ستڕاتیژە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق.. نادر عەبدولحەمەید

  1. ڕاست و چەپی ناسیونالیزم، دەستاودەستی دەسەڵات
    هاوڕای ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابووریـیەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، نەک هەر ئۆپۆزیسیۆنی قەومی لیبڕاڵ و ئیسلامی سیاسی وەک فشار بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدارەوە هاتوونەتە مەیدان، بەڵکو ناسیونالیزمێکی چەپی سەر بە ئایدیاکانی ئۆجەلان و ئەزموونی کوردستانی سوریا و تورکیای ئەو ڕەوتەش، گەشەیەکی کردووە لەبەرمبەر ناسیونالیزمی ڕاستڕەوانەی زاڵ لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقدا، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنیەوە.
    گەرچی لە ئێستادا ئەم ناسیونالیزمە چەپە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەرجەستەی سیاسی و عەلەنی خۆی نەخستۆتەڕوو، بەڵام هێزێکی یەدەک و حەشاردراوی بزووتنەوەی ناسیونالیستیـیە بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی ڕاستڕەو، لە کاتی هاتنەئارای قەیرانی دەسەڵات و لە توندپێچە مێژووییەکاندا، بەمانایەک دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات، لە نێوان ڕاست و چەپی یەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، کە ئەویش بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردە لە هەرێمەکەدا، بەڵام بەشکڵ و شێوازێکی جیاوازتر لەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی لیبڕاڵ قەومی (نەوەی نوێ) و لایەنی تر، وەیا ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆی.
  2. سنوری ئەم وتارە
    لەم وتارەدا ناچمە ناو باسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەی، ناچمە ناو باسی ناسیونالیزمی چەپ و ڕاست لە هەرێم، بەڵکو دەمەوێت تیشکێک بخەمەسەر بارودۆخی ئێستای بزووتنەوەیەکی چەپی دەرەوەی ڕەوتی ناسیونالیزمی چەپ، واتا ئەوەی کە ناسراوە بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق. ئەمەش بە مەبەستی دەرخستن و بەرجەستەکردنەوەی ستڕاتیژە سیاسیـیەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە کە لە بەرامبەر گشت ئەم بارودۆخە سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابووریەی هەرێمدا خراونەتەڕوو. وە لێرەشدا ناچمە ناو هەڵسەنگاندنی خەتە فکرییەکانەوە، بەڵکو باسەکەم پەیوەستە بە خەتی سیاسی و ستڕاتیژی سیاسیـیەوە. ئەوەش کە تا چەند خۆشباوەڕی (تەوەهومات) لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا هەیە بەرامبەر بە ناسیونالیزمی چەپ، یان کاریگەری ناسیونالیزمی چەپ لەسەر ئەم بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییە چەندە و چۆنە؟ ئەمەش باسێکی ترە و لێرەدا ناچمە ناویەوە.
  3. ئایە (حزبی شیوعی کوردستان) بەشێکە لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان؟
    بۆ ئەوەی ڕۆشن بێتەوە کە مەبەستمان لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق چییە، پێویستە بزانین ئایە ئەم حزبە بەشێکە لەو بزووتنەوەیە یان نا؟
    (حشک)، نە لە مێژووی ڕاستەقینەی خۆیدا و نە لە ڕێبازە سیاسییەکەیدا، سەر بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق نیـیە، لە ڕووی مێژوویـیەوە درێژکراوەی (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی شیوعی عێراقی)یە، کە ئەو حزبە عێڕاقییە هەمیشە سازشکار و هاوکاری حزبە ناسیونالیستە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی کورد بووە، بەتایبەتیش باڵی عەشایەر و هەرە کۆنەپەرست و دواکەوتووەکەی (پارتی)، چ لە ساڵانی شەستەکان و چ لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە بزووتنەوەی چەکداری ناو شاخەکانی سەرسنوردا، کاتێکیش (لە ١٩٩٣دا) ئەم ڕێکخراوی کوردستانە دەبێتە (حزبی شیوعی کوردستان) بەردەوامی بەهەمان خەت و ڕێبازی سیاسی دەدات لە نەوەتەکان سەدەی بیستەوە هەتا ئێستا.
    سەیرکەن لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا و لە (٣١ی ئابی ١٩٩٦) کە (پارتی) بەهاوکاری سوپای (بەعس) هەولێر دەگرێتەوە، (حشک) خاوەنی وەزیر بووە لەو حکومەتەی کە (پارتی) پێکیهێناوە لە هەولێر! سەیرکەن لە کاتێکدا لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا خەڵک ڕاپەڕیووە و (١٠) خۆپێشاندەر کوژراون، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم و قسەکەری حکومەتی هەرێم ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە بووە! گەرچی لە کۆنگرەی حەوتەم (٢٠٢١)ەوە بڕیاردرا کە ببێتە حزبێکی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێک کە هەندێک لە ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی و مەکتەب سیاسییەکەی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتن! سەرەتای کۆنگرەکەشیان بە (سرودی ئەی ڕەقیب) کە سرودێکی قەومی ڕەگەزی (ئیسنیتکی) کوردە، نەک سرودێکی نیشتمانی کوردستانی، دەستپێکرد، سرودی ئینتەرناسیوناڵیان خستەناو تەنەکەی خۆڵەوە!
    (حشک) هەتا حزبێکی ڕیفۆڕمیستیش نەبووە و نیە، بەڵکو بەشێک بووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێکە لە بزووتنەوەی کوردایەتی، هەتا لەناو کوردایەتیشدا باڵی چەپ نەبووە و نیە، ئەم حزبە بە چەمکی سیاسی لە ئەوروپای ڕۆژاوا، پێی دەڵێن حزبێکی ڕاستڕەوی مامناوەندی قەومی (یمین الوسط القومی)، لە کاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندیـیە گرنگەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا، هەستیاری و دوژمنایەتییە سیاسییەکەیەتی بەرامبەر بە حیزبە نەتەوەییەکان، کەچی مێژووی (حزبی شیوعی کوردستان) مێژووی پاشکۆیەتییە بۆ ناسیونالیزمی کورد و حزبە فەرمانڕەواکان، هەروەک حزبی دایکی خۆی (حزبی شیوعی عێڕاق) کە پاشکۆی ناسیونالیزمی عەرەب و ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی وەک (بەعس) بوو. بۆیە ئەم حزبە نەک هەر کۆمۆنیست نیە، بەڵکو چەپێکی بورژوازی ناو کۆمەڵگەش نیە.
  4. چوارچێوەی گشتی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
    بزووتنەوەی چەپ لە کوردستانی عێڕاق، دەرئەنجامی جیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی مارکسیستە لە حزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکان بەدواوە تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. لە سەرەتای نەوەتەکاندا خۆی لە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)دا کۆکردۆتەوە، پاشان بە جیابوونەوەی بەشێکی بەرچاوی کادرەکان و بە هەڵمەتی سەرکوتگەرانەی حزبە ناسیونالیستەکان و ترۆری کادر و ئەندامانی و بنبەست و شکستی سیاسی، نەک هەر حزبەکە، بەڵکو گشت بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بردە دواوە و پەرتەوازە بوو، هەڵسوڕاوان و کادر و ئەندامانێکی زۆر دەستیان لەکار کێشایەوە و کۆچیان بەرەو دەرەوەی وڵات کرد.
    دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک (٢٠٠٠-٢٠١٠)، دەیەی پوکانەوە و پاشەکشەیەکی بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە بوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و وەڕێکەوتنی بزووتنەوەی بەرگری لە ئازادییە سیاسییەکان دژ بە ترۆری ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لە (٢٠١٠) و پاشان (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکاتی شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا (تونس) و (میسر) بوو، ڕەوەندێکی ڕوو لە گەشە و چوونەپێشی بەخۆیەوە بینی، و نەوەیەکی تازەش بە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵی مارکسیستیـیەوە هاتە مەیدان لە (٢٠١٣) بەدواوە.
    لە دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاقدا گۆڕانکاریـیەکی بەخۆوە بینیوە، وێڕای ڕووهێنانی نەوەیەکی تازە بۆ مارکسیزم، ئەو حزب و ڕێکخراوانەش کە پێشتر لەئارادابوون (حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، دەستەجاتی تازەی وەک (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) و (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان) هاتوونە ئاراوە و ڕێکخراوی وەک (بەدیلی کۆمۆنیستی) هاتۆتە مەیدان.
    دیارە کە چەند ئەڵقە و دەستەجاتی تریش لە ناو سۆشیال میدیادا هەن، کە کاری پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی ئەنجام دەدەن، یان بەکارێکی دیاریکراوی وەک وەرگێڕانی بەرهەمە فکری و سیاسییەکانی کەلەپوری مارکسیزمەوە مەشغوڵن. ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆروزەوەند لە هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست کە پێشووتر ئەندامی کارا و چالاکی حزب و ڕێکخراوەکان بوون و ئێستا لەبەرخۆیانەوە بە فەردی یان لەناو ڕێکخراوەیەکی جەماوەریدا، چالاکی ئەنجام دەدەن و مەیلی ڕێکخراو بوونی کۆمۆنیستانە (تەحزەووبی کۆمۆنیستی) و چالاکی ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستیان زۆر لاوازە، لە ئەوروپا بۆ ئەو جۆرە کۆمۆنیستانە چەمکی “کۆمۆنیستی بێ خانەولانە-Homeless Communists” بەکار دەبرێت.
    تێبینی: (ئەڵقە) و (کۆڕوکۆمەڵ) وەک گردبوونەوەیەکی سەرەتایی، و (دەستە) وەک ئاستێکی بەرزتری گردبوونەوە بەکاردەهێنم. (حزب) (گرووپ)، (ڕێکخراو)، بۆ ئەو گردبوونەوانە بەکاردەبەم کە کارێکی سیاسی ڕێکخراو بەپێی ستڕاتیژێک ئەنجام دەدەن.
  5. بەراوردێک
    بە پێچەوانەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی بیست، کە کێشمەکێش (جەدەل)ی فکری و سیاسی لە نێوان ئەڵقە و گروپ و ڕێکخروەکاندا تاوی سەندبوو، لەم دەورەیە لە ژیانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق زۆر کەمتر ئەو خەباتە فکری و سیاسییە ناوخۆییەی نێوان حزب و ڕێکخراوەکان و گرووپ و ئەڵقەکان لە ئارادایە و هەر لایە سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوانی تر و سەرگەرمی دنیای خۆیەتی. ئەڵبەتە ڕەخنە وەک دەستپێشەکەری کەسەکان لە سیاسەت و خەتی فکری ئەم یان ئەو حزب و ڕێکخراو لەئارادا بووە، ئەوەی مەبەستی منە ئەوەیە ئەو کارە وەک سیاسەتێکی دیاریکراو لە لایەن خودی حزب و گروپ و ڕێکخروەکانەوە بەرامبەر یەکتری نەگیراوەتەبەر.
    گەرچی ئەم کارە بۆی هەیە ببێتە گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندیـیە ناوخۆییەکانی ئەو بزووتنەوەیە زیاتر لەوەی کە ئێستا لە ئارادایە، بەڵام مارکسیزم و کۆمۆنیزم نەک هەر لە ڕێگەی کێشمەکێشە فکری و سیاسییەکانەوە، دژی ڕەوتە زاڵ و سەرەکییەکانی فکری بورژوازی دێتە مەیدان و خۆی ئەزموون دەکات، بەڵکو دژی ئەو ڕەوت و مەیلە فکری و سیاسیانەش کە ڕەنگدانەوە و سێبەری ڕەوتە ئەسڵییەکانی بورژوازین لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا، خۆی مشتوماڵ دەکاتەوە، پێشڕەوی دەکات و کاربوردەکەی واتا شیاوی بەکارهێنانی مارکسیزم لەسەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەزموون دەکرێت و وەک مێسۆد و جیهانبینییەکی گشتی لێکهەڵدەپێکرێت بە تایبەتمەندی جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە.
  6. ئێستای بزووتنەوەکە
    – لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە کەسان و لە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵە مارکسیستەکانی نەوەی تازە کە ڕوویان هێنابوو بۆ مارکسیزم، ئێستا یا دەستبەرداری مارکسیزم بوون، یا خاوبوونەتەوە و نەیان توانیووە گەشە بکەن و بەرزببنەوە بۆ ئاستی خۆ ڕێکخراوکردن و هاتنەمەیدانی کاری سیاسی جدی، و وەک ئەڵقەی تاوتوێ کردنی باسە فکرییەکانی مارکسیزم درێژە بە خۆیان دەدەن.
    شکستی پڕۆژەی ڕۆشنبیرانی ناسیوناڵ لیبڕاڵ کە سوپایەک لە قەڵەم بەدەستان و میدیاکارانیان هەڵخراند بوو (بەسیج و تەحشید کردبوو) بۆ هەڵهەلە لێدانی هێنانەدی “دەوڵەتی یاسا” بە دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی پەرلەمانەوە و چووبوونە پشت (بزووتنەوەی گۆڕان)ی ئەو کاتە، بەڵێ شکستی ئەم پڕۆژەیە بەشێک لە ڕۆشبیران و نوسەرانی تازە لاوی ناو ئەو سوپایە و دەرەوەی ئەم سوپایەی توشی هەڵوێستە و تێڕامان کرد و ڕوویان هێنا بۆ مارکسیزم. ئێستا جێگەی داخە پاش تێپەڕبوونی لانی کەم دەهەێک (دە ساڵ) بەسەر هاتنەئارای ئەم نەوە تازەیەی مارکسیزمدا، نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستە لە گەشە و پێشڕەوی کە چاوەڕوانی لێ دەکرا ببێتە “خوێنێکی تازە” بۆ ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق.

    – دەستەی (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی)ی ڕۆژنامەکەیان (ڕێچار) دوو ساڵ زیاترە وەستاوە، ماوەیەکیشە ماڵپەڕی سەرەکی ئەم دەستەیە و ماڵپەڕی ڕۆژنامەکەشیان لەکار کەوتووە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم دەستەیە پێشتریش هەر لە ساڵی شکڵگیرییەکەوە (ئەیلولی ٢٠١٦) تا ئێستا (کە نزیک بە هەشت ساڵە)، پەنای نەبردۆتە بەر خستنەڕووی ستڕاتیژێک بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، و دەرکردنی بەیاننامە و هەڵوێست نواندن، وە زیاتر مەشغوڵی پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی بووە دژی سەرمایەداری و بورژوازی بە شێوەیەکی گشتی. لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ بڵیین ئەم پڕوپاگەندەیە ستڕاتیژیان بووە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، و نەیانتوانیوە لەو ئەلقە سەرەتاییە واوەتر بڕۆن و بێنەدەرەوە بۆ ناو جیهانی مارکسیزمی پڕاتیک و چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستی، لە شوێنی خۆیان گیریان کردووە و هیچ دۆکیومێنتێکی ڕەسمیشیان ڕانەگەیاندووە کە بۆچی ڕۆژنامەکەیان وەستاوە؟ بۆچی ماڵپەڕەکانیان وەستاوە؟ بۆچی هیچ شتێک بەناوی دەستەکەوە لە ئارادا نەماوە؟

    – دەستەی (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان)، سەربە سوننەتێکی فکری و سیاسی دیاریکراون، کە ئەویش هێڵی فکری تڕۆتسکی – تۆنی کلیف و (حزبی کرێکارانی سۆشیالیست-بریتانیا)یە، و چالاکن لە سۆشیال میدیا و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی و ڕەواجدان بە بەرهەمەکانی ئەو خەتە فکریە و بەگشتیش بە بەرهەمە مارکسیستی و سۆشیالیستیـیەکان. ئەم دەستەیە هەنگاوی هەڵێناوەتەوە بۆ دیاریکردنی هێڵی بەرنامەیی و سیاسی خۆی لە ئاستێکی زۆر گشتیدا، لە دۆکیومێنتێکدا بەناوی (هێڵی گشتی سیاسەتەکانی …)، بەڵام هێشتا ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی؛ ئەوەی کە لە کوردستاندا دەیەوێت چی بکات و چۆن ئەنجامی بدات و بۆی هەڵسوڕاو بێت، بە دیاریکراوی نەیخستۆتەڕوو، هەر بۆیە ئەمیش هەڵوێست نواندنی سیاسی نییە، وەک دەرکردنی بەیاننامە بەناوی گرووپەکە خۆیەوە، لەسەر بارودۆخی سیاسی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان، وەیا بۆنەکانی هەشتی مارس و یەکی ئایار. لە نێوان هاوڕێیانی ئەم دەستەیە و هاوڕێیانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا، پەیوەندییەکی هاوڕێیانە بۆ دیالۆگ و بیروڕا گۆڕینەوە، ناوەناوە لە ئارادایە، بەڵام پەیوەندیەکی فەڕمی و ئامانجدار بە مەبەستێکی دیاریکراو نییە، وەک ئەوەی کە پێشتر لە نێوان (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا هەبوو.

    – ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق)، دوای چەند دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لە کۆتایی تشرینی دووەم (نۆڤێمبەر)ی (٢٠١٨) بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد، کە تیایدا هاتووە […. مەبەستی سەرەکی ئەم دانیشتن و گفتوگۆیانە واوەتر بوو لە کاری هاوبەش و هاوکاری نێوان دوو ڕێکخراوی سیاسی، و لە بنچینەدا ئامانج لێی پێکهێنانی هاوفکری و هاوڕایی سیاسی و بەرنامەیی و چونەناو پڕۆسەیەکی سیاسی عەمەلیـیە بۆ یەکگرتوویی و هەنگاونان بەرەو هێنانەدی حزبێکی کۆمەڵایەتی مارکسیستی شوڕشگێر]، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەوە کە هاوڕێیانی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) مەیلیان بەلای ئەزموونی سیاسی (پەیەدە -پارتی یەکێتی دیموکرات) لە کوردستانی سوریا و ئایدیا و ئایدیۆلۆژیای پشتی ئەم ئەزموونە پەیدا کرد، بە عەمەلی کشانەوە لەم پەیوەندیـیە و لەم پڕۆسەیەی کە بڕیاربوو بچنەناویەوە لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا.
    ئێستا (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) نزیک بە دوو ساڵە، هیچ چالاکییەکی عەمەلی و عەلەنی ئەنجام نەداوە بەناوی ڕێکخراوەکەوە، هیچ بەیاننامەیەکی دەرنەکردووە لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان و بۆنەکانی وەک هەشتی مارس و یەکی ئایار، کە ساڵانی پێشووتر ئەو کارەی دەکرد. وە هیچ ڕاگەیاندنێکیشان دەرنەکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو “ڕێکخراوە” و کۆتایی هاتنی.

    – هەرچی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)ە لەلایەن (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) و (ئاڕاستەی مارکسستی هاوچەرخ)، تا ئێستا نەک هەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی هەرێم و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا، بەڵکو لەناو خودی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا، چالاکییەکی سیاسی ئەوتۆیان نییە لە کوردستانی عێڕاق.

  7. سێ ستڕاتیژ لەناو بزووتنەوەکەدا
    سەرەتا ئەوە بڵێم کە ناوەڕۆک و جەوهەری هەر ڕەوتێک، هەر حزب و ڕێکخراوێک، ئەو پڕاتیکە سیاسییەتی کە لە جیهانی واقعیدا پیادەی دەکات، نەک ئەوەی سەر بە چ خەتێکی فکریـیە و بانگەوازی چ فکر و ئایدیۆلۆژیایەک دەکات.
    پڕاتیکی سیاسی هەر حزب و ڕێکخراوێکیش بەدەوری تەوەرەێک (چەقێک،ناوەندێک،میحوەرێک)دا دەسوڕێتەوە. واتە کێشەیەک، گرفتێک، یا مەسەلەیەک دادەنرێت بە گرێ و کێشەی سەرەکی و جەوهەری کە کۆمەڵگە گیریخواردووە بەدەستیەوە، جا لێرەوە چالاکی و کاری سیاسی ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی ئەو کێشە و گرفتە و مەسەلە ئەسڵی و جەوهەرییە.
    ئەوەی پێی دەوترێت ستڕاتیژ بریتییە لە کۆیەکی ئۆڕگانیکی تەوەرە و پڕاتیکەکە وەک یەکەیەکی لێکهەڵپێکراو، واتا بریتییە لە یەکەیەکی پێکهاتووی ئۆڕگانیک لەو ناوەندە کە بەدەوریا پڕاتیک ئەنجام دەدرێت، ئەمە بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش تاکتیک دەگیرێتەبەر لە قۆناغە جیاوازەکان و لە هاوسەنگی هێزی جیاواز و لە ئاستە جیاوازەکانی خەباتدا بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕاتیکە، بەم پێیە تاکتیک بەشێکە لە ستڕاتیژ و پێکهێنەریەتی و لێی جیانابێتەوە.
    تا ئەو شوێنەی کە پەیوەست دەبێتەوە بە ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاقدا ڕووبەڕووی دوو هێڵ و ڕێبازی سیاسی جیاواز بە یەکترین. کە یەکێکیان ستڕاتیژی (حکک کوردستان)ە و ئەوی تر هی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)یە.
    پێشتر ستڕاتیژێکی تر کە (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) لەسەری دەڕۆیشتن لە ئارادا بوو، بەڵام ئێستا بەو پێیەی کە ئەم ڕێکخراوە هیچ جۆرە چالاکییەک لە خۆی نیشان نادات و هاوڕێیانی ئەو ڕێکخراوەش ڕوویان هێناوە بۆ ستڕاتیژ و بەرنامە و ئایدیایەکی تر کەسەر بە ئەزموونی کوردستانی سوریایە، بۆیە خودی ستڕاتیژەکە لە مەیداندا نەماوە، بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا بۆ بەرجەستەکردنەوەی هەرچی زیاتری ستڕاتیژی کۆمۆنیستی و جیاوازی لە ستڕاتیژەکانی تر باسی لێوە دەکەین وەک ستڕاتیژی سێیەم.

    ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.
    ئەم ستراتیژە لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی ئەم حزبەدا لە (٢٠٠٨) و لە بەرنامە و چەندین بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکانی کۆمیتەناوەندی و بڕیارنامە و پەسندکراوەکانی حزبیدا هاتووە، وە لە ڕووی کردەی سیاسیشەوە، ئەم حزبە نەک هەر چووە پشتی “ڕیفراندۆم” لە ئەیلولی (٢٠١٧)دا، بەڵکو بە بەشداری کۆڕ و سمیناریش لەلایەن کادرەکانی ڕابەری حزبەوە چالاکانە بۆی هەڵسوڕاو بوو. ئەمە و سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفڕاندۆمەکە جێگەی پشتیوانی حزبە کۆمۆنیستییە کرێکارییەکانی تری وەک (حکک عێڕاق) و (حکک چەپی عێڕاق) و حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی ئێرانیشە.
    (حکک کوردستان) بۆ ماوەی دە ساڵ (٢٠٠٨-٢٠١٨) پافشارییەکی یەکجار زۆر زەقی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام شکستی ناسیونالیزمی کورد بەدوای “ڕیفڕاندۆم”ەکەدا ئەوانەشی توشی داماوی کرد کە لە لای چەپیەوە وەستابوون، بۆیە هێواش هێواش مەسەلەی پێداگرتن و باسکردنی سەربەخۆیی کوردستان لای حزب، ساڵ لەدوای ساڵ کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لە بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکان و بڕیارنامەکاندا تا دەگات بە دوایین کۆنگرە (کۆنگرەی شەش/ مارسی ٢٠٢٤)، کە لە جیاتی پێداگری لەسەر سەربەخۆی لە ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەکەدا هاتووە [پێویستی بەرجەستەبوونی حزب وەک حزبێکی ئۆزسیۆنی سەرەکی … و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و … دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراکانی خەڵک. … پێداگری لەسەر بردنەسەری یەکدەستی زیاتری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق و کوردستان]. وە لە بڕیارنامەی بارودۆخی سیاسی و سەرخەتی سیاسەتەکانی حزب پەسندکراوی کۆنگرەکەدا هاتووە [چارەسەری مەسەلەی کورد لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا،… یا جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ] تا ئێستا هیچ دۆکیومێنتێک لە ئارادا نییە کە بڵێت ستڕاتیژی سەربەخۆیی وەلانراوە و ستڕاتیژێکی تر خراوەتە جێگەی. دواتر باس لەم بێدەنگیـیە دەکەین.
    کاتێک شەپۆلێک لە خۆپێشاندان سەریهەڵدا لە تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی (٢٠١٥)دا و جەماوەری توڕە و ناڕازی بارەگای زۆرێک لە حزبەکان نەک هەر ئەوانەی دەسەڵات، بەڵکو بارەگای (بزووتنەوەی گۆڕان) و حزبە ئیسلامییەکان و (حزبی شیوعی کوردستان) و (حزبی سۆشیالیستی کوردستان)یشان سوتاند، وە کەوتنەبەر هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات و چەند لاوێکیش تیا کوژران، ئا لەو بارودۆخەدا، سەیرکەن (حکک کوردستان) بەیاننامەیەکی دەرکرد لە (٣٠-١٠-٢٠١٥)دا بە ناونیشانی (دەسەڵاتی بورژوا-ناسیونالیستی کورد مایەپوچ بوو، ڕێگاچارە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە). من هەر ئەو کاتە بە زنجیرە وتارێک بەناوی (دوو بەڵگەنامە. ئاناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان) ڕەخنەم هەم لەم بەیاننامە و هەم بەیاننامەی (١٥-١٠-٢٠١٥)ی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) گرتووە کە ئەویش هەمان ستڕاتیژی خستبۆ ڕوو.
    پێنج مانگ بەر لەو بەیاننامەیەش، لە (٣٠/٥/٢٠١٥) لە ڕاگەیاندنی پلینۆمی (١٨) هەژدەهەمی حزب باس لە (زەرورەتی خەباتی لێبڕاوانەی بۆ پاکردنەوەی داعش) دەکات کە (بەربەستێکە لەسەر ڕێگا گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار و بەدیهێنانی ئازادی‌ …). بەم پێیە تاکتیکی خەباتی لێبڕاوانە دژی داعش سەرچاوەکەی لە ستڕاتیژی (گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار) دایە.

  8. بیست و یەک ڕۆژ دوای پلینۆمەکەش لە (٢٠-٦-٢٠١٥)دا بەیاننامەیەک بە هەمان تام و چێزی پڕ لە ترش و خوێی ڕاگەیاندنی پلینۆمەکە دەرچووە بەناوی [سەبارەت بە: بارودۆخی سیاسی کوردستان ‌و ئاراستەی ڕووداوەکان!] و دەڵێت: [حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بڕوای وایە کە کۆتاییهێنان بە تاڵان ‌و بڕۆی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە بەبیانوی شەڕی داعش‌‌ و نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، بڕینی بیانوەکان ‌و دەرهێنانی کوردستان لەو گێژاو و بنبەستە سیاسی ‌و ئابورییەی تێی کەوتوە و هەروەها ڕزگارکردنی خەڵک لە هەڵواسران لەنێوان ململانێ ‌و کێشمەکێشی دەسەڵاتێکی بێ ئاسۆی بۆرژوازی کورد و حکومەتی ناوەندی، و ئەو هەموو گرفت ‌و کارەساتەی ڕوبەرووی خەڵکی کوردستان دەکرێتەوە، زەرورەتی دەستبەجێی جیابوونەوەی کوردستان‌ و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کردۆتە ئەولەویەتی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان. لەم پێناوەدا حیزب لێبڕاوانە کاردەکات‌ بۆ ئامادەکردنی تواناییەکان ‌و ڕێکخستنی ڕیزەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە و شکاندنی تەوقی گریدانەوەی ئاسایش ‌و ئارامی و ژیان ‌و ئایندەیان بەدیار ڕێگاچارەکانی ئەحزابی بۆرژوازی کورد و دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمریالیستیەوە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان.]

ماویەتی … لە بەشی داهاتوودا دێینەسەر:
– لە گێژاوی سیاسی کوردستانەوە بۆ گێژاوی خەتی ستڕاتیژ لەناو حکک کوردستاندا.
– ناوەڕۆکی ستڕاتیژەکەی ئەم حزبە چ جۆرە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمێکە؟
تەمموزی ٢٠٢٤




(خوێنەرى کوشندە/ خوێنەرى نیازخواز).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

لە بەنگ ئەم بەنگییانە چى دەبینین، خۆ لە خۆ گۆڕان
لە دنیادا مەدارى عەیش و خۆشى، خۆ نەناسینە
مەحوى

لە کۆى ئەو زنجیرە نووسینانەى لە بارەى خوێنەر و خوێندنەوە، نووسیوومە. جگە لەوەى هەوڵمداوە، قسە لە دەسەڵاتى خوێنەر و تیۆرى خوێندنەوە بکەم، بە دیوەکەى دیکەش بەشێک لە ئیشکالەکانى دەسەڵاتى خوێنەر و کردەى خوێندنەوەم، نمایان کردووە. ئیشکالێک کە هەمیشە پرسیارەکانى لەنێوان دوو جەمسەرى (دەق) و (خوێنەر)دا دەخولێتەوە: ئایا دەق لە دەرەوەى خوێنەر بوونى هەیە؟ خوێنەر بە بێ دەق دەبێ؟ ئایا دەق وەک بابەتێکى سەربەخۆ دەتوانێ پشت بە خوێندنەوە نەبەستێ، سنورەکانى خوێنەر و دەق، لە کوێ دەست پێدەکات و لە کوێ کۆتاییان دێ؟
(1)
بێگومان خوێندنەوە کردەیە. (مەسعود محەمەد) دەڵێ: خوێنەر هەر چۆنێکى مەیل دەکات ئازادە، هەر چەندە دەشزانم ئازادییەکەى دەورە دراوە بە گەلێک شریتى فیکرى شەتەکدان و بەند و بەستکردن، بە تایبەتى کە سەر بە لایەنێکى ئایدیۆلۆجیى، یان خاوەن نیاز بوو … لێرە لە دەستەواژەى (مەیلدارى)ییەوە مەسعود محەمەد: گومان دەخاتە سەر ئازادى؟! گومانکردن لە ئازادى لەوێوە سەرچاوە دەگرێ، کە دیاردەى باوى مەیلدارى (ئینتیماکردن) لە کۆمەڵگاى ئێمەدا زێتر بۆماوەییە! ئەگەر چەمکى (بۆماوەیى) لە نێوان (خۆناسین) وەک رەهەندێکى کۆمەڵایەتى و (ئاگایى) وەک رەهەندێکى مەعریفى خورد بکەینەوە، ئەوە ئەوەى لەپشت گومانەکەى مەسعود محەمەد دەبینرێت، زێتر لایەنە کۆمەڵایەتى و ئینتیما هاوبەشەکە و خۆ نەناسینى تاکگەراییە! کەواتە بۆ بەرجەستەکردنى گومانى مەسعود محەمەد، دەشێ قسە لە دوو جۆر خوێنەر بکەین: خوێنەرى یەکەم، پەیوەندى بە فەزا و تێڕوانینى کۆ و دەلالەت و مانا سواو و کەڵەکەکراوەکانەوە، هەیە و لەوێشەوە دەسەڵاتى کلتورى هاوبەش و وێنەى جێگیرى سواو و فیکرەى ئامادە بەرز دەکاتەوە! بەو مانایەش خوێنەرێکە هەرگیز لە توانایدا نییە، کردەى (دانوستان) بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵکو بەردەوام ئامادەیى خۆى لەنێو بونیادى (بۆماوەى کۆمەڵگا) و (جەماوەر)دا هەڵدەگرێتەوە. هەموو ئەوانەش دەلالەت لە خۆنەناسى تاکگەرایى دەکەن. بەڵام خوێنەرى دووەم، یان رووى دووەمى خوێنەرى (مەیلدار) دەشێ سەر بەو ناونانەى (بەختیار عەلى) بێ، واتە خوێنەرى کوشندە.
(2)
خوێنەرى کوشندە ئەو ناچالاکە و مەیلدار و ئاڕاستە کراوەیە، کە هێزى ئاگایى خۆى لە دەزگا رۆشنبیرییەکانەوە وەرگرتووە (ئاگایى درۆزنانە، بەس بە مانا مارکسییەکەى نا) چونکە (دەزگا) رۆشنبیرییەکانى کوردى ئەو هێزانەن، کە رۆڵى خوێنەر، وەک کەسێکى ئازاد، وەک ئەوەى، کە دەتوانێ خودى خۆى لە پرۆسەى خوێندنەوەدا، دارێژێتەوە و چڕى مانا شیاوەکان و کۆدەکانى نێو دەق کەشف بکات! وەک بەشدارکەرى تێکست، وەک ئەوەى، کە لە دووتوێى پێکهاتەى زانستى و شانەکانى دەق (دووانەى هاودژ) دەدۆزێتەوە و لە رێگاى ئەو دۆزینەوەیەش، ئەو رووداوانە کۆ دەکاتەوە، کە پێویستە شیبکرێنەوە، داگیر دەکەن. خوێنەرى کوشندە هێزى خۆى لە فەرامۆشکردنى پێکهاتەکانى دەق و سوڕانەوە بە دەورى دەق و پەراوێزى دەقدا هەڵدەگرێتەوە.
خوێنەرى کوشندە لاى بەختیار عەلى ناوێک و ئاماژەیەکە بۆ هەموو ئەو هێزانەى، کە لە دنیاى ئەدەبیاتى ئێمەدا بوونەتە هێزى (نیشانکردن) و (دەرخستن) و (بەرزکردنەوە)، بێ ئەوەى هەڵسەنگاندنەکانیان پەیوەندى بە ئیستێتیکای هونەری و تەکنیکى تێکستەکانەوە هەبێت و لەبەر رۆشنایى ئیشکردن لەگەڵ تێکست و لە ناو تێکست و تەریب بە تێکست لە دایکبووبێت. بێگومان من قسەم لەو هێزە بکوژانە نییە، کە رۆشنبیریى کوردى، لە خزمەتى وەلائى حیزبى و (ئاگایى درۆزنانە) کورت دەکەنەوە؟! بەڵکو قسەم لە کردەى خوێندنەوەیە، کە ناشێ تەنها لەو دەزگا بکوژانە و خوێنەرى باسیف (کوردى) هەڵیبگرینەوە؟! بەدیوەکەى دیکەش ئەو خوێنەرەى بەختیار عەلى، وێنەى ئەو خوێنەرەمان بیر دەخاتەوە کە “ئیروین وولف” بە خوێنەرى نیازخواز ناوى دەبات؟! خوێنەرەکەى وولف (دانەر) لە مێشکى خۆى بۆ مەبەستێک دایدەنێ. خوێنەرەکەى بەختیار (دەزگا رۆشنبیرییەکانى کوردى) بۆ وەلائى حیزبى دروستیان دەکات! ئەوەى ئەو دوو خوێنەرە لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، ئەوەیە، کە هەر لە رێگاى ئەو خوێنەرە (مەیلدار/ کوشندە)یە دووبارە وێنەى ئەو (کۆمەڵگا/جەماوەر)ە دەبینین، کە (دانەر/دەزگا رۆشنبیرییەکانى کوردى) دەیانەوێ قسەیان لەگەڵدا بکەن، یان ئاراستەیان بکەن!! ئەگەر خوێنەرەکەى وولف، وێنەى دەقەکان بگرێ و لەگەڵ دەقە جیاوازەکان بگۆڕێ! ئەوە خوێنەرەکەى بەختیار، ئاگایى لە دەزگاکان وەردەگرێ و بە هەواى دەزگاکان دەژى و هەناسە دەدات!
دوا سەرنجم لەسەر خوێنەرى کوشندەى بەختیار عەلی ئەوەیە، کە ئەو ناونانە بۆ خوێندنەوە و خوێنەر کەمەکێک بەلاى پەڕگیرى و تووندوتیژییەوەیە: یەکەم، لەبەر ئەوەى کردەى خوێندنەوە تەنها لە زیندانى دەزگا رۆشنبیرییەکانى (کوردى)دا دەبینێ. دووەم، چونکە لە هەڵسەنگاندنى خوێندنەوە لەبرى ئەوەى (ئازادى) ببەخشێ، خوێنەر لە (تێکستخواز)ی دیاریکراودا کورتى دەکاتەوە؟!




عێراق لە پرۆسەی سەردەمێکی نوێدا.. عوسمانی حاجی مارف

بەغدا بەنیازە ئەو کەمپانە دابخات کە بوونە شوێنی نیشتەجێبونی ئاوارەکانی شەڕی داعش، لەهەمانکاتدا لەسەر داوای بەغدا، فەرمانی ڕاگرتنی چالاکیەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریەکانی عێراق (یونامی) دراوە.
لەلایەکی تریشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر، عێراق هەوڵدەدات چالاکیە دیپلۆماسیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا ئاسایی بکاتەوە، کە لەم دواییانەدا نێوەندگیریی دانوستانەکانی نزیکبونەوەی تورکیا و ڕژێمی سوریای لەخۆگرتبوو.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، لەگەڵ ئامادەبونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و سوریادا، کە پەیوەست بوو بە شەڕی داعشەوە، شەڕێکی گەورە یەخەی عێراقی گرت کە گەورەترین وێرانکاری و کوشتاری مرۆیی لێکەوتەوە، عێراق و ناوچەکە کەوتنە دۆخێکی تەواو دژوارەوە.
دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داعش بەسەر هەندێ ناوچەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ و کۆتایهێنانی لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٩، توانای ئەمنی و دۆخی دارایی بەغدا بەرەو هەڵکشان چوون. حکومەتی بەغدا توانی هێزەکانی باشتر ڕێکخاتەوەو ئیدارەی کەرکوکیان لەژێر دەستی بارزانی و تاڵەبانی دەرهێنا. بە شێوازێک لە چەند لایەنێکەوە نیشاندانی هەنگاوەکانی ئارامی سیاسی گرتەبەر.
بەڵام دەوری ئیسرائیل لە داگیرکاری و وێرانکاری و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە دوبارە گرژی و نائارامی سیاسی بۆ جارێکی تر ڕوبەڕووی ناوچەکە کردەوە، چونکە پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بووە هۆی نوێبونەوەی هێرشی میلیشیا عێراقیەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا کە مشتومڕێکی بەردەوام لە واشنتۆن سەبارەت بە مەرجەکان و مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە. لە لایەکی تریشەوە فشارێکی زۆر هەیە لەلایەن هێزە ئیسلامیە میلیشاکانی عێراق کە سەر بەئێرانن بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، بۆیە پەرەسەندنی توندوتیژیەکان، بەغدا دەخاتە دۆخێکی مەترسیدار و ناجێگیرەوە، چونکە سودانی لە جێگایەکدا وەستاوە کە هەوڵدەدات هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ هەردوو ئەمریکا و ئێران بپارێزێت. لەم بارەیەوە سودانی تا چەند دەتوانێ لەنێو ئەو دۆخەدا هاوسەنگی ڕاگرێت، مەسەلەیەکی جدیە بۆ ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بەتایبەتی کە لە پەناوە نوری مالکیش هەوڵ ئەدات گەڕانەوەی خۆی وەک سەرۆک کۆماری عێراق بەدەست بهێنێتەوە، بۆیە سەرکەوتن بۆ ساغکردنەوەو دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی بەمانای دابیکردنی ئارامی سیاسی بۆ سودانی لەبەردەم ململانێیەکی توندا بەرەو ڕووە.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، لەلایەک سودانی ڕایگەیاند کە پێویستیان بە هاوپەیمانی نەماوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ووڵات، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەر لەو مانگەشدا ئەمریکا و عێراق لە ڕێگەی لیژنەی باڵای سەربازیەوە دەستیان بە دانوستانی فەرمی کردوە بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانی بۆ دانانی “هاوبەشیەکی ئەمنی دوولایەنەی هەمیشەیی”. هەڵبەتە ئەم جۆرە کارانە بۆ هەردولایان حکومەتی عێراق و ئەمریکا شتێکی سەرسوڕهێنەر نیە، چونکە هەردوولایان لە هەمانکاتدا ئاماژەیان بە مەسەلەی کەمکردنەوە یان کۆتایهێنان بە ئامادەبونی سەربازی ئەمریکا کردووە لە عێراقدا، کە تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرەوەها پەرلەمانی عێراقیش هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەنگی لەسەر پڕۆژە یاساکان داوە کە ئامانجیان دەرکردنی هێزە بیانیەکانە.
هەرچەندە ئەوە ڕۆشنە کە داعش چیتر ناتوانێ وەک هێزێکی داگیرکەر مەترسی بۆ سەر عێراق دروست کاتەوە، بەڵام هێزە ئەمنیەکانی عێراق تەنیا توانایەکی سنوورداریان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکانی ئەم گروپە تیرۆرستیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کێشەی نێوان بەغداو هەرێمی لەسەرە، هەربۆیە پێویستیان بە پشتیوانی هاوپەیمانان دەبێت لە پلاندانان بۆ ئەرکە سەربازیەکان و دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری و… ئەرکە سەرەکییەکانی تر، لەلایەکی ترەوە ئاشکرایە کە گروپەکانی داعش هەوڵدەدەن سوود لە کەلێنەکانی حوکمڕانی هەولێرو بەغدا و دابەشبوونی تائیفی وەرگرن.
بەگوێرەی راگەیاندنی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی دەربارەی کۆمەک بە کاروباری مرۆیی لەعێراقدا، ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو هەوڵە مرۆیە نێودەوڵەتیانە کەم کراوەتەوە، بۆ نمونە بودجەی دەرەکی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٠ لەسەدا ٩٥ی پێداویستییەکانی هاوکاری بۆ عێراق بەدیهێناوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٦٧% دابەزیوە، لەهەمانکاتدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ، دەنگیانداوە کە یونامی ئەرکەکانیان بۆ هەوڵی کۆمەکی مرۆیی لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ عێراق راگرن و کۆتایی پێبهنن.
ئەمەش ئەو دۆخە دێنێتە پێشەوە کە هاوکاتی بەرێوەچونی پرۆژە ئابوریەکانی عێراق و دامەزراندنی سەرمایەگوزاری و پرۆسەی ئاراستەی نوێبونەوە بۆ کەڵەکەی زیاتری سەرمایە، تاچەند سودانی لە توانایدا دەبێت لە نێو ئەم ململانێ ناوچەیی و جەنجاڵی و ململانێی لایەنەکانی ناوخۆی عێراق، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی کە سودانی هەوڵئەدات بۆ خۆی پێشرەوی ئەم پرۆسەی گەشەپێدانە بێت.
ئەوەی پێویستە لەم بارەیەوە جەختی لەسەر بکەین گەر لەکاتێکدا سودانی نەیتوانی ئەم پێشرەویە بە ئەجام بگەیەنێت، مانای وەستانی هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری و دامەزراندنی پرۆژەکان نابێت، چونکە ئاراستەی پرۆژەی گەشەپێدان لەسەروی سودانیە و لە رێرەوە بەرژەوەندی گۆرانی ئایندەی سیاسی و ئابوری عێراقە کە بۆ دەورانێکی تازە حسابی لەسەر دەکرێت .
بەغدا هەوڵیداوە لە نزیکەوە لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکە، وەک قەتەر و سعودیە و تورکیا کەلەم دواییانەدا ڕۆڵی ئابووری و سیاسییان لە عێراق زیاتر بووە، کاربکات، ساڵی ڕابردوو ڕیاز هاوبەشییەکی سێ ملیار دۆلاری لە کەرتە جیاجیاکاندا ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی هەمەچەشنکردنی ئابووریی وابەستە بە نەوتی عێراق، هاوکات دۆحە چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەغدا لە بواری وزەدا واژۆکرد. هەروەها قەتەر و تورکیا بەشداری لە دروستکردنی “رێگای گەشەپێدان” دەکەن، کە پڕۆژەیەکی هێڵی ئاسنین و ڕێگاوبانە و ئامانج لێی بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپایە.
کاتێک سودانی یەکەم سەردانی خۆی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن ئەنجامدا، هەوڵیدا پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا بۆ گەشەپێدان و گەشەی ئابووری و خۆڕاگری عێراق مسۆگەر بکات، هاوکات خۆی لە سیناریۆیەک بەدوور دەگرێت کە وڵاتەکەی ببێتە سەنگەرێکی هەمیشەیی نێوان ئەمریکا و ئێران. بەڵام سودانی ئەم بابەتە لەکاتێکدا دەوروژێنێت کە ڕەخنەی دژە ئەمریکی لە عێراق لە لوتکەدایە بەهۆی تێڕوانینی ئەو لایەنانەی کە دژایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانی هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن، بەم مانایە، بڕیارەکەی سودانی بۆ سەردانی واشنتۆن پێش ئەوەی هیچ باسێک بکرێت دەربارەی وەستانی شەر لە غەززە، بۆتە جێگای سەرنجی ئەو لایەنانەی دژی ئەمریکان.
سودانی سەرنجی لەسەر ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکیەکانە بۆ کەرتی ژێرخانی عێراق و خزمەتگوزاریەکانی عێراق، لەهەمانکاتدا مسۆگەرکردنی بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ چاکسازیەکانی بانکی و کارەبا، هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان ئەو فشار و ڕاکێشانەدا دروست بکات کە لە تاران و واشنتۆنەوە کێشەی بۆ دروست دەکەن.
سودانی ناڕەزایەتیشی دەربڕیوە بەرامبەر بە زیادەڕۆیی پەرلەمانی عێراق بۆ دابیکردنی سەرچاوەی پێداویستیەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە هاوپەیمانی ئێرانن، چونکە سودانی ئەوە باش دەزانێت کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆخۆیان ئەو توانا سەرەتاییانەیان نیە، لەبەرامبەر ئەو ئیمکاناتە لۆجیستیانەی کە ئەمریکا لەئێستادا دابینی دەکات، وەک پلاندانان و کەرەستەی هێرشی ئاسمانی و سەربازی پێشکەوتوو و ئەزموونی ئامانجگرتن… لەبەر ئەم هۆکارە و هۆکارەکانی تریش سودانی پشتیوانی لە دیدگای کۆمیتەی باڵای سەربازی دەکات، بۆیە بەشێوەیەکی هەنگاوبەهنگاو مامەڵە لەگەڵ پرسی کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەکات، نەک لەناکاو لە عێراق بکشێنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی فشاری زیاتری لایەنە لایەنگرەکانی ئێران دەبێتەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیە سیاسیەکەیدا بۆ خێراکردنی ئەم دەرچوونە.
پێدەچێت سودانی هەوڵی ئەوە بدات بیسەلمێنێت کە کۆنترۆڵی میلیشیاکانی هەیە و وردە وردە کاردەکات بۆئەوەی بەتەواوی بیانخاتە ناو دەزگای دەوڵەتەوە. بەڵام پێویستی بەوە دەبێت کە بەکردار پشتگیری بکرێت، بۆ نموونە تەرخانکردنی پشکێکی گەورەتر لە بودجەی ئەمنی عێراق بۆ هێزە ئەمنیەکانی ئاسایی و زیادکردنی شەفافیەتی گرێبەستە دەوڵەتیە قازانج بەخشەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕێگری لە گروپەکانی سەر بە ئێران دەکرێت، لە دەستبەسەردا گرتنیان بەسەر سەرچاوەی زیاتردا.
هەروەها بڕیارە سودانی پابەندبونی حکومەتەکەی بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمریکی پشتڕاست بکاتەوە. ئەمەش بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە لە بەغدا و دابینکردنی کەشێکی سەلامەت بۆ ڕاوێژکارە سەربازیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەگرێتەوە.
پێدەچێت سودانی جەخت لەسەر هاوکاری حکومەتەکەی بکاتەوە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی وزە (بۆ نموونە، تۆتال و جەنەراڵ ئێلیکتریک) و تۆڕەکانی وزەی ناوچەیی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردنی کارەبا و گازی سروشتی ئێران. جەختی تایبەت لەسەر هاوکاریەکانی لەگەڵ دەستپێشخەریەکانی گەنجینەی ئەمریکا و یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا بە ئامانجی چاکسازی لە کەرتی دارایی و کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی نایاسایی دۆلار بۆ ئێران دەکرێت.
بەگشتی دەتوانین بڵێن بەهەر بارگرژی و دۆخی نالەباری ئێستای عێراق و ناوچەکە و شەڕی غەززە، سودانی هەوڵئەادت وەک نوێنەری ئەو ئاراستەیەی لە پرۆسەی نوێبونەوەی عێراقدایە بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری دەرکەوێت و خۆی بگونجێنێت، بەڵام توانای بەردەوامی یان بێتوانایی بەردەوامی سودانی لەم ئاراستەیەدا، هۆکاری ڕاگرتنی پرۆسەکە نابێت.




جادوو لە ڕوانگەی دەروونزانییەوە: خورافات و وەهم.. ابراهیم موحەمەد (ئەبڕاهام لێڤای)

بەشی ١: میکانیزمەکانی بیرکردنەوەی خورافی

لە کتێبەکەیدا “باوەڕکردن بە شتی سەیر: میکانیزمە دەروونییەکانی بیرکردنەوەی خورافی” باس لەوە دەکات کە باوەڕ بە جادوو بەشێکە لە بیرکردنەوەی خورافی. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە ئەنجامی چەند هەڵەیەکی لۆژیکی و بیرکردنەوەی هەڵە لە پەیوەندییەکاندا سەرهەڵدەدات:

بەشی ١:Vyse (2014)

١. هەڵەی پەیوەندیدان: مرۆڤ مەیلی ئەوەی هەیە پەیوەندی لە نێوان دوو ڕووداوی بێپەیوەند دروست بکات. بۆ نموونە، کەسێک دەڵێت “هەر کاتێک ئەم بەردە لەگەڵ خۆم هەڵبگرم، بەختم باش دەبێت”.

٢. بیرکردنەوەی دووانەیی: بیرکردنەوەیەکە کە جیهان بە دوو بەشی ڕەها دابەش دەکات، وەک باش و خراپ. ئەمە وا دەکات خەڵک باوەڕ بە بوونی هێزە باش و خراپەکان بهێنن.

٣. هەڵەی پشتڕاستکردنەوە: مەیلی گەڕان بەدوای زانیاری کە تەنها بۆچوونەکانی خۆمان پشتڕاست دەکاتەوە. بۆ نموونە، کەسێک کە باوەڕی بە جادوو هەیە تەنها ئەو ڕووداوانە دەبینێت کە پشتگیری لە باوەڕەکەی دەکەن.

بەشی ٢: کاریگەری پلاسیبۆ

Moerman (2002)
لە کتێبەکەیدا “واتای پزیشکی: کاریگەری پلاسیبۆ و چارەسەری کولتووری” ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی کاریگەرییە سەرنجڕاکێشەکانی جادوو دەکرێت بە کاریگەری پلاسیبۆ ڕوون بکرێنەوە:

١. چاوەڕوانی: کاتێک کەسێک باوەڕی بە کاریگەری جادوویەک هەیە، ئەم چاوەڕوانییە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەروون و جەستەی هەبێت.

٢. مێشک و جەستە: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە باوەڕ و چاوەڕوانی دەتوانن کاریگەرییان لەسەر پڕۆسە فیزیۆلۆژییەکانی جەستە هەبێت.

٣. کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی: کاریگەری پلاسیبۆ بەهێزتر دەبێت کاتێک لە کۆنتێکستێکی کۆمەڵایەتی-کولتووریدا ڕوودەدات، کە ئەمەش زۆر جار لە ڕێوڕەسمە جادووییەکاندا هەیە.

بەشی ٣: پێداویستی دەروونی

Irwin (2009)
لە کتێبەکەیدا “دەروونزانی پارانۆرماڵ”
ئاماژە بەوە دەکات کە باوەڕ بە جادوو دەتوانێت وەک میکانیزمێکی بەرگری دەروونی کار بکات:

١. کۆنترۆڵ: باوەڕ بە جادوو دەتوانێت هەستی کۆنترۆڵ بە کەسەکە ببەخشێت لە دۆخە نادڵنیاییەکاندا.

٢. مانادان: جادوو دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات بۆ دۆزینەوەی مانا لە ڕووداوە نەخوازراوەکاندا.

٣. دڵنەوایی: بۆ هەندێک کەس، باوەڕ بە جادوو دەتوانێت سەرچاوەیەک بێت بۆ دڵنەوایی لە دۆخە سەختەکاندا.

بەشی ٤: کاریگەری کولتووری

Subbotsky (2010)
لە کتێبەکەیدا “جادوو و مێشک: میکانیزمەکانی بیرکردنەوەی جادوویی” دەریدەخات کە باوەڕ بە جادوو بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کاریگەری فاکتەرە کولتوورییەکاندایە:

١. فێربوونی کۆمەڵایەتی: منداڵان زۆر جار باوەڕ بە جادوو لە دایک و باوک و کۆمەڵگاکەیانەوە فێر دەبن.

٢. جیاوازی کولتووری: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە ڕێژەی باوەڕ بە جادوو لە کولتوورە جیاوازەکاندا جیاوازە.

٣. گۆڕانکاری مێژوویی: باوەڕ بە جادوو بە تێپەڕبوونی کات و بە پێشکەوتنی زانست کەمی کردووە.

بە پێی ئەم توێژینەوە و بەڵگانە، دەتوانین بڵێین کە لە ڕوانگەی دەروونزانییەوە، جادوو وەک دیاردەیەکی ڕاستەقینە و زانستی سەلمێنراو نییە. لە جیاتی ئەوە، جادوو دەتوانرێت وەک بەرهەمی کۆمەڵێک پڕۆسەی دەروونی، کۆمەڵایەتی و کولتووری سەیر بکرێت کە لە ئەنجامی هەڵەکانی بیرکردنەوە، پێداویستییە دەروونییەکان و کاریگەرییە کولتوورییەکانەوە سەرهەڵدەدات.

هەرچەندە باوەڕ بە جادوو دەتوانێت کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی هەبێت، بەڵام ئەمە بە مانای بوونی هێزێکی جادوویی ڕاستەقینە نایەت. لە ڕاستیدا، زۆربەی کاریگەرییەکانی جادوو دەتوانرێن بە میکانیزمە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتی کاریگەری پلاسیبۆ، ڕوون بکرێنەوە.

ابراهیم موحەمەد (ئەبڕاهام لێڤای)

—————————————-

سەرچاوە زانستیەکانی بەکارهاتووی ئەم وتارە:

کتێبی بەشی یەکەم:

Believing in Magic: The Psychology of Superstition
By Stuart A. Vyse

کتێبی دووەم:

Meaning, Medicine and the 'Placebo Effect' (Cambridge Studies in Medical Anthropology, Series Number 9)
by Daniel E. Moerman (Author)

کتێبی سێیەم:
The Psychology of Paranormal Belief: A Researcher's Handbook
Front Cover
Harvey J. Irwin

کتێبی چوارەم:
Curiosity and exploratory behaviour towards possible and impossible events in children and adults
Dr Eugene Subbotsky



تاریکە، بەڵام گۆرانی دەڵێم*.. شیعری ثیاگۆ دومیلۆ.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

کورتەیەک سەبارەت بە شیعری ( تاریکە بەڵام گۆرانی دەڵێم)
لە نێوانی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٣ بەرەی چەپ لە بەرزایل دەسەڵاتدارێتی وڵاتی بە سەرۆکایەتی جەۆ گوڵارت گرتبووە دەست و هیوایەکی گەورە هەبوو بەرەو گۆڕانکاری. لەم کاتەدا شاعیر ثیاگۆ دومیلۆ کە بەشاعیری ئەمەزۆنی ناسرابوو شیعری ئاسۆی جوتیارانی نووسی کە زۆر بەباشی توانی نەک هەر ماندوبوونیان لەکاری جوتیارییدا لە پێناوی بژێوییدا بەڵکوو ئومێدیشیان بۆ ژیان لەو شیعرەدا بخاتە روو. دۆخی سیاسی دەسەڵاتدارێتی بەرەی چەپ درێژەی نەکێشا و لە ١٩٦٤ بە پشتیوانی ئەمریکا کودەتای سەربازی کرا و دۆخەکە بۆ خەڵکی کرێکار و جوتیاران بەرەو خراپی رۆشت. لە ١٩٦٥ ئەم شیعرە بڵاوبووەوە و لەلایەن گۆرانی بێژ (نارا لیۆ)وە کرا بە گۆرانی بە ناوی ( تاریکە بەڵام گۆرانی دەڵێم) دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێناو و وەک سرودی نیشتمانی سەیر دەکرا.

تاریکە، بەڵام گۆرانی دەڵێم*.. ثیاگۆ دومیلۆ

خاکەکە هێشتا تاریکە
لە بەرەبەیانی جوتیاراندا،
بەڵام پێویستە بچێنرێت.
شەوە زەنگە،
بەڵام بەیانی بەڕێوەیە

جێگایەک نییە بۆ گۆرانی
کە لە ترس و لاساییکردنەوە چێکرابێت
بۆ دابڕاوێکی گەمژە
ئێستا کاتێکە بۆ راستی
بە بەردەوامی و بەسادەیی گۆرانی بڵێ
ئێستا کاتێکە بۆ شادی
کە رۆژ بە رۆژ لەسەر یەکنراوە
لەگەڵ نان و گۆرانی.

ها ئەوە کە روودەدات ( لە هەوادا هەستی پێدەکەم)
کاتی پێگەشتنی گەنمە
کاتی دروێنەش دێت.
موعجیزە هەڵدێ هەروەکوو
بارانە شینەکانی سەر کێڵگەکانی گەنمەشامی
لاسکی فاسۆڵیاکان گوڵەکانیان دەپشکوێت
شیلەی تازە دەڕژێت
لە درەختە پلاستیکییە دوورەکانمەوە.

ئاسۆی هیوا،
کاتێک بۆ خۆشەویستی زۆر نزیکە.
تیشکە ئاگراوێکانی خۆر دروێنە دەکەم لەسەر زەوی و
کێڵانی روناکی لەگەڵ قامیشی شەکر
رۆحم بۆتە ئاڵا.

ئاسۆی جوتیاران
خاکەکە تاریکە ( بەڵام زۆریش نا)
کاتی کارکردنە
تاریکە بەڵام گۆرانی دەڵێم
چوونکە سپێدە بە ڕێوەیە
( تاریکە، بەڵام گۆرانی دەچڕم).

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا
حوزەیران ٢٠٢٤


Thiago de Mello* مارس ٣٠- ١٩٢٦ – ١٤ی کانونی دووەم- ٢٠٢٢ شاعرێکی ناسراوی خەڵکی بەرازیلە و وەک شاعرێکی ئەمازۆنی ناسراوە. کارەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون.

سەرچاوە:
https://mronline.org/2022/07/22/it-is-dark-but-i-sing-because-the-morning-will-come-the-twenty-ninth-newsletter-2022/?utm_source=rss&utm_medium=rss&utm_campaign=it-is-dark-but-i-sing-because-the-morning-will-come-the-twenty-ninth-newsletter-2022&mc_cid=9acf07719b&mc_eid=25ab8c34a3&fbclid=IwZXh0bgNhZW0CMTAAAR1Kf15ryhCGZrjZ5Oz-b9s3T2PpM4wqEvcRZhBFSS6e31gcnmOm8wFsRxQ_aem_AcoryWn33NrQ8juJnSehy1Yu_JRHxHpyblZ4pSRK5o_4fCpUNb6rK8dWc5e4XjQOtPwavxtDhHIVlDZ_UwDnbFCR




هـۆنـراوە بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

ئەم سێ هـۆنراوەیە بۆ منداڵان، لە زمانی ئینگـلیزییەوە، وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی.
١ـ کێ بـای بـیـنـیـوە؟.. هـۆنـراوەی: کریستـیـنـا رۆسـیـتی
کـێ بـای بـیـنـیـوە؟
نـە مـن نـە تـۆ:
بەڵام کاتـێک گـەڵا هەڵـواسـراوەکان دەلـەرێـنـەوە
بـا تـێـدەپـەڕێـت
کـێ بـای بـیـنـیـوە؟
نـە مـن نـە تـۆ:
بەڵام کاتـێک دارەکان سەریـان لاردەکـەنـەوە
بـا تـێـدەپـەڕێـت
٢ـ باشـتـریـن هـاوڕێـم پـەرتـووکـە.. هـۆنـراوەی: سانیـا تانـدۆن
باشـتـریـن هـاوڕێـم پەرتـووکە
ئەمـەش نامـۆ نییە بە لامـەوە
وەک دەرگـایـەکی زێـڕیـنـە
دەمـبـاتـە ئـەو خـاکەی پـێـشـتـر نەچـوومـەتـە ئـەوێ
چـیرۆکەکـانی پـەریـیـەکـم بـۆ دەگـێـڕێـتـەوە
دەمـبـاتـە خـاکـێـکی پـڕ لە خـۆشی
هەنـدێـک پەرتـووک بـێـزارکـەرن وەک مـێـژوو
وەک مـەتـەڵـێکی گـەورە وایـە
پـەرتـووک سەرچـاوەی روونـاکـیـیـە
دڕ بە تـاریکی دەدات و ژیـانـمان پـڕ لە روونـاکی دەکـات
٣ـ واز لە پـیـسكـردن بـێـنـیـن.. هـۆنـراوەی: ئـارجـون
خــۆر بـریـقـــەدارە
ئـاســمـان شـــیـنـە
بـاڵـنـدەکان دەفـڕن
سـروە زۆر ساردە
دایـکە سـروشـت ئەوپـەڕی هـەوڵی خـۆی دەدات
جـگـە لە جـوانی هـیـچی تـر نـابـەخـشـێـت
بـەڵام چـی بـکـەیـن؟
بـیـکە بـە هــەرا
بـا بـیـکەیـن بـە بـاشـتـریـن
کەمـتـر و کەمـتـر پـیـس بـکـەیـن
پارێـزگـاری لە کـراسـە سـەوزەکـەی بـکەیـن
بـۆ منـداڵـەکانـمـان و بـۆ ئـەوانی تـر




ڕاپۆرت بۆ دۆنکیشۆت.. شیعری نەوزاد بەندی

نزیکەی هەمو کوژراوەکانتان
هی شەڕەکانی براکوژیی بوون ..
خەباتتان تەنها شەڕە جنێو و
دیوار نوسین و بمرێ بژی بوون ..

کە بە داخوازی ئەمریکا لە پڕ
ئەم دارە زڕە هاتە بەر بۆتان ..
پەلامارتان دا لە هەر چوار لاوە
دزی و وەڕە وەڕ ، لە خەڵک و خۆتان

تەلار ..باخ ..ڤێلا ، دوکان و بازاڕ
بیری نەوت ، مەسفا ، بەنزینخانەی زۆر
هێنانی کچی سەماکەری شام
بەڕاست و چەپا ، زیان وەک مشەخۆر

هەر زوو گێمێکی براکوژیتان ،
کرد بە پاشماوەی ئەنفالی بێکەس
بەشێکتان ناو نا لیوای تایبەت و،
بەرامبەرەکەی کۆماندۆی بێ دەس

دەهەزار کەسێ لەم یارییەتانا
ناویان چوو به ناو کۆڵەکەی ئاشا
ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک ئەتوایەوە و
گەورەتر ئەبوو شکڵی دوو پاشا

دەرمانی ساختە ، تیمارگەی قۆڵبڕ
خواردنی خراپ بازاڕی پڕ کرد
شێرپەنجە وەکو پەسیوی لێهات ،
هەر لە ژێرەوە هەژارتان قڕ کرد

کۆمپانیا و باج و سەرانەی جیاجیا
لە هەموو لایەک هەڵپە بۆ دۆلار
بەربوونە گیانی خاکی نیشتمان ،
وەک گورگی برسی ..وەکو سەگی هار ..

هیچ نەمایەوە گڵاوی نەکەن ،
بوون بە سیخوڕی هەرچی ووڵاتە
هێشتا لە ڕووتان دێ قسە بکەن ،
هەر چرکەیەکتان سەد کارەساتە ..

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی گەردوون ،
دەمتان ژەندە ناو موچەی فەرمانبەر
شەرمەزار نەبوون ، چونکە بێ شەرمن ..
لە دەرد و کێشەی میللەت بێ خەبەر ..

ئامۆزا و برا و خزم و ناسیاوتان
کران بە وەزیر ..بە پەرلەمانتار
بەس کورسی سەرۆک هەر یەک کورسییە
شەڕە لە سەری نەک جارێ سەد جار

شەڕی سندوقی هەڵبژاردن تا ،
شەڕی سیخوڕی و پشکی ئەم و ئەو
یەکێ لە ئێران تەپ و تۆز ئەکا و
یەکێ بۆ تورکیا ڕا ئەکا بە شەو

کوشتنی دیل و ڕادەستکردنەوەی
بە دوژمنانی کورد و کوردستان
ئەوەی کە دژی ئەم میللەتە بوو ،
جێبەجێتان کرد ، هیچ لێی نەوەستان ..

ئێستایش چی ماوە بیکەن بەو خەڵکە ؟
لە گەڕاندان بۆی ، تاکو پیادەی کەن ..
هەرچییەک ژەهر و دەرد و بێ کەڵکە ،
پێشبڕکێتانە تا ئامادەی کەن ..

بەس دڵنیابن ، هەرچی هەتانە ،
لە پڕ ئەبێتە تاریکە گۆڕێ ..
چاو تروکانێک ، هەمووی جێ دێڵن ،
سەدا سەد بار و دۆختان ئەگۆڕێ ..

بەس بە داخەوە ، ئێوە بێ ئاگان ،
ئاڵودەی پارە و پولی حەرام بوون ..
تا لوتتان نەدا لە بەردی ئەلحەد ،
لە لاتان وایه براوەی جام بوون




سپێدەی چاوەڕوانی.. شیعری شەهلا نوری

سپێده هات و شەو بارگەی پێچایەوە
من هەر لێرەم،
لێرەم و هەر له م خه تەم
وه ک مەئموری گومرک
چاوانم هەرچی رێبواری ئەم خەتە هەیە
دەیپشکنێ
ئه ڵێم به ڵکو تێپەڕێت
بێرەدا تێپەڕێت و
گێۆم له ته قه ی پای و ترپه ی دڵی بێت
به ئیشارەتەکانی رۆحم زیندووەوەبێت
ده ی خه ته که
عاشق و زاهد
رهروان سه رخۆشی مه زاری تۆن
به هەڵەشبێت
ببە به دووخه ت
تا بزانم که هەردوکتان ماون.