟
دەنگێکی نادیار وتی
مرۆڤایەتی دەمێکە قڕی تێکەوتووە
لە جێگەیدا ژمارەیەکی بێشوومار
لە رۆبۆتی پارەپەرست
نیشتەجێی زەوین


شۆڕشگێڕێکی کۆنەپەرستم
لە ئاوابوونی مرۆڤدا
خەون
بەھەڵاتنی مرۆڤایەتییەوە دەبینم
لە زەمەنی ئافاتی خۆشەویستیدا
خەون
بە شۆڕشی ئەوینەوە دەبینم
لە سەدەی قاتوقڕیی شکۆمەندییدا
خەون
بە ژیانێکی باڵابەرزترەوە دەبینم
ئەگەر تۆیش وەک منیت
بێ دوو دڵی بڵێ: کۆنەپەرستم


نازانم روو لە کوێ بکەم؟
بۆ ھەر لایەک ئاوڕ دەدەمەوە
ژیان لە پشتی مەرگەوە
خۆی دەشارێتەوە
کانی خنکاو سڵاوم لێ دەکات
ھەوای سیلاوی ھەڵمدەمژێت
نیشتمانم
لاشەیەکی ساردەوە بووە
تاراوگەش دڕکەڵان
کێ گۆڕێکی ھەیە بۆ فرۆشتن؟
بە نرخێکی گونجاو لێی دەکڕم


بەختەوەریی پۆشاکێکی تەسکە
بە بەری مندا ناچێت
غەریبی بەر لووتی گرتووم
ناھێڵێت بۆنی عەتری
خاکی نیشتمان بکەم
تاریکیی تاراوگە لیخنی کردووم
بوار نادات، ژنێک
بمکاتە رووبارێکی ئیرۆس
لێم بگەڕێن
با مەرگ بە ئەسپەکەیەوە بێت
بە زنجیر بەدوای خۆیدا رامکێشێت
کێ ئەم پیاوە گەدایەی لە بیرە؟
لەوانەیە تەنیا یەک ژن ھەبێت
بە نھێنی فرمێسکم بۆ بڕژێ





وەرزی باران.. شیعری\ سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

کراسەکەم
هێشتا بەسەر تەنافەکەوەیە
ئەوەی با بردی
ترپەی تەمەن بوو

دەست لە سێبەری درەختەکان
دەکێشمەوە
بەژنە هەتاوێکم هەیە
فێنکترە

هەموو بۆشاییەکانی خۆم
بە (تۆ) پڕ دەکەمەوە
تۆ وشەی گونجاوی منی

،بەسەر ستونەکانەوە
ئاڵاکان گیان لە دەست دەدەن
کە با دەخەوێ

لە ترافیکەکان ناوەستم
کە لەگەڵمای
هەموو ڕەنگەکان سەوزن

،مەسرەفگەرا نیم
وەرزی باران
چەترێک بۆ هەردوکمان بەسە

،مووچەکەم نا
ترپەی دڵ و هەڵمی هەناسەم
دەخەمە سەر هەژماری تۆ

،سپیندارەکانی دێگەڵە
بڵێی سەر بە کامە زۆن بن
!کوکووختییەکان

دەڕۆم
ناگەمە هیچ شوێنێک
! ئاوارە شوێنی کوا

کەس ناگاتە ئەوسەری کۆڵان
لە هەگبەی (با) بۆگەن دەکا
.خەونی مرۆڤ




هاوار و ئاگاداری یەک بۆ خاوەن دوکانەکانی  قەیسەری نەقیب و  شوێنەوارە کوردی یەکان لە شاری سلێمانی و  بازاڕەکانی

 هاوڵاتیانی بەرێز و  دڵسۆزانی  بە ئەمەکی  شار 

هەروەک و لە هەواڵەکان بینیتان و بیستتان. کە لە هەردوو شاری. هەولێرو  کەرکووک کاری تێکدەرانەو سووتان لە بازاڕو شوێنەوارە کۆنەکانی ئەو دوو شارە ڕووی داوە،  ئەمە دەستی  ئەنقەست  میتی تورکیا و بە ئاگاداری  خائین و خۆفرۆشەکانی کورد دەچێت بە ڕێوە.. هیوادارین  چاوکراوەو وریا وهوشیاربن لە ئاست ئەم ماڵوێرانیە کە  بە دەستی ئەنقەست  دەکرێت …خۆ ئامادەکردن دژ بەو کارە  وەک دانانی کامێرای چاو دێری…. کەرەستەی  پێویست لە هەڵگیرسانی هەر سووتان و ئاگر کەوتنەوەیەک…. چونکە گەر لە ناو قەیسەری نەقیب ئەو کارە ڕوو بدات دەبێتە ماڵوێرانی زۆر کەس و تێکدانی شوێنەوارە کانمان و زۆر دوور نی یە ببێتە کارەسات….  دوژمن لە فرسەتێک دەگەرێت و دەیەوێت ئەو کارانە ئەنجام  بدات. 
تکایە ماڵ و حاڵ و قووتی خۆت و وڵاتت بپارێزە.

خەمخۆرێکی نیشتمان و خەڵک