گەڕانەوەی چەپ بۆ مەیدانی سیاسی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەماوەی پێشوودا حزبە چەپەکانی ئەوروپا لە دوو وڵاتی گەورە و گرنگی کیشوەرەکەدا (بەریتانیا و فەرەنسا) لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد. بەدڵنیاییەوە فەرەنسا و بەریتانیا، نەک تەنها لەسەر ئاستی ئەوروپا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش، دوو وڵاتی زۆر گەورە و گرنگی جیهانن و جێپەنچەیان بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە دیارە، هەربۆیە گەڕانەوەی حزبە چەپەکان لەم دوو وڵاتەدا، مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، بەتایبەتی لەپاش ئەوەی تارمایی حزبە راستڕەوەکان هەموو ئەوروپای تەنیبووەوە، هەروەها حزب و بزووتنەوە چەپەکانیش لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا خرابوونە دەرەوەی دەسەڵاتەوە و لاوازییەکی زۆریان پێوە دیاربوو. لەو رووەشەوە زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی گەڕانەوەی حزبە چەپەکان لە فەرەنسا و بەریتانیا، وەکو هیوایەک دەبینین بۆ بەهێزبوون و گەڕانەوەی رەوتی چەپ لە ئەوروپا.

دیارە لەپشت ئەم سەرکەوتنەشەوە، کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی رۆڵی گرنگیان گێڕاوە و هەر وڵاتەش، چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی هەیە.

100 ساڵ بەسەر حکومەتی حزبی کرێکارانی بەریتانیا

حزبی کرێکارانی بەریتانیا، یەکێکە لە حزبە سیاسییە کۆنەکانی بەریتانیا و ئەوروپا. مێژووی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1900 و دواتریش بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1906 دا توانی بچێتە ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە و ساڵی 1924 بۆ یەکەمجار بگاتە لووتکەی دەسەڵات و حكومەت پێکبهێنێت.
ئەم هەڵبژاردنە هاوکات بوو لەگەڵ یادی 100 ساڵەی گەیشتی ئەو حزبە بە دەسەڵات و رامزی ماکدۆنلاردی سەرۆکی حزبەکە ببێتە یەکەمین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.

کۆتاییهێنان بە 16 ساڵ حوکمی حزبی پارێزگاران

ئەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵیش مێژوویی بوو، هاوکات سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ حزبی کرێکاران و توانی کۆتایی بە حوکمی 16 ساڵەی حزبی پارێزگاران بهێنێت. جگەلەوەش ئەمە گەورەترین سەرکەوتنە بۆ ئەو حزبە، دوای سەرکەوتنەکە گەورەکەی ئەو حزبە بە سەرۆکایەتی تۆنی بلێر لە ساڵی 1997 دا کە توانی 417 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەمساڵیش حزبەکە توانیی 409 کورسی بەدەستبهێنێت لە کۆی گشتی 650 کورسیی پەرلەمان، بەوەش حزبی پارێزگاران رووبەڕووی گەورەترین شکست بووەوە.

دیارە لەپشت ئەم سەرکەوتنەی حزبی کرێکارانەوە کۆمەڵێک هۆکار هەن لەوانەش:

*لەرووی سیاسییەوە، گەلی بەریتانیا بۆیان دەرکەوت کە حزبی پارێزگاران بەڵێنەکانی خۆی نەبردەسەر، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە باشبوونی رەوشی ئابووریی وڵاتەوە هەیە، چونکە لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا بەریتانیا رووبەڕووی رەوشێکی ئابووریی خراپ بووەوە، جا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بووبێت یاخود بەهۆی بریکسیت «دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا»ەوە بووبێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە خەڵکی وڵاتەکە بۆیان دەرکەوت هەموو ئەو بەڵێن و خەونە رەنگاوڕەنگانەی کە «پارێزگاران» پێیان دابوون، بەتایبەتی کاتێک هەموو هەوڵی خۆیان دا تا بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا بکشێتەوە، ئەمڕۆ دەبینن رەوشی ژیانیان باشتر نەبووە، بگرە خراپتریش بووە لە جاران.

*لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە خەڵكی بەریتانیا خواستیان گۆڕانکاری بوو، ئەم خواستەش رۆڵی گرنگی لە هەڵبژاردنەکاندا گێڕاوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی خۆرئاوا.

فەرەنسا و بەرەیەکی نوێی سیاسی

ئەگەرچی لە فەرەنسادا بردنەوەی بەرەی چەپ کە خۆی لەژێر ناوی «بەرەی نوێی گەل»دا دەبینییەوە، بووە مایەی سەرسوڕمانی شرۆڤەکارانی سیاسیی فەرەنسا و جیهانیش، چونکە بردەنەوەی ئەم بەرەیە بەو ئاستە بەرزە، رووداوێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام لەپاش ئەوەی هەموو چەپەکانی فەرەنسا توانییان بەرەیەکی نوێ بە ناونیشانی «بەرەی نوێی گەل» دروست بکەن، توانییان بەسەر رێگرییەکاندا سەربکەون.

ئەو بەرەیە، بەرەیەکی سیاسیی نوێیە، زۆربەی حزبە چەپەکانی فەرەنسا لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش بریتین لە: حزبی سۆشیالیست، حزبی سەوز، حزبی کۆمۆنیست، بزووتنەوەی فەرەنسای یاخی بەسەرۆکایەتی جان لۆک میلۆنشۆن. ئەم بەرەیە توانیی 182 کورسی پەرلەمان بچنێتەوە کە کۆی گشتی کورسییەکان دەگاتە 577. لەپاش ئەویش حزبەکەی ماکرۆن هات کە 168 کورسی بەدەستهێنا، لەهەمووشی گرنگتر بەرەی راستڕەوەکان بە سەرۆکایەتی ماری لۆپێن، رووبەڕووی شکستی گەورە بووەوە و 143 کورسی بەدەستهێنا.

بەمشێوەیەش توانیان بەرەی راستڕەو لە خەونی گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵات دووربخەنەوە.
جگە لەمانەش کۆمەڵێک هۆکاری گرنگی دیکە لەپشت ئەم سەرکەوتنەی بەرەی چەپەکانەوە بوون، لەپێش هەموویانە بەشێکی زۆری فەرەنسییەکان متمانەیان بە ماکرۆن و سیاسەتەکانی نەماوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنی ئابوورییەوە هەیە، چونکە رەوشی ئابووریی فەرەنسا ماوەی چەند ساڵێکە بەرەو خراپی هەنگاو دەنێت. لەمەشدا سیاسەتی حکومەت و پەتای کۆرۆنا و جەنگی ئۆکرانیا رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

بەڵام ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی چەپەکان لە فەرەنسا مانای ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ رێگرییەکیان لەبەردەمدا نییە، بگرە کۆمەڵێک رێگر و کێشەی گەورەیان رووبەڕوو بۆتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ئەو بەرەیە لەرووی ئایدۆلۆژییەوە کۆمەڵێک کێشەیان هەیە، هەر حزبە و بەرنامەی خۆی هەیە، وایلێهاتووە مەترسیی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بەرەکەشی لێدەکرێت.

لەهەماکاتیشدا جیاوازیی سیاسی گەورە لەنێوان ئەم حزبانەدا هەیە لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ماکرۆندا. لەبەرامبەریشدا حزبەکەی ماکرۆن هێشتا ئامادە نییە دان بە شکستەکەدا بنێنێت و بەهیوای ئەوەیە کە سەرۆکایەتیی حکومەت بەدەستەوە بگرێتەوە.

دەرەنجام
ئەوەی لەم دوو هەڵبژاردنەدا دەرکەوت ئەوەیە، کە ئەو قسەیە راست دەرنەچوو کە پێیوابوو چەپ لە جیهاندا ناتوانێت دووبارە هەڵبستێتەوە و دەسەڵات بگرێتەوە دەست، بگرە ئەگەر سیاسەتێکی راست و دروست پەیڕەوبکرێت، خەڵك ئامادەیە دەنگ بە بەرەی چەپ بدات، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، چەپەکان دەتوانن لە رێگەی بەرەیەکەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەمەش بە پشتبەستن بە رێزگرتن لە بەرنامە و ئایدیۆلۆژیای جیاوازی لایەنەکان و پشتگوێخستنی جیاوازییە فیکرییەکان و ناکۆکیی لاوەکیی و کارکردن بۆ دانانی بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی باش بۆ دەوڵەت، کە وا دەکات متمانەی خەڵك بە دەستبهێنیت.




ماڵی ترۆر و جاسووسی ڕژیمی ئیسلامی و ڕۆژئاوا.. برایم فەڕشی

ترۆر، هەڵوسین، بەردەباران، دەست و لاق بڕین، کوشتن لە سەر شەقام، چاوکوێرکردن و دەیان مێتۆدی ئەشکەنجە و بێژمار ئایە و حەدیسی قوڕعانی و فتوای مەلا و ئاخووند کە هەزاران هەزار مەرگی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە، پەروەندەی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابوردوو .
ڕژیمی ئیسلامی ئێران ئەگەر نەیتوانیبایە نەوتی دزراوی خەڵکەکەی بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچە بفرۆشێ، ئەگەر کەرەسەکانی کوشتنێ پێنەفرۆشرابا، ئەگەر سەفارتخانەی سەد و چەند وڵات لە پایتەختەکەی بوونیان نەبایە، ئەگەر هەزاران شیرکەتی وڵاتان مامەڵاتیان لەگەڵدا نەکردبایە، ئەگەر سەد وچەند وڵات پێوەندی سیاسی هەمە لایەنیان لە گەڵی نەبایە، ئەگەر رێکخراوەکانی جیهانی بە پێی بەڵێنەکانی سەر کاغەز بجوڵابایانەوە، ئەگەر دادگای ناونەتەوەیی لە سەر مافی ئینسان وەجواب هاتبایە و سیاسەت و ئابووریی و دەزگاکانی مرۆڤیی جیهان، مرۆڤی و بە پێی پارێزگاریی لە مرۆڤ، کاریان کردبایە، نە ڕژیمی ئیسلامی ئێران و نە ڕژیمەکانی هاوتا، نەیاندەتوانی دەوام بهێنن و مرۆڤی سەر گۆی زەویش پێویستی بە بە‌هەشتی خەیاڵی نەدەبوو!
١٩٣ وڵات ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، هەر ئێستا ٣٦٥ شەڕ و ئاڵۆزی و ٢٠ شەڕی چەکداری لە سەر گۆی زەوی لە ئارادایە، کە مرۆڤ و دامودەزگا و ١٩٣ دەوڵەت بە چەشنێک تێدا بەشدارن. حکومەتی ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا لە پلەی یەکەمدایە. هیچ حکومەتێک لە حەفتا ساڵی ڕابوردوو بە قەرا حکومەتی ئیسلامی ئێران خەڵکی وڵاتەکەی خۆی نەکوشتووە، برسی ڕانەگرتووە، ئازادی لێ زەوت نەکردوون، ژینگەی لێ وێران نەکردوون. ڕەنگە کەمتر وڵات هەبێ کە پەروەندەی نامرۆڤانەی بە قەرا حکومەتی ئیسلام لە ئێران ئەستوور بێت.
رێکخراوەکانی جیهانی و سازمانی “ئەمنیەت و هەواڵگریی” ڕۆژئاوا، زانیارییەکانیان سەبارەت بە بوارەکانی سیاسی، نیزامی، ئەمنیەتی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئێران و ئێرانییەکانیان هەیە و ئەو مزگەوت و ناوەندی ئیسلامی و پەنجا شوێنی تر کە ڕۆژی ٢٤/٧/٢٠٢٤ دەستی بەسەردا گیرا، تەنیا بەشێک لە سیستەمی سیخووریی و ترور و ئاژاوەی ڕژیمی ئێران لە دەرەوە بوون کە لە ساڵی ١٩٨٠ بەو لاوە داڕێژراوە و بە ملیارد پارەی بۆ تەرخان کراوە و سەدان و هەزاران کەسی خۆیان و دەرەوەی سنووری خۆیان، کاری تێدا دەکەن. بەشێک لە کارەکانی ڕژیمی ئێران بە دەستی ئورووپییەکان لە ژێر ناو و پۆستی جیاواز لە ناو سفارەتخانە و دەرەوی ئەو شوێنە، ئەنجام دەدرێ. ئەوە جگە لە لۆبیگەریی و پێوەندییەکانیان لە ژێر ناوی دیپلۆماسی.
تروری وین، بەڕلین، پاریس و دەیان شوێنی تر لە لایەن سیستەمی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە دادگای میکۆنووسەوە، دیزە بە دەرخۆنە کرا. بێدەنگی لە هەموو ئەو جنایەتان کرا کە دەرحەق بە کورد، تورکمەن، بەلووچ، زیندانی سیاسی و ناسیاسی کرا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژانە زانیاریی لە سەر ئێران و سیستەم و کەسانیان کۆدەکرێتەوە و ڕۆژنامە و مێدیای فارسی هەڵدەگەڕێندرێتەوە سەر زمانی وڵاتان و ساڵانە ڕاپۆرتی لە سەر ئامادە دەکرێ. ئەگەر ساڵانێک کەسان ئەم کارانەیان دەکرد، ئێستا KI/AI لێهاتووی دەستکرد، کارەکەی بۆیان هاسانتر کردۆتەوە. واتە بێدەنگی جیهانی لە حاند جنایەتەکانی ڕژیمی ئێران، بە هۆی نەبوونی زانیاریی و بێ ئاگابوون نییە.
ڕاپەڕینی ژینا دەریخست کە ڕۆژئاوا و بە تایبەت دەوڵەت و پاڕلەمان و مێدیاکانیان ئاگاداری وردەکارییەکان هەن و ئاکتۆرەکانی سیاسی و دەوڵەتی بە باشی لە ڕێگای مێدیاوە دەتوانن نمایشی دەرکەون. ڕۆژئاوا لە ٤٥ ساڵی ڕابوردوو لە مامەڵاتی ئابوریی، سەنعەتی، زانستی و دیپلۆماسی لە گەڵ ئێران زیانی ئەوتۆی لێنەکەوت، هەرچەند بایکۆتی ڕەسمی ئێران لە ئارادا بووە و لە ئارادایە. بانکی ئێران و ئورووپا و سەدان شیرکەتی ئورووپی لەوانە ٣٠٠ شیرکەتی ئاڵمانی لە ئیمارات بە هاوکاری وڵاتانی وەک هیند، ڕێگای مامەڵاتی ئێرانیان هاسان کردەوە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن گیانی کەسانی وەک پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی و دەیان و سەدان و هەزارانی تر بپارێزرێ؟ چۆن لە ناوخۆ و دەرەوە پێش بە جنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی کە بە بێ ڕۆژئاوا بوونی نابێ، بگیرێ؟
پاش چل و پێنج ساڵ، چۆن تێگەیشتن و سیاسەتی تاقیکراوە و بێکەڵک، بگۆردرێ؟ بۆچی ڕژیمی ئیسلامی کە لە ڕاپەڕینی ژینا و پێشتر تەنگی پێهەڵچندرابوو، دیسان خۆی گرتەوە؟ کێن ئەوانەی لە ئاستی جیهان لە هەموو ئەو ساڵانە ڕاوێشکاری ئەم ڕیژەمە بوون ؟ ناسینی سیستەمی ئیسلامی ئێران و پێوەندییەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، سیخوڕی، ئابووریی ناوخۆ و دەرەوەی، لە ڕێگای مێدیای زاڵەوە مسۆگەر نابێ. ڕێگای نوێ گەرەکە کە پشتی بە زانیاریی بنەڕەتی و هەمەلایەن بەستبێت و ستراتێژی و مێتۆد و تاکتیکی چارەسازی لێبکەوێتەوە.
کورد بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابوردوو لە ناو و دەرەوە سیاسەتی سەرکەوتووی دژی ڕژیمی ئێران نەبووە و ئەوەش ئەم ئەرکە ڕوونتر دەکاتەوە، کە کورد بە بێ زانیاریی، بە بێ ستراتێژی، بە بێ دیپلۆماسی جیهانی و ناوچەیی و بە بێ ڕێکخستنی ئەمڕۆیی و بە بێ ئامادەبوون لە سەر سەکۆی سیاسی جیهان وەک یەک نەتەوە، یەک وڵات داهاتووی ڕوونی نابێ. نمایشی سیاسی کە کورد و حزبەکانی تێدا شارەزاییان پەیدا کردووە، ناتوانی ببێتە پاراستنی گیانی تاکی کورد.

برایم فەڕشی
٢٦/٧/٢٠٢٤




ئیبراهیم باڵدار ، مامۆستای وه‌چه‌ جیاجیاكان(*).. نه‌ژاد عزیز سورمێ

كه‌ تازه‌ زمانمان پژابوو و له‌به‌ر خوێندن داندرابووین…)ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) یه‌كه‌مین ناو بوو دوای ناوی دایك و باوكمان، فێری بووین…
سه‌ره‌تای ئه‌لف و بێ، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می خوێندندا ناوی مامۆستا باڵداریش ‌لامان چووه‌ پاڵ ئه‌و ناوه‌ ئه‌فسانه‌ییانه‌ی له‌و سه‌ربرده‌ و حیكایه‌تانه‌ی بیستبوومان كه‌ له‌ده‌سپێكی ژیاندا خه‌ویان پێ لێ ده‌خستین…

ئه‌و ده‌مه‌ دونیا دونیایه‌كی دیكه‌ بوو،)دارا) له‌ناو داران بوو و )دۆی داده)ش هێشتا نه‌ڕژابوو، بنمیچی ماڵی)نه‌وزاد)یش درزی نه‌دابوو..
ئێمه‌ش له‌ خۆشیی مێوژی نایابی)مام زۆراب)ـه‌وه‌ مێوژمان لێ خۆش هاتبوو…
له‌ تاریكه‌ بازاڕی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ، ئه‌لف و بێی مامۆستا باڵدار ڕووناكییه‌كه‌ی ئه‌وسه‌ر بوو، ئاسۆیه‌كی پێشانداین…

له‌ هه‌وراز و نشێوه‌كانی ئه‌وان ڕۆژاندا به‌و ئه‌لف و بێیه‌ )كاف) و )واو) و )ڕێ) و (دال) و (سین) و (تێ) و (ئه‌لف) و )نون)مان ناسی و توانیمان وشه‌ی سیحراویی )كوردستان)ی پێ بنووسین….

بێ زێده‌گوتن، خه‌ڵك و خوایه‌كی زۆر كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ كوردی ده‌نووسن و ده‌خوێننه‌وه‌ و وتار و خوتبان ده‌ده‌ن، قه‌رزاری مامۆستا )باڵدار)ن.

كه‌چی ئه‌سه‌ف پێش چه‌ند ڕۆژێك مامۆستا له‌سه‌رده‌مێكدا میلله‌ته‌كه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌یه‌، به‌ غه‌ریبی و به‌بێ ده‌نگی سه‌ر بنێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌س باسی بكا…

به‌داخه‌وه‌، وادیاره‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ دۆی داده‌ هه‌ر ده‌ڕژێ و پێ ناچێ تا ئه‌مڕۆش (دارا) دارێكی دیبێ…!

(*) ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌ كاتی خۆی ساڵی 1998 به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی( مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار)ـه‌وه نووسراوه( هه‌مان وه‌خت بڵاو كراوه‌ته‌وه‌)‌ كه‌ سه‌رباری ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی مامۆستا ، هه‌واڵی كۆچی دوایی له‌ لاپه‌ڕه‌ی )ئاگادارییه‌كان(له‌ یه‌كێك له‌ ڕۆژنامه‌كاندا – په‌راوێز ، به‌ دوو سێ دێری هه‌تیوكه‌وتوو ، بێ بایه‌خ بڵاو كرابووه‌وه‌ .




کاریگەری رێکەوتنی ئێران و عێراق و حکومەتی هەرێم بەدژی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی.. نوری بەشیر

لە ١٣ی تەمموزدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لە دانیشتنێکدا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ پارێزگای ئه‌لبه‌رز له‌ باكوری ئێران، قسەی لەسەر لیستێکی ١٢٠ کەسیی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کردووە، کە داویانەتە عێراق بۆ رادەستکردنەوەیان بە جمهوری ئێسلامی و ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان له‌م لیسته‌دا هاتووه‌ به‌ “تیرۆریست” وه‌سفكردوە و وتویەتی کە لەنزیکترین فرسەتدا دەبێت دادگایی بكرێن.
ئەم هەواڵە لەزۆرێک لەمیدیا عێراقی و کوردیەکاندا بڵاوبۆتەوە، هەرچەندە ناوەکان لەو لیستەدا ئاشکرا نەکراوە و هەروەها حکومەتی هەرێم لەوبارەوە هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام هەواڵەکە لەکەناڵی “روداو”یشەەوە بڵاوکرایەوە! چەند مانگ پێش ئێستاش دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە حکومەتی ئێران بەنیازە ناوی سەرکردەکانی حزبە کوردییەکان بەمەبەستی ڕادەستکردنیان بە ئێران بۆ دادگاییکردن بداتە بەغدا و هەولێر.
داواکردنی ئەو کەسانە بۆ ڕادەستکردنەوە و دادگاییکردنیان لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکدایە کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە نێوان ئێران، عێراق و سوریا، لەژێرناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لەلایەن کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، حەسەن شاش، سەرۆکی دادگای باڵای سوریا و لیث جەبر حەمزە، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی دادوەری عێراق واژۆیان کردوە. هەواڵی ئەو کۆبونەوەیەی نێوان ئەو سێ وڵاتە، لەمانگی چواری ئەمساڵدا لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ووردەکاری دانیشتنەکە نەخراوەتەڕوو.
جمهوری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات. ئەو حزبانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی دەکەن، بەو بیانووەوە چەندینجار بنکەکانی ئەو حزبانەی موشەک بارانکردوە لەناوچەکانی سلێمانی، کۆیەو هەولێر. هەروەها لەچەندین ساڵی رابردوودا بەسەدان ئەندامی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان تیرۆرکردووە.
ئەگەرچی حکومەتی عێراق بەردەوام باسی هاوئاهەنگی ئەمنیی نێوان ووڵاتەکەی و ئێران دەکات، بەڵام هێشتا دیار نیە کە دەربارەی ئەم داوا تازەیەی ئێران چ هەڵوسێتێکی دەبێت، یاخود تا چ ئەندازەیەك دەتوانن فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی و تا چ رادەیەك دەسەڵاتدارانی هەرێم دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن! بەڵام فشارەکان بۆ تەنگەبەرکردنەوە و رێگری دروستکردن بۆ حزبە کوردیە نەیارەکانی ئێران لە هەرێم بەشێوەی جۆراوجۆر پیادەکراوە. لەساڵی ٢٠١٨ وە جموجۆڵی سیاسی و دەرکەوتنی چەکداری حزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکانی نەک تەنیا لەسەر سنورەکان، بەڵكو لەناو بارەگاو کەمپەکانیاندا مەحدود کردۆتەوەو تا ئاخرینجار لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣دا لە بەغدا، عێراق و ئێران یاداشتێکی ئاسایشی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە وا هاتووە کە هاوئاهەنگی لەرووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
کازم غەریب ئابادی لە زمانی ئێرانەوە وتوویەتی ئەم جووڵەیە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ” تیرۆر “! وتوویەتی داوای هاوشێوەی ئەم داوایە لە وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار کراوە. بەڵام ئەم جووڵە تازەیەی ئێران دوای دەورەیەك لە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی ئێران دێت بۆسەر بارەگاو کەمپەکانی ئەو حزبانە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ سەر شارەکانی کوردستان بەتایبەتی هەولێر، بەبیانوی لێدان لەگروپە چەکدارەکانی نەیاری خۆی و بنکەو بارەگاکانی ئێسرائیل!
هەر لەساڵی ٢٠٢٣ دا بڕیاری چۆڵکردنی شوێنەکانیان و کۆکردنەوەی هەموو ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە کەمپی گەورەدا درا کەلەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت. ئەم کارەشیان بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان سپاردوە. ئەگەرچی حکومەتی هه‌رێم حزبە دەسەڵاتادرەکانی ناوی نایانەوێ ئاماژە بەو هەوڵانە بکەن و هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەن، بەڵام شاراوە نیەو ئێران بەئاشکرا ئەمەی راگەیاندووە. تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی ئێران ئەوەش ناشارنەوە کە هێرشەکانیان لەچەند ساڵی رابردوودا بۆسەر بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکان لە کوردستانی عێراقدا، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاسایشیدا بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و عێراقدا.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی ٢٨ی ٨ی ٢٠٠٢٣ لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەکداماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونی خۆشیانی بۆ جێبەجێکردنی راگەیاندووە. بەدوای ئەودا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ، رۆژی ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبۆتەوە؛ تووندتۆڵکردنی سنوور یەکێک لە مژارەکانی نێوانیان بووە. ئەمانە لە رۆژی ٦ی ٩ی ٢٠٢٣دا لە ماڵپەڕی روداودا بڵاوکراتەوە. دیارترین خاڵی رێککەوتنەکەش دوورخستنەوەی هێزە کوردیەکانی ئێران بوو لەسەر سنوورەکان و چەکداماڵینیان بوو.
بێگومان توندکردنەوەی فشارەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆسەر حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێم، لەلایەکەوە لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی سیاسی و ئەمنیی ناوچەیی و جیهانیدا روودەدات کە ئێران ئیحساسی توانایی و دەخالەتی زیاتری خۆی دەکات لەناوچەکەدا و بەتایبەتی لەعێراقدا، کە ئەمریکا بەشێوەیەکی دراماتیکی پاشەکشەی پێکراوە. لەلایەکی دیکەوە، بەسوود وەرگرتن لەو فاکتەرەی یەکەم، دەیەوێ لەڕێگای کۆتاییهێنان بە بوونی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی رژیمەکەی لە کوردستانی عێراقەوە، ئەو دۆخە سیاسیەی بەدوای ناڕەزایەتیەکانی دووساڵ لەمەوبەری ئێران کە دەسەلاتی رژێمی ئیسلامی هەژاندووە، بە قازانجی دەسەڵاتەکەی هێور و دابمرکێنێتەوە، بەتایبەت کە کوردستانی ئێران مەیدانێکی سیاسی گەورەی ناڕەزایەتیەکان و خرۆشانی جەماوەری بەناوی بزوتنەوەی”ژن، ژیان، ئازادی” بوو و فەزای گشتی ناڕەزایەتی دژی رژێمی ئیسلامی بەشێوازی دیکە بەردەوامە کە زیاتر خۆی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنە کرێکاریەکان و خانەنشینان و مامۆستایان و … تاد. بەرجەستە دەکات!!
داواکردنی لیستێکی سەدوبیست کەسی لەرابەرانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکان و توندکرنەوەی ئەم فشارو هێرشانەی ئێران بەدوای هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیاندا دێت، کە بەڵێنی جۆرێك لە “ئاشتبونەوەی گشتی” ڕاگەیاند! هاتە کوردستان و بە زمانی کوردی وتاری دا تە سیمایەکی نوێ لە سیاسەتی تازەی حکومەگتی ئیسلامی نیشان بدات! بەڵام ئەو داوایەی رژێم بۆ ڕادەستکردنەوەی بەرهەڵستکارانی رژێم، بەڵگەیەکی بێگومان لەسەر ئەوەی کە ئەم سەرۆکە بەناو ریفۆرمخوازە، درێژەپێدەری رێگای هەمان سەرۆکی کۆنەپاریز و توندڕەوو مرۆڤکوژی پێشوو، ئیبراهیم رەئیسیە!
کاریگەریەکانی ئەم بڕیارو هێرشانەی جمهوری ئیسلامی ئێران و ئەو رێکەوتنانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا ئەنجامی داون، تەنیا ئەوە نیە کە ژیانی ئەو ١٢٠ کەسە لەڕابەرانی حزبە سیاسیە کوردەکانی ئێران دەخاتە مەترسیەوە، تەنانەت هەرئەوەش نیە کە ژیانی هەزاران ئەندامی ئەم حزبانە و خێزانەکانیان دەخاتە بەر مەترسیەوە، بەڵکو ژیان و ئەمنیەتی خەڵكی کوردستانیش روبەروی مەترسی دەکاتەوە و دەستی جمهوری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ئاوەڵا دەکات بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆی و کردنی هەرێمی کوردستان بە مەڵبەندی تەراتێنی هێز و گروپە تیرۆریستیەکانی سەربەخۆی و بۆ مەیدانێکی کێشمەکێش و ململانێی خۆی لەگەڵ نەیارەکانی خۆیدا.
بۆ رێگریکردن لەم پیلان و هێرشانەی رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران و رێکەوتنی قێزەونی سێقۆڵی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق و ئێران، پێویستە ڕیزی فراوانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان و عێراق بەهاوپشتی جیهانی بەرەی ئازادیخواز و کرێکاری و چەپ و سۆشیالیست، بێنەمەیدان و بەشێوازی جۆراوجۆر دژی ئەو پیلانە ناڕەزایەتی جەماوەری فراوان بەرێبخرێت، تا حکومەتی هەرێم و عێراق ناچار بکرێن لەو ڕێکەوتنە شەرماوەرو کۆنەپەرستانەیە بێنەدەرەوەو ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی بۆ سەرجەم هێزو حزبە سیاسیەکانی نیشتەجێی کوردستانی عێراق زامن بکرێ و بەرامبەر بە هەڕەشەکانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە پارێزراوبن.
تەمموزی ٢٠٢٣




لە یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی دادگای دادی تاوانكاری نێودەوڵەتی ICC

لە یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی دادگای دادی تاوانكاری نێودەوڵەتی ICC, رێكەوتی 17-7-2024 لە شارەكانی سلێمانی , كەركوك, هەولێر, چەمچەماڵ , هەڵەبجە ,ناحیەی رزگاری گەرمیان لە گۆڕستانی ئەنفالكراوانی گەرمیان , چەندین گردبونەوەو كۆڕو سمینار ئەنجامدرا, بە بەشداری دەیان كەناڵی ناوخۆیی و بیانی , داواكرا عێراق ببێتە ئەندامی دادگاكە بۆ ئەوەی تاوانەكانی جینۆساید و كیمیاباران, هەڵەبجەو ئەنفال دووبارە نەبنەوە.
لە سەرجەم گردبونەوەكان ئەم داواكارییانە خرانە روو:
لە یادی 26 ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكەو 22 ساڵەی دەست بەكار بونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری جیهانی, وەك گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە, لە هەموو گەلانی دیكە زیاتر پێویستمان بە دادگایەكی جیهانی وا هەیە, بۆیە داواكارین:

  • عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەست بوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رابگەیەنێت, بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیایە لە عێراقی تاوان و جینۆسایدی پێشوو, بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت.
  • حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق فشار بخەنە سەر حكومەتی كوردستان 258 تۆمەتباری ئەنفال وەك تاوانبار سەیر بكەن و دادگایی بكرێن.
  • حكومەتی عێراقی هەموو ئەوانەی وەك تۆمەتبار ناویان لە كەیسەكانی جینۆسایدی خەڵكی كوردستان هاتووە دادگایی بكات.
  • حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی رژێمی پێشوو بكاتەوە بێ جیاوازی, لە داوای لێبوردن كردن لێیان و قەرەبووی مادییان تا گەڕانەوەی روفاتی ئازیزانیان.
  • حكومەتی عێراقی پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو بێت , یان گومان لێكراوبێت بەو تاوانانەی لە تایبەتمەندی دادگای ناوبراوە.
  • پەلە بكرێت لە هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و پشكنینیان بۆ بكرێت.
  • قەرەبووی مادی و مەعنەوەی قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید, تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ لە عێرقدا بكرێتەوەو تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت.
  • سەربازگەی تۆبزاوا بپارێزرێت, بۆ بەرز راگرتنی قوربانیان بكرێت بە مۆنمێنتێكی شایستە بۆ ئازیزانی ئەنفالكراومان.