بیۆگرافیای برسیێتی.. شەماڵ بارەوانی

بیۆگرافیای برسیێتیی، ڕۆمانێکی (٢٣٩) لاپەڕەییە و لە قاڵبی یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی نووسەری بەلجیکی خاتوو(ئیمیلی نۆسۆمب”ـە و یەکەم چاپی لە ساڵی ٢٠٠٤ لێ بڵاوبووەتەوە. لە بیۆگرافیای برسیێتیدا نووسەر باس لەو گەڕان و سوڕان و ڕاگوازتنانەی خانەوادەکەی خۆیمان بۆ دەکات لەم وڵات بۆ ئەو وڵات، لە ژاپۆنەوە بۆ چین، دواتر ئەمریکا، بەنگلادیش، ئینجا هیند و کەمبودیا. نووسەر لە میانیدا باس و وەسفی هەر یەکێک لەو ڵاتانە دەکات و قسە لەسەر ژیانی خەلک، کولتووری دانیشتووان، سیستەمی سیاسی، دابونەریت، ئایین و سروستی کۆمەڵگەکانیان دەکات. نووسەر لە جۆرەکانی خواردن و ئەو خواردنانەی کە خۆی حەزیان لێ دەکات دەدوێت. هەروەها باسی سەردەمی منداڵی خۆی و چیرۆکی برسیێتیی خۆی لە کاتی منداڵیدا دەکات. هەروەها نووسەر باس لە ئنتیباعات و هەست و تێڕامانەکانی خۆی دەکات لە بارەی ئەو وڵاتە جیاوازانەی تێیاندا ژیاوە. ئەو هەموو وڵاتانەی بە هۆی کاری دیبلۆماسی باوکییەوە وەک بالیۆزی (بەلجیکا) تێیدا دەگیرسانەوە. نووسەر باس لە ژیانی منداڵی خۆی دەکات لە ژاپۆن و وەسفی تابلۆ جوانەکان و دیمەنە دڵڕفێن و سروشتە ڕەنگین و گوڵ و گوڵزارە ناوازە و چیا بەرزەکان و شوێنەگەشتیارییەکان و درەختە ئەفسووناوی و کەشە چێژبەخش و جادووییەکەی ئەو وڵاتە دەکات. جێهێشتنی ژاپۆن و ڕۆیشتنیان بۆ چین لە ساڵی ١٩٧٠، بۆ ئەو شۆکێکی مەزن و ئازارێکی زۆر تاڵ و بە سوێ دەبێت. ئەو ڕۆیشتنەی کە نووسەر بە تراژیدیای ژیان و وێرانبوونی جیهانە جوان و ئەفسووناوییەکەی خۆی یەکسانی دەکات. ئەو ژاپۆنەی بە دایکی خۆی و نیشتیمانە خۆشەویستەکەی خۆی دادەنێت. نووسەر دوای دابڕانی ئەو هەموو ساڵە لێی، کاتێک لە ساڵی١٩٨٩ دووبارە لەگەڵ (ژۆلێت)ی خوشکی بۆی دەگەڕێتەوە، دەبینێت شوێنەواری یادەوەرییەکانی پێشووتر و سەردەمی منداڵی، زۆربەیان وێران و ون بوونە و هیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نەماوە و ژاپۆن لە ئەنجامی ئەوگۆڕانکارییە خێرایەی کە بەرۆکی سیمای ژیانی خەڵک و شار و وڵاتی گرتووەتەوە، هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ڕابردوو و کۆن لەناو ئێستا و تازەگەری و نوێدا ون بووە. هەروەها نووسەر باسی ئەو قۆناغەی ژیانی خۆی دەکات لە پەکینی پایتەختی چین و لەو برسیێتییە دەدوێت کە بە هۆی شۆڕشە کولتوورییەکەی ماو تووشی ئەو وڵاتە بوو و وڵات لە سایەی ئەو شۆڕشە کولتوورییە بوو بە گرتووخانەیەکی مەزن، وەک نووسەر دەڵێت. لە درێژەی باس و گێڕانەوەکەیدا، نووسەر باس لە ژیانە ناخۆشەکەی خۆیان و گەلی چینی میللی دەکات لە سایەی سیستەم و دەسەڵاتی(ماو). ئەو وڵاتەی نووسەر لە هەموو شتێکیدا، بە دژ و پێچەوانەی ژاپۆنی دەزانێت. ئەو ژاپۆنەی بە بەهەشت پێناسەی دەکات و هەموو ئەو وڵاتانەی بۆی دەچێت، لە بەرانبەر ژاپۆندا، بە تاراوگە و نامۆیی و ماڵی غوربەت و شوێنی غەریبییان دەزانێت. نووسەر دواتر لەسەر ئەوقۆناغە دەدوێت کە چین جێ دێڵن و دەڕۆنە ئەمریکا و شاری نیویۆرک لە ساڵی١٩٧٥. “هەواڵمان پێگەیشت کە ئێمە لە میانی وەرزی هاویندا دەگوازینەوە بۆ نیویۆرک. هەواڵەکە شۆکی کردم. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بووم، ژیانمان لەژێر نەخشەیەکی پلان بۆ دانراوبوو لە چین. سێ ساڵە ئێمە لە ژیانێکی سەخت و لەژێر چاودێرییەکی توند لە گیتۆسان لی تۆن، بە ترس و تیرۆرێکی تا ڕاددەی مردن دەور درابووین. ئێمە سێ ساڵ بە سەربازە چینییەکان دەور درابووین. ئەو سەربازانەی وەکوو سێبەر لە هەموو شوێنێک لەگەڵماندا بوون و چاودێری هەموو جووڵە و قسە و ڕەفتارێکیان دەکردین. دواتر کەلوپەلەکان و جانتاکانمان کۆکردەوە و بە پێنج پاسپۆرت (پاسپۆرتی خۆی و براکەی و ژۆلێتی خوشکی و باوک و دایکی)، ڕۆیشتین بۆ فڕۆکەخانەی پەکین و ئینجا لەوێشەوە بۆ فڕۆکەخانەی کێندی. فڕۆکەکە بە ئاسمانی بیابانی گۆبی و دوورگەی سەخالین و والکتشامکا فڕی و گەیشتین بە نیویۆرک. نووسەر باس لە ژیانی ئەمریکا و خوێندن و گەشت و گەڕانی خانەوادەکەیان لە کاتی پشووەکانی هەفتە و پشووەکانی تر دەکات بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و ناو دارستانەکانی ئەو وڵاتە. ئینجا باس لە بەنگلادیش دەکات، دوای ئەوەی ئەمریکا جێ دێڵن و ڕوو لەو وڵاتە دەکەن. نووسەر لە بارەی ژیانی بەنگلادیش لە ساڵی ١٩٧٨ دەڵێت بەنگلادیش کینایەتێک بوو لە شەقامێکی پڕ لە خەڵک، لەو خەڵکانەی لە لێواری مەرگدا بوون بە هۆی هەژارییەوە. وڵاتێک، کابووسی برسییەتی تەنگی بە ژیانی هەڵچنیبوو و بوونی مرۆڤی دەهاڕی. برسیێتییەکی کوشندە، خوێنی بەنگلادیشییەکانی دەمژی. باوکم ئەو کاتە لە لێواری تەمەنی چڵ ساڵیدا بوو، منیش یازدە ساڵ بووم. ئینجا نووسەر درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکە تراژیدییاکانی ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتە دەدات و باس لە خراپی کوالێتی ژیان و سیستەمی تەندروستی و سێکتەرەکانی تری ژیان دەکات لە بەنگلادیش و لە نەهامەتی خەڵکە داماو و هەژارەکەی دەدوێت. ئینجا باس لەو قۆناغە دەکات کە دەڕۆن بۆ هیندستان و ئەو وڵاتە بە زێدی بەهەشت وەسف دەکات. پاشان باس لە بۆرما و ژیانی خەڵکی ئەوێ دەکات، دوای ئەوەی هیند جێ دێڵن و لەو وڵاتە دەگیرسێنەوە و نووسەر بە جوانترین وڵاتی سەر زەوی پێناسەی دەکات. ئەوە پوختەیەک بوو لە بارەی ئەو شاکارە ئەدەبییەی خاتوو ئیمیلی. ماوەتەوە بڵێم:
برسیێتییەکەی نووسەر لێره کردوویەتی بە ناونیشانی ڕۆمانەکەی، بە تەنها مەبەست لێی برسیێتیی فیزیکی و حسی نییە، کە مرۆڤ خواردن و خۆراک نەبێت بیخوات، بەڵکو برسیێتییەکی سایکۆلۆژی و مەجازی و مەعنەوییە. برسیێتیی خۆشەویستییەکی بێ کۆتایی. برسیێتیی گەیشتن به پلەی کەمال. برسیێتیی ڕۆشنبیری و گەشت و گەڕان و دۆزینە و زانست و…هتد.
ئیمیلی نۆسۆمب باوکی دیبلۆماتکار و بالوێزی بەلژیکا بووە و خۆی لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری(کوبە) لە ژاپۆن لە دایک بووە و تاکو تەمەنی ٥ ساڵی لەو وڵاتە ماوەتەوە و دواتر بە هۆی کاری دیبلۆماتکاری باوکییەوە بۆ هەموو ئەو ڵاتانە دەڕوات کە ئاماژەمان پێدا.3




نووسه‌ری دژه‌ زمان.. به‌ختیار محه‌مه‌د

نووسه‌ری كورد هه‌یه‌، به‌ شێوه‌زاره‌كانی زمانی كوردی ده‌ڵێ: زمان. به‌نموونه‌: ده‌ڵێ زمانی هه‌ورامی، زمانی سۆرانی…؛ ئینجا له‌مه‌ش خراپتر، له‌ نێوان ئه‌م دوو شێوه‌زاره‌دا باسی وه‌رگێڕان ده‌كا: وه‌رگێڕان له‌ زمانی هه‌ورامی بۆ زمانی سۆرانی. ئه‌وه‌ته‌ له‌ گۆڤاری (كاروان) ی ژماره‌ (255) دا، نووسه‌رێك به‌ ناوی (ڕه‌شاد مسته‌فا سوڵتانی) ده‌ڵێ: ((به‌ڕێز كاك ڕه‌زا به‌همه‌نی ڕۆمانێكی به‌ زوانی هه‌ورامی نوسیوه‌. له‌ لایه‌ن به‌ڕێز سه‌ركاو فه‌یروزه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی سۆرانی ته‌رجومه‌ كراوه‌ته‌وه‌. ده‌قی ئه‌سڵی 443 لاپه‌ڕه‌یه‌ و سۆرانییه‌كه‌ی 398 لاپه‌ڕه‌یه‌.
سه‌رجه‌م 25 كاپیتاڵه‌ كه‌ دوو به‌شی نزیكی زمانی كوردی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن… نووسه‌ر شیاوی ڕێز و قه‌ده‌رزانینه‌ و ئه‌گه‌رچی نووسراوه‌ به‌ هه‌ورامی له‌ ئاستی به‌رزدا نییه‌، به‌ڵام پێ ده‌چێت شه‌پۆلێك له‌ ڕووناكبیران هیمه‌تیان نواندووه‌ و ئێستا به‌ زوانی هه‌ورامی په‌خشان ده‌نوسن. نوسین به‌ زوانی هه‌ورامی هه‌نگاوێكی زۆر ئه‌رێنی و پێشكه‌وتووانه‌یه‌. زوانی هه‌ورامی له‌ به‌ستێنی شیعردا تا دڵت بخوازێت ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و له‌ به‌ستێنی په‌خشاندا له‌ ئاستی شیعردا گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌. پیداگۆگی و په‌روه‌رده‌ و بارهێنان به‌ زوانی هه‌ورامی نابێته‌ وه‌لانان یا كز كردنی زمانی كوردی ناوه‌ندی كه‌به‌ زمانی معیار یا زمانی ستاندارد ناسراوه‌…)).
سه‌رنج بده‌ن: نووسه‌ر، نه‌ك هه‌ر شێوه‌زاره‌كان به‌ زمان ده‌ناسێنێ و به‌ڵكو له‌ زمانی كوردییشیان جودا ده‌كاته‌وه‌ و وه‌ك زمانی سه‌ربه‌خۆ له‌ ڕیزی زمانی كوردی ناویان ده‌هێنێ. واته‌ به‌پێی ده‌ربڕین و وه‌سفی ئه‌و، ئێمه‌ زمانی هه‌ورامی و زمانی سۆرانی و زمانی كوردییمان هه‌یه‌؛ چونكه‌ ئه‌و به‌ ئاشكرا ده‌ڵێ ((… زوانی هه‌ورامی نابێته‌ وه‌لانان یا كز كردنی زمانی كوردی ناوه‌ندی…)). به ‌بۆچوونی من، ئه‌م تێڕوانین و باوه‌ڕه‌، نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵكو مه‌ترسیداریشه‌: مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ڕه‌وشی په‌رێشانی زمانه‌كه‌مان. به ‌پێی پێوه‌ری ئه‌م براده‌ره‌ بێ، ده‌بێ له‌مه‌ودا به‌ هه‌موو شێوه‌زارێكی زمانه‌كه‌مان بڵێین زمان، وه‌ك: زمانی زازاكی، زمانی بادینی، زمانی كورمانجی… تاد. ئه‌و دووچاری ناكۆكییه‌كی كوشنده‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ خۆی: كاتێك، كه‌ له‌ پاڵ ناوی زمانی كوردی، ناوی زمانی سۆرانی و هه‌ورامی ده‌هێنێ، وه‌ك بڵێی ئه‌م دوو لكی شێوه‌زاره‌ دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ بن و پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به‌ زمانی كوردییه‌وه‌ نه‌بێ.
ده‌سا زمانی كوردی كامه‌یه‌؟ ئه‌ی شێوه‌زاره‌كانی كامانه‌ن؟… ئه‌م دوو پرسیاره‌م بۆ خاوه‌نی گوتاری ((ڕۆمانی چناره‌)) یه‌، به‌ڕێز كاك ڕه‌شاد مسه‌ته‌فا سوڵتانی.

بڕوانه‌: گۆڤاری كاروان، ژماره‌ 255 زستانی 2024، ل 91

به‌ختیار محه‌مه‌د




سێبەرەکەی ڕام.. کورتە چیڕۆک – ئیمان سامی

“٢٢ی دیسێمبەر” ڕام خۆشەویستەکەی لەدەستدا. تاکە شت کە بۆ ڕام’ی جێهێشت سێبەرەکەی بوو، ڕۆژێکی هێندە تاریک بوو هەوری ڕەش تەواوی شاری دا پۆشیبوو. هێندەی نەبرد ئەوەی لە ئاسمان بوو داباری، وەک بڵێی ئاسمان بیەوێت زەوی بۆ ئەبەد غەرق بکات.
ڕام ئەو کوڕە ١٩ساڵە بوو، لە مەملەکەتێک دەژیا دەیانزانی کە لە چ تەمەنێک کۆتایی بە ژیانیان دێت. نزای دەکرد تا ئاسمان ئارام بێتەوە و ئەگەر بۆ تەنها جارێکیش بێت خۆر دەرکەوێتەوەو بتوانێت لەگەڵ سێبەرەکەی بدوێت.
باران و بەفر وەک ئەوەی بیانەوێت خێرا بگەن بە دوایین مەنزڵگەیان بەخێرایی دادەبارین، دابارینێک کە یەکەمجار بوو مەملەکەتەکەی رام بەخۆیەوە بیبینێت، بەفر و باران و رەهێڵە وەک ئەوەی چەند ماددەیەکی کیمایی بن و ئاوێتە یەکتر ببن و هەڵبچن، بە درێژایی ٢١ رۆژ بە خوڕ دادەبارین بەجۆرێک تا ئاسمان چۆڕایەوە و دواین دڵۆپی باران و کڵۆی بەفر کەوتنە سەر شانی رام، ئیتر وردە وردە خۆر دەرکەوت.
ڕام لە هەناسەدان وەستابوو، دەیڕوانیە زەوی تا سێبەرەکەی دەرکەوێت، دوایی چەن خولەکێک لە وەستان سێبەرەکەی دەرکەوت. ڕام چاوەکانی بەتەواوی کرابوونەوە، ئەو کە هێشتا لە لە دیتنی سێبەرەکەی تێر نەببوو، چیبینی؟! بینی سێبەرەکەی خەریکە زیاتر و زیاتر لەخۆی دوور دەکەوێتە! سێبەرەکەی وەک ئەوەی پەرجوو بکات چەند وشەیەکی خزاندە گوێچکەی ڕامەوە ” دابەزە بۆ دۆڵی نەمران!”
ڕام بە ونبوونی سێبەرەکەی هیوای بە ڕۆژە پڕ خۆرەکانیش نەما و جەستەی کەشەنگی وەک بارستەی سەهۆڵین سارد ببوو، تەواو ئۆقرەی لێ بڕا بوو، هێندە بە قوڵی چوبۆوە ناخی خۆی خەریک بوو خۆی دەخواردەوە. بڕیاری دا دابەزێت بۆ دۆڵی نەمران بۆ گەیشتن بە مەعشوقەکەی. هەر لەگەڵ گەیشتنی بە کەناری دۆڵەکە سێبەرێک هات بەدەمیەوە. سێبەرەکە سێبەری نەمری جۆرجیۆس بوو! جۆرجیۆس رێبەرایەتی رامی دەکرد بۆ قوڵایی دۆڵەک، دۆڵەکە قوڵتربوو لەوەی ڕام دەیبینی، بەڵام بێ گوێدان بە هیچ مەترسییەک بەردەوام بوو لە رۆیشتن، رێڕەوێک کە ملیارەها ساڵی پێویست بوو بۆ ئەوەی چاو بیبڕێت. هەر لەسەرەتای ڕێڕەوەکەوە بەقەد دڵۆپی هەموو زەریاکان سێبەر لە ڕاست و چەپی ڕام وەک جوڵەی گرۆهی مێروولەکان دەجوڵان و وەک تارمایی لە ڕۆح و جەستەی ڕام نزیک دە بوونەوە. ئینجا جۆرجیۆس ئەو گۆچانەی کە بەدەستیەوە بوو دای بە ڕام و کشایەوە، کشایەوە، دەیزانی کە ئەوە دوا سنوری ئەوە!
ئیتر وەک ئەوەی هێزێک لە ناوەوە پێی بڵێت، گۆچانەکەی بە زەویدا چەقاند و عەرشی پیرۆزی پێتڕۆس دەرکەوت. دوازدە سێبەر دەرکەوتن و هەر یەکەیان ٤٠ کەزیان لە ملی رام ئاڵاند، بۆ ئەوەی بە نەمری بمێنێتەوە، لەگەڵ ئاڵاندنی هەر کەزییەک لە گەردەنی ڕامەوە، فیلیپۆس یاساکی نەمریی دەخوێندەوە، تا گەیشتە یاسای ٤٨٠ ئینجا بە دەنگێکی بەرزتر گوتی، “هەرکەس نەمر بێت مەرگی تەواوی ئازیزانی دەبینێت.” ڕام بە بیستنی ئەم یاسایە خەریک بوو جەستەی وەک لاولاوێک وشک ببێتەوە، دارەکەی لە زەویدا دەرهێنا و سێبەرەکەی بۆ هەتاهەتایە لە نێوان ژیان و مەرگدا هەڵواسرا و عەرشی پێترۆس وتەواوی دۆڵەکەش بوون بە تراویلکە!




چیرۆک\ مێوان.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

بەپڕەپڕ خۆی تێپەستا ناو پاسەکە و بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوت. هەرچەندە هێشتا بانگی نیوەڕۆی نەدابوو، کەچی بەناچاری مۆڵەتی وەرگرتبوو بۆ ئەوەی زوو بگەڕێتەوە ماڵەوە، تاوەکوو ئامادەکاری بۆ مێواندارییەکەی ئێوارە بکات. ئەوە یەکەمین جاری نییە کە ناچارە زوو کارەکەی خۆی بەجێ بهێڵێت، حەفتەی یەک دوو جاران مێردە سمێڵ زلەکەی زەنگێکی بۆ لێدەدا تا دەستبەجێ بێتەوە ماڵەوە، جارێک مام کاکلی بانگهێشت کردووە بۆ نانی ئێوارە، جارێک کاکە سوور، جارێک مام هەینی، خۆ هاوڕێکانی هەر تەواو نابن، نا. هەرچەندە بێری زۆر جاران پێی گوتبوو کە ئاوا نەکات، بەڵام ئەم زڕتە زەڵامە هەر گوێشی پێ نەدەدا.
لەبەردەم بازاڕی کووران دابەزی و گۆشتێکی جوان، کیلۆیەک تەماتە، بڕێک بامیە و فەردە برنجێکی کڕی و لەگەڵ دەستی خۆی بردنیەوە بۆ ماڵەوە. هێشتا ماندووێتی نەحەسابووەوە، مێردە ورگنەکەی شیڕاندی و داوای نانی نیوەڕۆی کرد. بێری هەر بەپەلەپەل بڕێک پاقڵەی زەرد کرد و لەگەڵ پاروە ساوارێک و لەگەنە ماستاوێک، داینا لەپێشی. پێش ئەوەی سەروسمێڵی خۆشی بسڕێتەوە، چایەکیشی لەبەردەم دانا و ئینجا چوو بۆ ناندینەکە.
دوای ئەوەی قاپوقاچاغەکانی نانی نیوەڕۆی جوان جوان شۆرد، ئینجا دەستی کرد بە چێشت لێنان، لەلایەک تەماتەی کووز دەکرد، لە لایەک سەلکە پیازێکی سۆر دەکردەوە، لە لایەک گسکی لە ماڵە تۆزاوییەکەی دەدا، لەم لاشەوە بزگوڕ و شتومەکەکانی لەدوای مێردە مردۆخەکەی هەڵدەگرتەوە. لە دڵی خۆشیدا دەیگوت: «وەی دەنا ئەگەر وەکوو ئەم تەوەززەلە خانەنشین بوومایە، شەو و ڕۆژانم هەمووی لەگەڵ هەورینی هاوسێمان دەبردە سەرێ.»
هەرچەندە بێری پێنج سالان لە مێردی گەورەتر بوو، کەچی هێشتا هەر دەبوایە کە کار بکات، بەڵکوو بتوانێت بژێوی ژیانی خێزانە نەدارەکەیان دابین بکات، بەتایبەتی کە مێردەکەی ڕۆژ هەتا ئێواران لە بن دیواری مزگەفتان دادەنیشت و یاری دۆمینە و دامەی لەگەڵ پیرەمێرد و بێئیشانی گەڕەک دەکرد، ماوە ماوەش دەچووە گازینۆیەکەی نزیک ماڵیان و یەک دوو دەستە قوماریشی دەدۆڕاند، سەرباری ئەوانەش ئەم هەموو مێوانانەی دەهێنایەوە ماڵەوە.
بانگی دوای نیوەڕۆیانی دا و بێری هێشتا لە ناندینەکە بوو و چێشتی لێدەنا، دەمنادەمیش دەبوایە بەهەڵەداوان بۆ دیوەخانەکە بڕوات تا پەرداخە ئاوێک، پیاڵە چایەک یان قاپە شفتییەک بۆ مێردەکەی ببات. تاوناتاوێکیش شیڕەی مێردەکەی دەهات و بە تووڕەییەکەوە پێی دەگوت: «درەنگە نانەکە بۆ ئامادە نییە؟ ئێستا نا ئێستا ئەو هاوڕێیانەم دێن، وەکوو هەموو جاران شەرمەزارمان دەکەیت!»
بەرەبەری کاژێر چواری ئێوارە بوو، ویستی سەرخەوێک بشکێنێت، چوو بۆ لای مێردەکەی تا داوای لێ بکات تا چاوێکی لە برنجەکە بێت و دوای دە خولەکی تر ئاگرەکەی نزم بکاتەوە، بەڵکوو باش دێم بدات. مێردەکەی هاواری کرد: «بۆ چما کارەکەرت دۆزیوەتەوە، هەی تڕحێو، کوڕ و چێشت لێنانت بینیوە؟ ناشتەوێ ئابڕوومان ببەی!»
مێوان هاتن و مێوان ڕۆیشتن، کۆمەک قاپوقاچاغیان پیس کرد و دیوەخانەکەیان شڕ و وڕ لەدوای خۆیان بەجێ هێشت، بێریی شەکەت و ماندوو چاری ناچار شەو هەمووی بە قاپ شوشتن و خاوێنکردنەوەی دیوەخانەکە بەڕێ کرد. دوای یەک دوو کاژێر بە پشتی شکاوەوە بەرەو ژووری نووستنەکەی ڕۆیشت، هێشتا نەگەیشتبووە سەر سەرینەکەی، مێردی دەنگی هەڵهێنا و گوتی: «توخوا ژنەکە پەرداخێک ئاوم بۆ بێنە، ئەمڕۆ گەلێک ماندوو بووم.»

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

مانای وشەکان:
زەنگ بۆ لێدان: تەلەفۆن بۆ کردن
بازاڕی کووران بازاڕێکی بەناوبانگی میللی شاری هەولێرە.
کووزکردن:‌ قاش قاش کردن، پارچە پارچەکردن.




تۆ دوور ڕۆیشتووی، من هێشتا.. نەوزاد بەندی

من هێشتا لەو دەور وبەرە دەسوڕێمەوە ..
تۆ زۆر دوور ڕۆیشتووی ..
هیچ تۆڕێکی تەلەفۆن و ..
ئینتەرنێت ، پێت ڕاناگا ..
من هێشتا لە شەقام و
کافیتریا و
مەیدانەکانی گفت و گۆ ،
دێم و دەچم ..
تۆ سەد بەردت بەدوادا هەڵداوم ..
بە چەقۆیەکی تیژ ،
منت لە هەموو دەمارەخانەکانتا ،
کوژاندۆتەوە ..
من هێشتا بە باخە گشتییەکان و..
بە پارکەکان و ..
بە قاوەخانەکاندا ،
لەسەر مێزێکی دوو کورسی دادەنیشم ..
بە عەقڵی سوکی خۆم ،
هەمیشە دوو قاوە داوا ئەکەم ..
لە ژێر ڕەشماڵی چاوەڕوانیدا ،
وەک ئەو کەشتیەوانە ئاسمانییانە وەهام
کە چاوەڕێی هێمایەک ئەکەن لە ئەستێرە دوورەکانی گەردوونەوە ..
تۆ سەد چارشێوی وونبوونت داوە بەسەرتا …
لەسەد کون ، خۆت شاردۆتەوە ..
هەزار دەریا و زەریای تووڕە بوونت بڕیوە ..
لە هەرچی پیت و وشەی خولیا و تامەزرۆییە زویر بووی ..
لە هەموو بەرەکانەوە ، جەنگت ڕاگەیاند ..
لە هەرچی لووتکەی لەیادچوون هەیە ، منت فڕێداوەتە خوارەوە ..
لە هەموو ئەشکەوتەکانی پەنهانیی خۆت مەڵاس دا ..
من هێشتا لەو گوزەرەدا دەسوڕێمەوە ..
چاوەڕێم بڵێی کامێرای شاراوە بوو ..
من بە ناو ئاپۆڕەی خەڵکا دێم و دەچم ،
چاوەڕێم لە دواوە هەردوو چاوم بگریت ،
بڵێی : هەڵی بێنە ، بزانە من کێم ..
من هێشتا بە تەمای ئەوەم
تکت بڕی ئامانەکە پێم بڵێ :
ئەو خانمە پارەی تۆی داوە ..
بڕوام بەخۆم هێناوە ، کاشێری چێشتخانەکە بڵێ :
حیسابی خواردنەکەی تۆ دراوە ، گەورەم ..
تۆ لە پشت هەورە تاریکەکانەوە ،
بەدوای تیژترین شمشێری بروسکەدا دەگەڕێی ..
لەناو شەپۆلی لافاوەکاندا ، چاوەڕێی ،
قاچم هەڵخلیسکێ و
لەناو قوڕاویی کۆڵانە هەژارەکانا بخنکێم ..
تۆ لەگەڵ کەلەپچە و سندما لە چەند و چووندای ،
بزانی مەچەک و بەلەکم ژمارە چەندن و
بە کامەیان قوڕومچە دەبن ..
من هێشتا چاوەڕێم لە کۆمێنتی ڕۆژنامەیەکدا ،
بنووسی هێندەی هەموو دنیا بیرت دەکەم ..
لە بەرایی تیکتۆکا بنووسیت ،
به هیچ هێزێ ، ناتوانم دەست بەردارت بم ..پاشاکەم ..
هێشتا بە تەمام ، بە کوپێ قاوەوە ،
لە پڕ بێیتە سەر مێزەکەم ..
چەپۆکێ بکێشی بە شانما و
بڵێی : تۆ غەریبیت داهێنا ، لەم شارە ، بەساقە !
بڵێی : هۆگربوون ، تۆ لەناو شەقامەکاندا نوسیتەوە ..
من هێشتا ، بە ساویلکەیی خۆم ، لەو باوەڕەدام ،
بەیانییەک بە دێلیڤەریی ، ڤیزەی
ووڵاتێکی بەفراویم بۆ ئەنێری ..
ئەڵێی سبەی شەو لە فڕۆکەخانە ، چاوەڕێتم ..
تۆ هەموو بەنداوەکانت بەسەرما تەقاندەوە ..
کۆتری هەموو گومەزەکانت هەڵفڕاند ..
هەموو کوکوختییەکانت شەواره کرد ..
هەرچی درۆن و ڕۆکێتە ،
له ئاسمانی منا ، داتمەزراند ..
تۆ هەرچی ووشە و پیتی نێوانمان بوو ،
پاشەکەوتت کرد ..
هەموو شاندەکانت گەڕاندەوە ..
پەرلەمانت هەڵوەشاندەوە ..
باڵوێزەکانت لە هەموو ووڵاتەکان کشاندەوە ..
وەزیرەکانت یەک لە دوای یەک ناردەوە بۆ ماڵەوە ..
هەموو پردەکانت تەقاندەوە ..
قوتابخانەکانت داخست و ..
مامۆستاکانت هەمدیسان تۆراندەوە..
قاچاخچییەکانت وا لێکرد هەموو نیشتمانی شیعرم ،
بخەنە ناو یەختێکەوە و
لە زەریایەکی نەناسراوا ، نوقمی کەن ..
من هێشتا چاوەڕێم عەسرێ ،
ئوتومبیلێ لە تەنیشتما ڕاوەستێ و
باسکێکی بلووری و
دوو تکتی فیلمی ئەدڤانچەری لێ بێتە دەرێ ..
بڵێی ، سەرکەوە هەموو شتێکم ! ، سەرکەوە ..
دوو سەعات با ئەکتەرەکان تەماشامان کەن ..
من هێشتا بە ساویلکەیی خۆمەوە ،
نیوە شەوێ لە خەو ڕائەبم ،
ئەڵێم تۆ بڵێی ئەو نەبێ ،
وەک لۆرێنزۆ ، لەبەردەرگا وەستابێ ؟
بە تەمام پرسگەی فەرمانگەکەم ،
بڵێ کەسێک چاوەڕوانتە ، لە ژێر دارگێلاسەکەی ئەوبەر ..
بە تەمام دایکم پێم بڵێ :
کەسی وا باشت لە کوێوە ناسیوە ، کوڕم ..دوو ڕۆژە بە باوەشێک گوڵەوە دێ ،
ئەڵێ هەنگەکەت لێم زیزە ، خانم !
من هێشتا له ژوورەکەت نەڕۆیشتووم ،
ئەبم بە هەڵم و پەنجەرەکەت دائەپۆشم ،
هیچم لەسەر نانوسی ..
لەسەر مێزەکەی ژوور سەرتا ،
مۆمێ دائەگیرسێ ، منم ، لە ڕوناکییەکەما هیچ ناخوێنیتەوە ..
لەگەڵ پانکەی بنمیچەکەتا ، ئەخولێمەوە ،
خۆت دائەپۆشیت تاکو شنەی منت بەرنەکەوێ ..
قەیتانی ناو ڕۆمانەکەی بەردەمتم ..
ئەمپچڕێنی ، ئەڵێی قەیناکا با لاپەرەکەم لێ وون بێ ..
من هێشتا لە سەربانی ژوورەکەت دێم و دەچم .. تەلەفۆن بۆ 114 ئەکەی ، ئەڵێی دزێک لە سەربانی ماڵەکەمە ، خێرا وەرن ..
لە باخچەی حەوشەکەتان ،
ئەو مینایە منم .. لەناو ئینجانەی ڕێڕەوەکەتا ، گەڵا تۆخەکەی گوێچکە فیلەکە ، منم .. لە دەرگای سەلاجەکەتا ،
ئەو پەرداخە ئاوەی کە هەر گەرمە ..ئەو سەوزەیەی لق و چڵەکانی شێواون .. ئەو گوڵدانەی تۆزی لێنیشتووە ، منم …
تۆ دوور ڕۆیشتووی .. من لەوێم ..
دووربینێ ، ناتدۆزێتەوە ئەمجارە ..
تەنانەت لەگەڵ ڕەشەبایش نایەیتەوە ..
هیچ هەورێ ناتوانێ قۆڵت ڕاکێشێ ،
پەڵەی ساڵێکت پێ ئیمزا کا ..
تەنانەت باڵندە کۆچەرییەکان ،
ناتوانن بارکۆدی هەنگاوەکانت تێبگەن ..
پۆلیسەکانی سەر سنوور ،
لە هیچ جوڵەیەکت ئاگادار نین ..
من هێشتا وەکو ئاڵودە ،
لای فرۆشگاکانی یادگاریی هەڵکورماوم ..
وەک سمۆرەی زستانێکی ڕێبەندان وام ..
تیشکەکانی خۆر .. تریفەکانی مانگیش دیار نین …
ئەو درەختەی لە پەنجەرەکەوە ئەیبینی ، منم ..
تۆ وەک گێژەڵوکە ڕەت ئەبی ..
ئەو بۆڵە ترێیانەی لە ژێر کەپرەکەدا ووشکبوون ..
ئەو زریانەی پاپۆڕەکان نوقوم ئەکا ، تۆی ..
خاڵخاڵۆکە مردووەکانی سەر تاقەکان ، منم ..
سەبحەبەحە لق شکاوەکانی سەر شەقام ..
شەڕە چەقۆی نیوە شەوان ..
دەنکە شەونمەکانی سەرشانت ..
مینە چێنراوەکانی ناو مەزرا ..
کۆلاره خەمگینەکانی ئێواران ..
سنەوبەرە سووتێنراوەکانی قەراغ شار ..
ماسییە ڕەنگا و ڕەنگەکانی ناو کەمۆڵەکان ، منم ..
شاخە بڕاوەکانی شار ، ڕقی تۆ ..
برینەکانی فیشەک ، من ..
فیشەکەکانی ناوەندی برین ، تۆ ..

تۆ … دوور ڕۆیشتووی ..
من …هێشتا …

نەوزاد بەندی




غەزەلە نەوتراوەکان.. غەزەلی دووەم و کۆتایی.. ستیڤان شەمزینی

بۆ ناسینی خۆشەویستی من
رابردووی لێڵم مەپشکنە
فاڵ بۆ داھاتووی تاریکم مەگرەوە
سەیری ئەو گڕکانەی ئێستام بکە
لە شیعرەکانمەوە ھەڵدەچێت
لەو بومەلەرزەیەی ھەنووکە ورد بەرەوە
پێنووسی سەرکزم دەھەژێنێت


زۆر جار ئارەزوو دەکەم
کراسی قەترانیی بێھودەیی
لەبەرم داکەنم
بەرگی شاھانەی ئومێد بپۆشم
ھەواڵی مەرگی چرۆیەک
پەشیمانم دەکاتەوە
زۆر جاری تر
ئارەزووم کردووە
یەخەی کتێبەکانی
خۆشەویستی دادڕم
نامەیەکی خۆکوژانە
بۆ شیعر بنێرم
خۆشەویستی
ژنێکی دڵ پڕ لە ھەتاو
رسم دەکاتەوە بە خوری


نیگایەکت
چاوەکانم بێ سەروشوێن دەکەن
بزەیەکت
بە رووبارێکی شەرابدا
رەتم دەکات
بە ئەسرینێکت
شەکری بیرکردنەوەم
تاڵ تاڵ دەبێت
بە یەک ماچت
لەسەر چیای خۆکوشتن
دێمە خوارەوە
ئازیزم
لەنێوان من و خۆکوشتندا
تەنیا و تەنیا
چیرۆکی خۆشەویستی تۆ ھەیە


لە رووخسارتدا
غەمێکی ئەزەلی دەبینم
لە دەستەکانتدا
ماندووێتی کار سەیرم دەکا
لە قاچەکانتدا
ھەنگاوەکانی غەریبی دەبینم
لە وشەکانتدا
سەرەتاتکێی نھێنییەکی مەزن
چاو دەکەم
لە دڵتدا
سێبەری پیاوێکی شەرمن دیارە
بێ ناونیشانترین پیاوی دنیا


ئازیزم دەمەوێت
تا دوا دڵۆپی دەریا
بکەمە مرەکەب
سینگی چی گەڵا ھەیە
بیکەمە لاپەڕە
شیعری ورشەداری
خۆشەویستی تۆی
لەسەر بنووسم


دەستەکانم توند توند بگرە
پێش ئەوەی دەست بخەیتە
نێو ریشی سپی شیعرم
بەرلەوەی پەنجەکانت
بە خوێنی خەونی سەربڕدراوم
سوور سوور ببن
بەرلەوەی دەستی خەم
بخەیتە ژێر تابووتی
ئەو نۆ پیتەی
لە گەروومدا دەخنکێن
خ ۆ ش م د ە و ێ ی


ئازیزم
ھۆن ھۆن ئەشک دەبارێنم
من کە غەریبترین
پەڵە ھەوری نیشتمان بووم
لە کوێ دەتوانم
بەسەر چاوی غەریبیتدا ببارم؟
کەی لەو گۆرانییە
سەرھەڵگرتووە تێدەگەم
بەلێوی ئەم مەنفایەوە
وشک بۆتەوە؟


تاکو زیندوو بم
بیرت لێ دەکەمەوە
دەمەوێت وەک ماچێکی تینوو
لەنێو دوو رووباری سینگت بنووم
دەزانم بە شەپۆلێکی تووڕەدا
وەک بەلەمێکی تێکشکاو
فڕێمدەدەیتەوە کەنار و
لە گۆڕی ھیوایەکی ھەڵوەریودا
دەمنێژیت


من کەوتوومەتە بۆسەی مردنەوە
سەیرە ھێشتا چاو بۆ ژیان دەگێڕم
مۆمی عەشق
لە شەوەزەنگی بێ تۆیدا ھەڵدەکەم!
ئاگری شیعر دەنێم
بە بەرۆکی مەرگەوە
وەک فیشەکێکی وێڵ
بە تەوێڵی تۆوە دەنوسێم
چەند جوانە ئەم چارەنووسە!!


لە ژێر ساباتی رەشپۆشی گریاندا
فرمێسکێکی کۆچەریی دەمناسێتەوە
سەری دەسوڕمێ
چۆن چڵی پێکەنینم شکا!؟
چۆن خەنجەری تەنھایی
جەرگی خەیاڵی پێکەوەبوونی
خەڵتانی خوێن کردووە!؟
ھێندە کەمدووە
ھیچ ناڵێت و بە ئەسپایی
بەروومەتی شیعرمدا دێتە خوار


عەشقی ھوروژمداری من
لە گیرفانی بیابانی ساردوسڕتدا
کاڵ دەبێتەوە
ماچەکانیشم
بەدەم چاوەڕوانییەکی تولانییەوە
دەبنە مشتێک تۆزی بەردەم رەشەبا
ئازارە چرۆکردووەکانم بەر دەگرن
دەبنە ھەڵوژەیەکی تاڵی
نێو شەوە شادەکانم
دەبنە ھەناسەیەکی ساردی
نێو رۆژە گەرمەکانم





سرودی تێکۆشان.. بێرتۆڵت برێخت.. و: گۆران عەبدوڵڵا

خەڵکی جیهان، پێکەوە
لە پێناوی خەمی هاوبەش، دەست لەناو دەست
ئێستا کات و ڕۆڵی تۆیە.

پێشکەوە و لە بیر نەکەی
ئەوکاتە هێزی یەکێتیمان دەبینرێ کە دەبین!
کاتێ برسیت یاخود تێری
بۆ پێشەوەو لەبیرنەکەی
تێکۆشانمان!

ڕەش یان سپی، قاوەیی و زەرد
ئەو ناکۆکییە کۆنانە توڕهەڵدە لاوە
کاتێک گوێ هەڵدەخەیت بۆ هاوخەباتت
زۆر زوو دەبنە خاوەنی یەک باوەڕ.

پێشکەوە و لە بیر نەکەی
ئەوکاتە هێزی یەکێتیمان دەبینرێ کە دەبین!
کاتێ برسیت یاخود تێری
بۆ پێشەوەو لەبیرنەکەی
تێکۆشانمان!

گەر بمانەوێت ئەمە بێتە دی
تۆو و پشتیوانیتمان دەوێ
ئەوە خۆتانن کە لێی هەڵدێن
ئەگەر زمان لەیەکتردەن.

پێشکەوە و لە بیر نەکەی
ئەوکاتە هێزی یەکێتیمان دەبینرێ کە دەبین!
کاتێ برسیت یاخود تێری
بۆ پێشەوەو لەبیرنەکەی
تێکۆشانمان!

فەرمان ڕەوا چەتەکانمان
هەمیشە خوازیاری نەوەستانی دەمەقاڵێکانمانن
یارمەتیدەرە بۆ بەلارێدا ڕۆشتن و دووبەرەکیمان
بۆیە دەتوانن هەر دەسەڵاتداربن.

پێشکەوە و لە بیر نەکەی
ئەوکاتە هێزی یەکێتیمان دەبینرێ کە دەبین!
کاتێ برسیت یاخود تێری
بۆ پێشەوەو لەبیرنەکەی
تێکۆشانمان!

کرێکارانی جیهان، یەکگرن
ئەوە ڕێگای لەدەستدانی کۆت و بەندتانە
هێزی ئێمە وا لەشەردان
بۆ نە هێشتنی جەورو ستەم.

بۆپێشەوەو لە بیرنەکەی
تا بە ئامانجی خۆمان دەگەین
کاتێ برسین یاخود تێرین
سبەینێ, سبەینێی کێ دەبێ؟
ئەی دونیا، دونیای کێ دەبێ؟

و: گۆران عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
https://allpoetry.com/Solidarity-Song
Eugen Berthold Friedrich Brecht [1898-1956]

لە رۆژنامەی رەوت ژمارە ٢٩ بەشی بانێژەی ئەدەب و کەلتور بڵاوبۆتەوە..