تیشکێک بۆسەر پێکهاتەی چین و توێژەکان و خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.. نادر عەبدولحەمید

دوو چەمکی سیاسی

“هەرێمی کوردستان” و “حکومەتی هەرێم”، لە فەرهەنگی ناسیونالیزمی کوردا، وەک بەرهەمی بزووتنەوەی چەکداری و زیندانی چالاکوانانی سیاسی و لەسێدارەدانیان بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی کوردستان لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لە واقعدا ئەم “هەرێم” و “حکومەت”ە، وەک چەمکێکی سیاسی و واقعیەتیێکی مێژوویی، بەرهەمی ئاڵوگۆڕە مێژووییەکانی کۆتایی سەدەی بیستە، لە داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت، کۆتایی جەنگی سارد، و خۆداسەپاندنی میلیتاریستانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەروازەی عێڕاقەوە وەک پۆلیسی جیهانی یەک قوتبی، وە بە دیاریکراوی بەرهەمی جەنگی کەنداوی (١٩٩١) و داسەپاندنی ناوچەی دژە فڕینی فڕۆکە (No Fly Zone) و پاشان ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس) بوو لە (٢٠٠٣)دا.
ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەو کاتەدا، بۆ پیادەکردن و جێگیرکردنی، پێویستی بە چالاک کردنی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و مەزهەبی عێڕاق بەگشتی و ناسیونالیزمی کورد هەبوو بەتایبەتی. لێرەوە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی خۆیان هاوئاهەنگ و هاوخەتی ستڕاتیژی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییانە کرد. بۆیە “هەرێمی کوردستان”ی عێڕاق و “حکومەتی هەرێم” بەرهەمی یەکانگیربوونی ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوخەتبوون و چالاکبوونی ناسیونالیزمی کوردە، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی چەکدار لەناو ئەو ستڕاتیژ و سیاسەتە ئیمپریالیستیـیەدا.
سنوری پانوپۆڕی و بەرتەسکی ئەم “هەرێم”ە و دەستڕۆیشتوویی “حکومەت”ەکەی، و جێگەوڕێگە و بەهایەکیش کە هەیبووە، بۆ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی بۆرژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و بۆ سەرمایەدارانی کوردستان، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە گۆڕاندا بووە، دیارە کە لەم حاڵەتەی ئێستاشدا نامێنـێـتەوە. هەتا ڕوانگەی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانیش بەرامبەر بە “هەرێم” و “حکومەت”ەکەی ئاڵوگۆڕی زۆر جدی و ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لە هەرێم
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵات لەو هەرێمە، لە سێ قۆناغدا و بە شکڵ و شێوازی تایبەت لەهەر قۆناغێکدا خۆی دەرخستووە.
قۆناغی یەکەم. لە دوازدە (١٢) ساڵی یەکەمدا (١٩٩١-٢٠٠٣)، بەو هۆیەوە کە لەو سەردەمەدا، شیرازەی کۆمەڵگە لە سەراسەری عێڕاق و لە کوردستانیشدا لە گرێژنەچوو بوو، نەداری و برسیەتی بەهۆی گەمارۆی ئابووری (نەتەوە یەکگرتووەکان)ەوە لەسەر عێڕاق لە ئارادابوو، جەنگی ناوخۆیی نێوان دوو زلهێزی چەکداری بزووتنەوەی کوردایەتی (پارتی و یەکێتی) کۆمەڵگەی لولدابوو،… بەڵێ لەم بارودۆخەدا ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لەم هەرێمەدا لە شکڵی داسەپاندنی زەبروزەنگی هێزی میلیشیایی پێشمەرگایەتییەوە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی ئازادانە و سەربەخۆی جەماوەر لەو فەزا ئاوەڵە سیاسیـیە و لەو بۆشایـیە سیاسیـیەدا کە هاتبۆ ئاراوە بە ئاشکرا خۆی نیشان دەدا، [بۆ نمونە هەر لەسەرەتاوە کەوتنە گرتنەخۆی هەموو سەرکۆک جاشەکان و پێدانی پلەوپایە پێیان، پەلاماری بزووتنەوەی شۆرایی و (یەکێتی بێکاران)یاندا، دەستیانکرد بە ڕەشەکوژی ژنان، کەوتنە پیادەکردنی سەرکوت و تیرۆری سیاسی و ڕێگری لە ڕێکخراوبوونی ئازادانە و هاوکاری هەردوو ڕژێمی کۆنەپەرستی جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیای شۆفێنیست بۆ تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دوو وڵاتە و هێرش بۆسەریان]. ئەمە و لە لایەکی ترەوە ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتییەکە لەوەدا خۆی نیشان دەدات کە قۆرخکردنی ئەو کۆمەگییە ئینساندۆستیانە بوو کە دەهات بۆ کوردستان. بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی پلە یەکی حزبێکی دەسەڵات؛ داهاتی هەرێمەکە لە کۆمەگ و لە گومرگی ناوخۆ، کراوە بە سێ بەشەوە؛ (%٣٠)ی بۆ (پارتی)، (%٣٠)ی بۆ (یەکێتی)، و باقییەکەشی بۆ چەند ملیۆن کەس لە جەماوەری بێکار و هەژار و ئاوارە و برسی. ئەمە جگە لە ڕاووڕووت و بەتاڵانبردنی هەر شتێک کە هی کەرتی گشتی و موڵکی کۆمەڵگە بووبێت، لە لایەن ئەو دوو حزبەوە، هەر لە کەلوپەلەکانی (بەنداوی بێخمە)وە بیگرە تا کۆکردنەوەی تەل و سیمی عمودی کارەبا و مس و فافۆن و فرۆشتنی بە بازرگانانی ئێران و تورکیا.
قۆناغی دووەم. دوای ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس ٢٠٠٣) باروودۆخەکە تەواو گۆڕا، ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی هەرێم و حکومەتەکەشی، لەم قۆناغی دووەمەدا بە شکڵ و شێوازێکی کامڵتر و ڕوونتر گوزارشی لە خۆی کرد. لە (٢٠٠٣) بەدواوە مۆتەکەی بەعس ڕەویەوە لەبەرچاوان، ئارامی و دڵنییای سیاسی هاتەئاراوە، لە هەمانکاتیشدا پوڵ و پارەیەکی زۆر لە خەزێنەی گشتی عێراقەوە هات بۆ کوردستان، ئەم سەردەمە بە سەردەمی تەخشان و پەخشانی دۆلار و دروستکردنی گەڕەکانی “فیرعەوناوا” لە شارەکاندا ناسراوە، کە تیایدا گەندەڵکاری بە یاسا کراوی لە ڕاددەبەدەری هەردوو حزبی دەسەڵات سەراپای کۆمەڵگەی داپۆشی.
لەم قۆناغەدا پەیوەندی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵات زۆر توندوتۆڵتر بوو، ئەڵقەیەکی بەرفراوان لە گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان، لە گەورە بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانان و توێژی سەرەوە لە کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان و سەرۆک جاشەکانی پێشوو، هەروەها بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی حزبەکان و توێژێک ئەگەرچی بچوکیش لەسەرمایەدارانێکی دەرەوەی کوردستان کە هاتوون بۆ ئەم هەرێمە و سەرقاڵی وەبەرهێنان و خاوەن پشکن وەیا پڕۆژەی ئابوورییان هەیە، هەر هەموو ئەم توێژانە بەدەوری هەردوو حزبی دەسەڵات و (حکومەتی هەرێم)دا کەمەریان بەست و هەر هەمووشیان لە گەندەڵی و مشەخۆی بەهرەمەندبوون وەک توێژی جۆراوجۆری چینی سەرمایەدار و پایە و بنکەی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیست لە کوردستانی عێڕاقدا.
یەکگرتوویی ئەم توێژە جۆراوجۆرانە لەسەر سفرەخوانی گەندەڵکاری هەر دوو حزبی دەسەڵات، یەکێک لە بنەماکانی یەکگرتنەوەی هەردوو “ئیدارەی هەولێر” و “ئیدارەی سلێمانی” بوو لە حکومەتێکی هاوبەشدا بەناوی (حکومەتی هەرێم)، وە بنەمایەکیش بوو بۆ “هاوپەیمانەتی ستڕاتیژی ٢٠٠٧”ی نێوان (یەکێتی و پارتی).
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خەڵکی بەدەست نەبوونی ئاو و کارەبا و جادە و ڕێگاوبان و نەبوونی باڵەخانە بۆ قوتابخانەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەوە دەیانناڵاند و ڕۆژانە توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی تا ئەوەی لە ئاب/ئۆگۆستی (٢٠٠٦)دا بووە تەقینەوەیەکی جەماوەری و بەدوای ئەویشدا بە کوشتنی (سەردەشت عوسمان، لە ئایاری ٢٠١٠)، بزووتنەوەی دژبە بەرتەسکردنەوەی ئازادییە سیاسی و فکرییەکان سەریهەڵدا، ئەمە و کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان سەریکێشا بۆ چوونەپێشەوەی ئاگاهی سیاسی جەماوەر و بۆ ڕاپەڕینی (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا لە تونس و میسر و جەماوەر خوازیاری هەڵپێچان و گۆڕینی دەسەڵات بوون.
ئەمە یەکەم جار بوو لە مێژووی ئەم هەرێمەدا، جەماوەر بەئاگا بێتەوە لەو قەڵشتە گەورەی نێوان خۆی و دەسەڵات و بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەڕێبخات بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی خۆماڵی. ئەڵبەتە حزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە خوازیاری ئەوە بوون، بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی کە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی خۆی ئەو خواستە بخاتەڕوو.
قۆناغی سێیەم. هەرچی ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو دەسەڵاتدارەتی و حکومەتەیە لە دە (١٠) ساڵی سێـیەمدا (٢٠١٤-٢٠٢٤) زۆر کامڵتر، و بەرجەستەتر بووە پێـبەپـێی کەڵەکەی سەرمایە و پەرەسەندنی سەرمایەداری لە هەرێمەکە و ئینتگرەبوونی بە سەرمایە و سەرمایەداری وڵاتانی دراوسێ و کۆمپانیا جیهانییەکانەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا حکومەتێکی تەکنۆکراتمان نیـیە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەڕێوەبەر کە موچەخۆری سەرمایەداران بن و خزمەت بە بەرژەوەندیـیەکانی ئەوان بکەن، بە قسەی مارکس و ئنگڵز بڵێین ئەوانە نوێنەری حکومی و سیاسی سەرمایەدارانن و ئیدارەی دەوڵەتیان بۆ دەکەن و موچەیەکی مفتیش وەردەگرن، بەڵکو خودی ئەوانەی کە خاوەنی گروپە کۆمپانیا و پڕۆژە هەر گەورەکانن، خاوەن بانکەکان و ملیاردێری دۆلار و قۆرخکاری سامانی سروشتی نەوت و گاز و کەرتی بازرگانی و زەویوزار (عەقارات)ن، بە بەمانایەک هەر خودی ئەوانەی کە نەهەنگ (حوت) و قرشی سەرمایەدارین و خاوەن سەرمایەی مۆنۆپۆلن لە کوردستاندا، هەر ئەوانەشن کە بەڕێوەبەری حکومەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن و خاوەن میدیایەکی زەبەلاح و میلیشیا و ڕایەڵەی سیخوڕی و دامودەزگای دژە تیرۆر و دابینکردنی “ئاسایش”ی سەرمایەن لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیدا.
ئەمڕۆ لە کوردستانی عێڕاقدا سەرمایە و سیاسەت و حزبایەتی حزبەکانی دەسەڵاتدار یەکەیەکی تۆکمە و لێکهەڵپێکراوی لەیەک جیانەکراوە پێکدەهێنن و خاوەن بەرژەوەندی ستڕاتیژیین لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی سەربە وڵاتانی زلهێزی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەوروپی و چینی و ڕوسی … وێڕای گرێدراوی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسی و ئەمنیـیەکانیان لەگەڵ بورژوازی وڵاتانی ناوچەکە و میرنشینەکانی کەنداو.

داسەپاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزم
هەر لە سەرەتای خۆداسەپاندنی میلیشیانەی (بەرەی کوردستانی)، لە (١٩٩١)ەوە، سیاسەتی بازاڕی ئازدیان گرتۆتەبەر و کۆمپانیا حزبی و بنەماڵەییەکانیان وەگەڕ خستووە، چ لە بواری بەرهەمهێناندا بێت یان بازرگانی و خزمەتگوزاری، بۆ قۆرخکردنی سەروەت و سامانی گشتی و کەڵەکەی سەرمایە، تا ئەوەی کە بارودۆخ گونجاو بوو بۆ دەرکردنی (یاسای وەبەرهێنان) لە (٢٠٠٦)دا.
کە بەپێی ئەو یاسایە نەک هەر کۆمپانیاکانی ناوخۆیی، بەڵکو کۆمپانیا بیانییەکانیش وێڕای ئەوەی لە باجی داهات و گومرگی کەلوپەلی هاوردە دەبەخشرێن، زەویوزاریشیان پێ دەدرێت و هەزار و یەک کۆمەگی و دەستگرۆییشیان دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. ئەمەش لە کاتێدکدا کە هیچ جۆرە قسەیەک لە مافی کرێکار و یاسای کار و دەستبەرکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی کار ناکرێت، وە لە کاتێکیش دابوو کە قەیرانی خانووبەرە و کرێنشینی لە ئارادابوو، وە خەڵکی بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەیان ناڵاند، حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەریشیان نە دەدایەوە، لێرەوە ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو سیاسەتە ئابووریانە تەواو ڕۆشنە کە چۆن دژە جەماوەرن و لەبەرژەوەندی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران بووە.
بەڵام بەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤) بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی (سەربەخۆیی ئابووری) لە لایەن حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە، تەواوی ئەو یاسایانەی کە دەرکراون لەگەڵ ئەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی کە گیراونەتەبەر لە کابینەی هەشتەم و دوای ئەویش کابینەی نۆیەم هەر هەموویان ناوەڕۆکێکی چینایەتی دژ بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەم دەرامەت و هەژاری کوردستان بووە.
ئەم دوو کابینەیە بەردەوام خەریکی بڕینی مووچە بوون سەرەتا لە کابینەی هەشتەمدا بەناوی “پاشەکەوتی موچە”ەوە و دواتریش لە کابینەی نۆیەم بەرپرسیارەتی “پاشەکەوت”ی لەسەر شانی خۆی لابرد و ڕایگەیاند هەر کاتێک حکومەت داهاتی هەبوو بڕی مووچەش بەپێی ئەو داهاتە دەدات، ئەمە جگە لە پشتگوێ خستنی کەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشراوە و کۆمپانیاکان بە ملیۆنەها و ملیارەها دۆلاریان پاشەکەوت کردووە.
خاڵێکی جەوهەری کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری ئەم ڕژێمە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەویش ئەو کۆنفراسەیە کە لەسەر داوای (حکومەتی هەرێم) لە (٣٠-٥-٢٠١٦) لە لایەن (بانکی نێودەوڵەتی) و بە میوانداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت لەژێر ناوی (ڕیفۆرم لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا)، کە ستڕاتیژێکی سێ ساڵە و پلانی ڕیفۆرمی ئابووری هەرێمی کوردستانی تیادا ڕاگەێندرا. کە لە ناوەڕۆکدا پیادەکردنی سیاسەتی خەسخەسە و داسەپاندنی سیاسەتەکانی نیو لیبرالیزم بووە.
ناوەڕۆکی ئەو پلان و ڕیفۆڕمە؛ شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم بووە، هەرچی زووتر و خێراتر، لە خەرجیە گشتییەکان، وەستاندنی دامەزراندن و کارپێدان لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی، ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان و پێشکەشکردنیان بە هاوڵاتیان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە کە هەریەکەیان بەجۆرێک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن. کابینەی نۆهەمیش کە بە دروشمی چاکسازیەوە لە تەمموزی (٢٠١٩)دا دەستبەکار بوو، ئەم ڕەوەندەی بە هەنگاوی گەورەتر و خێراتر بەناوی چاکسازییەوە بردۆتەپێش.
ئاکامی ئەم داسەپاندنی نیولیبرالیزمە بە ئاگاهانە و نەخشەمەندانە و بەپێی ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) لایەک بەربڵاوبوونێکی لەڕاددەبەدەری بێکاری لە نێو لاوانی کوڕ و کچی کوردستاندا هێنایە ئاراوە، سەیرکەن ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لاوی کچ و کوڕ خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانیان تەواوکردووە کە لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، ئەم ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی ئەوانەی کە لە دەرەوەی پڕۆسەی خوێندن بوون و تەمەنیان بووەتە هەژدە (١٨) ساڵ واتا نزیک بە چارەکە ملیۆنێک لە هێزی کاری ئامادە بەکار و خوێندەوار هاتۆتە بازاڕی کارەوە کە حکومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندنی داخستووە و هەلی کاریش لە کەرتی تایبەتیدا وەک ئەوە وایە پەرداخێک ئاو لە دەریایەکی بێکاری دەربهێنی کە دیارە هیچی لێ کەم نابێتەوە. ئەمەش بووە هۆی کۆچ و ڕەوێکی بەکۆمەڵی بەرفراوانی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات.
لە لایەکی ترەوە ئەم داسەپاندنەی سیاسەتی نیولیبرالیزمە نەک هەر بۆتە پەرەدار بوونی کاری گرێبەستی کاتی کە کرێکار و کارمەند لە هەر مافێکی بیمە و پاراستنێکی یاسایی بێ بەش دەکات، بەڵکو بۆتە بەربڵاوبوونی کاری خۆبەشی بێ بەرامبەر لەژێر ناوی پڕاتیک و وەرگرتنی ئەزمووندا، نەک هەر لە ناوەندەکانی کاری کەرتی تایبەتدا، بەڵکو هەتا لە ناوەندەکانی کەرتی گشتیشدا لە خەستەخانە و لە خوێندگاکانیشدا ئەم خۆبەشیەی کارکردن بەربڵاوە.
ئەمە جگە لە دیاردەی دەستفرۆشی مناڵانی سەر جادە و پیا و ژنی بەتەمەن کە بەدیار کاڵای جۆراوجۆرەوە بۆ پەیداکردنی چەند هەزار دینارێکی کەم لە ڕۆژێکدا کە بەشی ژەمە خواردنێکیش ناکات لەسەر جادە و شەقامەکان ڕۆژ تا ئێوارە دەوەستن.
ئەم بارودۆخە جەهەننەمییەی کە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات بەسەر ئەم کۆمەڵگەیە و بەسەر جەماوەردا دایان سەپاندووە، بارودۆخی سەرمایەدارییەکی بێ هەوساری وەحشیگەرییە، بە پێچەوانەی لێکدانەوەی فکری و سیاسی لیبرالەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی لیبرال و ئیسلامی، ئاکامی لێنەهاتوویی و نەشارەزایی چەند سیاسەتمەدار و ڕابەڕێکی حزبی و حکومی نییە، بەڵکو ئاکامی کارێکی ئاگاهانەی هاوبەش و هاوئاهەنگی دەسەڵاتی بورژوا لۆکاڵی (خۆماڵی) کوردی و دامەزراوە بورژوا ئیمپریالیستیەکانی جیهانە پێکەوە، کە ئەویش داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمە بەسەر جەماوەردا، کوردستان دەمێکە بۆتە بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتەکەشی هاوئاهەنگ و لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەگەڵ ستڕاتیژ و پلانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکی.
پێکهاتەی چین و توێژەکان، خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا
چینەکان تەنانەت لە کۆمەڵگەی کۆلایەتی و دەرەبەگایەتیشدا وەستاو نەبوون و لە حاڵەتێکی گۆڕانی هێواش هێواشدا بوون، بە بەراورد بە چینەکان لە کۆمەڵگە و سیستمی سەرمایەداریدا، کە خێرایی گۆڕانکاری تێیاندا زۆر بەگوڕە، بە هۆکاری ئەوەی کە سەرمایەداری وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان ناتوانێت چرکەیەکیش بووەستێت لە داهێنان و پەرەپێدانی تەنکلۆژیا، وەک مارکس لە (مانیفێستی کۆمۆنیستی)دا باسی لێوە کردووە، ئەمەش وا دەکات بەردەوام ڕشتە و لقی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری تازە بێتەئاراوە، هی کۆن بپوکێنەوە و مایەپوچ بن یان ببنە پاشکۆ بۆ ڕشتەی تازەی بەرهەمهێنان، بەمەش کاردابەشکردنی کۆمەڵایەتی دەستخۆشی گۆڕان و خۆنوێکردنەوەیەکی بەردەوام دەبێت و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر سەربە چینە ئەسڵییەکانی کۆمەڵگە دێنەئاراوە یان دەپوکێنەوە وەیا جێگەوڕێگەی چینایەتیان دەگۆڕێت. ئەمە وەک سەرەتایەکی گشتی.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە هەرێمەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکان، واتا سی (٣٠) ساڵی کۆتایی سەدەی بیست، دەبینین کە سەرمایەدارانی کوردستانی ئەو کاتە پێکهاتەی توێژە کۆمەڵایەتییەکان و جۆری پەیوەندییان بەسەرمایەداری سەراسەری عێڕاقەوە، زۆر جیاواز بووە لە پێکهاتەی توێژەکانی ئێستا و جۆری پەیوەندییان بە چینی سەرمایەداری عێڕاقەوە، ئەمە بۆ توێژە کۆمەڵایەتییەکانی چینی کرێکار و جۆری پەیوەندیشیان بە چینی کرێکاری عێڕاقەوە هەر دروستە.
پێکهاتەی چینی بورژوازی لە کوردستانی عێڕاقدا لەو توێژە جۆراوجۆرانەی کە ناومان بردوون بە تەعبرە بازاڕییەکەی لە چێشتی مجێور دەچێت، هەندێک لەو توێژانە مێژووییەکی نوێیان هەیە و وەک قارچی بەرهار هەڵتۆقیون و بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر وەک (بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانانەکان و بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی سەربە حزبەکان و گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان،…)، لە حاڵەتێکدا توێژەکانی وەک (کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان، و سەرۆک جاش و دەرەبەگەکانی پێشوو) سەر بە جیهانێکی کۆنن و تێکەڵ بوون بە بارودۆخی سەرمایەداری و بوون بە بەشێک لە چینی بورژوازی و بەتایبەتیش مناڵەکانیان کە گەوەرە بوون یا بەڕێوەن گەورە بن مۆدێلێکی بەجۆرێک “شارستانی” و “سەردەمیانە”ی ئەو توێژە پێکدەهێنن و دەبنە دەروازەیەکی گونجاوتر بۆ ئینتیگرەبوون (بوون بە بەشێکی ئۆڕگانیکتر) لە چینی بورژوازی.
دیارە ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندی ئابووری لەنێوان توێژە جۆراوجۆرەکان و هەروەها کێشمکێش لەسەر بازاڕ و قۆرخکاری و دەستبەسەراگرتنی سود و قازانج لە نێوان سەرمایەدارانی یەک توێژیشدا هەیە، جگە لەمەش سەرمایەدارانی کوردستان لەهەر زۆنێکیشدا بەپێی بەرژەوەندییە مادییەکانیان دابەش بوون بەسەر ڕەوتی فکری و سیاسی و حزبی جۆراوجۆردا، هەر لە ناسیونالیستی دواکەوتووەوە بیگرە تا کۆنەپەرستی ئیسلامی و تا لیبراڵی دووڕوو لە بەهای کۆمەڵایەتیدا، لە شکڵا مۆدێرن و لە ناوەڕۆکدا کۆنەپەرست. ئەم جۆراوجۆریەتیەش بەشێکە لە ناکۆکییەکانی دەرونی ئەو چینە.
بەڵام ئەم هەڵیتوپەڵیتە چینایەتییەی بورژوازی لە کوردستاندا بەو هۆیەوە کە ئۆڕگانێکی ڕێکخەر و ڕابەریان هەیە کە پێکهاتووە لە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و میدیایەکی زەبەلاحی گەوجاندن و هێزی میلیشای پێشمەرگە و دامودەزگای سەرکوت، وە بەو هۆیەشەوە کە بوون بە بەشێک لە هاوکێشەی پاراستنی ئاسایشی سەرمایە و ئەجیندای سیاسی و ئەمنی دەوڵەتانی ناوچەکە، لێرەوە لە پشتیوانی و هاوکاری دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران و شۆفێنیستی تورکیاش بەهرەمەندن، وێڕای پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی وەک بەشێک لە ئەجیندای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەڵێ ئەم چینە بەهەموو ناکۆکی و ناتەبایی و شەپڕێوییەکی ناوخۆییەوە توانیویەتی بەم شێوەیە دەستدابگرێت بەسەر چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم هەرێمە و بشکەوێتە کێشمەکێش (تێنوسان و دانوسان) لەگەڵ ڕەوتە قەومی و تائیفەگەرییەکانی حکومەتی ناوەندی لەسەر پشک و بەش لە سەرمایە و داهاتی سەراسەری عێڕاق.
سەبارەت بە چینی کرێکاریش پێکهاتەکەی تەواو دەستخۆشی گۆڕان هاتووە، لە ڕابردوودا (شەستەکان و هەفتاکان و هەشتاکان) پەرەداربوون و بەرفراوانبوونی داوێنی ئەم چینە لەسەر بنەمای کۆچی جوتیارانی لادێ بوو بۆ شارەکان بۆ کرێکاری بە پلەیەکی بەرز و بەشێوەیەکی سەرەکی، وە لەڕێگەی وەچە خستنەوەی مناڵ لەناو خانەوادە کرێکارییەکانەوە بە پلەی دووەم. ئەم پڕۆسەیە لە کۆتایی هەشتاکانەوە لە کوردستاندا کۆتاییهات بەتایبەت بەهۆی ڕاگواستن و وێرانکردنی زووربەی گوند و دێهاتەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی چەکداری لە کوردستان.
لە ئێستادا زانکۆ و پەیمانگا و خوێندگا جۆراوجۆرەکان شوێنی لادێ و گوندەکانیان گرتۆتەوە لە ڕەوانەکردنی دەستی کار بۆ بازاڕی کار، هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لە خوێندکارانی کچ و کوڕ خوێندن تەواو دەکەن و دێنەبازاڕی کارەوە، جگە لەوانەی کە دەگەنە تەمەنی کارکردن و لەو ڕەنجدەرانەش کە ژیان و گوزەرانیان بە کاروکەسابەتی شەخسی و فامیلیی دابین دەکەن و لە قەیرانەکان و لە کێبڕکێی سەرمایەی گەورە و مام ناوەندیدا مایەپوچ دەبن و وەک بێکار دێنەبازاڕی کارەوە. هەرەوەها ژنان لەمڕۆی کوردستاندا بە بەرفراوانی لە بازاڕای کاردان و بەشێکی ئۆڕگانیکی ئەو چینە پێکدەهێنن، ئەمە و ئەمڕۆ توێژێکی بەربڵاو لە کرێکارانی هاتوو بۆ هەرێم یان هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، چ لە دەرەوەی وڵاتەوە بێت یان لە بەشەکانی تری ناوخۆی عێڕاقەوە، بەشێک لە چینی کرێکاری کوردستان پێک دەهێنن.
لە ڕابردوودا کێشەی ڕێکخەرانی سەندیکایی و کرێکارانی ڕابەری سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووبوونەوەی زهنیەت و فەرهەنگی ئەو کرێکارانەی کە پێشتر جوتیار و نامۆن بوون بە زهنیەت و فەرهەنگی کرێکاری شاری، ئەوا لە ئێستادا کێشەکە بۆتە ڕووبەڕووبوونەوەی فەرهەنگ و زهنیەتی ناسیونالیستی و لیبڕاڵ قەومی و ئیسلامی سیاسی و فەردگەرایی بورژوازیی کە ئەو کرێکارەی تازە پەیوەست بووە بە چینی کرێکارەوە هەڵگریەتی، چونکە تا دوێنێ وەک خوێندکار کەرەستەیەکی خاو بووە بۆ ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانی بورژوازی و هەڵگری ئەو شێوە بیرکردنەوانەن کە ڕێگرن لە هۆشیاری چینایەتی و هێنانەدی یەکێتی و یەکگرتوویی چینی کرێکار. دیارە میدیای جیهانی (وێڕای میدیای لۆکاڵی دەسەڵاتەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) ڕۆڵێکی بەرجەستەیان هەیەلە پەرەپێدانی ئەو زهنیەت و فەرهەنگە جۆراوجۆرانەی بورژوازی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتی و کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی ماهوارەیییەوە. سەرباری ئەمانە، چەند کێشەی تر ڕووبەڕووی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕەو بۆتەوە، کە ئەویش چۆنیەتی ڕێکخراوکردنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و هەڵاواردن و جیاکاریانە لەگەڵ جۆرێک لە ڕاسیزم دژبە کرێکارانێکی هاتوو، یا هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ هەرێم.
دوا وشە لەو پەیوەندە کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەین، پەرەسەندنی تەرکیبی ئۆڕگانیکی سەرمایەیە کە تادێت، بڕی ئەو سەرمایەی کە تەرخان دەکرێت بۆ بەکارهێنانی ئامێر و تەکنۆلۆژیای سەردەم و ڕۆبۆت و هۆشی دەستکرد لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا زیاتر و زیاتر دەبێت و بڕی ئەو سەرمایەیەی کە تەرخان دەکرێت بۆ هێزی کار واتا بۆ چینی کرێکار کەم و کەمتر دەبێتە و ئەمەش تا دێت ژیان و گوزەرانی ئەو چینە بەرەو بێکاری و هەژاری و پەراوێزخستن دەبات. وە لەلایەکی تریشەوە تا دێت کەرتەکانی خزمەتگوزاری پەرە دەستێنن و کرێکاری کەرتی پیشەسازی ڕێژەکەی لە چاو ڕێژەی کرێکاری کەرتی خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەمەش لە سەردەمێکی مێژووییدا کە سەرمایەداری بە واقعی جیهانی کردووە بە شارۆچکەیەک لە ڕایەلەی پەیوەندی هەمەچەشنە و ئاڵۆز و سنوری نێوان دەوڵەتان تا دێت کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لەبەرامبەر سەرمایەدا و هەر چەند وڵاتێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لە هەولدان پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ستراتیژی و ئابووری وەڕێبخەن و لەگەڵ یەکێک لە زلهێز و قوتبە جیهانییەکانی ئیمپیریالیستیدا پڕۆژە ستڕاتیژەکانیان بەرنەپێشەوە. بەم پێیە سەرمایەداری وەک چۆن زەمینەی بلۆکبەندی و قوتبەندی بورژوازی لە ناوچە جوگرافیا جۆراوجۆرەکاندا دێنێتە ئاراوە ئاواش زەمینەی مادی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لەو ناوچە جوگرافیایانەدا فەراهەم دەکات، ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر هاوپشتی و یەکێتییەکی ئینتەرناسیوناڵی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی مادی فەراهەم بووە.
ئەوەی لەو نێوەدا ڕێگرە لە چوونەپێشەوەی خەباتی چینایەتی لەگەڵ ئەم هەموو پەرەسەندنە لە زەمینە مادییەکانیدا، وە لەبەرامبەر دەسەلاتی بورژوازییەکی هەڵیتوپەڵیت و دواکەوتوو لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی و یەکگرتوویی کرێکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانە لە چینێکدا کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بجەنگێت، نەک هەر بۆ ژێرەوژوورکردنی سیستمی سەرمایەداری و ڕژێمە جۆراوجۆرە سیاسییەکانی دەسەڵاتی بورژوازی، بەڵکو هەتا بۆ پاشەکشە پێکرددنی بورژوازی و داسەپاندنی ڕیفۆڕمیش بەسەر دەسەڵاتەکان و بەسەر توێژە جۆراوجۆرەکانی بورژوازیدا، ڕێکخراوبوون و ئاگاهی چینایەتی و ئاسۆی سۆشیالیستی شتێکە کرێکاری هوشیار و ڕابەر و سۆشیالیست ناتوانێت دەستبەرداری بێت.

ماویەتی …

سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٤




عێراق لەسەر پشتی ملیشیایە.. دژوار قادر

عەلائەدین سەجادی (١٩٠٧-١٩٨٤) لەبەرگی هەشتەمی ڕشتەی مرواری لە زاری ڕەفیق ناوێک کە ئەویش لە مامۆستایەکی ئایینی بیستوە دەگێڕێتەوە، نووسیویەتی «ئەرز لە سەر پشتی گایە، گا لەسەر پشتی ماسییە، کاسە لە سەر ئاوە، ئاو لە سەر بایە». ئەو تڕەکەڵەکەش سەرناگرێ، بەڵکو سەرەوژوور دەبێت.
ئەو عێراقەی ئێستا هەیە دوای بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهان لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆژئاواییەکان بۆ مەبەستی خۆیان بە زۆردارەکی سێ ویلایەتیان پێکەوەنا و ئەو وڵاتە ناسەقامگیرەیان لێ دروست کرد کە لە هەنگینڕا نە خەڵکەکەی حەساونەتەوە، نە وڵاتانی ئیقلیمی. بۆیە ئەو دەربڕینەی مەلایەکە پر بەپێستی دۆخی عێراقە، چونکە (عێراق لەسەر پشتی ملیشیایە، ملیشیاش لەسەر پشتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکە و ئیسرائیلی توڕە و ئەمریکا و ڕۆژئاوای نیگەرانە).
هاوشێوەی مەلاکە، ملیشیاکان لەبری ئەوەی لۆژیکانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هاوکێشە بێسەروبەرە بکەن (ئەو تڕەکەڵەکە) و دەرفەت بەحکومەت بدەن کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە مێژوویی و کەڵەبووەکان و جێبەجێکردنی دەستوور بکات، بۆ حەزی خەڵکی دی کە لەوەتەی هەن قەتماغەی برینی شەڕە بەناوبانگەکانی نێوان ئەوان و عەرەب وشک نەبۆتەوە، بەشێکی زۆر لە توانا مرۆیی و داهاتەکەی بۆ شەڕی بە وەکالەت تەرخان کردووە، سەروەختایەک بەناوی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی مەزهەبی شیعە، بەشێک لە ملیشیاکانی خۆی ڕەوانەی سوریا کرد کە پڕچەککردن و مووچە و خەرجییەکانیان لە داهاتی عێراقەوەیە، ئێستاش هەر بە وەکالەت، شەڕ بە ئیسرائیل و کۆمپانیا و خاردنگە ئەمریکییەکان دەفرۆشێ.
تایبەت بەو دۆخە شلۆقەی عێراق، گۆڤاری نیوزویك نووسیویەتی؛ ململانێكان و شەڕەكە لە ناوچەكە مەترسیدارتر و فراوانتر دەبێ، زۆر وڵات دەگرێتەوە لەوانە عێراق. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، رۆژنامەی (شەرقول ئەوست) لە زاری چەند سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق و میلیشیاكانەوە نووسیبووی، ئیسرائیل ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق.
بە ڕامان و قوڵبوونەوە لەو چەند ساڵەی ڕابردووی عێراق، بەتایبەتی دوای پەیدابوونی (ئەلقاعیدە، داعش و ملیشیا مەزهەبگەرییەکان) کە هەر هەموویان بێ جیاوازی خەڵکی غەیرە عێراقیان لە ڕیزەکاندا هەیە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، بەڵام ئەستەمە ئەو حکومەتەی عێراق بتوانێ جڵەویان بکات کە بەگوێرەی هەواڵەکان ئەمەریكا سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەوە ئاگادارکردۆتەوە، كە پێویستە حەشدی شەعبی و میلیشیاكان جڵەو بكات.
واتە، لەماوەی دادێدا، ئەو عێراقە ئەگەر بەو شەڕەی ئیسرائیلیش لەباریەک هەڵنەوەشێتەوە، لەسایەی ئەو گێلمە گێلە ناوخۆییەی هەیە کە لە دەرەوەڕا بەدەستی ئەنقەست دروست کراوە، پێشبینی ناکرێ ئەو عێراقە لە چەند ساڵی دادێدا وەک خۆی بمێنێتەوە کە ڕۆژئاواییەکان دروستیان کرد، نەخاسمە ڕەفتاری ئەو ملیشیانە بەرانبەر پێکهاتەکانی عێراق لەخراپیەوە لە مەزەندە دەرچووە و ئاوساوە.




کورتەیەک لە ژیانی شاعیرو مێژو نوسی کورد (سەید محەمەد تاهیر هاشمی).. سامان خضر محمد

سەید تاهیری هاشمی کوڕی سەید قەیداری سەید قادری شێخ ڕەسوڵی (دەوڵەت ئاوا) ی کوڕی شێخ مستەفای شێخ ڕەسوڵی سۆڵەی قەرەداخە.
شاعیرو خۆش نووس، دەستنووسناس و مێژوونوسی کوردی سەدەی بیستەمە. ساڵی 1915 لەگوندێکی نزیک شاری ڕوانسەر لەگوندی دەولەت ئاوا لەدایک بووە. تاهیر هاشمی سەرەرای نوسینی هۆنراوە هەوڵی کۆکردنەوەی دەستنوسەکانی مێژوی ئەدەبی کوردی داوە. هەروەها لەراگەیاندنە کوردیەکانی ئێرانیش دا کاری کردووە. بۆنمونە لەبەشی کوردی رادیۆی کردماشاندا چاڵاکی بووە. هەوەها لەساڵی 1991 لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کردووە، هەر لەوشارەش نێژراوە.

هەر لەشاری کرماشان دا فێری زانستە ئیسلامیەکان بووە و دەرسی خوێندووە.

کاتێک لەرادیۆی کرماشان کاری دەکرد بەردەوام، بەرنامەی پێشکەش دەکرد و، خزمەتی زمان و شعرو ئەدەبیاتی کوردی دەکرد، بەرنامەی هەوارگەی دڵان یەکێک لەو پرۆگرامانەبو کاری ئامادەکاری بۆ دەکرد و شوکرەڵای بابان بە دەنگە زوڵاڵەکەی پێشکەشی دەکرد و تا ئێستاش رۆژگار نەیتوانیوە ئەو دەنگە لە یادەوەری زۆرێکماندا بسڕێتەوە.

دوو شیعری سەید تاهیر..

سەروای چ بکەم؟

نیساری ڕێی کەسێ سەد گەوهەری یەکتا نەکەم چ بکەم
بە شەمسێ مانگی دڵ پڕ شوعلە و ئەحلا نەکەم چ بکەم
لە قاپی پیری مەیخانە دەمێ هانا نەکەم چ بکەم
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم چ بکەم

سەحیفەی خاترم تۆماری ئالام و سووەیدایە
بە باڵام کیسوەتی غەم وەک خەڵاتێکی سەراپایە
هەزاران گەنجی خانەی ڕەنجی هیجری دڵبەرم لایە
لە خەزنەی دڵمەدا هەر چی هەیە، هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم

بەمەستی شوهرە نابی تا نەگەیتە مەستەبەی خەممار
مەدەد بگرە لە عیشوەی چاوەکانی حەزرەتی دڵدار
خیلافی عیشقە عوجب و خۆپەرستی و کیبر و عەیب و عار
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار
وەکوو شێخ ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم چ بکەم

دەریغا سەیلی غەم نەیهێشت لە هەستیم نوون و ئاسارێ
تەبیبی دەردی دڵ نەیبیست دەمێ ناڵینی بیمارێ
لە پرشەی خوێنی من خۆی لا ئەدا ڕەندی جەفاکارێ
لەڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کرد بە خاک پێی پیا نەنام جارێ
دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم چ بکەم

زەمانێکە کە ئاشوفتەی نیگاهت مەست و مەدهۆشە
عەزیزم ڕۆزگارێکە کەخۆشم لا فەرامۆشە
دڵا بێ سوودە دانیشتن لە ئەم سووچ و لە ئەو گۆشە
دەمێکە شاری پڕ شۆری موحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم چ بکەم

دڵم پڕ مەینەتە شادیم غەمی دووری لەپێی سەریە
ویساڵم وەسوەسەی هیجرە خەیاڵم عیشقی تۆ بەریە
فیدای سایەی هومایێکم کە عالەم شێتی سێبەریە
لە چاوا نم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە
سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستسقا نەکەم چ بکەم

ڕەفیقی هەمدەمم ئاهە شەرابی عیشرەتم دەمعە
غوڵامی سووتن و تاوانەوەم پەروانە و شەمعە
لە تەعنەی ناکەسان بیستن عوقوولم (قاصرالسَمع)ە
لەسەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجَمعە
کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم چ بکەم

ئەیا ئەشکی جەفای جانان بە کوڵ جارێ لەسەر ڕوو بە
ئەیا بەختی ڕەشم وەک زوڵفەکەی پڕ پێچ و واروو بە
دڵی زارم! لە کونجی سینەدا بێ دەنگ و نووستوو بە
بەجێماوم لە یاران، نابەجێ ماوم، ئەجەل، زوو بە
بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستعفا نەکەم چ بکەم

لە مەکتووبی دڵمدا غەیری دەرد و غەم نییە مەتوی
لە تەگبیری ژیانمدا جەماڵی دڵبەرە مەنوی
بە مەیلت فانییە (تاهیر) مەکەن یاران خەیاڵی وی
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا (مەحوی)
هەتا قامی قیامەت ئاە و واوەیلا نەکەم چ بکەم.

وەتەن..

ئەی دڵم ئایەنەی جەماڵی وەتەن
حاڵ و ماڵم فیدایی حاڵی وەتەن
بولبولێکم بە نەغمە و ئاهەنگ
گوڵشەنم پووش و دڕکوداڵی وەتەن
بە وەتەن سوێند دەخۆم چ ڕۆژ و چ شەو
بووەتە زیکری دڵم خەیاڵی وەتەن
هیچ خوەراکێ نییە لەلام خۆشتر
وەکوو نانی زڕات و گاڵی وەتەن
جەننەتم کێو و بەرد و داری وڵات
سورمەی چاوەکەم زوخاڵی وەتەن
نافرۆشم بە گەنج و تاج و تەخت
سێبەری وەک هومای باڵی وەتەن
شەونم و سەوزە و گوڵاڵە و گوڵ
دوڕڕ و زومڕڕوت و لەعلی ئاڵی وەتەن
دڵەکەم بۆی برێشکەیە بە خودا
وەکوو منداڵی خۆم مناڵی وەتەن
کانی شیلانە تاش و سەختی چیا
بەحرە یام کۆسپ و کێو، چاڵی وەتەن
بای زەلانی وەکوو نەسیمی بەهەشت
جا وەرە سەیری بای شەماڵی وەتەن
بۆپڕووزم لە جەرگ و دڵ هەستا
دیم کە فرمێسکی چاوی کاڵی وەتەن
وەکوو شێت دامە کێو و دەیری بووم
من لەبەر دەرد و ناڵەناڵی وەتەن
خاڵی خووبان لە میسکە یا عەنبەر
چییە تاهیر کە سوورە خاڵی وەتەن




نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی حەوتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: عاشقەکان ھەمیشە شاعیرن، بەڵام مەرج نییە ھەموو کات شاعیرەکان عاشق بن. پەیوەندیی نێوان شیعر و خۆشەویستی، وەک پەیوەندیی نێوان ئۆکسژین و ھەناسەدان وایە.
من: نەک ھەر شیعر بەڵکو لێکۆڵینەوە ژاپۆنییەکان ئەوەیان دەرخستووە موزیکیش ھۆکارێکە بۆ کەوتنە ناو پرۆسەی خۆشەویستییەوە، من شیعر وەک بەشێک لە موزیک دەبینم، شیعر زمانی ھەستەکانمانە، لەبەرئەمە ھەمیشە عاشقەکان وشەکانیان ھێندە ناسکە شیعرییەتی لێ دەچۆڕێت.
خۆم: شیعرەکانت جیھانێک لە خۆشەویستی رۆدەنێن، زۆربەی جار ئەم جیھانە وەک یۆتۆپیایەک دەبینرێت، ھەمیشە ریتمی شیعرەکانت جۆرێکە وەک ئەوەی حکایەتێک بۆ ئێمە بگێڕیتەوە، زۆر خودی و سایکۆلۆژییانە شیعر دەنووسیت، ناتەوێت پێناسەی ھیچ شتێک بکەیت لە دەرەوەی عەشق، عەشقیشت لە ئەزموونی خۆتدا کورت کردۆتەوە، پێموایە ھەموو جیھانی شیعری تۆ، جیھان و ئەزموونی سۆزداریی خۆتە.
من: ئەو شیعرانەی بۆ خۆشەویستی نوسیوومن ھەموو خەونی بەدینەھاتوون، زۆر جار ئەمە لە شێرپەنجە زیاتر ئازارم دەدات!، چون جیھانێکم لە شیعردا بەتایبەت لەگەڵ مەعشوق دروستکردووە کە تەنیا لە ئەندێشەی خۆم و جوگرافیای خەونە تاکەکەسییەکانمدا ھەیە. ھێشتا نازانم مەعشوق ئەو جیھانە بە ھەموو تانوپۆکەیەوە قبوڵ دەکات؟.
خۆم: ئەو جیھانە بێگەردە ھەرگیز رەت ناکرێتەوە، ھۆکارێک نییە بۆ گەوارنەکردنی ئەو خەونە رەنگاڵییانە.
من: گرفتەکەم ئەوەیە زۆر قووڵم لە خەون بینیندا، پێموایە جیھانی ناو خەونەکانم سبەی دەبێتە واقیع و کەسێک دەتوانێت ئەو جیھانە قبوڵ بکات!. لەگەڵ ئەوەشدا نایشارمەوە تا ئێستا شیعر فریام نەکەوتووە، بەڵکو تیغی زیاتری تێکردووم!، ئیدی ھەموو کات دەڵێم چیدی شیعر نانووسم، بەڵام بێ ئەوەی ھەست بە خۆم بکەم دەبینم دیسانەوە خەریکی نووسینی شیعرم. جیھانی من لەناو خەون و دنیای مەجازیی شیعردایە.
خۆم: کەواتە مافی ئەوەمان ھەیە بڵێین تۆ دنیایەکی راستەقینەی خۆت نییە، یان ئەگەریش ھەبێت تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە راڤەی بکات؟.
من: دروست وایە، کەس ئازایەتی ئەوەی نەبووە، سەرکێشی بکات و بێتە ناو جیھانە ئاڵۆز و جەنجاڵەکەمەوە. سەیرتر لەوە خەڵکانێک ھەن گرەو لەسەر کڕینی خۆم و دنیا یۆتۆپییەکەم دەکەن، ئەوان زۆر گوناھن چوونکە تێناگەن ھیچ کات ناخرێمەوە مەزادەوە و نرخم لەسەر دانانرێت. تا ئێستا کەس جورئەتی نەبووە بمخاتە گیروگازی کڕین و فرۆشتنەوە. ترسناکییەکەش ئەوەیە ھەنووکە دەخوازم ئەو جیھانە، بەسەر خۆمدا وێران و خاپوور بکەم و ئەم گەمە سەخیف و پووچەی ژیان لێرەدا کۆتایی بێت.
خۆم: جیھانی تۆ، جیھانێکی دوالیزمییە، لەسەر چێژ و ئارەزوو لەلایەک و سەرکێشی و یاخیبوون لەلاکەی تر، بونیاد نراوە!!، کۆکردنەوەی ئەو دووانە ھەم نامۆ خۆی دەنوێنێت، ھەم زۆرینەی کەس تەنیا دەتوانن بەشێکی قبوڵ بکەن!.
من: من بەش بەش ناکرێم، کەس ناتوانێت من لە خەون و ئارەزووەکانم جودا بکاتەوە، ھەر کەس بەو نیەتە بێتە ناو جیھانەکەمەوە، نەک فەزیڵەت نییە بۆی، بەڵکو ھەوڵیداوە بۆ تیرۆرکردنیشم.
خۆم: دەگەڕێمەوە سەر باسی شیعر، وتت شیعر فریام نەکەوتووە، ئەوە بە پێچەوانەوە دەبینم، لەبەرئەوەی تەنیا شیعر فریات کەوتووە! ئەو کاتانەی نەتتوانیوە راز و ئازاری ناخت بۆ کەسێک باس بکەیت، شیعر وەک فریادڕەسێک ھاتووە بۆ لات، ئەگەر نا ئەو ھەموو ژانەی نێو ژیانت دەمێک بوو لە ناویان بردبوویت.
من: شیعر وەک دەرمان نابینم، لە شیعردا داستانی خۆم دەگێڕمەوە، کاتێک باسی خۆم دەکەم، مانای ئەوە نییە لە بارەی خودی خۆمەوە دەدوێم، نا، باسی ئەزموونی خۆم لەتەک عەشق دەکەم، ھەمیشە بەڵێنی ئەوە بە مەعشوق دەدەم، پرچی تەڕترین شیعری بۆ دابھێنم، ھەر ئەو شیعرانە دەبنە یادگارییە شیریینە پڕ ئازارەکانی ژیانی، ھەرچەند ئەوەی لە مندا ھەڵدەقوڵێت بە چارەگێکی نەھاتۆتە دەرێ.
خۆم: وتت باسی ئەزموونی خۆت دەکەیت لەگەڵ خۆشەویستی، لەگەڵ ژنێک لەنێوان وەھم و ھەقیقەتدا، ئەمانە ھەوێنی شیعری تۆن، بەڵام ئیدی کە شیعرەکانت دەگەنە خوێنەر، تۆ دەمریت، ھەموو خوێنەرێک مافی ھەیە وا تێبگات باسی جیھانی ئەو دەکات، یان خەونەکانی ئەو راڤە دەکەیت.
من: لە بڵاوکردنەوەی ھەندێک لە نووسینەکانم پەشیمانم، وەھا تێدەگەم منێکی تر ئەو دەقانەی نوسیوە، باوەڕم بە رەوشی دیالێکتیکیی سروشت و زیندەوەران ھەیە، کە ھەمیشە فۆرمیان دەگۆڕێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات و نوێ دەبێتەوە، منیش وەک زیندەوەرێک بەدەر نیم لەم رێسا دیالێکتیکییە. لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێ خوێنەر بمکاتە موڵکی خۆی، ئاخر خۆ ناتوانم دابەش بم بەسەر مەعشوق و چەند کەسێکی تردا، من خۆشەویستی ئەوم ھەڵبژاردووە، ئەویش ژیانی بێ بەھای من.
خۆم: ئەمە چیرۆکی “پۆسیدۆن”ی برای “زیۆس”م بیر دەھێنێتەوە، کە خودای دەریاکان بوو، ئەو لە قووڵایی دەریاکاندا دەژیا نەک لە ئۆڵۆمپیاد، ھەموو دەسەڵاتێکیشی ھەبوو بۆ زریان ھەستاندن و ھێورکردنەوەشی، ھەندێک جار بە سێ ئەسپ بەسەر شەپۆلەکانەوە پیاسەی دەکرد!. دەبێت عاشق وەک پۆسیدۆن تەنیا “ئەمفیتریتی”ی کچی خودای دەریاکان بکاتە شازادەی کۆشکە ئەفسووناوییەکانی نێو قووڵایی دەریای ئەوین. عاشق دەبێت لە خۆشویستندا بگاتە قووڵایی ئۆقیانووسی ھەست، باوەڕم بە لوتکە نییە لە عەشقدا، بەڵکو بڕوام بە نغرۆبوونە لە یەکێکی تردا، دەبێت وەک پۆسیدۆن یان کەشتییەکی نقومبوو، لە قووڵایی دەریای دڵی مەعشوقدا بژیت، نەک بەسەر پشتی شەپۆلەکانەوە بێیت و بچیت.
من: داستانێکی سەرسوڕھێنەر ھەیە لە بارەی لەیلا و مەجنون!، وا دەگێڕننەوە رۆژێک “لەیلای عامری” شۆربا دابەش دەکات بەسەر پیاوانی ھۆزدا، کاتێک نۆرە دەگاتە سەر قەیسی کوڕی ملەوەح “مەجنون”، لەیلا بەشە شۆربای پێنادات!!. پیاوانی ھۆزیش بە تەوسەوە بە مەجنون دەڵێن تۆ ئاوھا سەوداسەری لەیلا بوویت، کەچی ئەو ئامادە نییە کەوچکە شۆربایەکیشت پێبدا!، ئەمە چ جۆرە عەشقێکە؟. قەیس “مەجنون” لە وەڵامدا دەڵێت: لەیلا بەو کارەی منی لە ھەمووتان جیاکردەوە. دروست عەشق ئەو جیاکردنەوەیەیە، تۆ کەسێک لەنێو ملیارەھا مرۆڤی تردا جیا دەکەیتەوە!. رەنگە لەم بابەتەدا بۆچوونێکی سۆفیستانەشم ھەبێت، پێموایە مرۆڤەکان ناتوانن عاشق بن، تاوەکو ھەزاران ساڵ رۆحیان ئاشنای یەکتر نەبووبێت!، لێرەدا قسە لەسەر تەمەن نییە، بەڵکو باوەڕم بە دۆنادۆنی گیانەکانە بەدەر لە بوعدە ئاینییەکەی ئەم پرسە، لەگەڵ ئەمەشدا عەشق ئەو نەریتە مازۆخییە نییە لە رۆژھەڵاتی دنیادا باوە، ئەو لیبرالیزمە سێکسییەش نییە لە جیھانی خۆرئاوادا دەبینرێت., ئەو عەشقەی من لە بارەیەوە دەدوێم کەوتۆتە نێوان ھەردوو دیاردەکەوە.
خۆم: نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا، دەبێت ئەو ھەستە ھێندەی گەردوون بەرین بێت بۆ ژیانکردنی، ھەروەک لە ئەفسانە “گورجستانی”یەکەدا ھەیە: زاوای خۆر لە پاش گەڕانەوەی لەلای دایکی فەرمانڕەوا لە دنیاکەی تر، لە کاتی تێپەڕین بەلای ژن و پیاوێک کە لەسەر دەمی تیژی تەورێک درێژ ببوون، پرسیاریان لێ دەکات و ئەوانیش دەڵێن زۆرمان دیون بە ئێرەدا رەت بوون بێ ئەوەی بگەڕێنەوە، ئەگەر گەڕایتەوە پێتدەڵێین بۆچی لەسەر دەمی ئەم تەورە درێژ بووین، کاتێک زاوای خۆر دەگەڕێتەوە، ژن و پیاوەکە پێی دەڵێن “ئێمە لەو دنیا ئەوینداری یەکتر بووین، لێرەش وەک ئەولا بە دڵی یەکتر گونجاوین، تەنانەت لەسەر دەمی تیژی تەورێکیش جێمان دەبێتەوە بە مەرجێک لێک دانەبڕێین و ھەرگیز یەکدی لە دەست نەدەین”. کەچی ئەمڕۆ خۆشەویستەکان لە کیشوەری دڵی یەکتردا جێگەیان نابێتەوە، دنیای عەشق ئاوەژوو بۆتەوە!، وەختە بڵێم جاران زەوی بەدەوری خۆردا دەورانی دەکرد، ئێستاش خۆر بە مەمنونییەوە بە چوار دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە.
من: من و تۆ وەک ئەوەی پاشماوەی خەڵکی بناری “ئارکادیا” بین، زۆر پاکیزانە لە خۆشەویستی دەڕوانین., لێ ئەم چاخە، چەرخی ھەرەسھێنانی خۆشەویستییە، کەچی ئێمە وەک ئەو سەربازە ژاپۆنییانەی کاتی جەنگی جیھانی دووەم، پاش کۆتایی جەنگیش لە دارستانەکاندا مانەوە و خۆیان رادەست نەکرد، دەستمان گرتووە بە چەمکی عەشقەوە. ھەر ئەمە ئێمە جیا دەکاتەوە لەو حەشاماتەی دەژین و دەمرن بێ ئەوەی بە قووڵی نەفەسێک خۆشەویستیان ھەڵمژیبێت.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ، عەشق وەک بەشێک لە فۆلکلۆر دەبینێت، پێیوایە زەمەنی خۆشەویستی لە سەردەمی دیجیتاڵدا بووەتە بەشێک لە کەلەپوور کە دەبێت لە مۆزەکاندا ھەڵبگیرێت. مرۆڤایەتی فێری ئاکاری دەستبازیی بووە، لەناو ئەو رەوشتەشدا جێگەیەک بۆ خۆشەویستی بوونی نییە، بەڵکو ئەم ئاکارە بەھەموو شێوەیەک دەستدرێژیی دەکاتە سەر عەشق، لە سایەی فرەیی سێکسیی و پەیوەندیی میکانیکیی بێ رۆحی نێوان ھەردوو رەگەز، خۆشەویستی ئەتک بووە.

١٨-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: نۆ و چل و پێنج خولەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

نووسینی: ستیڤان شەمزینی




شیعرەكانم ناخوێنیتەوە.. ستار ئەحمەد

وشەكانم …
دەبنە نامەو
نامەكانم بەر ئاوێنەی ژوورەكەت و
چاویلكەی نیگات دەكەون .
هەڵیان ناگری …
لەژێر پێتدا پان دەبنەوە .
ئێستا خوێناوی نامەو
شیعری منە …..
ژوورەكەتی ئاڵ كردووە.
هەموو شتێك رەنگی چاوو
رۆحی شرینتی گردووە .
تەماشاكە ..
دیواری حەوشەی ماڵتان و
دارەكانتان ..
چۆن گوڵی هۆنراوەی شەنگیان
دەركردووە .
بۆ لەبەرامەی ئەوین و
بۆنی شیعرو
رۆحی شاعیر حاڵی نابی ..؟!
ئەی نابینی …؟!
پەرچەم و بسكۆڵەی كاڵت …
ئاوازی عەشق و
ئەمەكی من ..
لەگەڵ بادا دەڵێنەوە .
هەتاكوو كەی پەیڤەكانم …؟
لەدووری تۆ …
لەنێو رەنگا بتوێنەوە .
سەرینەكەت …
یەك پارچە گوڵی هەڵبەستە،
سنگی نیانت …
دوو كاڵەبەی ..
ژانە شیعری بەرزبووەتەوە .
بۆ هەست ناكەی .. ؟!
جوانی و پاكیی ..
لەعەشقی تۆدا دەبینمەوە ..
لێگەڕێ.. دەروازەكان بكرێنەوە .
سنوورەكان تێكبشكێن و
عاشقەكان ئاشت ببنەوە .
خۆت مەدەرە ..
دەست رارایی و گومانەوە .
رەوا نییە..
من بكوژی بەژانەوە .
شەوان و
تەمەنی جوانیت ..
لەژوورێكی سێبەڕۆیا بەسەر ببەی
بەئازارو گریانەوە .

ستار ئەحمەد




کۆکردنەوەکان.. شیعری نەوزاد بەندی

کە مناڵ بووین
سەرە سۆدەمان کۆ ئەکردەوە ..
کە گەوره بووین ؛ دینار ..
کە پیر بووین ؛ حەب و دەرزی ..

کە مناڵیمان بە جێهێشت ،
ڕەنگەکانیش بە جێی هێشتین ..
هەر یەکەی کەوتینە مەیدانێکی بۆکسێنەوە .. خولەکانی بێ کۆتایی ..بێ دادوەر ..بە بێ ڕاهێنەر
لەو سەری کۆڵانەوە ،
لفکە فرۆشێ هاواری ئەکرد ..
لەمسەری کۆڵانەوە ؛ گەزۆ فرۆشێ ..
ــ مرۆڤ کە کەوتە هاوارکردن بۆ کاڵاکانی ، لە برسا مردنێ خۆی مەڵاس داوە ..لێی دەرباز نابی بە بێ دەنگیی ، سبەینێت دەست ناکەوێ بە ئاسانیی ـــ
لەو سەری مزگەوت ، سواڵکەرێ هاواری ئەکرد ..
لەمسەری مزگەوت ، هەوری ووتارێکی سەدبارە ، گرمانی ..

بڕیارم دا دانیشم ..
بەڵام زەوی لە خولدان نەوەستا ..
هاوارێ له گوڵدان هەستا ..
لەوسەری باخچە ، کوللەیەک گەڵایەکی ئەکرمان بە نهێنی..
لەمسەری باخچە هەنگێ بە مناڵێکیەوە دا ، گریانی ..

ماڵی پیر ، حەب و دەرزییە ،
بەوان نەبێ
دەستا و دەست ناکەن ڕۆژ و شەوەکانی ..
ئەوان نەبن ،
خەبەر بوونەوەیان بە دوادا نایەت خەوەکانی ..
لەو سەری شاخەوە ، کۆمەڵێ شۆڤڵ ئەیاننەڕاند دانەکانی..
لەمسەری شاخەوە ، لوتکە هەرەسی ئەهانی ..

لە سێبەری پێڵاوێکا دانیشتین ،
زەوی نەوەستا ..
خۆر سارد نەبوونەوە تیرەکانی ..
پارتیزان عەقڵی پەیا نەکرد ..
وازی نەهێنا لە نوسینی دیوار
لە هەڵواسینی پۆستەر
پەمپ و کەتیرەکانی ..
گەمژەیەکی تیرەگەری عەلمانی !! دەم و لوت نوقوم بوو ،
لە هێرشی موی لوت و چەناگەدا ،
نەڕانی ..
ئەو تاقەتی لفکە فرۆشتنی نەبوو ..
ئەو غیرەتی گەزۆ فرۆشتنی نەبوو ..
کەرامەتی خۆی ئەفرۆشت ،
لەگەڵ ویژدانی ..
تا ئاغایەکی نەوتفرۆش
نوکی سۆلێکی
بخاتە نێوان دان و زمانی ..
لەمسەری ڕۆژنامەگەرییەوە ،
کۆمەڵێ نەزان ،
بە قڕقێنە زەفەریان بە ڕۆژنامەگەریی ئەبرد ..
لەو سەری ڕۆژنامەگەرییەوە ،
سێ چوار عەبوس ،
لە ڕۆژنامە ناوساجییان دروستکرد
لە ناوساجی ، ویسکی
لە ویسکی ، متمانە ..
لە متمانە دەرگای ژێر زەمینەکان ..
بە فەردە دۆلاریان دەرئەهانی

بە دیار کۆمەڵگایەکی نەخۆشەوە ،
وەک پەرستارێکی کەمتوانا ،
تەمەنم خەسار کرد ..
لەو سەری سیاسەتەوە ،
تەنگە ئەستوورێ ،
داهاتووی مناڵەکانی کردە تەنکەرەوە و
ناردی بۆ ئاغاکانی ..
لەمسەری سیاسەتەوە ،
کۆمەڵێ توتی دەنووکشکاو ،
کەوتنە پاڕانەوە و نزا ..
کەس پێی نەزانی ..
بە دیار تەرمی ڕۆژەکانمەوە ،
زەوی نەوەستا ..
خۆر ساردی نەکردەوە
تیرەکانی ..
بە دیار خەمی شەوەکانمەوە ،
جەردە بەردەوام بوون لە دزی ..
مانگ زیادی نەکرد
گڕی تریفەکانی ..
لەو سەری بازرگانییەوە ،
مەیخۆرێکی قاوشی یانە شەوانەکان ،
بوو بە ملیاردێر بە ئاسانیی ..
مامۆستایەک
بەدیار برسێتیی مناڵەکانییەوە ،
چەندی کرد گیانی دەرنەچوو ،
چەندی کرد کۆڵەپشتی ئەو ژیانەی نەئەتوانی ..
خۆڵ و گەرما لە هەموو قۆڵەکانەوە هێرشیان کرد ..
دیناری ساختە ..
کاڵای ئێکسپایەر ..
بەرپرسی خۆ فرۆش ،
ووڵاتیان کرد بە یانەی شەوانە و
لەبەردەرگا
خاولییان دا بە شانیانا و
خەڵکیان دایه دەست گرانیی ..
خواناسەکان ، لە جیاتی خەبات ،
ڕیشیان ڕەش ئەکردەوە ..
یەک ئایەتیان بە کار ئەهانی ..
لە جیاتی تفەنگ ،
دووان و سیان و چوار ،
قاچی مامزیان ئەکردە شانیان ..
خۆشیشە ساڵی دووان و سیان و چوار ،
گەشتی خەلیج و پیاسه و گەڕانی..
میللەت بەوان چی ؟
خۆ ئەوان خوا نین ..
عەبدێکن هاتوون بۆ بازرگانیی ..




دیـــاری بێ دییار.. شیعری نەوشیروان ئازاد

هەموو سپێدەیەک ،
بەرلەتاوکەوتن..
بەر لەوەی ئەوەڵ کڵافەی ،
زێڕینی خۆر..
بئاڵێتە یەکەم ژانی بێ دیدارت…
بەرلەوەی …
کزەی ساردی بيانەک…
هەڵ لەرزێنێ…،
کزەی یادی ،
ژووانێکی نامرادیم…
بەرلەوەی ،
گەرووی نوساوی مناڵە…
سەموون فرۆشەکەی کۆڵانەکەم …
بەهاوراێکی نوساوی :
وەربۆ سەمونی گەرم ونەرم ..
دواخەیاڵی نیوەشەوم ..،
لێ تێک بدات.
ئەوەمنم دێمەبەر پەنجەرێ ژورەکەو …کەمێک لەتاریک و ڕونی بەیانی ڕادەمێنم …
چاوەڕێتم تابێیتەوە…
من پێم ووتی..
زوو پێم وتی ..
بابۆسوتانت نەبمە..،
سوتو و خۆڵەمێش..
زوو پێم وتی …
وادەی مەرگ زۆر نزیکە…
بگەڕێوە..،
بالەدووریتا …
دواهەناسەم …
نەبێتە…
دوایادگار…
نەبێتە…
کۆتا شەوی …
چاوڕێی و
کۆتاشەوی
پڕ ئینتیزار ..
بەبێ دیدار ….
بێ نیگای

ی….
…..ا
………ر

نەوشیروان ئازاد
نیشتمانی عەشق و جوانی ..

سلێمانی..
27/28-1-2024
….