فەیلەسوفبوون و ئێمە.. ئازاد حەمە/ بەشی دووەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

لە سۆراخی فەیلەسوفبوونی ئێمە دا

سەردەمی زێڕینی ئێمە کام سەردەمە تا لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەدا بگەڕێن؟ باشە دەرکەوتنی ئیسلام بۆ ئێمە لە دیدی هزرییەوە گرنگیی هەبووە؟ مانادر بووە ئەم دەرکەوتنە بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێک لەناوی کوردی ئیسلامدا لەشێوەی ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا؟ ئەم پرسیارانە وامانلێدەکات بەدوای سەکۆیەکدا وێڵبین و لەناو ڕووبەرەکانی ئەو سەکۆیەشدا لە سۆراخی کۆشکی فەلسەفیمان بین.
جەغتدەکەینەوە، کە پرسیار لەسەر چارەنووسی هزری فەلسەفییمان قەدرزانیە لە پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، لەو کردە ڕوناکبیرییەی جارێ ئاگاییمانی داگیرنەکردوە. پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، گەر بێ فەلسەفە ڕێیکردبێت بوونی ڕوناکبیرییمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. پرۆسە ڕوناکبیرییەکانیش لە دەرەوەی بازنەی فەلسەفە لاواز و کەمدرامەت و پڕ لە کەموکوڕیین.
لەگەڵ گۆکردنی وشەی فەلسەفەش وشەی عەقڵ ڕووبەڕووماندەبێتەوە. فەلسەفە، کە پەنابردنە بۆ عەقڵ. عەقڵیش خستنەگەڕی دەوێت. جۆری خستنەگەڕەکانی عەقڵ فەیلەسوفبوونی جیاجیای دروستکردووە. مێژووی فەلسەفەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە، لەسەری جۆراوجۆری جوگرافیای فەلسەفیی و فەیلەسوفبوون.
ڕەنگە مرۆڤایەتی پێویستی بە فەلسەفەکردنی ئێمە نەبێت. ئێمە خۆمان لە دۆزێکداین پێویستمان بە فەلسەفەیە. ئەمەش بەتەنها ڕەوشی ئێمە نییە. گومانیشی ناوێت، ئێمە وەک زۆر کولتوور و نەتەوەی تر فەلسەفەی ئەویتر قەرزدەکەین و رۆژانەش بەکاریدەبەین.
فەیلەسوفبوونی ئێمە شڕۆڤەی زۆر لەخۆدەگرێت. ئەوەتا مێژووی فەیلەسوفبوونی بەشێک لە شارستانیەکانیش لێوانلیوبوونە لە فەیلەسوف، وەک یۆنانییەکان؛ کەچی فەلسەفەی هاوچەرخی رۆژئاوایی، لەئێستادا، زۆر بی یۆنانە. ئەمەیان چۆن؟ یۆنان لە ڕابردوودا مۆڵگەی فەلسەفە بووە و ئێستاش قەرزارێکی زۆری فەلسەفەی رۆژئاوایە. سەرباری ئەوە، یۆنانی دوێنێ لەڕووی فەیلەسوفبوونەوە هەرگیز وەک یۆنانی ئەمڕۆ نییە. ئەمڕۆی یۆنان لەڕووی فەلسەفییەوە گەلێک هەژارە. کێناڵێت لە سەدەی سی (30) دا یۆنان جارێکیتر دەبێتەوە بە داڵدەی فەلسەفە و سوکرات و ئەریستۆی تر سەرهەڵنادەنەوە؟ بۆ نا!
جگەلەوەی فەیلەسوفبوونی ئێمە، یان هەر نەتەوەیەکی تر تەنها بەوەوە پابەند نییە، کە نووسینی فەلسەفیی هەیە یان نییەتی، بەوەشەوە پابەندە، کە نووسینە فەلسەفییەکان چەند کاریگەرن. هەر لەبەر ئەوە کاتێک بیرۆکەکانی فەیلەسوفێک دەخوێنینەوە لەبارەی جیهانەوە چییمان تیادروستدەبێت؟ ئەم پرسیارە ئەوەمان پێدەڵێت، کە گەشەی هزری فەلسەفیی یەک هێڵی مێژوویی نییە و دابڕان و وەستانی زۆری تیایە.

فەیلەسوفبوون، لەم سەردەمە تەنگژاوییەدا ئالەنگاریی خۆی هەیە

بەگشتی فەلسەفە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و فەیلەسوفبوونیش ،لە ئاستێکی گڵوباڵ، لەبەردەم ئالەنگاریی گەورەدایە. ئەم لایەنە و ئەوەش، کە ئێستای ئیمە بێ فەلسەفە گوزەردەکات، لێرە و لەوێ، پرسە گەورەکەی جڤاکی کوردی پێکنەهێناوە و بەپێی پێویستیش تێڕامانی دروستنەکردووە.
بۆیە پرسیاری بۆچی فەلسەفە هەیە؟ نەبووەتە پرسیارە گەورەکەی ئێمە. لەناو زۆرێکیش لە خەڵکی ئێمە (ئەکادێمییەکان، نووسەران، خوێندکارانی زانکۆ، تا دەگاتە خەڵکی عەوام) گرنگیدان بە فەلسەفە بێ مانایە. لەبەرئەوە پرسیاری فەلسەفە چی پێدەکرێت؟، کە پرسیارێکی زۆرینەیە لە جیهاندا، لای ئێمە ڕاچڵەکانی هزریی دروستنەکردووە. ئەم شێوە پرسیارە دەیەوێت ئەوەش بە مرۆڤی کورد بڵێت، کە فەلسەفە چی بۆدەکات گەر گرنگیی بداتێ. واتە بەهۆی فەلسەفەوە دەکارێت خۆی چاک بکات؟ بۆنموونە درۆنەکات؟ خیانەتنەکات؟ عاشقبێت؟ و…. .
فەلسەفە، کە دێتە ناو کولتووری نەتەوەیەکەوە گوزارە و دەربڕینەکانی دەگۆڕێت و سێستەمە زمانەوانییەکەشی وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەمەو جگەلەوەی بوونی فەلسەفە ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕینی مەودای بیرکردنەوەش. هەر لەبەرئەوەی فەلسەفە نەهاتووەتە ناو ژیانمانەوە، دەبینین زۆر بەدەگمەن گوزارەی لەم جۆرە بەکاردەبەین: فەلسەفەی لە ژیانیا نییە، کەوتوومەتە ناو کێشەیەکی فەلسەفییەوە، ئەمە هیچ فەلسەفەیەکی تێدا نییە …. .

فەیلەسوفبوون پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ دووبارەدەوروژێنێتەوە

گشت ئەوانەی دەخوازن وەڵامێک بۆ پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟‌ داڕێژن خودی پرسیارەکە داوایانلێدەکات هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ بکەن.ئەڵبەتە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە بنەچەدا بەوە خۆی لە زانینەكانی تر جیادەكاتەوە، كە تایبەت و دەگمەنە.
باشە تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە چیدایە؟ تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە فۆرمی نزیكبوونەوەیدایە لەگەڵ: مرۆڤ، بوونی مرۆڤ، دەورووبەری مرۆڤ، كێشەكانی مرۆڤ، ئەو شتەی، كە مرۆڤ پێویستە بیزانێت و بیكات. سروشتی فەلسەفە بەجۆرێكە، كە بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت، بیركردنەوەكانیش جۆراوجۆرن و ئاڕاستەیش وەردەگرن. واتە فەلسەفە لە: بوون، سیاسەت، جوانكاریی، پەروەردە، ڕەوشت و لە…..هتد دا قسەدەكات و تایبەت بەو لایەنانە بیركردنەوەی خۆی هەیە.
سەرباریئەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ پرسیاری تر دروستدەکەن: فەیلەسوفەکان کێن؟ چۆن کەسانیکن؟ زۆرێکیش پێیوایە فەیلەسوفەکان کەسانێکی بێزار و دابڕاون لە جیهان. بەڵام ئەمە وایە؟ بێگومان نەخێر. فەیلەسوفەکان کەسانی لەم جۆرە نیین. فەیلەسوفەکان وەک گشت مرۆڤەکانیتر دەگرین، پێدەکەنن، دەنوون، کاردەکەن، ناندەۆخن، ئەڤینداریدەکەن، بێزاردەبن، ئاشتدەبنەوە و….هتد.
سەرباری ئەوە، فەیلەسوفەکان تەنها دۆستی کتێب نیین، پێش هەموو شتێک دۆستی ژیانن. ژینگە، پەروەردە، هونەر تادەگاتە تەندروستی و سیاسەت بەهەندوەردەگرن و …. وێڕای ئەوە، هەر فەیلەسوفە و شێوازێکی هەیە، کە دواتر ئەوەش شێواز بۆ فەلسەفەکەی دادەڕێژێت. ئەوە وادەکات فەیلەسوفەکان لەیەکتر جیاکرێنەوە.
کەوابێت، فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون؛ بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. ئەڵبەتە هەر یەکەو بەجۆرێک گوزارە لەم مافە دەکات. بۆیشە فەیلەسوفەکان جیاواز دەنووسن.

فەیلەسوفبوون یەک جارە

فەیلەسوفبوون ئەو پرسەیە لەناو جڤاکی کوردی دا سەرنجی نەخراوەتەسەر. تەنانەت سەرنج نەشخراوەتەسەر ئەوەی، کە فەیلەسوفبوون ڕوودان و دەرکەوتنە. ڕوودەدات یان نا. لەناکاو دەردەکەوێت یان نا. هەروەها لەناو فەیلەسوفبوون دا یەخەگرتنێک هەیە. واتە، کاتێک کەسێک دەبێتە فەیلەسووف کار لەسەر پەیپێنەبراو دەبات و مەترسییەکانیش دەبینێت. فەیلەسوفبوون هاتنە، ئەو شتەیە، کە دواتر بەرەوپیرتدێت. بۆیە ڕوودانەکەی یەکجارە و بەس. بۆنموونە: دێکارت، ئیبن روشد، سپینوزا،هێگڵ، هەربە بوونیان بە فەیلەسوف شتێک دەرکەوت؛ شتێک ڕوویدا، کە پێشتر بوونی نەبوو. فەیلەسوفبوون ئا ئەو ڕووداوە، ئەو دەرکەوتنە لەناکاوەیە.
کەوابێت فەیلەسوفبوون دەرکەوتنی ڕووداوێکە. ئەم ڕووداوە یەک جار ڕوودەدات. بۆیە یەک سوکرات، یەک نیچە، یەک فارابی، یەک مارکس، یەک …. هەیە. ئەمانە یەکجار هەن و یەک جاریش ڕوودەدەن. واتە سوکرات و ئەریستۆ دوانن. مارکس و هێگڵ دوانن. هۆسڕڵ و هایدیگەر دوانن. فارابی و ئیبن روشد دوان. ئەمانە هەریەکەیان یەکن و نابنەوە و یەک جارانیش دەبن، دەردەکەون و ڕوودەدەن.
لەبەر ڕٶشنایی ئەوەی وترا، دەپرسین: لەناوماندا ئەوانە سەریان هەڵداوە، کە فەیلەسوفئاسا بیردەکەنەوە؟ چۆن بزانین لەناوماندا فەیلەسوف سەریهەڵداوە؟ئەمانە بەرهەمی فەلسەفییان هەیە؟ بەرهەمە فەلسەفییەکانیان هیچی لێرە یان لەوێ گۆڕیوە؟ ئەی فەیلەسوفبوون شتێکی زگماکە یان بەرهەمی بیرکردنەوەی بەردەوامی خودییە؟ پرسە فەلسەفییە گەورەکانی ئێمە لەناو فەلسەفە چیی بوونە؟ یان بۆ خودی پرسە گەورەکانی فەلسەفە بۆ ئێمە نەبوونە بە پرس؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لەوێوەدەستپێدەکەین، کە ڕەنگە کەمنەبن ئەوانەی لەناو ئێمەدا سەرقاڵی فەلسەفەن، لێ سەرقاڵییەکانی ئەمانە فەلسەفەیەکی دیارکراوی دروستنەکردووە. گەر فەلسەفەمان هەیە تایبەتمەندییەکانی ئەم فەلسەفەیە چییە؟ بە چی خۆی لە فەلسەفەی دەرووبەرمان جیادەکاتەوە؟ بەم جۆرە، هەموو ئەوانەی دەنووس فەیلەسوف نیین. مەرجی سەرەکی فەیلەسوفبوون نووسین نییە. شتێکیترە، کە سەرووی نووسینە. نووسین نییە، بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوەی گەورە و ڕێچکەشکێن.
هەر ئەو پۆلە پرسیارە بەرەو پرسیاری ووردترمان دەبات وەک: فەلسەفە لەناو ئێمە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە؟ گەر بەڵێ بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ بۆ ئەدەب و ئاین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، چونکە فەلسەفە بۆ ئێمە لە ڕابردوودا، لەڕێگای ئەدەب و ئایینەوە، ڕێگایەک بووە بۆ گەڕان بەدوای میراتدا. ئەفسووس، ئەمەش زۆری نەخایاندووە و قوڵیش کاری تیانەکراوە.
لێرەدا واباشە بچینەوە سەر تێگەیشتنێکی دێکارت، کە پێێوایە “بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی ئەو، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە فەیلەسوفبوون ژینگە و دەرفەت و تاکی خۆی دەوێت.
فەیلەسوفبوون، کە دەکەوێتەگەڕ ئەو کات لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە ئیشی چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژانە، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك و گوتنی ناباو و نادۆگمایە. ئەمە جگە لەوەی فەلسەفە بە ڕاستیبێژیی ناسراوە؛ ڕاستییەك، کە تاكوتەرا نییە. ئەو شتانەی، کە فەیلەسوف لەبارەیانەوە گوتن دەهێنێتەگۆڕێ، بەدواچوونیان بۆدەكات و لە ڕاستییان دەكۆڵێتەوە.
ئەوە فەیلەسوفبوونە زەمینە بۆ فەلسەفەسازی دەسازێنێت. بەپێی ئەوەی فەیلەسوف لە كۆمەڵگەدا دەژی و هەست بە دەورووبەری خۆی دەكات، دەتوانێت كاریگەریی لەسەر فاكتەرە كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەكان دابنێت و ئاوەزی خۆیشی بخاتەگەڕ، تا لە كۆمەڵگە تێبگات و ڕاستیی ناو ئەو كۆمەڵگەیە ئاشكرابكات.

بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف

فەیلەسوف کەسێکی بێ ئاگا لە جیهان نییە، گۆشەگیر لە ژوورێک و بێ باک بەرامبەر بەوەی لە جیهاندا ڕوودەدات. بۆیە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف کارێکی ئاسان نییە و هەر ئەو بینینەش دەتوانێت بەرەو دیدی ترمان ببات. بۆ؟ چونکە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف واتە بوونی فەلسەفەیەک؛ کاتێکیش دەڵێین فەیلەسوفمان نییە ئەمە بەو مانایە نییە، کە دان بە بوونی کەسانێک نانێین، کە سەرقاڵی نووسینی فەلسەفیین یان روناکبیرییەکی فەلسەفییان هەیە.کەواتە لێرەدا دەپرسین: بەوانەوەی، کە لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا کاردەکەن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
گومانیناوێت، چەند بەشێکی فەلسەفەمان لە هەرێم دا هەیە(زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی ڕاپەرین) و لەو چەند بەشەش پۆلێک پرۆفیسۆری فەلسەفەشمان هەیە؛ بگرە کۆمەڵێک شرۆڤەکاری فەلسەفیشمان لە دەرەوەی ئەو بەشانە هەیە، کە کۆرسێک فەلسەفەیان نەخوێندووە و خۆشیان سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی بیرمەندەکان کردووە. بەس ئایا گشت ئەمەی وترا پێماندەڵێت ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. زۆرێک هەن شەیدای نووسینە فەلسەفییەکانی ئەفلاتون و ئەریستو ۆ دێکارت و هێگڵ و مارکس و سارتەر و هایدیگەرن و لەو بارەشەوە چەند دەقێکیان نوسیوە بەس ئایا ئەمە ئاماژەیە لەسەر بوونی فەیلەسوف لەناو ئێمە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.
لەو بارەوە ئەوەش شایانی وتنە، کە كێ مافی فەلسەفەكردنی هەیە؟ بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی هاوشێوە دەگرێت، كە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفە لەكۆڵدەگرن: گەر ئەم مافە تەنها بە فەیلەسوف دەدرێت، باشە فەیلەسوف كێیە؟ فەیلەسوف پرۆفیسۆرێكی زانكۆیی و كەسێكی ئەكادێمییە؟ ڕەنگە هەندێکیش لە ئێمە بڵێن، ئەی بۆ فەلسەفەكردن مافی عەوامیش (زۆربەش) نەبێت؟
لێرەدا و سەبارەت بەو پرسیارانە تەنها ئەوەندە دەڵێین، كە ڕاستە فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون و بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. بەپێی ئەوەیش، كە لە ئێستادا تێكنۆلۆژیای زانیاریی دەستی بەسەر ژیانی ئێمەدا گرتووە، پێویستمان بەوەیە تێڕامان و تەماشاکردنەکانمان بۆ جیهانی تازە، قووڵتر و بەرینتر بكەین، تا لەوە تێبگەین، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمكی خودی زانین، زانست، ڕەوشت و ئاكار (موڕاڵ) دا بكەین.
ئاڵۆزییەكانی دنیای سیاسەت، واتای ماف، دادپەروەریی، یەكسانیی، كێشە ژینگەیی و پەروەردەییەكانیش، هەموو ئەمانە داوامان لێدەكەن، کە ئاسۆی بیركردنەوەمان فراوان و فرەئاقار بكەین و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەمەڕ تێگەیشتنە سیاسیی، پەروەردەیی، كۆمەڵایەتیی و كولتوورییەكان دروستبكەین. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. ئەمە داوای سێستەمێکی هزرییمانلێدەکات لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییماندا.
دۆخەکە لەوەدایە، کە ئێمە نامانەوێت لەڕێگای ئەم پرسیارەوە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان تێبگەین. باشە گەر فەیلەسوفمان هەیە بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟ بەدڵنیایشەوە نەبوونی ئەو بنەمایە، واتە نەبوونی فەیلەسوف. ئێمە وایدەبینیین، کە دیدێکی نوێ بۆ جیهان تەنها لە ڕوانگەی فەلسەفەوە دێتەکایەوە. کە ئەوە هەبوو واتە فەیلەسوف هەیە. بۆیە ڕوون نییە وشەی فەیلەسوف چۆن لەناو ئێمە بڵاوبووەتەوە و چیگەیاندووە. ئەم وشەیە پۆزەتیڤ بەکاربراوە یان نێگەتیڤ.

نا، ئێمە بەمجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە

ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە لە لاپەڕەکانی مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا بەرچاوخراوە. لەوێ، لە دیدی رۆژئاواییەکان كاتێك، فەلسەفە دەبێت بە فۆرمێک لە نوسین، یان فەلسەفەكردن جێگای نوسین دەگرێتەوە ئیدی زۆر شت گۆڕانی دێتەسەر. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کاتێک فەلسەفە لە وتنەكانی مرۆڤدا كارادەبێت، وتن لەبارەی بوونی مرۆییەوە دێتەگۆ و فەلسەفەیش خۆی وەك ئامرازێك بۆ ژیان و تێگەیشتن لە بوونی كۆمەڵایەتیی مرۆڤ نمایشدەكات و لەڕێگای فەلسەفەیشەوە لە چێژی بیركردنەوە و مەبەستی ژیان تێدەگەین.
نا ئێمە، بەوجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە فەلسەفە بیركردنەوەیە، ئەم بیركردنەوەیە لەلایەکەوە ئاڕاستەی ژیان دەستنیشاندەكات، لەلایەکی ترەوە گفتوگۆی شتەكانی ناو ژیانی مرۆڤ دەكات. بۆ ئەوەی بژیین و لە ژیانی خۆمان تێبگەین، پێویستمان بەو ئامرازەی ژیانە، كە فەلسەفەیە. ئەمەش پێویستی بەوەیە، کە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی خوێنەرانی فەلسەفە زیادبكەن و فەلسەفە وەك شێوازێك بۆ ژیان و ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ژیان سەیربكرێت، فەلسەفەكردن پێویستی بەوەیە لەگەڵ تیۆرییەكان خۆی بگونجێنێت و خۆی ئاسانتر و نزیكتر لە ژیان نیشانبدات.
ئەو دەمەی فەلسەفە دەكرێت بە ئامرازێك بۆ كەڵكوەرگرتن لە ژیان و گۆڕینی فرۆمی ژیانی مرۆڤ و تەقەلایەکیش بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر بەختەوەریی و ئایندە و ناحەزییەكانی مرۆڤ؛ بەمە فەلسەفە زیاتر لە بوونی مرۆڤەوە نزیكدەبێتەوە.
کوا کێ لەناو ئێمە كردەی فەلسەفەكردنی والێکردووە ببێت بە کۆششێک بۆ گەڕان بەدوای واتای ئازادیی و بەدیهێنانی بەختەوەریی بۆ تاك و لەسەرێكی ترەوە ئاشتكردنەوەی كولتووری سیاسیی ئێمە لەگەڵ فەلسەفە و سنووردانان بۆ گەوجاندنی تاك و كاركردن لەسەر باشەكان، كە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەها ڕەوشتییەكانی ئێمەی مرۆڤن. ئەمانەیش وادەكەن، کە فەلسەفە توانای بینینی مەترسییەكانی هەبێت و شەڕ لەگەڵ دۆشدامانی هزریی بكات و هەلومەرجیش بۆ هێنانەكایەی دۆزێكی ئەوتۆ دروستبكات، كە فەلسەفە بە ئازادیی گوزارشت لە ئامادەبوونی ڕاستەقینەی خۆی و بوونی مرۆیی ئێمە و مافەكانمان بكات.

سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان نەکردووە؟

بۆ هەموان ڕوونە، کە گشت كردەیەكی فەلسەفیی سەردەمی خۆی هەیە، بەڵام فەلسەفە دەكارێت لە سەردەمی خۆی بێتەدەرێ، ئەمە بە واتای هاتنەدەرەوەی فەلسەفە نییە لە لەشی خۆی، لەبەرئەوەی فەلسەفە، كە لە سەردەمی خۆی دووردەكەوێتەوە، لە سەردەمێكی تر نزیكدەبێتەوە، كە دیارە فەلسەفە لەو حاڵەتەدا بە خوڵقاندنی پرسیاری ترەوە سەرقاڵە، یان فەلسەفە خەریكی سەرچڵی ترە و تێهزرین لە شتگەلێكی تر دەكات، كە لە پێشبینییەوە دوور نین.
لێرەوە دەگەینە بیرۆكەی فەلسەفەی گشت سەردەم، یان گشت فەیلەسوفێك، کە ئاڕاستەكردنێك لەناخیدا پەنهانە. لێرەدا دەكرێت بگوترێت، كە فەلسەفەی گشت فەیلەسوفێك بۆ قۆناغێكی دیاریكراو بووە و جارجارەیش تێۆریزەكردن بووە بەسەر ئەوەی، کە دواتر دێت.
بەپێی ئەوە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان کردووە. یان دەتوانین بڵێین، فەلسەفە و سەردەم پێکەوە نەژیاون. سەردەممان هەبووە بە مانا مێژووییەکەی، لێ فەلسەفەدار نەبوونە. گەر وانییە کوا فەیلەسوفی سەردەمەکانمان؟ بۆ مێژوویەک سەبارەت بە فەلسەفە لە ژیانی هزریماندا بوونی نییە؟ ئەمەش پرسیاری ترمان لادروستدەکات، وەک: ڕۆشنگەرەکانی(منەور) ئێمە کێن؟ کوان کارە هزرییەکانی ئەو ڕۆشنگەرانە؟
بەمجۆرە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، کاتێک تەماشای مێژووی هزری رۆژئاوا دەکەین، شتێکی تر دەبینین. دەبینین، کە مامەڵەی فەیلەسوفانی رۆژئاوا لەتەك فەلسەفەدا وەك یەك نەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا فەیلەسوفەكان سوودیان لەیەكتر وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە مەودایەكی هزریی لەنێوانیاندا هەبووە. واتە هەر فەیلەسوفە و جوگرافیایەكی، زێدێكی، فەلسەفیی خۆی هەبووە، كە لەهەمان كاتدا ئەم فەیلەسوفە دەیشتوانێت گەشت بەناو جوگرافیاكانی تر و سەر بەم زێد و ئەو زێدی هزرییشدا بكات.
وێڕای ئەوە، مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا شتێکی تریشمان پێدەڵێت؛ ئەوەش ئەوەیە، کە دەكرێت كردەی فەلسەفیی لە دەرەوەی سەردەم، یان نەریت بێت. واتە لەوە نەكات كە، هەمان شت و دووبارەیە. كاتێكیش فەلسەفە لە دەرەوەی سەردەمی خۆی دەبێت، ئەمە هەرگیز بەو واتایە نایەت، كە فەلسەفە پشت لە سەردەم و شوێنی خۆی دەكات، بەڵكو فەلسەفە زۆرجار ئەوەی دەیڵێت، لە سەردەم و شوێنی تریشدا كاری خۆی دەكات. بۆ نموونە ئەوەی، کە ئەفلاتون لە دیالۆگەكانیدا سەبارەت بە خۆشەویستیی، جوانكاریی و ڕەوشت گوتوویەتی، یان ئەوەی سپینوزاSpinoza، یان کانت Kant لەمەڕ ئاین، ڕەوشت و زانین وتویانە، ئێستایش جێی گفتوگۆن و فەلسەفە ناكارێت پشتیانتێبكات.
ئەمەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوە دەگەیێنێت،کە ناوەرۆکی فەلسەفە نە وەك خۆی دەمێنێتەوە، نە ئەو ناوەرۆكەیش، كە هەیبووە پشتگوێدەخرێت. زۆرجار زۆر شت وادەكەن ئەو ناوەرۆکە بەشێوەیەکی تر بێتەپێكهێنان، یاخود وادەكەن فەلسەفە بەشێوەیەکی تر قسە لە سەردەمی خۆی بكات. هەر بۆنموونە، بەشێكی زۆر لەو پرسیارانەی چیەتیی فەلسەفەیان لە سەدە تاریكەكان پێكهێناوە لەئێستادا، وەك پرسیارگەلێكی کۆن و بەسەرچوو دەبینرێن، یان دەچنە خانەی ئەو شێوە پرسیارە فەلسەفییانەی، كە وەڵامی خۆیان چنگكەوتووە.
کەواتە، ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، دوورە لە مێژووی هزریی ئێمەوە. مێژووەکە بەجۆرێک ناسێستەماتیکە، کە ناتوانێت وێنەیەکی هاوتای ئەوتۆمانبداتێ، کە ئێمە بیرمەندمان هەبووە، بیریاریی لە ژیانی بیرییماندا گرنگیی خۆی هەبووە. بەڵام سەبارەت بە شارستانی رۆژئاوا شتێکی تر دەبینین. لەوێندەرێ بۆ ئەوەی فەلسەفە ناوەرۆکێکی نوێ و جیای هەبێت، دەبینین فەلسەفە هەمیشە کۆششی ئەوەی كردووە، کە خۆی نەجوێتەوە و لەسەر ناوەرۆکی خۆیشی نەژی، یان ئەوە نەڵێتەوە، کە وتراوە.
بۆ ئەوەی فەلسەفە ئەمەی بەسەرنەێت، فەلسەفە نەبێتە بوارێك بۆ وتنی شتی گوتراو و بەسەرچوو، فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت، کە بە سەردەمی خۆیەوە گرێدراو بێت. هەر ئەم گرێدراوییە وەها لە فەلسەفەیش دەكات، کە ڕێژەیی و ناڕەها بێت، كراوە و چاودێر بێت، چونكە سەردەمە جیاكان وەها لە فەلسەفە دەكەن، کە ڕەوت و ڕواڵەتی جیا و نادووبارەی هەبێت و كاریشی گوتنی ئەوە بێت، كە دەكەوێتە زۆنی بێدەنگییەوە. واتە فەلسەفە دەكارێت گوتن لە گەرووی بێدەنگییەوە بهێنێتەدەرێ و لەتەك شوێن و كاتەكاندا هاوشان و كۆقەوارەبكات.

بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە

بەدڵنیاییەوە، بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە. ئەمەش زیانێکی زۆری داوە لەو مێژووەی دەخوازین بینووسینەوە سەبارەت بە هزرمان. وەکیتریش، گومانی ناوێت، كە فەلسەفە هەندێك چركەی بێدەنگ و خامۆشی خۆی هەیە، بەڵام ئەو چركانە ئەگەرچی لە چركە پێویست و گرنگەكانیشن، بەڵام زێدە كەمتەمەن و نابەردەوامن، چونكە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنیدا ئەوەی یەكلاكردووەتەوە، کە چیەتیی فەلسەفە بە گوتنەكانیەوە بەندە، بەوەوە بەندە، كە فەلسەفە ناوەستێت و بەردەوامە. بەداخەوە ئەم لایەنە بۆ ئێمە تەواو جیاوازە و وەک ئەوە نییە، کە لە مێژووی هزریی رۆژئاوادا باسیلێوەدەکرێت. بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە کاتێکی زۆری خایاندووە و گشت مێژووی هزرمانیشی گرتووەتەوە.
فەلسەفە ناکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بێت. بێدەنگیی فەلسەفە بۆ کاتێکی زۆر بە زیانی مێژووی هزری ئەو نەتەوەیە دەگەڕێتەوە. کاتێک فەلسەفە بێدەنگ دەبێت شتیتر جێگای دەگرێتەوە، کە ئێمە ناویدەنێین نافەلسەفە، نەزانین، دژەدانایی. ئەمەش لەبەرئەوەی، کاتێک فەلسەفە قسەدەکات، وتنی دەبێت، فەلسەفە هەر بەهۆی ئەو وتنانەیەوە، کە لەلایەكەوە ناسنامە بۆ چیەتیی خۆی دادەتاشێت و خۆی لە سەردەم و شارستانیی خۆی نزیكدەكاتەوە، لەلایەكی ترەوە خۆی لە زانستەكانی تر جیادەكاتەوە.
پێشتریش گوترا، فەلسەفە خۆی دەكات بەو شتەی، كە هەیە، نەك ئەوەى، كە ونە، ئەو شتەی گوتنی خۆی هەیە و هەر ئەو گوتنەش ناوەرۆکی پێكدەهێنێت و كاكڵی بۆ دروستدەكات. فەلسەفەكردن و تێكشكانی پیرۆزییەكان، چاندنی پرسیار و پرسیاركردن لە ڕەچەڵەكی بۆشایی و هیچیی، هەوڵی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی و جیهانی ئەو خودە، بەشێكن لە پرۆسەی پێكهێنانی ناواخنی فەلسەفە و باخچەی هزریی فەلسەفیی دەسازێنن و كردەی فەلسەفەسازیش لەوێوە خۆی وەك سەرچڵیی هزریی نیشاندەدات. کوا فەلسەفە لەسەر ئەم بناغەیە لە ژیانی هزری ئێمەدا کاریکردووە؟ نەخێر بەمجۆرە کارینەکرووە و بگرە زۆریش مات و بێ وتن بووە.

ماویەتی…….




ڕووتبوونەوەی سیاسەت.. ئەحمەد ڕەسوڵ

هەر دەسەڵاتێک، حیکایەتێک یان زیاتری هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەروون و عەقڵی ئینسانەکان. ئەو لۆژیکەی کە ئەو حیکایەتە لە هەناوی خۆیدا هەڵگرێتی، دەرئەنجام دۆکترینێکی تایبەت بە ئەو حیکایەتانە بەرهەمدەهێنێت. ئەمەش وەکو ڕاستییەکی باوەڕپێکراو لەلای خەڵک (ئاپۆڕای شوێنکەوتووی ئەو هێز و لایەنە سیاسییە یان ئەوانەی کە لە ژێر هەژموونی گوتاری ئەو دەسەڵاتدارێتییەدان) جێگەدەگرێت. واتا دەسەڵاتداران لە ڕێگەی ئەو حیکایەتانەوە، ڕەوایەتیی لەنێو ئاگایی گشتییدا بەدەەستدەهێنن.
خاڵیبوونەوەی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان لە هەر حیکایەتێک و ڕووتبوونەوەی سیاسەت لە هەر جۆرە کردەیەک و چالاکییەک کە پەیوەندی هەبێت بە چاکەی گشتیی و ویستی گەشەپێدانی کۆمەڵگاوە، سەرەڕای پەککەوتوویی تەواوی دامەزراوەکان “لە نموونەی هەڵپەساردنی پەرلەمان، دواکەوتنی هەڵبژاردنە پڕ لە گزیکارییەکەش و بەسەرچوویی حکومەت و … هتد” وایکردووە ڕەوایەتیی هەم لە ڕەهەندی یاسایی و دەستوورییدا لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکییشدا، هەم لە ڕەهەندی ئاگایی گشتیی و دەروونی کۆمەڵگادا تا نزمترین پلەی خۆی دابەزێت.
کەوتنی هەموو حیکایەتەکانی لە بابەتی “ڕژێمی دیکتاتۆریی و دروشمەکانی یەکسانیی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییان، ڕزگاریی و ئازادیی مرۆڤی کورد … هتد لە سەردەمی شۆڕش! و شاخدا” و “داعش، سەربەخۆیی ئابووریی، ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، سەروەری یاسا و بە دەزگاییکردنی حکومەت، دادگەری کۆمەڵایەتیی، … هتد لە سەردەمی شار و دەسەڵاتدارێتییدا” و لە دواجاردا ئەوەی وەکو زانراوێکی سادەی ئەزموونکراو بۆ خەڵک مایەوە ئەوەبوو کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە و دەسەڵاتداران، خۆیان سەرچاوەی نادادیی ئابووریی و کۆمەڵایەتیین، سەرچاوەی ژێرپێخستنی یاسا و بێبەهاکردنی دادگا و دامەزراوەکانن، سەرچاوەی تاڵانکاریی، وێرانکاریی و داگیرکاریین لەبەرامبەر تەواوی داهاتی گشتیی، زەوی و خاکی وڵاتەکە و سەرچاوەی شکاندنی شکۆ و ئیرادەی ئینسانی کوردن، سەرچاوەی بێمافکردنی هاوڵاتیان و برسییکردنی خەڵکن. ئیدی لێرەوە هیچ حیکایەتێک نەمایەوە بۆ هەژموون بەسەر ئاگایی گشتییدا و دەسەڵاتدارێتیی بەسەر ژیانی خەڵکدا تا گەیشتە ئەوەی هەموو شەڕی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە لە پڕۆژەی “هەژماری من!” دا خۆی ببینێتەوە.
ئەم دەسەڵاتدارێتییە هەموو هێز و ووزەی خۆی لەوەدا چڕ کردووەتەوە کە پڕۆژەی “هەژماری من!” بەسەر کۆمەڵگای کوردستان و حکومەتی ناوەندیشدا بسەپێنێت. ئینسانی ئێمە ئاستی متمانەی بە دەسەڵاتداران بۆ هەر کارێکی چاک، نییەتێکی باش و بەڵێنێکی ڕاست نەوەکو دابەزیوە بۆ پلەی سفر، بگرە نزمتریش. خەڵک هیچ متمانەیەکی بە هیچ پڕۆژە و هەنگاوێکی دەسەڵاتداران نەماوە کە لە بەرژەوەندی ژیانی گشتیی کۆمەڵگا و هاوڵاتییان بێت. خەڵک تا ئەویدیو یەقین، گەیشتووەتە دڵنیایی کە هەر پڕۆژە و هەنگاوێکی دەسەڵات و دەسەڵاتداران جگە لەوەی کە لە بەرژەوەندی خۆیان و بەهێزکردنی زیاتری خۆیانە بە دیوەکەی تریدا لە دژی بەرژەوەندی کۆمەڵگا و تاکە تاکەی هاوڵاتییانە و لاوازکردنی زیاتریانە. بە کورتی، بەرژەوەندیی، هێز، دڵنیایی و ئارامیی دەسەڵات و دەسەڵاتداران لەلایەک و کۆمەڵگا و هاوڵاتییان لەلایەکیدی، لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدایە. تا چەند دەسەڵات لە ڕێی دەزگا مێدیاییە بێشومارەکانییەوە و بە نووسەر و ڕۆژنامەنووسە سێبەر و بەرتاوەکانییەوە، بانگەشە و ڕیکلام بۆ پڕۆژەی “هەژماری من!” بکات، هاوڵاتییان زیاتر بەدگومان دەبن بەرانبەری و توندتر ڕەتیدەکەنەوە و جار دوای جار زیاتر دڵنیا دەبنەوە کە پڕۆژەیەکە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتدارانە و دژ بە بەرژەوەندی کۆمەڵگا و هاوڵاتییان. ئەم تێگەیشتنە تا نێو ئەندامانی ئۆرگانە حزبییەکان و ئەندامانی نێو دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە ڕۆیشتووە و ئەوانیش هەمان تێگەیشتن و بیرکردنەوەی هاوڵاتیانی سیڤیل و کارمەندی دەزگا حکومییەکانیان هەیە.
ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتییەک لە هەر حیکایەتێک داماڵرابێت و لە هەر جۆرە رەوایەتییەک کەوتبن و تەنها ڕێگەی خۆسەپاندن و هەژموونیان بەسەر هاوڵاتیان و کۆمەڵگادا هاتبێتە سەر دەسەڵاتداربوونیان بەسەر مووچەی خەڵکدا، ئیتر ئەمە ڕووتبوونەوەی بێشەرمانەی سیاسەتە لە هەر ڕەهەندێکی فەزیلەتخوازیی و چاکەخوازیی، کەوتنی دواهەمین ئەگەرە لاوازەکانی گۆڕانکاریی جەوهەریی لە چۆنێتیی کارکردنی دەزگایی و یاسایی دەسەڵاتداراندا و کەوتنی دواهەمین ئەگەرە لاوازەکانی گۆڕانکارییە لە بونیادیی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی دەسەڵاتداراندا دەربارەی دەسەڵات، هاوڵاتیی، ماف و ئازادیی.

ئەحمەد ڕەسوڵ




خودگێڕانه‌وه‌: ئه‌و وێنانه‌ی ته‌مه‌ن، كه‌ شیعر ده‌یگێڕێته‌وه‌ له‌ ده‌قی: (18/11/1965)ى سه‌باح ره‌نجده‌ردا.. د. عه‌بدوڵڵا ڕه‌حمان

ژیاننامه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ هه‌ر گرنگ و زراڤه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌زموونگه‌لێك له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌. مرۆڤ له‌ناو چوارچێوه‌ی چیرۆك و رۆمانگه‌لێك ده‌ژیت هه‌ر له‌ چركه‌ی یه‌كه‌می له‌دایكبوونه‌وه‌ تا كۆتا چركه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵێك رووداو و به‌سه‌رهات و كاره‌كته‌ری جۆراوجۆر ژیانی هه‌ڵده‌سوڕێنن، ره‌نگه‌ خۆی به‌شێكی دروستكه‌ری ئه‌وان بێت و ره‌نگیشه‌ ئه‌وان به‌شێكی دروستكه‌ری خودی خۆی بن. گرنگ ئه‌و له‌و فه‌زایه‌ ده‌ژیت و گه‌شه‌ ده‌كات و هۆش و هزری فراوان ده‌بن و ده‌كرێنه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و فه‌زایه‌ تا راده‌ی داخران تایبه‌تییه‌ و هه‌ست و نه‌سته‌كانی مرۆڤ له‌خۆ ده‌گرن، كه‌ ئه‌و هه‌ست و نه‌ستانه‌ ته‌واو كه‌سییه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وی دی دركی پێ ناكات و ئاگاداری نییه، بۆیه‌ كاتێك كه‌سێك له‌ ژیانیدا هه‌وڵێكی مرۆڤایه‌تی داوه‌ و به‌شێكی گرنگی ژیانی خۆی بۆ ته‌رخان كردووه‌. ئه‌و شه‌نوكه‌و و چركه‌كانی كات و شوێنه‌كه‌ی له‌ناو دڵ و ده‌روونی خۆی حه‌شار داوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك، جا ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ده‌سته‌جه‌معی و كۆمه‌ڵ و ئاشكراش بێت، نهێنیگه‌لێك هه‌ن كه‌ ته‌نیا په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌سه‌كانه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كرێ له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌رێكدا ئاشكرا بكرێن و ته‌واوی مرۆڤه‌كانی دیكه‌ش به‌شداری پێ بكرێت كه‌ ئه‌ویش ژیاننامه‌یه‌. لێره‌شدا ژیاننامه‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ گرنگه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌زموونی مرۆڤه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌ و به‌شداری مرۆڤه‌كان له‌ رووداو و به‌سه‌ر‌هاته‌كان مسۆگه‌ر ده‌كات. كه‌واته‌ ژیاننامه‌ هونه‌رێكی گرنگه‌ و له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتووی هزری و رۆشنبیری له‌زووه‌وه‌ له‌ گرنگی ژیاننامه‌ی زاناو داناكانیان گه‌یشتوون و بایه‌خێكی بێ وێنه‌یان پێداوه‌، به‌ڵام له‌ مێژووی كورددا زۆر درەنگ ئه‌و هونه‌ره‌ بایه‌خی به‌دیاركه‌وت و رووی تێكرا. بێگومان هه‌موو ئه‌و زانا و شاعیر و نووسه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌ كوردانه‌ی له‌كۆندا به‌ حاڵ به‌رهه‌مێك و نووسینێكیان به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت و ساغ ده‌كرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌ر هونه‌ری ژیاننامه‌ ره‌واجی هه‌بووایه‌ و ژیاننامه‌ی خۆیان نووسیبا، نه‌ك هه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌یان به‌ڵكو قۆناغه‌ مێژووییه‌كه‌ش له‌ گه‌لێك رووه‌وه‌ رووناك ده‌بوویه‌وه‌.
دیاره‌ ژیاننامه‌ وه‌كو زاراوه‌یه‌ك باسكردنی ژیانی كه‌سێكه‌ و له‌ناوه‌رۆكی زاراوه‌كه‌وه‌ مانای خۆی به‌ته‌واوه‌تی خستۆته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كه‌سایه‌تییه‌ك چیرۆكی ژیانی خۆی بگێڕێته‌وه‌، دیاره‌ لێره‌دا ژیاننامه‌ یه‌كسان ده‌بێت به‌ خود، واته‌ خود ده‌بێته‌ سه‌نته‌ری گێڕانه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ته‌واوی هێڵه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ خزمه‌تی خوده‌وه‌. خود ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ ده‌بێت و ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ و ره‌هه‌نده‌كانی ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك ئه‌و ده‌قه‌ شیعر ده‌بێت، گێڕانه‌وه‌ی خود ئاڵۆزی و ته‌مومژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی شیعر سۆز و خه‌یاڵێكی فراوان له‌خۆ ده‌گرێت و به‌هۆیه‌وه‌ ماناكان به‌ ئاسانی خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌رچاو كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێك ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كانی خودی خۆی له‌ ئه‌زمونی ژیانكردنی باس بكات و به‌ ئه‌وی دیكه‌ی بگه‌یه‌نێت. ((واتا مێژووی ژیانی تاك و چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ناو خه‌ڵكدا، هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو و به‌سه‌رهاتی ژیانی تاكێكه‌، یان دووباره‌ ژیانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ له‌سه‌ر ڕووی لاپه‌ڕه‌كاندا)) (نیعمه‌ قه‌ره‌نی، 2012:16). ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ ته‌واوی لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خوده‌وه‌ ده‌گێڕدرێنه‌وه‌. به‌ڵام كاتێك ئه‌و خودە شاعیر بێت و شیعر وه‌كو ده‌قێك هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌، مه‌سه‌له‌كه‌ جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌. لێره‌دا مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌زموونی ژیان و ورده‌كاری به‌سه‌رهاته‌كانی به‌دوایه‌كدا ریز بكات و بیانگێڕێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ته‌كینكی شیعر و ئیحای شیعری ره‌نگه‌ ته‌نیا خاڵێك وه‌ربگرێت و خودییه‌تی خۆی تێیدا باس بكات، ئیدی له‌و خاڵه‌وه‌ ئاشنای گۆشه‌نیگای كه‌سی شاعیر ده‌بین به‌رانبه‌ر به مرۆڤ و ژیان و كۆمه‌ڵگه‌وه‌. به‌و واتایه‌ی شاعیر له‌ باسكردنی خودی خۆی شیعرییه‌تێك به‌كار ده‌هێنێت له زمانی په‌خشان و گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی بە‌ دوور ده‌بێت.
كه‌واته‌ ژیاننامه‌ له‌ دووتۆیی خوده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌و واتایه‌ی كرده‌وه‌كانی خود ده‌بنه‌ جێگه‌ی بایه‌خ و گێڕانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ خود كرده‌وه‌كانی خۆی دووباره‌ ده‌ژیێنێته‌وه‌، بێگومان له‌مباره‌یه‌وه‌ پێویستی به‌ هزر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێكیان بخاته‌وه‌، كاتێك دیكارت كۆجیتۆیه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند (من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ من هه‌م) ئه‌وا هه‌وڵیدا چالاكییه‌كانی هزر و كرده‌وه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی یه‌كگرتوو بكات و باسیان بكات، به‌ڵام هێزی ئه‌و كاره‌ی به‌خشییه‌ هزر و بیركردنه‌وه‌و به‌ سه‌رچاوه‌ی چالاكییه‌ ژیانییه‌كانی له‌قه‌ڵه‌م دا، له‌به‌رانبه‌ردا (مین دی بیران) دژی ئه‌و بۆچوونه‌ كۆجیتۆكه‌ی خۆی ده‌ربڕی (من ده‌یكه‌م، كه‌واته‌ من هه‌م) كرده‌وه‌ی كرده‌ سه‌ر مه‌شق و به‌پێش هزری خست، وه‌كو ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڵێت كرده‌وه‌، نه‌ك هزر سه‌نته‌ر و بناغه‌ی ژیانی ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی هیچ نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كار بكات و به‌رگری بنوێنێت و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا خۆی تۆمار بكات. له‌مباره‌یه‌وه‌ (د. زه‌كه‌ریا ئیبراهیم ) پێیوایه‌ لێره‌دا مه‌سه‌له‌ هه‌ڵبژاردن له‌نێوان هزر و كرده‌وه‌دا نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه‌ هزر و كرده‌وه‌ دوو بنچینه‌ی گرنگی ژیانن و هه‌ڵبژاردنیش ته‌نیا له‌نێوان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كرده‌وه‌یه‌ك له‌هزرێكی خراپه‌ و كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ هزرێكی چاكه‌خواز دێته‌ كایه‌وه‌ (د. عبدالعزیز شرف،1998: 1) كه‌واته‌ خود له‌ دوو تۆیی هزر و كرده‌وه‌دا خۆی ده‌نووسێته‌وه و دووباره‌ له‌سه‌ر رووی لاپه‌ڕه‌كاندا ژیان دروست ده‌كاته‌وه‌:

له‌مه‌شدا هزری خود داینه‌مۆی كرده‌وه‌كانییه‌تی و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌قێكی شیعریدا ده‌یخاته‌ ڕوو یه‌كانگیرێكه‌ له‌نێوان هزر و كرده‌وه‌دا. به‌دیوێكی دیكه‌شدا ده‌كرێت له‌ دایكبوونی ئه‌و ده‌قه‌ شیعرییه‌ش به‌ كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هزری خودی شاعیره‌كه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین و بازنه‌یه‌كی سووڕاوه‌ی هاوكێشه‌ی هزر و كرده‌وه‌ دروست بكه‌ین.
بێگومان خود نووسینه‌وه‌ یه‌كێكە له‌ جۆر و لكه‌كانی ژیاننامه‌، به‌و پێیه‌ی ژیاننامه‌ چه‌ند جۆرێكی هه‌یه‌ له‌وانه‌ش:
1ـ ژیاننامه‌ی گشتی: له‌و جۆره‌ ژیاننامه‌یه‌دا نووسه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك كه‌ خۆی ده‌ستنیشانی كردوون ده‌نووسێته‌وه‌.
2ـ ژیاننامه‌ی تایبه‌تی: ئه‌و ژیاننامه‌یه‌ ته‌نیا به‌ ده‌وری یه‌ك كه‌س ده‌خولێته‌وه‌ و هه‌موو بابه‌تی ژیاننامه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كه‌سێكی دیاریكراو، كه‌ ئه‌مه‌شیان دوو لكی لێ ده‌بێته‌وه‌:
أـ ژیاننامه‌ی خودی، یان خود نووسینه‌وه‌، كه‌ نووسه‌ر رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی ژیانی ده‌گێڕێته‌وه‌.
ب ـ ژیاننامه‌ی بابه‌تی: كه‌ نووسه‌ر رووداو و به‌سه‌رهاتی كه‌سێكی دیكه‌ ده‌نووسێته‌وه (نیعمه‌ قه‌ره‌نی،2012 :17).
بابه‌تی سه‌ره‌كی ئێمه‌ خود نووسینه‌وه‌یه‌ كه‌ لكێكه‌ له‌ ژیاننامه‌ی تایبه‌تی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تاك چه‌قی گێڕانه‌وه‌ دروست ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌زموونی خۆی بۆ كه‌سانی ده‌ورووبه‌ری بگوازێته‌وه‌. مه‌به‌ست له‌م گوازتنه‌وه‌یه،‌ ئه‌گه‌رچی به‌نه‌مركردنی خوده‌ له‌ كۆی ژیاندا، له‌ هه‌مانكاتیشدا سوودگه‌یاندنه‌ به‌ كۆی هه‌ڵوێست و بینین و رامانه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ورووبه‌ر له‌ناخی بگه‌ن و بیخوێننه‌وه‌.
بێگومان خودنووسینه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ گێڕانه‌وه‌، چونكه‌ گێڕانه‌وه‌ زه‌مینه‌سازییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خود بتوانێت گوزارشت له‌ خۆی و له‌ گشت ئه‌زموون و جیهانبینی بكات. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ژیانی وه‌كو چیرۆكێك به‌رجه‌سته‌ ده‌كات و له‌ دووتوێی ژانرێكه‌وه‌ ده‌یخاته‌ڕوو، به‌و واتایه‌ی ((چیرۆكی ژیانی ـ یان چیرۆكێك له‌ چركه‌یه‌كی ژیانیدا ـ له‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیاز پێكنه‌هاتووه‌، كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بشێت، به‌ڵكو دروستكراوه‌ به‌و پێیه‌ی كه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك رێوشوێن ده‌چه‌سپێنێت، كه‌ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ بگونجێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌گه‌ڵ ـ ئه‌وه‌ی رووداوه‌ ـ بۆ تاك، یان ئه‌وه‌ی كه‌ تاك بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی رووداوه‌، بگونجێت)) (جینز بروكمبیر و دونال كربو،2015: 53). به‌مشێوه‌یه‌ خود نووسینه‌وه‌، یان ژیاننامه‌ی خودی له‌رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو بازنه‌ی ده‌ربڕین و له‌وێوه‌ زه‌مینه‌ی خۆڕاگه‌یاندن ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و به‌ ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات و ئه‌ده‌ب ده‌بێته‌ ئه‌و مینبه‌ره‌ی تاكه‌كان خودی خۆیان تێدا ده‌دۆزنه‌وه‌و ئه‌زموون و رامان و بینینه‌كانیان تێیدا به‌ ئه‌وانی دی ده‌گه‌یه‌نن، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ش كه‌ وا ده‌كات تاك، به‌تایبه‌تیش نووسه‌ر و شاعیر ئه‌زموون و رامان و بیركردنه‌وه‌ و هه‌سته‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی له‌ڕێگای ئه‌زموونه‌كانی ژیانییه‌وه‌ به‌ ئه‌وانی دی بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ((ئاره‌زووی هه‌میشه‌ییه‌ بۆ نه‌مربوونی خودی خۆی، ئه‌و ئاره‌زووش له‌ كاتێكدا هه‌ست به‌ جیاوازی و جیاكاری خۆی ده‌كات، ده‌گه‌شێته‌وه و ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی لووتكه‌ی ده‌ربڕین، له‌و حاڵه‌ته‌شدا هه‌ستێكی به‌هێز له‌لای دروست ده‌بێت، كه‌ ئه‌و مرۆڤێكه‌ شایه‌نی مانه‌وه‌یه‌ و ئاره‌زووی به‌ نه‌مربوونیشی زیاتر هه‌ڵده‌كشێ، به‌تایبه‌تیش له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ هه‌ست ده‌كات به‌ هه‌ر هۆیه‌ك له‌ هۆكاره‌كان له‌ مه‌رگ نزیك بۆته‌وه‌)) (تهاني عبدالفتاح شاكر، 2002: 25)، لێره‌شدا نووسه‌ر و شاعیران هه‌ست به‌ نه‌مانی جه‌سته‌یی خۆیان ده‌كه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی مه‌رگ زه‌فه‌ریان پێ ببات، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی بوون و ئاوه‌ڵاكردنی خودی خۆیان، پێش وه‌خته‌ نه‌مری به‌ده‌ست بهێنن و ئه‌وان ده‌ست له‌ مه‌رگ بوەشێنن و زه‌فه‌ری پێ ببن.
خود گێڕانه‌وه‌ مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه. له‌ مێژوودا گه‌لێك ده‌ق هه‌بووه‌ ژیاننامه‌ی خودیان وه‌كو بنچینه‌ وه‌رگرتووه‌و تێیدا كه‌سێك له‌باره‌ی ژیانی خۆیه‌وه‌ دواوه‌ و ئه‌زموون و بیركردنه‌وه‌كانی خستۆته‌ڕوو. به‌درێژایی مێژووش نووسه‌رو شاعیران په‌نایان بۆ خودنووسینه‌وه و خود گێڕانه‌وه‌ بردووه‌، به‌هۆی ئه‌م حاڵه‌ته‌شه‌وه‌ گه‌لێك شێوه‌ی جیاواز بۆ خود نووسینه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌زموون و ڕامان و بیركردنه‌وه‌كانی نووسه‌ران هاتۆته‌كایه‌وه‌. ئه‌م جیاوازییانه‌ و لێكه‌وته‌كانیان له‌ لایه‌ن (د. معجب الزهرانی)ییه‌وه‌ له‌ سێ ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌كیدا كورت كراونه‌ته‌وه‌:
ـ ئاراسته‌ی یه‌كه‌م: نووسه‌رو شاعیر خود نووسینه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی ژیان و ڕامان و بیركردنه‌وه‌كان وه‌كو ئامرازێك بۆ راگه‌یاندن و پرتستۆكردن و ئاشكراكردنی تاوانه‌كانی توندوتیژی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار بۆ كائینی تاك به‌كارهێناوه‌. ئه‌مه‌ش له‌رێگای بوێری نووسینێك، كه‌ خود له‌ پێگه‌ی قوربانییه‌وه‌ بۆ پێگه‌ی مرۆڤێكی ئازاد و چالاك و به‌رگریكار له‌دژ هه‌موو جۆره‌ زوڵم و سته‌مێك ده‌گۆڕێت.
ـ ئاراسته‌ی دووه‌م: نووسه‌ر له‌رێگای خود نووسینه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات به‌وپه‌ڕی ئازادی و بابه‌تییه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌زموونه‌كانی ژیانی كه‌سی خۆی پێك بهێنێته‌وه‌. لێره‌شدا ئامانج له‌ خود گێڕانه‌وه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار، یان كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵكو قووڵكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی مه‌رجه‌ تایبه‌تی و گشتییه‌كانی ژیانه‌ كه‌ هۆشیاری خود پێك ده‌هێنێت .
ـ ئاراسته‌ی سێیه‌م: نووسه‌ر خود نووسین وه‌كو شێوه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنێت بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی له‌ روانگه‌یه‌كی خۆشی و ئاهه‌نگگێڕانه‌وه‌. كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئازاره‌كانی خود له‌ رێگای فێربوون و هۆشیارییه‌وه‌ به‌دیار ده‌كه‌وێت، له‌رێگای جوانییه‌كانی ژیان و په‌یوه‌ندییه‌ گه‌رموگوڕییه‌كانی نووسه‌ر كه‌ له‌ وێستگه‌یه‌كی تایبه‌تی ته‌مه‌نی تێیدا ژیاوه‌ (د. معجب الزهرانی، 2009: 97) .
ئه‌م ئاڕاستانه‌ی خود گێڕانه‌وه‌ بواری گوزارشت كردنیان له‌ ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی وه‌كو چیرۆك و رۆماندا باشتر ده‌ڕەخسێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پانتاییه‌ فراوانه‌ی ئه‌م ژانرانه‌ له‌خۆیان گرتووه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت ژانره‌كانی دیكه‌ نه‌توانن خودنووسین له‌خۆ بگرن، به‌تایبه‌تیش شیعر كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ بوونی مرۆڤه‌وه‌ خه‌ون و ئاوات و هه‌سته‌كانی مرۆڤی ده‌ربڕیوه و به‌شێكی گرنگی له‌ ژیانی خودی مرۆڤه‌كانی پێكهێناوه‌. به‌ واتایه‌كی دیكه‌ شیعر ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌سته‌ به‌خود كه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی قووڵایی خودی مرۆڤه‌كان ده‌رده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤه‌كاندا شه‌نوكه‌و ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ شیعر وابه‌سته‌ی خوده‌ و خودی مرۆڤ ئاوێنه‌ی شیعر پێكده‌هێنێت. بۆیه‌ خودنووسین له‌گه‌ڵ شیعردا مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌وێت، كه‌ بتوانێت هه‌موو بیركردنه‌وه‌و ڕامان و بینینه‌كانی مرۆڤ له‌خۆ بگرێت. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ شاعیران له‌ هه‌موو كه‌سێك زیاتر وابه‌سته‌ی خودی خۆیان و ژیانی تایبه‌تی خۆیانن، ئه‌و ژیانه‌ی كه‌ ناوه‌وه‌یان دروست ده‌كات و هه‌میشه‌ له‌ كه‌سانی دیكه‌یان جیا ده‌كاته‌وه‌. به‌م پێیه‌ش شاعیر له‌ ده‌قه‌كانیدا نمایشی خودی خۆی به‌ چڕی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات خودی خۆی پیشانی ئه‌وی دی بدات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ و ته‌كنیكی شیعر چڕو كورت و پوخته‌ و له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كدا ده‌گیرسێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بواری كه‌متر به‌ شاعیر ده‌دات خودی خۆی نمایش بكات، بۆیه‌ ده‌كرێت شیعر پانتاییه‌كی داخراو بێت بۆ خودنووسین، به‌و واتایه‌ی شاعیران له‌ ده‌قه‌كانیاندا به‌ كه‌مترین وشه‌ ده‌بێت بینین و ڕامانه‌كانی خۆیان باس بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌ژیانی خۆیاندا لێره‌ و له‌وێ چه‌ند وێستگه‌یه‌كی گرنگ و كاریگه‌ر هه‌ڵبژێرن و به‌پێی ته‌كنیكی نووسینی شیعر ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ژیانیان باس بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ قورسترین خودنووسین، ئه‌و خودنووسینانه‌ن به‌ شیعر ژیاننامه‌ و ئه‌زموونی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه‌.
ئه‌و ته‌كنیك و ئامرازانه‌ی له‌ده‌ست شاعیر دا هه‌یه‌، بۆ خودنووسین، ره‌نگه‌ زۆر كه‌م و دیاریكراو بێت له‌ چاو ئه‌و ته‌كنیك و ئامرازانه‌ی به‌ده‌ست چیرۆكنووس و رۆماننووسانه‌وه‌ هه‌ن، بۆیه‌ گه‌لێك له‌ شاعیران له‌رێگای بیره‌وه‌ری په‌خشانئامێز ئه‌زموونی ژیانیان ده‌گێڕنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی به‌شیعر ئه‌زموونی ژیانیان ده‌گێڕنه‌وه‌ هه‌میشه‌ ژماره‌یان كه‌متره‌، چونكه‌ باڵاده‌ستی و شاره‌زاییه‌كی زۆری پێویسته‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش شاعیر ده‌بێت به‌ ته‌واوی زاڵ بێت به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ی و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ تێكه‌ڵی ته‌كنیكی شیعر بكات، ئه‌مه‌ش كارێكی قورسه‌ و به‌هه‌موو كه‌سێك ناكرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌قی شیعری خودنووسین، ده‌قێكی ئاڵۆز و تێكچرژاوه‌، چونكه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه‌و ته‌كنیكه‌كانی شیعر له‌ بۆته‌ی یه‌ك ده‌قدا كۆده‌كاته‌وه‌. شاعیر ده‌بێت جیا له‌باسكردنی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ژیانی، له‌هه‌مانكاتیشدا ئاگاداری ته‌كنیكه‌كانی شیعر بێت و لێیان لا نه‌دات.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (سه‌باح ره‌نجده‌ر) ده‌قێكی شیعری بۆ به‌شێك له‌وێستگه‌كانی ژیانی ته‌رخان ده‌كات و له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ری شیعری و هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه‌، خودنووسین به‌ جێ ده‌گه‌یه‌نێت. له‌م ده‌قه‌دا ناونیشان، كه‌ ( 18/11/1965)ه‌. ناونیشانێكی سه‌رنج راكێشه‌، چونكه‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌ پیت و وشه‌ نییه‌، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ـ ئه‌و ژماره‌یه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ده‌قه‌كه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ به‌كارهێنانی ژماره‌ بۆ ناونیشان خۆی له‌ خۆیدا جۆرێك له‌ ته‌مومژ و ئاڵۆزی هه‌ڵده‌گرێت. له‌هه‌مان كاتیشدا كۆمه‌ڵێك پرسیاری له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و خوێنه‌ر عه‌وداڵی ئه‌وه‌ ده‌كات به‌دوای وه‌ڵامه‌كاندا بگه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌یه‌كی مێژووییش له‌ به‌كارهێنانی ژماره‌ له‌ناو ئه‌ده‌بیاتدا وردبینه‌وه‌. ده‌بینین كه‌ ژماره‌ رۆڵی خۆی له ناو ئه‌ده‌بیاتدا گێڕاوه‌ و له‌ گه‌لێك ده‌قدا په‌نای بۆ بردراوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ ئه‌فسانه‌دا ژماره‌ كاریگه‌ری و قورسایی خۆی هه‌یه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ ژماره‌ (7) له‌ ئه‌فسانه‌كاندا خاوه‌ن هێزێكی تایبه‌ت و سیحراوییه‌ و كۆدێكه‌ بۆ گه‌لێك شت به‌كارده‌هێنرێت و چاره‌نووس ده‌خوێنێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌كارهێنانی ژماره‌ له‌لایه‌ن (ره‌نجده‌ر) بۆ ئه‌و ده‌قه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و له‌ خۆوه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ست و ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌بووه‌. پێش هه‌موو شتێك ئه‌و ژمارانه‌ هه‌ر ژماره‌ی ئاسایی نین، به‌ڵكو مێژوون، واته‌: ده‌لاله‌ته‌ له‌ كات، كاته‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ رۆژ و مانگ و ساڵ. كه‌واته: لێره‌دا ناونیشان سێ پارچه‌ی كاتی كۆكردۆته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌ سێ كاتی جیاواز داوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا قورسایی و پێگه‌یه‌ك به‌ ناونیشانه‌كه‌ ده‌به‌خشێت و ده‌رگای گومان و پرسیارگه‌لێك ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خوێنه‌ر وا لێ ده‌كات هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌به‌رانبه‌ردا بكات و خۆی په‌یوه‌ستی ده‌قه‌كه‌ بكات و به‌دوای وه‌ڵامدا بگه‌ڕێت. دیاره‌ ناونیشان كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ده‌قه‌ و به‌هۆی ناونیشانه‌وه‌ ده‌توانین بچینه‌ ناو كۆشك و ته‌لاری ده‌قه‌وه‌. ناونیشان یه‌كه‌م پارچه‌ی ده‌قه‌ كه‌ به‌ركه‌وته‌ی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر دروست ده‌كات. بۆیه‌ تا ناونیشان به‌هێز و ئامانجدار بێت ئه‌وه‌نده‌ به‌ركه‌وته‌كه‌ی به‌هێزتر ده‌بێت و زیاتر خوێنه‌ر گیرۆده‌ی خۆی ده‌كات. ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ناونیشان وردبینه‌وه‌، ده‌لاله‌ته‌ بۆ رۆژێكی ساڵ. واته: قورسایی ناونیشانه‌كه‌ له‌ رۆژێكدا كۆكراوه‌ته‌وه‌. چونكه‌ كاتێك به‌روارێك به‌م شێوه‌یه‌ ده‌نووسرێت، زیاتر مه‌به‌ست له‌ رۆژه‌كه‌یه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی مانگ و ساڵه‌كه‌ش فه‌رامۆش بكرێن. به‌ڵام قورسایی رووداوه‌كه‌ زیاتر له‌و رۆژه‌دا كۆبۆته‌وه‌، نووسه‌ر ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی ساڵ و مانگیشه‌، به‌ڵام دیاره‌ رۆژه‌كه‌ش له‌هه‌مووان گرنگتر بووه‌. به‌ وردبوونه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی زیاتر له‌مه‌به‌ست و ئامانجی شاعیر ده‌گه‌ین، كه‌ بۆچی ئه‌و به‌رواره‌ی كردۆته‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌ی، چونكه‌ ناونیشانێكی وه‌ها راسته‌وخۆ هیچ تێگه‌یشتنێك و كۆدێك نادات به‌ده‌سته‌وه‌، وه‌لێ كاتێك په‌یوه‌ستی ده‌كه‌ین به‌ ناوه‌رۆكەكە‌یه‌وه‌، ئه‌وا یه‌كسه‌ر ئامانج و مه‌به‌ستی ئاشكرا ده‌بێت. به‌تایبه‌تیش كه‌ ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌ خود گێڕانه‌وه‌یه‌، واته‌: گێڕانه‌وه‌ی ژیانی رابردووی شاعیره‌، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ژیاننامه‌ی شاعیر ده‌بێته‌ چه‌قی پێكهێنانی ده‌قه‌كه‌، بۆیه‌ شاعیر به‌رواری له‌دایكبوونی خۆی، راسته‌وخۆ ده‌كاته‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌. كه‌واته: ئه‌و ژمارانه‌ ئاماژه‌ به‌ رووداوێك ده‌كه‌ن، ئه‌ویش رووداوی له‌دایكبوون و هاتنه‌ سه‌ر ته‌ختی شانۆی ژیانی شاعیره‌. لێره‌دا خوێنه‌ر یه‌كڕاست له‌ ناونیشانه‌وه‌ به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ خودگێڕانه‌وه‌ ده‌بێت و رووداوێكی گه‌وره،‌ كه‌ له‌ دایكبوونی شاعیره‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌و خود گێڕانه‌وه‌یه‌، به‌دیوێكی دیكه‌دا شاعیر ته‌نانه‌ت سوودی له‌ ناونیشانیش بینیوه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌كه‌ی. كه‌واته: ناونیشان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كاته‌ و ئاماژه‌ به‌ پارچه‌كانی كات ده‌كات، له‌ناوه‌رۆكیشدا ئاماژه‌ بۆ رووداو دەكات، كه‌ ئه‌ویش رووداوی له‌ دایكبوونی خودی شاعیر خۆیه‌تی. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ناونیشان وه‌سف، یان ستایش نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌شێك بووه‌ له‌ خودگێڕانه‌وه‌ی ژیانی شاعیره‌كه‌ خۆی. ئه‌مه‌ش به‌هێزی بۆ ده‌قه‌كه‌ دروست كردووه‌ و خوێنه‌ری راكێشاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات بزانێت له‌و به‌رواره‌ چی روویداوه‌ .
به‌تایبه‌تیش شاعیر له‌ ده‌ستپێكی ده‌قه‌كه‌یدا ئاماژه‌كانی راسته‌وخۆ به‌ ناونیشانه‌وه‌ به‌ستاوه‌ته‌وه‌، ده‌ستپێكی هه‌ر ده‌قێكیش گرنگی و بایه‌خی هونه‌ری خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ستپێك زه‌مینه‌خۆشكه‌رێكه‌ تاوه‌كو خوێنه‌ران بتوانن به‌ ئاسانی و به‌ بێ زۆر له‌ خۆكردن بچنه‌ ناو ده‌قه‌كه‌وه‌. ده‌ستپێك وه‌كو هونه‌رێك ستراتیژ و رایه‌ڵه‌كانی گشتی ده‌قه‌كه‌ دروست ده‌كات، له‌وێوه‌ نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ران ئاشكرا بكات. چه‌ند ده‌ستپێك به‌هێز و سه‌رنج راكێش بێت، ئه‌وه‌نده‌ ده‌قه‌كه‌ به‌هێز ده‌بێت و خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌وه‌ و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌ستپێكی ئه‌و ده‌قه‌ش بكه‌ین كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌كات:

ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوه گوتراون
دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا له خودا دەكەم
ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات
له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 3)

ده‌بینین راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ناونیشانه‌وه‌، به‌واتایه‌كی دیكه‌ ناونیشان به‌رده‌وامی به‌خۆی ده‌دات و له‌ ده‌ستپێكدا هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی داده‌ڕێژێته‌وه‌. خود گێڕانه‌وه،‌ یان ژیاننامه‌ی خودی په‌یوه‌سته‌ به‌ كاته‌وه‌ و به‌واتای گێڕانه‌وه‌ی كاتی رابردوو ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌واته: مادده‌ی خامی خودگێڕانه‌وه‌ كاته‌، ئه‌و كاته‌شه‌ كه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ده‌قی ژیاننامه‌یی پێكده‌هێنێت، ئه‌و ئاماژه‌یه‌ له‌ ده‌ستپێكدا به‌ڕوونی به‌دیار ده‌كه‌وێت و یه‌كه‌م وشه‌ی ده‌قه‌كه‌ به‌ (ساڵه‌كان) ده‌ست پێ ده‌كات. ساڵه‌كان، واته: كۆی گشتی ئه‌و كاتانه‌ی شاعیر تێیدا ژیاوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م وشه‌ی ده‌ستپێكدا شاعیر ستراتیژ و رێگای بینینی بۆ خوێنه‌ران رۆشن كردۆته‌وه‌، كه‌ ده‌قه‌كه‌ ژیاننامه‌ییه‌ و باس له‌ ساڵانی رابردووی ژیانی ده‌كات. ئه‌و روون كرده‌وه‌ و ناسینه‌ی شاعیر ویستوویه‌تی له‌ ده‌ستپێكدا خوێنه‌رانی پێ ئاشنا بكات به‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ (ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوه گوتراون) واته: قورسایی ده‌ستپێك كاته‌، ئه‌و كاته‌ی شاعیر له‌ناویدا ژیاوه‌و له‌ ئێستا كۆتایی هاتووه‌ و شاعیر هه‌وڵ ده‌دات له‌ رێگه‌ی ده‌قه‌وه‌ دووباره‌ بچێته‌وه‌ ناو ئه‌و ژیانه‌ رابردووه و زیندووی بكاته‌وه‌. له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌ رێگه‌ی ئه‌و دێره‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌و‌ هه‌موو‌ نه‌هامه‌تیی و ناخۆشییه‌ ده‌دات، له‌ناو ژیانیدا ئه‌زموونی كردووه‌ و ساڵه‌كان ماندوون به‌ واتای هیلاكی و ناخۆشی رووداوه‌كانی ته‌مه‌نی شاعیر دێت و له‌وێوه‌ شاعیر كه‌ ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌ گه‌لێك ئاوات و ئاره‌زووی هه‌بووه‌و به‌شێكیان به‌زیندوویی مردوون و به‌شێكیان ره‌نگه‌ تا نیوه‌ جێبه‌جێ كرابن، گۆرانی نیوه‌ گوتراون ده‌لاله‌تێكه‌ كه‌ هێشتا شاعیر له‌ ژیاندا ماوه‌و هه‌وڵی به‌دیهێنانی خه‌ون و ئاواته‌كانی ده‌دات. له‌م دێڕه‌وه‌ راسته‌وخۆ ناونیشان و ده‌ستپێك له‌ناو بۆته‌ی یه‌ك ستراتیژدا تێكه‌ڵ ده‌بن و خودگێڕانه‌وه‌ ره‌نگڕێژ ده‌كه‌ن.

دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا له خودا دەكەم
ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات
له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 3)

هه‌ر له‌ ده‌ستێیكدا شاعیر پێناسه‌ی خۆی و كارو پیشه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌سته‌واژه‌ی دیوانه‌كه‌م له‌لایه‌ك داده‌نێم ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت شاعیربوون پیشه‌كه‌یه‌تی و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ شاعیر به‌شێكی گرنگ له‌ ژیانی خۆی بۆ وه‌رگر ئاشكرا ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات له‌ پیشه‌ی شاعیری خۆی دوور بكه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ژیاننامه‌ی خودی خۆی دوور له‌ كاریگه‌ری و كارتێكردنه‌كانی شاعیربوونی بگێڕێته‌وه‌، بۆیه‌ ئاماژه‌ به‌ رۆژی له‌ دایكبوونی خۆی ده‌كات و له‌گه‌ڵ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌ رێك ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ رووداوی له‌ دایكبوونی خۆیه‌تی، دووباره‌ لێره‌دا ناونیشان و ده‌ستپێك تێكده‌ئاڵێن و ستراتیژییه‌تی ده‌ق داده‌ڕێژن. له‌و ده‌ستپێكەدا شاعیر ساتی له‌ دایكبوونی زۆر به‌ روونی له‌رێگای ناونیشانی ده‌قه‌وه‌ دیاریكردووه‌. له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ژیانی خۆی كورت و پوخت كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم) بە واتای ئه‌وه‌ی ژیانێكی تژی له‌ ناخۆشی و نه‌هامه‌تی هه‌بووه‌، كۆچ و بار پێچه‌وانه‌ی نیشته‌جێییه‌، ئه‌وی یه‌كه‌میان بارێكی ناسه‌قامگیر و ناچه‌سپیوه‌ و كه‌ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ی دووه‌میان بارێكی چه‌سپاوه و سه‌قامگیره‌ كه‌ گۆڕانی زۆر سست و له‌سه‌ر خۆیه‌. بۆیه‌ ده‌بینین له‌ ده‌ستپێكدا شاعیر هه‌م رۆژی له‌ دایكبوونی خۆی دیاری ده‌كات و هه‌میش رۆژگاری ژیانی خۆی باس ده‌كات. بێگومان هه‌ر كه‌سێك له‌ دایك بێت، ده‌شمرێت، واته: هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك، كۆتاییه‌كی هه‌یه‌، بۆیه‌ شاعیر هه‌ر له‌و ده‌ستپێكەدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دووباره‌ جه‌خت له‌سه‌ر ناجۆری ژیانی ده‌كاته‌وه‌، ئاره‌زووی مردنێكی باشتر له‌ چاو ژیانی ده‌كات، كاتێك ده‌ڵێت: (داره‌بازه‌ی بۆنخۆشیشم بەرز بكرێتەوه ناو ڕووناكییەكی بەهێز) داره‌ بازه‌ وه‌كو كۆدێكه‌ شاعیر بۆ مه‌رگی به‌كارهێناوه‌، ده‌كرێت لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ بۆ راسته‌وخۆ (مردن، مه‌رگ) ئه‌و وشانه‌ی به‌كارنه‌هێناوه‌، دیاره‌ بوونی دارەبازه‌ هێشتا جه‌سته‌ی كه‌سه‌كه‌ له‌ناو ژیاندا ماوه‌و نه‌چۆته‌ ژێر گڵ، له‌كاتێكدا مردن و مه‌رگ هه‌موو شتێكی بڕاندۆته‌وه‌ و كۆتایی هاتووه‌، چونكه‌ شاعیر هێشتا له‌ ژیاندا ماوه‌ داره‌بازه‌ ئه‌و هیوایەیە‌ كه‌ هێشتا به‌ جه‌سته‌ش بێت له‌ ژیاندا ده‌مێنێته‌وه‌و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ رووناكی بگات و له‌و شه‌وه‌ تاریكی ژیانی رزگاری ببێت.
ده‌قی شیعری ده‌قێكی هێمادار و پڕ له‌ ره‌مزو كۆده‌ و رسته‌كانی كورت و پوختن، بۆیه‌ بۆ باسكردنی بابه‌تێكی وه‌كو ژیاننامه‌، قورسه‌ بتوانرێت ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی رۆژانه‌ی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی تێدا تۆمار بكرێت. لەبەر ئەوە شاعیر به‌ ناچاری به‌شێك له‌وێستگه‌ گرنگه‌كانی ژیانی هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌و وێستگانه‌ی كاریگه‌ری و كارتێكردنێكی قووڵیان له‌سه‌ر ئه‌و و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی هه‌بووه‌و رامان و بینینه‌كانی ئه‌ویان گۆڕیوه‌و هه‌سته‌كانیان خه‌ملاندووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ شاعیر په‌نای بۆ (وێنه‌ چیرۆك) بردووه‌و هه‌وڵی داوه‌ له‌رێگای وێنه‌ جۆراجۆره‌كانی ژیانییه‌وه‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵوێست و تێڕوانییه‌كانی خۆی باس بكات، له‌ یه‌كێك له‌و وێستگانه‌ی ژیانی و له‌ رێگای وێنه‌ چیرۆكێكه‌وه‌ باس له‌ نه‌هه‌ماتییه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات:

هەواڵی بای جەنگی ناو چیاكانم پرسی
بۆنی پیس و ناقۆڵای لوولەی تفەنگم بۆ هات
خۆشی له خۆم
ڕازی كەروێشكێكم نەشكاندووه
مێشێكیشم لەكەدار نەكردووه (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 4)

لێره‌دا شاعیر ژیانی خۆی له‌ناو چوارچێوه‌ی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆیی ده‌گێڕێته‌وه‌، بێگومان له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕه‌ ره‌شانه‌ی مێژووش، هه‌ڵوێستی شاعیر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌ نه‌گریسه‌یه‌ روون و ئاشكرایه‌ و به‌توندی دژی ئه‌و كاره‌یه‌ و به‌ بۆنێكی پیس له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و له‌ مێژووی خودی خۆی دایده‌نێت. پرسینی هه‌واڵی جه‌نگ به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ شاعیر روانین و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ له‌به‌رانبه‌ر دوژمن ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ برایه‌كان ده‌ستیان چۆته‌ خوێنی یه‌كتر، ئیدی رووبارێك خوێن رێچكه‌ی كردووه‌ و به‌ده‌ستی یه‌كترییه‌وه‌ وشك نابێت و به‌رده‌وام له‌ ره‌وكردندایه‌. ئه‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌ مرۆڤ فێری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ توندڕه‌و و تاوانبار بێت و له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی ببەخشرێت. شاعیر خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ به‌راورد ده‌كات، له‌وێنه‌یه‌كی شیعریدا ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ته‌نانه‌ت رازی كه‌روێشك و مێشكیشی له‌كه‌دار نه‌كردووه‌، چ جا له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤێك خه‌ڵتانی خوێن بكات. ئازاره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ی برایه‌كانی چیا، ئه‌وه‌ندە به‌سۆیه‌ شاعیر له‌دوای خۆ ناساندن و چه‌سپاندنی رۆژی له‌ دایكبوونی یه‌كڕاست ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ كاریگه‌ری و كارتێكردنێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌روونی شاعیر دروست كردووه‌، هه‌ڵبژاردنی وه‌ها بابه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو یه‌كه‌م وێستگه‌ی ژیانی شاعیر ئه‌وە روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خودی شاعیر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و مێژووه‌ سوور و ره‌شه‌وه‌ گۆڕاوه‌و كه‌وتۆته‌ ناو بارودۆخێكی دیكه‌وه‌. بارودۆخێك ئێش و ئازارێكی بێ وێنه‌ی له‌گه‌ڵ دروست كردووه‌و ناخی شاعیری هه‌ژاندووه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ شاعیر باسی منداڵی خۆی ناگێڕێته‌وه‌ وه‌كو وێستگه‌ی سه‌ره‌تا، چونكه‌ منداڵی جیهانی بێ تاوانی و په‌پووله‌ییه‌، به‌ڵكو جیهانی دڕنده‌ و خوێن ڕیشتن ده‌كاته‌ سه‌ره‌تا. به‌دیوێكی دیكه‌دا شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌و شه‌ڕە نه‌گریسانه‌ی برایانی چیا منداڵی ئێمه‌یان كوشت و هه‌رگیز مرۆڤی كورد نه‌یتوانیوه‌ قۆناغی منداڵی بژیت و خه‌ون و جوانییه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ بكاته‌ ملوانكه‌ی هه‌ڵگرتنی بۆ ته‌مه‌نه‌كانی دیكه‌، به‌ڵكو ئه‌و جه‌نگه‌ ملوانكه‌یه‌كی له‌ملی مرۆڤی كورد داناوه‌ كه‌ به‌خوێنی برایه‌كه‌ی خۆی دروست كراوه‌. شاعیر ته‌نیا به‌ نیشاندانی وێرانه‌ی خودی خۆی وه‌كو لێكه‌وته‌ی شه‌ڕی براكوژی ناوه‌ستێت، به‌ڵكو وێرانه‌ی خه‌ڵك و میلله‌ته‌كه‌شی وێنا كردووه‌و پیشانی داوه‌:

بەناو خەڵكدا تێپەڕیم
ویستم دوا وشەیان لێ وەرگرم و دوا وشەشم ببیستن
ڕوخسارەكان گرمۆڵه ببوون
مردنیش بەردەوام ڕووی دەدا
بیرم له ئاسمانی به باران كردبووەوه و هاتبووم
گوللەی گیربوو له زمانیان دەربهێنم
كوورەی ئەتۆمیش
وەك دەمی بوڕكانێكی دامركاو دابخەم (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 4)
بارودۆخی خه‌ڵك وه‌كو ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ گه‌لێك دژوار بووه‌ و شاعیر له‌خودی خۆیه‌وه‌ خودی ئه‌وانی دیكه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعریدا كه‌ زیاتر په‌نای بۆ هێما خه‌مبار و دڵته‌نگییه‌كان بردووه‌، هه‌وڵیداوه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ وێنا بكات و رووخساری مرۆڤی سه‌رده‌می شه‌ڕی برایانی چیا و مردنه‌ به‌رده‌وامه‌كان پیشان بدات. له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌ڵوێسته‌كان دژی ئه‌و شه‌ڕه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی گولله‌ی گیربوو له‌ زمانیان، گوزارشتی له‌و باوردۆخه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ به‌ گولله‌ وه‌ڵامی داواكاری و داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی داوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی ده‌مكوتكردنی هه‌موو ده‌نگێكی نارازیی داوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خودی شاعیر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ كه‌ وه‌كو كووره‌یه‌كی ئه‌تۆمه‌ دابخات و تا هه‌تا دابمركێته‌وه و خه‌ڵكی له‌ده‌ستی رزگاریان ببێت. شاعیر كاتێك له‌ خودی خۆیه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو جه‌ماوه‌ره‌وە و له‌وێشه‌وه‌ وێنه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌ و وێنای جیهانی سه‌رده‌می ژیانی خۆشی ده‌كاته‌وه‌:

تاریكایی جیهانیشم لەپێشه
پێویسته من ئارام بم
شیعر ئەندازەی ئازارەكانی زەوی و بیرەوەری شوێنپێكان
كردوومت به خوێنی پشتی خۆت
له گۆڕستانی شادمانیی ئاوێتەی خاكم كه
(سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 5)

شاعیر بارودۆخی سه‌رده‌می ژیانی ده‌خاته‌ڕوو كه‌ ئه‌ویش وه‌كو خودی خۆی و نیشتمانه‌كه‌ی تاریكه‌، به‌ڵام ئه‌و تاریكیانه‌ جیاوازن، تاریكی خودی خۆی، تاریكایی مرۆڤێكه‌ به‌ دیدێكی شاعیرییه‌وه‌ پێی ناوه‌ته‌ جیهان و ده‌یه‌وێت بوونی خۆی له‌و جیهانه‌دا بچه‌سپێنێت، تاریكایی نیشتیمانیش له‌ ژێر چه‌پۆكی داگیركاری و شه‌ڕی برایانی چیادا نقووم بووه‌، وه‌لێ تاریكایی جیهان له‌ بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی و خوێنڕشتنی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه،‌ واته‌: تاریكی جیهان چه‌ند قاتی تاریكی خودی خۆی و نیشتیمانه‌كه‌ی قورستره‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ژیانی خۆی و خه‌ڵكیدا روو ده‌ده‌ن له‌ ئه‌نجامی بێ هه‌ڵوێستی و بێده‌نگی جیهانی ده‌ره‌وه‌یه‌. بۆیه‌ شاعیر له‌ ئاست ئه‌و زوڵمه‌ گه‌ورانه‌وه‌ داوای ئارامی له‌ خودی خۆی ده‌كات و رێگای شیعر هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یام و رامانه‌كانی به‌ ئه‌وانی دیكه‌ بگه‌یه‌نێت. ئازاره‌كانی زه‌وی و بیره‌وه‌ری شوێن و مرۆڤه‌كان، خودی كه‌سه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ شاعیر و شاعیر شیعر ده‌كاته‌ خوێنی خۆی. به‌و واتایه‌ی چۆن مرۆڤ بێ خوێن توانای ژیانی نییه‌، شاعیریش به‌بێ شیعر توانای ژیانی نییه‌. كه‌واته‌: شیعر ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ نه‌ریته‌ رۆژانه‌ییه‌كانی شاعیر و هه‌میشه‌ به‌هۆی شیعره‌وه‌ ده‌ژیت. له‌م وێستگه‌ی ژیانیدا شاعیر له‌ دوای باسكردنی شه‌ڕی برایانی چیا، وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ باسكردن، ئه‌ویش بوون به‌ شاعیر و خووگرتن به‌ شیعره‌وه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت شاعیر بۆ ده‌ربازبوون له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ په‌نای بۆ ئه‌ده‌ب و شیعر هێناوه‌ و ئه‌و رێگه‌یه‌ی به‌ باشترین
رێگه‌ هه‌ڵبژاردووه‌ و ئێمه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر ئەم هاوكێشه‌یه‌دا وه‌ستاندووه،‌ كه‌ ئه‌ویش شه‌ڕی براكوژی به‌رانبه‌ر به‌ شیعر.

ئه‌م هاوكێشه‌ ژیانی سه‌ره‌تایی شاعیری پێكهێناوه‌ و هه‌وڵیداوه‌ له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری و به‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌ك له‌ خود گێڕانه‌وه‌دا روونیان بكاته‌وه‌. له‌و هاوكێشه‌یه‌دا شاعیر دوای ئازارێكی زۆر له‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕه‌وه‌، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌به‌ری شیعر‌ بووه‌ و ئه‌وی هه‌ڵبژاردووه‌. شاعیر سه‌ركه‌وتووانه‌ شیعری وێناكردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ده‌ربازبوونه‌ له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی شه‌ڕ. له‌هه‌مانكاتیشدا ژیانی له‌نێوان دوو بژارده‌ داناوه‌ كه‌ یه‌كێكیان شیعره و پێچه‌وانه‌ی دۆخی شه‌ڕه‌ و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوو دۆخه‌شی بۆ مرۆڤه‌كان به‌جێهێشتووه‌، ئه‌و خۆی له‌و خود گێڕانه‌وه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌ چاكه‌ی هه‌ڵبژاردنی خودی خۆی بۆ شیعر كردووه‌ و هه‌وڵیشی داوه‌ خه‌ڵك له‌وه‌ بكات كه‌ ژیان به‌ هۆی شیعره‌وه‌ دروست ده‌بێت و له‌رێگای شیعرەوە‌ پردی خۆشنوودی دروست دەبێت و به‌خته‌وه‌ری فه‌راهه‌م ده‌كرێت. شاعیر روونتر ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ روون ده‌كاته‌وه‌:
كه تەختەڕەشی ڕەوانبێژییه بنووسن ئاوێنه گەورەكه
له پەلكی دووەمیشدا پەیكەری سەركرده
(سەرەتا وشە بوو: 5)
لێره‌دا شیعری به‌ ته‌خته‌ڕه‌شی ژیان وێناكردووه‌، هه‌موو كه‌سێك كه‌ شیعری هه‌ڵبژارد ده‌توانێت خودی خۆی بنووسێته‌وه‌و ئازادانه‌ بڕیار له‌ ژیانی خۆی بدات و بوێرانه‌ بیركردنه‌وه‌كانی به‌یان بكات و ببێته‌ ئه‌و ئاوێنه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ هه‌موو كه‌سێك خۆی تێدا ببینێته‌وه‌. له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژاردنی شه‌ڕ، په‌یكه‌ری سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر ژیانت و بیركردنه‌وه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌ت ده‌دات و دواجاریش به‌ بڕیاری ئه‌و ده‌بێت بمریت و خوێنت له‌ كاسه‌یه‌كدا پێشكه‌شی بكه‌یت. ئه‌مه‌ چوارچێوه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ شاعیر تێیدا ژیاوه‌و پێگه‌یوه‌:

بەم شێوەیه له لەشێكدا ڕەنگ و ڕووم كرایەوه
زەوی به هێمای پەنجه گەرم بوو
ڕەش و سپی ڕەنگی تەواون و له چاڵی گوللەیەك
ڕستی بینینیان تێكپەڕی
مەترسیی دڕندەی تاهەتایییان تێپەڕاند
شیعر كردنی به یەكەم ئومێد
ئومێدی دووەمیش هێشتان ڕوخساری پیشان نەداوین
(سەرەتا وشە بوو: 6)
شاعیر له‌ناو ئه‌و بارودۆخه‌دا دروست بووه‌و ره‌نگ و رووی كراوه‌ته‌وه‌، له‌ناو ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی شه‌ڕو شیعردا ژیاوه‌ كه‌ شاعیر به‌ ڕه‌شوسپی وێنای كردووه‌، له‌نێوانیشاندا شاعیر رووی له‌ سپییه‌كه‌ كردووه‌ و شیعری كردۆته‌وه‌ ئارامی خودی خۆی و به‌ یه‌كه‌م ئومێدی داناوه‌، له‌وێوه‌ چاوی له‌ هیواكانی دیكه‌ گرتووه‌، كه‌ هێشتا ماون رووخساریان پیشان بده‌ن و ئاره‌زوو و ئاواته‌كانی شاعیر به‌دی بهێنن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا شاعیر ئاماژه‌ به‌ ئه‌زموونی شیعرنووسینی خۆی ده‌دات و رێوشوێنی نووسینی شیعر و كه‌شی ناوه‌وه‌ی خودی خۆی باس ده‌كات:
ڕووناكییەكی مایەوەی ناو قۆزاخه
كۆمەڵێك دەستنووسی تەواونەكراوی دامێ
به تاسەوه ڕاما و فەرموو تەواویان بكه
له ساكاریی توانیم بەم جۆره بژیم
باران بەر له بارینی
كۆپلەیەكی له دەستنووسەكەی پێیداهاتبوومەوه
هەڵبژارد بۆ هەڵەچنی
له ماتەمی بلیمەتان بگەڕێوه
خانەی شاكارەكانی خودا ڕژاوەته خانەكانتەوه
(سەرەتا وشە بوو: 7)
شاعیر هێزی نووسینی شیعری بۆ ئه‌و رووناكییه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ كه‌ دڕ به‌و تاریكییه‌ی ده‌دات خۆی و نیشتیمان و جیهانه‌كه‌ی گرتووه‌، ئه‌و رووناكییه‌ ده‌بێته‌ هه‌وێنی شیعر و ده‌ستنووسه‌كانی ژیانی پێ ده‌به‌خشێت و داوای لێ ده‌كات ته‌واوی بكات، ئه‌و جۆره‌ ژیانه‌ی شاعیر وای كردووه‌ هه‌میشه‌ بۆ شیعر بژیت و له‌ رووناكیدا بمێنێته‌وه‌، تاوه‌كو به‌ره‌و مه‌نزڵگای ئه‌وین و خۆشنوودی بڕوات و له‌گه‌ڵ خۆیدا وشیارییه‌كی د‌ره‌وشاوه‌ بهێنێته‌كایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وه‌كو بارانێك هه‌ڵه‌چنی كرده‌وه‌كانی ژیانی پێ بكات:
ئەگەر پەنجەم لەسەر كاغەز
ڕاوی له گۆمی لێڵ كرد
لێ دەگەڕێم مشكی دز بیخوا
چاوەڕوانیی و بێزارییم كەمتر دەبن
دەشمەوێ خەونەكانم زوو بگرم
نەوەك سەریان لەبن باڵی شكاوی
نائومێدیی بنێن و لە دەستم دەرچن
(سەرەتا وشە بوو: 7-8)
ئه‌و چونكه‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌كایه‌ی دنیایه‌كی دیكه‌ و هۆشیاربوونه‌وه‌یه‌كی د‌ره‌وشانه‌وه‌ی گه‌ره‌كه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز بیر له‌ خیانه‌تكردن له‌ شیعر و وشه‌و ڕسته‌كان ناكاته‌وه‌، كاتێكیش له‌ رۆژگاردا گه‌ر دووچاری جۆرێك له‌و ناڕاستگۆییه‌ بووه‌، بوێرانه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ هه‌موو نووسینه‌كانی ده‌كاته‌ خۆراكی مشكێكی دز و لێ بێبه‌ری ده‌بێت. شاعیر، چونكه‌ له‌ناخی خۆیدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ و بیروباوه‌ڕه‌ هه‌رگیز بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ له‌ وشه‌ و ڕسته‌كان جیا ببێته‌وه‌ رێچكه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبژێرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش خاوه‌ن ئومێدێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ ژیان و ده‌یه‌وێت به‌ زووترین كات خه‌ونه‌كانی به‌دی بهێنێت.

شیعرەكانم دڵسۆزمن و ژیانی لەوه باشتر ناژین
داواشم له خاڵبەندی كردووه واز له ڕاوەدوونانی ڕسته بێنێت
ئێستا هەر ئەوەندەم لەسەره
له نائومێدی نەترسم و بشزانم هەوێنی ئاسوودەیی نامەیێت
(سەرەتا وشە بوو: 8)

كاتێك شاعیر راستگۆیی و بوێری له‌لای ده‌بێته‌ ئه‌رك و هه‌میشه‌ شیعر ده‌كاته‌ ژیان و نوێبوونه‌وه‌، ئیدی شیعره‌كانیش ده‌ست له‌سه‌ر سنگ ده‌وه‌ستن و دڵسۆزی ده‌بن و له‌وه‌ باشتر كه‌سێكی دیكه‌یان به‌ده‌ست ناكه‌وێت نازیان بكێشێت و به‌خێویان بكات. بۆیه‌ كاتێك كه‌سانێك به‌و جۆره‌ له روانین و بیركردنه‌وه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌، ئیدی كه‌سانێكی دیكه‌ دژایه‌تییان ده‌كه‌ن و هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ن. بێگومان ئه‌مه‌ش ململانێیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ژیانه‌ و هه‌میشه‌ كۆتایی نایه‌ت و له‌دواجاریشدا براوه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی، كه‌ بۆ راستی كارده‌كه‌ن و بۆ به‌ره‌ی حه‌ق بێت. دیاره‌ ئه‌م‌ ململانێیه‌ له‌ناو گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بیدا به‌ ململانێی نه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه‌ به‌ند ده‌بێت، هه‌میشه‌ له‌ناو نه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا ململانێ له‌ناو خودی شاعیران و نووسه‌راندا دروست ده‌بێت، كه‌ ده‌بێته‌ كرۆكی پێكهێنه‌ری وشیاری و كلتووری ئه‌و نه‌وه‌یه‌، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ شاعیر داوا له‌ نه‌وه‌كه‌ی ده‌كات واز له‌ ڕسته‌كانی بهێنن و ئه‌وه‌نده‌ خاڵ و نوقته‌ بۆ ڕسته‌كانی نه‌دۆزنه‌وه‌، چونكه‌ ڕسته‌ خۆی واتایه‌كی ته‌واو ده‌به‌خشێت و پێویستی به‌و هه‌موو ململانێیه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و، چونكه‌ نائومێد نییه‌، ئیدی ژیان به‌رده‌وامی پێ ده‌به‌خشێت و خاڵبه‌ندییه‌كان ناتوانن كۆتا ڕسته‌ی پێ بنووسنه‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ بیوه‌ستێنن.
له وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی خود گێڕانه‌وه‌یدا شاعیر بۆ گونده‌كه‌ی شوێنی یه‌كه‌می له‌ دایكبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و دووباره‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌وێدا زیندووبێته‌وه‌:
لەناو گەرمەی خەونێكدا ئەو ڕازەم دەستنیشانكرد
گۆڕستانی شادمانییم له گوندەكەمه
ڕوخساره له یادكراوەكان و باڵنده تێیدا بەخەبەردێن
(سەرەتا وشە بوو: 8)

ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ژیانی منداڵی و بۆ كه‌شوهه‌وای ناو گونده‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی رووخساره‌ له‌یادكراوه‌كان و باڵنده‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نی جوانی و په‌پووله‌یی، زه‌مه‌نێك كه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ كه‌سایه‌تی و ده‌روونی مرۆڤ پێكده‌هێنێت. ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ وه‌كو خه‌ونێك وایه‌ هه‌میشه‌ گه‌وره‌كان وه‌كو برووسكێك، خه‌ونێك هه‌میشه‌ به‌شێك له‌ ژیانی منداڵیان له‌ناو یادگه‌یان تۆماركراوه‌ و به‌ ئاگا، یان بێ ئاگا له‌ كات و ساتی دیاریكراودا دێته‌وه‌ به‌رچاویان، دیاره‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ خود گێڕانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ خودی خۆیان پێكده‌هێنێت و بێ ئاماژه‌ دان ناتوانرێت خودگێڕانه‌وه‌ ته‌واو بێت.
خودگێرانه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ رابردووه‌وه‌ و هه‌میشه‌ مادده‌ خاوه‌كه‌ی له‌و كاته‌ رابردووه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاعیر بازێكی به‌سه‌ر ئه‌و خاسیه‌ته‌ی خودگێڕانه‌وه‌ داوه‌، مردن و ژیانی دوای مه‌رگیشی تۆماركردووه‌، كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ هێشتا روویان نه‌داوه‌:

له گۆڕەكەشمەوه لەخۆم دەڕوانم
بوومەته گۆی زەوی به چواردەوری هەموواندا دەسووڕێمەوه
تاج و ئەڵماسی واقوڕمانێكی هەمیشەیین
مانگ دەبینم دەژی
ئەسپی كێوی یەكەم گزنگ
دەخاته سەرپشتی و دێته سەرەتای ڕێگا
دەپرسێ خودا ئاسمانی بۆ باڵنده یان فڕۆكه ڕۆشنكردووه
شیعریش نقێمی ئەنگوستیلە ڕۆشندەكاتەوە
هەنگاوی ورچی عۆل و حەپۆلی پێ تێك دەدا
(سەرەتا وشە بوو: 9)

لێره‌دا خود گێڕانه‌وه‌ له‌ رابردووه‌و گه‌یشتووه‌ به‌ داهاتوو و ئه‌زموونێكی نوێی تۆمارنه‌كراوی باس كردووه‌، شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی خولی ژیانی خۆی له‌ خودگێڕانه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی باس بكات، هه‌ر چۆن له‌ ناونیشانه‌وه‌ كه‌ به‌رواری له‌ دایكبوونییه‌تی، له‌كۆتایی ده‌قه‌كه‌ش باس له‌ مه‌رگی خۆی ده‌كات و خولی ژیانی خۆی پێ ته‌واو ده‌كات. (له گۆڕەكەشمەوه لەخۆم دەڕوانم) شاعیر له‌ناو گۆڕه‌كه‌یدا دووباره‌ رۆحی خودی خۆی زیندوو ده‌كاته‌وه‌و له‌ زه‌وی و ئاسمان و ژیان و مرۆڤ ده‌ڕوانێت و ده‌یه‌وێت بزانێت ژیانی پاش ئه‌و چۆنه‌ و چی ده‌گوزرێت، له‌وێشدا به‌رده‌وامی ژیان ده‌بینێت و به‌ ده‌سته‌واژه‌ی مانگ ده‌ژی و ئه‌سپی كێوی دێته‌ سه‌ر رێگا گوزارشت له‌و ژیانه‌ ئاساییه‌ی ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌وامبوون بێزار نابێت.

سه‌رچاوه‌:

  1. سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ره‌تا وشه‌ بوو، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی تاران 2020.
  2. نیعمه‌ قه‌ره‌نی، هونه‌ری ژیاننامه‌ی خودی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات ـ هه‌ولێر 2012.
  3. د.عبدالعزيز شرف، ادب السيرة الذاتية، مكتبة لبنان 1998.
  4. جينز بروكمبير و دونال كربو،السرد والهوية: دراسات في السيرة الذاتية و الذات و الثقافة، ت: عبدالمقصود عبدالكريم، مركز القومى للترجمة، القاهرة 2015.
  5. تهاني عبدالفتاح شاكر، السيرة الذاتية في الآدب العربي، المؤسسة العربية للدراسات و النشر، بيروت ـ لبنان 2002.
  6. د. معجب الزهرانى، الرواية العربية… ممكنات السرد، مطابع دار السياسة، دولة الكويت 2009.



منداڵ و چیرۆکەشیعر.. خرتێ، بە نموونە.. ئەرسەلان حەسەن

بەرایی
مێژووی چیرۆکەشیعر لەئەدەبی کوردی بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەت دێرینە و شاعیران و نووسەرانی کوردییش ئاوڕییان لێداوەتەوە و بە نووسین و وەرگێڕان، مەڵۆیەکییان خستووەتە سەر خەرمانی چیرۆکەشیعری منداڵان و خەرمانێکی پڕ پیت و بەرەکەتییان وەسەریەک ناوە.
چیرۆکەشیعر، لە چیرۆک و شیعر پێکهاتووە، واتا هەم چیرۆکە و هەم شیعر و بە شیعر چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە یان (لەڕووخساردا شیعـرە و لەناوەڕۆکـيشدا چیرۆکە. بنەما و پێویستییە سەرەکییەکانی شیعـر و چـیرۆکیشی تێدایە). کەواتە چیرۆکە شیعر بنەماکانی چیرۆک و شیعریشی تێدایە و لەچیرۆکەشیعردا هەم شیعر و هەم چیرۆک بەهەموو بنەماکانیانەوە دەخوێنینەوە.
داهێنەری چیرۆکەشیعر
شاعیری فەرەنسی (لاڤـۆتین: ١٦٢٠ـ ١٦٩٥) بەداهـێنەر و پێشەنگی چـیرۆکەشیعـری ئەفسانەیی بۆ منـداڵان لەجیهانـدا ناسراوە و چیرۆکەشیعـری بۆ منداڵان نووسیوە و وەرگـێڕدراونەتە سـەر زۆربـەی زمانەکانی گەلانی جیهان بەزمانی کوردیشەوە.
شاعیرانی کوردیش بەنووسینی چیرۆکەشیعر ئەدەبییان دەوڵەمەند کردووە بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، لە ئەحمەد شەوقی بەڕەچەڵەک کورد بگرە تا بێکەس و پیرەمێرەمێرد و زێوەر و لەتیف هەڵمەت و ئێستەیش ئەمین محەمەد و عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و فەرید ڕاژین و …هتد.

فەرید ڕاژین و چیرۆکەشیعری منداڵان
فەرید ڕاژین شاعیرێکی گەنجی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چیرۆکەشیعر دەنووسێت و لەوبوارەدا جێ پەنجەی دیارە و چەند جارێک خەڵات کراوە و لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێک لە چیرۆکە شیعری (خرتێ) بدەمەوە، کە چیرۆکە شیعرێکە و دەیکەمە مشتێک لە نموونەی خەرواری ڕوانین بۆ شیعرەکانی دیکەی.

چیرۆکەشیعرەکە
باسی بەچکە سمۆرەیەک (خرتێ) دەکات دوای وەرگرتنی مۆڵەت لەدایکی تا بۆ یاریکردن (کایەکردن) لەماڵ بچێتەدەر، هەر چەند دایکی پێیدەڵێت زۆر دوورنەکەوێتەوە، بەڵام بەدەم یاریکردنەوە(کایەکردنەوە) لەبیری نامێنێت و لەماڵ دووردەکەوێتەوە و بەماڵەوە نازانێت تا دەگاتە بەردێک و لەوێ دەنگێک دەبیستێت و سەرنج دەدات دەبینێت ڕێوییە، بەچکە سمۆرەکە زۆر دەترسێت، بەڵام قەلەڕەشێک (قاڵاو) لەوێ لەسەر دارێک دەبێ و پێیدەڵێت ڕاکە و وەرە سەردارەکە و بەچکە سمۆرەکە دەچێت و قەلەڕەشەکە لەوێ ناونیشانی ماڵیانی لێ دەپرسێت و ئەویش بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە پێیدەڵێت، بەڵام قەلەڕەشەکە دەیەوێت فریوی بدا و دەڵێت ماڵێکی خۆشم بۆ تۆ هەیە و دەیەوێت بەبیانوی خواردنی خۆش بیباتە کونەکەوە و دوای پشوودان دەتبەمەوە ماڵەوە. سمۆرە باوەڕی پێدەکات، بەڵام پەپولەیەکی لێ پەیدا دەبێت و بەنهێنی پییدەڵێت: قەلەکە درۆ دەکات و دوژمنتە و قسەی دایکیشی بیردەکەوێتەوە، کە وای پێگوتووە و ناونیشانەکەشی باڵدارێکی بۆر و ڕەشە و دەنگیشی ناخۆشە، بۆیە یەکسەر بەدزی قەل و ڕێوی دەستی پەپولە دەگرێت و بەیەکەوە هەڵدێن، پاشان ماندوو دەبێت و داوای ئاو دەکات و کەروێشکیش لای کیسەڵ ئاوی بۆ دێنێت. دوای پشوودان خەوێ دێت و خەریک دەبێت خەوی لێ بکەوێت گوێی لەدەنگێک دەبێت و دەیناسێتەوە دەنگی دایکییەتی و خێرا بەرەو دایکی ڕادەکات و خۆی دەخاتە ئامێزی و داوای لێبووردنی لێ دەکات و پاشان سوپاسی پەپولەکە دەکات.

شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر
سەرەتا دەبێت بزانین شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان: (سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێ وگۆڵ و تەبا بێت بە قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان.. بەزۆریش چـیرۆکەشیعـر هـێمایییە و لەسەر زمانی باڵندە و ئـاژەڵان دەینووسن و دەیگـێڕنەوە).
دەتوانین بڵێین چیرۆکەشیعرەکە سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێوگۆڵە و تەبایە بەو تەمەنەی بۆی نووسراوە و دەتوانن بەئاسانی ئەزبەری بکەن و ماندوو و هەناسە سوار و بێ بێزاریان نەکات و لەخوێندنەوەی بەردەوام بن، واتا لێی بێزار نابن تا وەلای بنێن و نەیخوێننەوە.

چەند نموونەیەک لەچیرۆکەشیعرەکە:
خرتێ کە لە خەو هەستا
تا لای دایکی نەوێستا
یان
خرتێ بەچکە سمۆرەس
خۆی وا ئەزانێ گەورەس
یان
ئەمن ماڵی خوەشم هەس
کە تایبەت بە سمۆرەس
یان
جا پەپوولەیش وتی پێ
ئیتر ئاگات لە خۆ بێ
خرتێش کردی سپاسی
وتی ئەتۆ زۆر خاسی

وێنە لە چیرۆکەشیعرەکەدا
پەیوەندی وێنە و شیعر و چیرۆک لەئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی پەرچکەرەوە و پتەوە و زۆرجار وێنەی ناڕوونی و ئاڵۆزیی چیرۆکەکە بۆمنداڵ ڕووندەکاتەوە و وادەکات بەئاسانی تێی بگات، واتا گەر منداڵ لە چیرۆکەشیعرەکە نەگەیشت، دەکرێت بەدیتنی وێنەکە لەمەبەستی چیرۆکەشیعرەکە بگات. بۆیە پێویستە وێنەکێش کە وێنە بۆ چیرۆکە شیعرێک دەکێشێت، زۆر بەوردی و پاش چەند جارێک خوێندنەوەی چیرۆکەشیعرەکە ئینجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە پەرچکەرەوەی چیرۆکە شیعرەکە نەبێت و بەوێنە چیرۆکەشیعرەکەمان بۆ نەگێڕێتەوە، ئەوا باڵانسی وێنە و چیرۆکەشیعرەکە تێکدەچێت و میزاجی منداڵ دەشێوێنێت.
لەم چیرۆکەشیعرەشدا، هەر لاپەڕەیەک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و وێنەکێشەکە توانیویەتی بە سەلیقەیەکی زۆر لێهاتووانە، جوان، ورد و نوێگەرییانە وێنەکان بکێشێت، کە بێگومان دەتوانم بڵێم زوو سەرنجی منداڵ بۆخۆی کێش دەکات و بەدڵنیایییەوە منداڵان لە وێنەکانەوە لە چیرۆکەشیعرەکە دەگەن و چێژی تایبەتی لێوەردەگرن، ئەگەر هێشتا فێری خوێندنەوەش نەبووبن، چونکە دەزانین منداڵ سەرەتا لە وێنەوە دەست پێ دەکات و پاشان خوێندنەوە.

لوت سپی و خرتێ
لوت سپی فیلمێکی کارتۆنی بەرهەمی کەناڵی کودساتە و لەگەڵ خرتێ باسی بەچکە سمۆرەیەک دەکەن. ڕاستە لە هەندێک شتدا یەکناگرنەوە، بەڵام یەک کۆتاییان یەکە و دەتوانین بڵێین شاعیر لەکاتی نووسینی ئەم چیرۆکەشیعرە سیلەی چاوێکی لەسەر فیلم کارتۆنەکە بووە و کاری تێکردووە.

ئەنجام
چیرۆکەشیعری (خرتێ) بە زاراوەی ئەردەڵانی (سنەیی) نووسراوە، بەڵام مەرج نییە ڕێگر بێت لەوەی هەموو منداڵانی کورد بیخوێننەوە و وەکو ئاو و دۆ ئەزبەری بکەن، بەڵام تێی نەگەن. بۆیە لەگەڵ هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ شاعیر فەرید ڕاژین، دەخوازم لەمەودوا خۆی لەو وشانە بەدووربگرێت بەدنیا پاک و بێگەردەکەی منداڵ نامۆ و نەشیاون و کوردی نین و لە کوردیدا وشەی گونجاو و جوانتر هەیە و هەر چەند ئەم چیرۆکەشیعرە (خرتێ) زۆر درێژ نییە، بەڵام چیرۆکەشیعرەکانی دیکەی درێژن و دەکرێت لەمەودوا ڕەچاوی ئەمەش بکات و بەزمانێک بنووسێت هەموو منداڵانی کورد تێی بگەن.

ئەرسەلان حەسەن
————————–
سەرچاوەکان:
چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد … ڕەزا شوان.
خرتێ، فەرید ڕاژین، چاپەمەنی زانست، چاپی یەکەم ساڵی١٤٠٠ی هەتاوی، وێنەکێش: شەقایەق نوسرەتی.




پرسی ماسۆشیزمی بەشێك لە تاکەکان لەباشووری کوردستان بۆ پڕۆسەی پەیوەندییە سۆزادارییەکانی وەك (خۆشەویستی و هاوسەرگیری و جۆرەکانی تر)..1..

نووسین: ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی).

بەشی یەکەم:
خێزان وەك پرسێکی ڕووکەشی نێو بەشێکی خێزانەکانی کوردی، ئەوەی کە دەردەکەوێت جەوهەری بەشێك لە خێزانەکان نیین، لە ئاستێکدا ئەوەی مرۆڤیش پێشکەشی دەکات، جەوهەری مرۆڤەکان نیین، هەمیشە نیهێنیەکی قوڵتر هەیە کە ئەودیوی سنووری نائاگایش تێدەپەڕێنێت بۆ ئەو پرسانەی کە دەرناکەون بەڵام ڕۆژێك دێت دەنگی ئاگایی هەرچەن نزم بێت هەر دەبیسترێت!
هەمیشە لەزماندا شتێك دەچەسپێت کەناخرێتە نێو زمان، کاتێك کە تۆ وەك مرۆڤێك مامەڵەت ڵەگەڵدا ناکرێت لەنێو خێزان و کۆمەڵگا، ئەمە لەتۆدا دەچەسپێت، لە ئاستێکی تردا مرۆڤ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی گشتی بەدوای ئارەزوو و خەیاڵ و پێداویستە چەپێنراوەکانی خۆیدا دەگەڕێت بۆئەوەی لەکەسێکی تردا بیدۆزێتەوە و قەرەبووی ئەو دۆخە بکاتەوە کە دەستی نەکەوتووە(جۆرێك لە میکانیزمە بەرگرییە دەروونییەکان).
خۆشەویستی ویستی دەرستەبەرکردنی ئارەزوو و خەیاڵەکانی یەکترە لەپەیوەندیی لەنێوان مرۆڤەکاندا، چەشنی پەیوەندی خۆشەویستی لەنێو بازنە کۆمەڵایەتیەکاندا چەشنێکی بایەلۆژی دەروونی کۆمەڵایەتی مەعریفی پێویستیە. وە خۆشەویستی دەتوانێت زامنی زۆرێك لەئازارەکانی مرۆڤ بکات.

کاتێك باڵندەیەك لەنێو قەفەزدا لەدایك دەبێت و گەورەدەبێت، ئەم باڵندە پێی وایە ژیان بریتیە لەو چوارچێوەی کە لەنێو قەفەزەکەدایە، بۆیە گەر ئازادیشی بکەیت هەردەگەرێتەوە بۆ نێو قەفەزەکەی لەکاتێكدا خودی ژیان لەدەرەوەی قەفەزەکەدایە. هەرلەبەر ئەم دۆخەیە کێشەی ستەمکار، ستەمکارێکی ترنییە بەڵکو نەبوونی کۆیلەیە.
لێرەدا ئەم پرسە دێتە بەرباس، کە بۆچی بەشێکی بەرچاوی ئافرەتان و پیاوان لەباشووری کوردستان هەن کە هەمیشە کەسێکیان دەوێ ئازاریان بدات؟

پرسی ئافرەت پرسێکی مێژوویە، پرسێك نییە کە لەزەمەنێکی دیاریکراودا بووەستێت، لەزۆرینەی جێگایەکانی دونیا، بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان کەسێکیان دەوێ کە ئەویش ئەوی بوێتن، وە کەسێك ڕەتدەکەنەوە کە ئەویش نایەوێت، بەڵام لەباشووری کوردستان هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە بەجۆرێكە کە بەشێکی بەرچاو لە ئافرەتەکان و پیاوەکان کەسێکیان دەوێ کە ئەو نایەوێ، کەسێکیش ڕەت دەکەنەوە کە بەڕاستی دەیەوێتن.

ئەم پرسی خۆ-ئازاردانە، زۆر بەقوڵی پەیوەندی بە مێژینەی تاك و ڕەفتاری خێزان بەرامبەر بەتاك بەتایبەت لەنێو خێزان و کۆمەڵگایەدا هەیە، زۆرکات مرۆڤ ناچارە چی پێشکەشبکرێت هەمان بابەت ببەخشێتەوە، کە تۆ مناڵەکەت پڕدەکەیت لەزەبر و زەنگ و ناسۆری، چۆن ئەو مناڵە لەداهاتوودا دەتوانێ خود-خۆشەویستی بۆخۆی هەبێ و لەهەمان کاتیشدا بیبەخشێت بە دەورووبەری؟ چۆن دەتوانێ لەڕووی هەست و سۆز و هەڵچوونەکانەوە دەرووندروست و گونجاوبێت؟. بەو مانایەش نا کە هەرکەسێك مێژینەی مناڵەیەکی بەم جۆرەبوو ئیدی نەتوانێ لەداهاتودا ببێت بە تاکێکی تەندروست و گونجاو. ئەم پرسە دەگوازینەوە بۆ دۆخێکی داینامیکی تر. تەنانەت لەسەرووی ستەمکارەوە ستەمکارێکی تربوونی هەیە، کە لەدۆخی یەکەمدا وێناکە بەو جۆرەیە کە ئێمە(مناڵەکان) قوربانی دەستی ستەمکاربین(خێزان) لەکاتێکدا خوودی ئەم خێزانەش بەهۆی پانتایی سیستەمێکی نالۆژیکدا کە مافەکانت بەخەون دەبینێ، دووبارە قوربانییە.

کۆمەڵگاییەك کە نەتوانێ تاك بەرهەم بهێنیت، کۆمەڵگایەك کە هەمیشە پەلەقاژەیەتی لەنێوان دوێنی و ئەمڕۆدا، کۆمەڵگایەك کە بەشێکی بەرچاوی تاکەکانی ناتوانن لە دەرەوەی سنوری خێڵ و عەشرەت و گوند و شار و ئایین و لەهجە و شێوەزار بیربکەنەوە. لەهەمان کاتدا بوونی پانتایەکی زۆرفراوان لە وردە کلتووری فرەچەشنی چەقبەستوو(دۆگماتیزم) کە لەنەوەدەکانەوە تاکو ئێستاش ئەم پرسانە بوونیان هەیە و دۆخی گونجانی نائاسایی زۆر قوڵ بەرهەم دەهێنن، بۆنموونە دەتوانم بە ئەمانەتەوە ئەم قسەیە بکەم کە: بەدرێژایی پەنجا ساڵیش دەبێ بەشێکی بەرچاو لە تاکەکان هاوسەرگیری دەکەن بەمەبەستی ڕزگاربوون لەچواردیوار، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چ گرەنتیەك هەیە دەرەوە ئەو بەهەشتە بێت کە تاکەکە وێنای دەکات و نەبێت بە هەشت دیوار؟

لەبەشەکانی تردا تۆزێ بەقوڵتر گوزارشت لەم پرسە دەکەین و ڕێگا چارەسەرییەکان دەخەینە بەرباس… .




خەمی گۆران و خەمی میلەت.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

[ به‌خۆڕایی مه‌ترسه‌، خه‌م مه‌خۆ، مه‌گرى له‌ ئێستاوه‌!]

( زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحی پڕ گلاراوى گۆران بۆ مه‌رگی هیواى كوڕى و زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحى پڕ گلاراوى ئێمه‌ی میلەت له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تراژیدیاى له‌ناوچووندا، دوو ئازارى هاوشێوه‌ن ). زاراوه‌ى خه‌م لێره‌دا به‌و مانایه‌ به‌كار ده‌هێنرێت ترسێك له‌به‌رامبه‌ر ئێستاو ئاینده‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام گۆرانی شاعیر ئامۆژگارى هیواى كوڕى ده‌كات كه‌ پێویست ناكات ئه‌و وه‌كو ساوا یان منداڵێك خه‌م بخوات كه‌ نازانێت دنیا چیه‌و كه‌سیش نازانێت چاره‌نووسی به‌ره‌و كوێیه‌. مرۆڤ ئه‌فریده‌بوویه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ خوڵقاوه‌ فه‌رماڕه‌واو سه‌روه‌رى زه‌وى بێت و عاقڵ و ده‌ستكراوه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو نهێنیه‌كانی گه‌ردوون ئاشكرا بكات و ببێته‌ خاوه‌نی راسته‌قینه‌ى ئه‌م گه‌ردوونه‌. گۆرانی شاعیر لێره‌دا هیواى كوڕى ده‌دوێنێت كه‌ له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌. ده‌شێ هیوا فرمێسكی كۆتایی ژیان و كوژانه‌وه‌ى ئه‌ستێره‌ى بوونی بڕێژێت. ده‌شێ گۆران وه‌كو باوك ئه‌وه‌ى به‌ هیواى ده‌ڵێت مه‌به‌ستی خۆى بێت و داوا له‌خۆى بكات كه‌ خه‌م نه‌خوات له‌سه‌ره‌مه‌رگی جگه‌ر گۆشه‌كه‌یدا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌م له‌م دێڕه‌ شیعره‌ى گۆراندا خه‌می كۆتاییهاتنی ژیانی ساوایه‌ك بێت له‌ روانگه‌ى باوكیه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌كو ساته‌وه‌ختێكی پڕ له‌ نیگه‌رانی سه‌یر بكرێت، ئه‌وا خه‌م رووبه‌رێكی فراوانتر ده‌گرێته‌وه‌و ده‌شێ ده‌لالاتی زیاترى هه‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی تاكه‌كه‌سه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رئاستی كۆمه‌ڵگه‌. ئێستا خه‌م له‌ روانگه‌ى گۆران و خه‌می ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ چۆن پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستین. بۆ گۆران خه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساوایه‌ك كه‌ ئومێدى ئاینده‌ى پێی هه‌یه‌، ئێستا له‌سه‌ره‌ مه‌رگدایه‌. خه‌می ئێمه‌ش وه‌كو بوویه‌ك وه‌كو نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ شووناس، هه‌میشه‌ هاوشێوه‌ى ئه‌و خه‌مه‌ى گۆرانه‌ بۆ مه‌رگی جگه‌رگۆشه‌كه‌ى. گریه‌و هه‌نسكی هیوا به‌ زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحی پڕ له‌ گلاراوى گۆران ده‌دات. پشێوى بارودۆخی كوردستان و كاركردنی نابه‌رپرسیارانه‌ى به‌رپرسانی كوردو ئازاره‌كانی جه‌ماوه‌رى سته‌مدیده‌و برسی و نه‌دارى خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌مان شێوه‌ رۆحی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی هه‌ستیار ده‌هاڕێت. مه‌رگى جگه‌رگۆشه‌كه‌ى گۆران له‌سه‌ره‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى تواناو ده‌سه‌ڵاتی گۆران و هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ خه‌می بۆ ده‌خۆین و ده‌ترسین وه‌كو جگه‌رگۆشه‌كه‌ى گۆران له‌ده‌ستمان بچێت له‌ ده‌ستی خۆماندایه‌و ئه‌گه‌ر بتوانین بیربكه‌ینه‌وه‌و عه‌قڵ به‌كاربهێنین و ده‌ستبه‌ردارى رق و كینه‌و گرێكانی ناخمان ببین و وه‌كو مرۆڤی پێگه‌یشتوو، وه‌كو ده‌سته‌و گروپ و حیزب و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتیكه‌رو وه‌كو مرۆڤ و حیزب و پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بیربكه‌ینه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانمان له‌ رق و كینه‌و گرێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانمان به‌لاوه‌ گرنگتر بێت و خۆمان له‌و گرێیانه‌و له‌و رق و كینه‌ به‌ربه‌رى و خێڵكیانه‌ و له‌ هه‌ژموونی تاكه‌كه‌س و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ سیاسیه‌ نانه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانیه‌ى كورد رزگار بكه‌ین، ئه‌وا ساواى هیواو ئاواته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانمان وه‌كو هیواى جگه‌رگۆشه‌ى گۆران نامرێت و خه‌مه‌كه‌ى ئێمه‌ش وه‌كو نه‌ته‌وه‌ وه‌كو خه‌مه‌كه‌ى گۆران نامێنێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت به‌ پێكه‌نینی هه‌میشه‌یی.
خه‌می سه‌ره‌كی ئێمه‌ خه‌می بوونه‌، مه‌به‌ستمان له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی كه‌ له‌ رووى ژماره‌وه‌ هاوشانی زۆرێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ین كه‌نه‌ك هه‌ر كێشه‌ى بوونیان نییه‌ به‌ڵكو بووه‌یه‌كی هێند به‌ هێزیشیان هه‌یه‌ له‌ زۆر قۆناغ‌و وێستگه‌ى مێژوودا نه‌ك هه‌ر له‌ رووى كه‌لتوورى‌و عه‌قڵیه‌وه‌ پێش زۆرینه‌ى گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان كه‌وتوون به‌ڵكو له‌ رووی سیاسی‌و سه‌ربازى‌و ئابووری‌و ئیداریشه‌وه‌ توانیوویانه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر زۆر به‌شی تری جیهاندا بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز خه‌م یان خواست‌و ویستی كورد نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكی تردا بكات، به‌ڵام ئێمه‌ كێشه‌یه‌كی چاره‌نووسسازمان هه‌یه‌ ئه‌ویش كێشه‌ یان خه‌می بوونه‌ واته‌ ئه‌م جه‌سته‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ناوى جه‌سته‌ی كوردییه‌ تاكو ئێستا جه‌سته‌یه‌كی پێناسه‌كراو نییه‌ له‌ رووى سیاسی‌و كه‌لتووری‌و عه‌قڵی‌و ئیداریی‌و ئاماده‌بوونه‌وه‌، واته‌ ئه‌م جه‌سته‌یه‌ نه‌بووه‌ته‌ جه‌سته‌یه‌كی خاوه‌ن شووناس، شووناس به‌و مانایه‌ى كه‌ له‌ رووى ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا توانای خۆنمایش كردنی هه‌بێت‌و بوونی خۆی رابگه‌یه‌نێت، واته‌ ده‌نگی هه‌بێت‌و ئه‌و ده‌نگه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌ ببیسترێت، مه‌به‌ست له‌ بیستنیش ئه‌وه‌یه‌ قورسی‌و هێزى ده‌نگه‌كه‌ گوێی ئه‌وانی تر ناچار بكات بۆ گوێ لێگرتن‌و بیستنی نه‌ك سۆزو به‌زه‌یی هۆكار بن بۆ ئه‌وه‌ى گوێیان بكرێته‌وه‌ تا هاوارو ناڵین‌و كڕوزانه‌وه‌كانی ئێمه‌ ببیستن. بێگومان كه‌ى ده‌نگی راسته‌قینه‌ى جه‌سته‌ى كوردیی گه‌یشته‌ ئاستی به‌ ده‌نگ بوون‌و ئه‌وانی تری ناچاركرد گوێی لێبگرن ئه‌وه‌ جه‌سته‌ى كوردی گه‌یشتۆته‌ ئاستی خۆنمایش كردن كه‌ ئه‌وه‌ش گوزارشت كردنه‌ له‌ بوون‌و شووناس. به‌ڵام ره‌نگه‌ پرسیارێك لای هه‌موومان سه‌رهه‌ڵبدات: باشه‌ كه‌ى كورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌نگ، ده‌نگێك كه‌ ئه‌وانی تر بیبیستن یان ناچاری گوێ لێگرتنی بن؟ ئه‌مه‌ش خه‌می سه‌ره‌كی ئێمه‌یه‌ واته‌ خه‌می شووناس كه‌ ئه‌ویش خه‌می بوونه‌.
بێگومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ راسته‌خۆ به‌نده‌ به‌ خودی كورد خۆیه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا له‌و چركه‌ساته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ كورد به‌ بێترس چوارچێوه‌ی مافه‌كانی خۆی ئاشكرا بكات‌و رایبگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو یاسا ئاسمانی‌و زه‌وینییه‌كان هه‌مان ئه‌و مافانه‌ به‌ كورد ره‌واده‌بینن كه‌ به‌ ئه‌وانی تریان رابینیووه‌، بۆیه‌ مافی خۆمانه‌ پێ له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه‌مان دابگرین‌و سووریش بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش له‌به‌ر كۆمه‌ڵی هۆكار نه‌توانین بگه‌ین به‌ ئامانجه‌كانمان ئه‌وه‌ مانای وانیه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری داواكانمان بووین، نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ به‌ئاشكرا رایبگه‌یه‌نین كه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌ به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت به‌رزكردنه‌وه‌ى داواكانمان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تر دواخستووه‌ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وانی تریش تێبگه‌ن كه‌ ئه‌و دواخستنه‌ بۆ هه‌تا هه‌تا نییه‌و ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێ ده‌نگی خۆمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وى ده‌نگی خۆمان هه‌بێت ده‌بێ ببین به‌ خاوه‌نی بوون‌و شووناسی خۆمان، بوون‌و شووناسیش به‌ بێ سه‌ربه‌خۆیی‌و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت نایه‌ته‌ دی. دیاره‌ ئه‌وه‌ش لاى كورد ئاشكرایه‌ كه‌ به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رگیز بوونی ته‌واوى نابێت و ناشبێته‌ خاوه‌نی شووناس و هه‌رگیز بوون و ئاماده‌بوونی نابێت له‌ ئاستی ئه‌وانی تردا، به‌ڵكو وه‌كو رابردووى و ئێستاى هه‌ر له‌ په‌راوێزدا ده‌مێنێته‌وه‌و نابێته‌ خاوه‌نی ده‌نگی بیستراو. واته‌ وه‌كو شێركۆ بێكه‌س ده‌ڵێت:ئێمه‌ هه‌ر گوێگر بووین و گوێگر بووین و گوێگر”. تاكه‌ رێگاش بۆ ئه‌وه‌ى كورد بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ گوێگرى نه‌مێنێته‌وه‌و ده‌نگی هه‌بێت و ده‌نگی ببیسترێت، پێویسته‌ پێ له‌سه‌ر داواكانی دابگرێت. ئه‌و پێداگرتنه‌ش ته‌نیا له‌ سایه‌ى یه‌كگرتن‌و یه‌كبووندا فه‌راهه‌م ده‌بێت، واته‌ گه‌یشتن به‌ ئاستی بوون‌و گه‌یشتن به‌ ئاستی ده‌نگ به‌بێ یه‌كگرتن‌و یه‌كبوون نابێت. ئه‌گه‌ر خه‌می ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ خه‌می شووناس بێت ئه‌وا له‌ سه‌ربه‌خۆییدا ده‌گه‌ین به‌ قۆناغی كۆتاییپێهێنانی ئه‌و خه‌مه‌. ته‌نیا یه‌كگرتن و یه‌كترخوێندنه‌وه‌و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ركردنی كۆى كێشه‌كانی ئێستا ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌ به‌ده‌ستهێنانی شووناس، واته‌ ره‌واندنه‌وه‌ى خه‌مه‌كان. ب
ێگومان درێژه‌دان به‌م باره‌ ناهه‌موارو نادرووست و پڕ له‌ قه‌یرانه‌ى ئێستا كه‌ به‌ره‌و هه‌وڵوه‌شاندنه‌وه‌و تێكچوونی شیرازه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیمان ده‌بات… زیاتر فراوانبوونی رووبه‌رى خه‌مه‌، له ‌بارێكی وه‌هادا خه‌می ئێمه‌و خه‌می گۆرانی شاعیر هاوشێوه‌ ده‌بن. كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و تراژیدیا ترسناكه‌یه‌ كه‌ ئاواته‌خوازى ئه‌وه‌ین ئێمه‌ نه‌یبینین و به‌ لۆجیكی عه‌قڵ رێگا له‌ روودانی بگرین، كه‌ ئه‌ویش ته‌نیا به‌ یه‌كترقبوڵكردن به‌ كاركردن وه‌كو مرۆڤى ته‌واو، حیزبی ته‌واو، مرۆڤى نیشتیمانپه‌روه‌ر، حیزبی نیشتیمانپه‌روه‌ر، ده‌سته‌بژێرو راگه‌یاندنی نیشتیمانپه‌روه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌نجام.دیارە ئەوەش دەزانین کە حیزبی نانەتەوەیی و گوێڕایەڵی داگیرکەران و حیزبی کۆمپانیای کارو بازاڕ و دەستەبژێری سیاسی نەخۆش و گرگن و نابەرپرسیارو بارکراو و بارگاوی کراو بە رق و کینەو دەیان گرێی هەستبەکەمی کردن نە باکی بە نەتەوەو نیشتیمان هەیە، نە دەزانێت بەرپرسیاریتی چیەو گاڵتەی بە عەقڵی ئەوانەش دێت کە لە خەمی ئایندەی نەتەوەو نیستیماندان، چونکە ئەو دەستەبژێرە سیاسیە نەخۆشە بە راست و چەپ و مینڕاوەیانەوە لە خەمی گیرفان و پێگە وەهمیەکانیان و رازیکردنی ئاغا عەرەب و فارس و تورکەکانیاندان .

نووسینی/ عەتا قەرەداخی




چیرۆک\ دۆنایدۆن.. نووسینی: ئامانج شێروانی

بەسەرسامی لەسەر سەری تەرمەکە ڕاوەستابوو، فلیمی ژیانی خۆی وەکوو خەونێک دەهاتەوە بەرچاوی، فلیمی چی سەراپا سەرگورشتەی نائومێدی بوو! چەندین خەونی ناکامی لەدوا بەجێ مابوو، چەندین کاری تەواو نەکراوی جێ هێشتبوو! ئاخ، هێشتا زوو بوو! هێشتا گوڵێکی ناکام بوو، ئێ بۆ دەبێت دەستی ناحەز ژیانێکی ئازادی پێ‌ ڕەوا نەبینێت! ئێ بۆ دەبێت جەنگاوەرەکانی تاریکی بە خۆشەویستییەکەی ئەو قەڵس بووبن! ئێ بۆ ئەویان لە دایکە میهرەبانەکەی کرد!
لەناکاو تەزوویەک بە گیانیدا هات، خۆ ئەو هێشتا پارەی خوێندنی منداڵە هەژارەکەی دراوسێیانی ڕەوان نەکردبوو. باشە ئێستا ئەم منداڵە چۆن بخوێنێت، چۆن گەشە بکات، چۆن لە داهاتوودا یارمەتی خێزانەکەی خۆی بدات، تا لەم هەژاری و نەهامەتییە دەربازیان بکات! ئاخ، ئەم جەنگاوەرە بەرچاو تاریکە چەندە دڵڕەق بوو! خۆ هەرگیز بیری لە پاشەڕۆژی ئەم دراوسێیەیان نەکردەوە! خۆ ئەو خوێنڕێژە هیچ بیرێکی لە نانی ئێوارانی ئەم ماڵە هەژارە نەکردەوە!
ئای، دەبێت ئێستا سۆما چی بکات، ئاخۆ دەبێت لە فێرگە گەڕابێتەوە! ئاخ جگەرگۆشەکەم، ئەوا دیسان هێزی تاریکیی زاڵ بوو بەسەر خەونە پەمەییەکانمان. ئەوا دیسان سەربازە دواکەوتووەکان تۆیان بێباوک کردەوە! ئێستاش ئەم ڕۆژەم لە یادە، کە تۆم لە بناری چیای شەنگالێ دۆزییەوە، ڕەق ڕەق لەبەردەم تەرمی دایە و بابەت ڕاوەستابووی. ئێ خۆ ئەوانیش هەر بە دەستی جەنگاوەرێکی تاریکی، سەربازێکی کۆنەپەرست، خوێنیان ڕژێنرابوو! هەتا ئێستاش چاوە پڕ ترسەکانتم لە یادە، هەتا ئێستاش چاوە تامەزرۆیەکانتم لەبەر چاوە!
بێگومانم گیانی بابە و داییت دۆنایدۆنیان کردووەتە ناو جەستەی من و خۆشەویستەکەم! دەنا بۆچی هەر لەم ڕۆژەوە هەتا هەنووکەش هەر وەک منداڵی خۆمان بەخێومان دەکردی! دەنا بۆچی هەر بە باوکی خۆت بانگت دەکردین! ئاخ، دەنگە ناسکەکەت چەند خۆش بانگی دەکردین باوکە، باوکە گیان! من ئێستا چۆن پێت بڵێم، کە ئەوان جارێکی تریش بێباوکیان کردی! جارێکی تریش ناهومێدیان کردی! ئای ئەوانە چەند دڕندەنە!
دڵدار گیان، خۆشەویستەکەم، لێم ببوورە ئەمشەو ناگەڕێمەوە ناو ئامێزە گەرمەکەت! چیتر لەبەر دەرگا پەرۆشی گەڕانەوەم مەبە! خۆ ئەم کۆنەپەرستانە ژیانیش ڕەوا نابینن بە ئێمە! خۆ ئەوان هیچ بیریان لەوە نەکردەوە کە هێشتا چەندین ئاواتمان نەهاتوونەتە دی، هێشتا چەندین خەونمان ناکامن! خۆ ئەوان هیچ بیریان لەوە نەکردەوە کە چەندین بەڵێنمان بە یەکتری داوە، چەندین جاران پەیمانمان بەیەکتری داوە کە هەرگیز یەکتر بەجێ نەهێڵین! ئاخ ئەو دڕندانە بۆ لە یەکیان کردین!
ئای دەبێت ئەو دایکە نازدارەم ئێستا چی بکات، خۆ من بەڵینم پێی دابوو کە ڕۆژی هەینی سەر لە بەیانی زوو، لەگەڵ دڵدار و سۆما، هەر لەگەڵ گەردی بەیانی بێینە لات و نانی بەیانیت لەگەڵ بخۆین! ئەدی بەڵێنم پێت نەدابوو کە دوای نەشتەرگەرییەکەت یەکسەر بتهێنمەوە ماڵێ و شۆربابەشیرەکی خۆشت بۆ بکەم! ئەی بەڵێنم پێت نەدابوو کە دوای نەشتەرگەرییەکەت، هەموو ڕۆژان بەر لەوەی بچمە سەر کار، زوو زوو لە خەو هەڵبستم و بتبەمە لای دکتۆرەکەی لای ماڵمان. ئای ئێستاش گوێم لە دەنگە ناسکەکەتە کە هەموو جاران پێمت دەگوت:‌ ((کوڕە جوانەکەم، سەر و ماڵم هەر ئەتۆی، توو و سەری کاکەی ئاگاداری خۆت بە)).
دراوسێکەم، جگەرگۆشەکەم، خۆشەویستەکەم، دایکە میهرەبانەکەم، ئەوا من ڕۆییم لە لاتان! ئاخۆ دەبێت گیانی من ئەمجارەیان بۆ ناو لاشەی چ بوونەوەرێک دۆنایدۆن بکات! ئاخۆ دەبێت جارێکی تر دایکم ببینمەوە! دەبێت دیسان خۆشەویستەکەم ماچ بکەم! دیسانەوە ڕۆڵەکەم لە باوەش بگرم، یارمەتی دراوسێیەکەم بدەم! ئاخۆ دەبێت سۆمای چاوەکانم جارێکی تر ببینمەوە!

نووسینی: ئامانج شێروانی




گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار خاتوو راز كەمال غەمبار.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

خاتوو راز كەمال غەمبار: ڕەخنە بوارێكی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت
خاتوو راز كەمال غەمبار: زیاترخۆم لەبواری شانۆ ونواندندا دەبینمەوە
خاتوونی هونەرمەند(راز كەمال غەمبار)، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە بوێرانە لە بواری هونەری شانۆ ،شێوەكار، سینەما كار دەكات خاوەنی چەندین كاری هونەرییە لەهەرسێ بوارەكەدا جگەلەوە لەبواری دۆبلاژ و دیزایندا خاوەن ئەزموونێكی باشە،ئەو بەهۆی ئەوەی كچی نووسەری دیاری كورستان (د.كەمال غەمبار)-ە لەهەمان كاتدا هاوسەری هونەرمەند (ئالان محمەدعارف )-ە كەشێكی ئەرێنی بۆی ڕەخساوە تا زیاتر پەرە بەهونەرەكەی خۆی بدات راز خان دەچووی بەشی شێوەكاری پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر و دەرچووی كۆلیژی هونەرجوانەكان بەشی شانۆیە وە لەئێستادا قوتابی ماستەرە لە شانۆدا بۆ زیاتر ئاشنابوون بە كار و چالاكییەكانی لە نزیەكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرنمان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە جیهانی هونەری (شێوەركاری، سینەما ،شانۆ) بكەیت ؟

  • سەرەتای ئاشنابوونم بەهونەری شێوەكاری لەرێگەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بوو كە قوتابی بووم لەم پەیمانگایە وبۆ ماوەی 5 ساڵ ئاشنای ئەم جیهانە بووم ،كەپڕیەتی لەڕەنگ وبۆیە ونەخش ونیگار وجوانی ،وئاشنای چەشنەكانی نیگار كێشان بووم تادەگاتە بەقوتابخانە هونەرییەكان وهونەرمەندە پیشەنگەكان ،هەروەها سەبارەت بەجیهانی شانۆ وەكو هونەرێك كەلەرێگەیەوە ئاشنای ئەم هونەرە باڵایە بووم ،وبەشێوەیەكی پڕاكتیكی چوومە سەرتەختە وستەیجی شانۆ ،وفێری هونەری نواندن بووم وەكو بناغەیەك لەڕێگەی هونەری شانۆ كەباڵاترین هونەرە ،وهەر ئەوەش وایكرد كە بچمە بواری سینما لەرێگەی فلمێكی سینەمایی كەیەكەمین ئەزموونم بوو وەكو ئەكتەرێكی ئافرەت ،لەگەڵ ستافێكی هونەری كەزۆر شتیان لێوە فێربووم .

    *باوكی بەرێزتان(د.كەمال غەمبار) نووسەرێكی دیاری كوردستانە، تاچەند ئەم كەش و هەوای ماڵەوە هاوكار بووە بۆ ئەوەی بیر لە جیهانی هونەری بكەیتەوە؟

  • ئێمە بەحوكمی باوكم (دكتۆر كەمال غەمبار) كە نووسەرێكی دیاری كوردی ولەبواری ئەدەب وڕەخنەی ئەدەبی هونەری دەستێكی باڵای هەبووە لەبەرئەوەی لەخانەوادەیەكی ڕۆشەنبیر بووین ،بێ گومان ئەوشتە ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ كاریگەری خۆی هەبووە لەسەرم كەڕووبكەمە بواری هونەری وماڵوەش هاوكاربوون ولاریان نەبووە كەخۆم لەم كایەدا ببینمەوە وپەرەی پێ بدەم
    .
    *راز كەمال زیاتر خۆی لە هونەری شێوەكار یاخود هونەری شانۆ دەبینیتەوە؟
  • هەردوو هونەرەكە لەلام خۆشەویستین لە هەردووكیانیش بەشداری كارام هەبووە، بەڵام زیاترخۆم لەبواری شانۆونواندن دادەبینمەوە ولەشێوەكاریش پێشتر بەشداربووم وساڵانە لەبۆنەكانی چالاكیم هەبووە ،بەتایبەتی لە فیستیڤاڵەكانی نێو پەیمانگا.
    *لەئێستادا چۆن دەڕوانیتە ئاست و توانستی ئافرەتانی كوردستان لە هەردوو بواری شانۆ و شێوەركاردا؟
  • لەئێستادا خانمان لەبواری هونەری شانۆ وشێوەكاری بەڕۆڵی خۆیان هەستاون ولەم چەند ساڵانەی دواییدا كۆمەڵێك ئافرەتی كورد هەڵكەوتن وتوانیان پێگەی خۆیان بدۆزنەوە ،لەگەڵ ئەوەی ئەم بوارانە وەكو پێویست بایەخی پێ نەدراوە لەلایەن حكومەت ودام ودەستگایەكی ئەوتۆنییە ،كەسپۆنسەروپاڵپشت بێت بۆ هونەروهونەرمەندان مەگەر هەندێك كەسی خەمخۆری هونەر وكەرتی تایبەت بەم رۆڵە هەستابن وپشتگیری مادی ومەعنەویان كردبێت ،،بەڵام وەكو بزاڤێكی هونەری هێشتا زۆری پێویستە ..

    *تاچەند ڕەخنە بە پێویست وگرنگ دەزانیت بۆ هەردوو بوارەكە (شانۆ ،شێوەكار)؟

  • رەخنە زۆر گرنگە بۆ هەموو بوارێك، بگرە لەڕێگەی ڕەخنەی بنیاتنەروبابەتی وزانستی هەموو كاریكی هونەری هەڵدەسەنگێندرێت وپێشدەكەوێت ،وكەسی شارەزای گەرەكە..ڕەخنە خۆی لەخۆیدا بوارێكی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت.

    *مەرجە هونەرمەند دەرچووی پەیمانگا یاخود كۆلێژی هونەری بێت؟

  • هونەر لەپێش هەموو شتێك ئیتر هونەری شانۆ یاخوود شێوەكاری بێت بەهرەیە ،بەڵام ئەگەر حەزوخولیایەكی لەپشت بێت دەكرێت پەرەی پێ بدرێت ،لایەنی ئەكادیمی بێ گومان زۆر گرنگە وەكو بناغەیەك بۆ ئاستی هەرهونەرمەندێك ویڕای زانیاری وبەدەستهێنانی مەعریفەت ،بەڵام هەموو شتێك نییە ،دەكرێت كەسێك هیچ بڕوانامەیەكی لەم بوارانەدا نەبێت بەڵام كەسێكی سەركەوتوو ولێهاتوو بێت وپێچەوانەكەشی هەرڕاستە ،هەردوو بوارەكە، بەهرە پێویستە بەڵام هەوڵ وتەقەلاش زۆر گرنگە هەروەها ڕاهێنانی بەردەوام ..

    *ساڵانە چەندین خانم كۆلێژ و پەیمانگاكان تەواو دەكەن بەڵام لە گۆڕپانی هونەری ون دەبن هۆكارەكە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

  • هۆكارەكەی بەشێكی پەیوەندی بەئیش وكارە گوزەران وژیان وخێزانەوە هەیە ،،هەروەها سروشتی رۆڵەكان ڕەنگە كاریگەری خۆی هەبێت ،یاخوود نەبوونی دەستگایەك كە كاری پێویستیان بۆ فەراهەم بكات ،،ولەگەڵ ئەوەش كە پاڵپشتی مادییان هەبێت كەئاسانكارییان بۆ بكات وزۆر هۆكاری تری وەكو ڕێگری ماڵەوەو نەریتی كۆمەڵگا ولایەنی ئایینی ..

    *هیچ پرۆژیەكی هونەری نوێت هەیە؟
    لەئیستادا هیچ پڕۆژەیەكم نییە وسەرقاڵی خوێندنی باڵام ولەماستەر دەخوێنم ،ولەئایندەدا پڕۆژەی ترم لەبەردەستە لەبواری سینەما وفیلم سازای..




سترانە کپەکان.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ھەرچەند بیر دەکەمەوە
من ھیچی تر نیم
جگە لە ئاگرێکی رەش
تۆش دوکەڵێکی سپی


ھەست ئەکەم
شتێک لە بارەی داھاتوو دەزانم:
ئێوارەیەک قەڵەمەکەم
خۆی دەکوژێت
تۆش
داوای شیعرێکی ژیاندۆستم
لێ دەکەیت


ھەرگیز لەم کۆدە تێناگەم
من دێمە ھەر شوێنێک
تۆی لێی
تۆ دێیتە ھەر شوێنێک
منی لێ نیم


پەندێکی دێرین ھەیە دەڵێت
عاشق کاتێک دەمرێت
لە خاکدا نانێژرێ
لە رۆحی مەعشووقدا
ھەناسە دەدات


سترانێکی قەرەجیم
گوێ لێ بووە:
شاعیر
وشە لە قامووسی عیشق
قەرد دەکات
عەشق خۆیشی
فەرھەنگێکە لە ئازار


گوێم لە موناجاتی دێوانەیەک بوو:
عەشقم وەک پەرداخێک ژەھر فەڕ کرد
سەرلەبەر ھەناوم بوو بە نوور


پرسیارم لە لاپەڕەیەکی سپی کرد
چاوەڕوانی چیت دەکەیت
لە شاعیر؟
وتی:
ھەناوم بە ستایشی یار
رەش بکاتەوە!


پێم سەیرە
دیوار ھێندە بە پێوە وەستاوە!
چۆن ماندوو نابێت
لە دابڕینی جوانی
لە چاوی سروشت؟


عاشقەکان ھەمیشە ماندوون
کێوێک ھەست و
شاخێک عاتیفە بە کۆڵیانەوەیە
ناتوانن لەسەر ھیچ دڵێک داینێن


چیا چەند سەخت و رەق بێت
جۆگەلەیەک دڵی کون کون دەکات
ئیدی من بەم ھەموو نەرمییەوە
چۆن بەرگەی تۆفانی ماچی تۆ بگرم؟


ھەر لە خۆڕا پێموایە
عاشقەکان
ژیان لە نەبوونەوە دەھێننە ئارا
شاعیرەکان
مێژووی ئەوان دەنووسنەوە


شاعیرەکان زۆر سەیرن
ھەوڵدەدەن عەشق بخزێننە
بۆتەی دەقەوە
ئەوە نابینن
گەردوون بەو بەرینییە
جێی ئەوی تێدا نابێتەوە


دان بەوەدا دەنێم بێ ھیوام
ساڵانێک لە دڵێکی مەلولدا
بە دوای ئومێددا دەگەڕام
ساڵانێک
چاوەڕوانی ئاوی گەشبینی بووم
لە گۆزەیەکی درز بردوودا


راستییەک ھەیە
دەمەوێت بیخەمە رستەوە
لەوەتی ھەم وەک ھەڵۆیەک دەفڕم
ھەتا دێ لە خۆم دوور دەکەومەوە
ئیدی تەمەنا دەکەم
بەربمەوە بۆ نێو خۆم


زۆر دەمێکە
دڵێکم لە سینەی گریاندا
ھێندە رووقایمانە
خۆم لە گێلی دەدەم
چاوەڕوانی کلویەک پێکەنین دەکەم
ئەم بەفری زەردەخەنەیە
لەو ئاسمانە روو گرژەی ژیانما
کەنگێ دەبارێت؟


چاوی من
لە دڵی دایکم دەچێت
دەقەکانیشم لە رۆحی باوکم
خەونەکانم
لە نازی خوشکەکانم دەچن
روانینەکانیشم
لە سەرنجی براکانم
تەنھا ئازارەکانم لە خۆم دەچن


خۆشەویستێکم دەوێت
دەست بھێنێت
بەسەر ئاوریشمی ھەستمدا
پەرتبوونم
لە چاوەکانیدا کۆ بکاتەوە
دڕکی حەسرەت
لە خەیاڵەکانم دەربھێنێت
کە گریام بە دەستڕی ماچ
جۆگەلەی فرمێسکم بسڕێت


شەوێکیان بیرم دەکردەوە
ئەگەر ئەمشەو ژنێکی سپی
بێتە ناو پێخەفی رەشمەوە
بە ماچ لێوی شیعرم سوور بکات
لەنێو لەشی گەرمیدا نقوم بم
ئایا ھێشتا گلەییم لە ژیان دەبێت؟


وتم نابێت بڕۆم بۆ جەنگ
سەنگەرەکان پڕ ناکەم
لە ھەنگوینی شیعر
فیشەکەکان تەژی ناکەم
لە مرەبای عیشق
ئەگەر جەنراڵەکان بەم کارە بزانن
لە دۆڵی کینەدا
سەر بەرەو خوار ھەڵمدەواسن


ئەو دەمەی
لە منداڵدانی دایکم
ھاتمە دەرەوە
شێری غەم و غوربەت
دایکمی خوارد
ھەموو ھەوڵی باوکم بۆ ئەوەبوو
من لە دەمی چەقەڵی
بێ دایکی رزگار بکات


من دەمەوێ
فەرھەنگی زمان پاک بکەمەوە
تا عەشق
چیتر بە زەجرکێشان
راڤە نەکرێت
شیعر و ئازار
ھیچی دی
ئامۆزای یەکتر نەبن
وشەی خیانەت
لە زەینی ھەر ژنێکی عاشقدا
بە مرەکەبی ماچ بسڕدرێتەوە


ئەوەندەی من
بە بیرم دێتەوە
ئەو رێبوارە گەڕۆکەی
عەوداڵی وشە بوو
پێیان دەگووت شاعیری سەرشێت
ئەو دێوانەیەی سەوداسەری
ژنێک ببوو
پێیان دەگووت خەڵوەتکێشی نەگبەت
ئەمێستا من شاعیرێکی نەگبەتم


شەقامی دڵم ئێجگار چۆڵە
خانمێک بە چەپکێک گوڵەوە
پیاسەی تێدا ناکات
فوارەیەک لە شادمانی
لە قەراغییەوە بوونی نییە
سەنتورژەنێک وەک میوانێکی ناوەخت
بەسەریدا گوزەر ناکات
کەچی ھەرچی ئازارە
پێیدا ھەڵدەگەڕێت
ھەر کاروانی دوای تەرمی گوڵە
فڕکان فڕکانێتی


دەست ئەخەمە گەردنی شەوگار
بە تاوانی کوشتنی تاریکی
دادگایی دەکرێم
دەست دەخەمە
ناو پرشنگی زێڕین
بە تۆمەتی دڵداریی
لەگەڵ رووناکی زیندان دەکرێم
باوەش دەگرمەوە بۆ باران
بە پاساوی ھەستانی لافاو
گوللە دەنێن بە بەختمەوە
لە ژێر لێزمەی ماچمدا
ژنێک سەما دەکات
بە بیانووی نامووس
چاوی شیعرم ھەڵدەکۆڵن


ھێندە سەرمامە
لەناو ئاگریشدا
ھەست بە تەزینی سەرم دەکەم
بەرگەی ھەوای سارد و
نیگای سارد ناگرم
خانمەکەم
ئەگەر ھاتیت بۆ ئێرە
تکایە بەفری چیای شەرم
لە شانت بتەکێنە


رەنگە سەفەر بکەم
بەرەو کوچەیەک
تەنیا شیعر
رێی تێبکەوێت
بەرەو کەنارێک
تەنیا کەشتی عەشق
لەنگەری لێ بگرێت
بەرەو ئاسمانێک
بە باڵی یاخبوون نەبێت
نەتوانیت تێیدا بفڕیت
بەرەو خۆم
بۆ دۆزینەوەی
ئەو ئاوریشمە ژنەی
بێشکەی ھەستم
بە ئارامی رادەژەنێت