فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی مێژوو و سەردەم.. گێرت ‌هێندریش.. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

.6 فەلسەفە لە ئیسپانیای عەرەبی (ئەلئەندەلوس)

ئیسپانیا (ئەل-ئەندەلوس ی عەرەبەکان) لە ساڵی 711 بەدوواوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو، ئەوە دوای گەیشتنی سوپاسالار تاڕیق ئیبن زیادی یەمەنی بە جیبرالتەر (جەبەل تاریق). سەرەتا هێرشی عەرەبەکان کەمێک زۆرتر بوو لە پەلاماری تاڵانی، پاشان لاوازیی دەوڵەتی گۆتەکانی ڕۆژئاوا بوو بە هاندەرێک بۆ داگیرکردنی کردەکی. سوپایەکی ڕێژەییانە بچووک لە کورتترین ماوەدا هەموو شارە گەورەکانی داگیر کرد و تا باشووری فەڕەنسا بەرەو پێش هێرشی برد. وەلێ پەلامارەکانی تاڵانی لە نیوەی سەدەی هەشتەمدا وەستێنران. پەلامارێکی عەرەبەکان بۆ تاڵانی کە لە لایەن کارل مارتێل-ەوە لای توورس و پواتیێر شکێنرا (732) و بە هەڵە ناونراوە شکانی “مێژوویی-جیهانی”، دوورترین سنووری عەرەبەکانی دیاری کرد و تا ئەو سنوورەش دەیهێنا بۆ مەبەستی تاڵانی پەلامار بدەن. وەلێ ئەم شکانەی عەرەبەکان بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بە ئامادەگیی ئەوان لە باشوری فەڕەنسا نەهێنا، هەروەها کۆتایی نەهێنا بە هەڵچوون و گەشانەوەی ئیسپانیای عەرەبی. سەرەتا والییەکی خەلافەتی دووری ئەمەوی لە دیمەشق لەوێ حوکمی دەکرد، ئەوجا دوای ئەوەی ساڵی 750 خەلافەت کەوتە دەستی عەباسییەکان و ئەوانیش پایتەختیان گواستەوە بۆ بەغداد، ئیدی خەلافەت دوایەمین نفوزی خۆی بەسەر ئیسپانیادا لەدەست دا. تاکە میری ئەمەوییەکان کە لە کۆمەڵکوژیی خانەوادەکەی ڕزگاری بوو بوو، لە لایەن موسڵمانانی ئەوێوە کرا بە دەسەڵاتداری ئیسپانیا. بەمەش ئێستا چیدی ئیسپانیا سەر بە خەلافەتی عەرەبی-ئیسلامی نەبوو، بەڵکو بوو بە دەوڵەتێکی عەرەبیی سەربەخۆ.

ئەلئەندەلوس چە لە ڕووی ئابووری و چە لە ڕووی شارستانییەوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو و ئاڵوگۆڕێکی زیندووی لەتەکیدا هەبوو. هەرگیز ئیسپانیای عەرەبی زەبرمەندانە بەئیسلامی نەکرا، بەڵکو موسڵمان و کریستیان و جوو لەژێر سەروەریی عەرەبیدا بەئاشتیانە پێکەوە دەژیان. بەو ڕێیەوە گرووپێکی نوێی دانیشتوان بە ناوی “مۆزائەرابەر”ە (Mozaaraber) کریستیانییەکان سەریهەڵدا کە بە زمانی عەرەبی دەئاخڤین و نەریتی عەرەبییانەیان وەرگرتبوو. هەروەها کۆمەڵە گەورەکەی جووەکان لە ئیسپانیا لێبوردەیی زۆری پێبڕابوو و هاوکات بەشداریی لە بەعەرەبیکردنی ژینجیهان و کولتووردا دەکرد. لەم کۆمەڵەیەوە فەیلەسوفانی بەواتا دەرکەوتن، وەک: سالۆمۆ ئیبن گابیرۆل (بە لاتینی ئاڤیسێبرۆن، 1020-1058)، هەروها مایمۆنیدێس (موسا ئیبن مەیمون، 1135-1204). هزری ئەمان تەنیا پابەندی ترادیسیۆنی جوویەتی نەبوو، بەڵکو هەروەها کاری چە لە وەرگرتنی ئیسلامییانەی ئەنتیکە و چە لە فەلسەفەی موسڵمانەکاندا کردەوە. هەندێکیان بەڕێی فەلسەفەی ئەوانەوە گەیەنرا بە چەرخی نێڤینی لاتینی.
ئیسپانیای ئیسلامی لە ماوەی حوکمڕانیی عەبدولڕەحمانی سێیەمدا (912-961) گەیشت بە ترۆپکی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی. بەدووی ئەوەدا ئیدی سەردەمێک هات و تێیدا “ڕێکۆنکویستا” (Reconquista)، واتا ئەوە کە زۆر جار ناو دەنرێت “داگیرکردنەوەی ئیسپانیا لە ماورەکان”، پتر گوڕی سەند. وەلێ پاشخانی ڕێکۆنکویستا کەمتر جەنگی ئیمان بوو لە نێوان موسڵمانان و کریستیاناندا، بەڵکو پاشخانەکە بەزۆریی لێکترازاویی نێوخۆیی ئەندەلوس بوو کە دوای مەرگی دوایەمین میری ئەمەوییەکان لە ساڵی 1008 دا بەسەر پتر لە سی میرنشینی گچکەی سەربەخۆی ناوچەییدا لێکهەڵوەشایەوە. لە نێویاندا هەروەها میرنشینی کریستیانی هەبوون کە تا ئەو دەمە ئەمەوییەکانیان وەک سەروەر ناساندبوو. دەوڵەتۆچکەکان شەڕی ڕکاوییان لەسەر باڵادەستی لەدژی یەکدی پەربا کردبوو، لێرەشدا کوالیسیۆنی دەمدەمیانەی نێوان دەسەڵاتدارانی کریستیانی و ئیسلامی مۆرکی خۆیان لەو شەڕانە دابوو. مۆتیڤی ئایینی لە ڕەوتی بەردەوامبوونی “ڕێکۆنکویستا”دا واتای وەرگرت. جگە لەوە ناکۆکییەکانی نێو ئیسپانیا بوون بەهۆی هێرشی نوێ لە باکوری ئەفریکاوە و هێرشەکان پتر ئەو وڵاتەیان دابەشاند. سەرهەڵدانی چەند شانشینێکی کریستیانی گوڕی دا بە داڕوخانی ئیسپانیای عەرەبی. ساڵی 1085 تۆلێدۆ داگیرکرا، ساڵی 1236 کۆردۆبا و ساڵی 1248 سیڤییا. تەنیا گرانادا تا ساڵی 1492 عەرەبی مایەوە، پاشان ئەویش لە لایەن هەردوو شانشینی یەکگرتووی ئاراگۆن و کاستیلیاوە داگیرکرا. بەدووی لەناوچوونی ئیسپانیای عەرەبیدا قۆناغێکی درێژخایەنی نالێبورەدەیی ئایینی و دوژمنایەتیی هزر دەستی پێکرد. پتر لە سێ ملیۆن موسڵمان، جوو و هەروەها زۆر کریستی بەعەرەبیکراو ناچاربوون هەڵبێن. لە گرانادای داگیرکراودا ماوەیەکی کورت دوای دەسەڵاتسەندن لە لایەن شایانی کاتۆلیکییەوە بڕەدارە هەڵچنراوەکان گڕیانگرتەوە. ئەوە سەرەتا کتێبەکانی عەرەب و جووەکان بوون کە لەنێو بڵێسەدا گڕیان گرت و بەوەش میراتی یەکێک لە دەوڵەمەندترین کولتوورەکانی ئەوروپا لەناوچوو. وەلێ هەروەک هاینریش هاینە لە تراژیدیای گرانادادا بە ناونیشانی “ئەلمەنسور” نووسیی: “ئەوە تەنیا پێشەکی بوو، ئاخر لەکوێ مرۆڤ کتێب / بسووتێنێت، لە کۆتاییدا مرۆڤیش دەسووتێنێت”.

6.1 ئیبن باجە و ئیبن توفەیل
فەلسەفە هەروەها یەکێکە لە گەشانەوە کولتوورییەکانى ئەندەلوس، وەلێ سەرەتا لە سەدەى دوازدەیەمەوە بەڕێى تاکە کەسێتییانى بەواتاوە سەرهەڵدەدات، بۆ ئەمەش دەتوانین دوو هۆ دەستنیشان بکەین: فەلسەفە لە خۆرهەڵاتى جیهانى ئیسلامى بۆ یەکەم جار بە چالاکیى وەرگێڕەکانى تێکستگەلى ئەنتیکە دەست پێدەکات، وەلێ قۆناغێکى بەم چەشنە لە ئەندەلوس نییە. لێرە، دواى داڕوخانى جیهانى ئەنتیکە و کۆچى گەلان، کەمتر لە خۆرهەڵات تێکستی کلاسیکی مانەوە. ئەوجا لێرە گرووپى زانایانی کریستیانیی سریانیزمان کە لە خۆرهەڵات رۆڵی بەواتای نێوەندیاریان وەرگرت، لەگۆڕێ نەبوو. جگە لەوە فەلسەفە لە ئەندەلوسى ئەمەویدا بەدناو بوو، چونکە دوژمنە عەباسییەکەیان لە خۆرهەڵات گەشەی پێدەدا. درەنگتر لە ڕەوتى ئاڵوگۆڕى کولتوورییانەی نێوان ئەندەلوس و بەشەکانى دیکەى جیهانى ئیسلامیدا ئەدەبیاتى فەلسەفەییش لەپاڵ زانستەکانى دیکەدا پتر گەیشت بە ئەندەلوس.
ئەبو بەکر ئیبن یەحیا ئەلسائغ کە بە ئیبن باجە (ئاڤێمپاس ى چەرخى نێڤینى لاتینى) ناسراوە، یەکەم فەیلەسوفى مەزنى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە کۆتایى سەدەى یازدەیەمدا لە ساراگۆسا هاتە جیهانەوە و هەر لەوێ زۆرترین کاتی ژیانى بەسەر برد، هەروەها لێرە بۆ ماوەیەک لە ژیانى سیاسیى شاردا رۆڵى بەواتاى گێڕا: چەند جارێک بوو بە وەزیر، وەلێ چەندجارە بە زیندانیکردن هەقى ئەم تەرقیە سیاسییەى خۆی دا. پێش ئەوەى سوپای کریستیانییەکان ساراگۆسا داگیر بکات، ئەو شارەکەى بەجێهێشت و کۆچی کرد بۆ باکورى ئەفریکا. ئیبن باجە ساڵى 1138 لە فێس مرد.
فەلسەفەى ئیبن باجە بەتایبەتى لە فارابییەوە دەردەچوو. ئاخر ئەو نووسینەکانى فارابیى دەناسى، وەلێ هیچ شارەزاییەکى لەبارەی ئیبن سینا نەبوو و بە ڕادەیەکی کەم شارەزای غەزالی بوو. بەگوێرەی ئەمەش فەلسەفەیەکى ئەڕیستۆتێلى-نوێپلاتۆنیی پشتبەستوو بە فارابى دەرچەی ئەو بوو و لە نێوەندیدا بابەتی فارابییانەى تیۆریەکى دەوڵەت خۆى دەبینییەوە. لێرەدا زانینوماى ڕژان (ئێماناسیۆن) و ئەو ئێپیستێمۆلۆگییە کە پێوەی گرێدرابوو، هێندە لە زانینوماکەى فارابى جیاواز نەبوو، وەلێ ئیبن باجە لە دوو پنتى گرنگدا پەرەی پێدا. بۆ فارابى گرێدانى زەینى مرۆڤ بە زەینى چالاکەوە ڕوداوێکی تایبەت بوو بە خودى هەر سەبژێکتێک و ڕوداوەکە دەیتوانى ئەو سەبژێکتە بهێنێتە ڕەوشی ڕۆشنبوونەوەی هۆشەکییەوە (Erleuchtung). بە پێچەوانەوە لای ئیبن باجە ئەو زۆرێتییە ژمارەییەى تاکە زەینەکان لە باڵاترین پلەدا دەبوو بە یەک تاکە زەین و سەرجەم تاکە بوونەوەرەکان سەر بەو دەبوون، ئەوە لایەنى کەم پاش مەرگ دوای ئەوەی دەروونە نەمرەکان لە لەشەکان جیابووبوونەوە. لێرە زەینى کردەکیی مرۆڤان وەک یەک زەینی ژمارەیی، وەک یەکانەی زەین، بەردەوامیی وەردەگرت. ئەم بیرۆکەیە درەنگتر کاریگەریى لەسەر تیۆریی یەکانەی زەین لای ئیبن ڕوشد نواند، هەروەها بۆیە ئەوەندە شۆڕشگێڕانە بوو، چونکە نەمریى دەروون کە ڕەوشێکى ئەندێشەیى ئەودنیایی (ترانسسێندێنت) بوو، بەو تیۆرییە وەرگۆڕرا بۆ ڕەوشێکی ڕیالى مێژوویى: بۆ نەمریى زەینى یەکانەیى مرۆڤایەتى، واتا پێشکەوتنى مەئریفە.
دووەم جیاوازیى ئێپیستێمۆلۆگییانە لە فارابى ئەوە بوو کە ئیبن باجە گیرەی خستە سەر رۆڵی دەروون لە بەدیهێنانی ڕەوشی بەختیاریدا. ئەو لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ غەزالى دەدات کە گۆتبووی: یەکگرتن لەتەک خودادا (بۆ نموونە لە سۆفیزمدا) بەڕێی بەکردەکیبوونی زەینەوە نایەتە دی، بەڵکو بەڕێى ئەزموونێکى عیرفانییەوە. وەلێ ئیبن باجە بە پێچەوانەوە وایدادەنێت کە یەکگرتنى هۆشى مرۆڤ لەتەک زەینى چالاکدا بە هەر حاڵ ڕودانێکى زەینییە (ئینتەلێکتوێلییە)، کەواتە فەلسەفە و زانست پێشمەرجى ئەو یەکگرتنەن. بەختیاریى نەزەری خودا بریتی نییە لە سەرئەنجامى ئەزموونى عیرفانی، بەڵکو بەزەرووری گرێدراوە بە مەئریفەی فەلسەفەیی-ڕاسیۆنالەوە. هەروەها ئیبن ڕوشد لەمەدا شوێن پێى ئیبن باجە هەڵدەگرێت.
تیۆریى دەوڵەتی ئیبن باجە بەزۆریى پشت بە فارابى دەبەستێت، سەرباری ئەوە لێرەش جیاوازیى سەرنجڕاکێش هەن. بۆ نموونە کاریگەریى فەیلەسوفەکان لاى ئیبن باجە جیاوازە وەک لاى فارابیی پێشەنگی. بە دیدی فارابى مرۆڤانی فەزیلەمەند (فازیل) لە دەوڵەتى ناڕەوادا نەفرەتى ئەوەیان لێکراوە یان فەزیلەمەندیی خۆیان بدۆڕێنن یاخود ئەو کۆمەڵە جێبهێڵن و بۆ دەوڵەتێکى باشتر بگەڕێن. گەر دەوڵەتێکى بەو چەشنە شیاوى دۆزینەوە نەبێت، ئەوسا مردن بۆ فەیلەسوف باشترە لەوەى فەزیلەی خۆی بدۆڕێنێت. هاوکات تایبەتمەندیی هەموو دەوڵەتێک بە دەوڵەتى نموونەییشەوە ئەوەیە کە هەمیشە دەشێت لەنێویدا توخمى تێکدەر هەبن (و فارابى لە “مەدینە”دا ناویان دەنێت “گیاکەڵە”). ئێستاش ئیبن باجە لە لایەنى خۆیەوە لێکچواندنێکی سەرنجڕاکێش لەنێوان توخمە زیانگەیەنەرەکان بە جڤاک (asozial) یان “گیاکەڵە” و فەیلەسوفەکاندا ئەنجام دەدات: ئەمانیش دەشێت لە دیدی زۆرینەى نافەزیلەمەندی نێو دەوڵەتى ناڕەواوە ببن بە “گیاکەڵە”، بەڵێ زۆرتر لەوەش: تەنانەت گەرەکە فەیلەسوفەکان ئەو رۆڵە وەربگرن و بە کاریگەربوونیان شێوەیەکى “چارەسەرکردنی کۆمەڵ” بەربخەن. بە پێچەوانەشەوە لە دەوڵەتى فازیلدا ئەو جۆرە فۆرمانەى هەستى مۆرالیانەی جڤاکی (Gemeinschaftssinn) پێویست نین، بەڵێ دادوەران و فەرمانبەرانیش، تەنانەت پزیشکان، زیادەن، چونکە دەوڵەتى نموونەیى هیچ تێکدانێک ناناسێت کە ئیدی ئەو جۆرە “پسپۆران”ە بۆ چارەسەرکردنی پێویست بن. ئیبن باجە لێرەدا لەبریى تێڕوانینە ڕەشبینەکەى فارابى تێڕوانینە ئیدیالیستییەکەى پلاتۆن لە “کۆمار”دا وەردەگرێت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت هەر بەم ڕێیەوە دەوڵەتى “نموونەیى”ی فازیل دەبێت بە هیوایەک کە بەدەگمەن شیاوى بەدیهێنانە. بەم شێوەیە دوو گیرەخستنەسەری پێچەوانە لە تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەدا دێنە نێوانەوە: تیۆرییەکە لە پرنسیپەوە بێهیواترە لەوەی فارابی و هاوکات دەربەستهاتووانە گەشبینترە، چونکە رۆڵى مرۆڤانی فەزیلەمەند، وەک چاکساز و چارەزانی (تێڕاپۆیتی) کۆمەڵ، لایەنى کەم گفت دەدات کە دەوڵەتی ناڕەوای ڕیال لەسەرخۆ چاکبکرێت. ئەگەرچی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نموونەیی، تەواو هاوشێوەی سەرهەڵدانی ئەو جۆرەی دەوڵەت لە یوتۆپیاکانی پلاتۆن و فارابیدا، لە کۆتاییدا گرێدراوە بە توانستی تاکەکەسانەوە بۆ چێکردنی پەیوەندییەک لەتەک زەینی چالاک و بەمەش لەتەک فەزیلەمەندیدا، وەلێ لەبەر ئەوەی ئیبن باجە ئەرکی “چارەزانی” دەخاتە ئەستۆی ئەندامانی فەزیلەمەندی جڤاک، ئیدی بەو ڕێیەوە ئاستێکی هزرین دەردەخات: هزرین لەو مەرجە سۆسیالانە کە دەبێت بۆ شیمانەی هەڵوێستی مۆڕالی لەنێو کۆمەڵێکدا لەگۆڕێ بن. جگە لەوە کاتێک کەمینەى فەلسەفێنەران و “گیاکەڵە”ى کەلاخراو و نەخوازراوى جڤاک هاوتا دادەنرێن، ئیدی بەو ڕێیەوە گیرەیەکی ڕووخێنەرانە (سوبڤێرزیڤ) دێتە نێو تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەوە. وەلێ گەر ئێستا لێرەوە بەردەوامی بە هزرین بدرێت، ئەوسا یەکسەر ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا تا چەند پێوارە مۆڕالییەکان بەرهەمی بەخۆدان و بەواندانی ئەدگارانن / شوناسن (Selbst- und Fremdzuschreibung) کە زۆرینەیەکی جڤاک بەرانبەر کەمینەکان پەیڕەویی دەکات بەبێ ئەوەی بەڕاستی بتوانێت هۆی ڕاسیۆنال بۆ ئەوە بخاتە بەردەم؟ بێگومان نە لای ئیبن باجە و نە لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی ی سەردەمانی درەنگتردا لەوە زیاتر کار لەو دوو کۆنسێپتەدا نەکراوە.
ئەبو بەکر ئیبن توفەیل (بە لاتینی: ئابوباکێر 1105-1185) دووەم فەیلەسوفى بەواتاى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە نزیکى گرانادا هاتە جیهانەوە، لە سەردەمى دەسەڵاتداریى ئەلمووەحیدونەکاندا لە گەلێک پۆستى باڵاى بەڕێوەبەریدا وەک پزیشک و ئەستێرەناس و فەیلەسوف کارى کرد. وەک دەگێڕرێتەوە، ئەو فرە کارى فەلسەفەیى و زانستى سروشتیى نووسیوە، وەلێ لەم نووسینانە تەنیا یەک دانە ماوەتەوە. ئەم بەرهەمە بچووکە کە جۆرێکە کە لە ڕۆمانى فەلسەفەیى گەشەى تاکەکەس، زۆر کاریگەر بوو. نووسینەکە بوو بە نموونەی یەکێک لە ناسراوترین و زۆر خوێنراوەترین بەرهەمى ئەدەبى ئەوروپى: ڕۆبینسن کڕۆس (1719)ى دانیەڵ دیفۆو (Daniel Defoe).
ئیبن توفەیل چیرۆکەکەى بە پێشگۆتنێک دەستپێدەکات کە هەستێکى ئەوتۆ بێدار دەکاتەوە، هەروەک ئەو چیرۆکە وەڵام بێت بۆ پرسیارى دۆستێک کە تکاى لێکردووە نهێنییەکانى فەلسەفەى ئیبن سیناى بۆ ڕوون بکاتەوە. ئەو ڕێبەرییەکە بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنە لە سەرجەم فەلسەفەى پێشین کە چە فەیلەسوفانی کلاسیکیى گریک و چە فەلسەفەى عەرەبی-ئیسلامى لە خۆ دەگرێت. ئیبن توفەیل ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە لە داڕشتنەکانى فارابى و ئیبن باجەدا دژبێژیگەلی کرۆکی هەن، پاشان ڕەخنەی ئەوە لە غەزالى دەگرێت کە ئەو لە نووسینە جیاکانیدا لەبارەی فەلسەفە، هەڵوێستێکی دەربەستنەهاتووی هەبووە. تەنیا ئیبن سینا ڕێگەى ڕاستى پێشانى ئەو کەسانە داوە کە بەدووى ڕاستیدا دەگەڕێن: نەک تەنیا ڕێگەى ڕاسیۆنالى مەئریفە لە کۆتاییدا شیفا بۆ مرۆڤ دەهێنێت و دەبێت بە پاڵهێزی گەیشتن بە کامیلێتى، بەڵکو هەروەها ڕوانینی عیرفانیش، “نەزەرى حاڵلێهاتوو” لە دەستووری خودا. ئەو تەنانەت ناونیشانى ڕۆمانەکەى لە ئیبن سینا وەردەگرێت: حەى ئیبن یەقزان – زیندووى کوڕى بێدار. وەلێ ئیبن توفەیل ڕۆمانێکى فەلسەفەیى ئەوتۆ دەنووسێت کە زۆر لە نموونە بەردەستەکەى ئیبن سینا تێدەپەڕێت.

ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی حەى ئیبن یەقزان
چیرۆکەکە لەسەر دورگەیەکى تڕۆپی دەستپێدەکات. لەسەر ئەم دورگەیە شیرەمژەیەک فڕێ دراوە و ئێستاش ئاسکێک بەخێوی دەکات. حەى بە هێزى هزرینى خۆى فێری خۆپۆشین، خۆچەکدارکردن و ڕاوکردن دەبێت. دوای ئەوەی دایکە پەروەردکارەکەى، ئاسکەکە، دەمرێت، حەى بەناکامى هەوڵ دەدات لە لاشەکەیدا هۆیەکى میکانیکى بۆ مردنى بدۆزێتەوە، لێرەشدا بۆی ئاشکرا دەبێت کە شتێکى نابەرجەستە (ئیمماتەریەل)، واتا هۆش، هۆى ژیانە. لە ئێستا بەدوواوە پرۆسەى پێگەیشتنى حەى چیدى تەنیا ڕوو ناکاتە خۆهێشتنەوە، بەڵکو هەروەها ئاڕاستەیەکى فەلسەفەیی وەردەگرێت. ئەو لە سروشت دەتوێژێتەوە و دەگات بە پرنسیپەکانى مێتافیزیکى کلاسیکى: جیاوازیکردن لە نێوان یەکانە و زۆرێتیدا، لە نێوان ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس) و گەوهەردا، دەگات بە زەروورەى ئەنجامە سروشتییە کاراکان، ئەوجا لۆگیکییانە دەگات بە یەکەم هۆ و لە کۆتاییدا بە شیمانەى گەیشتن بە تێروانین لەبارەی زەروورەى ئافرێنەرێکی سەرجەم بوونەوەران. دواى ئەوەى حەى بە ڕێگەی ڕاسیۆنال خودا دەناسێت، ئیدی دەیەوێت خۆی لە خودا نزیکبخاتەوە: بە ڕامان (کۆنتێمپلاسیۆن) و زوهد و ڕاهێنانى ڕەوانی (سپیریتوێل). بەم شێوەیە حەى دەگات بە ڕەوشی بەختیارى، ئەوجا لە وێنایەکدا دەگات بە مەئریفەی سەرهەڵدانی دەستووری گەردوون بەڕێی ڕژانەوە (ئێماناسیۆن)، هەروەها بە مەئریفەی باڵاترین پلەى ئاگایى مرۆڤ کە چیدى ڕاسیۆنال نییە:
“ئەو بەردەوام تێدەکۆشا تا ئاگایى خودى خۆى نەهێڵێت و خۆی بەتەواوی بۆ نەزەری پەتی لە کرۆکى ڕاستی تەرخان بکات؛ ئەوەشی لە کۆتاییدا پێبەدیهات: هەموو شتەکان، سەرجەم فۆرمە هۆشەکییەکان و توانستە جەستەییەکان لە زاکیرە و لێهزرینی ئەودا نەمان […]؛ تەنیا یەک شت مایەوە: ئەلهەق (der Wahre)، بوونەوەرى ئەزەلى […]” (Tufayl 1987, 130f.).
ئیبن توفەیل بەشێکى دووەم دەداتە پاڵ ئەم چیرۆکەى هەتیوێکى خۆپێگەیەنەر کە ڕەنگە گرنگتر بێت لە چیرۆکەکە. لەسەر دورگەیەکى دراوسێ گەلێک دەژى کە فەیلەسوفێکى پیر ئەو تیڕوانینە فەلسەفەییانەى لە فۆرمى سیمبۆلی یان وێنەییدا پێڕاگەیاندووە کە حەى بە هێزى زەینى خۆى ئاشکراى کردبوون، هێندە نەبێت کە ئەو گەلە وێنە و سیمبۆلەکانى ئایینەکەی وشەییانە وەردەگرێت. تەنیا ئەبسالى هزرڤان دەیەوێت بگات بە پاشخانی واتاى زمانە وێنەییەکە، وەلێ ئەوەی لەنێو ئەو کۆمەڵەدا پێبەدیناهێنرێت، بۆیە دورگەکەی جێدەهێڵێت و لەسەر ئەو دورگەیە دەگیرسێتەوە کە حەى لێى دەژى. ئەبسال حەى فێرى زمان دەکات و لەوەوە بۆى ئاشکرا دەبێت کە حەى بەبێ سیمبۆلیک-ى ئایینێک بەو قووڵترین ڕاستییانە گەیشتووە کە ئەو خۆى بەدوویاندا گەڕابوو. هەردووکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر دورگەکەى ئەبسال، ئەوجا لەوێ حەى هەوڵ دەدات واتاى سیمبۆل و وێنەکانى ئایین بۆ مرۆڤەکان ڕوون بکاتەوە تاکو دەرفەتی یەکگرتنى حاڵلێهاتوویان لەتەک خودادا بۆ بڕەخسێنێت:
“ئەو پێشبینییە کە تێکڕای مرۆڤەکان خاوەنى کارەکتەرێکى بێهاوتا و هۆشێکى تیژ و دەروونێکى خۆڕاگرن، خستییە لێهزرین. ئەو نەیدەزانى هۆشیان چەند تەمەڵ و لاوازە، بڕیارەکانیان چەند چەوتن، حولحولێتیی ئەوانى نەدەناسى” (لا 160).
کەواتە هێندە ناخایەنێت کە دەبێت حەی ببینێت، ئەو مرۆڤانە لێى تێناگەن و وا هەست دەکەن داناییەکەى مەترسییە لەسەریان:
“هەموو هۆشدارییەک لاى ئەوان بێکاریگەری دەمێنێتەوە، هاندانى چاک کردار ناخاتەوە، دێبات لاى ئەوان تەنیا کەللەڕەقی لێدەکەوێتەوە، هیچ ڕێگەیەکیش ڕووەو دانایى لە بەردەمیاندا ئاوەڵا نییە و بەشداریى لە شکۆفەپێدانی (دانایی – و) دا ناکەن”(Ebd., 163f.).
حەى بەنائومێدی لەتەک ئەبسالدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو دورگەیە کە خۆى بەتەنیا لێى دەژیا، بێگومان وەنەبێت هۆشدارییان بە مرۆڤەکان نەدابێت کە بۆ ئەوان چاکترە پابەند بن بە واتای وشەى سیمبۆلەکانى ئایین و هەروەها بە ترادیسیۆنەوە، نەک بە هزرینى خۆیی ڕۆ بچن بۆ نێو هێڕێزى (زەندەقە). ئاخر:
“ئەو و ئەبسالى دۆستى دەرکیان بەوە کردبوو، بۆ ئەم جۆرەی مرۆڤ کە هاوشێوەی مەڕە و بێدەسەڵاتە، تەنیا ئەم ڕێگەیە بەرەو خەڵاس هەیە. گەر ئەوان لەسەر ئەو ڕێگەیە لا ببرێن بۆ ئەوەی بفڕێنرێن بەرەو بەرزاییەکانى ڕوانینی هۆشەکی (سپێکولاسیۆن)، ئەوسا ڕەوشەکەیان دوچاری سەرلێشێوانى قووڵتریان دەکات” (Ebd., 166).
پێدەچێت ئەم دەرئەنجامە زۆر ڕەشبینە خۆى لەنێو دابی هزرینی فارابى و ئیبن باجەدا ببینێتەوە. سەرەتا، تیگەیشتنی قووڵی ڕاسیۆنال و عیرفانیانەی حەی لە جیهان پەرچیوەتە نێو فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایینەوە. لە پشتی ئەمەوە ئەو تێزە ناسراوە خۆى دەبینێتەوە کە دەبێژێت فەلسەفە و ئایین لە کۆتاییدا هەمان ڕاستى لە خۆ دەگرن. وەلێ کاتێک مەئریفەی فەلسەفەیی تایبەتە بە کەسانى کەمی بەهرەمەند بۆ دانایى، ئەوا دەبێت بە پێچەوانەوە زۆرینەى مرۆڤان بەتەواوى و بڕوابوو بە واتای وشەکان شوێن ئایینى سروشى بکەون، چونکە زەین و کارەکتەریان لە ئاستێکدا نین کە ئیدی بتوانن لە فەلسەفە تێبگەن و ژیانى “دانا”یەک بەڕێوەبەرن. لێرەوە ستاتۆی فەیلەسوف لەنێو جڤاکدا دەکەوێتەوە. ئەو دەبێت بە پشتکردنە جیهان هەقى داناییەکەى بدات. کەواتە فەیلەسوف تەنیا ئەو کاراییەى بۆ گۆڕانى جڤاکێک هەیە کە بەتەنیا بە هزراندنى قووڵترین ڕاستییەکان، واتا بەڕێى لێرەبوونى تەنیاکەوتووى خۆیەوە، جڤاک بە ڕادەیەکی زۆر کەم چاکتر بکات. فەیلەسوف هیچ شیمانەیەکى نییە بۆ ئەوەی مەئریفەکانى بە هاومرۆڤانى ڕابگەیەنێت و بەم ڕێیەوە چاکسازیى جڤاک ئەنجام بدات، چونکە مرۆڤەکان ناتوانن لەو تێبگەن، نەخێر لەبریی ئەوە پێویستە کەسانی پاتریارشیایی بە ڕێنوما توند و حیکایەتە سیمبۆلییەکانى ئایین ڕێبەرییان بکەن. وەلێ لێرەدا ئەوە پتر جێی سووڕمانە کە بەتایبەتی لە بزاوتی ڕۆشناییەکانى ئەوروپادا ئاگامەندییەکى گەورە بەم کتێبەى ئیبن توفەیل بڕا. ئیدوارد پۆکۆک ساڵى 1671 تێکستە عەرەبییەکەى بۆ لاتینى وەرگێڕا، پاشان سایمن ئۆکڵى ساڵی 1708 تێکستەکەى لە عەرەبییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕا. هەردوو بڵاوکراوە ئەڵمانییەکەی پریتیوس (1726) و ئایشهۆرن (1783) دەگەڕێنەوە بۆ ئەم وەرگێڕانە ئینگلیزییە. ئەو ناونیشانە کە پۆکۆک و پریتیوس بە وەرگێڕانەکانی خۆیانیان دا، ئاماژەیەکمان بۆ نووسینەکەی دیفۆو پێدەدات: “Robinson: Philosophus autodidactus”، یان: “ئەو دانایەى جیهان کە فێرکەری خۆی بوو”. چە کتێبەکەی دیفۆو و چە ڕۆشناییەکانی سەرەتا بەگشتی لەو بڕوایەدا بوون کە مرۆڤ بە ئاوەزی خۆی نەک تەنیا توانای بۆ هەر کردارێکى خۆهێشتنەوە هەیە، بەڵکو هەروەها بۆ ئەو مەبەستە هیچ فێرکارییەکی لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵاترەوە، بۆ نموونە دەسەڵاتێکی دەر-جیهانییەوە، پێویست نییە. مرۆڤ دەتوانێت بەتەواوی “لەنێو خودى خۆیەوە” نهێنییەکانى جیهانى فیزیکى ئاشکرا بکات و هەروەها لەو ڕەوتەدا ناوکە هومانیستییەکەى ئایین، بۆ نموونە یاساى نەریت، لە ئاوەزی خۆیەوە دەربئەنجامێنێت. ئەم تێڕوانینە بۆ نموونە لە نووسینەکەى لێسینگدا بە ناونیشانى “پەروەردەکردنى ڕەگەزى مرۆڤ” (1780) وەک ئیدیال خویا دەبێت. باوەجو لێسینگ، هاوشێوەى مۆزس مێندلسزۆن، ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیلى دەناسى و بەرز دەنرخاند. سەرباری ئەوە ئەنجامی ڕەشبینانەى ڕۆمانەکە ڕاڤەکارانى ڕۆشناییەکان ناسڵەمێنێتەوە کە گۆیا جەماوەرى مرۆڤان تەنیا بە یاریدەی فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایین بە تێڕوانینی خۆی دەگات، وەلێ فەیلەسوف بەڕێى ئاوەزی تێگەییەوە.
بۆ ڕۆشناییدەران ئەوە گرنگە کە ئیبن توفەیل دەرفەت بۆ حەی دەڕەخسێنێت ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر تاکو پەی بە نهێنییەکانی ئایین بەرێت. ئەمە ڕاڤەدەکرێت وەک شایەتمانهێنان بە سەروەریی ئاوەزی فەلسەفەیی بەسەر تێکستە پیرۆز و تەڵقیندادانە ئایینییەکاندا. هەر ئەوها لێرەدا دوو لایەن ئاشکرا دەبن: توانای سەبژێکتی فەلسەفەیی بۆ هەر ئەنجامدانێک لەنێو خودی خۆیەوە، هەروەها سەروەریی فەلسەفە بەسەر ئایین و ئەقیدەگەریدا. بەم ڕێیەوە دەتوانین شوێنێکی دیاریکراو بۆ ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی ئیبن توفەیل بکەینەوە: وەک دۆکومێنتی نێو ترادیسیۆنێکی ڕۆشنایی دایبنێین کە بەردەوام و بەنێو سەرجەم کولتوورەکاندا بانگەشە بۆ ئۆتۆنۆمیی سەبژێکتی ئاوەزمەند دەکات.
بێگومان نابێت ئەوەش بشارینەوە کە ڕاڤەکارانى هاوچەرخ، بەتایبەتى لە زانستە ئیسلامییەکانەوە، گومان لە ڕاڤەکردنێکی بەو چەشنەى ئیبن توفەیل دەکەن. ئەمان وایدادەنێن کە حەى ئیبن یەقزان بەتایبەتى بەڵگەیە بۆ پاشەکشەی بێئومێدبووی ڕەشبینانەی فەلسەفە لە کولتوورى ئیسلامیدا کە بەردەوام پتر ئەقیدەگەریی ئایینى بەسەریدا سەروەریی وەرگرتووە.

سەرچاوە:
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

فەرهەنگۆک
بەخۆدانی ئەدگار / شوناس (Selbstzuschreibung) و بەواندانی ئەدگار / شوناس (Fremdzuschreibung) دوو تێگەی سۆسیۆلۆگین. بە یەکەمیان ئەدگار یان شوناسێکی جەخت و پێناسەکراو بە خۆ دەدرێت، بە دووەمیان گرووپێکی مرۆڤان بەڕێی ڕەچەڵەک و شێوەی خۆییانەوە دیاریدەکرێت و زۆر جار کەلاخستن (Marginalisation) لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە کەلاخستنی کۆچکردووان بۆ نێو جڤاکێکی ئەوروپی کە ئەدگاری جیاوازیان لە دانیشتوانی ڕەسەنی جڤاکەکە پێدراوە.
ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس، بە عەرەبی “سیفات”) و گەوهەر (زوبستانس): ئەدگاری بەڕێکەوت ناکرۆکییە، بگۆڕە، بەڕێی خودی خۆیەوە لەگۆڕێ نییە، بەڵکو بەندە بە گەوهەرەوە کە بنەڕەتی یان “زامن”ی ئەوە. ئەڕیستۆتێلیس بە واژەی جیاواز گەوهەر ڕوون دەکاتەوە: سرەوتوو، زامنی ئەدگارەکان، فۆرمی نێو ماتەری (کەرەسە)، یان تاکە شت. کاتێک ئەدگار بەندە بە گەوهەرەوە، ئەوها گەوهەر تەنیا بەڕێی خۆیەوە هەیە. بۆ نموونە تێگەی “مرۆڤ” گەوهەرە، وەلێ تێگەی “نەخۆش”، یان “مووڕەش”، بەڕێکەوتە و ئەدگاری لکاوە بە مرۆڤەوە.
ئێپیستێمۆلۆگی: تیۆریی مەئریفە.
کلاسیکی: لە تێگەکەدا وشەی “کلاس” هەیە، واتا پۆل، چین، ی سەرەوە؛ واتای مەغزایی واژەکە ئەوەیە کە شتێک کۆن نابێت، لە سەردەمانی درەنگتریشدا هەنووکەیەتیی خۆی دەهێڵێتەوە، بۆ نموونە شانۆنامەکانی سۆفۆکلێس. کەواتە ناشێت کەسێکی “تەقلیدی” ناوبنرێت کلاسیکی.
ڕژان (ئێماناسیۆن): سەرجەم بوونەوەر لە “یەک”ی (ئەلئەحەدی) سەرچاوەییەوە دەڕژێت بەبێ ئەوەی “یەک” خۆی بگۆڕرێت. ئەمە پێچەوانەی کرداری ئافراندنی جیهانە لە لایەن خودایەکی ڕەهاوە کە ئایینە ئاسمانییەکان وەک بنەما دایدەنێن. وەلێ ڕژانەکە پلەییە، لای پلۆتین بەم چەشنە: “یەک” یان خودا ڕەهایە، نە هۆشە و نە دەروون، نە لە ڕاوم (فەزا) و نە لە کاتدایە. یەک سەرەتا لە خۆیەوە هۆش (نووس) بەردەدات کە دووانەیە، چونکە گەر ناسین (مەئریفە) هەبێت، ئەوا ناسراویش هەیە. ئەوجا هۆش درێژە بە ڕژان دەدات، سەرەتا ئیدێکان دروست دەکات و وەک پێشوێنەى دروستکردنی جیهان و تاکەکان وەریان دەگرێت: ئەو سەرەتا دەروونی جیهان دادەنێت و تێیدا هزر سەرهەڵدەدات. تاکە دەروونەکان لەنێو دەروونى جیهاندا بەتەواوکراوی هەن و بۆیە هاوسۆزانە پێکەوە پەیوەندن. دەروون نێوەندێکە لە نێوان کایەى هۆشەکى (یەک، هۆش، دەروون) و کایەى سروشتیدا (دەرکیدا). لەبەر ئەوەی دەروون سەرجەمێکە، ئەوا لە یەک-ەوە نزیکە، لەبەر ئەوەی لە لایەکى دیکەوە ڕوو دەکاتە کەرتەکان، ئەوا لە زۆرێتى نزیکە. سروشت نزمترین پلەى دەروونە، ئێستا دەروون خۆى بە لەشێک داپۆشیوە. لەبەر ئەوەی سروشت دەروێنەى کایەى هۆشەکییە (ئینتێلیگیبلە)، ئەوا کامیلە. ئێستا هەروەها ڕاوم (فەزا) و کات دێنە ئاراوە. دەروون لە خۆدا ئازادە، بۆیە لەنێو خۆیەوە هۆى نوێ دادەنێت. دوایەم پلەى ڕژان ماتەرییە (کەرەسەیە) کە پۆزەتیڤ نییە، بەڵکو پرنسیپى خراپەیە و دژەتەوەرى یەک-ی سەرچاوەییە. وەلێ پلۆتین داوا دەکات کە گەرەکە سەرجەم ئەوەى دروست بووە سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بۆ لاى دەرچەی خۆی کە یەک-ە، گەڕانەوەکەش بەڕێى تاکەدەروونەوە ڕوو دەدات. دەروون بە چوونی بۆ نێو لەش گوناهبار بووە، ئێستا گەرەکە خۆى لە لەش ئازاد بکات، لەتەک هۆشدا یەک بگرێت و خۆى بە هۆش ڕۆشن بکاتەوە، لەتەک ئیدێکانى هۆشدا و لە کۆتاییدا تەنانەت لەتەک خودى یەک-ى سەرچاوەییدا ببێت بە یەک.

بڕوانە:
Johannes Hirschberger: Geschichte der Philosophie. Band 1. S. 293ff. Herder. Freiburg am Breisgau.
سپێکولاسیۆن: لاتینییەکان بەرانبەر تیۆرییا (لێڕوانین)ی گریکی دایان نا، واتا ڕوانینی هۆشەکی لە کرۆک کە نائەمپیرییە.
تڕۆپی: ناوچەی گەرم کە دەکەوێتە ژوروو و ژێرووی نزیکی هێڵی ئیستیواوە.




زۆربای یۆنانی.. شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانی (زۆربا) بە یەکێک لە شاکارە هەرە مەزن و بە نرخەکانی فەیلەسووف و گەورەنووسەری یۆنانی(نیکۆس کازانتزاکیس -١٨٨٣-١٩٥٧) دادەنرێت له جیهانی ئەدەب و وێژەدا. چاپی یەکەمی ئەم شاکارە جیهانییە مەزنە لە ساڵی ١٩٤٦ بڵاوبووەوە. ئەو ڕۆمانەی کاریگەری و دەنگدانەوەی تەنها لە بواری ئەدەبدا جێنەهێشت، بەڵکو خۆی خزاندە نێو دنیای فیلم و سینەما و جیهانی مۆسیقاشەوە. زۆربا باس لە پارادۆکس و دژبەری دوو تێڕوانین و کەسایەتی جیاواز دەکات. دوو هاوڕێ، یەکەمیان(باسێل) کە نازناوی(سەرۆکە)، نموونەی زانین و بەهابەرزی و ئایکۆنی ڕەوشت و جوانییه.
ئەوەیتر(زۆربا،) پیاوێکی نەخوێندەوار و نموونەی کەسێکی یاخی و ئازاد لە هەموو کۆتوبەندێک. هەردووکیان نوێنەری دوو ئاڕاستەی ئەنت و دوو جیهانی جیاواز و دوو جەمسەری زۆر دژ بە یەکن. لەگەڵ ئەو جیاوازییەشدا، خۆشەویستییەکی قووڵ و ڕایەڵە و هاوڕێیەتییەکی زۆر بەهێز و پتە و لە نێوانیاندا هەیە و پێکەوەیان دەبەستێتەوە. باسێلی هاوڕێی لەو ڕۆمانەدا لە وەسفی زۆربادا دەڵێ: ( زۆربا ئەو مرۆڤەی زۆر لە مێژە بە دوایدا دەگەڕام و نەمدەدۆزییەوە، ئەو دڵێکی هەیە، ژیانی لێ هەڵدەقووڵێت، خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر سادەیە مرۆڤێکی گەلێک مەزنە.) چیرۆکی ڕۆمانی (زۆربا) باس له گەنجێکی تەمەن سی و پێنج ساڵی دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر دەکات بە ناوی(باسێل.)
گەنجێک، سامانێکی زۆری بە میرات لە باوکییەوە بۆ بە جێماوە و دەیەوێ بەو سامانە لە پڕۆژەیەکدا وەبەرهێنان بکات. باسێل گەنجێکی شارستانی و پڕ لە حیکمەت و فەلسەفەیە. گەنجێکی ئاوێتە لە دوو کولتوور. گەنجێک، نیوەی ئەمریکی و نیوەکەی تری یۆنانی. گەنجێک، لە ناو پەڕتووکخانەدا پێگەیشتووە و پەروەردە بووە و لەنێو دووتوێی پەڕەی کتێبەکان لە دایکبووە. لەگەڵ کەسێکی تری نەخوێندەوار و پیرەمێردەکی بە ساڵداچووی تەمەن شەست ساڵ بە ناوی(ماسیدۆنی ئەلێکسیس زۆربا.) کەسایەتییەک، عاشقی کار و سروشت و ژن. کەسێک، گاڵتەی بە خوێندن و خوێندنەوە دێت. ئەو، لە هەموو تەمەنیدا یەک دێڕی نەخوێندووەتەوە و بە توانج بە باسێل دەڵێت( تف بکە ڕووی پەرتووکەکانت، هەموو شتێکی بوون لە پەرتووکەکانتدا نین و باس نەکراون.) زۆربا، کەسێکی سادە و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیرە. هەڵبەت بەو پێوەر و تێگەیشتنە کلاسیکی و تەقلیدییەی بۆ ڕۆشنبیری کراوە و دەکرێت. تاقە قوتابخانەی زۆربا، ژیانە.
زۆربا مرۆڤێکە لە ڕێگای تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی ژیانەوە زۆر فەلسەفە و حیکمەت فێر بووە و هەر بە ڕاستی ئەو لێزان و حەکیم و پسپۆڕە لە واتای ژیان. زۆربا بەشداری لە جەنگ و شۆڕشەکان کردووە، هەموو پارادۆکسەکانی ژیانی ئەزموون کردووە، خۆشیی و ناخۆشیی، ئارامیی و نائارامیی، ترس و ناسۆری و زۆر لە تاڵی و ناشیرینییەکانی ژیانی چەشتووە. ئەو کەسایەتییەکە، نە فریشتەیە و نە ئەهریمەنە. مرۆڤێکە، خۆشەویستی دەکات، تووڕه دەبێت، ڕاستگۆیە و هەندەک جار درۆش دەکات، هەوڵ دەدات، شکست دەخوات، پەیوەندی لەگەڵ ژن دەبەستێت، نیشتیمانەکەی خۆی خۆش دەوێت. کارەکتەرێکە ئازار و خەمەکان سل بەو ناکەنەوە لە ژیان. ئەو ژیانی بە هەموو جۆرەکانییەوە خۆش دەوێت. ئەو دایمە بە دڵخۆشی دەژیت. مرۆڤێکە پڕە لە ئێنەرژی و لێوانلێوە لە ئومێد و هێزی ژیانی لێ دەچۆڕێت. زۆربا بە سەمایەک کە پێی دەڵێن(سەمای زۆربا) ڕووبەڕووی ئازار و نەهامەتی و خەمەکانی ژیان دەبێتەوە. ئەو هێندە بە گەرمی ڕۆدەچێتە سەماکە، وا هەست دەکات تەواوی گەردوون و هەموو مرۆڤایەتی لەگەڵیدا کەوتوونەتە سەما. سەختییەکانی ژیان و خەمەکان لای ئەو بەهایەکیان نییە و ناتوانن کاریگەری لەو بکەن. گرنگ ئەوەیه ئەو زیندووە یان مردوو. زۆربا مرۆڤێکە، تەژییە لە سەرکێشی و شێتی و هیچ شتێک ئەو ناترسێنێ، جگە لە پیری. ڕاستە ئەو خوێندەواری نییە، وەلێ لە ڕاستیدا ئەو فەیلەسووف و حەکیمە و پڕە لە فەلسەفە و حیکمەت. زۆربا و سەرۆک لە کەناری یەکێک لە ڕووبارەکانی شاری(گریت) لە یۆنان بە ڕێکەوت یەکتری دەبینن.

سواری کەشتییەک دەبن بە مەبەستی چوون بۆ دوورگەی (گریک)
گەشتێکی پلاتۆیی(ئەفلاتۆنی) لە نێوان فەیلەسووف و خوێندەوارێکی گەنج، لەگەڵ دەریاوانێکی نەخوێندەوار و پیر.
ئەو گەشتەی کۆمەڵێک چیڕۆکی سەیری ژیانی تێدا ڕوو دەدات و چەندین نهێنی و نەزانراو و فەلسەفەی بوون لە میانیدا ئاشکرا دەبن. وەک سەردانیکردنی ئەو دێرە گۆشەگیر و دوورەپەرێزەی قەدپاڵی چیاکە. ئەو پەیوەندییە تەمومژاوی و نامۆیەی زۆربا و پۆپۆلینای بەساڵداچوو. پەیوەندییە سەیر و ڕەق و نامرۆڤانەکەی خەڵکی دێیەکە لەگەڵ ژنە بێوەژنەکە(هۆرانتس.) لەنێو کەشتی گەشتکردنەکەدا زۆربا و سەرۆک ڕێککەوتنێک دەکەن بۆ کارکردن پێکەوە. زۆربا لەگەڵ باسێل و لە ژێر فرمانەکانیدا له کارگەیەکی خەڵووزدەرهێناندا کار دەکات. زۆربا کاتی ڕێککەوتنەکە بە سەرۆک دەڵێ”من تەنها کاتی کارکردن کرێکاری تۆم و لە ژێر فرمانەکانی تۆ دام، دوای ئەوە من کەسێکی ئازادم لە ژیانی خۆمدا.” لەو شاکارەی زۆربادا لە پاڵ هەردووک پاڵەوانی سەرەکی( زۆربا-سەرۆک) نووسەر باس لە کۆمەڵێک کارەکتەری تری لاوەکیش دەکات کە ڕۆڵ دەبینن له چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە. لە نموونەی کەسایەتی بێوەژن(هۆرانتس) و مافراندۆنی پیرەمێرد، مومیکۆ، کاپتنی کەشتییەکە و کۆمەڵێک کەسی تر. ڕووداوەکان پەرەدەسەنن لە زۆربادا بە بەردبارانکردنی خاتوو هۆرانتسی بێوەژن، لە لایەن هەموو دانیشتووانی دێیەکە. ئەو ژنەی هیچ کەسێک بەرگری لێ ناکات جگە لە زۆربا نەبێت، فریای دەکەوێت. زۆربا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و هۆرانتس لەناو ئازار و بەردبارانکردن و لێدان لە ژێر دەستیان دەردێنێت. بە هۆکاری ئەوەی گەنجێک لە پێناو خۆشەویستییەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، دەیانەوێت لە تۆڵەی ئەو گەنجە بیکوژن. دواتر کوشتنی هۆرانتسی بێوەژن لە لایەن مافراندۆنی باوکی گەنجە خۆکوژەکە کە بە چەقۆ پەلاماری دەدات و خەڵتانی خوێن دەکرێت و سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە.
ئەو بێوەژنەی هەموو پیاوەکانی دێ مۆڕەیان لێ گرتبوو و چاویان تێ بڕیبوو و تەماحیان تێکردبوو. ئینجا ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی ژنێکی تری بەساڵداچوو دەکات بە ناوی (پۆپۆلینا) کە بە تەنها دەژیت. پۆپۆلینا پێشووتر و سەردەمی جوانی و گەنجێتی، دۆستی ژەنەڕاڵەکان بوو و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دەبەستن. هەرچی ئاوی ژیان و تامی گەنجێتی ئەو بوو، هەموویان مژی.
کە چووە تەمەنیشەوە، ئیتر هەمووان جێیانهێشت و پشتیان تێکرد. ئەو میوانخانەیەکی بچووک لە دێیەکە دەکاتەوە تا بتوانێت لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات. پاشان لەگەڵ زۆربا دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکترییەوە و دواتر دەمرێت و خەڵکی دێ ماڵەکەی هەموو دەبەن، جگە لەو قەرەوێڵەیەی کە لەسەری ڕاکشاوە بە مردوێتی، لەگەڵ بولبولەکەی ناو قەفەس نەبێت، ئەویش دواتر زۆربا وەک تاقە یادگاری پۆپۆلینا لەگەڵ خۆی دەیبات. زۆربا بە گواستنەوەی دار لە دارستانەوە، بۆ سەر لوتکەی چیا کار دەکات لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکەی. وەلێ هەموو هەوڵەکانی زۆربا بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان کەناری دەریاکە و چیاکە، تا لە ڕێگایەوە ڕەژوو لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، شکست دێنێت. پاشان سەرۆکی هاوڕێی هەموو سامانەکەی دەخاتە نێو دەستی زۆربا، تا بڕوات هەموو پێداویستییەک و کەرەستەی پێویست بۆ کارەکەی بکڕێت. زۆربا دەڕواتە شار و ڕێکەوتی باڕێک دەکات. لەو باڕەدا ژنەگۆرانیبێژێکی بە تەمەن بچووک کە لەوێ کار دەکات، دەناسێت. ژنەکە دەرفەت دەقۆزێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ زۆربا دەبەستێت و هیچ پارەیەکی پێ ناهێڵێت و هەمووی لە جوانیی خۆی و ڕابواردن و خواردنەوە و چێژی باڕ پێ سەرف دەکات. زۆربا دواتر نامەیەک بۆ سەرۆکی هاوڕێی دەنێرێت و چیرۆکی خۆشەویستی خۆی و ئەو ژنەگۆرانیبێژە و بابەتی نەمانی ئەو پارەیەی کە پێیداوە بۆ باس دەکات. چیرۆکی ڕووداوەکانی زۆربا بەردەوام دەبێت و دواتر زۆربا لەو ژنە جیادەبێتەوە و بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێت و ئینجا دەچێتە تەمەنەوە و نیشانەکانی پیری لەسەر جەستەی ژیانی هێدی هێدی بەدەردەکەون و چرچ و لۆچەکانی بەساڵداچوون لە سەر ڕووخساری شوێنپەنجەی خۆیان جێ دێڵن و نەخشی پیری دەکێشن. زۆربا و سەرۆکی هاوڕێی هیچ سامانێکیان بۆ نامێنێتەوە و بەو چەشنە بە سەما کۆتایی بە چیرۆکەکە دێت و پەڕەی ڕووداوەکانی ڕوومانەکە دادەخرێت. خوێنەر لە کۆتایی ڕۆمانی زۆربادا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت، جگە لە ورە و هێزی ئومێد و خۆڕاگریی و خۆشەویستیی مرۆڤ و ژیان نەبێت. لە ڕۆمانی زۆربادا، زۆر حیکمەت و فەلسەفە و پەند و شت فێر دەبین و کەسایەتی زۆربا وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری لە ژیان بکەین و لە جیهان و بوون بڕوانین. زۆربا کاریگەرییەکی گەورە و بێ وێنە لە سەرت جێ دێڵێت و دەتباتە جیهانێکی جیاواز. زۆربا ڕۆمانێکە پڕ لە ڕامانی قووڵ و حیکمەتی ژیان. ڕۆمانێک، هەڵگری کۆمەڵێک فەلسەفەی بەرز و حیکمەتی بێ وێنە و جوان. زۆربا هەموو قورساییەکانی ژیان سادە دەکاتەوە و بە هێزی خەندە و بە سەما، شەپۆلی فرمێسکی ئازارەکانی دەریای بوون ڕادەماڵێت. زۆربا گەشتێکی فەلسەفییە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بۆ قووڵایی ژیان و وجوود. گەشتێک، پڕ لە تێڕامان و پرسیار و ئەزموون و پەند و حیکمەت. زۆربا پێت دەڵێت”جوانییەک دڵی نەبوو و هەستی بە ئازاری مرۆڤایەتی نەکرد، با بڕواتە دۆزەخ.” زۆربا هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان، بە ڕێگایەکی سادە و لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و فەلسەفە و بیرکردنەوەی قووڵ. زۆربا ڕۆمانێکە، فێری فەلسەفەمان دەکات، بەڵام بە شێوازێکی تر. زۆربا پێمان دەڵێت ژیانتان بە هەموو ناخۆشییەکانەوە خۆش بوێت و فرۆغ ئاسا ژیان بە هەموو ناشرینییەکانییەوە با لاتان شیرین بێت. ئێمەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا چەندە پێویستمان بە هەنگاونان و ڕۆیشتنە بەو ڕێگایەی زۆربا. ڕێگایەک، پڕ لە خۆشەویستی و مرۆڤبوون، پڕ لە ئومێد و خۆڕاگری و سادەیی، پڕ لە تێڕامان و جوانی.

ڕێگایەک، دڵێکی گەورە و هەستێکی بەرز دەوری داوە و سەما دایپۆشیوە و بە فەرشی عیشق تەنراوە. زۆربا سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری و فەلسەفی نەبوو، لەو قوتابخانە فیکری و فەلسەفییانەی لەناو پەرتووکەکاندا هەن. ئەو مرۆڤێکی سادەیە و خاوەنی کومەڵێک تێگەیشتنە لە بارەی ژیان و گەردوون و سروشت و میتافزیکا و مرۆڤ و بوون کە تەنها لە ئەزموونی تایبەتی خۆیەوە فێریان بووە. لە ڕوانگەی زۆرباوە، بەختەوەری لەو هۆشیاری و فەلسەفە و زانستانەدا نییە کە فەلسەفە و زانست پێشکێشی ژیانی دەکەن، بەڵکو لەو زانیارییەدایە کە لە ڕێگەی ئەزموون و دڵەوە پێیان دەگەین. ئەو جیهانبینییەی زۆربا، مانای وا نییە ئەقڵ بە تەواوی ڕەت بکاتەوە و پشتگوێی دەخات. نەخێر، بەڵکو ئەو ڕەخنەی ئەقڵێکی ڕووت و پەتی و وشکی میکانیکی بێ ڕۆح دەکات. زۆربا بانگەوازێکە بۆ ئەزموونکردن و خۆشەویستی. خۆشەویستی خۆمان و هەموو ئەوانەیتر. خۆشەویستی وڵات و هاونیشتیمانییان. خۆشەویستی هەموو مرۆڤایەتی. زۆربا دەنگی ویژدان و هێزی ناوەکی مرۆڤە. زۆربا بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوە بە جەستە و دڵ و ئەقڵ، بیرکردنەوەیەکی گشتگیر. بانگەوازێکە بۆ ژیانکردن بە جۆرێکی تری جیا لەوەی ئێستا. زۆربا داوامان لێ دەکات لە بری زاراوەی ڕق، زمانی ئیشق و سەما بکەین بە زمانێکی جیهانی نێوان مرۆڤەکان. زۆربا تا هەرمان(ئەبەد) بە نەمری و وەکو ئایکۆنێکی بەرز و بێ وێنە و شاکارێکی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە. ئایکۆنێک، لە هەموو زەمان و شوێنێکدا و لە نێوان هەموو کەسێکدا ڕۆحی خۆشەویستی بڵاو دەکاتەوە و بەهای مرۆڤایەتی فێری مرۆڤەکان دەکات و جوانیی لە ژیاندا جێگیر دەکات.
زۆربا مرۆڤێکە، پڕە لە هەست و بەها و سادەیی و جوانیی. مرۆڤێکە، خاوەنی دڵێکی گەورەیە و نایەوێت سووکترین و بچووکترین ئازار بە هیچ کەسێک بگەیەنێت و هەستی کەس بریندار بکات. ئەو بیر لە ڕابردوو ناکاتەوە و داهاتوویش لای ئەو گرنگ نییە. تاقە شتێک لە سەنتەری بیرکردنەوەی ئەودا، ئەو پارووە نانەیە ئێستا دەیخوات و ئەو ژنەیە کە پەیوەندی لەگەڵ دەبەستێت و ئەو خۆشەویستییەیە، پێشکێش به مرۆڤایەتی دەکات. ئەو ئازادیی و ژیانی خۆی بە هیچ شتێکەوە نابەستێتەوە. لەگەڵ زۆربا هاوڕا یان دژ بیت، ئەوە هیچ لە کەسایەتی و گەورەیی ئەو کاراکتەرە جیاواز و مرۆڤدۆست و گەورەیه کەم ناکاتەوە. زۆربا کەسایەتییەکە، هەندێک بە نەزان و هەندێک بە شێت و هەندێک بە پیاوی جنس و سوارچاکی باوەشی ژن و ڕابواردنی دەزانن. چونکە لە تێڕوانینی ئەواندا، زۆربا هیچ نییە جگە لە کاراکتەرێک کە هەموو فەلسەفەی ژیانی لە کار و شەراب و نان و ژن کورت کردووەتەوە. بەشێکی تریش بە حەکیم و فەیلەسووف و دانا پێناسەی دەکەن. زۆربا لە یەک کاتدا هەموو ئەوانەیە کە باسمان کرد. کارەکتەری زۆربا سنوورەکانی کات و زەمان و زمان دەبڕێت. زۆربا کاتێک ناتوانێ بە زمان گوزارشت لە هزر و هەستی خۆی بکات و سەرۆکی هاوڕێی تێبگەیەنێت لە یەکێک لەو دایەلۆکانەی نێوانیان، پێی دەڵێت”سەمات بۆ دەکەم.” زۆربا بەو سەمایه دەیەوێت سنوورەکانی زمان تێک بشکێنێت و بە زمانی جەستە و زمانی سەما، مرۆڤەکان تێبگەیەنێت. زۆربا دەیەوێت لە جیهاندا دنیایەکی نموونەیی بەرز و تاکێکی ژیاندۆست دروست بێت. تاکێک، سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا و دین و نەتەوە و ڕەگەز ببڕێت و هەموو جیاوازییەکان بسڕێتەوە و تەنها بڵێت”من مرۆڤم.” نووسەر لە ڕێگای زۆرباوە هەموو ئەو بیروبۆچوون و فەلسەفەی خۆی کە پێشووتر زەمینەی بۆ نەڕەخساوە و زرووفێک بۆی نەگونجاوە تا دەریان ببڕێت و باسیان بکات، هەمووی دەخاتە ناو شاکارە مەزنەکەی زۆربا و لە دوورگەی گریک و لەو شوێنەی کە بە کۆمەڵێک تابووی فیکری و تەقلیدی و تێگەیشتنی ناشیرین لە بارەی ژن و ژیان و مرۆڤەوە دەوردراوە، بڵاو دەکاتەوە و هەموو کۆتوبەندەکان تێکوپێک دەشکێنێت. زۆربا ڕەخنەگرتنە لەو تێڕوانینە پاتریارک و نێرسالار و نامرۆڤانەیەی لە کومەڵگە پیاوگەرا و تەقلیدییەکان کە ژن تەنها وەک کائینێکی بێ دەسەڵات و بووکەڵەی دەستی ئارەزووەکانی نێرینە و موڵکی پیاو دەبینێت.
ئەو تێڕوانینە سەقەت و داخراوەی وێنەی ژن تەنها لە جەستەیەکی ڕووتدا دەبینێت. بە تایبەتی کۆمەڵی گریکی ئەوسا و ئەو تێڕوانینە وشک و نێگەتیڤ و دڵڕەقییەی تاکی گریکی لە بەرانبەر ژن و بە تایبەتی ژنە بێوەژن(هۆرانتس) کە بە کوشتنی کۆتایی هات. کوشتنێکی تراژیدی و نامرۆڤانە. لە زۆربادا کازانتزاکیس بە فەلسەفە تایبەتییەکەی خۆی، مشتومڕی کۆمەڵێک پرسی ئەزەلی تایبەت بە ژیان و مرۆڤ و بوون و عەدەم دەکات. وەک: بۆچی دەمرین؟ بۆچی دەژین؟ دوای مردن ئێمە بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ بۆچی خەمبار دەبین؟ بۆچی دڵخۆش دەبین؟
ئایه ژیان ئەوە دەهێنێت کە لە پێناویدا بجەنگین؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسە فەلسەفییانەیش له ڕێگای کارەکتەره نەخوێندەوار و سادەکەی زۆرباوە دەداتەوە و پێمان دەڵێت: تا دەتوانیت چێژ لە ژیان بەرە و بەختەوەر و دوور لە خەم بژی و دەرفەت مەدە هیچ خۆشییەک لەدەست بدەیت و ڕووبەڕووی ژیان بەرەوە و لەگەڵ نەهامەتیی و ناخۆشیی و ئازارەکانی بوون بجەنگە و هەرگیز لێنەگەڕێیت چۆکت پێدابدەن و لە هەوڵدان نەکەویت و شکست نەخۆیت لە بەرانبەر ناڕەحەتییەکان. ئەوەی تر لە کوێ هاتووین و بۆ کوێ دەچین، هەمووی بهاوێژە دۆزەخ و کونجی لەبیرچوونەوە و پەراوێزی فەرامۆشی و هیچ گرنگییەکیان پێ مەدە و ئیتر ژیان بکە، ژیان. هەروەها زۆربا باسکردنە لە ئافاتەکانی ئەقڵی بەشەریی، ئەقڵێکی میکانیکی ڕووت. ئەقڵێک، بەردەوام لە بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێ و تەڕەددوددا دەژیت. ئەو ئەقڵەپەتییەی ژیان لە سایەیدا هیچ واتایەکی بۆ نامێنێتەوە. نووسەر ئەو جۆرە ئەقڵ و ئەقڵییەتە لە کارەکتەر و کەسایەتی سەرۆک و هەڵوێست و بیرکردنەوەکانیدا لەو ڕۆمانەدا بەرجەستە کردووە، لە بەرامبەر ئەقڵی کارەکتەری زۆربا، ئەقڵێکی سادە کە سەرچاوەی بڕیارەکانی تەنها ئیلهامی دڵێکی پاک و ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانن.
ئەقڵێک، بێ هیچ گرێیەکی قورس و تەفسیرێکی فەلسەفیی تەمومژاویی و ناڕوون و بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی قووڵ، لەوپەڕی سادەییدا بڕیار دەدات و هەڵوێست وەردەگرێت. هەروەها زۆربا ڕەخنەیه لە سیستەم و ئەقڵییەتی سەرمایەداری. ئەو ئەقڵییەت و سیستەمە سەرمایەدارییەی کە تەنها لە ڕەهەندێکەوە مرۆڤ دەبینێت و مرۆڤی تاکڕەهەند دروست دەکات. لە کاتێکدا مرۆڤ لە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز پێک هاتووە. مرۆڤ بیردەکاتەوە و خۆشەویستی دەکات و ڕق دەیگرێت و سەرکەوتن بە دەست دێنێت و تووشی شکستیش دەبێت. لایەکی تری زۆربا ڕەخنەگرتنە لە چەپەکان و شۆڕشی شیوعییەکان و سیستەمی حوکمڕانییان.
لە ڕێگەی نموونەی ئەو دێیە بچووکەی کە خاتوو (پۆپۆلینا) تێیدا دەژیت. لە ڕێگای نموونەی دیمەنی دەوردانی ماڵەکەی(پۆپۆلینا.)
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی پۆپۆلینا، خەڵکی دێیەکە خێرا هێرش دێنن و هەموو ماڵەکەی تاڵان دەکەن. دیمەنێکە، دڵی کارەکتەری زۆربا و هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەگوشێت و ئازاریان دەدات و ناخیان دەکوڵێنێت. پۆپۆلینا هێشتا نەمردووە و لە سەرەمەرگ و دواهەناسە و کۆتا ساتەکانی ژیانیدایه. کۆمەڵەمرۆڤێک دێن و هەموو مریشکەکانی دەبەن.
زۆربا بەرجەستەکەری کەسایەتییەکی وجوودیی و بوونگەرایە.
کەسایەتییەک، جگە لە بنەماکانی مرۆڤبوون، بە هیچ شتێکی ترەوە پابەند نابێت. خۆشەویستی، ڕق، گەیشتن و دابڕان، ئومێد و ڕەشبینیی، هێمنیی و شێتیی، هەموو ئەو پارادۆکسانە لێرە و لە زۆرباکەی کازانتزاکیس دەبینت.
ماوەتەوە بڵێم:
خوێنەری ئەم ڕۆمانە، گەر جیاوازییەکان قبووڵ نەکات و هەڵگری ڕۆحێکی گەورە و خاوەنی دڵێکی فراوان نەبێت، ئەوە هەرگیز
ناتوانێت هەڵسەنگاندنێکی جوان و بڕیارێکی شایستە بدات لەبارەی زۆرباوە.




داخستنی (چاودێر) وەک سەرەداوی کڵافەی دۆخێکی ئاڵۆزکاو.. د.هەژار عوسمان مەعروف

لە سەر داخستنی دەسگای ڕۆشنبیریی چاودێر لە ڕۆژی ٥ ی ٩ ی ٢٠٢٤ بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، ئەم دەسگایە هی مەلا بەختیارە و ئەو سەرپەرشتیی دەکات، فەرمون ئەم سەرنجانەم:
ڕاستیە ڕون و بەڵگە نەویستەکان:
١ . مەلا بەختیار ئیمڕۆ قسەکەری بوێر و سەرەکیی هەمو ئەو ئەندام و لایەنگرانەی یەکێتیە کە لە سیاسەتی ئیمڕۆی یەکێتی زۆر ناڕازی و بێزارن.واتای ڕونی ئەم داخستنە (کە دورنیە هەنگاوی دوژمنکارانەی تری بەدوادا بێت!) ئەوەیە کە بافڵ و تیمە کەی دەیانەوێ مەلا بەختیار بە تەواوی دەمکوت و بێدەنگ بکەن و ناچاری بکەن لە ترسی ژیانی خۆی و دڵسۆزانی ڕابکات بۆ هەولێر و ئینجا بڵێن ئەها نەمانوت پیاوی پارتیە؟
٢ . نەک هەر یەکێتیەکان، نەک هەر سیاسی و حیزبی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر و دڵسۆزەکانی کورد بەڵکو زۆرینەی خەڵکی دەڤەری سەوز نائومێدن لە سیاسەتی ڕۆژانەی یەکێتی، هەر بۆ نمونە:
ا: یەکێتی بوە بە فیدراسۆنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی و پیشەسازی و نەوت و موڵک و دۆنم و شوقە دروستکردن.
سەرمایەدارە ملیۆنێرە بێبەزەییەکانی ئیدارەی گشتیی یەکێتی و سەرمایەدارە شەریکەکانیان لە بازاڕی ڕەشی ئابوریی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی ڕۆحی و دەرونیان بە مێژوی خەباتی سەختی یەکێتیەوە نیە و ئامادەنین ئەو دڵسۆزانەی ناو یەکێتی کە هێشتا ماون و وزە و ورەیەکی نیشتمانپەروەریان تێدا ماوە هەر ببینن یا گوێیان لێبگرن، ئەگەر گوێشیان لێگرتن بەگوێیان ناکەن و دوای ماڵاوایی کردن لێیان گاڵتە بە عەقڵیان دەکەن ! ئەنجامی کارەکانی ئەم فیدراسیۆنە کە ئیشی سەرەکیان کەڵەکەکردنی سەرمایەیە بۆ گیرفانی خۆیان: دزینی نەوت و داگیرکردنی موڵکی گشتی و شکستی پرۆژەکانی ئاوەدانی و قۆرخکردنی بازاڕی کاڵاگرنگەکانی وەک نەوت ودەرمان و زەوی و زار و.. بە جۆرێک کە بازاڕ سست بوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی گەنجانی بێکارلە زۆربوندان و ناچار دەبن بە دوای کار و ژیاندا ڕێگای هات و نەهاتی کۆچ بگرنە بەر.
ب: ژیانی حیزبی لە ناو یەکێتیدا وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات نەماوە و ئەوەی جێی گرتۆتەوە زمانی توندوتیژی و سەربازی و عەزەڵات و پۆزلێدان و هەڕەشەی برسیکردن و نانبڕین و چاودێریی خەڵک و ئەندامانی یەکێتی لە لایەن دەسگا نهێنیەکانی یەکێتیەوە و تاکگەرایی و نادیموکراتی بون ، بڕیارە گرنگەکان بە پەلە و بێ ڕاوێژی زیرەکانە و دور لە بنەما عەقڵی و لۆجیکیەکان دەدرێن، بۆ نمونە تەقاندنەوەی خانوەکانی کوێخا دێرین (کە دیارە شایستەی لێپرسینەوەی قانونی و حیزبی بوە ) بیخەینە چواچێوەی کام هزر و بیرکردنەوە؟ کام شێوازی بەڕێوەبردن؟ تۆمارکردنی پیشەییانەی ئەو وێرانکاریە بە دەنگ و وێنە ئەگەر بۆ تۆقاندن و هەڕەشە نیە ئەی سودی چیە؟ بەڵام ئایا بە تەنیا بە هەڕەشە و تۆقاندن چارەسەری گەندەڵی و تاوان دەکرێت کە ئیمڕۆ بە هۆی شکستی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیەوە سەرتاپای هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە؟
ج .وەک پزیشکێک دەیبنم چۆن سیاستی تەندروستیی یەکێتی لە سلێمانیدا بە تەواوی شکستی هێناوە، کەرتی گشتی کە بۆ خەڵکی کەم داهات و نەدار شادەماری خزمەتگوزاریی تەندروستیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پوکانەوەدایە، هەر لە ناو دوکتۆرەکانی سەر بە یەکێتیدا چەندین جار ڕەخنە لەم سیاسەتە بێبەزیی و هەڵەیە گیراوە و داواکراوە لێپرسراوانی شکستخواردو لابرێن و خەڵکی دەستپاک و بەویژدان و زیرەک وشارەزا دابنرێن، بەڵام بە هۆی پەیوەندیی شەخسی و خزمایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش ئەوانە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.
پرسیارەکان:
١ . نە دەکرا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردساتان لە ٢٠ ی ١٠ ی٢٠٢٤ ئەم هەنگاوە بلیمەتانەتان بنایە؟ بڵێی بڕواتان بە بردنەوەی هەڵبژاردنەکە نەبێت و مەبەستتان شێواندنی دۆخەکە بێت بە جۆرێک کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
٢ .ئایا دەوری ئێران ی براگەورەی یەکێتی و تورکیای بڕبڕەی پشتی پارتی لەم ڕوداوەدا چیە؟ ئەی دەور و هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا و…؟
٣ . ئایا پارتی ش بەم بەنزینکردنە نابەرپرسیار و ناعەقڵانیە بە ڕوداوەکەدا دەیەوێت دۆخی سلێمانی بەرەو شەڕ بەرێت و ئینجا خۆی و پاراستن و زرێڤانییەکەی بە پاڵپشتی درۆن و ڤانتۆمەکانی تورکیا (کە سلێمانیی دڵە زیندوەکەی کوردایەتی بوەتە چقڵی تیژی چاوی) وەک ڕزگارکەرێکی دڵسۆزی خەڵکی دەڤەری سەوز کۆتایی بە یەکێتی بێنێ و خەونە کۆن و تازەکەی بۆ دەسەڵاتی یەک حیزبی لە زاخۆوە تا خانەقین بەدیبێنێ؟
یا پارتیش وەک یەکێتی باوەڕی بە بردنەوەی هەڵبژاردن نیە و دەیەوێت دۆخەکە وا بشێوێنێ کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
٤ . ئایا باشتر نیە پارتی خەریکی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی خۆی بێت؟ مەگەر شەڕی شاراوە و نهێنیی دەسەڵات لە ناو بنەماڵە و لە ناو پارتیدا نیە؟ مەگەر کەمن ئەو دۆڵ و نشێویانەی ناو بنەماڵە کە لە دڵ و دەرونی خۆیاندا دانەچیڕە لە دژەکانیان دەکەن و چاوەڕێی دەرفەتن بۆ هەڵزنان بەرەو لوتکەکان؟ مەگەر دادپەروەری و دیموکراتی و ئاوەدانی و ئازادیی بیروڕا و خەباتی مەدەنی لە دەڤەری زەرد زۆر باشن؟ هاواری هەزاران یاساناس بۆ ئازادکردنی شیروان شیروانی و هاوڕێکانی کە بەناحەق گیراوە گەیشتە ئاسمان، بۆ بەری نادەن؟
بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران تا ئێستا بە ڕەسمی و لە میدیاکانی کوردستان و هەمو دنیاوە داوایان لە تورکیا نەکرد هێرشەکانی بۆ کاولکردن و کوشتنی خەڵکی مەدەنیی باشوری کوردستان دەسبەجێ ڕاوەستێنێ؟
٥. ئەی گۆڕان و حسک و کۆمەڵ و یەکگرتو چی دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو شەڕی ناوخۆ نەچێت؟ ئەی حیزبە کوردستانیەکانی سێ پارچەکەی تری کوردستان چی دەکەن؟
٦. ئەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا سەربەخۆکان و کەسایەتیە کانی کورستان چی دەکەن؟
بە هەوڵ و خەباتی هەمومان نابێت هەرگیز بهێڵین جارێکی تر شەڕی براکوژی لە هیچ بستەخاکێکی کوردستان هەڵگیرسێتەوە، کەس نەڵێت پەیوەندیی بە منەوە نیە، شەڕ ئاگرە و بڵاودەبێتەوە و لە کۆتاییدا پریشک و گڕە سوتێنەرەکەی بەر هەمومان دەکەوێت، دڵنیابن ئاوایە!

د.هەژار عوسمان مەعروف




لە پەراوێزی ڕۆمانی چارەنووس دا.. زاهیر ئیبراهیم

” بەبێ خەتا ئاگری شەڕی ناوخۆ منی هاوێشتۆتە ئێرە، ئەو شوێنەی لێی دەستگیرکراوم بەدەستی خۆم کارەباکەیم بەستووە و بۆم ڕووناک کردوونەتەوە”
شەڕی ناوخۆ، بەتەنها پێشهات یان ڕووداوێک نەبوو کە پەیوەست بێت بە قۆناغێکی ڕاگوزەر،کورت خایەن، یان ساتەوە ختێکی مێژوویی،کە بە تێپەڕبوونی کات و زەمەنێکی دیاریکراو، ئاسەوار و لێکەوتەکانیشی کۆتایی هاتبێت. شەڕێک ئێمەی خستە سەردەمێکی تاریک، سەردەمێک ناچاری کردین دەست بەرداری خەونی گەورە و پڕۆژەی گەورەبین لە پێناو شتە بچوکەکان! ئەو شەڕە ئێمەی دابەزاندە ئاستێکی نزم، ئێمەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتایی. شەڕێک بە وێرانکردن و هەڵتەکاندنی ڕەگ و ڕیشەی ئەوەی هەمان بوو هەنگاوی نا، تاگەیشتە دابەشکردنی جوگرافیا و ڕەنگ و جۆری دوونیابینینمان.
سیما و ناوڕۆکی ئەو شەرە، هەر بریتی نەبوو لە کاولکاری و داگیرکاری و کوشتنی کورد بەدەستی کورد، بەڵکو دەرکەوتە و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە هێندە کوشندە و تراژیدی بوون، تا ئەوەی کلتورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی قێزەوەنی چەپاند، کە تا ئەمڕۆش لەناومان ئیش ئەکات و ئەجولێت. کلتورێک بە هەمان کەرەستە و گوتار ڕووبەڕووی دوونیای ئێستا دەبێتەوە. کلتوری شەڕی ناوخۆ چۆتە قوڵایی عەقڵی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مۆدێلی حزبایەتی. بە بەردەوامی بەر ئەو گوتارە پڕ لە بوغز و شەڕانگێز، توندوتیژ و پۆپۆلیستییە دەکەوین، کە شەڕ بەرهەمی هێنا. شوناسی ئەو گوتارە لەسەر بنەمای سەرکوتکردن، گوشاری جۆراوجۆر، نەهێشتنی جیاوازی و سڕینەوەی بەرامبەر خۆی بینا کردووە. ئەو گوتارە ئەمڕۆ زیاتر لەسەردەمی شەڕی چەک، گوشار دێنێت و کاریگەرە. ئەمەش وای کردووە هەمیشە لە کۆنەستی ئێمەدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ، ئەگەرێکی کراوە و نزیک بێت!.
ناو و بانگ و ڕەنگدانەوەی ئەو شەڕە نەگریسە، سەختی ڕووداوەکان و کارەساتە کوشندەکانی کە بەسەر مرۆڤی کورد داهات، بەبێدەنگی نەمایەوە. بەشێکی زۆر لە نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووسی کورد بە ڕێگەی وشەکانیان ڕەخنە بارانی شەڕەکە و دەسەڵات و لایەنە شەڕکەرەکانیان کرد. لەگەڵ هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا، و ساڵانی دواتریش، تا ئێستاش چەندان تێکست، وتار و پەرتوکی ڕەخنە ئامێز لە دایکبوون بە ئاراستەی ڕاگرتن و ڕەخنەکردنی شەڕ. ڕۆمانی چارەنووس یەکێکە لەو شاکارانەی” سەلام عومەر”. نووسەر هەوڵیداوە لە ڕێگەی ڕۆمانەکەی، هەڵبەت ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەب، گوزارشت لەو چارەنووسە ڕەشە بکات کە کورد بەسەر کوردی داهێنا، هەر ئەو چارەنووسەی پڕۆژە و خەون و ئامانجی لە مێژینەی دووژمن و نەیارانی کوردبوو.
لە ڕۆمانی “چارەنووس” دا بەر ئەو چارەنووسە لێڵ و ئاڵۆزە دەکەوین کە شەڕ سەپاندوویەتی. چارەنووسێکی تاریک. ئەو تاریکاییە شار بەشار و دێ بە دێ، وەک ڕەشەبایەک دێت و دوونیا دادەپۆشێت. نووسەر لە ڕێگەی ڕووداوەکانەوە ئەو دۆخە ئاشکرا ئەکات کە ئەو شەڕە چۆن باری کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژی تاکی کوردی شێواندووە و خەونەکانیان داگیر ئەکات، ویست و هیواکانیان سەرکوت دەکات، نەهامەتیی و تۆز وخۆڵی ئەو چارەنووسە ڕەشە بەرچاوی هەمووانی گرتووە. ئەو شەڕە کۆمەڵگەی دووچاری شلەژانێکی گەورە کرد، هەر لە برسێتی و زیادبوونی تاوان و بەسەربازیکردنی کۆمەڵگە تا ئەوەی توندوتیژی و ناسەقامگیری سەرتاسەری، پچڕانی زمانی گغتوگۆ. ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دروست ئاوێنەی ڕاستەقینەی سەردەمی شەڕ و ماڵوێرانییەکانن. ڕووداوەکان بە ئەندازەیەک جەرگبڕ و تراژیدین، خەمناکن تا ئەو ساتەی خوێنەر ئەباتەوە ناو زەمەن و واقیعی تاڵی شەڕی ناوخۆ.
ڕۆمانی چارەنووس، جگەلەوەی شاکارێکی ئەدەبی گرینگە، لە هەمانکاتدا یاداشتێکی مێژووییە، شەڕ و ماڵوێرانی و نەهامەتییەکانی گەلێکی ستەمدیدەی نووسیوەتەوە، گەلێک کە هێشتا خوێنی هەڵبجە و ئەنفال و جینۆساید لە جەستەی زامداری دەچۆڕێت، کەچی شەڕی ناوخۆ بەڕۆکی دەگرێت و زیاتر قەتماغەی برینەکان هەڵدەداتەوە. لافاوی ڕق و توڕەیی هێزەکان و بەگژیەکداچوونی براکان. کوشتنی دیل و سوتاندنی موڵک و ماڵ، ئاوارە بوونی هەزاران مرۆڤی کورد، هەزاران قوربانی بێ تاوان، بوونەتە بەشێک لە تارمایی ڕۆمانی چارەنووس.
لە ڕۆمانەکەدا زۆر ڕووداوی جەرگبڕ دێتە بەرچاومان، کارەکتەرەکانی وەستا عوسمان و لوقمان و چەندان کارەکتەری تر، واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەو سەردەم، هەریەکێکیان سەربوردە و چیڕۆکێکی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی سەرەنجی ڕاکێشام، چیڕۆکی نووسینی سەر دیواری زیندانییەکی شەڕی ناوخۆیە! وەستا لوقمانی کارەباچی، لەسەر دیواری بەندیخانەی شەڕی ناوخۆ کە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت دەستگیرکراوە! دوای ئەوەی دۆخی شەڕ گۆڕانکاری بەسەردادێت و زیندانەکە نامێنێت و زیندانییەکان دەگوازرێنەوە. لە ژوورێکی زیندانییەکەدا نووسینێکی کورت لە سەردیوار دەدۆزرێتەوە کە هی وەستا لوقمانە و نووسیویەتی” من وەستا لوقمانی کارەباچی، بەبێ خەتا ئاگری شەڕی ناوخۆ منی هاوێشتۆتە ئێرە، ئەو شوێنەی لێی دەستگیرکراوم بەدەستی خۆم کارەباکیم بەستووە و بۆم ڕووناک کردوونەتەو”.
لەم ڕۆمانەدا دەبینین چۆن لە ئاکامی شەڕ و کوشتنی هەزاران کەسدا، هێشتا فەرمانڕەواکان دەهۆڵی بەردەوام بوونی شەڕ دەکوتن، نایانەوێت شەڕ بووەستێت، چێژ لە کوشتن و کاولکاری دەبینن، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا سەدان کەس دەوڵەمەندبوون و دەستیان گرت بەسەر موڵک و ماڵی هەژاراندا. ئەو شەڕە ئاستی هەژاری و چینایەتی لە کۆمەڵگە زەقکردەوە.
لاپەڕەکانی ڕۆمانی “چارەنووس”، چارەنووسی سەپێنداوی مرۆڤی کوردە بەدەست هاونشتیمانی و هاو شارەکانی. ئەو چارەنووسەی عوسمانی کارەباچی، داوای شەکەتبوون و هیلاکی و نەهامەتییەکانی ڕۆژگار، دەڵێت” مردن هیچ نیە ژیان ترسناکە”.
کارەکتەرەکانی ڕۆمانی” چارەنووس”،دەردەڵ ئەکەن و باس لە نەهامەتییەکانیان ئەکەن، بە ئارامی ناڕەزاییەکانیان دەخەنەڕوو، گوزارشت لە خراپی ژیان وگوزەرانیان دەکەن، یاداشتەکانیان دەنووسنەوە، بەڵام چەندان چیڕۆک و کارەساتی تر هەن کە دەشێ هەر پێی نەزانین و بەبێ دەنگی مابێتەوە، ئەو سەردەمە تاریک و ئاڵۆزەی شەڕی ناوخۆ بەرهەمی هێنا، بە هەر جۆر و شێوەیەکی دیکەی کارەساتەکانی مێژوو بەراورد بکرێت لە قەبارەکەی و زیانەکانی و تراژیدییەکانی کەم دەبێتەوە. ئەوەی لەم ساڵانەی شەڕ ڕوویدا هێشتا شایستەی ئەوەیە ئەدیب و نووسەرانی ئێمە لەسەر بووەستن ولێی بدوێن.




دیموکراسی لە دیدی (ئارثەر ڕامبۆ)وە.. وەرگێڕان و ئامادەکردنی/ سۆران محەمەد

ڕامبۆ بە بریقوباقی دیموکراسی نەخەڵەتا

………………………….
١- دەقی شیعرەکەی ڕامبۆ:
(دیموکراسی)
“ئاڵا ڕێدەکا ڕووەو دیمەنی قێزەون،
زاراوەکانمان زاڵ دەبێت بەسەر لەرەی تەپڵەکان”
دەبوژێینەوە لە ناوەندەکان،
ڕابواردنی زیاتری سەگانە،
و سەرکوتی ڕاپەڕینە ڕەواکان
.
لە وڵاتە تەڕە بیبەراویەکان!
لە خزمەت دێوەزمەترین –
ژێربارخستنی پیشەسازی یان سەربازیی
” لێرە ماڵئاوا، یان لە هەر جێی دی
.
ئێمەی بەسەربازگیراوە ئیرادە باشەکان،
خودان فەلسەفەی شەڕەنگێزیی،
بێ گوێدانە زانست، پەرۆشی خۆشگوزەرانی،
با لەنێوچێ جیهانی پێشکەوتوو(١)،
ئەمەیە ڕەوتی ڕاستەقینە، بۆ پێشەوە، لە سەر ڕێ”
………….
٢- ڕاڤەیەکی کورت:
ئارتۆر رامبۆ خاوەن هزری پێشکەوتوو و دنیابینی مرۆڤدۆستانە، سەدەو نیوێك پێشترو هەر لەسەردەمی هەرزەکاریدا رەفزی دنیای کۆلۆنیالیزمی ئەوکاتی کردبووەو بەهارات و شفرەی فیلە بڕاوەکانی هیند و هێڵی ئیستوای باراناوی و بەردە ئاڵتونییە گرانبەهاو تاڵانکاراوەکانی ئەفریقا… بزەیان نەخستە سەر لێوەکانی، ئەو نەبووە یەکێك لە مەڕەکان کە ئەباعێنن بۆ شوان پێكڕا، تەنانەت کاتێك هەڵهات بۆ یەمەن و حەبەشە چەند ساڵێك دوای ئەو سوپاسی فرەنسی پەی بەو ناوچانە بردو ژێردەستی خستن. ئەوهەستە هیومانیزمەی ڕامبۆ ئەو سات هەیبو کە بۆ کۆمەڵگایەکی تازەی پیشەسازی و کراوە بە ڕووی داگیرکاریە جیهانییەکاندا شتێکی نامۆ بوو، بەڵێ سەدەو نیوێك پێشتر ئەو بیروڕای خۆی سەبارەت بە دیموکراتی چاوشینەکان خستە ڕوو، کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت کەسانێك هەن شانازی بە دروشمی دیموکراتی ڕۆژئاواوە دەکەن بێ ئەوەی ڕۆبچن بە پێچوپەنا شاردراوەکانیدا!.
رامبۆ لە دەقی (دیموکراسی)دا بە وتەی سەربازە داگیرکارەکان دەست پێ دەکات، بەڵێ ئەوە وتەی سەربازەکانە نەك ڕامبۆ کە ئاڵایان لەدەستەو شێوەزارەکانیان زاڵ دەبێت بەسەر سەدای شمشاڵ و لەرەی تەپڵی خێڵە خاوەن نیشتمانەکاندا کە خاوەن کەلەپوورو زمانی خۆیانن،کاتێکیش گەلانی ژێردەست خەباتی ئازادیخوازی دەست پێ بکەن، ئەوا لەلایەن هەڵگرانی ئاڵای دیموکراسییەوە بە ئاگرو ئاسن وەڵام دەردێنەوەو ڕەوایەتییان پێ نابەخشرێت. ڕامبۆ دواتریش کە لە گەڵ سوپای دەریایی هۆڵەندیدا ساڵی ١٨٧٦ چوو بۆ (جاوە)ی ئەندەنوسیا یەکسەر هەڵهات، تەنانەت هەندێك وای لێکدەدەنەوە ڕامبۆ ئەو هەلەی تەنیا بۆ سەفەرکردن قۆستبوەوە. وەك شاعیر ئاماژەی پێدەدا بەم جۆرە مارش و سەداو شێوەزای سەربازەکان زاڵ دەبێت بەسەر سەدای تەپڵی خێڵە زەوییە داگیرکراوەکاندا، ئەو ئاڵایەی کەوا بە دەست سەربازەکانەوەیە، هەرچەندە هێشتا سەربازو کرێگرتەی هێزە ئیستیعماریەکان بەڕێوەن و نەگەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و بەڵکو بەرەو ڕووی دەڕۆن، بەڵام رامبۆ بە وێنەی قێزەون وەسفی دەکات، چونکە دەزانێت چ کارەساتێکی لە دوو دێت.
ئەم وێنەیە وەکو ڕێژەی بیستودوو لەسەر حەوت شتێکی نەگۆڕە، جا چ ئەگەر لە کیشوەری هیندیە سوورەکان ڕووی دابێت و پاکتاوکرابن، یان لە دورگەکانی کوکی ماوریەکان لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی، کەواتە وەك لەم دەقەدا هاتووە؛ کاتێ سەربازەکان لە جێیەك ماڵئاوایی دەکەن و دەچن بۆ هەرجێیەك مەبەستەکە هەر داگیرکارییە، دابەشکردنی وڵاتەکان و بەتاڵانبردنی خێروبێریانە.. جا ئەگەر ئەوسای سەرەتا شێوەیەکی ڕاستەوخۆی وەرگرتبێت، ئەوا ئێستاش هەر لە ژێر هەمان ناودا شێوازێکی هاوچەرخی تری وەرگرتووەو بوون و ناسنامەی نەتەوەکان دەسڕێتەوەو لە ڕێی فشارو بەرژەوەدنییە جۆراوجۆرەکان و چەقی بڕیاری وڵاتان و دەنگی ناڕازیی مۆنۆپۆڵ دەکرێت.
ئایا دەکرێت ئەم شیعرەی ڕامبۆ بە شیعرێکی سیاسی ناوبەرین؟ یان شیعرێکە پێچەوانەی شیعرە پڕ جادوو و ئاڵۆزەکانی دواترین قۆناغی شیعر نووسینی لە (درەوشانەوەکان)،یان نەخێر ئەمە شتێك لە واقیعی و بگرە ڕیالیزمی شۆڕشگێڕی لە خۆ دەگرێت؟ ڕووبەرووبوونەوە بەرانبەر ئەو ئایدیا زاڵەی کە جیهانی ژێرباری خۆی خست بە نێوی دیموکراتییەوە، ئەو پێوانەیەی لە سەر هەر پارچە زەوییەك جۆرە کێشانێکی جیاوازی هەیە، لە جێیەك گەر بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکییەوە منداڵێك بمرێت وەزارەتی تەندروستی دەهەژێت و ئەگەر سەرۆك وەزیران دەست لەکارنەکێشێتەوە ئەوا وەزیری تەندروستی دەبێت ئەو بڕیارە بدات، کەچی هەمان پێکهاتەی فیسیۆلۆژی منداڵ لەسەر زەمینێکی تری ئەم جیهانەدا بە هەزاران نەك یەك منداڵ بە چەکی قەدەغەکراوی ئەو وڵاتە دیموکراتییانە قەتڵوعام بکرێن هیچ هەستێکی مرۆڤدۆستییان تیا ناجوڵێت و بسکەی سمێڵیان دێ. ئەمەیە ئەو پەتا کوشندەیەی ملیۆنان مرۆڤ لە سەر ڕووی زەوی دەکاتە قوربانی و رامبۆ زۆر زووترو زۆر قووڵتر –وەك شاعیرێکی هوشیارو هەستەوەرو داهێنەر- لێی تێگەیشتبوو و لە ژیانی ڕۆژانەیشیدا پێشچاوی دەکەوتن وئەزموونی کردبوو، ئەو هەمیشە یاخی و ڕەفزکەرەوەیەکی ئەو کۆمەڵگا ئۆرستوکراتییەی ئەو کاتەی پاریس بوو و لە میزکردن بە شیعری شاعیرە ملچرچەکانی ئەو ڕەوتە باوەدا هەڵوێست و شۆڕشی خۆی ڕاگەیاند.
فایەق بێکەسی لەمەڕ خۆشمان لە ساڵی ١٩٤٦ دا و لە سلێمانی لە هۆنراوەی (٢٧ ساڵە)دا دۆخی ژێر چەپۆکەی کۆلۆنیالیزم دەهۆنێتەوەو لە کۆپلەیەکیدا ئاوها دەربڕینی لێ دەکات:
بیست و حەوت ساڵە تاڵە ژیانم
لە ژێر دەستی تۆ زۆر پەشیمانم
لە ئینسان ناچم، عەینی حەیوانم
کەی ڕزگار ئەبم ماڵی وێرانم ؟
وا بە خۆت ئەڵێیت ‘حامی’ گەلانم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆچی بە ناهەق وا سووکت کردم؟!
٣- دەقەکەی ڕامبۆ بە ئینگلیزی:
Democracy
“The flag goes with the foul landscape,
and our jargon muffles the drum.”
In the great centers we’ll nurture
the most cynical prostitution.
We’ll massacre logical revolts.

In spicy and drenched lands!–
at the service of the most monstrous
exploitations, industrial or military.
“Farewell here, no matter where.

Conscripts of good will,
ours will be a ferocious philosophy;
ignorant as to science, rabid for comfort;
and let the rest of the world croak.
This is the real advance. Marching orders, let’s go!”
…………………………………………………..
٤-پەراوێز/
(١) لە دەقە ئینگلیزیەکەدا ئەم دێڕە بەم جۆرەیە:
با لە نێوچێ سەراپای جیهان.
بەڵام لە دەقە فەرەنسییەکەدا ئاوهایە:
با لەنێوچێ جیهانی پێشکەوتوو.
La crevaison le monde qui va
توێژەرانیش چەند ڕاڤەیەکیان بۆ زاراوەی پێشکەوتوو کردووە؛ لەوانە وای لێکدەدەنەوە کە ئەو سەربازە هاواری لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەکات کە داوای پێشکەوتن دەکەن، هەندێکیش وای دادەنێن سەربازەکان داوای لەناو چوونی ئەو جیهانە دەکەن کە لەبەردەمیاندا دەڕوات، واتا جیهانی نەها.




میا تالێریکۆ لە یانزە مانگیدا بوو بە ئەکتەرێکی ناسراو.. رەزا شـوان

خونچەگـوڵی جـوان (میا تالـێریکـۆ)ی ئەمریکی، یەکـێکە لە ئەکتەرە ناوازە و دەگـمەنـەکانی جیهـان، کە لـە تەمـەنی (١١) مـانگـیـدا، ئەستـێرەی هـونەریی هـەڵهـات و دەسـتی بە نـوانـدن کـرد و بە ملیـۆنـان کەسی هـێنایە پـێکەنـین و خـۆشی و شـادیی خـسـتە دڵـیانەوە و بـوو بە خۆشـەویـستی مـلیـۆنـان کەس.
ناوی تەواوی (میا کایتلین تالێریکۆ) یە. لە رۆژی (١٧/ سێپتەمەر/ ٢٠٠٨) لە (سانتا باربـرا) لە کالیفـۆرنیا لە ئەمریکا لەدایکـبووە. مـیا تالێریکۆ منداڵی یەکەمی خـێزانەکەیەتی. باوکی ناوی (کـریـس تالـێریـکۆ) یە، دایکـیشی ناوی (کلیر تالێریکۆ) یە، خوشکێکی هـەیە، ناوی (ئۆبری تالـێریکۆ) یە، دوو ساڵ لە خۆی منداڵـترە. میا تالـێریکۆ، لە ئـێستادا تەمەنی (١٥) ساڵە. کچۆڵەیەکی نێـوجەوانی شـۆخ و شەنـگە. خوێنـدکاری قـوتابخـانەی ئامـادەییە.
نووسەری درامـای تەلەفـزیـۆنی (درو فـۆیـن) و بەرهـەمهـێـنەر درامـا (فـیـل پەیکەر) لە تەلەفـزیۆنی دیـزنی. لە ساڵی (٢٠٠٩) دا، دەستیان بە نووسین و بە دەرهـێنانی زنجیرەیەکی تەلەفـزیۆنی کۆميدی سەرکەوتووی سەرنجڕاکێش بۆ منداڵان و بۆ گەورەساڵان کرد. کە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی دیزنی پێشکەشی بکەن. چـیرۆک و پلۆتی زنجیرەکە، لە دەوری خێزانێکی ئەمریکی مامناوندی دەسووڕێتەوە. لاسایی کردنەوەی ئەو خێزانە ئەمـریکـییە هەڵـبژاردەیەیە، کە چـۆن هەڵـسوکەوت، لەگەڵ لەدایکبوونی منـداڵی چـوارەمیان دەکەن، کە ناوی (چارلي) یە. زنجـیرە تەلەفـزیـۆنییەکەش بە ناوی (بەخـتێکی باش چارلی) یە. بۆ هـەڵـبژاردنی ئەو منـداڵەی کە رۆڵی پاڵەوانێـتی چـارلی دەبینـێـت. چەنـدین منـداڵیان تاقـیکـردەوە. لە دواییـدا (مـیا تالـێریکـۆ) ی تەمەن (١١) مانگانیان هەڵـبژارد، کە رۆڵی چارلی لە زنجـیرەی (بەخـتـێکی باش چارلی) دا ببـینێـت. زنجیرەکە کۆمیدییەکە، پڕە لە پێکەنین و لە خۆشی بۆ منداڵان و گەورەساڵان. فیل پەیکەری داهـێنەر و ئامادەکەر و هاوبەشی بەرنامەکە، دەڵێت: دەربارەی مـیا تالـێریکـۆ، قـسەم لەگـەڵ دایکـیدا کـرد، بـۆ ئـەوەی بـزانـین چـیدەکـات و حەز و ئارەزووی لە چییە، تا ئەو زانیارییانە بخەینە ناو چیرۆکەکانمانەوە.

هـەریـەکە لە درود فـۆیـن و فـیـل پەیـکەر، لـە سـەرەتـادا دودڵ بـوون، لە هـەڵـبژاردنی تالـێریکـۆی یانـزە مانـگان، بە گومان بـوون کە بتـوانێـت، بە سەرکەوتوویی رۆڵی چارلی لە زنجیرەی (بەختێکی باش چارلی) دا ببینێت.
بەڵام گەورەترین سوپرایـز بۆ رۆڵی پاڵەوانێتی لە زنجـیرەی بەخـتێکی باش چـارلی، هەڵـبژاردنی تالـێریکـۆی ئەکـتەرە بچکـۆلە یانـزە مانگـییەکە بـوو. کە بە خـێرایی ئـەو دودڵی و گومـانەی لە دڵی نـووسـەر و بەرهەمهـێنەری زنجـیرەکە رەوانـدەوە. سـەلـمانـدی کە بـۆچـوونەکانیـان دەربـارەی توانـای نوانـدنی هەڵـەن. هـەروەکو ئـەوەی کە بـۆ نـوانـدن لەدایـک بـووبێـت. ئەو
لە تـیشکی گـڵـۆپ و بلاجکتـۆرەکان و رووناکـیی کامیراکان بێـزار نابـوو و لەگەڵیانـدا راهـات. تالـێریکـۆ زۆر سەرکەوتـووبوو لە نوانـدنی رۆڵەکەیـدا. تالـێریکۆ کاردانەوەی دەربـڕینەکانی و کۆمێـنتە سادەکانی، بە خـێرایی دڵی ملیـۆنان کەسیان بەدەستهـێـنا. بوو بە چارلی خـۆشـەویـست لە ئەمـریکادا.
لە ماوەی چوار ساڵدا، لە (٢٠١٠ـ ٢٠١٤) تێکڕا (٩٧) ئەڵقە لە زنجیرەی بەخـتێکی باش چـارلی لە تەلەفـزیـۆنی دیـزنی پێـشکەش کرا، کە تالـێریکۆ پاڵەوانی سەرەکی زنجیرەکە بوو. لەو تەمەنە منداڵییەدا ناوبانگێکی زۆری دەرکرد. پیـرۆزبایی و دەستخۆشییان لێکـرد و ستایـشیان کرد. بە مـلیـۆنان هـەوادار و ئاشنای لە منـداڵان و گەورەساڵان، لە ئەمـریکادا بەدەسـتهـێـنا.
گرنگـترین رۆڵەکانی تالـێریکـۆ لە فـیلمەکانـدا:
تالـێریکـۆ لە چەنـدین فـیلـم و بەرنـامەی تەلەفـزیـۆنی بەنـاوبـانگـدا، رۆڵی سەرەکی گـێڕاوە. ئەمانە هەنـدێک لەو فـیلمانەن کە تالـێریکۆ رۆڵی پاڵەوانـێتی تێيانـدا هـەیە:
١ـ لە ساڵی (٢٠١١) دا، بۆ یەکەم جار لە فـیلمی سینەمایی (بەخـتێکی باش چارلی ـ کریسمسە) دا، رۆڵی پاڵەوانی بـیـنی. ژمارەیەکی پێـوانەی لە ناوبانگـدا بەدەستهـێنا.
٢ـ لە ساڵی (٢٠١٤) دا، تالێریکۆ بەشداریی لە ئەڵـقەکانی زنجـیرەی (داون تـری) دا کرد. لە رێکەی سەرکەوتنی ئەم ئەڵـقە تەلەفـزیـۆنییەوە، دیـزنی بازدانێکی بەرچاوی بەخـۆیەوە بـیـنی.
٣ـ لە ساڵی (٢٠١٥) دا، تالێریکۆ لە کورتە فـیلمـێکی ترسناکی سیننەمـاییـدا (لۆسـت داون) دا، رۆڵی (کاتـریـن) ی پاڵەوانی فـیلـمەکەی دەگـێڕا.
٤ـ لە ساڵی (٢٠١٧) دا، رۆلی (لاریـسا ماک ئادەمـز) ی لە کـورتە فـیلـمی (بیـرەوەی فـۆتـۆگـرافی) هـەیە.
٥ـ لە ساڵی (٢٠١٨ ـ٢٠٢٢ ) لە زنجیرە درامای تەلەفـزیۆنی (مانی) دا، رۆڵی (بیگ رۆگ) هـەبـوو.
٦ـ لە سـاڵی (٢٠٢٣) دا، لە زنجـیرە درامـای تەلەفـزیـۆنی (کـۆنـراد). رۆڵی (مـولی) بینـیوە. هـێندەی تـر ناوبـانگی دەرکـرد.
٧ـ چەنـدین جـار، دیـمانەی تەلەفـزیـۆنییان لەگەڵ تالـێریکـۆدا کـردووە.
تا ئێستا چەنـدین رێـزلـێنان و خەڵاتیـان بە تالێریکۆ پێشکەش کردووە. تا ئێستا لەرێی کارەکـانیـیەوە، وەک ئەکـتەرێـک، زیـاتر لە (٢) مـلیـۆن دۆلاری بەدەسـتهـێـناوە. ئـەم پارەیەش بۆ منـداڵـێک لەو تەمـەنەدا کـەم نیـیە.
تالێریکۆ، پلانی هـەیە بۆ بەردەوام بوون لە نوانـدنـدا. حەزدەکات رۆڵی پاڵەوانیێتی لە فـیلـم دا ببینێـت. میـا تالـێریکـۆ لە ئێستادا ئەکـتەرێکی منـداڵ نییە، بەڵکو ئەکـتەرێکی لاوە و ئەستێرەیەکی ناسراوی جیهـانی سینەمـایە. بەهـرەمەنـدێکی نـاوازەی ناسـراوە. بە ملیـۆنـان هـەواداری کارەکانی هـەیە. ئێستا خوێـنـدکاری قـوتـابخـانەی ئامـادەییـە.
گرنگـترین ئارەزووەکانی میا تالـێریکۆ:
تالـێریکۆ چەنـدین خولـیا و ئارەزووی دڵخـوازی خـۆی هـەیە، بە کورتی و بە چـڕی:
١ـ هـاوڕێیـەکی هـەمیـشەی پەرتـووکە و هـۆگـرێکی خـووگـرتـووی خـوێنـدنەوەیە.
٢ـ ئارەزووی گوێگـرتن لە مـوزیک و گۆرانی دەکات. بەشداریی لە کـێبڕێی سەمـادا کـردووە. رۆژانە سـەیـری تەلەفـزیـۆن و فـيـلـم دەکـات.
٣ـ زۆر حەزی لە گەشـتکـردن و گەڕانە. تا ئێستا گەشـتی بۆ چەنـد وڵاتـێک کـردووە.
٤ـ حەزی لە مەلەوانییە و چێژێکی زۆریش، لە خلیسکانی سەر بەفەر و شەپۆلەکانی سەر دەریـا وەردەگـرێـت. زۆر حەزیـشی لە سـواریی پاسکـیـل هـەیە.
٥ـ حەزێـکی زۆریـشی بـۆ وێنـەکـێـشان هـەیە.
٦ـ رەنگی دڵخـوازی، رەنگی پەمـەییە. ئەکاونتی فـەرمی ئینستاگـرامە. دڵـسۆزترین و خۆشەویسترین هاوڕێشی (مالینا گریس) ە، کە کچە ئەکتەر و گۆرانیبێژێکی ناسراوە.
٧ـ میـا تالـێریکـۆ، لە رێگەی ئەکاونتـێکەوە، لە تـۆڕە کـۆمـەڵایـەتییە سەرکـییەکانـدا،
بە شـێوەی ئۆنـلایـن چـالاکە.
پێشبیـنی ئەوە دەکـرێـت، کە میـا تالـێریکـۆ داهـاتـوویەکی باشـتر و ناوبانگـێکی زیـاتر بەدەسـتبهـێنـێـت. گەشتی هـونەریی میا تالـێریکـۆ، سەرچاوەی ئیلهـام بەخـشە بۆ ئەو هـونەرمەنـدە گەنجانەی، کە خوازیاری سەرکەتن و داهـێنان و داهـاتـوویەکی گەشـن.
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەنـدین سایتی ئینگـلیزی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




پرۆژەیەکی نوێی (گەلەری ئارام)ە هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە

سێشەممە ١٠\٩\٢٠٢٤
کات: ٧ی ئێوارە

وانەی یەکەم:

تارمایی نیچە لەناو فەلسەفەدا




نەخۆشی بایپۆلەر: ناساندن، هۆکارەکان، نیشانەکان و چارەسەرییەکان.زنجیرەی ١٤١.. ابراهیم موحەمەد (ئەبڕاهام لێڤای)

نەخۆشی بایپۆلەر یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان. ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر مەزاج و وزەی کەسەکە دەبێت و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری بەرچاو لە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی تاکدا. نەخۆشی بایپۆلەر، کە پێشتر بە “نەخۆشی دوو جەمسەری” ناسراو بوو، حاڵەتێکی دەروونییە کە تێیدا کەسەکە قۆناغەکانی خۆشی زۆر (مانیا) و خەمۆکی (دیپرێشن) بەسەر دەبات. ئەم قۆناغانە دەتوانن چەند ڕۆژ، هەفتە یان تەنانەت مانگیش بخایەنن.
هۆکارەکان:
هۆکارەکانی نەخۆشی بایپۆلەر بە تەواوی ڕوون نین، بەڵام توێژینەوەکان و بەڵگە زانستیەکانی نێو زانستی دەروونزانی ئاماژە بە چەند فاکتەرێک دەکەن:
بۆماوەیی: ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی بایپۆلەر لە کەسانێک کە خزمی نزیکیان ئەم نەخۆشییەیان هەیە، زیاترە.
کیمیای مێشک: ناهاوسەنگی لە ماددە کیمیاییەکانی مێشک (نیورۆترانسمیتەرەکان) ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.
ژینگە: سترێس، تراوما، یان ڕووداوە گرنگەکانی ژیان دەتوانن وەک هاندەر بۆ دەستپێکردنی نەخۆشییەکە کار بکەن.
نیشانەکان:
نیشانەکانی نەخۆشی بایپۆلەر دەکرێت بە دوو بەشی سەرەکییەوە:
نیشانەکانی مانیا و هایپۆمانیا: هەستکردن بە وزەیەکی زۆر، کەمبوونەوەی پێویستی بە خەو،بیرۆکە و پلانی زۆر، قسەکردنی خێرا، هەڵسوکەوتی مەترسیدار و لەناکاو، متمانەبەخۆبوونی زیاد لە پێویست کە بەرەو سەرکێشی ناتەندروستی ببات بەجۆرێك زیان بە جەستە و دەروونی بگاتن لە دەرئەنجامەکەیدا. (مانیا و هایپۆمانیا دووجۆری جیاوازن بەڵام نیشانەکانینان زۆر لەیەکترەوە نزیکە تا ئاستی هاوبەش و نیشانەکانی مانیا توندترە لە هایپۆمانیا)، زۆرکات دەکرێ نیشانەکانی مانیا بەشێوەیەکی گشتی لە شوێنەکانی کار و قوتابخانە و زانکۆ و هتد گاریگەربن لەسەر تاکەکە.
نیشانەکانی دیپرێشن: هەستی خەمۆکی بەردەوام، کەمبوونەوەی چێژ لە چالاکییەکان، گۆڕانکاری لە خەوتن و خواردن، هەستی بێ بەهایی یان تاوانباری، بیرکردنەوە لە خۆکوش*تن.
چارەسەرییەکان:
چارەسەری نەخۆشی بایپۆلەر بە شێوەیەکی گشتی پێکهاتووە لە:
١- دەرمان: وەک لیثیۆم، دژە-خەمۆکی، و دژە-سایکۆتیك دەتوانن هاوکاربن بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی میزاجی تاکەکە.
٢- چارەسەری دەروونی: وەک چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) و چارەسەری کەسی و ڕێکخستنی ڕیتمی ژیان.
٣- خۆ-چاودێری: وەك خەوتنێکی باش، وەرزش و خۆدوورگرتن لە ماددە هۆشبەرەکان.
٤-چارەسەری کارەبایی مێشک (ECT): تەنها بۆ حاڵەتە توندەکان، بەو مەرجەی کاتێك ڕێگا چارەسەرییەکانی سەرەوە سوود بە تاکەکە نەگەیەنێت بۆ باشتربوونی دۆخەکەی.
نەخۆشی بایپۆلەر وەك هەر نەخۆشییەکی تر پێویستی بە چاودێری و چارەسەری بەردەوام هەیە، بە یارمەتی پزیشک و پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی، زۆربەی کەسانی تووشبوو دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و بەرهەمدار بەسەر ببەن و چاك ببنەوە.

ئەم نووسینە لەم سەرچاوانەوە وەرگیراون:
1-https://www.sciencedirect.com/…/abs/pii/S014067361500241X
2-https://www.nimh.nih.gov/health/topics/bipolar-disorder
3-https://www.cambridge.org/…/22083BA760F85A66B7216376E2B…
4-https://scholar.google.com/scholar?lookup=0&q=Geddes,+J.+R.,+%26+Miklowitz,+D.+J.+(2013).+Treatment+of+bipolar+disorder.+The+Lancet,+381(9878),+1672-1682.&hl=en&as_sdt=0,5&as_vis=1




بەیاننامەی ڕێكخراو و چالاكوانانی بواری جینۆساید تایبەت بە كاركردن لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان

بەپێی بەدواداچوونمان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تیمێكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی ونبووانی وڵاتی كوەیت، بە بەكارهێنانی ئامێری قورس شۆفەل و حەفارە بە شێوەی دوور لە زانستی هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ كار لە نزیك جێگای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی پارێزگای موسەننا (المثنی) تەل شێخیە لە سنووری نوگرەسەلمان دەكەن، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو شوێنە لە چەندین جێگە(موقع) بە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی لێیە و تاكو ئێستا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کوردی لێ هەڵدراوەتەوە. لەوانەش ئەو گۆڕەی ڕووفاتی 172 ئەنفالكراوی تێدا بوو، کە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵی پێچوو تاکو گەڕێنرانەوە بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ.
بە گوێرەی ئەو چەند وێنەیەی بڵاوكراوەتەوە، بەشێوەیەكی زۆر خراپ و نادروست و دوور لە بەها مرۆییەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕە دەكەن، بەجۆرێک كەلە سەری مرۆڤ لەبن كێلەی حەفارە بە شکاوی بەدیار دەكەوێت، ئەمانە رووفاتی هەر كەسێک بن، وێنایەكی قێزەونە و مامەڵەی نا بەرپرسانەیە لەگەڵ ڕووفاتی قوربانیانی دەست ڕژێمە فاشیستەكەی بەعس. پێویستە مامەڵەیەكی بە كەرامەتەوە لەگەڵ ڕووفاتەکانیان بكرێت. بۆیە ئێمە وەكو رێكخراوەكان و نووسەران و چالاكوانانی بواری جینوساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە كوردستان داواكارین لە:

یەكەم/ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی ئەو گۆرٍە بەكۆمەڵانە و گۆڕەكانی تریش كە شوێنەكانیان دیاری كراوە، بەتایبەتی ئەوانەی تەل شێخیە لە نوگرەسەلمان تا ئەو كاتەی هەڵدەدرێنەوە و ڕووفاتی ئازیزیان دەگەرێندرێتەوە كوردستان. پشتیوانی دەزگای شەهیدان و تیمی نیشتمانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكات بۆ خێرا كردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان.

دووەم / لە وەزارەتی بەرگری عێراق كارەكانی لەو شێوەیەی کە گوایە بۆ هەڵکەندنی چاڵێک بۆ تەقاندنەوەی چەک و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ بووە لە سنووری تەل شێخییە ڕابگرێت، پرسی گەڕان و پشكنین بە لایەنی پەیوەندیدار بسپێرێت كە فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراقە، كە تایبەتمەندە بەم پرسە. لە كاتی كاركردن بۆ گەڕان بەدوای ونبووانی جەنگی كوەیت یان جەنگی ( عێراق ـ كویت) كە لە ڕێگای لیژنەی سێقۆڵی دەكرێت، ئەگەر ڕووفاتی هەر جینۆسایدکراو یان ئەنفالكراوێکیان بەرچاو كەوت، بە پەلە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بكەنەوە.

سێیەم/ لە دەزگای شەهیدانی عێراقی فیدرال، كار بكات بۆ خیراتر كردنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تری تەل شێخیە، و تیمەكانی فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بخاتەگەر بۆئەوەی بەزوترین كات ئەو گۆڕانە هەڵبدرێنەوە. دەزگای شەهیدان داوا لە وەزارەتی بەرگری عێراق بكات پرسی گەڕان و پشكنین بەبێ تیمی تایبەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ئەنجام نەدات.
چوارەم/ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەزووترین كات بێتە سەر خەت و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوون و رێکاری پێویست بگرێتەبەر و ڕێگری لە هەموو هەوڵ و کارێکی نایاسایی و نائاسایی دوور لە بەهای مرۆڤایەتی لە چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بکات و ئەو كارە ڕابگرێت كە ئێستا دەكرێت، ناڕەزایی خۆی بۆ ئەم پرسە دەرببرێت.
هەروەها پەیوەندییەكانی وەزارەت لەگەڵ فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراق كە لە ئێستادا سستی بەخۆیەوە دەبینێت، كارا بكاتەوە بۆئەوەی ئەندامانی وەزارەتەكە ڕۆڵیان هەبێت لەگەڵ تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ICMP سەنتەری نێودەوڵەتی بێسەروشوێنکراوان.
پێویست و زەرورە ئەندامییەتی وەزارەت لە لێژنەی سێقوڵی گەڕان و پشكنین بۆ ونبووانی (جەنگی عێراق ـ ئیران و جەنگی كوەیت) كە لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەرپەرشیتی دەكات و هەر سێ وڵات لە ڕێگای وەزارەتی تایبەتمەند ئەندامەتییان هەیە كارا بكاتەوە و لە تاكو لە نزیكەوە ئاگاداری چاودێری گەڕان و پشكنین بێت.
پێنجەم / هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، قوربانییەكان لە هەر نەتەوە و ئاینێک بن. پێویستە بەشێوەیەك بێت كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت و لەگەڵ پرنسیپە نێودەوڵەتییەكاندا هاوتا بێت و بە بەشداری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانی بیانی بەڕێوە بچێت, بەم شێوەیەی ئێستا تەواو ڕەتكراوەیە.

شەشەم/هەموو گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانەی بەپێی ڕاپۆرتی بەشی گۆڕی بەکۆمەڵی CPA ئەمریکی و RCLO دیاریکراون کە لە 100 جێگە لە 301 گۆڕی بە کۆمەڵ کە پێشتر نیشانە و هێمایان لە سەر نەخشە بۆ دیاری کرابوو، بە مانگی دەستکرد وێنەی گیراوە، بەڵام عێراق باس لە داتای جۆراجۆر دەکات بۆیە پێویستە ڕووپێوێکی سەرتاسەری لە عێراق بکرێت بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە گومانی هەبوونی گۆڕی بەکۆمەڵیان لێدەکرێت. یان لەم بارەوە گومان نەهێڵێتەوە.

حەوتەم/ لە پرۆسەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ کەسوکاری قوربانیانی هەموو کەیسەکانی جینۆسایدی فەیلی و بارزانی و هەڵەبجە و ئەنفال و ئێزیدی، پەلە بکرێت. هەروەها هەموو ئەو ڕووفاتانەی كە تا ئێستا هێنراونەتەوە و بڕیار بووە پشکنینی DNA یان بۆ بکرێت. بەتایبەتی بە زووترین کات ئەنجامی پشکنینی ڕووفاتی ١٧٢ ئەنفالکراواکەی چەمچەماڵ ئاشکرا بکرێت، لەگەڵ سامپڵی خوێنی کەسوکاریان بەراورد بکرێت تاوەکو ئەو متمانەیە دروست بێت، کە کارەکانیان ڕاست و دروست و زانستین و لە داهاتووش بە بێ وەرگرتنی سامپڵ لە هەر ڕووفاتێک و دڵنیا نەبوونەوەی لە ناسینەوەی لەلایەن کەسوکاریان ڕادەستی هیچ لایەنێک نەکرێت و پێویستە لێژنەی تایبەتمەند دابنرێت و نوێنەری کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی تێدا بێ و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەرپەرشتی و چاودێری وەرگرتن و هێنانەوە و ناشتنیان بکات.

هەشتەم / پێویستە یاسای كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ژمارە 5ی ساڵی 2006 هەموار کراوی ژمارە 13 ساڵی 2015 جارێکیتر هەموار بکرێتەوە ومافی گەلی کوردستان تیدا پارێزراو بێت کە خاوەنی زۆرترین قوربانی ناو گۆرەبەکۆمەڵەکانە لە عێراق.

ناوەكان:

1-رێكخراوی داكۆكی لە مافی قوربانیانی كۆرەبەكۆمەڵەكان
2-فوئاد عوسمان / رۆژنامەنووس و چالاكوان
3- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
4- تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
5-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
6- محەمەد زرنگ چالاكوانی بواری جینۆساید
7-هەڵمەتی دادپەروەری
8-جەبار ئەحمەد توێژەر لە بواری جینۆساید
9- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10-رۆژنامەی نگرەسەلمان
11- گۆڤاری تۆبزاوە
12-هێمن حەسیب نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
13-عەلی بەندی چالاكوان و نووسەری بواری جینۆساید
14- پاریزەر ئەیاد ئیسماعیل كاكەیی پاریزەر له دۆسیەی ئەنفال و دۆسیەی بارزانیان لە دادگای باڵای تاوانی عێراق
15-تۆڕی ئایكان كوردستان
16-سەلاح كەركوكی چالاكوانی جینۆساید- سوئید
17-عەباس هەمزه خدر، دادوەری پێشوو لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق
18-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
19-عەدالەت عومەر توێژەر لە بواری جینۆساید
20-هەدار زوبێر بارزانی پارێزەری کەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان و پەرلەمانتاری خولی چوارەمی عێراقی
21-نازدار ئەسعەد محمود چالاكوانی بواری ئەنفال
22-مەلا شاخی نووسەر لە بواری جینۆساید
23-رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
24-محەمەد حەمە ساڵەح وەرگێڕ و توێژەری بواری جینۆساید
25-عادیل مەلا ساڵەح بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان
26-هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
27- گەردە مامە حەمە چالاكوان و بنەماڵەی قوربانی
28-حازم بلەیی نووسەر و چالاكوانی جینۆساید
29-زەمان عەبدە نووسەرو چالاكوانی بواری ئەنفال
30- رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
31- دلێر كەریم نووسەر و چالاكوان لە بواری ئەنفال
32-ئیبراهیم هەورامانی نووسەر و رۆژنامەنووس
33- لەتیف فاتیح فەرەج لێكۆڵەر لە بواری جینۆساید
34-ڕۆژان شەهید حەمەڕەش- ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
35-هاوڕێ ئەحمەد مەجید چالاكوانی بواری جینۆساید, كەسوكاری ئەنفال
36-رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-كوردستان
37- د. شۆڕش حاجی – لێکۆڵەر لە بواری ئەنفال و جێنۆساید
38- ئەنوەر عومەر سەعید یاسایی و شارەزا لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
39- قاسم کازم چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری جینۆسایدکراوان
40- سەوسەن محەممەد میرخان، کەسوکاری ئەنفال و سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەهیدان، جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەم
41- شوان جەلال، کەسوکاری ئەنفال و ڕۆژنامەنووس
42- تاڤگە حمەصالح احمد بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوانی کۆیە و ئەندامی ڕێکخراوی کۆژان بۆ پرسی ئەنفال
43- دیاکۆ مورادی -ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ – نۆروێژ
44- ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال
45- کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
46- هاوڕێ پێشڕەو پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفال
47-عەلی مەحمود محەمەد چالاكوان لە بواری جینۆساید