تێڕوانینێکی سایکۆلۆجیانە بۆ کەسێک کە بە هۆی فشارێکی دەروونیەوە دەبێتە کەسێکی تر!.. حەسەن ڕازانی

فشاری هاوکوف و هاو تەمەنەکان لە سەر یەکتری ( پیەر پرێشەر Peer pressure! )

پیەر پڕێشەر بەواتای فشاری هاوکوف، فشاری برادەرو هاوڕێ، تەنانەت واوەتریش دەڕوا بۆفشاری دۆست و خزم و ناسیاوو تەنانەت دەروجیران و گەڕەکیش دەگەێنێت. بە کورتی: پیەر پڕێشەر هەموو ئەو فشارە دەروونییە دەگەێنێت کە لە سەر کەسێک درووست دەبێت لەلایەن هەموو ئەو لایەن و کەس و شوێنانەی کە بەلای ئەو کەسەوە گرنگ و مەبەستن. مەبەستە سەرەکیی و درووستەکەشی ئەوەیە کە لە ئەنجامی مامەڵەو هەڵس وکەوتەکانی ئەو کەسەدا ئەوان دڵیان گرێ نەگرێت و ناڕازی و مڕومۆچیان نەکات. جا لێرەدا، ئەگەر ئەو کەسە بە پێچەوانەی شەپۆلەوە مەلە بکات هەر دەست بەجێ بۆی دەبێتە کارەسات.
مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆلیش بوێریی و پشتبەخۆبەستنێکی زۆری لە کەسەکە دەوێت، کە ئەمەش لە دەوروبەری خۆماندا دەیبینین وسەلماویشە کە زۆرینەی خەڵک خۆی لە قەرە نادات. کەواتە بە هۆی فشارە دەروونیەکەوە، کەسەکە ناچارە بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوەو بە پێچەوانەی خودی خۆی مامەڵە بکات و مەلەکەی بەو بارەدا بکات کە کەسانی تر ڕازی بکات. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە ئەو کەسە دەبێ کارێکی وا بکات کە هاوکوفەکانی لەگەڵیدا هاوڕابن و ڕازی بن پێی و لە جیاتی ئەوەی مڕو مۆنیان بکات و لیچی لێ هەڵقرچێنن ، دەبێ ئەو وا بکات کە پێکەنین و گەشیی و شێوەی ڕازییبوون بخاتە سەر ڕوویان!
ئەو پێناسەیەی کە تا ڕادەیەک گەلێک لە پسپۆڕانی بواری دەروونی و سایکۆلۆجی لەسەری کۆکن و تەنانەت مامۆستا گوگڵیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە ئەوەەیە کە Peer pressure پیەر پرێشەر: ” بریتیە لە فشاری هاوڕێیان وهاو تەمەنان و فشارێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیە لەسەر هاوتەمەنەکان و هاوڕێ و هاوکوفەکان. واتە لەسەر ئەندامانی گروپە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرژەوەندی یان پێگەی کۆمەڵایەتی هاوشێوەیان هەیە. ئەندامانی گروپی هاوتەمەن زیاتر کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕ و بەها و ئایین و ڕەفتاری کەسێک هەیە فشارێکە کە بە مەبەستی خۆگونجاندنە لە گەڵ ئەو شتەی کە ئەوانی تر دەیکەن! ئەو فشارە دەتوانێت بەهێز بێت و بەرەنگاریی قورسی هەبێت. ڕەنگە کەسێک هەست بە فشار بکات بۆ ئەوەی شتێک بکات تەنها لەبەر ئەوەی کەسانی تر ئەو کارە دەکەن یان دەیبیسێت کە گوایە ئەوان دەیکەن. فشاری هاوتەمەنەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەسێک هەبێت بۆ ئەوەی شتێک بکات کە تاڕادەیەک بێ زیان بێت — یان شتێک کە دەرئەنجای جیددیتری هەبێت”.
جۆرەکانی پیەر پرێشەر ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆشی هەیە. هەیەتی دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت و هەشیەتی ناتوانرێت بهێنرێتە سەر زمان و لە ناخی کەسەکەدا دەمێنێتەوە! هەیەتی پۆزەتیفەو شتێکی خەراپ نیە ئەگەر بوونی هەبێ و هەشیەتی زۆر نێگەتیڤەو سەری خاوەنەکەی دەخوات و بە فەتاڕەتی دەدات!

جا لێرەدا ئەگەر بێت و ئەو پێناسەیەی سەرەوە سادەتر بکەینەوە و بەو شێوەیە لێی بدوێین کە لە نێوخۆماندا باوە و لە ناوچەی پشدەرێشدا مانای تەواویان داوە بە پیەر پڕێشەر، ئەوەیە کە دەگوترێت و پێی دەڵێن لەبەر خاتری خاترانە! یان ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت و لە دژی ویستی کەسەکە خۆی بێت ئەو کاتە پێی دەگوترێت: “بە خوا هەمووی لە ترسی زمانی ئەم و ئەوە!” بۆیە لێرەدا دەشتوانین بڵێین کە : پیەر پرێشەر ئەو فشارە دەروونی و نادیارەیە کە وات لێ دەکات کارێک بکەیت یان هەڵس و کەوتێک بکەیت یان بە جۆرێک قسە بکەیت…،..، هتد ، جا با خودی خۆشت لەگەڵیدا ناڕازی بیت بەڵام تەنها لە بەر خاتری خاتران یان لەبەر زمانی ئەم و ئەو هەردەیکەیت! لێرەدا تۆ خودی خۆت لێ بزر دەبێت و دەبیتە کەسێکی تر، دەبیتە گەڕەک و کۆمەڵ و کەسان و داب ونەریت و تەنانەت ئایین و مەزەبێکی تر کە هیچی لە هی خۆت ناچێت!
پیەر پرێشەر بە واتایەکی تر، لە بەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی ئەم و ئەو، فشارێکە کە لە ڕووی داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە ڕوو لە کەسێک دەکات و لە ڕووی دەروونییەوە دەبێتە فشار بۆ سەر کەسەکە. جا بۆ ئەوەی کەسەکە خۆی ڕزگار بکات لەو فشارە دەروونییە دەچێتە دەر لە کەسایەتی خۆی و لەبەر خاتری یان لە ترسی هاوکووفەکەی، یان هاوڕێکەی ، یان خزمەکەی، یان دۆستەکەی بەو بارەدا مامەڵە دەکاو قسە دەکاو بیرو بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت کە هی خۆی نین و لەوانەشە هەر باوەڕی پێیان نەبێ. بەڵام لەبەر خاتری خەڵک و کەسانیتر یان لە ترسی زمانیان واتە لەبەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی دەوروبەر بە شێوەیەک قسە دەکاو بە بارێکدا مامەڵە دەکا کە هی خۆی نییە. ئەمەش دووفاقییەک درووست دەکات لە کەسایەتی ئەو کەسەداو بە بارێکی تردا کەسایەتی کەسەکە دەخاتە بارێکی ناجێگیرو دەیشێوێنێت و لەو حاڵەتەشدا پێی دەگوترێت کەسایەتی پەشۆکاوو شێواوو ناجێگیرPersonality disorder
کەواتە پیەرپرێشەرPeer pressure ئەگەر فراونترو ڕوونتری بکەینەوە دەشتوانیین چەندین نموونەو شوێنیش باس بکەین کە کاریگەریی ئەو فشارەی تێدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. بۆ نموونە: ئەو فشارە دەروونییەی کە لەسەر کەسێک درووست دەبێت کاتێک کە دەیەوێت قسەیەک بکات و دەترسێت کە دەوروبەر بە کەیفێی نەبێ، یان هامەشۆی کەسێک بکات بەڵام لەولاوە کەسێکی تری هاوڕێی ئەو هامەشۆیەی بە کەیفێ نەبێ، یان جۆرێک لە جل و بەرگ یان ستایڵێکی تازە لەبەر بکات بەڵام دەترسێت کە لەولاوە هاوسێکەی یان هاوڕێکانی و هاوکوف و دۆستەکانی ئەو شێوە جل و بەرگ وستاییڵەیان لە لا باش نەبێ، ..،…هتد. ئیتر دەتوانی دەیان نموونەی لەوبارەوە بهێنێتەوە.
ئەو فشارە کاتێک دەبێتە گرفتی گەورەو کەسەکان لە قاوغ و کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دێنێتە دەر کە بەرژەوەندی لەپشتەوە بێت! واتە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و شتی لەوبابەتە. تەنانەت بەرژەوەندی کاسەو دراوسێیەتیش ڕۆڵی کاریگەرو ڕاستەو خۆی لەو بارەوە هەیە! یاخود بەرژەوەندی شوێن و هاو گوندیی و هاو بەرەبابی و هاو خێڵ و هاو عەشرەتی و هاو قەبیلەیی..
هەندێک جاران تەنها لەبەردڵی دۆست و دوژمنە! جا یان تۆ دەتەوێت دڵخۆشیان بکەیت کە ئەمەیان بە کەمی ڕوودەدات یان تۆ دەتەوێت خەمبارو تووڕەیان بکەیت کە ئەمەیان زوو زوو ڕوودەدات. واتە تۆ کارێک دەکەی کە خۆت حەزت لێی نیە بەڵام تەنها بۆ ئەوە دەیکەی کە خەڵکی تر خەفەتی پێوە بخوات، یان بە پێچەوانەوە دڵخۆشیان بکەیت. واتە بۆ خودی خۆت نییە. بۆ نموونە : بە ژنەکەت یان بە مێردەکەت دەڵێیت دە توخوا با هەر تەنها لە ڕقی ئەوان بڕۆین بۆ مێرگە پان و یەک دوو ڕۆژ لەوێ بین و چەندین وێنەو ڤیدیۆی کەباب و گۆشتبرژاندن و دیمەنی جوانی ئەوێش بخەینە سەر فەیسبووک. ئەم هەموو پارە سەرفکردنە لە پێناو خۆشیی خۆیاندا نیە بەڵک و تەنها لەبەر ئەوەیە کە کەسانێک، کە دەگونجێت خزم و کەسی نزیکیش بن، خەفەتێ بخۆن! جاری واش هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەک لەدەست نەچێت و لەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیەکان کەسەکان بەشێوەیەک مامەڵەدەکەن کە هی خۆیان نییەو باوەڕیان پێی نییە!
هەر لەبەر ئەوەشە ئەو کەسەی کە ئەو فشارەی لەسەر درووست دەبێ و ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار کات و ناتوانێت وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ مامەڵەبکات و خۆی دەرخات لە قاوغی خۆی دەچێتەدەر. کەواتە کەسەکە، کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆشی لەدەست دەدا. هەروەها ئەوەی کە باوەڕی پێیەتی ناتوانێت بیڵێت، ئەو جل و بەرگەی کە ئارەزووی دەکات لەبەری بکات ناتوانێت لەبەری بکات، ئەو ڕاو بۆچوونەی کە خۆی هەیەتی و باوەڕی پێیەتی ناتوانێت دەریببڕێت یان هەیبێت. ئیتر ئەو کەسە لە خودی خۆی دەردەچێت، لە کەسایەتی خۆی دەردەچێت و دەبێتە کەسێکی تر و کارەکتەرێکی تری دەبێت کە بە ئارەزووی خۆی ناڕوا، ناخوا، جل لەبەر ناکات، قسە ناکات ، نادوێت، پێناکەنێت، هەڵناپەڕێت، گۆرانی ناڵێت. هەموو هەڵس و کەوتێکی بۆ ئەوەیە و لە پێناوی ئەوەدایە کە هاوکووفەکانی ڕازی بکات یان بۆ ئەوەەی لە خۆیان تووڕە نەکات و لێی دوور نەکەونەوە!
بە دیوێکی تردا پیەر پڕێشەر و فشاری هاوکووفەکان ئەوەیە کە بۆ ئەوەی کەسێک بیەوێت هاوکوفەکانی لەخۆی ڕازی بکات دەبێ کارێک بکات دڵیان گەردێ نەگرێت. یاخود دەبێ وا مامەڵە بکات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ هاوکوفەکانی و جا با پێچەوانەی ئارەزووەکانی خۆی و پێچەوانەی خودی باوەڕەکانی خۆشی بێت. ئەوکاتە ئەوکەسە لەبەر خاتری خاتران و هاوکووفەکانی دەبێتە دژ و پێچەوانەی کەسایەتییە ڕاسیتەقینەکەی خۆی.
با نموونەیەکی سادە بێنینەوە لە سەر فشاری هاوکوفەکان یان فشاری لەبەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی هاوکوفەکان یان فشاری ناسیاوێک لەسەر کەسێک کە هەندێک جار وەک فشاری دوولایەنەش دەردەکەوێت. ” مام فەرخەو مام عەلی هەردووکیان خۆشەویستن و جەماوەرو دۆستی خۆیان هەیە. بەڵام هەم مام فەرخەو هەمیش مام عەلی بە ئاشکرا یەکتریان ناوێت. نەک هەر ئەوەش بەڵک و زیاتر پێی لێ ڕادەکێشن.. بۆ نموونە مام فەرخە دەڵێ: هەر کەس منی دەوێت نابێ ببینم هامەشۆی مام عەلی بکات. درێژەی پێدەداو دەڵێت: ” بەخوا بۆم دەرکەوێت ئەمە ڕووبدات پشتاوپشتم بەلەعنەتیان دەکەم!” ئێ دەبەخوا (مام عەلی)یش لە مام فەرخە خەراپتر دەڵێ. جا تۆ دەتوانی ئەو نموونەیە بگوازیتەوە بۆ خواردن، جل و بەرگ، گۆرانی و شێعرو مۆسیقاو تەنانەت خوێندنەوەش. ئەدی پێت چۆنە و چ گریمانەیەک دەکەیت کە ئەگەر تۆ ئارەزووی خوێندنەوەی کتێبی نووسەرێک بکەی و وە بشزانی کە هاوکووفەکەت ڕقی لێیەتی؟
جا ئەگەر هات و کەسەکە بیەوێت لە خۆی دەرنەچێت و وەک و کە خۆی هەیە ئاهوا مامەڵەو هەڵس و کەوتی هەبێ، واتە هەموو کاتێک دەبێ شتێک بکات خۆی پێی باشەو لێی ڕازییە جا با دەوروبەرەکەشی پێی ڕازی نەبێ. ئا لێرەدا کەسەکە وەک و خۆی دەردەکەوێت و نابێتە کەس و کۆمەڵ و داب و نەریت و گەڕەکێکی تر. بەڵام ئەو خۆی پێی ڕازیە. بەڵام ئەگەر وا مامەڵەی کرد بۆ ئەوەی دەوروبەرو هاوکوفەکانی ڕازی بکات بەڵام خۆی نا ئەوە ئەوکات لە خودی خۆی دەردەچێت و دەبێتە هاوکوفەکانی.

بە بڕوای من مامەڵەی درووست وڕاستگۆیانە، هەرچەندە ئەنجامدانی کاریکی سەختیشە، دەبێ وەک ئەوەی کە خۆت باوەڕ پێی هەیەو دڵت پێی ئاوێ دەخواتەوە مامەڵە بکەی! دەبێ هاوکوفەکانیشت هەروا بکەن. ئەو کات هاوکوفەکانت و تۆش هەردووک لاتان وا مامەڵە دەکەن کە هەر کەسەو چۆن ئارەزوو دەکا و چۆن پێی خۆشە وا دەکا بە مەرجێک ئازار بە لاکەی تر و بە دەوروبەرو گەڕەکەکەی تر نەگەێنێت! ئەو کات هەردووک لا دەگەنە ئەو بڕوایەی کە هەردووکلا ڕاستن و کەسیان هەڵە نین و کەسیان ناجوان نین و کەسیشیان خەراپ ناڵێن! ئەو کات دەبێتە کۆمەڵگایەکی فڕە ڕەنگ و فرە را و فرە بۆچوون! هەمووش ڕێزی بۆ بەرامبەرەکەی دەبێت! کۆمەڵگا نابێت هەمووی وەک جوجەڵەی مریشک لە کارگە بێتەدەرو هەمووی وەک یەک بجریوێنێت و وەک یەکیش دەندووک لە خواردن بکوتێت و هەمووشی لە یەک بچێت! حەتمەن دەبێ جیاوازی هەبێ. ژیان بەجیاوازییەوە خۆشە. ئەگەرهەمووی وەک و یەک بیربکاتەوە، وەک و یەک گۆرانی بڵێت، وەک و یەک جل لەبەر کات، رەنگی وەک یەکی هەبێ، ئیتر من پێم وایە ئەو جۆرە کۆمەڵگایە لە کۆمەڵگای ئینسانی دەردەچێت و دەبێتە کارگەیەک کە ڕۆبۆتی بەرهەم هێناوە. ژیان لە کۆمەڵگایەکی وادا دەوەستێت و لەزەت و خۆشی تێدا نامێنێ.
کۆمەڵگای بەشەری کۆمەڵگایەکە کە ئینسان تێیدا دەبێ ببێتە چەق و مەبەست. یەک درێژە، یەک کورتە، یەک ڕەشە، یەک سپی، یەک تۆزێ لاواز و یەکێکیش لە هەیکەل و بیچما یەک تۆزێ گۆشتنو لە دین و مەزەب و بۆچوون و ڕاو بیرکردنەوەشدا هەر جیاوازە.. بەڵام هەمووی جوانە، هیچی ناشیرین و دزێو نییە. ناشیرینی و دزێوی شتی ڕێژەیین و لە دیدو تێڕوانینی جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئیسان هەمووی جوانە. کردارەکەیەتی ناشیرینی دەکات . تەنها کردارە کە ئازاری کۆمەڵگای ئینسانی و بەشەر دەدات وا لە ئینسانەکە دەکا کە ناشیرین و دزێوو بوغزێندرا و بوغزاوی دەربکەوێت لەناو کۆمەڵگادا.

————————

تێبینی: سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
https://www.choosingtherapy.com/peer-pressure/
The Complete Idiot’s Guide to Surviving Peer Pressure for Teens. …
The Courage to Be Yourself: True Stories by Teens About Cliques, Conflicts, and Overcoming Peer Pressure. …
Friends, Cliques, and Peer Pressure: Be True to Yourself.




پرسیاری کولتورو پاشەکشەی ئێمە.. نیهاد جامی

گریمانەی ئەوە دابنێین هێشتا دەرفەت ماوە بۆ دەست پێکردنەوە، ئەوە گومان نیە هێندەی نائومێدیەکە پەیوەستە بە نەبوونی دەسەلاتی کولتوری ئێمەوە، بیرکردنەوە لەسالانی ڕابردوو لە دەرفەتێک کە لەبەردەمی هەمووماندا بوو، بەڵام پاشەکشەیەکی سەیرمان کرد، ئەوەی بەرپرسیار بوو ئەو ناوەندە فەرهەنگی و کولتوریانەی ناو شاری کەرکوک نەبوون، چونکە هەمووان بەبێ چاوەروانی کردنی هیچ بەرامبەریەک کاریان کرد، بەلام مەترسیەک کە هەمیشە هەستمان پێی دەکرد ئەوە بوو لەپڕ ئەو وزانە بوەستن و نەتوانن بەردەوامی ببەخشن، چونکە چەند مرۆڤێکی چالاک لەپشت کۆی پرۆژە کولتوریەکانەوە بوو، پڕۆژەی کولتوریی پێویستی بە دامەزراوەیی کردنە، هەڵبەت لەو ناوەندانەی ئەوسا هەوڵی ئەوەشدرا، بەداخەوە نەبوونی پشتگیریی و بەگرنگ نەبینینی وایکرد گومانەکانمان ببن بەڕاستی، هێشتا ووزەی گەنجان لەشارەکەدا بوونی هەیە و دەیانەوێت داهاتووی کولتووری بنیات بنێن، بەلام بەم دۆخەی ئێستا تا کوێ ئەو هەنگاوانە بڕ دەکات؟
ئەوە وەک نائومێدی مەبینن، هێندەی بەرەنجامی خوێندنەوەی دۆخی کارکردنمانە لەسالانی ڕابردوودا، ئێستا بۆ ئەوەی نەکەوینە گریان و نوزانەوە بەسەر ساڵەکانی پێشوو، دۆخەکە هەر چۆن بوو هەرچی توانرا و ئەنجامدرا، هەر ئەوەندە بوو کە کرا، بۆیە لەئێستادا پێویستمان بەوەیە لەسەر ئەو ساتەوەختە هەنووکەییەمان قسە بکەن، دەبێت چیبکەین لە ئێستادا؟
پرسیارکردن لەئێستا، درککردنە بە ڕاستیەک کە ئەوەی هەبوو کۆتایی هات، پێویستە ئاوا سەیری ئێستا بکەین، وەک سەرەتایەکی نوێی کارکردن، بەبێ ئاگایی کولتوریی هیچ پرۆژەیەک نایەتە بەرهەم، بۆیە پێویستمانە لەو ساتە بەراییەدا مەعریفەی کولتوریی بەرهەم بێنین، لەڕێگەی پەیوەندیکردنەوە بە یەکتریەوە لەڕێی نووسینەوە، تاوەکو بتوانین زەمینەیەکی پتەومان هەبێت بۆ دۆخی کولتوریی داهاتوو، چیتر مەعریفە لەنێوان قسەکردن و نوزانەوە نەهێلینەوە، بەڵکو قسەکردن بە نووسین بگۆڕین، وەک چۆن پێویستە ئەو هەموو لاوانەوەو حیکاتانەی ڕابردوو ببەینە دۆخی گومانکردن و کارکردن لەئێستادا.
کێ ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرێت؟ ئەوانەی خەمی کولتوریان هەیە، نەوەک بانگەشە ئایدیۆلۆژیە ساختەکانی ناوەندە سیاسیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، کولتور بە بانگەشە کاری بۆ ناکرێت، خەمی کولتوریی دەبێت کێشەی سەرەکی مرۆڤ بێت، ئەوەش تەنیا ئەوانەی دەیانەوێت بەسەر دنیا بکرێنەوەو شوناس لە فەوتان ڕزگار بکەن، توانای ئەوەیان هەیە ئەو کارە بگرنە ئەستۆی خۆیان، بە بڕوای ئێمە زەمینەکە هێندە خراپ نیە، هێندەی پێویستی بە پرۆژەی ڕێکخەر هەیە تا دەنگەکان یەکبخات، ئەوەش پێویستی بە نێوەندێکی کولتوریە کە ئۆرگان و ناوەندی چالاکی خۆی هەبێت، لەتەواوی کایە جیاوازەکان کار بکات، خۆی لەهیچ کاییەک نەدزێتەوە بە بیانووی ئەوەی کاری ئەو نیە، ئەو سەرەتایە دەتوانێت دواتر ئیش لەسەر ئەوە بکات، کایە جیاوازەکان بکاتە چەندین پرۆژەی سەربەخۆ تا بتوانن پسپۆریەکان لەو ناوەندە جیا بکرێنەوە، ئەوسا چەندین ئۆرگان و کەنالی کولتوریی جیاواز لە شارەکەدا دەتوانن کاری خۆیان بکەن، پاشەکشەیەک کە لەساڵانی ڕابردوو ڕوویدا، تەنیا هێزێکی ڕەخنەیی بە ئێستامان دەبەخشێت، تاوەکو بتوانین ڕەخنەگرتن لەڕابردوو بکەین بە ئامادەبوونی ئێستا وەک بونیادی زەمەنی بۆ کارکردن و کرانەوەمان بەسەر کولتورو چۆنیەتی تێگەیشتن لەکێشەی شوناس و کولتور، لەنێوان کەرکوک وەک و مرۆڤ وەک هاوڵاتی کەرکوکی، ئەوەش زەمینەی خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بنیات دەنێت، لەسەر پەیوەندیی نێوان هاوڵاتی و شار، کە گرنگترین پایەی کەرکوکە، بەهۆی فرە ئاینی و کولتوریەوە، تاوەکو گوتاری ئایدیۆلۆژی فریومان نەدات و وەک کرانەوەی گروپە کۆمەلایەتیە جیاوازەکان، بۆ ئەوەی بتوانین مامەلەکردنێکی کولتوریی بکەین لەگەڵ دۆخە کولتوریی و مێژوویەکەی شارەکەمان.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




لە پای هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە کارێکی شانۆیی.. داستان بەرزان

خراپترین دۆخێک کە هەر دەستەڵاتێکی تێبکەوێت ئەو ساتەیە کە چاودێری دەخاتە سەر کارە هونەرییەکان، بە بیانووی جیاجیا لێپرسینەوەیان لێدەکات و هەوڵدەدات سانسۆری هەر بابەتێکی هونەری بکات کە گوتارەکەی لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەودا ناگونجێت، یاخود ڕەخنە و تانە لە ناڕێکی و ناشیرینی و نادادییەکانی دەگرێت و گەندەڵی و دزێوییەکانی دەخاتە بەرچاو، ئاخر بەسروشت هەر دەستەڵاتێک لە هونەر ترسابێت و هونەرمەندانی لە مافە بنچینەییەکانیان دابڕیبێت، کەواتە بەر لە هەر کەس ئەو دەستەڵاتە خۆی لە دۆخی خۆی دەزانێت و تێدەگات کۆی سیستمی ئەو حوکمڕانییەی پیادەی دەکات لەگەڵ ویست و ژیانی هاوڵاتیانیدا ناگونجێت.
لە مێژوودا هەمیشە دەستەڵاتە ستەمکارەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان سڵیان لە هونەر کردۆتەوە، بواریان نەداوە هونەر ئازادانە گەشە بکات و هونەرمەند بەبێ کێشە و ئاستەنگ گوزارشت لە دونیابینی خۆی بکات، لەبەر ئەوەی هونەر بە درێژایی مێژووی خۆی ململانێ و ناکۆکی و سەرنجی توندی لەسەر دەستەڵاتی خۆسەپێن و کۆمەڵگای کۆنەخواز و گیرۆدەی دەستی نەریتی نادروست و ئەو بەشەی ئایینەکان هەبووە کە دەچێتە ئاستێکی خراپی نامرۆڤانەی توندتیژ، ئەمەش لە یۆنانی کۆنەوە کە لانکەی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی زۆربەی هونەرەکانە تاکو ئەمڕۆ دڕێژبۆتەوە.
تەنانەت لە ژیانی ڕابردووی خۆماندا ساڵانی بەرلەڕاپەڕین (سەدام حسێن) یەکێک لەو دیکتاتۆرانەبووە کە ترسی گەورەی لە هونەر وایکردبوو سانسۆرێکی زۆر لەسەر کارە هونەرییەکان دابنێت و ڕێگا نەدات بەبێ فلتەری وردی فەرمانگەکانی ئەمن و دەزگاکانی سیخوڕیی هیچ بەرهەمێک تێپەڕێت، زۆرجار کارە هونەرییەکانی ئەو سەردەمە ڕاست و چەپیان بەسەردا هاتووە و ڕێگری بە نمایشکردنیان کراوە، تەنانەت هونەرمەندان تووشی زیندان و ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە، هەر ئەوەش وادەکات هونەرمەندان بە ئاستەم بتوانن ئەوەی هەست و ڕووانین و دیدگای خۆیانە نمیایشی بکەن و گوتارەکانی نەتەوە و خاک و نیشتیمان بە هێمای هەمەجۆر لە کارە هونەرییەکانیاندا بەرجەستە بکەن.
هونەرەکان بە هەموو جۆر و شێوازەکانیانەوە ڕووبەرێکن بۆ ئەوەی مرۆڤ بیانکاتە هۆکارێک بۆ خستنەڕووی هەر بابەت و دیاردەیەکی ناشیرین و خراپ و دژە ئازادی و هەڵقوڵاوی بیرە ستەمکارەکان، کاری سەرەکی هونەر لێدانە لە دید و چەمک و بابەتە پیرۆزکراوەکان، هونەر مانا جێگیرەکان دەستکاری دەکات، نەریتەکان دەشێوێنێت، هونەر بەرهەڵستی لە نادادی دەکات، هونەر جۆش و خرۆشی شۆڕشەکان گەرمتر دەکات، هونەر خەم و ژانەکانی مرۆڤ دەنوێنێ بۆیە مرۆڤ بە هونەر کاریگەرە. مرۆڤ پێویستی بە هونەرە تاکو واتا باش و جوانەکان بزر نەکات، تاکو ڕەسەنبوونی خۆی لە دەست نەدات، فریدرێک نیتشە لە بارەی جەوهەری هونەر هونەر دەڵێت: پێویستمان بە هونەرە تاکو واقیع نەمانکوژێت. کەواتە مرۆڤ ناتوانێت هیچ کات بەبێ هونەر بژی، چونکە لە سادەترین کاری هونەردا دەکرێت بەو دیدی نیتشە بڵێین: مادام واقیع شتێکی نکۆڵی لێکراوە، لە بەرامبەردا هونەری دەبێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت!
لە مێژووی هونەردا کەم نین ئەو هونەرمەندانەی بەهۆی دیدگای ڕەخنەیی بەرهەمەکانیانەوە تووشی زیندان و تەنانەت کوشتنیش بوونەتەوە، کە دەکرێت بە گەڕانێکی کورت دەیان نمونەی لەو هونەرمەندانەی جیهان بناسین کە بوونەتە قوربانی لە پێناو هونەردا، بۆیە هەر دەستەڵاتێک گومانی لە سیستمی حوکمڕانی خۆی هەبێت، یەکێک لەو بوارانەی سەرنجی چڕی دەخاتەسەر هونەرە، ئاخر وەک ئاماژەمان بۆ کرد هونەر لە شوێنێکدا مەترسییە بۆ هەر سیستمێکی ستەمکار، بۆ کۆمەڵگایەکی گەندەڵ بۆ هەر دەستەڵاتێکی خۆسەپێن و دیکاتۆر، هونەر دەتوانێت ماناکان بە ڕووتی و بەبێ ئاڵۆزی، خراپی و نادادپەروەرییەکان بەبێ ئارایشکردن، گەندەڵی و ستەمکارییەکان بەبێ پەردە بەیان بکات.
هونەرمەندانی کورد بەشێکی زۆریان لە پێناو ئازادی گەل و ئازادی لە کارە هونەرییەکانیاندا ڕۆژگارێک چوونە شاخەکان و لە ڕێزەکانی خەباتدا تێکۆشان، شەهید بوون، تەمەنی گەنجییان بەخشییە شۆڕش، هەر بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستبهێنن، ئازادییەک کە ئێمە ئەمڕۆ لە سایەییدا بەبێ ترس کارە هونەرییەکانمان بکەین و بە بینەرانی بگەێنین، لەبەر ئەوە گرنگە لە ئێستادا دەستەڵاتدارانی کورد، ئەوانەی بڕیاریان بەدەستە بە وریاییەوە کار بکەن بۆ فەراهەمکردنی زیاتری ئازاد نەک بەرتەسکردنەوەی و لە بیریان بێت یەکێک لە دروشمە گەورەکانی خەباتی کوردایەتی ئازادی بووە بۆ سەرجەم چین و توێژەکان، کەواتە تکایە دەستەڵاتداران وردتر و هەستیارتر لەگەڵ هونەردا مامەڵە بکەن و بوارمەدەن ئازادی هیچ چین و توێژێک گرفتی بۆ دروست ببێت.

داستان بەرزان




بۆ شاعیرێكی فاشیل.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

                            

1
هه‌موو به‌شه‌كانی ژیان لای من یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌. ئه‌ویش شیعره‌، شیعریش بۆ من مه‌ته‌ڵێكی گه‌وره‌یه‌، مرۆڤایه‌تی خۆمی پێ بگه‌شێنمه‌وه‌. شاعیرێكی دیندار و نيمچه‌ دێهاتی و به‌ره‌و خودی خۆم گه‌ڕاوه‌م. ئه‌م دنيايه‌ چۆن بناسم، سه‌رله‌نوێ شته‌كان بدۆزمه‌وه‌ و پێكهاته‌ وه‌ربگرم و له‌ چییه‌تی بپرسم و ڕووبه‌ڕووی واقیع ببمه‌وه‌. كه‌موزۆر به‌شێكی به‌هره‌ سروشتییه‌كانم گه‌ڵاڵه‌كردووه‌. له‌ خانه‌ و شانه‌ی هەستیاری زمان و بنيادنانى ناسنامه‌دا بۆن و ڕه‌نگ و ڕۆشناییم هه‌ڵمژیوه‌ و شیعر پاڵاوتوومی، لە شیعریش بەولاوە هیچ چالاكییەكی دیكەم نییە هێزی پێویستی لێ وه‌ربكرم. گونده‌كه‌شم له ‌شاره‌كان زیاتر بیری شیعرییم پێ ده‌به‌خشێ و دۆخی نووسینم لا په‌یدا ده‌كا گه‌رم بنووسم، بنه‌مایه‌: مرۆڤ، باڵنده‌، په‌له‌وه‌ر، ئاژه‌ڵ، خشۆك، زینده‌وه‌ر، سروشت، گیا، دره‌خت، پرسیار، وه‌ڵام، به‌ڵێ، نه‌خێر، گوڵه‌گه‌نم… تاد، له‌ودا ناسی. شار واقیعێكی توندوتیژه، كه‌متر هارمۆنی نه‌رمونیانی تێدایه. هێڵی تایبه‌تی له‌ نێوان مرۆڤی گوند و مرۆڤی شار له‌ باری سایكۆلۆژییه‌وه له‌كوێوه‌ جیاوازن و له‌كوێوه‌ش‌ نزیكن‌، ناوی شوێن له‌ شیعردا به‌ ده‌گمه‌ن ده‌هێنم، به‌ڵام هه‌ستی هه‌ستكردن به‌ شوێن و ناسینی شوێن زاڵده‌كه‌م‌.

2
لەو شیعرە دەدوێم نووسیومە، یان لە نادیارییەكدا دەبێتە خولیای نووسین، هەستی هه‌ڵقوڵاو و تاسه‌ی ڕوحیم دەیدۆزێتەوە، دەینووسم و تێیدا پشت به خود و زمان و‌ وێنه‌ ده‌به‌ستم، خود و زمان و وێنه‌ش وه‌ك كرده‌یه‌كی كارای بیركردنه‌وه‌ بوونی مرۆڤ داده‌ڕێژن و چالاكی زه‌ینی و ده‌روونیین، له‌ ناسینی به‌های ئه‌ده‌بی خوێنه‌ر ئاسووده‌ ده‌كه‌ن‌.
3
نیمچه‌ ده‌ستووری ڕوونبێژی و ڕه‌وانبێژی و ناسكوێژیم و داروپه‌ردووی رسته‌سازی و په‌نجه‌مۆری تایبه‌تمه‌ندیم به‌كارهێناوه‌، قەتیش لێكدانەوەم بۆ وشە نەكردووە، وام زانیبێت بەلای خوێنەرەوە گران و سەختە, وشه‌كه‌ چه‌ند دیوێكی هه‌یه‌. ئاسۆیی به‌كارهاتووه‌، یان ستوونی. ئەو بڕوایەم هەیە، كە خۆم زانیم چیم گوتووە. خوێنەریش دەزانێت چیم گوتووە و به‌كام دیودا به‌كارم هێناوه‌.

4
شیعر شێوازی بوون و به‌ها و پێوه‌ر و گه‌ڵاڵه‌بوونی دیدگای شاعیرە، واتە: بوون و چییەتی و دۆزینەوە و ناسینەوە. سەختیی ژیانی بۆ قەرەبوو كردوومەتەوە، لە ئەزموونی ئازاددا ئامانجی خوڵقاندووم, شيعريش تاكه‌ شوێنه‌ لێوه‌ی بڕوانمه‌ ژیان و گه‌ردوون و یاده‌وه‌ری، له‌ ژیان و گه‌ردوون و یاده‌وه‌ری ڕامان هێزی پێویستی پێ به‌خشیوم. هه‌ستم بۆ ژیان به‌هێزه‌ و یاده‌وه‌ریشم به‌هێزه و حه‌زێكی گه‌وره‌شم هه‌یه‌ بۆ ژیان، له‌و شیعره‌ی ژیانت بۆ قه‌ره‌بوو ده‌كاته‌وه‌، واته‌: شیعری ژیانیی وشه‌ و ڕسته‌ تێكه‌ڵاو ده‌بن و ڕسته‌ له‌ وشه‌دا داده‌ڕێژرێته‌وه، تێكۆشاوم ئه‌م كاركردنه‌م بكه‌مه‌ شێوازێك تا ببێته‌ ده‌نگێك بۆ بێده‌نگه‌كان‌‌، یان گفتوگۆی نێوان شاعیر و خوێنه‌رانی.

5
شیعری بێگەرد مەی لە چڵ و گەڵا نەخەمڵاندووە. لە ڕەگ خەمڵاندوویەتی، بۆیه‌ مه‌ی و مه‌ستییه‌كه‌ی، بژاركراو و ڕێكخستنه‌وه‌ و تاهه‌تایی و گره‌وی سه‌ختی بوونه‌، ده‌كرێ جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی سۆفیگه‌رییانه‌ی تێدا بدۆزێته‌وه‌، كه‌ زه‌ینی داهێنه‌ر و خوێنه‌ر ده‌پارێزێ.

6
شیعر بە كردەی سرووش و خرۆشان و ئاماژه‌ و نیشانه و مۆتیڤ‌ تێدەگەم، سروشت دەدۆزێتەوە و مرۆڤی هه‌ستیاری بۆ ئامادەدەكات. شاعیر سروشتی دووەمە و مرۆڤ دەدۆزێتەوە. لە سەرچاوەكانی سروشتی یەكەم هه‌ڵكۆڵین دەكات.

7
شیعر ئه‌و هێزانه‌یه‌، كه‌ مرۆڤ و خوداوه‌ند و ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ر و باڵنده‌ی دروست كردووه‌ و ئاشقی ژیانە. ئاشقی ژیانیش له‌ هیچه‌وه‌ دروست نابێ، ئاسۆ و دووریه‌كانی فره‌دیوی بوون ده‌ناسێت، لە سەرەتاوە دەست پێدەكاتەوە. هەموو شت به‌ پله‌ی باڵا لە شیعردا دەژی، شته‌كان پێشبینیه‌كی ورد و زیره‌كن. ئەو شوێنەی هێزی ژیان دەستی دەگاتێ، شوێنە لە شیعردا و جیهان تێیدا ئاوارەیە. مرۆڤە ئاوارەكانی دنیای تێدا دەناسێ و ساتی ناسینی دەربڕین لێكردنە بۆ نزیكبوونەوەی هەموو شتەكان لە ڕێگای شیعرەوە. هەموو شتەكانیش لە شیعردا چەندین جار لەدایكدەبنەوە و ژیان به‌ باری تر ده‌گوازنه‌وه‌.
8
سەرەتا هەموو وەرگێڕانێك لە ناسینی ئەوی دی دەست پێدەكات. لە ڕێگای وەرگێڕان بۆ كوردی نهێنی هونەری و تانوپۆی شیعری بەشێك لە شاعیرانی زمانانی ترم ناسی. وەرگێڕان كردەیەكی گرنگی ئاشتیخوازییە. ئەوە حاڵەتێكە من لەناو شیعری وەرگێڕدراودا باش ژیاوم، به‌رزی و نزمی پله‌ی لێدانی دڵی خۆم زانیوه‌. ئەگەر نەتوانی بە زمانی دنیاش بخوێنیتەوە، بە وەرگێڕانیش بیخوێنێتەوە هەر كارێكه‌ نه‌خشێكی گرنگ له‌ بوونی شیعر ده‌بینێت و زیاتر قووڵیت لێ ده‌رده‌كه‌وێت. دڵم لەناو شیعری وەرگێڕدراودا بەباشی لێدەدا، بەڵام ناسنامەم سەر زەمینی كلتووری شیعری كوردییە. بڕوام بە وشە و هێزی وشە هەیە، زمان ناوەند و بوون و چییه‌تی و دۆزینه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌یه‌. ڕۆحی به‌شێك له‌ شیعری كوردی بە شێوەیەكی زیندوو و چالاك ماوەتەوە، ڕووبه‌ڕووی شارستانیه‌ت ده‌بێته‌وه‌ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كات.

9
هەستەكان و ده‌ربڕینی به‌هێزی هه‌ست ڕێگا و ڕووگه‌نمای دۆزینەوەی شتەكان و وشەكان و ماناكانن، سەرەتای كردەی نووسینن, كە ڕەشنووسی شیعرێك تەواودەبێت، بوێریی ئەوەم لایە زیاتر كار لەسەر لابردن و سڕینەوە بكەم. كەمتر كار لەسەر زیادكردن و خستنەسەر بكەم. لە ڕەشنووسدا زیاتر كار لەسەر جێگۆڕكێی وێنە دەكەم، هه‌وڵیش ده‌ده‌م هه‌ستی بۆنكردن له‌ وێنه‌دا به‌رز بكه‌مه‌وه‌ و وێنه‌ بۆن بكرێ, كه‌ وێنه‌ بۆنكرا هه‌ستی بیستن پێی هه‌ستیار ده‌بێت، هه‌وڵمداوه‌ هه‌ندێك وێنه‌ی باو خواز بۆ ناو ساده‌یی و وێنه‌ی بژارده‌خواز و ڕوانینوان بهێنم.

10
شیعر و گه‌ردوون ڕوخسار و ئاوێنه‌ كلتوورن، شیعریش جه‌نگێكی ڕۆژانه‌ی به‌رده‌وامه‌ و وزەی زیندووی ناو كلتوورە، هەستەكان بە ئاوازی جیا جیا درێژی دەكەنەوە، شاعیری دامەزراو بە زمانێكی بەرجەستە لە مێژوو و كانگای مرۆڤی نزیك دەكاتەوە. لە خودەوە بۆ خودی باڵا. ژیان لەم كردەیەدا سەرلەنوێ لەدایكدەبێتەوە، منیش له‌م له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌دا‌ هه‌وڵم داوه‌ په‌خشانه‌شیعر بكه‌م به‌ نموونه‌یه‌كی كوردی.

11
شیعری بێگەرد بڕوای بە هیچ ئایدیۆلۆژیا و شانه‌ و شه‌پۆل و جڵه‌وبه‌ده‌ستێك نییە. بڕوای بە ئاراستەی دیاریكراوی شیعریبوون و ئێستێتیكای سادەیە. هەموو ئایدیۆلۆژیایەك فشۆڵە، شیعر و زمان تێیدا بۆگه‌ن ده‌كا،خه‌یاڵیش باڵگرن ده‌كات. خه‌یاڵ ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ كاریگه‌ر و ڕووناكه‌یه‌ ژیانی مرۆڤی شاعیر ده‌وڵه‌مه‌ند و به به‌رهه‌م ده‌كات. به‌ وزه‌یه‌كی به‌ گوڕی ده‌ربڕینه‌وه‌ له‌ناو گۆشه‌ و ڕووبه‌ری شیعردا ده‌تهێڵێته‌وه‌ تا هه‌ست به‌ ئاسۆ دوورییه‌كانی گومان و سه‌رسوڕمان و زمان و پرسیار بكه‌ی.

12
خوێنه‌ر دوای نووسینی شیعر گرنگه،‌ شیعر خۆی كۆدەكاتەوە و ئەزموون و شارەزایی و يه‌كێتی هه‌ستیاری و هه‌سته‌كان دەینووسێت، دواتر بژاری دەكەی. خوێنەری كراوە دەیخوێنێتەوە. من هیچ بڕوام بە خوێنەری چێژى ته‌نك و لابه‌لا نییە. ئەدەب چێژی ته‌نك و لابه‌لا نییە، ئێستێتیكا و یه‌كێتی هه‌ستیاری و هه‌سته‌كانه‌. چێژ ڕه‌سه‌نایه‌تیی داهێنان یه‌كناخات، به‌ڵام ئێستێتیكا یه‌كی ده‌خا. خوێنەری چێژی ته‌نك و لابه‌لا تەمبەڵ و فشۆڵ و نه‌دۆزه‌ره‌وه‌یه‌. خوێنەری كراوە خەیاڵی خۆی بەكاردەهێنێ، واتای زه‌ینی و ده‌روونیی به‌رهه‌م ده‌هێنێ و پێشكێشی ده‌كات، كه‌پوو بۆنی وێنه‌ ده‌كا و بۆنی وێنه‌ش ده‌ناسێ. قەت لە خۆم نەپرسیوە شیعر خوێنەری ماوە، یان نا. یان چه‌شنێكی تری ئه‌ده‌ب شكۆی شیعری ته‌نك و ڕفۆك كردبێت. ئەم پرسیار لە خۆكردنە وزە لەخۆ ناگرێ و پەیوەست نییە بە بوون و چییه‌تی و دۆزینەوە و ناسینەوە. گومان لە توانای خۆكردنە، یان ترسێكە بیركردنەوەت شێلوو و شڵەژاو دەكات. ڕووباری وزە و هەست ناتگاتێ و فریات ناكەوێ. توانای بیركردنەوە و وێناكردنت كۆناكاتەوە. خوێنەری كراوە بەشێكی گرنگە لە كتێب، مادام شیعری بێگه‌رد هه‌یه‌، خوێنه‌ری كراوه‌ش هه‌یه‌. خوێنه‌ر له‌ شیعردا نه‌شونما ده‌كا و په‌روه‌رده‌ ده‌بێ و ده‌دره‌وشێته‌وه‌، شیعریش له‌ خوێنه‌ردا ده‌ژی، خوێنه‌ر له‌ كۆتاییدا فه‌لسه‌فه‌ی شیعره‌، ماڵی ده‌دۆزێته‌وه‌، ئاڵای له‌ناو هه‌ڵده‌دا و ئامانجی كۆده‌كاته‌وه‌ و مه‌شخه‌ڵی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێ.

13
وا دەزانم سەرزەمین بە من بەخشراوە، بە شیعر بینای بكەم. لە سەرەتای شیعرەوە بە درێژایی هاتنی بیناكردن بەردەوام لەدایكدەبێتەوە و داهێنەر تێیدا ناوەندە. وەك خەونێك لەناو بیناكردندا دەژیم و لە تەواوی خانەكانی لەشمدا ئامانجی كۆكردووه‌ته‌وه‌.

14
پێش نووسینی سه‌ر كاغه‌ز، له‌ مێشكمدا نووسیومه‌ و ده‌نووسم، كه‌ ده‌ستیشم به‌ نووسین ده‌كه‌م شێوه‌ی گشتی شیعره‌كه‌م لا نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م وێنه‌دا زه‌مینه‌ی به‌رده‌وامبوون خۆش ده‌بێت و ‌ورده‌ ورده‌ بیركردنه‌وه‌م ڕوونتر ده‌بێ و وێنه‌ گه‌وره‌كه‌م لێ ده‌رده‌كه‌وێت، سروشتی خودایی و سروشتی زه‌ینیی یارمه‌تیم ده‌ده‌ن.
شیعری بێگەرد گوێڕایەڵی واقیع و ڕووداوی فریوده‌ر نابێ. هەوڵدەدا بیدۆزێتەوە و ڕوو لە سادەترین شتی بكات. سادەیی و هەستەكان دەمێننەوە و پەیام و دۆخ دەپارێزن.
15
نیگەرانی بارودۆخی ئاڵۆز و كاره‌ساتبار و كەوتووی كۆمەڵگای كوردی و سیاسه‌تی كوردی نیم. نیگه‌رانی ناوەندی شیعری كوردیم، كە خۆم تێیدا دەژیم و به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێ هیچی تێدا ڕوونادات و هێڵی گه‌وره‌ی تێدا ده‌رناكه‌وێ، به‌شێك له‌ نووسه‌ران مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی، یان گه‌وهه‌ری تاجیان ده‌ستكاری كردنی دۆخه‌ به‌ره‌و باشتر و ناسینه‌وه‌ی نرخی ڕاسته‌قینه‌، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی، یان گه‌وهه‌ری تاجی من به‌كارهێنانی زمانه‌ به‌ره‌و باشتر و هه‌ستیاری و خه‌مڵین و وشه‌ی ئاهه‌نگدار و پێوه‌ر، شكۆی ئێستێتیكا و زمان به‌رگریكاری هه‌قیقه‌تن.

16
داهێنه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی ناوه‌نده‌ و خه‌سڵه‌تی ناوه‌ندبوونی داهێناوه‌، سرته‌ و ڕازی داهێنان و ته‌كنیكه‌ زمانه‌وانییه‌كانیشی گۆڕیوه‌. یه‌كێكم له‌ شاعیرانی شه‌پۆلی سێیه‌می شیعری كوردی و ده‌قم تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری په‌خشان بردووه‌، به‌ڵام نه‌مهێشتووه‌ ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی بێ تانوپۆ و لكوپۆپ‌ زاڵبێت به‌سه‌ر شێواز و كورتبڕی و چێژی هونه‌ری و ئێستێتیكی.
هۆشیارییه‌كی ئامادەی به‌ دڵ و گیانیشم له‌ شێوه‌ده‌نگێكی نه‌رمی نه‌نووسراو هەیە, هەست بەوە دەكەم لە شیعری ده‌نگی نه‌رمی نه‌نووسراو دەگمەن نا، بەڵام تایبەتمەندی گه‌ڵاڵه‌ی كردووم، كۆشش بۆ ئەوە دەكەم لە ڕێگای دیمەنی گەردوونی و ڕه‌گه‌زی كتوپڕی و نیشانە و په‌یژه‌كانی مۆسیقاوە بە تەواوییەك بگەم و ئاوازم لێ بەرزببێتەوە، تا ڕاده‌یه‌كیش له‌وه‌ دڵنیام ئه‌م شێوازه‌، له ‌سه‌رده‌می خۆمدا، واته‌: ئێستا جێگای سه‌رنج و بایه‌خ نییه‌.

17
ناتوانم هیچ كەسێك لە شیعری خۆم تێ بگەیەنم، چونكە شیعر ئاڵوگۆڕییەكی ڕۆحییە. هەوڵدەدەم هەست بە شت كردنێك لە ناخیدا دروست بكەم. هەستی بوونی و لێكدانی ژێی دڵ وێنا بكەم. نەك لێكدانەوەیان بۆ بكەم، ئه‌فسوونێك وه‌ك مووچڕكێك گرتوومی و به‌رم نادات. هه‌میشه‌ تاسه‌م بۆ‌ بینینی قه‌ڵای هه‌ولێر له‌ گه‌ڵاڵه‌بوونه‌، هه‌رجارێك بیبینم، بینینی جاری پێشوو نییه‌ و بینینی یه‌كه‌ممه و شێوه‌ی نادیاری وه‌رده‌گرێ‌، له‌ كۆی بینینه‌كان كه‌رسته‌ی زمانه‌وانیم گه‌یشتووه به‌ ئاسۆی هاوچه‌رخ و نوێبه‌خشی، له‌ دانه‌وشه‌ی ڕۆمانسی كرچوكاڵ لام داوه‌ و هه‌وڵم به‌ره‌و زه‌مینه‌ هێماییه‌كان و شيعريبوونی وردبوونه‌وه‌ له‌ به‌هره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌‌‌.

18
هه‌ستی ناوه‌وه‌م ڕێی پیشانداوم داهێنه‌ران بدۆزمه‌وه‌، به‌ به‌هاوه‌ بیانخوێنمه‌وه‌، خوێندنەوەی شیعر لەسەر ئاستی ئێستێتیكا و زمان لای ئەو شاعیره‌ی پرسی شیعر و داهێنانی مه‌به‌سته‌ زۆرمان پێ ده‌به‌خشێ. زێوان پێكهاته‌یه‌كی بنیادی ژیاننامه‌یی و ئاخاوتنی ده‌روونی كردووه‌ته‌ هێما و هێما پێكراو‌. سێزده‌ كتێبی شیعریم چاپكردووه‌‌ ناتوانم یه‌كێكیان بخه‌مه‌ پێش یه‌كێكی تریانه‌وه‌، به‌ڵام پیاو به‌ نۆبه‌ره‌ ده‌بێته‌ باوك. هەر لە سەرەتاوە، زێوان بە سەرەتای ڕاستەقینەی خۆم دەزانم. خۆم بە ئەزموونگەر و شاعیری گومان و سەرسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار زانیوە، لە چوارچێوەیەكدا خۆم ڕێك نەخستووە، خۆشم لە شیعری فشۆڵ پاراستووە و شەڕم لەگەڵ شاعیرانی فشۆڵ و به‌سته‌زمان بەرپا نەكردووە و كێشه‌م له‌گه‌ڵ نه‌ناونه‌ته‌وه‌، لە نرخیانیشم كەم نەكردووەتەوە. ڕێزی كتێبەكانیانم گرتوون و كڕیومن و لەناو كتێبخانەی خۆمم داناون. تۆزیشم لەسەر تەكاندوون. پاكم كردوونه‌ته‌وه‌، بەڵام نەمخوێندوونه‌تەوە، شاعیرانێك نه‌توانن شیعری سه‌ركه‌وتوو بنووسن، یان له‌ به‌رده‌وامبوونیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بن، ناتوانن له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتوو بن. خۆیان ده‌خۆنه‌وه‌ و تووشی گرێی ناوه‌كی ده‌بن و گێچه‌ڵ به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌كه‌ن، ده‌بنه‌ تیرهاوێژی كوێر. له‌ناو ئه‌م كرده‌ و گێچه‌ڵ پێكردنه‌دا من كراوم به‌ نیشانه‌ی گێچه‌ڵ پێ كردن‌. ئه‌و به‌سته‌زمانانه‌ی له‌گه‌ڵ شیعرم ناگونجێن، ته‌نگه‌تاوبوونه‌ و گێچه‌ڵ ده‌نێنه‌وه.‌ هیچ زیانێكم پێ ناگه‌یه‌نن، به‌ڵكو سوورم ده‌كه‌ن زیاتر له‌ كۆششكردن و خوێندنه‌وه،‌ قووڵببمه‌وه‌ و بچمه‌ ناو هێز و شكۆی نووسینمه‌وه‌.
داهێنان دەتوانێت داهاتوو و مێژوو و هاوچەرخیی بخوڵقێنێ و بخوێنرێتەوەش.

19
شیعر هونەری بەشێكە، هونەری گشت نییە، شیعری گشت فریوی ئێستێتیكا و واقیع ده‌دات، له‌ سه‌ره‌تامدا شیعری گشتم زۆر ده‌خوێنده‌وه‌، ئێستا ناتوانم دێڕێكیشیان بخوێنمه‌وه‌. شیعری گومان و سەرسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار لەگەڵ واقیعی باوخواز نایەتەوە، واتە: جووت نابێ. واقیعی نوێبەخش، هێماخواز لەناو دەقی گومان و سەرسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار دروست دەكەم. لە واقیعی سەرچاوە، جیا و نامۆی ناكه‌م و داینابڕم، بەڵام دووری دەخەمەوە و ده‌یپارێزم. ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەری كراوە بە زمانێكی گەرموگوڕ بە وزەی پەخشان دەهێنمەدی، هانی ده‌ده‌م تێگه‌یشتنی بۆ گومان و سه‌رسوڕمان و زمان و چڕكردنه‌وه‌ی پرسیار هه‌بێت و په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ وه‌ڵام، په‌یوه‌ست بێت به‌ پرسیار. شیعری بێگه‌رد پرسیارێكی ئاراسته‌كراوی گه‌ردوونیی و تێكه‌ڵكردنی جۆر و ڕه‌گه‌زی ئه‌ده‌بی و تێكه‌ڵكردنی هه‌سته‌كان و چوونه‌ ناو ئاسۆیه‌‌‌.
داهێنان لە واقیعەوە دەست پێ ناكات. بەشێك لە واقیع وه‌رده‌گرێت. شاعیر بیەوێت بمێنێتەوە، دەبێت خۆی ئامادەبێت و ئێستێتیكای مرۆڤی هەبێت، ئێستێتیكای مرۆڤ كۆكراوه‌ی ڕۆحی مرۆڤ و گه‌ردوونه‌، چونكە واقیعی هیچ كات و سەردەمێك لەگەڵ واقیعی كات و سەردەمێكی تر جووت نابێت، واقیع به‌ چه‌ندین چینی هه‌مه‌جۆر ده‌وره‌دراوه‌. ئێستێتیكای مرۆڤ لەگەڵ هەموو كات و سەردەمەكان جووت دەبێ، داهێنه‌ر كه‌سی دوودڵ و بوونیی و یاخییه‌كی به‌رده‌وامه،‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆی نایه‌ته‌وه‌ و جووت نابێ، نه‌رمی نواندنیش نازانێت.

20
گفتوگۆی هاوچه‌رخانه‌ و جۆره‌ ڕێزلێنانێكی ئایینی، هه‌موو ئایینه‌كانم بۆ ژیان گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌‌، شاعیری بەرپرس و پابه‌ندی سروشتی زه‌ینی و ئێستێتیكا و زمانم, سروشتی زه‌ینی و ئێستێتیكا و زمانیش په‌یوه‌ندی و یه‌كێتێن. ناتوانم لە دڵە گەورە و پڕ بزاوتی پڕشنگدار و كردار و كاریگەرییان دوور بكەومەوە. دوای بیركردنەوە، كاتێ خورپە و ئیلهامم پێدەگا، خۆم بە ورووژاوی سروشت و ژیان دەزانم و پێداگریشی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌م. سروشت بە ڕووبەرە فراوانەكەی، مرۆڤ، ئاژەڵ، باڵندە، زیندەوەر، دارستان، ڕووەك، دار و بەرد… تاد، كاتێكیش شەڕی چەپەڵی براكوژی كڵپه‌ی سه‌ند، مووچڕكێكی بكوژ سەرتاپای هەستەكانی گرتم و تا ئێستاش لە جەستەم ماوەتەوە و دەرنەچووە، ده‌رزییه‌كی ژه‌نگنه‌ هه‌موو هه‌سته‌كانم ده‌كوتێ و تووشی تیراوه‌یان ده‌كا. كەوتمە ناو ونبوونێكی سەرتاپاگیرەوە، دەچوومە كەناری خۆنیشی و خۆم دەخواردەوە و دەمپرسی چی چارەنووسی مرۆڤی وا سەخت و دەگمەن كردووە، یان هەر ژیانی ڕاستەقینە خۆی ونە، یان سەرڕێژە لە دەربڕینی جوانیی ڕەها و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وپه‌ڕی پاكی و پاكیزه‌یی ڕوون. شیعر ئه‌وه‌نده‌‌ هه‌ست و بیر داخراو نییه‌ هه‌ندێك دیارده‌ی ژیان وه‌ربگرێ و هه‌ندێكیش وه‌رنه‌گرێ. هه‌موو باره‌كان وه‌رده‌گرێ. ژیان به‌ هه‌موو باره‌كانیه‌وه‌ وه‌ك جۆره‌ پێوه‌ر و چاره‌نووسێك پرسیاری ترسناك و بنه‌ڕه‌تی له‌ شیعر ده‌كه‌ن.
لە هەموو باروبوار و جۆری هەڵكەوتدا چوومەتە گۆشەی خۆنشینی و دەمزانی سنووری ئەرك و بەردەوامبوونی من لە نووسیندا تا چ سنوور و ڕادەیەكە.
شیعر دیاریی بێدەنگیی و گه‌وهه‌ری تاجی منە، پێشكێش بە گەردوونی دەكەم.

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر




کاتێ لەگەڵ خۆما قسه ئەکەم.. نەوزاد بەندی

ئازار وایە ،
کەم کەم لەگەڵیدا ڕادێی ..
وای لێ دێ ،
ڕۆژێ دیار نەبێ ،
سەد شوێن بە دوایا ئەگەڕێی ..!
………..
………..

٭ ٭ ٭

کە باڵندەیەک ئازاد ئەکەیت ،
بە هەر ئاڕاستەیەکدا بێ ، هەڵئەفڕێ ..
چونکە بە هەموو ئاڕاستەکانا ،
ئازادیی هەر ئازادییە .

٭ ٭ ٭

قسەی خۆش بۆ مناڵەکانتان نەکەن ،
کە چوونە دەرەوە ،
حەرامزادەیەک بە قسەیەکی خۆش ،
هەڵیانئەفریوێنێ !

٭ ٭ ٭

ژیان گۆڕانێکی بەردەوامە
لەناو بەردەوامییەکی جێگیردا ،
لەبەر ئەوە لە تەمەنێکی دیاریکراو زیاتر ، مانەوە تیایدا کارەساتە ..

٭ ٭ ٭

ئەوانەی مردن ،
چییان زەرەر کرد ؟

٭ ٭ ٭

هەوڵ بە ئەو کارانە بتوانیت کە ناتوانیت ، بۆ ئەوەی ئەو کارانە بتوانیت کە ئەتوانیت .

٭ ٭ ٭

گوڵ لە ماڵەکەی خۆتا بڕوێنی ، ماڵدارییە ..
گوڵ له دەرەوەی ماڵەکەی خۆت بڕوێنی ، نیشتمانپەروەرییە ..
ماڵەکەی خۆت پاک بکەیتەوە و
دەرەوەی ماڵەکەی خۆت پیس بکەی ، بێ ڕەوشتییە .

٭ ٭ ٭

شێر شێرە و
کەڵەشێریش کەڵەشێر ..
کە شێر نەبووی ،
کەڵەشێر مەبە ..

٭ ٭ ٭
ئەوەی پەروەردە نەکرابێ ،
قات و بۆینباخ و پلە و پۆست ،
هیچی فێر ناکەن ..
تەنها گەمژەییەکانی تۆختر و ئاشکراتر ئەکەن ..

٭ ٭ ٭

خۆپیشاندان بە بەختەوەر ،
لوتکەی گەمژەییە ..
تەنها مناڵەکان بەختەوەرن
کە هێشتا نەیانزانیوە دنیا چ ماڵێکە ..

٭ ٭ ٭

دەسەڵاتێ نەتوانێ گەنجەکانی دامەزرێنێ ، گەنجینەکانی دزراون ..

٭ ٭ ٭

ژیان گەڕانە به دوای مردندا ،
هەندێک بە دەوڵەمەندیی بە دوایدا ئەگەڕێن و
هەندێکی تریش بە هەژاریی ..
هیچیشیان نازانن بە دوای چیدا ئەگەڕێن ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جار گەمژەیەک دێتە ناو ژیانتەوە ..
هەوڵ بدە بە کەمترین زیان ، لێی دەرچیت ..

٭ ٭ ٭

ئاگاداری ووشەکانت نەبیت ،
دەمت لە بەرچاوی خەڵک ، ئەبێ بە مەنهۆڵ ..

٭ ٭ ٭

به منداڵیی ،
لە هەر کوێ خەومان بهاتایە ئەخەوتین ..
کە گەورە بووین ،
لە هەر کوێ خەم هەبووایه ئەمانخوارد ..

٭ ٭ ٭

مەرگی زۆر کەسمان بینی ،
کە هەزاران کەس پاسەوانیان بوون ..
ئێمە کە تەنها سێبەرەکانمان پاسەوانمانن ..

٭ ٭ ٭

هەتا هەڵوێستەکانت زیاتر دژ بن بە خواستی خەڵک ،
پێویستت بە پاسەوانی زیاترە بۆ ئەوەی لە لەوەڕ بەردەوام بیت ..

٭ ٭ ٭

سەرۆکی پەرلەمانێک 40 پاسەوانی هەبێ ،
میللەتەکەی گورگن ..

٭ ٭ ٭

هەتا زیاتر چاوپۆشیی لە زۆردار بکەیت ،
توندتر پێت پیا ئەنێ ..

٭ ٭ ٭

بریندارەکان ئەوانە نین کە خوێنیان لێ ئەچۆڕێ ،
بەڵکو ئەوانەن کە چاوەڕوانن ..

٭ ٭ ٭

ئەوەی دەسەڵاتی ئەوێ
بۆ ڕابواردن و کۆکردنەوەی ماڵ و سامان ،
ئامادەیە نیشتمان لەسەر بچووکترین مێز و
هەرزانترین قوماردا ،
بدۆڕێنێ ..
چونکە نیشتمانی ڕاستەقینەی ئەو ،
خۆی و خێزانەکەیەتی ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جار
ڕقت لە خۆت ئەبێتەوە ،
کە ئەبینی ڕۆژ بە ڕۆژ
لە خواستەکانت دوورتر ئەکەویتەوە و ..
لەو شتانەی بێزارت ئەکەن ، نزیکتر ..
٭ ٭ ٭

چێشتخانەیەک بۆگەن بوو ، داخرا ،
زۆربەی چێشتخانەکان لاساییان کردەوە و داخران ..
کەسێ بە ناحەق کوژرا ،
بوو بە مۆدێل و چەندین کەسی تر
بە ناحەق کوژران ..
یەک شەماڵ موفتیمان هەبوو ،
هیچ کەسێ نەبوو جێگاکەی پڕ بکاتەوە ..
یەک ئیبراهیم ئەمین باڵدارمان هەبوو ،
یەکێکی تری نەهاتەوە جێ ..
یەک نەجمەدین مەلامان هەبوو ،
کەس نەیتوانی دانەیەکی تر لە خۆیدا متوربە بکا ..
میللەتێکین یەکسەر فۆتۆ کۆپیی بەدکاریی ئەکەین ،
هەرگیز ناتوانین شوێنپێی زانا و پیاوچاکانمان هەڵبگرین

٭ ٭ ٭

ساڵانە بەرگی کەعبە ،
دووبارە
زیڕپۆش ئەکەن و
خەڵکێکی زۆریش لە برسا ئەمرن ..
لە چ ئایەتێکدا هاتووە ،
خەڵک با له برسا بمرن و
بەرگی کەعبە زێڕ پۆش بێ ؟
ساڵی جارێکیش بگۆڕێ ؟

٭ ٭ ٭

هەتا دوای نیوەڕۆ قسە بۆ کورد مەکەن ،
چونکە تا ئەوکاتە لە سەد کورد ، نەوەد کورد خەوتوون ..

٭ ٭ ٭

لوتکەی شانازیی کورد ئەم شتانەیه :
خزمەتکاری نیپاڵیی ، ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر ، نەشتەرگەری جوانکاریی ، خوێندن بە ئینگڵیزی و تورکی ، ڕەگەزنامەی ووڵاتێکی ئەوروپیی ..

٭ ٭ ٭

له میللەتی ناشیریندا ،
زۆرینه هەوڵی نەشتەرگەریی جوانکاری و بۆیاخ ئەدەن ..

٭ ٭ ٭
هەندێ کورد ، حەز ئەکەن ئیشت تێیان بکەوێ ، بۆ ئەوەی بۆت نەکەن .

٭ ٭ ٭

کوژاندنەوەی گڵۆپەکانی ترافیک بۆ دەسەڵاتدارێک ،
واتا کێ ئەشێلی بیشێلە ،
قوربان ..

٭ ٭ ٭

میللەتێک ؛
( ڕێز لە سەوزەفرۆشێک نەگرێت
چونکە پارەیەکی کەمی لێ ئەسێنێ و ..
ڕێز لە پزیشکێک بگرێت
چونکە پارەیەکی زۆری لێ ئەسێنێ )
بۆ فەوتان باشە ..

٭ ٭ ٭

…………..
…………..

کە دۆزیتەوە ،
پێی ئەڵێی ..
ماڵت ئاوا بێ ، تۆ لە کوێی ؟!!
وا شەتڵەکانت وشک ئەبن ..
هەر دیار نەبووی ..
هەر چاوەڕێ بووم دەرکەوی..
هەر ووتم تۆزێکی تر دێی !

نەوزاد بەندی




وڕێنەکانی پیاوێکی غوربەتنشین.. شیعری ستیڤان شەمزینی

1
دەرگای جوانی داناخرێت
ھەمیشە ژیان
لێوەی دێتە ژوورەوە
تا ئەو کاتەی ژن
لە بۆتەی شیعردا بدرەوشێتەوە
-٢-
پیاوە دەموچاو لۆچەکە
بە ھەناسەبڕکێ
خۆی کرد بەنێو قەرەباڵغیدا
لە دوورەوە تەنھایی ناسییەوە
دەستی گرت و بردییەوە بۆ ماڵەوە
-٣-
شاعیرەکان لە یەکتر ناچن
ئەو شاعیرەی
بە دوای ئەویندا نەگەڕێ
وەک ئەو زارۆیە وایە
لە سکی خەیاڵ نەھاتبێتە دەرەوە
-٤-
بڕیارمداوە خۆم بکوژم
لە شیعرێکدا
فیشەکێک بنێم بەخۆمەوە
لە رۆمانێکدا
خۆم لە ئاپارتمانی چاوەڕوانییەوە
ھەڵبدەمە خوارەوە
-٥-
سۆزانییەکان
لەپەنا ھەستی منەوە
چادریان ھەڵداوە
بۆ حەسانەوە
منیش جار و بار
شیعریان بەسەردا
دابەش دەکەم
-٦-
ھەیبەتی شیعر لەوەدایە
دڵی سۆزانییەکان بداتەوە
کاتێک چەند دۆلارێک وەردەگرن
پاکیزەیی خۆیان دەدەن
-٧-
زەمەنێکی سپڵەیە
شەمشەمەکوێرە
ھەتاو ئیغتساب دەکات
دواتر ھۆزی ناوگەڵپەرست
کازیوە سەنگەسار دەکەن
-٨-
نیچە گووتی خودا مرد
ھیچ لەم چەمکە تێناگەم
تەنێ ئەوەندە دەزانم
ھەر چەشنی مرۆڤ
خودایەک نەبووە تا بمرێت
-٩-
کێ ئەم فێڵەی داھێناوە؟
ئاو لە ئاگر میھرەبانترە
مانگ لە زەوی جوانترە
شیعر لە وڕێنە دانسقەترە
مەرگ لە ژیان تاڵترە
تا ئەو ھاوکێشانە
ھاوسەنگ نەکرێنەوە
دنیا بە خواروخێچی دەمێنێتەوە
-١٠-
کوردستان پڕ پڕە لە کوردزمان
بەدەگمەن کوردی تێدا دەبینرێت
ھەندەران پڕ پڕە لە بیانی
سەراوڕێژیشە لە کورد
کوردبوونم لە سلێمانی لێ ون بوو
لە کەناری “راین” دۆزیمەوە
-١١-
ئەی ژن
گوێ بە گۆرانی ئەو پشیلانە مەدە
ستایشی بەزی جەستەت دەکەن
مێینەیی تۆ
پێویستە بۆ رزگارکردنی جیھان
-١٢-
وریابە ئەی ژن
تریاکی ئەو شیعرە نەشەت نەکات
جلت لەبەردا ناھێڵێت
دەتئاخنێتە ئەلبومی پۆرنۆوە
ئەوە پەمووی عاتیفە نییە
نا، ھەمان تاوێری سەنگەسارە
-١٣-
ئەی ژن
تۆ جێگرەوەی جەنگ نیت
بۆ پیاوەکان
تۆ
لە پەراسووە گێڕەکەی ئادەمەوە دەرنەھاتووی
تا پیاوەکان گرەوی راستکردنەوەت بکەن
تۆ ئاگردان نیت
پیاوەکان خۆیان لەبەرت گەرم بکەنەوە و
میز بە خۆڵەمێشەکەشتدا بکەن
مێینەیت ھەموو شتی لە خۆگرتووە
-١٤-
ئەی ژن بمبورە
ئەگەر لە شیعرێکی سەرسەریدا
بە گوریسی حەزی پیاوانەی خۆمەوە
تۆم بەستبێتەوە
لە ئەمڕۆ بە دواوە لەگەڵت دەفڕم
لەگەڵم بفڕە
-١٥-
ئەی ژن
من بێبەریم لەو شیعرانەی
دەمێک وەک فریشتەیەکی سۆزانی
دەمێک مینا ئەھریمەنێکی سۆزبەخش
لە ناو خۆیاندا سکێچت دەکەن
دەمەوێت لەو تابلۆیەی رەنگی دەکەم
وێنەی ئینسانبوونت تیشک بداتەوە
-١٦-
ئەی ژن بیرت نەچێت
ئەگەر لە چامەیەکدا
باسی مەمکی تۆم کردبێت
باسی لێوی خۆیشم کردووە
ئەگەر باسی ناشرینی تۆم کردبێت
سەرە مەنھۆڵی
بیرکردنەوەی خۆشم لابردووە
من ھەموو شتەکانم بە یەکسانی
لەگەڵ تۆدا بەشکردووە
-١٧-
ئەی ژن لە یادی مەکە
لە پەنجەرەی پەپوولەوە
ژاری دووپشک ناخەمە مێشکت
لە ماڵی کوکوختییەوە
فڕینت لە خۆمدا کەلەپچە ناکەم
نا، ئەو مافەم بەخۆم نادەم
بتکەمە بووکی نێو پەردەی
ھەوەسی ھەڵچووی نێرینەییم
-١٨-
ئەی ژن
یەکێک لەو پیاوە شەڕانیانەم
لەسەر تۆ
جەنگی جیھانی سێھەمم ھەڵگیرساند
لەگەڵ ئەو پیاوانەی
وەک چەند گرامێک عەورەت
چەند دڵۆپێک شەھوەت
باسیان دەکردی
-١٩-
دایکم ژن بوو
شیری میھرەبانییم
لە مەمکەکانییەوە مژی
خوشکەکانم ژن بوون
لە ئەوانەوە فێربووم
دەست بخەمە پرچی شیعرەوە
باوکم پیاو بوو
چەکی بە میرات بۆ جێھێشتم
براکانم ھەموو پیاو بوون
فێری شکاندنی ئینجانەیان کردم
-٢٠-
ئەی ژن
من مەحکومم بەم دانپیانانە
ئەگەر دنیا بە ویستی تۆ بوایە
گۆڕەپانی جیھان
لە بری ئۆڵۆمپیادی جەنگ
دەبووە چیمەنی لێبوردەیی
لە بری ئاوسبوونمان بە بێھودەیی
رۆژی ھەزاران خەونی ئومێدەوارمان
دەھێنایە سەر دنیا
-٢١-
سەیری رەچەڵەکی گەلان بکەن
لە پەڕەیەکی رزیوی مێژوودا
بە فۆنتێکی ئەستوور نوسراوە
کورد کوڕی تێکشکانە
تێکشکان کوڕی خیانەتە
خیانەت باپیرە گەورەی کوردە
-٢٢-
خەیاڵ شووی بە تەنھایی کردووە
تەنھایی مێردێکی خراپە
ھەر کە بێزار دەبێت
لە ماڵەکەی دەیکاتە دەرەوە
ناچار روومەتی خۆی
بە چنگ دەڕنێت
کراسی بەری دائەدڕێت
خۆشەویستی
تەماع لە مەمکی دەکات
-٢٣-
ھەمیشە قسە گەورەکان
باسی شتی زۆر وردیلە دەکەن
وتە بچووکەکانیش
بابەتی قەبە دەوروژێنن
لەوان گرنگتر بێدەنگییە
کە حکایەتی مەزن دەگێڕێتەوە
-٢٤-
کتێبە مێژووییەکان
درۆزنترین حکایەتخوانن
باسی شانازیی تەور دەکەن
بێ ناساندنی درەختی سەربڕدراو
باسی تەختی پاشاکان دەکەن
بە خۆ بواردن
لە باسی تۆفانی خوێن
ئیستاتیکیانە
باسی جەنگەکان دەکەن
بێ ئاماژەدان
بە ئاوەدانبوونەوەی گۆڕستانەکان
-٢٥-
پیاوەکان
مشتێ گەنم لە دڵیاندا نییە
دەیانەوێت ھەزاران کۆتر
لە ھەستی برینگیاندا بنیشنەوە
پیاوەکان قەترەیەک سۆز
لە تۆنی دەنگیاندا نییە
دەیانەوێت ھەزاران نەورەس
گۆرانییە خنکاوەکانیان بسەننەوە
پیاوەکان
ھەموو پڵینگێک لە مێشکیان و
ئەژدیھایەکی دەستدرێژیکار
لە خەیاڵیاندایە
-٢٦-
نووسەرەکان کۆمەڵێک فریشتەن
لە ناو جەنگەڵستانی دەقدا
لە دەرەوەی تێکستەکان
دەروونیان پڕ چاڵ و چۆڵییە
ئەوان دەبێت
لەبری بیرکردنەوە بۆ خەڵک
فیکرێک لە حاڵی خۆیان بکەنەوە
ئەگەر ئاوێنەیەک دابنێنن
بەرامبەر خۆیان
رەنگە لەوە تێبگەن
دەستەیەک بوونەوەری سەیرن
بە زمانی ھەسارەیەکی تر دەدوێن
-٢٧-
شۆڕش بنێشتێکە
کاتێک برسی دەبین
دەکرێتە دەممان
بە قەوچە قەوچ
دنیا ھەراسان دەکەین
تەنانەت گوێمان
لە قۆڕەی زگیشمان نامێنێت
زیرەکەکان ئەوانەن
ئەو بنێشتە ناجون
-٢٨-
گوومانم ھەیە
بەرامبەر ھەموو شت
دەتوانم بە متمانەوە بێژم
یەقینم ھەیە
بەرامبەر دوو کەس
ئەو ژنەی
ریسک بۆ خۆشەویستی دەکات
ئەو پیاوەشی
ئەو خۆشەویستییە قبوڵ دەکات
-٢٩-
مرۆڤایەتی
رەشەبای تەکنولۆژیا بردی
ئێمەش دڵەکوتێی گەڕانەوە
نە مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە
نە قەزا و قەدەری ئێمە
ئەوەی لێ نووسراوە
لە حەسرەتدا نەمرین
ئەمەیە ھەموو
سوڕی ژیانی مرۆڤی ھاوچەرخ
-٣٠-
ئەو ھۆکارە جوانانەی ناھێڵن
مرۆڤایەتی وەک دەیناسۆرەکان
قڕی تێبکەوێت
ھۆکارگەلێکی زۆر نین
ئەوەی بە بیری من بێتەوە
لە ھەنووکەدا
سێ ھۆکاری سەرەکین
خۆشەویستی و
خۆشەویستی و
خۆشەویستی





گوڵبژێرێک لە وتەی ناوداران دەربارەی ئازادی.. رەزا شـوان

ئازادی لە زمانی ئینگـلیزیدا (فـریـدۆم) ە. لە بنەڕەتـدا وشەی فـریدۆمی ئینگلیزی لە رووی ئیتیـمـۆلـۆژییەوە، پەیـوەنـدی بە وشەی (فـرێنـد) واتە (هـاوڕێ) وەوە هـەیە.
لە ئینگلیزیی کۆنیشدا (فریدۆم) واتای: هـێزی هـەڵـبژاردن و بڕیاردانی چارەنـووس، دۆخـی ئیـرادەی ئـازاد، رزگـاربـوون لـە کـۆیـلایەتی و لـە سـتەمـکاری دەگـرێـتـەوە.
هەنـدێکیش وشەی ئازادی بۆ وشە لاتـینی (لـیـبەر) دەگەڕێـننەوە، کە واتای توانـای مـرۆڤ لە جـۆڵان و رەفـتار و هـەر کارێک دەگرێتـەوە، بە بـوونی کەمتریـن مـەرج.
ئازادی وشەیەکی پێرۆزە، لە هەموو ئاین و ئایدیاڵ و پەرتووکەکان و لەلای هەمـوو گەلانی ئازادیخوازی جیهان. جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤيش جەختی لەسەر کردۆتەوە.
ئـازادی چـییە؟ رەنگە ئەمە پرسیارێکی قـورس بێـت، چونکە وەڵامـەکەی پەیـوەستە بەو کەسـەی وەڵامی دەداتـەوە. ئـازادی بـریتییە لە دەسەڵات یان مـافی رەفـتارکـردن، قـسەکـردن و رادەربـڕیـن، یان بیـرکـردنەوە وەک ئـەوەی کە مـرۆڤ دەیەوێـت، بەبێ بەربەست و ئاستەنگی و کۆنترۆڵکردن و بوونی حکومەتی ستەمکاری سەرکوتەر و دەمکوتکەر. ئـازادی سەربەخـۆییە لە کـرداردا، بۆ بەدەستهـێنانی خەون و هـیواکانی مـرۆڤ. یـان ئەنجـامـدانی هـەر کـردارێـکی دڵـخـوازی تـاک، تـا ئـەو رادەیـەی، کـە پـێـشـێـلی ئـازادی و مـافـەکانی کەسـانی کە نەکـات.
مـرۆڤ بە ئـازادی لەدایک دەبێـت. ئـازادی مافـێکی سـروشتـییە لە مافـەکانی مـرۆڤ، کە هـەمیـشە هـەوڵی بۆ دەدات. چونکە ژیـان بەبێ ئـازادی ژیـان نیـیە و هـیچ چـێژ و خـۆشییەکی نییە. ئـازادی یەکـێکە لە سادەتـرین و گـرنگـترین پێـداویستییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا. رێگە بە تاکەکان دەدات، بەبێ سنوور و سانسۆر بیربکەنەوە و دەریببڕن.
ئـازادی مـافی ئـەوەت پێـدەبەخـشێـت، لەگەڵ ناسـنامـەی راسـتەقـینەی خـۆتـدا بـژیـت. ئازادیـش نادرێـت و دەبێـت بەدەستبهـێنرێـت. ئـازادی ئـازاییە، هەموو ئازادیخوازێکی ئـازا، پێـشمەرگەیـەکی ئـازایە، کە لە پێـناوی بەدەسـتهـێـنانی ئـازادیـدا، سـڵ ناکاتـەوە.
کۆمەڵناس (ئـۆرلانـد پاتەرش) نووسەری پەرتووکی (ئازادی لە پیشەسازی کولتووری رۆژئـاوادا) دەڵـێـت:”ئـازادی تەنهـا بەهـایە، کـە پێـدەچـێـت زۆر کـەس ئـامـادەبـێـت لە پـێـناویـدا بـمـرێـت”.
بۆ ئـەوەی ئێـوەی خوێـنەر، زیاتـر لە واتا و لە بەهـەکانی ئـازادی تـێـبگەن و سوودیان لێوەربگرن. (٥٠) وتە لە وتەکانی ناودارانی جیهان بۆتانم گوڵبژێر کردوون. لە چەندین سایتی ئینگـلیزییەوە وەریانـم گرتـوون و وەریانـم گـێڕاون بۆ سەر زمانی. کوردی.

١ـ کاری جـۆنـز: نهـێـنـیی بەخـتەوەری ئـازادیـیە.. نهـێنی ئـازادیـش ئـازاییـە.
٢ـ جـوبـران خەلـیل جـوبـران: ژیـان بەبێ ئـازادی.. جەسـتەیەکی بێ رۆحـە.
٣ـ ڤـیکـتۆر هـۆگـۆ: ئـازادی بۆ مـرۆڤ نایـاتە خوارەوە.. پێویـستە مـرۆف بـۆی سەربـکەوێـت.
٤ـ مـۆرا: هەر نەتەوەیەک، لە پێناوی ئازادیی خۆیدا، خۆی بەهـێز نەکات و ئامادەی گیانبەخـشیـن نەبێـت.. خـۆی دەدۆڕێـنێـت.
٥ـ نـۆرداڵ گـرایک: ئـازادی و ژیـان یەکـن.
٦ـ مارتن لوتـێر کینگ: ئازادی هەرگیز خۆبەخشانە لەلایەن ستەمکارانەوە نادرێت.. دەبێـت لەلایـەن ستەمـلـێکـراوانەوە داوا بکـرێـت.
٧ـ جـۆرج واشـنـتـۆن: پـەروەردە کـلـیلی کـردنەوەی درگـای زێـڕینی ئـازادییـە.
٨ـ هـێربـێرت هـۆڤـەر: ئـازادی ئەو پەنجـەرە کـراوەیەیـە، کە تیـشکی خـۆری رۆحی مـرۆڤ و شکـۆداری مـرۆڤی لـێـدێتـە ژوورەوە.
٩ـ پـێشەوا قـازی محەمەد: هەستی نیشـتـمان پەروەری و ئـازادی.. لە دڵی هەمـوو کوردیکـدا جێگـیربـووە و دەست لـێهـەڵگـرتنی نیـیە.
١٠ـ باراک ئـۆبـاما: ئـازادی مـن بەنـدە بـەوەوە.. کە تـۆش ئازادبیـت.
١١ـ تاگـور: ئازادی کاتێک بەدەستـدێـت.. کە باجـی تەواوی بـدەیـن.
١٢ـ وۆلـێ سـویـنکا: گەورەتریـن مەتـرسی بـۆ سەر ئـازادی نەبـوونی رەخـنەیە.
١٣ـ مـاوتـسی تـۆنـگ: ئـازادی لە لـوولەی تـفـەنگـدا هـەڵـدێـت.
١٤ـ دیمـۆن دیـسی: ئـازادی نادرێـت و دەسێـنرێـت.. کە سەنـدیـشت، دەبـێـت بـزانیـت کە چـۆن بەکـاری دەهـێـنیـت.
١٥ـ ناپـلـیۆن: نەتەوەیەک ئاڵای ئازادی و یەکـێتی بشەکێتەوە.. هـیچ کاتێک نانەوێـت.
١٦ـ جان جاک رۆسۆ: مـرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێـت.. بەڵام لە هەمـوو شوێنێکـدا، زنجـیری کۆیـلایەتی بەکـێـش دەکـات.
١٧ـ پاتریک هـێنری: کەسانی تر چییان دەوێت.. ئەوەی من دەمەوێت ئازادی یا مردنە.
١٨ـ مـەدام رۆلانـد: ئـەی ئـازادی، چەنـدهـا تـاوان.. بە نـاوی تـۆوەوە دەکـرێـن.
١٩ـ مـۆشـیە دیـان: ئـازادی ئـۆکـسجـیـنی رۆحـە.
٢٠ـ ئەبـرەهـام لـیـنکـۆڵـن: ئەوانـەی نکـووڵـی لە ئـازادیی کەسـانی تـر دەکـەن.. خـۆیـان شـایـەنی نـیـن.
٢١ـ فایـق بێکەس: داری ئـازادی بە خـوێـن ئـاو نـەدرێ قـەت بەرناگـرێ
سـەربـەخــۆیـی بێ فـیـــداکـاری ئەبــــەد سـەرنـاگـرێ
٢٢ـ شارلـوت بـرونـتی: مـن باڵـندە نیـم، هـیچ تۆڕێکـیش مـن ناگرێـت، مـن مرۆڤێکی ئـازادم و خـاوەن ئیـرادەیـەکی سـەربەخـۆم.
٢٣ـ خـۆزە سیلـوا: تا زەمانی کـۆت و بەنـدی و ئەسارەت نەبـینین.. هەست بە ئازادی ناکەیـن.
٢٤ـ تۆماس کامبل: ئەو کەسەی نیشتمانەکەی خۆشدەوێت.. خوێنەکەی تۆوی ئازادییە.
٢٥ـ نـزار قەبانی: ئازادی وەکو ئاسمان و شەو و دەریـایە.. رازی نابێت بە دابەشکردن و لێ کەمکـردنەوە و سازشکـردن.
٢٦ـ ماهـاتما گانـدی: ئەگەر نەتوانین بە ئازادی بژیـن.. باشتر وایە باوەش بکەینەوە و پـێشـوازی لە مـەرگ بکەیـن.
٢٧ـ شێخ سەعـیدی پـیران: چۆن شۆڕشی نەتەوەیەک بۆ تا هەتایە لەناو دەبرێـت.. کە ئەم نەتەوەیە سووربێـت لەسەر، سەنـدنی ئازادی و ئامادەش بێـت نـرخەکەی پێشکەش بکات.
٢٨ـ رۆپـسـپـێـر: بەو وڵاتـە دەڵـێن ئـازادە.. کە رێـز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت و یاسا سـەروەرە و دادپـەروەریی تێـدایـە.
٢٩ـ رۆبـێرت فـرۆسـت: ئـازادی لە ئـازایـەتی دایـە.
٣٠ـ هـانـز کریـستیان ئەنـدەرسـۆن: تەنیـا ژیـان بـەس نیـیە.. مـرۆڤ دەبێـت چـێـژ لە تیـشکی خـۆر و لە ئـازادی و لە خـونچـەگـۆڵەکان وەربگـرێـت.
٣١ـ تـونی مـۆریسـۆن: ئەرکی ئـازادی، ئازادکـردنی مـرۆڤی تـرە.
٣٢ـ جـۆرج واشـنـتۆن: ئەگـەر ئـازادیـمان لێ زەوتـبکەن.. رەنگە دامـاو و بێ دەنگ وەک مـەڕ بـەرەو سەربـڕیـن بـمـانبـەن.
٣٣ـ جـێمس باڵـدویـن: ئازادی شتێک نییە بە هەر کەسێک بدرێـت.. ئازادی شتێکە کە خەڵکی وەریـدەگـرێـت. خەڵکـیش ئـازادن چـۆنیان بـوێـت.
٣٤ـ پێشەوا قازی محەمەد: ئێوە هەمووتان ئاگادارن کە کورد لە رێگای ئازادیدا، زۆری بەخـت کـردووە و بەردەوامـیش لەگەڵ داگـیرکەرانـدا لە مـلمـلانـێی بەرەنگاریـدا بـووە.
٣٥ـ ریچارد لاولیس: من کە لە بەنـدیخانە دام، دەزانم ئازادی چـییە و چ تامێکی هەیە.
٣٦ـ مەلای گەورەی کۆیی: هـەرکـەس ئـــازادی و سـەربـەسـتی بـوێ
بـای گــەرم و ســاردی وەلــەش ئەکـەوێ
٣٧ـ ڤـۆڵتێر: ئازادی و تەندروستی هاوشێوەن، تا لە دەستیان نەدەین بایەخیان نازانین.
٣٨ـ ئەمەرسۆن: هـیچ کاتێک ئازادی چاوەڕێمان ناکات، بەڵکو دەبێت درێغی نەکەین و بە دڵ و بە گیان داوای بکەیـن. لە هـیچ شوێـن و مـێژوویەکـدا، شکـنابەم کە ئازادی و دیمـوکـراتی بە سـووک و ئاسانی دەستکەوتـبن.
٣٩ـ سـۆنیا سـۆن: هەرگـیز دەسەڵات مـەدەن بە کەسێک، کە ئـازادیتان لێ زەوتـبکات. ئـەوە هـی ئێـوەیە، هـی کەسی تر نیـیە جگە لە ئێـوە، ئەوەتـان لەبیـربێـت.
٤٠ـ بـوم ستۆکـوێـل: مـن باوەڕم بە ئـازادیی دەربـڕین هـەیە.. بەڵام لەو بـڕوایەشـدام ئێـمەش مـافی تـێـبـیـنـیـمان لەسەر ئـازادیی دەربـڕیـن هـەبێـت.
٤١ـ هـێمـن موکریـانی: بەڵێ سەخـتە یەکجـار سەخـتە، دووری لە ژن، نامـرادی
بـەڵام لە ژن خـۆشـەویـستـر لە لای مـن ئەتـۆی ئـازادی
٤٢ـ بـۆپ مارلی: باشـتر وایە لە خەباتکـردنـدا، لە پـێـناوی ئازادیـدا بمـریـت.. لەوەی بە درێـژایی تەمـەنی ژیـانـت بە دیـلی بـژیـت.
٤٣ـ جۆهـان سـیوم: ئـازادیی راستەقـیـنە.. لە دادپـەروەری بەولاوە هـیچی تـر نیـیە.
٤٤ـ فـریـدریـش ڤـۆن هـایـک: بـاری نائـاسایی، هـەمـیـشە ئـەو بـیـانـووە بـووە، کە گەرەنـتی ئـازادیی تاکـە کەس لەنـاوچـووە.
٤٥ـ رەحمەت نەژاد: ئازادی مافە و دەبێت وەربگیرێت.. دیاری نییە پێشکەش بکرێت.
٤٦ـ بنیامیـن فـرانکـلـین: ئـازادی نیـشـتـمانـە.
٤٧ـ ماهـاتـما گانـدی: ئـازادی رۆح و هـەناسەی مـرۆڤە.. نـرخی ئـەم شـتانە چـەنـدە؟
٤٨ـ ئەلـبـێر کامـۆ: ئـازادی دەرفـەتـێکە.. بـۆ ئـەوەی باشـتر بـین.
٤٩ـ تـۆنی کاڵـدیـرۆن: ئـازادی بۆ لاوازەکـان نیـیە.
٥٠ـ ئـاونـگ سـان سـووکی: تاکـە زینـدانی راسـتەقـیـنە تـرسـە.. تاکـە ئـازادیی راستەقـینەش ئـازادبـوونە لە تـرس.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤