پلار،لە قەڵای ڕۆشنبیرییەوە دەنگ هەڵدەبڕێت.. هۆمەر نۆریاوی

(پەیڤێک بۆ کۆڕی ساڵانەی تەنزی کوردی)

پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و خەباتێکی دوور و درێژ و فرەوانی خەمخۆرانی چاند و فەرهەنگی کوردی،یەکەمین کۆڕی زانستیی ساڵانەی تەنزی کوردی لە بن ناونیشانی”پلار”،ڕۆژی چوارشەممە،13ی پووشپەڕی 2724(3ی جۆلای 2024)لە شاری”مەریوان”ی قەڵای پتەوی ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە پشکداریی جەماوەری فەرهەنگدۆست و شارەزایانی بواری ساتیر بەڕێوە چوو.
کۆڕەکە ئێوارە تا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو و لە کۆتاییشدا بە بەخشینی سپاسنامە و دیارییەکی ڕەنگاڵەیی بە وتاربێژ و بەشدارانی پەنێلەکان دواییی هات.
کۆڕەکە،سێ پەنێل و چەندان وتاری لە خۆ دەگرت. لە پەنێلی یەکەمدا چیرۆکنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی،دوکتۆر ئەحمەد غوڵامی بە توێژینەوەیەک لە بن سەردێڕی”ژیانی ئایرۆنیک و گەڕانێکی گاڵتەجاڕانە لە بێ هیواییدا(خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی”هیوا”ی یەڵماز گۆنای)(1984-1937)،سینەماکاری ناوداری کورد و دواتر “ناسر وەحیدی”(1958)چیرۆکنووس و نووسەریش بە بابەتێک بە ناونیشانی”تەوس لە چیرۆکەکانی حەسەن قزڵجیدا”،دەروویەکیان لە ڕووی ڕەهەندە جیاوازەکانی تەنز لە لای ئەم دوو کەسایەتییە کوردە کردەوە. ئەکتەر و شانۆکار،دوکتۆر قوتبەدین سادقی،(1952)ئاوڕی لە تەنز لە ئەدەبی شانۆیی دایەوە کە زێتریش خوێندنەوەکەی پشتئەستوور بە ڕۆچوون بە ئەدەبی فەرەنسایی و فارسیدا بوو و کەمتر لای لە خودی ئەدەبی کوردی کردەوە کە بە لای نووسەری ئەم دێڕانەوە هۆکاری ئەم پرسەیش دەگەڕێتەوە بۆ کاڵبوونی ئەزموونی ئەم کەسایەتییە لە خوێندنەوەی پەڕتووکی کوردی یان بە واتایەکی ڕاستتر،خەمساردیی و بەهەندوەرنەگرتنی بەرهەمی زمانەکەی خۆی و قاڵبوونەوەی بە زمانەکانی دیکەوە.
پەنێلەکەی دی،دوو توێژینەوەی لە خۆ دەگرت لە بن سەردێڕی”ئەدەبیاتی ناجێد و قابیلیەتەکاش شێعرەی کوردیەنە” کە نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەوانی ناودیاری ڕۆژهەڵات،”عادڵ محەممەدپوور”(1957) پێشکەشی کرد و هەروەها شیعرێکی تەنزی چاپنەکراو بە شێوەی لەکی کە توێژەری ناوئاشنا “حەمەڕەشید ئەمینی”(1954) ئاوڕی لێ دایەوە.
مافناس،دوکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان(1947)لەسەر فەلسەفەی تەنز بە خوێندنەوە بۆ ئەدەبی فارسی وتارێکی پێشکەش کرد. لە سێیەم پەنێلدا نووسەر و تۆرەوان و شاعیر”جەبار شافعی زادە”(1978) ئاوڕی لە ئەدەبی منداڵانی کورد و بێبەشبوونی لە تەنز دایەوە کە یەک لە توێژینەوە باڵکێشەکانی نێو ئەم کۆڕە بوو. ئەم نووسەر و توێژەرە کوردە بە زمانێکی پاراو،باسی لە کەموکووڕیی و کەلێنەکان لەم بوارەدا کرد و ڕەخنەی لە خەمساردیی نووسەر و ڕۆشنبیری کورد لەم پێوەندییەدا گرت کە مخابن جێگە و پێگەی منداڵی کورد لە نێو ڕووبەری ئەدەبی کوردیدا گەلێک نزم و نەوییە و شاعیر و نووسەری کورد هەرگیز ئەدەبی منداڵانی لە لا نەبووەتە پەرۆشێکی سەرەکی و ئەوەیش لەم بوارەدا بەردیدە دەکەوێت زێتر بۆ گەورەساڵ نووسراوە و سەدی یەکی پەرۆشەکانی زارۆکی کورد لە خۆ ناگرێت. ئەم توێژەرە بە هێنانەوەی دەیان میناک و نموونە،دە هێندە جوانی بە بابەتەکەی بەخشی.
دووەم بابەت لەم پەنێلەدا ڕووی لە تەنز لە شیعر و فۆلکلۆری کوردی بوو کە لە لایەن عەداڵەت کەریمی و دوکتۆر ڕووناک سەمەدییەوە نووسرابوو کە بابەتەکە عەداڵەت کەریمی پێشکەشی کرد.
دواتر لە کورتە ڤیدیۆکدا ئاوڕ لە تەمەنێک خەباتی ئەدەبیی نووسەری ناوداری کوردی فارسینووس”مەنسوور یاقووتی”(1949)درایەوە. دوا بەشی کۆڕەکەیش چەندان وتاری لە خۆ دەگرت. میدیاکار،شاعیر و نووسەر”هۆمەر نۆریاوی”بە بابەتێکی توێژینەوەیی لە بن سەردێڕی”دەروویەک لە ڕووی تەنز(بەمکوڕبوونەوە لە تەنز لە ڕادیۆ کوردیدا)بەشداری کۆڕەکەی کرد.
ئەم بابەتە لەبەر ئەوەی کەوتبووە درەنگانی شەو،نووسەر و توێژەر زێتر ئاوڕی لە میناک و نموونەکانی تەنز لە ڕادیۆ کوردی دایەوە تا بتوانێت بڕێک لە بێتاقەتی شەو لە لای بەشداران بڕەوێنێتەوە. ئەم توێژینەوەیە دواتر چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و دەخرێتە بەر دیدەی هۆگرانی ئەم بەستێنە.
پاشان دوکتۆر “خالق جەلیل نژاد”سەیدای زانستگە،باسی لەسەر فەلسەفەی تەنز کرد. دوا بابەت ڕووی لە خودی کەسایەتی یەکەم،بەڕێوەبەر و خەمخۆری ئەم کۆڕە،”خاڵۆ ڕەووف”(1974) بوو کە دەیەویست ئاوڕ لە هۆکارەکانی گەشەنەسەندنی تەنز لە کوردەواریدا بداتەوە کە بەوپەڕی سینگفراوانییەوە لەبەر بێتاقەتبوونی جەماوەری بەشدار،وازی لە بابەتەکە هێنا. لە وتارەکەی لیژنەی داوەرانیشدا ئاوڕێک درایەوە لە کرچوکاڵبوونی بەشی فرەی وتار و بابەتە بەڕێکراوەکانی بۆ کۆڕەکە،خەمساردیی نووسەران بەرانبەر ژانری تەنز، نزمبوونی ئاستی تەنز لە ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردیدا و چەند خاڵێکی دی.کۆڕەکە، بە بەخشینی سپاسنامە و پێزانینی تایبەت بە بەشدارانی پەنێلەکان و وتاربێژان کۆتاییی هات.
دیارە یەکەمین هەوڵەکان هەمیشە وەک هەنگاوی بەرایی سەیر دەکرێن و زۆریش ئاسایی دەبێت کە کەموکووڕییان پێوە دیار بێت نەخاسما بۆ ئێمەی کورد و خەمخۆرانی ئەم بوارە کە سەرەڕای گشت کێشە و ئارێشە و کەند و لەندەکانی بەردەم،سەربڵندانە و بوێرانە هەنگاوی یەکەمیان هەڵگرت. نووسەری ئەم چەندە دێڕە هێڤی دەخوازێت کۆڕەکانی داهاتوو هەزار هێندە زەنگین و ڕەنگینتر ببن کە پڕ ڕوونە ئەم گرینگەیش بە یارمەتی و هاوکاریی دڵسۆزان و شارەزایانی ئەم بەستێنە مەیسەر دەبێت و پێویستە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی پاڵپشت و یارمەتیدەر بێت و لە هیچ چەشنە هاریکارییەک بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە گرانبارییە درێخی نەبێت.
شیاوی ئاماژەپێدانە کۆڕی ساڵانەی تەنزی کوردی ڕۆژی چوارشەممە،13ی پووشپەڕی 2724(3ی جۆلای 2024)لە هۆڵی مامۆستا “قانع”ی سەر بە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەم شارە بە هۆی هەوڵ و خەمخۆریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی،ئەدەبیی مەریوان و پەیڤکاتۆر لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو.

هۆمەر نۆریاوی




گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر وچیرۆكنووس شنیا عەبدولمەجید.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

شاعیر وچیرۆكنووس شنیا عەبدولمەجید: نامەوێ لە ژێر ڕكێفی هیچ شاعیرێ دەق بهۆنمەوە
خاتوو شنیا عەبدولمەجید: هیچ ڕەخنەگرێك بەناوی خودی ڕەخنەی بوونیات نەر بوونی نیە
شاعیر و چیرۆكنووس (شنیا عەبدولمەجید صبری) ناسراو بە “مامۆستا شنیا “، لە قۆناغەكانی سەرەتایی خوێندن بەنووسینی شیعر و چیرۆك لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان بەشداری دەكرد ئەو كات قوتابی پۆلی سێیەمی بنەڕەتی دەبێت شیعری منداڵان دەنووسێت و لە رۆژنامە بڵاودەكاتەوە..لە گەڵ گەورە بوونی تەمەن نووسینەكانیش بەرەو پێشڤەچوون دەچن ..دەست بە نووسینی چیرۆك و رۆمان شیعر دەكات.
شنیا.. لە ئێستادا خاوەنی چەندین رۆمان و كتێبی شیعریە..هەرچەندە كاری میدیایشی كردوە بەڵام لە راگەیاندنەكان زۆر كەم دەردەكەوێت دوایی گفتۆ گۆیەك دڵی ئێمەی نەشكاند بەسوپاسەوە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوەو ئەم هەڤپیڤینەمان لە گەڵیدا كرد.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

  • بۆ هەموو قۆناغێك سەرەتاییەك هەیە بابزانین سەرەتای دەست پێكردنی تۆ وەكو شاعیرێك چۆن دەستت پێكرد؟
  • هەر لە منداڵیمەوە خامە هاوەڵم بووە.. لە قۆناغەكانی سەرەتاییمدا پشكداری كۆوارو ڕۆژنامەكانی منداڵانمەكرد، بە نووسینی بابەت و.. شیعری مناڵانە، هەڵبەتا مرۆ گەورە ئەبێ، نووسینەكانیش لە گەڵ ئەوا بەرەو قۆناغی گەورەیی دەچێ، یەكەمین شیعری مناڵیم بۆ قۆناغی سێی سەرەتایی دەگەڕێتەوە، یەكەم دەقی گەورەییشم لە بیرمە لە پۆلی یەكی ناوەندی ئەوساو… حەوتی ئێستادا بوو.
  • گومانی تێدانییە كە زۆرێك لە شاعیرەكان سەرەتای هاتنە ناو بواری شیعر كاریگەری شاعیرێك یان تێكستێك لەسەردەبێت هیچ شاعیرێك هەیە، بە شیعرەكانی سەرسام بیت و كاریگەری لەسەرتۆ هەبێت؟
  • وەك سەرسامی بێگومان عاشق و… سەوداسەری نووسینەكانی ” بەختیار عەلی ” كەڵە شاعیرم، بەڵام وەكو كاریگەری نا، ڕێچكەی تایبەتی خۆمم هەیەو… نامەوێ لە ژێر ڕكێفی هیچ شاعیرێ دەق بهۆنمەوە.
  • ئەم بابەتانە چین كە دەبنە هەوێنی شیعرەكانت؟
  • بێگومان وەك هەر بوێژێك، هەموو ئەوانەی كە دەبنە هۆی دروست بوون،، هەوێن بۆ دەقێك، ئیدی سۆزەو…وێنایەو…تد.

*شیعر چی بە شنیا بەخشیوە؟

  • (جوانی ،خۆشەویستی ،ژیان، عەشق)ی پێ بەخشیوم.
  • ئاستی ئافرەتانی شاعیر لە كوردستان چۆن دەبینی؟
  • لە ساڵانی زوو باشترێكە، بەڵام هێشتاش لەو ئاستەیا نیە! چون هەستەكەم زۆرتر مجامەلە دەكرێن و… هەر زوو وەك میزەڵانێ فوویان تێدەكرێ، بێ هیچ ناوەڕۆكێ بەرەو عەلعەلەی عاسمانیان دەفڕینن!
    بە واتایەكیدی، پتر ناوی بێ ناوەڕۆكیان تیایە .
  • جگە لە نووسینی شیعر بەرێزتان لە بواری رۆمانیش خاوەن رۆمانێك ئەگەر بكرێت باس لەو ئەزموونەش بكەیت؟
  • ئەرێ، دروست دەفەرموون، بەڵام بەر لە ڕۆمان، بێگومان چیڕۆكی زۆرم هەبوونەو… خوێندنەوەی پتریشم لەسەریان هەبووە، یانی پێشینەی ئەدەبیم گەلێك بوونە،دەنا هەروا بە سانایی ڕۆمان نانووسرێتەوە خۆ، تایبەتیش ڕۆمانێكی ئاوا تێرو تەسەلی 300 لاپەڕەیی وەك ئەوێ رۆژیی تەمەن، كە سێهەمین كتێبم بوو لە ساڵی 2008 بڵاوكراییەوە.
  • رەخنەی ئەدەبی تاچەند گرنگە بۆپێشڤە چوونی ئاستی هەر شاعیرێك ؟ چۆن دەروانییت رەخنەگرانی كوردستان؟
    -لاریمان نیە لەوەی كە ڕەخنەی ئەدەبی هۆكارێكی گرنگی بەرەو پێشڤەچوونی خودی بوێژە، بەڵان بەو مەرجەی ڕەخنەكە بوونیات نەربێ، نەك میزاجی و… لەسەر بناغەی ڕوخاندن بێ!
    بە بۆچوونم وەك ئەدیبێك كە زیاتر لە چارێگە سەدەیێكە دەنووسم، وا دەزانم ڕەخنەگرێك بەناوی خودی ڕەخنەی بوونیات نەر، بوونی نیە بە هیچ كڵۆجێ! تەنها لەسەر بنەمایی هاوڕێیەتی و.. میزاجی و… ڕووخاندن و…تد.
  • بەشداری لە پێشبڕكی شیعر یاخود فیستیڤاڵی شیعر دەكەیت؟
    – بەهیچ ئەندازەیی !وە بە هەموو شێوەیێك ڕەتی دەكەمەوە! .

*لەبەرچی؟

  • ئایا دەكرێت شیعرو شاعیری ڕاستەقینە هێندە بچووك بكرێنەوە لە دەقێكدا قەتیس بكرێن بۆ هەڵسەنگاندن؟ مەگەر من ئەم هەمووە ساڵانە سڵق و تورم چاندوون، تا ئێستا خۆم بخەمە بەر دەستی كەسانێك كە دوو رۆژو كەركێكە خامەیان گرتۆتە دەست و..بە كەیفی دڵ و لەسەر بنەمایی حەزو هاوڕێیەتی و… ناسین و..تد، بڕیارم لەسەر بدەن؟
    بۆیە ئەمەم نەكردووەو… بە ژیانیشما بیری لێناكەمەوە.

*لە كۆتاییدا ئێمە زۆر سوپاست دەكەین بۆ ئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی دوا پەیڤش بۆ بەرێزتانە.

  • لە دوماهیدا ماوەتەوە بڵێم، كە دوایی ساڵانێكی زۆری بێدەنگیم، هەڵبەتا كە دەڵێم بێدەنگی مەبەستم دەرنەكردنی كتێبە، نەك ئەوەی كە نەمنووسیبێ و.. وەستابم لە نووسین،
    لە ئێستاما سێ هەمین دیوان و… چوارەم كتێبم لە هەموو شارو شارۆچكەكاندا بڵاڤە، بە ناوی:- ” ژنێك لە باخچەی مەراقدا ” ئومێد دەكەم، كە جێی ڕەزامەندبوونی خوێنەرەكانم بێ، كە دەمێك بوو گلەیی ئەو بێدەنگیەیان لێمەكرد، هەروەها دەستنووسی ڕۆمانێكیشم لەبەر دەستایەو… خوا یاربێ، لە ئایندەیێكی نزیكدا ڕۆشنایی چاپ ئەبینێ، ماتەوە بڵێم، كۆڵێ ڕێزو.. پێزانینی نەبڕاوەم بۆ ئێوە ئازیزان هەیە، كە ئەركتان كێشاو.. بەندەتان بەسەر كردۆتەوە، خۆشم ئەوێن و.. موحیببەتی لە كەوشەن بەدەریشم بۆ خوێنەران.

هۆزانەوان و چیرۆكنووس (شنیا عەبدولمەجید صبری) لەچەند دێرێك دا:-

  • (شنیا عەبدو لمەجید صبری) ناسراوە بە مامۆستا شنیا، لە دایكبوویی 24-06-1986 ی شاری هەولێرە، سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن ،هەر لە هەولێر تەواو كردوە.
  • هەموو ساڵەكانی ڕابوردوویی مناڵیی كە سەردەمانێ سەر نووسەری گۆڤاری مناڵانەو هەم كاری ڕاگەیاندنی دەكرد،بە حوكمی ئەوەی كە بنەماڵەكەیان هەم ئەدیب و شاعیر و هەمە هونەر و وەرزش زۆربوون.
  • ساڵانێكی زۆر ئامادەكاری بەرنامە رادیۆیی بووە.
    ” چاپ و بڵاوكردۆتەوە -لە ساڵی2000 یەكەمین پەرتووكی شیعریم بە نێوی:-” گوڵزارێك لە…شیعر
    -لە كۆلیژ بڵاوكراوەی “كەیهانی ئەدەب ” ی، دەركردوە.
  • لە ساڵی 2004 چامە شیعریەكانی (من و…ئەو)ی بەچاپ گەیاندوە.
  • لە 2008 دا، ڕۆمانێكی تێرو تەسەلی300 لاپەڕەیی بە چاپ گەیاند بەناوی” لە وڵاتی دۆزخەدا ،كوانێ عەشق؟ ” بڵاوكردۆتەوە
  • ئەندامی لقی گۆڕینی پەرتووكەكانی میتۆدە كوردییەكانە، بۆ قۆناغە بنەڕەتیەكان،لە وەزارەتی پەروەردە .



پرسی ماسۆشیزمی.. -1-.. نووسین: ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی)

پرسی ماسۆشیزمی بەشێك لە تاکەکان لەباشووری کوردستان بۆ پڕۆسەی پەیوەندییە سۆزادارییەکانی وەك (خۆشەویستی و هاوسەرگیری و جۆرەکانی تر).

نووسین: ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی).

بەشی یەکەم:
خێزان وەك پرسێکی ڕووکەشی نێو بەشێکی خێزانەکانی کوردی، ئەوەی کە دەردەکەوێت جەوهەری بەشێك لە خێزانەکان نیین، لە ئاستێکدا ئەوەی مرۆڤیش پێشکەشی دەکات، جەوهەری مرۆڤەکان نیین، هەمیشە نیهێنیەکی قوڵتر هەیە کە ئەودیوی سنووری نائاگایش تێدەپەڕێنێت بۆ ئەو پرسانەی کە دەرناکەون بەڵام ڕۆژێك دێت دەنگی ئاگایی هەرچەن نزم بێت هەر دەبیسترێت!
هەمیشە لەزماندا شتێك دەچەسپێت کەناخرێتە نێو زمان، کاتێك کە تۆ وەك مرۆڤێك مامەڵەت ڵەگەڵدا ناکرێت لەنێو خێزان و کۆمەڵگا، ئەمە لەتۆدا دەچەسپێت، لە ئاستێکی تردا مرۆڤ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی گشتی بەدوای ئارەزوو و خەیاڵ و پێداویستە چەپێنراوەکانی خۆیدا دەگەڕێت بۆئەوەی لەکەسێکی تردا بیدۆزێتەوە و قەرەبووی ئەو دۆخە بکاتەوە کە دەستی نەکەوتووە(جۆرێك لە میکانیزمە بەرگرییە دەروونییەکان).
خۆشەویستی ویستی دەرستەبەرکردنی ئارەزوو و خەیاڵەکانی یەکترە لەپەیوەندیی لەنێوان مرۆڤەکاندا، چەشنی پەیوەندی خۆشەویستی لەنێو بازنە کۆمەڵایەتیەکاندا چەشنێکی بایەلۆژی دەروونی کۆمەڵایەتی مەعریفی پێویستیە. وە خۆشەویستی دەتوانێت زامنی زۆرێك لەئازارەکانی مرۆڤ بکات.

کاتێك باڵندەیەك لەنێو قەفەزدا لەدایك دەبێت و گەورەدەبێت، ئەم باڵندە پێی وایە ژیان بریتیە لەو چوارچێوەی کە لەنێو قەفەزەکەدایە، بۆیە گەر ئازادیشی بکەیت هەردەگەرێتەوە بۆ نێو قەفەزەکەی لەکاتێكدا خودی ژیان لەدەرەوەی قەفەزەکەدایە. هەرلەبەر ئەم دۆخەیە کێشەی ستەمکار، ستەمکارێکی ترنییە بەڵکو نەبوونی کۆیلەیە.
لێرەدا ئەم پرسە دێتە بەرباس، کە بۆچی بەشێکی بەرچاوی ئافرەتان و پیاوان لەباشووری کوردستان هەن کە هەمیشە کەسێکیان دەوێ ئازاریان بدات؟

پرسی ئافرەت پرسێکی مێژوویە، پرسێك نییە کە لەزەمەنێکی دیاریکراودا بووەستێت، لەزۆرینەی جێگایەکانی دونیا، بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان کەسێکیان دەوێ کە ئەویش ئەوی بوێتن، وە کەسێك ڕەتدەکەنەوە کە ئەویش نایەوێت، بەڵام لەباشووری کوردستان هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە بەجۆرێكە کە بەشێکی بەرچاو لە ئافرەتەکان و پیاوەکان کەسێکیان دەوێ کە ئەو نایەوێ، کەسێکیش ڕەت دەکەنەوە کە بەڕاستی دەیەوێتن.

ئەم پرسی خۆ-ئازاردانە، زۆر بەقوڵی پەیوەندی بە مێژینەی تاك و ڕەفتاری خێزان بەرامبەر بەتاك بەتایبەت لەنێو خێزان و کۆمەڵگایەدا هەیە، زۆرکات مرۆڤ ناچارە چی پێشکەشبکرێت هەمان بابەت ببەخشێتەوە، کە تۆ مناڵەکەت پڕدەکەیت لەزەبر و زەنگ و ناسۆری، چۆن ئەو مناڵە لەداهاتوودا دەتوانێ خود-خۆشەویستی بۆخۆی هەبێ و لەهەمان کاتیشدا بیبەخشێت بە دەورووبەری؟ چۆن دەتوانێ لەڕووی هەست و سۆز و هەڵچوونەکانەوە دەرووندروست و گونجاوبێت؟. بەو مانایەش نا کە هەرکەسێك مێژینەی مناڵەیەکی بەم جۆرەبوو ئیدی نەتوانێ لەداهاتودا ببێت بە تاکێکی تەندروست و گونجاو. ئەم پرسە دەگوازینەوە بۆ دۆخێکی داینامیکی تر. تەنانەت لەسەرووی ستەمکارەوە ستەمکارێکی تربوونی هەیە، کە لەدۆخی یەکەمدا وێناکە بەو جۆرەیە کە ئێمە(مناڵەکان) قوربانی دەستی ستەمکاربین(خێزان) لەکاتێکدا خوودی ئەم خێزانەش بەهۆی پانتایی سیستەمێکی نالۆژیکدا کە مافەکانت بەخەون دەبینێ، دووبارە قوربانییە.

کۆمەڵگاییەك کە نەتوانێ تاك بەرهەم بهێنیت، کۆمەڵگایەك کە هەمیشە پەلەقاژەیەتی لەنێوان دوێنی و ئەمڕۆدا، کۆمەڵگایەك کە بەشێکی بەرچاوی تاکەکانی ناتوانن لە دەرەوەی سنوری خێڵ و عەشرەت و گوند و شار و ئایین و لەهجە و شێوەزار بیربکەنەوە. لەهەمان کاتدا بوونی پانتایەکی زۆرفراوان لە وردە کلتووری فرەچەشنی چەقبەستوو(دۆگماتیزم) کە لەنەوەدەکانەوە تاکو ئێستاش ئەم پرسانە بوونیان هەیە و دۆخی گونجانی نائاسایی زۆر قوڵ بەرهەم دەهێنن، بۆنموونە دەتوانم بە ئەمانەتەوە ئەم قسەیە بکەم کە: بەدرێژایی پەنجا ساڵیش دەبێ بەشێکی بەرچاو لە تاکەکان هاوسەرگیری دەکەن بەمەبەستی ڕزگاربوون لەچواردیوار، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چ گرەنتیەك هەیە دەرەوە ئەو بەهەشتە بێت کە تاکەکە وێنای دەکات و نەبێت بە هەشت دیوار؟

لەبەشەکانی تردا تۆزێ بەقوڵتر گوزارشت لەم پرسە دەکەین و ڕێگا چارەسەرییەکان دەخەینە بەرباس…




سوژەی فرۆیدیی برینێکی قوڵی لە نەرگسییەتی مرۆڤدا دروستکرد.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی پازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: نامەوێت وەک “ھۆسرەل” بچمە ھەوڵی بەراوردکاریی نێوان لەش و جەستەوە، ئەوەی جێگەی بایەخمە لێرەدا، ئەوەیە: جەستە تەنھا پێدراوێکی بایۆلۆژیی و فیزیکیی نییە، بەڵکو رەھەندێکی وجودیشی ھەیە، تاکە رایەڵە مرۆڤ و بوون پێکەوە گرێبداتەوە، بەدیوێکی تردا مرۆ ناتوانێت ھەست بە ھەبوونی خۆی بکات لە رێگەی جەستەوە نەبێت، ھەر کات جەستە فیزیکییەکە لەناوچوو، چیتر ناتوانین ھەست بە بوون بکەین، کەواتە مێژووی مرۆڤ بریتییە لە مێژووی جەستە. لەگەڵ ئەمەشدا تاکو راددەیەکی زۆر باوەڕم بەو تێزە “دیکارت”ییە ھەیە کە لە ئەرەستۆوە درێژەی پێدراوە و جەخت لەسەر پەیوەندیی تۆکمەی نێوان جەستە و دەروون دەکاتەوە، بەڵام لەدیتنی مندا جەستە پێش ھەموو شتێکی تر کەوتووە، تاکو جەستەیەکی بایۆلۆژیی لە ئارادا نەبێت دەروونێکیش لە ئارادا نییە. ئەمەش ژەنینەوەی ھەمان ئەو ئاوازەیە “سپینۆزا” بەر لە چوار سەدەیەک لە بارەی جەستە و نەفسەوە دەیژەند.
من: ئەمە وروژاندنێکی فەلسەفیی بابەتەکەیە، لە راستیدا فەلسەفە جیابوونەوەی تێڕامانی زانستییە لە تێڕامانی ئەفسانەیی، ئەگەر سەیری یەکەمین قوتابخانەی فەلسەفە بکەین “فەلسەفەی ئایۆنی” لە پێشەوەیاندا “تالیس” پێداگریی لەوە دەکات ھەموو شتەکان لە “ئاو”ەوە سەرچاوەیان گرتووە، تەنانەت خودی زەویش دەفرێکە لەسەر ئاو راوەستاوە، گرنگێتی ئەم تێزە لەوەدا نییە سەرکەوتنێکی زانستی بەدەستھێناوە، بەڵکو ئەمە یەکەمین ھەوڵێکە بۆ شرۆڤەی بوون و گەردوون لە دەرەوەی جیھانبینییە میتۆلۆژییەکان، یەکەمین ھەوڵە سروشت بە سروشت راڤە بکات، بەھای بیرۆکەکە لێرەدایە نەک چەندێک زانستی نوێ پەسەندی دەکات. دەمەوێت ئەوە بڵێم فەلسەفە وەگەڕخستنی فەنتازیا نییە، ئەوەشی پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی باسەکەوە ھەبێت، بە دیدی خۆم گەردوون و خودی مرۆڤ بوونێکی ماتەرییان ھەیە، ئەمە ھەمان روانگەی “ھۆبز”ە کە من لێرەدا جەختی لەسەر دەکەمەوە، ھەروەک د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام لە روونکردنەوەی ئەم کۆنسێپتە “ھۆبز”ییەدا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات: شتێک بە ناوی دەروون یان رۆح، واتە شتێک لە خۆیدا ماددە نەبێت یان گەوھەرێکی ماددیی نەبێت، ھیچ ئاسەوارێکی نییە. بۆ جەستە و دەروونیش ھەمان شتە ھەر راستە، دەروون و گیان شتێک نین لە دەرەوەی ماددە، جەستەی مرۆڤیش پێدراوێکی ماتەرییە.
خۆم: ئەمە لە کەمکردنەوەی شکۆی مرۆڤ نییە کاتێک تۆ مرۆڤ بە پێدراوێکی ماددیی پێناسە دەکەیت؟. بەم پێیە بێت ھەمان ئەو تێزە کلاسیکییە ماتەرییە راستە کە دەیانووت مرۆڤ چییە جگە لە دوو تەڵ بزمار و سێ سەلک سابوون!!. بە راستی ئێمە تەنیا رووداوێکی بایۆلۆژیین یان شتێکی تر.؟.
من: نەخێر بابەتەکە لێدان نییە لە شکۆی مرۆڤ، بەڵکو خۆناسینە، گەڕانە بەدوای بەرسڤی ئەو پرسیارە ھەمەکی و ھەمیشەییەی مرۆڤ لە خودی خۆی دەکات: من چیم؟. کرۆنۆلۆژیای مرۆڤ لەسەر زەوی و لە ژیاندا گەڕان بووە بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا. مرۆڤی پێشین نەیویستوە بڕوا بەوە بھێنێت لەناوچوونی فیزیکیی خۆی کۆتاییە، نەیتوانیوە ئەوەش قبوڵ بکات ئافرێندراوێکی پیرۆز و تایبەت نییە، بەڵام فەلسەفە و زانست ئەو نەرگسییەتەی مرۆڤیان بەتاڵ کردەوە، یەکەمین جار شۆڕشی کۆپەرنیکۆسیی ئەم خودئەڤینییەی مرۆی تێکشکاند بە سەلماندنی ئەوەی زەوی نەک چەقی گەردوون نییە، بەڵکو ھەسارەیەکی بچووکی شێوە ھێلکەییە. دووەم لێدان تیۆری پەرەسەندن بوو کە لە لوتکەدا داروین وەستاوە، ئەم بیرۆکەیە ئەوەی سەلماند مرۆڤ بەرئەنجامی پەرەسەندنی بایۆلۆژییە نەک ئەو ئافرێندراوە پیرۆز و ئایدیاڵییە بێت ئاین و ئەفسانەکان لە مرۆڤیان گەیاندبوو. سێھەم زام زامی فرۆیدییە، سوژەی فرۆیدیی برینێکی قوڵی لە نەرگسییەتی مرۆڤدا دروستکرد، بەوەی لە رووی دەروونییەوە مرۆڤی دابەشکرد بەسەر سێ کارەکتەردا “من Ego، ئەو id، منی باڵا super Ego”. بۆ ئەوەشی بەسەرماندا تێنەپەڕێت ناڵێین مادام مرۆڤ بوونێکی ماتەریی ھەیە، شیاوی ژیان نییە، نا مرۆڤ لە ھەموو بوونەوەرانی تر زیاتر ژیانە، چوونکە تاکە بوونەوەرە لە ژیان تێدەگات.
خۆم: ئەوەی ھەمیشە ئیستم پێ دەگرێت ئەوەیە ھێشتاش زانست و فەلسەفە نەیتوانیوە، مرۆڤێکی نوێ بەرھەم بھێنێت، ئەو باوەڕە ئاینییە میتۆلۆژییە تێپەڕێنێت پێیوایە جەستەی ژن پاشکۆی جەستەی پیاوە، بەو پێیەی لە کتێبی پیرۆزدا “پەیمانی کۆن” لە “سفری تەکوین”دا باس لەوە کراوە، دایکە حەوا “یەکەم ژن” لە پەراسووە گێڕەکەی بابە ئادەم “یەکەم مرۆڤ” ئافرێندراوە. ھێشتا ئەم دیدە ئەفسانییە بەشێوەیەکی تر و لە قاڵبێکی نوێتردا مێشکی مرۆڤ سەبارەت بە بوونی ژن و جەستەی مێینە ئاڕاستە دەکات. کەواتە سوودی فەلسەفە و زانست چییە کە نەتوانێت ئەو باوەڕە ئەفسانەییە تێپەڕێنێت لە کاتێکدا مرۆڤایەتی ھاوچەرخ جاڕی پیادەکردنی سوپەر عەقڵانییەت دەدات؟.
من: کێیە دەڵێت لە ناو عەقڵی ئامێریی و مۆدێرنێتەدا جێگەی خورافات نابێتەوە؟. ھەندێک لە ئەنترۆپۆلۆژیستەکان مێژووی مرۆڤایەتی بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکەن “قۆناغی جادوو، قۆناغی ئاین، قۆناغی زانست”. ھەردوو قۆناغەکەی سەرەتا لەسەر بنەمای خورافات و میتۆلۆژیا وەستاون، بەڵام ئایا ئێمە ئێستا کە لەناو قۆناغی زانستداین جێگەیەک نەماوە بۆ ئەفسانە؟ ئایا مودێرنە جیا لە ئەفسانە نوێیەکان، توانیویەتی ئەو رۆحە خورافییەی مرۆڤ بکوژێت؟ باوەڕم وایە توخمی ھەرە سەرەکی لە پێکھاتنی نەتەوەکاندا ئەفسانەیە، کەواتە ھێشتا ئامادەگیی ئەو ئەندێشەیە لە ژیانی ئەمڕۆماندا زیندووە، ئەم تێزەش بە روونی لای “یۆنگ” بەرجەستە بووە، کە بۆ ناسینەوەی تاک پەنا دەباتە بەر ئەم میتۆلۆژییانەی نەست و نائاگاییەکەی پێکدەھێنن. ئەگەر سەیر بکەین “دایە رێزبار” لە ئاینی یارساندا خواوەندە، ئەمەش دیسان ناکاتە ئەوەی ئێمەی کورد ژن وەک رەگەزێکی یەکسان دەبینین، بە پێچەوانەوە ئەمە بەرزکردنەوەی ژنە بۆ سوپەر ژن یان بۆ ژنێکی ئایدیاڵی وەھا کە خاوەنی جەستەی خۆی نییە، بۆیە لە ھەر پەیوەندییەکی جەستەییدا ئاستی لە خواوەندەوە دادەبەزێت بۆ ئاستە “ئاژەڵییەکە”،!! لە دابەزینی ئەم لیڤڵەشدا ژن کە لە دیدی ئێمە بوونێکی بەرجەستەی نییە، دەگاتە راددەی قێزلێبوونەوە، نھێنی توندوتیژیی و کوشتنی ژنی کورد بەشێکی زۆری لێرەدا خۆی حەشارداوە. بە زمانێکی سادەتر ئێمە دایکی خۆمان وەک نموونەیەکی ئایدیاڵی و سوپەر دێتە بەرچاو، کە نموونەی پاکیزەییە، بەڵام ئەگەر ھەست بکەین ئەم دایکە جگە لە باوکمان پەیوەندیی سێکسیی بە پیاوێکی ترەوە ھەبووە، وێنا ئایدیاڵییەکەی وەک ئاوێنەیەک دەشکێت، لەم کاتەدا بەرگەی بوونە بەرجەستەکەی ناگرین و لە نزمترین ئاستی کاردانەوەدا بە نەفرەتی دەکەین.
خۆم: بابەتێکی ھەستیارە، بیروباوەڕی ئاینیی و میتافیزیکیی جەستەی مرۆڤ وەک سروشتێکی ئاژەڵی چاو لێدەکات، ئەم روانگەیە لە بواری فەلسەفیشدا رەنگدانەوەی زۆری ھەبووە، بەتایبەت لای “ئەفلاتۆن” کە ئەو پێیوایە بەختەوەریی شتێکی رۆحییە و لەسەر ئەشکەنجەدانی جەستە رۆنراوە، ھەمان شت لای سۆفیزمی ئیسلامی و تەوژمە جیھادییەکان بەرجەستە بووە، تەنانەت لە قورئاندا ئایەتێک ھەیە لە وەسفی بێباوەڕاندا دەڵێت “ئەوان وەکو ئاژەڵ وان، بەڵکو خراپتریش”! تاوانی ئەو بێباوەڕانەش ممارەسەی ئازادییەکانی جەستە بووە. لەم سیاقەشەوە باوەڕی ئاینی پرۆسەی سێکس وەک کردەیەکی ئاژەڵی دەبینێت، ھەربۆیە دوای تەواوبوونی ئەو کردەیە پێویستمان بە کرداری خۆپاککردنەوە ھەیە. ئەوەشی پێویستە ئاماژەی پێ بدەم، داروین و زانستەکان سەلماندیان مرۆڤ ھەر رەگەزێکی تری ئاژەڵە، پێموابێ ئەرەستۆ بوو دەیووت “مرۆڤ ئاژەڵێکی قسەکەرە”، بەڵام لەوە زیاتریش مرۆڤ ئاژەڵێکی بیرکەرەوەیە. لە کاتی سێکسدا مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی راستەقینەی خۆی و ئەو ھیومانیزمەی لەسەر سروشتە ئاژەڵییەکەی رۆنراوە.
من: مرۆڤ چۆن لە رێگەی جەستەوە ھەست بە بوونی خۆی دەکات، ھەر لە رێگەی جەستەشەوە خۆشەویستی ممارەسە دەکات، ئەوەی پێی دەوترێت پەیوەندیی رۆحی ئەبستراکت شتێکی پێکەنیناوییە، ئاخر تەنھا خێوەکان کۆمەڵێک رۆحی نابەرجەستەن، دەکرێت بڵێین پەیوەندیی رۆحی دیاردە و پەیوەندیی نێوان خێوەکانە نەک مرۆڤەکان.
خۆم: جەستە زۆر گرنگە، بە تایبەت بۆ توخمی مێینە، ئەو جەستەیە نا بووەتە شتومەک و بزنسی پێوە دەکرێت، بەڵکو ئەو جەستە ئازادەی ماناکانی ژیانی لێوە ھەڵدەقوڵێت. نووسەری فێمینیست “ژولیا کریستڤیا” پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات ئەگەر ژن جگە لە جەستەی خۆی ھیچی تریش بەدەستەوە نەبێت، دەتوانێت ئەو جەستەیە بکاتە میکانیزمی بەرەنگاریی و ئازادیی خودی خۆی، چوونکە ئەگەر پیاوان بتوانن ھەموو شتێکی ئەویتری ژن مۆنۆپۆل بکەن، ناتوانن جەستەی ئازادی ژنان داگیر بکەن، لەم کاتانەدا ئەوەی بەدەست ژنەوە ماوەتەوە جەستەی ئازادی خۆیەتی کە وەک باسمان کرد دەلالەتی بوونی خۆیشیەتی لە ژیاندا. ھەر لەژێر کڵاورۆژنەی ئەم دیدگایەوە سەرلەبەر دژی پرۆسەی بە کاڵاکردنی جەستەی مێیەنم کە بەرھەمی سیستمی مەسرەفگەرایی کاپیتالیزمە، بە تایبەت لەناو ژنانیشدا وێنەی ژنێکی روخسار جوان و شیک پۆش و خاوەن جەستەی سەرنجڕاکێش وەک ژنێکی ئیدیاڵ زەق دەکرێتەوە، ھەم لە بواری ریکلام و رشتەکانی تری بازرگانیدا، ئەمەش لە کتێبەکەی “نەوامی وۆڵف” بە ناوی “ئەفسانەکانی جوانی” بە روونی و چڕیی ورد کراوتەوە.
من: ھەموو کۆکین شارستانێتی سەرمایەداریی ئەمڕۆ خۆشەویستی تێدا نییە”خۆشەویستی بە رەھەندە فراوانەکەی خۆیەوە”، رەنگە داکۆکیکردن لە خۆشەویستی، وەک داکۆکی لەو شەمەندەفەرانە بێتە بەرچاو بە خەڵوز دەبزوان، یان وەک مرۆڤێکی دابڕاو لە ژیانی ھاوچەرخ تەماشا بکرێین، لە باشترین حاڵەتدا بەوە رازی دەبین وەک لایەنگری کەلەپورێکی دێرین ناوزەدمان بکەن. کێشەکە ئەوەیە مرۆڤی نوێ سەرقاڵی چێژی کاتییە، ھەر بۆیە ژن وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی چێژ سەیر دەکات، لە راستیدا ھەموو پەیوەندییەکی خۆشەویستیی پەیوەندیی جەستەییە، بەڵام مەرج نییە ھەموو پەیوەندییەکی جەستەیی خۆشەویستی بێت,. سەبارەت بەم پرسە من گومانم لە خودی زمانیشە “چ زارەکی، چ نوسراو” کە ئامێرێکی نێرسالارانەیە، تەنانەت رەخنەی من لە شیعری ئیرۆتیکی کوردیی ئەوەیە داوا لە ژنی کورد دەکات بە فۆرمێک ئارایشت و مامەڵە لەگەڵ روخساری خۆی بکات وەک لە کەناڵەکانی پۆرنۆدا دەبینرێت، بە پێی حەز و ھەوەسی منی پیاو مامەڵە لەگەڵ لەشولاری خۆی بکات، داواکردنی فۆرمی فۆتۆ مۆدێل لە مێینەی کورد لە رێگەی تێکستی شیعرییەوە ئەنگیزەیەکی نێرسالاریی دەیجوڵێنێت، شیعر نابێت نێرسالارانە بێت، بەڵکو دەبێت مرۆڤسالارانە بێت. ئیلیەت وتەنی “شیعر دەتوانێت شۆڕشێک لە ھەستیاریماندا بەرپا بکات”. کەچی شیعری کوردیی یان توخنی ژن ناکەوێت یان بەشێوەی نێرسالارانە باسی جەستەی ژن دەکات، مێژووی ئەدەبی کوردیی ھەر لە “نالی”یەوە تاکو ئێستا شەڕی جەستەی لەگەڵ ژن کردووە، ئەوەتا “نالی” لە رێی شیعرەوە “مەستوورەی ئەردەڵانی” رووت دەکاتەوە، لە رێی باسی جەستە و سێکسوالێتییەوە رووبەڕووی مەستورە دەبێتەوە، ئەم نەزعە نێرسالارییەش لە ناو چەندان پەرەگرافی رۆمانەکانی “بەختیار عەلی”دا بە زەقی رەنگیداوەتەوە.
خۆم: شیعری ئیرۆتیکی کوردیی داوا لە ژنی کورد دەکات وەک قەحپەیەک خۆی نمایش بکات، ئەمە کارەساتێکی ئەدەبی گەورەیە، لە کاتێکدا “پۆل ریکۆر” باوەڕی وابوو “ئەوەی شیعر دەیکات یارمەتی فەیلەسووف دەدات”!!. بەو پێیەی “رزگارکردنی وشەکانی ناو زمان و فراوانکردنی سنووری دەلالەتەکانی لە ئەستۆی شاعیردایە”. بەڵام پرسیارە سەختەکە ئەوەیە لەم شەوەزەنگەدا کێ مۆمەکەی باشلار ھەڵدەکات تا تۆزێک ژووری تاریکی شیعرمان رووناک بێتەوە؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

١٠-١-٢٠١٩
کاتژمێر: بیست و دوو و پەنجا خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا- بیلەفێڵد