گفتووگۆ لەگەڵ میوزیكژەن پۆڵا ئیسماعیل.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

میوزیكژەن پۆڵا ئیسماعیل: تا مردن شانازی بەمامۆستای هونەرمەند ” سەردار ئەحمەد” دەكەم
میوزیكژەن پۆڵا ئیسماعیل:ئامێری فلوت ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ڕۆح و جەستە دروست دەكات
میوزیكژەن (پۆڵا ئیسماعیل عومەر)، یەكێكە لەو ژنیارانەی كە شوێن پەنجەی لەنێو هونەری میوزیكی سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2002 – 2003 ئەو كاتەی كەدەچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی شەهید جەعفەر لە كۆیە لەسەردەستی هونەرمەندی رەوانشاد (سەردار ئەحمەد) دەست بە ژنینی میتۆدی (فلوت) كردوە دوای تەواو كردنی پەیمانگا، دەچێتە كۆلیژی هونەرە جوانەكان زانكۆی سەلاحەدین بەشی میوزیك بە پلەی نایاب تەواو دەكات .
هونەرمەند پۆڵا ئیسماعل لە دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی تیپی مۆسیقای سێوەبووە، لە ساڵی 2009 بۆتە ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە و لەو كاتەوە تاكو ئێستا بەردەوامە خاوەنی چەندین ئاوازو گۆرانییە بەشداری لە چەندین بەرهەمی تیپی باواجی كۆیی بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە كارەكانی ئەو هونەرمەندە بە چەند پرسیارەێك بەسەرمان كردوە.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*چی وای لە تۆ كرد ببیت بە ژنیار؟ بۆچی لە نێو ئامێرەكانی موزیك ئامێری (فلوت)ت هەڵبژارد؟

  • خۆشەویستیم بۆ هونەر وە لەپاڵیدا پەیمانگەی هونەرە جوانەكان پاڵنەری سەرەكیم بوون بۆ ئەوەی بێمە ناو كایەی هونەری و ببم بە ژەنیار، هونەری ئاست بەرز و ژەنینەكانی مامۆستا “سەردار ئەحمەد وای كرد حەزی زیاترم بۆ هونەر هەبێت و ئامێری فلوتی لا خۆشەویست كردم بۆیە لەوكاتەوە ئامێری فلوتم هەڵبژارد و تائێستا بەردەوامم.

    تایبتمەندیەكانی ئامێری فلوت چین؟

  • یەك لە تایبەتمەندیە هەرە سەرەكیەكانی ئامێری فلوت لای من جگە لە تایبەتمەندیە ئەكادیمی و زانستیەكەی ئەوەیەئامێرێكی هەواییە بۆیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی دروست دەكات لەگەڵ ڕۆح و جەستە ژەنیار دەتوانێت ئەو پەیامەی مەبەستیەتی و لە ناخیەتی بە تەواوی بیپێكی و بیگەنێتە گوێچكەی گوێگرانی.

    *جگە لە ژنینی فلوت خاوەنی چەند بەرهەمی گۆرانیشی،زیاترخۆت لە ژنیین دەبینیتەوە یان گۆرنی وتن؟

  • بەڵێ چەند بەرهەمێكم هەیە كە تۆمارم كردوون وەك گۆرانی بێژ وە چەند بەرهەمێكم ڤیدیۆ كلیپیش بۆ ئەنجام داوە و زۆر لە گۆرانیە كۆن و ڕەسەنەكانی كۆیەشمان تۆماركردوون كە خۆم وەك كۆڕس تیایدا بەژداریم كردوون وە گشت ئەو بەرهەمانە ئاواز و میلۆدی جوانن و جێی شانازین بەڵام من هەموو كات حەزم بە ژەنین كردووە و ئامێرەكەم لا سەرەكی تر بووە .

    *بوونی ئامێری فلوت لە نێوئامێرەكانی تری موزیك تا چەند گرنگە؟

  • بۆ تێكهەڵكێشی دەنگەكانی مۆسیقا و ڕەنگاو ڕەنگ كردنی میلۆدیەكان هەر ئامێرێكی موزیكی گرنگی خۆی هەیە لە نێو هەموو گرووپە مۆسیقەكان وە ئامێری فلوتیش یەكێكە لەو ئامێرانە گرنگی خۆی هەیە ڕەنگێكی تر دەبەخشێت بە هەر گروپێكی موزیكی جا ڕۆژئاوایی بێت یاخوود ڕۆژهەڵاتی .

    *ئەزموونت لەگەڵ ئاواز دان چۆنە؟

  • لەبارەی ئاوازدانانەوە ئەزموونێكی زۆر زۆر باشم نیە چونكە من زیاتر گرنگیم بە لایەنی ژەنین داوە و هەوڵم داوە لەو لایەنە زۆرتر سەركەوتوو بم بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا چەند ئاوازێكم هەیە و كارم لەسەریان كردووە كە ژمارەیان زۆر نیە لەگەڵ ئەوەشدا لەم ژمارەیە كەمەش هەوڵم داوە مۆركی ڕەسەنایەتی بپارێزم لە ئاوازەكان دا.

    *كامەن ئەو ژنیارانەی كە بەژەنینیان سەرسامیت لە هەمان كاتدا كاریگەریان لەسەر بەڕێزت هەبووە؟

  • وەك لە پێشتردا ئاماژەم پێدا مامۆستا سەردار ئەحمەد یەكێكە لەو مامۆستا و ژەنیارانەی كە تا مردن شانازی پێوە دەكەم و كاریگەری تەواوی لەسەرم هەبووە وە داواكارم لە خوای مەزن ڕۆحی شادكات و جێگای بەهەشت بێت انشااللە وە مامۆستا سەرتیپ ئەحمەد كە هیوای تەمن درێژو تەندروست باشی بۆ دەخوازم ئەمیش یەكێكە لەو ژەنیارانەی كە هەردەم جێگەی شانازییە بۆ كوردستان و ژەنینەكانی و ئاستی هونەری هەموو كات سەرسامم دەكات وە هەموو میلۆدی و ئاوازێكی جوان یاخوود كەسایەتیەكی هونەری ئاست بەرزی تر كە زۆر جار لەوانەیە كوردیش نەبێت سەرسامم دەكات و دەبێتە جێی تێڕامانم وا دەكات بە بەردەوامی گوێگریان بم.

    بەڕستەیەك چۆن ئەم وشانە پێناسە دەكەیت:
    تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە: قوتابخانەی ئاواز و میلۆدی ناسنامەی هونەری ڕەسەنە لە كوردستان .
    تایەر تۆفیق: دەنگێكی فرە ڕەنگی پڕ لە جوانی زیندوو بۆ هەمیشە نەمر.
    تیپی مۆسیقای پاشای گەورە: تیپێكی نوێگەر پڕ میلۆدی و پڕ لە ئاوازی جوان تیپێك وەك خەرەندی ڕواندز سەخت لە ڕەسەنایەتی.
    پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی كۆیە: ڕەنگێكی نوێ و زانستی تیپی باواجی و كارگەی هونەرمەند و ژەنیارانی مەیدانی هونەری ئێستا.

هونەرمەند پۆڵا ئیسماعیل لە ساڵی1987 لە شاری كۆیە لەدایك بووە و هەر لە كۆیەش زۆربەی قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كردووە لەگەڵ چەندین تیپی موزیكی كاری كردووە وەكو:
كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەلاحەدین هەولێر. –
.- پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی شەهید جەعفەر لە كۆیە

  • ئۆركێسترای كوردستان لە هەولێر.
  • ئۆركێسترای كۆیە.
  • ئۆركێسترای دەزگای سەتەلایتی كوردستان تیڤی.
  • سەنتەری چالاكی گەنجانی كۆیە
  • تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە.
  • گروپی موزیكی سێوە.
  • كۆڕی هونەریی حیزبی دیموكراتی ئێران.
  • ڕێكخراوی لاوانی كوردستان
  • خانەی سێوەی منداڵان و چەند شوێنێكی تر
  • گروپی ڕۆژئاوایی باواجی.
  • زانكۆی كاسۆلیكی هەولێر.
    . – ئۆركێسترای سۆل دۆ



کتێبێکی لێکۆڵینەوەی پێشەوا کاکەیی چووە چاپەوە

کتێبێکی لێکۆڵینەوەی پێشەوا کاکەیی، بە ناوی: ((پشکۆکانی ناو زمان و شیعر لە کتێبی [شەوێک ئاسمان پڕبوو لە ئەستێرەی شیت]ـی بەختیار عەلیدا)) چاپ و بڵاو ‌دەکرێتەوە

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبەوە، پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم کتێبە، سێیەمین کاری لێكۆڵینەوەی منە لەبارەی شیعرەوە بە شێوەی کتێب و یەکەمین لێکۆڵینەوەمە لەسەر کتێبێکی بەختیار عەلی، کە لە داهاتووشدا کاری تری بەدواوەدا دێت. ئەم کتێبە لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. کاری هەڵەچن و ڕێنووسکاری (وشیار عەلی)ـیە و بەرگ: (ئیبراهیم ساڵح)ـە.
لێرەدا تەنیا تیشک دەخەمە سەر جیهانبینيی شیعری بەختیار عەلی لە کتێبی [شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت]ـدا، کە جیهانبینیی شاعیر وێنەی «ژوور»ی هەیە کە هەر ژوورێک پەنجەرەیەکی دیکەی بۆ لێڕوانین هەیە. کرۆکی ژیانی سرووشت و مرۆڤ لە جەستەدا، لە یادەوەریدا، لە خۆشەویستیدا، لە جیهاندا دەژی. ژیانیانە دەڕوانێتە ژیان و تێیدا هەڵوه‌ستە دەکات و دەمێنێتەوە. هەمیشەیيی ژیانی لە مرۆڤدا لە ڕێگەی گواستنەوەوە نیشتەجێیە. ژیانی یەک لەدوای یەک شێوەی خۆى دەگرێت و خۆی لە قووڵاییەکانیدا جێگیر دەکات.
دیدگای جیهانيی شاعیر وەهایە کە شیعرییەت ڕێکارێکی شیعری نییە، بەڵکوو ئەزموونێکی مەعریفییە، شێوازێکە بۆ چاودێریکردن و تێگەیشتن و پڕۆژەکردنی جیهانێک. هاوپەیمانییەکی نهێنی لە نێوان شیعر و دیدگایدا دۆزیوەتەوە کە شیکردنەوەی فیکرە لەناو شیعردا.
شیعری بەختیار عەلی خاوەنى مێژوو و نەریتێکی دوورودرێژە لەناو خۆیدا بۆ دەرەوەی خۆی، گەڵاڵەی «شیعری بزۆز دەردەبڕێت» كه‌ وەک «بەرنامەی بناغەیی» خۆی پێ وەردەگرێت. شیعرەکانی پەیوەندييان بە نەستەوە هەیە و میوانداريی هەست دەکه‌ن. ئەوە شاعیرە سەر بە جیهانی تەمومژاويی زمانی نییە، بەڵکوو سەر بە جیهانی ئاڵۆزی بیرە کە سەرەتا لە ڕێی زمانەوە ئاڵۆزی دەکات. لەژێر بای بەهێزی گەڕان و ئاڤانگارددا، گومانی بۆ فرەواتایيی سەیروسەمەرەی وشەکان یان هونەرەکانی دەربڕین هەیە، کە وا لە خوێنەر دەکات وەک هەوری بڵند بیخوێنێتەوە.
دەکرێت بڵێین کە زۆربەی تێگەیشتنی خەڵک لە شیعر لە ئێستادا هێشتا لە قۆناغی شیعری تەمومژاویدایە و هێشتا بە شیعرێکی نەخوێنراوه‌ دەڵێن «زۆر تەمومژاوی»ـیە. کاریگەريی بەهێزی ئەم جۆرە شیعره‌ تەماوییە، دووريی مرۆڤەکان لە شیعرەوە لەدوای شیعری تەماوییەوە دەردەخات. شیعری ئەو، شێواو و تێکشکاو نییە. بۆ ئەوەی بڵێین شیعر سادەیە، لە هەقیقەتی شیعردایە کە بە هەستی ڕاستەقینە دەنێررێتە دەرەوە، نەک لەپێناو شیعر و شیعر لەپێناو نووسینی بێهەستدا بنووسرێت.
ئەم خوێندنەوانە، شێوازی خوێندنەوە و ڕانان و لێکۆڵینەوەی ئه‌کادیمیا پاته‌بووەوه‌کانی زانستگەکان نییە. پێوەری داڕشتن و هەڵگرتنی شیعری هەر شاعیرێکی [ئەلف نییە لە جێی بێ، بێ لە جێی جیم،] کە توێژینەوەی شیعری ئەمڕۆ تووشی جوینەوە و لەبەرگرتنەوە بووە. من بە شێوازی خۆم ڕامان و دیدگاکانی خۆم سەربار دەخەم و لەپاڵیدا له‌ كێڵگه‌ى شیعريدا توێژينەوە دەكەم. [پشکۆکانی ناو زمان و گڤەگڤی ناو شیعر،] کارکردنە لەسەر بیست بابەت، لەسەر بیست شیعری ناو کتێبی [شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەى شێت]ـی بەختیار عەلی. ئەو کە خۆی (٤٨) ناونیشانی شیعری لە خۆ گرتووە. بەڵام لەبەر ئەوەی کێڵگەی ئەم کارکردنە، لەسەر «بیر و زمان»ـە، بۆیە زۆرێک لە شیعرەکانی دیکەی شاعیر بەسەر ئەم بیست بابەتەدا دابەش دەبن و هەروەها تەوەری دیکەیش لە خۆ دەگرن کە له‌م خوێندنەوانەدا جێيان نابێتەوە.

بابەتەکانی دووتوێی ئەم کتێبە

  • باڵگرتنی زمان لەناو زەماندا، لە شیعری [ئەو ئەسپەی لە دەست زەمان ڕایکردووە]
  • ئازار و غەم وەک پرسێکی ئەزەلی، لە شیعری (دەربارەی ئازار)دا
  • کارخانەی مردووان، لە شیعری (لەناو مردووەکاندا)
  • شەڕی شوێنکات، لە شیعری (تۆ)دا
  • پەیامبەرێکی ڕەش، لە شیعری [دڵم پڕە لە بولبولی ڕەش کە نایەنە دەرێ]
  • گێڕانەوەی دوانەیی، لە شیعری [هەندێ لەو شتانەی من دەیانبینم]
  • چێژبینین لە ئازاردا، لە شیعری (مازۆشییەکان)ـدا
  • وێنەی با و ئاماژەکانی خوازە، لە شیعری (کە ئەو تەنیا بایە، با)دا
  • وشە و وێنەی خودا، لە شیعری (ڕۆژێک تەنیا هاوارەکانمان ڕزگارمان دەکەن)
  • سەردەمی میکانیزمی نوێ، لە [بووین بە بووکەشووشە]دا
  • ڕەشبینی وەک دووربینی، لە شیعری [بۆ وای کرد خودایە بۆ]
  • گەمارۆدانی شار، لە شیعری (شارێک کە بۆ هەمیشە ون بووە)
  • شیعر وەک بەرگریکارێک، لە شیعری [ترسی چەتەکان لە شیعر]
  • دەربڕینەکانی زمان، لە شیعری (بەستنەوە)دا
  • هێزی نەناسراو- وەک پەیوەندییەکی دیکە، لە شیعری [گەڕانەوەی ئەبەدی]ـدا
  • خودا لە توولەڕێیەکانی ناو شیعردا، لە شیعری [شوێنە ناکۆکەکان]ـدا
  • ڕێگای ڕزگاربوونی خود، لە شیعری [لە هیجای ڕێگاکاندا]
  • دژەخاڵی مێژوویی، لە شیعری [جیهانێکی دی]ـدا
  • فيلمى شیعری و شیعری فيلمى، لە شیعری [خۆکوشتن و دەرمان]ـدا
  • گوتاری ناو شیعر و شیعری ناو گوتار، شیعری [هەوای تازە]ی بەختیار عەلی و [شیعر و دازاین]ـی هاشم سەڕاج بە نموونە



بەیازی ئازار.. شیعری داستان بەرزان

بۆ تۆ دایەخان گیان
قەڵای مەریوان پاڵم دا پێوە
قەڵاکەم ڕمیا پال بەم کێوە؟

لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردییەوە
ئیتر بۆ هەمیشە لە ناو میوەکاندا
لە ناو باخە بەرین و
خەیاڵاوییەکاندا
بە تەنیشت کانیاوە بیگەرد و
سازگارەکاندا
لەگەڵ باڵندەی ڕەنگین و
پەپولە دڵگیر و
درەختەکاندا
یادی ڕۆژانێک بکە
گەرم/ شێدار
تاریک/ دڵتەنگ
بێڕەحم/ بەدڕەفتار
دەستیان لێهەڵنەدەگرتیت
تاکو لێواری مەرگ
تەنگەنەفەس/ هێزلێبڕاو
من لە دەستپێکی ئەم شیعرەوە
لە خەمی تۆیە تەنگەنەفەسم
لە دووری تۆیە هێزلێبڕاوم!

بیری دوو منداڵی ڕووتەڵ بکە
عەسرێکی شینتر لەم شینەم
هەریەک بە تورەکەیەک گریانەوە
سەرمابردوو/ ژیان مردوو
خۆیان بە ماڵەکەتدا کرد
وەک دوو پەناهەندەی لە جەنگ هەڵهاتوو
بەدەم هەنسکی بێدادییەکەوە
سووتابوون وێنەی قەقنەس
داوایان لێکردیت
لە دڵە سەنگین و بیمارەکەتدا
داڵدەیان بدەیت
لە ئامێزتدا گەرمیان بکەیتەوە.

دوو منداڵ/ دوو فریشتە
بۆنی شیری ژانیان لێدەهات
هەڵمی ئازاریان لێهەڵدەستا
تامی کابووسیان دەدا
ڕەنگی بێکەسییان گرتبوو
بوون یان نەبوون
بۆ ئەوان وەک یەک بوو.

دوو منداڵ/ دوو فریشتە
ژیان لە پای هیچدا
تفی تێکردبوون
دوو منداڵ/ دوو فریشتە
ژیان لە پای هیچدا
شەقی تێهەڵدابوون!

ئەوان بێئاگا لەوەی
بۆنی نیگاری سەر سنگیان
تەڕ… تەڕ ماڵەکەتی سەرێژکردبوو
لە یادی ساڵانێکی دوورتر
کە تۆ بە تامەزرۆییەوە
خەونیان پێوە دەبینیت
کە تۆ بە جەرگێکی سووتاوەوە
هەموو خولیات بۆتە گەڕانەوەی
ڕۆژێک لەو ساڵانە/ بۆنێک لەو ساڵانە.

ئەوان بێئاگا لەوەی
کە تۆ لە خەونە شکاوەکانیاندا
پارچە.. پارچەی دڵی خۆت
پێکەوە دەلکێنیتەوە
کە تۆ هەر نەبێت
ڕەنگێک/ دەنگێک
لە گیانی خۆتتدا زیندوو دەکەیتەوە
لەو ساڵانەی هەموو خولیات بۆتە گەڕانەوەی
ڕۆژێک/ بۆنێک.

بە دڵی تواوەی ناو چنگیانەوە
هاتن و
لە ماڵەکەتدا
بوونە دوو قومری پێککراو
بوونە دوو مێروولەی بەجێماو
بوونە دوو هەناسەی سارد
بوونە دوو برینی بێدەرەتان
بوونە دوو ئاوازی بەر باران
بوونە دوو دەنکە ترێی سەرمابردوو
بوونە دوو ئاواتی لە دەستچوو
بوونە دوو دڵۆپ خوێنی گەرم
بوونە دوو بێچووە ئاهوی شەرم.

تۆ چرا بوویت
تۆ کانی بوویت
تۆ شنە بوویت
تۆ ئارامی
تۆ سەلاری
تۆ ئاگردان.

تۆ مانگ بوویت
بۆ شەوانێکی سووتاو
خۆرەتاو بوویت
بۆ دوو بێ بەرگی هەڵکوڕماو.

تۆ ڕێنیشاندەر بوویت
بۆ دوو هەڵهاتووی دەستی خێڵ
تۆ لەنگەری دوو کەشتی وێڵ
تۆ دیوار بوویت
لەبەردەم ڕەشەبای ستەمدا
تۆ خەندە بوویت
لە پاش لێشاوێک لە خەما
تۆ هێلانە
بۆ دوو زەڕنەقووتەی بەر زریان
تۆ ڕزگارکەر
بۆ دوو کاریلەی بەردەم کەڵبەی سووری گوورگەکان.

(وچانێک)

تۆ نەتهێشت شەقام ببێتە ماڵی دوو توتەڵەی فڕێدراو
تۆ نەتهێشت دوو کانیلەی نەشارەزا
ڕێگایان بکەوێتە بیابان
تۆ لە ناو پانتایی ڕەشی مردندا
ئازایانە/ ژنانە
بێ گوێدانە سەرکۆنەکان
بە ڕەنگی سپی نووسیت: ژیان.

دوو منداڵ/ دوو فریشتە
کە چەند هەنگاوێک
لەولا بۆسەی جەردەکانی شەوەوە
خەویان پێداکەوتبوو
دوو منداڵ/ دوو فریشتە
کە هێندەی چاوتروکانێکیان مابوو
بەدەم خەیاڵەوە
بگەن بە دەستەیەک لە مرۆڤانی/ مرۆڤخۆر.

دوو گوڵاڵەسوورە/ دوو دەنک بەهێ
زۆری نەمابوو هەڵبدرێنە ناو مەنجەنیقی
بێڕەحمییەکانی کۆمەڵ
دوو بێدەرەتان خەریکبوون
بکەونە سەرزاری ئەوانی وەک دەڵ
دوو ڕێبوار/ دوو سەرهەڵگرتوو
ملیان بە ڕێگای نەهاتەوە نابوو
کە تۆ بوویتە سەیوانیان
بوویتە ئامێز
بوویتە گەرمایی
بوویتە سۆز و
دڵنەوایی
بۆ ئەوان/ ئەوانی بەر تۆفان
ئەوانی هەڵهاتوو لە چنگی ژیان.

(وچانێک)

بە ڕۆیشتنی تۆ
ئێمە گوڵەباخ لە دەست دەدەین
چیمەن
حەوشە
گوڵی هەنار
دارنارنج و
سەربان
خۆرەتاو/ مانگ
بۆنی سێو
تامی زەیتوون
خولیای سەرمان.

ئێمە زۆر شەوان مانگمان بینیوە کە خەوتووە
لە پاش تۆ هیچ مانگێک نابینین!
لە پاش تۆ ئێمە مانگمان نییە!
مانگەکەی ئێمە تۆ لە کوێی؟

(وچانێک)

تۆ ئێمەت لە ڕۆژی ١٦/٣ ی شاری هەڵەبجە پاراست
تۆ ئێمەت لە گەرداوی ئەنفال دەرباز کرد
ئێمە دوو گوندی بچکۆلەی قەدباڵی چیایەک بووین و
تۆ نەتهێشت بکەوینە بەر شەپۆلی ڕاگواستن
ئێمە دوو گەنجی باریکەلەی سەر شەقامێکی سلێمانی بووین
تۆ نەتهێشت ملازم موحسین بە بینینمان خوێن بیگرێت و
هەر لەوێدا گولەبارانمان بکات
ئێمە دوو منداڵ بووین لەگەڵ ٤٠ منداڵی دیکەدا بۆ دەستڕێژی فیشەک ڕیزکرابووین
تۆ هیوایەکی وەهات پێداین ئێمە باڵبگرین.

ئێمە دوو پێشمەرگە بووین لە زیندانی ئەبووغرێب
لەگەڵ ژماردنی کاتی گەیشتن بە سێدارە
سروودەکانی ڕەنجدەران لە گەرووماندا
ئێمە دوو شەڕڤان بووین لە عەفرین
لە پاڵ گرمە گرمی بۆمبێکدا
(ئەی ڕەقیب)مان دەبێژا
ئێمە دوو گەریلا بووین لە دامێنی چیا
بەدیار چاوی تیژی درۆنێکەوە
(نەخشەی کوردستان)مان بەسنگەوە
ئێمە دوو خەباتگێڕبووین لە دەشتێکدا
لەتەک هوژە..هوژی موشەک
(ئاڵای کوردستان)مان هەڵکردبوو
تۆ وەک دەستی خودایەک
کە دەمێکە مرۆڤی پشتگوێخستووە
هاتیت و بۆ ئاسمانت هەڵکێشاین…
بە لەدەستدانی تۆ ئێمە دوو مەسیح
هەریەک خاچی خۆمان بە کۆڵەوە و
شار تەی دەکەین
کۆڵان… کۆڵان
شەقام… شەقام
بۆ ڕۆژانێک تۆ لێرەبوویت
بۆ ڕۆژانێک تۆ چەتربوویت
لە پاڵ تۆدا
ئێمە دوو شۆڕگێڕی سەربەرز
دەم و داوێن و دەست و دەرلینگ و دەمار و دینارمان پاک
کە لێرەنیت
دەم و دەمارمان بەسترا
داوێن و دەرلینگمان دڕا
دەست و دینارمان شکا
هۆ خەڵکینە پێمان بڵێن:
لە کوێیە خوا؟

(وچانێک)

بە دڵشکاوی ڕۆیشتی
لە سەردەمێک کە لەگەڵت سۆزی نەبوو
ڕۆرگارێکت بەجێهێشت
ڕووی لێت نەبوو
بە بێگەردیت باکی نەبوو
چاوقاییم بوو/ پەردەی نەبوو

تۆ پەڵەیەک خەڵکت جێهێشتن
کە مایەی نیگەرانیت بوون
ئەهلی بێ دڵی و
قسەی ڕەق
سەرمەستی حەز
شەیدای بەها پوچەکانی
دنیای سەرمایەداریی بوون

تۆ بێدەنگ بووی
تۆ پەرێشان
لەبەردەم مرۆڤ
چلۆن خۆی لەبیرچۆتەوە
نەتدەزانی بۆچی وەها
بەهای دڵان کاڵبۆتەوە
هەرچی دێت و
لاف لێدەدات
بە جانتا و
بۆن و
مەکرەوە
سەیرێک ناکات
چەند سادەیە
چەند بێخەون و
بێ بادەیە
سەیرێک ناکات
چەند گوناهە
نرخی خۆی داوە بە بادا

ئەو نازانێ بەڵێ ڕاستە
مارکە بەرزە
براند بەرزە و
کولیتی زۆر بەرزتر
ئەوەی گچکەیە و
هەتاکو دێت هەر کچکەتر
هاکا نەما و بووبە هەڵم
خۆیەتی و لە خۆی واوەتر

تۆ کە لە نەسلی باران بوویت
کەڵکی تۆی نەمابوو ژیان
تۆ کە بەخشندەیی خودا و
ئارامی ئەیوب لە گیانتدا
بێ باکانە/ دڵتەگانە
شەوگارت دەبەست لە ڕۆژان.

ئێوە نەوەیەک کە دەڕۆن
لەگەڵ خۆتان زۆر شت دەبەن
پێمان بڵێن.. بەر لە ڕۆیشتن
چی بکەین بۆ ئەوەی دوای ئێوە
بڕێک وەک ئێوە مرۆڤ بین؟
چی بکەین بۆ ئەوەی پاش ئێوە
وەکو ئێوە فریشتە بین؟

بۆ وادەڕۆن؟
دنیا بۆچی واچۆڵ دەکەن
کێ دەتوانێت بەبێ ئێوە
بەرگەی بگرێت و
درەختێک بێت بە پێوە؟
وەها دنیاکەتان چۆڵ کرد
هەر دەنگێ دێت
هەر بە تەنیا دەنگدانەوەی خۆی دەبیستێت
هەر ڕەنگێک دێت هێندە نابات خۆی بیردەچێت!

ئێوە مرۆڤانێک بوون
کە خودا لە پارچەی خۆی
لە دڵی خۆی
لە ڕووناکی و
لە پاکی خۆی
ڕەوانەی زەمینی کردن
تاکو نیشانمانی بدات
بە چ جۆرێک هێزی هەیە
مرۆڤی پەتی وەکو خۆی
مرۆڤی ڕوون و
بە نرخ بەدیبێنێت..

ئێوە کە جێگەی ئومێدی خودا بوون
کە نیشانتان دەدا مرۆڤ تاکو کوێ
هێزی هەیە هەر مرۆڤ بێت
ڕۆیشتن و بە بێزاربوون
پشتان کرد لە سەردەمێک
هەموو شتێک تێیدا بە نرخە
مرۆڤ نەبێت!




گۆرستانی دەریای ناوەڕاست.. عوسمانی حاجی مارف

سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تێکڕای ساڵانە ٣٢ هەزار کەس لە ڕێگەی قاچاخەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بەجێدەهێڵن، ئەم ژمارەیەش لە ماوەی سێ ساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی ٩٦ هەزار کۆچبەر، دەزگای لوتکە بۆ پەنابەران و ئاوارەکان ئاماژەی بە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر کردوە کە زیاتر لە ٧٦٠ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقەوە کۆچیان کردووە، گومانی تێدا نیە سەختی باری ئابوری و بژێوی هۆکارێکی دیاری ئەم قەیرانەیە، بە تایبەت ئاستی بەرزی بێکاری لە نێو گەنجاندا بەشداریەکی بەرچاوی لە قەیرانی کۆچکردندا هەیە، نادڵنیایی لە دیمەنی دۆخی ناجێگیری سیاسی و نائەمنی کار لە هۆکاری ئەم کۆچکردنەن.

ژیانی فرعەونی و سەختی ژیانی نەبونی و هەژاری و کاری تاقەت پروکێن و نائەمنی، وێنایەکی ئەوپەڕی نایەکسانیە  کە لە عێراق و هەرێمدا دامەزراوە. ئەم واقعە مایەی داڕشتنی بێئومێدیەکە ، بێکاران و نەداران نازانن لەکۆێی ئەم کۆمەڵگەیەدا بەڕەنگاری بکەن،  تا نەبنە قوربانی، قوربانی بونی خەڵکی زەحمەتکێش بۆتە نیشانەکانی مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە.

 ئینسانەکان کاتێ رێکخراونین وەک تاك لە کوردستاندا خۆیان لە نێوان دوو بژاردەدا دەبیننەوە، یان خۆیان ئەدەنە پاڵ پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان بۆ ئەوەی دەستکەوتێک لە ژیانیاندا بەدەستبهێنن، کە ئەم ئیمتیازە بۆ هەمو کەس مسۆگەر نیە، یان لەبەردەم بێئومێدیەکی چەسپاودا رێگایەکی تر بۆ چارەنوسێکی نادیار دەگرنە بەر، بریارێک بۆ ژیانێکی نادیار و خەیاڵی یا مردن. ئەم سیستەمە نادادپەروەرە، ڕق و کینە و ژینگەیەکی ژەهراوی بۆ گەنجان و خێزانەکان دروست کردووە.

باڵادەستی و سەپاندنی تاڵانی و گەندەڵیەکی سیستماتیکی بەربڵاو، لە هەمان کاتدا نەبوونی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک، ئەو داینامیکەیەیە کە بێئومێدی تەواو دەچەرخێنی و بازاڕی دڕندانەی قاچاخچیەکان گەرم دەکات، پەنابردن بۆ دەریای ناوەڕاست  دەبێتە شانسی مان و نەمان.

کۆچکردنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبون لە عێراقدا و بەرێگەی قاچاخ، دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عیراق، کە فشاری سەربازی بە زۆر و ناردنی سەربازەکان بۆ بەرەکانی شەڕ، ناچاری هەڵاتن لە سەربازی کردە ئەمری واقع، ڕێگایەک بۆ خۆپاراستن لە پەلاماری دەزگا سەربازی و سیخوریەکانی حکومەتی بەعس، بەجیا لە خۆشاردنەوە لە لادێکان و شاخەکان و ئەهوارەکان کە پەناگایان بون، کۆچکردنیش بۆ دەرەوەی ووڵات هەڵبژاردەیەکی تر بو.

بەدوای جەنگی خەلیج و ڕاپەڕینی جەماوەری لە عێراق و کوردستاندا، دیاری کردنی نۆفلایزۆن بۆ کوردستانی عێراق و دامەزراندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ، هەڵگیرسانی شەڕی چوار ساڵەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، ئاکامی خوڵقاندنی دۆخێکی تەواو پرکارەسات و نائەمن و وێرانکاریان خستە بەردەم ژیانی دانیشتوانی کوردستانەوە، ئەم هەڵبژاردەیە بۆ دەرەوەی ووڵات،  بووە هەڵبژاردەیەکی سەرەکی.

ئەو دۆخە خوڵقێنەری تەواو بێئومیدی و نەمانی ڕۆشنایی لە ئایندەی کوردستاندا کردە چارەنوسی ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە، هەر لەو دەورانەدا کۆچکردنی بە کۆمەڵ بووە شەپۆل و هێرێش و نەریتێک کە تا ئێستا ئارام نابێتەوە ودانامرکێتەوە.

هەزاران کۆچبەر کە تامەزرۆی دەربازبونن لەو واقیعە سەختەی کە پێی ناڕازین و بەدوای پەناگەیەکی ئارامدا دەگەڕێن لە ڕۆژئاوا، بەتایبەتی لە ئەوروپادا، بۆ ئەو پەناگایە دەریای ناوەڕاست بۆتە گۆڕستانێکی ئاوی. وەرگەڕانی بەلەمە قەرەباڵغەکانی ئەم دواییە، کە گیانی زیاتر لە ٧٠ کەسی لێ کەوتەوە، بەهەر قوربانی دانێکەوە تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی ژمارەی کۆچبەرانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوروپا.

واتە دوای ٣٢ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، بە دوای تاڵانی و کەڵەکەکردنی گەوەرترین سەرمایە لە داهاتی کوردستان، بەهیچ جۆرێک نەیان ویست و هەوڵیان نەدا ئاوڕێک لە نائارامی و ناجێگیری و نائەمنی ژیانی دانیشتوانی کوردستان بدەنەوە، نمونەی بێپرەنسیپترین و بێبەرپرسیارترین دەسەڵاتن، بەردەوام ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بە بارمتە گرتووە بۆ بەرژەوەندیەکانیان، بۆیە بەبێ کۆتایی دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵیە، حەتمیە کە کۆچکردن و ئاوارەبون و قوربانیدانی بە کۆمەڵ ڕاناگیرێت، چونکە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری یاسا لە کوردستاندا پێناسەکەی لە پەیوەند بە خەڵکەوە بە هیچ جۆرێک بەئەرێنی مانایەکی نەماوە.




سەرمایەداریی ناوێکی تری پیاوسالارییە.. مۆنۆلۆگی دوازدە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی دوازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: جارێک پرسیاریان لێکردم لە بارەی مێژووی خۆشەویستی، بەلامەوە پرسیارێکی گەورە و تا راددەیەکیش بێ مانا بوو، نامەوێت خۆشەویستی بخەمە ناو مێژووەوە بەڵکو لە دەرەوەی مێژوو دەیھێڵمەوە، ئەو شتەی بکەوێتە ناو بازنەی کاتەوە، کۆتایی ھەیە وەک چۆن سەرەتای ھەیە. پێناسە میتافیزیکییەکان بۆ خودا ئەوەیە زاتێکە لە دەرەوەی شوێن و کات، ھەر توخمێک لە دەرەوەی کات بێت بە واتای ئەوەشە خودێکی نەمرە، ھەر بۆیە ھەوڵمداوە خودا بە خۆشەویستی یان خۆشەویستی بە خودا پێناسە بکەم، ئەمە روانگەی “ئۆشۆ”شە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت سروشتێکی خودایی ببەخشمە خۆشەویستی، بۆ ئەوەیە بیسەلمێنم خۆشەویستی نەمرە و قابیلی ئەوە نییە بخرێتە ناو چێوەی کاتەوە.
خۆم: مرۆڤی عاشق بەدەستی خۆی مێژوو دەنووسێتەوە، نەک مێژوو بینوسێتەوە، لە “گیرفانی پاڵتۆی” ھیچ کەسەوە نەھاتۆتە دەرەوە، بەڵکو کەسانی تر لە کۆشکی ئەمەوە سەر دەردەھێنن، مرۆڤی عاشق کوێرە و سەرسام نییە بە ھیچ کەسێک جگە لە مەعشوق، کە دەیەوێت لە پرۆسەیەکدا لەگەڵیدا بچێتە دۆخی یەکبوونەوە. دەکرێت بڵێین عاشقەکان ئەوانەن تا چڵەپۆپە ئازادییان بەدەستھێناوە، ھەڵەش نییە ئەگەر بشڵێین رۆحێکی کۆیلە و کۆنترۆڵکراویان ھەیە! چون ھەموو ھەوڵێکیان بۆ راگرتنی دڵی مەعشووقەکانە. مرۆڤ لە کردەی خۆشەویستیدا لە یەک کاتدا ھەم جوانی دادەھێنێت ھەم جوانیش دەیترسێنێت، ئاخر عاشقبوون رەوشێکی دەروونی ترسناکە، بەو پێیەی لەو پرۆسەیەدا مرۆڤبوونی خۆی بەرەو بوونەوەرێکی سەرتر جێدەھێڵێت، بەرەو شتێکی بەرزتر لە ئینسان ھەنگاو ھەڵدەگرێت، دەبێتە خودا!. بەدیتنی خۆم سوپەر مرۆڤەکەی نیتچە “ئەوەی گەیشتۆتە دوای پلەی ئازادیی و رەھابوون” بەجۆرێک لە جۆرەکان عاشقەکانن، ئەمە بێ نکۆڵیکردن لەو دیمەنەی ھەردەم عاشقەکان بەرامبەر واقیع، پاسیڤ و دەستەمۆن، بەڵام ئازادیی یان با بڵێین بەختەوەرییەکی دەروونیان بەدەستھێناوە.
من: ئەوەی بۆ من لە ھەر بابەتێکی زیاتر جێی بایەخە، خۆشەویستییە بە مانا ئەبستراکتەکەی. ھەمیشە تێکۆشاوم لە پێناو دۆزینەوەی نوێترین میتافۆر بۆ باسکردن لەم چەمکە، ویستوومە بە دیالێکتیکێک قسە بکەم ھەرگیز بەو فۆرمە گوزارشت لە ناوەڕۆکی خۆشەویستی نەکرابێت، زمانی من بۆ پەسندانی خۆشەویستی جیاوازە لەو رستە کلاسیکی و سواوانەی ھەمیشە ساکارانە لە ستایشی خۆشەویستیدا دەردەبڕدرێن، خۆشەویستی وەک سزا یان بەختەوەریی نابینم، خۆشەویستی وەک فاکتۆر بۆ نەمریی و گوزارشتکردن لە مرۆڤبوون چاو لێدەکەم، لە ھەموو شتێکدا و لە ھەموو شوێنێکدا، لە سەرەتا و کۆتاییدا خۆشەویستی دەبینم، وەک وتم خۆشەویستی ئەبستراکت ستراتیجی ژیانمە.
خۆم: کەواتە تۆ دەتەوێت بڵێیت، خۆشەویستی کردەیەکە لە چەشنی مۆمیاکردن، ھەڵماندەگرێت و دەمانپارێزێت بۆ مێژوویەکی ئێجگار دوور و درێژ. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی ھەمیشە رەھەندێکی رۆحیی و ھەستەکی قووڵی ھەیە، کەچی ئەوەی جێگەی تێبینییە تۆ ھەوڵت بۆ ئەوەیە خۆشەویستی رەھەندی جەستەیش بگرێتەوە. زۆربەی جار غەریزە بکوژی خۆشەویستییە، نەک زۆر جار بەڵکو ھەموو کات.
من: قسەکانی خۆمم بیرە، پوکانەوەی مێشکم رووداوێکی بایۆلۆجییە، بەڵام گەشەکردنی بیر و گۆڕانکاریی ئەندێشە و پەرەسەندنەکانی ناو مێشکم دیاردەیەکی فیکریی. ھیچ کات خۆشەویستی لەسەر رەتکردنەوەی لەمس و ئاوێتەبوونی جەستەکان رانەوەستاوە، ئەمە دیدێکە بارگاوییە بە سۆفیزمێکی کوێرانە و بەرتەسک، خۆشەویستی لە رێی جەستەوە مانا پەیدا دەکات، وەک چۆن نیشانەکانی لەسەر رووخسار و بە جەستەوە دەردەکەون، ھەروەک شیعرەکەی “ژاک پریڤێر” ئاماژەی بۆ دەکات “تەنانەت ئەگەر تۆش بە چاوێکی جوانەوە نەیبینی.. دیمەنەکە ناشرین نییە.. ئەمە چاوی تۆیە لەوانەیە خراپ ببینێت”.
خۆم: پێداگریی لەسەر خستنە ناوەوەی پەیوەندیی جەستەیی بۆ ناو بازنە رۆحییەکەی خۆشەویستی، ھەمیشە ویستێکی نێرانەی لە پشتە ئەگەر نەڵێم ویستێکی غەریزیی پیاوانە. زۆرجار نێرینە دوای مەست و حەیرانبوونی لە پەیوەندیی جەستەیی دنیای خۆشەویستی ژن جێدەھێڵێت، لە راستیدا جیھانێکی شێواو و رووخاو وەک شوێنەواری جەنگێکی ناڕەوا جێدەمێنێت، ئەمە تراوما راستەقینەکەی ژنە لە تێکەڵاوکردنی جەستە لەگەڵ خۆشەویستی.
من: ئێمە ناتوانین دوو دەستەواژە بە جیا بەکاربھێنین “جەستە و خۆشەویستی” لە سۆنگەی ئەوەی خۆشەویستی پەیوەندیی جەستەیش لە خۆ دەگرێت. ئەو کێشەی تۆ باسی دەکەیت، تەنیا دیوە فۆرمالیستییەکەی بابەتەکەیە، چون بەم پێوەرە سێکس دەبێتە دیاردەیەکی بایۆلۆژیی ناچاریی نەک سەرچاوەی شادیی، ئەم دیدە دەکرێت فاشیزمیشی لەسەر بینا بکرێت، فاشیزم لە دوا رەھەندیدا بریتییە لە مەرگپەروەریی و قێز لە ئیرۆسییەت. جیا لەمە لە خەیاڵدانی پاتریارکی یان ئەو دیدە خێڵەکییەی بیرکردنەوەی ئێمە ئاڕاستە دەکات، ھەموو کات لە سێکسدا نێرینە وەک سوبێکت وێنا دەکات، لە بەرامبەردا وەک ئۆبێکت لەویتری مێینە دەڕوانێت، ئەم تێڕوانینە ژەھراوییە وای لە ژنی ئێمە کردووە نەک لە سێکس بترسێت، بەڵکو لە ھەر پێکگەیشتنێکی غەریزیدا ھەست بە دۆڕان و گوناھباریی بکات. خۆشەویستی ئەم ھاوکێشە لاسەنگە ھاوسەنگ دەکاتەوە، کە دواجار سێکس کردەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوو رەگەزە و ھەردوولا وەک یەک سوبێکتن. “ئێمە لێرەدا گریمانە لەسەر پەیوەندیی سێکسی نێوان ھەردوو رەگەزی مرۆڤایەتی دەکەین”.
خۆم: مادام وایە با زیاتر خاڵ بخەینە سەر پیتەکان. پیاو “نێر”ی ئێمە ھەمیشە بۆ پەیوەندیی جەستەیی بیانووی خۆشەویستی پێیە، تەنانەت شیعری عاشقانەی نوخبەکەش بۆ دروستکردنی ژنێکە بە دڵی پیاو، ئەمەش بە ناوی ئازادییەوە بەسەر بیرکردنەوەی ژناندا دەسەپێنرێت، بە واتایەکی تر تێڕوانینی نوخبەش بۆ بەرھەمھێنانی ژنێکە تەنھا جەستەی ئازاد بێت و شێوەی جلەکانی وەک کچانی فۆتۆ مۆدێل بێت، ئەمەش تەنیا ئارایشتێکی عەقڵی پیاوسالارییە.
من: دەستت خستە سەر برینە مەترسیدارەکە. دیدی زاڵ ئەوەیە ئازادیی مێینە لە بە کاڵاکردندا دەبینێتەوە، ئەمە تەنیا بەرھەمی عەقڵی کۆنسەرڤاتیزمی رۆژھەڵاتی نییە، ئەمە نۆرمێکە سیستمی کاپیتالیزم برەوی پێدەدات، کۆمپانیا و فابریکەکان لە پشتی ئەم دیاردەیەوەن، جەستەی ژن وەک ماتریاڵێک بۆ بزنس و ریکلام بەکاردەھێنن. ئەوەش راستە ھۆشی دەستەبژێری رووناکبیریی ئێمە “کورد” لە ناو ھەمان گووتاری نێرسالاریی سەرمایەدارییدا دەخولێتەوە، تەنانەت شیعر کە زمانی ھەستێکی رووتە بۆتە بەشێک لەو پرۆسەی بە کاڵاکردنە. ئەمە قسەیەکی “ئەدۆنیس”م لە بارەی “نزار قەبانی” وەبیر دەھێنێتەوە وەختێک وتی “لەو بڕوایەدام قەبانی شاعیرێکی گەورەیە، بەڵام سەیرکردنی بۆ ئافرەت بە پەسەند دانانێم، چوونکە رواڵەتیانە یارمەتی ئافرەت دەدات بۆ ئەوەی لە کۆت و بەندەکان خۆی رزگار بکات، وای لێکردووە بە پێی ئارەزووەکانی ئەو بایەخ بە جەستەی خۆی بدات، بەڵام خۆی لە قەرەی رەگوریشە قووڵەکانی مەسەلەی ئازادبوون نەداوە”.
خۆم: دیدی پیاوسالاریی سادیزمە و بەرخوردەکانیشی بۆ ژن دۆزەخە، مارکیز دی ساد “ئەوەی نەخۆشی سادیزم بە ناوی ئەوەوە ناونراوە” لە نامەیەکدا بۆ ھاوسەرەکەی دەنووسێت “ئۆرگازمی راستەقینە لە مەرگدایە”. دروست ئەمە دیدی پیاوسالارییە بۆ ژن، ھەموو ئۆرگازمی پیاوانەی خۆی لە مەرگی رۆح و دەروونی مێینەدا دەبینێتەوە. من ھەمان بۆچوونی “کالیکس”م ھەیە کە ئالان بادیۆ بیرمان دەخاتەوە و بەپێی روانگەی ئەو مرۆڤی شاد “happy man” کەسێکی ستەمکارە و بە میکانیزمی توندوتیژیی زاڵ دەبێت بەسەر ئەویتردا. لە راستیدا پیاوی شاد “لە زمانە ئەوروپییەکاندا دەستەواژەی پیاو بۆ مرۆڤ بە کاردێت” ئەوەیە بە ھۆکاری توندوتیژیی مێینە رام و کەوی بکات. بۆیە ئەم مرۆڤە شادە نەک نازانێ خۆشەویستی چییە، بەڵکو پەیوەندییە جەستەییەکانیشی لەگەڵ ژن جۆرێکە لە لاقەکردن.
من: سەرمایەداریی ناوێکی تری پیاوسالارییە. ئەگەرچی بە رواڵەت وا دەردەکەوێت ئەم سیستمە تەکانێکی بە ئازادیی و دەستەبەری مافی مرۆڤ داوە، کەچی لە راستیدا ئەم تەنیا دیوی دەرەوەی ئەم باوەڕە ھەڵەیەیە، فوکۆ لە کتێبی “دیسپلین و سزادان”دا بە روونیی تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسە، ئەو بەوردی ئەو ھێڵە درامییەی ستەمکاریی دەدۆزێتەوە کە لەسەردەمی دێرینەوە درێژ بۆتەوە بۆ سەردەمی سەرمایەداریی “مودێرنە”. ئەو لەوێدا پێیوایە ئەوەی گۆڕاوە تەنیا شێوازە ئاشکراکەی سزادان و کۆنترۆڵکردنە، ئەگەرنا لە سەردەمی مودێرندا ئەم داپڵۆسین و جڵەوکردنە بە شێوەی شاراوە و بێ ویژدانانەتر بوونی ھەیە، ئەویش پێش ھەر شتێک دەست بەسەرداگرتنی بیر و ھۆشە لە رێی کارگە و قوتابخانە و دامەزراوە سەربازییەکان و دەسەڵاتی ماسمیدیاوە، بە دیتنی فوکۆ ئەمانە جێگەی زیندانە نەریتییەکانی “چاخی کلاسیکی”یان گرتۆتەوە. کەواتە خودی سەرمایەداریی سروشتێکی دڕندەی ھەیە، لەسەر باڵادەستیی چین و توێژەکان بینا کراوە، لەم نێوەندەدا مێینە چەندان جار چەوساوەترە، ئەمە دووپاتکردنەوەی قسەکەی “ئەنگلس” نییە بەڵکو فاکتێکی روونە، ئەو مافەی سەرمایەداریی بە مێینە داوە تەنھا مافی بە کاڵابوونە.
خۆم: کرۆکی قسەکردنمان لە بارەی خۆشەویستییەوە بوو، بەڵام خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا دەکرێت، مرۆڤیش مەحکومە بە جۆری بیرکردنەوە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی. جارێک ئەریستۆ وتی “لە ناو ھەموو زیندەوەران تەنیا مرۆڤ دەتوانێت پێبکەنێت”، بیر لەوە دەکەمەوە تەنیا مرۆڤیشە دەتوانێت خۆشەویستی بکات، تەنیا مرۆڤیشە دەتوانێت بگریێ و ببێتە ھۆکاری گریاندنی مرۆڤی تر. بۆ ئەوەی خۆشەویستی بگەڕێتەوە ناو دڵی ئینسان، دەبێت جارێکی تر دەستکاریی دنیا بکەین، ھیچ نەبێت لانیکەم وەک “ئۆرھان پامۆک” بوێر بین و بڵێین “بیر لەوە دەکەمەوە، لە چاوی ژنانەوە باسی دنیا بکەم”. سەیرکردنی دنیا لە چاوی ژنەوە لانیکەم کۆمەکمان دەکات بۆ راستکردنەوەی ئەم جیھانە لنگەوقوچەی ھەنووکە کە ھیچ خۆشەویستییەکی تێدا نەماوە.
من: منیش پێموایە بۆ ئەوەی خۆشەویستی بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانمان، پێویستە ماڵی ئەندێشەمان لە نێرسالاریی پاک بکەینەوە، ئەوەی من دەتوانم بە دڵنیاییەوە پێت بڵێم ئەمەیە: ھیچ پیاوسالارێک ناتوانێت خۆشەویستی بکات.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

٩-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: یانزە و دە خولەکی پێش نیوەڕۆ
نەخۆشخانەی بیلەفێلد میتە




زیـرەکـتریـن منـداڵی جیهـان.. رەزا شـوان

لەو باوەڕەدام بە خوێندنەوەی ئەم نووسینە، هەمـووتان سەرسامی بلیمەتی ئەم کچۆڵە ئەمـریکـییە دەبـن. کە لە تەمـەنی دوو ساڵیـدا بـوو بە بچـووکتریـن ئەنـدامی “مێـنسا”.
کچۆڵەی بلیمەت (ئـیسلا مەکـناب) لەدایکبووی ساڵی (٢٠٢٠) ە، لە شاری کـریستوود لە ویـلایەتی کـێنـتاکی لە ویـلایـەتە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریکا. لە تەمـەنی دوو ساڵـیدا، دوای ئەوەی لە تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیـرەکـیدا لە سـەدا (٩٩) نمـرە بەدەستهـێـنا. لە (٢/ حوزەیران/ ٢٠٢٢) بە فەرمی بوو بە بچووکترین ئەندامی مێنسا. ریکۆردێکی باڵای جیهانی لە زیـرەکیدا تۆمارکرد و بە فەرمی ناویان لە تۆماری (گـینس) بۆ ژمارە پێوانەییە باڵاکان تۆمارکرد. خوێ لە دڵی هەمـوو خەڵکی جیهـاندا شـیرین کرد. بووش بە یەکـێک لە رێـژی (١%) یەک لە سـەد دا، کە رێـژەی زیـرەکەکـانە لە جیهـانـدا.

مێنسا رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە. یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین و بە ناوبانگـترین رێکخـراوەکانی جیهـان. مێـنسا رێکخـراوێکی نموونەییە، بۆ ئەو کەسە زیرەکانەی کە لە تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیرەکیدا نمرەی لە سەدا (٩٨) یا زیاتریان بەدەستهـێناون. ئاستی زیرەکیان زۆر بەرزە. واتا ئەو کەسانەی بەڕاستی زیـرەکـن. تاقـیکردنەوەکانی سـتانـداردی مـێـنسـا، زیـاتـر لـە (٢٠٠) پـرسـیاری هـەمـەجـۆرە لـەخـۆدەگـرێـت.

کـۆمـەڵگەی مـێـنسا لە ساڵی (١٩٤٦) لە بەریتـانیـا دامـەزراوە. لە ئێـسـتادا لە زیـاتـر لە (١٠٠) دەوڵـەت لە جـیهـانـدا نـزیکەی (١٤٥) هـەزا ئەنـدامی هـەیە. زیـاتـر (یەک لەسەر سێ)ی ئەنـدامەکانی لە ئەمـریـکا دان، کە نـزیـکەی (٥٧) هـەزار ئەنـدامـن. لە بەریتانیاش (٢١) هـەزار ئەنـدام. مـێنسا کـراوەیە بـۆ بە ئەنـدام بـوونی ئـەو کەسانەی لە سـەرانسەری جیهـانـدا، کە لە تاقـیکـردنەوەکانی زیـرەکـیـدا، نـمـرەی زیـرەکی بـاڵا بەدەسـتدەهـێـنن. گەورەتـرین ئەنـدامی تەمەنی (١٠٦) ساڵە. بچووکترین ئەنـدامیشی، کە ئیـسلا مەکنـابە، تەمـەنی (٢) سـاڵە.
ئیسلا مەکناب، منداڵی چوارەمی جەیـسۆن و ئامانـدە. بەڵام جیاوازی لەگەڵ خوشک و بـراکانیـدا هـەیە. زۆر خـیراتر لەوان زیـرەکی گەشەدەکات و شـت فـێردەبێـت. هـەر لە منـداڵـیـیەوە زیـرەکی دەرکـەوت. کە تەمەنی (٧) مـانگ بـوو، بە وردی سەرنجی وێنە رەنگاوڕەنگەکانی نێـو پەرتـووکە وێنەیەکانی دەدا و لەنێـو پەرتووکەکانـدا، پەرتـووکە وێنـەیەکانی دەناسـییەوە و جیـایانی دەکـردەوە. پەنجـەشی دەخـستە سـەر وێنـەی ئـەو شتانەی کە لە ماڵیانـدا هەبـوون. لە تەمەنی یەک ساڵـیدا فـێری فـۆنێتیکی هەر (٢٦) پیتەکانی ئەلـفـوبێی زمـانی ئینگـلیزی بـوو. هەمـوو رەنگەکانیـیشی دەناسی و ناویانی دەوت. فـێری ژمـاردن بـوو.
لە تەمەنی (١٨) مانگـیدا، بەبێ یارمەتی هەر خـۆی فـێری ئەلـفـوبێی ئینگـلیزی بـوو. ئایا پێتان سەیر نییە، کە منداڵێک لە تەمەنی دوو ساڵیدا، بێ ئەوەی کە کەسێک فێری کردووبێت، بەبێ کـێشە دەست بە خوێندنەوەی پەرتووک بکات و بتوانێـت بنووسێت؟
لە یادی رۆژی جەژنی دوو ساڵەی لەدایکـبوونی ئیـسلادا، پـووری (خوشکی دایکی) تابـلـێتـێکی پلاستـیکی نووسـینی سـڕاوەی، بە دیـاری پێـشکەش کـرد. کە لە ئێستادا زوربەی منـداڵان لە ماڵـدا هـەیـانە کە پێنووسـێکی تایبـەتی لەگـەڵ دایـە.
(جەیـسۆن مەکنـاب) ی باوکی ئیـسلا، لەسەر تابـلێـتەکە وشەی (سـوور) ی نووسی. ئیسلا یەکسەر بە دەنگێکی بەرز خوێندییەوە و وتی: سـوور. دایک و باوکی سەریان سوڕما و کەوتنە گومانەوە. بۆ دڵنیایی باوکی ئەم وشانەشی نووسی (شین)، (زەرد)، (وەنەوشەیی)، (پشـیلە)، (سـەگ). ئیسلا بە دەنگی بەرز هەر هەموویانی خوێندەوە. بێجگە لەوەش، ئیسلا فـێری زمانی ئاماژەیی ئەمریکیش بووە. دایک و باوکی واقیان وڕما کە ئەم زمانە لەکوێوە فـێربـووە؟! توشی شـۆکیش بـوون، کە بە دەنگێکی بەرز بۆ یەکـەم جـار. پەرتووکی (پـیـت پـشـیـلە) ی بۆیـان خـوێـنـدەوە.
دایک و باوکی لـێرەوە بۆیـان دەرکەوت، کە ئیسلای کچـیان بـلیمەت و ناوازەیە. بەڵام چاوەڕوانی ئەوەیان ناکرد، کە ئیسلا لەم تەمەنەدا، ببێت بە بچووکترین ئەنـدامی مێنسا و ریکۆردێکی باڵای جیهانی لە ئاستی زیرەکیدا بەدەست بهـێنێت و لە تۆماری (گینس) بۆ ژمـارەی پێـوانەیی جیهـانی تـۆمـار بکـرێـت.
دایک و باوکی کۆمەڵـێک پیتی پلاستیکی و موگناتـیزی و قـەدیـفەییان بۆ کڕی. لەناو هـۆڵەکەیاندا، بەم پیـتانە لە بەردەم کورسییەکیانـدا نووسی (چ ێ ر) چـێر، لە بەردەم قەنـەفـەکـەشـیان نـووسی (س و ف) سـوف. لەســەر سـنـدوقـێکی کارتـۆنیـش لەنـاو چێشتخانەکەیان نووسی (م و م) مـوم، واتە دایکە. تەنات کە پشیلەکەشی پاڵکەوتبوو. لە بەردەمیـدا نـووسی ( ک ە ت) کـەت، واتە پـشـیلە. بێجـگە لەوەش لەسەر رێـڕەوە چـیمـەنتـۆکەی دەوری خانـووەکەشیان، بە تەباشـیری رەنگاوڕەنگ، چەنـدیـن وێنەی کێشا و چەندین وشەی نووسی. هەر لەم تەمەنەدا زیاتر لە (٥٠٠) وشە فـێربـوو. بە ئاسانیش بۆ پێـشەوە و بۆ دواوە تا (٢٠٠) ی دەژمـارد. بە ساکاریـش فـێری کـرداری کۆکردنەوە و لێدەرکردن بوو. لەم تەمەنـدا چـوار پێـنج پەرتووکی دڵخـوازی وێنەداری دەخوێندەوە. لەوانەش پەرتووکی: زنجیرەی (پیـت پشـیلە)، (چیکا چیکا بـوم بـوم) کە منداڵان لێیانەوە فـێری ئەلفوبێ ئینگلیزی دەبن، پەرتووکی (کاترپیلەری زۆر برسی) و پەرتووکی (کەوتنە خـوارەوەی پیتەکان). ئەم چیرۆکەی بەلاوە زۆر خۆشبوو، پیتەکان سەردەکەون بۆ سەر دارێـک و دوایی هـەمـوویان دەکـەونە خـوارەوە. ئیـسلا بە پیـتە باغـەییەکانی ئـەم چـیرۆکەی پـراکـتـیـزە دەکـرد و دوایی دەیـڕمـانـدن. ئەلـفـوبێ بەلای ئیـسلاوە وەک یـاری وابـوو.
ئەگەرچی ئیسلا منداڵێکی بلیمەت و پەرجۆیە. لەگەڵ ئەوەشدا منداڵێکی سادە و ئاسایی و خاکییە. منداڵـێکی کۆمەڵایەتییە، رووخـۆش و لێـوبەخەنـدەیە. بە ئاسانی پەیـوەنـدی هـاوڕێتی دروست دەکات. وەک هـەر منداڵـێکی ئاسایی چـێژ و خۆشی لە منداڵیی خۆی وەردەگـرێـت، لای مامۆسـتاکەی خـۆشـەویـسـتە و لە دڵا شـیریـنە. بێـجگە لە بەهـرەی ناوازەی لە خوێنـدنەوە و لە نووسین و لە کـردارەکانی بیـرکاریـدا. هـۆگـری پەرتووک خوێندنەوە و پەرتووکخـانەیە. یاری لەگەڵ پشیلەکەی (بـووگەر) و لەگەڵ هـاوڕێکانیدا دەکات. ئارەزووی وێنەکـێـشان و هـەڵهـێـنانی مەتـەڵ و دۆزینـەوەی پیـتە نادیـارەکانی وشەسازیی هـەیە. سـەیـری فـیلـمی کارتـۆن لە تەلـەفـزیـۆن و بەرنـامـەی منـداڵان لە یوتیـوبدا دەکات. ئیسلا هـەردەم سەرقـاڵی خوێندنەوەیە و فـێربـوونی زانـین و ناسینی شـتی تـازەیە. سـاتەکانی دانیـشـتـن لەگـەڵ ئـیـسلادا، پـڕن لـە خـەنـدە و لە پـێکەنـین.
لەوانەیە لە یەکەم نیگـادا، ئیسلا وەک منـداڵێکی ئاسایی دوو ساڵان دەرکەوێت. بەڵام دەتـوانێت ئەو کارانە بکات کە لە ئەندێشەی کەسدا نییە. دایکی بۆ زیاتر کەشەکردنی بەهـرەی ئیسلا، پێـیوایە پێویستی بە بەرنامە و بە وانـەی تایبـەتیی فـێرکـردن هـەیە.

لە سەرەتادا دایک و باوکی نیگەران بـوون، لەوەی کە ئیسلا وەک پێویست ناخەوێت، بەیانیان زۆر زوو لەخەو هەڵـدەسێت. بەڵام پـزیشکی منـداڵان و دەروونناسی منداڵان دڵـنیایان کـردن. ئاسـایە کە منـداڵانی زۆر زیـرەک و بەهـرەمـەنـد کەمـتر بخـەون.
دایک و باوکی ئیسلا (ئاماند مەکناب ـ ٣٨ ساڵ)، (جەیسۆن مەکناب ـ ٤٣ ساڵ) باوکی پزیشکی ددانە و ئەنـدامی کـۆمـەڵەی مـێـنسایە. بـڕیاریانـدا بـۆ زانیـنی ئاستی زیـرەکی ئیسلا، بیـبەن بۆ لا پـزیشکی پسپۆر و زانای دەروونناسی تایبەتی منداڵان، بۆ پشکنین و ئەنجامدانی تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیرەکی. دکتۆرەکانی دەروونناسی ئامادەنەبوون کە بۆ منـداڵی لەخـوار تەمەن چـوار ساڵانـەوە، تاقـیکـردنەوە بۆ منـداڵ بکەن. چونکە بەلایـانەوە ئاسان نیـیە و کـاتیـكی زۆریـشی دەوێـت. بەڵام کـە دایـکی ئـیـسلا چـیرۆکی بەهـرە و نـاوازەیی کچـەکەی بـۆ دکتۆر (ئیـدوارد ئامـێـند) گێـڕایەوە، کە دەروونناسی منـداڵانه. پسـپۆرە لـە تاقـیکـردنەوەی منـداڵانی بەهـرەمەنـد. رازی بـوو کـە بـەدەر لە منداڵانی دوو سـاڵان، تاقـیکردنـەوە بۆ ئیـسلای دوو ساڵان بکات. دکـتۆر ئیـدوارد زۆر سەری سوڕمـا، کاتێ کە ئیسلا هەمـوو وشەکانی سـەر ئەو پـۆستەری بە دەنگی بەرز خـوێنـدەوە، کـە بـە دیـواری نـۆریـنگەکـەیـدا هـەڵـواسـرابـوو. لـە مـاوەی دوو رۆژدا تاقـیکردنەوەی گـشتی ئیسلای کـرد. زۆر سـەری سـوڕما، بە بەهـرە و بە ئاستی زۆر باڵای زیرەکی ئیسلا. کە توانی لە تاقـیکردنەوەی (ئای کیو) دا، لە سەدا (٩٩) نـمـرە بەدەسـت بهـێـنێـت. بەمـەش جـیهـانی سـەرسـام کـرد. بەپـێی گـروپی تەمـەنی ئاستی زیـرەکیی خـۆی، ئاستی زیـرەکی ئیـسلا، لە ئاسـتی زیـرەکی هـەردوو زانـای نـاودار، ئەلـبـێرت ئەنیشـتاین و سـتیـڤـن هـۆکـینگ باڵاتـرە. بـەم ئەنجـامەش ئیـسلای تەمەن دوو سـاڵان، بـوو بـە بچـووکـتریـن ئەنـدامی مـێـنـسا لـە جـیهـانـدا.
لە رۆژی (٢/ حوزەیـران/ ٢٠٢٢) دا، رێکخـراوی گـینس ناوی (ئـیسلا مەکـناب)ی وەک بچووکترین ئەندامی مێـنسا رایگەیانـد. ریکـۆردێکی باڵای جیهـانی بەدەستهـێنا. بە فـەرمی دانیـان بە ئاسـتی زۆر زیـرەکی ئـیـسلا مەکـنـاب نا و نـاویـان لە تـۆمـاری گـیـنس تـۆمـارکـرد و بـڕوانـامـەی بـڕیـاری دان پێـنانیـان پـێـبەخـشی.
ئیسلا لەو کاتەوە هەستی بە ناوازەیی خـۆی کرد، کە تەلەفـزیۆنەکان روماڵی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان بڵاوکردەوە و خۆیـان پێـشان دا و کەنـاڵەکان و میـدیاکان دیـداریان لەگەڵ دایک و باوکـیدا کرد. دایک و باوکیشی ڤیدیـۆکانیان لە یوتیوبـدا بڵاودەکردەوە.
لە ئێـستادا تەمـەنی ئیـسـلا مەکنـاب نەبووە بە چـوار سـاڵ، لە باخچـەی منـداڵان دایە.
دەربارەی داهـاتووی ئیسلا، دایک و باوکی وتیان، دڵـنیانـین کە داهـاتوو چی بە دوای خۆیدا دەهـێنێت. بەڵام گەشبینین کە داهاتوویەکی گەشی لەپێشە و هیواخوازی ئەوەین کە رۆژێـک رۆژان (زانـکـۆی هـارڤـارد) سکـۆلـەرشــیـپ (بەخـشـیـنی خـوێـنـدن)ی پـێبـبەخـشـن. یـان لە پەیـمانـگای ماساتـشوستس بۆ تەکـنەلـۆژیـا وەربگـیرێت. ئەمـە خەونی ئێـمەیە. بەڵام کە ئیسلا گەورتر بوو، ئایا دەبـێـت خەون بە چـیـیەوە بـبـینێـت؟ ئێـستا ئەو منـداڵە و پێـویستی بە یـاری و بە شادی هـەیە، پێـویستی بە چـێژ وەرگرتن لە تـافی منـداڵـیی خـۆی هـەیە.

(*) بۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چەنـدین ماڵـپەڕی ئیـنگـلـیزی وەرگـرتـووە.




نیشتمانێك له‌هاژه‌ی ئاو.. ستار ئەحمەد

هه‌مومان له‌حاڵی بارینا
به‌ئاو ژیرده‌بینه‌وه‌
له‌وه‌ته‌ی سروشت له‌ته‌لقینی ئاو بووه‌ته‌وه‌
مه‌رگی دره‌خت …..
ناونیشانی كه‌ناره‌كان ده‌نووسێته‌وه‌
سه‌رده‌مانێك خه‌ونم به‌تینووه‌كانه‌وه‌ ده‌بینی
ژماره‌ی ئه‌و كه‌ناریه‌ شه‌هیدانه‌م ده‌ژمارد
له‌گه‌ڕانی دڵۆپێك ئاودا وشكده‌بوونه‌وه‌
ئه‌مڕۆ ناخم داگیرساوه‌و
به‌پیتێكی تینوو….
مێژووی ناسنامه‌یه‌ك ده‌هۆنمه‌وه‌
ئه‌م داچوون و هه‌ڵكشانه‌ به‌ره‌هایی خۆزگه‌دا
به‌ربوونه‌وه‌ی دڵی دره‌خته‌كان
ده‌كاته‌ سه‌مفۆنیای هه‌ڵاتن
ترس له‌یه‌خه‌ی به‌های نوێبوونه‌وه‌ ده‌ڕوێنێ‌
نوسین له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ئاوو
مه‌له‌ له‌ناخی رووباردا
خۆدزینه‌وه‌ له‌شه‌پۆل
بازدان له‌به‌ربه‌سته‌كان
مه‌گه‌ر ئاو له‌زمانیان وردبێته‌وه‌
ئاو ده‌توانێت….
نرخی له‌دایكبوون و پووكانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێ‌
كه‌مانگ ده‌گیرا…
ئاو نیگای له‌خه‌نه‌ هه‌ڵده‌كێشا
روانگه‌كانم سوور ده‌بینی
وه‌ك ئه‌و شه‌وانه‌ی…
شه‌فه‌قی له‌جه‌رگیا ده‌شارده‌وه‌
وه‌ك ئه‌و ئێوارانه‌ی…
كه‌ل ده‌بووه‌ میوانی ئاسۆ
كه‌ماتگ ده‌گیرا
به‌چووته‌ ده‌چووینه‌ سه‌ر باڵی شه‌پۆلێك
خه‌ونه‌كانمان ده‌بوونه‌ گڵكۆ
له‌وه‌ته‌ی دڵۆپێك ئاو…
ره‌نگی بوونمی هێنایه‌ بوون
به‌دوای جه‌وهه‌ری ره‌نگه‌كانا ده‌گه‌ڕێم
مه‌گه‌ر كانی بزانێت…
زاری بێده‌نگی له‌م هه‌وارگه‌دا
چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێ‌
ته‌نها رێگاكان…
له‌ژێر په‌له‌قاژه‌ی هه‌ڵكشانی ئاودا
مانای بزربوون ده‌زانن
گۆڕێك له‌شه‌یۆل
نیشتمانێك له‌ئاو
هاژه‌یه‌ك له‌پێمه‌له‌ی چڵه‌كان
رامووسانێك له‌نێوانی رۆخی كه‌نارو ئاودا
ناونیشانمان به‌ره‌و ترۆپكی به‌ها ده‌گوێزنه‌وه‌
ده‌گه‌ینه‌ سه‌رابێك….
له‌وه‌ته‌ی نوستووین
بێئاگا له‌ده‌ستی مردن رۆحمان ده‌ژمێرین
به‌دوای جه‌سته‌ی هیواكانا گۆڕ لێئه‌ده‌ین
گۆڕ بۆ وجود
گۆڕ بۆ ژیان
گۆڕ بۆ مێژوو
گۆڕ بۆ زمان
گۆڕ بۆ تێڕامان
وردبوونه‌وه‌ له‌وانه‌ی به‌جه‌سته‌ی ئێمه‌
دورگه‌یه‌كیان له‌سته‌م داڕشتووه‌
به‌خوێنی ئێمه‌…
په‌رستگایه‌كیان بۆكڕنوشمان
له‌چاڵی چاوماندا هه‌ڵكه‌ندووه‌
له‌وكاته‌وه‌ی عیسا كۆشی مه‌ریه‌می ناسی و
لانكی ئاشتی له‌به‌ربه‌سته‌كان ئاودیوكرد
ئێمه‌ به‌دوای بارگه‌ی خوێن
بارمته‌ی گڵ
ده‌سرازه‌ی ئاسۆ
لانكی گیان
شه‌وگاری بێ‌ مانگدا ده‌گه‌ڕێین
په‌روانه‌یه‌ك..
رۆحمانی له‌شیله‌ی گوڵێكدا نه‌ناسیوه‌
باخچه‌یه‌ك…
به‌عومری ره‌هامان چرۆی نه‌كردووه‌
سه‌رده‌مێكه‌..
ئاو خوێنمانی به‌جێهێڵاوه‌
بۆیه‌ ده‌بینه‌ باران و ده‌بارین
ده‌بینه‌ به‌فرو برین دائه‌پۆشین
هه‌موومان…
له‌حاڵی بارینا به‌ئاو ژیرده‌بینه‌وه‌
له‌وه‌ته‌ی سروشت له‌ته‌لقینی ئاوبووه‌ته‌وه‌
مه‌رگی دره‌خت..
ناونیشانی كه‌ناره‌كان ده‌نووسێته‌وه‌

ستار ئەحمەد