شار بیرناکاتەوە: هیچکات هێندەی ئێستا شار پێویستی بە بیرکردنەوە نەبووە..6.. ئازاد حەمە

بەشی شەشەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

شار، کە بیرکردنەوەی تیانەما گاڵتە بە نیشتیمان دەکات
شار بیرکردنەوەی تیانەماوە بۆیە گاڵتە بە نیشتیمان دەکات. لە شاری بێ بیرکردنەوەدا، شاری تۆراو لە تێڕامان و تەنراو بە پەرتی و بەدبەختی دڵۆپێک خۆشەویستی بۆ نیشتیمان تیابەدیناکرێت. نووکی خامە لە شاری وادا سەری لێتێکچووە. بنمیچی ئەم جۆرە شارانە بێ هیوایی ڕایگرتوە؛ ئەمەی دەیڵێین ڕەشبینی نییە، دەرئەنجامی تەنهایی شارە.
شار، کە بە مێژووی خۆی نامۆ بوو، کە هەڵەی مێژوویی زۆری دەرهەق بەخۆی کرد، بێگومان دواتر زۆرینەی شار زوو زوو کولەمەرگانە ژیاندەکەن. لە شاردا مێژوو وەک بەدبەختی لێیدەڕوانرێت، بۆیە لە هیچ سوچێکی شارەوە بیری مێژوویی جێگای تێڕامان نییە.
شار لەبەرئەوەی، دەمێکە شرۆڤەی مێژوویی خۆی ناکات، گەیشتووەتە چڵەپۆپەی باوەڕبەخۆنەبوون و بێگانەپەرستی، ڕاهاتووە لەسەر قەیران، لەگەڵ قەیران هاوسۆزە. ئەم شارە قەیراناوییە، قەیرانی ڕۆشنبیرانیشی، لەبەر ئەو ڕقەی هەیەتی لە مێژووی خۆی، هەرگیز نانووسێتەوە. بۆیە ئەوی رۆژانە لە شاردا دەنوسرێت خودێکی ڕۆشنگەری دروستنەکردوە. وەکیتر، شار دەمێکە لەگەڵ ڕۆشنگەریی پەیوەندی قرتاندووە.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری بێ بیرکردنەوە بیمارە
شار بیمارە. بیماریی شار دەرمانی تری پێویستە. کاتێک شار بیمار دەبێت و دەرمانسازی یان بیمارناسی، هیچیپێناکرێت پێویستمان بە بیرکردنەوەیە لە خودی دەرمان، کە بۆ هیچیپێناکرێت؟
شار؛ شاری ئێستای ئێمە، نایەڵێت لە فەلسەفە، کە بیرکردنەوەیە، وەک دەرمان لێیڕوانین. فەلسەفە دەمێکە دەرمانە؛ چەندین سەدەیە. لێ فەلسەفە، ئەم دەرمانە، لە دەرمانخانەکانی شاردا دەستناکەوێت. شاری ئێمە لەو جۆرە دەرمانخانانەی نییە، کە وەک دەرمان لە فەلسەفە بڕوانێت.
دەرمانخانەکانی شار بەدەست سەرمایەدارە سیاسییەکانەوەن، ئەمانە ناخوازن فەلسەفە دەرمانبێت و فەیلەسوف دەرمانخانە بباتەڕێوە. هەر کە سەرمایەدارە سیاسییەکان لە فەلسەفەیان ڕوانی وەک دەرمان سەرمایەکانیان دەخەنە بەرمەترسییەوە. دەرمانخانە، کە بەدەست پارەدارەوەبێت، نەک پسپۆر لە نەخۆشیناسی و دەرمانساز شار ناتەندروستدەبێت. سەرمایەداری سیاسیی، کە ڕوو لە وەبەرهینان لە بواری دەرمانسازی دەکات پێش هەموو شتێک خەو بە بیماری و پەکەوتەیی ئێمەوە دەبینێت.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
فەلسەفە دیاردەیەکی شارییە
فەلسەفە، کە شای بیرکردنەوەیە، دیاردەیەکی شارییە. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شاری بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین، …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.
شار ئەو شوێنەیە، کە فەلسەفە لەخۆدەگرێت. شار و فەلسەفە دەستلەملانن. شار پێویستی بە فەلسەفەیە و فەلسەفەش شار دەکاتە گۆڕەپانێک بۆ هێنانەکایەوەی ململانێی بەرهەمداری هزریی و گفتوگۆی نادوبارە و پێویست.
فەلسەفە دیاردەیەکی شاریی مرۆییە. لەو شوێنەی شار هەیە، پێویستە فەلسەفەش هەبێت. فەلسەفە کە دێتە شارەوە گومان، تێڕامان و ڕەخنە دەستپێدەکات. وەکیتر، فەلسەفەیەک لە شاردا گەشەیکرد و هەقی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی و ئاینییەوە نەبوو فەلسەفە نییە. فەلسەفە کاتێک وەک فەلسەفە تەماشادەکرێت، کە بە چەنوچونە ڕۆژانەیەکانەوە سەرقاڵمانبکات و لە کێشەکانمان بدوێت.
کاتێک فەلسەفە دەبێتە دیاردەیەکی شاریی دەبێت لەوە بەئاگابین، کە شار پڕە لە دیاردە داماو و نەگبەتەکان. ئەمە داوامان لێدەکات پرسیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دروستکەین.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە
شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە. شار چ شارێکە حەز لە چارەی فەلسەفە نەکات، کتێبی فەلسەفیی تیاییدا هەرزانترین کتێب بێت، شانۆکان، تابلۆکان، فیلمەکان، وانەکانی هۆڵەکانی زانکۆ، گفتوگۆی نێوان هاوڕێیان دوور دووربێت لە فەلسەفە؟؟ ئەوەی لەم بارەوە وەک وەڵام دەشێت بوترێت، ئەوەیە، کە دۆخی نالەباری فەلسەفە لە شارەکانی ئێمەدا بەرهەمی ئێستا نییە، ئەم دۆخە دیرۆکی هەیە.
شار کە بێ ئاگا بوو لە سەرچاوەی بیری یۆنانی و رۆمانی واتە ئەم شارە بیرمەندی نییە. شار کاتێک دەکارێت بڵیت بیرمەندم هەیە، کە ئەوانەی پێیان دەوترێت بیرمەند لەلایەک ئاشنابن بە سەرچاوەی بیری یۆنانی و ڕۆمانی و لەلایەکی تر خوێنەرێکی باشی مێژووی هزر و ئایینەکان بن. شاریش کە بیرمەندی نەبوو کاولگایە، باشترین شوێنە بۆ گەشەی نادادی و بێ وەفایی.
شاری بێ بیریار، شاری بێ بیرکردنەوەیە، شاری وا دین و دەوڵەتی لێکجیانەکردووەتەوە و ترسیشی لە جیاوازیی هەیە. لە شاری لەم شێوەیە ڕێنێسانس ناخوڵقێت، گەشە پەرت و پەرشوبڵاوە و ڕەوتی هزری جیاوازیش بوونی نییە؛ شتەکان هەموو هاوشێوەن؛ هاوشێوەیی بکوژی جیاوازییەکانە.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت
ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت. شاری بێ فەلسەفە شاری بێ فەیلەسوفە. باشە پێوەرە شارستانییەکان سەبارەت بە نەبوونی فەیلەسوف لە شار دا چیمان پێدەڵێن؟ ئەوەمان پێدەڵێن، کە ئەوە چ شارێکە بانگەشەی بوونی فەیلەسوفهەبوون دەکات و فەلسەفەی نییە! شارە بێ فەیلەسوفەکان ڕاڤەکارییان تیا بەرهەمنایەت. ماقوڵ نییە فەیلەسوف نەبێت و باشترین شیکاریش هەبێت. ناکرێت هزری فەلسەفیی نەبێت و توێژینەوەی فەلسەفیی هەبێت. شار و فەیلەسوف پێکەوە هەن. مەگەر هەر زوو پیرەمێردەکەی یۆنان(ئەفلاتون) نەیووت: فەیلەسوف دەبێت شار بباتەڕێوە. کوا شار قسەی فەلسەفیی بەهەند وەردەگرێت. لە شاردا، کە وتنی فەلسەفیی لە قەیراندا بوو، ئەوا لەو شارە کۆی وتن لەژێرپرسیارە.
گەر لە شاردا فەلسەفە هەبێت جێگا فەراهەمدەبێت بۆ ناجۆر و جیاوازەکان، بۆ ئەوانەی لە ئێمە ناچن و ئێمەش، کە لە ئەوان ناچین. شار گەر شاری کۆکردنەوەی جیاوازەکان نەبێت شار نییە؛ مەرجەکانی شاربوونی تیانییە. هەر ئەو شارەی دان بە جیاوازییەکان ناهێنێت نە فەلسەفەی هەیە و نە فەیلەسوف.
٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری فەلسەفەدار ئازادی ڕەسەنی تیایە، نەک کۆپی
شار و ئازادی وەک شار و فەلسەفە دەستلەملانە. کە فەلسەفە لە شاردا هەبوو ئازادی هەیە؛ ئازادی ڕاستەقینە، نەک ئازادی گەندەڵکراو. ئازادی و فەلسەفە پێکەوە مانا بە بوونی شار دەدەن. شار بە ئازادییەوە جوانە. فەلسەفە دەتوانێت لە ئامدەبوونی شاردا گفتوگۆی ئازادی بکات.
ئازادی زێدەرۆیتیاکراو ئازادی نییە و فەلسەفە لێیبەگومانە. بۆئەوەی شاریش بخرێتەژێرپرسیارەوە پێویستە فەلسەفە لە شاردا بوونی هەبێت. ئەمەش نایەتەدی تا ئازادی چەتری فەلسەفە نەبێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئازادی پارێزەری فەلسەفەیە و خودی فەلسەفەش لە گەرووی ئازاددا چرۆدەردەکات.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە
فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە. هەنووکە شار لێوانلێوە لە کێشە. شاریش کە وابوو پێویستی بە فەلسەفەیە. وەکیتر، شار و ئێمەی کورد هیچکات هێندەی ئێستا پێویستمان بە فەلسەفە نەبووە. شار پڕە لە زٶڵە سیاسی، زۆڵە نووسەر، زۆڵە پەروەردەیی، تەکفیریی، مناڵەکانی نیولیبرالیزم، دڵخوازەکانی سۆسیال میدیا، زۆڵەژورنالیست، سیاسی چەنەباز و داوێنپیس و سەرمایەداری بێ ئاگا لە واتای سەرمایە و مافەکانی کرێکار.
شار موحتاجی فەلسەفەیە. کێشەکانی شار، شار ناچاردەکات کاری بە فەلسەفە بێت. شار، کە بێ کێشە بوو فەلسەفەی ناوێت. لەو شوێنەی فەلسەفە هەیە، کێشەیەک بوونی هەیە. فەلسەفە هەیە تا کێشە دەستنیشانبکات؛ بەدوای چارەسەر و وەڵام بۆ کێشەکان بگەڕێت.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
بیرکردنەوەی شاری ئێستای ئێمە فەلسەفیی نییە
ئەو نەختە بیرکردنەوەیەی لە شاردا هەیە فەلسەفیی نییە. فەلسەفیی بوایە بیرکردنەوەی بەدوا دەهات، پرسیار دروستدەبوو و تێڕامان لێرە و لەوێ گڤەی دەهات. بەرپرسیارێتی بیرکردنەوەش دروستنابێت شار بێ فەلسەفە بێت.
مێژووی گەشەسەندنی بیری فەلسەفی لە شارەوە دەستپێدەکات. ئەو مێژووەش لە دەرەوەی بیرکردنەوە نییە. بیرکردنەوە و شار یەکتر بەرەو پێشەوەدەبەن. بیرکردنەوە شار دەگۆڕێت. شار بێ بیرکردنەوە جێگیرە، وەستاوە.
شار شوێنی چالاکییە مرۆییەکانە. ئەوە شارە، کە دواجار کردە داهێنانییەکان دەخاتەڕوو. داهێنان لە شاردا وێنەیەکیتر لەسەر شار دروستدەکات؛ بیرکردنەوە بەرەو ئاستێکیتر دەبات. خودی سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفییش بەشیکە لەم پرۆسەیەیە لە شاردا.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شار و داهێنان
ئازاربەخش و پێکەنیناویشە شار پشت لە فەلسەفە بکات. سەیرە، شار پێیوابێت بێ فەلسەفە میدیا، شانۆ، موزیک، سیاسەت و داد تیایا سەروەردەبێت و بێ فەلسەفە زانکۆ، پەروەردە و نێوەندەکانی توێژینەوە کارەکانیان بەڕێوەدەچێت.
بیری فەلسەفیی ڕاستەقینە کۆی بیرە داهێنییەکانی شارە. شار مۆڵگەی داهێنانە، بنکەی چەنوچونە ڕەخنەییەکانە. لە شاردا سینەما، شێوەکاری، بالێت، شانۆ، ئۆپێرا گەشەدەکات. ئەم بوارە داهێنانییانە توانای بیرکردنەوە لە شاردا بەرەو ئاستێکیتر دەبات.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
کاتێک شار بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە
شاری سیاسیی و ئاینیی (لاهوتیی) بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە. شاری ئێمە بەئاشکرا والە پرسیاری فەلسەفیی، بیرکردنەوە دەکات بچوکبکرێتەوە بۆ پرسیاری ناسنامەیی سیاسیی یان نەتەوەیی یان ئایینیەکان. ئەو بیرکردنەوەیەی بەو پرسیارانەوە سەرقاڵدەبێت لۆکاڵی و سادە دەبێت. بۆیشە شار بێ بیرمەندە. بیریار لەناو ئەو جۆرە ژینگەیە دروستنابێت، کە بە پرسیارە بچووکەکانەوە سەرقاڵە.
بەرژەوەندی شاری ئێستای ئێمە ئەوەیە، کە شار نزیکبێتەوە لە شەڕە قسەی سیاسیی و ئایینیی تەکفیریی و سەلەفیی. شاری ناساغ لەزەت لەوە وەردەگرێت، کە شار لە دۆزی خۆی بیرنەکاتەوە. شارێیک، کە دۆزی خۆی نەخستەژێرپرسیارەوە؛ کە لە شاربوونی خۆی تێڕامانینەکرد، ئەو شارە جێگای متمانە نییە. شار پێویستە دڵسۆزی خۆی بێت. شارێک بەرامبەر بە دیرۆکی خۆی بەوەفا نەبوو؛ کاری لەسەر دۆخی شاربوونی خۆی نەکرد، هی ئەوە نییە هیوای لەسەر هەڵچنرێت. شاری لەم شێوەیە بەربەستە لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری دوای ڕاپەڕین
شاری دوای ڕاپەڕین بیردەکاتە؟ بەڵێ بیردەکاتەوە، لێ لە چی؟ ئەوەی شاری دوای ڕاپەڕین بیریلێکردوەتەوە بە چی گەیاندین؟ بە زۆربوونی حیزب، بە زۆڵەژۆرنالیست، بە سیتی دروسکردن، بە کۆمپانیای حیزبی، بە زۆربوونی کۆمیتە و بە سەرەڕۆیی سیاسیی گەیاندین.
شاری دوای ڕاپەڕین بێ هیوایکردنین لە دروستبوونی وتارێکی ڕوناکبیریی فەلسەفەدار. نوسینەزبڵ زیادیکرد، چاپخانە و کتێبفرۆشی زۆر و زۆر بوون، ئەڵبەتە بێ ئەوەی فەلسەفە خاڵی هاوبەشی نێوان زانکۆ و چاپخانەکان بێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە هەڵەنەبین نزیک ملیۆنێک سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێل و گفتوگۆ سازکراوە بێ ئەوەی فەلسەفە لەناویان بخولێتەوە، بێ ئەوەی فەلسەفە زمانی هۆنینەوە و داڕشتنی کار و سێمینارەکان پێکبهێنێت.
گشت گفتوگۆکانی ئەو سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێلانە چییان بەرهەمهێنا؟ دۆزی پەروەردە، تەندروستی، بڵاوبوونەوەی ناساغی و بیماریی کوشندە، ژینگە، مناڵ، باری پیر و خانەنشینی خستە ژێپرسیارەوە؟ ئەوەی بەرباسخست بۆ سیاسیی هەم سیاسییە هەم سەرمایەگوزار و بگرە ڕوناکبیریشە؟ بۆ ژن دەکرێتە فیگەر و دەشکرێتە کاڵا؟ ئەوەی گرنگی پێنادرێت پیرە. لاوانیش دۆخیان لە پیرەکان باشترنییە؟
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری ئێمە شوێنێک نییە بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان

شار گریمانە و وەڵامی ئامادەکراو بەرهەمدێنێت؛ ئەمەش لەبەر بێ هزرییە شار پرسیاری نوێ ناکات و پرسیاریش خولیای دۆزینەوەی وەڵام نییە. کاتێک شار شوێنێک نەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان ئەوکات بەڵگەمەندی و بیانووهێنانەوە بێ بەها دەبێت. لۆژیك، کە هونەر و زانستی بەكارهێنانی ئاوەزە ،بڕیارێکی ژیرانەشە لەسەر چی هەڵەیە و چیش ڕاستە، لە شارەکانی ئێمەدا نالۆژیک حاکمە و پێویستیش بۆ بەڵگەهێناوە یان دژەبەڵگە بوونی نییە.
قەدەغەکردن لە شاردا کاتێک دەستپێدەکات، کە فەلسەفە کۆچیکردبێت. لەبەرئەوەی فەلسەفە لەسەر بوون و بوونەوەر قسەدەکات، کار لەسەر شیکاریی و گومان دەکات. شار، کە نەیتوانی گومان بەخێوبکات خۆی لەسەر پاساوی بێ بناغە و بەڵگەی دور لە ڕاستی ڕادێنێت. ئەمەش پرسیاری بۆش و وەڵامی ژەنگاوی بەدوای خۆیدا دێنێت.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
کە لە شاردا بیرکردنەوە نەما شیعر، شانۆ، هونەری خراپ باودەبێت

چەند دیاردەیەکی کوشندەیە، کاتێک لە شاردا بیرکردنەوە نامێنێت و شیعر، شانۆ، هونەری خراپ دێنەکایەوە. ئەمە ناکرێت وەک کێشەیەکی لاوەکی شار ببینرێت. ئەو بوارانە کردەیەکن لە بیرکردنەوە، گەر ئەوە وەزعیەتی شار بێت، کە پێشتر باسکرا، لەسەرەخۆ شیعر، شانۆ، هونەر لە ئاستێکی نادرەوشاوەدا دەبن.
تیشک خستنەسەر دۆخی بیرکردنەوە لە شار بێ ئاوڕدانەوە لە ئاستی شیعر، شانۆ، هونەر تێنەگەیشتن لە ئاسۆی شار دروستدەکات. مخابن، کاتگەلێک هەبووە ئەم شارەی ئێستامان ئەدەب تیایا لە ترۆپک دا بووە، نووقمی ناو ژینگەیەکی کولتوری بووە. کەچی ئێستا شار ڕقی لە بەرهەمەکانی خۆیەتی.
کۆشکی ئەدەبیی ئێستامان لە شار هی لەمەوبەرە. بەرلەوەی ئەم ئێستایە بێت بە سەلیقەوە ئەم کۆشکە دروستکراوە. خۆ پێشتریشمان پڕبووە لە ناخۆشگوزەرانی، نەهامەتیی و ژیانێکی سەرسەختانە، بەڵام ئەو دەمە هێشتا بیرکردنەوە مابوو؛شار ئەو کات پڕ بوو لە بیرکردنەوە.
سەرئەنجام، زیادەڕۆییە ساتەوەختی ئێستامان لا پێبەرهەمدار بێت. تاکە شتێک شار پێوەی سەرقاڵە دیاردەی سێکسیزم و پارەگەراییە. گەر شیعر، شانۆ، هونەری ئێستامان بەگژ ئەم دوو دیاردەیەدا نەچێتەوە مشەخۆردەبێت لەسەری بیرکردنەوەی پێشوومان.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شار و شارەوانی پەیوەندیان زۆر خراپە
شار حەوسەڵەی بیرکردنەوەی نەماوە و شارەوانیش بێ بیرکردنەوە هەنگاو دەنێت. هاوکات شار و شارەوانی لای ئێمە پەیوەندیان زۆر خراپە. شار بە قسەی شارەوانی ناکات و لە مێژووی شاربوونی خۆیشی تێناگات. شار بێ گوێدانە خۆی گەشەدەکات، شارەوانیش مامەڵەی بێگانە لەتەک شاردا دەکات. شار لە شارەوانی یاخییە، چونکە شارەوانی شار بۆ مەبەستی سیاسیی و بازرگانیی خۆی بەکاردەبات.
شار و شارەوانی دژی جوانیین؛ دژی ژینگە و ڕێکخستنن. کەش و هەوای سیاسیی شاریش لەوبارەوە هاوکارە. شار، کە لە جوانی خۆی حاڵینەبوو، کە بایەخپێدەرنەبوو بە سروشت و ئاو و هەوای خۆی، گومانیناوێت ناتوانێت خۆی خۆشبوێت. خۆشەویستی شارەوانی بۆ شار بە لافیتە و گوزارەی نەتەوەیی کاتیی پینەناکرێت؛ شارەوانی دەبێت لە تەلار تێبگات، لەوە حاڵیبێت تەلارسازی قاچێکی لەناو جوانناسییە.
دیاردەکانی شار دوژمنی بیرکردنەوەی جوان و باشن. کێ بوون ئەوانەی شاریان بەم دەردەبرد؟ ئەوانەی ناهێڵن شار بیربکاتەوە. شار،کە جوان نەبوو، کە دژە جوانیبوو ئەوکات بیرکردنەوەی پەروەردەیی و بیریی ژینگەپارێزیی بێبەهادەبن. شار بەمجۆرە بێت، نە لێبووردە دەبێت و نەش لە مانای دراوسێی و هاورێیەتی تێدەگات. شاری ئێستامان بووەتە، کراوەتە، موڵکی پۆلێک سیاسیی و بازرگانیی لادێی ناشاریی، کە ڕقیان لە شارە؛ لە واتای شاربوون و جوانکاریی شار تێناگەن. ئەم پۆلە لەوە حاڵی نیین، کە شار شوێنی سینەما، بالێت، شانۆ و ئۆپێرایە.
سەرئەنجام، شارەوانی، بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی، گوشاردەخاتەسەر شار. ئەمەش پێگەی شار لاواز دەکات و پەراوێزکارییش لە شاردا دەگەیێنێتە ترۆپک؛ مخابن شاریش لەوبارەیەوە پرسیارناکات. شار تائێستا لەوە تێنەگیشتووە لەسەر بنەمای تۆڵەسەندنەوە گەشەناکات. شارەوانی سەرقاڵی شتی ژێر بەژێرە؛ ئەم دیاردەیە فرە زیادیکردوە، شاریش لە گۆڕانکارییە خێراکان، کە شاریان قۆزتووەتەوە، تێڕامانناکات.

سەرنج: بەشی شەشەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟




هەرێمی کوردستان بازاڕێکی گەورەی سەرمایەی جیهانی ، و خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵکی چەوساوە!.. سابیر . م

مەسەلەی دواکەوتن و نەدانی مووچەو پاشەکەوتکردنی مووچە ، بۆتە تارماییەکی ڕەش بەسەر سەری چینە هەژارو کەمدەرامەتەکانی خەڵکی کوردستان لەو ناوچەیە . ئەم سێبەری تاغوتەی کە بەسەر سەری خەڵکی چەوساوەوە دانراوە، گەلێک هۆی ئابووری، سیاسی ، وە ئەمنی ، وە هەروەها ستراتیجی گەمژاندنی خەڵک و دوورخستنەوەیان لە خەباتی چینایەتی بنەڕەتی هەیە ، کە ڕەنگە لەم کورتە باسەدا مۆڵەتی ئەوەمان نەبێت بچینە سەر ووردەکاریەکانی ئەم هەلوومەرجە وە ئەم سیاسەتە دیاریکراوە.

بەڵام وەک سەرنجێکی سەرپێی ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێت ، کە :

یەکەم ؛ سیاسەتی پێکهێنانی حومەتێکی تائیفی و ەقەومی و مەزهەبی لە عێراق ، خۆی لە خۆیدا ستراتیژیەتێکی گەورەی ئیمریالیزمی ئەمریکاو سەرمایەداری جیهانی لە پشتەوە بووەو تا ئێستاشی لەسەر بێت.
دووەم ؛ دانانی ئەم جۆرە حوکومەتە تائیفیە ، بەمانای پێدانی مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان نیە، کە بتوانێت سەربەخۆیانە ئیدارەی خۆی بدات.
سێیەم ؛ لە ڕواڵەتدا وەک گەمەیەک یان پلانێکی سیاسی نێوان دەسەڵاتداریەتی هەرێم و بەغدا بێتە بەرچاو ، بەڵام لە بنەڕەتدا خودی تەواوی دەسەڵاتدارانی بەکرێگیراوی کوردو عەرەب و تورکومان و ە ئەوانی تریش ، هەر هەموویان هاوپەیمان و شەریکی یەکترن لە دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و داهاتی ئابووری عێراق وە کوردستانیش ، وە بۆ ئەنجامدانی ئەو سیاسەتە مەرکەزیانەی خۆیان وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ، جۆرێک لە ناتەبایی و ناکۆکی ڕووکەشیانە و سەرلێشێواوی و تەپوتۆز و کوێرکردنی جەماوەر پیادەئەکەن ، وە وای نیشان ئەدەن کە بەرژەوەندی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەسەڵاتی بەغدا، دوو شتی جیاوازو ناکۆکن بەیەکتر .
چوارەم ، لای هەمووان ئاشکرایە کە خودی حیزبە چەکدارەکانی کورد پشتیوانی سەرەکی ئەمریکیەکان بوون، بە پلەی یەکەم ، وە دواتریش حیزبە شیعەکانی بەرەی موقاوەمەت ، بەکرێگیراوی ڕاستەوخۆبوون لە جەنگی ئیمپریالیستانەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا دژ بە عێراق و کوردستان ، وە تا ئێستاش ئەوان سەرخەتی تەواوی ئەو سیاسەتەی ئەمریکاو دەستوورێک کە بۆ عێراق و حوکومەتی مەرکەزی داناوە لە بەغا ئەبەن بەڕێوە .
پێنجەم ؛ خودی کۆمەکی ئەمریکیەکان وە ئیمپریالیزمی جیهانی کە ناوچەی هەرێمی کوردستان بکەن بە نموونەیەکی دەسەڵاتداریەتی بەناو دیمۆکراسیانەی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە، وە بیگۆڕن بە ناوچەیەکی ستراتیژی و بنکەیەکی موخابەراتی و چەقی ئاڵوگۆڕی سەرمایە لە ناوچەکەدا ، وە لە ڕووی پێشکەوتنی ئینفڕاستوکتوریەوە واتە گەشەی میعماری و دروستکردنی ناوەندە ڕەفاهیەکان بۆ خودی سەرمایەدارانی بیانی و ناوخۆیی ، کراونەتە هۆیەک و ئامرازێکی بەراوردکارانە لە بەرامبەر بە مۆدێلی حوکومڕانیەتی شیعەو ئێران بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، واتە ئەم جیاوازی گەشەی میعماریە ی هەرێم نیازێک و ئامانجێکی ستراتیجی سیاسیانەی ئەمریکای لە پشتەوەیە .

شەشەم ؛ دواخستن و پێنەدانی مووچەو ، گۆڕینی بە کێشەیەکی سەرتاپاگیری ناوچەکە ، لە پێناو زیندووڕاگرتن و گەشەپێدانی بیروبۆچوونی ناسیۆنالیستی و شۆڤێنیستی نێوان نەتەوەی کوردو عەرەبە و ، وە ڕێگە گرتنە لەهەر هاوخەباتیەکی هاوبەش لەبەرامبەر خودی تەواوی دەسەڵاتدارانی بۆرژو – کۆمبرادۆری کوردو وعەرەب و نەتەوەکانیتر .
لە لایەک دەسەڵاتدارانی هەڕێم لەپێناو گەیشتن بە ئیمتیازاتی زیاتری خۆیان ، وە دەستگرتن بەسەر تەواوی خێرو بێراتی ئەو ناوچەیە ، کە بواری ئەوەیان بۆ نەماوەتەوە ، مووچەو خەرجی ژیانی خەڵک و خزمەتگوزاریە گشتیەکان پێشکەش بە جەماوەر بکەن ، تاوانی نەدانی مووچە ئەگێڕنەوە بۆ خودی دەسەڵاتداریەتی مەرکەزی ، ئەم کێشەیەش لە سەر بنەمای ئەو ناکۆکیانە هاتۆنەتە ئاراوە ، کە پەیوەندیان بە پشکی بودجەو داهاتی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا بەگوێرەی ڕێژەی دیاریکراوی دەستووری عێراق ، لە بەروارد بە داهاتی نەوت و گازو گومرگی دەروازەکان و داهاتەکانی تری ناو خودی ناوچەکانی هەرێم ، کە ئەچێتە دەسته دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیانەوە ، کێشەی ململانێەکی گەورەی ڕەوتە شۆڤێنیستیەکانی ناو دەسەڵاتی مەرکەزی دروستکردووە ، لە بەرامبەردا دەسەڵاتێکی قەومی کۆنەپەرست و کەمتەرخەم و مشەخۆر دژ بە جەماوەری خەڵکی هەژار و کارگەرە لە هەرێم .

هەروەها هەوڵێکە لەلایەن حوکومەتی بەغداوە ، بۆ ڕاکێشانی ڕاوبۆچوونی خەڵکی کوردستان و هەرێم ، بۆ لایەنگریکردن لە سیاسەتێکی شۆڤێنیستانە دژ بە خودی خەڵکی هەرێم خۆی ، لەبەرامبەر هەر فەسادێکی ئیداری و فینانسیی کەلە هەرێم ئەنجام ئەدرێت لەلایەن سەرانی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە ، وە داهاتی ئەو ناوچەیە ئەچێتە گیرفانی توێژێکی دیاریکراوی چینە داراکانەوە .

لە سەرجەم کۆی تەواوی ئەم هەنگاوانەو ئەم سیاسەتە ئیمپریالیستیانەو گەشەو دەستگیرۆیی ئەحزابی قەومی حاکم لە هەرێم و مەزهەبی و تائیفی لە بەغدا ، ئامانجە سەرکیەکەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداریەتی ئەمریکاو ئێران بە گوێرەی تای تەرازووی سیاسەتە نێودەوڵەتیەکان لە ناوچەکە بپارێزن و ەدرێژە بەم جۆرە مۆدێلە لە حوکمظانیەتێکی تائیفی و مەزهەبی و فیدڕاڵیەتێکی ڕوکەشانە ، بدەن لە عێراق و هەرێم ، ئەمە لە لایەک ، لەلایەکی ترەوە بتوانن رێگری بکەن لە گەشەی هزرو بیری سۆسیالیستی و ڕادیکاڵانە بدەن لە کۆمەڵگادا ، وە خودی جەماوەری کارگەرو چەوساوەکان دوور ڕابگرن وە سەریان نەپەرژێتە سەر ئەوەی کە خەباتی هاوبەشانەی خۆیان دژ بە سەرجەم سەرمایەدارانی کوردو عەرەب ڕێکبخەن ، وە کۆمەڵگا تاسەر لەم سەرگەردانیەتە بهێڵنەوە.

سابیر . م
٢٤ / ٨ / ٢٠٢٤

دارایی عێراق داوای لیستی مووچەی مانگی 8ی هەرێم دەكات – خەڵک میدیا




ئاشـتـبوونەی رەنگـەکان.. رەزا شـوان

رۆژێک رەنگەکان، لە شوێنێکـدا بە یەکتری گەیشـتن. هـەر رەنگـێک بە شـان و باڵی خۆیـدا هـەڵـیدا و خـۆی بە (شـاڕەنـگ) دەزانی.
زەرد: مـن رێـزێکی تایبەتـیم هـەیە، چونکە مـن رەنگی زێـڕم، رەنگی گەنـم و لـیمـۆم. بە شانـازیشـەوە دەڵـێـم، رەنـگی رۆژەکـەی سـەر ئـاڵای کوردسـتانـم.
ســەوز: زۆر کەس هـۆگری جـوانی منن. چونکە مـن رەنگی بەهـارم، رەنگی هـیوا و ئـومێـدم. رەنـگی ژیـان و ژیـانـەوەم. رەنـگـێکی پـیـرۆزم. دڵـخـۆشــم کـە یەکــێکـم لە چـوار رەنـگەکەی ئـاڵای کوردسـتان.

سـوور: مـن رەنـگی لاوی و جـوانیـم، رەنـگی شـۆڕش و راپـەڕینـم، رەنـگی گەرمی و ئاگرم، رەنگی گوڵاڵە سوورە و گوڵە ئەرخەوانم. بێ خۆهەڵکـێشان، مـن رەنگی ژیـانم.
شـین: من رەنگی ئاسمانی بێ کۆتاییم، رەنگی ئاو و رووبار و دەریا و ئۆقیانووسەکانم، لەلای زۆر کەس رەنگـێکی پەسەنـد و جـوان و نـاوازەم.
سـپی: مـن رەنـگی ئـاشـتی و دڵـپاکـیـم، رەنـگی کـراسـی بـووکـێـنـیـم، رەنـگی بەفــرم. رەنگی پەلکە جوانەکانی گوڵە نێرگـز و گوڵە حاجـیلەم، بـۆیە خۆشەویستی هەمووانـم.
هەریەکەش لە رەنگەکانی، وەنەوشەیی و پەمەیی و قاوەیی و پرتەقـاڵی و شەکەری و خۆڵەمـێشی و رەش، ئەوانیش کەمیان نەوت و بە جـوانی و بە شـان و بـاڵی خۆیـانـدا هـەڵـیانـدا و خـۆیـان بـە شـاڕەنـگ دەزانی.
رەنگەکان لەسەر ئەوەی کە کامیان شایەنی نازناوی (شاڕەنگ)ە، بـوو بە مشتومـڕ و هەرایـان و لـە یەکـتری زویـر بـوون.
لەم کاتەدا، منداڵێکی رووخۆش و چاوگەشی کورد، چووە نێوان رەنگەکانەوە. تێنووسی وێنەکـێشانەکەی و پاکەتێک پێنووسی رەنگاوڕەنگی بۆیەکـردنی لە جانتاکەیـدا دەرهـێنا. لەسـەر لاپـەڕەیەکـدا، بە پێـنووسـێکی رەش، وێنـەی دیـمـەنـێکی کـێـشا. وەرزی بەهـار بـوو. منـداڵـەکە دەسـتی بە رەنـگکـردنی تابـلـۆکـەی کـرد. قـەد پـاڵی زنـجـیرە چـیاکـانی سەوز و قاوەیی کرد، سەر لووتکەکانیانی سپی کرد. دەشتی دامـێنی چیاکانی سەوزکرد. بە گوڵاڵەسوورە و ئەرخەوان و نێرگـز و بەیـبوون و مـینا و وەنەوشە و گـوڵەزەردە و بە چەنـدیـن گـوڵی جـوانی رەنـگاوڕەنگی تـر رازانـدیـیەوە. ئـاوی جـۆگەکە و ئاسمانی سەروی شاخەکانی شـین کرد. لە نێـوان دوو لـووتکـەی زنجـیرە چـیایەکەدا، خـۆرێکی گەشی تـیشـک زێـڕینی بە رەنگی زەرد کـێـشا. لە دامـێنی زنجـیرە چـیایەکـەدا، وێنـەی گونـدێکی قەشەنگی کـێشا. هـەریەکە لە خانووەکانی گونـدەکەی بە رەنگـێک رەنگـرد. پـەلـکە زێـڕیـنـەیـەکی کەوانـەیی حـەوت رەنـگی، لە ئاسـمـانی گـونـدەکـەدا کـێـشـا. لە سەربانی قـوتابخانەی گونـدەکەشـدا، لە قـەدی سەروی سـتوونـێکی داری زۆر بەرزدا، ئـاڵای رەنگـینی کوردسـتانی بە هـەر چـوار رەنـگەکـەی کـێـشـا. منـداڵـەکە تابـلـۆیەکی رەنگـینی زۆر جـوانی، بـە هـەمـوو رەنـگەکان رازانـدەوە. لەژێـر تابـلـۆکەیـدا نـووسی
“دیـمەنـێکی کوردسـتان”. ئیـنجـا لەپـێـشی رەنـگەکانـدا هـەڵـیواسی. رەنگەکان کە ئەو تابـلـۆ رەنگـیـنەیان بـيـنی. زۆر سەرسام بـوون! هـەسـتـیان بـەوە کرد، راسـتە کە هەر رەنگـێک جـوانی و دڵخـوازی خـۆی هـەیە، بەڵام کە پـێکەوەبـن، جـوانـتر و رەنگـینـتر دەبـیـنـرێـن و دەبـن بـە تـەواوکـەری یەکـتری.
رەنگەکان دەستیان خـستە ناو دەستی یەکـتری و ئاشتبوونەوە. چەپـڵەیەکی قـایـمشیان
بـۆ ئـەو منـداڵـە هـونـەرمـەنـدە بـلـیـمـەتـە و بـۆ تابـلـۆ جـوان و رەنـگـیـنەکەی لـێـدا.




دزی شەریف و نیشتمانفرشی دز.. وەرگێڕانی: نەوزاد بەندی

شاعیر و نووسەری پاکستانیی میرزا ئەدیب ، کە لە ساڵی 1999 دا کۆچی دوایی کردووە ، لە ووتارێکیدا ئەڵێ :
لە کارەکەم دەرکرابووم ، بەڵام مانگانە بڕە پارەیەکم بۆ دایکم ئەنارد ، بەڵام ئەو مانگە تەنها 9 ڕوپیەم پێ بوو ، لە زەرفێکی نامەدا دامنابوو ، ناونیشانی دایکمی لەسەر بوو ، بە نیاز بووم لە ڕێی پۆستەوە بۆی بنێرم ..
کە لە پاسەکە دابەزیم ، ئەبینم زەرەفەکە لە گیرفانمدا نەماوە و دزراوە ..
هەرچەندە 9 ڕوپیە زۆر کەم بوو ، بەڵام لەو کاتەدا کە بێ ئیش بووم ، زۆر بوو ، بە تایبەت بۆ دایکم کە زۆر کەمدەست بوو ..
ئەوەی بە لامەوە سەیر بوو ، پاش چەند ڕۆژێک نامەیەکم لە دایکمەوە بۆ هات، پێش ئەوەی نامەکە بکەمەوە توشی دڵەڕاوکێ بووم، دڵنیا بووم لەوەی دایکم گلەیی ئەوەم لێ دەکات کە بۆچی پارەی مانگانەم بۆ نەناردووە ، کەچی کە نامەکەم کردەوە ، نوسیبووی : زۆر سوپاس کوڕی ئازیزم بۆ ئەو 50 ڕوپیەی بۆت ناردووم !!

سەرم سوڕما ، ئاخۆ کێ بێ 50 ڕوپیەی بۆ دایکم ناردبێ ؟
پاش چەند ڕۆژێک ، نامەیەکی ترم بە دەست گەیشت ، کە بە خەتێکی ناشیرین نووسرا بوو ، بەو حاڵە جا ئەخوێنرایەوە ، تیایدا نووسرابوو : ( ناونیشانەکەتم لە زەرفی نامەکەتا دۆزییەوە .. کە گیرفانتم بڕی و نامەکەتم خوێندەوە ، دایکم و دایکتم بیر کەوتەوە ، هەر بۆیە 41 ڕوپیەم خستە سەر 9 ڕوپیەکەت و ناردم بۆ دایکت ، چونکە ناکرێ دایکت بە برسێتیی بتلێتەوە ..
نەمویست گوناهی تۆ و دایکیشت هەڵبگرم !! )

بە ڕاستی لە سەردەمێکدا ئەژین هەندێک دز زۆر لەوانە شەریفترن کە دروشمی نیشتمانپەروەرییان بەرز کردۆتەوە و هیچ بەزەییەک و لێپرسراوێتییەکیان تێدا بەدی ناکرێت و .. هەست ناکەن بە برسێتی مرۆڤ و تەنها بۆ خۆیان ئەژین و ئەدزن و گیرفان پڕ دەکەن .

ــ وێنەکە ، وێنەی نووسەری پاکستانیی میرزا ئەدیبە ــــ




30ی ئاب رۆژی جیهانی بێسەرووشوێنكراوان

ئەمرۆ 30ی ئاب رۆژی بێسەروشوێنكراوانە لە جیهان, كوردستانیش هەرێمێكە لە وڵاتێك چ خۆی و چ عێراق یەكێكە لەو 80 وڵاتەی جیهان كە هاووڵاتیانی تێدایە بێسەروشوێنكراون بەهۆكاری سیاسی.
لە جیهاندا ژمارەی بێسەروشوێنكراوان بە 52250 كەس دیاریكراوە, ئەوانەن تۆماركراون لە ناوەندە جیهانیەكان بە تایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و خاچی سوری جیهانی و هاوپەیمانی جیهانی دژ بە بێسەرو شوێنكردن و …. لە كاتێكدا تەنها ژمارەی بێسەرو شوێنكراوانی ئەنفال و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و …چەندین بەرابەری ئەو ژمارەیەیە, تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەمی نەبێت چارەنووسیان دیارینەكراوە, تەنانەت ئەو روفاتانەی دۆزراوینەتیشەوە بەهۆی نەناسینەوەیان بە بێسەروشوێنكراو هەژمار دەكرێن, بە شێوەی گشتی ژمارەی بێسەروشوێنكراوان لە جیهان خۆی دەدات لە زیاتر لە 50 ملیۆن كەس, هەروەها لە 30 وڵات زیندانی نهێنی بوونی هەیە, لە ناویاندا لە عێراق.
بێسەروشوێنكردن تاوانێكی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە, بە پێی پەیمانامەی رۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە, كات و شوێن تاوانەكە بە زیندویی دەیهێڵێتەوە, بنەماڵەی قوربانی مافی قەرەبوو و زانینی راستییەكانیان هەیە, هیچ دەسەڵات و گروپێك مافی بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانیان نییە, كە تاوانكار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا رزگاری بێت.
بێسەرو شوێنكردن پێشێلی مافی یاسایی تاك,مافی ئازادی و ئاسایش, مافی ئەشكەنجە نەدان , مافی ژیان, مافی ناسنامە, مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە, مافی قەرەبوكردنەوە, مافی وتنی راستییەكان, مافی ئابووری, كۆمەڵایەتی, رۆشنبیری, مافی ئاستی ژیان, مافی تەندروستی و فێربوون, مافی كەرامەت و داوالێبوردنكردنی قوربانی ..ە.
لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەكردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن بەهۆی عەقیدەی سیاسیەوە لە باشووری كوردستان و دەیان هەزار لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە لایەن رژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە, داواكارین :
1- پێویستە لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوان, هۆكاری بێسەروشوێنكردن و هۆكاری مردن, شوێنی مردنیان بڵاو بكاتەوە, ئەوانەشی ماون ئازاد بكرێن.
2- شوێنی كۆكردنەوەی بێسەروشوێنكراوان بپارێزرێت و بۆ یاداوەری بێسەرو شوێنكراوان و دروست كردنی مۆنمێنتی یاداوەرییان.
3- بە یاسا بێسەروشوێنكردن لە كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە قەدەغە بكرێت.
4- داوای لێبوردن لە بنەماڵەكانیان بكرێت و پەیمانی دوبارە نەكردنەوەی تاوانی لەو جۆرە بدرێت.
5- روفاتی قوربانییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ كەسوكاریان.
6- قەرەبووی ئابووری كەسوكاریان بكرێتەوە بۆ ماوەی رابردوو, ژیانێكی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بكرێت لە روی دارایی و خوێندن و چارەسەری تەندروستی.
7- مافی كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانە هەموو راستییەكان لە سەر بێسەروشوێنكردنی رۆلەكانیان بزانن, تەواوی زانیارییەكانیان لە بەرواری بێسەروشێوێنكردنەوە بۆ ئاشكرا بكرێت.
8- بە یاسا پارێز بەندی بۆ كەسوكاری قوربانیان, پارێزەرەكانیان, رێكخراوەكانیان دیاریبكرێت بۆ وتنی راستییەكان و داكۆكیكردن لە مافەكانیان.
9- پێویستە زیندانەكان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت, هیچ كەسێك لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەكان زیندانی نەكرێن و بوونی زیندانی نهێنی وەك تاوان سەیر بكرێت.

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەری

30-8-2024




ڕەوتی مارکسیستی و ڕەوەندەکانی دۆخی ئێستای عێراق.. موئەیەد ئەحمەد

تێبینی: ئەم وتارە دەقێکی ئامادەکراوی ئەو باسەیە کە پێشکەشم کردووە لەو سیمینارەی کە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) پێی هەڵسا لە شاری بەسڕە لە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٤)، لەگەڵ دەستکاریکردنێکی پێویست بە مەبەستی فۆرمی نوسین (ئەدیتینگ).

لە چوارچێوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیـیەکان و جیۆئابوورییە بەردەوامەکانی نێوان وڵاتانی ئیمپریالیست و جەمسەرە ناوچەییەکان، بۆ جێگیرکردنی نفوز و تێپەڕاندنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو زلهێزی دژ بەیەک، زلهێزی نێودەوڵەتی ئەمریکا و زلهێزی ناوچەیی ئێران، هێشتا لە بنەڕەتدا ئەوانن کە دۆخی سیاسی و ئابووری و ڕەهەندە ئەمنییەکان لە عێراقدا کۆنترۆڵ دەکەن، و هەژموون بەسەر هەموو ئەم ڕەهەندانە، و سیستەمی سیاسیدا پیادە دەکەن. ڕژێمی سیاسی و هێزەکانی دەسەڵات و دەوڵەت لە عێراقدا ڕۆڵی گواستنەوەی ئەم هەژموونە بەسەر وڵاتدا دەگێڕن.
ئەگەر لە گۆشەیەکی گشتگیرترەوە سەیری بارودۆخەکە بکەین، نەک تەنها لە ڕوانگەی ڕەهەندی سیاسی و ململانێ سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانەوە، بەڵکو بە دوای قووڵایی ئابووری و بنەمای ماددی ئەو ڕەوەندەدا بگەڕێین کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، دەبینین کە جوڵەی سەرمایە لە ناوچەکەدا ئەم فاکتەرە ماددیەیە، و ئەمەش بناغەیـیـترین و گشتگیرترین پرۆسەیە. هەر بەوپێیەش توخمی ماددیی بنەڕەتیەیە بۆ شکڵدان بە پرس و ململانێ سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکان لەناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستی ناوچەکە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم سیاسەت و ململانێیانە لەسەر ئەم بنەما ماددییە و ئەم پێشهاتانە کە لە ڕەوندە ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکەدا ڕوودەدەن، خۆیان بەرهەمدەهێننەوە.
پێش (٧)ی ئۆکتۆبەر و شەڕی جینۆسایدی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان، ڕەوەندێک لەئارادابوو بۆ ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەلایەن سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، سودان و وڵاتانی دیکەی عەرەبیەوە، و ئەم ئاسایـیکردنەوەش لەژێر فشاری گۆڕانی بارودۆخی ماددیدا بوو، کە مەبەستم فشاری بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایە و واقیعی هەرچی زیاتری ڵیکهەڵپیکرانی سەرمایەی ئەم وڵاتانەیە بە سەرمایەی جیهانییەوە. هەر بەم پێیەش لەژێر فشاری بەرژەوەندییەکانی ئەم بلۆکە ئابوورییانەدا بوو کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان وهەر چی زیاتر تێکەڵاون لەگەڵ سەرمایەی ئمپیریالیستی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئیسرائیلدا.
(٧)ی ئۆکتۆبەر هات و شۆکێکی گەورەی لێکەوتەوە بۆ ئەم بارودۆخ و ئاڕاستەیە، و بووە هۆی پاشەکشە و خاوبوونەوەی کاتیی ئەم ڕەوەندە. هەرچەند ئەم خاوبوونەوەیە ڕوویدا، بەڵام ڕەوەندە ئابووریـیە بنەڕەتیـیەکان و لێکهەڵپێکانی هەرچی زیاتری بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی جیهانی و سەرمایەی ناوچەیی لەگەڵ یەکتری هەر بەردەوامن.
هەر لەم ڕاستایەشدا، دەوڵەتی ئێران و ڕژێمی ئیسلامی ئێران، دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی ئەردۆغان، واتە ئەم دەوڵەتە ناوچەییانە کە زاڵن و هێژمونیان هەیە بەسەر ڕەوەندی بارودۆخی ناوخۆی عێراق، بەتایبەتی ئێران، کە ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕێت، تەنها هێزی سیاسی و سەربازی نین، بەڵکو هێزی ئابووریشن.
ڕژیمی سیاسی ئیسلامی ئێران و ئامانجە سەربازی و ئەمنی و فراوانخوازیەکانی و هتد، دابڕاو نیە لەو ڕاستیـیەی کە کۆمەڵگەی ئێران سیستمێکی سەرمایەداریـیە و هەر بەوپـێـیەش ناوەندێکی ئابووری و ناوەندێکی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرمایەی نەتەوەیی ئێران لە لایەن ڕژێمی ئیسلامی واتە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەپارێزرێ، و ڕژیمی ئیسلامیی دەسەڵاتدار نوێنەرایەتی بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی نەتەوەیی ئێران دەکات. بە هەمانشێوە ئەو ڕژێمە سەرکوتگەرانەی کە لە کەنداودا هەن، نوێنەرایەتی بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی کەنداو دەکەن، واتە سەرمایەی سعوودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو، کە زۆر تێکەڵاو و لێکهەڵپێکراو بوون لەگەڵ یەکتری.
هەمان مەسەلە بە سەر سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا و ئەردۆغان لە ناوچەکەدا تەتبیق ئەبێ و هەمان شت بۆ ئێران و سیاسەتە فراوانخوازیـیە ناوچەیـیەکانیشی دەگونجێت. هەم ئێران و هەم تورکیا بلۆکی ئابوورین و بەرژەوەندیـیە ئابووریـیەکانیان بە پلەی سەرەکی ڕێبازی سیاسی و سەربازی و ئەمنیـیان لە ناوچەکەدا دەجوڵێنن و دیاری دەکەن.
کاتێک باس لە عێراق دەکەین، دەبینین کە زۆریی و قەبارەی گەورەی هێزەکانی دەسەڵات و ڕژێمی سیاسی کە لە سەدان هەزار هێزی سەربازی و میلیشیایی و ئەمنی پێکهاتووە، هاوتا نیـیە لەگەڵ پێداویستییەکانی جوڵەی سەرمایەی نەتەوەیی عێراق لە بواری کێبڕکێی ناوچەییدا.
ئەوە ڕوونە کە بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی نەتەوەیی لە ڕێگەی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەمرۆی عێراقەوە بەربەستی گەورەی لە بەردەمدایە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای پشکپشكێنەی نەتەوەیی و تایفەگەری دامەزراوە و لەلایەن هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی ڕکابەرەوە کۆنترۆڵکراوە، و هەروەها بەو هۆیەشەوە کە وڵاتەکە لە ژێر کاریگەری ئەمریکا و ئێراندایە، و تا ڕادەیەکـیش لە ژێر کاریگەری ئابووری تورکیادایە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەرژەوەندی سەرمایەی نەتەوەیی، واتە بەرژەوەندیی بۆرژوازی نەتەوەیی لەسەر ئاستی عیراق، لاواز و پەڕپووتە، و ئەم سەرمایە نەتەوەیـیە توانای کێبڕکێی لەگەڵ سەرمایەی نەتەوەیی وڵاتانی ناوچەکە و بلۆکە ئابووریـیە ناوچەیـیەکان و وڵاتانی ئیمپریالیست نیە.
سیاسەتی فەرمی بۆرژوازی حوکمرانی عێراق و بۆرژوازی نێودەوڵەتی دابەشکردن و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دابەشبوونی کۆمەڵگای عێراقە لەسەر بنەمای دین و نەتەوە و تایفە، و درێژەدانە بە ڕژێمی سیاسی بۆرژوازی بەم شیویە.
تەنانەت ئەگەر گریمانە بکەین کە دەسەڵاتی ئێستا، یان باشتر بڵێین دەوڵەتی عێراق، توانـیـبـێـتی کێشەکەی یەکلایی بکاتەوە و ستوون و باڵ و هێزە جۆراوجۆرەکانی ڕژێم لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا یەکبخات بەجۆرێک کە هەمەلایەنەتر لە ئیستای نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی سەرمایەی نەتەوەیی عێراق بکات، ئەوا ئەم دەوڵەتە، – لەلایەن بەشێک لە چەپ و ئەو ڕەوتە سیاسیانەی کە باس لە “نیشتمان” و “بەرژەوەندی نیشتیمانی” دەکەن، و دەربارەی دەوڵەتی “مەدەنی” و “دیموکراسی” ئەدوێن و برەوە بە بیرۆکەی جیگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و چەکداماڵینی میلیشیاکان و بلۆکە جۆراوجۆرەکانیان ئەدەن-، وا لە قەڵەم ئەدری کە خۆکارانە خزمەت بە جەماوەر دەگەیەنێت.
بەڵام ڕاستییەکە وانییە، ئەگەر دەسەڵات هێزەکانی یەکبخات و دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندی دامەزرێنێت، یان وەک دەڵێن “دەوڵەتێکی کۆنترۆڵکەر”، ئەوا ئەم دەوڵەتە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سەرمایە دەکات، واتە بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی، هەربۆیە زەحمەتکێشان و ستەملێکراوان و کرێکاران و گەنجان و ژنان لە جەمسەری پێچەوانەدا دەبن و بەدەست چەوساندنەوەی بەرژەوەندیـیە چینایەتیـیە ناسیۆنالیستیـیەکانی سەرمایە و دەوڵەتەکەیەوە ئازاردەچێژن.
ئەوە بەرژەوەندی سەرمایەی گەورە و سەرمایەی ئەم بلۆکە سیاسیانە و دەوروبەرەکانیانە کە دەوڵەتە دامەزرەوەکە دەیانپاریزی و خزمەت بە بەرژەوەندی جەماوەر ناکات.
ئەمەش ئەوەیە کە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تا ئێستا بینیومانە، واتە ئەوەی کە چۆن قۆناغە جیاوازەکانی شەڕی تایفەگەری، تیرۆر، ناسەقامگیری دەوڵەت و ڕژێم، و کۆنترۆڵکردنی داعش، تێپەڕین، و چۆن هەریەکێک لەو قۆناغە سیاسی و سەربازیانە دەسەڵات و دەوڵەتی بەهێزتر کرد، و چۆن ئەم دەوڵەتە لە بەرژەوەندی جەماوەر دابڕاوە و سیاسەتگەلێک جێبەجێ دەکات کە دژی بەرژەوەندی ئەوانە.
ئەوەی پێشتر ڕوویدا لە داهاتووشدا ڕوودەدات، بۆیە دەمەوێت جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەر خۆشباوەڕیـیەک بەوەی کە گوایە کێشەی جەماوەر چارەسەر دەبێت لەگەڵ سەقامگیری دەوڵەت و دامەزراندنی بەم ناوەڕۆکە چینایەتیـیە بۆرژوازییەوە، دوای یەکلاییکردنەوەی مەسەلەی میلیشیاکان و کێشەکانی دیکە، زیان دەگەێنێت بە پرسی ڕزگاربوونی ئینسانی زەحمەتکێش، چونکە لە واقعدا کێشە بنەڕەتیەکانی جەماوەری بەرینی خەڵک وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی ئەوان ڕوونادات. تاکە گۆڕانێک کە دەتوانێت لە بەرژەوەندی ئەوان بێت ئەوەیە کە جەماوەری ستەملێکراو و زەحمەتکێش خۆیان ڕێکبخەن و ببنە هێزێکی سیاسی کە کاریگەریان لەسەر ڕەوەندە سیاسیـیەکانی وڵات هەبێت. تا ئەم ساتە هێزی بۆرژوازی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی ناوخۆ و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و ناوچەیی کۆنترۆڵی ئەو ڕەوندانە دەکەن.
بەدەر لەوانە، جەماوەری کرێکاران، زەحمەتکێشان، گەنجان و ژنان بێدەنگ نەبوون. بینیمان چۆن ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە ساڵانی (٢٠١١) و (٢٠١٥) و (٢٠١٧) و (٢٠١٨) و پاشان ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) کە گەورەترین ڕاپەڕین بوو لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا سەریهەڵدا.
ئەم هەوڵانەی گەنجان و جەماوەری ستەملێکراو کە قوربانیی دەستی سەختیی ئەم هەلومەرجانە بوون، ئامانجیان فەراهەمهێنانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بوو لە بەرژەوەندی خۆیان، بەڵام ئەمە نەهاتەدی. ئەویش هەر تەنها بەهۆی سەرکوتکردنەوە نەبوو، هەرچەندە سەرکوتکردن ڕۆڵیکی بنەڕەتی و سەرەکی هەبوو لە سەپاندنی پاشەکشەکەدا، و سەرکوتیک بوو لە ڕابردوودا بە دەگمەن بینراوە لە ناوچەکەدا و تەنانەت بەراورد ناکرێ بە ڕادەی سەرکوتکردنی شۆڕشی میسر کە سەرکەوتوو بوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی موبارەک. واتای ئەمە ئەوەیە کە ململانێکان و بەرژەوەندیی ئەو هێزانەی کە کۆنترۆڵی دۆخی عێراقیان کردوە زۆر گەورەن، ئەمەش مانای ئەوەیە جەماوەر پێویستی بە جۆرێکی تری کار هەیە، واتە کاری ڕێکخراوتر و دیدگای سیاسی ڕوون و ڕێکخستنی بەهێز، و بەو مانایەیە کە ئەم هەوڵە پەرشوبڵاوانەی ئیساتیان پێویستیان بە یەکگرتوویی هەیە لە هێڵێکی سیاسی شۆرشگیڕانە و سۆشیالیستی ڕۆشندا.
ڕۆڵی ڕەوتی مارکسیستی
سەبارەت بە ڕۆڵی ڕەوتی مارکسیستی لە ڕەوەندی بارودۆخی عێراقدا، هەروەک لە ناونیشانی سیمینارەکەدا هاتووە، پێویستە دوو بابەت لەبەرچاو بگیرێت. یەکەم، جەماوەر بە بێدەنگی دانەنیشتووە، و کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی زەرەرمەند لەم بارودۆخانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و بەردەوام دەنگیان هەڵبڕیوە، و دووەم، ئەرکی بنەڕەتیـش گۆڕینی ئەم ڕەوندە و یەکخستنی خەبات و ڕێکخستنیەتی.
خۆتان ئەوە دەبینن کە ڕەوتی ناسیۆنالیستی هەیە و بەرچاوە، و خەڵکی تێدا ڕێکخراوە و دەسەڵات و حزبیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر ڕەوەندی بارودۆخەکە هەیە. هەروەها، بزووتنەوه ئیسلامییه جۆراوجۆرەکان، لە ئاڕاسته جۆراوجۆرەکان، نفوز و سیاسەت و کاریگەڕییان لەسەر کۆمه ڵگه هەیه، بەڵام ئەگەر سەیری ڕەوتی مارکسیستی بکەین، دەبینین تا ڕادەیەک لاوازە، هەرچەنده بەسروشتی ڕەوتێکە لە ناو کۆمەڵگەدا هەیه و پەیوەندیداره بە خەباتی جەماوەری کریکار و زەحمەتکێش و چەوساوەکان لەبەرامبەر چەوساندنەوە و نادادپەروەری و ستەمکاریدا، و پەیوەندیدارە بە خەباتیان لە پێناو بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی و یەکسانی و ئازادیدا. ئەمانە توخمە ماددیـیەکانی ڕەوتی مارکسیستین و توخمگەلێکن کە بە زۆری لەناو کۆمەڵگادا بوونیان هەیە، بەڵام لە فۆرمێکی سیاسی ڕێکخراو و کاریگەردا نین.
ىیگومان گوشاری هێرشەکانی بۆرژوازی نێودەوڵەتی و هێرشی هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان بۆ سەر کۆمۆنیزم، تا ڕادەیەک ئیمیجی کۆمۆنیزمی شێواندووە لەنێو جەماوەردا بەڵام تاکە هۆکاری نێگەتیڤ نیە لەسەر ڕەوتی مارکسیستی.
ئەو پارتانەی کە بە ڕووکەش بانگەشەی کۆمۆنیستی و مارکسیستی دەکەن، پاشەکشەیانکردووە، وڕۆلی نێگەتیڤیان هەبووە، ئەویش بەهۆی سیاسەتی سازشکارانە لەگەڵ بۆرژوازی دەسەڵاتدار، سیاسەتی سازشکردن لەگەڵ نەریت و بەها کۆنەپەرستانەکان کە لە کۆمەڵگادا هەن، هەروەها سیاسەتی تێکەڵبوونیان لەگەڵ دەسەڵات و ڕەوتە دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان و ئەوانی تر، ئەوەش بۆ ئەوەی ڕژێمی سیاسی بورژوازی بنیات بنێن و بەسەر کۆمەڵگادا بیسەپێنن.
ئەوە ڕوونە کە ڕژێمی سیاسی قەت لەسەر بنەمای گشتی و بەرژەوەندییە گشتیەکانی کۆمەڵگا بنیات نەنراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای چینایەتی بنیات نراوە. هیچ دەوڵەتێک و ڕژێمێکی سیاسی نیە لە جیهاندا کە چینایەتی نەبێت. دەوڵەت یان لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانە، یان لە بەرژەوەندی بۆرژوازیە، واتە بەرژەوەندی سەرمایە. بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی لەم بارەیەوە، بەربەستدانانە لەبەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی زەحمەتکێش و زیانگەیاندنە پێی ، و یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە بۆتە هۆی زەربەدان لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕەوتی مارکسیستی.
لە هەمان کاتدا ڕەوتی تریش هەن وەک چەپە ڕادیکاڵە سیاسیـیەکان هەرچەندە ئەوان دوورن لە کۆمەڵگا، بەڵام ڕەخنەی سیاسیـیان دانەپچراوە لە ڕەوتی ناسیۆنالیستی و لیبڕاڵی بۆرژوازی، و شێوازی کارکردن و سیاسەت و ئاسۆکانیان جیا نییە لەو ڕەوتانە، و ئەم دانەپچرانەش هۆکاری سەرەکی ناکامیەکانی ئەم جۆرە چەپەیە.
بەشێکی تریش هەیە، کە ئەوانە ڕۆشنبیرانن لێکدانەوە بۆ جیهان دەکەن و هۆگری سیاسەت و کولتوورن، بەڵام بەکردەوە هەنگاو نانێن بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری، واتە مارکسیزم و ڕەوتی مارکسیستی گرێنادەنەوە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە و بەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی کە پێشتر ئاماژەم پێکردن.
ئەوە ڕوونە کە بوونی ڕەوتی مارکسیستی شتێکی بابەتییە و تەنیا سوبژێکتیڤ نییە و پێکهاتەکانی ئەم ڕەوتە لەناو کۆمەڵگادا بوونیان هەیە.
هەروەها سپێکترۆمێک (طيف) لە ڕۆشنبیران و ڕەوت و گرووپگەلێک هەن کە لەسەر بنەمای چینایەتی بیر لە سیاسەت ناکەنەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای جەماوەر بەگشتی و بەرژەوەندییە گشتییە هاوبەشەکان بیر لە سیاسەت دەکەنەوە، وە ئەو ڕاستیـیە لەبەرچاو ناگرن کە کۆمەڵگا دابەشبووە بەسەر چین و توێژەکاندا کە بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە و ناکۆکەکن. پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان ڕەوتی مارکسیزم و ئەم جۆرە ئاراستانەشدا بکێشرێت.
ئاشکرایە، پێگەی سیاسی و فیکری هەر کەس و لایەنێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئەم چینە یان ئەو چینە دیاریدەکری، و هەربۆیە بە گشتی بژاردەی سێیەم نییە، بەڵام هەندێک لە بەناو مارکسیستەکان ئەم ڕێبازە سێهەمیە هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنی ئەم ڕێگای سێهەمە تەنیا ئاکامەکەی دوورکەوتنەوەیە لە چینە کۆمەڵایەتیەکەیان، و گەنجان و ژنان و لە پرسەکانی ئەم چین وتوێژانە.
سەبارەت بە ڕۆڵی تیۆری مارکسیستی، گەر بەکورتی باسی بکەم؛ مارکسیزم لەجەوهەردا تیۆری خەباتی چینایەتییە، تیۆری ڕزگاری شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکارە، و تیوری و ڕەوتی ڕیفۆرمیستی سوود بە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و بەهەژارکراوان ناگەیەنێ. ڕەوتی مارکسیستی، پەیڕەوی لە تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس دەکات، وە ئەم ڕێباز و تیۆریـیە بەکاردەهێنێ بۆ لێکدانەوەی واقیع و لایەنگریکردن لە هەوڵەکانی ستەملێکراوان و بەهەژارکراوان و خەباتەکەیان. ئەمەیە گرنگی تیۆری مارکسیـزم، ئەم تیۆرییە تەنیا کۆمەڵێک دەق و بابەتی تیۆری و زانستی نییە، بەڵکو ئامرازێکی ڕەخنەیە لە دەستی چینی کرێکار و ستەملێکراواندا کە پێویستیانە بۆ تێگەیشتن لە جیهان و فەراهەم هێنانی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا. ئەگەر کرێکاران و زەحمەتکێشان لەژێر کاریگەری بیرۆکەکانی بۆرژوازیدا دەستبەرداری ئەو تیۆرییە ببن، ئەمە مانای ئەوەیە کە بەدەستی خۆیان خۆیان لە چەک دادەماڵن، و خۆیان ئەم چەکە فیکرییە وەلادەنێن کە پێویستیانە بۆ گرتنەبەری تیۆری و بەرنامەیەکی کاری شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕانکاری.
جارێکێ تر ڕەوەندی سیاسی بارودۆخەکە
جارێکی تر دەگەڕێمەوە بۆ باسی ڕەوەندەکانی دۆخی سیاسی عێراق و ئەو خاڵە بنەڕەتییەی کە دەستم پێکرد، مەبەستم بەرژەوەندیی سەرمایەی نەتەوەیی عێراق و لاوازیەکەیەتی لە نێو کێبڕکێی وڵاتانی ناوچەکەدا، هەروەها بۆ تاوتوێکردنی هەندێک لایەنی دیکەی بابەتەکە. بە نموونەی ئێران دەست پێدەکەم: ڕژیمی ئێران پێویستی بە هێزێکی سەربازی و ئەمنی و میلیشیایی زۆر بەهێز هەیە، بۆچی، چونکە بەرژەوەندیی سەرمایەی نەتەوەیی ئێران گەلێک قەبەیە و توانای کێبڕکێی لەسەر ئاستی ناوچەکە هەیە، هەروەتر سەبارەت بە تورکیا کە سوپا و هیزی سەربازی گەورە و بەهێزی هەیە، و ئەمەش ڕێکدێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندی سەرمایەی نەتەوەیی و وەبەرهێنانەکانی و بەرژەوەندییە ئابوورییە گشتییەکانی لە ناوخۆی وڵات و لە ناوچەکەدا. هەمان شت بۆ دەوڵەتانی کەنداو و ستەمکاری و میلیتاریزم و شەڕیان لە یەمەن و فراوانخوازیەکانی دیکەشیان دەگونجێت کە دێتەوە لەگەڵ قەبارەی گەورەی سەرمایە و قەبارەی گەورەی بەرژەوەندییەکانیان لەم وڵاتانەدا.
بەڵام کاتێک سەیری عێراق دەکەین، بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی نەتەوەیی لە بنەڕەتدا پەرشوبڵاوه، و وەک ئاماژەمان پێدا، تاڕادیەک دابەشبووە له نێوان بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، و سەرمایەی ناوەندی و سەرمایەی ڕۆژئاوای عێراق، وە ڕژێمی سیاسیش لەلایەن ڕەوتە نەتەوەیی و تایفگەریەکانەوە باڵی بەسەردا كیشراوە، و دەوڵەتی ناوەندیـش دەستی بەسەر ڕەوەندە سەربازی و سیاسی و ئەمنییەکانی ناو وڵاتدا نەگرتووە بەتەواویی.
ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە؛ لەکاتێکدا جوڵەی سەرمایە لەعێراقدا بەم شێوەیەیە و لە ژێر هیژمۆنی ئێران و ئەمەریکا و کاریگەریی ئابووری تورکیادایە، کەوایە بۆچی ئەم قەبارە گەورەیەی میلیشیا و هێزی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری و پۆلیسـیان هەیە، کە بە سەدان هەزارن ؟ هۆکاری ئەم زۆریەی هێزی سەرکوتگەرانە چیـیە؟ بێگومان هۆکاری سەرەکی بۆ بەکارهێنانیەتی لە ناوخۆدا، بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی هەنووکەیی و ڕێگرتنە لە سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتی بەهێز لە وڵاتێکدا کە دەرگیری قەیرانی هەمەچەشنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە.
سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوانیان، هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان، بەرژەوەندیی سیاسی و ستراتیژیی هاوبەشەیان هەیە لە پاراستنی ڕژێمەکەیان و ڕووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر جەماوەر. بەدەر لەهەر جیاوازیـیەکی نیوانیان هاوبەشن لە چەوساندنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی جەماوەر و زەوتکردنی مافەکانی ژنان و سەرکوتکردنی بەرهەڵستیان. ئەو هێزانە هاوبەشن لە سیاسەتی ئابووری دەوڵەت کە بێکاری و هەژاری دروست دەکات، و هەروەها هاوبەشن لە خنکاندنی خواستەکانی گەنجان و فراوانکردنی ڕادەی دواکەوتوویی فیکری و مەعنەوی لە وڵاتدا. هەروەها ئەو حزبانەش کە خۆیان به ئۆپۆزسیۆن دەزانن لە واقعدا بەشێکن له دەسەڵات تەنانەت گەر وەزارەتێکیشیان نەبێت و نەگێشتبنە پەرلەمان. فەلسەفەی هەبوونیان لەبرەوخستنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانه و نەهێشتنی هەر جوڵەیەکی جددیـیە بەرەو گۆڕانکاری.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ئەم سیمینارەمان سازداوە لە بەسرە و شانازی دەکەین کە لەم شارە دێرین و كریکاریـیەدا لەگەڵتانداین. ئێمە ئەو ئاڕاستە بنچینەییانەمان گرتۆتەبەر کە باسمانکردن، هەروەها لەکار و تێکۆشانێکی بەردەوامیش داین بۆ گەشەپێدانی بزووتنەوە و ڕەوتێکی مارکسیستی بەهێز، و بۆ زیندووکردنەوەی مارکسیزم و گۆڕینی بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکریی بەهێز لە کۆمەڵگەدا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) کراوەیە بۆ هەموو کەسێک، بۆ هەر مارکسیستێک، هەر شۆڕشگێڕێک، و هەر کەسێکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەر کەسێک کە بیەوێت سەرکەوتنی خەباتی جەماوەری کرێکاران، زەحمەتکێشان، گەنجان و ژنان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ئامرازێکی ڕێکخراوەییە بۆ ئەوان، و بەشێکە لەوان، خەباتی ئێمە لەگەڵیان هاوبەشە.
٤-٧-٢٠٢٤




نیفاق.. نەوزاد بەندی

نیفاق بریتیە لە درۆکردن لەگەڵ بیروباوەڕدا .. واتا بە ڕووکەش خۆت وا نیشان بدەیت هەڵگری بیروباوەڕێکیت ، بەڵام بە کردەوە ، جیاواز بیت لە بیر و باوەڕەکەت .. یان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کار بە بیر و باوەڕەکەت بکەیت و دوای ئەوە هەڵبگەڕێیتەوە و ببیت بە کەسێکی دژ بەو بیر و باوەڕەی پێشتر هەڵتگرتووە ..
لە قورئاندا سزای گەورە بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە بە ڕووکەش موسوڵمانن ، بەڵام کە داوای کارپێکردنی بیروباوەڕەکەیان لێ دەکرێت ، هەڵدێن و خۆیان دەشارنەوە و بیانووگەلێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی تایبەت بەو بیر و باوەڕە جێبەجێ نەکەن ، ئیتر ئەو ئەرکانە بەخشینی زەکات بێ ، چوون بۆ شەڕی چارەنووسساز بێت ، کاری چاکە بێ ، خۆنەویستیی بێ ، یان هەر ئەرکێکی تر ، لە وەسفی داهاتووی ئەم جۆرە کەسانەدا ، بنی دۆزەخ دەست نیشاندەکرێت بۆیان ، واتا ئەم بەناو باوەڕدارانە ، لە خراپترین کەسەکان حیساب دەکرێن و ئەخرێنە بنکی ئاگری دۆزەخەوە ..
لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە شتێک نەمایەوە بە ناوی بیر و باوەڕ ، چونکە خەلیفایەتیی بوو بە پشتا و پشت ، لە باوکەوە بۆ کوڕ .. ئیتر خەلیفە لە جیاتی کار بە بیر و باوەڕ بکات ، سەرقاڵی پێگەیاندنی کوڕەکانی بوو ، هەتا بەهێزترینیان بکات بە جێگرەوی ناز و نیعمەتی نیفاقی خەلافەت ، ئیتر جەنگی نێوان براکان و ژەهرخواردن هاتە گۆڕێ ..
ئەبینیت بانگخوازێک گەزێک ڕیشی بەرداوەتەوە کە زۆرترین کاتەکانی لە شانەکردن و نیگرۆکردنی ڕیشیدا بەسەر دەبات ، هەر ئاگایشی لەوە نییە کە هێرماتکۆلێکی ڕاوێژکاری یەکەمی ئەڵمانیا لەسەر ملیۆنێک دۆلار پێگە و حەیا و شەرەفی شکێنرا و پەلکێشی دادگا کرا ، لەبەر چاویدا وار و وێخی ووڵاتەکە ئەکرێتە تەنکەرەوە و ئەدزرێت ، ئەمیش باسی فیقهی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم دەکا ، یان دژایەتیی ڕیش درێژێکی تر دەکات کە پێی وایه دۆعای قنوت له نوێژی بەیانیدا بیدعەیە !! ..
چەندین جار ووتار خوێنی ڕیش وەک کلووی بەفرم خستۆتە دۆخێکەوە کە نەتوانێت دێڕێک قسەیش بکات ، چونکە کاتێ پێی دەڵێیت لەسەردەمی بیر و باوەڕدا نادادییەک هەبووایە ، لە بانگی مزگەوتەکاندا داوا دەکرا خەڵک بە چەکەوە بێن بۆ دژایەتیی نادادییەک کە هەڵتۆقیوە ، پێم ووتون ئێوە وا ڕیشتان لە ووتار و مینبەردا سپی بووە ، ئایا تا ئێستا نادادییەکتان نەبینیوە وا هێشتا لە بڵندگۆی مزگەوتێکەوە نەتانوتووە خەڵکینە کۆبنەوە ، با دژایەتیی نادادییەک بکەین کە یەخەی گرتووین ؟
نەیانزانیوە بڵێن چی .. یان وتوویانە ئەم سەردەمە جیاوازە !! ..پێم وتوون ئەی بۆچی سەردەمی دوژمنەکانتان جیاواز نییە و بە تۆپ و تانکەوە ئەدەن بە سەرتاندا ؟؟
بۆچی گەنمی جوان و سروشتیی ووڵاتەکە لەو دەشتە تەپە دراوە و .. لێیان وەرناگیرێت ، کەچی ئاردێکی پڕ لە ژەهر لەو سەری دنیاوە دێت ، ئەبێ بیکڕن و بیکەن بە نان و بیخۆن ؟ ئایا ئێوە وەک ووتارخوێن و ڕێنیشادەری موسوڵمانان هیچتان لەسەر ئەم گاڵتەجاڕییە باسکردووە ؟؟ ..نا .. ئەو سەرقاڵی ئەوەیە کە تەکفیری کەسێک بکات ڕیشی تاشیبێ یان سەرقاڵی کردنەوەی سەدان نوسینگەی عەمرەیە ..
ئەگەر وابزانین نیفاق تایبەتە بە باوەڕدارانی ئیسلام ، بە هەڵە چووین .. نیفاق لە هەموو بیر و باوەڕێکدا هەیه و کەسانێکی خۆپەرست و زەمانەساز هەن ، لە پێناوی بەرژەوەندیی تاکە کەسی و خێزانی خۆیان ، نیفاق ئەخەنە ناو بیر و باوەڕەکانەوە .. بۆ نمونە سەدام حسێن ، کە گەیشتە کورسی حوکمڕانی سەرجەم پیاوە دڵسۆزەکانی حیزبەکەی قەتڵ و عام کرد ..یان کەسێکی وەک ڤلادیمیر لینین کە باوکی بیر و باوەڕی کۆمۆنیست بوو ، هەموو ژیانی خۆی بۆ بیر و باوەڕەکەی تەرخان کرد ، سەدان کتێب و ووتاری لەو پێناوەدا نوسی ، دوای خۆی جۆزێڤ ستالین پەیدا بوو ، کە بە حیساب سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی ڕوسیایە ، بەڵام بووە کۆمۆنیستێکی مونافیق و ..زۆرینەی تێکۆشەرە کۆمۆنیستەکانی لەناو برد ..یەک دێڕی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیست زیاد نەکرد و کەوتە کۆمەڵکوژیی لەناو ووڵاتەکەی خۆیدا و هیچی کەمتر نەبوو لە هیتلەر و مۆسۆلینیی ..
بە پێچەوانەوە ، ئەمڕۆ ئەبینین هەموو وڵاتانی سیکیویلار لە پرسی سیکیولاریزمدا هاوڕا و تەبان و نەیانهێشتووە نیفاق تێکەڵاوی قوتابخانە فیکرییەکەیان ببێت ، ئەوەتا ئاشکرا وڕوونە یابان و ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیسڕائیل ، یەک دڵ و یەک دەستن و ..تێکڕا لە دوژمنەکانیان دەدەن ..ئەمەیش وایکردووە ببنە خاوەنی جیهان .. لە بەرامبەردا ، ووڵاتانی مونافیق ، کەوتوونەتە ژێر پێڵاوی سیکیولارە ڕەسەنەکانەوە .. واتا موسوڵمانێکی مونافیق ، یاخود ڕۆژهەڵاتییەکی مونافیق ، لە دنیا و قیامەتیشدا ئەکەوێتە ژێر پێڵاوی سیکیولارێکی پاک یان ڕۆژئاواییەکی دڵسۆز بۆ بیر و باوەڕەکەی خۆی ..
ئێستا تۆ بچیتە ووڵاتێکی ئەوروپی و ..سەدان هاوڕێی ئەوروپیت هەبێ ، هیچیان پایەکانی سیکیولاریزم بۆ تۆ ناشکێنن ، ئەوان بەو کارە دەڵێن دڵسۆزیی بۆ یاسا و .. یاسا لە سەروو هەموو شتێک دادەنێن .. کاتێ سەرۆک وەزیرانێکی وەک هێرماتکۆل لە ئەڵمانیا ، نیفاقێک دەکات و بڕێک پارەی گشتی بۆ حیزبەکەی تەرخان دەکات ، بە دەستێکی پۆڵایین لێی دەدرێت و پەلکێشی بەردەم دادگا دەکرێت و دەخرێتە زبڵدانی مێژووی ووڵاتەکەیەوە ..بە هەمان شێوە کلینتۆن و یەهود ئۆڵمەرت و بەرلسکونی و هەموو ئەو سەرۆکانە کاتێ ئەیانەوێ نیفاق تێکەڵاوی دەسەڵاتی ووڵاتەکەیان بکەن ، سزای قورس دەدرێن و حەیایان دەبرێت و دادگایان پێ دەگیرێت و زیندان دەکرێن و ڕاوەدوو دەنرێن ..
بەڵام لە ووڵاتی نیفاقدا ، ئەوەندە بەسە خزمی بەرپرسێک بیت ، ئیتر یاسا وەک تەم ئەڕەوێتەوە و ئەتوانیت هەرچی بێ حورمەتییە بە یاسا و دەستووری وڵاتەکەی بکەیت ، هیچ کەسێکیش ڕێگریت لێ ناکات ، چونکە هەمووان خەریکی نیفاقن لە پێگەی خۆیاندا .. واتا تەماتە فرۆشێک کە تەماتەی شکاو بە حیسابی تەماتەی ساغ ئەفرۆشێت ، بەلایەوە ئاساییە سەعاتی مەچەکی سەرۆک وەزیران نرخەکەی دوو ملیۆن دۆلار بێ ، چونکە هەردووکیان مونافیقن ، خۆ ئەگەر جێگۆڕکێیان پێ بکرێت ، ئەوسا تەماتە فرۆشەکە سەعاتی چوار ملیۆن دۆلاریی دەکاتە مەچەکی و ..سەرۆکەکەیش تەماتەی بۆگەن و شکاویش تێکەڵاو ئەکا و بە حیسابی تەماتەی زەڵاتە ساغیان ئەکاتەوە ..ئەمەیش ئەو دەردە کوشندەیەیه کە وا دەکات کۆمەڵگا دابڕزێت و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی تێدا دروست نەبێ .. کاتێ کۆمەڵێک کەس لە بەردەم ژووری بەڕێوەبەرێکدا ، چەندین سەعات بۆ ئیمزایەک ڕادەوەستن و بەلایانەوە ئاساییە کە جەنابی بەڕێوەبەر تاقەتی ئیمزای نییە و لەگەڵ گێڵفرێندەکەیدا نیسکافە ئەخواتەوە .. چونکە هەموو ئەوانەیشی چاوەڕوانی ئیمزای جەنابی بەڕێوەڕن لە شوێنکاری خۆیاندا گاڵتە بە کاتی خەڵکەکە دەکەن و نیسکافە لەگەڵ گێڵفرێندەکانیاندا دەخۆنەوە ..بەو جۆرە پرسی شۆڕش و چاکسازیی و ڕیفۆرم بۆ هەتا هەتایه لە گۆڕ دەنرێت ..
هەر بۆیە لە قورئاندا جێگای مامۆستایەکی ئاینیی کە تەنها قسه دەکات و یەک هەڵوێستی کرداریی نییە ، لە بنکی دۆزەخدا دادەنێت ، واتا لە ژێر پێی ئەوانەی کە لە دنیادا نازانن ئایین چییە و خەریکی کوشت و بڕ و زینا و شەرابخواردنەوە و قومارکردنن ..بەڵێ بەو جۆرەیە ، چونکە ئەو کەسەی کە درۆ لەگەڵ خۆی و خەڵک و خوادا ناکات و ..وەک ئەوەی هەیە خۆی دەردەەکەوێت و درۆ ناکات ، زۆر باشترە لەوەی کە ووتار و ڕوکەشێکی ئاینیی بۆ خۆی دادەتاشێ ، بەڵام ئامادە نییە بچووکترین فیداکاریی لە پێناوی بیر و باوەڕەکەیدا بکات .. ئەوەی یەکەم ڕاستیەکەی دیارە و ئەوانەی لە دەوری کۆدەبنەوە وەکو خۆی وان ، بەڵام ئەوەی دووەم بەو ووتار و ڕووکەشە ئاینییە ساختەیەی بۆ خۆی دایناوە ، هەزاران و ملیۆنان کەس فریو دەدات و لە خشتەیان دەبات و ..ئاینەکەیش سوک دەکات و بە لاڕێیدا دەبات .. کاتێک ڕوسیا چاویکردوەوە ، شتێک نەما بە ناوی کۆمۆنیست و یەکسانیی ، بەڵکو کۆمەڵێ ئاغا و دیکتاتۆریان بینی کە لە پشت ئاڵای سووری چەکوش و داسەوە ، خۆیان و خێزانەکانیان ژیانێکی شاهانە ئەژیان و میللەتیش لە هەردوو جەژنە بوو بوو ..
کاتێ میللەتانی ئیسلام چاویان کردەوە ، ئەبینن هەزار و یەک خەلیفە بە ڕیشی درێژ و ژیانی شاهانەوە لە پشت ئاڵای ئیسلامدا ، قوت بوونەتەوە ، شتێکیش نەماوەتەوە بەناوی ئیسلام لەسەر زەوی واقیع ..
دەیان و سەدان ووڵاتی بە ناو ئیسلامیی ، لاواز و مونافیق ، لەبەامبەر سەدان ووڵاتی یەکگرتووی ڕۆژئاوادا ، وەک پۆڕی خوراویان لێهات ..
ئێستا سیکیولایزمێکی یەک دڵ و فیداکار لە دژی ئیسلامێکی هەزار خەلیفە و دژبەیەک شەڕ دەکەن ، بێگومان سیکیولاریزم ئەیباتەوە .. چونکە فیداکاریی هەمیشە بەسەر نیفاقدا سەردەکەوێت ..

لە شەریعەتی ئیسلامدا هاتووە ، دەسەڵاتێکی بێ دینی دادپەروەر ئەمێنێتەوە و دەسەڵاتێکی دینداری نادادپەروەر ئەڕوخێ ..
لێرەدا دادپەروەر واتا دڵسۆز بۆ بیر و باوەڕەکەی بەڵام نادادپەروەر واتا درۆزن و مونافیق بە بیر و باوەڕەکەی ..
موسوڵمانان لە جەنگی ئوحوددا شکان ، چونکە نیفاق تێکەڵاوی بیر و باوەڕەکەیان بوو ، هەڵمەتیان برد بۆ کۆکردنەوەی غەنیمەت و گیرفانپڕکردن ..
ئەمە حەقیقەتێکە کە دڵی زۆرێک لە خەلیفە هەڵتۆقیوەکانی کۆمەڵگای خۆمان زیز دەکا .. هەروەها دڵی کۆمۆنیست و سیکیولاریزم و عەشایەری و هەموو تایتڵەکانی تری ناو کۆمەلگای کوردیمان لێ دەڕەنجێ ، چونکە هەموویان مونافیقن .. یەک تۆسقاڵ بیر وباوەڕ لەناو کۆمەڵگای کوردیدا نەماوە نیفاق داینەڕزاندبێ ..کۆمونیستی وامان تێدا بووە ، کە خۆی بە کۆمۆنیستی عیارە 24 داناوە و خاوەنی گۆڤار و بڵاوکراوە و گوتاری کۆمۆنیستیی بووە ، بەڵام لە یەکەم هەلدا بووە بە كاپیتالیستێک کە هەتا بینەقاقای لەناو ملیارە دۆلاردا نوقم کردووە و هێشتا بە هەر چوار لادا هەڵپە دەکات ..ناوی خۆی لە دامەزراوە ناشەرعییەکانی داکوتاوە ، ئێستا هەر بۆ گاڵتە و گەپ پێی بڵێی کابرای کۆمۆنیست ، ڕەنگە دەرگای دادگات پێ بگرێت و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویت لێ بکات ..
پیاوی ئاینیی وامان تێدا بووە ، بە ووتارەکانی خەڵکێکی زۆریان کردۆتە گریان و لە ئەلفەوە هەتا یائی دەسەڵاتی کوردییان ڕەت کردۆتەوە و بە جەردە و مافیا و حەرامخۆریان لە قەڵەم داون ، بەڵام کاتێ دەسەڵاتی کوردیی ، کورسییەکی وەزارەت یان پەرلەمانی بۆ داناون ، یەکسەر ڕیش و مێزەر و شەڕواڵیان توڕ داوە و .. قات و بۆینباخی فەرەنگییان پۆشیوە و ..جێڵیان داوە لە قژیان و ..کۆشک و جەڵەبە لاندکرۆزەریان لێ ڕاکێشاوە و کەوتوونەتە داکۆکیکردن و جوانکاریکردن بۆ ئەو دەسەڵاتەی پێشتر بە مافیا و جەردە ناویان دەبرد ..
ئیتر ئایدیۆلوژیای کۆمۆنیست و ئیسلامیی چی لەناو کورددا ؟
ئەوانەیشی خۆیان بە وەبەرهێن و کاپیتالیست ناساندووە ، لە ئاغایەکی چنگ به خوێن و مونافیق و بێ ویژدان زیاتر شتێکی تر نین ، ئەوەندە بەسه بڵێین لە کەرتی تایبەتی کاپیتالیستە نەخوێندەوارەکانمدا بە هەزاران کرێکار و فەرمانبەر بە خۆبەخشیی کاردەکەن ، بۆ ئەوەی ئەو درامای نائومێدکردنەی دەسەڵاتی کوردیی بەرامبەر بە گەنجی کورد پیادەی کردووە ، ئەمان چاپتەری دووەمی بەو پەڕی بەربەییەتەوە ، بۆ تەواو بکەن ..
نیفاق ، ئەو دەردە کوشندەیەیە کە بیر و باوەڕەکان دادەڕزێنێ.. کەسایەتییەکان ئەپوکێنێتەوە .. شۆڕش و کەرامەت و شەرەف ئەشکێنێ و وورد و خاشیان دەکات .. وای لێ دێت ، متمانە ناهێڵێت ، تاکەکانی کۆمەڵگا لە ترس و درۆ و فێڵ و تەڵەکەدا سەرنگون ئەکا .. دیندارە ڕووکەشەکانیان چاوەڕێی خوا دەکەن کۆمەڵێک فریشتەیان بۆ بنێرێتە خوارەوە و بار و دۆخەکەیان بۆ چاک بکات ، سیکیولاره ڕووکەشەکانیش چاوەڕوانی کەڵچەڕی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی مارینز ئەکەن بێت و بۆیان بکا بە ووڵاتێکی مۆدێرن ، ئەوە لە کاتێکدایە کە تێکچوونی بار و دۆخەکە بە هۆی خودی خۆیانەوەیە .. بە هۆی ئەو درۆ و خۆپەرستی و دنیا پەرستی و نیفاقەوەیە کە لە ژیاندا پیادەیان کردووە و .. یەک بە یەک بوون بە جەلادی یەکتری و .. هەموویشیان بوون بە کۆیلە و مێگەلی دەسەڵاتە مونافیقە گەورەکە ، کە خۆیشی لە ژێر پێی سیستمێکی دەرەکیدا گیری خواردووە و بچووکترین کەرامەت و کەسایەتی و بژاردەی بۆ نەهێڵرڵوەتەوە .. تەنها وەک بریکارێک کار دەکات بۆ بە سواڵکەر کردنی میللەتەکە و ..شکاندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ..ڕیسواکردنی کەلەپور و زانست و ئەدەب و هونەر و ئیستاتیکا …و هەر شتێک کۆڵۆنیالیزمی جیهانی لێی بخوازێ ..




شیعری ئازادی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پشکۆ ناکام

” ازادی “

( ئەم پەخشانە شیعرە ،نەکراوە
بە گۆرانی ، داریوش ئەیخوێنێتەوە
وابزانم لە نووسینی خۆیشێتی ،
زۆر گەڕام ناوی کەسم وەک
نووسەرەکەی دەست نەکەووت)

“””””””””””’

گەر ڕۆژێک بە سەر زەمینی من گەیشتی
لە شێوە ” قاڵب ” ی پیرەمێردێکی
ڕەش پۆشی عەبا ڕەشی ڕيش سپی
بە زاراوەیەکی نەناس وفەرهەنگی عەرەب
و
چاوێکی سارد و ترسناک مەیە…..
دەربارەی مەرگ مەدوێ
مەچۆ گۆڕستان، گۆڕستان کۆتاییە
نابێ دەست پێ کردن بێ
ئەمجارە لەدەمی کەس مەیە
پەیمانی بەتاڵ مەیە
نەوت مەهێنە سەر سفرەکان
نانمان لەسەر سفرەکان
بهێڵەرەوە..
لە ئاو و کارەبای خۆڕایی مەدوێ
لە کۆششی ئینسان بدوێ
لە دروست کردن و ئاوەدانی
……بدوێ
لە بڕیاری کوێر مەدوێ
لە تایبەتمەندێتی و زانست وهەست
…..بدوێ

ئەی ئازادی
گەر ڕۆژێک بەسەر زەمینی
من گەیشتی
لەگەڵ ” شادی”یا وەرە
بە پەچەی ڕەش و ئەقڵی بە بەرد بوو
و
ڕیشەوە مەیە..
بە مارشی سەربازی و جەنگەوە مەیە
بە ئاواز و مۆسیقا و ئاهەنگەوە وەرە
بەتفەنگی گەورەی دەستی
مناڵە بچوکەکانەوە مەیە
بە گوڵ و ماچ و کتێبەوە وەرە
لە ” تەقوا ” و جەنگ و شەهادەت مەدوێ
لە ئینسانیەت و ئاشتی و شەهامەت بدوێ
بۆمان لە ژیان بدوێ
لە پەنجەرەی کراوەوە بدوێ
دڵمان بە شەماڵی ئاشتی
بە هاوڕێیەتی و عەشق ئاشناکە
فێرمان کە چۆن بژین
چوونیەتی مەرگ کاتی خۆی فێر بووین
فێری مەسەلەی ” ئینسان بوون “مان کە
بە خودا ” خود ” دەمێکە گەیشتووین

ئەی ئازادی
گەر بە سەر زەمینی من گەیشتی
لە دڵی عاشقەکانمان
هەنگاو بنێ
میهرەبانیت لە دڵمانا داگیرسێنە
تا ئازادی لە ناخمانا بجۆشێ
و
ئیتر چی دی پەلامارت نەیەین
لەگەڵ هەر هەناسەیەک
لە یادمان بی
كە تۆ لە هەناسە ئازیز تری
بزانین کە ئازادی نیعمەت نیە
بەڵکو بەرپرسیارێتیە
فێرمان کە: كە لەبەر دەستا بوون
و
سەیرکردنی تۆ ،،ئاسان نیە
بە خۆتمان ئاشنا کە
زۆرت لەسەر نازانین
تەنها نامەکەت بێزاری کردین
ئێمە بە پانتایی
یەک مێژوو لە تۆ ..مەحروومین

ئەی نەبینراو ترین
گەر هاتی بە نیشانەیەکەوە وەرە تا بتناسین

ئەی ئازادی
گەر هاتیتە سەرزەمینی ئێمە
بە ئاگاییەوە وەرە
تا لە دەروازەی ئەم شارەیا
بە شمشێر ملت نەپەڕێنین
تا لە بیرەوەری لەسەرخۆی مێژووا
نەهێڵین تۆمان لێ بدزن
تا نەچین بەهەڵەیا
بزانین بێ چەن و چوون
جێگرەوەو نیە و خۆتی..

ئەی ئازادی
” بەهای تۆ لەسەر ئەم خاکە، خوێنی
باشترین ڕۆڵەکانی ئەم خاکەیە……..”
بەهای تۆ گرانترین بەهای دونیایە
بەڵام ئەم جارە
بەڵام ئەم جارە بە ئاگاییەوە وەرە
………بە ئاگایی
………بە ئاگایی

https://www.facebook.com/100000251431170/videos/3470571512961196/




موچە.. تەنزە شیعر.. نەوزاد بەندی

پێی بڵێن بێتیشەوە ،
تازە ڕەزای گرانـــــە
چونکە دەسکەلای دەستی
قۆڵبڕ و ڕێگرانە ..

بە فیکە و بە ئاماژەی
دز ، گیر ئەخواو پێی ئەچێ ..
هەتا پڕتری بکەن ،
ژێری زیاتر لێی ئەچێ ..

باکی نییە بە ئاهی
هەژار و داماوی شار
پاڵی لێداوەتەوە ،
بە ئەمری دز و زۆردار

جاران ناوی موچە بوو ،
ئێستا سەدەقە و قەرزە ..
دۆعای شەڕ لە هۆکاری
ئەکرێ لە هەر 5 فەرزە ..

یەکەم جارە لە مێژوو ،
موچە بکرێ بە فشار ..
تەنانەت خودی شەیتان ،
شەرمەزارە ..شەرمەزار

نەوزاد بەندی




کورتەچیرۆک: بووک-ە-شووشە.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

مەلا لە دەرگاکە هاتە ژوورەوە، هەموویان لەبەری هەڵسانەوە. کاکەسوور دەستی ماچ کرد و فەرمووی لێ کرد و لە شوێنی شیاوی خۆی داینیشاند. کانەبی پڕی دایە دەستی و یەک دوو شڵپەماچی لێ کرد و سەیرێکی باوکی خۆی کرد، ئەمیش سەری خۆی بۆ لەقاند، وەک ئەوەی ئافەرینی بۆ بنێرێت.
کانەبی گەنجێکی چوارشانەی، کەمێک سادە بوو، سی و پێنج ساڵان بوو و ژنێک و چوار منداڵی هەبوو، منداڵە گەورەکەی هەر لەگەڵ خۆی لە دوکانی سەوزەفرۆشییەکەی کاری دەکرد، خۆ ئەگەر خوێندبای، ئەمساڵ دەبوایە بچێتە زانکۆ.
ملی ئەم گرانییە بشکێ، کانەبی هەتاوەکوو ئێستاش هەر لەگەڵ کاوێسی باوکی دەژێت. ژنە قوڕبەسەرەکەشی، ژیان، نەیدەوێرا فززەکی بکات، ئەگەر کانەبیش شلمکوتی نەکردبوایە، ئەوا خەسوو و خەزوور بەم ئەرکە هەڵدەستان.
ئەمە چەند مانگێکە، کانەبی چاوی چووەتە سەر کچەکەی هاوسێیان، هەموو جارێک کە لە کار دەگەڕێتەوە، سەرنجی دەداتێ، جا چ لەم کاتانەی کە لەگەڵ دەستەخوشکەکانی قسان دەکات، یان کە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیانە، یان کە بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە. کانەبی چیتر خۆی بۆ ناگیرێت، بڕیاری داوە کە وەکوو مەردێک دەستی کچە داوا بکات، بەڵکوو کاکەسووری باوکی دڵی نەرم بێت و ئایشێی پێشکەش بکات.
مەلا پەڕاوەکەی دەستی لەسەر مێزەکەی بەردەمی دانا و کردییەوە، سەیرێکی کاکەسووری کرد، ئینجا ئاوڕێکیشی لە کانەبیی داوە، لێیانی پرسی ئەگەر ئامادەنە و گەواهیدەرەکان ئامادەن. کانەبیش بەتامەزرۆییەکەوە تێی گەیاند کە هەموو شتێک ئامادەیە، خۆ ئەمە یەکەم جاری نییە!
مەلا ڕووی لە کانەبی کرد، ناوی پرسی، تەمەنی، دڵنیا بووەوە کە کوڕێکی سی و پێنج ساڵانە و خێزاندارە، دووپاتیشی کردەوە کە بەڵێن بدات کە ژنەکەی یەکەمی دژایەتیی ئەم خوازبێنییە ناکات، کانەبیش سوێند و قوڕئانی بۆ خوارد، لە دڵەوەش داوای لێخۆشبوونی لە خواکەی کرد، بەمە دڵی خۆی دایەوە کە شتێک خوا ڕێی پێدابێت، ژنەکەی کێیە تا لێی بستێنتەوە.
پاشان ڕووی لە کاکەسوور کرد، لێی پرسی کە ئەگەر ئەو ڕێ بە کانەبی دەدات تا کچەکەی بهێنێت و ببێتە کوڕی، کاکەسووریش دەستی خستە نێو دەستی مەلا و تێی گەیاند کە لە شەکری پێ خۆشترە، چما کوڕێکی چاکتر لە کانەبیی بەدەست دەکەوێت، بەتایبەتی وا ئایشێش گەورە بووە، کاتی هاتووە.
دوای ئەمەی کە کچە و کوڕەی لێک مارە کرد، وتارێکی کورتی دا، پاشان مۆڵەتی لێ وەرگرتن، هەرچەندی تکایان لێی کرد تا بمێنێتەوە و شەربەتێک بخواتەوە، بەڵام ئەو سوڕ بوو بڕوات، گوایە دوو مارەیی تر هەیە کە دەبێت بەڕێوەی ببات. دەفژەنەکان کەوتنە دەفژەنین، گەنجەکان کەوتنە شایی و پیرەکانیش هەر لە شوێنی خۆیانەوە، بە دەستی بە تەسبێحەوە شانی خۆیان هەڵدەتەکاند.
کاکەسوور چووە دەرەوە، ئەم لا و ئەو لای کرد، ئایشێی نەدۆزییەوە، بەقیڕەوە هاواری دەکرد: «ئایشێ، ئایشێ!» هیچ‌ وەڵام نەبوو، چووە پێش دەرگای ماڵەوە، سەرنجی دا وا ئایشێی تەمەن نۆ ساڵان، لەگەڵ هاوڕێیەکەی یاری بە بووکەشووشە دەکات. پیلی گرت و شەقازللەیەکی لێدا و فەرمانی پێ کرد تا بچێتە ژوورەوە، دەست و پلی بشوات و جلەکانی بگۆڕێت و بچێتە لای زاوا تا یەک دوو وێنان بگرن. ئیتر گەورە بووە و بووەتە ژن، کاتی یاری بووک بووکانێ بەسەر چوو!

واتای وشەکان:
گەواهیدەر: شاهێد




لانەوازان، مستەفا ئەحمەدی پەڕاندەوە كەنارەكانی نەمری.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

ڕابووردووی هونەری (مستەفا ئەحمەد) پڕە لەچالاكی و كاری هونەری، لەبواری شانۆو دراماو سینەما، بەڵام كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوەدا بكات، كە ئەو ئەكتەرە بەردەوام ئەكتیفە، لە ڕێگەی زنجیرە درامای (لانەوازان) پەڕییەوە كەنارەكانی نەمری.
ئیدی مرۆڤ كە خوا چانسێكی وای پێ بەخشی، ئیدی دوای مردن ژیانێكی تر دەست پێدەكات، بەڵام كەس نازانێ ئەو ژیانەی دوای مردن چەند ڕۆژو چەند مانگ و چەند ساڵ و چەند سەدەیە؟ بەڵام ڕێك بەقەد قەوارەی ئەو بەخششەیە كە پێشكەش بەژیانی دەكەیت.
(مستەفا ئەحمەد) وەك ئەكتەر فۆرمێكی چەسپاوی نەبووە لەنواندندا، ئەمەش نیشانەی تێگەیشتنی ئەكتەرە بۆ هونەری نواندن، بەڵام لەدرامای (لانەوازان)دا و لەڕۆڵی (وەستا عەلی) خاوەن هوتێل، ئەكتەرێكی كۆمێدی بوو، وێنەی كاراكتەرێكی ترسنۆك و لەرزۆكی دەبینی لەزەمەنێكی تەنگەتاوی سیاسی، كە زۆرینەی تاكی كۆمەڵگاكەی، تێكەڵ بەسیاسەتی بەرەنگار بوونەوەو بەرهەڵستی كردنی دەسەڵات ببونەوە، كە لەهەموو لایەكدا ڕاودەنران و جەزرەبە دەدران، بەتایبەت (ڕەفیق) كە هەمیشە هانی سەرنشینانی هوتێلەكەی دەدا هوشیار ببنەوە، هەوڵی ئەوە بدەن خۆیان لەو خۆپەرستی و ترسنۆكیە رزگار بكەن.
هوتێلەكەی (وەستا عەلی) خۆی لەخۆیدا موڵگەیەك بوو بۆ خۆ حەشاردان و گرد بوونەوەی زۆرێك لەبێكارو دەست بەتاڵ و كەسانی بێ ئومێدو بئ مراد، كە ماڵ و حاڵێكیان نەبوو، بئ كەس و بێ خێزان، ئەو كەلاوە بەناو هوتێلەیان هەڵبژاردبوو تێیدا بژین.
لەهەمان كاتدا شوێنێك بوو بۆ گۆڕینەوەی بیرو باوەڕو بڵاكردنەوەی ڕاپۆرتی سیاسی.
(هوتێلی لانەوازان) ئەگەرچی تێكستێكی تەرجەمە كراو بوو، لە نووسینی ( پامر مگر ) لە هەشت بەش پێك هاتبوو، ڕەقابە چوار بەشی لێ فڕێ دابوو، چوار بەشی لێ مابۆوە، بەڵام چونكە ئەوەندە جوان وەرگێڕدرابوو، وەك ئەوە وابوو كە تێكستێك بێت نووسەرێكی كورد بۆ بەرجەستەكردنی كێشەو ئاریشاكانی كۆمەڵگای كوردی نووسێبێتی، لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئازووری، هەروەها دەرخستنی ئەو نەخۆشیانەی گەنجی كورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەئەنجامی ئەو واقیعە تاڵە.
بۆیە تێكستەكە ڕەگەزێكی بنەڕەتی بوو بۆ سەركەوتنی بەرهەمەكە بەگشتی، ئینجا ئەكتەرە لێهاتووەكانی، كە هەر یەك لەوان بەڕۆحێكی هونەری گەورە، هەموو توانست و وزەی خۆیان لە كاراكتەرەكانی خۆیاندا نیشاندا، بۆ ئەوەی بینەر بەشێوەیەك لەگەڵ بەرهەمەكەو نواندنی ئەكتەرەكان ئاوێتە بێت كە هەرگیز كاریگەر بوونی پێیان لەبن نەهێت، بەتایبەت (مستەفا ئەحمەد) لەڕۆڵی وەستا عەلی، (دڵشاد مەریوانی) لەڕۆڵی (قوتبەدین) و ئازادی حەمە بچكۆڵ– لەڕۆڵی هادی، كەمال سابیر ــ لەڕۆڵی عەباس، حەسەن تەنیا، مەریوان مستەفا، تەها باراوی، حەمە ڕەشید هەرەس( لەڕۆڵی ڕەفیق، عوسمان چێوارـــ لەڕۆڵی دكتۆر) ئەندامانی تیپی پێشڕەوی شانۆی كوردی بوون لەسلێمانی.
ئەو دراما ڕەش و سپیە ئەگەرچی بەتەكنیكێكی لاوازو كامێرایەكی سەرەتایی و چەند ئامرازێكی سادەو تێچووەكی كەم بەرهەم هاتووە، بەتەنیا ڕۆژێك لەستۆدیۆكانی بەغدا تۆمار كراوە، بەڵام بینەر ئێستاش ئەوەندەی ئیشتیاقی بینینەوەی ئەو بەرهەمە یە، هیچ ئەوەندە ئیشتیاقی بینینەوەی زنجیرە دراماكانی دوێنێ نیە كەخەرجی خەیاڵیان بۆ خەرج دەكرێ.
خۆ (مستەفا ئەحمەد) ئەكتەرێكی ئەكادیمی نەبوو، بەڵام نواندنێكی بەرجەستە كرد، كە نەوەی حەفتاكان ونەوەكانی دوای ئەوانیش دێن، لەوە تێ بگەن كە داهێنان بەئەكادیمی و نا ئەكادیمی بوون نیە، چونكە شكسپیریش كە شانۆی جیهانی داگیر كرد، ئەكادیمی نەبوو.
مستەف ئەحمەد بەتەنیا ڕۆڵێك سەروەتێكی هونەری گەورەی بۆ خۆی و گەلەكەی بەجێ هێشت كە ڕەنگە جارێكی تر بۆ ئەو دووبارە نەبێتەوە..
بۆیە پێویستە لەقۆاغێكی وەك ئێستادا، بە بەرپرسیاریتێكی گەورەترو هوشیارییەكی زێتر، ڕەفتار لەگەڵ ئەو داواكاریانە بكات كە دەخرێتە ڕووی بۆ بەشداری كردن لەهەندێ بەرهەمدا، كە ڕەنگە لەئاستی ناوبانگ و شكۆی ئەودا نەبن و زیان بەو ڕابووردووە زێڕینەی بگەیەنێ، بە تایبەت لەتەمەنێكی وەك ئێستای دا، بۆ هەموو ڕۆڵێك گونجاو نەبێت.
دەبێت ئاگای لەوە بێت كە هەندێك بیانەوێت بێ ڕەحمانە ناوی ئەوو ئەو ڕابوردووە جوانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرخ بكەن.

حەیدەر عەبدولڕەحمان




ئایا وڵاتی شاخاویی بەڵایە؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

(سەرنجێك لە بارەی بۆچوونێكی محمەد مسعود محمەد)

هەمیشە دەگوترێت: ( كوردەكان جگە لە چیاكان دۆستی تریان نییە ) ئەمە وەك گوزارشتێك لە پەیوەندی ڕوحی و سرووشتی نێوان مرۆڤی كورد و شاخ بەكار دێت. شاخەكان، كە وەك دۆستەكانی دیكەی كورد لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕۆژ دۆستایەتی كورد ناكەن و خاوەنی ئاكاری جێگیری خۆیانن و ناگۆڕێن، هەمیشە پەنا و لانەی ئێمە بوون و لە ڕۆژگارە هەرە سەخت و دژوارەكاندا، كە كەسێك داڵدەی نەداوین و هەستی مرۆییان بەرانبەرمان نەجوڵاوە، ئەوان پەنایان داوین و بە هانامانەوە هاتوون. مەگەر شاخی شنگال، هەزارەها ئێزیدی لە چڕنۆكی ئیسلامییە داعشە بەربەری و تیرۆرستییەكان ڕزگار نەكردوو نەبووە فریادرەسیان؟ بۆیە شاخەكان، خۆشەویستییەكی تایبەتیان لای مرۆڤی كورد هەیە و لە سۆنگەی ئەو خۆشەویستییەشەوە، هەزاران كەس بە ناوی ( هەندرێن، زاگرۆس، ئارارات، سورێن، شنڕوێ، دابان، زمناكۆ، مەتین، گارە، شیرین، ئاگری، ئەلبۆرز، هەڵگۆرد، كارۆخ، ژیلوان، سوركێو، ئاراسن، بەمۆ، ئاسۆس ) كراون. بۆیە شاخ پانتایەكی گەورەی لە هزری مرۆڤی كورد بە گشتی گرتووە و جۆرێك لە گەورەیی و پیرۆزیی و شكۆمەندی لای ئێمە هەیە. شاخەكان، ڕەمزی خۆڕاگریی و هێز و پە ناو وەستانەوە بوونە لە بەرانبەر نەیارەكان و وەك فیگەرێك هەمیشە لە دنیای شیعری شاعیراندا، وەك تیمەیەكی شیعری بەرجەستەكراوە. پەیوەندی مرۆڤی كورد و شاخ، پەیوەندییەكی دێرینە، بە پێی سەرچاوە مێژوویی و ئەریكۆلۆژییەكان، كوردەكان سەرەتا و بۆ یەكەم جار، لە بناری زنجیرە چیای زاگرۆس دەركەوتوون و ژیاون، بەمەش شاخ دەبێتە یەكەم لانكەی سەرهەڵدانی مرۆڤی كورد و مێژوو شوناسەكەی، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت، ئەو پەیوەندییە توندوو ڕوحیەی لە نێوان مرۆڤ و شاخەكاندا لە ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتووری ئێمە دروست كردبێت. هەمیشە و بە ئێستاشەوە، مرۆڤی كورد وەختێ ژینگەی ئالۆَز و جەنجاڵی شارەكان جێدێڵێت و دەچێتە شاخ، هەست بە حەسانەوەیەكی گەورەی دەروونی و ڕوحی دەكات و سوارە ئێلخانی زادەش، لە شیعرەكەیدا كە دەڵێت بڕۆم لە شارەكەت، زۆر جوان گەڕاوەتەوە نێو سرووشت. مرۆڤی كورد، شاخی وەك هاوڕێ و هاودەمێكی خۆی بینیوە و هەمیشە وەك پەنایەك و پەسیوێك، فریادرەسێك سەیری كردووە، لێرەوەش شاخ لە پانتایەكی سرووشتییەوە، دێتە نێو ڕووبەری ئەدەبیات و هونەر و دەبێتە فیگەر و تیمەیەكی دیاری دەقی ئەدەبی. لە ئەدەبیاتی ئێمەدا، شاخ ئەو ڕەهەندە سرووشتییەی خۆی كە هێمای جوانی سرووشت و ژینگەیە، تا ڕادەیەكی زۆر لەدەست دەدات و شوناسێكی دیكەی سیاسی لە پاڵ ئەو شوناسە سرووشتییە پێ دەدرێت، كە ئەویش وەك ڕەمزی خۆڕاگری و مانەوەی گەلێكی بێ پشت و پەنا، لە ڕەوڕەوەی ژیانی مرۆڤایەتی دەبینرێت، بۆیە بەدرێژایی مێژووی كورد، لە پای ئەو ڕۆڵە سرووشتی و خۆپارێزیی و خۆڕاگریی و جوانییەی چیا لە ژیانی ئێمەدا هەیەتی، بەردەوام چیامان خۆشدەوێت و وەك سیمبولێكی بەرز و جوان و بە شكۆ سەیری دەكەین. بڕواناكەم لە كۆمەڵگەی كوردیدا، بە درێژایی مێژوو، كوردێك هەبووبێت ڕقی لە چیا بوو بێت، ئەم سرووشتە شاخاویی و ڕكییەی كوردستان هەیەتی، ئەم ئاوهەوا بەستەڵەكی و ساردو سڕەی لە سرووشتی كوردستان هەیە، ئەم هەموو داخراویی و دابڕاوییەی بە هۆی ژینگەی شاخاوییەوە لە نێوان پارچەكانی دیكەی كوردستان هەنە، هەرگیز نەبوونەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە ڕقمان لە چیا بێت و وەك بەلاِیەك بیبینین، چونكە دەزانین مانەوەمان پەیوەستە بە چیاوە، بۆیە وەك كوردێك كاتێ لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە بەرنامەیەكی كەناڵی ڕووداو دا، گوێبیستی (محمەد مسعود محمەد) بووم كەوتی :_ ( وڵاتی شاخاوی بەڵایە ) بە ڕاستی تاسام و تووشی شۆك بووم، ئاخر یەكەم جارە، لە سەر زاری كوردێكەوە، وەك كوردێكیش گوێبیستی ئەوە دەبم، كەسێك ڕقی لە چیا بێت و وەك بەڵا بیبینێت. چیایەك كە چەند ساڵێكی كەم لەمەوپێش، بووە پەنایەكی ئارام و فریادرەسێك بۆ ڕزگاركردنی هەزارەها ژن و منداڵ و پیری ئێزیدی، لە دەست تیرۆرستانی داعشی ئیسلامی. من كاتێ گوێبیستی ئەو قسەیە بووم، ژیلوان، كارۆخ، پیرە مەگروون، ئاگری و ئەلبورز، ئەزمەڕ و گۆیژە، قۆپی قەرەداغ، دابان و هەلاج، قەندیل، باواجی و خاڵاخاڵان و ئاسنگەران و چەكوچم هاتنە بەرچاو. محمەد مسعود، كە لە بەرنامەكەی ڕووداودا ئەم قسە سەیر و نامۆیەی بە مێژوو، كولتووری كورد كرد، پاساوی بۆ ئەو وەسفەی شاخ ئەوە بوو، كە گوایا وڵاتی شاخاویی دەیان نەتەوە و تیرە و هۆزی جیای هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش نموونەی بە وڵاتانی قەققاز هێنایەوە و گوتی:_ ( لە قەفقاز هەردۆڵە و تیرە و نەتەوەیەكە، هەر شاخێكە و هۆزێكە) بێگومان ڕاست دەكات، بەڵام ئەوەی خۆی لێ بواردوو وەڵامی نەدایەوە و زانیاریی لە سەر نەبوو ئەوە بوو، كە ئایا وڵاتانی قەفقاز سەد وڵاتن؟ سەد ئاڵا و وڵات و نەتەوەیان هەیە؟ بێگومان نەخێر، وڵاتانی قەفقاز، تەنێ جورجیا و شیشان و ئازەربایجان و ئەرمینیان، واتا تەنها چوار وڵات، بۆیە ئەو شڕۆڤەی ئەو كردی، لە پەراوێزیی مێژووناسی و زمانناسی، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە لەو دوو بوارە، چونكە ئەم سرووشتە شاخاوییە و ئەو پێكهاتە ئاڵۆز و ئەتنیكییە، نەبۆتە هۆی ئەوەی كە وڵاتانی قەفقاز پەرت و لێكدابڕاو بكات، ئەمە بۆ كوردستانیش هەر وایە. هەورامانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات، كوردستانی لێك جیا كردۆتەوە یاخود بوونەتە شوناسی كوردستان بە گشتی؟ چیاكانی شاناخشێ، سەفرە و زەروون، دلانپار، بوونەتە لە نێوبردنی ئینتمای كوردبوون، یاخود هەر كاتێك ناویان دەبیستین، كوردستانمان لا خۆشەویستر دەكەن؟ ئەم جۆرە بیركردنەوانە، ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان كورد و چیا، تێگەیشتنێكی نا لۆژیكی و نا سیاسی و نا مێژوویە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤی كورد و چیاد،.ناوبراو هەر لەو بەرنامەیەدا، قسەی سەمەرەی دیكەی كرد، كاتێ گوتی زۆربەی ئەوانەی دەبوونە پێشمەرگە، لە ترسی سەربازی بوو، نەك ئینتمای كوردایەتی و خەبات، گەرچی یەكێك لە ئامادەبووان بە توندی وەڵامی دایەوە كە ئەو كاتەی ئەو بۆتە پێشمەرگە، هەر ناویشی بۆ سەربازی نەهاتووە، بەڵام بەداخەوە محمەد مسعود بە جۆرێك شكاندییەوە و تووڕە بوو، كە دەرفەتی زیاتری پێ نەدا قسەی زیاتر بكات، ئەمە لەكاتێكدا كوڕی بیرمەندێكی وەك مسعود محمەدت، كە بەو پەڕی سنگفراوانی و هزرییەوە، مناقەشەی ماركسیومی دەكرد !.

سەدیق سەعید ڕواندزی

  • ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە ( 1400 ) ڕۆژی 13/8/2024 بڵاو كراوەتەوە.



گفتوگۆ لەگەڵ شێوەكار بێرۆ رواندزی.. ئامادەکردنی كامەران حاجی ئەلیاس

شێوەكار بێرۆ رواندزی: سەرسامی زۆربەی هونەرمەندانی سەردەمی ڕێنیسانسم
خاتوونی هونەرمەند بێرۆ عەبدوڵڵا رواندزی ناسراو بە (بێرۆ رواندزی) خاوەن سەلیقەیەكی هونەری تایبەت بەخۆیەتی سوودی لە چەندین قوتابخانەی هونەری شێوەكاری وەرگرتووە،بەڵام لە كاركردن دا خۆی بەهیچ قوتابخانەیەكی هونەری دیاركراو نەبەستۆتەوە،سروشتی شاخ ودۆڵ و خەرەندی رواندز كاریگەری لەسەر رەوتی كاركردنی هەبووە ئێمە لە نزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەكان لەگەڵیدا سازدا.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین بێرۆ رواندزی چۆن ئاشنای هونەری نیگار كردن بوو؟

  • بە سادەترین شێوە ھونەری من دەستی پێ كرد. هێشتا نەچووبوومە بەر خوێندن كە وێنەم ئەكێشا، كە منداڵ بووم لە ڕێی وێنەكێشانەوە هەستی دەروونی خۆمم دەرئەبڕی، دواتر لە قۆناغی سەرەتایی زیاتر ئاشنای ڕەنگەكان بووم. ڕەنگەكانم تێكەڵ ئەكرد. لەسەر كتێب و كورسی دانیشت و دیواری قوتابخانە وێنەم ئەكێشا. زۆر جار لەسەر ئەو كارانە سزا ئەدرام. ئیدی هونەری وێنەكێشان لەگەڵ گەورەبوونم پتر لە ڕۆحمدا چەكەرەی كرد. لە قۆناغی ئامادەیی بەردەوام لە پێشانگای ساڵانە ھونەری بەشدار دەبووم ــ بە ھونەری شێوەكاری و پەیكەرسازی و مۆدێلی ئەندازەی سێ‌ڕەھەندی. دواتر لە بەشی بیناسازی، لە پەیمانگای تەكنیكی ھەولێر خوێندم. لە هیچ بەشێكی هونەری نەمخوێندییە، هونەر هەر لە منداڵییەوە بە شێوەیەكی خۆڕسك لەناو مندا هەبووە، وەكو بەهرەیەكی هونەری .

    بەڕێزتان لە ڕواندز لەدایك بوون تا چەند سروشتی ئەو شارە كاریگەریی لەسەر تابلۆكانت هەبووە؟ ‎- بێگومان سروشتی سەوز و ڕەنگینی رواندز،زۆر كاریگەریی لەسەر ڕەوتی كاركردن و حەز و سەلیقەی هونەری من هەبووە. هەڵكەوتەی شاخوداخی بەرز و خەرەندی دڵفڕێنی، هەموو كات سەرنجیان ڕاكێشاوم و سرووشیان پێ بەخشیوم، ڕۆحی ئەم شارە هیچ كات لە نەقش و ڕەشنووسی سكێچی كارەكانم دانەبڕاوە.
    كامانەن ئەو هونەرمەندانەی كاریگەرییان لەسەر بەڕێزتان هەبووە؟

  • بەگشتی سەرسامی زۆربەی هونەرمەندانی سەردەمی ڕێنیسانسم، چونكە سەرەتای سەردەمێكی نوێی هونەر بوو، مۆدێلە كلاسیكییەكانی سەردەمی یۆنانی و ڕۆمانی كۆن لەدایك بووە، لە هەمان كاتدا تەكنیكە مۆدێرنەكانیشیان بەكار هێنا. سەردەمی ڕێنیسانس قۆناغی زێڕین بوو لە ھونەری شێوەكاری و پەیكەرسازی و تەلارسازی ــ بۆ نموونە، (مایكل ئەنجێلۆ) لەو سەردەمە جێدەستی لە ھەر سێ بوارەكە نەخشاندووە و بێگومان كاریگەریی ھەبووە. دیارە ھونەرمەندانی كوردیش لە قۆناغانی پێشتردا ھونەر و پەیامی خۆیان بەجوانی و بە شێوازی جیاواز گەیاندووە. لەوانە( د. محەمەد عارف )كە یەكێك بوو لە خەمخۆرە دڵسۆزەكانی ھونەری كوردی. بەخت یاوەرم بوو لە تەمەنێكی بچووك توانیم بیبینم و گفتوگۆ بكەین و چۆنیەتیی كاركردنی و تابلۆكانیم لە نزیكەوە دیت و كتێبێكی ھونەریی ئەكادیمی ڕۆستۆڤچیفی پێشكەش كردم كە خۆی لە ڕووسییەوە كردبووی بە كوردی ــ ئەوكات زۆر سوودم لێ بینی. بێگومان ئامۆژگارییەكانی و تابلۆكانی تا ڕاددەیەك كاریگەرییان لەسەر كارەكانم هەبووە.

    *باشە بێرۆ رواندزی كاتێكی دیاركراوی هەیە بۆ كاركردن لەسەر تابلۆكانی؟

  • ھەر كاتێك بمەوێت و دۆخەكەش تۆزێك گونجاو بێت راستەوخۆ دەست ئەكەم بە كاركردن و سكێچ كردن، گرینگ نییە چ كاتێك بێت.. زۆربەی كات ڕەشنووسێكی بچووكم پێیە كە ئەچمە سەر كار یان ناو سروشت و سەر شاخ كە ئارەزووم كرد سكێچ ئەكەم. دواتریش لە دەرفەتێك لەسەر خامی گەورە دووبارە كاری لەسەر ئەكەمەوە. بەگشتی كاتێكی دیاریكراوم نییە بۆ كاركردن لەسەر تابلۆكان.

    *قوتابخانەكانی هونەری شێوەكاری زۆرن، بەڕێزتان لەسەر كام قوتابخانە كار دەكەیت؟

  • ئەوەی من چێژی لێ ئەبینم لە ھونەر ئەوە كە زۆر خۆڕسكانە كار ئەكەم. زۆر حەزم بە سنووردانان و یاسا و ڕێسا نییە لە دنیای ھونەردا. بێگومان ئەوە گرینگە ئەكادیمیانە زانیاریت ھەبێت لەسەر ڕێچكە و گەشەكردنی قۆناغە جیاوازەكانی ھونەر و لەتەك پراكتیكی ھونەری پێویستمان بە برەودان و بایەخدان بە لایەنە تیۆرییەكەش ھەیە، بەڵام نەگاتە ئەو ڕاددەیە كە كاریگەریی لەسەر ھونەرێكی خۆڕسك دروست بكەن و ئاڕاستە و پەیامی ھونەرمەند بگۆرن. بەگشتی من وابەستە نەبووم بە شێوازێكی كاركردنی تایبەت، بۆیە ئەتوانم بڵێم ئەو شێوازەی من لەسەری كار ئەكەم بەتەواوی ناچێتە سەر جۆرێك لە قاڵبی قوتابخانەیەكی ھونەری دیاری كراو.
  • (بۆنی فیشەك و مێخەك) ناونیشانی دوا پیشانگای بەڕێزتان بوو دەكرێت باسێكی ناوەرۆكی تابلۆكان بكەیت؟
  • فیشەك و مێخەك دەرگای چوونە ناو جیهانی جەنگ و خۆشەویستییە، بەڵام نەخشی فەرش و قۆچی بزنەكێوی بۆنی كوردەوارین و تێڕامان و وردبوونەوەم قووڵدەكەنەوە بۆ سروشتی ژنەكێوی و سروشتی شاخ و مەودای خۆڕاگری ئێمە.
    بۆنی فیشەك و مێخەك كە دووەمین پێشانگای تایبەتی منە بە درێژایی یازدە ساڵی ئەزموونی كاركردنم چەند قۆناغێكی جیاوازی بڕیوە، ھەوڵم داوە ساتەكانی شەڕ و ژیان و بەردەوامبوون بنووسمەوە و ئاوێتەی ڕەنگ و ڕوئیای هونەرییان بكەم،ھەر بۆیە ژوورە كۆنەكانی قەڵای ھەولێرم هەڵبژارد تا هەر ژوورەی گوزارش لە قۆناغێك بكا و پێناسەی ماوەیەكی زەمەنی ژیانی هونەریم بێ. دەمەوێ پارێزگاری كردن لە كەلتوور و سروشت و مۆركی كوردانە بەشێك بێ لە پێناسەی كارەكانم.

    *بۆ داهاتوو هیچ پرۆژەیەكەت لە هەگبەدایە؟

  • ئەوەی راستی بێت چەند كار و پڕۆژەیەكم هەیە ئێستا كار لەسەر بەشێكیان ئەكەم، بەو هیوایە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەرهەم بێن و بخرێنە بەر چاوی بینەران.

كامەران حاجی ئەلیاس




پرۆژەکانی جیهادی شیعە لە عیراقدا!؟.. عوسمانی حاجی مارف

ئەوهێزە میلیشیایانەی ناوەکی بلۆکی دەسەڵاتداری لە عێراق پێکدەهێنن کە “چوارچێوەی هەماهەنگیە”، لە ئەندامانێک پێکهاتون بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەر بە بەرەیەکی جیهادین، ئەو بەرەیەی ئامانجیان فراوانکردن و قۆرخکردنی دەسەڵات و باڵادەستی ئیسلامی سیاسیە و لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران دەستی پێکردووە. چوارچێوەی هەماهەنگیش درێژکراوەی پڕۆژەی شیعەکانە، کە ئێستا خۆی لە کۆماری ئیسلامی ئێران، حزبوڵای لوبنان، گرووپی ئەنسارولڵا کە بنکەکەیان لەیەمەنە و گرووپە تیرۆریستیە عێراقیەکان و “چوارچێوەی هەماهەنگی”و میلیشیاکانیدا دەبینێتەوە.
سەرکەوتنی”چوارچێوەی هەماهەنگی” لە پێکهێنانی حکومەتدا، لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢١وە، قۆرخکاری وکۆنترۆڵی هەموو لقەکانی حکومەتیکردوە، بووەتە باڵادەستێکی بێوێنە لە دوای داڕوخانی دەوڵەتی عێراق لە ٢٠٠٣دا، بە دەسەڵاتێکی ڕەهای حوکمڕانی پێناسەدەکرێت. ڕابەرە ڕاستەقینەکان لە لوتکەی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، بە سێ سەرۆکی جیهادی دەناسرێتەوە کە هەریەکەیان پەیوەندیەکی نزیکیان بە ئێرانەوە هەیە، نوری مالیکی، قەیس خەزعەلی، هادی عامری.
“چوارچێوەی هەماهەنگی” دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دوو لیستی هەرە ئاشکرا و بەهێزەکەی، “هاوپەیمانی ئەلفەتح” و “هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا” کۆنترۆڵ دەکات. هەروەها دەسەڵاتی دادوەری لەڕێگەی سەرۆکی دادگاکانی ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکان، دادوەر فایق زیدان کۆنترۆڵ دەکات. هێزە سەربازیە ئاسایەکان (سوپا، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزی دەریایی، و هێزی ئاسمانی) و خزمەتگوزاریە هەواڵگریەکان، بە خێرایی لەلایەن گروپ و میلیشیا تیرۆریستیەکانی سەر بە ئێرانەوە دزە دەکرێن. هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سەرۆکایەتی تیرۆریستان، سوپایەکی هاوتەریبن کە لەسەر مۆدێلی سوپای پاسدارانی ئێران بنیات نراون. بەرپرسانی وەزارەتەکان ڕۆژانە بە فەرمانی گروپە تیرۆریستی و میلیشیاکان دەگۆڕدرێن. پارێزگارەکان لەڕێگەی چوارچێوەی هەماهەنگیەوە دەستنیشان دەکرێن.
زۆرینەی میلیشیاکان کە بە “الطلیعیە” ناودەبرێن، بەشێوەیەکی زۆرکاریان لەسەر دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت و پێکهاتەکانیدایە، لەوانەش وەک ڕێکخراوی بەدر و عەسائیب ئەهلی حەقو باڵە جۆراوجۆرەکانی میلیشیاکان بەپلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر چالاکیە سیاسی و ئابوریەکانە، کارەکانی “عەسایب ئەهلی حەق” و تەنانەت “ڕێکخراوی بەدر” هەندێکجار “وەک بزووتنەوەیەک بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەکەیان بەناوی هێزی بەرگری خۆیان دەردەخەن، کە بەتوندی سەرنجیان لەسەر قۆرخکردنی حوکمڕانی و دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتە، ئامانجی سەرەکیان تاڵانی سەروەت و سامانی ژێر دەستی دەسەڵاتی دەوڵەتە، لە عێراقدا ئەم گروپانە دڕندەترینی بزوتنەوەی جیهادین کە باشترین شارەزاییان هەیە لە چالاکیە بازرگانی نایاسایی و قاچاخچێتیەکاندا. لە ساتەکانی شەڕی ئێستای غەززەدا، خۆیان وەک ئەندامێکی سەرسەختی میحوەری بەرگری ڕادەگەیەنن.!
ئەوەی جێگای سەرنجە کە “حیزبوڵڵا”ی لوبنانی و هاوبەشە عێراقیەکانی وەک “لیواکانی ئیمام عەلی” لە ژینگەی عێراقدا تەواو سەرنجیان لەسەر بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتە، کەخۆیان لە سیاسەتی بەرەنگاری دژی ئەمریکا لە عێراقدا نادەن، وەها مامەڵە دەکەن ک عێراق گامێشێکە شیرەکەی بدۆشن بۆ ئەندامانی هێزی بەرگری لە لوبنان، ئەمەش تاڕادەیەک “ڕێکخراوی بەدر” ناڕەحەت دەکات.
ئەبو فەداک و هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر لە پرۆژە بازرگانیەکان و خۆدزینەوە لە گومرگەکان لە هاوردەکردن و گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران، بەردەوام هاوکاری دەکرێن. لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوخبەی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئەبو فەداک ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر ئامانجە ئەمریکیەکان و عەرەبەکانی کەنداو. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکێک لە بەرپرسانی پڕوپاگەندەی سەر بە لیواکانی حزبوڵلا و عەسائیب ئەهلی حەق یەکەم ڕاوێژکاری سودانی سەرەک وەزیرانن.
پێدەچێت “لیواکانی حزبولڵا” لە عێراقدا نەتوانن بەتەواوی بڕیارەکەیان یەکلایی بکەنەوە، و لەڕاستیدا دابەشبوون بەسەر دوو باڵدا، هەرچەندە هێشتا ئەو دوو باڵە پەیوەندیەکی نزیکیان هەیە. باڵێکیان کە کە ئەبو فەداک سەرۆکایەتی دەکات، بەپلەی یەکەم سەرنجی لەسەر کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبیە و بودجەی ساڵانەی ٢.٦ ملیار دۆلارە و پەرەپێدانی بازرگانیەکانی بیناسازی و گرێبەستکردنە کە پەیوەندیان بەحەشدی شەعبیەوە هەیە. یەکێک لەو کارانە “کۆمپانیای ئەندازیاری گشتی” بوو کە پلانی بۆ داڕێژرابوو، کە لەسەر مۆدێلی کۆمەڵەی خاتەم ئەلئەنبیا لە IRGC دامەزرا.
سەبارەت بە باڵەکەی تری “حیزبوڵڵا کەتایب” کە ئەبو حوسێن سەرۆکایەتی دەکات، زیاتر مەیلی پێشڕەوی ئاشکراتری هەیە، پێش قەیرانی غەززە لە عێراق و سوریا و ئوردن هێرشی زۆری لە دژی ئەمریکا ئەنجامداوە، ئەم باڵە ئەندامانی پەرلەمان لەخۆدەگرێت و لەیەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا چڕ دەبێتەوە، بەتایبەتی لەڕۆڵی ئەمنی و هەواڵگریدا. لەو حاڵەتانەی کە کوتلەی ئەبو حوسێن تێوەگلاون لە چالاکیە ئابوریەکاندا، ئەم چالاکیانە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندیان بە قاچاخچیەکانەوە هەیە، لەوانە هەناردەکردنی نەوتی نایاسایی و ساختەکاری لە خانووبەرەدا.
ئەندامانی میحوەری بەرگری،یان”شبکة التهدید الایرانیة” تۆڕی هەڕەشەی ئێران، ڕەنگە تەحەدایەکی زۆر ئاڵۆزتر و کاریگەرتر لە هەریەکێک لە گروپە جیهادیەکانی دیکەی بەشدار لە حوکمڕانی عێراقی ئەمڕۆدا دروست بکەن، ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆئاستی قەبارەی خاوی ئەو سەرچاوانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە، ئەو گروپانەی پاشکۆی ئێران بە ئاسانی دزە دەکەنە ناو پێکهاتە دەوڵەتیەکانەوەو کۆیان دەکەنەوە، کە توانای قەرزکردنیان لە بازاڕە نێودەوڵەتیەکان و فرۆشتنی نەوت و گاز (بە دۆلار) و کۆنترۆڵکردنی سندوقەکانی سەروەت و سامانی سەروەریان هەیە. لە لوبنان و یەمەن تۆڕە جیهادیە شیعەکان کۆنترۆڵی ئابوریە لەرزۆکە توندەکان دەکەن، لە ئێران و عێراقیش کۆنترۆڵی بەرهەمهێنەرانی وزەی جیهانی دەکەن کە هەریەکەیان توانایەکی یەکجار زۆریان هەیە لە بواری بازرگانی و بەرهەمهێناندا.
کۆنترۆڵکردنی عێراق، بەشێوەیەکی تایبەت لەلایەن “شبكة التهديد الإيرانية” تۆڕی هەڕەشەی ئێرانەوە، یاری گۆڕینێکە بەمانای کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی بەرگریە بەتایبەتی ئەوانەی پاشکۆی ئێرانن بەسەر حکومەتی عێراقدا، بەبێ ئەوەی هیچ هاوبەشیەک لەگەڵ موقتەدا سەدر بکەن، چونکە ئێران میلیشیا عێراقیەکان لە هاوپەیمانیەکی تایبەت بەخۆیاندا دادەنێت، وەک هێزی ئابووری بۆ هێزە هاوبەشەکانی ئێرانە، ئەوەش کە تۆڕی هەڕەشەی ئێران تازە بەدەستی هێناوە، ئێرانی کردۆتە ئێرانێک کە بە ئاسانی ناچێتە ژێر کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
حیزبولڵای لوبنان و بزوتنەوەی حوسیەکان، یاریزانی بچوکی ئابورین بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا. یەکەم بودجەی حکومەت بە سەرۆکایەتی “چوارچێوەی هەماهەنگی” گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا، کە ١٥٣ ملیار دۆلار خەرجی ساڵانەیە بۆ ماوەی سێ ساڵی لەسەریەک، کە نزیکەی ٪٥٠ زیادی کردووە بە بەراورد بە دوایین بودجەی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە پەسەند کراوە. بەڵام خەرجیە چاوەڕوانکراوەکانی لوبنانی ئیفلاسکراو لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەمتر لە دوو ملیار دۆلارە، هەروەها وڵاتەکە بەهۆی ئەو زیانە داراییە گەورەیەی کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تووشی بووە، بە بەهای ٧٢ ملیار دۆلار قەرزارە.هەروەها بودجەی “حوسیەکان” لەیەمەن کەمە و ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.
گەر بەگشتی حکومرانی جیهادی توانیبێتی لە ڕێگەی دەسەڵاتی ڕەهای چوارچێوەی هەماهەنگیەوە باڵادەستیەکی بێوێنە لە حکومرانی لە عێراقدا بەرجەستەکاتەوە، لەهەمان کاتدا دەتوانێت سیاسەتی دەرەوەیش بگرێتەوەو هاوسەنگیەک لە نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا ڕاگرێت. دەنگدەرترین سەرکردەی بەرگری دژە ئەمریکی لە عێراق، ئەکرەم ئەلکەعبی، لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە سەردانکەرێکی پێشوازی لێکراوی مۆسکۆ بووە، هەر بەم ئاراستەیە پەیوەندی نێوان هێزەکانی بەرگری عێراق و ڕووسیا بە خێرایی پێکهات، دوای ئەوەی هێزەکانی بەرگری بە توندی پشتگیریان لە داگیرکردنی ئۆکرانیا کرد. باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەغدا بەردەوام کار دەکات بۆ قوڵکردنەوەی ئەم پەیوەندیە، بەتایبەتی لە سەرەتای دەستپێکی قەیرانی غەززەوە، کە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئیستغلالکردنی توڕەیی عێراق بۆ لاوازکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.
چین کە زیاتر سەرنجی لەسەر وەبەرهێنانی ئابوریە، هەروەها دەستکەوتی گرنگی لەگەڵ هێزە بەرگریەکاندا بەدەست هێناوە، پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژە لاوەکیەکان ڕاگەیاندوە، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ دەستپێشخەری لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، پڕۆژەکانی بەندەر و هێڵی ئاسن، هەروەها هەر پارەدانێکی دیجیتاڵی، بەڕێوەبردنی بەرمیلی نەوت، و سیستەمی بەدواداچوونی کەشتیە دەریاییەکان، وەک ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی پشتیوانی چینی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بەڕێکخراوی بەدر و عەسائیب ئەهلی حەق.
لەڕاستیا ئەم پرۆژە ئابوریانەش بۆ خۆیان پێوستیان بەدۆخێکی گونجاویی ئاسایشە، سەختە سەرمایەگوزاری لە دۆخێکی نائاسایشدا کارەکانی برواتە پێشەوە، بۆیە ئەم پڕۆژە ئابوریانە کە بەشێکی گرنگە بۆ ئایندەی عێراق، لە کاتی خۆیدا کێشە بۆ پرۆژەی جیهادی شیعە دروست دەکات، ئەمەش هۆکارێکی واقعی دەبێت کە جیهادی شیعە دەخاتە ناو ناکۆکیەکەوە، کە ناچار بە پاشەکشەیەک دەبێت.
بەگشتی ئەوەی لەپێش چاومانە پرۆژەی جیهادی شیعە کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێرانەوە دەستی پێکردوە، ئەوەش لەو سەرکەوتنەوە مەترسیەکانی ئەم پرۆژەیەی نیشاندا، کە کۆماری ئسلامی لە ئێراندا دامەزراو توانی لە رێگەی پێکهێنانی دەوڵەتەوە و دەست بەسەراگرتنی سەرچاوە دارایەکان و داهاتی ئێران، بە ململانێ لەگەڵ روداو و دۆخە جیاوازەکانی جیهان ناوچەکەدا جیهادەکەی فراوانکاتەوە، لەهەمان کاتدا هەردوو جەنگی کەنداو و روخانی حکومەتی سەدام، گەورەترین هەلی رەخسان بۆ کۆماری ئیسلامی کە شەپۆلی پانتایی جیهادەکەی لەرێگەی دامەزارندنی بنکەیەکی بەهێز لە عێراقدا فروانتر کات و دۆخەکە بشڵەقێنێت.
سەرکەوتنی پڕۆژی ئەم جیهادە لە عێراقدا بەناوی هێزەکانی بەرگری، ئەو دەستتێوەردانە ڕاستەوخۆیەیە کە ئێران لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا ڕۆڵی بنەرەتی بینی و لە هەمانکاتدا ئەندامەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیوەند بە پاشکۆ بون بەئێرانەوە کارەکانیان بە ئەنجام دەگەیان.
ئەم پڕۆژەی جیهادەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێ بە پێکهاتەی حزب و ڕێکخراوەکانی و هێزە میلیشیاکانی و پاشکۆکانی تریەوە ناکرێ نەک کەمتر لە مەترسی نمونەکانی بن لادن و قاعدەو داعش بەڵکو پێویستە زیاتر حسابی لەسەر بکرێت بۆ ئایندەی سیاسی ناوچەکە، ئەو ئیمکاناتەی کە ئێستا لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێراندایەزۆر زیاتر لەوەی لەبەردەم بن لادن و قاعدە و داعشدا بو.
بەڵام ئاسۆیەک کە پێچەوانەی ئەم مەترسیەمان نیشان ئەدات، لەلایەک هاوچەرخی و شارستانیەتی کۆمەڵگەی ئێران و عێراق و سوریاو لوبنانە..کە ناتوانرێت ئەو جیهادە لەگەڵ ژیانیاندا ئاوێزان بێت، باشترین نمونە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی خودی ئێرانە کە چوار دەیە زیاترە بە زۆرداری چەك و سەرکوت و سێدارە، جیهادی شیعە نەیتوانیوە پەیوەندی هاوچەرخی کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی ئەو جیهادە بشێوێنێت.
بە هەمان شێوە عێراقیش لە ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩وە سەلماندیان کە جیهادی شیعەو دەسەڵاتی شیعە لەکۆمەڵگەی عێراقدا قەبول ناکرێت، ئەوەی شایانی باسە زۆرینەی نارەزایەتیەکان لەو ناوچانەدا بەرپابون کە بە ناوچەی شیعە نشین ئەژمار دەکرێت.
لەلایەکی ترەوە پێداویستیەکانی گەشەی ئابوری عێراقە، کە ناکرێت گەشەی ئابوری لەگەڵ پڕۆژەی جیهادا بگونجێنرێت، بەڵکو پڕۆژەی جیهادە کەدەبێت خۆی لەگەڵ پڕۆژە ئابوریەکاندا بگونجێنێت.

بۆ ئەم ووتارە سود لە نوسراوێکی “مايكل نايتس”وەرگیراوە بە ناونیشانی “السيطرة الجهادية الشيعية على الدولة في العراق”.
دکتۆر مایکل نایتس، پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی و ئەمنی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.




کچۆڵە ئابیجیتا گوپتا بچووکترین نووسەری جیهانە.. رەزا شـوان

کچـۆڵەی روحـسـووکی هـیـندی (ئابـیجـیـتا گـوپـتا) لە تەمـەنی حـەوت ساڵـیـدا، وەک بچووکترین نووسـەر جیهـان بە فەرمی سێ ریکۆردی پێوانەیی جیهانیی لە نووسینی سێ پەرتـووکـدا بەدەسـتهـێـنا. ئابـیجـیتا منـداڵـێکی بەهـرەمەنـدی پەرجـۆ و ناوازەیە. بۆ بیـرۆکەی نووسـینەکانی، ئـیـلهـام لە شـتە بچـووکەکانی دەوروبـەری وەردەگرێـت.
ئابیجـیتا دەڵـێت:”مـن زۆر گـرنگی بە دەوروبـەر دەدەم. لەوانـەیە لەو کاتـەدا وشـەی ورد بۆ گـوزارشتکـردن بـۆم نەیـەن. بەڵام کاتـێک کە دەسـت بە نووسـین دەکەم، لەو کاتەدا هـەستەکانم وشەی جـوانیان لێـدەبارێـت، دەتـوانم ئەوە بڵـێـم کە دەوروبەرم بە شـێوەیەکی زۆر، کارگەریی لەسـەر نووسـینەکانـم هـەیە”.
ئابیجـیتا لە ساڵی (٢٠١٢) لەدایکبووە. لەگەڵ باوک و دایکـیدا، لە شاری (گازی ئاباد) لە هیندستان دەژین. تاقانەی دایک و باوکێتی. باوکی (ئاشیش گوپتا) ژمیریاری گشتییە. دایکی (ئەنـۆپـریا گوپـتا) ئەنـدازیارە، ژنـێکی خـاوەن کاری بازرگانییە. زۆر هـانـدەر و پاڵـپـشی ئابـیجـیـتان.
ئابیجـیتا لە تەمەنی چـوار ساڵیدا، وەک هەر منداڵـێکی دیکە، بە فـۆنۆلـۆژیا (زانستی دەنـگەکان) ئاشنا بـوو. لەم تەمـەنەدا، دایک و باوکی سەرسام کـرد، کاتێک کە داوای پێنووس و تیانووسی لێکردن. کە دایان پێی چیرۆکێکی نووسی. ئابیجیتا کە تازە فێری کۆمەڵیک وشەی سێ و چوار پیتی ببوو، کەچی بەبێ هەڵەی رێنووسی چـیرۆکێکی لە کـۆمەڵـێک رسـتەی کورت نـووسی. دایـک و باوک و مامۆسـتاکانی باخچـەی منـداڵان شۆک بـوون. ئەمە سەرەتای دەرخـستنی توانـای زیـرەکی و ناوازەیی ئابـیجـیـتا بـوو.
دایکی ئابیجـیتا (ئەنـۆپـریا گوپتا) دەڵـێت:” هەمـوو دایک و باوکێک، خەونی ئەوەیان هـەیە کە منـداڵەکانیان بناسـرێـن. ئـەم خـەونە بـۆ ئێـمە زۆر زوو هـاتـەدی”.
ئابیجـیتا لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە، دەستی بە نووسینی کورتەچـیرۆک و هـۆنـراوە بۆ منداڵان کرد. ئەم حەزەی لە نووسیندا تا دەهـات زیاتر پەرەیـدەسەنـد. نووسین بوو بە خولیای رۆژانەی. رۆژانەش پەرتووکی دەخوێندەوە بە تایبەتیش چیرۆک و هـۆنـراوە. کە لە باخچـەی منـداڵانیش بـوو، لە چەنـدین پێـشبڕکێی خوێنـدنەوەدا بەشـداری کرد و لە هەمـوویانـدا خەڵاتی یەکەمی بەدەستهـێناوە. یەکەم چـیرۆکی بە ناوی (ئامـۆژگاریی فیلەکان) ەوەیە. یەکەم هۆنراوەشی بە ناوی (رۆژێکی خۆرگیران) ەوەیە. هەردووکیان لە پەرتووکی یەکەمیدا نووسراون. نووسینی چـیرۆک و هـۆنراوە لە خوێنی ئەو دایە.
ئابیجیتا گوپتا، ئاواتەخـوازە کە درێـژە بە میراتی باپیرانی بـدات. ئەو نەوەی سێیەمی دوو نـووسەر و هـۆزانڤـانی گەورە و زۆر بەناوبانگی هـێندستانە (راشتراکاڤی شری مایتلیجان گوپت) و (سانتکاڤی شری سیامچـاران گوپـت).
ئابیجیتا لە تەمەنی حەوت ساڵـیدا، یەکەم پەرتووکی بە ناوی (بەخـتەوەری لە هەمـوو شوێنێک) دا، چاپکرا و بڵاوکرایەوە. کە ئەنتـۆلـۆژیـای کورتە چیرۆک و هـۆنراوەیە، ئامانجەکەشی منـداڵانن. ئەم پەرتـووکەی لە (١٠) هـۆنـراوە و لە (٤) کورتەچـیرۆک پـێکهـاتـووە. هـۆنـراوەکانی بـریتـین لە: خۆشـەویستیی دایکـێک، خـوێنـدن باشـتریـن هـاوڕێمە، هـاوڕێی بەنرخ، دایکە زەوی، لێمان بگەڕێن با بفـڕین، …هـتد. بابەتەکانی چـیرۆکەکانی باس لە هـاوڕێیـەتی و خـواردنی تەنـدروسـت و مـتـمانە بەخـۆبـوونێکی زۆر دەکـەن. ئابیجـیتا گوپتا، بە بـڵاوکـردنەوەی ئەم پەرتـووکەی، ناوبـانگـێکی زۆری بەدەستهـێنا. هەر ئەم خۆشبەختییەی لە خوێندنەوەدا، والێکرد کە ناوی پەرتووکەکەی بنێت (بەختەوەری لە هەموو شوێنێک) هەر خۆشی دیزاینی بەرگ و ێنەکانی کێشاون.
ئابیجـیتا گـوپـتا، کە دەستـنووسی پەرتـووکی یەکـەمی لەگـەڵ دایـکـیدا، بـرد بـۆ چەنـد دەزگایەکی چـاپ و بڵاوکردنەوە، تا تێچـووی چاپکردنی بگرنە خۆیان. هـیچ خانەیەکی بڵاوکردنەوە ئامـادە نەبـوو بـۆی چـاپ بکەن. چونکە پێیان سەیـر بـوو، دودڵ بـوون و بـڕوایـان نەدەکرد، کە منـداڵـێکی حـەوت ساڵان بتـوانێـت پەرتـووکـێک وا بنووسـێت و وێنەکانی بکـێشێت. بەڵام کاتـێک کە دایکی قـەناعـەتی پـێکـردن، کە جـارێک بە وردی دەستنووسەکەی بخـوێـننەوە.
خاوەنی دەزگایەکی چـاپ و بڵاوکردنەوە، بە زەردەخەنـەوە، واو..! ئەو کچـە بچـووکە جوانە ئەم بابەتە جوانانەی نووسیوە. بـڕوای پێی کرد و رێکەوتن کە ئەو پەرتووکە و سێ پەرتووکی تـری داهـاتـووشی بۆ چـاپ بکەن و بڵاویـان بکەنەوە. دەزگـای چـاپ و بڵاوکراوەکە وەک بانگەشەیەکیش، ئەوەیان لەسەر بەرگی پەرتـووکەکانی نووسـیون:
“نووسـراوەکە بەبێ دەسـتکاری هـێڵـراوتەوە بۆ ئەوەی بێتاوانییەکەی کاڵ نەبێتەوە”.
ئابیجـیتا یەکەم منداڵی هـێندییە، کە رێکەوتنی گرێبەستی چاپکـردنی چـوار پەرتـووکی لەگەڵ دەزگایەکی چاپ و بڵاوکـردنەوەدا واژۆ کـرد. لە پەرتـووکی یەکەمی وەک مافی نووسـەر (١٠٠٠٠) روپیـیەی (پـارەی هـینـدی) وەرگـرت.
ئابیجیتا گوپتا لەلایەن تۆماری ریکـۆردە جیهـانییەکان، وەک (بچووکترین نووسـەر لە جیهـانـدا) ناسێـندرا و ناویـان تـۆمـار کرد و بـڕوانـامەی دانپـێـنانیـان پـێـشکەش کـرد.

هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، بە هۆی بەهـرە و لێهاتوویی لە نووسینی کورتەچیرۆک و هـۆنراوەی جـوان بۆ منـداڵان، ناویان لە پەرتووکی ریکـۆردەکانی ئاسیادا تۆمارکرد و نازناوی (گـرانـدماستەری نووسین) واتە (مامۆستای گەورەی نووسین) یان پێبەخـشی.
ئابـیجـیتا دەڵـێت:”زۆر دڵخـۆشـم بە وەرگـرتنی ئەم نـازنـاوە. دەمەوێـت دایـک و باوکـم شانازی بە نووسینەکانمەوە بکەن. حەز بە نووسین دەکەم و هەست بە دڵخۆشی دەکەم، کاتێک کە خوێنەران لە رێگەی پەرتووک و هـۆنراوەکانمەوە چێژ و ئیلهام وەردەگرن”
لە کاتی بڵاوبـوونەوەی پەتای (کـۆڤـید ـ ١٩) دا، کە قوتابخانەکان داخران و منـداڵان لە ماڵەوە بوون. ئابیجیتا ئەم هەلەی قـۆستەوە و پەرتووکی دووەمی دەربارەی ئەم پەتایە نووسی، بە ناوی (بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبین) باسی لە گاریگەرییەکانی (کۆڤیدـ ١٩) لەسەر ژیـانی منـداڵان لە جیهـانـدا کردووە،. کە چۆن منداڵان رووبەرووی ئەم قـۆناغـە بوونـەتەوە. بە چاپکـردن و بـڵاوکـردنەوەی پەرتـووکی دووەمی، هـێـندەی تر ناوبـانگی دەرکرد و وەک بچووکترین نووسەری جیهـان، ریکۆردی دووەمی جیهـانی بەدەستهـێنا. ناویـان لە لە پەرتـووکی ریکـۆردە جیهـانییەکان لە بەریتانیا تـۆمـارکـرد.
ئابیجـیتا گوپتا، لە کاتی واژۆکـردنی ئەم پەرتووکەیـدا وتی:”دڵخـۆشـم بە خـستنەبازاڕی پەرتـووکە نوێیەکەم. بە ناوی هەمـوو ئـەو منـداڵانەی لە کاتی پەتای (کۆڤـید ـ ١٩) دا، هەموو شتێکیان لەدەست داوە، من خەونی ئەوەم هەیە چەندین چیرۆک و هـۆنراوە بۆ هانـدانی هەمووان بنووسـم”. کاتی (کۆڤـید ـ ١٩) بۆ ئابیجـیتا کاتێکی بەرهەمدار بـوو. بـۆی بە خـێر. بەو پێیەی کە زۆربـەی نـووسینەکانی لە کاتـی ئەم پەتـایەدا نووسـیون.
پەرتـووکی سێیەمی بە ناوی (دەستپێکـردن بە شتە بچـووکەکان) بـریتییە لە کۆمەڵـێک کورتەچـیرۆک و هـۆنـراوە. کە لە لایـەن پەرتـووکخـانەی ئـۆکسفـۆردەوە بە دیجـیـتاڵ نمایشکرا. پەرتووکەکە لە لایەن دکتۆر خاتوو (چارو وەلی خانا)ی ئەندامی کۆمیسیۆنی نـیشـتمانی ژنـانی هـیندسـتانەوە خـرایە بـازاڕاوە.
ئابیجـیتا گوپـتا دەڵـێت:”ژیـنگەی دەوروبـەرم و تەنـانەت شـتە بچـووکەکانیـش بـۆ مـن ئیلهامبەخـشن. مـن لەسەر شـتە ئەرێنییەکان دەنووسـم. ئەوەی کە دەیبینم یان هەستی پێـدەکەم”.
ئابیجـیتا گوپتـا، بە نووسین و بڵاوکـردنەوەی ئـەم سێ پەرتـووکەی، وەک بچووکـترین نووسەر لە جیهانـدا، لە تۆمـاری ریکـۆردی جیهـانی و لە تۆمـاری ریکـۆردی ئاسیادا، ناسێـندرا و ناویان تـۆمـارکـردووە.
بابەتەکانی پەرتـووکەکانی ئابیجـیتا، کە بە هـەنـدێ وانە و بە رەوشـت بەرزی کۆتاییان دێـت، پەیامـێکی جـوان پێشکەش بە منـداڵانی هـاوتـەمەنی خـۆی دەکـەن.
ئابیجیتا منداڵێکی سۆزدار و میهربانە ئەو بڕە پارەیەی کە لە پەرتووکانی بەدەستیهـێنا، زیاتر لە (٤٠٠) هـەزار روپییەی هـیندییە. هەمـووی بەخـشی بە هـەژارانی وڵاتەکەی.
ئەبیجیتا گوپتا، یەکێکە لەو پینج منداڵە پەرجۆ و ناوازەی کە لەلایەن (ئینـدیاتایمز) ەوە هـەڵـبژێـراون. کە هـيندستان شانـازییان پێـوە دەکـات.
ئابیجیتا، تا ئێستا پـێنج ریکـۆردی پێـوانەیی جیهـانـیی بە دەسـتهـێناوە.
ئابیجـیتا گوپـتا، لە ئێستادا خوێنـدکارە، دەرچـوو پـۆلی شەشی بنەڕەتی، لە قـوتابخـانەی بنەڕتی (پـرێـسیدیـۆم ئیـندێـراپـورام) لە شاری گازی ئابـاد ـ لە هـینـدسـتان.
بێجگە لە ئارەزووی دڵخوازی خوێندنەوە و نووسین، خولیای وێنەکێشانە، لەگەڵ دایکی و باوکیدا سەیری فـیلم دەکات. لەگەڵ بـووکە شووشەکەی و هـاورێکانیـدا یاری دەکات. هـۆنراوەیەکیشی ئاوازیان بۆ دانـاوە و کراوە بە گۆرانی، لەلایـەن کۆمەڵـێک منـداڵەوە. لە رۆژی جەژنی جیهانی منداڵان لە ساڵی (٢٠٢١) دا، پێشەکەشیان کرد و تۆمارکراوە. گۆرانییەکیشی لەسەر ژینگەپارێزی، بە بۆنەی (رۆژی زەوی) یەوە نووسیوە، لە ساڵی (٢٠٢١) دا پـێشکەش کرا و تۆمارکراوە. بەرەوامیش سەردانی لای پەرتووکفرۆشەکان دەکات. دەڵـێت:” گەر نەتـازانی لە کوێـم، لەلای پەرتـووکـفـرۆشەکان دەمـدۆزنەوە”.
تا ئێستا چەنـد خەڵاتێ ناوخۆیی و نێـودەوڵەتیان پـێشکەش کـردووە. لەوانەش خـەڵاتی (گـڵوباڵ پـرۆدیگی جیهـانی ساڵی ـ ٢٠٢١) وەرگرتووە. لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، براوەی (خەڵاتی جیهـانیی منـداڵان پەرجـۆ) بـوو.
هـیوای داهاتووی ئابیجیتا گوپتا، دەیەوێت ببێت بە پزیشک و یارمەتیی هەژاران بدات.
دایـکی دەڵـێـت:” کچـەکـەم وتی، پـارە لـە خـەڵکی هـەژار وەرنـاگـرم، چـونـکە پـارەی پێویـستیان نیـیە”.
ئابیجـیتا دەڵێت:”لە داهاتـوودا پەرتـووکی زۆرتـر دەنووسـم. کاتـێک کە شـتێک دەبێـتە ئارەزووت، ناتـوانیـت واز لەو ئارەزووەت بهـێنیـت. بۆیە مـن بەردەوام دەبـم. تەنانەت کاتێک کە دەشـبـم بە پـزیـشک و کاتـم کەمـتر دەبـێـت”. دەشـڵـێـت:” سەرەتا کەسـێکی باش بە و دواتـر پـزیـشک بـە”.
نەرویـج: ٢٠٢٤




فیلمه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” ناسێندران.. مه‌نسوور جیهانی

ـ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” به به‌شداری به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی ١٢ وڵاتی جیهان له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow، ٣٨ به‌رهه‌م پێکهاتوو له دوو به‌شی پێشبڕکێی له‌وانه؛ له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان”، ٧ فیلمی سینه‌مایی و ٨ به‌ڵگه‌فیلمی بڵیند و هه‌روه‌ها له به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان”، ١٤ کورته فیلمی چیرۆکی و ٩ به‌ڵگه‌فیلمی کورت، بۆ به‌شداریی له به‌شی کۆتایی ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌ستنیشان کراون و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خەڵاتی کریستاڵی “هەتاوی زێڕین”ی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه له‌گه‌ڵ یه‌کتریی ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی”دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: “ئه‌مساڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزی خستۆته‌ سه‌ر وتووێژیی نێوان که‌لتووری و هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا. ئه‌م فێستیڤاڵه له درێژه‌ی نه‌ریتی ساڵانی ڕابردوو، به‌ ناونیشانی به‌شێک له ئاڵووگۆڕیی فه‌رهه‌نگی، دیسانه‌وه فیلمسازان و لایه‌نگرانی سینه‌ما له سه‌رتاسه‌ری جیهان له یه‌کتریی کۆده‌کاته‌وه تاکوو پێکه‌وه شاکاره ڕاسته‌قینه‌کانی سینه‌مای کوردی پێشکه‌ش بکه‌ن. جوگڕافیای به‌شدار‌بووان زۆر جۆراوجۆرن، به‌رنامه‌کانی فێستیڤاڵ، فیلمه‌کان له ١٢ ولاتی جیهان، له‌وانه؛ فه‌ڕه‌نسا، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا، دانیماڕک، هه‌رێمی کوردستان و … له خۆده‌گرێت. ته‌رکیزی جوێی له‌سه‌ر فیلمه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیزه‌دییه‌کان و دینی کۆنی میزۆپۆتامیای ئه‌وانه. هه‌ر ئه‌وه‌ش له چه‌مکی دیمه‌نی فێستیڤاڵیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه: هێمای سه‌ره‌کی پۆسته‌ری ئه‌مساڵ، په‌ڕیی تاووسه که هێمایه‌کی به‌هێزه بۆ خه‌ڵکی کورد، به تایبه‌ت له به‌ستێنی ئیزه‌دیسمدا، که دینی باب و باپیرانی باستانی هه‌موو کورده‌کانه که جه‌خت له‌سه‌ر گرینگی پاراستن و په‌ره‌پێدانی که‌لتووریی کوردی له ڕێگای سینه‌ما ده‌کاته‌وه. له پشته‌وه‌ی به‌ستێنی نه‌رگسیدا وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و له‌چکانه‌یه که به شێوازیی دابوونه‌ریت ژنانی کورد به‌سه‌ر خۆیانیدا ده‌ده‌‌ن. ئه‌م هێمانه، ته‌رکیز له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی که‌لتووری و دابوونه‌ریته‌کان له جیلێکه‌وه بۆ جیلێکی دیکه ده‌کات.”

لە درێژه‌ی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌ سینه‌ماییه‌کان”، له‌وانه؛ فیلمی ئه‌زموونی “مووسڵ، ماڵی منه” Mosul, My Home که پیاسه‌یه‌کی تێرووته‌سه‌له به ناو داڕمانی شاری مووسڵه و له هه‌وڵدایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌کانی دوای شه‌ڕ و هه‌روه‌ها وزه‌ی شار و دانیشتوانی چه‌ند نه‌ته‌وه‌‌ییه‌ک نیشان ده‌دات. دڕامای “غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم” Transient Happiness که خه‌ساره‌ناسی قاره‌مانێکی به وێنه گرتووه. دڕامای مێژوویی “١٩٨٨”‌ به پێی ڕووداوێکی ڕاسته‌قینه و گێڕانه‌وه‌یه له کاره‌ساتی دڵته‌زێنی بۆردوومانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له گرمه‌ی شه‌ڕیی نێوان عێراق و ئێران. حه‌ماسه‌ی خه‌مباری “ئه‌سپ” Horse سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌کانی قاره‌مانێکه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌که‌ی خۆی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی سه‌دام حوسێن و دڕامای “مێسی به‌غداد” Baghdad Messi سه‌باره‌ت به‌ کوڕێکی ته‌مه‌ن ده ساڵانه که قاچیکی تووشی زیان بووه، و باسی ئه‌زموونی تامه‌جرۆیی نه‌کووژانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ یاریی تۆپی پێی له عێراقی دوای شه‌ڕدا ده‌خاته‌ڕوو. هه‌روه‌ها “مه‌هسا پێکه‌نی” Mahsa Laughed سه‌باره‌ت به کۆچ به ناونیشانی ڕێگایه‌ک بۆ ڕزگاربوون له گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینییه‌کانه و “ڕۆژ باش” Good Day چیرۆکی هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌کته‌رانی شانۆی کوردستان بۆ دیسانه‌وه پێشکه‌ش کردنی شانۆیه‌ک ده‌گێڕێته‌وه که ٢٥ ساڵ پێش، ڕێگریان له نمایش کردنی گرتبوو، له ڕیزبه‌ندیی ئه‌م به‌رنامانه‌ن که له ماوه‌ی ٥ ڕۆژی فێستیڤاڵدا بۆ لایه‌نگرانی سینه‌ما په‌خش ده‌کرێن.

لە به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌‌کان”، ئه‌و فیلمانه له خۆده‌گڕیت که دیمه‌نی بواره جۆراوجۆره‌کانی ژیانی کورده‌کان نیشانی بینه‌ر ده‌ده‌ن. به تایبه‌ت، له‌وانه؛ “کچانی خۆر” Daughters of the Sun که چیرۆکه‌که‌ی سه‌باره‌ت به هه‌وڵی ژنان و کچانی ئیزه‌دییه بۆ بووژانه‌وه‌ی ژیانی خۆیان که له لایه‌ن داعشه‌وه به دیل گیرابوون. فیلمی “کوشتن و بڕین له سه‌حرا” Desert Massacre سه‌باره‌ت به هێرشی ڕژێمی به‌عسه بۆ سه‌ر گوندی دوووکان و فیلمی “بۆ عه‌داڵه‌ت” For Justice باسی هه‌و‌ڵه‌کانی ڕۆژانه‌ی دایکێکه بۆ ئازادی کوڕه‌که‌ی خۆی که له گرتووخانه ده‌ست به‌سه‌ر کراوه.

بێجگه له‌مانه، ئه‌م پێشبڕکێیه چه‌ندین به‌رهه‌می دیکه‌ش له خۆده‌گرێت، له‌وانه؛ فیلمی “هیواکان له دار” Hopes from the Tree پاڵه‌وانه‌که‌ی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌ست و پێیان له ده‌ست داوه، پڕۆتێزیان له دار بۆ ساز ده‌کات. “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزه‌کان” Minstrels of the Sacred Mountains باسی چیرۆکی سه‌فه‌ری ژه‌نیارێکه له ڕێگای مێژوو و ئه‌فسانه‌کانی ئامێری عیرفانی و باستانی ته‌نبووره‌وه. ژیاننامه‌ی “مسته‌فا پاشای یاموڵکی، خه‌باتکاری عه‌داڵه‌‌ت” Mustafa Pasha Yamulki the Fighter for Justice سه‌باره‌ت به ژیانی ئه‌فسه‌رێکی پله‌داری کورده که له‌ ساڵانی ١٩٢٠-١٩١٩ ده‌بێته سه‌‌رۆکی دادگای عوسمانی له تورکیا. “پۆڕتره‌ی په‌نابه‌رێک” Portrait of a Refugee سه‌باره‌ت به چالاکێکی مه‌ده‌نی ـ سیاسی کورده که بۆ ئازادی نیشتمانه‌که‌ی خۆی، ناچار ده‌بێت فیداکاریی زۆر بکات و فیلمی “ڕووباری خه‌مبار” Sorrowful River سه‌باره‌ت به گۆرانیبێژێکی ناوداری کوردستانه که بۆ ڕزگاریی نیشتمان‌، به هونه‌ره‌که‌ی خۆی ساڵانێکی زۆره که خه‌باتی کردووه.

لە به‌شی کۆتایی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان”، له‌وانه؛ ١٤ فیلم له وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا، که‌نده‌دا و هه‌رێمی کوردستان که ئه‌م به‌رهه‌مانه دڕاماکانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها ئه‌و فیلمانه‌ن که مه‌سه‌له‌کانی توندوتیژیی، له‌سێداره‌دان و تڕاژیدیا له ڕێگای هونه‌ره‌وه نیشانی بینه‌ر ده‌ده‌ن. به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان”، له‌وانه؛ ٩ پڕۆژه له وڵاتانی عێراق، تورکیا، ئێران، فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمی کوردستانه که زۆربه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌فیلم کورت و بڵیندانه سه‌باره‌ت به گرفته‌کانی ژنان و توندوتیژیی دژیی ئه‌وان و هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رهه‌مانه‌یه که بابه‌ته سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری کوردستان له خۆده‌گرێت.

ناوی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که چوونه‌ته قۆناغی کۆتایی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان” و هه‌روه‌ها به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان” له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بریتین له:

به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده چیرۆکییه‌‌‌کان”:
١- “مووسڵ، ماڵی منه” Mosul, My Home له ده‌رهێنانی “عه‌داڵه‌ت گه‌رمیانی” له هه‌رێمی کوردستان
٢- “غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم” Transient Happiness له ده‌رهێنانی “سینا محه‌مه‌د” له هه‌رێمی کوردستان
٣- “١٩٨٨” له ده‌رهێنانی “هه‌ژوان زه‌ندی” له هه‌رێمی کوردستان
٤- “ڕۆژ باش” Good Day له ده‌رهێنانی “ئۆزکان کۆچۆک” Ozkan Kuchuk له تورکیا
٥- “ئه‌سپ” Horse له ده‌رهێنانی “مێهدی ئه‌حمه‌دی” له کوردستان
٦- “مه‌هسا پێکه‌نی” Mahsa Laughed له ده‌رهێنانی “مێهران شیری” له کوردستانی ئێران
٧- “مێسی به‌غداد” Baghdad Messi له ده‌رهێنانی “سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه” له وڵاتانی عێراق و به‌لژیکا

به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌‌‌کان”:
١- “هیواکان له دار” Hopes from the Tree له ده‌رهێنانی “حه‌یده‌ر ده‌میرتاش” له عێراق
٢- “مسته‌فا پاشای یاموڵکی، خه‌باتکاری عه‌داڵه‌‌ت” Mustafa Pasha Yamulki the Fighter for Justice له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “هۆرێن غه‌ریب” و “هه‌ردی قادر ئیبڕاهیم” له هه‌رێمی کوردستان
٣- “کچانی خۆر” Daughters of the Sun له ده‌رهێنانی “ڕێبه‌ر دۆسکی”Reber Doski له وڵاتی هۆڵه‌ندا
٤- “پۆڕتره‌ی په‌نابه‌رێک” Portrait of a Refugee له ده‌رهێنانی “پێژمان موکاری” له وڵاتی دانیمارک
٥- “بۆ عه‌داڵه‌ت” For Justice له ده‌رهێنانی “ئێلیف ئێگیت”Elif Igit له تورکیا
٦- “ڕووباری خه‌مبار” Sorrowful River له ده‌رهێنانی “زانا نه‌وزاد مه‌حموود” له هه‌رێمی کوردستان
٧- “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزه‌کان” Minstrels of the Sacred Mountains له ده‌رهێنانی “فه‌رید ئێلهامی” له ئێران
٨- “کوشتن و بڕین له سه‌حرا” Desert Massacre له ده‌رهێنانی “نه‌به‌ز ئه‌حمه‌د” له هه‌رێمی کوردستان

به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان”:
١- “حه‌بیبوڵڵا” Habibullah له ده‌رهێنانی “عه‌دنان زه‌ندی” له کوردستانی ئێران
٢- “لیلی لی” Lili Li له ده‌رهێنانی “مه‌حموود چێکموکی ئه‌حمه‌د” له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا
٣- “نیشتمانی ژنانی نێژراو” Land of Buried Women له ده‌رهێنانی “ڕێکه‌وت حه‌مه تۆفیق” له هه‌رێمی کوردستان
٤- “دارتاش” The Carpenter له ده‌رهێنانی “خه‌لیل سه‌حراگه‌رد” له ئێران
٥- “ئافره‌ت” Afrat له ده‌رهێنانی “میکائیل ڕه‌حمانی” له کوردستانی ئێران
٦- “ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌ویی …” Those on Earth… له ده‌رهێنانی “هاروون یێل”Harun Yel له تورکیا
٧- “شنه‌با‌ی کوێستان” Mountain Breeze له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د فه‌ره‌ج‌زاده” له کوردستانی ئێران
٨- “ژنان له‌ کوێره‌دێیه‌کان” Women from Nowhere له ده‌رهێنانی “بڵیند عه‌لی عه‌زیز” له عێراق
٩- “ئه‌ستێره‌ی سه‌ر زه‌وی” Star on the Border له ده‌رهێنانی “بێریڤان سارۆخان” له باکووری کوردستان

به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه چیرۆکییه‌‌کان”:
١- “ڕزگاربوون” Liberation له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “میلاد مه‌جیدئابادی” و “پێدڕام هۆمایوون‌نیژاد” له ئێران
٢- “تاپۆ” Tapo له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د ده‌روێشی” له ئێران
٣- “کۆچ” Migration له ده‌رهێنانی “سه‌رکه‌وت نیکدڵ” له کوردستانی ئێران
٤- “سێو” Apple له ده‌رهێنانی “مێهمێت ئاکرۆک”Mehmet Akaruk له تورکیا
٥- “ده‌نگهه‌ڵات” Sound Rise له ده‌رهێنانی “فریا یۆنسی” له هه‌رێمی کوردستان
٦- “سورا” Sura له ده‌رهێنانی “ئه‌وینار مه‌ولایی” له کوردستانی ئێران
٧- “تریوێت” Trivet له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “عه‌بدولڕ‌‌حیم کارابۆلۆت”Abdurrahim Karabulut و “مه‌حسوون سێلائێر” Mahsun Selayir له تورکیا
٨- “شوان” The Shepherd له ده‌رهێنانی “سه‌رحه‌ت نه‌ریمان” له هه‌رێمی کوردستان
٩- “خه‌ون” The Dream له ده‌رهێنانی “سامان حوسێن‌پوور” له کوردستانی ئێران
١٠- “سێبه‌ر” Shadow له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “محێدین مامۆ ئه‌رسلان” و “مه‌حموود خه‌لیل چه‌کمه‌کی” له ڕؤژئاوای کوردستان
١١- “سال” Sal له ده‌رهێنانی “سیروان ته‌خت فیرووزه” له وڵاتی که‌نه‌دا
١٢- “ژان” Agony له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “بورهان ئه‌حمه‌دی” و “له‌یلا باغپیرا” له کوردستانی ئێران
١٣- “سه‌ما بۆ ئازادی” Dance for Freedom له ده‌رهێنانی “سالم سه‌ڵه‌واتی” له کوردستانی ئێران
١٤- “وته‌ی کۆتایی” The Last Word له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د که‌میل مه‌حموود” له هه‌رێمی کوردستان.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵینده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌” و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

https://disk.yandex.ru/d/dc30PDNGSWlkTA

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”.




ژیان و بیرى نیچە لە زارى خۆیەوە.. دڵشاد کاوانى

(من چارەنووسی خۆم دەزانم. ناوەکەم ڕۆژێک بە کۆمەڵێک یادەوەری شۆککەرەوە دەبەسترێتەوە – تێزێک کە پێشتر لەسەر زەوی نەبینراوە، ململانێیەکی قووڵی ویژدان سەریهەڵدا بۆ ئەوەی کە داوا لە خەڵک دەکرا باوەڕیان پێ بکرێت، لە گەوهەرەوە تا ڕۆحى پیرۆز. لە هەر شوێنێک فانتازیا ببینیت، من مرۆڤایەتی دەبینم، بەڕاستی سەرووى مرۆڤایەتی دەبینم!)
ئەمە قسەی فەیلەسووفی یاخیبووى ئەڵمانی فریدریش نیچەیە. ئەو باوەڕەی باسی لێوە دەکرد، ئەو باوەڕە بوو کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەوروپای گرتەوە. نیچە یەکەم فەیلەسووف بوو درکی بەوە کرد کە بە باوەڕبوون بە خودا، جیهانێکی تەواو نوێ لە جیهانی مرۆڤدا لەدایک دەبێت و ئەم جیهانە نوێیەش جیهانێکی ئازادی ڕەهایە: کە تێیدا مرۆڤ بە تەنیا تاکە پێوەرێکە بۆ هەموو گەردوون.
نیچە وەک کارل مارکس و ئەنیشتاین و سگمۆند فرۆید یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە لە سەدەی بیستەمدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەبووە. لەژێر کاریگەری نیچەدا حەقیقەتی ڕەها و بنەما ئەخلاقییە ڕەهاکان لەبەریەک هەڵوەشاندەوە و مرۆڤەکان بە ئاسانى نەیاندەتوانی ڕاست لە هەڵە، هەڵە لە ڕاست، هەڵبژێرن.
(خودا مردووە. خودا جارێکی تر زیندوونابێتەوە، چونکە ئێمە کوشتمان. ئێمە بکوژانی خودا چۆن دڵنەوایی خۆمان بدەینەوە؟ ئەو خودایە بێ سنوور میهرەبان و بەهێزە کە لە گەردووندا بوونی هەبووە، لە ژێر چەقۆی ئێمە خوێنی لێدەهات تا مردن. کێ خوێنی دەستمان دەسڕێتەوە؟)
ئەو ڕاستییە کە پێشتر هیچ ڕاستییەکی ڕەها نەدۆزراوەتەوە، ڕەنگە بۆ زانایانی سەدەی بیستەم ئەمە پڕۆژەیەکى عەقڵانی بێت، بەڵام نیچە پێشەنگى ئەم بیرۆکەیەبوو. (ئێستا ڕانەهاتووین و بیر نەکەینەوە کە کردەوەکانمان و چارەنووسمان بە ویستى خودا دیاری دەکرێت. ئێمە چارەنووسی خۆمان دروست دەکەین، هیچ شتێک پێشوەختە دیاری نەکراوە، بە پشتبەستن بە هەوڵ و بڕیارە ئازادەکانی خۆمان بوونی خۆمان دەردەبڕین بەبێ ئەوەی لە ژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکان بین – ئەمانەن کە پێمان وایە عەقڵانیترین شتن لە سەردەمی مۆدێرن).
هەرچەندە بیرۆکەکانی نیچە خەڵکی بۆ شکۆمەندی بانگ دەکرد، بەڵام ئەو ئازادییەی کە نیچە بۆ خەڵکی هێنابوو، جۆرێک لە بارگرانی بوو، چونکە نیچە زۆر باش دەیزانی کە لەگەڵ مردنی خودادا ئەو شتانەی کە بە تەواوەتی بە ڕاست و پیرۆز لە لای مرۆڤەکانەوە دادەنرا. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، نیچە دەبوو کارێک بکات کە پێشتر کەس نەیکردبوو و بۆیە نیچە باجێکی زۆری بۆ دا. نیچە دەیویست ئەخلاقی جیهانێکی بێ خودا بنیات بنێت، بۆیە ئەرکێکی بۆ خۆی دانا کە کەسی تر نەیتوانی جێبەجێی بکات. کەواتە وەهمە دەمارگیرەکانی نیچە بوون بە حەتمییەتى تەواو.
هەوڵە فەلسەفییە گەورە و مەبەستدارەکانی نیچە لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا بە شێتی کۆتایی هات. ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە وەک بیرمەندێک لە کۆتاییدا نیچەی وەک مرۆڤێک لەناوبرد. ئایا لە گەشتەکەیدا بۆ جیهانی نهێنی، ئایا ئەو ڕاستییە کۆتاییەی دۆزیەوە کە مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ؟
“لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٤ لە شاری ساکسۆنیا لەدایک بووم و پەرستنی پیرۆزم وەرگرتووە.” باوکم، فریدریش ویلهێلم، پیاوانی ئایینی ئەم شارۆچکەیە بوو، نموونەیەکی تەواو بوو بۆ پیاوێکی لادێیی. بە سروشتی خۆی بەهرەمەند و زیندوو و میهرەبان بوو و خۆی بە هەموو فەزیلەتە جوانەکانی ئایینی مەسیحی بەخشی. “ژیانەکەی پاک و سادە بوو، بەڵام پڕ بوو لە خۆشی.”
لە کاتی پەرستنی نیچەدا باوکی لە بەڕێوەبەرەکەی پرسی: “ڕات چییە لەسەر ئەم کوڕە؟” ئەویش لە نیچەى پرسی گەورە ببيت بۆ ئەوەی کەسێکی باش بیت، یان گەورە ببیت بۆ ئەوەی کەسێکی خراپ بیت. پاشان درێژە بە باسکردنی هەموو ئەو شتانە دەدات کە منداڵانی بچووک دەتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە، لەوانەش گوناه و وەسوەسە و لەم کارەدا هێڵی نێوان چاکە و خراپە لە دڵی نیچەی گەنجدا دەکێشێت. دوای چەندین ساڵ، نیچە کتێبی “لە دەرەوەی چاکە و خراپە”ی نووسی و بە درێژایی ژیانی فەلسەفی خۆی هەوڵیدا ئەم سنوورە ڕوون و ڕەهایەی نێوان چاکە و خراپە کاڵ بکاتەوە و چاکە و خراپە بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئەو دووانە وابەستەی هەریەکەیان بکات.
ڕەنگە نیچە بەختەوەرترین بەشى تەمەنی لە هەموو ژیانی سەردەمى منداڵیی بووبێت، هەرچەندە خوشکەکەی دوو ساڵ دواى ئەو دا لەدایک بووە، دوای ساڵێکێتر برایەکی بچووکتر لەدایک بووە. بەڵام کارەساتێک لە ساڵی ١٨٤٧ ڕوویدا کاتێک باوکی نیچە تووشی نەخۆشی ئیفلیجی مێشکی چارەسەرنەکراو بوو. باوکی لە ساڵی ١٨٤٩ کۆچی دوایی کرد، برا بچووکەکەی دوای ساڵێک کۆچی دوایی کرد. نیچە هەمیشە وەک پاڵپشتێکی ڕۆحی چاوی لە باوکی دەکرد و ڕێزی لێ دەگرت. لەو کاتەدا نیچە ناچار بوو بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو سەیری نەخۆشی باوکی بکات. نیچە نەیتوانی بەسەریدا زاڵ بێت کە بۆچی ئەو خودایەی باوکی متمانەی پێ دەکرد و باوەڕى پێ دەکرد و خزمەتى دەکرد، بەو ئازارەى بەرگە نەگیراو سزاى داوە. ئەمە ئەو فاکتەرە یەکلاکەرەوەیە بوو کە بووە هۆی ئەوەی نیچە سەرەتا گومانەکانی لەبارەی ئایینی مەسیحییەوە دروست بکات.
کاتێک نیچە تەمەنی تەنها پێنج ساڵ بوو کاتێک باوک و براکەی لەدەستدا، لەگەڵ دایکی و خوشکەکەیدا ڕوویان لە شارۆچکەی نۆڤەمگ کرد، لەوێ بۆ خوێندن دەچێتە بەشەناوخۆیی شولففۆر لە دووریی 5 میل.
ئاماژەی بەوەشکردووە: کاتێک کاتی ئەوە هات کە بچمە مانگی نۆڤەمبەر، کەسایەتیم دەستی بە دەرکەوتن کرد. من وەک منداڵەکانی تر بێخەم و دڵخۆش نەبووم چونکە لە منداڵیدا خەم و پەژارەی زۆرم بەسەر بردبوو. هاوڕێکانم گاڵتەیان بە دۆخی گرژ و ڕەش و ڕووتم دەکرد. هەر لە بچووکییەوە هەمیشە حەزم دەکرد تەنیا بم، کاتێکیش تەنیا دەبم، دوور لە سەرقاڵکردن و کاتێک لە دەرەوەی خۆمم، هەست بە گەورەیی دەکەم”.
نیچە وەک “خوێندکارێکی ماندوو، دیسپلین لە کار و ڕەفتارەکانیدا، و بە چوستى و تینوێتییەوە فەرمانە ئایینییەکانی خوێندووە”. لە ژیانی دواتردا نیچە خۆی بە “دژە مەسیحی” ڕاگەیاند، بەڵام ئیتر وا نەبوو. دوای تەواوکردنی ئەم قوتابخانەیە، شوێنپێی باوکی کەوت و چووە زانکۆی بۆن بۆ خوێندنی ئیلاهیات. بەڵام لە یەکشەممەی جەژنی ئیستەر لە ساڵی ١٨٦٥دا، ڕەتیکردەوە لەگەڵ خێزانەکەی بەشداری لە مەراسیمی پیرۆزی کڵێسای ناوخۆیی نۆڤمبۆرگدا بکات. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بە تەواوی وازی لە پیشەی ئایینی هێنا و دەستی کرد بە خوێندنی زمانەوانی و ئەدەب بە ئامانجی بوون بە زانای کلاسیکی. لە نامەیەکدا بۆ ئەلیزابێسی خوشکی، هۆکارەکانی لادانە کە دەنووسێت.

  • ئەلیزابێسی خوشکی ئازیزم، تاکە مەبەستم لە نووسینی ئەم نامەیەدا ئەوەیە کە بۆچوونی خۆمتان پێ بڵێم لە بەرامبەر باوترین بەڵگەکانی ئیمانداران. هەر باوەڕێکی ڕاستەقینە بە تەواوەتی بێ هەڵەیە، چونکە باوەڕ لە خۆیدا گوزارشت لەوە دەکات کە باوەڕدار هیوای دۆزینەوەی هەیە، بەڵام باوەڕ هیچ ڕاستییەکی بابەتییمان بۆ دابین ناکات.
    لێرەدایە کە ڕێگەی مرۆڤ دەست بە دابەشبوون دەکات: ئەگەر بەدوای ئارامی و بەختەوەری دڵتدا بگەڕێیت، ئەوا باوەڕ بکە؛ ئەگەر دەتەوێت بتێکی حەقیقەت بیت، ئەوا بەدوایدا بگەڕێ.
    دوای ٢٠ ساڵ لە دەستبەرداربوونی نیچە لە باوەڕەکەی، بەرهەمی “دژی مەسیحییەت”ی نووسی. زۆرجار بەرهەمەکانی بەم شێوەیە دەنووسی “لە سەر بەردی گۆڕی خودا نووسیومە”. بەهێزترین هێرشی نیچە بۆ سەر ئایینی سروشتی دابەشکەر لە تەنزێکی شێتێکدا هات، کە لە ساڵانی کۆتایی ژیانی نیچەدا نووسراوە، کە بە قسە سەرسووڕهێنەرەکەى “خودا مردووە” بەناوبانگە.
    لە ساڵی ١٨٦٩ واتە ١٠ ساڵ دوای بڵاوکردنەوەی کتێبی (دەرویین لە سەرچاوەی جۆرەکان)، نیچە بانگهێشت کرا بۆ پۆستی پرۆفیسۆری زمان و ئەدەب لە زانکۆی بازل. تا ئەم خاڵە بەڕاستی خۆی لە سنووردارکردنی ئایینی مەسیحی ڕزگار کردبوو، بەڵام نەیدەتوانی شتێکی دیکە جێگەی مەسیحیەت نەگرێتەوە. نیچە پێی وابوو کە ئازارەکانی مرۆڤ تا ڕادەیەک قووڵن و ئەگەر سزای پیرۆزی خودایی نەبێت، ناتوانرێت ئازارەکانی مرۆڤ ڕوون بکرێتەوە. نیچە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی بدۆزێتەوە، ڕووی لە فەلسەفە کرد، بۆیە لەگەڵ فێرکارییەکانی فەیلەسووفی بێدینی ئەڵمانی ئارسەر شۆپنهاوەردا ئاشنا بوو، هەر لەم فێرکردنەدا بوو کە نیچە وا دیار بوو تێگەیشتووە کە چۆن گەردوون بەبێ خودا دەتوانێت بوونی هەبێت و دڵنەوایی و هیواى بۆ بۆچوونەکەى دۆزیەوە.
    دوای ئەوەی نیچە بۆی دەرکەوت کە چیتر ناتوانێت باوەڕ بە خودای مەسیحییەت بکات، ئاسایی بوو فەلسەفەی شۆپنهاوەر سەرنجی ڕابکێشێت. لە ناوەڕۆکی فەلسەفەی شۆپنهاوەردا جۆرێک لە ڕەشبینی و خەمۆکی و ئینکاری و بیرۆکەی دونیای نەرێنی بۆی دەرکەوتووە کە زۆرینەی ڕەهای ژیانی مرۆڤەکان زۆر بەختەوەر نییە، ژیانیش زۆر دڵتەنگە. بە بڕوای نیچە، لە ڕێگەی هەندێک ڕێگەوە دەمانتوانی ئەم ڕاستییە لە خۆماندا بەدی بهێنین: “باشترە بە هیچ شێوەیەک لەدایک نەبین و ئەگەر نا، با زووتر بمرین”.
    بە تێڕوانینی شۆپنهاوێر، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی خۆمان لە نەهامەتیەکانی ژیانی مرۆڤ، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، لە ڕێگەی هونەرەوەیە، بە تایبەتى مۆسیقا. مرۆڤ لەکاتێکدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت و بە دڵ و گیان دەچێتە ناویەوە، دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەرداری ئارەزووەکانی بێت و خۆی تێپەڕێنێت. لە هەمان کاتدا نیچە پێی وابوو هیچ شتێک ناتوانێت هاوتای مۆسیقای مۆسیقاژەنی بەناوبانگی ڕیچارد ڤاگنەر بێت لە دەربڕینی بیرۆکەکانی شۆپنهاوێر لە خۆیدا. بەم شێوەیە نیچە بوو بە هەوادارێکی سەرسەختی ڤاگنەر و جارجارە سەردانی ڤاگنەری دەکرد.
    لە هونەری نووسیندا نیچە ئەگەری زیندووکردنەوەی ئەدەبیاتی ئەوروپی لەسەر بنەمای کارەساتی کلاسیکی یۆنانی دەبینی. کتێبی “لەدایکبوونی کارەسات”ی نیچە، زۆر ئیلهامێکی زۆری لە ڤاگنەر وەرگرتووە، و پێیوابووە کە مۆسیقای ڤاگنەر نوێنەرایەتی جیهانێکی پێش مەسیحی دەکات کە لەلایەن دیۆنیسۆسەوە هێما دەکرێت کە یەکێکە لە خوداوەندەکانی شەرابی یۆنانی. کولتوری دیئۆنیست پڕ بوو لە زیندوویی، مۆسیقا گەشەی کرد و نیچە زۆرجار لەگەڵ سەمادا تێکەڵی دەکرد. هەروەها دیئایۆنیزم پەیوەست بوو بە سەرخۆشی و خۆبەزلزانین و زیادەڕەوی و ئاهەنگگێڕانەوە و بێڕێزی بە ئازار و خەم و کارەسات نەدەکرد.
    وەک چۆن نەخۆشی جەستەیی بە ئازار لە جەستەی خۆیدا لاوازی دەکرد، نیچە بەدوای چارەسەرێکی فەلسەفیدا دەگەڕا بۆ ئازاری بوون. نیچە هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە نەخۆش بوو و تا تەمەنی ٣٠ ساڵی بە نەخۆشیەکەى بەردەوام و بەتەواوى ئێخەى دەگرێت.
    ئاماژەی بەوەشکردووە و دەڵێت “هەر ٢-٣ هەفتە جارێک، تا ٣٨ کاتژمێر لەسەر جێگاکەم پاڵدەکەوم – ئەوە ئەشکەنجەی ڕاستەقینەیە! ڕەنگە باشتر بم، بەڵام ئەم زستانە خراپترین زستان بووە. بەردەوام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیرم لەوە دەکردەوە کە شتێک بە ناوی خۆشی لە ژیاندا نەماوە. من تووشی شۆک بووم کە ژیان چەندە قورسە”.
    نیچە نووسیویەتی نەخۆشە، بەڵام نەیگوتووە نەخۆشیەکەى چییە. ئەو هێندە ورد نیشانەکانی نەخۆشییەکەى وەسف کرد کە خوێنەرى سادە و ساکارەکان نەیاندەزانى کە نیچە بەڕاستی باسی چی دەکات. لە ساڵی ١٨٧٨ لە کاتی کردنەوەی شانۆی ڤاگنەر لە بایرۆ، نیچە دوای ئەکتى یەک شانۆی بەجێهێشت، چونکە لەناکاو بە هۆى نەخۆشییەکەی کە کەس نەیدەزانى چییەتى نیچە کەوتە خوارەوە. کاتێ مۆسیقای ڤاگنەر دەستی کرد بە وەرگرتنی تۆنێکی ناسیۆنالیستی، پەیوەندی نیچە لەگەڵ ڤاگنەر ساردبوونەوە بەخۆوە دەبینێت. لە شانۆکەدا، نیچە دیسانەوە لە مۆسیقای ڤاگنەر بێزار بووەوە و ئەم جۆرە بێزارییە کاریگەری لەسەر دەروونی گرت و دواتر کاردەکاتە سەر جەستەی: هەستی بە سکچوون دەکرد، ڕشانەوە، ناتوانێت دابنیشێت و شانۆکە بەجێ دەهێڵێت. ڤاگنەرى هاوڕێشى نەیتوانی لەم شتە لێى خۆش بێت. ڕۆیشتنی نیچە لە شانۆگەدا کۆتایی بە پەیوەندی نێوان ئەو دووانە هێنا.
    تەندروستی نیچە خەریک بوو شکستى دەخوارد، چیتر نەیدەتوانی لە ڕێگەی بیرۆکە فەلسەفییەکانییەوە مامەڵە لەگەڵ ژیان و کێشەکانیدا بکات و چارەسەری شۆپنهاوێر و ڤاگنەر بۆ ڕزگاربوونێکی کاتی لە ئازار لە ڕێگەی مۆسیقاوە ئیدى کارى لە نیچە نەدەکرد.
  • لە نزمترین خاڵی ژیانمدا، هەر لەم خاڵەدا، خۆمم لە خەمۆکی دەرهێنا. غەریزەی بایۆلۆژی زگماکیم بۆ خۆپاراستن، لە فەلسەفەی نائومێدی و هەژاریی سنووردار کرد. وا دیار بوو ژیانی خۆم لە نەخۆشی درێژخایەن بەو هەژاری و نائومێدییە تێدەپەڕێنم.
    ژیانێکی نوێم دۆزیەوە، خودێکی نوێم دۆزیەوە. ئیرادەی خۆم لەسەر تەندروستی و ژیان دادەنێم؛ ڕووم کردە فەلسەفەیەکی لەو جۆرە – ئیرادەی دەسەڵات”.
    بە بڕوای نیچە گەورەترین زیانی ئایینی مەسیحی دەرکردنی جەستەی مرۆڤ بوو لە کولتوور. لە ڕوانگەی ئەوەوە وا دیار بوو تەواوی فەلسەفەی جادووگەری لە جەستەی مرۆڤ بە هەڵە تێگەیشتبوو، کە سروشتی فیزیکیمان و سروشتی ڕۆحیمان لە کۆتاییدا پەیوەستە بەوەوە کە چۆن بیرمان لێ دەکردەوە. ڕەنگە لەم خاڵەدا چەمکی (“ئیرادە بۆ دەسەڵات”) ڕوون بکرێتەوە. بۆچوونەکانی ڕاستەوخۆ تیۆری دەروونی فرۆیدیان لە قاڵب دا.
    فەلسەفەی نوێی نیچە بووە هۆی ئەوەی کە کارەکەی بۆ “مرۆڤایەتی، سەرووى مرۆڤایەتی – کتێبێک بۆ ڕۆحی ئازاد” ناسراوە. کتێبەکە لە لادێکانی شاخی سویسرا نووسراوە، بەرهەمێکی فەلسەفی و هەروەها دەروونناسی بووە. ئەوە یەکەم لێدوانی گەورەی نیچە بوو سەبارەت بە بیرۆکەی تاکایەتی، داوای لە مرۆڤەکان دەکرد سەربەخۆ بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەم کارەی لە ماوەی پیاسە کورتە پشوودانەکانیدا تەواو کردووە، بەم جۆرە بەردەوام بووە تا لە کۆتایی ژیانیدا بەدەست دەمارگیرییەوە کەوتووە.
    “بەم شێوەیە بە درێژایی ڕێگەی حیکمەت، بە هەنگاوێکی دڵگرەوە و ئیمانێکی دڵسۆزانە بەرەو پێشەوە ڕۆیشتم.”
    بە هەموو شێوەیەک سەرچاوەی ئەزموونەکانی خۆت بە، و واز لە کوفرە سروشتییەکانی خۆت بهێنە. لە خۆت خۆشبە. هێزێک لە سروشتەکەتدا هەیە کە دەتوانیت هەموو ئەو شتانەی کە بەسەرتدا تێپەڕیون، هەنگاوی هەڵە، هەڵە، وەهم، وروژاندن، خۆشەویستی، هیواکان بخەیتە ناو ئامانجەکانی ئێستای ژیانتەوە.
    نیچە خۆی لە ڕێسا و بیرۆکەی کۆنی نەریتی خەڵکی دەوروبەری ڕزگار کرد. بۆ ئەو “ڕۆحی ئازاد” بە واتای “هەبوونی ئیرادە، توانای ئەنجامدانی، بوێری بیرکردنەوە لە شتی نوێ، پرسیارکردن لە بۆچوونەکانی خۆی، دۆزینەوەی ڕێگەی خۆی بۆ ئازادی”. دوای تەواوکردنی “مرۆڤایەتی، سەرووى مرۆڤایەتی”، نیچە خۆی فڕێدایە ناو سروشتێکی فراوان. دەیزانی ئەو کتێبەی نووسیویەتی مشتومڕێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە، هەروەها بەهۆی بیرۆکەکانییەوە چەندین ناسیاو و هاوڕێی لەدەست دەدات. لەڕاستیدا تەنانەت واگنا توانی کتێبەکە وەک دەرکەوتەی ناسەقامگیری دەروونی نیچە ببینێت. کەواتە، نیچە بەڕاستی تەنیا بوو. هەستی دەکرد وەک ئەوەی پاڵەوانێکی موعجیزەئامێز بێت و بەرەو لوتکە نەبینراوەکانی تاکە شاخەکان سەردەکەوێت، بۆ ناو خاکە نوێیەکان، هەنگاو دەنێت.
    دوای ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی کتێبی مرۆڤایەتی، سەرووى مرۆڤایەتی، نیچە بەهۆی نەخۆشییەوە دەستی لە پۆستی پرۆفیسۆری زانکۆی بازل کێشایەوە و ڕووی لە دڵی بەرزاییەکانی ئەلبەکانی سویسرا کرد و هەموو ساڵێک هاوین و زستانێک لەوێ بۆ ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوو بەسەر دەبرد. نزیک بوو بچێتە فەرەنسا، یان ئیتاڵیا، چونکە دەبوو خۆی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنێت بۆ تەندروستی خۆی. لەم نێوەندەدا بە خانەنشینییە کەمەکەی دەژیا. ئەو حەزی لە فێنکایی هاوین بوو، حەزی لە هەوای پاک بوو، وای دەزانی بیرکردنەوەکانی ڕوون و تیژ دەبێت. لە نێو شاخەکاندا ئەو شتەی دۆزیەوە کە بەدوایدا دەگەڕا – ڕەقبوونێک کە کاریگەری هەستەکانی مرۆڤی لەسەر نەبوو. لە دیمەنی ئەو شاخانەدا ڕۆحی مرۆڤ شتێکی بێ بایەخ بوو.
  • ئەو فەلسەفەیەی کە تا ئێستا لێی تێگەیشتم، ئەوەیە کە بە تەنیا لە نێوان سەهۆڵبەندان و شاخەکانی بەرزدا بژیم؛ هەر شتێکی سەیر و جێی پرسیار، یان کەوتۆتە ژێر سنووردارکردنی ئەخلاقی لە بووندا، نادۆزرێتەوە.
    سەهۆڵەکە نزیکە و تەنیایی بێکۆتایە. لە ژێر ڕووناکیدا هەموو شتەکان ئەوەندە هێمن بوون، هەناسە ئەوەندە ئازاد بوو، مرۆڤ چەندە بیەوێت هەستی دەکرد لەناو خۆیدا نقووم دەبێت.
    لە ساڵی ١٨٨٢ لە کاتی سەفەرکردنی لە ئیتاڵیا، نیچە تاکە کچێکی لە ژیانیدا ناسی کە شایەنی خۆشەویستی بوو. کچەکە ناوی لو سالێمی بوو، خوێندکارێکی نایاب بوو کە تەمەنی تەنها ٢٠ ساڵ بوو. نیچە ئەم کچەی بە “ئازا وەک هەڵۆ، ئازا وەک شێر” وەسف کردووە. کچەکە لەلایەن دەروونناس پۆڵ ڕەی بە نیچە ناسێندرا و لەو ساڵەدا ئەو سێ کەسە پێکەوە وەک تیمێکى جیانەبووەوە گەشتێکی ئیتاڵیایان کرد و وەک ئەوەی ڕۆحی ئازاد بن، دەژیان. دواجار نیچە پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ سالمی کرد، بەڵام سالمی نەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ نیچە بکات، لە ڕاستیدا سالمی نەیدەویست هاوسەرگیری لەگەڵ کەس بکات.
    دوای ماوەیەک سالمی و پۆڵ ڕەی بە تەنیا ون بوون و دیارنەمان، بۆیە نیچە زانی وازی لێ هێنراوە. توڕەیی ئەو هەڵگیرسا و لە نامەیەکدا بۆ کەسانی دیکە، نیچە دەڵێت: ڕقم لە بەشەکانی خۆم بوو. دەبێت ئەو ژیانە بچووکەی کە ماوە، یەک قووت بە یەک قووت بخۆم و هەندێکجاریش لە قوڕگمدا گیر دەبێت. ئەم هاوینە ئەوەندە تووشی ئازار و ئەشکەنجە بووم کە شێت بم. هەرچەندە بە هەموو توانامەوە هەوڵدەدەم خۆم بگرم، بەڵام ئەگەر موعجیزەیەک ڕوونەدات و بتوانم چەقۆیەک بکەم بە زێڕ، ئەوا تەواو بووم.
    بەڵام موعجیزەیەک ڕوویدا و تۆزەکە بوو بە زێڕ و ئەم زێڕەش کتێبی “زۆرۆ ئەستەر بەم شێوەیە دەڵێت” بوو. کتێبەکە دەست پێ دەکات:
    کاتێک زۆرۆ ئەستەر تەمەنی سی ساڵ بوو، زێدی خۆی و دەریاچەی زێدی خۆی بەجێهێشت و هاتە شاخ. لێرەدا ١٠ ساڵ بە ئارامی و بێدەنگی بەسەر برد. بەڵام دواجار گۆڕانی دڵی بەسەردا هات. بەیانییەک کە ئاسۆ تازە دەستی بە درەوشاوەیی دەکرد، هەستا و لەگەڵ خۆر قسەی کرد:
    ئەی ئەستێرەی گەورە! خۆشبەختی تۆ چی دەبوو ئەگەر ئەوانەی بەسەرتدا دەدرەوشێنەوە نەبوایە!
    دە ساڵە هەموو ڕۆژێک دێیتە ئەشکەوتەکەم ئەگەر من و هەڵۆ و مارەکانم نەبوایە، لە گڵۆپ و چراکانت بێزار دەبوویت.
    بەڵام هەموو بەیانیەک چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە تیشکی درەوشاوەی دڵت هەڵبمژی، گۆرانی دەڵێین و چێژ وەردەگرین.
    ڕەش! وەک هەنگێک کە هەنگوینێکی زۆر کۆدەکاتەوە، لە پاشماوەی خۆم بێزارم و دەستە تینووەکان دەستم بۆ درێژ دەکەن.
    زۆرۆ ئەستەر سۆ سایس کتێبێکی تاکە کەسە. ئەم خاڵە لە کارەکتەری زۆرۆ ئەستەریش لە کتێبەکەدا دەبینرێت. کاتێک زۆرۆ ئەستەر لە شاخە تاقانەکەیەوە دادەبەزێت بۆ کۆکردنەوەی میر، بۆی دەردەکەوێت کە خەڵکەکە گوێی لێ ناگرن. ناتوانێت بینەرێکی گونجاو بۆ خۆی بدۆزێتەوە و هێشتا کەسێکی تەنیایە. بە واتایەکی تر مەبەست لە فیلمی So Says ی زۆرۆ ئەستەر تایپکردنی پرۆسەی دۆزینەوەی بینەری گونجاوی زۆرۆ ئەستەرە، لەنێویاندا نیچە. هەروەها لە پرۆسەکەدا زۆرۆ ئەستەر بۆی دەردەکەوێت کە بەڕاستی ئەرکەکەی چییە.
  • زۆرۆ ئەستەر هاتە شارۆچکەیەکی بچووک لە لێواری دارستانەکە. خەڵکێکی زۆر لە بازاڕەکەدا کۆبوونەوە. چونکە کەسێک گوتبووی دەروازەوانەکان نمایشێک دەکەن. زۆرۆ ئەستەر بە ڕای گشتی گوت: “
    هاتووم بانگەوازتان بۆ بکەم سەبارەت بە بوون بە پیرۆز. مرۆڤ دەبێت لە خۆی تێپەڕێت. ئایا ئێوە هەوڵتان داوە لە مرۆڤایەتی تێپەڕن؟”
    نیچە دیدگایەکی ئایدیالیزەکراوی خۆی بۆ تێپەڕاندنی خۆ پێشنیار کرد، کە ناوی لێنا “مرۆڤی باڵا”. بۆ ئەوەی ئەم “سوپەرمرۆڤە” خۆی تێپەڕێنێت، پێویستی بە تێپەڕاندنی جیهانی میتافیزیکی لە دەرەوەی مرۆڤایەتی نەبوو، بەڵکو ئەو جۆرە تێپەڕاندنە خۆبەزاندنی مرۆڤایەتی بوو لە چوارچێوەی ئەگەرەکانی خۆیدا. بەڕاستی ئەمە چەمکێکی پارادۆکسیکە، بەڵام ئەوەش ئەوەیە کە نیچە بانگمان دەکات بۆ ئەوەی لەبەرچاو بگرین: ئێمە وەک مرۆڤ چۆن خۆمان تێدەپەڕێنین؟
    ئەم چەمکە لە “سوپەرمان” لە سەردەمی خەباتی نیچە بۆ زاڵبوون بەسەر خۆدا سەریهەڵدا. بە بڕوای نیچە مرۆڤایەتی ئەرکی ئەوەی لەسەر بوو کە دۆخی ئێستای خۆی تێپەڕێنێت. “سوپەرمان” بە واتای “سەرکەوتن” دێت و ئەوە پرۆسەی دۆزینەوەی ڕێگەی کەسانی بێ خودا بوو لە جیهانێکی ڕەها ئازاددا بەبێ خودا.
    لە دڵی خۆیدا گوتی: “من پیادەڕەو و شاخەوانم و حەزم لە دەشتەکان نییە”. پێدەچێت نەتوانم بۆ ماوەیەکی زۆر هێمن دابنیشێم.
    بارودۆخەکە هەرچییەک بێت، سەرگەردان و سەرکەوتن پێویستە. بەڵام، هەرچەندە مرۆڤ بە سەختی بگەڕێت، دوا شت کە مرۆڤ تووشی دەبێت خۆیەتی.
    چانسەکانم نەماون. ئەوەی بەسەرمدا دێت خەمی من نییە!
    دوای “خۆم” زۆر سەرگەردانی و تاقیکردنەوەی ئیمپریالیزم، گەڕامەوە ماڵەوە.
    هەروەها دەزانم کە ئێستا لەسەر دوا لوتکە وەستاوم، ئەو لووتکەی کە لە سەرەتای زەمانەوە بانگم کراوە. ئای دەبێ سەرکەوم بەسەر سەختترین ڕێگەی شاخ کە هی خۆمە! ئاه، تەنیاترین سەرگەردانی کە دەستم پێکردووە!
    بەڵام کەسانی وەک من ناتوانن لەم جۆرە ساتانە ڕزگاریان بێت. ئەم ساتە پێی دەڵێت:
    ئێستا لە ڕێگەی گەورەیی! لوتکە و دۆڵ، باش و خراپ، ئەمانە تێکەڵ بوون”.
    دوای تێپەڕاندنی چاکە و خراپە، ئەو شتە بێ بایەخانەی کە مرۆڤایەتی بۆ ماوەیەکی کاتی پێیان سەرقاڵ بووە، هەستەکانی ژیانی خۆی لە ئامانجە فەلسەفییەکانی خۆیدا تێکەڵ کرد. بەڵام لەبەر ئەوەی لە تەنیایی ڕەهادا دەژیا، وازی لە هەموو پەیوەندییە مرۆییەکان هێنا بۆ جیهانی خەیاڵی خۆی. فەلسەفە بوو بە تاکە دڵنەوایی بۆ ژیانی نائومێد و قەناعەتی قووڵ.
    “عەقیدەی من ئەوەیە کە مرۆڤ تەنیا لە ناو کەسانی هاوبیر و هاو ئیرادەدا دەتوانێت گەشە بکات.” من شەریکێکی وام نییە. ئەمە نەخۆشی منە”.
    تەنانەت نیچەش بەرگەی ئەو تەنیاییە لە ڕادەبەدەرە نەدەگرت، بۆیە لە هاوینی ساڵی ١٨٨٨دا لە بەرزاییەکانی ئەلب سویسرایەوە ڕووی لە شاری تۆرین لە ئیتاڵیا کرد. دوای ئەوەی مرۆڤایەتی لە ڕابردووی خۆی ڕزگار کرد، ئێستا نیچە ئەرکی دیاریکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی پێ سپێردرا. دەستی کرد بە دامەزراندنی بەها ئەخلاقییەکان بۆ کۆمەڵگەیەک کە خودا تێیدا نەمابوو، ستانداردێکی ئەخلاقی نوێ کە بە تەواوی لە فێرکارییەکانی ئەخلاقی مەسیحی تێپەڕاند کە بریتین لە خۆبەدەستەوەدان و بەزەیی و گرنگیدان بە کەسانی دیکە. نیچە ئەمەی بە “بە نرخاندنەوە بۆ هەموو بەهاکان” ناوبرد.
  • چاکە چییە؟ هەر شتێک کە هەستی دەسەڵات و دەسەڵات بەهێز بکات، واتە ئیرادەی دەسەڵات، خودی دەسەڵات؛ خراپە چییە؟ هەر شتێک کە لە لاوازییەوە لەدایک بووبێت؛ چی لە هەموو گوناهێک زیانی زیاترە؟ هاوسۆزی بۆ هەموو شکست و هەموو لاوازییەک، واتە مەسیحیەت. ئایینی مەسیحی ئایینی بەزەییە و کاتێک بەزەییدار دەبین دەسەڵاتمان لەدەست دەدەین”.
    تەواوی ئەرکی نیچە داڕشتنی سیستەمێکی ئەخلاقی نوێ بوو. بەڵام تێگەیشت کە کاتەکەی تەواو دەبێت، دەیزانی کە ڕۆژێک دێت دەمرێت، هەروەک چۆن مرۆڤە ئاساییەکانی تر. تادێت توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکەی زیاتر بوو. نیچە پیاوێک بوو کە لە تەمەنی گەنجیدا کۆچی دوایی کرد و زۆربەی ژیانی بە مردن بەسەر برد. بۆیە نوقم بوو لە نائومێدی و خەمۆکیدا. زۆرجار مەیلی ئەوەی هەبوو کە خۆی لەگەڵ مردنی ئەو کولتوورە مەسیحییەدا تێکەڵ بکات کە باسی دەکرد و ئەو دووانە لە تەمەنێکی زۆر سەیردا کۆبوونەتەوە. بەم شێوەیە لە دوایین کتێبی خۆیدا بە ناوی (سەیری پیاوەکە)دا، هەموو ژیانی داهێنەرانەی خۆی وەک سیستەمێک وەبیرهێنایەوە کە هەموو بەهاکانی هەڵسەنگاندەوە. بەڵام ڕەشبینی و خەمۆکی نیچە لە ڕاستیدا ڕێگر بوو لە پێکهێنانی سیستەمێکی لەو شێوەیە. لە کۆتاییدا نیچە سیستەمێکی نوێی بۆ لەناوبردنی کۆن دروست نەکرد.
    “هەڵسەنگاندنەوە بۆ هەموو بەهاکان- ئەمە فۆرمولەی پێداچوونەوەی کۆتایی منە بە مرۆڤایەتی.
    دەبێ یەکەم مرۆڤی ڕاوروس بم.” ئەوە چارەنووسی منە”.
    نیچە بە ئەرکی خۆی دەزانی کە بنەمایەکی ئەخلاقی بۆ سەردەمێکی بێ خودایی پیرۆز دابمەزرێنێت؛ بیرۆکە و لۆژیک و گریمانەکانی مێژووی خستە ژێر پرسیارەوە و ڕاستی دەکرد. بەڵام کاتێک کێشەکە لە شکاندنەوە بۆ چاککردنەوە ڕۆیشت، ئەم ئەرکە مەحاڵ بوو. بەڕاستی بیرکردنەوەکانی بەڕاستی تیژ بوو، بەڵام بیرکردنەوە تیژەکەی دەستی پێکرد بە ڕێگەیەکی مەترسیداردا. نیچە مرۆڤی وەک حاڵەتێکی ئینتقالی لە نێوان ئاژەڵ و سەرووى مرۆڤدا دەبینی. ئەو پرسیارەی کە کردبووی ئەوە بوو: ئاژەڵگەرایی هێندە ڕەگ و ڕیشەی لە سروشتەکەتدا داکوتاوە، ئەوا تا چەند دەتوانیت لە مرۆڤی باڵا نزیک بیت لەگەڵ ئەم سروشتەدا؟
    نیچە لە مانگی یەکی ساڵی ١٨٨٩دا لە شەقامەکانی شاری تۆریندا عەرەبانەسازێکی بینی کە قامچی لە ئەسپێک دەدا کە بەهۆی ئازار و هاوسۆزی بۆ ئەسپەکە کەوتە خوارەوە. نیچە تێک شکا. نیچە بە درێژایی ژیانی فەلسەفی خۆی بەرەنگاری بەزەیی و هاوسۆزی ددانەکان بووەوە وەک لاوازی؛ بەڵام لە چەند ئاماژەیەکی کۆتاییدا بۆ جیهان، بەزەیی و هاوسۆزی خۆی دەربڕی کە بارودۆخی ژیانی هاوبەشی ئاژەڵان و مرۆڤەکان چەندە بەدبەخت و ستەمکارانە. دوا کردەوەی نیچە پێش تێکچوونی دەمارەکانی تووشى شێت بوون هات، ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەو پیرۆزێکی سەرووى مرۆڤ نییە، بەڵکو مرۆڤێکی سادە و پڕ لە لاوازی مرۆڤە.
    دوای ئەوەی نیچە بێهۆش بوو، دەستبەجێ نیچە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، پاشان گواسترایەوە بۆ ئەڵمانیا، دایکی زستانی لەوێ بەسەر برد. پزیشکەکان بە فەرمی نیچەیان بە “شێت” دەستنیشان کرد. لەو کاتەوە ئەلیزابێسی خوشکی ئاگاداری بوو. نیچە دوای ئەوەی بۆ ماوەی ١٢ ساڵی تر لە حاڵەتێکی شێتیدا ژیاوە، لە ساڵی ١٩٠٠ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.

    ————————
    سەرچاوەکان
    ئیینگیلزیى.
    Thus Spoke Zarathustra: A Book for Everyone and No One (Penguin Classics) Paperback – November 30, 1961
    The Birth of Tragedy Paperback – January 13, 2018 by Friedrich Nietzsche (Author) out of 5 stars 121 ratings
    Beyond Good and Evil Paperback Friedrich Nietzsche – November 6, 2018




ڕۆڵی فاکتەری مادی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا!.. سابیر م

‏‎

بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکاری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ ، لەهەموو بوارەکانی ژیاندا ، پێوسیتە بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەما ئابوریانەی کە ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگای پێوە بەستراوەتەوە.
چونکە پێ بەپێی گەشەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان ، پەیوەندیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیش گۆڕانکاریان بەسەردا دێت .
وە بەم شێوەیە شانبەشانی ئەم هەلومەرجە تەواوی فاکتۆرە سەرەکیەکانی یاخود کارگردە لاوەکی و بنەڕەتیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان ئەگۆڕدرێن .
تێڕاونینی میتافیزیکی و ئاینیانەی لە چەشنی ئەوەی کە مرۆڤ تەنها بە ( ڕوح ) یان هەست و سۆز ئەژی ، تێڕوانینێکی تاک لایەنەو دوورە لە بنەمای زانستی وە تەنانەت واقیعی ژیانی خودی مرۆڤەکان.
چونکە ئەگەر گریمان ئەم تێڕوانینە ڕاست بێت ، ئەی کەواتە ڕۆڵی هێزەکان وە هۆیەکانی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا چیە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان ؟
لەکاتێکدا کە ساویلکە ترین و نەخوێنەوارترین مرۆڤی سەر ئەم زەمینە ئەوە ئەزانێت ، کە کۆمەڵگا دابەشبووە بەسەر دوو چیندا، چینێک هایلایڤ ئەژی وە چینێکیش تەنها لەسەر ڕەنجی شانی خۆی نەبێت و ئەگەر کارنەکات ناتوانێ بژی .
ئەوەی شایانی باسە جار بۆجار لەگەڵ پەیدابوون و گەشەی سەرمایەداری و جیهانی نیۆلێبڕالیزم و هەڵپەی خەڵک بۆ کەڵەکەی سەرمایەو وە ڕاکردنیان بەشوێن جیهانی دیگیتاڵیزم و زانستی ڕۆبۆت ، تەواوی پەیوەندیەکانی مرۆڤ و هەست و نەستی ڕاستەقینەیانی لەباربردووەو ئەیانمرێنێت ، هەروەها زیادبوونی ڕێژەی نامۆبوون و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جیهانێکی ئیفترازی ( نا واقیعی) وە ڕیاکاری و وە گوێنەدان بە کەسایەتی وە حەیسییەتی دروستی مرۆڤانەی خۆیان ، وە خۆچەماندنەوەو وە تەممەلوقیان بۆ ئەو کەسایەتی و هێزانەی کە بەرژەوەندیەک و دەستکەوتێکی مادیان لێوەرئەگرن ، واتە تەواوی هەڵسوکەوت و هەڵوێست و هەست و سۆزو عاتیفەو خۆشەویستی مرۆڤەکان بەگوێرەی قازانج و بەرژەوەندیە مادیەکانی خۆیان ، ئەباتە پێشەوەو هەرچی چۆنێک بێت لەگەڵ نیازەکانی خۆیدا ئەیانگونجێنێت.
هەربۆیە لە لێکدانەوەیەکی زانستیانەی بلیخانۆفدا لە کتێبی ( ڕۆڵی فاکتەری ئابووری لە مێژوودا) ، باس لە ڕۆڵی ئەم فاکتەرە ئابووریە ئەکات لە کۆمەڵگای چینایەتیدا ، بەتایبەت لە ئێستای گڵۆباڵیزەبوونی سەرمایەدا ، باس لەوە ئەکات کە چۆن فاکتەری مادی کارکردی خۆی لەسەر هەست و نەست و مەشاعیری کەسەکان داناوە.
لەوێدا بلێخانۆفی بلیمەتانە بەراوردێک لە نێوان دوو دایکدا ئەکات ، لەناو ئەم کۆمەڵگای چیانیەتی و سەرمایەداریەدا ؛
سەرەتا باس لە جۆری لاوانندنەوەو شین و گریان وا وەیلای بێوە ژنێکی بەتەمەن و هەژار ئەکات لە گوندێکدا ، کاتێک کە لەسەر تەرمی کوڕە تاقانەکەیدا شین و واوەیلا ئەکات ، وە چۆن وە بە چ جۆرێک شین و واوەیلاکەی بەدەم گریانەوە بە سەر تەرمی کوڕەکەیدا هەڵئەدات ، کە بەم شێوەیە ئەلاڵێتەوەو گوزارش لە خەمی ژیانی خۆی ئەکات کە ئیتر چی بەسەر دێت دوای مردنی کوڕەکەی ؟

( ” بەدەم گریانەوە ئەپرسێت ، کە کێ ئەتوانێت چاودێری و خزمەتی من بکات بەم بێکەسیە ؟!
ئیتر ئەو کاتە بۆ خۆم هەر ئەبم بە ژنە سواڵکەرێکی هەژاری بێدەرەتان و هیچیتر !
کێ لە سەرمای پایزو زستاندا بە هانامەوە دێت و فریام ئەکەوێت ، وە داری سووتانم بۆ دێنێت وە وردیشیان بکات بۆم ؟
وەکێ ئەچێت بۆ ڕاو شکارو پەیداکردنی بژێوی ژیانم و کەروێشکێکی کێوی بێنێتەوە ؟
ئای کاسیانۆڤنای داماو ، تەواو کوڕەکەشت مرد ، وە تفەنگی کوڕەکەشت بە هەڵواسراوی مایەوە، بۆ خۆی ژەنگ ئەیخوات ! “) ( ١)
بەڵام ئەگەر بەراووردی شین و گریان و وایلای دەوڵەمەندەکان بکەین، سەیر ئەکەیت فاکتەرە ئابووریەکان کاریگەری و ڕەنگدانەوەیان هەیە لەسەر ژیان و هەست و نەستی و خۆشەویستی وە خۆشی و ناخۆشی ئەوانیش ، با بزانین ژنە دەوڵەمەندێک چۆن گوزارش لە ماتەمینی و ناخۆشیەکانی خۆی ئەکات و لەکاتی شین و گریان واوەیلای مردنی مناڵەکەی چۆن ئەلاڵێتەوە وە ئەڵێ
( ” ئەی گیانەکەم ، ئای چەندین ئێوارەو شەوانی خۆش و دڵڕفێن بەسەر بردووە لەگەڵ مناڵەکانمدا و ئەوکاتانەی کە هەموویان بەدەورمەوە لە نزیکی دایکیان لەسەر باوەش و ڕانم پاڵئەکەوتن و لەو کاتانەدا کاتی خۆم بە بیرکردنەوە لێکۆڵینەوە لەسەر زمان و ڕێزمان و مێژووو بەسەر ئەبرد ، وە هەندێکیش لە دۆستەکانمان لەولاوە لە سووچی لای زۆپاکەوە بەیەکەوە دەمەتەقێیان بوو !
بەداخەوە
ئەو کاتە ئەو ژیانە خۆشەم بەکەم ئەگرت !
بەڵام ئەوەتا دەستی ستەمی ڕۆژگار کچەکەی لێسەندم !
ئای چ جەرگ سووتانێکە ، خوا سەبووریم بدات !
تەنانەت خۆشیم لەهێچ شتێک نە ئەبینی ئەو ساتە وەختانەی کە ئەمبینی دڵی ناخۆشە، تەنانەت پەست و دڵگران و تووشی خەمۆکی ئەبووم ، تەنانەت خۆشیم لە هیچ شتێک نەئەبینی ئەو ساتە وەختانەی کە جێم ئەهێشت و ئەچووم بۆ ئاهەنگە خۆشەکانی هەڵپەڕکێ و سەماکردن ، لەو کاتەدا کە لەناو نیگای چاوەکانیدا خەم و پەژارەم بەدی بکردایە . ” «٢٧») (٢)
ئەم بەراورد کردنەی جۆرج بلێخانۆف بۆ هەست و نەستی ئەو دوو دایکە ، بە واتای ئەوە نایەت کە دەوڵەمەنەکان مناڵەکانیان خۆشتر ئەوێت ، بەڵکە بەو مانایەیە کە هەست و سۆزێ هەریەکەیان بەجۆرێک نمایش لە ژیان و گوزەرانی خۆی ئەکات و ڕەنگدانەوەی ووردەکاری بنەمای بژێوی ئەوانە ، هەروەک چۆن لە شیوەنی دایکە هەژارەکەدا ئەبینرێت کە ژیانی وە مانەوەی بەند بووە بە کوڕەکەیەوە ، بەڵام لە شیوەنی دایکە دەوڵەمەنەکەدا ئەوەمان بۆ ئەخاتەڕوو کە وردەکاری ژیان ئەو چەند خۆش بووەو ، مردنی کچەکەی ئەو یادەوەریە خۆشانەی وەبیرئەهێنێتەوە کە لەکاتی خۆیدا وە لە سەروەختی ژیانی کچەکەیدا تیایدا ژیاوە .

هەربۆیە .
کاتێک کە هەریەکێکمان لەوە تێبگات کە سەرچاوەی بەرخورد و ڕەفتاری مرۆڤەکان لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێت ، وە لەبەر چ هۆیەک بەو شێوەیەهەڵسوکەوت و ڕەفتار ئەکات ، ئەو کاتە کێشەیەکی گەورەمان لە لێکدانەوەی چۆنیەتی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەدا نامێنێت ، وە بگرە نزیکترمان ئەکاتەوە لە بنەماکانی ژیانی مرۆڤەکان و چۆن کۆمەڵگا دابەشبووە بەسەر بە دوو چینی کۆمەڵایەتی ، وە هەنگاوێک نزیکترمان ئەکاتەوە لە کۆتایی هێنان بەم پەیوەندیە ساختەکاریەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری وە خەبات و تێکۆشانی پێویست بۆ ژێرەو ژوور کردنی کۆمەڵایەتیە چینایەتیە و بەرژەوەندیە ئابووریانەی ئەم جیهانە ، وە بنیاتنانی (جیهانێکی نوێ وە دنیایەکی نوێ ) کە هیچ بەرژەوەندیەکی چینایەتی تێدا نەبێت
، .
لە کۆتاییدا چەند ووشەیەک لەسەر بلیخانۆف بڵێم ، ئەویش ئەوەیە ؛ کە بلیخانۆف ڕاستە لە کۆتاییەکانی ژیانی سیاسی خۆیدا چووە بەرەی مەنشەفیکەکان و دژ بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر وە درێژەپێدانی وەستایەوە وە ووتی( نە ئەبوو دەستمان بدایەتە چەک)! کە بەم هەڵوێستەشی چووە ناو بەرەی (دژە شۆڕش) ، بەڵام ئەوەمان بیر نەچێتەوە کە خودی بلێخانۆف دامەزرێنەرو گەشەپێدەری ڕەوتی مارکسیزم بووە لە ڕوسیادا و بلیمەتیەکی بێوێنەی نواندووە لە سەرخستن و زیندووڕاگرتنی بیروبۆچوونەکانی مارکس و ئەنگلز ، وە ماموستای خودی لێنینیش بووە ، وە ئەو نووسیانەی تا ئەو کاتە ساتەی کە نەچووبوە ڕیزی بەرەی دژ بە شۆڕشەوە ، وەک هەر یەکێک لە ئوروستۆکراتەکانی تری ڕووسیا ، بە گرنگترین و بەسووترین سەرچاوەکانی ماکسیزم و ماتێڕیالیزمی دیالەکتیک و مێژوو دائەنرێن ، وە زۆر بلیمەتانە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی بۆچوونەکانی مارکس و ئەنگلزی نەک بۆ ڕوسیا بگرە بۆ گشت پڕۆلیتاریای جیهان شیکردۆتەوەو داکۆکی لێکردووە !
ئومێدەوارم هەر تێکۆشەرێکی سیاسی کە سەرقاڵی ڕووخاندنی سەرمایەداری وە تێگەیشتن لە ماتێریالیزمی دیالەکتیک وە میتۆدی شۆڕشگێڕانەی مارکس و ئەنگلز ە ، تەواوی ئەو کتێبە کۆنانەی بلێخانۆف بخوێنێتەوە ، چەندێک کە بۆمان بکرێت ، بەبێ ئاگاداربوون و خوێندنەوەی ئەم لێکدانەوانەی بلێخانۆف بۆشاییەکی گەورەو پایەیەکی سەرەکی مەعریفی و زانستی لەم ناوچانەدا سەبارەت بە تێگەیشتن و شیکردنەوەی باسەکانی خودی مارکس و ئەنگلز و تەنانەت مارکسیزم وەتا ئەو کاتەش وەک بەڵشەفیکێک خەباتی کردووە شانبەشانی لێنین ، ئەم بۆشاییە بەبێ ئەم شیکارە مەعریفیانەی بلێخانۆف پڕ نابێتەوە .

سابیر م.
٩ / ٨ / ٢٠٢٤
—————————-
(١) لە کتێبی ( ڕۆڵی فاکتۆری ئابووری لە مێژوودا) بلیخانۆف ، ل. ١٦٠-١٦١ ، وەرم گێڕاوەتە سەر کوردی
(٢) هەمان سەرچاوەی پێشوو .ل.١٦١
‏‎٢٧» [ فیکتۆر هۆگۆ : ” التأملات ” – ( تێڕامانەکان) . دەقە فەڕەنسیەکە .
یان ئەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وەرگێڕانەکانی نووسینەکانی بلیخانۆف کە کردوومانە : ( “هونەر و تێڕوانینی مادیانە بۆ مێژوو “) ]




كتێبێك لە بارەی بزووتنەوەی ڕوانگە چاپ و بڵاوكرایەوە

كتێبێكی دیكەی سەدیق سەعید ڕواندزی بە ناوی ( ڕوانگە ناوێكی زێڕین لە سەردەمێكی زێڕیندا ) چاپ و بڵاوكرایەوە. ئەم كتێبە، لە بنەڕەتدا وەڵامە بۆ كتێبێكی (عەبدوڵا عەباس) كە چەند مانگێك لەمەو بەربڵاوكرایەوە و تیایدا بزووتنەوەی ڕوانگەی بە ناوی زل و دێی وێران ناو بردبوو. ڕواندزی لەو وەڵامەی خۆیدا، بە شێوەیەكی بابەتیانە و مێژوویانە، وەڵامی نووسەری داوەتەوە و ڕوونی دەكاتەوە كە ڕوانگە نەك ناوێكی زل نەبووە، بەڵكو بزووتنەوەیەكی گرنگی شیعریش بووە، كە لە سەردەمی ڕێكەوتننامەی یانزەی ئازاردا، كە قۆناغێكی زێڕین و درەوشاوەی مێژووی كوردە، ڕاگەیێندراوە . ڕوانگە كە لە سەر دەستی (جەلالی میرزا كەریم، كاكە مەم بۆتانی، شێركۆ بێكەس، جەمال شارباژێری، حوسێن عارف) ڕاگەیێندرا، توانی گۆڕانكاریەك لە سەر ئاستی فەرهەنگی و كولتووری كۆمەڵگەی كوردی بێنێتە ئاراوە و گڕو تینێك بە گۆمی مەنگی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی كوردی بدات، كە لە دوای گۆرانەوە بە خۆیەوە نەیبینیبوو. ئەو فەزا سیاسییە ئازاد و كراوەیەی بە هۆی ئاشتەوایی شۆڕشەوە هاتە ئاراوە، دەرفەتی لە بەردەم هزر و كاركردنی ئازاد و نوێگەرییانە ڕەخساند، بۆ ئەوەی بیر لە گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە ئەزموونی شیعری كوردی لە دوای گۆرانەوە بكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەم پێنچ ئەدیبە، توانیان مانفێستی ڕوانگە ڕابگەیەنن و بانگەشەی ئەی قەڵەمە نەترسەكان یەكگرن بكەن. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، ڕوانگە توانی نێوەندی ئەدەبی كوردی، بە دیالۆگی هزریی و ڕەخنەیی دەوڵەمەندتر بكات، بە جۆرێك كە بە درێژایی سێ ساڵ، ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامیان لە سەر ڕووپەری ڕۆژنامە و گۆڤارەكان هەبوو. سەدیق ڕواندزی لە كتێبەكەیدا، كە پشتی بە پەنجا و یەك سەرچاوە بەستووە، بە وردی باس لە كاریگەریەتی ڕوانگە و ئەو بزووتنەوە زێڕینە دەكات و ڕوونی دەكاتەوە كە ڕوانگە دێی وێران نەبووە، وەك ئەوەی عەبدوڵاعەباس لە كینەوە ڕقەوە دەیڵێت، بە پێچەوانەوە بەڵكو گۆڕانێكی جۆریش بوو، لە مێژووی ئەدەبی كوردی و شیعری كوردیدا و توانی شاعیرێكی وەك شێركۆ بێكەس و چیڕۆكنووسێكی داهێنەری وەك حوسێن عارف دروست بكات. نووسەر لە كتێبەكەیدا، وەڵامی هەموو ئەو ڕەخنە و سەرنجانەی عەبدوڵاعەباسی داوەتەوە و بە بەڵگە دەریدەخات كە ناوبردنی ڕوانگە بە دێی وێران، هیچ ئەرگۆمێنتێكی مێژوویی و بابەتی نییە و بەڵكو چونكە خۆی بەشێك نەبووە لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە، ئیدی دوای پەنجا ساڵ دەیەوێت ئەو مێژووە لینگەو قوچ بكاتەوە و بە ئارەزووی خۆی بینووسێتەوە، بە تایبەتیش كە دەزانێت بە داخەوە چوار لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە مردوون و لە ژیان نەماون، تاكو بەرگری لە خۆیان بكەن . بۆیە بە هیچ پاساوێك نابێ ڕێگە بدرێت، كەسانێك دەستكاری مێژوو لە بەرژەوەندی خۆ بە پاڵەوانكردنی خۆیان بكەن. لەو سۆنگەیەشەوە وەك ئەركێكی ئەخلاقی و بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی و فەرهەنگی، ئێمە بەو كتێبە وەڵامی كتێبەكەی عەبدوڵا عەباسمان داوەتەوە. شایەنی ئاماژەكردنە سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچكەی ڕواندز لە دایك بووە، دەرچووی بەشی كوردی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەولێرەوە ئێستا لە گوندێكی سنووری ڕواندز، وانە بە منداڵە چاوگەشەكان دەڵێتەوە و خاوەنی هەڤدە كتێبی چاپكراوەوكتێبێكی دیكەشی لە بارەی شەوی یەڵدا ئامادەیە و خوا یاربێت لەو بەروارەدا بڵاو دەبێتەوە، كە تیایدا نووسەر لەو كتێبەشدا بە بەڵگە دەیسەلمێنێت شیعری شەوی یەڵدا هی نالییە و هیچ پەیوەندی بە مستەفا بەگی كوردییەوە نییە.




هێڵی ئاسنینی: چاودێری کۆمەڵایەتیی /پاشکۆی پەروەردە / خۆیەتیی پەروەردەی سلێمانی.. نەوزاد بەندی

دیستۆیڤسکی ئەڵێ : ( ڕۆژگارێک دێت ، قەدەغەیه داناکان بیر بکەنەوە بۆ ئەوەی گەمژە دەسەڵاتدارەکان هەست بە سوکایەتیی نەکەن ).

کاتێ مناڵێکی کەمتوانات هەیە و ئەتەوێ مۆڵەتی ساڵانەی چاودێریکردنی بۆ تازە بکەیتەوە و مامەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و لیژنەی پزیشکیی و بەڕێوبەرایەتیی چاودێریت تەواو کردووە ، ئیتر لە هەولێر بیت یان دهۆک یان هەڵەبجە یان سلێمانی ، هەر هەمان سیستمە ..
نووسراوێکت بۆ ئەکەن ئەبێ بچیت بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی ، لە هەولێر ، لە بەرامبەر بەنزینخانەی شۆڕش ، کن نەخۆشخانەی لە دایکبوون ..
سەعات سێ و نیوی بەیانی لە سلێمانیەوە بەرەو هەولێر دەرچووین ، ووتمان کات وەک شمشێر وایە ، پێش ئەوەی بمانبڕێ با بیبڕین ..
پێش وەخت گەیشتین ، واتا کاتمان بڕی ، هەر بۆیە لە چایخانەی کلتوری باوکی سامی ، لە بەرامبەر قەڵا ، وچانێکمان دا و ..قەیماغ و چایەکمان بە یادی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابوردوو ، داوا کرد ..
کە گەیشتینە وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، کن نەخۆشخانەی لە دایکبوون ، بەرامبەر بەنزینخانەی شۆڕش ( ئەرێ هاوڕێیان ئایا ئەگونجێ نەخۆشخانەی لە دایکبوون ، بەرامبەر بەنزینخانە بێت ؟ )
سەعات هەشت و نیو گەیشتین ، پرسگە ، پۆلیسێک و دوو کارمەند و دوو سپلیتی فێنکی لێ بوون ، ووتیان سەعات 9 فەرمانبەرەکان دێن ، بفەرموون دانیشن .. سێ چارەک لە پرسگە دانیشتین ، هەتا کارمەندەکانی وەزارەت هاتن ، واتا سەعات 9:30 بوو ، کە بانگیان کردم ، ووتیان کوا منداڵەکەت ؟ ووتم ئۆتیزمە و بە سەفەر تێک ئەچێت و نایەت ..
ووتیان خێرا بە ڤیدیۆ کۆڵی مەسنجەر ، پیشانمان بدە با خۆی و داکیشی ببینین ، ووتم سێ پسپۆڕیی دەروونیی لە سلێمانیی بینیویانە ، ڕاپۆرتەکەیان ئیمزا و مۆر کردووە ، هێشتا بڕوا ناکەن ؟ یان دوو ئیدارەییە و تۆسقاڵێک متمانەتان لە نێواندا نەماوە ؟
کابرا وەک ڕۆبۆت وا بوو ، دووبارەی کردەوە کە ئەبێ ڤیدیۆکۆڵی مەسنجەر بکەمەوە ..منیش وەک ڕۆبۆت ڤیدیۆ کۆڵی مەسنجەرم کردەوە و ..کوڕە کەمتواناکەم و دایکی قسەیان لەگەڵ کرد ، لە کاتێکدا ئەوان قسەیان ئەکرد ، کابرا بەرواردی وێنەی کوڕەکەم و دایکی لەسەر ڕاپۆرتەکە و .. وێنەکانیان لە مەسنجەرەکە ئەکرد ، بزانێ ئەوانن یان ئەوان نین ..بەو جۆرە هەستم ئەکرد تاوانبارێکی تەزویرچیم و ئەمەوێ بە کونتڕۆڵدا تێپەڕم ، ئەم پسپۆڕیی دەروونیەیش تەنها پۆلیسێکە و ئەیەوێ ڕاستی و دروستیی مامەڵەکەم چێک بکا و بەس .. سێ پسپۆڕیی سلێمانی وەک سێ گۆمانلێکراو تەماشا ئەکات و بەس ..
باوکێکی بادینانیی لە دهۆکەوە هاتبوو ، داوای ڤیدیۆکۆڵی مەسنجەریان لێدەکرد هەتا مناڵە نەخۆشەکەی و دایکەکەی ببینن ،ئەویش ئەیوت : ( سەیدا بخودێ چ ئینتەرنێت لە مالا من نینە ! )
بە کۆنتڕۆڵا تێپەڕین و ئەمجارەیان نووسراوێکیان بۆ کردین ،بۆ وەزارەتی پەروەردە و وتیان لە جادەی سەد مەترییە ..
هاتینە دەرەوە ، تەکسیەکمان ڕاوەستاند ، ووتمان بڕۆ بۆ وەزارەتی پەروەردە لە شەقامی سەدی ..
شۆفێرەکە ووتی : من وەزارەت بزانم لە شێستیە ..
ووتمان لێی نازانیت ، خوات لەگەڵ ..
تەکسییەکی ترمان گرت ، ئەمیان لەبلەبان بوو ، ووتمان : ڕێک بۆ وەزارەتی پەروەردە لە سەدیی
ووتی : لە شێستییە
ووتمان : لە سەدییە
ووتی : لە شێستییە
ووتمان : لە سەدییە ..
ووتی : سەرکەون ، ئەتانبەمە پەرلەمان لە شێستی ، ئەگەر لەوێندەر نەبوو ، ئەتانبەم بۆ سەدی و سەد و بیستی و لە هەرکوێ ئێوە دەرێن.
قسەی ئەو دەرچوو ، لە شێستی بوو لە بینای پەرلەمان ..
لە ژووری هاتوو ، خاتوونێک ووتی بڕۆن دانیشن ، دە کەس لە پێشتانەوەیە ..ئێستا لەسەر سیستم ئەڕۆین و کاتی دەوێ ..
دوای زیاتر لە سێ چارەک ، ئینجا بە ژمارەیەک شاد بووین کە خستیە سەر نووسراوی وەزارەتی کن نەخۆشخانەی لە دایک بوون ، بەرامبەر بەنزینخانە ..
خاتوونەکە ووتی ئەو نووسراوە فۆتۆکۆپی بکە و بچۆ بۆ پاشکۆی پەروەردە ..
ووتم لە کوێیە ؟
ووتی لە حەوشە ..
چوومە حەوشە ، هیچم نەبینی لێی نووسرا بێ پاشکۆی پەروەردە ..
بە پیرە مێردێکی باخەوانم ووت : پاشکۆی پەروەردە لە کوێیە ؟
ووتی : هەردەڕۆی .. هەر دەڕۆی .. هەر دەڕۆی ، بە ئاڕاستەی هەتاو هەر دەڕۆی ..هەتا دەیگەیتێ ..
حەکایەتی کوڕە کەچەڵەم بیر کەوتەوە کە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ بەناو دڕندە و ئەژدیها و شتا ڕۆیشت ..
نزیکەی کیلۆمەترێک بە حەوشەی پێچا و پێچ و پڕ لە پلیکانە و لۆرییە لم و چەو و بلۆکدا ، بە پلەی گەرمای 48 ی سیلیزیی ، ڕۆیشتم ، هەتا گەیشتمە پاشکۆی پەروەردە ، پرسگە و فێنکایی و پۆلیس و ..( بەهار و گوڵ ، کچ و مانگەشەو ، شیعری تەڕ و بادە )٭ جا چوومە ژوور ، کەوتمە نێوانی دوو بینای بەرامبەر یەکتر .. چوومە یەکەمیان ، گوتیان دووەمە ، چوومە دووەمیان ، دیسان پرسگە و کارمەند و فێنکایی .. ووتی کن کاک یوسفی ..
کاک یوسف ، چایی و چار جۆر نوقوڵ لەسەر مێزەکەی بوون ، تەبعەن بۆ خۆی ، یەک تەماشای نووسراوی سەر کۆمپیوتەرەکەی کرد و ..گوتی بڕۆ بۆ بینای یەکەم با ئەژوان کیتابت لۆ بکا ..ئەوا بۆم نارد ..
چووم بۆ لای ئەژوان ، ووتم کیتابم گەیشتە کۆمپیوتەرەکەت ..
خوا هەڵناگرێ داینیشاندم و جگەرەکەی پێ نەکرد و چاییەکەی نەخواردەوە ، تەماشای کۆمپیوتەرەکەی کرد و گۆتی : بەرێ ..گەیشتیە ، ئێستا لۆت دەکەم .
پاش کەمێ ، ووتی ئەوا ناردم لۆ کۆمپیوتەری مدیری پاشکۆی ، بڕۆ بینای دووەم ..
چوومە بینای دووەم ، خاتونی سکرتێر و فێنکایی و خەڵکی گرنگ VIP لە ڕیسێپشنی بەڕێوەبەری پاشکۆ دانیشتبوون ، پێم ووت کیتابم نێردراوە بۆ کۆمپیوتەری بەڕێوەبەری پاشکۆ ..
ووتی : بڕۆ لە ژووری کارزان دانیشە ، کیتابت دەچتە کنە وی .
ژووری کارزانم دۆزییەوە ، دوو کورسی لێ بوو بۆ هاووڵاتیان ، بەڵام سێ کارمەند کورسی و مێزیان هەبوو ، تەماشای یەکتریان ئەکرد ..
لەو چرکەیەدا ، کابرا دەشتەکییەکەی چیرۆکی دادگای فرانز کافکام بیر کەوتەوە ، کاتێک ساڵەهای ساڵ له بەردەرگای دادگا ڕایدەوەستێنن و ناهێڵن بچێته ژوور ، هەتا کاتی مردنی دێت و لەسەرەمەرگدا لە پاسەوانەکەی بەردەرگا ئەپرسێ : باشە ئایا ئەو هەموو ساڵە بێجگە لە من کەسێکی تر پێویستی بە دادگا نەبوو ؟ چونکە بێجگە لە خۆم کەسی ترم نەبینی ..
پاسەوانەکە پێی ئەڵێ : بەڵێ ، زۆر کەس هاتوونەتە دادگا بەڵام ئەم دەرگایە تایبەتە بە تۆ !!
بە کارزانم ووت : ئەرێ بێ زەحمەت من کیلۆمەترێکم بەناو بەرد و بلۆک و گڵ و چیمەنا بڕیوە لە وەزارەتەوە تا پاشکۆ ، بە بێ ئەوەی هیچ نووسراوێکم پێ بێت ، تەنها ئەم کۆمپیوتەر و ئەو کۆمپیوتەرتان پێکردووم ، ئەرێ نەدەکرا بە بێ خۆم ئەو کارانە ئەنجام بدەن ؟ یان هەر مەبەستتان ماندوو کردنی هاووڵاتییە ؟ خۆ ئەگەر چەند تەکسییەکتان لەو ڕێیەدا دانایە ، هەم تۆزێ بێکاریتان قەڵاچۆ ئەکرد ، هەم خەڵکێک کە ناتوانن لە پلەی 48 ی سەدیدا ئەو ماراسۆنە بکەن ، ڕزگاریان دەبوو ..
کارزان تەماشایەکی ئامادەبووانی کرد و ..ووتی : ئێوە بە خۆتان حەزتان لەو هات و چۆیەیە!! ، ئەگینا له پەیجی وەزارەت کارەکان هەموو جێبەجێ دەبن !! و دەتوانن لە ڕێی پەیجەوە مامەڵەکانتان وەربگرنەوە ..!!
ووتم : زەحمەت نەبێ ئاگات لە خۆتە ؟ یەعنی ئێمە لە خۆمانەوە هاتووین بۆ هەولێر یان لە سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەوە باوەشێک نووسراویان داوینەتە دەست و وتویانە بڕۆن بۆ هەولێر ؟
براکەم تۆ یان ئاگات لە وەزعەکە نییە ، یان ئەتەوێ وای نیشان بدەیت کە سیستمەکەت ئەوروپییە ، ئەگینا بڕۆ تەماشا بکە ، باوکێک لە هەورامانەوە خۆی و کوڕە ئۆتیزمەکەی کە بەردەوام ئەگریا ئەو هەموو ڕێیەیان بڕی بوو ، کە بە قسەی تۆ بێ خۆیان حەزیان لەو عەزابەیە ؟؟
کارزان بە گۆشەی سەد و هەشتا بایدایەوە و ووتی : ئەو قسانە بۆ وەزیر بکە !
ووتم : نەوەڵڵا ، وەزیر وەک کۆشکەکەی کافکا وایە ، پێی ناگەم و نایشمەوێ پێی بگەم ..بەڵام من ڕۆژنامە نووسم ، ئەم ژیانکوشتنەی خێزانی مناڵە کەمئەدامەکان ئەکەم بە ووتارێک ..
ووتی : دەزانم ، ڕۆژنامە نووس بڕێک حەزیان بە جولە جولە !
ئیتر نازانم جولە جول مەبەستی یەکەی هێزی جول بوو ، یان مەبەستی لە جوڵە جوڵ بوو ..کارمەندەکان هەموویان بە زمانی جەستە پشتگیرییان لێکردم ، لەو کاتەدا کارزان ووتی ئەوا مامەڵەکەتم نارد بۆ بەشی دەرکردەکان واتا (صادرة )
ئینجا وەرە کیلۆمەترێک ڕێگای تر بە پیادە ببڕەرەوە هەتا ئەگەیتەوە وەزارەت ..
كە ڕۆیشتم بۆ بەشی دەرکردەکان لە پەنجەرەیەکی بچووکەوە زۆربەی پێکهاتەکانی کوردستان ئەیانویست سەریان ببەنە ژوورەوە تا سۆراخێکی نووسراوە ئەلیکترۆنییەکانیان بکەن .. سەکسوکە بە چەناگەیەک زۆر خراپ تەماشای کردم کە زۆر شتی بە دەست بوو ، ووتی کیتابی تۆ چییە ؟ بە جۆرێک پێی ووتم ، لە بیرم چۆوە کیتابی من بۆ چ شتێکە و .. یان ئەسڵەن بۆچی هاتووم بۆ پیرە هەولێرێ ..
خاتوونێک ، لە ساتەوەختی چوونە دەرەوەی ئەبو سەکسوکەکەدا بۆ لای هەندێ خزمی خانەقینیی هەتا کارەکانیان بۆ ڕایی بکا ، خاتوونێکی سەر کۆمپیوتەر ووتی ئەمە مامەڵەکەی تۆیە ، ئەوە ژمارە و بەروارەکەیت بۆ ئەنووسم و هەر ئێستا ئەینێرم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی سلێمانی لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە ، سبەینێ بڕۆن سەردانی پەروەردەی گشتی سلێمانی بکەن ..
گەلێک سوپاسم کرد و ..لەسەر پارچە قازێ ژمارەیەک و بەروارێکی دا بە دەستمەوە ..
ئەمڕۆ ، سەعات هەشت و نیو چووم بۆ پەروەردەی گشتی سلێمانی ، بەشی کۆمپیوتەر نووسراوەکەی بۆ ڕاکێشام و ناردینی بۆ لای بەڕێوەبەر .. لەسەر دەرگاکەی نووسرابوو ، هاووڵاتی بەڕێز پێویست بە پرسگە و لە دەرگادان ناکات ، ڕاستەوخۆ وەرە ژوورەوە ، دەرگامان کراوەیە بۆ هەمووان .. کەچی دوو سکرتێری هەبوو ، دەرگاکەیشی داخرابوو ..
نووسراوەکەی بردە ژوورەوە و ..ووتی بیبه بۆ ژووری 20 لێپرسراوی خۆیەتیی .. کە چووم ، چوار کەس ڕاوەستابوون ، ووتیان هێشتا لێپرسراوی خۆیەتیی نەهاتووە .. بە کارمەندێکی ژوورەکەی بەرامبەریم ووت : ئەم لێپرسراوە کەی دێت ؟
وتی : عادەتەن سەعات 9 دێت ..
بوو بە نۆ و چارەک هەر دیار نەبوو ، ژمارەی هاووڵاتیانیش لەبەر دەرگاکەیدا بوون بە دە دوانزە کەس ..
لە ڕێی کارمەندێکەوە بۆم دەرکەوت لە ژووری بەڕێوەبەری گشتییە .. ویستم بچمە ژوورەوە ، سکرتێرەکە نەیهێشت ، لە پشت ئەو نووسراوەی کە ئاماژەی بەوە دەدا به بێ دەرگا لێدان وەرە ژوورەوە ، دەرگا کراوەیە ..
ووتم بە لێپرسراوی خۆیەتیی بڵێ بێت بۆ ژوورەکەی چونکە یەک دنیا خەڵک له بەردەرگاکەی وەستاون ، هیچ جێگرێکی نییە کارەکەی بکات و خۆیشی نایەت ..مامەڵەی وای تێدایه ئەبێ هەر ئەمڕۆ بڕوات بۆ هەولێر..
وتی : بەسەر چاو ..
( درۆیشی کرد ..)
هاتمە خوارەوە ، ژمارەی خەڵکانی بەردەرگاکەی زیاتر بووبوون ، خۆم کرد بە ژوورەکەی تەنیشتیدا ، ووتم لێپرسراوی خۆیەتی نایەت ، نوکە قەڵەمێک لەو نووسراوە بدە ..
وتی ئەگەر تا سەعات نۆ و نیو نەهات ، ئینجا من بۆتان ئەکەم !!
پیرەپیاوێک کە دەبوو پاش ئیمزای خۆیەتیی ، یەکسەر بڕوات بۆ هەولێر ، مامەڵەی خۆی وەرگرتەوە و ..بەرەو ژووری بەڕێوەبەر ڕۆیشت ، بەڵکو لەوێ ئیمزای پێ بکا ، بە ڕاکردن هاتەوە ووتیان لە ژووری بەڕێوەبەر دەرچووە .. هاووڵاتییەکی تر ووتی : ئەڵێن خۆی کردووە بە ژوورەکەی بەرامبەر ژوورەکەی بەڕێوەبەردا .. دووان خۆیان کرد بە ژوورەکەی بەرامبەر ژوورەکەی بەڕێوەبەردا و پرسیاریان کرد سەبارەت لێپرسراوی بەشی خۆیەتیی ، ووتیان هەر ئێستا لێرە دەرچوو ، ڕاستێکەی بە پێکەنینیشەوە وایان ووت ، وەک ئەوەی ئەم گەڕان و سەر و سۆراخەی هاووڵاتیانی بەش مەینەت ،بۆ خاتونی خۆیەتیی ، ڕۆژانە بێ و .. وەک گەڕانەکانی کافکا و مارسیل بروست و جەبرا ئیبراهیم جەبرا و ، بۆ سەگ و کات و وەلید مەسعود ، وابێ ..
لە ناکاو ، دوای سەعات نۆ و نیو ، خاتونی لێپرسراوی خۆیەتی ، بە کاوەخۆ و کەماڵی ئیسراحەتەوە لە پلیکانەکان هاتە خوارەوە و چووە ژوورەکەیەوە ، ژووری 20 ، ئەو خەڵکەیش کە لە غیابی ئەودا سەدان ڕەخنە و ناڕەزاییان هەبوو تێکڕا بوون بە ماستی مەییو و ..کەوتنە نیشاندانی ڕێز و زەردەخەنە بۆی .. تەنها من پێم ووت : ئەگەر تۆ سەعات نۆ و نیو دێیت بۆ دەوام ، کەسێک لە جێی خۆت دابنێ ، ئەو خەڵکە سەعاتێکە چاوەڕوانی تۆ دەکەن ..تیایاندایە منداڵی نەخۆشی داناوە و ئەبێ بچێ بۆ وەزارەت لە هەولێر ..
وەک ئەوەی ناحەقییەکی گەورەی لێکرابێ ، بە سەرسوڕمانەوە ووتی : سەد کێشەمان هەیە ، لە ژووری مدیر خەریکی حەل کردنیان بووم ، مامۆستا بۆ ئەوەندە بێ وەفان ؟ شەو هەتا سەعات دوانزەی شەو خەریکی ئیمزا کردنی کیتاب بووم ..من لە ماڵیشەوە ئیسراحەتم نییە !!
ووتم : ئێستا سەعاتێکە .. یەک سەعاتی ڕێکە ژوورەکەی تۆ چۆڵە و ئەو هەموو خەڵکە چاوەڕێی نوکە قەڵەمێکی تۆ دەکەن ،ئەمە ئیشە ڕاستەقینەکەی تۆیە کە نایکەیت و چۆڵت کردووە .. سەعاتێک زۆرە لە تەمەنی ئەو خەڵکە لە چاوەڕوانیدا خەسار بکەیت ..کەسێک . جێگرەوەیەک بۆ خۆت دابنێ ، ئیتر حەز ئەکەی هەر مەیەرەوە بۆ ژوورەکەت ..
ئینجا من مامۆستا نیم و لە خەستەخانە کارئەکەم ، نەمزانی ئیمزایەک دوو سەعاتی پێ ئەچێ ، ئێستا بەهۆی جەنابتەوە بەردەرگای ، لەوێ ژوورەکەی منیش پڕ پڕن لە نەخۆش ، بەڵام من جێگرەوەم لە جێی خۆم داناوە ..ڕێز لە کاتی هاووڵاتیی ئەگرم ..
تەماشا ئەکەم یەک کەس لەو خەڵکە دەردەدارە نوزەی لێوە نایەت ..
کە لە ژوورەکە چوومە دەرەوە ، بە یەکێکیانم ووت : باشە ئێوە لە بەیانییەوە خوتە و بۆڵەتانە ، بۆچی کەسێکتان یەک قسە و ڕەخنەتان لە خاتوونی لێپرسراوی خۆییی نەگرت ؟ کاکە قەینا ، گریمان لەو کاتەدا لە ترساندا لاڵ بوون ، بۆچی بە لایەنی کەمەوە سەرێکتان بۆ من نەلەقاند ؟؟وەڵاهیی ناتانکوژن ، وەڵاهیی ناتانبڕن …هەر لەم ژیانە خۆشەتان !! بەردەوام ئەبن ..
ووتی : کاکە گیان 30 ساڵە ئێمە فێری کۆیلایەتیی ئەکرێین ، کە بچووکترین لێپرسراو ببینین ، زمان و عەقڵ و هەموو شتێکمان جام ئەبێ و لە کار ئەکەوێ !!
ڕاستە ، ئێوە گەر ئازادی وەک بارانیش ببارێت ، یەکسەر چەترەکانتان هەڵدەدەن
هاونیشتمانیان ، مەڵێن جا قەیچێکا با سەعاتێک چاوەڕوانی ئیمزای خاتوونی لێپرسراوی خۆیەتیی بکەین .. چونکە ئەگەر ئەو سەعات و ڕۆژ و هەفتانەی لە چاوەڕوانی ئەمانەدا بەسەرتان بردووە ، کۆ بکەنەوە ، بۆتان دەردەکەوێ بەشێکی زۆری تەمەنتان بە خۆڕایی و بە هەرزان لە دەست چووە .. کێشەکەیش لەوەدایە ، هێشتا ئەوان ناڕازین و تۆ سوپاسگوزاریت . .
واتا وەک دیستۆیڤسکی ئەڵێت بێ ئەوەی خۆتان ئاگادار بن ، نەژیاون و ئەیشبێ بمرن.




رۆمانی نانای ئێمیل زۆلا بە کوردی بڵاوکرایەوە

رۆمانی نانا لە نووسینی نووسەری ناسراوی فەرەنسا ئێمیل زۆلا -یە، لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵاوە كراوە بە كوردی.
رۆمانی نانا بە یەكێك لە شاكارە كلاسیكییەكانی ئەدەبی فەرەنسی و ناسراوترین رۆمانی ئێمیل زۆلا دادەنرێت، زۆلا گرنگترین رۆماننووسی بزووتنەوەی ناتوراڵیزمی فەرەنسی و فیگەرێكی سەرەكی ئازادیخوازیی سیاسیی فەرەنسییە. رۆمانەكە هەوڵ دەدات ژیانی شارنشینیی پاریس و كەشوهەوای سیاسی و هونەریی فەرەنسای سەدەی نۆزدەهەم وێنا بكات، هەروەها دووڕوویی كۆمەڵگە، چاوچنۆكی و چڵێسیی چینی تازەدەركەوتووی بۆرژوا دەردەخات.
هەروەها نووسەر لەم رۆمانەیدا، كۆمەڵێك پرسی گرنگی تری وروژاندووە لەوانە:(ژیانی لەشفرۆشانی پاریس، خۆشەویستی، خیانەت، ئێرەیی پێبرد، رق و كینە، رەوشی سیاسی فەرەنسا و داگیركاری ئەڵمانیا، ژیانی فەرهەنگی فەرەنسا لە سەدەی نۆزدە، شانۆ)
جگەلەوەش باسی كۆمەڵێك كەسایەتی جیهانیش دەکات بەتایبەتی (بیسمارك یەكەم راوێژكاری دەوڵەتی ئەڵمانیای یەكگرتووە، شای ئێران و پادشای ئیتالیا) جگە لە كۆمەڵێك پرسی گرنگی تریش هەموو ئەمانەش هێزی گەورەی بەم رۆمانە بەخشیوەو وایكردووە ببێتە مایەی گرنگی پێدانی تەواوی ئەدیبانی فەرەنسی و جیهانیش.
رۆمانی نانا ساڵی 1880 بۆ یەكەمجار چاپ بوو، دەنگدانەوەی بەهێزی هەبوو، 55 هەزار نوسخەی لێ چاپ بووە. ئەم رۆمانەش یەكێكە لە زنجیرە رۆمانەكانی زۆلا كە لە ژێر ناونیشانی (رۆگون ماكوار (Les Rougon Macquart نووسیویەتی. نانا نۆیەمین ژمارەی ئەو زنجیرەیە وەردەگرێت.
ئەم كتێبە لەلایەن ناوەندی رۆمان لە سلێمانی چاپكراوە، كتێبێكی قەبارە مام ناوەندە و لە 315 لاپەڕە پێكدێت.




سبحەینێ.. شیعری شەهلا نوری

شایەد نەگەینە سبحەینێ ئیتر
توورەگەی دەرمانی گیراوە
بەها بایی
ناگات بەبرین ئیتر
دەردی جگەر سووتاو بە مەرهەم ناگات ئیتر
بەسیمفۆنیای ناتەواوی دڵ ناگەین ئیتر
بولبولی سەرمەستانە بەسەردار ناگات ئیتر
داستانی عیشق ناگات بەدەستانی عاشقان ئیتر
مانگی شەوئەفرۆز خۆی گوم دەکات و بێنیشان دەڕوات ئیتر
ئاوی جۆ وشک دەکات بە دەغڵی هەواڵی گەنم ناگات ئیتر
خونچەی تەمەنای ناز ناز
ناگات بە باخچەی بەهار ئیتر
گالیسکەی تەمەن مل دەنات و دەڕوات چاوەڕێمان ناکات ئیتر
زاری تاوڵەی ژیان نادۆزینەوە ئتر

شەهلا نوری




ئۆپزسیۆنی پۆپۆلیست و هەڵبژاردنەکان لە کوردستان.. زانا رەزاق

گەورەترین مەترسی لەسەر کۆمەڵگا هەبێت ئۆپۆزسیۆنە، بۆچی؟
چونکە..

یەکەم، زۆرێک لەو کەسانەی چوونەتە ناو ئۆپۆزسیۆن بۆ پارەن ، ئەمانە کۆمەڵێک مرۆڤن بەدوای حەزو چێژەکان کەوتوون ، پارەش وەکو ئامرازێک بەکاردێنن.

دووەم، هیچ پڕۆژەیەکیان نیە بۆ ئەوەی ببنە بەدیل.

سێیەم، هیچ ڕەخنەیەکیان قبوڵ نیە لەکاتێکدا سەدان ڕەخنەش دەگرن، لەجیاتی ئەوەی بێن بەباشە بڵێن باش، بەخراپە بڵێن خراپ. هاتوون هەموو شت ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش زۆر مەترسیدارە لەڕووی سیاسییەوە هیچ پێشکەوتنێکیش لەسایەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە جێکەوتە نابێت.

چوارەم، ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیستین، کۆمەڵێک شت دەڵێن کە بەڕای ئەوان کە دەسەڵات وەربگرن کوردستان دەبێتە بەهەشت لەکاتێکدا گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوون پڕۆسەیە هەروەها قۆناغ بەقۆناغیشە نەک بەدوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژ کۆمەڵگە لەڕێی کۆمەڵێک شیعاراتی ئیحساساتییەوە ببێتە شامی شەریف.




روداوەكانی پشت هەڵبژاردنی پارێزگارە كوردەكەی كەركوك.. عەلي مەحمود محەمەد

10ی ئاب لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا بە زۆرینەی 9 كەس لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك,  لە میوانخانەی رەشید لە شاری بەغدا لە دووری 258,6 كیلۆمەتر لە تەلاری ئەنجومەنەكە, رێبوار تەها وەك پارێزگاری نوێ بۆ شاری كەركوك لە لیستی كەركوك هێزو ئیرادەمانەی ینك هەڵبژێردرا, بە بێ ئاگاداركردنەوەی 7 ئەندامەكەی دیكەی ئەنجومەن كە دەكاتە %45ی ئەندامانی ئەنجومەنەكە,كۆبونەوەكە  بە بەشداری 5 ئەندامی ینك , 3 عەرەبی سونە, ئەندامێكی كریستانەكان “ئنجیل زیا شیبا زیا ئەلبەرواری بە 208 دەنگی ینك  ببوو بە ئەندامی ئەنجومەن, هەڵبژاردنی  ئەو لە فۆرمی هەڵبژاردنی مونا قەهوەچییە بۆ پەرلەمانی كوردستان,  بە دەنگ لیوا تایبەتەكانی ینك  لە بەغدا هەڵبژێردرا بوو, خۆی وپیاوەكەی كارمەندی تیڤی كەركووكی ینك  ن, بەلام بە ناوی لیستی بابلیونی رەیان كلدانی كە سەر بە كەتایبی بابلیونی حەشدی شەعبییە خۆی كاندید كردبوو, رەیان كلدانی بە بنەچە كریستانەو  خەڵكی قوشە لە پارێزگای موسڵ, بەڵام دانیشتووی شاری سەدرە, سەرۆكی كەتیبەی بابلیونە, لە رێكەوتی 18-7-2019 ەوە لە  لیستی سزادراوانی یاسای ماغنیستی ئەمەریكادایە بەهۆی  گەندەڵی و داگیركردن و فرۆشتنی زەوی هاوولاتیان لە دەشتی موسڵ و  پەلاماردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ , ئەو  دژە ئیسلامی سونەیە تا ئاستی راستیزم , لە موسڵ وەحشیانە لە گەڵ پێكهاتەی سونە مامەڵەی كردووە, كەنیسەكانی كریستانەكان بێ بەری خۆیان لە كەتیبەكەی راگەیاندووە , یەكێك لە نزیكەكانی قاسم سلێمانی  و مەهدی موهەندیس بووە, پێشتر لە سوپای مەهدی بووە, بەهۆی ژنخوازییەوە بووە بە موسڵمانی شیعە, 4 پەرلەمانتارەكەی  لە كۆتای كریستان بەهەمان شێوەی كاندیدەكەی كەركووكی دەرچوونە, چاودێرانی كریستان پێیان وایە تەنها 10%ی كریستانەكان دەنگیان بە لیستەكەی  داوە, بە فێڵ كورسیی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە”.

كوردو پۆستی پارێزگا

بۆ پێكهاتەی كورد پۆستی پارێزگای كەركوك  گرنگیییەكی مەعنەوی هەیە لەم كاتەدا دوای 7 ساڵ پەراوێز خستنی لە شارەكە, بە تایبەت بۆ ینك كە لە قەیرانی رێكخراوەیی قوڵدایەو بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڕوات, بەم پۆستە دەتوانێت هەندێك لە زیانەكانی كەمبكاتەوە, هەرچەندە تا ئێستا ناوێرێت  ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بڵاو بكاتەوە بۆ رایگشتی.
رێبوار تەها  سێیەم پارێزگاری كوردە لە كەركووك, لە دوو پارێزگاكەی پێشووتر لاوازترە بەهۆی ئەوەی:  لە لیستەكەی خۆی دەنگی یەكەم نەبووە ” 
نەشئەت شاهویز خورشید عەلی  42166  دەنگی هێناوەتەوە, رێبوار  تەها ئەحمەد شێخانی   29861 دەنگی هێناوەتەوە, لە كاتێكدا رێبوار سەرۆكی لیستیش بووە , رێژەی دەنگەكانی دەكاتە 70,8%ی دەنگەكان نەشئەت” , هەروەها لە رابردوودا لێكتێگەیشتن بەهۆی سیاسەتی پراگماتیكی جەلال تاڵەبانییەوە هەبووە لەناو لایەنە كوردییەكان بۆ پشتیوانی هەردوو پارێزگاكەی پێشوو, كەسایەتییەكی بەهێزو پێگەیەكی گرنگی سیاسی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە هەبوو, هەموو پارتەكان پشتیوانییان لێی دەكرد, هەروەها پارێزگارەكان رابردوو بەهێزتر و رۆشنبیرتر بوون, پارێزگاری ئێستا وێڕای پشتیوانی جەماوەری و حیزبی كەمترەو حیزبەكەشی لە ئێستادا زۆر لاوازترە و كەسایەتی حیزبی بەهێزتر لە لایەنەكەی خۆی لە شارەكە هەیە ئەمەش وا دەكات لە شارەكە وەك سێبەری ئەو دەربكەوێت, وە هاتۆتە سەر ئیدارەیەك شارەكە بە چەكداری حەشد  داگیركراوە,7 ساڵ  لەمەوپێش بە شكستێكی سەربازی گەورە پێكهاتەكەی لە شار دەركراوە, هاوكات لە كابینەی میوانخانەی رەشیددا كورد لاوازتر دەرچووە, هیچ پۆستێكی ئەمنی شارەكەی پێ نەدراوە, نفوس و تاپۆو كشتوكاڵ و هەردوو قەزای  دوبس و داقوقی پێ نەدراوە كە هەر پێنجی بۆ دۆسییەكانی گرنگن, وە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگدایە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و……. ئەمە وێڕای خودی رێككەوتنەكە بە ئاشكرا و بەشداری نەیاران ئەنجام نەدراوەو بەشێوەی دیموكراسیانە دەنگی پێ نەدراوە و لە رووی یاساییەوە كەلێنی تێدایە وەك نەیارانی ئاماژەی پێ  دەدەن.

پێكهاتەی  عەرەب 
لە رێكەوتننامەی هوتێل رەشید  3  ئەندامی لیستە عەرەبییەكان بەشدار بونە لە كۆی 6 كورسی كە هەیان بوو بەشدار بوون.
گرنگترین خاڵی رێكەوتننامەی میوانخانەی رەشید كەرتكردنی لیستی عەرەبە سونەكان بوو, بەرامبەر بە پارە و بەخشینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و زیاتر لە 20 پۆست لە شاری كەركوك .
پێشتر پێكهاتەی عەرەبی سوونە هاوپەیمانی نزیكی پارتی بوون, لەگەڵ بوونی یۆنامی و سوپای ئەمەریكا لە عێراق بە هەموویانەوە  رێگربوون لەبەردەم ئەوەی پارتە شیعە ئیسلامییەكان عێراق بتوانن بە سیناریۆكانی ئێران لە عێراقدا بەرەو دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعەگەرای ناوەندی بڕۆن  و نەیارییەكان بەردەمیان هەڵبگرن, بەم رێكەوتنە سونەكان ریزەكانیان كەرت  بوو, هەرچەندە باڵی بەشدار بوو وەك خاین لە شەقامی سونەكان سەیر دەكرێن, لە هەڵبژاردنی داهاتوو شەنسیان كەمتر دەبێت, عەرەبە سونەكان بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی بەعس بوون, كورد تاڵی زۆری بەدەستیانەوە بینی تا ئەنجامدانی 4 پرۆسەی جینۆساید, بۆیە پشتیوانی جەماەری شەقامی كوردی نییە بۆ ئەو هاوپەیمانییە.
 ئەم رێكەوتنەی  شیعەكان كردوویانە, بە پشتیوانی ئێرانییەكان بووە, قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق  زامنی كردووە, پردی بە یەكگەیشتنی نێوان پاڤێڵ  تاڵەبانی و  رەیان كلدانی و محەمەد حەلبوسی بووە , بە بەشداری كوتلەی ینك لە حكومەتی عێراقی لە بەغدا,  لە هاوكێشەكە تەنها حەلبووسی كارەكتەری نوێیە و هێنراوەتە ناو بازنەكەوە, هەرچەندە نە عەرەبی شیعە و نە توركمانی شیعە هیچ كورسییەكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەدەست نەهێناوە, كەچی پەرلەمانتارێكی توركمانی شیعە سەر بە بەدر بەشداری كۆبوونەوەكە بووە وەك نوێنەری توركمان, هەرچەندە لیستی توركمان و عەرەبە شیعە لە كەركوك دۆڕاون لە هەڵبژاردنەكە.
حەلبوسی میوانە تازەكە بووە لە رێكەوتنەكە, پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی وەرگرتووە, بەهۆی ئەم رێكەوتنەو كەرتكردنی ناو ماڵی عەرەبی سونە چاوی لە سەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشە لیستەكەی بەدەستی بهێنێت, بە پاڵپشتی شیعەكان و ینك و رەیان كلدانی,  وەك پاداشتێك بۆ ئەم رێكەوتنەی كە باجەكەی گرانە بۆی لە شەقامی سونە كە كەرتكردنی دەنگی عەرەبی سونە بووە بۆ یەكەمجار لە 21 ساڵی رابردوو.
ئەركی پاڤێڵ  لەم رێكەوتنە تەنها واژۆكردن بووە, لە مەتبەخی ئێران و شیعەكان  خواردنەكە ئامادە كراوە, پاڤێڵ تامكردەنەكەشی  بەدەست نەبووە, ئەركی تەنها خواردن ی بووە, خواردنەكەش لە نێوان هەنگوین و پیاڵە ژەهرەكە بووە, لە ئێستادا تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت تامی هەنگوینەكەی لە دەم دەمێنێ.

ئێرانییەكان چییان دورییەوە
ئەم رێكەوتننامەیە  بۆ ئێرانییەكان گەورەترین  سەركەوتن بوو, لە هەنگاوە كۆتاییەكە كە دامەزراندنی حكومەتێكی ئیسلامی شیعەگەرایە لە عێراق چەندین فرسەخ نزیكیانی كردەوە, كورد جگە لەوەی خۆی بە لاوازی دەرچوو, ماڵی عەرەبی سونەشی وێران كرد,بۆ شیعە كردیانی بە دوو بەشەوە وەك خۆی كەرتیانی كرد.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێم ئەوەیە ئیتر ئەم تەرزە لە پێكهێنانی حكوومەت  ئەگەری هەیە ببێتە نەرێت لە عێراقدا كە پێشتر لە پارێزگای دیالە تاقیكرایەوە, شیعەكان كەی ویستیان گروپێك ببەن بۆ میوانخانەیەكی بەغداو ستراتیجیەتی خۆیانی پێ جێبەجێ  بكەن بەرامبەر هەر لایەنێك رێگر بێت لە بەردەمیان.
ئەگەر شیعەی عێراق شانسی ئەوەیان هەبێت لە دەسەڵاتدارێتی عێراق بەردەوام بن, ئەوجا بۆمان دەردەكەوێت رێكەتننامەی بەم شێوەیە چۆن لە پیادەكردنی دەسەڵاتێكی فاشیستی نزیكیان دەكاتەوە.
ئێرانییەكان چۆن بۆ توركمانە تۆڕانییە سونەكان ئەلتەرناتیفی توركمانی شیعەیان سەر بە بەدر ئامادە كردبوو, لە داهاتوودا بۆ عەرەبەكان و كوردەكانیش عەرەب و كوردی شیعە ئامادە دەكەن, پێویستیان بەم فاكتەرانەی ئێستا نامێنێت.

عەلي مەحمود محەمەد




گفتوگۆیەک سەبارەت بە شۆڕشی کرێکاری.. ئاسۆ کەمال

زۆر سوپاس بۆ بەشداری گرنگی هاوڕێم ئیبراهیم محمد کە چەند مەسەلەیەکی پڕبایەخی وروژاندوە سەبارەت بە وتارێکم ( شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠)، کە جێگای گفتوگۆی جدین کە لێرەدا باسیان دەکەم. بێگومان ئامانجی ئێمە، ئەو هاوڕییانەی کتێبی ” تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی” مان نوسی، دروستکردنی ئەم جۆرە گفتوگۆیانە بوو، هەربۆیە پێشوازی لەم جۆرە ڕەخنە و سەرنجانە دەکەین. ئەم پێکەوە بیرکردنەوە و گفتوگۆیانە کەشێکی هاوڕییانەی خەبات بۆ وەڵامدانەوە بە ئەرکە تیۆری و سیاسیەکانمان سازدەکا.
لێرەدا لە چەند تەوەرێکدا ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ هاوڕێ ئیبراهیم دا دەبەینە پێشەوە.

یەکەم : بۆچی شۆڕشەکانی تا ئێستا سەرکەوتونەبون؟
ئەمە سەرنجی هاوڕێ ئیبراهیمە لەسەر وەڵامەکانی من سەبارەت بەو پرسیارەی سەرەوە:
“هاوڕێ ئاسۆ ئەڵێ: ئەوەی لەم سیمینارەدا بیخەمە ڕوو وەڵامی ئەم پرسیارە یە، بۆچی شۆڕشە کرێکارییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم سەرکەوتوونەبوون…سوسیال دیموکراتی، بەپیرۆز کردنی دیموکراتی بۆرژوازی..بەلشەفیزم بە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی وەبەرهێنانەوەی سەرمایەداری بەڵام ئەمانە بەرئەنجامی شکستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وکرێکاری یە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا نەك هۆکار.”

ئایا ئەگەر ئەم مۆدێلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی هۆکاری شکست نیە، ئایا چ هۆکارێک هەیە کە شکستی بەم شۆڕشانە هێنابێت و ئەم مۆدێلە بوبێتە بەرئەنجامی ئەو هۆکارە؟
هاوڕێ ئیبراهیم زیاتر لەسەر کۆمۆنەی پاریس قسە دەکا و باسی ئەوە دەکا کە ” قۆناغی مێژوویی دوای شۆڕشی ١٨٤٨ تا سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەم پڕە لەو ڕووداوە سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیانەی کە تا ئێستا کاریگەریان هەیەو بێ دەرکێکی ڕۆشن لێکدانەوەی ناتوانرێ سەرجەم مێژوو دروست وێنا بکرێت.”
سەرەتا پیویستە بڵێم کە هەوڵی من بۆ ناسینی ئەم فاکتەرەیە کە بوەتە هۆی شکستی شۆڕشە کرێکاریەکان و بەتایبەت لە سەدەی بیستدا، نەک بۆ باسی مێژووی ئابوری و سیاسی و هەوڵەکانی چینی کرێکار لە سەدەی ١٩ و ٢٠ دا، کە کەسانی وەک ئیریک هۆبسباوم لە چوار بەرگی گەورەیی مێژووییدا، ئەنجامیان داوە و یاخود لەسەر مێژووی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکانی ڕوسیا کە هەر یەک لە ترۆتسکی و تۆنی کلیف و ئی ئێج کار بە دوورودرێژی باسیان کردوە، وە من وەک سەرچاوە سودم لێوەرگرتون لەپاڵ سەرچاوە مێژوویەکانی تردا و بە پێویستم نەزانیوە کە ئەوانە لە باسەکانمدا دوپات بکەمەوە.
من ئەو فاکتەرە سیاسی و ئابوریانەی دۆخی کۆمەڵگەی سەرمایەداری سەدەی ١٩ و ٢٠ م لەبەرچاو گرتوە و لەم سیمینارەدا من هەوڵم داوە کە هەردوو فاکتەرە مادیە سەرخان و ژێرخانیەکە، گەشەی سەرمایەداری و گەشەی سیاسی چینی کرێکار، وەک پاکێجێکی هۆکارە مادی و فکریەکانی شکستی شۆڕشە کرێکاریەکان بناسێنم.” ئەمە باسی منە لە پەیوەندی نێوان فاکتەرە ئۆبجێکتیڤ و مەوزوعیەکان لەگەڵ فاکتەرە سەبجێکتیڤ و زاتیەکان لە دیاردەی شۆڕشدا. هەربۆیە من تەنیا هۆکارە ئابوریەکان و ئاستی گەشەی سەرمایەداری بە هۆکاری شکستی شۆڕشە کرێکاریەکان نازانم و ئەو دۆخە ئابوری و سیاسیەی سەرمایەداری دروستی دەکا بە تەنیا فاکتەری بڕێنەرەوە و دیتێرمینیستی و جەبرگرایی ئابوری و سیاسی نازانم، بەڵکو لەپاڵ ئەم فاکتەر و دۆخەدا دەبێ فاکتەری خودی ئاستی گەشە و توانایی سیاسی و ڕیکخراوەیی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاریش حساب بکەین و بە فاکتەرێکی مادی سەرەکی بۆ دیاریکردنی چارەنوسی شۆڕشە کرێکاریەکان دابنێین. هەربۆیە باسەکەی من لەسەر ناسین و ناساندنی ئەم فاکتەرە مادیەی شۆڕشی کرێکاریە، لەبەرئەوەی شۆڕشی کرێکاری خۆی بەرهەمی پراتیکێک و چالاکیەکی وشیارانەی ئەم چینەیە، نەک تەنیا کاردانەوەیەکی پاسیڤی دۆخی ئابوری و سیاسی سەرمایەداری زاڵ.
لەو باسەمدا زۆر بەڕۆشنی هۆکاری زاڵبونی “بەپیرۆز کردنی دیموکراتی بۆرژوازی لای سوسیال دیموکراتی و مۆدێلی دەسەڵاتی تاک حزبی لای بەلشەفیەکان” ڕۆشنکراوەتەوە، کە خۆی ئاکامی گەشەی نزمی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و جێگەی چینی کرێکار بوە لەو سیستمەدا لە سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠دا”، بەڵام ئەم بنەما مادیەی دۆخی گشتی خۆی بە شێوەی فاکتەرێکی مادی تر ڕەنگیان داوەتەوە کە ” بریتین لە قاڵبی فکری و بەرنامەی عەمەلی ئەم خەباتە چینایەتیە و حزب و ڕێکخراوەکانی چینی کرێکار، کە لە چوارچێوەی فکر و کۆنسێپت و بەرنامەی سۆشیالیزمێکی دەوڵەتی تێپەڕ نەبوون و لە سنوری بەرتەسکی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیستمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری دەرنەچوون.” ئەمە پرۆسەی دیالەکتیکی کاروکاردانەوە و هۆکار و ئەنجامی ئەو فاکتەرە مادیە ئابوری و سیاسیانەن کە هەوڵم داوە ڕوداوی شکستی شۆڕشەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ پێ لێک بدەمەوە.
هەربۆیە هاوکات من سنوربەندیم لەگەڵ لێکدانەویەکی تریشدا کردوە کە ” دەیەوێ هۆکاری فەردی و بیرۆکراتی و حزبی و نەبونی بەرنامەی ئابوری و بابەتی سەرخانی تر بکاتە هۆکاری سەرەکی شکستی ئەم شۆڕشانە. ئەم تێگەیشتنەش ئەبستراکت و دابڕاوە لە سۆشیالیزمی عەمەلی. کێشەکەی ئەوەیە کە سۆشیالیزم و خەبات و شۆڕشی سۆشیالیستی وەک پرۆسەیەکی گشتگیر و تۆتالیتی خەباتی چینایەتی کرێکاران نابینێتەوە دژی سەرمایەداری، بە ڵکو وەک بەرنامە و ئایدیا و ئایدیۆلۆژیەکی دابڕاو لە پراتیکی چینێکی زیندوو و خەباتێکی چینایەتی زیندوو دەبینێتەوە و سەرچاوەی هەموو کێشەکان بەم فاکتەرە زاتی و سەرخانیانەوە دەبەستێتەوە.”
نمونەیەکم لەم جۆرە تێگەیشتنە مادی و میتۆدە دیالەکتیکیە باسکردوە کە ” ئەم لێکدانەوەیە بۆ سۆشیالیزمی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی ١٩ ش دروستە. لە کاتێکدا سەرمایەداری و چینی کرێکار لە سەرەتای دروستبوون و گەشەی سەرەتایی خۆیاندا بوون و سۆشیالیزمی خەیاڵی و سەندیکایی و گروپی کۆمۆنیستی و کۆمەڵە هەرەوەزیە بەکاربەر و بەرهەمهێنەرەکان قاڵبی فکری و ڕیکخراوەیی زاڵ بوو، وە چارەنوسی شۆڕشە کرێکاریەکانی ئەو سەردەمە شکست و هەستانەوە و شکستی دوبارە بوو.” ئەگەر سەیربکەین دەبینین لە سەدەی ١٩ دا چینی کرێکار دەستی کردوە بە خەبات دژی بورژوازی و حکومەتە پاشایەتی و دەستوری و پەرلەمانیەکانی و بەشداری چالاکانەی لە شۆڕشەکانی ١٨٤٨ بۆ ١٨٥٠ لە ئەوروپادا دەکرد. پاش دەورەیەک لەم خەباتە چینایەتیە ڤیژن و ئاسۆی شۆڕشە کرێکاریەکان ڕۆشنتر لەلایەن ڕۆشنبیرانی ئەم چینە و ڕێکخراوەکانی لەوانەش ئەنتەرناسیونالی یەکەمەوە داڕێژران، ئەویش بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆتایی هێنان بە سیستمی چینایەتی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بو.
لێرەدا دەبینین نە دۆخی فەرەنسا و نە دۆخی جیهانی ١٨٧٠ ئامادە نیە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی جیهانی، بە هۆی ئاستی سەرەتایی گەشەی سەرمایەداری و ئاستی نزمی ڕیکخراوبونی چینی کرێکاری فەرەنسە و ئامادەیی سیاسی ئەم چینە و بزوتنەوە و ڕەوتە سیاسی و فکریەکانی، بەڵام شۆڕشی سۆشیالیستی کۆمۆنە ڕودەدات و دەرس و تەجروبەی مەزنیش لە بواری ڕوخانی دەوڵەت و دامودەزگای سەربازی و بیرۆکراتی و لە نیشاندنای نمونەی نوێی ئیداری و یاسا و کەلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئارا.
لێکدانەوەی ئەوەی ئەم شۆڕشانە بۆچی ڕودەدەن لە کاتێکدا باری ئابوری کۆمەڵگە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی بەرهەمهێنان و ڕیکخستنی سۆشیالیستی کۆمەڵگەیەک ئامادە نیە تەنیا لە ئامۆژگاری ئەوەی نەدەبوایە کۆمۆنە بکرایە یان کۆمۆنە شۆڕشی سۆشیالیستی نەبوە نادۆزینەوە. ئەمە پەیوەندی دیالەکتیکانەی ئابوری و سیاسەت و دەوری تایبەت و سەربەخۆیی سیاسەت و پراتیکی سیاسی چینی کرێکارە لە خەباتی چینایەتی دژی دەسەڵات و دەوڵەت و سیستمی سەرمایەداریدا، کە ئەم چینە دەخاتە بەردەم پیویستی شۆڕش کردن، تەنانەت ئەگەر بشزانێ کە سەرکەوتنیشی ڕێگری گەورەی لەبەردەمدایە و کەسانی وەک مارکسیش ئاگاداری مەترسی دەستبردن بۆ شۆڕشیش بە کرێکارانی فەرەنسا بدەن، ئەم شۆڕشانە هەر ڕوو دەدەن. ئەم ڕوداوە تەنیا بە لێکدانەوەی دۆخی ئابوری ناتوانرێ ڕۆشن بکرێتەوە، بەڵکو سەرەڕای بنەڕەتی بوونی فاکتەری ئابوری و ئاستی گەشەی سەرمایەداری، بەهەمان ڕادە واقعیەت و فاکتەری مادی خەباتی چیانیەتی کرێکارانیش لە مەیدانی سیاسیدا دەوری سەرەکی هەیە لە ئاراستەکردنی ئەو ڕوداو و شۆڕشانەدا. ئێمە ناتوانین هەموو مێژووی سیاسی ڕاستەوخۆ تەنیا بە فاکتەری ئابوری و ئاستی گەشەی سەرمایەوە لێک بدەینەوە و هەرچەند ئەم فاکتەرە بنەڕەتیە بەڵام ئەوە چالاکی گشتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە کە سەرجەم دۆخی گشتی کۆمەڵگە دروست دەکا و چالاکیە سیاسیەکان کاریگەریەکی سەرەکیان هەیە وەک چالاکە ئابوریەکان لە ئاڕاستەکردنی ڕوداو و خەباتی چینایەتی و شۆڕشدا.
کۆمۆنەی پاریس وەک ئەزمونێکی ئەم شۆڕشە کرێکاریە گەشەی بەم تیۆریەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاران دا، کاتێک کۆمۆنە دامودەزگاکانی دەسەڵاتداریتی بورژوازی، بە دەوڵەت و سوپا و بیرۆکراتیزمەکەی تێکشکاند و شێوازێکی شورایی و کۆمۆنەیی دەسەڵاتی کرێکاری لە جێگای دانا. ئەمە یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەو ئایدیای شۆڕشە کۆمەڵایەتیە بوو، کە چۆن کرێکاران بە کردەوە کۆنسێپتی شۆڕش پیادە دەکەن. بەڵام تەجروبەی کۆمۆنە پێشمان دەڵێ لە سایەی ئەو دۆخە مادیە نالەبار و نائامادەیانەدا کە فاکتەر و ڕاستیە ئابوری و سیاسیە مێژووییەکان چ دەورێکی چارەنوساز هەبوە لەوەی کە هەوڵێکی شۆڕشگێڕانەی بەم شێوە مەزنەی کرێکارانی پاریس بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری شکستی هێنا. لێرەدا کۆمۆنەی پاریسم لەگەڵ مێژووی شۆڕشە کرێکاریەکانی تری سەدەی نۆزدەدا پێکەوە داناوە کە وەک ئاستێکی سەرەتایی لەگەشەی خەباتی چینایەتی بەرتەسک بوەتەوە لە هێنانەئارای نمونەی گرنگی شێوازی شۆڕشی کرێکاری بەسەر دامودەزگای بورژوازیدا، بەڵام نەیتوانیوە و فرسەتی نەبوە مۆدێلی ئابوری و سیاسی کامڵ و تەوای کۆمەڵگەیەکی جیاوازی کۆمۆنیستیمان بداتێ. هەربۆیە من نەهاتوم زیاتر لەسەر هۆکاری شکستی کۆمۆنە بکۆڵمەوە، بەو شێوەیەی لە لێکۆڵینەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالسیتی ڕوسیادا کردومە. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم مۆدیلە سیاسی و ئابوریەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی جێگیرتر و گەشەکردوتر بووە بەهۆی گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی لەسەدەی بیستدا.
هەربۆیە دواتر وردتر هاتومەتە سەر سۆشیالیزمی سەدەی بیست کە چ مۆدێلێک تیایدا زاڵ بوە و پەیوەندی بە شکستی شۆڕەکانی سەدەی بیستەوە چی بوە؟
لێرەدا باسی ئەوەم کردوە کە ” ئەم دوو ڕەوتە زاڵەی سەدەی بیست، سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی، ناوەرۆک و بەرنامەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاریان گۆڕی بە کۆنسێپتی شۆڕشی گرتنە دەستی دەسەڵات، چ لە ڕیگەی پەرلەمانی سۆشیال دیموکراسیەوە بێت، وە یان لەڕێگەی شۆڕشی سیاسی بەسەر پەرلەمانتاریزمدا و دروستکردنی دەوڵەتی دیکتاتۆری حزبی لە ژێر ناوی شوراییدابێت. دەسەڵاتی دەوڵەت و چەند ریفۆرمێکی ئابوری و ئازادیە سیاسیەکان بونە مۆدێلی سیستمێکی جێگرەوەی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی. شۆڕشی کرێکاری چیتر وەک هەمان خەباتی ڕاستەوخۆی چینایەتی کرێکاران سەیر نەکرا و حسابی لەسەر نەکرا، بەڵکو بوە پاشکۆی شۆڕشێکی سیاسی، کە حزبێکی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی، لەهەر دەورەیەکدا کە ڕوداو و کودەتا و ئەزمەی سیاسی دروست دەبێ، دەیکاتە دروشم و بەرنامەی فەوری و دەست بەجێی عەمەلی و مۆدێلی جێگرەوەی سەرمایەداری. ئەمە کۆنسێپت و ڤێرژنی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بوو لە شۆڕشی کرێکاری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، کە لە ئێستاشدا لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا درێژەی هەیە، کە مۆدێلێک وجۆرێک لە کۆمەڵگەی سیاسی و ئابوری و شۆڕش و بەرنامەی خستۆتەڕوو.”
هەروەها جەختی زیاتر لەم فاکتەرە زاتیەی شۆڕش دەکەمەوە کاتێک دەنوسم “ئەوە تەنیا دۆخی مادی نیە کە دیاری دەکا کە ئایا شۆڕش سەرکەوتو دەبێت یان نا؟ بەڵکو دۆخی ئەو هێزەی کە خۆشی شۆڕش دەکا دەبێت لە ئاستێکدا بێت کە بتوانێ ئەو ئاڵوگۆڕە دروست بکا، چونکە ئەو شۆڕشە وەکو یاسایەکی سروشتی نیە کە هەر دەبێ ڕوبدا، وەک مانگ گیران نیە کە هەر دەبێ ڕوبدا. ئەوە پراتیکی چینی کرێکار و ڕۆشن بونی پرۆسەی شۆڕش کردن لەلای کرێکارانەوەیە کە نیشانی دەدا چۆن دەتوانێ ئەو سیستمە بگۆڕێ یان ئایا دەتوانێ ئەم کارە بکا یان شکست دەهێنێ؟
هەربۆیە “ئەگەر بێین دەرس لەو شتانە وەرگرین لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا هەبوە، سەرەڕای ئەو زەمینانەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا کە لە ڕوسیادا هەبوو، وە ویڕای ئەو هاتنەمەیدانەی چینی کرێکار لە خوارەوە، بەڵام هێشتا ئەو بزوتنەوەیەی لە ناو چینی کرێکاردا زاڵ بوە کێشەی جدی هەبوە، واتە بەلشەفیزم خۆی کێشەی هەبوە. ئەگەر ئەناتۆمی و شیکردنەوەی بۆ ئەم ڕەوتە و ئەم ڤێرژنە بۆ سۆشیالیزم بکەین، کە سایەی کردۆتە سەر هەنگاوەکان و دەستکەوتەکانی شۆڕشی کرێکاری ڕوسیا، ئەوە دەدۆزینەوە کە بۆچی ئەم ڤێرژنە نەیتوانیوە سۆشیالیزم دابمەزرێنێ؟”
بۆچی ئەم تێگەیشتنە لە دەوری چینی کرێکار و بزوتنەوە سیاسیەکانی و پراتیکی ئەم چینە لە خەباتی چینایەتیدا بە ڕای من سەرەکیە لە ناسینی شکستی شۆڕشەکانی تا ئێستادا؟
شۆڕش و خەباتی چینایەتی کرێکاران بەشیکی دانەبڕاوی پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی کرێکارە بە سیستمی سەرمایەداریەوە. ئەم پراتیکە ڕەنگدانەوەی پاسیڤی جێگای چینی کرێکار نیە، کە دۆخی ئابوری و سیاسی بەسەریدا سەپاندویەتی. بە ڵکو پراتیکێکی ئاگایانەی ئەم چینەیە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە نالەبارە. بەڵام ئەم هوشیاریە چینایەتیە سەبارەت بە دۆخەکە خۆشی پەیوەستە بە ئاستی گەشەی توانای بەرهەمهێنانی چینەکە و تواناییەکانی چینی دەسەڵاتداری بورژوازی و کەلتور و تەجروبە و کۆی دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە. هەربۆیە پەیوەندیەکی دیالەکتیکانە و گشتگیر هەیە لە نێوان فاکتەرە سەرخان و ژێرخانەکاندا بۆ دروستبونی دۆخێکی شۆڕشگێڕانە، کە بەبێ توخم و پراتیکی شۆڕشگێڕانەی چینەکە لە خۆوە ڕونادات، وە چارەنوسی شۆڕشی کرێکاری بەو ئاستە لە توانایی فکری و سیاسی و ڕیکخراوەیی چینەکەوە، نەک تەنیا حزبێکەوە، بەستراوە.
ڕەخنە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی وەک چوارچیوەیەکی فکری و سیاسی بریتیە لە ڕەخنە لەو جۆرە سۆشیالیزمەی کە چینی کرێکار وەک بکەری شۆڕش و بڕینەرەوەی چارەنوسی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی نابینێ، وە حزب و گروپ و فکر و بەرنامەیەک دەخاتە جێگای ئەم فاکتەر و بکەرە مادیەی شۆڕش. لە ڕاستیشدا ئەم جۆرە سۆشیالیزمە چینی کرێکاری دابڕی لە هەر دەور و پراتیکێکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی سەرجەم سیستمی سەرمایەداری بە سیستمێکی سۆشیالیستی. ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە لە میتۆد و بەرنامە و کارکرد و دەسەلاتی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیزمی دەگرین.
ئەگەر ئەم فاکتەرە مادیەی پراتیکی چینایەتی کرێکاران لە مێژووی سەرمایەداری و شۆڕشەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ دا بسڕینەوە و لەبەرچاونەگرین ئەو کات لێکدانەوەمان بۆ مێژووی دوو سەدەی ڕابردووی سەرمایەداری تەنیا بریتی دەبێ لە فاکتەری گەشەی پیشەسازی و سەرمایە و قەیرانەکان و دادەبەزینە ئاستی ئابوری سیاسی بورژوازی. بەم پێیە شۆڕشەکانی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیش وەک پاشکۆی شەڕ و قەیرانەکان و گەشە یان شکستی سەرمایە و بازاڕی سەرمایە و گۆڕانکاریە سیاسیەکانی دەوڵەت و سیستمی سیاسی بورژوازی دەبینین. بەلام تێگەیشتنێکی مادیانەی کۆمۆنیستی دەتوانێت ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕۆشن بکاتەوە کە بۆچی چینی کرێکار، سەرەڕای ئامادەنەبونی هەموو فاکتەرە ئابوریەکانی بنیات نانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی، وەک بازاڕی جیهانی و گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و مانەوەی بەربەستە کەلتوری و سیاسیەکان، بەڵام لە فرسەتی جیاجیادا دەستی بۆ شۆڕش و چەک بردوە دژی دەسەڵاتی سەرمایە، وە بەردەوامە لە خەباتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر بۆ گۆرینی دۆخی نالەبار و چەوسێنەرانە. ئەمە هۆکارەکەی ئەوەیە کە شۆڕش و خەباتی چینایەتی کرێکاران دژ بە سیستمێکی زیندووی مەوجودە و بەشێکە لە شەڕێکی زیندوی بەردەوام دژ بەو چینە بورژوازیەی دەسەڵاتدارە، جا بورژوازی و سەرمایەداری لە هەر ئاستێکی گەشەدا بن. لەم شەڕە چینایەتیەدا توانای مادی و فکری ئەم دوو چینە دژ بەیەکە دیاری دەکا کە ئایندەی ئەم شەڕانە بە کوێ دەگات؟ کاتێک بورژوازی لاواز و پەرژوبڵاو و لە قەیرانی ئابوری وسیاسی و دەوڵەتیدا بێت،ئەوا زەمینەی شکستی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی فەراهەمتر دەبێ، ئەگەر چینی کرێکار و حزبەکانی ئامادەتر و باڵادەستر بن لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە. بەهەمان شێوە شکستی شۆڕشە کرێکاریەکانیش تەنیا بەوە لێک نادرێتەوە کە لە سەدەی ١٩ و ٢٠ دا سەرمایەداری گەشەکردو نەبوە لە فەرەنسا و ڕوسیادا، بەڵکو سەرەڕای ئەم ڕاستیە ئابوری و سیاسیە مێژووییانە کە چارەنوسازیش بوون، فاکتەری مادی خودی شۆڕش کە چینی کرێکاریشە لە ئاستێکی نزمی فکری و سیاسیدا بوە بۆ ئەوەی بتوانێ گۆڕانکاری ڕیشەیی و بڕینەرەوە لە سیستمی سیاسی و ئابوری سەرمایداریدا بکا و سیستمی سۆشیالیستی دامەزرێنێ.
هەربۆیە بۆ وەڵامی هۆکارەکانی شکستی شۆڕشە کرێکاریەکانی تا ئێستادا پێویستە بە شوێن هۆکارە زاتیەکانی چینی کرێکار خۆیدا بگەڕێین، کە لە سایەی ئەو دۆخە مادیە نالەبار و نائامادەیانەدا بونەتە مایەی شکستی ئەو هەوڵە شۆڕشگێڕانەی تا ئێستا بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری. بە ڕای من بە ناسینی هۆیەکانی قەتیس مانی ئەو هەوڵ و شۆڕشانەی چینی کرێکار لە چوارچیوەی مۆدێلی سیاسی و ئابوری سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا وەڵامی سەرەکی شکستی ئەو شۆڕشانە دەدۆزینەوە.

ماویەتی.. دووەم: دەوری دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم چیە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا؟




رۆمانی دایک.. شەماڵ بارەوانی

دایک شاکارێکی مەزنی ئەدەبی جیهانی گەورەنووسەری ڕووسی(ماکسیم گۆرگی)ـە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٦ بڵاوبووەوە.
تەوەری سەرەکی ڕۆمانی دایک باسکردنە لە شۆڕشی بەلشەفییەکان لە ڕووسیای سەردەمی قەیسەری و دامەزراندنی سیستەمێکی ئیشتراکی و لادانی بۆرژواکان لە هەرەمی دەسەڵات و لێسەندنەوەی زەویوزارەکان لە فیۆدال و دەرەبەگەکان.
ڕۆمانی دایک، پاڵەوانەکەی ژنێکە لە چلەکانی تەمەندایه، خەبات دەکات و تێدەکۆشێت لە پێناو کوڕەکەی، لەپێناو چەمکی یەکسانی و دادپەروەری، لەپێناو هەموو کرێکاران. ئەو کرێکارانەی تەنها وەک ئامرازی کارکردن و بەرهەمهێنان و ئامێری کارکردن سەیردەکرێن و ماف و کەرامەت و مرۆڤبوونیان پێشێل دەکرێت.
کەسایەتی دایک وەک پاڵەوانی ڕۆمانەکە و کارەکتەری سەرەکی ڕووداوەکان، هێما و ئاماژەیە بۆ ڕاپەڕینی ڕووسییەکان لە دژی سیستەمی قەیسەر و حوکمی بۆرژوازی و دەرەبەگایەتی و ڕۆیشتن بەرەو قۆناغی ئیشتراکییەت.
ڕۆمانی دایک، باس لە سەختی و نەهامەتی ژیانی کرێکاران دەکات لەژێر قامچی فەرمانڕەوایەتی قەیسەر.
ئەو چینە هەژارەی لەلایەن چینی باڵادەستی بۆرژواوە دەچەوسێنرێنەوە و بە کوڵەمەرگی دەژین.
پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە(پلاگی) دایک و (پاڤێل)ی کوڕەکەیەتی. پێلاگی دایکێکی خۆڕاگر و ئارام، توانی بەرگەی ئەو هەموو چەوساندنەوە و ئازار و شەڕەی هاوسەرەکەی بگرێت، بەرلەوەی بمرێت.
هاوسەرەکەی، لوتکەی نێرسالاری و ئایکۆنی دڵڕەقی و نموونەی ستەمکاری بوو.
پیاوێک، بەوپەڕی ڕەقی لەگەڵیدا هەڵسوکەوتی دەکرد. پلاگی تاقە ئومێدی لە ژیان، پاڤێل بوو. پاڤێل دایکی زۆر خۆش دەویست. پاڤێل و هاوڕێکانیشی تاقە ئومێدی کرێکارەکان بوون. ئەو کرێکارانەی دەچەوسێنرانەوە و لە بەیانی تا ئێوارە کارێکی زۆریان پێ دەکرا لەبەرامبەر نرخێکی کەم.
پلاگی، دایکێکی نموونەیی و قوتابخانەیەکی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە پێگەیاندنی پاڤێل. ئەو دایکەی بەردەوام هانی پاڤێلی کوڕی دەدا بخوێنتەوە و کار بکات و لەگەڵ موعاناتی خەڵک بژیت و یارمەتییان بدات و پشتیوانی کرێکاران بکات و هۆشیارییان بداتێ و لە هەوڵدان نەوەستن تا دەگەن بە ئاواتەکانیان. ئەو دایکەی کوڕەکەی و کرێکارەکانی فێری ئەوە دەکرد، تا ستەم هەبێ، دەبێ هێزێکیش هەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمە. ئەو هێزەیش(پاڤێل و هاوڕێکانین). ئەوان دەبێ بە گژ ستەمدا بچنەوە و لە بەرامبەر چەوساندنەوەدا چۆک دانەدەن و خۆڕاگربن، داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بە دڵنیاییەوە دواڕۆژ هەر بۆ ئەوانە.
دایکێک، هەمیشە هانیدەدان گەشبین بن و یارمەتی دەدان لە بڵاوکردنەوەی ئەو بڵاوکراوانەی کە تایبەت بە هۆشیاری چینایەتی و هاندانی کرێکاران بوو بۆ بێدەنگ نەبوون له مافەکانیان،
لە جیاوازی چەوساندنەوەی چینایەتی لەلایەن دەسەڵاتی قەیسەری ڕووس.
دایکێک نموونەی چاونەترسی و خۆڕاگری. ئەو
نە هەڕەشە و نە شکەنجە و زیندان، هیچ شتێک سلی پێ ناکاتەوە له پڕەنسیپی مرۆڤایەتی و بەهاکانی ژیان.
سەرەڕای گرتن و زیندانیکردن و ئازاردانی کوڕەکەی، ئەو هەر کۆڵ نادات لە هەوڵ و خەبات لەپێناو بەدیهێنانی خەونی هەژاران و ئاواتی کرێکاران و نەهێلانی جیاوازی چینایەتی و لە ڕەگدەرکێشانی دڕکی ستەم و بەرپاکردنی تۆوی دادپەروەری و بنەماکانی دادپەروەری.
پێلاگی، لەو شاکارە مەزنەدا ڕۆڵی ئافرەتێکی تێکۆشەری بەرجەستەکردووە. ئافرەتێک، تێدەکۆشێت لەپێناو مافی هەژاران و کرێکاران و مافخوراوان لە کۆمەڵگەی ئەوسای ڕووسیا و لەژێر چەپۆکی حوکمی قەیسەر.
ڕۆمانی دایک، باس لە گرنگی فێربوون و ڕۆڵی ڕۆشنبیری دەکات لە هۆشیارکردنەوەی تاک و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە، بۆ گۆڕانکاری و بەرەو باشتر.
پاڤێڵ ڤلاسۆڤ، پاڵەوانی ڕۆمانی(دایک)، شۆڕشێکی هۆشیاری و کودەتایەکی ڕیشەیی لە فیکر و کولتوور و دیدەنیگای کۆمەڵگە بەرپا دەکات.
پلاگی نیلۆڤنای دایکیشی پشکی شێری بەردەکەوێ لەو شۆڕشەی کە پاڤڵ فتیلی ئاگرەکەی داگیرساند.
دایکێک، بڕیاردەدات بێتە بەرەی کرێکاران و مافخوراوان و پشتیوانی بزووتنەوەی جەماوەری چەوساوە و چینی بەشخوراو بکات، لە دژی بۆرژوا و جووتیار و دەرەبەگە گەندەڵەکان، لەپێناو بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و یەکسانی.
چیڕۆکی ڕۆمانی(دایک)، بە ژیانی خانەوادەیەکی هەژار و
بە کەسایەتی میکائیل ڤلاسۆڤ دەستپێدەکات.
پیاوێک، بەردەوام سەرخۆش، دڵڕەق و سروشت توند و چەوسێنەر و سەربەکێشە. پیاوێک، جگە لە جوێن و زمانزبری، هیچ شێوازێکی تر لەگەڵ هاوسەرەکەی پەیڕەو ناکات. لێدان و ئازاردانی هاوسەرەکەی، بەشێکی تری ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەی میکائیلە. ئەو لە کارگەیەک کاردەکات، پلاگی لەکارگەیەک کاری قورسی دەستی دەکات لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان و پارووە نانێک.
دواتر میکائیل ڤلاسۆڤ لە ناکاو دەمرێت. دوای مردنی باوکی، پاڤێڵی چواردە ساڵ دەرفەت دەقۆزێتەوە و لاسایی ژیانی باوکی دەکاتەوە و هەمان شێوەی باوکی دەست دەکات بە نۆشینی مەی و هەڵسوکەوتی ڕەق و ناشرین لەگەڵ پلاگی دایکی.
دایکی پێی دەڵێ “تۆ نابێ توخنی مەینۆشین بکەویت. باوکت لە بری تۆش مەی خواردەوە و پێکی ئازاری بە من چەشت، تۆ لەگەڵم نەرم بە. ” پاڤێڵ دوای تاقیکردنەوە و ئەزموونکردنی چەندین شێواز و ڕێگای هەڵە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ژیانی هەرزەکاری و بەڕێکردنی ئەو دۆخەی تێیدایه، لەو توونێلە تاریکەی ژیان دێتەدەرەوە و سەر لە ڕێگایەکی تر دەردەکات. ڕێگایەکی جیاواز. ڕێگای هەوڵدانی تێگەیشتن لە ژیان و زانینی هۆکاری ئەو نەهامەتی و موعاناتانەی خۆی و باوکی بەرلەخۆی و کرێکارەکان تێیدا دەژین. ئەو، ئیتر لە بری ئەوەی بڕواتە جیهانی مەی و مەستیی، تا خەمەکانی لەبیر خۆی بباتەوە، بڕیار دەدات بە دوای بەدەستهێنانی زانیاریدا بگەڕێت لە بارەی سەرچاوە و هۆکاری ئەو ئازارەی خۆی و کرێکارەکان.
پاڤێڵ، ماوەی دوو ساڵ ژیانێکی گۆشەگیر و ڕاهیبانە دەژیت، لە کارکردن دەگەڕێتەوە و لە ژوورەکەی خۆی دوورەپەرێز و تەنیا دەژیت، تا بە تەنها کاتی خۆی بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکانە بەسەر ببات، کە پلاگی دایکی پێی دەگوتن”پەرتووکە قەدەغەکان”.

ئەو پەرتووکانەی باس لە ئیشتراکییەت و داوای شۆڕش دەکەن. پاڤێڵ بەو بڕوایە دەگات: ئەگەر بمانەوێت لەو نەهامەتی و ئازارەی هەژار و کرێکاران تێبگەین، دەبێ سەرەتا تێیانبگەیەنین و هۆشیاریان بکەینەوە تا لەو ستەم و چەوسانەوەیەی جیاوازی چینایەتی ڕزگاریان بێت. دەبێ سەرچاوەی ئەو ئازار و موعاناتانەیان پێ بڵێین. دایکی لەو ماوەیەدا زۆر چاودێری کوڕەکەی دەکرد و دەترسا پاڤێل دەست بۆ کارێکی ترسناک ببات و تووشی سەرئێشە و کێشە ببن.
پاڤێل دواتر و دوای ئاشکرابوونی ڕێکخراوە نهێنییەکەیان لەلایەن دەوڵەتەوە، کاتێک دەزانێ دەگیرێت، بە دایکی دەڵێت”پێویستە نیگەران نەبیت بە گرتنی من دایکە، بەڵکو دەبێ دڵخۆش بیت. ئەی خوایه دەبێ کەی ئێمە دایکانێکمان لەناو دروست بێ، دڵخۆش بن لەوکاتانەی کوڕەکانیان دەنێرن بۆ مەرگ لەپێناو مرۆڤایەتی؟”.
پلاگی، ژنێکی نەخوێندەواربوو و نەیدەزانی کوڕەکەی چ کتێبێک دەخوێنێتەوە و خەریکی چییە لە ژێرەوە و لەو کۆبوونەوانەی لە ماڵەوە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج و کرێکار دەیکات، باسی چی دەکەن. بەڵام هەستی دەکرد کوڕەکەی خەریکی کارێکە، بە هۆیەوە خۆی دەخاتە داوی کێشەیەکەوە، لە کۆتاییدا سەری دەخوا و ژیانی دەبێتە قوربانی. وەلی ئەو لەو موعانات و ئازارانەی پێشووتر لەگەڵ میکائیلی هاوسەری چەشتبووی، فێری هونەری بەرگەگرتن و ئارامی و دانبەخۆداگرتن و خۆڕاگری ببوو. دواتر بۆی ئاشکرا دەبێت کوڕەکەی کۆمەڵەیەکی نێهێنی شۆڕەشگێری بۆ کرێکاران دامەزراندووە و لەژێرەوە خەریکی چاڵاکین بۆ هۆشیارکردنەوەی کرێکارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی جیاوازی چینایەتی و دەسەڵاتی دەرەبەگ و بۆرژواکان. دایکی سەرەتا، بەرهەڵستی ئەو کارەی پاڤێل دەکات و ترسی ئەوە دایدەگرێت، کوڕەکەی بە هۆی ئەو کارە سەرکێشی و ترسناکەوە تووشی کێشە و ئازاری زۆر ببێتەوە. بەڵام دواتر قەناعەت دەکات و دێتە ڕیزی کرێکاران و چەوساوەکان و لە دژی سیستەمی دەرەبەگایەتی و حوکمی بۆرژوازی، لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێلانی چینایەتی خەبات دەکات. دوای گرتنی پاڤێل و زیندانیکردنی، پلاگی دایکی ئەرکەکە دەگرێتە ئەستۆ و چاڵاکییەکان ئەنجام دەدات و ڕێکخراوەکە بەڕێوە دەبات. ڕۆمانی(دایک)، کتێبی پیرۆزی چینی چەوساوە و ئینجیلی ئومێدی کرێکارانە، مانیفێستی هەژارەکان و ڕۆحی شۆڕشە. دایک، وەرگیراوی کۆمەڵێک ڕووداوی واقعییە. ئەو ڕووداوانەی کە دواتر دەبن بە هەوێنی شۆڕشی بەلشەفییەکان و دروستبوونی دەوڵەتێکی بە ڕووکەش ئیشتراکی.
دایک، ڕووماڵی دۆخی ژیانی کرێکارەکان و موعانات و چەوساندنەوەیان و ئەو ناخۆشییانەی لە کارکردنیان ڕووبەڕوویان دەبوونەوە دەکات. دایک، باس له ڕۆڵی کرێکارەکان دەکات لە شۆڕشی ڕووسیا. ئەو کرێکارانەی جۆرەها شێواز دەچەوسێنرانەوە و ستەمیان لێ دەکرا و پێڕەوی جیاوازی چینایەتییان لەگەڵ دەکرا، لەلایەن ئەو توێژە بۆرژوایەی جلەوی حوکومڕانی بە دەستەوەبوو و هەموو سامان و زەویوزارێکی دەست بەسەرداگرتبوو و تەنها کۆمەڵێکی کەم لە دەرەبەگ و بۆرژوا لێی سوودمەند دەبوون و تەواوی خەڵکیش لەوپەڕی هەژاریدا دەژیان.
دایک، بەرجەستەکەری ئەو واقیعە تاڵەی کۆمەڵگەی ڕووسی و ژیانی کرێکارە چەوساوەکان و شۆڕشەکەیان لە دژی حوکمی بۆرژواکانە. کۆمەڵگەیەک، جیاوازی و چەوساندنەوەی چینایەتی لەوپەڕی دابێ و گۆرگی گوتەنی” برسییەتی چاوی هەندێکی کوێرکردووە و هەندێکی تریش زێڕ کوێری کردوون”.
ئەو کرێکارانەی لە دوای ماندووبوون لە کارکردن، دەڕۆنە باڕ و خۆیان لە ئازاری ژیان و هیلاکی کار مەست دەکەن و تۆزەک له خەمەکانیان دووردەکەونەوە و دواتر باسی هەموو ئەو چەوساندنەوە و جوێنپێدان و ناخۆشی و سووکایەتی و ئازار و نەهامەتییانە دەکەن کە لە لایەن خاوەن کارگە و کارەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
گۆرگی لەو شاکاره مەزنە، زۆر سەرنج دەخاتە سەر خوێندن، چونکە خوێندن نەوەیەکی ڕۆشنبیر و شارستانی و تاکێکی هۆشیار دروست دەکات. نەوەیەک، هەمیشه لەپێناو خەون و ئامانج و مافەکانی بجەنگێت و کۆڵ نەدات.
چەند دێڕێک لە بارەی نووسەر
ئەلیکسی مەکسیم گۆرگی: نووسەر لە ساڵی١٨٦٨ لە ڕووسیا لە دایک بووە، دامەزرێنەری قوتابخانەی واقعی ئیشتراکییه لە وێژەدا، هەڵگری ڕوانگەیەکی چەپ بوو. گۆرگی بەرجەستەکەری ڕوانگەی مارکسیزمە له ئەدەب. لە تێڕوانینی ئەو، ئەدەب لەسەر چاڵاکی ئابووری دروست دەبێت و کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە پێویستە ئەدەب لەپێناو کۆمەڵگە تەوزیف بکرێت. گۆرگی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ڕەخنەی شۆڕشی بەلشەفییەکان و لینین و ترۆتسکی دەکرد، بە هۆی ڕەخنەکانیەوە، لینین هەڕەشەی کوشتنی لێ کرد. دوای لینین، ستالین گۆرگی بە هۆی ڕەخنەکانیەوە خستە ژێر مانەوەی بەزۆری(الإقامة الجبريّة).
گۆرگی لە ساڵی١٩٣٦ بە یەکجاری چاوەکانی داخست و دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی له ژیان کرد.




چیرۆک\ هاوڕێ جنۆکەکانی پێش نانی بەیانی.. سندی

لەژێر پەرچەمی خواروخێچ بڕاوی ئەسپێیەک دێتە سەر نێوچاوانی و دەگەڕێتەوه ناو پرچی، دەیخورێنێ. کارم بە کاتەوە نییە، تا گەیشتمە ئێڕە بە نووکی پێیەکانم بەردێکم بەپێش خۆم دابوو. چەند ڕۆژێکە کاتژمێرەکەی دەستم کڕیوه. کە کڕیم، تا گەیشتمەوە ماڵەوە قووتییەکم بەپێش خۆمدا. خۆم داهاتم کەمە، بەس پێموایە هەر پارەیەک لە گیرفانم دابێت زیادەیە، بۆیە زوو خەرجی دەکەم. خەرج کردنی پارەی زۆر، دڵخۆشم دەکات. نازانم بۆ سەیری دەکەم، هێشتان ماویەتی بۆ حەفت. کەسێک تێدەپەڕێ و لە دواوەی دەستی شۆڕکردوەتەوە ناو پانتۆڵی و قوونی دەخورێنێ. قاقای دێ، کابرا ئاوڕ دەداتەوە و بە مۆڕەیەکەوە لێمان دەڕوانێ و دەڵێ پێویستە باشتر پەروەردەی بکەی. ناڵێم هیی من نییە. دەستی دەخاتە سەر دەمی و لێم دەڕوانێ، دەبینم ئەسپێیەک لەژێر نینۆکی پڵیشاوەتەوە و سەری پەنجەشی بووەتە خوێن. لووتی بە قۆڵی دەسڕێ و بزەم دێ، دەڵێم خەریک بوو بەم بەیانییە کێشەیەک دروست بکەیت! لە گیرفانی میزراحێک دەردێنێ و دادەنوێت، لەسەر زەوی دەیخولێنێتەوە. بێچووە چۆلەکەیەک بەردەبێتەوە نزیکمان، چەند چۆلەکەیەکیش بە جریووەجریو بەدەوریدا دێن و دەفڕن، کە دەیبینێ شوێنی دەکەوێ.

حەفت لایداوە. بە نووکی پێیەکانم کارتۆنێکی جلی ژێرەوەی پیاوان بەپێش خۆم دەدەم و چەند هەنگاوێک دەڕۆمە ئەولاتر، ئێستا هەم لەسەر شەقامە سەرەکییەکەم و هەمیش تەواوی کۆڵانەکەم لێ دیارە. لەسەر دیواری بەرانبەرم دەیخوێنمەوە (عەشق و کۆشک و هەسپ هیی دەوڵەمەندەکانە، هەژارەکان یان چەتەن یان پاسەوان.) تفێک ڕوودەکەم و لە دواوەم دەنگێک دێ، ئاوڕ دەدەمەوە، دەمووچاوێکە ڕەنگە دووهەزار لۆچی هەبێ، سپییەتی چاوی تەواو زەرد بووە و لێوەکانی مۆرن، لەسەر لووتی زیوانی ڕەشی زۆرە. تیشکی ڕۆژ، لەسەر پێستی باینجانی بریسکە دەداتەوە. جغارەی بە لالێوی شۆڕبووەتەوە و زارێکی لەدەستە، هەڵی دەداتە ئاسمان و دەکەوێتەوە ناو لەپی.
ببورە تێنەگەیشتم؟
ئەوەی لەسەر دیوار، چی نووسراوە؟
ئەها. بۆی دەیخوێنمەوە.
وەک کەسێک کە کێشەی تۆقینی هەبێت و لە خەودا هاوار بکات، هاوار دەکات و زارەکەی لێ بەردەبێتەوە، دەڕوا! تا ون دەبێت لێی دەڕوانم. هەندێک کات حەزدەکەم هەمووان لە باوەش بگرم، نەخۆش و دەردەکانیان، شێت و جنۆکەکانیان، برسی و قوڕەی سکیان، منداڵ و خەونەکانیان، دەوڵەمەند و هەستە ساردەکانیان، بەڵام باوەشی من جێگەی هەموویانی لێ نابێتەوە. چاوم دەکەوێتە سەر حاویەیەکی زبڵ، نارنجییە. حەفت حاویە لەم ناوەدا هەیە، ئەگەر هەموویان کۆی ژمارە هەشتاو یەکی ناو لەپی چەپم بکەم، دواتر کۆی ژمارە هەژدەی ناو لەپی ڕاستم… ڕەوێک سەگ پەیدا دەبن! دەحەپێنن و بۆم دێن. ڕادەکەم…

لە سەردەمی برسییەتی، کەمێک دوای خۆرهەڵاتن باوکم چەند خوشکو برایەکی لەدەستدابوون. ئەو منداڵە، ئەوەی ئەسپێی هەبوو، داماوە! منیش کە یازدە ساڵان بووم پیسو پۆخڵ بووم، لاواز و پیسو پۆخڵ، هەندێکجار پێموایە بۆ ئەوە لەدایکبووم تا لە گۆڕستانەکان گوڵی سور بفرۆشم. ئەدی ئەو پیاوەی وەک تۆقیوێک ڕۆیشت… جریووەی چۆلەکەکان! ئاوڕ دەدەمەوە، سەگەکان هێشتان بەدوامەوەن. برا بچووکەکەشم بە هەندێک قسە زوو فرمێسک لە چاوەکانی قەتیس دەبن! هەشتی بەیانی بوو کە پەیوەندیان کرد و گوتیان خوشکە بچووکەکەت گوتوویەتی من بێچووە چۆلەکەم، لە بەرزاییەک خۆی هەڵدابوو. ناتوانم چیتر ڕاکەم، لەنزیک حاویەی بەردەم چێشتخانەیەک دەوەستم، بە پەنجەم تەنیشت لێوەکانم دەسڕم. کە دەستم دادەنێمە سەر دڵم، کەسێک دەوەستێ و بە بزەوە دەپرسێ،
هەموویان بوونەتە هاوڕێت؟
دەبینم بە چواردەورمدا کلکە لەقێنە دەکەن.
خێرێکی نەبڕاوەی هەیە ها!
کە ئەوە دەڵێت چاوەکانی گەشتر دەبن. هەناسەبڕکێم کۆنتڕۆڵ دەکەم. دەبەیەک ئاوی پێیە، لێی وەردەگرم و دەستی ڕاستی دەخاتە بەر کەمەری. دوو قومی لێ دەدەم و دەیدەمەوە، قومێکی لێ دەدات. سەری حاویەکە هەڵدەدەمەوە. بەڵێ، بەیانیان پێش خۆرهەڵاتن دێم حاویەکان دەگەڕێم، ئەگەرخواردنیان تێدابێ، دەری دێنم و لەبەردەمیان دایدەنێم.
کیسێک دەردێنم و دەیکەمەوە، ئێسکن. بە ترسەوە دادەنێوم و دایدەنێم. یەکێکیان هەندێک گۆشتی پێوەماوە، بە نووکی پێم کەمێک ڕایدەکێشم و هەڵی دەگرمەوە، تیکەیەکی لێ دەپچڕێنم، دەستێکم دادەنێمە سەر کەمەرم و لێی دەڕوانم، دەڵێم ئەدی کوو خێرەکەی نەبڕاوەیە! سەیری سەگەکان دەکەم و خرمەخرمی ئێسکەکان دەبیستم. تیکە گۆشتەکە دەخەمە دەمم. کە دەیجووم، دەبیستم دەڵێت یەع! دەیبینم بە حەپەساویەوە لێم دەڕوانێت و دەبە ئاوەکە فڕەدەدات و دەڕوا…

نامەوێ هەموو شتێک هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، هەندێک لەوانەی جوویتم حەزدەکەم فڕەی بدەمەوە و بڵێم یەع، بەتایبەت ڕقم لە هەشتی بەیانییە، دەمەوێ عەشق و کۆشک و هەسپ و هەژار و چەتە و پاسەوانەکان لەباوەش بگرم، بەڵام دەبێتە کێشەیان، لە باوەشی من جێگەی هەموویان نابێتەوە. با هەڵدەکا، تەپووتۆز بەر تیشکی خۆر دەگرێ، لە بای سەر گژوگیای وشکی گۆڕستان دەچێ، کاغەز و کیسی بەتاڵ ڕاپێش دەکات. وەک کەسێکی تووشبو بە Pseudobulbar affect حیرتەی پێکەنینم دێ و بۆ قووتویەکی بەتاڵ غەمگینترین بزەی پێش نانی بەیانی دەکەم، خۆم گرمۆڵە دەکەمەوە و بە نووکی پێیەکانم بە پێش خۆمی دەدەم.




لە یادی 18 ساڵەی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و رۆژی دادپەروەری كوردستاندا

21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و پرسی جینۆساید و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵكی كوردستان رۆژێكی مێژوویی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێكردنی دادگاییكردنی تاوانبارانی تاوانی “ئەنفال” بوو لە عێراق، كە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی گەلانی كوردستان، كەسانێكی تاوانبار بە تاوانی گەورە “تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی”، لەلایەن دادگایەكی وڵاتی بكەری تاوانەكەوە دادگایی بكرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی كۆمەڵكوژییەكانی تێیدا دەرچووە.

رێككەوتی (21-8-2006)، پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد،  خواستی قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاكوانانی ئەو بوارە، بریتی بوو لە دادگایكردنی تاوانباران لە دادگایەكی نێودەوڵەتی یاخود دادگایەكی هاوبەش، تاكو دادگاییەكە بەشێوەی باش بەڕێوە بچێت و  پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید گەلی كورد بە جیهانی بكرێت،  هەرچەندە داواكە نەهاتە دی, وەلێ دادگاكە بڕیاری زۆر گرنگیدا، لەوانە چوار كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند، كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا لە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرابوون، كە ئەمەش لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە دادگاییكردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال جێبەجێ نەكرا و رێزی لێنەگیرا، كە گرنگترین بڕیاریان بریتی بوو لە رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا، بەڵام پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراوجۆر، نەك تەنها داڵدەی تاوانبارانییاندا و ژیانیانیان پاراست و نەیان هێشت پرۆسەی دادپەروەری بەردەوام بێت، بەڵكو فشاریان خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری و رێگرییان كرد لە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال، كە زیاتر لە (61%)ـیان كورد بوون (258) و تا هەنووكەش تاوانبارانی داواكراو لەلایەن پارتەكانی دەسەڵاتدارەوە دەپارێزن و هەندێكشیان پۆست و پلەیان پێبەخشراوە. . . هەندێكی دیكەشیان لەلایەن پارتەكانەوە لەسەر پشكی گەلی كورد پۆستی سەربازییان لە بەغدا پێدرابوو.
ئەمە  وێڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری تۆمەتبارانی دیكە سكاڵایان لەسەر بوو, كەچی ناویان لە ریزبەندی تۆمەتباراندا نەبوو, لە هەمووشی سەیرتر نەبوونی ناوی نەزار خەزرەجی بوو, كە لە پرۆسەی ئەنفال لە دوای سەدام و عەدنان خێروڵاو عەلی حەسەن مەجید دەهات.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەم رێگر بووە لە بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا، بەتایبەتیش سەركردەكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار, لە بەرامبەریشدا كەسوكاری قوربانیانیش نەك نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن كە تاوانباران دەپارێزن، بگرە زۆرجاران لێرەو لەوێ دەبینین لەگەڵ تۆمەتباران بەشێوەی ئاسایی لە مەراسیمەكان دەردەكەون و كۆنە بەعسیەكان لە یادەكان لە ریزی پێشەوە دادەنیشنن, تەنانەت پارتە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانیش مامەڵەی نا بەرپرسانە لە گەڵ ئەو كەیسە دەكەن.

ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستان (21-8)، كە بە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەها بۆ خەڵكی كوردستان و پرۆسەی دادپەروەری لە كوردستان دەزانین. . . داواكارین:

یەكەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال”423 تۆمەتبار” و كەیسەكانی دیكەدا هاتووە، بە زووترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردنیان و لە كوردستان وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت، نەك هاوڵاتی بە ئیمتیاز وەك ئێستا دەبینین.

دووەم: لیستی ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول، بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیربكرێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە ئاستی جیهانی.

سێیەم: لەلایەن پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ڕۆژی 21 / 8 بە فەرمی بە ڕۆژی دادپەروەری لە كوردستان بناسرێت و ئەو ڕۆژە بكرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا, بۆ بەرچاو روونی هەموو لایەك, لە ساڵانی رابردوو, بە پێشنیاری ئێمە و بە پشتیوانی وەزیری شەهیدان مامۆستا ئارام ئەم رۆژە لە كابینەی حەوت فەرمیەتی پێ دراوە.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی هەموو لایەك، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا هەنگاوی كرداری و فشاری مەدەنیمان بۆ دەستگیركردنی تاوانباران گرتەبەر. . . لەوانە:

1- سێ جار بە نامەی فەرمی داوامان لە داواكاری گشتی كردووە هەنگاو بنێن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و لە وەڵامدا رایانگەیاندووە؛ كە وەزارەتی ناوخۆیە بە ئەركی خۆی هەڵناسێت بۆ دەستگیركردنیان. . . هاوكات جگە لە فەرمانگەی داواكاری گەرمیان و هەڵەبجە ئەوانی دیكە وەڵامیان هەر نەداوەتەوە، لە كاتێكدا زۆرترین ژمارەی تۆمەتباران لە سنوركانی هەولێرو دهۆكن، ئەمەو دواتر بەبێی هیچ هۆكارێك 3 تۆمەتباری زیندانیكراوی گەرمیانیش پاش چەندین ساڵ لە مانەوەیان لە زیندان  ئازادكران یەكیان پۆستی سەربازیشی وەرگرت كە ژمارەیەك زۆر سكالای لە دادگای بالای تاوانەكان لەسەر بوو، لە كاتێكدا دەتوانرا بە ئاسانی ڕادەستی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بكرێن پرۆسەی دادپەروەری ئاراستەی ئاسایی خۆی وەربگرێت. 

2_ هاوكات دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە:

  • ٲ – ناوی تۆمەتبارانی ئەنفال بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول.
  • ب – پرسیار لە ئەنجومەنی دادوەری كراوە، كە ئایا تۆمەتبارانی ئەنفال لای ئەوان بە تۆمەتبارن دادەنرێن یاخود نا. . . بەڵام مخابن ئەنجومەنی دادوەری كە بە تۆماری ڤیدیۆیی لامانە، بەڵێنیاندا كار بۆ دەستگیركردنی ئەم تۆمەتبارانە بكەن، كەچی بە بەڵگە لامانە  تۆمەتباران لای ئەوان بە تۆمەتبار ئەژمار نەكراون و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان هیچ ئەهمیەتێكی یاسایی نییە لایان.

-ج – ئەنجومەنی دادووەری وەڵامی رێكخراوە بیانییەكان نادەنەوە كە كار بۆ بە دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال دەكەن لە دەرەوەی وڵات، لەو نێوەشدا گەورەترین هەلیان لە دەستدا بەجینۆساید ناسینی تاوانی ئەنفال لە ئاستی جیهانی دا، \ لە داهاتوودا بەڵگەنامەكان ئاشكرا بكرێن مێژوو شەرمەزاریان دەكات.

  • ح – دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە كە فشار دروست بكەن بۆ ئەوەی لیستەكانی (شەهیدان، قوربانیانی جینۆساید و چەكی كیمیاویی و بریندارانی چەكی كیمیاویی، زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین) بڵاو بكرێنەوە، بۆ ئەوەی بۆ گەل شەفاف بێت و پاكبكرێنەوە لە ناوی تۆمەتباران، ئەمەشیان بەكاری خۆیان نەزانی.
  • د – داوامان كرد موچەی شەهیدان و قوربانیان بكرێتە ستانداردێك بۆ دادپەروەری لە موچە، ئەوان داكۆكیان لەوەی ئێستا هەیە كرد، بەرەی نا دادپەروەرییان هەڵبژارد، گوایە یاساییە و بە یاسا رێكخراوە.

جیا لەوانەی سەرەوەش  ئەم چەند ساڵە چەندین تۆمەتباری ئەنفال و تۆمەتبارارانی دیكە بەهەر هۆكارێك بێت ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نییە مردن، دەسەڵاتداران بەڕێزەوە بەشداری پرسەكانیانیان كرد و بە ستایشكردنیان رێزیان بۆ قوربانیان و بڕیاری دادگا نەهێشتەوە، تاوانباران بە ئالای كوردستانەوە  نێژران, بەم هەنگاوەش گەورەترین سوكایەتیان بە دۆسیەكانی جینۆسایدی گەلی كوردستان كرد.
مخابن سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە 21ی تەموزی ساڵی 2019 نامەیەكی نا فەرمی بۆ رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید  لەلایەن داواكاری گشتییەوە نێردراوە، بێ مۆر و تیایدا دەڵێن”(ئاماژە بەو سكاڵایانەی ناردوتانە بۆ سەرۆكایەتیەكەمان. . . ئێمە وەك داواكاری گشتی تەنیا كێشەكانی گشتی دەجوڵێنین، ئەویش لە رێگای دەستەی مافی گشتییەوە كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵگا بێت. . بەڵام ناكرێت كێشەی تایبەت بجوڵێنین. . . دەكرێت خاوەن كێشە سكاڵا بجوڵێنێت و ئێمەش بە دوادا چونی بۆ بكەین لە دادگا تایبەتمەندەكان. . . لە گەڵ رێزماندا).
بەم نامەیەش بزمارێكیان لە نەعشی دادپەروەریدا و هەموو كێشەكانی نیو ملیۆن قوربانی و دادپەروەرییان بە كێشەی شەخسی لە قەڵەم دا و سەلماندیان دەزگایەكی لەوە لاوازترن وەك پێشبینیمان دەكرد.
بۆیە بۆ هەموو لایەكی ئاشكرا دەكەین، ئێمە نەك بۆ رزگارنەبوونی تۆمەتباران لە سزاو گەڕاندنەوەی دادپەروەری سارد نابینەوە، بەڵكو لامان روونە دوارۆژ هەر بۆ هەق و راستییە، بە مردوویش بێت تۆمەتباران لە سزا رزگاریان نابێت , دەركەوت دەزگا دادوەرییەكانی كوردستان زۆر لەوە بێهێزترن بتوانن ئەم كەیسە  گرنگە دادپەروەریانە بجوڵێنن.
هەروەها ئێمە ناشتنی تۆمەتبارانی ئەنفالی مردوو بەم مەراسیمانەی ئەنجام دەدرێن, بە گەورەترین سوكایەتی بە قوربانیان دەزانین, وە دەركەتنی تاوانباران بە هەیبەتەوە لە بۆنە گشتییەكان و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی بە شەرمەزارییەكی گەورە دەزانین .
لە كۆتاییدا دەڵێین دوای 18 ساڵ لە دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال  هێشتا  زۆرینەی تۆمەتباران نەك دادگایی نەكراون, بگرە بەهێزكراون, روفاتی قوربانیان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان, موچەی كەسوكاری قوربانیان هاوتای موچەی كەسوكاری قوربانیانی عێراق نەكراوە, حكومەتی عێراق داوای لێبوردنی نەكردووە, عێراق ویستی نییە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی, بەمەش دەیەوێت لە جوگرافیای جینۆساید بمێنێتەوە….
بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستاندا، سەركەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی حوكمی یاسا و دادگایەكی بەهێزی سازشنەكەری پیشەیی لە كوردستان.
دەربازبوونی تاوانبارانی جینۆساید لە سزا, گەورەترین پێشێلكاری یاسایی و تاوانە لە كوردستان, درێژەی تاوانەكانی بەعسە و بەردەوامی جینۆسایدە.

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی رێكخراوە كوردستانیەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی Koncicc
رێكخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ
ڕێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید (چاك) كوردستان
ڕێكخراوی ناوەند داكۆكی پشدەر  بۆقوربانیان وجینۆسایدكراوان
گروپی كار بۆ ئەنفال
هەڵمەتی دادپەروەری
رۆژنامەی نگرە سەلمان
گۆڤاری تۆبزاوە
هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان




خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەبەردەم باڵوێزخانەی عێراق لە لەندەن.. نا بۆ دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان و کچانی منداڵ!

خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەبەردەم باڵوێزخانەی عێراق لە لەندەن

21 Queen’s Gate, London,SW7 5JE

رۆژی پێنجشەمە ٢٢ی ٨ی ٢٠٢٤ کاتژمێر١ی دوانیوەڕۆ

پرۆژەیاسای پێشنیارکراوی تەعدیلی یاسای باری کەسێتی عێراقی کە لە رۆژی ٤ی ئابدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، هاوسەرگیری منداڵانی کچی ٩ساڵ و هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا و فرەژنی رەسمیەت پێدەدات!
ئەم پرۆژە یاسایە دەستدرێژیەکی ئاشکرایە بۆ سەر ماف و ئازادیەکان و کەسایەتی ئینسانیی ژنان و منداڵانی کچ و دەیانکاتە کۆیلەو کاڵایەکی سێکسی پیاوان! تاوانێکی رێکخراو و دەستئەنقەستی حکومییە دژی ژنان و کچانی عێراق و کوردستان!
با هەموو پێکەوە بۆ بەرگری لە کەسایەتی ژنان و پاراستنی منداڵانی کچ لە دەستدرێژی سێکسی لەم خۆپیشاندانەدا بەشداربین!
رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە:

  • ڕێکخراوی ژنانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست KMEWO – فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی FIR – ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست MEWSO – رێکخراوی مافی ژنان- ایکرۆ IKWRO – رێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێـرانی- بێمرزIOIR

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارانەوە: 07748851125 – 07720291516




ماچی تەڕ.. شیعری نەوشیروان ئازاد

وتی :دڵت وەک نەسیمی بەربەیانی کزەیەکی ساردی لێدێ..
وتم :ڕاستە بەڵام سینەم بۆنی سۆزی خۆشەویستی وهەم ئەگرێجەی تەڕی لێ دێ …
وتی:سۆمات گەلێ دورە..بۆسەرسینەی من ناڕوانێ..
وتم :شێتەئەی نازانی چەند دور بڕوا هەردێتەوە بۆ جێ ژوانێ..
وتی:شاعیرێکی شێتی ..
شیعرەکانت لەبەرپێما سەوزنابێ..
وتم:ڕێژنەی ماچت نەبێ ..هیچ درەختێ سەوزنابێ..
وتی :بەکورتی پێم بڵێ .تۆچیت لەگیانی من دەوێ…؟
وتم :شێتە …ئاوا بڵێ..
وەکو جاران…ماچێکی تەڕی لێت دەوێ

18/8/2024




نەفرەنەشکێنی لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

شەرەفی ئێمە بە تۆیە، ئەگەر هەنگاوێکت لەوی دیکەت درێژ تر بێت، لێت دەکەوێت. ئەگەر کەوتیش خۆت دەزانی چی چاوەڕوانت دەکات.”
ئامۆژگاری کوڕێکی پەنابەر بۆ خوشکەکەی

” دوای ئەوەی ئەرکەکانی قوتابخانەم جێبەجێکرد، لە ژوورەکەمدا سەمادەکەم. ڕۆژی پشوو لەگەڵ تۆدا مەلەدەکەم. هەندێک ڕۆژی دوای قوتابخانە، یاری باسکێت دەکەم. گەر گەورەیش بووم، ئەو کاتانەی کە ئاشق بووم، بۆخۆم کەسێک هەڵدەبژێرم. جاخۆ بابە ئەگەر بە قسەی باوکی فاتمە بێت، خێزانی ئێمە خاوەنی شەرەف نییە.”
ئاخاوتنی کچێکی کوردی نۆ سالە لەگەڵ باوکیدا، دوای کوشتنی فاتمە شاهیندال لە سوید.

Behind the sun یەکێک لە دراما جوانەکانی “والتەر سێلس” ی بەرازیلییە کە لە نواندنی “خوسێ دومۆنت” و “رۆدریگۆ سانتۆرۆیە”. لە ناوچەی تەپۆلکە بەرزەکانی بەرازیلدا، دوو خێزان لە شەڕێکی تۆلەسەندنەوەی بێمانادان لەسەر پارچەیەک زەوی. ڕووداوەکان لە سەرەتای سەدەی بیستدا دەگوزەرێن و فیلم بە دیمەنی هەڵواسرانی کراسێک بە تەنافی ماڵی “برێڤێ”وەیە دەستپێدەکات کە کونێکی تیایە و پەڵەی دەوری کونی فیشەک هێشتا سووردەنوێنێت و رەنگی خوین زەردهەڵنەگەڕاوە. کوڕی “برێڤێ” لەلایەن خاوەنموڵکی دەوڵەمەندی ناوچەکەوە کوژراوە و بە پێی ئەو ترادیسیۆنەی چەندین ساڵە پەیڕەوی لێدەکرێ، تا کراسی بەری کەسی کوژراو زەردهەڵنەگەڕێ، بکوژ ئازادە لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیدا و هیچ ترسێکی لەسەر نییە. دوای زەردبوونی ڕەنگی خوێنی سەر کراسی کەسی کوژراو، بکوژ دەبێ لە ئامادەییەکی هەمیشەیدا بێت تا بنەماڵەی کەسلێکوژراو، تۆلەی خۆیانی لێدەکەنەوە.
دیمەنی خوێنی ڕژاوی ئەم تۆڵە لێسەندنەوە بێمانایەی کە لەسەر وەلائی کوڕ بۆ باوک و پاراستنی شەرەفی بنەماڵە دامەزراوە، لە ریزی وێنەی کورە کوژراوەکانی بنەماڵەدا دەردەکەویت کە بە دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسراون. نەوە لە دوای نەوە، خێزانی “برێڤێ”ی هەژار لە دوای هەر کوژراوێکیان، دەبێ کەسێک لە بنەماڵەی خاوەنمولک بکوژنەوە. بۆ بنەماڵەی ئەوبەریش ئەم نمایشە هەر هەمان شتە.

” هیچ کەس نەیدەزانی لە ناو ئەو سووتووانەدا، وێنەی ژنێک هەیە، چەندین ساڵە دەسووتێت و دووبارە دەگەرێتەوە، ژنێک لەوەوبەر لەو شارەدا مێردێکی عاشقی هەبووە، لە ساتێکی ترس و غەمبارییدا ئەو وێنەیەی لێگرتووە. ئێستا ئەوە بۆتە نەفرەتێکی ڕەش ….نا کەس نەیدەزانی ئەو ژنە خانمی گێلاس بووە. نەفرەتەکەش نەفرەتی خۆی، نەفرەتی ژنێک پییاندەگووت خانمی نەوبەهاران.”
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، دوا پەرەگرافەکانی رۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران”ی “بەختیار عەلی”یە کە تیایدا وێنەیەکی بێتاوانی ڕووتی ژنێک وەک نەفرەتیک لە بنەمالە بەردەبێت و یەک بە یەکی ئەندامانی خێزانی ژن و مێرد و نەوەکانیشییان لە بەردەم هەرەشەکانی مردندا ڕادەگرێت.
لای بەختیار، روتیتی وێنەی ژنێک کە سەنتەری تێروانینی کولتوری شەرەفپارێزی کوردی لەدەور هەڵچنراوە، ئەو سەنتەرە گرنگەیە کە بەدەوریدا چیرۆکە دێتە گێرانەوە و پاڵەوانەکانی ڕۆمان، هەر یەکە و لە جێگاو ڕێگای خۆیەوە، پزیشکەکانی ئەم نەفرەتی ڕوتێتییەیان بەردەکەویت.
لە دراماکەی “والتەر سێلس”یشدا، پاراستنی شەرەف ئەمجارەیان لە ڕێگەی ملکەچکردنێکی کوێرانەی نەوەکان بۆ ئەو کولتور و ترادیسیۆنەی چەندین سالە پەیرەوی لێدەکرێ لەلایەن باوکەکانەوە لە سەنتەردایە و سەرتاپای دراماکە لەسەردرێژەپێدانی ئەم خوێنڕێژییە کاردەکات.
شەرەف لە ” نەفرەتی نەوبەهاران”دا لەدەوری سێکسوالێتی ژن دەسورێتەوە، بەڵام لە دراماکەی “والتەر سێلس”دا، تۆڵەسەندنەوە لە سەنتەردایە. بەڵام لە هەر دوو دۆخەکەدا، پاراستنی بەهاو پیوەرە کۆمەلایەتییەکانی لەدەوری ئەم چەمکانە بنیاتنراون، هیشتنەوەی نۆرم، درێژەدان بە ترادیسیۆن و کۆشش بۆ هێشتنەوەی ئەوەی دەبێ بپارێزرێت لەلایەن باوکەکانەوە، ئەمانە ئەو جەبرانەن کە پالەوانەکان لە ناو داوە بینراو و نەبینراوەکانی ئەم کولتوری شەرەفپارێزییەدا دیلدەکات و هەر ڕاوەستانەوەیەک لەبەرانبەریدا، باجدانێکی گەورە لە تاکەکان دەخوازێت.
بۆ “تۆنیۆ”ی پاڵەوانی لە پشت خۆرەوە، کاتێک برا گەورەکەی دەکوژرێت، دەبێ ئەو چەکی ئەم شەرەفپاککردنەوەیەی بنەماڵە بکاتە شان و لە ڕاوی کوشتنی کەسێکی دیکەی بنەمالەی ئەوبەردا بێت. دەکرێ ئەم خوێنرێژییە بۆ ئەبەد بەردەوام بێت؟ ئەوە ئەم پرسیارەیە کە لە درێژەی بەرەوپیشجوونی رووداوەکانی ناو فیلمدا ، “تۆنیۆ” ناچاردەکات رێگای خۆی هەڵببژیرێت.
بۆ “تۆنیۆ”کانی ناو ڕۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران” کە پێک هاتوون لە کامیل ئاغا و براکانی، گێلاس کە لە سەرتاپای ڕۆماندا وەک وێنەیەک دەردەکەوێت و تا کۆتایی ڕۆمانیش خوێنەر لە گەڵ وێنەکەیدا دەژی و لە کۆتای رۆماندا ، لە ناو نمایشێکی مەتەڵئاسادا کە خوێنەر دەخرێتە ناو کەش و هەواکەیەوە تا لە گومانەکانی خۆیدا بپرسێ ئەرێ ئەم گیلاسە یاخود نا، براکانی گێلاس و ئەو کەس و دەموچاوانەی دی کە لە خوێندنەوەی رۆماندا لە کونج و کەلەبەری چێرۆکەکانی ناو ڕۆمانەوە دێنە سەر رێ، هەموو ئەمانە بە جۆرێک لە بەکارهێنانی سیحر و نەفرەتی وێنەکەی گێلاس وکاریگەرییەکانیدا دەخرێنە بەردەم هەڵوێستوەرگرتنێک.
دەکرێ وێنە ڕووتەکەی خانمی نەوبەهاران ئەم ئینسانانە بخاتە بەردەم چ کاردانەوەیەکەوە؟ دەکرێ وەک “تۆنیۆ”ی فیلمەکەی سەرەوە لە پاڵ فشارەکانی باوک و ترادیسیۆندا بێ چەک نەخەوێت و بەشوین تؤلەسەندنەوەی کوشتنی براکەیەوە بێت، یان ببێتە ئاشقی کچە قەرەجێک ولە نێوان رێگای درێژەدان بە کوشتن ویاخود تێکشکاندنی ئەم کۆت و بەندەی ترادیسیۆندا، خالێک لەسەر ئەم خوێنرێژییە دابنێت و شەقێک لەوە بدات کە شەرەفی بنەمالە بە گەردنی نەوەکاندا هەلواسێت و ئەم نمایشی خوێنڕێژییە بەردەوام نەبێت؟
ئەوەی من لەم نووسینەدا بەشوینیەوەم، سەرنجدانی ئەو کاردانەوە جۆراوجۆرانەن کە پالەوانەکانی رۆمان لە بەرانبەر وێنەکەی خانمی گێلاسدا ناچارن دەستی بۆ بەرن.
کولتوری شەرەف و تاوانەکانی، خوێناویترین جومگەکانی ناو کولتوری کوردییە و گۆرستانەکانی ناوەوە و تەنانەت دەرەوەی ولاتیش، کوردی وەک ژنکوژێک ناساندووە. لە باری ریپۆرتاژ و دۆکۆمێنتکردنی ئەم کەیسەدا، داتایەکی گەورە لەبەردەستدایە و ئەم خوێنرێژییەش هێشتا هەر درێژەی هەیە.
بە ئەدەبکردنی تراژیدیایەکی وەک ئەمە لە لایەن “بەختیار عەلی”یەوە، کاریكی چاوەروانلێکراو بووە و شەن و کەوکردنی ئەم پرسیارە وەک ئەوەی هەیە و دەبێ چۆن بۆی بڕوانی، لە ئاستی چاوەروانییەکانی من و زۆر کەسی دیکەدایە.
با وێنەیەکی خێرا لە کار و کردەوەکانی پالەوانەکانی رۆمان بیری خوێنەر بهێنمەوە تا مەبەستی من لە نووسینی ئەم وتارە روونتر بێتەوە.
سەرەتای نەفرەتی نەوبەهاران لە وێنەگرتنی کامیل ئاغاوەیە بۆ خۆشەویستەکەی خۆی.
بەڵام کاتێک کەمال ئاغای برای لە دەمە قالەیەکی ئاسایی سەر جادەدا، کەسێک لە خێڵی ڕؤشارییەکان دەکوژێت، ئیتر وێنەکەی گێلاسی خێزانی لەوە دەکەوێت کە تەنها وێنەیەکی ئاسایی ناو سندوقی وێنە تایبەتییەکەی ئەو بێت. ئاخر ئەم وێنەیە لەلایەن یەکێک لە کارەکەرەکانی خانمەوە فڕێندراوە و لە سەودا و مامەلەیکەی عەشایەریانەدا وەک کارتیکی فشار لەبەرانبەر کامیل ئاگادا بەکاردەهێنرێت تا براکەی خۆی تەسلیم بکات وبکوژریتەوە. پاراستنی شەرەف و ترس لەئابڕوونەچوون ، کامیل ئاغا ناچاردەکات تا برا بچوکی خۆی بداتە دەست بکوژەکانی.
ئەم وێنە ڕووتە، دووبارە لە پاش سووتاندنی، دێتەوە ناو ڕووداوەکان و وەک کارتێکی دیکە لەلایەن “خانی زەرد”ەوە بەکاردەهێنرێت تا کامیل ئاغا بکرێ بە جاش. ئاخر پاراستنی شەرەفی خۆ: لە شەرەفی ئەم میللەتە بێڕەحمە باشترە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و ئەمجارەیان دەکرێتە فشارێک لەسەر بنەماڵەی کچ، واتا براکانی گێلاس. کاردانەوەی ئەمان لەبەرانبەر شەرەفنەچوونیاندا، شاردنەوەی خوشک و بلاوکردنەوەی هەوالی مردنی ئەوە. تەنانەت ناشتنی جەستەیەک کە گوایە خوشکیانە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و لەلایەن حاکمی سەربازی شارەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مۆبیلیزەکردنی چەکدارە کوردەکان تا لەبەرانبەر دژەشؤڕشەکانی دەولەتدا باشتر بجەنگن ئەگینا ژنەکانیان لاقەدەکرێت.
پاڵەوانێکی دیکە کە کاردانەوەیەکی دیکە لەبەرامبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا نیشاندەدات، زیائەدینی نەوبەهارانە. ئەو لەبەرانبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا دەستدەداتە دروستکردنی شارێک کە ژنان هیچ شوێنێکیان دیارنەبێت:” تا ژن هەبێت و یەکێک جلەکانییان لەبەردابکەنێت، شەرەفمان لە مەترسیدایە”
لای “مولازم حەسۆ”، ئەم وێنەیە دەکرێتە کارتی فشار لە شەری ناوخۆدا تا برا دیلەکەی و دوو کوری “زوهێر مەسۆ” لە دەستی “شەمدینی کامیل ئاغا” دەربهێنێت و ژیانێکی دیکەیان پێببەخشێتەوە. ” لەم جەنگەدا هەموو سنوورێکمان پێشێلکردووە، تەنیا ئەم سنوورە ماوە، وێنەی ناوگەڵی یەک بلاوبکەینەوە”
لەبەرانبەر ئەم کارتی فشارەدا، “شەمدینی کامیل ئاغا”ش دەکەوێتە گرتنی وێنەی ڕووتی ژنانی جەنگاوەرانی بەرانبەر و وەک دژەهەرەشەیەک بۆ پاراستنی شەرەفی خۆو راوەستانەوە لەبەرانبەر داواکەی “مولازم حەسۆ”دا، بەکاری دەهێنێت.
دواجارخانمی رووتی ناو وینەکەی رۆمان، بە گۆشت و خوێنی خۆیەوە لە ماڵی حەوت خانمدا، لەگەل دەستە خوشکەکانی دیکەی ناو مالدا، وینەی ئەو پیاوانە دەدەنە دەستی پۆلیس کە بە رووتی ولە کاتی سیکسدا لە ماڵی حەوت خانمدا گیراون . لەگەڵ ئەم دیمەنەدا، ئیتر تەنها جەستەی رووتی ژن نییە کە بانگەوازی پاککردنەوەی شەرەفی لەدەستچوو بە دەنگی بەرزبە گویی هەمواندا دەڵێتەوە، بەلکو وێنەی رووتی پیاویش لە شوێنێکی واهیدا، هەموو کۆد و بەها سیمبۆڵییەکانی شەرەف چالاکدەکاتەوە.
ئەم کاردانەوانەی پالەوانەکان لە خۆیانی نیشاندەدەن، هەر هەموویان لەناو کۆد و سیستەمی بەهای کولتوری شەرەفدا دێن و دەچن و کارو کاردانەوانەکانیشیان ئەوەیە کە ئەم سیستەمە بەرهەمیهێناوە، رەفتارنواندنێک کە کولتوری شەرەف ڕەنگرێژی کردووە. بە کورتییەکەی: کاتێک شەرەفت کەوتە مەترسییەوە، دەبێ بەو شیوازە رەفتار بکەیت کە شەرەفپارێزی وپاککردنەوەی شەرەف لێتدەخوازێت.
بەڵام کەریم ئاغای برای کامیل ئاغا، ئاڵوگۆڕێک بەم سوورانەوە هەمیشەییەی زۆربەی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا دەهێنێت کە لەناو هەمان کۆد و سترۆکتۆرەکانی کولتوری شەرەفدا دەسورێنەوە و کاردانەوەیەکی دیکە پیشاندەدات. ئەو لە پاش ئاشبەتاڵی 1975دا وزانینی نهینی وێنەکەی براژنیدا، دەکەوێتە دۆخێکی تایبەتەوە:” ئێستا پیاویکی بێشەرەفم، نەخۆم، نەخێزانەکەم، نە عەشرەتەکەم، نە نیشتیمانەکەم، شتێکمان نەماوە شانازی پێوە بکەین… ئێستا تەواو پیاوێکی بێشەرەفم”. ئەو بەم هەستە جۆشدارانەوە کە تیایدا بیشەرەفی خۆ ئەو پردەکات لە هەستی نەبوون، دەداتە شاخ و گەرانەوە بۆ دیهاتە کۆنەکەی خۆیان و پشتدەکاتە کۆمەلگا.
کەریم ئاغا لە شاخدا، لەگەڵ دیوەزمەکانی ناو ناخی خۆیدا دەکەوێتە جەنگێکی دەروونی گەورەوە. ئەم جەنگە هەموو شەوێک لە شکڵی کەسێکی نەناسراودا کە لەسەردانی هەمیشەیی خۆیدایە بۆ لای کەریم ئاغا تا بیخاتە سەر کەلکەلەی کرینەوەی شەرەفی بنەماڵە: “هەمان یاری لەگەڵدا بکە!هەمان یاری. ژنەکەی یان کچەکەی بڕفێنە، هەمان وێنەیان بگرە” بەڵام سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە کەریم ئاغا لەم جەنگەدا دەیباتەوە و دوا بڕیاری خۆی دەدات:” پیاوێکی بێشەرەفم لەناو خەڵکێکی بێشەرەفدا، سەر بە عەشرەتێکی بێشەرەف لەناو سەدان عەشرەتی بێشەرەفدا” . بۆیە بڕیاری ڕاوەستانەوەی لەبەرانبەر ئەم بێشەرەفییەی خۆی و کۆمەلگاکەیدا دەبێتە:” دەڕۆم بۆ ناو سروشت، لەوێ هەموو شتێک لەیاددەکەم”. کەریم ئاغا لەم هەڵوێستنواندنەوە و کاردانەوە جیاوازەی خۆیدا لەبەرانبەر کولتوری شەرەف و دەستنەبردن بۆ کوشتنەوەی ئەو کەسەی کە لە ئەتکردنی شەرەفی بنەماڵەکەیاندا بەشدار بووە، لە ڕیگەی نامەیەکی زۆر کورتەوە بۆ نەوەکانی گێلاسی نەوبەهاران، پەیامی رۆمان بە گوێ خوێنەردا دەدات: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە” .
تاوانی شەرەف و ڕژێمی جەندەری کوردستان

لە هیچ زمانێکی جیهانیدا کە تیایدا چەمکی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف برەوی هەیە، بەقەد زمانی کوردی بنەما و تەنانەت هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە ڕۆشن نییە. لە کۆمەڵگای کوردیدا پیاو، جا باوک بێت یان برا یان ئامۆزا یان هەر نەوەیەکی تری نێر کە لە ئامادەنەبوونی ئەو کەسانەی تردا دەکرێت ڕۆڵی پارێزەری شەرەف ببینێت، هەڵدەستێت بەم تاوانە تاکو شەرەفی خۆیی و بنەمالە بکڕێتەوە. ژنی کوژراو ئەو کەسە بوو کە ئەم شەرەفەی هەرزان فرۆشکرد، بۆیەش بۆ کڕینەوەی دەبێ نرخێکی گرانتر بدرێت کە بە هیچ شتێکی تر ناپێورێت، ژیانی خودی ئافرەت نەبێت. ئەوەی ئەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتنەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، سێکسوالیتێتی ژنە. بە پێی ئەو سیستەمە فیکرییەی کە دەسەڵاتی جەندەری لە خۆرهەلاتدا کاری لەسەر دەکات و تەواوی بەهاکانی ڕێزلێگرتنی ئینسانی لەسەر دادەمەزرێت، کە تیایدا بە پلەی یەکەم ئەو ئینسانە پیاوە، سێکسوالیتێتی ئافرەت خاڵی سەنتەر و بگرە تەواوی بنەماکانی ڕێز و حورمەتی پیاوی لەسەر ڕاگیراوە. بە پێی ئەم دەستگا فیکرییە، هەر پەیوەندییەکی جنسی ئافرەت لە دەرەوەی ئەو نۆرمەی کە خێزانە، مانای پیسکردن و لەکەدارکردنی شەرەفی پیاوە. ئەم کردەوە سێکسییە لە پلەی یەکەمدا گرنگ نییە کە لە باری فیزیکییەوە ڕووی دابێت. واتا هەر جووڵەیەکی ئافرەت، نیگایەکی ئەو کە بۆنی سێکسی لێ بێت، کافییە بۆ ئەوەی کە بە مانای لەکەدارکردنی شەرەفی پیاو لێکبدرێتەوە. تاوانی شەرەف کە لەم سیستەمە جەندرییەدا بەرهەمدەهێنرێتەوە ، هیچ شتێک نییە جگە لە کۆششی ئەم دەسەڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ژن. ژن لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەدا ، ئەو کەسەیە کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی نییە و هەر بۆیەش سێکسوالیتێتی ئەو و بڕیاردان لەسەر کردنی ئەم کارە دەخرێتە دەستی پیاوانی خێزان و هۆز و خێڵەوە. بەڵام پیاوی ئەنجامدەری تاوانی شەرەف هیچ شتێک نییە جگە لە ئامرازێک. تاوانباری ڕاستەقینە ئەو فشارە گەورە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم سیستەمە لەدەرەوەی تاکەکان دروستی کردووە و تیایدا هەموو ئاراستەکان ڕووبەڕووی ئەو پیاوە کراوەتەوە کە ژنەکەی، خوشکی یان دایکی شەرەفی ئەوی دۆڕاندووە و پێی دەڵێن: بڕۆ شەرەفت بکڕەرەوە. ئەوەی کە تایبەتمەندی تاوانی شەرەفە و ئەم تاوانە لە کوشتنی پیاوێکی سویدی بۆ ژنەکەی جیادەکاتەوە، کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەیە لەسەر ئەو تاکانەی تری کۆمەڵگا کە ڕەنگە نزیکایەتییەکی ئەوتۆییشیان لەگەڵ بنەماڵەی پیاوەکەدا نەبێت. فشارێک کاتێک هەست بە ڕەوینەوەی دەکرێت و پیاوی ئەنجامدەری تاوان دەتوانێت ئاهێک هەڵبکێشێت و سەربەرزانە بە کۆمەڵگادا بگەڕێت کە تاوان ئەنجامدراوە. پیاوی تاوانی نامووسی لە شڵەژانییەکی گەورەی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبات کاتێک ژنێکی نزیکی خۆی شەرەفی پیاوانی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە. ئەو ژن دەکوژێت بۆ ئەوەی شەرەف بکڕێتەوە و باڵانسی ڕۆحی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو سەرشۆڕترین پیاوەکانی کۆمەڵگایە و دەکوژێت بۆ ئەوەی سەربەرزکاتەوە. کاتێک لە وشەی “سەربەرزکاتەوە” وورددەبینەوە ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەم پرۆسەی سەربەرزکردنەوەیە کاردانەوەیەکی تاکگەراییانەی پیاوکوژنییە. بەڵکو لەبەرانبەر کەسانێکی تردا سەری خۆی بەرزدەکاتەوە کە تاکو ئەنجامنەدانی تاوانەکە بە ئینسانێکی بێ شەرەف و سەرشۆڕییان لەقەڵەم دەدا. هەربۆیەش لە پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی تاوانباردا، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییەکانی تاوانی شەرەفدا دەبینینەوە کە لە تاوانی تری کوشتنی ژناندا وە بەتایبەت لەو شوێنانەی کە چەمکی شەرەف لە سێکسوالێتی ژن جیاکراوەتەوە، بوونی نییە. ئەم تایبەتمەندێتییەی تاوانی شەرەف ئەوەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک نین کە لە نێوان دوو تاکی کۆمەڵگایەکدا بێت و لەسەر کێشەیەکی تایبەتی بە کوشتن تەواو بێت. بەڵکو ئێمە لەبەرانبەر تاوانێکداین کە تیایدا ژن وەک تاک لەبەرانبەر سیستەمێکدا ڕاگیراوە. تاوانی شەرەف کردەوەیەکی تاوانکارانەی تاک نییە لە بەرانبەر تاکێکی تردا. بەڵکو تاوانی شەرەف کردەوەیەکی کوژەرانەیە کە تیایدا سیستەمێکی گەورە لەبەرانبەر تاکێکدا سەنگەردەگرێت و بڕیاری مەرگی بەسەردا دەبارێنێت. ئەوەیشی کە رەهەندی کولتوری بەم تاوانە دەبەخشێت، بە کۆمەڵایەتیکردنی چەمکی شەرەف و چڕکردنەوەی ئەم چەمکەیە لە سێکسوالیتێتی ئافرەتدا کە سەرتاپای کۆمەڵگا دەتەنێت و بە شێوەی تۆڕێکی گەورە ئینسانەکان لە ناوخۆیدا یەخسیر دەکات. لەو کۆمەڵگایانەدا کە تاوانی شەرەفی تێدایە، ئێمە شایەدی بەهایەکی تر و پێناسەیەکی تری شەرەف نین کە لە سێکسوالیتێتی ژنان جیاکرابێتەوە. پیسترین و ناشیرینترین جنێوەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، ئەو جنێوانەن کە دەبێ دایک و خوشکی کەسی جنێوپێدراو بگرێتەوە. بەمە ئینسان لە ناسکترین تاڵەکانی هەستی ئەو کەسە دەدات کە هەموو حورمەت و ڕێزی خۆی لەو شوێنەدا کۆدەکاتەوە کە کەسی جنێودەر لە ڕێگەی جنێوەکانییەوە بەنیازە پیسی بکات. لە کۆمەڵگای کوردیدا هەتا ساتە وەختەکانی ئێستاکەش شەرەف و سێکسوالێتی ژن بەجۆرێک بەناو یەکدا چوون کە مەحاڵە لەیەکتری جیابکرێنەوە.

سەرتاپای رۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” نمایشکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ئەم کاریگەرییەی سیکسوالیتێتی ئافرەتە کە لە جەستەی رووتی ئەودا، هەموو لایەنە دەرگیرەکان کە لە خزم، بنەماڵە، سیستەمی داد ، پۆلیس، هۆز، دەستگای جەنگی کۆمەلگا و پیاوانی ئاین پێکهاتوون، هەموویان لە بەرانبەریدا لە کارو کاردانەوەی خۆیاندان تا ئەم شەرەفە لەکەدارکراوە بکڕدرێتەوە، کەسانی دی پێوە بکوژرێت یان شەرەفی ئەوانی دیکەی پێلەکەدار بکەن.

لە کاتێکدا لە بەرانبەر نەفرەتی ئەم جەستە رووتەدا: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، دەبێتە شا پەیامی رۆمان ولە ناو تەمومژەکانی ئەم دەربڕینە شیعارئامێزەدا، ئەوەی کە کرۆکی ئازادبوونی ئەم جەستە رووتەیە لە دەست جەبرەکانی سیستەمی شەرەف، ئەوەی کە ئەم نەفرەتە لەشوێنێکدا تێکبشکێنرێ، ئەوەی کە ئەم وێنە رووتە چەندبارە سووتێنراوە توانای گەرانەوەی نەبێ وقوربانی دیکە نەچنێتەوە، لە گرەوی بەدەستهێنانەوەی ئازادی ئەم جەستە رووتەدایە بۆ بوونەوە بە خاوەنی خۆی کە کولتوری شەرەف، دەمێکە خاوەندارێتی ئەوی لەو سەندۆتەوە و داویەتی بە کەسانی دیکە.
بەکورتییەکەی، بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستهێنانەوەی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ و سێکسوالیتێتی خۆ، ئازادبوون لەدەستی بەهاو پێوەرە کۆمەلایەتییەکانی کولتوری شەرەف، نمایشێکی زەقتری ناو رووداوەکانی رۆمان بێت، بە تایبەت لەبەرانبەر خێڵی شەرەفپارێزان و رووداوە خوێناویەکانی ناو چیرۆکدا کە گەورەترین ڕووبەرەکانی ناو لاپەرەکانی رۆمان داگیردەکەن، دەبوا دەنگی ئەم ئازادییە، ئازادی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ، بەجیا لە وتنەوەی تاکە دیڕێک: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، جێگایەکی لە رۆماندا پێببەخشرایە، کە جێی داخە بە تەواوەتی ونە. ئاخر ئەگەرئازادی چەند چەمکێکی بەرین و گشتیگیر بێت و چەندەها پێناسە لەژێریدا جێگای بێتەوە، ئەوا لە پەیوەند بە کولتوری شەرەفدا، مانایەکی دیکەی نییە جگە لە ئازادی بەدەستهێنانەوەی جەستە و سیکسوالیتێتی خۆ. ئەوە لەگەل بەدەستهێنانی ئەم ئازادیەدایە کە سەرتاپای سیستەمی شەرەف بە مانا کوردییەکەی، هاڕەدەکات. لێرەدایە کە نەفرەت چیدی ناتوانێ نەفرەتێکی ئەزەلی بێت و وێنەی ڕووت دەکرێ تەنها وێنەیەکی ئاسایی جەستەیەکی ڕووت بێت و بنەمالە و هۆز و نەتەوە ناتوانن چیدی زمانحاڵی خاوەندارێتی خۆیان بۆ وێنە و جەستەکەی بە ئەرکی خۆیان بزانن.
بەلام ئایا ئەمە داواکردن نییە لە بەختیار بۆچی ئەم دەنگەی کە یەکێک لە پالەوانەکان ببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆیی و ئەم چەندبارە بونەوەیەی وێنەیەکی رووت ساڵەکان نەبەزینێت و لە شوێنێکدا ماناکانی خۆی لەدەست بدات، وەک داوای ئەلتەرناتیڤکردن لە بەختیارلێکنادرێتەوە؟
بە بڕوای من، ئێمە لە کۆمەلگای کوردستاندا، شایەتی خوێناویترین کەیسەکانی کوشتن و شەرەفشکاندین کە هیچیان لە چارەنووسی پالەوانەکانی ناو رۆمان کەمتر نین. تەوزیفکردنی ئەم تراژیدیا خویناوییەی کۆمەلگای کوردستان لە ئەدەبدا بەو شیوازەی کە لە کۆمەلگادا هەیە و نەبوونی نیگایەکی دیکە کە تەواو پێچەوانەی بەها و پێوەرە کولتورییەکانی بەرهەمهێنانی نەفرەتی نەوبەهارانە، ئەرکی نووسەرە و لە پەیوەند بە توانا و لیهاتوویەکانی بەختیاردا، چاوەروانییەکی هەتا بڵیی سادەیە.

بەختیارعەلی و کارل یوهان ئالمکڤیست

ساڵی 1839 ی سویده‌، “سارا”ی کچی کابرای شووشه‌چی له‌ که‌شتییه‌کی نێوان (ستۆکهۆڵم) و (لیدشۆپین)دا موسافیره‌. ئەم سەفەرە چەند رۆژێکی پیدەچێت و به‌ هۆی درێژی سه‌فه‌ره‌که‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی سه‌ر که‌شتیه‌که‌دا په‌یدا ده‌کات. کاتێک دەگەنە دوا ویستگەی خۆیان، “سارا” داوا لە “ئەلبیرت” دەکات کە ئەم پەیوەندییەیان بخەنە فازێکی ترەوە و بەیەکەوە بژین. ئەو دەتوانێت بگوێزێتەوە بۆ ماڵی “سارا” و درێژە بەم پەیوەندییە خۆشەویستییە بدەن. “ئەلبێرت” لەسەرەگێژەیەکی سەیردا تیا دەمێنێت و دەپرسێ: دەکرێ دووکەس بێ گرێبەستی هاوسەری و مارەکردن لە کلێسادا، بچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە؟ ، “سارا” له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: به‌ڵێ ده‌بێ.
“به‌ڵێ ده‌بێ” ناونیشانی رۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی نووسه‌ری سویدی” کارل یوهان ئالمکڤیست”ه‌ لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا. بەلام کاردانەوەکانی کۆمەلگای کۆنسیرڤاتیڤی ئەوسای سوید، وەلامێکی تووند بەم رۆمانە بچووکە دەداتەوە و بانگەوازی: نەخێر نابێ، دەبێتە مانیفێستی دژە دەنگی “سارا”ی “ئالمکڤیست”.
ئەوەی “ئالمکڤیست” لە رۆمانی”بەڵی دەبێ”دا دەیکات، سەرنجدانە لە خۆشەویستی، لە سیکس لەدەرەوەی خێزان و هاوسەرگیری لەدەرەوی کلێسادا، بەلام بە گۆشەنیگایەکەوە کە تەواو پێچەوانەی ئەو نۆرم و بەها زالانە بوو کە لەسەردەمەکەی ئەودا لە ئارادا بوون. گۆشەنیگایەک کە سەد ساڵ لە دوای مەرگی خۆیەوە، دەبێتە نۆرم وبەها و کولتوری باوی کۆمەلگا.

بەختیار لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا، دەکرا و دەیتوانی کۆمەلگای کوردی، لە رێگەی یەکیک لە پالەوانە کچەکانی نێو ڕۆمانەوە، لە رێگەی ئازادی جەستەیەکەوە کە دەتوانێ رووت بێت وەک ئاماژەیەک بۆ پراکتیزەکردنی رووت و ئاشکرای ئازادی، وەک دەنگێک لە دەرەوەی بەها وسیمبوڵ و کۆدەکانی باوی شەرەفی کوردییەوە، بانگبکردایەتە ئایندەیەکەوە کە نەفرەتی نەوبەهاران، چیدی نەفرەتێکی ئەزەلی نەبێت.

دوا وتە

بۆ “تۆنێۆ”ی دراماکەی “والتەر سێلس”، وەختیک لە عاشقبوونیدا بە یەکێک لە کچە قەرەجەکانی ئەو خێڵە قەرەجەی بارگەیان لە شارێکی نزیکی کێلگەکانی ئەوانەوە هەڵداوە، بەجۆرێک سەرقاڵ دەبێت کە پاراستنی خۆی و براکەی بە تەواوەتی لە بیر دەچێتەوە. تا لە کۆتایی فیلمدا، بنەماڵەی خاوەنمۆلک زەفەر دێنن و برا بچووکەکەی دەکوژن. ئەو ملكەچ لەبەرانبەر باوکدا دووبارە ڕادەوەستێتەوەو دەبێ چەکی تۆلە بکاتەوە شانی. وەختێک دەگاتە سەر دووریانی بەرە و ماڵی خاوەنموڵک رۆیشتن تا تۆڵەی برابچووکی خۆی بکاتەوە یان ڕیگای بەشوین خێڵی قەرەجەکاندا بگرێ کە بارگەیان بەرەو شوێنێکی پێچاوەتەوە، ئەو رێگای دووهەمییان هەلدەبژێرێت.

وەختێ منیش لەگەڵ کچەکەمدا دەکەوینە گفت و گۆ، بە تایبەت کاتێک هەردوولامان هەمان کتێبمان خوێندبێتەوە تا لە تێگەیشتنی ئەوەوە تێروانینی خۆم بۆ کتێبەکە فراوانتر بکەم، لێیدەپرسم: دوای تەواکردنی” نەفرەتی نەوبەهاران”، چی دەبینێ؟ ئەو چاوەکانی دادەخات و دەڵێ: ” من ئێستا کچێکی بالابەرزی کراس گوڵگوڵی کاوبۆ لەبەر دەبینم کە گەیشتۆتە قەڵەباڵغترین شەقامی شار. ئەو سەرنجی هەموو ڕێبوارانی شەقام بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ. لە شوێنێکدا کە ناوەراستی گؤرەپانەکەیە، رادەوەستێ و لە دەووروبەری خۆی دەڕوانێ. لە تەنیشت شۆستەی نزیکی ڕاوەستانی ئەوەوە، پیرەمێدێکی پاکەتفرۆش دانیشتووە. لە روخساریدا، دەڵێی هەموو مەینەتەکانی سەدەی لە چرچ و لۆچی دەموچاو و دەستەکانیدا، هەڵگرتووە. کوڕێک لەبەرانبەریدا چەماوەتەوە و داوای پاکەتێکی جگەرە دەکات. دەنگەدەنگی ناو شەقامەکە تا بێت بەرزو بەرزتر دەبێتەوە. چاوەکان دەچنە سەر کیژی ڕاوەستاوی ناو جەرگەی بازاڕەکە. ئەو دوگمەی دوومی کراسەکەی کردۆتەوە وکەمێک لە ستیانەکەی دەبینرێ. پاش کردنەوەی قۆپچەکانی سەردەستی، بە هێواشی، بێگوێدانە قەلەباڵغی شەقامەکە، کراسەکەی دادەکەنێت و لە نزیک پێلاوەکانییەوە دایدەنێ.
” بسمیللا، کچەکەم ناکرێ خوا عەقڵی لێسەندبیتەوە؟ ژنێکی عەبابەسەری نێو حەشاماتەکە وادەڵێ. “قەحبەی رووداریشمان بینی”، دەنگێکی دیکەیە و بەجۆرێک دەیڵێ تا زۆرترین کەس بیبیستێ. دەنگە دەنگی ناو گۆرەپانکە لە هەڵکشاندایە. ژنێک عەباکەی سەرسەری خۆی دادەکەنێت و بە پەلە خۆی دەگەێنێتە کچەکە و دەیەوێ جەستەی روتی کیژەکە دابپۆشێ. کچەکە عەباکە لەخۆی دەکاتەوە و هەنگاوێک لە شوێنەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە. دەستدەبات و دووگمەی کاوبۆکەی دەکاتەوە و بە هێواشی پانتۆلەکەیشی دادەکەنێ و دەیخاتە سەر کراسەکەی. کۆمەڵیک ژن لێی نزیکدەبنەوە و دەیانەێ دەوری بگرن و لە چاوی حەشاماتەکەی دووربخەنەوە. کچەکە بە قەلەمبازێک خۆی لە بازنەی ژنەکان دەردێنێت و چەند مەترێک لەولای ئەوانەوە بە روتی ڕادەوەستێ. ئێستا ئەو تێکستەی کە بە رەنگی سوورلەسەر سنگی نووسراوە، بەتەواوەتی دەبینرێ. لە تاتوویەک دەچێ کە خۆشنووسێکی بە توانا نووسیبێتی.
” دەورگرتنی چی، ئەو قەحبەیە ڕەنگە ئێستا لایڤێکیان بۆ کردبێتەوە و کەسێ بۆی پەخشدەکات. ئەو نایەوێ نەبینرێ. کاری ئەم دەڵەقۆرە ڕێک ئەوەیە، ئێوە عەزیەتی خۆتان بۆ دەدەن؟” ، پیاوێکە و لەگەل ئەو ژنانەدا دەدوێ کە لە شڵەژانی خۆیاندا نازانن چی بکەن. بازنەی دەوری کچەکە پڕە لەو دەستەبەرزراگیراوانەی کە کامێرای تەلەفۆنەکانییان کردووەتەوە و فیلم و ڤیدیۆی ماجەراکە دەگرن. تەنانەت کوڕەی پاکەتکڕی بەردەمی پیرەمێردەکەیش لە سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆیدا ئەوەی بیر نییە کە خەریکی کرێنی جگەرە بووە و پیرەمێردی لە پشت خۆیەوە لەیادکردووە. پۆلیسەکان دێن و بە پەلە کچەکە دەخەنە ناو سەیارەکەیانەوە. لەناو تاریکی سەیارەی پۆلیسەکەدا، تێکستی نووسراوی سەرسینەی کچەکە دەدرەوشێتەوە و دەڵێی بە بۆیەیەکی وا نووسراوە کە لە تاریکیدا زیاتر ببینرێت. لەناو غەڵبەغەڵبی ڕێبوارانی سەرشەقامدا کە هەریەکە و لەگەڵ کەسی تەنیشتیی خۆیەوە لە قسە و باسی ئەوەدان کە چی ڕوویدا و کچی کێ بووە…، کوڕەی پاکەتکڕ، ڕوودەکاتە پیرەی پاکەتفرپش و دەڵێ:” ببوورە مامە گیان! چەند دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو، تکایە چەند دەکات؟ پیرەمێردەکە دەڵێ:” من لەبەر قەلەباڵغییەکەی دەوری کچەکە نەمتوانی ئەوە ببینم لەسەرسنگی ئەو نووسرابوو، دەکرێ پێمبڵیی چی بوو؟
کوڕەکە مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و بە پەنجەکانی وێنەکە گەورەتر دەکات ودەڵێ: ” من خاوەنی جەستەی خۆمم. من بڕیاردەدەم چۆن ببینرێ و کێ بیبینێ. تۆ ئەگەر بە جەستەی ڕووتی من دەروونت گڕدەگڕێ و پڕدەبی لە نەفرەت، دەکرێ چاوەکانت دابخەیت. من بەرپرسیاری بینینی تۆ نیم. ئەوە تۆیت خاوەنی چاوەکانی خۆتیت، منیش خاوەنی جەستەی خۆمم، لە ژێر تێکستەکەیشدا نووسراوە، زۆزان گێلاس.” پیرمێردەکە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەر ڕووخساری وچاوەکانی پڕدەبێت لە فرمێسک.” کوڕم بڕۆ و داوەتی منی”. هەرزەکارەکە دەستی مامە پیرە دەگوشێت و دەڕوا. پیرەمێردەکە لەبەرخۆیەوە ورتە ورتی دێ.” دەکرێ چاوەکانت دابخەی، دەکرێ چاوەکانت دابخەی”




كۆمیدیای ڕەش چیە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

دڵنیام زۆر كەس دەزانێ كۆمیدیا چیەو لەژیانی رۆژانەشیدا ڕوو بەڕووی زۆر لە دیمەنە كۆمێدیاكانی ناو كۆمەڵگاكەی خۆی و دەوروبەری بۆتەوە و چێژی لێ بینیووە، بەڵام كەمتر لە دەستەواژەی ( كۆمیدیای رەش ) تێگەیشتووە، كە ئەویش هەر پارچەیەكە لەكۆمێدیا بەڵام بە فۆرم و فەلسەفەو ئایدیایەكی تر .
بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو كەم و زۆرێك تیشك بخەمە سەر چەمكی ئەوجۆرە كۆمیدیایەو بزانین چەمكی كۆمیدیای رەش چیەو جیاوازییەكانی لەگەڵ (كۆمێدیای جاد) بە گشتی چیە؟
ئایا لەهونەری كوردی دا شتێ هەیە بەناوی كۆمیدیای رەش ؟
ئەگەر هەیە ئامانجەكانی چین ؟
كۆمێدیای رەش مێژوویەكی درێژی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیەكان و رۆمانییەكان، بۆ ئەو كاتەی نمایشە شانۆییە كۆمێدیەكان، بەدیمەنە سەرەو ژێرو ڕیسوا كارەكان، خەڵكیان دەهێنایە پێكەنین و رەخنەیان لەدیاردە كۆمەڵایەتیەكانی سەردەمی خۆیان دەگرت.
دواتر لەسەدەكانی ناوەڕاستدا، ئەو دەستەواژەیە لەو سنوورە دیاری كراوە زێتر پەرەی سەندو ئەو قەسیدە گێڕاوانەی كۆتاییەكانیان بەگەشینی و بەختەوەری دەهات، ناوی قەسیدەی كۆمێدی ڕەشیان لێ دەنا، وەك شاكارە مەزنەكەی ( دانتی) كە بەناوی كۆمیدیای خواوەندی ناسراوە.
وەزیفەی كۆمێدیا و فەلسەفەی كۆمێدیا لە هەموو سەردەمەكاندا، هەمیشە دەربڕینی واقعی كۆمەڵایەتی گەلان بووە، بەتایبەت ڕووە ناشیرینەكانی ئەو كەسانەی كە دەكران بەسەرچاوەی گاڵتەجاڕی و خەڵكی بە هەڵس و كەوتە ناشیرینیەكانیان پێدەكەنین، بەو ئامانجەی ئەو كەسانە خۆیان لەو خەسڵەتە قێزەوەنانە بەدوور بگرن كە ببنە مایەی گاڵتەجاڕی خەڵكی.
لەسەردەمی یۆنانی كۆندا شانۆگەرییەكانی ( ئەرەستۆفانس) باشترین نموونەی كۆمێدیا بوونە، دواتر ئەو هونەرە بوو بەهونەرێكی خۆشەویست لای ئەوروپیەكان، بە تایبەت لە ئەمریكاو ئینگڵتەراو فەڕەنسا و ڕوسیا، لای شكسپیرو مۆلیرو چیخەف و گۆگول بە شێوەیەكی بەربڵاو لە هەموو جیهاندا پەرەی سەند.
ئیدی ئەگەر بمانەوێت بە ڕەگو رەچەڵەكی كۆمێدیا دا بچینە خواری، پێویستیمان بەكاتی زێتر دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە ئامانجمان بوو لەئێستادا قسەی لەسەر بكەین ( كۆمێدیای رەش) بوو، كە رەنگە لای زۆرێك لە خوێنەران روون نەبێت.
كۆمیدیای ڕەش چیە؟
كۆمیدیای رەشیش هەر كۆمێدیا گشتیەكەیە، بەڵام بەفۆرمێكی جیاوازو لەناوەرۆكدا ئاراستەیەكی تەنز ئامێزی هەیە، بۆ ئەو بابەتانەی بەفۆرمێكی گاڵتەجاڕانە پەردە لەڕووی پرسێكی كۆمەڵایەتی لادەبەن، بەڵام لەهەمان كاتیشدا جددییەتی بابەتەكە دەپارێزێت، بۆیە بەگریانی ناو پێكەنین ناونراوە.
لەو نمایشانەدا، بینەر لەگەڵ تەنزەكانیدا دەكەوێتە ناو ئەتمۆسفیرێكی پڕ لەپێكەنین، بەڵام لە ناخیدا دەگری بۆ ڕووداوە جەرگ بڕەكان و واقیعە تاڵەكان .
لەكۆمیدیای رەشدا، بینەر یا خوێنەر واقعی تاڵی كۆمەڵگایەك بەڕووتی دەبینی، یا كاریكاتیرێكی هێمادارونمایشێكی پڕ لەمەرگەسات، بە فۆرمێكی پڕ لەپێكەنین، پێكەنین لە بزووتنەوەی ئەكتەر، لەجلوبەرگی، لەهەلسوكەوتی شێتانەی، لە دەبەنگی سەرمایەدارێك، یا دكتاتۆرێك، وەك بینەر لە گەڵیدا پێدەكەنی، بەڵام لەو پێكەنینەدا پەیامێك دەگەیەنی ـ
جیاوازی نێوان كۆمێدیای ئاسایی و كۆمێدیای رەش لەوەدا دەردەكەوێ كە هەردوكییان لەو پەیامەدا دەست نیشانی واقعێكی رەش دەكەن، گەمژەیی و بێ ئاگایی دەسەڵاتێك لەژیانی كۆمەڵگایەك بەرجەستە دەكەن، بۆ ئەوەی دەسەڵات لەڕەوشی نالەباری كۆمەڵگایەك بەئاگا بینیتەوە، بەڵام بەفۆرمێك بینەر تێدا نەكەوێتە ژێر بارێكی قورسی دەروونی كە ئازاری پێوە بخواو دووچاری گرێیەكی دەروونی بێت.
لەكۆمێدیای رەِشدا دەرخستنی حاڵەتە تراژیدیەكە ئامانجە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێكەنین دایدەپۆشێ، وەك ئەوەی هیچ كێشەیەك لە واقیعەكەدا نەبێت و تۆ تەنیا بۆ كات بەسەر بردن هاتبیتە ناو هۆڵەكە..كە دەگەڕێیتەوە سەر كرۆكی بابەتەكە بۆت دەردەكەوێ لەپشت ئەو دیمەنە كۆمێدیە گاڵتە جاڕیانەدا ئامانجی گەورە خۆیان حەشارداوە، كە پێویستە تۆ وەك بینەر، یا خوێنەر، بەدوای دۆزینەوەی فەلسەفە شاراوەكەدا بگەڕێ ی تا دەیدۆزیتەوە.
لەهونەری كوردی داو بەتایبەت لەدراماو شانۆدا، دەرهێنەرانی ئێمە توانایەكی زۆریان نیشان داوە لەشانۆو درامای تەنز ئامێزو كۆمیدیای ئامانج دار، بەتایبەت لەساڵانی شەستەكان و حەفتاكان بەدواوە، كە شانۆی كوردی لە هەلومەرجێكی تەنگەتاوی سیاسی دا بووە، لەپەنای كۆمێدیاوە، ویستوویەتی زۆر ئامانجی گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی بخاتە ڕوو، یان شانۆ بكاتە چەكێكی كاریگەر بۆ دەربڕینی هەستی خەڵك و ئازارەكانیان .
شانۆگەریەكانی تەڵعەت سامان، سەباح عەبدولڕەحمان، ئەحمەد سالار، جەلیل زەنگەنە، جیهاد دڵپاك، مەكی عەبدوڵڵا .. زۆرینەیان كۆمەڵگا لە هەقیقەتی خۆیان دادەماڵن بەدوو ئاراستە:
یەكێكیان ئەوەیە كە دەسەڵات وێنە تراژیدیاكانی كۆمەڵگا ببینێ و هەوڵی چارەسەركردنیان بۆ بدات .
دووهەمیان: كۆمەڵگا وەك ئاوێنەیەك خۆی لەو بەرهەمە شانۆیی و درامیانەدا ببینێ و هەست بەوە بكات كە ئەركی ئەو وەك هاوڵاتیەك دەستەپاچە بوون و تەماشا كردنی ئەو واقیعە نیە بە تەنها، بەڵكو رۆڵی ئەو ئەوەیە كە بەشداری لەگۆڕینی ئەو واقیعەدا بكات .
كۆمێدیای سیاسی لەسەردەمی كۆندا، لەپەنای پێكەنینەوە ڕاشكاوانە ترو ئاشكرا تر لە ئێستا، كاریگەری لەسەر هزرو دەروونی بینەردا جێ دەهێشت، ئەگەرچی هونەرمەندانی كورد، لەژێر فشای ڕژێمدا چاودێریەكی توند دەكران و لێپێچینەوەی وردیان لەگەڵدا دەكرا، بەڵام لە سەردەمی ئازادی دا ئەو كۆمێدیا سیاسییانە ڕوو لەكەم بوونەوە بوون.
كۆمیدیای رەش لە ئەدەب و هونەری جیهانیدا:
بۆ یەكەم جار كۆمێدیای ڕەش لەمێژووی نوێ دا، لەساڵانی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی بیستەمدا لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەری هەڵدا.
كاتێ ساڵی 1064 دەرهێنەری ناسراوی ئەمریكی ( ستانلی كوبریك) فیلمی ( دكتۆر سترانج لاف) ی نمایش كردو باسی لەشەڕی ئەتۆم و نەمانی ژیان لەسەر گوێ ی زەوی دەكرد.
ئەم فیلمە دیارترین نموونەی كۆمێدیای رەِش بوو لەسەردەمی نوێ دا.
جاران بابەتە كانی كۆمێدیای ڕەش سنوور داربوون، بەبابەتی سەرەكی كۆمەڵایەتی، ئێستا بابەتەكان زۆر لق و پۆپیان لێ بۆتەوەو بەچەندین شێواز دەخزێنە ناو كۆمێدیای رەش لەوانە:
دیاردەكانی خۆكوشتن، شەڕ، تیرۆر، توندوتیژی، تاوان، ماددە هۆشبەرەكان، ناپاكی، شێتی، ڕەگەزپەرستی، شۆڤێنیزم و تاوان، جگە لەسێكس و هاوشێوەكانی.
سیناریۆنووسەكان بۆ نووسینی ئەو بابەتە جدییانە فۆرمێكی كۆمێدی بەكار دێنن، بەڵام لە چوارچیوەی كۆمێدیایەكی تاریك .
ئەو بابەتانە بەگشتی وەك مرۆڤ ئازارێكی دەروونیت پێ دەبەخشن، بەڵام بە فۆرمێك دەخرێنە ڕوو ناچاری ئەوە بیت لەگەڵیاندا پێبكەنی.
وەك چاپلن دەڵێ: لەناو دیمەنە كۆمێدییەكانی من گریان هەیە، بەڵام ئێوە وەك شێوە نایبینن.
ئەو خۆی یەكێك بووە لەگەورەترین پاڵەوانەكانی كۆمێدیای رەش و بەپادشای پێكەنین ناونراوە، وەك فەیلەسوفی گەورەی فەڕەنسی ( جاك بوار) دەڵێت:
هەموو كتێبە فەلسەفیەكانی دنیا كۆكەیتەوە، نەیان توانیووە بەقەد (چاپلن) شەڕی سەرمایەدارەكان بكەن و بزانن ئەو سەرمایەدارانە چۆن بەنواندنێكی بێ دەنگ ڕیسوا دەكرێن و تۆڵەی چینی زەحمەت كێشیان لێ دەكرێتەوە.
بۆیە ئەو جۆرە كۆمێدیایە كۆمیدیایەكی ئاسان نین و هەموو سیناریۆ نووسێك ناتوانێت كاری تێدا بكات، ئەگەر شارەزاییەكی باشی نەبێت لەچۆنیەتی دەرخستنی پرسێكی تراژیدی لە ناوەرۆكدا، بەڵام كۆمێدی لەشێوەدا .
نووسەرانی وەك (ویلیام فۆڵكنەر، تۆماس بێهنكن، كورت ڤۆنگوت، جۆزێف هێلەر، مارك توین، لویس فێردیناند سێلین و جۆرج برمادشۆ، چیرۆك و ڕۆمان و شیعر و شانۆنامەیان نووسیوە، قووڵبوونەوەیان لەفیلمە ترسناكەكاندا كردووە و بە شێوەیەكی كۆمیدی رووداوەكانیان كردووە بە وێنە.
كۆمیدیكارانی وەك لێنی بروس، جۆرج كارلین، بیل هیكس، پیتەر كوك، ساچا بارۆن كۆهین و تیپی مۆنتی پایتۆنی بەریتانی كاری زۆریان لەسەر كۆمێدیای ڕەش كردووە.
كۆمێدیای رەشی چیخەف:

چێخەف، وەك گۆگۆل، ڕۆڵەی شەرعی ئەو ئەدەبیاتە جەماوەرییە تەنزئامێزەن كە سەدان ساڵە ڕووسیا بەهۆیەوە ناوبانگی پێ دەركردووە.
وەك یەك ڕەخنەگر ئاماژەیان بەوە داوە، كە هەمیشە ئامادەن گاڵتە بكەن، پێبكەنن بەو یارییانەی كە بەسەر ئەوان و گەلانی دیكەش دادێت.
هەركەسێك بەدواداچوون بۆ نووسینەكانی چێخۆف بكات،سەرنجی پەیوەندییەكی دیالێكتیكی ڕاستەوخۆی نێوان پێكەنین و ئازارو خەم و گاڵتەجاڕییەكانی دەدات، لەبازنەی كۆمیدیای ڕەش دا.
لەلایەكی دیكەوە زۆربەی نووسینە تەنز ئامێزەكانی دیكەی وەك ڕۆماننووسی ڕووسی (ڤلادیمێر نابۆكۆڤ) دەكەونە نێوان پێكەنین و خەواڵوویی، یان لەنێوان تەقینەوە لەپێكەنین و گریان.
هەندێ جاریش هەموو شتەكان لەیەك كاتدا دێن، وەك پێكەنین و دڵتەنگی.
لەو كاتەدا تۆ ناتوانیت لایەنە خەمناكەكان بەتەنها ببینی، بەبێ بینینی كۆمیدیەكان، چونكە هەردوكیان لە هەناوی یەكتردان.
چێخۆف هەمیشە باڵای ئەدەبی خۆی بەگشتی و وەك تەنزنووسێك بەتایبەتی لەژیانی سادەی رۆژانەی خۆی و دەوروبەری وەرگرتووە، كە بەزنجیرەیەك ئەشكەنجەو ئازار تێپەڕیوە، هەرئەو ئازارانە بوون بەسەرچاوە بۆ نووسینی چیرۆك و شانۆگەریەكانی، هەر یەك لەو بەرهەمانە پارچەیەكی بچووك بوون لەئازاری گەلەكەی.
چیخەف لەناو ئەو ناوەندە كۆمەڵایەتیە تەسكەی تێیدا دەژیا، سودێكی زۆری لەو واقیعە بینی بۆ داڕشتنەوەی بەرهەمەكانی، كە زۆربەیانی بەكۆمێدیای ڕەش بەرجەستەی كردوون.
لە زۆربەی بەرهەمەكانییشدا چیخەف خۆی كاركتەری ڕووداوەكان بووە،
ئیدی هەر ئەو نەهامەتیانە بوون وایان لە چیخەف كرد، ناچاری ئەوە بێت وانەی تایبەتی بڵێتەوە، بۆ ئەوەی نان بۆ خۆی و خێزانە برسیەكەی پەیدا بكات و لە خوێندندا بەردەوام بێت.
بە گشتی چیخەف یەكێك بووە لەپێشەنگەكانی كۆمێدیای ڕەش لە رووسیا، وەك شكسپیر لە بەریتانیاو ستانلی كۆبریك لە ئەمریكاو مۆلێر لە فەڕەنسا .

حەیدەر عەبدولڕەحمان




خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ کارەکتەر و ژینگەسازی لە رۆماندا.. باکۆ رێبوار

ڕۆمان وەک ژانرێکی هونەری بەردەوام لە نوێبونەوەدایە. ئەم گۆڕانکارییانە بەتایبەتی لە بواری بنیاتنانی کارەکتەر و ژینگەسازیدا دەردەکەون، کارەکتەر وەک ستوونێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ڕۆماندا، ئەو بەشەیە کە خوێنەر لە ڕێگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ چیرۆکەکەدا دروست دەکات، تەنها کەسایەتییەکی خەیاڵی نییە، بەڵکو نوێنەری کۆمەڵێک بیرۆکە و هەستە کە لە ناخی مرۆڤدا هەن، لێرەدا نووسەران هەوڵ دەدەن کارەکتەرەکانیان بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندتر دابڕێژن، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی “دەنگی ناوەکی” یان “مۆنۆلۆگی دەروونی”ـەوە بەدی دێت، کە تیایدا خوێنەر دەتوانێت ڕاستەوخۆ بیرکردنەوە و هەستەکانی کارەکتەر بخوێنێتەوە و وەک بوونەوەرێکی زیندوو و گۆڕاو سەیری بکات، نەک وەک شتێکی جێگیر و نەگۆڕ،وە لەماوەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا بەردەوام لە گۆڕاندابێت، هەروەک چۆن مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینەدا بەردەوام دەگۆڕێت.

لەلایەکی دیکەوە ژینگەسازی لە ڕۆماندا ئەو پرۆسەیەیە کە تیایدا نووسەر جیهانێکی تایبەت بۆ ڕووداوەکانی چیرۆکەکەی دەسازێنێت، ژینگە تەنها باکگراوندێک نییە بۆ ڕووداوەکان، بەڵکو بەشێکی زیندوو و کاریگەرە لە چیرۆکەکە، نووسەران هەوڵ دەدەن ژینگەیەک بئافرێنن کە لەگەڵ کارەکتەر و ڕووداوەکاندا لە کارلێکی بەردەوامدا بێت. یەکێک لە تەکنیکە نوێیەکان لە بواری ژینگەسازیدا، بەکارهێنانی “ژینگەی دەروونی”یە، لەم شێوازەدا ژینگەی دەرەکی ڕەنگدانەوەی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکانە، بۆ نموونە کاتێک کارەکتەرێک لە دۆخێکی دەروونی نالەباردایە، دەکرێت ژینگەی دەوروبەری بە شێوەیەکی تاریک وەسف بکرێت تەنانەت ئەگەر لە ڕاستیدا وا نەبێت، هەروەها ژینگە وەک ڕەگەزێکی سەربەخۆ سەیردەکرێت ئەمەش وا دەکات کە ژینگە ڕۆڵێکی چالاکتر لە بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکەدا بگێڕێت و تەنانەت دەکرێت وەک رەگەزێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرخەری گۆڕانکارییەکی قووڵە لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە، لێرەدا جۆرێک لە یەکبوون لە نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دروست دەبێت، نووسەران ئێستا زیاتر گرنگی بە دروستکردنی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دەدەن، ئەمەش وای کردووە سنووری نێوان ئەم دوو رەگەزە زۆر جار لێڵ و ناڕوون بێت، بە جۆرێک کە زۆر جار دەبینین ژینگە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی کارەکتەر و کارەکتەریش دەبێتە بەشێک لە ژینگە، لە لایەکی دیکەوە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرفەتی نوێی بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتە ئاڵۆزەکانی وەک ناسنامە، شوناس و پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەوروبەریدا ئافراندووە، لە ڕۆمانی هاوچەرخدا، دەبینین کە کارەکتەرەکان زۆر جار لە ملمانێی بەردەوامدان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان، ئەمەش وەک گوزارشتێک وایە بۆ ئەو ململانێیەی کە مرۆڤی هاوچەرخ لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها گرنگییەکی تایبەتی بە چەمکی “کات” لە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگەدا دەدات، کات وەک فاکتەرێکی گرنگ لە شێوەگرتنی کارەکتەر و گۆڕانی ژینگەدا دەبینرێت، بۆ نموونە دەبینین کە چۆن تێپەڕبوونی کات کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کارەکتەر دادەنێت، یان چۆن ژینگەیەک بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت و ئەم گۆڕانەش کاریگەری لەسەر چیرۆکەکە دادەنێت،ئەمە وادەکات لە ڕووی تەکنیکییەوە نووسەران شێوازی نوێ بۆ گێڕانەوە بەکاربهێنن بۆ نموونە، بەکارهێنانی تەکنیکی”شێوازی ئازادی ناڕاستەوخۆ” کە تیایدا سنووری نێوان بیرکردنەوەی کارەکتەر و وێنای ژینگە تێکەڵ دەبێت، ئەمەش بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ڕۆمانی هاوچەرخ، وە هەروەها کاریگەری لەسەر شێوازی خوێندنەوە و شیکردنەوەی ڕۆمانیش داناوە، خوێنەر و ڕەخنەگران ئێستا زیاتر سەرنج دەدەنە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگە، ئەمەش وای کردووە کە خوێندنەوەی ڕۆمان ببێتە پرۆسەیەکی چالاکتر و داهێنەرانەتر، کە تیایدا خوێنەر ڕۆڵێکی گرنگتر لە دروستکردنی واتادا دەگێڕێت، بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، دەرفەتی نوێی بۆ لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی ئافراندووە و ڕۆمان وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی دەروونی مرۆڤ و ئەو کاریگەرییانەی کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و فیزیکی لەسەری دایدەنێت، وە لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە کاریگەری لەسەر شێوازی بەکارهێنانی زمان لە ڕۆماندا داناوە، نووسەران ئێستا هەوڵ دەدەن زمانێک بەکار بهێنن کە بتوانێت ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان کارەکتەر و ژینگە بە باشترین شێوە دەرببڕێت، ئەمەش وای کردووە کە زمانی ڕۆمان زۆر جار لە سنووری زمانی ئاسایی تێپەڕ بێت و بەرەو جۆرێک لە شیعرییەت بڕوات، دەتوانم بڵێم بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، گۆڕانکارییەکی قووڵی لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ چەمکی ڕۆمان و ڕۆڵی لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا دروست کردووە، ئامرازێکی گرنگتر بۆ تێگەیشتن لە ژیانی مرۆڤ و ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی کە لە نێوان تاک و کۆمەڵگادا هەیە و ئەم گۆڕانکارییە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا بەرهەمی کۆمەڵێک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و فەلسەفییە کە لە سەدەی بیستەمدا ڕوویان داوە، وەک پەرەسەندنی بیری پۆست-مۆدێرنیزم سەبارەت بە چەمکەکانی ڕاستی، ناسنامە و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی دەرەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لە شێوازی بنیاتنانی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆمانی هاوچەرخدا هەبووە، یەکێک لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی لە بواری بنیاتنانی کارەکتەردا ڕووی داوە، گواستنەوەیە لە کارەکتەری یەک-ڕەهەندی بۆ کارەکتەری فرە-ڕەهەندی، لە ڕۆمانی کلاسیکدا، کارەکتەرەکان زۆر جار وەک نموونەی بەرجەستەی تایبەتمەندییەکی دیاریکراو یان بەهایەکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوتن، بەڵام لە ڕۆمانی هاوچەرخدا، کارەکتەرەکان زۆر ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندترن وخاوەنی لایەنی باش و خراپن، هەڵەی مرۆیی دەکەن، دووچاری پارادۆکسی ناوەکی دەبن و زۆر جار لە نێوان بڕیارە جیاوازەکاندا دەکەونە دوودڵییەوە و نەک تەنها وێنەیەکی ڕاستتر لە سروشتی مرۆڤ پێشکەش دەکەن بەڵکو دەرفەتی زیاتر بۆ خوێنەر دەڕەخسێنن تا خۆی لە کارەکتەرەکاندا ببینێتەوە و هاوسۆزییان لەگەڵدا بکات، کارەکتەر تەنها بەرهەمی کردار و وتەکانی نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو بیرکردنەوە و هەستانەشە کە لە ناخیدا هەن، ئەمەش وای کردووە کە نووسەران گرنگییەکی زۆر بە نیشاندانی جیهانی ناوەکی کارەکتەرەکان بدەن، تەکنیکی “مۆنۆلۆگی ناوەکی” نموونەی بەرچاوی ئەم ڕێبازە نوێیەیە، لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکارییە گەورەکان لە بواری ژینگەسازیدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە گۆڕانی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ جیهانی دەوروبەری هەیە، لە سەردەمی مۆدێرنەدا زانست و تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری گەورەیان لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشتدا دروست کردووە، لە زۆربەی ڕۆمانە هاوچەرخەکاندا ژینگەی شار وەک ژینگەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند نیشان دەدرێت کە کاریگەری قووڵی لەسەر ژیان و دەروونی کارەکتەرەکان هەیە، زۆر جار دەبینین کە سروشت وەک هێزێکی زیندوو و کاریگەر لە چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت، نەک تەنها وەک پاشخانێکی جوان بۆ ڕووداوەکان، لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم گۆڕانکارییانە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە گۆڕانکارییەکانی بواری فەلسەفە و دەروونناسییەوە هەیە، بۆ نمونە بیرۆکەکانی فرۆید سەبارەت بە ناخودئاگا کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر شێوازی نیشاندانی جیهانی ناوەکی کارەکتەرەکان داناوە، وە بیرۆکەکانی هایدگەر سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان کاریگەرییان لەسەر شێوازی تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ژینگە داناوە و ڕەخنەی دەروونشیکاری کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی شیکردنەوەی کارەکتەرەکانەوە قووڵتر لە دەروونی مرۆڤ تێبگات، لە ڕووی پراکتیکییەوە ئەم گۆڕانکارییانە لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازیدا کاریگەرییان لەسەر شێوازی نووسینی ڕۆمان و تەکنیکەکانی گێڕانەوە بەجێهێشتووە بۆ نموونە، تەکنیکی “گۆشەنیگای فرەیی” کە تیایدا چیرۆکەکە لە گۆشەنیگای چەند کارەکتەرێکی جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ڕۆمانی هاوچەرخ، ئەم تەکنیکە دەرفەت بەخوێنەر دەدات تا ڕووداوەکان لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە ببینێت و فراوانتر لە ئاڵۆزییەکانی چیرۆکەکە تێبگات دەتوانم بڵێم گۆڕانکارییەکان لە بنیاتی کارەکتەر و ژینگەسازی لە ڕۆماندا، بەشێکن لە گۆڕانکارییە گشتییەکان لە بواری ئەدەب و هونەردا، ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانە فراوانەن کە لە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ و تێگەیشتنی لە خۆی و جیهانی دەوروبەریدا ڕوویان داوە، هەربۆیە ڕۆمان بووەتە ئامرازێکی بەهێز بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزییەکانی بوونی مرۆڤ و ئەو پەیوەندییە دژوارەی لە نێوان تاک و کۆمەڵگا، مرۆڤ و سروشت، و ڕابردوو و ئێستادا هەیە، ئەم گۆڕانکارییانە نەک تەنها شێوازی نووسینی ڕۆمانیان گۆڕیوە، بەڵکو شێوازی خوێندنەوە و تێگەیشتنیشیان گۆڕیوە و خوێنەری هاوچەرخ ئێستا ڕۆڵێکی چالاکتر لە پرۆسەی خوێندنەوەدا دەگێڕێت و بەشداری لە دروستکردنی واتادا دەکات، ئەم گۆڕانکارییانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕۆمان وەک هەر هونەرێکی دیکە، بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندایە و توانای ئەوەی هەیە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی سەردەمدا بگونجێنێت، ئەمەش وای کردووە کە ڕۆمان بەردەوام وەک یەکێک لە کاریگەرترین و بەهێزترین شێوازەکانی گوزارشتی هونەری و ئەدەبی بمێنێتەوە.

Bako Rebwar




ماڵئاوا لە چەک (وداعا للسلاح).. شەماڵ بارەوانی

ماڵئاوا لەچەک، شاکارێکی مەزنی ئەدەبی و ڕۆمانێکی تری ناوازەی ڕۆماننووس و گەورەنووسەری ناوداری جیهانی بە ڕەگەز ئەمریکی(ئێرنست هەمنگوای)ـە.
ماڵئاوا لە چەک، تەوەری سەرەکی و ناوەڕۆک و باسوخواسەکانی بە دەوری ڕووداوەکانی یەکەم جەنگی جیهانیدا دەخوڵێتەوە. ماڵئاوا لە چەک، هاوارێکە لە دژی جەنگ و ڕەتکردنەوەی جەنگە.
پاڵەوانەکەی هەمنگوای لەو بەرهەمەدا(فریدریک هێنری) گەنجێکی ئەمریکییە و ئـەفسەره لە ڕیزی سوپا بە پلەی میلازمی یەکەم.
ئەو لە بواری فریاگوزاری و گواستنەوەی بریندارەکانی جەنگ بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەو بوارە کار دەکات.
ئەو گەنجە لە کاتی ئەرکەکەیدا زامدار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەوێ دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کچەپەرستارێک بە ناوی(کاترینا بارکلی).
فریدریک، لە نەخۆشخانە زامداربوونەکەی وەکو دەرفەتێک لەپێناو ئیشقەکەی دەقۆزێتەوە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لەو خانمەپەرستارە. ئەو، لە لایەک ڕۆدەچێت لە دنیای ئیشق و ڕۆمانسییەت و غەرقی جیهانی ئیشق دەبێت، لە لایەکەیتریش دوای ئەوەی بە چاوەکانی خۆی مەرگی هاوڕێکانی دەبینێت، کە چۆن دەڕاسەی ئەو جەنگە نەگریسەیە بێبەزەییانە گیانی یەک بە یەکیان دەدوورێتەوە و چەندە دڵڕەقانە دەکەوێتە وێزەیان و پەڕەی گوڵی تەمەنیان هەڵدەوەرێنێ. فریدریک، دەکەوێتە بیرکردنەوە و تێڕامان و پرس و مەنەلۆگ لەگەڵ خۆیدا و دەڵێت: باشە کوا مرۆڤایەتی؟ تا کەی جەنگ؟ تا کەی کوشتن و لەناوبردن؟ تاکەی یەکتری سڕینەوە و کاوڵکردن و وێرانکردن؟
هەر بە ڕاستی مرۆڤ بۆ ئەوە لە دایک بووە تا جەنگی جیهانی بەرپا بکات و سەتان ملیۆن کەس بکات بە سووتەمەنی ئاگری جەنگ؟ مرۆڤ بۆ ئەوە لێرەیە تا داهێنان لەپێناو مرۆڤایەتی و خۆشترکردنی ژیان بکات و بوون ئاوەدان بکاتەوە، یان داهێنانی زانستی و چەکی پێشکەوتوو بۆ دژایەتی یەکتری و هۆکارێک بۆ چەوسانەوەی گەلان و داگیرکردنی خاکی نەتەوەکانی تر و دەستبەسەرداگرتنی ئازادی ئەوانی تر و وێرانکردنی ژیان و خاپوورکردنی بوون و پیسکردنی گەردوون بەکار بێنێت و کۆمەڵکوژی و تراژیدیای لە شێوەی هیرۆشیما و ناکازاکی لە دژی گەلی ژاپۆن و حەڵەبجە لە دژی نەتەوەی کورد بەکاربێنێت؟ وەکو ئەوەی ئەمریکا و ڕژێمی بەعسی فاشیست، لەگەڵ ئەو دوو نەتەوەیە کردیان؟
لە دەرەنجامی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی قووڵی فریدریک هینری لە ناسۆری و کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، کەڵکەڵەی ئەوە دەکەوێتە مێشکییەوە کە خۆی هەڵداتە نێو ڕووبار و کۆتایی بە ژیانی بێنێت و له دەست دڵڕەقی جەنگ و تراژیدیاکانی ژیان قورتاری بێت. بەڵام سەرەنجام ئەو لەوە پەشیمان دەبێتەوە، چونکە فریدریک هێشتا دڵی زۆر بەهێز بۆ ژیان لێدەدات و تۆوی خۆشەویستی ژیان لە ناخیدا سەوزە و بە ئاواتەوە هەنگاو دەنێت و جەنگ سەرەڕای ئەو ڕەشبینی، نائومێدی، ئازار، فرمێسک، ماڵوێرانی و تراژیدیایانەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێت، نەیتوانیوە بە یەکجاری داری ئومێدی فریدریک کرمێ بکات و دەنگی هەناسەکانی بخنکێنێت و باوەڕبوون بە درێژەدان بە ژیان و مانەوە لە بووندا لێ بسەنێت.
فریدریک دواجار بڕیار دەدات چەک فڕێ بدات و لە ژیانی سەربازی و ڕیزی سوپا ڕابکات و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی مەدەنی و دووبارە تێکەڵ بە دنیای ئارامی دوور لە جەنگ و بارووت و خوێن و کوشتن و کارەسات بێت و لە ئامێزی خۆشەویستەکەیدا درێژە بە ژیان بداتەوە. ئەو دەشزانێت ڕاکردن لە ڕیزی سوپا و لە کاتی جەنگدا، واتای چییە و چ تاوانێکی گەورە و ناپاکییەکی نیشتیمانییە و لێخۆشبوونی بۆ نییە و سزاکەی مەرگ و سێدارەیە. بۆیە لەگەڵ کاترینای خۆشەویستی پلانی ئەوە دادەڕێژن، ئیتاڵیا جێ بێڵن و لە سویسرا بگیرسێنەوە. ئەوان دوای گەیشتنیان بە سویسرای وڵاتی ئارامی و جوانیی، وڵاتی مۆسیقا و ئیشق، وڵاتی مرۆڤبوون و ژیان، وڵاتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، وڵاتی پلورالییەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و فرەکولتووری، وڵاتی هەموو پێکهاتەکان و قبووڵکردنی هەموو جیاوازییەکان، کاترینا دووگیان دەبێت و هەردووکیان زۆر بە تامەزرۆییەوە ڕۆژەکان و کاتژمێر و چرکەکان لە چاوەڕوانی هاتنەدنیای کۆرپەکەیان دەژمێرن. وەلێ ئەفسووس! قەدەر پێچەوانەی چاوەڕوانییە پڕ لە بەرائەت و خۆزگە و تامەزرۆیی و تاسەکانی ئەوان، بڕیارێکی تری زۆر دڵڕەقانەی دا و کۆرپەی ئاواتەکانی گەلێ بێبەزەییانە، لێ خستنە نێو گۆڕی ماڵئاوایی. کاترینا ژانی منداڵبوون گرتی و لە نەخۆشخانەدا و لە دەرەنجامی نەشتەرگەری شەقکردنی سک و دەرهێنانی منداڵە مردووەکە، خوێنبەربوونی ناوەوە(نزیف داخلی)ی بۆ دروست بوو و گیانی سپارد!
فریدریک دوای ئەو ڕووداوە بە ئازار و کارەساتە ناخهەژێنە، بڕیاری دا چۆک دانەدات و دژی دڵڕەقییەکانی چارەنووس بجەنگێت و هەرگیز ڕادەستی شکست نەبێت و بەیداخی دۆڕان لە بەرانبەر ژیان بەرزنەکاتەوە و درێژە بە مانەوەی بدات. ئەو بڕیاری دا سەرەڕای گەورەیی قەبارەی ئەو تراژیدیایە و ئازارەکانی، وەلێ بەراورد بە کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، بە ئاساییتر و بچووکتر وەربگرێت. ئەو جەنگەی دەوڵەتان و وڵاتانی زلهێز و سەرکردەکانیان لەپێناو کۆمەلێک بەرژەوەندی جاڕی دەدەن. ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی دواجار هەر مرۆڤایەتی دەبێتە سووتەمەنی و قوربانی ئاگرە بێئامان و سووتێنەرەکەی.
ماوەتەوە بڵێم:

پەیامی ڕۆمانی(ماڵئاوا لە چەک)، هاوارێکە بۆ وڵاتە زلهێزەکان و جیهان، کە چیتر جەنگ بووەستێنن و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە چەک بکەن و بارووتەکان بکەن بە مرەکەبی خامەی خۆشەویستی و ئیدی لە بری کوشتن و خوێنڕشتن و وێرانکردنی ژیان و دروێنەی جەستەی مرۆڤ و ناشیرینکردنی بوون، مرۆڤایەتی بنووسنەوە و گوڵی عیشق و جوانی بڕوێنن و ژیان ئاوەدان کەنەوە. ماڵئاوا لە چەک، پێمان دەڵێت مرۆڤ سامانێکی مەزن و بوونەوەرێکی پیرۆزە و بە هیچ پاساوێک ناکرێت بکرێتە ئامرازێکی بچووک و بێبەها بکرێت و بکرێت بە سووتەمەنی جەنگ و لەپێناو هەر سەرکەوتنێک، دواجار باجەکەی هەر دۆڕانە بە خوێنی مرۆڤ.
لە کۆتاییدا نووسەر لە ڕێگەی(فریدریک)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیەوە پێمان دەڵێت هەڵاتن لە جەنگ، ڕەتدانەوەی توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی جەنگە. مرۆڤ یەکەم بزوێنەر و هەڵایسێنەری پشکۆی ئاگری جەنگە و دواجار هەر خۆیشی دەبێ کۆتایی بە جەنگ بێنێت و ڕێگری لە سەرهەڵدانی جەنگ بکات، ئەگەر هەر نەیتوانی کۆتایی بە جەنگ بێنیت، با لە جەنگ ڕابکات.

شەماڵ بارەوانی




كتێبی (خۆم و ئەستێرەگەشەكان) ئەرشیفێكی گرنگی نووسەر و هونەرمەندانی كوردستان.. كامەران حاجی ئەلیاس

لە هەموو وڵاتێكی ئەم جیهانەدا گرنگییەكی زۆر بە بواری ئەرشیف و بەڵگانامە دەدەردێت، كەئامانج لێی پاراستنی شوناسی نەتەوەو وڵاتەكەیە ..بۆ ئەو مەبەستە چەندین دەزگا و فەرمانگەی تایبەت بەو بوارەدا بوونیان هەیە بەشێوەیەك بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت كەسانی شارەزا وپسپۆر كارەكە ئەنجام دەدەن وەكو سەرمایەكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەو وڵاتە گرنگی پێدەدرێت و پارێزگاری لێدەكرێت .
بوونی دەزگایەكی ئەوا جگە لەوەی پاراستنی بەڵگە نامەو ئەرشیفی نەتەوەوەیە،لە فەوتان لە هەمەكان كاتدا وەكو بەڵگە وسەرچاوە بۆ زۆرێك لە كاییەكانی ژیان بەكار دێت وەكو بەڵگەنامەیەكی باوەڕپێكراو چونكە بۆ سەلماندن و بوونی هەرشتێك پێوستی بەبەڵگەیە..بۆنموونە كاتێ باس لە یەكەم ئەكتەر دەكرێت كە وەكو یەكەم كەس لەجیهان چۆبێتە سەرتەختەی شانۆ دەڵێن (تیسپیس) لە وڵاتی یۆنانە ئەوان بەڵگەیان لەبەردەستە دەیسلمێن بەجۆرێك تائێستا گۆڕەكەی بوونی هەیە وەكو بیبلەی چاویان پارستووە كەسیش ناتوانێ نكوڵی لێبكات.
دوای راپەڕینی گەلی كوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 ودامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ،بەداخەوە هیچ گرنگی بە بواری بەڵگانەمە و ئەرشیف نەداوە بەجۆرێك هیچ دەزگایەكی تایبەت بە كۆكردنەوەی بەڵگەنامەو ئەرشیفكردن نییە راستەو لێرەو لەوێ هەندێ كاری تاكە كەسی كراوە بەڵام بەشێوەیەكی رێكخراو كە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی بكرێت بەداخەوە بوونی نییە بۆیەپاشی 32 ساڵ لە راپەرینی گەلی كوردستان و دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ هەوڵێك بۆ ئەو بوارە نەدراوە..
كتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان) لە نووسینی نووسەر “نەجەمەدین عەزیز سمایل” كەتائێستا 10 بەرگی لە چاپ كراوە كارێكی مەزنی نووسەرە سوودێكی زۆری پێشكەش بە ئەرشیفی هونەری و ئەدەبی كوردستان كردووە، كە ژیان و كارو چالاكی چەندین هونەرمەند و نووسەر تا میدیاكارانیش لە خۆدەگرێت وەكو سەرچاوەیەكی گرنگ سوودی لێوەردەگیرێت بێگومان پێشتریش چەند بەرێزێك ئەو كارەیان كردوە بەڵام لە چوارچێوەیەكی دیاركراوە بۆنموونە چەند هونەرمەندو نووسەرێكی شارێك یاخود ئەوپەری دوو یان سێ شاری لە كتێبێك دا ژیان و كاروچالاكیەكانی كۆكراوەتەوە زۆرێك لەوانەش هاوكاری كراوەن واتە تێچووی لە چاپ دان و بڵاوكرنەوە بۆیان دابین كراوە …بەڵام ئەوەی نووسەر و میدیاكار بەرێز نەحمەدین لە زۆر ڕووە جیاوازە بۆنموونە كتێبەكەی تایبەت نەكرد وە بە شارێك یاخود ناوچەیەك بەڵكو هەموو سنوورەكانی بەزاندوە ..هەرچوار پارچەی كوردستانی لەخۆگرتووە بگرە ئەوانەی لە هەندەرانیش دەژین ئەوانیشی بەسەركردۆتەوە لایەكی تری ئەم كتێبە ئەوەیە نووسەر هەموو ئەو نووسەر و هونەرمەن و میدیاكاران بەسەركردۆتەوە كە خاوەن ئەزموونن خاوەن پێگەیەكی هونەری و ئەدەبی نێو گەلەكەی خۆیانن بەهەردووو رەگەزەكەییەوە، بەڵێ لەو كتێبەكەدا زۆرێك لەو هونەرمەند و ئەدیبانەی لە خۆدەگرێت كە لە نەتەوەكانی ترن وەكو توركمان و مەسیحییەكانیش ئەوانیش بەسەركراونەتەوە ..خاڵیكی تر ئەم كتێبە ئەوەیە زۆرێك لەوانەی بەسەركراونەتەوە كۆچیان كردون ..ئەتوانم بەڵێم ئەوەی ئەم بەرێزە دەیكات ئەوە ئەركی وەزارەتی رۆشنبیرییە بەڵام ئەو لەسەر ئەركی خۆی ئەم كارە دەكات بەهۆی ئەوەی كتێبەكە بە جوانترین و چاكترین شێوە لەرووی دیزاین و بەرگ چاپكردنی بۆیە پێوستی بە خەرجییەكی زۆرە .
شایانی باسە لە كاتی تەواو بوونی هەربەگێك لە كتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان) گەڕانەوەی لە چاپخانە رێورەسمێكی تایبەتی لە شارەكانی كوردستان(هەولێر،سلێمانی، كەركووك، دهۆك) بە ئامادەبوونی كۆمەڵی لە رۆشنبیروئەدیبان ناساند و بڵاوكردنەوەی بۆ دەكرێت ،كتێبەكە پێشكەش بە ئاماەبووان دەكرێت.
لە كۆتاییدا داوا لە لایەنی پەیوەندار بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیر و لاوان دەكەم تادەكرێت هاوكاری نووسەر”نەجەمەدین عەزیز سمایل” بۆئەوەی لەم كارە مەزنە بەردەوام بێت..چونكە وەكو من ئاگادارم ئەو پرۆژەیە بەردەوامی هەیە لەئێستادا خەریكی ئامادەكردنی بەرەگی یانزەمین (خۆم و ئەستێرە گەشەكان)-ە هیچ نەبێت رێزلێنانێكی تایبەتی بۆ بكات لەبەرامبەر ئەو كارەی ئەو كردوویەتی ..هیوای تەمەن درێژی بۆ بەرێز” نەجەمەدین عەزیز سمایل” دەخوازم بە هیوای بەردەوامی.

كامەران حاجی ئەلیاس




فەرهەنگی شەیتان.. پشکۆ ناکام

[ لەهەر ووڵاتێکا مزگەوت لە خەستەخانە و
مەکتەب زۆرتر بوو ، دەسەڵات بەر پرسە
لە داڕووخانی کۆمەڵگا……
د . طە حسین ]

…… یەکێ لە هەرە گرفتە گەورە و چارەسەر نەکراوەکانی ئەو سێ شار و کسورەی ئەمریکا و ئەوروپا ناویان ناوە ” هەرێم ! !!” بێ ئیشییە ، هەر لە سەرەتای نەوەکانەوە هەر ساڵەی بە سەدان قوتابی ئامادەیی و پەیمانگا و زانکۆ دەرئەچن و دامەزراننیش سەر خەوی دوای قبوڵیە ، جگە لە دامەزرانن وەک ئاسایش و کۆماندۆ و ” موخبیر” سەعات دەی بەیانی داوای بکە پاش نیوەڕۆ دامەزراویت..ئەم گرفتە بەرامبەرە بە حاڵەتێک کە تەنیا لەشاری “سلێمانی” هەزار و دوو سەد مزگەوت هەیە !! چی ئەبوو گەر لەم ژمارە زۆرەیا سێ سەد دانەیان کارگە بوایە ؟ بە داخەوە شۆڕشگێڕەکانی شاخ و ڕاو و ڕووتی دوای ڕاپەڕین ئەو چەن کارگەیەی لە شارا هەبوو بە دەردی سەدەکەی بێخمەیان برد ! گەر هەر یەک کارگە سێ سەد کرێکاری هەبێ بزانە مەعیشەتی چەن خێزان ئەبوژێتەوە جگە لە بوژانەوەی ئابووری و بەرهەم هێنانی لۆکاڵی” محلی” و لەوانەیشە جارەسەرێکی نەفسیی بێ بۆ حاڵەتی بێ ئیشی و کەم دەرامەتی ، خۆ لەوەتەی مزگەوت هەیە تا ئەمڕۆش ئەوەی لە بانگ و دوای نوێژ ئەووترێت هەر هەمان شتە “عەینەن تاس و عەینەن حەمام” یەک حەرفی لێ نەگۆڕاوە نە بۆی زیا کراوە نە لێیشی کەم کراوەتەوە و یەک ملیۆن ساڵی تریش هەر وا ئەمێنێتەوە، کەواتە گەر چەن مزگەوتێ بکرێن بە یەک هیچ لە وەزعەکە ناگۆڕێ و هەمووشما ن ئەزانین کە فەریزەی نوێژ وەک عەسکەری ئیلزامی نیە هەر لە مزگەوتا بێ خۆ کە ئیسلام لە قوڕیشەوە سەری هەڵا مزگەوت هەر نەبوو ، لە بەرامبەر ئەم نەگۆڕانەی لە مزگەوتا هەیە کارگەیەک ئەمساڵ دروست بکرێ دوای دە ساڵی تر بەرهەم و سەرمایا یەکە زیا ئەبێ و پیۆیستی بە هێزی کارکردنی زۆرتر ئەبێ و ئەبێتە دەرفەتێک بۆ دامەزراننی زیاتر و بە شێوەیەکی ئوتۆماتیکی باری ئابووری زیاتر گەشە ئەکا و بەرفراوانتر ئەبێ ، بەڵام هەزار و چوارسەد ساڵە یەک ڕستە بۆ دەقەکانی مزگەوت زیا نەبوە ، خۆ گەر مەسەلەی خودی نوێژ یش بخەینە ئەولاوە ئەوە باس و خواستەکەی کە لە لایەن مەلاوە ئەخوێنرێتەوە هەر هەمان شتە کە ئەویش : زینا .. سەربڕینی مولحید و مونافیق ، ژن هێنان بە دەرزەن…حۆری ..شەرابی بەهەشت..شەڕی ئحم و ئوحود.. نیقاب ..حەرام بوونی عەتر ..کڕینی بەرماڵی خۆکردن بە بەهەشتا.و..و. هتد…ئێستاش بابەتێکی زیا بوە کە لقە جیاکانی ئیسلام ئیخوان و سەلەفی لە مزگەوتەکانیانا هەرچی خراپ و “زمانی شەیتانە !! بە یەکتری ئەڵێن هەر بە ناوی ئیسلامەوە ..ئەمە جگە لەو هەموو ئاو و کارەبایەی وەک شەرابەکەی بەهەشت بە خۆڕایی وەرئەگیرێ، بەڵام گەر ” خوانەکردە ~! بەشێک لە مزگەوتەکان بکرێن بە کارگە ” کە ئەمەش لە مەودای ئەقڵی دەسەڵاتا نیە ” جوڵەیەکی ئابووری ڕوو لە بەرهەم هێنان ئەکەوێتە بازاڕ و ناو ژیانی خەڵکەوە ، هەم کرێکار معاش وەرئەگرێ هەم خاوەن کارگە باج و ڕسوماتی ئسوڵی خۆی ئەیا بە حکومەت کە ئەمەش دوو شەشە بۆی !!
ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە هاتنە کایەی کارگە و پيشەسازی ئەبێتە مایەی دروست بوونی نەقابەی ڕاستەقینەی کرێکاران نەک ئەو علوجەی ئەمڕۆ هەیە ، بەمەش زەمانەتێکی ئیداری و پیشەیی دروست ئەبێ بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی کرێکاران..
خۆ ئەگەر ئەم وەزعەی ئێستا هەیە بەردەوام بێ ڕۆژێک یەت هەر خانوویەک مزگەوتێکی لە تەنیشتەوە ئەبێ گەر کرێ چی نەبێ تیایا وئەوەی لە موکەبەرەکانەوە ئەووترێ هەر هەمان شتە و ووڵات بێ پیشەسازی و گومەزەکانیش هەر بە ئاڵتون لەبخ ئەکرێن جا ئەوەی پێ ی خۆشە مسۆگەر ئەهلی بەهەشتە و ئەوەی پێ ی قەڵسە بێ دوو دڵی خۆی حازر کات بۆ جەهەنەم مەگەر تەشەبوزێکی باش و واسیتەیەکی گەورەی ” ئەوقاف”ی هەبێ یان بەرماڵێکی مزگەوتی بەهەشتی کڕی بێ….
لە ئەوروپاش کەنیسە هەیە بەڵام لە بێ دەنگیا هەستی پێ ناکەی ، کارگە و بەرهەمهێنانیش نەوەستاوە چونکە لێرە وەبەر هێنان هەر شوققە نیە بەڵکو بەرهەمی پيشەسازیش بەبەرهەمی تەکنەلۆجییەوە ،..خۆزگە بۆ یەک جاریش مەلاکان پێیان ئەووتین لە کوێ ی شەریعە و حەدیس ئەو دەقانەی تری ئیسلام باس لە کرێکار و پیشەسازی تەکنەلۆجیا کراوە ؟!! تۆ بڵێ ی ئەو باسانە لە فەرهەنگی شەیتانا نەبن وا ئەمان خۆیان لەقەرەی نایەن…!!

پشکۆ ناکام




توندبوونەوەی گوشاری جەنگی و دۆخی کۆماری ئیسلامی.. دیمانەی جەلیل جەلیلی لەگەڵ حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە جەلیل جەلیلی: دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، گرژیی جەنگی نێوان کۆماری ئیسلامی و هێزە بە وەکالەتەکانی لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر بووە. لە هەموو جێگایەک باس لە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی لە وەڵام بە تیرۆری ئیسماعیل هەنیە لە تاران دەکەن. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەمیشە شانازی بە تۆڵەسەندنەوەی توند و تەمێکردنی ئیسرائیل و هاوشێوەکانی دەکات. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی دیپلۆماسی دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژی و بڵاوبوونەوەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم دۆخە بەرەو کوێ دەڕوات و چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و لە خودی ئێراندا هەیە؟ ئەم بابەتە لەگەڵ حەمید تەقواییدا تاوتوێ دەکەین. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم بەرنامەیە لە ڕۆژی شەممە ١٦ی مورداد تۆمار دەکرێت و ڕەنگە تا کاتی پەخشەکە پێشهاتێکی نوێ ڕوویدابێت کە لەم بەرنامەیەدا باس نەکرابێت. حەمید تەقوایی، لەم گفتوگۆیەدا دەمانەوێت باس لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بکەین. بەڵام سەرەتا پێویستە ئەم پرسیارە بوروژێنم: پێتوایە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و لە ناوچەکە تا ئێستا هەبووە؟ حەمید تەقوایی: ڕوونە کە ئەم تیرۆرە تەنیا هێرشێک نەبووە بۆ سەر ڕابەری سیاسی حەماس؛ بەڵکوهێرشێک بوو بۆ سەر شکۆ و پێگەی کۆماری ئیسلامی. ئەو هەلومەرجەی کە لە دوای ئەم تیرۆرە هاتۆتە ئاراوە، بە تەواوی ئابڕووییە (حەیسێتی)ە بۆ ڕێژیم. بێگومان کۆماری ئیسلامی هیچ ئیعتبار و کەرامەتی لە نێو خەڵکی ئێران و تەنانەت خەڵکی جیهانیشدا نەبوو کە لەدەستی بدات؛ به ڵام له نێو هێزه به وه کاڵه کانی و هێزه ئیسلامییه کان به گشتی له ناوچه که دا پێگه یه کی هه بوو و به تایبه تی ئەو بانگه شانەی کەهەیبوو، هه مووی به م تیرۆرکردنه بوونە بڵقی سەرئاو. کۆماری ئیسلامی بە ئاڵای مەرگ بۆ شەیتانی گەورە و بەگشتی دژە ڕۆژئاوایی و دژە ئیسرائیلیزم خۆی بە ناوەند و ڕێبەری بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە دەزانێت و تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، ئەویش لە کاتێکدا بانگهێشتی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ڕێژیم کرابوو وەک میوانی ڕەسمی کۆماری ئیسلامی، گورزێکی کاریگەری لەم دۆخە و بانگەشەکانی حکوومەت داوە. دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەمەش بێ ئیعتیباری کۆماری ئیسلامییە لە نێو هێزە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆر گرنگە حکومەت بە جۆرێک قەرەبووی ئەم گورزە بکاتەوە. ئەمجارە بابەتەکە جیاوازە لە ململانێکانی ڕابردوو، بۆ نمونە دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی یان هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ڕژێم لە سوریا. جیاوازە، بۆ ڕژیم، واڵامدانەوە بەم ڕوداوە ناسنامەیی و ستراتیجیە. هەروەها ئەوەش ڕوونە کە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە پێگەی ناوچەیی خۆیدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لە خودی ئێراندا هەیە. تا ئێستا خەڵک هەموو جۆرە نوکتە و گاڵتەو مەتێڵکیان بەرسەر دەسەڵاتدا داهێناوە. لە هەموو شوێنێک باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی ئیسرائیل تا مۆخی ئێسک و پروسکی ئەم حکومەتە هاتۆتە ناوەوە و ڕژیم هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر بارودۆخی ئەمنی خۆیدا نییە. کلیپی ڕووخساری نیگەران و دڵەڕاوکێی خامنەیی لە کاتی نوێژکردن لەسەر تەرمی هەنیە و کۆپی و بڵاوکردنەوەی لە ئاستێکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیا هاوکات لەگەڵ کۆمێنتی پڕلەسوکایەتی لە دژی حکومەتەکەی، بە شێوەیەکی ڕەمزی گوزارشت لە دۆخی ڕێژیم لە دوای ئەم تیرۆرە و کاردانەوەی کۆمەڵگا بەرامبەری دەکات. لەم ڕوانگەیەوە کۆماری ئیسلامی ناچارە بە جۆرێک ئەم دۆخە ناخۆشەی کە دوچاری بووە بگۆڕێت. جەلیل جەلیلی: ئەو دۆخەی باست کرد، گرژیی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی ئیسرائیلی زۆر توندتر کردووەتەوە. هەمووان باس لە هێرشی نزیکی ڕژیم بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن. بەڕای ئێوە ئەگەری دەستپێکی شەڕێکی بەرفراوان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل چەندە؟ حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی تەواو و ڕاستەوخۆی سەربازی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل زۆر لاوازە. لە نموونەی ئەو گرژیە سەربازیانەی کە تا ئێستا بینیومانە، هیچیان لە ململانێیەکی سەربازی سنووردار و کۆنترۆڵکراو تێنەپەڕیوە. مەسەلەکە بۆ کۆماری ئیسلامی چەندە گرنگ و ناسنامەدار بێت، ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ڕێژیم توانایی سەربازیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل نییە و زۆر باش دەزانێت کە دۆڕاوی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەو شێوەیە دەبێت. وتنەوەی دروشمی بمرێ ئیسرائیل و دروشمەکانی تری حکومەت لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، وەک دروشمی مەرگ بۆ شەیتانی گەورە، بە گشتی گرنگییەکی پڕوپاگەندەیی و گوتارییان هەیە بۆ حکومەت نەک مانایەکی کردەیی- سەربازی. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ئیسرائیل نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕووبدات. وڵاتانی ڕۆژئاوا ململانێیەکی لەو شێوەیەیان ناوێت. تەنانەت حکومەتی چینیش وێڕای شەرمەزارکردنی تیرۆری هەنیە، ویستی خۆی لە تۆڵەسەندنەوە و توندترکردنی ململانێی لایەنەکان بەدوور بگرێت. هەروەها هەوڵی دیپلۆماسی بۆ پێشگرتن لە شەڕ دەستی پێکردووە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دروست بوونی شەڕێکی تەواو لە نێوان هەردوو حکومەتدا نزیکە لە مەحاڵەوە. مەسەلەیەک کە زۆرتر ئەگەری هەیە هێرشی مووشەکیی ڕێژیمە بۆ سەر ئیسرائیل. هاوشێوەی ئەوەی دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ڕژیم لە سوریا ڕوویدا. بەڵام ئەمجارە ڕەنگە بە پاڵپشتی و چالاکی هێزە بە وەکالەتەکانی حکومەت دژ بە ئیسرائیل. ئەم سیناریۆیە ئەگەری هەیە؛ بەڵام لەم حاڵەتەدا ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لەوە تێناپەڕێت کە تا ئێستا بینیومومانە. ئێستا زیاتر لە دە مانگە حەماس بووەتە ئامانجی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل کە زۆربەیان خەڵکی بێتاوانی غەززە بوون. حزبووڵا لە لوبنان و لە نێو خەڵکی ئەو وڵاتە پێگەیەکی ناسکی هەیە و ناتوانێت لەو موشەک هەڵدانی پەرشوبڵاوە تێپەڕێت کە تا ئێستا ئەنجامی داوە. هەر جۆرە بەرفراوانبوونی ململانێی نێوان حزبوواللە و ئیسرائیل، شەڕەکە دەگەیەنێتە سەر هەموو لوبنان و هەموو کۆمەڵگە دەخاتە ڤەرانبەر حزبوواللە. لە مانگی فەروەردینی ئەمساڵدا “تۆڵەی توند”ی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە موشەکەکاندا سنووردار بوو کە زۆربەشیان نەگەیشتنە ئیسرائیل. ئەمجارە زۆرترین ئەم لەم جۆرە هێرشانە دەبین بە بەشداری زیاتری حزبواللە. ڕەنگە یەک دوو وەڵام لە لایەنەکانی پرسەکەوە چارەسەر بێت. جەلیل جەلیلی: ئایا هەر ئەم مووشەک هاویشتنانە نابێتە هۆی زنجیرەیەکی نوێی ڕێوشوێنی سەربازی بەرامبەریەکتر؟ ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی سیاسی ئێران هەیە؟ حەمید تەقوایی: بەڵێ ئەمە مومکینە و ئەمەش یەکێکە لە مەترسییەکانی ئەم دۆخەیە. ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل وەڵام بداتەوە و ئەمەش بەردەوام بێت. ئه م دۆخە ده توانێت سه ڕنج له شه ڕێکی ڕاسته قینه کە لەنێوان خەڵک وکۆماری ئیسلامیدا لە ئارادایە بەلا ڕێدا بەرێت. بەشێوەیەکی گشتی یەک ئامانجێكی حکومەت لە گەشانەوەی ئەم کەشوهەوای شەڕ و سووکایەتیکردنە بە ئیسرائیلە، ئەوەیە کە بەلاڕێدا بردنی سەرنجەکان و گۆڕینی ڕوخساری مەسەلەکەیە. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە شەڕی خەڵکی ئێرانە لە دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووخاندنی حکومەت. نزیکەی دوو ساڵە شەڕەکە بەردەوامە. بزووتنەوەیەکی زەبەلاح لە ئێراندا بە دروشمی ژن ،ژیان ،ئازادی و بە ئاڵای ڕووخاندنی حکومەت لەجووڵەدایە. لە وەها بارودۆخێکدا بنەمای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی،ئەوەیە کە پاشکشە بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بکات، شێوازی مەلەکەبگۆڕێ، سەرنجی و هزری گشتی جیهانی و خەڵکی ناوچەکە و خودی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات و لەژێر سایەی ئەودا درێژە بە سەرکوتکردن و لەسێدارەدان و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئێران بدات و چڕتری بکاتەوە. تەنانەت ئەگەر ململانێ سەربازییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و کۆنترۆڵکراو بن یان وەک زنجیرەیەک بەردەوام بن، ئامانج و مەبەستی کۆماری ئیسلامی دواجار ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ئێرانە. پێم وایە ئەمە بابەتی سەرەکییە. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی کەشوهەوای شەڕ و گرژی و ژاوەژاوی جەنگ. ئەو زنجیرە ململانێ سەربازییە دەتوانرێت لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا بێت و بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆی کەڵکی لیوەربگیرێت و ئەوە لە سەر ئێمە، هێز ەکان و تێکۆشەرانی بەشدار لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە خودی ئێراندایە، کە ئەم هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکەینەوە. جەلیل جەلیلی: لەم دۆخەدا حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هەموویان باس لە ئارامگرتن و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەن و بەو ئاراستەیە دەستیان بە چالاکیی دیپلۆماسی تاڕادەیەک بەرفراوان کردووە. ئایا ئەم هەوڵانە دەتوانن کاریگەر بن و ڕێگر بن لە تەشەنەسەندنی ڕووبەڕوو بوونەوە سەربازییەکان؟ حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەم هەوڵانە دەتوانن بگەنە ئەنجامێک کاتێک ڕێگایەک پیشانی کۆماری ئیسلامی بدەن کە لانیکەم ئەو سوکایەتییەی کە دوچاری بووە کەم بکاتەوە. ڕێگایەک کە ڕژێم بتوانێت ڕووخساری خۆی بەجوانی بهێلێتەوە، بە بێ ئەوەی شەڕێک و تەنانەت هێرشی سەربازیی بەردەوام ڕووبدات. ئەوان دەیانەوێت فۆرمولەیەکی لەو شێوەیە بدۆزنەوە. لە حاڵەتەکانی پێشووشدا هەمان شت بوو. بەڕای من جاری پێشوو کە کۆماری ئیسلامی بە موشەک هاوێشتن وەڵامی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتەکەی دایەوە ، تا ڕادەیەکی زۆر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ئاگادار بوون، خۆیان ئامادە کردبوو، هەر بۆیەش توانیان پێشتر زۆربەی موشەکەکان بەر لەگەیشتنیان بەخاکی ئیسرائیل بخەنە خوارەوە و حکومەتی ئەو وڵاتەش ڕازی بکەن کە ڕازی بن بە وەڵامێکی سنووردار و بێدەنگ. ئەمجارەیان بەدوای ئەو جۆرە ڕێکخستنانەدا دەگەڕێن. ئەوان دەیانەوێت ڕێگایەک لە بەردەم کۆماری ئیسلامی دابنێن کە وێڕای ئەوەی بتوانن بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم گورزە پوچەڵ بکەنەوە و تا ڕادەیەک ناوبانگی لای لایەنگرانی بگەڕێننەوە، پێش بە درێژەدان و فراوانبوونی شەڕەکە بگرن. بەم زووانە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی نیشانی دەدات کە ئەو هەوڵانە چەندە سەرکەوتوو بوون. جەلیل جەلیلی: ئامانجی حکومەتی ئیسرائیل لەم نێوەدا چییە؟ ئایا چوونەسەری گرژی سەربازی لە بەرژەوەندی سیاسەتەکانی نەتانیاهۆ دا نییە؟ حەمید تەقوایی: حکومەتەکەی نەتانیاهۆ وەکو چەندین جار ڕایگەیاندووە، دەیەوێت شەڕەکە بەردەوام بێت تا لەناوبردنی حەماس و لەڕاستیدا تا پاکتاوی نەتەوەیی لە کەرتی غەززە. لەم ڕوانگەیەوە هێرشکردنە سەر ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس و لە هەمان کاتدا هێزی دەست ومەچەکی نیشاندا بە کۆماری ئیسلامی کە بە ئاشکرا بە قسە و کردار پشتیوانی لە حەماس و حیزبوڵڵا و هێزە ئیسلامییەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات بە پایەی سیاسەتی جەنگی حکوومەتی نەتانیاهۆ دادەنرێت . لە لایەکی ترەوە ئەو تاوانە جەنگی و جینۆسایدانەی کە ئەم حکومەتە لە کەرتی غەززە و لە دژی خەڵکی بێتاوانی ئەم ناوچەیە ئەنجامی داوە پێگەی نەتانیاهۆی نەک تەنها لە بیروڕای گشتی خەڵکی جیهان بەڵکو تەنانەت لە چاوی ئەو دەوڵەتانەشەوە کە لە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێدەکەن و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تر لە خودی ئیسرائیلیشدا لاواز بووە . ئامانج لە کردەوە تیرۆریستییەکانی حکومەتی ئیسرائیل، بەجۆرێک پوچەڵکردنەوەی ئەم فشارانە. ئۆپەراسیۆنێکی وەک تیرۆرکردنی هەنیە دەتوانرێت بە جۆرێک لە قەدەرقودرەتی دەسەڵاتی حکومەتی ئیسرائیل و هەنگاوێک بەرەو ئامانجی ڕاگەیەندراوی لەناوبردنی حەماس هەژمار بکرێت؛ بەڵام مەسەلەکە لەوە زیاترە. ئەگەر ئامانج تەنها لێدانی حەماس بووایە، دەکرا ئەم تیرۆرە لە قەتەر لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسماعیل هەنیە ئەنجام بدرێت؛ بەڵام تاران هەڵبژێردراوە؛ چونکە تیرۆرکردنی لەتاران دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ حکومەتی نەتانیاهۆ تا سەرنج لە تاوانەکانی کەرتی غەززە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئاراستە بکات. کۆماری ئیسلامی پێویستی بە گرژیی جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە بۆ ئەوەی سێبەری تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ئێران ونبکات و حکومەتی ئیسرائیلیش پێویستی بە بەلاڕێدابردنی هزرەکانە لە تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی کەرتی غەززە. ئەو دە مانگەی کوشتن لە کەرتی غەززە نەک هەر بیروڕای گشتی جیهانی لە دژی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ وروژاند، بەڵکو بووە هۆی ئەوەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کە پشتیوانی لێدەکەن جەخت لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ و ئازادکردنی بارمتەکان بکەنەوە. لە خودی ئیسرائیلدا، نەتانیاهۆ و کابینەی جەنگیەکەشی ڕووبەڕووی دژایەتیی فراوانی خەڵک و تەنانەت حزبە دەسەڵاتدارەکانی پێشوو دەبنەوە. ئەم بارودۆخانە وایکردووە حکومەتەکەی نەتانیاهۆ بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا دەست بۆ سەرکێشیە سەربازییەکان ببات. لە هەلومەرجێکی وادا ئۆپەراسیۆنێکی وەک تیرۆرکردنی هەنیە لە تاران دەتوانێت بۆ ماوەیەک سەرنجەکان لەوەی کە لە غەززە دەگوزەرێت بۆ توندبوونەوەی گرژیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕابکێشێت بەبێ ئەوەی بەڕاستی بەرەیەکی نوێ بکرێتەوە. حکوومەتی ئیسرائیل ئەو ڕاستییە دەزانێت و حسابی بۆ دەکات کە کۆماری ئیسلامی چ ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هێزە بە وەکالەتەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەرفراوانی لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا نییە. لە ڕاستیدا ئەو ململانێ سەربازییە کاتیانەی کە ئێمە شایەتحاڵین، بۆ هەردوولایان زۆرتر بەهای سیاسی-پڕوپاگەندەی هەیە. یەکێکیان نایەوێت و ئەوی دیکەیان ناتوانێت ئەم ململانێ کاتییانە بکاتە شەڕێکی تەواو. پێویستە بگوترێ کە ڕەگ و بنچینەی ئەم هەلومەرجە شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەی دوو هێزی فاشیستی ئایینییە کە لە کارەساتی ئاوارەبوونی خەڵکی فەلەستین قازانج دەکەن و بە تاوانەکانی لایەنی بەرامبەر تاوانەکانی خۆیان پاساو دەدەن. ئه مڕۆ له دنیا و له خودی ئیسرائیلدا خه ڵک له گه ڵ داوای ڕاگرتنی ده ستبه جێی شه ڕ هاتونه مه یدان و له م نێوه دا به تایبه تی خه ڵکی ئێران که ڕابەرایەتی بزوتنه وه یه کی به ڕفراوان و به ڕده وام دژ به کۆماری ئیسلامی ده که ن، دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە ڕزگارکردنی ناوچەکە لە خراپەی ئەو هێزە نامرۆڤانەدا. جەلیل جەلیلی: با بگەڕێینەوە ناو کۆمەڵگەی ئێران. ئاماژەت بەوە کرد کە پرسی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ئێرانە. بە بڕوای ئێوە، ئەم بارودۆخانە چ کاریگەرییەکی لەسەر خودی کۆمەڵگەی ئێران و لەسەر ئەو بزووتنەوە زەبەلاحە کە خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبەن، چییە؟ چی بکرێت بۆ پوچەڵکردنەوەی دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم کەشوهەوای شەڕە؟ حەمید تەقوایی: پێویستە دیسان جەخت لەوە بکەمەوە کە خودی ئەم گرژییە، خودی ئەو ڕاستییەی کە هەمووان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و حکومەتەکانەوە تا خەڵکی ئێران، باس لە ئەگەری هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامی و شەڕ و کردەوەی سەبازی بەرانبەر دەکەن، خودی ئەمە دەتوانێت لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا بێت بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات کەشی ناڕەزایەتی و چەوساندنەوە لە ئێراندا بشارێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو شەڕە ڕاستەقینەیەی کە لە ئارادایە، شەڕی خەڵکی ئێرانی لەدژی حکوومەت پاشەکشە پێبکات و گوتار و سەرنج بۆ ئەوەی لە نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا چی ڕوودەدات تا ئەوجێگەی کە پەیوەندی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە، زۆر لەمەوبەر ئەو جۆرە فێڵانەیان پووچەڵ کردووەتەوە. ئەم جۆرە هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی زۆرتر ببنە هۆکاری ئەوەی پێبکەنن و تەنزوگاڵتەو گەپی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی تا شکست و تۆقاندن. خەڵک دەزانن تا کۆماری ئیسلامی هەبێت، ئەم گرژی و کەشوهەوای شەڕە بەردەوام دەبێت. سەردەمانێک ئەم کەش و گرژییەی شەڕ لە پێوەندی لەگەڵ ئەمریکادا باس دەکرا و ئێستاش ئەم باسە لە پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل باس دەکرێت. کۆماری ئیسلامی هەمیشە سوودی لەم شەڕ و بارودۆخە ئاڵۆزانە وەرگرتووە. بەم شێوەیە هەوڵ دەدات بوونی خۆی وەک هێزێک لە دژی شەیتانی گەورە و هێزی سەرەکی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی دژ بە ڕۆژئاوا و ئیسرائیل ڕەوایەتی پێبدات و بچەسپێنێت. به ڵام ئه مه له خودی ئێران و له نێو خه ڵکی ئێراندا کڕیارێکی نابێت. دەمێکە حکومەت دەستەکەی ئاشکرابووە و خەڵک چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دوژمنمان لێرەیە، ئێمە دژی کۆماری ئیسلامی دەجەنگین. ئەمجارە بە بڕوای من تا ئەو جێگایەی کە بە دەبێ چی بکرێی خەڵک دەگەڕێتەوە، ڕێگای پوچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە خەڵک پێداگری لەسەر خەبات و داخوازییە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی و لەسەر مافەکانی خۆی بکات، لە دژی ئەم کەشوهەوای شەڕە، شوێن خەباتەکانی خۆی بکەوێت و ناڕەزایەتیەکانی لە دژی کۆماری ئیسلامی فراوان بکاتەوە. کۆمەڵگە بەهیچ جۆرێک نابێت تەنانەت لەچاوەڕوانیدا بمێنێتەوە تا ئەم دواین ئەڵقەیە کۆتاییە بگاتە کۆتایی. پێشتر هیچ پچڕانێک لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا نەبووە. وەبیرتان دەهێنمەوە کە ڕۆژی دوای هێرشی مووشەکیی ڕژیم بۆ سەر ئیسرائیل، گەورەترین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان لە تاران بەڕێوەچوو و یەکێک لە دروشم و داواکارییەکانی کۆتایی ئەم کەشوهەوای شەڕ و سەرکێشییە جەنگییەکانی ڕێژیم بوو. پێویستە ئەمجارەش بە هەمان شێوە هێرش بکرێتە سەری. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە و دەرئەنجامەکانی ئێستا بووەتە بابەتی گاڵتە و تەنزی خەڵک و هێرشی خەڵک بۆ سەر حکومەتێک کە دەیەوێت بە دژایەتی ئیسرائیل و دروشمی جەنگ و گرژی ناوچەیی خۆی لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە. خەڵک ئەمە دەزانێت و ئەم هۆشیارییە دەبێ و دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بە نیزام. ڕژیم لە سایەی ئەو هەلومەرجە گرژانەدا هەوڵی فراوانکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و گرتن و لەسێدارەدان دەدات. ڕێگای پوچەڵکردنەوەی ئەم هەوڵە تاوانکاریانە ئەوەیە کە زیاتر هێرش بکرێتە سەر حکومەت. هێنانە خوارەوەی کۆماری ئیسلامی تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاربوون نەک تەنیا خەڵکی ئێران بەڵکو خەڵکی هەموو ناوچەکە لە هێزە فاشیستەکانی هەردوو دیوی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە سەبازییە.

١٧ی موردادی ١٤٠٣، ٧ی ئۆگەستی ٢٠٢٤ لە لاپەڕەی گۆڤاری نێودەوڵەتیدا هاتووە




خوێن لە دەرگای کەرکووک دەدات.. شێرزاد حەسەن رەزا

محەمەد عەفیفی یەکێکە لە تەنزنووسە میسریە بەناوبانگەکانی جیھانی عەرەبی،لە کتێبی (تەنھا بۆ گەورەکان)دا دەڵێت: ئەگەر پیاوێک بەهۆی برسێتییەکی زۆرەوە بمرێت، ئەوە هۆکاری هیچی تر نییە جگە لەوەی پیاوێکی تر لە هەمان ساتدا بەهۆی تێربوونی زۆرەوە مرد…!ئەمە یەکسانیە یان دادپەروەری وەک ئەوەی لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستاندا،لە کادرێکی مارکسی دەپرسن،خودا دادپەروەری یان یەکسانی دەوێت ،ئەویش دەڵێت دادپەروەری.چونکە ئێمەی چەپ یەکسانیمان دەوێت و باوەڕدار نین.
لە بڕگەیەکی تری نووسینەکانی عەفیفی دا ھاتوە، زۆر حەزم لەخوێندنەوەی کتێبی خەیاڵیە،بۆ نموونە دوێنێ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤم ! دەخوێندەوە..
لێرەوە دەمانباتەوە ناو ئەو گاڵتەجاڕیە بەناوی مافی مرۆڤ و نەتەوە و مەزھەب و ئاینەوە دەکرێت و خەڵکی پێ فریو دەدرێت.
لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو،،خەڵکی گەرەکی شۆرەجە بۆ گەیاندنی داواکاری راکێشانی کارەبا بۆ بەشێک لە گەڕەک،کە تاو ئەو کاتەش کارەباییان پێ نەگەیشتوە ،بە کۆمەڵ دەکەونەڕێ بۆ لای موتەسەریف ،لە کاتی پەڕینەوە لە پردی خاسە،صالح کە یەکێک لە مشروب خۆرەکان و لەناو ئاپۆڕایی جەماوەردا ھاواردەکات.خەڵکینە ھەموو تاوانی ئەم گۆرگیسە نەعلەتیە کە ئارەق دەفرۆشێتە بەرپرس و موسڵمانەکان ،ھەر ئەمە وایکردوە ھەموویان سەرخۆش بن وئاگایان لە رەعیەت نەمێنێت.
مامە گۆرگیسی بەسزمانیش ھەموو تاوانی ئەوەیە ،پارەی زۆری لای صاڵەحەوە ،چیتر ئارەقی بەقەرز پێ نەداوە..
لەناو ھاوار و زەڵەی خەڵکەکەدا ھەڵدەکوتە سەر دوکانەکەی گۆرگیس و تێکوپێکی دەدەن،صاڵەح فرسەت دێنێ دەفتەری قەرزەکان دەبات..
پۆلیس و باڵباز دەکەونە وێزەی خەڵکەکەوە بڵاویان پێ دەکەن،بۆ رۆژانی دواتر صاڵەح دەچێتە نزیک مام گۆرگیس کە خەریکی دوکانە وێرانەکەیەتی،،پێ دەڵێت:ئارەقم پێ نادەی بەقەرز ئەوە ئەنجامەکەیەتی،مەمنوونی خوابە کە نەکوژراوی و بەساغی ماویت.
مام گورگیس دەڵێت :صاڵەح تۆ دەفتەری قەرزەکەم بۆ بێنەوە،وەعد بێت، قەرزەکانی تۆ رەش بکەمەوە و دووبوتڵی عەرەقی گوڵناریشت بە دیاری پێ بدەم..
ئەوەی دەستکەوتی موزەھەرەکەبوو، کارەبای گەڕەکی شۆرجە نەکراو و صاڵەح دووبوتڵ عارەق و مام گورگیسیش دوکانەکەی تێک پێکدرا..
گەر بەوردی بە رەھەندەکانی ئەم بەسەرھاتەدا بچینەوە،بە ئاشکرا لە ھەموو لایەکەوە بەردەوامی بە کێشەی کەرکووک دەدرێت ،لەسەر بنچینەی ئاینی و مەزەبی و قەومی و چی و چی..کۆتایی ئەم ھاتن و چوون و رێکنەکەوتن و یاریە سیاسیانە باش نابێت،خوێنێک و ماڵوێرانێک چاوەڕێ ی کەرکووک دەکات،کە رەنگە بە ھیچ باڵباز و قومیسەرێک شەڕەکە کۆتایی پێ نەھێنرێت.چارەسەری کێشەی کەرکووک لە کەرکووکە نەک جێگەی تر.ماڵوێرانی و ئاوارەی و نائارامی ھەربۆ کەرکووکە نەک شوێنی تر.
کورد و تورکمان و عەرەب و کێ و کێ متمانە و راستگۆیان گەرەکە نەک کۆبوونەوەی گەورەو ئەنجامی ھیچ.فرسەتە دوور لە چاوی کامێراو راگەیاندنەکان کۆبوونەوە بکەن و بگەن بە رێک کەوتن .زۆرترین دروشمی درۆینەمان لە راگەیاندنەکانەوە گوێ لێ بوو،وەک گاڵتەجاڕی مافەکانی مرۆڤ ،کەمترین کردارمان بینی.با خەڵکی کەرکوک نەمرێت لەبرسا و لە شوێنی تر ،خەڵک لە زۆرخۆری و تێردا دەمرن،مەکەونە دوای ھات و ھاواری صاڵەحەکان،ئەگەر نا کەرکووک بێ کارەبا دەمێنەوە و دوکانەکەی مام گورگیسیش وێران دەکرێت.خۆتان دەفتەری قەرزەکان رەش بکەنەوە.
خوێن لە دەرگایی کەرکووکدا دەدات و ھەڵکەوتەی جوگرافیایی شارەکە شێوە بازنەیی ھەیە و دەرگایی زۆرە بۆ ئەوەی واڵا بکرێت.لە ھەر ئان وساتێکدا ئەو خوێن و شەڕە بەرۆکی ئەو شارە دەگرێت.ناکرێت لە شارێکدا بەناوی جیاجیا ھێزی چەکدار و ئامادە ھەبێت،لە ھەر ماڵێکدا چەک و جبەخانە ھەبێت،شارێک خۆی لە لێوان لێوبێت لە بارووت و نەوت و بەنزین،لە ھەموو لایەکەوە گڕ و ئاگر بدرێت،ئیدارەدان شارێکی وا خەڵکی عەلیم و حەلیمی گەرەکە،لەیەک بڵاچەی چەرخێکەوە ماڵی تورکمان و کورد و عەرەب و مەسیحی و کلدانیش دەبێتە قەرەبرووت،سیاسەتمەداری ژیر و سیاسەتی حەکیمانە ،ئەوەیە لەمپەر لەبەردەم ئەو ئاشووبدا بگرێت نەک ختوکەی یەکتر بدەن،بۆ ھەڵگیرسانی شەڕێک کە خوا وخەڵک و شارەکە ناوێت.

شێرزاد حەسەن رەزا




به توندی سەرکۆنەی داخستنی بارەگای حزبەکان و دەستبەسەراگرتنی دارایـیەکانیان دەکەین.. ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

ڕۆژی (١-٨-٢٠٢٤)، کۆمسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە (ئەنجومەنی باڵای دادوەری) عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک حزبی دەرکرد، کە هەر سێ حزبی: (ئازادی و دیموکراسی)، (بەرەی خەباتی دیموکراسی)، و (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان)ن، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندیـیان بە لایەنی بیانیـیەوە هەیە و مەترسیـین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
بەپێی ئەو بڕیارەی کە (کۆمیسیۆنی دادوەری هەڵبژاردنەکان) دەریکردووە، دەبێ ئەو سێ حزبە سیاسیـیە هەڵبوەشێنرێـنەوە، بارەگاکانیان دابخرێت، و دەست بەسەر دارایـیەکانیاندا بگیرێت.
ئەم بڕیارە کە دژ بە ئازادی کاری سیاسی حزبەکانە، مەبەست لێی پتەوکردنی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی سیاسیـیە، کە ئەمە خۆی یەکێکە لە ئامانجەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیـیە (ئابووری، سیاسی، ئەمنی، و سەربازی)یانەی نێوان هەردوو ڕژێمی ئیسلامی-قەومی لە عێراق و ڕژێمی قەومی-شۆفێنیست لە تورکیا، بە هاوکاری حزبە قەومیـیە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان.
سەپاندنی پاشەکشە بەسەر ئەم ڕژێم و حزبە بۆرژوازیانەدا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پلانە هاوبەشانەیان، کە مەبەستیانە هەرچی زیاتر ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی سیاسی زاڵ بکەن بەسەر کۆمەڵگادا، هەروەها بە واقیعکردنی ئازادیـیە سیاسی و حزبـیـیەکان دژ بەو ڕژێم و حزبە بورژوازیـیانە، هەموو ئەمانە پێویستی بە خەباتێکی یەکگرتوو هەیە لە لایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخوازەوە لە هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا، ئەمەش لە میانەی هێنانەدی و پەرەپێدان بە ڕیزی خەباتی ئینتەرناسیونالیستی و سۆشیالیستی یەکگرتوویانەوە.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) ئەم بڕیارە سەرکۆنە دەکات، چونکە پێشێلکاری و دەستدرێژیکردنە سەر ئازادیـی سیاسی و ڕێکخراوەیـیە و ئامانجی داسەپاندنی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیـیەتی سیاسیـیە. وە داوا لە هەموو داکۆکیکارانی ئازادی سیاسی و ئازادی کاری حزبی دەکات، دژ بەو بڕیارە بوەستنەوە و کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بکەن.

١٥-٨-٢٠٢٤

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق




مژده‌.. شیعری ستار ئەحمەد

شه‌كره‌ ژنێك..
چێژه‌ عه‌شق،
نوقڵه‌ هیوا،
به‌فره‌ سۆزم پێده‌به‌خشێت.
ژنێك چوون شیعر،
له‌ئه‌وینا سه‌رمه‌ست و شێت.
ئێواران نسرمه‌ ‌سۆز،
شه‌وان شه‌رمه‌ خه‌و،
رووناكی دڵ،
له‌ئاسۆی ده‌روونی هه‌ڵدێت.
زه‌رده‌ی به‌یان هه‌ڵده‌سێنێ،
شاباڵی ئه‌مه‌ك توند ده‌گرێت.
هه‌تا ده‌گاته‌ ترۆپكی،
گه‌رمه‌ هه‌ناوی نیوه‌ڕۆ،
وێڵه‌ ژنه‌،
به‌دوای خۆی و رۆحی من،
دوندی ده‌روونا ده‌گه‌ڕێت.
پیتێك له‌ئاونگی لێوی،
چرپه‌یه‌ك له‌ترپه‌ی دڵی
هه‌ناسه‌یه‌ك له‌ماچێكی،
سفرێك له‌گۆی مه‌مكه‌كانی،
له‌بریسكه‌ی نیگایه‌كا،
به‌گلێنه‌م ده‌شۆمه‌وه‌،
چاوانم ده‌كه‌مه‌ ریچكه‌ی .
خه‌ونی ئاڵ،
ته‌مه‌نی شه‌نگی ئاواتی.
له‌كۆشما هه‌نسك ده‌دات،
عومرێكی نوێم پێده‌نووسێ،
به‌رگی لاویم ده‌كاته‌ به‌ر.
ده‌مبا به‌ره‌و،
شه‌و چرای ژوان.
گوڵه‌ خۆزگه‌،
لاسكه‌ تاسه‌،
ره‌گی مژده‌م پێ ده‌ڕوێنێ،
ژنێك له‌بۆسه‌ی ژیانا..
چه‌شنی چیا،
بۆ مانه‌وه‌م.
بووه‌ته‌ چاكترین سه‌نگه‌ر.

ستار ئەحمەد




فەرمانبەرێك لەبەردەم دادگا.. ئیبراهیم ناودەشتی

پانزدە ساڵ دواى جەنگى جیهانى دووەم، ئۆتۆ ئەدۆلف ئایخمان، ڕۆڵەی کارڵ ئەدۆلف ئایخمان و ماریا چیفەرلینغ، لە شەوى (١١)ى مایسی (١٩٦٠)، لەنزیك بۆینس ئایرس-ى پایتەختى ئەرژەنتین، لەلایەن دەزگاى هەواڵگریی مۆساد-ەوە قۆڵبەست کرا و ڕفێندرا بۆ ئۆرشەلیمى پایتەختى ئیسرائیل بەمەبەستى ڕووبەڕووکردنەوەى بەو تۆمەتانەى کە ڕۆڵ و بەشداریی هەبووە لە قڕکردن و پاکتاوى ملوێنان جوو، وەک فەرمانبەرێکى ڕژێمى نازى.

ئەفسەرى لێکۆڵەر وتەکانى ئایخمان وەردەگرێت و ئامادەکاریی پێویست دەکرێت بۆ دادگاییکردنى کە بووە سەرنجڕاکێشترین ڕوداوى یاسایی دواى دادبینیی نێودەوڵەتى نۆرنبێرگ تایبەت بە تۆمەتبارانى جەنگ. ئایخمان (بە باڵا ناوەنجییەکەى، باریک، بەساڵاچوو، کەمێ سەر ڕووتاوە، چاو کزۆڵە)(١) لەبەرانبەر دادوەران و داواکارى گشتى و پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و چاودێران و ئامادەبووان، لەو ڕۆژەدا، دەخرێتە نێو قەفەزى بلوورینی دادگا و دادبینیی دەست پێدەکات.

چەندان پرسیار هەن سەبارەت بە ڕەوایەتیی قۆڵبەستکردن و ڕفاندن و دادگاییکردنى ئایخمان، ئایا دەوڵەتى ئیسڕائیل بە چ مافێک هاووڵاتیى پەنابەرى دەوڵەتێکى دیکە ڕادەگوێزێت و ڕادەستى دادگاى وڵاتەکەى دەکات؟ لە کاتێکدا ئەوەى لەمەڕ ئایخمانەوە زانراوە فەرمانبەرێکى لاوەکیی بووە و هەرگیز بەشداریی ڕاستەوخۆی لە پاکتاوى جەستەیی جووەکان نەکردووە؟ وێراى ئەوەى تەنانەت ناوى لەو (٣٨) سی و هەشت بەرگەى تایبەت بە تۆمەتبارە نازییەکان نییە؟ بەڵام لە بەرەئەنجامى بەڕێوەچوونى دادبینی و خستنەڕووى بەڵگە و دواندنى ئایخمان، دەردەکەوێت کە ئەو کەسە، هێندە ساکار و بێ گوناح نییە کە لە ڕووى یاساییەوە نەتوانرێت تۆمەتەکانى بەسەردا ساغ بکرێنەوە. سەربارى ئەمەش، دادگاییەکە، دەبێتە کلیلی کردنەوەى نهێنى تر و ئاشکرابوونى ڕیزێک تۆمەتبارى دیکە، کە هاوشێوەى ئایخمان و لە گەڵیدا، فەرمانبەر بوون و دواتر بە (گروپی ئایخمان) ناسێندران.

مەسەلەى دەستگیرکردن و دادگاییکردنى، پرسیارى ئایخمان خۆیشی بوو، پێى وابوو حەیفە بە کوشتن تۆمەتبار دەکرێت و دەیووت هەرگیز مرۆڤیکى نەکوشتووە و فەرمانى کوشتنی دەرنەکردووە. سەرەتا دادگا فرە کات بەفیڕۆ دەدات بۆ دۆزینەوەى تەنها بەڵگەیەکى تۆمەتبارکردنى، پەیوەندییەکى تەلەفۆنیی ئەو، وا لێکدەدرێتەوە کە پێشنیازى کوشتنى بە فیشەک کردووە، لێ ئەگەر ئەو (پێشنیاز)ەشی بە (فەرمان) بۆ هەژمار بکرێت، هێشتا سەختە بڕوا بەوە بکرێت کە ئایخمان (لە پێگەو ئاستێکدا بووە ڕێگەى پێدابێت فەرمان بە ژەنەڕاڵەکانى سوپا بکات).(٢) ئەو، ئەگەر بە جۆرێک، بەشداریى لە تاوانێکی کوشتنیش کردبێت، لەو کاتەدا ماوەى پتر لە پانزدە ساڵى بەسەردا تێپەڕیوە و تاوانەکە لەڕووى یاساییەوە کۆن بووە و سزاى لەسەر نادرێت، وێڕاى ئەوەى هەمیشە هاووڵاتییەک بووە کە ڕێزى لە یاسا گرتووە، هەڵبەت فەرمانەکانى هیتلەر، بە هەموو تواناى، ئەو وەریگرتووە و جێبەجێی کردووە، لەبرى -دەسەڵاتى یاسا- بووە لە ڕایخى سێیەم. لەگەڵ ئەمەشدا و لە سەروبەندى وتەوەرگرتن و لێپێچینەوەدا، دواجار ئەو (بیری دەکەوێتەوە کە تەواو هەستى بە لۆمەى ویژدان کردووە ئەگەر فەرمانەکانى جێبەجێ نەکردبا).(٣)

لە لایەک شەش دەروونزان، دواى وێکەوتن و لێوردبوونەوە لە وردودرشتى ژیانى، جەخت دەکەنەوە کە کەسایەتى ئایخمان (لە ڕووى دەروونییەوە و هەڵوێستى دەرهەق بە هاوسەرەکەى، منداڵەکانى، دایبابى نەک هەر ئاسایی بەڵکو دڵخوازانەشە)، هەروەها ئەو قەشەیەى بە بەردەوامیی لە زیندان سەردانى دەکرد، ڕایگەیاند کە ئایخمان (هزرى ئەرێنیی هەیە).(٤) لە لایەکى دیکەوە دەرکەوت لە ڕووى خێزانییەوە ئەو تێکەڵاویی لەگەڵ بنەماڵەى جووەکان هەیە، لە پەیوەندیی بە نازییەکانیشەوە ئایخمان ئاگاداری بەرنامەى ئەو حزبە نییە و تەنانەت کتێبی (خەباتى من)ى هیتلەرى نەخوێندووەتەوە.

دواى پەیوەندیی بە نازییەکانەوە، بەرپرسێکى، (فەرمان) بە ئایخمان دەکات کە (دەوڵەتى جوو)ى تیۆدۆر هرتزل بخوێنێتەوە. ئەو کتێبە، هزرى ئەو، بە خێرا و تاهەتا، بە ئاڕاستەى زایۆنیزم وەردەگۆڕێت. لێرەوە دەردەکەوێت کە یەکەم کتێب بووە لە هەموو ژیانیدا خوێندبێتیەوە و بە قووڵیی کاریگەریی لەسەرى دانابێت. ئەمە هانى دەدات کتێبی (مێژووى زایۆنیزم)ى ئەدۆلف بوهم-یش بخوێنێتەوە. سەبارەت بە خوێندنەوەیان، ڕەنگە هەوڵێکى بێ وێنەى لە ئایخمان خواستبێت، لەبەرئەوەى ئەو، هەرگیز دەستى نەبردبوو بۆ کتێبخانە خێزانییەکەى باوکى و (هەمیشە، بە پێی وتەى خۆی، بێزار بوو لە خوێندنەوەى هەر شتێک، بێجگە لە ڕۆژنامەکان).(٥)

پێدەچێت ئایخمان جیاوازییەکى ئەوتۆی لەگەڵ فەرمانبەرانى سەدەى بیست و یەک نەبێت، ئەو ئەگەر ڕۆژنامە تاقە سەرچاوەى زانینى بووبێت و شێوازى بیرکردنەوە و پێکهاتەى مێشکى لەقاڵب دابێت، ئەوا فەرمانبەرانى ئەمڕۆ فەیسبوک و هەندێ ئاپی هاوشێوەی تر، دووچارى سەرگەردانى و چەندان دەردى دەروونى و کۆمەڵایەتیی کردوون و تۆڕى کۆمەڵایەتیی گریمانەیی و شاشەکان، تاقە ڕووگە و کەناڵى وەدەستهێنانى زانیارییانە. هەژاریی مەعریفی و سنوورداربوونى خەیاڵ و زانینى تەنها زمانى کارگێڕى و ناتوانایی قسەكردن و گوزارەکردن لە خۆ (لەبەردەم دادگا) کە بۆ نەتوانینى بیرکردنەوەى ئایخمان دەگەڕێتەوە، خەسڵەتى هاوبەشی فەرمانبەرى سادەن و ئایخمان و فەرمانبەرانى سەردەم لەو خەسڵەتانەدا هاوبەشن.

لەتەک ڕۆژنامە و بە هۆکارى خوێندنەوەى هەردوو کتێبی ئاماژەپێکراو، ئایخمان وەک سیخوڕێکى فەرمیی بەسەر چەند ناوەندێکى کۆمەڵایەتیى جووەکان دەستنیشان دەکرێت. هەر لە سەرەتاوە، خوێندنەوەى ئەدەبیاتى جوو بۆ ئەو، پێویستییەکى ناوەکى و مەعریفیی نەبووە و فەرمانێک بووە بەسەریدا سەپێنراوە، فەرمانیش لە تێگەیشتنى نازییەکان، مانایەکى ئاسایی و سنووردارى نەبووە و پیرۆزییەکى پێدراوە، زاراوەى (فەرمانپێکراو) بە واتاى (ڕاسپێردراوى ئەرک) یان (هەڵگرى فەرمان) هاتووە و (هەڵگر)یش، هاوشێوەى پەیامهێنى ئایینى، هەڵگرى مژدەیەک بووە و بەرپرسیارێتییەکى گرنگ و قوڕسی خراوەتە سەر شان.(٦) ئەو، وەک هەڵگرى پەیام، نموونەییبوونى فەرمانبەرانەى لەوەدا بینیوەتەوە کە هەرچەندە خاوەنى هەست و سۆزى مرۆڤانەیە بەڵام ئەو پاڵنەرە ناوەکییانەى ڕیشەکێش و فەرامۆش کردووە لە حاڵێکدا پێچەوانەى (بیرۆکە)ى فەرمان و ڕاسپاردنەکان، وەستابنەوە لە ژیانى کارگێڕییدا، ئامادەیی ئەوەى لەخۆیدا دروست کردووە کە باوکیشی بکوژێت ئەگەر فەرمانى پێبکرێت.(٧)

ئایخمان هێندە ئاوێزانى وەزیفە بووە کە بەردەوام بیری لاى پلەبەرزکردنەوەکانى بووە و شاگەشکەى سەرکەوتنى کردووە، پلەبەرزکردنەوە لە ژیانى فەرمانبەر پاڵنەرێکى ناڕەوا نییە بە مەرجێک لە کەرامەت و مرۆڤبوونى کەم نەکاتەوە. جێی سەرنجە، پاش ساڵانێکى زۆر و سەروەختى وتەلێوەرگرتنى، یادەوەریی ئەو، تەنها ئەو کاتانە چالاک دەبێت کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەبێت بە مەسەلەى پلەبەرزبوونەوەى، هەروەها تەنها ئەو جووانەى بیر دەکەوێتەوە کە لەژێر سەرپەرشتیی ئەو، کاریان کردووە.

یەکێک لەو جووانەى ئایخمان نایانناسێتەوە، دکتۆر (مایر)ە کە لە دادگاکەى ئۆرشەلیم شایەتێکى سەرکۆنەکارە بە سەرییەوە. دکتۆر مایر چیرۆکى خۆی لە گەڵى، وا دەگێڕێتەوە:
(ئایخمان گوێی لێمان دەگرت و هەوڵى ڕاستەقینەى دەدا لە دۆخەکە تێبگات)، سەرڕاست، هەروەها ڕابردووى خاوێن بوو. هەمیشە بە (گەورەم) گازى دەکردم و کورسی دادەنا بۆ من. بەڵام لە شوباتى ١٩٣٩، هەموو شتێک گۆڕا. ئایخمان بەرپرسانى جووە ئەڵمانەکانى ڤییەناى بانگ کرد بۆ ئەوەى ڕێوشوێنى تازەى (کۆچپێکردنى ناچاریی) بخاتەڕوو. هەمان مرۆڤی پێشوو بوو بەڵام هەڵگەڕاوەیەکى ترسناک، (مافى ژیان و مردنى ئێمەى هەبوو. بە قێزەونیی پێشوازیی لێكردین، نالەبار بوو، نەیهێشت لە نووسینگەکەى نزیک ببینەوە و بەردەوام بە پێوە وەستابووین).(٨)

هەڵگەڕانەوە نائاساییەکەى ئایخمان بێ هۆکار نەبوو، لە نێوان ساڵانى ١٩٣٧ و ١٩٤١ چوار پلەبەرزکردنەوە وەردەگرێت کە خۆيشی پێشبینیی نەکردبوو، لەو خەونە وەدیهاتووەوە، بەشداریی کارگێڕییانە لە (چارەسەرى کۆتایی) دەکات کە بە (هۆلۆکۆست) ناسراوە. هەڵگەڕان بە پەیژەى پلە، کە ئەوکاتە یەکجار سەرمەستى کردبوو، مەحاڵ بوو لە دوورمەودا لە بەرژەوەندیی بێت، دواجار خۆی لە دادگاى ئۆرشەلیم، دەبینێتەوە.

ئایخمان تەنها فەرمانبەرێکى میریی نەبوو، لە ساڵى ١٩٣٤-ەوە پەیوەندیی بە دەزگاى حزبییەوە هەبوو، بە کورتى فەرمانبەرێکى حزبی بوو. هاوشێوەى زۆرینەى فەرمانبەرە حزبییەکانى هەرێمى کوردستان، کە دەخوازن دەست بەسەر (هەموو شتێک)دا بگرن. لە دادگاى ئۆرشەلیم، سارفاتیوس-ى پارێزەرى، داکۆکى لە ئایخمان دەکات و پێى وایە نەزۆککردن و کوشتن بە غاز و ڕێگە پزیشکییەکانى دیکە، ناکەوێتە سەرشانى و تۆمەتبار بێ-تاوانە و بەرپرس یەکێک لە فەرمانبەرەکانییەتى بە ناوى ڕۆڵف غونتار کە بەردەوام سەرپەرشتى پرسە پزیشکییە کوشندەکانى کردووە، لێرەشدا هاوشێوەى بەرپرسانى هەرێم کە فەرمانبەرانى خوارەوە ڕووبەڕووى لیژنەکانى لێکۆڵینەوە و دادگاکان دەکەنەوە و خۆیان وەک هەمیشە بەرپرسیارێتیی کارەکانیان هەڵناگرن، جێی ئاماژەیە بەڕێوەبەرانى گشتى و وەزیرەکان بە دەگمەن نەبێت پێشنیازى لێپێچینەوە و سزایان لە لایەن لایەنە تایبەتمەندەکانەوە بۆ ناکرێت و تۆڕى گەندەڵیی تەنها ماسییە بچووکەکان دەگرێت، ئەو شانۆگەرییە قێزەونە لە بنەڕەتدا بە مەبەستى خۆبێتاوان نیشاندان و تێوەگلاندنى کەسانى دیکەیە، بەڵام چ بەرپرسان و چ فەرمانبەرانیش ناخوازن یان ناوێرن یاخود بە بیریاندا نایەت سەرکردە حزبییە دەسەڵاتدارەکان تۆمەتبار بکەن کە هەمیشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ فەرمانپێکەر و سەرچاوەى پێشێلکارییە یاساییەکانن، لێ فەرمانەکانیان نەنووسراوەن لەبەرئەوەى لە دەرەوەى پێکهاتەى دامەزراوەیی حوکوومەتن، وەک ئەوەى لە دادگاى نۆرنبێرگ-ى نێودەوڵەتى تایبەت بە تۆمەتبارانى جەنگى جیهانیی دووەم و دادگاى ئۆرشەلیم سەبارەت بە ئایخمان دەبینرا و لە تەواوى بەڕێوەچوونى دادبینییەکان تۆمەتباران لۆمەى هیتلەر-یان نەکرد.

ئایخمان وێڕاى هەموو هەڵەکانى لە ژیانى کارگێڕییدا کە بە هۆیەوە ڕووبەڕووى دادگا کرایەوە، بەردەوام کەسێکى ملکەچ و بیرتەسک و یەکجار ڕژد (جدي) بوو بۆ ئەرکەکانى، هیچ کاتێک کەسایەتییەکى ڕقئەستوور یان شێت یاخود تینوو بە خوێن نەبوو، هێندەش ساویلکە نەبوو، تاکڕەوانەش بڕیارەکانى دەرنەدەکرد، لەپێناو خۆپاراستنى دواڕۆژ، بەردەوام کارەکانى بە فەرمانەکانى سەرووى خۆی، تۆکمە دەکرد، دواى وەرگرتنى (ڕێنمایی) هەوڵى دەدا بڕیارەکانى بە شێوازى (پێشنیاز) گەڵاڵە بکات و بخاتەڕوو، بەڵام کێشەکان لە شوێنێکى ترەوە دزەیان دەکرد، ئەو لە چەندان بۆنەدا و لەبەردەم دادگاکەدا هەوڵى ڕوونکردنەوەى ئەوەى دەدا کە گوتەکانى فوهرەر هێزى یاسایان هەبوو لە ڕایخى سێیەم، ئەمە بە واتاى ئەوەى فەرمانە ڕاستەوخۆكانى هیتلەر پێویستيیان بە نووسینەوە نەبووە، بۆیە هەرگیز داواى فەرمانى نووسراوەى هیتلەرى نەکردووە، وەک خۆی دەڵێت (بە هیچ شێوەیەک بەڵگەیەکمان بەردەست نەکەوت کە پەیوەندیدار بێت بە مەسەلەى چارەسەرى کۆتایی، بە دڵنیاییەوە هەر نەبووە).(٩) لە کاتێکدا ئایخمان بەرپرسی سەرەکیی دۆسیەکانى چارەسەرى یەکەم (دەستبەسەراگرتنى سامانى جووەکان و کۆچپێکردنیان)و چارەسەرى دووەم (کۆکردنەوە و بەڕێکردنیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان)و چارەسەرى کۆتایی (کوشتن و پاکتاوکردنیان) بوو. ئەفسوونێکى کەسیی نەک دەمارگیریی لێرەدا هەبوو، بەڵام سەراسیمەیی لەڕادەبەر و پەڕگیری ئایخمان بۆ هیتلەر، لەوەوە هاتبوو کە بە هۆیەوە ئەوى لە فەرمانبەرێکى بچووکەوە کردبووە ڕاوێژکارێکى گەورەى ڕایخ، وەک یەکێک لە شایەتەکانى دادبینییەکە وتبووى.

هەرچەندە ڕێسایەکى کارپێکراو هەیە لە دادگاکاندا کە تۆمەتبار بێ تاوانە تا تۆمەتەکەى بەسەردا ساغ دەبێتەوە، بەڵام هەر ڕفاندنەکەى، پێشێلکردنى یاسای نێودەوڵەتى و تاوانبارکردنى پێشوەختەى ئایخمان بوو، وەک لە وەڵامى ئەوکاتەى حکومەتى ئیسڕائیل بۆ ئەرژەنتین دەردەکەوێت، دادگاییکردنیشی نە لە نیشتمانى یەکەمى (ئەڵمانیا)و نە لە نیشتمانى دووەمى (ئەرژەنتین)و نە لە دادگایەکى نێودەوڵەتى بەڵکو لە وڵاتى تازەدامەزراو یان سەرکەوتوو (ئیسڕائیل)، هەڵگرى پرسیار و کەلێنى یاسایی بوو، سەرەڕاى چەندان تێبینیی یاسایی دیکە لەسەر کۆی دادبینییەکە کە هانا ئارێنت، لە سەرەتاوە تا کۆتایی، وەکو ڕۆژنامەنووسێک چاودێریی کردووە، وێڕاى ئەوەى لەسێدارەدانەکەى بە شایستە زانیوە، بەڵام پێى وایە (دادگایی، هەروەها حوکم، ستەمکارانە بوو).(١٠) ئایخمان کە بەرپرسی گواستنەوەى جووەکان بوو، ئاگادار بوو بە چارەنووس و پاکتاوکردنیان، ویستى کوشتنیش لەلایەن ئەوەوە هەرچەند ناڕاستەوخۆ بێت دواى دانیشتنە زۆروزەبەندەکانى داگا سەلمێندرابوو، بۆیە هەردوو کۆڵەگەکەى تاوان لە یاسادا کە زانین و ویستە، بەرجەستە ببوو، ساغبوونەوەى تۆمەت و حوکمدانەکەى حەتمى بوو.

چیرۆکى کۆتایی و مەرگەساتى ئەو فەرمانبەرە، ئایخمان، بە لاى ئارێنتەوە، پووچێتی و ترسناکیی شەڕ و خراپەمان نیشان دەدات کە بە پێچەوانەى چاکە هیچ قووڵاییەکى نییە، وەک دەزانین (ڕاپۆرتێک لەمەڕ پووچێتیی شەڕ) ناونیشانى لاوەکیی کتێبی (ئایخمان لە ئۆرشەلیم)ە. شەڕخوازیی بە سروشتێکى گشتگیر و بیرۆکراتییانەوە، مرۆڤەکان دەگۆڕێت بە فەرمانبەر و دەیانکات بە عەرەبانەى کارگێڕی و دایاندەشۆرێت و ڕووتیان دەکاتەوە لە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییان.(١١)

بە لاى ئارێنتەوە ئایخمان هەست بە ئازارى ویژدان ناکات، لەبەرئەوەى وا نازانێت خراپەکارە و تاوانى ئەنجامداوە و لەو بڕوایەدایە وەک فەرمانبەر، نەک وەک مرۆڤ، فەرمانى جێبەجێ کردووە. لێرەدا دەشێ بپرسین: ئایا مرۆڤ کۆیلەى فەرمانپێکراوە یان هەمیشە لەتوانایدایە ئازادانە بژاردەکان، بە چاکەو خراپەشەوە، یەکلا بکاتەوە؟ بە وەڵامێکى سادە دەتوانین بڵێین: دەکەوێتە سەر تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنى دۆخى بابەتى و دۆخى خوودیی هەر کەسێک. سەبارەت بە ملکەچی و گوێڕایەڵیی کوێرانەش، دەروونشیکاریى و تاقیکردنەوە زانستییەکان، ئەنجامى جیاوازتر لە شیکردنەوەى هانا ئارێنت-مان پێدەدەن. بە بڕواى ئێمە ڕەوا نییە، هەمان بەهانە، بدەینە دەست (موستەشارەکانى فەوجە خەفیفە)و سەربازانى سوپا و بەعسییەکان لە مەسەلەى بەشداریکردن و ئەنجامدانى تاوانى ئەنفالى کورد، کە گوایا تەنها فەرمانى سەرووى خۆیان جێبەجێ کردووە و تۆمەتبار نین و ناتوانرێت تاوانەکانیان بسەلمێندرێت.

ئایخمان، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى ٣١ى مایسی ساڵى ١٩٦٢، بە تۆمەتى (تاوان دژ بە مرۆڤایەتى) بڕیارى لەسێدارەدانەکەى جێبەجێ دەکرێت و خۆڵەمێشەکەى فڕێدەدرێتە دەریاى ناوەڕاستەوە، لە ئەودیوى ئاوە هەرێمییەکانى ئیسڕائیل. ئەو فەرمانبەرە سادەیە، هاوسەر و چوار منداڵ دواى خۆى جێدەهێڵێت.

لەم کتێبەشدا (ئایخمان لە ئۆرشەلیم)، بە هەمان شێوەى کتێبەکەى ترى (هەلومەرجى مرۆیی)، هانا ئارێنت جەخت لە (ناوازەیی کردەى مرۆیی) دەکاتەوە. لە پەیوەندیی بە ئازایەتیی گەل و حوکوومەتى دانیمارکى و لە مەسەلەى (چارەسەرى کۆتایی)دا، ئارێنت دەڵێ ئەوە بەڵگەى کاریگەریی هێزى ناتوندوتیژ و بەرگریی نەرێنییە، لە بەرامبەر نازییەکاندا کە هێزى زۆردارانە و ئەوپەڕى توندوتیژی ڕاگرت. بەنموونە سەرەڕاى داگیرکرانى دانیمارک لە لایەن نازییەکانەوە و هاوپەیمانێتییان، دانیمارکییەکان ڕەتیان کردەوە بەشداریی بکەن لە کۆمەڵکوژیی جووەکانى وڵاتەکەیان و تەنانەت کۆچپێکردنیان، دواى ئەوەى ئەڵمانیاى هیتلەرى بە وریاییەوە ڕێكاری (نیشانەى زەرد)ی لەگەڵیان ورووژاند، بۆ ئەوەى هاوشێوەى وڵاتانى دیکەى ژێردەست و داگیرکراویان، جووەکان لە هاووڵاتیانى دیکە جیا بکرێنەوە وەک یەکەم هەنگاوى لە هاووڵاتیخستن و لە مرۆڤخستن و دەسبەسەرداگرتنى سامان و کۆچپێکردن و کوشتنیان، بۆیە بە سادەیی وەڵامیان دانەوە کە ئەگەر بخوازن ئەو (ڕێكار)ە بسەپێنرێت، لەو حاڵەدا پاشا یەکەم کەس دەبێت نیشانەى زەرد بەخۆیەوە دەکات، هەروەها گەورە فەرمانبەرانى دانیمارک هەڕەشەیان کرد ئەگەر هەر ڕێوشوێنێک دژ بە جووەکان بگیرێتەبەر، بە ناچاریی واز لە کارى فەرمیی دەهێنن.(١٢) نازییەکان بە ناچاری وازیان لەو ڕێكارە هێنا یان لە چاوەڕوانیى دەرفەت دوایان خست. پاش چەند مانگێک لە بوڵگاریا، هەمان ڕوداوى دانیمارک دووبارە بووەوە.

ناوزەدى (مرۆڤى بچووک) پڕ بە پێستى کەسێکە کە مرۆڤبوونى خۆی پێشێل کردووە، ئامێزانى (وەزیفە، پیشە، ڕێکخراو، حزب و دامەزراوە) بووە وەکوو کۆیلەیەکى فەرمانپێکراو. ویلهیلم رایش لە کتێبى (گوێ بگرە پیاوى بچووک)،(١٣) باسی ئەو مرۆڤە ملکەچانە دەکات کە لەبرى ئەوەى ئامانجیان گەورەیی خۆیان بێت، هیتلەر و ستالین-یان بە بەڵێ و سەرلەقاندن و چوونەژێر فەرمان، خوڵقاندووە. بەڵام مرۆڤى بچووک کێیە، جگە لە خۆمان؟! پێویستە پێش ئەوەى ئەو تۆمەتە ئاڕاستەى کەسانى دیکە بکەین، ئەو مرۆڤە (گرگنە، خۆشباوەڕە، ڕەزامەندە، بۆرە، بچووکە) لە خۆماندا بکوژین، ئەمەش کارێکى بوێرانە و ترسناکیشە، دەرکەوتووە (زۆرینە) بڵندى و باڵایی ناوێت و هەست بە دڵنیایی دەکات لە هەمیشە مانەوەی نێو گاڕان و بە (بژى، بژی)، ستەمکار بۆ خۆی دروست دەکات و ڕاوى ئەو مرۆڤە گەورانەش دەنێت کە گەرەکیانە هانی ئەوانى دیکە بدەن خۆیان بناسن و خۆیان بن.

ویلهیلم ڕایش، هاوشێوەى هانا ئارێنت، لە ژێر هەڕەشەى هیتلەر و مرۆڤە بچووکەکان، بە جیا، هەردووکیان، ئەڵمانیا جێدەهێڵن و لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەبنە کۆچبەر، لە جیاتى بڕواهێنانیش بە بچووکیی خۆیان، وەک مرۆڤی گەورە و بەرپرسى مرۆڤایەتى، بە سەرکردە چەواشەکار و مرۆڤە بچووکەکانیان گوت: نا.

ئیبراهیم ناودەشتی

———————————

سەرچاوەکان:

١
آرندت، حنة (٢٠١٤): أیخمان فی القدس/ تقریر حول تفاهة الشر، ترجمة نادرة السنوسي، إبن النديم للنشر والتوزيع، الجزائر. ص ٣٢.

٢
سەرچاوەى پێشوو ل ٥٧.

٣
سەرچاوەى پێشوو ل ٥٩.

٤
سەرچاوەى پێشوو ل ٥٩.

٥
سەرچاوەى پێشوو ل ٧٨.

٦
سەرچاوەى پێشوو ل ٦١.

٧
سەرچاوەى پێشوو ل ٧٨.

٨
سەرچاوەى پێشوو ل ١٠٥.

٩
سەرچاوەى پێشوو ل ٢٠١.

١٠
سەرچاوەى پێشوو ل ٣١٨.

١١
سەرچاوەى پێشوو ل ٣٦٠.

١٢
سەرچاوەى پێشوو ل ٢٣٠.

١٣
ڕایش، ویلیام (٢٠١٠): گوێ بگرە پیاوى بچووک، وەرگێڕانى خەبات عارف.




خانوەکەی سەید ئەحمەدی خانەقا گۆڕینی سیما کولتوریەکانی شار.. نیهاد جامی

کولتور بەتەنیا لەهەناوی ناو ئەدەب و هونەردا نیە، ئەو تێگەیشتنە مانایەکی ڕووکەشانەیە بۆ کولتور، دەسەلاتی سیاسی ویستویەتی وا وێنای بکات، تا ڕۆشنبیران لەدەرەوەی ئەو کایە قسە لەناو ژیان نەکەن، دەنا کولتور لەبنەرەتدا کۆی ژیانە لە ئێستاو داهاتوو، وەک چۆن دابڕاویش نیە لە ڕابردوو، بۆیە شوێن ئاماژەیەکی ڕوونی کولتورە لەژیانی ئێمەدا، کاتێک قەلا وەک کولتوری کەرکوک سەیر دەکەین، وابەستەی ڕابردوویەکە کە درێژ بۆتەوە ناو ئێستا، داهاتووی ئەو مرۆڤە لەناو کولتور ئامادەبونیەتی وەک کەرکوکی بۆ قەڵا.
ئەو خاسیەتەی کەوا کەرکوک شارێکی فرە کولتوریە وایکردووە، کولتورو زمانە جیاوازەکان شوێنەکان بە هی خۆیان بزانن، بەتەنیا کورد نەبێت هێندە خەمساردە لەگەڵ کولتور، ئەوەش بێخەمی گوتاری سیاسی کوردیە وایکردووە مرۆڤی کەرکوکی هەمیشە وەک هەتیوێک خۆی ببینێت، کولتوری ئەویتریش دەیەوێت شوناسی کوردبوونی لێبسەنێتەوە، بە بیانوی ئەوەی هەموومان کەرکوکین و ڕەگیشمان دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئەوەش وایکردووە تەنیا لەساتەوەختی هەڵبژاردن و دەنگداندا، دەنگی کەرکوکی بۆ گوتاری سیاسی کوردیی گرنگ بێت، لەدەرەوەی ئەو پڕۆسەیە کەس بەلای ئەم شارەدا نایەت، ئەو هەتیوو بونەی کەرکوکی مێژوویەکی دێرینی هەیە، ئەگەر لەساتەوەختی دەنگدان هاوڵاتی کەرکوکی ڕووبەرووی پرسی ئینتیما بکرێتەوە، ئەوا پێویستە سەرەتا حزب لەبەردەم دادگایی کردندا دابنرێت، بەوەی کولتور لای حزب هیچ مانایەکی ئەخلاقی لەناو ئایدیۆلۆژیادا نیە، پێویست ناکات کۆی ڕابردوو بهێنرێتەوە یادی هێزە سیاسیەکانمان، چونکە یادەوەری کوردی کوێرە و هیچ نابینێت، سەرەنجام کەوا پەیوەندی ئێمە بە یادەوەری دەرووخێندرێت، ئیدی ئاسەوارێک نامێنێت ئێمە بە ڕابردوو ببەستێتەوە، بەواتای بەشێکی تەواوی کولتور بە پڕۆژە دەسردرێتەوە، ئەوسا ئێمە لەناو شوێن لە کولتوری سەرەکیەوە دەبین بە ووردە کولتور، لەهەر شوێنێک بوویت بە وردە کولتور مانای وایە، کۆ کولتوری سەرەکی پێک ناهێنێت، ئەوەش وا دەکات وەک کەمینەی نا وکۆمەڵگا سەیر بکرێت، مافت هەیە، لەچوارچێوەی کولتوری سەرەکی، بەڵام خۆت کولتورە سەرەکیەکە پێک ناهێنێت، بۆیە ئەو مەترسیانەی لەئێستادا ڕووبەرووی کەرکوک دەبێتەوە، ترسی کولتوریە لە کولتوری سەرەکیەوە بۆ گۆڕینی بە وردە کولتور، رووخاندنی خانوەکەی سەید ئەحمەدی خانەقا سەرەتای ئەخلاقێکی فاشیانەییە بۆ سەندنەوەی کولتوری سەرەکی لەکورد، بەڵام ئاخۆ کورد لەکەرکوک نەتەوەیەکە توانای ئەوەی هەیە لەدیدی کولتوریەوە سەیری سار بکات و بەگرنگ بیبینێت؟
ئەوە پرسیارە گرنگە کولتوریەکەی ئێمەیە لەشاردا، پرسیارێک بەتەنیا پەیوەست نیە بە نێوەندی ڕۆشنبیریەوە، هێندەی وابەستەی کۆی کۆمەڵگایە کە لە کۆمەلگایەکی بینەرەوە ببێت بە کۆمەڵگایەکی چالاک تیایدا ئەو بێدەنگیە بگۆڕێت بە قسەکردن، بۆ ئەوەی هەڕەشەی داهاتوو لەسەر خۆی لابەرێت، چونکە هەڕەشەیەکە دەیەوێت لەداهاتوو کورد بکات بە ووردە کولتور، بە وردە کولتورکردنی کۆمەلگای کوردیی لە کەرکوک ئەخلاقیەتێکی فاشیزمی بەعسی بوو، بۆیە ئەو ئەخلاقیەتەی فاشیزم لەرێگەی ترس و چاوسورکردنەوە بەرهەم نایەت، هێندەی فاشیزمی ڕەمزیی لەرێگەی سڕینەوەی سیما کولتوریەکان توانای ئەوەی هەیە کولتوری سەرەکیت زەوت بکات و بتخاتە چوارچێوەی ووردە کولتور، ئەوەیان بەهەر ناوێک و لەژێر هەر سەردێرێک ئەنجام بدرێت، سەرەنجام بیرکردنەوەیەکی بەعسیانەیە، هەڵێنجراوی ووتەیەک میشێل عەفلەقە لە کتێبی “خاڵی سەرەتا” عەفلەق لەشوێنێکی ئەو کتێبەدا دەنووسێت “ئەوەی ئێمە بەکوردەکانی دەدەیم شێوەیەکە لە ئۆتۆنۆمی”
بەواتای خودی ئۆتۆنۆمیش نیە، شێوەیەکە فۆڕمێکی بەعسیانەیە بە ویستی کات و شوێن وێنەکەی دادەڕێژینەوە، گرفتی دەوڵەتی عێراق بەدرێژایی کات ئەوەیە، بەعس دەرووخێنێت، بەلام ناتوانێت دەستبەرداری ئەخلاقی بەعسیزم بێت، ئەوەش بەتەنیا حزبە عێراقیەکان ناگرێتەوە، حزبە کوردیەکانیش لەژێر سایەی هەمان ئەخلاقی بەعسیانە ڕەفتار دەکەن و لە ئەزموونی حوکمڕانیان ئەو مۆدێلە بەعسیە بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە ئەوەی لەدژی هاوڵاتی کەرکوکی ئەنجام دەدرێت توندوتیژی سەرشەقام نیە، ڕووبەرووکردنەوەی نیە لەرێی فاشیزمێکی سەربازیەوە، هێندەی فاشیزمی ڕەمزیی سیما کولتوریەکانی لێ دەسەنێتەوە بەپێی فۆڕمی فاشیزم مافی کولتوری بۆ دەست نیشان دەکات، ئەو بیرکردنەوە عەفلەقیانەیە هەوڵەکە بۆ ناچالاککردنی کورد لەشارەکەدا، بەڵام پرسەکە لێرەدا بەوە ڕووبەرووی پرسیار دەبێتەوە، ئاخۆ لەکەرکوک حزبە کوردیەکان لەگرنگی ڕۆلی کولتور تێدەگەن؟ ڕەنگە ئەوە سەخترین ڕووبەروو بوونەوە بێت بۆ ئێمە کە دەسەلاتێکمان هەیە لەژێر سایەی دەسەڵاتی شارەکانی خۆشی ناتوانێت لە ڕۆلی کولتور تێبگات، دەنا لە سلێمانی وا بە شاخی ئەزمەڕ ناکات و لە هەولێر خانەوەکانی گەڕەکی عارەبان بەو دەردە کوشندە نابات، کە بە بانگەشەکردنی ساختەکاری تازەگەری شار سیما کولتوریەکان ناسڕێتەوە.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




خوێندنەوەیەک بۆ ” زمانم ئەگەڕێنمەوە ناو دڵم “ی ڕامیار مەحمود.. رۆژگار خالید

پێش هەر شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم :
کاتێک بێدەنگی و هیچ شتێک ناڵێت و قسەکان و خەمەکان لەدڵت هەڵدەگری ئەوە بێدەنگ نیت ، مردووی .
هەر بۆیە /
دەردە دڵ و ورتەورت و دەنگەدەنگ و گلەیی سەر لێوەکان و وڕێنەخەو و دڵڕەقی و دڵەڕاوکێ و بێ تاقەتی و هیلاکی زۆر ، بەشێکن له تێکدانی فکری ئینسانەکان .
لەگەڵ ئەوەش بێدەنگی و پرسیارنەکردن و دانیشتن ، بەشێکن لەو گەمە فیکرەی وادەکات کۆتایی بەهەموو شتێک بهێنێت .
ئالێرەدا
نووسەر بەناونیشانی کتێبەکە و کۆمەڵەشیعر و چەند پارچە شعرێک لە تێفکرینێ شەڕی سەردەم و شەڕی ڕابردوو و شەڕی زەمەن و شەڕی مانەوەی مرۆڤەکان دەچێت .
لەڕاستیشدا شیعری کوردی مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ لەشانازی و پڕ لە هەوراز و نشێوی هەبووە .
هەر ئەوەشە وادەکات زمانی کوردی و شیعری کوردی لەناونەچووە یانیش نەفەوتاوە یانیش بزر نەبووە .
چونکە ئەدەبیاتی ئێمە و زمانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان و دەقی چیرۆک و ڕۆمان و بەسەرهات و مێژوویی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان لەناو شیعردا وجوودی هەبووە ، جگە لەوەش شیعری کوردی لەپاڵ پەیامی خۆشەویستیدا خەباتی سیاسی و نەتەوەیی گەیاندووە .
ئەگەر ووردببینەوە ئەدەبیاتی ئێمە بەگشتی و زمانی گفتوگۆکردن و قسەمان و دەنگە دەنگ و گلەیی سەر لێوەکانمان ئاوازێک و فۆڕمێکی شیعری وەرگرتووە .
لەپاڵئەوەشدا شیعری کوردی زیاتر بەلای سۆزداری و دروستکردنی وێنەیەکی گەورە بووە بۆ بەبیرهێنانەوەی ڕابردوو و بەستنەوەی بەئێستادا ئەوەش وایکردووە کاریگەری بەهێزی بەژیانی ئێستاماندا هەبێت .
بۆیە دەبینین وەک پێویست نەتوانراوە ئەدەبیات و دەقی شیعرییمان لەخەمی داهاتووبێت و ڕابردوو تێکبشکێنێت و لەبیری بکات .
هەتاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە وەک پێویست شیعری فکری بنووسین و پرسیاری جددی دروست بکەین و وەڵامی جددیمان بۆ ئەو شتانە هەبێت دەمانەوێت لێی تێبگەین .
لەو ڕوانینەوە رێگە بەخۆم دەدەم و بڵێم
لەم کتێبە //
هەموو شتێک ووجودی هەیە جگە لە ژن ، چونکە ژن لەهەر شوێنێک بێت یا شوێنەکە جواندەکا یانیش وەها تێکی دەدات و ناهێلێت شتەکان وەکو خۆیان بمێننەوە .
لەغیابی ژن
خەیاڵ هەیە و گومان هەیە و درزبردنی ناخ هەیە و شکان و دونیاییەک هەیە لە تونێلێکی دوور و درێژی تاریک دەچێت و هەموو شتێک وونە !
لەبەر ئەوەی زمان نادوێت و نووسینەکان نووسینی نێو دڵن ، بۆیە دەکرێت دڵ فێڵمان لێبکات چونکە دڵ بەڕاستگۆیانە درۆکان نیشان دەدات و وادەکات ڕقمان لێی بێت و لەبیری نەکەین و بێئاگاییانەش خۆشمان بووێت !
لێرەدا شاعیر خەریکی دروستکردنی وێنەیە و مێشکمان هیلاک دەکا و دڵمان پڕدەکات .
_ لەسەرەتایی کتێبەکە تاوەکو کۆتایی بەدوای عەشقێک بووم ووجودی نەبوو .
_ چاوەڕێی گەڕانەوەی هەستێکم بووم ئەو هەستە و وجوودی نەبوو .
_ چاوەڕێی مردن بووم هەرگیز و هەرگیز ئەو مردنە نەهات .
_ چاوەڕێی ئارامی بووم ئەو ئارامییەم نەبینی .
لەناوەڕۆکەکەیدا دەتوانم بڵێم /
وەک نموونە //
_ بەشێکی ئەم دەقە دەچێتە خانەی نووسینی ئەزموونی ژیان و زانینی شتانێک وەکو برین وەهایە کاریگەری و برینی شوێنەکەی دەمێنێتەوە ،
ژیان شتێکی باشە ئەگەر گەرما و خۆڵبارین و کوردایەتی بهێڵن . لاپەڕە ٦٥
_ چەند شیعرێک وەک لێکدانەوە و تێفکرینی شتانێک دەبینرێت لەخەیاڵ دەچێت ،
ژیان تەنها سەفەرێکە بەناو مردندا . لاپەڕە ٧٤
_ بەشێکی دیکەی وەک هەستە و تێگەیشتنە لەوەی چ دەگوزەرێت لە ژیانمدا .
تێئەگەیت شۆرشی مرۆڤی نائومێد شیعرەو هیچی تر . لاپەڕە 77
_ بەشێکی دیکەی گفتۆگۆیە لەگەڵ سروشت و زەمەن و کات و شوێنەکان .
دڵی خۆت تەسلیمی هیچ دۆستێک مەکە
چونکە جەهەنەمم لە خەڵکی بینیوە . لاپەڕە 56
_ بەشێکی دیکەی چارەسەری ئەو کێشانە دەکات لەڕێی تێگەیشتن بۆ بوونەوەرانەی هەن لە دەوربەرمان .
کێشەی نێوان من و ئەم جیهانە ئەوەیە
من هەمیشە لەئاوەڕدانەوەدام
لەجیهانێکدا هەرگیز ئاوەڕناداتەوە . لاپەڕە 67
_ بەشێکی دیکەی دواندن و پرسیارکردنە لە بارەی ووجودیەت و مێژووی مرۆڤەکان .
بۆمن قورسیەکی تێدایە قسەکردن لەسەر مرۆڤ . لاپەڕە 79
_ بەشێکی دیکەی وردبوونەوەیە لە پرسی مرۆڤەکان و هەستی نەتەوایەتی و هەستی کوردبوون .
شاعیری ڕاستەقینەتەنها کەسێکە توڕەیە لەم جیهانەدا
لەم کوردستانەدا نەک ژیانێکی ڕاستەقینە تەنانەت گۆڕیکی شەریفانەش زەحمەتە . لاپەڕە 80
_ بەشێکی دیکەی بێئومێدبوونە لە ژیانکردن لە کوردستان بەگشتی و ژیان لەشارەکاندا .
هەر هیچ نەبێت شتێک بڵی
من دوور لەووڵاتی خۆم دەژیم
خۆزگە یەکێک ئاڵایەکی لەسەر ماڵەکەم هەڵئەدا
من هیچ بارودۆخم باش نییە . لاپەڕە 58
_ بەشێکی دیکەی دۆزینەوەی ژیانە و وونبوونی خودە .
چەکی من دڵمە
شۆڕش بریتیە لەبیناکردنی خەیاڵ لەناو دڵدا . لاپەڕە ٧٧
با بگەڕینەوە ژووەرکەی خۆمان
گلۆپی ئەم شارە وەک دڕک بەچاوما ئەچێت . لاپەڕە 91
_ بەشێکی دیکەی بەدیهێنانی دادپەروەرییە و تێکشکانی فکری چینایەتییە .
تۆ تەماشا بکە ئەم شارە جوانە
تەنانەت ئەم ووڵاتە جوانە
هیچی تۆی تیا نییە
تەنها خەونەکانت نەبێت . لاپەڕە 49
هەر بۆیە ئەو شتانەم بەفکری هات :.
هەر بەجددی مرۆڤ بوونەوەرێکە خۆی لەسەرووی ئەقلانیتەوە دەبینێت و هەست دەکات لە شوێنێک دەگیرسێتەوە و چۆنیش لێی تێدەگات ؟!
و / ئایا هەڵهاتن لەئەقڵانییەت بەرەو نائارامی و تەسلیم بوونە بەئەرزی واقیع و پەشیمان بوونەوە نییە لەوەی نەژیاوین .
مرۆڤەکان لەچ سەردەمێک و زەمەنێک و دەژین و ئومێدییان بەژیانیان هەیە ؟!
و / دونیاییەک لە گومان هەیە و کەچی قەترەیەک لە باوەڕ و یەقینمان هەیە .
لەم دەقە نووسەر چەندە کاریگەری فکری رۆژئاوای بەسەرەوەیە ئەوەندەش تاریکییەک یا ئاگری یانیش هێزێکی فیزیکی یانیش مەترسی وادەکات پرسیار دروست بکات لەبارەی پێشهاتەکانی بەردەمی .
_ چەندە بڕوای بە ئێستای هەیە ئەوەندەش ئاوەڕ لەڕابردوو دەداتەوە .
_ چەندە شەڕی مانەوە دەکات ئەوندەش شەڕی خۆکوژی دەکا .
_ هەر ئەوەشە وادەکات ئاستی نووسینی و گەمەی ووشەکان ئەوەندە هەستیار بی هەست بکەی ئەم کتێبە بۆ تۆ نووسراوە بەڵام لە کۆتایی تێدەگەی کەسێکی دیکە هەیە لەناو بوونت ، تارمایی هەیە یانیش سێبەرێک هەیە بۆ ئەوی نووسیوە نەوەک بۆ تۆ .
_ تێگەیشتن لە ووشەکان مانایەکی نییە ، بەبێ تێگەیشتن لە مانا و مەبەستی ئەودیوی پشت ووشەکان ، چونکە لەودیو هەر ووشەیەک کۆد و ڕەمز و پرسیاریش هەیە .
نووسەر بەدوای هەستەکان دەگەڕێت، کەچی ئێمەی مرۆڤ تەنها بەدوای هەستی بیستن و بینین و گۆکردن و تامکردن و چەندین هەستی دیکەین .
نووسەر پێمان دەڵێت لەڕاستیدا مرۆڤەکان لەژێر کاریگەریی سەدان هەستن .
هەستی تەنیایی و دووری و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و نائومێدی و نائارامی و گەنجی و پیری و فەقیری و بێکەسی و توڕەیی و دیلی و هەستی نەخۆشی و ئەو هەستانەی هەر کەسێک لێی تێدەگات .
کاتێک مرۆڤ نوقمی کێشەکانی ژیان دەبێتەوە ، بەدڵنیاییەوە وردە خۆشییەکان ناتوانن ئەو مرۆڤە بگەڕێننەوە بۆ ئەو شێوە ژیانەی تێدا ژیاوە .
چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکە شتێک فێردەبی ، دەیان شتی لەفکر دەچێتەوە ، وەڵامی پرسیارێک وەردەگرێت دەیان پرسیار و وەڵامی لەفکر دەچێتەوە .
دەگاتە تەمەنێک یادگەی بەجۆرێکە پێی وایە هەموو شتێکی لەفکر دەچێتەوە هەست دەکا هەبوون و نەبوونی وەکو یەکە .
کەچی بینینی یا بیرکەوتنەوەیەک یا بیستنی یا خۆشییەک یا ترسێک وادەکا بگەڕێینەوە بۆ هەموو سەردەمێک .
لەم دەقە تێدەگەین نووسەر
_ شەڕێک هەیە ئەو شەڕە شەڕی هەموو مرۆڤێکە و هەتا دونیاش هەیە ئەو شەڕە کۆتایی نایەت .
_ مرۆڤێک هەیە مرۆڤایەتی لەزەواق ناییە و کەسیش دەرەقەتی نایەت .
_ ژیانێک و مردنێک و مرۆڤێک و تابووتێک هەیە بۆ مردن ئامادەنەکراوە بەڵکو بۆ ئەوە دروستکراوە کەنەمرین .
ئەم کتێبە بخوێنەوە بۆ ئەوەی نەمریت ، بوونت مانایەکی هەبێت و عەرشی ژیان گاڵتەت لەگەڵ نەکات و هەست بکەی بارگرانی .




دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی ( Social Phobia): ناساندن, بەشێوەیەکی گشتی باسکردن لە هۆکارەکان و نیشانەکان و چارەسەرییە زانستیەکان.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، زنجیرەی ١٣٩.

بۆ نموونە( ئەبڕاهام ماوەی دوو ساڵ دەبێت بەردەوام هەست دەکاتن کە ناتوانێت لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە گەشتێك یاخود کۆببنەوە و گفتوگۆیەك بکەن، چونکە ئەبڕاهام کاتێك دەکەوێتە نێو بارودۆخێك کە کۆمەڵێك کەسی تێدایە هەست بە شڵەژان و ترس لە قسەکردن و خێرایی لێدانی دڵ دەکاتن و دەستەکانی جار جارە دەلەرزن، لەسەر ئەو نیشانانەی کە دەرکەوتن لەو نموونەیەدا، تۆ دۆخەکە چۆن دەبینیت؟).
ئەم نموونەیە تەنها یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە نەوەك دیاریکردن(تەشخیس- Diagnose)ـی دۆخی تاكەکە.

شۆشیەڵ فۆبیا: کە بە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیش(Social anxiety disorder) ناسراوە. یەکێکە لە کێشە دەروونییەکان لە جیهاندا. ئەم دۆخە بە ترسێکی قووڵ و بەردەوام لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکرێت، کە دەبێتە هۆی ئازاری بەرچاو و سنووردارکردنی ژیانی ڕۆژانەی تاك.
شۆشییەل فۆبیا زیاترە لە تەنها هەستی شەرمنی. کەسانی تووشبوو ترسێکی زۆریان هەیە لە هەڵسەنگاندنی نەرێنی لەلایەن کەسانی ترەوە. نیشانە جەستەییەکان دەکرێت بریتیبن لە لێدانی خێرای دڵ، ئارەقکردنەوە، لەرزینی دەستەکان یاخود قاچ و تاد.

توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کۆمەڵێک هۆکار ڕۆڵ دەبینن لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیدا:

  • بۆماوەیی: توێژینەوەکان پیشانی دەدەن کە مەیلی تووشبوون بە شۆشییەل فۆبیا دەکرێت بۆماوەیی بێت.
  • ژینگەیی: ئەزموونە نەرێنییەکانی ژیان، وەک گاڵتەپێکردن یان شەرمەزارکردنی تاکەکە لە لایەن کەسانی ترەوە، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە توشبوونی تاك بە دڵەڕاوکێ کۆمەڵایەتی.
  • بایۆکیمیایی: ناهاوسەنگی لە ترانسمیتەرە دەمارییەکاندا، بە تایبەتی کەمبوونی ئاستی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین، دەکرێت پەیوەندی بە شۆشییەل فۆبیاوە هەبێت.

شۆشییەل فۆبیا دەتوانێت کاریگەری قووڵی هەبێت لەسەر کوالێتی ژیان. کەسانی تووشبوو لەوانەیە:

  • خۆیان لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان بە دوور بگرن
  • کێشەیان هەبێت لە دروستکردن و پاراستنی پەیوەندییەکان
  • ئاستەنگیان هەبێت لە خوێندن یان کارکردندا

بەشێك لە چارەسەرییەکان:
چەندین ڕێگای کاریگەر هەن بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی:

1-دەرمانی دەروونی.
2- چارەسەریCognitive Behavioral Therapy یە، کە بە کوردی دەکرێت بگوترێت “چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی” : ئەم شێوازە یارمەتی نەخۆشەکان دەدات بۆ ناسینەوە و گۆڕینی بیرکردنەوە و ڕەفتارە ناکارامەکان.

3- بە شێوەیەکی سیستەماتیک نەخۆش بەرەو ڕووی ئەو بارودۆخانە دەکرێتەوە کە دەترسێت لێیان.(بەمەرجێك زیان بە باری جەستەی و دەروونی تاکەکە نەگەیەنێت).
4- ڕاهێنانە کۆمەڵایەتییەکان:
فێربوونی لێهاتووییە کۆمەڵایەتییەکان و مەشقکردن لەسەریان دەتوانێت متمانەبەخۆبوون زیاد بکات و دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە.( بۆ نموونە کەسێك ترسی هەیە لەقسەکردن لەبەردەم خەڵکدا یاخود پێشکەشکردنی سمینارێك پاش ئەنجامدانی کۆمەڵێك سمینار دەتوانرێ ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە بەشێوەیەکی گشتی کەم بکرێتەوە لەسەر تاکەکە).

بۆیە دەتوانین لە کۆتایدا بیڵیین کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دۆخێکی ئاڵۆزە و فرە ڕەهەندە، پێویستی بە تێگەیشتن و چارەسەری فرەلایەنە هەیە. بە بەردەوامبوونی توێژینەوە و پێشکەوتن لە شێوازەکانی چارەسەردا لەنێو زانستی دەروونزانیدا، هیوای باشتر بۆ کەسانی تووشبوو بەم دۆخە زیاد دەکاتن و ئەم چارەسەرییانەی کە لەم وتارەدا ئاماژەمان پێدا دەتوانێ چارەسەری دۆخی دڵەڕاوکی تاکەکە بکاتن.

——————————–

سەرچاوەکان:
1-https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/social-anxiety-disorder/symptoms-causes/syc-20353561

2-https://www.betterhealth.vic.gov.au/health/conditionsandtreatments/social-phobia

3-https://www.healthline.com/health/anxiety/social-phobia

4-https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/22709-social-anxiety

5-https://emedicine.medscape.com/article/290854-overview?form=fpf#a1




گوڵبانگی عاشقان.. شیعری شه هلا نوری

زۆر گەرمه وادی ئێستا!
ئەترسم دار و درەختەکان بسووتێن و سمۆرەکان بمرن
کوا بۆنی خۆش ڕیحانه و پەسند
دارەکان
ئەترسم دڵەکه وا به بوخاری په نجەرەی ئۆتۆمبێلەکەت کێشاومه له گەرما بتۆێتەوه
ون بێت
ئەترسم ڕاگوزەران کۆڵانه قوڕه فێنکەکه بکەن به قیرتاوی ڕەش و
دایبخەن
ئەترسم بوخچه سپێکەت وا کەل و پەلی جوانت تێ دا قەمچ کردبوو، عەتری خۆشی تێدا ڕژابوو
کەڕەکیڤه لێیان بدات و لەبەر نەکرێن
خودایە، بارانێکی خۆش ببارێنه سەر دارەکان
سەوز سەوزیان بکەرەوه
ئەستێرەکان ڕوونتر بکەوه
بۆ بەزم و خۆشی گوڵبانگی عاشقان

شه هلا نوری




تیرۆر هاوکاتی زریانێکی جەماوەری.. عوسمانی حاجی مارف

لەبەرامبەر تاوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، زریانێکی گەورەی خۆپیشاندەرانی جەماوەری بێوێنە بەتایبەتی لە شاری واشنتن لەبەرامبەر تاوانی گەورەی پاکتاوکردن و ڕژانی خوێنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە و منداڵەکانیاندا شەپۆلیدا، ئەو زریانە داوای دەستگیرکردن و دادگایکردنی ناتانیاهۆیان دەکردو بایدنیان ڕیسوا دەکرد بەهاوبەشبونی لەو تاوانەدا.
زریانی ئەو خۆپیشاندانە مەزنەی نمایشکرا، بریتی بوو لە بەشداری ئەمریکیەکان بە هەموو گروپ و تەمەنێکەوە، جولەکەکان کە دروشمی”بەناوی ئێمەوە نا” لەسەر کراسەکانیان نووسرابوو، هەروەها کەسانی دیکەی ئایینی کە باوەڕیان بە”ئیسرائیل’ نییە وەک دەوڵەتێک بۆ جولەکەکان، بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەریی کە ئەمریکا لەدوای جەنگی ڤێتنامەوە شاهیدی هاوشێوەکانی نەبووە، داوای “دەستبەجێ ئاگربەست”یان کرد لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە و ڕەخنەیان لە سیاسەتی واشنتۆن گرت کە پشتگیری لە داگیرکاری ئیسرائیل دەکات.
لەکاتێکدا ئەم زریانە واقعیەتێکی خەڵکی ناڕازی ئەمریکایە، سەیروسەمەرەیی ئەندامانی کۆنگرێس دەبینین، کەبە دانیشتن و وەستانەوە لە لاپەڕەیەکی گاڵتەجاڕانەی کارەساتەکاندا چەپڵەیان بۆ ناتانیاهۆ لێدا، لەهەمانکاتدا ڕاستەوخۆ دوای سەردانی ناتانیاهۆ بە ٢ ڕۆژ، کردەوەی تیرۆری ئیسماعیل هەنیە ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایەکە ناتانیاهۆ لەلایەن دادگای دادی نێونەتەوەیەوە، لێکۆڵینەوەی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکرێ لەسەر ئەنجامدانی تاوانیکوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی فەڵەستین لە غەززەدا.
هەڵبەتە ئامانجێکی ئەم کارە تیرۆریستیە چڕکردنەوەی زیاتری ململانێی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیە بۆ گۆشەگیرکردنی ئەو زریانە جەماوەریەو خواستی جیهانی بۆ کۆتایهێنان بە کۆمەڵکوژی لە غەززە و چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین.
ئەوە ئاشکرایە کە ئەم کارە تیرۆریستیانە دەتوانێت هەلومەرجەکە دژوارترو ئاڵۆزترکات، چونکە شەڕی تیرۆریستی و ئامانجەکانی بەتەواوی دڕندانەو دژەکۆمەڵگە و کۆنەپەرستانەیە، مایەی نائاسودەیی و نائارامیە و ئاکامەکەی جگە لەخولقاندنی فەزای ترس و وێرانکردنی ژیانی خەڵک هیچی تر نیە.
ئەو زریانە جەماوەریەش بانگەوازێک ڕادەگەیەنێت کە دەنگەکانی پشتیوانی لە فەلەستینیەکان بەشێوازێکی فراوانی جەماوەری لە ئەمریکادا گەشەیان کردوە و لەهەمانکاتدا پێشنیاریان کرد کەپێویستە جیهان دان بە مرۆڤایەتی کەسی فەلەستینیدا بنێت تا گەلی فەلەستین، مافی خۆیان لە خاکی فەلەستیندا بەدەست بهێنن. ئەم هاوسۆزیە جەماوەریە بۆ دۆزی فەلەستین لەسەر شەقامی ئەمریکا سەرنجڕاکێشە. ئەم بزوتنەوەیە بۆ پشتیوانی لە مافەکانی خەڵکی فەلەستین، بە نمایشکردنی خۆی وەک زریانێکی گەورە بەرامبەر بایدن و پەنتاگۆن بوو، لەهەمانکاتدا گۆڕینی ڕای گشتی ئەمریکیەکانە لەبەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا.
بەوپێیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندەرانی جوولەکە بەشداربون لەم زریانەو سەرکردایەتیان دەکرد، ئەو کارە دڕندانەیە ڕەتدەکەنەوە کە قەوارەی داگیرکەرێکی وەک ناتانیاهو بەرامبەر گەلی فەلەستین دەیکات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە گۆڕانکاری قووڵ لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی ڕوویانداوە، تەنانەت کردەوە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات و پۆلیسیش لە هەموو شوێنێکدا سەرکەوتوو نەبون لە بەرگرتن بەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتیەکان.
سەرەڕای بونی ئەو زریانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەی کەخواست و هەوڵدانی بۆ ئاگربەستی ئەو شەڕە داگیرکاریە و دژ بەتاوانەکانی ناتانیاهۆ بەڕێخستوە، بەڵام ئەمجارە ناتانیاهۆ وەک فرسەتێک ئەوکارە تیرۆریستیەی لەبەرامبەر ئیسماعیل هەنیە و فواد شوکر ئەنجامدا، تا دۆخەکە بخاتە ناو چوارچێوەیەکی ترەوە بۆ ڕانەگرتنی ئەو شەڕەی دەبێت ڕاگیرێت، کە ئێران و حزبولڵاو حەماس لەبەر تێڕامانێکی سەرسوڕهێنەردا ڕاگرت، لەلایەک دەرگای لە بەردەم ئەگەری شەڕێکی کراوەی فراوانی لە ناوچەکەدا بۆکردنەوە، لەلایەکی ترەوە گورزێکی بەهێزە کەئێران، حیزبوڵڵا، یان حەماس ناتوانن وەڵامی نەدەنەوە.
هەرچەندە ئەم کارە تیرۆرستیە گورزێکی گەورەیە لە کۆماری ئیسلامی و پێویستی بە پەرچەکردارە لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام پێدەچێت لایەنی ئەمەریکا قورسایی خۆی بخاتەسەر ڕێگریکردن لە شەڕێکی بەرفراوان کە لە ناوچەکەدا ڕوبدات، تابتوانێ زیانەکان لەڕووبەرێکی سنوورداردا بهێڵێتەوە، نەک لێدانی وێرانکەر کە ببێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان و زیان بەپێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگەیەنێت، بەهەمانشێوە شەڕی فراوان بە قازانجی ئێرانیش نیە، بەڵام کێشەکە لەو ئاستەدایە، کە دۆخەکە بەجۆرێک شڵەقاوە وردبونەوەی ئەگەرەکان و بەرگرتن بەو گێژاوە ئاسان نیەو سەختی نیشان ئەدات.
ناتانیاهۆ دوای دیارنەبونی ئاسۆی ئەو شەڕە بە قازانجی حکومەتەکەی، هەوڵدەدات گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تێکبدات، هەوڵئەدات کۆتایی بە شەڕەکە بەو شێوەیە بهێنێت کە بە زیانی درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی نەبێت، چونکە بە لێپرسینەوە لەگەڵیدا، بە تۆمەتی گەندەڵی و شکستی ئەمنی، جۆری مامەڵەی لەبەرامبەر”لافاوی ئەقسا’، هەروەها قەیرانی”چاکسازیی یاسایی” و ناساندنی وەک تاوانباری جەنگ، نادیاری کۆتایی داگیرکاری غەززە، ناتانیاهۆی لە دوڕیانێکی وەها بنبەستدا ڕاگرتوە، مەبەستیەتی شەڕەکە فراوانتربێت و درێژە بکێشێت، تا ئەوکاتەی کە خزمەت بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دەکات! تا دووریخاتەوە لەوەی کە لە ناوخۆدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش ئاراستەی بیرۆکەیەکە کە لەسەرەتای شەڕەوە لە تەلئەبیب و واشنتۆن دەسوڕێتەوە بۆ بەدەستهێنانی جۆرێک لە سەرکەوتنی ئیسرائیل لە دژی”حەماس”، تا بتوانێت بەشێک لە شکۆی لەدەستچوی خۆی لە “لافاوی ئەلئەقسا”دا وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەیبنین تائێستا ناتانیاهو لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتو نەبوە، لەهەمانکاتدا بەردەوام قومارێکی گەورە بە ژیانی خەڵکی دەکات.
هەڵبەتە ئەم کارە تیرۆریستیەی ئیسرائیل، بەر بە کۆتایهاتنی جەنگ و ڕێگای چارەسەری سیاسیانەی کێشەی فەڵەستین دەگرێ، کە بۆ ماوەیەکی زیاتر دۆخی ناوچەکە بەرەو ناجێگیری سیاسی و مەترسی ڕودانی جەنگ ڕادەکێشێت و ژیانی ملیۆنەها ئینسان نەك تەنها لە فەڵەستین، بەڵکو لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی مەترسی و ئاوارەیی و کوشتار دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا زەمینەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردن و بەهێزبوونی ڕەوت و گروپە کۆنەپەرست و ئیسلامی و فاشیست و نەتەوەپەرستەکان دەکاتەوە کە لەسەر حسابی بەرگرتن بە گەشەی بزووتنەوە ئینساندۆستی و ئازادیخواز و گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری خۆیان زیندووڕادەگرن.
لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، واشنتۆن پێشبینی بەشداری زیاتری بەشێک لە ووڵاتانی عەرەبی دەکات لە خستنەخوارەوەی هەندێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، وەک ئەوەی شەوی ١٣ی نیسانی ڕابردوو ڕوویدا. ئەمەش ئامانج لێی خێراترکردنی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی عەرەبی و ئیسرائیلی و ناتۆیە، بە سپۆنسەری ئەمریکا، بۆڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، ئەمەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر پرسی فەڵەستین دەبێت. لەهەمانکاتدا پاراستنی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لەسەر حسابی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە بۆ خۆی کارەساتە بۆکێشەی فەلەستین و خەڵکی فەلەستین!
حکومەتەکەی ناتانیاهۆ نزیکەی ١٠ مانگە کوشتارێکی بەرنامەداڕێژراوی وەک دۆزەخێک بۆ خەڵکی فەلەستین بەڕێخستووە، بەڵام بێئەنجام بووە لە بەدەستهێنانی ئامانجە جەنگیەکانی کە خۆی لە کۆتاییهێنان بە حەماس و گێڕاندنەوەی دیل و بارمتەگیراوەکانی لای حەماس ڕایگەیاندوە. لەڕووی سەربازیشەوە توشی بنبەستێکی گەورە بووە. لەلایەکی ترەوە لەپاڵ ناڕەزایەتیەکی ڕای گشتی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهانیدا، کەوتۆتەژێر فشارێکی گەورەوە، بۆیە نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی لەناو ئەم گێژاوەدا پەل دەکوتێ و هەرچی لەدەست بێت بۆ بەرگری لە سیاسەتەکانی درێغی ناکات. هەوڵئەدات ناوچەکە ڕابکێشێ بۆناو جەنگیكی فراوان،لەهەمانکاتدا ئەمریکاش لەو شەڕە فراوانەوە بئاڵێنێت، تا لەم ڕێگایەوە خۆی لەو دوڕیانە داخراوە سەربازی و سیاسیە بێنێتەدەرەوە.
ئەم کارە تیرۆریستیە، شەپۆلێکی نوێی هەڕەشە و پڕوپاگەندەی شەڕی بەڕێخستوە، کە حکومەت و هێزە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە ئەنجامی ئەدەن، درێژەی شەڕی کۆنەپەرستانەی تیرۆرستی دەوڵەتی و تیرۆری ئیسلامیە کە گیانی خەڵکی ناوچەکەیان بە بارمتە گرتووە، لەبارەی ئەم تیرۆریزمە دەوڵەتیەوە ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی خاوەنی ئەزمونێکی پێشینەی بەرچاون کە پێویستە سەرکۆنەو ڕیسوا ودادگایی بکرێن.
بەڵام بەجیا لە هەر لێکدانەوەو تێگەیشتنێک لە واقعی ئەم شەڕە، سەرکۆنەنەکردنی ئەمکارە تیرۆرستیەی بەرامبەر ئیسماعیل هەنیە کراوەو لێنەپرسینەوەو دادگایینەکردنی ئەو لایانەی ئەم کارەی ئەنجامداوە، مانای وایە ژیانی هەر کەسایەتی و هەڵسوراوێکی سیاسی سەر بە هەر ڕەوت و بۆچونێک بێت، لەهەرشوێنێکی دنیادا بێت، لەبەردەم مەترسی تیرۆرستی دەوڵەتیدا خۆی دەبینێتەوە، وەستانەوەش بەرامبەر بەهەر کارێکی “تیرۆرستی دەوڵەتی” پێویستی بەکەمپینێکی گەورەی جیهانیە.
لە درێژەدان بەم دۆخی شەڕەو کارەساتەکانیدا، پێویستە بانگەوازی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەو دنیا،بەهێزکردن و فراوانکردن و ڕێکخستنی شەپۆلی ئەو زریانە ناڕەزایەتیە جەماوەریانە بێت لە ئاستی ناوچەکەو جیهاندا، کە هەوڵبدات دەستبەجێ ئەو داگیرکاریەی ئیسرائیل لەبەرامبەرخەڵکی فەلەستین ڕاگرێت.




دیمانەیەک لەگەڵ هونەرمەند موكریان ئەبوبەكر.. ئامادەکردنی كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند موكریان ئەبوبەكر: سەردەمی هەشتاكان عەشقێك بۆ هونەر و ژیان هەبوو

هونەرمەند موكریان ئەبوبەكر: من لە سوید بەرەخنەی لێزانەكان زۆر شتی ژیانمی گۆڕی..

موكریان ئەبوبەكر یەكێكە لە ژنیارە بەتواناكانی جیهانی موزیك ،هەر لە منداڵییەوە خەونی بە موزیكەوە بینیوە، بۆیە تەمەن پێنج ساڵان دەبێت ئامێری ساز دەژەنێت، ئەم هونەرمەندە وەكو پسپۆر ئامێری (چەلۆ) دەژنێنت بەڵام توانستێكی باشی هەیە لە ژەنینی ئامێرەكانی كەمان، ساز، عود.. دوای ئەوەی بەپلەی نایاب پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەشی موزیک تەواو دەكات بۆدرێژەدان دەچێتە وڵاتی سوێد لەوێ بڕوانامەی ماجستێر لە بواری موزیك بەدەست دەهێنێت، بەشداری چەندین كۆنسێرت و ئاهەنگی موزیكی لەگەڵ چەندین تیپی موزیكی جیهانی وەكو ژنیارێكی بەتوانا بوونی خۆی دەسەلمێنێت خاوەنی چەندین ڤیدیۆ كلیپە ئەو هەمیشە خۆی بە منتباری هونەرمەندان (ئامانج غازی و بەكر خالید) دەزانێت كەلەسەر دەستی ئەوان فێری ئەلف و بێی موزیك بووە، ئێمەش بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەكارەكانی بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین دەسپێكی هونەریت چۆن دەست پێكرد؟
‎- دەستپێكی هونەرم بەشێوەیكی ئەكادیمی،لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بوو،ئەگەر چی پێش بچمەپەیمانگا ژنیاری ساز بووم بە جۆرێك چەند میلۆدی مقامێك لە ناو هاوڕێكانم و لە كۆڕۆ و كۆبونەوەی ماڵەوە دەژەنی، هەر ئەوەش بوو كە توانیم لەتاقیكردنەوەكەی پەیمانگا قبوڵ بكرێم بەسەركەوتووی وەربگیرێم، لە زۆربەی فیستیڤاڵەكانی ناو پەیمانگا بەشداری كارام هەبوو، دوائەوەی چوومە هاندەران لەوێش بەشداری چەندین كۆسێرت و ئاهەنگەكان لە بۆنە نیشتمانییەكان كرد.

*هەرچەندە بەرێزتان لە ژەنینی زۆربەی ئامێرەكان توانستێكی باشتان هەیە ،بەڵام وەكو پسپۆری ئامێری چەلۆتان هەڵبژارد هۆكارەكەی چی بوو؟

  • ئەوەی راستی بێت ،من هەر لەمناڵیەوە حەزوو ئارەزووم لە ئامێری چەلۆ بوو بەجۆرێك ئامێری چەلۆ لەلام وەكو سیحرێك وابوو ،تەنیا گوێم لێدە بوو ،لەبەر ئەوەی لەبنەماڵەیەكی كەم دەرامەت بووین بەڕادەیەك تەلەفزیۆنیشمان نەبوو، هەتا لەپەیمانگاش وەرگیرام، ئامێری چەڵۆم نە بینیبوو!، بۆیە كاتێ لەپەیمانگا وەرگیرام یەكەم جاربوو ئامێری چەلۆ ببینم بۆیە زۆر بەعشقەوە لە باوەشم كرد ،تا ئەو رادەیە زۆرێك لە هاوڕێكانم گاڵتەیان پێكردم هەرچەندە لەو كاتە هەندێك هەستم بە شەرم كرد بەڵام ئەو رۆژە رۆژێكی زۆر خۆش بوو بۆمن.

    *تۆ لەهاندەران دەژیت وەكو هونەرمەندێك جیاوازی كاری هونەری لە كوردستان و هاندەران لەچی دەبینیتەوە؟

  • جیاوازیەكان زۆرن كاتێك تۆ لە ناو میللەتێكی هەژارو دارووخاو دێیتە ناو كۆمەڵگایەكی پێشكەوتووی ئەم گەردوونە و باسی موزیك بكەیت لەگەڵیان هەست بە جیاوازییەكی زۆر دەكەیت،من لە وڵاتی سوید لەرێگەی موزیك بژێووی ژیانی خۆم دابین دەكەم، بڕونامەی ماستەرم لە كۆلێژی شاهانەی ستۆكهۆڵم بەدەست هێنا لە بەرزترین دەزگای هونەری سوێدی كاردەكەم لە بواری موزیك و سینەمادا بەتوانستی خۆم توانیم لەگەڵیان بگونجێم لەرێگەی هونەری موزیك توانیم شوێن پەنجەم دیار بێت.

    *زۆرێك لە هونەرمەندان پێیان وایە سەردەمی هەشتایەكانی سەدەی رابردوو ،سەردەمی زێرێنی هونەری كوردی بوو ئێوەش هەمان بۆچوونتان هەیە؟ ئەگەر وایە هۆكارەكەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟

  • بەڵێ ئەو سەردەمە عەشقێك هە بوو بۆ هونەر و ژیان كردن ،ئێستا شێوازی ژیان كردن گۆراوە، هونەری ڕاستە قینە بەهاكانی لە دەست داوە، كاتێ هەندێ لەو گۆرانیبێژانەی ئێستا لەرێگەی نمایش كردنی چەند ئافرتێك، رێزم بۆ ئافرەتان هەیە هەندێك لە هەوادارانیان سەیرو كلیپەكانیان دەكەن نەك لەبەر دەنگ و میلۆدی و تێكست هەرلەبەر ئەمەشەپۆڵێك هونەرمەندی بە ئەزموون وازیان هێناو گۆرانی وتن هەێناوە، بە راستی من بەزەیم بەم و گەنجانە .

    *تاچەند گرنگە ژنیار و گۆرانیبێژ كەسانی ئەكادیمی بن هیچ نەبێت نۆتە بخوێنێتەوە؟
    ‎- راستە هونەرپێش هەمووشتێك بەهرەیە ،بەڵام ئەگەر هەر هونەرمەندێك لە هەربوارێك دا بێت بەشێوەی ئەكادیمی بخوێنێت ئەوا هونەرمەندێكی پڕۆفیشناڵ بوون دێتە كایەوە، واتا لە پڕۆفشناڵیزمی خۆی دەبینێتەوە لە تیۆر ی و پراكتیكی دا، كاتێك ژنیار پڕۆفشیۆناڵ بێت بتوانی موزیك بخوێنیتەوە ،بنوسی،بیژەنێت، بۆ ئەوەی بتوانیت لە گەڵ گرووپە جیهانیەكان كاری موزیك و بزنسی هونەری بكەیت لەم باسە دا نامەوێت قوڵ ببمەوە لە باسی هاڕمۆنی و ستایلەكانی موزیك و وردەكاریەكانی تربكەم.

    *رەخنەگری موزیكیمان هەیە تاچەند بوونی رەخنە گرنگە بۆ پێشكەوتنی هونەری موزیك؟

  • رەخنەی پڕۆفیشناڵ كاری رەخنەگرانە،من لە سوید بە رەخنەی لێزانەكان زۆر شتی ژیانم گۆڕیم،لە بڕوانامەی ماستەرەكەم پڕۆفیسۆرێكی سویدی گوتی” ڕەخنەی عاقڵانە دەبێت پشنیار و هەڵسەنگاندن و ڕێنمای تێدابێت، بەجۆرێك نابێت لە جەوهەری بابەتەكە كەم بكاتەوە بگرە هاندان بێت واتە رەخنەی بنیاتنەر بێت “.

    *لەم دوایانەدا كارێك بۆ هونەرمەند خاتوو دڵنیا رەزازیی ئەنجام دا ئەكرێت باسی چۆنیەتی لە دایك بوونی ئەو بەرهەمە بكات؟
    ‎- هونەرمەند خاتوو ،دڵنیا رەزازی لە كۆنسێرتێكی لە شاری لەندەن پرسیاری ئەوەی لێكردم بە نیازە لە ئەلبومەتازەكەی ئەم گۆرانیە بخوێنێ منیش بە خۆش حاڵیەوە قبوڵم كرد ودواجار لە ستۆدیوكەی خۆم لە ماڵەوە كاری تۆمار كردن و ژەنین و میكسم بۆ ئەنجاماندا هیوادارم بەدڵی هەموولایەك بێت.

    *بەرنامەت نییە بگەریتەوە كوردستان ؟ هیچ بەرهەمی نوێت هەیە ؟

  • لە راستیدا لەئێستادا لە بەرنامەم دا نیە بگەڕێمەوە كوردستان چونكە كاری هونەریم و گرێبەستەكانم تەواو سەرقاڵیان كردووم ،لەوكاتەی زۆر زۆر تامەزرۆم بگەڕێمەوە كوردستان، بە ڵام بەداخەوە هەتا ئێستا هیچ لایەنێك و دەزگاو میدیایەك،ئامادە نەبووە بانگێشتێكمان بكەن سەكۆیەكم بۆ واڵابكەن، بۆ كۆنسێرتێك ،سمیناریك ،پڕۆژەیەك،لای خۆشم بۆتە پرسیار بۆچی هیچ لایەنێك بانگێشتمان ناكەن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە هونەریانەی هەمانە پێشكەش بە گەلەكەمان بكەین، لەو كاتەی من و چەندین هونەرمەندی تری، ڕۆژانە لەسەر گەورەترین شانۆی جیهانی لەگەڵ گەورەترین هونەرمەندانی ووڵاتانی بێگانە نمایش و چالاكی گەورە ئەنجام دەدەین.

    *ئێمە زۆر سوپاس بەرێزتان دەكەین كە ئەودەرفەتان بە ئێمە بۆ سازدانی ئەم هەڤپیڤینە.

  • منیش زۆر سوپاسی ئەو بەسەركردنەوەتان دەكەم دەستان خۆش بێت.



کوا تۆزێ بەزەیی و ویژدانی ئینسانی؟.. د.هەژار عوسمان مەعروف

لە پێشا من ڕەخنە لە خۆم دەگرم کە بە ئەندازەی گەورەیی ئەوکارەساتەی ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی ٨ ی ٢٠١٤ لە دەڤەری شەنگال بەسەر خوشک و برا ئیزیدیە کانمدا هات، هەڵوێستی هاوسۆزی و هاوئازاری و هاوخەمیی پێویستم نەبوە، توخوا بمبورن ئێزیدیە تەنیا جێهێڵراوەکان!!
(قاسم شەشۆ) ی کوردی ئێزیدی لە ساڵیادی (٣ی٨ی٢٠١٤)ی کۆمەڵکوژی و دەسدرێژیی جنسی کردنە سەر چەند هەزار لە کچان و ژنانی ئێزدیدا وتی: هەتا محمدی ئیسلام مابێ و هەبێ قڕکردنی ئێزیدیەکان کۆتایی نایەت. بەمە ئاگری سۆشیال میدیای بانگخواز و سەلەفی و ئیسلامی سیاسیی سونیی توندڕەو گڕیگرت: مەلایەک داوای لە قاسم شەشۆ کرد با فریای خۆی بکەوێ و داوای لێبوردن بکات دەنا گوێی دەبڕن، ئەمە خوێن حەڵالکردنی قاسمە ! دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد. کڵپەی ئاگری ڕق و کینە و نابەخشندەیی دینی و مەزهەبی ، وەک ئاگرەکانی خەلیفە ئۆردوگان لە دارستانەکانی باکور و باشور و ڕۆژاوای کوردستان، تەشەنەی سەند و گەیشتە پەرلەمانی عێراق و لەوێ (موسەنا ئەمین) ی ئەندام پەرلەمانی یەکگرتوی ئیسلامی کوژاندیەوە وکردیە ماستاوێکی! ساردی کوردیی خۆش و کردی بە قوڕگی وشکی خوشک و برا عەرەبە موسوڵمانەکان دا و قسەکانی قاسم ی بە تاوان و ڕوداوێکی گەورە وترسناک دانا و داوایکرد داواکاری گشتیی عێراق زو دژی قاسم هەنگاوی یاسایی بنێ، ئینجا تاوانەکانی داعشی گشتاند و لەسەر ئێزیدیەکانی کالكردەوە و وتی داعش دژی (کل البشر) واتا دژی هەمو مرۆڤایەتی بون، باشە داعشیە کان دەسدرێژیی جنسیان کردە سەر یەک کچ و ژنی موسوڵمانی سونی و شیعیی دوژمنیان؟ بێگومان نەخێر. کاک موسەنا وەک زۆربەی موریدانی تەوژمی باوی ئیسلامی سیاسیی کوردیی سەر بە بێگانە ئەم تاوانە گەورەیە کاڵ و بچوک دەکاتەوە ،هەندێکیان بەهانە و بەڵگەی بۆ دێننەوە کە ئەسڵەن هەر تاوان نەبوە چونکە ئەوانە شەیتان پەرستن و ژنەکانیان کە لە شەڕدا بگیرێن ئیتر بە پێی قورئان حەڵاڵی موسوڵمانە جەنگاوەرەکانە، باشە ئاخر خۆ ئەو ژن و پیاوە ئێزیدیانەی گیران و کوژران و کرانە کۆیلەی جنسی و لە بازاڕەکانی ڕەقە و تەلعەفەر و موسڵ دا فرۆشران چەکدار نەبون وئەسڵەن لە مەیدانی شەڕدا نەبون!
(سیدۆ مۆرگان) ی دەرونناس کە بەڕێوەبەری پرۆژەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی دەروندروستیی ئێزدیە ڕاکردوەکان بوە لە کەمپەکانی هەولێر و دهۆک لە ٢٠١٨ و ٢٠١٩ لە کلیپێکدا دەڵێ: ژنێکی ٨٠ ساڵی ئێزدی بۆی گێڕامەوە چۆن بە بەرچاویەوە داعشیەک کوڕەکەی کوشتوە و دەسدرێژیی جنسیی کردۆتە سەر بوکەکەی و چۆن کچێکی ١٢ ساڵی کوڕەزایان فڕاندوە و لە تەلعەفەر و لە سوریا وەک کۆیلەی جنسی کڕین و فرۆشتنیان پێکردوە و دوای چەند ساڵێک لە یەکێ لە شەڕەکان دا کوژراوە.
دوای کارەساتی شەنگال ی سەر ئێزیدیەکان، لەکلیپێکدا پزیشکێکی کوردی ناوداری بانگخواز قسە بۆ موریدەکانی دەکات و دەڵێت شوکور ئێزیدیەکان کوردی باش نازانن و لە ڕەچەڵەکدا کورد نین (دیارە لای ئەم ئەوەی سۆرانی نەبێت کورد نیە و کوردی نازانێت !)، بە گاڵتە و لاقرتیەوە پێیان دەڵێت شەیتان پەرستن ، ئینجا موریدە گوێڕایەڵە مێشک شۆراوەکانی دەدەنە قاقای پێکەنینێکی بەرز ، لە کلیپێکی تردا وا باسیان دەکات وەک باسی گیاندارێکی عەجایبی گڵاوی لە مرۆڤ نزمتری ئەم ڕوی زەمینە بکات!
قاسم شەشۆ و قاسم شەشۆ ئێزدیەکانی تری کوردستان ئاگاداری تەواوی ئەم ڕاوبۆچونە دژە ئێزیدیە دژە مرۆڤایەتیانەن و بەچاوی خۆیان تاوانەکانی داعشیان بینیوە و بیستوە و تێیدا ژیاون، ئاڵا ڕەشە کانی داعش بە (لا الە الا اللە محمد رسول اللە) وە بەسەریاندا شەکاوەتەوە و ئەوان لە ژێر سایەی ئەو ئالایەدا ئەو تاوانە گەورانەیان کردوە. تا ئێستا لە نزیکەی ٦۰٠٠ بێ سەروشوێنی ئێزدیی ژن و پیاو هێشتا پتر لە ٢٠٠٠ یان دیارنین، ماون؟ دیلن؟کوژراون؟ کۆیلەی جنسی و کارەکەرن لە ماڵی ئەمیرەکانیان؟ لە پەرلەمانی کوردستان دا نزیکەی سێیەکی ئەندامەکانی (دیارە ئیسلامیەکان بون) دەنگیان نەدا بۆ بە جینۆساید ناساندنی کوشتاری ئێزیدیەکان.
تا ئێستا من نەمبیستوە یەک حیزب یا ڕێکخراوی ناسیاسیی (خێرخوازی و کۆمەڵایەتی و پزیشکی و..) ئیسلامیی کوردی لە هەر ٤ پارچەی کوردستان دا بە ڕونی و بێ منجەمنجی فەلسەفیی خۆدزەرەوە ئیدانەی داعش و ئەو تاوانە گەورەیەیان بکات و داوای لێبوردن لە ئێزیدیەکان بکات چونکە لە ژێر ئالای ئیسلامدا کراوە!
تا ئێستا نەم بیستوە وەفدێکی ڕەسمیی یەکێتیی زانایانی ئاینیی کوردستان یا زانایەکی ناودار و گەورەی ئیسلامیی کورد سەردانێکی بەڕێز و شکۆ ودڵسۆزانە و ڕاستگۆیانەی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی سەر ئێزیدیەکان بکات!
باشە ئیتر بۆ بەلامانەوە سەیر بێت هەندێ لە کوردانی ئێزیدی لە کاتی نائومێدی و بیرهاتنەوەی ئەو کوشتارە یەک لە دوای یەکانەی لە ڕابوردودا کوردی سونی بە سەری هێناون، حاشا لە کوردبونی خۆیان بکەن؟
بۆ بژاردنەوەی ڕاکردن و شەڕنەکردنی هێزەکانی زێرەڤانیی ژێر سەرکردایەتیی پارتی و بۆ بژاردنەوەی بەجێهێشتنی ئێزدیە بێگوناه و بێچەکەکان بۆ قەپاڵی تیمساحە دڕندەکانی داعش، بۆ ئاشتکردنەوە و گێڕانەوەی شکۆ و ڕێزی ئینسانی بۆ کوردانی ئێزیدی و بۆ بە ڕەسمی ناساندنی ئەو پتر لە ٧٠ کۆمەڵکوژییەی کورد و تورک و عەرەبی موسوڵمان لە ڕابوردودا بە سەریان هێناون ، هەروەها لە هەموی گرنگتر بۆ ئەوەی ئیتر کەس نەتوانێ جارێکی تر وەک کەمینەیەکی ئاینیی لە ڕەگ و ڕیشەوە کوردی ڕەسەن، دەسدرێژیان بکاتە سەر، دەبو لە مێژەوە پارتی بۆ بە نەمرکردن و بیرهێنانەوەی زوڵمی درێژخایەنی سەر ئێزیدییەکان مۆنۆمێنتێکی مەزن لە چیایەکی دەڤەری ئێزدیەکان هەڵکۆڵێ کە هیچ هێزێکی ئاینی و نائاینی و سروشتی نەتوانێ تێکیبدات و بیسڕێتەوە!
دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان (نادیە موراد) کچە کوردە ئێزیدیە ڕزگاربوەکەی دەستی داعش و تاقانە کوردی هەڵگری خەڵاتی نۆبل، ، ئاشتبکاتەوە و خەڵات و ڕیزلێنانی تایبەتی بۆ بکات.
مرۆڤ، هەر مرۆڤێک!! کە داخ و حەسرەت و توڕەیی و ئەو ناداپەروەرییەی لێیکراوە لە دڵ و دەرونیدا پەنگ دەخواتەوە و دەسەڵاتی نیە مافی خۆی بسەنێتەوە و کەسیش نەک هەر بۆی ناسەنێتەوە بەڵکو گاڵتە و لاقرتی و پێکەنینیان دێت بە ئێش و ئازارەکانی ، ئیتر لات سەیرنەبێت لە چرکە و لە شوێنێکی وروژێنەر و هەژێنەردا بتەقێتەوە و مرۆڤ بکوژێت، ماڵ کاول بکات و ئاگری تێبەردا و کفر بکات ، دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکات.
ئەوەی قاسم شەشۆ یش وا دیارە شتێکی ئاوا بێت، ئیتر ئەم هەڵچون و خۆسورکردنەوە و کۆ-هستیریایەی بۆ چیە ! بە ڕێزان! ئارام ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشە بنەڕەتی و هەرە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆتان و خەڵک.




من مناڵەکەم ئۆتیزمە، عەیبدارم!.. نەوزاد بەندی

ساڵانە ئەبێ مۆڵەتی منداڵی کەمتوانا بۆ خێزانەکەم تازە بکەینەوە ..یاسایەکی حوکمەتی هەرێمە ، هەر خێزانێک مناڵێکی کەمتوانای تێدا بێ ، دایک یان باوک ئەتوانن یەکێکیان سوود لەو مۆڵەتە ساڵانەیه وەربگرن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی مناڵە کەمتواناکەیان بکەن .
تازەکردنەوەی ئەم مۆڵەتە ساڵانە کۆمەڵێک ئیشی ئەوێ ، ئەچیتە فەرمانگە ، پەیوەندی بە کارەکەتەوە ئەکەیتەوە ، نووسراوت بۆ ئەکەن بۆ فەرمانگە گشتییەکەت ، لە فەرمانگە گشتیەکەتەوە دووبارە نووسراو و ڕاژەکەت بۆ چاپ ئەکەنەوە و ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، لەوێوە نووسراو و دوو ڕەسمت لێ وەردەگرن و ئەتنێرن بۆ لیژنە پزیشکییەکان ..لیژنە پزیشکییەکان فایلێک بە 500 دینار و وەسڵێکی 1000 دیناریت بۆ ئەبڕن 4 ڕەسمت لێ وەرئەگرن و ئەتنێرن بۆ لای پزیشکەکانی لیژنەی پزیشکیی ، ئەوانیش پێت ئەڵێن بڕۆ نیوەڕۆ وەرەوە بۆ ئەنجامەکەی ..نیوەڕۆ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەنجامەکەی بۆ ئەوەی سبەینێ بەیانی بچیتەوە بۆ بەڕێوەبەڕایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، سبەینێ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەوێ و کۆمەڵێ ڕەسمی ترت لێ وەردەگرن و نووسراوت بۆ دەکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی .. ئەچیت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، سەر و خوار و ڕاست و چەپت پێ دەکەن بە ژوورەکاندا و .. دوای ئەوەی هەناسەت سوار ئەبێ ، نووسراوێکت بۆ ئەکەن و پێت ئەڵێن بە دەستی خۆت بیبە بۆ هەولێر بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی .. ئەچیت بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی لە هەولێر ، تەماشای مناڵەکەت ئەکەن ، هەوڵ ئەدەن پێت بسەلمێنن کە ئەم مناڵە پێویستی بە چاودێریی نییە ! به مەرجێ لە ڕاپۆرتی لیژنە پزیشکییەکاندا نووسراوە پلەی کەمتوانایی 100% ..ئەگەر بۆت سەلماندن کە پێویستی پێیەتی ، ئەوسا ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی تر و نووسراوت لێ وەرئەگرن و پێت ئەڵێن : بڕۆ ، خۆمان ئاگادارت ئەکەینەوە .. ئەڕۆیتەوە بۆ سلێمانی و دوای چەندەها ڕۆژ دێیتەوە بۆ هەولێر و سەردانیان ئەکەیتەوە ، چەند ژوورێکت پێ ئەکەن و ..دواجار پێت ئەڵێن بڕۆرەوە خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەی کە خۆت کاری تێدا ئەکەیت ، دوای دە دوانزە ڕۆژ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەت ئەکەیتەوە ، ئەڵێن هێشتا نەهاتۆتەوە ..ئیتر ئەیکەیت بە ڕێی کانی و سەردانی ڕۆژانە هەفتانەی بۆ ئەکەیت ، هەتا ئەگات و چەند ژوور و چاپ و هاتوو و دەرچووت پێ دەکەن ، ئینجا پێت ئەڵێن بڕۆ خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەت کە هەر لە سلێمانییە ! ..ئێ باشە بۆچی بۆ هەولێریش بە پۆست ناینێرن و ئەبێ خۆم بیبەم ؟ ئەی ئەگەر بە پۆست ناینێرن بۆ هەولێر ، بۆچی لەنێوان فەرمانگەکانی سلێمانیدا بە پۆست کار ئەکەن ؟
ئیتر یاسایه و بڕایەوە ، بۆت نییە چەند و چوون بکەیت ..
دوای چەند ڕۆژێ ئەچیت بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەت ، پێت ئەڵێن بڕۆ لە فەرمانگەکەت نووسراوی لێکترازان بێنە بۆمان هەتا نووسراوی کۆتاییت بۆ بکەین ، ئەچیت بۆ فەرمانگەکەت ، پێت ئەڵێن هەتا لە بەڕێوبەرایەتییەوە نووسراوی مۆڵەتی ساڵانەت بۆ نەکەن ، ئێمە ئاماژە بە چ نووسراوێک بکەین لە نووسراوی لێکترازانەکەماندا ؟ ئەگەڕێیتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ، ئەڵێن تۆ بڕۆ ، خۆمان بە تەلەفۆن تێیان ئەگەیەنین ..
ئەڵێیت : بۆ کوێ بڕۆم ؟ ئەی نووسراوی کۆتاییم بۆ ناکەیت ؟
ئەڵێ بۆ سبەینێ ..!
ئیتر باسی هەڵەی چاپ و ئەو شتانە ناکەم کە زۆر جار لە ژووری حەوتەمەوە وەک یاری مار و پەیژە ، مارەکە پێتەوە ئەدات ، ئەبێ بڕۆیتەوە بۆ ژووری یەکەم بۆ ئەوەی دالێکی هەڵە بکەیت بە عەین ..یان دوو خاڵی پیتی یەکەمت بۆ بکوژێننەوە و بۆت بخەنە سەر پیتی سێیەم .. تەنانەت جارێکیان کە مامەڵەکەیان دامێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ، لە دوای چەند ژوورێک جا بۆیان دەرکەوت ئەم مامەڵەیە هی کەسێکی ترە ، کە بە ڕاکردن پڕم کرد بە مامەڵەدا و بەرەو بەڕێوبەرایەتیی ڕامئەکرد چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو ، سوپاس بۆ خوا هەمان کات نەفەرێکم بینی بە مامەڵەیەکەوە بە ڕاکردن بەرەو لای من ئەهات ، ئاماژەی چاومان هەموو شتێکی حەل کرد ، چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو ، نەئەبوو چرکەیەکی بە فیڕۆ بدەین ، وەک ڕاکردنی پێنجسەد مەتری بەریدی ئۆڵۆمپیی ، لە چرکەیەکدا مامەڵەکانمان ئاڵ و گۆڕ کرد و هەر یەکەمان بە ڕاکردن چووین بە لای ئیشی خۆمانەوە ، ئەو مامەڵەی کوڕەکەی منی بە هەڵە پێدرا بوو ، منیش هی کوڕەکەی ئەوم پێ درا بوو ..
حەزیش ئەکەم لە کۆتایی ئەم باسەدا باسی سێکشنێکی ئەم ووڵاتی دامەزراوەیەتان بۆ بکەم ، بۆ نمونە لیژنەی پزیشکیی .. هیچ پارکێک بۆ ئوتومبیل لە ئارادا نییە ، پۆلیسی هات و چۆیش ئەو ڕاستە شەقامەی بەردەم لیژنەی پزیشکیان بە خۆیان و مۆتا پڕتەقاڵییەکان و هێمای ڕاوەستان قەدەغەیە تەنیوە ، نەک ئوتومبیل ، تەنانەت چۆلەکەیش ناتوانێ و بۆی نییە بنیشێتەوە ، ئیتر مناڵی ئیفلیج و کوێر و کەڕ و هەموو جۆرەکان بە باوەش ئەگەیەنرێنە لیژنەی ئازیز ..هەر بۆیە منیش لە دووریی زیاتر لە کیلۆمەترێکەوە ئوتومبیلەکەم پارک کرد و لەگەڵ کوڕە ئۆتیزمەکەم وەک تیر بەرەو لیژنەی پزیشکیی دەرچووین ، لە ڕێ بنی کالەی بڕاندی FELA ی کوڕەکەم نیوەی لێ بۆوە و کەوتە تەپڵ و دومبکێلدان ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا چەپڵەیەک یان چەقەنەیەکی لێ دەدا ..پێش ئەوەی بگەینە لیژنەکە ، بە تەواوەتی لێ بۆوە و .. کوڕەکەم بنی پێڵاوەکەی هەڵگرتەوە وەک ماسی پانکە وابوو بە دەستیەوە .. ووتم بەم ماسییە پانکەیەوە بچینە لای پزیشکەکان ڕەنگە وا بزانن لە ڕاوە ماسییەوە هاتووینەتەوە و کوڕەکە هیچ عەیبی نییە .. هەر بۆیە لە حەوشەی لیژنەکە و لە ژێر دارکاژێکا ، بنەکەمان بە ئەمانەت دانا ، فایلفرۆشەکە ووتی منیش ئاگام لێی ئەبێ ..
کە چووینە ژووری پزیشکەکان ، ئەوە هیچ بە خێرهاتنیان نەکردین ، تەنانەت سەیریشیان نەکردین ، وەک دوو تاوانبار لە بەرامبەریان دانیشتبووین ، دانەیەکیان کە گەنجترینیان بوو ، ووتی : کوا دایکی ؟
ووتم : دایکی بۆ چییە ؟ لە پرسەدایە ، خەسووم پێرێ مرد ..
هیچیان نەیانووت خۆتان خۆش بن ..
سەیر ئەکەم ، سەیری یەکتر ئەکەن .. !
لە دڵی خۆمدا ووتم با وەزعەکە کەمێ ئارام بکەمەوە ، لەو کاتەی یەکێکیان بە تەواویی هێز و تواناوە پێی ووتم : تۆ چۆن وا قسە لەگەڵ مندا ئەکەی ؟( دایکی بۆچییە ) یەعنی چی ؟

ووتم : خۆم 35 ساڵە لە تاقیگەی نەخۆشخانە کار ئەکەم ، بۆ ئەم لیژنەیەیش ساڵانە دایکی لەگەڵ کوڕەکەدا دێت ، ئێستا لە پرسەدایە ..
ئەوەی ناوەڕاستیان دەم و چاو خڕێک بوو ، کە زیاتر سەروپێفرۆشێکی بیر خستمەوە ، بە هیچ جۆرێ تەماشایەکیشی نەکردین ، واتا 35 ساڵەکەیش دەردی نەخوارد .. هەتا دانەیەکیان ووتی من ئەیانناسم ، قەیناکا بۆی ئەکەین با بڕوات ، ئینجا به چپە لەگەڵ دەم و چاو خڕەکەدا هەندێ قسەی کرد کە ناوەکەی بە ( ئۆفـ … ) دەستی پێ ئەکرد لەگەڵ سێ پیتی ترا ..
جا چاوی بەرز کردەوە و ووتی : ( بەخێر بێی )
بەڵام ئەوەی کە من نەمزانیبوو بە جوانیی قسەی لەگەڵدا بکەم ، پێی ووتم : کوا نوسخەی لیژنەی پزیشکیی پار ؟
ووتم : پێم نییە ..
ووتی : چی لێ نووسرا بوو ؟
ووتم : ئۆتیزم ، پلەی کەمتوانایی له سەدا سەد ..

بەڵێ ! من عەیبدار بووم ، ئاخر کوڕەکەم ئۆتیزمە .. ئەبێ هەموو شتێ قبوڵ بکەم ، تەنانەت 35 ساڵ خزمەت لە بواری تەندروستیدا دەرد ناخوا ..
( سێ پیتەکەیش ، پارچەیەکە لەناو کۆمپیوتەر و تابلێت و مۆبایلا ، 2 و 4 و8 و 12 یشی هەیە ، هەتا زیاتر بێ ، پڕۆسێسەری ئامێرەکە خێراتر ئەبێ و نرخەکەیشی گرانتر )

ئێستا ئیتر خۆتان سەرپشکن لەوەی پێ ئەکەنن یان ئەگرین ..




پاڵەوان.. چیرۆک\ نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە دەهات، متمانەیەکی زۆری بە خۆی هەبوو، سەیرێکی ئەملا و ئەولای کرد، بزەیەکی هاتێ، تا چاو بڕ دەکات خەڵکە، تا دڵ حەز دەکات هاندەرە. لە شوێنی خۆی ڕەق ڕەق ڕاوەستا، سەری هەڵبڕی، ناوی ڕکابەرەکەی خۆی خوێندەوە، لە دوازدە جاران، دەی پێکابوو.
چاویلکە تایبەتەکەی لەچاو کرد، هێدفۆنەکەشی خستە سەر گوێیەکانی، دەستەکانی لەسەر دەمانچەکە و نووکی دەمانچەکەشی ئاڕاستەی نیشانەکە کرد. سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، ئاڵای سووری وڵاتەکەی ئەو گۆڕەپانەی پۆشیبوو. مووچڕکێکی پێدا هات و لە دڵەوە سڵاوێکی بۆ سەرۆک و باوکی نەتەوەیی وڵاتەکەی نارد.
لاقی چەپی هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هانی، پێیەکانی لەسەر زەوییەکە توند توند چەسپاند، ملی خۆی بۆ پێشەوە برد و سەیری کونی نیشانەی دەمانچەکەی کرد. پلی خۆی هێدی هێدی گرژ کردەوە، گوللەی یەکەمی تەقاند. شرااق، حەپەساو ما، گوللەکە بەسەر سەری نیشانەکەدا ڕۆیشت و نەیپێکا.
کەمێک شڵەژا، سەیری ڕاهێنەرەکەی کرد، نائومێدی لە چاوانییەوە خوێندەوە، خۆی خڕ کردەوە، ئەمجارەیان جوانتر لە نیشانەکە وردبووەوە، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەمجارەیان دەیپێکم و سەری ڕاهێنەر و سەرۆکەکەمان بەرز دەکەمەوە.»
گوللەیەکی تری تەقاند، ئەمەشیان کتومت وەک ئەوەی پێشوو بوو. هاندەران شڵەژان، ڕاهێنەرە دڵپڕەکەی سەری خۆی وەکوو پەندۆلی کاژێرێکی دیواریی کۆن دەلەقاند. شەرم سەرتاپای داگرت، سەری خۆی نزم کردەوە، ئارەقە بە لەشیدا وەکوو باران دەچۆڕاوە، «ئاخ، چیم بەسەر هات! ئەوە چ ئابڕووچوونێکە!»
زۆری لە خۆی کرد، تا هەرچی بیری خراپە لە مێشکی دەربکات، بەهێواشی لەبەر خۆیەوە دووبارەی دەکردەوە: «دە هەوڵم ماوە، ئەگەر هەر هەموویان نەپێکم ئەوا دەبمە بنێشتە خۆشەی سەر زاری منداڵان، ئەوا سەری سەرۆکەکەمان شۆڕ دەکەم، دە هەوڵ، تەنها دە هەوڵ!»
چاوەکانی خۆی نوقاند، ویستی بە هەر جۆرێک بێت هزر و هۆشی خۆی چڕ بکاتەوە، هێدفۆنەکەی لەسەر گوێیەکانی لادا و بەرەو لایەک فڕێی دا، چاویلکەکەی داکەند، چاوەکانی نوقاند، بۆ ساتێک کەوتە نێو گێژاوی ئەندێشان، هاواری منداڵە بێباوکەکانی هێنایەوە پێش چاوانی. هاوارە پڕ لە داخوازییەکان، هاوارە پڕ لە پاڕانەوەکان. زیڕەی دایکەکانی هێنایەوە یادی خۆی، زیڕە پڕ لە ترسەکان، زیڕە پڕ لە تکایەکان. لاشەی باوکەکانی هێنایەوە یادی، لاشە تێهەڵدراوەکان، لاشە شلمکوت کراوەکان.
بە بیری خۆی هێنایەوە، کە ئەمەیان بۆ باوکی نەتەوەییانە، ئەمەیان بۆ نەژادەکەیانە. گورگەکانی هێنایەوە یادی خۆی، گورگە دڕەکان، گورگە بۆرەکان! خۆی خزاندە نێو گێژاوێکی قووڵ، خۆی لە پەنا گاشەبەردێکەوە بینییەوە، لە نێچیرەکەی مۆڕ ببووەوە، لە باوکە بێتاوانەکەی بەرانبەری. دەستێکی لە گیرفانی و دەستەکەی تریشی لەسەر دەمانچەکەی، گریانی منداڵەکان و دایکەکان لە گوێیەکانی دەزرنگانەوە، چێژێکی بێپایانیان پێ دەبەخشی!
بەبێباکییەوە پلی بە دەمانچەکەوە نا، یەک، دوو، سێ، دە گوللەی ڕەبەقی پێکاند، هەر هەموویانی خێواندە کەللەسەری ئەو باوکە بێتاوانە! قیژەی منداڵەکان بەرزبوونەوە، زیڕەی دایکەکان ئەم گۆڕەپانەیان خستە لەرزە! دەنگی هاندەران هەتا کەڵەکەی ئاسمانێ بەرز بووەوە! ئاڵا سوورەکان بەری ئاسمانێیان گرت! گورگە بۆرەکان کەوتنە لوورەلوور، ڕاهێنەرەکەی لە خۆشیاندا شاگەشکە بوو!

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

==============================
تێبینی: هەوێنی ئەم چیرۆکە (یوسف دیکێچ)ە، کە زۆربەی ژیانی خۆی وەکوو جەندرمەیەک و بکوژێک لە سوپای تورکیا بەسەر بردبوو، دواتر وەکوو پاڵەوانێکی نیشانەگرتنەوە لە ئۆڵۆمپیادی پاریسی ٢٠٢٤ ناوبانگی دەرکرد.




پوولسالاری.. شیعری ستار ئه‌حمه‌د

دیوارێك و وێنه‌ی بتێك
مێزێك و هه‌شت گێره‌ شێوێن
دوازده‌ له‌قته‌و
یاری كردن به‌نه‌وت و خوێن
هه‌رێمێك له‌زڕه‌ی پاره‌
كۆمه‌ڵێك باده‌ نۆشكه‌رو
خه‌ڵكێك سایه‌ی بن دیواره‌
چوار پێنج كه‌ناڵ دزو ساخته‌
هاژو هوژی سه‌ر شاشه‌كان
سه‌فه‌ری وڵات و شاران
بێ حورمه‌تی و په‌یمان شكان
سه‌رقاڵكردنی پیرو كاڵ
دڵه‌ ڕاوكێ و چاوه‌ڕوانی
دوو كه‌رتی ئایینده‌ی گه‌لێك
ئه‌مڕۆ چاكتر له‌به‌یانی
وته‌ی چه‌ورو قسه‌ی قه‌ڵه‌و
دروشمی ئاڵ و ژه‌نگاوی
میلله‌تێكی په‌ست و نوستوو
خۆڵیان كردۆته‌ نێو چاوی
ئه‌مه‌یه‌ جیهانی ئه‌مڕۆ
ئاژانسی پاره‌ سالاری
گه‌ر قۆڵبڕو چاوچنۆکیت
لەکۆڕی خەباتا دیاری

ستار ئه‌حمه‌د




ژیانی کۆمەڵایەتی منداڵ؛ لە شیعریی (منداڵی درۆزن)ی ئەحمەد عارفدا.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دەق و ڕەخنە

ئەم شیعرەی کاک ئەحمەد عارفی شاعیر ( منداڵی درۆزن)، مێژووی نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢، بەڵام بەوپێیەی کە جارێکی تر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دایناوەتەوە، مانای وایە کاک ئەحمەد هیچ کێشەیەکی لەسەر شیعرەکە و ناوەڕۆکەکەی نییە. من لێرەدا هەوڵ دەدەم شیعرەکە دابنێمەوە و ئینجا وردە وردە دەچمە سەر ئەسڵی بابەتەکەم کە کێشەکانی پەروەردەیە و لەڕێگەی شیعرەکەوە کە شیعرێکی تەعلیمییە، تیشکێک دەخەمە سەر تێڕوانینی شاعیر بۆ پەروەردە و بنەماکانی پەروەردەی منداڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

دەقی شیعری منداڵی درۆزن

منداڵێکی چاو چنۆک

پیس و چەپەڵ ، گرینۆک

لە کۆڵانا لاسار بوو

ئازای گیانی زامدار بوو

لەم گۆلاوێ بۆ ئەو گوفەک

هاورێی تانجی و توولە و سەگ

کەسێ نەبوو خۆشی وێ

دڵێ نەبوو بۆی سووتێ

رۆژێ ڕێکەوت ئاوا بوو

چاو چنۆک لە ئاوا بوو

بەوپەری بێشەرمییەوە

لە دێو ناسڵەمێوە

منداڵانی بێزار کرد

هێندەی بە درۆ هاوار کرد

تا لەناکاو گابەردێ

بۆی بوو بە بەڵاو دەردێ

خوێنی تێکەڵ بە ئاو بوو

خەڵکی و خۆشی ڕزگار بوو.(١)

ژیانی کۆمەڵایەتی منداڵی کورد

ئەم حیکایەتە تراژیدییەی کاک ئەحمەد عارفی شاعیر، هەر تەنها حیکایەتی منداڵێکی درۆزنی نێو دەقەکە نییە، بەڵکوو حیکایەتی دەیان و سەدان منداڵی نەبوون و هەژارن، کەلە گەڕەکە هەژارنشینەکان و لە پەراوێزی شارەکاندا ژیاون و دەژێن. ئەو گەڕەکانەی کە جگە لە خانووی نزم و شێدار و بێ خزمەگوزار کە دیمەکانیان ڕەنگدانەوەی بێدەرامەتی و دەستکورتییانە، شتێکی تری تیا نابینیت. لێرە لەم گەڕەکە تاریکانەی قەراغ شارەکان، منداڵە بزێو و شەڕانیی و کراس و شەڕواڵ دڕاو و چەقاوەسووەکان دەژێن، ئەو منداڵانەی کە خێزانەکانیان ڕۆژ تا ئێوارە لە هەوڵی ئەوەدان بتوانن پارووەنانێک بۆ ئەو منداڵە چەقاوەسووانە پەیدا بکەن. سیستەمی دڵڕەقی سەرمایەداری بەجۆرێک کۆمەڵگەی شێواندۆتە سەریەک و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەی بە جۆرێک لەقاڵبداوە کە مرۆڤەکان هەر فریای ژیانێکی مەمرەومەژی بکەون، نەک ژیانێکی ئینسانیی شایستە بە مرۆڤی سەردەم. کاک ئەحمەد عارف ئەم ڕاستییە نابینێت  یان دەیبینێت و خۆی لێ لادەدات و هاتووە منداڵێکی بە موجەڕەددی وەرگرتووە و وێنای کردووە. وەک ئەوەی منداڵانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان هەموو پۆشتە و پەرداخ و خاوەن ڕەوشتی بەرز و ڕاستگۆ بن و تەنها ئەو منداڵە درۆزن بێت. با بزانین چۆن؟

با سەرەتا لە ناونیشانەکەوە دەست پێبکەین. کاتێک دەقێک دەنووسرێت، جا شیعر بێت یان چیرۆک یان ڕۆمان یان شانۆگەری، یەکەمین بەریەککەوتنی خوێنەر و دەق، لەرێگەی ناونیشانەکەیەتی. ناونیشان گرنگییەکی زۆری هەیە. هەڵبژاردنی ناونیشان هەر بەتەنها وابەستە نییە بە ناوەڕۆکی دەقەکەوە، بەڵکوو وابەستەشە بەو هەلومەرجە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و مەعریفییەی ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەی کە دەقەکەی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. شاعیر لە هەڵبژاردنی ناونیشاندا ( منداڵێکی درۆزن) دەیەوێت دیوی ناشیرینی قوربانییەکمان نیشان بدات کە هەموو دەزانین ئەو قوربانییە، قوربانی چ سیستەمێکی چینایەتی دڵڕەقە. ئەوەی کاریگەری لەسەر منداڵ دادەنێت جگە لە خێزانەکەی، قوتابخانە و دەزگا میدیاییەکانی دەوڵەتن. جارێ گرنگە خێزانەکان بزانن چۆن منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن و لەوەش گرنگتر خودی خێزانەکانن کە ئایا تا چەند خوێندەوار و تێگەیشتوون و زانستییانە بیر دەکەنەوە. ئایا ئەو دایک و باوکانە چەند لە جیهانی منداڵەکانیان تێگەیشتوون؟ ئەو دایک و باوکانە چەند لە بنەماکانی پەروەردەی منداڵەکانیان حاڵی بوونە و چۆن دەتوانن وەڵام بە داخوازییەکانی منداڵەکانیان بدەنەوە؟ ئایا دەشێت چیرۆکێک بنووسین بەناوی شازادە ولیەمی چڵمن؟ نا ناکرێت. بۆچی؟ چونکە شازادە ولیەم لە چینی بۆرژوایە و فەرمانڕەوایە و دەوڵەمەندە و دەیان بەردەستی هەیە و مەحاڵە شازادە ببینین چڵم بە لووتیا شۆڕ بێتەوە. باسکردنی چیرۆکێکی لەوجۆرە بەسە بۆ ئەوەی بە شێت و نەزان و بێئاگات ناوزەد بکەن. بەڵام نووسینی چیرۆکێک یان شیعرێک لەسەر منداڵێکی چڵکنی ڕەحیماوەی گەڕەکی شاری کەرکووک، یان گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر ئاساییە و ڕەنگە دەیان دەستخۆشیت لێبکرێت. هۆکارەکەی ئاسانە. لە گەڕەکەکانی ڕەحیماوە و باداوە منداڵان بەزۆری لەو خێزانانەوە دێن کە بەپێی پێویست خوێندەوار نین و دایکان و باوکان هۆشیاری پێویستییان لەسەر پەروەردەی منداڵ نییە و تەنانەت ڕۆژ نییە منداڵەکانیان لەسەر لاساریی و چەقاوەسوویی دارکاریش نەکەن. ئەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات واقیعی کۆمەڵایەتییە.(٢) هۆشیاری دوواکەوتووانەی خێزانەکانیش هەر واقیعی کۆمەڵایەتی کوردستان دیاری دەکات.

منداڵێکی چاو چنۆک

پیس و چەپەڵ ، گرینۆک

لە کۆڵانا لاسار بوو

ئازای گیانی زامدار بوو

لەم گۆلاوێ بۆ ئەو گوفەک

هاورێی تانجی و توولە و سەگ. ( شیعری منداڵێکی درۆزن ئەحمەد عارف)

ئەم سیفەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم منداڵە ( پیس، چەپەڵ، چاوچنۆک، گرینۆک، لاسار، هاوڕێی تانجی و سەگ)، وێنەیەکمان نیشان دەدات، کە منداڵەکە بە ناشرینی ببینین. سیفەتە نیگەتیڤەکان وەک بەشێک لە فەرهەنگی دوواکەوتوانەی کۆمەڵگە داهێنراوی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕی زاڵی نێو کۆمەڵگەیە. بیروباوەڕی زاڵی نێو هەر کۆمەڵگەیەکیش بیروباوەری چینی دەسەڵاتدارە.(٣) جا ئەو دەسەڵاتدارە خاوەن کۆیلەکان یان دەرەبەگەکان یان سەرمایەداران بن. ئەو سیفەتانەی شاعیر لەم سێ دێرەدا ڕیزی کردوون، دوو جۆرن، جۆرێکیان سیفەتگەلێکی نێگەتیڤن و دوادێڕیان سیفەتی پۆزەتیڤە، بەڵام لای شاعیر بە نێگەتیڤ ڕیزبەند کراوە. پیس، چەپەڵ، چاوچنۆک، گرینۆک، لاسار نێگەتیڤن، بەڵام بۆچی دەبێت هاورێکردنی تانجی و سەگ نێگەتیڤ بێت؟ بۆچی هاوماڵیکردنی سەگ کارێکی دروست نییە لای شاعیر؟  بەبۆچوونی من هۆیەکەی باکگراوندی کلتووری کوردیی شاعیر نییە، چونکە لە فەرهەنگ و کلتووری کوردیدا سەگ هاوماڵ و هاوڕیی مرۆڤە، بەڵکوو کاریگەری باکگراوندی کلتووری ئاینییە کە شاعیر سەگ بە ئاژەڵێکی پیس وەسف دەکات. (ڕەنگە حیکمەت یان هۆکاری قەدەغەکردنی بەخێوکردنی سەگ لەلایەن ئیسلامەوە بۆ مەبەستی تر جگە لە ڕاوکردن یان پاسەوانی: ئەوە بێت کەپاک نین و پیسن و تەنها بە حەوت شوشتن نەبێت کە یەکێکیان بە خۆڵ یان سابون بێت، پاک نابنەوە. یان لەبەر ئەوەی ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی فریشتەکان دەکەن کە بەندەی بەڕێزی خودان و بوونیان دەرکەوتنی ڕەحمەتی ئەوە بەرامبەر بە بەندەکانی.)(٤) ئەم دیدگایە دیدگای زۆربەی خەڵکی کوردستانە. لەکاتێکدا سەگ وەک هاوەڵ دەتوانێت لە ماڵدا لەگەڵ مرۆڤەکان بژێت و منداڵەکانیش فێری خۆشەویستی ئاژەڵیان بکەن نەک نەفرەت و ڕقلێبوونەوەی ئاژەڵان.

تا لەناکاو گابەردێ

بۆی بوو بە بەڵاو دەەدێ

خوێنی تێکەڵ بە ئاو بوو

خەڵکی و خۆشی ڕزگار بوو. ( شیعری منداڵێکی درۆزن ئەحمەد عارف)

دڵڕەقی شاعیر دژ بە منداڵی درۆزن هێندە لەسەرە کە بە مەرگی ئەو منداڵە خێرلەخۆ نەدیوە دڵشاد بێت و خەڵکیش پێیان خۆش بێت کە ئەو منداڵە درۆزنە مردووە. ئایا ئەمە چەند لە واقیعی کۆمەڵایەتی ژیانی خەڵکی هەژاری کوردەوە نزیکە؟ نەخێر بە هەزاران فرسەخ دوورە. ئەمە ناحاڵیبوونە لە واقیعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیی، ئەگینا هەموو دەزانین مردنی منداڵێکی خێزانێکی هەژار  با درۆزنیش بێت، چ کارەساتبارێکە و چ تراژیدیایەک دەخوڵقێنێ، نەک خەڵک دڵخۆش بکات و کار بگات بەوەی ئەو دڵخۆشییە ببێتە بابەتی دەقێکی شیعریی تەعلیمی لای شاعیرێک کە شیعر بۆ منداڵان دەنووسێت.

لایەنی فێربوون لە شیعری منداڵی درۆزندا

لایەنی فێربوون لەم شیعرەی شاعیر، فێربوونێک نییە لە دیدی ئێنسانی هاوچەرخەوە سەبارەت بە کێشەکانی منداڵ و ژیان، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی پاسیفیستی دوواکەوتوانەیە کە منداڵ بەرەو شێواندنی زیاتر و دوورکەوتنەوەی لە جیهانی تایبەتەکەی خۆی پاڵ پێوەدەنێ. کاتێک شاعیرێک شیعر بۆ منداڵ دەنووسێت، دەبێت ئاگاداری جیهانی تایبەتی منداڵ بێت، دەبێت بزانێت چ شتێک منداڵ و بیرکردنەوەی منداڵ فراوانتر دەکات و گەشەی پێدەدات؟ دەبێت بزانێت قۆناغەکانی منداڵ بناسێت و پێویستی تایبەتی هەر قۆناغێک هەست پێبکات. دەبێت ئاگاداری بنەماکانی پەروەردە و فێرکردنی هەر قۆناغێکی منداڵ بێت و بەرپرسیارانە دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکات. دەبێت هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە تێبگات و ئینجا دەست بۆ قەڵەم بەرێت و قسە بۆ منداڵ بکات و ئامۆژگارییان بکات.

بەوپەری بێشەرمییەوە

لە دێو ناسڵەمێوە ( شیعری منداڵێکی درۆزن ئەحمەد عارف)

با لێرە بپرسین شاعیر چی فێری منداڵ دەکات؟ دەڵێت بێشەرمی واتە بێ چاو و ڕوو واتا بێڕێز. واتا منداڵێکی بێڕێزی چاوقایم. ئێمە هەموو لەسەر بەهای کۆمەڵایەتی ڕێز کۆکین و دەزانین منداڵ و گەورەی بەڕێز جێگەی خۆشەویستین. بەڵام چی وا لە منداڵ دەکات بێڕێز بێت؟ چی وای لێدەکات شەرم نەکات. گرێی ناحاڵیبوونەکە لێرەدایە. پەروەردەی ڕۆژئاوا پەروەردەیەکە لەسەر بنەمای ڕێز و شەرم نەکردن. ئەوان منداڵ وا بار دەهێنن شەرم نەکات. بێشەرمی سیفەتێکی باشی منداڵە و گوزارشتە لە کەسایەتی بەهێزی منداڵ، نەک سیفەتێکی خراپ بێت. منداڵی شەرمن منداڵی لاوازە و کەسایەتی پتەوی نییە. بۆیە شاعیر لە ناهۆشیارییەوە ئەم سیفەتانە (پیس و چەپەڵ و چاوچنۆک و گرینۆک و لاسار و هاوڕێی تانجی و سەگ و بێشەرم و بێزارکەر و درۆزن لە گۆلاوێ بەر تاشەدەردێک دەکەوێت و دەمرێت) ئەمە پەیامی شیعرەکەیە و دەیەوێت بڵێت منداڵینە ئێوە وا مەبن، پیس و پۆخڵ و چاوچنۆک و لاسار و درۆزن مەبن و هاوڕێیەتی تانجی و سەگ مەکەن، شەرمن بن، بێئەوەی پێمان بڵێت ئەمە چۆن دەبێت و چۆن دێتەبوون!. ئایا دەتوانین ئەم ئامۆژگارییانەی شاعیر لەسەر لافیتەیەک بنووسین و بچین لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکانی کوردستان هەڵیواسین و ئیتر دنیا دەبێتە شامی شەریف؟ یان دەردەکە لە جێیەکی ترەوەیە و شاعیر نایەوێت خۆی لەقەرەی بدات. باشە گوناهی منداڵی کوردستان چییە ئەم جۆرە شیعرە دوواکەوتووانەیان بخەینە بەردەست و بەم تەرزە لە شیعر فێری باڵەفڕەی ژیانیان بکەیت؟ ئایا منداڵانی کوردستان شایانی ئەمجۆرە پەروەردەیەن؟ ئایا ئەم شیعرە بۆ کام لە چوار قۆناغەکانی پەروەردی منداڵ نووسراوە، قۆناغی ئەندێشەی بەستراو بەژینگەوە یان قۆناغی ئەندێشەی ئازاد یان قۆناغی منداڵێتی یان قۆناغی ئایدیالیستی؟(٥) دیارە هەریەک لەم قۆناغانەش تایبەتمەندی خۆیان هەیە. من ناڵێم باسی سیاسەت و ئابووری بۆ منداڵ بکرێت، بەڵام دەڵێم لە ڕوانگەی تێگەیشتن لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەوە دۆخی منداڵان تێبگەین و لەوێوە قسەیان بۆ بکەین. شیعری فێرکاری منداڵان دەبێت زانست و خۆشەویستی بکاتە بناغە و لەوێوە منداڵ بەرەو ئاراستەیەکی تەندروست ببات، نەک ناشیرین و قێزەوەن نیشانی منداڵ بدات و بیکاتە دوژمنی ئاژەڵ. ئا لێرەوەیە نەوە دوای نەوەی منداڵ لەبری چەواقوسوویی و کاری ناشایستە و ناشارستانی ، منداڵی تەندروست و چالاک و زانتسخواز و ئینسان دۆست دێنە مەیدان. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەبێت پێی هەڵبستێت و ئەنجامی بدات. لێرەدا من لەگەڵ کاک ئەحمەد عارفی شاعیر کۆکم کە دەڵێت: (هەوڵ بدرێت لە رێگای ڕەخنەگرانەوە تاوتوێیەکی پاک و پیس یان چاک خراپ بکرێت و ببێ بە بەربەست لە بەردەم بڵاو بوونەوەی بەرهەمی کاڵ و کرچ)(٦) .

ئەنجام

شاعیر لەشیعری منداڵێکی درۆزندا وەکو فێرکارێک هاتووە کۆمەڵی سیفەتی نیگەتیڤی داوەتە پاڵ منداڵێکی درۆزن و وێنەیەکی ناشیرینی ئەو منداڵەی نەخشاندووە کە هەموو بەنەفرەتی بکەین، بێئەوەی لەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییە تێبگەین کە ئەو منداڵە و خانەوادەی ئەو منداڵەی تیا دەژین. لەوێشەوە ئاراستەی کار بە خزمەت فراوانکردنەوەی ئاسۆی تێڕوانینی منداڵان دیاری بکەین و بناغەیەکی تۆکمە و پتەو لە خۆشەویستی نێوان ئینسانەکان و ئاژەڵ و زیندەوەران و ژینگە بنیاد بنێین. منداڵان ئەو سامانە گرنگەی کۆمەڵگەن کە دەبێت زۆر هەستییارانە بابەتی دەقە ئەدەبییەکانیان بۆ هەڵبژێرین و بۆ بنووسین، بۆ ئەوەی ئایندەی کۆمەڵگە بە دەستێکی زانستخواز و پێشکەوتوودا بسپێرێت. شاعیر لەم شیعرەیدا نەیتوانیوە شیعرێک پڕ بە باڵای پەیامەکەی بنووسێت و لەبری پەیامێکی ئینسانیی، بەداخەوە هاتووە خوێنەر و منداڵانی ڕووبەڕووی پەیامێکی دوواکەوتووانە کردووەتەوە. ئەمەش ئەگەر زیانی نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکی بۆ ئەدەبی کوردی و پرۆسەی فێربوون و پەروەردەی دروستی منداڵ تێدا نییە.(٧)

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

٦ ی نیسانی ٢٠٢٤

——————————————–

سەرچاوە و پەراوێز

(١)منداڵی درۆزن نووسینی ئەحمەد عارف پەیجی تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی نووسەر پۆستی ڕۆژی شەشی نیسانی ٢٠٢٤. من هەندێ هەڵەی تایپم بۆ ڕاست کردۆتەوە.

(٢)اسس الآشتراکیة العلمیة المادیة التاریخیة تآلیف ف. گیبلی و م. گوفالزون نقلە من الروسیة احمد داود اصدار دار الجماهیر ، دمشق ١٩٦٧ ص ٦٤.

(٣)کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیست وەرگێرانی بۆ کوردی موسڵیحی شێخولئیسلام (ڕێبوار) چاپی دووەم لاپەڕە ٢٨.

(٤)بڕوانە هەردوو فەتوای ئیسلامی ژمارە ٢٥٤٣١ و فەتوای ژمارە ١٤٧٣٥ سەبارەت بە سەگ کە لە سایتی (اسلام ویب)دا هاتووە. https://www.islamweb.net/ar/fatwa

(٥)شیعری فێرکردن لە ئەدەبی کوردیدا ئەحمەد قەرەنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس چاپی یەکەم هەولێر ٢٠٠٧ لاپەڕەی ١٨٠ و ١٨١.

(٦)ڕەخنە نووسینی ئەحمەد عارف پەیجی تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی نووسەر پۆستی ڕۆژی دووی ئازاری  ٢٠٢٤.

(٧)من نامەوێت لێرەدا هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر نووسینەکانی کاک ئەحمەدی شاعیردا بهێنم و هەوڵەکانی یەکسان بکەم بە سفر. کاک ئەحمەدی شاعیر گەلێ هەوڵی تری هەیە کە جێگەی دەستخۆشین.




داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەنقەرە بەهەمان ئەو ئاستەی لەبەرامبەر سوریادا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات، هەوڵدەدات بە قەبارەیەکی بەرفراوانتر کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر سنوورەکانی لەگەڵ عێراقدا بسەپێنێت.
ئەم هەڵکشانە زیادەڕەویە لە سیاسەت و نەخشەی ئەردۆغاندا، بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەیە، کە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە لە پەکەکە پاکبکاتەوە. هەرچەندە ئامانجی ئەم داگیرکاریەی ئێستای تورکیا بۆ سەر هەندێ ناوچەی هەرێم واوەترە لەوەی پاکردنەوەی پەکەکەبێت، ئەوەش کە جێگای سەرنجە بەرپرسانی عێراق، ئەم هێرشانەی هێزەکانی تورکیا، تەنها وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات ڕادەگەیەنن، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتیەک دەربڕن، یان هیچ فشارێک لەباری عەمەلیەوە لە دژی ئەنقەرە نیشان بدەن.
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەچوارچێوەی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، فراوانترە لەوەی تەنها پەیوەند بێت بە شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا، بەڵکو بەدوای ئەو ئامانجەوەیە دەخالەتی لە ئایندەی ئاڵوگۆڕی دۆخی سیاسی ناوچەکەدا هەبێت، بەتایبەتی لە عێراقدا بەرجەستەی دەکاتەوە. گواستنەوەی هێزی زەمینی لە ناوچەی هەکاری تورکیا، بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی بنکە و شوێنی نیشتەجێبونی هێزەکانی تورکیایە لە دەوروبەری پارێزگای دهۆک، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات، کە ئامادەیە جێگیرکردن و دامەزراندنی هێزەکەی بۆ ماوەیەکی درێژخایان لە ناوچەکەدا و لە پێناو بەدەست هێنانی ئامانجەکانیدا نمایش کات ومناوەرەی پێبکات، وە بێباکە لەوەی گەر لەهەمانکاتدا وێرانکاریەکی زۆری بۆ ناوچەکانی هەرێم لێکەوێتەوە!
سیناریۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیا سەقفێکی دیارکراوی نیە، کە لەسەر خاکی عێراق ئەنجامی ئەدات، لەهەمانکاتدا مایەی خوڵقاندنی دۆخێکی مەترسیدارو دژوارە لە شارەکاندا، دوای تێپەڕاندنی چەند ئامانجێک ئەگەری ئەوە هەیە هەوڵبدات بگاتە شنگال و دەستبەسەر ئەشکەوتەکانی چیای قەرەندا بگرن، کە “سەدام حسێن” لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆشکێکی تێدا دروستکردوە”، هەڵبەتە مەبەستی ئەم دەست بەسەراگرتنەی شنگال دەبێتە سەنگینکردنی پێگەی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا.
لەشکرکێشی تورکیا لەلایەک دەستی کردووە بە فراوانکردن و دامەزراندنی هێزەکانی لە زەویەکانی باکوری عێراقدا، لە لایەکی ترەوە گرنگی بە چارەسەری دیپلۆماسی لە سوریا دەدات. لایەنە سیاسیەکانی عێراق ڕەتی ناکەنەوە کە ئەردۆغان ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوای بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنی لەشکرکێشیە بەدەست هێناوە.
دەستێوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، هەرچەندە یەکەم دەستێوەردان نیە لە جۆری خۆیدا، نموونەیەکی بەرچاوی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکانە لە ناوچەکەدا. ئەم دەستێوەردانە کە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە بەڕێوەدەچێت، دەتوانرێت تا ڕادەیەکی زۆر بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرەسەندنی دەخالەتی ئێران لە عێراقدا. تێگەیشتن لە داینامیکی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە لەبەرامبەر دۆخی سیاسی عێراقدا، زۆرجار دەبینین لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە کێبڕکێ دەکرێت و دەخالەتی ڕاستەوخۆ دەکەن، بەتایبەتی هەردوو تورکیا و ئێران لە عێراقدا تەماح و بەرژەوەندیان هەیە و ڕکابەری دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا عێراق بووەتە دیارترین گۆڕەپانی دەستێوەردانی ئێران و تورکیا، جگە لە وڵاتانی دیکە. هەموو ئەمانە لە ئەنجامی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ کە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دروست بونی گێژاوی سیاسی و پێگەی حکومەتی عێراق بەجێهێشت، بەتایبەت دوای ئەوەی بە تێپەڕبونی کات شتەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە بەرژەوەندی ئێران گۆڕدرا، وردە وردە نفوزی ئێران گەیشتە لوتکە، هەندێک وەها تەعبیری لێدەکەن کە ئەمریکا، بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام “عێراقی لەسەر سینیەکی زێڕین ڕادەستی ئێران کردووە”.
دەوری ئێران لە عێراقدا، کە بەرجەستە بووەتەوە بە پاڵپشتیکردنی میلیشیا حزبیە جۆراوجۆرەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا سیاسیەکانی لە ناوچەکەدا، کە بوو بە فاکتەری سەرەکی بۆ تێکدانی پێکهاتەی حکومەتێکی جێکەوتە لە عێراقدا. میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەسەڵاتی ئابووری و کۆنترۆڵی بەرچاویان بەسەر دەوڵەتی عێراقدا بەدەستهێناوە. هەروەها ئێران لە ڕێگەی بازرگانی، پڕۆژەی ژێرخانی، و ڕێککەوتنی وزە، خۆی جێگیر کردووە، کە کاریگەریەکانی بەهێزتر کردووە. هەر بۆیە لە بەرامبەردا ترس و ئامانجەکانی تورکیا زیاتربون، بەتایبەتی کە بوونی پەکەکە لە کوردستانی عێراق پشتیوانیەکی ئاشکرای ئێرانی بەدەست هێناوە.
ئەوەی پێویستە لەم کەینوبەینەی کێشمەکێشی لایەنەکاندا، لە ئێستادا سەرنجی بدەین، بەغداو ئەنقەرە زیاتر نزیک لەیەکن و هاوکارن دەربارەی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، کە بۆ هەردولایان ئەم پڕۆژەیە گرنگیەکی ستراتیژی هەیە، بۆیە حکومەتەکەی سودانی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و داگیرکاریەکانیدا پەرچەکردارێکی جدی و عەمەلیان نیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە سوپای تورکیا لەم هێرش و داگیرکاریەدا هەر ناوچەیەک کۆنترۆڵ دەکات لە سەر تابلۆیەک دەنوسن: “هاتنە ناو خاکی تورکیا قەدەغەیە”! تەواوی دانیشتوانی گوندەکانیش ئاوارەدەبن، ئەمەش نیشاندانی واقعێکی تەواو بێباکی لایەنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە و کردنەوەی ئاشکرای دەرگای سنورەکانی عێراقە بۆ هێزەکانی تورکیا، ئەو هێزەی کە بە فەرمانی ئەردۆغان هەوڵئەدات دەخالەت و دەورێکی سەرەکی ببینێت لە ئاراستەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبینی دەکرێت، هەروەها درێژەدانی گفتوگۆی ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ ستراتیژی فراوانترکردنی تورکیا و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و نزیکبوونەوەی لە بەغدا و کۆتایهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
لە دیمەنێکی سەیردا کە پێکەنین دەوروژێنێت، بەوەی واقعی سیاسەت لە عێراقدا لە ئاستی چ گاڵتەجاریەکدایە، فالح ئەلفەیاد، سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەکاتێکدا کە هاتنە ناوەوی هێزەکانی تورکیا داگیرکاری بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد کرد، دیاریەکی لە شێوەی قەڵغانێک بەناوی حەشدی شەعبیەوە پێبەخشی، وەک ئەوەی ئەلفەیاد داوای لێبوردن لە داگیرکاری داگیرکەری تورکیا بکات!.
ئەوەی جێگای سەرنجە، زیاتر لە ملیۆنێک سەربازی عێراقی هەن کە سەرباز و پۆلیس و هێزی ئەمنی و حەشدی شەعبی تێدایە، بەڵام ئەوەیان سەلماندوە کە ناتوانن بەهیچ جۆرێک بچنە مەیدانێکی شەڕەوە و لە بەرامبەر بە هەرداگیرکاریەکی عێراقدا بوەستنەوە، هیچ ئامادەیەک بۆ بەرگرتن بەداگیرکاری سوپای تورکیاش نیشان نادەن و نایانەوێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن، ئاشکرایە ئەم بەرگری نەکردنە تەنها ناتوانایی و نائامادەیی هێزەکانی عێراق نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی سیاسیە کە پێشوەخت، ڕێکەوتنی ئەنقەرە و بەغداد چوارچێوەکەیان دیاری کردووە.
لە پرۆسەی ئەم ئاڵوگۆڕانەو سنوربەزاندنی زیاتری سوپای تورکیا بۆ ناو کوردستانی عێراق، تورکیا هەوڵ دەدات لەلایەک پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا ئاسایی کاتەوە، لەلایەکی تریشەوە هەوڵئەدات ئەزمونی دەسەڵاتی هێزە کوردیەکانی کوردستانی سوریا کۆتایی پێبهێنێت.
تورکیا بەجیا لەو هێرشە سەربازیانەی کە پانتاییەکی فراوانی کوردستانی عێراقی داگیرکردووە، لەهەمانکاتدا دەیەوێت نفوزی ناوچەیی خۆی بە باشترکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە چوارچێوەی کێبڕکێ یان هاوکاری لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی ناوچەیی وەک ئێران و ڕووسیا، زیاتر بکات، بەمانای پەڕینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە بە دیمەشقدا تێدەپەڕێت و بە ڕێکەوتن لەگەڵ دیمشقدا دەتوانێت پڕۆژەکانی بەرێتە پێشەوە.
تاران ترسی ئەوەی هەیە ڕۆڵی خۆی پەراوێز بخرێت، بۆیە دوا ووڵات دەبێت کە بیەوێت ئاشتەوایی لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بابەتەکە بۆ مۆسکۆ جیاوازە کە هەوڵدەدات پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا بگەڕێنێتەوە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە مۆسکۆ کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە وەک بەشێک لە ستراتیژیەک کە بتوانێت ڕوبەڕوی ناتۆ ببێتەوە. ئەگەر مۆسکۆ بتوانێت لێکنزیکبونەوەی سوریا و تورکیا بگەڕێنێتەوە، پێگەی خۆی بەرامبەر ئەمریکا بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بوونی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات، تورکیاش دەیەوێت لەم پرۆسەیەدا سودمەندبێت بۆ جێگیربونی پێگەی سیاسی و ئابوری لە ناوچەکەدا.
بەکورتی دەتوانێن بڵێین کە نەخشەی ئێستای تورکیا لەم هێرش و داگیرکاری و کوشتارو ماڵوێرانی کردنەدا، پێش هەمو شتێک دەستپێشخەریە بۆ چەسپاندنی مەوقعیەتی تورکیا لە سەر بنەمای ئایندەی ئەو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەی لەعێراق و ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت. بۆ ئەم ئامانجەش تورکیا هێرش بۆسەر پەکەکە دەکاتە پاساوێک، تا بنەکە سەربازیەکانی لە عێراقدا دامەزرێنێت. لەلایەکی ترەوە بە گوڕێکی زیاترەوە ڕکابەری بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گرتۆتەبەرو هەوڵ ئەدات پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بکێشێتە دواوە، پەیوەندیشی لەگەڵ سوریا لە ڕێگەی ڕوسیاوە ڕێکدەخات نەک ئێران.
ڕێڕەوی ئەم کێشانە، ناوچەکە بەرەو کوێ دەبات؟، لە حاڵەتی بەرجەستە نەبونی هێزی یەکگرتوی رێکخراوی چینی کرێکاردا، ئایندەی بەرژەوەندی و کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا، دۆخەکەو ئاڕاستەی ئاڵوگۆڕەکان دەیبڕێننەوە!




گفتوگۆیەک لەگەڵ هونەرمەند شوان كەمال.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند شوان كەمال: هونەر تا نەبێتە پیشە و بازرگانی پێوە نەكرێت پێش ناكەوێت
هونەرمەند شوان كەمال: ئێمە هونەرمەندی گەورە و باشمان هەیە بەڵام بارودۆخی هونەریەكەمان جیاوازە و ناگاتە ئاست وڵاتانی ئەورپا و جیهان.
هونەرمەند شوان كەمال:لە كاتی دروستكردنی پەیكەرەكانم ئازادیەكی زۆر ئەیەم بەخۆم بۆ داڕشتن و بیناكردنی پەیكەرەكانم
هونەرمەندی پەیكەرساز” شوان كەمال” ،لەهونەری پەیكەرسازی خاوەن سەلیقەو ئیساتیكای تایبەت بە خۆیەتی لە ماوەی (40) ساڵەی ژیانی هونەری خۆیدا خاوەنی چەندین پەیكەری نایابە لە كوردستان و عێراق وئەورپا. یەكێكە لەوهونەرمەندانەی كە پەیكەرەكانی لە نێو چەندین شەقام و شوێنە گەشتییەكانی وڵاتانی ئەورپا دانراون پەیكەرەكانی شوان هەر لەئەورپا چەندین لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەی بۆ كراون وە لە میدیاكانش بە گرنگییەوە باسیان لە پەیكەرەكانی كردوە، جگەلەوەش ئەم هونەرمەندە بۆ برەودان بە بەهرەكەیە و دەوڵەمەند كردنی ئەزموونەكەی زۆر گرنگی بە لایەنی خوێندنی ئەكادیمی داوە هەمیشە بە دوای زانیاری نوێ و پێشڤەچوونەكانی سەردەمەوە بووە، بۆیە خاوەنی چەندین بڕوانامەی هونەرییە لە پسپۆرەكەی لەوانە: بڕوانامەی دبلۆم لە هونەری پەیكەرسازی-سلێمانی، بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە هونەری پەیەكەرسازی- زانكۆی بەغدا، بڕوانامەی دبلۆمی پیشەیی لە تەكنیكەكانی هونەری پەیكەرسازی- ئەڵەمانیا، بڕوانامەی ماستەر لەهونەری پەیكەرسازی- ستۆكهۆڵم. لە پاڵ ئەمانەش دا خاوەن رۆشنبیرییەكی هەمەلایەنە ..هەرئەوەش وای كردوە لە ئەوروپا لە چەندین دەزگاو فەرمانگەی هونەری بەرپرسیارەتی وەربگرێت وەكو لێپرسراوی بەشی هونەری كارگەی ڕۆلفكایزەر ئەڵەمانیا، 1995 تا 2015، لێپرسراوی بەشی هونەری كارگەی ڕۆسنگرێنز لە سوید لە ساڵی 2017 تا ئێستاش..دەتوانین بڵێن پەیكەرساز شوان كەمال هونەرمەندێكی جیهانیە،ماییەی شانازییمانە ئێمە بەمەبەستی ئاگادار بوون لە پرۆژە و چالاكییە هونەرییەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا پێمان باشە باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە هونەری پەریكەرتاشی بۆ خوێنەرانمان بكەین؟

  • لە ڕاستیا لێتان ناشارمەوە تاچوومە قۆناغی پەیمانگەش نەمەزانی پەیكەر چیە نەمدیبوو ناهەقیشم نیە ئێمە كتلور و پاشخان و میراتێكی هونەری شێوەكاریمان نیە ،شار و پارك و شوێنە گشتیەكانمان خاڵی بوون لە پەیكەر ئەو كاتانە،لەم چەن ساڵانەی دوایدا پەیكەر دروست كراوە لەبەینید ووكەوانەدا ،(چونكە دید و بۆچونی خۆم هەیە لەسەرلایەنی تەكنیكی و ئاستی هونەریان) بەراورد بەم وڵاتانە كەهەر لە مناڵیەوە ئاشنا ئەبن بە هونەر،شەقام و شوێنە گشتیەكانیان پڕن لە پەیكەر بێجگە لە بیناسازی و كۆشكی جوان و ئەوە هەر باسی مۆزەخانە و پێگە هونەریەكان مەكە.كاتێك چوومە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لە شاری سلێمانی سەرەتای هەشتاكانی سەدەی پێشوو زانیم شتێك هەیە ناوی پەیكەرە.ئیتر شەنسی خۆم بوو نازانم لەوكاتانەیا مامۆستا “كۆسرەت جەمال” خەریكی ئەو پەیكەرەی كاوەی ئاسنگەر بوو لەناو حەوشی پەیمانگە،لەقوڕ دروستی ئەكرد زۆر جوان و مەزن بوو،ئیتر لەو ساتەوە حەزم لە پەیكەرسازی كرد،لەو كاتەشەوە بێجگە لە خوێندنی زۆر و ئەزموون و وئیشكردن هیچ كاتێك دانەبڕاوم لە كاركردنی هونەری.

    *هەنگاوە سەرەتاییەكانی هونەری پەیكەر تاشی چین؟

  • بۆ دروستكردنی كاری هونەری یان پەیكەر یەكەم شت بیرۆكە و خەیاڵات و فەنتازی هونەرمەندەكەیە دوایی چۆنیەتی دروستكردنی پەیكەرەكە لەو كەرەسە و مەوادانەی بەكاری ئەهێنیت و شارەزایت لەناوی هەیە،دوایی بڵاوكردنەوەی و پیشاندان و نمایشكردنی.

    *بابەتەكانی پەیكەرەكانی تۆ چین؟

  • خۆی پەیكەرسازی بەتوانا بابەتی كارەكانی جیاواز و زۆر ئەبن،مەبەستم ئەوەیە بێجگە لە كاری هونەری و بیرۆكە و چیرۆكی كاری هونەری خۆم ئەگەر شارەزا و ناوبانگت هەبێت ئەوا لەسەر داواكاریش پەیكەر دروست ئەكەیت،بۆ نمونە چەندەها پەیكەر و پڕۆژەی گەورەم هەیە لە شارەكانی ئەڵەمانیا و وڵاتانی سكەندناڤیا داوایان لێكردوم بۆیان دروست بكەم،بەو پێیەی كە دانەیەكم لە شارەزاترین پەیكەرسازەكانی جیهان،بەقسەی ئەڵەمان و سویدیەكانیش كە لە چەندەها كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەیان ناوی منیان هێناوە كە باس لەهونەری ئەوروپی ئەكات.بەڵام كاری هونەری خۆم زیاتر بابەتەكانی تەعبیری و كەمێك خەیاڵی سوریالی بەڵام بە شێوەیەكی ئەكادیمی و بە تەكنیكی بەرز و بە ماتریاڵی جیاواز ئەنجامیان ئەیەم لەوانە بڕۆنز و ئاسن و ئەلەمینیۆم و هەنێ جاریش بە كریستاڵ و شوشە.

    *بیرۆكەكانی لە كوێیەوە سەرچاوە دەگرن؟

  • بیرۆكەی كارەكانم زۆربەی لە خەیاڵات و فەنتازیای بیركردنەوەی خۆمن ،باس لە نەهامەتی و ئاوارەیی وتەنیایی مرۆڤ لە لایەكەوە دوایی پەیوەندیەكانی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و چواردەوری،لەم دوایانە هەنێ پەیكەرم دروستكردوە ،فیگەری لەشی مرۆڤە لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندە،جا كاتی دروستكردنی پەیكەرەكانم ئازادیەكی زۆر ئەیەم بەخۆم بۆ داڕشتن و بیناكردنی پەیكەرەكانم بەمانای واز لە عەقلی ناوەوە ئەهێنم بە ئازادی كاری خۆی بكات زۆر جار پەیكەرم دروستكردوە خەیاڵاتی 20 تا 30 ساڵ لەمەوبەر بووە هاتووەتە دەرەوە لەو كاتەی دروستكردنی پەیكەرەكە.

    *كاریگەری كامە قوتابخانەی هونەری بەسەر پەیكەرەكانتدا زاڵە؟

  • خۆی چونكە ئێمەومانان هونەرمان بەشێوەیەكی ئەكادیمی خوێندوە بەتایبەتی باسی خۆم ئەكەم ئەلف وبێی پەیكەرسازی بەباشی فێربوین ئیتر دوایی كاتی كاركردن ئاسانتر ڕێ و شوێنی خۆمان دۆزیوەتەوە،هیچ قوتابخانەیەكی هونەری تایبەت نیە لەسەری رۆیشتبێتم یا كاری لێكردبێتم،خۆی هونەرمەند ناتوانێت هەڵیبژێرت یان باسی بكات كارەكانی سەر بە چ قوتابخانەیەكە یان بزانێت بۆ وا كاری كردوە،ئەبێت كەسانی شارەزای بواری رەخنەی هونەری بەو كارە هەڵبسێن،بەداخەوە لای خۆمان نین ئەگەر هەشبن زۆر كەمن،كەسانێك هەن هونەرمەند نین بەڵام ئەتوانن كاری هونەرمەند و ژیانی هونەرمەند هەڵبسەنگێنن و باسی بكەن.بەڵام لەوە ئەچێت بێ ویستی خۆم كارەكانم وەك باسمكرد بچنەوە خانەی یان قوتابخانەی تەعبیری سوریالیەوە.

    *وەكو هونەرمەندێك، ئاستی پەیكەرتاشانی كوردستان ،لەگەڵ ئاستی پەیكەرتاشانی ئەورپا چۆن دەبینیت ؟

  • خۆی ئاستی هونەری هیچ میلەتێك و وڵاتێك بەدەر نیە لە ئاستی كلتوری و ڕۆشنبیری و ئینجا ئابوری و كۆمەڵایەتی ئەو گەل و نیشتمانە.بەمانای نەكرێت وڵاتێك لایەنی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی ئاسیاوی بێت، بەڵام لایەنی كلتور و هونەر و ئەدەبی ئەوروپی بێت.لای خۆمان بەراورد ناكرێت بەم وڵاتانە بەڵام ئەبێت ئەوە جیابكەینەوە لایانی فەرهەنگی و كلتوری هەر گەلێك و نەتەوەیەك جێی ڕێزو شانازیە بۆ نمونە ئێمە هونەرمەندی گەورە و باشمان هەیە بەڵام بارودۆخی هونەریەكەمان جیاوازە و ناگاتە ئاست وڵاتانی ئەورپا و جیهان،بۆنمونە ژیانی هونەرمەندان و گرنگی دان بە كارەكانیان،لە دروستكردنی ئەتەلێ و مۆزەخانە و كردنەوەی پێشانگە،هەر دوور نەڕۆین خۆم بۆ كوردستانم جێهێشتوە هاتووم لە ئەورپا ئەژیم؟كەلەم وڵاتانە ببمە شارەزای بواری هونەری پەیكەرسازی ئەم هەموو كارو پڕۆژەیەم دروستكردوە لەسەر شەقام و شوێنە گشتەیەكان،بۆ لای خۆمان جێم نەبۆتەوە و ناتوانم كاربكەم؟

    *وەكو پەیكەرتاشێك تاچەند لەگەڵ كاری بازرگانی لەرێگەی هونەری پەیكەرتاشی؟

  • ئەم پرسیارە زۆر گرنگ بوو چونكە لەزۆر شوێن بەهەڵە تێگەیشتون و یان لێكدانەوەی هەڵەی بۆكراوە،خۆی هونەر تا نەبێتە پیشە و بازرگانی پێوە نەكرێت پێشناكەوێت لەهیچ جێگەیەك،بەمانای هونەرمەند كە كارێك ئەكات ئەبێت بیفرۆشێت جا لەم وڵاتانە تا نرخی بەرزتر بێت بەمانای هونەرمەندەكە شارەزا ولێهاتووە،هونەرمەندی ئەم وڵاتانە دەوڵەمەندن و ژیانێكی باشیان هەیە،لێرە ئەگەر كارە هونەریەكەت نەفرۆشرێت یان پارە نەكات ئەڵێین بڕۆی كارێكی تر بكەیت باشترە،زۆر بە هەڵە لای خۆمان ئەڵێن نابێت هونەر بازرگانی پێوە بكرێت یان بفرۆشرێت،بۆیە لای خۆمان هونەر نەبۆتە پیشە،كەس بە هونەر ناژی،لای خۆمان یان مامۆستایە یان فەرمانبەری ئەودەزگا هونەریانەیە،بەوە هونەر پێشناكەوێت تا نەبێتە پیشە و كاری ڕۆژانە،بۆ نمونە خۆم ڕۆژانە 8 كاتژمێر پەیكەر دروست ئەكەم و پارەی لەسەر وەرئەگرم،ئەمە بێجگە لە كار و پرۆژەی خۆم.

    *پەیكەرێكی تایبەت هەیە،جیاواز لە پەیكەرەكانیترت شانازی پێبكەیت؟

  • بۆ زانیاری بەڕێزتان و خوێنەرانی ئازیز لە مێژوی هونەری كوردی دوایش عەرەبی ئینجا فارسیش دوایی لە رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا هیچ پەیكەرسازێك نەبووە بێتە ئەورپا دوایی ئەو هەموو پەیكەرە گەورانە لە سەر شەقام و شوێنە گشتیەكان دروستبكات،زۆر گەڕاوم مەراقم بوو بزانم پێش من كەس نەبووە هیوادارم لەداهاتودا كەسێك بتوانێت،لە ژیانی هونەری و ئەم 40 ساڵەی تەمەنی هونەریم كۆمەڵێكی زۆر پڕۆژە و كاری هونەریم دروستكردوە لە عێراق و كوردستان و ئەوروپا،بۆ زانیاری یەكەم پەیكەری قوربانیانی چەكی كیمیاوی و كۆمەڵكوژ من و جوانەمەرگ( كۆسار ئەحمەد) دروستمانكردوە بۆ (تۆفیقی كارەبا) ئێستاش هەر ماوە لە شاری هەڵەبجە دانراوە،لە ئەڵەمانیا و سوید و نەرویجیش پەیەكەری زۆرم هەیە هەموویانم خۆشەوێت و گرنگن بەڵام لەوانەیە پەیكەری (شاسوار ئەنۆڵد)م رۆز لا گرنگ بێت چونكە پەیكەرێكی بڕۆنزی زۆر ئاڵۆز و وردەكاری زۆری تیایە ماوەیەكی زۆر كاتیان داپێم بۆ دروستكردنی دراسە وتوێژینەوەم لەسەر ئەسپ كرد دوایی دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو لە میدیای ئەڵەمانی و سەرۆكی هەرێمی نۆرد ڕاین پەردەی لەسەر لابرد زۆر پێوەی هیلاك بووم ناوی خۆمم بەكوردی لەسەر نوسیووە بۆ مێژو ئەمێێتەوە،هەموو پەیكەرەكانم گرنگن و جێی شانازی خۆمن هیوادارم كوردیش ڕۆژێك بێت گرنگی بە كەسایەتیەكانی خۆی بات كە دڵسۆزانە و خۆبەخشانە كاریان كردوە،لەهەموو حاڵەتێكا و لەكۆتاییا ئێمە هەركوردین،هیوادارم رۆژێك بێت ببینە خاوەنی وڵات و كوردسانێكی گەورە ئەوكات توانا و ئەزمون و سەلیقەی خەڵكانی دڵسۆزبۆ بنیاتنانی كوردستان بێت.



کتێب\ ڕامانێکی خێرا لە بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەری سۆشیالیستیی وڵاتی کەنەدا.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ناساندن فیلۆفۆبیا، زنجیرەی بڵاوکراوە ١٣٨.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

فیلۆفۆبیا: تێگەیشتنێك لە ترس لە خۆشەویستی و چوونە نێو پەیوەندییە سۆزدارییەکانەوە.

فیلۆفۆبیا، کە بە ترس لە خۆشەویستی و چوونە نێو پەیوەندییە سۆزدارییەکان ناسراوە، حاڵەتێکی دەروونییە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی تاکەکان هەیە.
فیلۆفۆبیا وشەیەکی یۆنانییە کە لە “philo” (خۆشەویستی) و “phobos” (ترس) پێکهاتووە. لە زانستی دەروونناسیدا، وەک ترسێکی نائاسایی و زۆر لە دروستکردن یان بەشداریکردن لە پەیوەندی خۆشەویستی پێناسە دەکرێت.

هەندك لە هۆکارەکان کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو دۆخە دەروونییە:

  1. ئەزموونی نەرێنی پێشوو: وەك پەیوەندی ناسەرکەوتوو یان بوونی خیانەتی هاوسەرگیری کە بەسەر تاکەکەدا هاتووە.
  2. کێشەی پەیوەستبوون(هۆگربوون): کە لە منداڵیەوە سەرچاوە دەگرێت و کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانی داهاتوو هەیە. (بۆ تێگەیشتن لەم پرسە دەتوانیت سوود لە تیۆری فڕۆید پێنج ساڵی مناڵی تاك، قۆناغی ئاوێنەی ژاك لاکان، تیۆری ئیریك ئیرکسۆن، هاینز کۆهت وە زۆرێك لەزاناکانی تر وەربگری).
  3. کلتوور و کۆمەڵگا: هەندێک نۆرمی کۆمەڵایەتی دەتوانن ترس لە پەیوەندی درووست بکەن.(خۆشەویستی قەدەغەیە، کچ نابێ خۆشەویستی بکا، پیاو نابێ هەست و سۆزی هەبێ و ناسك و عاتفی بێ، دواکەوتووی کۆمەڵگا و کلتوور، ناوچگەرێتی و خێڵ و ستیگماکانی تر پەیوەست بەم پرسە کە کۆمەڵگا و کلتوور دروستی دەکەن بۆ تاك کە هیچ کام لەمانە تەندروست و گونجاونین بۆ تەندروستی دەروونی تاك ).
  4. خۆبەکەمزانین: کەسانێك کە متمانەیان بە خۆیان کەمە زیاتر مەترسی تووشبوونیان هەیە.

نیشانەکان بەشێوەیەکی گشتی بەم جۆرەن:

  • دڵەڕاوکێی بەردەوام سەبارەت بە پەیوەندیەکان.
  • خۆدوورخستنەوە لە دۆخە ڕۆمانسیەکان.
  • نەتوانین لە سۆزداری بوون یان هەستنەکردن بە خۆشەویستی.
  • نیشانە جەستەییەکان وەک خێرابوونی لێدانی دڵ کاتێک باسی پەیوەندی دەکرێت.( ئەم نیشانەیە بە کاردانەوەی فیزیکی گوزارشت دەکرێ).

چارەسەر:

  1. چارەسەری دەروونی: یارمەتی کەسەکە دەدات بۆ تێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ترسەکانی، چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT): یارمەتی دەدات بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە و ڕەفتارە نەرێنیەکان.
  2. دەرمان: لە هەندێک حاڵەتدا، دەرمانی دژە دڵەڕاوکێ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
  3. خود-چاودێری(دەتوانین بڵێین Self -care گرینگیدان بەخۆت، یاخود بۆ ئەم باسە دەتوانن سوود لە تیۆری Self theropy کارڵ ڕۆجەرس وەربگرن کە لەم بڵاوکراوەکانی ڕابردوومدا ئەم تیۆرەم ڕوونکردۆتەوە و لینکی بڵاوکراوەکە لە کۆمێنت دادەنێم) : وەرزش، خواردنی تەندروست و خەوی باش دەتوانن یارمەتیدەربن.

سەرچاوەکان:
1-https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/22521-philophobia-fear-of-falling-in-love

2-https://www.webmd.com/anxiety-panic/what-is-philophobia

3-https://www.medicinenet.com/what_are_the_signs_of_philophobia/article.htm

4-https://www.centreofexcellence.com/overcoming-fear-of-love/




«مەرگێکی هەڵواسراو» ی یووسف ئیسماعیل چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی مەرگێکی هەڵواسراو، لە شازدە چیرۆکە پێک دێت. ناوی کتێبەکە گوزارشتە لە تەواوی چیرۆکەکانی نێو کتێبەکە. چیڕۆکەکان فرەڕەهەندە و دەکرێ لە گۆشەی جیاوازەوە لێی بڕوانی. پێکهاتوون لە تەنز، ڕۆمانسی، خیانەت، گەندەڵی، سیاسی …تاد… نووسەر هەندێک لە چیڕۆکەکانی باس لە کێشە کۆمەڵاتیەکان و کێشەی نێو خێزانی هەر تاکێکی کورد دەکات، کە بەشێوەیەکی چێژ بەخش و گێڕانەوەیەکی پڕ لە فلاشباک.

یووسف ئیسماعیل، نووسەری کۆمەڵە چیرۆکی مەرگێکی هەڵواسراو گوتی: ئەم کتێبە دەبێتە یەکەم کتێبی من بە چاپکراوی، کە دوای ئەوە چەند کتێبێکم نووسییەوە و بڵاو چاپ نەکراوە. نووسەر گوتیشی: لە چەند بواردا توانی نووسینم هەیە و نووسیومە و لە ڕۆژنامەکان بڵاوم کردووەتەوە، بەڵام خودی خۆم لە ژانەری چیرۆکدا دۆزیوەتەوە، دەمەوێت لە چیرۆکنووسین بەردەوام ببم. ئێمە لە کۆمەڵگای کوردیدا لەڕووی چیرۆکەوە زۆر دەوڵەمەند نین لەچاو ژانەرەکانی تر وەک شیعر، وتار، ڕۆمان….تاد. چیرۆک کەم ئیشی لەسەر کراوە لەبەرامبەر ژانەرەکانی تر، بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە باس دەکرێت لە حەفتاکان و هەشتاکانی ڕابردوو لە خوێنەر و نووسینی ژانەری چیرۆک لە پلەیەکی باڵاتردا بوونە. بۆیە بڕیارم دا یەکەم کتێبی چاپکراوم کۆمەڵە چیرۆکێکی ئەدەبی بێت.

کۆمەڵە چیرۆکەکە لە دووتوێی سەد و بیست و شەش لاپەڕەدا کۆکراوەتەوە، ئێستا لە کتێبخانە کوردیەکان بەردەستە.
کتێبی مەرگێکی هەڵواسراو، لە ساڵی 2024 لە چاپخانەی پاندە لە سلێمانی چاپ کراوە.




گومڕاییبوون.. شیعر/ کاوە عوسمان

گومڕاییە بوون،،
لە گەڕانێ،،،
بەدوای سۆراختا..
شوێن بوەتە گەلەری شتە گیاندەرچوەکان
شنەباش بۆنی تەنیایی لێدێ،،
هەورەکان دڵی تەڕیان ئەوەرێنێ
دارەکان لە فرمێسکا ئەدرەوشێنەوە
کەسێ نیە لە شەقامە چۆڵ و بێ چرپەکان
تەنها جەستەی من نەبێ..
لە ژێر نوری زیوینی مانگێکی تەمهەڵجنا..
وەک تارماییەکی غەمگین دێ و دەچێ،،
مۆمێک لە کوخێکا
لە دورەوە ، بریشکەیەتی ..
بڵێی تروسکەی ئەوینێ بێ،،
گیانی دەرچێ؟
پەنا دەبەم سنەوبەرێک دەستم بگرێ
بروسکەیەک رۆحم بەرێ
تارمایەک بە هەنای..
ڕۆحێکی شەکەتا بچێ
دەمەوێت پشوو بدەم
لە گەڕان ماندووم،
هەمووجێیەک ئەمشەو..
بۆنی تەنیایی و نامۆیی لیدێ،،
هەر سووچێک و پەناگەیەک یادێ دێنێ ،
لەپڕتاو، لە خەیاڵی گومڕاییدا..
نێو زوقم و تەمتومانی نامۆییدا،،
تارماییەک بە باڵای ئەو..
لە باخێکی چۆڵی غەمگینا دەرئەکەوێ ،،
بڵێی ئەو بێ..
لەم خەزانی دڵوەرینە …
فریادڕەسی مەرگەساتی نامۆییم بێ ؟
گۆمڕاییبوونە،
تاڵی ڕەنگینی زوڵفی ئەستێرەکان..
لە یەک ئاڵاون و..
دەربازیان نابێ،،
چرۆ درەوشاوەکانیش،،
چاوەڕێی تیشکی سپێدەیەکن..
هەر ناگاتەجێ،
گۆمڕاییبوونە،
بە نێوپەلی زەردی ئەو درەختە..
پیرانەی بەلادا کەوتوون،،
هێشتا بێهەودا دەشنێنەوە…
بۆ سۆراخت،،
هەموو شتێک بۆنی تەنیایی لیدێ،
ئەو پردەی ڕوبارێکی ووشک جێی دێڵێ،،
ئەو هەورانەی نیگای عیشقیان…
لە فرمێسک و خوێنا تێزاوە
لە زیندانی ئاسمانێکی…
چوارمێخەکە کێشراوا…
دەروازەیەکیان نابێ ،
ئەو گوڵانەی بێ ویستی خۆیان..
لە ژێر نەشتەری ڕەشەبادا،،
ئەمشەو پەرت پەرت ئەبێ،،
ڕزگاربونیان نابێ،،
ئەمشەو جەستە بە نێو..
کەناری نوقم لە تەما..
یەخسیر ئەبێ، ،،
کەنار دەریا چۆڵ ،،
ڕۆح لە ئافاتی بوونا..
گومڕا ئەبێ،،
دڵ بێهەودا و نائارام ..
مەستی زایەڵەی تەنیایی شنەبای ..
نێو کێڵگە غەمگینەکان ئەبێ،
سەیرە پێکە ژەهری …
ڕژاوی رەشی ئەمشەو،،
تەواو نابێ
دنیا تا ئەبەد ڕوناک نابێ
دەرۆم و چیتر..
باوەڕم بە گەڕانەوەی..
پەڕەسێلکە پەمەیەکانی…
فیردەوسی مناڵی نابێ…
دەڕۆم و چیتر ،،
باکم بە تیغی پڕئازاری…
شنەبای زەریا تەمهەڵچنەکان..و..
بریسکەی نیگای ..
مانگێکی نغرۆ لە خەما نابێ.

……………………………………………………

تێبینی/ وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
Arcaion
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




سێینه‌ی ڕۆماننووسێك.. ئاری عوسمان خه‌یات

له‌ مه‌مله‌كه‌تی باوكه‌كانه‌وه‌، تێپه‌ڕین به‌ مه‌مله‌كه‌تی گورگه‌كاندا تا مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار

كاتێك ده‌ست ده‌كه‌یت به‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار)ی (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاری)، ئه‌گه‌ر له‌و خوێنه‌رانه‌ بیت‌، كه‌ ده‌ستی نووسینیان هه‌یه‌، ئه‌وا هه‌ر له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی خوێندنه‌وه‌یدا، یه‌كسه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه ئه‌وه‌ت ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، شتێكی له‌باره‌وه‌ بنووسیت، به‌ڵام هه‌رئه‌وه‌نده‌ی بته‌وێ ده‌ست پێ بكه‌یت، ئیدی ئه‌وكات بۆت ده‌رده‌كه‌وێت: ڕاسته‌ ڕۆمانه‌كه‌ له‌و جۆرانه‌یه‌، كه‌ خوێندنه‌وه‌یان خۆش و ڕه‌وانه‌‌، وه‌لێ نووسین له‌باره‌یه‌وه‌ ئاسان نییه‌!
من ئه‌م تێڕوانینه‌م دوای هه‌شت مانگ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ بۆ ده‌ركه‌وت، له‌مه‌شدا دوو خاڵم به‌ سه‌رنج ‌گرتووه‌‌:

  1. چه‌ند جارێك به‌وردیی ڕۆمانه‌كه‌م خوێندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌م نووسینه‌ی ئێستاشه‌وه‌، پێموایه‌ هێشتا هه‌قی خۆیم نه‌داوه‌تێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ بمه‌وێ یان نیازی ئه‌وه‌م هه‌بێ له‌ كورته‌نووسینێكی له‌م شێوه‌دا بپه‌رژێمه‌ سه‌ر وردودرشتی ئه‌و ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه‌ ڕۆماننووس پێشكه‌شی كردووین، به‌ڵكوو ده‌مه‌وێ بڵێم: ده‌روازه‌كانی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ گه‌لێك زۆرن، به‌ڵام ده‌رچوون لێی ئه‌سته‌مه‌! چونكه‌ به‌ده‌ر له‌و شێوازه‌ ئه‌ده‌بییه‌ تایبه‌ته‌ی هه‌یه‌تی، هاوكات زیاد له‌ باس و بابه‌ت و لایه‌نێكی تێدای به‌سه‌ركراوه‌ته‌وه‌‌، زیاد له‌ تێڕوانین و بۆچوونێكی تێ خزێنراوه‌‌، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانین له‌ یه‌ك كاتدا له‌باره‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌وه قسه‌ بكه‌ین یان بنووسین، به‌مانایه‌كی تر وێڕای قه‌باره‌ بچووكییه‌كه‌ی، به‌ڵام جیهانێكی یه‌كجار به‌رین له‌م ڕۆمانه‌دا خراوه‌ته‌ سه‌رپشت، كه‌ ده‌شێ بڵێین، ده‌قه‌كه‌ی پێ چووه‌ته‌ ئاستێكه‌وه‌، كه‌ خوێنه‌ر ده‌توانێ بیخوێنێته‌وه‌، چێژی لێ وه‌رگرێ و هیچی له‌باره‌وه‌ نه‌ڵێ!
  2. له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت مانگه‌ی ڕابردوودا، چاوم به‌ زۆربه‌ی ئه‌و نووسین و ڕانان و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ كه‌وتووه‌، كه‌ له‌باره‌ی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی كه‌لارییه‌وه‌ نووسراون، لای خۆمه‌وه‌ گه‌شتم به‌ چه‌ند ئه‌نجامێك، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌مه‌یه‌: زۆربه‌ی نووسینه‌كان (نه‌موتووه‌ هه‌موویان: زۆربه‌یان!) به‌ نه‌فه‌سی كورتی (فه‌یسبووك)ییانه‌وه‌ نووسراون، هه‌ربۆیه‌ ده‌ره‌قه‌تی شیكردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه‌‌ نه‌هاتوون! وام لێ دێ، هه‌ندێ جار گومان بكه‌م، كه‌ كه‌میان نه‌بێ، زۆربه‌یان به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندبێتیانه‌وه‌ شتیان له‌باره‌وه‌ نووسیوه‌! ئه‌مه‌ ته‌نها گومانه‌، چونكه‌ من ده‌زانم (خه‌ڵكه‌كه) به‌گشتی‌ تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێرانه‌یان نه‌ماوه هه‌ربۆیه‌ نه‌فه‌سی نووسینیشیان ئاوا كورت بووه‌ته‌وه‌! دووه‌میش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ ده‌سپێك و له‌ خاڵی یه‌كه‌می ئه‌م نووسینه‌دا، ئاماژه‌م پێی داوه‌: ڕۆمانه‌كه‌ بۆخۆی تایبه‌ته‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی بوێت و دواجاریش نووسینی تایبه‌ت له‌باره‌یه‌وه‌…
    كه‌واته‌ دیسانه‌وه‌ هه‌ق به‌ ئێمه‌یه‌، لێره‌دا له‌ڕوانگه‌ی خاڵی یه‌كه‌مه‌وه‌، بپرسین: ئه‌وه‌ چییه‌ وا ده‌كات خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێك ئاسان بێت، به‌ڵام نه‌توانین به‌هه‌مان ڕاده‌ی ئه‌و ئاسانییه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێین/ بنووسین؟
    وه‌ڵامی ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ جه‌وهه‌رییه‌ -له‌ ڕۆنانی سه‌ره‌وه‌یدا- خۆی له‌و شێوازه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ڕۆماننووس له‌ نووسینی ده‌قه‌كه‌یدا به‌كاری هێناوه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئاگاییمان له‌مه‌ڕ (چه‌مكی شێواز) به‌گشتی و (شێوازی ئه‌ده‌بی) به‌تایبه‌تی هه‌بێت، ئه‌وسا له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین، كه‌ سیحر و ئه‌فسوونی هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی خۆی له‌ شێوازی خستنه‌ڕوویدا ده‌بینێته‌وه‌، شێوازیش له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بیدا -به‌كورتییه‌كه‌ی- بریتییه‌ له‌ چۆنێتیی به‌كارهێنانی زمان له‌لایه‌ن خاوه‌ن ده‌قه‌وه‌. به‌م جۆره‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی شێوازگه‌رییه‌وه‌ شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ شێوازی ئه‌ده‌بیی (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاری) چ له‌م ڕۆمانه‌ی و چ له‌ دوو ڕۆمانی پێشتریدا (مناڵێك له‌ مه‌مله‌كه‌تی باوكه‌كاندا، 2005) و (مه‌مله‌كه‌تی گورگه‌كان، 2009) بكه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین ئه‌نجامێكی زانستی له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنین و تێیدا ئه‌وه‌ ببچه‌سپێنین، كه‌ ڕۆماننووس خاوه‌نی شێوازی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی، خۆ ئه‌گه‌ر پێویست به‌ به‌ڵگه‌ی زیاتر له‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجامه‌دا بكات، ئه‌وكات به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی كه‌لاریی (سمكۆڵانی شیعرێكی سه‌ركێش: 1992، زریكه‌ی زامی داره‌به‌نێك: 2000، سێبه‌ری سزا: 2002)، توانا و سه‌لیقه‌ی شێوازگه‌رانه‌ی ئه‌ومان باشتر بۆ ده‌سه‌لمێت. ئاخر ئه‌و توانایه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر زماندا ده‌شكێت، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م به‌رهه‌می بڵاوكراوه‌یه‌وه‌، وه‌ك مۆم زمان به‌ده‌م خه‌یاڵییه‌وه‌ نه‌رم-نه‌رم دێت و ده‌چێت و خوێنه‌ر له‌ هیچ شوێنێكدا هه‌ست به‌ زۆرله‌خۆكردنێك‌ ناكات، كه‌ ساتمه‌ی به‌ نووسه‌ر دابێت. به‌ڵێ، ئه‌و ورده‌كارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زمانی نووسین و ده‌ربڕیندا ده‌كات، زمان ده‌باته‌ ئاستێكی شیعریی ئه‌وتۆوه‌، كه‌ شیكردنه‌وه‌ی قووڵی فره‌ئاستی پێویسته‌، به‌ومانایه‌ی له‌ یه‌ك كاتدا گه‌مه‌یه‌كی قووڵ داده‌مه‌زرێنێت، له‌ ڕووی به‌كارهێنانی یه‌كه‌ زمانییه‌كانه‌وه‌ هه‌ر له‌ ئاستی ده‌نگ و وشه‌ و تا ده‌گات به‌ ئاستی ڕسته‌ و كۆڕست‌ و دواجار هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ئاستی واتای گشتیی ده‌قدا وه‌ك چلچرایه‌ك به‌سه‌ر دیدی ئیستاتیكیی خوێنه‌ردا داده‌گیرسێت‌، دیاره‌ شیكردنه‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ش پێویستی به‌وه‌یه‌ كۆمه‌ك له‌ میكانیزمه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كانی میتۆدی شێوه‌گه‌رایی‌ (فۆرمالیزم) وه‌ربگرین‌، كه‌ لێره‌دا بۆنموونه‌ ئاماژه‌ به‌ چه‌مكی (ئاشنایی-سڕینه‌وه‌)ی شكلۆفسكی ده‌ده‌ین و له‌میانییه‌وه‌ بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌، كه‌ چۆن‌ ڕۆماننووس‌ خوێنه‌ر په‌لكێشی نێو فه‌زای زمانیی ده‌قه‌كه‌ی ده‌كات و به‌جۆرێك، كه‌ به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ دنیایه‌كی نوێدا ده‌بێت‌ تێیدا زمانی ئۆتۆماتیك له‌كارده‌كه‌وێت و زمانی ئه‌ده‌بیی دێته‌پێش، به‌مه‌ش‌ ئیداركی ڕۆژانه‌ له‌كارده‌كه‌وێت و له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ ئیدراكی ئیستاتیكی به‌گه‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا به‌گه‌ڕكه‌وتنی ئه‌م ئیداره‌كه‌ ئیستاتیكییه‌ له‌نێو دنیایه‌كدایه‌، له‌ هه‌مان ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ بنیاتنراوه‌، كه‌ خوێنه‌ر به‌ ئاسانی ده‌یانناسێته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك یه‌كپارچه‌ و له‌نێو بۆته‌ی بنیاته‌ تازه‌ ڕۆنراوه‌كه‌دا به‌رخوردیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئیتر ئا له‌وێدا‌ سه‌رجه‌می ئه‌و شتانه‌ی پێشتر پێیان ئاشنا بووه‌و له‌ ئاستی ئۆتۆماتیزمدا مامه‌ڵه‌ی كردوون، له‌ به‌رچاوی ده‌سڕێنه‌وه و سه‌رله‌نوێ له‌ بۆته‌ی نوێدا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و حاڵه‌ته‌ ئیستاتیكییه به‌رجه‌سته‌كراوه‌یه‌، كه ئێمه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین و ناتوانین به‌ئاسانی له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێین!
    به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ میكانیزمه‌ی كه‌ ڕۆماننووس له‌ مه‌زراندنی ده‌قه‌كه‌یدا له‌ڕێگه‌ی شیعرییه‌ت‌ (زمانی شیعریی)ه‌وه‌ گرتوونییه‌به‌ر، فه‌زایه‌كی گێڕانه‌وه‌به‌ندیی تایبه‌تی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌ زۆرجار ئه‌و زمانه‌ شیعرییه‌ی به‌ وه‌سفی كاره‌كته‌ر و شوێن و ڕووداوه‌كان بارگاویی كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌نگی ڕۆماننووس وه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كی له‌ وه‌سفه‌كاندا زاڵه‌، بۆ تێگه‌یشتن له‌م به‌هایه‌ش دیسانه‌وه‌ چه‌مكێكی تری فۆرمالیسته‌كان (ڕه‌گه‌زی زاڵ) یاریده‌مان ده‌دات بۆ تێگه‌یشتن له‌و ڕێوشوێنه‌ ئه‌ده‌بییه‌ی ڕۆماننووس په‌نای بردووه‌ته‌به‌ر و تێیدا هونه‌ركاریی به‌رزی خۆی نواندووه‌.
    له‌ ڕوونكردنه‌وه‌و پوخته‌كردنی چه‌مكه‌كه‌ی شكلۆڤسكیدا (ڕه‌گه‌زی زاڵ) دوو بنه‌ما به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیرێن، كه‌ (تۆماتشڤسكی)ی هاوڕێی خستوویه‌تییه‌ ڕوو و له‌وباره‌وه‌ پێیوایه: بنیاتی هه‌ر حیكایه‌تێك، هێزی خۆی له‌ دوو بنه‌ما‌وه‌ وه‌رده‌گرێت،‌ ئه‌وانیش بریتین له ژینگه‌ی ڕاسته‌وخۆ- تیاژیاوی خودی نووسه‌ر و ئه‌و ژینگه‌ كه‌له‌پوورییه‌ی كه‌ نووسه‌ر ده‌قه‌كه‌ی تیا به‌رهه‌م هێناوه‌.
    له‌م ڕوانگه‌وه‌‌ كاتێك ده‌چینه‌ نێو دنیای گێڕانه‌وه‌به‌ندیی مه‌مله‌كه‌تی كه‌لارییه‌وه‌، له‌وێدا به‌ر ژینگه‌ی خۆجێی گه‌رمیانییانه‌ی ڕۆماننووس ده‌كه‌وین، كه‌ ئه‌میش بۆخۆی له‌ پانتایی به‌رفراوانی ئه‌و كه‌له‌پووره‌ ئه‌ده‌بییه‌ كورده‌وارییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ و كات و شوێن و كه‌سه‌كانی تێدا داده‌مه‌زرێن و به‌مه‌ش وزه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی گه‌وره‌ ‌چۆڕاوه‌ته‌ هه‌ناوی ده‌قه‌كه‌وه ‌و جووڵه‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌رده‌وامییه‌كی له‌ جووڵه‌ به‌ كه‌شی گشتیی ڕۆمانه‌كه‌ به‌خشیوه‌.
    كه‌واته‌ ده‌توانین لێره‌دا ئه‌و خاڵه‌‌ له‌ڕووی شێوه‌گه‌رانه‌ی ده‌قه‌وه‌ بچه‌سپێنین، كه‌ ‌به‌ها یان ڕه‌گه‌زی زاڵ له‌ مه‌مله‌كه‌تی سپیسواردا بریتییه‌ له‌و بنیاته‌ زمانییه‌ی كه‌ به‌قووڵی به‌نێو جه‌سته‌ی ده‌قدا ڕه‌گاژۆ بووه‌ و ڕوانینی گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی له‌ ئامێزگرتووه‌، هه‌روه‌ك جارێكی تر و به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ تیۆرییه‌كه‌ی (تۆماتشڤسكی)، تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ت یان باشتر بڵێین (حیكایه‌تسازیی)‌ په‌یوه‌سته‌وه‌ به‌و مۆتیڤه‌ تایبه‌تانه‌ی كه‌ یه‌كه‌ زمانییه‌كانی ‌نێو‌ هه‌ر ڕسته‌یه‌كی ده‌ق له‌قووڵاییدا له‌خۆیانی ده‌گرن و به‌مه‌ش سه‌رتاپای گێڕانه‌وه‌به‌ندیی ده‌قی ڕۆمانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، واته‌ ده‌قی ڕۆمانه‌كه‌ بۆخۆی بریتی ده‌بێت له‌ مۆتیڤێكی گه‌وره‌ی پارچه‌پارچه‌بوو، كه‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌وانه‌ش بۆخۆیان پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵه‌ مۆتیڤێكی تری بچووكترن، كه‌ ئیتر ئه‌م مۆتیڤه‌ بچووكترانه‌ شیانی پارچه‌بوون و پارچه‌كردن نین و نابن، به‌ڵكوو له‌میانی پارچه‌كانی مۆتیڤه‌ گه‌وره‌كه‌وه‌، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ته‌واو‌ خۆیان ده‌رده‌خه‌ن.
    وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێی ‌دا،‌ بۆ چه‌سپاندنی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆمانووس خاوه‌نی شێوازی ئه‌ده‌بیی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی پێویستمان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی پێشووی، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ (مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار) تێ بگه‌ین، پێویستمان به‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌ دنیابینیی (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاری) وه‌ك مرۆڤ و هه‌میش وه‌ك ڕۆماننووس، به‌وه‌ش ئه‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌دی ده‌كه‌ین، كه‌ به‌لای كه‌لارییه‌وه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی ڕۆماننووسییه‌وه‌ له‌ كۆڵی خۆی ناوه‌و له‌میانی دووه‌م ئه‌زمووندا درێژه‌ی داوه‌تێ و خه‌مه‌كه‌ی گه‌وره‌ كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی دواجار له‌ڕێگه‌ی سه‌لیقه‌ی گێڕانه‌وه‌سازیی سه‌نگینی خۆیه‌وه‌‌‌ له‌ (مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار)دا بیگه‌یه‌نێت به‌ ترۆپك، به‌مانایه‌كی تر هێڵێكی به‌رده‌وامی خه‌م و ئازار هه‌ر له‌ مه‌مله‌كه‌تی باوكه‌كان و تێپه‌ڕین به‌ مه‌مله‌كه‌تی گورگه‌كان تا ده‌گات به‌ مه‌مله‌كه‌تی سپیسوار، سه‌رفه‌ری مرۆڤێكی جوانناسمان نیشان ده‌دات، كه‌ به‌نێو پانتایی گه‌وره‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیاندا له‌گه‌ڵ خۆی هێناویه‌تی، بۆیه‌ كاتێك هه‌رسێ مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ (حه‌مه‌سه‌عید) جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك ڕۆماننووسێك ئاماده‌گیی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌، هاوكات و له‌ یه‌ك كاتیشدا به‌ شێوه‌ی جیاجیا و له‌ شوێنی پێویستی خۆیدا وه‌ك كۆمه‌ڵناس، ده‌روونناس و مێژوونووسێك ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وپێیه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی شێوازه‌ ئه‌ده‌بییه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ گوزارشت له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ بكات، كه‌ به‌وپه‌ڕی سه‌لیقه‌ و وردبینییه‌وه‌ ده‌ریبڕیون و كردوونی به‌ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كانی، بۆیه پاش خوێندنه‌وه‌ی ورد و شیكردنه‌وه‌ی میتۆدگه‌رایانه‌ی هه‌رسێ ڕۆمانه‌كه‌، ده‌توانین له‌ ئه‌نجامدا (حه‌مه‌سه‌عید كه‌لاریی) وه‌ك خاوه‌نی سێینه‌ی ڕۆمان له‌ ئه‌ده‌بی كوردیماندا ناوزه‌د بكه‌ین.

8-8-2024
ئاری عوسمان خه‌یات




میكانیزمی ژیانی زمان و مرۆڤ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

سوكرات نووسین بە نیگاركردن دەچوێنێ‌. زمان لەو وشانە پێكهاتووە، كە وێنە دەخەنەوە و لەسەر پێیەكانیان وەستاون. زمان لە نووسیندا دەجوولێتەوە وەك ئەوەی لە ژیاندا بێت. بەڵام زمان لەبەرامبەر كێ‌ قسان دەكات؟ هەڵبەتە زمان بەرامبەر هەمووان و بۆ كەس قسان ناكات، زمان لە نووسیندا تاكە چارەیە، بەڵام نووسین تەنها نیگاركردن نییە!.

زمان لە گفتوگۆكردندا زیندووە، لە نیگاركردندا مەرج نییە، زیندوو بێت. بەڵام چونكە زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت، ئیتر زمان چارەیە، نیگارە، جەستەیە، جەستە قسان دەكات، شتەكان قسان دەكەن، مێژوو قسان دەكات، توانا فەردی و كۆمەڵایەتییەكان قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ پچڕان بە هەزاران جۆر قسان دەكەن… میكانیزمی ژیان مرۆڤ و زمانە، زمانە كە دەربارەی زمان دەدوێ‌، زمان كە دەربارەی خۆی دەدوێ‌، هیچ شتێ‌ لە مرۆڤ جوانتر نادۆزیتەوە. (مرۆڤ بەرهەمی زمانە).

كتێبەكانی ئایین و ئەو كتێبانەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێكهێناوە و بووەتە كتێبێكی پیرۆز، تابلۆكانی موسا، دە سپاردەكە، هێلكارییەكانی تەوارات، ئینیجیل، دەقە پیرۆزەكانی قورئان… هیچ شتێ‌ لە زمان جوانتر نادۆزنەوە، بۆ ئەوەی دەربارەیان بدوێ‌. بەشێكی گەورەی جوانی زمان لەوەدایە لە زەمان و سیاقێ‌ دەنووسرێ‌ و لە سیاقێكی دیكە و لە شوێنێكی دیكە و لە كاتێكی دیكە دەخوێندرێتەوە. بەردەوام زمان حەقیقەتی خۆی لە (زەمەن)ە جیاوازەكانی گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییەكاندا دەبینێتەوە. مرۆڤ و زمان بۆ هەمیشە لە سەیرورەدان.

داهێنان میكانیزمی ژیانی زمانە، دەسەڵاتی حەقیقی زمان گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییە! سەیرورە دەسەڵاتی حەقیقی زمانە، زمان لە رێگای گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییەوە هەست بە دەلالەتەكان دەكات، بەڵام حەقیقەتی دەسەڵات روداوەكان راڤە دەكاتەوە! ئایا زمان دەكەوێتە كوێی حەقیقەتەوە؟ 

زمان دەكەوێتە راڤەكردنی بێ‌ كۆتایی حەقیقەتەوە. بەو مانایەش حەقیقەت و راڤەكردن هۆكارن بۆ مانای هەتا هەتایی زمان و سەیرورە. كەواتە نە ئایین، نە زانست، نە فەلسەفە ناتوانن نهێنی ژیانی مرۆڤ كەشف بكەن، ئەگەر زمان و راڤەكردن و سەیرورە هاوكارییان نەكات. لەبەر ئەوەی زمان بنەمای هەمووانە، ژیان بەردەوام كراوەیە.

 ئەوەی تایبەتە بە هەمووان، ئەوەی تایبەتە بە مرۆڤ و حەقیقەت موڵكی منیشە، واتە كاتێ‌ زمان قسان دەكات، من قسان دەكەم، كاتێ‌ من قسان دەكەم، واتە مامەڵە بە كردەی زمانی تایبەت بە خۆم دەكەم، لە هەمان كاتدا ئەوە منم كە قسەی لە حەقیقەت و سەیرورەی تایبەت بە خۆم دەكەم. ئەوە تیۆری نیازخوازییە كە لای (جۆن سێرل) ژیانی راستەقینەی دەگەشێنێتەوە. واتە نیازی قسەكەر بەر لە گوتار ئامادەیی هەیە. واتە كاتێ‌ دەڵێی (كات) درەنگە، واتە دەتەوێ‌ بۆ ماڵ بگەڕێیتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین قسەیەك بۆ تێزی لاكان (مرۆڤ بەرهەمی زمانە) زیاد بكەین و بڵێین مێژووی مرۆڤ، مێژووی هەڵەكانی مرۆڤە، وەك چۆن مێژووی زمان مێژووی هەڵەكانی زمانە، هەروەها مێژووی حەقیقەتیش! كەواتە نە مرۆڤی رەسەن بوونی هەیە، نە زمانی رەسەن، نە تاكە حەقیقەت، لەو بیرۆكەیەدا مرۆڤ دەرئەنجامی راڤەكردن و زمان بەلبەلەی زمان و حەقیقەت رووەكانی خودی حەقیقەت دەنوێنێ‌! بە مانایەكی دیكە ژیان هەرگیز رۆژێ‌ لە رۆژان تەنیا و بێگەرد و یەك روو نەبووە، ژیان لە خوێنی حەقیقەت و زمان و مرۆڤە جۆراوجۆرەكان دێ‌ و دەچێت. كەواتە كێشەی ژیان لە راڤەكردن و گفتوگۆ و بەیەكگەیشتنی بەردەوامدایە! بەڵام كیشەی مرۆڤ و زمان كێشەی حەقیقەت نییە، كێشەی سەیرورەیە. بە دیوەكەی دیكە مرۆڤ و زمان لە رووەكانی حەقیقەت جیا نابنەوە.

مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ

بێگومان هیچ بیركردنەوەیەك لە دەرەوەی راڤەكردن و بەیەكگەیشتن وبەردەوامیدا نییە، ئەوەی لە هەموو كلتوورێكدا جێگای بایەخ پێدانە جیاوازی بنەمای راڤەكردن و بەیەكگەیشتن وبەردەوامیییە، ململانێی پێكگەیشتنەوەی مرۆڤ و زمان، راڤەكردنی زمان و مرۆڤە،  دینامیكیەتی پێكگەیشتنی مرۆڤ و زمان، كێشەی راڤەكردنی زمان و مرۆڤە، یان بە مانایەكی دیكە رێككەوتنی مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ، لە راڤەكردن و بەیەكگەیشتن و بەردەوامیدایە. لێرەدا پرسیار ئەو سەنتێزە ئەوەیە ئایا رێزگرتنی زمان و مرۆڤ لە پێكگەیشتندا گرنگترە یان گەیشتن بە تاكە حەقیقەتێك؟

بە بڕوای من پرسی مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ لەنێوان ئەوەی بێكۆتاییە و ئەوەی كە مێژووییەدا هەروا دەمێنێتەوە. جیاوازیكردن چۆن دەبێ‌؟ دیار نییە، مرۆڤ بێكۆتاییە و لەسەرووی مێژووەوەیە، یان زمان مێژووییە و بەردەوام لە راڤەكردندا بێكۆتاییدا خۆی دەبینێتەوە؟ مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ چوونەتەوە ناوەخۆیانەوە، مرۆڤی بێ‌ زمان و زمانی بێ‌ مرۆڤ لە دەرەوەی ژیاندان. بەڵام ئایا هیچ مرۆڤێ‌ هەیە زمانی تایبەتی خۆی لەگەڵ مرۆڤێكی دیكە دابەش بكات، ئایا مرۆڤ لەگەڵ زمانی خۆی لەناوەوەی خۆیدا دەژی و زمان لە دەرەوەی خۆیدا دەژی؟

زمان پاشای هەمووانە، لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا، مرۆڤیش.. راستە لایەنی ماددی بوونی زمان و مرۆڤ شتێكی بەرچاوە، شێوەی كتێبی رستەسازی، كە تۆزی لەسەر نیشتووە،  بەڵام بەو مانایە زمان ئەوە نییە، كە لە جەستەی خۆی دەردەچێ‌ و دەچێتە نێو جەستەی مرۆڤەوە، بەڵكو ئەو بەرگە سرووشتیەیە، كە دەچمە ناوییەوە بۆ ئەوەی لە رێگای خزینەكانی خۆمەوە ببمە تاكێك لە تاكە ئازادەكانی كۆمەڵەی زمان.

كەواتە كەسی قسەكەر بەو مانایەی كە تاكێكە ئەوە دەڵێ‌، كە دەیەوێت. (چۆمسكی) دەڵێت: من قسە بە رستیەك دەكەم، كە بەر لە من كەس قسەی پێنەكردووە، چونكە من رێزمان بە رێگای تایبەتی خۆم بە كار دەهێنم. هەڵبەتە یاسا پارێزگاری لە خاوەندارێتی تاك دەكات و سزای قسەدزەكان دەدات. (نیچە) لە زەرادەشت وای گوت، دەڵێت: من زارێكم نییە بۆ گوێیەكانتان.

ئەوەی مرۆڤ لە زمان بە خاوەندارێتی هەڵدەستێ‌، پرۆسیسەكردنی ئازادییە؟ زمان موڵكی گشتییە، فۆرمێكی كۆمەڵایەتی هەیە. ئەو مانایەی، كە مرۆڤ بە كاری دەهێنێ‌، سەرەڕای شێوازی تایبەتی (من) و بەر لەوەی مۆركی (من) و ئازادی (من)ی پێوە بێت، موڵكی كۆیە. من ناتوانم شتێ‌ بڵێم تەنها ئەوە نەبێ‌، كە یاسا و رێسای زمان رێگام پێدەدات. من بیرۆكەكانم دەخەمە بۆتەی زمانێكی كۆمەڵایەتییەوە، ئەوەی كە ئازادیم كۆت دەكات، موڵكی كۆیە. قسەكەر ناتوانێ‌ هیچ بڵێت، تەنها ئەوە نەبێ‌، كە هەڵوێستی مێژوو، یان كە ئازادی بە مانا بەرفرەوانەكەی ئەو سەردەمە، كە تێیدا دەژیت، رێگای پێدەدات. مرۆڤ لە میانی خۆی و ئازادی و نەسەقێكی كۆمەڵایەتییەوە قسان دەكات.

كەواتە لەنێوان زمان رووت و تاكئامێزە، مرۆڤ بەر لەوەی بیر بكاتەوە لەسەریەتی بڕیار بدات كەوا بە شێوەیەكی شاعیرانە لە ماڵی زماندا نیشتەجێیە. مرۆڤ زمانی پۆشیووە، مرۆڤ بەرهەمی زمانە، زمان ئازادی مرۆڤ دەكێشێ‌ و مرۆڤ لە رێگای زمانەوە قسان دەكات، بیركردنەوەی مرۆڤ دەكەوێتە نێو خەیاڵی زمانەوە. بەڵام ئایا كەسی قسەكەر چۆن ئەوە دەڵێ‌، كە دەیەوێت، واتە چۆن بە شێوازی ئازادانەی خۆی دەدوێت؟!

ئەگەر زمان سروشتی بێت، كەواتە مرۆڤ بەرگی ئازادی و سرووشتی پۆشیووە، چونكە زمان فەزایەكە لە ئازادی، ئازادیش خودی بوونە، مرۆڤ لەو بوونەوە دەڕسكێ‌!! ئەگەر ئازادی بوونی نەبێ‌، كەواتە مرۆڤ و جیهان دەكەونە بەندەوە. داهێنان بوونی دەكەوێتە تەگەرەوە، بێ‌ ئازادی تاك ناتوانێ‌ بە داهێنان هەڵسێت، هەر لە رێگای ئازادییەوە دەتوانین بەو تەعبیرەی (هۆڵدرین) بگەین، كە زمان گوڵی دەمە.

حەقیقەتی بوونی مرۆڤ جگە لە حیكمەتی داهێنان و جەوهەری ئازادی شتێكی دیكە نییە. كۆی ئەو بیرۆكەیەش قەرزاری چەمكی خەیاڵی زمانەوانییە. خەیاڵی زمانیش بە مانا جەوهەرییەكەی شیعرە، لێرەوە زمان قسان دەكات، پارێزگاریكردنە لە سرووشتی ئەسڵی شیعر، مرۆڤیش شیعرێكی خوداییە.

كەواتە ئەگەر لە بارەی زمان گوڵی دەمە، وەك ئەوەی كە مرۆڤ شێواز بەپێی تێگەیشتنی زمان، یان لە فەشەلی تێگەیشتن دروست دەكات، هانا بۆ (ژیل دۆلۆز) بەرین، ئەوە  هەر شێوازێك بۆ خۆی زمانێكە، فرە زمانی مرۆڤ كۆ دەكاتەوە. بۆ نموونە: تۆ وەك باوك شێوازێك دەدوێیت، وەك كاسبكار شێوازێكی دیكە… بەو مانایەش مرۆڤ لە فرە زمانی و هاوئاهەنگییە مەرجی بنەڕەتی ئازادی دەسازێنێ‌. تۆ رۆژانە بەردەوام بە چەندین شێواز، (یان وەك دۆلۆز دەڵێت بە چەندین زمان) قسە دەكەیت، خودا لە شێوەی مرۆڤەوە قسان دەكات.

مرۆڤ بە زمانەوە مرۆڤە

زمان ماددییە، چونكە دەنگە. مرۆڤیش ماددییە، چونكە دەنگدانەوەی سەیرورەیە، دەنگ قابیلی ئەوەیە بێتە هەڕەشە، هەروەها دەنگدانەوەی سەیرورەش. زمان و مرۆڤ لە چوارچێوەی ئایكۆنەكانەوە خۆیان دەردەخەن. جیهان پابەندە بە مرۆڤ، زمان، كە لە رێگای سەیرورە، دایكەوە یان بە مانا (ئۆگستین)ییەكەی لە رێگای خوداوە بەرجەستە دەبێ‌ (زمان تاقە ئامرازێكە خودا بە مرۆڤەوە دەلكێنێت) ئەو تێزە لە ناونانی شتەكانەوە رێگا بە زمان، مرۆڤ دەدات، بێتە دەرەوەی بوون! زمان لە رێگای مەدلوولەكانییەوە دەكەوێتە دەرەوەی بوونی خۆیەوە، مرۆڤ لە رێگای ناونانەوە دەكەوێتە دەرەوەی بوونی خۆیەوە. كەواتە كە خودا ناوەكان فێری مرۆڤ دەكات، ئەو كاتە زمان لە مرۆڤدا دەڕسكێ‌ و ئەو كاتە زمان ملكەچی چوارچێوە وێنەییەكان دەبێ‌!

لێرەدا ئەگەر حەقیقەتی زمان لە ناوەكانەوە، یان بە مانایەكی دیكە لە زمانی (دایك)ەوە ملكەچی چوارچێوە نیگارەكان بێ‌ و دواجار چوارچێوەی نیگارەكان یاسا و رێسایەك بەڕێوەی بەرێت، ئەوە داهێنان لە سەر نێودژی نێوان پاكێتی دایك و پیس بوونی دایك وەستاوە.

بە كورتی زمان و مرۆڤ بەردەوام لە رێگای (پارێزگاریكردن) و (پیسكردن) بە كرداری گفتوگۆكردن و راڤەكردن و بەیەكگەیشتن، گۆڕانكاری و بەردەوامی دەنوێنێ‌، هەر لە رێگای ئەو كردەیەشەوە مرۆڤ لە زمانەوە گەشە دەكات و بەردەوام پێشدەكەوێت. ئەگەر پارێزگاریكردن لە رووتی زمان دیدێكی گشتی و بەڵگە نەویستی خەیاڵی وشە و وڕێنەی هەرائامێز بنوێنێ‌! ئەو دیدە هاوگونجانێكی ناجێگیر لە نێوان تاك و كۆ دروست بكات و دواجار بەكارهێنانەكان ئەوە بێ‌، كە بە شێوەیەكی گشتی دەكەونە بەر چاو. ئەوە پیسكردن دەكەوێتە دووتوێی سەیرورە و هەمیشە لەسەر خوازەی دایك خۆی نوێ‌ دەكاتەوە.

لێرەدا لەنێوان پارێزگاریكردن و پیسكردن، دەشێ‌ بڵێین زمانی مرۆڤ بە مانا جەوهەرییەكەی شیعرە! واتە لە مرۆڤ و زماندا شتێك نییە پێیبگوترێت واقیعی جێگیر، بەو مانایەش جیاوازییەكانی گفتوگۆكردن و راڤەكردن و ململانێی بەردەوامی پێكگەیشتنەوەی مرۆڤ و زمان، ناوێكی دیكەیە بۆ جێگیرنەبوون و سەیرورە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

هەولێر 6/7/2024




وەلامێك بۆ پیاوە میانڕەوە ئیسلامییەكە, لەسەر پرسی جینۆسایدی ئێزیدی.. عەلی مەحمود محەمەد

بەڕێز كاك ئەبوبەكر كاروانی وتارێكی بەناوی “رۆڵی نوخبە لە راستكردنەوەی هەڵەكان و قووڵكردنەوەی پێكەوە ژیان”, لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاو كردۆتەوە سەبارەت بە پرسی كوردە ئێزیدییەكان , لەسەر وشە بە وشەی بابەتەكەی سەرنجم هەیە, لێ من تەنها دەچمە سەر ئەو بەشە كەمانەی تایبەتن بە پرسی نكۆڵیكردن و داوای  لێبوردن كردن و دان نان بە راستییە مێژووییەكان.

 بەڕێزی لەم وتارە دەیەوێت لە چوارچێوەی گوتاری رێنوێنی و دڵداری لە نێوان زاڵم و مەزڵوم راستییە مێژووییەكان زیندە بەچاڵ بكات, بەناوی پێكەوە ژیان لە ئەسڵی بابەت لێكۆڵینەوەی وردی مێژوویی و هەڵوێستی یاسایی لەسەر ئەو پێشێلكارییە زەقانەی لە رابردوو رویانداوە خۆی لاداو هانمان دەدات بۆ باسنەكردن و شاردنەوەیان.

 لە سەرتاسەری جیهاندا نكۆڵیكردن لە تاوان, داننان بە راستییەكان و داوای لێبوردنكردن و قەرەبووكردنەوە بوونەتە چواركوچكەی ململانێی نێوان گەلانی قڕكراو و گەلانی قڕكەر, یان وڵاتانی داگیركەرو وڵاتانی ژێر دەست, یاخود ئاینی زۆرینەی زاڵ و پێكهاتەی ئاینی كەمایەتی, لەم نێوەدا تەنها ئەڵمانیایە هەندێك هەنگاوی پراتیكی باشی ناوە. جیهانی نوێ هێشتا قەرزاری رابردووە, قەرزەكان دەبێت بدرێنەوە, راكردن لێیان محاڵە.

كاك ئەبوبەكر كاروانی لە نووسینەكەیدا دەڵێت “دووپات كردنەوەی باسی حەفتا و دوو فرمانی قڕكردن دژ بە یەزیدییەكان لەمێژوودا، ك لەسەر زاری هەندێ نوخبەی یەزیدی و دەرەوەی ئەوانیش لە ناوەندە عەلمانییە كوردییەكەدا،  بەكارێكی ناڕاست و دژ بەبەرژەوەندی  یەزیدیەكان و پێویستیەكانی پێكەوە ژیانی ئاینی لە كوردستاندا دەیبینم.

 چونكە جگەلەوەی  هەروەك وتمان بەكارهێنانی وشەی قركردن هەڵەیە  وە ئەگەر ئیرادەیەك بۆ قڕكردنی یەزیدییەكان لە مێژوودا هەبووایە هەرگیز توانای بە گری لە خۆكردنیان نەدەبوو،…… ـ لێرەشەوە شەرەكان دژبەوان بەشێوەیەكی گشتی دەچنە چوارچێوەی ئەو شەرە زۆرو زەبەندانەی میرنشین و مەملەكەتە موسوڵمانەكان لەناوچەكە پێش ئەوان دژ بەیەك كردوویانە باهەندێ جار هاوشێوەی سوود وەرگرتن لەمەزهەب بۆ نێو موسوڵمانان خۆیان سوود لەوەرەقەی ئاینی وەرگیرابێت” ـ

دەبینین بە ناوی بەرژەوەندییەوە رێگا لە گفتوگۆ لەسەر مێژوو هەڵسەنگاندنی رابردوو و گەڕاندنەوەی ماف دەگرێت, ئمە پێشێلكارییەكی زەقە بەرامبەر بە قوربانیان, هەرچەندە لە سەرەتاوە یەكگرتووی ئیسلامی كۆششی زۆریان كرد وشەی ئەنفالیش لە فەرهەنگی سیاسی كوردستاندا بەكار نەهێنرێت بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

بە ئاشكرا لە نووسینەكەیدا ئێزیدی بە كورد نازاێنێت كە دەنووسێت ئێزیدییەكان و كوردە عەلمانییەكان, هاوكات كوردە عەلمانییەكانیش بە موسڵمان نازانێت, چونكە دەیتوانی بنووسێت كوردە ئێزیدییەكان و كوردە عەلمانییە موسڵمانەكان, ئەوە رێكەوت نییە كاك كاروانی نووسیوییەتی بەڵكە باوەڕە, هەڵەی رێنووس و زمانەوانی نییە تێگەیشتنە.

  لە جێگایەكی دیكەی پەرەگرافەكەی سەرەوە دەبینین ئەو هاشا لە بوونی جەنگەكان لە مێژوودا ناكات دژ بە ئێزییدییەكان كە بە فەرمان ئەنجامدراون, بۆ سەرجەم پەلامارەكان فەرمان دەرچووە بۆ ئەنجامدانیان, هەموویان جەنگی نا هاوسەنگ بوونە, هەمیشە كوردە ئێزیدییەكان دۆڕاو بوونە و ئەنجام رێژەیەك لە دانیشتووانیان بە كوشتن و بە كەنیزەك و كۆیلە كردن و گۆڕینی ئاین لە دەست داوەو  بەشێك لە خاكیان كەمبۆتەوە, لەدوای هەر فەرمانێك لاوازتر بوونە لە پێش فەرمانەكان, فەرمان بابەتی سەرەكییە لە مانفیستۆی جینۆسایدی ئێزیدی.

بۆ ئەو جەنگانە فەرمان واتا بڕیاری بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی لە وڵات كە خەلیفەی عوسمانییە دەرچووە, مانفیستۆی جینۆسایدەكە فەرمانەكان بوونە, چۆن مانفیستۆی جینۆسایدی ئەنفال بڕیاری 4008 ە, ئەو كۆمەڵكوژییەكان لە فەرمانی خەلافەتی عوسمانی و بڕیاری دەسەلاتی سەفەوی دەكاتە كاری میرو مەملەكەتە ناوچەییەكان, ئەوانیش كورد بوونە, تاوانەكان لە كۆڵ عوسمانی و سەفەوی و بەغدا دەكاتەوە بۆ ئەوەی پیرۆزییان بپارێزێت خەلافەت نەبێتە جینۆسایدكەر, بەمەش زیاتر كوردی تێوە دەگلێنێت, عوسمانی و سەفەوی و بەغدا پاك دەكاتەوە لە تاوانەكان, لە كاتێكدا بڕیارەكان لە ئەستانەو پایتەختەكان دیكەوە دەرچوونە, زۆربەی فەرمانەكان ئەوان خۆیان جێبەجێیان كردووە,  لە بڕی ئەوەی بنووسێت هەموو دەڵێت هەندێ جار سود لە مەزهەب و ئاین وەرگیراوە, بەڵام مێژوو دەڵێت هەموو جارەكان كەڵكی لێ وەر گیراوەو بە فەرمان تاوانەكان ئەنجام دراون, خودی فەرمانەكان پیرۆز بوونە و لادان لێی سزای دنیاو ئاخیرەشی هەبووە.

كاروانی مافی وەبیرهێنانەوەو قسەكردن و هەڵسەنگاندنی رابردوو لە ئێزیدی و نوخبەی بەناو عەلمانی كورد دەسێنێتەوە, لە كاتێكدا نووسەرانی ئەو بوارە كونج و كەلەبەری مێژوو دەپشكنن و خوێندنەوەی بۆ دەكەن, رابردوو بۆتە تاقیگا بۆیان, چونكە جینۆسایدەكان هەموو لە رابردوون بۆ هەڵسەنگاندن و پشكنین.

دان نان بە جینۆساید بەش بەش نییە پاكێجێكی جیهانییە, بە پێی یەك پێوەرو بنەمای جیهانی جۆری تاوانەكان لەسەرتاسەری جیهان  دیاری دەكرێت, ناكرێت یەك جۆری تاوان دژ بە پێكهاتەیەك جینۆساید بێت بەرامبەر پێكهاتەیەكی دیكە روداوێكی عابر بێت,  بۆ گەلێك بە دیكۆمێنت بكرێت, بۆ گەلێكی دیكە قسەكردن لەسەری زیاندار بێت و باسكردنی بڤە بێت, لەم روانگەیەوە ئەركی هەموو نووسەران و لێكۆڵەرانی جینۆسایدی كوردە هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرۆسەی جینۆسایدەكان رابردوو و ئێستا دەرببڕن, لە دارفۆرەوە تا غەزەو ئەرمینیاو هۆلۆكۆست, كێش پێی ناخۆشە كەیفی خۆیەتی. 

كاروانی لە پەرە گرافێكی دیكەدا دەڵێت: ”  هەموو بیركردنەوەیەك دەربارەی ئەوەی ئیسلام وەك ئایین لەگەڵ قڕكردن و پاكتاوكردنی یەزیدییەكاندا بووە، قسەیەكی ناڕاست و خەرافی وناواقیعی و نامێژووییە. چونكە پێكهاتەیەكی ئایینی كەمینەی وەك ئەوان، لەنێو دەریایەك موسڵماندا، گەر ئیرادەی قڕكردنیان بە كردەوە هەبووایە، دەمێك بوو شتێ بە ناوی یەزیدیی، لانیكەم لەم ناوچەدا بوونی نەدەما و چارەنووسیان  هەمان چارەنووسی  موسوڵمانانی ئەندەلووس دەبوو دوای فەرمانی قركردنیان لەلایەن كەنیسەی كاسۆلیكییەوە. بوونی فتوایەك و رەفتاری خراپی میرێ یاخود كاربەدەستێك لێرەولەوێ،  ئەم ڕاستییە مێژوویی و واقیعییە ناشارێتەوە. خودی روحییەتە ئیسلامیە بنەڕەتییەكەو باوەری بەفرەئاینییش، كارێكی كردووە، هەموو ئەوشتانە كاریگەریان كاتی و سنووردار بێت و سەر نەكێشێت بۆ قڕكردن وپاكتاوكردن.”.

لەمەشدا كاروانی كەوتە هەڵەی هێنانەوەی نموونە, ئیسلام  لە ئیسپانیا وەك فەرەنسایە لە جەزائیر, بەڵام ئێزیدی لەسەر خاكی رەسەنی خۆیانن وەك عەرەب لە فەڵەستین, خاوەنداری ئێزیدی بۆ كردستان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرترە لە عەرەب بۆ فەڵەستین وەك مێژوو, ئەوان خاوەند خاكن نەك میوان و هاتوو, هەردولایان جوگرافیاكەیان زۆر فراوانتر بووە لە ئێستا, نموونەی نزیك ئێزیدی  ئیمارەیان لە حەریر و زاخۆو بەردەرەش هەبووە, ئێستا یەك ئێزیدییان تێدا نییە, هەرچەندە لای من و كاك كاروانیش ئامارێكی ورد نییە بزانین رێژەی ئێزیدی پێش فەرمانەكان چەند بوونە لە كوردستان لە چاو سەرجەم دانیشتوانەوە  و ئێستا چەندن؟, قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان تا كوێ بووە؟ ئێستا چەندە؟, بەڵام دڵنیام لە عەرەبی فەڵەستین زۆر زۆر خراپتریان بەسەر هاتووە.

كاروانی درێژەی پێ دەدات و لە پەرەگرافێكی دیكە دەڵێت :”پێویستە لەم روەوە یەزیدییەكان ڕێگەنەدەن ئەوان بكرێنە كەرەسەی ناوەندە عەلمانییە توندرەوەكەی كوردستان بۆ دژایەتیكردنی ناسنامەی ئیسلامیی مێژوویی زۆرینەی موسوڵمان.”.

قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە مێژووییە پەیوەندی بە دژایەتی زۆرینەی موسڵمانانەوە نییە, داننان بە رابردوو دژایەتی نییە, بەڵكە هەنگاوی راستییە بۆ قەرەبووكردنەوەی رابردوو, راستكردنەوەی هەڵەی مێژووە, دان نان دوژمنایەتی نییە راستكردنەوەیە, ئەم بابەتە پەیوەندی بە دان نانە بە حەقیقەتی تاوانێكەوە باپیرانی ئێمە بەشدارییان تێدا كردووە, پێویستی بەوەیە مێژوو وەك خۆی بخوێنرێتەوەو دان بە حەقیقەتی یاسایی ئەو پێشێلكاریانەدا بنرێت ئەگەر بە بەڵگە هەبن  و ماف بۆ قوربانی بگەڕێنرێتەوە, لە رێگای راستكردنەوەی مێژووەوە كۆتایی بە ناشرینییەكانی ماوەی بەسەر چوو  بهێنرێت,  وەك  چۆن ئێمە خۆمان داوا لە عەرەب و فارس و تورك دەكەین و وەك چۆن ئەرمەن دەیەوێت و وەك چۆن گەلە قڕكراوەكانی جیهان دەیانەوێت و لە بەرامبەریشدا لایەنی بەرامبەر زۆریان بەشێوەی بەڕێزت نكۆڵی دەكەن, واتا نموونەكەی بەڕێزت  لەناو هەموو ئەو گەلانەدا هەیە كە گروپێك ئەو داوایەیان لێیان هەیە, نموونەكەی  ئێمەش نموونەی هادی عەلەوی و ئۆرهان باموك و كازم حەبیبە, لە پاڵ دان نان بە ڕاستییەكان داوای لێبوردنیش دەكەین.

مەسەلە لێردا ململانێی عەلمانی و ئیسلامی  نییە, مەسەلە ویژدانی و یاسایی  و راستییە لە بەرامبەر  نكۆڵیكردن, داكۆكی لە تاوان, شێواندنی راستییەكان, هەمیشە لەناو ئەو گەل و ئاین و رەگەزانەی پێشێلكارییان كردووە ململانێی دەرونی ناوخۆیی لە نێوان دەستەبژێری پشتیوانیكەر لە زۆرلێَكراو كەسانی نكۆڵیكەر هەبووە, لە بابەتی ئاینییدا ئینكاریكردن بەرگی پیرۆزیشی لەبەر كراوە.

دەشێت ئەوەی ئینكاری تاوان بكات نەتەوەییەكی عەلمانی توندڕەو بێت, یان چەپڕەو بێت, بەلام ئەوەی دەیكات تاوانبارە ناسنامەكەی هەر چییەك بێت.

ئەمەی بەڕێزی باسی دەكات وەك ئەوە وایە دان بەوەدا نەنێین ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە ئێستا دەیكات جینۆساید بێت, یان ئەوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەر كردبێتی جینۆساید بێت, بەڵام خوێندنەوەكان و پێوەرە جیهانییەكان دەیسەلمێنن هەردووكی جینۆسایدن, ئیتر كاروانییەكانی هەر دوو نەتەوە چی بڵێن با بڵێن.

پاشان كاك كاروانی لە درێژەی بابەتەكەیدا  دەڵێت”لە 99/ و زیاتری موسڵمانانی كوردستان، دژی داعش بوون. بۆیە كارێكی هەڵە و نامەنهەجییە كەمینەیەكی لادەر بكرێنە نوێنەری ئیسلام، تەنها لەسۆنگەی  بەرزكردنەوەی درووشمی ئیسلامییەوە، ئەو لەسەدا نەوەو نۆوزیاترەو ئەوانەی بەپیر ئاوارەكانەوە  چوون و ئەو پێشمەرگە  موسوڵمان ونوێژكەرانەی دژی داعش  جەنگان و بەشێكیشیان شەهید بوون بەكرێن بەنموونە وسەرمەشق!  هەڵبەت ئەمەبۆ ناوەند عەلمانییە توندڕەوە كوردییەكەش ڕاستە.”.

نازانم كاك ئەبو بەكر ئەم ئامارانەی لە كوێ  هێنا؟, چ دەستگایەك و ناوەندێكی زانستی ئەنجامیان داوە وە كەی؟,  ئاگای لە وتارەكانی دكتۆر عەبدوالواحید و حرنگەی پێكەنینی بەشداربووی پێش نوێژییەكەی ئەو دەیان و سەدانی وەك ئەو هەیە؟, تەنانەت بانگەواز دەكات كاریان پێ بكەن دواتر بە رابواردنەوە كرێیان مەدەنێ؟, ئەوەی ئەو دەیڵێت هیچ رەگەزپەرستێك لە جیهاندا نەیووتووەو نەیكردووە, ئەمە لە هەر وڵاتێكدا بوایە ئێستا لە كونجی زیندان بوو, ئاگاداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیت؟, ئاگاداری شەپۆڵی جنێو و سوكایەتییەكان هەیت؟, بەڵێ لە دەرەوەی داعشیش كەمینەیەك زۆر لەو رێژەیە زیاتری ئاماژەی پێدراوە لە كۆمەڵگای كوردستان هەیە تا سەر ئێسك دژ بە پێكهاتەی كوردی ئێزیدین, لە رێگای مینبەرەكانەوە زیاتر دنە دەدرێن, لە زووەكەشەوە زۆر دیاردەی ئاپارتایدانە لە دهۆكەوە  باس دەكرێت دژ بە پێكهاتەی ئێزیدی لە نەكڕینی ماستایانەوە تا بایكۆتكردنی كاركردن پێیان.

باشە ئەگەر داعش نوێنەری موسڵمانان نەبێت, منیش پێم وایە نە داعش و نە پارتەكەی كاك ئەبو بەكر قەت نوێنەری ئیسلامەكەی نەنكەكانم نین, وە نە كابرای شەشۆش نوێنەری ئێزیدییەكانە, دە وەڵامی دوو مامۆستای منبەرەكانیش بدەرەوە ئەوانەی پەلاماری سەرجەم ئێزیدییەكان دەدەن, مەگەر ئەوانە هەر یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزووتنەەی ئیسلامی نین, رێكخستنیش نەبن لایەنگرو دەنگدەرن. 

ئایا پارتەكەی كاك ئەبو بەكر كاروانی وە پارتە ئیسلامییەكان دیكە ئەوەی لە شەنگال رویاندا بە جینۆسایدیان ناساندووە؟,  ئایا ئەو ئاگادارە كە جینۆسایدی ئێزیدی لە پەرلەمانی كوردستان تەنها نزیك 80 دەنگی هێنایەوە لە كۆی 111 كورسی پەرلەمان؟, ئەمە لەناو دەستە بژێردا وابێت لەناو خەڵكدا چۆنە؟, دەزانی ئەوانەی دەنگیان نەدا كێ بوون؟.

دواتر ئەوانەی داكۆكییان لە ئێزیدی كرد گەریلاكانی پكك بوون؟, لەو چركە ساتە كەسیتر نەبوو, ئایا ئەوان پێشمەرگەی موسڵمانی موحەمەدین؟.

دواتر كاك كاروانی دەنووسێت:”خۆشبەختانەش ئەمڕۆ چاوپێكەوتنی قاسم شەشۆیی بۆ ناردم كەنوكولی لە لێدوانەكەی دەكات و دەڵێت ئێمە پیر و گەورەكانمان فێریان كردووین رێز لە ئایین و لەوانەش ئیسلام وهەستی ئایینی موسڵمانان بگرین، لێدوانەكەی منیش شێوێنراوەو من باسی توندڕەوی ئیسلامی و داعشم كردووە كەناوی محەمەد بە كار دەهێنن بۆ لێدانی ئێمە، نەك ئیسلام و موسوڵمانان  كە ڕێزم بۆیان هەیە و چاكەی ئەوان لە كاتی ئاوارەبوونمان لەبیر ناكەین.. هتد. كەفۆرمێكی داوای لێبووردنە.”.

چی دەبێت  ئێمەش وەك شەشۆ فێری داوای لێبوردنكردن ببین, با لەمەدا چاو لە شەشۆ بكەین, خۆ شەشۆ  خەرمانی بە كەلەی سەری باپیرانمان دروست نەكردبوو, خۆ خاكمانی داگیر نەكردبوو, خۆ كچمانی بە كەنیزەك نەكردبوو, خۆ سەركردەمانی نەكوشتبوو, خۆ فەرمانی بۆ جینۆسایدكردنمان دەرنەكردبوو؟, بۆ تۆ چەندە خۆشبەختییە داوای لێبوردنەكەی ئەو كە كاری مرۆڤی راقی و هەستدارە, بەهەمان شێوەش ئێمەش بەرز بینەوە بۆ ئاستی مرۆڤی سەردەمی داوای لێبوردن كەر, مرۆڤانێك دەتوانن داوای لێبوردن بكەن رزگارییان بووبێت لە رق و كینە و خۆ بەزل زانین و كۆیلەی داب و نەرێتی شەڕانگێزی.

دواتر كاروانی دەڵێت:”دوایی من سەردانی ناو پەرستگای لالشم وەك شوێنەوارێكی مێژوویی كرد، “.

لێرەدا كاك كاروانی وەك گەشتیاری بەناو لالشدا سوڕاوەتەوە نەك جێگایەكی پیرۆز بێت, ئەمە دان نەنانە بە پیرۆزی جێگاكە, پیرۆزو موقەدەسات  هەموو پەیوەستن بە مێژوو و كولتورەوە, هەر ئاینێك  هەزار بەڵگەی ناوخۆییی هەیە بۆ پیرۆزی جێگاكانی, ئایا ئاساییە لای تۆ كۆمەڵێك پیاوی ئاینی جیا بۆ گەشتیاری بچن بۆ ناو شوێنە موقەدەسەكان  موسڵمانان بەناوی گەشتیارییەوە؟, باشتر نییە ئەو جێگا موقەدەسەی ئەو لای تۆش جێگایەكی ئاسایی نەبێت و رێزلێگیراو بێت ؟.

لە كۆتاییدا دەڵێم ژیری ئەوەیە بە دوای راستییەكاندا بگەڕێین, لە پێشدا مێژوو نووسانی لە هەردوولا پشكنین بۆ روداوەكان رابردوو بكەن, دواتر پسپۆرانی یاسای لێكۆڵینەوە لە روداوەكان بكەن, ئەوجا دەست بە قەرەبووكردنەوە لە داوای لێبوردنەوە بۆ هەڵگرتنی پەیكەری ئەوانەی دەستیان لە تاوانەكان هەبووە ئەگەر هەبن, مۆنمێنت بۆ قوربانیان دروست بكرێت بەشداری راستییان لە حوكمڕانی كوردستان پێ بكرێت و لە بواری پەروەردە گرنگییان پێ بدرێت. 

جینۆساید  كردەیەكە هەر دەوڵەتێك ناسنامەكەی چی بێت هەرچ بەهانەیەكیشی هەبێت بیكات جینۆسایدە, ئیتر نەتەوەیی بێت, عەلمانی بێت, ئاینی بێت یان ماركسی, دەزانم ئەمانە بۆ كاك كاروانییەكان گرانە بەلام راستییە ئەمرۆ یان سبەی دەبێت بكرێت.

ئێزیدی كورد بن یان كورد نەبن, چۆن پشتیوانی موسڵمانەكانی بۆرما, عەرەبەكان غەزە, بۆسنییەكان سربیاو جووەكانی هۆلۆكۆست, ئەرمەنەكان , جەزائیری و  هیندییە سورەكان, نامیبیا و شیلی و گواتیمالا و كەمبۆدیا و دارفۆر و ….ین و ناسینی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان كراوە بە جینۆساید بەشێكە لە مرۆڤ بوون و ئەركێكی ویژدانییە بۆمان, بە هەمان شێوە داكۆكی لە ئێزیدییەكان و رەتكردنەوەی تاوانەكان رابردوو و قەرەبووكردنەوەی معنەوییان لە داوای لێبوردنەوە تا دروستكردنی مۆنمێنت ئەركەو نكۆڵی كردن بە تایبەت لە لایەن كەسێكەوە شارەزایی یاسایی هوشیاری مێژوویی هەبێت تاوانەو سزای لەسەرە لە زۆر وڵات.

لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم كاك ئەبو بەكر كاروانی میانەڕەوی نزیك لە ناسیۆنالزمەوە ئەمە هەڵوێستی بێت, توندڕەوەكان دەبێت چۆن بیربكەنەوە, بێشك لە دكتۆر چاكتر بیرناكەنەوە, داعش لەو جێگایانەی دەسەڵاتدار بوو  وانەی مێژووی لە خوێندنگاكان  یاساغ كرد, دەرگای بە ڕوی مێژوودا داخست, ئەمەی كاك كاروانیش دەیەوێت قسە نەكردنە لە مێژوو.

عەلی مەحمود محەمەد

——————————

وتارەكەی بەڕێز ئەبو بەكر كاروانی:

https://westganews.net/drejaWtar.aspx?NusarID=76&Jmara=8583




گەر زنجیرەکان بیانتوانیایە قسەیان کردبا.. شیعری : عارف ڤیقار(*).. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

     (١)

کۆمەڵگەی نایەکسان

ئەگەر ڕاستەت نەبوو بۆ پێوانەکردنی هەژاری
ئەوا هەژارییت نییە و
کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتیت لە وڵاتدا هەیە

ئەگەر کەسێک نەبوو
جەماوەری بەرین بچەوسێنێتەوە
ئەوا یەکسانی چینایەتیت لە کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتی هەیە

ئەمەش ناهاوسەنگییە و
نایەکسانییە لەنێوان زۆرینە و کەمینە

کەمینەیەک کە لەسەر ئارەقە و ڕەنجی زۆرینە دەوڵەمەند دەبێ
ئەو هەژاربوونەی زۆرینەش
چینەکانن
دەوڵەمەند و هەژار و
کۆمەڵگەی نایەکسانییە.

             (٢)

سەرمایەداری و هەژاربوونی زۆرینە

وەکچۆن ژیانکردن پێویستی بە خواردنە
تا بژێت و گەشە بکات
سەرمایەداریش پێویستی بە هەژاربوونی زۆرینەیە
تا بژێت و گەشە بکا

وەکچۆن ماسی پێویستی بە ئاوە
تا بژێت و گەشە بکا
سەرمایەداریش پێویستی بە چەوسانەوەی زۆرینەی کۆمەڵگەیە
تا بژێت و گەشە بکا

کێ پێویستی بە کێیە
دەوڵەمەند پێویستی بە هەژارە
یان هەژار پێویستی بە دەوڵەمەندە؟

گەر دەوڵەمەند، دەوڵەمەند نەبووایە
ئەوا هەژارانیش هەژار نەدەبوون

ئێستا بێژە کێ پێویستی بە کێیە؟
دەوڵەمەند پێویستی بە هەژارە
یان هەژار پێویستی بە دەوڵەمەندە؟

کەمایەتی پێویستی بە زۆرایەتییە
یاخود زۆرایەتی پێویستی بە کەمایەتییە؟

کە زۆربە هەژار نەبوونایە
کەمایەتییش کەمایەتییەکی دەوڵەمەند نەدەبوون

بەوپەڕی سادەییەوە هەژاری بێ پارەیی نییە
بەڵکو چۆنایەتی ژیانی زۆربەیە
زنجیرەکانی ئابووری سەرمایەداریش
زۆرایەتی کۆیلە بەرهەمدێنێ

            (٣)

گەر زنجیرەکان بیانتوانیایە قسەیان کردبا

گەر بیابان بیتوانیایە قسە کردبا،
پێی دەوتیت هەستی چۆن دەبوو
وەختێ تینووە و
هەورەکان دەبینێت و داناکەن

گەر هەژاران بیانتوانایە قسەیان کردبا
پێیان دەوتی هەستیان بەچی دەکرد
وەختێ شانبەشانی دەوڵەمەندان
لە هەژاریدا و لەیەک شاردا پێکەوە دەژین.

گەر زۆرایەتی کۆمەڵگە بیتوانیایە قسەیان کردبا
زنجیرەکانی هەژاری
پێیان دەوتی هەستیان بەچ دەکرد
کاتێ لەلایەن کەمایەتییەکی
جیاواز و دەوڵەمەند و دەستەبژێر حکومڕانی دەکرێن

گەر زنجیرکراوێک بیانتوانایە قسە کردبا
لێی دەپرسیت، ئاخۆ دەتوانیت دوای مردن
زنجیرەکان لە پێکانی تووند بکرێ.

    (٤)

ئازادی

هەزاران هەزار تۆمان چاند
بەڵام گوڵەکان
گوڵی ئازادییان نەگرت

هەزاران هەزار هەنگاومان هەڵهێنا
بەڵام ئازادی نەهاتە ڕێمان

هەزاران کۆت و زنجیرمان پسان
بەڵام ‌هێشتا زیندانین و
خۆ دەبینین
وێڵین بەدوای ئازادیدا

هەزاران هەزار هۆکارمان ڕیز کرد
کەچی ئێستاش ناتوانین
وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە
بۆچی ئازاد نین، ئازادی.

(٥)
ڕەنگەکانی شۆڕش

سوور
ڕەنگی خوێنە
ئەو خوێنەی
کە ڕژاندمان لەپێناو شۆڕش

سوور ڕەنگی ئاڵایە
ئەو ئاڵایەی
لەژێریدا خۆپیشاندانمان کرد بۆ شۆڕش

سوور ڕەنگی گوڵی شۆڕشەکانە
لەو تۆیانەی کە لە جەستەی خۆماندا چاند
لە پێناو شۆڕش

سوور ڕەنگی خۆرە
ئەو هەتاوەی لەژێریدا ڕێپێوانمان کرد
لەپێناو شۆڕش.

             (٦)
      پێی وتم

ئەو شۆڕشگێڕ بوو؛ خۆشی ویستم
سبەینانێک،
بەدەم چرپاندنی ئەم وشانەوە جێی هێشتم
(ڕۆژێک دێت ئازاد دەبین و یەکتر دەبینینەوە
جارێکی تر دەتوانین یەکمان خۆش بوێت
فرمێسکەکان و
پێکنینەکان و
جیهان لەباوەشی یەکتر ببینین
یەکترمان خۆش بوێت و جارێکی تر
بۆ هەمیشە لەگەڵ یەکتر بژین و لێکجیا نەبینەوە
وەختێک ئازادی جارێکی تر
لەم سەرزەمینە بەرقەرار دەبێت .)
ئەوجا ڕۆیی
نە ئازادی بەرقەرار بوو و
هەرگیز ئەویش نەگەڕایەوە.

(*) عارف ڤیقار کە ماوەی ٣٣ ساڵە نزیک بە هەزار شیعری نووسیوە، دەڵێت: (من شاعیری پاکستانیم . شیعرەکانم ڕەنگدانەوەی واقیعییەتی هەست و سۆزی ئینسان و واقیعییەتی جیهانە بەو جۆری کە دەیبینم، تەنها ڕەنگدانەوە و داڕشتنی شیعرییە بۆ ئەو نووسینانەی کە ئاوێتەی فەلسەفەن تاکوو کاربکەنە سەر زنجیرەی بیرکردنەوەت و ئینجا بیربکریتەوە کە بۆچی شتەکان بەمجۆرەن و تا سەرەنجام تۆش بگەیت بە بەرئەنجامی فەلسەفییانەی خۆت.
من فەیلەسوف نیم، بەڵام شیعرەکانم هەڵگری ڕوئیای واقیعی و هەستیارن. من بەوجۆرەی کە دەبینم و بیردەکەمەوە و ئەم بیرکردنەوەیەم لە شیعرەکانمدا ڕەنگ دەدەنەوە. شیعرەکانم ئاوێنەی کۆمەڵگە و جیهان وژیان و ئەزموونی شەخسی خۆمن. شیعرەکانم من بۆ ئامۆژگاری و تەمێکردن و ڕاستکردنەوە نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی ئەو کەسە بیرکەرەوەیەن کە ڕۆژانە بەئەقڵ و دڵ و بیروباوەڕێکی ئازادەوە بیر دەکاتەوە و هەست بە ژیان دەکات. تا لەشیعرەکانم جەوهەری ئەوەی کێم و بۆچی و لەبەرچی دەژێم و بۆ بوونم هەیە، نیشان بدەم.
بەنسبەت منەوە من خۆم هیچ نیم، شیعرەکانم شوناسی منن. شیعرە دڵشادەکانم پێکەنینەکانمن و شیعرە دڵتەنگەکانیشم فرمێسکەکانمن. لەهەر شیعرێکمدا گوڵێک لەدایک دەبێت. و پاشان دەمرێ و دوای مردنی هەر گوڵێک، دەبێت تۆو و ئینجا تۆوەکەی دەبێت گوڵی شیعری تازە و نوێ – ڕەنگدانەوەیەکی نوێ کە من کێم – بۆیە شیعر و قەسیدەکانم هەموو شتێکی منن.

شیعری : عارف ڤیقار(*)
١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

————————-

سەرچاوەکان : سایتی گۆڤاری ستراگڵ
Struggle, A Magazine of Prolitarian Revolutionary Literature
https://www.strugglemagazine.net/




هێڵنج.. شەماڵ بارەوانی

هێڵنج ڕۆمانێکی فەلسەفی (٢٤٦)لاپەڕەیی (جان پۆل سارتەر ١٩٠٥ -١٩٨٠)گەورە نووسەر و فەیلەسووفی وجوودی فەڕەنسییە و یەکەم چاپی لە ساڵی١٩٣٨لێ بڵاوبووەوە.
هێڵنج یەکەم ئەزموونی سارتەره لە بواری نووسینی ڕووماندا.
سەکۆی سەرەکی ڕووداوەکانی هێڵنج شاری(بۆفێل)و پاریسی پایتەختی فەڕەنسایە. بۆفلی شارێکی خەیاڵییە.
چیڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە کەسێکی سەیر دەکات! ئەوکەسە هەستێکی زۆر نامۆی لای دروست بووە و هەموو بوونی داگرتووە. کەسێک، هەموو شتێک لە تێڕوانینیدا پووچ و بێ مانایە. کارەکتەرێکی خاڵی لە ژیان، لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و بیرکردنەوەی قووڵ و نیگەرانی و قەڵەق و هێڵنج.

ڕووکانتان، پاڵەوانی هێڵنج، کەسایەتییەکی نامۆ. ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە خێزانەکەیەوە نەماوە و هیچ هاوڕێیەکیشی نییە.
کەسێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، تەنیا و گۆشەگیر و داخراو بەسەر خۆیدا. لە جیهانە تایبەتەکەیدا لەگەڵ تەنیاییدا ڕۆژەکانی ژیان بەڕێ دەکات. هێڵنجێک ڕووکانتانی خستووەتە حاڵەتێکی نامۆ!
حاڵەتێک تێیدا هەست بەوە دەکات کە ئەو ئیدی پەیوەندی بە خودی خۆی و ئەوەیتر و دەوروبەر و شوێن و زەمان و ڕۆژگارەوە پچڕاوە و چووەتە دەرەوەی کات و زەمەن و ژیانەوە و جگە لە تەنیایی و ئەو هێڵنجە نەگریسەی کە گیرۆدەی بووە، هەست بە هیچ شتێکیتر نەکات. تەنیاییەکی سەیر” من بە تەنها دەژیم، تەنیاییەکی تەواو، هەرگیز لەگەڵ کەس نادوێم، چاوم بە دیداری هیچ شتێک ناکەوێت و هیچ شتێک نابەخشم”. لەژێر پاڵەپەستۆی ئازاری ئەو هەستکردن بە تەنیاییەدا فشارێکی دەروونی سەخت ناوەوەی دەگوشێت و هەست بە ئازارێکی زۆری سایکۆلۆجی دەکات و عەبەسییەتی لێ دەچۆڕێت” پەیڤی عەبەسییەت ئێستا لەژێر قەڵەمەکەم لەدایک دەبێت…هێڵنج لە هەموو لایەکەوە بوونی دەورداوم. کەوتمە سەر جێگا. وام لێ بەسەرهات، شوێنی بوونی خۆم پێ نەزانم. ڕەنگەکانم بینی لە دەوروبەرم بە هێمنی دەخولانەوە، ویستم بڕشێمەوە”.

ئەو هێڵنج و ڕشانەوەیەی ڕووکانتان ئەو هێڵنج و ڕشانەوە فیزیکییە ئاساییە نییە کە دوای هێڵنجێکی توند فشار بۆ جەستە و لایەنی فیزیکی مرۆڤ دێنێت و نەخۆشەکە ئەوەی خواردوویەتییەوە هەمووی دێنێتەوە و هیچ شتێک لە گەدەی خۆی ناگرێت و ئەوەی دەخوات و دەیخواتەوە فڕێیدەداتە دەرەوەی جەستەی.
ئەو ڕشانەوەی ڕەنگێکی بێزەوەر و بۆنێکی ناخۆش و دیمەنێکی بێزارکەری هەیه.
نەخێر، بەڵکو هێڵنج و ڕشانەوەکەی (ڕۆکانتان) حاڵەتێکی دەروونی و ڤایرۆسێکی تایبەت و جیاوازە و لە قووڵایی ڕۆحیدا لە دایک بووە و هەڵقوڵاوە و لەوێشەوە بۆ ئەقڵ و بیرکردنەوەی هەڵکشاوە و دواتر بۆ هەموو جەستەی تەشەنەی سەندووە.
هێڵنج و ڕشانەوەکەی ئەو مەعنەوین و فشار لەسەر دەروونی دروست دەکەن و ناتوانێت عەبەسییەت و بێماناییەکانی ئەو ژیانە پووچەی تێدا دەژیت هەرس بکات و هەر کە بە ڕێگای هزر و تێڕامان و بیرکردنەوە، خۆراکێکی مەعریفی و فەلسەفی و زانیاری و ڕۆشنبرییەک دەرخواردی زاکیرەی مێشکی دەدات، یەکسەر هێڵنجی بێمانایی دایدەگرێت و دەڕشێتەوە بەسەر هەموو بووندا و ژیان غەرقی ڕشانەوەیەکی مەعنەوی دەکات.
ئەو ژیانەی لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بێزارە و بە پووچ و بێمانای دەبینێت. ژیانێک، بۆ ئەو لە کابووسێکی تۆقێنەر و ترسناک زێدەتر نییە!

بەو چەشنە ئەو هێڵنجە کوشێنەر و نەگریسە عەبەسییە تێکەڵ بە جەستەی ڕووکانتان بووە و تەشەنەی سەندووە بۆ ناو خوێن و دەمار و ڕۆح و هەموو بوونی و بە هۆیەوە توشی حاڵەتێک بووە کە هەست بە تەنیایی و دڵگوشین و غەریبی و نامۆیی بکات و هەموو شتێک لای پووچ و هیچ بێت و بێزارییەکی کوشێنەر بە هۆیەوە تەواوی بوونی داپۆشێت!
هێڵنجێک، ئەو حەزەی لا دروست کردووە کە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنێت و هەموو شتێک لای ئەو بە فعلی کۆتاییان هاتووە و جگە لە پووچی و بێمانایی، شتێکی تر لە دەرەوەی تەنیایی و هێڵنجەکەی ئەو بوونیان نییە.”ئەو هێڵنجە هەستێکە خواستی کۆتاییهێنان بە هەموو شتێکت لادروست دەکات.
یاخود ئەو بێزارییە گەورەیەیە کە هەموو شتێک لای بە کردارەکی کۆتاییان دێت، لەو کاتەی هەست بە سووکی یاخود قورساییەکەی دەکەیت، هێڵنجەکە لەناو خۆم نا بەتەنها من هەستی پێدەکەم، لەوێ، لەسەر دیوار، لەسەر بەرزاییەکان، لە دەوروبەرم، لە هەموو شوێنێک. کافێکە جگە لە شتێک بە تەنیا زێدەتر نییە، ئەو شتەیش منم کە تێیدامە”.
بەو شێوەیە(ڕۆکانتان)ی عەدەمی بە دەست گرێی هێڵنجەوە دەتلێتەوە و هێڵنجی لە هەموو شتێک دەبێتەوە و کەوتووەتە ناو توونێلی هێڵنجێکی کۆشێنەر و دەروونپڕۆکێنەرەوە و ئاسۆیەک نابینێتەوە تا لەو هێڵنجەدەروونییە بە ئازارە قورتاری بکات.
سەرەڕای ئەو هێڵنجە قورس و دژوارەیش، ئەو حەزی لێیه گوێ لە گفتوگۆی خەڵک بگرێت و پشکنین بۆ کردەوەکانیان بکات.
بۆیە بڕیار دەدات وەک پڕۆژەیەک دوای ئەوەی داوای لێ دەکرێت پەڕتووکێک لەسەر ژیانی(مەرکیز دور ڕۆلبۆن) بنوووسێت و لەپاڵ ئەوەشدا یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی لە تێنووسێکدا تۆمار بکات. ئیدی لە شارە خەیاڵییەکەی بۆفێل دەست بە نووسینی یادداشتەکەی دەکات و وەک خوێنەر و لێکۆڵەرێک و بنووسێک لە پارک و کافێ و پەڕتووکخانە و مۆزەخانەی شاردا دەسووڕێتەوە و لە دیمەنی شەقام و مرۆڤ و ژیان دەکەوێتە تێڕامان و دەنووسێت و پێداچوونەوە بە نووسینەکەی دەکات و دێڕێک زیاد دەکات و دوو وشە دەسڕێتەوە و ڕستەیەک پالفتە دەکات و جێگۆڕکێ بەو چەمک و ئەو واتا دەکات و دەکەوێتە بیرکردنەوە بۆ دواتر کە دەبێ چی بکات و چی نەکات.

بەو چەشنە، (ڕۆکانتان) ئەو ماوەیەی لە بۆفێل دەمێنێتەوە، لە وردودرشتی ئەو شارە و ژیان و مرۆڤ ورد دەبێتەوە و سەیری هاتوچۆکەران دەکات لەسەر شەقامەکانی شار و سەرنجی دیواری فرۆشگا و دیمەنی باخ و کافێکان دەدات و بە قووڵی له هەموو جوولەیەک قاڵ دەبێتەوە.
تا بتوانێت خوێندنەوەیەکی تایبەت و قووڵ بۆ دەوروبەر و شتەکان بکات و قسە لەسەر تێڕوانین و لایەنی دەروونی و مێشک و سروشت و میزاج و حەزی مرۆڤەکان بکات و بە وردی و بابەتییانە و زانستییانە لە بارەیانەوە بنووسێت و هەموو شتێک بە لۆجیکی خۆی شلۆڤە بکات و بیانخاتە ژێر نەشتەری ئەو لۆژیکە هێڵنجاوییەی خۆی و لەسەر بنەمای لۆژیکی بێزاری قسەیان لەسەر بکات.

ئیدی بە قووڵی ڕۆ دەچێتە بیرکردنەوە، تا بیسەلمێنێت ئەو هێشتا لەو ژیانە پووچەدایە و نەمردووە.”من بوونەوەرێکم بیر دەکەمەوە، کەواتا من هەم ….”.
ڕووکانتان ئەوکارە و نووسین دەکات نەک لەپێناو ئەوەی مەبەست لێی نووسین بێت، نەخێر، بەڵکو تا لەو هەستە تاڵ و تەنیاییە دەروونییەی کە تێی کەوتووە ڕزگاری بێت. یان هەر هیچ نەبێت ئەو خۆخەریککردنەی بە نووسین، کەمێک لە باری ئازارە ڕۆحی و فشارە دەروونییەکەی کەم بکاتەوە و لە ڕێگایەوە ڕووبەڕووی سەختی و عەبەسییەتی ژیان ببێتەوە و ئەو ئلتیهابە فیکرییەی چارەسەربێت و ئەو دڵگوشینە یەخەی بەربدات.
چونکە بۆ ئەو نووسین هیچ بەها و پیرۆزی و گرنگییەکی نییە. ئەو هەموو شتێک لە تێڕوانینیدا پووچە.
بۆیە ئەو وەک ئەرک و پرۆژە نووسین ناکات، بەڵکو دەیەوێ لە ڕێگای نووسین و خۆخەریککرنی بەو کتێبەوە، ئەو هەستە لە خۆی دوور بخاتەوە و خۆی لەو هێڵنجە دەروونییەی ناوەوەی خاڵی بکاتەوە و ئارامی ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێتەوە. ئەو هەرکاتێک هەست بەوە بکات لە هەستە هێڵنجاوییەکەی چاک بووەتەوە، دەستبەرداری نووسین دەبێت و دەچێتە خەوێکی ئارام و قووڵەوە و دەڵێت”دەخەوم، من چاک بوومەوە”. ئەفسووس! ئەو سەرەڕای گەڕان و تێکەڵبوون بە خەڵک، کابووسی هەستکردن بە تەنیایی وازی لێ ناهێنێت.

“دۆخەکە زۆر خراپە، من هەست بە خراپی دەکەم، ئەو بێزەوەرییە، ئەو هێڵنجە، ئەو جارە شێوازێکی نوێیە، لە کافێکەبووم تووشم بوویەوە”.
ئەو هەستە ناخۆشە وای لێ دەکات دوای نووسینی چەند لاپەڕەیەک، دەست لە نووسین هەڵبگرێت. ئەو، ئیتر نە یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی خۆی و نە ئەو کتێبەیش کە ئەدیب و ڕۆشنبیرێک داوای لێ دەکات لەبارەی ژیانی(مارکیز دۆر ڕۆلبۆن)ی ئەرستۆکراتی سەدەی١٨ بنووسێت، هیچیان تەواو ناکات و بە نیوەناچڵی دەستیان لێ هەڵدەگرێت. ئەو نووسینەی وەک یادداشتێکی ڕۆژانەی نووسیویەتی، لە پڕۆژەی کتێبێکدا خۆی دەبینێتەوە و ناوی کتێبەکەش دەنێت(هێڵنج). لەوبارەیەوە دەڵێت “کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە و دەڵێن ئەنتوان ڕووکانتان ئەوەی نووسیوە..”. ئیدی ئەو یادداشتەی گەشتی ژیانی ڕووکانتان(سارتەر)خۆی دەبێتە ئەو ڕۆمانەی قسەمان لەسەر کرد.
دوای(هێڵنجیش)، حاڵەتە هێڵنجاوییەکەی ڕووکانتن هەر بەردەوامی دەبێت و ئەو هێڵنج لە شەقامەکان، لە شار، لە کتێبخانە، لە مرۆڤ، لە نووسین و لە هەموو شتێک دەکات. ئەو هەستە ناخۆشە یەخەی بەرنادات و جێی ناهێڵێت. سەرەڕای قورسایی دۆخەکە، ڕووکانتان ناچار دەبێت بچێتە ژێر ئەمری واقع و لەگەڵ ئەو هێڵنجه خۆی ڕابێنێت. ئیدی دەگات بەو بڕوایەی کە ئەو هێڵنجە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی و کەینوونە و ژیان و بوونی ئەو و تازە وا زوو لێی جیا نابێتەوە. “هێڵنج جێم ناهێڵێت، هەست ناکەم بەو خێراییە و وا زوو جێشم بێڵێت، بەڵام چیتر بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازارەکانی ناگرم، چیتر ئەو نەخۆشی نییە، بەڵکو ئەو منم”. بۆ دەرچوون لەو توونێلە تاریکەیە، شاری بۆفێڵ بەرەو پاریس جێ دێڵێت و لەوێ دەچێتە هۆڵی هونەری و گوێ لە مۆسیقا دەگرێت، وەک دەربازبوون لەو دۆخە دۆزەخییەی تێیکەوتووە. هەستدەکات هونەر تاقە ڕێگەیە بتوانێ یارمەتی بدات و لەو هەست و هێڵنجە فریای بکەوێت و ئارامیْ ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێنێتەوە. ڕووکانتان دەیەوێت لە بری نووسین و بیرکردنەوە، بە مۆسیقای جاز چارەسەری هێڵنجەکەی و حاڵەتە دەروونییەکەی بکات. ڕووکانتانی پاڵەوان وەنەبێ کەسێکی ڕەشبین یاخود دژە ژیان بێت، به پێچەوانەوە، ئەو، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستەگەڕ تا لە هۆکاری ئەو دۆخە دەروونی و هێڵنجە سایکۆلۆجییەی کە گیرۆدەی بووبوو، چارەسەرێک بدۆزێتەوە و ڕزگاری بێت. بۆ ئەمەیش کۆمەڵێک ڕێگای تاقی کردەوە، وەک خوێندنەوە و بیرکردنەوە، نووسین، گەشت و گەڕان، دواینیشیان میوزیک. تا دووباره لەو هێڵنجەی لێی بووبوو بە گرێکوێرە و بۆی نەدەبووەوە و لێی حاڵی نەدەبوو، تێبگات. تا چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە و تێکەڵ بە ئاوەدانی و خەڵک و ژیان ببێتەوە و ئەو نامۆبوون و تەنیایی و هێڵنجە یەخەی بەربدات. ئەفسووس! مرۆڤ هەرچەند هەوڵی ڕزگاربوون بدات، سوودی نییە وەک ڕووکانتان دەیڵێت.”هیچ سوودی نییە مرۆڤ هێڵنج دەوری دەدات، وا دەبینرێت ئەوە چارەنووسی مرۆڤ دەبێت لە ژیان”.

ڕووکانتان عاشق بوو و خۆشەویستی هەبوو(ئانی). ڕووکانتان بەردەوام لەگەڵ یادگارییەکانی دەژیا و بیری لەو چرکەساتە خۆشانە دەکردەوە کە لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێکەوە بەسەریان دەبرد. ئاواتەخوازبوو بە دیداری بگاتەوە و ژوانی لەگەڵ ببەستێت. ئەو، باسی لەوکاتانە دەکرد کە خۆی لە وڵاتی جیبۆتی و ئانی لە عەدەن بوو. ئەو لە سەرەتا تا کۆتایی چیرۆکەکە باسی خۆشەویستییەکەی ئانی و یادگارییەکانی و وردودرشتی ژیانی دەکات و لەو جیابوونەوە تاڵ و بە ئازارەی نێوانیان دەدوێت. جیابوونەوەیەک، برینێکی ساڕێژنەکراوی هەمیشەیی لە دەروونیدا جێهێشت و ڕۆحی خستە ئازارێکی بە سوێی نەبڕاوە و هەموو خەونەکانی تێکوپێک شکاند و ئاواتەکانی لە گۆڕ نا و ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی و گشت بەختەوەری و ئارامی و ئاسوودەیی و چێژێکی ژیان لەگەڵ جیابوونەوە لە ئانی، لێی جیابووەوە و هیچ لە کەسایەتی و بوونی نەمایەوە، جگە له پیاوێکی تەنیا و سەرگەردان و نامۆ و هێڵنجاوی و دابڕاو و گۆشەگیر نەبێت.

ماوەتەوە بڵێم: هێڵنج بەرجەستەکەری دیدەنیگا و جیهانبینی و تێڕوانینە عەبەسییەکەی سارتەرە لەمەڕ بوون، گەردوون، ژیان و مرۆڤ و سارتەر لە ڕێگای کارەکتەری ڕووکانتانەوە فەلسەفە عەبەسییەکەی خۆی لە هێڵنجدا دەخاتەڕوو. “من، کلیلی کەینوونە و بوونی خۆم دۆزییەوە، کلیلی هێڵنجەکەم، کلیلی خودی ژیانم. لە ڕاستیدا ئەوەی لە دواییدا بە دەستم هێنا وەک ڕزگاربوونێک لەو عەبەسییە سەرەکییەدایه” . هێڵنج وەک گەشتێکی سەختی (ڕۆکانتان)، گەشتێک، کە گوزارشتە لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و لۆژیکیبوونی گەردوون و ڕووداو و شتەکان و دووپاتکردنەوەیه لە فەوزاییبوونی وجوود و بێمانایی ژیان.

سارتەر له هێڵنجدا دەیەوێت پێمان بڵێت لە هیچ و بێمانایی و عەدەمەوە هاتووین بۆ ژیانێکی بێمانا و بە پووچ
گەرێتی دەوردراو بەرە و عەدەمێکی بێمانا و پووچیش دەڕۆینەوە و دەبینەوە بە هیچ و عەدەم.
هێڵنج پێمان دەڵێت، خۆتان فریو مەدەن بەوەی ئەو ژیانە شوێنی ژیان و خۆشی و ئاسوودەیی و دڵنیاییە. نەخێر، هەرگیز لەم ژیانە مرۆڤ بە ئارامی و بێ هێڵنج و دوور له دڵەڕاوکێ و بێزاری ناژیت و ژیان بە عەبەسییەت و ئازار و نەهامەتی و تراجیدیا دەور دراوە و مرۆڤ کائینێکی خەفەتناک و گۆشەگیر و دابڕاوە و تەنیاییبوون سیمایەتی و هیچ ئایین و ئایینزا و ئایدیۆلۆژیا و فیکر و ئایدیا و فەلسەفە و زانستێک و هیچ شتێک لە توانایدا نییە ئەو عەبەسییەت و ئازار و نەهامەتییەی ژیان لابەرێت و واتا بۆ ئەو ژیانە پووچ و بێمانایە بدۆزێتەوە. ئەی چارەسەر چییە وەک حەلێکی بوونگەرایی و وجوودی بۆ ئەو وجوودەی سارتەر لای پووچ و عەبەساوی و بێمانایە؟ سارتەر لە ڕێگای پاڵەوانە نهلیستەکەی ڕووکانتانەوە پێمان دەڵێت، هەر هێندەمان لە دەست دێت لەو ژیانە بێمانا و پووچەیه کە لە ڕێگای ئەدەب و هونەر و میوزیکەوە تۆزێک ئارامی بۆ دەروون بگەڕێنینەوە و گەر تاقە دەروازەیەکی قورتاربوون و ڕێگایەکی ڕزگاربوونیش هەبێت، ئەوە جگە لە ئەدەب و هونەر و میوزیک، چیتر نییە بتوانێت ببێت بەو هێزەی بەسەر نیگەرانی و قەڵەقە وجوودییەکاندا زاڵ بێت.

“شەماڵ بارەوانی”




چـیرۆکی ژیـانی هـێـلـین کـیلەر (١٨٨٠ـ ١٩٦٨).. رەزا شـوان

مـرۆڤی خاوەن پێـداویستیی تایـبەتی (نابـیـنا، کـەڕ، لاڵ، کەمـئەنـدام) لە جیهانـدا زۆرن. بەڵام کەمئەندامییان بێ هـیوای نەکردوون و خۆیان بە دەستی نائومێـدی و شکـستییەوە نەداوە. بە ڵکو بە هـیوا و گەشبینییەوە لە ژیـانیان روانیـون. متـمانەیان بە تـواناکانیان هەبـووە و درێـژەیان بە کۆشش و بە خەبـات داوە و خـۆڕاگـربـوونە و کۆڵـیان نـەداوە، سووربوون لەسەر سەلماندنی توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان و سەرکەوتن و گەیشتن بە هـیوا و ئامانجەکـانیان. کەسایـەتی ناسراو و بەناوبـانگـیان تێـدا هـەڵـکەوتـوون، کە خـزمـەتی مـرۆڤـایەتـیان کـردووە. بـۆ نمـوونە: فـرانـکـلـین رۆزفـڵـت (سـەرۆکی سی و دووەمینی ئەمـریکا)، لـویـس بـرایـل (داهـێنەری نووسینی بـرایـل)، کریسـتـۆڤـەر ریف، هـێلین کیلەر، نیک فۆجیستش، ترێشا زۆرن، ئەندریا بۆتشیلی، دکتۆر ستیڤن هـۆکینگ، دکتـۆر تەهـا حوسـین،… هـتـد. لە کوردستانی ئێمەشـدا، دکتـۆر کامیـل حەسەن بەسـیر، سابـیر کوردستانی، تـارا رەسـووڵ،… هـتـد.

لەم نووسینەدا بە کورتی باسی چیرۆکی ژیانی، نووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمـریکی، چالاکـوانی سەرسەخـتی داکـۆکیکەر لە مافەکانی ژنـان و مافـەکانی خـاوەن پێـداویستـیـیە تایبـەتیـیەکـان، مامـۆسـتای وانەبـێـژ، چـالاکـوانی سـیاسی، ئـازادیخـواز، ئاشـتـیخـواز، دژی لە سـێـدارەدان، دژی رەگـەزپـەرسـتی، بـالـیـۆزی منـداڵانی نابـیـنـا، هـێمایەکی هـانـدەری جیهـانی منـداڵان بۆ زاڵـبوون بەسەر کەمئەنـدامێـتـیدا، هـەمیـشە سیمبولی خۆڕاگری و کۆڵنەدان و سەرکەوتن، ئیلهام بەخش و هـیوابەخش بۆ کەسانی دەوروبـەری بە تایبەتیش بـە منـداڵانی نابـیـنا. ئەنـدامی یەکـەم دەسـتەی بەڕێـوەبـەری چاپخانەی (بـرێـل)ی ئەمریکی. دامەزرێنەری (رێکخراوی هێلین کیلەری نێودەوڵەتی). ئەم ناودارەش خاتوو (هـێلین کیلەر) ە، کە لە سەرەتـای سەدەی بیستەمدا، یەکێک بوو لە بەناوبانگترین ژنـانی جیهـان. لە هـاوتای هـێلـین کـیلەر، زۆر دەگمەنە لە مێـژوودا.
(هـێلین ئادەمیز کیلەر)، لە رۆژی (٢٧/ یۆنیـۆ/١٨٨٠) دا، لە شاری (تـوسکـۆمبیا) لە ویلایەتی (ئالابـاما) لە ئەمریکا لەدایک بـووە. خـێزانەکایان بە رەسەن ئەڵـمانی بـوون. دایکی ناوی (کاترین ئادەمیـز کیلەر) ە، باوکی (ئارسەر کیلەر)ە، باوکی لە کاتی شەڕی ناوخۆ لە نێوان (باکوور و باشوور)ی ئەمریکادا، چووە ریزەکانی سوپای كۆنفـیدڕاڵیی ئەمـریکا و بە پلەی سەرهەنگ بوو بە کاپتن. هـێلین کیلەر کە لەدایک بـوو، منداڵێکی تەنـدروست بوو. لە شەش مانگـیدا کۆمەڵـێک وشە فـێربـوو. کە گەورەتـر بـوو، وەکو منداڵـێکی ئاسایی لەگەڵ منداڵان یاریی دەکرد. بەڵام لە تەمەنی (١٩) مانگـیدا، تووشی نەخـۆشـیـیەکی سەخـتی نەنـاسـراو بـوو، لەوانـەیە (هـەوکـردنی پـەردەی مێـشک) یان (تـای سـوور) بـووبێـت. هـێلـیـن لـەم نەخـۆشـیـیە چـاک بــۆوە، بـەڵام (کـوێـر و کـەڕ) بـوو. بۆ ماوەیەک تووشی دۆخـێکی دەروونی نالەبار و تـووڕەیی و گرژی بـوو، بەڵام توانی بەرگری بکات و بەسەر ئەم کەمئەنـدامییەیـدا زاڵبێت، کە بە (بەرگریی پەرجـۆ ـ مـوعـجـیزە) ناوبـراوە.
ئەگەرچی باری داراییان نالەبـار بـوو، بەڵام دایک و باوکی سووربـوون لەسەر ئەوەی، کە هـێلیـن فـێری خوێنـدنەوە و نووسین بێـت. تەمەنی هـێلین حەوت ساڵان بوو، باوکی بردی بۆ لای هاوڕێی دڵسۆزی خۆی (ئەلیکسەندەر گراهـام بێـڵ ـ داهـێنەری تەلەفـۆن) کە زاواکـەی بەڕێـوەبەر و مامۆستای (پەیمانگای بیرکـنز ـ بـۆ منـداڵانی نابینا) بـوو لە (بۆستن). لەگەڵ مامۆستایەیەکی کـچ، تەمەن (٢٠) ساڵانی ئەم پەیـمانگایەدا، کە ناوی (ئـان سـولـیڤـان) بـوو، بە مانگانەی(٢٥) دۆلار رێکـەوتـن، کە خوێنـدنەوە و نووسین فـێری هـێلـین کـیـلەر بکات. ئـان سولـیڤـان لە ساڵی ( ١٨٨٧ـ تا ـ ١٩٣٦) بـۆ مـاوەی (٤٩) سـاڵ تا مـردنی، وەکـو مـامـۆسـتا و خـوشکی گـەورە و دایـک و پـەروەردەکـار، لەگـەڵ هـێلین کیلەردا مایەوە. مامۆستایەکی بەتـوانا و زیـرەک بـوو، گەرچی چاوکانی گـزبـوون و چەنـد نەشـتەرگـەرییـەکی بـۆ کـردبـوون.
یەکەم وشـە کە مامۆسـتا ئـان سولـیڤـان فـێری کرد، وشەی “ئـاو” بوو. هـێلـینی بـردە بەردەم پەمپی ئاو و ئاوی کرد بە دەستیا، ناوی ئاوی فێرکرد و لەسەر پشتی دەستی بە پەنجە نووسی (ئاو) ئەویش هەستی پێکرد و ناوەکەی وت و نووسینیشی فـێربوو. هەر ئەو رۆژە فـێری (٣٠) وشەی کـرد. هـەر لەو شـوێنەدا، لە بەردەم کۆشکی (کاپـیـتول) پەیکەری پەمپی ئاو و هـێلـین کیلەری تەمـەن حـەوت ساڵان بە بـرونـز دروستکـراوە. ساڵانە گەشتیارانێکی زۆر وێنەی لەپاڵدا دەگرن و بە پەمپەکە ئاو دەکەن بە دەستیاندا.
هێلین کیلەر لە ساڵانی (١٨٨٨ـ ١٨٩٠) بوو بە قوتابییەکی پەیمانگای بیرکنز بو نابینا و کەڕەکان. لە رێی زمـان و رێـنـووسی (بـرێـل) ی چـاپ بـەرزەوە. هـێـلـین بە لـێـدانی پەنجەکانی لە جەستەی خۆی، وشەکانی دەوتەوە و وانەکان فـێردەبـوو. فـێری چۆنیەتی نـووسـین و خوێنـدنەوەی هەمـوو پیـتەکـان و نـووسینی وشـە و رسـتە و قـسەکـردن و وانەکان بـوو. مامۆسـتا (سولـیڤـان) وەکـو وەرگـێڕ، لە پـۆلـدا لەگـەڵـیـدا بـوو. زۆریـش سوودی لە منداڵانی کوێر و کەڕی نەرویجی وەرگرت و لێیانەوە قسەیەکی زۆر فـێربوو.

هـێلـین کیلەر کە بیویستایە لە قـسەکانی کەسی بەرانبەری تێبگات، پەنجەکانی دەخـستە سەر لێوەکان یا قـوڕگی ئەو کەسە و لە جـووڵەی لێـوەکانی تێـدەگەیشـت کە چی دەڵـێت. ئەگەر هـێلین کیلەر تەوقـەی لەگەڵ کەسێکـدا بکـردایە، دوای پێـنج ساڵ تەوقەی لەگەڵ هەمان کەسدا بکـردایە، دەیناسییەوە کە کـێـیە. چێـژیشی لە دەستدانـان لەسەر مـوزیک وەردەگرت. بەو شەترەجەش کە بە تایبەتی بۆ خۆی دروستی کردبـوو، یاریی پێدەکـرد.
هێلین کیلەر لە منداڵییەوە، خەونی ئەوەی هەبوو کە بچێتە زانکۆ. لە ساڵی (١٨٩٨) دا چووە (قوتابخانەی کامبریج) بۆ خانمانی گەنج، بۆ ئەوەی خۆی بۆ کۆلـێژی (رادکـلیف) ئامـادەبکات. قـۆنـاغی ئامـادەیی تـەواوکـرد. لە سـاڵی (١٩٠٠) دا، لە زانکـۆ وەرگـیرا. لەو کاتەوە کە قـوتابی زانکـۆ بـوو، دەستی بە نووسـینی بابـەتی هەمـەجـۆرە کرد و لە گۆڤـار و رۆژنـامە بەناوبانگەکانـدا بڵاویانی دەکردەوە. لە ساڵی (١٩٠٤) دا، لە زانکۆ رادکـلـیف (لە ئێستادا ناوی زانکـۆی هارفـارد) ە، بە پلـەی (نایاب) بە یەکەم دەرچـوو. بڕوانامەی لیسانس (بەکالۆریۆس)ی لە فەلسەفە و ئەدەبـدا وەرگرت. هـێلین کیلەر بوو بە یەکەم نابینا و نابیستە (کەڕ) کە ئەم بـڕوانـامـەیە بەدەستـبهـێـنێـت. پاشان لە چـەنـد بـوارێـکی جیاوازی تـردا، درێـژەی بە خـوێنـدن دا. دکتـۆرای لە زانسـت و فەلـسەفـەدا بەدەستهـێـنا، شایـەنی باسیشە، هـاوڕێـیەکی دەوڵەمەنـدی ئەلـیکسەنـدەر بێـڵ، هەمـوو خەرجـیـیەکی زانکـۆی هـێلـین کـیـلەری گـرتە ئەسـتـۆی و مانـگانەی بـۆ بـڕییـەوە.
هـێلـین کـیلەر، شووی نەکرد. ئەگەرچی لە ساڵی (١٩١٦) دا، لەگەڵ (پیتەر ڤـاگان) دا کەوتە داوی خۆشەویستی و نەخـشەی رەدوکەوتـنی دانا. بـڕۆن بۆ دەرەوەی ئەمریکا، بەڵام خـێزانەکەی پەشیمانیان کردەوە. لە ساڵی (١٩٢١) دا، باوکی کـۆچی دوایی کرد.
هـێلـین کیلەر چەنـد زمـانێکی جیهـانی فـێربـوو، لە تەمـەنی (٢٠) ساڵـیدا، دەستیکـرد بە خـوێنـدنەوەی ئەدەبیـاتی ئینگـلـیزی و ئەڵـمـانی و فـەرەنـسی و یـۆنـانی و لاتـیـنی.
هـێلـین کـیلەر، فـێری چـنین و درومـان بـوو، فـێری مەلەوانی و ئەسپ سـواری بـوو.
هـێلین کـیلەر زیةاترلە (١٨) پەرتووکی نووسی و چاپـیانیکرد، لە هەموو جیهـانیشدا بڵاوبونەوە. ئەمانە ناوی پەرتـووکەکانی هـێلین کیلەرن:(شای بەسـتەڵەک ـ ١٨٩١)، (چیرۆکی ژیانم ـ ١٩٠٣) ژیاننامەی خۆیەتی. ئەم پەرتووکە بۆ زیاتر لە (٥٠) زمانی جیهـانی وەریانگـێڕاوە. چەنـدیـن جـار چـاپیـان کـردۆتەوە، تا ئەمـڕۆش هـۆگـرانـێکی خوێندنەوەی زۆری هەیە. (گەشبین ـ ١٩٠٣)، (کلیلی ژیانم ـ ١٩٠٤)، (ئەو جیهانەی تێـیدا دەژیـم: ١٩٠٨)، (پەرجـۆی ژیـان ـ ١٩٠٩)، (گـۆرانی دیـواری بەرد ـ ١٩١٠)، (لە تاریکی دەرچـوون ـ ١٩١٣)، (پـوورە سام بانگەواز دەکات: ١٩١٣)، (ئاینەکەم ـ ١٩٢٧)، (ژیـانی دواتـرم ـ ١٩٢٩)، (ئـێـمە خەمـبـار بـوویـن ـ ١٩٢٩)، (ئـاشـتی لە ئیـڤـنـتایـد ـ ١٩٣٢)، (هـێلیـن کـیلەر لە سکۆتـلەنـدا ـ ١٩٣٣)، (با ئیمانمان هـەبێـت ـ ١٩٤٠)، (مامۆستا ئان سولیڤان ـ ١٩٥٥)، (دەرگای کراوە ـ ١٩٥٧). بێجگە لەو وتار و باسـانەی کە لە گۆڤـار و لە رۆژنـامەکانـدا بڵاویـانی کـردونەتەوە، کە (٤٧٥) وتار و باسـن. لە ئەرشـیفی هـێلین کـیلەردا پارێـزراون. بەشـێکی ئەم وتـار و باسـانەی، وەکو (باڵـیۆزی نیازپاکی ئەمریکی بۆ نابیناکان) لە زۆر وڵاتی جـیهانـدا پێشکەشی کـردوون.
هـێلین کیلەر، ئامێری برێـلی بەکاردەهـێنا، لە رێگەی وشەی تایپکراوەوە، پەیـوەنـدیی لەگەڵ بە هەزاران ئەمریکی و خەڵکی تر لە جیهـانـدا هەبـوو. پێگە و رێـزێکی زۆری نێـودەوڵەتی هەبـوو. پەیـوەنـدییەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکەکـانی ئەمریکا و لەگەڵ بەشێک لە سەرۆکەکان و ناودارانی جیهـاندا هەبوو، وەکو: ئایزنهاوەر، جـۆن کـنێدی، لیـندون جۆنسۆن، رۆزفـڵـت، ئەلیکسەنـدەر گـراهـام بـێـڵ، مارک تویـن، جەواهـیر لال نەهـرۆ، چـارلی چاپـلـن، تەهـا حوسـێـن، وینـسـتـۆن چەرچـڵ، گـۆڵـدە مـاێیـر،…هـتـد.
(مارک توین) لە راگەیەندڕاوێکـدا، دەڵـێت:”دوو کارەکتەری سەرەنجـڕاکـێشی سەدەی نـۆزدەم، ناپـلیـۆن و هـێلـین کـیـلەر” ن.
سەرۆکەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی (٦٠) ساڵ، راوێژیان بە هـێلین کیلەر دەکرد و گوێیان لە رێـنمـایی و ئامـۆژگـارییـەکـانی دەگـرت. دیـدار و دانیـشـتـن و کـۆڕی تایبـەتـیـان بـۆ سازدەکرد. ئەمـریکا هـێلین کـیـلەری وەک، راوێـژکاری پەیـوەنـدییـە نێـودەوڵەتیـیەکان دەستـنیشان کرد.

هـێلـین کیلەر لە ساڵی (١٩٤٦ـ بـۆـ ١٩٥٧) بە ناوی باڵیـۆزی نابینایانەوە، بە یاوەری مامۆستا ئـان سولیڤـان، دەستی بە گەشتەکانی بۆ وڵاتانی پێـنج کـێشوەری جیهـان کرد. لە ماوەی (١١) ساڵـدا (٤٠) دەوڵەت گەڕا و زۆر بە رێـزەوە پێـشوازییان لـێدەکـرد. لە ساڵی (١٩٣٧) گەشتی بۆ ژاپـۆن کرد. (٢) ملیۆن ژاپۆنی لەسەر شۆسەی شەقامەکاندا راوەستان، بۆ ئەوەی هـێلـین کیـلەر ببیـنن. کـیلەر بۆ دوەم جـار، گەشتی بۆ ژاپـۆن کرد و (٣٠) شـاری ژاپـۆن گـەڕا. رۆڵـێکی دیـپـلـۆمـاسی بـەرزی گـێـڕا، لـە بەهـێـزکـردنی پەیـوەندیییەکانی نێـوان ئەمـریکا و ژاپـۆنـدا. هـێلین کیلەر دیـداری لەگەڵ سەرۆکەکانی هەمـوو ئەو وڵاتـانەدا کـردووە، کە سـەردانیـانی کـرد. درێـژتـریـن گـەشـتی کـیـلەر، لە ساڵی (١٩٥٥) لە تەمـەنی (٧٥) ساڵیدا ئەنجـامیـدا. گەشتەکەی (٤٠) هـەزا میـل بوو، لە ماوەی پـێنج مانگدا، بەناو وڵاتانی ئاسیادا سووڕایەوە. چەندین باسی پێشکەشکرد. هانی دەوڵەتانی دەدا، کە قـوتابخانەی تایبەتی بۆ نابینایان و کەمئەندامانی تر بکەنەوە.
هـێلین کیلەر، داکۆکیکەرێکی سەرسەخت بوو، لە مافەکانی ژنـان و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان لە هەموو جیهاندا. دۆزی مافەکانی نابینایان و کرێکارانی گرتە ئەستۆی. سۆشیالیستێکی پابەنـد بوو، دژی چەوسانەوە و رەگەزپەرستی بوو. ئەنـدامـێکی کارای (یەکێتی ئازادی مەدەنی) بوو. دژی وزەی ئەتـۆمی و دژی سەرهەڵدانی فاشـیزم بوو لە ئەوروپـادا. دژی لە سێـدارەدانی دەرەوەی یاسا بـوو. ئاشتیخـواز بـوو، دژی شەر بـوو. بـۆیە نـازییەکـان لە ئەڵـمانیـادا پەرتووکەکانی هـێلـین کیـلەریـان سـووتانـد.
هـێلین کیلەر، لە ئەمریکا و لە سەرانسەری جیهانـدا رێـزیان لێیگـرت، چەنـدین خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانیان پێشکەشکرد. لە ساڵی (١٩٥٥) دا، وەک ئەکتەرێکی بێدەنگ بەشـداریی لە فـیلمی “چـیرۆکی ژیـانم” کـرد، کە لە نووسـین و دەرهـێنانی خـۆیـەتی و باسی ژیـانی خـۆی دەکـات. دوو خـەڵاتی ئـۆسکاری شانـازی (فەخـری) یان پێـشکەش کرد. لە ساڵی (١٩٣٦) دا، (تیـۆدۆر رۆزفـڵت)، (مەدالیای خزمەتی نایاب)ی پێشکەش کـرد. لە ساڵی (١٩٦٢) سـەرۆکی ئەمـریکا (لـینـدۆن جـۆنسۆن)، بەرزتـریـن خـەڵاتی ئەمـریـکا، (مـەدالـیـای ئـازادیی سـەرۆکـایەتی) ی پـێـشکەش بە هـێلـیـن کـیلەر کـرد. هەریەکـەش لەم زانکۆ جیهـانییـانە، بـڕوانـامەی دکتـۆرای شانـازی (فـەخـری) یان لە ئەدەب و یاسادا، پێشکەش بە هـێلـین کـیلەریان کرد: زانکـۆی تەمبـل و هارفـۆرد ـ لە ئەمریکا، زانکۆی گڵاسکۆـ ئۆسکۆتلەندا، زانکۆی بەرلین ـ ئەڵمانیا، زانکۆی دەلهی ـ هـیندستان، زانکـۆی ویتـواتەرسرانـد ـ باشـووری ئەفـریکا. دوای مـردنیشی وێنـەیـان خـستە سەر پوولی پـۆست. چەنـدین قـوتـابخـانە و پەیـمانگا و هـۆڵ بە نـاوی هـێلـین کـیلەرەوە نـراون. چەنـد شانـۆ و درامای تەلەفـزیـۆنی و فـیلـمی سینەمایی، دەربارەی ژیـانی هـێلـین کیـلەر دەرهـێنراون و تـۆمـارکـراون.
هـێلـین کـیـلەر، چـەنـد هـەفـتـەیـەکی کـەمی مـابـوو، بـۆ یـادی جـەژنی (٨٨) ساڵـەی
لەدایکـبوونی. تووشی جەڵـتەی مێـشک بـوو. لـە رۆژی (١/ حۆزەیـران/ ١٩٦٨) لە شـاری (ئارکـان ريـچ) لە ئەمـریـکا کـۆچی دوایی کـرد.
لە وتە بە ناوبانگەکانی هـێلـین کیلەر:”کاتێک کە دەرگایەکی خۆشیمان لێدادەخـرێـت، دەرگـایەکی ترمـان بۆ دەکـرێتـەوە. بەڵام هـەنـدێ جـار بـۆ مـاوەیـەکی درێـژ، ئەونـدە سەیـری دەرگـا داخـراوەکە دەکەیـن، ئـەو دەرگـایە نابیـنین کە بـۆمـان کـراوەتـەوە”.

(*) بـۆ نووسینی ئـەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئینگـلـیزی وەرگرتـووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




لە نەهاتنتا.. شیعر/ کاوە عوسمان

کە بڕیارتدا
بە خەمگینی سەرهەڵگری
دوور ڕێگەگری
کۆتا چرپەشت نەدرکێنی
بە تەنیایی
بە نێو یادەوەریە با بردوەکانا
ڕۆژانی عیشق تێپەڕێنی،،
ئیتر خۆر
لە ئاوابوونی هەتاوی نیگاتا،
لە غەریبیم بە ڕێگەی نەهاتنتا
دڵی شکا،
درەنگ هەڵهات
پرژەی ڕەنگاڵەی
بارانیش تۆرا
پاشگەز بوەوە
لە ماچی شکۆفەی
سەر رێگەی دوورتا ،
تۆیەک بێ ئاگا
بە بڕیاری سەفەری دورتا
لە بێدەنگی گیتاری چرپەتا
دارستانی رۆحێک سوتا
پەریەکانی ژوان
مات و مەلوول
لە خەمگینی نەهاتنتا
سەما ناکا
وەک گەڵای بێ گیان
لەبەردەم پەیکەری رەشی
خواوەندی تەنیاییتدا
وەرین
باڵیان شکا
تۆ پێنازانی
لە جەنگەڵستانی
سەفەری بێ ناونیشان
بێدەنگیشت بوەتە تاوان
دوور تەماشاکە
لە دوای سەفەرتا
لە نەهاتنتا
لە بێ دەنگیتا
شاعیرێک،
لە زەریای هەڵچووی خەما
لە نێو زوقم و تەما
وێڵ و سەرگەردان ئە ما
بە فرمێسک و خوێنی شیعرا
لە سەر شەپۆلی زەریای نامۆییدا
دوا شیعری ماڵئاوایی نوسرا




بەتوندی سەرکۆنەی توندوتیژی و کوشتنی هاوڵاتیـیان دەکەین لە لایەن کۆماندۆ و چەکدارانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە

کۆمیتەی سلێمانی / ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ماوەیەکە لە سلێمانی و چەند شار و شارۆچکەیەکی ئەو پارێزگایە، دیاردەی تەقە لێ کردن، بریندارکردنی بەمەبەست و کوشتن، پەرەی سەندووە، لە لایەن چەکدارانی ناسراو بە (کۆماندۆ)ی سەر بە هێزەکانی پێشمەرگەی حزبی دەسەڵاتدار لە “زۆنی سەوز”. (کۆماندۆ) لە چوار چێوەی هێزی (ئاسایش) و (پۆلیس)دا ڕێکـنەخراوە و لەژێر فەرمانی بەرپرسانی پلە باڵای حزبی و هێزی پێشمەرگەدان.

لە مانگی ڕابردوودا لە (تاسڵوجە) تەقە لە کەسێک دەکرێت و بریندار دەکرێت، و لە (گەڕەکی زانکۆی سلێمانی تازە) لاوێک لەلایەن ئەفسەرێکی ئەم هێزەوە دەکوژرێ. هەروەها، لە گەڕەکی ڕاپەرینی سلێمانی (ئاری ڕزگار چایچی) بەبەرچاوی خەڵکەوە شەوی (٢٧-٧-٢٠٢٤) بەر فیشەک دەدرێت و لە جێگادا گیان لەدەست دەدات. هەر لەم ڕاستایەدا، لە (بانی مەقان) لە قەزای (چەمچەماڵ)یش ڕۆژی (٢٨-٧-٢٠٢٤) قاچی دوو کەس بەمەبەست بریندار دەکرێت، و شەوی (٣-٨-٢٠٢٤) لە (گەڕەکی زێڕێنۆک) لە سلێمانی هەر لە لایەن ئەم هێزەوە قاچی دوو کەس دەشکێنرێ. زنجیرەی ئەم کوشتن و بریندارکردنەی هاوڵاتیـیان دیاردەیەکی سیستماتیک پێکدەهێنی و پێدەچێ سیاسەتێک بێت کە هێزەکانی دەسەڵات گرتویانەتەبەر و پیادەی دەکەن.

دیارە، ئەم کۆشتن و تەقە کردنە، ئەم توندوتیژیـی نواندنە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان مێژویەکی دوورودرێژی هەیە، هەر لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن ئەم حزبە ناسیونالیستیـیە میلیشیانەوە، و بۆ چاوترساندنی خەڵک دەستیان کرد بەکوشتنی ژنان و نەیارانی سیاسی خۆیان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی بزووتنەوەی کریکاری و جەماوەری و کۆمۆنیستەکان. هەتا ئێستاش ئەم دیاردەیە بەردەوامە، و کەم ڕۆژ هەیە گوێـبـیستی ئەوە نەبین کە بەدەستی (کۆماندۆ) و (زێرەڤانی) گەنجێک یان هاووڵاتیـیەکی ئەم هەرێمە نەکوژرێ یا سوکایەتی پێ نەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگریـیەکی یاسایی هەبێت و تاوانباران سزای یاسای خۆیان وەرگرن.

ئەم تاوانانە کە لەم دوایـیانەدا ڕووی لە هەڵکشانە، هەم لە “زۆنی سەوز”ی ژێر دەسەڵاتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) ئەنجام دەدری و هەم لە “زۆرنی زەرد”ی ژیر دەسەڵاتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە دەیان کەسیان لەسەر شەقامەکان، لەبەردەم خەستەخانەکان بەر شەق داوە، لەسەر فوڵ-لایت یا لەسەر ڕاگرتنی سیارە خەڵک کوژراوە، میدیاکاران کەلوپەلەکانی میدیاییان لێ سەندراوە و چەندین ڕۆژ نامەنووس بەتۆمەتی جۆراوجۆرەوە گیراون و دراون بەدادگا و زیندانی کراون.

پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە لە کاتێکدایە کە پێگەی حکومەتی هەرێم لە هاوکێشە سیاسیـیەکانی عێڕاقدا تادێت لاواز دەبێ و هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمەکەش لەناو قەیرانێکی هەمەلایەنەی سیاسی-ئابووری و کارگێڕیدان و ڕووبەڕووی، نەفرەت و بێزاری و ناڕەزایەتیـیەکی جەماوەری بەرفراوان بوونەتەوە.

ئەم دەسەڵاتە لەم بارودۆخەدا بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی، نەک هەر سیاسەتی سەرکوتی ئاگاهانە و ڕێکخراو پیادە دەکات لە لایەن دامودەزگا سەرکوتگەرەکانیەوە، بەڵکو برەویش دەدات بە دروست کردنی یەکەی تایبەتی لە هێزی چەکدار بەناوی جۆراوجۆرەوە بۆ پەرەپێدان بە سیاسەتی توندوتیژی ئاشکرا لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و بۆ چاوترسێنکردنی جەماوەر و پاشەکشە پێکردنی ناڕەزایەتیـیەکانیان.

ئەوە ڕێکخراو نەبوون و یەکگرتوو نەبوونی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز و نەبوونیانە بە هێزێکی سیاسی چینایەتی سەربەخۆ و کاریگەر کە بواری ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ ئەوەی هێزی چەکداری حزبەکانی دەسەڵات و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانیان درێژە بەم تاوانانەیان بدەن، و بەقیمەتی جەزرەبەدان و تۆقاندنی خەڵک و کوشتوبڕی کردن، دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیـیان بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەدا بهێڵنەوە.

کۆمیتەی سلێمانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە کاتێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژیـیانە و ئەم توندوتیژی و کوشتوبڕیـیە دەکات، داواش لە جەماوەری زەحمەتکێشی ناڕازی و ئازادیخوازان، لە ڕێکخراوە کریکاری و جەماوەریـیەکان دەکات دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان هەڵبڕن دژ بەم تاوانکاریـیانە و لەپێناو داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر حزبەکانی دەسەڵات و بنەبڕکردنی دەستدرێژی و تاوانەکانیان.

٧/٨/٢٠٢٤




بۆ زۆر بەڕێز ستیڤان شەمزینی.. چرۆ زەند

پەڕتووکی شۆڕشەکەم دژی شێرپەنجە، نووسینی ستیڤان شەمزینی

لە دیدی مندا، شۆڕشێکە تاکە لە وێنەدا، لەڕادەبەدەر سەرنج ڕاکێشە، پەڕتووکێکە ناتەوێ وەلای بنێی. شۆڕشی مرۆڤە بەدوای گەڕان بەناخدا. دەتەوێ خوێنەر بی تا کۆتایی. بە دێڕەکاندا بڕۆی و لاپەڕەکان زوو هەڵدەیتەوە. ئەو باس لە نەخۆشیەک دەکات کە مرۆڤ لە ناوەکەی دەترسێ، باس لە نیگەرانی مرۆڤ بۆ تووش بوونی، لە ئازارەکان دەکات.
ئازارەکانی نووسەر گەیشتە کوێ لە نەخۆشخانەکانی شار بەرەو نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا. ئەو ئازارەی یەکەم جار لە فیشەک دەچوو لەسەری نووسەری دا لە ناو ئوتومبیل لەکاتی گەڕانەوە بەرەو ماڵ پاش تۆمارکردنی ڕاپۆرتێ. بروسکەیەک بوو گەلێ ئازاری تری بەدوادا هات. نووسەر دەست لەسەری دەدا نەوەک خوێنی لێبڕژێ، بەڵام ئەوە فیشەک نەبوو بەر سەر کەوێ یان خوێنی لێبڕژێ. ئەوە دەستپێکی شێرپەنجە بوو، سەرەتای شۆڕشەکەی نووسەر بوو.

شۆڕشی نووسەر، دژی گەلێ نەخۆشی سەختە، شۆڕشێکە زۆرینەی مرۆڤەکان پێویستاین بەو شۆڕشە هەیە لە ناخی خۆیاندا. زۆرینەش خۆیانی تێدا دەبینەوە. ئەوە شۆرشی منیش بوو، کاتێ بریارمدا دوور بژیم، هەم لە زێد و هەم لە ژیانی هاوسەرگیری کەوتمە خەستەخانە بۆ ماوەی سێ مانگ ونیو. بە هەندێ لەو سەختیانەدا رۆشتم کە نووسەر باسیان دەکات. . نووسەر باس لە بوونی لەناو نەخۆشخانەکەدا دەکات لەگەڵ تەمەنی هەشتا ساڵان و پیران. بەڵێ نووسەر ومن کێشەمان لەوە نەبوو پیران لە ژوورەکەدابن، یان توانجێک دەربارەی تەمەنی وان بێت، بەڵام خۆت لەناخەوە هەست دەکەی چەند زوو گەیشتیتە ئەو قۆناغە. پێش ئەوەی گەنجیم ببینم پیر دەبم، لە ناو پێخەفێکی چاوەڕوانیم، نزیک بە پێخەفی مەرگ. لەو ڕۆژگارانەدا من پێویستم بە هاوکاری هەشتا ساڵێک بو (قەسەب) قامیشی ئاو خواردنەوە بیداتە دەستم یان لە ناو پەرداخەکەی بەردەمم دایبنێ. چونکە دەستم نەدەجوڵا، نەم دەتوانی برۆم، بدوێم، نان بخۆم ،ئەو چرکە ساتانە لە کاتدا بوونت دەنیسشان دەکات. مرۆڤ کە نەتوانێ هیچ بکات، ئیتر بوونی مرۆڤ یەکسانە بە نەبوون یان نزیک بە مەرگ.
نووسەر دەڵێ ( کات بۆیە هەیە چونکە بوون هەیە، پێچەوانەکەشی ڕاستە) مرۆڤ کە بە نەهامەتیەک، ناخۆشیەک، یان نەخۆشتەکدا دەڕوا، وەک ئەوە وایە هەرگیز لەش ساغ نەبووبێ یان خۆشی نەدیبێ. ئیتر پاش چاک بوونەوە وە یان کاتێ ژیان بوارێکی ترت پێدەدات، ئەو کاتە بەبەها دەگری، دەتەوێ چرکە ساتەکانیش بەفیرۆ نەدەی. پەندەکان لە کەلتورە جیاکاندا ڕوونکردنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ کات (کات ئاڵتوونە، کات پارەیە، کات تیغە). بۆ من کات گەلێ بەبەها ترە، هاوڕام لەگەڵ نووسەر، کات مانای بوونە، پەیوەستە بە جوڵەی مرۆڤ و ژیان. نووسەر دەڵێ (پێم وایە ژیان نە خۆشە نە ناخۆش، شتێکی دانسقەیە و مەتەڵێکە).
نووسەردەتبات بۆ جیهانێ بیر کەیتەوە پیاسەیەک بەناخدا بکەی، بەئاگا بیت کاتی خوێندنەوەدا، لەو کاتەدا بژیت.
بەڕای من پەڕتووکەکە هەر ئەوە نیە کە دەیخوێنیتەو، بەڵکو بیرکردنەوە و تێگەیستنێکی قوڵترە لە ناخ. لە ئێستادای
مامۆستای ئەڵمانی و نووسەری کەنەدایی، تۆڵ ئیکارت، کات دەگێڕێتەوە بۆ ئێستا، بوون ئەو ئێستایەیە کە تێدا دەژی. کە مرۆڤ نیگەرانە، لە ئێستادا ناژی پەیوەستە بە ڕابردوویەک ڕۆی وە داهاتوویەک کە نادیارە واتە هێز لە ئستادایە.
پەڕتووکە بەناوبانگەکەی بۆ گەلێ لە زمانەکان لە جیهاندا وەرگێڕاوە، وە بەزمانی کوردیش لەبەردەستە بۆ خوێنەر.
Eckhart Tolle, THE POWER OF NOW

ساڵانێک زۆر پێش ئێستا لە نەوەتەکاندا کاتی دوای ڕاپەڕین و جموجۆڵی ڕۆژنامەوانان. بە دیداری نووسەر شاد بووم. وەک نووسەر و ڕۆژنامەوان چەند جارێکیش لەکاتی سەردانە کورتەکانمدا بۆ نیشتمان، لە ماڵە شیرینەکەمان لە سلێمانی بە ئامادەیی باوکی نەمرم، بەدیداری شاد بووم یەک لەو جارانەش چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ من بەئەنجامدا، پاشان بە ێیمەیل ئاگاداری کردمەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا.
ئەو ڕۆژگارانە، من ستیڤان شەمزینیم دەدی وەک رۆژنامەنووسێکی زیرەک، بوێر، بەئاگا، پڕ هیوا، مرۆڤێکی کەم وێنە، هێمن لە گفتدا. لە ئێستادا، بە نووسینەکانی ئاشنام و لە دوور دەنگی دەبیستم دووبارە نووسەرێ پر لە بوێری. بۆ من پەڕتووک و نوسین و وتارەکانی ڕەنگە بڵێم فەلسەفەیەکن لە ژیان کە مرۆڤ لێیان فێر دەبێت. دەمەوێ گوێبیستی بم.
نووسەر دەڵێ:
( من ناتوانم نەنووسم، نانووسم بۆ قازانج و ناوبانگ، گەر نەنووسم دەمرم) ئەوە لە ژیانی زۆر لە نووسەراندا ڕاستەیە بە دڵنیایەوە دەڵێم ئەم دەستەواژەیە هەموو نووسەرێک ناگرێتە خۆ.
(هەوڵم نەداوە پەیامێک بگەیەنم، تەنێ ویستوومە چیرۆکی بگێڕمەوە، لە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆمدا، خۆمێکی تر دەبینم یان ئەو خۆمە پێشتر نیگام نەکردبوو) لە ئنگلیزیدا دەستەواژەیەک هەیە بۆ سەرسامی دەربڕین (واو)
گەڵێ سەرسامم بەم دەربرینە، چی لەوە زەیدەتر، نووسەر لە ناخ دەدوێ لە ناخێکی کە خۆتی تیا دەبینی بە شێوەیەکی تر ئەوەی پێشتر نیگات نەکردبوو.

بە دڵنیاییەوە ژیانی هەندێ کەس چیرۆکی مەزنن. لەهەمان کاتدا ژیانی هەموو کەس ئەو چیرۆکە نیە یان هەر چیرۆک نیە. چیرۆکی ستیڤان شەمزینی شایستەی خوێندنەوەو گوێلێگرتنە. ڕاستگۆییە وێنەکانی دەدوێن، ئەنجامی تاقکردنەوە پزیشکی و بەڵگەنامەکان گەواهی ڕاستگۆیی وئازایی نووسەرن. کەکۆتایی، سوپاس بۆ پەڕتووکە بەبەهاکەت، سوپاس بۆ بونت وادەخوازم جارێکی تر بیخوێنمەوە. شێرپەنجە بۆتە نەخوش سەردەم، ترسێکی هەڕەشەیەک لە ژیان کە رۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە، خەریکە لە دەرگای هەموو ماڵێک دەدا و دەچێتە جەستەی هەموو مرۆڤێک.

Wednesday, June 24, 2024
Toronto, Canada
چرۆ زەند
https://chrozandauthor.com/




بڕوانامە لە فەلسەفە و دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان شارەزا لە فەلسەفە دروستدەکەن، نەک فەیلەسوف -5- .. ئازاد حەمە

بەشی پێنجەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟ بە پرسیارێکیتر وەڵامدەدەینەوە، کە بەم جۆرەیە: کێ فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە هەردەم پرسیارێک بووە و لە سەردەمە جیاوازەکانی بوونی فەلسەفەدا کراوە. فەیلەسوف سەرقاڵی ڕاڤەی جیهانە. جیهان لەوێ ئەو گەردوونەیە ئێمەی ڕاگرتووە. هەر خودی گەردوونناسیش، لە دەمی دەرکەوتنی خودی فەلسەفەوە، شانبەشانی بوونناسی بوارە سەرەکییەکانی فەلسەفەبوونە.
هەر پرسیاری کێ فەیلەسوف نییە؟ دەمانخاتە بەردەم بابەتی جیاکردنەوەی فەلسەفە لە ئایین. باشە ئەوانەی لە بواری ئایینناسی، یەزدانناسی(تێۆلۆجی/ لاهوتناسی) کاردەکەن هەمان ئەو شێوازە کارکردنەیان هەیە، کە فەیلەسوفەکان دەیکەن؟ بێگومان نەخێر. لێرەدا دەکرێت باسی فەیلەسوفی ئێرانی مەلا سەدرا بکرێت. هاوکات ئەو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوانەش دەخاتەژێرپرسیارەوە، کە بەناوی سۆفیزمەوە خۆیان لە فەلسەفە نزیکدەکەنەوە. لێرەدا دەکرێت باس لە ئەزموونی بیرکردنەوەی تر بکرێت کە دەچێتە خانەی سۆفیزمی رۆژهەڵاتیەوە، عیرفانییەکان.
لە پەیوەندی بەوەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوەشدەڵێین: ئێمە وەک مرۆڤ ناکرێت هەموو بە فەیلەسوف بژمێردرێن. ڕەنگە زۆربەمان تێگەیشتنی فەلسەفییمان هەبێت بەس ناشێت هەموو فەیلەسوف بین. هاوکات بۆ زۆرێکیش لە ئێمە ئەوە بووەتە بابەتی پرسیار، کە فەیلەسوف کێ نییە؟ ئەو کەسە بە فەیلەسوف دانانرێت، کە کۆڵێنەوە لە شت ناکات، کە فەلسەفەکردنیشی نەکردووە بە کاری بنەڕەتی خۆی.
فەیلەسوف وا حاڵییە لە فەلسەفە، کە وەستانی خۆی هەیە سەبارەت بە هەموو شتێک و هەروەها بوونیشی یەک جار نییە، بەڵکو بوونێکی بەردەوامی هەیە. بوونی بە بوونی مرۆڤەوە گرێدراوە. کەچی کەسی نافەیلەسوف فەلسەفەی لا کاتییە، لا ناکاریگەر و ناچالاکە. چونکە ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە ناکارێت چارەسەرکردنی کێشەی ڕەفتاریی بە فەلسەفەوە گرێبدات. ئەمەش لەبەرئەوەی، لەوە حاڵی نییە کە فەلسەفە بەم ئەرکە هەڵدەستێت.
کەسێکی غەیرە فەیلەسوف ئەو کەسەشە، کە دۆستی بیرکردنەوە نییە. هاوکات لەو شوێنەی فەلسەفە کاردەکات عەقڵ ئیشی خۆیدەکات. ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە لە دووریی عەقڵ حاڵی نییە، بۆیە مانای فەلسەفەش بە هەندوەرناگرێت. ئەمەش وادەکات کەسی نافەیلەسوف لە پەیوەندیدا نەبێت بە بیرکردنەوەوە. بەمجۆرە ئەو کەسەی دۆستی بیرکردنەوە نییە ئەو کەسەیە گەشە بە سەرچڵییە فەلسەفییەكان نادات و فەلسەفەش دەكات بە جێگایەک بۆ دروستكردنی زۆرانبازیی هزریی، لەوەش حاڵی نییە ئەم کەسە، کە فەلسەفە جێگایەکە بۆ دروستكردنی چركەی ڕووبەڕووبوونەوە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ڕاستیی و گەیشتن بە وتنی نەوتراو و یاساغ. ئەڵبەتە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیشە سەرچڵیی لە بیر و بۆچوونە فەلسەفییەكاندا دەسازێنێت و دواتر ئەو سەرچڵییانە هێز بە بەر ڕووبەڕووبوونەوە فەلسەفییەكان دەكەن.
پوختە، فەلسەفە کاریگەرە. کێ کاریگەری دەکات؟ ئەو کەسەی فەلسەفەدەکات؛ لەسەر شێوازی ئەم کەسە وەستاوە چۆن فەلسەفەدەکات. کە دەشوترێت فڵان فەیلەسوفە ئەوە بەرزترین پلەی ڕوناکبیرییە دراوەتەپاڵ کەسەکە. فەیلەسوف تاک و تەرایە. لێرەیە و لێرەش نییە. لەوێیە و لەوێش نییە.

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف دروستکەن، بەڵام توانای دروستکردنی گفتوگۆ، تێگەیشتنی فەلسەفییان هەیە. گومانی ناوێت، وەرگێرانی میراتە فەلسەفییەکان دەمانبەن بەرەو مێژووی فەلسەفە، ئەو مێژووەی بەتەواوەتی ئاشنانیین پێی، بەس ئەمە بەو مانایە نییە پرۆسەی خوێندنەوەی هزری فەلسەفیی ئەویتر فەیلەسوفدروستکەرە. بەمجۆرە، وەرگێڕانی کارە فەلسەفییە گەورەکان نامانکاتە فەیلەسوف، لێ دەمانگەینێتە سەرچاوەکانی فەلسەفە و مێژووەکەیشیمان بۆ واڵادەکات.
وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییەکان، رۆژئاواییەکان بن یان رۆژهەڵاتییەکان(عەرەبی، فارسی، و….)، مانادارن بۆ دەوڵەمەندکردنی بیر و تێگەیشتنی فەلسەفییمان، بەڵام پێویستیشە بزانین کێن ئەوانەی وەرگێڕان بۆ میراتە فەلسەفییە گەورەکان دەکەن بۆ زمانی کوردی؟ لە چ زمانێکەوە ئەوە دەکەن؟ ئەوانەی ئەو وەرگێڕانانە دەکەن بۆ زمانی کوردی ئەو زمانانە بە باشی دەزانن؟ ئەو زمانەی لێوەی وەریدەگێڕن ئەو زمانەیە، کە دەقەکەی پێینووسراوە یان لە دووەم و سێهەم زمانەوە وەرگێڕانەکان دەکرێت؟ لەوانەش گرنگتر چەند وەرگێڕ بە فەلسەفە و بەو هزر و هزرەڤانەوە ئاشنایە، کە وەرگێڕانی بۆدەکات.
وەرگێڕی دەقە فەلسەفییە مەزنەکان(ئەفلاتون، دێکارت، سپینوزا، کانت، هێگڵ، هۆسرڵ، ڤێتگنشتێین، و….) داوای ئەوەش لە وەرگێڕ دەکات شارەزانی لێکسیکۆنی فەلسەفیی ئەو بیرمەندە بێت کاری وەرگێڕان بۆ کارەکانی دەکات. ئەمە لەکاتێکدا لە زۆرێک لە کولتورەکان، لە زمانەکان، هەر وەرگێڕێک پسپۆڕ و شارەزایە لە وەرگێڕانی یەک دوو بیرمەند، نەک وەرگێڕانی هەرچی دەستکەوت.

بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستناکات

خوێندنی فەلسەفە نامانکاتە فەیلەسوف، بەڵکو دەمانکاتە توێژەری فەلسەفیی، پسپۆڕ و شارەزا لە فەلسەفە. بۆ زۆرێک ئەوە پرسیارە، کە بۆ بە خوێندنی پزیشکی دەبینە پزیشک یان بە خوێندنی یاسا دەبینە پارێزەر ئەی بۆ بە خوێندنی فەلسەفە نابینە فەیلەسوف؟ گشت ئەوانەش باسکرا پاش وەرگرتنی بەکالۆریۆسێک دەبنە پزیشک و پارێزەر و ئەندازیار ئەی بۆ کەسێک، کە فەلسەفەی خوێندوە نابێتە فەیلەسوف؟ هەریەک لەوانەی باسکرا دواتر پیشەیێکیان هەیە، کە پێیدەوترێت پارێزەری، پزیشکی، ئەندازیاری، ئەی ئەو کەسەی فەلسەفەی خوێندووە؟ پیشەیەک بۆ پسپۆڕ لە فەلسەفە داتاشراوە؟ تایتڵێکی ئەوتۆ هەیە، کە دەرچووی بەشی فەلسەفەی پێبناسرێت؟
ئێمە لە هەرێم دوو بەش (سەڵاحەدین، ڕاپەڕین)و نیو (سلێمانی) فەلسەفەمان هەیە، کە مخابن وا لە هەڵوەرانن، ئەمەش لەبەر خراپ، زۆر خراپ، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. مامەڵەکە هێندەی ناوەکییە(پەیوەندی بە هەیکەلی بەشەکانەوەیە) دەرەکیی نییە (لە دەرەوەی کارگێڕی بەشەکانەوە نییە). ئەم بەشانە لەبەر گرفتی مێتۆدیی و بگرە هزریش نەیانتوانی هزرێکی فەلسەفیی خۆیان بەرهەم بهێنن؛ وتنەوەی فەلسەفەشیان (تاک و تەرا نەبێت) خستە بەردەست کەسانی ناخۆشەویست و ناپسپۆر لە فەلسەفە، ناشارەزا لە مێژووی هزر و هاوکات ناقوڵ لە مێژووی هزری فەلسەفییش.
تەنانەت ئەوەش نەکرا، کە خوێندکارەکانی بەشی فەلسەفە لە داهاتووی خۆیان حاڵیکرێن، هیوایەکیان بدرێتێ، دەبن بە چی و چ کارێک لە بازاڕی کار چاوەڕێیان دەکات. تەنانەت هیچ بۆئەوەش نەکرا، کە ئەم خوێندکارانە پاش تەواوکردنی بەشی فەلسەفە هیچ ناونیشانێکی پیشەییان بۆدانەتاشراوە. ئەمەش رقی ئەوانەی هەڵگرت، کە ئەو بەشەیان خوێندووە و واشیکرد دواتر وردە وردە کەسانی تر ڕوو لەو بەشە نەکەن. ئەمەش بە زیانی بەشی فەلسەفە کەوتەوە و بەئاسانیش بەشی فەلسەفە و هەڵگرانی بڕوانامە لە فەلسەفە لەو زیانە دەربازیاننابێت.
وەکیتر ئەوەش پیویستە بوترێت، کە وشکبوونی هەندێک بەش لە زانستە مرۆییەکان یان سروشتییەکان لە ئێستادا لە زانکۆکانی جیهان، نەک هەر لە زانکۆکانی کوردستان، دیاردەیەکی ترسناکە و بەرهەمی خراپدابەشبوونی کار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی خێرای تەکنەلۆژیان زانیاریی و هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکردە. بەڵام فەلسەفە لەو جۆرە بەشانەیە، کە گرنگیی خۆی هەیە بۆ گشت بەشە زانستییەکان، بۆیە پاراستنی ئەم بەشە ئەرکێکی مرۆیی و زانستیی خوێندنی باڵایە لە گشت وڵات و کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخدا.
بۆ زۆرێک لە نێوەندی ئەکادێمیی و دەرەوەی ئەم نێوەندە تا ئێستاش ئەوە پرسیارە، دەرچووی فەلسەفە لە زانکۆ دەتوانیت کێ بێت؟ دەتوانێت لە گشت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و پەروەردەییەکان حاڵیبێت و چارەسەری بۆیان هەبێت؟ پاش زانکۆ ئەم دەرچووە کتێب بەدەستەوە دەگرێت؟ دەخوێنێتەوە؟ ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارانەی زووزوو ڕووبەڕوماندەبنەوە، کاتێک گفتوگۆی بەشی فەلسەفە (بەشەکانیتری زانستە مرۆییەکان) و دەرچوانی ئەو بەشە دەکەین.
جگەلەوەی باسکرا، پێویستە سەرنجبخرێتەسەر ئەوەش، کە نووسەرە فەلسەفییەکانمان دوو جۆرن گەر نەڵیین سێشن. جۆرێکیان لە بەکالۆریۆسی فەلسەفەوە دەستیانپێکردووە تا پرۆفیسۆری. بەشێکی تری ئەوانەن لە بواری تردا پسپۆڕن، لێ دڵیان بۆ فەلسەفە لێدەدات و دەزانن کە ئەوەی ئەوان ڕاڤەی دەکەن لە بواری پسپۆڕی خۆیان بێ فەلسەفە هزراندنی تیاناکرێت؛ جا ئەوە دەکرێت ئەوانەبن، کە پسپۆرن لە زانستەمرۆییە (کۆمەڵایەتییە سیاسییە زمانەوانییە ئەدەبییە هونەرییە پەروەردەییە)کان تادەگاتە زانستە سروشتییەکان. هەشە لە هیچ پسپۆر نییە و زۆریش قسە لەسەر فەلسەفە دەکات. ئەمەیان هەروەک ئەوانیتر مافی خۆیانە سەرقاڵی فەلسەفەبن و خودی فەلسەفەش، دیارە کە بەشەێکی مرۆییە و بەرهەمی گشت مرۆڤایەتییە. هەشە بەنیوەچڵی فەلسەفەی خوێندووە و کەچی بەردەوام بانگەشەی فەیلەسوفبوونی خۆی دەکات. جاریواشە ئەوانەی بڕوانامەیان لە فەلسەفەدا نییە زۆرتر دەنووسن و قسەدەکەن لەچاو ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان لە بواری فەلسەفەدا هەیە.
تاکوتەرایەکیش دەناسم لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە و بە نەختە خوێندنێک لە فەلسەفە (ماستەر)رۆژانە لێرە و لەوێ بە دکتۆر ناوزەددەکرێن، کە دکتۆریش نیین، کەچی لەوبارەوە، وا بۆ بیست ساڵ دەچێت، بێدەنگن و هەرگیز نەیانوتووە: من دکتۆرام نییە. ئەمانە هەر ئەوانەشن، کە فەلسەفەیان ناشرینکردووە، ئەو وێنەیەیان لەسەر فەلسەفە نەخشاندوە، کە فەلسەفە چەنەبازییە. هەر ئەمانەش فەلسەفە بۆ مەبەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گڵاویی خۆیان لەم شار و ئەو شار بەکاردەبەن.
کێشەکەی ئێمە ،لە ئێستادا، سەبارەت بە فەلسەفە بەجۆرێکە تەنانەت دکتۆربوونییش لە فەلسەفە چارەسەریناکات و هاوکاریش نابێت لە دۆزینەوەی وەڵامێکی لۆژیکی بۆ ئەو پرسیارە سەرسەختەی نووسینەکەمانمان پێخستووەتە سەرپشت: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەبەرئەوەی لە دیدگای ئەم نووسینەوە ئەوەی مەبەستە بەڕوونی و بێگرێ و گۆڵە ڕوناکیبخرێتەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی هزر و ڕەوتە فەلسەفییەکانە، نەک بوون و نەبوونی بڕوانامە و یان کەسەکان چ جۆرە خوێندکارێکی فەلسەفیین.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین، کە بەدڵنیاییەوە کەسانێکمان هەیە فەلسەفە دەنووسن، بەشێک لەمانە پلەی زانستیی، نەک هەر زانکۆیی بگرە پلەی زانستیی فەلسەفیشیان هەیە، بەڵام ئەو نووسینە فەلسەفییانە جارێ پێمانناڵێن ئەمانە بیریارن.

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئێستای هزریمان، لە ڕووی ڕوناکبیریی و ئەکادێمیی و ئەدەبییەوە ئاوا دەستکورت و داماو نەدەبوو. ئەو دۆزەی هزری ئێمە لە ئێستادا تیایەتی ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە ژیانی هزرییماندا کارا نییە. بەڵێ، گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوەی دەداینێ، کە تامەزرۆیین و هەوێنی ڕوناکبیریشمانی پێکدەهێنا. چونکە فەلسەفە ئەو توخمە، یان ئەو بەشە لە هزری تیایە، کە ڕوناکبیریی دروستدەکات؛ کە ئەوەش زانینە و لەوە بڵندتریش داناییە. چیەتیی فەلسەفە ئەو داناییەیە، کە هەمووان گەرەکمانە و شتمان تێدا ده‌بزوێنێت و وایشمان لێدەکات، کە کارلێک لەگەڵ دەورووبەرمان دروستبکەین و دووربینانە بڕوانینە ئەوەی وەریدەگرین، فێریدەبین و لەو سەریشەوە ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە دنیابینیی و تێگەیشتنماندا دەهێنێتەکایەوە.
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە لە پێگەی فەلسەفە حاڵیدەبووین. لەوە حاڵیدەبووین، کە خودی پێگەی فەلسەفە واتە پێگەی بیرکردنەوە. نەکرا زوو، لە سەدەکانی رابردووماندا، لەوە حالیبین، کە فەلسەفە بەو ناواخنەی خۆی شتێكی لە خۆیدا شاردووەتەوە؛ شتێک، کە هەموو دەخوازین بزانین چییە. لێرەوە دەپرسین؛ ئەو شتە چییە، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا شاردوویەتیەوە؟ فەلسەفە، کە شتێکە و شتەکەیش وتنە، دەربرینە لە ڕێگای دروستکردنی دێڕەوە. کۆڵەکەی ئەم شتەیش زمانە؛ چۆنێتیی بەکاربردنی زمانیش واتا بۆ چیەتییەکە دادەڕێژێت، هاوکات کۆڵینکاریی چیەتیی فەلسەفە دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. لەوێ، لە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەدا، لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە چ کرۆک و ناواخنێکی هەیە. ئەم کرۆک و ناواخنە، کە هەڵگری ئاماژەن، دەروازەیشن بۆ تێگەیشتن لە ئەرک و کاریگەرییەکانی فەلسەفە. بەڵام کوا ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵیبووینە؟ کوا بەو شێوەیە مامەڵەمان لەتەک فەلسەفەدا کردووە؟
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوکات لەوە تێدەگەیشتین، کە گوزارشتکردنەکانی فەلسەفە پەیبردنن بەو شتەی، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا پەنهانیداوە. پەنهاندراوەکان خەفەکراوەکانیشن؛ ئەوانەیشن، کە هێشتا نەبوون بە دەربڕین؛ گۆنەکراون و دێڕیان نەسازاندووە. ئەو دەمەی شاراوەکانی هەناوی فەلسەفە ڕێچکەی خۆیان بۆ گۆکردن دەدۆزنەوە، پانتاییەک دروستدەکەن، کە هەر ئەوەیش دەکەن بە قەلەمڕەوی خۆیان و لەوێ کۆڵەکە بۆ تێگەیشتنەکانمان دادەنێن.
لە دەرئەنجامی ئەوەی وترا دەڵێین، بۆ ئێمە زۆر پێویست و گرنگ بوو، کە فەلسەفە لە دونیای هزرییماندا کارابوایە. کارابوونەکە نەخشەی هزریمانی دەگۆڕی و ئێستای هزرییشمان ئێستایەکی تر دەبوو.

ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە

ئێمە لەکوێێ ڕەچەڵەکی فەلسەفەداین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، لەبەرئەوەی کاتێک لە ڕەچەڵەکی فەلسەفە دەکۆڵینەوە ئەم کۆڵینەوەیە دەمانباتەوە بۆ لای مێژووی فەلسەفە و ئەوەش دەمانباتەوە بۆ یۆنانی كۆن. لەڕێگای ئەو پرسیارەوە شوێنی هاتنی فەلسەفەمان بۆ شیدەبێتەوە.
بۆ هەموان پرسیاری ڕەچەڵەکی فەلسەفە لە كوێوە دێت؟ پرسیارێكە لە شێوەی گەڕان بەدوای بنەچە، شوێن و كاتی لەدایكبوونی فەلسەفە، چونكە بۆ زۆربەمان هەمیشە ئەوە پرسیار بووە، کە فەلسەفە بۆ دەركەوت؟ لە كوێ دەركەوت؟ واتە زێدی یەكەمی فەلسەفە كوێ بووە؟ چۆن فەلسەفە توانیی لەوێوە دەربكەوێت، یان بۆ لە شوێنێك دەركەوت، نەك لە چەند شوێنێك؟
زۆربەی بیریاران، یۆنان بە منداڵدانی فەلسەفە دەزانن و ئەو ژینگە ئاوەزییەش، كە لەوێ هەبووە، كاریگەریی لەسەر دەركەوتنی فەلسەفە دیووە. ئەڵبەتە جگە لە بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو دەمەی یۆنان چەند فاكتەرێكی تر گرنگییان لە نەشونمای بیری فەلسەفیی لەوێدا هەبووە، لەوانە: دەركەوتنی دراو، دەركەوتنی نوسین و كۆتاییهاتنی گوتنی زارەكیی، بیری لۆگۆسLogos، كە جێی میتۆس Mythos ی گرتووەتەوە، دەركەوتنی ماتماتیك، دەركەوتنی شار/ پولیسPolis، واتە دەركەوتنی بازرگانیی و كردەی سیاسیی.
“‘شاری میلیتMilet، یان میلتۆس، یش شاری لەدایكبوونی فەلسەفەی ڕۆژئاواییە و یەكەم شاری فەیلەسوفی یۆنانیی، تاڵێس Thales ـە””، ئەی بۆ ئێمە کوێ منداڵدانی فەلسەفەیە؟ چ شار و ناوچەیەک؟ تاڵێسەکەی ئێمە کێیە؟ ئەم لایەنە بۆ ئێمە بە ئاسانی دیاریناکرێت و مێژووی، هیچ نەبێت، دە سەدەی پێش زایینمان لێداوادەکات.
هاوكات ئەو گۆڕانەی لە سەدەی شەشەمی پێش زایندا، لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە دێتەسەر كۆمەڵگەی یۆنانیی، كاریگەریی زۆر لەسەر شوێنی تاك لە كۆمەڵگە و ئازادیی ئەم تاكە و دەركەوتنی چەمكی دێموكراسیی دادەنێت. ئەمەیش بەهۆی بەرینبوونی یۆنان، داگیركردنی هەندێك ناوچەی دەورووبەر لەلایەن یۆنانییەکانەوە، بازرگانیكردنی یۆنانییەکان لەڕێگای دەریاوە، چوونە دەرەوەی یۆنانییەكان بۆ دەرەوەی قەڕالستانی خۆیان و ئاشنابوونیان بە كولتووری نەتەوەكانی تر.
ئەمانەی لای سەرەوە باسکرا لەسەرێکی ترەوە وایانكرد، دراو/نەخت دەربكەوێت و جێگای ئاڵوگۆڕی شمەك بە شمەك بگرێتەوە. ئەم لایەنە كاریگەریی لەسەر ژینگەی سیاسیی شار بەجێهێشت و هۆكار بوو بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی سیاسیی و دەركەوتنی چین و توێژی كۆمەڵایەتیی (خانەدان/نەجیبزادە، خاوەنپیشە، پاسەوان، بازرگان و ..هتد). لێرەوە فەلسەفە دەردەكەوێت و ئاوەز شوێنی ئەفسانە دەگرێتەوە. بەپێی ئەوە بێت، کە باسکرا، ئێمە، کە بەشێکین لە شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیا روون نییە لە مێژووی هزرییماندا کەی ئەفسانە شوێنی لێژبووە و ئاوەز جێگای گرتووەتەوە.
پێمانوایە، ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسکرا، زێدە گرنگە لە باسی کۆڵینەوە لە مێژووی ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە. بۆ شارستانی یۆنانی کۆن دەركەوتنی فەلسەفە هەڵاوگۆڕان بووە لە بیری ئەفسانەییەوە بۆ بیری ئاوەزیی. مێژووکردان پێێانوایە ئەم شێوە دەركەوتنەی فەلسەفە لە یۆنانی كۆن، دیاردەیەكی سەرنجڕاكێشی ڕۆژئاواییە؛ واتە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا دەركەوتنەی فەلسەفە بەو شێوازە یۆنانییە نەبووە، کە ئەمە ئێمەش دەگرێتەوە. سەرباری ئەوە، دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنان مۆركێكی ئاینیی بەسەرەوە نەبووە، وەك ئەوەی لە دەرەوەی شارستانیی ڕۆژئاوا (چین، میسر، وڵاتی فارس و هیندستان) ئەو مۆركەی بەسەرەوە بووە. ئەم لایەنە ئێمەش دەگرێتەوە؛ ئێمە، کە سەربە دەڤەری شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیی بووینە. کەواتە پرسیاری فەلسەفەهەبوون پێویستە بۆ ئێمە گرنگی خۆی هەبێت. ئەم گرنگییەش لە پەیوەندیدایە بە دیرۆکی ڕەچەڵەکی فەلسەفەوە. ئەو دیرۆکە ئەوەمان فێردەکات، کە ئەوەمان لا پرسیاربێت ئایا فەلسەفە لەناو ئێمە پاشخانی هەیە؟ ئەم پاشخانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ پێش ئیسلام؟ دوای ئیسلام؟ پێش یان پاش زایین؟

بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟

بۆئەوەی دادوەرییەکی لۆژیکییانە لەسەر هەبوونی فەلسەفەیەکی کوردی بکەین پێویستمان بەوەیە دانبەوەدابنێین، کە بوونی فەلسەفە پەیوەستە بە بوونی سیستەمێکی هزرییەوە. ئەمەش داوای ئەو هزرەڤانانەمان لێدەکات، کە ئەم سیستەمە هزرییەیان دامەزراندووە. جا کوا لەناو ئێمە ئەو سیستەمە هزرییە و کواش هزرەڤانەکانی؟ لە جیهانی عەرەبی کەسانێکی وەک ئیبن سینا یان فارابی ئەمەیانکردووە، لە رۆژئاواش کەسانی وەک کانت، دێکارت. بۆیە فەلسەفەهەبوون واتە بوونی سیستەمێکی هزریی، ئەمەش واتە بوونی ئەو کەسانەی هزرێکی سێستەماتیکی یەکانگیر و هەماهەنگییان هەیە. کە ئەمەش هەبوو، یان بوونی فەلسەفە لەم چوارچێوەیەدا بێت، ئەو کات بزاڤ و شەپۆلی فەلسەفیش بوونی دەبێت.
سەرباری ئەوە، با ئەوەشمان لەبەرچاوبێت، کە لە سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆژیای زانیاری و لەم دوایەش زیرەکی دەستکرد، کارێوایکردووە دروستبوونی فەیلەسوف لەسەر شێوازی ئەفلاتون و هێگڵ و سپینوزا و دێکارت خۆی لە ئەستەمی ببینێتەوە. لە ئێستادا، ئەوەندەی خۆمان لەبەردەم بوونی بیرمەند و ڕۆناکبیریی گەورەدا دەبینینەوە هێندە خۆمان لەبەردەم فەیلەسوفی مەزندا (ئەریستۆ، رۆسۆ، ڤۆلتێر) نابینینەوە.

ماویەتی……………

ئازاد حەمە




خەتەنە، پرسێکی فێمینیست!.. شێرین عەبدوڵڵا

“خەتەنەکردن” یەکێک لە کۆنترین ڕێوڕەسمە باوکایەتیـیە بۆماوەییەکانە کە لە هەندێک شوێنی جیهاندا دایک و باوکان لەسەر منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، ئەم نەریتە پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی پزیشکیـیە کە بریتییە لە بڕین و شێواندنی بەشێک لە ئەندامی زاوزێی دەرەکی منداڵ لە یەکەم ڕۆژەکانی تەمەنیدا یان پێش تەمەنی هەرزەکاری. جۆرێکە لە زاڵبوون، کە کەسانێکی خاوەن دەسەڵات و کاریگەریی لەسەر لاوازترەکان، بەکاری دەهێنن.
ئەم کردەوەیە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بەشێک لە ئاسیا و ئوسترالیادا بڵاوە، زۆربەی هۆکارەکانی پاڵنەرە ئایینی و خێڵەکیی یان کۆمەڵایەتییە بۆماوەییەکانن و بە دەگمەنیش هۆکاری تەندروستی. منداڵانی هەردوو ڕەگەز بە شێوەی جیاواز و بە پلەی جۆراوجۆر دووچاری خەتەنەکردن دەبن.

سەرچاوەی خەتەنەکردن و هۆکارەکانی:
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆنترین بەڵگەی متمانەپێکراو لە میسری کۆنەوە هاتووە، و تا ئەمڕۆش ژمارەیەکی کەم لە هۆزە ڕەسەنەکان لە ئەفریقا و ئوسترالیا هەن کە خەتەنەکردن وەک بەشێک لە نەریتە خێڵەکییەکانیان ئەنجام دەدەن. چەندین تیۆری هەیە سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو داب و نەریتە، لەوانە قوربانیدانی ئایینی یان وەک ڕێوڕەسمێکی تێپەڕین بۆ تەمەنی باڵغ بوون.
خەتەنەکردنی پیاوان بە یەکێک لە ڕێوڕەسمە ئاینییە بەهێزەکانی “ئایینە ئیبراهیمیەکان” دادەنرێت. لەم ئایینانەدا، وا زانراوە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیمانەی کە ئیبراهیم لەگەڵ “خودا” (پەیمانی خەتەنەکردن) وەک هێمای گوێڕایەڵی هەتاهەتایی بەستوویەتی. ئاماژە بەوە دەدرێت کە ئیبراهیم لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا خۆی خەتەنە کردووە. بە بۆچوونی هەندێک لە توێژەران خەتەنەکردن وەک ئامرازێک بۆ جیاکردنەوە و بەهێزکردنی پاتریارکی جولەکە لە بەرامبەر بە پاتریارکی یۆنانی لەو سەردەمەدا بەکارهێنراوە. پاشان نەوە یەک لە دوا یەکەکان، بەردەوام بوون لە پەیڕەوکردنی خەتەنەکردن وەک پراکتیزەیەک کە بە توندی لە لایەن “پێغەمبەرەکانەوە” پێشنیارکرابوو. جێگای سەرنجە کە خەتەنەکردن لە ئیسلامدا وەک بەشێک لە خووی پاکوخاوێنی پێشنیار کراوە، هاوشێوەی بڕینی نینۆک و بڕینی مووی سمێڵ و پاککردنەوەی بنباڵ و ئەمەش ڕەنگە بەهۆی کەمی ئاوی خۆ شوشتنەوە بوبێت لە بیابانەکاندا لەو زەمانەدا.
زۆرێک لە ئایینەکانی تر هەڵوێستێکی بێلایەن یان دژ بە خەتەنە دەگرنەبەر، بۆ نموونە ئایینی بودا و هیندۆسی خەتەنەکردنی ناپزیشکی هان نادەن، ئایینی هیندۆسی پێی وایە جەستە لەلایەن “خودای گەورە” ەوە دروستکراوە و کەس مافی گۆڕینی نییە مەگەر بە ئیرادەی ئەو کەسەی کە گۆڕانکارییەکەی بەسەردا دێت.

مەترسییە تەندروستییەکان و “سودەکانی”:
لە ڕاستیدا (کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری منداڵانی بەریتانیا) ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر دەگمەنە کە خەتەنەکردن لە ڕووی پزیشکییەوە پێویست بێت. تەنها چەند حاڵەتێکی پزیشکیی ژمێردراو هەن کە پێویستیان بە خەتەنەکردنی نێر هەیە، وەک دووبارە بوونەوەی هەوکردنی ناوخۆیی، یان لکاندنی شانەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی گیرانی بەشەکی یان تەواوەتی بۆری میز. لە حاڵەتی دیکەدا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە پشتبەستن بە هەندێک لێکۆڵینەوە پێشنیاری ئەوە دەکات کە “خەتەنەکردن بۆ پیاوان وەک “بەشێک لە بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری هەوکردنی سێکسی وەک ئایدز لە هەندێک وڵاتی ئەفریقادا لەبەرچاو بگیرێت”، بەڵام ئەم گوایە “سوودە” لە ئەڵقە پزیشکیەکاندا جێی گفتوگۆیە و وەک ڕێکارێکی پزیشکی خۆپارێزی لە سەرانسەری جیهاندا نەسەلمێنراوە.
جگە لە مەترسییە تەندروستییە زانراوەکانی وەک هەوکردن، خوێنبەربوون، نەزۆکی، شێواندن و کاریگەرییە دەروونییەکانی دەرئەنجامی پرۆسەی خەتەنەکردن، چ بۆ کچان بێت یان کوڕان، حاڵەتیش هەیە کە ڕەنگە خەتەنەکردن گونجاو نەبێت وەک نەخۆشیەکانی خوێن مەیین، یان بۆ منداڵی پێشوەخت لەدایک بوو کە کۆرپەکان هێشتا پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە لە نەخۆشخانە، وە یان شێواوی زگماگی.
ڕەنگە هەندێک پرسیار لەبارەی “سودەکانی” خەتەنەکردن بۆ باشترکردنی توانای منداڵبوون، یان کاریگەری لەسەر چێژی سێکسی بکەن، وەڵامەکە ئەوەیە کە هیچ بەڵگەیەک نییە کە خەتەنەکردن، یان نەکردنی، کاریگەری نەرێنی یان ئەرێنی لەسەر منداڵبوون هەبێت، هەروەها بە گشتی باوەڕ ناکرێت کە خەتەنەکردن دەوری لە سەر چێژی سێکسی پیاوان یان ژنەکان هەبێت.
هەندێک لە لایەنگرانی خەتەنەکردن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوشێوەی پرۆسەی دەرهێنانی ددانی عەقڵ و ڕیخۆڵە کوێرە، یان لەوزەتەینە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەم ئەندامانە تەنها کاتێک دەبڕدرێن کە کێشەی تەندروستییان بۆ دروست بێت. کەواتە زەروورەتی بڕینی ئەندامی زاوزێ، یان بەشێکی، چییە بۆ ملیۆنان کەس ئەگەر کێشەی نەخۆشییان بۆ دروست نەکات؟
وەک ئاماژەمان پێدا، بە دەگمەن هۆکاری تەندروستی هەیە بۆ خەتەنەکردنی کوڕان، بەڵام ئەوەی پێی دەوترێت خەتەنەکردنی کچان تاوانێکی تەواوە بەرامبەر بە کچ وە بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ بیانوویەک ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، هیچ حاڵەتێکی پزیشکی نییە کە پێویستی بە ئەنجامدانی ئەو توندوتیژیە بێت لەسەر هەر کچێک یان ژنێک لە هەر قۆناغێکی ژیانیاندا. سەرەڕای قەدەغەکردنی یاسایی لە زۆرێک لە وڵاتان، هێشتا ئەم داب و نەریتە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە ناوچەکانی ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت. خەتەنەکردن بەبێ ویستی کچەکە ئەنجام دەدرێت و یەکێکە لە سەختترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و نەک هەر پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانیان، بەڵکو شکاندنیانە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە. هۆکارەکانی ئەم کارە جگە لە بیروباوەڕی دژە ژنی کۆنەپەرستانە و تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە تەندروستی و ئەفسانە سەبارەت بە ئەوەی پێی دەوترێت “پاکیزەیی” و “ئامادەکردنی ژنان بۆ هاوسەرگیری” و زیادکردنی چێژی سێکسی پیاوان، هیچی تر نییە. لە هەندێک کۆمەڵگادا بیرۆکە هەیە کە گوایە زێ پێویستی بە بڕین هەیە و هەروەها ئەو ژنانەی خەتەنە نەکراون، تەندروست نین، یان پیسن یان شایەنی بایەخ پێدان نین.

مافی منداڵ یان مافی دایک و باوک!
هەندێک باس لە مافی دایک و باوکەکان بۆ پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان دەکەن و بێگومان ئەمەش بابەتێکی تایبەتی کەسەکانە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وەک مافی مرۆڤ قبوڵکراوە ئەوەیە کە مافی تاکێک بۆ ئازادی باوەڕ لەسەروو مافی تاکێکی دیکەوە بۆ سەلامەتی جەستەیی نیە. دایک و باوک ئازادن لە پێناوی بیروباوەڕەکانیان ئەگەر بیانەوێت خۆیان بکەنە قوربانی، بەڵام بڕیاری بڕینیەوەی بەشێک لە جەستەی منداڵەکەیان دەبێت بە ڕەزامەندی ئازاد و هەڵبژاردنی هۆشیاری منداڵەکە بێت، ئەویش بە دوای گەیشتن بە تەمەنێکی دیاریکراو کە بتوانێت بە هۆشیاری و تێگەیشتنێکی تەواوەوە بڕیارەکە بدات. هەروەها ئەمە پشتگیری لە مافی منداڵ دەکات بۆ ئازادی باوەڕ و بەم شێوەیە پەروەردەکردنی نەوەیەک مسۆگەر دەکات کە بیرکردنەوەی دروستی هەبێت کە توانای بڕیاردان و هەڵگرتنی دەرئەنجامەکانی خۆیان هەبێت.
دەبینین ئەم نەشتەرگەرییە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، چ بۆ نێر بێت یان مێ، بە دافیعێکی غەیرە پزیشکی دەکرێت و ئەوانەی نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەن زۆرجار کەسانێکن کە پێگە و بڕوانامەی ئایینی یان، کۆمەڵایەتییان هەیە نەک بڕوانامەی پزیشکی. لە هیچ کام لە مەنهەجی فێرکاری زانکۆ پزیشکیـیەکاندا، فێرکاری دەربارەی خەتەنەکردن بابەتێک نیە، هەر وەک چۆن فەحسی پاکیزەیی و پەردەی کچێنی و نەشتەرگەرییەکانی ئەم بە ناو پەردەیە ناخوێنرێت لە زانکۆکاندا. بەڵام پزیشک و کارمەندی تەندروستی هەیە کە لە کەرتی تایبەتدا ئەم ڕێکارە ئەنجام دەدەن، چونکە قازانجێکی باشیان بۆ دروست دەکات، بەو پێیەی ئەم ڕێکارانە لەناو پاکێجی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی گشتیدا بەردەست نییە. هەروەها، ناڕۆشنی پزیشکی- یاسایی و لاوازی ڕێنمایی پیشەیی لەم بارەیەوە، دایک و باوکەکان دووچاری ئیستغلالکردن دەکات لەلایەن هەندێک لە پێشکەشکارانی تاڕادەیەک ڕێکنەخراو لە خزمەتگوزارییەکانی خەتەنەکردن. بەم شێوەیە ڕەنگە ئەم پزیشکانە بە ئاگاداری یان نائاگایانە بەشداری بکەن لە چاوپۆشیکردن و درێژەدان بەو پێشێلکاریانە بە دژی منداڵان، بێگومان پزیشکانیش خۆیان بەشێکن لە کۆمەڵگا و هەڵگری بیرۆکە باوەکانن کە تیایدایە.
وەک دەزانرێت، خەباتکاری بە ناوبانگ نەوال ئەلسەعداوی (خۆی لە منداڵیدا یەکێک لە قوربانیانی خەتەنەکردن بووە) کاتێک دژی خەتەنەکردن وەستایەوە و داوای لە پزیشکانی میسر کرد کە زانیاری هەڵەی باوی ناو کۆمەڵگا ڕاستبکەنەوە، لە کارەکەی دەرکرا و تووشی سەرکوتکردن بوو.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، سەرەڕای ئیدیعاکانیان سەبارەت بە مافی مرۆڤ و مافی منداڵان و خزمەتگوزاری چاودێری دایکان و منداڵان، دامەزراوە تەندروستییەکان بە گشتی لە بڕیارەکانی خەتەنەکردندا تەدەخول ناکەن و بڕیارەکە بۆ دایک و باوک جێدەهێڵن، و بەم جۆرە مافی بیروباوەڕی کولتووری و ئایینی دایک و باوک لە پێش مافی منداڵەکەوە بۆ سەلامەتی جەستەیی دادەنرێت، ئەویش بۆ لە بەرچاوگرتنی هەستیاری ڕێژەیی کولتووری، و لە ترسی تۆمەتبارکردن بە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەم ئایین یان ئەو باوەڕە.
خەتەنەکردن چەسپاندنی پیاوسالاریـیە!
خەتەنەکردن، چ بۆ کچان بێت یان کوڕان، پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوە وشێواندنی جەستەی ئینسانێکە (نێر یان مێ) کە هیچ ئیختیارێکی پێ نەدراوە، و ئاگاداری دەرئەنجامەکانی ئەو دەستدرێژییە نییە کە لەلایەن نزیکترین کەسەوە بەرامبەری دەکرێت – دایک و باوک – بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە سەیری پاڵنەرەکانی بکەین، دەبینین کە چۆن ئەو دەزگا کۆمەڵایەتییەی کە پێداگرە لە سەر بەردەوامبوونی خەتەنە، لە بنەڕەتدا پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاوی چەسپاندووە.
خەتەنەکردنی کوڕان بە ووشەو تەعابیری پۆزەتیڤ کە بەهێزبوون و متمانە بەخۆبوونی کوڕەکە بەرز دەکاتەوە باس دەکرێت، وەک “پاک و خاوێنی” یان “ئامادەکاری بۆ قۆناغی ‘پیاویی’ هەندێک جار هاوکات دەکرێت لەگەڵ ڕێوڕەسمی بەدیهێنانی دەستکەوتێکی کوڕەکە، وەک خەتم کردنی کتێبێکی ئایینی یان شتێکی لەم بابەتە… و شێواوی جەستەیی و تەندروستی لێ نابێتەوە (جگە لە کاریگەرییە دەروونییە – بە ئاگا یان نائاگا- درێژخایەنەکانی شۆکەکە)، مەگەر موزاعەفاتی هەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، نامانەوێت مەترسی و زیانەکانی نەشتەرگەریەکە بۆ سەر منداڵان کەم بکەینەوە.
بەڵام سەبارەت بە مێینەکان، خەتەنە بە ئامانجی بڕین و شێواندنی ئەندامێک لە جەستەی و مسۆگەرکردنی تێک شکانی کۆمەڵایەتی و دەروونی کچەکە و ملکەچبوونی داهاتوویی بۆ دەسەڵاتی پیاو و سیستەمی کۆمەڵایەتی زەبەلاحی پیاوسالاری لە کاتێکدا کە هێشتا گەنجە، ئەنجام دەدرێت، وەک مردنی کچەکەیە، ئەگەر نەبێتە هۆی مردنی ڕاستەقینەی.
کەواتە لە ڕوانگەی یەکسانییەوە، هەروەک چۆن خەتەنەکردنی کچان پرسێکی فێمینیستیـیە کە دەبێت بەردەوام بین لە دژ وەستانەوەی، بە هەمان شێوە دەبێت خەبات بکەین بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕێگریکردن لە خەتەنەکردنی کوڕانیش، نەک تەنها لەبەر ئەوەی کارێکی توندوتیژییە و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و پشتگوێخستنی مافی منداڵ بۆ سەلامەتی جەستەیی و دەروونی و ئازادی باوەڕ، بەڵام هەروەها لەبەر ئەوەی بەشێکە لە بیرۆکەی پیاوسالاری و بەهێزکردنی سیستەمی پاتریارکی لە جیهانی ئێمەدا.

٢٦-٤-٢٠٢٤

شێرین عەبدوڵڵا




سەردانەکەم بۆ کوردستان سەرەتای ساڵی 2024.. مەحمود چاوش

جارێکی دی و پاش چەند ساڵێکی زۆر سەردانی ئەو وڵاتەم کرد، کە لانەی ساوایەتیم و ژیانی منداڵی و هەرزەکاریم بوو، جێگای ئەو گوند و شاخانەی، ساڵانێك ژیانی پێشمەرگایەتی و دەوران بەشوێن ئازادیدا بوو. وڵاتێك، کە دەمانویست سەربەخۆ و گەلێکی بەختەوەر تێیدا نیشتەجێبێت. ژیانێکی ساکار و لە هەمان کاتدا پڕ مەترسی لە دوژمنێك، بەبێ سڵەمینەوە لەهەموو نرخەکانی مرۆڤایەتی، لەهەموو سەتەوەختێکدا ئامادەبوو، گەلێك تێکەڵی خاك و خەڵتانی خوێن بکات. ئەو سەردەمە خێزان و نیشتمان لە هاوسەنگی و هاڕمۆنیەکی کۆمەڵایەتیدا دەژیان، گەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بووبێت. پاش هەڵهاتنم لە پێشانگای تەکنەلۆجیای بەغداد بە هۆکاری چالاکی نهێنیم لەو شارەدا، ڕومکردە شاخەکان و چەند ساڵێك پێشمەرگایەتیم کرد. لەپاش ئەوەی بۆم ڕوونبۆوە، کە ئەم خەباتەی ئێمە هیچ بەرهەمێکی هزری و پاشەڕۆژێکی بۆ کوردستان نابێت، جارێکی تر هەڵهاتم و ڕوومکردە هەندەران و لە ساڵانی 1986 وە لە ئەڵمانیا جێگیرم. وڵات هەمیشە خەونێکی لە کۆتایی نەهاتوبوو، هەردەم خەونم بە خێزان و بە گەلەکەمەوە دەبینی، ئایا ڕۆژگارێك دێت، تاکی کورد لە وڵات و خانەخوێی خۆیدا بە ئازادی بژی، بەتایبەت لەژێر سێبەری دەسەڵاتی خۆماڵیدا (!)؟ دەتوانم بڵێم نەخێر، پێچەوانەکەی هاتە بەرهەم. ئەمە ڕەخنە نییە تەنها لە دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرە، بەڵکو ڕەخنەی توندیشە لە هەندێك لە دانیشتوانی ئەو هەرێمە، کە بەردەوام سەرقاڵی خواردن و خەوتن و سەیرانن، لاوان بێبەرنامە و لاواز کراون، منداڵانیش لەژێر پەروەردەیەکی خەڕەکئاسا و سەقەتی بێوێنەدا سەرگەردان کراون. لە دەمی بەرەبەیانەوە تاکو ئێوارە و بەدویدا خەوتن سەرقاڵی کارگەلێکی بێمانا و هەڕەمەکین، بە شێوەیەکی ئەوتۆ، کەس ئاگای لە کەس نییە. هەمێستا نیشتمانی باوانم وڵاتێکە، تاکەکانی پێی نامۆن، هاوسەنگی کۆمەڵایەتی تەنها وشەیەکی بێگانەیە، گەندەڵی و دزی لەپێش چاوی هاووڵاتیاندا سنووری هەموو ئەخڵاقخوارییەکی تێپەڕاندووە، نەوەی نوێش سست و لاواز و نامۆکراون بە کۆمەڵگەکەیان. لاوان ڕاهێنراون بە سیستەمێکی پەروەردەیی ئەوتۆ، کە هەستی خۆبەکەمزانی و بێبەرپرسایەتی بەرامبەر کۆمەڵگەکەیان لەبیر خۆیان بردۆتەوە. ئەمڕۆ نەوەیەك لەم وڵاتەدا بەڕێوەیە، کە زمانی دایکی خۆشیان بەباشی نازانن، زمانەکانی ئینگلیسی و توركی و فارسی جێگەی بە زمانی دایكی لەقکردووە و باوانیشیان لەئاستیدا بێدەنگن و هەموو بەرپرسیارێتیەك لە خۆیان دووردەخەنەوە. لە فێرگەی بەناو “ئەهلیەکان”، گەر فێرگەشیان ناوبنێین، دوو چینی هەژار و دەوڵەمەندیان لە ناوەڕستدا لەتکردووە، منداڵانیش لەبری زمانی دایکیان، بە زمانەکانی دی وانەیان پێدەگوترێتەوە. ئەگەر ئەمە کارەساتێکی لەسەرخۆ و تاوان بەرامبەر ئەم نەوەیە نەبێت، ئەدی ئەم دیاردە تازەیە بەچی دەنرخێندرێت؟ جێگای سەرسوڕمانم بوو، کاتێك لەتەك منداڵەکانی نەوەی نوێدا بە زمانی کوردی دەئاخافتم، ئەوان بە زمانێکی تێکەڵەی ئینگلیزی ـ کوردی وەڵامیان دەدامەوە. بە هەموو پێوەرێکی زانستی، بەتایبەتی لە زانستی زمانەوانیدا (لینگویستیك Ligustic) زمانی دایك بناغە و بنچینەیەکی زۆر گرنگە بۆ فێربوونی زمانەکانی تر و سیستەمی کۆگنەتیڤ و لە هەمان کاتدا هۆشمەندی منداڵان تۆکمە دەکات، لێ زمانی دایك یەکەمین سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ و دەروربەرەکەیەتی. کارەساتەکە لەوەدایە، کە ئەم نەوە تازەیە، بناغەکەی، کە زمانی دایکییە، بۆی ئامادە نەکراوە، تاکو لەسەر ئەم بناغەیە مامەڵە لەتەك زمانەکانی تردا بکات، بە کوردییەکەی لە هەردوو جەژنەکە بوون. ئەمڕۆ نەوەیەك لە کوردستان بەڕێوەیە، کە زمانی دایکی خۆیان وەك سیستەم و بناغەی هزر و بیرکردنەوە، فێرنەکراون. فێرگە ئەهلییەکانیش بەبێ کۆنتڕۆڵی لایەنە بەرپرسەکان وانەیان بە زمانە بێگانەکان پێدەڵێنەوە، ئەگەر ئەمە کارەسات نەبێت، ئەی بەمە دەوترێت چی؟ ئەمە چ لۆگیکێک و چ پاشەڕۆژێکە بۆ ئەم منداڵانە، کە نەتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بئاخاڤن/بدوێن؟ لەم وڵاتەدا نەوەیەک بە سیستەمێکی پەروەردەیی سەقەت و بە سۆسیالیزەکردنێکی شێواو، بەرەو ئایندەیەکی لێڵ و نادیار دەڕمێننە \ دەهاونە هەندەڵانێ. لاوانیش سست و تەمبەڵ کراون و سەرەتاییترین باوەڕبوونیان بەخۆ نییە. بەکارهێنانی زۆری سمارتفۆن و لەپتۆپ و تەواوی سۆشیاڵمێدیاکانی تر هۆیەکی سەرەکین لەم کەمترخەمییە، کە ئەمڕۆ بۆتە گرفتێکی گەورە بۆ لاوان لە جیهاندا. ئەمە باس لەو گەل و وڵاتەیە، کە ئێمە هیوا و مەبەستمان بوو، ئەمە ئەو سەرکەوتنانەیە، کە ئێمە بەئاواتیانەوە بووین؟
لەم وڵاتەدا مزگەوتەکان زیاترن لە فێرگەکان، زۆرینەیەك لە برا موسوڵمانەکان پێیان وایە، کە عیبادەتی خوداوەند تەنها لە مزگەوتەکاندا دەکرێت و خێری زۆرترە. جێپێی ئیسلامی سیاسی و توندڕەوەکان لە تەواوی ژیانی ڕۆژانەدا بەدیدەکرێن. فرەژنی گەڕێنراوەتەوە بۆ سەردەمانی پەیامبەر و خەلیفەکان. هەواو و هەوەسی سێکسیان هێندە زۆرە، کە کۆنتڕۆڵی خۆیان پێناکرێت. بەرماڵ فرۆشتن لە هەندێ لە مزگەوتەکاندا بازاڕیان لەفرەدایە، نیقاب و بەرگی ژنان لە زۆریدان، کولتووری عەرەبی ئیسلامی و خێڵەکی لەبرەودایە و لە برەوێکی گەلەك باشدایە. برا عەرەبەکانمان لە کوردستانی کوردنشیندا تەنها بە زمانی عەرەبی دەئاخڤن، لێ ئەوان پێویستان بە زمانی کوردی نییە. ئەمە چ ڕۆژگارێکی سەیرە، کە زمانی ملیۆنان کورد لە وڵاتی خۆیدا نەبۆتە سیستەمی پێئاخاڤتن و لێکتێگەیشتن. مژدە، مژدە، ئەم دیاردەیە تەنها لە وڵاتی کورداندا هەیە. جا با بێینە سەر بەسەرهاتی نووسەرانی کوردیش.
نووسەرانیشمان لەنێو خۆیاندا ناکۆکن، کەسێکیان دانی خێر بەوی تردا ناهێنێت، زۆرێك لە هۆکانیش کەسین. خەڕەکەی کۆنخوازی لەبرەودایە، نوێخوازی و داهێنانیش گەلەك سستن. کتێبێکی زۆر لە زمانەکانی ئینگلیسی و عەرەبی و فارسی وەڕگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، کە زۆرینەیان سەقەت و بێنرخکراون. کتێبی وەڕگێڕدراوم کڕیوە، کە لە چاوگدا بە زمانی ئینگلیسی نووسراوە و کراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لەپاشاندا بۆ زمانی کوردی، ئەمە چ تاوانێکە بەرامبەر نووسەری ئەم کتێبە؟ کتێبێکی بێدەسەڵات بە دوو فلتەردا دەخزێنرێت و لاقەیەکی کولتووری باش دەکرێت، بەبێ پرس و ڕا بە نووسەرەکەی، ئەمە چ فەرهەنگێکە؟ ئاخر ئەمە تاوانە، کەسێکی وەڕگێڕ لە کولتوور و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی فەڕەنسی یان ئەڵمانی شارەزا نەبێت و نووسراوێکی نووسەرێکی ئەم دوو کولتوورە لە زمانی عەرەبی یان فارسی وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی. بەبڕوای من ئەمە تاوانە و هیچ پێناسەیەکی تری بۆ ناکرێت، لێ ئەم وەڕگێڕانە نە لەناوەڕۆکدا وە نە لە ئیستاتیکای نووسیندا نرخی ئەدەبی خۆی دەبەخشێت. ئاخر فارسێکی تارانی چ لە فەرهەنگ و کولتووری فەڕەنسی یان ئەڵمانی تێگەیشتوە، کە ژیانی کۆمەڵایەتی لەم دوو کولتوورەدا نەبردبێتە سەر و تەنها زمانەکەیان فێربووبێت؟ تاکو ئێستاش سیستەمێکی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو کەسانە نەکراوە، کە بەسەردان یان بە شێوەیەکی هەمێشەیی لە کوردستاندا دەمێننەوە. دەبێت برای کورد لەتەك ئەرەبەکانی ئەو وڵاتادا بە زمانی ئەوان بئاخڤن، چونکە ئەوان زمانی کوردی نازانن، ئاخر بۆچی ئەوان زمانی کوردی بەکار بهێنن کاتێک برا کوردەکانیان هەردەم بە زمانی عەرەبی دەدوێن؟ ئەمە چ سیستەمێکە لە وڵاتی ئێمەدا، کە کارمەندێکی عەرەبی جێنشینی کوردستان هەر بە زمانی خۆی دەدوێت و کۆرسێکی زمانی کوردی بۆ ناکەنە بەرنامەیەك، کە ئەوانیش فێری زمانی ئێمەبن.
باری خێزانی لە هەڵوەشاندنەوەدایە و پاشەکشە و تەنگژەی کولتووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە لاوازی دەکەن. لە خێزانی ئەو دەڤەرەدا منداڵەکان بە خواستی باوان و فێرگە و لە پاشانیشدا بە خواستی کۆمەڵگە لە قاڵب دەدرێن. کۆپیکردنی منداڵان لە لەدایکبوونییانەوە کراوەتە سیستەمێکی ستاندارت و وەچەیەکی گوێڕایەڵیان پێکهێناوە، کە لە توانای ئەوەدا نییە، ڕەچاوی پاشەڕۆژ بکات و بناغەیەکی پتەو بۆ کۆمەڵگە دابڕێژێت. ئازادی تاك پێشێلکراوە و دەستەجەمعی دەستی خستۆتە هەموو کاروبارێکی لاوان و گەنجانەوە. پاشەڕۆژ و ئایندەی گەلێك خزێنراوەتە دەستی چینێکی دەسەڵاتداری بێپرس بەرامبەر پارێزگاری و ئاسایشی ئەو دەڤەرە، بەرامبەر ژینگە و مافی ژنان، بەرامبەر پەروەردەی نەوەیەکی نوێ. هیچ ساتەوەختێك بە هێندەی سەردانی ئەمساڵم دڵگران و بێهیوا نەبووم و هیچ شەوانێکیش بەئارامی چاوم لێکنەناوە. سەیرم زۆر لەو کوردانەی هەندەران دێت، کە لە سەردانیان بۆ کوردستان بە پۆزەتیڤ باسی بارودۆخی ئەو دەڤەرە دەکەن. بێگومان سروشتی ئەو دەڤەرە جوان و سەردانی کەسوکاریش ئەرکێکی مرۆڤی و نیشتیمانییە، بەڵام چیم لەو نیشتمانە هەیە، کە نیشتمانپەروەرێتی تێدا لاواز کراوە، چی لەو کەسوکارەی بەسەرقاڵی ژیانی جەنجاڵی ئەوێوە سست و لاواز کراوە؟

هانۆڤەر
04.08.2024




بەردێك نەزان بیخاتە گۆم بە هەزار زانا دەرنایەت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

گەر سەرنج لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بدەین، دەبینین بە بەردەوامی حەماس هۆكار و دەستپێشخەری شەڕ بووە و لە پەراوێزی وەشاندنی دوو سێ مووشەكی دەستكرد، ئیسرائیل ڕادەكێشێتە نێو شەڕێك كە جگە لە تێكدان و وێرانكردنی سەرخان و ژێرخانی كەرتی غەزە، هیچی تری لێ ناكەوێتەوە. ئەمە بەو مانایە نییە، كە ڕەوایەتی بە هێڕشەكانی ئیسرائیلیش بدەین، بەڵكو بەو مانایەی لە هاوكێشەی كار و كاردانەوەدا، هەمیشە كاردانەوە بەهێز تر دەبێت. لە ڕووی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە، كەرتی غەزە دابڕاوە لە ناوچەكانی دیكەی فەلەستین و تەنها هاوسنووری ئیسرائیلە، بۆیە نزیكترین ئامانجە كە ئیسرائیل بیەوێت بیپێكێ، كەواتا هەر جۆرە دەستپێشخەریەكی شەڕ لەلایەن حەماسەوە بێت، بە دڵنییایەوە دۆڕاوی سەرەكی دواجار هەر خۆی دەبێت. كێشەی عەرەب و ئیسرائیل، ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە و لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، عەرەبەكان چوار جەنگیان لە دژی ئیسرائیل كردووە، لە هەر چواریان دۆڕاو بوونە و ئەگەر ڕێككەوتننامەی كامپ دیڤد نەبووایە، كە بە حەكیمایەتی سادات كرا، ئێستا نیوەی میسریش لە ژێرد ەستی جولەكەكان دەبوو، كەواتا بۆچی دەبێت حەماس هێندە كورتبین بێت و بەرچاوی خۆی نەبینێت؟ شەڕێك بە بیست و دوودەوڵەت یەكلایی نەكرێتەوە، ناوچەیەك بە چوار شەڕ و بە سەدان هەزار سەرباز ئازا دنەكرێت، ئاخۆ گاڵتەجاری نییە كەسانێك پێیان وابێت ئەمە بە حەماس دەكرێت؟ ئەو شەڕەی حەماس دە مانگ لەمەو بەر فتیلەكەی داگیرساند، جگە لە وێرانكاری زیاتری غەزە هیچ دەرەنجامێكی دیكەی نابێ. نە تونای لۆجستی و دارایی، نە توانای سەربازیی و مرۆیی ئەو بزووتنەوەیە، لەو ئاستەدا نییە بتوانێت بچێتە شەرێكی درێژخایەنەوە لەگەڵ ئیسرائیل. وڵاتانی عەرەبی، هەمیشە لە ئاست ئەو شەڕانەی حەماس بێ دەنگی هەڵدەبژێرن، چونكە دەزانن سرووشتی ئەو بزووتنەوە توندڕۆیە، بەو سیاسەت و ستراتیژەی كاری لە سەردەكات، خزمەت بە كێشەی فەلەستین ناكات و ئەوەندەی تر، ئەو كێشەیە ئاڵۆزتر دەكات و ململانێكان قووڵتر دەكاتەوە، دەمێكە ئسرائیل، بۆتە دیفاكتۆیەكی سیاسی و جوگرافی و دیموگرافی و عەرەبەكان جگە لە قبولكردنی ئەو دیفاكتۆیە سیاسییە، هیچ چارەیەكی دیكەیان نییە، بە تایبەتیش چارەسەرێك بە ڕێگەی شەڕ كە پێشتر چوارجار تاقیانكردۆتەوە وە تیایدا سەركەوتوو نەبوونە. بۆیە پتر وەك بینەرێكی داماو بەد یار شانۆگەری وێرانكردنی غەزە، كە حەماس سیناریۆیەكەی نووسی دادەنیشن. هەرچی پەیوەندی بە ئێمەی كوردەوە هەیە، گەرچی شەڕی ئەوان بۆ ئێمە بایەخێكی ئەوتۆی نییە، بەڵام لە مێژووی ڕزگاریخوزای فەلەستیندا، سەرانی ئەو بزووتنەوەیە، بە یەك هەڵوێست و وشەش پرۆتستۆی ئەو كارەساتانەیان نەكردووە، كە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە سەر گەلی كوردیان داهێناوە. سەردەمانێك كە بەعس و سەدام كوردیان ئەنفال و كیمیا باران دەكرد، عەرەفات دەچووە بەغدا و شانی سەدامی ماچ دەكرد. لە هەموو شەڕەكاندا، پشتگیری سەدامی دەكرد و بە پارێزەری عەرەبەكانی دەزانی. محمود دەرویش، لە هەموو ژیانی شیعرێكی بۆ كوردستان نووسی و دواتر لێی پەشیمان بووە وە و نەیخستە دیوانەكەی. هەنییە، بەردەوام پێشمەرگەی بە چەتە ناو دەبرد و پێی وابوو كافرن و پیاوی ئیسرائیلن و دەیان جار لێدوانی لە دژی كوردەكان داوە، كە هەموو جارێكیش مام جەلال، وەڵامی دەدانەوە. ئیدی نازانم بۆچی ئیسلامیییەكانی ئێمە كێچ كەوتۆتە كەوڵیان و لێرەوە شین و ڕۆڕۆ بۆ هەنییە دەكەن؟ بۆچی هاوسۆزیی ئەو بزووتنەوە تیرۆرستییە دەبن، بەڵام چاویان ئەتككرنی ژنێكی جوولەكە نابینێت كە هەردووكیان مرۆڤن؟ ئەم جەنگەی حەماس هەڵگیرساند، ڕەوایەتی بە داخەوە بە كوشتنی سەدان هەزار فەلەستینی دا، كە لە سایەی دەسەڵاتەكەیەوە لەو پەڕی گوزەرانێكی خراپدان. وێرای ئەوەی غەزە وێران بوو، خەڵكی سڤیل باجەكەی دا، دواجار هەنییەش لە ئێران كوژرا كە بێگومان هەر كەسێك پێی وابێت ئێران بێ ئاگایە لەو بە ئامانج گرتنە، بە بڕوای من لە سیاسەت نازانێت. ئیسرائیل، دواجار لە بری كلكی مارەكە، سەری مارەكەی پانكرد، بە كوشتنی هەنییە و بەرپەسەكانی دیكەی حەماس، ئەو بزووتنەوەیە كۆتایی دێت، ئەمە جێگەی داخ نییە، بەڵكو وێرانكردنی غەزە، كوشتنی ژن و منداڵ جێگەی داخە بۆ مرۆڤایەتی، وەك چۆن ئەو بە ساڵاچووانەی ئیسرائیلیش كە لە ترسی توندڕۆیەكی تیرۆرستی حەماس لە زینداندا گیان لە دەست دەدەن، هەر جێگەی داخە. جەنگ بە ئاسانی هەڵدەگیرسێت، بە ئەستەم دا ئەمڕكێتەوە، حەماس وایكرد، بۆیە دەبێت باجی شەڕەكە بدات، ئەوەشی پێی وایە لە شەڕدا لە بری كوشتن و خوێن و فیشەك و بۆمبا، گوڵی سوور و كۆتری سپی دەبەحشرێتەوە، ئەوا دەبێ مێژوویی مرۆڤایەتی و شەڕەكان بخوێنێتەوە، تا لە ماهییەتی شەڕ بگات.

سەدیق سەعید ڕواندزی




پـه‌راوێـزی چـواره‌مینی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

یه‌كێك له‌و مه‌یدانانه‌ی‮ ‬ئافره‌تی‮ ‬كوردی‮ ‬به‌لای‮ ‬خۆیدا ڕاكێشاوه‌ ،‮ ‬دونیای‮ ‬تژی‮ ‬ماندووبوون (ئه‌مڕۆ سه‌رشار له‌ سه‌یرایه‌تی- پارادۆكس) ڕۆژنامه‌نووسییه‌‮.‬ ئه‌وه‌ ده‌ستپێخه‌رییه‌كی‮ ‬له‌به‌رچاو و سه‌ربارێكه‌ بۆ خه‌بات و كۆششی‮ ‬ئافره‌تان له‌ڕێی‮ ‬جێگیركردنی‮ ‬ڕۆڵی‮ ‬خۆیان و هه‌نگاو هه‌ڵێنانیان له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‮ ‬جێگه‌ و پێگه‌ی‮ ‬شایسته‌یان‮.‬ به‌پێچه‌وانه‌ی‮ ‬زۆران كه‌ ئازادیی‮ ‬ئافره‌ت له‌ گۆشه‌نیگای‮ ‬به‌رگپۆشین و خۆهه‌ڵخستن و ده‌رچوون له‌ومه‌دارانه‌ی‮ ‬ تا هه‌نووكه‌ پیاویشی‮ ‬لێ ده‌رنه‌چووه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ن…‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
به‌ش به‌بار ئازادیی‮ ‬ئافره‌ت له‌ كار و به‌رهه‌مهێناندا ده‌بینم‮… ‬كار و به‌رهه‌مهێنان سه‌رنامه‌ی‮ ‬تێهه‌ڵێنانه‌وه‌ی‮ ‬ڕۆڵی‮ ژنانه‌ ‌،‮ ‬كه‌ هه‌ر خۆیان ده‌توانن شیرازه ‌و سیسته‌مێكی‮ ‬ڕاشكاو و ڕوونبینی‮ ‬پێ بده‌ن‮… ‬ئه‌مه‌ش به‌خوێندنه‌وه‌ی‮ ‬واقیعی‮ ‬حاڵی‮ ‬كۆمه‌ڵگه ‌و شێوازی‮ ‬دیتن و بیركردنه‌وه‌ی‮ ‬ئافره‌تان خۆیانه‌وه‌ به‌نده‌‮…‬ هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسیی ‬نا ،‮ ‬به‌ڵكو گه‌لێك لایه‌نی‮ ‬دیكه‌ی‮ ‬ژیان ژنی‬كوردی‮ ‬به‌ هۆی‮ ‬چه‌ند ئه‌گه‌ر و فاكته‌رێكی‮ ‬زاتی‮ ‬و بابه‌تی‮ ‬لێ بێبه‌ش بووه‌‮…‬ مێژوو باسی‮ ‬چه‌ند ئافره‌تێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‮ ‬له‌ خۆشیاندا هه‌بووبێ به‌هه‌ر هۆیه‌ك بووه‌ به‌خت‮ ‬یاریان بووه ‌و توانیویانه‌ ناوناوبانگێك ده‌ربكه‌ن ،‮ ‬به‌ڵام ئه‌وانه‌ چه‌ند ئافره‌تێك بوون ،‮ ‬ئه‌گه‌ر به‌ زمانی‮ ‬ئامار و خۆلێڕاگریه‌وه‌ بێینه‌سه‌ری‮ ڕێژه‌یه‌كی‮ ‬ئه‌وتۆ پێكناهێنن شایانی‮ ‬باس بێت‮…‬ ئه‌مه‌ش وای‮ ‬ده‌بینم له‌خۆیدا گه‌واهیه‌ك بێت بۆ ئافره‌تان كه‌ ئه‌گه‌ر بواریان لێ هه‌ڵكه‌وێ ده‌توانن ڕۆڵیان هه‌بێ ‮…‬ هه‌روایشه‌ ،‮ ‬مێژووی‮ ‬مرۆڤایه‌تیش هه‌مان ڕه‌نگی‮ ‬وه‌رگرتووه ‌،‮ ‬كه‌ ئافره‌تی‮ ‬كوردیش به‌شێك له‌و مێژووه‌ پێك دێنێ‮…‬ ئه‌مڕۆ به‌پێچه‌وانه‌ی‮ ‬سه‌رده‌مانی‮ ‬زوو ئافره‌ت شێلگیرانه‌ خزاوه‌ته‌ زۆربه‌ی‮ ‬مه‌یدانه‌كان له‌گه‌ڵ پۆلی‮ ‬ئه‌ندازیار و پزیشك و په‌رستار و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و‮… ‬تاد ده‌یانبینی‮… ‬له‌ لووتكه‌ی‮ ‬ده‌سه‌ڵاتیشدان ‮…‬ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر پڕ‮ ‬به‌پێستیش نه‌بێ كارێكی‮ ‬مژده‌به‌خشه‌‮… ‬له‌ هه‌موو ئه‌و مه‌یدانانه‌ش مژده‌ به‌خشتر كاری‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسییه‌ كه‌ ئێستا ئافره‌تی‮ ‬كورد ‮ ڕووی‮ ‬تێكردووه‌. ئه‌وه‌ی‮ ‬ڕاستیشه‌ پیشه‌ی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسی‮ ‬سه‌باره‌ت به‌ زۆر ئه‌گه‌ران له‌پێشه‌وه‌شیان بارقووڵی‮ ‬و جوانبینی‮ ‬پیشه‌یه‌كه‌ له‌ ئافره‌تان جوانتر دێت‮…‬ ئافره‌تانی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووس ئه‌گه‌ر بابه‌تیانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‮ ‬خۆیان بخوێننه‌وه ‌و به‌لای‮ ‬ئه‌وپه‌ڕگیریدا نه‌كه‌ون و وه‌ك هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێك هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و له‌ كرۆكی‮ ‬ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ وردبنه‌وه‌ كه‌ به‌ ئازادیی‮ ‬كۆمه‌ڵ و ئازادیی‮ ‬تاكه‌وه‌ به‌ندن دڵنیام ڕوویان له‌ ئاینده‌یێكی‮ ‬گه‌شدایه‌ به‌و مه‌رجه‌ی‮ ‬كۆڵنه‌ده‌ن و ڕوویان له‌ ئاسۆدا بێ‮…‬ مه‌سه‌له‌ی‮ ‬كۆڵنه‌دانیشم به‌و مانایه‌ نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ وه‌ك زاراوه‌یه‌ك‮ ‬له‌كو‌لتووری‮ ‬شاخدا جێگیر ببوو له‌ڕووی‮ ‬چه‌ك به‌كارهێنان و سێره‌تیژیدا‮… ‬كۆڵنه‌دان به‌و مانایه‌ی‮ ‬هه‌میشه‌ چاویان له‌ ئاسۆ بێ و به‌و گوڕ و تاوه‌یش هه‌نگاو باوێن ،‮ ‬به‌بێ ئه‌وه‌ی‮ ‬له‌ ئافره‌تایه‌تی‮ ‬خۆیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و له‌ خۆبنووسێن و فشار بۆ خۆیان بهێنن‮… ‬یان لاسایی‮ ‬لاساییكاران بكه‌نه‌وه‌‮…‬ له‌مه‌یدانی‮ میدیای ‬كوردیدا ئه‌مڕۆ پۆلێك ئافره‌ت به‌ دوای‮ ‬عه‌شقی‮ ‬وشه‌و گه‌ڕان به‌دوای‮ ‬ڕاستیدا هاتوونه‌ته‌پێش كه‌ زۆربه‌یان نه‌ك هه‌ر له‌ قۆناخی‮ ‬تاقیكاریدا ده‌ربازبوون به‌ڵكو هه‌ندێكیان هی‮ ‬ئه‌وه‌ن‮ ‬لایه‌نی‮ ‬به‌رهه‌ستیان له‌و نێوه‌نده‌دا‮ پێ بسپێرێ‮…‬ ڕه‌هه‌ندی‮ ‬ئافره‌تایه‌تی‮ ‬ئه‌گه‌ر له‌هه‌موو مه‌یدانێكدا كاری‮ ‬كاریگه‌ری‮ ‬خۆی‮ ‬هه‌بێ له‌بواری‮ میدیادا ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ ده‌گاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌‮… ‬له‌وه‌ڕا جورئه‌ت و بوێری‮ ‬ئافره‌تانی‮ ‬كورد له‌ هاتنه‌ ناومه‌یدانی‮ ‬میدیا ،‮ ‬وه‌ك به‌یانیدانه‌ دوای نیوه‌ شه‌وێكی‮‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬تاریك و نووته‌ك. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




لە نێوان داعش و کلیپەکانی هەیفا وەهبی.. شەماڵ بارەوانی

ئیسلامیەداعشەکان و مێگەلی کوردی لە خوایان دەوێت ئێزدییەک قسەیەک شتێک بکات، تا بێن و بەسەر هەموو ئێزیدییەکاندا بیگشتێنێن و دەمارگیری و ڕقوکینەی ناخ و ڤایرۆسی فیکری داعشیانەی خۆیان بەسەر ئێزدانییەت و ئێزدانییەکاندا بڕێژن.. ئەوەی لە کۆمێنتەکان بەرانبەر ئێزدییەکان دەکرێت لە سۆشیال میدیا، داعشیش بە پراکتیکی هەر ئەوەی کرد. من بەرگری لە قاسم شەشۆ ناکەم، بەڵام ئەوەی من تێیدەگەم و ئەو هەموو ساڵە فەقێیاتی و شەریعە و مەلایەتیم خوێند، ئەو پیاوە هیچی هەڵەی نەگوتووە. (لەوانەیە دەربڕین و شێوازی گەیاندنەکەی هەڵە بوو بێ). هەرچەندە دواتر ڕوونکردنەوەی دا و ئەو هەڵەیەی ڕاست کردەوە و گوتی: مەبەستم پەیامبەری ئیسلام نییە، بەڵکو گرووپە توندڕۆکانە. پاشان بۆچی پێتان ناخۆشە کە کابرا بڵێت لە ژێر (ئاڵای ئیسلام یان بە ناوی ئیسلامەوە) ئێمه بەردەوام کۆکوژ کراوین و دەکرێین؟ ئێ خۆ لەژێر کاریگەری کلیپەکانی هەیفا وەهبی ئێزدییەکان هەفتا و سێ جار فەرمان و ژینۆساید نەکراون! بێگومان فیقهو و کەلەپوور و مێژووی ئیسلامی، پڕیەتی لە موقەبیلات و تێز و فیکری داعشی. برۆن دیراسەی ئەو فیکر و فیقهو و تووراسە بکەن، گەر ئەوەی من گوتم وا نەبوو، سکاڵایەک لەسەر منیش تۆمار بکەن. ئینجا ئەی کێ سکاڵا لەسەر ئەو هەموو جوێندەرە داعشبیرەی سۆشیال میدیای کوردی و مەلا و بانگخوازی ئیسلامی و سەلەفی تۆمار بکات کە بەردەوام لە کۆمێنتەکانیان و لە وەعز و وتارەکانیان سووکایەتی بە ئێزدی، جوو، مەسیحی، زەردەشتی، بوودی، ئازادییەکانی تاک، ژن، دابەرد و هەموو جیاوازییەک دەکەن؟ بە دڵنیاییەوە ئەو فۆرمەی ئیسلام (کە ئیسلامی سیاسیی و سەلەفییەت) هاوردەی کوردستانیان کردووە و کاری لەسەر دەکەن، فۆرمێکی تا بڵێیت: مێژووگەرا، تەعریبگەرا، سیاسیی، ئایدیۆلۆژی، تاکڕەهەندانە، پۆپۆلیستانە و داعشیانەیە. فۆرمێک و تێگەیشتن و تەفسیرێکە بۆ ئایین، هیچ جیاوازی و کرانەوە و تولەرانسێک قبووڵ ناکات. فۆرمێکە، مرۆڤی دووڕوو، تاکڕەهەند، فاشیست، داعشبیر و ناڕەسەن بەرهەم دێنێت. فۆرمێکە پەلاماری مۆسیقا، کچەمۆدێل، هەڵپەڕکێی کوردی، شیعری دڵداری، تابلۆی ئیرۆتیکی، یەکترقبووڵکردن، قژی ڕووت و لاقی ڕووتی ئافرەت و سەرەتاترین جیاوازی دەدات. کوردی موسوڵمان دەبێ بۆ ئیسلامێکی تەسەوفی و عیرفانی بگەڕێتەوە. ئەو ئیسلامەی مەلای گەورەی کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سوجادی و مەلای مودەڕیس تەفسیریان بۆ کورد دەکرد. گەرنا ئەو فۆرمەی ئێستا کە خەریکە کۆمەڵگەی کوردی و تاکی کورد وێران دەکات، لە داهاتوو دا سەرەنجام ئەمارەتێکی وەکو هی تاڵیبان لە کوردستان لێ دروست دەبێت. ئەوەی گوتیشم(گەڕانەوە بۆ ئیسلامێکی تەسەوفی)، بە پلەی یەکەم خەم و ئەرکی دەسەڵاتە کار لەسەر ئەو فۆرمەی ئیسلام بکات. ماوەتەوە بڵێم: داعش لە هەموو ئەو گرووپ و حزبە ئیسلامی و سەلەفییە دووڕوو و تاکتیکچیانە بوێرتر و ڕاشکاوتر بوو لەگەڵ بیروباوەڕی خۆی، هیچ ماکیاژ و درۆ و فرتوفێڵ و پێچوپەنایەکی نەبوو.

شەماڵ بارەوانی




ئێـــــوە.. شیعری نەوشیروان ئازاد

لەوەتەی هەن ..
بازرگانی خوێن و خاکن..
تێکۆشەرن…
بۆ سوتماک و،
قڕکردن و،
کاولکردن…
چوست و چالاک ،
هەم بێباکن …
ئێستەش هاتون..
دانەدانە..
لەسەرشاشە ڕوزەردەکان ،
لەتۆماری یادەوەری..و،
حکایەتی پورە مێشێ….
سەرتەنوری خاتو خەجان..
شۆڕشگێرو، خەباتکارن….پاڵەوانی هۆڵی بۆ دو ،
مەلازادەی ،
داوێن پاکن..
کە داماو و،
سەرگەردانە ئەو میللەتەی ،
چاوی لەدەستی ئێوەیە…
بەقاقناسە ئەوئاشیانەی ..
هیوای بەپوشوی ئێوەیە

نەوشیروان ئازاد
7.8.2024
ـ




كاتێ‌ میوانی چیا بووم.. ئەدیب نادر

“هەموو ژیانێك هەرچی چەنێك بوودەڵەیش بێت بەتام و چێژە ئەگەر ڕاستگۆیانە بگێڕدرێتەوە” كۆڵیریج
(1)
چاوی نیگەرانی وەرزە گەلێك غەمگینەكان تەڕم دەكەن
وەك دارگوێزە قورسەكانی ئەو نشێوە ناوازانە مەلوولییەكی بێوێنە لە ڕۆحی خۆم دەئاڵێنم، وەك خەون وام، ئاودامان ڕووت، دەستەكانم خاڵیین لە ڕەنگى ناشرينى لەككەكان، وەنەوزە بێدارەكانی سەر ڕوخسارم وەك مامزی هەڵگژاوی سەروپۆپی درەختەكان سپیی سپیی هەڵگەڕاون
ئەی بەندەری شینی ئەندێشە وەرە ماڵی دڵە پڕ باڵەكەم فڕین داگیری كردووە
ببە ئاستانەی بەهەشتێك
بەرەو لای خۆت ڕاوم بنێ‌
بەردە زيندووەكانی شێتیی كۆكەمەوە
نەوەك ڕۆژێك پەنجەرەی خەونە ئاوەدانەكانی منداڵییم نەخشەى وردوخاشيى ئاسۆ لەخۆبگرن
وەرە…دەڵێی لە تۆپێكی كریستاڵ ڕاماوم، لە دۆزەخێكی كێوییدا پانۆڕامای مانا سەیرەكانی نێوان دنیایەك و دنیایەكی تر دەبینم، مێژوو ئۆدیبێكە لە بەردەمما دیدەی تاوانە ڕەنگامەكانی هەڵدەكۆڵێ‌، وەك ماسییە نادەستەمۆكانی جوانیی، لە نێو وەرزە گورگومێشييەكاندا، ديدەكانم، نیگا لێڵەكان دەكرۆژن، وەك كەڤاڵێك دەكەومە ژێر لێدانى دێوانەی پەڕەمووچێك، ڕەنگی نادیاریی لێ دەتكێ‌، دەڵێی لە نێو دەستی ڕەگبەڕەگی خەمە ئەبەدییەكاندام، خوێندنەوەم بە واڵاییەكی تەماویی لێڵ كراوە
پەنجەرەكان لەناو گەمارۆی تاریكاییە چڕەكاندا ونبوونە
لە دیوارەكانەوە
ناشرینییەكان میراتن
شتەكان بە ئەهریمەنێك ڕۆحیان سپاردووە، نەیزەكە نادیارەكانی دڕدۆنگیی
سەر دەهاونە نێو ئەتمۆسفیرێكی جياواز، دەیهاونە نێو باڵادی
ئەو كێوانەی خەمێكی گەردوونییان تيا مەڵاسە و
دەيانەوێ دنیا بكەنە تابلۆى فڕین..
لەم ڕێگا پڕ ئەفسوون و عەوداڵكەرە بۆنی نێرگز لە تامەزرۆییم هەڵدەچێ‌
بۆ پەنجەرەیەكى ڕووناك دەگەڕێم
پەپوولەی باژێڵە و كێویی خەونەكانم كەویی بكات
گوڵاڵە تابڵێى تەنیاكانیش لەودیوییدا ژاكانی بێوادەی خۆیان بە یادەوەریی بسپێرن
(2)

چاو كە قامیشە مایسترۆكانی بينى، بوو بە جووتێ‌ تفتیلكی سەر هێڵە نەرمەكانى نۆتە،
كەڵكەڵەیان سەرەتاتكێی بیرەوەریی لە ڕەشەبا هەڵسوواو بوو،
خۆ هەڵدان و یەكەم فڕین ژاوەی دەكرد،
ژیان سیمفۆنیایەکی مەلوول بوو،
ژێر ساپيتە مۆرەكانی بۆ خۆى دەكرد بە هێلانە
دەستە هەتاوییەكانیش لە نێو بارانێكی زیوويین دوای باڵندە هەڵفڕیووەكان دەكەوتن
بیرم هەر لەلای ئەوە بوو
فەزای ئێستا بە بوونەوەرێكی جیاواز ئاوس بكەم
ڕاكردن بە یادی قاچەكان بسپێرێ
لە تەلیسمی دڕك و داڵی ئەفسانەى ترسيش بێتەدەر‌
…كە تۆيش وەكو هەناسەيەكى هارمۆنيى لە ڕۆحی فێنكی قامیشێكی زراڤەوە هاتيتەدەر
جگە لە خەون ژیانم قۆزاخەی چیبوو؟ جگە لە مەزرای ئەو ترپانە دەبوو چی تر بپارێزم
كە هەتا چاو هەتەر دەكات شەهوەتی یادەوەرییەكان بە سپێتیی دەسپێرێت
…بە ڕۆژ لمی ئەودیو پەنجەرەكانت دەخستە بێشكەی بۆشی نائومێدیی
ئێوارانیش، لەسەر گفتی جارانی خۆم، وەك هەیڤێكی قەتیسماوی فەزایەكی دووری زیوويین
لە پشت سەمای شتەكانەوە، لەو هەموو ئارمووشە مۆرەی ئەندێشە وەرم دەدایت
كە خۆشەویستیی لە ئاسۆ دوورەكانی ڕفاند بوو
سايلى دوو چركە وابووین، بۆ یەك عەوداڵ
بە تەمابووین..لە سەعاتێكدا ئاڕاستەیەكی توند و تۆڵ بەرەو هاتوو ڕایەڵ بكەین
گشت ساتمەكان لەبار بەرین، تا بە خامۆشیمان نەسپێرن
تا لەناو ڕووباری ژیان قەیاخی پڕ تاسەی پرسیار بەرەو ئۆقيانووسى وەڵام بنێرین و
بۆ ڕوخساری ژێر چارداخەكانی ئاسۆیش، ئاوێنەیەكی لێوانلێو
لە خەونە سركەكان و ڕۆژگارێكی دوورودرێژی بە سەوزيى دەورەدراو
لەسەر باڵی ترپەكاندا هەڵواسین و
كازیوەیەك
بەسەر خەیاڵە گەمارۆدراوەكاندا ڕابوورێ‌
لە بلوێری پڕ هەناسەی لێوی شوان و پەلكەزێڕینەیەكی پڕڕەنگیش ڕەهاتریان بكاتەوە
لەوێ‌، لەوێ سەربزێویی ئاوەكانی دەكرد بە پەشمەكی ڕووت و
منداڵییم زيندوو دەبووەوە
وەك كۆلارە سەرزەمینی عەجایەبی یادوەريیمی بەجێدەهێشت
وەكو قەیاخی خشپیلەیش
دەستی شەپۆلی دەگرت و بەرەو دنیاكانی خەون سەڵڵانە سەڵڵانە دەڕۆیشت
(3)
كە گەشتە تاقوتەنیاكەم تۆز و خۆڵی بە ئاوڕەكانى خۆى بەخشی
تۆ نەخشەی داهاتووى منت لە دەفتەری یاداشتەكان هەڵگرتبوو
پێموابوو هەنووكەم لە نێو قامكی ترپەكانی عەشقێكی ڕووتدا ڕسكاوە
كەچی ئەوە دەستپێكی نوێی شتەكان بوو
لە دوورەوە بینیم ڕەنگوڕووی ئەرشیفە قەدەرییەكەی خوات هەڵدەگرت
سكێچى جیاوازی ئایندەشت دەشاردەوە
بارانی نێو بیرەوەرییەكان دنیای ڕۆحمی لە درەوشانەوە وەردەدا و
لەو گەڵا زیندووانە تژی دەبووم كە بە درەختەكانی ناخمت دەبەخشی
پڕاوپڕ دەبووم لە گەیشتن، گەیشتن دەبوو بە شیعر و دەبوو بە سەفەرێكیش بە نێو خەیاڵە لێڵەكانی خوداوەند و ڕامانێكیش لە باڵەفڕە بێئامانەكانی زەمەن
ڕۆژەكانم بەوە ڕەنگاڵە دەبوون باڵندە بۆشاییەكان سیخناخ بكەن
خەمەكانیش بەوە بژاكێن ئاسمان چيدى كەوێرێكی بۆری بێكۆتايى نەبێت
گەیشتن…گەیشتن پرسیاری ئەوە بوو كێ‌ كێی خستە سەر باڵى سيمرخى ئاواتەكان و
بەیەكجاریی وەك بەفرى پاك كردی بە میوانی چیا؟
(4)
هەتاكو چاو بۆ بڕكردن پیت بە مەوداكانی بدات، ترۆپكەكان بە زێوارم ئاشنا دەبن
بەڵێن بێت، بەو حەزە بوودەڵە و سادەیەدا هەڵنەكشێم
كە بەیداخی بێهوودەیی لە سەر پۆپەی ئومێدەكاندا دەبینێ
ئێرە لە هەموو دنیا زیاتر نێرڤانا بە من دەبەخشێ‌، ئەندێشەم زۆر بە پاكیزەیی دەیبینێ‌ یۆتۆپیایە!…
لە جەنگەڵی بوغوردە زڕەكان دوورم دەخاتەوە و
چارۆكەی بێگەردی كەشتیی زیندەگییەك بە ڕووی زریانێكی چەمووش ڕادەگرم و
لە شتە جوانەكانی نادیار ڕادەمێنم
تۆ بڵێی ڕەنگی ئێستا لەسەر ڕوخسارە نەبینراوەكەی نادیاريش دەمامكێكی تر نەبێت؟
(5)
ئەوێ…بە پاوانەی مەجهوول ئابڵووقەی ژیانی دەدا
بە مەرەكەبی دڵەكان پانۆڕامای هاتووی دەگۆڕی
كرانەوەى پەنجەرە دوورەكان دەوڵەمەندیی بوو بۆ دیدە
دەمووت ئیتر ڕۆح ئاوقای ئارەزوویەكی بێباڵ ناكەم، عومری پەروانەش بە فڕینی خۆم نابەخشم
ئيتر سپێدە پڕێتی لە چاوە قرپەی بەفر و
لیزگە تەوەزەلەكانی ئەو تۆپەی ئاسۆ لە خۆی هەڵدەكێشێ‌
لە دەروازەیەكی جوداوە دەچمە ژوورێ‌
قەت سێبەرە هەڵاتووەكان پێشێل ناكات!
ئەمجارە ڕۆحێكی ديكە لە قەوارەم سەرهەڵدەدات، بەشێك نابم لە بۆشايى
(6)
وەك ڕدێنە تۆز گرتووەكەم، قۆپەی كەژەكان تۆز و گەردی زەمانە بەربەرییەكانیان تەكاندووە لەو كڵاوڕۆژنە بەلەسەیەی تیشك پیایدا دزە دەكاتە نێو كەللـەم
باوەشم وەكو قەرتاڵە بە هێشووەكانی ئاسمانێك پڕ كردووە، خەڵتانی ئاوێكی شینە
ئەوەی پەلكەزێڕینەی كردۆتە قردێلەی پرچی پێم دەڵێت: ئیتر لە دەرگای خەونەكان مەدە تۆ لەناویانی…لەناو ڕۆحمدا بەهەشتێك دەردەكەوێت…لە بەرامبەر تابلۆی شەودا، گەڵاكانی تووتن نادەم بە دووكەڵ و كاغەزی زەردباوی ترسە دزێوەكان دەگەچڵێنم
بە بانگێشتی سروودە دڵڕفێنەكانی ئەم سەرنوێشتە تازەيەش سیمای ئەم ڕێگا نایابە دەدۆزمەوە
ئەو هەستەی شادییەكان دەخوڵقێنێ‌
تخووبەكانی خەیاڵ بەرەو فەزاكان دەنێرێت، ژیانم پابەندی ماڵێك دەكات
لە پەردە دیودەرەكانییەوە عەشق دزەی پیادا دەكا و شیعر دەبێتە میوانی
بێهوودە نییە شیعر هەمیشە میوانی ماڵەكەم بێت، بێ‌ دەمامك لە نێو ئەم ئەفسانەیەدا شكڵبگرێت
تۆ بڵێی لەناو جوغزی ئەم ماڵە بارانییەشدا سەردەمە تاریکەكان هەمدیسان ڕەنگ نەدەنەوە؟
(7)
لەوانەيە بەربەیانێك، تاریكیی خۆی لە ئامێزی سپێدەدا لەبیر بچێ‌، داری سەرم پڕ بێت لە جريووەی خەونە وردیلەكان، پەنجەكانم ڕەنگی ڕەگەكان هەڵبگرن، دەستەكانم لەودیو پشتێنە گوڵگوڵییە باریكەكەم لە ناو گرێ كوێرەكاندا بخنكێن، بۆ باڵەفڕەی چركەساتێكی توندوتیژ جادەی كشاوی هەناسە بۆ چاوەكانم تراویلكەیەكی ڕاستەقینەی دڵڕفێن پێكبهێنن
لەوانەشە پشت بكەمە دیوارە تاریكەكان، بێشەڵانە سەراسیمەكانی غایلە، چەكەرەی بیرێك لە كەللـەم بپشكوێنن و پێم بڵێت: ئیدی لە دنیادا ماڵت فەنەرێكە، تاریكایی دەسڕێتەوە
بە چیلكە پڕ قرچەكانی چوالەیەكی عومركردوو ئاگردانێكی نەوجەوان بۆ ئازای گرمۆڵەبووی ساتە سارد و سڕەكانت بنەخشێنە، كۆسپەیەك بۆ هەڵكشانەكەت دێتەدی، دارگۆیژە تاك و تەریكەكەی بنار چارۆكەیەكی ڕەنگاوڕەنگ لە گۆیژەكانی باڵای خۆی دەوەرێنێ‌،
لە نێو یادوەرییەكانی زارتدا دەبنە كاكێشانی دوور و
ڕووناكییەكی پڕ لە تام بۆ ئایندەت بەجێدێڵن
(8)
وا بەرامبەر بە پەنجەرەكانی دنیا ڕاوەستاوم، لە داوێنی سینەمەوە ڕەنگێكی ئاڵ هەڵدەقووڵێ‌ هەتاو چەند جارێك دەكەوێتە ئەودیو دەمامكی تووڕەى هەورەكان و
لە ڕەنگی پرتەقاڵیی ئاوابوون ڕادەپسكێ‌
ئیتر تیترواسكەكان دێن..شەققەی باڵیان بەسەر ئەو حەپەسانە زیوويینەم دەتەكێنن
من دەزانم ڕۆحە پاكیزەكانی سەر ئەم تۆپۆگرافیا مەحاڵە ڕۆمانی قەبەی تەنیاییم دەنووسنەوە و
دەیدەنە دەست سامبای بێداريى تيشكەكان
ئيتر لە دەلاقەكەوە لە ديمەنێكى ڕووناك دەڕوانم، پڕاوپڕە لە هاشوهوشی یادوەریی و خۆڕەنگكردن بە پەلكەزێڕینەی ئاسۆ، بەڵام دەنگی پەڕەسێلكە هاتووەكان، گوێچكەكانم سیخناخ دەكا و چیدی ناكەوێتە یادی پێڵووەكانم ببنەوە پەردە بۆ چاو و
ئەوسا لە نێو ئاوێنە جوانەكەی تۆدا بەرجەستەتر خۆ دەبینم و دڵیشم
لە تۆماركردنى یاداشتە چیاییەكانی دەوەستێ‌

پاییزی 2004: لەندەن




دیمانە لەگەڵ فۆتۆگرافەر عومەر خدر کاکیل.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند عومەرخدر كاكیل: فۆتۆگرافەری سەركەوتوو پێش هەموو شتێك ئەبێ عیشق و سەلیقەی بۆ كارەكە هەبێت
هونەرمەند عومەرخدر كاكیل: ئارەزووی زۆرم هەیە بۆ وێنەگرتنی گوڵ و گژوگیای خۆڕسكەك بەتایبەتی ئەوانەی وردن و سەرنجی كەسانی ئاسایی ڕاناكێشن
هونەرمەندی فۆتۆگرافەر (عومەر خدر كاكیل)، لەدایك بووی گوندی سرێشمەی دۆڵی ڕۆستێییە ،لەو كاتەی قوتابی قۆناغی بنەڕەتی بوو ماڵیان دەگوازرێتەوە شاری هەولێرهەموو قۆناغەكانی خوێندن لەو شارە تەواو دەكات.وەكو فۆتۆگرافەرێك تائێستا خاوەنی (7) پیشانگای تایبەت بەخۆییەتی ئەو هونەرمەندە سەرەڕای كاری وێنەگری وەك خوێنەرێكی بەردەوامی كتێب، بەتایبەتیش ئەدەب و بیرەوەری، بووە هەر ئەوەش وای لێكردووە دەست بەنووسینش بكات، لەسەر ئەو ڕۆمان و بیرەوەریانە كە سەرسامیان كردووە و لەگەڵ نووسین لەچەند بابەتێك دەربارەی فۆتۆگراف و بابەتی هەمەڕەنگ. وەكو كتێبش خاوەنی سێ كتێبە یەكەمیان بەناوی (خدر كاكیل) كەباس لە ژیان و خەباتی باوكی و شەهید سەركەوتی برای دەكات وە چاپكردن و ئامادەكردنی دوو بەرگ لە ئەلبوومی پیشمەرگایەتی بەناوی (گەڕان بەدوای ئازادیدا) كە پڕۆژەیەكی دیكۆمینتاری وێنەییە، ئێستاش كار لە بەرگی سێیەم دەكات. وەكو هونەرمەندێكی فۆتۆگرافەر بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین چۆن ئاشنایەتیت لەگەڵ زوومی كامیرا پەیداكرد؟
– سەرەتا ئاشنابوونم بە كامێرا بۆ ناوەڕاستی نەوەتەكان دەگەڕێتەوە، كە بۆ بژێوی ژیان دەستم بە كاری وێنەگری كرد، بەڵام دوایی بەرەبەرە هەم وەك كار هەمیش وەك ئارەزوو كامێرام لا خۆشەویستر بوو، بۆیە ئێستا بەردەوام لە گەشت و سەفەرەكانم هەمیشە كامێراكەم لەدەستمە. لێرەدا پێم خۆشە باسی هەستی منداڵیم بكەم.. لەو ژینگەییەی تێیدا چاوم هەڵێنا و تێیدا پەروەردە بووم، بەهۆی ژینگەی گوندە جوانەكەمان (كاولۆكان) و كارە جیاوازەكانی باوكم (خدر كاكیل)، هەر لە ڕاوە ماسی لە (بڤە)ی سەر ڕووبار و ڕاوی قاز و قورینگ لە گۆماوەكانی (ئەوبەری ماڵمان) و جووت كردن بە هێسترەكانی و دروێنەی گەنم و گیا بە داس و مەلەغان و باقە كردنی گیا و ڕاكردنی لەسەربان بۆ وشك بوونەوە و هێنانی بارە دار و بارە بەفر لە چیای هەندرین، هەموو ئەو دیمەنە ناوازانەی ئەوكات لە خەیاڵم جێگیر بوونە و ڕەنگە هەر ئەوەش كاریگەرییان لەسەرم جێ هێشتبێ و بەو هۆیەوە ژینگە و دیمەنە سروشتیەكانم خۆش بوێ و ئێستا بە هۆی زوومی كامێراكەم پیشانیان دەدەم .

  • یەكەمین كامیرا بەكارهێنا چ جۆرە كامیراییەك بوو؟ لەچ كاتێك بوو؟

    • سەرەتا بۆ كاركردن لە دووكانەكەمان بۆ وێنەی پۆرترێت و بۆنەكان كامێرای (مەمیا)ی بۆكسی كارت فلم و 120ملم و (كانوون)ی 135 ملمم بەكار دەهێنا، بێگومان ئەو كامێرایانەی ئەو سەردەم هەم شارەزاییەكی باش و هەمیش سەلیقەیەكی وردی دەویست. بەڵام ئەو پێشكەوتنە خێراییەی ئامێراكانی وێنگرتن بەخۆیەوەی بینی، ئێستا پیشەكەی ئاسانتر كردوە. بەڵام وەك هونەر ئێستاش پێویست دەكات هونەرمەندی فۆتۆگراف شارەزایی لە گۆشە و ڕوناكی و كات و ساتی وێنەگرتن بێ بۆ ئەوەی دیمەنێكی سەرنج ڕاكێش بكێشێ، كە ڕەنگە كەسی ئاسایی هەستی پێ نەكات.

  • زوومی كامیراكەت زیاتر وێنەی سروشتی كوردستان لە خۆ دەگرێت، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

    • ئەوەی ڕاستی بێ ئەو هۆكارەی لە سەرەوە باسم كرد، وای كردیە سروشتم خۆش بوێ و زیاتر كارەكانم پیشاندانی دیمەنی سروشتی بێ، بەڵام هۆكاری بەردەوامیم، گەشتی شاخڕەیە، كە چەند ساڵێكە بەردەوام هەفتەی ڕۆژێك هەم بۆ شاخڕەوی وەك وەرزش، هەمیش بۆ چركاندنی وێنەی سروشت بوەتە بەشیك لە ژیانم. هەروەها خوێندنەوەی بەردەوامم بۆ بابەتی تایبەت بە هونەری فۆتۆگرافەری لە سەرەتای دەستبەكاربوونم لە پیشەكە و تائیستاش، بەتایبەتیش نووسین و بەرهەمەكانی فۆتۆگرافەر (فارس سەعدی) و گۆڤاری (تاو)ی تایبەت بە فۆتۆگرافی چەند سەرچاوەیەكی تر، شارەزاییم لە زۆربەی بەشەكانی فۆتۆگرافی پەیدا كرد، هەر بەهۆی كارەكانی فۆتۆگرافەری جیهانی (ستیف ماكوری ئەمریكی) خاوەنی پۆرترێتی كچە ئەڤغانیە چاوشینەكە، ئاشنای پۆرترێت و فۆتۆ بووم، “ڕەنگە بەشی چەندین پیشانگا وێنەی پۆرترێتم هەبێ، بەڵام تاكو ئێستا نەگونجاوە لە پیشانگایەك نمایشیان بكەم، بەڵكو پیشانگاكانم زیاتر وێنەی دیكۆمێنتاری ئەرشیفی و سروشت بوونە”.. لەو بارەیەوە بە سەدان پۆرترێتی كەسایەتی و نووسەر و ئەدیب و پیشەوەر و كەسانی ئاساییم گرتوون، زانراویشە پۆرترێت گرینگیەكی تایبەتی هەیە لە كاری رۆژنامەنووسی هەر لە سەرەتای كەوتنی وێنە بۆ ناو كاری ڕۆژنامەنووسی تاكو ئێستاش.
      هەروها من ئارەزووی زۆرم هەیە بۆ وێنەگرتنی شتە ورد و بچووكەكان، هەر لە گوڵ و گژوگیا خۆڕسكەكانی ناو سروشتەكەمان بەتایبەتی ئەوانەی وردن و سەرنجی كەسانی ئاسایی ڕاناكێشن، من هەوڵم داوە بەهۆی زوومی كامێراكەم ئەو شتە وردانە بەرجەستە بكەم.

  • وێنەگرێكی فۆتۆ هەیە كە تۆ سەرسەم بیت و كاریگەری لەسەر تۆ هەبێت؟

    • من لەسەر دەستی مامۆستا (بایز)ی زاوام كەوتمە ناو پیشەكە، هەر بەهۆی ئەویشەوە وێنەگری بەتوانا (قادر میدیا)م ناسی، كە” فۆتۆگرافەرێكی بەتوانا و بە ئەزموونی كاری فۆتۆی ناو ستۆدیۆ بوو لە شاری هەولێر”بۆیە بەكارەكانیان سەرسامم وكاریگەری ئەوانم لەسەرە.. بەڵام لە كاری هونەری دەرەوە و ناو سروشت، كۆمەڵێ فۆتۆگرافەری بە ئەزموون دەناسم و بە كارەكانیان سەرسامم لەوانە مامۆستا فارس سەعدی و مامۆستا سەعید رواندزی و مامۆستا یوسف حەمەڕەشید و چەندانی تر..

      *تایبەتمەندییەكانی وێنەگری فۆتۆی سەركەوتوو چین؟

    • بە بڕوای من فۆتۆگرافی سەركەوتوو پێش هەموو شتێك ئەبێ عیشق و سەلیقەی بو كارەكە هەبێ، ئینجا كەرستەی وێنەگری، هەرلە كامیرای باش و زووم و لایت مەتر و ستاندی باش، دوای ئەوانەش شارەزایی لە هەڵبژاردنی گۆشەی وێنەگرتن و سود وەرگرتن لە ڕووناكی لە چوار وەرزەكە و كاتیش زۆر گرینگە، لە هەمووشیان گرینگتر ڕۆشەنبیری و خوێندنەوەی بەردەوام دەرباری فۆتۆگرافی و مێژوی فۆتۆگرافی.
      من وەك فۆتۆگرافەرێك، كاتێ ئەو وتەیەی (ئەریكفرۆم)م لە كتێبی (بەناوی ژیانەوە) خوێندەوە كە دەڵێ: “وێنەگری باش لەپێشدا لەو دیمەنە ورد دەبێتەوە كە دەیەوێ وێنەی بگرێت ئینجا دەست بۆ كامێراكەی دەبات. ئەو تەماشاكردنە و وردبوونەوە‌یە جۆرێكە لە كارامەیی”. زۆر هەستیارانەتر و بە دیقەتتر لە دیمەنەكان ورد دەبمەوە و ئینجا وێنەكان دەگرم.

  • ئەگەر بكرێت باس لەو پیشانگاو پێشبڕكێیانەبكەیت، كە ‌لەڕێگەی زوومی كامیراكەتەوە بەشداریت تیا كردوون؟

    • تا ئێستا حەوت پیشانگای تایبەتیم كردونەتەوە، لە شەقڵاوە و پیرمام و هەولێر و سۆران. هەموو پیشانگاكانم لەسەر ئەركی خۆم كردوونەتەوە، تەنها ئەو پیشانگایە نەبێ بەناونیشانی (مەسیف لە ڕەش و سپیدا) كە لە 21/1/2014 لە پیرمام نمایشم كرد، بریتی بوو لە وێنەی ڕەش و سپی كۆنی شارۆچكەی مەسیف سەلاحەدیین، بە هاوكاری هاوشارم (عەبدوڵا پیرمام) كردمانەوە، “كە خەمخۆرێكی بێ وێنەی شارۆچكەكەمانە لە پاراستنی كلتور و یادوەریەكانی هاوینەهەواری سەلاحەددین” ئەو پیشانگایە چەند ڕۆژێك بەردەوام بوو، دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو خەڵكێكی یەكجار زۆر هاتن بۆ سەیركردنی. هەروەها دواین ئەو پیشانگایەی لە هۆڵی میدیا بەناونیشانی (سروشت لە نێو چاوی كامێراكەم) كە لە 29/5/2023 نمایش كرا، تیایدا زیاتر لە 40 كاری 60بە 90 لە خۆ گرتبوو كە پێك هاتبوو لە وێنەی سروشت و گوڵ و گیا خۆڕسكەكانی چیاكانی كوردستان، ئەویش دوو رۆژ بەردەوام بوو، بینەری باشی هەبوو. دوای ئەوەش هەر هەمان پیشانگام بردە شاری سۆران بە هاوكاری كتێبخانەی (عەلی مەكتەبە) و شاری پیرمام..

  • وێنەیەكی دیاركراوی خۆت هەیە كە ‌بەزوومی كامیراكەت گرتبێت جیاواز بێت لە وێنەكانی تر و تائێستا، لە خەیاڵت بێت؟

    • وەك چۆن زۆربەی نووسەر و شاعیران بەرهەم و دیوانەكانیان بە كۆرپە و منداڵەكانی خۆیان دەشوبهێنن، منیش دەتوانم بڵێم هەموو تابلۆكانی خۆم خۆش دەوێن و جارجاریش دەگەڕێمەوە سەریان و تەماشایان دەكەمەوە. وە زۆرن ئەو وێنانەی لە خەیاڵمدا چەسپیوون بەتایبەتی ئەو دیمەنانەی بە ماندووبوون و كاتێكی زۆر بەپێ ڕۆیشتن پییان گەیشتووم.

  • وەكو فۆتۆگرافەرێك ئەو كێشەو گرفتانە چین، كە لەكاتی وێنەگرتن ڕوبەرووی دەبیتەوە؟

    • ئەوەی ڕاستی بێ من لەكاتی وێنەگرتن هەست بە هیچ كێشە و گیروگرفت ناكەم بەهۆی عیشقم بۆ كارەكەم، تەنها هەندێ جار لە كاتی گرتنی وێنەی سروشت نەبێ، كە دیمەنی زۆر جوانم بۆ دەستەبەر بووە، بەڵام بەهۆی بوونی تۆز و خۆڵ پیس بوونی ژینگە، دیمەنەكان بە جوانی دەرناكەون.




شیعری (زام)ی شێرکۆ بێکەس.. خوێندنەوەی داستان بەرزان

https://www.youtube.com/watch?v=7PAYOJK8qGo
https://www.youtube.com/watch?v=7PAYOJK8qGo



عەسائیب ئەهلی حەق و خوێندنی باڵا!.. عوسمانی حاجی مارف

بزووتنەوەی”عەسائیبی ئەهلی حەق” هەوڵی ئەوە دەدات بەرپرسیارێتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەستۆ بگرێت، کە سەرپەرشتی زیاتر لە ملیۆنێک خوێندکاری عێراقی دەکات.
هەرچەندە ئەمەریکا عەسائیبی ئەهلی حەقی خستۆتە لیستی ڕێکخراوێکی تیرۆرستیەوە، هەروەها سەرکردەکەیان، قەیس خەزعەلی کەوتۆتە ژێر لیستی سزاکانەوە، بەڵام ئەم گروپە بەهۆی چالاکیەکانی لەناو هەندێک کەرتی حکومەتی عێراقدا، ئیمتیازێکی بەهێز و کاریگەری فراوانیان هەیە و لە سوودی دارایی بەهرەمەندە.
پێشتر گروپەکانی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق کۆنترۆڵی وەزارەتی گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری و ئاسەوارەکانیان دەکرد، کە لە گەشتوگوزاردا قازانجێکی بێشوماریان لە بازرگانی خواردنەوە کحولیەکان بەدەست دەهێنا، بەڵام دواتر لەبەرامبەر کۆنترۆڵکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستبەرداری ئەو وەزارەتانە بوون، چونکە بەمشێوەیە دەیانەوێت پێگەی نوێی خۆیان لە خوێندنی باڵادا بسەپێنن، تا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت قەرەبوی کەمی گەنجان بکەنەوە لەناو هێزە میلیشیاکانیاندا. لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەی گەنجان کە هەڵوێستی ئەرێنی و لایەنگریان هەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی شارستانی و مەدەنی نێودەوڵەتی کە لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا کاردەکەن، تێکبدەن. ئەو گەنجان و خوێندکارانەی کەڕۆڵی سەرەکیان بینی لە ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، بەمەبەستی تێکدانی دەسەڵاتی میلیشیاکان و کۆتاییهێنان بە حکومەتی تائفی، لەپێناو خواستە ڕەواکانی هاووڵاتیانی عێراق بۆ ژیانێکی باشتر و دەوڵەتێکی دوور لە نفوزی ئێران، مەیدانەکانی ناوشاریان بەدەستەوەگرت. بۆیە وەرگرتنی وەزارەتی خۆێندنی باڵا لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەقەوە لەڕێڕەوی سیاسەتی تێکدانی ناڕەزایەتیەکانی گەنجانی عێراقەوە، تێکدانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بە دوای خوڵقاندنی تۆمارکردنی ژیانێکی شایستەو هاوچەرخ و باشترەوەن بۆ دانیشتوانی عێراق، کردۆتە ئامانج.
بەمشێوەیە عەسائیبی ئەهلی حەق و میلیشیاکانی کاردەکەن بۆ سنووردارکردنی نفوزی ئەو گروپە خوێندکارانە و دەمکوتکردنیان، بەتایبەتی لەدوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی ٢٠٢٠دا، فراکسیۆنەکانیان کاردەکەن بۆ لاسایکردنەوەی مۆدێلی ئێرانی ناسراو بە ولایەتی فەقیه(ولایة الفقیە)، وێنەی ئەبومەهدی موهەندیسیان وەک “پاڵەوانێکی نیشتمانی” بەشێوەیەکی فراوان لە شوێنی جیاواز لەعێراقدا نمایشکردوە، وێنەکان لە شەقام و گۆڕەپان و پارکە گشتیەکان و وەزارەتەکانی دەوڵەت و زانکۆکاندا هەڵواسراوە، ئەوەش کە بەکۆبوونەوەی “گروپی کوڕانی موهەندیس” وەک دامەزراوەیەک ناسراوە، بەشێوەیەکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ کارەکانی ناو زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات و هەوڵدەدەن گەنجان بۆ پرسە جیاوازەکانی پڕۆژەی “ولایەتی فەقیه” کێش بکەن بۆناو چەکدارە میلیشیاکان بەبیانوی ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاری ئەمریکا و ڕوبەڕوبونەوەی هەوڵەکانی ڕۆژئاوا لەبڵاوکردنەوەی کلتورەکەی لە کۆمەڵگەی عێراقدا. ئەوەی شایانی باسە کۆبوونەوەی گروپی “کورەکانی موهەندیس” لە نێو زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆکاندا بێوەڵام ماوەتەوە. هەرچەندە نەعیم ئەلعەبودی کە بەرپرسیارە لەڕێنماییە ئایدۆلۆژیەکانی بزووتنەوەی عەسائیب، بەشداریکرد لە بەهێزکردنی کۆبوونەوەی کوڕانی موهەندیس لە دابینکردنی کەڤەرێکی حکومەتی بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان، هەروەها پاڵپشتی دارایی و سیاسی پێویستی بۆ دابینکردن.
چۆنیەتی چالاکی و گردبونەوەی کوڕانی موهەندیس هەوڵیانداوە لاساییکردنەوەو هاوشێوەی ئەو چالاکیانە بێت کەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق ئەنجامی دەدەن، بەڵام بە سروشتێکی جیاواز لە ناوەڕۆکدا دەستیان پێکرد. بۆنمونە سپۆنسەری و ۆرکشۆپی ڕاهێنان و دانیشتنە گشتی و تایبەتەکان و فێستیڤاڵ و کۆنفرانس ساز دەکەن، بەڵام بە ئەجێندایەک کە گرنگی بە چەسپاندنی وێنەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەدەن لەبەرامبەر باقی دامەزراوە ئەمنیەکانی دەوڵەتدا، لەهەمانکاتدا جگە لە گرنگیدان بە بابەتەکانی فیقهی کەڕەهەندی سیاسیان هەیەو پەیوەندیان بەو هەڵوێستەوەیە کەبەرامبەر بە وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، و باقی وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانە عەرەبیەکانی لە ناوچەکەدا وەها دەوستنەوە، کە ڕەواجدانە بە دامەزراندنی هەڵوێستێکی دوژمنانەو نەرێنی بەرامبەریان. لە لایەکی دیکەوە وەها ئێران دەناسێنن، کە وەک تاکە پارێزەری عەقیدەی شیعە و پێویستی هاوسۆزی شیعەکانی عێراقە. جگە لە پڕوپاگەندەی تەقلیدی بۆ”وەلایەتی فەقیه”، کۆبوونەوەی کوڕەکانی موهەندیس میوانداری سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن بەناوی ئەوەی کە مەیلی دڵسۆزیان بۆ خوێندکارانی زانکۆ هەیە!.
لەلایەکی ترەوە کوڕەکانی موهەندیس هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر گەنجانی شیعە هەرە کۆنەپەرستەکان دروست بکەن، کە بە نەریتی خۆیان دەسەڵاتی نەجەف پەیڕەو دەکەن، بۆیە لەو لایەنەوە سەرکەوتوو دەبن لەڕاکێشانی خوێندکارە کۆنەپەرستە شیعەکان بەرەو مۆدێلی ئێرانی، بەڵام نەیانتوانیوە کاریگەریان هەبێت لەسەر خوێندکارانی عەلمانی و ئەوانەی کە پابەند نین بە ئاینەوە.
پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و کۆمەڵەی کوڕانی موهەندیس هەیە، وەک یەکێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، وەک کۆمەڵەیەکی خوێندکاران، کوڕانی موهەندیس وەک فەرمانبەرانی دەزگای ئەلحەشد مووچە وەردەگرن و سەرچاوەی داراییان هەیە، پشتیوانی ئەم گروپە کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە وەک دامەزراوەیەک دەدرێت، بە مەبەستی دابینکردنی بەرگێک کەڕێگە بدات چالاکیەکانیان بەڕێوەبچێت.
لەچەندین بۆنەدا، حەشد ئامڕازێکیان بۆ کۆبونەوەی کوڕەکانی موهەندیس دابینکردوە، کە بریتی بووە لە ئاسانکاری بۆ چوونەژورەوەی وێنەی قاسم سولەیمانی و هێما سیاسیەکانی دیکەی دەوڵەت بۆ ناو کەمپی زانکۆ، هەروەها لۆبیکردن بۆئەوەی ڕێگە بدرێت بە بەکارهێنانی پۆلەکانی کۆلێژ بۆ میوانداری لە ۆرکشۆپ، خول و کۆبونەوە بۆ کوڕانی موهەندیس ڕێکبخرێت.
لەبەرامبەردا، کۆمەڵەی کوڕانی موهەندیس پەنجەرەی گونجاو بۆ هێزەکانی حەشد دابیندەکەن بۆ دەستنیشانکردنی خوێندکارە سەرکەوتوەکان لە بوارەکانی ئەندازیاری و ڕاکێشانیان بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەکانی پەیوەست بە دروستکردنی”کۆمپانیای ئەندازیار”، هەروەها پڕۆژەکانی دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ میلیشیاکان.
یەکێک لەو فاکتەرانەی کە دۆخەکەی زیاتر ئاواڵاکردەوە بۆ کوڕەکانی موهەندیس لە ئەنجامدانی چالاکیەکانیان، پێش دامەزراندنی ئەم گروپە واتە کوڕانی موهەندیس، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا (عەلی العادیب) بڕیاریدا سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی بەرپرسیار لە پاراستنی زانکۆکان بگۆڕن بە کوتلە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە زانکۆکان. لەوکاتەدا ئامانجی ئەم هەنگاوە ڕوبەڕوبونەوەی پەرەسەندنی زەریای مەدەنی و شارستانی بو لە نێو خوێندکارانی زانکۆدا، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادیە گشتیەکان لەناو زانکۆدا و هەڵوەشاندنەوەی دەرکەوتنی دیاردەی شارستنی لە زانکۆدا.
هەرچەندە لەوکاتەدا هیچ نیازێکی ڕاستەوخۆی پەیوەندیدار بە کوڕانی موهەندیس نەبو، بەڵام ئەم هەنگاوە ئێستا سوودی بۆ کورانی موهەنیس هەبوو، ئاسانکاری کرد بۆ چوونە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان و ڕووماڵکردنی چالاکیەکانیان لە زانکۆدا. هەمان ئەندامانی فراکسیۆن لەسەردەمی عەلی ئەلعادیەوە تائێستا بەردەوام بوون و هاوسۆزیەکی زۆریان بۆ گروپی کوڕانی موهەندیس و ئەو ئامانجانە هەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
نەعیم العبودی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی وەزارەتی خوێندنی باڵای وەک بەشێک لە حکومەتی محمد شیاع ئەلسودانی بەدەست هێنا، گەورەترین گۆڕانکاری ئیداری لە مێژووی وەزارەتەکەدا بە قازانجی “ولایەتیەکان” بەکارهێنا، نەعیم العبودی، ناسراوە بەوەی سەر بە میلیشیای (عەسائیبی ئەهلی حەق) و وتەبێژی فەرمی و نوێنەری ئەو بزووتنەوەیەیە، جگە لەوەی بەرپرسیارێتی سەرپەرشتی عەقیدەیی لە بزووتنەوەکە لە ئەستۆ گرتووە، بووە پاڵپشتی ڕۆڵی کوڕەکانی موهەندیس، لەوڕێبازەی لەنێو خوێندکاراندا پەیڕەوی لێدەکەن.
سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی لایەنگرەکانی ئێران لەناو ئیدارەی زانکۆدا بەفەرمی بەدەستیان هێناوە، بەڵام هیچ قبوڵکردن و هیچ جۆرە ڕەزامەندیەک لەنێو خوێندکاراندا نیە بەرامبەر بەو کارەی کە کۆمەڵەی کورەکانی موهەندیس دەیکەن، یان هەریەکێک لەو گۆڕانکاریە ئیداریانەی کە دەوریانداوە. لەیەکێک لە نمونە تۆمارکراوەکاندا، کۆبونەوەی کوڕانی موهەندیس ئاهەنگێکیان لە زانکۆی واست – کۆلێژی پزیشکی ددان سازکرد، تەنها (٣) خوێندکار لە کۆی ٨٣ خوێندکار لەیەکێک لە قۆناغەکانی کۆلێژەکەدا بەشداریان کرد. ڕێژەی هاوشێوە لە پارێزگا و زانکۆ جیاوازەکاندا بەردەوامە و فۆڕمی ڕەتکردنەوەی خوێندکاران لە ئامادەنەبون و بایکۆتکردنی ئەم بۆنانە و تەنانەت هێرشکردن و تێکدانیان لە هەندێک حاڵەتدا درێژدەبێتەوە.
لەیەکێک لە دیمەنەکانی ڕەتکردنەوەی خوێندکاران لەبەرامبەر ولایەتیەکاندا، ئەوەبو کە لە بەشی ئەندازیاری شارستانی- زانکۆی تەکنەلۆجیا ڕوویدا، لەسەر وێنەی ئەبومەهدی موهەندیس بوو، تەنها بۆئەوەی لەلایەن خوێندکارانەوە تێک بدرێت هێمای “X ” ێکی گەورە درا بەسەر وێنەکەدا. خوێندکاران وەک دروشمێکی دژە ئێران تەعبیریان لێکرد.
لەلایەکی ترەوە چالاکیەکانی کوڕانی موهەندیس کاریگەریان لەسەر ژنان هەیە، ڕێگەیان داوە چەندین خوێندکاری کچ بۆ خۆیان ڕابکێشن و کلتوری نیقاب و حیجابی توند لەناو زانکۆکاندا بڵاوبکەنەوە. بەڵام گروپی خوێندکاری ژنان کە بەشدارن لەم چالاکیانەدا دەگۆڕدرێن بۆ گروپی دابڕاو لە باقی خوێندکاران، ئەمەش سەرلێشێواوی بۆ کۆمەڵگەی زانکۆی گەنجان پێکدەهێنێت.
گەنجانی پێشڕەوی ناڕازی کە مەیدانی تەحریری بەغداو ناوەندی شارەکانی خواروویان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩وە هەژاند، پێویستە زیاتر مەترسی کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان بەسەر خوێندکارە گەنجەکانی عێراقدا بە هەڕەشەیەکی ستراتیژی درک پێبکەن، کە هەوڵەکان بۆ هەبونی کۆمەڵگەیەکی شارستانی و هاوچەرخ و ئازاد و خۆشگوزەران تێکدەدەن. ئەم کۆنتڕۆڵە میلیشیایە هەڕەشە لەئاسۆ و خواستی گەنجانی عێراق دەکات بۆ کرانەوە بەڕووی جیهان و ژیانێکی ئاسودەو هاوچەرخدا، ناسینەوەی مەترسیداری ئەم گروپە بەوڕادەیە پێویستە کەوەک داعشێکی تازە پێناسەبکرێت و مامەڵەی بکرێت.

گرنگترین فرسەتێک بۆ گەشەپێدانی ناڕەزایەتی گردبونەوەو خۆڕێکخستنی خوێندکاران و گەنجانی عێراق، خۆڕێکخستنە بەدەوری ڕێکخراوێکی جەماوەری سەربەخۆ، کە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی خەڵک ئامانجی بێت، هەنگاوێکی پێشڕەوانەیە لەڕاستای کۆتاییهێنان بە تەواوی دەسەڵاتی هێزە ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرستی میلیشیاکان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئێستای عێراق، وەک بزوتنەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەری و کۆمەڵایەتی بەڕێ بخات.

بۆ هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی جەواد مەهدی کە توێژەرێکی عێراقیە، وەرگیراوە بە ناونیشانی:
“الاستيلاء التدريجي على التعليم العالي في العراق”




تیپی موزیكی (خانزاد)ی كچان تەمەنێكی كورت‌ و خزمەتێكی زۆر.. ن: كامەران حاجی ئەلیاس

تیپی موزیكی (خانزاد)، یەكەم تیپ بو لەهەموو عێراق كە سەرجەم ژەنیارو گۆرانیبێژەكانی تەنیا كچ بێت.
ن: كامەران حاجی ئەلیاس

هونەری موزیك ‌و گۆرانی هونەرێكە لەزۆربەی شوێن‌ و كاتدا بوونی هەیە لەماڵ، لەكاتی كاركردن، لەناو ئۆتۆمبیل ..مرۆڤ دەتوانێت بەئاسانی گوێبستی موزیك یان گۆرانی بێت لەنێو كوردیش گرنگی زۆر بەم بوارە دراوەو دەردێت..چەندین موزیك ژەن‌ و گۆرانیبێژو تیپی موزیكی كوردی هەن، كەخزمەتێكی زۆریان كردوە ئەوەی مەبەستمە هەڵوەستەی لەسەر بكەین تیپی موزیكی(خانزادی كچان)ە لەهەولێر كە لەتەمەنێكی زۆر كورت خزمەتێكی زۆری هونەری موزیك و گۆرانی كوردی كرد بەجۆرێك یەكەم تیپ بووە لەسەر ئاستی عێراق كە هەموو ژنیارەكان و گۆرانی بێژەكانی ئەم تیپە تەنیا ئافرەت بن.

(تیپی موزیكی خانزادی كچان)، لەساڵی (1980) لەسەردەستی هونەرمەند گەورەی كورد مامۆستا (وریا ئەحەمەد) دامەزرا توانی لەماوەی (3-4) ساڵ دوای راهێنان و مەشقێكی زۆر تیپێكی خەنجیلانە دروست بكات، تیپێكی موزیك بەناوی (خانزاد) مەبەست لێی “خانزاد”ی میری سۆرانەكە یەكێكە لەئافرتە ناسراوەكانی مێژوی نەتەوەكەمان دوای ئەوەی هاوسەرەكەی “میر سلێمان بەگ” لەلایەن دوژمنانی كوردەوە ژەهرخوارد كرا لەساڵی 1597، لەشاری بەغدا‌ كۆچی كرد، خانزاد جڵەوی دەسەڵاتی‌ میرایەتیی میرنشینی سۆرانی گرتە دەست، نامەوێ باسەكە بگۆرم بەڵام لەم سەردەمەدا ناو نانی ئەو تیپە بەم ناوە ماناو مەدللولی زۆر هەڵدەگرێت.

تیپەكە لەچەند ئامێر ژەنێك پێكهاتبون لەسەر ئامێرەكانی (كیبۆرد، گیتاری سۆڵۆ، گیتاری باس، كۆردگیتار، فلووت، كلارینێت، ئۆكۆردیۆن، درامز، تەپڵ، بۆنگۆز، كەمان،..ھتد) لەگەڵ چەندین موزیكژەن وەكو (شعائع تارق لەسەر ئامێری ئۆرگ، سۆزان فایق‌و رێزان حەمید لەسەر ئامێری كەمان، ڤیان قاسم لەسەر ئامێری كلارنێت، نادیە لەسەرئامێری ئۆكۆردیۆن، سۆزان حەمید لەسەر ئامێری ئیقاع، ڤیان فائق وكچێك بە ناوی سەراب، لەسەر ئامێری گیتار، كچێكی تر بەناوی وەردە دەڤ ژن بو لەگەڵ چەندین ئافرەتی تر… یەكێك لەگۆرانی بێژە دیاری ناو تیپ ئافرەتێك بوو بە ناوی (ڤیان فائق) كە لەزۆربەی چالاكی هونەری ئەو كات بوونی هەبو، یەكێك بووە لەو ئەندامانەی كە زۆر چالاك، لەنێو تیپ بونی هەبووە، زۆر هەوڵمدا بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گفتۆگۆی لەسەر تیپ‌و گۆرانییەكانی لەگەڵدا بكەین بەڵام هەوڵەكان بێسوود بوو،تەنیا ئەو زانیاری ئەوەم دەست كەوت كەئێستا لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانە لەهەمانكاتدا دووركەتوتەوە لە هونەری گۆرانی وتن، بەڵام ئەو لەزۆربەی چالاكی‌و فیستیڤاڵەكان بەشدارییەكی كارای هەبووە.

(تیپی موزیكی خانزادی كچان) تاكە تیپ بو كە هەموو ژانیارەكان‌و گۆرانی بێژەكانی تەنیا ئافرەت بون كاتێ لەبەغدا فیستیڤاڵكی هونەری گۆرانی لەسەر ئاستی عێراق ساز دەكرێت زۆربەی پارێزگاكانی عێراق بەشدار دەبن تیپی موزیكی خانزاد بووە جێگای سەرسوڕمانی ئامادەبووان‌و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەكە، هەربۆیە دەست خۆشییەكی زۆر ئاراستەی سەرپەرشتیارو ئەندامانی تیپەكە كرا.

لەساڵی 1982 تیپەكە بەشداری (فیستیڤاڵی دووەمی هونەری كوردی ـ هەولێر) كرد كۆمەڵێ گۆرانی لەو فیستیڤاڵە پێشكەش كرد، لەساڵی 1983 ،كۆمەڵێك گۆرانیشی بۆ تەلەفزیۆنی ئەوسا تۆماركرد، بەمەش تیپەكە دەنگ دانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە، زیاتر كوردستانیان بەتیپەكە ئاشنا بوون دوای ئەوە تیپەكە لە چالاكی ھونەری بەردەوام بوو لەزۆر بەی فیستڤاڵی هونەری گۆرانی‌و موزیك بەشداری كارای هەبوو وە بەشداری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی كرد یەكێك لەو بەرنامانە بەرنامەی هەرجارەی لەپارێزگایەك (سهرە ئەربیلییە) لەتەلەفزیۆنی عێراق بوو چەندین گۆرانی لەو بەرنامەیە پێشكەش كران وەكو (هەی مینە عەمرم مینە، هۆپ زندان‌و هۆپ زندان، دەك نەمینێم ئەلەززە، ئایشۆكی دەلالی دبلا وابی هەروابی ،وەزتازەممە وەزتازەممە، خان ئەمیری) لەگەڵ گۆرانی پەشیمانی لە هۆنراوەی شاعیرەی گەورەی كوردی گۆران ئاوازی هونەرمەند وریا ئەحمەد ووتنی كۆرس.

ئەوەی راستی بێت من زۆر هەوڵمدا ئەندامانی ئەو تیپە بدۆزمەوە بۆ ئەوەی گفتۆگۆیەكی هونەرییان لەگەڵ ساز بدەم باس و خواسی تیپەكەیان لەگەڵ بكەم، بەداخەوە بەهۆكاری ئەوەی زۆبەیان لەهونەرەكە دووركەوتونەتەوە ،یان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ژیان دەگورزەێنن، ئەو دەرفەتەم بەنەگونجا، بەڵام لەرێگەی مامۆستای هونەرمەند وریا ئەحمەد توانیم پەیوەندی بە خاتوو (ناسكە عزەدین مەحیەدین) بكەم كە ئێستا مامۆستایە لەیەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر تاكە ئەندامی ئەو تیپەیە تائێستا بەردەوامە كە جگە لە بواری موزیك و سروود لەبواری دیزاینش دەستێكی باڵای هەیە.

ناسكەخان پێراگەیاندم، كە ئەو هەر لەسەرەتای دامەزراندانی تیپ لەساڵی 1980 پەیوەندی بەتیپی (خانزاد) كردوە هەروەها دەڵێت: بەسەرپەریشتی هونەرمەند وریا ئەحمەد ئەم تیپە دامەزرا ئەو راهێنان‌ و مەشقی پێكردین كۆمەڵێ ژەنیاری بەتوانا لەژێر دەستی ئەم كەڵە هونەرمەندە پێگەیشت منیش وەكو ژنیاری فلوت بەشدار بووم خۆشم دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی موسڵ بەشی موزیكم لەكۆتییدا وتی: شانازیش دەكەم كە ئەندامێكی كارای تیپی (خانزاد) بووم، بەشداری سەرجەم چالاكیەكانم كردوە.

لەو كاتەی لەساڵاكانی هەشتاییەكان شەڕی نێوان عێراق‌ و ئێران تا دەهات شەڕەكە زۆر گەرم‌و خوێناوی تر دەبوو بۆیە هەموو شتێكی دەوڵەت لەخزمەت ئەو شەڕە بوو كاتیش داوا لەو تیپە دەكرێت سرودو گۆرانی بۆ بەعس و دكتاتۆرەكەی بڵێن مامۆستای هونەرمەند وریا ئەحەمد واز لە تیپەكە دەهێنێت لە دوایی ئەو چەند هونەرمەندێك لەو شوێنی ئەو دانرا وەكو هونەرمەندی خوالێی خۆشبێت (شێرزاد عوزێری) بەڵام هیچ بەرهەمێكی ئەوتۆیان نەبوو، بۆیە تیپەكەش دوای چالاكی وەك پێویست نابێت.

ئەو فاكتەرەی وای لەئێمەمانان كردوە بەو كورتە باسەئەم تیپە وەبیر ئێوە بهێنینەوە بۆ ئەو خزمەتە پڕشكۆییەی تیپی موزیكی خانزادی كچان بووە بە تایبەتی هەوڵ و كۆششی مامۆستای ئازیزی هونەرمەند (وریا ئەحمەد) كەلەو بارو دۆخەدا خزمەتێكی بەرچاوی هونەری گۆرانی موزیكی كوردی بكات لێرە دەست خۆشی لێدەكەم لەهەمانكاتدا سوپاسی دەكەم بۆ پێیدانی زانیاری لەسەر ئەم تیپە پڕ بەخشندە لێرەشەوە سوپاسی خوشكی بەرێزم (ناسكە) خان بۆ هاوكاری‌و پێدانی زانیاری بۆ نووسینی ئەم بابەتە.




لە لێواری هەزار بە هەزارەکانا، بۆ ..ئاخر بۆ.. شیعری نەوزاد بەندی

من ئەمزانی عاجز ئەبی ،
بۆیە زۆر جار لەگەڵ تۆدا ،
تەنیاییشم بانگهێشت ئەکرد ..!
ئەی تۆ بۆچی زۆرجار ،
لەگەڵ مندا ،
زەنگێکیشت بۆ تەنیایی لێ نەئەدا ؟

٭ ٭ ٭

کاتێ کە تۆ پەیڤەکانت
ئەچپاند بە گوێما ، ئەمزانی
بە جێم دێڵی ..
بۆیە وەک پشیلەیەکی دەستەمۆ ،
تەنیاییم لەگەڵدا بوو ، ئەز ..
ئەی کاتێ من پەیڤەکانم
لە نوکی پارکەرەکەوە
بۆ ئەنوسیت ،
بۆچی نەتزانی جێت دێڵم ؟
بۆ تەنیاییت ،
وەک توتییەک لەگەڵ خۆتا نەئەهێنا ؟

٭ ٭ ٭

هیچ نەبێ ، کە ڕۆیشتی ،
ئەژنۆم نەشکا ..
بە کاوەخۆ هەستامە سەر پێ ..نەکەوتم ..
ئاگادار
لە دڕک و
ووردە شوشەکانی بەر پێ ..
هیچ نەبێ ، کە ڕۆیشتم ،
ئەژنۆت نەشکایه ..نە ..
بتتوانیایە بێیتە سەر پێ ..
بێ ئاگا نەبوویتایە ..نە ..
لە دڕک و
ووردە شوشەی
گڵاسە شکاوەکەی بەر پێ ..؟

٭ ٭ ٭

ئێستا ئیتر ،
چیدی بە کەس ناڵێم ،
وام لە پارک و پیاسە ئەکەم و
تەنیایی
وەختە تەواو توێکاریم کا ..
با توێکاریم کا ..قەیناکا ..
چیدی بە کەس ناڵێم ،
بۆ گەشتێکی دوورە وڵات ..
با خۆڵ و خاشاکی ئێرە ،
چۆنی بوێ
گەچکاریم کا ..
با خەم بێت و ، لە هەر چوار لا ،
دەسکاریم کا ..
زوڵم فێری زۆرداریم کا ..
با دڵم ڕەق بێ ،قەیناکا ..
ئیتر شیعر نەوێرێ توخنیشی کەوێ ..
فێری جەور و
تاوانباریم کا …قەیناکا

٭ ٭ ٭

بەڵام عەسرێ ،
لەپڕا تۆم بیر دێتەوە ..
بۆ وات نەکرد ،
عەسرێ له پڕ
منت بیربکەوێتەوە ؟

٭ ٭ ٭

ئەمووت : کە ڕۆیشت ،
با هیچ نەبێ تەنیاییم
لەگەڵ بێ تا دێمەوە ..
ئاخر بۆچی بە خۆت نەگووت :
کاتێ ئەو ڕۆی ،
با هیچ نەبێ تەنیایی ،
لەگەڵمدا بێ تا دێمەوە ؟

٭ ٭ ٭

کە ڕۆیشتی ،
نەک هەر چنگێ لە خۆتت
جێ نەهێشت بۆم
تەنانەت پارکەرەکەی
سەر مێزەکەت کۆکردەوە و
بردت لەگەڵ جانتاکەتا ..
وێنەی خۆت و جانتاکەتم له پڕ کێشا ..
کاتێ هەموو شتێکتان کۆ ئەکردەوە ،
بۆ ئەوەی من
بە تەواوەتیی بێ کەس بم ..
من هیچم کۆ نەکردەوە ،
کاتێ هەستام ،
لە دوورەوە خۆمم بینی ،
بێ بەرنامە ، دانیشتبوو ..

٭ ٭ ٭

ئێستا لە قەڵەباڵغییەکانا ،
خۆم ئەبینم و..
نایناسمەوە ..
خۆم ئەمبینێ و
نامناسێتەوە ..
گەڕاومەتەوە سەر خووەکانی مناڵیم ..
بە دوای حەکایەتێکا ئەگەڕێم ،
تۆم به دڵڕەق بۆ باس بکا ..
وەک ئۆتێللۆ ،
کە بە بێ هۆ ،
تاقە دێزدەموناکەی کوشت ..
بۆچی بە دوای حەکایەتێکا نەگەڕای ،
من بە دڵڕەق نیشان بدا ؟
وەک هاملێت ،
لەگەڵ دایکیدا ؟

٭ ٭ ٭

نا ..قەیناکا
ئیتر نامەوێ ،
لە شارێ،
کە هەموو ڕۆژێ بارانە ..
لە شەقامێ ،
کە 24 سەعات شەماڵ ..
بای دەریاکان به خۆڕایی دابەش ئەکا ..
نامەوێ
لە شارێکا بم ،
کەس نەناسم بێجگە له تۆ ..
کەس نەناسی بێجگە لە من ..
لە کافێیەکی پڕ لە خەڵک ،
کە دڵۆپەیەک جێگا نییە بۆ تەنیایی ،
نامەوێ بتبینم ..لەوێ ..
ئەی تۆ ،
بۆ بڕیارت نەدا ،
حەز نەکەی
بمبینی لەوێ ،
کە کەس نەتناسێ بێجگە من
کە کەس نەناسی بێجگە من ..
شەماڵ ،
به شەقامەکانا
بە خۆڕایی ، بای دەریاکان ساغ کاتەوە ..
کە لە کافێیەکی جەنجاڵا ،
کە تەنیایی بۆ خوێی چێشتیش
دەست نەکەوێ ،
هێشتا نەتەوێ بمبینی ؟
بۆ ؟
ئاخر بۆ …ئەو هەموو خەمەت بۆ من خوارد ؟
ئەو هەموو ڕۆژە
هەواڵێ ..
نامەیەکی سارد و سڕیشت
هەر نەنارد ..
بۆ ..
ئاخر ..بۆ …؟




هەزاردەستان.. شیعری شەهلا نوری

شار پڕبو له هاوار
بۆ تەماشایەکی تۆ
تۆێ عەندلیب
خۆشخوانی باخ و وگوڵستان
ئەی سەرداری من
مرغی خۆش ئەلحانی پڕ له گوڵزارم وەره
تۆی کتێبی زەبوری عەیش و طەرب
عيشق ونەوازى منى
تۆى عەندليب، غەزەلخوانى
له جەمعى فەن وبەيانی
هەوارگەی دڵانیت
كوا چەهچەهەی شیعرت
کوا نەغمەی دڵی مەوزونت
سەراسەر کاشانه، عیشقه شەهلا
بێستانسەرای
هەزارداستانیت




شەنگال و پاشای كۆرەو ئەبوبەكر بەغدادی.. عەلی مەحمود محەمەد

زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن, هەموو ئەو تاوانانەی داعش ئەمرۆ ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە بەردەوام بووە, زیاتر لە 127 جار بە زیاترەوە كۆمەڵكوژییەكانیان دووبارە بووەتەوە “خیری شنكالی : تعریف الدیانە الایزدیە للالمان “.
لە ماوەی دوانزە سەدەی رابردوودا ئێزیدییەكان بەردەوام جینۆساید و تاڵان كراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون یان بەخشراون و وەك دەستكەوتی تاڵانی جەنگ دابەشكراون, پیاوان و منداڵانیشیان كراون بە كۆیلە و لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕدراوە, یاخود باج و سەرانەی زۆریان بەسەردا سەپێنراوە” سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە ملیۆنێ و نیوێك ئێزیدی لە ماوەی نێوان شەڕی چاڵدیران لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی بۆ كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەم لە ساڵی ١٩١٩ی زایینی لە لایەن عوسمانی و سەفەوی و عێراق و هەندێك میرو شێخی كوردەوە كوژراون- خیری شنكالی :تعریف الدیانە الایزدیە للالمان ” “, تەواوی ئەو تاوانانەش كە كراون بەرگی پیرۆزییان بەبەردا كراوەو بە جیهاد و غەزا لە مێژوودا ناوزەد كراون, لەو 73 فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین, پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشدارییان لە زۆربەی تاوانەكاندا كردووەو شانازیشیان پێوەی كردووە,بەشداریەكەیان چ بە شێوەی سەربەخۆ ئەنجامدراون, یاخود لە ژێر ئای سوپای عوسمانی و سەفەوی و عێراقی و ئیتحاد و تەرەقی و… , هەندێك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووەو تاكە بكەر و فەرماندەری تاوانەكان بوونە, تەنانەت تاوانەكانیان وەحشانەترینیان بووە لە مێژوودا, ئەم تاوانبارە مەزنانە لە مێژوودا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە هەژمار كراون و ئێستاش شانازییان پێوە دەكرێت, وەلێ لە دوا فەرماندا, فەرمانی رۆژی چوار شەمە رەشەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعش, بە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانەوە تاوانەكان رابردوویان دوبارە كردەوە, عەقڵی تاكی كوردی دوای سەدەیەك لە گۆڕانكاری سیاسی و رۆشنبیری لە كۆمەڵگای كوردیدا, ئیتر ئێستا زۆرینەی پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكەو شانازیكەر نین بە جینۆسایدەوەو تاڵان كەر نین بە ماڵ و ژنی ئێزیدیەكانەوە, ئەو مێژووەی رابردووش بە مێژووی شانازی خۆیان نازانن, بگرە بە پێچەوانەوە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە, بۆ یەكەمجار ئێزیدی بوون دەبێتە شانازی بۆ دەستە بژێرێكی گەل, ئەو چوار شەمە رەشەی 3-8 لە تاوانەكانی داعشدا, بە بەردەم راگەیاندنەكانەوە چەندە رەشە قێزەونترە بێت, دوا فەرمانی 3-8 دەبێتە دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و كۆی73 فەرمانەكەی پێشوو و كۆی پەلامارەكانی دیكە, لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە و لە گەڵیدا مێژووش دادگایی دەكاتەوە, دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراوو رەش لە خۆی و مێژوو, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە, مێژوو قێزەون دەبێت بە درۆو تاوان, 3ی ئاب لە شانازییەوە دەگۆرێت بۆ دادگاییكردنی مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو, 74 دەبێتە پرۆسەی دادگاییكردنی 73 فەرمانەكەی پێشوو, داعش دەبێتە ئاوێنەی سیمای پیاوە پیرۆزەكانی رابردوو لە تاوانەكانی ئەودا دادگایی دەكرێنەوە.
لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا بە تایبەت بەشە پیاوەكەی, هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان, كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش, بگرە لە دەنگدانەكەی پەرلەمانی كوردستاندا زیاتر لە 25% دەنگیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان نەدا, كەمایەتییەكی زۆر بچوكی كۆمەڵگای كوردی نەبێت, بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە, ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش چواری هەشت رەش نین, ئیتر شەمەی 3-8-2019, هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن, ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەینەوە, ئیتر فەرمان” لە بنەچەدا وشەیەكی فارسییە بە واتای بڕیار “فەرمانێك، حوكمێك، یان دەستوورێك كە سوڵتانی عوسمانی واژۆی لەسەر كردبێت دێت.” فەرمانی عوسمانی یاسایەكە كە خودی سوڵتانی عوسمانی فەرمانی پێكردووە و لەلایەن ئەوەوە واژۆ كراوە و كاریگەرە و ناگەڕێتەوە و جێگای رەتكردنەوە نییە, لە پیرۆزییەوە دەبێتە قێزەون.
دەستەواژەی فەرمان بەرگی پیرۆزی لەبەر دادەكەنرێت و ناشرین و بێزلێكراوە, ئیتر هەموو رقمان لە وشەی فەرمانە, ئیتر فەرمان وەك وشەی ئەنفال قێز لێكەرەوەیە, بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەكانی هاوشێوەی رابردوو دەكەینەوە ئیتر فتوادەرانی فەرمانەكانیش لە پیرۆزی دەخەین و لە تاوانەكانی داعشەوە دادگاییان دەكەین, هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەكانی چوار شەمە رەشەكە,ئیتر هەموو 3-8 ێك بووە بە بەشێك لە یاداوەری گەلێك, بووە بە دابڕان لە گەڵ مێژووی 1200 ساڵەی رابردوو و هەر 73 فەرمانەكەی پێشو تر, بووە بە دابڕان لە كلتورو تاوانی داعشیانە.
لە فتوكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( 780-855 م ) ەوە, تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە (“خطیب المفسرین” شیخ الإسلام, مفتی القسطنطینیە) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر ناو زەد كردووە, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانیانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد,جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژووەوە, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدەو تاوانباری جینۆسایدە, كە سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەكی رەسەنی سەرەكی گرنگ كە ناوی ئێزیدییە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت, وەك ئەوەی ئێستا داعش كردی, عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریكرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان, بە پیرۆزیش زانراو كەسیش بە یەك دێر دژی نەوەستایەوە.
قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە, لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكردووە, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 رەوایەتی ئاینی پێ بەخشی و پیرۆزی دا بە قڕ كردنەكە لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و تاوان بوو بۆ ئێزیدییەكان, ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا تورك و فارس و عەرەبەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, ئەگەر كوردیشن ئەوا دوو جار تاوانبارن, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, بۆیە پاشای كۆرە ئیتر پاڵەوانە مێژووەكە نابێت ببێت, ئەو بكەری تاوانی گەورەیەو دەبێت دادگاییبكرێت, ئەو لە مێژوودا تاوانباری جینۆسایدە.

داعش و پاشای كۆرە, كامیان تاوانبارترن؟
داعش 6417 كەسی لە ئێزیدییەكان رفاند لەوانە نزیك 3600 كەسیان تاكو ئێستا گەڕاونەتەوە, واتا 2783 كەسیان ماون و شوێنبزرن, 1397 كەسیشی كوشتووە, بەلام پاشای كۆرەی رەواندز كە بە ویقارەوە پەیكەرەكەی لە رەواندزە, زیاتر لە 95%ی ئێزیدییەكانی كوشتووە و بە كەنیزەك كردووە, لە كۆیەوە بۆ سەر زێی گەورە یەك كەسیانی لەسەر ئەو جوگرافیایە نەهێشتووە” ایاد جلال بابان یعید افترا‌وات المندوب السامی البریطانی-صباح كنجی”.
هێنری لایارد (شوێنەوارناس 5-3-1817 پاریس بۆ 5-7-1984)، كە ڕۆڵی هەبووە لە وەستاندنی كۆمەڵكوژییەكە لە ئاستانە پایتەختی عوسمانی، باسی لەوە كردووە كە نزیكەی سێ لەسەر چواری دانیشتوانی ئێزیدی شاخ كوژراون.
لە پەلامارەكەی پاشای كۆرە تالان و كوشت و بڕ ناوچەكانی شێخان و قوش و ئاكرێ و دەشتی موسڵ و كەڵەك و حەریر و چیای مەقلوب .. گرتەوە, بەشێوەیەك دوو ئیمارەی ئێزیدی كوشت و بڕ كران و لەناو بران, باس لە كوشتنی 135000 كەس و بە دیل و سەبایە كردنی 10000 كەس دەكرێت كە عەلی بەگ سەرۆكی ئیچزیددییەكان لەناو دیلەكان بوو دواتر بەدیلی كوشتی, لەو پرۆسەیە پاشای كۆرەی رەواندز 500 كچی جوانی ئێزیدی پێشكەش بە ئەمیرەكانی بابان و پشدەرو كۆیە…. كردو ئەوانی دیكەی بەسەر موجاهدینەكاندا دابەش كرد.
ئەگەر چەندە زێدە رۆیی لە ئامارەكاندا كرابێت, وەلێ هەر ئەوە راستە تاوانەكانی پاشای كۆرە چەند جاری داعش بووە, بهێننە پێش چاوی خۆتان پەیكەر بۆ ئەبو بەكر بەغدادی دروست بكرێت؟,چەندە بە ئازار دەبێت, ئەگەر دەمانەوێت ئێزیدییەكان ئاشت بكەینەوەو ئەوا پێویستە لە پەیكەرەكەی پاشای كۆرەوە دەست پێ بكەین و داوای لێبوردنیان لێ بكەین, ناوچەكانیان لە گۆڕینی دیموگرافی بپارێزین و چەند كورسییەكی كۆتاشیان لە پەرلەمانی كوردستاندا بۆ تەرخان كرێت وەك دەستپێك.

عەلی مەحمود محەمەد




ئەتمۆسفێری زمان لە دووشیعری خولیا حوسێندا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان زمان، پەیوەندییەكی هزری و ئۆرگانی بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە. زمان هەر تەنها خاسیەتێك نییە كە مرۆڤ لە بوونەوەرەكانی دیكە جیا دەكاتەوە، بەڵكو هایدگەر دەڵێت، زمان ماڵی بوونە. ئێمە لە ڕێی زمانەوە دەتوانین گوزارشت لە خۆمان و دەورو بەرمان بكەین. زمان ئامرازێكە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕاو پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر. لە زۆركاتدا، زمان دەبێتە هێمایەك بۆ ناسینەوەی دۆخی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی مرۆڤ، بەو مانایەی دەشێ لە ڕێی زمانەوە، لە باری دەروونی ئەو كەسە بگەین. وەك ئەوەی بەشێك لە مرۆڤەكان كە تووڕە دەبن، دەنگیان بەرزدەكەنەوە، یاخود لە ڕێی زمانەوە دەكەونە پەرچە كردارەوە لە گەڵ دەوروبەر. بۆ هەر گوزارشتكردنێك، مرۆڤ جۆرێك لە زمان پەیڕەو دەكات. لە شەڕدا، زمانی توندوو لە هێمنیدا، زمانێكی ئارام و لە زەلیلیشدا، زمانی پاڕانەوە و كروزانەوە. بۆیە زمان دەروازەیەكە كە دەشێ لێیەوە، لە بەرامبەرەكەمان بگەین. زمان لە دەقی شیعریدا، ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە، چونكە هەر شیعر خۆی وەك دەقێك لە وێنەی هونەری پێك دێت و ئەو وێنەیەش لە ڕێی زمانەوە بینا دەكرێت. زمانی شیعری لەیەك كاتدا، زمانی مانا و زمانی جوانی و چێژ و ماناشە. ئەوە گرنگ نییە، دەقێكی شیعری زمانێكی سادەی هەیە یان ئاڵۆز، ئەوە گرنگە، ئەو زمانە چەند دەتوانێت وێنەیەكی هونەری جوان لە شیعردا بەرجەستە بكات. زۆرجار لە شیعردا، هەست بە هەڵكشان، یان داكشان لە ڕێی زمانەوە دەكەین. ئەگەر ئەی ڕەقیبی دڵدار وەربگرین، لە كاتی خوێنەوەی ئەو شیعرەدا، خوێنەر ناڕاستەو خۆ دەكەوێتە دۆخێكی دەروونی كە پێویستی بە زمانێكی بەرز، گوزارشتێكی تووند هەیە، بەڵام كاتێ شیعرێكی گۆران دەخوێنینەوە، هەست دەكەین زمانی ئەو شیعرە، زمانێكی هێمن، یاخود تراژیدییە، كە هەڵگری وێنەیەكی غەمگینە. بیست و هەفت ساڵەی بێكەس، هەر تەنها گوزارشت لە ستەمی كورد ناكات، بەڵكو بێكەس لە ڕێی زمانی ئەو شیعرەوە ئینگلیزەكانیش شەرمەزاری مێژوو دەكات. كەواتە لە هەموو بارێكدا، زمان یەك جۆر گوزارشتكردنی نییە، بەڵام هەمیشە پەیوەندی بە لایەنی دەروونی و هزریی مرۆڤەوە هەیە. زمانی نووسینی شیعر، پەیوەندییەكی سایكۆلۆژیی و هزری بە شاعیرەوە هەیە كە وەك ئەتمۆسفێرێك دەشێ باری دەروونی شاعیری پێ بناسینەوە.. چونكە نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت كە زمان، ڕەنگدانەوەی هزر و كەسی مرۆڤە. سوقرات دەڵێت: (بدوێ تا بزانم كێی). بۆیە هیچ كاتێك ناتوانین مرۆڤ لەو ژینگە و دەوروبەر و داببرێنین كە تیایدا دەژیت. بە تایبەتی كە خۆی لە ژێر كاریگەریەتی واقیع و ژیانی نێو كۆمەلگەدایە. شاعیرانیش، بەشێكن لەو ژیان و بوونەی هەموومان تیایدا دەژین، بۆیە دەكەوێتە ژێر كاریگەریەتی دەوروبەر. ئەمەش ڕەنگدانەوەی لە سەر زمان و دەقی شیعری دەبێت، چونكە زمان بە بێ ئاراستەكردنی هزریی، بە ئەركی خۆی هەڵناستێت و هەر كاردانەوەیەكی هزریش، دواجار ڕەنگدانەوەی لە سەر باری دەروونی مرۆڤ دەبێت و دواتریش ئەو كاریگەریەتییە لە ڕێی زمانەوە خۆی پیشان دەدات، وەك ئەوەی مرۆڤ لە تووڕەبووندا، زمانی توندوو لە هێمنی و ئارامیشدا، زمانێكی هێمنی هەیە. خولیا حوسێنی شاعیر، لە دوو شیعری جیاوازدا، بە دوو ئاستی جیاواز، گوزارشت لە زمانی شیعری دەكات و ئەو ئاستە جیاوازە بە ئەندازەیەك لەمەودای دوو دەقی شیعری جیاوازدا خراونەتە ڕوو. بە جۆرێك لە دەقێكیان، زمانێكی ئارام و لەویتریان خێراو تووندە. لە دەقێكیان، زمانێكی ئستاتیكی و وەسفییە، لەویتریان زمانێكی دروشماویی و تووڕەیە. لە دەقێكیان، زمان بە ئەركی سرووشتییانەی خۆی كە گێڕانەوە یان وەسفە هەڵدەستێت، بەڵام لەوەی تریان كاردانەوەی دەروونییە، كە لە ڕێی زمانەوە گوزارشتی لێ دەكرێت. خولیا حوسێن لە شیعری (ڕۆژگارە نارنجییەكان) دا دەڵێت:_
لە نێو گۆمی تەڵخی ڕاوەستاویی ئەم ژیانە جەنجاڵەدا
چوومە دەرێ دەستی ڕۆژگارە نارنجییەكانی تەمەنم گرت و
بە یەكەوە شۆڕبووینەوە بۆ ناو كۆڵانەنە سەوزەكانی
ئەو ساتانەی لە نێو دەفتەری بیرەوەریەكانمدا دەدرەوشێنەوە
چووینەوە نێو باخچە پەمەیەكانی منداڵی خۆمان
زمان لەو دەقەدا، زمانێكی هێور و ئارامە، زمانێكە هەڵگریی هەستێكی نوستالۆژیانەیە، كە تاسەی گەڕانەوە لە سەردەمێكی پڕ لە نامۆیی و ژاوەژاوەدا، لە سەروبەندی پاییزی تەمەندا، بۆ منداڵی دەكات، كە ئەو بە ڕۆژگارە نارنجییەكان ناوی دێنێت. نارنجی، ڕەنگێكە هێمای درەوشانەوە و ئاسوودەیی و كرانەوەیە، ڕەنگێكە، گوزارشت، لە هێمنی و شادی دەكات، بۆیە شاعیر ئەو ڕۆژگارە لە ژیانی خۆی، بە ڕۆژگارە نارنجییەكان ناودەبات. زمان لێرەدا، ڕووداوێك دەگێڕێتەوە و لە ئێستاوە شاعیر دەباتەوە تەمەنی منداڵی، بەو مانایەی ئەو زمانە لە ڕێگەی كردەی گێڕانەوە، ئەو ڕۆژگارە دێنێتەوە نێو واقیعی ژیانی ئێستای شاعیر و لەو ڕێگەیەوە، ژیانی ئێستای بەراورد بە دوێنێ دەكات و لێرەوەش ژیانی دوێنێی لا جوانتر و خۆشترە، گەرچی ژیانێكی سادە و ساكاریش بووە. ئەم گەڕانەوەیە، كە گەڕانەوەیەكی خەیاڵی و یادەوەرییە و لە ڕێگەی زمانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەم زمانەش هەڵگڕی خەسڵەتێكی نوستالۆژی وگێڕانەوەیە. شاعیر لەو گەڕانەوەیەدا، وەسفی ژیانی دوێنێ دەكات و لەو دیمەن و شوێن ویادگارییە جوانانە ڕادەمێنێت، كە بەشێك بوونە لەجوانییەكانی ژیانی و ئێستا بە هەموو خەیاڵ و تاسە بیری ئەو ڕۆژانە دەكاتەوە و ئارەزوو دەكات، ژیان وەك ئەوكاتی لێ بێتەوە، كە ئەمەش بەشێكە لە تێگەیشتنی مرۆڤی كورد لەو سەردەمەدا، كە هەمیشە بڕوای وایە، جوانییەكانی ژیان لە دوێنێ بە جێمان، بۆیە خولیای شاعیر، لە وێنا كردن و وەسفكردنی ژیانی ڕابردوودا، بەردەوام دەبێت وئەمجارەیان دەڵێت:_
چووینەوە نێوباخچە پەمەییەكانی منداڵی
لە ژێر پڕشنگی چێشتەنگاوێكی زەرد زەرد
زەردتر لە تووتكی جووجكە تازە ترووكاوەكانی نێوكۆریتی بەختەوەری
زەردتر لە چاوی تازە هەڵاتووی گوجیلە سەگەكانی سەر جۆخینی پووشپەڕان
شاعیر بە گەڕانەوە بۆ كەرستە و شوێن و ئاماژەكانی ژیانی ڕابردوو، دەمان باتە نێو ژیانی دوێنێ و هەموو ئەو سیما ژیانەی سادە و بەختەوەرییانەی دوێنمان بیر دێنێتەوە. وشەكانی كۆریت، جووجكە، گوجیلە سەگ، جۆخین، پووشپەڕ كەشیدەی حاجی و مۆری مۆریانی وكەلایانێ و چەندانی دیكەش كە لە شیعرەكەدا هەن، گوزارشت لە ژیانی ڕابردوودەكەن و بەشێك بوونە لە پێكهاتەی ژیانی مرۆڤی كورد وگوندنشینان بە تایبەتی، پێچەوانەی گوندەكانی ئەمڕۆ، كە لە سایەی دەسەڵاتی كوردیدا، مۆركی گوندییانەیان پێوە نەماوەتەوە، كولتووری بەرخۆری مشەخۆری و بە فەرمانبەریكردن، لە پێناو ململانێی ناسیاسییانەی حزبایەتی، هەموو سیما جوانەكانی ژیانی گوندایەتی و جوتیار و كرێكاریان شێواند. بۆیە هیچ كام لەوسیما جوان وسادانەی ژیانی كۆمەڵی كوردەواری لە ڕابردوودا، نەماون و هەژموونی بە ناو پێشكەوتن و دنیای سەرمایەداریی و بە ئامێركردن و بەنەرجسیكردنی خود، ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤی كوردی بە داخەوەتەنیوە و وێران كرد. بێگومان پێچەوانەی ئەو هێوریەی زمان كە لەو شیعرەدا هەیە، خولیا ئەمجارەیان لە شیعری ( سەمای مەرگی پەپوولەكان)دا، بە زمانێكی توند، تووڕە و نیگەران دەدوێت و ڕەخنەدەگرێت و باسی نەهامەتییەكانی ژن، لە سایەی ئەقڵی پیاوسالاریی و بەستنەوەی كۆدەكانی شەڕەف بە جەستە و بوونی ژن دەكات و دەڵێت:_
سێ هەزار جار كوژرام
بریسكەی سێ هەزار خەنجەری دەبان
لە نێو برینەكانی مندا هاتووچۆ دەكەن
لە ڕووی زەمەنییەوە، ئەوە بە نادیاری ماوەتەوە كە شاعیر بۆچی، لە ڕووی زەمەن و ژمارەییەوە باس لە سێ هەزار ساڵ دەكات؟ ئەمە هەر ڕێكەوتێكی ژمارەییە، یان جیهانبینییەكی شیعرییانەی شاراوەی لە پشتە؟ بڕوا ناكەم ئەم ژمارەیە، شاعیر هەر لە خۆیەوە بێ بەستنەوەی بە دەلالەتێكی مێژوویی و زەمەنییەوە بوونی هەبێت. بەو مانایەی بۆچی گوزارشت لەو كوشتنەی خۆی بە سێ هەزار ساڵ دەكات؟ ئەم چوارچێوە مێژووییە بۆ كوشتنی ژن، بە بەردەوامی تا ئێستا ڕەهەندێكی دەروونی هەیە و پەیوەستە بە تێڕوانینی شاعیرەوە بۆ چەوسانەوەو ڕشتنی خوێنی ژن. هەمیشە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، بڕوای وایە، كە ئەمە حەوا بوو، وەك ژنێك پیاوی بە هەڵە دابردوو، مرۆڤەكانی لە بەهەشت بێ بەش كرد، بۆیە شیاوی ئەوەیە بە بەردەوامی لە پای ئەو هەڵەیەی كردوویەتی، باجی هەڵەكەی بدات، ئەم ڕوانیینە پەتریاكی و ئایینی و دواكەوتوویە، ڕەوایەتییەك بە كوشتنی ژن دەدات و هەزار و چوار سەد ساڵە بەردەوامە، بێگومان بەر لە ئیسلامیشـدا، لە سەردەمی جاهیلیدا، ژنان زیندە بە چاڵ دەكران، ئەگەر بە تێكرایی ئەو مێژووە پەیوەست بكەین بە كردەی كوشتنی ژنەوە، ئەوا بە تێكڕایی سێ هەزار ساڵێك دەكات، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، سێ هەزار ساڵ وەك ژمارە، وەك قۆناغ و زەمەنێك كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو بەردەوامی هەیە، هەتا ئەوچركە ساتانەی ئێستا، بۆیە شاعیر كوشتنی ژن وەك ڕووداوێك، بە ڕابردوو بە ئێستایی ناكات، بەڵكو وەك ڕووداوێكی بەردەوام دەیبینێت، بەڵام ڕووداوێكی بێ ئاكام كە هیچ دەرەنجامێكی نابێت، چونكە شاعیر لە كۆتایی شیعرەكەیدا، جەخت لە مانەوەی خۆی وەك ژنێك، كە هێمایە بۆ مانەوەی ڕەگەزی ژن بە گشتی دەكات و دەست بە ژیانەوە دەگرێت و ئەم كوشتنە نایسڕێتەوە، وەك ئەوەی دەڵێت:_
بەردبارانیان كردم
لەگەڵ ئازاری هەر بەردێكدا شەپۆڵەكانی مەرگ
سێ هەزارجار سەمایان پێ دەكردم ونەشیان دەبردم
هەر چركەیەكم لێ دەبووە سێ هەزار ساڵ و
هەر نەشدەمرم
جەخت كردنەوە، لە مانەوەی خۆی وەك ژنێك، وێرای كوشتن و بەردبارانكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆڵەكانی مردن، پەیامێكە بە زمانێكی تووند ئاراستەی كۆمەڵگە و پیاویش دەكرێت، كە ئیدی كردەی كوشتنی ژن كۆتایی پێ بێنن، چونكە دواجار، ژن و ژیان، دووانەیەكی تەواوكەری یەكترین و ژن بە كوشتن كۆتایی نایەت، بەمەش وێرای ئەو هەموو چەوسانەوە و كوشتن وخوێنە، ژنان دەست بە ژیانەوە دەگرن بێ ئەوەی بیر لە تۆڵە سەندنەوە بكەنەوە. خولیا لەو شیعرەیدا، پێچەوانەی ڕۆژگارە نارنجییەكان، بە زمانێكی تووڕە و توند دەدوێت، زمانێكی خرۆشاویی و ڕەخنەیی، كە ڕەخنە لەو ئەقڵە پیاوسالارییە دەگرێت، كە بڕوای وایە شەڕەفی ئەو و كۆمەڵگە لە ژندایەو گەر ئەو شەڕەفەی تكاند، ئیدی دەبێ بكوژرێت. ئەم شیعرە، گوتارێكی ڕەخنەیی و ڕیفۆرمی هەیە و پەیامێكە ڕووەوە پیاو كە چەندین ساڵە ژن دەكوژێت، كەچی ئەوان هەر ماون. زمان لە هەردوو شیعرەكەدا، چەند خەسڵەتێكی هاوبەشی هەیە، زمانی هەردوو دەقەكە، زمانێكی (نێرەرن) واتا گوتارێك دەگەیەنن، كە یەكەمیان گوزارشت لە ژیانی سادەی دوێنێ دەكات، ئەویتریش گوزارشت لە كوشتنی ژن، هەردوو زمانەكە، ئاراستەیەكی ڕەخنەیان هەیە لە دنیای سەرمایەداریی و ژیانی جەنجاڵی ئەمڕۆ و نەریتێكی دواكەوتووی كۆمەڵگە، كە ئەویش بە داخەوە كوشتنی ژنە. زمان لە هەردوو شیعرەكەدا، ڕەنگدانەوەی دوو تیمەی جیاوزان و بە پێكهاتەی وشەسازیان، گوزارشت لە گوتاری شیعری دەكەن، بەوەی كە ڕۆژگارە نارنجییەكان، بە گەڕانەوەی بۆ دیمەن وماتریالەكانی ڕابردوو، باسی ئەو كات دەكات و سەمای مەرگی پەپوولەكانیش، لە ڕێگەی وشەكانی كوشتن و مردن و خوێن، گوزارشت لە ڕووداوی كوشتنی ژن بەپاساوی شەڕەف دەكەن. زمان لە هەردوو دەقەكەدا، زمانێكی سادە و ڕوونە، زمانێكە تێماو ئاماژە شیعرییەكان بە ڕوونی دەگەیەنێت و هەڵگڕی دیدگایەكی ڕەخنەیین، لە ژیان و ڕووداوەكانی نێو ژیانیش، بە تایبەتی پەیوەست بە ژن وچەوسانەوەی ژن. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم كە من پێشتریش لەبارەی شیعری خولیا نووسیومە، خولیا ژنە شاعیرێكی بێ دەنگ و جواننووسە، ئەوەی خولیا لە دەیان ژنە شاعیری دیكە جیا دەكاتەوە ئەوەیە، كە هەرگیز ناكرووزێتەوە و نانووشتێتەوە لە بەرانبەر پیاو، پیاوی خۆشدەوێت، بەڵام كۆیلەی پیاو نییە، ئەو لەو شاعیرە ژنانە نییە، كە لە شیعرەكانییان دەكرووزێنەوە بۆ ئەوەی پیاوێك نامەیەك، یان (مووێكی زبری ) لە شی پیاوانەی خۆیان لە نامەیەكدا بۆ بنێرێت، ئەو بەو پێیەی ئەقڵ و دنیابینەكی كۆمۆنیستانە ومرۆڤانەی هەیە، ئیدی پیاو وەك مرۆڤ دەبینێت و ژنیش وەك مرۆڤ، هەر كاتێكیش ئەم ڕوانگە مرۆییانە زاڵ بوو بە سەر ڕوانگەی پیاوانە لە شیعردا، مەحاڵە ژنە شاعیرێك ببێتە دیلی ئەشقی پیاو و جەستەی پڕ مووی، یاخود خۆی لەوكەمتر ببینێت، وەك ئەوەی بەشێكی یەكجار زۆر لە ژنە شاعیرەكانی ئێمە، هەست دەكەن بێ پیاو شاعیر نین و ئەمەش بە ڕوونی لەشیعرەكانیاندا دەردەكەوێت.

پەراوێز:
1_ ڕۆژگارە نارنجییەكان، شیعری خولیا حوسێت، بانێژەی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی ڕەوت، ژمارە (27) كانوونی دووەمی 2024.
2_ سەمای مەرگی پەپوولەكان، شیعری خولیا حوسێن، بانێژەی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی ڕەوت، ژمارە (28) ئازاری 2024.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی (ڕەوت) ژمارە (29) حوزەیرانی 2024 بڵاوكراوەتەوە.




چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات(عصفور من الشرق).. شەماڵ بارەوانی

چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، بەرهەمێکی ئەدەبی(تۆفیق ئەلحەکیم)، نووسەر و ڕۆماننووسی میسرییە و یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٨ چاپ کرا. ڕۆمانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، بەرجەستەکەری ڕوانگەیەکی ڕەهاگەرا و ڕەشبینانەی نووسەرە لە بەرانبەر خۆرئاوا. هەڵبەتە نووسەر باس لە بڕگەیەکی مێژوویی ئۆروپای دوای یەکەم جەنگی جیهانی دەکات. بە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانە و زۆر ڕەهاگەرایانە دادگایی ئۆروپا دەگات و شارستانییەتەکەی دەهێنێتەوە سەر هێڵی هیچ. کارەکتەرەکانی چیرۆکی ڕۆمانەکە هەر یەکە و هێمان بۆ شتێکی دیاریکراو. ڕووداوەکانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، قسەکردنە لە دوای یەکەم جەنگی جیهانی. ڕەوشی ژیان لە فەرەنسا و لەو بڕگە مێژووییەی بێکاری تێیدا بڵاوبووبووەوە، دەستاڕی هەژاری و برسییەتی ژیانی خەڵکی دەهاڕی، کرێکار و کارکردنیان بە درێژایی ڕۆژ لەپێناو پارووەنانێک، دابەزینی نرخی فرانکی فەرەنسی. لە پاڵ ئەو بابەتانەی باسم کرد، تەوەری سەرەکی ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی خۆشەویستییەکی شکستخواردووی نێوان کوڕێکی میسری و کچێکی فەرەنسییە. موحسن، بۆ پاریس گەشتی کردووە، تا دکتۆرا لە قانوون بخوێنێت. وەک گوتم، ڕۆمانەکە لە شێوەی دادگاییکردنێکی ئۆروپا و ڕەخنەگرتنە لە شارستانییەتەکەی. کەسانێکی جۆراوجۆر ڕۆڵ لە چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە دەگێڕن. لەنێوان کارەکتەری(سۆزی) و (موحسن) کە دەکەوێتە داوی خۆشەویستی، تۆفیق، قسە لەسەر دوو جۆر لە خۆشەویستی دەکات. خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و خۆشەوستییەکی ساختە(فەیک). خۆشەویستییەکی ڕۆژهەڵاتی و خۆشەویستییەکی ڕۆژئاوایی. خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی، ئەو خۆشەویستییەی پڕیەتی لە خەیاڵی جوان و شیعر و مۆسیقا و هەست و پەیمان و پاکی و ڕاستگۆیی و قوربانی. لە بەرانبەردا خۆشەویستییەکی ڕۆژئاوایی. خۆشەویستییەکی کاتی و وەک بڵقی سەرئاو. خۆشەویستییەک لە شێوەی کلێنکسێک، دەستی غەریزەی سێکسی خۆتی پێ بسڕەوە و فڕێی بدە. خۆشەویستییەکی کاتی. خۆشەویستییەک، لەگەڵ گزنگی بەیان و تیشکی خۆر دەردەکەوێت و لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، ئەمیش ئاوا دەبێت. خۆشەویستییەکی ساختە و پڕ لە ناپاکی و درۆ. کەسایەتی سۆزی لە چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵ موحسن، ئەو جۆرە خۆشەویستییە فەیکە وازی دەکات. سۆزی کچێکی قژزەرد و چاوشینی پاریسییە. ئەو، بوون و بیری موحسن داگیردەکات و دەبێتە شاژنی مەملەکەتی دڵی موحسن و لەسەر عەرشی ڕۆحی دەنیشێتەوە. ئەنریەی هاوڕێی موحسن، گاڵتە بەو خۆشەویستییە پلاتۆنییەی موحسن دەکات و پێی دەڵێت ژن ئاشقی گوڵی سوور و دیارین. لە تێڕوانینی ئەندریەدا نرخی هەرژنێک، شووشەبۆنێک زیاتر نییە. ڕۆچوونی موحسن لەو جۆرە خۆشەویستییە خەیاڵییە لە جیهانبینی پیاوێکی پاریسی، شتێکی پێکەنیناوی و نامۆیە! وەلێ خۆشەویستی لە تێڕوانینی موحسن وەک پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی، زۆر پیرۆزه و نرخ و بەهای مەعنەوی خۆی هەیه و هەرگیز به شتی ماددی و گوڵی سوور و دیاری پێوانە ناکرێت. موحسن لەپێناو خۆشەویستی سۆزی ئامادەیە فەرهاد ئاسا، کێوی بێستۆن بۆ شیرینەکەی خۆی(سۆزی) کون بکات و لە شێوەی مەجنوون، ساڵێک بە دەوری ماڵی لەیلادا بسووڕێتەوە، هەر هیچ نەبێت، سەگەکەیان ببینێت. خۆشەویستی لای موحسن، زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەتر و بەهادارترە لە پێشکەشکردنی بۆنێکی چەند فڕانکی و گوڵێکی سوور کورت بکرێتەوە و وەک چێژێکی جەستەیی بێڕۆح و خۆخاڵیکردنەوەیەکی سێکسی سەیر بکرێت. موحسن ئامادەیە گیانی خۆی لە پێناو خۆشەویستەکەی ببەخشێت. ئەو، بەوپەڕی باوەڕەوە سۆزی خۆشدەوێت و هەست و سۆزی لەگەڵ دەگۆڕێتەوە. لە بەرانبەردا سۆزی تەنها وەک دەرفەتقۆزتنەوەیەک و دۆخی خراپی ئابووری و بێکاری و هەژاری و بە دەستهێنانی پارووەنانێک، ئەو یارییە بێڕۆح و بێتامە لەگەڵ موحسن دەکات. لە ڕێگای چیرۆکی خۆشەویستی سۆزی و موحسن، نووسەر دەیەوێت ئەو دیوە ماددییەمان بۆ باس بکات کە ئەوکات و سەردەمه بەسەر بیر و ژیانی خەڵکی فەرەنسادا زاڵ بووە و تەنها لە ڕوانگەی سوودگەرایی و ماددەوە سەیری ژیانیان کردووە و لایەنی ویژدان و هەست و سۆز و مرۆڤایەتییان فەرامۆش کردووە. لە یەکەم چرکەساتی دەستپێکردنی یاریی خۆشەویستی لەگەڵ موحسن، سۆزی هەموو بیرکردنەوە و خەمی لەوەدا کۆدەبێتەوە کە موحسن دیارییەکی گونجاوی بۆ بێنێت، گوزارشت لە ئیشقەکەی بکات. موحسن دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ دەروونی خۆی، ئاخۆ ئەو دیارییە وەک سوود و شتێکی ماددی و چێژێک، وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە، پێشکەش بە سۆزی بکات، یان وەک ئەوەی خەیاڵی دەیخوازێت و دڵی داوای دەکات؟ موحسن بانگی ویژدان و سۆزی مرۆڤبوونی دەکات و وەک مرۆڤێکی ڕۆژهەڵاتی دەگەڕێتەوە سەر ڕەگی خۆی و تووتییەک هەڵدەبژێرێت و شەو تا بەیانی پرۆڤەی وشەی(خۆشم دەوێی)پێدەکات. بەوشێوەیە موحسن پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ سۆزی دەگۆڕێتەوە. خۆشەویستییەک، هەست و پاکیی لێ دەچۆڕێت. بەوشێوەیە چیرۆکی خۆشەویستی موحسن و سۆزی دەست پێدەکات. دوای چەندین ژووان و پێشکەشکردنی گوڵ و لە ئامێزگرتن و گۆڕینەوەی ماچ و ئاوێتەبوون، چیرۆکی خۆشەویستییە خەیاڵی و خۆشییەکانی موحسن زۆر ناخایەنێت و لە ماوەی دوو هەفتە زێدەتر درێژە ناکێشێت و هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت و ئاواتەکانی موحسن دەبن بە سەراب. موحسن شۆک و شێتیی دایدەگرێت کاتێک سۆزی دەبینێ لەگەڵ پیاوێکی تر خەندە دەگۆڕێتەوە و باس لە چیرۆکی خۆشەویستیی پێشتری دەکات. لێرەوە دۆزەخی موحسن دەستپێدەکات و خەم و ئازار تەواوی بوونی دادەگرێت و سۆزی دەستبەرداری دەبێت و بە یەکجاری جێی دێڵێت. موحسن زۆر هەوڵی دا و تکای لە سۆزی کرد گوێی بۆ بگرێت و جێی نەهێڵێت، سۆزی دەرگای بەڕوودا داخست و بە کونجی فەرامۆشی و سنووری لەبیرچوونەوەی سپارد و موحسنی بەوشێوەیه بە دڵێکی شکاو و ڕۆحێکی بریندار و کەسایەتییەکی تێکوپێکشکاو جێهێشت و چووە یارییەکی تر و کاتکوشتن و پەیوەندییەکی تری کاتی و ساختە لەگەڵ پیاوێکی تر. دواتر موحسن کاتێک بۆی ڕوون بووەوە کە خۆشەویستەکەی لەدەست دا، جانتاکەی دەست دەداتێ و بەرەو میوانخانەیەک دەڕوات و ئەو میوانخانەیە جێ دێڵێت کە تێیدا کەرامەت و کەسایەتی تێکوپێک شکێنرا. لەو چیرۆکەی نێوان

موحسن و سۆزی، ڕۆمانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، سۆزی بەرجەستەکەری ژیانی ماددی و خۆپەرستی تاک و دیوە نەرێنییەکەی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شارستانییەکەیەتی. لەوکاتەی موحسن دڵپاکیی جێهێشت، ئەو موحسنەی سەرسامی جوانییە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆروپا و شارستانییەتەکەی بوو، بێ ئەوەی بچێتە ناواخنی واقیع و ژیانە ماددیگەرا و بێڕۆحەکەی ئەو شارستانییەتەی کە تەنها ماددەی کردووەتە پێوەر و مرۆڤ وەک ئامێرێکی میکانیکی و ئامرازێکی بەرهەمهێنان کورت کردووەتەوە و سوود و چێژی کردۆتە پێوەر لە ژیان. هەڵبەتە لە تێڕوانینی تۆفیق ئەلحەکیمدا. ئۆروپا توانی هەندێک ئارامی و چێژ و شتی سەرەتاییتر بۆ تاک فەراهەم بکات، بەڵام ئەو هەستە زیندووە و ئەو ڕۆحە پاک و دڵە جوانەی ڕۆژهەڵاتی لێ سەندنەوە. ئۆروپا دوای شۆڕشی پیشەسازی گەیشتە دۆخێکی نەرێنی و له شارستانییەتە ماددیگەراکەیدا، مرۆڤ خاڵیی بووەتەوە لە ڕۆح و لە جیهانی ماددیگەراییدا ڕۆچووە و لە ئامێرێک زیاتر نییە. نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت، سەرەڕای ئەو ناپاکی و پەیوەندیپچڕانەی سۆزی، وەلێ موحسن هیچ کاردانەوەیەکی خراپ و هەڵوێستێکی نەرێنی نەنواند. ئەوەش نیشانەی دڵسۆزی و وەفایه لای تاکی ڕۆژهەڵاتی. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ڕۆژئاوا ڕووکەشی و ڕۆژهەڵات واتا قووڵایی. چۆڵەکەیەک لەڕوژهەڵات، موحسن تێیدا بەرجەستەکەری ڕۆحی ڕۆژهەڵات و بەها مەعنەوی و بەرز و جوانەکەیەتی. سۆزیش ئەو ژیانە بێگیان و ماددیگەرایەی ڕۆژئاوایە. پوختەی چیرۆکی خۆشەویستی موحسن و سۆزی، ململانێی نێوان دوو شارستانییەتە، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. ململانێی نێوان واقیع و خەیاڵ، دڵ و ئەقڵ، نوێگەرایی و نەریتگەرایی، زانست و باوەڕ، ڕۆح و ماددە.
ماوەتەوە بڵێم، شتەکە ڕێژەییە و نە ڕۆژهەڵات ئەو چۆڵەکە و پەپوولەیەیە، نە ڕۆژئاواش بەو ڕەهاییە ئەو دێوەزمه ماددیگەرا و خۆپەرست و بێوەفایەیە. ڕاستە سیستەمی سەرمایەداری جیهان لە قازانج و سوودی ماددییە و مرۆڤ لە ئامێرێک کورت دەکاتەوە، وەلێ خۆرئاوا هەمووی سەرمایەدار نییە و وا بیرناکاتەوە. ڕۆژهەڵاتیش هێندە مەعنەوی و پاک و هەوری بێ پەڵە و چۆڵەکەی بێ هەڵە نییە. لە هەردووک لادا، هەڵە و لادان هەن و بەهای بەرز و جوانیش هەن.

شەماڵ بارەوانی




رۆمانی چارەنووس.. نووسینی سەلام عومەر

(گڕی جەنگ هێلكەی ئەژدیهاكان دەتروكێنێ‌)
رۆمانێكە كەوتۆتە نێوەندی شەڕی ناوخۆ، لەوێدا بەسەر شەڕی براكاندا دەكەوی و خۆت لەنێو گۆڕێكدا دەبینیەوە، هەندێجاریش چارەنووسی خێزانێك هەڵتدەداتە بەندیخانەوە، خەون داهاتووت پیشان دەدات و لە قونە شەڕێكدا بە پەرجوو رزگارت دەبێ‌، لە هەندێ‌ وێنەی تراژیدیش دادەمێنی و خۆ لە پەراوێزی نیشتماندا دەدۆزیەوە، ئەوەندە نا لە پەناو پەسیوی دێڕەكانیشدا مردن بەدواتدا دەگەڕێ‌.
(چارەنووس) بەشێک لە وێنە ناشیرنەكانی شەڕی خۆكوژیتان پیشان دەدات‌، وەلێ‌ لەنێو گڕی جەنگدا موتوربەی عیشقێك لە درەختی خۆشەویستی دەكرێ ‌و لە شەوێكی ئەنگوستەچاودا بروسكە و دەنگێكی گەورە پەنجەرەی ئازادی دەكاتەوە..

بۆ خوێندنەوەی ئەم رۆمانە کلیکی ئێرەبکەن..




رامانێك بۆ كتێبی (هونەری مامەڵەكردن لە قوتابخانە).. ن/ كامەران حاجی ئەلیاس

شارەزایی لەهونەری مامەڵەكردنی هونەری گفتۆگۆ لە هەربوارێكی ژیان دا زۆر گرنگە بەڵكو خاڵێكی ئەرێنییە بۆ سەركەوتن بەتایبەتیش لە بواری پەروەردەو فێركردن دا … كوردیش دەستە واژەیەكی جوانی هەیە كاتێ دەڵێت”كورت پوخت” دەبێ ئەو كەسەی لە بواری پەروەدە كار دەكات توانستی شێوازی گفتۆگۆ بزانیت چۆن وا لەبەرامبەر دەكەیت گوێ لە قسەكانت بگرێت لەهەمان كاتدا ئەو كەسەی قسەدەكات، دەبێ ئاگاداری بەكارهێنانی ئاماژەكانی بزانێت لەچ كات وشوێنێك دەست و پەنجە و چاو روخساری بەگشتی چۆن بەكاریان دەهێنێت بۆ ئەوەی كەسی بەرامبەر بڕوا و قەناعەتی بەقسەكانی بكات… كتێبی (هونەری مامەڵەكردن لە قوتابخانەكان)-م خوێندەوە كەلە نووسینی نووسەری بواری پەروەردە مامۆستا “سوهەیل تاهیر عەبدولڵا ” یە،لەمیانی خوێندنەوەم بۆ ئەم نامیلەكە،بۆم دەركەوت كە سودێكی زۆری بۆ بەرێوەبەر و مامۆستا و دایببان وخێزان تانەت بۆ سەرپەرشتیارانیش هەیە زانیاری زۆر بەسوود لەخۆدەگرێت،كە لە ژیانی رۆژانە لە كاتی هەڵسوكەتكردن لە نێو قوتابخانەكان بەتایبەتی بۆ بەرێوەری قوتابخانە بەگرنگی دەزانم…
ئەم كتێبە هەرچەندە بە قەبارە بچووكە بەڵام لەلام گرنگە. چەندین تەوەری گرنگ لەخۆدەگرێت باس لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی بەرێوەبەرە لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخانە هەروەها بەشێوەیەكی زانستی و پەروەردەیی باس لەم خاڵانە دەكات:

  • هونەری مامەڵەكردن (ئەتەكێت).
    چەمك و هونەری‌ ئەتەكێت. (Etiquette) – جۆرەكانی‌
    -جۆر و شێوازی‌ هونەری‌ ئەتەكێت.
    پێناسەی‌ ئەتەكێت. (Etiquette)-
  • سیفەت و خەسڵەتەكانی‌ هونەری‌ ئەتەكێت.
  • رۆڵی بەرێوەبەر لەناو دامەزراوەی پەروەردە.
  • چەند سیفەتێكی پێویستە بەڕێوەبەری قوتابخانە.
  • ئامانجی هونەری مامەڵەكردن.
    -پەیوەندی نێوان بەرێوەبەر و مامۆستا.
    -چۆن مامەلە لە گەڵ ئەو جۆرە مامۆستایانە دەكەیت.
    -كۆبوونەوەی مامۆستایان چۆن بەرێوە دەبەیت.
    -چۆن كارەكان دابەش دەكەیت.
    -ژووری كارگێڕی تا چەند گرنگە سەربەخۆ بێت.
    -چۆنیەتی بەرێوەچوونی رۆژی بەرزكردنەوەی ئالای كوردستان.
    -بڕیارەكانی قوتابخانە تا چەند جێبەجێ دەكرێت لە لایەن مامۆستاكانەوە.
    تا چەند مامۆستاكان هاوكارن لە گەڵ ئیدارە و دەستەی كارگێری. –
    -مامەڵەكردنی بەرێوەبەر لە گەڵ سەرپەرشتیاری قوتابخانە.
    -مامەڵەكردنی بەرێوەبەر لە گەڵ بەرپرسانی پەروەردە.
    -مامەڵەی بەرێوەبەر لە گەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراوەكان پەیوەندی مامۆستایان لە گەڵ یەكتر لەناو قوتابخان.
    -پەیوەندی مامۆستا لە گەڵ قوتابی.
    -پەیوەندی نێوان قوتابیان.
    لەو كاتەی دەست خۆشی لە برای بەرێزم مامۆستا سوهەیل دەكەم بۆ بە چاپكردنی ئەم كتێبە كەلەسەر ئەرەكی خۆی ئەم كارە پەروەردەییەی كردوە لە هەمان كاتدا داوا لەوەزارەتی پەروەردە دەكەم كە ئەم كتێبەچاپ بكات دابەشی سەرگشت قوتابخانەكانی هەرێم بكات.



هەستی تەنهایی قووڵ و خۆبەکەم زانین.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

هەستی تەنهایی قووڵ و خۆبەکەم زانین لە نێو بەشێکی دیاری پانتای کۆمەڵگای کوردی لە باشووری کوردستان: شیکردنەوەیەکی سادەی دەروونشیکاری و زانستی لە چەند دێرێکدا.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

مرۆڤ لە دەرەوەی کۆمەڵگا بوونی نییە، کۆمەڵگا هێنانەوەی مرۆڤ بۆ نێو خۆی، بۆ دەرەوەیەك کە گوزارشت ناکرێ، بۆ دۆخێك کە دركی پێدەکرێ، بەبێ زمان یادەوەری ناجوڵێ، زمان یادەوەری دەهەژێنێ، کورد دەبێ لەنێو خۆیدا هەست بەخۆی بکاتن نەوەك لەنێو “ئەو”یتری ستەم لێکراو یاخود دڕندەدا.

مێژووی کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە لەنێو مێژووی کوردا پرسێکێ دڕێژخایەنە، کورد وەک نەتەوەیەك ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە بوونەتەوە. ئەم تڕاوما بەردەوامانە دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی” تراومای نەتەوەی و نەوەیی”(کە بەهۆی جینەتیکەوە نەوە لەدوای نەوە لە ئاستی جیا جیادا بگوازرێتەوە بۆ نەوەکان بەڕێژەی جیا جیا، ئەمە یەکێك لە ئەگەرە زانستیە پێشبیبیکراوەکان کە سەلمێنراوە لەنێو دەروونیدا بۆ پرسی تڕاوما PTSD)”. ئەم دۆخە دەتوانێت هەستی بێهیوایی و دابڕان لە جیهانی ناوەوەی بەشێك لە کوردەکانی باشوور دروستبکاتن، بۆیە پرسی ئەوەی تری گەورە دێتەبوون وەك پرسێکی ئەخڵاقی و ئاینی کە پێیان وایە “من خۆم بکەم بە قوربانی بۆ تۆی ستەم لێکراو لە دیدی بەشێکیان بە گەورەترین پاڵەوان و قارەمان دەبینرێ”. لەکاتێکدا من هەمیشە سەربازێکی بریندارم لەدۆخی وەستاوی خۆمدا. جوگرافیای باشووری کوردستان دۆخێکی بەرگری دەروونی بۆ تاکەکان دروست دەکات بەهۆی بوونی ئەو هاوسێیانەی کە کورد وەك نەتەوەیەکی تر بە شیاوی ژیانێکی شایشتە نازانن، کوردەکان دەبێ “ئەو”یتر فەڕامۆش بخەن و لەنێو خۆیاندا برینەکانی خۆیان بپێچن.

لەهەمان کاتدا پرسی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەتوانێت کاریگەری قووڵی لەسەر دەروونی تاک و کۆمەڵگا هەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەهۆی ڕووداوە مێژووییەکانەوە، زۆرێک لە کوردەکان پەرتەوازەی وڵاتانی جیاوازبوون. ئەم دۆخە دەتوانێت هەستی “ونبوون” و “نامۆبوون” لە کەلتووری نوێدا دروست بکات، کە بەپێی دەروونشیکاری دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی ناسنامە. بەهۆی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناجێگیرەوە، زۆرێک لە کوردەکان هەست بە هەڕەشەی بەردەوام دەکەن. ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی “زەینی پارانۆید-ی” کە تیایدا تاك هەست بە نائارامی و بێ متمانەیی بەردەوام دەکات. کێشە نێوخۆییەکانی کورد دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر یەکگرتوویی و هەستی هاوبەشی نەتەوەیی دروست بکەن. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی “دژیەکی ناوەکی” کە تیایدا تاک هەست بە دابڕان لە کۆمەڵگاکەی خۆی دەکات. (لەنێو نیشتیماندا هەست دەکەیت بێ نیشتیمانیت، لەنێو کۆمەڵگاشدا هەست دەکەیت بێ کۆمەڵگایت، ئەم دۆخە پرسی Isolation دەگرێتەوە).

مێژووی درێژی چەوساندنەوە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی “سندڕۆمی قوربانی”. لەم دۆخەدا، تاک هەست دەکات کە بەردەوام قوربانییە و ناتوانێت کۆنترۆڵی ژیانی خۆی بکات، بۆیە پەنا دەباتە بەر ئەویتر بۆ لاواندنەوەی خۆی لەنێو ئەویتردا وەك میکانیزمێکی بەرگری دەروونی لە ئاستێکدا، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هەستی بێ هیوایی و تەنهایی.
لە کۆتاییدا، گەرەكمە بیڵێم کە زۆرێک لە کوردەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیاندان لە نێوان کەلتووری نەتەوەیی و مۆدێرنیتەدا. ئەم ململانێیە ناوەکییە دەتوانێت ببێتە هۆی هەستی سەرلێشێواوی و تەنهایی. هەرچەندە ئەم فاکتەرانە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە دروستبوونی هەستی تەنهایی قووڵ لە نێو کوردەکاندا، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هەر تاکێك ئەزموونی تایبەت بە خۆی هەیە لەژیانیدا. هەروەها، زۆرێک لە کوردەکان توانیویانە بەسەر ئەم کێشانەدا زاڵ ببن و ژیانێکی پڕ لە مانا و پەیوەندی بەهێز بۆ خۆیان دروست بکەنەوە سەر لەنوێ بەشێکیان لەناوەوەی کوردستان، بەشێکی تریشتیان لە دەرەوەی کوردستان.




هه‌ژان.. ستار ئەحمەد

ئه‌و ده‌مانه‌ی
هه‌ژان سه‌مای سوخمه‌ی ره‌شته‌
من سپی سپی ده‌چمه‌وه‌
به‌رامبه‌رت ده‌بمه‌ ئاڵاو
تۆ دورگه‌یه‌كی سامناكی
به‌ره‌هێڵه‌ ئه‌شكم له‌نیگا وه‌رده‌ده‌ی
ده‌بیته‌ نه‌مامێك
چرۆ ده‌كه‌یت
نه‌سێبه‌رت به‌ته‌نیشتما تێده‌په‌ڕێ
نه‌ده‌توانم
چڵیكت له‌ پێڵووم بسووم
نیگات ده‌كه‌م
كاڵفامانه‌
به‌دوای سه‌رابدا هه‌ڵدێم و
له‌ژیله‌ی شه‌وێك ده‌گه‌ڕێم
ده‌بیته‌ مانگ
ئه‌ستێره‌كان راده‌كێشی
به‌دووی تیشكتا ده‌بمه‌ ره‌وه‌ند
شنه‌ی گه‌ڵا
خه‌نده‌ی گوڵ
سترانی باران
له‌هه‌نسكما كۆده‌كه‌مه‌وه‌
جارێك نه‌بوو
بتوانم
چمكی كه‌واكه‌ت
بخه‌مه‌ سه‌ر زامی خاك و
له‌وردیله‌ هه‌ڵبه‌ستێكا
بزه‌یه‌ك له‌لێوت بده‌م
چپه‌یه‌ك بكه‌مه‌ گواره‌
له‌گوێتا بینووسمه‌وه‌
ناكرێ..به‌م جۆره‌ بژاكێم
تۆیش بێئاگا
له‌بازنه‌ی به‌فرو بادا
خۆت بده‌یته‌
ده‌ست هه‌ڵپه‌ڕكێی
هه‌ڵپرووكان
به‌فر
گڕو زریانه‌وه‌
ده‌تاوێ هه‌لێكم بده‌رێ
بزانه‌
گه‌ڵای دار
باران
یاخود فرمێسكی من
هه‌موو ساتێك
به‌قه‌د گوڵزاری ته‌مه‌نت
له‌زامه‌وه‌ دێنه‌ده‌رێ

ستار ئەحمەد




شیعر و ژیان و سیاسەت لە دیدی رەفیق سابیرەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەوانەبێت کە ناونیشانەکە بخوێننەوە یەکەمجار بەلاتانەوە سەیربێت، چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەم سێ وشەدا هەبێت، پێدەچێت شیعر و ژیان، کەمێک لەیەکترییەوە نزیک بن، بەڵام سیاسەت هیچ شتێک بەوانی تری نابەستێتەوە، شیعرو ژیان گوازرشت لە جوانی دەکەن، بەڵام سیاسەت بەتایبەتی لەم وڵاتەدا هیچ جوانییەکی تێدانییە و وێنەیەکی ناشیرینی هەیە. بەڵام شاعیرێک توانیویەتی ئەم سێ شتە کۆبکاتەوە، ئەویش شاعیر و نووسەر رەفیق سابیرە. ئەو یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی دونیای ئەدەبی ئێمە، شیعرە جوانەکەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیویەتی ” بەتەنیا جێی مەهێڵن” یەکێکە لە جوانترین شیعر کە بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە نووسراوە. جگە لە بواری شیعر، لەبواری فیکریشدا جێپەنجەی دیارە. کتێبی ” ئیمپراتۆریای لم” یەکێکە لەو کتێبە جوانانەی کە پێش چەند ساڵێک خوێندمەوە، کارێکی ناوازەیە. لەماوەی پێشوودا کتێبی ” لە ستایشی ژیاندا”م خوێندەوە، کە بریتییە لە بیرەوەرییەکانی نووسەر، بەڵام بەپێچەوانەی بیرەوەرییەکانی ترەوە چ لەرووی شێوازی نووسین و چ لەرووی ناوەڕۆکیشە زۆر جیاوازترە لەو بیرەوەریانەی کە پێشتر خوێندوومەتەوە.
نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی بەکارهێنانی زمانێکی شیعریی و هەندێکجاریش چیرۆکئامێز، حکایەتەکانی ژیانی بگێڕێتەوە، ڕاستە ژانری بیرەوەری لە رۆمانەوە نزیکە، نووسەریش هەوڵیداوە بە تێکەڵاوکردنی ئەدەب و بیرەوەریی،حکایەتی ژیانی بۆ خوێنەران بگێڕێتەوە. لەهەمووشی گرنگتر بیرەوەرییەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی کۆنەقین و جەنگی شەخسی بەکارنەهێناوە، بگرە بەهیچ شێوەیەک لەم جۆرە شەڕانەی تێدا نییە، کەبەداخەوە ئێستا هەر کتێبی بیرەوەرییەک دەبینیت، پڕیەتی لە شەڕی شەخسیی و کۆنەقین، جا ئەوکەسە سیاسیی بێت یان ئەدیب.
لەم کتێبەدا رەفیق سابیر دیوێکی تری کودەتای 14 تەموزی عێراق، بزووتنەوەی چەکداری بەسەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، کارەساتی هەکاری، پشتئاشان دەکات. لەهەمانکاتیشدا باسی ئەزموونی شیعر نووسین ، رەوتی ڕوانگە و دونیای ئەدەبی کوردی دەکات.
نووسەر هەر لەسەرەتاوە پێماندەڵێت کە ئەو قۆناغی منداڵی لەناو جەنگ و ماڵوێرانیدا ژیاوە، پاشتریش قۆناغ بە قۆناغ، خۆی لەگەڵ جەنگ و کارەساتەکانی رادێنێت، بەڵام لەناو ئەم جەنگ و ماڵوێرانیی و ناشیرینییەدا، دونیایەکی جوان دەدۆزێتەوە کە ئەویش کتێب و شیعر و ئەڤینە، ئەمانیش هیوای پێدەبەخشن، هەرئەم هیوایەش دەبێتە وزەیەکی باش بۆ بەردەوامی ژیان و سەرکەوتن بەسەر گرفتەکاندا.

منداڵیی و بینینی ناشیرینییەکانی چەکداری کوردی
نووسەر سەرەتای کتێبەکەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی ژنێکی کورد دەستپێدەکات، کە پێشمەرگەکانی پارتی ناو قەڵادزێ سەریان تاشیوە. نووسەر بەشێوازێکی حکایەتئامێز، چیرۆکی ژنان و کچانی قەڵادزێی گێڕاوەتەوە کە جەلادەکانیان، چەکدارەکانی پارتی بوون.
نووسەر دەڵێت: لەگەڵ هەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکداری کوردی لە ساڵی 1961 لەگەڵ خۆی، سەرتاشین و دواتر لوتبڕینی ژنانی لەگەڵ خۆی بۆ قەڵادزی هێنا. ژنکوشتن کە لە ساڵانی چلو پەنچاکاندا زۆر دەگمەن بوو، زیادی کرد و پێشمەرگە لەجیاتی مێرد بە بەهانەی پووچ و بەناوی ” شۆڕش” ەوە ، ژن و کچی خەڵکیان تیرۆر دەکرد، چەند کچ و ژنی بێتاوان و ئابڕوومەند، کرانە قوربانی لەوانە خێزانێک کە زۆر لە مێژبوو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون و لە قەڵادزێ جێگیربوون، کچەکەیان جوان بوو، شەوێک پێشمەرگ چوون سەری کچەکەیان تاشی، دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ویستویانە لەگەڵی ڕابوێرن و کچەش رازی نەبووە، بۆیە سەریان تاشیوە، دواتر خێزانەکە ناچار روویان لە بەغدا کرد.ل 12
جگە لەمانە چەندین حکایەتی ژن و کچی قەڵادزێ باس دەکات، کەلەلایەن چەکدارانی پارتییەوە پەلاماردراون، هەموو ئەمانەش بەناوی شۆڕشەوە کراون.

شۆڕشی14 تەموزی 1958
بەپێچەوانەی نووسەرانی تری شیوعییەوە، رەفیق سابیر تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە بۆ شۆڕش یان کودەتای 14 ی تەموزی 1958. ئەو پێی وایە ئەم شۆڕشە زیاتر توندوتیژیی و نائارامی لەگەڵ خۆی بۆعیراق هێناوە.
نووسەر دەڵێت: شۆڕش یان کودێتای سەربازی 14 تەموزی 1958، ئەو توندوتیژی و کوشتارەی کودێتاکە لەگەڵ خۆی هێنای، سەرەتای نەخشەی سیاسی نوێی عیراقی بە خوێنکێشا، لەهەمانکاتدا کولتوری کوشتن و توندوتیژی کە لە کۆنەوە بە قووڵی ڕیشەی بەکۆمەڵی عیراقدا ڕۆچووە، ژیاندەوە.
کوشتنی مەلیک و کەسانی بنەماڵەکەی، تێكڕای ئەو تاوانە مەزن و کوشتارە کەموێنانەی دواتریش بە ناوی شۆڕشەوە لە عیراقدا کران، بەرهەمی مێژووی خوێناویی سەدان ساڵەی کۆمەڵی عیراقن، کە هەمیشە مەیدانی کوشتار، تیرۆر و لەناوبردن بووە. ل66

عیراق و توندوتیژی
لەرێگەی باسکردنی شۆڕشی14 ی تەموزی 1958 ، نووسەر بەناو مێژووی عیراقدا رۆچووەو هەوڵیداوە بەپشت بەستن بە مێژووی کۆنی عیراق، شڕۆڤەی ئەم توندتیژییەی کۆمەڵگەی عیراقی بکات.
نووسەر دەڵێت:
ناوچەکانی عیراقی عەرەبی کەوتونەتە نێوان دورگەی عەرەب و ئێران، ئەو ناوچانە لە کۆنەوە ئامانجی خێڵە بەدووەکانی دورگەی عەرەب بوون، کە بۆ تاڵانی، غەنیمەت و پەیداکردنی لەوەڕگا بۆ ماڵاتەکەیان، ڕوویان تێ دەکرد، لەسەردەمی پەلامار و غەزوی عەرەبی ئیسلامیدا، ئەو ناوچانە کرانە بنکەی سەرەکی لەشکری بەدووەکانی عەرەب، تابەرەو ئێران و دوورتر بڕۆن، خێڵە بەدووەکانی عەرەب کە بە توندتیژی و تاڵانچی ناسراوان، تاسەرەتای سەدەی بیستەم، بە پۆل ڕوویان لەناوچەکە کرد، کولتووری بەخوێنئاودراوی خۆیان تێدا چەسپاند،،،ل67

بزووتنەوەی چەکداری
نووسەر بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری مێژووی سیاسی کورد دەکات، بەتایبەتی مەسەلەی بزووتنەوەی چەکداری کە لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو سەریهەڵدا. نووسەر وێنەیەکی تری ئەم بزووتنەوە چەکدارییەمان پیشان دەدات، وێنەیەک تەواو جیاوازە لەو وێنەیەی کە لە میدیاکانی بنەماڵەی بارزانییەوە باس دەکرێت.
نووسەر دەڵێت:
بەهۆی هەڵگیرساندنی شەڕ، هەزاران گەنجی کورد، بەناوی گوایا شۆڕشەوە کرانە قوربانی ، زیاتر لە نیوەی ئەو قوربانیانە لە شەڕی نیوخۆدا، بە کوشت دران، یان فەلەج و پەککەوتە کران. دوا شتێک کە لە کۆڵە پشتە شڕەکەی بزووتنەوەی چەکداریدا مابوو، ( هیوا) بوو، شەڕی نیوخۆ ئەویشی کوشت. ل15

دواتر دەڵێت:
لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی پێشوو تا ئازای 1970 ، کوردستانی عیراق گیرۆدەی شەڕ بوو، تیرۆر، بێهیوایی، وێنەی تارمایەکی ڕەش و ترسناک دەسووڕانەوە، چارەنووسی هەر کەس و هەمووان نادیار بوو. کاتێک وڵاتێک دەکرێتە زیندانێکی گەورەو وڵاتکوژان دەبنە پاسەوانی، ژیان و مردن جیاوازی ئەوتۆیان لە نێواناندا نامێنێت.ل 107

شۆرشی عەشائیر یان شۆڕشی کورد؟!
لەهەمووی گرنگتر نووسەر هۆکاری سەرەکیی و وێنەیەکی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی چەکداری ساڵی شەستەکانمان پێ پیشان دەدات کە لە دیدی بنەماڵەی بەرزانیی و هەوادارانییانەوە بە شۆڕشی ئەیلول ناودەبرێت، ماوەی دەیان ساڵیشە وا دەیخەنە بیری خەڵکییەوە کە ئەمە شۆرشی نەتەوایی بووە، بەڵام ڕەفیق سابیر قسەیەکی تری هەیە و پێمان دەڵێت، ئەمە هیچ پەیوەندی بە مافی نەتەوایەتیی کوردەوە نەبووە، بەڵکو جەنگی کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ بووە، چونکە حکومەتی عیراقی قانونی چاکسازی کشتوکاڵی دەرکرد.
نووسەر دەڵێت: لە کۆتایی ئەیلولی 1958 قانونی چارەسەری کشتوکاڵ لە عیراق ( قانوونی ژمارە 30) دەرچوو، دروشمی زەوی موڵکی ئەو کەسەیە کە دەیچێنێت، ئەو قانوونە بەو ئامانجە دەرکرا کە کێشەی لە مێژینەی نێوان ئاغا و جووتیار چارەسەر بکات، ئاستێکی ماقووڵی دادپەروەری، لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و موڵکایەتی زەوی بچەسپێنێت، بەڵام قانوونەکە لەگەڵ گرنگییەکەیدا، زۆر بەپەلە و بە فشاری حزبی شیوعی دەرچوو، چارەسەرکردنی کێشەی زەوی لە عیراقدا لەوە ئاڵۆزتر بوو کە هێندە بەپەلە و هەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێز جارەسەر بکرێت،،،،ل77
سەرۆک خێڵەکانی کوردستانی عیراق دژی ئەو قانوونە نوێیە وەستان، کۆمەڵێک ئاغای پشدەر ( میراودەلی) پەنایان بۆ ئێران برد و ماوەیەک لەوێ مانەوە دوای ئەوە بە چەکەوە گەڕانەوە ناوچەی پشدەر،،، سەرەتای یاخیبوونی چەکداری لە دژی حکومەتی عیراق لە ناوچەی پشدەر و بێتوێن، بەڕابەری ئاغاکان دەستی پێ کرد، هەموو خاوەن زەوییە زۆرەکانی ناوچەی رانیە و پشدەر ئامادەبوون و بڕیاریاندا خۆپیشاندانی چەکداری بکەن دژی رژێمی عەبدولکەریم قاسم و هەرچی زووترە رێگای نێوان رانیە و سلێمانی و کۆیە ببەستن و ماوە نەدەن هێزەکانی چەکداری میری بەم رێگایەدا هاتوچۆ بکات، دوای ئەو یاخیبوونە چەکدارییە( عەشائیری دەوربەری سلێمانی و هەمەوەند و شوان و شێخ بزێنی و سمایل عوزێری و دۆڵی جافەتی ) ئەوانیش هەستان و رێگاکانی بازیان و دەرەبەندیخانیان گرت و چەکداریان دامەزراند، ئیتر دەنگی شۆڕشی عەشائیر لە هەموو عاستێک بەرزبپوە.ل 80
واتە سەرەتاکەی شۆڕشەکە بەم شێوەیە بووە، بەڵام بۆچی سەرانی پارتی دوای شۆڕشی عەشائیرییە کەوتووە؟
نووسەر لە وەڵامدا دەڵێت: پارتی بەفشاری لەشکری ئاغاکان و لە ترسی لەدەستدانی پێگەی خۆی، بەبێ پلانی سەربازی و خۆئامادەکردن بۆ خەباتی چەکداری، چووە پاڵ شۆڕشی عەشائیر کە بە هاندان و کۆمەکی ئێران کرا، بەمشێوەیەش دەرگای دۆزەخی بەرووی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، کەتا ئەمڕۆ تیایدا دەسووتێت.ل80
دواتریش دەڵێت:
سەرانی پارتی لەبری ئەوەی بە شێوازی سیاسی و ئاشتیانە کار بۆ مافی دەستووری گەلی کوردستان بکەن، بە بێ پلان و خۆئامادەکردن چوونە پاڵ شۆڕشی عەشائیر، کەهیچ پەیوەندییەکی بە مافی نەتەوەیی گەلی کوردەوە نەبوو، لەهەمانکاتدا بەهانەیان بە دەوڵەتی نوێی عیراق دا، هێزی سەربازی بۆ کوردستان ڕەوانە بکات، ناسیۆنالیست و شۆڤێنی عەرەبیش، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، بە ئاشکرا دوژمنایەتی گەلی کورد بکەن،ل81

مەڕ لە گورگ تۆقیوە کەچی شوانەکەی دەیخوات
نووسەر خاڵێکی ترمان بۆ باس دەکات، ئەویش خۆخستنە باوەشی رژێمی شای ئێرانە، کە ئەمەش خاڵێکی نێگەتیفی بزووتنەوەی چەکداری کوردییە، رەفیق سابیر دەڵێت:
مرۆڤ قەت لە سەرەتایەکی هەڵەوە، بە ئەنجامی دروست ناگات. چواردە ساڵ ڕەنج و قوربانی و بە کوشتدانی دەیان هەزارکەس، هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و لەتکردنی گەلی کوردستانی عێراق و وێرانکردنی کوردستان، ئەنجامەکەی ئەوەبوو، دەوڵەتی ئێران نیوەی شەتی عەرەبی لە عێراق ستاند، لەبەرامبەر ئەوەدا رۆژی 19 ئاداری 1975 سەرکردایەتی بزاڤی چەکداری ،جاڕی ئاشبەتاڵی دا، ئێران ئاشبەتاڵی بە بزاڤە چەکدارییەکە کرد، کە ئامڕازێکی دەستی خۆی بوو. دەیان هەزار پێشمەرگە و هەزاران خێزان، کە ژیان و کەرامەت و چارەنووسیان خستبووە دەستی سەرانی بزووتنەوەکە، ناچارکران زەلیل،سەرکز و بێهیوا،خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە، ،،ل207
جێگەی ئاماژەیە ئێستاش هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە، سەرانی ئێستای پارتی بەهەموو هێز و توانای خۆیانەوە، خۆیان و چارەنووسی حکومەتی هەرێمیان ڕادەستی رژێمی تورکیا کردووە، ئیتر بابزانین کەی ئاشبەتاڵێکی تر دەبینین.

تیرۆرکردنی کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری کوردستانی ئێران
جگە لەمانەش نووسەر باسی دیمەنێکی ناشیرینی تری بزووتنەوەی چەکدارییمان بۆ دەکات، ئەویش تیرۆرکردنی شۆڕشگێران و کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێرانە. ئەمەش لەبەر خاتری ڕژێمی شای ئێران.
نووسەر چەند نموونەیەکی لەو بارەیەوە هێناوەتەوە:
سلێمانی موعینی رابەری بزاڤی چەکداریی گەلی کورد بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی 1969 مەلا مستەفای بارزانی، بەدیلی تیرۆری کرد و تەرمەکەشی، لەگەڵ پۆلێکی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕادەستی حکومەتی ئێران کرد و هەموو پێشمەرگەکان لە سێدارە دران.ل173
یەکێکی تر لەو نموونانەش باس دەکات و دەڵێت:
محەمەد دڵشاد کە بە میرزا دڵشادی رەسولی ناسراوەو لە سەردەمی کۆماری مهابادا وەکو کەسایەتییەکی سیاسیی و رووناکبیر دەرکەوتووە، شەوێک ئاغایەکی پشدەر ( ع.ع) کە دۆستی بوو، بەناوی کارێک بردیە دەرەوەی قەڵادزێ، لە گوندی هەڵشۆ، رادەستی پێشمەرگەی پارتی کرد و جوانەمەرگیان کرد. ئەو جۆرە تیرۆرە دیاردەیەکی نوێ بوو، سەرەتا سام و ترسیان لە کۆمەڵدا بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوەندە دووبارە کرانەوە، بوونە بەشێک لە ژیانی خەڵکی، ئەمەش سەرەتای داڕمانی ئەخلاقی، ویژدانی، کۆمەڵایەتی، ئینسانی بوو لە باشووری کوردستان، کە بزاڤی چەکداری دایهێنا و تائەمڕۆش ، بە گوڕ و تینی زۆرترەوە بەردەوامە. ل61
بەداخەوە ئەمڕۆ کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسی کوردستانی تورکیا و سوریا، لەلایەن پارتییەوە رادەستی رژێمی تورکیا دەکەنەوەو تیرۆریان دەکەن.

زیندان و دیل کوشتن
لایەنێکی دزێوی تر بزووتنەوەی چەکداری دیل کوشتنە، لەمبارەیەوە نووسەر کۆمەڵێک نموونەی باسکردووە:
لەساڵی 1973 12 کادری حشع کە خەڵکی هەشت پارێزگای عێراق بوون، دوای تەواوکردنی خوێندن لە یەکێتی سۆڤێت و وڵاتانی سۆشیالیستی بەڕێگای سوریا گەڕانەوە عێراق، عیسا سوار کە فەرماندەی پارتی بوو لە بادینان، هەموویانی گرت و بە بڕیاری مەلا مستەفا ، بەدیلی کوشتنی.،،
پارتی لە کوردستان کەوتە گرتن و پەلاماردانی حزبی شیوعی و تۆمەتی جاشایەتی دایە پاڵ ئەو حزبە، کەچی خۆی سێ ساڵ بوو بەشداری حکومەت بوو، لەگەڵ حزبی بەعس هاوپەیمان بوو. پارتی دەیان کادیر و ئەندامی حزبی شیوعی بۆ زیندانی بەدناوی خەڵان و ڕایات نارد و لەوێ ئەشکەنجە دران. هاوڕێ عەبدولرەحمان خدر بانەیی، لەوێ بە ئەشکەنجە شەهید کرا.ل194

حزبی شیوعی
جگە لەپارتی و بنەماڵەی بارزانی، نووسەر لەم کتێبەدا رەخنەی زۆر لە سیاسەت و فیکری حزبی شیوعی دەگرێت. بەحوکمی ئەوەی نووسەر هەر لەقۆناغی هەرزەکارییەوە تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت ئەویش لەرێگەی حزبی شیوعییەوە، هەتا پاییزی تەمەنی لەم حزبەدا دەبێت، دواتر واز لەم حزبە دەهێنێت. بۆیە پانتاییەکی باشی بۆ ئەم حزبە داناوەو بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە سەیری فیکر و سیاسەت و مێژوو، خەبات، سەرکردایەتی ئەم حزبە دەکات.
ئەو باسی سێ خاڵی بەهێز و لاوازی حشع” کورتکراوەی حزبی شیوعی”

یەکەم: حزبێکی بە ئەزموونی عێراقی بوو، پێگەی بەهێزبوو لە کوردستان و شارەکانی عیراق و ڕێکخراوی نهێنی هەبوو.
دووەم : پەیوەندی فراوانی عەرەبی و ناوچەیی و جیهانی هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆشیالیستی.
سێهەم: بەشێک نەبوو لە شەڕو کێشەی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی کوردستان.ل289

سێ خاڵی لاواز
هەروەها باسی سێ خالی لاوازیشی دەکات:
یەکەم: گرفتی سەرکردایەتی

لەناو حزبی شیوعی و ڕەنگە حزبەکانی کوردستانیشیەتی دا، هەندێک کەس لەبەر توانا، شارەزایی و لێهاتوویی نەکرابوون بە ئەندامی سەرکردایەتی و کاری گرنگیشیان پێ درابوو، بەڵکو لەبەر لاوازی و دەستەبەندی و گوێڕایەڵی کوێرانە، یان بەهۆی جاسووسیکردن بەسەر هاوڕێکانیانەوە، خرابوونە ئەو شوێنە. سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە کوردستان، لەڕووی هزری و خوێندەوارییەوە لەچاو زۆرینەی سەرکردە عەرەبەکانی ناو حزبی شیوعی کۆلکەخوێنەوار بوون، پێنچ کەسیان تەنانەت قۆناغی سەرەتاییان تەواو نەکردبوو. توانای پێشبینی و لێکدانەوەیان زۆر کەمبوو. ئەوان ڕاهاتبوون لەسەرووی خۆیانەوە بڕیاریان بۆ بێت و وەکو سەرباز جێبەجێی بکەن، بۆیە لە هونەری بڕیاردان شارەزا نەبوون.ل291

دواتر دەڵێت: ئەو سەرکردانەی خۆیان ئەهلی ئەو کارە نەبوون، نەشیان دەهێشت لەترسی لەدەستدانی پێگە و ئیمتیازاتیان، سەرکردەی سیاسی _مەیدانی لاو دەربکەون، جگە لە بەهادین نووری، کەسیان لە خۆی رانەدی لەگەڵ پێشمەرگەدا بە گوندەکانی کوردستاندا بگەڕێت و تێکەڵاوی خەڵک بێت، یان لەگەڵ پێشمەرگەکاندا چالاکی سەربازی بکات، پێشمەرگەکان ئەوەیان بە کەماسی دەزانی، ئەوان دەیانبینی چەندان ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی و سۆشیالیست، شانبەشانی پێشمەرگەکانیان، لەگەرمیانەوە تا دەشتی هەولێر دەگەڕێن و بەشداری چالاکی سەربازی دەکەن، هەندێکیان لەگەڵ پێشمەرگە بریندار و شەهید دەبن، کەچی زۆرینەی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە دەرەوەی وڵاتن یان لەسەر سنووری ئێران خۆیان مەڵاس داوە، چاوەڕێ دەکەن کەی نۆرەیان بێت، بۆ چارەسەری پزیشکی یان کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بچن بۆ سوریا و یەکێتی سۆڤیەت چوار مانگ زیاتر لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە.ل292

دووەم : دژایەتی ئایدۆلۆژی
نووسەر پێی وایە سەرانی حشع لەرووی ئایدۆلۆژییەوە زۆر لاواز بوون، لەمەدا باسی ئەوەدەکات کە بە ناڕەوا دژایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کورستانی کردووە، لەجیاتی ئەوەی لێی نزیک بێتەوە کەچی دژایەتی کردوون ئەمەش هەڵەیەکی ئایدۆلۆژی بووە.

سێهەم: گرفتی هاتوچۆ و پێداویستی پێشمەرگە
بەهۆی ئەوەی رژێمی ئێران ئامادەنەبووە هاوکاری حشع بکات، کێشەی هاتووچۆ و پێداویستی پێشمەرگەی بۆ حشع دروستکردووە، هەروەها رێگای سوریاش لەلایەن پارتییەوە کۆنتڕۆڵکراوە، هەربۆیە ئەوان ناچاربوون نزیک ببنەوە لەپارتی. ئەمەش لەرووی سیاسییەوە زەرەری زۆری لەم حزبە داوە.

پشتئاشان
لەبارەی کارەساتی پشتئاشان زۆر نووسراوەو زۆریش قسە کراوە، من بیرەوەری زۆربەی سەرکردەکانی ی.ن.ک و حشع م خوێندۆتەوەو هەریەکەیان بەجۆرێک باسیان کردووە، هەروەها هەر لایەنە و ژمارەی قووربانی دەنووسێت، بەڵام رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و دوور لەهەست و سۆز و بەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەم شەڕەی کردووەو هۆکارەکانی باسکردووە.

نووسەر دەڵێت:
پارتی لە شەڕی نێوان ئێران و لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە، هەروا لە شەڕی عێراق و ئێراندا، هاوسەنگەری لەشکری ئێران بوون و کۆمەکیان دەکرد، بۆیە لە مەیدانی سیاسی عێراق و کوردستانی ئێراندا لایەنێکی بێزراو بووە، بۆیە زۆر بەلایەوە گرنگ بوو لە حشع نزیک بێتەوەو بیخاتە ناو بەرەی جودەوە ل303
لەمەشدا نەزانی و کورتبینی سەرکردەکانی حشع رۆڵی خراپیان بینیووە:
نووسەر دەڵێت:
لە هاوینی1981 کۆنە جاشێک بەناوی (عەبدوڵا ماولی) پەیوەندی دەکات بەحزبی شیوعییەوە، پێشتر دوو پێشمەرگەی یەکێتی رادەستی حکومەت کردبوو لەسێدارە درابوون. ئەمەش گرژی لەنێوان یەکێتی‌و شیوعی دروست دەکات،
مانگێک دوای ئەو رووداوە ئەحمەد بانیخێڵانی، بەرپرسی مەکتەبی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی بەرەی جود دەچێتە ئێران ‌و لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی سەربازیی ترسناک دەدرێت، کە راستەوخۆ حزبی شیوعی لەڕووی سەربازییەوە بەتەواوەتی دەخاتە سەنگەری پارتی ‌و سۆشیالیست ‌و بەرەی دژ بەیەکێتیییەوە”. یەکێک لەو بڕیارانەی لەو کۆبوونەوەیەی (جود) دەدرێت ئەوەیە کە ناوچەی باڵەکایەتی‌ و دەرگەڵە و گەڵاڵە بکرێتە ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی (جود). پارتی 600 چەکدارو سۆشیالیست300 بنێرنە بنکەی پشتئاشان بۆ لای هاوڕێیانی حزبی شیوعی. ئیتر لەوکاتەوە “لەشوباتی 1982ەوە حزبی شیوعی بێلایەنی خۆی لەدەست داو چووە بەرەی پارتی‌و سۆشیالیستەوە”.
لەدەستپێکی شەڕەکەدا هێزێکی سۆشیالیست بارەگایان لەپشتئاشان بوو، بەدزی ‌و بێ ئەوەی حزبی شیوعی ئاگادار بکەن هەڵاتبوون… پارتی هێزی نەنارد. پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دوو رۆژ قارەمانانە بەرگرییان کرد. دواتر بەچیای قەندیلدا، بەناو بەفرو زریاندا هەڵگەڕان‌و بەرەو دیوی ئێران شۆڕ بوونەوە. لەو شەڕەدا 60 کادێرو پێشمەرگەی حزبی شیوعی شەهید بوون… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، نامەسئولانە خۆی ‌و کادێر و پێشمەرگەکانی هاویشتە شەڕێکەوە، کە شەڕی ئەو نەبوو… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، بەهاندان‌و پشتئەستوور بوون بەهێزی پارتی‌و سۆسیالیست چووە ناو شەڕ، کەچی ئەوان لەپشتئاشان بەتەنیا بەجێیانهێشت، دوای پشتئاشانیش لەناوچەکە هەڵاتن. تا کارەساتی پشتئاشان حزبی شیوعی لە کوردستان، دووەم هێزی سیاسی و چەکداریی بوو، دوای ئەوە لاواز و زەبوون کرا، پارتی و سۆشیالیست، لە کوردستان بوونە هێزی دووەم و سێیەم.ل318
دواتریش زیاتر دەڵێت:
دوای کارەساتی پشتئاشان، مەکتەبی هەرێمی حزبی شیوعی و مەڵبەندی پێشمەرگەکانی هەولێر، چوونە ناوچەی بارزان،، بەڵام چەکدارانی پارتی،لەگەڵ سوپای پاسداران،چوونە سەریان و بەزەبری چەک، ناچاریان کردن لەماوەی شەش ڕۆژدا ناوچەکە بەجێ بهێڵن. بەم جۆرە پارتی، بەکۆمەکی پاسداران، پاداشتی حزبی شیوعی دایەوە،،ل319
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نووسەر دەڵێت:
هەڵە و بەرپرسیاریی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە شەڕی نێوخۆدا هەرچەندێک بوو بێت، ناتوانێت پاکانە بۆ تاوانی پشتئاشان بکرێت، ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی یەکێتیی نیشتمانییەوە.ل323

عەزیز محەمەد
یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عیراق و کوردستان عەزیزی محەمەد بوو، ئەو بۆ ماوەی 30 ساڵ سکرتێری حشع بووە، هەربۆیە بەشێک لە مێژوونوسان ئۆباڵی لاوازی حزبەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو.
رەفیق سابیر لەمبارەیەوە دەڵێت “دوای ئەو شکستە، لەناو حزبی شیوعیدا کۆمەڵێک کێشەی کۆن و نوێی سیاسی، ڕێکخراویی و فیکری دەرکەوتن، کە حزبیان لاوازتر کرد، ساڵی1984 کۆنگرەی چوارەمی حزبی شیوعی لەشاخ بەسترا. پێش کۆنگرە بەهادین نوری ‌و مەلا عەلی بەپاڵ لەحزب وەدەرنران. لەو کۆنگرەیەدا بەناوی کاری نهێنییەوە، دەسەڵات درا بەعەزیز محەمەد، کە دە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە دیاری بکات، بێ ئەوەی هیچ کەسێک ناوەکانیان بزانێت. عەزیز محەمەد بەدەنگی ئەو دە ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی، توانی لەناو کۆمیتەی ناوەندی، هەڵبژاردنەوەی خۆی بەسکرتێری یەکەمی حزبەکە، مسۆگەر بکات. هەروا توانی ئەو کەسانەی خۆی مەبەستی بوو، لەمەکتەبی سیاسی دایانبننێت، هەر کەسێکیشی بەدڵ نەبوو کەنارنشینی بخات. بەو جۆرە عەزیز محەمەد و بەرپرسانی تر کە حزبیان تووشی شەڕی نێوخۆ کرد، لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێن، لەسێبەری شاخ و لەسایەی تفەنگدا، کرانەوە بەسەرکردەی حزب‌ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌ و کۆمیتەی ناوەندی. ئەوان لەو شکستەشدا، وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون”.ل322.323
دواتریش هۆکاری وازهێنانی عەزیز محەمەد لە سکرتارییەتی حزب باس دەکات و دەڵێت:
دوای هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆسیالیستی و تێکشکانی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هیوای بە حزبی شیوعی نەمابوو، بەلای زۆرەوە لەبەر ئەو هۆکارە وازی لە سکرتێری حزبەکەی هێنا، کە وەک قاوغێکی بێ ناوەڕۆکی لێ هاتبوو،ل448

کارەساتی هەکاری
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر کەلەم کتێبەدا بۆم دەرکەوت، قسەکردنە لەبارەی کارەساتی هەکارییەوە. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی تر باسی هۆکاری ئەم کارەساتە دەکات و دەڵێت:
ئێران لە کۆنەوە چاوی لە عێراق بڕیوە، بە قووڵایی خۆیی و بواری بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی زانیوەو دەزانێت، لەرێگەی بزاڤی چەکداری کوردستانی عیراقەوە، توانیویەتی عیراق ئازار بدات و ملکەچی بکات، بۆیە تا بتوانێت ڕێگە نادات هیچ بزاڤێکی چەکداری لە کوردستانی عیراق ئەگەر خۆی کۆنتڕۆڵی نەکات، بەردەوام بێت، پەلاماردانی یەکێتی نیشتمانی لە هەکاری، لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە، بەو ئامانجە بوو کە دەستی سوریا لە کوردستانی عیراق ببردڕێت.
بە بڕوای من ئەگەر یەکێتی بە کۆمەکی سوریا پەنای بۆ کاری چەکداری نەبردایە، دەوڵەتی ئێران ڕێگەی نەدەدا سەرانی پارتی، کە ئاشبەتاڵیان کردبوو لەبن دەستی و چاودێری دەزگای جاسووسیی ساواکدا بوون، چەک لەدژی عیراق هەڵبگرنەوە،،ل300

بزووتنەوەی چەکداری نوێ
نووسەر رەخنە تەنها لە بزووتنەوەی چەکداری کۆن ناگرێت، بەڵکو رەخنە لە بزووتنەوەی چەکداری نوێش دەگرێت کەدوای ئاشبەتاڵ دروست بوو. لەمبارەیەوە دەڵێت:
بزاڤی چەکداری کورد لە باشووری کوردستان، بۆ دووەم جار، بەبێ هیچ مەرج و رێکەوتنێکی سیاسی، چارەنووسی خۆی خستە دەستی ئێران، کە بە شێوەی ئامڕازێک دژی عێراق بەکاریهێننا.
دواتریش دەڵێت:
ئەمریکا و هاوپەیمانان لە شەڕی کەنداودا، لەشکری عێراقیان بەزاند و زۆنی دژە فڕینیان، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە پەلاماری دەوڵەتی عێراق، دروست کرد. ئەگەر کۆمەکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نەبوونایە، ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و کوردستانی، تا ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لە مەنفا دەبوون.

سەرەتای شیعر و کتێب و دڵداریی
نووسەر لە کتێبەکەیدا، تەنها باسی سیاسەت ناکات، بەڵکو واز لە سیاسەت دەهێنێت و دەچێت باسی لایەنێکی تری ژیانی دەکات کە ئەویش ئەدەبە، ئەمەش دیوێکی جوانی ژیانی نووسەر پێکدێنێت و کە یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی ئەدەبیاتی کوردی.
ئەو باسی سەرەتای ئەزموونی نووسینی خۆی دەکات کە بە شیعری دڵداری دەستیپێکردووە. نووسەر دەڵێت: سەرەتای شیعر نووسینم بە نامەیەکی دڵداری دەستپێدەکات،بەڵام قەت نەموێرا ئەو نامەیە بدەم بەو کچەی بۆیم نووسیبوو. ل91
گروپی ڕوانگە
دواتر بە ووردی باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ گروپی روانگە دەکات، تێگەیشتن و هۆکاری دروستبوون، لەهەمانکاتیشدا بەدرێژی باسی ئەوانەش دەکات کە بۆچیی و لەسەرچی دژایەتی گروپی روانگەیان کردووە.
نووسەر دەڵێت: بەشێک لەو ڕەخنانە بەمەبەستی سیاسی سیاسی نووسران، بەشێکی تریان پشتیان بە تێگەیشتنێکی میکانیکیانەی ئایدۆلۆجی بەستبوو، هەندێکجار تێکەڵ بە کێشەی کەسی دەکران، بەگشتی زۆربەی ڕەخنەکان پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە شیعر و ئەدەبەوە نەبوو، بەڵکو زیاتر نووسینی کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆجی و سیاسی بوون.ل165

شیعر و کتێب
هەروەها باس لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ شیعر و کتێب و خوێندنەوە دەکات، چۆن ئەم سێ شتە جیهانبینی و ژیانی ئەو دەگۆڕێت. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، شیعرئامێزانە، وەسفی شیعر و کتێب و خوێندنەوەی کردووە.
نووسەر دەڵێت:
کتێب و شیعر و ئەدەبیات دونیاییەکی نوێی پڕ فەنتازیا، خەون، چاوەڕوانی و هیوایان پیشان دەدام، شیعر و ئەدەبیات، ئەو شتە بایەخدارانە بوون، کە هێز و خەیاڵیان دەجوڵاندم، جوانی ژیان، ئاسوودەیی و هیوام تێدا دەبینین،ل109
شیعرو ئەدەبیات ژیانیان لەلا جوانتر و دڵگیرتر کردم، توانای جوانناسی، هاوسۆزی و مرۆڤدۆستیان پەرەپێدام و هۆگری خۆشەویستیان کردم، خۆشەویستی ئینسان لەسایەی شەڕدا، نرخی فروجێکی نەمابوو، خۆشەویستی وڵات، کە وێنەی نێچیرێکی زامدار، رۆژانە خوێنی لەبەردەڕۆیی و تائێستاش ئەو نەزیفی خوێنە بەردەوامە. ل132
نووسین بایەخی وشە و دەسەڵاتی وشەی پیشان دام، گیانی مرۆڤدۆستی، پڕەنسیپی ئەخلاقی و هەستی بەرپرسیاریی بەتین کردم، سەرلەنوێ هیوای پێ بەخشیمەوە، بەو ئەنجامەی گەیاندم کە ژیان بێ هیوا، مردنێکی پڕ ئازار و لەسەرخۆیە، کوشتنی مرۆڤ، بەلای زۆرەوە کوشتنی نەتەوەیەکیش، بە کوشتنی هیواکان دەست پێ دەکات،ل 124ی
لەلایەکی ترەوە باسی ئەزموونی شیعر نووسینی خۆی دەکات، بۆ نموونە ئەو شیعرەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیوە، سەرو ساڵێکی پێچووە تا تەواو بووە، بەداخەوە کەسێکی تر هەوڵ دەدات بیدزێت و بیکات بە ناوی خۆیەوە. شیعرێکی تری بەناوی ” پرسیارە بێ وەڵامەکان” کە بۆ مەرگی باوکی نووسیوە، پاش 30 ساڵ تەواویکردووەل45

شاری بەغدا
رەفیق سابیر لەو نووسەرە دەگمەنە کوردانەیە کە وەسفی شاری بەغدای کردووە، بە حوکمی ئەوەی بەغدا پایتەختی سیاسی عیراق بووە، وێنەیەکی باشی لای ئێمەی کورد نەبووە، بەڵام رەفیق سابیر وێنەیەکی تری ئەم شارەمان پیشان دەدات و لەزۆر شوێندا بە جوانی وەسفی دەکات:
شاری بەغدا ناوەندی ئەدەبی و کولتووری عیراق بوو، تەنانەت ناوەندی ئەدەبی و رووناکبیری کوردیش بوو،،،ل126
ئەو ساڵانەی لەبەغدا بووم باوەشم بۆ ژیان کردبۆوە، شاری بەغدا لە هەموو روویەکەوە لەگەشەکردن، نوێبوونەوەو گەورەبووندا بوو،،،، لەبەغدا هەموو دەرفەتێک ڕەخسابوو ، بۆئەوەی مرۆڤ ئەگەر بتوانێت، ڕێگای ژیانی خۆی بدۆزێتەوە،ل197
دواتر هۆیەکی ترمان پیدەڵێت کەبۆچی هێندە بەغدای خۆشدەوێت و دەڵێت: لەبەغدا فێری ئەوینداریی بووم، زیاتر لە کچێکم ناسی، کە شادی، وزەی کارکردن و ئیلهامی نووسینیان پێ بەخشیم،،ل198

خۆشەویستیی و ئەوینداری
خاڵێکی جوانی ئەم بیرەوەرییانە ئەوەیە نووسەر پەوپەڕی ڕاستگۆیانەوەو بێ سڵەمینەوە باسی پەیوەندییە خۆشەویستییەکانی خۆی کردووە، ئەمەش لەناو بیرەوەری زۆرێک لە نووسەران و سیاسەتمەدارەکاندا دیارنییە، لەکاتێکدا خۆشەویستی ژن و پیاو، سروشتیترین و جوانترین شتی ژیانە، بەڵام زۆرێک خۆیان لەم تەوەرە دەدزنەوە.
نووسەر دەڵێت: ئەوین خۆشی، هیوا و بڕوا بەخۆبوون بە مرۆڤ دەدات، بەڵام بێ ئازار نییە،چونکە ئەوین هەست و سۆزە، کەمتر پێوەندیی بە عەقڵ و لۆجیکەوە هەیە،ل363
رەفیق سابیر لەیەکەم چیرۆکی خۆشەویستی کە کاتێک هەرزەکار بووە لە قەڵادزێ ژیاوە، هەتاوەکو دوایین چیرۆکی خۆشەویستی کە ئێکای ژنیەتی باسکردووە. رەفیق سابیر پانتایی زۆری بۆ حکایەتی خۆشەویستی خۆیی و ژنە نووسەر ئەحلام مەنسوور داناوە، وەکو خۆی دەڵێت، شتێکی چاوەڕواننەکراو بووە. نووسەر باسی ئەوەش دەکات، کە کاریگەری باشی بەسەر ئەحلام مەنسوور هەبووەو لە یەکەم چیرۆکیشدا یارمەتی باشی ئەحلام مەنسووری داوە. دوای ئەوە نووسەر لە بەغدا و بەسرە و دواتریش لە مۆسکۆ و بولگاریا، ماشەڵلای لێبێت کۆمەڵێک خانمی نەتەوەکانی تر دەناسێت، لەوانە عەرەب و روس و ئەرمەنی و ئینگلیز و دواجاریش ئێکای خێزانی دەناسێت، کەئەویش خۆی لەخۆیدا چیرۆکێکی مەم و زین ئاسا بووە، چونکە حزبەکەی لەجیاتی هاوکاری بکات، رۆڵی درکی مەم و زینیان بینیووە.

چەند سەرنجێک
وەکو لەپێشدا وتم نایشارمەوە کە ئەم بیرەوەرییانە لەچاو بیرەوەری تر جیاواز بوو بەلامەوە، هەرئەمەش وایکرد کە ئەم چەند دێڕەی لەبارەوە بنووسم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارەش لەسەروو سەرنج و رەخنەوە نییە.
1/ نووسەر رەخنەی توند لەسیاسەت و فیکری حشع دەگرێت، تەواوی ئەو رەخنانەش کە لە حشعی دەگرێت راستن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کاتێک لەگەڵ سەرانی حزب ناگەنە دەرەنجامێکی باش لێکترازان لە حزبەکە دروست دەکەن کەسەرەتا بە ‘ شیوعییە کوردستانییەکان” دەناسرێن، دوایی پارتی کار دروست دەکەن، بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرایە، پاشماوەیەک پارتی کار نەک ناتوانێت حشع تێپەڕێنێت، بەڵکو دواڕۆژێکی خراپتریشی دەبێت، بۆیە بە بڕوای من ئەو لێکترازانە هیچ خزمەتێکی بە بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازی نەکرد.
هەروەها لەم کتێبەدا زیاتر رەخنە لە سیاسەت و فیکری حشع گیراوە، هیچ باسی گیانفیدایی و قووربانییەکانی ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبەی نەکردووە، دەبوایە نووسەر هەروەک چۆن پانتایی باشی بۆ رەخنە و گلەیی لە سەرانی ئەم حزبە گرتووە، کەمێک باسی خەبات و تێکۆشانیشی ئەم حزبەشی بکردایە بەتایبەتی هەستی شۆڕشگێڕی ئەندام و لایەنگرانی.
2/نووسەر لەهەندێک شوێندا زۆر گشتگیرانە قسە دەکات، ئەو وەکو کەسێکی ئەکادیمی نەدەبوو بەوشێوەیە قسە بکات،دەبوو ئەکادیمی تر قسەی بکردایە بۆنموونە لەبارەی کەسایەتی تاکی کوردییەوە دەڵێت: دوو فاقییەکی سەیر لە کەسایەتیی مرۆڤی کورددا هەیە، کە لە باشووری کوردستاندا بینیومە، کەسێک گوایە کوردایەتی دەکات یان پێشمەرگەیە، کەچی دەبێتە جاش. ل 226
مەرج نییە ئەم تێڕوانینە بەسەر هەموو ئەوانەدا بسەپێت کە چەکی پێشمەرگایەتییان کردۆتە شان، چونکە خەڵکانێکی زۆریش بە ئامانجی پیرۆزە بوونەتە پێشمەرگە، بۆیە تێگەشتنێکی گشتگیرانەیە.
لە شوێنێکی تردا دەڵێت:
مێژووی کورد پێش هەر شتێک، مێژووی شەڕی نێوخۆی نێوان خێڵ و بنەماڵە و میرنشینەکانە، کە بە کۆمەک و هاندانی دەوڵەتی عوسمانی یان ئێرانی، وێنەی مورتەزەقە لەنێو خۆیاندا و لەگەڵ یەکتر شەڕیان کردووە،،93
ئەمەش گشتگیر و خراپە، چونکە مێژووی کورد خاڵی جوانیشی تێدایە تەنها مێژووی شەڕی خێڵەکان نییە.

لە شوێنێکی تردا نووسەر دەڵێت: وەکو دەوترێت لە جەنگی ئێران و عێراقدا، دوو ملیۆن کەس کوژران، هەردوو وڵات 400 ملیارد دۆلاریان خەرج کرد، عیراق سەد میلیارد دۆلار زیاتر بە دەوڵەتانی کەنداو و فەرەنسا و یەکێتی سۆڤیەت قەرزاربوو.ل 414
نووسەر ئەم هەموو ژمارانەی نووسیوە بەڵام هیچ سەرچاوەیەک دیاریی نەکردووە، من لەو باوەڕەدام کە ئەو ژمارانەش موبالەغەی پێوە کراوە، ناکرێت تۆ وەکو نووسەرێک پشت بە ” وەکو دەوترێت” ببەستیت، بەتایبەتی کاتێک باسی مێژووی جەنگێکی 8 ساڵەی ناسراوی جیهان دەکەیت.
3/ نووسەر تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ڕەخنە هەیە، لە زۆر حاڵەتدا ڕەخنەی کوردی بە لاواز دادەنێت، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە نووسەر لەتەواوی کتێبەکیدا نووسینی زۆر نووسەری کورد و ئەوروپی داناوە کە لەبارەی شیعرەکانییەوە نووسراوە، بەڵام هەموویان زیاتر ستایشی نووسەر دەکەن.
4/ لەرووی شیعریشەوە ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە، بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە، ئێمە شیعرێکی نوێی هاوشێوەی ئەوانەی پێشووی شاعیرمان نەدیوە، لەهەمانکاتیشدا ئەو هەموو کارەسات و ماڵوێرانییە بەسەر کوردی چوار پارچەدا هاتووە، شاعیر نەیتوانیوە شیعرێکی هاوشێوەی ئەوەی هەڵەبجە بۆ ئەو کارەساتانە بنووسێت، بۆیە لەو باوەڕەدام رەفیق سابیر لەرووی شیعرییەوە ئەم چەند ساڵەی دوایی، لەچاو ساڵەکانی تری، کەم بەرهەم بووە.
5/ کاتێک باسی هۆکاری توندتیژی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، تەنها باسی هێرش و پەلاماری خێڵە بەدووە عەرەبەکان دەکات و بەهۆکاری سەرەکی ئەم توندتیژییەیان دادەنێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر سەیری مێژووی عێراق بکەین، تەنها خێڵی بەدەووی عەرەب پەلاماری نەداوە، عێراق لە مێژوویدا، بەر هێرشی وەحشیانەی مەغۆلەکان، تورکە عوسمانییەکان، سەفەوییەکان کەوتووە، ئەوانیش وەحشیگەریی و دڕندەیی زۆریان لە عێراقدا کردووەو کاریگەری زۆر خراپیشیان لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی داناوە.

دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەم کتێبەی رەفیق سابیر یەکێکە لە کتێبە باشەکان کە لەبارەی مێژووی سیاسی و ئەدەبی کوردییەوە نووسرابێت، زۆر گرنگە نەوەی نوێ ئەم کتێبە بخوێننەوە، هەتاوەکو دیوێکی تری ڕووداوەکانی پێشوتریان دەستبکەوێت.




لەبارەی گرفتەکانی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە.. فەرەیدوون سامان*

وەک چۆن ئێمەی کورد نیشتمانەکەمان بەسەر چەند وڵاتێکدا بەشکراوە، زمانی نەتەوەی سەردەست باڵادەستیی بەسەر زمانەکەماندا هەیە، زمانەکەمان بەسەر چەند زار و بنزارێکی سەرەکیدا دابەش بووە و هەریەک لەو زارانەش خاوەنی خەسڵەتێکی تایبەتی خۆیانن کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی فەرهەنگی و جوگرافیای گەلەکەمانە. مخابن هێشتا زمانێکی پێوەرمان بۆ گشت زار و بنزارە کوردییەکان نییە. هاوکات دەبینین لە ڕووی ئەلفوبێ و ڕێنووسیشەوە، ڕێنووسێکی پێوەر و هاوبەشمان بۆ نووسینی تێکستەکانمان نییە. بە دڵنیایییەوە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی جوگرافیاییی زمانی کوردی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی فرەچەشنیی زارە کوردییەکان، بەو پێیەی هەر دەڤەرێک و ناوچەیەک بە سروشتی خۆی، شێوەزاری تایبەتیی خۆی پەرە پێ داوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی مێژوو و ڕۆشنبیریی ناوازەی خۆیەتی. هەر بۆیەش زمانی کوردی بە یەکێک لەو زمانانە دادەنرێت کە دەوڵەمەندە بە فرەچەشنیی فەرهەنگی.
فرەچەشنیی شێوەزارەکان لە زمانی کوردیدا بەڵگەی دەوڵەمەندیی فەرهەنگییە. ئەم فرەچەشنییە ڕەنگدانەوەی مێژووی دوورودرێژی کوردە، بە درێژاییی سەدەکان کارکردنە لەگەڵ فەرهەنگ و گەلانی جۆراوجۆردا. چونکە لە ڕێگای ئەم زارانەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە مێژووی کورد و شارستانییەتەکەی و کارلێکی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا بگات.
زمانی کوردی جگە لە فرەچەشنیی شێوەزار، میراتێکی دەوڵەمەندیی ئەدەبی لەخۆ دەگرێت کە لە ژانرەکانی شیعر، ئەدەبیاتی فۆلکلۆر و چیرۆکی مێژوویی پێک هاتووە. ئەم میراتە ئەدەبییە گوزارشت لە حیکمەت و ئەزموونە مرۆیییەکانی گەلی کورد دەکات، هەروەها ڕەنگدانەوەی جوانی زمان و هێزی لە دەربڕینی هەست و بیرۆکەکاندایە.
سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە زمانەوانی و فەرهەنگییە، زمانی زمانەکەمان بەرەو ڕووی چەندان ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ پەراوێزخستن و گۆشەگیریی زمانەوانی کە بە درێژاییی مێژوو بەر کەوتووە. بەڵام هەوڵەکان لە لایەن خودی ڕۆشنبیرانی کوردەوه بۆ پاراستنی زمان و بەرەو پێشبردنی و بەکارهێنانی له هەموو لایەنەکانی ژیاندا. پاراستن و پەرەپێدانی ئەم زمانە ئەرکێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئەم میراتە فەرهەنگییە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
یەکێک لەو بەربەست و ئاستەنگانەش نەبوونی ئەلفوبێیەکی یەکگرتوو هەروەها ڕێنووسێکی یەکگرتووە بۆ گشت زارە کوردییەکان بە تایبەتییش لە دامەزراوە چاپەمەنییەکانی وەک ڕۆژنامە و گۆڤار و هەروەها ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەبوونی ئەو هەموو وێبسایت و کەناڵە کوردییە جیاوازانە دیاردەیەکن وێڕای هەبوون واڵایی و بەرفرەیی و پەراوێزێکی ئازادی نووسین و دەربڕین، هاوکات لە دەلیڤەی بەکارهێنانی ڕێنووسدا کێشەیەکی چارەسەر نەبوون، کە بە داخەوە زۆر جار خودی ئەو نووسەرانەی کە باس لە گرفتەکانی ڕێنووسی کوردی دەکەن یان ئەو دەزگا ڕۆشنبیرییانەی کە ساڵانە بە دەیان کتێب چاپ دەکەن و ڕێنمایییەکانی ڕێنووس و خاڵبەندی پارڤە دەکەن ڕووبەڕووی هەمان هەڵە و کێشەی ڕێنووس دەبنەوە.
دوای پتر لە سەدەیەک لە بزاڤی چاپەمەنی کوردیدا، تەنانەت بەر لە سەرەتای بیستەکان و دەسەڵاتی حکومڕانی شێخی نەمر تا دەگات بە ئێستا زمانی کوردی بە چەندان قۆناغ و شێوازی ڕێنووس و خاڵبەندیدا تێپەڕیوە، ئەگەر جاران دەقی نووسین بە کەشکۆڵ یان بەڵگەنامەی مێژوویی بە ڕێنووسی کلاسیکیی کوردی دەنووسرا، کە پتر لە ژێر هەژموونی ئەلفوبێ و ڕێنووسی عەرەبی و فارسیدا بوو، ئەوا دواتر بە هەوڵی زانایان و زمانناسان و ئەدیبانی کورد تا ڕادەیەکی باش ڕێنووسی کوردی لە نووسین و چاپەمەنییەکاندا سەرباری هەندێک گۆڕانکاریی لێرە و لەوێ، بەڵام لە دوای ساڵانی هەفتای سەدەی ڕابردووەوە هێشتا وەکوو پێویست هەر سەقامگیر نەبوو، ئێستا لە چاپەمەنی کوردیدا لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبە چاپکراوەکان سەرباری ئەوەی کەمترین کێشەی ڕێنووسمان هەیە، بەڵام دیسانیش جار جار لەو بڵاوکراوانەدا ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە ئەویش هەبوونی فرەڕێنووسی یان هەڵە ڕێنووسییە لە تێکستەکاندا، واتە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەوانی و فەرهەنگی بە گۆڤار و ڕۆژنامەو بڵاونامەکانیانەوە، تەنانەت هەر نووسەرێک بێ ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنی ئەو ڕێنمایییانەی کە پێشتر لە ئەکادیمیای کوردی یان دەزگای سەردەمەوە چاپ و بڵاو دەکرانەوە، دواجاریش ئەو کتێبانەی مامۆستا دیاکۆ هاشمی و دکتۆر نەریمان عەبدوڵڵا، ڕەنگە ئێستا ناوی نووسەرانی دیکەم لەبیر نەبێت، کە لە سەر ڕێنووس و خاڵبەندی بە چاپیان گەیاندووە، دیسان لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا تەنانەت لە خودی گۆڤاری (ئەکادیمیای کوردی)یشدا، بە نموونە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندی دەبینەوە، ئەویش هەندێک جار سەبارەت بە خەمساری و یان نەزانینی بەکارهێنانی ئەو نووسەرانەی کە بەشێکی زۆریان هەڵگری بڕوانامەی باڵان لە زمان و ئەدەبیاتدا لە تێکستە هزرییەکانیاندا بەکاری دەهێنن، ڕووبەڕووی هەمان ئاستەنگ دەبینەوە کە کێشەی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندییە، بێگومان هەبوونی ئەو هەڵانەش کەم و زۆر کاریگەرییان لەسەر گەیاندنی چەمک و واتاکانی بابەتەکە هەیە، تەنانەت جاری وا هەیە هەر زۆر بە هەڵەش واتایەکی پێچەوانە بە خوێنەران دەگەیەنن، هەڵەبەکارهێنانی خاڵبەندییش لە هەر دەقێکی ئەدەبی یان هزریدا، هەمان کێشە و گرفتی گەیاندنی چەمک و واتاکانی لێ دەکەوێتەوە.
ئێستا لەو بەشەی باشووری کوردستاندا کە بە زمانی کوردیی ناوەند دەنووسین و دەخوێنین و بڵاو دەکەینەوە، ڕاستە وەک ڕێنماییی ڕێنووسێکی پێوەر و ستانداردمان هەیە و بەڵام دیاردەی هەبوونی ئەو هەموو هەڵە ڕێنووسییە هۆکارەکەی چییە، تا چەندیش کاریگەرییان لە سەر زمانی ستانداردی کوردیی ناوەند-زاری سۆرانی، چونکە لەو بەشەی دەڤەری بادینان تا ڕادەیکی زۆر سەبارەت بە جیاوازیی هەندێک پەیڤ و زاراوە و دەستەواژە و دەربڕین، ڕێنمایییەکانی ڕێنووسیش جیاواز دەبن.
ئێمە لە ئەزموونی دەرکردنی گۆڤارەکەمان (گۆڤاری زمانناسیی وەرزی_زمان و زار)، نووسینی زۆرینەی ئەو نووسەر و توێژەرە بەڕێزانەی کە لەو گۆڤارەدا وتار و توێژینەوەکانیان بڵاو دەکەنەوە، ماڵیان ئاوا بێت، بەڵام هەمیشە مەرجی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان ئەوە بووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێمە دەسکاری ڕێنووسەکەیان بکەین، ئەم داواکارییەش وای لە ئێمە کردووە بەرانبەر هەڵەیەک دەستەوسان بین کە خۆمان قەناعەتمان پێی نییە و نەبووە، بەڵام بۆ بەردەوامی و شکۆی گۆڤارەکەمان ناچاریش بووین لە سەر خواستی ئەوان وەک خۆیان دەقەکانیان بڵاو بکەینەوەـ هەر بۆ دڵنیایییش من نامەی هەموو ئەو بەڕێزانەم لایە کە جەخت لە داواکارییەکانیان دەکەنەوە کە نابێت دەسکاریی شێوازی ڕێنووسەکانیان بکرێت، دیارە ئەو هەڵەچنە بەڕێزانەش کە خۆبەخشانە لەو گۆڤارەی ئێمەدا هاوکار بوون، سەرباری شارەزایی و ئەزموونیان لە بواری ڕێنووس و خاڵبەندیدا، بەڵام چونکە ئەوانیش دووچاری هەمان هەڵە دەبنەوە هەرچەند هەریەکەو بە پێی توانا و کارامەیی و ئەزموونی خۆیان بەو کارەدا ڕاپەرموون، بەڵام هەبوونی چەند هەڵەیەکی ڕێنووسی کە ئەم دیاردەیە لە زۆرینەی چاپەمەنییە کوردییەکاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، تا ڕادەیەک مایەی ڕەنجاندنی بەشێک لە خوێنەران و نووسەرانیش بووە. لەوانەش خودی خۆم، ڕەنگە هەبوونی هەڵەیەکی چاپ یان لە کاتی فۆنتگۆڕیندا هۆکارێکی سەرەکی بووە کە بە سەر هەڵەچنی گۆڤارەکەی ئێمەدا تێپەڕ بووبێت، دیارە ئەمەش لە بایەخی هەوڵەکانی ئێمە بۆ بەردەوامیی دەرچوواندنی ئەو گۆڤارە کەم ناکاتەوە، کە هاوکاران و هاوڕێیانی نزیک لەو گۆڤارەی ئێمە دەزانن بە چی دەردەسەرییەک ئەو گۆڤارە زمانناسییە دەردەکەین لە پێوەندیی بەردەواممان بۆ دابینکرنی وتار و توێژینەوە زمانناسییەکان، چونکە خوێنەرانی هێژا و نووسەرانی دڵسۆزی پەیڤ و زمانی کوردی دەزانن کە نووسین لە بواری زمانناسیدا چونکە کاری ئیلیەتە (نوخبە)یە، تا ڕادەیەکیش توێژینەوەی زمانناسیی پێویستیی بە چەندان پەراوێز و سەرچاوەی زانستی هەیە و پرۆسەکارێکی دەگمەنیشە واتە ئەگەر ئاوڕێک لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵا زانستییەکانی سەر زمانی کوردی بدەینەوە دەبینین کەمترین هەوڵی نووسینی زمانناسیی لای ئەو بەڕێزانە بەدی دەکرێن، ڕەنگە بە پاساوی ئەوەش بیانووەکەیان ئەوە بێت کە ئەم بەڕێزانە هەر بەتەنێ بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستی فریای توێژینەوەکانیان دەکەون، بۆیە قسەکردن لەسەر پرس و گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا کێشەیەکی تازە نییە، بە دڵنیایییشەوە تا ئێمەی کورد نەبین بە خاوەنی یاسایەکی چاپەمەنی کە پەیوەست بێت بە ئاساییشی زمان و ئاساییشی نەتەوەییمانەوە دواتر تا نەبین بە خاوەنی زمانێکی ستانداردی کوردی ئەستەمە لەو ڕەوشەدا بتوانین وا بە سانایی چارەسەری گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی بکەین و ببین بە خاوەنی ڕێنووسێکی پێوەر و ستاندارد.
• سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار)




كات و بەدواگەڕان و داهێنان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

عەقڵی زمان چ لە زمانی ستاندارد و چ لە زمانی گشتیدا عەقڵێكی رێكخەرە، هەمیشە بە دوای ئەو دەستەواژە و فۆرمەلانەدا دەگەڕێت، كە بۆ بارودۆخەكە شیاو دەكەوێتەوە، ئەوانەی دەلالەت لە زەمەن بە مانا گشتییەكەی و بە كۆی جیاوازییەكانیانەوە دەكەن. بێگومان چەمكی (زەمەن/ كات) هەڵگری كۆمەڵێك ئیشكالییەتی فەلسەفییە، لە فەلسەفەی بوونگەراییدا بوونی مرۆڤ وەك بوونێكی زەمەنی پێناسە كراوە. هەڵبەتە ئەگەرچی لە زمانی كوردیدا جیاوازی نێوان (زەمەن) و (كات) روون نەكراوەتەوە، بەڵام لە بیركردنەوەدا، هەمیشە زەمەن كۆمەڵێك كاتی بەدوایەكداهاتووی (جیاواز) و (ناجیاواز) دەنوێنێ‌!
ئەو كورتە روونكردنەوەیە، بۆ ئەوە نییە، پشتگیری قسەكەی (ژیل دۆلۆز) بكەم، لەوەی، كە بە مانایەك لە ماناكان و بەبڕوای من (دەیەوێ‌ بڵێ‌) جیاوازی كات بەهایەكی گەورەی لە رۆمانی (گەڕان بە دوای كاتی بزربوو)دا هەیە، نەك زەمەن! بەشێكی گەورەی ئەو لێكجیاكردنەوەیەی كات و زەمەن، سەرەڕای ئەوەی دەزانین هەموو راستییەكان راستی زەمەنین و ناچارین تەنها لە نێو زەمەندا بە دوای حەقیقەتەكاندا بگەڕێین، بەڵام لە دنیای داهێنانی هونەری و ئەدەبیدا راستییەكان راستی خەیاڵیین!
پرسیار ئەوەیە، كە ئایا كاتی بزربوو لای (مارسیل پرۆست) گەڕانێكی ئۆدیبانەیە، بە دوای باوكدا؟ دۆلۆز ئەو گەڕانەی پرۆست لە پلەی یەكەمدا وەك گەڕان بە دوای حەقیقەتەكاندا دەبینێ‌، واتە لە لیكدانەوەكانیدا، قسە لەگەڕان بە دوای باوكدا ناكات. وەك چۆن بە دوای زەمەنی دەیمومەی (برگسۆنی)دا ناچێ‌! بەڵكو لە (دەرەوەی فەلسەفە) بەدوای ناسینی حەقیقەتی فەلسەفەوەیە! بێگومان چەمكی فەلسەفەش بە ئەفراندنەوە دەبەستێتەوە.
لێرەدا دەردەكەوێت من هەوڵدەدەم بە دوای حەقیقەتی خەیاڵی ئەدەبی (داهێنان)دا بڕۆم و (جوولەی عەقڵی زمان) لە گەڕان بە دوای كاتی لەدەستچوودا زیاد بكەم، بەو مانایەی كە چەمكی جوولەی عەقڵی زمان رەوتی ئاسۆیی چاوەڕوانییە باوەكان تێكدەشكێنێ‌. ئەو قسەیەم لەوێوەیە كە بنەمای داهێنان لە بەدواداگەڕانی جوولەی زماندا وێنەی چاوەڕوانی (لەوەی كە دێ‌) دەكێشێ‌، ئەو قسەیەشم دۆلۆزانە لەگەڵ بیركردنەوەی فەلسەفی (وەك ئەوەی ئەفلاتوون لە سەركەوتن و شكۆدا وێنەی دەكات) دژ دەكەوێتەوە. دەمەوێ‌ بڵێم نهێنی زمان لە داهێناندا (لەوەی كە دێ‌) هەر تەنها ناكەوێتە ناوەوەی سەركەوتن و دەرەوەی دوڕانەكانەوە؟!
تێزی (فەلسەفە ئەفراندنی چەمكە) وەك تێزێكی دۆلۆزیی، واتە چەمك هەمیشە نوێ‌ دەبێتەوە و گوزارشت لە بەردەوامی ژیان و ماتە وزە ناكۆتاییەكانی بوون دەكات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەبێتە پەنا بۆ (جوولەی عەقڵی زمان) و (سەیرورەی زمان)، بەو مانایەش مرۆڤ لەسەر چەمكی هێز لە جوولەدا لەوەی كە دێ‌، دابەشبوونێكی هەمیشە نوێیە! نیازی من لەو بەدواداچوونەدا ئەو سەنتێزەیە، كە بە مانای كۆكردنەوە و بەرهەمهێناوەی زمان و بیرێكی نوێ‌، هەوڵی شیكردنەوەی دەدەم.

(1)
فەیلەسوفی فڕەنسی (هنری لویس برگسۆن) تێزی دكتۆراكەی بە ناونیشانی (هەوڵدان لەبارەی داتا راستەوخۆكانی ویژدان)ەوەیە و لەو نامەیەدا هەوڵیداوە لە رێگای زەمەنەوە كۆمەڵێ‌ بابەت بخاتە ژێر لێكۆڵینەوە و چارەوە، وەك گیروگرفتەكانی ئازادی، پەیوەندی نێوان لەش و دەروون، كێشەی یادەوەری، كێشەی فیزیا، دیدی بیركارییانە بۆ كێشەی زەمەن.
لە فیكری برگسۆندا چەمكی بەردەوامی تەوەرەیەكی بنەڕەتییە و مانای زەمەنی دەروونی یان ناوەكی، واتە زەمەنی واقیعی هەیە. درێژبوونەوەی ساتەوەختەكانی ئەو زەمەنە، بێ‌ پچڕان نوێ‌ دەبنەوە، یەك دەچێتە نێو ئەویدیكەوە، درێژبوونەوەی زەمەن لای برگسۆن، بەشێكە لە مرۆڤ دانابڕێ‌، ئەزموونێكی دەروونییە، كە تەواوی هەبوون، لە بووندا جێگیر دەكات! بەو مانایەش لای برگسۆن جەوهەری ئێستا، درێژبوونەوەی رابردووە.
قسەكردن لە بارەی (زەمەن/ كات) لەنێوان برگسۆن و ئاینشتایندا گفتوگۆیەكی (سایكۆلۆژی/ فیزیاییە)، هەندێ‌ لە فیزیاییەكان دەیانەوێ‌ تێگەیشنێكی تاكرەهەند بە درێژبوونەوەی زەمەن ببەخشن و ئەو كەلێنە دابخەن، كە ئەپیكۆرییەكان (وەك زەمەنی ناوەكی) بە كراوەیی جێیانهێشتبوو. لای (ئەلبیر ئاینشتاین) قسەكردن لەبارەی (كات)ەوە قسەكردنە، لەسەر حەقیقەتێكی بابەتی، كە بە دەرەوەی مرۆڤەوە دەلكێ‌.
ئایا (زەمەن/ كات) وەك مەسەلەیەكی زانستی، وەك زەمەنی دەروونی، حەقیقەتێكی ریژەیی هەیە؟ لای ئاینشتاین زەمەنی رەها ساتەوەختە. بەڵام برگسۆن پێیوایە ئەوەی هەیە، بوون و پڕبوون و دیموومەیە. نەبوون، لای برگسۆن بوونی نییە، چونكە كاتێك هەوڵدەدەین خەیاڵی نەبوون یان (ناشت) بكەین، ئەوە لەسەر ئاگایی خۆمان نامێنین! بەڵام (گاستۆن باشلار) پێیوایە ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، هەر لەو حاڵەتەدا هەستدەكەین، هەین. واتە لەو ساتەوەختە و بە هۆی ئەو چركەساتەوە هەست بە بوونی خۆمان دەكەین.
كتێبی (جدلیە الزمن)ی باشلار، ل38، دیموومەی زەمەن بەو مانایەی، كە لای برگسۆن هەیە، رەتدەكاتەوە و دەڵێت (كات) بەیەكەوەلكاو نییە، بەڵكو بەیەكەوەنەلكاوە. چونكە بەهۆی فیكری بەیەكەوەنووسانەوە، ناتوانین بە شێوەیەكی جەوهەری بەرەو یەكێكی دیكە بگوازینەوە. یان بە مانایەكی دیكە لە داهێنانێكەوە، بەرەو داهێنانێكی دیكە هەنگاو بنێین. باشلار دەڵێ‌ ئەگەرچی دەیموومە پێدراوی راستەوخۆی ئاگاییە، بەڵام لێرەدا دیموومە دەستەمۆیە. بەو مانایەش لای باشلار ئاگاییمان بە كات، ئاگاییە بە ساتەوەخت: زەمەن واقیعی نییە، تەنها لە چركەساتدا نەبێت.
واقیعی زەمەن تەنها لەو چركەساتەدایە، یان بە مانایەكی دیكە زەمەن واقیعێكە بە چركەسات ئابڵوقەدراوە و دەكەوێتە نێوان دوو عەدەمەوە. كەواتە كات لە نوێوە دەژی، بەڵام بەر لەوەی بژی، دەبێ‌ بمرێ‌، چونكە ناتوانێ‌ خۆی لە ساتێك بۆ ساتێكی دیكە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە دەیموومە.
(هانز جۆرج گادامێر) پێیوایە هەر كەسێك كاتی تایبەت بەخۆی هەیە، كاتێكی سەربەخۆی هەیە. (ئێمە لەپڕ بەئاگا دێین، كە كەسێك پیر بووە، یان زەمەنی منداڵی تێپەڕاندووە) بەمجۆرە گادامێر زەمەنی برگسۆنی بە زەمەنی كاتژمێر دادەنێت، زەمەنی كاتژمێریش دەكەوێتە دەرەوەی زەمەنی تایبەتیمانەوە. بڕوانە: جاستون باشلار، جمالیات الصورە، د. غادە الامام، بیروت-لبنان، گ1، 2010، ص86.

(2)
نهێنی مرۆڤ و زمان وەك نهێنییە بەردەوامەكانی داهێنان كردەیەكی چركەساتییە، جیابوونەوەیە، دابڕانە، خەڵقكردن و كردەی چوونە ژوورەوەی لەپڕە، هەموو ئەو شتە هەنووكەیانەیە… بە كورتی جیاوازی نێوان دەیموومە و ساتەوەخت جیاوازی نێوان (كار- Action) و (كردە- Acte)یە، كار بەدواداچوونێكی بەردەوامە و دەكەوێتە نێوان بڕیار و ئامانجی دەیموومەوە. كار هەر دەبێ‌ سەرەتای هەبێ‌ و هەر دەبێ‌ وەك بنچینە رووداوی هەبێ‌. بەڵام ساتەوەخت جگە لە ئەبستراك هیچ واقعێكی نییە. دەیموومە بە پشتبەستن بە حاڵەتی چەسپاو نەبێ‌، وێنا ناكرێت. بەڵام كردە بەر لە هەموو شتێك بڕیارێكی راستەوخۆی هەنووكەییە، پێشكەوتنێكی داهێنەرانەیە، رووداوەكان فەرامۆش دەكات.
لەسەر ئەو بنەما فەلسەفییە و بنەمای داهێناندا دەمەوێ‌ بڵێم مرۆڤ و زمان پەستێنراون و لە چركەساتێكدا چڕكراونەتەوە، چركەساتێكی هەنووكەیی كە دەكەوێتە نێوان گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی راڤەكردن و سەیرورەوە، یان بە مانایەكی دیكە داهێنانی چركەساتی كردەیی سەركێشانەی لەناكاوە و لە نوێوە جیهان دادەمەزرێنێـتەوە. سیحر و نهێنی زمان بنەمای هەمووانە و ژیان بەردەوام كراوەیە.
لێرەوەیە دەشێ‌ دوو مەرجی چركەساتی كردەی داهێنان دیاری بكەین، یەكەمیان ئەوەیە كە بیرماندەخاتەوە كە چ تێپەڕبووە، دووەم پێماندەڵێت كەچی روودەدات. بنەمای ئەو قسەیە راڤەكردنی ساتەوەختە لای باشلار، وەك ماوەیەك بۆ پشوودان لە بەردەوامی… بۆ زێتر بە دواداچوون، بۆ كتێبی (جدلیە الزمن) بگەڕێوە، كە دكتۆر (خلیل احمد خلیل) تەرجەمەی كردووە و لە (بیروت-لبنان) چاپكراوە، چاپی دووەم ساڵی 1992 ل92.
كاتێك دەڵێین نهێنی داهێنان دابڕانە لەگەڵ بەردەوامی ژیانی رۆژانەی باو، كەواتە كردەی داهێنان بە مانا باشلارییەكەی رابردووی نییە! لە كردەی داهێناندا (كات) ئەو ساتەوەختەیە، كە تێیدا دەژین، رابردوو بەتاڵە وەك داهاتوو، داهاتوو مردووە وەك رابردوو! بەو مانایەش كات كردەیە، زنجیرەیەكە لە بەدواداچوونی نهێنییەكانی داهێنان، تەنها لە رێگای زنجیرەیەك داهێنانی بەدوایەكداهاتووی چركەسات و فرەییە لەبننەهاتووەكانەوە نەبێت، كەشف ناكرێت. بە دیوەكەی دیكەش كات، بەپێی سەرنجی سەرنجدەرانی جیا دەكرێتەوە و چوارچێوەی گونجاو وەردەگرێ‌. ئەوەش وەك ئەوە وایە، بڵێین هەموو سەردەمێك داهێنانی تایبەت بەخۆی هەیە! كات لە داهێناندا وێناكردنی رەهای نییە، بەڵكو بەپێی سەرنجدەرە جیاوازەكان دەگۆڕێت. لە داهێناندا (رابردوو و ئێستا و ئایندە) لە تاكە جوولەیەكی زمانەوانی هەنووكەییدا بەیەكدەگەن، جوولەیەكی لەپڕ بەرەو كردەیەكی ترسناكی داهاتوومان دەكاتەوە… ئەوەش ئەو رستەیە پشتڕاست دەكاتەوە، كە لای زۆربە دووبارە دەبێتەوە و دەڵێین: داهێنان زەمەنی تایبەت بەخۆی خەڵق دەكات.

(3)
لە تیۆری مەعریفیدا كەسی ناسكار لە رێگای عەقڵی زمان و بەكارهێنانی لە بوارە جیاوازەكاندا، مەعریفە دەخاتەوە. عەقڵی زمان كاری ڕیكخستنەوەی مەعریفە و لۆژیكی مەعریفی، بە خێراییەكی زیاد لە پێویست لە (زیرەكی دەستكرد، وەك خێرایی، یان ژیری دەستكرد، وەك لۆژیك) جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەوەش وادەكات (زیرەكی، ژیرە دەستكرد) بواری كاركردن و ئەگەرەكانی كاركردنی لۆژیكیتر و خێراتر و فراوانتر بن! بەڵام هەمیشە لەپشت داهێنانی مرۆییەوە عەقڵێكی یاسادۆز و یاساداهێن هەیە، نهێنی خەیاڵی زمان وەستاوە، چركەساتی فرەییە لەبننەهاتووەكان… داهێنانی مرۆیی بەردەوام دابڕانە، لەگەڵ خێرایی و ژیریی دەستكرد! داهێنان بڕیارێكی راستەوخۆی هەنووكەییە، جگە لە ئەبستراك هیچ واقعێكی نییە. ئەوە جیاوازییەكی كرۆكییە لە نێوان (داهێنانی مرۆیی) و (ژیری دەستكرد- زیرەكی دەستكرد)ەوە. كەواتە ژیر و زەیرەكی دەستكرد هەرچەند پێشبكەوێت، ناتوانێت كاری خەیاڵی زمان و عەقڵی زمان بكات. چونكە ئەوە سیحری زمان و عەقڵی مرۆییە ژیری و زیرەكی دەستكرد رێكدەخات.
بێگومان وەك گوتمان داهێنانی مرۆیی، كاتی تایبەت بەخۆی خەڵق دەكات. زمانی داهێنان، كە دەربارەی خۆی دەدوێ‌، هیچ شتێ‌ لە خەیاڵی مرۆڤی داهێنەر لەبارتر نادۆزیتەوە. بە گشتی خەیاڵی مرۆڤ بەرهەمی سیحر و نهێنییەكانی عەقڵی زمانە، بەردەوام زمانی داهێنان نهێنی و حەقیقەتە جیاوازەكانی خۆی لە چركەساتە جیاوازەكانی گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكاریدا دەبینێتەوە. داهێنان لە رێگای مرۆڤی داهێنەر و زمانەوە بۆ هەمیشە لە سەیرورەدایە. بواری چركەسات و سەیرورەوە تێكەڵ یەكتر دەبن، بواری عەقڵ و زمانیش دەچنە نێو یەكترییەوە. مەحاڵە لە رێگای ژیری و زیرەكی دەستكردەوە پەی بە خەیاڵ و داهێنانی عەقڵی مرۆیی و نهێنییەكانی زمان بەرین.
بە بڕوای من هەمیشە بیركردنەوەی عەقڵ و نهێنی زمان، بوونی مرۆڤ لە بوونی ژیری و زیرەكی دەستكرد رزگار دەكات! ئەوە هەمیشە بیركردنەوەی عەقڵ و نهێنی زمانَە، ژیری و زیرەكی دەستكرد تێدەپەڕێنێ‌!
(عەقڵی مرۆیی، نهێنی زمان) و (ژیری، زیرەكی دەستكرد) لە رووی كاتی داهێناندا بە گشتی دوو جیهانی تەواو لێكجیاوازن. ئەو دوو هێزە هیچیان لە جیهانی ئەوی دیكەیاندا ناتوانێت بە تەواوی كار بكات. مرۆڤ و زمان بۆ هەمیشە لە سەیرورە و داهێنانی بەردەوام و خەیاڵی بەردەوام ناكەوێت. مرۆڤ بە نهێنی زمانەوە مرۆڤە، زمان بە خەیاڵ و داهێنانەوە، عەقڵ لە جوولەی بەردەوامی داهێنانەكانی زمان، لەوەی كە دێ‌، بەخشش و ئازادییەكانی رەنگرێژ دەكات.
هەولێر 7/7/2024