بزمارە ماڵ وگۆیژە.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

چەند ساڵێکە دیاردەی “بزمارەماڵ” لە چین بۆتە وێردی سەرزاری میدیای ولات و لە ڕێگەی وێنە سەرنجڕاکێشەکانی دیاردەکەیشەوە، ئینسان لە گۆشە و کەنارەکانی دنیادا، روخساری بزمارە مالەکانیش دەبینێت.
“بزمارەماڵ” ناوی دیاردەکەیە و لە سادەترین پێناسەکردنیدا، بریتییە لەو بەریەککەوتنە یاساییانەی کاتێک خواستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیناسازی ، ڕووبەڕووی خواستی نەفرۆشتنی ماڵ و زەوی وزاری هاولاتییان دەبێتەوە کاتێک نایانەوێ ماڵ و موڵکیان بە کۆمپانیاکان بفرۆشنەوە. بێگوومان لەو کاتەی کە کۆمپانیاکان دەیانەوێت پرۆژەیەکی نوێ لەو شوێنەدا دروستبکەن کە موڵک و ماڵی هاولاتییانە.
بە کورتییەکەی: ئەو خاوەنماڵانەی ڕییاننەداوە کۆمپانیا مالەکانیان بکاتە بەشێک لە پرۆژەکەیان، مالەکانییان وەک بزمارێکی چەقێنراو لەسەر نەخشەی بیناسازی کۆمپانیاکان دەهێڵنەوە. دیمەنی تاکە ماڵێک کەوەک بزمار لە ناو شۆفڵ و لۆری و سڵنگی کۆمپانیاکاندا سەربەرزانە ڕاوەستاوە، گێرەرەوەی نا وتنێکە بە: ناکرێ هەموو شتێک بە دڵی ئێوە بێت!
هاوکاتیش دیاردەکە وەک ناوهێنانێک بۆ ئەو نەخشە جێبەجێنەکراوانەش بەکاردەهێنرێت کاتێک کۆمپانیا بە نیازە پرۆژەی تازە بخاتە پلاندانانی خۆیەوە و دەبێت حساب و کتابێ بۆ ئەو زەمینانە بکات کە لە سەرەتاوە لە کێلگەیەکی بزمار دەچن، نەبادا لە سبەینێیەکدا بزمارێک بە قاچیدا بچەقێت. ئەم دیمەنانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکی کەمی ئەو بزمارە ماڵانەن کە لە مێدیا جیهانییەکاندا سەردێڕی هەواڵ بوون.

بەلام بۆ ئەوەی دیاردەی بزمارەماڵ، ببێتە گرفتی کۆمپانیاکانی ولاتی چین، دەبێ پێشتر ماڵ لە چوارچیوەیەکی یاسایدا جێگایەکی بۆکرابێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە بزمار.

ئەو چوارچێوە یاساییەش بریتییە لە مافی دانپیانان بە موڵک و ماڵی تاکەکەسی ئینسانەکاندا. ئەوە ئەم جێگرتنە یاساییەیە کە ئەو توانایە دەدات بە ماڵ بۆ ئەوەی ببێت بە بزمارێکی سەر رێگای جێبەجێکردنی نەخشەی کۆمپانیاکان.
لە دۆخی پرۆژەکەی گۆیژەدا و ئەو نارەزایەتییەی لە سلێمانی دەستپێکردووە، ئێمە خەریکە رووبەڕوی هەمان دیاردە دەبینەوە، بەلام لە پەیوەندییەکی پێچەوانەتردا. ئاخر گۆیژە، مۆلکی کەسێک نییە وبەڵام موڵکی گشتیشە. هاوکات کەمایەتییەکی کەمی شاریش پێیوایە حزب و کۆمپانیەکەی ناتوانن بەم شێوازە مامەڵە بە مولکی گشتییەوە بکەن.
ئەگەرچی لە دۆخی چیندا، بزمارە ماڵەکان بە ساغ و سەلامەتی دەهێڵرێنەوە تا کێشەی نێوان کۆمپانیا و خاوەنماڵ بەلایەکدا دەکەوێت. لە دۆخی گۆیژەیشدا، کەسانێک هەن دەیانەوێت گۆیژە بکرێتەوە بەو بزمارەماڵەی کە کۆمپانیا نەتوانێ پرۆژەکەی خۆی تیا جێبەجێبکات.
بە کورتییەکەی: کردنەوەی گۆیژەیە بە موڵکی گشتی، مافێک کە لەم کەیسەدا لە گۆیژە سەندراوەتەوە.
لە دۆخی بزمارە ماڵەکانی چیندا، زۆربەی جارەکان، رێککەوتنێک لە نێوان خاوەنموڵک و کۆمپانیادا ئیمزادەکرێ و سازشێک لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەکرێت کە خاوەنماڵ دەیەوێ لە بری رووخاندنی ماڵەکەی وەریبگرێت. ئەگینا تا ساڵانێکی زۆر، بزمارەماڵ، لە ناو نەخشەی جێبەجێکراوی کۆمپانیادا وەک نەئێکی جیاواز بە دەنگ و رەنگی قەدیمی خۆیەوە، لە ناو ئەو ئاپارتمانە بە ئاسمانە چووانەدا، قیت و قنج ڕادەوەستێ.
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا: گۆیژە مولکی کەسیک نییە و هاوکاتیش مولکی گشتە. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لەلایەن خودی دەسەلاتی سیاسییەوە ، وەک مولکێکی تاکە کەسی مامەلەی پێدەکرێت.
بەلام ئەو لۆژیکەی لە پشت ئەم پرۆژەوەیە، لۆژیکی سەرمایەدارییەکی مافیاییە کە لە زۆر جێگای ئەمرۆی سەرمایەداری دنیادا کاری پێدەکرێت.
لە بەرازیلەوە بگرە کە سەدەها هێکتاری دارستانەکانی ئەمەزۆنی تێدا بڕاوەتەوە، بۆ کارتێلە گەورەکانی ئەمریکای لاتین کە مافیاکانی کۆکایین لە پشت بڕینەوەی داری دارستانەکانەوەن تا بیکەنە کێڵگەی کۆکا. زۆر دوور نەرۆیت، دروستکردنی چەندین بەنداو لە ئێران و تورکیادا کە لەسەر ئاوارەکردنی ئەو گوندنشینانەن کە زەوی و مولک و مالەکانیان بەتالاندەبرێت تا پرۆژە گەورەکانی کۆمپانیاکان جێبەجێبکرێ، ئەمانە چەندین نموونەی بچوکن لە گۆشە و کەنارەکانی دیکەی دنیادا.
ئەمە لۆژیکێکی سەرمایەدارییەوە و لە راستیدا ناکرێ هیچ کەسێک تووشی شۆک بکات. سەیر لەوەدایە، کە نە بڕینەوەی دارستانەکان و نە کۆلەوارکردنی دەموچاوی گۆیژە لە پاراستنی ژینگە و جێگاوڕیگای ئەم شاخە لە یادەوەری ئینسان و شیعرەکانیدا دەبێتە موتیڤی یەکەمی راوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم بەرربەرییەتەی سەرمایەداریدا، بەلکو ئەوەی کە دەکرێ خاڵی جەوهەری ئەم کێشەیە بێت: بەهێزکردنی ئەو سنوورە یاساییانەیە کە دەکرێ مولکی گشتی تیا بەهێزبکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە، بە جیا لە داخوازی ژینگەپارێزی و هێشتنەوەی بەها ڕەمزیە کولتورییەکان، لەشکرێک لە دادوەر و پارێزەرانێکی ئینسانی پێویستن تا ئەم خەباتە لە ئاستە قانوونییەکەیدا سەبت بکات. بۆئەوەی گۆیژە و شاخ و دۆلە زەوتکراوەکانی دیکەی کوردستان ببنە بزمارە ماڵێکی هەمیشەیی کە ناکرێ سازشی لەسەر بکرێت، دەبێ وەک موڵکی گشتی دووبارە ئەو مافەیان پێبدرێتەوە.
ئەوەی لەم نارەزایەتییە بچکۆلەی ئیستای سلیمانیدا بوونی نییە، ئەو دەنگە یاساییەیە کە موڵکی گشتی بکاتە خاڵێکی سوور کە هیچ هێزێک نەتوانێت دەستی بۆ بەرێت. بە بڕوای من، ئەمە بە تەنها ئەرکی سلێمانییەکان نییە و بەتالانبردنی شاخ و دۆڵی کوردستان لە مێژە لە هەراجکردندایە و لە سەرتاسەری کوردستاندا، شۆفلەکانی لە کاردایە.
سەیر ئەوەیە، رۆژگارێک لە ژێر دەسەلاتدارێتی بەعسدا، کەمەربەندی جادە شەستییەکەی دەوری سلێمانی، ئەو خالە سوورە بوو کە گەشەپێدانی کەرتی نیشتەجێبوونی شار نەیدەتوانی بیبەزێنێت. لەمرۆدا هیچ سنوورێک نییە کە ئەم شارە چەندە دەکرێ گەورە بێت و بە چ ئاراستەیەکدا دەکرێ گەشە بکات.
تێروانینێکی رۆمانسیانە هەیە کە زیاتر لە مێدیای رۆژئاوادا برەوی هەیە و کوردەکانی دەرەوەی ولات لە برەوپێدانیدا، دەستیان هەبووە. ئەویش دەربارەی پەیوندی نێوان و کورد و شاخەکانییەتی. دەربڕینەکە ئاواهییە: کورد بە جیا لە شاخەکانی، کەسی تری نییە تا بیپارێزێ.
چاڵە هەڵکۆڵراوەکانی سەر سینەی گۆیژە، گێڕەرەوەی چیرۆکێکی تراژیدی ترە: شاخەکانمان لە ئێستادا، خۆشیان بۆ ناپارێزرێت، چ جای لەوەی بتوانن، ئینسانەکانی بپارێزن.
رەنگە لە باری رەمزییەوە، شۆفلەکانی سەر گۆیژە، کۆتایی ئەو بانگەشە ناسیۆنالیستییە بێت کە ناسیۆنالیزم و چەکدارەکانی لە دەووری شاخەکانی کوردستانیان دروستکردووە. ئینسانی کورد بۆ ئەوەی شاخەکانیشی بپارێزێت، دەبێ پێشتر لە پاراستنی خۆی و حورمەتی ئینسانی خۆیەوە دەستی پێبکردایە. پرۆژەیەک کە لە هەموو مێژووی ناسیونالیزمی کورد و کوردایەتییەکەیدا، تێکستێک نادۆزیتەوە کە ئینسان تیایدا شایەنی حورمەتی ئینسانی خۆی بێت. لەم نیشتیمانەدا چی هی منەو چی هی دەسەلاتی سیاسییە؟ مافەکانی من کامانەن؟ سنووری نێوان دەرگای مالەکەی من و راوەستانی سەیارەی ئاسایش لە کوێدایە؟ کاتیک شێرپەنجە ڕێمپێدەگرێ، کەرتی تەندروستی دەرمانەکەیە یان خەستەخانەی فاروق؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وەلامەکانیان ڕێک بەو ئاراستەیەدا دەتبات کە چارەنووسی گۆیژە خۆی تیا دەبینێتەوە. بە کورتییەکەی: لە وەلامی ئەم پرسیارانەدا، ئەوەی رێزی بۆ دانەنرابێت، حورمەتی ئینسانی کوردە، بۆیە کارێکی سەرسوهیینەرانە نییە کە شاخەکانیش دەستدرێژییان بکرێتە سەر.
بەڵام هێشتا نەچووە بچێ. گۆێژە لە راستیدا دەکرێ بکرێ بە ماڵ. دەشکرێ بە کرێیەکی کەم بدرێ بەو هەزارەها کرێچی و بێ خانەولانانەی کە لە نیشتیمانی خۆیاندا بستە زەویەکییان نییە. ئەمەش دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی تر بێت: گەرانەوەی مولکی گشتی بۆ هاولاتییان. بە تایبەت لە ولاتێکدا کە هاولاتی بێ دەفتەرە دۆلار، ئیمکانی بە خاوەنماڵبوونی خۆی لێسەندراوەتەوە.

نووسینی : بەکر ئەحمەد
2024/06/17




سەبارەت بە پرسی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیرانی کورد.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پرسی ڕۆشنبیر بە تێگەیشتنە چینایەتییە ڕادیکاڵەکەی مارکسیزم و لەڕوانگەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی ستەملێکراوانی ململانێی نێوان کار و سەرمایە، پرسێکی کلتووری و کۆمەڵایەتییە فرە ڕەهەند و ئاراستەیە. هیچ کەسێکی ڕۆشنبیر نییە لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیای چینێکی دیاریکراوەوە بتوانێت ڕاڤەی ژیان و کۆمەڵگە بکات. ڕۆشنبیر ناتوانێت لەسەرووی کێشمەکێشە چینایەتییەکانەوە هیچ هەڵوێست و تێڕوانینێکی هەبێت. لەڕوانگەی مارکسیزمەوە ڕۆشنبیر واتا کەسێکە توانای بینینی دیوە هەڵگێڕدراوەکەی ژیانی هەیە، مرۆڤێکە دەتوانێت پنتکە تاریک و تەریکەکانی ژیان ببینێت و لەوێشەوە بەو سەرمایە مەعریفییەی کە هەیەتی، هەوڵی ڕۆشنکردەوەیان بدات. ڕۆشنبیر ئەرکییەتی نهێنییەکانی پشت سەری بڕیارەکانی چینی دەسەڵاتدار بخوێنێتەوە و ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی ستەمدیدە نییە، بیداتە بەر ڕەخنە. ڕۆشنبیر واتا ڕەخنەگری جیددی لە ناشرینییەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و کلتوور و نەریتە بێبەهاکانی ژیان. ڕۆشنبیر پەیامبەرێک نییە لەسەرووی چینەکان و خەڵک و کۆمەڵگە و لەدەرەوەی ململانێێ چینایەتی – کۆەمڵایەتییەوە لەسەر کورسی مەعریفە دانیشتبێت و فەرمایشت بدات، بەڵکوو ڕۆشنبیر کەسێکە یان هاوڵاتییەکی ئاساییە و مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤیکی تر. ئەوەی کەسی ڕۆشنبیر لە کەسێکی ئاسایی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئاستی رۆشنبیریی و ئاگایی لە بارودۆخ و دیاردەکان و کۆمەڵگە لەئاستێکدایە کە دەتوانێت بەرژەوندییە چینایەتییەکان ببینێت و بپارێزێت و شوناسی مەعریفی خۆی هەر لەو بەرژەوەندییانەوە دیاری بکات. وابەستەبوون بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دیاریکەری هەڵوێستی شۆڕشگێڕبوون و نا شۆڕشگێڕبوونە. ڕۆشنبیر ئەگەر ئەم هەڵوێستەی لێدەربکێشرێت، ئەوا کارەکتەرێکی بەتاڵ لەشۆڕشگێڕییەتی و پڕاوپڕ لە دیماگۆجییەتی لێ دەمێنێتەوە. ئەوەی کە ڕۆشنبیر سڵی لێناکاتەوە، سیاسەتە، سیاسەتی رادیکاڵ و کۆمۆنیستی، سیاسەتی سۆشیالیستانەی پرۆلیتاریا لەخەبات بۆ سۆشیالیزم. بەواتایەکی تر ڕۆشنبیری مارکسیستی واتە قسەکردن لەسەر سیاسەت، بەرژەوەندی چینایەتی، دەسەڵاتی سیاسی، شۆڕش، ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری یەکجارەکی. خۆلادان لەم ڕاستییە، لادانە لە حەقیقەتێکی سۆسیۆ – مێژوویی گرنگ کە دەیەها ساڵە بۆرژوازی دەهۆڵی بۆ دەکووتێت و دەزگا زەبەلاحەکانی میدیایی بۆ خستووەتە گەڕ. سیاسەت بۆ کەسی ڕۆشنبیر وەک ئۆکسجین وایە لەپرۆسەی هەناسەدان. ئەمڕۆ لەسایەی بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە ئەو غەدرە گەورەیەی لە مرۆڤ و سیاسەت دەکرێت لەم سیستە چەوسێنەرەی سەرمایەداری، لەڕاستیدا غەدرە لە ئازادی و بەها ئینسانییەکانی ژیان و بوون. ڕۆشنبیر دەبێت بە هۆشیارییەکی ڕەخنەییەوە بڕوانێتە دیاردەکان و کۆمەڵگەی ئینسانیی. مەعریفەی ڕەخنەیی ئەو توانایە بە ڕۆشنبیر دەدات کە هەمیشە ڕەخنەگرانە بیر بکاتەوە و ئامادەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبێتە هۆی سازکردنی زەمینەی دژەباو و ڕەتکردنەوەی کۆن و ناسینی نوێ. کایەی چالاکی ڕۆشنبیر تەنها مەیدانیکی تایبەت نییە، بەڵکوو سەرجەم کایەکانی ژیان شوێنی چالاکی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرانەی ئەون.
شوناسی نەتەوەیی و ئیشکردن لەسەر بەها کلتووری و فەرهەنگییەکان لەسەر بنەمای نەتەوە، ناتوانێت ڕۆڵی پۆزەتیڤ بگێڕێت لە نزیکردنەوەی ڕۆشنبیر لە ئەرکە ئینسانییەکەی. چونکە ناسیونالیزم هەمیشە شۆڤینیزمێک لەناخیدا نووستووە و ئەم شۆڤینیزمە ڕێگرە لە بەردەم ئەرکە مرۆییەکان. بۆ ڕۆشنبیرێکی کوردزمانی تەقلیدیش کە ژینگە سیاسی و کلتوورییەکەی هەمان ژینگەی سیاسی سەرمایەدارییە، تا ئەو جێگەیە تەکان دەدات و قسە دەکات کە دڵی بۆرژوازی نەێشێت و بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداری نەکەوێتە مەترسییەوە . کایەی ڕۆشنبیری کوردی، گەرچی کەم تا زۆر بارگاوییە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، وەلێ نەیتوانیوە خۆی لە پرسە گرنگەکانی ژیان بدات و قسەی مێژوویی خۆی بکات. کۆمەڵگەی کوردیش بۆیە ناتوانێت بچێتە پێش، چونکە ڕۆشنبیرەکانی لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ڕۆشنبیر لایان داوە و سەرقاڵی هەندێ کارن کە ڕۆشنبیربوونەکەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیرانی کورد مووچەخۆری دەسەڵاتن و بە دەیان ڕێکەوتنی ژێربەژێرییان لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی واژوو کردووە و ئیمتیازات و دەستکەوتە شەخسییەکانیان بەرچاویانیان تاریک کردووە. یان باشتر بڵێم ڕۆشنبیرانی کورد(کە من بە لاستیکترین دەستەواژەی دەزانم) خۆیان لە ئەرکە گرنگەکانیان دەدزنەوە. لە سی ساڵی ڕابردوودا تەنها و تەنها خەریکی مکیاجکردنی ڕووی دزێوی دەسەڵاتی کوردی بوونە و بۆیە دەبینین لەبری ڕەخنەگری بوێر و ڕاستگۆ، سوپایەک لە ڕۆشنبیری حیزبیی و چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و نووسەری بەمانای وشە بەکرێگیراو و دواکەوتوو دەبینین کە مووچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ خەرج دەکرێ و تەنانەت زۆربەیان دەبڵ مووچە و خانەنشینن بە پلەی سەربازی جیاجیا. ئەم نەریتی کڕین و سەودایەی کایەی رۆشنبیری لە کوردستان، پەروەردە و فێرکردنیشی گرتۆتەوە. سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری داهێنەری ئەم مۆدێلە لە ڕۆشنبیرانی ئەنتی هەژاران و ئەنتی شۆڕش و ئەنتی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگەن. بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەم مۆدیلە لەڕۆشنبیری کۆنەپەرستی لیبڕاڵ لە کوردستان، دەبێت خەباتی چیانایەتیمان دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و بۆرژوازی کوردستان تووندتر و چڕتر بکەینەوە. بۆیە بەبۆچوونی من :
یەک : ڕۆشنبیر فیرعەونی دانایی نییە و فەرمایشت بدات و لەسەرووی خەڵک و لەسەر کورسی مەعریفە دابنیشێت، بەڵکوو ڕۆشنبیر کەسێکە یان هاوڵاتییەکی ئاساییە و مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤێکی تر. ئەوەی ڕۆشنبیر لە کەسێکی خاکی جیا دەکاتەوە ئەوەیە ئاستی رۆشنبیریی و ئاگایی لە بارودۆخ و دیاردەکان و کۆمەڵگەیە بەبەراورد بە کەسێکی خوێندەواری ئاسایی بەرزترە.
دوو : ڕۆشنبیر هەڵوێستی چینایەتی لێ دەربکێشێت بەتاڵ دەمێنیتەوە. من سەیرم بەم ڕۆشنبیرانەی کورد دێت تەنها ئەو کاتە هەڵویست وەردەگرن کە مەترسی جیدیی هەبێت لەسەر دەستکەوتە شەخسییەکانیان، وەکوتر گەرخەڵکی هەژار و ستەمدیدەی کورد بەقوڕی ڕەشدا بچنە خوارێ، ئەم ڕۆشنبیرانە هەر خەریکی سەفسەتەبازی و گەمەکردن لەگەڵ خوێنەر و خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوەن و کێشە و گرفتی خەڵکی هەژار بە گرفت و کێشەی خۆیان نازانن.
سێ : زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد،ڕۆشنبیرانی مۆدێلکن لە فریودان و دیماگۆجییەت و خەریکی شاردنەوەی راستییەکانن لەژێر ناوی فکر. ئەم تەیفە لە ڕۆشنبیران ئەمڕۆ کەسیان ئەو جورئەتەیان نییە لەدەرەوەی لێکدانەوەی ڕەهەندییەکان پێناسەی خۆیان بکەن. هیچ ڕۆشنبیرێک ئامادە نییە لە وتارێکدا بۆچوونی خۆی بنووسێت بێ گەڕانەوە بۆ فۆکۆ یان نیتشە یان هایدگەر..تاد. وەک ئەوەی بڵێی ئەم ناوانە بنەمای ڕۆشنبیرییان دانابێ. ڕەهەندییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە گەورەکردنەوەی قەڵشتی نێوان خەڵک و ڕۆشنبیر. ڕۆشنبیری کورد خۆی لە جێگەیەکی بڵندتر لە خەڵک دەبینێ و لەوێوە خەریکە ناشرینترین ڕۆڵ دەگێڕێت لەمێژووی هاوچەرخدا. نەک هەر ڕۆشنبیر، بەڵکە هەر تاکێکی کۆمەڵ پێویستە لەسەری بخوێنیتەوە و ئاگاداری بیر و بۆچوونی فەیلەسوفان و سیاسەتمەداران و بیرمەندانی جیهان بیت.، بەڵام نەک ‌هێنانی تێروانینی هەرچی بیرمەندی کۆنەپەرستە بۆ نێو کایەی ڕۆشنبیری کوردیی.
چوار : ڕۆشنبیریی کورد باسی دەردە قێزەوەنەکانی کۆمەڵگە ناکەن، خۆیان لە گەلێ دیاردە دەبوێرن. بۆ ئەوان کۆمەڵگەی چینایەتی وەک ئەوەیە بوونی نەبێت، باسی مارکسیزم تووشی هیستریا و سەرئێشەیان دەکات. مەسەلەی ژن و منداڵ و قوتابخانە و پەروەردە و بێکاری و..تاد بەکاری خۆیان نازانن. شۆڕش و ڕزگاری لە ستەمی چینایەتی بە ئاسنی سارد کوتین دەبینن. وەک ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرانە لە کۆمەڵگە نەژین. من وای دەبینم قسەکردن هەر لە سیستەمی بەرێوەبردنی دەسەڵاتەوە تا دەگاتە چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک ئەرکی ڕۆشنبیرانە.
پێنج : پێویستە ڕۆشنبیر پردی نێوان کۆمەڵگە و کلتورە جیاوازەکان بێت. بەواتایەکی تر، ڕۆشنبیر دەبێت پرد بێت لەنێوان خوێنەرانی کورد زمان و بزووتنەوە فیکری و ئەدەبیی و هونەرییە پێشکەوتووخوازەکانی جیهان. ڕۆشنبیر دەبێت ئەڵقەی نێوان فەرهەنگە جیاوازەکان بێت. ڕۆشنبیر دەبێت دەستکەوتە فیکریی و زانستی و هونەرییە پێشکەوتووەکانی مرۆڤایەتی لەڕێگە جیاوازەکانی بەریەککەوتنی لەگەڵ کۆمەڵکەدا بگوازێتەوە و بتوانێت وەک گەیەنەرێکی بێخەوش ئەو ئەرکە ئەنجام بدات، نەک بە ویستی خۆی و بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی دەستکاری ئەو دەستکەوتانە بکات و بۆ ئافەرین و دەست لەپشتدان و خەڵاتێک ناپاکی لە کۆمەڵگە بکات.
شەش : ڕۆشنبیری کوردی تا ئێستاش هەر ڕۆڵی وەرگر دەبینێت و زۆر کەم دەبەخشێت. ئەمەش جگە لە هۆکارە سیاسییەکەی، ئاماژەی نائامادەیی داهێنانە لەو کایە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگەدا. کۆمەڵگەی کوردی نەک بیرمەند ناهێنێتە دەرەوە، بەڵکوو بەهۆی ناکارابوونی پەروەردە و فێربوونەوە، تواناکانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی لەکار خستووە و لەبری ئەوە دووبارەبوونەوەیەکی بێمانا بەرهەم دێنێتەوە کە زیان بە داهێنان دەگەێنێت. لێرەوە فیکر لە چالاکی دەکەوێت و ناتوانێت بەهاکان وەکوو خۆی ببینیت و بخوێنیتەوە.
حەوت : ئێستا زۆربەی ڕۆشنبیران و ئەڵقەی یەکەمی ڕەهەندییەکان خەریکی سیاسەتمەدارانی کوردن و هەریەکەیان خۆیان خزاندووەتە حیزبێکی بۆرژوازی نەتەوەیی یان ئاینیی و بوونەتە مفتەوێژی ئەو سیاسییە نەخوێندەوارانەی کە ڕۆژانێک لاپەڕەیەکی کتێبێکی ئەم ڕۆشنبیرانەیان نەخوێندۆتەوە. ئەویش تەنها و تەنها لەپێناو ئەو پارە و دەستکەوتە مادییانەی کە وای لێکردوون وەکو لێبوک بکەونە شوێن ئەو سیاسەتمەدارانە. ئەمەش سەلمێنەرێکی واقیعی جوانی هەر ئەو ڕەخنە چینایەتییە جیددییەی ئێمە بوو کە ساڵەهایە لە رەهەندییەکانمان گرتووە و ناوەڕۆکە چینایەتییەکەیمان بەپێی توانا دەرخستووە.
بەم پێیە و لەژێر سێبەری ئەم واقیعیەتەی کۆمەڵگەی کوردی، دەسەڵاتی کوردی لە سێ دەیەی ڕابردوودا، پرسی ڕۆشنبیری وەکو پرسێکی جیددی تەماشا کردووە و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان کردووە تا ڕۆشنبیرانی کورد لەڕێگەی میدیای نووسراو و بیستراو و بینراوەوە بتوانن بەئەرکی خۆیان هەڵبسن. بتوانن ئیرادەی شۆڕشگێرانە لە خەڵکی کوردستان داماڵن و دووریان بخەنەوە لە ڕێبازی شۆڕش و خەبات. نەک هەر ئەوەش تەنانەت شۆڕش و خەباتیان لەلا بێبەها بکەن و باوەڕی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕ پیدانی ژیان بگۆڕن بە باوەڕی تاکگەرایی و وەستانەوە دژ بە کاری دەستەجەمعی و لەهەمووشیان گرنگتر دژایەتیکردنی مارکسیزم و سۆشیالیزم و خەباتی کرێکارانە. لەمەشدا ڕۆشنبیران بەگشتی و ڕەهەندییەکان بەپلە یەک لەئەنجامی غیابی هێزی شۆڕشگێڕ و پاشەکشەی مارکسیزم و چینی کرێکار لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، توانیان سەرکەوتنی مێژوویی بۆ چینی بۆرژوازی و کۆنەپەرستانی کوردستان و ناوچەکە تۆمار بکەن.
خوێنەران و ڕۆشنبیرانی کورد دەبێت جارێکی تر لەڕوانگەی شۆڕشگێرانەی مارکسەوە پرسە هەرە گرنگەکانی ژیان و کۆمەڵگە لێکدەنەوە و بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەری چینایەتی وەگەڕ بخەن و ستۆپێکی گەورە بە کۆنەپەرستی بکەن و ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی کوردستان ڕووەو داهاتوویەکی ڕووناک و گەش بجووڵێنن. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ و مارکسیستی کورد نابێت بۆ ساتێک چییە فەرامۆشی بکەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کۆتایی شوبات و سەرەتای ئازاری ٢٠٢٤




لەبارەی وەرگێڕانی شیعرەوە.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

زۆر له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌وه‌ نووسراوه‌، كه‌ له‌نێو ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا، گرانترین جۆری وه‌رگێڕانه‌. ئه‌مه‌ دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌ی ده‌قه‌ له‌ ڕووی هونه‌ری و ڕیتمی ناوه‌وه‌ و مۆسیقا و ده‌نگ و وشه‌كان به‌ زمانێكی دیكه‌، كه‌ پێویسته‌ خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه‌ بكات ده‌قێكی شیعری ده‌خوێنێته‌وه‌. به‌ ڕای من زیاتر ئه‌و شیعرانه‌ له‌كاتی وه‌رگێڕاندا به‌ها جۆراوجۆره‌كانی شیعریان تێدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ جوانی له‌ زمانێكی تره‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ده‌قه‌كه‌دا درامایه‌ك یان چیڕۆكه‌ شیعرێكی كورت هه‌بێت.

له‌ وه‌رگێڕانی شیعردا ده‌ق به‌ ته‌واوی ناگوێزرێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ده‌قێكی شیعری بدرێته‌ چه‌ند زمانزانێك و داوای وه‌رگێڕانیان لێ بكرێت بۆ زمانێكی دیاریكراو، ئه‌وا بێگومان هه‌ریه‌ك له‌ كاره‌كان له‌وه‌ی دیكه‌یان جیاواز ده‌بێت و لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نیا زمانزانین بۆ وه‌رگێڕانی شیعر به‌س نییه‌، به‌ڵكوو كه‌سی وه‌رگێڕ خۆی تا چه‌ند تێگه‌یشتن و دید و ئاستی ڕۆشنبیریی له‌ بواری هونەرەکانی شیعردا فراوانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سی وه‌رگێڕ خۆی شاعیر بێت، ئه‌وا جوانتر و كارامه‌تر ده‌توانێ یاری به‌ وشه‌كان بكات و هاوواتاكانی ‌وشه‌یه‌ك‌ هه‌ڵبژێرێت، چونكه‌ هه‌ر زمانێك سیستمی تایبه‌ت به‌ ده‌نگ و ڕیتم و پێكهاته‌ی وشه‌ و ڕسته‌كانی هه‌یه‌ و‌ پێویسته كه‌سی وه‌رگێڕ،‌ ئاگاداری هه‌ردوو زمان بێت و به‌ هۆشیارییه‌وه‌ وشه‌ و مانا و وێنه‌كان ئالوگۆڕ بكات.
زۆرجار له‌ شیعردا گواستنه‌وه‌ی ته‌واوی وشه‌ به‌ وشه‌ هێز و جوانیی ده‌قه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته‌ ده‌قێكی میكانیكانه‌ وه‌رگێڕراو، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمپیوته‌ر و ئەپە‌كان application ده‌یكه‌ن، هه‌روه‌ها زۆرجاران به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی جوانی و هێزی وشه‌ و وێنه‌ی شیعری بۆ زمانی دووه‌م، واده‌كات وه‌رگێڕانه‌كه‌ ناته‌واو و پڕ له‌ ده‌ستكاری بێت، نموونه‌ی ئه‌مانه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆره‌.
له‌ وه‌رگێڕانی چوارینه‌كانی خه‌ییامدا كه‌ چه‌ند شاعیرێكی به‌توانا كردوویانه‌ به‌ كوردی، له‌وانه‌: گۆران، شێخ سه‌لام، هه‌ژار، دڵزار، عوسمان عه‌ونی و هیی تر، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا جیاوازییه‌ زۆره‌كانی نێوان كاره‌كان تێبینینمان ڕاده‌كێشێت.
هه‌ژار چوارینه‌كانی وا تێك هه‌ڵشێلاوه‌ كه‌ داری به‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ نه‌هێشتووه‌، به‌ڵام هه‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعر و زمانێكی جوان و واتاش ده‌كه‌ین، وای بۆ ده‌چم هه‌ژار له‌ وه‌رگێڕانه‌كانیدا، ته‌واوی ئازادیی به‌خۆی داوه‌، پێموایه‌ ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی ده‌ستكاریی ته‌واوی ده‌قه‌كان، بۆ نموونە وەرگێڕانەکەی شەرەفنامە سەرنج و ڕەخنەی زۆری لەسەرە، هەروەها له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی عوسمان عه‌ونی كه‌ له‌م ساڵانه‌ جه‌لال زه‌نگابادی له‌ دووتوێی كتێبێكدا به‌ ڕاڤه‌كراوی له‌چاپیدا، تیایدا ده‌قه‌ فارسییه‌كان به‌رانبه‌ر هه‌ر چوارینه‌یه‌ك دانراون، عه‌ونی ده‌ستكاریی هیچێك له‌ چوارینه‌كانی نه‌كردوون، به‌ڵام خوێنه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات، ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌خوێنێته‌وه‌، له‌ ڕێدا تووشی چاڵ و چۆلی و گرد و نشێو و ته‌نانه‌ت له‌نگیی دێڕه‌كانیش ده‌بێت. زۆرجار له‌ وه‌رگێڕانی شیعردا، شیعرییه‌ت له‌بار ده‌چێت و ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌بێته‌ ڕستەی بێ هەستوخوست و په‌خشانێكی ڕووت! بۆیێ زۆر بیروڕا له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌وه‌ هه‌ن.
جارێكیان (وا بزانم!) شێركۆ بێكه‌س له‌ دیدارێكدا گوتی: شیعری وه‌رگێڕراو وه‌ك ماچی پشت شووشه‌ وایه‌. هه‌روه‌ها شاعیری ئەمەریکایی ڕۆبه‌رت فرۆست كه‌ چه‌ندین ده‌قی شیعریی وه‌رگێڕاوه‌، ده‌ڵێ: شیعر له‌كاتی وه‌رگێڕاندا ون ده‌بێ. شیلیی شاعیری ئینگلیز، كه‌ ئه‌ویش له‌ چه‌ندین زمانه‌وه‌ شیعری كردووه‌ به‌ ئینگلیزی، ده‌بێژێ: وه‌رگێڕانی شیعر هه‌وڵێكی ته‌واو نه‌زۆك و بێهوده‌یه‌، وه‌ك گواستنه‌وه‌ی گوڵێكی وه‌نه‌وشه‌یییه‌ له‌ خاكێكی به‌پیته‌وه‌ بۆ زڕە خاكێكی نه‌شیاو بۆ نه‌شونما. هەروەها زمانناس و ڕەخنەگری ڕووس ڕۆمان یاكۆبسن گوتوویه‌تی: تاكه‌ وه‌رگێڕانی شیاو بۆ گواستنه‌وه‌ی داهێنان و جوانی و سه‌رله‌به‌ری واتا و وێنه‌ له‌ شیعردا، دووباره‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر دێته‌ به‌رهه‌م. هه‌قه‌ ئه‌وه‌ی له‌م بواره‌دا كار ده‌كات و جێ په‌نجه‌ی دیاره‌، هه‌وڵ بدات به‌دوای ده‌قێكدا بگه‌ڕێت كه‌ له‌كاتی وه‌رگێڕاندا واتا و ڕه‌گه‌زه‌كانی تری كه‌ پێشتر هه‌یانبووه‌ به‌ هه‌مان نرخ بمانداته‌وه‌. من خۆم له‌م بواره‌دا تا ئێستا ده‌یان شیعرم له‌ زمانی عاره‌بییه‌وه‌ كردووه‌ به‌ كوردی، به‌ڵام كه‌ ئه‌مه‌م كردووه‌، پێشتر تا ڕاده‌یه‌ك دڵنیا بووم له‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ به‌ هه‌مان به‌ها دێنمه‌وه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌، بەنیازم سەرلەبەریان لەم ماوەیەدا بە کتێبێک بڵاوبکەمەوە. دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە هەندێ نووسەری دەستەپاچە و کەمدەرامەت و زماننەزانمان هەن، بەهۆی گووگل و ئامێر و هۆکاری نەشیاو، دێن بە زڕە وەرگێڕانەکانیان، دەست دەدەنە شیعری بێگانە و ئەم دنیا پاک و جوانە بە زبڵ و هەڵەوپەڵە دەشێوێنن، چما وەرگێڕانی شیعر و دەقی بەرزی ئەدەبی، هەر ئەوەندەی بەسە بتوانیت ئەو زمانەی لێی وەردەگێڕیت لە بازاڕ قسەی پێ بکەیت؟ بێگومان نەخێر! ئەم دیاردە نەشیاوە مایەی نیگەرانییە و هەقە ئەو کەسانە دەسبەرداری ئەم زبڵوەشێنییە بن.

عەبدولڕەحمان فەرهادی




بەیانییەک هەتا نیوەڕۆ.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

بە دەنگی باران لە خەو ڕابوو ، بڕیاری دا پێش ئەوەی دەم و چاوی بشوات ، بڕواتە بەر دەرگا تێر بۆنی خاک بکا ..هەر دەرگای ترازاند چوار سەگی گەورە هەڵمەتیان بۆ هێنا ، کە لە ڕاستیدا لە برساندا بۆ لای هاتن ، ئەمیش هەر ئەوەندەی پێکرا ، بە ڕاکردن گەڕایەوە ژوورەوە ..لەگەڵ داخستنی دەرگاکە ، ئەژنۆیەکی بریندار بوو ..لەو کاتەدا پۆلێک مراوی کۆچیان ئەکرد ، یەکێکیان دەنگێکی لێ بەرز بۆوە وەک ئەوەی بەم بڵێ گوێ مەدەرێ ، جار جار ئەژنۆیش وای لێ دێ ..
بە شەلە شەل گەڕایەوە ماڵەوە ، خێزانی ووتی : بتڵە غازەکە ئێستا تەواو بوو ، هەردوو بتڵەکەی تریش بەتاڵن ..
ملی بتڵە غازێکی گرت و هەڵی دایە ناو ئوتومبیلەکەی ، پێش ئەوەی سلف لێ بدا ، تێلێکی لە کوڕە ناوەنجێکەیەوە بۆ هات: (باوە ، مەلزەمەی مامۆستا بەشارم بۆ بکڕە ، هەڵبژاردنەکان .. )
سلفی لێ دا و .. چەند مەترێک ڕۆیشتبوو ، زەنگی مۆبایل لێی دایەوە ، کچەکەی بوو : ( زوو وەرەوە ، پێویستم بە سەیارەکەیە ، سیمینارم هەیە )
گەیشتە فولکەکە و ..گڵۆپی سەوز ، پرتەقاڵیی بوو ، پێی پێوە نا ، پرتەقاڵی و سوور بوو ، گوێی لە فیکەی پۆلیسی هات و چۆ بوو ، بێ ویستی خۆی ، ووتی کورە دەبڕۆ تۆیش ، مەعاشجوان .. لەو کاتەی کە ووتی مەعاشجوان ، زەنگێکی ڤایبەری بۆ هات ، واتا ڕێک لە نێوان مەعاش و جوانەکەدا زەنگەکە هات ..( کوڕی باش لە کوێی ؟ بەڕێوەبەری کاڕگێڕیی گەڕا و خۆی ناوی ئامادەبووانی خوێندەوە ، بواری هیچمان نەبوو ، تۆ و دوانزە کەسی تری بە غایب نوسی ..فریاکەوە ، وەرەوە ، پینە و پەڕۆیەکی بکە )
ــ پینە وپەڕۆی چی ؟ ئەی ئەمڕۆ من ئۆفم ..پشووم ..ئەی نازانن ؟
ــ بەڕێوەبەر ئەڵێ مانگی ڕەمەزان دوو موچەتان لە بەغاوە وەرگرتووە ، ئاخ و ئۆف نەماوە .. !
گەیشتە بەردەم بەنزینخانەیەک ، خۆی کرد بە ژووردا و .. زرم ، بتڵە غازەکەی دا بە ئەرزا ..
ـــ غازمان نییە برا ..
تاسێک بردیەوە ، سەرێکی هەڵبڕی بۆ سکرینەکەیان ، نەڕاندی :
ــ ئەی ئەو LPG یە چییە نوسیوتانە ؟
کرێکارەکە لووتێکی بۆ خوراند و تەماشایەکی سکرینەکەی کرد ، ڕێک لە کاتی لوتخوراندنەکە و ..بە تایبەت لە پیتی واوەکەیدا ، زەنگێکی لە تێلیگرامەوە بۆهات ، دایکی بوو : ( ئەرێ ڕۆڵە ئێمە دایک و فرزەندین ، ئەوە بۆ سەرێکمان لێ نادەی .. خۆ هیچمان ناوێ ، هەر حەز ئەکەین بتبینین ! )
کرێکارەکە لە لوتخورادنەکەی بۆوە و وتی :
ــ وەڵا داتا بەیسەکەمان تێکچووە ، ئەوە سەعاتێکە تێلمان بۆ پسپۆڕی داتابەیس کردووە بێ بۆمان بکوژێنێتەوە ..
( بەخوا دایە زۆر مەشغوڵم .. خۆیشم نازانم چی ئەکەم ..تۆزێ سەرم سوک بێ ، دێم بۆ لاتان )
ــ نا نا .. پسپۆڕی داتابەیسی ناوێ ، ئێستا من بە خڕکە بەردێک بۆتان ئەشکێنم ..
لە ساتەوەختی خڕکە بەردەکەدا ، لە مەسنجەرەوە زەنگێکی بۆ هات ، کوڕە گەورەکەی بوو : ( باوکە ، عەسر یاریمان هەیە ، جوتێ پێڵاوی شەقم بۆ بکڕە ، ڕەقەم 40‌، با سپی بێ ..ئەگەر ژمارە حەوتەکەی ڕۆناڵدۆی پێوە بێ ، باشتر ..)
ڕێک لە کاتی ڕۆناڵدۆکەدا ، شڵپەی لە سکرینەکە هەڵساند و LPG ـەیەکە کوژایەوە ..
کرێکارەکەی کە سەری لوتی خوراند ، توشی شۆک بوو ..نەیئەزانی چی بکا ، دەمی داپچڕی بوو وەک هێلانەی خورماخۆرە وابوو ..
کە کرێکاری پەمپەکانی تر ، هەڵمەتیان بۆ هێنا ، ئەم ویستی خۆی قوتار بکا ، نەیتوانی .. لە ڕاستیدا ئەگەر دەستبەرداری بتڵە غازەکەی بووایە ، ئەیتوانی قوتاری بێ بەڵام ڕێک لە کاتی گرتنی ملی بتڵە غازەکە و گرتنی یەخەی خۆی لە لایەن کرێکارێکی بەنغالی فیل ئاساوە ، مۆبایلەکەی دیسان لێی دایەوە ، ملی غازەکەی بەردا و دەستێکی برد بۆ مۆبایلەکەی ، سەعدونی خۆخۆر بوو : ( دوکانەکەت هەر بەناوەوە ماوە ، لە باجەکان بووم .. سێ ساڵیش قەرزاریت ، ئەمڕۆ نەڕۆی بۆ باجەکان ، ڕەنگە نەتوانیت بیکوژێنیتەوە ، باوەسمێڵ ئەیووت شتی وا نییە ، دوا فلسی لێ ئەسێنین )
ڕێک لە کاتی باوە سمێڵەکەدا یاخود لە نێوان باوە و سمێڵەکەدا ناچار بوو کەللەیەک بدات لەناو دەمی کرێکاری بەنگالی و پەلەخوردی زەوییەکەی بکات ..
کرێکارێکی تر هەڵمەتی بۆ هێنا ، ئەم قاچە زامدارەکەی بەرز کردەوە ، بە هێواشی کێشای بە لا ملیدا ، کرێکارەکە وەک پەڕۆ کەوت و بورایەوە ..
ڕێک لە کاتی لێدانی قاچی و لاملی کرێکارەکەدا ، زەنگێکی لە وەتس ئەپەوە بۆ هات ، ویستی مۆبایلەکەی هەڵبگرێ ، لە دواوە دوو پۆلیس توند دەستیان گرت ..
لەناو فۆردی ئێکسپلۆرەری پۆلیسدا چەند زەنگێکی تری بۆهات ، بواریان نەدا وەڵام بداتەوە .. لەگەڵ گەیشتنی بە پۆلیسخانە ، لافاو هەستا ، بەرمیلی ڕیزکراو لە چاوەڕوانی نەوتی پەنجا هەزاریی بەغداد ، تەنەکە خۆڵی ڕەنگا و ڕەنگ ، پشیلەی کوژراو ، لقی داری شکێنراو ، ئەمانە و شتی تریش وەک قردێلە بە قژی شەپۆلەکانی لافاوەکەوە بوون ..
لە ڕێڕەوی پۆلیسخانەکەدا ، پۆلیسێکی لاوازی ڕەنگزەرد ، بە مامۆستا مامۆستا بەرەو ڕووی هات ..
ــ مامۆستا ئەوە خێرە ؟ چۆن تۆ دەستبەسەر کراوی ؟ فەرموو ..فەرموو .. لێرە دانیشە ..
نەیهێشت پۆلیسەکان بیبەنە ژووری بەندکراوەکانەوە ..
ــ چا بە شەکرەوە ئەخۆی یان بێ شەکر ؟
پۆلیسەکان لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگزەردەکە مۆڕ بوونەوە :
ــ ئەمە تاوانبارە ..
ــ من بەرپرسم لێی ، با لای من دانیشێ .. ئەمە نووسەرێکی گەورەیە ، نایناسن ؟ بەرهەمەکانیتان نەخوێندۆتەوە ؟
دوو پۆلیسەکە لێی وورد بوونەوە ، هیچیان لێ هەڵنەکڕاند ..
ڕێک له کاتی لێ هەڵنەکڕاندنەکەدا سێ زەنگی جیا جیای بۆ هات .. دەستی برد مۆبایلەکەی بێ دەنگ کرد ..
لە کاتی بێ دەنگ کردنەکەدا ، ووتی : چایەکی بێ شەکر .
هەر ئەو کاتەی کە ووتی چای بێ شەکر ، بەڕێوەبەری پۆلیسخانەکە پەیدا بوو ، مۆڕەیەکی لێ کرد و ..دەستی برد شەقازلەیەک لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگ زەردەکە بدات :
ــ گەورەم ! ئەمە نووسەر و شاعیرێکی گەورەیە ..
بەڕێوەبەر لە نێوان نوسەر و شاعیرەکەدا ، ووتی : ( حیسابی تۆ دوایی ئەیکەم ، شاعیر و نوسەرت فێر ئەکەم )
قۆڵی ڕاکێشا و بۆ ژوورەکەی خۆی بردی ..
ــ تۆ ئەزانی چ تاوانێکت کردووە ؟
ــ چی ؟
ــ سکرینی بەنزینخانەیەکت شکاندووە .. لە دوو کارمەندت داوە هێشتا یەکێکیان بێ هۆشە ..
ــ‌ بە گەورەیی نوسیویانە LPG کەچی غازیان نییە ..
بەڕێوەبەری پۆلیس سمێڵی خستە ناو دەمی بە ددانەکانی توند گرتی و لە لووتەوە هەناسەیەکی دایەوە کە زیاتر لە ساڵنسای هەندێ ئوتومبیلی وەرزشیی ئەچوو ، ئەو ئوتومبیلە گرانبەهایانەی کە کوڕی بەرپرسە باڵاکان بە پارەی خەیاڵیی ئەیکڕن ..
ــتۆ ئەزانی ئەو بەنزینخانەیە هی کێیە ؟
ــ هی کێیە ؟
ــ هی حاکم نادرە ..
ــئێ ..
ــ ئی ..کەواتە تۆ دەستدرێژیت کردۆتە سەر شەخسی حاکم نادر
ــ من لە دوو کرێکارم داوە نەک لە حاکم نادر ..ئینجا من بەرگریم لە خۆم کردووە ، چونکە هەردووکیان هێرشیان کردە سەرم ، دانەیەکیان بەنگالیی بوو .. ئەوەی تریان لە شارەزووریی ئەچوو ..
ئەو کاتەی کە ووتی شارەزووریی ، ڕێک لە( زووریەکە ) دا زەنگی بەڕێوەبەری پۆلیسخانە لێی دا ، ئاوازی مونۆ مۆر بوو ..
ــ بەڵێ گەورەم ..
ــ پەیوەندی بە کاک حاکمەوە بکە ، با خۆی سزاکەی بۆ دیاری بکا ..
ــ بەڵێ گەورەم .. ئەمر ئەکەی ..بەڵام ژمارەی کاک حاکمم لە لا نییە ..
ــ بنوسە .. سفر .. حەوت سەد و حەفتا ..پەنجا و دوو …سی و …
ــ دەستخۆش گەورەم ..

لەگەڵ نوسینی هەر ژمارەیەکی مۆبایلەکەی حاکمدا ، مۆڕەیەکی لەم ئەکرد ، واتا یانزە مۆڕە ..
کە زەنگیان بۆ لێدا ، حاکم سەرقاڵی خۆ ڕێکخستن بوو بۆ ئەوەی سەردانی چوار شەکراوخواردنەوەی جیا جیا بکات لە چوار مزگەوتی جیاجیای شار ، مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب ..مزگەوتی حاجی ئەحمەدە سوور ..مزگەتی فایقی کۆڵەک ..مزگەوتی دارولسەلام ..
ــ بەڵێ ..
ــ لە بەنزینخانەیەکی بەڕێزتا ، کابرایەک سکرینی LPG یەکەی شکاندووە و لە دوو کرێکاریشی داوە ،دانەیەکیان هێشتا هۆشی نەهاتۆتەوە ..ئەمرتان بە چییە ؟
لەو کاتەی کە ووتی ئەمرتان بەچییە ، ڕێک لە کاتی (تان ) ــەکەدا ، زەنگێکی بۆ هات :
ــ قوربان کرێکارە گەرمیانییەکە هۆشی هاتەوە ..!
( خێرا داوای سی ڤی ئەو کابرایە بکەن ، بزانن کێیە )
ــ بەڵێ قوربان ..
ــ بیبەنە ژوورەوە ..
( قوربان ، ئەم کابرایە بەکالۆریۆسی لە کارگێڕیدا هەیە .. چوار زمان ئەزانێت .. شێوەکار و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە ..پشتوێنی ڕەشی لە تایکواندۆدا هەیه ..خێزاندارە و پێنج مناڵی هەیه ، گەورەکەیان لە زانکۆیە و بچووکەکەیان سەفی سێی سەرەتاییە ..حەزی لە ڕەنگی خاکییە .. سێ جار لە تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیا سنوورداشکراوەتەوە .. خزمی کۆمەڵێ بەرپرسی باڵایە ،بەڵام قسەی لەگەڵ هیچیاندا نییە ـــ )
ــ ( بەسە ..بەس ..بەرەڵای کەن ..بەڵام بەڵێننامەیەکی بە دەستنووسی خۆی لێ وەر بگرن ….)
کە پۆلیسخانەی بە جێهێشت ، تەماشایەکی مۆبایلەکەی کرد :
٭ وەتس ئەپ :
( سڵق و تەماتە و کولەکە و کەرەوز بکڕە ، با تەماتەکە توێکڵەکەی ڕەق نەبێ ..ئەگەر تەرخون و نەعنایشت بەرچاو کەوت ، بیانکڕە )
( بابە ، بیرم نەبوو پێت بڵێم لەگەڵ پێڵاوە شەقەکاندا ، جووتێ گۆرەوی درێژی شینیشم بۆ بکڕە ، هی فتبۆڵێن )
( لەگەڵ مەلزەمەکەی مامۆستا بەشار ، مەلزەمەیەکی کیمیایشم بۆ بکڕە هی مامۆستا…..)
( ئەو بابەتەی ناردووتە ، زۆر تەواوە ، بەڵام ناتوانین بۆت بڵاو بکەینەوە )
( قەیناکا ، با وا بێ .. ئەمزانی تۆ گۆڕاویت … )
( کاکە گیان ! ئەو حەبی خەوە نەماوە ..ئێستا خەڵک بۆ شتی تر بەکاری دێنن ..ئێمە لە تۆ تێ دەگەین ..)
٭ ڤایبەر :
( بۆچی جوابی تەلەفۆن نادەیتەوە ؟ دوانزە کەسەکە هاتنەوە و هەر یەکەی بە بیانوویەک ، کوژاندیانەوە ..غیابی تۆ نەشر‌ کرا )
( ئارەزووی خۆتە ، من خەمی تۆمە ، دوکانەکە بە ناوتەوەیە ..بۆچی تەلەفون هەڵناگری ؟ )
( لە بەیانییەوە تەلەفۆنت بۆ ئەکەم ، خۆت بە چی ئەزانی ؟ )
( ئەمڕۆ ئیتر داشکاندنی کارەبا تەواو ..دیارە تۆ دەوڵەمەن بووی )
( عەسر ئەڕۆمەوە بۆ نەرویج ، حەزم کرد نیوەڕۆ پێکەوە چایەک بخۆینەوە .. دوو جار زەنگم بۆ کردی )
( ببوورە ، بە هەڵە پەنجەم بەرکەوت )

٭ ماسنجەر :
( قەینا بە تەکسی ئەڕۆم ، هەزار جار تەلەفۆنم کرد ..دیسان شەڕت نەکردبێ ؟ )
( ئەزانم تاقەتی ئەو شتانەت نییە ، بەس با گلەیی نەکەی ، تاقە پورزاکەمان مرد …ئەم نیوەڕۆیە …تەلەفون هەڵگرە خۆ ناتخۆین )
( چییە خاڵە ، تاقەتی قسەت نەماوە .. ووتم سبەینێ یان دوو سبەینێ سەرێ لە هەولێر نەدەین ؟ خەریکە دڵم ئەتەقێ ..)
( بۆچی وا لە خۆت ئەکەی ئازیز ؟ تۆ بارێکی قورست لەسەر شانە ..هەر من ئەزانم )

( هیچ ئیشم نەبوو ، هەر حەزم کرد هەواڵێکت بپرسم .. واز لەو جۆرە نوسینانە بێنە ، کەس نایانخوێنێتەوە ..یەک کەباب دابەزێنەوە ، خەڵکەکە وەک مێش لێی ئەنیشن ، تۆ باسی نیتشە و سارتەری چی ئەکەی )
( بەڕێز .. من خانمێکم لە ئەفەریقیا ، مێردەکەم مردووە و خاوەنی پێنج ملیۆن دۆلارە ، تۆ بە کەسێکی شیاو ئەزانم ، ژمارەی بانکیت بنێرە ، هەموویت بۆ ئەنێرم ، لەوێ بیدە بە فەقیر و فوقەرا ..)

٭ تێلیگرام:
( باوکە ، ئەوە بۆچی جواب نادەیتەوە ؟ غازمان نەماوە .. داوای دێلیڤەریمان کرد ..بۆ تۆیش بانگ کەین ؟ )
( ڤێستڤاڵی ئەم جارە ئەبێ بێیت ، قەینا هیچ بڵاو مەکەرەوە … )
( کاکە گیان ، لە خۆت بایی مەبە ..بە پیاوت ئەزانین بۆیە تێلت بۆ ئەکەین )
( ئەزانم مەشغوڵیت .. زێرابی گەڕەک گیراوە ، حەفارەیەک و سێ کرێکار لە بەیانییەوە خەریکن .. یەکی شەشت هەزارمان مەسرەف کردووە ، ئەوەی تۆیش من دەفعم کرد ..مۆبایل مەشغوڵ مەکە )
………………
………………




گۆرانی ئارەزووەکان.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

سەرم دۆڵابێکی ھەڵکورماوە
ھەزارەھا نھێنی
خۆی تێیدا حەشارداوە
ھەزاران وشەی شەرمنی
تێدا قەتیس بووە
دەمەوێت تۆزێک ئازایەتی
قەرز بکەم
تا ھاوارم بگاتە کەشکەڵان
لێرەوە لە دڵی شیعرێکەوە
جاڕ بدەم
ژنێکم خۆشدەوێت
دڵێکی سپی و
رۆحێکی سەوزی ھەیە و
خەونەکانی پەمەیین
ئای چەند ئارەزوو دەکەم
دڵی خومکراو و
رۆحی زەردھەڵگەڕاو و
خەونە خۆڵەمێشییەکانم
لە پەرستگەی عەشقیدا
رەنگ بکەم
چەند بە تاسەوەم
تەکیلای ماچی
بڕژێتە ناو پەرداخی دەمم
مەمکەکانی بەرببنەوە
ناو دەستم
چاوە خومارەکانیشی
ببڕێتە چاوم
ئەو دەمە بەرووتی
خۆمان پێکەوە
گرێ دەدەین


چاوەکانم ماندوون
رەنگە نەتوانن ببینن
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم دەبیستن
وەختێک ئەو ژنە دەڵێت
وەرە بمگرە خۆت
با فۆتۆیەک بۆ مێژوو بگرین
تۆ لە باوەشی مندا
منیش
لە شەوێکی ئیرۆتیکی تۆدا
گوێیەکانم کاس بوون
رەنگە نەتوانن ببیستن
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم دەبینن
ساتێک ئەو ژنە
بە چرپەوە دەڵێت
وەرە لە ئامێزما بنوو
تەماشام بکە
لەمدیو پەنجەرەیەکی روونەوە
ئەوەتا لە ئاو رووتترم
ئەی ئاگرترین پیاو
کەرەمکە لەناوما دامرکێوە
زمانم زۆر لە مێژە شکاوە
رەنگە نەتوانم بپەیڤم
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم فام دەکات
کاتێک ئەو ژنە بە سرتە دەڵێت
وەرە با پێکەوە بنووین
لەسەر سیسەمی نارنجی ئارەزوو
پێکەوە لەسەر بەردی رەقی وجود
وێنەی رووتیمان ھەڵکۆڵین


شتێک لەناو مندا
ھەمیشە کپە
شیعر نەبوایە
کەڕولاڵ دەبووم
زمانێکی ترم دەوێت بۆ وتن
گوێیەکی ترم گەرەکە بۆ بیستن
قەڵەمێکی ترم پێویستە بۆ نووسین
ئەو رێگایانەی پێشوو کۆن بوون
ئەو شیعرانەی تر گشتیان وتران
ئەو گرێیانەی زووتر ھەموو کرانەوە
رێگەیەکی نوێ دەدۆزمەوە بۆ وتن
شێوازێکی نوێ دادەھێنم
بۆ دەربڕینی ئەم ژاوەژاوە کپە
لە ھەوڵدام لەسەر نەریتی رەشەبا
لەگەڵ خۆمدا ئەو ژنە ببەم
بەپێی ئامۆژگاریی حەزرەتی پایز
گەڵا گەڵا
وەک درەخت رووتی بکەمەوە
بە چاوکردن لە لاولاو
بە دیواری غروریدا ھەڵگەڕێم
بە گۆرانییەکی نەشئەئامێز
مەمکەکانی لە زیندانی ستیان
رزگار بکەم
بە دەم چڕینی مارشی ئارەزووەوە
دەمم بخەمە ناو دەمییەوە
من دەمەوێ بە شێوازێکی نوێتر
بلکێم بە قەدەری ئەو ژنەوە





پێویست بە ژماردنی شەوەکان ناکا.. دڵکەش قادر

باسی برینی چیام بۆ مەکە
من نغرۆم لە برین
لەناو لیڵی چیام.
باسی ونکردنی خەیاڵ مەکە
من خەریکی نووسینەوەی مەحاڵم
لەناو ونکردنی ونبووندا.
باسی بارانم بۆ مەکە
من لەبیان ون بووم،
دڵم پڕە کاکتۆزی ژیان.
باسی ڕووناکیم بۆ مەکە
من شەوگارم پڕە لەتەنهایی
سینەم چرچ بۆتەوە
سێوی باغی ئیرەمم
پڕە لە گریان.
لێرەوە پێویست بە ژماردنی شەوەکان ناکا
پێویست بەڕەواندنەوەی خەو ناکا
پێویت بەورتە ورتی بێسوود ناکا
ئیتر تا قیامەت لێرە نابی.
سلێمانیی
دڵکەش قادر