فەلسەفەی ئیسلامی.. ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

  • 8 سەقامگیربوونى فەلسەفە لە ئیسپانیا:
    ئیبن باجە ڕەخنەکەی غەزالی شیمانەیەکی دیاری کرد بۆ نواندنی پەرچەکردار لەسەر ئەو پێشنیارە کە ئیبن سینا بۆ زانینومایەکی مێتافیزیکییانەی گشتگیر خستبوویە بەردەم. وەلێ ئەو ڕەخنەیە تاکە بەرپەرچێک نەمایەوە کە لەدژی ئەم ڕێبازەی ئیبن سینا ڕاگەیەنرا، بەڵکو تێڕوانینی دیکەی ڕەخنەیی کە لە ڕوانگەی فەلسەفەییەوە ئەرگومێنتیان دەهێنایەوە، بۆی بوون بە لەبری. ئەم تێڕوانینانەی دوایی بەتایبەتی لە ئیسپانیاوە هاتن. لەوێ لە سەدەی دوازدەیەمدا چەند نووسەرێکی فەلەسەفەیی پایەدار هاوکات کارا بوون. ئەمان هێڵی ترادیسیۆنێکی خۆییان پێکهێنا کە گەرچی پەیوەند بە هزرینیانەوە ڕەسەن بوو، سەرباری ئەوە لە ڕووی بەردەوامییەوە بەزۆریی کاتی بوو. ئاخر جگە لە سەدەی دوازدەیەم بەدەگمەن بەشدارییەکی گرنگ لە فەلسەفەدا دەناسین کە لە خامەی موسڵمانانی ئیبێریاوە کەوتبێتەوە.
    باوەجو ئەم گەشانەوەیە بە گۆڕانێک دەرفەتی بۆ ڕەخسێنرا کە پێشتر دەستی پێکردبوو. بەگوێرەی زانیارییەکانمان پێشتر خەلیفەکانی کۆردۆبا کە لە سەدەی دەیەمدا حوکمیان کردبوو، لە دەوڵەتەکەیاندا بایەخیان بە بڵاوکردنەوەی زانستەکان دابوو (ماتماتیک، ئەستێرەناسی و هتد). لەم پرۆسەیەی وەرگرتندا (ڕێسێپسیۆندا) هەروەها تێکستی فەلسەفەیی ناسران، بەتایبەتی بەرهەمی ئەو نووسەرانە کە لە سەدەی دەیەمدا ناوبانگێکی گەورەیان هەبوو، پێش هەموویان ئەڕیستۆتێلیس و فارابی. ئیدی هەر ئەوەندە پێویست بوو کە ئەو فەیلەسوفانە خوێنەریان لەسەر نیمچەدورگەی ئیبێریا بۆ پەیدا ببێت. هەڵبەتە ئەوە لە سەدەی دەیەمدا، تەنانەت لە سەدەی یازدەیەمدا ڕووی نەدا، جا گەرچی گەرەکە ڕەچاوی هەندێک ڕەوشی تایبەتی بکەین، بۆ نموونە ئیبن حازمی یاساوان (1064 مردووە) کە هۆشسام بوو بە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس. بە پێچەوانەوە وەرگرتنی ئەم نووسینانە بەئامادەیی بۆ ئیبن باجە (1138 یان 1139 مردووە) هێڵرایەوە کە بە خەریکبوون پێیانەوە گۆڕانی بە فەلسەفە دا لە ئیسپانیای ئیسلامیدا.
    ئەم پاشخانە مێژووییە کەمێک جۆری لێهزرینەکانی ئیبن باجە ڕووندەکاتەوە. ئاخر گەرچی ئەو لە یەکەم چارەکی سەدەی دوازدەیەمدا بەرنامەی نووسینی بەرهەمەکانی دانا، وەلێ نووسینەکانی ئاستی ئەو دانوستاندنەیان نەپەرچاند کە ئەو دەمە هزرڤانان لە ناوچەی دیکەی جیهانی ئیسلامیدا پێی گەیشتبوون. بەئاشکرا دیارە کە هێشتا نووسینەکانی ئیبن سینا لە بەردەم ئەودا نەبوون. هەروەها پێشبینییەکانی غەزالی کە ڕاستییەکەی خێرا لەسەر نیمچەدورگەی ئیبێریا ناسران، بە ڕادەیەکی کەم چوونە نێو لێهزرینەکانییەوە. لەبریی ئەوە ئیبن باجە بەزۆریی پشتی بەو پرسیارانە بەست کە لە سەدەی دەیەمدا پێشینەیی بوون و فارابی و نووسەرانی دیکەی مەدرەسەی بەغداد بنیاتیان نابوون.
    ئێمە ئەم ڕەوشەمان بۆ خویا دەبێت گەر دیدێکی کورت ئاڕاستەی نووسینە باش پارێزراوەکانی ئیبن باجە بکەین. نووسینەکان یەکسەر ئەو هەڤرایەڵە دەپەرچێنن کە ناومان برد. کتێبەکەی بە ناونیشانی “دەروون” پارافرازی تیۆرییە ترادیسیۆنییەکەی دەروونە لای ئەڕیستۆتێلیس، ئەوە بێگومان لەو شێوەیەدا کە ئەم تیۆرییەی ئەڕیستۆتێلیس جارێ بە ڕاڤەکەی ئیبن سینا کاری تێنەکرابوو. ئەوجا نووسینەکەى بە ناونیشانى “تێبینى لەبارەی لۆگیک” پشت بە داڕشتنەکانى فارابی دەبەستێت. هەروەها نووسینی “ڕاڤەی فیزیک” تێهەڵچوونەوەی تێمایەکە کە ئیبن ئەلسەمح لە دەوری وەرچەرخانی ئەو هەزارەیەدا لە بەغداد نووسینێکی بۆ تەرخان کردبوو. ڕاستییەکەی ئیبن باجە لە دوو نووسیندا وەک هزرڤان بە پرۆفایلی خۆییەوە پێمان دەگات: “پەیوەندیى زەین بە مرۆڤەوە” و “شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک / گۆشەگیرێک”. وەلێ ئەم نووسینانەش لەنێو چێوەی ئاڕاستەکارییە فەلسەفەییەکەی فارابیدا دەبزوێن، هێندە نەبێت کە لە سەرئەنجامەکانیاندا بەئاشکرا لەو چێوەیە دەردەچن.
    نووسینى “پەیوەندیی زەین بە مرۆڤەوە” پرسیار دەکات لەبارەی باڵاترین ئامانجى مەئریفە (واتا ئێپیستێمۆلۆگى) و کردارمان (واتا ئێتیک). ناونیشانى ئەم نووسینە هەر لە بەراییدا وەڵامەکەى پێشان دەدات: ئامانجی کۆششى ئێمە گەرەکە بریتی بێت لە پەیوەندی بە زەینى چالاکەوە. گەر ئەم پەیوەندییە بەدیبهێنرێت، ئیدی مرۆڤ بە بەختیارى دەگات. ئاخر ئیبن باجە جەخت لەوە دەکات، کە بەم ڕەوشە باڵاترین پلەى بوون بەدیهێنراوە، ئەوە بێگومان تا ئەو ڕادەیە کە بۆ ئێمە شیاوى پێگەیشتن بێت. ئەو ئامانجى دیکە، بۆ نموونە ئیدێى یەکانگیربوونی مرۆڤان بە خودا، بە وێڵبوون دادەنێت – ئێمە گەرەکە لەم تێڕوانینە ڕەخنەى ئاشکرا لە ڕێبازانى سۆفییەکان (و هەروەها غەزالى) تێبگەین.
    وەک چاوەڕوانکراو بوو، ڕێگەى ڕووەو کامیلبوون بەسەر مەئریفەی ئاوەزمەندانەدا ڕەت دەبێت. ئیبن باجە هاوشێوەى فارابى وەسفی ئەم مەئریفەیە دەکات: مەئریفەکە سازاندنی تێگەی گشتێنراو (ئەبستراکسیۆن) و تێگەیشتنە، لەم ڕەوتەشدا زەینى شیمانەیى (پۆتێنسیەلى) مرۆڤ خۆی ڕیالیزە دەکات و دەبێت بە زەینێکى کردەکى (ئەکتوێل). وەلێ ئیبن باجە لە دوو ڕووەوە لەو تێزانە تێدەپەڕێت کە فارابی سەبارەت بەم بابەتە دەریبڕیبوون. ئاخر ئەم دەخوازێت ئەو فۆرمە هۆشەکییانە جیابکاتەوە کە مرۆڤ دەیانناسێت و ئەوجا لە جیاوازییاندا ڕاڤەیان بکات (فۆرمەکانى زەینە گەردوونییە باڵاترەکان؛ فۆرمى زەینى چالاک؛ فۆرمەکانى ماتەری؛ فۆرمەکانى دەروون). لە لایەکى دیکەوە ئیبن باجە گۆتەیەک سەبارەت بە پرۆسەی مەئریفە دەردەبڕێت کە پاش خۆی کاریگەریی قووڵ دەنوێنێت: گەر بۆ مرۆڤان بلوێت پەیوەندییەک لەتەک زەینى چالاکدا بهێننە گۆڕێ، گەر دەروونی ڕاسیۆنالیان ببێت بە زەینى کردەکی و ئەوانیش بە بەختیارى بگەن، ئەوسا بە دیدی ئیبن باجە ئەوان بە ڕەوشێک گەیشتوون کە تێیدا چیدى جیاوازی لە نێوان دەروونە تاکەکەسییەکاندا نامێنێت، بە پێچەوانەوە پێکڕا هەمان کامیلێتییان دەبێت و لە پەیوەندییەکى چڕدا پێکەوە لەگۆڕێ دەبن. بەڵى تەنانەت دەتوانین لە ڕوویەکی تایبەتییەوە ببێژین: زەینە بەکردەکیکراوەکانى مرۆڤان وەک “یەک” زەین لە ئەودنیادا بەردەوامی بە هەبوونیان دەدەن.
    ئەم تێزە کاریگەریى خۆی لەسەر ئێپیستێمۆلۆگیی سەردەمی درەنگتر نواند. ئێمە پاشان دەبینین تێزەکە بەتایبەتى سەرنجى ئیبن ڕوشدى ڕاکێشا و لێوەى زانینومای یەکانەى زەینى شیمانەیى دەرئەنجاماند. وەلێ ئیبن باجە هەروەها کاریگەریى لەسەر ئەو لێهزرینە فەلسەفەییانە نواند کە لەبارەی سیاسەت ئەنجام دەدران، ئەمەش بەتایبەتى بەڕێى ئەو نووسینەوە کە ناونیشانى “شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک”ى پێداوە.
    ئەم نووسینەش بە لێدوانی ئەوتۆ دەستپێدەکات کە تەواو هاوشێوە لاى فارابی دەیبینین. ئیبن باجە هاوشێوەى فارابى دەبێژێت: دەوڵەتێکى فەزیلەمەند و کامیل کە فەیلەسوفێک لە ترۆپکی حوکمدارییەکەیدایە، فۆرمی ئیدیالی پێکەوەژیانى مرۆڤانە. باوەجو ئەوها دەنوێنێت کە هزرڤانە ئیسپانییەکەى سەدەى دوازدەیەم چیدى متمانە بەو ئیدیالە نەکات کە فارابى لە سەدەى دەیەمدا (خۆگرێداو بە دابی پلاتۆنییەوە) پرۆپاگەندەى بۆ کردبوو. ئاخر دواى ئەوەى ئیبن باجە نەخشەى دەوڵەتى کامیل دەکێشێت، ئیدی بەفراوانى وەسفى شێوەکانى ئەو بەدجۆربوونە (دێگێنێڕاسیۆنە) دەکات کە دەشێت لە دەوڵەتێکدا دەربکەون. لێرەدا هەستێکی ئەوتۆ لای ئێمە چێنابێت هەروەک ئیبن باجە تێڕوانینەکانى هزرڤانانى پێش خۆى سەبارەت بەم تێمایە دووپات بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوها دەنوێنێت کە ڕەخنەکەى بەزۆریى ڕیالیستی و پابەندی سەردەم بێت، هۆی ئەمەش پێدەچێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونانە کە خودی ئیبن باجە لە پۆستە باڵا سیاسییەکاندا کردبوونی. باوەجو بەدووی ئەوەدا کێشەیەک دێتە ئاراوە و واتایەکی گەورەی بۆ لەخۆتێگەیشتنی فەیلەسوفەکە هەیە. ئاخر کاتێک ئەو دەیدرکێنێت کە ئیدێکانى هیچ کاریگەرییەک لەسەر جڤاک نانوێنن، ئەوا دەبێت لێرەدا دەرفەت بدات پرسیاری لێبکرێت کە داخۆ لێهزرینەکانی، هەروەها سەرجەم مۆدێلەکەی بۆ ژیان، چە ئاکامێکیان هەبێت. ئیبن باجە بە ئەلتەرناتیڤێک وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: یان دەبێت فەیلەسوفەکان هەوڵ بدەن وەک “گیاکەڵە” لە دەوڵەتەکانیاندا کارا ببن و بەم شێوەیە گۆڕانکاریى ئەوتۆ ببزوێنن کە ڕەنگە لە ئایندەدا چاکسازیى جڤاک بشێنن، یاخود بەتەواوی لە ژیانى سیاسى بکشێنەوە و ببن بە کەسانى نامۆ لەم جیهانەدا، ئەوجا “لە هۆشدا گەشت بکەن بۆ ماڵانی دی کە بۆ ئەوان ئێستا نیشتمانن”.
    ئەمە بنبڕانە زرنگەیەکى ڕەشبینانەترى هەیە وەک لاى فارابى. ئاخر گەرچی فارابی بە هەمان شێوە فۆرمە جیاوازەکانى دەوڵەتانی گەندەڵی داڕشت، هێشتا هەر پابەند مایەوە بە هەڵوێستى خۆیەوە: جەختکردن لە ئیدیال و “پرنسیپەکانى تێڕوانینى دانیشتوانى دەوڵەتى فاخیر”. وەلێ ئێستا ئەم پرسە لاى ئیبن باجە جیاوازە. پێدەچێت دەوڵەتى کامیل بۆ ئەو تەنیا هیوایەک بێت دوور لە کەتوار. بۆیە ئەو چیدی هەوڵ نادات بەختیاریی مرۆڤ بەو ڕێیەوە مسۆگەر بکات کە لە کۆمەڵى ئیدیالی سیاسیدا بەشداریی پێبکات. ئیبن باجە چارەسەری ئەم کێشەیە لای تاکەکەس دەبینێت، ئەمەش بەو دوو نووسینەدا خویا دەبێت کە لە سەرەوە ناومان بردن. هەردووکیان تەواوکەری یەکدین و هەمان ئامۆژگاری بە هەموو ئەو کەسانە دەدەن کە گفتی زۆر لە فەلسەفە دەبینن: ئەوان گەرەکە “شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک” هەڵببژێرن و ئەوجا هەوڵ بدەن ئامانجێک بەدیبهێنن: “گرێدانى زەین بە مرۆڤەوە”.
  • 9 هەوڵدان بۆ سینتێزێک:
    ئیبن توفەیل

ئەو نووسەرانە کە دوای ئیبن باجە هاتن، ئامۆژگارییەکەی ئەویان بەهەند وەرگرت. ئەمە لاى ئەو فەیلەسوفە دەبینین کە دوای ئەو لەسەر نیمچەدورگەى ئیبێریا پێمان دەگات: ئەبو بەکر ئیبن توفەیل (1185 مردووە). ڕاستییەکەی ئەو هیچ هۆیەکى نەبوو گازەندە لە پەیوەندییە سیاسییەکانى وڵاتەکەی بکات (واتا لە دەسەڵاتداریى ئەلمووەحیدون کە بەسەر مەغریب و بەشانى فراوانى ئیسپانیادا تەنیبووەوە). ئاخر ئیبن توفەیل بەدرێژایى ژیانى سوودى لەو پەیوەندییانە وەرگرت: سەرەتا وەک پزیشک و سکرتێر لە گرانادا، پاشان بە هەمان پۆست لە سەبتە و تەنجە، لە کۆتایشدا تەنانەت وەک پزیشکى تایبەتی سوڵتانى مەڕاکیش. سەرباری ئەوە ئیبن توفەیل ئامادە نەبوو لە گەڕانی مرۆڤدا بۆ بەختیاری رۆڵێکى گرنگ بە دەوڵەت بدات، بە پێچەوانەوە لە لێهزرینەکانیدا ڕەهەندێک بەهێزتر دەبێت: جیاکردنەوەى ڕێگەى ژیانى فەیلەسوفان لە ژیانى نێو جڤاک. ئاخر کاتێک ئیبن باجە تەنیا گۆتبووی، کە مرۆڤ گەرەکە لە سەردەمە گرفتارەکان یان لە دەوڵەتى گەندەڵدا خۆى لە سیاسەت بەدوور بگرێت، ئەوا ئێستا ئیبن توفەیل دەبێژێت کە کشانەوە لە ژیانى سیاسى و جڤاکی ئیدیالێکە کە لە پرنسیپەوە شایانى تەقەلابۆدانە.
ئەمە بەئاشکرا لەو تاکە نووسینەدا خویا دەبێت کە لە ئیبن توفەیلەوە پێمان گەیشتووە. مەبەست لە ڕۆمانە کورت و زۆر خوێنراوەکەیەتی بە ناونیشانى “زیندووى کوڕى بێدار” (حەى ئیبن یەقزان). ئیبن توفەیل بەڕوونى چیرۆکى مرۆڤێک بەناوى حەى ئیبن یەقزان دەگێڕێتەوە کە لە زارۆکییەوە بەتەنیا لەسەر دورگەیەکى تڕۆپی پێدەگات. لێرەدا گەلێک تێڕوانین (تەنانەت هینی پسیکۆلۆگی و پێداگۆگیش) دێنە دەربڕین کە مەرج نییە مرۆڤ لە کارێکی فەلسەفەییدا چاوەڕوانیى بکات. باوەجو ئیبن توفەیل بە تێکستەکەى ئامانجێکى هەیە کە بەڕوونى پێناسەی کردووە: ئەو دەیەوێت ئۆتۆنۆمیى زەینى مرۆڤ بسەلمێنێت. هەر لەم مەغزایەدا وەسفی ئەوە دەکات کە چۆن حەى ئیبن یەقزان هەنگاو بە هەنگاو – بەبێ ڕێبەریى مامۆستایەک یان پێغەمبەرێک – لە جیهانی دەوری تێدەگات و لە کۆتاییدا بە باڵاترینى ئەو مەئریفانە دەگات کە بۆ مرۆڤێک شیاوی پێگەیشتنن.
داڕشتنەکە تێکڕا ماوەیەکی پەنجا ساڵى لە خۆ دەگرێت. وەلێ ئیبن توفەیل داڕشتنی ڕۆمانەکە دادەبەشێنێت: ئەو لە گۆڕانى پاڵەوانەکەیدا هەر جارە حەوت ساڵ (یان چواردە ساڵ) پوخت دەکاتەوە و ئاوەڵابوونێکی تایبەتیى مەئریفە دەداتە پاڵ هەر بەشێک. ئاشکراکردنى زارۆکیانە بەتەواوی مۆرکی حەوت ساڵی سەرەتایە. لەم ماوەیەدا ئاسکێک کە وەک بەخێوکەر ئەوى گرتووەتە خۆ، فێرى دەکات چۆن گۆڕان بە شئورى تایبەتى (هۆگرى و سۆڵیدارێتى) و ستراتیژییەکانى خۆهێشتنەوە (گەڕان بەدووى خۆراک و بەرگریکردن لە خۆ) بدات. لە دووەم قۆناغدا (تا تەمەنى بیستویەک ساڵى) هەل بۆ حەى دەڕەخسێت بە مەئریفە خۆییەکانى بگات، وەلێ ئەم مەئریفانە بەزۆریى پراکتیکین (دروستکردنى ئەشکەوتێک، ئاشکراکردنى ئاگر). وەلێ هەر لەم قۆناغەدا یەکەمین تێڕوانینە تیۆرییەکانیش لای ئەو سەرهەڵدەدەن. بۆ نموونە دواى مردنى ئاسکەکە بۆى دەردەکەوێت کە زیندەوەران تەنیا لەشیان نییە، بەڵکو هەروەها هۆش-دارن (لە واتاى پنۆیمادا) کە لەکاتى مردندا بەجێیان دەهێڵێت. سێیەم بەشى ژیان تا تەمەنى بیستوهەشت ساڵى دەخایەنێت. ئەم بەشە لەژێر کاریگەریى لۆگیک و فیزیکدایە. ئێستا حەى فێر دەبێت، تاک لە جۆر، فۆرم لە کەرەسە (ماتەری) و ئەنجام لە هۆ جیابکاتەوە، بەمەش ڕێگەیەک بۆ دوو ئاشکراکردنی مەزن خۆش دەبێت: تێگەى فۆرم دەیگەیەنێت بە کۆنسێپتى دەروون، هەروەها ئاشکراکردنى هۆئەنجامی دەیگەیەنێت بە وادانانێک کە بەو پێیە سەرجەم سروشتى دەوردەرى ئەو بەندە بە باڵاترین هۆیەکەوە. حەى دەتوانێت لەسەر ئەم بناغەیە لە بەشەکەى دیکەى ژیانیدا (تا تەمەنى سیوپێنج ساڵى) خودا بناسێت، بۆ ئەمەش کۆسمۆلۆگى یارمەتیی دەدات: ڕوانین لە تەنەکانى ئاسمان فێری دەکات تێبگات، کە دەبێت سەرجەم ئەم ڕێکخراوە مەزنانە هۆیەکی قادیر و گشتزان و میهرەبانیان هەبێت. حەى دواى ئەم تێڕوانینە تەنیا یەک ئامانجى هەیە: دەیەوێت لەو باڵاترین بوونەوەرە کە ئاسمان و زەمینى ئافراندووە، نزیکتر بکەوێتەوە، بۆیە لە قۆناغەکەى دیکەى ژیانیدا (تا تەمەنى پەنجا ساڵى) هەوڵ دەدات بە ڕاهێنانى ڕەوانی (سپیریتوێل) خۆى لە پابەندییەکەى بە جیهانى دەرکییەوە بەربدات و ئەمەشى بۆ دەلوێت، چونکە لە کۆتاییدا دەتوانێت لەوە بڕوانێت “کە هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و هەرگیز هیچ دڵێکى مرۆڤ دەرکى پێنەکردووە” (ئیبن توفەیل ئەمەی وەک سیتاتی حەدیسێکى پێغەمبەر داناوە؛ بڕوانە: Korinther 2,9 1). حەی بەم ئەزموونە گەشکە دەیگرێت، لە ئێستا بەدوواوە دەیەوێت خۆى تەنیا بۆ نەزەرى خودا تەرخان بکات و چیدى لەم ڕەوشەى بەختیارى دوورنەکەوێتەوە.
لە بنەڕەتدا دەشیا لەم جێیەدا ڕۆمانەکە تەواو ببێت. وەلێ ئیبن توفەیل بەم ڕوانگە هیوابەخشە بەرمان نادات، بەڵکو پاشگۆتنێک بە داڕشتنەکەیەوە دەلکێنێت. ئێستا کۆمەڵێکى ئیماندار (واتا موسڵمان) لەسەر دورگەیەکى دراوسێى دورگەکەى حەى دەژى. لە نێوان ئەم کۆمەڵە و حەیدا، کە ئێستا تەمەنى پەنجا ساڵانە و بە ستاتۆی مەئریفەی کامیل گەیشتووە، پەیوەندى سەرهەڵدەدات. حەى شادمان دەبێت بەم بەیەکگەیشتنە چاوەڕواننەکراوە و یەکسەر لەتەکیاندا دەکەوێتە دانوستاندن لەبارەى ئەو پرسیارانە کە ماوەیەکى درێژخایەن پێیانەوە هۆشقاڵ بوو، ئێستاش لە ڕەوتى دانوستاندنەکاندا بۆى خویا دەبێت کە دانیشتوانى سەر دورگەى دراوسێ لە هەموو ئەو پنتانەدا (هەبوونى خودا، ئافرێنراویى جیهان، قەدەرى مرۆڤ) لەتەک ئەو مەئریفانەدا یەکدەگرنەوە کە ئەو خۆى بەتەنیا بەدییهێنابوون، بێگومان هێندە نەبێت کە یەکگرتنەوەیان وردە جیاوازییەکان ناشارێتەوە. ئاخر حەى بەبێ ڕووپۆش ئەو ڕاستییەی ناسی بوو کە ئەو خۆی لێی دەدوا، بە پێچەوانەشەوە ئەو کۆمەڵە ئیماندارە تەنیا بەڕێى ئەو ڕێنوما و سیمبۆلانەوە بە زانینى خۆى گەیشتبوو کە سەردەمێک لەوەوبەر پێغەمبەرێک بەوانى ڕاگەیاندبوو. بۆیە دوایەمین پەیامى ڕۆمانەکە ئەوەیە کە چەند ڕێگەیەکى جیاواز ڕووەو خەڵاس هەن، چونکە دەبێت مرۆڤان بەگوێرەی ئەوە جیاوازى بکرێن کە داخۆ ئەوان چە شیمانەیەکیان بۆ تێگەیشتن هەبێت. زۆرینەى مرۆڤان هیچ گرنگییەک بە سپێکولاسیۆن نادەن. ئەو جۆرە مرۆڤانە ڕەزامەندن بەو داڕشتنە وێنەییانە کە نەریتی ئایینى دەیخاتە بەردەمیان. بە پێچەوانەی ئەوانەوە ژمارەیەکی کەم مرۆڤان هەن کە دوای ئەوەی ڕاستیی پەتی دەناسن، ئیدی بە ئارامیی دەروون دەگەن.
بەم ئەنجامە بازنەکە دادەخرێت. لێرەدا لێهزرینى ئەوتۆ ڕادەگەیەنرێن کە ئێمە لە نووسەرانى دێرینەوە دەیانناسین. ئێمە دەتوانین ببێژین، کە ڕۆمانى “زیندووى کوڕى بێدار”، سەربارى ڕەسەنێتى لە فۆرمەکەیدا، لە زۆر ڕووەوە تێکستێکى ترادیسیۆنیانەى فەلسەفەییە، ئەمەش نەک تەنیا ئەو تێگانە دەگرێتەوە کە دەستوێژی ئەرگومێنتهێنانەوەی ئیبن توفەیلن (تاکەکەس، جۆر، فۆرم، ماتەری، دەروون، زەین، یەکەمین هۆ و هتد). تێگەکان بەبێ هیچ گومانێک لەو زەخیرە باوە وەرگیراون کە لە واژە ئەڕیستۆتێلى و نوێپلاتۆنییەکان پێکهێنرابوو. ئەمە هەروەها زۆرینەى ئەو تێزانە دەگرێتەوە کە ئیبن توفەیل پشتیوانییان لێدەکات: فەلسەفە وەک زانستى دێمۆنستراتیڤ (بورهانی)، ئایین وەک گوزارشتی سیمبۆلى و هتد. تێزەکانى ئیبن توفەیل تەواو سانا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بڕوایانە کە گەرەکە لەکاتى فارابى بەدوواوە بە میراتى فەلسەفەیى نێو جیهانى ئیسلامی دابنرێن.
سەربارى ئەوە ناتوانین تێکستەکە دابەزێنین بۆ سەر ئاستى پابەندبوون بە کارە کۆنەکانەوە، چونکە گەرچی ئەم تێکستە زۆر تێڕوانینى ناسراو دەداتەوە، هێشتا هەر هاوکات پەیامێک لە خۆ دەگرێت کە هیچ کام لە فەیلەسوفانى ڕابوردوو پەیڕەوییان نەکردبوو. ئەم پەیامە لە بنەڕەتدا پنتی نێوەندیی ڕۆمانەکە دەگرێتەوە، واتا ڕۆچوونی بەختەوەرانەى حەی بۆ نێو باڵاترین مەئریفە و ئیبن توفەیل بە چەشنێک دایدەڕێژێت کە لە دابی فەلسەفەییەوە (یان نەک تەنیا لێرەوە) ڕوونناکرێتەوە، بەڵکو ئێمە لێی تێدەگەین گەر لە سۆفیزمەوە (هەروەها تا ڕادەیەک لە تیۆلۆگییەوە) پێشبینییان بهێنینە نێوییەوە.
ئێمە دەتوانین ئەم ساغکردنەوەیە بەوردی دەستنیشان بکەین. ئاخر ئیبن توفەیل ڕێبەرییەکی کورتى بۆ ڕۆمانەکەى نووسى و تێیدا تێڕوانینەکانی خۆى خستە نێو هەڤرایەڵێکی هۆشەکى-مێژووییەوە. ئەو لەم ڕێبەرییەدا، لەپاڵ هەندێک کێشەى دیکەدا، هەروەها ئاماژە بۆ ئەم پرسە دەدات: گەر ئەو لە ڕۆمانەکەیدا وەسفی نەزەری خودا بکات، ئەوا وەسفکردنەکەی پشت بە ئیبن باجە نابەستێت، ئەو هاوکات ئەڕیستۆتێلیس وەک دەرچە دانانێت، یان فارابی کە پەیوەست بەم تێمەوە گوزارشتی دژبێژى دانابوو. نەخێر، ئیبن توفەیل دەبێژێت، کە دوو نووسەرى دیکە دەرچەى ئەون: ئیبن سینا و غەزالى. وەک ئەو دەبێژێت، هەردووکیان سەربارى ئەو ڕا جیاوازانە کە لەبارەیان بڵاوبوونەتەوە، لە کۆتاییدا هەمان ئامانجیان هەبووە و هەردووکیشیان بە دۆخى باڵاترین مەئریفە گەیشتوون.
بۆ پێشاندانی ئەو تێزە ئیبن توفەیل ڕۆمانەکەى نووسى. دەربڕینەکانی ئەو لەبارەی ئەزموونە پێغەمبەرییەکەى حەى بەئاشکرا بەڵگەن بۆ ئەم تێروانینە، چونکە دەربڕینەکانی گرێدانێک ئەنجام دەدەن لە نێوان: زانینوماکەی ئیبن سینا لەمەڕ دەروونى ڕاسیۆنال (واتا خودئاگایى وەک دەرچەى مەئریفە، ڕاسیۆنالێتیى ڕێگەى مەئریفە، کامیلاندنى دەروونى تاکەکەسى) و ئەو توخمە بەرنامەییانە کە دەگەڕێنەوە بۆ غەزالى (ڕاهێنانى ڕەوانی وەک ئامادەکارى بۆ باڵاترین مەئریفە، یەکگرتن لەتەک خودادا نەک لەتەک زەینى چالاکدا، “چێژتن” وەک فۆرمى تەواوکراوی مەئریفە). بێگومان ئەو پرسە وەلاوە دەنێین کە داخۆ ئەم دەستپێکە ماقوڵ بێت، سەرباری ئەوە دەستپێکەکە هەوڵێکى جددییە بۆ چوونە نێو دانوستانە فەلسەفەییە هاوچەرخەکانەوە. ئاخر ئەوەى ئیبن توفەیل لە کۆتاییدا خستییە بەردەم، پێشنیارێکى دیکە بوو بۆ نواندنی پەرچەکردار لەسەر فەلسەفەى ئیبن سینا: ئیبن توفەیل نەیویست وەک غەزالى ڕەخنە لە ئیبن سینا بگرێت، ئەو هەروەها نەیویست وەک ئیبن باجە بگەڕێتەوە بۆ فارابى، بەڵکو بەزۆریى یەقینی هەبوو کە زۆر دەشێت بە هەندێک نیازباشی سینتێزێک لە خواستەکانی ئیبن سینا و غەزالییەوە بهێنرێتە ئاراوە.

—————————–

Ulrich Rudolf: Islamische Philosophie. München 2004.
فەرهەنگۆک
هەڤرایەڵ: کۆنتێکست
ئیدیال: نموونەی باڵا
پارافراز: دانەوەی تێکستێک بە وشەی خۆیی.
پنۆیما: (گریکی) هەناسە، هۆش، هەوا. پرنسیپێکی سروشت یان ژیانە کە وەک هەوا وەردەگیرێت و ژیان دەشێنێت.
سپێکولاسیۆن: هزرینی تێپەڕیو لە کردەکێتی کە هەوڵ دەدات کرۆکی شتەکان دیاری بکات. ئەمە زۆر تایبەت شێوازی هزرینی مێتافیزیکییە.
ترۆپی: ناوچەی گەرم کە دەکەوێتە ژوروو و ژێرووی نزیکی هێڵی ئیستیواوە.
تێما: مەسەلە، بابەتی یان پرسی دانراو بۆ لێتوێژینەوەی هزری، زانستی، یان داڕشتنی هونەری.
زەینى شیمانەیى و کردەکى: زەینى شیمانەیى (بە لاتینی: پۆتێنسیەل، بە گریکی: دینامیس) توانستی سروشتیی مرۆڤە بۆ هزرین، وەلێ جارێ ئاوەڵا نەبووە. زەینی کردەکی (بە لاتینی: ئەکتوێل، بە گریکی: ئێنێرجێیا) ئەو زەینەیە کە نەک تەنیا لە تێگە ئاپریۆرییە بنەڕەتییەکان (بوون، شیمانە، گەوهەر، زەروورە و هتد) تێگەیشتووە، بەڵکو هەروەها لە تێگە لێکدراوەکان و بەڵگە و هتد. بڕوانە هەمان وەرگێڕ: ئولریش ڕودۆلف. پارادیگمایەکی نوێ. ئیبن سینا. کوردستانپۆست / کوردڕاوم / دەنگەکان.




نۆڤلێتی “حه‌بیبه‌”ی نیهاد جامی له‌نێوان تاك ده‌نگیی و سایكۆلۆجیای منی ئاڵۆز.. نووسینی: داناعه‌سكه‌ر

ته‌كنیكی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی مۆنۆلۆگ له‌چیرۆك یا ڕۆمان یاخود نۆڤلێت، یه‌كێكه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ باوه‌كانی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌میانه‌، كه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ لای چیرۆكنووسانی وه‌ك جمیس جوێس و ڤێرجینا ۆڵف و مارسێل برۆست، به‌كار هاتووه‌ و، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دوای گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م جۆره‌ له‌ نووسین و ده‌رچوون له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی باو، زۆرترین چیرۆكنووسانی جیهان په‌نایان بۆ ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك بردووه‌، له‌مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ چیرۆكنووس و رۆماننوسه‌كان په‌نایان بۆ ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ بردووه‌ و تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ركه‌وتووبوون، یه‌كێكه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری نووسینی ئه‌ده‌ب، كه‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستی جیهان كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ میتۆدی ده‌روونشیكارییه‌وه‌.
له‌ڕووی تیۆری ده‌روونشیكارییه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نۆستالیژیا، واته‌ سۆزی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابووردوو، ئه‌مه‌ نه‌ك به‌و مانایه‌ی هه‌موو مۆنۆلۆگێك په‌یوه‌ندیی به‌ نۆستالیژیاوه‌ هه‌بێ‌، به‌ڵكو به‌ومانایه‌ی هه‌موو ئه‌و فۆرمه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ڕاگرتنی زه‌مه‌نی ئێستاوه‌ هه‌یه‌ و، له‌ڕێی خودی گێڕه‌ره‌وه‌وه‌، په‌نا بۆ زه‌مه‌نێكی دی ببات، واته‌ گێڕه‌ره‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌باره‌ی ئێستاوه‌ بكات، پشت له‌ ئێستا ده‌كات و، له‌ناو زه‌مه‌ن و زه‌مینێكی دیدا ده‌ژی. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی مۆنۆلۆگ واته‌ تاك ده‌نگیی.ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی مۆنۆلۆگ به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌هێڵێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ بتوانێت خوێنه‌ر له‌به‌رده‌وامیی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی نێو نۆڤلێته‌كه‌ی دانه‌بڕێت.
جۆره‌كانی مۆنۆلۆگ، یه‌كه‌م: مۆنۆلۆگی كه‌سێتی، ئه‌م جۆره‌یان گوزارشت له‌ خودی كه‌سێتی و یاده‌وه‌ریی و ئه‌زموونه‌كانی ده‌كات. جۆری دووهه‌م: مۆنۆلۆگی درامیی: كاتێك كه‌سێتی قسه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌كات و هه‌موو بیرۆكه‌ و سۆزداریی ناخی ئاشكرا ده‌كات. جۆری سێهه‌م: مۆنۆلۆگی پێچه‌وانییه‌: ئه‌م جۆره‌یان كاتێك قسه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی دیدا ده‌كات، كه‌ نائاماده‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌زموون و یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌. جۆری چواره‌م: مۆنۆلۆگی گێڕانه‌وه‌، كاتێك كه‌سایه‌تی چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه‌، زۆرجار ڕووداو یا ئه‌زموونێكی له‌ پێشینه‌ی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌.جۆری پێنجه‌م: مۆنۆلۆگی فه‌لسه‌فی، ئه‌م جۆره‌یان كاتێك كه‌سایه‌تی له‌ باره‌ی ژیان و گه‌ردوون و شتگه‌لێك نزیكه‌ له‌ بیروباوه‌ڕی خۆیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات. هه‌موو ئه‌م جۆره‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، ده‌چنه‌ خانه‌ی مۆنۆلۆگی ناوه‌كییه‌وه‌.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی مۆنۆلۆگی ناوه‌كیی بریتییه‌ له‌و ده‌نگه‌ ده‌ره‌كییه‌ی ناخمان كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مێشكمانه‌وه‌، كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ وێنه‌ی یاده‌وه‌ریی و ئه‌ركه‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ڕێگا به‌ بیستنی خۆمان ده‌دات بێ‌ ئه‌وه‌ی زمان بێتگۆ گۆ. له‌ ڕووی میتۆدی ده‌روونشیكارییه‌وه‌، ده‌كرێ‌ بپرسین، ئایا ده‌نگی ناوه‌كیمان له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌ره‌كیمان تێكهه‌ڵكێش ده‌بێت؟ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌كرێ‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ وێنه‌ وه‌ستاوه‌كه‌ی مۆنۆلۆگ، كه‌ له‌نێوان عه‌قڵ و توانا هه‌سته‌وه‌ره‌كانی ناخمان یه‌ك بگرنه‌وه‌ و، زمان بخه‌نه‌لاوه‌، لێره‌دا هه‌م ئه‌ركی زمان و هه‌م ئه‌ركی زه‌مه‌ن ده‌خه‌ینه‌لاوه‌، بۆیه‌ له‌ مێشكمانه‌وه‌ هه‌ندێك ئاماژه‌ ده‌بن به‌ هاوكارمان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ هه‌سته‌وه‌ریانه‌ی به‌بێ‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌زموونی زمانه‌وانی كه‌ ده‌نگی ناوه‌كی به‌سه‌ر ده‌نگی ده‌ركیدا زاڵ ده‌بێت.
هه‌ر له‌م سیاقه‌وه‌، نۆڤلێتی ” حه‌بیبه‌ ” ی نووسه‌ر نیهاد جامی، ده‌چێته‌ خانه‌ی جۆری سێهه‌می مۆنۆلۆگه‌وه‌، كه‌ مۆنۆلۆگی پێچه‌وانه‌یه‌، ئه‌م جۆره‌ی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی مۆنۆلۆگ، له‌ڕووی تیۆری ده‌روونشیكارییه‌وه‌، به‌زمانی ئه‌وی نادیار قسه‌ ده‌كات و، ده‌یه‌وێ‌ بیهێنێته‌وه‌ ناو ژیان، به‌تایبه‌ت له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نۆڤلێته‌،كه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ گرێدانی ته‌واوی به‌شه‌كانی ئه‌م نۆڤلێته‌ به‌ شێوه‌ی بازنه‌ی لێكدانه‌بڕاو.
به‌پێی میتۆدی ” مه‌رگی نووسه‌ر ” لای فه‌یله‌سوف و ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی، ڕۆڵان بارت، ئه‌م جۆره‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی مه‌رگی نووسه‌ر، به‌و پێیه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌ به‌ڕاناوی ئه‌وی تری نادیاره‌وه‌ حیكایه‌ت ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی نیهاد كاری له‌سه‌ركردووه‌، دووجۆر له‌ مه‌رگی نووسه‌رمان بۆ ده‌خاته‌ ڕوو، یه‌كه‌م گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی دایكێك كه‌ نائاماده‌یه‌، دووهه‌م چیرۆكه‌كه‌ له‌لایه‌ن منی نادیاره‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌وایه‌ دووانه‌ی من و ئه‌وی نادیار، جۆرێكی تری میتۆدی مه‌رگی نووسه‌ره‌، كه‌ به‌ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ ده‌یگێڕیته‌وه‌، داجار له‌ كۆتایدا ده‌چێته‌ خانه‌ی خزمه‌تی گشتییه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م دایكێكی نائاماده‌ ده‌هێنێته‌وه‌ ناو ژیان، هه‌م دونیایه‌كمان بۆ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌ی مه‌عریفه‌یه‌، ئه‌ویش كتێبه‌، له‌ڕێی پاشخانی مه‌عریفه‌ی كاره‌كته‌ری حه‌بیبه‌وه‌.
نۆڤلێتی حه‌بیبه‌ به‌ شۆپۆلی هۆش نووسراوه‌، شه‌پۆلی هۆش به‌واتا مۆنۆلۆگی ناوه‌كی، ئه‌م چه‌مكه‌ واته‌ شه‌پۆلی هۆش “تیار الوعی” گوزارشت له‌و جۆره‌ نووسینه‌ناوه‌كییه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌وڵی رێكخستنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك بیرۆكه‌ له‌ ڕێی هۆشه‌وه‌ ده‌دات، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ یا مۆنۆلۆگی ناوه‌كی دانه‌ڕێژراوه‌، یاخود په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سێتی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، دواجار گرنگیی ئه‌م شه‌پۆله‌ كه‌ به‌ مۆنۆلۆگی ناوه‌كی ناسراوه‌، ڕێگه‌یه‌كی جیاواز ده‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌ویش گه‌شه‌كردنی بیرو هه‌سته‌ لای نووسه‌ر، كه‌ شێوازی گێڕانه‌وه‌ی باو تێده‌په‌ڕێنی، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ لایه‌ن فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی “جیمس ولیام” له‌ كتێبی ” بنه‌مانی زانستی سایكۆلۆجیادا به‌ وردیی باسی ده‌كات.
شێرزاد حه‌سه‌ن یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی دونیای چیرۆك و ڕۆمانی كوردی، كه‌ زۆرترین كاری له‌ رۆمان و چیرۆكه‌كانی به‌ شه‌پۆلی هۆش كردووه‌، به‌تایبه‌ت، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی ته‌نایی و نۆڤلێتی حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم، له‌ نۆڤلێتی حه‌سارو سه‌گه‌كانی باوكم، شه‌پۆلی هۆش لای شێرزاد حه‌سه‌ن، ده‌چێته‌ خانه‌ی دژ به‌ سستمی خێڵ و به‌تایبه‌ت باوكسالاریی، له‌م نۆڤلێته‌دا كه‌ ڕاسته‌وخۆ گرێی ئۆدیب لای شێرزاد به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ردیده‌ی خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت، كه‌ تێیدا مرۆڤبوون ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌كی كوشنده‌وه‌، بۆیه‌ شێرزاد زۆر به‌ جوانی گوزارشتی له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی سستمی پاتریاریكی ده‌كات و، سایكۆلۆجیای مرۆڤی كورد ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌م گه‌مه‌ كردنه‌ی شێرزاد له‌ شه‌پۆلی هۆش، جۆرێكه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ماهییه‌تی قۆناغی عه‌شره‌ت و خێڵ له‌ سستمی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لای نیهاد جامی شه‌پۆلی هۆش گیرۆده‌ی خودێكی ئالۆزه‌، ئه‌م خوده‌ ئاڵۆزه‌ خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌، كاره‌كته‌ری دایكی نائاماده‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو ژیان، گه‌ڕانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری دایك بۆ ناو ژیان، له‌ڕێی مه‌عریفه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ئه‌و جیاوازییه‌ی لای شیرزاد و نیهاد ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێكیان گیرۆده‌ی سستمی باوكسالارییه‌، ئه‌ویتریان خه‌می گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی نائاماده‌یه‌ له‌ڕێی زانست و هوشیارییه‌وه‌ بۆ ناو ژیان، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو نۆڤلێته‌كه‌ له‌ دوو جیهانی جیاوازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ دوو جۆر سایكۆلۆجیاشه‌وه‌ كار له‌سه‌ر خه‌ونی كوردیی ده‌كه‌ن.
به‌شی كۆتایی ئه‌م نۆڤلێته‌.. ونبوونی نووسه‌ر و شانۆكارێك له‌ كۆڵانه‌كانی پاریس، كه‌ زۆرترین پانتایی ئه‌م نۆڤلێته‌ی داگیركردووه‌، به‌ متۆدی بوونیادگه‌ریی نووسراوه‌. واته‌ بوونێكی ئاماده‌ له‌ یاده‌وه‌ریی ئه‌وی په‌ناهه‌نده‌، كه‌ دواتر ده‌چمه‌وه‌ سه‌ری.
له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نۆڤلێته‌دا، ” نووسینی وه‌سێتنامه‌” نیهاد جامی زۆر به‌وردیی نه‌خشه‌ی ته‌واوی نۆڤلێته‌كه‌ی له‌م به‌شه‌دا داڕشتووه‌، واته‌ بازنه‌ی گشتیی ئه‌م نۆڤلێته‌، لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، جارێ‌ پێش وه‌خت ده‌بێ‌ باسی ئه‌وه‌ بكه‌م، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م به‌ جۆری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م نۆڤلێته‌ داوه‌، كه‌ به‌ڕاناوی ئه‌ویتری نادیار حیكایه‌خوان وه‌سێتنامه‌كه‌ ده‌خوێنێتوه‌، ڕه‌نگه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ بكه‌ن، كه‌ حیكایه‌تخوان به‌ ڕاناوی منی دیار قسه‌ ده‌كات! له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ وه‌سێتنامه‌ی فیگۆری حه‌بیبه‌یه‌، بۆیه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ به‌ ده‌نگی ناوه‌كی حه‌بیبه‌ وه‌سێتنامه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌لای منه‌وه‌ خاڵێكی گرنگ بوو، ده‌بێ‌ ئاماژه‌ی پێبده‌ین.
له‌م به‌شه‌دا ده‌نگی ناوه‌كی لای نووسه‌ر، كه‌ په‌یوه‌یسته‌ به‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی خودی نووسه‌ره‌وه‌، ده‌چێته‌ خانی بێده‌نگییه‌وه‌، به‌وه‌ی هه‌موو وێنه‌كان به‌ر ته‌واوی فیگۆره‌كانی نێو ئه‌م نۆڤلێته‌ ده‌كه‌ون و، ده‌بن به‌شێك له‌و نه‌خشه‌ و پلانه‌ی كه‌ به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نۆڤلێته‌ به‌ به‌شه‌كانی تره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، واته‌ لێره‌وه‌ وێنه‌ و نه‌خشه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌،كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ نووسه‌ره‌وه‌ نییه‌. ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، كاتێ‌ خوێنه‌ر ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نۆڤلێته‌ ده‌بات، به‌ر ده‌یان ناونیشان ده‌كه‌وێت، هه‌ر نه‌ونیشانێك كه‌ خوێنه‌ر به‌ری ده‌كه‌وێت، وێڕای ئه‌وه‌ی دونیایه‌كی مه‌جازی لای نووسه‌ر ده‌خاته‌ڕوو، دونیایه‌كی واقیعی هه‌ناوی نه‌خشه‌سازیی نۆڤلێته‌كه‌یه‌. ئه‌وه‌ی نۆڤلێت یا چیرۆك یا ڕۆمانی مۆدێرن له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی باو جیاده‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی دونیابینی و پاشخانی مه‌عریفی و به‌ فه‌نتازیاكردنی زمان و ئیستاتیكایه‌. له‌به‌شی ” په‌راوێزێك بۆ كتێبه‌كه‌ی دایكم” نووسه‌ر ده‌ڵێ‌ ” ئه‌وه‌ی من و دایكمی بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ بوونی میلان كۆندێرایه‌، كۆندێرا په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ ده‌باته‌ ئاستێكی تره‌وه‌” ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌و مه‌عریفه‌یه‌ی كه‌ نووسه‌ر له‌م نۆڤلێته‌دا ته‌وزیف كردووه‌، لێره‌دا ئه‌و ئاماژه‌یه‌مان بۆ ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ نووسه‌ر ده‌ڵێ‌ ” ده‌مه‌وێ‌ دایكم بگه‌ڕێنمه‌وه‌ ناو ژیان” ئه‌مه‌ ئه‌و دونیا واقیعیه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێی مۆنۆلۆگی ناوه‌كییه‌وه‌ ده‌یكات به‌ ده‌نگێكی دیار، ئه‌و جیاوازی له‌ نێوان ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی نیهاد جامی و ئه‌لبێرت كامۆ له‌ باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مه‌رگ و ژیان، ئه‌وه‌یه‌ كامۆ به‌ڕه‌شبینییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ژیان و پێی وایه‌ ئه‌م شارستانییه‌ته‌ مادییه‌ی له‌ڕێی ڕووخانی ئاینه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵه‌دا، گومانی خسته‌ هه‌موو پێدراوه‌كانی ئاین و دۆزه‌خ و به‌هه‌شت و، ئیدی ژیانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گۆڕی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لای نیهاد جامی مه‌رگی گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆی و ژیانی به‌ پێشهاته‌كانی دونیایه‌كی دییه‌وه‌ به‌سته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكانه‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ دایك وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی ویژدانیی و مه‌عریفی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو ژیان، ڕاسته‌ ڕه‌شبینییه‌كه‌ی كامۆ په‌یوه‌ندیی به‌ پرسیاریی فه‌لسه‌فی جدییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی نیهادیش له‌ڕێی هه‌سته‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ خه‌ونی گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌م نۆڤلێته‌ له‌ناو چه‌ند بازنه‌یه‌كدایه‌..
بازنه‌ی یه‌كه‌م: كتێب . كتێب وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانست و ڕۆشنبیریی گه‌شتیی له‌ڕێی یۆتۆپیاوه‌ به‌ دایكێكی مه‌جازییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، واته‌ دایك هه‌م نیشتمانه‌، هه‌م سه‌نته‌ری هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراوه‌كانی هه‌ستی نووسه‌ره‌ له‌م نۆڤلێته‌دا.
بازنه‌ی دووهه‌م: ئاین وه‌ك كتێب. وه‌ك چۆن له‌ ته‌واوی نۆڤلێته‌كه‌دا ده‌یه‌وێ‌ مرۆڤ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ شوێنی تایبه‌تی خۆی، گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ شوێی خۆی له‌م نامیلكه‌یه‌دا مه‌به‌ست لێی، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ عه‌قڵ، بۆ یه‌كسانیی، بۆ قبوڵكردنی ئه‌وی دی، به‌هه‌مان شێوه‌، ده‌یه‌وێ‌ هه‌رسێ‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خودا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ لای مرۆڤی عاقڵ و هوشیار، له‌سیاقی گێڕانه‌وه‌یه‌كی فه‌نتازیی، نووسه‌ر ده‌یه‌وێ‌ ئه‌و جیاوازییه‌ی كه‌ له‌نێوان كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی خودا هه‌یه‌، قورئان، ته‌ورات، ئینجیل، وه‌ك چۆن خودا بۆ مرۆڤایه‌تی دایگرتووه‌، پێویسته‌ مرۆڤیش به‌ هه‌مان مه‌سافه‌ و هه‌مان ڕوانین، له‌ ئاین و كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی خودا بڕوانێت و، ڕێز و یه‌كسانیی ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ڤیانێكی ئاسووده‌.
بازنه‌ی سێهه‌م: میلان كۆندێرا.له‌ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی ئێمه‌دا، میلان كۆندێرا ئه‌و فیگه‌ره‌ زیندووه‌ی ناو چیرۆك و ڕۆمانه‌كانمان نییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت میلان كۆندێرا بهێنینه‌ ناو سیاقی حیكایه‌ته‌كانماوه‌، هوشیارییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌، له‌ باره‌ی ناسینی كۆندێرا وه‌ك بیرمه‌ند و رۆشنبیرێكی گه‌وره‌. له‌ وێنه‌یه‌كی دیدا ده‌كرێ‌ كۆندێرا له‌ كۆنه‌ستی ئێمه‌دا نائاماده‌ و ناباو بێت، ناباو به‌ كولتوور و هه‌ست و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، بۆیه‌ نووسه‌ر له‌م نۆڤلێته‌دا له‌ڕێی فه‌نتازیاوه‌ توانیویه‌تی كۆندێرا له‌ نامه‌ئلووفه‌وه‌ بكات به‌ مه‌ئلووف، ئه‌مه‌ ئه‌و ته‌كنیكه‌یه‌ له‌ناو نۆڤلێتی حه‌بیبه‌دا نیهاد جامی شوێنێكی تایبه‌تی بۆ میلان كۆندێرا له‌ خه‌یاڵ و هه‌زری ئێمه‌دا بۆ كردووه‌ته‌وه‌.
بازنه‌ی چواره‌م: گرێی سێكس..سێكس ئه‌و ده‌رهاویشته‌ غه‌ریزه‌ییه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ ناخه‌وه‌ گیرۆده‌ی بووه‌ و، به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانێ‌ خۆی لێ‌ ده‌رباز بكات، په‌یوه‌ندیی نێوان سێكس و مرۆڤ، په‌یوه‌ندیی به‌ قۆناغی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تای باسه‌كه‌مان قسه‌مان له‌ شه‌پۆلی هۆش لای شێرزاد حه‌سه‌ن و ئه‌م نۆڤلێته‌ی نیهاد جامی كرد، لای نیهاد سێكس وه‌ك موماره‌سه‌یه‌كی ئاسایی ژیانی مرۆڤ وێنا ده‌كرێت. كه‌ كه‌شی ژیانی دووهه‌م كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی، خودی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ دونیا و سه‌رزه‌مینَكی دی، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی یه‌كه‌م دارایه‌، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی دووهه‌م خودی گێڕره‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رزه‌مینێكی دیدا، له‌پاریسدا سه‌رهه‌ڵده‌دات. لای شێرزاد حه‌سه‌ن، له‌ نۆڤلێتی حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم، پێچه‌وانه‌ی نیهاد، سێكس له‌ هه‌لوومه‌رجێكی ئاژه‌ڵیانه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌م دوو جیاوازیه‌ له‌ باره‌ی سێكس به‌پێی قۆناغ و دونیابینی و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی ڕووده‌ده‌ن، نیهاد له‌م نۆڤڵیته‌دا سێكسی نه‌كردووه‌ به‌گرێیه‌كی ئاڵۆزه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی ژیانی ئه‌ویتره‌ له‌ڕێی مه‌جازه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی ده‌یگوازێته‌وه‌.

دایكه‌ بووم به‌ پیاو..
له‌نێوان دایك و باوكێكی هوشیار و خوێنده‌وار، دارا ده‌ستبه‌رداری قوتابخانه‌ ده‌بێت و، ده‌بێت به‌ چایچی، له‌سایكۆلۆجیای مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتیدا پیاوه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌،كه‌ له‌ڕاستیدا له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگانه‌دا ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌، نیهاد جامی زۆر به‌ جوانی ده‌ره‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ خستووه‌ته‌ڕوو. پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دیدگایه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی خه‌یاڵی نیهاد، كه‌ له‌به‌شی ” په‌راوێزێك بۆ كتێبه‌كه‌ی دایكم ” نووسه‌ر ده‌ڵێ‌ ” ده‌زانم سه‌یره‌ به‌لاتانه‌وه‌ چایچییه‌ك ئاوا قسه‌ ده‌كات، من چیتر چایچییه‌كه‌ی جاران نیم، ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ هه‌موو ژیانی گۆڕیم ” كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ نه‌ كاری گێڕانه‌وه‌یه‌، نه‌ كاری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پاساوه‌ بهێنێته‌وه‌، ئه‌ركی نیهاد بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕستیه‌، ده‌بوو به‌پێی پرۆسه‌یه‌كی زه‌مینه‌سازیی و زمانه‌وانیی هه‌ستمان به‌و ئاگایی دارا نه‌كردبایه‌، ئه‌وه‌ی نیهادی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌م گوته‌یه‌، ڕه‌خنه‌ی به‌شێك له‌ خوێنه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی كورده‌، له‌ ڕۆماننوسێك له‌و باره‌یه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌دبوو نیهاد به‌و ڕستیه‌ خۆی بخاته‌ نێو هه‌ڵه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌وه‌.هه‌ر له‌سیاقی ئه‌م بابه‌ته‌، ده‌بوو نیهاد جامی له‌به‌شی ” دایكه‌ بووم به‌ پیاو” به‌ پێی قۆناغی گه‌شه‌كردنی عه‌قڵی و زه‌مه‌نی و زمانه‌وانی گوزارشتی له‌ گوته‌یه‌ بكردبایه‌.

ونبوونی نووسه‌ر و شانۆكارێك له‌ كۆڵانێكی پاریسدا..
ئه‌م به‌شه‌ی نۆڤلێته‌كه‌ی نیهاد جامی به‌ڕاناوی ئه‌وی نادیار نووسراوه‌، خه‌ون گۆشه‌یه‌كی گرنگیی ئه‌م به‌شه‌یه‌، كه‌ له‌ بینینی پۆستكارێكی پاریسه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، تا ئه‌وه‌ی له‌ فیلمێكی فه‌ره‌نسی، به‌ بینینی ئالان دیلۆن و كاترین دینۆف، ئه‌م خه‌ونه‌ گه‌وه‌ره‌ ده‌بێت. خه‌ون له‌ ژیانی مرۆڤدا بریتییه‌ له‌و حه‌زه‌ی له‌ناو بێده‌نگیی و بێ‌ زمانیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، واتا ئاگایی و هه‌سته‌وه‌ره‌كانی مرۆڤی بیركه‌ره‌وه‌ به‌رده‌وام له‌نێوان ئاڵۆزیی و دڵه‌ڕاوكێدا ده‌بن به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێك پرۆسه‌ی خه‌ونه‌كه‌ داده‌ڕێژێ‌، به‌شه‌كه‌ی تر له‌نێوان واقیع و خه‌یاڵ، به‌ ئاراسته‌ی گومڕایدا ده‌یبات. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م به‌شه‌، منێكه‌ له‌ناو ئه‌ویترێكی دیار، ئه‌ویترێك له‌ڕێی خه‌ون و ئاگاییه‌وه‌ نه‌خشه‌ی پاریس له‌ یاده‌وه‌ریی خۆیدا ده‌كێشێت، به‌ڵام له‌نێوان ئاڵۆزیی و دڵه‌ڕاوكێدا ئه‌م خه‌ونه‌ ده‌كه‌وێته‌ په‌راوێزی بیركردنه‌وه‌ی منی دیار و ئه‌ویتری نادیاره‌وه‌. سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌م به‌شه‌ی نۆڤلێته‌كه‌ی نیهاد جامی، به‌ میتۆدی بونیادگه‌رایی نووسراوه‌، به‌و مانایه‌ی خه‌ون به‌شێكه‌ له‌و بوونه‌ی له‌یاده‌وه‌ریی مرۆڤ دا له‌ هه‌سته‌وه‌ ده‌بێت به‌ واقیع. په‌ناهه‌ندێك له‌ ئه‌ورپا ده‌گیرسێته‌وه‌، ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر خه‌ونی گه‌یشتن به‌ پاریس، به‌ڵام نه‌گه‌یشتن به‌ پاریس هێشتا گرفتێكه‌ ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می خه‌ون و هه‌رزه‌كاریی، ئه‌وه‌ی له‌ یاده‌وه‌ریی هه‌رزه‌كاریی یا گه‌نجێتیدا بوونیادی نابوو، ئه‌وروپا و ئاڵۆزییه‌كانی ژیان، تووشی شكستی روحی ده‌كات، هه‌موو ماناكانی بوون له‌م نۆڤلێته‌دا ده‌مانبه‌نه‌وه‌ سه‌ر ئالۆزیی سایكۆلۆجیا،كه‌ له‌نێوان مه‌رگ و ژیان و گرفته‌كانی ڕابووردوو، ڕابووردوویه‌ك له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، گۆشه‌یه‌كی تری ژیان ده‌یهاڕێت، به‌واتایه‌كی تر، هێشتا كوردێك نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئه‌وروپا بێت، به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانی، نۆستالیژیا لای تاكی ڕۆژهه‌ڵاتیی كوشتنێكی له‌سه‌رخۆیه‌،هه‌ر خودی “ونبوونی نووسه‌ر و شانۆكارێك له‌ كۆڵانه‌كانی پاریس” ته‌نانه‌ت له‌ پاریسیش، له‌ ده‌رئه‌نجامی سایكۆلۆجیای ئاڵۆزه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات.

له‌نێوان تاك ده‌نگیی و منی ئاڵۆز..
به‌ پێی تیۆری ده‌روونشیكاریی فرۆید، ” ئید ، من . ئیگۆ، ئه‌و ” ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی لێوه‌ده‌كه‌م به‌ومانایه‌ نییه‌ نیهاد جامی له‌م نۆڤلێته‌دا كاریگه‌ریی فرۆیدی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی چه‌مكی “منی ئاڵۆز” سستمه‌ نه‌ك به‌شێك بێت له‌ مێشك، لێره‌دا گریمانه‌یی كارا له‌ پرۆسه‌ی تاك ده‌نگیدا ڕۆڵی گرنگیی له‌ نێوان ئید و ئیگۆ هه‌یه‌، ده‌رئه‌نجام له‌ هه‌ناوی ئه‌م تاك ده‌نگییه‌دا “سوپه‌ر ئیگۆ” منی باڵا، سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌وه‌ی فرۆید باسی لێوه‌ ده‌كات، په‌یوه‌ندیی به‌ سێكس و شه‌ڕانگێزیی و زیندوویی ویژدان و ئه‌خلاقه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی من لێره‌دا له‌باره‌ی منی ئاڵۆز باسی لێوه‌ ده‌كه‌م، وێنه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی تیۆره‌كه‌ی فرۆیده‌، كه‌ گوزارشت له‌ دڵه‌ڕاوكێ‌ ده‌كات، دڵه‌ڕاوكێ‌ له‌نێوان منی ڕابووردوو له‌گه‌ڵ منی ئێستا، خه‌می گه‌وره‌ی منی ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ی دایكه‌ بۆ ناو ژیان و، ڕزگاربوون له‌و ئاڵۆزییه‌، لێره‌دا به‌پێی تیۆری ده‌روونشیكاریی قسه‌ له‌نێوان هه‌ردوو منی رابووردوو، منی ئێستا ده‌كه‌ین، منی ئێستا كار له‌سه‌ر وێنه‌ راستییه‌كه‌ی منی رابووردوو ده‌كات، كه‌ به‌شێكی گرنگی هه‌سته‌وه‌ره‌كانی گێڕه‌ره‌وه‌ی داگیركردووه‌، كه‌ ده‌یه‌وێ‌ له‌ ڕێی ئه‌و داگیركارییه‌وه‌، منه‌كه‌ی ئێستا وێنه‌ راستیه‌كه‌ی منی رابووردوو بخاته‌ڕوو، كه‌ هه‌ندێكجار ده‌بێته‌، ده‌بێته‌ گرفت بۆ سایكۆلۆجیای گێڕه‌وه‌ و، ئاڵۆزكردنی حیكایه‌ت.
ده‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی نیهاد جامی له‌م نۆڤلێته‌دا كاری له‌سه‌ركردووه‌، گۆشه‌یه‌كی گرنگی روح و سایكۆلۆجیای كوردیه‌، كه‌ مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ و كولتوورێكی تایبه‌ت، كه‌ كۆمه‌ڵگ و سایكۆلۆجیای كوردییه‌، به‌شێكی تری ئه‌م نۆڤلێته‌ كه‌ زۆر گرنگه‌ خه‌می هوشیاریی و مه‌عریفه‌یه‌ لای مرۆڤ، كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و ئاشتبوونه‌وه‌ی مرۆڤی كوردیه‌ له‌گه‌ڵ كتێب و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو كتێب.

نووسینی: داناعه‌سكه‌ر- کەرکوک

——————

سه‌رچاوه‌..
شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق / رۆلان بارت
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: عه‌بدالكه‌بیر ئه‌لشه‌رقاوی.
چێژی ده‌ق/ رۆلان بارت
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: مونزر عه‌یاشی.
الوجودیه‌ والعدم
توێژینه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌نتۆلۆجیای فینۆمینۆلۆجیا
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: عه‌بدالڕه‌حمان به‌ده‌وی.
نۆڤلێتی حه‌بیبه‌.
نووسینی: نیهاد جامی.




دایكەكان مرۆڤ بوون دار حەیزەران نەبوون.. سەدیق سەعید ڕواندزی

سەرنجێك لە بارەی شیعری (دایكەكان) ی دڵشاد عەبدوڵا

ئەزموونی شیعریی، ئەزموونێكە لە گۆڕاندایە. كاتێ شاعیرێكیش هیچی نوێی پێ نامێنێ بۆ وتن، یاخود ئەزموونە شیعرییەكەی لە جێی خۆی وەستا، ئەوا جاری مەرگی خۆی دەدات. خولانەوە لە بازنەی شیعرو زمانێكی دیاریكراودا، ناتوانێت گوتارێكی دیكەی شیعری جیاواز بێنێتە ئاراوە. یەكێك لەو ڕەگەزە شیعرییانەی وایكرد نیو سەدە زیاتر شێركۆ بێكەس لە نێو ئەزموونی نووسینی شیعردا بژیت زمانەكەیەتی. شێركۆ بە بڕوای من هەر تەنها شاعیرنەبوو، بەڵكو فەرهەنگێكیش بوو لە زمانی تازە و وشەی تازە. ئەگینا هاوشێوەی گەلێك شاعیری تر، دەمێك بوو دەكەوتە پەراوێزی مێژووەوە. كە زمانی شیعر جیاواز كەوتەوە، ئەوا وێنە و ماناش جیاواز دەكەونەوە. یەكێك لە خاسیەتە دیارەكانی تێكستی نەمر ئەوەیە،كە هەمیشە خوێنەردەتوانێت بگەڕێتەوە سەری و بەر مانای دیكەی جیاوازتر بكەوێت.ئەم جۆرە دەقانە، سنووری زەمەن وشوێن دەبڕن ولە یەك كاتدا هەم دەقێكی مێژوویین، هەم ئێستایین.ئەم خاسیەتە بە شێوەیەكی دیار لە ئەزموونی شیعری كلاسیكی كوردی دەبینرێت، كە وێرای تێپەڕبوونی چەند سەدەیەك بە سەر نووسینیان، كەچی هێشتا دەخوێنرێنەوە و بگرە هەندێكییان شڕۆڤەش نەكراون!.بێگومان هەر دەقێك نەیتوانی لەو چوارچێوە زەمەنی و مێژووییە دەرچێت كە دەقەكەی تیادا نووسراوە،ئەوا دەچێتە پەراوێزی مێژوو.بۆ ئەوەی دەقێكیش نەبێتە بەشێك لە مێژوو بەمانا ئەدەبییەكەی، ئەوا دەبێ وزە و هێزی ئەوەی تێدا بێت بەردەوام بخوێنرێتەوە. دەكرێ ئەی ڕەقیبی دڵدار نموونەیەكی دیار بێت لەو تێكستە نەمرانەی كە سنووری مێژوو دەبڕن. ئەی ڕەقیب كە دەیان ساڵە نووسراوە، لە ئێستادا نەك هەر دەخوێنرێتەوە، بگرە بۆتە ماڕشی نەتەوەیی ئێمە و بەشێكی دیار لە كۆنەستی میللی نەتەوەیی ئێمە.بێگومان، هەموو دەوقێك ناتوانێت شوناسی نەمریبوون وەربگرێت و نەچێتە پەراوێزی مێژوو،لە ئێستادا گوتاری بە شێكی زۆری شیعری ئەو نەوەیە نەك هەر نابنە جێگەی تێڕامان و خوێنەوەی خوێنەر، بەڵكو هەر لەگەڵ نووسینیشیاندا دەقی مردوون. واتە هەر ساتی یەكەمی خوێنەوەی دەقەكە، خوێنەر درك بەوە دەكات كە لە بەردەم تێكستێكدایە كە جگە لە یەكجار بینین و خوێنەوە، ناتوانێت كۆنتاكی لەگەڵ هەبێت. چ جای ئەوەی دوای چەند ساڵێك وجارێكی تر بگەڕێتەوە سەری. بەشێك لە شیعری ئێستا لە ئاستی زمان و گوتاردا، هێندە سادە و ڕووت دەكرێتەوە، وەك ئەوەی لە بەردەم دەقێكی میللی بین نەك شیعر. كە یەكێكە لەو ژانرە جوانانەی چێژ و جوانی بە خوێنەر دەبەخشێت. ئەو سادەبوونە هەر تەنها لە ئاستی فۆڕمدا نییە، بگرە لە ڕووی ناوەڕۆكیشەوەیە. زۆرجار ئەو سادەبوونەوەیە مانا ون دەكات و یان بەر مانایەك دەكەوین، كە خاڵی لە هەموو جۆرە جوانی و شیعرییەتێك. شیعر یەكێكە لەو دەقانەی لە یەك كاتدا جوانی و چێژ، پەیام و مانا بە خوێنەر دەدات، ئەزموونی شیعری شاعیرێك، كاتێ لە بازنەیەكی دۆگما دەوەستێت و لە دەوری وشە دەخولێتەوە، ئیدی ئەزموونێكە كۆتایی هاتووە، یاخود لە دوا دڵۆپی چۆڕاوەی شیعری خۆیدایە. لە ئەزموونی شیعری شاعیراندا، ڕێچكەیەك هەیە، ئەویش بەرەو پێشەوەچوون و تاقیكردنەوەی ئەزموون و ستایلی جیاوازی دیكەی شیعرییە، نەك گەڕانەوە وەك ئەوەی لای بەشێكی زۆری شاعیرانی نەوەی ڕابردوو لە ئێستا دا دەبینرێت. شیعر تەنها زمانە، بە بێ دەربەستبوون بە زمانێكی نوێ، جیهانبینییەكی نوێ، ڕوانینێكی نوێ، هیچ شاعیرێك ناتوانێت تا سەر شیعر بنووسێت و خۆی كاوێژ نەكاتەوە، یان دەق بە هەندێك وشە و وێنەی سواوی شیعری نەگرێت، كە هەزاران جار دووبارە دەبنەوە. زمان ئەو كەرستەیە، كە دەتوانرێت لە چەندین گۆشەنیگاو دەلالەتی شیعرییەوە، لە دەقی شیعریدا بەرجەستە بكرێت، خووگرتن بە زمانێكی دیاریكراو، بە چەند وشە و وێنەیەكی سواو، ناتوانێت تێكستێكی شیعری جیاواز و نوێ بەرهەم بهێنێت. دەقی شیعری (دایكەكان جوان بوون) ی دڵشاد عەبدوڵا، كە دوایین شیعری تازەیەتی، یەكێكە لەو شیعرانەی بە بڕوای من گوزارشت لە كۆتایی هاتنی ئەزموونی شیعری ئەو شاعیرە دەكات. گەر بە وردی بڕوانینە ئەو شیعرە و بەراوردی بكەین بە شیعرەكانی بیست ساڵ لەمەوبەری ئەم شاعیرە، ئەوا زۆر بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەم شاعیرە، لە بری ئەوەی بەرە و پێش چوو بێت و ئەزموونی تازەی شیعری تاقیكربێتەوە، كەوتۆتە خۆجوینەوە و نووسینی جۆرێك لە بە ناو شیعر. ئەم شیعرە، لە ڕووی زمان، ناوەڕۆك، وێنەی شیعریی، لە ئەزموونی شاعیرێك ناچێت، كە پەنجا ساڵە شیعر دەنووسێت. ئەم دەقە، یەك ڕاستی بۆ خوێنەران دەردەخات، ئەویش ئەوەیە كە ئەم شاعیرە، دوا چۆڕاوەی شیعری خۆی كوشیوە و سەرەنجام ئەو دەقە ناهونەریی و لاوازەی لێ كەوتۆتەوە. دڵشاد عەبدوڵا لەم شیعرەیدا دەڵێت:_

مەنجەڵ لە سەر ئاگر جوانە
كە دایكەكان سەرپۆش لا دەبەن لە سەری
كەوگیر چ دڵگیرە بە دەستیانەوە كەوگیرێك زیاتر بۆ باوك و بنكر بۆ خۆیان.
پەنجا ساڵ لەمەو بەر، پەشێو، شاعیری بە هەڵوێست و پاك ودیاری نەتەوەیی ئێمە، لە شیعرێكیدا كە بۆ تاڤگەی برازای نووسیوە دەڵێت:_
بەیانیان كە ئاگرۆكە دەكەیتەوە
شیر بۆ من و بنكڕ بۆتە
دڵشاد عەبدوڵا، دوای نیو سەدە لە ئەزموونی شیعری خۆی، كە هەمیشە وەك قیگەرێكی دیاری شیعریش هەوڵی پیشاندانی دەدەن، دێت وێنەیەكی شیعری پەشێو، لە گوزارشت و مانایەكی جیاوازدا دووبارە دەكاتەوە، ئەمەش تەنها یەك ئاماژە دەگەیەنێت كە ئەویش خولانەوە بەدەوری وشە و گەڕانەوەیە بۆ دواوە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، وشە موڵكی شاعیرێك بێت، بەڵكو كاتێ هەمان وشە، بە هەمان وێنە و وەسف خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئەوا جگە لە لااساییكردنەوە، نەبوونی دیدگایەكی نوێی شیعری، هیچ مانایەكی دیكەی نییە. شاعیر، دایكەكانمان دەباتەوە نێو ئەو چوارچێوە خیڵەكی و میللیەی وەك زیندان بە درێژایی مێژوو، بۆیان بووە ئەویش ماڵەكەیان و نێو موبەقەكانیانە. ئایكۆنەكانی مەنجەڵ، كەوگیر، سەر ئاگر، دەلالەتن لەو ئەركە ژنانەیەی كە هەمیشە لە كۆمەڵگەی ئێمە بە ژن دراوە و دەدرێت. بەو مانایەی ئەركی ژنان، هەر تەنها چێشت و مەنجەڵ و خزمەتكردنی پیاوە و دەبێ وەك حەیزەران بەرگەش بگرێت. شاعیر، كەوگیرێك زیاتر لە ژنەكان بۆ باوك دا ئەنێت ! بە ڕاست ئەم دیدگایە، هەڵگڕی چ گوتار و مەبەستێكە؟ جەختكردنەوە لە دنیابینی شاعیرێك بەوەی دەبێت دایكان كەوگیرێك زیاتر خواردن لە خۆیان بۆ باوكان دابنێن ئاماژەی چەوسانەوەی ژن و دیدگای پەتریاكی خیڵگەڕایی نییە؟ بۆ دەبێ باوك كەوگیرێكی زیاتر لەدایك ببات لە كاتێكدا ئەو خۆی خواردنەكە ئامادە دەكات و تین و تاو و بڵێسەی گەرمی ئاگرەكە دەیسووتێنێت؟ ئەم جۆرە وێناكردنە، كە لە پەراوێزییەوە شاعیر دەیەوێت وەك وێنەیەكی جوان و سادەی ژیانی ڕابردووی دایكەكان پیشان بدات، لە ڕاستیدا وێنەیەكی جوان نییە، بەڵكو وێنەیەكی خێڵەكی و پڕ ئازارە و گوزارشت لە چەوسانەوەی ژن، بە دەست و ئەقڵی پەتریاكییانەی پیاوی كورد و ڕوانینی باوك بۆ دایك و نێر بۆ مێ دەكات. شاعیر لە ڕێی وێنەكانی مەنجەڵ و كەوگیر، چێشت و شیر، ژنان دەباتەوە نێو موبەق و ئەو پەیامەمان پێ دەگەیەنێت كە شوێنی ئەوان ئێرەیە و ئەوان دەبێ موتیعی پیاوەكانیان بن و ڕێزیان لێ بگرن و كەوچكێك زیاتریش لە بەشەكەی خۆیانیانی پێ بدەن، بەو مانایەی ئەوان دەبێ ماندوو بن، ئێوەی پیاویش دەبێ بحەسێنەوە، وەك ئەوەی لە ئیسلامدا دەگوترێت هەر ژنێك پیاوەكەی لێ ڕازی نەبێت، ناچێتە بەهەشت. گەرچی لە ڕوالەتدا، ئەم شاعیرە دەیەوێت وا وێنای بكات، كە شكۆ و و ڕێز، پایەی كۆمەڵایەتی و میللی بۆ دایكەكان دەگێڕێتەوە كە لە ڕابردوودا چۆن بوون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا گوتارێكی نەریتی و سوننەتی بەرهەم دەهێنێت و جەخت لەو وێنە میللیی و پەتریاكییانە دەكاتەوە، كە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا پیاو بۆ ژن هەیەتی. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، هەمیشە ژنان هاوتای پیاوان، لە ئەرك و ماڵداریی و خەبات و تێكۆشان دابوونە و باجی زیاتریشیان داوە، دایكی وەها هەبووە، چوار ڕۆڵەی بەخشیوەتە كوردستان، خۆڕاگر و بەورە و قوربانبیدەر بووینە، شیاوی ئەوەن تەوێڵیان بۆ لە خاك بسووی، وەك ئەوەی پەشێوی مەزن دەیڵێت، ئەم شاعیرە هەموو ئەو وێنە مەزن و مێژوویی و جوانانە نابینێت و دێت وێنەی دایكێكمان بە كەوگیر و مەنجەڵ پیشان دەدات، وەك ئەوەی ژنی كورد جگە لەم كارە، هیچی تر نەزانێت و كاری تەهنا نێو چێشتخانە بێت.؟ ئەم شاعیرە، دوای ئەوەی دایكەكانمان بەو شێوەیە پیشان دەدات، ئەمجارەیان دەڵێت:_
دایكەكان دار حەیزەران بوون و گوێیان بە هیچ نەدەدا

لە ڕاستیدا، دایكەكان دار حەیزەران نەبوون، بەڵكو مرۆڤ بوون، وەك من و شاعیریش ئاوەز و هەست و سۆزیان هەبوو، دڵخۆش و نیگەران دەبوون، خەمیان دەخوارد و ڕامانیان دەكرد، بیریان دەكردەوە، لە دۆخ و گوزەرانی ژیان و چەوسانەوەیان بە دەستی پیاو، ئاین، نەریت و كۆمەڵگە نیگەران بوون، ئەوان مرۆڤ بوون و هەست و سۆزیان هەبوو، كە گوێیان بە هیچ نەدەدا، ئەوا لە خۆڕاگریان نەبوو، لەوەش نەبوو كە وەك دار حەیزەران ڕەق و پتەو و بێ هەستن، لە كاتێكدا ژنان هەزاران ئەوەندەی پیاوان یە سۆزتر و ڕۆمانسیترن، بەڵكو لە ترسی پیاوەكانییان و لە ترسی كۆمەڵگە، ناچاربوون ئەو دۆخە قبوول بكەن. ئەوان دەبوو، ماندووەتی، ماڵداریی، چەوساوەنەوە، ستەم و بگرە لێدان و شكانەوەش بچێژن، بێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت، ناڕەزایی دەرببڕن و قسە بكەن، مەگەر ئێستاش لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، هەزاران پیاوی لەو شێوەیە بوونیان نییەو هەمان ئەقڵی پیاو سالارانە بەركار نییە؟ ئەوان گوێیان هەبوو، هەرگیز توانای دار حەیزەرانیشیان نەبوو، ئەوان مرۆڤ بوون نەك دارێكی ڕەق و تەقی بێ هەست و سۆز، ئەوە پیاوەكانن وایان دەكرد، دایكەكانمان خۆیان وەك دار حەیزەران پیشان بدەن، مەگەر هیچ مرۆڤێك هەیە، بەدەر لەویست و تواناو خواستی خۆی، كاربكات و ماندوو بێت، ناڕەزاییش دەر نەبڕێت؟ شاعیر بەردەوام دەبێت لەو وەسفە نا سرووشتی و بایۆلۆژیی و مرۆییەی دایكەكان و ئەمجارەیان دەڵێت:_

دنیایان لەو خشتانە دروست دەكرد
كە لە خانووی تر ڕووخابوون
بێ ئەوەی گلەیی لەكەس بكەن
دایكەكان، دەیانتوانی گلەیی بكەن، گلەییشیان دەكرد، دڵنیاش بوون خانوو دروستكردن، خشت كێشان و هێنان، لەگەڵ توانست و سرووشتی ژنانەی ئەوان نە دەگونجا، بەڵام لە ترسی پیاوەكان، ناچار دەبوون بێ دەنگ دابنیشن و گلەیی نەكەن. ئێستاش لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، چەندین پەند و ئیدیۆمی بێ مانا لە بارەی ژنەوە دەگوترێن، وەك ئەوەی دەڵێن ( ژنان ئەقڵیان لە كۆشدایە هەر هەستن لێیان دەكەوێت، تا پیاو هەبێت، ژن مافی نییە قسە بكات، پرس بە ژن بكە بەڵام بە گوێی مەكە، ژن هەر تەنها دەتوانێت تا شەو پارێزگاریی لە نهێنییەك بكات و نەیدركێنێت ) ئەمانە و چەندین دەربڕینی دیكە، گوزارشت لەو ڕوانیننە خیڵەكی و پەتریاكییانە دەكەن، كە كۆمەڵگە و پیاو بۆ ژن هەیەتی، ئیدی ئەوان چۆن دەتوانن گلەیی بكەن، دواتر گلەیی لە كێ بكەن؟ لەوانەی هەر خۆیان سەرچاوەی ترس و بێباكی و ستەم بوون بۆ ژنان و دایكەكان ؟ مرۆڤ كە گوێی بە ماندووبوون نەدا، كە گلەیی و بیركردنەوەی نەبوو، كەواتا دەبێ ڕۆبۆت بێت نەك مرۆڤ ! دایكەكان ماندوو دەبوون، گلەییشیان هەبوو، زۆرباش دركییان بەو دۆخەی ژیانی خۆیان و ئەو ستەمەش دەكرد كە لێیان دەكرا، بەڵام نەدەوێران دەنگ هەڵبڕن. دڵشاد عەبدوڵا، دەیەوێت هەموو ئەو دۆخە كۆمەڵایەتی و ژنێتییەی دایكانی ئێمە لە ڕابردوودا تیایدا ژیاون، وەك ئاكتێكی سادە و ئاسایی پیشان بدات و ئەو پەیامە بگەیەنێت، كە دایكەكانمان چەند بێ ئاوەز، هەست و سۆزبوون و توانایەكی چەند سیزفیانەیان هەبووە، كە لە واقیعدا وا نەبوو، بەڵكو چەندین پلە، لە خوارەوەی پێگە و پایەی كەسی و كۆمەڵایەتی پیاوەوە بوون. شاعیر بەردەوام دەبێت لە وەسفی دایكەكان، بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت بۆیە لە كۆتایی شیعرەكەیدا دەڵێت:_
دایكەكان جوان بوون
بە تایبەتی كە ڕۆیشتن و شپرزەیان جێهێشت
لە دوای خۆیاندا
دەبێ هیچ جوانییەك لەوە دابێت، سەیری شپرزەیی دایكەكان بكەین، كە وەك دوا یادگاریی پڕ لە ئازاریی ژیانێكی پڕ لە ماندووەتی و نائومێدی لە دوای خۆیانیان جێهێشت؟ دایكەكان، تا لە ژیان دابوون هەر ماندوو، جگەر سووتاو، شپرزە بوون، كە مردیشن، هەر تەنها خەم و نائومێدی و شپرزەیان جێهێشت، بەڵام ئەم ژیان و دیمەنانە، ئەم بیرەوەریی و یادگارییانە، لە ڕاستیدا نەك هەر جوان نەبوون و نین، بەڵكو مایەی نەنگیشن. دەبێ شپرزەیی و ماندووەتی ئەوان، بكەینە مایەی ڕەخنەكردن، ڕەت كردنەوەو دڵسووتانمان بە دایكەكانمان. هیچ مرۆڤێك لە ژیاندا نییە، ئارەزووی ئەوە بكات شپرزەیی لە دوای خۆی جێبێڵێت، لە بری ئەوەی شانازیی بەوە بكەین كە دایكەكانمان چ ناسۆریەكییان لە دوای خۆیان جێهێشت، ئەوا دەبێ ڕەخنەی ئەو ئەقڵیەتە پەتریاكی و خێڵەكییە بكەین، كە بە ئێستاشەوە، نایەوێت دایكەكنمان بحەسێنەوەو چێژ لە ژیان ببینن و وەك مرۆڤ سەیر بكرێن، بۆ ئەوەی كە مردن شپرزەیی لە دوای خۆیان جێنێڵن.

سەدیق سەعید ڕواندزی

سەرنج: دایكەكان جوان بوون، شیعرێكی ( دڵشاد عەبدوڵا ) یە، لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ، ژمارە (1324 ) لە 30 / 5 /2024 بڵاوكراوەتەوە.

• ئەم بابە تە لە ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1395) لە 16/7/2024 بڵاوكراوەتەوە.




گفتوگۆ لەگەڵ موزیكژەن مەجید خۆشناو.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

موزیكژەن مەجید خۆشناو: ئامێری كەمان گەورەترین روبەری لە تیپە سیمفونیاكان داگیر كردوە
موزیكژەن مەجید خۆشناو: زۆر گرنگە هونەرمەندو نووسەرو شاعیرو ئەدیب تا لە ژیان مابێت گرنگی پێ بدرێت و ڕێزی لێ بگیرێت
هونەرمەندی موزیكژەن مەجید سەعید خدر ناسراوا بە (مەجید خۆشناو) لە شاری شەقڵاوە لەدایك بووە،لەسەردەمەنێكی زووە وەكو ژنیار خزمەت بەهونەری كوردی كردوە، لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو لە ئێزگەو تەلەفزیۆنی كوردی بەشداربووە لە تۆماركردنی چەندین گۆرانی بۆهونەرمەندان (تایەر تۆفیق،تەحسین تەها،فوئاد ئەحمەد …) لەسەردەمی شۆرشی ئەیلول وەكو ژنیار بەشداری لە ئاهەنگەكانی نەورۆز و بۆنە نیشتمانی لە ناوپردان و گەڵاڵەدا كردوە…لە ساڵی 1981 دەبێتە پێشمەرگە وەكو ئەندامی تیپی شەهید كارزان بەشداری بووە لە تۆماركردنی دەیان سروودی شۆڕشگێڕی بۆ بۆ هونەرمەندان (حەمە جەزا،ناسری رەزازی،نەجمەی غوڵامی..) خاوەنی چەندین ئاوازە ،لە هەمان كاتدا مەجید خۆشناو لە بواری نووسینیش خاوەنی چەندین كتێبە لەسەر موزیك.. ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و عێراقە..بەمەبەستی ئاشانا بوون بەكارو چالاكییەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرانمان باس لە چۆنیەتی ئاشانابوونت بە هونەری موزیك بكەیت؟

  • سەرەتای ئاشنابوونم بە موزیك و خۆشەویستیم بۆ ئەو هونەرە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتایی لەپۆلی دووی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی ڕزگاری كە مامۆستا” عەبدولواحید مەرجان” یەكەم ئاوازو سروودی بە گوێمان چرپاند. دوای فێری ژەنینی ئامێری كەمان بووم بەئەندامی تیپی موسیقای سەفین لە گەڵ هونەرمەندان” رزگار خۆشناو ڕەنجبەر خۆشناو ” كە ژمارەیەك هونەرمەندی لە خۆ گرتبوو لەوانە رەوانشاد” حەمید سەعید قەساب” كەئەوان دانەری تیپەكەبوون .لە ساڵانی حەفتاكان (ئەوكاتەی قوتابی بووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان). لەزۆربەی ئاهەنگەكانی بۆنە نەتەوەییەكان بەشداربوون بەتایبەتی ئەو ئاهەنگانەی كەلە ناوپردان و گەڵاڵە ساز دەكران لە دوای بەیانامەی 11ی ئادار بە گڕووتینێكی تر دەستمان بە چالاكی كردوە .دوای ئەوەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا بەشی موزیك وەرگیرام كاتێ لە پشووەكان دەهاتنەوە لەنیوەی ساڵ و سەڕی ساڵ پشووی هاوین دوای رێكەوتنەكەی ئادار ئێمە بەردەوام بووین لە چالاكی تائێستاش بەردەوامین،بە چەندین قۆناغی هونەری تێپەربووین.

    *تا چەند گرنگە ژنیار دەرچووی فێرگەیەكی هونەری بێت؟

  • بێگومان گرنگە بۆ هونەرمەند لە هەر بوارێك بێت برەو بەهونەرەكەی بدات، بەڵی بەمەبەستی برەودانە بە توانستەكانمان، دوای بەیانامەی 11ی ئادار لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا بەشی موزیك ئامێری چەلۆ(ڤیۆلۆنسێل) وەرگیرام بەشێوەیەكی زانستی گرنگی بەهونەرەكەم دا. زۆری چالاكیەكانم ئەو كاتە لەئێزگەی كوردی بەغدا بوو لە تۆمار كردنی گۆرانیەكانی(تایەر تۆفیق، تەحسین تەها و فوئاد ئەحمەد) جگە لە ئاهەنگەكانی نەورۆزو بۆنە نەتەوەییەكان ساڵی 1975-1976 دوای پێنج ساڵ لە خوێندن توانیم بڕوانامەی دبلۆمم لە بواری موزیك بەدەست بهێنم.

    *كامەن ئەو ژەنیارانەی كاریگەریان لە سەرتۆ هەبوو،یاخود سەرسامیت بە ژەنینیان؟

  • ئەو سەردەمەی من قوتابی بووم باشترین ژەنیاری كەمان لەناو عەرەب دا(عەبوود عەبدولعال)،بوو كە ژەنیارێكی بەتوانای لوبنان بوو ئەو هونەرمەندە زۆرینەی گۆرانیەكانی ئوم كەلسوم بە كەمانەكەی ئەژەنێ زۆر سەرسامی ژنینی بووم. لەناو كوردیشدا ژەنیاری بەتوانای كەمان زۆر كەمن سەرسامیانم بوون وەكو “دڵشاد سەعید دهۆكی” كەهاوڕێ ی خۆمان بوو لە پەیمانگا ساڵێ دوای ئێمە بوو. هەروەها مامۆستا “ئەنوەر قەرەداغی” نەك من زۆری ئەو قوتابییە كوردانەی ئەو سەردەمە لە ژێر كاریگەری ئەوانەدا بوون.. لەئامێری چەلۆ من سەرسام بووم بە مامۆستاكەم ” حوسێن قەدوری ” هەروەها رەوانشا كەنعان وەسفی كە ئەكتەرێكی دیاری عێراقی بوو. كوڕێكی هەبوو ( قوسەی كەنعان وەسفی) باشترین ژەنیاری ئامێری چەلۆ(ڤیۆلێنسێل)بوو لە گەنجەكان لە تیپی سەمفۆنیای ژەنیاری یەكەم بوو رۆڵی سەرەكی هەبوو لە كۆنسێرتەكانی ئامێری چەلۆ كاریگەری زۆری لەسەر من هەبوو.
  • كێن ئەوانەی ئامێری كەمانیان داهێنا بەواتایەكی تر نیشتنیمانی ئامێری كەمان كوێیە؟
  • ئامێری كەمان ئامێرێكی ژێدەری رۆژ ئاواییە گەورەترین روبەری لە تیپە سیمفونیاكان داگیر كردوە زۆر جار ژمارەیان لە 30 ئامێری كەمان تێپەڕ دەكات. سەرەتای دۆزینەوەی بەفەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی شانزەهەم ،ئەوكاتە بە دەست دروست دەكرا بەناوبانگترین خێزانی دروستكەری ئەو ئامێرە خێزانی “سترادیڤاری” لە ئەڵمانیاو خێزانی” ئەمانی” بوون لە ئیتاڵیا.بەناوبانگترین دروستكەری لە خێزانی سترادیڤاری(ئەنتۆنیۆ سترادیڤاری)بوو. باشترین كەمان لەسەر دەستی ئەو بلیمەتە ساڵی 1713 دورست دەكرا. باشترین ژەنیاری ئامێری كەمان و داهێنانەكانی لە كۆنسێرتی كەمان(ئەنتۆنیۆ ڤیڤاڵدی) بوو. لەچەرخی باروك دا. بەڵام ئێستا دوای بوونی بە كاری بازرگانی كارگەی تایبەت بەو ئامێرە لە (ئەڵمانیاو ئیتاَلیاو چین و یابان و چیك ) ئەو ئامێرە بەرهەم دێنن.بەڵام هەموو كاتێك كاری دەستی خوازراو ترە.. وەكو كارەشی هەورامان.
  • ئاوازی تایبەت بەخۆت هەیە؟
    ئەوەی راستی بێت من جگە لە ژەنین ،لە هەمان كاتدا گرنگیم بە نووسین و سروود داوە كەلە شاخ بووم، سروودی (قۆچی قوربانی وڵاتم) هۆنراوەی دكتۆر مارف عومەر گوڵ و وتنی هونەرمەند ی كۆچكردوو “تاهیری خەلیلی” ئاوازی من بوو هەروەها هۆنراوەیەكی شاعیر حەمە سەعید حەسەن ناو نیشانی هۆنراوەكەم لەبیر چووە بەڵام سەرەتاكەی ئەڵێ (چونكە لوتكەی سەرم نەوی نابێ چونكە زامی..هتد) كۆتاییەكەی دەڵێ (چونكە بۆ چەوساوەكا ن ئەنووسن). ئەمەو هۆنراوەیەكی هێمنی شاعیرە كە دەڵێ (ئەی شەهید ئەی نموونەی ئازادی ..نەڕوات خوێنی تۆ بە خۆڕایی ئاوازی شاخی بوون ..) دوای ڕاپەڕین و ئازاد كردنی كوردستان ئەگەر سیدی 2010 چالاكی قوتابخانەكان ببینی زۆری سروودی مناڵان كە هۆنرەو ئاوازی خۆم بوون ،لەوانە (كوردستان، ڕەنگینە، دۆڵ و شاخی بەفرینە، تاڤگەی چەم و ڕووباری بەهەشتی سەر زەمینە، سروودی كەش و هەوای وڵاتەكەم.. هتد).
  • بەبۆچوونی بەرێزتان ئاستی موزیكی كوردی لەئێستادا لەچ ئاستێك دایە؟
  • موزیك زمانێكی جیهانیە ئێمەی كورد وەك میللەتێكی ڕۆژهەڵاتی خاوەن موزیك و مەقامی تایبەت بە خۆمانین میللەتێكی دەوڵەمەند بەگۆرانی فۆلكلۆری رەسەن بۆ نموونە مەقامی ئای ئای و ،خاوكەرو،خورشیدی و،ئەڵا وەیسی و،هیجران و. كورد و،بەیاتی كوردی ..فۆڕمی تایبەتن بەكورد كەهونەرمەندانی رەسەن( عەلی مەردان،تاهیر تۆفیق، حەسەنی جزیری)، هونەرمەندی رەسەن بوون ..لەڕووی گۆرانی ئەو سەردەمە جوانی خۆی هەبوو .ئەو موزیكەی كەئەو كاتە ئەژەنرا لەدڵ و ناخ بوو. بەڵام لەڕووی دابەش كردن كە بە عەرەبی ئەڵێن(التوزیع الالی) ئێستا پێشكەوتووترە واتە گیانی موزیكی ئەو سەردەمە بەچێژتر بوو. ئەو ئاوازانەی ئێستا ئەوترێت هەر هی ئەو سەردەمە زێڕینەن جگە لە هونەرمەند( عەدنان كڕیم و بیژەن كامگار)لەو كاسێتەی گۆرانیەكانی( سەید ئەسغەری كوردستانی) لەگەڵ تیپی ئۆركسترای تاران ،كەزۆر بەجوانی ئەیڵێنەوە . بەداخەوە ئەوانیترزۆر لاسایی كردنەوەیان سەقەتە جێگای داخە ئێستا وەك جاران لەئێزگەی كوردی هەبوو فیلتەری نیە دەنگەكان هەڵسەنگێنن. ئەوی دێت پارەی هەبێت كلیپ دەر ئەكاو گۆرانی ئەڵێ ئاوازی كۆنی رەسەنیش ئەشێوێنن.. لەوانەیە تەكنۆلۆژیاو ڕیتمی خێراو سەردەمی ئێستا ئەو سلبیاتەی هەبێت.

    *لە بواری نووسینش بەرێزتان خاوەنی چەند كتێب و لێكۆڵنەوەن ئەكرێت تیشك بخەیتەسەر ئەم بوارەش ؟

  • لەڕووی نوسین بەتایبەتی موزیك داخەكەم كەمن ئەوانەی خۆیان لەقەرەی ئەو بابەتە ئەدەن كەمەن من هەوڵەكانی( دكتۆر ئامانج غازی و مامۆستا وریا ئەحمەد و حەمەی حەمە باقی ) بەرز ئەنرخێنم بەرهەم و كتێبی جوانیان هەیە هەتا ئەو نووسینانەی كاك (فەرهەنگ غەفوور، هەنگاو ئەنوەر شێخانی،مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی) لەگەڵ ئەوهونەرمەندانەی كەلە گۆڤاری چلاواز ئەیان نووسی جێ پەنجەیان دیارە.. هەوڵەكانی منیش تا ئێستا چوار كتێبم بەچاب گەیاندوون لەوانە (سەر بردەوە ڕووداوی مێژوویی لە لاوكەكانی كاوێس ئاغا)، كەتا ئێستا چەندان كۆڕو سمینارم لەسەر كردوە لاوكەكانی كاوێس ئاغا رەسەن و مێژوویین هەروەها كتێبەكەی ( بیتهۆڤن) 400 چوار سەد لاپەڕەیە لەنووسینی دكتۆر حوسێن فەوزی كەبە ڕەگەز میسریە لە عەرەبی وەرم گێڕاوە بۆ سەر زمانی كوردی.كتێبی (پەلكە زێڕینە) تایبەتە بەژیانی چل هونەرمەندو گۆرانی بێژ و موزیسیان بۆ نموونە لەموزیسیانەكان موشتەبای میرزادە تێدایە. چوارەم كتێبم (دە ئاوازی جیهانی یە) نووسینی دكتۆرە سورەیامەلحەس ئەوەش وەرگێڕانە بۆسەر زمانی كوردی ..شوكر ئێستا سێ كتێبی ترم ئامادەن بۆ چاب لەوانە (جیهانی موزیك) نووسینی (زین النصار) (لە ئاوێزانی هونەری موزیك ) كە 17 بابەتی موزیك لە خۆ دەگرێت وەك فۆڕمی جیهانی كۆنشێرتۆو ،سیمفۆنیاو .چەمبەر موزیك (موزیكی كۆشك)كەسەردانی هایدن و مۆزارت و بیتهۆڤن بۆ شازادەو میرەكان ئەنووسرا، بەڵام و لە كۆشكی شازادەكان نمایش دەكرا. هەروەها بابەتی خۆماڵیش لە خۆ دەگرێت وەك لاوك و حەیران بەنموونە. لەدەرەوەی موزیك كتێبێكم هەیە لەسەر زاناو داهێنەران بەنموونە (ئەدیسۆنی) تێدایە كە داهێنەری كارەبایە.
  • لەم رۆژانە لەلایەن پارێزگاری هەولێر مەراسیمێكی رێزلێنانت بۆ ساز كرا تاچەند گرنگە هونەرمەند تا لە ژیان دایە رێزی لێبگریت؟
  • زۆر گرنگە هونەرمەندو نووسەرو شاعیرو ئەدیب تا لە ژیان مابێت گرنگی پێ بدرێت و ڕێزی لێ بگیرێت . من سوپاسی برای هونەرمەند( وشیار مەرجان) ئەكەم وەك بەڕێوەبەری چالاكی قوتابخانەكان .هەروەها مامۆستاو هونەرمەند( فەرهەنگ غەفوو)ر كەهاریكار بوون بۆسازدانی ئەو ڕێورەسمە، بەئامادەبوونی ،جەنابی پارێزگار كاك ئومێد خۆشناو،دكتۆر عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاو ،كاك عەبدولڕەحمان فەرهادی سەرۆكی یەكیەتی نووسەران و سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی قەلغان ومیدالیاو گوڵیان بۆ هێنام لەوانە، برای هونەرمەند (هیواسوعاد ) سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندان .سوپاس بۆ كاك حەمزە ئامادەكارو پێشكەشكاری كەناڵی قەڵات هەروەها كەناڵی گەلی كوردستان سوپاس بۆ هەردوو بێژەری بەتوانا( دڵسۆز خان و ژیار خان)،سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەموو ئەو نووسەرو رۆشنبیرو هونەرمەندو جەماوەرە جوانانە مایەی شانازی بوو. سوپاس بۆ ئێوەش .



هەڕەشەی حکومەتی کات بەسەرچووی هەرێمی کورستان لەفەرمانبەران، هەڕەشەیەکی مافیاییە!.. تاهیر عیسا

لەناو جەستەی بۆگەن کەوتووی حکومەتی هەرێمی کات بەسەرچوودا، ڕۆحی میلیشیایی و مافیایی هاوار دەکات.
ئەم حکومەتە سەلماندی کە نیگەرانی وترسی فەرمانبەران لەهەژماری من ،لەجێگای خۆیدایە.ئەوان دواجار هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر فەرمانبەران هەتا کاتی دیاریکراو لەهەژماری من ئەکاونتیان نەکەنەوە، موچەکەیان دەبڕدرێت.
ماوەیەکی زۆرە دوابەدوای ڕیفڕاندۆمە شکست خواردووەکەی بنەماڵەی بارزانی و بەرتەسک بوونەوەی قەڵەمڕەوی حکومەتی هەرێم و لەدەستدانی ناوچەدابڕێندراوەکان و گەڕانەوەی هەرێم بۆ دۆخی بەرلەدۆخی دیفاکتۆیی، پارسەنگی هێز، لەنێوان هەرێم و ناوەند، بەقازانجی ناوەند وەرچەرخا، لەوساوە مشت و مڕ لە نێوان حکومەتی هەرێم وناوەند، بەچەند ئاقارێکدا گوزەری کردووە، هەر لە مایەپووچبوونی سیاسەتی ئابووری سەربەخۆو قەرزاربوونی حکومەت بەزیاتر لەسیی و سێ ملیاردۆلارو هەتا دەگات بەڕاگرتنی هەناردەی نەوت لەڕێگای بۆڕیەوە و هەڵوەشانەوەی پەڕلەمانی ماوە درێژکراوەو بەسەرچونی ماوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و، ئاڵ و گۆڕ لە ژمارەی کورسیەکانی پەڕلەمان و کۆتاکان و ئاڵ وگۆڕلەبازنەی هەڵبژاردنەکاندا لەبازنەیەکەوە بۆ چوار بازنەو…هتد، هەموو ئەمانە مەیدان گەلێک بوون، کە حکومەتی ناوەند لەڕێگای دادگای فیدڕاڵیەوە هەل ومەرجی سیاسیی و ئیداریی و ئابووری فەرمانڕەوایانی حکومەتی هەرێمی بەتایبەت پارتی تیادا لەمه نگەنەداوە .ئێستاش مەسەلەی مشت ومڕی تەوتینی موچەو هەژماری من، وەک مەیدانێکی دیکەی ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا، لەنێوان هەژماری ئەوان و تەوتینی ناوەنددا، سەرباریی پێداگریی دادگای فیدڕاڵی ناوەند، لەسەر تەوتین، بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. وە لەلایەکی ترەوە کۆنتر لەم مململانێی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەندە، ململانێی زیاتر لەسی ساڵەی نێوان حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانە، بەتایبەت فەرمانبەران و موچەخۆرانی، چەندین ساڵە لەگەڵ ناشیرینترین نموونەی حوکمڕانی لەدنیادا دەست و پەنجە نەرم دەکەن، مانگرتن و بایکۆت و هەڵڕژانە سەرشەڤامەکان، بەتایبەت لەزۆنی سەوز، لەسەر موچەو قوت و لێبڕین و پاشەکەوتکردن، بەشێکی بەردەوامی سیراعی نێوان حکومەت و موچەخۆران بووە، تا دواجار کار بەوە گەیشت، مووچەخۆران تەواوی متمانەیان بەرامبەر بەم حکومەتە خۆماڵییە لەدەستبدەن و گواستنەوەی ناوەناوەی ناڕەزایەتیەکانیشیان بۆ ناوەند، دادگای فیدڕاڵی ناوەندی ناچار بەبڕیارێک بەقازانجی موچەخۆرانکرد، کەتەوتین و موچەدانە بەفەرمانبەر وەک باقی فەرمانبەرانی دیکەی عێڕاق، بەڵام فەرمانڕەوایانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو، هەتا ئێستاش نایانەوێت بڕۆنە ژێر باریی بڕیارێک کەلەقازانجی موچەخۆرانی هەرێم بڕیاری لەسەردراوە. هۆکارەکەش زۆر ڕۆشنە، فەرمانڕەوایانی هەرێم، وەک بنەماڵەی دزو مافیاو گەندەڵ، تەنیا شتێک کە دەتوانن بۆ ئیدارەی پێگە ناشیرنەکەیان لەدەسەڵاتدا بەدەستەوە بگرن، هەژماری منە. هەژماری من بۆ ئەوان ، واتای درێژەدانە بەو ناوی ژێردیوارانەی کە دەیانەوێت ئەوان تەنیا ئەرکیان ناردنی لیستی موچەخۆران بێت، بۆ وەزارەتی دارایی ناوەندو ناوەندیش مووچەی مفت تەسلیمی ئەوانی بکات و ئەوانیش دوای لێدەرکردنی حیساب و کیتابی خۆیان ئینجا بۆ بانقەکانی بنێرن، بەڵام نازاندرێت هێشتا هەڵوێستیان لەبارەی بڕینی موچەی هێزەکانی ڕۆژی سەربەئەردۆغان و ناپاکی سەر بەیەزدان پەنای بەکێگیراوی بنەماڵەی بارزانی، لەلایەن ناوەندەوە چی دەبێت؟ وەلەهەمان کاتیشدا هەژماری ئەوان، ڕێگایەکی دیکە دەبێت، بۆ بەبارمتەگرتنی بەردەوامی موچەی فەرمانبەران، هەتا لەهەر کاتێکدا پێویستی کرد، لەو ڕێگایەوە جڵەوی فەرمانبەران لەڕێگای دەستگرتن بەقوتیانەوە بگیرێت. دەنا لەڕاستیدا لە هەر پێگەیەکی ستانداردی حوکمڕانیە جۆراوجۆرەکانی دنیای مۆدێرنەی ئەمڕۆدا، فەرمانبەر ئازادە لەوەی لەکام بانقدا هەژماری بانقی دەبێت وە لەهەمان کاتیشدا ئازادە لەوەی لە چەندین بانقی جۆراوجۆری دیکەدا هەژماری هەبێت! بەڵام، تەنیا یەکێ لەهەژمارەکانی ئازادانە تایبەت دەکات بە موچەیەک یان بیمەیەک لەهەردوو حاڵەتی سەرکاریی و بێکاریدا، ئینجا چ لەلایەن دام و دەزگای دەوڵەتیەوەبێت یان لەلایەن کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی سەرمایەدارانەوە بێت، ئەوا مووچەکەیان، یان بەدوو حەفتەجارێک یان مانگانە بەجارێک،دەڕژێندرێتە حیسابەکەیانەوە، ئەمە مافێکی بێچەندوو چوونی هەر فەرمانبەر یان کرێکار یان بێکارێکە لەناو دنیای مۆدێرنەی ئەمڕۆدا. بەڵام وادیارە حکومەتی ئێکسپایەری مەسرورو قوبادی داویی(بەن) دوای هەمبانێ، پێچەوانەی ئەم دنیای ستانداردە، دەیانەوێت لەڕێگای هەڕەشەی موچەبڕینەوە، فەرمانبەران ناچار بە وەبکەن بڕۆنە ناو هەژمارێک کە دیارە بانقەکەشی سەربە مەسرورو بنەماڵەکەیەتی و لەو ڕێگایەشەوە دەیانەوێت سودێکی یەکجار زۆر بۆ خۆیان هەڵلوشن.

تاهیر عیسا
17.07.2024




تەنز/ جەلۆ و عەلۆ.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

برادەرێکی هاوزای خۆمم هەیە ناوی فەهمی یە، ئەوێ ڕۆژێ گوتمێ: فەهمی گیان، دوای ئەم نەخۆشییە قورسەت، ئیتر کاتی ئەوەیە بەتەنگ تەندروستیتەوە بیت، لەمەودوا بەسە و چیتر نامەوێ جگەرە لە پەنجەکانتەوە ببینم و هەوڵدە خواردنەوەکەیش وردە وردە کەم بکەیتەوە، ئەی ئەوە نییە دختۆر لێی مەنع کردوویت! وەرامی دامەوە: پیاااااح! بەخوا گێلیت! شێتە، ئەوە تۆ لەگوێی گۆلکەسۆر نوستوویت؟ بەخوا ئاگات لە هیچ نییە! شەش مانگیش دەبێ فڕم لێی نەداوە و ئێستا کە بۆنی ئارەق و جگەرەیشم بۆ دێت، قێزم لێیان دەبێتەوە و یەکسەر ئیستیفراقم دێ، ئیتر تەواو! بەشەرەفم باوەڕکە تەواو. زۆر کەیفم هات و لەدڵی خۆم گوتم دیارە دنیا باش گۆڕاوە! لەو گفتوگۆ و چەقەچەقەمان، برادەرێکی دیکەمان لە تەنیشت دانیشتبوو، وادیاربوو فشەی بە فشەکانی فەهمیی فشەستوور دەهات! شەوی دواتر ئەو برادەرەم وێنەیەکی فەهمیی بەدەم جگەرەکێشان و پەیمانە هەڵدانەوە لەڕێی وەتساپ بۆ ناردم و لێی نووسیبوو “نها”. ئەو فشەیەی فەهمی سەربردەی دوو برادەری هاوبادەی بیرخستمەوە با بۆتانی بگێڕمەوە:

دوو برادەری گیانی بە گیانی هەبوون، ناویان جەلۆ و عەلۆ بوو، ئەم دووە بێ یەکتر هەڵیان نەدەکرد، شەوانە بەدەم جامی بادە و مەزەی جۆراوجۆرەوە بەسەریاندەبرد، شەوێکیان جەلۆ بە عەلۆی گوت: عەلۆ گیان وەسییەت بێ ئەگەر من مردم، لێرە لەسەر ئەو مێزە لە خواردنەوە بەردەوامبە، جگە لەوەی ئارەق بۆخۆت بانگ دەکەیت، دەبێ لە غیابی منیش عارەق و مەزە بانگ بکەیت، وەک ئەوەی چۆن ئێستا منت بەرانبەرە! ئاوا بۆخۆت هەمووی نۆشکە، عەلۆ ڕازی بوو و داواکەی پەسەند کرد و گوتی: بەسەرچاو جەلە گیان، بەڵام کێ دەڵێ من پێش تۆ نامرم! ئەگەر منیش مردم توخوا تۆیش هەمان شت بکە. جەلۆ سەری ڕەزامەندیی بۆ لەقاند، ئیتر ڕێککەوتن و دەستیان نایە دەستی یەک. دوای ساڵانێک، شەوێکیان پاش هەڵقوڕاندنی قاپێ ئارەقی تام ڕازیانە، عەلۆ لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لەنزیک گۆڕستانی ئیمام محەمەد، بەردەبێتەوە و حەییاتی لەبەر دەبڕێ. جەلۆ بێ هاوبادە مایەوە و یەکەم شەوی تەنیاییی، بە مەڕبێنی بۆی یانەکەی گوت: مەڕبێن گیان، شەوانی پێشوو چیت بۆ من و عەلۆ دێنا، بێ کەم و زیاد هەر ئەوە بێنەوە، واتا بەشەکەی عەلۆش بێنە و ئیتر من هەمووی دەنۆشم. مەڕبێن بەردەوام جگە لە ئارەق و مەزەکەی جەلۆ، ئارەق و مەزەی عەلۆیشی دەهێنا و هەمووی لەبەردەم جەلۆ لەسەر مێزەکە دادەنا، ئیتر جەلۆ جارجارە بەدەم فرمێسک هەڵڕشتنەوە پەیمانە لەدوو پەیمانەی هەڵدەقوڕاند، دۆستانی جەلۆ ئامۆژگارییان دەکرد و دەیانگوتێ: جەلۆ گیان، ئەگەر ئاوا بڕوات و تەرکی نەکەیت، تۆش شەوێکیان لەو ڕێوبانانە سەگتۆپ دەبیت! جەلۆ فشەی بەم قسانە دەهات و بەرسڤی دەدانەوە: قوربان نەک هەر سەگتۆپ، بەڵکوو سەگتۆپ و کەرتۆپ!.. شەوێکیان جەلۆ بە مەڕبێنی گوت: مەڕە گیان بڕۆ هەر ئارەق و مەزەکەی خۆمم بۆ بێنە، لەوەی عەلۆ گەڕێ! مەڕبێن گوتی: بەسەرچاو جەلە گیان، بەڵام توخوا پێم بڵێ چۆنت دڵ دێ وەسییەتی عەلۆی ڕەحمەتی بدەیتە بەر لووشکە و فەرامۆشی بکەیت؟
جەلۆ وەرامی دایەوە:
مەڕە گیان من خواردنەوەم تەرک کردووە، ئەوەی داوای دەکەم کە بۆم بێنیت، هەر ئەوە دەخۆمەوە کە بەشەکەی عەلۆیە و بە خەیاڵی وییش هەڵدەقوڕێنم، ئیتر من خۆم تەرکم کردووە و تەواو!




كچێك لە وەهم.. هاوار تەیب

بەیانییەك لە ‌ماڵ خۆتم بۆ بدزەوە
سەرێك بدە لە ‌ماڵی هەور
سەرێك بدە لە ‌ماڵی خەیاڵ و ئەندێشە
ئەی كچێك لە ‌وەهم
تۆ ڕەگەزە‌كانی شەڕ و ئاشتی مەدە بە‌كۆڵ خۆتا
تۆ ڕەنگەكانی من و
دڵشكانەكانی خۆتم
بۆ بگۆڕەوە بە ‌پرتەقاڵێك
بە میلۆدییەك و
بە پێخەفێك لە فرمێسكی یاران و
بە پێكێك لە ‌شەڕابی خوێنی جەنگاوەرە دۆڕاوەكانی خەیاڵ
سووربە وەك خوێنی دایك.
من لە ‌هەسارەی دەیەمی كۆمەڵەی خۆردا
چاوەڕوانی دەركەوتنم
یەكەم جێژوانتم ڕازاندۆتەوە بە بۆنی ڤینۆس.
ئەی جوانتر لە وەهم
بەیانی بەچییەوە سەرقاڵی؟
لاپەڕە سپپیەكان مەگۆڕەوە بە دوێنێیەكی ڕەش و
دڵی بەرد مەكە بەئاو و
دڵی ئاو مەكە بە ‌ڕەقترین قسەی پیاوانی دۆڕاو.
تینوون بە خوێنی تۆ
من تینووم بە خەیاڵ و ئەندێشەت
لێرەوە من دەبمەوە
بە كوڕە غەمگینەكەی جاران و
لەگەڵ ئاوازە پڕ لە ‌غەمگینییەكانی تۆ سەما دەكەم
پێخەفی ئارامی دەدڕم و
دەبمەوە بەسەرابیترین پیاوی ئەم كەونە!
دەبمەوە بەشێواوترین پیاوی ئەو خەیاڵە.
دەست لە هەموو شتێك بەردەدەم وەهم نەبێ
تۆ نەبێ.
كە برسیم بوو دەست بۆ تاڵێك قژی تۆ دەبەم
‌كە تینووت بوو
پێكێك لە ‌نیگای دۆڕان نۆش بكە
ئەو دوو كۆترەی تۆ دەچنەوە باوەشی نیشتمانێك و
گۆرانییە حەزینەكان دەچرن و باوەشی ئەوان پڕ دەكەن
كە برسیت بوو
مەیەوە
من بە درێژایی شەو بەڕۆژوو دەبم و
یاری بە پەنجەكانی دەستم و
وەهمەكانی تۆ دەكەم.
كە تینووم بوو سەرێك دەدەم
لەو شەقامانەی كە دەمگەیەنن بە موسافیرێكی فیردەوسی.

ڕانیە
هاوار تەیب

لە ژمارە ٢٣ی مانگی ٦ی ٢٠٢٤ی گۆڤاری هەڵمەت لاپەرە ١٥، ساڵی یەکەم بڵاوبۆتەوە