وێنەی شیعری لە (دڵارام)ی (ئاری یاران)دا.. هاوژین عبدالرحمان فتاح

لێکۆڵینەوەیەکە پێشکەشی زانکۆی سۆران/ فاکەڵتیی ئاداب_بەشی زمانی کوردی کردووە، وەک بەشێک لە پێداویستيیەکانی بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی کوردی لەلایەن: هاوژین عبدالرحمان فتاح
بەسەرپەرشتى: م. هەندرێن..

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…




کورتە باسێک دەربارەی مادده‌ی هۆشبه‌رەکان.. ڕێزان جلال حمد

به‌ خوێندنه‌وه‌مان بۆ بابه‌تی ئاڵووده‌بوون و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تایی سه‌رهه‌ڵدانی شارستانیه‌ت له‌ سه‌رده‌می بابلی كۆندا مرۆڤ بۆ خۆده‌ربازكردن له‌ جۆرێك ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ و ناهه‌موواری و ناخۆشیه‌كانی ژیان په‌نایی بۆ زۆرێك هۆكار بردووه‌ له‌وانه‌ چه‌ندین مادده‌ی سروشتی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و تاقیكردۆته‌وه‌ كه‌ دواتر به‌كاریهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستی بێهۆشبوون و بێئاگای بۆكه‌مێكیش بێت خۆی رزگاربكات له‌و دۆخه‌ی لە ڕاستی به‌سه‌ری هاتووه‌ بچێته‌ ناو دونیای خه‌یاڵ وبێهۆشبوون و ئاڵووده‌بوون كه‌ باوه‌ڕی وابووه‌ به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌رمانانه‌ ئازاره‌كه‌ی كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و مێشك و ده‌روونی ئارام ده‌كات ، بێگومان لای زۆینه‌مان ڕوون و ئاشكرایه‌ شتێكی دیاره‌ به‌كارهێنانی و ئاڵووده‌بوون به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ جیهاندا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ جا چ له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌سی بێت یان ئاستی نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تی بێت ، جیا له‌وه‌ی كه‌ خۆی ئاڵووده‌بوون و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ زۆربه‌ی وڵاتاندا كێشه‌یه‌كی سه‌رده‌میه‌ وه‌كو په‌تایه‌كی مه‌ترسیدار به‌رۆكی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی گرتۆته‌وه‌ ، ئاڵووده‌بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان كێشه‌یه‌كی یاساییه‌ چونكه‌ زۆبه‌ی وڵاتان به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ته‌ندروستی و شكۆی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌م جۆره‌ ماده‌ زیان به‌خشانه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ دانانی یاسایه‌كی تۆكمه‌ و به‌هێز كه‌ به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر وه‌كو تاوانێكی گه‌وره‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌زانن و له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن هه‌م ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌كاری ده‌هێنن و ئه‌وانه‌ی كه‌ بازرگانی پێوه‌ده‌كه‌ن هه‌تا ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رهه‌می ده‌هێنن یاسا سزایه‌كی قورسی بۆدیاریكردوون هه‌تا له‌ هه‌ندێ وڵات سزاكه‌ به‌جۆرێك تونده‌ كه‌ ده‌گاته‌ ئاستی له‌ سێداره‌دان یان زیندانی تاهه‌تایی ، ئاڵووده‌بوون به‌م ماددانه‌ كارێكی زۆر مه‌ترسیداره‌ مرۆڤ له‌ هه‌مووبنه‌ما كۆمه‌ڵاتیه‌كان و مرۆییه‌كان هه‌تا ئاكاریه‌كان داده‌ماڵێت و له‌ناوی ده‌بات به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌م وتانه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی جه‌سته‌ی هه‌ڵگری ئه‌و مادانایه‌ یان ئاڵووده‌بووه‌ به‌و مادده‌ زیانبه‌خشانه‌ خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی لاواز و بێهزه‌ داماڵدراوه‌ له‌ ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ئاماده‌یه‌ سازش له‌سه‌ر هه‌ر كارێك بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئامانجه‌كه‌ی بگات كه‌ گه‌یشتنه‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و به‌كارهێنانی هه‌تا ئه‌گه‌ر بڕیكی كه‌میش بێت چونكه‌ پێی وایه‌ كه‌ چاك ده‌بێت به‌بێ گوێدانه‌ به‌ شه‌رع ویاسا و بنه‌ما ئاكارایه‌كان هه‌تا ده‌گاته‌ ئه‌و دیارده‌ی كه‌ كه‌سانی نزیكی خۆی كه‌ خۆی له‌ ئه‌ندامانی خێزان ده‌بینێته‌وه‌ له‌ ژن و خوشك و و كچ به‌كاری ده‌هێنێت بۆ مه‌رامه‌ خراپه‌كانی خۆی هه‌تا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌كات ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئاماژه‌ی پێبكه‌ین به‌كارهێنانی ئه‌م مادده‌ هۆشبه‌رانه‌ زیانێكی زۆر به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌ینێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌تا كار له‌سه‌ر ده‌روونی كه‌سه‌كه‌ ده‌كات و به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی خراپ ده‌بات جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیر و مێشكی ده‌كات ، هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ته‌واوی وڵاتاندا جۆراوجۆرن به‌پێی سیسته‌م وجۆری كۆمه‌ڵگاكان ده‌گۆڕیت بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌ كه‌ پێویستمان به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانه‌ به‌ مه‌به‌ستی بنبڕكردن یا كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌كارهێنه‌ران ، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌كارهێنه‌ری ئه‌و مادده‌ هۆشبه‌ر و زیان به‌خشانه‌ن یان ئاڵوده‌ن پێیانه‌وه‌ ناكرێت وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت به‌ڵكو پێویسته‌ وه‌ك نه‌خۆش و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ بكرێت له‌ بری سزادان و سه‌ركۆنه‌كردنیان چاره‌سه‌ری وه‌ربگرن كه‌ خۆی له‌ وه‌رگرتنی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری ده‌روونی ده‌بینێته‌وه‌ .




سەرکەوتنی لیستی چەپەکان(NPF) لە فەرەنسا تارمایی هێلەک زەردەکانە.. ئاسۆ کمال

شکست پێهێنانی خێرای بەرەی ڕاستڕەوەی RN ڕاسیست لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٧ تەمووزدا کاریگەری چەند ساڵ خۆپیشاندان و خەباتی بەردەوامی کرێکاران و هێلەک زەردەکانی چینە کەم دەرامەتەکانی فەرەنسایە بەسەر گۆڕەپانی سیاسەتدا.
داوای شکست پێهێنانی یاسای خانەنشینی و زیادکردنی کرێ و باشترکردنی خزمەتگوزاریەکان و ڕاوەستانی شەڕی غەزە و چەندین مافی تر ئەو بەرنامەیەی لیستی چەپە (NPF)” بەرەی نوێی خەڵک”کە سەرکەوتنی دەنگەکانی چەپی مسۆگەرکردوە.
لە تەنگەژەی سیاسی و ئابوری ئێستای سەرمایەداری لە فەرەنسادا بەرەی ڕاست RN بە ترساندنی خەڵکی فەرەنسا لەو نادڵنیاییەی خودی سیستمەکە لە بێ مافی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی دروستی کردوە و نیشاندانی “پەنابەرە بێگانەکان” وەک سەرچاوەی کیشەکان، دەیەوێت “هاوپەیمانی نیشتمانی” RN وەک بەدیلێکی بورژوازی بسەپێنێ و دەنگدەرانێکی زۆری هەیە.
ئەمە شەڕی چینایەتیە کە لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی لیستە سیاسیە چەپ و ڕاستەکانەوە ڕەنگ دەداتەوە.
ڕاستە هێشتا (NPF) ئەو هێزە چینایەتیە ڕیکخراوە نیە کە کرێکاران و هێلەک زەردەکان لە ڕیگەیەوە بتوانن خۆیان وەک بەدیلی سیستمی سەرمایەداری فەرەنسا نمایش بکەن و بەرنامەی ڕیفۆرم بە تەنیا دەتوانێ شکستێکی کاتی بێت بۆ خەتەری هێرشی “هاوپەیمانی نیشتمانی” RN ڕاسیست، بەڵام هەنگاوێکی گرنگی سیاسیە کە پێویستی بە ئامادەیی زیاتری سیاسی چینی کریكار و ڕیکخراوە سیاسی و جەماوەریەکانێتی تابتوانێ ئەم سەرکەوتنە سیاسیانە بکاتە زەمینەیەک بۆ ڕادیکاڵ بونەوە و فراوانتر بونی ناڕەزایەتیەکانی شەقام و خەباتی سیاسی و ئابوری ئێستای کرێکاران و دروستکردنی ئەلتەرناتیڤێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر بەم سیستمە سەرمایەداریە. مێژووی نەریتی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی فەرەنسە ئومێدی ئەم ڕادیکاڵ بونەوەیەی خەباتی چینایەتی بەرەو گۆڕانی شۆڕشگێڕانەمان دەداتێ.

ئاسۆ کمال




شیعری دۆڕان.. نووسین و خوێندنەوەی سمکۆ محەمەد

دیزاین و کەڤەر رێکان



پیاو.. شیعری شەهلا نوری

تۆ شەپۆلی ئارەزووەکانت
هه م جوانیە و هه م ترساندن
هه م پڕ هه ست و هەم تووڕەیی
ئارامیت پڕ له شێتییە و
سەمای مەستانەت
ژاوەژاوی مەیلەکانتە یان
جاڕو جنجاڵی ته مه نه
تۆ سه یران و
هه م تۆفانیت
شەو چرای کڵپەی ئه حزانی منی و
شەوێ زیندانی خاک
تۆ تەوقی طلايى گەردنى زیبای خانمانی
يان غل وزنجیری دەسته كانيت
تۆ جوانییەک سەرسوڕمانیت
شەرابی ڕۆحی سەرگەردانیت

شەهلا نوری




نه‌خشه‌.. شیعری ستار ئه‌حمه‌د

به‌ورده‌ باران بمكێشه‌ ..
بمده‌ به‌سه‌ر شنه‌ی بادا .
ره‌وێك دیده‌ ..
له‌ئامێزی شه‌و بنوێنه ،
بگری به‌سه‌ر سۆزی خوادا .
له‌چرۆدا چڵێك سڕكه‌ .
ماچ و گۆنا له‌یه‌ك بڕكه‌ .
بزانه‌ تاریكی له‌كوێ‌ ..؟
هاوسه‌نگه‌ری باخچه‌ی دڕكه‌ .
ده‌مێك له‌ئاورنگ هه‌ڵكێشه‌ .
چاوێك پڕكه‌ له‌سره‌وتن .
له‌تیله‌ی پرشنگ بڕوانه‌ ،
بپرسه‌ مانگ بۆ كوێی بردن .
فرمێسكێك به‌گڵ داپۆشه‌ ..
تینێك به‌نیگا بكێشه‌ .
په‌ڕه‌یه‌ك له‌خوێنا راخه‌ ،
مه‌مخه‌ره‌ نێو دوو هاوكێشه‌ .
به‌رووناكی له‌لقم بده‌ ..
كه‌وانه‌یه‌ك خۆر باران كه‌ ،
شیعرێك به‌من بدووره‌وه‌ .
چاره‌نووسمان هه‌ڵمه‌واسه‌ ،
به‌گه‌رداوی باشووره‌وه‌ .
تێده‌گه‌ی نان چۆن سه‌ر ده‌بڕن ..
له‌ شانامه‌ی داگیركه‌رێ‌ .
ده‌بینی باڕه‌ش بۆ مه‌سته‌ ،
ده‌یه‌وێت ناسنامه‌ت به‌رێ‌ .
له‌ویژدان وره‌ وه‌رگره‌ ..
مردن له‌خاك بنه‌خشێنه‌ ،
بۆ چاوه‌زاری سه‌ربه‌رزی .
له‌پاییز گه‌ڵا مه‌خوازه‌ ،
ئه‌مڕۆ زه‌ردی و سبه‌ی سه‌وزی .

ستار ئه‌حمه‌د




خۆشەویستەکەم.. شیعری ستیڤان شەمزینی

خۆشەویستەکەم
تۆ بەوەت زانیوە
ھەر کات بیرت بکەم
شیعرێک بە درێژیی
تۆم وەیاد دەھێنێتەوە؟
ھەر کات ویستم ماچت بکەم
پێنووسم سینگی کاغەز
ماچ دەکات و
لیکی شیعری بەسەردا دەڕژێت
ھەر کات تاسەت بکەم
پشکۆی دڵم گەرم گەرم دایێ
شیعرێکیش لە دایک دەبێت


خۆشەویستەکەم
تۆ ھەستت پێ کردووە
ئەو ئانەی سەرمام بێت
لێفەی قرمزیی
ئەو شیعرانە بەخۆمدا دەدەم
بەرەو لای تۆ باڵ دەگرن؟
لەو چرکەساتەی پیاڵەی تووڕەییم
لێی دەڕژێ
لەگەڵ ئەو شیعرانە دەنووم
بۆنی سینگ و مەمکی تۆیان لێدێت


خۆشەویستەکەم
بە بیرت دێتەوە
چۆن سواری
کەشتی ئەڤینداریی بووین
ئاوریشمی سۆزمان بەخۆماندا دەدا؟
یان وەک دوو منداڵی بزێو
دارتووی ئاسمانمان تەکاند
باوەشمان پڕبوو
لە چەپکێک ئەستێرە
تۆ قەت بیرت لەم رۆژانە کردۆتەوە و
فرمێسکی شادیت داباریبێت؟


خۆشەویستەکەم
ئەو رۆژەت لە یادە
شێتە”با”ی شیعرێکم ھەڵیکرد
کراسی شەرمی ھەڵدایتەوە
دوگمەی ستیانی ترازاند
دەستی درێژکرد
ھەنارێک لە سینگت بکاتەوە؟
لەو رۆژەوە شیعرم ئارام بۆتەوە
وەک شەونمێک
لەسەر گەڵای لەشت نیشتووە


خۆشەویستەکەم
دەزانم غەمباریت
دووریی
چاوی ھەزاران
حەزی کوێر کردووە
برینی دەیان شیعری کولاندۆتەوە
دوودڵ مەبە ئازیزم
دەنک دەنک حەزەکانم
بە دەزووی شیعر ھۆنیوەتەوە
لە دیدارێکی چاوەڕوانکراودا
چەشنی ملوانکە دەیکەمە ملتەوە


خۆشەویستەکەم
خەونێکم ھەیە
لەنێو گۆرانییەکی بەھاریدا بژیم
لە مەمکی نەمریی
شیری ژیان بخۆمەوە
لە تەک ھەورەکاندا رێ بکەم
لەگەڵ ئاڵترین بارانەکان ببارێم
لەناو باخی خۆشنوودیدا
ھەناسە بدەم و
لەگەڵ دارسنەوبەر
لەیەک جۆگە ئاو بخۆمەوە
لە پەنا خۆشەویستیی نەکوژاوەتدا بمرم
گۆڕەکەشم نێو چاوی فرمێسک تێزاوی
تۆ بێت


خۆشەویستەکەم
فەرامۆشی مەکە
ئەو خۆزگە بەھەشتییانەی
بە سواری ئەسپی شیعرەوە دێن
ئەو خولیا ئیرۆسییانەی
لە شەرمنیی پیاوێکدا
شکۆفەیان کردووە
ئەو رستە گەرم و گوڕانەشی
بە دار تێلی بێدەنگییەوە
بەستراونەتەوە


خۆشەویستەکەم
ھەبوون ھەر ئەوەندەیە
لە شەوێکی تامەزرۆی ساماڵدا
ژن و پیاوێک لە ماڵێکی نھێنیدا
ئاواتی لە مێژینەیان
لە ماچدا تام بکەن
ھەزاران چیرۆکی لەبارچوویان
بکەنە یەک چیرۆکی خوساوە
لە سەر ھەرێزی تەختەخەوەکەیان


خۆشەویستەکەم
زۆر ماندووم
بۆ خۆت دەزانی سەرم کردووە
بەھەموو کونێکدا
بە دوای خۆما گەڕاوم و
دڵی ژنێکم ورد پشکنیوە
جارێک “جولێت”م بینی
من نەمتوانی
رۆڵی “رۆمیۆ” بگێڕم
جارێکی دی “مەجنون” بووم
“لەیلا”ی جادووگەر
لە ھەستمدا ھەڵفڕی
ئێستا
دێوانەیی “وەلی”م کردۆتە بەر
تۆی “شەم” دەملاوێنیتەوە


خۆشەویستەکەم
وتت پێناسەی شیعرم بۆ بکە
دەربارەکان بە دەغیلە تێیگەیشتوون
لە گوێی سەربازەکاندا
شەیپۆری جەنگە
لای سیاسەتمەدار
کاڵایەکی ئێکسپایەرە
لای سۆفی
تەجەلا و سوورەتێکی نورانییە
لای شاعیرەکان
گەمەیەکی زمانەوانییە
لای منی ئەوینداریش
حەسرەتێکی وێڵە
بە دوای دلبەردا دەگەڕێت


خۆشەویستەکەم
خۆم دەنووسمەوە
کاتێک
شەڕەنگێزییەکانم دەنووسمەوە
تۆ لەوێ نێت
کاتێک جوانییەکانم دەنووسمەوە
لەبەر تۆ، چاوم لە خۆم نییە
کاتێک
بەسەر تەرمی رابردوودا دەگریم
تۆ لەوێ نابینم
کاتێک قافیەی ئێستا
دەگەیەنمە ماڵی شیعری ئایندە
لە ھەموو لایەکەوە
شوێن پێی
ھاتنی ھەمیشەییت دەبینم


خۆشەویستەکەم
دانی پێدا دەنێم
ئافرەتی زۆرم ناسیوە
ھەندێک وەک ئەوەی
رێبواری ناو شەمەندەفەرێک بین
لە وێستگەیەکی نزیک دابەزیون
ھەندێکی تر
وەک ئەوەی لەشکری ھەنگ بن
نوقڵی شیعریان تا تێربوون کرۆژتم
دانی پێدا دەنێم
لە خەیاڵپڵاویی ئەوان بێ ئاگابووم
گوڵێکی پەژموردە بووم
لە باخی سووتاوی ئەواندا
دان بەوەشدا دەنێم
ئەوەی بە دواتدا دەگەڕا
تەنھا خۆم بووم
ئەوەی ئەبەد لە مندا دەمێنێتەوە
تەنھا تۆیت


خۆشەویستەکەم
تۆ مێژووت نییە
لە تەقویمی مندا رۆژێک نییە
ناوی بنێم رۆژی یەکتر ناسین
لە تەقویمی مندا رۆژێک نییە
ناوی بنێم رۆژی خۆشویستنمان
تۆ نوورێکی ئەزەلی بوویت
رژاویتە عاتیفەی تاریکترین پیاوەوە
خودا ملیۆنان ساڵ
بەر لە دایکبوونمان
ئێمەی بۆ یەکتر ھەڵبژارد
لەبەرئەمە لە تەقویمی مندا
تەنھا یەک رۆژ بوونی ھەیە
ناوی دەنێم
جەژنی یەکتر دۆزینەوە


خۆشەویستەکەم
حەزم لە بەردەوامییە
شیعرێک، بەردەوام
بەناو لەشی مێژوودا بگەڕێ
لە ھیچ وەرزێکی شوومدا نەمرێت
رووبارێک، لە زاکیرەی زەویدا
بە تەڕیی بمێنێتەوە
ھیچ کات دڵی وشک نەبێت
خەونێک
میوانی ھەمیشەیی شەوان بێت
ھیچ کابووسێک زەفەری پێ نەبات
عەشقێک
لە دوای چەندین سەدەی تریش
ھەر بۆکڕوزی سەرەتای لێ ھەڵسێ


خۆشەویستەکەم
باسی نەمریی دەکەم
ئەمە خەونی بێ بەری “گلگامێش” نییە
خولیای ئەفسانەیەکی گریکی نییە
ھەقایەتێکی کۆنی داپیرەم نییە
سەرگوزەشتەی خدری زیندە نییە
داستانێکی خەیاڵکردی نووسەرێک نییە
وڕێنەی سەرجێگای نەخۆشێک نییە
نزای سۆزانییەکی تازە تۆبەکار نییە
مەراقی بێھودەی پەروانەیەک نییە بۆ تەمەن
ویستی دڵۆپە شەونمی ماچێکمە
دەیەوێت لەنێوان مەمکەکانت
ھەتا ھەتایە بە شێداریی بمێنێتەوە


خۆشەویستەکەم
رەنگی ستیانەکانت
لە فەرھەنگی مندا مانای ھەیە
سوورەکەیان
نیشانەی ھەڵچوونی ئارەزووە
شینەکەیان
ھێمای ئاشتبوونەوەی
پەنجەکانی من و مەمکەکانی تۆیە
مۆرەکەیان
مۆری منە لەناو مەمکەکانت
سەوزەکەیان
بریسکانەوەی چاومە لە سینگتدا
پەمەییەکەیان
پەرژینێکی ترساوی شەرمنە
رەشەکەیان
سیمبولی غەمگینی مەمکەکانتە
لە چاوەڕوانی لێوی مندا


خۆشەویستەکەم
ئیتر دەرگا دادەخەم
نامەوێت جگە
لە ھەناسەی شیرینی تۆ
گڕاوی ھیچ ھەناسەیەکی تاڵ
بێتە ژوورەوە
نامەوێت جگە
لە سیمای سەرسامکەری تۆ
ھیچ شەوکوتێک
دەرگای بیرکردنەوەم پێ بگرێت
نامەوێت جگە
لە خەونە سەرکێشەکانی تۆ
دەرگای ئەوینم
بە ڕووی ھیچ خەونێکی تردا بکەمەوە
ھەر ئەوەندە دەرگای کراوەم پێویستە
تا میھرەبانی تۆ دێتە ژوورەوە
دوای ھاتنی تۆ
ھەر کێ لە دەرگا بدات
روو قایمانە پێی دەڵێم
ببوورە کەس لە ماڵ نییە

ستیڤان شەمزینی





گوزارەی نەوەی دووەمی کورد لەهەندەران-132.. دڵشاد تاقانە

سەدوسیودووەم کورتەگوزارە..

حاری صەیان..

زۆرناخۆشە لەوراتی خۆمان، سەرڕای دڵسۆزی و ئاکار جوانی پارێزگاری ئەوجا برادەرەکی باش و دڵخۆشکەری مرۆڤە کەچی زۆر بەناشیرنی لێیدەڕوانین و ڕەفتاری لەگەڵ دەکەین! مامۆستای ئاکارمەندیە و دەکرێ لێیەوە فێربین و فەلسەفەیەکی هۆشمەندیمان بداتێ، ئەوجا کورد ئەگەر بارودۆخی باش نەبی یان لەڕێیەکەوە بێ و ماندی بی لێی بپرسی: چۆنی؟ دەرێ: حارم حاری صەیانە. نۆزدە نەورۆز گڕی دابووە بەهاری ژیانی کچە کوردەی هەندەرانی، یەکەم جاری بوو بەگەورەیی بێتەوە نیشتمان و شارەکەی. لۆ ئەوەی دڵتەنگ نەبی و خۆشیەک ببینی مامی پێیگۆ: وەرە بچینە مارێ برادەرەکەم صەگەکیان هەیە لەبەرتانیاوە بەگوجیلەیی کڕیتیان! کچەش شاگەشکەبوو: دەی مامە بابچین بۆ لای؟ بەڕێکەوتن بەو گەرمایە وزەپسێنەی کوردستان گەیشتنە مارەکە و صەیەکە دیارنیە؟ گۆتیان: ئەوە لەسەربانیە کچەش بەهەرەداوان سەرکەوت چ ببینی؟ صەیەی بەڕیتانی و ئینگلیزی زان لەناو قەفەزێ کرایە گەرما لێیدەدا زمانی بستەک دەرهینایە تۆزەک فێنکی ببتەوە! چۆڕە ئاوەکیان لۆ دانایە لەگەر سێ چار لاچکە نانی وشک! بەمقەسیش توکەکەیان بڕیە کەچەریان کردیە! کچە چاوی تاریک بوو هەندە توڕەبوو بەدەستیبا هەمووی دەدانە بەرشەقان و دەیناردنە بەندیخانە. گۆتی: مامە ئەمن ناهێلم ئەو صەیە لێرەبی، خەریکە دەمری. وەڵا بەزۆر هینایە دەرێ و لەگەر خۆی بردیەوە مارێ، جوان شوشتی و خواردنی دایە، صەیەکەش لەخۆشیان هەرکلکی لۆ بادەدا و خۆی تێهەردەسوی و دڵخۆش بوو بەئینگلیزی دەیدوێنی وەک ئەوە خزم کەسوکاری سەردانیان کردبی. کچەی هەندەرانی تەلەفۆنی لۆ کۆمەڵەی مافپارێزی ئاژەڵانی ئەڵمانی کرد: دەمەوێ ئەو سەگە بهینمەوە ئەڵمانیا و پاسپۆڕتم لۆی دەوێ، تاوانی لێکرایە، لەگەر برایە گوجیلەکەی لەڕێی ئینتەرنێتەوە فرۆشترایتە کوردستان، برایەکەی لەسلێمانیە و خۆشی لەکۆیە! ژیانی زۆر سەختە دەمەوێ ڕزگاری بکەم. خاوەنی سەگەکە هات و بەڵێنی دا: هەمووی شتێک لۆ صەیەکە دەکا و وەک کچەکە دەیەوێ. کچەش باوەڕی کرد و متمانەی پێدا بەڵام لەدوای بەڵامەکەش ئێستاشی لەگەربی صەیەکە حاری حاری صەیانە.

                                دڵشاد تاقانە



بڕیار سەبارەت بە شەڕی غەززە.. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق

ئیسرائیل سوودی لەو تاوانە وەرگرت کە حەماس و گروپە ئیسلامییەکان لە دژی خەڵکی سڤیل لە ئیسرائیل ئەنجامیان دا، ١٢٠٠ کەسیان کوشت و ٢٥٠ هاوڵاتی لە ئاهەنگێکی مۆسیقادا بەبارمتە گرت و ڕفاند و تاوانی دڕدناکی ئەنجامدا. هێرشی ئیسرائیل هەموو هێڵە سوورەکانی لە یاساکانی جەنگدا بەزاند و لە ئاسمان و زەویەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی دانیشتووانی بۆردومان کرد بە ملیۆنان هاوڵاتی لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە کرد، هەموو باڵەخانەو و نەخۆشخانەکانی وێران کرد، بێبەشیانی کرد لە ئاوی خواردنەوە و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان، تەنانەت خۆراکی ڕۆژانە و دەرمان. داسەپاندنی گەمارۆیەکی ئەمنی لە هەموو لایەکەوە و تاوانی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان ئەنجامدا و زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس کوژران کە نیوەیان منداڵن.
ئیسرائیل ئامانجی سەپاندنی کارەساتێکی ( نكبة ) نوێیە بەسەر خەڵکی فەلەستیندا، کە مەترسیدارترە لە کارەساتی پێشوو و دەیەوێت تەواوی خەڵکێک لە ماڵ و ناوچەکانی خۆیان دەربکات بۆ وڵاتانی دراوسێ. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێستا ئیسرائیل بەدەست گۆشەگیری جیهانی و ناڕەزایەتی بەربڵاوی دەرەکی و ناوخۆوە دەناڵێنێت تەنانەت لە ئاستی سەرکردایەتی جەنگیشدا دەستلەکارکێشانەوە لە حکومەتی نەتانیاهۆ هەیە.
فاشیزمی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی حەماس و دەوڵەتی فاشیستی جوولەکە بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ تاوانباری جەنگن. نە حەماس و بەرەنگاری ئیسلامی نوێنەرایەتی گەلی فەلەستین دەکات، نە دەوڵەتی ئیسرائیل نوێنەرایەتی گەلی ئیسرائیل دەکات پێویستە سەرکردەکانی هەردوو لایەن لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن.
ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا بەدی نایەت بەبێ پێکهێنانی دوو دەوڵەتی یەکسان لە تەنیشت یەکترەوە، هەروەها بە بڕینی دەستی بزووتنەوە ڕاستڕەوە ئیسلامی و جوولەکەکان کە ناوچەکەیان کردووە بە ناوچەی شەڕ، برسێتی ، هەژاری، و شەڕی تائیفی و ئایینی. لابردنی فاشیزمی ئیسرائیل و فاشیزمی ئیسلامی و پێکهێنانی دوو دەوڵەتی یەکسان و عەلمانی گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات و کۆتایی بەو نادادپەروەرییانەی بەرامبەر خەڵکی فەلەستین دەهێنێت.
بۆ هەنگاونان بەرەو ئەم چارەسەرە، پێویستە دەستبەجێ شەڕەکە ڕابگیرێت و هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان و دەستگیرکراوەکانی فەلەستین ئازاد بکرێن و دەروازەکانیش بکرێتەوە بۆ بردنە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی و بریندارەکان چارەسەر بکرێن و گێڕانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆیان.

لە پەسەندکراوەکانی پلینۆمی ١٦ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق
٢٣\٦\٢٠٢٤