رۆمانێک لەبارەی سیمۆن دو بۆڤوار.. نیهاد جامی

نووسینی ڕۆمان لەبارەی ژیانی تایبەتی فەیلەسووف و نووسەر لەبنەرەتدا گواستنەوەی ئاستی ڕەگەزی هەواڵە بۆ ئاستی گێڕانەوە و دیالۆگ، تاوەکو سەر لەنوێ کۆی زانینی هەواڵی ژیانی تایبەتی و کولتوری وەک گێرانەوەی ئەدەبی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوەش کارێکە گەر چی زەمینەی بیرۆکە پەیوەستە بە ژیاننامەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا سەختیەکی تەواوی تیایە، بەو پێیەی ناچارت دەکات پابەندی ڕووداوە تایبەتیەکانی ژیانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەت بیت، هەردوو نوسەر ژولیا کۆربیک و ژولیا بێرنارد پابەندی ئەم دۆخە مێژوویە دەبن، لە ڕۆمانی “سیمۆن دو بۆڤوار: من هەموو شتێکم ئەوێت لەژیان” رۆمانەکە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە، ساڵی پار چاپکراوە، ئەمسالیش وەرگێڕانە فەرەنسیەکەی چاپ و بڵاوکرایەوە، لەلایان گایا مانیکوان- رۆگۆزیک وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.
بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لەیادداشتی مێژوویی، کە وەک سەرەتا ناومان برد بە ئاستی ڕەگەزی هەواڵ بگوازرێتەوە بۆ ئاستی گێڕانەوە، تەکنیکێکی سادە دەگیرێتە بەر، بەلام لەهەمان کاتدا چێژی خوێندنەوە وەک ڕۆمان دەخاتە ڕوو، ڕۆژنامەنووسێک دێتە پاریس بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانی لەتەک ژیان و کارە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن دو بۆڤوار ساز بکات، بە زەحمەت دەتوانێت ئەدرەسەکە بدۆزێتەوە، بڕوای وایە هەموو شوێنەکان لەپاریس لەیەک دەچن، سەرەنجام لەکاتی خۆی دەگاتە بەردەرگای ماڵەکەی و خانمی فەیلەسووف پێشوازی لێ دەکات، بەناو ماڵەکەدا تێدەپەڕن کە بەهەموو لایەک کتێب و تابلۆیە، دوو سال بەسەر مەرگی ژان پۆل سارتەر تێپەڕیووە، خوێنەر لەم ساتەدا لەوە تێدەگات دەبێت خۆی ئامادە بکات، بۆ هەموو ئەو ڕووداوانەی ژیانی خانمی فەیلەسووف لە منالیەوە تا ئەم ساتەی دیدارەکەی تیا ئەنجام دەدرێت، لێرەوە گرنگی ڕۆمانەکە چەندە وەک ژیاننامە خۆی دەنوێنێت، هێندەش ئاشنایەتی بە خوێنەر دەبەخشێت بۆ نهێنی چیرۆک، وەک ڕووداوی ڕاستەقینەی ژیان.
ژیانی مناڵی و پەروەردە بوونی کچێک کە جیاواز لەهەر مناڵێکی تر خولیایەکی تەواو جیاوازی هەیە بۆ خوێندنەوەو گەڕان بەدوای بیرکردنەوە، جۆرێک نامۆبونی لەناو خێزان بۆ دروست دەکات، ئەوەیان پەیوەندی بە خەمۆکی و دۆخی دەروونیەوە نیە، هێندەی پابەند نەبوون بە خواستی مناڵانەی خۆی و هاوکاری نەکردنی دایکی بۆ کاری ئاشپەزخانە.
بیرکردنەوە لەنووسین، سەرەتای هەڵوەستە کردنە نەک لەوەی وەک نووسەرێک دەیەوێت بنووسێت، هێندەی دیالۆگی باوک ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، کە چۆن ژنێک دەبێت بە نووسەر، وەک ئەوەی نووسین کاری پیاوەکان بێت، ئەو تێگەیشتنە تەواو ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، گومانێک سەرەتای پرسیارکردنە، سەرەتا کاتێک لەگەڵ دایکی دەڕۆن بۆ شانۆ، ئەو گومانەی باوک وەک پرسیار دەخاتە ڕوو، سەرەنجام پرسیارەکە دەگوازرێتەوە ناو نووسین و جیاوازی ڕەگەزیی.
خوێندنی فەلسەفە و ژیانی زانکۆ بۆ ئەو توێژینەوەو گەڕانە بەناو پرسیار، بەواتایەکی تر بە پێچەوانەی زۆرینەی خوێندکارەکان، کەوا هاتوون بۆ ئەوێ بڕوانامە وەربگرن و خوێندن تەواو بکەن، تەنانەت لەگەشتەکانی زانکۆش هێندەی پەیوەندی ڕۆمانسی نێوان هاوڕێکان بۆ هەمووان گرنگی گەشت دەردەخات، بەڵام بۆ سیمۆن سەر لەنوێ کتێب و پرسیارەکانی دەبنە دەرفەتێکی باش تا لەگەڵ کچە هاوڕێکەی مشتوومڕی لەبارەوە بکەن.
هەروەها هەر لەو نێوەندە ئەکادیمیەدا، ئێمە پەیوەندی هاوڕەگەزبازی دەبینین، وەک دیاردەیەکی ئەو رۆژگارەو بەتایبەت لەنێوەندی فەلسەفی فەڕەنسیدا بوونی هەبووە و نەشاردراوەتەوە، بۆیە لەرۆمانەکەشدا ئەوە بەڕوونی دەبینین لەنێوان هەردوو ماوریس، میرلۆ پۆنتی و گاندیلاس.
لەنێوان ڕووداوەکان ئێمە دەگەڕێینەوە ناو گفتوگۆی خانمی فەیلەسووفی و خانمی ڕۆژنامەنووس، چ لەبارەی قسەکردن لەسەر ئەو سالانە یاخود هەندێک جار لەسەر جۆری خواردنەوە، تا بەدەم خواردنەوەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.
گێڕانەوە وابەستەی ژیانی تایبەتی سیمۆن و روانینی ناو کتێبەکانیەتی، ئەوەش وا دەکات ڕۆمانەکە وێنەیەکی پانۆڕامایی بەژیانی ئەو فەیلەسووفە ببەخشێت، گێڕانەوە نووسینەوەی ژیان و چێژی خوێندنەوەی کتێبە، بۆیە کاتێک خانەوادەکەی لەگەڵ سارتەر بۆ یەکەمجار لەناو سرووشتی نزیک ماڵەکەی دەیبینن، ئەو ئاگاداریان دەکاتەوە، کە بەنیازن لەگەڵ سارتەر کتێبێک لەبارەی مارکس بنووسن، هەڵبەت ئەو دیالۆگ و وێنەیە ئێمە پێشتر لەلایان سیمۆن خوێندومانەتەوە، کاتێک لەکیێبی “من و سارتەر و سیاسەت” باسی ئەو دیدارە دەکات، وەک چۆن ژیانی خوێندنی زانکۆ و چیرۆکی ناسینی بە سارتەر وپەیوەندیەکەیان وێنەیەکی ڕوونی ناو ڕۆمانەکەیە، دەتوانین ڕۆمانەکە وەک دەسپێکێک ناوبەرین بۆ ناسینی خانمی فەیلەسووف.
سەرەتای دەرکەوتن، رۆژێک دەبێت بۆ دابڕان لەنێوان ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین، لەکاتێکدا ئەو لەسەر شەقامدا تێدەپەڕێت لەبەر خۆیەوە ناوی ئەو شتانە دێنێت کە پێویستە بیانکڕێت وەکو هێلکە و ئارد و مەرەکەب و سابوون، کەچی لەولاوە کۆمەڵەک رۆژنامەنووس و بەخۆیان و کامێراکانی دەستیانەوە بەدوای هەواڵ دەگەڕێن، لەپڕ یەکێکیان خانمی فەیلەسووف بەسەر شەقام دەبینێت و هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە “سیمۆن.. سیمۆن دو بۆڤوار”، ئەو وێنەیە سەرەتای جیاکاری نێوان دوو کەسێتی مرۆڤە وەک ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین.
سەفەرکردنی بۆ ئەمریکا و پەیوەندی لەگەڵ فەیلەسوفی ئەمریکی برگسۆن، کەوا دەکات تێکست وێنەیەکی ڕاستگۆیانەی ژیانی فەیلەسووفێک بێت کە ڕووداوەکان لە یادداشتەوە دەبنە تێکستی ئەدەبی، تێکست وەک ئەوەی ژیانی ڕاستەقینە بێت.
لەگەڕانەوەی بۆ پاریس و کاریگەری کتێبەکانی بەسەر شەقامەوە دەبینین. چۆن بزووتنەوەی ژنان لەژێر کاریگەری کتێبەکانیەوە دەبنە دەنگی ناڕەزایەتی و سەردانی دەکەن تاوەکو ئامۆژگاریان بکات بۆ ساتی خۆپیشاندان، ئەو کاریگەریە درێژەی دەبێت بەتایبەت دوای وتارەکەی “ئێمە خاوەنی زگی خۆمانین” لەگەڵ بلاوبونەوەی لەرۆژنامەدا پیاوەکان وەک سوکایەتی وەری دەگرن و ژنەکان بەو پەڕی بوێریەوە سەیری نووسینەکە دەکەن و ئەکتەری سینەمایی کاترین دینۆف پشتگیری وتارەکە دەکات، کە وتارەکە بەکردەوە گوازرایەوە ناو ژیانی ژنەکان و لەبەردەم دادگا خۆپیشاندانی ژنەکانی بۆ ساز دەکرێت، بەتایبەت لەکێشەی ماری کلێر کە لاقەی سێکسی کراوەو زگەکەی لەبار بردوور، ئەگەرچی دادگا لەم کەیسەدا لایەنگیری ماری کلێری تەمەن شانزە سالان ناکات، سەرباری ئازادکردنی، بەڵام پارێزەرو پسپۆرانی بوارەکە لەدادگادا پشتگیری هەلوەشاندنەوەی یاسای ڕێگەنەدان بە لەباربردنی مناڵ دەکەن، هەڵبەت سیمۆن دو بۆڤوار یەکێکە لەو کەسانەی لە دادگا ووتەی وەردەگیرێت و ئەویش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەکتێبی «ڕەگەزی دووەم» باسی لەو پرسە کردووە.
سەرەنجام پرسەکە بردرایە ناو هۆلی پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی وەدەست هێنا، کتێبە رۆژنامەوانیەکەی ژنە رۆژنامەنووسە ئەلمانیەکە لەگەڵ سیمۆن دو بۆڤوار کۆتایی دێت و بەم کۆتاییە و رۆیشتنەوەی بۆ زێدی خۆی و ماڵئاوایی لە خانمی فەیلەسووف ڕۆمانەکەش تەواو دەبێت، کە کۆی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک بیۆگرافیایەکی ژیانی بۆڤوارە لەناو تێکستێکی ئەدەبیدا، لەشێوەی وێنەدار، کە کۆمەکی هەموان دەکات بۆ تێگەیشتن، بەواتایەکیتر کتێبەکە بەم ڕێگایە ئاسانکاری لەگوتاری فەلسەفی کردووە تا هەموو تەمەنێک بتوانێت بیخوێنێتەوە، لەهەمان کاتدا بۆ هەموو مرۆڤێکی بێگانەی هاوشێوەی ئێمەش کە کێشەی زمانی هەبێت وەک ئاسانترین کتێب بتوانێت بیخوێنێتەوەو تێیبگات.

نیهاد جامی/ فەڕەنسا




لوسی ئی.پارسنس (١٨٥٣ – ١٩٤٢) سەدەیەک لە بوون و حەفتا ساڵ لە تێکۆشان.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بۆ ماوەی نزیک بە حەفتا ساڵ، لوسی پارسنس بەوپەری جیدییەتەوە دژە بە سیستەمی ئابووری سەرمایەداران تێکۆشا لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگەی ئەمریکی. هەڵسوڕانە ڕادیکاڵەکانی لوسی دژ بە ڕەگەزپەرستی و هەڵاواردنی جنسی بوون لەسەردەمێکدا کە ئەمریکییە رادیکاڵەکانیش پێیان وابوو شوێنی ژن ماڵەوەیە.
لوسی پارسنس وتاربێژ و نووسەر و ڕێکخەر لەساڵی ١٨٥٣ لە تێکساس لە ئەمریکا لە سەردەمی شەڕی ئەهلی لەدایک و باوکێکی کۆیلە لەدایک بووە.(١) لەساڵی ١٨٧٠ بە ئەلبێرت پارسن ئاشنا دەبێت و هەر زوو دوای ئەو ئاشنابوونە هاوسەرگیری دەکەن. هاوسەرگیرییەکەیان بە فەرمی ناناسرێت لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای ڕەگەزە جیاوازەکانی ئەوکاتی ئەمریکا نەدەکرا پیاوێکی سپیپێستی ئازاد و ژنێکی رەشپێستی خاوەن باکگراوندی کۆیلە هاوسەرگیری بکەن.

دوای ماوەیەکی کەم لە هاوسەرگیرییە بەفەرمی نەناسراوەکەی لوسی و ئەلبێرت، ئەم دوو هاوسەرە دەستیان کرد بە داکۆکیکردن لە مافی دەنگدان بۆ کۆیلە ئازادکراوەکان. لوسی و ئەلبێرت دژی قەدەغەکردنی هاوسەرگیری ڕەگەزە جیاوازەکان لە ئەمریکا وەستانەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بڵاوکراوەیەکیان دژ بە سەرمایەدارییان لە ویلایەتی تەکساس بەڕێوەبرد. ساڵی ١٨٧٢ ویلایەتی تەکساس یاسای جیم کرۆی دەرکرد، (١) بۆیە ئەم دوو هاوسەرە بەهۆی هەڵسوڕانی سیاسی و باوەڕی کۆمۆنیستییان کەوتنە بەر هەڕەشەی کوشتن و تەنانەت تەقەش لە ئەلبێرت کرا و بریندار کرا، بۆیە ناچاربوون ویلایەتی تێکساس جێبهێڵن و لە ساڵی ١٨٧٣ لە شاری شیکاگۆ بگیرسێنەوە.
لە شاری شیکاگۆ لوسی بوو بە هەڵسوڕاوێک کە ڕابەرایەتیکردنی زۆرێک لە مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی دەکرد. ئەمەش سەرەتای شکڵگیری یان هاتنەئاراوەی سەندیکاکان بوو کە ژنانی ڕەشپێستیشیان لەخۆگرتبوو. بەڵام لوسی پارسنس لەم ماوەیەدا بوو بەدیارترین ژنی ڕەسپێست لە شیکاگۆ. لوسی و ئەلبێرت بەنووسین بەشدارییان لە ڕۆژنامە کرێکاریی، سەندیکایی و سۆسیالیستییەکانی ئەمریکا دەکرد. دوای دەیەیەک گیرسانەوەیان لە شیکاگۆ، ڕۆژنامەی ئەنارکیستییان دامەزراند بە ناوی (زە ئەلارم). (٣) لوسی وەک نووسەر و ئەلبێرتیش وەک سەرنووسەر ڕۆڵی گرنگیان تیا گێڕا، نەک تەنها لە ڕۆژنامەی زە ئەلارم؛ بەڵکوو لە ڕۆژنامەی (زە سۆشیالیست) (٤)یش دەیاننووسی و هەروەها هەردووکیان لە ڕیزەکانی پارتی سۆسیالیستی کرێکاریدا ئەندام بوون کە لە ساڵی ١٨٧٦ دامەزرا بوو. ژیانی هاوسەرگیری ئەم دوو هەڵسوڕاوە بە شێوەیەکی ناوازە بە تێڕوانینی دژە سەرمایەداری و دواتریش سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە بەسترابووەوە.
لوسی و ئەلبێرت بڕیاریاندا بەشداری لەو بۆنانەدا بکەن کە بە ئاشووبەکەی هەیمارکێت ناسراون. سەرەتا ئەم چالاکییە بۆ پشتگیریکردن بوو لە کرێکارانی مانگرتووی کۆمپانیای مەککۆرمیک هارڤێست وۆرک لە شیکاگۆ. کرێکارەکانی کۆمپانیای مەککۆرمیک هارڤێست وۆرک لە سێی ئایاری ١٨٨٦ دەستیان دایە مانگرتن و بۆ خواستی هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدا. بۆ سەرکوتی ئەم مانگرتنە،بەشی پۆلیسی شیکاگۆ ڕەوانەی گۆڕەپانی هەیمارکێت کرا و دۆخەکە ئاڵۆز بوو و خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە بە شێوەیەکی دڕندانە تەقە لە خۆپێشاندەرانی ئاشتییانەی کرێکاران کرا. بۆ ڕۆژی پاشتی زیاتر ٤ی ئایاری ١٨٨٦ زیاتر لە ٢٠٠٠ کرێکار و هاووڵاتی و خانەوادەکانیان لە گۆڕەپانی هەیمارکێت بە تووڕەییەوە کۆبوونەوە. لە میانی چالاکییەکی دەسەڵات و سەرمایەداران؛ بۆمبێک لەناو خەڵکەکەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە حەوت ئەفسەری پۆلیسی شیکاگۆ و چەند تەماشاکەرێک کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. هەر دەم و دەست دوای رووداوەکە، حکومەتی سەرمایەداران پێنج کەسیان تۆمەتبار کرد بەو تاوانە کە ئەلبێرتی هاوژینی لوسی پارسنس یەکێک دەبێت لەو پێنج کەسە.

لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٨٨٧دا، ئەلبێرت پارسنس و سێ پیاوی دیکە سزایان بەسەردا سەپێندرا و لە زیندانی ویلایەتی جۆلیەت ئیعدام کران. بە درێژایی ئەم کارەساتە، لوسی پارسنس نەک هەر بێدەنگ نەبوو، بەڵکوو وەک هەڵسوڕاوێک درێژەی بە کارەکانیدا. لە کاتێکدا ئەلبێرت لە زیندانی کوک کاونتی بوو، لوسی بڵاوکراوەکانی دەفرۆشت بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ بەرگری یاسایی لە هاوژینەکەی. لوسی هەرچەندە سەرکەوتوو نەبوو لە ئازادکردنی ئەلبێرتی هاوسەری لە زیندان، بەڵام دوای ئیعدامی هاوژینەکەی کتێبی لێبووردنی ئەنارکیستەکان و پێداچوونەوەی وردبینانە لە پەشێوییەکانی هەیمارکێت بڵاوکردەوە، کە لە ئێستادا لە کتێبخانەی کتێب و دەستنووسە دەگمەنەکان پارێزراوە. کتێبی ( ئازادی، یەکسانی و هاوپشتی) کە کۆمەڵی نووسین و وتاری لوسی پارسنسە کە لەنێوان ساڵانی ١٨٧٨ – ١٩٣٧ نووسراوە.
لوسی لە بیست و یەکی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٨٦دا لە وتارێکیدا بەناوی من ئەنارکیستم دەڵێت(من ئەنارکیستم. پێم وایە زۆرێک لە ئێوە هاتوون بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی بزانن ئەنارکیستی ڕاستەقینە و زیندوو چۆنە. پێم وایە هەندێکتان چاوەڕێی ئەوەتان دەکرد کە بە دەستێک بۆمبێک و بە دەستەکەی ترەوە مەشخەڵێکی بڵێسەدار ببینن، بەڵام بێهیوا بوون لە بینینی هیچ کامیان. ئەگەر بیرکردنەوەتان سەبارەت بە ئەنارکیستێک بەم شێوەیە بووە، ئەوا شایەنی ئەوەن بێهیوا بن. ئەنارکیستەکان مرۆڤی ئاشتیخواز و پابەندی یاسان.)(٥)
تێرا هانتەر پرۆفیسۆر لە زانکۆی پرینستن دەڵێت(لوسی و بنەماڵەکەی کاریگەرییان لەسەر فرواوانتربوونەوەی خەباتی ڕەشپێستەکان هەبووە،)یان جۆن جاکلن دەنووسێت(پێ بە پێ لەگەڵ چوونە سەری ناو و ناوبانگی لوسی پارسۆنس وەک ژنێکی دژبەیەک مایەوە، نەک تەنها لەسەر بنەمای شوناسی رادیکاڵبوون، بەڵکو وەک هەڵسوڕاوێکی ژنیش. بەپێی گوتەی جۆنز، وتارە ئاگرینەکانی لوسی جگە لە وتاری خانمانە هیچی تر نەبوون. هەر بۆیە پۆلیسی شاری شیکاگۆ لوسی بە “مەترسیدارتر لە هەزار یاخیبوو” ناوزەد دەکات.
دواجار پێداگری لوسی لەسەر باوەڕەکانی و هەروەها تووندبوون لەسەر ئەو باوەڕانە وای کردبوو لەلایەن هەوادارانییەوە خۆشەویستییەکی زۆری هەبێت. لوسی دەڵێت (زۆرم پێخۆشە ئەو مەقسەڵەیەم بەدەست بێت کە سەری بارۆنە دزەکانی سەرمایەدارانی دەقرتێنێ.)
لوسی پارسنیس لە حەوتی ئازاری ساڵی ١٩٤٢ لە ئەڤەندەیڵ لە شاری شیکاگۆ بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک دەنێت و جیهانی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی جێدەهێڵێت بۆ هەمیشە لە نێو دڵی مێژووی خەباتی چیانەتی کرێکاران دژ بە سەرمایەداران بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

تێبینییەکان :
(١)لەهەندێک سەرچاوە ساڵی لەدایک بوونی لوسی ١٨٥٣ و هەندێک سەرچاوەی تریش پێیان وایە ١٨٥١ ساڵی لەدایک بوونییەتی. بۆیە من لێرە بۆ ساڵی لەدایک بوونی لوسی پشت بە زانیارییەکانی ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان دەبەستم و ساڵی ١٨٥٣ ب ساڵی لەداک بوونی لوسی دادەنێم.
(٢)یاساکانی جیم کرۆ؛ یاسای ویلایەت و ناوخۆیی بوون کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە باشووری ئەمریکا هاتنە ئاراوە و جیاکاری ڕەگەزییان جێبەجێ دەکرد، “جیم کرۆ” زاراوەیەکی سووکایەتیپێکردنە بۆ ئەمریکییەکی ئەفریقایی. ئەم جۆرە یاسایانە تا ساڵی ١٩٦٥ کاری پێدەکرا.
(٣)ڕۆژنامەی زە ئەلارم؛ وەک ڕۆژنامەیەکی ئەنارشیستی ژمارە یەکی لە چواری تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٨٤ لە ویلایەتی شیکاگۆ وەک زمانحاڵی هەفتانەی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کرێکاران، بڵاوکراوەتەوە. سەرنووسەری ڕۆژنامەکە ئەلبێرت پارسنس بوو.زە ئەلەرم یەکێک بوو لەو هەشت ڕۆژنامانەی کە پەیوەستبوونی خۆیان بۆ کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کرێکاران ڕاگەیاند و هەروەها تاکە ڕۆژنامەش بووە کە بەزمانی ئینگلیزی دەرچووە.
(٤) ڕۆژنامەی زە سۆسیالیست؛ هەفتەنامەیەکی سۆشیالیستی بوو لە شیکاگۆ کە ژمارە ١ ی لە ١٤ی ئەیلوولی ساڵی ١٨٧٨ بڵاوبۆتەوە و دوا ژمارەشی ژمارە ٤٩ لە ١٦ ی ئابی ١٨٧٩ دەرچووە.
(٥)لەڕوانگەی مارکسیزمەوە جیاوازییەک هەیە لەنێوان ئەنارکسیتەکان و کۆمۆنیستەکان. هەردوو ئەم ڕەوتە هەڵسوڕاوی نێوجەرگەی خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی کرێکارین، بەڵام بە دوو ئاسۆ و تێڕوانینی سیاسی چینایەتی جیاوازەوە هەڵدەسوڕێن.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرچاوەکان :
https://en.wikipedia.org/wiki/Lucy_Parsons
https://www.library.illinois.edu/rbx/2019/02/28/lucy-e-parsons/
https://archive.iww.org/history/biography/LucyParsons/1/




به‌ ئایین كردنى سروشت له‌ شیعرى “دیمه‌نێكى به‌هار”ى گۆران دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

گۆران ئه‌و شاعیره‌یه‌ كه‌ قسه‌ى زۆرى له‌ باره‌وه‌ كراوه‌، به‌ڵام كارى جدى و په‌یوه‌ست به‌ ئه‌زموونى شیعرى ئه‌م شاعیره‌‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو قسه‌یه‌ى كه‌ كراوه‌و لەچاو ئاستی داهینانی ئەودا كه‌مه‌، هه‌روه‌ك پێشتریش له‌و كتێبه‌ماندا كه‌ له‌سه‌ر شیعرى گۆران به‌ چاپمان گه‌یاندووه‌ له‌وه‌ دواوین هه‌ر قسه‌كردنێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى گۆران و دوور له‌ شیكردنه‌وه‌ى بنیادى ده‌قه‌كانى نه‌ك هه‌ر خزمه‌تى ئه‌م شاعیره‌ ناكات به‌ڵكو ده‌بێته‌ ناهه‌قى لێكردنیشى، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ زۆربه‌ى ئه‌و قسانه‌ى له‌ باره‌ى ئه‌م شاعیره‌وه‌ ده‌كرێن به‌ ناوى دڵسۆزى بۆى و نزیكى لێیه‌وه‌ ده‌چنه‌ سنوورى ناهه‌قى ئه‌ده‌بىیه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ى ئه‌و نووسینانه‌ى ده‌رباره‌ى گۆران بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌تى نووسینه‌كانى نه‌وه‌كانى پێشوو جگه‌ له‌ نووسینى ئینشا هیچى تر نین، دووه‌میان زۆرێك له‌وانه‌ى قسه‌ له‌سه‌ر گۆران ده‌كه‌ن خۆیان به‌ میراتگرى گۆران ده‌زانن، گوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆیان به‌ هه‌ڵگرى هه‌مان ئایدیۆلۆژیاى سیاسى گۆران داده‌نێن و پێیان وایه‌ گه‌وره‌یى گۆران له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵگرى ئایدیۆلۆژیاى کۆمۆنیستی بووه‌. به‌هه‌رحاڵ لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى نىیه‌ به‌و ئایدیۆلۆیایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕاستىیه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ ئەوەیە گۆران شاعیرى سروشت و ئافره‌ت و جوانىیه‌و هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ى گۆران كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌رى ئایدیۆلۆژی حیزبى شیوعیدا نووسیونی کە زۆریس نین، یان باسى كورد و كوردایه‌تى ده‌كه‌ن له‌ ڕووى هونه‌رى و شیعریه‌ت و چه‌مكى شیعره‌وه‌ لەچاو ئاستی باڵای دەاهێنانی هونەری ئەودا به‌هایه‌كى ئه‌وتۆیان نىیه‌ و له‌ به‌رهه‌مه‌ لاوازه‌كانى گۆرانن. گۆران لە لایەکی تریشەوە لە لایەن لوتکەی خوێندەواری باڵی خۆ بە نەتەوەیی زان چ لە ناو پارتی و چ دواتریش کاژیک راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دژایەتی کراوە، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەو هەموو پەسن و پیاهەڵدانی دۆستەکانیشی هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەر داهیێانی بەرزو باڵای ئەم شاعیرە گەورەیەی ئێمە نەبووە.
توێژه‌رو ڕه‌خنه‌گرى خاوه‌ن ڕۆشنبیرى و خاوه‌ن جیهانبینى له‌ ناوه‌ندى ڕۆشنبیرى ئێمه‌دا ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌رهه‌مه‌ داهێنراوه‌كانى ئه‌م شاعیره‌ له‌ ده‌قه‌ مردووه‌ سیاسیه‌كانى جیاده‌كه‌نه‌وه‌، كاتێ گۆران شیعرى سیاسى و كوردایه‌تى و شیعر له‌ژێر كاریگه‌رى ئایدیۆلۆژیادا ده‌نووسێت داده‌به‌زێت بۆ ڕیزى ئه‌و چه‌نده‌ها نووسه‌ره‌ى كه‌ به‌ ساده‌یى له‌و بواره‌دا ده‌نووسن، به‌ڵام كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دواندنى سروشت و ئافره‌ت و جوانى و نهێنىیه‌كانى ناخى مرۆڤ و گه‌ردوون ئه‌وا ده‌بێته‌ ئه‌و شاعیره‌ى كه‌ پێى ده‌ڵێن خاوه‌نى ئه‌زموون كه‌ ئه‌ویش به‌ ئه‌زموونى گۆران به‌ناوبانگه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كى یه‌كێك له‌و شیعرانه‌ى گۆران بكه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندى ئه‌م شاعیره‌ به‌ سروشته‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌ سنوورى چه‌مكى ئه‌نتۆلۆژیاى نێوان سروشت و مرۆڤدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ مرۆڤ ده‌بێته‌وه‌ به‌ به‌شێك له‌و پێكهاته‌یه‌ى كه‌ تیایدا ده‌شێت پێناسه‌ى ڕووت بوونه‌وه‌و داماڵین له‌ هه‌موو ئاسه‌واره‌كانى ژیانى بكات و له‌وێدا وه‌كو ئه‌سڵ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ ده‌ربكه‌وێت كه‌ سه‌روه‌رى گه‌ردوونه‌ و له‌ هه‌وڵى كۆنترۆڵكردنى هه‌موو یاساو نهێنىیه‌كانى جوڵه‌ى ئه‌م گه‌ردوونه‌دایه‌. ئه‌و شیعره‌ش “دیمه‌نێكى به‌هار”ه‌.

ده‌قى شیعره‌كه‌:
ئه‌م لا یه‌ك په‌ڵه‌، ئه‌ولا یه‌ك په‌ڵه‌: هه‌ورى ڕه‌نگاو ڕه‌نگ؛
له‌ ناوه‌ڕاستا: به‌ ده‌م ئاسۆوه‌ ڕۆژى شۆخ و شه‌نگ!
سه‌وزه‌ گیا پاراو، گوڵ و گوڵاڵه‌ مه‌ستى ڕه‌نگ و بۆ،
دره‌خت تازه‌ شین، سه‌ر لق ڕازاوه‌ى گوڵ، گه‌ڵا، چرۆ..
سه‌رتاپاى چیمه‌ن ده‌رئه‌دا چین چین مرواریى ئاونگ،
چه‌شنى تاراى سه‌وز ئه‌دره‌وشێته‌وه‌، لێى ئه‌تكێ پرشنگ
نه‌سیمى بۆن خۆش، كزه‌باى فێنك، وه‌ك نه‌واى ئیلهام
سه‌ماى میوانیى په‌ریى گهبیعه‌ت دێنێته‌ ئه‌نجام!
قاسپه‌ قاسپى كه‌و، نه‌غمه‌ى چۆله‌كه‌و بلبلى ده‌نگ خۆش
پیاڵه‌ى نه‌شئه‌ حه‌تتا به‌ ڕۆحى به‌ردیش ئه‌كا نۆش!
وه‌ك بگرى به‌كوڵ دنیاى سه‌رمه‌ستى قاقاى پێكه‌نین
له‌ هه‌موو عاستێ فرمێسكى كانیى گه‌رمى هه‌ڵقوڵین!
* * *
مه‌لى سه‌ربنچك، په‌ل و پۆ ڕه‌نگین! خۆ من هه‌ڵۆ نیم،
لێم مه‌فڕن جووت جووت، مه‌ترسن ئاخر پێتان بڵێم چیم:
منیش وه‌ك ئێوه‌ له‌ دنیاى گه‌وره‌ گه‌ردێكم بچووك
حه‌تتا ناشتوانم بفڕم، بخوێنم، به‌ باڵ به‌ ده‌نووك!
به‌ڵام وه‌ك ئێوه‌ له‌ دڵما ئه‌گرێت مه‌یلى سه‌ربه‌ستى،
ئه‌مه‌ش ئایینم وه‌ك ئایینتانه‌: هه‌رده‌ په‌رستى!..
گۆران وێنه‌یه‌كى گشتى سروشت و توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانیمان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌و توخمانه‌ى كه‌ ده‌شێ به‌ ته‌نیا هه‌ریه‌كه‌ جوانیه‌ك ببه‌خشن و هه‌موویشیان پێكه‌وه‌ هارمۆنیاى سروشت پێكبهێنن. سه‌ره‌تا له‌ به‌شه‌ بچووكه‌كانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ وێنه‌گرتن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شوێن دیارى ده‌كات ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بنه‌ماى سه‌ره‌كى به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ شوێنه‌ و هیچ شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى شوێن شوناسى نىیه‌ كه‌ بێگومان مانا به‌رهه‌م هێنانیش ته‌نیا له‌ سنورى به‌ ده‌ست هێنانى شوناسدا ده‌گاته‌ ئه‌نجام، به‌م پێیه‌ گۆران ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت به‌ جۆرێك له‌ مانا بارگاوى بكات هه‌تا هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانى هارمۆنیاى سروشتدا به‌شدارى بكه‌ن كه‌ ئه‌و مانایه‌ى له‌ پشتى ئه‌و هارمۆنیاوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ بریتىیه‌ له‌ زه‌مینه‌ى ئاماده‌كراو بۆ پێكه‌وه‌ ژیان و پێكه‌وه‌ كاركردن و پێكه‌وه‌ گونجاندنى سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانى گه‌ردوون ته‌نانه‌ت ڕه‌گه‌زه‌ دژو ناكۆكه‌كانیش. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ گه‌ردوون خۆى زه‌مینه‌ى پێكه‌وه‌ گونجاندنه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌و زه‌مینه‌ى شێواندووه‌ ئێمه‌ى مرۆڤین، واته‌ مرۆڤ له‌ ئه‌نجامى ژیان و جوڵه‌و كاركردنیدا له‌نێو سروشتدا ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵى شێواندنى هارمۆنیاى سروشتى داوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌یشى توانیبێت شێواندن له‌ گه‌وهه‌رى هارمۆنیاى سروشتدا دروست بكات ئه‌وا توانیوویه‌تى خۆى وه‌كو هێزێكى تێكده‌رو خۆكوژ به‌ وێرانكردنى خۆى به‌شێك له‌ خاسێتى ئه‌و هارمۆنیایه‌ى سروشت ته‌ڵخ بكات، یان جوانیه‌كه‌ى ده‌شێوێنێت.
گۆران له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى وێنه‌ى سروشتدا له‌ دوورترین وێنه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ ئه‌ویش ڕه‌گه‌زه‌ نازیندووه‌كانن، له‌وێوه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ بۆ وێنه‌ نزیكه‌كان و نیمچه‌ زیندووه‌كان كه‌ ڕووه‌كن، پاشان زیاتر وێنه‌كان نزیك ده‌كاته‌وه‌و ده‌گات به‌ زینده‌وه‌ران، كه‌ لێره‌دا مه‌ل و باڵنده‌كان ده‌دوێنێت و ئه‌نجامیش ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندى نزیكى خۆى لێیانه‌وه‌ ئاشكرا بكات. مه‌وداى ڕوانینى گۆران سه‌ره‌تا له‌ دوورترین خاڵه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ له‌ سنوورى وه‌سفكردندا ده‌كه‌وێته‌ دواندن، به‌ڵام له‌گه‌لأ نزیك بوونه‌وه‌دا وه‌سفكردن ده‌گۆڕێت بۆ ئاخاوتن بۆ كه‌سى دووه‌م، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ په‌یوه‌ندى گۆران له‌گه‌لأ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى شیعره‌كه‌وه‌ وه‌سفیان ده‌كات په‌یوه‌ندى ئه‌مى مرۆڤ و ئه‌و سروشته‌ كه‌ تاكو ئه‌و چركه‌ساته‌ په‌یڤین له‌ نێوانیاندا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى ڕاسته‌وخۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و مانایه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ له‌و ئاسته‌دا مرۆڤ له‌ به‌رامبه‌ر سروشتدا هێشتا بچوكه‌ با خۆزگه‌ى ده‌سه‌ڵاتكردنیشى به‌سه‌ر ئه‌و سروشته‌دا هه‌بێت، به‌ واتا گۆران وه‌كو نوێنه‌رى ئێمه‌ى مرۆڤ به‌ جۆرێك له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا وه‌سفى سروشت و ڕه‌گه‌زه‌كانى ده‌كات له‌ به‌شى یه‌كه‌مى شیعره‌كه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ى كه‌ سروشت ئاماده‌ى گوێگرتن نه‌بێت له‌م، ئه‌مه‌ش نایه‌كسانى نێوان ئێمه‌ى مرۆڤ و سروشتى خاوێن و پڕ له‌ نهێنى ئاشكرا نه‌كراو ده‌رده‌خات.
له‌ دوو دێڕى یه‌كه‌مدا گۆران وه‌سفى ئاسمان و هه‌ورو ڕۆژ ده‌كات، وێنه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌كراوى وه‌هامان پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌شێ ئه‌و وێنه‌یه‌ى ئه‌و كێشاویه‌تى له‌ خودى ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى سروشت جوانتر بن، دیمه‌نى په‌ڵه‌ هه‌وره‌كانمان به‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگى نیشان ده‌دات و خاسێتى ئافره‌تیش ده‌به‌خشێته‌ ڕۆژ كاتێ ده‌ڵێت “به‌ ده‌م ئاسۆوه‌ ڕۆژى شۆخ و شه‌نگ”. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا سروشت و توخمه‌كانى له‌ جوانیدا ده‌بنه‌ وێنه‌ى باڵا هه‌تا شته‌كانى تر له‌ جوانیدا به‌و به‌راورد یان لێكچواندن بكرێن، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئافره‌ت ده‌بێته‌ نموونه‌ى باڵا له‌ جوانیدا و ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت به‌و به‌راورد یان لێكچواندن ده‌كات؟
یه‌كه‌م دوو دێڕى ئه‌م شیعره‌ به‌رجه‌سته‌ى وێنه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ ئه‌مى شاعیر ده‌ستى پێى ناگات و ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ستى بینین ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌كێشێت، به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌رامبه‌ر وێنه‌یه‌كى جواندا ڕامان ده‌وه‌ستێنێت تابلۆیه‌ك له‌ سروشت، لێره‌وه‌ گۆران جۆرێك له‌ بوونى په‌یوه‌ندى له‌ نێوان ئێمه‌و سروشتدا دروست ده‌كات ئه‌ویش له‌ ڕێگاى به‌رهه‌م هێنانى جوانىیه‌وه‌، واته‌ جوانى ده‌كاته‌ هۆكارێك بۆ په‌یوه‌ستبوون و په‌یگرى ئێمه‌ بۆ سروشت، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و ڕووه‌ شاراوه‌ى ئێمه‌ش وه‌كو مرۆڤ ده‌رده‌خات كه‌ به‌ خۆڕسكى جوانى په‌رستین، له‌ وه‌سفكردنى سروشتدا به‌و شێوه‌ سه‌رنج ڕاكێشه‌ گۆران ده‌یه‌وێت به‌هاى ڕاسته‌قینه‌ى سروشت ده‌ربخات یان له‌ژێر ئه‌و په‌رده‌ ته‌ڵخه‌ ده‌ریبهێنێت كه‌ ژیانى هاوچه‌رخ داویه‌تى به‌سه‌ر سروشتدا. به‌ واتایه‌كى تر گۆران له‌ وه‌سفكردنى سروشتدا ده‌یه‌وێت به‌هاى ڕاسته‌قینه‌ى سروشت بۆ خودى سروشت بگێڕێته‌وه‌.
له‌ دوو دێڕى دووه‌مدا، گۆران له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وى و وێنه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت له‌سه‌ر زه‌وى ده‌كێشێت. كه‌ ئه‌م وێنه‌یان ته‌نیا وێنه‌یه‌كى بینراو نىیه‌ له‌ سنوورى خه‌یالأ یان بینینى ئاسایدا به‌ڵكو وێنه‌یه‌كى مادى به‌رجه‌سته‌كراوه‌. له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌م وێنه‌یاندا شاعیر ته‌نیا شوێنمان پێ ناناسێنێت به‌ڵكو كاتیشمان پێ ده‌ناسێنێت كه‌ له‌ وه‌سفى سه‌وزه‌ گیاو گوڵ و گوڵاڵه‌و دره‌ختى تازه‌ شین بوو، چرۆدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كات سه‌ره‌تاى به‌هاره‌. ئه‌مه‌ش ده‌رى ده‌خات كه‌ هه‌رچۆن شوێن لاى گۆران گرنگى تایبه‌تى خۆیى هه‌بوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى شوناس و مانا، به‌ هه‌مان شێوه‌ كاتیش گرنگى خۆیى هه‌یه‌ و له‌هه‌ر كاتێك یان وه‌رزێكدا سروشت و ڕه‌گه‌زه‌كانى له‌ هارمۆنیاى خۆیاندا جۆره‌ جوانىیه‌ك به‌رهه‌م دێنن و ئه‌و جوانىیه‌ش پاڵنه‌رى سه‌ره‌كىیه‌ بۆ جوڵاندنى مرۆڤ به‌ ئاڕاسته‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو سروشت.
گۆران له‌ دوو دێڕى سێیه‌م و چواره‌مدا زیاتر وه‌سفى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت ده‌كات و كۆمه‌ڵێ خاسێتى وه‌ها به‌هاداریان پێ ده‌به‌خشێت كه‌ سه‌ربارى جوانىیه‌كه‌یان به‌هایه‌كى ڕۆحیشیان پێ ده‌به‌خشێت و له‌و وه‌سفكردنه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشتدا ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ سه‌رجه‌م وه‌كو زیندوو ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان جۆره‌ چالاكىیه‌كیان هه‌یه‌ و ده‌شێ بڵێین كارێك ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌خشینى خاسێتى زیندوویىیه‌ به‌و ڕه‌گه‌زانه‌ كاتێ ده‌ڵێت: (چیمه‌ن ده‌رئه‌دا چین چین مروارى ئاونگ، لێى ئه‌تكێ پرشنگ) یان كه‌ ده‌ڵێت (نه‌سیم سه‌ماى جوانى په‌ریى ته‌بیعه‌ت دێنێته‌ ئه‌نجام). هه‌روه‌ك چۆن ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى سروشت له‌ جوڵه‌ى به‌رده‌وامدان و به‌رهه‌م ده‌هێنن به‌ مه‌به‌ستى جوانكردنى خودى سروشت به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌مه‌كانیشیان له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى ئێستاتیكاى سروشتدا به‌شدارى ده‌كه‌ن، لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت هه‌ریه‌كه‌ له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى سروشت خاسێته‌ گشتىیه‌كانى سروشتیان هه‌یه‌ هه‌م بۆ به‌رهه‌م هێنانى جوانى، هه‌م بۆ دروستكردنى هارمۆنیاى سروشت. لاى گۆران هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت ڕۆڵى خۆى ده‌بینێت له‌ ڕێكخستنى هارمۆنیاى سروشتداو، هه‌م ئیقاعى جوڵه‌و گۆڕان و بزواندن له‌ سروشتدا ڕێك ده‌خه‌ن ئه‌ویش به‌ جۆرێكى ئه‌وتۆ خاسێتى یه‌كه‌مین وێنه‌ى باڵاى هارمۆنیاى هه‌یه‌و هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا مرۆڤ دروستى كردون و به‌رهه‌مى هێناون سه‌رجه‌م جۆرێك له‌ لاسایى كردنه‌وه‌ى وێنه‌ى یه‌كه‌من واته‌ سروشت به‌ گونجاندنى ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ له‌گه‌لأ یه‌كترداو له‌وێشه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنانى هارمۆنیاى نێوان ڕه‌گه‌زه‌ جیاواز و ته‌نانه‌ت دژه‌كانیش، كه‌واته‌ لێره‌وه‌ له‌ ئاستى قوڵى ئه‌م ده‌قه‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌له‌ سروشتدا هه‌موو ڕه‌نگه‌ جیاواز و ته‌نانه‌ت دژه‌كانیش پێكه‌وه‌ ده‌گونجێن و جوانى سروشت و هارمۆنیاى سروشت له‌ ئه‌نجامى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ى ڕه‌نگ و توخمه‌ جیاواز و دژه‌كاندا پێكهاتووه‌، كه‌ بێگومان جوانى ژیان و جوانى په‌یوه‌ندىیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و جوانى مرۆڤیش ئه‌وكاته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ڕه‌نگ و ده‌نگ و ڕوانین و بینین و فیكر و ڕه‌گه‌زه‌ جیاوازه‌كان هه‌موو پێكه‌وه‌ بتوانن بژین و یه‌كترى قبوڵ بكه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى داننان به‌و جیاوازییانه‌دا پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن و هاریكارى بكه‌ن ئه‌وكاته‌ گونجاندنى كۆمه‌ڵایه‌تىو هارمۆنیایى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و یه‌كتر قبوڵكردنى جیاوازه‌كان ده‌بێته‌ خاسێتى دیارى ژیانى مرۆڤ، به‌ واتا له‌ پشتى ئه‌م ده‌قه‌وه‌ ئه‌و ڕوانینه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ گونجاندنى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت و پێكه‌وه‌ كاركردنیان و دروستبوونى هارمۆنیاى سروشت ده‌شێ ببێته‌ نموونه‌ بۆ پێكه‌وه‌ گونجاندنى مرۆڤ پێكه‌وه‌ سه‌ربارى جیاوازییه‌كان له‌و گونجاندن و پێكه‌وه‌ ژیانه‌دا مرۆڤ و ژیان به‌هاى قوڵتریان ده‌بێت و بگره‌ كارێكى له‌م جۆره‌ به‌خشینه‌وه‌ى به‌هایه‌ به‌ خودى مرۆڤ و به‌ ژیان. گۆران هه‌ر ئه‌وه‌ نىیه‌ وه‌كو شاعیرێكى ڕۆمانسى ڕۆژئاوایى له‌ ئه‌نجامى بێزار بوونیدا له‌ ژیانى ئاڵۆزى شارو فشارى سه‌ختى ئه‌و ژیانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ئامێزى سروشت و له‌وێشدا هه‌م هه‌ست به‌ ئازادى خۆى بكات، هه‌م سروشت بكات به‌ جێگاى حه‌وانه‌وه‌و ئاسوده‌ بوونى، به‌ڵكو له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سروشتدا ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌كى دیارى ئاسایى دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتى مرۆڤ بۆ سروشت بگرێت و پێشكه‌شى بكات و بڵێت ئه‌مه‌ سروشته‌ به‌م جوانىو گونجاندن و هارمۆنیایه‌وه‌. ئایا ناشێت خودى مرۆڤیش هاوشێوه‌ى گونجاندن و یه‌كتر قبوڵكردنى ڕه‌نگه‌كانى سروشت ئه‌وانیش پێكه‌وه‌ بگونجێن و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن؟
له‌ ده‌ستپێكى ئه‌م شیعره‌دا گۆران وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌كراوى ئاسمان و هه‌ورو ڕۆژ پێشكه‌ش ده‌كات، واته‌ وێنه‌ى مه‌ودایه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌ست پێگه‌یشتنى خۆى، واته‌ وێنه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ته‌نیا له‌ سنوورى بینراودایه‌. له‌ دواى دوو نیوه‌ دێڕى یه‌كه‌م وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌كراو له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌شێ خۆى ده‌ستیى پێیان بگات یان له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌ستیان پێ بكات، له‌ دواى هه‌شت نیوه‌ دێڕى یه‌كه‌مه‌وه‌ وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌كراو له‌ ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى سروشت پێشكه‌ش ده‌كات وه‌كو (كه‌و، چۆله‌كه‌، بولبول..) كه‌ هه‌ریه‌كه‌ش سه‌ربارى جوانى خۆیان، به‌ به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌م هێنانى جوانىیه‌كى بیستراودا كه‌ ئه‌ویش ده‌نگ و ئاوازى ئه‌م باڵندانه‌یه‌، كه‌ ئه‌و ده‌نگ و ئاوازه‌ش هه‌م ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ ئیقاعى قه‌شه‌نگ و سه‌رنج ڕاكێشى سروشت، هه‌م ده‌ور ده‌بینن له‌ ڕاهێنانى ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا بۆ په‌سه‌ندكردنى ده‌نگ و ڕه‌نگ و ئیقاعه‌كانى تر، به‌ جۆرێك ئه‌م ئاوازو ئیقاعه‌ دڵگیرانه‌ هه‌موو عه‌قڵه‌ به‌سته‌ڵه‌كىیه‌كان و هه‌موو ڕوانینه‌ ته‌نگه‌ نه‌فه‌سه‌كان بۆ قبوڵكردنى ئه‌وانى تر ڕاده‌هێنن. ئه‌و ئاوازه‌ى كه‌ ئه‌م باڵندانه‌ دروستى ده‌كه‌ن تێكه‌ڵ به‌ ئیقاعى سروشت ده‌بێت و ڕۆحى به‌ردیش بۆ نۆشكردنى پیاڵه‌ى نه‌شئه‌ ئاماده‌ ده‌كات، یان به‌ شێوه‌یه‌كى تر ئه‌و ئاواز و ئیقاعانه‌ ته‌نانه‌ت ڕۆحى به‌ردیش ده‌جوڵێنن و ڕاده‌هێنن، به‌ مانایه‌كى تر زمانى ئه‌م توخمه‌ زیندوانه‌ى ناو سروشت به‌ جۆرێك كاریگه‌رن كه‌ هه‌موو ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زانه‌شى كه‌ هێنده‌ ڕه‌قن له‌ به‌رده‌م هیچ هێزێكدا ناچه‌مێنه‌وه‌ ئاوازى جۆراوجۆرى توخمه‌ زیندووه‌كانى نێو سروشت ده‌یان جوڵێنێ و..
گۆران خاسێتى زیندو یان مرۆیى ده‌به‌خشێته‌ توخمه‌كانى سروشت “ڕۆحى به‌رد ئه‌كا نۆش، دنیا به‌ كوڵ بگرى، دنیاى سه‌رمه‌ستى قاقاى پێكه‌نین، فرمێسكى كانى،..” ئه‌مه‌ش ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ گۆران توخمه‌كانى سروشت به‌ گرنگ و پڕ به‌ها سه‌یر ده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌ى مرۆڤ، له‌ كاتێكدا له‌ چه‌ند سه‌ده‌ى ڕابردوودا له‌ عه‌قڵى ڕۆژئاوادا مرۆڤ بووه‌ته‌ سه‌نته‌رى به‌ها پێدان و لێكدانه‌وه‌و له‌ ئه‌زموونى شیعرى ڕۆمانسى ئه‌وروپاشدا خودى تاكه‌كه‌س كه‌ خودى شاعیره‌ بووه‌ته‌ ناوه‌ندى گرنگى پێدان، له‌ ئه‌زموونى ڕۆمانسیه‌تى گۆراندا سروشت یه‌كه‌مین ناوه‌ندى گرنگى پێدانه‌، ڕاسته‌ یه‌كێك له‌ خاسێته‌ دیاره‌كانى قۆناغى ڕۆمانسیه‌ت گرنگىدانه‌ به‌ سروشت و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئامێزى سروشتى خاوێن و هێوارى دوور له‌ ئاژاوه‌و فشارى په‌یوه‌ندییه‌كانى شار، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ڕۆمانسیه‌تى گۆران، ڕۆمانسیه‌تى گواستراوه‌یه‌ له‌ كه‌لتورى ده‌ره‌وه‌ى نێو پانتایى كه‌لتورو ژیان و مێژووى كورده‌وه‌و ده‌رئه‌نجامى په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تى و دروستبوونى شارو په‌یوه‌ندییه‌كانى شار نىیه‌.. بۆیه‌ ناشێت ده‌قاو ده‌ق واى لێكبده‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕۆمانسیه‌تى گۆران هه‌مان ڕۆمانسیه‌تى ئینگلیزى و فه‌ره‌نسىیه‌، یان ڕۆمانسێتێكه‌ تایبه‌ت به‌ گۆران به‌ خێر ڕۆمانسیه‌تى گۆران له‌ به‌شدارى كردنى خاسێته‌ گشتىیه‌كانى ڕۆمانسیه‌تى ڕۆژئاواو تایبه‌تمه‌ندى ئێمه‌ پێكهاتووه‌.
گۆران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ نێو سروشت، نایه‌وێت به‌ ته‌واوى له‌ ئامێزى سروشتدا خۆى حه‌شار بدات، واته‌ سروشت به‌ ته‌نیا زه‌مینه‌یه‌ك نىیه‌ بۆ خۆ حه‌شاردان و دفن بوون، به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ حه‌وانه‌وه‌و هێورى. به‌ڵكو سروشت و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت له‌ ئاستى یه‌كه‌مدا به‌ مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى ئه‌و به‌ها ئێستاتیكایانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ستى چووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نێو سروشت به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ زه‌مینه‌یه‌ك كه‌ خاوه‌نى هارمۆنیاى چه‌سپاوى خۆیه‌تى، ئه‌و به‌ها جوانانه‌ى كه‌ ئه‌و هارمۆنیایه‌ به‌رهه‌مى دێنێت تیایدا له‌ ده‌ست نه‌چووه‌. ئه‌و پێى وایه‌ له‌ دنیاى سه‌رمه‌ستى قاقاى پێكه‌نیندا له‌ هه‌موو ئاستێكیدا به‌ شێوه‌یه‌كى سیستاماتیكانه‌ فرمێسك (كانى) هه‌ڵده‌قوڵێ، گۆران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزى ئه‌و زه‌مینه‌ى كه‌ به‌و جۆره‌ سیستاماتیكانه‌ ڕێكخراوه‌، چونكه‌ پێى وایه‌ كه‌ جوانى ته‌نیا له‌و ڕێكخستنه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت و حه‌وانه‌وه‌ش له‌ بوونى هارمۆنیاى ئه‌و ڕێكخستنه‌دا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و چێژى ئێستاتیكیش دیسان له‌ بارێكى وه‌ها ڕێكخراوو هێورو هێمندا به‌هاى خۆى ده‌بێت، به‌ واتا گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت ڕاكردنى تاكه‌ كه‌سى هه‌ستیار نىیه‌ له‌ ده‌ست فشار و زه‌برو ئاڵۆزییه‌كانى شارو له‌ ده‌ست تێكچوونى هارمۆنیاى ژیان و هێمنى له‌نێو شارداو له‌ سایه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌كانى كۆمه‌ڵگاى پیشه‌سازیدا كه‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ هێورى و جوانى و چێژى جوانى نامێنێته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌سێكى هه‌ستیاره‌ بۆ نێو سروشت به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ چركه‌ ساتێك كه‌ تیایدا هه‌ست به‌ چێژ و به‌ها ئێستاتیكىیه‌كانى بوون و ژیان بكات.
گۆران له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یدا به‌شێك له‌ توخمه‌كانى سروشت وه‌سف ده‌كات و له‌و وه‌سفكردنه‌شدا له‌ لایه‌ك جوانى ئه‌و توخمانه‌و هه‌موو سروشت به‌وانیشه‌وه‌ ده‌رده‌خات، له‌ لایه‌كى تر خاسێته‌كانى مرۆڤ به‌و توخمانه‌ ده‌به‌خشێت به‌ مه‌به‌ستى زه‌مینه‌ خۆش كردن بۆ لێدواندنیان به‌و هیوایه‌ى له‌ ئاستێكى وه‌ها قه‌شه‌نگ و پڕ به‌هادا پێشكه‌شیان بكات كه‌ بیانكاته‌ هاوشانى مرۆڤ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ى كه‌ سه‌رجه‌م په‌یامه‌ ئاینى و زه‌مینىیه‌كان و سه‌رجه‌م بیرو بڕوا دیاره‌كان پێیان وایه‌ مرۆڤ ده‌بێ سه‌روه‌رى ئه‌م گه‌ردونه‌و جێگرى خودا بێت له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سروشت به‌ شایه‌نى ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ نه‌ك هه‌ر خۆى بۆى بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵكو بانگه‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى گشتى بكات بۆ ئامێزى سروشت.
گۆران له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا هه‌رچۆن وه‌سفى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت ده‌كات به‌ هه‌ور و ڕۆژ و سه‌وزه‌گیاو گوڵ و دره‌خته‌وه‌.. به‌ هه‌مان شێوه‌ش وه‌سفى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ده‌كات به‌ تایبه‌تى باڵنده‌كان، به‌ڵام له‌ قۆناغى دووه‌مدا له‌گه‌لأ باڵنده‌كان ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ و ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیان ده‌دوێت، له‌و گفتوگۆیه‌شدا به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ ئه‌و باڵندانه‌دا پاكانه‌ بۆ ناسنامه‌ى خۆى ده‌كات، ده‌یه‌وێت په‌رده‌ له‌ ڕووى خۆى لادات و ئه‌و سیما دزێوه‌ش بڕه‌وێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مى وه‌كو دڕنده‌ ناساندووه‌ یان پێشكه‌ش كردووه‌.
مه‌لى سه‌ر بنچك، په‌ل و پۆ ره‌نگین! خۆمن هه‌ڵۆنیم
لێم مه‌فڕن جووت جووت، مه‌ترسن ئاخر پێتان بڵێم چیم:
ڕاسته‌وخۆ شاعیر پێمان ده‌ڵێت ناسنامه‌ى مرۆڤ له‌ ڕوانگه‌ى تێڕوانینى زینده‌وه‌رانى تره‌وه‌ ناسنامه‌یه‌كى دزێوه‌و سه‌رجه‌م وه‌كو جۆرێك له‌ دڕنده‌ سه‌یرى مرۆڤ ده‌كه‌ن، گۆران ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ ئاشكرا بكات كه‌ زینده‌وه‌ران به‌ چ چاوێك سه‌یرى مرۆڤ ده‌كه‌ن. له‌ ئه‌نجامى تێگه‌یشتن له‌و ڕوانینه‌ى زینده‌وه‌ران بۆ مرۆڤ، گۆران پاكانه‌ بۆ خۆى ده‌كات به‌وه‌ى كه‌ ئه‌م دڕنده‌ نىیه‌، ئه‌م پاكانه‌ كردنه‌ش پاكانه‌یه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤ به‌وه‌ى كه‌ شایانى ئه‌وه‌ نىیه‌ وه‌كو دڕنده‌ سه‌یرى بكرێت. له‌ پشتى ئه‌م پاكانه‌ كردنه‌وه‌ گۆران ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت له‌م گه‌ردونه‌دا ده‌بێ دۆستایه‌تى و له‌گه‌لأ یه‌كتر گونجاندن هه‌بێت، ناشێت توخمێك باڵاده‌ست بێت و ئه‌وانى تر له‌ناوببات، چونكه‌ هارمۆنیاى سروشت له‌و له‌گه‌لأ یه‌كترگونجاندنه‌ى توخمه‌ جۆراوجۆره‌كانى سروشت خۆیه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت. كه‌ له‌وێڕا ته‌نیا غه‌ریزه‌ى ده‌سه‌ڵاتكردن بوونى هه‌یه‌.. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و غه‌ریزه‌یه‌ یه‌كه‌م هۆكاره‌ بۆ هه‌وڵدانى ده‌سه‌ڵاتكردن به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا، كه‌ له‌و هه‌وڵه‌شدا دوو لایه‌ن، دوو جه‌مسه‌ر ده‌رده‌كه‌ون، ده‌سه‌ڵاتكه‌ر و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ردا كراو، جه‌لاد و قوربانى، دڕنده‌ و نێچیر. مرۆڤ له‌ ئه‌نجامى باڵاده‌ست بوونیدا له‌ ڕوانگه‌ى زینده‌وه‌رانى تره‌وه‌ بۆته‌ دڕنده‌، هه‌ر به‌و پێیه‌ش ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌ورى بینیووه‌ له‌ شێواندنى هارمۆنیاى سروشتدا مرۆڤه‌. گۆران ده‌یه‌وێت به‌ باڵنده‌كان بڵێت منى مرۆڤ هه‌ڵۆ نیم، دڕنده‌ نیم، من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لاى ئێوه‌، بۆ ئامێزى سروشت، به‌و هیوایه‌ى بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌سڵى خۆم و خۆم له‌ غه‌ریزه‌ى ده‌سه‌ڵات و غه‌ریزه‌ى ئاژه‌ڵى وێرانكردن ڕووت بكه‌مه‌وه‌. ده‌مه‌وێت ببمه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ڕه‌گه‌زه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كانى جوانى و ئێستاتیكاى سروشت و هارمۆنیاى سروشت نه‌ك بكوژى جوانى و شێوێنه‌رى هارمۆنیاى سروشت.
گۆران باڵنده‌كان ده‌دوێنێت و داوایان لێده‌كات كه‌ گوێى لێ بگرن هه‌تا شوناسى خۆییان بۆ ئاشكرا بكات. له‌ پشتى ئه‌م داواكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى سروشت به‌ چاوى دۆست سه‌یرى مرۆڤ ناكه‌ن چونكه‌ وه‌كو هێزێكى سامناك ده‌ڕواننه‌ مرۆڤ، هێزێك كه‌ له‌ هه‌وڵى تێكشكاندن و له‌نێوبردنى هه‌موو ئه‌واندایه‌ له‌ پێناوى بوونى خۆیدا، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى مرۆڤ، مرۆڤ له‌ دیدى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى كه‌ زیندون و مرۆڤ ماڵى نه‌كردون، وه‌كو دوژمن ده‌خاته‌ڕوو. گۆران كاتێ ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌لأ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌و بۆچوونه‌ هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ى ده‌دوێت گۆرانه‌، ئه‌وانى زینده‌وه‌ر (مه‌له‌كان) نه‌ك له‌گه‌لأ ئه‌م نادوێن، به‌ڵكو لێیشى دوورده‌كه‌ونه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ مه‌له‌كان ئاماده‌یى گفتوگۆیان له‌گه‌لأ ئه‌مى مرۆڤدا نىیه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ناسینى گه‌وهه‌رو ناسنامه‌ى ئه‌م زینده‌وه‌ره‌ى كه‌ ناوى مرۆڤه‌، هه‌میشه‌ یاساى دارستان به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وانى باڵنده‌ و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى ئه‌م گه‌ردوونه‌ پیاده‌ ده‌كات، بێ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر كارێكى كوشتن و گرتن و دیل كردن و سه‌ربڕین و ته‌نانه‌ت شێواندن و تێكدانى ڕه‌گه‌زه‌ نازیندووه‌كانى سروشتیش به‌شێكه‌ له‌ تێكدانى هارمۆنیاى سروشت و ناشیرین كردنى سروشت و ته‌ڵخ كردنى ئێستاتیكاى سروشت، كه‌ هه‌موو جوانىیه‌كانى تر له‌ ڕوانینى ئه‌فلاتونه‌وه‌ فۆتۆكۆپى جوانى سروشتن و ته‌نیا ئه‌و ئه‌سڵه‌ چونكه‌ ئه‌وانى تر هه‌موویان له‌وه‌وه‌ وه‌رگیراون، كه‌چى مرۆڤ له‌ پێناوى ده‌سه‌ڵاتكردندا ئه‌و جوانیه‌ ده‌شێوێنێت.
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ باڵنده‌كان به‌ چاوى ترسه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌مى مرۆڤ و پشتى تێده‌كه‌ن و به‌جێى ده‌هێڵن، ئه‌م ده‌یه‌وێت زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵیاندا ئاماده‌ بكات به‌و هیوایه‌ى له‌و ڕێگایه‌وه‌ شوناسى خۆى بۆ ئه‌وان ئاشكرا بكات، ئه‌ویش له‌و ڕێگایه‌وه‌ كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت نه‌ك له‌و ڕێگایه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تێى گه‌یشتوون و ده‌یبینن. ئه‌م ده‌زانێت ئه‌وان لێى ده‌ترسن، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستى ڕه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ترسه‌ داوایان لێده‌كات كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوێى لێ بگرن هه‌تا ناسنامه‌ و گه‌وهه‌ر و ماهیه‌تى خۆییان بۆ باس بكات.
منیش وه‌ك ئێوه‌ له‌ دنیاى گه‌وره‌ گه‌ردێكم بچووك
حه‌تتا ناشتوانم بفڕم، بخوێنم، به‌ باڵ به‌ ده‌نووك
به‌ڵام وه‌ك ئێوه‌ له‌ دڵما ئه‌گرێت مه‌یلى سه‌ربه‌ستى
ئه‌مه‌ش ئایینم وه‌ك ئایینتانه‌: هه‌رده‌ په‌رستى!
گۆران به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ باڵنده‌كان و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشتدا ناسنامه‌ى خۆى ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌میش گه‌ردێكى بچووكه‌ له‌م گه‌ردوونه‌دا. هه‌روه‌ك له‌ ڕێگاى لێكچوواندنه‌وه‌ به‌ باڵنده‌كان ده‌ڵێت “منیش وه‌ك ئێوه‌.. گه‌ردێكم بچووك” به‌ واتا ده‌یه‌وێت جۆرێك له‌ هاوشێوه‌یى له‌ نێوان خۆیى و ئه‌واندا نیشان بدات ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستى گۆڕینى دیدو ڕوانینى ئه‌وانى باڵنده‌ كه‌ نوێنه‌رى هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى سروشتن به‌رامبه‌ر به‌مى مرۆڤ كه‌ وه‌كو دڕنده‌ و تێكده‌ر و ڕوخێنه‌رى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشت سه‌یرى ده‌كه‌ن. گۆران ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو سنوورى ئه‌و سیسته‌مه‌ ڕێكخراوه‌ى پێشترى سروشت كه‌ ئه‌م تیایدا ناسنامه‌ى دڕنده‌یى نه‌بوو، لێره‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شۆڕبینه‌وه‌ بۆ ئه‌و مانایه‌ى له‌ پشتى ئه‌م ڕوانینه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ ئه‌وا ده‌گه‌ین به‌و خاڵه‌ى كه‌ گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت مرۆڤ كه‌ هێشتا له‌نێو سروشتدا بووه‌، ئه‌میش هه‌مان شێوه‌ى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشت، ڕه‌گه‌زێكى ئاسایى بووه‌، به‌ڵام جێگیر بوون و په‌ره‌سه‌ندنى له‌ژێر كاریگه‌رى فاكته‌رى غه‌ریزه‌ و ده‌سه‌ڵات خوازیدا له‌ زینده‌وه‌رانى ترى جیاكردۆته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامى په‌ره‌سه‌ندنى به‌رده‌وامیشیدا، له‌ ئه‌نجامى بوونى عه‌قڵ و هۆشه‌وه‌ تا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ زیاتر سیماى دڕنده‌یى له‌ ئاستى سروشتدا پێوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ ئومێدى ئه‌م ئاشكراكردن و ده‌سه‌ڵات كردنه‌ به‌سه‌ر سروشتدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت ده‌ست نه‌پارێزێت له‌ داگیركردنى ئازادى ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشت، ئه‌ویش له‌ ڕێگاى ڕامكردن و ده‌سته‌مۆكردنیانه‌وه‌ یان له‌ ڕێگاى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رداكردنیانه‌وه‌ ئه‌ویش به‌ تێكشكاندن و شێواندنى بارى سروشتیان كه‌ له‌وه‌شدا هه‌م ئێستاتیكاى سروشتى ناشیرین كردووه‌، هه‌م هارمۆنیاى سروشتى شێواندووه‌.
له‌ ئه‌نجامى په‌ره‌سه‌ندنى ژیانى مرۆڤ خۆیدا و له‌ ئه‌نجامى ناكۆكیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ناته‌بایى و نایه‌كسانى و نه‌بوونى ئازادىدا له‌ ژیانى كۆمه‌ڵدا و دیسان به‌ كۆیله‌بوونى خودى مرۆڤ بۆ ئه‌و ته‌كنۆلۆژیایه‌ى كه‌ به‌رهه‌مى هێناوه‌ و.. له‌ به‌رده‌م فشارى تووندى ژیانى شاردا مرۆڤى هه‌ستیار بۆ گه‌ڕان له‌ دواى به‌ ده‌ست هێنانه‌وه‌ى ئازادى و ده‌ربازبوون له‌ فشارو په‌ستانى شار ڕێگاى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌ره‌و سروشت له‌به‌رگرتووه‌.. گۆران له‌ لایه‌ك بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌و ئازادى و هێمنى و هێورییه‌ى ئامێزى سروشت و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ جوانیه‌كانى سروشت كه‌ جوانى یه‌كه‌من و چێژ وه‌رگرتن له‌و جوانیانه‌ ڕێگاى به‌ره‌و سروشت له‌به‌رده‌گرێته‌وه‌. واته‌ هه‌روه‌ك پێشتریش گوتومانه‌ گۆران به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ یه‌قین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشت، یه‌قینى ئازادى و یه‌قینى هێمنى و هێورى و یه‌قینى جوانى و چێژى جوانى.
گۆران له‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا بۆ ئامێزى سروشت، نایه‌وێت خۆى دفن بكات و سروشت وه‌كو گۆڕستان سه‌یرناكات كه‌ جێگاى خۆشاردنه‌وه‌ و دیارنه‌مان و گۆشه‌گیریى بێت به‌ مه‌به‌ستى حه‌وانه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئاژاوه‌ و پشێوى ژیانى كۆمه‌ڵ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ئامێزى سروشتدا په‌یوه‌ندى كراوه‌ى هه‌بێت له‌گه‌لأ ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا چونكه‌ پێى وایه‌ ئازادى نێو ئامێزى سروشتیش به‌ بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ ئه‌وانى ترى نێو سروشتدا مانا ده‌به‌خشێت. هه‌ر ئه‌م ڕوانینه‌یه‌ وا له‌ گۆران ده‌كات بكه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌لأ ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى نێو سروشتدا و پاشان ناسنامه‌ى خۆى بۆ ئه‌وان ئاشكرا بكات. ته‌نانه‌ت له‌ ئاستى باڵنده‌كاندا خۆى به‌ بێ تواناتر و ناكرده‌تر نیشان ده‌دات چونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ سروشت به‌ باڵنده‌كانى به‌خشیوون كه‌ تواناى فڕینه‌، به‌مى مرۆڤى نه‌به‌خشیووه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئاستى ئه‌واندا ئه‌م خاسێته‌ى كه‌ سروشت به‌وانى به‌خشیووه‌ و به‌مى مرۆڤى نه‌به‌خشیووه‌ ده‌كاته‌ به‌ڵگه‌ بۆ سه‌لماندنى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌میش زینده‌وه‌رێكى ئاسایىیه‌و دڕنده‌ نىیه‌ و ته‌نانه‌ت تواناى ئه‌وانیشى نىیه‌. ئه‌گه‌ر به‌ ئاڕاسته‌ى قوڵایى ده‌قه‌كه‌ شۆڕببینه‌وه‌ ئه‌وا بۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه‌ گۆران پێى وایه‌ كاتێ ئێمه‌ى مرۆڤ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئامێزى سروشت پێویستمان به‌و خاسێتانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سایه‌ى سروشتدا هه‌م ئاسوده‌یى و هه‌م ڕێگاى پاراستنمان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و چه‌كه‌مان نىیه‌ كه‌ بۆ نموونه‌ باڵنده‌كان هه‌یانه‌و جۆرێك له‌ باڵایى ئه‌وان ده‌سه‌لمێنێت، گۆران له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌موكورتیه‌ى ئێمه‌ى مرۆڤدا له‌ به‌رامبه‌ر باڵنده‌كاندا جۆرێك له‌ هه‌ست به‌ كه‌مى كردن نیشان ده‌دات، كه‌ ده‌شێ ئه‌م پێى وا بێت ماده‌م گه‌ردوون وه‌كو یه‌ك خاسێته‌كانى نه‌به‌خشیووه‌ به‌ سه‌رجه‌م زینده‌وه‌ران كه‌واته‌ ناشێت یه‌كسانى له‌ نێوانیاندا دروست ببێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كه‌موكوڕییه‌كانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ بوارێكى تردا تواناى خۆیى په‌ره‌پێداوه‌، مرۆڤ له‌ ئه‌نجامى لاوازیى توانا جه‌سته‌ییه‌كاندا بۆ له‌ ڕوودا وه‌ستانى تووندوتیژى و په‌ستان و فشارى هێزه‌كانى سروشت، له‌ ڕووى عه‌قڵ و هۆشه‌وه‌ په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ به‌ جۆرێك كه‌ به‌و جه‌سته‌ لاوازه‌یه‌وه‌ به‌ عه‌قڵ ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر تواناى له‌ بن نه‌هاتووى ته‌نانه‌ت دڕنده‌ترین زینده‌وه‌ریشدا كردووه‌.. به‌ڵام گۆران به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ عه‌قڵ به‌رهه‌مى هێناوه‌ ئاسوده‌ نىیه‌ و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ئامێزى سروشت به‌و هیوایه‌ى كه‌ بگاته‌وه‌ به‌و چركه‌ساته‌ى كه‌ له‌ ئامێزى ساده‌ى سروشتدا هه‌ستى به‌ ئازادى كردووه‌ و به‌ هێمنى و هێورى ژیانى به‌سه‌ر بردووه‌.
گۆران پێى وایه‌ سه‌ربه‌ستى خاسێتى نێو سروشته‌و باڵنده‌كانیش وه‌كو هێماى سه‌ربه‌ستى خوازى نیشان ده‌دات و ده‌شێ ئه‌مه‌ش وه‌ها لێكبده‌ینه‌وه‌ كاتێ باڵنده‌ و زینده‌وه‌ران ئامێزى سروشتیان به‌جێنه‌هێشتووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ عیشقى سه‌ربه‌ستى و ئازادى بوون، به‌ڵام ئه‌مى مرۆڤ له‌ به‌جێهێشتنى سروشتدا ئه‌و سه‌ربه‌ستى و ئازادییه‌ى خۆیى له‌ ده‌ست داوه‌، تاكه‌ ڕێگاش بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ ئازادى و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئامێزى سروشت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ مرۆڤ چه‌ندێ په‌ره‌ى سه‌ندبێت له‌ چاو ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا، ئه‌وا به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ سه‌ربه‌ستى خۆیى دۆڕاندووه‌، مه‌به‌ست له‌و سه‌ربه‌ستیه‌ش سه‌ربه‌ستیه‌ به‌ مانا ڕه‌هاكه‌ى واته‌ سه‌ربه‌ستى له‌ودیوى هه‌ر سنوور و سانسۆرێكه‌وه‌. گۆران به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌ستى ڕه‌ها ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزى سروشت، به‌ڵام ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ى گۆران گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى تاكه‌ كه‌سىیه‌، هه‌رچۆن گۆران له‌ ئه‌زموونى خۆیدا موماره‌سه‌ى تاكڕه‌وێتى خۆیى كردووه‌ و هه‌تا ئه‌و كاته‌یشى كه‌ په‌یڕه‌وى تاكڕه‌وێتى خۆیى كردووه‌ شاعیرێكى داهێنه‌ر و خاوه‌ن جیهانبینى بووه‌، به‌ڵام كاتێ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى عه‌قڵى باو و ده‌چێته‌ ژێر سایه‌ى عه‌قڵى ده‌سته‌جه‌مى بوونى حیزبایه‌تى و ئایدیۆلۆژیاوه‌ بارى تاكێتى و تاكڕه‌وییه‌كه‌ى هه‌ره‌س ده‌هێنێت و به‌و پێیه‌ش ڕوانینى بۆ ئازادى تاكه‌ كه‌س ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئاستێكى تر كه‌ له‌ ڕوانگه‌ى ئایدیۆلۆژیاوه‌ بۆى ده‌ڕوانێت، له‌وێشدا گۆران تواناى داهێنانى پێوه‌ دیار نامێنێت، بۆیه‌ قۆناغى شاعیرێتى و داهێنانى گۆران له‌گه‌لأ په‌یوه‌ندیكردنى به‌ مه‌سه‌له‌ى حیزبایه‌تى و ئایدیۆلۆژیاوه‌ دوایى دێت، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌ ئیفلیجه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌یى گۆران له‌وه‌دا ده‌بینێت كه‌ په‌یوه‌ستبووه‌ به‌ ئایدیۆلۆژیاى چه‌په‌وه‌، بێگومان ئه‌م ڕوانینه‌ نادروسته‌ش به‌رهه‌مى ئه‌و عه‌قڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا نازانن شیعر و چه‌مكى شیعر چىیه‌ و هیچ ڕوانینێكیان بۆ شیعریه‌ت نىیه‌.
گۆران كۆیله‌ى ته‌نیا ده‌ستى ناعه‌داله‌تى و نایه‌كسانى نىیه‌، به‌ڵكو كۆیله‌ى ده‌ستى نه‌بوونى ئازادى ڕه‌هایه‌، ئه‌و ئازادییه‌ى كه‌ به‌ ڕوانینى ئه‌و ته‌نیا له‌ ئامێزى سروشتدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت نه‌ك له‌ سایه‌ى ئایدیۆلۆژیاو حیزبایه‌تى ته‌سك و بكوژى هه‌موو ئازادییه‌كانى تاكه‌ كه‌س دا. هه‌ر له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هه‌ستكردنه‌دایه‌ گۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزى سروشت و پێى وایه‌ باڵنده‌كان به‌رزترین مه‌یلى سه‌ربه‌ستیان هه‌یه‌ بۆیه‌ به‌ ئاسانى ڕام ناكرێن و سه‌ربه‌ستیان لێ زه‌وت ناكرێت مه‌گه‌ر مرۆڤ، ئه‌و مرۆڤه‌ى كه‌ دواى ئه‌وه‌ى سروشتى به‌جێهێشت و ئازادییه‌كانى خۆیى دۆڕاند، هه‌وڵبدات ئه‌وانیش بخاته‌ نێو قه‌فه‌زه‌وه‌. گۆران خۆى ده‌شوبهێنێت به‌ باڵنده‌كان له‌وه‌دا كه‌ هه‌مان مه‌یلى ئازادى ئه‌وانى هه‌یه‌.
به‌ڵام وه‌ك ئێوه‌ له‌ دڵما ئه‌گڕێت مه‌یلى سه‌ربه‌ستى
ئه‌مه‌ش ئایینم وه‌ك ئایینتانه‌: هه‌رده‌ په‌رستى!
ڕاسته‌ ئه‌م ئێستا سه‌ربه‌ستى خۆیى له‌ ده‌ستداوه‌، به‌ڵام له‌ ناخه‌وه‌ هه‌میشه‌ په‌رۆشى سه‌ربه‌ستىیه‌ و ده‌یه‌وێت بگاته‌وه‌ ئاستى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستىداوه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئه‌نجام؟
گۆران گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت هه‌ر له‌ سنوورى گواستنه‌وه‌یه‌كى ساده‌ى شوێندا نابینێت، به‌ڵكو ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ مه‌ودایه‌كى قوڵترى هه‌یه‌ و ئه‌م واى ده‌بینێت كاتێ باڵنده‌كان له‌ سروشتدا ماونه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌مان په‌یڕه‌وى ئاینێك ده‌كه‌ن كه‌ ئایینى سروشت په‌رستىیه‌. واته‌ سروشت به‌لاى ئه‌وانه‌وه‌ له‌ جێگاى ئایین و خواوه‌نده‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوونى باڵنده‌كان و ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشت به‌ خودى سروشته‌وه‌ وه‌كو جێبه‌جێكردنى ئه‌ركى ئایینى سه‌یر ده‌كات. ئه‌میش خۆى له‌ ڕیزى ئه‌واندا داده‌نێت و ئایینى ئه‌میش هه‌مان ئایینى ئه‌وانه‌ كه‌ ئه‌ویش سروشت په‌رستىیه‌. كه‌ له‌ پشتى ئه‌م ڕوانینه‌وه‌ سه‌ربه‌ستى ڕه‌ها ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ مانایه‌كى تر گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌رچۆن ئایینى ئێوه‌ سه‌ربه‌ستى په‌رستىیه‌، منیش هه‌مان ئایینم هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌دركێنێت كه‌ هاوشێوه‌یى خۆى له‌گه‌لأ باڵنده‌ و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا نیشان بدات. هه‌م بۆ په‌رۆشبوونى سه‌ربه‌ستى ڕه‌ها، هه‌م به‌ مه‌به‌ستى دوورخستنه‌وه‌ى سیماى دڕنده‌یى له‌ خۆى به‌و هیوایه‌ى هه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشت قبوڵى بكه‌نه‌وه‌ و هه‌م سروشت خۆیشى ئامێزى بۆ بكاته‌وه‌.
هه‌ڵوێستى گۆران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت بۆ لێكدانه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتكردن به‌سه‌ر سروشتدا نىیه‌، به‌ڵكو به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌ربه‌ستى و ئازادى ڕه‌هاى ئامێزى سروشت و هه‌م گه‌یشتنه‌وه‌یه‌ به‌و ئاسته‌ى كه‌ تیایدا هه‌ست به‌ هارمۆنیاى سروشت و ئێستاتیكاى سروشت ده‌كات.. چونكه‌ پێى وایه‌ ژیانى نێو كۆمه‌ڵ و فشار و په‌ستانه‌كانى ژیانى ناو كۆمه‌ڵگا نه‌ ڕێگاى ده‌سته‌به‌ر كردنى ئه‌و ئازادىیه‌ ده‌دات، نه‌ له‌نێو شار و له‌ كۆمه‌ڵ دا هه‌ست به‌ چێژى ئێستاتیكاى سروشت و هارمۆنیاى سروشت ده‌كرێت.
گۆران له‌ كۆتایى شیعره‌كه‌یدا ناسنامه‌ى خۆى له‌ هه‌موو گومانێك ڕووت ده‌كاته‌وه‌ و تاكه‌ سیمایه‌كى دیارى خۆى ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ستبوونیه‌تى به‌ سروشته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ هه‌موو بوونێك له‌ ئامێزى سروشتدا ده‌بینێت، به‌ جۆرێك سروشت ده‌كات به‌ ئایین و به‌ خواوه‌ند و ئه‌میش په‌رستیارى ئه‌و ئایینه‌و ئه‌و خواوه‌نده‌یه‌ چونكه‌ ئازادى و جوانى گه‌وهه‌رى بوون و ماهیه‌تى ئه‌و خواوه‌نده‌یه‌و ته‌نیا له‌ سایه‌ى ئه‌ودا ئازادى هه‌یه‌.
تێبینی/ ئەم لێکۆڵینەوەیە پێشکەشە بە گۆرانناسان و بە تایبەتی بە هونەرمەند ئەسعەد قەرداخی کە ئەم دەقە شیعرییەی بە میلۆدیەکی کوردانەو بە دەنگە بەسۆزەکەی گوتووە.




زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی ھەشتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: بەبڕوای خۆم گرنگ بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ و جوانە، نەک رووخساری جوان، ئاخر بیرکردنەوەی جوان ئەزەلییە، ھەرچی رووخساری جوانیشە کاتی و ناجێگیر. وەک خۆم لە بیرکردنەوەدا تۆ دەبینم، رووخسارتم زۆر بۆ گرنگ نییە، ھەمیشە جوانی رێژەییە، بەڵام جوانی بیرکردنەوە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو تیۆرە. مرۆڤ بەمێشکی دەتوانێ بگاتە جوانی و رەھەندی ون و ئیستاتیکی بیرکردنەوەی کەسێکی دیاریکراو، چاو لەم بوارەدا رۆڵی نییە یان کەمترین رۆڵی ھەیە.
خۆم: کێشەکە مرۆڤی ئێمەیە، پیاوی کورد ژن وەک جەستە دەبینێت، لە بەرامبەریشدا مێینە وێنای پیاو وەک گورگێک دەکێشێت. ئەمەش سوچی ژن یان پیاو نییە وەک تاکەکەس، بەڵکو تاوانەکە لە ئەستۆی سیستمی پاتریارکییە.
من: پیاوی ئێمە “واتە پیاوی رۆژھەڵاتی- الشرقی” ھەمان سەگەکەی پاڤلۆلە، کاتێک گوێی لە سەدای ژن یان دەنگی ھەستی دەبێت خێرا لیکێکی سێکسیی بە شەویلگەیدا دێتە خوارەوە. ژنی ئێمەش پیاوان لە شێوەی مافیاکانی فرانک کۆستێلۆ دەبینن کە بێ ویژدانانە جوانیان دەکرۆژن و جەستەیان تاڵان دەکەن و چێژیان لێ دەدزن.
خۆم: کەواتە ژن و پیاو مەحکومن بە خۆشەویستی یەکتر. پێویستە ئامادە بن لەگەڵ یەک وەک توخمی جودا بەرەو یەک چارەنووس بڕۆن. ئارتەر رامبۆ لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت: پێویستە سەرلەنوێ خۆشەویستی دابھێنینەوە. لەو دنیای بێ رەنگەی خۆشەویستی تێدا نەماوە، وەرە با ئێمە پێکەوە مەشخەڵی خۆشەویستی ھەڵبگرین.
من: ئالان بادیۆ وای دەبینێت خۆشەویستی دووبارە داھێنانەوەی ژیانە. ھەموو رۆژێک لەگەڵ تۆ بە فۆرمی جیا جیا سەرقاڵی داھێنانەوەی ژیانم، مانای نوێ لەسەر جەستەی بە بەردبووی ژیان ھەڵدەکۆڵم. ماندوو نابم، پیر نابم، تەنانەت نامرم تاکو بە خۆشەویستییەوە خەریک بم، ئاخر مرۆڤ تاکو خۆشەویستی بکات نە پیر دەبێت، نە دەمرێت. ئەمێستا ھەموو بوونی خۆمم گرێداوەتەوە بە خۆشەویستییەوە، ھەروەک دێڕێک لە گۆرانییەکەی “جۆ داسین” دەڵێم “ئەگەر تۆ نەبووبایت، پێم بڵێ بۆچی من ھەبم؟”. ئێمە دەبێت پێکەوە ژیان دابھێنینەوە.
خۆم: لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ شتێک لەسەروو خۆشەویستییەوە نابینم، بەڵام ھێشتا لە گرێدانی خۆشەویستی و سێکس پێکەوە دەسڵەمێمەوە!!، پێموایە سێکس خۆشەویستی ناپارێزێت و نایگرێتە خۆی بەڵکو خاڵی کۆتایی بۆ دادەنێت.
من: ئەمە ھەمان ئەو روانگەیەیە “ژاک لاکان” پێداگریی لەسەر دەکات، ئەویش پێیوایە خۆشەویستی و سێکس دوو پێدراوی دژ بە یەکترن، بەڵام دروست پێچەوانەکەی راستە، ئەگەرنا لەم کاتەدا خودی خۆشەویستی دەبێتە رەوشێکی سۆفیگەرانەی رووت!. خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو، سێکس واتاداری دەکات، چون سێکس تەنیا پرۆسەی منداڵ خستنەوە نییە، یان ھەمان ئەو کردەیە نییە ئاژەڵەکان ممارەسەی دەکەن.
خۆم: خۆشەویستی زۆر جار سەرچاوەی گریانە، جەنگێکە لە ناوخودی خۆماندا، ھیچ کات ئاسایش و جێگیریی لە خۆ ناگرێت، بەڵکو لە ئاکامدا بەختەوەرییەکی سەیری تێدایە کە تەنیا ئەوانەی خۆشەویستی دەکەن چێژ لەو بەختیارییە تاڵە وەردەگرن!!. دەشێت بڵێم بەختەوەریی خۆشەویستی لەوەدایە کەسێتییەکی مازۆخیمان بۆ دروست دەکات. ھەموو عەزابەکانی نێو خۆشەویستی لە دواجاردا دەبنە یادەوەریی شیرینی تەمەن.
من: خۆشەویستی ئەو یاقووتەیە ھەموو کەس دەینێتە ژێر پێی، بەڵام من ھەمیشە لەسەر تەوقە سەرم دامناوە!. خۆشەویستی ئەو جوانییەشە زۆرینەی خەڵک لە توێی داستان و کتێبەکاندا پێشوازیی لێدەکەن، یان پێیان خۆشە وەک دیاردەیەکی سینەمایی بیبینن و نایانەوێت خۆیان بچنە ناو ئەو یارییە ئاگرینەوە، بەڵام من خۆم پاڵەوانی ئەو داستانەم و رووداوەکانی بە دەستی خۆم تۆمار دەکەم، بە خوێنی خۆیشم کتێبی ئەو گەمە ئاگرینە دەنووسمەوە.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ ھێندە سەرقاڵە بە رووکاری دەرەوەی ژیان، ھیچ کاتی نەماوە گوێ لە دەنگی ناوەوەی خۆی بگرێت. ھێندەش سەرقاڵە بە ژیانێکی میکانیکییەوە، کاتی نییە لەو خەونانە تێبگات ھەموو شەوێک دەیانبینێت.
من: بێگومان مرۆڤی زیندوو ھەمیشە ھۆکارێک بە ژیانەوە دەیبەستێتەوە، ئەویش توانای خەون بینینە! کارەسات ئەوەیە مرۆڤ خەونی نەمێنێت یان توانای خەونبینین لە دەستبدات، لەم چرکەساتەدا ژیان پووچترین کردەیە.
خۆم: بە پێی ئەفسانەکان خەون پڕۆژەیەکە بۆ ئایندە، بە مانایەکی تر ئەوە خەونە پێتدەڵێت ژیان چی لە ھەگبەدا بۆ ھەڵگرتوویت و دەبێت بە دوایدا بڕۆیت!!. تەنانەت ھەموو ئیپۆسەکانی خۆشەویستیش سەرەتا ھەر خەونێک بوون.
من: رەنگە پێت سەیر بێت بڵێم لە خەونی سەرەتای مندا ژنێک ھەبووە، تازە ناسیوومەتەوە!. خەون زمانێکی جیھانیی ھەیە و ھاوبەشە لەنێوان تێکڕای مرۆڤەکاندا. وەک ئەریک فرۆم باسی دەکات: زمانی خەونی مرۆڤی سەرەتایی، یان زمانی خەونەکەی فیرعەون کە لە کتێبی پیرۆزدا ھاتووە، یاخۆ زمانی خەونی کەسێکیش لە شتوتگارت یا نیۆیۆرک بێت ھەر یەک زمانن. زمانی خەونەکانی من شیعرن، لە دەرەوەی خەونیش ئەوەی بە خۆشەویستی ئەو ژنەوە دەمبەستێتەوە شیعرییەتی ئەو خەونانەیە ھەموو شەوێک دەیانبینم. فرۆم جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە ھیچ نوستنێک بێ خەون تێناپەڕێت. زیادەگۆیی نییە بڵێم ھەموو شەوێک خەونی پێوە دەبینم و بە زمانی شیعر دەیدوێنم.
خۆم: رەنگە ئەو ژنە لە دۆخێکی دۆشداماوییدا بڵێت بۆچی دەبێت ئەو کەسە بم لە خەونەکانی تۆدام؟ ئەم رێکەوتە زۆر سەیرە. ناڵێم جێگەی بڕوا نییە، بەڵکو جێگەی سەرسوڕمانە!!.
من: بۆ خۆشم حاڵەتێکی ناوازەیە. بڕوام نەدەکرد کەسێک لە دووری دوورەوە ھەموو شەوێک میوانی ناو خەونەکانم بێت، لەوە زیاتریش بەو خێراییە ببێتە بورکانی گڕگرتووی ناو مێشکم، ھەرچی بنووسم باسی ئەو بکات، بۆ ھەر کوێ بڕۆم لەگەڵمدا بێت، بیر لە ھەرچی بکەمەوە بەو دەستپێبکات و ھەر بە ئەویش کۆتایی بێت!!.
خۆم: زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە، تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە، نووکە ھەم شۆک و ھەم بێدەنگم لەبەرئەوەی نازانم چی بڵێم. کاتێک بەر ھەندێک راستی لەیادکراو و نەبینراو دەکەوین دەکەوینە دۆخی لاڵبوونەوە.
من: ھەموو کات بیستنی ھەقیقەت تووشی شۆکمان دەکات، لە سۆنگەی ئەوەی راستیی ئەوە نییە بە چاو دەیبینین، بەڵکو مێشک دەیناسێتەوە. تێدەگەم بە چیدا تێدەپەڕیت، لەگەڵ ئەمەشدا دووبارەی دەکەمەوە خەونی سەرەتام دواندنی ژنێک بوو بە زمانی شیعر، ھەنووکە ئەو ژنە لە بەردەممدا وەستاوە و پڕ بە چاوەکانم نیگای دەکەم!.
خۆم: سەیرە! زۆر سەیرە!!. ئەمە رووداوێکی سەیری ژیانمە، لە شێوەی سەرسوڕمان و ھەستم تێبگە.
من: خۆم پێشبینی ئەوەم دەکرد خۆم و خەونەکانم و قسەکانمی پێ سەیر بێت، ئەوەش جێی پرسیار بێت چۆن وا بە خێرایی بەرەو رووی چووم، بەڵام ئەمە بۆ من خەونێکی دێرینە و بۆ ئەویش رووداوێکی زۆر تازە!. ئەگەر لە دواکەوتنم بپرسێت، لە سەرەتاوە بەھۆی سیاسەتەوە خۆشەویستیم لە خۆمدا کوشت، ئێستا “سێبەری یۆنگ” بەسەرمدا زاڵ بووە و پێمدەڵێت ئەو دەمامک و خۆ بەھێزنیشاندانەت فڕێ بدە، خۆت بدە بە دەمی شەپۆلی خەونەکانتەوە کە رووەو یار دەتبات!. لە ئێستادا دڵخۆشم بەوەی خەونێکی مەزن و پێنووسێکم ھەیە، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک ھیچی تریان نییە جگە لە گەدەیەکی گەورە و گیرفانێکی قووڵ.
خۆم: تۆ دەزانیت من ترسنۆکم بەرامبەر خۆشەویستی؟، تووشی نەخۆشی فیلۆفۆبیا بووم.
من: خۆشەویستی چالاکییەکی مرۆڤانەیە بەو پێیەی خۆشەویستی بەو تانوپۆوە تایبەتە بە مرۆڤ، بۆیە ئاساییە ترس و راڕایش لە ئارادا ھەبێت. منیش تاکو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی نارسیستیانە خۆشەویستیم کردووە!. ھەموو دەزانین لە میتۆلۆجی یۆنانیدا نارسیسۆس ئەو گەنجەیە لە ئاوێکدا وێنەی خۆی دەبینێت و ئاشقی خۆی دەبێت. میلان کلاین پێیوایە نارسیسۆس کاتێک سەیری ئاوەکەی کردووە پێیوابووە سەیری جیھانی دەرەوە دەکات، لە راستیشدا خەیاڵی لای ئەو خۆشەویستە بووە ناسنامەکەی لە خۆیدا دۆزیوەتەوە. بۆیە ھەمیشە وێنای ئەوم لە خودی خۆدا دۆزیوەتەوە.
خۆم: ناسینەوەی بۆ وا دواکەوت؟ چۆن و بە چیدا دەزانیت ئەو ژنەی ناو خەونەکانت ئەوە و یەکێکی تر نییە؟.
من: کات مەسەلەیەک نییە، گرنگ ئەوەیە ناسیمەوە و لەناو حەشاماتێک ژندا جیام کردەوە، لە مێژە دەستم بە گەڕان کردووە بە دوایدا، لە زۆر شوێن ھاوشێوەی ژنی ناو خەونەکەم بەرچاو کەوتووە، لەسەر رێگام زۆر ژنی تر ویستویانە خۆیان بەو ژنە بناسێنن، بەڵام وەک رووبارێک لە رۆشتن بە دوایدا نەوەستاوم، ئەمێستا ئەو رووبارەی چەندان ساڵە بەرەو باوەشی دەریای ئەو بەڕێوە بوو، ھێمن ھێمن رژاوەتە ناوییەوە، خۆی لەناویدا ون کردووە، تەنانەت وازی لە سروشت و ناوی خۆی ھێناوە. دەستی لە ھەموو شتێک ھەڵگرتووە، تەنیا شوێن دۆزینەوەی ئەو خەونەی کەوتووە.
خۆم: ھیچم نییە بۆ وتن، جگە لە واق وڕمان بە دیار وشەکانتەوە. ئاخر دەکرێت لەم حاڵەدا چیم ھەبێت بۆ وتن؟.
من: منیش وا ھەست دەکەم خەون لەناو خەوندا دەبینم. تۆ دیقەت بدە ھەموو توێژینەوە زانستییەکانی فرۆید لە بارەی سێکسەوەیە، کەچی خۆی کەسایەتییەکی شەرمنی ھەبووە، بە راددەیەک نەیتوانیوە ھەستی تایبەتی خۆی بۆ ئەو ژنە دەرببڕێت جێگەی سەرسامی بووە. منیش لێ تێمای سەرەکی نووسینەکانم ژنە، بەڵام ھەمیشە شەرمێکم ھەیە لە ژن، وا خەریکم لەگەڵ ئەودا بەسەر ئەو شەرمەدا زاڵ ببم، ھەوڵدەدەم جڵەوی خۆم شل بکەم، تا دڵم بە دەنگی بەرز قسەی بۆ بکات. دەمەوێت سەرنجی لەسەر زارم لاببەم کاتێک بۆی دەدوێم، بەڵکو خوازیارم ھەست بە ترپەکانی دڵم بکات، چەندە خێرا لێدەدەن، چەند دەنگی لێدانیشیان بەرزە.
خۆم: شتێک ھەیە لە تۆدا ھەرچەند دەکەم بۆم راڤە ناکرێت، تەنیا ئەوەندە دەزانم ھێزی کێشکردنت زۆر ھەراشە. ئەوەتا سێوی دڵی ئەو ژنە کاتێک لە داری بێزاریی بووەوە، لە بری بەرزبوونەوە بەرەو ئاسمانی غەمگینی، بەربووەوە ناو کۆشکی ئارامیی تۆوە. ھەروەک جارێک ئەو ژنە پێی وتبوویت: بەدەر لەم فاکتە کە لەسەر خۆم دەیزانم، دەمەوێت گوێم لە دەنگی ھەستت بێت سەبارەت بە من!.
من: سەرەتا ژن وەک پارچەیەک لە جوانی دەبینم، کەچی ئەو لەسەرو ئەو جوانییەوەیە، ئەم ھەستەی خۆمم پێ ئەنالیز ناکرێت. پێشتر بە ھەندێک شتم وتووە جوان کە زۆر لە خوار جوانی ئەوەوە بوون، ھەنووکە ناکرێت بە ئەم و ئەو شتانە وەک یەک و بە یەک ریتم بڵێم جوان، ئەو میتا جوانییە. ھەندێک شتی بچووک ھەبوون خۆشمویستوون، ئێستا ئەو بەو ھەموو خۆشەویستییەوە لە وجودمدا ھەیە، ناکرێت بە ھەمان ئەندازەی ئەو شتە بچووکانە خۆشم بوێ، پێویستی بە میتا خۆشەویستییە. دەبێت شێوازێکی باڵا لە خۆشەویستی دابھێنم تاکو بتوانم پێی بڵێم بەو فۆرمە تایبەت و بێ وێنەیە خۆشم دەوێیت. ئەو لەسەروو جوانییەوەیە، منیش دەبێت لەسەروو خۆشەویستییەوە خۆشم بوێت.
خۆم: کەواتە بۆ ئەو ھەستە بژی بەرامبەر بەئەو ھەتە، بۆ بەردەوامی ئەم خۆشەویستییە مەمرە. لەبەرئەوەی لە چەندین وێستگەدا دەتبینم بەرامبەر مەرگ لاوازیت، دەبێت نەمریت تاکو حکایەتێکی گەورەی خۆشەویستی دەنووسیتەوە.
من: ئەوە ئارەزووی منیشە. جیا لەمەش ژیان کەی ھێندە خۆشە بۆی بپاڕێمەوە و مەرگیش کوا ھێندە سامناکە لێی بتۆقم؟، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ خۆشەویستی و بە خۆشەویستی دەژیم. بیرت نەچێت زۆر ناخۆشی تر ماوە بیبینم کە لە مردن تاڵترن، بۆیە مەرگ ئەوەندە میھرەبان نییە وەھا زوو ببێتە میوانم، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بەو تفتییەی خۆیەوە بە قەندی خۆشەویستی شیرین دەکەم.

٢٢-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: دە و چارەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد




بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا لەڕووی سایکۆلۆژیی و پەروردەییەوە.. نووسین:ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی)

پێشكەوتن پێویستە لە ڕووی سایكۆلۆژی و فیكری و سۆسیۆلۆژی و زانستیدا بەرپا بكرێت. یەكەمین ھەنگاویش سیستەمی پەروەردەیە. جارێ دەبێ لە باخچەی ساوایانەوە ئەو دیوارەی نێوان كچ و كوڕ بشكێنرێت، بەداخەوە كە ئەمە واقیعە. چ كچ چ كوڕ تا گرێی سێكسیی لە دەرووندابێت شەڕخواز و تووڕە و هەڵچوو و ناجێگیردەبێ، لەبەر بیركردنەوە لە بوارە سێكسییەكان بواری بیركردنەوە لە بابەتی تری نامێنێتن، وە نێر و مێ تەنھا پێكەوە دەتوانن كۆمەڵگا ھاوسەنگ بكەن.

لێرەدا مەرج نیە ئەم قسانەم واتای ئەوە بێ كچ و كوڕ بە ڕەھایی ئازادبن لە ئەنجامدانی سێكس کە ئەم پرسە پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە. چونکە زۆرکات کە پرسی ئازادی و بەرەوپێشچوون یاخود هەر پرسێکی تری پەیوەندیدار و نزیک لەم پرسەوە بۆ هەر ڕەگەزێك دەوروژێنێیت، بەشكێك لە تاکەکانی باشووری کوردستان بە ڕەگەزی نێر و مێیەوە و(ڕەگەزی تر). پێیان وایە کە بریتیە لە بەڕەڵایی و بێ ئەخڵاقی و گوزارەشتە نالۆژییکەکانی تر کە بەم جۆرە لێکدانەوەی بۆ دەکەن.

بەڵام خودی پێكەوەبوونی كچ و كوڕ تەنانەت لە چوارچێوەی ھاوڕێیەتیش بەشێكی گەورە لەو بۆشاییە بایەلۆجی و دەروونیە پڕدەکاتەوە کە پێویستی تاکن. تاك بە سەرکوتکردن لە ئاستێکی بەرزدا نامۆدەبێتن بەخۆی، هەر لەبەر ئەم پرسەیە بە خستنە نێو چواردیوارەوە دۆخێکی پەنگخواردوی تاکەکە دروست دەبێتن کەدواتر قەرەبووی ئەم دۆخە دەکاتەوە لە سۆشییەڵ میدیاکان یاخود ڕێکارەکانی تر بەکاردەهێنیت بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ویستە…تاد. تەواوی ئەو بابەتە دەچێتە خانەی ئاسایشی دەروونی، ھەر لەو چوارچێوەیەدا، كێشەی ژیانی ناو خێزانی کوردیش لەباشووری کوردستان دێتە گۆڕێ.

ھەر نەتەوەیەك خاوەنی كلتوورێكی خێزانی سەرتاسەریە. بۆ نموونە لەم سەردەمە ھەرگیز خێزانێكی فەڕەنسی نابینی كە كچەكەیان سەرزەنشت بكەن لەسەر چاتكردن لەگەڵ كوڕێك، ئەمە لە کۆی گشتی خێزانە فەڕەنسیەکان ھەمان شتە. یان دەگمەنە خێزانێكی فارس تەنھا یەكشەممان نانی ئێوارە پێكەوە بخۆن، واتە ئەو نەتەوەیە خاوەنی كلتوورێكی سەرتاسەرییە.
بەڵام كام كلتوور لە كوردستان زۆرینەیە؟ تەنانەت لە خێزانێكدا ئەندامەكان خاوەنی كلتووری جیاوازن(وردە کلتوور)، ئەمەش ئاسایشی نێو خێزان و ئاسایشی دەروونیی تاكە كەسیش تێك دەدات. ئاوا بەمجۆرە وردە کلتور ئاستەنگە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی زانست و فیكر و ڕۆشنگەری و پرسی گونجان. پێویستە لەڕێی خێزان و قوتابخانەكانەوە كلتورێكی یەكانگیر و تەندرووست و مرۆڤدۆستی فێری تاکەکان بکرێت.

ھەر لەناو خێزاندا، بابەتێكی دیكەی گرنگ پەروەردەیە.
ئایا دایك و باوكەكان تا چەند توانیویانە لە ڕێی گرنگیدان بە وردترین شتەكانی منداڵەكانیان، منداڵەکانیان بەرەو گونجاوترین و تەندروسترین ڕێگای سەردەم و میتۆدە زانستیەکانی پەروەردە مناڵەکانیان ئاراستە بكەن و پەروەردەبکەن؟ ئایا زانیوتە كە ڕەنگی جل، چۆنییەتیی داھێنانی قژ و شەوشادی و بەیانی باش دەتوانن بە درێژایی تەمەن كاریگەریی گەورە لەسەر دەروون و بیری منداڵەكەت درووست بكەن؟ پێویستە پێش منداڵبوون دایك و باوكان بخرێنە كۆرسی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییەوە. بۆ ئەوەی هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانە بکەن، تاکو بتوانن هۆشیارانە مناڵ بەخێوبکەن و پەروردەی بکەن، سەرئەنجام کۆمەڵگایەکی تەندروست.

ئەمانە کۆمەڵێك پرسی سادەن کەباسمکردون سەبارەت بە درووستكردنی كۆمەڵگایەكی تەندرووست و دەروون درووست و ھێمن، كۆمەڵگا هیچ کات یەك ھەنگاو لەڕووی زانستی و فیكری ناچێتە پێش كە تاكەكانی ھەڵچوو و توڕە و ڕووخاو و داخ لەدڵ بن بەرامبەر بەخۆیان و دەرووبەریان. لەکۆتایدا دەمەوێت بە یەك دێر کۆتایی بەم بابەتەم بهێنم ئەویش ئەوەیە: تاکو ئاستی هۆشیاریی تاكەکان لەنێو کۆمەڵگا بەرزتربێتەوە، تاکەکان دەتوانن شکۆمەندانەتر بژین…!

نووسین:ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی)




2 قەسیدەی ڕامبۆ.. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نه‌ژاد عزیز سومێ

(1)
كۆمیدیایه‌ك له‌ سێ ماچدا

لەوەی دایدەپۆشێ‌ داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون ،
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە … نزیك ،
بە مەكرۆییەوە دەكوتا .

لەسەر كورسییەكی گەورە دانیشت
دەستی تێكئاڵاندبوون
نیوە ڕووت ..

لەسەر زەوی ژوورەكەدا
ئازاد دەلەرێنەوە ..
مەبەستم
لە پێیە جوانە ناوازە ، ناوازەكانییەتی ..

زەینم دایێ
ڕەنگیشم ڕەنگی مۆم بوو ..
تیشكێكی ورشەدار ، دێ و ده‌چێ و
لە خەندەیدا دەشەكێتەوە ..
گوڵەمێشێكیش لەسەری مەمكی ..

هەردوو قاچە نەرمەكانیم
ماچ كردن ..
پێـكەنی ..
له‌مه‌كرۆیی پێكەنینی هەڵوەریویدا ،
بوو بە بلووری جریوە و كریستاڵان ..
پێیەكانی لە ژێر كراسێكی ڕووبەدەردا
دەستووریان دا :
دەكرێ‌ تەواوی كەی ؟
یەكەم لایلایە ئەو دەستی پێـكرد
پێكەنینە هەڕەشاوییەكه‌ی
بە سزایەكی زۆرەوە ..

چاوەكانیم
بە سۆزەوە ماچ كردن ،
كە بە لەرۆزكی
لەژێر لێوی مندا
ئارامیان گرتبوو ..
سەرێكم بەرەو دواوە پاڵدا
هەست بە شەكەت بوون دەكا
ئای … ئەمە باشترە !

(( ڕێگەی تەنیا هەندێ‌ وشەم دەدەی ؟ ))
هاتم ماچەكانی ترم ،
بەسەری مەمكانەوە نووساند
وام لێ كرد
ماچەكە زۆر ئارەزوومەندانە پێبكەنێ‌
كە …
لەوەی دادیدەپۆشی داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە .. نزیك
بە مەكرۆییەوە دەكوتا .

(2)
بۆ نووستوی دۆڵێ

كە ڕامبۆ ئەم قەسیدەیەی لە 1870 دا لە ( برۆگرێد ) بڵاوكردەوە ناونیشانێكی دیكه‌ی پێدا ، ئەم سۆناتایە ، وێنەیەكی كاریكاتێرییە بۆ شەڕ كە لەو ساڵەدا (1870) لە گۆڕێ‌ بوو .. لەگەڵ تێبینی ئەوەی دیارە كە ئەو سەربازە نەنووستووە ، كوژراوە .
ئەو بەرابەریەش لە نێوان سرووشتی جوان و میهرەبان و كارەساتەكانی شەڕ دەبینرێ‌ ، هەروەها لە نێوان پەڵەی سەوز و پەڵەی خوێن .

مەزرایەكی سەوزە ،
ڕووبارێك
گۆرانی تێدا دەچڕێ ‌ ..
شێتانە
لێشاوی ئاوی سازگاری زیوین
بەسەر گیادا بڵاو دەكاتەوە ..

كه‌ خۆر ،
لە شاخە بەرزەكانەوە دەدرەوشێتەوە
ئەوەتا دۆڵێكی بچووك
بە پڕشنگان شەپۆل دەدا ..

سەربازێكی گەنج هه‌یه‌
– دەمی كراوەتەوە –
سەر ڕووت
ملی لە ژێر
هۆ ئەو شیناییە تازەیە دایە ..
لەناو گیادا ،
لەو سارایەدا ،
ڕەنگپەڕیو
لە پێخەفی سەوزیدا
كە ڕوناهی لێ‌ دەگری .
درێژ بووە دەنوێ ‌ ..
پێی لە ژێر سەوزایدان
خه‌نده‌دار
وەك بزەی مناڵێكی نەخۆش دەنوێ‌
نا ئەو ،
لە سەرخەوشكاندنێكی سادەدایە
ئەی سرووشت !
بە گەرمی ڕایژەنە !
سەرمایەتی
ئەو بۆن و بەرامەیە
كار لە لووتی ناكەن
ئەوەتا لەژێر خۆردا دەنوێ‌ و
دەستی ئارام لەسەر سنگییەتی
دوو كونی سووریش لەكه‌له‌كه‌ی ڕاستی ..

————————————–

(*) ئارسەر ڕامبۆ : شاعیری بەناوبانگ و جێی سەرنجی مێژووی نوێی شیعری فەڕەنسی و جیهانی ( جین نیكۆلاس ئارسەر ڕامبۆ) ، نۆڤمبەری 1845 لەدایك بووە .
گرینگترین و سەرنجڕاكێشترین كاری نووسیبێ‌ لە تەمەنێكی لاوی سنووردار بووە ، فیكتۆر هۆگۆ بە (منداڵیی شەكسپیر)ی چوواندوه‌ لە بیست و یەك ساڵیدا وازی لە شیعر نووسین هێناوە .

(*) بۆ دەقە شيعرەكان بڕوانە سایتی ئەلنور..




ئەم و ئەو و ئەوان.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەم ئەیویست ئەوانی له کیس نەچێ
هەرچییەکیان بکردایە ، ئەیووت چاکتان کرد
ئەو ئەیویست ئەوانی لە کیس نەچێ
هەرچییەکیان بکردایە ، ئەیووت چاکتان نەکرد .

ئەم هەتا ئەوانی لە دەست نەچێ ،
بەردەوام سەردانی ئەکردن
ئەو هەتا ئەوانی لە دەست نەچێ ،
بە دەگمەن پەنای بۆ ئەبردن

ئەم بۆئەوەی ئەوان بەجێی نەهێڵن ،
لە گەڵیانا بەڵێننامەی ئاشتی ئیمزا کرد
ئەو بۆ ئەوەی ئەوان بەجێی نەهێڵن
لە گەڵیانا کۆمەڵێ شەڕی بەرپا کرد

ئەم چاوی دائەخست و
ئەوانی لە خەیاڵدانیا ئەبینی
ئەو چاوی ئەکردەوە و
ئەوانی لە ئازارەکانیا ئەبینی

ئەم ماڵەکەی پڕ کرد لە دۆعا و نزا
لە پێناوی تەندروستیی ئەوان
ئەو ماڵەکەی پڕ کرد لە هەوڵ و بەرخۆدان
لە پێناوی بەهێزکردنی ئەوان

سوودی نەبوو ..
چونکە ئەوان ڕۆیشتن
ئەم و ئەویشیان بە جێهێشت ..

نەوزاد بەندی

———————–

لێکدانەوەی ووشەکان :
ئەم = دایک
ئەو = باوک
ئەوان = مناڵەکان




ڕێۆرەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شاری تۆرۆنتۆ

بانگەوازی گشتی
بەخێر بین بۆ ڕێۆرەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە،کە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی مانگی ژۆئن ٢٠٢٣ لە Morningside Park بەڕێوە دەچیت.
کات: ١٢ی نیوەڕوو تا ٧ی ئیوارە.
هاتن بۆ هەموانە
بژی هیزی پێشمەرگەی کۆمەڵە
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی

فراخوان عمومی
مراسم روز پیشمرگ کومەله در شهر تورنتو
روز یکشنبه ١٨ ماه ژوئن ٢٠٢٣ از ساعت ١٢ ظهر تا ٧ غروب در پارک Morningside Parkبرگزار میگردد.
ورود برای عموم آزاد میباشد.
زنده باد پیشمرگ کومەله
مرگ برجمهوری اسلامی
زنده باد آزادی برابری