تێڕامانێک لەبارەی کۆمەڵە چیرۆکی داد.. رۆژگار خالید

کۆمەڵە چیرۆکی داد – نووسینی ” سەلاحەددین دەمیرتاش “
وەرگێڕانی ” فەرهاد چۆمانی “

ئەم کتێبە 9 چیرۆکی لەخۆگرتووە لە ناوەڕۆکی هەر چیرۆکێکیان باس لە سەردەمێک و زەمەنێک دەکات و مرۆڤەکان تووشی بێدەنگی و پرسیاری جددی دەکاتەوە .
هەموو ئەو پەیوەندییانە ئاشکرا دەکات بەپێی کات و شوێن و کەسەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت .
فێری ئەوەمان دەکات لەهەموو شتێک تێناگەین .
ئەو شتانەی دیوێکی دیاری دەبینین و لەپڕ دەبێتە دیوێکی تاریک و وانەیەکی گرنگ لە ژیانماندا .
بۆیە لەناو چیڕۆکەکان ئەفسانە دەهێنێتە بوون و پیاوی ڕاستەقینەمان بۆ دەکاتەوە خۆل ، درۆ دەبێتە ڕاستی و پێکەنین و گریانیش تێکەڵ دەکات .
دەتوانم ئەوەش بڵێم /
ئەدەبیاتی نێو زیندانەکان ئەدەبیاتێکە توڕەیە و یاخییە و داوای ماف و ئازادی و یەکسانی دەکات .
کەچی ئەدەبیاتی دەمیرتاش /
داوای دادگاییکردنی ژیان و ویژدان و دادی کۆمەڵایەتی و دادی ئەشق و داد و بێدادی ئەو ساتەدەکات مرۆڤەکان پەشیمانن و دڵتەنگ و بێچارەنووس و بێدەنگن .
لەپاڵ ئەوەشدا :
_ چیرۆکەکانی سەرێکی لە کۆمیدیا و سەرێکی لە تراژیدیایە و سەرێکی لەزیندان و سەرێکییان شاراوەیە .
_ کارەکتەرەکان سەرێکییان لەمزگەوتە و سەرێکییان لە مەیخانەیە و بەڕووکەش لەشار و بەناخ لەگوندەکانن .
ئەگەرچی نووسەر ئێستادا لەزیندانە ،
بەڵام
لەم کتێبەدا گەشتێکی خەیاڵی و پڕ لە سەرکێشی و ئەفسووناویمان لەگەڵ دەکات و کۆمەڵێک کارەکتەری سەرکێش و پاڵەوان و بزربوومان نیشاندەدا .
هەر یەکێکیان پاڵەوانێکی بزرن و خەیاڵ و ئەندێشەی گەورەیان هەیە کەچی دەبن بەپەند بۆ هەمووان .
بۆیە بۆ هەر یەکێکمان ناتوانین بڕوا بکەین ژیان چەندە سەیرە و ناخی مرۆڤەکان چەندە هیلاکە و زمانی ڕووداوەکان چەندە نزیکە لێمانەوە .
لەبارەی کتێبەکەوە :.
لە چیرۆکی یەکەم /
باس لەپەیوەندی خۆشەویستی نێوان کوڕە ئەندازیارێکی کورد و کچێک دەکات لە باوکێکی ئەرمەنی و دایکی تورک هاتۆتە بوون ، لەدوای ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لەخاکی سوریادا بۆ خاکی تورکیا ، لە کەمپێکدا دەژین .
ئەم کوڕ و کچە پێکەوە وەک خۆبەخش کاردەکەن ، دوای دەستکەوتی کۆمەڵێک زانیاری گرنگ باس لەوە دەکا داعش پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیە ، کچەکە تیرۆر دەکرێت لە لایەن داعشەوە ، وە مەترسیش دەکەوێتە سەر گیانی کوڕەکە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بڵاونەکرێتەوە و نەبێتە ئابڕووچوونێکی جیهانی .
دوای بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان لە لایەن کوڕەکەوە مەترسی دەکەوێتە ژیانی دەکات ، پۆلیس و پیاوانی ئەمنی بەدوای دەگەڕێن، بۆیە بەناچاری بڕیار دەدا لەزبڵخانەیەکی دەرەوەی شارەکەی بژێت و خۆی بشارێتەوە .
لە چەقی چیرۆکەدا :
جیاوازی چینایەتی و ڕووی ڕاستەقینەی سەرمایەداریمان نیشان دەدات و پێمان دەڵێت مرۆڤەکان چەندە خەریکی نمایشن و چەندە بێباکن بۆ ئەوەی سروشت وێران بکەن .
لەبەشێکی دیکە دەڵێت :.
دەمەوێت باسی عەشقتان بۆ بکەم چونکە لە شوێنێک عەشق هەبێت لەوێدا هیواش هەیە ئەگەر وانەبێت مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت .
لەبەشی کۆتاییدا حورمەت دەگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤەکان و دەڵێت دونیا بەکەسانی باش دەخولێتەوە .
لە چیرۆکی دووەم /
پێمان دەڵێت مرۆڤ چەندە ترسناکە و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای سۆشیال میدیا چەندە ترسناکە .
لەپشت هەر شاشەی مۆبایلێک دەیان ڕوو و دەیان جۆر کەسایەتی و دەیان مەبەست و ئامانجی شاراوە و نهێنی هەیە .
ئەوەی لەپشت شاشەی مۆبایلێک دەتوانرێت بکرێت لەوانەیە دەزگایەکی سیخوڕ و چەندەها مرۆڤ نەتوانن ڕووبەڕوو لەگەڵت بکەن .
لەپشت شاشەی هەر مۆبایلی دونیایەک قسەی سۆزداری و وێنەی ئافرەت و مەبەستی دیکە هەیە ، ئەو مەبەستانە مرۆڤەکان ڕادەکێشنە ناو کۆمەڵێک بابەتی سەیر و شەڕی سەیر .
چەقی چیرۆکەکە ئەوەیە :.
مۆبایلەکەت بەئاسانی دەتوانێت بتکوژێت و یان تیرۆرت بکا یانیش ئابڕووت ببات یانیش کەرامەتت بشکێنێت و یانیش وەک دیلێک بۆ هەتا هەتایە بتکاتە ژێردەستە یانیش شتی دیکەت پێبکات و شکۆت بشکێت .
لە چیرۆکی سێیەم /
باس لەخیانەت و پەیوەندییەکی ئاڵۆزی سۆزداری دەکات و ئەو پەیوەندییە دەبەستێتەوە بەدونیایەکی خەیاڵی، ئەو دونیا خەیاڵییە چەند گرێیەک دەکاتەوە و تووشی شۆکمان دەکات .
پێمان دەڵێت :.
بیربکەوە و بترسە بۆ سەرەتایی هەر پەیوەندییەک و دروستبوونی هەر کێشەیەک و هاتنە پێشی هەر کەسێک بۆناو ژیانت بگەڕێوە بۆ خاڵی سەرەکی کێشەکە بزانە و چەندە هەڵەی و چەندە خۆشباوەڕ و چەندە نائاگایانە ژیاویت .
چەندە بەئاسانی کەسێکی نوێ دێتە نێو ژیانت بەبیانووی ئەوەی دەیەوێت ژیانت جوان بکا و هاوکاری ژیانتە ، لەپڕ تێدەگەی ئەو کەسە خۆی هۆکاری سەرلەبەری کێشەکانە .
چەقی ئەو چیرۆکە ئەوەیە .
مرۆڤ بوونەوەرێکە بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵەدەکات و بیردەکاتەوە ، هەر بۆیە بچووکترین کێشە دەتوانێت تەواوی چیرۆکەکان بگۆڕن .
بەڵام ئەوەی سەیرە :.
چیتر پەیوەندییەکان بەنهێنی نامێننەوە تێدەگەی بۆ لێبوردن و بەخشین هیچ کات درەنگی نییە ، بەمەرجێک مرۆڤەکان بزانن لە چ شتێک دەبوورن .
سەیر ئەوەیە ئەو کەسانە خاڵی لاوازی رابردووت بەشکست پێبفرۆشنەوە ، کەچی خۆیان خاڵی لاوازتریان هەبێت و بترسن بۆ ئەوەی تۆ لەدەست بدەن .
ئەو شتانەی گرەوی لەسەر ناکرێت ئافرەت و پارە و داهاتووە .

لە چیرۆکی چوارەم :.
پەیوەندی نێوان دوو قوتابی سەردەمی زانکۆ و دوای زانکۆ دەگێڕێتەوە .
لەبارەی چیرۆکەکە دەڵێت :
کاتێک هەست دەکەی لەسەر ڕێگە ڕاستەکەی و بەئاراستەی ژیانێکی باشتر و جوانتر دەڕۆی و داهاتووت گەشە .
کەچی لەپڕ هەست دەکەی نەخێر ئەو رێگەی لێی هاتووی وا چاکترە بۆی بگەڕێتەوە هەمان شوێن .
_ نەبوونی و بێکاری و هەژاری وادەکا ئینسان هەموو کاتێک ئومێدێکی هەبێت ، ئەگەر ئەو ئومێدە خەون بێت یا خەیاڵ بێت زۆر چاکترە ، لەوەی بێ ئومێد و بێ خەون بیت .
جیاواز لە چیرۆکەکانی دیکە
شێوازی نووسینی ئەم چیرۆکە بەرزە و بەشێوازێکی سادە گەمەی ووشەمان لەگەڵ دەکا ، لەدواجار چیرۆکی ئەو گەنجانە دەنووسێتەوە لێی تێناگەین .
ئەو چیرۆکە بەشێکی لەناو خەیاڵە و بەشێکی لەناو حەقیقەتە بەشێکی لەناو ڕاستییە و بەشێکی لەناو درۆیە بەشێکی لەناو جوانیە و بەشێکی لەناو ناشیرینییە .
هەر ئەوەشە وادەکا ئاشنایانە درۆی دەکەین و غەریبانە خۆشمان دەوێن .
سەیرەکە ئەوەیە ناسنامەی بوونمان دەشارینەوە و پێناسەیەکی درۆ ئاشکرا دەکەین و نیشانی دەدەین .
لەپڕ هەست دەکەین کات و گوتنی ڕاستییەکان و مەودای پەیوەندییەکانمان چەندە پڕ مەترسییە و درۆیەک کەشف ببی کۆی چیرۆکەکە و ئەوەی لە هەناومان هەیە کەشف دەبێت تەمەنێک بەنهێنی شاراوە بووە .
مرۆڤ هەموو شتێک دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی سەرەوەت و سامانی زۆر تەنانەت ئەگەر مەبەستی پێت یاری بەڕوح و ژیانی هاوڕێکانی دەکات .
لە چیرۆکی پێنجەم /
بەشێوەیەکی بەرز عەشقی نێوان کوڕ و کچێک دەگێڕیتەوە کوڕەکە وەک نووسەرێک چیرۆکی کچەکە دەنووسێتەوە و دەیکات بەچەندەها کارەکتەری جیاواز و بەشێوەی جیاواز بەئێمەی دەناسێتەوە هەر ئەوەشە وادەکا پرسیارێک لەخۆمان بکەین .
ئێمە لەکوێی ئەم ژیانەین ؟!
کاتێک خەون و خەیاڵ و ئەو وزەیەی هەمانە بەیەکدی ناڵێن و بوونێکی نوێی پێنادەین ئالێرەدا کێشەیەک یا ڕووداوێک یاخود جێهێشتن یانیش مردنی ئەو کەسە وابکا لەناخەوە ئێمەش بمرین .
لەم چیرۆکەدا کات و شوێنی و هێزی فیزیکی و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان وادەکا مەودایەک دروست ببی ئەو مەودایەش بەهیچ شتێک پڕ ناکرێتەوە .
بۆیە چاوەڕوانیمان بۆ یەکتری زیاد لە پێویستیە و ئەرکی سەرشانی یەکدی قورس دەکەین .
مردن لەپێش هەموو شتێکە لەپڕ وەک میوانێکی ناوەخت کۆتایی بە چیرۆکەکان دەهێنێت .
ئەو کوڕەی وەکو پاڵەوانێک دەجەنگێت ناچارانە دوای بەیەک گەیشتن و ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستیەکەی و مردنی ، بەحەسرەتی ئەو بژێت و ناچارانە بەدوای قەدەر و ژیانی کچەکەی بکەوێت و خۆشەویستی خۆی بداتە کچەکەی و ژیانی بەشۆککراوی بەسەر ببات .
چیرۆکی شەشەم /
جیاواز لە چیرۆکەکانی دیکە
ئەو چیرۆکە بەسەرهات و ژیان و گوزەشتەی گەنجی دەگێڕێتەوە ، لەنێوان ڕاستی و خەیاڵ دەژی .
خەمی هەژاری و بێکاری و نەبوونی و خۆشەویستی واییکردووە مێشکی تێکبچێت و هەموو شتێک وەکو خەیاڵ و خەون ببینی .
ئەو گەنجە هیچ تێگەیشتنێکی بۆ ژیان و داهاتووی نییە ، هەر ئەوەشە وایکردووە بێهیوا ببێت و هەموو شتێک بەقەدەر بسپێرێت .
هەر بۆیە بەشێوەیەکی ناتەندروست لە خۆشەویستی و عەشق و ئافرەت سێکس تێدەگات .
بوونی خۆی شاردۆتەوە و ناوێکی ساختەی هەڵگرتووە و ژیانی لەگەڵ ئەو کەسانە بەش دەکا بەئەقڵی خۆی وادەزانێت هەموو کەسێک وەکو ئەو خەیاڵاوی دەژین , لەپێناو ڕاستییەک سەد درۆ دەکات و هەموو شتێکی ژیانی دەشارێتەوە , تاوەکو لەکۆتاییدا هەموو شتێک کەشف دەبێت و خۆی ئاشکرا دەکات و بوونی ئێستای دەبێتە خەیاڵ .
لە چیرۆکی حەوتەم /
نووسەر چیرۆکێکی سەیر دەنووسێتەوە و پێمان دەڵێت .
بڕوا بەم چیرۆکانە مەکەن ڕۆژانە دەخوێنینەوە یاخود گوێتان لێدەبێت ، بەڵکو لەپشت هەر چیڕۆکێک بەدڵنیاییەوە چیڕۆکێکی دیکە هەیە نووسەر بوێرانە بۆمانی دەگێڕێتەوە و ڕاستییەک باس دەکات و جوانی نیشان دەدات و تاوانی بکوژێک کەشف دەکات .
وامان لێدەکا هیچ کاتێک وا نەزانین ژیانی مرۆڤەکان وەک فەرشێکی ڕاکخراوە ، بەڵکو ژیانی هەر مرۆڤێک بەجۆرێکە .
کاتێک ئازیزانت تووشی ڕووداوێک دەبن و دەمرن تێدەگەی ئەو ژیانە چەندە دڵڕەقە و مرۆڤ هەرگیز بەخەیاڵی نایەت و بڕوا ناکات و تووشی چ قەدەرێکی بەد بووە .
تۆ لەکوێی ئەو سەردەمەی و تۆ لە کوێی ئەم ژیانەی تێدا دەژیت ؟!
وا مەزانە ژیانت ئەوەندە پارێزراوە و ژیان ئەوەندە خۆشە ، تاوەکو شانازی پێوە بکەیت .
کاتێک هەموو شتێک دژت بوەستێتەوە و بیانەوێت لەناوت ببەن ، هەست دەکەی بەهێزی بەڵام زۆر بێهێز و لاوازی ، پێت وایە دەقەکان و سەعاتەکان و ڕۆژەکان بەئاسانی تێدەپەڕن !
لەم چیرۆکەدا تیرۆری سپیمان بۆ دەگەڕێتەوە و کود و ڕەمز و ووشەی نهێنیەکان کەشف دەکات ، کاتێک بابەتەکە دەبێتە پرسی نەتەوەیی و کوردبوون شتێک نامێنێتەوە قسەی لەسەر بکرێت ، لە پشت هەموو کوردێک کوشتنێکی شاراوە بەدیاردەکەوێت و بترسە لە ئازیزانت چەندە بەئاسانی دەکوژرێن، پاشان دێن بەشێت دەزانن وانیشان دەدەرێت تووشی نەخۆشی دەروونی بوویت و پێویستت بەچارەسەری دەروونی هەیە .
ترسناکترین بەشی ئەو چیرۆکە ئەوەیە بوونت وەردەگرنەوە و بوونێکی ساختەت پێشکەش دەکەن .
تەواوی چیرۆکەکە باس لە ژیانی پیاوێک دەکا لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی خەوێنراوە و دەرمانی پێدەدرێت و پێی دەڵێن شێتبووی و بۆ هەتا هەتایە لێرە دەمێنێتەوە .
لە چیرۆکی هەشتەم /
کاتێک هەموو شتێک وا دەردەکەوێت باشە و چاکە و خۆی نیشان دەدات جوانە ئەوکات ئاسانتر و خێراتر راستییەکان دەردەکەون . چونکە
_ لەپەنا هەر رووداوێک نهێنییەک هەیە.
_ لە پەنا هەر کارەکتەرێکی ساختە راستیەک دەردەکەوێت .
_ لەپەنا هەر کەسێک هەڵسوکەوت و نمایشێک دەبینین .
_ لەپەنا پێکەنینی بێگومان گریانێکی نەبڕاوە هەیە .
هەموو شتێک لەبەرچاومان دەبێتە دووکەرت هەر بۆیە تێدەگەین ژیان نیوەی ڕاستە و چیرۆکەکان نیوەی راستن و کەسەکان نیوەیان جوانە .
لەپڕ تێدەگەی دەسپێکێکی نوێ و شتی نوێ دێتە نێو ژیانمان و کارەکتەری سەرەکی ڕووداوەکان دەبنە هەڵم و سەرسەختانە ڕەخنەمان لێدەگرن کێشەیان لەگەڵ ڕابردووی خۆیان هەیە و بەتوندی نەفەرت لە رابردوویان دەکەن و هەست دەکەن چێژی ژیانیان لەدەستداوە و تۆمەت دەبەخشنەوە و ڕێگەی درۆکانیان دەهۆننەوە و پێیان وایە جوان دەژین .
پرسی خیانەت و فێلی هاوڕێی و گەندەڵی و وەڕسبوون و چڵێسی و ناشرینی و ڕاکرن لەناخی خۆت بەشێکە لەم چیرۆکە دەتوانین بڵێن هەرگیز کۆتایی نایەت .
لە چیرۆکی کۆتاییدا /
لەڕێگەی رۆژنامەیەکەوە چیرۆکی ئەو کچە دەگەڕێتەوە خوێنی دەبێتە مەرەکەب و جەستەی دەبێتە ووشە و ڕوحی دەبێتە کتێب و ناوەکەی دەبێتە مێژووی نەتەوەیەکی ژێردەستە .
_ مردنی دونیای هەژاند و سەردەمێکی نوێی هێنایە بوون .
_ ئەو مردنەی شاهێدی لەسەر دەدرێت داپۆشینی پرچ ناتوانێت کەرامەتی ئافرەتی دابپۆشێت .
_ شەرەفبوون پێش ئەوەی شانازی بێت بۆ کەرامەتی پیاوی سەربەرزییە بۆ شکۆی ژنبوون و ڕەمزی ژنبوون .
_ ئەگەر زیاتر لە خوێندنەوەیەک بۆ ئەو دۆخە سەپێنراوە ئایینی و نەتەوەیی و زۆرە ملێییە بکەین تێدەگەین مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوانرێت دەستەمۆ بکرێت و ماف و کەرامەتی بشکێنرێت .
هەتا ئەگەر یاساکان لە سەرچاوەیەکی ئایینی و پیرۆزییشەوە وەربگیرێن ناکرێت بەشێوەیەکی وەحشیانە و بە شاپ و شەق و دار لەسەر مێشکی کچێک بدرێت و بێهۆش بکرێت و کەرامەتی بشکێنرێت لەشوێنێکی گشتیدا .
لەکاتێکدا وەزیفەی ئایین بریتییە لە ڕوونکردنەوەی دەقەکان و پاراستنی مرۆڤەکان و دوورخستنەوەی ئەو شتانەی زیانی بۆ مرۆڤەکان هەیە لەدواجار هەر شتێک بێتە پێش نابێت بگاتە ئەوەی کچێک بکوژرێت و بێهۆش بکرێت و کەسوکاری نەزانن بێهۆشکراوە جەستەی بدەنەوە بڵێن مردووە .
کۆتایی چیرۆکەکەش بەمەرگی ژینا ئەمینی بوو .
شۆڕشی گەلانی ئێران ” ژن _ ژیان _ ئازادی”




نەتەوەیەک لە دووڕیاندا: سولتان و تورکیا.. ڕزگار عومەر

سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەك سەرۆك کۆماری تورکیا گۆڕانکاری بەرچاوی لە هەردوو سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا بەخۆیەوە بینیوە. لە گەڵ پەیدابوونی ئەردۆگان تا ئەمڕۆ پڕۆسەی بەڕێوەبردنی تورکیا بە جۆرێکە کە سەرکردایەتی کردنی تورکیای گۆڕیوە بۆ دەوڵەتێک کە سنووربەندی نێوان کەسی یەکەمی دەسەڵات و “دەوڵەت” کاڵ بووەتەوە.
ئەم وتارەی بەردەستان هەوڵێکە بۆ دروست کردنی چوارچێوەیەکی مێژوویی بۆ ئەزمونی ئەردۆگان، لەم هەوڵەشدا ڕەنگە بەدواداچوون لە خۆی بگرێت بۆ:- شکستەکانی “سیاسەتی دەرەوەی” ئەردۆگان و “مافی مرۆڤ لە نێوخۆی تورکیا” کە لە ئێستادا زۆرترین تیشکی لەسەربێت، بەتایبەتی شکست لە دۆسیەی سوریا، هەروەها جوڵەی تازەی دەرفەت وەرگرتن لە بێدەنگی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ پەڕینەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم-عێراق، لە کۆتایشدا دەچینە سەر ئەو “کێشە بونیادیە قووڵەی” کە ئەم شێوازە لە سەرکردایەتی کردن لە گەڵ ئەزموونەکەی خۆی هەڵیگرتووە.
سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆگان بەرامبەر بە سوریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە پڕ بووە لە ناکۆکی و هەڵچوون و داچوون بەڵام ئەنجامە کۆتاییەکەی ئەوەیە کە ئێستا ئەو دەیەوێ بەشار ئەسەد ببینێ و بەشار ئەسەد مەرجی بۆ دائەنێت. لە سەرەتادا ئامانجی تورکیا لەڕووی مەیدانیەوە پاڵپشتیکردنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان چەشنی بەرەی نوسرەو هاوشێوەکانی داعش بوو، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئاستی نێودەوڵەتیەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هێزە تیرۆریستییەکان دەکرد.
ئەم ستراتیژە سەرکەوتنی کاتیی و مەیدانی لێرەو لەوێ بەدەستهێنا چەشنی داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاڤا لە سوریا، بەڵام وەکو ستراتیژی درێژخایەن شکستی خوارد و ناسەقامگیری موزمینی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە ئێستا ئەردۆگان ناچاربوو لە هەوڵی ئەوەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئاسایی بکاتەوە وئەمەش گەواهی ئەوەیە کە تەماحیەکانی ئەو لە سوریا گەیشتە بنبەست، بۆیە هەرێمی کوردستان “باشور” شوێنی قەرەبوو کردنەوەی ئەم شکستەیە لە مێشك و ماستەرمایندی تورکیا.
لەشکرکێشییەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سوودبینینی ستراتیژیی ئەردۆگان نیشان دەدات لە هەردوو بێدەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای جیهانی لەسەر قەیرانەکانی دیکە چڕ بووەتەوە، بەڵام کارەکانی تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر بێ کۆنتڕۆڵ ماونەتەوە. بەڵام سەرکەوتنی ئەم دەستێوەردان و سنووربەزاندنە سەربازیە (تەنانەت ئەگەر بە گلۆپی سەوزی حکومەتی عێراقیشەوە بووبێت) لە ڕووی ستراتیژیەوە ئاکامەکانی هێشتا نادیارە، ئەمە بێجگە لەوەی هەندێ ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی باس لەوە دەکەن کە چاوپۆشی ئێران لەم هەڵمەتە سەربازیە ڕەنگە ئامانجەکەی گیرخواردنی سوپای تورکیا بێت لە دۆخێکی تاقەت پڕوکێن.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا، مافی مرۆڤ لە تورکیا پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئازادییەکانی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوە بە توندی کەمکراونەتەوەو بە پێ ی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیش دەسەڵاتی دادوەری سازش دەکات و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان ڕووبەڕووی سەرکوتێکی توند دەبنەوە. کۆنترۆڵی ئەردۆگان و تیمەکەی دەوری بەسەر میدیا و دامەزراوەکاندا، ژینگەیەکی دروستکردووە کە تەژیە لە ناکۆکی مەترسیدار، دەنگی ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کپتر دەکرێت.
ئەزموونی ئەردۆگان لە دەسەڵاتی سیاسیدا لە ڕووی چەقبەستن و چوارچێوەی مێژوویدا گەیشتووە بە قۆناغێك کە “شوناسی” ئەردۆگان لە شوناسی “دەوڵەت”ی تورکیا جیا نەکرێتەوە. وەک چۆن سەدام حوسێن بووە هاوواتای عێراق، ئەردۆگانیش بووەتە هاوواتای تورکیا.
ئەم چڕبوونەوەی دەسەڵاتە بۆ ماوەی کورت یان درێژ ڕاستە دەسەڵاتی تاکڕەوی کەسایەتییەکە بەهێز دەکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە ئەگەری نەمانی ئەم کەسایەتیە لە هەرەمی دەسەڵات “بەهەر هۆکارێك بێت” ئەوە داڕمانو پەشێوی فراوانتری سیاسی “دەوڵەتیش” بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێ. نەبوونی هیچ چاودێریەکی دەستوریی کارا و هاوسەنگی لە سیستەمی سەرۆکایەتی ئەردۆگان، مۆتەکەی کەشێکی سیاسی ناسەقامگیری کردۆتە تەمومژ لە پرسیاری ئایندەی ووڵات، ئەمەش هۆکارێکە کە بیرۆکەو یۆتۆبیای هاوڵاتیانی تورك لە “سەقامگیری درێژخایەن” کەنارێکی نەبێت پشووی لێبدات.
پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە کە ئایا گەلی تورکیا ئەردۆگان وەك فریادڕەسی خۆیان دەبینن یان وەك بەرپرسێکی سەرهەرەمی دەسەڵات دەیبینن؟ لە کاتێکدا ئەردۆگان توانیویەتی چنگێکی بەهێز لە دەسەڵاتدا گیربگات، بەڵام پەراوێزی و سنوورداربوونی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی لە هەڵبژاردنەکاندا، نیشانەی ئەوەیە کە گەلی تورکیا وەکو نەتەوە بە قوڵی دابەش بووە! بیروڕای گشتی درزی گەورەی تێکەوتووە ، بەتایبەت لەناو ئەو گەنجانەی کە هەرگیز تورکیایەکیان بەبێ ئەردۆگان نەبینیوە.
وەرچەرخانە مێژوییەکە لە بەشێکی فراوان لە ڕای گشتی تورکیادا ئەوەیە کە پێچەوانەی دوو دەیە لەمەوبەر ئەوان بەڕوونی لەسەر ئەو باوەڕەن کە بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری تورکیا ئەردۆگان چیتر “پێویستییەکی حەتمی” نییە.
هەروەها هەر ئەم بەشە لە ڕای گشتیدا لەو باوەڕەن کە گۆڕانکاری لە هەرەمی دەسەڵاتی سیاسی ڕەنگە بتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ حوکمڕانییەکی دیموکراسیتر و گەڕاندنەوەی مافەکانی مرۆڤ.
سەرکردایەتی ئەردۆگان نوێنەرایەتی “کێشەیەکی بونیادیی” دەکات بۆ تورکیا. شێوازی تاکڕەوانەی حوکمڕانی و هەنگاوە هەڵەکانی سیاسەتی دەرەوەو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دۆخێکی ناجێگیری دروستکردووە. لە کاتێکدا ئەردۆگان توانیویەتی مانەوەی خۆی لە دەسەڵات بپارێزێت، بەڵام ئێستا نەك تەنیا بۆ چاودێران بەڵکو بۆ بەشێکی زۆرو ووریا لە ڕای گشتی تورکیا بەڵگەنەویستە کە ” ئاشتی و سەقامگیری داهاتووی تورکیا” پەیوەستە بە سەرهەڵدانی سیستەمێکیتری سیاسی هاوسەنگتر و دیموکراسیتر.




” تیۆری پلاسیبۆ ئیفێکت – Placebo effect “.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

تیۆری پلاسیبۆ ئیفێکت پێشنیار دەکات کە بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانمان کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر ئەزموونەکانمان لە ژیاندا. ئەو تیۆرە پێی وایە کە “زۆربەی کێشەکانمان لە شێوازی بیرکردنەوەمان سەرچاوە دەگرن، نەک لە دۆخە دەرەکییەکان”. واتە ئێمە خۆمان کێشەکان گەورە دەکەین و دەیانکەینە بەربەستی سەرەکی لە ژیانماندا. کاریگەری پلاسیبۆ بە شێوەیەکی فراوان لە توێژینەوە پزیشکییەکاندا سەلمێنراوە. وە بەشێك لە توێژینەوەکان پیشانی دەدەن کە باوەڕ و چاوەڕوانییەکان بۆ باشبوون دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەنجامە فیزیۆلۆژییەکان.
ڕوونکردنەوە ( با وای دابنێین بۆ نموونە دوو پاکەت حەبی سەرئێشەت هەیە پاکەتێکیان سوورە ئەوەی تریان شینە، گەر تۆ پێت وابێت کە پاکەتە شینەکە چارەسەرە بۆ سەرئێشەکەت لەکاتێکدا هەردوو حەبەکە لە ڕووی کواڵێتی و هەموو پرسەکانی تر وەك یەکن ئەوا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مێشکی تۆ گاریگەری باشبوونت بە پاکەتە حەبە شینەکە زیاتر دەکاتن وەك لە سوورەکە).

توێژینەوەکان لە بواری دەروونناسی ئەرێنیدا (Positive Psychology) پشتگیری لە کاریگەری بیرکردنەوەی ئەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و فیزیکی دەکەن. زانستی نیڕۆبایەلۆجی پیشانی داوە کە مێشك دەتوانێت وێنەکان و ئایدییایەکان بگۆڕێت و ڕێکیان بخاتەوە بەپێی ئەزموون و بیرکردنەوەکانە تازەکان. (بەڵام پرسێکی تر هەیە کە دەمەوێ وەك سەرنجێك بیخەمەڕوو ئەویش ئەوەیە: بۆ نموونە تۆ کەسێكت پەروەردە و گەورەکردووە لەسەر ئایدیایەك بە درێژایی ٣٠ ساڵ ئەمە زۆرقورسە بۆ ئەم تاکە کە ئایدیایەکی تر وەرگرێت کە پێچەوانەی ئەو پرسەبێت کە لەسەری گەورەکراوە هەرچەندە ڕاست- فاکت بێتن چونکە ئەو پرس و بابەتانەی کە بە قوڵی دەچنە نێو “نائاگایی مرۆڤ” دووبارە پەروەردەکردنەوە و نوێکردنەوەیان قورسە بەڵام مەحاڵ نییە بۆ کەسێك کە ویستی هەبێت بۆی و تاد).

لەکۆتایدا ئەم تیۆرییە ناکرێت وەک چارەسەرێکی سیحراوی بۆ هەموو کێشەکان سەیربکرێت. هێشتا فاکتەرە دەرەکی و بایۆلۆژییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ژیان و تەندروستیماندا. هەروەها، ئەم پرسە زۆر جیاوازە لەو پرسانەی کە (گەشەپێدەرانی مرۆیی لە باشووری کوردستان باسی دەکەن، گەشەپێدانی درۆ و ئیگۆ، دروستکردنی وێنەیەکی خەیاڵی زیاد لەئەندازە گەورەتر و قەبەتر، کە سەرئەنجام پەیوەندی تاکەکە دەپچرێنێت ڵەگەڵ واقعەکەی و تووشی سەدەها کێشەی جۆراجۆری دەکاتن).

سەرچاوە زانستیە بەکارهاتووەکان بۆ ئەم بابەتە:
1- https://www.health.harvard.edu/mental-health/the-power-of-the-placebo-effect

2-
https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC2814126/

3-
https://www.brainfacts.org/brain-anatomy-and-function/cells-and-circuits/2020/the-neuroscience-behind-the-placebo-effect-110420

4-
https://www.verywellmind.com/what-is-the-placebo-effect-2795466




هـیرۆ باجەلان یەکەم باڵيۆزی ئەمریکی بە رەچەڵەک کورد.. رەزا شـوان

مایـەی رێـز و شانـازییە بۆ گەلی کوردمـان، کە لەنـاو خـێزانەکانی رەوەنـدی کورد، لە ئەوروپا و لە ئەمریکا و ئوسترالیادا، چەندین کچ و ژنی کوردمان لە بواری ئاکادیمیدا، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای پسپۆرییان بەدەستهێناون. چەندین کچ و ژنانی کوردمان سیاسەتمـەدار و کارگـێڕی بەڕێـوەبـەردن و ئەنـدامی پەرلەمـان و ئەنـدامی ئەنجومەنی شارەکانـن. چالاکوانی ناسراون لە چەنـدین بـواری جیاوازی دیکەدا. کە بە تێکـۆشان و هەوڵی خۆیان و بە پشتگیری و هانـدانی کەسوکاریان و بە دەنگی کوردانی ئەو وڵاتانە سەرکەوتـوون. کە لە ئێستادا، پـلە و پایـە و پێگە و رەنگ و دەنگ و سەنگـیان هـەیە. داکۆکی لە دۆز و لە مافە رەواکانی گەلی کوردمان دەکەن. بۆ هـێنانەدی ئەم مەبەست و ئامانجـانەش، چـوونەتە ناو کۆمەڵە و رێکخـراو و ریـزەکانی پارتە سیاسییە دیموکراتی و سۆسیالیستی و کرێکاران و چەپـەکان و میانـڕەوەکانی ئەو وڵاتـانەوە. بە لێهاتـوویی و بە دەنگـدان سەرکەوتوون. پێگەیەکی باڵایان لەناو ئەو رێکخراوەکان و ئەو پارتانەدا هـەیە و جـێی متمانە و بـڕوایـانـن.
بـۆ نمـوونە نـاوی چـەنـد خاتـوونێکی کـوردی ناسراومـان، لـەم بـوارانەدا دەهـێنـین:
() ئامیـنە کاکـە بـاوە / پەلەمـانتـارێکی کوردی ناسراوە لە پەرلەمـانی / سویـد. () هـێرۆ مستەفا باجەلان/ دیپلۆماتکار و باڵیۆز و کەسایەتییەکی ناسراوە/ ئەمریکا.
() ئەڤـین خـان/ داکـۆکـیکەرێـکی دۆزی کـوردە/ ئەنـدامی پەرلەمـانی ئەوروپـایە. () لەنیا تەهـا کەریـم/ ی (٢١) ساڵان، بچـووکترین ئەنـدام پەرلەمانی / ئایسلەنـدا.
() یاسەمیـن مـوقـبیلی ـ مەهـابادی/ یەکـەم کەشـتیـوانی ئاسمانی کوردە/ ئەمـریکا. () ئیـنۆر سەبـری کوڵـبان/ سەرۆکی شارەوانی شاری بـۆجـۆهـولـمـز/ بەریتانـیا.
() رۆزا سـاڵح/ ئەنـدامی ئەنجـومەنی شارەوانی شـاری گـلاسکـۆ/ بەریتانـیا. () ئەڤـین ئەبـریشـەمی/ ئەنـدامی ئەنجـومەنی شاری ئـۆکـسفـۆرد/ بەریتانـیا.
() جەنـان بارام / ئەنـدامی پەرلەمـان/ ئەڵـمـانیا. () لاوێـن رێـدار تارا، سارا سـێـپـیـنـلی/ دوو ئەنـدام پەرلەمـانی / سویـد.
ئەمـانە و چەنـدیـن چالاکـوانی ناسراوی تـری ژنـی کوردمـان لە بـوارە جیاوازەکـانـدا، لە وڵاتـانی ئەوروپـا و ئەمـریکا و ئـۆسترالـیادا. لەوانەیە ناوی هـەنـدێکـیانـم بەرچـاو نەکەوتووبێت. بە کورتی باس لە خانمێکی دیپلۆماتکاری کورد دەکەی، ئەویش خاتوو (هـێرۆ مستەفـا باجـەلان)ە، کە دیپلـۆماتکار و سیاسەتمەدارێکی ناسراوە و شارەزای کاروباری رۆژهـەڵاتی ناوەڕاستە. یەکەم باڵیـۆزی ئەمـریکی بە رەچەڵەک کوردە، کە ئەو پـۆستە باڵایە وەربگـرێـت. هـەڵگـری پـلەی وەزیـری راوێـژکارە. هـێرۆ باجـەلان ماوەیەکە بووە بە مانـشـێت و بە هـەواڵی ماڵپەڕە ئینلـیزی و کوردی و عـەرەبییەکان. دوای ئەوەی کە بۆ یەکەم جار کـرا بە باڵیـۆزی ئەمـریکا لە بـولگاریـا، دووەم جاریش لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا (جۆ بایدن) ەوە، کاندکرا و بوو باڵیوزی ئەمریکا لە میسر. لە ئێستا باڵـيۆزی ئەمـریکایە لە میسر.
بایـۆگـرافی هـێرۆ باجـەلان:
ناوی (هـێرۆ قـادر محـەمەد ئەمـین مستەفـا باجـەلان)ە، لە ساڵی (١٩٧٣) لە شاری هـەولـێری پایتـەختی هـەرێـمی باشـووری کوردستان. لە دایـک و باوکـێکی کـورد و کوردسـتان پەروەر لە دایک بـووە. هـێرۆ منـداڵی یەکـەمی (قـادر مستەفـا) و خاتـوو (نەسرین محەمەد عەبدوڵڵا) یە. سێ برای هەیە، ناویان (هەڵـۆ، هەورۆ، بارزان) ن.
هێرۆ لە ئێستادا تەمەنی (٥١) ساڵە. زمانی فەرمیان لە ماڵەوە کوردییە. بەڵام خۆی و بـراکانی ناتـوانـن، بە پیـتی ئـارامی کوردی بخـوێنـنەوە و بنـووسـن. بەڵام هـێرۆ، بە رێنـووسی لاتیـنی کوردی دەتـوانێـت بخـوێـنێـتەوە و بنووسێـت.
باوکی هـێرۆ تێکـۆشەر و سیاسەتمەدارێکی دێـرینی کورد بوو، ئەنـدامی سکرتاریەتی یەکـێتی قـوتابیانی کوردستان بـوو. نەیـارێکی سەرسـەخـتی رژێـمی فـاشستی بەعـسی گۆڕبەگۆڕ بوو. قادر مستەفا، خۆی وتی:” کە نە خۆی و نە منداڵەکانی، ئەندامی هـیچ حـیزبـێکی کوردسـتان نـین. وەک یەک لەگـەڵ هـەمـوو حـیزبەکان ئاشـنام هـەن. ئێستا زۆر شانازی بە هـێرۆی کچمەوە دەکەم. وێنەیەکی خۆی و جـۆ بایـدنـم لایە، بە خەتی خۆی لەسەر وێنەکە نووسیویەتی: چەندە سەرسامە بە لێهاتوویی و زرنگیی هـێرۆ”.

لە ساڵی (١٩٧٤) دا، هـێرۆ تەمەنی یەک ساڵ بـوو، شەڕ لە نێـوان شۆڕشی کورد و سوپای رژێـمی بەعـس هـەڵگـیرسـایەوە. وەک هـەزاران خـێزانی کورد، خـێزانەکەی هـێڕۆ بـوونە پەنـابەر و لە کەمـێکی ئـاوارەکان لە ئێـران. بـۆ مـاوەی دوو ساڵ لـەو کەمپـەدا مانـەوە. ژیـانـێکی سەخـت و ناخۆشیان هـەبـوو. ئازادییان سنووردار بـوو.
تا ئەو کاتـەی کە سپۆنسەرکـران بـۆ هـاتـنیان بـۆ ئەمـریکا.
لە ساڵی (١٩٧٦) دا، خێزانەکەی هێرۆ، روویان لە ئەمریکا کرد، لە شاری (ماینێت)
لە ویـلایەتی (نـۆرس) گـیرسانەوە. مـافی پەنـانەرییـان لە ئەمـریکادا وەگـرت. هـێرۆ باجـەلان، لەبـارەی ژیـانی پەنـابەرییـەوە، دەڵـێـت:”پەنـابەربـوون بـە تـەواوی ئـەوە دەگەیەنێت، کە لە هـیچەوە دەستپێـدەکەیت، بەڵام ئەوەی فـێرکردم دەبـێت ئامـانجی بەرزت هـەبـێـت و بەدەستی بهـێـنـیـت”.
هـێرۆ قـوتابییەکی زیـرەک و بـلیـمەت و متمانە بەخـۆبـوو. زۆر کۆششی دەکـرد. لە پـۆلەکانی قـوتابخـانەی بنەڕەتیـدا، هەمـوو ساڵـێک بە یەکەمی پـۆل دەردەچـووە. لە ساڵی (١٩٩١) دا، لە ئامـادەیی (مـیـنـتـۆن) دەرچـوو.
لە ساڵی (١٩٩٥) لە کۆلـێژی (ئیـدمـۆنـد ئەی والـش) لە زانکـۆی (جـۆرج تـاون) بـڕوانامەی بەکالـۆریـۆسی لە خـزمەتگـوزاریی دەرەوە و لە ئاسایشی نیشـتمانی و رۆژهـەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهـێنا. باوکی دەڵێت:”هـێرۆ لە ئاهـەنگی دەرچووانی زانکـۆی (جـورج تـاون) هـەسـتا و قـسەی کـرد، لە سـەرەتـادا، بە بـاسی کـورد و کوردستان دەستـیپـێکـرد، کە خـۆی زۆری پـێخـۆشـبوو”.
لە ساڵی (١٩٩٧) دا، لە کـۆلـێـژی (ویـدرۆ ویـلـسـۆن) لە زانکـۆی (پـریـنسـتـۆن) بـڕوانامـەی مـاسـتەری لە بابـەتی (پەیـوەنـدیـیـە نێـودەوڵـەتیـیەکـان) دا وەرگـرت.
لە ساڵی (١٩٩٧) زانکۆی (پرینستۆن) بڕوانامەی رێزلـێنانی (دکتۆرای شانازی) یان بە هـێرۆ باجـەلان بەخـشی.
هـێرۆ باجـەلان، لە ساڵی (١٩٩٩) وە تـێکەڵی دیـپـلـۆماسییەت و بـوو. سـەرەتادا لە بەشی خزمەتگوزاریی کاروباری ئەمـریکادا کاری کـرد.
هـێرۆ دیپلۆماتکارێکی ناسروای ئەمریکایە. خاوەن ئەزموونە. کەسێکی لێهـاتووە. لە چەنـدین پێگە و پـۆستی دیپلـۆماسیدا کاری کردووە و سەرکەوتوو بووە و جێ دەستی دیاربـووە. چەنـدیـن کار و پـۆستی باڵایان پێسپارد. لە هەمـوویانـدا سەرکەوتـوو بـوو.
چەنـد ساڵـێکە لە بـواری سیاسـەتی دەرەوەی ئەمـریـکادا کاردەکـات. جـێی متمانەیە و شانازی و رێـز بووە لەلای سـەرۆکەکانی ئەمـریکا (دۆنـاڵـد تـرەمـپ) و (جـۆ بایـدن).
گرنگـترین کار و پۆستەکانی هـێرۆ باجەلان:

لەم (٢١) خاڵـەدا، زۆر بە کورتی و بە چـڕی باس لەو کـار و پـۆستانە دەکەین، کە خاتـوو هـێرۆ باجـەلان، لە سایەی لـێهـاتـوویی و دیـپلـۆماتـیدا بەدەستیانی هـێناون:

(١) هـێرو لە دوای تەواکردنی خوێنـدن، بۆ ماوەیەک بەڕێـوەبەری رێکخـراوێکی ناحکـومی بـوو، بۆ لێکـۆڵینەوەی کوردی. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
(٢) هـێرۆ وەک سەرنـووسەری باڵای سەنتەری لێکـۆڵـینەوە ستراتـیژییەکان لە (ئەبـوزەبی) ی پایتـەخـتی مـیرنـشیـنە یەکگـرتـووەکانی عـەرەبی، کـاری کـرد.
(٣) وەک نوێنەری ئەمریکا، چاودێری هـەڵبژاردنەکانی پارێزکانی (بۆسنە) ی کرد.
(٤) هـێرۆ لە ساڵی (١٩٩٩) دا لە (ئەسینا) ی پایتەختی یۆنان، وەک ئۆفیسەر بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ و بازرگانیکردن، لە یۆناناد کاری کـرد.
(٥) هـێرۆ لە (بەیـروت) ی پایتەخـتی لـوبنان، وەک ئۆفیسەری دیسکی ئێران، لە ئەنجومەنی نیشـتمانیـدا کاری کرد.
(٦) هـێرۆ وەک ئەنـدامێکی پـیـشەیی سـلکی دیـبلـۆماسی ئەمـریکا بـوو بە پـلەی راوێـژکاری وەزیـر بوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمـریـکادا.
(٧) بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەفـغـانستان بوو، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا.

(٨) هـێرۆ راوێـژکار بوو، لە ئۆفـیسی بەڕێـوەبەری سکرتێری کاروباری سیاسی، رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت.
(٩) هـێرۆ ، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمـریکادا، لە ئەنجـومـەنی ئاسـیشی نیشتمانیدا، بەڕێوەبەری کاروباری: ئێران، ـ فەلەستین، ئەفغانستان، عێراق، ئوردن و ئیسرائیل، بـووە.
(١٠) ئـەرکی دیبـلۆماتی لە ناوچە جیـاجیـاکانی جیهـان وەرگرتـووە، لەوانە: عـێراق، هـیندستان، لـوبنـان، پـورتـوگال، یـۆنـان، ئـوردن، بـۆسـنە.
(١١) لە بەڕێـوەبەرێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکادا، لە کۆشکی سپیدا، کاری کـردووە.
(١٢) هـێرۆ وەک راوێژکاری وەزیری سیاسی، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە (نیودەلهی) لە هـیندستان کاری کـردووە،
(١٣) یاریدەدەری وەزیـری دەرەوە (ولـیەم جـەی بێـرنـز) بـوو بۆ کاروبـاری سیاسی.
(١٤) لە ساڵی (٢٠٠٥) دا هاوکاریی (کۆندەلیزا رایس)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کـرد، بـۆ کاروبـاری عـێراق. هـەمەهـەنگـیکاری (پـۆل بـریمەر) ش بـوو، بۆ باردۆخی شاری (موسڵ). سەرۆکی رێکخەری مەدەنی بوو. بە ئەرکی سیاسی لە شاری (موسڵ) دا کاری کـردووە.
(١٥) لە ساڵی (٢٠٠٩) تا (٢٠١١)، راوێـژکاری جـیگـری سـەرۆکی ئەمـریـکا (جـۆ بایدن) بوو ـ ئەو کاتە (باراک ئۆباما) سەرۆکی ئەمریکا بووـ لە بابەتەکانی پەیوەسـت بە رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت و باشـوور و ناوەڕاسـتی ئاسـیا، پـرسـیان بە هـێرۆ دەکـرد.
(١٦) لە مانگی یـۆلـیۆی (٢٠١٦) تا یانـواری (٢٠١٧) جێگری بەرپرسی نوێنەرایەتی بـووە، لە باڵـیۆزخانەی ئەمـریکا لە (لـشـبۆنە) ی پایتەختی پـورتـوگال. واتە (باڵـیۆز بە وەکـالەت) بـوو.
(١٧) لە مانگی (حوزەیران)ی (٢٠١٩) دا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) هـێرۆی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە بولگاریا بەربـژێـرکرد. لە (٢٦/ سێپتەمبەر/٢٠١٩) دا، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بە تێکـڕای دەنگی ئەنـدامـانی بـریارەکەیان پەسەنـدکرد.
لە مانگی (ئۆکتۆبەری ـ ٢٠١٩) تا (ئاداری ـ ٢٠٢٢) بـۆ مـاوەی چـوار سـاڵ، هـێڕۆ باجـەلان، وەک باڵـیۆزی ئەمـریکا لە (سـۆفـیا)ی پایتـەخـتی بـولـگاریـادا، کاریکـرد.
ئەمـە بـۆ یەکـەم جـار بـوو، لە مـێـژووی ویـلایـەتە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریـکـادا، کە ئەمریکـییەکی بە رەچـەڵەک کورد، پـۆستی باڵـیوزی ئەمـریکا وەربگـرێـت. هـێرۆ کە ئەم پۆستەی وەرگـرت، وتی:”شانـازی دەکـەم کە وەک ئەمـریکـیـیەکی بە رەچـەڵـەک کـورد، وەک باڵـیۆز دیـاری کـرام”.
(١٨) سـەرۆکی ئـێـسـتای ئەمـریکا (جـۆ بـایـدن) لە رۆژی (٢٩/ ئـاداری/ ٢٠٢٣) دا، دیـپلـۆماتکار هـێرۆ باجـەلانی بەربـژێـرکـرد، بـۆ ئەوەی وەک باڵـیـوزی ئەمـریکا لە گەورەترین وڵاتی عەرەبی (کۆماری میسر) دا، خـزمەت بکات. لە لایەن ئەنجومەنی پیـرانی ئەمـریکاوە پەسەنـدکـرا و دەنگـیان لە سەری دا. جـۆ بایـدن واژووی لەسەر دەستبەکاربوونی کرد. بایدن سەرسامی خۆی دەربـڕی بە لێهاتوویی و زرنگی هـێرۆ. ماڵـپەڕی فـەرمی کۆشکی سپی رایگەیـانـد کە:”هـێرۆ مستەفـا دیـپلـۆماتێکی خـاوەن ئەزموونە”. هـێرۆ باجەلان لە شوێنی باڵیـۆزی ئەمریکی (جۆناسان کۆهـین) بوو بە باڵیـۆزی ئەمریکا لە (قـاهـیرە) ی پایتەختی میسر. لە رۆژی (٨/ نـۆڤـەمبەر/ ٢٠٢٣) لە دیـوانی وەزارەتی دەرەوەی مـیـسردا، هـێرۆ باجـەلان، وەک باڵـێوزی ئەمـریـکا لە میسر، سوێندی یاسایی خوارد. لە کاتی سوێنـدخـواردن و پـێشکەشکـردنی بڕوانامەی باڵێوزیـدا. هـاوسەرەکەی و هـەردوو کچەکەی لەگەڵـیدا بـوون. هـێرۆ باجـەلان رۆژی (٩/ نۆڤەمبەر/٢٠٢٣) دا دەست بەکاربوو، تا ئەمڕۆ لەو پۆستەدایە و زۆر لێی رازین.
(١٩) خاتـوو هـێرۆ باجەلان لە یادی جەژنی نەورۆزی رابردوودا، بە جلی کوردییەوە، پیرۆزبـایی جەژنی نەورۆزی لە گەلی کوردمـان و گەلانی تـر کـرد.
(٢٠) پێش ماوەیەک، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (ئەنتـۆنی بـلینکن) و هـێرۆ باجەلان لە قاهـیرەدا، دیداری سەرکۆماری میسر (عەبدولفەتاح ئەلسیسی) یان کرد. بۆ رێگرتن لە تەشنەکـردنی شەڕی نێـوان ئیسرائیـل و حەماس و پاراستنی هـاوڵاتییانی مەدەنی لە غـەزە و بە زووتـرین کات، راگـرتن و کۆتـایی هـێـنان بەم شـەڕە و ئازادکردنی بارمـتە ئیسرائیلییەکان لای حەماس و ئازادکردنی گیراوە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
٢١ـ لە رۆژی (١/ تەمـوز/ ٢٠٢٤)، پاپای قـبتییەکانی میسر (تەوادرۆسی دووەم) لە شوێنی نیشتەجـێبوونیدا لە قـاهـیرە، زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە باڵـێۆزی ئەمریکا لە میسر خاتـوو هـێرۆ باجـەلان کـرد.
بـێجگە لەو کارانەی کە لەسەرەوە باسمان کـرد، هـێرۆ باجەلان، لە چەنـدین، بـوار و لایەنی کەشدا رۆڵی هـەبـووە و هـەیەتی. ئەو لە ئێستادا ناوبانگـێکی جیهـانی هـەیە.
شایەنی باسە هـێرۆ باجـەلان، زمـانـزانـێکی زیـرەکە. (٩) زمـانی جیهـانی دەزانێـت و قسەیان پێـدەکات: زمانی کوردی کە زمانی نەتەوەیی و زمانی ئاخاوتنی خێزانەکەیانە، ئیـنگلـیزی، عـەرەبی، فـارسی، یـۆنـانی، هـیـنـدی، بـولـگاری، پـورتـوگالی، ئیـسپانی.
ژیـانی تایبەتی هـێرۆ باجـەلان:
هـێرۆ لەگەڵ پیاوێکی ئەمریکی بە رەچەڵەک هـیندی کە ناوی (راڤـنیش باجەلان) ە. هـاوسەرگـیریی کـردووە. هـاوسەرەکەی (باجـەلان) ی کـرد بە نازناوی خـۆی. دوو کچیان هـەیە، ناویـان (ئاریـانـا) تەمەنی دە ساڵە و (ئاشـنا) تەمەنی هـەشـت ساڵە.
خەڵاتە شایستەکانی هـێرۆ باجـەلان:
رۆڵی دیپلـۆماسی و لێهـاتوویی و خزمەتە زۆرەکانی هـێرۆ باجەلان لە لایەک، وەک پەنابەرێکی نموونەیی چالاک و بـەرز، وەک زمانـزانێکی نـاوازە، لە لایەکی تـرەوە. شایەنی رێـزلـێـنان و پێـزانیـن و پاداشـت و خـەڵاتکـردن بـووە، بە لای ئەمـریـکـاوە.
بە کـورتی باس لە چـەنـد خـەڵاتـێکی دەکـەین:
() لە ساڵی (٢٠٠٩) دا، لەلایەن هـونەرمەنـدی فـیلمسازی ئەمریکی (کـیرک رۆس) کە یەکـەمـین هـاوڕیی ئەمـریـکی هـێرۆ بـوو، لە شـاری (مـاینـێـت)، بەڵـگەفـیلـمـێکی (فـیلمێکی دۆکۆمێنتاری) لەسەر ژیانی خاتـوو هـێرۆ باجەلان بەرەهـەمێناوە، فـیلمەکە بە ناوی (هـێرۆی ئەمـریکا) وەیە. پاڵەوانی فـیلمەکە هـێڕۆیە کە تێیـدا چـیرۆکی ژیانی ئـەو خـانمە کـوردە، لە منـداڵـییەوە دەگـێڕێتـەوە، کە چـۆن هـێرۆ لەگـەڵ خـێزانەکەیـدا کۆچـیان بۆ ئەمـریکا کـرد. کەنـاڵی تەلەفـزیـۆنی ئەلـعـەرەبیـیە ئـەم فـیلمە نمایـشکـرد. () سـاڵانە لە رۆژی (٤/ یـۆلـیۆ) دا، کە یـادی ساڵـرۆژی سەربـەخـۆیی ئەمـریـکایە.
دامەزراوەی (کارنیگی) رێـزنامە و دیـاری پێشکەش بە ئەو پەنابەرانە دەکات، کە بە دڵسۆزییەوە خـزمەتی بەرچـاوی ئەمـریکایان کـردوون. لە ساڵی (٢٠٢١) دا، هـێرۆ مستەفـا باجـەلان،، وەک سەرکەوتـووتـریـن پەنـابەر خـەڵات کـرا.
وەزیـری دەرەوەی ئەمـریـکا، لە تـوێـتـێکـدا نـووسی:”خـۆشـحـاڵـم کـە یـەکـێک لە ئەندامانی وەزارەتی دەرەوە، بە هۆی کارەکانی لە بواری بەهێزکردنی دیموکراسی و پاراستـنی بەرژەوەنـدییـەکـانی ئەمـریکا و هـاوپەیـمـانەکـانمـان لـە جـیهـانـدا، وەک (پەنـابەرە گەورەکـان) دەستـنیـشان کـراوە”.
() هـێرۆ باجەلان، بە هـۆی ئـەو بەهـرە باڵایـەی هـەیـتی، کـە (٩) زمـانی جیهـانی دەزانێت و پێیان دەدوێت، خەڵاتی (ماتيڵدا سینکلێر)ی تایبەت بە زمانیان پێ بەخشی. () هـێرۆ باجەلان، پاڵیوراوە بۆ وەرگـرتنی خەڵاتی مافی مـرۆڤ و دەستکەوتەکانی دیموکراسی وەزارەتی دەوڵـەت.
(*) هـێرۆ باجـەلان، بە هـۆی خـزمەت و کارەکانیـیەوە، چەنـدین خەڵاتی رێـزلێنانی شایستەیان پێ بەخـشیـیوە.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەنـدین سایتی ئینگـلـیزی و وەرگـرتووە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




“کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن” له ده‌رهێنانی به‌همه‌ن قوبادی له ناو ٢٠ فیلمی پڕبینه‌ری جیهاندا.. مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی “کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن” له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری ناوداری کورد “به‌همه‌ن قوبادی” له ناو ٢٠ فیلمی به‌رچاو و پڕبینه‌ریی جیهاندایه.

فیلمی سینەمایی کوردیی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری به ‌ئه‌زموونی کورد “به‌همه‌ن قوبادی” کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 100فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی کردووە و زیاتر له 50 خەڵاتی جیهانی بۆ کوردستان بەدەستهێناوە و یەکێکە لە پڕشانازیترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای کوردستان و ئێران، بەمدوایانە له لایه‌ن ماڵپه‌ڕیی سینه‌مایی “موڤی وێب” Movieweb له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا له ناوی ٢٠ فیلمی جیهاندا ئاماژه‌ی پێکراوه که ٢٠ ساڵ به‌سه‌ر سازکردنیان تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هه‌ر ئێستاش تام و چێژیی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و له لایه‌ن بینه‌رانه‌وه که‌شف ده‌کرێن و به‌رده‌وام سه‌یریان ده‌کرێت.

ناویی ئه‌و ٢٠ فیلمه سینه‌ماییه‌ی لیستی ماڵپه‌ڕیی “موڤی وێب” Movieweb بریتین له: “پێکدادان” Crash له ده‌رهێنانی “پۆڵ هاگیس” Paul Haggis، “هوتێل ڕواندا” Hotel Rwanda له ده‌رهێنانی “تێری جۆڕج” Terry George، “کاندیدای مه‌نچووری” The Manchurian Candidate له ده‌رهێنانی “جاناتان دێمێ” Jonathan Demme، “له‌ ته‌نیشت” Sideways له ده‌رهێنانی “ئێلێکساندێر پێین” Alexander Payne، “کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن” Turtles Can Fly له ده‌رهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی”، “قه‌ڵای جووڵاوی هاوێل” Howl’s Moving Castle له ده‌رهێنانی “هایائۆ میازاکی” Hayao Miyazaki، “بلیمه‌ته‌کان” The Incredibles له ده‌رهێنانی “بڕاد بیرد” Brad Bird، “دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی زه‌ینێکی پاک” Eternal Sunshine of the Spotless Mind له ده‌رهێنانی “میشێل گێندری” Michel Gondry، “دوو به‌یانی” The Day After Tomorrow له ده‌رهێنانی “رۆلاند ئێمریش” Roland Emmerich، “ده‌فته‌ری یادداشت” The Notebook له ده‌رهێنانی “نیک کاساوتیس” Nick Cassavetes، “چیرۆکی کووسه” Shark Tale له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “راب لێتێرمان” Rob Letterman، “ڤیکی جانسۆن” Vicky Jenson و “بیبۆ بێرگڕون” Bibo Bergeron، ” C.S.A. ویلایه‌تی کۆنفدڕاسیۆنی ئه‌مه‌ریکا” C.S.A.: The Confederate States of America له ده‌رهێنانی “کوین ویڵموت” Kevin Willmott، “ناپێلئۆن دینامیت” Napoleon Dynamite له ده‌رهێنانی “جێرێد هێس” Jared Hess، “ڕزگاربوو” Saved له ده‌رهێنانی “برایان دانێلی” Brian Dannelly، “ژنی پشیله‌یی” Catwoman له ده‌رهێنانی “پیتۆف” Pitof، “چراکانی شه‌ویی هه‌ینی” Friday Night Lights له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “پێتێر بێرگ” Peter Berg و “جاش پیت” Josh Pate، “کچه به‌دفه‌ڕه‌کان” Mean Girls له ده‌رهێنانی “مارک واتێرز” Mark Waters، “هاوینی ئه‌وینی من” My Summer of Love له ده‌رهێنانی “پاوێل پاویلکۆفسکی” Pawel Pawlikowski، “ژنێکی باش” A Good Woman له ده‌رهێنانی “مایک بارکێر” Mike Barker و هه‌روه‌ها “خۆرئاوای مردووه‌کان” Dawn of the Dead له ده‌رهێنانی “زێک ئێسنایدێر” Zack Snyder.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://movieweb.com/movies-turning-20-2024-still-relevant/




گه‌ڕان.. شیعری ستار ئەحمەد

هه‌ڵكه‌ به‌سه‌ر زامی جه‌رگما ..
كه‌ خوێن ره‌نگی كۆچبار ده‌گرێ‌ “
تۆ ئه‌و چاوه‌ی پێی ده‌ڕوانم .
ئیتر بارین له‌باران ناپرسێ‌ ..
بۆ هه‌ناسه‌م دوات ده‌كه‌وم ..
دڵۆپێك با به‌قه‌رز ده‌كڕم “
چاره‌سه‌ر بێت بۆ خنكانم .
له‌وه‌ته‌ی شه‌ماڵ بێزاره‌ ..
له‌خه‌ونی زه‌ردی خۆره‌تاو “
دەفڕم بەرەو نیگای شەوگار .
په‌له‌قاژه‌ی دیده‌نی تۆم ..
له‌پشت ده‌رگای چاوه‌ڕوانی “
له‌نێو تەلبەندی چوار دیوار .
مه‌له‌ ماسی لێیده‌گات و
ئاو فرمێسكی گوڵ ده‌ژمێرێ‌ .
ترپه‌ی ده‌روونم بانگ ده‌دا ..
له‌په‌رستگای تاسه‌كاندا “
جاڕی مردنم بۆ ده‌درێ‌ .
كه‌تۆم ناسی ..
عه‌شق ناخمی وردو خاش كرد.
هه‌رچه‌ند گه‌ڕام ..
پارچه‌كانم كۆكه‌مەوه‌ ” ..
خوێناو به‌ر دیده‌می ده‌گرت .
ساتێك ده‌بم بە رووبارێ‌
ده‌مێك ده‌بم به‌كه‌رته‌ شاخ .
نه‌شیعرم چرۆ ده‌رده‌كات “
نه‌هه‌ناوم ده‌بێت به‌باخ .
ئیتر نازانم بابرده‌ ..
له‌كوێ‌ جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌م زریانه‌ ته‌واو نابێت ..
هه‌ستم وشه‌ی هه‌ڵڕژاوه‌ “
بەپێنووس كۆناكرێتەوە .
له‌كوێی ..؟
نسرمی شه‌و هه‌ڵگرم و
رستێك ئه‌ستێره‌ت بۆ بچنم .
خۆ من له‌تۆدا هه‌ڵوه‌ریم ..
هه‌تاكو كه‌ی ـ ؟
ده‌ست هه‌ڵناگری له‌كوشتنم .

ستار ئەحمەد




خەرمانی چاوەڕوانیمان.. شیعری دڵکەش قادر

هەموو نیگاکانم دەڕژێنە پردی چاوەڕوانیتەوە
تۆ بە ناو خوێنما سەرەتاتکێتە
بەناو موولوولەکانم دێیت و دەچیت
تۆ پێم ناڵێی
چۆن دووریمان دروێنە بکەین و
خەرمانی چاوەڕوانیمان هەڵگرینەوە
تۆ بێژە
چۆن قابیل لەمەودای دووریمان دەرکەین
ئەی فیردەوسی من
ئەم باخچەیەی سەر سینەم خەریکە لە دووریت وشک بێت
تا کشانی سێبەر بەسەر حەز ئاوێتەبوونمان
تا ئەوجی بیرکردنەوەمان
تا متبوونی چاومان
خۆشەویستی
وەرە و جەنتەم بۆ بگۆڕە
خەرمانی هیوامان بدوورینەوە.
سلێمانی
دڵکەش قادر




بڕیارنامە سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای عێراق

١-عێراق لەدوای داگیرکاری ئەمریکاوە لەساڵی ٢٠٠٣دا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، دەسەڵاتی حوکمڕانیش تائێستا لە میلیشیا ناسیۆنالیستی و تائیفی و عەشایەری پێکدێت و ئەو حزب و هێزانەی سەر بە دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانن. میلیشیاکان دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوەیە کە لە نێوان ناسیۆنالیستەکانی کورد و سوننە و شیعەدا دابەش بوون، لە ئاستی عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا. هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەرێمی و خۆجێییەکان هیچ سیمایەکی دیموکراسی بە هەڵبژاردن نابەخشن، بەڵکو گاڵتەجاڕی و سیناریۆی بەرهەمهێنانەوەی هەمان هێزن بە ناو و ڕەنگی تازەوە.
٢- عێراق وڵاتێکی سەرمایەدارییە و ئابوورییەکەی بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن ملکەچی بازاڕی ئازاد و یاساکانیەتی، لە ڕاستیدا ئابووریی عێراق ئابوورییەکی کلێپتۆکراسییە (حوکمی دزەکان)زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار تاڵان کرا لە بودجەی زەبەلاحی عێراق لەلایەن ئەو کەسانەی کە بە زەبری چەک حوکمڕانی عێراق دەکەن، کۆمەڵێک ئۆلیگارشی بەرەهەم هێناوە، کە لە سەرکردە و عەمامەبەسەرەکان (سیستانی، الحکیم)- کە دروشمی (بە ناوی ئاینەوە دزیانلێکردین دزەکان) دروشمێک کە پڕاوپڕ گوزارشت لە واقیعی عێراق دەکات- لە هەردوو لایەنی شیعە و سوننە، و لە بنەماڵە نەتەوەپەرستەکانی کورد (بارزانی و تاڵەبانی)، هەروەها سەرکردەکانی وەقفی شیعە و سوننە گەورەترین دزن. نۆرمەڵایزیشنی دۆخەکە جگە لە خۆشباوەڕی هیچی تر نییە و هەوڵەکانی سودانی بۆ کردنەوەی دەرگای هێنانی سەرمایە و هێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بە لێدانی میلیشیاکان بە مووشەک لە گازی کۆرمۆر، یەکسانیان کردەوە بە سفر. ئابوری عێراق هاوشێوەی ئابووری ئێرانە، بە پێچەوانەی هەموو ئیدیعاکانەوە.
٣-هیچ گومان لەوەدا نیە کە هەژاری و بێکاری لە سیستەمی سەرمایەداریدا بوونی هەیە، بەڵام هەژاری و بێکاریی بەربڵاوی عێراق، بەو دزێویە بێ پەردەی و ئاشکرایە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تاڵانی و تاڵانکارییەی کە توێژی (دەسەڵاتدارە دزەکان) پراکتیزەیان کردووە لە ئابووری کلێپتۆکراسیدا. بێبەشکردنی جەماوەر لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان، وەک کارەبا، ئاوی خواردنەوە، پەروەردە، تەندروستی، خانووبەرە، هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دزی و تاڵانکارییەی کە ئەنجامی دەدەن.
٤-سیستمی ئابوری و سیاسی لە عێراقدا بەرهەمی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و تائیفی و خێڵەکی و دروستکردنی حکومەتێکی مۆزایکی، پاش مودرینیتە(پۆستمۆدێرنیزم) ، هاتە ئاراوە. خەڵکی عێراقی خستە بەردەم شەڕی خوێناوی تائیفی و مەزهەبی و ناسیۆنالیستی کە کۆمەڵگەی عێراقی دەیان ساڵ لە گەشەسەندنی زانستی و تەکنەلۆژی و کولتووری و شارستانی پاشەکشە پێکرد.
٥- کاردانەوەی جەماوەر لە شۆڕشی تشرین بەرامبەر بەو هەلومەرجانە بەهێز و لەناوبەر بوو بۆ ئەو سیستمە ئابوورییە سیاسییەی کە هەبوو، چەندین حکومەتیان بە دوای یەکدا ڕوخاند لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و حکومەتەکانی دیکەش لە سەرەتای ساواییاندا، ئەوانیش نەیتوانی بەرگەی ئەو شەپۆلە شۆڕشگێڕییە بگرن کە گۆڕەپان و مەیدانی شارە گەورەکانی کۆنترۆڵ کرد بوو. دروشم و داخوازییەکانی گۆڕەپانی تەحریر و مەیدانەکانی دیکە، دەربڕینێکی وردی نکۆڵیکردن بوو لەو بارودۆخەی هەبوو ، نەفی کردنی ئابووری و تاڵان و بڕۆ، و ڕەدکردنەوەی حکومەتی مۆزایکی و سەپاندنی ناسنامەی ساختە و داسەپێنراو بە سەر جەماوەردا. دروشمی “نە شیعە، نە سوننە، حکومەتێکی عەلمانیمان دەوێت”، دروشمی “ژیانی شایستە” و دروشمی دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێراق بە دروشمی “ئێران بۆ دەرەوە، بەغدا ئازاد دەمێنێتەوە”، پلاتفۆرمێکی ڕۆشن و ئامانجی ڕوون بون بە ڕوی ئەو بارودۆخەدا.
٦-زۆر هۆ بوونە هۆی پاشەکشەی شۆڕش ، گرنگترینیان نەخۆشی کۆرۆنایە، لەوەش گرنگتر نەبوونی ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ئەوەی بەرەو سەرکەوتنی ببات و ئاسۆیەکی گەش بەسەریدا زاڵ بکات، بەڵام هێزی شۆڕش هێشتا کار دەکات بۆ ڕێکخستنەوەی و گەڕانەوەی بۆ سەر ڕێڕەوی خۆی، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی شۆڕشێکی ژنانە و جەماوەری هەر ئێستا لە ئێراندا “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ پانکردنەوەی سەری ئەژدیهای کۆماری ئیسلامی ئێران.
٧-ئاڵوگۆڕەکان لەبارودۆخی هەرێمی کوردستان له نێوان بۆرژوازی له لایه ک و کرێکاران و جه ماوه ڕی بێبەش له کوردستان له لایەکی ترەوە بۆ چاره سه رکردنی گرفت و کێشه کانیان به ره و به غدا و حکومەتی ناوه ندی، ئەمەش پاڵی بە بارودۆخەکەوە ناوە تا تێکەڵبونەوەی زیاتری کوردستان بە باقی شارەکانی عێراقەوە، سەرباری بڵاوکردنەوەی ژەهری ناسیۆنالیزم و ململانێی نەتەوەیی بەبەردەوامی.
ئێمە ئەم خاڵانەی خوارەوە لە دەستووری کارماندا دادەنێین و تا دۆخەکە ببەین بەرەو پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی و لاوازی ڕابەرایەتی بۆ گەڕانەوەی شۆڕش بۆ سەر ڕێڕەوی خۆی لە بەرامبەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێستایدا:
ا- ڕێکخستنی خەبات دژی هەژاری و بێکاری و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی جەماوەر لە دەوری دروشمی ڕوون و داخوازی بنچینەیەکان.
ب – دروستکردنی تۆڕی تێکۆشەرانی ژن و پیاو لە شوێنی کار و گەڕەکەکان و بەستنەوەیان بە دەستەی فراوان بۆ گەڕانەوەی هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ خەباتی خۆیان.
ت- خەبات بۆ جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و لەپێناو حکومەتێکی عەلمانی، نانەتەوەیی و نائاینی.
د- خەبات لە پێناو یەکسانی ژن وپیاودا.
ج- خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان.
ح- دروستکردنی پردی خەباتکارانەی جەماوەری لە نێوان هەموو شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەدیهێنانی حکومەتێکی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەراندا.
ڕابەرایەتی کردنی شۆڕش وسەرخستنی مەیسەر نابێت مەگەر ئەوەی کە هیزیکی شۆرشگیرو چەپ ڕابەری بکات. هێزێک کە لە مێژە ئاسۆی شۆڕش و ڕوخانی حکومەت و ڕزگاری کۆمەڵگەو، هێزی شۆڕشی لەبەردەم کۆمەڵگا خستوەتە ڕوو و بەپێداگریەوە خەباتی کردوە بۆ بەدیهێنانی، هێزێک کە ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ و هەمەلایەنەی لە حکومەت و تەواوی ڕژیم ئێستا هەبووە وهەیە، و نوێنەرایەتی یەکڕیزی و هاوپشتی ڕیزەکانی شۆڕش دەکات لە دەوری ئەم ڕەخنە و ناڕەزایەتییە ڕادیکاڵ و هەمەلایەنەیە. حیزبێک کە بەرنامە و ئامانجە ئەرێنییەکانی لەسەر ئایدیاڵ و ئامانجی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازانە و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە چڕ کردوەتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق خاوەنی سیفەتەکانی ڕابەرایەتییە و بە دوای گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ جەماوەری شۆڕشگێڕەوەیە و خەبات دەکات، لەم پێناوەدا بانگەوازی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری ملیۆنی و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان دەکات لە دەوری ئەو حیزبە گرد و کۆببنەوە.

یەکێک لە پەسەندکراوەکانی پلینۆمی شانزەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپ عێراق
٢٣\٦\٢٠٢٤