شیعر و ژیان و سیاسەت لە دیدی رەفیق سابیرەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەوانەبێت کە ناونیشانەکە بخوێننەوە یەکەمجار بەلاتانەوە سەیربێت، چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەم سێ وشەدا هەبێت، پێدەچێت شیعر و ژیان، کەمێک لەیەکترییەوە نزیک بن، بەڵام سیاسەت هیچ شتێک بەوانی تری نابەستێتەوە، شیعرو ژیان گوازرشت لە جوانی دەکەن، بەڵام سیاسەت بەتایبەتی لەم وڵاتەدا هیچ جوانییەکی تێدانییە و وێنەیەکی ناشیرینی هەیە. بەڵام شاعیرێک توانیویەتی ئەم سێ شتە کۆبکاتەوە، ئەویش شاعیر و نووسەر رەفیق سابیرە. ئەو یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی دونیای ئەدەبی ئێمە، شیعرە جوانەکەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیویەتی ” بەتەنیا جێی مەهێڵن” یەکێکە لە جوانترین شیعر کە بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە نووسراوە. جگە لە بواری شیعر، لەبواری فیکریشدا جێپەنجەی دیارە. کتێبی ” ئیمپراتۆریای لم” یەکێکە لەو کتێبە جوانانەی کە پێش چەند ساڵێک خوێندمەوە، کارێکی ناوازەیە. لەماوەی پێشوودا کتێبی ” لە ستایشی ژیاندا”م خوێندەوە، کە بریتییە لە بیرەوەرییەکانی نووسەر، بەڵام بەپێچەوانەی بیرەوەرییەکانی ترەوە چ لەرووی شێوازی نووسین و چ لەرووی ناوەڕۆکیشە زۆر جیاوازترە لەو بیرەوەریانەی کە پێشتر خوێندوومەتەوە.
نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی بەکارهێنانی زمانێکی شیعریی و هەندێکجاریش چیرۆکئامێز، حکایەتەکانی ژیانی بگێڕێتەوە، ڕاستە ژانری بیرەوەری لە رۆمانەوە نزیکە، نووسەریش هەوڵیداوە بە تێکەڵاوکردنی ئەدەب و بیرەوەریی،حکایەتی ژیانی بۆ خوێنەران بگێڕێتەوە. لەهەمووشی گرنگتر بیرەوەرییەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی کۆنەقین و جەنگی شەخسی بەکارنەهێناوە، بگرە بەهیچ شێوەیەک لەم جۆرە شەڕانەی تێدا نییە، کەبەداخەوە ئێستا هەر کتێبی بیرەوەرییەک دەبینیت، پڕیەتی لە شەڕی شەخسیی و کۆنەقین، جا ئەوکەسە سیاسیی بێت یان ئەدیب.
لەم کتێبەدا رەفیق سابیر دیوێکی تری کودەتای 14 تەموزی عێراق، بزووتنەوەی چەکداری بەسەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، کارەساتی هەکاری، پشتئاشان دەکات. لەهەمانکاتیشدا باسی ئەزموونی شیعر نووسین ، رەوتی ڕوانگە و دونیای ئەدەبی کوردی دەکات.
نووسەر هەر لەسەرەتاوە پێماندەڵێت کە ئەو قۆناغی منداڵی لەناو جەنگ و ماڵوێرانیدا ژیاوە، پاشتریش قۆناغ بە قۆناغ، خۆی لەگەڵ جەنگ و کارەساتەکانی رادێنێت، بەڵام لەناو ئەم جەنگ و ماڵوێرانیی و ناشیرینییەدا، دونیایەکی جوان دەدۆزێتەوە کە ئەویش کتێب و شیعر و ئەڤینە، ئەمانیش هیوای پێدەبەخشن، هەرئەم هیوایەش دەبێتە وزەیەکی باش بۆ بەردەوامی ژیان و سەرکەوتن بەسەر گرفتەکاندا.

منداڵیی و بینینی ناشیرینییەکانی چەکداری کوردی
نووسەر سەرەتای کتێبەکەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی ژنێکی کورد دەستپێدەکات، کە پێشمەرگەکانی پارتی ناو قەڵادزێ سەریان تاشیوە. نووسەر بەشێوازێکی حکایەتئامێز، چیرۆکی ژنان و کچانی قەڵادزێی گێڕاوەتەوە کە جەلادەکانیان، چەکدارەکانی پارتی بوون.
نووسەر دەڵێت: لەگەڵ هەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکداری کوردی لە ساڵی 1961 لەگەڵ خۆی، سەرتاشین و دواتر لوتبڕینی ژنانی لەگەڵ خۆی بۆ قەڵادزی هێنا. ژنکوشتن کە لە ساڵانی چلو پەنچاکاندا زۆر دەگمەن بوو، زیادی کرد و پێشمەرگە لەجیاتی مێرد بە بەهانەی پووچ و بەناوی ” شۆڕش” ەوە ، ژن و کچی خەڵکیان تیرۆر دەکرد، چەند کچ و ژنی بێتاوان و ئابڕوومەند، کرانە قوربانی لەوانە خێزانێک کە زۆر لە مێژبوو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون و لە قەڵادزێ جێگیربوون، کچەکەیان جوان بوو، شەوێک پێشمەرگ چوون سەری کچەکەیان تاشی، دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ویستویانە لەگەڵی ڕابوێرن و کچەش رازی نەبووە، بۆیە سەریان تاشیوە، دواتر خێزانەکە ناچار روویان لە بەغدا کرد.ل 12
جگە لەمانە چەندین حکایەتی ژن و کچی قەڵادزێ باس دەکات، کەلەلایەن چەکدارانی پارتییەوە پەلاماردراون، هەموو ئەمانەش بەناوی شۆڕشەوە کراون.

شۆڕشی14 تەموزی 1958
بەپێچەوانەی نووسەرانی تری شیوعییەوە، رەفیق سابیر تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە بۆ شۆڕش یان کودەتای 14 ی تەموزی 1958. ئەو پێی وایە ئەم شۆڕشە زیاتر توندوتیژیی و نائارامی لەگەڵ خۆی بۆعیراق هێناوە.
نووسەر دەڵێت: شۆڕش یان کودێتای سەربازی 14 تەموزی 1958، ئەو توندوتیژی و کوشتارەی کودێتاکە لەگەڵ خۆی هێنای، سەرەتای نەخشەی سیاسی نوێی عیراقی بە خوێنکێشا، لەهەمانکاتدا کولتوری کوشتن و توندوتیژی کە لە کۆنەوە بە قووڵی ڕیشەی بەکۆمەڵی عیراقدا ڕۆچووە، ژیاندەوە.
کوشتنی مەلیک و کەسانی بنەماڵەکەی، تێكڕای ئەو تاوانە مەزن و کوشتارە کەموێنانەی دواتریش بە ناوی شۆڕشەوە لە عیراقدا کران، بەرهەمی مێژووی خوێناویی سەدان ساڵەی کۆمەڵی عیراقن، کە هەمیشە مەیدانی کوشتار، تیرۆر و لەناوبردن بووە. ل66

عیراق و توندوتیژی
لەرێگەی باسکردنی شۆڕشی14 ی تەموزی 1958 ، نووسەر بەناو مێژووی عیراقدا رۆچووەو هەوڵیداوە بەپشت بەستن بە مێژووی کۆنی عیراق، شڕۆڤەی ئەم توندتیژییەی کۆمەڵگەی عیراقی بکات.
نووسەر دەڵێت:
ناوچەکانی عیراقی عەرەبی کەوتونەتە نێوان دورگەی عەرەب و ئێران، ئەو ناوچانە لە کۆنەوە ئامانجی خێڵە بەدووەکانی دورگەی عەرەب بوون، کە بۆ تاڵانی، غەنیمەت و پەیداکردنی لەوەڕگا بۆ ماڵاتەکەیان، ڕوویان تێ دەکرد، لەسەردەمی پەلامار و غەزوی عەرەبی ئیسلامیدا، ئەو ناوچانە کرانە بنکەی سەرەکی لەشکری بەدووەکانی عەرەب، تابەرەو ئێران و دوورتر بڕۆن، خێڵە بەدووەکانی عەرەب کە بە توندتیژی و تاڵانچی ناسراوان، تاسەرەتای سەدەی بیستەم، بە پۆل ڕوویان لەناوچەکە کرد، کولتووری بەخوێنئاودراوی خۆیان تێدا چەسپاند،،،ل67

بزووتنەوەی چەکداری
نووسەر بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری مێژووی سیاسی کورد دەکات، بەتایبەتی مەسەلەی بزووتنەوەی چەکداری کە لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو سەریهەڵدا. نووسەر وێنەیەکی تری ئەم بزووتنەوە چەکدارییەمان پیشان دەدات، وێنەیەک تەواو جیاوازە لەو وێنەیەی کە لە میدیاکانی بنەماڵەی بارزانییەوە باس دەکرێت.
نووسەر دەڵێت:
بەهۆی هەڵگیرساندنی شەڕ، هەزاران گەنجی کورد، بەناوی گوایا شۆڕشەوە کرانە قوربانی ، زیاتر لە نیوەی ئەو قوربانیانە لە شەڕی نیوخۆدا، بە کوشت دران، یان فەلەج و پەککەوتە کران. دوا شتێک کە لە کۆڵە پشتە شڕەکەی بزووتنەوەی چەکداریدا مابوو، ( هیوا) بوو، شەڕی نیوخۆ ئەویشی کوشت. ل15

دواتر دەڵێت:
لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی پێشوو تا ئازای 1970 ، کوردستانی عیراق گیرۆدەی شەڕ بوو، تیرۆر، بێهیوایی، وێنەی تارمایەکی ڕەش و ترسناک دەسووڕانەوە، چارەنووسی هەر کەس و هەمووان نادیار بوو. کاتێک وڵاتێک دەکرێتە زیندانێکی گەورەو وڵاتکوژان دەبنە پاسەوانی، ژیان و مردن جیاوازی ئەوتۆیان لە نێواناندا نامێنێت.ل 107

شۆرشی عەشائیر یان شۆڕشی کورد؟!
لەهەمووی گرنگتر نووسەر هۆکاری سەرەکیی و وێنەیەکی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی چەکداری ساڵی شەستەکانمان پێ پیشان دەدات کە لە دیدی بنەماڵەی بەرزانیی و هەوادارانییانەوە بە شۆڕشی ئەیلول ناودەبرێت، ماوەی دەیان ساڵیشە وا دەیخەنە بیری خەڵکییەوە کە ئەمە شۆرشی نەتەوایی بووە، بەڵام ڕەفیق سابیر قسەیەکی تری هەیە و پێمان دەڵێت، ئەمە هیچ پەیوەندی بە مافی نەتەوایەتیی کوردەوە نەبووە، بەڵکو جەنگی کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ بووە، چونکە حکومەتی عیراقی قانونی چاکسازی کشتوکاڵی دەرکرد.
نووسەر دەڵێت: لە کۆتایی ئەیلولی 1958 قانونی چارەسەری کشتوکاڵ لە عیراق ( قانوونی ژمارە 30) دەرچوو، دروشمی زەوی موڵکی ئەو کەسەیە کە دەیچێنێت، ئەو قانوونە بەو ئامانجە دەرکرا کە کێشەی لە مێژینەی نێوان ئاغا و جووتیار چارەسەر بکات، ئاستێکی ماقووڵی دادپەروەری، لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و موڵکایەتی زەوی بچەسپێنێت، بەڵام قانوونەکە لەگەڵ گرنگییەکەیدا، زۆر بەپەلە و بە فشاری حزبی شیوعی دەرچوو، چارەسەرکردنی کێشەی زەوی لە عیراقدا لەوە ئاڵۆزتر بوو کە هێندە بەپەلە و هەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێز جارەسەر بکرێت،،،،ل77
سەرۆک خێڵەکانی کوردستانی عیراق دژی ئەو قانوونە نوێیە وەستان، کۆمەڵێک ئاغای پشدەر ( میراودەلی) پەنایان بۆ ئێران برد و ماوەیەک لەوێ مانەوە دوای ئەوە بە چەکەوە گەڕانەوە ناوچەی پشدەر،،، سەرەتای یاخیبوونی چەکداری لە دژی حکومەتی عیراق لە ناوچەی پشدەر و بێتوێن، بەڕابەری ئاغاکان دەستی پێ کرد، هەموو خاوەن زەوییە زۆرەکانی ناوچەی رانیە و پشدەر ئامادەبوون و بڕیاریاندا خۆپیشاندانی چەکداری بکەن دژی رژێمی عەبدولکەریم قاسم و هەرچی زووترە رێگای نێوان رانیە و سلێمانی و کۆیە ببەستن و ماوە نەدەن هێزەکانی چەکداری میری بەم رێگایەدا هاتوچۆ بکات، دوای ئەو یاخیبوونە چەکدارییە( عەشائیری دەوربەری سلێمانی و هەمەوەند و شوان و شێخ بزێنی و سمایل عوزێری و دۆڵی جافەتی ) ئەوانیش هەستان و رێگاکانی بازیان و دەرەبەندیخانیان گرت و چەکداریان دامەزراند، ئیتر دەنگی شۆڕشی عەشائیر لە هەموو عاستێک بەرزبپوە.ل 80
واتە سەرەتاکەی شۆڕشەکە بەم شێوەیە بووە، بەڵام بۆچی سەرانی پارتی دوای شۆڕشی عەشائیرییە کەوتووە؟
نووسەر لە وەڵامدا دەڵێت: پارتی بەفشاری لەشکری ئاغاکان و لە ترسی لەدەستدانی پێگەی خۆی، بەبێ پلانی سەربازی و خۆئامادەکردن بۆ خەباتی چەکداری، چووە پاڵ شۆڕشی عەشائیر کە بە هاندان و کۆمەکی ئێران کرا، بەمشێوەیەش دەرگای دۆزەخی بەرووی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، کەتا ئەمڕۆ تیایدا دەسووتێت.ل80
دواتریش دەڵێت:
سەرانی پارتی لەبری ئەوەی بە شێوازی سیاسی و ئاشتیانە کار بۆ مافی دەستووری گەلی کوردستان بکەن، بە بێ پلان و خۆئامادەکردن چوونە پاڵ شۆڕشی عەشائیر، کەهیچ پەیوەندییەکی بە مافی نەتەوەیی گەلی کوردەوە نەبوو، لەهەمانکاتدا بەهانەیان بە دەوڵەتی نوێی عیراق دا، هێزی سەربازی بۆ کوردستان ڕەوانە بکات، ناسیۆنالیست و شۆڤێنی عەرەبیش، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، بە ئاشکرا دوژمنایەتی گەلی کورد بکەن،ل81

مەڕ لە گورگ تۆقیوە کەچی شوانەکەی دەیخوات
نووسەر خاڵێکی ترمان بۆ باس دەکات، ئەویش خۆخستنە باوەشی رژێمی شای ئێرانە، کە ئەمەش خاڵێکی نێگەتیفی بزووتنەوەی چەکداری کوردییە، رەفیق سابیر دەڵێت:
مرۆڤ قەت لە سەرەتایەکی هەڵەوە، بە ئەنجامی دروست ناگات. چواردە ساڵ ڕەنج و قوربانی و بە کوشتدانی دەیان هەزارکەس، هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و لەتکردنی گەلی کوردستانی عێراق و وێرانکردنی کوردستان، ئەنجامەکەی ئەوەبوو، دەوڵەتی ئێران نیوەی شەتی عەرەبی لە عێراق ستاند، لەبەرامبەر ئەوەدا رۆژی 19 ئاداری 1975 سەرکردایەتی بزاڤی چەکداری ،جاڕی ئاشبەتاڵی دا، ئێران ئاشبەتاڵی بە بزاڤە چەکدارییەکە کرد، کە ئامڕازێکی دەستی خۆی بوو. دەیان هەزار پێشمەرگە و هەزاران خێزان، کە ژیان و کەرامەت و چارەنووسیان خستبووە دەستی سەرانی بزووتنەوەکە، ناچارکران زەلیل،سەرکز و بێهیوا،خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە، ،،ل207
جێگەی ئاماژەیە ئێستاش هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە، سەرانی ئێستای پارتی بەهەموو هێز و توانای خۆیانەوە، خۆیان و چارەنووسی حکومەتی هەرێمیان ڕادەستی رژێمی تورکیا کردووە، ئیتر بابزانین کەی ئاشبەتاڵێکی تر دەبینین.

تیرۆرکردنی کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری کوردستانی ئێران
جگە لەمانەش نووسەر باسی دیمەنێکی ناشیرینی تری بزووتنەوەی چەکدارییمان بۆ دەکات، ئەویش تیرۆرکردنی شۆڕشگێران و کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێرانە. ئەمەش لەبەر خاتری ڕژێمی شای ئێران.
نووسەر چەند نموونەیەکی لەو بارەیەوە هێناوەتەوە:
سلێمانی موعینی رابەری بزاڤی چەکداریی گەلی کورد بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی 1969 مەلا مستەفای بارزانی، بەدیلی تیرۆری کرد و تەرمەکەشی، لەگەڵ پۆلێکی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕادەستی حکومەتی ئێران کرد و هەموو پێشمەرگەکان لە سێدارە دران.ل173
یەکێکی تر لەو نموونانەش باس دەکات و دەڵێت:
محەمەد دڵشاد کە بە میرزا دڵشادی رەسولی ناسراوەو لە سەردەمی کۆماری مهابادا وەکو کەسایەتییەکی سیاسیی و رووناکبیر دەرکەوتووە، شەوێک ئاغایەکی پشدەر ( ع.ع) کە دۆستی بوو، بەناوی کارێک بردیە دەرەوەی قەڵادزێ، لە گوندی هەڵشۆ، رادەستی پێشمەرگەی پارتی کرد و جوانەمەرگیان کرد. ئەو جۆرە تیرۆرە دیاردەیەکی نوێ بوو، سەرەتا سام و ترسیان لە کۆمەڵدا بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوەندە دووبارە کرانەوە، بوونە بەشێک لە ژیانی خەڵکی، ئەمەش سەرەتای داڕمانی ئەخلاقی، ویژدانی، کۆمەڵایەتی، ئینسانی بوو لە باشووری کوردستان، کە بزاڤی چەکداری دایهێنا و تائەمڕۆش ، بە گوڕ و تینی زۆرترەوە بەردەوامە. ل61
بەداخەوە ئەمڕۆ کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسی کوردستانی تورکیا و سوریا، لەلایەن پارتییەوە رادەستی رژێمی تورکیا دەکەنەوەو تیرۆریان دەکەن.

زیندان و دیل کوشتن
لایەنێکی دزێوی تر بزووتنەوەی چەکداری دیل کوشتنە، لەمبارەیەوە نووسەر کۆمەڵێک نموونەی باسکردووە:
لەساڵی 1973 12 کادری حشع کە خەڵکی هەشت پارێزگای عێراق بوون، دوای تەواوکردنی خوێندن لە یەکێتی سۆڤێت و وڵاتانی سۆشیالیستی بەڕێگای سوریا گەڕانەوە عێراق، عیسا سوار کە فەرماندەی پارتی بوو لە بادینان، هەموویانی گرت و بە بڕیاری مەلا مستەفا ، بەدیلی کوشتنی.،،
پارتی لە کوردستان کەوتە گرتن و پەلاماردانی حزبی شیوعی و تۆمەتی جاشایەتی دایە پاڵ ئەو حزبە، کەچی خۆی سێ ساڵ بوو بەشداری حکومەت بوو، لەگەڵ حزبی بەعس هاوپەیمان بوو. پارتی دەیان کادیر و ئەندامی حزبی شیوعی بۆ زیندانی بەدناوی خەڵان و ڕایات نارد و لەوێ ئەشکەنجە دران. هاوڕێ عەبدولرەحمان خدر بانەیی، لەوێ بە ئەشکەنجە شەهید کرا.ل194

حزبی شیوعی
جگە لەپارتی و بنەماڵەی بارزانی، نووسەر لەم کتێبەدا رەخنەی زۆر لە سیاسەت و فیکری حزبی شیوعی دەگرێت. بەحوکمی ئەوەی نووسەر هەر لەقۆناغی هەرزەکارییەوە تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت ئەویش لەرێگەی حزبی شیوعییەوە، هەتا پاییزی تەمەنی لەم حزبەدا دەبێت، دواتر واز لەم حزبە دەهێنێت. بۆیە پانتاییەکی باشی بۆ ئەم حزبە داناوەو بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە سەیری فیکر و سیاسەت و مێژوو، خەبات، سەرکردایەتی ئەم حزبە دەکات.
ئەو باسی سێ خاڵی بەهێز و لاوازی حشع” کورتکراوەی حزبی شیوعی”

یەکەم: حزبێکی بە ئەزموونی عێراقی بوو، پێگەی بەهێزبوو لە کوردستان و شارەکانی عیراق و ڕێکخراوی نهێنی هەبوو.
دووەم : پەیوەندی فراوانی عەرەبی و ناوچەیی و جیهانی هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆشیالیستی.
سێهەم: بەشێک نەبوو لە شەڕو کێشەی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی کوردستان.ل289

سێ خاڵی لاواز
هەروەها باسی سێ خالی لاوازیشی دەکات:
یەکەم: گرفتی سەرکردایەتی

لەناو حزبی شیوعی و ڕەنگە حزبەکانی کوردستانیشیەتی دا، هەندێک کەس لەبەر توانا، شارەزایی و لێهاتوویی نەکرابوون بە ئەندامی سەرکردایەتی و کاری گرنگیشیان پێ درابوو، بەڵکو لەبەر لاوازی و دەستەبەندی و گوێڕایەڵی کوێرانە، یان بەهۆی جاسووسیکردن بەسەر هاوڕێکانیانەوە، خرابوونە ئەو شوێنە. سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە کوردستان، لەڕووی هزری و خوێندەوارییەوە لەچاو زۆرینەی سەرکردە عەرەبەکانی ناو حزبی شیوعی کۆلکەخوێنەوار بوون، پێنچ کەسیان تەنانەت قۆناغی سەرەتاییان تەواو نەکردبوو. توانای پێشبینی و لێکدانەوەیان زۆر کەمبوو. ئەوان ڕاهاتبوون لەسەرووی خۆیانەوە بڕیاریان بۆ بێت و وەکو سەرباز جێبەجێی بکەن، بۆیە لە هونەری بڕیاردان شارەزا نەبوون.ل291

دواتر دەڵێت: ئەو سەرکردانەی خۆیان ئەهلی ئەو کارە نەبوون، نەشیان دەهێشت لەترسی لەدەستدانی پێگە و ئیمتیازاتیان، سەرکردەی سیاسی _مەیدانی لاو دەربکەون، جگە لە بەهادین نووری، کەسیان لە خۆی رانەدی لەگەڵ پێشمەرگەدا بە گوندەکانی کوردستاندا بگەڕێت و تێکەڵاوی خەڵک بێت، یان لەگەڵ پێشمەرگەکاندا چالاکی سەربازی بکات، پێشمەرگەکان ئەوەیان بە کەماسی دەزانی، ئەوان دەیانبینی چەندان ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی و سۆشیالیست، شانبەشانی پێشمەرگەکانیان، لەگەرمیانەوە تا دەشتی هەولێر دەگەڕێن و بەشداری چالاکی سەربازی دەکەن، هەندێکیان لەگەڵ پێشمەرگە بریندار و شەهید دەبن، کەچی زۆرینەی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە دەرەوەی وڵاتن یان لەسەر سنووری ئێران خۆیان مەڵاس داوە، چاوەڕێ دەکەن کەی نۆرەیان بێت، بۆ چارەسەری پزیشکی یان کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بچن بۆ سوریا و یەکێتی سۆڤیەت چوار مانگ زیاتر لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە.ل292

دووەم : دژایەتی ئایدۆلۆژی
نووسەر پێی وایە سەرانی حشع لەرووی ئایدۆلۆژییەوە زۆر لاواز بوون، لەمەدا باسی ئەوەدەکات کە بە ناڕەوا دژایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کورستانی کردووە، لەجیاتی ئەوەی لێی نزیک بێتەوە کەچی دژایەتی کردوون ئەمەش هەڵەیەکی ئایدۆلۆژی بووە.

سێهەم: گرفتی هاتوچۆ و پێداویستی پێشمەرگە
بەهۆی ئەوەی رژێمی ئێران ئامادەنەبووە هاوکاری حشع بکات، کێشەی هاتووچۆ و پێداویستی پێشمەرگەی بۆ حشع دروستکردووە، هەروەها رێگای سوریاش لەلایەن پارتییەوە کۆنتڕۆڵکراوە، هەربۆیە ئەوان ناچاربوون نزیک ببنەوە لەپارتی. ئەمەش لەرووی سیاسییەوە زەرەری زۆری لەم حزبە داوە.

پشتئاشان
لەبارەی کارەساتی پشتئاشان زۆر نووسراوەو زۆریش قسە کراوە، من بیرەوەری زۆربەی سەرکردەکانی ی.ن.ک و حشع م خوێندۆتەوەو هەریەکەیان بەجۆرێک باسیان کردووە، هەروەها هەر لایەنە و ژمارەی قووربانی دەنووسێت، بەڵام رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و دوور لەهەست و سۆز و بەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەم شەڕەی کردووەو هۆکارەکانی باسکردووە.

نووسەر دەڵێت:
پارتی لە شەڕی نێوان ئێران و لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە، هەروا لە شەڕی عێراق و ئێراندا، هاوسەنگەری لەشکری ئێران بوون و کۆمەکیان دەکرد، بۆیە لە مەیدانی سیاسی عێراق و کوردستانی ئێراندا لایەنێکی بێزراو بووە، بۆیە زۆر بەلایەوە گرنگ بوو لە حشع نزیک بێتەوەو بیخاتە ناو بەرەی جودەوە ل303
لەمەشدا نەزانی و کورتبینی سەرکردەکانی حشع رۆڵی خراپیان بینیووە:
نووسەر دەڵێت:
لە هاوینی1981 کۆنە جاشێک بەناوی (عەبدوڵا ماولی) پەیوەندی دەکات بەحزبی شیوعییەوە، پێشتر دوو پێشمەرگەی یەکێتی رادەستی حکومەت کردبوو لەسێدارە درابوون. ئەمەش گرژی لەنێوان یەکێتی‌و شیوعی دروست دەکات،
مانگێک دوای ئەو رووداوە ئەحمەد بانیخێڵانی، بەرپرسی مەکتەبی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی بەرەی جود دەچێتە ئێران ‌و لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی سەربازیی ترسناک دەدرێت، کە راستەوخۆ حزبی شیوعی لەڕووی سەربازییەوە بەتەواوەتی دەخاتە سەنگەری پارتی ‌و سۆشیالیست ‌و بەرەی دژ بەیەکێتیییەوە”. یەکێک لەو بڕیارانەی لەو کۆبوونەوەیەی (جود) دەدرێت ئەوەیە کە ناوچەی باڵەکایەتی‌ و دەرگەڵە و گەڵاڵە بکرێتە ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی (جود). پارتی 600 چەکدارو سۆشیالیست300 بنێرنە بنکەی پشتئاشان بۆ لای هاوڕێیانی حزبی شیوعی. ئیتر لەوکاتەوە “لەشوباتی 1982ەوە حزبی شیوعی بێلایەنی خۆی لەدەست داو چووە بەرەی پارتی‌و سۆشیالیستەوە”.
لەدەستپێکی شەڕەکەدا هێزێکی سۆشیالیست بارەگایان لەپشتئاشان بوو، بەدزی ‌و بێ ئەوەی حزبی شیوعی ئاگادار بکەن هەڵاتبوون… پارتی هێزی نەنارد. پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دوو رۆژ قارەمانانە بەرگرییان کرد. دواتر بەچیای قەندیلدا، بەناو بەفرو زریاندا هەڵگەڕان‌و بەرەو دیوی ئێران شۆڕ بوونەوە. لەو شەڕەدا 60 کادێرو پێشمەرگەی حزبی شیوعی شەهید بوون… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، نامەسئولانە خۆی ‌و کادێر و پێشمەرگەکانی هاویشتە شەڕێکەوە، کە شەڕی ئەو نەبوو… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، بەهاندان‌و پشتئەستوور بوون بەهێزی پارتی‌و سۆسیالیست چووە ناو شەڕ، کەچی ئەوان لەپشتئاشان بەتەنیا بەجێیانهێشت، دوای پشتئاشانیش لەناوچەکە هەڵاتن. تا کارەساتی پشتئاشان حزبی شیوعی لە کوردستان، دووەم هێزی سیاسی و چەکداریی بوو، دوای ئەوە لاواز و زەبوون کرا، پارتی و سۆشیالیست، لە کوردستان بوونە هێزی دووەم و سێیەم.ل318
دواتریش زیاتر دەڵێت:
دوای کارەساتی پشتئاشان، مەکتەبی هەرێمی حزبی شیوعی و مەڵبەندی پێشمەرگەکانی هەولێر، چوونە ناوچەی بارزان،، بەڵام چەکدارانی پارتی،لەگەڵ سوپای پاسداران،چوونە سەریان و بەزەبری چەک، ناچاریان کردن لەماوەی شەش ڕۆژدا ناوچەکە بەجێ بهێڵن. بەم جۆرە پارتی، بەکۆمەکی پاسداران، پاداشتی حزبی شیوعی دایەوە،،ل319
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نووسەر دەڵێت:
هەڵە و بەرپرسیاریی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە شەڕی نێوخۆدا هەرچەندێک بوو بێت، ناتوانێت پاکانە بۆ تاوانی پشتئاشان بکرێت، ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی یەکێتیی نیشتمانییەوە.ل323

عەزیز محەمەد
یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عیراق و کوردستان عەزیزی محەمەد بوو، ئەو بۆ ماوەی 30 ساڵ سکرتێری حشع بووە، هەربۆیە بەشێک لە مێژوونوسان ئۆباڵی لاوازی حزبەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو.
رەفیق سابیر لەمبارەیەوە دەڵێت “دوای ئەو شکستە، لەناو حزبی شیوعیدا کۆمەڵێک کێشەی کۆن و نوێی سیاسی، ڕێکخراویی و فیکری دەرکەوتن، کە حزبیان لاوازتر کرد، ساڵی1984 کۆنگرەی چوارەمی حزبی شیوعی لەشاخ بەسترا. پێش کۆنگرە بەهادین نوری ‌و مەلا عەلی بەپاڵ لەحزب وەدەرنران. لەو کۆنگرەیەدا بەناوی کاری نهێنییەوە، دەسەڵات درا بەعەزیز محەمەد، کە دە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە دیاری بکات، بێ ئەوەی هیچ کەسێک ناوەکانیان بزانێت. عەزیز محەمەد بەدەنگی ئەو دە ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی، توانی لەناو کۆمیتەی ناوەندی، هەڵبژاردنەوەی خۆی بەسکرتێری یەکەمی حزبەکە، مسۆگەر بکات. هەروا توانی ئەو کەسانەی خۆی مەبەستی بوو، لەمەکتەبی سیاسی دایانبننێت، هەر کەسێکیشی بەدڵ نەبوو کەنارنشینی بخات. بەو جۆرە عەزیز محەمەد و بەرپرسانی تر کە حزبیان تووشی شەڕی نێوخۆ کرد، لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێن، لەسێبەری شاخ و لەسایەی تفەنگدا، کرانەوە بەسەرکردەی حزب‌ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌ و کۆمیتەی ناوەندی. ئەوان لەو شکستەشدا، وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون”.ل322.323
دواتریش هۆکاری وازهێنانی عەزیز محەمەد لە سکرتارییەتی حزب باس دەکات و دەڵێت:
دوای هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆسیالیستی و تێکشکانی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هیوای بە حزبی شیوعی نەمابوو، بەلای زۆرەوە لەبەر ئەو هۆکارە وازی لە سکرتێری حزبەکەی هێنا، کە وەک قاوغێکی بێ ناوەڕۆکی لێ هاتبوو،ل448

کارەساتی هەکاری
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر کەلەم کتێبەدا بۆم دەرکەوت، قسەکردنە لەبارەی کارەساتی هەکارییەوە. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی تر باسی هۆکاری ئەم کارەساتە دەکات و دەڵێت:
ئێران لە کۆنەوە چاوی لە عێراق بڕیوە، بە قووڵایی خۆیی و بواری بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی زانیوەو دەزانێت، لەرێگەی بزاڤی چەکداری کوردستانی عیراقەوە، توانیویەتی عیراق ئازار بدات و ملکەچی بکات، بۆیە تا بتوانێت ڕێگە نادات هیچ بزاڤێکی چەکداری لە کوردستانی عیراق ئەگەر خۆی کۆنتڕۆڵی نەکات، بەردەوام بێت، پەلاماردانی یەکێتی نیشتمانی لە هەکاری، لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە، بەو ئامانجە بوو کە دەستی سوریا لە کوردستانی عیراق ببردڕێت.
بە بڕوای من ئەگەر یەکێتی بە کۆمەکی سوریا پەنای بۆ کاری چەکداری نەبردایە، دەوڵەتی ئێران ڕێگەی نەدەدا سەرانی پارتی، کە ئاشبەتاڵیان کردبوو لەبن دەستی و چاودێری دەزگای جاسووسیی ساواکدا بوون، چەک لەدژی عیراق هەڵبگرنەوە،،ل300

بزووتنەوەی چەکداری نوێ
نووسەر رەخنە تەنها لە بزووتنەوەی چەکداری کۆن ناگرێت، بەڵکو رەخنە لە بزووتنەوەی چەکداری نوێش دەگرێت کەدوای ئاشبەتاڵ دروست بوو. لەمبارەیەوە دەڵێت:
بزاڤی چەکداری کورد لە باشووری کوردستان، بۆ دووەم جار، بەبێ هیچ مەرج و رێکەوتنێکی سیاسی، چارەنووسی خۆی خستە دەستی ئێران، کە بە شێوەی ئامڕازێک دژی عێراق بەکاریهێننا.
دواتریش دەڵێت:
ئەمریکا و هاوپەیمانان لە شەڕی کەنداودا، لەشکری عێراقیان بەزاند و زۆنی دژە فڕینیان، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە پەلاماری دەوڵەتی عێراق، دروست کرد. ئەگەر کۆمەکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نەبوونایە، ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و کوردستانی، تا ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لە مەنفا دەبوون.

سەرەتای شیعر و کتێب و دڵداریی
نووسەر لە کتێبەکەیدا، تەنها باسی سیاسەت ناکات، بەڵکو واز لە سیاسەت دەهێنێت و دەچێت باسی لایەنێکی تری ژیانی دەکات کە ئەویش ئەدەبە، ئەمەش دیوێکی جوانی ژیانی نووسەر پێکدێنێت و کە یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی ئەدەبیاتی کوردی.
ئەو باسی سەرەتای ئەزموونی نووسینی خۆی دەکات کە بە شیعری دڵداری دەستیپێکردووە. نووسەر دەڵێت: سەرەتای شیعر نووسینم بە نامەیەکی دڵداری دەستپێدەکات،بەڵام قەت نەموێرا ئەو نامەیە بدەم بەو کچەی بۆیم نووسیبوو. ل91
گروپی ڕوانگە
دواتر بە ووردی باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ گروپی روانگە دەکات، تێگەیشتن و هۆکاری دروستبوون، لەهەمانکاتیشدا بەدرێژی باسی ئەوانەش دەکات کە بۆچیی و لەسەرچی دژایەتی گروپی روانگەیان کردووە.
نووسەر دەڵێت: بەشێک لەو ڕەخنانە بەمەبەستی سیاسی سیاسی نووسران، بەشێکی تریان پشتیان بە تێگەیشتنێکی میکانیکیانەی ئایدۆلۆجی بەستبوو، هەندێکجار تێکەڵ بە کێشەی کەسی دەکران، بەگشتی زۆربەی ڕەخنەکان پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە شیعر و ئەدەبەوە نەبوو، بەڵکو زیاتر نووسینی کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆجی و سیاسی بوون.ل165

شیعر و کتێب
هەروەها باس لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ شیعر و کتێب و خوێندنەوە دەکات، چۆن ئەم سێ شتە جیهانبینی و ژیانی ئەو دەگۆڕێت. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، شیعرئامێزانە، وەسفی شیعر و کتێب و خوێندنەوەی کردووە.
نووسەر دەڵێت:
کتێب و شیعر و ئەدەبیات دونیاییەکی نوێی پڕ فەنتازیا، خەون، چاوەڕوانی و هیوایان پیشان دەدام، شیعر و ئەدەبیات، ئەو شتە بایەخدارانە بوون، کە هێز و خەیاڵیان دەجوڵاندم، جوانی ژیان، ئاسوودەیی و هیوام تێدا دەبینین،ل109
شیعرو ئەدەبیات ژیانیان لەلا جوانتر و دڵگیرتر کردم، توانای جوانناسی، هاوسۆزی و مرۆڤدۆستیان پەرەپێدام و هۆگری خۆشەویستیان کردم، خۆشەویستی ئینسان لەسایەی شەڕدا، نرخی فروجێکی نەمابوو، خۆشەویستی وڵات، کە وێنەی نێچیرێکی زامدار، رۆژانە خوێنی لەبەردەڕۆیی و تائێستاش ئەو نەزیفی خوێنە بەردەوامە. ل132
نووسین بایەخی وشە و دەسەڵاتی وشەی پیشان دام، گیانی مرۆڤدۆستی، پڕەنسیپی ئەخلاقی و هەستی بەرپرسیاریی بەتین کردم، سەرلەنوێ هیوای پێ بەخشیمەوە، بەو ئەنجامەی گەیاندم کە ژیان بێ هیوا، مردنێکی پڕ ئازار و لەسەرخۆیە، کوشتنی مرۆڤ، بەلای زۆرەوە کوشتنی نەتەوەیەکیش، بە کوشتنی هیواکان دەست پێ دەکات،ل 124ی
لەلایەکی ترەوە باسی ئەزموونی شیعر نووسینی خۆی دەکات، بۆ نموونە ئەو شیعرەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیوە، سەرو ساڵێکی پێچووە تا تەواو بووە، بەداخەوە کەسێکی تر هەوڵ دەدات بیدزێت و بیکات بە ناوی خۆیەوە. شیعرێکی تری بەناوی ” پرسیارە بێ وەڵامەکان” کە بۆ مەرگی باوکی نووسیوە، پاش 30 ساڵ تەواویکردووەل45

شاری بەغدا
رەفیق سابیر لەو نووسەرە دەگمەنە کوردانەیە کە وەسفی شاری بەغدای کردووە، بە حوکمی ئەوەی بەغدا پایتەختی سیاسی عیراق بووە، وێنەیەکی باشی لای ئێمەی کورد نەبووە، بەڵام رەفیق سابیر وێنەیەکی تری ئەم شارەمان پیشان دەدات و لەزۆر شوێندا بە جوانی وەسفی دەکات:
شاری بەغدا ناوەندی ئەدەبی و کولتووری عیراق بوو، تەنانەت ناوەندی ئەدەبی و رووناکبیری کوردیش بوو،،،ل126
ئەو ساڵانەی لەبەغدا بووم باوەشم بۆ ژیان کردبۆوە، شاری بەغدا لە هەموو روویەکەوە لەگەشەکردن، نوێبوونەوەو گەورەبووندا بوو،،،، لەبەغدا هەموو دەرفەتێک ڕەخسابوو ، بۆئەوەی مرۆڤ ئەگەر بتوانێت، ڕێگای ژیانی خۆی بدۆزێتەوە،ل197
دواتر هۆیەکی ترمان پیدەڵێت کەبۆچی هێندە بەغدای خۆشدەوێت و دەڵێت: لەبەغدا فێری ئەوینداریی بووم، زیاتر لە کچێکم ناسی، کە شادی، وزەی کارکردن و ئیلهامی نووسینیان پێ بەخشیم،،ل198

خۆشەویستیی و ئەوینداری
خاڵێکی جوانی ئەم بیرەوەرییانە ئەوەیە نووسەر پەوپەڕی ڕاستگۆیانەوەو بێ سڵەمینەوە باسی پەیوەندییە خۆشەویستییەکانی خۆی کردووە، ئەمەش لەناو بیرەوەری زۆرێک لە نووسەران و سیاسەتمەدارەکاندا دیارنییە، لەکاتێکدا خۆشەویستی ژن و پیاو، سروشتیترین و جوانترین شتی ژیانە، بەڵام زۆرێک خۆیان لەم تەوەرە دەدزنەوە.
نووسەر دەڵێت: ئەوین خۆشی، هیوا و بڕوا بەخۆبوون بە مرۆڤ دەدات، بەڵام بێ ئازار نییە،چونکە ئەوین هەست و سۆزە، کەمتر پێوەندیی بە عەقڵ و لۆجیکەوە هەیە،ل363
رەفیق سابیر لەیەکەم چیرۆکی خۆشەویستی کە کاتێک هەرزەکار بووە لە قەڵادزێ ژیاوە، هەتاوەکو دوایین چیرۆکی خۆشەویستی کە ئێکای ژنیەتی باسکردووە. رەفیق سابیر پانتایی زۆری بۆ حکایەتی خۆشەویستی خۆیی و ژنە نووسەر ئەحلام مەنسوور داناوە، وەکو خۆی دەڵێت، شتێکی چاوەڕواننەکراو بووە. نووسەر باسی ئەوەش دەکات، کە کاریگەری باشی بەسەر ئەحلام مەنسوور هەبووەو لە یەکەم چیرۆکیشدا یارمەتی باشی ئەحلام مەنسووری داوە. دوای ئەوە نووسەر لە بەغدا و بەسرە و دواتریش لە مۆسکۆ و بولگاریا، ماشەڵلای لێبێت کۆمەڵێک خانمی نەتەوەکانی تر دەناسێت، لەوانە عەرەب و روس و ئەرمەنی و ئینگلیز و دواجاریش ئێکای خێزانی دەناسێت، کەئەویش خۆی لەخۆیدا چیرۆکێکی مەم و زین ئاسا بووە، چونکە حزبەکەی لەجیاتی هاوکاری بکات، رۆڵی درکی مەم و زینیان بینیووە.

چەند سەرنجێک
وەکو لەپێشدا وتم نایشارمەوە کە ئەم بیرەوەرییانە لەچاو بیرەوەری تر جیاواز بوو بەلامەوە، هەرئەمەش وایکرد کە ئەم چەند دێڕەی لەبارەوە بنووسم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارەش لەسەروو سەرنج و رەخنەوە نییە.
1/ نووسەر رەخنەی توند لەسیاسەت و فیکری حشع دەگرێت، تەواوی ئەو رەخنانەش کە لە حشعی دەگرێت راستن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کاتێک لەگەڵ سەرانی حزب ناگەنە دەرەنجامێکی باش لێکترازان لە حزبەکە دروست دەکەن کەسەرەتا بە ‘ شیوعییە کوردستانییەکان” دەناسرێن، دوایی پارتی کار دروست دەکەن، بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرایە، پاشماوەیەک پارتی کار نەک ناتوانێت حشع تێپەڕێنێت، بەڵکو دواڕۆژێکی خراپتریشی دەبێت، بۆیە بە بڕوای من ئەو لێکترازانە هیچ خزمەتێکی بە بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازی نەکرد.
هەروەها لەم کتێبەدا زیاتر رەخنە لە سیاسەت و فیکری حشع گیراوە، هیچ باسی گیانفیدایی و قووربانییەکانی ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبەی نەکردووە، دەبوایە نووسەر هەروەک چۆن پانتایی باشی بۆ رەخنە و گلەیی لە سەرانی ئەم حزبە گرتووە، کەمێک باسی خەبات و تێکۆشانیشی ئەم حزبەشی بکردایە بەتایبەتی هەستی شۆڕشگێڕی ئەندام و لایەنگرانی.
2/نووسەر لەهەندێک شوێندا زۆر گشتگیرانە قسە دەکات، ئەو وەکو کەسێکی ئەکادیمی نەدەبوو بەوشێوەیە قسە بکات،دەبوو ئەکادیمی تر قسەی بکردایە بۆنموونە لەبارەی کەسایەتی تاکی کوردییەوە دەڵێت: دوو فاقییەکی سەیر لە کەسایەتیی مرۆڤی کورددا هەیە، کە لە باشووری کوردستاندا بینیومە، کەسێک گوایە کوردایەتی دەکات یان پێشمەرگەیە، کەچی دەبێتە جاش. ل 226
مەرج نییە ئەم تێڕوانینە بەسەر هەموو ئەوانەدا بسەپێت کە چەکی پێشمەرگایەتییان کردۆتە شان، چونکە خەڵکانێکی زۆریش بە ئامانجی پیرۆزە بوونەتە پێشمەرگە، بۆیە تێگەشتنێکی گشتگیرانەیە.
لە شوێنێکی تردا دەڵێت:
مێژووی کورد پێش هەر شتێک، مێژووی شەڕی نێوخۆی نێوان خێڵ و بنەماڵە و میرنشینەکانە، کە بە کۆمەک و هاندانی دەوڵەتی عوسمانی یان ئێرانی، وێنەی مورتەزەقە لەنێو خۆیاندا و لەگەڵ یەکتر شەڕیان کردووە،،93
ئەمەش گشتگیر و خراپە، چونکە مێژووی کورد خاڵی جوانیشی تێدایە تەنها مێژووی شەڕی خێڵەکان نییە.

لە شوێنێکی تردا نووسەر دەڵێت: وەکو دەوترێت لە جەنگی ئێران و عێراقدا، دوو ملیۆن کەس کوژران، هەردوو وڵات 400 ملیارد دۆلاریان خەرج کرد، عیراق سەد میلیارد دۆلار زیاتر بە دەوڵەتانی کەنداو و فەرەنسا و یەکێتی سۆڤیەت قەرزاربوو.ل 414
نووسەر ئەم هەموو ژمارانەی نووسیوە بەڵام هیچ سەرچاوەیەک دیاریی نەکردووە، من لەو باوەڕەدام کە ئەو ژمارانەش موبالەغەی پێوە کراوە، ناکرێت تۆ وەکو نووسەرێک پشت بە ” وەکو دەوترێت” ببەستیت، بەتایبەتی کاتێک باسی مێژووی جەنگێکی 8 ساڵەی ناسراوی جیهان دەکەیت.
3/ نووسەر تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ڕەخنە هەیە، لە زۆر حاڵەتدا ڕەخنەی کوردی بە لاواز دادەنێت، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە نووسەر لەتەواوی کتێبەکیدا نووسینی زۆر نووسەری کورد و ئەوروپی داناوە کە لەبارەی شیعرەکانییەوە نووسراوە، بەڵام هەموویان زیاتر ستایشی نووسەر دەکەن.
4/ لەرووی شیعریشەوە ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە، بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە، ئێمە شیعرێکی نوێی هاوشێوەی ئەوانەی پێشووی شاعیرمان نەدیوە، لەهەمانکاتیشدا ئەو هەموو کارەسات و ماڵوێرانییە بەسەر کوردی چوار پارچەدا هاتووە، شاعیر نەیتوانیوە شیعرێکی هاوشێوەی ئەوەی هەڵەبجە بۆ ئەو کارەساتانە بنووسێت، بۆیە لەو باوەڕەدام رەفیق سابیر لەرووی شیعرییەوە ئەم چەند ساڵەی دوایی، لەچاو ساڵەکانی تری، کەم بەرهەم بووە.
5/ کاتێک باسی هۆکاری توندتیژی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، تەنها باسی هێرش و پەلاماری خێڵە بەدووە عەرەبەکان دەکات و بەهۆکاری سەرەکی ئەم توندتیژییەیان دادەنێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر سەیری مێژووی عێراق بکەین، تەنها خێڵی بەدەووی عەرەب پەلاماری نەداوە، عێراق لە مێژوویدا، بەر هێرشی وەحشیانەی مەغۆلەکان، تورکە عوسمانییەکان، سەفەوییەکان کەوتووە، ئەوانیش وەحشیگەریی و دڕندەیی زۆریان لە عێراقدا کردووەو کاریگەری زۆر خراپیشیان لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی داناوە.

دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەم کتێبەی رەفیق سابیر یەکێکە لە کتێبە باشەکان کە لەبارەی مێژووی سیاسی و ئەدەبی کوردییەوە نووسرابێت، زۆر گرنگە نەوەی نوێ ئەم کتێبە بخوێننەوە، هەتاوەکو دیوێکی تری ڕووداوەکانی پێشوتریان دەستبکەوێت.




لەبارەی گرفتەکانی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە.. فەرەیدوون سامان*

وەک چۆن ئێمەی کورد نیشتمانەکەمان بەسەر چەند وڵاتێکدا بەشکراوە، زمانی نەتەوەی سەردەست باڵادەستیی بەسەر زمانەکەماندا هەیە، زمانەکەمان بەسەر چەند زار و بنزارێکی سەرەکیدا دابەش بووە و هەریەک لەو زارانەش خاوەنی خەسڵەتێکی تایبەتی خۆیانن کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی فەرهەنگی و جوگرافیای گەلەکەمانە. مخابن هێشتا زمانێکی پێوەرمان بۆ گشت زار و بنزارە کوردییەکان نییە. هاوکات دەبینین لە ڕووی ئەلفوبێ و ڕێنووسیشەوە، ڕێنووسێکی پێوەر و هاوبەشمان بۆ نووسینی تێکستەکانمان نییە. بە دڵنیایییەوە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی جوگرافیاییی زمانی کوردی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی فرەچەشنیی زارە کوردییەکان، بەو پێیەی هەر دەڤەرێک و ناوچەیەک بە سروشتی خۆی، شێوەزاری تایبەتیی خۆی پەرە پێ داوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی مێژوو و ڕۆشنبیریی ناوازەی خۆیەتی. هەر بۆیەش زمانی کوردی بە یەکێک لەو زمانانە دادەنرێت کە دەوڵەمەندە بە فرەچەشنیی فەرهەنگی.
فرەچەشنیی شێوەزارەکان لە زمانی کوردیدا بەڵگەی دەوڵەمەندیی فەرهەنگییە. ئەم فرەچەشنییە ڕەنگدانەوەی مێژووی دوورودرێژی کوردە، بە درێژاییی سەدەکان کارکردنە لەگەڵ فەرهەنگ و گەلانی جۆراوجۆردا. چونکە لە ڕێگای ئەم زارانەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە مێژووی کورد و شارستانییەتەکەی و کارلێکی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا بگات.
زمانی کوردی جگە لە فرەچەشنیی شێوەزار، میراتێکی دەوڵەمەندیی ئەدەبی لەخۆ دەگرێت کە لە ژانرەکانی شیعر، ئەدەبیاتی فۆلکلۆر و چیرۆکی مێژوویی پێک هاتووە. ئەم میراتە ئەدەبییە گوزارشت لە حیکمەت و ئەزموونە مرۆیییەکانی گەلی کورد دەکات، هەروەها ڕەنگدانەوەی جوانی زمان و هێزی لە دەربڕینی هەست و بیرۆکەکاندایە.
سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە زمانەوانی و فەرهەنگییە، زمانی زمانەکەمان بەرەو ڕووی چەندان ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ پەراوێزخستن و گۆشەگیریی زمانەوانی کە بە درێژاییی مێژوو بەر کەوتووە. بەڵام هەوڵەکان لە لایەن خودی ڕۆشنبیرانی کوردەوه بۆ پاراستنی زمان و بەرەو پێشبردنی و بەکارهێنانی له هەموو لایەنەکانی ژیاندا. پاراستن و پەرەپێدانی ئەم زمانە ئەرکێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئەم میراتە فەرهەنگییە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
یەکێک لەو بەربەست و ئاستەنگانەش نەبوونی ئەلفوبێیەکی یەکگرتوو هەروەها ڕێنووسێکی یەکگرتووە بۆ گشت زارە کوردییەکان بە تایبەتییش لە دامەزراوە چاپەمەنییەکانی وەک ڕۆژنامە و گۆڤار و هەروەها ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەبوونی ئەو هەموو وێبسایت و کەناڵە کوردییە جیاوازانە دیاردەیەکن وێڕای هەبوون واڵایی و بەرفرەیی و پەراوێزێکی ئازادی نووسین و دەربڕین، هاوکات لە دەلیڤەی بەکارهێنانی ڕێنووسدا کێشەیەکی چارەسەر نەبوون، کە بە داخەوە زۆر جار خودی ئەو نووسەرانەی کە باس لە گرفتەکانی ڕێنووسی کوردی دەکەن یان ئەو دەزگا ڕۆشنبیرییانەی کە ساڵانە بە دەیان کتێب چاپ دەکەن و ڕێنمایییەکانی ڕێنووس و خاڵبەندی پارڤە دەکەن ڕووبەڕووی هەمان هەڵە و کێشەی ڕێنووس دەبنەوە.
دوای پتر لە سەدەیەک لە بزاڤی چاپەمەنی کوردیدا، تەنانەت بەر لە سەرەتای بیستەکان و دەسەڵاتی حکومڕانی شێخی نەمر تا دەگات بە ئێستا زمانی کوردی بە چەندان قۆناغ و شێوازی ڕێنووس و خاڵبەندیدا تێپەڕیوە، ئەگەر جاران دەقی نووسین بە کەشکۆڵ یان بەڵگەنامەی مێژوویی بە ڕێنووسی کلاسیکیی کوردی دەنووسرا، کە پتر لە ژێر هەژموونی ئەلفوبێ و ڕێنووسی عەرەبی و فارسیدا بوو، ئەوا دواتر بە هەوڵی زانایان و زمانناسان و ئەدیبانی کورد تا ڕادەیەکی باش ڕێنووسی کوردی لە نووسین و چاپەمەنییەکاندا سەرباری هەندێک گۆڕانکاریی لێرە و لەوێ، بەڵام لە دوای ساڵانی هەفتای سەدەی ڕابردووەوە هێشتا وەکوو پێویست هەر سەقامگیر نەبوو، ئێستا لە چاپەمەنی کوردیدا لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبە چاپکراوەکان سەرباری ئەوەی کەمترین کێشەی ڕێنووسمان هەیە، بەڵام دیسانیش جار جار لەو بڵاوکراوانەدا ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە ئەویش هەبوونی فرەڕێنووسی یان هەڵە ڕێنووسییە لە تێکستەکاندا، واتە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەوانی و فەرهەنگی بە گۆڤار و ڕۆژنامەو بڵاونامەکانیانەوە، تەنانەت هەر نووسەرێک بێ ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنی ئەو ڕێنمایییانەی کە پێشتر لە ئەکادیمیای کوردی یان دەزگای سەردەمەوە چاپ و بڵاو دەکرانەوە، دواجاریش ئەو کتێبانەی مامۆستا دیاکۆ هاشمی و دکتۆر نەریمان عەبدوڵڵا، ڕەنگە ئێستا ناوی نووسەرانی دیکەم لەبیر نەبێت، کە لە سەر ڕێنووس و خاڵبەندی بە چاپیان گەیاندووە، دیسان لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا تەنانەت لە خودی گۆڤاری (ئەکادیمیای کوردی)یشدا، بە نموونە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندی دەبینەوە، ئەویش هەندێک جار سەبارەت بە خەمساری و یان نەزانینی بەکارهێنانی ئەو نووسەرانەی کە بەشێکی زۆریان هەڵگری بڕوانامەی باڵان لە زمان و ئەدەبیاتدا لە تێکستە هزرییەکانیاندا بەکاری دەهێنن، ڕووبەڕووی هەمان ئاستەنگ دەبینەوە کە کێشەی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندییە، بێگومان هەبوونی ئەو هەڵانەش کەم و زۆر کاریگەرییان لەسەر گەیاندنی چەمک و واتاکانی بابەتەکە هەیە، تەنانەت جاری وا هەیە هەر زۆر بە هەڵەش واتایەکی پێچەوانە بە خوێنەران دەگەیەنن، هەڵەبەکارهێنانی خاڵبەندییش لە هەر دەقێکی ئەدەبی یان هزریدا، هەمان کێشە و گرفتی گەیاندنی چەمک و واتاکانی لێ دەکەوێتەوە.
ئێستا لەو بەشەی باشووری کوردستاندا کە بە زمانی کوردیی ناوەند دەنووسین و دەخوێنین و بڵاو دەکەینەوە، ڕاستە وەک ڕێنماییی ڕێنووسێکی پێوەر و ستانداردمان هەیە و بەڵام دیاردەی هەبوونی ئەو هەموو هەڵە ڕێنووسییە هۆکارەکەی چییە، تا چەندیش کاریگەرییان لە سەر زمانی ستانداردی کوردیی ناوەند-زاری سۆرانی، چونکە لەو بەشەی دەڤەری بادینان تا ڕادەیکی زۆر سەبارەت بە جیاوازیی هەندێک پەیڤ و زاراوە و دەستەواژە و دەربڕین، ڕێنمایییەکانی ڕێنووسیش جیاواز دەبن.
ئێمە لە ئەزموونی دەرکردنی گۆڤارەکەمان (گۆڤاری زمانناسیی وەرزی_زمان و زار)، نووسینی زۆرینەی ئەو نووسەر و توێژەرە بەڕێزانەی کە لەو گۆڤارەدا وتار و توێژینەوەکانیان بڵاو دەکەنەوە، ماڵیان ئاوا بێت، بەڵام هەمیشە مەرجی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان ئەوە بووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێمە دەسکاری ڕێنووسەکەیان بکەین، ئەم داواکارییەش وای لە ئێمە کردووە بەرانبەر هەڵەیەک دەستەوسان بین کە خۆمان قەناعەتمان پێی نییە و نەبووە، بەڵام بۆ بەردەوامی و شکۆی گۆڤارەکەمان ناچاریش بووین لە سەر خواستی ئەوان وەک خۆیان دەقەکانیان بڵاو بکەینەوەـ هەر بۆ دڵنیایییش من نامەی هەموو ئەو بەڕێزانەم لایە کە جەخت لە داواکارییەکانیان دەکەنەوە کە نابێت دەسکاریی شێوازی ڕێنووسەکانیان بکرێت، دیارە ئەو هەڵەچنە بەڕێزانەش کە خۆبەخشانە لەو گۆڤارەی ئێمەدا هاوکار بوون، سەرباری شارەزایی و ئەزموونیان لە بواری ڕێنووس و خاڵبەندیدا، بەڵام چونکە ئەوانیش دووچاری هەمان هەڵە دەبنەوە هەرچەند هەریەکەو بە پێی توانا و کارامەیی و ئەزموونی خۆیان بەو کارەدا ڕاپەرموون، بەڵام هەبوونی چەند هەڵەیەکی ڕێنووسی کە ئەم دیاردەیە لە زۆرینەی چاپەمەنییە کوردییەکاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، تا ڕادەیەک مایەی ڕەنجاندنی بەشێک لە خوێنەران و نووسەرانیش بووە. لەوانەش خودی خۆم، ڕەنگە هەبوونی هەڵەیەکی چاپ یان لە کاتی فۆنتگۆڕیندا هۆکارێکی سەرەکی بووە کە بە سەر هەڵەچنی گۆڤارەکەی ئێمەدا تێپەڕ بووبێت، دیارە ئەمەش لە بایەخی هەوڵەکانی ئێمە بۆ بەردەوامیی دەرچوواندنی ئەو گۆڤارە کەم ناکاتەوە، کە هاوکاران و هاوڕێیانی نزیک لەو گۆڤارەی ئێمە دەزانن بە چی دەردەسەرییەک ئەو گۆڤارە زمانناسییە دەردەکەین لە پێوەندیی بەردەواممان بۆ دابینکرنی وتار و توێژینەوە زمانناسییەکان، چونکە خوێنەرانی هێژا و نووسەرانی دڵسۆزی پەیڤ و زمانی کوردی دەزانن کە نووسین لە بواری زمانناسیدا چونکە کاری ئیلیەتە (نوخبە)یە، تا ڕادەیەکیش توێژینەوەی زمانناسیی پێویستیی بە چەندان پەراوێز و سەرچاوەی زانستی هەیە و پرۆسەکارێکی دەگمەنیشە واتە ئەگەر ئاوڕێک لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵا زانستییەکانی سەر زمانی کوردی بدەینەوە دەبینین کەمترین هەوڵی نووسینی زمانناسیی لای ئەو بەڕێزانە بەدی دەکرێن، ڕەنگە بە پاساوی ئەوەش بیانووەکەیان ئەوە بێت کە ئەم بەڕێزانە هەر بەتەنێ بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستی فریای توێژینەوەکانیان دەکەون، بۆیە قسەکردن لەسەر پرس و گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا کێشەیەکی تازە نییە، بە دڵنیایییشەوە تا ئێمەی کورد نەبین بە خاوەنی یاسایەکی چاپەمەنی کە پەیوەست بێت بە ئاساییشی زمان و ئاساییشی نەتەوەییمانەوە دواتر تا نەبین بە خاوەنی زمانێکی ستانداردی کوردی ئەستەمە لەو ڕەوشەدا بتوانین وا بە سانایی چارەسەری گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی بکەین و ببین بە خاوەنی ڕێنووسێکی پێوەر و ستاندارد.
• سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار)




كات و بەدواگەڕان و داهێنان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

عەقڵی زمان چ لە زمانی ستاندارد و چ لە زمانی گشتیدا عەقڵێكی رێكخەرە، هەمیشە بە دوای ئەو دەستەواژە و فۆرمەلانەدا دەگەڕێت، كە بۆ بارودۆخەكە شیاو دەكەوێتەوە، ئەوانەی دەلالەت لە زەمەن بە مانا گشتییەكەی و بە كۆی جیاوازییەكانیانەوە دەكەن. بێگومان چەمكی (زەمەن/ كات) هەڵگری كۆمەڵێك ئیشكالییەتی فەلسەفییە، لە فەلسەفەی بوونگەراییدا بوونی مرۆڤ وەك بوونێكی زەمەنی پێناسە كراوە. هەڵبەتە ئەگەرچی لە زمانی كوردیدا جیاوازی نێوان (زەمەن) و (كات) روون نەكراوەتەوە، بەڵام لە بیركردنەوەدا، هەمیشە زەمەن كۆمەڵێك كاتی بەدوایەكداهاتووی (جیاواز) و (ناجیاواز) دەنوێنێ‌!
ئەو كورتە روونكردنەوەیە، بۆ ئەوە نییە، پشتگیری قسەكەی (ژیل دۆلۆز) بكەم، لەوەی، كە بە مانایەك لە ماناكان و بەبڕوای من (دەیەوێ‌ بڵێ‌) جیاوازی كات بەهایەكی گەورەی لە رۆمانی (گەڕان بە دوای كاتی بزربوو)دا هەیە، نەك زەمەن! بەشێكی گەورەی ئەو لێكجیاكردنەوەیەی كات و زەمەن، سەرەڕای ئەوەی دەزانین هەموو راستییەكان راستی زەمەنین و ناچارین تەنها لە نێو زەمەندا بە دوای حەقیقەتەكاندا بگەڕێین، بەڵام لە دنیای داهێنانی هونەری و ئەدەبیدا راستییەكان راستی خەیاڵیین!
پرسیار ئەوەیە، كە ئایا كاتی بزربوو لای (مارسیل پرۆست) گەڕانێكی ئۆدیبانەیە، بە دوای باوكدا؟ دۆلۆز ئەو گەڕانەی پرۆست لە پلەی یەكەمدا وەك گەڕان بە دوای حەقیقەتەكاندا دەبینێ‌، واتە لە لیكدانەوەكانیدا، قسە لەگەڕان بە دوای باوكدا ناكات. وەك چۆن بە دوای زەمەنی دەیمومەی (برگسۆنی)دا ناچێ‌! بەڵكو لە (دەرەوەی فەلسەفە) بەدوای ناسینی حەقیقەتی فەلسەفەوەیە! بێگومان چەمكی فەلسەفەش بە ئەفراندنەوە دەبەستێتەوە.
لێرەدا دەردەكەوێت من هەوڵدەدەم بە دوای حەقیقەتی خەیاڵی ئەدەبی (داهێنان)دا بڕۆم و (جوولەی عەقڵی زمان) لە گەڕان بە دوای كاتی لەدەستچوودا زیاد بكەم، بەو مانایەی كە چەمكی جوولەی عەقڵی زمان رەوتی ئاسۆیی چاوەڕوانییە باوەكان تێكدەشكێنێ‌. ئەو قسەیەم لەوێوەیە كە بنەمای داهێنان لە بەدواداگەڕانی جوولەی زماندا وێنەی چاوەڕوانی (لەوەی كە دێ‌) دەكێشێ‌، ئەو قسەیەشم دۆلۆزانە لەگەڵ بیركردنەوەی فەلسەفی (وەك ئەوەی ئەفلاتوون لە سەركەوتن و شكۆدا وێنەی دەكات) دژ دەكەوێتەوە. دەمەوێ‌ بڵێم نهێنی زمان لە داهێناندا (لەوەی كە دێ‌) هەر تەنها ناكەوێتە ناوەوەی سەركەوتن و دەرەوەی دوڕانەكانەوە؟!
تێزی (فەلسەفە ئەفراندنی چەمكە) وەك تێزێكی دۆلۆزیی، واتە چەمك هەمیشە نوێ‌ دەبێتەوە و گوزارشت لە بەردەوامی ژیان و ماتە وزە ناكۆتاییەكانی بوون دەكات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەبێتە پەنا بۆ (جوولەی عەقڵی زمان) و (سەیرورەی زمان)، بەو مانایەش مرۆڤ لەسەر چەمكی هێز لە جوولەدا لەوەی كە دێ‌، دابەشبوونێكی هەمیشە نوێیە! نیازی من لەو بەدواداچوونەدا ئەو سەنتێزەیە، كە بە مانای كۆكردنەوە و بەرهەمهێناوەی زمان و بیرێكی نوێ‌، هەوڵی شیكردنەوەی دەدەم.

(1)
فەیلەسوفی فڕەنسی (هنری لویس برگسۆن) تێزی دكتۆراكەی بە ناونیشانی (هەوڵدان لەبارەی داتا راستەوخۆكانی ویژدان)ەوەیە و لەو نامەیەدا هەوڵیداوە لە رێگای زەمەنەوە كۆمەڵێ‌ بابەت بخاتە ژێر لێكۆڵینەوە و چارەوە، وەك گیروگرفتەكانی ئازادی، پەیوەندی نێوان لەش و دەروون، كێشەی یادەوەری، كێشەی فیزیا، دیدی بیركارییانە بۆ كێشەی زەمەن.
لە فیكری برگسۆندا چەمكی بەردەوامی تەوەرەیەكی بنەڕەتییە و مانای زەمەنی دەروونی یان ناوەكی، واتە زەمەنی واقیعی هەیە. درێژبوونەوەی ساتەوەختەكانی ئەو زەمەنە، بێ‌ پچڕان نوێ‌ دەبنەوە، یەك دەچێتە نێو ئەویدیكەوە، درێژبوونەوەی زەمەن لای برگسۆن، بەشێكە لە مرۆڤ دانابڕێ‌، ئەزموونێكی دەروونییە، كە تەواوی هەبوون، لە بووندا جێگیر دەكات! بەو مانایەش لای برگسۆن جەوهەری ئێستا، درێژبوونەوەی رابردووە.
قسەكردن لە بارەی (زەمەن/ كات) لەنێوان برگسۆن و ئاینشتایندا گفتوگۆیەكی (سایكۆلۆژی/ فیزیاییە)، هەندێ‌ لە فیزیاییەكان دەیانەوێ‌ تێگەیشنێكی تاكرەهەند بە درێژبوونەوەی زەمەن ببەخشن و ئەو كەلێنە دابخەن، كە ئەپیكۆرییەكان (وەك زەمەنی ناوەكی) بە كراوەیی جێیانهێشتبوو. لای (ئەلبیر ئاینشتاین) قسەكردن لەبارەی (كات)ەوە قسەكردنە، لەسەر حەقیقەتێكی بابەتی، كە بە دەرەوەی مرۆڤەوە دەلكێ‌.
ئایا (زەمەن/ كات) وەك مەسەلەیەكی زانستی، وەك زەمەنی دەروونی، حەقیقەتێكی ریژەیی هەیە؟ لای ئاینشتاین زەمەنی رەها ساتەوەختە. بەڵام برگسۆن پێیوایە ئەوەی هەیە، بوون و پڕبوون و دیموومەیە. نەبوون، لای برگسۆن بوونی نییە، چونكە كاتێك هەوڵدەدەین خەیاڵی نەبوون یان (ناشت) بكەین، ئەوە لەسەر ئاگایی خۆمان نامێنین! بەڵام (گاستۆن باشلار) پێیوایە ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، هەر لەو حاڵەتەدا هەستدەكەین، هەین. واتە لەو ساتەوەختە و بە هۆی ئەو چركەساتەوە هەست بە بوونی خۆمان دەكەین.
كتێبی (جدلیە الزمن)ی باشلار، ل38، دیموومەی زەمەن بەو مانایەی، كە لای برگسۆن هەیە، رەتدەكاتەوە و دەڵێت (كات) بەیەكەوەلكاو نییە، بەڵكو بەیەكەوەنەلكاوە. چونكە بەهۆی فیكری بەیەكەوەنووسانەوە، ناتوانین بە شێوەیەكی جەوهەری بەرەو یەكێكی دیكە بگوازینەوە. یان بە مانایەكی دیكە لە داهێنانێكەوە، بەرەو داهێنانێكی دیكە هەنگاو بنێین. باشلار دەڵێ‌ ئەگەرچی دەیموومە پێدراوی راستەوخۆی ئاگاییە، بەڵام لێرەدا دیموومە دەستەمۆیە. بەو مانایەش لای باشلار ئاگاییمان بە كات، ئاگاییە بە ساتەوەخت: زەمەن واقیعی نییە، تەنها لە چركەساتدا نەبێت.
واقیعی زەمەن تەنها لەو چركەساتەدایە، یان بە مانایەكی دیكە زەمەن واقیعێكە بە چركەسات ئابڵوقەدراوە و دەكەوێتە نێوان دوو عەدەمەوە. كەواتە كات لە نوێوە دەژی، بەڵام بەر لەوەی بژی، دەبێ‌ بمرێ‌، چونكە ناتوانێ‌ خۆی لە ساتێك بۆ ساتێكی دیكە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە دەیموومە.
(هانز جۆرج گادامێر) پێیوایە هەر كەسێك كاتی تایبەت بەخۆی هەیە، كاتێكی سەربەخۆی هەیە. (ئێمە لەپڕ بەئاگا دێین، كە كەسێك پیر بووە، یان زەمەنی منداڵی تێپەڕاندووە) بەمجۆرە گادامێر زەمەنی برگسۆنی بە زەمەنی كاتژمێر دادەنێت، زەمەنی كاتژمێریش دەكەوێتە دەرەوەی زەمەنی تایبەتیمانەوە. بڕوانە: جاستون باشلار، جمالیات الصورە، د. غادە الامام، بیروت-لبنان، گ1، 2010، ص86.

(2)
نهێنی مرۆڤ و زمان وەك نهێنییە بەردەوامەكانی داهێنان كردەیەكی چركەساتییە، جیابوونەوەیە، دابڕانە، خەڵقكردن و كردەی چوونە ژوورەوەی لەپڕە، هەموو ئەو شتە هەنووكەیانەیە… بە كورتی جیاوازی نێوان دەیموومە و ساتەوەخت جیاوازی نێوان (كار- Action) و (كردە- Acte)یە، كار بەدواداچوونێكی بەردەوامە و دەكەوێتە نێوان بڕیار و ئامانجی دەیموومەوە. كار هەر دەبێ‌ سەرەتای هەبێ‌ و هەر دەبێ‌ وەك بنچینە رووداوی هەبێ‌. بەڵام ساتەوەخت جگە لە ئەبستراك هیچ واقعێكی نییە. دەیموومە بە پشتبەستن بە حاڵەتی چەسپاو نەبێ‌، وێنا ناكرێت. بەڵام كردە بەر لە هەموو شتێك بڕیارێكی راستەوخۆی هەنووكەییە، پێشكەوتنێكی داهێنەرانەیە، رووداوەكان فەرامۆش دەكات.
لەسەر ئەو بنەما فەلسەفییە و بنەمای داهێناندا دەمەوێ‌ بڵێم مرۆڤ و زمان پەستێنراون و لە چركەساتێكدا چڕكراونەتەوە، چركەساتێكی هەنووكەیی كە دەكەوێتە نێوان گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی راڤەكردن و سەیرورەوە، یان بە مانایەكی دیكە داهێنانی چركەساتی كردەیی سەركێشانەی لەناكاوە و لە نوێوە جیهان دادەمەزرێنێـتەوە. سیحر و نهێنی زمان بنەمای هەمووانە و ژیان بەردەوام كراوەیە.
لێرەوەیە دەشێ‌ دوو مەرجی چركەساتی كردەی داهێنان دیاری بكەین، یەكەمیان ئەوەیە كە بیرماندەخاتەوە كە چ تێپەڕبووە، دووەم پێماندەڵێت كەچی روودەدات. بنەمای ئەو قسەیە راڤەكردنی ساتەوەختە لای باشلار، وەك ماوەیەك بۆ پشوودان لە بەردەوامی… بۆ زێتر بە دواداچوون، بۆ كتێبی (جدلیە الزمن) بگەڕێوە، كە دكتۆر (خلیل احمد خلیل) تەرجەمەی كردووە و لە (بیروت-لبنان) چاپكراوە، چاپی دووەم ساڵی 1992 ل92.
كاتێك دەڵێین نهێنی داهێنان دابڕانە لەگەڵ بەردەوامی ژیانی رۆژانەی باو، كەواتە كردەی داهێنان بە مانا باشلارییەكەی رابردووی نییە! لە كردەی داهێناندا (كات) ئەو ساتەوەختەیە، كە تێیدا دەژین، رابردوو بەتاڵە وەك داهاتوو، داهاتوو مردووە وەك رابردوو! بەو مانایەش كات كردەیە، زنجیرەیەكە لە بەدواداچوونی نهێنییەكانی داهێنان، تەنها لە رێگای زنجیرەیەك داهێنانی بەدوایەكداهاتووی چركەسات و فرەییە لەبننەهاتووەكانەوە نەبێت، كەشف ناكرێت. بە دیوەكەی دیكەش كات، بەپێی سەرنجی سەرنجدەرانی جیا دەكرێتەوە و چوارچێوەی گونجاو وەردەگرێ‌. ئەوەش وەك ئەوە وایە، بڵێین هەموو سەردەمێك داهێنانی تایبەت بەخۆی هەیە! كات لە داهێناندا وێناكردنی رەهای نییە، بەڵكو بەپێی سەرنجدەرە جیاوازەكان دەگۆڕێت. لە داهێناندا (رابردوو و ئێستا و ئایندە) لە تاكە جوولەیەكی زمانەوانی هەنووكەییدا بەیەكدەگەن، جوولەیەكی لەپڕ بەرەو كردەیەكی ترسناكی داهاتوومان دەكاتەوە… ئەوەش ئەو رستەیە پشتڕاست دەكاتەوە، كە لای زۆربە دووبارە دەبێتەوە و دەڵێین: داهێنان زەمەنی تایبەت بەخۆی خەڵق دەكات.

(3)
لە تیۆری مەعریفیدا كەسی ناسكار لە رێگای عەقڵی زمان و بەكارهێنانی لە بوارە جیاوازەكاندا، مەعریفە دەخاتەوە. عەقڵی زمان كاری ڕیكخستنەوەی مەعریفە و لۆژیكی مەعریفی، بە خێراییەكی زیاد لە پێویست لە (زیرەكی دەستكرد، وەك خێرایی، یان ژیری دەستكرد، وەك لۆژیك) جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەوەش وادەكات (زیرەكی، ژیرە دەستكرد) بواری كاركردن و ئەگەرەكانی كاركردنی لۆژیكیتر و خێراتر و فراوانتر بن! بەڵام هەمیشە لەپشت داهێنانی مرۆییەوە عەقڵێكی یاسادۆز و یاساداهێن هەیە، نهێنی خەیاڵی زمان وەستاوە، چركەساتی فرەییە لەبننەهاتووەكان… داهێنانی مرۆیی بەردەوام دابڕانە، لەگەڵ خێرایی و ژیریی دەستكرد! داهێنان بڕیارێكی راستەوخۆی هەنووكەییە، جگە لە ئەبستراك هیچ واقعێكی نییە. ئەوە جیاوازییەكی كرۆكییە لە نێوان (داهێنانی مرۆیی) و (ژیری دەستكرد- زیرەكی دەستكرد)ەوە. كەواتە ژیر و زەیرەكی دەستكرد هەرچەند پێشبكەوێت، ناتوانێت كاری خەیاڵی زمان و عەقڵی زمان بكات. چونكە ئەوە سیحری زمان و عەقڵی مرۆییە ژیری و زیرەكی دەستكرد رێكدەخات.
بێگومان وەك گوتمان داهێنانی مرۆیی، كاتی تایبەت بەخۆی خەڵق دەكات. زمانی داهێنان، كە دەربارەی خۆی دەدوێ‌، هیچ شتێ‌ لە خەیاڵی مرۆڤی داهێنەر لەبارتر نادۆزیتەوە. بە گشتی خەیاڵی مرۆڤ بەرهەمی سیحر و نهێنییەكانی عەقڵی زمانە، بەردەوام زمانی داهێنان نهێنی و حەقیقەتە جیاوازەكانی خۆی لە چركەساتە جیاوازەكانی گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكاریدا دەبینێتەوە. داهێنان لە رێگای مرۆڤی داهێنەر و زمانەوە بۆ هەمیشە لە سەیرورەدایە. بواری چركەسات و سەیرورەوە تێكەڵ یەكتر دەبن، بواری عەقڵ و زمانیش دەچنە نێو یەكترییەوە. مەحاڵە لە رێگای ژیری و زیرەكی دەستكردەوە پەی بە خەیاڵ و داهێنانی عەقڵی مرۆیی و نهێنییەكانی زمان بەرین.
بە بڕوای من هەمیشە بیركردنەوەی عەقڵ و نهێنی زمان، بوونی مرۆڤ لە بوونی ژیری و زیرەكی دەستكرد رزگار دەكات! ئەوە هەمیشە بیركردنەوەی عەقڵ و نهێنی زمانَە، ژیری و زیرەكی دەستكرد تێدەپەڕێنێ‌!
(عەقڵی مرۆیی، نهێنی زمان) و (ژیری، زیرەكی دەستكرد) لە رووی كاتی داهێناندا بە گشتی دوو جیهانی تەواو لێكجیاوازن. ئەو دوو هێزە هیچیان لە جیهانی ئەوی دیكەیاندا ناتوانێت بە تەواوی كار بكات. مرۆڤ و زمان بۆ هەمیشە لە سەیرورە و داهێنانی بەردەوام و خەیاڵی بەردەوام ناكەوێت. مرۆڤ بە نهێنی زمانەوە مرۆڤە، زمان بە خەیاڵ و داهێنانەوە، عەقڵ لە جوولەی بەردەوامی داهێنانەكانی زمان، لەوەی كە دێ‌، بەخشش و ئازادییەكانی رەنگرێژ دەكات.
هەولێر 7/7/2024