نەفرەنەشکێنی لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

شەرەفی ئێمە بە تۆیە، ئەگەر هەنگاوێکت لەوی دیکەت درێژ تر بێت، لێت دەکەوێت. ئەگەر کەوتیش خۆت دەزانی چی چاوەڕوانت دەکات.”
ئامۆژگاری کوڕێکی پەنابەر بۆ خوشکەکەی

” دوای ئەوەی ئەرکەکانی قوتابخانەم جێبەجێکرد، لە ژوورەکەمدا سەمادەکەم. ڕۆژی پشوو لەگەڵ تۆدا مەلەدەکەم. هەندێک ڕۆژی دوای قوتابخانە، یاری باسکێت دەکەم. گەر گەورەیش بووم، ئەو کاتانەی کە ئاشق بووم، بۆخۆم کەسێک هەڵدەبژێرم. جاخۆ بابە ئەگەر بە قسەی باوکی فاتمە بێت، خێزانی ئێمە خاوەنی شەرەف نییە.”
ئاخاوتنی کچێکی کوردی نۆ سالە لەگەڵ باوکیدا، دوای کوشتنی فاتمە شاهیندال لە سوید.

Behind the sun یەکێک لە دراما جوانەکانی “والتەر سێلس” ی بەرازیلییە کە لە نواندنی “خوسێ دومۆنت” و “رۆدریگۆ سانتۆرۆیە”. لە ناوچەی تەپۆلکە بەرزەکانی بەرازیلدا، دوو خێزان لە شەڕێکی تۆلەسەندنەوەی بێمانادان لەسەر پارچەیەک زەوی. ڕووداوەکان لە سەرەتای سەدەی بیستدا دەگوزەرێن و فیلم بە دیمەنی هەڵواسرانی کراسێک بە تەنافی ماڵی “برێڤێ”وەیە دەستپێدەکات کە کونێکی تیایە و پەڵەی دەوری کونی فیشەک هێشتا سووردەنوێنێت و رەنگی خوین زەردهەڵنەگەڕاوە. کوڕی “برێڤێ” لەلایەن خاوەنموڵکی دەوڵەمەندی ناوچەکەوە کوژراوە و بە پێی ئەو ترادیسیۆنەی چەندین ساڵە پەیڕەوی لێدەکرێ، تا کراسی بەری کەسی کوژراو زەردهەڵنەگەڕێ، بکوژ ئازادە لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیدا و هیچ ترسێکی لەسەر نییە. دوای زەردبوونی ڕەنگی خوێنی سەر کراسی کەسی کوژراو، بکوژ دەبێ لە ئامادەییەکی هەمیشەیدا بێت تا بنەماڵەی کەسلێکوژراو، تۆلەی خۆیانی لێدەکەنەوە.
دیمەنی خوێنی ڕژاوی ئەم تۆڵە لێسەندنەوە بێمانایەی کە لەسەر وەلائی کوڕ بۆ باوک و پاراستنی شەرەفی بنەماڵە دامەزراوە، لە ریزی وێنەی کورە کوژراوەکانی بنەماڵەدا دەردەکەویت کە بە دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسراون. نەوە لە دوای نەوە، خێزانی “برێڤێ”ی هەژار لە دوای هەر کوژراوێکیان، دەبێ کەسێک لە بنەماڵەی خاوەنمولک بکوژنەوە. بۆ بنەماڵەی ئەوبەریش ئەم نمایشە هەر هەمان شتە.

” هیچ کەس نەیدەزانی لە ناو ئەو سووتووانەدا، وێنەی ژنێک هەیە، چەندین ساڵە دەسووتێت و دووبارە دەگەرێتەوە، ژنێک لەوەوبەر لەو شارەدا مێردێکی عاشقی هەبووە، لە ساتێکی ترس و غەمبارییدا ئەو وێنەیەی لێگرتووە. ئێستا ئەوە بۆتە نەفرەتێکی ڕەش ….نا کەس نەیدەزانی ئەو ژنە خانمی گێلاس بووە. نەفرەتەکەش نەفرەتی خۆی، نەفرەتی ژنێک پییاندەگووت خانمی نەوبەهاران.”
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، دوا پەرەگرافەکانی رۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران”ی “بەختیار عەلی”یە کە تیایدا وێنەیەکی بێتاوانی ڕووتی ژنێک وەک نەفرەتیک لە بنەمالە بەردەبێت و یەک بە یەکی ئەندامانی خێزانی ژن و مێرد و نەوەکانیشییان لە بەردەم هەرەشەکانی مردندا ڕادەگرێت.
لای بەختیار، روتیتی وێنەی ژنێک کە سەنتەری تێروانینی کولتوری شەرەفپارێزی کوردی لەدەور هەڵچنراوە، ئەو سەنتەرە گرنگەیە کە بەدەوریدا چیرۆکە دێتە گێرانەوە و پاڵەوانەکانی ڕۆمان، هەر یەکە و لە جێگاو ڕێگای خۆیەوە، پزیشکەکانی ئەم نەفرەتی ڕوتێتییەیان بەردەکەویت.
لە دراماکەی “والتەر سێلس”یشدا، پاراستنی شەرەف ئەمجارەیان لە ڕێگەی ملکەچکردنێکی کوێرانەی نەوەکان بۆ ئەو کولتور و ترادیسیۆنەی چەندین سالە پەیرەوی لێدەکرێ لەلایەن باوکەکانەوە لە سەنتەردایە و سەرتاپای دراماکە لەسەردرێژەپێدانی ئەم خوێنڕێژییە کاردەکات.
شەرەف لە ” نەفرەتی نەوبەهاران”دا لەدەوری سێکسوالێتی ژن دەسورێتەوە، بەڵام لە دراماکەی “والتەر سێلس”دا، تۆڵەسەندنەوە لە سەنتەردایە. بەڵام لە هەر دوو دۆخەکەدا، پاراستنی بەهاو پیوەرە کۆمەلایەتییەکانی لەدەوری ئەم چەمکانە بنیاتنراون، هیشتنەوەی نۆرم، درێژەدان بە ترادیسیۆن و کۆشش بۆ هێشتنەوەی ئەوەی دەبێ بپارێزرێت لەلایەن باوکەکانەوە، ئەمانە ئەو جەبرانەن کە پالەوانەکان لە ناو داوە بینراو و نەبینراوەکانی ئەم کولتوری شەرەفپارێزییەدا دیلدەکات و هەر ڕاوەستانەوەیەک لەبەرانبەریدا، باجدانێکی گەورە لە تاکەکان دەخوازێت.
بۆ “تۆنیۆ”ی پاڵەوانی لە پشت خۆرەوە، کاتێک برا گەورەکەی دەکوژرێت، دەبێ ئەو چەکی ئەم شەرەفپاککردنەوەیەی بنەماڵە بکاتە شان و لە ڕاوی کوشتنی کەسێکی دیکەی بنەمالەی ئەوبەردا بێت. دەکرێ ئەم خوێنرێژییە بۆ ئەبەد بەردەوام بێت؟ ئەوە ئەم پرسیارەیە کە لە درێژەی بەرەوپیشجوونی رووداوەکانی ناو فیلمدا ، “تۆنیۆ” ناچاردەکات رێگای خۆی هەڵببژیرێت.
بۆ “تۆنیۆ”کانی ناو ڕۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران” کە پێک هاتوون لە کامیل ئاغا و براکانی، گێلاس کە لە سەرتاپای ڕۆماندا وەک وێنەیەک دەردەکەوێت و تا کۆتایی ڕۆمانیش خوێنەر لە گەڵ وێنەکەیدا دەژی و لە کۆتای رۆماندا ، لە ناو نمایشێکی مەتەڵئاسادا کە خوێنەر دەخرێتە ناو کەش و هەواکەیەوە تا لە گومانەکانی خۆیدا بپرسێ ئەرێ ئەم گیلاسە یاخود نا، براکانی گێلاس و ئەو کەس و دەموچاوانەی دی کە لە خوێندنەوەی رۆماندا لە کونج و کەلەبەری چێرۆکەکانی ناو ڕۆمانەوە دێنە سەر رێ، هەموو ئەمانە بە جۆرێک لە بەکارهێنانی سیحر و نەفرەتی وێنەکەی گێلاس وکاریگەرییەکانیدا دەخرێنە بەردەم هەڵوێستوەرگرتنێک.
دەکرێ وێنە ڕووتەکەی خانمی نەوبەهاران ئەم ئینسانانە بخاتە بەردەم چ کاردانەوەیەکەوە؟ دەکرێ وەک “تۆنیۆ”ی فیلمەکەی سەرەوە لە پاڵ فشارەکانی باوک و ترادیسیۆندا بێ چەک نەخەوێت و بەشوین تؤلەسەندنەوەی کوشتنی براکەیەوە بێت، یان ببێتە ئاشقی کچە قەرەجێک ولە نێوان رێگای درێژەدان بە کوشتن ویاخود تێکشکاندنی ئەم کۆت و بەندەی ترادیسیۆندا، خالێک لەسەر ئەم خوێنرێژییە دابنێت و شەقێک لەوە بدات کە شەرەفی بنەمالە بە گەردنی نەوەکاندا هەلواسێت و ئەم نمایشی خوێنڕێژییە بەردەوام نەبێت؟
ئەوەی من لەم نووسینەدا بەشوینیەوەم، سەرنجدانی ئەو کاردانەوە جۆراوجۆرانەن کە پالەوانەکانی رۆمان لە بەرانبەر وێنەکەی خانمی گێلاسدا ناچارن دەستی بۆ بەرن.
کولتوری شەرەف و تاوانەکانی، خوێناویترین جومگەکانی ناو کولتوری کوردییە و گۆرستانەکانی ناوەوە و تەنانەت دەرەوەی ولاتیش، کوردی وەک ژنکوژێک ناساندووە. لە باری ریپۆرتاژ و دۆکۆمێنتکردنی ئەم کەیسەدا، داتایەکی گەورە لەبەردەستدایە و ئەم خوێنرێژییەش هێشتا هەر درێژەی هەیە.
بە ئەدەبکردنی تراژیدیایەکی وەک ئەمە لە لایەن “بەختیار عەلی”یەوە، کاریكی چاوەروانلێکراو بووە و شەن و کەوکردنی ئەم پرسیارە وەک ئەوەی هەیە و دەبێ چۆن بۆی بڕوانی، لە ئاستی چاوەروانییەکانی من و زۆر کەسی دیکەدایە.
با وێنەیەکی خێرا لە کار و کردەوەکانی پالەوانەکانی رۆمان بیری خوێنەر بهێنمەوە تا مەبەستی من لە نووسینی ئەم وتارە روونتر بێتەوە.
سەرەتای نەفرەتی نەوبەهاران لە وێنەگرتنی کامیل ئاغاوەیە بۆ خۆشەویستەکەی خۆی.
بەڵام کاتێک کەمال ئاغای برای لە دەمە قالەیەکی ئاسایی سەر جادەدا، کەسێک لە خێڵی ڕؤشارییەکان دەکوژێت، ئیتر وێنەکەی گێلاسی خێزانی لەوە دەکەوێت کە تەنها وێنەیەکی ئاسایی ناو سندوقی وێنە تایبەتییەکەی ئەو بێت. ئاخر ئەم وێنەیە لەلایەن یەکێک لە کارەکەرەکانی خانمەوە فڕێندراوە و لە سەودا و مامەلەیکەی عەشایەریانەدا وەک کارتیکی فشار لەبەرانبەر کامیل ئاگادا بەکاردەهێنرێت تا براکەی خۆی تەسلیم بکات وبکوژریتەوە. پاراستنی شەرەف و ترس لەئابڕوونەچوون ، کامیل ئاغا ناچاردەکات تا برا بچوکی خۆی بداتە دەست بکوژەکانی.
ئەم وێنە ڕووتە، دووبارە لە پاش سووتاندنی، دێتەوە ناو ڕووداوەکان و وەک کارتێکی دیکە لەلایەن “خانی زەرد”ەوە بەکاردەهێنرێت تا کامیل ئاغا بکرێ بە جاش. ئاخر پاراستنی شەرەفی خۆ: لە شەرەفی ئەم میللەتە بێڕەحمە باشترە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و ئەمجارەیان دەکرێتە فشارێک لەسەر بنەماڵەی کچ، واتا براکانی گێلاس. کاردانەوەی ئەمان لەبەرانبەر شەرەفنەچوونیاندا، شاردنەوەی خوشک و بلاوکردنەوەی هەوالی مردنی ئەوە. تەنانەت ناشتنی جەستەیەک کە گوایە خوشکیانە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و لەلایەن حاکمی سەربازی شارەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مۆبیلیزەکردنی چەکدارە کوردەکان تا لەبەرانبەر دژەشؤڕشەکانی دەولەتدا باشتر بجەنگن ئەگینا ژنەکانیان لاقەدەکرێت.
پاڵەوانێکی دیکە کە کاردانەوەیەکی دیکە لەبەرامبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا نیشاندەدات، زیائەدینی نەوبەهارانە. ئەو لەبەرانبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا دەستدەداتە دروستکردنی شارێک کە ژنان هیچ شوێنێکیان دیارنەبێت:” تا ژن هەبێت و یەکێک جلەکانییان لەبەردابکەنێت، شەرەفمان لە مەترسیدایە”
لای “مولازم حەسۆ”، ئەم وێنەیە دەکرێتە کارتی فشار لە شەری ناوخۆدا تا برا دیلەکەی و دوو کوری “زوهێر مەسۆ” لە دەستی “شەمدینی کامیل ئاغا” دەربهێنێت و ژیانێکی دیکەیان پێببەخشێتەوە. ” لەم جەنگەدا هەموو سنوورێکمان پێشێلکردووە، تەنیا ئەم سنوورە ماوە، وێنەی ناوگەڵی یەک بلاوبکەینەوە”
لەبەرانبەر ئەم کارتی فشارەدا، “شەمدینی کامیل ئاغا”ش دەکەوێتە گرتنی وێنەی ڕووتی ژنانی جەنگاوەرانی بەرانبەر و وەک دژەهەرەشەیەک بۆ پاراستنی شەرەفی خۆو راوەستانەوە لەبەرانبەر داواکەی “مولازم حەسۆ”دا، بەکاری دەهێنێت.
دواجارخانمی رووتی ناو وینەکەی رۆمان، بە گۆشت و خوێنی خۆیەوە لە ماڵی حەوت خانمدا، لەگەل دەستە خوشکەکانی دیکەی ناو مالدا، وینەی ئەو پیاوانە دەدەنە دەستی پۆلیس کە بە رووتی ولە کاتی سیکسدا لە ماڵی حەوت خانمدا گیراون . لەگەڵ ئەم دیمەنەدا، ئیتر تەنها جەستەی رووتی ژن نییە کە بانگەوازی پاککردنەوەی شەرەفی لەدەستچوو بە دەنگی بەرزبە گویی هەمواندا دەڵێتەوە، بەلکو وێنەی رووتی پیاویش لە شوێنێکی واهیدا، هەموو کۆد و بەها سیمبۆڵییەکانی شەرەف چالاکدەکاتەوە.
ئەم کاردانەوانەی پالەوانەکان لە خۆیانی نیشاندەدەن، هەر هەموویان لەناو کۆد و سیستەمی بەهای کولتوری شەرەفدا دێن و دەچن و کارو کاردانەوانەکانیشیان ئەوەیە کە ئەم سیستەمە بەرهەمیهێناوە، رەفتارنواندنێک کە کولتوری شەرەف ڕەنگرێژی کردووە. بە کورتییەکەی: کاتێک شەرەفت کەوتە مەترسییەوە، دەبێ بەو شیوازە رەفتار بکەیت کە شەرەفپارێزی وپاککردنەوەی شەرەف لێتدەخوازێت.
بەڵام کەریم ئاغای برای کامیل ئاغا، ئاڵوگۆڕێک بەم سوورانەوە هەمیشەییەی زۆربەی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا دەهێنێت کە لەناو هەمان کۆد و سترۆکتۆرەکانی کولتوری شەرەفدا دەسورێنەوە و کاردانەوەیەکی دیکە پیشاندەدات. ئەو لە پاش ئاشبەتاڵی 1975دا وزانینی نهینی وێنەکەی براژنیدا، دەکەوێتە دۆخێکی تایبەتەوە:” ئێستا پیاویکی بێشەرەفم، نەخۆم، نەخێزانەکەم، نە عەشرەتەکەم، نە نیشتیمانەکەم، شتێکمان نەماوە شانازی پێوە بکەین… ئێستا تەواو پیاوێکی بێشەرەفم”. ئەو بەم هەستە جۆشدارانەوە کە تیایدا بیشەرەفی خۆ ئەو پردەکات لە هەستی نەبوون، دەداتە شاخ و گەرانەوە بۆ دیهاتە کۆنەکەی خۆیان و پشتدەکاتە کۆمەلگا.
کەریم ئاغا لە شاخدا، لەگەڵ دیوەزمەکانی ناو ناخی خۆیدا دەکەوێتە جەنگێکی دەروونی گەورەوە. ئەم جەنگە هەموو شەوێک لە شکڵی کەسێکی نەناسراودا کە لەسەردانی هەمیشەیی خۆیدایە بۆ لای کەریم ئاغا تا بیخاتە سەر کەلکەلەی کرینەوەی شەرەفی بنەماڵە: “هەمان یاری لەگەڵدا بکە!هەمان یاری. ژنەکەی یان کچەکەی بڕفێنە، هەمان وێنەیان بگرە” بەڵام سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە کەریم ئاغا لەم جەنگەدا دەیباتەوە و دوا بڕیاری خۆی دەدات:” پیاوێکی بێشەرەفم لەناو خەڵکێکی بێشەرەفدا، سەر بە عەشرەتێکی بێشەرەف لەناو سەدان عەشرەتی بێشەرەفدا” . بۆیە بڕیاری ڕاوەستانەوەی لەبەرانبەر ئەم بێشەرەفییەی خۆی و کۆمەلگاکەیدا دەبێتە:” دەڕۆم بۆ ناو سروشت، لەوێ هەموو شتێک لەیاددەکەم”. کەریم ئاغا لەم هەڵوێستنواندنەوە و کاردانەوە جیاوازەی خۆیدا لەبەرانبەر کولتوری شەرەف و دەستنەبردن بۆ کوشتنەوەی ئەو کەسەی کە لە ئەتکردنی شەرەفی بنەماڵەکەیاندا بەشدار بووە، لە ڕیگەی نامەیەکی زۆر کورتەوە بۆ نەوەکانی گێلاسی نەوبەهاران، پەیامی رۆمان بە گوێ خوێنەردا دەدات: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە” .
تاوانی شەرەف و ڕژێمی جەندەری کوردستان

لە هیچ زمانێکی جیهانیدا کە تیایدا چەمکی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف برەوی هەیە، بەقەد زمانی کوردی بنەما و تەنانەت هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە ڕۆشن نییە. لە کۆمەڵگای کوردیدا پیاو، جا باوک بێت یان برا یان ئامۆزا یان هەر نەوەیەکی تری نێر کە لە ئامادەنەبوونی ئەو کەسانەی تردا دەکرێت ڕۆڵی پارێزەری شەرەف ببینێت، هەڵدەستێت بەم تاوانە تاکو شەرەفی خۆیی و بنەمالە بکڕێتەوە. ژنی کوژراو ئەو کەسە بوو کە ئەم شەرەفەی هەرزان فرۆشکرد، بۆیەش بۆ کڕینەوەی دەبێ نرخێکی گرانتر بدرێت کە بە هیچ شتێکی تر ناپێورێت، ژیانی خودی ئافرەت نەبێت. ئەوەی ئەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتنەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، سێکسوالیتێتی ژنە. بە پێی ئەو سیستەمە فیکرییەی کە دەسەڵاتی جەندەری لە خۆرهەلاتدا کاری لەسەر دەکات و تەواوی بەهاکانی ڕێزلێگرتنی ئینسانی لەسەر دادەمەزرێت، کە تیایدا بە پلەی یەکەم ئەو ئینسانە پیاوە، سێکسوالیتێتی ئافرەت خاڵی سەنتەر و بگرە تەواوی بنەماکانی ڕێز و حورمەتی پیاوی لەسەر ڕاگیراوە. بە پێی ئەم دەستگا فیکرییە، هەر پەیوەندییەکی جنسی ئافرەت لە دەرەوەی ئەو نۆرمەی کە خێزانە، مانای پیسکردن و لەکەدارکردنی شەرەفی پیاوە. ئەم کردەوە سێکسییە لە پلەی یەکەمدا گرنگ نییە کە لە باری فیزیکییەوە ڕووی دابێت. واتا هەر جووڵەیەکی ئافرەت، نیگایەکی ئەو کە بۆنی سێکسی لێ بێت، کافییە بۆ ئەوەی کە بە مانای لەکەدارکردنی شەرەفی پیاو لێکبدرێتەوە. تاوانی شەرەف کە لەم سیستەمە جەندرییەدا بەرهەمدەهێنرێتەوە ، هیچ شتێک نییە جگە لە کۆششی ئەم دەسەڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ژن. ژن لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەدا ، ئەو کەسەیە کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی نییە و هەر بۆیەش سێکسوالیتێتی ئەو و بڕیاردان لەسەر کردنی ئەم کارە دەخرێتە دەستی پیاوانی خێزان و هۆز و خێڵەوە. بەڵام پیاوی ئەنجامدەری تاوانی شەرەف هیچ شتێک نییە جگە لە ئامرازێک. تاوانباری ڕاستەقینە ئەو فشارە گەورە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم سیستەمە لەدەرەوەی تاکەکان دروستی کردووە و تیایدا هەموو ئاراستەکان ڕووبەڕووی ئەو پیاوە کراوەتەوە کە ژنەکەی، خوشکی یان دایکی شەرەفی ئەوی دۆڕاندووە و پێی دەڵێن: بڕۆ شەرەفت بکڕەرەوە. ئەوەی کە تایبەتمەندی تاوانی شەرەفە و ئەم تاوانە لە کوشتنی پیاوێکی سویدی بۆ ژنەکەی جیادەکاتەوە، کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەیە لەسەر ئەو تاکانەی تری کۆمەڵگا کە ڕەنگە نزیکایەتییەکی ئەوتۆییشیان لەگەڵ بنەماڵەی پیاوەکەدا نەبێت. فشارێک کاتێک هەست بە ڕەوینەوەی دەکرێت و پیاوی ئەنجامدەری تاوان دەتوانێت ئاهێک هەڵبکێشێت و سەربەرزانە بە کۆمەڵگادا بگەڕێت کە تاوان ئەنجامدراوە. پیاوی تاوانی نامووسی لە شڵەژانییەکی گەورەی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبات کاتێک ژنێکی نزیکی خۆی شەرەفی پیاوانی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە. ئەو ژن دەکوژێت بۆ ئەوەی شەرەف بکڕێتەوە و باڵانسی ڕۆحی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو سەرشۆڕترین پیاوەکانی کۆمەڵگایە و دەکوژێت بۆ ئەوەی سەربەرزکاتەوە. کاتێک لە وشەی “سەربەرزکاتەوە” وورددەبینەوە ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەم پرۆسەی سەربەرزکردنەوەیە کاردانەوەیەکی تاکگەراییانەی پیاوکوژنییە. بەڵکو لەبەرانبەر کەسانێکی تردا سەری خۆی بەرزدەکاتەوە کە تاکو ئەنجامنەدانی تاوانەکە بە ئینسانێکی بێ شەرەف و سەرشۆڕییان لەقەڵەم دەدا. هەربۆیەش لە پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی تاوانباردا، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییەکانی تاوانی شەرەفدا دەبینینەوە کە لە تاوانی تری کوشتنی ژناندا وە بەتایبەت لەو شوێنانەی کە چەمکی شەرەف لە سێکسوالێتی ژن جیاکراوەتەوە، بوونی نییە. ئەم تایبەتمەندێتییەی تاوانی شەرەف ئەوەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک نین کە لە نێوان دوو تاکی کۆمەڵگایەکدا بێت و لەسەر کێشەیەکی تایبەتی بە کوشتن تەواو بێت. بەڵکو ئێمە لەبەرانبەر تاوانێکداین کە تیایدا ژن وەک تاک لەبەرانبەر سیستەمێکدا ڕاگیراوە. تاوانی شەرەف کردەوەیەکی تاوانکارانەی تاک نییە لە بەرانبەر تاکێکی تردا. بەڵکو تاوانی شەرەف کردەوەیەکی کوژەرانەیە کە تیایدا سیستەمێکی گەورە لەبەرانبەر تاکێکدا سەنگەردەگرێت و بڕیاری مەرگی بەسەردا دەبارێنێت. ئەوەیشی کە رەهەندی کولتوری بەم تاوانە دەبەخشێت، بە کۆمەڵایەتیکردنی چەمکی شەرەف و چڕکردنەوەی ئەم چەمکەیە لە سێکسوالیتێتی ئافرەتدا کە سەرتاپای کۆمەڵگا دەتەنێت و بە شێوەی تۆڕێکی گەورە ئینسانەکان لە ناوخۆیدا یەخسیر دەکات. لەو کۆمەڵگایانەدا کە تاوانی شەرەفی تێدایە، ئێمە شایەدی بەهایەکی تر و پێناسەیەکی تری شەرەف نین کە لە سێکسوالیتێتی ژنان جیاکرابێتەوە. پیسترین و ناشیرینترین جنێوەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، ئەو جنێوانەن کە دەبێ دایک و خوشکی کەسی جنێوپێدراو بگرێتەوە. بەمە ئینسان لە ناسکترین تاڵەکانی هەستی ئەو کەسە دەدات کە هەموو حورمەت و ڕێزی خۆی لەو شوێنەدا کۆدەکاتەوە کە کەسی جنێودەر لە ڕێگەی جنێوەکانییەوە بەنیازە پیسی بکات. لە کۆمەڵگای کوردیدا هەتا ساتە وەختەکانی ئێستاکەش شەرەف و سێکسوالێتی ژن بەجۆرێک بەناو یەکدا چوون کە مەحاڵە لەیەکتری جیابکرێنەوە.

سەرتاپای رۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” نمایشکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ئەم کاریگەرییەی سیکسوالیتێتی ئافرەتە کە لە جەستەی رووتی ئەودا، هەموو لایەنە دەرگیرەکان کە لە خزم، بنەماڵە، سیستەمی داد ، پۆلیس، هۆز، دەستگای جەنگی کۆمەلگا و پیاوانی ئاین پێکهاتوون، هەموویان لە بەرانبەریدا لە کارو کاردانەوەی خۆیاندان تا ئەم شەرەفە لەکەدارکراوە بکڕدرێتەوە، کەسانی دی پێوە بکوژرێت یان شەرەفی ئەوانی دیکەی پێلەکەدار بکەن.

لە کاتێکدا لە بەرانبەر نەفرەتی ئەم جەستە رووتەدا: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، دەبێتە شا پەیامی رۆمان ولە ناو تەمومژەکانی ئەم دەربڕینە شیعارئامێزەدا، ئەوەی کە کرۆکی ئازادبوونی ئەم جەستە رووتەیە لە دەست جەبرەکانی سیستەمی شەرەف، ئەوەی کە ئەم نەفرەتە لەشوێنێکدا تێکبشکێنرێ، ئەوەی کە ئەم وێنە رووتە چەندبارە سووتێنراوە توانای گەرانەوەی نەبێ وقوربانی دیکە نەچنێتەوە، لە گرەوی بەدەستهێنانەوەی ئازادی ئەم جەستە رووتەدایە بۆ بوونەوە بە خاوەنی خۆی کە کولتوری شەرەف، دەمێکە خاوەندارێتی ئەوی لەو سەندۆتەوە و داویەتی بە کەسانی دیکە.
بەکورتییەکەی، بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستهێنانەوەی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ و سێکسوالیتێتی خۆ، ئازادبوون لەدەستی بەهاو پێوەرە کۆمەلایەتییەکانی کولتوری شەرەف، نمایشێکی زەقتری ناو رووداوەکانی رۆمان بێت، بە تایبەت لەبەرانبەر خێڵی شەرەفپارێزان و رووداوە خوێناویەکانی ناو چیرۆکدا کە گەورەترین ڕووبەرەکانی ناو لاپەرەکانی رۆمان داگیردەکەن، دەبوا دەنگی ئەم ئازادییە، ئازادی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ، بەجیا لە وتنەوەی تاکە دیڕێک: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، جێگایەکی لە رۆماندا پێببەخشرایە، کە جێی داخە بە تەواوەتی ونە. ئاخر ئەگەرئازادی چەند چەمکێکی بەرین و گشتیگیر بێت و چەندەها پێناسە لەژێریدا جێگای بێتەوە، ئەوا لە پەیوەند بە کولتوری شەرەفدا، مانایەکی دیکەی نییە جگە لە ئازادی بەدەستهێنانەوەی جەستە و سیکسوالیتێتی خۆ. ئەوە لەگەل بەدەستهێنانی ئەم ئازادیەدایە کە سەرتاپای سیستەمی شەرەف بە مانا کوردییەکەی، هاڕەدەکات. لێرەدایە کە نەفرەت چیدی ناتوانێ نەفرەتێکی ئەزەلی بێت و وێنەی ڕووت دەکرێ تەنها وێنەیەکی ئاسایی جەستەیەکی ڕووت بێت و بنەمالە و هۆز و نەتەوە ناتوانن چیدی زمانحاڵی خاوەندارێتی خۆیان بۆ وێنە و جەستەکەی بە ئەرکی خۆیان بزانن.
بەلام ئایا ئەمە داواکردن نییە لە بەختیار بۆچی ئەم دەنگەی کە یەکێک لە پالەوانەکان ببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆیی و ئەم چەندبارە بونەوەیەی وێنەیەکی رووت ساڵەکان نەبەزینێت و لە شوێنێکدا ماناکانی خۆی لەدەست بدات، وەک داوای ئەلتەرناتیڤکردن لە بەختیارلێکنادرێتەوە؟
بە بڕوای من، ئێمە لە کۆمەلگای کوردستاندا، شایەتی خوێناویترین کەیسەکانی کوشتن و شەرەفشکاندین کە هیچیان لە چارەنووسی پالەوانەکانی ناو رۆمان کەمتر نین. تەوزیفکردنی ئەم تراژیدیا خویناوییەی کۆمەلگای کوردستان لە ئەدەبدا بەو شیوازەی کە لە کۆمەلگادا هەیە و نەبوونی نیگایەکی دیکە کە تەواو پێچەوانەی بەها و پێوەرە کولتورییەکانی بەرهەمهێنانی نەفرەتی نەوبەهارانە، ئەرکی نووسەرە و لە پەیوەند بە توانا و لیهاتوویەکانی بەختیاردا، چاوەروانییەکی هەتا بڵیی سادەیە.

بەختیارعەلی و کارل یوهان ئالمکڤیست

ساڵی 1839 ی سویده‌، “سارا”ی کچی کابرای شووشه‌چی له‌ که‌شتییه‌کی نێوان (ستۆکهۆڵم) و (لیدشۆپین)دا موسافیره‌. ئەم سەفەرە چەند رۆژێکی پیدەچێت و به‌ هۆی درێژی سه‌فه‌ره‌که‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی سه‌ر که‌شتیه‌که‌دا په‌یدا ده‌کات. کاتێک دەگەنە دوا ویستگەی خۆیان، “سارا” داوا لە “ئەلبیرت” دەکات کە ئەم پەیوەندییەیان بخەنە فازێکی ترەوە و بەیەکەوە بژین. ئەو دەتوانێت بگوێزێتەوە بۆ ماڵی “سارا” و درێژە بەم پەیوەندییە خۆشەویستییە بدەن. “ئەلبێرت” لەسەرەگێژەیەکی سەیردا تیا دەمێنێت و دەپرسێ: دەکرێ دووکەس بێ گرێبەستی هاوسەری و مارەکردن لە کلێسادا، بچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە؟ ، “سارا” له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: به‌ڵێ ده‌بێ.
“به‌ڵێ ده‌بێ” ناونیشانی رۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی نووسه‌ری سویدی” کارل یوهان ئالمکڤیست”ه‌ لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا. بەلام کاردانەوەکانی کۆمەلگای کۆنسیرڤاتیڤی ئەوسای سوید، وەلامێکی تووند بەم رۆمانە بچووکە دەداتەوە و بانگەوازی: نەخێر نابێ، دەبێتە مانیفێستی دژە دەنگی “سارا”ی “ئالمکڤیست”.
ئەوەی “ئالمکڤیست” لە رۆمانی”بەڵی دەبێ”دا دەیکات، سەرنجدانە لە خۆشەویستی، لە سیکس لەدەرەوەی خێزان و هاوسەرگیری لەدەرەوی کلێسادا، بەلام بە گۆشەنیگایەکەوە کە تەواو پێچەوانەی ئەو نۆرم و بەها زالانە بوو کە لەسەردەمەکەی ئەودا لە ئارادا بوون. گۆشەنیگایەک کە سەد ساڵ لە دوای مەرگی خۆیەوە، دەبێتە نۆرم وبەها و کولتوری باوی کۆمەلگا.

بەختیار لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا، دەکرا و دەیتوانی کۆمەلگای کوردی، لە رێگەی یەکیک لە پالەوانە کچەکانی نێو ڕۆمانەوە، لە رێگەی ئازادی جەستەیەکەوە کە دەتوانێ رووت بێت وەک ئاماژەیەک بۆ پراکتیزەکردنی رووت و ئاشکرای ئازادی، وەک دەنگێک لە دەرەوەی بەها وسیمبوڵ و کۆدەکانی باوی شەرەفی کوردییەوە، بانگبکردایەتە ئایندەیەکەوە کە نەفرەتی نەوبەهاران، چیدی نەفرەتێکی ئەزەلی نەبێت.

دوا وتە

بۆ “تۆنێۆ”ی دراماکەی “والتەر سێلس”، وەختیک لە عاشقبوونیدا بە یەکێک لە کچە قەرەجەکانی ئەو خێڵە قەرەجەی بارگەیان لە شارێکی نزیکی کێلگەکانی ئەوانەوە هەڵداوە، بەجۆرێک سەرقاڵ دەبێت کە پاراستنی خۆی و براکەی بە تەواوەتی لە بیر دەچێتەوە. تا لە کۆتایی فیلمدا، بنەماڵەی خاوەنمۆلک زەفەر دێنن و برا بچووکەکەی دەکوژن. ئەو ملكەچ لەبەرانبەر باوکدا دووبارە ڕادەوەستێتەوەو دەبێ چەکی تۆلە بکاتەوە شانی. وەختێک دەگاتە سەر دووریانی بەرە و ماڵی خاوەنموڵک رۆیشتن تا تۆڵەی برابچووکی خۆی بکاتەوە یان ڕیگای بەشوین خێڵی قەرەجەکاندا بگرێ کە بارگەیان بەرەو شوێنێکی پێچاوەتەوە، ئەو رێگای دووهەمییان هەلدەبژێرێت.

وەختێ منیش لەگەڵ کچەکەمدا دەکەوینە گفت و گۆ، بە تایبەت کاتێک هەردوولامان هەمان کتێبمان خوێندبێتەوە تا لە تێگەیشتنی ئەوەوە تێروانینی خۆم بۆ کتێبەکە فراوانتر بکەم، لێیدەپرسم: دوای تەواکردنی” نەفرەتی نەوبەهاران”، چی دەبینێ؟ ئەو چاوەکانی دادەخات و دەڵێ: ” من ئێستا کچێکی بالابەرزی کراس گوڵگوڵی کاوبۆ لەبەر دەبینم کە گەیشتۆتە قەڵەباڵغترین شەقامی شار. ئەو سەرنجی هەموو ڕێبوارانی شەقام بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ. لە شوێنێکدا کە ناوەراستی گؤرەپانەکەیە، رادەوەستێ و لە دەووروبەری خۆی دەڕوانێ. لە تەنیشت شۆستەی نزیکی ڕاوەستانی ئەوەوە، پیرەمێدێکی پاکەتفرۆش دانیشتووە. لە روخساریدا، دەڵێی هەموو مەینەتەکانی سەدەی لە چرچ و لۆچی دەموچاو و دەستەکانیدا، هەڵگرتووە. کوڕێک لەبەرانبەریدا چەماوەتەوە و داوای پاکەتێکی جگەرە دەکات. دەنگەدەنگی ناو شەقامەکە تا بێت بەرزو بەرزتر دەبێتەوە. چاوەکان دەچنە سەر کیژی ڕاوەستاوی ناو جەرگەی بازاڕەکە. ئەو دوگمەی دوومی کراسەکەی کردۆتەوە وکەمێک لە ستیانەکەی دەبینرێ. پاش کردنەوەی قۆپچەکانی سەردەستی، بە هێواشی، بێگوێدانە قەلەباڵغی شەقامەکە، کراسەکەی دادەکەنێت و لە نزیک پێلاوەکانییەوە دایدەنێ.
” بسمیللا، کچەکەم ناکرێ خوا عەقڵی لێسەندبیتەوە؟ ژنێکی عەبابەسەری نێو حەشاماتەکە وادەڵێ. “قەحبەی رووداریشمان بینی”، دەنگێکی دیکەیە و بەجۆرێک دەیڵێ تا زۆرترین کەس بیبیستێ. دەنگە دەنگی ناو گۆرەپانکە لە هەڵکشاندایە. ژنێک عەباکەی سەرسەری خۆی دادەکەنێت و بە پەلە خۆی دەگەێنێتە کچەکە و دەیەوێ جەستەی روتی کیژەکە دابپۆشێ. کچەکە عەباکە لەخۆی دەکاتەوە و هەنگاوێک لە شوێنەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە. دەستدەبات و دووگمەی کاوبۆکەی دەکاتەوە و بە هێواشی پانتۆلەکەیشی دادەکەنێ و دەیخاتە سەر کراسەکەی. کۆمەڵیک ژن لێی نزیکدەبنەوە و دەیانەێ دەوری بگرن و لە چاوی حەشاماتەکەی دووربخەنەوە. کچەکە بە قەلەمبازێک خۆی لە بازنەی ژنەکان دەردێنێت و چەند مەترێک لەولای ئەوانەوە بە روتی ڕادەوەستێ. ئێستا ئەو تێکستەی کە بە رەنگی سوورلەسەر سنگی نووسراوە، بەتەواوەتی دەبینرێ. لە تاتوویەک دەچێ کە خۆشنووسێکی بە توانا نووسیبێتی.
” دەورگرتنی چی، ئەو قەحبەیە ڕەنگە ئێستا لایڤێکیان بۆ کردبێتەوە و کەسێ بۆی پەخشدەکات. ئەو نایەوێ نەبینرێ. کاری ئەم دەڵەقۆرە ڕێک ئەوەیە، ئێوە عەزیەتی خۆتان بۆ دەدەن؟” ، پیاوێکە و لەگەل ئەو ژنانەدا دەدوێ کە لە شڵەژانی خۆیاندا نازانن چی بکەن. بازنەی دەوری کچەکە پڕە لەو دەستەبەرزراگیراوانەی کە کامێرای تەلەفۆنەکانییان کردووەتەوە و فیلم و ڤیدیۆی ماجەراکە دەگرن. تەنانەت کوڕەی پاکەتکڕی بەردەمی پیرەمێردەکەیش لە سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆیدا ئەوەی بیر نییە کە خەریکی کرێنی جگەرە بووە و پیرەمێردی لە پشت خۆیەوە لەیادکردووە. پۆلیسەکان دێن و بە پەلە کچەکە دەخەنە ناو سەیارەکەیانەوە. لەناو تاریکی سەیارەی پۆلیسەکەدا، تێکستی نووسراوی سەرسینەی کچەکە دەدرەوشێتەوە و دەڵێی بە بۆیەیەکی وا نووسراوە کە لە تاریکیدا زیاتر ببینرێت. لەناو غەڵبەغەڵبی ڕێبوارانی سەرشەقامدا کە هەریەکە و لەگەڵ کەسی تەنیشتیی خۆیەوە لە قسە و باسی ئەوەدان کە چی ڕوویدا و کچی کێ بووە…، کوڕەی پاکەتکڕ، ڕوودەکاتە پیرەی پاکەتفرپش و دەڵێ:” ببوورە مامە گیان! چەند دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو، تکایە چەند دەکات؟ پیرەمێردەکە دەڵێ:” من لەبەر قەلەباڵغییەکەی دەوری کچەکە نەمتوانی ئەوە ببینم لەسەرسنگی ئەو نووسرابوو، دەکرێ پێمبڵیی چی بوو؟
کوڕەکە مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و بە پەنجەکانی وێنەکە گەورەتر دەکات ودەڵێ: ” من خاوەنی جەستەی خۆمم. من بڕیاردەدەم چۆن ببینرێ و کێ بیبینێ. تۆ ئەگەر بە جەستەی ڕووتی من دەروونت گڕدەگڕێ و پڕدەبی لە نەفرەت، دەکرێ چاوەکانت دابخەیت. من بەرپرسیاری بینینی تۆ نیم. ئەوە تۆیت خاوەنی چاوەکانی خۆتیت، منیش خاوەنی جەستەی خۆمم، لە ژێر تێکستەکەیشدا نووسراوە، زۆزان گێلاس.” پیرمێردەکە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەر ڕووخساری وچاوەکانی پڕدەبێت لە فرمێسک.” کوڕم بڕۆ و داوەتی منی”. هەرزەکارەکە دەستی مامە پیرە دەگوشێت و دەڕوا. پیرەمێردەکە لەبەرخۆیەوە ورتە ورتی دێ.” دەکرێ چاوەکانت دابخەی، دەکرێ چاوەکانت دابخەی”




كۆمیدیای ڕەش چیە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

دڵنیام زۆر كەس دەزانێ كۆمیدیا چیەو لەژیانی رۆژانەشیدا ڕوو بەڕووی زۆر لە دیمەنە كۆمێدیاكانی ناو كۆمەڵگاكەی خۆی و دەوروبەری بۆتەوە و چێژی لێ بینیووە، بەڵام كەمتر لە دەستەواژەی ( كۆمیدیای رەش ) تێگەیشتووە، كە ئەویش هەر پارچەیەكە لەكۆمێدیا بەڵام بە فۆرم و فەلسەفەو ئایدیایەكی تر .
بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو كەم و زۆرێك تیشك بخەمە سەر چەمكی ئەوجۆرە كۆمیدیایەو بزانین چەمكی كۆمیدیای رەش چیەو جیاوازییەكانی لەگەڵ (كۆمێدیای جاد) بە گشتی چیە؟
ئایا لەهونەری كوردی دا شتێ هەیە بەناوی كۆمیدیای رەش ؟
ئەگەر هەیە ئامانجەكانی چین ؟
كۆمێدیای رەش مێژوویەكی درێژی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیەكان و رۆمانییەكان، بۆ ئەو كاتەی نمایشە شانۆییە كۆمێدیەكان، بەدیمەنە سەرەو ژێرو ڕیسوا كارەكان، خەڵكیان دەهێنایە پێكەنین و رەخنەیان لەدیاردە كۆمەڵایەتیەكانی سەردەمی خۆیان دەگرت.
دواتر لەسەدەكانی ناوەڕاستدا، ئەو دەستەواژەیە لەو سنوورە دیاری كراوە زێتر پەرەی سەندو ئەو قەسیدە گێڕاوانەی كۆتاییەكانیان بەگەشینی و بەختەوەری دەهات، ناوی قەسیدەی كۆمێدی ڕەشیان لێ دەنا، وەك شاكارە مەزنەكەی ( دانتی) كە بەناوی كۆمیدیای خواوەندی ناسراوە.
وەزیفەی كۆمێدیا و فەلسەفەی كۆمێدیا لە هەموو سەردەمەكاندا، هەمیشە دەربڕینی واقعی كۆمەڵایەتی گەلان بووە، بەتایبەت ڕووە ناشیرینەكانی ئەو كەسانەی كە دەكران بەسەرچاوەی گاڵتەجاڕی و خەڵكی بە هەڵس و كەوتە ناشیرینیەكانیان پێدەكەنین، بەو ئامانجەی ئەو كەسانە خۆیان لەو خەسڵەتە قێزەوەنانە بەدوور بگرن كە ببنە مایەی گاڵتەجاڕی خەڵكی.
لەسەردەمی یۆنانی كۆندا شانۆگەرییەكانی ( ئەرەستۆفانس) باشترین نموونەی كۆمێدیا بوونە، دواتر ئەو هونەرە بوو بەهونەرێكی خۆشەویست لای ئەوروپیەكان، بە تایبەت لە ئەمریكاو ئینگڵتەراو فەڕەنسا و ڕوسیا، لای شكسپیرو مۆلیرو چیخەف و گۆگول بە شێوەیەكی بەربڵاو لە هەموو جیهاندا پەرەی سەند.
ئیدی ئەگەر بمانەوێت بە ڕەگو رەچەڵەكی كۆمێدیا دا بچینە خواری، پێویستیمان بەكاتی زێتر دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە ئامانجمان بوو لەئێستادا قسەی لەسەر بكەین ( كۆمێدیای رەش) بوو، كە رەنگە لای زۆرێك لە خوێنەران روون نەبێت.
كۆمیدیای ڕەش چیە؟
كۆمیدیای رەشیش هەر كۆمێدیا گشتیەكەیە، بەڵام بەفۆرمێكی جیاوازو لەناوەرۆكدا ئاراستەیەكی تەنز ئامێزی هەیە، بۆ ئەو بابەتانەی بەفۆرمێكی گاڵتەجاڕانە پەردە لەڕووی پرسێكی كۆمەڵایەتی لادەبەن، بەڵام لەهەمان كاتیشدا جددییەتی بابەتەكە دەپارێزێت، بۆیە بەگریانی ناو پێكەنین ناونراوە.
لەو نمایشانەدا، بینەر لەگەڵ تەنزەكانیدا دەكەوێتە ناو ئەتمۆسفیرێكی پڕ لەپێكەنین، بەڵام لە ناخیدا دەگری بۆ ڕووداوە جەرگ بڕەكان و واقیعە تاڵەكان .
لەكۆمیدیای رەشدا، بینەر یا خوێنەر واقعی تاڵی كۆمەڵگایەك بەڕووتی دەبینی، یا كاریكاتیرێكی هێمادارونمایشێكی پڕ لەمەرگەسات، بە فۆرمێكی پڕ لەپێكەنین، پێكەنین لە بزووتنەوەی ئەكتەر، لەجلوبەرگی، لەهەلسوكەوتی شێتانەی، لە دەبەنگی سەرمایەدارێك، یا دكتاتۆرێك، وەك بینەر لە گەڵیدا پێدەكەنی، بەڵام لەو پێكەنینەدا پەیامێك دەگەیەنی ـ
جیاوازی نێوان كۆمێدیای ئاسایی و كۆمێدیای رەش لەوەدا دەردەكەوێ كە هەردوكییان لەو پەیامەدا دەست نیشانی واقعێكی رەش دەكەن، گەمژەیی و بێ ئاگایی دەسەڵاتێك لەژیانی كۆمەڵگایەك بەرجەستە دەكەن، بۆ ئەوەی دەسەڵات لەڕەوشی نالەباری كۆمەڵگایەك بەئاگا بینیتەوە، بەڵام بەفۆرمێك بینەر تێدا نەكەوێتە ژێر بارێكی قورسی دەروونی كە ئازاری پێوە بخواو دووچاری گرێیەكی دەروونی بێت.
لەكۆمێدیای رەِشدا دەرخستنی حاڵەتە تراژیدیەكە ئامانجە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێكەنین دایدەپۆشێ، وەك ئەوەی هیچ كێشەیەك لە واقیعەكەدا نەبێت و تۆ تەنیا بۆ كات بەسەر بردن هاتبیتە ناو هۆڵەكە..كە دەگەڕێیتەوە سەر كرۆكی بابەتەكە بۆت دەردەكەوێ لەپشت ئەو دیمەنە كۆمێدیە گاڵتە جاڕیانەدا ئامانجی گەورە خۆیان حەشارداوە، كە پێویستە تۆ وەك بینەر، یا خوێنەر، بەدوای دۆزینەوەی فەلسەفە شاراوەكەدا بگەڕێ ی تا دەیدۆزیتەوە.
لەهونەری كوردی داو بەتایبەت لەدراماو شانۆدا، دەرهێنەرانی ئێمە توانایەكی زۆریان نیشان داوە لەشانۆو درامای تەنز ئامێزو كۆمیدیای ئامانج دار، بەتایبەت لەساڵانی شەستەكان و حەفتاكان بەدواوە، كە شانۆی كوردی لە هەلومەرجێكی تەنگەتاوی سیاسی دا بووە، لەپەنای كۆمێدیاوە، ویستوویەتی زۆر ئامانجی گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی بخاتە ڕوو، یان شانۆ بكاتە چەكێكی كاریگەر بۆ دەربڕینی هەستی خەڵك و ئازارەكانیان .
شانۆگەریەكانی تەڵعەت سامان، سەباح عەبدولڕەحمان، ئەحمەد سالار، جەلیل زەنگەنە، جیهاد دڵپاك، مەكی عەبدوڵڵا .. زۆرینەیان كۆمەڵگا لە هەقیقەتی خۆیان دادەماڵن بەدوو ئاراستە:
یەكێكیان ئەوەیە كە دەسەڵات وێنە تراژیدیاكانی كۆمەڵگا ببینێ و هەوڵی چارەسەركردنیان بۆ بدات .
دووهەمیان: كۆمەڵگا وەك ئاوێنەیەك خۆی لەو بەرهەمە شانۆیی و درامیانەدا ببینێ و هەست بەوە بكات كە ئەركی ئەو وەك هاوڵاتیەك دەستەپاچە بوون و تەماشا كردنی ئەو واقیعە نیە بە تەنها، بەڵكو رۆڵی ئەو ئەوەیە كە بەشداری لەگۆڕینی ئەو واقیعەدا بكات .
كۆمێدیای سیاسی لەسەردەمی كۆندا، لەپەنای پێكەنینەوە ڕاشكاوانە ترو ئاشكرا تر لە ئێستا، كاریگەری لەسەر هزرو دەروونی بینەردا جێ دەهێشت، ئەگەرچی هونەرمەندانی كورد، لەژێر فشای ڕژێمدا چاودێریەكی توند دەكران و لێپێچینەوەی وردیان لەگەڵدا دەكرا، بەڵام لە سەردەمی ئازادی دا ئەو كۆمێدیا سیاسییانە ڕوو لەكەم بوونەوە بوون.
كۆمیدیای رەش لە ئەدەب و هونەری جیهانیدا:
بۆ یەكەم جار كۆمێدیای ڕەش لەمێژووی نوێ دا، لەساڵانی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی بیستەمدا لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەری هەڵدا.
كاتێ ساڵی 1064 دەرهێنەری ناسراوی ئەمریكی ( ستانلی كوبریك) فیلمی ( دكتۆر سترانج لاف) ی نمایش كردو باسی لەشەڕی ئەتۆم و نەمانی ژیان لەسەر گوێ ی زەوی دەكرد.
ئەم فیلمە دیارترین نموونەی كۆمێدیای رەِش بوو لەسەردەمی نوێ دا.
جاران بابەتە كانی كۆمێدیای ڕەش سنوور داربوون، بەبابەتی سەرەكی كۆمەڵایەتی، ئێستا بابەتەكان زۆر لق و پۆپیان لێ بۆتەوەو بەچەندین شێواز دەخزێنە ناو كۆمێدیای رەش لەوانە:
دیاردەكانی خۆكوشتن، شەڕ، تیرۆر، توندوتیژی، تاوان، ماددە هۆشبەرەكان، ناپاكی، شێتی، ڕەگەزپەرستی، شۆڤێنیزم و تاوان، جگە لەسێكس و هاوشێوەكانی.
سیناریۆنووسەكان بۆ نووسینی ئەو بابەتە جدییانە فۆرمێكی كۆمێدی بەكار دێنن، بەڵام لە چوارچیوەی كۆمێدیایەكی تاریك .
ئەو بابەتانە بەگشتی وەك مرۆڤ ئازارێكی دەروونیت پێ دەبەخشن، بەڵام بە فۆرمێك دەخرێنە ڕوو ناچاری ئەوە بیت لەگەڵیاندا پێبكەنی.
وەك چاپلن دەڵێ: لەناو دیمەنە كۆمێدییەكانی من گریان هەیە، بەڵام ئێوە وەك شێوە نایبینن.
ئەو خۆی یەكێك بووە لەگەورەترین پاڵەوانەكانی كۆمێدیای رەش و بەپادشای پێكەنین ناونراوە، وەك فەیلەسوفی گەورەی فەڕەنسی ( جاك بوار) دەڵێت:
هەموو كتێبە فەلسەفیەكانی دنیا كۆكەیتەوە، نەیان توانیووە بەقەد (چاپلن) شەڕی سەرمایەدارەكان بكەن و بزانن ئەو سەرمایەدارانە چۆن بەنواندنێكی بێ دەنگ ڕیسوا دەكرێن و تۆڵەی چینی زەحمەت كێشیان لێ دەكرێتەوە.
بۆیە ئەو جۆرە كۆمێدیایە كۆمیدیایەكی ئاسان نین و هەموو سیناریۆ نووسێك ناتوانێت كاری تێدا بكات، ئەگەر شارەزاییەكی باشی نەبێت لەچۆنیەتی دەرخستنی پرسێكی تراژیدی لە ناوەرۆكدا، بەڵام كۆمێدی لەشێوەدا .
نووسەرانی وەك (ویلیام فۆڵكنەر، تۆماس بێهنكن، كورت ڤۆنگوت، جۆزێف هێلەر، مارك توین، لویس فێردیناند سێلین و جۆرج برمادشۆ، چیرۆك و ڕۆمان و شیعر و شانۆنامەیان نووسیوە، قووڵبوونەوەیان لەفیلمە ترسناكەكاندا كردووە و بە شێوەیەكی كۆمیدی رووداوەكانیان كردووە بە وێنە.
كۆمیدیكارانی وەك لێنی بروس، جۆرج كارلین، بیل هیكس، پیتەر كوك، ساچا بارۆن كۆهین و تیپی مۆنتی پایتۆنی بەریتانی كاری زۆریان لەسەر كۆمێدیای ڕەش كردووە.
كۆمێدیای رەشی چیخەف:

چێخەف، وەك گۆگۆل، ڕۆڵەی شەرعی ئەو ئەدەبیاتە جەماوەرییە تەنزئامێزەن كە سەدان ساڵە ڕووسیا بەهۆیەوە ناوبانگی پێ دەركردووە.
وەك یەك ڕەخنەگر ئاماژەیان بەوە داوە، كە هەمیشە ئامادەن گاڵتە بكەن، پێبكەنن بەو یارییانەی كە بەسەر ئەوان و گەلانی دیكەش دادێت.
هەركەسێك بەدواداچوون بۆ نووسینەكانی چێخۆف بكات،سەرنجی پەیوەندییەكی دیالێكتیكی ڕاستەوخۆی نێوان پێكەنین و ئازارو خەم و گاڵتەجاڕییەكانی دەدات، لەبازنەی كۆمیدیای ڕەش دا.
لەلایەكی دیكەوە زۆربەی نووسینە تەنز ئامێزەكانی دیكەی وەك ڕۆماننووسی ڕووسی (ڤلادیمێر نابۆكۆڤ) دەكەونە نێوان پێكەنین و خەواڵوویی، یان لەنێوان تەقینەوە لەپێكەنین و گریان.
هەندێ جاریش هەموو شتەكان لەیەك كاتدا دێن، وەك پێكەنین و دڵتەنگی.
لەو كاتەدا تۆ ناتوانیت لایەنە خەمناكەكان بەتەنها ببینی، بەبێ بینینی كۆمیدیەكان، چونكە هەردوكیان لە هەناوی یەكتردان.
چێخۆف هەمیشە باڵای ئەدەبی خۆی بەگشتی و وەك تەنزنووسێك بەتایبەتی لەژیانی سادەی رۆژانەی خۆی و دەوروبەری وەرگرتووە، كە بەزنجیرەیەك ئەشكەنجەو ئازار تێپەڕیوە، هەرئەو ئازارانە بوون بەسەرچاوە بۆ نووسینی چیرۆك و شانۆگەریەكانی، هەر یەك لەو بەرهەمانە پارچەیەكی بچووك بوون لەئازاری گەلەكەی.
چیخەف لەناو ئەو ناوەندە كۆمەڵایەتیە تەسكەی تێیدا دەژیا، سودێكی زۆری لەو واقیعە بینی بۆ داڕشتنەوەی بەرهەمەكانی، كە زۆربەیانی بەكۆمێدیای ڕەش بەرجەستەی كردوون.
لە زۆربەی بەرهەمەكانییشدا چیخەف خۆی كاركتەری ڕووداوەكان بووە،
ئیدی هەر ئەو نەهامەتیانە بوون وایان لە چیخەف كرد، ناچاری ئەوە بێت وانەی تایبەتی بڵێتەوە، بۆ ئەوەی نان بۆ خۆی و خێزانە برسیەكەی پەیدا بكات و لە خوێندندا بەردەوام بێت.
بە گشتی چیخەف یەكێك بووە لەپێشەنگەكانی كۆمێدیای ڕەش لە رووسیا، وەك شكسپیر لە بەریتانیاو ستانلی كۆبریك لە ئەمریكاو مۆلێر لە فەڕەنسا .

حەیدەر عەبدولڕەحمان




خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ کارەکتەر و ژینگەسازی لە رۆماندا.. باکۆ رێبوار

ڕۆمان وەک ژانرێکی هونەری بەردەوام لە نوێبونەوەدایە. ئەم گۆڕانکارییانە بەتایبەتی لە بواری بنیاتنانی کارەکتەر و ژینگەسازیدا دەردەکەون، کارەکتەر وەک ستوونێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ڕۆماندا، ئەو بەشەیە کە خوێنەر لە ڕێگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ چیرۆکەکەدا دروست دەکات، تەنها کەسایەتییەکی خەیاڵی نییە، بەڵکو نوێنەری کۆمەڵێک بیرۆکە و هەستە کە لە ناخی مرۆڤدا هەن، لێرەدا نووسەران هەوڵ دەدەن کارەکتەرەکانیان بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندتر دابڕێژن، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی “دەنگی ناوەکی” یان “مۆنۆلۆگی دەروونی”ـەوە بەدی دێت، کە تیایدا خوێنەر دەتوانێت ڕاستەوخۆ بیرکردنەوە و هەستەکانی کارەکتەر بخوێنێتەوە و وەک بوونەوەرێکی زیندوو و گۆڕاو سەیری بکات، نەک وەک شتێکی جێگیر و نەگۆڕ،وە لەماوەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا بەردەوام لە گۆڕاندابێت، هەروەک چۆن مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینەدا بەردەوام دەگۆڕێت.

لەلایەکی دیکەوە ژینگەسازی لە ڕۆماندا ئەو پرۆسەیەیە کە تیایدا نووسەر جیهانێکی تایبەت بۆ ڕووداوەکانی چیرۆکەکەی دەسازێنێت، ژینگە تەنها باکگراوندێک نییە بۆ ڕووداوەکان، بەڵکو بەشێکی زیندوو و کاریگەرە لە چیرۆکەکە، نووسەران هەوڵ دەدەن ژینگەیەک بئافرێنن کە لەگەڵ کارەکتەر و ڕووداوەکاندا لە کارلێکی بەردەوامدا بێت. یەکێک لە تەکنیکە نوێیەکان لە بواری ژینگەسازیدا، بەکارهێنانی “ژینگەی دەروونی”یە، لەم شێوازەدا ژینگەی دەرەکی ڕەنگدانەوەی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکانە، بۆ نموونە کاتێک کارەکتەرێک لە دۆخێکی دەروونی نالەباردایە، دەکرێت ژینگەی دەوروبەری بە شێوەیەکی تاریک وەسف بکرێت تەنانەت ئەگەر لە ڕاستیدا وا نەبێت، هەروەها ژینگە وەک ڕەگەزێکی سەربەخۆ سەیردەکرێت ئەمەش وا دەکات کە ژینگە ڕۆڵێکی چالاکتر لە بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکەدا بگێڕێت و تەنانەت دەکرێت وەک رەگەزێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرخەری گۆڕانکارییەکی قووڵە لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە، لێرەدا جۆرێک لە یەکبوون لە نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دروست دەبێت، نووسەران ئێستا زیاتر گرنگی بە دروستکردنی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دەدەن، ئەمەش وای کردووە سنووری نێوان ئەم دوو رەگەزە زۆر جار لێڵ و ناڕوون بێت، بە جۆرێک کە زۆر جار دەبینین ژینگە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی کارەکتەر و کارەکتەریش دەبێتە بەشێک لە ژینگە، لە لایەکی دیکەوە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرفەتی نوێی بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتە ئاڵۆزەکانی وەک ناسنامە، شوناس و پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەوروبەریدا ئافراندووە، لە ڕۆمانی هاوچەرخدا، دەبینین کە کارەکتەرەکان زۆر جار لە ملمانێی بەردەوامدان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان، ئەمەش وەک گوزارشتێک وایە بۆ ئەو ململانێیەی کە مرۆڤی هاوچەرخ لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها گرنگییەکی تایبەتی بە چەمکی “کات” لە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دەدات، کات وەک فاکتەرێکی گرنگ لە شێوەگرتنی کارەکتەر و گۆڕانی ژینگەدا دەبینرێت، بۆ نموونە دەبینین کە چۆن تێپەڕبوونی کات کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کارەکتەر دادەنێت، یان چۆن ژینگەیەک بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت و ئەم گۆڕانەش کاریگەری لەسەر چیرۆکەکە دادەنێت،ئەمە وادەکات لە ڕووی تەکنیکییەوە نووسەران شێوازی نوێ بۆ گێڕانەوە بەکاربهێنن بۆ نموونە، بەکارهێنانی تەکنیکی”شێوازی ئازادی ناڕاستەوخۆ” کە تیایدا سنووری نێوان بیرکردنەوەی کارەکتەر و وێنای ژینگە تێکەڵ دەبێت، ئەمەش بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ڕۆمانی هاوچەرخ، وە هەروەها کاریگەری لەسەر شێوازی خوێندنەوە و شیکردنەوەی ڕۆمانیش داناوە، خوێنەر و ڕەخنەگران ئێستا زیاتر سەرنج دەدەنە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگە، ئەمەش وای کردووە کە خوێندنەوەی ڕۆمان ببێتە پرۆسەیەکی چالاکتر و داهێنەرانەتر، کە تیایدا خوێنەر ڕۆڵێکی گرنگتر لە دروستکردنی واتادا دەگێڕێت، بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرفەتی نوێی بۆ لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی ئافراندووە و ڕۆمان وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ و ئەو کاریگەرییانەی کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و فیزیکی لەسەری دایدەنێت، وە لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە کاریگەری لەسەر شێوازی بەکارهێنانی زمان لە ڕۆماندا داناوە، نووسەران ئێستا هەوڵ دەدەن زمانێک بەکار بهێنن کە بتوانێت ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان کارەکتەر و ژینگە بە باشترین شێوە دەرببڕێت، ئەمەش وای کردووە کە زمانی ڕۆمان زۆر جار لە سنووری زمانی ئاسایی تێپەڕ بێت و بەرەو جۆرێک لە شیعرییەت بڕوات، دەتوانم بڵێم بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، گۆڕانکارییەکی قووڵی لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ چەمکی ڕۆمان و ڕۆڵی لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا دروست کردووە، ئامرازێکی گرنگتر بۆ تێگەیشتن لە ژیانی مرۆڤ و ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی کە لە نێوان تاک و کۆمەڵگادا هەیە و ئەم گۆڕانکارییە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا بەرهەمی کۆمەڵێک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و فەلسەفییە کە لە سەدەی بیستەمدا ڕوویان داوە، وەک پەرەسەندنی بیری پۆست-مۆدێرنیزم سەبارەت بە چەمکەکانی ڕاستی، ناسنامە و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی دەرەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لە شێوازی بنیاتنانی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆمانی هاوچەرخدا هەبووە، یەکێک لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی لە بواری بنیاتنانی کارەکتەردا ڕووی داوە، گواستنەوەیە لە کارەکتەری یەک-ڕەهەندی بۆ کارەکتەری فرە-ڕەهەندی، لە ڕۆمانی کلاسیکدا، کارەکتەرەکان زۆر جار وەک نموونەی بەرجەستەی تایبەتمەندییەکی دیاریکراو یان بەهایەکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوتن، بەڵام لە ڕۆمانی هاوچەرخدا، کارەکتەرەکان زۆر ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندترن وخاوەنی لایەنی باش و خراپن، هەڵەی مرۆیی دەکەن، دووچاری پارادۆکسی ناوەکی دەبن و زۆر جار لە نێوان بڕیارە جیاوازەکاندا دەکەونە دوودڵییەوە و نەک تەنها وێنەیەکی ڕاستتر لە سروشتی مرۆڤ پێشکەش دەکەن بەڵکو دەرفەتی زیاتر بۆ خوێنەر دەڕەخسێنن تا خۆی لە کارەکتەرەکاندا ببینێتەوە و هاوسۆزییان لەگەڵدا بکات، کارەکتەر تەنها بەرهەمی کردار و وتەکانی نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو بیرکردنەوە و هەستانەشە کە لە ناخیدا هەن، ئەمەش وای کردووە کە نووسەران گرنگییەکی زۆر بە نیشاندانی جیهانی ناوەکی کارەکتەرەکان بدەن، تەکنیکی “مۆنۆلۆگی ناوەکی” نموونەی بەرچاوی ئەم ڕێبازە نوێیەیە، لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکارییە گەورەکان لە بواری ژینگەسازیدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە گۆڕانی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ جیهانی دەوروبەری هەیە، لە سەردەمی مۆدێرنەدا زانست و تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری گەورەیان لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشتدا دروست کردووە، لە زۆربەی ڕۆمانە هاوچەرخەکاندا ژینگەی شار وەک ژینگەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند نیشان دەدرێت کە کاریگەری قووڵی لەسەر ژیان و دەروونی کارەکتەرەکان هەیە، زۆر جار دەبینین کە سروشت وەک هێزێکی زیندوو و کاریگەر لە چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت، نەک تەنها وەک پاشخانێکی جوان بۆ ڕووداوەکان، لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم گۆڕانکارییانە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە گۆڕانکارییەکانی بواری فەلسەفە و دەروونناسییەوە هەیە، بۆ نمونە بیرۆکەکانی فرۆید سەبارەت بە ناخودئاگا کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر شێوازی نیشاندانی جیهانی ناوەکی کارەکتەرەکان داناوە، وە بیرۆکەکانی هایدگەر سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان کاریگەرییان لەسەر شێوازی تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگە داناوە و ڕەخنەی دەروونشیکاری کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی شیکردنەوەی کارەکتەرەکانەوە قووڵتر لە دەروونی مرۆڤ تێبگات، لە ڕووی پراکتیکییەوە ئەم گۆڕانکارییانە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا کاریگەرییان لەسەر شێوازی نووسینی ڕۆمان و تەکنیکەکانی گێڕانەوە بەجێهێشتووە بۆ نموونە، تەکنیکی “گۆشەنیگای فرەیی” کە تیایدا چیرۆکەکە لە گۆشەنیگای چەند کارەکتەرێکی جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ڕۆمانی هاوچەرخ، ئەم تەکنیکە دەرفەت بەخوێنەر دەدات تا ڕووداوەکان لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە ببینێت و فراوانتر لە ئاڵۆزییەکانی چیرۆکەکە تێبگات دەتوانم بڵێم گۆڕانکارییەکان لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، بەشێکن لە گۆڕانکارییە گشتییەکان لە بواری ئەدەب و هونەردا، ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانە فراوانەن کە لە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ و تێگەیشتنی لە خۆی و جیهانی دەوروبەریدا ڕوویان داوە، هەربۆیە ڕۆمان بووەتە ئامرازێکی بەهێز بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزییەکانی بوونی مرۆڤ و ئەو پەیوەندییە دژوارەی لە نێوان تاک و کۆمەڵگا، مرۆڤ و سروشت، و ڕابردوو و ئێستادا هەیە، ئەم گۆڕانکارییانە نەک تەنها شێوازی نووسینی ڕۆمانیان گۆڕیوە، بەڵکو شێوازی خوێندنەوە و تێگەیشتنیشیان گۆڕیوە و خوێنەری هاوچەرخ ئێستا ڕۆڵێکی چالاکتر لە پرۆسەی خوێندنەوەدا دەگێڕێت و بەشداری لە دروستکردنی واتادا دەکات، ئەم گۆڕانکارییانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕۆمان وەک هەر هونەرێکی دیکە، بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندایە و توانای ئەوەی هەیە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی سەردەمدا بگونجێنێت، ئەمەش وای کردووە کە ڕۆمان بەردەوام وەک یەکێک لە کاریگەرترین و بەهێزترین شێوازەکانی گوزارشتی هونەری و ئەدەبی بمێنێتەوە.

Bako Rebwar




ماڵئاوا لە چەک (وداعا للسلاح).. شەماڵ بارەوانی

ماڵئاوا لەچەک، شاکارێکی مەزنی ئەدەبی و ڕۆمانێکی تری ناوازەی ڕۆماننووس و گەورەنووسەری ناوداری جیهانی بە ڕەگەز ئەمریکی(ئێرنست هەمنگوای)ـە.
ماڵئاوا لە چەک، تەوەری سەرەکی و ناوەڕۆک و باسوخواسەکانی بە دەوری ڕووداوەکانی یەکەم جەنگی جیهانیدا دەخوڵێتەوە. ماڵئاوا لە چەک، هاوارێکە لە دژی جەنگ و ڕەتکردنەوەی جەنگە.
پاڵەوانەکەی هەمنگوای لەو بەرهەمەدا(فریدریک هێنری) گەنجێکی ئەمریکییە و ئـەفسەره لە ڕیزی سوپا بە پلەی میلازمی یەکەم.
ئەو لە بواری فریاگوزاری و گواستنەوەی بریندارەکانی جەنگ بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەو بوارە کار دەکات.
ئەو گەنجە لە کاتی ئەرکەکەیدا زامدار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەوێ دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کچەپەرستارێک بە ناوی(کاترینا بارکلی).
فریدریک، لە نەخۆشخانە زامداربوونەکەی وەکو دەرفەتێک لەپێناو ئیشقەکەی دەقۆزێتەوە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لەو خانمەپەرستارە. ئەو، لە لایەک ڕۆدەچێت لە دنیای ئیشق و ڕۆمانسییەت و غەرقی جیهانی ئیشق دەبێت، لە لایەکەیتریش دوای ئەوەی بە چاوەکانی خۆی مەرگی هاوڕێکانی دەبینێت، کە چۆن دەڕاسەی ئەو جەنگە نەگریسەیە بێبەزەییانە گیانی یەک بە یەکیان دەدوورێتەوە و چەندە دڵڕەقانە دەکەوێتە وێزەیان و پەڕەی گوڵی تەمەنیان هەڵدەوەرێنێ. فریدریک، دەکەوێتە بیرکردنەوە و تێڕامان و پرس و مەنەلۆگ لەگەڵ خۆیدا و دەڵێت: باشە کوا مرۆڤایەتی؟ تا کەی جەنگ؟ تا کەی کوشتن و لەناوبردن؟ تاکەی یەکتری سڕینەوە و کاوڵکردن و وێرانکردن؟
هەر بە ڕاستی مرۆڤ بۆ ئەوە لە دایک بووە تا جەنگی جیهانی بەرپا بکات و سەتان ملیۆن کەس بکات بە سووتەمەنی ئاگری جەنگ؟ مرۆڤ بۆ ئەوە لێرەیە تا داهێنان لەپێناو مرۆڤایەتی و خۆشترکردنی ژیان بکات و بوون ئاوەدان بکاتەوە، یان داهێنانی زانستی و چەکی پێشکەوتوو بۆ دژایەتی یەکتری و هۆکارێک بۆ چەوسانەوەی گەلان و داگیرکردنی خاکی نەتەوەکانی تر و دەستبەسەرداگرتنی ئازادی ئەوانی تر و وێرانکردنی ژیان و خاپوورکردنی بوون و پیسکردنی گەردوون بەکار بێنێت و کۆمەڵکوژی و تراژیدیای لە شێوەی هیرۆشیما و ناکازاکی لە دژی گەلی ژاپۆن و حەڵەبجە لە دژی نەتەوەی کورد بەکاربێنێت؟ وەکو ئەوەی ئەمریکا و ڕژێمی بەعسی فاشیست، لەگەڵ ئەو دوو نەتەوەیە کردیان؟
لە دەرەنجامی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی قووڵی فریدریک هینری لە ناسۆری و کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، کەڵکەڵەی ئەوە دەکەوێتە مێشکییەوە کە خۆی هەڵداتە نێو ڕووبار و کۆتایی بە ژیانی بێنێت و له دەست دڵڕەقی جەنگ و تراژیدیاکانی ژیان قورتاری بێت. بەڵام سەرەنجام ئەو لەوە پەشیمان دەبێتەوە، چونکە فریدریک هێشتا دڵی زۆر بەهێز بۆ ژیان لێدەدات و تۆوی خۆشەویستی ژیان لە ناخیدا سەوزە و بە ئاواتەوە هەنگاو دەنێت و جەنگ سەرەڕای ئەو ڕەشبینی، نائومێدی، ئازار، فرمێسک، ماڵوێرانی و تراژیدیایانەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێت، نەیتوانیوە بە یەکجاری داری ئومێدی فریدریک کرمێ بکات و دەنگی هەناسەکانی بخنکێنێت و باوەڕبوون بە درێژەدان بە ژیان و مانەوە لە بووندا لێ بسەنێت.
فریدریک دواجار بڕیار دەدات چەک فڕێ بدات و لە ژیانی سەربازی و ڕیزی سوپا ڕابکات و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی مەدەنی و دووبارە تێکەڵ بە دنیای ئارامی دوور لە جەنگ و بارووت و خوێن و کوشتن و کارەسات بێت و لە ئامێزی خۆشەویستەکەیدا درێژە بە ژیان بداتەوە. ئەو دەشزانێت ڕاکردن لە ڕیزی سوپا و لە کاتی جەنگدا، واتای چییە و چ تاوانێکی گەورە و ناپاکییەکی نیشتیمانییە و لێخۆشبوونی بۆ نییە و سزاکەی مەرگ و سێدارەیە. بۆیە لەگەڵ کاترینای خۆشەویستی پلانی ئەوە دادەڕێژن، ئیتاڵیا جێ بێڵن و لە سویسرا بگیرسێنەوە. ئەوان دوای گەیشتنیان بە سویسرای وڵاتی ئارامی و جوانیی، وڵاتی مۆسیقا و ئیشق، وڵاتی مرۆڤبوون و ژیان، وڵاتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، وڵاتی پلورالییەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و فرەکولتووری، وڵاتی هەموو پێکهاتەکان و قبووڵکردنی هەموو جیاوازییەکان، کاترینا دووگیان دەبێت و هەردووکیان زۆر بە تامەزرۆییەوە ڕۆژەکان و کاتژمێر و چرکەکان لە چاوەڕوانی هاتنەدنیای کۆرپەکەیان دەژمێرن. وەلێ ئەفسووس! قەدەر پێچەوانەی چاوەڕوانییە پڕ لە بەرائەت و خۆزگە و تامەزرۆیی و تاسەکانی ئەوان، بڕیارێکی تری زۆر دڵڕەقانەی دا و کۆرپەی ئاواتەکانی گەلێ بێبەزەییانە، لێ خستنە نێو گۆڕی ماڵئاوایی. کاترینا ژانی منداڵبوون گرتی و لە نەخۆشخانەدا و لە دەرەنجامی نەشتەرگەری شەقکردنی سک و دەرهێنانی منداڵە مردووەکە، خوێنبەربوونی ناوەوە(نزیف داخلی)ی بۆ دروست بوو و گیانی سپارد!
فریدریک دوای ئەو ڕووداوە بە ئازار و کارەساتە ناخهەژێنە، بڕیاری دا چۆک دانەدات و دژی دڵڕەقییەکانی چارەنووس بجەنگێت و هەرگیز ڕادەستی شکست نەبێت و بەیداخی دۆڕان لە بەرانبەر ژیان بەرزنەکاتەوە و درێژە بە مانەوەی بدات. ئەو بڕیاری دا سەرەڕای گەورەیی قەبارەی ئەو تراژیدیایە و ئازارەکانی، وەلێ بەراورد بە کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، بە ئاساییتر و بچووکتر وەربگرێت. ئەو جەنگەی دەوڵەتان و وڵاتانی زلهێز و سەرکردەکانیان لەپێناو کۆمەلێک بەرژەوەندی جاڕی دەدەن. ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی دواجار هەر مرۆڤایەتی دەبێتە سووتەمەنی و قوربانی ئاگرە بێئامان و سووتێنەرەکەی.
ماوەتەوە بڵێم:

پەیامی ڕۆمانی(ماڵئاوا لە چەک)، هاوارێکە بۆ وڵاتە زلهێزەکان و جیهان، کە چیتر جەنگ بووەستێنن و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە چەک بکەن و بارووتەکان بکەن بە مرەکەبی خامەی خۆشەویستی و ئیدی لە بری کوشتن و خوێنڕشتن و وێرانکردنی ژیان و دروێنەی جەستەی مرۆڤ و ناشیرینکردنی بوون، مرۆڤایەتی بنووسنەوە و گوڵی عیشق و جوانی بڕوێنن و ژیان ئاوەدان کەنەوە. ماڵئاوا لە چەک، پێمان دەڵێت مرۆڤ سامانێکی مەزن و بوونەوەرێکی پیرۆزە و بە هیچ پاساوێک ناکرێت بکرێتە ئامرازێکی بچووک و بێبەها بکرێت و بکرێت بە سووتەمەنی جەنگ و لەپێناو هەر سەرکەوتنێک، دواجار باجەکەی هەر دۆڕانە بە خوێنی مرۆڤ.
لە کۆتاییدا نووسەر لە ڕێگەی(فریدریک)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیەوە پێمان دەڵێت هەڵاتن لە جەنگ، ڕەتدانەوەی توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی جەنگە. مرۆڤ یەکەم بزوێنەر و هەڵایسێنەری پشکۆی ئاگری جەنگە و دواجار هەر خۆیشی دەبێ کۆتایی بە جەنگ بێنێت و ڕێگری لە سەرهەڵدانی جەنگ بکات، ئەگەر هەر نەیتوانی کۆتایی بە جەنگ بێنیت، با لە جەنگ ڕابکات.

شەماڵ بارەوانی




كتێبی (خۆم و ئەستێرەگەشەكان) ئەرشیفێكی گرنگی نووسەر و هونەرمەندانی كوردستان.. كامەران حاجی ئەلیاس

لە هەموو وڵاتێكی ئەم جیهانەدا گرنگییەكی زۆر بە بواری ئەرشیف و بەڵگانامە دەدەردێت، كەئامانج لێی پاراستنی شوناسی نەتەوەو وڵاتەكەیە ..بۆ ئەو مەبەستە چەندین دەزگا و فەرمانگەی تایبەت بەو بوارەدا بوونیان هەیە بەشێوەیەك بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت كەسانی شارەزا وپسپۆر كارەكە ئەنجام دەدەن وەكو سەرمایەكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەو وڵاتە گرنگی پێدەدرێت و پارێزگاری لێدەكرێت .
بوونی دەزگایەكی ئەوا جگە لەوەی پاراستنی بەڵگە نامەو ئەرشیفی نەتەوەوەیە،لە فەوتان لە هەمەكان كاتدا وەكو بەڵگە وسەرچاوە بۆ زۆرێك لە كاییەكانی ژیان بەكار دێت وەكو بەڵگەنامەیەكی باوەڕپێكراو چونكە بۆ سەلماندن و بوونی هەرشتێك پێوستی بەبەڵگەیە..بۆنموونە كاتێ باس لە یەكەم ئەكتەر دەكرێت كە وەكو یەكەم كەس لەجیهان چۆبێتە سەرتەختەی شانۆ دەڵێن (تیسپیس) لە وڵاتی یۆنانە ئەوان بەڵگەیان لەبەردەستە دەیسلمێن بەجۆرێك تائێستا گۆڕەكەی بوونی هەیە وەكو بیبلەی چاویان پارستووە كەسیش ناتوانێ نكوڵی لێبكات.
دوای راپەڕینی گەلی كوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 ودامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ،بەداخەوە هیچ گرنگی بە بواری بەڵگانەمە و ئەرشیف نەداوە بەجۆرێك هیچ دەزگایەكی تایبەت بە كۆكردنەوەی بەڵگەنامەو ئەرشیفكردن نییە راستەو لێرەو لەوێ هەندێ كاری تاكە كەسی كراوە بەڵام بەشێوەیەكی رێكخراو كە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی بكرێت بەداخەوە بوونی نییە بۆیەپاشی 32 ساڵ لە راپەرینی گەلی كوردستان و دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ هەوڵێك بۆ ئەو بوارە نەدراوە..
كتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان) لە نووسینی نووسەر “نەجەمەدین عەزیز سمایل” كەتائێستا 10 بەرگی لە چاپ كراوە كارێكی مەزنی نووسەرە سوودێكی زۆری پێشكەش بە ئەرشیفی هونەری و ئەدەبی كوردستان كردووە، كە ژیان و كارو چالاكی چەندین هونەرمەند و نووسەر تا میدیاكارانیش لە خۆدەگرێت وەكو سەرچاوەیەكی گرنگ سوودی لێوەردەگیرێت بێگومان پێشتریش چەند بەرێزێك ئەو كارەیان كردوە بەڵام لە چوارچێوەیەكی دیاركراوە بۆنموونە چەند هونەرمەندو نووسەرێكی شارێك یاخود ئەوپەری دوو یان سێ شاری لە كتێبێك دا ژیان و كاروچالاكیەكانی كۆكراوەتەوە زۆرێك لەوانەش هاوكاری كراوەن واتە تێچووی لە چاپ دان و بڵاوكرنەوە بۆیان دابین كراوە …بەڵام ئەوەی نووسەر و میدیاكار بەرێز نەحمەدین لە زۆر ڕووە جیاوازە بۆنموونە كتێبەكەی تایبەت نەكرد وە بە شارێك یاخود ناوچەیەك بەڵكو هەموو سنوورەكانی بەزاندوە ..هەرچوار پارچەی كوردستانی لەخۆگرتووە بگرە ئەوانەی لە هەندەرانیش دەژین ئەوانیشی بەسەركردۆتەوە لایەكی تری ئەم كتێبە ئەوەیە نووسەر هەموو ئەو نووسەر و هونەرمەن و میدیاكاران بەسەركردۆتەوە كە خاوەن ئەزموونن خاوەن پێگەیەكی هونەری و ئەدەبی نێو گەلەكەی خۆیانن بەهەردووو رەگەزەكەییەوە، بەڵێ لەو كتێبەكەدا زۆرێك لەو هونەرمەند و ئەدیبانەی لە خۆدەگرێت كە لە نەتەوەكانی ترن وەكو توركمان و مەسیحییەكانیش ئەوانیش بەسەركراونەتەوە ..خاڵیكی تر ئەم كتێبە ئەوەیە زۆرێك لەوانەی بەسەركراونەتەوە كۆچیان كردون ..ئەتوانم بەڵێم ئەوەی ئەم بەرێزە دەیكات ئەوە ئەركی وەزارەتی رۆشنبیرییە بەڵام ئەو لەسەر ئەركی خۆی ئەم كارە دەكات بەهۆی ئەوەی كتێبەكە بە جوانترین و چاكترین شێوە لەرووی دیزاین و بەرگ چاپكردنی بۆیە پێوستی بە خەرجییەكی زۆرە .
شایانی باسە لە كاتی تەواو بوونی هەربەگێك لە كتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان) گەڕانەوەی لە چاپخانە رێورەسمێكی تایبەتی لە شارەكانی كوردستان(هەولێر،سلێمانی، كەركووك، دهۆك) بە ئامادەبوونی كۆمەڵی لە رۆشنبیروئەدیبان ناساند و بڵاوكردنەوەی بۆ دەكرێت ،كتێبەكە پێشكەش بە ئاماەبووان دەكرێت.
لە كۆتاییدا داوا لە لایەنی پەیوەندار بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیر و لاوان دەكەم تادەكرێت هاوكاری نووسەر”نەجەمەدین عەزیز سمایل” بۆئەوەی لەم كارە مەزنە بەردەوام بێت..چونكە وەكو من ئاگادارم ئەو پرۆژەیە بەردەوامی هەیە لەئێستادا خەریكی ئامادەكردنی بەرەگی یانزەمین (خۆم و ئەستێرە گەشەكان)-ە هیچ نەبێت رێزلێنانێكی تایبەتی بۆ بكات لەبەرامبەر ئەو كارەی ئەو كردوویەتی ..هیوای تەمەن درێژی بۆ بەرێز” نەجەمەدین عەزیز سمایل” دەخوازم بە هیوای بەردەوامی.

كامەران حاجی ئەلیاس




فەرهەنگی شەیتان.. پشکۆ ناکام

[ لەهەر ووڵاتێکا مزگەوت لە خەستەخانە و
مەکتەب زۆرتر بوو ، دەسەڵات بەر پرسە
لە داڕووخانی کۆمەڵگا……
د . طە حسین ]

…… یەکێ لە هەرە گرفتە گەورە و چارەسەر نەکراوەکانی ئەو سێ شار و کسورەی ئەمریکا و ئەوروپا ناویان ناوە ” هەرێم ! !!” بێ ئیشییە ، هەر لە سەرەتای نەوەکانەوە هەر ساڵەی بە سەدان قوتابی ئامادەیی و پەیمانگا و زانکۆ دەرئەچن و دامەزراننیش سەر خەوی دوای قبوڵیە ، جگە لە دامەزرانن وەک ئاسایش و کۆماندۆ و ” موخبیر” سەعات دەی بەیانی داوای بکە پاش نیوەڕۆ دامەزراویت..ئەم گرفتە بەرامبەرە بە حاڵەتێک کە تەنیا لەشاری “سلێمانی” هەزار و دوو سەد مزگەوت هەیە !! چی ئەبوو گەر لەم ژمارە زۆرەیا سێ سەد دانەیان کارگە بوایە ؟ بە داخەوە شۆڕشگێڕەکانی شاخ و ڕاو و ڕووتی دوای ڕاپەڕین ئەو چەن کارگەیەی لە شارا هەبوو بە دەردی سەدەکەی بێخمەیان برد ! گەر هەر یەک کارگە سێ سەد کرێکاری هەبێ بزانە مەعیشەتی چەن خێزان ئەبوژێتەوە جگە لە بوژانەوەی ئابووری و بەرهەم هێنانی لۆکاڵی” محلی” و لەوانەیشە جارەسەرێکی نەفسیی بێ بۆ حاڵەتی بێ ئیشی و کەم دەرامەتی ، خۆ لەوەتەی مزگەوت هەیە تا ئەمڕۆش ئەوەی لە بانگ و دوای نوێژ ئەووترێت هەر هەمان شتە “عەینەن تاس و عەینەن حەمام” یەک حەرفی لێ نەگۆڕاوە نە بۆی زیا کراوە نە لێیشی کەم کراوەتەوە و یەک ملیۆن ساڵی تریش هەر وا ئەمێنێتەوە، کەواتە گەر چەن مزگەوتێ بکرێن بە یەک هیچ لە وەزعەکە ناگۆڕێ و هەمووشما ن ئەزانین کە فەریزەی نوێژ وەک عەسکەری ئیلزامی نیە هەر لە مزگەوتا بێ خۆ کە ئیسلام لە قوڕیشەوە سەری هەڵا مزگەوت هەر نەبوو ، لە بەرامبەر ئەم نەگۆڕانەی لە مزگەوتا هەیە کارگەیەک ئەمساڵ دروست بکرێ دوای دە ساڵی تر بەرهەم و سەرمایا یەکە زیا ئەبێ و پیۆیستی بە هێزی کارکردنی زۆرتر ئەبێ و ئەبێتە دەرفەتێک بۆ دامەزراننی زیاتر و بە شێوەیەکی ئوتۆماتیکی باری ئابووری زیاتر گەشە ئەکا و بەرفراوانتر ئەبێ ، بەڵام هەزار و چوارسەد ساڵە یەک ڕستە بۆ دەقەکانی مزگەوت زیا نەبوە ، خۆ گەر مەسەلەی خودی نوێژ یش بخەینە ئەولاوە ئەوە باس و خواستەکەی کە لە لایەن مەلاوە ئەخوێنرێتەوە هەر هەمان شتە کە ئەویش : زینا .. سەربڕینی مولحید و مونافیق ، ژن هێنان بە دەرزەن…حۆری ..شەرابی بەهەشت..شەڕی ئحم و ئوحود.. نیقاب ..حەرام بوونی عەتر ..کڕینی بەرماڵی خۆکردن بە بەهەشتا.و..و. هتد…ئێستاش بابەتێکی زیا بوە کە لقە جیاکانی ئیسلام ئیخوان و سەلەفی لە مزگەوتەکانیانا هەرچی خراپ و “زمانی شەیتانە !! بە یەکتری ئەڵێن هەر بە ناوی ئیسلامەوە ..ئەمە جگە لەو هەموو ئاو و کارەبایەی وەک شەرابەکەی بەهەشت بە خۆڕایی وەرئەگیرێ، بەڵام گەر ” خوانەکردە ~! بەشێک لە مزگەوتەکان بکرێن بە کارگە ” کە ئەمەش لە مەودای ئەقڵی دەسەڵاتا نیە ” جوڵەیەکی ئابووری ڕوو لە بەرهەم هێنان ئەکەوێتە بازاڕ و ناو ژیانی خەڵکەوە ، هەم کرێکار معاش وەرئەگرێ هەم خاوەن کارگە باج و ڕسوماتی ئسوڵی خۆی ئەیا بە حکومەت کە ئەمەش دوو شەشە بۆی !!
ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە هاتنە کایەی کارگە و پيشەسازی ئەبێتە مایەی دروست بوونی نەقابەی ڕاستەقینەی کرێکاران نەک ئەو علوجەی ئەمڕۆ هەیە ، بەمەش زەمانەتێکی ئیداری و پیشەیی دروست ئەبێ بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی کرێکاران..
خۆ ئەگەر ئەم وەزعەی ئێستا هەیە بەردەوام بێ ڕۆژێک یەت هەر خانوویەک مزگەوتێکی لە تەنیشتەوە ئەبێ گەر کرێ چی نەبێ تیایا وئەوەی لە موکەبەرەکانەوە ئەووترێ هەر هەمان شتە و ووڵات بێ پیشەسازی و گومەزەکانیش هەر بە ئاڵتون لەبخ ئەکرێن جا ئەوەی پێ ی خۆشە مسۆگەر ئەهلی بەهەشتە و ئەوەی پێ ی قەڵسە بێ دوو دڵی خۆی حازر کات بۆ جەهەنەم مەگەر تەشەبوزێکی باش و واسیتەیەکی گەورەی ” ئەوقاف”ی هەبێ یان بەرماڵێکی مزگەوتی بەهەشتی کڕی بێ….
لە ئەوروپاش کەنیسە هەیە بەڵام لە بێ دەنگیا هەستی پێ ناکەی ، کارگە و بەرهەمهێنانیش نەوەستاوە چونکە لێرە وەبەر هێنان هەر شوققە نیە بەڵکو بەرهەمی پيشەسازیش بەبەرهەمی تەکنەلۆجییەوە ،..خۆزگە بۆ یەک جاریش مەلاکان پێیان ئەووتین لە کوێ ی شەریعە و حەدیس ئەو دەقانەی تری ئیسلام باس لە کرێکار و پیشەسازی تەکنەلۆجیا کراوە ؟!! تۆ بڵێ ی ئەو باسانە لە فەرهەنگی شەیتانا نەبن وا ئەمان خۆیان لەقەرەی نایەن…!!

پشکۆ ناکام




توندبوونەوەی گوشاری جەنگی و دۆخی کۆماری ئیسلامی.. دیمانەی جەلیل جەلیلی لەگەڵ حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە جەلیل جەلیلی: دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، گرژیی جەنگی نێوان کۆماری ئیسلامی و هێزە بە وەکالەتەکانی لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر بووە. لە هەموو جێگایەک باس لە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی لە وەڵام بە تیرۆری ئیسماعیل هەنیە لە تاران دەکەن. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەمیشە شانازی بە تۆڵەسەندنەوەی توند و تەمێکردنی ئیسرائیل و هاوشێوەکانی دەکات. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی دیپلۆماسی دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژی و بڵاوبوونەوەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم دۆخە بەرەو کوێ دەڕوات و چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و لە خودی ئێراندا هەیە؟ ئەم بابەتە لەگەڵ حەمید تەقواییدا تاوتوێ دەکەین. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم بەرنامەیە لە ڕۆژی شەممە ١٦ی مورداد تۆمار دەکرێت و ڕەنگە تا کاتی پەخشەکە پێشهاتێکی نوێ ڕوویدابێت کە لەم بەرنامەیەدا باس نەکرابێت. حەمید تەقوایی، لەم گفتوگۆیەدا دەمانەوێت باس لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بکەین. بەڵام سەرەتا پێویستە ئەم پرسیارە بوروژێنم: پێتوایە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و لە ناوچەکە تا ئێستا هەبووە؟ حەمید تەقوایی: ڕوونە کە ئەم تیرۆرە تەنیا هێرشێک نەبووە بۆ سەر ڕابەری سیاسی حەماس؛ بەڵکوهێرشێک بوو بۆ سەر شکۆ و پێگەی کۆماری ئیسلامی. ئەو هەلومەرجەی کە لە دوای ئەم تیرۆرە هاتۆتە ئاراوە، بە تەواوی ئابڕووییە (حەیسێتی)ە بۆ ڕێژیم. بێگومان کۆماری ئیسلامی هیچ ئیعتبار و کەرامەتی لە نێو خەڵکی ئێران و تەنانەت خەڵکی جیهانیشدا نەبوو کە لەدەستی بدات؛ به ڵام له نێو هێزه به وه کاڵه کانی و هێزه ئیسلامییه کان به گشتی له ناوچه که دا پێگه یه کی هه بوو و به تایبه تی ئەو بانگه شانەی کەهەیبوو، هه مووی به م تیرۆرکردنه بوونە بڵقی سەرئاو. کۆماری ئیسلامی بە ئاڵای مەرگ بۆ شەیتانی گەورە و بەگشتی دژە ڕۆژئاوایی و دژە ئیسرائیلیزم خۆی بە ناوەند و ڕێبەری بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە دەزانێت و تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، ئەویش لە کاتێکدا بانگهێشتی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ڕێژیم کرابوو وەک میوانی ڕەسمی کۆماری ئیسلامی، گورزێکی کاریگەری لەم دۆخە و بانگەشەکانی حکوومەت داوە. دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەمەش بێ ئیعتیباری کۆماری ئیسلامییە لە نێو هێزە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆر گرنگە حکومەت بە جۆرێک قەرەبووی ئەم گورزە بکاتەوە. ئەمجارە بابەتەکە جیاوازە لە ململانێکانی ڕابردوو، بۆ نمونە دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی یان هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ڕژێم لە سوریا. جیاوازە، بۆ ڕژیم، واڵامدانەوە بەم ڕوداوە ناسنامەیی و ستراتیجیە. هەروەها ئەوەش ڕوونە کە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە پێگەی ناوچەیی خۆیدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لە خودی ئێراندا هەیە. تا ئێستا خەڵک هەموو جۆرە نوکتە و گاڵتەو مەتێڵکیان بەرسەر دەسەڵاتدا داهێناوە. لە هەموو شوێنێک باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی ئیسرائیل تا مۆخی ئێسک و پروسکی ئەم حکومەتە هاتۆتە ناوەوە و ڕژیم هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر بارودۆخی ئەمنی خۆیدا نییە. کلیپی ڕووخساری نیگەران و دڵەڕاوکێی خامنەیی لە کاتی نوێژکردن لەسەر تەرمی هەنیە و کۆپی و بڵاوکردنەوەی لە ئاستێکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیا هاوکات لەگەڵ کۆمێنتی پڕلەسوکایەتی لە دژی حکومەتەکەی، بە شێوەیەکی ڕەمزی گوزارشت لە دۆخی ڕێژیم لە دوای ئەم تیرۆرە و کاردانەوەی کۆمەڵگا بەرامبەری دەکات. لەم ڕوانگەیەوە کۆماری ئیسلامی ناچارە بە جۆرێک ئەم دۆخە ناخۆشەی کە دوچاری بووە بگۆڕێت. جەلیل جەلیلی: ئەو دۆخەی باست کرد، گرژیی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی ئیسرائیلی زۆر توندتر کردووەتەوە. هەمووان باس لە هێرشی نزیکی ڕژیم بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن. بەڕای ئێوە ئەگەری دەستپێکی شەڕێکی بەرفراوان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل چەندە؟ حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی تەواو و ڕاستەوخۆی سەربازی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل زۆر لاوازە. لە نموونەی ئەو گرژیە سەربازیانەی کە تا ئێستا بینیومانە، هیچیان لە ململانێیەکی سەربازی سنووردار و کۆنترۆڵکراو تێنەپەڕیوە. مەسەلەکە بۆ کۆماری ئیسلامی چەندە گرنگ و ناسنامەدار بێت، ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ڕێژیم توانایی سەربازیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل نییە و زۆر باش دەزانێت کە دۆڕاوی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەو شێوەیە دەبێت. وتنەوەی دروشمی بمرێ ئیسرائیل و دروشمەکانی تری حکومەت لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، وەک دروشمی مەرگ بۆ شەیتانی گەورە، بە گشتی گرنگییەکی پڕوپاگەندەیی و گوتارییان هەیە بۆ حکومەت نەک مانایەکی کردەیی- سەربازی. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ئیسرائیل نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕووبدات. وڵاتانی ڕۆژئاوا ململانێیەکی لەو شێوەیەیان ناوێت. تەنانەت حکومەتی چینیش وێڕای شەرمەزارکردنی تیرۆری هەنیە، ویستی خۆی لە تۆڵەسەندنەوە و توندترکردنی ململانێی لایەنەکان بەدوور بگرێت. هەروەها هەوڵی دیپلۆماسی بۆ پێشگرتن لە شەڕ دەستی پێکردووە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دروست بوونی شەڕێکی تەواو لە نێوان هەردوو حکومەتدا نزیکە لە مەحاڵەوە. مەسەلەیەک کە زۆرتر ئەگەری هەیە هێرشی مووشەکیی ڕێژیمە بۆ سەر ئیسرائیل. هاوشێوەی ئەوەی دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ڕژیم لە سوریا ڕوویدا. بەڵام ئەمجارە ڕەنگە بە پاڵپشتی و چالاکی هێزە بە وەکالەتەکانی حکومەت دژ بە ئیسرائیل. ئەم سیناریۆیە ئەگەری هەیە؛ بەڵام لەم حاڵەتەدا ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لەوە تێناپەڕێت کە تا ئێستا بینیومومانە. ئێستا زیاتر لە دە مانگە حەماس بووەتە ئامانجی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل کە زۆربەیان خەڵکی بێتاوانی غەززە بوون. حزبووڵا لە لوبنان و لە نێو خەڵکی ئەو وڵاتە پێگەیەکی ناسکی هەیە و ناتوانێت لەو موشەک هەڵدانی پەرشوبڵاوە تێپەڕێت کە تا ئێستا ئەنجامی داوە. هەر جۆرە بەرفراوانبوونی ململانێی نێوان حزبوواللە و ئیسرائیل، شەڕەکە دەگەیەنێتە سەر هەموو لوبنان و هەموو کۆمەڵگە دەخاتە ڤەرانبەر حزبوواللە. لە مانگی فەروەردینی ئەمساڵدا “تۆڵەی توند”ی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە موشەکەکاندا سنووردار بوو کە زۆربەشیان نەگەیشتنە ئیسرائیل. ئەمجارە زۆرترین ئەم لەم جۆرە هێرشانە دەبین بە بەشداری زیاتری حزبواللە. ڕەنگە یەک دوو وەڵام لە لایەنەکانی پرسەکەوە چارەسەر بێت. جەلیل جەلیلی: ئایا هەر ئەم مووشەک هاویشتنانە نابێتە هۆی زنجیرەیەکی نوێی ڕێوشوێنی سەربازی بەرامبەریەکتر؟ ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی سیاسی ئێران هەیە؟ حەمید تەقوایی: بەڵێ ئەمە مومکینە و ئەمەش یەکێکە لە مەترسییەکانی ئەم دۆخەیە. ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل وەڵام بداتەوە و ئەمەش بەردەوام بێت. ئه م دۆخە ده توانێت سه ڕنج له شه ڕێکی ڕاسته قینه کە لەنێوان خەڵک وکۆماری ئیسلامیدا لە ئارادایە بەلا ڕێدا بەرێت. بەشێوەیەکی گشتی یەک ئامانجێكی حکومەت لە گەشانەوەی ئەم کەشوهەوای شەڕ و سووکایەتیکردنە بە ئیسرائیلە، ئەوەیە کە بەلاڕێدا بردنی سەرنجەکان و گۆڕینی ڕوخساری مەسەلەکەیە. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە شەڕی خەڵکی ئێرانە لە دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووخاندنی حکومەت. نزیکەی دوو ساڵە شەڕەکە بەردەوامە. بزووتنەوەیەکی زەبەلاح لە ئێراندا بە دروشمی ژن ،ژیان ،ئازادی و بە ئاڵای ڕووخاندنی حکومەت لەجووڵەدایە. لە وەها بارودۆخێکدا بنەمای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی،ئەوەیە کە پاشکشە بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بکات، شێوازی مەلەکەبگۆڕێ، سەرنجی و هزری گشتی جیهانی و خەڵکی ناوچەکە و خودی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات و لەژێر سایەی ئەودا درێژە بە سەرکوتکردن و لەسێدارەدان و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئێران بدات و چڕتری بکاتەوە. تەنانەت ئەگەر ململانێ سەربازییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و کۆنترۆڵکراو بن یان وەک زنجیرەیەک بەردەوام بن، ئامانج و مەبەستی کۆماری ئیسلامی دواجار ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ئێرانە. پێم وایە ئەمە بابەتی سەرەکییە. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی کەشوهەوای شەڕ و گرژی و ژاوەژاوی جەنگ. ئەو زنجیرە ململانێ سەربازییە دەتوانرێت لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا بێت و بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆی کەڵکی لیوەربگیرێت و ئەوە لە سەر ئێمە، هێز ەکان و تێکۆشەرانی بەشدار لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە خودی ئێراندایە، کە ئەم هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکەینەوە. جەلیل جەلیلی: لەم دۆخەدا حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هەموویان باس لە ئارامگرتن و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەن و بەو ئاراستەیە دەستیان بە چالاکیی دیپلۆماسی تاڕادەیەک بەرفراوان کردووە. ئایا ئەم هەوڵانە دەتوانن کاریگەر بن و ڕێگر بن لە تەشەنەسەندنی ڕووبەڕوو بوونەوە سەربازییەکان؟ حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەم هەوڵانە دەتوانن بگەنە ئەنجامێک کاتێک ڕێگایەک پیشانی کۆماری ئیسلامی بدەن کە لانیکەم ئەو سوکایەتییەی کە دوچاری بووە کەم بکاتەوە. ڕێگایەک کە ڕژێم بتوانێت ڕووخساری خۆی بەجوانی بهێلێتەوە، بە بێ ئەوەی شەڕێک و تەنانەت هێرشی سەربازیی بەردەوام ڕووبدات. ئەوان دەیانەوێت فۆرمولەیەکی لەو شێوەیە بدۆزنەوە. لە حاڵەتەکانی پێشووشدا هەمان شت بوو. بەڕای من جاری پێشوو کە کۆماری ئیسلامی بە موشەک هاوێشتن وەڵامی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتەکەی دایەوە ، تا ڕادەیەکی زۆر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ئاگادار بوون، خۆیان ئامادە کردبوو، هەر بۆیەش توانیان پێشتر زۆربەی موشەکەکان بەر لەگەیشتنیان بەخاکی ئیسرائیل بخەنە خوارەوە و حکومەتی ئەو وڵاتەش ڕازی بکەن کە ڕازی بن بە وەڵامێکی سنووردار و بێدەنگ. ئەمجارەیان بەدوای ئەو جۆرە ڕێکخستنانەدا دەگەڕێن. ئەوان دەیانەوێت ڕێگایەک لە بەردەم کۆماری ئیسلامی دابنێن کە وێڕای ئەوەی بتوانن بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم گورزە پوچەڵ بکەنەوە و تا ڕادەیەک ناوبانگی لای لایەنگرانی بگەڕێننەوە، پێش بە درێژەدان و فراوانبوونی شەڕەکە بگرن. بەم زووانە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی نیشانی دەدات کە ئەو هەوڵانە چەندە سەرکەوتوو بوون. جەلیل جەلیلی: ئامانجی حکومەتی ئیسرائیل لەم نێوەدا چییە؟ ئایا چوونەسەری گرژی سەربازی لە بەرژەوەندی سیاسەتەکانی نەتانیاهۆ دا نییە؟ حەمید تەقوایی: حکومەتەکەی نەتانیاهۆ وەکو چەندین جار ڕایگەیاندووە، دەیەوێت شەڕەکە بەردەوام بێت تا لەناوبردنی حەماس و لەڕاستیدا تا پاکتاوی نەتەوەیی لە کەرتی غەززە. لەم ڕوانگەیەوە هێرشکردنە سەر ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس و لە هەمان کاتدا هێزی دەست ومەچەکی نیشاندا بە کۆماری ئیسلامی کە بە ئاشکرا بە قسە و کردار پشتیوانی لە حەماس و حیزبوڵڵا و هێزە ئیسلامییەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات بە پایەی سیاسەتی جەنگی حکوومەتی نەتانیاهۆ دادەنرێت . لە لایەکی ترەوە ئەو تاوانە جەنگی و جینۆسایدانەی کە ئەم حکومەتە لە کەرتی غەززە و لە دژی خەڵکی بێتاوانی ئەم ناوچەیە ئەنجامی داوە پێگەی نەتانیاهۆی نەک تەنها لە بیروڕای گشتی خەڵکی جیهان بەڵکو تەنانەت لە چاوی ئەو دەوڵەتانەشەوە کە لە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێدەکەن و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تر لە خودی ئیسرائیلیشدا لاواز بووە . ئامانج لە کردەوە تیرۆریستییەکانی حکومەتی ئیسرائیل، بەجۆرێک پوچەڵکردنەوەی ئەم فشارانە. ئۆپەراسیۆنێکی وەک تیرۆرکردنی هەنیە دەتوانرێت بە جۆرێک لە قەدەرقودرەتی دەسەڵاتی حکومەتی ئیسرائیل و هەنگاوێک بەرەو ئامانجی ڕاگەیەندراوی لەناوبردنی حەماس هەژمار بکرێت؛ بەڵام مەسەلەکە لەوە زیاترە. ئەگەر ئامانج تەنها لێدانی حەماس بووایە، دەکرا ئەم تیرۆرە لە قەتەر لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسماعیل هەنیە ئەنجام بدرێت؛ بەڵام تاران هەڵبژێردراوە؛ چونکە تیرۆرکردنی لەتاران دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ حکومەتی نەتانیاهۆ تا سەرنج لە تاوانەکانی کەرتی غەززە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئاراستە بکات. کۆماری ئیسلامی پێویستی بە گرژیی جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە بۆ ئەوەی سێبەری تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ئێران ونبکات و حکومەتی ئیسرائیلیش پێویستی بە بەلاڕێدابردنی هزرەکانە لە تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی کەرتی غەززە. ئەو دە مانگەی کوشتن لە کەرتی غەززە نەک هەر بیروڕای گشتی جیهانی لە دژی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ وروژاند، بەڵکو بووە هۆی ئەوەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کە پشتیوانی لێدەکەن جەخت لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ و ئازادکردنی بارمتەکان بکەنەوە. لە خودی ئیسرائیلدا، نەتانیاهۆ و کابینەی جەنگیەکەشی ڕووبەڕووی دژایەتیی فراوانی خەڵک و تەنانەت حزبە دەسەڵاتدارەکانی پێشوو دەبنەوە. ئەم بارودۆخانە وایکردووە حکومەتەکەی نەتانیاهۆ بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا دەست بۆ سەرکێشیە سەربازییەکان ببات. لە هەلومەرجێکی وادا ئۆپەراسیۆنێکی وەک تیرۆرکردنی هەنیە لە تاران دەتوانێت بۆ ماوەیەک سەرنجەکان لەوەی کە لە غەززە دەگوزەرێت بۆ توندبوونەوەی گرژیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕابکێشێت بەبێ ئەوەی بەڕاستی بەرەیەکی نوێ بکرێتەوە. حکوومەتی ئیسرائیل ئەو ڕاستییە دەزانێت و حسابی بۆ دەکات کە کۆماری ئیسلامی چ ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هێزە بە وەکالەتەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەرفراوانی لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا نییە. لە ڕاستیدا ئەو ململانێ سەربازییە کاتیانەی کە ئێمە شایەتحاڵین، بۆ هەردوولایان زۆرتر بەهای سیاسی-پڕوپاگەندەی هەیە. یەکێکیان نایەوێت و ئەوی دیکەیان ناتوانێت ئەم ململانێ کاتییانە بکاتە شەڕێکی تەواو. پێویستە بگوترێ کە ڕەگ و بنچینەی ئەم هەلومەرجە شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەی دوو هێزی فاشیستی ئایینییە کە لە کارەساتی ئاوارەبوونی خەڵکی فەلەستین قازانج دەکەن و بە تاوانەکانی لایەنی بەرامبەر تاوانەکانی خۆیان پاساو دەدەن. ئه مڕۆ له دنیا و له خودی ئیسرائیلدا خه ڵک له گه ڵ داوای ڕاگرتنی ده ستبه جێی شه ڕ هاتونه مه یدان و له م نێوه دا به تایبه تی خه ڵکی ئێران که ڕابەرایەتی بزوتنه وه یه کی به ڕفراوان و به ڕده وام دژ به کۆماری ئیسلامی ده که ن، دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە ڕزگارکردنی ناوچەکە لە خراپەی ئەو هێزە نامرۆڤانەدا. جەلیل جەلیلی: با بگەڕێینەوە ناو کۆمەڵگەی ئێران. ئاماژەت بەوە کرد کە پرسی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ئێرانە. بە بڕوای ئێوە، ئەم بارودۆخانە چ کاریگەرییەکی لەسەر خودی کۆمەڵگەی ئێران و لەسەر ئەو بزووتنەوە زەبەلاحە کە خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبەن، چییە؟ چی بکرێت بۆ پوچەڵکردنەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم کەشوهەوای شەڕە؟ حەمید تەقوایی: پێویستە دیسان جەخت لەوە بکەمەوە کە خودی ئەم گرژییە، خودی ئەو ڕاستییەی کە هەمووان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و حکومەتەکانەوە تا خەڵکی ئێران، باس لە ئەگەری هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی و شەڕ و کردەوەی سەبازی بەرانبەر دەکەن، خودی ئەمە دەتوانێت لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا بێت بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات کەشی ناڕەزایەتی و چەوساندنەوە لە ئێراندا بشارێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو شەڕە ڕاستەقینەیەی کە لە ئارادایە، شەڕی خەڵکی ئێرانی لەدژی حکوومەت پاشەکشە پێبکات و گوتار و سەرنج بۆ ئەوەی لە نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا چی ڕوودەدات تا ئەوجێگەی کە پەیوەندی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە، زۆر لەمەوبەر ئەو جۆرە فێڵانەیان پووچەڵ کردووەتەوە. ئەم جۆرە هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی زۆرتر ببنە هۆکاری ئەوەی پێبکەنن و تەنزوگاڵتەو گەپی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی تا شکست و تۆقاندن. خەڵک دەزانن تا کۆماری ئیسلامی هەبێت، ئەم گرژی و کەشوهەوای شەڕە بەردەوام دەبێت. سەردەمانێک ئەم کەش و گرژییەی شەڕ لە پێوەندی لەگەڵ ئەمریکادا باس دەکرا و ئێستاش ئەم باسە لە پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل باس دەکرێت. کۆماری ئیسلامی هەمیشە سوودی لەم شەڕ و بارودۆخە ئاڵۆزانە وەرگرتووە. بەم شێوەیە هەوڵ دەدات بوونی خۆی وەک هێزێک لە دژی شەیتانی گەورە و هێزی سەرەکی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی دژ بە ڕۆژئاوا و ئیسرائیل ڕەوایەتی پێبدات و بچەسپێنێت. به ڵام ئه مه له خودی ئێران و له نێو خه ڵکی ئێراندا کڕیارێکی نابێت. دەمێکە حکومەت دەستەکەی ئاشکرابووە و خەڵک چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دوژمنمان لێرەیە، ئێمە دژی کۆماری ئیسلامی دەجەنگین. ئەمجارە بە بڕوای من تا ئەو جێگایەی کە بە دەبێ چی بکرێی خەڵک دەگەڕێتەوە، ڕێگای پوچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە خەڵک پێداگری لەسەر خەبات و داخوازییە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی و لەسەر مافەکانی خۆی بکات، لە دژی ئەم کەشوهەوای شەڕە، شوێن خەباتەکانی خۆی بکەوێت و ناڕەزایەتیەکانی لە دژی کۆماری ئیسلامی فراوان بکاتەوە. کۆمەڵگە بەهیچ جۆرێک نابێت تەنانەت لەچاوەڕوانیدا بمێنێتەوە تا ئەم دواین ئەڵقەیە کۆتاییە بگاتە کۆتایی. پێشتر هیچ پچڕانێک لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا نەبووە. وەبیرتان دەهێنمەوە کە ڕۆژی دوای هێرشی مووشەکیی ڕژیم بۆ سەر ئیسرائیل، گەورەترین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان لە تاران بەڕێوەچوو و یەکێک لە دروشم و داواکارییەکانی کۆتایی ئەم کەشوهەوای شەڕ و سەرکێشییە جەنگییەکانی ڕێژیم بوو. پێویستە ئەمجارەش بە هەمان شێوە هێرش بکرێتە سەری. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە و دەرئەنجامەکانی ئێستا بووەتە بابەتی گاڵتە و تەنزی خەڵک و هێرشی خەڵک بۆ سەر حکومەتێک کە دەیەوێت بە دژایەتی ئیسرائیل و دروشمی جەنگ و گرژی ناوچەیی خۆی لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە. خەڵک ئەمە دەزانێت و ئەم هۆشیارییە دەبێ و دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بە نیزام. ڕژیم لە سایەی ئەو هەلومەرجە گرژانەدا هەوڵی فراوانکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و گرتن و لەسێدارەدان دەدات. ڕێگای پوچەڵکردنەوەی ئەم هەوڵە تاوانکاریانە ئەوەیە کە زیاتر هێرش بکرێتە سەر حکومەت. هێنانە خوارەوەی کۆماری ئیسلامی تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاربوون نەک تەنیا خەڵکی ئێران بەڵکو خەڵکی هەموو ناوچەکە لە هێزە فاشیستەکانی هەردوو دیوی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە سەبازییە.

١٧ی موردادی ١٤٠٣، ٧ی ئۆگەستی ٢٠٢٤ لە لاپەڕەی گۆڤاری نێودەوڵەتیدا هاتووە




خوێن لە دەرگای کەرکووک دەدات.. شێرزاد حەسەن رەزا

محەمەد عەفیفی یەکێکە لە تەنزنووسە میسریە بەناوبانگەکانی جیھانی عەرەبی،لە کتێبی (تەنھا بۆ گەورەکان)دا دەڵێت: ئەگەر پیاوێک بەهۆی برسێتییەکی زۆرەوە بمرێت، ئەوە هۆکاری هیچی تر نییە جگە لەوەی پیاوێکی تر لە هەمان ساتدا بەهۆی تێربوونی زۆرەوە مرد…!ئەمە یەکسانیە یان دادپەروەری وەک ئەوەی لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستاندا،لە کادرێکی مارکسی دەپرسن،خودا دادپەروەری یان یەکسانی دەوێت ،ئەویش دەڵێت دادپەروەری.چونکە ئێمەی چەپ یەکسانیمان دەوێت و باوەڕدار نین.
لە بڕگەیەکی تری نووسینەکانی عەفیفی دا ھاتوە، زۆر حەزم لەخوێندنەوەی کتێبی خەیاڵیە،بۆ نموونە دوێنێ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤم ! دەخوێندەوە..
لێرەوە دەمانباتەوە ناو ئەو گاڵتەجاڕیە بەناوی مافی مرۆڤ و نەتەوە و مەزھەب و ئاینەوە دەکرێت و خەڵکی پێ فریو دەدرێت.
لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو،،خەڵکی گەرەکی شۆرەجە بۆ گەیاندنی داواکاری راکێشانی کارەبا بۆ بەشێک لە گەڕەک،کە تاو ئەو کاتەش کارەباییان پێ نەگەیشتوە ،بە کۆمەڵ دەکەونەڕێ بۆ لای موتەسەریف ،لە کاتی پەڕینەوە لە پردی خاسە،صالح کە یەکێک لە مشروب خۆرەکان و لەناو ئاپۆڕایی جەماوەردا ھاواردەکات.خەڵکینە ھەموو تاوانی ئەم گۆرگیسە نەعلەتیە کە ئارەق دەفرۆشێتە بەرپرس و موسڵمانەکان ،ھەر ئەمە وایکردوە ھەموویان سەرخۆش بن وئاگایان لە رەعیەت نەمێنێت.
مامە گۆرگیسی بەسزمانیش ھەموو تاوانی ئەوەیە ،پارەی زۆری لای صاڵەحەوە ،چیتر ئارەقی بەقەرز پێ نەداوە..
لەناو ھاوار و زەڵەی خەڵکەکەدا ھەڵدەکوتە سەر دوکانەکەی گۆرگیس و تێکوپێکی دەدەن،صاڵەح فرسەت دێنێ دەفتەری قەرزەکان دەبات..
پۆلیس و باڵباز دەکەونە وێزەی خەڵکەکەوە بڵاویان پێ دەکەن،بۆ رۆژانی دواتر صاڵەح دەچێتە نزیک مام گۆرگیس کە خەریکی دوکانە وێرانەکەیەتی،،پێ دەڵێت:ئارەقم پێ نادەی بەقەرز ئەوە ئەنجامەکەیەتی،مەمنوونی خوابە کە نەکوژراوی و بەساغی ماویت.
مام گورگیس دەڵێت :صاڵەح تۆ دەفتەری قەرزەکەم بۆ بێنەوە،وەعد بێت، قەرزەکانی تۆ رەش بکەمەوە و دووبوتڵی عەرەقی گوڵناریشت بە دیاری پێ بدەم..
ئەوەی دەستکەوتی موزەھەرەکەبوو، کارەبای گەڕەکی شۆرجە نەکراو و صاڵەح دووبوتڵ عارەق و مام گورگیسیش دوکانەکەی تێک پێکدرا..
گەر بەوردی بە رەھەندەکانی ئەم بەسەرھاتەدا بچینەوە،بە ئاشکرا لە ھەموو لایەکەوە بەردەوامی بە کێشەی کەرکووک دەدرێت ،لەسەر بنچینەی ئاینی و مەزەبی و قەومی و چی و چی..کۆتایی ئەم ھاتن و چوون و رێکنەکەوتن و یاریە سیاسیانە باش نابێت،خوێنێک و ماڵوێرانێک چاوەڕێ ی کەرکووک دەکات،کە رەنگە بە ھیچ باڵباز و قومیسەرێک شەڕەکە کۆتایی پێ نەھێنرێت.چارەسەری کێشەی کەرکووک لە کەرکووکە نەک جێگەی تر.ماڵوێرانی و ئاوارەی و نائارامی ھەربۆ کەرکووکە نەک شوێنی تر.
کورد و تورکمان و عەرەب و کێ و کێ متمانە و راستگۆیان گەرەکە نەک کۆبوونەوەی گەورەو ئەنجامی ھیچ.فرسەتە دوور لە چاوی کامێراو راگەیاندنەکان کۆبوونەوە بکەن و بگەن بە رێک کەوتن .زۆرترین دروشمی درۆینەمان لە راگەیاندنەکانەوە گوێ لێ بوو،وەک گاڵتەجاڕی مافەکانی مرۆڤ ،کەمترین کردارمان بینی.با خەڵکی کەرکوک نەمرێت لەبرسا و لە شوێنی تر ،خەڵک لە زۆرخۆری و تێردا دەمرن،مەکەونە دوای ھات و ھاواری صاڵەحەکان،ئەگەر نا کەرکووک بێ کارەبا دەمێنەوە و دوکانەکەی مام گورگیسیش وێران دەکرێت.خۆتان دەفتەری قەرزەکان رەش بکەنەوە.
خوێن لە دەرگایی کەرکووکدا دەدات و ھەڵکەوتەی جوگرافیایی شارەکە شێوە بازنەیی ھەیە و دەرگایی زۆرە بۆ ئەوەی واڵا بکرێت.لە ھەر ئان وساتێکدا ئەو خوێن و شەڕە بەرۆکی ئەو شارە دەگرێت.ناکرێت لە شارێکدا بەناوی جیاجیا ھێزی چەکدار و ئامادە ھەبێت،لە ھەر ماڵێکدا چەک و جبەخانە ھەبێت،شارێک خۆی لە لێوان لێوبێت لە بارووت و نەوت و بەنزین،لە ھەموو لایەکەوە گڕ و ئاگر بدرێت،ئیدارەدان شارێکی وا خەڵکی عەلیم و حەلیمی گەرەکە،لەیەک بڵاچەی چەرخێکەوە ماڵی تورکمان و کورد و عەرەب و مەسیحی و کلدانیش دەبێتە قەرەبرووت،سیاسەتمەداری ژیر و سیاسەتی حەکیمانە ،ئەوەیە لەمپەر لەبەردەم ئەو ئاشووبدا بگرێت نەک ختوکەی یەکتر بدەن،بۆ ھەڵگیرسانی شەڕێک کە خوا وخەڵک و شارەکە ناوێت.

شێرزاد حەسەن رەزا




به توندی سەرکۆنەی داخستنی بارەگای حزبەکان و دەستبەسەراگرتنی دارایـیەکانیان دەکەین.. ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

ڕۆژی (١-٨-٢٠٢٤)، کۆمسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە (ئەنجومەنی باڵای دادوەری) عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک حزبی دەرکرد، کە هەر سێ حزبی: (ئازادی و دیموکراسی)، (بەرەی خەباتی دیموکراسی)، و (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان)ن، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندیـیان بە لایەنی بیانیـیەوە هەیە و مەترسیـین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
بەپێی ئەو بڕیارەی کە (کۆمیسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان) دەریکردووە، دەبێ ئەو سێ حزبە سیاسیـیە هەڵبوەشێنرێـنەوە، بارەگاکانیان دابخرێت، و دەست بەسەر دارایـیەکانیاندا بگیرێت.
ئەم بڕیارە کە دژ بە ئازادی کاری سیاسی حزبەکانە، مەبەست لێی پتەوکردنی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی سیاسیـیە، کە ئەمە خۆی یەکێکە لە ئامانجەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیـیە (ئابووری، سیاسی، ئەمنی، و سەربازی)یانەی نێوان هەردوو ڕژێمی ئیسلامی-قەومی لە عێراق و ڕژێمی قەومی-شۆفێنیست لە تورکیا، بە هاوکاری حزبە قەومیـیە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان.
سەپاندنی پاشەکشە بەسەر ئەم ڕژێم و حزبە بۆرژوازیانەدا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پلانە هاوبەشانەیان، کە مەبەستیانە هەرچی زیاتر ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی سیاسی زاڵ بکەن بەسەر کۆمەڵگادا، هەروەها بە واقیعکردنی ئازادیـیە سیاسی و حزبـیـیەکان دژ بەو ڕژێم و حزبە بورژوازیـیانە، هەموو ئەمانە پێویستی بە خەباتێکی یەکگرتوو هەیە لە لایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخوازەوە لە هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا، ئەمەش لە میانەی هێنانەدی و پەرەپێدان بە ڕیزی خەباتی ئینتەرناسیونالیستی و سۆشیالیستی یەکگرتوویانەوە.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) ئەم بڕیارە سەرکۆنە دەکات، چونکە پێشێلکاری و دەستدرێژیکردنە سەر ئازادیـی سیاسی و ڕێکخراوەیـیە و ئامانجی داسەپاندنی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیـیەتی سیاسیـیە. وە داوا لە هەموو داکۆکیکارانی ئازادی سیاسی و ئازادی کاری حزبی دەکات، دژ بەو بڕیارە بوەستنەوە و کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بکەن.

١٥-٨-٢٠٢٤

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق




مژده‌.. شیعری ستار ئەحمەد

شه‌كره‌ ژنێك..
چێژه‌ عه‌شق،
نوقڵه‌ هیوا،
به‌فره‌ سۆزم پێده‌به‌خشێت.
ژنێك چوون شیعر،
له‌ئه‌وینا سه‌رمه‌ست و شێت.
ئێواران نسرمه‌ ‌سۆز،
شه‌وان شه‌رمه‌ خه‌و،
رووناكی دڵ،
له‌ئاسۆی ده‌روونی هه‌ڵدێت.
زه‌رده‌ی به‌یان هه‌ڵده‌سێنێ،
شاباڵی ئه‌مه‌ك توند ده‌گرێت.
هه‌تا ده‌گاته‌ ترۆپكی،
گه‌رمه‌ هه‌ناوی نیوه‌ڕۆ،
وێڵه‌ ژنه‌،
به‌دوای خۆی و رۆحی من،
دوندی ده‌روونا ده‌گه‌ڕێت.
پیتێك له‌ئاونگی لێوی،
چرپه‌یه‌ك له‌ترپه‌ی دڵی
هه‌ناسه‌یه‌ك له‌ماچێكی،
سفرێك له‌گۆی مه‌مكه‌كانی،
له‌بریسكه‌ی نیگایه‌كا،
به‌گلێنه‌م ده‌شۆمه‌وه‌،
چاوانم ده‌كه‌مه‌ ریچكه‌ی .
خه‌ونی ئاڵ،
ته‌مه‌نی شه‌نگی ئاواتی.
له‌كۆشما هه‌نسك ده‌دات،
عومرێكی نوێم پێده‌نووسێ،
به‌رگی لاویم ده‌كاته‌ به‌ر.
ده‌مبا به‌ره‌و،
شه‌و چرای ژوان.
گوڵه‌ خۆزگه‌،
لاسكه‌ تاسه‌،
ره‌گی مژده‌م پێ ده‌ڕوێنێ،
ژنێك له‌بۆسه‌ی ژیانا..
چه‌شنی چیا،
بۆ مانه‌وه‌م.
بووه‌ته‌ چاكترین سه‌نگه‌ر.

ستار ئەحمەد