شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفە شەقامە یان زانکۆ؟-بەشی چوارەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟-.. ئازاد حەمە

ستێفن ھاوکینگ لەناو بازاڕ دروستنابێت

بەشی چوارەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

فەلسەفەکردن لە شەقام

شەقام، شوێنێکی گشتییە، ئەو فەزایەیە، کە هەموان بە گشت جیاوازییەکانەوە لە خۆدەگرێت. لەڕووی مێژوویشەوە لە شەقامدا هەردەم کەیس جوڵێنراوە و سوود لە ڕووبەرەکەی بۆ وتنی نەخێر یان بەڵێ وەرگیراوە. بەڵام شەقام بێ لایەن نییە؛ هێزی سیاسی چاوی لەسەریەتی و سەرلەبەری شەقامیش نە ئازادە و نە سەربەخۆ.
بائەوەشمان بیرنەچێت، کە شەقام(گۆڕەپانی ئاگۆراAgora) شوێنە کۆنەکەی فەلسەفەیە، لەوێڕا فەلسەفەی شەقام هاتەدونیاوە و زۆر شتی هەنووکەییش وروژێنرا و گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ دادپەروەری، جەنگ و تادەگاتە بابەتی ڕاستی و باشە و خراپە. مێژووی فەلسەفەش دەمێکە ئەوەی پێڕاگەیاندووین، شەقام ئەو پانتاییە جەماوەریەیە، فەلسەفە پێویستیپێیە. سوکراتیش لە شەقام فەلسەفەی دەستپێکرد و هەر ئەوێش بوو کردییە فەیلەسوفی فەیلەسوفەکان. هەرچی ئێمەین نە شەقام و نەش هۆڵەکانی زانکۆکان توانیان هاوکارمانبن فەلسەفە وەک پەتا بڵاوبکەینەوە.
هەر لەم سۆنگەیەوە ئەوەش دەڵێین: فەیلەسوف، کە دێتە شەقام، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەوە لە سوکراتەوە فێربووبێت چۆن دەفەلسەفێنێت، چۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ گشت لەوێڕا ڕێکدەخات. هەر فەیلەسوف دەکارێت ئەو پرسیارەش بجوڵێنێت، کە کێ خاوەنی شەقامە یان شەقامی بەدەستەوەیە؟
فەلسەفەکردن لە شەقام سەرلێشێواوی نییە، فەلسەفەش بەلاڕێنابات؛ ئەمە بەشداریپێکردنێکی مەدەنییانەیە. بگرە ئەمە دەرەچەیەکیترە بۆ داکۆکیکردن لە فەلسەفە و جەختکردنیشە لە ویست بۆ فەلسەفە؛ ئەو ویستەی فەلسەفە وەک پێویستییەک نمایشدەکات.
فەلسەفە بەخۆی شتێکی سەرپێێ و هەڕەمەکی نییە؛ فەلسەفەکاریش بۆئەوەی لە شەقام دا فەلسەفە بکات دەبێت پێشوەختە هەندێک کارزانی و لێهاتوویی لە خۆیدا نەشونماپێدابێت. ئەو کارزانی و لێهاتووییە پێشوەختەیە هاوکاریدەبێت لێزان بێت لە چۆنیەتی وروژاندنی پرسیار و دۆزینەوەی وەڵام.
هەر لە شەقامدا، لەو حاڵەتەی فەلسەفەی تیادەکرێت، زمانیش جێگایسەرنجە. شەقام زمانی خۆی هەیە. کەواتە فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت زمانێک بۆخۆی لەوێدا داتاشێت. ئەم زمانەش وا لە گەرووی ئەو شارەزایە لە فەلسەفە، کە دێتە شەقام بۆ هێنانەگۆی خەڵک.
چەمکسازییە فەلسەفییەکان لە شەقامدا دیوی تر وەردەگرن. ئەم شوێنە وەک نێوەندی ئەکادێمیی نییە؛ لەبەرئەوە زەمینەسازییەکانی فەلسەفە لێرە ئامانجی تر دەپێکێت تا هزر لەناو بازاڕ جێگا بەخۆی بگرێت.
کەواتە دەپرسین: کوێ شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە؟ نێوەندی ئەکادێمیی هەروەک شەقام دەکارێت بیری فەلسەفیی بجوڵێنێت و پرسیارسازی خۆی دروستبکات. ڕەنگە زۆرێک پێیانوابێت شەقام ئاستی فەلسەفە دێنێتە خوارەوە. ڕاستە فەلسەفە زمانی تایبەتی خۆی هەیە و ناشێت بەشەقامکرێت، بەڵام بردنی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام لێزانی دەوێت و کەسی فەلسەفەکار دەبێت بزانێت چۆن فەلسەفە لە خەڵک نزیکدەکاتەوە و خۆشەویستیشیدەکات. هەندێکیش پێیانوایە فەلسەفە لەناو شەقامدا نەشونمادەکات، لەوێ لە خەم و پەژارەیی خەڵک حاڵیدەبێت.
ئەی زانکۆ شوێنێک نییە بۆ دروستکردنی پرسیار؟ بیرکردنەوە؟ باشە کێ لە زانکۆدا ئەمە بکات؟ زانکۆ بۆ فەلسەفە هێجگار پێویستە. ئەوێ تێڕامان دەخاتە دۆخێکی دڕدۆنکانەوە؛ تووڵەڕێیەکانی سەلیقەیی گەڵاڵەبوون بەخۆوەدەبینن و قاڵبوونەوە دەستپێدەکات. لەسەر ئەوەش وەستاوە کێ لە زانکۆ فێربوونی فەلسەفە دەدات و بەناو پێچاوپێچی و خواری هزرماندەبات و تێرامانی فەلسەفیی لە پەژمەرین و سیسبوون دەپارێزێت. کەواتە زانکۆ، نەک شەقام، شوێنی گۆڕینی وێنەیە لەسەر فەلسەفەسازیی وەک ئەرکێکی هزریی و دەرفەتیش لەبەردەم فێربوونی فەلسەفەدا دەکاتەوە.
ئەوەی لە شەقام فەلسەفە دەکات، بەدڵنیاییەوە پێویستە پاشخانێکی چاکی ئەکادێمیی هەبێت و ئاشناش بێت بە مێژووی فەلسەفە. ئەم، کە لەوێ فەلسەفە دەکات، دەزانێت ئێرە شەقامە هۆڵەکانی زانکۆ نییە. ئەوەی لە زانکۆوە دێت بۆ فەلسەفەکردن لە شەقام ئەزموونی فەلسەفەسازی و بیرکردنەوەی هەیە؛ بۆیە بۆ ئەو یەکێک لە ئامانجەکانی فەلسەفەکردن لە شەقام هەر پارچەپارچەکردنی پرسیارە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفە مەزنەکان نییە چۆنیەتی کرانەوەشە بەڕووی پرسیارە سادە و خێرا ڕۆژانەییەکانی هاوڵاتیاندا.
لە گۆشەنیگای زۆرێک لە خەڵکی شەقام(خەڵکی عەوام)، تەنانەت ئەکادێمیش، پێیانوایە، کاتێک نووسینێکی، یان کتێبێکی، فەلسەفیی دەخوێننەوە سەریانژاندەکات. ئەم سەرە دەبێت چ سەرێک بێت بە خوێندنەوەی شتی فەلسەفیی ژانکات! ناواخنە سەرنجڕاکێشەکەی نووسینی فەلسەفیی ئەوەیە، کە سەرئێشە ناهێڵێت، کەچی ئەمان وەک سەرچاوەی سەرئێشە تەماشایدەکەن. فەلسەفە لەگەڵ دەرکەوتنیدا چارەسەری لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەر لەبەر ئەوە زوو خەسڵەتی چارەسەرسازی تێدا دەرکەت.
حەیف لە دەم و کاتێکدا گفتوگۆ لەبارەی جێگۆڕکێ بە فەلسەفەکردن دێنینەپێشەوە، کە زانستگەرایی و زانینی پۆزەتیڤیستی زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و ئەوەش لە هەندێک ڕوەوە هێرشە بۆسەر فەلسەفە و تاوانبارکردنی بەوەی، کە فەلسەفە ئیدی دادمان نادا و بەشێکیشە لە بیرکردنەوەی وڕێناوی و مێتافیزیکیی. واتە ئەم دەمەی ئێستا فەلسەفە کاتەکانی تیا بەسەردەبات دەمی زیرەکی دەستکردە، ئەگەرچی دەمی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەی تایبەت بەخۆی دێنێتەکایەوە، لێ ئەم دەمە دەمێکیشە بە ئاسانی لەگەڵ فەلسەفەدا لە کارلێک نابێت.

شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە

بۆئەوەی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد وەک شەقامێکی بێ فەلسەفە نەبینیین بە چاکی دەزانین بە دوو پرسیار سەرەتای ئەم لقە باسە بکەینەوە: هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرد باڵ بەسەر فەلسەفەدا دەکێشێت؟ چارەنوسی گفتوگۆ سوکراتیەکان، کە لە ڕیشەدا گفتوگۆگەلێکی شەقامیین، چییان بەسەر دێت؟ دەکرێت بوترێت، کە زیرەکی دەستکرد سەراپای ئەوەی فەلسەفە، مێژووی هزر، پێیگەیشتووە بەهەدەر نادات و فەلسەفەیەکیش تایبەت بەخۆی دەخاتەگەڕ، کە چەپکەبیرکردنەوەیەکی عەقڵیی پوختە. ئەم زیرەکییە، کە بەرهەمی لۆژیکێکی چڕە، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دابڕاوناکات لە فەلسەفە و کاریش بۆ بنبڕکردنی فەلسەفە ناکات.
کاتی زیرەکی دەستکرد کاتێکی پوختە؛ ئەم کاتە مرۆڤی پوخت، کۆمەڵگەی پوخت بەرهەمدێنێت. هەر ئەم کاتە داوای جۆرێکی تر لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی، پرسیاری فەلسەفیی دەکات. کاتەکە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جوداوازی دەبێت و ڕاڕایەکانی ئەم کاتەش لە زۆر لاوە لە لەمەوبەری ناکات. چونکە بەهاکان، بوونی مرۆیی تادەکاتە بابەتە ئاکارییەکان بەجۆرێک لەژێرسایەی زیرەکی دەستکرد دا بەرهەمدێن تێگەیشتنی سادە و لاوەکی دەرەقەتی نایەن. کەوابێت، کاتی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی پەلەکێشی ناو ئەو کاتە دەکات.
شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی کلاسیک نییە و هەروەک شەقامەکانی سەردەمەکانی تر دابڕاو نییە لە نیگەرانییە بووناوییەکان. لەبەرئەوە ئەم شەقامە تا بکارێت لە ڕووداوەکانی زیرەکی دەستکرد بدوێت فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی دەوێت.
فەلسەفە لە شەقامی ناوبراودا بوونی پێویستە، تا زانستپەرستی دروستنەبێت و مرۆڤی ژیر نەبێتە پێوانە بۆ مرۆڤی باش، دادپەروەر و مرۆڤدۆست. بەواتایەکیتر، بۆئەوەی ئەم زیرەکییە مرۆڤ بەرەو کۆیلایەتی زانستیی و کۆمپیوتەرپەرستی نەبات، فەلسەفە شانبەشانی زیرەکی دەستکرد چاودێردەبێت بەسەر خودی زیرەکییەوە،.
ژێرخانی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە. ئەم شەقامە هەروەک ئەوانیتر چەمکەکانی وەک داد، ئازادی، ئەوینداری، ماف، گەندەڵی و بەختەوەری لا بابەتە. ڕاستە سەردەمی زیرەکی دەستکرد سەردەمی چڕبوونەوەی داتا و زانیاریە، کە لە ڕێگای کۆمپیوتەر و ئامێرەکانەوە دەگات بە شەقام، بەڵام شەقام لەگەڵ کاتدا نوێنەرایەتی ئەو ئامێرانەدەکات و بەکاریشیاندەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
لەبەرئەوەی زیرەکی دەستکرد جێگرەوەی مرۆڤ نییە بوونی فەلسەفە لەوێندەرێ بێگومانە. فەلسەفە باوەڕی بە زیرەکی دەستکرد هەیە و کاریشیتیادەکات تا زیرەکی مرۆڤ هۆکارێک بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دیاردانەی ڕێگریدەکەن لە ئازادی و ئارامی مرۆڤی کۆمەڵگەی زیرەکی دەستکرد.
زیرەکی دەستکرد بەجۆرێک لە شەقام خۆی دەخاتەڕوو بەهانەی زیاتر دەدات بە فەلسەفە تا پاساو بۆ ماناوەی خۆی لە بیرکردنەوەی مرۆڤی شەقامی زیرەکی دەستکرد دا بهێنێتەوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد لە دەرەوەی بواری فەلسەفە نییە، بەخۆی لقێکە لە فەلسەفەی عەقڵ و فەلسەفەی زانستی کۆمپیوتەر. واتە هەماهەنگیی نێوان فەلسەفە و زیرەکی دەستکرد عەقڵە و قەبارەی وەگەڕخستنی عەقڵیش لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکرد دا زیاتردەکات.
ئەوەش شایانی وتنە، کە هەرچی بزووتنەوە فەلسەفییەکانە لەگەڵ هاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕەوتی فەلسەفییان گۆڕانی بونیادی دێتەسەر، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد پڕزانیارییە و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەش توانای وتنی خێرا و کردەی خێرایان زۆرە. وێڕای ئەوە، لەم شەقامەدا گفتوگۆی فەلسەفیی بەردەوام دەبێت، بەڵام مرۆڤەکانی ئەم شەقامە بەپێی ئەوەی فرەزانیاریین لە گفتوگۆکانیاندا زۆرتر دەخەنەڕوو و تێڕامانیشیان پتر ئێپیستێمۆلۆژیانە(مەعریفیانە) دەبێت تا پێچەوانەکەی.
مایەوە ئەوەش بوترێت، کە لەبەرئەوەی لەگەڵ هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرددا زانین بەگشتیدەکرێت، ئەمە وادەکات زانینی زانستی، کە لۆژیکییە، بەرزترببێتەوە لە کۆمەڵگەکاندا، بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە؛ زانینی لۆژیکی لە گشت لایەکەوە هێرش دێنێت و باڵ بەسەر ژیانی سادەی تاکەکاندا دەکێشێت. لەم حاڵەتەدا ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەی بەرهەمی زیرەکی دەستکردە لێکسیکۆنی فەلسەفەکەی سەرلەبەر جیادەبێت.

فەلسەفە هی هەموانە

سەبارەت بەوەی فەلسەفە هی هەموانە ئەمە بەو مانایە دێت، کە خەڵکی گشتی لێیتێدەگات؟ یان بەپێچەوانە؟ فەلسەفە بۆ هەموان، ئەمە خەمڵاندن نییە، پێموابێش نییە، شتێکی نزیک لە ڕاستییە. فەلسەفە، کە بەشی هەموانی تێدایە میراتێکی مرۆیی هاوبەشە و سەرتاسەریشە. بۆیە ئەم میراتە بۆ بیرکاریزانەکان وەک مێژووکرد و رۆماننووسەکان تادەگاتە خەڵکی سادە پێویستە.
دورخستنەوەی فەلسەفە لە کورد پێماندەڵێت، کە فەلسەفە هی هەموان نییە. بەڵام تێگەیشتنی فەلسەفە هی هەموانە، هاوکارماندەبێت تا ئەوپەڕی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانمان بەکاربەرین. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شار بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین، …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.
ئەوەی لای سەرەوە باسکرا، بەرەو سەرنجخستنەسەر فەلسەفەی گشتییمان Public Philosophyدەبات. ئەم فەلسەفەیە هەر وەک فەلسەفە ئەکادێمییەکە پێویستدەکات بەدەست شارەزایانەوە بێت لە فەلسەفە. لەم گۆشە نیگایەوە، فەلسەفەی گشتی پێویستی بە شیکاری فەلسەفیی هەیە. ئەم شیکارییە خودی فەلسەفە نزیکدەکاتەوە لە زۆرینە، ئەوەش بەهۆی گفتوگۆکردنی نیگەرانییەکانی تاکەوە. گومانیناوێت فەلسەفەی گشتی جۆرە تەمومژاوییەک لەگەڵ خۆیدا دێنێت، لێ لەگەڵ کاتدا دەبێت بڕەوێتەوە.
فەلسەفەزانە ڕۆژئاواییەكان لە یۆنانەوە تائێستا كاریان لەسەر ڕوونكردنەوەی واتای فەلسەفیی فەلسەفەکردووە و ئەوەیشیان لە تێگەیشتنماندا بەرجەستەكردووە، كە بەهۆی فەلسەفەوە لەگەڵ جیهان و خۆمان و ئەوەی تردا لە دیالۆگداین. وەکیتریش، دیالۆگە فەلسەفییەکان دیالۆگگەلێکی هەڵوەشانەوەگەران، یەکدی هەڵدەوەشوێننەوە، ڕەتدەکەنەوە و دواتر ئەوە دەسازێنن، کە پێویستی هزریی مرۆڤە. ئەمە وادەکات، کاتێک فەلسەفە دەهێنرێتە شەقام دەستەواژە فەلسەفییەکان لە ئاڵۆزیی بخرێن.
ئەوەی وترا ئەوەمان پێدەڵێت، کە “”فەلسەفە لە كۆمەڵگە كار بۆ دروستكردنی بەها دەكات و ڕێزگرتن لە جیاوازییەكانیش بەهاداردەكات و ڕەوشتی پێكەوەژیانیش واتابەخشدەكات. ئەڵبەتە هەر فەلسەفەشە هەستی ڕەخنەیی سەبارەت بە كێشەی ڕەوشتی، ژیانی ڕەوشتی، ئەركی ڕەوشتی، پرۆسەی ڕوناكبیری و…. هتد دروستدەكات و پرسیاری مرۆڤیش لەسەر مرۆڤ دەوروژێنێت””.
بەپێی تێگەیشتنی لوك فێری Luc Ferry فەلسەفە بریتیی نییە لە “ڕۆشنبیری گشتیی”. دیارە ئەمەیش ئەوە ناگەێنێت مرۆڤەكان هەوڵنەدەن تێگەیشتنیان لەسەر فەلسەفە نەبێت. هۆی ئەمەیش بۆ دوو شت دەگەڕێنێتەوە: لەلایەك لەبەرئەوەی “بەبێ فەلسەفە ناتوانین لە جیهان بگەین”. لەلایەكی تر لەبەرئەوەی “دیدی ئێمە بۆ جیهان، كە لەمیانەی مێژووی هزرەوە پێكهاتووە پێویستمان بەوەیە لە ناواخن و لۆژیكی ئەم دیدە بگەین”. لوک فێری بۆچوونی وایە، کە گومانی ناوێت، كە خوێندنەوەی كەلەپووری هزری مرۆڤایەتیی یارمەتیی ئەوەمان دەدات باش و سەربەستانە بژیین. “هەندێك لە هزرەڤانە هاوچەرخەكانیش پێیانوایە ئەوان بۆ خۆشی فەلسەفە ناكەن و تەنانەت لەبەرئەوەیش فەلسەفە ناكەن تا باشتر لە خۆیان یان لە جیهان بگەن، بەڵكو بۆئەوە فەلسەفە دەكەن تا خۆیان بپارێزن”.

ستێفن ھاوکینگ بەرهەمی گفتوگۆ زانکۆییەکانە نەک شەقام

ستیفن ھاوکینگ Hawking لە بازاڕ دروستنابێت؛ ئەم بەرهەمی زانکۆ و توێژینەوە پڕدژوارە فیزیاییەکانە تایبەت بە گەردوونناسی. بۆیە لێرەدا دەپرسین: دەتوانین گفتوگۆ گەردووناوییەکانی ھاوکینگ ببەینە ناو بازاڕ؟ بەڵێ بەو مەرجەی وردەکارییە ئێپیستێمۆلۆژییەکانی(مەعریفییەکانی) فەلسەفە فیزیاییەکەی دەستکارینەکەین. گەروابێت ئەوا ئەو جۆرە گفتوگۆیە تێنەگیشتن لە شەقام دروستدەکات، ئەوەش لەوسەرەوە بێزاری دروستدەکات.
بازاڕ لەگەڵ تێنەگیشتن پەیوەندی باش نییە و بیرکردنەوەی تریش لە تێنەگەیشتنەکانەوە دروستناکات. ئەی چیبکرێت؟ باشترە فەلسەفەی فیزیای هاوگینگ لە درشتیا جێهێڵرێت بێ چونە قوڵاییە گەردووناوییەکان. واتە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆکان بەرەو ئایین، مرۆڤ، بوونی خوا دەبرێت.
لە بازاڕ، هەردەم گفتوگۆ لەسەر باشە و خراپە، دیندار و بێ دین، داد و بێ دادی، ئیماندار و بێ ئیمان، بەڕەوشت و بێ ڕەوشت ئامادەبوونی خۆی هەیە. بۆیە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆی نێوان فەلسەفە و فیزیا دەهێنرێتە ناو شەقام.
بازاڕ بازاڕە، پێوەری تایبەت دەیباتەڕێوە. ئەگەرچی زانکۆ ئەمرۆ خەریکە ملکەچی بازاڕ دەبێت و گوێ لە داواکانی دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەکۆتایدا، هەر زانکۆ دەبێت سنور بۆ قەڕاڵستانی بازاڕ دانێت و کار لەسەر بەمرۆیبوونیشی بکات.
بیردۆزە فیزیاییەکانی ھاوکینگ سەبارەت بە یەزدان و ڕەچەڵەکی گەردوون لە شەقام وەک خۆی جێگای خۆی ناکاتەوە، چونکە ئەو بیردۆزانە پێویستی بەجۆرێک لە ڕوناکبیریی فیزیاییە، کە لە شەقامدا دەستناکەوێت.
ڕاستە، کە ئێمە داکۆکی دەکەین لە دروستکردنی گفتوگۆی فەلسەفیی سەبارەت بە فیزیا، کە ئەوانەش دەمانبەن بەرەو دەڤەری تر لە گفتوگۆ، کە ڕەنگە ئەو هەل و مەرجە لە بازاڕ(شەقام) دەستنەکەون، بۆیە دەبێت خۆمان لەو ڕاستییە گێلنەکەین، کە شەقام زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج نییە، شەقام شەقامە و هیچیتر. هەر بۆنموونە، گەردوون، کە سیستمێکی ئاڵۆز و ناهەڕەمەکیی و ناشێواوە، لەناو بازاڕ بەو ئاڵۆزییە گفتوگۆناکرێت، کە لە نێوەندی ئەکادێمی فیزیادا گفتوگۆدەکرێت.
تێگەیشتنەکانی ھاوکینگ، کە زۆرجار دەمانبات بەرەو بەستنەوەی دۆزەخ و بەھەشت بە بوون و نەبوونی یەزدانەوە، ناکرێت لە بازاڕدا ئەو گفتوگۆیانە بەو جۆرە سازبکرێت، کە فیزیای هاوچەرخ لە زانکۆ کاریتیادەکات. بەڵام ئەمە ئەوەش ناگەیێنێت، کە زانکۆ توانیویەتی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بنبڕکات، کە لە بازاڕ دا جمەی دێت.
شەقام شپرزە و قەرەبالغە، بەڵام هێشتا بیرکردنەوەی تیایە. ئەو بیرکردنەوەیەی لە شەقام دا هەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە. شەقام وەک زانکۆ نییە، ئەوێ شوێنی ململانە ڕۆژانەییەکانە لەپێناو بژێوی ژیان. لەوێ پرسیاری تر بەرهەمدێت، کە لە هۆڵەکانی زانکۆ دروستنابێت. هەروەها کێشەکانی شەقام ڕەسەنترن و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ژیاندەکەن، و توانای جوڵانەوەی پرسیاری سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیشیان هەیە.

بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە

لە شەقام لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە سادەکان. بەڵام لە زانکۆ لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە دژوار و گومڕاکان. بۆنموونە، تێگەیشتن لە ئارگیومێنتە فەلسەفیەکان دژواریی خۆی هەیە؛ ئەمە لە هۆڵەکانی زانکۆ ئاساییە تێنەگەیشتن دروستبکات، بۆیە گواستنەوەی بۆ شەقام سەلیقەیی و کارزانیی دەوێت.
لەبەرئەوە شەقام بۆ ئەو تێگەیشتنە بەکاردەبرێت، کە چۆن فەلسەفە بتوانێت ژیانت بگۆڕێت، واتلێبکات چێژ لە ژیانکردن وەرگریت. واتە دەکرێت لە شەقام ئەو تەماشاکردن و تێگەیشتنە لەسەر فەلسەفە دروستکرێت، کە فەلسەفە بۆ ئێمەیە و لە ناو چەقی ژیاندا ئامادەیە. ڕوونکردنەوە ئەگەرییەکانی تر، کە بابەتی سەرەکیی فەلسەفەن باشترە لە نێوەندی ئەکادێمییدا بوروژێنرێت، کە لەوێدا ئاساییە ئەو کێشە فەلسەفییە سەرەکییانەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، کە بۆ فەیلەسوفەکان ماناداربوونە.
بەپێی ئەوە بێت، کە لایسەرەوە قسەی لەبارەوە کرا، شەقام زانکۆ نییە، لێ شوێنێکی چاکیشە بۆ جوڵانەوەی پرسیاری فەلسەفیی تایبەت بە ژیان: یەزدان، ڕاستی، داد، شادی، ، چێژ، قەدەر، بەختەوەری، درۆ و….. . لەبەرئەوەی ئەم چەمک و دەستەواژانە هی هەموانە ساناترە گفتوگۆکردنیان لەچاو هەندێک چەمک و زاراوەی تر: ڕەچەڵەکی گەردوون، مانای نائاگایی بۆ ئاگایی، دەرئەنجامی زانین، بەڵگەسازیی، دیالۆگی دەروون و عەقڵ و پاساوی لۆژیکیی و….. .
لەوەی لایسەرەوە وترا، دەبێت ئەوەی لێوەفێربین، کە بەدواداچوون بۆ مێژوو و نەشونمای دیدە فەلسەفییەکان لە جیهانی ڕۆژئاوادا بۆ نێوەندی زانکۆ پێویستییەکی هزریی و زانکۆییە، لێ ئەمە بۆ شەقام ئەو پێویستە نییە، یان هیچ نەبێت چوونە قوڵایی دیرۆکی لەمێژینەی فەلسەفەی رۆژئاوا بۆ شەقام ئەو گرنگە نییە و وروژاندنیشی ناتێگەیشتن دروستدەکات.
گواستنەوەی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام ئایا بەوە فەلسەفە پێگەی ئەکادێمیی و ڕوناکبیریی خۆی لەدەست دەدات؟ ئەڵبەتە نەخێر. فەلسەفە، کە دێتە شەقام، لەسەر دەستی شارەزا و پسپۆر لە فەلسەفە، ئەوکات زۆرتر لە خەڵک، لە جەماوەر نزیکدەبێتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆئەوەی پرسیارە فەلسەفییە مەزنەکان ڕووبەڕووی خەڵک بکرێنەوە و بەشداریشیانپێبکرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵام و وروژاندنی بیرکردنەوە.
ڕێگاکە، باشترین ڕێگایە بۆ زیندوو هێشتنەوەی فەلسەفە و نزیککردنەوەشی لە ژیان. بەمە فەلسەفە لەوە دەکەوێت وشک و توند دەرکەوێت و خۆی سەروی کۆمەڵگە نیشاندات. هەر ئەم ڕێگایە گەڕانەوەی فەلسەفەیە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفە و کردنیشی بە بەشێک لە تێڕامانی بەردەوام.
کاتێک فەلسەفە تەنها لە هۆڵەکاندا گیردەکرێت، ئەمە وا لە فەلسەفە دەکات خۆی دابڕاو و دەستەبژێریی نیشاندات. بۆیە فەلسەفە پێویستی بەوەیە لە هۆڵەکان وەدەرنرێت و تاو تاوێک بچێتە شوێنە گشتییەکان (پاڕک، گۆڕەپان،قاوەخانە، … ) و ئەو بابەتانە گفتوگۆبکات، کە کێشەی رۆژانەی هاوڵاتیانن؛ لە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە تادەگاتە کێشە رەوشتی و دەروونی و بووناوییەکان.
بە بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە فەلسەفە ئەو بەرگە توڕدەدات، کە بەزۆرکراوە بەبەریا؛ بەرگێک، کە هەمیشە پێماندەڵێت فەلسەفە وشک و ئاڵۆز و ڕەقە.
ئەم هاتنەسەر جادەیەی فەلسەفە وا لە فەلسەفە دەکات وەک هی هەموان تەماشابکرێت، وەک ئەوەی فەلسەفە ئەوەیە، کە پێویستمانە و دەتوانێت قسەمان لەسەربکات. تا وایلێدێت وردە وردە فەلسەفە خۆی دەکات بە گشت شوێنێکی ژیانمان؛ ناو خێزان، کتێبخانەکان، قاوەخانە کولتووریی و باخ و شوێنە گشتییەکانیتر.
وێڕای ئەوە، کاتێک فەلسەفە لە هۆڵی وانە و سێمینارەوە دێتە شەقام خۆی پتر دەناسێنێت و زۆرتر لەسەر خۆی دێتەگۆ. فەلسەفە، کە ناسراوە بەوەی گفتوگۆی شتی جیاوازدەکات، لە شەقامەوە دەستدەکات بە روژاندنی گفتوگۆی نوێ و پێویست.
بابەتەکانی شەقام دەکرێت خۆی لە بابەتگەلی وەک تەنهای، ئازادی، بێدەنگی، خەمۆکی، بەختەوەری، بێهیوای و بێباکی و زۆرێک چەمک و دەستەواژە بدات، بەڵام ئەوانەی کۆری سەرشەقام رێکدەخەن دەبێت لە مێژووی هزر و فەلسەفە شارەزابن و توانای رونکردنەوە و ڕاڤەی دیاردەکانیان بە سەلیقەیی و سانایی هەبێت.
بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە جێ پەنجەی زانکۆ، نێوەندی ئەکادێمیی، بە شەقامەوە دیاردەبێت. بەو مەرجەی پسپۆر لە فەلسەفە توانای جوڵاندنی پرسیارەکانی شەقام و نیگەرانییەکانی خەڵکی هەبێت. لەم بارەیەشەوە ئەزموونی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل ئۆنفرێ Onfray و روناکبیری ئەمەریکی ئیان ئولاسۆڤIan Olasov سەبارەت بە فەلسەفەکردن لە شەقام جێگای باسن.
کاتێک فەلسەفە لە هۆڵەکانەوە بەرەو شەقام دەبەین گرنگ لەوە بەئاگابین، کە بابەتی فەلسەفە زۆرن. ڕەنگە بەشێکییان ئەوانەبن، کە ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین: داد چییە؟ بۆ دادپەروەری دەبێت هەبێت؟ زانین چییە؟ ئەڤین یان جەنگ چییە؟ باشە یان خراپە چییە؟
کێش لەوێ، لە شەقام، قسە لەم پرسیارانە بکات و چۆن فەلسەفەکردن لە شەقام بکرێت ئەوەش بابەتن بۆ بیرکردنەوە. واتە پرسەکانی ڕۆژ پێویستدەکات زوزو فەلسەفەیان بەسەرەوە بکرێت. بەس لەسەر ئەوە وەستاوە کێ ئەوە دەکات؟ لەبارەی پرسەکانی ڕۆژیشەوە دەبێت جیاوازیبکرێت لەنێوان ئەوانەی سەبارەت بەم پرسانە چەنەلێدەدەن، زۆربڵێی دەکەن و ئەوانەش حیکمەتدەفەرموون.
بەڵگەشمان لەسەر بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە ئایاری 68 ی پاریسە، کە لە سەردەمی نوێی فەلسەفەدا باشترین نموونەیە لەسەر فەلسەفەککردنی شەقام. بیرمەندە فەرەنسییەکان ئەو دەمە خۆیان و خوێندکارەکانیان هاتنە سەر جادە بۆ دروستکردنی فشار و هێنانەکایەوەی گۆڕانکارییە بنەماییەکان. ئەمەش وایکرد لەدوای خەباتی شەقامی ئایاری 68 ی پاریسەوە فەرەنسایەکی تر لەدایک بێت.




نەبوونی گۆڤارێکی ئەکادیمیی زمانەوانی بۆ زمانی کوردی.. سوداد ڕەسووڵ

لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا گۆڤارێکی زمانەوانیمان نەبووە بۆ وتار و توێژینەوە زمانەوانییەکان، ئەوانەی تا ئێستاش دەرچوون هیچ کامیان لە ئاست گۆڤارێکی ئەکادیمیی زمانەوانیی کوردی نین کە مرۆڤ دڵی ئاوی لێ بخواتەوە و بکرێ بە سەرچاوەیەک بۆ زمانێکی ستانداردی کوردی، کە دەڵێم زمانێکی ستاندارد واتە نووسینێکی ڕاست و ڕێزماندار، بکرێ بە ڕێنمایەک بۆ ڕاستنووسیی کوردی، واتە نووسین بە ڕێنووسێک کە دوایاسا ڕێنووسییەکانی کوردی تێدا پەیڕەو کرابێت، پێویستە ئەم گۆڤارە ئەوەندە زانستی بێت، لە هەموو ڕوویەکەوە نووسەران و خوێنەران بۆی بگەڕێنەوە وەک نموونەی ڕاستنووسیی کوردی لێی بڕوانن.
بەمدواییە گۆڤارێک دەرکەوت بە ناوی گۆڤاری “زمان و زار”، بەرپرس و سەرنووسەری ئەم گۆڤارە فەرەیدون سامانە. زۆربەی ژمارەکانی ئەم گۆڤارەم دەست کەوتووە و وتارەکانم خوێندووەتەوە؛ لە سەرەتادا دڵخۆش بووم بە دەرچوونی، کە پێم وابوو ئەم گۆڤارە بتوانێ ئەم کەلێنە لە زمانناسیی کوردی پڕ بکاتەوە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی من چاوەڕێم دەکرد ئەمە نەبوو. ئەم گۆڤارەش دەچێتەوە سەر کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامەی دی کە هیچ ئاستێکی زانستی بۆ زمانناسیی کوردی تێدا نییە. ئەمە هەرچەندە، چەند نووسەرێکی بەڕێز وتاری زمانەوانییان تێدا بڵاو کردووەتەوە. لێرەدا من نامەوێ هەڵسەنگاندن بۆ نووسینی ئەم نووسەرە بەڕێزانە بکەم، تەنیا دەمەوێ چەند سەرنجێک بنووسم لەبارەی ئاستی ئەکادیمیی گۆڤارەکە و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی وتارەکان و بەکارهێنانی زمان و ڕێنووسی کوردی تێیدا. بۆ ئەم سەرنجانەش هیچ مەبەستێکی شەخسیم لەگەڵ ستافی گۆڤارەکە نییە، تەنیا باوەڕبوونی خۆمە بە ڕەخنە، پێشم وایە بە ڕەخنەی زانستی و بنیادنەر کارەکانمان پێش دەکەون، هەروەها ڕەخنەش ئازادە، بۆیە هەموو نووسەرێک ئازادە ڕا و سەرنجی خۆی هەبێت لەسەر هەر گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبێک کە دەردەچێت. بە حوکمی بایەخدانی خۆم بە بواری زمانەوانی، بە پێویستم زانی ئەم هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیە لەسەر ئەم گۆڤارە بنووسم. لە خوارەوە بە خاڵ هەندێک سەرنج دەخەمە ڕوو:
یەکەم: ئەم گۆڤارە، بۆ بڵاوکردنەوە هیچ پێوەرێکی ئەکادیمی نییە، هەرچی دەست دەکەوێت، ئەگەر زۆر لاوازیش بێت، بڵاوی دەکاتەوە. گۆڤارێک کە بانگەشەی زمانەوانیی کوردی دەکات، دەبێ هەموو وتارەکانی تەرخان کرابن بۆ بابەتە زمانەوانییەکان، کەچی بابەتی وای تێدا بڵاو کراوەتەوە هیچ پەیوەندیی بە زمانەوە نییە، یان پەیوەندیی بە زمانەوە هەیە بەڵام لە ڕووی زانستییەوە ئاستی زۆر نزمە، شایەنی ئەوە نییە لە گۆڤارێک بڵاو بێتەوە کە بانگەشە بۆ گۆڤارێکی زمانناسی دەکات. هەندێک بابەتی تێدا بڵاو کراونەتەوە پۆستێکی فەیس بووکە، یان وتارێکە پێشتر لە گۆڤاری دی، یان لە وێبسایتێک بڵاو کراوەتەوە. بۆ نموونە لە ژمارە(٨) ی گۆڤارەکە کۆمەڵێک وتار بڵاو بوونەتەوە کە پێشتر لە شوێنی دی بڵاو کراونەتەوە. ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەدەم:
توێژینەوەیەکی د. ڕەحیم سورخی بە ناوی “حکوومەتمەندیی زمان لە ئیستعماری ناوخۆیی ئێراندا”. ئەم توێژینەوەیە، پێشتر لە گۆڤاری تیشک بڵاو بووەتەوە. هەر لەم ژمارەیەدا، وتارێکی غەفوور مەخموری تێدا هەیە بە ناوی ” زمان ناسنامە و هەبوونى نەتەوەى کوردە” کە ئەویش پێشتر لە گوڵان مێدیا بڵاو بووەتەوە، کەچی سەرنووسەرەکەی بەبێ ڕەچاوکردنی ئەتیکی ڕۆژنامەنووسی و بێ ئاگادارکردنەوەی خوێنەر، وەک بابەتێکی نوێ لە گۆڤارەکەی بڵاوی کردووەتەوە. هەر لەم ژمارەیەدا وتارێکی د. موئمین زەڵمی هەیە بە ناوی “‏(ChatGPT) و فێرکردنی زمان” ئەم وتارەش پێشتر لە وێبسایتی چاوی کورد بڵاو بووەتەوە، کەچی سەرنووسەرەکەی لە پەراوێزەکەی ئاماژەیەکی پێ نەداوە و خوێنەر ئاگادار بکاتەوە کە ئەم وتارە بۆ جاری دووەم بڵاو دەبێتەوە، ئەویشی کردووە بە بابەتێکی نوێ و دەستی یەکەم بۆ گۆڤارەکەی. هەر لە هەمان ژمارە، توێژینەوەیەکی زانستی هەیە بە ناوی “زمانی دادگاکان لە هەرێمی کوردستاندا” کە لە لایەن دوو توێژەر بە ناوەکانی پ . د. شۆرش حەسەن عومەر و د. لەتیف مستەفا ئەمین نووسراون. ئەم توێژینەوەیە وەک دیارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستی نووسراوە لە گۆڤارێکی ئەکادیمی بڵاو بووەتەوە، کەچی سەرنووسەری گۆڤارەکە بەبێ هیچ تێبینییەک لە گۆڤارەکەی خۆی جارێکی دی بڵاوی کردووەتەوە. وتارێکی ڕەهبەر مەحموود زادە بە ناوی ” خوێندنەوەیەکی زانستیی لەبارەی بەیتەوە” هەیە، ئەم وتارە هیچ پەیوەندیی بە زمانەوە نییە، کەچی سەرنووسەر بڵاوی کردووەتەوە هەر بۆ ئەوەی ژمارەی وتارەکانی زۆر بێت و قەبارەی گۆڤارەکەش ئەستوورتر بێت.
ئایا دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە وتارانە لە گۆڤارێکی زمانناسی چ سوودێکی هەیە؟ هیچ سوودێکی نییە تەنیا قەبارەی گۆڤارەکەی ئەستوور کردووە بە بابەتی کۆن و زیادە و غەیری زمانەوانی، لە بایەخی گۆڤارەکەشی هێناوەتە خوارەوە، وەک دیارە گۆڤارەکە نووسەری چالاکی نییە تێیدا بنووسن، ئەمەش وای کردووە ئاستی زۆر نزم بێت، وەک گۆڤارێک دەرکەوێت کە پێی دەگوترێ مەگەزین، کە هەموو شتێک بڵاو دەکاتەوە بێ ڕەچاوکردنی ئاستی زانستیی وتارەکان؛ دەکرێ بڵێم بۆ هەندێک وتاری ناشایستە، گۆڤارەکە لە ئاستی مەگەزینیش نزمترە.
دووەم: گۆڤاری زمانناسی پێویستە گۆڤارێک بێت بۆ ڕاستنووسیی کوردی ڕێنما بێت، بکرێ بە سەرمەشق بۆ نووسین بە ڕێزمانێکی ڕاست و دروست و ڕێنووسێکی ڕێکوپێک کە دوایاساکانی ڕێنووسی کوردی تێدا ڕەچاو کرابێت. دەبێ هەموو ئەو وتارانەی تێدا بڵاو دەکرێنەوە لە ڕووی ڕێنووسەوە یەکدەست و یەکگرتوو بن، کەچی لەم گۆڤارە زمانەوانییەدا، هەر وتارێک بە جۆرە ڕێنووسێک بڵاو کراوەتەوە، گۆڤارەکە هەڵەچنییەکی وردی تێدا نەکراوە، سەرنووسەرەکەی بەهیچ وتارێکدا نەچووەتەوە هەڵەچنی بۆ بکات و ڕێنووسەکەی ڕاست بکاتەوە، بۆیە هەر وتارێک دەخوێنیەوە ڕووبەرووی کۆمەڵێک هەڵەی ڕێزمان و ڕێنووس دەبیەوە، ئەمە بێجگە لە هەڵەی تایپ. تەنانەت بە وتاری خۆیشیدا ناچێتەوە پڕە لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندی. ئەمەش دیارە سەرنووسەرەکەی ناوەڕۆکی گۆڤارەکە و ڕاستنووسیی کوردی پێ گرنگ نییە، هەر دەیەوێ گۆڤارێکی قەبە و ئەستوور دەرکات بە ناوی “زمان و زار” و خۆیشی وەک سەرنووسەر دەرکەوێت.
هەر لە ژمارە (٨) ی گۆڤارەکە، سەرنووسەر وتارێکی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی “زمانی ستانداردی کوردی لە سۆسیال مێدیادا” ئەم وتارە کە دوو لاپەرە و نیوە، نزیک بە ٤٠ هەڵەی ڕێنووس و تایپ و ڕێزمان و خاڵبەندی تێدا هاتووە، لە خوارەوە سکرین شۆتی وتارەکەم داناوە و هەڵەکانم دەستنیشان کردوون. ئەمە سەروتاری سەرنووسەرەکەیە بۆ گۆڤارەکە، تاقەتی نەبووە پێداچوونەوەیەک بە وتارەکەی خۆیدا بکات، ئەم هەڵانە ڕاست بکاتەوە، ئەگەر ڕێنووسی کوردییش بە باشی نازانێ، بەڵام هەر هیچ نەبێ هەڵەکانی تایپی ڕاست بکردایەتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی وتارەکە هیچ مشتومڕێکی زمانەوانی تێدا نییە، لە باسی سۆشیال مێدیا دێتە سەر باسی زمانی ستاندارد، وەک بڵێی دوو بابەتی جیاوازن بە یەکەوە لکێندراون. لەم وتارەدا، نووسەر گلەیی ئەوە دەکات کە نووسەران پابەند نابن بە ڕێنووسێکی یەکگرتوو، کەچی خۆیشی پابەند نییە و نووسینەکەی پڕ هەڵەی ڕێنووسە، گلەیی دەکات ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی ئەکادیمین و زۆربەیان لە زمان کۆڵەوارن، کەچی خۆی دوو لاپەڕەی سەروتار بۆ گۆڤارەکە نووسیوە، بە زمان و ڕێزمان و ڕێنووس و خاڵبەندی کۆڵەوارە. گلەیی دەکات بۆچی زمانی تاکستاندارد نییە، ئەم هەموو زار و شێوەزارە چییە پێی دەنووسرێ، کەچی دواتر هەر لەم نووسینە پێی باشە هەموو زار و شێوەزارەکان ڕێزیان بگیرێ و لە دەوری یەکدی کۆ ببنەوە. لەم وتارە دوو لاپەڕەییەدا، کۆمەڵێک مشتومڕی دژبەیەکی خستووەتە ڕوو کە خوێنەر نازانی چی دەوێ و بۆچی ئەم وتارەی نووسیوە.
ئەمە حاڵی ژمارە(٨) ی گۆڤاری زمان و زارە، ئەگەر ژمارەکانی دیکەیشی سەیر بکەی بە هەمان شێوەیە، ئەگەر خراپتر نەبن، کە هیچ بنەمایەکی زمانناسیی کوردی تێدا نییە، تەنانەت هەست ناکەی ئەم گۆڤارە سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینی هەیە، ئەوەندە بێسەروبەر و پڕ هەڵەیە. هەندێک کەس جاروبار پێم دەڵێن: بۆچی توێژینەوە زمانەوانییەکانت لەم گۆڤارە بڵاو ناکەیەوە؟ منیش پێیان دەڵێم: ئەم گۆڤارە ئەوەندە ئاستی نزمە بە شایەنی ئەوەی نازانم نەک توێژینەوە، بەڵکوو وتارێکی ئاساییی ٥٠٠ وشەییشی تێدا بڵاو بکەمەوە.
سێیەم: پێم سەیرە ئەم گۆڤارە سەرنووسەرێکی بۆ دانراوە، کە لە بواری زمانەوانیی کوردیدا هیچ توێژینەوەیەکی نییە، نە دیدێکی ئەکادیمی بۆ زمان و زمانەوانی هەیە، کەچی خۆی کردووە بە توێژەری زمانەوانی؛ هەموو ئەزموونی نووسینی، کۆمەڵە شیعرێکە لەگەڵ چەند وتارێکی ڕۆژانەی ئاسایی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان. ئایا باشتر نەبوو ئەم شاعیرە، گۆڤارێکی ئەدەبی دەرکات لە بواری ئەزموونی خۆی؟ بۆ دەبێ بواری زمانەوانیی کوردی بکەوێتە دەستی کەسانی ناپسپۆر؟ کەسێکی ناشارەزا لە زمانەوانی خۆی کردووە بە فیگەرێکی زمانەوانیی کوردی و هیچیش لە زمانەوانی نازانێ، کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش ڕا و بۆچوونی لە سەر زمان و زارەکانی کوردی وەردەگرن، ئەویش لێدوان و بۆچوونی هەڵە لەسەر بابەتە زمانەوانییەکان دەدات و باسەکان لاڕێ دەکات!. ئایا باشتر نەبوو ئەو کەسە لەسەر ئەزموونی شیعری خۆی قسە بکات و توخنی زمانەوانی نەکەوێت؟
بۆچی ڕێگە بدرێ بوارێکی ئەکادیمی وەک زمانناسی بکەوێتە دەست خەڵکێکی ناشارەزا و ناپسپۆر؟ ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لەشکرێک مامۆستای زانکۆ و پسپۆری زمانەوانیی بەشە کوردییەکانمان هەیە، کەچی شاعیرێک گۆڤاری زمانەوانی دەردەکات کە هیچ بەشدارییەکی زانستی لەم بوارەدا نییە. هەتاکەی بوارە زانستییەکان کەسانی ناشارەزا و ناپسپۆر دەستیان بەسەردا بگرن و وێرانیان بکەن؟
هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بێسەروبەرە زمانییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەلێنە گەورەیە کە ئەکادیمیای کوردی دروستی کردووە، تا ئێستا نەیتوانیوە گۆڤارێکی ئەکادیمیی زمانەوانی بۆ زمانی کوردی دەربکات، بۆیە ئەمڕۆ، ئەم کەلێنە ئەکادیمییە، خەڵکێکی نائەکادیمی بە هەڵە پڕی دەکەنەوە، و ڕەوشی زمانەکەش زیاتر بەرەو ئاژاوەیی و وێرانەیی دەبەن.
هیوادارم ئەم چەند سەرنج و ڕەخنەی من هاندەرێک بێت بۆ ستافی گۆڤارەکە بۆ ئەوەی لە ژمارەکانی داهاتوویدا بە سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی، پێداچوونەوەیەکی وردی بۆ بکەن، لەو ئاستە نزمەی هەیەتی ڕزگاری بکەن، کەمێک ئاستی زانستی باشتر بکەن.

سوداد ڕەسووڵ




وێنە ڕەمزیەکانی نەخۆشخانەو زیندان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا.. نیهاد جامی

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم ئەم کورتە وتارە ئیشی لەسەر شکاندنی بەشێک لە کارەکتەری مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا نیە، هێندەی قسەکردنە لەترس وەک ساتەوەختێکی هەنووکەیی کە کۆمەڵگای ئێمە بەناویدا تێدەپەڕین.

ترس لەئێستادا ساتێک نیە پەیوەندی هەبێت بە نووسین، بەو پێیەی هەمیشە ئەوانەی وەک گروپە جیاوازەکان بیر ناکەنەوە نووسینی ئەوانیتر پەراوێز دەکەن و بەدژی خۆیان سەیری دەکەن، ئەوەش بەتایبەت لەململانێی نێوان دینیەکان و دژەکانیان.

ئەو ترسە لەئێستادا لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی پۆلین بۆتە سەر دوو گروپی جیاواز، گروپێک هەموو قسەکردنێک وەک ئازادی دەبینێت، جنێو دەدات هاوار دەکات دێتە سەر حەرامەکان، هاواری ئەوان پاڵەپەستۆیەکی دەروونیە لەسەر ئارەزووە چەپێنراوەکانیان، دەیانەوێت لەم رێگەیەوە گوزارشت لەخۆیان بکەن وەک مرۆڤێکی ئازاد، کەچی لەبنەرەتدا مرۆڤی بریندارن، دۆخێکی دەروونی ئەوانی هێناوەتە قسەکردن، دۆخێک لای فەیلەسوفێکی وەک ژۆلیا کریستیڤا بە «زهان» ناوی دەبات، کەسی زهانی دەرونی چەپێنراوی دەیهێنێتە قسەکردن، هەموو ئەو حەقیقەتانە دەلێت کە لەنەستدا بوونی هەیە و پەیوەندی بە ئاگاییەوە نیە هێندەی لەناو نائاگاییدایە، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە کاتێک دەکەوینە بەردەم شەپۆلێک مرۆڤی زهانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی کە لەرێگەی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆ دێنە قسەکردن، پێویست بە ترسێک ناکات لەبەردەم دۆخێکی هەنووکەییدا، چونکە ئێمە دەبێت بزانین لایڤەکان و قسەکردنەکان وابەستەی زهانیەتی ئەو مرۆڤانەوەیە، کاتێک پێویست ناکات لەوانە بترسین، دەبێت خۆمان لەو پرسیارەش نەشارینەوە بەوەی ئەی لەکێ بترسین؟

گروپی یەکەم کە بە زهانی ناومان بردن، تاقمێکن لەدەرەوەی مەعریفە، ئەوان تەنیا قسە دەکەن، خۆیان دەکەن بە گالتەجار، وێنەیەکی کاریکاتۆری نائەخلاقی بۆ خودی خۆیان ئاراستەی کۆمەڵگا دەکەن، ئەوان هێندەی لەشکرێکی زهانی بینەریانن، پەیوەندیان بە دۆخێکی ترەوە نیە، کە بە خۆیان و بینەرەکانیان نەخۆشخانەیەکی ڕەمزیی بنیات دەنێن، کە خۆیان وەک پزیشک سەیر دەکەن نەک نەخۆش.

بۆیە زهانیەکان هی ئەوە نین لێیان بترسین، بەڵام نیگەرانیمان بۆیان پەیوەستە بە ساتی باڵای زهان، تیایدا ئاخاوتن نمایشی خراپترین دۆخی دەروونی ئەوان دەکات.

ئەوەی پێویستە لێی بترسین گروپی دووەمە، ئەوانە لەناو بەرگی مەعریفەوە خۆیان نمایشت دەکەن، کارەکتەرگەلێکن بیانویەکیان هەیە بەوەیە بەهای کەوتوو لەگروپی یەکەم وەردەگرنەوە، دەیخەنەوە شوێنی خۆیان، لەکاتێکدا کاریان تەنیا دژە گوتاربوونە لەگەل زهانیەکان، ئەوان خۆیان وەک نوێنەری گوتاری ئەخلاقی رۆشنبیریی نمایش دەکەن بە بیانوی ئەوەی پێویستە ئاین بگەڕێتەوە ناو ژیان، بیانووی رۆحی سۆفیگەرانە دێننەوە باس لە ئەدەبیاتی کلاسیک دەکەن، ئەو گروپە یاریکەرە کارێکی زۆری لەگەڵ چۆنیەتی زەوتکردنی زۆرترین هەوادارە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە بینەران و خوێنەرانێک بەدەوەری کتێب و ڤیدیۆکانیان کۆ بکەنەوە، دەنا ئەوانیش وەک گروپی یەکەم لە دەرەوەی مەعریفە دەژین، ئەگەرچی بانگەشە بۆ مەعریفە بکەن، بەلام مەعریفە تەنیا دەمامکێکە بۆ ڕەوایەتیدان بە خۆیان وەک ڕۆشنبیر، بۆیە لەئێستادا پێویستە لەو گروپە بترسین کە گوایە پێویستە هەموو شتێک بگەڕێنینەوە بۆ رۆحی ئاین، لەکاتێکدا ئەوان بڕوایان بەو رۆحە نیە، هێندەی رۆحی ئاینی بانگەشەیەک و ڕاکێشانی بینەرانی تۆڕی کۆمەلایەتیە بۆ بەردەم ڤیدیۆکانیان، لەهەمان کاتدا بازاڕکردنێکە بۆ فرۆشتنی زۆرترین تیراژی کتيبەکان و زیادکردنی لایکی لاپەرەکانیان، ئەو گروپە نامەعریفیە جۆرە خودپەرستیەک دەخوڵقێنن، تا وەک نوێنەری بەهای ئەخلاقی بیانبینین، کە گوایە ئەوان فریادرەس و رزگارکاری بەهای کەوتووی کۆمەلگان، بۆیە پێویست ناکات لەمناڵە زهانیەکان بترسین، بەڵام پێویستە ترسمان لەبەردەم ئەو درۆزنە گەورانە بێت کە لەپشت گەرانەوە بۆ ئەدەبی کلاسیک و بەهای ئاینی دەیانەوێت خودپەرستی خۆیان نمایش بکەن وەک مرۆڤی باڵا، مرۆڤێک کە وەک سوپەرمانی ئەخلاقی سەیریان بکەین، سەرەنجام ئەوان وەک گروپی یەکەم قسە دەکەن، دلخۆشن بەهەوادارەکانیان، بەلام گەر گروپی یەکەم جۆرێک لەنەخۆشخانەیەکی ڕەمزیی دەروونی خولقاندبێت، ئەوا گروپی دووەم کار دەکات بۆ دروستکردنی زیندانێکی ڕەمزیی، تیایدا ئەوان بەڕێوبەری زیندان بن و ئەوانیتریش ڕابکێشنە ناو زیندان تا بەپێی سنوری دەسەڵاتی زیندان ژیانمان کۆنتڕۆل بکەن.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١٤

گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە

سەرنووسەر: فەرەیدون سامان
خاوەن ئیمتیاز: د.تەها رەسوڵ…

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٤ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن..




مرۆڤی نوێ یان ھاوچەرخ فۆرمێکی تازەترە لە کالیگۆلا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی سێزدە لە کتێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: بڕوا دەکەم ئێمە زمانمان تەنانەت بیرکردنەوەمان لە چاوماندایە، چاوێک تەنیا توێکڵی شتەکان دەبینێت، دەستی ناگات بە جەوھەریان. ھەر بۆیە جیھانبینی ئێمە بۆ خۆشەویستی، سێکس، مردن، کەینونە، تەنیا فۆرمالیستانەیە. لە بارەی ھەموو شتێکەوە دەدوێین بێ ئەوەی ھیچمان وتبێت، ھەموو شتێک دەبینین بێ ئەوەی ھیچمان بینیبێت!. یەقینمان بە ئایدیاکانمان ھەیە، بێ ئەوەی ھیچ ئایدیایەکمان ھەبێت. خۆشەویستی دەکەین بێ ئەوەی خۆشەویستی بکەین، دەژین و ھەناسە دەدەین بێ ئەوەی ژیان بکەین. ئێمە کێشەیەکی گەورەی ئەپستمۆلۆژیمان ھەیە.
من: مرۆڤی ئێمە “کورد” بوونەوەرێکی ئاکتوێل نییە، لە رووی بیر و تێڕامانەوە، لەنێوان ھەردوو قۆناغی “لاھوت” و “میتافیزیکیا”دا چەقیوە، بەو پێیەی “ئۆگەست کۆنت” گەشەی بیری مرۆڤ بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکات، ئەوانیش قۆناغی “لاھوت و میتافیزیک و پۆزەتیڤ”ن، لە ھەردوو قۆناغی لاھوت و میتافیزیکیادا، عەقڵ یان با بڵێین زانست بڕیار نادات، بەڵکو ئەفسانە و غەیبانییەت و باوەڕە ئەودیو سروشتییەکان ئاڕاستەی بیر دیاری دەکەن، بەڵام لە قۆناغی پۆزەتیڤیزمدا فاکت و سەلماندنی زانستی دوا قسە دەکەن. ئەم قۆناغەش رۆحی “مۆدێرنێتە”یە، کە تیایدا عەقڵ لە بەرزترین ئاست رۆڵ دەگێڕێت، لێ ھەندێک پێیانوایە مۆدێرنێتە لە ئاوابوون نزیک بۆتەوە یان لە سەرەمەرگدایە کەچی “یۆرگن ھابرماس”ی دوا فەیلەسووفی قوتابخانەی فرانکفۆرت ھێشتا بەرگریی لە مودێرنە دەکات وەک قۆناغێکی ئاکتۆیل. بەھەر حاڵ ئێمە بەر دیاردەکانی مۆدێرنێتە کەوتووین، بەڵام گەوھەرەکەی کە بریتییە لە سیستمێکی عەقڵانی ھێشتا بە ئێمە نەگەیشتووە، بەو پێیەی مۆدێرنێتە تەنیا ئەو ماتریاڵە تەکنۆلۆژییانە نییە بە ئێمە گەیشتوون.
خۆم: ئەفسانە تەنیا ئەو واتایەی نییە رووداو یان زنجیرە رووداوێک بێت، لە دەرەوەی سیستمی عەقڵ یان لەناو عەقڵی ئامێریدا جێی نەبێتەوە، ئەمە ئیشکالیەتێکە “میرسیا ئیلیاد” پێداگریی لەسەر دەکات و وا بیر لە بابەتەکە دەکاتەوە ئەو پێناسەیەی پێیوایە ئەفسانە ھەموو شتێکی دەرەوەی واقیع دەگرێتەوە، زمانێکە لەلایەن پۆزەتیڤیزمەوە لە سەدەی نۆزدەھەمدا داھێنراوە, کەچی ئێمە ھیچ کات ناتوانین رەھایانە ئەفسانە رەت بکەینەوە، چوونکە بنیادی رۆشنبیریی و کولتووری مرۆڤایەتی لەسەر دامەزراوە. ئێمە دەبێت لەم جیھانە شێواوەدا لە ئەفسانە بگەین، ھەروەک چۆن فرۆید توانی لە رێی ئەفسانەی “ئۆدیب پاشا”ەوە کەشفی نەخۆشییەکی دەروونی گەورەی مرۆڤ بکات. لەلایەکی ترەوە ھیچ نەتەوەیەک دروست نابێت، بەبێ ئامادەگیی ئەفسانە وەک توخمێکی بەھێز لە پرۆسەی نەتەوەسازییدا.
من: ھەرچەند ئەفسانە وەک بناغەیەکی کولتووریی رەت ناکەمەوە، بەڵام باسم لە شتێکی تر دەکرد، دەمەوێت سەرنجت بۆ ئەوە رابکێشم لایەنگری مودێرنە نیم، بەو ھۆکارەی پێشکەوتنە رۆمانسییەکانی لەکەدارە، لەناو مودێرنەدا، مارکس لە دایکبوو کە بێ بەزەییانە رەخنەی توند و رادیکاڵانەی ئاڕاستە کردووە. “ئالان تۆرین”ی فەیلەسووفی ھاوچەرخی فەڕەنسیش دیدێکی وەھا دەخاتە روو: کە ئەو جیھانە ئازاد و لیبرال و بەختەوەرەی مودێرنەی پێ دەناسرایەوە، وێنە گشتگیرەکەی تێکشکاوە، بەو پێیەی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە ژمارەیەک بیریار و فەیلەسووف قەیرانە سترۆکتۆرییەکانی مودێرنەیان ئاشکرا کردووە. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە باسم لە پێشکەوتنی بیر کرد بەپێی ئەو قۆناغانەی “ئۆگەست کۆنت” دیاری کردوون، لەگەڵ ئەمەشدا ئەفسانە وەک بەشێک لە قۆناغی لاھوتی لە فۆرمە سەرەتاییەکەیدا زمانی عەقڵی مرۆڤ دێرین بووە، وەلێ وەک “میرسیا ئیلیاد” ھێمای بۆ کردووە جیھانی مودێرنیش کۆمەڵێک ئەفسانەی نوێی تایبەت بە خۆی بەرھەم ھێناوە.
خۆم: کەواتە خۆشەویستی لە سەردەمی مۆدێرنێتە، ئەدگاری چۆنە؟. دەمەوێت بەم پرسیارە بخزێمە ناو پرسێکی ئاڵۆزەوە، رەنگە ئەمە ئەو پرسیارە زۆر گرانە بێت، وەڵامێکی دڵنیا و ئاسانی نەبێت، یان وەڵامێک نەبێت بتوانێت ھەموو رەھەندەکان ئەنالیز بکات.
من: مودێرنە لە راستیدا ناوێکی تری عەقڵی ئامێرییە، لە رووی ئابوورییەوە مودێرنە سەرمایەداریی بەرھەمھێنا، لە رووی سیاسییەوە دەوڵەت نەتەوەی دروستکرد، کە بریتییە لە سیستمی دیسپلینسازیی و چاودێریکردنی ھاوچەرخ. خۆشەویستی لەم چوارچێوەیەدا لە ژێر ھەڕەشەدایە، لە سۆنگەی ئەوەی لە بری خۆشەویستی، مودێرنە ھەڕمێن بە چێژگەراییەکی ئەبستراکت دەدات، ھەروەک فوکۆ باسی دەکات مۆدێرنێتە بریتییە لە رەوشی ئاساییکردنەوەی شتە نائاساییەکان، بە ھەمان شێوەش نائاساییکردنەوەی بابەتە ئاساییەکانە!. ئەمە جیا لەوەی مودێرنە ھەمیشە بەشێکە لەو خەیاڵدانەی جیھانی خۆرئاوا بە ناوەند پێناسە دەکات و ھەڵگری ئەو نەزعە سێنترالیزمەیە لە ھیگلەوە بگرە پێش ئەویشەوە درێژ بۆتەوە تاکوو رۆژگاری ئەمڕۆمان، لەناو ئەم نەزعەیەدا منێکی رۆژھەڵاتی بۆ ئەوەی بێمە ناو دنیای مودێرنەوە دەبێت پۆشاکی رۆژھەڵاتییانەی خۆم دانێم، ئەمە شتێکە فوکۆ لە کتێبی “وتەکان و شتەکان”دا بە روونی باسی لێوە دەکات کە مودێرنە ناتوانێت خۆشەویستی دروست بکات و رۆژھەڵات و رۆژئاوا پێکەوە کۆبکاتەوە.
خۆم: لەو باوەڕەدام ژیاری ئێستای مرۆڤایەتی تەنیا لەسەر عەقڵی پەتی وەستاوە “وشەی عەقڵی پەتیم لە کانت خواستووە”. لەم شارستانێتییەی رژێمی سەرمایەداریی و دەسەڵاتی بۆرسە و کۆمپانیاکاندا، ھەستی مرۆڤ بەھایەکی ئەوتۆی نییە، مرۆڤی نوێ یان ھاوچەرخ فۆرمێکی تازەترە لە کالیگۆلا، دڕەندەیە بێ ئەوەی ھەست بکات ھەموو شتێک لەسەر دەستی بەرەو پایان دەچێت. لە کاتێکدا ژاک لاکان و کۆی ئیمپریستەکانی تر تەنانەت خودی زانستیش وەک دەرھاویشتەی ھەست دەبینن، ھەرچەند بە تەواوەتی لەگەڵ ئەوەم زانست بەرئەنجامی وەگەڕخستنی عەقڵە، بەڵام بۆ من ھەستیش گرنگییەکی لە راددە بەدەری ھەیە. لێ باش لەوە تێدەگەم مرۆڤە ھەستیارەکان لەم شارستانییە نوێیەدا پێناسەکانی شێتیان بەسەردا پراکتیس دەکرێت.
من: ئەندرێ ژید رایەکی زۆر سەیری ھەیە کاتێک دەڵێت “بە ھەست و سۆزی جوان، مرۆڤ ئەدەبی خراپ دادەھێنێت”!. لێرەدا روونە ھەست پێچەوانەی عەقڵە، ئەگەر زانست تەنانەت ئەدەبیش پێویستیان بە ھەست و سۆز نەبێت، ئەوا پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیانی کۆلەکتیڤی مرۆڤ دەیخوازێت، ئەو راددە بەرزەی وەگەڕخستنی عەقڵ کە شۆڕشێکی تەکنۆلۆژیی گەورەی ھێناوەتە ئارا، سەرباری ھەر ئاسانکارییەک بۆ ژیان بە ئەندازەیەکی زۆرتر تەنگەبەری بۆ دروست دەکات، بەو پێیەی مرۆڤ لە ھەست دادەڕنێت و وەک کۆمپیوتەرێک تەنیا بە ژیرانە کار دەکات. ئەگەرچی ماتریالیستم، بەڵام مرۆڤ تەنھا وەکوو ماتەرێک نابینم، زانست خۆی ئەوەی سەلماندووە تەنیا پێنج دەر سەدی پێکھاتەی جیھان لە ئەتۆم پێکھاتووە. لەم روانگەوە بە قەد عەقڵ، مرۆڤایەتی پێویستی بە ھەستی مرۆڤانە ھەیە، ئەگەرنا سەرباری ھەر پەرەسەندنێکی عەقڵی و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، مرۆ لە دۆخی دڕندایەتی رزگار نابێت. ھەروەک ئەمەی ئێستا.
خۆم: مودێرنە ھەر زوو وەرچەرخا بۆ دیسپۆتیزمێکی نوێ لەسەر دەستی رژێمی کاپیتالیزم، ئەگەر لە ناو مودێرنەدا، وەک تۆ ئاماژەت پێدا ئەگەر مارکس ھەبێت، بە دیوەکەی تردا “ھیتلەر و فرانکۆ و مۆسۆلینی”ش ھەن، بە مانایەکی تر فاشیزم و نازیزم دوو دەرھاویشتەی ئێجگار وەحشەتناکی مۆدێرنێتەن، لە راستیدا ھەوڵەکانی یۆرگن ھابرماس بۆ ھاوسەنگگرنەوەی مۆدێرنێتە و گونجاندنی بە فۆرمێکی ھارمۆنی لەگەڵ ژیانی راستەقینەی مرۆڤ، زۆر تراژیدیی کەوتۆتەوە، بەو پێیەی مۆدێرنێتە لەمە زیاتری پێ نییە بۆ مرۆڤایەتی.
من: خەیاڵێکی تۆقێنەرم ھەیە. ھەنووکە زەوی زۆر ماندووە، کەشوھەوا تێکچووە، باڵادەستی تەکنۆلۆژیاش لەسەر وێرانکردنی زیاتری ئەم ھەسارەیە راوەستاوە، مرۆڤ گەیشتۆتە راددەیەکی پێشکەوتنی وەھا گەڕانەوەی بۆ نییە، لەم ئانوساتەدا درامییەدا، کە توێژینەوە میتۆرۆلۆژییەکان ھەموو زەنگەکانی مەترسییان لێداوە، پەی بەوە دەبەم ژمارەیەک مرۆڤ ھەن دەیانەوێت بە یارمەتی تەکنۆلۆژیا ھەواری خۆیان بەرەو ھەسارە یان ئەستێرەیەکی تر بگوازنەوە، لەوێوە شانشینی خۆیان لە ئاسمان دابمەزرێنن و فەرمانڕەوایی بکەن بەسەر زەوینشیناندا، تۆ ھیچ کات بیرت لەم ئەگەرە تۆقێنەرە نەکردۆتەوە؟، ئەمە تەنیا خەیاڵێک نییە، بەڵکو ئەگەرێکی بەھێزیشە. ئەگەر ئەوە ببێتە دیفاکتۆ، کەواتە رەوشی ژیان لێرە چۆن دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە منی سەرقاڵ کردووە بەخۆیەوە.
خۆم: بێگومان ئەوە ئەگەرچی خەیاڵیش بێت، بەڵام خەیاڵ سەرچاوەی ھۆشمەندیی و زانستە، بە وردبوونەوە لە سینەمای “ھۆلیۆد” ئەم خەیاڵە زانستییە ئەگەرێکە و لە مێژە کاری بۆ دەکرێت، لەو سینەمایەدا نموونەی ئەمەریکی وێنایەکی سوپەرە، تەنانەت لە شەڕی مرۆڤ و بوونەوەرە ئاسمانییەکاندا ئەمەریکا سەرکردایەتی زەوی دەکات، لە ئەگەرێکی لەو چەشنەی تۆ باسی دەکەیت، ئەو شانشینە ئاسمانییە ئاڵای ئەمەریکای لەسەر چەقێنراوە، لەوانەیە کۆشکی سپی بگوازنەوە بۆ ئاسمان، دیمەنێکی سوریالییە، بەڵام مومکینە، چوونکە وەک ئاماژەمان پێدا عەقڵی ئامێریی ھەر جۆرە ھەست و خۆشەویستییەکی کردووە بە چێشتێکی فۆلکلۆریی کە ھارمۆنی نییە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤی نوێ دەیخوازێت.
من: بابەتەکە بەرەو شوێنێکی تر، رۆیشت، ئەمە وتەزایەکی گرنگی “محەمەد شوکری”م، وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێت “ئاسیا سەرەتای مێژووە، ئەوروپاش بەشێوەیەکی رەھا کۆتایی مێژووە”. بێزاریی لەوەی “ئەوروپا بۆتە کۆگایەکی مێژوویی چەک و تەقەمەنی” مرۆڤی ئەوروپایی تووشی شۆک کردووە و بە دوای جوگرافیای خەونەکانیدا دەگەڕێت، ئەگەر ئەوروپییەکان لە مێژوودا بە دوای سەرچاوەکانی زێڕدا گەرابن لە دۆزینەوەی ئەمەریکادا، ئێستا بە دوای ئایندەی خۆیانەوەن لەو کیشوەرەدا، ئەمە دیاردەیەکە لە “ناپلیۆن”ەوە درێژ بۆتەوە تاکو ئەم چرکەساتەش. ئێستا کە باسی خۆرئاوا یان باکوور دەکرێت، رووی دەممان لە ئەمەریکایە، سیاسەتی ئەمەریکیش بزوێنەری سیستمی چینایەتییە، بەو ئەندازەیە بەرەو ھەڵکشان دەڕوات کە بیر لە شانشینێکی ئاسمانی دەکاتەوە.
خۆم: لەوە دەچێت بانگەشەی لایەنگرییکردن پۆست مۆدێرنێتە بکەیت، بەو پێیەی روانگەکانت ھەم دژی زانستە، کە ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان لای مارتین ھایدگەر دەردەکەوێت، ھەم لە دژی ئەو راپەڕینە عەقڵانییەی لە رۆشنگەرییەوە دەستی پێکردووە، وەک لە ناوەکەشیدا دەردەکەوێت پۆست مودێرنە، درێژەپێدەری مودێرنە نییە، بەڵکو لە بەرزترین ئاستدا رەتکەرەوەیەتی.
من: پۆست مودێرنە، یەک فۆرمی کۆنکرێتی نییە، بەڵکو چەمکێکی ئاڵۆزە، بە دیدی لایەنگرانی ئەم بزاڤە ھەموو شتێک بەرھەمی زەمەن و رێکەوتە، بۆیەکا ھەر شتێک لە دەوروبەرماندا بەشێوەی رەھا لە ئارادا نییە، بەڵکو ھەبوونێکی نیسبیان ھەیە، ئەمە بە خودی زانست و راستیی و ئاینەکانیشەوە، تەنانەت جیاوازیی نابینن لە نێوان زانست و جادوودا، جیا لەمەش پۆست مۆدێرنێتە تەواوی جیھان وەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبینێت، ئەمەش لە روانگەی “بۆردیار”ەوە دەردەکەوێت کە نکۆڵی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەکرد و وەک ئەکشنێکی سینەمایی دەیبینی، ئەمە جیا لەو بێماناییە خنکێنەرەی ئەوان تێی کەوتوون، بۆیە ئۆکتاڤیۆ پاز ھەمیشە لە بارەی لاتین ئەمەریکاوە دەیووت پۆست مودێرنە بە کاری ئێمە نایەت، منیش رایەکی نزیک لەوم ھەیە. جیھان لە بۆشاییدایە، دەبێت مرۆڤ بیر لە پاشەڕۆژی خۆی بکاتەوە، ئەوەی ھەیە ھەموو بەرەو داڕمان دەڕوات.
خۆم: ھیچم نەماوەتەوە بۆ وتن. بۆ ئەم پایزی مرۆڤایەتییە، تەنیا دوو دڵۆپ فرمێسکی روونم ھەیە.
١٦-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: شەش و سی و پێنج خولەکی بەیانی
“وردە وردە بەفر دەبارێت”
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس – شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




رۆڵی سازشتکاران لە مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا!.. عەبدوڕەحمان گەورکی

ئاوڕدانەوەیەک لە سەرەتای بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران
عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

هەموو ساڵیک بە نزیکبوونەوەمان لە ناوەڕاستی ساڵی زایینی، پرسەکانی پەیوەست بە ئێران لە ئاستی جیهانیدا دەگەنە “لووتکە”. زۆر رووداو لە گۆڕەپانی سیاسیدا روودەدەن کە هەریەکەیان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. ئەمساڵ چەندین نموونەمان لە ئەوروپا بینی. لە نێویاندا ئازادکردنی دیپلۆماتکاری تیرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) لە بێلژیکا و درانەوەی بە ئێران لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢4، ئازادکردنی جەللاد و خوێنڕێژ و ئەشکەنجەدەر (حەمید نووری) لە سوید و درانەوەی بە ئێران لە 1٥ی جون (حوزیران)ی ٢٠٢٤. لێرەدا و لەم رۆژانەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، بۆچی؟ چ دەبێ بکرێت؟
لە ناوخۆی ئێراندا، لە کۆتایی مانگی سێپتەمبەر (ئەیلول)ی ٢٠٢٢، راپەڕینی گەل، لایەنی (سەرانسەری)ی بە خۆیەوە گرت و رژیمی هەژاند. ساڵێک دواتر، “شەڕی غەززە” لە لایەن ئەم رژێمەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. رۆڵی رێژیمی ئێران دژ بە وڵاتی ئۆکرانیا کاردانەوەی جیهانی هەبووە و نکۆڵی لێ ناکرێت!

سەرەتای هێڵی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی!
ناوەڕاستی ساڵی زایینی لە نیو سەدەی رابردوودا، بیرهێنەرەوەی زۆر بابەتی گرینگی مێژووی ئێرانە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١دا دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی گەیشتە لێواری (رووخاندن) لەلایەن هێزی سەرەکیی کۆمەڵگاوە لە ئێران. هەر بۆیە (خومەینی) خۆپیشاندانی نیو ملیۆن کەسی تارانی پێ قبووڵ نەکرا و بە رێگەی سوپای پاسدارانەوە خەڵتانی خوێنی کرد. دواتر هەرچەشنە چالاکییەکی سیاسی لە دژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی قەدەغە کرا و لاپەڕەیەکی نوێ دەستی پێکرد! ئێعدامکردنەکان کوێرانە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری ئێران دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٦٠ (1981ز) “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ی لە تاران دامەزراند و لە ٧ی گەلاویژی هەمانساڵ بەرەو پاریس بەڕێکەوت و بە هاوپەیمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئێران (ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی حکومەتی ئێران)ی پێکهێنا کە سەرەڕای پیلانەکانی لایەنانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، هێشتا تاکە ئەڵتەرناتیڤە کە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئایینیی ئاخوندان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت!
دوای پێکهێنانی “ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللی” لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٦ (1987ز) لە سەر سنوورەکانی ئێراندا، ئەم ئەڕتەسە لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٩٨٨دا گورزێکی کوشندەی وەشاند لە دیکتاتۆرییەتی خومەینی و بەرەو ئەوە دەچوو کە بە خێرایی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خومەینی بڕووخێنێت. خومەینی بۆ مانەوەی رژێمەکەی، لە ترسی ئەوەی رژێمەکەی لە لایەن ئەم ئەڕتەشەوە بڕووخێت، بە چەواشەکارییەوە ئاگربەستی ٥٩٨ی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبوڵ کرد و توانی بە هاوکاریی سازشتکارانی رۆژئاوایی لە رووخاندن رزگاری بکات و لە سەر پێ بمێنێتەوە! هەر دوای ئەم رووداوە بوو کە خومەینی بە دەرکردنی فەتوایەک، فەرمانی کۆمەڵکوژکردن و ژینۆسایدی موجاهیدینی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. سانسۆر لە میدیای حکومەتدا پەیڕەو کرا و زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری موجاهدینی خەلق بوون، لە سێدارە دران. میرغەزەبانی خۆێنڕێژ، (ئیبراهیم رەئیسی) و (مستەفا پورمحەمەدی) ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری مەرگ بوون لەم تاوانەدا. تاوانەکە هێندە گەورە و قێزەون بوو کە جێنشینی خومەینی لەو کاتەدا، بەڕێز (حوسێنعەلی مۆنتەزەری) ناڕەزایەتی دەربڕی و ئەمەش بووە هۆی لەسەر کار لادانی و پاشان دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە ماڵەکەی خۆیدا تا کاتی مردنی.
ئەم قۆناغە هەرگیز نەگەیشتە پلەی (ئاشتی) لەگەڵ عێراق و پیلان و هێرشەکانی ئەم دەسەڵاتە لەسەر خاکی عێراق بەردەوام بوو. چونکە دیکتاتۆری ئێران باوەڕی بە ئاشتی نەبووە و نییە و دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری کۆنەپەرستانەیە و فرەخوازە. دیارترین لایەنی ئەمکارەش، بەرپاکردنی ئەو شەڕەیە لە دژی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت بەشداریکردنیەتی لەو شەڕانەدا کە دوورن لە سنوورەکانی ئێران. مەبەست لەم بەشداریکردنەیش، بە لاڕێدابردنی سەرنجی گەلانی جیهانە لە سەر بارودۆخی ناوخۆی ئێرانە بەرەو شتیتر. ئەمەیش وەک فێڵێکی هەمیشەیی ئەم رژێمە.
پێویستە بگوترێ وەلی فەقێهی دەسەڵاتدار توانبووی لە پێوەند لەگەڵ ئەم کۆمەڵکۆژییە دڵڕەقانەیەدا لە ساڵی 1988، ئەو لایەنانەی تینووی (دۆڵار) و (نەوت)ن، وا لێبکات گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بکەن بۆ ئەوەی ئەم دۆسیەیە نەکەنەوە، کە بە گوتەی زۆرێک لە مافناسانی بەرجەستەی نێودەوڵەتی، (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) و (ژینوساید)ە.
ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە سازان لەگەڵ رژێمی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران لەگەڵ دۆستایەتیکردنی خەڵک و موقاومەتی ئێران یەک ناگرێتەوە. مەحاڵە رکابەری سەرەکی کە مەبەست هەمان (ئاڵترناتیڤی دیموکراتیک)ە بخرێتە پشت گوێ. لەم ساڵانەدا، رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم زۆر جار هەستان بە داتاشینی “ئەڵتەرناتیڤ” بۆ ئەم رژێمە تیرۆریستییە و هەندێک کەسیان بەرجەستە کرد و لە رووی سیاسی و پروپاگەنداوە پشتیوانییان لێکرد و بە دروشمەکانی بریقەدارەکانی خۆیان، درووشمە رەسەنەکانی گەلیان خستە پەڕاوێزەوە و بیروڕای گشتی خەڵکی ئێرانیان بە لاڕێدا برد. بەڵام جگە لە شکست هیچیتریان پێ نەبڕا. چونکە ئەوەی چاندبوویان رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا نەبوو!

وشەی کۆتایی!
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران لە ناوەڕاستی ساڵی زایینیدا لە ئەوروپا، کابوسی ساڵانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ساڵانە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماتیکی و تیرۆریستی و پڕوپاگەندەیی بەرفراوان دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت رێگری لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە بگرێت. ساڵی ٢٠١٨ دیپلۆماتکاری تیرۆریست، (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) وەک فەرماندەی تاقمێکی تیرۆریستی، کە هەوڵی تەقاندنەوەی ئەم گردبوونەوەیان دابوو، لەگەڵ گرۆپە تیرۆریستییەکەی دەستگیر کران و خرانە ناو زیندانەوە.
ئەمساڵیش لە سەروبەندی ئەم گردبوونەوەیەدا، لە پیلانێکی گاڵتەجاڕانەدا و بە ئازادکردنی بارمتەی فەرەنسی، سازشتکارانی ئەم وڵاتەی ناچار کرد یەکێک لە بنکەکانی موقاومەتی لە فەرەنسا بپشکنن، کە هەڵبەت زۆری نەخایاند دەرکەوت کە ئەم هەنگاوە لەلایەن ئێرانییەوە دیاری و رێنوێنی کراوە! لە پیلانگەلێلی هاوشێوەدا، بە ئازادکردنی بارمتەی سویدی و بێلژیکی، بکوژان و تیرۆریستان (حەمید نووری) و (ئەسەدوڵڵا ئەسعەدی) گەڕانەوە تاران!
ئەگەرچی ئەم کردەوانە قێزەون و دژ بە پێوەرەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤن لە جیهاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو راستییە دەسەلمێنن کە “سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی” و “بانکەوانی تیرۆریزم لە جیهاندا” لە (تاران)ە و نابێ پشتگوێ بخرێت. پێویستە سەری مارەکە لە تاران پان بکرێتەوە بۆ ئەوەی جیهان و ناوچەکە و ئێران لە تیرۆر رزگاریان بێت و ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ جیهان بگەڕێتەوە!





شتێ وەک چیرۆک.. نەوزاد بەندی

نا ..نا ..
پێویست بە ڕۆمان ناکا .. ژیانی تێکڕای خەڵکی ئێرە ئەتوانیت بە لاپەڕەیەک باس بکەیت ..ژیانیان شوێنی تێدا نییە ، چونکە شوێن بە خۆیان ناگرن .. پاڵەوان و ڕوداویشی تێدا نییە ، تەنها ڕوداوێکی تیایە ئەویش کەناڵێکی سەتەلایتە .. ئێ ڕۆمان ئەبێ شوێن و کات و ڕوداو و پاڵەوانی تێدا بێ ..واتا لێرە تەنها کات هەیە ، مانەوەی کاتیش لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتیان بەسەر خولانەوەی زەوی و خۆردا نییە ، ئەگینا ڕۆژیان ئەکرد بە دوو سەعات یان بە چل سەعات ..هەرچەندە لە ڕووی خزمەتگوزاری و شتەکانی ترەوە ، دەستکاری کاتیشیان کردووە ، بۆ نمونە فەرمانبەران پەنجا ڕۆژ جارێک موچە وەردەگرن .. هەندێ جار نەوەد ڕۆژ جارێک ، وەک مژدە و دەسکەوتێک موچەیان بەسەردا دابەش ئەکەن ، یان هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لە جیاتی چوار ساڵ جارێک ، ئەبێتە شەش ساڵ یان هەشت ساڵ و زیاتریش .. ئەو کاتە درێژ ئەکەنەوە ، لەمسەر و لەوسەرەوە ڕایئەکێشن .. کەواتە ئەتوانیت بڵێیت لێرە کاتیش بوونێکی ئاسایی نییە .. ئیتر ڕۆمانی چی ؟ .. نەوەڵا ، ئەتوانیت بە کەمتر لە لاپەڕەیەک چیرۆکی ژیانی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بنوسیتەوە .. یان ڕاستتر ئەتوانین بڵێین چیرۆک نییە ، ناساندنی پارچەیەکی دابڕاو لە مرۆڤایەتییە .. یاخود مرۆڤگەلێکی ناوچاڵێک ، کە سەدان ساڵ پێش ئێستا باپیرە هەرە گەورەکانیان ، لە کاتی شەڕە تێڵای نێوانیاندا ، کەوتونەتە ناوچاڵەکەوە .. لەگەڵ ئەوەی شوێنەواری تێڵایەکی زۆر بە سەر و گوێلاکیانەوە دیار بووە ، بەڵام نەمردوون و .. لەناو چاڵەکەدا زاوزێیان کردووە و زۆر بوون .. ئیتر وەرە پێناسەی ئەمە بکە ، شەش ملیۆن کەس لەناو چاڵێکدا ، ئەژین و زاوزێ ئەکەن و .. هەندێکیشیان جار و بار لە چاڵەکە دێنە دەرەوە ، ئەڕۆن بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە و دوایی دێنەوە ، فڵق بۆ ناو چاڵەکە .. دیسان دێنەوە دەرەوە و .. ئەڕۆنەوە بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە ..بە جۆرێک تیایاندایه دوانزە جار چووە بۆ تورکیا ..بیست و یەک جار چووە بۆ ئێران .. هەژدە عەمرەی کردووە .. هێشتا تێریان لە تورکیا و ئێران و عەمرە نەخواردووە .. بە جۆرێکیش لە جۆرەکان ئەوانەی لە تورکیا تێریان نەخواردووە ، ڕقیان لەوانەیە کە له ئێران تێریان نەخواردووە ، هەردووکیشیان پێکەوە یان جیا بە جیا ڕقیان لەوانەیە کە تێر لە عەمرە ناخۆن .. عەمرەکارەکانیش گاڵتەیان بە عەقڵی ئەوانە دێت کە له گەشتی تورکیا و ئێران تێر ناخۆن .. بەڵام ئەم ڕقە ، تەنها ڕقە ، واتا گەشە ناکات بۆ شەڕی دەستە و یەخە ، چونکە فێربوونی شەڕ بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە .. بەو جۆرە هەر سێکیان وەک یەک وان ، واتا حەزیان به کۆشک و ڤێلا و باخ و مارسیدسی مایباخە .. هەرسێکیان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە بەرامبەر نەوتێکی زۆردا ، مانگانە نۆ کیلۆ ئارد وەرئەگرن ..حەزیشیان لەوەیە مناڵەکانیان ، هەر لە قۆناغی دایەنگاوە فێری زمانی بێگانە بن و قەت نەمرن ..لە ژیانی خۆیان زۆر ڕازین و زەڕەیەک لە خاکی ناو ئەو چاڵە ناگۆڕنەوە بە قەسری قەیسەریی ..
ئیتر ئەمە کەی ئەوە ئەهێنێ ڕۆمانی تیا خەرج بکەیت ؟
لەوەیش سەیرتر بەردەوام تەنی نەناسراو دێت و ناوچاڵەکە بۆردومان ئەکا ، ئەم بۆردومانکردنە ڕوداو نییە ، چونکە ڕوداو یەکجاره ، بەڵام ئەم بۆردومانە وەک باران و بەفر وان ، واتا دیاردەیەکی سروشتیی زۆر ئاسایین و هیچ کەسێک بێزار ناکا ..چەند کەسێک ئەمرن و بریندار ئەبن ، ئەوانەیش بێ گومان ئەجەلیان هاتووە و کەس ناتوانێ دەستکاریی مەسەلەی تەمەن بکات ، کە تەواو بوو ، ئەبێ تەواو بێ .. هەر بۆیه ئەو تەنە نەناسراوانەی ئاسمان وەک قەزا و قەدەر و ..تەنانەت وەک ڕزق و ڕۆزیش تەماشا ئەکرێن ، وەک چۆن بارانەکەی قبوڵ ئەکرێ ، ئەبێ بارووتەکەیشی قبوڵ بکرێ ..
ئیتر بەبێ ڕوداو ، ڕۆمانی چی بنوسرێ ؟ خۆ هەرچەندە تیایشیاندایە دەیان ڕۆمانی نوسیوە ..ڕۆمانی وا کە نزیکەی هێندەی بلۆکێکی دەیی ئەبێ ، خەڵکێکی زۆریش خوێندویاننەتەوە و لە هیچیشیان تێنەگەیشتوون و .. جارێکی تریش خوێندویاننەتەوە .. لەگەڵ ئەوەی دیسان هیچیان لێ حاڵی نەبووە ، بەڵام چێژێکی زۆریان پێگەیشتووە و .. کۆمەڵێکی تریان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و بۆ زمانە زیندووەکانی جیهانیان وەرگێڕراون ..بۆ ئەوەی ئەوروپیەکانیش بیانخوێننەوە و هیچیشیان لێ تێنەگەن و چێژێکی زۆری لێ ببینن ..بەڵام سەیر لەوەدایە ئەو ڕۆمانانەیان وەرنەگێڕراوەتە سەر زاری تورکی و فارسی و عەرەبی ، هەرچەندە زۆرینەیان یان هەموویان لە گەشتی تورکیا و ئێران و سعودیه تێر ناخۆن ..ئەمەیش بۆ خۆی پرسیارێکی لای یەکێکیان دروست کرد کە پاشان گرتیان و شوێن بزریان کرد .. پرسیارەکەی ئەوەبوو ، ئایا ئێوە کە تێر لە تورکیا و ئێران و سعودییە ناخۆن ، بۆچی ڕێگا نادەن ڕۆمانەکانمان بکرێنە فارسی و تورکی و عەرەبی تاکو ئەوانیش تێر لە ڕۆمانەکانمان نەخۆن ؟
پرسیارێکی جوان بوو ، بەڵام وەک بڵێی زۆر جوان نەبوو .. به واتایەکی تر ئەبوو ئەو خاوەن پرسیارەیان نەگرتایە و شوێن بزریان نەکردایە ، وەڵامێکی سادەیان بدایەتەوە ، چونکە ئاشکرایه تورکیا و ئێران و سعودیە ، وڵاتانێک نین کە بە ڕۆمانەکانی ناو چاڵێک هەڵبخڵەتێن ..ئەوان خۆیشیان گاڵتەیان بە ڕۆمان دێت .. ڕۆماننووسەکانیان یان لە زینداندان یان لە ئەوروپا پەناهاندەن ..ئیتر ڕۆمانی ئێمەی چی ؟ ئەوان خەریکی بازرگانی و ئاڵ و وێڵن ..واتا ئەوان هێشتا لە نەوت و غاز و ڕابواردن تێریان نەخواردووە ، ئیتر ڕۆمانەکانی ناو چاڵی چی ؟! وەڵا برا من خانەی بڵاو کردنەوە ئەزانم ، پڕ دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆکیان کردووە بەو دیوا و ..وەک زەماوەندی کوڕە کەچەڵە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ گێڕاویانە ، کەس نەیوتووە کەرتان به چەند .. ئینجا وەرە دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆک بکەرەوە بەمدیوا ..
ئاخر بۆیه من پێشتان کەوتم و ..وتم پێویست بە ڕۆمان نوسین ناکا .. تۆ کات و شوێن و ڕوداو و پاڵەوانت نییە ، ئیتر ڕۆمانی چی ؟ بەڵام ئەوروپییەکان حەزیان لە شتی سەیرە ، بۆ نمونە نەک هەر ڕۆمان ، سەلکە ترخێنەیەک ببەرە ئەوێ ، هەموو لە دەوری کۆئەبنەوە وا ئەزانن چەناگەی دیناسۆرێکە و .. دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکەن .. یان سمێڵی عەزیز وەیسی .. شمشاڵەکەی قالە مەڕە ..یان گۆرانییەک وەک لورە لور ، تۆمار بکە ، هەموو ئەوروپا لەچوار دەوری کۆ ئەبنەوە .. چونکە ئەوان لە نەوت و گاز تێر بوون .. لە قۆناغی دوای قڕقێنە و خۆکێشانەوەدان ، بۆ نمونە حەز ئەکەن بزانن سمێڵی عەزیز وەیسی لە چەند داو پێکهاتووە ..هەر بەو جۆرەیش ڕۆمانەکانمان کە خۆمان نازانین باسی چی دەکەن ، لای ئەوروپییەکان ئەبنە جێی بایەخ ..ئەوان وەک ڕۆمان تەماشای ناکەن ، بەڵکو وەک پارچەیەکی پێش ملیۆنێک ساڵ تەماشای ئەکەن و چێژی لێ ئەبینن .. تیایدا بۆ دەسخەت و بەردە دەسکەلاکانی دەستی نیاندەرتاڵ و کڕۆمانیۆم ئەگەڕێن .. واتا ئەوان وەک شتێکی سەیر ئەیخوێننەوە ، ڕۆمانێک لەناو چاڵدا نووسرا بێ ، شتێکە جێی بایەخە .. وەک ئەوە وایه بڵێی مردوویەک لەناو گۆڕدا پڕ یەک تاوە هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ، لێرەدا ئەوروپیەکان حەزیان لە هێلکە و ڕۆنەکە نییە ، لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو لە چواردەوری کۆ دەبنەوە ..وەک چۆن لە دەوری فیلمی ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان کۆبوونەوە ، ئەوان وەک ڕووداوێکی هات و چۆ ، یان بومەلەرزەیەک تەماشایان ئەکرد ، کە چۆن مناڵگەلێک ئەو هەموو کۆڵە له خۆیان دەنێن و بەناو بەفرا ، شاخەکان ئەبڕن ..شتی وا لە ئەلیادە و ئۆدیسەیشدا ڕووی نەداوە ، بەڵام ئێمە واماندەزانی ئەوان بۆ هونەری ئێمە دەڕوانن ، لە کاتێکدا هەر زوو ئەو فیلمە له یاد چوو ، چونکە بومەلەرزە و لافاو تەنها له کاتی ڕوودانیدا خەڵک لە دەوری کۆ ئەبنەوە ، دوای ئەوە هەر کەسێک ئەڕوا به لای ئیشی خۆیەوە ..ئەمە دووبارە کردنەوەی ئەوێ ، واتا ئەوروپییەک کە بە دیار فیلمێکی یەڵماز گیونایەوە دادەنیشێ وەک ئەوە نییە بە دیار فیلمێکی تۆم هانکسەوە دانیشێ ، لەوەی یەکەمدا تەماشای شتێکی سەرسوڕهێنەر ئەکا وەک کەوتنە خوارەوەی نەیزەکێک ..بەڵام لەوەی دووەمدا ، هونەری سینەما و ڕوناکی و فلاشباک و شتەکانی تری فیلم تەماشا ئەکا ..
واتا ئەو مناڵەی تەشتە گوڵە بەڕۆژەکەی ڕژاوە و خەڵک له دەوری کۆبوونەتەوە ، وەک کۆبوونەوەی ئەو خەڵکە نین لە تەماشاکردنی فیلمی کچە شقارتە فرۆشەکەی ئەندەرسندا ، هەردووکیشیان خەڵکێکی ئەوروپیی دەورەی داون ، بەڵام یەکەمیان نەگبەتییە و هونەر نییە ..لە کاتێکدا ئەوەی دووەمیان چیرۆکێکی هونەریی پڕ له فەنتازیایە ..
هەرچەندە ئێمە وا دەزانین لەبەر تامی هێلکە و ڕۆنەکە ، ئەوروپییەکان کۆ بوونەتەوە .. چونکە گەر ئەو مردووەی لەناو گۆڕەکەیدا هێلکە و ڕۆنەکەی ساز کردووە ، نیشانی تورک و فارس و سعودییەکان بدەین ، هەر تەماشایشی ناکەن .. ئێ ئەوان هێشتا تێریان لە نەوت و گاز نەخواردووە ، ئیتر هێلکە و ڕۆنی چی بخۆن ؟ خۆیشمان بە هەمان شێوە کاتێ تێرمان لە گەشتی عەمرە و تورکیا و ئێران نەخواردووە ، ئامادە نین بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن مردوویەک پڕ تاوەیەک هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ..
هەر بەو شێوەیە ئەوروپیەکە کاتێ بە زاری هەڵپچڕاوەوە ڕۆمانەکانمان ئەخوێنێتەوە ، هی ئەوە نییە کە هونەرێکی بەرزی ڕۆماننوسین ئەخوێنێتەوە ، بەڵکو هی ئەوەیە کە چۆن لەناو چاڵدا خەڵک فێری خوێندەواریی بوون و ئەتوانن شت بنووسن ..
بەڵام ئەوانەی لای ئێمە لەوە تێ ناگەن .. ئەیانەوێ بڵێن ئێمەیش ڕۆمانمان هەیه ..ئێمەیش شتین .. کەچی له پڕ ڕوماننوس مەعنا لەناو چاڵەکەدا نامێنێ ، ئەڕۆن بۆ ووڵاتە ئەوروپییەکان ، داوای مافی پەناهاندەیی ئەکەن ، ئیتر کابرای ئەوروپیی نازانێ بڵێ چی ..یان ڕاستتر ناتوانێ تێی بگەیەنێ کە ئەو ڕۆماننوس نییە ، بەڵکو ئەو کەلەپورناسه و ..شتی زۆر کۆن و سەرسوڕهێنەری نیشان داون ..ئا لێرەدا ئیتر کۆبوونەوە ڕوودەدات .. کۆبوونەوەی لاپەڕەیەکی زۆر ، کە چەندەها جار ئەخوێنرێنەوە ، بێ ئەوەی هیچی لێ حاڵی ببن ، بەڵام چێژی لێ ئەبینن .. واتا شتی وا لە مێژوودا ڕووی نەداوە تۆ له پاریس دانیشی و ..ڕۆمان لەسەر سابونکەران بنوسیت ..یان لە بەرلین ، سۆشیاڵ و ڕۆمان و داهێنان پێکەوە بکەیت بە کۆکتێل ، لە چاڵەکەیشدا دوور بە دوور ، موچەی لیوا ڕوکنت بۆ ببەستن ..بۆ ئەوەی نهێنییەکان نەبەیتە دەرەوە ، یان هیچ نەبێ به شکۆدارییەوە باس لە چاڵەکە بکەیت .. لە کاتێکدا ئەوروپییەکانیش بەرە بەرە بێزار ئەبن .. واتا گەڕان به ناو مۆزەخانەدا ، چەند خولەکێک خۆشە و ئەبێ ئیتر بە جێی بێڵیت …
ئیتر ڕۆمانی چی ؟
ویستم بە خێرایی باسی دووان بکەم ، کە سەرەتا ویستیان کۆمپانیایەکی گەورەی شیرەمەنیی دامەزرێنن ، کە ئاستەنگی کارەبا و باج و پشک پشکێنە یەخەی گرتن ، بڕیاریان دا جارێ دەرهەق بە زروف و زەمانە ، پاشەکشە بکەن و لەماڵی یەکێکیان پەنیری مەڕ بەرهەم بهێنن ، دوای ئەوە کە بۆیان دەرکەوت ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ بازاڕدا بکەن ، بڕیاریان دا ڕۆژانی هەینی لە سەڕقەبران بازاڕی بۆ پەیدا بکەن ، چونکە بە ڕۆژانی هەینیدا خەڵکێکی زۆر دێنە سەردانی گۆڕستان .. لەوێدا پۆلیس ڕێگرییان لێ دەکا و ..ئەمانیش مکوڕن لەسەر فرۆشتنی سەلکە پەنیرەکان ، ئیتر یەکێکیان ئەکوژرێ و ئەوەی تریشیان بە یاسای خراپ ساغکردنەوەی پەنیر دەست بەسەر ئەکرێ ..

نەوزاد بەندی




قوتابخانەی ئازادی.. ئامادەکردنی شەماڵ بارەوانی

قوتابخانەی ئازادی، ڕۆمانێکی نووسەری ژاپۆنی(شیشی بۆنرۆکۆ)یه.

نووسەر لە ساڵی١٨٨٣ لە دایکبووە و لە ساڵی١٩٦٩ کۆچی دوایی کردووە. ڕۆمانەکە لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە(٣٠٥)لاپەڕەیی و ١٨بەش پێکهاتووە. شیشی بۆنرۆکۆ، بەرهەمەئەدەبییەکانی لەژێر ناوی خوازراوی(ئیواتا تویو)بڵاودەکردەوە و لە دنیای ئەدەبدا بەو ناوەوە ناسراوە. قوتابخانەی ئازادی، پڕفرۆشترین ڕۆمانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووبوو.
خوێنەر لە ڕێگای ئەو شاکارە ئاشنای کولتووری ژاپۆن و سروشتی ژیانی تاکی ژاپۆنی له ژاپۆن دەبێت و چینەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەناسێت و گەشتێکی شەقامەکانی تۆکیۆی پایتەخت دەکات و هەموو ئەو شتانە دەبینێت کە تێیدا ڕوو دەدەن. بە تایبەتی دوای ئەو تراژیدیا و شکستەی ژاپۆن، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تووشی بوو.
بیرۆکەی سەرەکی قوتابخانەی ئازادی، باسکردنە لە ئازادی، لە ڕێگەی ئەو ئازادییەی داگیرکەران دەیانەوێت لە ڕێگای دەستوورێکی نوێ کە لەساڵی١٩٤٧ بۆ ژاپۆن دەینووسن و دەریدەکەن. پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە(ئییۆسۆکی)یە. کاتێک ئەوەی ژنەخۆسەپێنەرەکەی(کۆماکۆ) پێی دەڵێت لە ماڵەوە بڕۆ دەرەوە. دوای ئەوەی هەواڵی ژنەکەی دەدات دوای زیاتر لە نۆ ساڵ دەستبەرداری کارەکەی بووە و لە دەزگای هەواڵی تۆکیۆ، ئیدی دەڕوات و ماڵەوە جێ دێڵێت و دەیەوێت لە دەست کۆتوبەندی ژنەکەی و کارکردن و هەوڵدان بۆ پارەبەدەستهێنان ڕزگاری بێت. ئەو، گەشتی گەڕان بە دوای ئازادی و دۆزینەوەی جیهان و پەنهانەکان و نەزانراوەکانی دەست پێدەکات. گەشتێکی کۆمێدی و پڕ لە سەرکێشی. ئەو گەشت و دوورکەوتنەوەیەی دواتر گۆڕانکاری لە کەسایەتی کۆماکۆی هاوسەری دروست دەکات و وای لێ دەکات تامەزرۆی گەڕانەوە و دیداری ئیۆسۆکی بکات و تۆمارێکی نوێ لە مێنتەڵێنتی کۆماکۆ لە بارەی چەمکی ئازادی دەکاتەوە. دوای دوورکەوتنەوەی هاوسەرەکەی، دەکەوێتە حاڵەتێکی سەختی دەروونی و هەست بە تەنیاییەکی زۆر دەکات و تاسە و بیری ئیۆسۆکی و بیری گەڕانەوە، هەموو بیر و خەیاڵی داگیر دەکات و سەرەڕای ئەوەی چەند پیاوێکی تری وەک تکابوی و هیمنی و هیچی لە کاتی غیابی هاوسەرەکەی لە دەوری کۆ دەبنەوە و دەیانەوێ دڵی بەدەست بێنن. ئەو، تەنیایی و دووری و بیرکردنی هاوسەرەکەی وای لێ دەکات بڕوات و بە دوایدا بگەڕێت تاکو بیدۆزێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە سەردانی شاری ئەویس و ماڵی هنیدا سۆتۆمۆی خاڵ و جیکۆی خاڵۆژنەی و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی ئییۆسۆکی دەکات و سۆراخ و هەواڵی هاوسەرەکەی دەپرسێت.
لەپاڵ چیرۆکی ئیۆسۆکی و کۆماکۆی هاوسەری، کەسایەتی تر و چیرۆکی تر دەبن بە تەواوکەری بەسەرهاتەکانی ڕۆمانی قوتابخانەی ئازادی.
لە بەشێکی تری قوتابخانەی ئازادی، نووسەر باس لەو گۆڕانکارییانە دەکات کە شکستی ژاپۆن لە جەنگ لەسەر کولتوور و ڕۆشنبیری و نەریتی ئەو وڵاتە دروستی کرد. ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر دابونەریت و ژیانی ژاپۆندا هاتن و گۆڕانکاری گەورەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری و ئەقڵییەتی تاکی ژاپۆنی دروست کرد و دید و تێڕوانینیان لەبارەی چەمکی ئازادی گۆڕا.
ئەو جەنگەی وەک نووسەر دەڵێت ئازادی لەبەرهەمی ئەو جەنگەدا دەست کەوت و غەنیمەی ژنی ژاپۆنی بوو. هەروەها باس لە شوێن و مەکانەت و کارکردن و لەئەستۆگرتنی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و دووری لە هاوسەر و نەهامەتییەکانی ژنی ژاپۆنی دەکات لە کاتی جەنگە جیهانییەکە و دوای ئەو قۆناغە. ژاپۆنیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی چووە ناو ئەو جەنگە کاوڵکارییە و به تراژیدیا و شکستێکی زۆر گەوره لێی هاتەدەر و دوو شاری گەورەی(ناکازاکی و هیرۆشیما)، ڕووبەڕووی چەکی نەوەوی بوونەوە لە لایەن ئەمریکاوە و سەتان هەزار قوربانی و برینداری لێکەوتەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. ژنی ژاپۆنی تا پێش ئەو قوناغە(جەنگی دووەمی جیهانی)، دەسەڵاتی سنورداربوو و تەنها ڕۆڵی ژنی ماڵەوە و دایک و بەخێوکەرێکی وازی دەکرد و لە هەموو ڕوویەکەوە ژن دەبوا پشت بە پیاوەکەی ببەستێت و پیاو بڕیاردەر و کەسی یەکەم و حاکمی ڕەهابوو لە ماڵەوە و ژیانی خێزانی لەژێر باروبەندی ئەقلییەتی پاتریارکی و نێرسالاریدابوو. ئیدی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی موعادەلەکان گۆڕان و چەمکی ژیان و ژن و واتای ئازادی پێیاننا قۆناغێکی تری تازە و جیا لەوەی پێشووتر و دوای ئەو قۆناغەی پێشووتر، ئیتر ژن دەیتوانی بێ گەڕانەوە بۆ پیاو پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لە زیندانی زهنییەتی پیاوسالاری و لە نێو چوار دیواری زیندانی ماڵەوە بێتەدەر و کار بکات و بوونی خۆی بسەلمێنێت و بە نێرسالاران بڵێت ئەو هیچی کەمترنییە لە وان و پێویستە دووبارە خوێندنەوە بۆ نەریتەکۆنەکان و یاسای وڵات و دەسەڵاتی نێرسالاری بکرێت و کۆمەڵگایەکی یەکسان دابمەزرێت و کۆنسێپتی یەکسانی جێندەری تێیدا سەروەر بێت و ژن مافە فێمێنستییەکانی خۆی هەموو بەدەست بێنێت. بە ڕاستی ئەو هاتنەدەرەوەیەی ژنی ژاپۆنی لە ماڵەوە شۆڕشێک بوو بۆ خۆی و لە وێوە ژنی ژاپۆنی تێگەیشت کە ئازادی چییە و ئەو وەک ژنێک ڕۆڵ و ئەرک و ماف و ئازادییەکانی چین. دەتوانین بڵێین کەسایەتی کۆماکۆ بەرجەستەکەری دوو قۆناغی جیاوازە لە ژاپۆن و ڕۆڵی ژیانی دوو نەوە وازی دەکات. نەوەی پێش جەنگ و نەوەی دوای جەنگ.
لە کاتێکدا کەسایەتی(یۆری)ی تەمەن هەژدەساڵ کە بەشداربوویەکی تری چیرۆکی ڕۆمانەکەیە، نموونەی ئەو کچ و ژنەژاپۆنییانە وازی دەکات کە جەنگ قۆناغێکی تر و دەرفەتێکی تری ژیانی بۆ ڕەخساندووە، کە تێیدا ئازادی خۆی بەدەست هێناوە و بە شێوازێکی تری جیاواز لەو قۆناغەی پێش جەنگ و نەمەتێکی تری ژیان ئەزموون دەکات و ستایلێکی تری پۆشاک دەپۆشێت و جگەرە دەکێشێت و پەیوەندی سۆزداری دەبەستێت.
بەشێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە کەسایەتی ئیۆسۆکی بەرجەستەکەری ژیانی نووسەر خۆیەتی. وەک چۆن ئیۆسۆکی ڕقی لە کارکردن و وەزیفەیە و لە کۆتایی ژیانیدا لە ماڵەوە چێشت لێدەنێت و جڵک دەشوات و خۆی بۆ کاری ماڵەوە تەرخان دەکات. لە کاتێکدا کۆماکۆی هاوسەری لە ڕێگای کارکردنی لە دەرەوە، دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
نووسەریش لە سەرەتای ژیانیدا هیچ داهاتێکی نابێت و ژنەکەی ئەرکی بژێوی ژیانی خێزانیان دەگرێتە ئەستۆ لە ڕێگای ئەو بڕە پارەیەی لە گوتنەوەی وانەی زمانی فەڕەنسی بەدەستی دێنێت.
ئەوە خوێندنەوەیەکی کورت بوو بۆ ڕۆمانی قوتابخانەی ئازادی و بە هیوام ئەوەی من نەمتوانیبێت بیڵێم و درکم پێی نەکردبێت، خوێنەر و لێکۆلەری تری ئەدەبی لە دوای من تەواوی کات و تیشک بخاتە سەر هەر مەفهووم و مەجهوول و مەغزایەکی تری شاکارەکە، کە ئێمەمانان پەیمان پێی نەبردبێت و نەمانبینیبێت.