دوای دەساڵ لە کارەساتی جینۆسایدی یەزیدیەکان.. عوسمانی حاجی مارف

لەنێو یەزیدیەکاندا زۆرجار ئەو دەستەواژەیە دەبیستیت: “شەنگال دوا قەڵامانە؛ مانەوەمان بەم خاکەوە بەستراوەتەوە.” ئەم خاڵە جوگرافیە، هەمیشە گرنگیەکی ستراتیژی هەبووە لە بوونیانەوە لە میزۆپۆتامیادا تا ئەمڕۆ. ئەم کەمینەیە لە یەزیدیەکان لە عێراقدا کە لە مێژوودا گۆشەگیریان بەسەردا سەپێنراوە، هەربۆیە خۆشیان گۆشەگیری و بێلایەنیان هەڵبژاردوە، بۆئەوەی خۆیان لەو کارەسات و پێشێلکاریانە بپارێزن کە بەدرێژایی سەدەکان ڕوبەڕویان بۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا تووشی جینۆساید بوون، جارێک بەهۆی بەرگریکردن لە ئەرمەنیەکان کە لە جینۆساید هەڵهاتبون لە تورکیا، زۆرجاریش بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی جیاوازیانەوە. دوای کۆتایی عوسمانیەکان و هاتنی بەریتانیا، بارودۆخیان زۆر باشتر نەبوو، چونکە لە هەندێک ناوچەدا گرژیەکان بەردەوام بوو و قوربانیەکی زیاتریان دا.
لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری عێراق، پەراوێزخستنی یەزیدیەکان بەردەوام بوو. لە سەردەمی بەعس شەنگال گۆڕانی دیمۆگرافیای گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی دانیشتوانەکەی لە گوندەکانیان گواستراونەتەوە بۆ ئەو کەمپە زۆرەملێیانەی کە سەرەتایترین خزمەتگوزارییان تێدانەبوو. دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ بارودۆخەکەیانی بۆ باشتر نەگۆڕی، دواتر جگە لە ئاستی هەژارییان تا ساڵی ٢٠١٤، داعش شەنگالی داگیرکرد برینێکی قووڵتری لەدڵی یەزیدیەکاندا هەڵکەند.
٣ی ئاب ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی یەزیدیەکانە، کە لە ساڵی٢٠١٤دا دەستی پێکرد، بەڕاستی زۆر ئەستەمە وەسفی ئەو ئازارە گەورەیە بکرێت کەیەزیدیەکان تووشیان بوو. گەورەیی ئەو جینۆسایدە، نەک تەنیا لە ژمارەکانیدا، بەڵکو لە ڕەهەندە فرەییەکانیشدا دیارە. تاوانەکانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان زۆرن و سەختن.
بەپێی ڕێکەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید، کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، جینۆساید واتە هەر یەکێک لەو پێنج کردەوەیەی کە بە مەبەستی “لەناوبردنی بە تەواوی یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی،ڕەگەزی، ئایینی ئەنجامدراون، جا بەکوشتنی ئەندامانی گروپەکە بێت، یان بەدروستکردنی مەترسی جەستەیی یان گیانی بێت بۆیان، یان بەئەنقەست خستنەڕووی گروپەکە بۆ بارودۆخی ژیانێک کە مەبەست لێی لەناوبردنی جەستەیی بەتەواوی یان بەشێکی بێت، یان سەپاندنی ڕێوشوێن بەئامانجی ڕێگریکردن لە لەدایکبونی منداڵ لە ناو گروپەکەدا، یان گواستنەوەی منداڵان بەزۆر لە گروپەکەوە بۆ گروپێکی تر”. ئەوەی جێگای داخە لە دۆسیەی یەزیدیەکاندا، ئەو پێنج کردەوەیەیان لەسەر جێبەجێکراوەو وەک بەڵگەی جینۆسایدکردنیان خراوەتەڕوو.
ژمارەی یەزیدیەکان پێش جینۆساید بە نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت کە زۆربەیان لە قەزای شەنگال لە عێراق نیشتەجێ بوون. کۆمەڵگا و ڕێکخراوە ناحکومی و ناوخۆییەکان کۆی ژمارەی قوربانیان بە زیاتر لە پێنج هەزار کەس خەمڵاندووە. هێشتا لانی کەم٢٠٠ هەزار یەزیدی لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان دەژین، لەسەدا ٢٥ی کۆی گشتی یەزیدیەکان واتە ١٢٠ هەزار یەزیدی بەشێوەیەکی هەمیشەیی کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی وەک ئوسترالیا، ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتان لەیەکێتی ئەوروپا. شایانی باسە لەڕۆژی ٣ی ئابی٢٠١٤ کە یەکەم ڕۆژی هێرشی داعش بوو بۆ سەر شەنگال،١٢٦٨ یەزیدی کوژران. بەڵام تائێستا ئاماری کۆتایی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەکاتی کەوتنی شەنگالدا کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوەوە، سەرژمێری کۆتایی بۆ نەکراوە، بەوپێیەی هێشتا گۆڕی بەکۆمەڵ دەبینین کە ژمارەیەکی زۆریان تائێستا نەکراونەتەوە و هەڵنەدراونەتەوە.
داعش زیانی جەستەیی توندی بەسەر ٣٥٤٨ ژن و کچی ئێزیدی گەیاندووە، ئەوان تووشی ڕفاندن و کۆیلەیی سێکسی لەڕادەبەدەری توندوتیژی و کارکردنی زۆرەملێ کراون. تائێستاش٢٦٠٠ ژن و منداڵ بە دیل گیراون لەوێشدا ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجە دەبنەوە. هەروەها کۆنترۆڵی لەدایکبوونیان دەکردن. جگە لە ٢٨٦٩ پیاوی یەزیدی ڕفێنران و بەزۆر لە کۆمەڵگاکەیان دوورخرانەوە بۆ ئۆردوگا ئایدیۆلۆژیەکانی ڕێکخراوی داعش، هەروەها داعش ٦٨ شوێنی ئایینی یەزیدی وێرانکردووە.
بەگشتی مەزەندەی ئەوە دەکرێت کە زیاتر لە ١٠ هەزار یەزیدی کوژرابن، هەروەها جینۆسایدەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە شەنگالەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانی عێراق.
یەزیدیەکانی شەنگال هەست دەکەن شکستی گەورەیان هێناوە، جگە لەو جینۆسایدەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە بەرامبەریان ئەنجامدرا، ئەم ئەزموونە ترسناکە کاریگەری قوڵی لەسەر حاڵەتی دەرونی یەزیدیەکان بەجێهێشت، بەوپێیەی ئەوان شاهیدی فەرامۆشی پشتگوێخستنی گەورە بوون لەلایەن هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراقیەوە، کاتێک ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان بونەتەوە لە ناوچەیەکدا کە دوژمن لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان دەدا، لایەنێک نەبوو بەر بەو کارەساتە بگرێت…!
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ یەکەم دادگایکردن بۆ ئەندامانی داعش لە وڵاتانی وەک هۆڵەندا و سوید دەستپێدەکات، فەڕەنساش لە ساڵی٢٠٢٥ دا بەدواداچوونی بۆ دەکات، ئەمەش دەرفەت دەدات بەڕزگاربوانی یەزیدی کە لەبەردەم دادگا ئامادەبن بۆئەوەی شایەتحاڵی بدەن و باس لەوەبکەن کە چۆن ژیاون، لەکاتێکدا لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دەستبەسەرکراون. تائێستا لە ئەڵمانیا نۆ حوکم بەسەر ئەندامانی داعش و هاوسەرەکانیاندا دەرچووە، هەروەها سێ کەسیش بە تاوانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان سزادراون.
بەڵام تائێستا عێراق بە حکومەتی بەغدا و بە حکومەتی هەرێمەوە چوارچێوەیەکی یاساییان نییە بۆ دادگایکردنی ئەندامانی داعش بەتۆمەتی جینۆساید. لەو چوارچێوەیەشدا نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕەشنووسی یاسای سزادانی جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی خستۆتەڕوو، بەڵام هێشتا نەبووەتە یاسایەکی نیشتمانی. تائێستا تەنیا چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە تاوانەکانی تیرۆر گەیشتوونەتە دادگا، کە ڕزگاربوانی یەزیدی بەشداریان لەو دادگایکرنەدا نەکردوە و شایەتیان نەداوە. ڕاستە یاسای ژنانی ڕزگاربوانی یەزیدی دانی بە ئازارەکانی ئەو ڕزگاربوانەدا ناو میکانیزمی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەڕووی دارایی و ئەخلاقیەوە دانا، بەڵام هێشتا ئەو بڕگانە جێبەجێ نەکراون و پێموانیە جێبەجێش بکرێن!.
ماوەی حەوت ساڵە تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکانی یەزیدی وەک”یەزدا”، هەوڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و بەڵگەنامەکردنی ئیفادەی ڕزگاربوان و شایەتحاڵەکانیان داوە. جێگای سەرنجە کە بڕی ئەو بەڵگانەی کە کۆدەکرێنەوە زۆر گەورەیە، بەمجۆرە توانایەکی گەورە بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردن و دادگایکردنی چەکدارانی ڕێکخراوەکە دەڕەخسێنێت، بەهۆی بەشداریکردنیان لە کوشتن و ڕفاندن و کۆیلەکردنی یەزیدیەکان.
بەداخەوە لەدوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی یونیتاد نوێ ناکرێتەوە، لە غیابی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەرشیفێکی کارگێڕی کە بە ئاسانی لەبەردەستی داواکاری گشتی و حکومەتەکاندا بێت. ئەمەش هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری خاو دەکاتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتگیری لە هەوڵەکانی داکۆکیکردن لەڕێکخراوە ناحکومیەکان و ڕزگاربوانی یەزیدی بکات، بۆ پاراستنی تۆمارێکی سەربەخۆ و بەردەست کە بەڵگەی کوالیتی بەرز و پشتڕاستکراوە لەخۆبگرێت.
ئەوەی کە ئەو ڕووداوانەی لە عێراق و سوریا شاهیدیان بۆ دراوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە سوریا و تا ڕادەیەکی کەمتر لە عێراق، گرنگیدانیان بەم جینۆسایدە تەمومژاوی کردووە.!
ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و چەسپاندنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی تێیدا کارێکی نزیک لە مەحاڵ دەبێت، گەر دانیشتوانەکەی نوێنەرایەتی سیاسی و دەسەڵاتی بڕیاردانیان نەبێت، بۆیە داوای هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئازاد و نوێنەرایەتی پێویستیەکی بەپەلەیە.
ڕێکەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایکردنەوەی دۆخی قەزای شەنگال کە بڕیاربوو ئیدارەی کاریگەرانەی ئەم هەرێمە کێشە لەسەرە، لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئاستی پلاندانان و جێبەجێکردندا شکستی هێناوە.
ئەم دۆخە بووە هۆی بۆشایی دەسەڵات و هاتنی کۆمەڵێک گروپی چەکداری بەرفراوان بۆ درێژکردنەوەی نفوزی ئەمنی و ئیداری خۆیان لە شەنگال. هاوکات تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی گوندەکانی یەزیدی بە بیانووی ئەوەی شوێنەکانی سەر بە پەکەکە دەکاتە ئامانج، هاوکات ئێرانیش بە پشتیوانیکردنی هەندێک لە گروپی چەکداری حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەر شەنگالدا توندتر دەکاتەوە.
کەواتە ئەگەر حکومەتی عێراق بودجەیەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئەمنیەتی تەرخان نەکات، شەنگال بە کەمی ژێرخان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی دەمێنێتەوە. لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی٣١ی تەمموزی ڕابردووکە وەک وادەی داخستنی کەمپەکانە بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ، ئەوەی پێشبینی دەکرێت هیچ ماڵێک نایەوێت بگەرێتەوە، چونکە هیچ سەلامەتیەکیان بۆ دابین نەکراوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە نالەبار و بڕیارانەدا، ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت کە یەزیدیەکان ناچاربن بۆ هەمیشە شەنگال و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن.
یەزیدیەکان لە شەنگال بوونە گەورەترین قوربانی ململانێی سیاسی، لەبەرامبەریشدا هیچ قەدرزانینێک نیە و هەنگاوێکی جدیش نیە بۆ قەرەبوکردنەوە، جگە لەوەش هیچ گەرەنتیەک نیە کە کارەساتی لەوجۆرە دوبارە نەبێتەوە. گومانی تێدا نیە کە ئەم دۆخە درێژکراوەی ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەییە، ململانێیەک کە دوای ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی کە داعش لە عێراق و سووریادا هێنایە ئاراوە، چڕیەکەی زیاتر بوو.
یەزدیەکان پێویستیان بە پشتیوانی بەردەوام و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئەم جۆرە کارەساتە نامرۆییانە لە داهاتوودا دووبارە نابنەوە. لەئێستاشدا بەرپرسیارێتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەوەی لە بەرچاوە پێکهاتەی حکومەتی عێراق لە لایەنە تائیفیەکانی شیعە و سونە و هێزە میلیشیاکانیان و حەشدی شەعبی، نەک لەو باخەدانین پاریزگاری لە خەڵکی غەیری موسڵمان بکەن، بەڵکو لە ململانێی سیاسیدا دەبنە قوربانی، هەربۆیە هیچ گەرەنتیەک نیە کە بۆ جارێکی تر یەزیدیەکان لەسایەی حکومەتی ئێستای عێراقدا توشی کارەساتی تر نەبنەوە، ئەزمونی لایەنەکانی حزبەکانی کوردایەتی و پێکهاتەی حکومەتی هەرێمیش شاراوە نیە، کە دیمان چەند قارەمانانە لە شەنگال یەزیدیەکانیان بەجێهێشت، لە هەمانکاتدا لە هەر سەودا و مامەڵەیەکی سیاسیدا شەرم نیە بۆیان کە بەهەرزان بیانفرۆشن.

ئەوەی جێگای داخە دوای دەساڵ لەو کارەساتە، دۆخێکی وەهایان بۆ یەزیدیەکان فەراهەم نەهێناوە کە بەئارامی دانیشن و دڵنیابن ئەو کارەساتە دوبارە نابێتەوە.

بۆ ئەم وتارە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

  • الإيزيديون في سنجار: حين تتحكم السياسة في مصير الأقليات/ عزت نوح
  • إبادة جماعية متعددة الأبعاد/ لين زوفيكيان



١٧ى تەمموز.. بەشی یەکەم.. رەسووڵ بەختیار

-1-

گەمەى منداڵانى شەقامیش گۆڕا بوو، ئەوان لەجیاتى تۆپی پێ، کۆمەڵ کۆمەڵ لەکۆڵان و لا کۆڵانەکاندا کۆدەبوونەوە، بەدار و قایش تفەنگیان دروستکردبوو، لەناوەڕاستى شەقامەکەدا چەند بەردێکیان دانابوو، هەر کەس بەوێدا تێپەڕ بوایە وەک مەفزرەکانى حکومەتى پێشوو و پێشمەرگە داواى هەوییەیان لێدەکردن، یان ئەگەر هەر شتکێکیان پێ بوایە داوایان دەکرد، ئەو پیاو و ژنانەى بەوێدا تێپەڕ دەبوون تەنیا پێدەکەنین و دەستیان بەسەر ئەو منداڵانە دادەهێنا، لەکۆڵاندا پیر و گەنجەکان بەژن و پیاوەوە سەیرى ئەو دیمەنەیان دەکرد و پێدەکەنین، یاخود منداڵان دەبوون بەدوو کۆمەڵەوە بەشێکیان سووپا و ئەویتریان پێشمەرگە بوون، لەناکاوێکدا هێرشیان دەکرد سەر یەک دەبوایە هێزى پێشمەرگە لەو یاریەدا سەربکەوێ، بۆیە زۆربەى منداڵەکان حەزیان دەکرد ببن بەپێشمەرگە، هەرچۆنێک بێ رێکدەکەوتن، یاریەکە بەخۆشى کۆتایى دەهات، دایکان بەبزەوە سەیرى یارى منداڵەکانیان دەکرد.
لەو رۆژانە تا دەهات نیشتمانپەروەرى و خۆشەویستى بۆ نیشتمان لەدڵى هاووڵاتیاندا زیاتر دەبوو، لەگەڵ ئەوەى تا دەهات ژیان و گوزەرانى ماڵە هەژارەکان زۆرتر زەحمەتر دەبوو، لەتەک ئەمەشدا دزى و جەردەیى هێدى هێدى پەرەى دەسەند، بەعسیش دەیویست بۆ دووبارە دەست بەسەر هەموو جومگەکانى فەرمانڕەوایى دابگرێتەوە، گەنجانى وڵاتیش لەبێ ئومێدیدا نەیان دەزانى چى بکەن، بەڵام بەشێک لەو گەنجانەى لەپێشتردا ئەندامى رێکخستنى حزبە کوردییەکان بوون، هەردەم دەیانویست تۆڵە لەبەعس بکەنەوە و لەناکاوێکدا گوزرێک لەحکومەت و بەعس بدەن، لەو سەردەمەدا هیچ یاسا و پاسا و رێسایەک بوونى نەبوو، هەر کەسێک لەسەر شەقام کلاشینکۆفەکەى دەردەهێنا چەندین گوللە یان بەسەر شەقامەکەوە دەنا یاخود گوللەى بەئاسمانەوە دەنا، ئەوانەى دوژمنکاریان هەبوو، هەل بوو تا تۆڵەى خۆیان بکەنەوە، بەتایبەتى ئەو دوژمنکاریانەى چەندین ساڵ بوو چارەسەر نەکرابوو، یان کەسانى بکوژى پێشتر موستەشار و جاش بوون، لەو کاتەدا ئەوانە تەنیا خۆیان شاردبۆوە، بەڵام لێرەو لەوێ گوێبیستى ئەوە دەبووین بەهۆى کێشەى عەشارییەوە کەسێک کوژراوە.
تا ئەو کاتەى بەتەواویی خەڵک لەخۆى بێزار بوو، کەچى پیاوانى رژێم دەیانویست هەلێک وەربگرن تا وەک پێشتر دەسەڵاتیان بکەوێتەوە دەست، لەمبارەیەوە ماوەیەکى دوور و درێژە دەمەوێ چیرۆکێکى کورت یان درێژ، یاخود نۆڤلێتێک-کورتە رۆمانێک لەبارەى ١٧ى تەمموز بنووسم، پرسیارم زۆر لەهاوڕێیەکانم کرد، زۆر بەکەمى ئەو رۆژەیان لەبیر ماوە، هیچ کام لەحزبەکانیش خۆى لێ نەکردۆتە ساحێب، چونکە ئەو رۆژە گەنجانى شارى هەولێر دەتوانم بڵێم سەرتا سەد کەسێک دەبوو، لەسەرەتاى شەقامى باتەوە و لەتەک قەلا بەرەو پارێزگا دەرؤیشتن، هاواریان دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبى بەعس بۆ دەرەوە، دواتر بووە خۆپیشاندانێکى زۆر گەورە، هەر کەس لەلاى خۆیەوە هاوارى دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبى بەعس بۆ دەرەوە هێرشکرایە سەر پارێزگا، لەپێش چاوانمە چۆن بەعسییە کورد و عەرەبەکان رایان دەکرد، هەتدێک لەو بەعسیانە تەقەیان دەکرد، نەمبینى کەس بریندار بێ، بەڵام تا دەهات دەنگى تەقە زیاتر دەبوو، دواتر هێزى پێشمەرگە، ئەو کات هەموو شتێک بەناوى بەرەى کوردستانییەوە بوو، بەهاناى خۆپیشاندەرانەوە هاتن.
هەموو ئەوانەى داخ لەدڵ بوون لەبەعس، خۆیان وا ئامادە کردبوو، ئەگەر بشکوژرێن هەر دەبێ بەعسییەکان وەدەرنێن و چاوشکێنیان بکەن، چاوانى پڕ ئەسرینى دایکان لەم کاتەدا ناونیشانى هێرش و بەرخودان بوو، تا تۆڵەى هەموو دڵۆپە فرمێسکێنان بکرێتەوە.
شەقامەکانى شار بۆنى خوێنیان لێدەهات، وەک ئەو رۆژە بوو، کاتێک رژێمى بەعس گەڕایەوە شارى هەولێر بەهەموو زەبروزەنگێکەوە کەوتبووە قەڵاچۆکردنى ئەو کەسانەى لەناو شار مابوونەوە، وەکخۆم سێیەم رۆژ دواى هاتنەوەى رژێمى بەعس گەڕامەوە ناو شار، لەبەستۆڕە هێدى هێدى، لەگەڵ خێزانێکى دیکە رێگەمان گرت تا بێینەوە، لەتەک ئەوەى خەڵکێکى زۆر بەپێ و بەهیلاکى و بە ئۆتۆمبێل دواى چەند رۆژێک گەیشتبوونە سنوور تا ئاودیووى ئیران ببن، لەیەکەم بازگە لەنزیک کارگەى جگەرەى هەولێر چەند سەربازێک و ئەفسەرێک وەستابوون، داواى هەوییەیان لێکردین، دواى تەماشاکردنى هەوییەکان، ئەفسەرەکە هەندێک جوێنى پێداین و گوتى: بڕۆن لێرە نەمێنن.
کاتێک بەشەقامەکاندا تێپەڕ دەبوویت بەچاوانى خۆت دەتبینى، تەرمەکان لەسەر شەقام بۆگەنى بوو بوون، دەبوایە لووتى خۆت بگرى دەنا گێژ دەبووى لەبۆن، ئەو ئۆتۆمبیلانەى تووشى هێرشى هیلۆکۆپتەرەکان بوو بوون، لەهەموو لایەکەوە سووتابوون، دیار بوو چەندین تەرمیشى تیادایە، هەر چۆنێک بێ، بەلا کۆڵانەکاندا دواى چەند سەعاتێک خۆم گەیاندەوە ماڵ، بینیم، ماڵى ئێمەش بەتەواوى هاتوونەتەوە، ئەوان تا کەسنەزان رۆیشتبوون، دواى ئەوەى بەنزین لە ئۆتۆمبیلەکە نامێنێ دوو شەو لەکەسنەزان دەبن، دواتر بەهۆى لێبووردنى گشتى دەگەڕێنەوە.
گەڕەکەکانى شار تاکە تاکە ماڵى تیادا بوو، ژیان لەو گەڕەکانە نەمابوو، کاتێکیش دەتویست بێیە دەرەوە، ئەوا بەترسەوە دەبوایە رێ بکەى، نەوەک سەربازێک لەدوورەوە تەقەت لێ بکات، دواى چەند رۆژێک تاک تاک خەلک دەگەڕایەوە، دواى هەفتەیەک ئەو جارەیان خەڵک بەکۆمەڵ و بەکۆ دەگەڕانەوە ناو شار، بازگە و هێزى سەربازیش لەنێو شاردا کەمتر بۆوە، بەماوەى مانگێک شار بەتەواویى ئاوەدانى تێکەوتەوە، تا ناوەڕاستى مانگى پێنجى ١٩٩١ هێدى هێدى خەڵک دەگەڕایەوە، لەمانگى شەشى ئەو ساڵەدا زۆربەى خەڵک گەڕایەوە ناو شار، لەتەک ئەوەى لەشارۆچکەى شەقڵاوە هێزى پێشمەرگە و بەرەى کوردستانى بارەگایان هەبوو، زۆربەى حزبەکان بارەگان لەوێدا بوو.
بۆ مانگى حەوت شار جوولەیەکى تێکەوت، کەمێک لەدووکان و بازاڕەکان کرایەوە، بەڵام ترس لەهەموو شتێک هەبوو، بەشێک لەهێزى پێشمەرگەش لەنێو شاردا بوو.
شار بەتەواویی خرۆشا بوو، هیچ کار و کاسبییەک نەمابوو، ئەوەى هەبوو، چۆن بتواندرێ رۆژانە شتێک بخۆین، چەند مانگێک بوو، خەڵکى شار و گوند و شارۆچکەکانى دیکە لەئاوارەیی گەڕابوونەوە، دواى ئەوەى راپەڕینێک هەموو کوردستانى گرتەوە، دواتر سووپاى رژێمى بەعس بەسووپایەکى زەبەلاحەوە هێرشى کردە سەر شارە گەورەکانى کوردستان، کەس بەتەماى ژیان نەبوو، نەوەک لەلایەکەوە پیاوانى رژێمى بەعس، گوللەیەک بتەقێنن لەلایەک تەرمەکەت بکەوێ، سەربازەکانى بەعس هەندێکیان بۆ پاراستنى ئەمن و ئیستغباراتى رژێم لەلایەکەوە مۆڵگەیان کردبوو، لەهەموو شتێک دەترسان، هەتا لەخۆیان و لەدەوروبەر و ئەفسەرەکانیان دەترسان، ترس باڵى بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو، دایکان لەگەڕەکە جوان و میللییەکان هەردەم دڵیان بەمنداڵەکانیانەوە بوو، لەشەواندا هیچ شتێک نەدەجوولا تەنیا ئەوە نەبێ ئۆتۆمبیلە تیژڕەوەکان تاک تاک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆیشتن، کەس نەیدەزانى ئەمانە پێشمەرگەن یان جاش و پیاوانى ئەمنى رژێمن، شەوان شار دەبوو بەیەک پارچە ئاگر، هەر کەس لەلاى خۆیەوە تەقەى بەئاسمانەوە دەنا، زۆر کەس لەو تەقە و تۆقە بریندار دەبوون و دواتر بەهۆى تلانەوە و ئازارەکانیان دەمردن، رۆژ نەبوو خەڵک بەکۆ نەچنە گۆڕستانەکان، بۆ ناشتنى تەرمى ئازیزەکانیان، ئێستا ئەگەر بچییە گۆڕستانەکان رێککەوتەکانى سەر گۆڕەکان ئەم راستییەمان بۆ دەردەخەن.
سەرەتا لەوانەیە بپرسن بۆ ١٧ى تەمموز، ئەوە رۆژى کودەتا یان ئەگەر بەزمانى بەعسییەکان بدوێین، دەڵێن شۆڕشى ١٧-٣٠ى تەمموز، یان یادى لەدایکبوونى حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکییە، ئەو کاتەى بەسەرکردایەتى ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و سەدام حسێن عێراق کەوتە دەست کۆمەڵە چەتەیەک، ناویان لەخۆ نابوو حزبى بەعس، نەوەى ئێستا نازانێ ئەو بەعسە چ کارەساتێکى بەسەر خەڵکى عیراق بەگشتى و بەتایبەتى خەڵکى کوردستان-باکوورى عێراق هێنابوو، کوشتن و بڕین لەهەموو لایەک بوو، بەتایبەت بۆ ئەوانەى بزاندرایە بەخەیاڵیش بڕوایان بەبەعس نییە، یان دژ بەبەعسن.
ئێستا خۆم لەنێوەندى ئەم باسەدا لەدڵەڕاوکێدام نازانم چۆن هەموو جوولە و بزاوتێکى گەنجان باس بکەم، نامەوێ لەنێوەندى چیرۆکێکدا بیبەستمەوە بەخەیاڵ، ناشکرێ رۆژێکى مێژووى شارێک بەچەند دێڕێک باس بکەم.
لەسەرەتاى راپەڕین، مانەوەى بەرەى کوردستانى تەنیا بیست رۆژێک بوو، واتە لە ٧-٣-١٩٩١ تا ٣١-٣-١٩٩١ تا ئەو کاتەى شارى کەرکووک ئازاد کرا، لەدواتر رژێمى بەعس بەهەموو هێزێکەوە هێرشى کردە سەر شارەکانى کوردستان و بەتایبەتیش شارە گەورەکان وەک هەولێر و سلێمانى و دهۆک، خەڵکى کوردستان هەر یەک لەلاى خۆیەوە بنە و بارەگەى خۆى تێکنا و بەرەو سنورەکان ملى نا، بەبێ ئەوەى هیچ ئاسۆییەکى هەبێ، ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان و دانوساتەکان نەبوایە، لەوانەیە بۆ ماوەى چەند مانگێک شارەکان جەنجاڵ نەدەبۆوە، دواى گەڕانەوەى بەشێک لەخەڵک بۆ ناو شارە گەورەکان، جوولە گۆڕا، وەک لەسەرەتادا گوتم: زۆربەى باوکان دەیانویست هەر چۆنێک بێ بژێوى رۆژانەیان دەستبکەوێ تا بتوانن منداڵ و خێزانەکەیان لەبرسییەتى رزگار بکەن، دایکانیش دەستیان لەسەر دڵیان بوو نەوەک گوللەیەک خۆیان و منداڵەکانیان بپێکێ.
ئەو کات تەمەنم بیست و یەک ساڵان بوو، دیمەنەکە لەپێش چاومە، ئەو کات لە چاپخانەى هەولێر دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ کوردستان لەدووکانەکانى نزیک باڵەخانەى پارێزگاى هەولێر شاگردى چاپخانەى کوردستان بووم، دەمبینى پیاوانى بەعس لەپێش رۆژى ١٧ى تەمموز بەهەمان شێوەى پێشتر بەخۆنیشاندانى جەبوورەتیانە دەیانویست خۆیان وا نیشان بدەن، بەوەى حزبى بەعس و دەسەڵاتییان لەم شارە هەر ماوە، بەڵام ترسێکى گەورەیان لەهەموو جوولەیەک هەبوو،
ترس لەخۆیان، ترس لەخەڵک، ترس لەجاش و چڵکاوخۆرەکانیان، ئەمنەکانم دەبینى رووخساریان هەڵبزرکابوو، ئەوانیش نەیاندەزانى داهاتوویان چۆنە، بەڵام دەیانویست وەک پێشتر لێبخوڕن، کەچى منداڵێک بەلایاندا تێپەڕ بووایە، ئەوان گومانیان لێى هەبوو، نەوەک نارنجۆکێک لەلایان بتەقێنێ، هەروەها بەچاوە ترسنۆکەکانیان سەیرى ئافرەتانیان دەکرد، دەیانویست وەک پێشتر گاڵتە بکەن، کەچى خۆیان لەکونجەکانیان نابوو، بەلەرزەوە سەیرى دەوروبەریان دەکرد ئەوانەى پێشتر لەگەڵ ئەمنەکان ئاشنایەتى هەبوو، دیار بوو بەچاو ئاماژەیان بە کێشە و رووداوەکانى رۆژانە دەکرد، ئەوان لەیەکتر تێدەگەیشتن، کەچى نامەکان بەنیوەچڵى دەگەیشت، تا دەهات ترسی زیاتریان لەسەر دەنیشت، بەڵام خەڵکیش بەگشتى نەى دەزانى بداهاتوویان چۆن دەبێ.
ئەوەى لێرەدا دەیخەینە روو باسکردنى تەواوى راپەڕینەکەى بەهارى ١٩٩١ نییە، بەڵکو لەنێوەندى ئەم چەند دێڕەدا باسکردنى چوار مانگە ، بەتایبەتیش رۆژى ١٧ى تەمموزى ١٩٩١. لەدواى ئەم رێککەوتە و خۆپیشاندانە، حکومەتى عێراق، یان راستتر بڵێین بەتەواوى بنە و بارەگەى خۆى تێکنا و هەرچى ئیدارە و چەک و تفاق هەیە بردییەوە ناو ئەو شارانەى دەسەڵاتى بەسەردا هەیە.




پارە لە سیستەمی سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا.. بەشی یەکەم.. شیکردنەوەی کاوە کەریم

بۆ گوێگرتن لە بەشی یەکەمی ئەم باسە کلیکی ئێرەبکەن..




کێ دەتوانێ چارەنوسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکا؟.. عەبدوڵا ساڵح

کوشتنی حەسەن نەسروڵای حزبوڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە بارودۆخێکی نوێی لە ناوچەکە هێناوەتە گۆڕێ ، لەلایەک نەتەنیاهۆی فاشست و منداڵ کوژ دەڵێ :(( کاردەکەین بۆ گۆڕینی واقیعی ستراتیژی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)). خامەنەئی چەنگ بەخوێن ڕابەری جمهوری پەت و سێدارەش دەڵێ : (( چارەنووسی ئەم هەرێمە لە لایەن هێزەکانی بەرەنگاری – مقاوەمە- یەکلایی دەکرێتەوە،)).
دیارە کوشتنی نەسروڵا هاوکێشەکانی گۆڕیوە، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئیسرائیل باری لاری نەتەنیاهۆ تا ئەندازەیەک ڕاست بۆتەوە، خۆی و حکومەتەکەی لە هەوای سەرکەوتندا دەژین. ئەم سەرکەوتنە سەربازیە، لەسەر ئاستی ناوچەکە پەیامێکی داوە بە دراوسێ دوور ونزیکەکانی کە: ((کوتکی ئێمە لەسەروو هەموو کوتکەکانەوەیەو دەتوانین چەترێک بین بۆ پارێزگاریتان لە “بەڵای “جمهوری ئیسلامی، ئەوانەشی دوودڵن لە بەستنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵمان با شک و گومانیان بڕەوێتەوە بێنە ناو شەمەندەفەری ئاسایکردنەوە (تطبيع) )). لەسەر ئاستی جیهانیش پەیامێک بوو بۆ ئەو دەنگە کزۆڵانەی ،جار جار لەژێر لێوەوە، بە نەتەنیاهۆ وحکومەتەکەیان دەووت تکایە : ((کوشتار کەمکەنەوە ! وەرنە سەر مێزی گفتوگۆ ! مافی خۆشتانە بەرگری لەخۆتان بکەن)) ، بەوانیش دەڵێ: ((ئەوا یەکێک لە توندڕەوترین مۆرەکانی جمهوری ئیسلامیمان بۆ لەناوبردن ، دەستمان مەگرن لەتەمبێ کردنی گەورەکانیشیان)) .
گومانی تێدا نیە کوشتنی نەسروڵا لێدانێکی گورچکبڕ بوو بو ئێران و هەموو ئەو هێزانەی بەدەوریەوە و ناویان لەخۆیان ناوە ” بەرەی بەرەنگاری- مقاومە ” و هەموو ئەو هێزە لاوەکیانەش کە چارەنوسی خۆیان بەستۆتەوە بە چارەنوسی جمهوری ئیسلامی. ئێران هەرچەندە لەژێر لێوەوە شەرمنانە اچەمۆڵە دەنێ بەڵام ئاڵای سپی هەڵنەکردووە .
بەکورتی ئەم دوو تاوانبارە وا دەزانن ئەم ناوچەیە پووش و پاوانی خۆیانە و بەئارەزوی خۆیان ڕەنگڕێژی بۆ دەکەن، ئەوەیان بیرچۆتەوە کە لەئێران ساڵێک بەر لە ئێستا جەماوەری ڕاپەڕیوی ئەو وڵاتە تەختوتاراجی ڕژێمیان هێنایە لەرزە ( ژن ، ژیان ، ئازادی)، ئەگەر بەڕیتمێکی شۆڕشگێرانەو لەژێر ڕابەری شێلگیری خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش و لەژێر ئاڵای سۆشیالیزمدا خەباتی خۆیان بردبایە پێش، ئەمڕۆ ئەو چڕو چاوە مۆنانەی لە میدیاکانی ئێران ئێستا دەردەکەون وون دەبوون و ئێران و ناوچەکەش لە دەستیان قوتار دەبوو.
لەئیسرائلیش دوای کردەوە تیرۆرستیەکەی حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەری پار ساڵ، ڕۆژ نەبوو حکومەتە ڕاستڕەوە شۆڤێنیەکەی نەکەوێتە بەر ڕق و بێزاری جەماوەری ئازادیخواز و ئاشتی دۆستی ئەو وڵاتە، تا دواجار ڕۆژی دووشەمە دووی سێپتامبەری ئەم ساڵ، وە لەسەر بانگەوازی گەورەترین سەندیکای کرێکاری ئەو وڵاتە ( هیستەدرۆت ) مانگرتنی گشتی دژی سیاسەتەکانی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی ڕاگەیەنرا و هەموو شادەمارەکانی ئابوری ئەو وڵاتە بۆڕۆژێک پەکیان کەوت بەناچار دادگای باڵای ئەو وڵاتە هاتە نێوانگیری.
لێرەدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر دەردەکەوێ و مێژووش شاهیدە کە دواڕۆژ ئەم دوو دەسەڵاتەو ئەم دوو تاوانبارە و هاوشێوەکانیان دەکەونە بەر ڕقوبێزاری جەماوەری ڕاپەڕیو ئاشتی خواز و بە دروشمی ئاشتی وپێکەوە ژیان دێنە مەیدان و دواڕۆژێکی پڕشنگدار بۆ خۆیان و نەوەکانیان فەراهەم دێنن . وەک بەزمانی عەرەبیش دەگوترێ : ( ان الغد لناظره لقريب ).




کلێپتۆمانیا: ناساندن، نیشانەکان، هۆکارەکان و چارەسەرییەکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

وتاری زنجیرەی ١٥٠

کلێپتۆمانیا تێكچوونێکی دەروونییە کە تێیدا کەسەکە هەست بە پاڵنەرێکی بەهێز دەکات بۆ دزینی شتی بێ بەها یان شتێک کە پێویستی پێی نییە. ئەم دۆخە وەک جۆرێک لە نەخۆشییە کۆنترۆڵ نەکراوەکان پۆلێن دەکرێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کەسەکە و کۆمەڵگا دروست دەکات.
کلێپتۆمانیا زیاتر وەک تێکچوونێکی دەروونی سەیر دەکرێت نەك تەنها لادانێکی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە، گرنگە تێبینی بکەین کە سنووری نێوان “نەخۆشی دەروونی” و “لادان” هەندێک جار ناڕوونە و دەکرێت بە پێی کۆنتێکستی کولتووری و کۆمەڵایەتی جیاواز بێت. لە DSM-5 دا، کلێپتۆمانیا وەک تێکچوونی کۆنتڕۆڵکردنی هاندەر پۆلێن کراوە.

نیشانەکان بەشێوەیەکی گشتی:

کەسانی تووشبوو بە کلێپتۆمانیا ئەم نیشانانەیان هەیە:

هەستکردن بە فشارێکی دەروونی بەهێز پێش ئەنجامدانی کردەی دزین, هەستکردن بە خۆشی و ئارامی کاتی لە کاتی دزیندا, هەستکردن بە تاوان، شەرمەزاری یان دڵەڕاوکێ دوای دزین, نەبوونی هۆکاری ئابووری یان کەسی بۆ دزین, دزینی شتی بێ بەها یان شتێک کە کەسەکە پێویستی پێی نییە.

هۆکارەکان:
هۆکارە سەرەکییەکانی کلێپتۆمانیا بە تەواوی ڕوون نین، بەڵام توێژینەوەکان ئاماژە بە چەند فاکتەرێک دەکەن:

فاکتەری ژینگەیی: وەک ئەزموونی ناخۆش لە منداڵی یان کێشەی خێزانی.
فاکتەری بایۆلۆژی: گۆڕانکاری لە ئاستی سیرۆتۆنین و دۆپامین لە مێشکدا.
فاکتەری ژینەتیکی: بوونی مێژووی خێزانی لە نەخۆشییە دەروونیەکان.
کێشەی دەروونی تر: وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ یان کێشەی کەسایەتی.

چارەسەرییەکان:
چارەسەری کلێپتۆمانیا پێویستی بە ڕێگەچارەی فرەلایەنە هەیە:

چارەسەری مەعریفی: وەک چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە و ڕەفتارییەکان.
دەرمانی دەروونی: بەکارهێنانی دەرمانی دژە خەمۆکی (SSRI) بۆ ڕێکخستنەوەی کیمیاوی مێشك.
ڕاهێنانی خۆ-کۆنترۆڵکردن: فێربوونی تەکنیکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی حەزی دزین.
پشتگیری کۆمەڵایەتی: بەشداریکردن لە گرووپی پشتگیری و چارەسەری خێزانی.

کاتێك ئەم بابەتە پەیوەندیداردەکەین بە لایەنی تاوانەوە:

هەرچەندە کلێپتۆمانیا نەخۆشییەکی دەروونییە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش چەند کێشەیەک دروست دەکات:

پرسی بەرپرسیارێتی تاوانکاری: ئایا کەسی تووشبوو بە کلێپتۆمانیا بەرپرسیارە لە کردەوەکانی؟
پێویستی سیستەمی دادوەری بە تێگەیشتن لە دۆخە دەروونییەکان
گرنگی بەکارهێنانی چارەسەری جێگرەوە لە بری سزادان
پێویستی دانانی بەرنامەی تایبەت بۆ ڕێگری و چارەسەری لە ناوەندە سزاییەکاندا،لە ڕووی یاساییەوە، کلێپتۆمانیا بە تاوان دادەنرێت و سزای لەسەرە. بەڵام دادگاکان هەندێک جار ڕەچاوی بارودۆخی تایبەتی ئەم کەسانە دەکەن. زۆربەی جار چارەسەری دەروونی و دەرمانی پێشنیار دەکرێت وەک بەشێک لە سزاکە.

گرنگە جیاوازی بکرێت لە نێوان کلێپتۆمانیا و دزی ئاسایی. کلێپتۆمانەکان بۆ قازانجی ماددی دزی ناکەن، بەڵکو بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی. هەروەها زۆربەی جار هەست بە پەشیمانی و شەرمەزاری دەکەن دوای کردەوەکەیان.

سەرچاوە زانستیەکان:
1-https://www.psychiatry.org/psychiatrists/practice/dsm

2-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/17713696/

3-https://www.google.com/amp/s/www.medindia.net/amp/patients/patientinfo/kleptomania-references.htm

4-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/22132369/
https://www.researchgate.net/publication/10629124_Psychopathology_and_Comorbidity_of_Psychiatric_Disorders_in_Patients_With_Kleptomania

5-https://www.scielo.br/j/rbp/a/wZ4Lq3zQbM4N5ccsb4QYBms/?lang=en




ڕستەکانی سەرەوە.. شعری ژیڤان بەکر

بە چ زمانێک بڵێم: دوای خۆم،
ئاوازی غەمینی دڵم،
لە گڕ و لە سووتاندایە؟
ئەوە کێ بوو گوتی وشە،
پیتی ڕەقوتەق و دەنگی گڕ و بڵێسە
ڕەنگدانەوەی ئەو بێدەنگییەی نێو ناخن؟
کە خەریکە هاواری کڕ و بێدەنگیم،
کەڕ و لاڵانیش کاس دەکات!
خۆ دەزانم لێکدابڕان دۆڕان نییە،
دەزانی بە چی دەزانم؟
جوانترینی ڕابردوومیت.
پیاوانی ساختە چەند زۆرن؟
لەبیرکردنی کەسێک هەیە
هێندە زۆر و هێندەیش سەختە.
بەڵێن بوو، ناوت لە تەختەسپیی دڵم بسڕیتەوە
هیچ ساڵێک هێندەی ئەم ساڵانە
هیلاک و سڕ نەبووم.
هەموو ئەم ڕستانەی پێشووم
لە چاوی مامۆستایەکی زمانی کوردی
ڕوو نادەن و ڕوویان دا!

  • * * * * * * * * * *
    لە کوێت بێنم؟
    ونم کردوویت؛
    کچێ خۆ دەشزانم لە کوێیت،
    بەڵام مردوویت!
  • * * * * * * * * * *
    چاوم دەگێڕا و نەشمدەویست بتبینم!
    تۆ لەناو ئاگردایت و منیش لە دۆزەخ
    ئێ چوزانین
    نێوانمان ئەوەندە دوورە!
    هێڵی بەینمان
    ئەوەندەیش تۆخ.
    ئێ لە کوێت بێنم چاوەکەم؟
    حەزم لێتە و لێشت هەڵدێم!
    هەموو ئەو ڕستانەی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی ماتماتیکدا
    لە یاسای دوو ڕاستەهێڵی تەریبدا
    قەت پێک ناگەن،
    هەرگیزیش لێک و تێک ناگەن!
  • * * * * * * * * * *
    هەموو ئەم تێکەڵبوونانەمان
    لە چاوی مامۆستایەکی
    وانەی کیمیا
    دوو توخمی نائاوێتەبوون
    کە لەگەڵ یەکدی هەڵناکەن.
  • * * * * * * * * * *
    عیشقمان بووە بە “ماضی” و
    هەرگیز هێزێکیش ناتوانێت “ضمە”یەکی بخاتە سەر
    لە چاوی مامۆستایەکی عەرەبیدا
    ئەم واوە گەورەترین کێشەی
    ناو گەردوونە.
    خۆ ڕەنگە بۆ
    مامۆستایەکی ئینگلیزییش
    ئەو “ed”ی دەمی رابردوو
    کەسێ هەبێ،
    بتوانێ، داهاتوو بێنێتەوە زوو.
    گشت ئەو ڕستانەی سەرەوەم
    لە چاوی مامۆستایەکی
    وانەی هونەر
    زۆر جوان و ڕوونەواتا بن.
    هەموو ئەو وشانەی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی فەلسەفەدا
    مایەی پرسیار و ڕامان بن
    بەڵام بریتیبن لە مایەی
    ئاژاوەی بوون!
  • * * * * * * * * * *
    بە چ زمانێک بڵێم: دوای خۆم،
    ئەو ئازارە توولانییەی
    جەرگەی دڵم،
    منداڵێکی زۆر چەتوونە و
    هەر خەریکی جۆللانەیە
    وشە، پیتی ڕەقوتەق و
    دەنگی گڕ و
    ڕەنگدانەوەی داغ و داخن!
    چاوم دەگێڕا و نەمدەویست وات بببینم!
    لە کوێت بێنم بینایی چاو؟
    تامەزرۆتم و لێشت هەڵدێم!
    هەموو ڕستەکانی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی وێنەکێشدا
    بێ ڕەنگ و بۆنن؛
    هەموو ئەو ڕستانەی پێشێ
    لە چاوی مامۆستایەکی
    دێوانە و دین
    دەڵێ خۆیشی
    هیچ لێ نازانێ کە چۆنن!

کە بیرت دەکەم
تێدەگەم زۆر منداڵم
کە بیرت لێ دەکەمەوە
پیرێکم لەناو خەیاڵم!




بیرت دەکەم!.. شیعری ئاژوان ڕۆژهەڵاتی

زۆرتر لە جاران
بيرت دەکەم
ژیان بۆنی چۆڵەوانی لێدێت!
بیر لەهەرچێ دەکەم!
یادگاریە!
وەک دنکەدنکەی تەسبێحەکەت!
لە گەردنم ئاڵاندووە!
تۆ به تەما نییت بێيتەوە!؟
سەر لەم پاییزەت بەیتەوە!
،وەک بەهار سەوزم کەیتەوە!
ئاخر گیانە بە حسرەتت!
چەشنی پاییز هەڵوەریوم!
وەک باخێکی شەختەگرتوو!
لە شۆێنی خوما ڕزیوم!
تۆ بە تەما نیت بێیتەوە!؟

20/9/24
ئاژوان ڕۆژهەڵاتی
نەرويژ




بێدەنگی وەک کارەکتەری شەهاب لە ڕۆمانی “باوکی ئەو” بە نموونە.. ئەژین فەهمی

هه‌موو چیرۆكێك، بەشێوەیەک لە شێوەکان دووباره‌یه، بەڵام گرنگە بتوانیت له‌نێو چیرۆكه دووباره‌كاندا خۆت نوێبكه‌یته‌وە‌؛ نوێبوونه‌وه‌یه‌ك به‌و مانایه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌ و چنینی په‌یڤه‌كاندا، وه‌ك چیرۆكه‌كانیتر داینه‌ڕێژی و خوێنه‌ریش ئاشنا بكه‌یت به‌م نوێكارییه‌. هاوکات بتوانی لەو دووبارە بوونەوەیەدا شتی نوێ بدۆزیتەوە.
ڕۆمانی (باوكی ئه‌و)، له‌ نووسینی (پرینووش سه‌نیعی) و به‌ كوردیكردنی (ڕووناك شوانی) شتێکی جیاوازمان لەناو چیرۆکێکی دووبارەدا، بە تەکنیک و شێوازێکی جیاواز بۆ دەگێڕێتەوە. لەم ڕۆمانەدا، مێردمنداڵێکی بچووک بەناوی (شەهاب)ەوە، کە خۆی وا پێشان دەدات ناتوانێ قسە بکات، دژی ئەو سیستێمە پەروەردەییە دەبێتەوە، کە لەنێو ماڵەکەیاندا پەیڕەو دەکرێت.
گه‌ر بێت و به‌چه‌ند دێڕێك له‌ دۆخی سایكۆلۆژی شه‌هابی سێ ساڵه‌وه بدوێم، كه‌ وەک ئاماژەم بۆ کردووە، پاڵه‌وانی نێو ڕۆمانه‌كه‌یه‌: دۆخی ژیانی ئه‌و، وایلێكردووه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌م خوێنه‌ر، هه‌میش خێزانه‌كه‌ی فریو بدات، خۆی لێمان بكات به‌ منداڵێكی لاڵ و بە هیچ شێوەیەک قسە نەکات. ئەم منداڵە بەتوانایەکی سەرسوڕهێنەرەوە، هەموو په‌یڤه‌كانی له‌نێو ناخیدا پەنگ بخواتەوە و وەک هێزێکی بەرگری بەکاری بهێنێت. له‌ڕاستیدا ئەم بێدەنگی و لەدەستدانی زمانە، قه‌ره‌بووی زۆر شتی بۆ کردووه‌تەوە. كاتێ ده‌بینێت باوکی بە گێل و نەفام سەیری دەکات و جیاوازی لەنێوان ئەو و براکانی تریدا دەکات، هیچ ڕێگایەکی بۆ نامێنێتەوە، لە بێدەنگی زیاتر. بەرگرییەکەی شەهاب دژی هەموو ئەو نایەکسانییانەی بەرابەری دەکرێت و بەوەی وەک گێلێک سەیری دەکەن، هەر لە بێدەنگیدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دوور لە چاوی هەمووان، چەند پەرچەکردارێکی فیزیکیشی دەبێت، وەک هەستان بە کەتنی جۆراوجۆری منداڵانە، بۆ نموونە لە نهۆمی سەرەوە گوڵدانێک فرێدەداتە خوارەوە بۆ سەر شان و ملی باوکی، یان شکانی سەری براکەی. هاوکات برا و ئامۆزاکەشی کەتنی منداڵانەی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی لە سزا ڕزگاریان بێت، دەیخەنە ئەستۆی شەهاب. هەموو خانەوادەکە و خانەوادەی باوکیشی، هەمیشە سەرکۆنەی شەهاب دەکەن و بە گێل و نەفام ئاماژەی بۆ دەکەن، تەنیا کەسێک لە خەمی شەهاب دایە، هەستی پێ دەکات و هەمیشە بەرگری لێ دەکات، دایکییەتی. چیرۆكەکانی نێو ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ش به‌ش له‌ ڕێی كاره‌كته‌ری دایكی شه‌هاب و خودی شه‌هابه‌وە دەگێڕدرێتەوە.
جیاواز له‌ هه‌موو شتێك بۆ من، جگه‌ له‌ گرنگی پێدانی دایكی بۆ شەهاب، خودی داپیره‌یشی یارمه‌تیده‌رێكی گرنگی وێ ده‌بێ. داپیرەی دەتوانێ سەرلەنوێ شەهاب بدۆزێتەوە و وای لێ بکات‌ بپه‌یڤێت، ئه‌و په‌یڤانه‌ی له‌ گه‌روویدا له‌ ئه‌نجامی ڕقێكی زۆره‌وه‌ ساڵانێكه‌ کپ بوون و نه‌هاتوونه‌ته‌ ده‌رەوە، بێنە دەرەوە و شەهاب بێنێتە قسە. داپیرەی شەهاب دەتوانێت پێوەندییەک لەگەڵ شەهاب دروست بکات، کە متمانەیەکی گەورە دەبێتە بنەمای ئەو پێوەندییە، بە شێوەیەک هیچ کەسێکی تر ناتوانێت ئەو پێوەندییە دروست بکات. كاتێ نه‌وه‌ و داپیره‌ پێكه‌وه‌ به‌ ته‌نیا له‌ماڵ ده‌مێننه‌وه‌، داپیره، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نی ئه‌ودا بێت، مامه‌ڵه‌ی لەگەڵ ده‌كات، ورد و چڕ دیقه‌ت له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌وده‌مه‌ی نه‌وه‌كه‌ی، لە ڕەوشێکی پڕ لە توڕەییدا، قاپه‌كان ده‌شكێنێت، لێ ده‌گه‌ڕێت ڕقی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆی به‌ شکانی قاپه‌كان بڕه‌وێنێتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئەویش چەند قاپێکی لەگەڵ دەشکێنێت و دەیکات بە گەمەیەکی خۆش. لە ڕقەوە بۆ دڵخۆشی و خەندە.
لەوانەیە داپیرە هەوڵ بدات لە ڕێگەی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و منداڵانەوە، متمانە و ئاسوودەیی بۆ نەوەکە دروست بکات. هەردوو لا هەوڵ دەدەن ڕۆڵە کۆنەکان بگۆڕن و پێوەندییەکی نوێ دروست بکەن. له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌یش ده‌گات به‌وه‌ی بتوانێت زمانی نه‌وه‌كه‌‌ی بپژێ و ئاسان له‌به‌رده‌می داپیره‌دا بێته‌ گۆ و شه‌وانه‌یش دوای چیرۆك خوێندنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كه‌ی په‌یڤه‌ شاراوه‌كان نه‌مێنن و ئه‌وانیدیش له‌ زمان بژانی شه‌هاب تێبگه‌ن.
گەر سەرنج بدەین بەپێی تیۆریی (ئالفرێد ئادلێر) ده‌كرێ ئەم ڕەفتارە شێوازێك بێ وا بكات له‌م ڕێگه‌یه‌وه خۆشه‌و‌یستی و گرنگی پێدانی داپیره‌ بۆ نه‌وه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ی گرتبێت. له‌ ڕێگه‌یه‌كیتریشه‌وه‌ شه‌هاب هه‌ستی به‌ كه‌مزانینی خۆی كردبێ و له‌ ڕێگه‌ی شكاندنی قاپەكانه‌وه‌ خۆی لای داپیره‌ی بسه‌پێنێ و تێشمانبگه‌یه‌نێت، كه‌ چیتر نابێت په‌راوێز بخرێت و ئه‌ویش شایه‌نی ئەوەیە، وەک براکانی خۆشیانبوێت و ڕیزی بگرن.
کاتێک داپیرە هەوڵ دەدات نەوەکەی بە قسە بهێنێت، ئەمە دەکرێ وەک به‌شێك له‌ پڕۆسه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی نه‌وه‌كه‌ی و هەوڵێکیش بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخی ئاسایی شەهاب. ئەمە نیشانەی ئەزموون و هەستیاری و تێگەیشتنی داپیرەیە بۆ پێداویستییەکانی نەوەکەی.
بێگومان نیشاندانی باری دەروونی (شه‌هاب) و پشتگوێخستنی و ته‌نانه‌ت گرنگیدانی ئه‌و له‌ لایه‌ن دایكی و داپیرییه‌وه‌، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات، کە بۆ نموونە جووڵە دەخاتە تێکڕای ڕووداوەکان و ژیانی کارەکتەرەکانی تریشەوە.
بەڕای من زمانی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە، ڕۆڵێکی گەورەی لە دروستکردنی ژینگە و پێشاندانێکی ڕوون و ئاشکرای کارەکتەرەکاندا هەبووە. (ڕووناک شوانی) بە لێزانانە، بە کوردییەکی پاراو توانیویەتی ڕستەکان بە چەشنێک چر بکاتەوە، وەک ئەوەی بە دیار فیلمێکی سینەماییەوە دانیشتبین.
ئێمه‌ له‌ڕێی وه‌رگێڕه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌م جوانییه‌ی نێو ده‌ق ببینین، جوانییه‌ك ‌هه‌م له‌ داڕشتنه‌وه‌ و هه‌میش له‌ چنینی ڕسته‌وه‌ وشه‌گه‌لێكی كوردانه‌ و پوختمان به‌رچاو بكه‌وێت، به‌پێی پێویست به‌ دوای هه‌ندێك وشه‌دا وێڵ ده‌بین و بێزار نابین. ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م زمانه‌ ساده‌ و پاكه‌ی وه‌رگێڕەوە، به‌ر ئیستاتیكایه‌ك ده‌كه‌وین، کە به‌رز و نزم پێکەوە لە وێنەکانی ڕۆمانەکەدا کۆدەکاتەوە.
لام وایه‌ گرنگی ئه‌م ڕۆمانه جگه‌ له‌ نیشاندانی باری دەروونی منداڵێك، به‌ دیوێكی تردا نووسه‌ر، كاره‌كتره‌كانی تری له‌هه‌ر ته‌مه‌ن و ڕەوش و ژینگه‌یی تردا‌، وه‌ك خۆی تێیدا قووڵ بووه‌ته‌وه‌. بێگومان كار كردن لە کایەکانی خێزاندا به‌و هه‌موو كاره‌كته‌ره‌ جیاوازانەوە کارێکی ئاسان نییه.
——————————

‌سه‌رچاوه‌:
باوكی ئه‌و، په‌رینووش سه‌نیعی، وه‌رگێڕانی ڕووناك شوانی.
ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌، ٢٠١٧




گۆڤاری نما ژمارە ٥٨

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٥٨ی گۆڤاری نما کلیکی ئێرەبکەن…




ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران.. جەمال کۆشش

وەک ئەوە لەئاسمان کەوتبێتە خوارەوە، دیارییەک بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا
ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران
جەمال کۆشش

ڕۆژی هەینی (٣١-٥-٢٠٢٤)، لەناو بازاڕی (مارکێت پلاتس-Marktplatz)ی شاری (مانهایم-Mannheim) لە ئەڵمانیا، ئەفغانییەکی (٢٦) ساڵان، بەچەقۆ هێرش دەکاتە سەر مێزکتێبی (پاکس ئەوروپا)، (٧) کەس بەسەختی بریندار دەکات، یەكێک لەوانە جێگری ڕێکخراوەکەیەکە بە ڕەخنەگری ئیسلامی ناسراون و ڕاستڕەوی کۆنەپارێزن، هەر لەنێو بریندارەکاندا پۆلیسێک لە ئەنجامی سەختی برینەکەی گیان لەدەست دەدات. بۆ وەستاندنی ئەو تیرۆریستە ئیسلامیـیە (سلێمان ئا) لە درێژەدان بە تاوانەکانی، پۆلیسێک تەقەی لێدەکات و پەکی دەخات لە درێژەدان بەتاوانەکانی.تاوانبار لەساڵی ٢٠١٣ ەوە لەئەڵمانیا وپآش ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی ڕەفز دەکریتەوە، هاوسەگیری لەگەڵ کچێکی ئەڵمانی بەڕەچەلەک تورک دەکات وخاوەنی دوو مناڵە.
بەشوێن ئەم تراژیدیایەدا، لێکۆلینەوەی جیاجیا لەسەر سیاسەتی پەنابەری، کێشەکانی ڕێکەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation)، ئیسلامیزم و تیرۆریزم هەمەلایەنە بڵاوبوەوە.
لە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ (٢٠٢٤)، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی (٣) کچی مناڵ و برینداربونی (٧) کەسی تر بە چەقۆ لە قوتابخانەیەکی کۆرسی سەما، هەواڵەکەش بەئانقەست وەک ئاگری ناو پوشوپەڵاش لە سۆشیال میدیا وەها تەشەنەی سەند کە گوایە تاوانبارەکە پەنابەرە و ئیسلامیـیە، لایەنە ڕاست و ڕاسیستەکان لە (٣٠) شار و شارۆچکەی بەریتانیا و ئیرلاندای باکور، دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و تاڵانوبڕۆ و هێرشیان کردە سەر هۆتیل و مزگەوت و دووکان و بازاڕی خەڵکی بە ئەسڵ بیانی و شوێنی مانەوەی پەنابەران.
سەڕەڕای بریندار بوون و زیانێکی ماددی زۆر، نزیکەی (٧٠٠) کەس دەستبەسەرکران و هەندێکیان بەپلەی جۆراوجۆر سزای زیندانی دران و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا( کەیر ستارمەر) داوای کرد بەتوندی سزای ڕاسیستەکان بدرێت و لەلایەن کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئینساندۆست و مارکسیست و ئەنارشییست و سۆشیالیستەکانیشەوە خۆپیشاندانی چەند هەزار کەسی لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو. خاوەنی کەناڵی ئیکس (تویتەری پێشوو)، نوسی بەریتانیا بەرەو نزیکبونەوەی شەڕی ناوخۆ دەچێت.
لە کاتێکدا شارۆچکەی (سۆلینگن-Solingen)ی ئەڵمانیا لە (٤-٨-٢٠٢٤) خۆی بۆ ئاهەنگی یادی (٦٥٠) ساڵەی دامەزراندنی ئامادە دەکات، پەنابەرێکی سوری ڕەفزکراوە هەر سەد مەترێک دوور لە شوێنی فیستفاڵەکە لە (هایم)ێک دەژیەت، بەچەقۆیەکی (١٥) سانتیمەتر لە نزیک سەکۆی ئاهەنگەکە، “شەلم کوێرم ناپارێزم”انە سەر و دڵ و ملی یانزە کەس دادەپاچێت؛ دووپیاوی تەمەن (٥٦) و (٦٧) و ژنێکی تەمەن (٦٥) ساڵە دەکوژێت و (٨) کەسی تریش بریندار دەکات کە برینی چواریان سەخت بوو.
ژنە گورانیبێژی پۆپ (تایەلەر سویفت-Taylor Swift) لە زنجیرە ئاهەنگەکانی ئەوروپایدا، ناچار بوو بیست و چوار سەعات پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی نەمسای هەڵوەشینێتەوە، کە (٩٠) هەزار کەس لە کچان و کوڕانی تەمەن (١٨ تا ٢٥)، تکتیان کڕیبوو بۆ هەر (٣) ئاهەنگەکەی، ئەوەش پاش ئەوەی کە دوو کەسی ئیسلامیست بەر لە ئەنجامدانی کردەوەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە گیران و پلانەکەیان پوچەڵ کرایەوە.
لە (٢-٣-٢٠٢٤) لە (زوریخ)ی سویسڕا لاوێکی پانزە (١٥) ساڵی تونسی و سویسری پاش ئەوەی ڕایدەگەیەنێت کە سەربازێکی بەوەفای دەوڵەتی ئیسلامی بێت و تا پێی بکرێت مەسیحیەکان و جووەکان سەربڕێت و بکوژێت، پیاوێکی ئەرسەدۆکسی جوولەکەی پەنجا ساڵی زۆر بەسەختی بریندار دەکات. هەر لە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ لەشارۆچکەی بەناوبانگی (داڤۆس)یش کوڕێکی (١٩) ساڵەی جوولەکەی ئەسەردۆکسی، لەلایەن دوو پەنابەری عەرەبی ڕەفزکراوەوە تفی لێدەکرێت و بێڕزی پێدەکرێت و ڕووتی دەکەنەوە و هاوار دەکەن ( بژی فەلەستین)، پاشان ئەو دوو کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێن.
(ساڵانە لەئەڵمانیا ١٠ هەزار هێرش بەچەقۆ هەیە و لەسەدا (٩٠) یان لەلایەن گەنجانی موسڵمانەوە ئەنجام دەدرێن لە ئەڵمانیا)
ساڵانە (٩٧٥٠) ئاهەنگی گشتی خەڵکی هەیە کە (١٩٠) ملیۆن کەس سەردانی دەکەن).
لە ماوەی دە مانگی ئەمساڵدا (٢٠٢٤)، چوار قات هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا لەلایەن ئیسلامیـیەکانەوە زیادی کردووە. لە (٧)ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە (٢٠٢٣) کە (حەماس) هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و سوپای ئیسرائیل غەززەی خەڵتانی خوێنی مناڵان و ژنان کرد و تاوانی گەورە ئەنجامدەدات و ملنادات بۆ وەستانی شەڕ، توندوتیژی دژی جولەکەیی فراوان بووە و قوڵاییەکی گەورەتری وەرگرتووە.
ئەم ژینگەیە زەوییەکی بەپیتی دروستکردووە بۆ ئەوەی وێنەی پەنابەران، لە کەسانی چەوساوە و بێدەرەتان و مافخوراو کە شایەنی ژیانێکی ئینسانین، ببێتە کەرەستەی نائارامی و ترس و ترۆریست و تاوانباری گەورە و پێویستە ڕێگا نەدرێت بێنە خاکی ئەوروپاوە. میدیاکان بەتایبەت میدیای گەورەی ڕاستی لیبڕاڵ و ناسیۆنالیستی مەسیحگەرا، پشت بەستوو بەزمانێکی باڵای ڕیتۆریکیانە و ژورنالیستی مۆدێرن و پرۆفیسۆری تایبەت و دبلۆماسیەتی وێنە و نیگاکان، هەژمونێکی گەورەیان لە دیزان و بیناسازی بیروڕای گشتی و داڕشتنەوەیدا هەیە.

هەنگاوەکانی ڕابردوو و مەرامی دەوڵەتە ئەوروپییەکان
ئەو هەنگاوانەی کە پێشتر نراون لە لایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هاتنی پەنابەران؛ ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا (٢٠١٦)، بەرفراوانکردن و پێشخستنی دامەزراوەی (فرۆنتێکس-Frontex) بۆ کۆنترۆڵی سنورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە (٢٠١٠)ەوە بە بەردەوامی، ڕێکەوتن لەگەڵ تونس و لیبیا (٢٠٢٤)، دامەزراندنی ناوەندی (ئیۆرۆدۆک-eurodoc)، و ڕێککەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation) و سیاسەتی هاوبەشی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢٤)، کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی پەنابەران، بەڵام هێشتا بەو ئەندازەیە نییە کە بەرنامەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان دەیەوێت، هەندێ سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسی لە ئەڵمانیا خوازیارن کە (زۆر کەمبکرێتەوە) یان وەک دانمارک و سوید (کۆتایی پێبهێنن).

سیاسەتی پەنابەری لە ئاستی نێوخۆیی هەر یەک لە ووڵاتە ئەوروپیەکاندا
دانمارک و سوید، داواکاری پەنابەرییان کۆنترۆڵکرد بە وەرگرتنی کەمترین ڕێژە، وە لە نێوخۆشدا کۆمەڵێک یاسایان جێبەجێکرد کە بەشێوەیەکی کتوپڕ کاریگەری گەورەی دانا وسویدیش هەمان یاساوڕێسای گرتەبەر، یەکسەر دیپۆرتکردنەوە، شانسی کەمکردنەوەی یەکگرتنەوەی خێزان، کۆنترۆڵی سنورەکان بەهەموو جۆرێک کە تەنانەت بۆ تکت بڕین داوای شوناس و مۆڵەتی مانەوەت بکەن….
سویسرا و نەمسا و هۆڵەندا ، هەست دەکەن، درەنگکەوتوون، خۆیان ئامادە دەکەن و دەیانەوێت هەر لەمساڵدا هەموو ئەو بڕیار و یاسا و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دانمارک و سوید گرتبوویانەبەر ئەوانیش جێبەجێی بکەن. ئەڵمانیا کە لە (٢٠١٥)ەوە باوەشی بۆ یەک ملیۆن پەنابەری سوری بەگەرمی ئاوەڵاکرد (کلتوری خۆشهاتن پەنابەران)، ئێستا ڕاستەوخۆ و یەکسەر بەهەموو ئاڕاستەکانی سنوری ئەڵمانیا (نەمسا، سویسرا، چیک، فەرەنسا، پۆڵۆنیا و دانمارک) ڕۆژانە کۆنترۆڵ دەکات و ڕێگا دەگرێت لە ڕێڕەوی نایاسایی چونە ژورەوە، لە ئێستادا “تاوانباران” بۆ سوریا و ئەفگانستان دەنێرێتەوە، وە لێکۆڵینەوە دەکات لەسەرانسەری سوریا تا بزانێت چەند دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان لە بەرپرسانی پارێزگا و شارەکانی سوریا هاوئاهەنگی دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران، ئەمە و دەشیەوێت چەند وڵاتی تریش بخاتە ناو سنوری ئەو وڵاتانەی کە “ئارام”ن بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران.
بەمجۆرە سیاسەتی پەنابەری لە ئەوروپا بەخێرایی بەرەو ڕێگایەکی داخراو دەچیت و پیدەچێت بەتەواوی ئەوروپا دۆسیەی (سیاسەتی پەنابەری) بەتاڵ بکاتەوە، سوید ئەو نێوبانگە وترادسێۆن وئایکۆنە ئینسانیەی کەهەیبوو، بەتەواوی ڕەیڵی خۆی لە بنەڕەتەوە گۆڕی ودەولەت یەکدەستە لە سیاسەتی پەنابەری دا.

وردترناسینی کێشەکان… پرسیار بۆ ڕوونەدانی تاوانەکان
(ئەلیس شفاتزەر-Alice Schwarzer)، ژنە چالاکوانی ناسراوی ئەڵمانی، لە وتارێکیدا کە هاودەمی کۆچی بەکۆمەڵی پەنابەران بوو لە ساڵی (٢٠١٥)دا دەنوسێت: (سەدا هەشتاویەکی موسڵمانەکانی ئەڵمانیا، ئەڵمانیایان خۆش دەویت، وە ئەڵمانیەکانیش خۆیان سەدا هەشتاو پینچ ئەوانیان خۆش دەوێت)، (سەدا نەوەد و هەشتی ئەو پەنابەرانەی کە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە تاوانیان دەرحەق کراوە لە لایەن ئیسلامیـیەکانەوە، لەهەر کام لە وڵاتەکانی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، ئەفگانستان، جا چ بەدەستی دەوڵەتە ئیسلامیـیەکان بووبێت، یان بەدەستی باندە بەکرێگیراوەکانیانەوە، یان بەهۆی شەڕی نێوخۆیانەوە، ئەگەر تیرۆری ئیسلامیـیە توندەڕەوەکان نەبوایە، ئێستا لە ئەوروپا دیاردەیەکمان بەناوی کێشەی پەنابەرانەوە نەدەبوو).
دواتر باس لە پشتیوانی ئەمەریکا دەکات بۆ گروپە تیرۆریستە ئیسلامیـیەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی (١٩٨٠)ەوە بۆ (١٩٩٠)، دەنوسێت (هەر کەسێک بیەوێت یارمەتی پەنابەران بدات، پێویستە دژایەتی ئیسلامیـیەکان بکات چ لە وڵاتی خۆیان، چ لە ئەوروپا).
لە یەکێک لە چاوپیکەوتنەکانی پرۆفیسۆری زانکۆی هامبلودی بەرلین، (ڕوود کۆمپاس-) لەگەڵ (سۆنتاگ تساتونگ-)، دەڵێت (خەڵکی تورکیا بەتەواوی دەزانن کە کەسێکی ئیسلامیستی وەک ئەردۆگان، دەتوانێت چی بکات، وە ئەو سوریانەی بۆ محازەرەکانم دێن، بەشێکی زۆریان لەدەست خوێنرێژی ئیسلامیـیەکان هەڵاتوون).
لێرەدا بوار نیە بۆ لێکدانەوەی زیاتری هەلومەرجێکی قەیراناوی و بێمافییەکی ڕەهای خەڵک و سیاسەتێک کە ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەوی دەکات وەک هۆکارە ڕاستەوخۆکانی کۆچ، بەڵام زۆر بە پێویستی دەزانم لەبارەی دوو لایەنی گرنگی تر بنوسم.
یەک:- هەمان پرۆفیسۆر لەوەڵامی پرسیارێکیدا دەڵێت: “من بۆ کتێبەکەم (یانسیبی پەنابەری) هەموو ئەو کردەوە تیرۆریستیـیە کوشندانەم شیکاری کرد کە لە (٢٠١٥)ەوە لە ئەوروپا ڕوویانداوە، تاوانباران (ئیسلامی تیرۆریست) هەر هەموویان لەماوەی ئەم دە دونزە (١٠-١٢) ساڵەی دواییدا وەک پەنابەر هاتوون بۆ ئەوروپا). لەنێو ئەم ڕستانەدا شتێک شاردراوەتەوە، بەوەی ڕاستە ئەوان بەرگی پەنابەرییان کردۆتە بەرییان و ویستویانە لە پشت ئەو کێشە ئینسانیـیەوە خۆیان بشارنەوە، بەڵام هەرگیز نابێت ئەو مانایەی لێوەوە دەرکێشرێت کە ئیدی هەموو پەنابەرانێک، تیرۆریستێکی لەناودایە.
لەماوەی ئەم دەساڵەدا لانی کەم (٤) ملیۆن کەس هاتونەتە ئەوروپا، ئیسلامیەکان ناگەن بە هەزار یەکیشی. داڕشتنی ڕستەکە بەو شێوازە لە ڕووکاردا دروستە، بەڵام ئەرگیومنێت بۆ بۆچوونێکی ڕاسیستی دەهێنێتەوە، پەنابەر دەکاتە ئۆبجێکتێکی شێرپەنجەیی بۆ کۆمەڵگای ئەوروپی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئیسلامیـیەکانی ئەردۆگان و سعودیە و قەتەر، ڕەوتە ئیسلامیـیە جۆراوجۆرەکانی تر بە سەلەفیەکانیشەوە، لەلایەن دەوڵەتە ئەوروپیەکانەوە وەک نوێنەری ئایینەکان دەناسرێن و پشتیوانی دەکرێن .
دوو: سیاسەتی پەنابەری و کۆچ و کار و هاوڵاتی بوون، لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپادا، لەم دە ساڵەی دواییدا سەدان کەسی توشی نەخۆشی دەرونی، خۆکوژی، خۆشاردنەوەی بێ مۆڵەتی مانەوە، سەدان خێزانی سەرگەردان کردووە. لەم دە ساڵەدا بەبەردەوامی یاساکان توندتر کراونەتەوە، چەندین پەنابەر لەلایەن پۆلیسەوە گیانیان لەدەستداوە،دیپۆرتکردنەوە زیاتر بووە لە هەندێ حاڵەتدا پاش دیپۆرتکردنەوە، پەنابەرەکە زیندانی کراوە یان تیرۆرکراوە لەلایەن دەوڵەت و باندە تیرۆریستەکانەوە. سەدان پەنابەر بەهۆکاری جۆراجۆر بێناسنامەو بێ وەرەقە وسەرگەردانن لەئەوروپا. هەزاران پەنابەر لە خراپترین کارەکان، سەخترین هەلومەرج ، کەمترین کرێ. ئەمانە ئەو زەمینانەن کە دوو کۆمەڵگا لە نێو ئەوروپادا دروست بکەن. سەدا نەوەدی ئەو کەسانەی بونەتە نێچیری ئیسلامیەکان وهێرشەکانیان بڵاوکردۆتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کەسانێکن کەداوای مافی پەنابەرییان ڕەفزکراوەتەوە. هەموو ئەو کەسانەی هاوڵاتی ئەوروپی بوون بە پێشینەی کۆچەوە، مناڵیەکی سەختیان هەبووەو لەپەراوێزدا ژیاون.
تێوەپێچانی پەنابەران بەگشتی لە کردەوەی تیرۆریستی، واقعی نییە، بەڵام بۆ مەرامێکی تر بەکاردەهێنریت، ئەویش تا ڕادەی سفر کەمکردنەوەی مانەوەی پەنابەران و مافی پەنابەرییە.
ئەوەش یادداشت بکەم،بەکارهێنانی کارتی پەنابەران، لەلایەکی دییەوە تەنها لەژێر گوشاری بەهێزبوونی ڕاستەکاندا نیە، شتێکی گرنگتر لەوە، کێشەی پەنابەرو کۆچبەران، دەتوانێت زیادکردنی هەموو جۆرەکانی باج، هەڵئاوسان، کەمکردنەوەی بودجەی کلتوور، دایەنگەکان، پرۆژە زانستیەکان، کەمکردنەوەی بیمەی کۆمەڵایەتی وخانەنشتنی، فرۆشتنی کەرتی تەندروستی، زیادکردنی کرێێ قیتارو پۆست، زیادکردنی کرێی خانوو، قەیرانی نێشتەجێبوون، …ئەمانەش بکاتە گەردنی پەنابەران وسەرمایەداری ئەوروپایی دوژمنێکی وەهمی دروست بکات.

ناوەڕاستی سێپتەمبەری ٢٠٢٤




گرنگی و بایاخی دەنگنەدان، بۆیکۆتی دەنگدان.. زاهیر باهیر

کاتێك لەگەڵ خەڵکدا لەسەر ئەوەی سەرەوە دەدوێت ڕووبەڕوی دوو پرسیار یاخود دوو وەڵام دەبیتەوە. یەکەم: بۆیکۆت هیچ ناگۆڕێت و دەچێتە گیرفانی حیزبەکانەوە و لەو بارەشدا لایەنە هەرە خراپەکە سوودمەند دەبێت . دووەم: ئەی ئەگەر بۆیکۆت بکرێت جێگرەوە چییە؟
بەڕای من ئەو بۆچوونانە هەردوکیان هەڵەن نە چارەیە و نە گۆڕانکارییەکیش دەکات ، چونکە چارە ئەوە نییە کە ئێمە دەنگ بە لایەك بدەین ، شەر لە بەتاڵی باشتر نییە، شەڕێك نییە یەخەی گرتبێتین و گەر نەیکەین تیادەچین و زەرەرمەندی هەمیشەیی دەبین . لە ڕاستیدا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە نێوان هەموو ئەو بەربژێر و حیزبانەدا تەنها دوو بژاردەمان هەیە خراپ و خراپترین. لەو بارەشدا ئێمە دەنگ بە خراپەکە دەدەین تاکو خراپترینەکەمان لە کۆڵ ببنەوە .
گومان لەوەدا نییە کە لەناو ئەو بەربژێرانەدا کەسانی زۆر باش و دڵسۆزیان تێدایە بە هەموو نێت و ئاوەزی خۆیانەوە وا هەست دەکەن کە ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. بەداخەوە کە ئەو برادەرانە ئەوەند هۆشیاریان نییە و قووڵ نەبوونەتەوە لە کێشە محەلییەکان و جیهانییەکاندا. ئەوان ئیدراکی ئەوە ناکەن کە تۆ هەر جۆرە حکومەتێك دامەزرێنیت ناچاریت کە ببیتە پاشکۆی ئەم سیستەمە ، پاشکۆی ئەوەی کە پێی دەلێن کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی . بۆیە لەو بارەدا دەبێت ئەوە بزانین ئەو کەسە باشانەش کە خۆیان بەربژێر کردووە دەبنە پاشکۆ و سیستەمەکە زۆر بە باشی دەیانگۆڕێت بەو جۆرەی کە پێویست بکات . ئەوان دەبنە برغویەکی سلاك، لەکار کەوتوو، کەبێ ئەو برغوانەش پێچکەی عەرەبانەی سیستەمەکە لەڕۆیشتندایە . ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانیش دەبنە بەشێك لە داپڵۆسەر و سەرکوتکەری ئەو چین توێژاڵانەی کە پێشتر داوای دەنگدانیان لێدەکەن و گوایە ‘ئەم و ئەمان’ جیاواز دەبن لەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن .
بۆیکۆت هەڵوێستە ، لە ساتە وەختێکی ئاوادا هەڵوێست و هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە کە بەرهەمی دەبێت ، ڕسوایی و نابەدڵی و نادڵسۆزی و زوڵم و زۆری ئەنجامی پرۆسەکە و سیستەمەکە نیشان دەدات . بۆیکۆت هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە سیستمەکەدا ، هەرگیز شۆڕش ڕوونادات بێ هەنگاوە بچووك و پێشەکییەکانی. هەرگیز ساوایەك بێ نانی هەنگاوی زۆر بچوك فێر نابێت یا ڕانایەت لەسەر نانی هەنگاوی گەورە و دواتریش ڕاکردن .
بۆیکۆت یانی پێشەوەچوونی هۆش و گۆشی خەڵکی کە گەورەترین مەترسی لەسەر دەستەبژێر و حوکمڕانان دروست دەکات کە بە هۆش خۆیان دەهێنێتەوە کە ئەوان ڕووبەری مەترسی گەورە بوونەتەوە .
ئێمە خۆمان لە ناهۆشیاریمانەوە تەقدیری بۆیکۆت ناکەین بەڵام سیاسەتمەداران و دەوڵەتمەداران زۆر باش دەیکەن ، ئەوان دەزانن چ مەترسییەك ڕووبەروویان دەبێتەوە . هەر ئەمەشە کە بە ملیۆن پاوەند و دۆلار و یورۆ لەو هۆکارەدا سەرف دەکرێت کە بۆچی خەڵك دەنگ نادات؟ ئەوان ناوەرۆك و حەقیقەتی بۆیکۆت تێدەگەن، ڕووکەشانە نایبینن ، یا وەکو دیاردەیەکی ئاسایی هەڵوێستی دەنگدەر نایبینن ، ئەوان ئەو دیوی کارەساتەکان و دیاردەدەکان دەخوێننەوە کە بۆیکۆت چەکەرەکردنی دەربڕینی چالاکی ناڕەزایەتی و دروستبوونی هۆشیارییە ، دەزانن کە چ مەترسییەکە بۆیان ، مەترسیی بە هۆشهاتنەوەی جەماوەری ناڕازییە .

زاهیر باهیر
27/09/2024




نەخۆشییەکانی خواردن لە زانستی دەروونزانیدا.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)


زنجیرەی ١٤٩

نەخۆشییەکانی خواردن کۆمەڵێک لادانی دەروونین کە کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانی مرۆڤ بۆ خواردن و بیرکردنەوەی تاكەکە دروست دەکەن. ئەم نەخۆشیانە دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی کەسەکە دابنێن.
نەخۆشییەکانی خواردن کێشەیەکی ئاڵۆزن کە پێویستیان بە تێگەیشتن و چارەسەری فرەلایەنە هەیە. بە ناسینی نیشانەکان و وەرگرتنی یارمەتی پێویست و ڕێگا چارەسەرییە زانستی و گونجاوەکان، زۆربەی کەسەکان دەتوانن چاك ببنەوە و ژیانێکی تەندروستتر بەسەر ببەن.

لەم وتارەدا، تیشک دەخەینە سەر ناساندن، هۆکارەکان، نیشانەکان و چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکانی خواردن.

ناساندنی بابەتەکە:

نەخۆشییەکانی خواردن بریتین لە کۆمەڵێک تێکچوونی دەروونی کە پەیوەندییان بە خواردن و وێنەی جەستەوە هەیە. سێ جۆری سەرەکی نەخۆشی خواردن هەن:

ئەنۆرێکسیا نێرڤۆسا (Anorexia Nervosa): کەسەکە لە ترسی قەڵەوبوون، خۆی لە خواردن بەدووردەگرێت و کێشی زۆر کەم دەکاتەوە.

بولیمیا نێرڤۆسا (Bulimia Nervosa): کەسەکە دەست هەڵدەگرێت لە خواردنی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا، پاشان هەوڵی ڕێگرتن لە زیادبوونی کێش دەدات بە ڕشانەوەی زۆرەملێ یان بەکارهێنانی دەرمانی سکچوون.

نەخۆشی خواردنی زۆر (Binge Eating Disorder): کەسەکە بڕێکی زۆر خواردن دەخوات لە ماوەیەکی کورتدا، بەڵام هەوڵی ڕێگرتن لە زیادبوونی کێش نادات.

هۆکارەکان بەشێوەیەکی گشتی:

هۆکارەکانی نەخۆشییەکانی خواردن ئاڵۆزن و فرەلایەنن. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە چەندین هۆکار دەکەن لەم بارەیەوە:

ژێنەتیکی- بۆماوەی: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە هەندێک کەس لەڕووی ژێنەتیکییەوە زیاتر دەکەونە ژێر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی خواردن (Bulik et al., 2019).

ژینگەیی: فشارە کۆمەڵایەتییەکان بۆ لاوازی و جوانی دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی خواردن (Culbert et al., 2015).

دەروونی: کێشە دەروونییەکان وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و کێشەکانی کۆنترۆڵکردن دەتوانن پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی خواردنەوە هەبێت (Stice et al., 2011).

بایۆلۆجی: ناهاوسەنگی کیمیایی لە مێشکدا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی خواردن (Kaye et al., 2013).

نیشانەکان بەشێوەیەکی گشتی:

نیشانەکانی نەخۆشییەکانی خواردن دەتوانن جیاواز بن بەپێی جۆری نەخۆشییەکە، بەڵام هەندێک نیشانەی گشتی بریتین لە:

گۆڕانکاری بەرچاو لە کێشدا (کەمبوونەوە یان زیادبوونی خێرا).
سەرقاڵبوونی زۆر بە خواردن، کالۆری و کێش.
گۆڕانکاری لە خووی خواردندا.
کشانەوە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان.
نیشانە جەستەییەکان وەک سەرئێشە، ماندووبوون، یان کێشەی گەدە و ڕیخۆڵە.

چارەسەرییەکان بەشێوەیەکی گشتی:

چارەسەری نەخۆشییەکانی خواردن پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەنە هەیە:

دەرمان (clinical medicine) : دەرمانە دژەخەمۆکییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە هەندێک حاڵەتدا (Culbert et al., 2015).

CBT = Cognitive behavioural therapy
IPT = Interpersonal Psychotherapy
چارەسەری دەروونی: چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) و چارەسەری نێوان کەسی (IPT) بە کاریگەر دانراون (Fairburn, 2008).

ڕێنمایی خۆراکی(Dietary Guidelines): کارکردن لەگەڵ پسپۆڕی خۆراک بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ خواردن.

چارەسەری خێزان(Family Therapy): بەتایبەتی بۆ نەخۆشە گەنجەکان( بەتایبەتر هەرزەکارەکان)، بەشداریپێکردنی خێزان لە پرۆسەی چارەسەریدا گرنگە (Lock & Le Grange, 2013).

چاودێری پزیشکی(Medical care) : بۆ چارەسەرکردنی کێشە جەستەییەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکە.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

—————————————-

سەرچاوە زانستییە بەکارهاتووەکان بۆ نووسینی ئەم وتارە:

١-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/30704640/

٢-https://psycnet.apa.org/record/2008-07785-000

٣-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/23333342/

٤-https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC2538484/

٥-https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0005796711001306




هاڕەی گەردوون.. شیعری شەهلا نوری

گەردون لەگەڵما زۆرانپازێتی
گەمە دەکا
گەردەشی جیهان، سوڕانەوەی تەمەنم لەگەڵ دەکات
تەگەرە و پێچی ئەڕابە وگاری پێ دەکات
مانەوەی لەمپەری میانی هەردوو دونیام دەکات ا
سۆراخی مانا و وێنەی جوانیمە بولێڵی دەکات
یەخەم بەرنادات ، دەێەوێ هەراسان بم
کێشمەکێش و حەڕی پیاماڵینم فێردەکات
بەگێرەی جەنجەڕی خۆێ بەسەر خەرمانی دڵم دەدا
بۆ کوتانم بەڕێ دەکات
نقیمی سەوزی ناخ و جەستەم وردو خاش دەکات
دەمکاتە کڵۆشی سێبەری سەری خۆی جەژنی حەسانەوە ساز دەکات ،
بۆ بەرداشی سەنگی ئاسیاوی خۆێ، بەرێ ئێشم نیشان دەدات
دەڵێت
هات و ھاواران مەکە!
گەردون چاونەزیڕیت لێ دەکات

شەهلا نوری




مەعریفەى شیعریى.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

مەعریفەى شیعریى یان ئەزموونى واقیعى شیعریى، پەیوەندى بە پرۆسەى نووسین و خوێندنەوەوە دەكات، كاتێك كە سرووشتى و هەرِەمەكییە، دواتر لە رێگاى خەیاڵ و جوانى و شارەزایى شیعریى و رامانەوەوە تۆختر دەبێتەوە، پاشان لە گرتنى گۆشەنیگاى جیاوازى هونەرى و بە رووداوكردنیان و وێناكردنى دنیابینى سەردەم و لە خەمڵاندنى كۆى ئەو شارەزاییە مەعریفییانەوە بەشێوەیەكى راستەوخۆ یان نارِاستەوخۆ، لە شیعرییەتى دەق و شیعرییەتى خوێندنەوەدا دەردەكەوێت.
واتە دواى بەرەوپێشچوونى بەهرە بۆ شارەزایى، شارەزاییەكان بۆ ئەزموون و ئەزموونگەریى، ئیتر دەركەوتنى وزەى هونەرى و شارەزاییە مەعریفییەكان بە شێوەیەكى (راستەوخۆ) و (نارِاستەوخۆ) دوو خاڵى سەرەكى رووندەكەنەوە: یەكەمیان، پەیوەندى بە نووسەرەوە هەیە، ئەویدیكە پەیوەندى بە خوێندنەوەوە دەكات. خوێندنەوە دەبێتە دوو بەش: یەكەم خوێنەرانن، دووەم پەیوەندى بە رەخنەگرانەوە دەكات. واتە كاتێ‌ خوێنەر درك بە شیعرییەت دەكات. كاتێ‌ ئاگایى هونەریى، خوێنەر تێدەپەرِێنێ‌ و رەخنەگر دەیدۆزێتەوە. یەكەمیان دەكەوێتە بەر ئاستە جیاوازەكانى خوێنەرەوە و دووەمیان دەكەوێتە بوارى لێكدانەوەى زانستى و تیۆرییەوە.
بە كورتى بابەتى سەرەكى ئەو لێكۆڵینەوەیە، هەوڵێكە بۆ بەرجەستەكردنى بنەما مەعریفییەكانى شیعریى، كە لەنێوان پرۆسەى نووسین و پرۆسەى خوێندنەوەدایە. لێرە و لە بە دواداچووندا لە (چیگوتن و جوانگوتن و خوێندنەوە)دا خۆى دەبینێتەوە! هەموو ئەوانەش لە شارەزایى و شیعرییەت و مەعریفەوە هەڵدەگرینەوە و دواتر لە رێگاى ئەزموونگەرییەوە، لە دوو چەمكدا بە ناوى (گەشتكردن) و (مامەڵەكردن) وێناى دەكەینەوە.
میكانیزمى گەشتكردن بە (دۆزینەوە و داهێنان و سەیرورە) دەبەستینەوە و لە خەیاڵدا بە دوایدا دەگەرِێین. میكانیزمى مامەڵەكردن بە (تێگەیشتن و راڤەكردن و حەقیقەت)ەوە دەلكێنین و لە دەسەڵاتدا بە دوایدا دەچین. بەو مانایەش شیعرییەتى نووسین و شیعرییەتى خوێندنەوە وەك دوو جوولەى هاودژ و هاوگونجاو لە خەیاڵ و حەقیقەتەكاندا پێكەوە دەلكێن و لە رێگاى دەسەڵاتى زمان و داهێنانى ئەدەبى و هونەرییەوە دانوستان دەكەن.

درككردن، تێگەیشتن، دۆزینەوە
بێگومان شارەزایى و مەعریفەى شیعریى لە رێگاى فرە خوێندنەوە و خوێندنەوەى جیاوازەوە گەشە دەكات، پێوانەكانى جوانى و چێژ (دادەرِژێتەوە)! بەڵام هەندێجاران لە شیعرى نوێدا دارِشتنەوە، تەگەرە بۆ تێگەیشتن درووست دەكات! ئەو تەگەرەیەش بەشێكى پەیوەندى بە وزەى هونەرى و شارەزایى دایە، بەشێكى لە گۆرِانكارى لەپرِى سەیرورەى داهێنانەوەیە. بەشێكى پەیوەندى بە ئاسۆكانى چاوەرِوانى خوێنەر و بەشێكى بە تازەیى فۆرم و تەكنیك و نوێكردنەوەى روانینى شاعیرەوەیە. بە كورتى هەموو ئەوانە لە كێشە مرۆییەكانى سەردەم و ئاڵۆزى ژیان و پێشكەوتنە خێراكانى زانستى تەكنۆلۆژیاوە هەڵقوڵاوە.
گوتارى مەعریفەى شیعریى هەرگیز بەو مانایە نییە، كە پرسیارى مەعریفى بەردەوام وەك خەسڵەتى تاكرەهەندى دووبارە بكاتەوە؟! چونكە (داهێنان) بێ‌ سەربەخۆیى و ئازادى و پرسیارى بەردەوام هەناسە نادات. ئەوە نەك رەخنەگر، خوێنەرى ئاسایى هەستى پێدەكات! واتە (داهێنان) لە گۆرِانى بەردەوامى ئاگایى و سەیرورە ناكەوێت. داهێنان بەردەوامبوونی (نا)یە، لە (نا)یەكەوە بۆ (نا)یەكی دیكە، تا دەبێتە(نا‌)یەكی دینامیكى، ئەو نەفیبوونە لە شێوازی (هێشتا-نەبوو) خۆی مانفێست دەكات. كەواتە ئەوەى دوێنێ‌ وەك پێوانەى مەعریفى و جوانى تەماشا دەكرا، مەرج نییە هەمیشە وابمێنێتەوە!
لێرەوە دەبێ‌ بزانین بەشێكى گەورەى بە مۆدیلكردن و رابردوونمایى لە دۆگماتیزمى دەسەڵاتى سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت! دەسەڵاتى سیاسى هەوڵدەدات هەمیشە بە مۆدیلكردن لە فۆرمێكى دیكەى رۆشنبیرییدا پێشان بداتەوە. واتە دیماگۆجییەتى سیاسى دەست بەو فۆرِمانەوە دەگرێت و وەك ناسنامەى نەتەوەیى و رەسەنایەتى بە دژى گۆرِانكارییەكانى سەردەم و سەیرورەى داهێنانیان دەكاتەوە و لە پانتایى رۆشنبیریى باودا برەویان پێدەدات. بەڵام قسەكردن لە بارەی رەسەنایەتی و برِوابوون و ناسنامە و ستایل و ناسیونالیزم، قسەكردن لە گەرِانەوە بۆ ئەسڵێكی كۆن و رووداوی یەكەم و كەلەپوور و یادەوەری نەتەوە… قسەكردنێكی سیاسییانەی پۆپۆلیستییە بۆ مەسرەفی رۆژانە، هەرگیز پرسیاری داهێنانى لەخۆدا هەڵنەگرتووە!
داهێنان هەمیشە پەردە لەسەر نهێنییەكانى مەسرەفگەرایی رۆژانە، كەلەپوور و یادەوەری نەتەوە و رۆشنبیریى باو هەڵدەماڵێ‌ و لەوێشەوە بونیادە جیاوازەكانى خۆى نمایش دەكات.
لەنێوان مەعریفە و مەعریفەدا ترس نییە، جیاوازى هەیە! بەڵام جیاوازى كارى داهێنان لە پانتایى رۆشنبیریى باودا گەشە ناكات. پێویستە شیعرى نوێ‌ هەموو ئەركە باوەكان لەخۆى دابماڵێ‌، جوانى و چێژ دووبارە دابرِێژێتەوە و پرسیارى نوێ‌ بەسەر بوون و دنیادا بكاتەوە؟!
كەواتە گوتارى مەعریفەى شیعرى لە بنەمادا (درككردن) و (تێگەیشتن) و (دۆزینەوە)یە، لە (ت,س. ئیلیوت)ەوە ئەو ئەزموونگەرییە بە ترۆپك دەگات و بە جوانى لە (ئەدۆنیس)دا رەنگیداوەتەوە! بایەخى ئەو گوتارە هەر ئەوە نییە، بەشێك لە بنەماكانى ئاگایى شیعریمان (پێدەناسێنێ‌)، بەڵكو جیاوازى گوتارەكانمان بۆ (رووندەكاتەوە) و پێماندەڵێ‌ چەمكى داهێنان هەر تەنها داهێنەر بەرجەستە ناكات، بەڵكو لە هەمان كاتدا خوێنەرى جیاوازیش بەرجەستە دەكات!

كێشەكانى مەعریفەى شیعریى
ئاگایى مەعریفى داهێنەران لە كرانەوەى فیكر بەرهەم دێت و درككردن و تێگەیشتن و دۆزینەوە دەگەیەنێت. بەڵام پێشبینیكردنى مەعریفەى شیعریى بەتەواوی دیارینەكراوە، كێشەى ئەو دیارینەكردنەش رِووداوە نادیارەكانی ئایندەى شیعریى و داهێنانى شیعرییە، كە بە روونى تێگەیشتن بە دەستەوە نادەن. چونكە مەعریفەى شیعریى شتێك نییە یەكجار بدۆزرێتەوە؟! بۆ نموونە دۆزینەوەى جوانى شیعریى سنوورى نییە. رەنگە شیعر خاڵى بێ‌ لە حەقیقەت، بەڵام ناكەوێتە دەرەوەى خەیاڵەوە. بە دیوەكەى دیكەش ئاگایى قووڵى خوێندنەوە ئەو شوێنەیە، كە نووسەرت بیر دەچێتەوە، ئەوەش ئاستى بەرزى درككردن و تێگەیشتنى خوێنەر و دۆزینەوەى شیعرییەت نیشان دەدات.
یەكێكى دیكە لە كێشەكانى ئاگایى مەعریفەى شیعریى، ئەوەیە كە پێش زەمەنى لەدایكبوونى شیعر دەكەوێت. هەر ئەوەشە بەشێكى گەورەى خوێندنەوە دەخاتە تەگەرەى تێگەیشتنەوە! بەڵام كێشەى داهێنان لە كێشەى دیاریكردنى مەعریفەى شیعرییدا كورت ناكرێتەوە. دەشێ‌ درككردن و تێگەیشتنى مەعریفەى شیعریى خوێنەر و راڤەكار و رەخنەگر بخاتەوە، بەڵام مەرج نییە داهێنان بەرهەم بهێنێت! وەكچۆن مەرج نییە (خوێنەر و راڤەكار و رەخنەگر) لەگەڵ داهێنەر هاومانا و هاودنیابینى بن. ئەوەش یەكێكى دیكەیە لە كێشەكانى مەعریفەى شیعریى، بەڵام كێشەى داهێنان نییە! چونكە داهێنان (دۆزینەوە و گۆرِان و سەیرورە) بەرِێوەى دەبات، بەڵام خوێنەر و رەخنەگر، راڤەكردنى جیاوازى لێدەكەوێتەوە.
داهێنان، چیگوتن و جوانگوتنە! حەقیقەت و جوانى، مامەڵەكردن و گەشتكردن. ئەگەر چیگوتن (حەقیقەت – مامەڵەكردن) ئاگایى دەرەكى هێلەكانى بكێشێ‌، ئەوە جوانگوتن (جوانى- گەشتكردن) ئاگایى ناوەكى دەیجوولێنێت. یەكەمیان گواستنەوەى دنیا و نواندنى كێشە مرۆییەكانییەتى. دووەمیان كێشەكانى جوانى و خەیاڵى شیعریى هەڵگرتووە. یەكەمیان پێداویستییەكى مێژووییە، نەك مێژوو! دووەمیان پێداویستییەكى شیعرییە، نەك شیعر! یەكەمیان ململانێى بێكۆتایى (حەقیقەت) و (مامەڵەكردن)، واتە مامەڵەكردن لە دەسەڵات شیدەكاتەوە و لە سەردەمى پاش حەقیقەتدا خەرجى دەكات؟! دووەمیان ململانێى بێكۆتایى (جوانى) و (گەشتكردن)، واتە گەشتكردن لە خەیاڵدا دەخەمڵێنێ‌ و لە داهێناندا دەینوێنێتەوە؟!.
رەنگە چەمكى بێكۆتایى (چیگوتن- مامەڵەكردن- حەقیقەت) بوونگەرایى فەرامۆش بكات؟! بۆ نموونە، تەماشاى مامەڵەكردن لەگەڵ دەسەڵات لە سەردەمی پاش حەقیقەت، زیرەكى دەستكرد بكە، لە رێگای زانستى تەكنەلۆژیای نوێوە. بەڵام چەمكى بێكۆتایى (جوانگوتن- گەشتكردن- جوانى) هەمیشە گەشتكردنى خەیاڵى (هێشتا-نەبوو) مانفێست دەكاتەوە. لێرەدا دەبینین چەمكى (دەسەڵات) فاشیەتى زمان دەنوێنێ‌ و چەمكى (داهێنان) سەیرورە و خوێندنەوەى جیاواز بەرهەم دەهێنێتەوە و ئەزموونگەرى جیاوازى لێدەكەوێتەوە. رەنگە چەمكى فاشییەتى زمان خودى داهێنان بگۆرِێتە سەر جۆرێ‌ لە مامەڵەكردن، دواجار لە شێوازگیرییدا بەرجەستەى بكات، بۆ نموونە: فاشییەتی زمان لای رۆڵان بارت. بەڵام خودى داهێنان بەردەوام بەرەو ئەودیوو حەقیقەت دەبێتەوە و (هێشتا-نەبوونى) حەقیقەتى جێگیر پێشبینى دەكات. بۆ نموونە: ئەنتى دەق، بەو مانایەى كە ئەودیوو كۆتاییەكان و هێشتا نەبوون وێنا دەكات.

نە شیعرى بێ مەعریفە و نە مەعریفەى بێ شیعر
مامەڵەكردنى فاشییەتى زمان و سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد نەیانتوانیووە دۆزینەوە و گەشتكردنى خەیاڵى داهێنان كۆتایی پێبهێنێت، تەنانەت لەو كاتانەشدا كە هەموو دەرگاكان لەسەر چیگوتن دادەخرێت، هێشتا داهێنانى شیعریى لە رێگاى جوانگوتنەوە گەشتى خەیاڵ وێنا دەكاتەوە، لەوێشەوە رِووداوەكان بۆ چیگوتن دەجولێنێت. فاشییەتى زمان و سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد، رەتكردنەوەى ئاگایى شیعرى پێش رەتكردنەوەى مەعریفە دەخات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نە ئاگایى شیعرى بێ مەعریفەیە و نە گوتارى مەعریفى بێ شیعرییەت! دەمەوێ‌ بڵێم نە شیعر بێ‌ جوانگوتن و خەیاڵ هەڵدەكات و نە مەعریفە بێ‌ چیگوتن و حەقیقەتە پێشبینكراوەكان دەگات.
بەڵام كاتیك شیعر دەگاتە ئەوەی بزانێت دەسەڵات چییە! ئیتر بەرەو كردەى سەیرورە گەشت دەكاتەوە، كاتیكیش گەیشتە سەیرورە، ئیتر لە حاڵەتی دۆزینەوەى بەردەوامدا دەمێنێتەوە. بەردەوامبوونی دۆزینەوە و سەیرورە، بەردەوامبوونی (نا)ى شیعرییە‌ بە هەموو ماناكانییەوە، لە ئاگاییەكەوە بۆ مەعریفەیەكى دیكەى جیاواز. سەیرورە هەوڵێكە بۆ هەڵگیرساندنی شۆرِشی شیعریى جیاواز. شۆرِشى شیعرى، شۆرِشى خەیاڵ و جوانییە دژ بە دەسەڵاتى ناچارى كردن و حەقیقەتەكان دەبێتەوە، بەڵام ناكەوێتە دەرەوەى شیمانەى زمانەوە؟!
بە برِواى من لە پشت كێشەكانى (فاشییەتى زمان) و (سەردەمی پاش حەقیقەت) و (زیرەكى دەستكرد)، سیحرى گەشتى خەیاڵ پردێكە بۆ جوانى! واتە ئەگەر ژەهراویبوونى زمان بە دەسەڵات، سەرچاوەى ئاڵۆز و نادیارى مامەڵەكردن بێت! ئەگەر سەردەمى پاش حەقیقەت، لە بێ‌ مانابوونى حەقیقەتى چیگوتنەوە رەنگیدابێتەوە. ئەگەر زیرەكی دەستكرد، توانای مرۆڤی باڵا بنوێنێ‌. ئەوە دۆزینەوە و سەیرورەى داهێنان لە جوانى راگوزەر و خەیاڵى بێ‌ سنوور درێژ دەبێتەوە.
یەكەمیان، میكانیزمی دەسەڵات و ستراتیژی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات بەرِێوەى دەبات. واتە: زمان، هەر كە قسەی پێدەكەین، ئەگەر پرتەپرتێكیش بێت، ئەوا رِێك دەچێتە خزمەتی دەسەڵاتەوە! لە زماندا ملكەچی و دەسەڵات، تێكەڵی یەكتری دەبن و بە حەتمی ئاوێزانن! بەو مانایەش زمان، بە سرووشتی خۆی، پەیوەندیی نامۆكردنی ناچاریكەرانە لەخۆ دەگرێت. گوتاری دەسەڵاتیش كۆی ئەو گوتارانە دەگرێتەوە كە بنەماكانیان لەسەر حەقیقەتى زمان هەڵچنراوە.
دووەمیان، سەردەمى پاش حەقیقەت پێیوایە حەقیقەت چیتر وەك كۆنسێپت و فاكت، وەك بەڵگە و داتا مانای نەماوە! بێگومان لە پشت گەرِان بە دوای حەقیقەتدا، خودی ئیرادەی حەقیقەت وەستاوە؟ بەڵام لە پشت ئیرادەی حەقیقەت، جگە لە ئیرادەی دەسەڵات شتێكی دیكە نییە؟!.
سێیەمیان، بە مەبەست بێ، یان بێ مەبەست، پێماندەڵێت: بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكردەوە، لەبەردەم جیهانێكی مۆدێرنی جیاوازداین. پێدەچێت گەشەی خێرایی زیرەكی دەستكرد تارِادەیەك كاریگەری لەسەر دنیای كارامەییەكانی سەدەی بیست و یەكەم و ژیانی مرۆڤدا هەبێت. بەڵام ئایا دەتوانێت كۆتایی بە گەشتى خەیاڵ و جوانى بهێنێت؟.
وەك دەبینین هەر سێ‌ تێزەكە لەسەر گۆرِان و رەتكردنەوە و نكۆڵیكردن كار دەكەن! سپینۆزا دەڵێ‌: هەموو نكۆڵیكردنێك پێناسەیە! بەڵام هەرگیز سیحرى داهێنان لەسەر پێناسەكردنى دیاریكراو نەوەستاوە، هەمیشە پێناسەى نوێ‌ دەخاتەوە و كۆتایى بۆ نییە! دۆزینەوە و سەیرورەى داهێنان بەردەوام دژ بە پێناسەكردنى دیاریكراو دەبێتەوە.
دەسەڵاتى فاشیزم هیچ شتێك ناخولقێنێ، بەڵكو تەنها سارِێژى دەكاتەوە. پێناسە دیاریكراوەكانیش جگە لە خۆیان شتێكى دیكەى جیاواز ناخولقێنن، تەنها دایاندەرِێژنەوە. پێناسە و دەسەڵات و حەقیقەت دیارن. داهێنان و دۆزینەوە و سەیرورە ئاڵۆز و نادیارن.

خەیاڵ و جوانى، مەعریفەى شیعریى
جوولەى خەیاڵ و جوانى، چێژ بەرِێوەى دەبات، لە رێگاى ستراتیژى مەعریفەى شیعریى، (درككردن و تێگەیشتن و دۆزینەوە). چێژ و جوانى هەر تەنها لە گەشتكردندا نییە، لە حەقیقەتەكانیشدایە؟! بەڵام چێژى داهێنان بەردەوام لە جوولە و جێگیرنەبوونى جوانییەوەیە، چێژى حەقیقەتەكان لەسەر جێگیربوونى جوانى وەستاوە.
جێگیرنەبوونى داهێنان و جێگیربوونى حەقیقەت دوو وەزیفەیان هەیە: وەزیفەى یەكەم، دەكەوێتە سەر تێگەیشتن و راڤەكردن و لەوێوە (مامەڵە) لەگەڵ دەسەڵاتدا دەكات. دەسەڵاتیش هەمیشە میكرۆبێكە بە خانەكانى كۆمەڵگاوە نوساوە. وەزیفەى دووەم، لەسەر دۆزینەوە و داهێنان كار دەكات و گەشتى خەیاڵە بۆ شوێنێكی نادیار.
ئەگەرچى (دۆزینەوە و داهێنان) بۆ (تێگەیشتن و راڤەكردن) مەترسیەكی گەورەیە. چونكە دۆزینەوە و داهێنان (پرسیار) و كارامەیى درووست دەكات، بەڵام تێگەیشتن و راڤەكردن رازیكردن و (برِوابوون) دەخاتەوە. جیاوازى نێوان (پرس) و (باوەرِ) جیاوازی نێوان (مامەڵەكردن) و (گەشتكردن)ە. كەواتە چێژ جیاوازییشە!
كێشەكانى سەردەم، درككردن و تێگەیشتنى دەوێت. فەزاى داهێنان، دۆزینەوە و سەیرورە. ئەگەر بشێ‌ مامەڵەكردن كێشەكانى سەردەم لەخۆدا جێگیر بكات؟! ئەوە گەشتكردن نەك هەر (نا)یەك رووبەرِووى باسى كۆتاییەكان بەرز دەكاتەوە، بەڵكو لە رێگاى شێوازی (هێشتا-نەگەیشتن) ململانێ‌ لەگەڵ دەسەڵات و پێناسەكانیشدا دەكات. كەواتە پرۆسیسەكردنى شیعریى لە دارِشتنەوەى بەردەوامى گەشتكردنى خەیاڵ و جوانیدایە، ناكەوێتە دەرەوەى مەعریفەوە، چونكە ئەزموونگەرییە! ئەزموونگەرى جیاوازیش لە دەرەوەى درككردن و تێگەیشتن و مامەڵەكردندا ناژى، بەڵام مەرج نییە داهێنان بێت. وەكچۆن پرۆسیسەكردنى خوێندنەوە لە دەرەوەى درككردن و تێگەیشتن و مامەڵەكردن و داهێناندا ناژى، بەڵام مەرج نییە، بەرهەمهێنانەوە بێت.
دواجار پرۆسیسەكردنى شیعریى (نووسینەوە و خوێندنەوە) لە ئەزموونگەرییدا هەڵدەگرینەوە، وەكچۆن باسى كۆتاییەكان لە سەیرورەدا شیدەكەینەوە. دۆزینەوە و سەیرورەى داهێنان لە رێگاى ئازادییەوە، لە رێگاى گەشتكردنى خەیاڵ و جوانى بێ‌ سنوورەوە فاشییەتى زمان و سەردەمى پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد دەبرِێت. ئەزموونگەرى شیعریى سرووشتى جوانى لەخۆ دەگرێت، لە مەعریفەى شاعیر و شارەزایى خوێنەر جیانابێتەوە. وەكچۆن لە رێگاى خەیاڵى ئەدەبییەوە لە مەعریفەكانى دیكە جیادەبێتەوە.
دەمەوێت بڵێم داهێنانى شیعریى، درككردنى فاشییەتى دەسەڵات و تێگەیشتنى ونبوونى حەقیقەت و رەتكردنەوەى پێناسەكان و دۆزینەوەى مۆدیلێكى جیاوازى دیكەى مەعریفە و كارامەییە. بەو مانایەى كە جیهانبینى شیعریى و مەعریفەى شیعریى پابەندى جوانى راگوزەر و گەشتكردنى خەیاڵە. بەو مانایەى كە جیهان لەنێو جوانى و خەیاڵدا بە شیعركردنى دنیایە، دنیاى شیعریى هەرگیز لەو شوێنەوە دەست پێناكات، كە خەیاڵ و جوانى لێیەوە كۆتایى دێت، بەڵكو لە سەیرورەى داهێناندا خۆى دەدۆزیتەوە. مەرج نییە مەعریفەى شیعریى حەقیقەتى جیهان بهێنێتە نێو گوتارەوە، بەڵام پێویستە حەقیقەتەكانى جوانى بخاتە نێو گوتارەوە. خەیاڵ هەمیشە داهێنان بەرِێوە دەبات، هیچ كاتێ‌ خەیاڵ نامرێ‌، وەكچۆن جوانى رێگایەكى گرنگى ئازادییە، ئەوەى دەگۆرِێ‌ لە حەقیقەتدا شیعرە.
لەو لێكدانەوەیەدا چەمكى (مامەڵەكردن) و (گەشتكردن) لە هەردوو چەمكى شیعرییەتى دەق و شیعرییەتى خوێندنەوەدایە، لەوێوە جوولەى سەیرورە دەنووسینەوە! بەڵام گەشتكردن جەوهەرى داهێنانە، گرنگ نییە تۆ مامەڵە دەكەیت، یان نا. دەشێ‌ گرفتى ئەو رستەیە لەوێوە بێ‌، كە رەهەندەكانى داهێنان هەر پەیوەندى بە جوانى و خەیاڵەوە نییە، بەڵكو بەشێكى پەیوەندى بە رووەكانى حەقیقەتەوە هەیە، هێشتا پرِە لەو یادەوەرییانەی پێش خۆی، ئەو كاتەى كە یادەوەرییەكان لە جێگیربووندا دەبنە سەیرورە، داهێنان یادەوەرییەكان دەبرِێت! ئەگەرچى زمان هەرگیز بێ لایەن نییە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا داهێنان بەبێ‌ خوێندنەوەى بەردەوام و سەیرورەى بەردەوام هیچ رەهەندێكى حەقیقى جێگیر ناس ناكات.
(بەختیار عەلى) لە كتێبى (وەك باڵندەى ناو جەنگەڵە ترسناكەكان- ناوەندى رۆشنبیریى و هونەرى ئەندێشە- سلێمانى، 2012)دا بە شێوەیەكى دیكە دەڵێ‌: ئەگەر فریوى جوانى، لە فریوى حەقیقەت گەورەتر نەبێت، مرۆڤ هەرگیز ئەفسانە و شیعر و چیرِۆكى نەدەنووسى! ئەگەر فریوى حەقیقەت فریوێكى بەهێز نەبایە، مرۆڤایەتى ئایین و زانستى بەرهەم نەدەهێنا.
ئەوەى بەختیار عەلى جەختى لێدەكاتەوە هونەر و حەقیقەتە، دەشێ‌ بەشێكى گەورەى بیرهێنانەوەى تێزى (زمان هەرگیز بێ‌ لایەن نییە)ى (بارت) بێت! بەڵام ئەوەى لەو لێكدانەوەیەى سەرەوە جەختى لێدەكرێتەوە، هەر تەنها ئەوە نییە، كە مرۆڤ دەتوانێ‌ جوانى بێ‌ بۆ حەقیقەت، مرۆڤ دەستبەردارى حەقیقەت بێ‌ بۆ جوانى! بەڵكو بە كورتى ئەوەیە، كە دەسەڵاتى زمان و سەردەمى پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد، چۆن پرسیار و گومان دەخەنە دانوستانى رووەكانى حەقیقەت و جوانییەوە. تا واقیع نەبێتە پردێك بۆ خەیاڵ.

هەولێر 12/4/2024




کتێب\ فەلسەفەی شانۆ.. شانۆی فەلسەفی.. نیهاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




كۆمێدیا یان گاڵتە جاڕی؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

زۆرێك لەپسپۆرە دەروونیەكان وای بۆ دەچن كە پێكەنین وەك دیاردەیەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی، كاریگەری خۆی هەیە لەسەر ژیانی تاك و كۆمەڵگا، بەڵام لەشانۆو سینەمادا ئامانجێكی فرەوانتر لە خۆی هەڵدەگرێ و وروژاندنی پێكەنین بەئامانجی ئاراستەكردنی ڕەخنەیە بۆ نالۆژیكیەتی هەڵوێستەكان .
بۆیە كۆمێدیای ئامانج دار رۆڵی چاككردنەوەی هەڵە كۆمەڵایەتیەكان دەگێڕێت لەرێگەی وروژاندن و نیشاندانیان، چونكە كاتێ بینەر هەڵەكانی خۆی بەچاوی خۆی دەبینێ و خۆی بە هەڵوێستە نالۆژیكییەكانی خۆی پێ دەكەنێ، ئەو كاتە پێكەنین دەبێتە فەلسەفەیەكی مرۆیی لەپێناو چاكسازی كۆمەڵایەتی.
بەگشتی پێكەنین لە فەلسەفەدا وەك حاڵەتێكی سایكۆلۆژی سەیر دەكرێت، بۆ ڕەواندنەوەی بارگرانیەكی دەروونی، بە تایبەت لەو كاتانەی مرۆڤ لەژێر فشارێكی زۆری نا ئارامی پەنا بۆ پێكەنین دەبات، بۆ بەدەستهێنانی جۆرێك لەهاوسەنگی و ئارامی دەروونی.
فەیلەسوفی فەڕەنسی (بێرگسۆن) كە ساڵی 1927 خەڵاتی نۆبلی بەدەست هێناوە بەتاكە فەیلەسوف دادەنرێت كە لە توێژینەوەكانیدا باسی لە كاریگەریەكانی پێكەنین كردووە لەسەر مرۆڤ، بە تایبەتیش لەو كاتانەی دەبێتە بینەرێك لەشانۆو سینەمادا، لەوێدا بیرگسۆن باس لەو ڕەگەزە بنەڕەتیەكانی پێكەنین و فەلسەفەی پێكەنین دەكات، بۆ ئەوەی پێكەنین ئامانجە گەورەكانی خۆی بپێكێنێ و دەست نیشانی هەموو ئەو خاڵانەی كردووە كە وادەكەن، ئەو بینەرە كاتەكانی خۆی لەشانۆو سینەمادا چۆن بەقازانجێكی زۆری سایكۆلۆژی و عەقلی قۆرخ بكات.
زۆر بەتێرو تەسەلیش باس لەنواندنی راستەقینەی كۆمێدیاو فۆرم و جولانەوەی ئەكتەرو دیمەنە نالۆژیكییەكانی دەكات، هەموو ئەوانەی خستۆتە ناو بەرگی كتێبێكی ناوازە بەناوی (پێكەنین وەك فەلسەفە)
خۆ دەكرێت ئێمەی كوردیش بپرسین ئاخۆ تا چەند چەمكی پێكەنینەكەی (بێرگسۆن) لە نمایشی شانۆیی و سینەمای كۆمیدی ئێمەدا ڕەنگ دەداتەوە؟
كۆمێدیا بەچەمكە هونەری و فەلسەفی و ئایدۆلۆژییەكەیەوە، لای ئێمە لەگەڵ تێپەڕبوونی كات وردە وردە بەها گەورەكانی خۆی لەدەست دەدات و لە ئامانجە ڕاستەقینەكەی خۆی ڕووت دەكرێتەوە، بەشێوەیەك بەرگێكی تری بازرگانی لەبەر دەكەن، كە نەیناسیتەوەو نەزانیت ئامانج لەبوونی ئەو جۆرە بەناو كۆمێدیایە چیەو چ ئامانجێكی هەڵگرتووە.
كەچی ئێمەی كورد، لەڕابووردوودا لەڕووی كۆمێدیاوە، میراتێكی دەوڵەمەندمان بۆ بەجێ ماوە، بەشێكی زۆر لەئەكتەرانی ئێمە لەسەردەمی ئاڵتوونیەوە تا ئەم دواییەش كۆمێدیا شا دەماری شاكارەكانیان بووە، بەتایبەتە كۆمێدیای ڕەش ـ كە زۆر ئامانجی گەورەمان لە پەنایەوە گەیاندۆتە هزری بینەرو مێشكمان پێی زوخاو داوەتەوە.
ناكرێت ئەوەی ئێستا لە هەندێ بەرهەم لە سینەماو شانۆی كوردی دا دەیبینین ناوی كۆمێدیایان لێ بنێین، بەڵكو ئەمەیان هونەرێكی گاڵتە جاڕیە كە تەنیا دوو ئامانجی بنەڕەتی هەڵگرتووە:
1.بەپێكەنین خستنی بینەر بەهەر فۆرمێك بێت .
2.لەبەرچاوگرتنی پرسە بازرگانیەكە لەژێر هەرناونیشانێك كە وەك بینەر ناوی دەنێیت.
ئەو كۆمەڵگایانەی كەبەدەست فشارە كۆمەڵایەتی یان سیاسییەكانەوە دەناڵێنن، ڕەنگە پاساوی قەبوڵ كردنیان بۆ گاڵتەجاڕی ئەوەبێت كە ئەوان گاڵتەجاڕی وەك ئامرازێك بزانن بۆ دەربازبوون لەواقیعێكی تاڵ.
وەك ئەوان دەڵێن گاڵتەجاڕی جۆرێك لەكات بەسەربردن و ڕزگاربوون لەفشارەكان دابین دەكات.
لەبەرامبەردا شانۆی جدی، زۆرجار باس لەپرسە ئاڵۆزە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دەكات، كە هەندێ جار هەندێ لەبینەران لەدەستی ڕادەكەن، چونكە نایانەوێ ڕووبەڕووی واقیعێكی تاڵ ببنەوە كە مەزاجیان تێك دەدات، یاخود نیگەرانیان دەكات.
لەهەندێ كۆمەڵگای وەك كۆمەڵگای ئێمە، خواست لەسەر كۆمیدیای گاڵتەجاڕی لە زیادبووندایە، ئەمەش وایكردووە هەندێ لەبەرهەمهێنەران، ئەم ژانرەیان پێ باشتر بێت، چونكە بەپێوەرە بازرگانیەكە بۆ ئەوان قازانجی زیاترە.
لەڕووی هونەریشەوە نواندنی گاڵتەجاری جەخت لەسەر جولاندنی دەم و چاوو بایەخدان بە ئارایشت و جلوبەرگ و ڕەنگ دەكات، كەمتر پشت بەدیالۆگ و خیتابی شانۆیی دەبەستێت.
لەو كۆمەڵگایانەی كە هوشیاریی كۆمەڵایەتیان تێدا كەم دەبێتەوە، پێویست بوونیان بۆ شانۆو فیلمی جدیش لاواز دەبێت،
بۆیە ئێستا خەریكە شانۆو فیلمی گاڵتە جاڕی بە قەوارەیەكی بەر فرەوان و بە فۆرمێكی تر دەگەڕێتەوە، كە تێیدا پرسە ماددییەكان دەخرێتە سەرووی هەموو شتێكەوە.
لای ئەوانە پرسیاری گرنگ ئەوەیە چۆن زۆرترین بینەر كۆ دەكەیتەوە؟
ژمارەی بینەرانت چەند دەبێت و فیلمەكەت چەند شارو چەند وڵات دەكات؟
بەگشتی ئامانجە سەرەكییەكان لە نواندنی گاڵتەجاڕی لەم خاڵانەدا كۆ دەبێتەوە:

  1. كات بەسەر بردن
    زۆرجار ئامانج لای چینێك بینەری نا هوشیاریی شانۆیی چێژێكی ستاتیكی یا ئایدۆلۆژی نیە بۆ چوونە شانۆ، بەڵكو تەنیا بەسەر بردنی كاتە، كە پێیان وایە بەپێكەنین و گاڵتەجاڕی پڕ بكرێتەوە.
    ئەمە لەكاتێكا ئەو جۆرە نمایشە گاڵتەجاڕیانە ئاستی تێگەیشتنیان ئەوەندە نزم دەكەنەوە، كە بینەر پێویستی بەهیچ گرێیەك نەبێت بۆ بیركردنەوە و بەئاسانی كاتەكان تێپەڕێنێ.
    بڕی ئەو بینەرە سادەیە لەبڕی نوخبەی شانۆیی یا بینەری هوشیاریی شانۆیی زێتر دەبێت و هەندێ دەرهێنەر لاف و گزافی پێ لێ دەدەن گوایە نمایشەكانیان پڕن لەجەماوەر.
    بەڵام هەرگیز ئەو بینەرە بازاڕیە پێوەر نیە بۆ سەركەوتنی نمایش، جگە لەڕەنگدانەوەی ویستی ئەو جۆرە بینەرانە نەبێت بۆ كات بەسەر بردنی خێرا، وەك فیلمەكەی ئەم دواییەی حاجی جادرو برادەرانی.
    2.كوالیتی كار
    ڕەنگە بەرهەمە جدی و ئاست بەرزەكان بینەرێكی بچووكتریان هەبێت، بەڵام چینێكی تایبەتمەندتری ئارەزوومەند بە شانۆ بۆ خۆیان ڕابكێشن.
    لەوانەیە ئەم بەرهەمانە لە ڕووی دەق و ئاراستەكردن و نمایش و پەیام و ئایدۆلۆژییەوە كوالیتێكی بەرزیان هەبێت، بەڵام مەرج نییە ژمارەیەكی زۆر بینەر بۆ خۆیان ڕابكێشن.

    3.هۆكارە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان:
    هەندێك جار بەرهەمە شانۆییەكان كە بینەرێكی زۆر ڕادەكێشن، پەیوەستن بە بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی، وەك كەمی تێچووی بلیت، یان بانگەشەیەكی بەرفراوانی میدیایی بۆ ڕاكێشانی بینەر، كە دوای بینینی بەرهەمەكە ئینجا تێ دەگەن، میدیا و پڕۆپاگەندە لەخشتەی بردوون، وەك فیلمەكەی كفن.

  2. پێشبینی بەتاڵ
    هەندێان لەبینەران بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمێك پشت بە بەرهەمی ڕابووردووی دەرهێنەرێك دەبەستن، كاریگەری لەسەر ئامادەبوونی بینەر دەبێت، كەچی ڕەنگە پێشبینیەكان لەسەر بنەمای ئەزموونەكانی ڕابووردوو دروست نەبێت و ڕوو بەڕووی حاڵەتێكی پەشیمان بوونەوە بێن، هەروا پێشبینی كردن لەسەر بەشداری پێ كردنی هەندێ ئەكتەری ناسراویش، دیسان هەر پێوەر نیە بۆ سەركەوتن، ڕەنگە ئەكتەرەكانیش لەهەموو بەرهەمێكدا سەركەوتوو نەبن.



دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خاڵی وەرچەرخانی کۆمۆنیزم بەرەو ریفۆرمیزم.. ئاسۆ کەمال

زۆر سوپاس بۆ بەشداری گرنگی هاوڕێم ئیبراهیم محمد، کە چەند مەسەلەیەکی پڕبایەخی وروژاندوە سەبارەت بە وتارێکم ( شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠)، کە جێگای گفتوگۆی جدین کە لێرەدا باسیان دەکەم.

لێرەدا لە چەند تەوەرێکدا ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ هاوڕێ ئیبراهیم دا دەبەینە پێشەوە. بۆ بەبیرهێنانەوەی خوێنەران تەوەرەی یەکەم بریتی بوو لە : بۆچی شۆڕشەکانی تا ئێستا سەرکەوتونەبون؟

تەوەری دووەم : ئایا دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش بەشێکی کارکردی حزبێکی کرێکاریی یە ؟ ئایا هۆکاری وەرگەڕانی سۆشیال دیموکراتی بەرەو ڕیفۆرمیزم و لادان لە شۆڕش چی بوو؟

سەرنجی هاوڕێ ئیبراهیمە لەسەر وەڵامەکانی من سەبارەت بەو پرسیارانەی سەرەوە بەم شێوەیە یە:

هاوڕێ برایم دەڵێ “دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش بەشێکی کارکردی حزبێکی کرێکاریی یە کە بیەوێ پەیوەندی بە خەباتی کرێکاریی وە بەردەوام بێت و دانەبڕێت لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و ناڕەزایەتیەکان و ئامادەیی هەبێت پێویستە ریفۆرم کرێکاریی بەهەند وەربگیرێت، چونکە کرێکاران هەمووکات لە هەلومەرجی شۆڕشی کردندا نین .
هەروەها دەڵێت:
ئەگەر قسە لە سەر ئەو خۆتەکاندنەوە ی سۆشیال دیموکراتیە لە ئامانج و دەستگرتن بە ڕیفۆرمی وە وەک ستراتیج ، ئەوا ڕیشەی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا ڕوویان دا زەمینەی ئەوەی خۆشکرد کە ڕیفۆرمیزم وەک ستراتیژی سۆشیال دیموکراتی دا ببێتە ئامانج و ستراتیژ.”

ئەوە ڕاستە کە هاوڕێ برایم دەڵێ ” حزبێکی کرێکاریی یە کە بیەوێ پەیوەندی بە خەباتی کرێکاریی وە بەردەوام بێت و دانەبڕێت لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و ناڕەزایەتیەکان و ئامادەیی هەبێت پێویستە ریفۆرم کرێکاریی بەهەند وەربگیرێت، چونکە کرێکاران هەمووکات لە هەلومەرجی شۆڕشی کردندا نین .” بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا ڕووی دا لە نێو سۆشیال دیموکراتی وەک حزبێکی کرێکاریدا، ئەوە بوو کە دروستبونی دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش لەو حزبەدا بوە خاڵی وەرچەرخانی کۆمۆنیزم بەرەو ریفۆرمیزم. لەم پرۆسەیەدا سۆشیال دیموکراتی لە قاڵبی حزبێکی ڕیفۆرمیستدا مایەوە و وازی لە هەموو شۆڕش کردنێک بەسەر سیستمی سەرمایەداری و دەزگای دەوڵەتی بورژوازیدا هێنا.

سەرەتا جیاوازی کۆنسێپت و زاراوەی دوالیزم لە زاراوەی دوولایەنی سادە و گشتی دەخەمەڕوو . دوالیزم دەربڕینێکی دیکارتە، کە بەمانای دوو لایەنی جیاواز یان ناکۆک دێت، نەک دوو لایەنی هاوبەش. لەناو حزبی کرێکاریدا ڕیفۆرم و شۆڕش ناکۆک و دوالیست نین بەڵکو هەردوکیان دوو بەشی یەک پرۆسەی خەباتی کرێکارین. دوالیزم جیاوازە لە یەکێتی ئۆرگانیکی دوو لایەنی خەباتی کرێکاران بۆ ڕیفۆرم و شۆڕش کردن لە بواری ئابوری و سیاسیدا لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا. دوالیزم واتە ناکۆکی ئەم دوو لایەنەی خەبات بەیەکتر. واتە ناکۆکی نیوان ڕیفۆرم و شۆڕشکردن. ئەمە یەکێک لە ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانە کە بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا هات لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە. ئەم دوالیزمە خۆی لە تێگەیشتنی جیاواز و دژ بەیەک نیشاندا لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا سەبارەت بە جێگای ریفۆرم و هەڵوێست بەرامبەر بە دەوڵەت و پەرلەمان و ئایندەی خەباتی دژی سەرمایەداری. کەواتە “دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش بەشێکی کارکردی حزبێکی کرێکاریی” نیە و بەپێچەوانەوە لەلای حزبی کرێکاری یەکێتیەکی ئۆرگانیک کە لەنێوان ریفۆرم و شۆڕش یان لە نێوان خەباتی ئابوری و خەباتی سیاسی کرێکاراندا هەیە، نەک ئەم دوو لایەنە دژ بەیەک و جیاواز بن.

ئەم دوالیزمە وەرچەرخانە بەرەو ڕیفۆرمیزم، کە وەک هاوڕێ برایم دەڵێ: ” دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا ڕوویان دا”. بەڵام بەتەنیا ئەم دێڕە ناتوانێ ئەو وەرچەرخانە گەورەیە ڕۆشن بکاتەوە و هەربۆیە لەم پۆستە دوورودرێژەدا ئەم مەسەلەیە ڕون دەکەمەوە، کە هیوادارم خوێنەری فەیسبوک تاقەتی خوێندنەوەی بابتەتێکی وا دورودرێژی هەبێت.
ئەم دوالیزم و ریفۆرمیزمە گۆڕانکاریەکی فکری و سیاسی بوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری ئابوری و سیاسی بون لە دۆخی سەرمایەداریدا و لە ململانێی چینایەتی کرێکاران دژی دەوڵەت و چینی بورژوازی دەسەڵاتدار. هەربۆیە پێویستە ئەم خاڵی وەرچەرخانە وەک قۆناغێکی جێگای بایەخی گەورەی مێژوویی شرۆڤەیەکی هەمەلایەنە بکرێ. گرنگە بڵێین چۆن ئەو گۆڕانکاریە سیاسیە بەهۆی گۆڕانی ئابوری سەرمایەداری ڕویدا و لەوەش گرنگتر بەلای منەوە ڕۆشنکردنەوەی ئەو گۆڕانکاریە سیاسیەیە لە خەباتی چینایەتی کرێکاراندا و بۆچی بەشێک لە چینی کرێکار و حزب و ڕیکخراوە جەماوەریەکانی بونە ڕیفۆرمیست؟
گۆڕان لە حزبێکەوە، کە لە پێناو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداریدا دروست بووە، بەرەو حزبێک کە خۆی ببێتە بەشێک لە دامودەزگای بورژوازی و هێشتنەوە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری، گۆڕانێکی ڕیشەیی و گەورەیە. ئەمە خاڵی سەرەکی ئەم گفتوگۆیەمانە، کە لێکدانەوەیە لە هۆکارەکان و پرۆسەی گۆڕانی حزبی کرێکاریی لەسەدەی بیستدا. ئەمە هەرچەند لە ڕابردویەکی دووردا ڕویداوە، بەڵام زەمینەکانی لە دنیای ئەمڕۆدا وەکو خۆی ماوە. وە سەرەتای ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دواتر ڕێڕەوی بزوتنەوەی کرێکاریی گۆڕیوە . ئەم وەرچەرخانە سەرجەم مۆدێلی سیاسی و ئابوری سۆشیالیزم لە سەدەی بیستدا دەگۆڕێ بۆ مۆدێلی ریفۆرمی سیاسی و ئابوری لە سەرمایەداری، دەیگۆڕێ بۆ مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، کە لە لای هەردوو باڵێ ڕیفۆرمیستی سۆشیال دیموکراتی و شۆڕشگێڕی بەلشەفی وەک مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیان جێگیر دەبێت. مۆدێلێک کە هەرچەند ئێستا شکستی هێناوە و لە بنبەستدایە، بەڵام تا ئیستاش لە بزوتنەوەی کرێکاریدا بەدیلێکی سۆشیالیستی تر جێگای نەگرتۆتەوە، هەربۆیە جێگای گرنگی پیدانی ئەمڕۆمانە وبیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەم تەجروبەیە ڕێگا بۆگەیشتن بە کۆمۆنیزمێکی نوێ دەکاتەوە.
دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خۆی ناونیشانێک و نیشانەیەکی لادان و گۆڕانکاری ڕیشەیی ترە، کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو. ئەم مەسەلەیە هەر بەتەنیا بە باسی ناکۆکی نێوان خەباتی ئابوری و ریفۆرم لەگەڵ خەباتی سیاسی و شۆڕشدا لێک نادرێتەوە. بەڵکو پێویستی بە لێکدانەوە لەو گۆڕانکاریە بنچینەییانە کە ڕویانداوە، وە ناسینی ئەو کەم و کورتیە فکری و پراکتیکانە، و ئەو هەڵسەنگاندنی تەجروبانەیە کە ئەم دوالیزمەیان خوڵقاندووە.

لە دەورانی شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا و لە خەباتی دیموکراتی بورژوازی دژی دەرەبەگایەتی و خاوەن موڵکە ئەرستۆکراتەکان، کرێکاران لە پێناو ئازادی و مافە ئابوریەکانی خۆیاندا بەشداری ئەم شۆڕش و خەباتە سیاسیە بوون. بەڵام بە سەقامگیری دەسەڵاتی پەرلەمانی بورژوازی، وەک ئاکامی جێگیر بوونی ئیمتیازات و یاسا و باج و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و نەهێشتنی ئیمتیازاتی دەرەبەگایەتی، ئیتر بورژوازی بووە هێزی دەسەڵاتدار، وە کە سەرکوتی هەر خەباتێکی کرێکاری دەکرد کە دژ بە سیستمی سەرمایەداری دەوەستایەوە. سەرەتا بورژوازی تازە دەسەڵاتدار ئەم خەباتەی کرێکارانی ڕاستەوخۆ سەرکوت دەکرد، و هەروەک لە ئەڵمانیا یاسای دژی سۆشیالیستەکانی سەپاند و لە هەموو وڵاتانی تریش هێرشی بەردەوامی دەکردە سەر یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕێکخراوە سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار.

بەڵام دواتر و بەتایبەت پاش کۆمۆنەی پاریس بورژوازی بە ناچاری و وەک ئەمری واقع دانی نا بە دەوری چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانیدا و هەر بۆیە ڕێگای لە قاڵبدانی ئەم بزوتنەوەیەی گرتە بەر لە چوارچێوەی دەسەڵات و دامەزراوەکانی بورژوازی خۆیدا و لە هەندێ لە وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا ڕێگا بە کاری یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕۆژنامە سۆشیالیستیەکان درا وڕێگریەکانی بەردەم دەنگدانی گشتی کەمکرانەوە و نوێنەرانی سۆشیال دیموکراتەکان توانیان بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بکەن و کورسی بەدەست بهێنن.

ئێمە لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریانەی لە کۆمەڵگە و دۆخی خەباتی چینایەتی نێوان کریکاران و بورژوازیدا ڕویداوە دەچینە سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاراندا هاتووە لەو دەورانەی سەرەوەدا لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە تاکو جەنگی جیهانیی یەکەم.

لەم پرۆسەیەدا ئەو یەکێتیە ئۆرگانیکەی کە لەنێوان خەباتی ئابوری و خەباتی سیاسی کرێکاراندا لە بڕیارنامەکانی ئینتەرناسیونالی یەکەم سەبارەت بە “بنەماکانی ئینتەرناسیونال و سەبارەت بە یەکێتیە کرێکاریەکان” [1]هاتبوو، گۆڕدرا بە دوالیزمی شۆڕش و ریفۆرم.

پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان خەبات بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ئیستای ئابوری و سیاسی چینی کرێکار و پەیوەستکردنەوەی بە ئامانجی کۆتایی ڕزگاری ئابوری و شۆڕش بەسەر دەسەڵات و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، هەمیشە لای مارکس جێگای گرنگی پیدان بووە و ئەمەش بووەتە مایەی مشتومڕ و جەدەلێکی زۆر لەگەڵ ئەو بەشە لە کرێکاران و سۆشیالیستە ئەنارکیستەکان کە دەوری ئەم پرۆسەیەی گەشەکردنی ڕێکخراوەیی و تەجروبەی سیاسی کرێکارانیان بەلاوە گرنگ نەبوو. مارکس خەباتی چینی کرێکاری بۆ ڕزگاری لە پرۆسەیەکدا دەبینی کە ئەم چینە ئامادەیی تەواوی هەیە و زەمینەی مادی لە کۆمەڵگەدا ڕەخساوە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزی بێ چین و چەوسانەوە.

دەورەی دوای کۆمۆنە دەورەیەکی دوالیزمی ئیڤۆلۆشن و گۆڕانکاری بزوتنەوەی کرێکاریە. دیوێکی گەشەی سۆشیال دیموکراتی و یەکێتیە کرێکاریەکان و جیهانی بوونەوەی خەباتی چینایەتیە. بەڵام ئەمە تەنیا دیوێکی ڕوداوەکان و دۆخی دوای کۆمۆنەی پاریسە. دیوەکەی تری بریتیە لە چەند ئاڵوگۆڕێکی دژ بەیەک و ئاڵۆز.

بورژوازی ئەوروپا و جیهان لەبەرامبەر شۆکی کۆمۆنەدا خەتەری ئەم چینەی لەسەر سیستمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری دەرک پێ کرد و بەدیل و “گۆڕهەڵکەنی” خۆی بینی. هەربۆیە لەلایەک کەوتە توندکردنەوەی فشار لەسەر هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە سەر بەو “کۆمەڵەی ئینتەرناسیونالی کرێکاران” بوو، وە لە لایەکی ترەوە سیاسەتێکی ئەهوەن تریان بەرامبەر یەکێتیە کرێکاریەکان گرتە بەر بەو مەبەستەی کاریگەریان لەسەر دابنێن.

لیبرالیزمی بورژوازی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و ئابوری باڵادەست بوو، وە لەسەر بنەمای گەشەی جیهانی سەرمایە کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی کرێکاریی دانا و توانی ئاستی چاوەڕوانی و شێوازی کاری یەکیتیە کرێکاران لە قاڵبی ریفورمیزم و پەرلەمانتاریزم بەرتەسک بکاتەوە و ململانێی بیروڕای شۆڕشگێڕانەی نێو بزوتنەوەی کرێکاریی بکا. لە چەشنی فابیەکانی بەریتانیا و “ئیمکانگەرا”کانی فەرەنسا.

چینی کرێکار لەم دەورەیەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی نوێ بوەوە، کە جیاواز بوو لە کێشەی دەورانی سەرکوتی دەوڵەت و برسێتی لەڕادەبەدەری جاران. لە کاتێکدا گەشەی سەرمایەداری بۆ دەورەیەک ڕەخسا بوو ، توێژێکی ئەرستوکراتی کرێکاری دروست بوبو کە پلە و پۆستی سەرەوەی سەندیکا و یەکیتیە کرێکاریەکانیان بەدەستەوە گرتبوو.

لەهەمان کاتدا گەشەی سۆشیال دیموکراتی و سۆشیالیستەکان و یەکێتیە کرێکاریەکانیش گەیشتە ڕادەیەکی بەرز، کە توانی زۆربەی فشارەکانی دەوڵەتە بورژوازیەکان لەسەر کاری سیاسی و جەماوەری لابەرێ و ئەمەش زەمینەی کاری یاسایی و پەرلەمانی کردەوە و ئەم چینە پێی نایە مەیدانێکی تازەی خەباتی سیاسیەوە.

ئەو پرسیارەی لەم دەورەیەدا دروست بوو ئەوە بوو، کە دوای ئەو گەشە ئاسۆییەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی کردی، ئایا ستراتیژی گەیشتنە دەسەڵات چییە؟ وەڵامەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی بەم مەسەلە و دۆخە نوێیە جیاواز بوون و هەربۆیە کێشە و ناکۆکی لە نێوخۆی بزوتنەوەکەدا سەریهەڵدا. ئەمە ئەو ئەزمەیە ودوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشی سۆشیال دیموکراتییە کە هاتە ئارا وچارەنووسی بزوتنەوەی کرێکاریی گۆڕی.

ئینگلس ڕوو بە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ئەو پرسیارە دەکا کە “ئاکامی هەموو ئەمانە دەبی چی بێ؟ ئەوەنەبێ کە حزب کتوپڕ، لەکاتی بریاردا، نەزانێ چی بکا؟ لە کاتێکدا کە ناڕۆشنی و نادڵنیایی هەبێ سەبارەت بە خاڵە بڕێنەرەوەکان، ئەو خاڵانەی کە پێشتر هیچ کات گفتوگۆیان لەسەرنەکراوە؟”[2]

کەواتە ” ناڕۆشنی و نادڵنیایی” هەبووە سەبارەت بەم ستراتیژیەی حزبە جەماوەریە سۆشیال دیموکراتەکان بۆ گرتنی دەسەڵات و کاراکتەری خەباتی چینایەتی و پەیوەندی نێوان کرێکاران و بورژوازی لە کۆماری دیموکراتیدا و گەیشتن بە حکومەتی سۆشیالیستی لەڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە .

بەلام دوایی ڕۆشن بوەوە کێشەکە هەر “ناڕۆشنی و نادڵنیایی” نیە لەوەی سۆشیال دیموکراتی دەبێ چی بکا؟ بەڵکو، “دەرکەوت کە گەشەی حزبە سۆشیال دیموکراتە جەماوەریەکان بەرەو شێوازێکی ڕووبەڕووبونەوە نەچوو، بەڵکو فۆرمێکی تێکەڵاوبوونی بزوتنەوەکەی لەگەڵ سیستمی مەوجوددا (سەرمایەداری) لێ دروست بوو.”[3]

هەرچەند لای مارکس و ئەنگلس ئەم لادانانە لە بنەما کۆمۆنیستیەکان لە نێو بزوتنەوەکەدا هەستی پێکراوە و ڕەخنەی لێگیراوە. بەڵام بەتایبەت دوای ١٨٩٠ لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراسی جەماوەریی دەبێتەوە، ئیتر ئەم مەترسیەی کە بزوتنەوەی کرێکاری ببێتە بەشێک لە سیستمی سەرمایەداری زۆرزیاتر گەشە دەکا. ڕەخنەیەک لە ئینگلس هەبێ ئەوەیە کە حسابی کەمی بۆئەم مەترسیە کردووە.

گۆڕان لە حزبێکەوە کە لە پێناو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداریدا دروست بووە بەرەو حزبێک کە خۆی ببێتە بەشێک لە دامودەزگای بورژوازی و هێشتنەوە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری گۆڕانێکی ڕیشەییە.

دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خۆی ئاکامی گۆڕانکاری ڕیشەیی ترە، کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو.

جیاوازیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاریی سەبارەت بەم دۆخە خۆی لە بەرگی دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشدا نیشاندا، و ئینتەرناسیونالی دووەم و بزوتنەوەی کرێکاریی لە ژێر ئەم ناونیشانەدا بوو بە دوو بەشەوە. لێرەدا باس لەو گۆڕانکاریە ڕیشەییانە دەکەین کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو. هەروەها باسی ڕەخنەی هەرکام لە مارکس و ئینگلس لەو هەڵوێستانەدەکەین کە بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرم لەنێو سۆشیال دیموکراتیدا خراوەتەڕوو. دواتریش ڕەخنەکانی پانەکوک و لینین و ڕۆزالوکسبورگ لە ریڤیژینزم و پەرلەمانتاریزم دەخەینەڕوو، تاکو دیدێکی ڕۆشن لەو کێشمەکێش و ئاڵوگۆڕانەمان هەبێ کە لەم بزوتنەوەدا ڕویداوە، وە بزانین چۆن ئەم بزوتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستیە بەپێی دۆخ و گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان و مەسەلەکانی ناو خەباتی چینایەتی گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتوە؟

لە دوای کۆمۆنەوە مەسەلەی پەیوەندی نێوان کرێکاران و دەوڵەتی بورژوازی دەبێتە یەکێک لە کێشەکان و جیاوازیەکان . لە ساڵی ١٨٧٥مارکس ڕەخنە لە لاسال دەگرێ و دەڵێ “تەنیا لاسال خۆی، بە لەخۆبایی بوون و خەیاڵەکانیەوە، لەتوانایدایە کە باوەڕ بەوەبکا کە مومکینە، بەهۆی یارمەتی وەرگرتن لە حکومەتەوە، کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەی هەر بەو ئاسانیەی کە هێڵێکی تازەی ئاسن دروست دەکەی.”[4]

ئەمە لەوەڵامی ئەو بەندەی “بەرنامەی گۆتە” دایە کە لاسال دەڵێ “بۆ ڕێگە کردنەوە بۆ چارەسەری مەسەلەی کۆمەڵایەتی، حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا داوادەکەن کە بە یارمەتیدانی دەوڵەت هەرەوەزیە بەرهەم‌هینەرەکان دروست بکرێ.”[5]

مارکس درێژە بەم ڕەخنەیە دەدا سەبارەت بە تێگەیشتنی لە دەوڵەتی بورژوازی و چۆنیەتی گۆڕینی هەلومەرجی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، و دەڵێ “کاتێک کریکاران هەوڵدەدەن بۆ بەدیهێنانی مەرجەکانی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان لە ئاستی هەموو کۆمەڵگەدا، ئەمە تەنیا بەمانای ئەوەیە کە کاردەکەن کە هەلومەرجی ئێستای بەرهەمهێنان شۆڕشگێڕانە بکەن، ئەمە هیچ پەیوەندیەکی هاوبەشی نیە لەگەڵ دامەزراندنی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان بەیارمەتی دەوڵەت. ئەوەندەی سەبارەت بە کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی ئیستاوە بێت ئەوەندە بایەخیان هەیە کە دەستکردی سەربەخۆی کرێکارانە، وە چ لەلایەن حکومەتەکان و چ لەلایەن بورژوازیەوە ناپارێزرێن.”[6]

ئەم جۆرە لە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بورژوازیدا، دوای مارکس لەلایەن ئینگلسیشەوە دراوەتە بەر ڕەخنە. ئەمە کاتێکە نوێنەرانی کرێکاران چوونەتە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەشداری دەکەن. لەنامەیەکدا بۆ J.P. Becker دەنوسێ “ئەم نوێنەرانە لە پەرلەمان ‘پێشنیاری پۆزەتیڤانە’ بۆ حکومەتی ئێستا دەکەن کە چۆن لە شتە بچوکەکاندا کارەکان باشتر بکەن و هتد، وە کرێکاران کە بە کەسانی دەرەوەی یاسا دانراون و بە دەست و پێی بەستراوەوە دراونەتە دەست ڕەفتاری مەزاجی پۆلیس، چاوەڕوانیان لێدەکرێ ئەمە بە نوێنەرایەتی کردنی خۆیان دابنێن! ئەوەی تایبەتمەندی سەرنج ڕاکێشی بزوتنەوەی کرێکارانی ئەڵمانیایە ئەوەیە کە هەڵەی لیدەرەکان لەلایەن جەماوەرەوە چاک دەکرێتەوە.”[7]

لەفەرەنسا “ئیمکانگەراکان” و لە بەریتانیاش “فابیەکان” لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی وەرگرت و هەمان بۆچوونی لیبرالی بورژوازیان پەیڕەوکرد کە دەیانوت “پەرلەمان هەموو چینەکان وناکۆکە چینایەتیەکان لەناودەبا، بەبێ جیاوازی، لەڕێگەی مافی دەنگدان و مافی بەشداری لە حکومەتدا”[8]

ئەم تێڕوانینە سەبارەت بە دەوڵەت و دەزگاکانی ، وەک پەرلەمان و دەنگدان و دەستور و حکومەت وهتد..ئەو ئاڵوگۆڕە سەرەکیە بوو کە لە نێو سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاریدا سەریهەڵدا و بووە باڵێکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری کە لە فەلسەفە و ئابوری و سیاسەتدا دواتر بەشێوەی مەکتەبێکی فکری و سیاسی و ئابوری جیاواز لە کۆمۆنیزم خۆی ساغکردەوە. ئیتر مەسەلەی سەرەکی ئەم باڵەی نیو سۆشیال دیموکراتی چۆنیەتی بەشداری و پاراستنی ئەم دەوڵەتە قەومیانەیان بوو. چۆنیەتی پاراستنی پەرلەمانتاریزم بوو، کە ئەنجامەکەی دەنگدان بە پڕۆژەکانی چینی بورژوازی بوو. دەنگدان بە پاراستنی گومرگی، دەنگدان بەشەڕی جیهانیی ئیمپریالیستی، هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە بورژوازیەکان و بەشداری لە حکومەتە بورژوازیەکاندا هتد..

ئینگلس لە ساڵی ١٨٩١دا لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا ئاماژە بە مەترسی گەشەی ئەم “ئۆپۆرتۆنیزمە” دەکا و دەڵێ “ئەمە لە بیرچوونەوەیەکی گەورەیە، مەبدەئەکان لەبەرامبەر بەرژەوەندیە کاتیەکانی ڕۆژدا هەڵدەسەنگێندرێ، ئەم خەبات و هەوڵدانانە بۆ سەرکەوتنی ساتە کاتیەکان بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی دواتری، ئەمە قوربانیکردنی ئایندەی بزوتنەوەکەیە لە پێناو ئێستایدا، لەوانەیە مەبەست “ڕاستگۆیانە” بێ، بەڵام ئەمە ئۆپۆرتۆنیزمە و هەروا دەمینێتەوە، وە ئۆپۆرتۆنیزمێکی “ڕاستگۆیانە” لەوانەیە ترسناکترینیان بێت.”[9]

دوای دوو دەیە ئەم مەترسیەی ئینگلس دەبێتە ئەزمەیەکی جدی، کە سۆشیال دیموکراتی دەخاتە ژێر ئەو پرسیارەوە، کە ئایا لە ڕێگەی پەرلەمانەوە خەبات بۆ سۆشیالیزم بە کوێ دەگا؟

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ١٩٠٤ دا دەنوسێ “پەرلەمان بۆ بورژوازی ئەو قازانجەی جارانی نیە کە دژی دەرەبەگایەتی بەکاری دەهێنا و پەرلەمانی ئێستا بۆ دانانی بودجە و قەواڵەی سوپا، ئیعتباری نوێدان بە ژەنراڵەکانی شەڕ لە ئەفریقا و ناوچەکانی بازرگانیە”. ئەو پرسیارە دەکا کە سۆشیال دیموکراتی “ناتوانێ لەوە زیاتر بکا، لەوە دەچێ، بەرەو خۆ قوربانیکردن بچێ، بەرەو قوربانیکردنی سۆشیالیزم دەچێ لە سەر مێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی، ئایا ئاکامی ئەمە چی دەبێ؟ هەڵوەشانەوەی بزوتنەوەی کرێکاریی، ناڕۆشنی ئایدیاکان، لادانی ئەخلاقی نوێنەرانی حزب. ئاکامی پڕاوپڕی تاکتیکی وەزارەتی Jaurès’ (سۆشیالیست) لە فەرەنسا بەشێوەیەکی ڕۆشن خزمەت دەکا بە ئاگادارکردنەوەی هەموو بزوتنەوەی جیهانی پرۆلیتاریا، کە ئەمە ئەو ڕێگایە نیە بتوانێ بەر بە داکشانی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بگرێ.” [10]

ئەم داکشانەی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی ، نیشانەی سەرەتاکانی بنبەستی لیبرالیزمی بورژوازی و دەورانی ئەزمەی جیهانی و پێویستی ئیمپریالیزم بە شۆڤێنیزم و بە شەڕ بوو.

هاوکات ئەوەی ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩٠٤دا باسی دەکا سەرەتای بنبەستی سۆشیال دیموکراتیە کە لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە نەیتوانیوە شێوازێکی تر جگە لە ڕێگەی پەرلەمانی بگرێتە بەر لە خەباتی چینایەتیدا!

هەربۆیە کاتێکیش ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دەستپێدەکا ولە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستدا دەچینە ناو دەورانی توندبونەوەی ململانێی ئیمپریالیستی و داڕمانی “ئاشتی و دیموکراسی” لیبرالیزم، ئیتر ئەم سۆشیال دیموکراتیەش توشی ئەزمە و جیابونەوەیەکی گەورە دەبێ. ئەو زەمینەیەی پەرلەمانتاریزمی دوێنێ، کە بزوتنەوەی کرێکاریی لەسەری گەشەی سیاسی دەکرد، دەگۆڕدرێ و بورژوازی لەڕێگەی شەڕ و سەرکوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانەوە دەسەڵاتی سیاسی خۆی ڕادەگرێ. هەربۆیە ئیتر ئەوەی ئەنگلس لەسەر پەرلەمان دەیوت لەگەڵ دەورەی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم نەدەهاتەوە. ئەو دەیوت “کەسێک دەتوانێ بیهێنێتە پێش چاو کە لەوانەیە کۆمەڵگەی کۆن گەشە بکا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ لەوڵاتانەدا کە نوێنەرانی خەڵک هەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستدایە، لەو شوێنەی، ئەگەر لایەنێک پشتیوانی زۆربەی خەڵکی لە پشت بێت، ئەوە دەتوانێ ئەوە بکا کە لەگەڵ ڕێگەی دەستوری بگونجێ: وەک لە کۆماری دیموکراتی وەک فەرەنسا و لە ئەمریکا و لە شانشینی بەریتانیا.”[11]

لەم دەورە نوێیەی ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سەرهەڵدانی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی کرێکاراندا گۆڕانکاری بەسەرسۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا دێت و سۆشیال دیموکراتی بۆ گەیشتنە دەسەڵات پێویست بوو لە دەرەوەی پەرلەمانتاریزمدا بەدوای ستراتیژێکی تردا بگەڕێ.

بەڵام سەرەڕای ڕەخنەکانی مارکس و هەوڵەکانی ئەنگلس لە خۆشباوەڕی بە دەوڵەتی بورژوازی و دوورکەوتنەوە لە ئۆپۆرتۆنیزم، سۆشیال دیموکراتی لە بزوتنەوەیەکەوە کە دەیویست سیستمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سۆشیالیزم، وە لە ڕێگەی کۆمۆنەوە دەزگای دەوڵەتی بورژوازی هەڵوەشاندەوە ، گۆڕدرا بە بزوتنەوەیەک کە زۆربەی ڕیزەکانی کەوتە ژێرکاریگەری ڕەوتی لیبرالیزم و ریفۆرمیزم و پەرلەمانتاریزم. ئەم ڕەوتە سەرەتا خۆی وەکو ڕیڤیژینیزم ناساند، واتە وەک ڕەوتێک کە بانگەشەی خوێندنەوە و چاوخشاندنەوە بە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم دەورەیەدا، واتە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، سۆشیال دیموکراتی ڕەنگی ئەم ڕیڤیژنیزمەی گرت.

هەربۆیە پێویستە ئەم پرۆسەیە زیاتر شرۆڤە بکەین تا بزانین چ پەیوەندیەک لە نێوان ریڤیژینزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سۆشیال دیموکراتیدا هەیە؟

دیالەکتیکی گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەی کرێکاریی و سۆشیال دیموکراتی هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای ریڤیژینزمدا لەهەموو وڵاتە سەرمایەداریەکان. لینین لە ساڵی ١٩٠٨ دا دەڵێ “چی ڕیڤیژینیزم دەکاتە کارێکی حەتمی کە دەبێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕوبدا؟ لەبەرئەوەی، لە هەموو وڵاتێکی سەرمایەداریدا، لەپاڵ پرۆلیتاریادا، توێژێکی زۆری وردە بورژوازی هەیە. بەرهەم‌هێنانی بچوک پێشتر و ئێستاش بەردەوام سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێتەوە. سەرمایەداریش ڕیزێکی تەواو لە “چینە ناوەندەکان” دروست دەکا ( پاشکۆی کارگە ، کارکردن لەناو ماڵدا،کارگە بچوکەکان کە لە وڵاتدا بەفراوانی هەن،..). ئەم بەرهەمهێنەرە بچوکە نوێیانە پاڵ پێوەدەنرێن، بەپێی دەورەکەیان، حەتمەن بۆ ڕیزەکانی پرۆلیتاریا. هەربۆیە ئاساییە کە بیروبۆچونە وردەبورژوازیەکانیشیان بەردەوام بچێتە ناو ڕیزەکانی حزبە کرێکاریە بەرفراوانەکان.”[12]

بێگومان ئەمە تەواوی کێشەی سەرهەڵدانی بۆچوونی ناکۆک و لەوانە ریڤیژینزم لە ناو سۆشیال دیموکراتیدا نیە. واتە ڕیڤیژینیزم بەتەنیا لە کاریگەری هاتنی چینی وردەبورژوازی و بۆچوون و جیهانبینیەکەیدا بەرتەسک نابێتەوە. هەربۆیە دواتر لینین لە ساڵی ١٩١٠ ئاماژە بە بۆچوونەکانی ئەنتۆن پانیکوک دەکا[13] و “ئەنجامگیریە زانستیەکانی” نامیلکەیەکی ئەو ڕوندەکاتەوە لەسەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ریڤیژینزم لەناو بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری جیهانیدا.

پانیکوک ئاماژە بە فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی دروستبوونی ناکۆکیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی دەکا. لێرەدا ئەوەی گرنگە لەم لێکدانەوەی پانیکوک دا ئەوەیە کە باسی چینی کرێکار خۆی دەکا کە بۆچی و چۆن توشی ئەم کێشانە دەبێ؟ باس لە ئاستی گەشەی سەرمایەداری و کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی سۆشیالیستی چینی کرێکار دەکا. باس لە ئاستی گەشەی هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار و ڕادەی چڕ بوونەوەی ژمارەکەی لە یەک ناوەندا و ئاستی ڕێکخراو بوونی و فێربوونی پابەند بوون بە سیستم و ئاستی هەژاری دەکا.

هاوکات باسی ئەو گۆڕانکاریانە لە شێوەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا دەکا، کە بەشێوەی “بازدان” ئەم بزوتنەوەیە دەگۆڕێ و ترس دەخاتە دڵی سیستمی سەرمایەوە. بەشێوەیەکی سەرەکی تەئکید لە بزوتنەوەی کرێکاریی وەک بزوتنەوەیەکی زیندوو دەکا، کە لە چوارچێوەی هەلومەرجێکی مێژوویی و ئابوری و سیاسی دیاریکراودا ڕەوت و دیدگای جیاجیای تێدا دروست دەبێ بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی خەباتی چینایەتی.

ئێمە لە سەرەوە باسی لیبرالیزمی بورژوازیمان کرد وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی کاریگەری لەسەر دروستبوونی ناکۆکی و لادانەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاریی لە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە و دروستبوونی باڵی ریفۆرمیستی لە نێو چینی کرێکاردا.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەم بۆچون و دیدگا و لێکدانەوە لیبرالیستیە کاریگەری لەسەر خەباتی کرێکاران دادەنێ؟

وەڵامەکەی ئەوەیە کە چینی کرێکار لەخەباتێکی زیندووی چینایەتیدایە و بەپێی ئاستی گەشە و تەجروبەی خۆی بەو ڕاستیە دەگا، کە چ ڕێگایەک ئەو لە دەست چەوسانەوە ڕزگاردەکا. ئەم ئەنجامگیریە سادەیە خۆی لەدڵی دۆخێکی ئاڵۆزو دوالیزمی خەباتی ئابوری و سیاسیدا یەکلایی دەبێتەوە. هەرچەند کۆمەڵگەی سەرمایەداری گەشە بکا و هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار گەشە بکا و تەجروبەکانی خەباتی ڕۆژانە و “بازدان” وشۆڕشەکانی زیاتر بێت ئەوەندە نزیکتر دەبێتەوە لەو ئاسۆ و بەدیلەی کە دەتوانێ قاڵبی سیستەمی سەرمایەداری تێپەڕێنێ و ئەم وشیاری و تەجروبەیە ببێتە “خواستێکی گشتی و کۆلێکتیڤی” ملێۆنەها و ملیارەها کرێکار.

ئەمە پرۆسەی واقعی خەباتی چینایەتیە، کە بەپێی ئاستی گەشە و توانایی سیاسی و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار مەسەلەی شۆڕش و دەسەڵات مەترەح دەبێت نەک بەپێی عەقڵی شۆڕشگێڕانەی گروپێکی کۆمۆنیستی یان حزبێکی کۆمۆنیستی. وەک مارکس لە ڕەخنە لە گروپێکی ناو “کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان” دا دەڵێ؛ ” بۆ ئەوان ئەو هەلومەرجە ڕاستەقینەی کە هەیە، هێزی پاڵنەری شۆڕش نیە، بەڵکو بەتەنیا بوونی خواستە. کاتێک ئێمە بە کرێکاران دەڵیین، پێویستە ٥٠،٢٠،١٥ ساڵ بە شەڕو خەباتی ناوخۆ(چینایەتی) دا تێپەڕن، نەک تەنیا بۆ گۆڕینی دۆخ، بەڵکو بۆ چاکردنی خۆتان وە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە دەتوانن باڵادەستی سیاسیتان هەبێت. هەروەک دیموکراتەکان کە وشەی خەڵکیان کردوە بە بت، ئێوەش وشەی پرۆلیتاریاتان وا لێکردوە. هەروەک دیموکراتەکان، ئێوەش زاراوەی شۆڕشتان خستۆتە شوێن ئیڤولوشنی شۆڕشگێڕانە “[14]

ئەم جۆرە ناسینەی شۆڕش کە بتێک نیە و تەنیا زاراوەیەکیش نیە، بەڵکو دیاردەیەکی دیالەکتیکی و یەکێتی دژەکانە خۆی کلیلی دەرک کردنی هەموو ئەو مێژووەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە پڕ لە هەوراز و نشێویە و سەرکەوتن و شکستە. دەرک کردنی ئەوەی بۆچی لەم دەورەیەدا کە چینی کرێکار لە باری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە گەشە دەکا، بەڵام پەتای ریڤیژینیزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دایدەگرێ ؟ وەک بەدروستی لینین دەریدەبڕێ، کە “ئەم جیاوازیانە سەرچاوەکەی خۆی ئەو خەسڵەتە دیالەکتیکیەیە کە گەشەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار هەیەتی کە لەدڵی ناکۆکیەکاندا و لەڕێگەی ئەم ناکۆکیانەوەیە دەچێتەپێش”[15]

سۆشیال دیموکراتی لەم دەورەیەدا بەباشترین شێوە ڕێگاکانی گەشەی سیاسی و ڕێکخراوەیی کرێکاران لە مەیدانی کاری حزبی وسەندیکایی و پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری دەناسێتەوە و کاری جدی دەکا. ئینتەرناسیونالی دووەم و حزبە کرێکاریەکان لەزۆربەی وڵاتاندا دروست دەکا. لەم ماوەیەی ١٩٠٥ تا ١٩١٣دا ژمارەی کرێکارانی سەندیکاکان لە ٣ ملێونەوە بووە ٦ ملێون و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ، فینلاند و سوید لە ٪٣٠بۆ٪٤٠ی دەنگیان هێنا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا. هەروەها کۆمەڵەی فابینەکانی بەریتانیا کاریگەری گەورەیان لەسەر سۆشیالیستە ریفۆرمیستەکان و لەوانەش برنشتاین هەبوو، ئەم کەلتورە پەیوەندی پەیداکرد لەگەڵ هۆڵندا و ئەسکەندناڤیشدا.[16].

ئەمانە لەگەڵ پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەت ومەرکەزی بوونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و هاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و ئیمپریالیستی چووەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی” ئەرستۆکراتی” کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری حزبی و سەندیکا کرێکاریەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی و نوخبەیی، بەرتەسککردنەوەی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەپێی یاسا و فشار و سەرکوتی مانگرتن و چالاکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران. ئەمانە هەموویان فاکتەربوون لە دروستبوونی ئەو دوالیزمەی لە نێوان گەشەی سیاسی کرێکاران لەلایەک و کەوتنە ژێر هەژمونی فکری و سیاسی ناسیونالیزم و لیبرالیزم و پەرلەمنتاریزمی بورژوازی لەلایەکی ترەوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم ئەم دوالیزمە بزوتنەوەی کرێکاریی شەق دەکا. سۆشیال دیموکراتی ڕووبەڕووی دەورەیەکی نوێ دەبێتەوە کە دەبێ هەڵوێست بەرامبەر بە بورژوازی و دەوڵەتەکەی و سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی دەرببڕێ و ڕووبەڕوویان بێتەوە. ئیتر ئەم کارە بە پەرلەمانتاریزم و لە چوارچیوەی کاری ڕیگاپێدراوی یاساییدا ناکرێ. چینی کرێکار چیتر ناتوانێ لە قاڵبی کاری سەندیکاییەکی پیشەییدا بمێنێتەوە کە تەنیا مەسەلەی کرێ و ریفۆرمی ئابوری هەبێ، چونکە سەرجەم کۆمەڵگە و چینی کرێکار گیرۆدەی سیاسەتی شەڕ و تاڵانکاری و سەرکوتی بێ پەردەی بورژوازی و دەوڵەتەکەیەتی. هەربۆیە سۆشیال دیموکراتی پیویستی بە فکر و سیاسەتی کۆمۆنیستی نوێ دەبێ سەبارەت بە شۆڕش و دەوڵەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی .ئەم کێشانە خۆیان لە چەند مەیدانی سیاسی و ئابوریدا نیشان دەدەن ، لەوانە چۆنیەتی هەڵوێست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی، چۆنیەتی بەشداری لە پەرلەماندا، شێوازی ڕێکخستنی جەماوەری کرێکاران، مانگرتنی گشتی و شۆڕش وشەڕی جیهانی و هتد..

ریڤیژینزمیش سەرەتا لەلایەن برنشتاینەوە وەک سەیرکردنەوە و چاوخشانەوە بە بنەماکانی بیروباوەڕی مارکسدا هاتە کایەوە سەبارەت بە گەشە و ئەزمەی سەرمایە. دواتر باسی ئەوەی کە؛ گرنگی دەستکەوتی کاتی و ریفۆرم گرنگترە لە ئامانجی گۆڕینی سیستەم و “بزوتنەوە هەموو شتێکەوە ئامانج هیچ” هاتە گۆڕێ. دواتریش ئەمانە بووە چوارچێوەیەکی سیاسی و عەمەلی بۆ ئامانجی ریفۆرم و بوونە بەشێک لە خودی سیستمی زاڵی سەرمایەداری و پەرلەمان و حکومەتەکەی و وەرگرتنی ئیمتیازاتێک بۆ توێژی کاربەدەستانی حزبی و حکومی و سەندیکایی کرێکاران. هەر ئەم بەرژەوەندیە مادی و بەرتەسکیە فکریانە بوون کە ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا زاڵ کرد. ئەم “گروپە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکی جیاوازیان دەکرد گەشەی سەرمایەداریان بە گەشەی سۆشیالیزم دەزانی”.[17]

لەکاتی ئەزمەی سیاسی و سەربازی نێوان دەوڵەتە سەرمایەداریەکاندا ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستی و ئۆپۆرتۆنیستیەی نێو سۆشیال دیموکراتی تەواو ڕەنگی ئەم ریڤیژینزمەی لێ نیشت و ئامانجی کاتی مانەوە لە پەرلەماندا و مانەوە لە قاڵبی دامەزراوە ڕەسمیەکانی دەوڵەتدا کرایە ئامانجی پیرۆزی”دیموکراسی”. ئیتر کاوتسکی وەک برنشتاین قسەکەری ڕەسمی ئەم “دیموکراسی بورژوازی”ە بوو. ئەمە تێکشکانی بزوتنەوەی کرێکاریی بوو لەبەردەم بتی دەوڵەت و سیستمی سەرمایەداریدا. شکست بوو بەهۆی دیموکراسی هەڵخەڵەتێنەرانەی بورژوازیەوە.

بەڵام لەگەڵ قوڵبونەوەی ئەزمەکانی سەرمایەدا شاهیدی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی کرێکاران بوین. هەربۆیە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدا پێویستی دەرک وستراتیژی تازەی هێنایە ئاراوە بۆ چۆنیەتی تێپەڕین لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و دروستکردنی بەدیلێک بۆ ئینتەرناسیونالی دووەمی سۆشیال دیموکراتی.

ئەم دۆخە نوێیەی خەباتی چینایەتی ئاڵوگۆڕی لە سۆشیال دیموکراتیی جیهانیدا دروست کرد و ژێر پێی تیۆریەکانی ریڤیژنیزمی سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری و پیرۆزی دەوڵەتی بورژوازی ودیموکراسیە پەرلەمانیەکەی بۆش کرد .

وەک پێشتر ڕۆزا هەستی پێکرد، کە سۆشیال دیموکراتی ناتوانێ لە قاڵبی تاکتیک و ستراتیژی جارانیدا بمێنێتەوە و بەتایبەت لەژێر کاریگەری دۆخی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیادا شێوازێکی نوێی شورایی و مانگرتنی جەماوەریی، کە جیاوازە لە خەباتی پەرلەمانی، دەردەکەوێ. ئەمە جارێکی تر ئەو حوکمە بنەڕەتیەی لە سەرەتای ئەم کتێبە دا ئاماژەمان پێدا دەسەلمێنێتەوە، کە خەباتی چینایەتی بە کێشە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتیەوە قەتیس نابێتەوە و لەگەڵ دەورەیەکی نوێ لە ئەزمەی سەرمایەداری جیهانی و بنبەستی سیستمی سیاسی بورژوازی و پەرلەمانتاریزم و لیبرالیزمەکەی، جارێکی تر چینی کرێکار پێویست بوو وەڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی بە دەوڵەتی بورژوازی بداتەوە و سیستمی سیاسیی ئەلتەرناتیڤی خۆی نیشان بداتەوە.

لێرەدا دەگەینە قۆناغێکی جیاواز و نوێ لە خەباتی چیانیەتیدا، کە دیسانەوە چینی کرێکار لەڕێگەی شۆڕشەوە، بە وەڵامی ڕادیکاڵانەی خۆی بە رامبەر بە سیستمی سەرمایەداری ئاشنامان دەکا. من لە بەشەکانی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” دا بە دورودرێژی باسی کاریگەری ئەم مۆدێلە سیاسی و ئابوریەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکانیشم کردوە لەسەر شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەردا و خوێنەران دەتوانن لەوێدا بیبینن و هەربۆیە لێرەدا باسی دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم تەواو دەکەم .

بەشی سێهەمی ئەم گفتوگۆیە لەسەر پرۆسەی شۆڕشی سۆشیالیستی دەبێت.

[1] مارکس، ئینتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤، بەزمانی ئینگلیزی

The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864

[2] چۆن جیهان دەگۆڕین، مارکس و ئەنگلس و سیاسەت، ل ٦٩، هوبسباوم، بە زمانی ئینگلیزی.

[3]چۆن جیهان دەگۆڕین، مارکس و ئەنگلس و سیاسەت، ل ٦٨، هوبسباوم، بە زمانی ئینگلیزی.

[4] ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتە، مارکس، ل٢٣٣،مختارات مارکس و انجلز،جلد٢،دارالتقدم

[5] هەمان سەرچاوە،ل٢٣٢

[6] ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتە، مارکس بە ئینگلیزی

https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1875/gotha/ch03.htm

[7] نامەی ئینگلس بۆ بیکەر https://www.marxists.org/archive/marx/works/1880/letters/80_04_01.htm

[8] لینین، مارکسیزم و ریڤیژینیزم، ل ٤٢١،،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.بەعەرەبی.

[9] ئینگلس ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا، بە زمانی ئینگلیزی https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm

[10] ڕۆزا لوکسبورگ، سۆشیال دیموکراتی و پەرلەمانتاریزم https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/06/05.htm

[11] ئینگلس، ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا لە ١٨٩١، بە زمانی ئینگلیزی

https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm

[12] مارکسیزم و ڕەوتی ڕیڤیژینیزم، ل ٤٢٤، المختارات ، جلد٣، دارالتقدم.

[13] پانیکوک The Tactical Differences in the Labour Movement (Die taktischen Differenzen in der Arbeiterbewegung, Hamburg, Erdmann Dubber, 1909), Anton Pannekoek

[14]مارکس، کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان، بە زمانی ئینگلیزیMinutes of Central Committee Meeting, 15 September 1850, in Karl Marx, The Revolutions of 1848 (Harmondsworth, 1978), p 341.

[15] لینین، ناکۆکیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکارانی ئەوروپا، ل ٥١٧،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.

[16] هۆبسباوم، نفوزی مارکسیزم لە ١٨٨٠ تا ١٩١٤، چۆن جیهان دەگۆڕین ل ٢١٦، بەزمانی ئینگلیزی.

[17] هۆبسباوم، نفوزی مارکسیزم لە ١٨٨٠ تا ١٩١٤، چۆن جیهان دەگۆڕین ل ٢١٥، بەزمانی ئینگلیزی




بەگەورەیی کۆترەکەی منداڵیم دۆزیەوە.. سەلام عومەر

منداڵیم کۆترێکی وێڵەو
لە گەڕەکی کارەبا
بەسەر لقی
درەختێکی نیوە سوتاو هەڵنیشتووە
بەدیمەنی لەت لەت بوونی
دراوسێ و دەڤەرێکی وەک پشدەر
جگە لە گمە و گریان
فرمێسکی خوێنینی رشتووە
کۆترێکی وێڵە منداڵیم
بەدیار شارێکی خاپوور و
هێلانەیەکی تێکدراو
هەڵکورماوە
دەفڕێتە سەر
کێلی گۆڕەکەی ( رەسوە شێت(
دەبینێ هێشتا خورجینە و گۆپاڵەکەی هەر لەوێن و
وەک خۆی ماوە.
++++++
منداڵیم کۆترێکی تەریکە
داوای ئەو پرچانە دەکا
کە لەسەر ورگی ( وەستا کاکە(
تاڵ تاڵ بەمردوویی کەوتوون
پرچێک هێشتا لە قوژبنی کەلاوەی شارێکی وێراندا
وەک پشیلەیەکی برسی
کەس نازانێ
داخۆ نووستوون یاخود مردوون؟
++++
منداڵیم کۆترێکی تەریکە
ئەو کۆلارەی دەوێتەوە
کە تا ئێستاش
بەدارتێلەکانەوە گیر بووە
کۆلارەیەک
وەک ئەوەی من عاسێم کردبێ
زۆر توڕەیەو
هەر لەمنداڵی و لاویتیم نا
لە پیری و دووریشم زیز بووە.
کۆلارەیەکەو ئیدی
نەقەت دێتەوە نێو دەستم
نە ڕێگەشم پێدەدا
لێی کەمەوەو
لەبن لەنگەرە ماندوەکەی
نامەیەکی لێبووردنی لێ ببەستم.
+++++
منداڵیم کۆترێکی وێڵە
دەچێتەوە (جوتکانیان(
قومێک ئاوی
لەو دوو کانیە دەست ناکەوێ
سەرێک لە تانکیە قوپاوەکەی
قوتابخانەی ئاسۆس دەدا
بەسەر پەڕ پەڕ بوونی کتێبی
)ئەلف و بێیە) کوردیەکەی
ئیبراهیم باڵداردا دەکەوێ
کۆترێکی وێڵە منداڵیم
لە گۆڕەپانی بالە و بێڵایی قوتابخانەکەدا
پڕ بەگەرووی دەگمێنێ
هەتا مامۆستا( عارف و غەریب و عەبدوڵڵا بیلال(
لە خەوی قوڵ هەڵدەستێنێ.
+++++
کۆلارەیەکی یەکجار شڕە منداڵیم
هێندە داوم لەدوو داوە
نە غەڕغەڕە و نە کەندرەکەی دایکم لەنێو دەستم دا ماوە
کۆلارەیەکی پڕ لۆچە منداڵیم
خەریکە لە تاقی ئاسمان بزر دەبێ و
نە بەدەستە بچووکەکانی منداڵیم دێتەوە
نە بەچاوە کزەکانی ئێستا دەیبینم
کەچی کۆترەکەی منداڵیم
تەنیاو تەنیا
کۆلارەکەی دەوێتەوە
گمەیەکی گریان ئاسای لێوە دێت و
پێموانییە
بەمزوانە ژیر بێتەوە.
+++++
ئێستا منیش
وەک کۆترەکەی منداڵیم
وێڵ و تینووم
نە بەئاوی زێی گچکەو
نە بەڕوبارەکانی نێو شار
بڕم ناشکێ
لەسەر تەختی مۆنۆمێنتەکەی دەروازە
ئەشک دەڕێژم
وەک کۆلارە هەڵواسراوەکەی منداڵیم
رابردووی خۆم
لەژێر درەختەکەی کانیە شێخ
نا
لە دامێنی چیای قەندیل
هەر بەزیندوویی دەنێژم.




فەلسەفەی ئیسلامی.. ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

10 گەڕانەوە بۆ ئەڕیستۆتێلیس:
ئیبن ڕوشد

وەک گۆتمان ئەم باوەڕە لە کۆشکى ئەلمووەحیدون لە مەڕاکیش ڕاگەیەنرا (1) و هەر لەوێ پیاوێکی گەنجیش بیستی کە گرنگیى بە سەرجەم پرسیارەکانى زانست دەدا: ئەبولوەلید ئیبن ڕوشد کە لە ئەوروپا زۆرتر بە ئاڤێروێس ناسراوە (1198 مردووە). ڕێگەى ژیانى هەندێک هاوشێوەیی لەتەک ڕەوتی پێگەیشتنی ئیبن توفەیلدا هەبوو: ئەمیش لە ئیسپانیاوە (وەلێ ئەم لە کۆردۆباوە) هاتبوو بۆ باکورى ئەفریکا، ئەمیش پزیشکی فێرکراو (و هەروەها یاساوان) بوو و لە دیراسەى فەلسەفەدا قووڵبۆوە، جگە لەوە دەستی کرد بە نووسینى شەرح (کۆمێنتار) لەبارەی فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس – پێدەچێت ئیبن توفەیل ئامادە نەبووبێت ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرێت، بۆیە پێشنیارى بۆ سوڵتان کردبێت ئەرکەکە بدات بە هاوپیشە گەنجترەکەى. سەربارى ئەوە بەدەگمەن دەتوانین ئەم دوو هزرڤانە بە یەکدی بەراورد بکەین، چونکە ئیبن ڕوشد پێشبینیی تەواو جیاوازی سەبارەت بە چییەتیی فەلسەفە و مێژووى فەلسەفە هەبوو، بۆیە بۆ ڕێگەیەکى دیکە دەگەڕا تاکو زانستى فەلسەفەیى لەو پەشێوییانە دەربهێنێت کە بە دانوستاندنەکانى سەدەى یازدەیەم و دوازدەیەم دوچاریان بوو بوو.
جیاوازییەکان سەرەتا بەو پرسیارە دەستپێدەکەن کە داخۆ ڕێ بە مرۆڤ درابێت بفەلسەفێنێت. ئاشکرایە ئەم پرسیارە بە هیچ شێوەیەک ئیبن توفەیلى بە خۆیەوە خەریک نەکردبوو، وەلێ ئیبن ڕوشد هێندە بەجیددى وەریگرت کە ئیدی کارێکى خۆى بە ناونیشانى “لێتوێژینەوەى بڕێنەرەوە” (“فەسڵ ئەلمەقال” – و) بۆ تەرخان کرد. ئێمە گەرەکە وشەییانە لەم ناونیشانە تێبگەین، چونکە ئیبن ڕوشد لەم تێکستەدا بەوە ڕازی نابێت کە بە ئەرگومێنتى فەلسەفەیى بەرگرى لە ئیدێکانى بکات، بە پێچەوانەوە دەیەوێت بگات بە بڕیارێکى یاسایی لەبارەی ئەوە “کە داخۆ دیراسەى فەلسەفە و لۆگیک لە یاسا (ى ئایینییە)وە ڕێپێدراو بێت، یاساغ یان پێشنیار کرابێت، یاخود زەروورى بێت”.
ئیبن ڕوشد بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێتەوە بۆ قورئان کە گرنگترین سەرچاوەى بڕیاری دادوەریانەی ئیسلامییە و تێیدا گۆتەى بەم چەشنە دەبینێتەوە: “ئێوە کە تێڕوانینتان هەیە، هەروەها بهزرێن” (سورەتى 59، ئایەتى 2) (2)، یان: “ئایا ئەوان ڕانەمان لە دەسەڵاتى (خودا) بەسەر ئاسمان و زەویدا و لەوەش کە خودا سەراپا ئافراندوویەتى؟” (سورەتى 7، ئایەتى 185)(3). ئەم گۆتانە بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشد دەیسەلمێنن کە پێویستە مرۆڤان لەبارەى ڕێکخراوى جیهان و بنەڕەتى خودى خۆیان بهزرێن، بەڵێ زۆرتر لەوەش، ئەم لێهزرینە گەرەکە بە چاکترین شێوازی شیاو ئەنجام بدرێت، چونکە قورئان هەروەها دەبێژێت: “بە دانایی و ئامۆژگاریی چاک بانگی مرۆڤان بکە بۆ سەر ڕێگەی پەروەردگارت و بە چاکترین شێوەی شیاو موجادەلەیان لەگەڵدا بکە …” (سورەتى 16، ئایەتى 125)(4). وەلێ باشترین شێوەی هزرین ئەوەیە کە ئەنجامەکانى دەسەلمێنرێن. ئەوە فەلسەفەیە کە زۆرتر لە زانستەکانى دی پشت بە زانینومای سەلماندنی ئەڕیستۆتێلیس دەبەستێت. کەواتە ئیبن ڕوشد دەتوانێت وەک یەکەم سەرئەنجامى لێهزرینەکانى جەخت بکات کە قورئان (و بەمەش شەریئەت) نەک تەنیا پێشنیار دەکات، بەڵکو هەروەها وەک فرمان (واجب) دەیسەپێنێت کە مرۆڤان خۆیان بە فەلسەفەوە خەریک بکەن.
بێگومان ئەم فرمانە هەموو مرۆڤان وەک یەک ناگرێتەوە. ئاخر ئیبن ڕوشد هاوشێوەى هزرڤانانى پێش خۆى جیاوازى دەکات لە نێوان گروپى جوداى مرۆڤاندا. هەندێک کەس لە بورهانەکانى (دێمۆنستراسیۆنەکانی) فەلسەفە تێدەگەن، هەندێکى دیکە تەنیا لە ئەرگومێنتە دیالێکتیکى یان ڕەوانبێژییەکان تێدەگەن و لەبەر ئەم هۆیە لە داواکارییەکە بۆ فەلسەفاندن بەدەرکراون. سەربارى ئەوە دەربڕینەکەى ئیبن ڕوشد وەک هاندانێک دەمێنێتەوە، چونکە ئێستا هەروەها واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە فەلسەفە بێچەندوچوون پێویستە بۆ هەموو ئەو کەسانە کە خاوەنی زەینێکى بەهێزن. وەلێ گەر ئیبن ڕوشد بەڕاستى بییەوێت ئەم ڕێنومایە لە قورئانەوە دەربئەنجامێنێت، ئەوا دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە بۆچى نووسەرانى دیکە (بۆ نموونە غەزالى) تۆمەتى زەندەقە دەدەنە پاڵ فەیلەسوفان و لێرەشدا بە هەمان شێوە پشت بە قورئان دەبەستن.
لەسەر ئەمەش “لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە” وەڵامێکمان پێدەدات، ئەوە ئێستا نەک لە لێهزرینێکی یاساییەوە، بەڵکو لە تێڕوانینێکەوە لەبارەی پرنسیپەکانى ڕاڤەى (تەفسیری) قورئان. ئیبن ڕوشد جەخت لەوە دەکات کە نابێت مرۆڤ هەمیشە تەنیا بە یەک شێواز لە نووسراوى پیرۆز تێبگات، بە پێچەوانەوە سێ جۆرى جیاوازى گۆتە لە خۆ دەگرێت و هەر یەکەیان پێویستی بە دەرچەیەکى ڕاڤەکارییانەیە: 1) کۆمەڵێک ئایەت هەیە کە لەنێو خۆیەوە ڕوون و ئاشکرایە و مرۆڤ دەتوانێت چە بە دەستوێژەکانى بورهان و چە بە دەستوێژەکانى دیالێکتیک و ڕەوانبێژى بەڕوونى لێی تێبگات. نموونەیەک بۆ ئەم کۆمەڵە ئایەتە بریتییە لەم ڕستەیە: “هیچ خودایەک جگە لە ئەڵلا نییە”. ئەم ڕستەیە بۆ هەموو یەکێک ڕۆشنە و نابێت بە ڕاڤەکردنی خوازەیی بەزۆر واتاکەى لێبکرێتەوە. 2) کۆمەڵێکى دیکەى ئایەت هەیە کە بەگوێرەى گوزارشتی دەرەکى وەک کۆمەڵى یەکەم ڕوون و ئاشکرایە، وەلێ پێویستە مرۆڤانى سادەش وشەییانە لێی تێبگەن؛ ئەمە بۆ نموونە لەم ڕستەیەدا دەبینین: “خوداى میهرەبان لەسەر تەختى خۆی دامەزرا” (سورەتى 20، ئایەتى 5)(5). ئەم ڕستەیە وا پێشانى زۆرینەى ئیماندارانی دەدات هەروەک خودا وەک پاشایەک لەسەر تەخت دانیشتبێت، ئەمەش لەتەک تێگەیشتنى ئەواندا بۆ دەسەڵات یەکدەگرێتەوە. وەلێ کێ خاوەنى تێگەیشتنی باڵاتر بێت، دەزانێت کە خودا ناجەستەییە، کەواتە ناشێت بە شوێنێکەوە ببەسترێتەوە، بۆیە کەسانی خاوەن زەینێکى بەهێز دەزانن کە دەبێت ئایەتێکى بەو چەشنەى قورئان خوازەییانە ڕاڤە بکرێت. 3) لە کۆتاییدا کۆمەڵێکى دیکەى ئایەتگەلى قورئان هەیە و پەیوەند پێیانەوە دیار نییە کە داخۆ مرۆڤ وشەییانە یان لە مەغزایەکى خوازەییدا لێیان تێبگات. ناسراوترین نموونە بۆ ئەوە گۆتەکانن لەبارەى زیندووبوونەوە (قیامەت). ئێمە ناتوانین پشتبەستوو بە سەلماندن ئەم گۆتانە بپشکنین، چونکە ئێمە بەئاسانی نازانین کە بە چە شێوەیەک زیندووبوونەوەکە (جەستەیی؟ هۆشەکی؟ تاکەکەسی؟) ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕوودەدات. ئیبن ڕوشد لە ڕەوشى ئەم جۆرە ئایەتانەدا جەخت دەکات کە زانایان دەتوانن بۆچوونى جیاوازیان هەبێت، چونکە هیچ کامیان ناتوانێت زانینوماکەى خۆى بە ئەرگومێنتى بورهانى مسۆگەر بکات. بۆیە نابێت هیچ کەس بەهۆى بۆچوونەکانییەوە بە زەندیق دابنرێت – یان ئەوەتا ئەو کەسە نکۆڵى لە خودى بنەماکەى ئیمان دەکات (لەم ڕەوشەدا هەقیقەتى زیندووبوونەوە) و بەمەش دژبێژیى یەکێک لە بنەماکانى ئیسلام دەکات.
کەواتە ئیبن ڕوشد بۆ ڕاڤەى قورئانیش بەقەد پێویست فەزاى کارکردن دادەنێت – هەر ئەوەندە کە ئەو خۆى پێویستى پێیەتى. بەڵێ، ڕاڤەی قورئان تەنانەت مسۆگەری بە سەرئەنجامى لێهزرینە یاساییەکانى ئەو دەدات، چونکە دەیڕاستێنێت کە گۆتەکانى نووسراوى پیرۆز (ئەوە گەر دروست ڕاڤە بکرێن) لەتەک تێزە فەلسەفەییەکاندا یەکدەگرنەوە. وەلێ گەر ئەمە ئەوها بێت، ئیدی هیچ هۆیەک بۆ ناوزڕاندنی فەیلەسوفەکان لەگۆڕێ نابێت. کێ سەرباری ئەوە کاری ئەوها بکات، بێچەندوچوون بەسەهوودا چووە. ئەمە بێگومان غەزالیش دەگرێتەوە کە لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “دژبێژیکردنی فەیلەسوفەکان” / Inkohärenz der Philosophen (“تەهافوت ئەلفەلاسیفە” – و) گۆتبووى، فەیلەسوفەکان لە بیست پنتدا بەهەڵەدا چوون (بڕوانە سەرەوە، لا 59 (ی کتێبەکە – و)).
دەرخستنی ئەوە دووەم ئەرکى گرنگە کە ئیبن ڕوشد لەئەستۆی دەگرێت. ڕاستییەکەی دەبوو ئەم ئەرکە بەجێبگەیەنرێت، چونکە لەسەر تانوتە ڕاگەیەنراوەکانی نێو “دژبێژیکردنی فەیلەسوفەکان” نە ئیبن باجە (کە پێدەچێت تێکستەکەى نەناسیبێت) و نە ئیبن توفەیل (کە پێدەچێت لە پێناوی ڕاگرتنى هارمۆنیدا گرنگیى بە تێکستەکە نەدابێت)، پەرچەکرداری پێگونجاویان نواندبوو. ئیبن ڕوشد ئەوها نەبوو، چونکە دەیزانى ناشێت هێرشێکى بەو چەشنە لەدژى فەلسەفە بەبێ شەرحکردن وەلاوەبنرێت، بۆیە خۆی بەو تۆمەتانەوە خەریک دەکات و وەڵامێک دەنووسێت: “دژبێژیکردنی دژبێژیکردن” / Inkohärenz der Inkohärenz (“تەهافوت ئەلتەهافوت” – و). ئەو لەم نووسینەدا ئاماژە بۆ سەرجەم تانوتەکانى غەزالی دەدات و هەوڵ دەدات بەرپەرچیان بداتەوە.
ئەرگومێنتەکانى ئیبن ڕوشد کە لەم نووسینەدا دێنە دەربڕین، سەرنجڕاکێشن، چونکە لەسەر چەند ئاستێکى جیاواز دەبزوێن. ئەو لە لایەک هێرشەکانى غەزالى ڕەتدەکاتەوە، لە لایەکى دى ڕەخنە لە فەیلەسوفانى پێش خۆى دەگرێت (پێش هەموویان لە ئیبن سینا): تێزە بیرلێنەکراوەکانی ئەوان بوون بە هۆیەک کە فەلسەفە ناتەبایی نێوەکی (تناقض) لە خۆ بگرێت و ئیدی بشێت هێرشى بکرێتە سەر. باوەجو ئیبن ڕوشد لێرەدا دەیەوێت شکۆمەندی بۆ دابی فەلسەفە بگەڕێنێتەوە، بۆیە زۆر مەبەستێتى فەلسەفە لە هەموو ئەو تانوتانە بپارێزێت کە غەزالی لەدژی دەری بڕیبوون. ترۆپکی تانوتەکانى غەزالى ئەو تێڕوانینەیە کە فەیلەسوفەکان بێبڕواییان (کوفریان) بڵاوکردۆتەوە، چونکە ئەوان ئەم تێڕوانینانەیان فێرکردووە: 1) ئەزەلییەتى جیهان (“تەهافوت ئەلفەلاسیفە”، بەشی 1)، 2) خودا تەنیا بەگشتی شتە تاکەکان دەناسێت (بەشى 13)، 3) مرۆڤ نەک بە لەش، بەڵکو تەنیا بە دەروون زیندوو دەبێتەوە (بەشى 20).
ئیبن ڕوشد زۆر بەتوندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، ئەویش بە دانانی ئەم ئەرگومێنتانە: 1) قورئان لە هیچ جێیەکدا نابێژێت کە جیهان لە هیچەوە (من العدم – و) ئافرێنراوە و لە کاتدا هاتۆتە ئاراوە. گەر لە قورئاندا بەگشتی گۆتە لەبارەی بنەڕەتی جیهان هەبێت، گۆتەکان بەزۆریى ئاماژەن بۆ ئەوە کە پێویستە ئێمە بۆ هاتنەئاراى جیهان کەرەسەیەکی (ماتەرییەکی) ئەزەلی وەک دەرچە دابنێین؛ بۆ نموونە لە سورەتى 11، ئایەتى 7دا هاتووە: “هەر ئەوە کە ئاسمانان و زەمینى لە شەش ڕۆژدا دروست کرد کاتێک تەختى فەرمانڕەواییەکەى بەسەر ئاوەوە بوو …”(6). وەلێ ئەم جۆرە ئایەتانە ڕوون نین و دەرفەتی ڕاڤەکردن چە بە فەیلەسوفان و چە بە تیۆلۆگان دەدەن، کەواتە ناشێت هیچ لایەنێک تۆمەتى بێبڕوایى (کوفر) بداتە پاڵ لایەنەکەی دی بەهۆى بیروڕاکانییەوە. 2) ئەمە بە هەمان شێوە پرسیارەکە لەبارەی زانینی خودا دەگرێتەوە، وەلێ هەروەها لێرەش بەهەڵەتێگەیشتن لە فەیلەسوفەکان هەیە، چونکە ئەوان بە هیچ شێوەیەک نکۆڵى لەوە ناکەن کە خودا شتە تاکەکان (Partikularia) دەناسێت، بەڵکو تەنیا دەبێژن کە پێویستە جۆرى زانینى خودا جیابکرێتەوە لە هەر شێوەیەکى زانینى مرۆڤ. ئاخر مرۆڤان هەنگاو بە هەنگاو زانینى خۆیان بەدیدەهێنن؛ لێزانییەکانیان بە ڕوانین لە شتە تاکەکان دەهێنرێنەدی، وەلێ ئەمە لاى خودا تەواو پێچەوانەیە: زانینى خودا هەر لە ئەزەلەوە سەرجەم شتەکان (بە زانینى مرۆڤیشەوە) لە خۆ دەگرێت و پێشمەرج بووە یان پێشمەرجە بۆ ئەوە کە شتە تاکەکان بەدووى یەکدا دروست بوون یان دروست ببن. 3) لە کۆتاییدا لە پرسیارى زیندووبوونەوەشدا ناڕەوایی بەرانبەر فەیلەسوفەکان کراوە، چونکە ئەو زانینە کە ئەوان لەم ڕووەوە لە خەڵکی دەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک دژبێژیی قورئان ناکات، هۆى ئەمەش پێشتر لە “لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە”دا باس کرا: مرۆ ناتوانێت ئەو جێیانەى قورئان کە لە زیندووبوونەوە دەدوێن، بە واتاى وشە یان لە مەغزاى خوازەییدا بچەسپێنێت، کەواتە ناشێت تۆمەتى بێبڕوایی (کوفر) بدرێتە پاڵ هیچ کەسێک کە پەیوەست بەم پرسیارەوە ڕاڤەیەکى دیکە ئەنجام دەدات.
بەمەش پێدەچێت هەموو پنتە گرنگەکان ڕوونکرابێتنەوە. ئیبن ڕوشد ڕەوایەتیى بە فەلسەفە دا، ئەوە چە لە داواکارییە بنەماییەکەیەوە (“لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە”) و چە لە تاکە تێزەکانییەوە (“دژبێژیکردنی دژبێژیکردن”). لەمەبەدوا ئیبن ڕوشد ڕێپێدراوە بچێتە سەر لێهزرینە فەلسەفەییەکانى خۆى. وەلێ ئەوە لەو نووسینانەدا ڕوونادات کە تا ئێستا لێمان ڕوانین، بەڵکو لە ژانرێکى دیکەى تێکستدا، واتا: نووسینە پوختە فێرکارییەکان، پارافرازە ڕوونکەرەوە و شەرحەکان (کۆمێنتارەکان) کە لەبارەى کۆبەرهەمەکەى ئەڕیستۆتێلیس (هەروەها لەبارەى ڕێس پوبلیکا ى پلاتۆن و کارانى جیاوازى دیکەى ئەنتیکە) نووسینى.
ئیدی لە کۆتاییدا بەم نووسینانە هزرى سیستەماتیکانەى خودى ئیبن ڕوشد ئاوەڵا دەبێت. وەلێ مەبەستى ئەو لەم نووسینانەدا ئەوە نییە کە ڕوانگەی نوێ و چاوەڕواننەکراو پێشانی فەلسەفە بدات، بەڵکو دەیەوێت ڕێگەی ڕووەو ڕاستى بدۆزێتەوە. ڕاستی بە تێڕوانینى ئەو ناسراوە، چونکە پێشتر ئەڕیستۆتێلیس پەیڕەویی کردووە. ئاخر ئەوە ئەڕیستۆتێلیس بوو کە فێرى کردین لە سروشتى دەورى خۆمان تێبگەین و لە سروشتەوە دەرئەنجامگیریى بێهەڵە سەبارەت بە سەرجەمێتیی بوون ئەنجام بدەین. وەلێ ئەم توانستە درەنگتر لەدەستچوو، چونکە هزرڤانانى وەک ئیبن سینا فەلسەفەیان بە تیۆلۆگییەوە (و ئەڕیستۆتێلیزمیان بە نوێپلاتۆنیزمەوە) گرێ دا؛ ئەوان ئاستى بورهانییان تێکەڵ کرد بە ئاستەکانى دیالێکتیک و ڕەوانبێژى. هەر بەم شێوەیە فەلسەفە کۆهەڕێنسە (تەماسوکە) بنەڕەتییەکەى خۆى لەدەست دا و لێرەشەوە دەرفەت بۆ ڕەخنەگرانى وەک غەزالی ڕەخسا هێرش بکەنە سەرى.
ئیبن ڕوشد بۆ ئەوەى هەڵوێست لەدژى ئەو هێرشانە وەربگرێت، سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ ستاگیرییەکە (بۆ ئەڕیستۆتێلیس – و). ئەمە لە زۆر ڕەوشدا سەرئەنجامێکى ئەوتۆ دەهێنێت کە ئیبن روشد ئەو تێزە “نوێ”یانە کە فەیلەسوفانى پێش خۆى بەتایبەتى گۆڕانیان پێدابوون (بۆ نموونە جیاکردنەوەى کرۆک (ئێسێنس) و لێرەبوون (ئێکسیستێنس) لای ئیبن سینا، یان مۆدێلە گەردوونناسییەکەى فارابى بە خوداوە وەک هۆ لە ترۆپکدا) ڕەتدەکاتەوە و بە زانینوما “کلاسیکی”یە ئەڕیستۆتێلییەکان (واتا گەوهەرەکان وەک بەردى بناغەى بوون، خودا وەک هۆى بزووتن) جێیان دەگرێتەوە. سەرەڕاى ئەوە ئیبن ڕوشد هێشتا هەر ناتوانێت وا ئاسان فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس بنیاتبنێتەوە، ئەو خۆیشى ئەمە دەزانێت، چونکە لە دەربڕینەکانییەوە خویا دەبێت، کە ئەو زانیاریى تەواوى هەبوو سەبارەت بەو ڕاڤە جیاوازانە کە لەبارەی بەرهەمەکەى ستاگیرییەکە لە بەردەستدا بوون (ڕاڤەکانی ئەلێکساندەرى ئەفرۆدیسیاسی، تێمیستیۆس، سیمپلیکیۆس، یۆهانس فیلیپۆنۆس و هتد). کەواتە ئیبن ڕوشدیش لە لایەنى خۆیەوە ڕاڤەى ئەڕیستۆتێلیس ئەنجام دەدات. ئەو ئێستا دانوستانى ئەو کێشانە دەکات کە لە کۆبەرهەمەکەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دەکەونەوە، هەروەها بەراوردى ئەو ڕاڤانە دەکات کە پەیوەند بەو کێشانەوە گۆڕان پێدرابوون. بەم شێوەیە ئیبن ڕوشد بە خەریکبوونى بەویژدانانە لەتەک مۆدێلە ترادیسیۆنیەکانى چارەسەرکردندا دەگات بە ڕیزێک وەڵام کە لە بەرنامەڕێژییاندا تەواو نوێ و ڕەسەنن.
بۆ ئەوە تیۆریى زەین ناسراوترین نموونەیە و لە لێهزرینەکانى ئیبن ڕوشددا رۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت. وەلێ ئەو لێرەدا لە پێگەی زەینى چالاک ناهزرێت (ئەمە لاى ئیبن باجە و ئیبن توفەیل پێشینەیى بوو)، بەڵکو دەیەوێت باشتر دیاریی بکات کە داخۆ مەسەلەکە پەیوەند بە زەینى شیمانەییەوە / پۆتێنسیەلەوە (یان ماتەریەلەوە) چۆن بێت. زۆرینەى کۆنترین نووسەران بۆچوونێکى هاوشێوەیان لەبارەى زەینى شیمانەیی هەبوو. ئاخر چە کندى، چە فارابى و ئیبن سینا (هەروەها پاشەوارانیان) وایان دادەنا کە هەموو مرۆڤێک خاوەنی زەینێکى خۆیى شیمانەییە، تەنانەت کاراییەکى گرنگیان پێدابوو: زەینی شیمانەیی گەرەکە دەرفەتى بەختیاربوون بۆ تاکەکەس بڕەخسێنێت (بێگومان فارابى سنوورى بۆ دانابوو). ئاخر دەگۆترا، گەر مرۆڤ بۆى بلوێت مەئریفە بەدیبهێنێت، ئەوسا زەینى شیمانەیی خۆى ڕیالیزە (تەحقیق) دەکات و بەشی لە جیهانى هۆشەکیى ئەزەلیدا بەردەکەوێت.
ئیبن ڕوشد دژى ئەو تێڕوانینە دەوەستێتەوە. بە دیدى ئەو چەند هۆیەک هەن کە ئاماژە بۆ هەبوونی یەک زەینى گشتگیری (یونیڤێرساڵی) شیمانەیی دەدەن. ئێمە دەبێت لە لایەک ئاستگەلى تاکەکان (لێرە بەواتای ئاستەکانى تاکە مرۆڤ) و گشتێتى (لێرە بەواتای مەئریفەى هۆشەکى) لەیەک جیابکەینەوە. کاراییەکانی سەر بە تاکەکەس بەندن بە لێرەبوونى لەشەکى-دەرکییەوە و سەرجەمی ئەو کردانە کە پەیوەندییان بە شئورە دەرکییەکانمانەوە هەیە (وەک دەرککردن، یادوەرى، پێشبینى و هتد)، سەر بەوانن، بۆیە کاراییەکان لە لایەن دەروونێکى تاکەکەسییەوە کە لەتەک لەشدا لەناودەچێت، پێکەوە دەگونجێنرێن. وەلێ بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشد مەئریفەى هۆشەکى سەر بە کایەى تاکەکەس نییە، بەڵکو خۆی لە سەرووى هەموو ئەو سەرئەنجامانەوە دەبینێتەوە کە لە تاکە دەرککردنەکانەوە بەدیدەهێنرێن، ئەویش چونکە مەئریفەی هۆشەکی بە داماڵین (ئەبستراکسیۆن) لە سەرئەنجامەکان، تێگەیەک دەسازێنێت. وەلێ تێگە گشتییە و زانین لەمەڕ تێگە لاى سەرجەم مرۆڤان هەمان زانینە (بۆ نموونە یاسا ماتماتیکییەکان). لێرەوە ئیبن ڕوشد دەرئەنجامێنێت: دەبێت شوێنگەی (ئینستانسی) تایبەت بە ناسین لاى سەرجەم مرۆڤان هەمان شوێنگە بێت. هەروەها ئەرگومێنتێکى دی لە خودى زەینى شیمانەییەوە دەکەوێتەوە: زەینى شیمانەیی، پێش ئەوەى بهزرێت، توانستى پەتییە. ئیبن ڕوشد پێناسەى دەکات وەک: “بەشیمانەیى بریتییە لە سەرجەمی ئەو فۆرمە (هۆشەکی)یانە کە سەر بە فۆرمە گشتگیرە (یونیڤێرساڵە) ماتەریەلەکانن”. ئەو هەروەها جەخت دەکات: “پێش ئەوەى (زەینى شیمانەیی – و) لێیان (لە فۆرمە گشتگیرە ماتەریەلەکان – و) تێبگات، خۆى بوونەوەرێکی کردەکى نییە”. بێگومان زەینی شیمانەیی وەک توانست ناجەستەییە، هەروەها وەک توانست هەمیشە هەبووە. ئەمە هەروەها ئاماژەیە بۆ گریمانەکردنی یەک تاکە زەینى شیمانەیی کە ئەزەلییە و بە چالاکییە (فەلسەفەییە)کەی گەرەنتى بە نەمریى ڕەگەزى مرۆڤ دەدات – بێگومان نەک بە نەمریى تاکە مرۆڤ.

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە
————————-

پەراوێز
1) مەبەستى نووسەر پێشنیارەکەى ئیبن توفەیلە بۆ ئەوە کە پەرچەکردار بەرانبەر فەلسەفەى ئیبن سینا بنوێنرێت: ئیبن توفەیل نەیدەویست وەک غەزالى رەخنە لە فەلسەفەى ئیبن سینا بگرێت، ئەو هەروەها نەیدەویست وەک ئیبن باجە بگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەى فارابى، بە پێچەوانەوە ئیبن توفەیل لەو بڕوایەدا بوو کە دەشێت کۆتێزێک لە مەبەستەکانى ئیبن سینا و غەزالی چێبکریت بڕوانە: هەمان نووسەر: فەلسەفەی ئیسلامی. سەقامگیربوونی فەلسەفە لە ئیسپانیا. هەمان سایت.
2) “فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان”.
3) “أو لم ينظروا فى ملكوت السموات والارض وما خلق الله من شىء …” (بە كوردى لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “ئاخۆ ئەوان لە دامو دەزگای پڕ شکۆی عاسمانەکان و زەمین و هەرچی خوا دروستی کردوون، ڕا نەماون؟”. لای بورهان محەمەد یاسین، تەفسيرى ئاسان: “ئايا بۆ سەرنجيان نەداوە لەو هەموو دەسەڵاتە گەورەيەى خودا لە ئاسمانەكان و زەويدا و ئەو هەموو شتانەى كە خودا بەدیی هێناون؟”.
4) “ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ …”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “بە کارزانی و ئامۆژگاریی پەسند، مەردوم بەرەو ڕێگەی پەروەرندەت گازی بکە و بە چاکترین شێوە لەگەڵیان بدوێ.”
5) “الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “ئەو خودایەی لەسەر تەختی خۆی دامەزرا”.
6) دەربڕینە ئەرەبییەکە: “وهو الذى خلق السموت والارض فى ستة أيام و كان عرشه على الماء …”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “هەر ئەویشە کە ئاسمانان و زەمینی لە شەش ڕۆژدا دروست کرد و تەختی فەرمانڕەوایی ئەو لەسەر ئاو بوو …”.

سەرچاوە:
Ulrich Rudolph, Islamische Philosophie, München 2004

فەرهەنگۆک
ماتەری: (بە واتای وشە) کەرەسە.
پارافراز: دانەوەی تێکستێک بە وشەی خۆیی.
ڕێس پوبلیکا: کۆمار، ناونیشانە لاتینییەکەی دیالۆگی “پۆلیتێیا”ی پلاتۆنە کە بە ئەڵمانی وەرگێڕراوە بۆ “دەوڵەت”.
زەینى شیمانەیى / توانستەکی (پۆتێنسیەل) و زەینى کردەکی (ئەکتوێل): یەکەمیان توانستى سروشتیی مرۆڤە بۆ هزرین، فێربوون و هتد، کە تایبەتە بە سەرجەم مرۆڤان؛ دووەمیان ئەو زەینەیە کە لە شتە کەرەسەییەکانەوە (ماتەریەلەکانەوە) فۆرمەکانی کرۆکی گشتاندووە، واتا بە داماڵین لێیان تێگەیەکی گشتیی سازاندووە، هەروەها شارەزای هەر پرنسیپێکی زانستەکانە.




ئید و ئیگۆی فرۆید لە شیعرەکانی (دەیڵێم و بێباکم-ئەمن کوردم)ی ھێمن موکریانی.. توێژەر عبدالسلام ئسماعیل صادق

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




ڕیشەکانی فاشیزمی نوێ لە ئیسرائیل.. نادر عەبدولحەمید

  1. پەرچەکردار یان پاکتاوسازی
    ئەم وەحشی گەڕی و کوشتوبڕییەی کە (ناتانیاهۆ) دەستی داوەتێ دژ بە هاوڵاتیانی فەلەستینی لە (کەرتی غەززە)، ناتوانرێت بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە کە ئەوە پەرچەکردارێکە بەڕووی کردە تیرۆریستانەکەی (حەماس) لە (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)دا، و تەنها بۆ “بنەبڕکردنی حەماس و تیرۆر” بێت، چونکە کوشتنی هەڕەمەکی دانیشتوان و کاولکاری شارەکان و وێرانکردنی کێڵگە کشتوکاڵیـیەکان و ڕێگاوبانەکان و هەڵتەکاندنی ژێرخانی شارستانی لە (کەرتی غەززە) واوەترە لە پەرچەکردار، ئیتر ئەمە پیادەکردنی سیاسەتێکی فاشیستی ڕەگەزپەرستانەی پاکتاوسازی قەومیـیە [ethnic cleansing policy] بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و ڕێکخراو و ئاگاهانە لە لایەن (ناتانیاهۆ) و باڵی ڕاستڕەو و فاشیستی سەهیۆنیزمەوە، بە مەبەستی ناچارکردنی فەلەستینیەکان بە کۆچی زۆرەملێ و دەستبەسەراگرتنی سوپای داگیرکەری ئیسرائیل بەسەر ئەم کەرتە و پاشان تەواوی خاکی فەلەستیندا.
    ئەمە و وەک بەشێک لەو سیاسەتە لە (کەنارەی ڕۆژاوا)ی فەلەستینیش کەوتۆتە ڕەشەکوژی و دەستی سوپا و چەکدارانی تاقمە جووە شۆفێنیستەکانی ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ دەستدرێژی و ئەنجامدانی تاوان دەرحەق بە دانیشتوانی فەلەستینی و پەرەپێدانی سیاسەتی دەستبەسەراگرتنی هەرچی زۆرتری زەویوزاری فەلەستینیەکان و دامەزراندنی شارۆچکەی جوولەکەنیشین (الإستيطان) لەسەریان، بەڕاددەیەک کە لەسەدا چل و دوو (٤٢%) خاکی فەلەستینی گرتۆتەوە و وای کردووە (کەنارەی ڕۆژاوا) بۆتە چەند پارچە زەوییەکی لێک دابڕاو لە ڕێگەی ئەو شارۆچکە جوونشینانەوە کە لەملاولایەوە دامەزرێندراون، بەمەش هەلی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لەڕووی عەمەلییەوە لەباربردووە.
    ئەوەی کە پەرلەمانی ئیسرائیل (ناسراو بە کەنیسەی ئیسرائیلی) لە (١٨-٧-٢٠٢٤)دا، بە پڕۆژە یاسایەک بڕیاریدا هەرگیز دان نانێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینیدا! ئەمە خۆی گوزارش لەوە دەدکات کە بەکردەوە و لەسەر زەوی ئەم هەلەی لەباربردووە، ئینجا دێت لە ڕووی یاساییشەوە لەناو پەرلەماندا مۆرێکی لێ دەدات.
  2. پاکتاوسازی لە دوو قۆناغی مێژوویی جیاوازدا
    فەلەستینیـیەکان لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کەوتنەبەر پەلاماری پاکتاوسازی و کۆچاندنی زۆرەمێلێیی و دەرپەڕاندن لە نیشتیمانی خۆیان، هەروەک دەبینین ئەمڕۆکە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمیشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.
    بەڵام ئەو دوو پاکتاوسازی و زوڵم و زۆرییە دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین، لەڕووی بنەمای مادیـیانەوە جیاوازن لە یەکتری.
    A. ناوەڕۆکی پاکتاوسازی یەکەم
    ئەو حاڵەتەی سەرەتای سەدەی بیستەم ڕێک لەو حاڵەتە دەچێت کە سەرمایەداری لە ئەوروپا لە سەرهەڵدان و پەرەسەندی خۆیدا لە سەدەکانی (١٦ و١٧ و ١٨) بگرە تا (١٩)ش کەوتە قەلاچۆکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکای باکور و ئەمریکای لاتینی و ئوسترالیا و چەند شوێنێکی ئەفریقیا و خۆیان تیایدا نیشتەجێ بوون و ئاوەدانیان کردەوە و شارستانی سەرمایەداری و دەوڵەتی دیموکراتی جینۆسایدکەریان تێدا دامەزراند، جا ئەم قەلاچۆکاریی و دەرپەڕاندنە زۆرە ملێیەی خەڵکی فەلەستینی کە لەسەرەتای سەدەی بیستەوە دەستی پێکرد و لە (١٩٤٨)دا گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی کە بە (نەکبە) ناسراوە، دروست وەک قەلاچۆکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا و ئوسترالیا وابوو، کە لە ڕێگەی جینۆسایدکردن و دەرپەڕاندنی فەلەستینیەکانەوە دەوڵەتێکی سەرمایەداری ئیسرائیلی لەسەر خاکەکەیان دروستکرا کە بە دیموکراسیانە و هەڵبژاردنی ئازادانەی پەرلەمانییەوە بەڕێوەدەچێت و بەشێوەیەکی دیموکراسیانە قەلاچۆی فەلەستینیەکان دەکات، ئەمە خۆی بەشێکیش بوو لە سیاسەتی ئیمپریالیستی بریتانیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی خۆی.
    B. ناوەڕۆکی پاکتاوسازی دووەم
    بەڵام بە کۆتایی هاتنی سەردەمی (جەنگی سارد) و سەرکەوتنی لیبرالیزمی نوێ و بێ بەهاکردنی ئایدیا و ئاسۆ یەکسانیخواز و پێشکەوتووخوازەکان و چوونەدواوەی بزووتنەوە چەپەکان لەسەر ئاستی جیهانی، و تێکشکانی ناسیونالیزمی عەرەبی و هاتنەئارای ئیسلامی سیاسی، هاوکاتی ئەمانەش گەشە و پەرەسەندنێکی بەرچاوی سەرمایەداری لە ئیسرائیل، زەمینەیان خۆشکرد بۆ پەرەسەندنی ڕاستڕەوی لە کایەی سیاسی ناو ئیسرائیل و سەرهەڵدانی فاشیزمێکی نوێ لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکی ئەو دەوڵەتەدا.
    ئەم ڕاستڕەوییە لە پەرەسەندنی خۆیدا دەسەڵاتی گرتەدەست و کەوتە پیادەکردنی پلان و نەخشە فاشیستەکانی، جا ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەم جینۆسایدە و ئەو وەحشیگەرییەی کە دەینینی دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین دەکرێت بەرهەمی ئەم ڕاستڕەوی و فاشیزمە نوێیەی ئیسرائیلە کە پایەکانی لەسەر زەمینەیەکی مێژوویی وەرچەرخانی ڕاستڕەوانەی جیهان لەسەردەستی نیولیبرالیزم و پەرەسەندن و گەشەێکی گەورەی سەرمایەداری ئیسرائیل وەستاوە.
    بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، ئایدیۆلۆژیای زایۆنیزم و چیرۆکە مێژوویی و ئایینیە پڕوپوچەکانیش وەک سەرپۆشێک بەکار دەهێنێت بۆ پاکانەی تاوانەکانی خۆی و پەرەپێدانی هەرچی زیاتریش بەو تاوانانە، بەڵام ئەمە ڕواڵەتی بابەتەکەیە. ئەم قەوارەیە چۆن و لە چ پڕۆسەیەکی مێژووییدا دروستکرابێت و کرابێت بە دەوڵەتی ئیسرائیل، ئێستا پاش تێپەڕینی زیاتر لە نیو سەدە لەسەر قاچەکانی خۆی وەستاوە و بەپێی میکانیزم و یاسا ئابوورییەکانی خۆی، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، بۆیە لە ناوەڕۆکدا ئەوە گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەیە کە پاڵ دەنێت بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتی ئیمپریالیستییانە و فراوانخوازیانەی داگیرکارییانە (ئیستیعمارییانە) و پیادەکردنی تاوانی پاکتاوسازی و کوشتوبڕی وەحشیگەرییانە بۆ دەستبەسەراگرتنی تەواوی خاکی فەلەستین لە کەشوهەوایەکی ڕاستڕەوانەی نیولیبرالیزمی خنکێنەری فکری و سیاسی جیهانیدا.
  3. پایەی دووەمی نیو-فاشیزم لە ئیسرائیل
    پایەیەکی تری ئەم نیو-فاشیزمە لە ئیسرائیل کە تەواوکەری پایەکەی تریەتی لە پاکتاوسازی و دەرپەڕاندن و فراوانخوازی ئیمپریالیستانە، بریتیـیە لە پاشەکشەپێکردنی چەپی ناو ئیسرائیل و چینی کرێکار و ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان، و ئاوەڵاکردنەوەی دەستی کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئایینییە توندڕەوکانی جوو لەناو کۆمەڵگەدا و ئیمتیاز پێدانیان، جا بەبێ داسەپاندنی ئەم پاشەکشەیە بەسەر چەپ و کرێکاردا لەناو ئیسرائیل، ئەستەم بوو ئەم هەموو وەحشیگەری و تاوانە دەرحەق بە ئینسانیەت ئاوا بێ پەردە بەربەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانەوە پیادە بکرێت.
    بەم پێیە، گەرچی کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و سەرکەوتنی نیولیبرالیزم بووە هۆی کۆتاییهاتنی زۆرێک لە کێشە و گرێوگۆڵە لەچارنەهاتووەکانی جیهان، لەوانە چارەسەری ئیمپریالیستانە بۆ کۆتایی پێهێنانی ڕەگەزپەرستی لە وڵاتی (ئەفریقای باشوور)، بەڵام ئەم سەرکەوتنە جیهانییەی نیولیبرالیزم نەک هەر کۆتایی نەهێنا بە کێشەی فەلەستین لە ڕێگەی چارەسەری ئیمپریالیستانەی (پەیمانی ئۆسلۆ ١٩٩٢)ەوە، بەڵکو بووە هێندەی تر توندوتوتیژکردنەوەی ئەو کێشەیە و داخستنی دەریچەی چارەسەری نێودەوڵەتیی بورژوازیانەش بەپێی بڕیارنامەی “نەتەوە یەکگرتووەکان” کە چارەسەری دابەشکردنی خاکی فەلەستین بوو بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل.
  4. پێچەوانەبوونەوەی هاوکێشەی پاکتاوسازی جوولەکە بۆ پاکتاوسازی فەلەستینی
    بزووتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی لەسەرەتای سەرەی بیستەوە تا ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆتاییهاتنی جەنگی سەرد؛ لەناو فەلەستین و لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا، بە چەپ و ڕاستیانەوە، بە ئیسلامی و عەلمانیانەوە، لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هەبوونی (دەوڵەتی ئیسرائیل)، بە چەمکی ئەوان (قەوارەی زایۆنیستی-الكيان الصهيوني) لەسەر خاکی فەلەستین ڕەت بکەنەوە.
    باڵی ڕاستڕەوی کۆنەپەرست و شۆفێنیست و ڕەگەزپەرستی ناسیونالیزمی عەرەب بانگەوازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبی دەکرد لە فەلەستین کە هەڵسێت بە پاکتاوسازی و گەسک لێدانی (جوو)ەکان و دەرپەڕاندنیان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ڕێگەی کۆچەوە لەسەرەتای سەدەی بیستەوە هاتبوون و نیشتەجێکرابوون لە فەلەستین.
    هەرچی باڵی چەپ و عەلمانی ناسیونالیزمی عەرەب بوو لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبیدا بوو کە مافی (جوو)ەکان وەک هاوڵاتی لەناو ئەو دەوڵەتە عەرەبییەدا بەپێی یاسا بپارێزێت.
    ئەم ڕێبازەی دوایی نزیکایەتییەکی هەبوو لە ڕێبازێک کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی بوو لەسەر بنەمای هاوڵاتی (بەمانایەک غەیرە قەومی و غەیرە دینی) بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی کە لەسەر ئەو خاکە (فەلەستین) دەژین. ئەو سەردەمانە لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دەووەم (حزبی شیوعی لە فەلەستین) و ڕێکخراوەی تری سۆشیالیستی و مارکسیستی پێکهاتوو لە کەسانی چەپی جوولەکە کە لە ئەوروپاوە هاتبوون بۆ فەلەستین و لەگەڵ ئەم چارەسەرەدا بوون.
    کێشمەکێشی ناسیونالیزمی عەرەب و زایۆنیزم (وەک ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەی ناسیونالیستی جوولەکە و قەوارەکەی لەسەر خاکی فەلەستین واتا دەوڵەتی ئیسڕائیل) لە ڕەوەندێکی مێژووییدا لەبەرژەوەندی ناسیونالیزمی جوولەکە و بەزیانی ناسیونالیزمی عەرەب تەواو بوو.
    لەو فاکتانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لەو مەیدانەدا؛ ڕووبەڕوو بوونەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی عەرەبی بوو لەگەڵ قەیرانەکانی پەرەسەندنی سەرمایەداری ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەسەڵاتدار بوو، لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوخۆ و دۆڕان لە چەند جەنگێکدا دژ بە ئیسڕائیل، و گەشەی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی ئیمپریالیزم، و باروودۆخی ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان کە سەری کێشا بۆ کۆتایی جەنگی سارد و داڕمانی بلۆکی سۆڤیەت کە پشتیوانی ناسیونالیزمی عەرەب و دەوڵەتەکانی بوو، بەڵێ گشت ئەم فاکتانە ڕۆڵیان گێڕا لە گۆڕینی تەرازووی هێز لەبەرژەوەندی باڵادەستی ئیسڕائیل، و ناسیونالیزمی عەرەبیش ناچار هەموو هەوڵ و تەقەلای هاتەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل ڕازی بکات بە بڕیاری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ چارەسەری (دوو دەوڵەتی) لەسەر خاکی فەلەستین و دەستهەڵگرێت لە پاکتاوسازی فەلەستینیەکان. ئەمەش بەپلەی یەکەم لەترسی ئەوەی کە مەسەلەی فەلەستین بۆتە بەشێک لە ویژدانی جەماوەری ئازادیخواز و ئینساندۆست، نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەسەراسەری جیهانیشدا، بۆیە بورژوا فەرمانڕەوای هەر وڵاتێک ناچارە بە ڕواڵەتیش بێت خۆی بەلایەنگری دۆسیەی فەلەستین دابنێت.
    ئەوەی کە ناسیونالیزمی عەرەبی، بەتایبەت باڵی شۆفێنیست و ڕەگەزپەرستەکەی، بەتەمای پاکتاوسازی جوولەکە بوو، لە ئێستادا پێچەوانە بۆتەوە بۆ هەوڵدانێک کە هەرچۆنێک بێت بەربگیرێت بە پاکتاوسازی فەلەستینیەکان لە لایەن ناسیونالیزمی نیو-فاشیزمی ئیسڕائیلیـیەوە.
  5. چارەسەری ڕیشەیی
    بەر لە باسکردن لە هەر جۆرە چارەسەرییەک، پێویستە دەستبەجێ ئەم شەڕەی (ناتانیاهۆ) و نیو-فاشیزمی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین بووەستێندرێت، ئەمە جەنگی نێوان گروپێکی تیرۆریست و دەوڵەتی ئیسڕائیل نییە، ئەمە جەنگی دەوڵەتێکی تیرۆریستە دژ بەگەلێک بەبیانووی دژایەتی گروپێکی چەکداری تیرۆریستی ئیسلامی وەک (حەماس)، کە وجودی ئەم گرووپە و چەندین گرووپی تیرۆریستی تریش بەرهەمی خودی ئەو دەوڵەتە تیرۆریست و ڕەگەزپەرستەی ئیسڕائیلن.
    ئەگەر بڕیارە کۆتایی بهێندرێت بە گرووپە تیرۆریستەکان و بە کاری تیرۆریستی دژ بە خەڵکی سیڤلی ناو ئیسڕائیل، و ئەم خەڵکە بە ئاشتی و ئارامی بژین، ئەوا پێویستە سەرچاوەی سەرهەڵدانی تیرۆر و ئەم گرووپە تیرۆریستانە بنەبڕ بکرێت، کە ئەویش بنەبڕکردنی ڕەگەزپەرستی ئایینی و نیو-فاشیزمی قەومییە لە پەیکەرە و پێکهاتەی (ستڕاکچەری) دەوڵەتی ئیسڕائیلدا.
    دەوڵەتێک ئامێری جەنگ و پاکتاوسازی و ئاگربەردانە ماڵ و گیانی خەڵکی فەلەستینی بێت بەدڵنیاییەوە پڕیشکی ئاگری تیرۆریزمیش لێرەولەوێ بەر خەڵكی سیڤل و بێ تاوانی ناو ئیسڕائیلیش دەکەوێت و ئەم خەڵکە هەرگیز ناتوانێ بە ئارامی و بەئاشتی بژیت. ئەمڕۆ ئەم خەڵکە بە پلەی یەکەم گیرۆدەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و نیوفاشیستی ئیسڕائیلن، کە هەتا ئامادەیە بۆ پیادەکردنی سیاسەتە فاشیستەکانی تەواوی ئەو کەسانەی کە هاوڵاتی ئیسڕائیلین و بە بارمتە گیراون لەلایەن (حەماس)ەوە لە هەڵمەتی تیرۆریستانەی (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)دا، بیانکاتە قوربانی و نایەوێت سازش و دانوسان بکات بۆ بەردانیان.
    ڕواڵەتی مەسەلەکە لایەک وا دێتەبەرچاو کە ئەوە خەڵکی ئیسڕائیلە گیریانخواردووە بەدەست تیرۆریزمی (حەماس) و ڕەوتە تیرۆریستەکانی تری ئیسلامی سیاسییەوە و دەوڵەتی ئیسرائیل دەیانپارێزێت!، وە لەلایەکەی تریشەوە وا دێتەبەرچاو کە ئەوە (حەماس)ە خەبات دەکات بۆ ڕزگاری فەلەستین و بەرگری لە ماف و ئازادی خەڵکی فەلەستین، بەڵام لە جەوهەردا پێچەوانەی هەردوو ئەو هاوکێشە دروستە.
    بە واقعی خەڵکی ئیسڕائیل گیرۆدەی دەستی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و نیوفاشیستەکەی خۆیەتی کە بۆتە سەرچاوەی دروستبوون و سەرهەڵدان و گەشەی ڕەوت و گرووپە تیرۆریستەکان تا بکەونە گیان خەڵکی سیڤلی ئیسڕائیل، وە ئەوە خەڵکی فەلەستینیشە کە گیریخواردووە هەم بەدەست ڕێگەچارەی ئیمپریالیستانەی (ئۆسلۆی ١٩٩٢)ی بە بنبەستگەیشتووی (فەتح -ڕێکخراوی ڕزگاری فەلەستین) و هەم ڕێگەچارەی ئیسلامی سیاسی تیرۆریست و فاشیست لە چەشنی (حەماس) و (جیهادی ئیسلامی) و بە پشتیشیانەوە جمهوری ئیسلامی ئێران و دارودەستەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
    ئەمڕۆ هەتا بۆ گرتنەبەری ڕێگە چارەیەکی عەمەلی بۆرژوازیانەی نێودەوڵەتی کە بیەوێت بەپێی بڕیاری (نەتەوە یەکگرتووەکان) ئەم کێشەیە کۆتایی پێ بهێنێت و دوو دەوڵەت لەسەر خاکی فەلەستین دابمەزرێت و هەردوو لا دان بە یەکتریدا بنێن و وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ بە ئاشتی پێکەوە بژین، هەتا بۆ ئەم ڕێگە چارەش پێویست دەکات کە هاوسەنگی هێز هەم لەناوخۆی ئیسرائیل و هەم لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا لە دژی ڕاستڕەوی و فاشیزمی قەومی و دینی هەردوولای ئیسرائیلی و فەلەستینی و لەبەرژەوەندی ڕەوتی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی هەردوولا بگۆڕدرێت.
    ئەمەش کارێک نییە بە تەنهایی لەناوخۆی ئیسڕائیل و لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا ئەنجام بدرێت، چونکە کێشەی فەلەستین کێشەیەکی نەتەوەیی ناوخۆی دەوڵەتێک نییە، و کێشەیەکی نەک هەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بگرە جیهانیشە و یەکێکە لە گرێوگۆڵەکانی سیاسەتی جیهانی.
    بۆیە هەروەک چۆن کێشمەکێشەکانی جیهانی دوو قوتبی لایەک کۆمەگی کرد بە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیزم و ناسیونالیزمی عەرەبی ناکۆک بە بەرژەوەندیی وڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا، وە ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت و سەرکەوتنی نیولیبرالیزمیش بووە زەمینەخۆشکەر بۆ مەیدانداری ڕەوتی ڕاستڕەو گەشەی نیوفاشیزم لەناو ئیسڕائیلدا، ئاواش هەر گۆڕانکارییەکی جیهانی لە تەرازووی هێزی نێوان بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر بزووتنەوە و ڕەوتە کۆنەپەرست و ڕاستڕەوە فاشیستەکانی قەومی و دینی، وە بەگشتی گۆڕانی هاوسەنگی هێزی نێوان چینی کرێکار و دەسەڵاتە بورژواکان، کۆمەگی دەکات بە گۆڕینی تەرازووی هێز هەم لەناوخۆی ئیسرائیل و هەم لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا.
    بەم پێیە ڕێگەی ڕزگاری هەردوو گەلی فەلەستین و ئیسڕائیل، ڕێگەی کۆتاییهێنان بە وەحشیگەری نیوفاشیزمی ئیسڕائیلی و تیرۆری ئیسلامی سیاسی و چارەسەری کێشەی فەلەستین بەشێوەیەکی ڕیشەیی، هەمان ڕێگەی ئەنجامدانی ئەو ئەرکە بنەڕەتیانەیە کە لە دەستوری کاری کۆمۆنیزمدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانە لەناو ئیسڕائیل و فەلەستیندا، لە عێڕاق و کوردستانەکەیدا، کە ئەویش ڕێگەی ڕێکخراوکردنی چینی کرێکار و حزبیەت بەخشینە بە کۆمۆنیزم لە دەرونی ئەو چینە و هێنانەمەیدانی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی کرێکاری بەهێز و هەنگاونانە بۆ هێنانەدی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
    بەڵام دەستبەکاربوون بۆ گوڕبەخشین بە سەروساماندانی ئەم ئەرکە نەک هەر دەستوپێگیر نییە بۆ بەشداری کۆمۆنیستەکان و ڕێکخراوە جەماوەری و کرێکارییەکان لەناو هەر کەمپین و چالاکییەکدا کە لە ئێستادا لەئارادایە بۆ دژایەتی کردن و پوچەڵکردنەوەی سیاسەتەکانی (ناتانیاهۆ) و فاشیزمی ئیسڕائیلی بۆ درێژەدانیان بەم جەنگە و پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و پاکتاوکردنی فەلەستینیەکان، بەڵکو پێویستە دەستپێشکەر و ڕابەرییش بن لەو خەباتە ڕۆژانەییانەدا.

    سێپتێمبەری 2024




ئامانجی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات شایەتی گرژیو ئاڵۆزیەکی زۆرە، وە هاوکاتە لەگەڵ زۆرێک لە گرژیە ناوچەییەکان، بە تایبەتی بەردەوامی ئاڵۆزی شەڕو کوشتاری بە کۆمەڵی دانیشتوانی غەززەو ناکارامەیی ئێران لە وەڵام بە ئیسرائیل و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی تورکیا وەک ڕکابەرێکی ئێران لە عێراقدا، لە هەمانکاتدا لەبەرامبەر واقعیەتی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەدەخاڵەتی وڵاتانی زلهێزی دنیاو ململانێی نێوانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبینی دەکرێت، لەم بارەیەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵئەدات جێگایەک بۆ ئێران دیاری بکات.
هەڵبژاردەی پزیشکیان لەسەردانی بۆ عێراق، وەک دەرکەوتەی بەردەوامی تەرکیزی سیاسەتی ئێرانە، لەسەر زیاتر چەسپاندنی نفوزو دەخاڵەتی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ، کە لە ڕووی ئابووری و دارایی و باڵادەستی سەربازی لە ناوچەکەدا بۆ ئێران، عێراق بۆتە بوارێکی پربایەخ و گرنگ، لەهەمانکاتدا بووەتە مەیدانێک بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی و یەکلایکردنەوەی بەرکەوتەکانی لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیدا، هەروەها بۆ بردنە پێشەوەی دەورو کاریگەریەکانی لە ناوچەکەدا.
بەتایبەتی کە عێراق لەم دەورانەدا جێگایەکی تایبەتی بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان تەرخانکردوە، ئەم پڕۆژەیە زیاتر پێگەی تورکیا لە عێراق دەباتە پێشەوە، بەڵام تائێستا جێگایەک لەم پڕۆژەیەدا بۆ ئێران دیاری نەکراوە، ئەمەش خاڵێکی گرنگی سەردانەکەی پزیشکیانە بۆ عێراق. پزیشکیان ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ سودانی لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی درێژخایەن گفتوگۆیان کردووە کە دەبنە هۆی هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو وڵات.
هەوڵەکانی حکومەتی پزیشکیان بۆ پاراستنی عێراق وەک دەرچەیەکی ئابووری بۆ ئێران و دەرچەیەک بۆ خۆدزینەوە لەو سزا توندانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەوەش جێگیرکردنی ئەو ڕێچکەیەی کە سەرکەوتو بێت لە بەرامبەر، ڕکابەری و دەخاڵەتی وڵاتانی زلهێزی دنیا لە ناوچەکەدا و پێگەی زیاتری لە عێراقدا بسەپێنێت، لە هەمانکاتدا فرسەتی ڕوبەڕوبونەی بزووتنەوە چەکدارەکانی ئۆپۆزسێۆنی ڕژێمەکەی فراوانترو مسۆگەرتر بکات.
دوای ئەوەی پزیشکیان لە لایەن سودانیەوە پێشوازی لێکرا، پزیشکیان چووە شوێنی کوشتنی سولەیمانی و ئەلموهەندیس، لەوێ تاجە گوڵینەی لە شوێنەکە داناو مۆرێکی تاوانبارکردنی ئەمریکای بۆ ئەو ڕووداوە بەرجەستەکردەوە.
یەکەم ڕۆژی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق شایەتحاڵی چوار یاداشت بو، کە لە بوارەکانی پەروەردە، ڕاگەیاندن، پەیوەندیەکان، کشتوکاڵ و ناوچە ئازادەکان واژۆکران.
سودانی ئەم یاداشتانەی شانبەشانی یاداشتەکانی کە پێشتر واژۆکراوە وەسف کرد، جەختی لەوە کردەوە کە “هەرچەندە ئەم هاوبەشیانە زیاتر فراوانتر بن، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاستی سەقامگیری ناوچەکە دەبێت”!.
سەرۆکی ئێران بەڵێنیدا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گۆشەگیری نێودەوڵەتی ئێران و کەمکردنەوەی کاریگەری گەمارۆکانی ڕۆژئاوا، لەسەر ئابووری کۆماری ئیسلامی ئەولەویەت بدات بە پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، ئەمەش ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ئێران و عێراق پێویستیان بە بازاڕی یەکترە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان تەنانەت لە بواری وزەشدا.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، قەبارەی بازرگانی نانەوتی نێوان ئێران و عێراق نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بووە لە نێوان مانگی ئازاری 2024 تا تەمووزی 2024.
هەروەها ئێران ڕۆژانە ملیۆنان مەتر سێجا گاز هەناردەی عێراق دەکات بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا. عێراق پاشەکەوتی هەیە لە پێدانی ئەو هاوردەکردنانە، کە لەسەدا ٣٠ی پێداویستیەکانی کارەبا دەگرێتەوە، کە دەکاتە ملیارەها دۆلار.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023، هەردوو وڵات پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بەسرە- شەلەمچەیان دەستپێکرد، ئەو هێڵەی کە شارە گەورە کەناریەکانی باشووری عێراقیان بە دەروازەی سنووری شەلەمچە دەبەستێتەوە، کە مەودای زیاتر لە 32 کیلۆمەتر دەبێت.
سودانی هەوڵدەدات هاوسەنگیەکی گونجاو لە نێوان پەیوەندیە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێران لە لایەک و پەیوەندیە ستراتیژیەکان لەگەڵ ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە بپارێزێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش کە لەگەڵ پزیشکیان بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: “بەغدا و تاران ڕەتیدەکەنەوە ململانێی بەردەوامی غەززە بەرفراوان بکەن”.
هەروەها “هەڵوێستی پرەنسیپی، دەستووری و یاسایی حکومەتەکەی دووپاتکردەوە کە ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات دەستدرێژی، کردەوەی چەکداری، یان هەڕەشەیەکی سنووربەزێن لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای خاکی عێراق ئەنجام بدات”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی هاوکاریە ئەمنیەکانی نێوان هەردوو لایان لە ڕوبەڕوبونەوەی بزووتنەوە چەکداریەکانی دژبە ڕێژیمی ئێران کە دەیان ساڵە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن.
بەڵام ئەوەی کە زیاتر پێویستە جێگای سەرنجمان بێت، هەڵبژاردنی پزیشکیان بۆ یەکەم سەفەری دەرەکی دوای دەستبەکاربوونی بۆ عێراق، لەخۆوە نەهاتە ئاراوە، هەروەها پاڵنەری پەیوەندیە جیاجیاکانی نێوان هەردوو وڵاتیش نەبووە، بەڵکو مەبەستێکی تایبەتی ترە، کە دوای ئەم سەردانە بۆ عیراق، سەرۆکی ئێران بەرەو نیویۆرک دەڕوات، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ و جدیە بۆ ئەوەی عێراق یەکەم شوێنی مەبەستی پزیشکیان بێت، تا جەخت لەسەر گرنگی جیۆپۆلەتیکی عێراق بکاتەوە بۆ ئێران، تا پێگەیەکی بەرزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان نیشان بدات. ئەوەی ڕاستی بێت زۆربەی ئەو نوسەرانەی دەربارەی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق لێکؤلێنەوەیان لەسەرکردوە، هەریەک لای خۆیەوە خاڵی گرنگیان ئاماژە پێداوە، بەڵام ئەو ئامادەکاریانەی کە پزیشکیان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی بۆئەدەن، تا ئێران لە نیۆرک و نەتەوە یەکگرتوەکان بەدەستکەوتەوە ڕاوەستێت، سەرنجیان نەچۆتە سەری.
بەشێکی دیکە لە سەردانەکەی بۆ عێراق دوای ئەوە هات کە بەغدا لە ڕێگەی ڕاوێژکاری ئەمنی سودانی، گفتوگۆیان لەگەڵ واشنتۆن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندوە، ئەمەش پەیامێکە بۆ واشنتۆن کە تاران ویستویەتی لە ڕێگەی سەردانەکەیەوە بیگەیەنێت. واتە پەیامەکە ئەوەیە کە ئێران لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا، هەوڵئەدات ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە، واتە دەخاڵەت و پەیوەندی لەگەڵ عێراق لە پێشینەی کارەکانی دەبێت و سەردانەکەشی گوزارشت لەو ئاراستەیە دەکات.
بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین کە پەیوەستە بە واقیعی ئەمنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چاوەڕوانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ناکرێت، ، چونکە ئەمریکا ئامادە نیە لە عێراق بکشێتەوە، هەروەها ئامادە نییە دەرفەت بە تاران بدات تا زیاتر بچێتە ناو عێراقەوە. “ئەمە قسەی ئەمریکیەکانە”.
هەڵبەتە تورکیاش لایەنێکی زلهێزی ناوچەییە و وەک ڕکابەرێکی ئێران مەیدانەکە چۆڵ ناکات، لە هەمان ململانێ و پەیوەندیە جیهانیەکاندا یاری دەکات.
لەلایەکی دیکەوە سەردانەکەی پزیشکیان لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاردایە سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، بە پێی ئەو زانیاریانەی لەسەر پەیوەندی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دزەپێکراوە، چڕبونەوەی ناکۆکی نێوان بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانیدایە، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمەش لە ئێستادا لە بەرژەوەندی تاران نابێت، بۆیە بەشێک لەبەرنامەی سەردانەکە، کۆبونەوەیە لەگەڵ سەرکردەکانی بلۆکە سیاسیەکان، هەڵبەتە سەردانەکە زیاتر بۆ جێخستن و پشتیوانیکردنە لە هەڵوێستی ئەو لایەنانەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە نزیکن لە ئێرانەوە. ئەوەش ئاشکرایە کە سودانی زۆر لە ئێران نزیک نەبووەتەوە، زیاتر هەوڵیداوە مەودای نێوان بەغدا و تاران بپارێزێت، لە هەمان کاتدا لە هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی بەغدایە لە گەڵ ئەنقەرەو و تاران و واشنتن، ئەم ئاراستەیەش هەمیشە جێگای نیگەرانی ئێرانە کە ناتوانێ باڵادەستی تەواو بەسەر عێراقدا دابین بکات، لە هەمان کاتدا ئێران ناشتوانێ بەئاسانی پەرچەکرداری خۆی لەو سیاسەتانەی سودانی عەمەلی کاتەوە، چونکە ئاشکرایە کە ئەمریکا و تورکیا پشتیوانی لەو سیاسەتانەی سودانی دەکەن کەلە بەرژەوەندی خۆیانە.
لایەنێکی گرنگی ترلە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، جەختکردنە لەسەر دیداری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، واتە دادوەر “فایق زەیدان”، بۆیە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئاخۆمەبەست لە کۆبوونەوەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران چییە؟ پزیشکیان لە ڕێگەی ئەم کۆبونەوەیەوە دەیەوێت چی بگەیەنێت؟ لەژێر ڕۆشنایی ئەو تۆمەتانەی کە ئەمریکا زەیدان بەوە تاوانبار دەکات لەڕێگەی دادگاوە هاوسۆزی لەگەڵ ئێران کردوە، چونکە پێشتر واشنتۆن لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا پرۆژەیەکی پێشنیار کرد بۆ سزادانی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی عێراق بە تۆمەتی ئەوەی “دڵسۆزی” و خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی ئێرانیان لە عێراق کردوە، واپێدەچێت ئەم پڕۆژەیەی ئەمریکا زیدانی لە سەروی لیستی ئەو ئامانجی سزادانەدا دانابێت، ئەمەش مەترسیە بۆ سەر سنوردارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا. کە دەیەوێت باڵادەستی خۆی بەسەر تەوای دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری مسۆگەر بکات.
سەبارەت بە مەلەفی سیاسی و پەیوەندیەکانی ئێران لەگەڵ جیهان، ڕێبازی چاکسازی کە سەرۆک کۆماری ئێران دەیەوێت پەیڕەوی بکات، ڕەنگدانەوەی هەوڵی نیشاندانی باشترکردنی وێنەی ئێرانە، لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی زیاتر لەگەڵ وڵاتاندا، کەهەنگاوە بۆ بەشداریکردنی داڕشتنی ستراتیژیەکانی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بەڵام لەلایەک بەرجەستەکردنەوەی ئاراستەی چۆنیەتی دەخاڵەتی لە عێراق و پشتیوانی لە ‌هێزە میلیشیاکان لەناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە چڕ بونەوەی زیاتری کێشە ناوخۆیەکانی لە قەیرانی ئابوری و سیاسی،هەروەها بونی ناڕەزایەتیەکی فراوانی جەماوەریە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەش شایەتی پێشبینی بارگرژی و ئاڵۆزی زیاتر و ئایندەیەکی نا جێگیری سیاسی و قەیرانی گەورەترە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا.
پزیشکیان چۆن دەتوانێ شێوازی حکومەتەکەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت؟، ئەمەش ئەو پرسیارەیە کە ئەتوانین بڵێین بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی سێدارەو شیعەگەرا کام جۆرە لە سەرکەوتن بەدەسەت دەهێنێت؟.




گفتوگۆ لەگەڵ خۆشنووس عەلی ئەڵوەنی.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند عەلی ئەڵوەنی: خۆشنووسی وەكو ئەشقێكە بۆمن سەبووریەك و ئارامیەك بە ناخم دەبەخشێت
هونەرمەند عەلی ئەڵوەنی: جیاوازی هونەری خۆشنووسی لەگەڵ هونەرەكاتی تر ئەوە كە نابێت زۆر لە یاسا و ڕێساكانی دەربچیت
هونەرمەند (عەلی كازم) ناسراوم بە (عەلی ئەڵوەنی) یەكێكە خۆش نووسانی كوردستان بەشداری چەندین خوول و پێشانگای لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق و دەورەی عێراق دا كردوە هەروەها چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە.. ئەڵوەنی لە شارە جوانەكەی خانەقین لە دایك بووە زیاتر لە (50) ساڵە لە شاری هەولێر دەژیت دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێرە بەشی سیرامیك.. ئەم هونەرمەندە لە دوای كۆتایی هاتنی نەخۆشی كۆڕۆنا یەكەم هونەرمەند بوو لە شاری هەولێر پیشانگای لە كۆڵانەكانی گەرەكی تەعجیل كردەوە ..جگە لە بواری خۆشنووسی ئەڵوەنی لە كاری راگەیاندیش دەستێكی باڵای هەیە بە تایبەتی لە دیزاینی دیكۆردا بۆیە لەچەندین دەزگای تەلەفزیۆنی كاری كردوە..لە ئێستادا سەرپەرشتیاری هونەرییە لەپەروەردەی هەولێر ئێمەش لە نزیكە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ ئەنجام دا.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین هونەرمەند عەلی ئەڵوەنی چۆن تێكەڵ بە جیهانی خۆش نووسی بوو؟

  • من لە ناوەڕاستی هەشتاكان هەرچەندە پێشتر كاری یاخود حەز و خولیای وێنەكێشانم هەبووە، وە خۆشم دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی سیرامیكم، بەڵام زیاتر خولیا و حەزم بۆ هونەری خۆشنووسی چوو، خۆشنووسی وەكو ئەشقێكە بۆمن كاتێ پیتەكان بە جوانی دەینووسم سەبووریەك و ئارامیەك بە ناخم دەبەخشێت، هەر بۆیە خۆم و هونەری خۆشنووسی عەشقێكی هەتاهەتایی لە نێوانمانە.
    *چۆن پێناسەی هونەری خۆش نووسی دەكەیت؟
  • هونەرێكە وەكو هەموو هونەرەكانی تر، بەڵام جیاوازیەكەی ئەوە كە نابێت زۆر لە یاسا و ڕێساكانی دەربچیت،هەرلەبەر ئەوەشە هەموو كەسێك نابێت بە خۆشنووس ئەگەرئەزموون وحەز و ئارەزوو نەبێت .

    *زۆرێك لە نووسینەكانت وەكو تابلۆیەكی هونەری دەردەكەوێت، ئایا لەم روانگەیەوە دەنووسیت؟

  • بەڵێ، بێگومان هەموو هونەرمەندێك، لە هەر بوارێك بێت، هونەرەكەی وا پیشان دەدات یاخود وا پێشكەشی جەماوەر دەكات. منیش وەكو هەموو هونەرمەندێك تابلۆی خۆشنووسی دەنووسم بۆ ئەوەی ئەو هونەرەی دەیزانم پێشكەشی خەڵكی بكەم، وە هەندێك جاریش لە بارودۆخێكی دەروونی تێپەڕ بوومە توانیومە بە نووسینی چەند پیتێك خۆم دەربكەم لەو دڵتەنگیەی كە تێیدابوومە.
  • چەندین جۆری خۆش نووسی هەن، بەرێزتان زیاتر لەسەر جۆرە شێوازێك كار دەكەن؟
  • بەڵێ، جۆرەكانی خۆشنووسی زۆرن وەكو (ڕوقعە، نوسخ، دیوانی، كوفی، نەستەعلیق، محقق، ئیجازە) تەنانەت ئێستا هەندێ جۆری تازەش پەیدا بوون، بۆنموونە (سومبلی). بەڵام خۆم زیاتر (نەستەعلیق و نوسخ) دەنووسم، چونكە هەست دەكەم خەتی نەستەعلیق تابلۆی ڕەنگاو ڕەنگی لێ دەردەچێت، لە هەمان كاتدانزیكە لە ناخم.

    *زۆربەی خۆش نووسەكان زیاتر گرنگی بە شێوازی خۆشنووسی عەرەبی دەدەن هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

  • هۆكارەكەی ئەوەیە كە، لەگەڵ ڕێزم بۆ هەندێك لەوخۆشنووسانە، كە وا بیردەكەنەوە بە تەنها خۆشنووسی لە گۆشەی عەرەبی و ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز دەبێت. بەڵام ئێستا خۆشنووسی تێكەڵ بە هونەری ئەبستراكت بووە، كە بریتییە. لە تێكەڵ بوونی پیت و ڕەنگەكان و بەزاندنی ئەو بیركردنەوەیە كە هەندێك خۆشنووس وەكو جەنابتان باسی دەكەن، خۆشنووسی بە تەنها لە زمانی عەرەبی دەبیننەوە.

    *ئەو بابەتانەی لە خۆشنووسیینەكانت بەكار دەهێنیت چین (پەندی كوردین، ئایەتی قورئانن، شیعرن…)؟

  • زیاتر پەندی كوردییە. چونكە من وەكو مامۆستایەك و سەرپەرشتیارێكی هونەری، وا بە باش دەزانم ئەو پەندە كوردیە جوانانە كە لەناو كورد دا بوونی هەبووە و هەیە، ڕۆژانە مامۆستایەكان بۆ قوتابیەكانیان شی بكەنەوە، بۆ ئەوەی پەند لەو پەندانە وەرگربگرن، كە باو باپیرانیان بۆیانیان باس كردووە، بۆ ئەوەی بزانن چ سوودێكی هەیە بۆ ژیانی ڕۆژانەیەن.

    *لە نێو ناوەندە خوێندنە هونەرییەكان تاچەند گرنگی بە خۆشنووسی دەدەرێت؟

  • بەداخەوە ،هیچ گرینگیەكی پێ نەدراوە، بۆیەش زۆرینەی قوتابیەكان بە شێوەیەكی ناشرین دەنووسن و مامۆستایەكانیانیش بە هەمان شێوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار كە دەبێت خوولێكی هاوینە بكاتەوە و فێری خۆشنووسیان بكات، بۆ ئەوەی قوتابی لە مامۆستاكانیان تێبگەن، ئینجا بۆ ئەوەی قوتابیانش لە مامۆستاكەیان فێر بن.
    زۆرجار لە تاقیكردنەوە قوتابی وەڵامی ڕاستی نووسیوە، بەڵام بەهۆی ناڕێكی دەست و خەت بە هەڵە بۆی هەژمار كراوە ،هیوادارم لایەنی پەیوەیندیدار چارەسەری ئەم گرفتە بكات كە زۆر ئاسان چارەسەر دەكرێت.

    *رەنگ تاچەند فاكتەرە بۆ جوانكردنی خۆشنووسی بۆنموونە رەنگی رەش؟

  • ڕەنگی ڕەش زیاتر بۆ ئایەتەكانی قورئان بەكار دێت فاكتەرێكی جوانی نیشان دەدات. بەڵام من خۆم خەتی فارسی دەنووسم چونكە جوانیەكی زیاتر دەبەخشێ ڕەنگی زیاتر بەكاردێت، بۆ نموونە (سوور، قاوەیی، سەوز، پیرۆزی).



گەلەری ئارام لە پرۆژەیەکی نوێدا.. پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە

وەرزەکانی فەلسەفە

پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە

پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە

وانەی دووەم:

شۆڕشی فەلسەفی نیچە چی بەسەر پاشخانی هزریمان هێنا؟

سێشەممە.. ٢٤\٩\٢٠٢٤.. کات ٧ی ئێوارە




ڕەشبەڵەک.. پشکۆ ناکام

…..لەوانەیە کۆمەڵگا بە هۆی کارەساتی سیاسی و ئابووری کارێکی وا بکا  کە  تاک واتە” فرد” موراڵ لە دەست با  و کەم و زۆر رۆڵی هەبێ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانا ، ئەی ئەگەر کۆمەڵگا خۆی وەک ” کیان”ێک موراڵی تیا نەما  چی بەسەر ئێستا و داهاتووی ئەو خەڵکەیا یەت..!! کەللە پوتێک کە بە حیساب دکتۆرە و پیشەیەکی ئینسانی هەیە ” کە ناخێکی نەخۆشی حەیوانی هەیە”

مامۆستای زانکۆشە[ ئەی قوڕ بەسەر زانکۆ – غەفور حەیامان چوو یان نا ؟] لە مینبەرەوە بەرامبەر دەیان ئەقڵ ئیکسپایەر ئەڵێ : ئەو پیاوەی   لە پاسا لە تەنیشت ژنێکەوە دانیشت و زەوقی هەڵنەستا ئەوە پیاو نیە و ناساغە !! کەسێک پێ ی وابێ پیاو ئەبێ  وەک لابوددەیەک زەوقی بە ئافرەتێکی نا ئاشنا هەستێ و ئافرەتیش وەک تەنیا وەسیلەیەکی ڕەحەت بوون سەیر بکا ئەبێ ئاستی موراڵی” گەر هەیبێ” و بیر کردنەوە و ئینسانیەتی ئایینەکەی چی بێ ؟ مامۆستایەکی زانکۆ کە هەموو زانست  و بنەما ئەکادیمەکانی لە ناو گەڵا ببینێ چاوەڕوانی چی لەو زانکۆ و کۆمەڵگایە ئەکەیت..؟ با بڵێین ئەو دکتۆرە گڕ گرتوە هەر ئەونەی لێ ئەزانێ و شەهادەکەی هەر ئەوەنەی لێ هەڵئەکڕێنێ و وەک تەلەفزیۆن کۆنترۆڵەکەی وا لە خوار ناوکییەوە ئەی وەزارەتی خوێندنی ! باڵا ! لە ئاست ئەم سووکایەتیە هەم بە پلەیەکی ئەکادیمی و هەم بە موڕاڵ بە گشتی و هەم ئیهانە کردن بە ژن و  مەفهومە ئینسانییەکان ئەڵێ چی  ؟ دکتۆرێکی شەهوانی دوور لە هەموو پرینسیپە ئەکادیمی ئاوا بڕوانێتە پیاو و ژن کە بە تەنیشت یەکەوە بن ، شایانی ئەوەیە وەک کادرێکی عیلمی سەیر بکرێت یان پشت ملی بگیرێ و لە ناوەندە زانستییەکان دوور بخرێتەوە کە بڕوای تەواوم هەیە لە “سعودیە”ش کە زێدی ئایین و پێغەمەرەکەیەتی ڕێگا نایا بەو جۆرە بیرکردنەوە کە هێندە پڕە لە سووکایەتی بۆ ژن و دوا جار بۆ شەخسیەتی خودی پیاویش..ووڵاتان مل ملانێیانە بۆ دۆزینەوە و چوونە سەر مەریخ و موشتەری و…و…کەچی لای ئێمە تازە بە تازە دکتۆرێکی مێشک تەزیوی ناوگەڵ گەرم ئاوا باس لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان بکا و زانکۆش نازانم لە ترسی چی بێ دەنگە !بێ دەنگیش زۆر جار نیشانەی ڕازی بوونە..

ئەی باشە وەزارەتی بەناو ڕۆشنبیری و هەموو ئەو دام و دەزگا ڕۆشنبیرییانە بۆ بێ دەنگن لە ئاست ئەم هەموو سووکایەتییەی کەسێک بە حیساب دکتۆرە و مامۆستای !! زانکۆ و خاوەنی خەستەخانەیە ، خۆ ڕۆشنبیری کۆمەڵێک بنەما و پرنسیپی فیکری و ئەخلاقی و ئینسانی خۆی هەیە و لادان لێ ی نیشانەی پرسیارە  لە بەناو وەزارەتی ڕۆشنبیری زۆر جار ئەبیستن کە ئەووترێ ” لە گەڵ داب و نەریتی کوردەواریا ناگونجێ..” ! ئەیا ئەم تێڕوانینە سێکسیە بۆ دانیشتنی ژنێک لە تەنیشت پیاوێکەوە لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواریا !! ئەگونجێ؟ گەر ناگونجێ کوا هەڵوێستی دەزگا و خودی کەسە ڕۆشنبیرەکان ؟ دەیان ڕێکخراوی ژنان هەن کەی لەوە تێئەگەن کە ئیهانە کردنی پێگەی مەعنەوی ژن قورسترە لە ئیهانە کردنی جەسەدی ، کاتێ کە ژن نیوەی کۆمەڵ بێ کاکی دکتۆر ئەو نیوەیە ئەکا بە ئامرازی ڕەحەت بوونی نیوەکەی تر و کەسیش نوتقی لێوە نایە…گەر چی ئەم ئیهانەیە هەموو کۆمەڵگا ئەگرێتەوە وەک پێکهاتە.. تێڕوانینی کاکی دکتۆری زەوق کوڵاو شەرعیەت دانە بە دەستدرێژی سێکسی بە پاساوی ئەوەی هەچ پیاوێک لە تەنیشت ژنێکەوە  بێ و زەوقی هەڵنەستێ ئەوە پیاو نیە و کەسیش ئامادە نیە بە ناپیاو بناسرێ !!بۆ سەلماندنی پیاوەتییەکەشی پەلامار ئەیا تا قارەمانی و پیاوەتی پیاوی موسڵمان بسەلمێنێ…هەقە بپرسین گەر ژنێکی خزم یا بنەماڵە و کەس و کاری نزیک لە کاکی دکتۆر لە پاسا لە تەنیشت پیاوێکەوە دانیشت ئەو مافە ئەیا بە پیاوەکە ئەرک و مەهامی پیاوەتی خۆی بنوێنێ..؟! دیارە وەک دکتۆر خۆی ئەڵێ گەر وا نەکا ئەوە پیاو نیە و پێویستی بە چارەسەرە ، جا نازانین لە خەستەخانەکەی خۆی یان لە  یەکێکی تر.. بە نەزەرییەی ئەم دکتۆرە ناوگەڵ مەقەڵیە  ئە بێ سایەق پاسەکان لەمەودوا ” کوندۆم” بەسەر نەفەرە پیاوەکانا دابەش بکەن نە بادا بقەومێ و ئیحتیاط وەرگرتن باشە..

ئێوە بیهێنە بەر چاوی خۆتان بە نەزەرییەکەی  “دکتۆر زەوق” ئەبێ لە ” ڕەش بەڵەکا” چی بقەومێ..




نۆڤلێت حەبیبە.. نیهاد جامی

نـــاوی كتێب: نۆڤلێت حەبیبە
بابەت: نۆڤلێت
نووسەر: نیهاد جامی
تایپ: نووسەر
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: چـــاپخانەی كارۆ – سلێمانی
تیراژ: ٥٠٠ دانە
ساڵــی چاپ: ٢٠٢٤ ی زایینی
نـۆرەی چـاپ: چاپی یەكەم
نرخ: 4000 دینار

بۆ خوێندنەوەی ئەنم نۆڤلێتە کلیکی ئێرەبکەن..




یەکێتییە ڕاستەقینەکان!.. زاهیر باهیر

دوای ئەوەی کە بەرانبەر مەلابەختیار کرا و داخستنی دەزگەی ڕاگەیاندکانی لە لایەن یەکێتییەوە، چەندەها کەسی ناوداری کۆن و نوێی ناو یەکێتی هاتنە سەر خەت و هەر یەکە بە چەشنێك ناڕەزایی خۆیانیان بەرانبەر ئەو کارەی پاڤێڵ تاڵەبانی دەربڕی.
ئەوەی کە ئاشکرابوو هەندێکیان بە جۆرێك قسەیان دەکرد کە ئەمان یەکێتییە ڕاستەقینەکەن نەك ئەوانەی کە ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی دەکەن .
ئاماژەکردن بەم قسەیە و بە هەڵوێست و ڕابەرایەتی جەلال تاڵەبانی بۆ ئەوان لە دوو هەڵویستەوە بوو. یەکێکیان لە هەڵوێست و پێگەی نەزانی و بێ ئاگایی لە کوشتار و تیرۆرەکانی یەکێتی بەرانبەر بە هەڤاڵانی خۆی و نەیارانیێتی. ئەوی دیکەیان نەوێری و بودەڵەیییە کە لە پێاوی مانەوەی تەنها پێستەکەیاندا کردیان. گەر چی ئەمان هەر هەموو هەڵوێستەکانی یەکێتی لە شاخ و لە شاریش دەزانن کەچی بەو جۆرە قسەیان دەکرد یا ئێستاش دەیکەن کە یەکێتی پێشتر پەیڕەوی دیمۆکراسی و وتووێژ و ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە سەرکردایەتی کردووە و ڕێزی لە ڕا و بۆچوونی جیاواز گرتووە و زۆر مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئەو دیاردانەدا کردووە .
ئایا بەڕاست ئەمە وایە؟ ئایا یەکێتی ناڕاستەقینە و ڕاستەقینە هەبووە و هەیە؟
ئەگەر ئەم برادەرانە مەبەستیان لە یەکێتی ڕاستەقینە باس لەو یەکێتییە کە دوای دروستبوونی دایە شاخ ، بابزانین بەڕاستی یەکێتی کە لە شاخ و شار بووە لە سەردەمی جەلال تاڵەبانید چۆن بووە؟ ئایا راستەقینە بووە و ئەمەی ئێستا ساختەیە یا ناڕاستەقینەیە؟ ئایا ئەم برادەرانە ئەوە نازانن هەڵسوکەوت و سیاسەتی ئێستای یەکێتی درێژە پێدانی سیاسەتەکەی “ڕەحمەتییە” ، مام جەلال و نەوشیروان؟
باشە ئەوە یەکێتی نەبوو کە ئەوەی کردیان بە ئاش شتێکی دیکە نەما بیکەن؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هەڤاڵەکانی خۆی بە تەور دادەپڵۆسی؟ ئەی یەکێتی نەبوو چەندێکی دیکەی لە هەڤاڵانی خۆی کوشت یاخود دانی بە کوشت لەوانە ڕێبوار و دەزگیرانەکەی؟ ئەی یەکێتی نەبوو لە ساڵانی هەشتاکاندا چووە سەر شیوعییەکان و قەسابخانەی لێدروست کردن؟ ئەی لایەك ما کە یەکێتی شەڕی لەگەڵیاندا نەکردبێت و لێی نەکوشتبێتن ؟ ئەی ئەوە کێ بوو کە هەڤاڵ جووجەڵە و صدیقەفەنی و نوری حەمەعەلی و ئەندازیار فەتاحە قەڵەو و برایمئ حەمەخورشە و عەلی بۆسکانی و چەندەهای دیکەی تیرۆر کرد ؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هێڕشیان کردە سەر کۆمۆنیستەکان و سیانیان لێکوشتن تەنانەت دەیانویست کە جەنازەکانیشیان نەدەنەوە؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هەڕەشەی لە کەسانێك دەکرد کە تەنها و تەنها جیاوازی ڕاو بۆچوونیان هەبوو وەکو فوئادی مەجید میسری و کەسانی دیکە تا گەیشتە سەر دوو هاوڕێی ئێمە لە گروپی کار؟ ئەی لە شاریشدا دەستیان بە خوێنی ڕؤژنامەنوسان سوور نەبوو؟ ئەمانە و دەیەها نموونەی دیکە.
باشە برادەران کە ئێوە ئەو یەکێتییە بە دروست و ڕاستەقینە دەزانن ، بە خۆتان بزانن و نەزانن ئەگەر ئێوەش دەستان لە خوێنی ئەو کەسانەدا نەبوو بێت، لە کردنی ئەو هەڕەشانەدا نەبووبێت ئەوە بە دڵنییاییەوە ئەوە ئێوە شەریکە تاوانی یەکێتین و تاوانبارن .
لەمەش زیاتر ئەی هەر ئێوە نین و نەبوون کتێب و بیرەوەری و یادەوەری خۆتان نوسیوەتەوە کە هەر هەموی باس لە خراپی و کاری تیرۆریستیانەی یەکێتی دەکات؟ لێرەدا ناکرێت دوو هەڵوێستی جیاوازی تەنانەت دژ بە یەکیشتان هەبێت .
یەکەمیان نوسینی ئەو یادەوەری و بیرەوەریانەیە دژ بەو یەکێتییەی کە ئێستا خۆتان بە ڕاستەقینەی دەزانن و خۆتان بە بەشێکی گرنگی دادەنێن ، کەواتە دەبێت بە ئاشکرا ئەم هەڵوێستەتان ڕەت بکەنەوە و سەرزەنشتی خۆتان بکەن بۆ نوسینی ئەوانە . خۆ ئەگەر ئەوانەی کە نوسیوتانە و وتوتانە باوەڕتان پێی هەیە و ئێستاش پێداگریی لەسەر دەکەن، ئەوە نابێت باس لە یەکێتی ڕاستەقینە بکەن چونکە بە وتنی ئەوە تاوانبارکردنی خۆتانە.
یەکێتی نیشتمانی و پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تاکو ئەم چرکەیە یەکێك لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژویان لە مێژوی کورد دا تۆمار کردووە .
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ، برادەران ئێوە لە چ بەرەیەکن ؟ چ هەڵوێستێک وەردەگرن ؟ چ قسەیەك دەکەن و کامیان هەڵدەبژێرن؟ قسە و ڕستە و چیرۆکی نێو کتێب و بیرەوەییەکانتان ، یاخود قسە و بانگەوازییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پێشترتان؟ ناکرێت خورمژتان بوێت، ناکرێت بڵێن هەردوو هەڵوێستەکەتان ڕاست و دروستە .
بۆ ئەوەی تۆزێك متمانەتان لای دۆستانتان و خەڵکانی ئاسایی بمێنیت باشترە خۆتان ساخبکەنەوە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
19/09/2024




تێڕامانی دەربارەی دەقی شانۆیی ” دوا ڕۆژەکانی بابلۆ “.. نووسینی/ کاک شوان کەریم.. خوێندنەوەی رۆژگار خالید

چەشن/ دەقی شانۆ

بۆ ئەوەی نەبیت بە بابلۆ پێویستە شتێک لەبارەی ژیانی بابلۆی بخوێنیتەوە !
بابلۆ کەسێکە وەک هەر کەسێکی دیکەی کۆمەڵگەی ئێمە قەدەری ژیان وایلێدەکا تووشی بارێکی قورسی دەروونی ببێتەوە ، ئەمبارە دەروونییە لێکدانەوە و نەگەیشتنە بەخەون و خەیاڵ و ئەوشێوە ژیانەی هەر تاکێک لە ئێمە هەیەتی .
لەدەرئەنجامی ئەو خەونەدا تووشی دەیان کێشە و دۆخی تایبەتی دەبێتەوە !
هەر بۆیە شێوەژیانی بابلۆ شێوە ژیانێکی خێزانی و مندالێ هەر کەسێکە لەناو خێزانەکەی .
کەچی لەپەنا ئەو شێوە ژیانە شتیدیکە دەشارێتەوە بۆیە ئەو شێوە ژیانە نامۆ نییە !!
تەنها پێویست دەکات ئەو کەسانە ببینی !
لەهەمانکاتدا ئەو کەسانە بەشێوەیەکی کاتی لەژیانی بابلۆدا ڕۆل دەبینن .
بۆ ئەوەی بابلۆ ئەو دۆخە تێپەڕ بکا ، ئەگەرچی ئەو کەسانە دەبێ پشوو درێژببن و بەرگەی هەڵسوکەت و قسەکان و ڕەفتاری بابلۆکان بگرن .
چونکە بابلۆ وەک هاوسەری ژیانی وەک منداڵ و خزمەتکار تەماشایان دەکا و ئەمریان لەسەر دەکا و وەک ئامێری بەردەستی لێیان دەڕوانی .
لەکاتێکدا ئەو کەسانە دەبێت خەریکی نواندنن ببن بۆ ئەوەی ئەو دۆخە دەروونیی بابلۆ تێیدا دەژی تێپەڕ بکات .
لە کۆتایی ناچار دەبن لە نێوان ئەو خەیاڵەی بابلۆ دروستی کردووە بۆخۆی لەگەڵ ئەو واقیعەی تێدایە کەوا تووشی دۆخێکی سەختی دەروونی بووە ، پێی رابگەیەنین ئێمە نواندن دەکەین و تۆ هەڵەی بوەستە و بەڕاستی سەرلێشواوی !!
لەڕاستیدا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بابلۆ زۆرە :.
دەکرێت من بابلۆ بم !
دەکرێت تۆ بابلۆ بیت !
دەکرێت باوکێک یا دایکێک بابلۆ بێت وەک جەللادێک وابێت بۆ خێزانەکەی !
دەکرێ کچێک یا کوڕێک بابلۆ بێت بۆ ئەوەی ژیانی یەکدی تێکبدەن !
دەکرێت منداڵی بیت یانیش کەسێکی پیر بابلۆ بێت !!
دەکرێت سیاسیەکان بابلۆ ببن ، رۆژانە خەریکی درۆی سیاسین و وابزانن ئەوەی دەڵێن ڕاستە هەمووانیش دەبێت بڕوای پێدەکەن !!
دەکرێت پیاوێکی ئایینی بابلۆ بیت بیەوێت بڕوا بەهەمووان بهێنی ئەو فریادڕەس و پاک و پاڵەوان و پیرۆزە !!
دەکرێ پیاوێکی بزنس و خوداپێداو بابلۆ بێت هەمووان بۆ ئەوە هەین خزمەتی بکەین و کەی ویستی دەرمانبکا لە کارەکانی !!
بۆیە بەچاوێکی خراپ و دلێکی پڕ ڕق تەماشای بابلۆکان مەکەن چونکە قوربانی شێوە ژیانێکن وا دەزانین ئەوان ژمارە یەکن، بەڵام لە تێگەیشتن و وردبوونەوە هەست دەکەین بابلۆکان ژیانێکی پڕ لە کێشە و هەرایان هەیە !!
دەکرێت دونێ بابلۆ بووبم !
دەکڕی ئەمڕۆ تۆ بابلۆ بیت !
دەکرێ سبەی هەمووان بابلۆ بین !
دەکرێ بۆ هەمیشە بابلۆ بمێنین !
چونکە بابلۆبوون لەناخی هەر یەکێک هەبێت شانازی دەکات و هەمووان لەخۆی نزمتر دەبینێت !!
مەترسن لە بابلۆکان ، چونکە بەشێوەیەکی زۆر هەن تەنها شتێک بکەین پێویستە گوێیان بۆ نەگرین و دووربین لە گفتۆگۆی بێسوود و سەرئێشە !!
چونکە
ئەو بابلۆیە ژیانی لەسەر ناڕاستی و درۆ دروست کردیە بۆجارێکیش بێ یانیش چەند جارەک ڕاستی دەڵێ لەبەر دڵی کەسەکان بۆ ئەوەی بزانن بابلۆ میهرەبانە نەوەک خۆی بڕوای بەڕاستی بێت !!
دەکرێت چاوت داخەی بابلۆی بزر بی و چاوت بکەیەوە بابلۆی لە پێشت بیت.
بۆیە دەبێت بەوردی لەکەسەکان تێبگەین و لە ناسینی هەر بابلۆییەک کۆمەڵێک کێشەت تووش بیت و لە جێهێشتنی هەر بابلۆی کێشەیەک یا زیاتر کێشەیەک لە کۆلت ببێتەوە ٠
بەتێپەڕبوونی کات یانیش لە کۆتایی تێدەگەی بابلۆکان کێن ؟
بۆچی لەپڕ پەیوەندیت لەگەڵ بابلۆکان کۆتایی دێت ، بەبێ ئەوەی بزانیت هۆکارەکەی چییە ؟
بۆچی بابلۆکان لەگەڵ کۆتایی هاتنی بەرژەوەندییەکان دەگرین و دادەمێنن ؟
وەڵام / چونکە ڕۆژێک دێت بابلۆکان دەگەنە ئەو شوێنەی پێیان دەگوترێت بوەستە ئەوە تۆ نیت بەڵکو خەیاڵێک یانیش نواندنێک لەتۆ هەیە دەبێت وازبهێنی .




شڵەژانی ڕەفتاری: ناسین، هۆکارەکان و چارەسەرەکان.. زنجیرەی ١٤٦، ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

146..

This term refers to a pattern of disruptive and violent behavior in which the basic rights of others or major age-appropriate societal norms are violated. It’s a psychiatric condition that is typically diagnosed in childhood or adolescence.

شڵەژانی ڕەفتاری کۆمەڵێک حاڵەتی دەروونین کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاك هەیە. ئەم جۆرە شڵەژانانە دەتوانن کاریگەری بەرچاویان هەبێت لەسەر ژیانی ڕۆژانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستی گشتی کەسەکە. لەم وتارەدا، باس لە ناساندنی بابەتەکە، هۆکارەکان، نیشانەکان و شێوازەکانی چارەسەری شڵەژانی ڕەفتاری دەکەین.

پێناسە و جۆرەکانی شڵەژانی ڕەفتاری

شڵەژانی ڕەفتاری بریتییە لە کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی کە تایبەتمەندییان بریتییە لە ڕەفتاری دووبارەبووەوە و بەردەوام کە پێچەوانەی نۆرمە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانە. هەندێک لە جۆرە باوەکانی شڵەژانی ڕەفتاری بریتین لە:

شڵەژانی-کەموکوڕی سەرنج و چالاکی زیادە (ADHD)
شڵەژانی (ODD)
شڵەژانی ڕەفتاری (CD)
شڵەژانی خۆ-وێرانکاری

هۆکارەکانی شڵەژانی ڕەفتاری زۆر و فرەچەشنن. لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە کە کۆمەڵێک فاکتەری بایۆلۆژی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵیان هەیە لە پەرەسەندنی ئەم جۆرە شڵەژانانەدا:

هۆکارە ژێنەتیک-بۆماوەییەکان: لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە کە هەندێک لە شڵەژانە ڕەفتارییەکان دەتوانن بۆماوەیی بن.

کێشەکانی مێشک: گۆڕانکاری لە پێکهاتە یان کیمیایی مێشکدا دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ڕەفتار.

هۆکارە ژینگەییەکان: ژینگەی ناسەقامگیر، توندوتیژی لە ماڵەوە، یان کەمی چاودێری دایک و باوک دەتوانن ببنە هۆی پەرەسەندنی شڵەژانی ڕەفتاری.

تڕاوما: ڕووداوە تراوماتیکەکان، وەک دەستدرێژی یان پشتگوێخستن، دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر پەرەسەندنی شڵەژانی ڕەفتاری.

کێشە کۆمەڵایەتییەکان: هەژاری، کێشەی خێزانی، و کاریگەری هاوڕێیانی خراپ دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت.

نیشانەکانی شڵەژانی ڕەفتاری:

نیشانەکانی شڵەژانی ڕەفتاری دەگۆڕێن بەپێی جۆری شڵەژانەکە و تەمەنی کەسەکە. هەندێک لە نیشانە گشتییەکان بریتین لە:

ڕەفتاری دوژمنکارانە و توندوتیژ، پێشێلکردنی مافی کەسانی تر
، درۆکردنی بەردەوام، دزی یان تێکدانی موڵک، سەرپێچیکردنی یاسا و ڕێساکان، کەمبوونەوەی سەرنج و چڕبوونەوە، هەڵچوونی زوو و تووڕەیی، کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

دیاریکردن و دەستنیشانکردن:

دیاریکردن و دەستنیشانکردنی شڵەژانی ڕەفتاری پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی وردی پزیشکی و دەروونی هەیە. ئەمە بەگشتی ئەم هەنگاوانە لەخۆدەگرێت:

پشکنینی فیزیکی تەواو، چاوپێکەوتنی دەروونی، هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری، کۆکردنەوەی زانیاری لە خێزان، مامۆستایان و کەسانی تری پەیوەندیدار، تاقیکردنەوەی دەروونی و هۆشی.

شێوازەکانی چارەسەر:

چارەسەری شڵەژانی ڕەفتاری پێویستی بە ڕێگەیەکی فرەلایەنە هەیە کە چەندین شێوازی چارەسەر لەخۆدەگرێت:

چارەسەری دەروونی:
چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT)
چارەسەری خێزانی
ڕاهێنانی بەڕێوەبردنی ڕەفتار بۆ دایک و باوکان.

دەرمان: لە هەندێک حاڵەتدا، دەرمان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان.

ڕاهێنانی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان: یارمەتی منداڵان و گەنجان دەدات بۆ فێربوونی شێوازی گونجاوی پەیوەندیکردن و کارلێککردن لەگەڵ کەسانی تردا.

پشتگیری پەروەردەیی: پێویستە قوتابخانەکان ستراتیژی تایبەت بەکاربهێنن بۆ یارمەتیدانی قوتابیانی خاوەن شڵەژانی ڕەفتاری.

شڵەژانی ڕەفتاری کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر ژیانی تاکەکان، خێزانەکانیان و کۆمەڵگا بەگشتی. دەستنیشانکردنی زوو و چارەسەری گونجاو زۆر گرنگن بۆ باشترکردنی دەرەنجامەکان.

سەرچاوە بەکارهاتووەکان:
1-https://www.harbor.org/what-we-treat/behavior-disorders

2-https://www.betterhealth.vic.gov.au/health/healthyliving/behavioural-disorders-in-children

3-https://keltymentalhealth.ca/behavioural-disorders

4-https://www.betterhelp.com/advice/behavior/a-list-of-behavioral-disorders/

5-https://www.psychguides.com/guides/behavioral-disorder-symptoms-causes-and-effects/

6-https://www.greaterlowellpsychassoc.com/blog/5-most-common-behavioral-issues

7-https://www.medicinenet.com/what_are_the_different_types_of_behavior_disorders/article.htm

8-https://debh.exceptionalchildren.org/behavior-disorders-definitions-characteristics-related-information




نامەیەک بۆ مرۆڤە رامنەکراوەکە! بۆ خریستۆس براڤۆ2.. نووسینی: لێفتێریس چۆنیس1.. وەرگێڕانی لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی

ئەگەر ئەم نامەیەت پێگەیشت
هەر چۆن هەیە دڵنیامکەوە لەو پەیامەی
لەو چارەنووسەی دەیزانم و دەیبوغزێنم
خەونەکانم بۆ لێکدەوە
لە شنەبای پەنجەرەکە تێپەڕە و
بە دزییەوە گەڵایەکان بلاوێنەوە
وەگەرنا با وە سەمایان دەخا.

ئەو شەوانەی خەستەخانە دەروونییەکان دەدرەوشێنەوە
بە گۆرانییەک لە پشتی پەرژینەکەوە دەستپێدەکەی
بە دێڕەکان هێرشدەبەی.. لە تاریکیی هەنگاودەنێی
زایەڵەی نیشتمانی یاخییە غەمگینەکانی.

من لە گۆرانییە ناسازەکەی ئێستاوە بۆت دەنووسم
ناوم (لێفتێریس)ە و نە پەرژینێک دەبینم نە ئاسمان؛
لێرە برووسکەکان لە سینەدا دەگرمێنن.

میکانیزمە نامۆیەکان.

گوتی ”وەرە ژوورەوە”
ئەمنیش وەمکرد
دەتگوت ئەوە یەکەم جارە بەر ”با” کەوم
دەنگیشی دەهات ”وەرە ژوورەوە”
ئەو پێیگوتم.. ئەمنیش وەمکرد..

پازلی هەزار پارچەیی.

هەڵەگەلێک ڕوویاندا
لە نێوەڕاستی ژوورەکەدا
لەسەر بەڕەکە پەرشوبڵاوبوونەوە
پارچەکانی، بە هەزار ناوەوە
ڕوخساری مە بوون.

سوور .

لە دیمەنەکە
تەنیا شتێک کە وەبیرم نایە
ئەو گوڵەیە کە پۆشیبووت
بۆنی سرووتی لیتانی ٣
لە هەموو شوێنێک دەپڕژاند.
ئەرێ وەبیرمە، پەلکەکانی پەژموردە بوون
ئەوەشم لەیادە!

دەکۆشام پێت بڵێم، دەڵێ
کە مردبووم

یان، ڕەنگە… نا!

سوور بوو.


١- لێفتێریس چۆنیس (Lefteris Tsonis – Τσώνης Λευτέρης): ساڵی ١٩٨٤ لە ئەسینا لە دایکبووە. هەر لەوێش دەژیێ و کاردەکا، دوو کۆمەڵە شیعری بڵاوکردۆتەوە: (”مەیزانیی”، بڵاوکراوەی ئێکاتی، ٢٠١٥) و (”کرتەی تاریکییبەخشی دوگمەکە”، بڵاوکراوەی ئێکاتی، ٢٠٢٣). لێفتێریس چۆنیس بەوە دەناسرێتەوە کە خوێنەر پەلکێشی نێو گێژەلوولکەی وشە و زمان دەکا، جیهان لە شیعرەکانیدا وەک ڕەنگدانەوەیەک لە پڕێکدا دەکرێتەوە و وندەبێ.. چونکە وێنەکان وەکو ئەوەن کە لە ناکاو هەڵکرێن و بکوژێنەوە، لە شیعرەکانی تەنها جەخت لەسەر ڕووی دەرەوەی شتەکان ناکاتەوە بەڵکە رەهەندە ناوەکییەکانیش ئاشکرادەکا، چیڕۆکی گچکەگچکەن کە گەشتی دەروونیی شاعیر و خەڵکی دەوروبەری وێنە دەگرن، بێدەنگییەکان هەڵدەکۆڵن. شیعرەکانی لێفتێریس لە ئەنتۆلۆژیایی شیعری هاوچەرخی یۆنانیی جێگیرکراون و بەردەوام لە ڕۆژنامە و گۆڤارە چاپکراو و ئەلیکترۆنییەکان بڵاودەکرێنەوە.

٢- خریستۆ براڤۆ: لە (لێفتێری – نووسەری شیعرەکە)م پرسی: – بۆچی ئەم شیعرەت بۆ خریستۆس براڤۆیە؟ گوتی: – ئاخر خریستۆس بە شیعرە کورتەکانی راستەخۆ لەگەڵ دڵمان قسەدەکا تەواوی یادەوەریمان زیندوو ڕادەگرێ، زۆر جار بەسەر نەوەی وێژەیی هەفتایەکان هەژمار دەکرێ.. لێ ئەو زۆر تایبەت بوو و ڕێچکەیەکی جیاوازی شیعرییشی هەیە، شیعرەکانی چڕوپڕ و مۆسیقا ئامێزن و دەچنە قووڵایی ڕووداوەکان، ئەو سەختیی و نائومێدییەی کە ئەو کات خەڵکەکەمان تێیدا دەژیان زیندووڕاگرتوە.
خریستۆس لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا نەژیاوە، لێ باوکی و هاوگوندییەکانی ڕووداوەکانی شەڕیان بۆ گێڕاوەتەوە کە کاریگەرییان لەسەری درووستکردوە، ئەو لە ساڵی ١٩٤٨ واتە ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی جەنگ لە دایکبووە، باوکی جەنگاوەری سەر بە سوپای دۆڕاوەکان بووە لە شەڕی ناوخۆدا، داپیری فێری گێڕانەوەی سەربردە و ئەفسانە و گۆرانییە میللیەکانی کردوە، بیروەرییەکان و نووسینەکانی بە شێوەیەکی فرە سەرنجڕاکێش دەچنە نێو ناخ و جێپەنجەی خۆیان دەنەخشێنن. خریستۆس لە ساڵی ١٩٨٧ بە نەخۆشیی لە تەمەنی ٣٩ ساڵیی کۆچی دوایی کرد.
٣- لیتانیا (λιτανεία): واتە ڕێپێوانی ئایینی، سرووتێکی دینیی مەسیحییەکانە.

لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی




ئەو پەڕی.. شیعری نەوزاد بەندی

هەندێ جار ئەوەندە بێکەسم ،
جلەکانم ئەگۆڕم و
عەتر لە خۆم ئەدەم و ..
سەردانێکی خۆم ئەکەم ..
خۆم کە ئەندە لەگەڵ خۆم دانیشتووم ،
لەگەڵ خۆم جیای ناکەمەوە ..

٭ ٭ ٭

دوو کورسی بانگم ئەکەن ،
چایەک بۆ خۆم بانگ ئەکەم و ..
لەگەڵ خۆما ئەیخۆمەوە ..

٭ ٭ ٭

نزیکیی خۆم ،
دووریی تۆی لە بیر نەهێشتووم ..
دڵت ڕەحەت بێ ..
ویژدانت ئاسوودە ..
هێشتا خەم ڕێی پێنەگرتووم ..

٭ ٭ ٭

کتێبێک بانگم ئەکا ..
لاپەڕەکانی ڕێزم ئەگرن ،
ووشەکانیان ئەسڕنەوە و ..
ئەڵێن لە خزمەتتایە لاپەڕەکان ..
چی ئەنووسی ، لە خزمەتتایە
قەڵەم و
ووشە و
خاڵبەندی و
سەردێڕەکان ..
ئەڵێم سوپاس ..
سوودی نییە ،
لە سەردەمی دەسەڵاتی ساختە و
بڕوانامەی سەختە و
دزی خاوەن ملیار و
زێڕەکان ..

٭ ٭ ٭

بڵێم لەیادم نەماوی ، ڕاست ناکەم ..
بڵێم یادت ئەکەم ، درۆ ئەکەم ..
وەک جێگا فیشەکێکی دەیان ساڵ ،
بڵێم نەماویت ، ڕاست نییە ..
بیشڵێم ئازارم ئەدەی ، درۆیە ..

٭ ٭ ٭

شەقامەکان ،
به شەرمەزارییەوە تەماشام ئەکەن ،
کە ناتوانن هاوڕێکانم بۆ بدۆزنەوە ..
ستوونی کارەباکان شەرمندەن ،
کە نازانن چی ڕوناک بکەنەوە ..
ووڵاتێک کە تاریکیی تیایدا ،
دیاری دەستی حوکمەتە ،
بۆ ماڵەکان ..
بۆ دڵەکان ..
بۆ سبەینێ ..
بۆ سەر مێز و
بۆ ڕەفەی کتێبخانەکان ..
بەستەڵەک لە ئاستما شەرمەزار بوو ،
بە جگەرەیەکی هەرزانەوە ،
پێی ووتم : خەجاڵەتم ..
دەسەڵات پێی وتووم ،
ئیتر تا نەورۆز ،
ژووری نوستن و
ئاسپەستی ماڵە هەژارەکان ،
جێی تۆیە ..
بێیتە سەر شەقام ،
بە بڕیاری چواری تیرۆر ،
دەستگیر ئەکرێی




عومەر ڕەسول ئەحمەد لە نێوان نیتشەو سوقراتدا.. ئەحمەد عەلی

بێگومان هیچ جۆره شیعرێك بە پێی پۆلێنی شارەزایانی ئەو بوارە ناچێتەوەو سەر جۆرەکانی تر، بۆ نموونە شیعر بۆ نەوجەوانان یان لاوان جیاوازترە لە هی پێگەیشتووان، هەرواش هەموو شیعرێك لە پێکهاتەو شێوازو بونیات و بابەت و تەنانەت زاراوە شیعرییەکانیش دەرخەری قۆناغی تەمەنی شاعیرەکەیەتی، بە حوکمی ئەوەش کە شیعر ڕەنگدانەوەی ئەزموونکردنی شاعیرەکەیەتی، ئەوا دەبینین شیعری قۆناغێکی ژیانی شاعیرێك جیاوازترە لە قۆناغێکی تری دواتری شاعیر، بەڵام ئەی چی کە شاعیرێکی ئەزمووندار شیعر بۆ نەوجەوانان یان لاوان بنووسێت؟ وەك لە باری شیعری (خۆری پرشنگدار)ی شاعیر (عومەر ڕەسول ئەحمەد) دا دەردەکەوێت.
سەرەتا با چوارچێوەی شیعر بە دیزانە باوەکەی دیاری بکەین و پاشان بچینە نێو قووڵاییەکانی ئەو شیعرەی مەبەستمانە لیی بدوێین. کۆڕاییەك هەیە لەسەر ئەوەی کە تا زەمەنی ڕۆمانتیکیش بە دەقێك بگوترێت یعر دەبێت مەرجی کێش و سەرواو بیرۆکە یان مانا و ناوەڕۆك و شێواز لە خۆ بگرێت، چونکە ئەو شێوازە زیاتر لەگەڵ شێوازی ژیانکردنی مرۆڤەکاندا دەگونجا و ئەوەی لە دەرەوەی ئەو مەرجانە بووایە دەچووە خانەی پەخشان و وتارو گێڕانەوەوە.
هەرچەندە ئەو شێوازە ئاسانترە بۆ گەیاندنی مەبەست لە بەرگی ژانری شیعری مانادارو خاوەن پەیامدا بەڵام شۆڕشی ژیان و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ هەمیشە بە دوای تەرزی تازەو تازەتردا دەگەڕێت، چونکە زمان ئاوێنەی زەمەنە، هەر واشە هەندێك زاراوە بۆ نموونە لە کوردی سەدەی هەژدەدا هەبوون ئێستا پوکاونەتەوەو زاراوەی تر شوێنی گرتوونەتەوە.
شاعیر عومەر ڕەسول ئەحمەد هێندەی من ناسیبێتم بە بێدەنگی مژیلی خوێندنەوەو خۆ پەروەردەکردن و شیعر نووسین بووە، لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە ژیانی بە شیعر نووسیوەتەوەو لە دەفتەرو پەڕە بەر بڵاوەکانیدا نەخشاندوونی و پارێزگاریشی بە هەموویانەوە کردووە، بەڵام بێدەنگ لە ژیانێکی شاعیرانەدا نەیویستووە هیچیان بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەو بەرەنگاری خراپییەکانی بە خۆڕاگری و ڕۆشنکردنەوە کردووەتەوە، وەك چۆن ڕینییە دیکارت دەڵێت: هەرکاتێك کەسێکی خراپەم لەگەڵدا بکات هەوڵ دەدەم گیانم بڵند ڕاگرم تا ژەنگوژاری خراپەی نەگاتێ.
لە شیعری (خۆری پرشنگدار)دا شاعیر پلیکانەی مانا لە ئاسمانەوە دەگوێزێتەوە سەر زەوی و مرۆڤ دەکاتە چەق، لە (خۆر)ەوە دەست پێدەکات (هەم خۆری ئاسمان و هەم خۆری مەعریفەو بە گەردووندا تێدەپەڕێت و کارلێکە گەردوونییەکانی پێکهاتەی زەمەن دەهێنێتە بەر دیدی خوێنەرو پاشان هەموو کۆی ئەم تەنانە یەکسسان دەکاتەوە بە (تەمەن) وەك ئەوەی بڵێت منیش لەگەڵ ئەنیشتایندا لە بیردۆزی ڕێژەیی کاتدا: تەن بە درێژی و پانی و بەرزیی+ وزە کە لێرەدا بە (خۆر) ئاماژەی پێکراوەو بە سیمبوڵ کراوە+ جوڵەی تەنەکان لە ناویشیاندا کە چەقە (مرۆڤ) بەرجەستەی کردووە، بەڵام لە ئاکامدا پرسیارێکی زۆر گرنگ و فەلسەفی بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ دەکات وەك ئەوەی بڵێت: ئەی باشە هەموو ئەو جوڵەو تەن و تەمەنە لە پێناوی چیدا، یان وەکو تر ژیان چییە؟
شاعیر جەخت لەسەر ئاکاری بڵند دەکاتەوە، گەر بە ڕامان دەست پێبکات دەفامێت کە ژیانی تەبایی دڵشاد و یەکسانی بەرقەرار دەکات و ڕق و کینەو شەڕ وەلادەنێت کە زەمەنەکەی ئێمە ئاوس بووە بەو دەردانە، ئەو خاڵە لاوازانەی مرۆڤایەتی کە قڕی خستووەتە ناو گیانەوەرانەوە لەسەر گۆی زاەی لە نێویشیاندا مرۆڤەکان، جا چ بە شێوەیەکی ماددی و بەرجەستە بێت یان مەعنەوی. ئەو وەك نیتشە ناڵێت ئاکار دروستکراوی لاوازانە کە لەدەستی بدات وا بزانێت بوونی لەدەستداوە، بەو میسالییەتە بەرەنگاری بەهێز ببێتەوە؛ نەخێر ئەو وەك سوقرات ئاکار پەیوەست دەکات بە مەعریفەو بیرکردنەوەو ڕامانەوە، نەك دابونەرێت، بۆیە گەر بمانەوێت خاوەن ئاکاری بەرزو جوان بین دەبێت خۆ پڕچەك بکەین بە زانست و بیرکردنەوەو مەعریفەت.
شیعری خۆری پرشنگدار لە زماندا ئاسانە لە مانادا زۆر قووڵ، ئەمەشە سیمای شیعری ڕەسەن کە خوێنەران هەمووان لێی تێدەگەن و هەریەکەو بە پیی ئاستی تێگەشتنی خۆی چێژی لێ دەبینێت و لیی تێدەگات، هەر کەسێك بەو شیوازە کلاسیکیانە بنووسێت مەرج نییە لە دیدو تییماو ماناشدا هەر کلاسیکی بێت، بەڵکو ئەم دەقە بە تەواوی مانا مەوزوعییەو وتوێژ لەگەڵ هەموواندا دەکات، هەر یەك لای خۆشمانەوە و لە کۆتاییدا دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات ئایا کەسێکە هەر بە خەو و خواردنەوە ژیانی بەڕێ دەکات یان پەیامگەلێکی زۆر مەزنتری لە پشتەوەیە؟ ئەو ژیانەی وەکو خەونێکی تیژ تێپەڕ نەخشەی بوونی داڕشتووەو زۆرینەش لە نهێنی ئەو تەلیسمە تێناگەن و کاتێك لە ناکاو جێیدەهێڵن دەپرسن مەبەست لەو خەونە خۆشە یان ناخۆشە چی بوو؟ لەسەر ڕۆشنایی ئەو وەڵامەشەوە مرۆڤ خاوەن بەرنامەو بەرهەم دەبێت و بە مافی کەسان و بوونەوەرانی تر ئاشنا دەبێت و پەیڕەویان دەکات.
ئەمە دەقی شیعرەکەی مامۆستا و شاعیرە:
خۆری پرشنگدار
عومەر ڕەسول ئەحمەد

ڕابمێنە، خۆر چەند پرشنگدارە
سەرچاوەی وزەی دەست کردگارە
ڕووناکی دەکا تاریکایی شەو
لەم گەردوونەدا بۆ من و تۆو ئەو
ڕێگای کاکێشان ئاسمانی بەرین
زۆر دوور ڕێ دەبڕێ بەرەو ڕووی زەمین
مرۆڤ، بڕوانە شوێنت لە گەردوون
چەندە بچووکە، نەخشاوی بۆ بوون
هەزاران سڵاو دەست لە ناو دەستان
با تەبا بژین دڵشاد و یەکسان
ڕق و کینەو شەڕ هەموو وەلانێین
تەمەن زوو دەڕوا لە شار یان لادێین
نیوەی بە خەو و نیوەی بە خواردن
دواتر لە ناکاو بەرەو گۆڕ بردن
بێهوودە نییە ساڵانی تەمەن
گەر بیرکەینەوە دروست لە زەمەن

ئەحمەد عەلی





ئایا بواری ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ماوە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

پرسیارێکی جددی هزری زۆربەمانی داگیرکردوە،پرسیارەکەش ئەوەیە ،ئایا دەکرێ هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکیۆبەر دووربێت لە ساختەکاری ؟
مەبەست لە لایەنی ساختەکار تەنها یەکێتی و پارتیە چونکە ئامرازەکانی ساختەکاری تەنها لای ئەوانە و هەر ئەوان بەوکارە هەڵدەستن ،لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لەساختەکاریدا بلیمەت بوون ،ئەنجامەکانیش بەجۆرەبوون کە ئەوان دەیانخواست.
هۆکارەکانی ئاسانکاری بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زۆرن لەوانە :
+دیاری کردنی ئەندامانی کۆمیسیۆن لەلایەن خۆیانەوە.
+کۆنترۆڵکردنی بنکەکان و زۆربەی چاودێران دیسان لە خۆیان بوون.
+هەژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان هەر خۆیان بوون .

  • بێ ترس دەستکاریکردنی ئەنجامەکان .
    +ڕێگەدان بە دەنگدەرانی سەربەخۆیان بە چەندین جاردەنگدان.
  • کۆنترۆڵکردنی بنکە دوورەدەستەکان ئەویش بەهۆی نەبوونی یا کەمی چاودێری سەربەلایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات.
    +بەلێشاو وەرگرتنی دەنگی کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان،بەتایبەت [هێزی ڕۆژ] ی ڕۆژئاوا و چەکدارانی سەر بە حسین یەزدان پەنا کە هەردوو گروپەکە درووستکراوی پارتین .
  • دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە بەرژەوەندی دوولایەنە حکومڕانەکە ،بەتایبەت ئێران , بە درووستکردنی هەزارەها کارتی ساختەی دەنگدان لەبەرژەوەندی یەکێتی.
  • مسۆگەرکردنی ١١ کورسی کۆتا بۆپارتی .
  • کڕینی دەنگ بەناوی پێدانی ئیمتیازات و خزمەتگوزاری کە تەنها بەڵێنی بەتاڵی بەر لەدانگدان بوون.
  • ئەنجامدانی گەورەترین ساختەکاری لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا.

بۆئەم هەڵبژاردنە هاوکێشەکە جیاوازەو زۆربەی ئەوخاڵانەی سەرەوە کەلەبەرژەوەندی جووت حیزب بوون نەماون یا گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە کەلەدژی خواستی ئەو دولایەنەن.
لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانیمان هەر هەیەو تەواو دڵنیانین کە بەهیچ جۆرێک ساختەکاری ڕوونادات.
سەرچاوەی نیگەرانیەکەشمان لە سرووشتی قێزەوەنی ئەم دوو حیزبەوە سەرچاوەی وەرگرتوە ،بەوەی کە ئەمانە لەمێژووی بوونیاندا چ لەشاخ و چ لەشار هەرگیز نەسڵەمینەتەوە لە ئەنجامدانی تاوان و سەرکووتکردن و ساختەکاری بۆ گەیشتن بەئامانج و مەرامی خۆیان.لەپێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتەیان کە وەک{ماشێنی بەرهەم هێنەری پارە} لێی دەڕوانن ،کە ساڵانە ملیارات دۆلاریان بۆ دەخاتە سەر خەرمانی پارەکانیان،ئامادەن هەموو کارێکی نایاسایی و نائینسانی ئەنجام بدەن.ئەمە جگە لە دەسەڵاتی ڕەها بەسەر کۆمەڵگاو بازاڕو سنورەکان و زەوی و زارو و خاوەنداریەتی هێزی چەکدار بۆسەرکووتکردنی نەیارو دەنگە ناڕەزاییەکان.

کەواتە ئەم دووحیزبە بۆ درێژەدان بەم دۆخە ،جەنگی مان و نەمان دەکەن .
ئامادەن لەو پێناوەدا ملیۆنان دۆلار خەرج بکەن تا ئەگاتە ئاستی جەنگی دەروونی و پروپاگەندەی بێ مانا.
بەندە نیگەرانیەکانم لەم خاڵانەدا کۆدەکەمەوە کە هەندێکیان لەشێوەی پرسیاردان .

  • ڕاستە بەپێی ئەو ئیجرائاتانەی کۆمیسیۆن دەیگرێتەبەر وانیشان دەدات کە بواری ساختەکاری نەماوە ،بەڵام ئایا گەرەنتی هەیە کە یەکێتی و پارتی بەتەواوەتی ڕێگەی ساختەکاریان لێگیراوە؟
  • بە قسەکانی باڤێلدا دیارە کە [٢٧] کورسیان مسۆگەر کردوە ،گەر لە ئێرانەوە بەڵێنی پێنەدرابێت لەم دۆخە وێرانەی حیزبەکەیدا بە چ پێوەرێک باسی [٢٧] کورسی دەکات؟بۆیە بەدووری نازانم ئێران لەو ڕووەوە هاوکاریان بکات.
    +بڕیار وەرگیراوە کە کەس مۆبایل لەگەڵ خۆی نەباتە ژووری دەنگدان ،کە بەڕای من بڕیارێکی درووستە ،جاهیوادارم ئەو بڕیارە بەباشی جێبەجێ بکرێت.
    +گەر ئەندامانی کۆمیسیۆن کەسانی سەربەپارتی و یەکێتی تێدابوو گەرەکە بەوردی چاودێری بکرێن.
    +گەر ئیمکانیەت هەبوو گەرەکە هەر بنکەیەکی هەڵبژاردن نوێنەری لایەنەکانی بەشداربوو وە چاودێری وڵاتانی ئەوروپی لێبێت.
    +جیاکردنەوەی دەنگەکان ڕاستەوخۆ پاش کۆتایی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان کارێکی باشە ،بەڵام دەبێ دڵنیابن لەوەی کە ئەنجامەکان لە بەغدا لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەفشارو دەستتێوەردانی ئێران بۆبەرژەوەندی لایەنێک دەستکاری نەکرێن.
  • بەر لەناردنی ئەنجامی دەنگی هەر بنکەیەک بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا پێویستە ئەنجامەکان بەئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لایەنەکان وێنە بگیرێن.
    +سەبارەت بەدەنگدانی هیزەچەکدارەکان کە ڕۆژێک پێشتر دەنگدەدەن، بەوردی چاودێری بکرێن چونکە گەورەترین ساختەکاری لەو ڕۆژەدا ڕوودەدات.
  • نیگەرانیەکی دیکە دێتە پێشەوە کە دەڵێ، گەر ئەنجامەکان بەدڵی پارتی یا یەکێتی نەبوون و قەبوڵیان نەکرد،لایەنە براوەکان چ هەنگاوێک دەگرنەبەر؟
    بەهەرحاڵ ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخان بێت بەوەی ئەو دووحیزبە لەدەسەڵات دووربخرێنەوە ،چونکە چیتر خەڵک تەحەمولی نەماوەو بێزاری گەشتوەتە لوتکە.
    بەهیوای هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لەساختەکاری،بەهیوای فڕێدانی جەلالی و مەلایی بۆ زبڵدانی مێژوو.

گۆران هەڵەبجەیی




وێـژەی منـداڵان لە رووسـیا.. رەزا شـوان

رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە کۆنەوە بایەخێکی باشیان بە وێژەی منداڵان داوە. چەندین سەدەیە کە وێـژەی منـداڵان لە رووسـیادا ناوبـانگـێکی زۆری بەدەستهـێـناوە. بەڵام تا ئێستاش سەرەتـای وێـژەی منـداڵان لە رووسـیادا، بـە وردی پـێناسە نەکـراوە. مێژوونووسان پێیانوایە،سەرهەڵدانی وێـژەی منداڵان لە رووسیادا، بۆ سەدەی پازەیەم دەگەڕێتەوە. کە سەرەتای گرنگـیدان بە منـداڵی بـووە.

وێـژەی منداڵان لە رووسیادا، لەسەر بنەمای فـۆلکلۆری زارەکی سەریهەڵـدا. چـیرۆکە ئەفسانەییەکان و داستان و گـۆرانی و پەنـد و مەتـەڵ، لە سەردەمی رووسیای کـۆنەوە، بەشدارییان لە پێکهـێنانی ئایدۆلـۆژی و جوانیناسی و رەوشتی، چەندین نەوەی منداڵان کـردوون. پەرتووکە فـێرکارییەکانیش، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پەرپێدانی وێـژەی منداڵانی رووسیا هەبـووە.
بە درێژایی سەدەکانی رابـردوو، منداڵان و وێـژەی تایبەت منداڵان، لە مشومـڕ و پلانە ئایـدۆلـۆژییەکانی رووسیادا، جـێگەیەکی بەرچاویـان هەبـووە، بۆ گەیـشتن بە ئایـدیـاڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.
یەکەمین پەرتـووکی چاپکـراوی منـداڵان لە رووسیا، ئەلفـوبێی رووسی بـوو. بە ناوی (ئەزبوکا) بۆ بە خـێرایی فـێرکردنی منـداڵان، کە لەلایـەن چـاپـکەری رابـەر (ئـیڤـانـۆم فـیـدرۆرۆڤ) لە سـاڵی (١٥٧٤) دا، لە لـیـڤ نـووسیی و بڵاوکـرایەوە.
لە سەدەی حەڤـدەیەمـدا، زۆر چـیرۆکی نووسـراوی رووسی بۆ منداڵان دەرکەوتـن، کە باسیان لە سوارچـاکی و لە پاڵەوانەکانیان دەکـەن. هـەر لەم سەدەیـەدا وەرگـێڕان، زۆر گەشەی کرد، چەنـدین چـیرۆکی منـداڵانی ئەوروپییان، وەرگـێڕایە سەر زمـانی رووسی. بەشێکیش لە پەرتووکەکانی گەورەساڵانیان، بە شێوازێکی سادە و ساکار و بە زمانێکی ئاسانـتر و سووکـتر و کورتیان کردنەوە و چاپیانیان کردنەوە، تا بۆ منداڵان گونجاوبن.
یەکـەمـین کـۆمـەڵە چـیرۆکـیش، کـە لـە رووسـیادا بـۆ منـداڵان چاپـکـرا، لەژێـر نـاوی (داسـتانەکانی روسـیا) دا بـوو. لـە نووسـینی (کـیـدلـۆڤ) ە. کـە بـە رابـەری چـیرۆکی منـداڵان لە رووسـیادا ناسراوە.
چەنـدین چـیرۆکـنووس و رۆمـانـنووس و هـۆزانـڤـانی بەنـاوبانـگی رووسی، کـە بـۆ گـەورەسـاڵان دەیـان نـووسی، منـداڵانـیـشـیان فـەرامـۆش نەکـردوون و بەشـێک لە نووسینەکانیان بۆ منـداڵان تەرخان کـردوون، لەوانەش: پـۆشکـین، ماکـسیـم گـۆرگی، تۆڵستۆی، مایکـۆفـسکی، ئیڤـان کریلـۆڤ، چـۆکـۆفـسکی، سامـۆیـل مارشاڵ،… هـتد.
شایەنی باسیشە، مێژووی پەرتـووکی منـداڵان لە رووسیا لەلایەن ژنانەوە نووسراوە.
(کاتـرین) ی گەورە، یەکەم ژن بـوو، کە وێـژەی منـداڵانی بە زمـانی رووسی نووسی. بە هـۆی خەمی دایکـییەوە، بـۆ پەروەردەکـردنی نەوەکـانی، دوو چـیرۆکی نووسـیوە (چـیرۆکی تسارتـڤـیچ کـلۆر ـ ١٧٨١) و (چـیرۆکی تسارتـفـیج ڤـیـفی ـ ١٧٨٣ ). ئەم چیرۆکانە، پـڕن لە ئامـۆژگاری، ئەرکی رەوشتی، راستگـۆیی، بابەتگەلێکی دیکەش.
کاتێک کە منداڵان وەک کلیلێک و بەشێکی سەرەکی و گرنگ سەیردەکرا، لە دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵگا و دروستکـردنی کـیانی تـازەی سۆڤـیەت، لە ئەنجـامـدا وێـژەی منداڵانی رووسیا و ئایدۆلۆژیا و سانسۆر بە شێوەیەکی ئاڵۆز تێکەڵ بە یەکتری بوون.

لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩١٧) لە رووسیادا، یەکەم داواکاری لە وێژەی منـداڵان، ئەوەبـوو کە وێـژەی منـداڵان، بخـرێتە خـزمەتی ئایـدۆلـۆژیـای کـۆمـۆنیستی.
دەبوو خانەی بڵاوکردنەوەی نـوێ دامەزرێت و گۆڤـاری نـوێ بۆ منـداڵان دەربکـرێت، تا ببن بە جێگـرەوەی دەزگا و گـۆڤـارە بـورژوازییەکان. ئەمەشـیان بە پێـویسـت زانی.
پارتی شـیوعی دەستی بەسـەر رۆشـنبـیریی منـداڵان و لاوانـدا گـرت.
(مورزیـلکا) و (پیـۆنـێر: رابەر) دوو گۆڤاری کۆنی منداڵان بوون لە یەکێتی سۆڤیەت.
لە ساڵی (١٩٣٢) دا، یەکـێـتی نـووسـەرانی سـۆڤـیەت دامـەزرا. نـووسـەرانی وێـژەی منـداڵان، بەشێکی تایبەت بە خۆیان لەنـاو ئەو یەکـێتی یەدا هەبـوو. هـەر لـەم ساڵەدا، گۆڤـارێکی پیشەییان بە ناوی (وێـژەی منـداڵان) دەرکـرد. دوای ساڵـێک هەر بەهەمان ناوەوە، دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەویان دامەزراند. لە کۆنگرەی یەکەمی نووسەرانی سۆڤـیەت، سامـۆیـل مارشـاک، باسی لە وێـژەی منـداڵان کـرد. ریالـیزمی سۆسیالـیستی کـرا بە پـرۆگـرابی فـەرمیی هـەمـوو داهـێنەرەکان.
لە ئەمـڕۆدا لە رووسـیا، بە هـەزاران پەرتـووکی تایبـەت، بە منـداڵان هـەن، ساڵانـەش گۆڤـاری نوێ و بە سەدان پەرتووکی نوێ، بـۆ منـداڵان چاپ دەکـرێن و بڵاودەکرێنەوە. بە نـرخێکی هـەرزانیـش دەیانـفـرۆشـن.
لە رووسیادا، پەرتـووک جوانـترین دیـارییە، کە رووسـییەکان لە بـۆنـە جـیاوازەکانـدا، بەتـاتیبەتیـش لە یـادی جـەژنی لەدایکـبوونـدا، پـێـشکەش بە منـداڵەکـانیـان دەکـەن.
زۆر بە کورتی و بە چـڕی، باس لە چەنـد نووسەرێکی رووسی دەکەین، کە لە بواری ژانـرەکانی وێـژەی منـداڵانـدا، لە رووسـیا و لە جیهـانـدا ناسـراون.
(ئەلـیکسەنـدەر پـۆشکـین: ١٧٩٩ـ ١٨٣٨ز):

بە شای هـۆزانـڤـانانی رووسیا ناودەبـرا. کۆمەڵـێک هـۆنـراوەی بۆ منـداڵان نووسیوە، یەکەم کەس بوو لە رووسیادا، کە چیرۆکەهـۆنراوەی بۆ منداڵان نووسی. بە چیرۆکە ئەفـسانەیی و داسـتانەکانی بەنـاوبـانگە. کە پاڵـەوانەکانـیان ئـاژەڵ و شـتی بـێگـیانـن. ستایـلی نووسینی جیـاوازبـوو. چـیرۆکەکـانی بە زمـانـێکی ساکار و ئاسان نووسیون. بەناوبانگترین چیرۆکەکانی (قاز و قـرژانگ)ە. (٢٠٠) چیرۆکی هـێمایی مەبەستداری نووسیوە. کە بە منـداڵی، دایـەنەکەی (ئـەریتـا رود بـۆنـۆفـنا) بـۆی گـێراوبـوونەوە.
(ماکـسیم گـۆرگی: ١٨٦٨ـ ١٩٣٦):

رۆمـاننووسـێکی رووسی و جـیهـانی بە ناوبـانگە. خاوەنی رۆمـانی (دایک) ە. گـۆرگی نووسـەر و چـالاکـوانـێکی سیاسی مارکـسی بـوو. رۆڵـێکی گـرنگی هـەبـوو، لە یەکـەم هەوڵەکانی دروستکردنی، وێـژەی نوێی منداڵان لە رووسیادا. گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکـردنەوەی وێـژەی منـداڵانی لە رووسیادا دامەزرانـد. گـۆرگی دەڵـێت:”منـداڵ لە هەمـوو سەردەمێکـدا، هـێمای بێتاوانی و پاکی و خـێر و راستی و جـوانییە”. تەنانەت ماڵـەکەشی کـردبـوو بە ژوانـگەی نووسـەرانی وێـژەی منـداڵان. زۆر جـار لەگـەڵـیاندا دادەنـیشـت و گـوێی لـێیان دەگـرت و باسی وێـژەی منـداڵانیان دەکـرد. گـۆرگی جەخـت لەسەر گـرنگی چـیرۆکە میللـییە کـۆنـەکان بـۆ منـداڵان دەکات.
ماکـسیم گـۆرگی، سەرنووسەری یەکەمین گۆڤـاری منـداڵانی سـۆڤـیەت بـوو. بە نـاوی رادوگا (پەلکەزێڕینە). کە لە ساڵی (١٩٢٣) دا، یەکەم ژمارەی دەرچوو. نووسەران و هـونەرمەنـدانێکی لاوی بە توانا لە شاری لینینگـراد لە دەوری گۆڤـارەکە کۆبـوونەوە. سەرەتـای دە ساڵـێکە، دەکـرێت بە سەردەمی زێـڕینی وێـژەی منـداڵانی رووسـیا نـاوی ببەیـن. گـۆرگی نوێخـواز و داهـێنەر بـوو. لە نووسینەکانیـدا، جەخـتی لە رزگارکـردنی منداڵان لە نەریتەکان و لە لاسایکردنەوە کردووە. دەڵێت:”کاروانی رابردوو ناتگەیەنێت بە هـیچ شوێنێک”. سەرنـج وردیی لەسەر گەشەکـردنی ئەنـدێشە و داهـێنان بۆ منداڵان بـوو. وایدەبینی کە نووسین بۆ منداڵان دەبێت هاوڕەوت بێت لەگەڵ پەروەردەی نوێ بۆ نـەوەی نـوێ. وا لە منـداڵان بکـرێـت، کە لە داهـاتـوو بـڕوانـن، نـەک لە رابـردوو.
گـۆرگی لە رۆمـانی (منـداڵی) باس لە ژیـانـنامـەی خـۆی دەکـات. لـە چـیرۆکـەکانی بۆ منـداڵان: چـۆلەکە، ئـیڤـانی گـەمـژە.
ماکـسیـم گـۆرگی، پێـنج جـار، بـۆ وەرگـرتنی خـەڵاتی نـۆبـڵ لە وێـژەدا، کانـدیـد کـرا.
(لـیـو نیکـۆلایـڤـیچ تـۆڵسـتۆی: ١٨٢٨ـ ١٩١٠):

تۆڵستۆی، بیرمەنـد و بلـیمەت و کەڵە رۆماننووسێکی رووسی و جیهانییە. چاکـسازێکی کۆمەڵایەتی بوو. چالاکوانێکی ئاشتیخواز بوو. بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی وێژەی رووسی لە سەدەی نـۆزدەم دادەنـرێت. تۆڵـستۆی نووسەری شاکارە رۆمـانی (شـەر و ئاشـتی) و (ئانـا کارنیـنا) یە.
تۆڵستۆی نووسەرێکی گەورەی وێژەی منداڵان بوو (٦٢٩) کورتە چیرۆکی ئەفسانەیی و داستانی، بە ناوی ئاژەڵان و باڵـندە و مرۆڤەوە، بۆ منداڵان نووسیون، کە رەهـەنـدی پـەروەردەیی و رەوشـتییان لەخـۆگـرتـوون. بەشـێک لە چـیرۆکەکـانی بـوون بە بابەتی پەرتـووکی خوێنـدنەوە، بۆ خـوێنـدکارانی قـوتـابخـانەی بنەڕەتی لە رووسـیا. بەشـێکی زۆریشیان وەریان گـێڕاون، بۆ سەر زمانەکانی جیهـان، بە زمـانی کوردیشەوە. ئەمانە ناوی هەندێک لە چیرۆکەکانین: دوو هـاوڕێ، مـراوی و مانگ، شـێر و تووتکەسەگ، پـیـاوێـکی پیـر و دارسـێـوێـک، گـورگ و سـەگ، قـەیـسـەر و هـەڵـۆ. بـاپیـرە و نـەوە بچـووکەکەی، منداڵان لە گەورەکان ژیـرترن ـ مـن ئەم چیرۆکەم لە ساڵی (٢٠٢٠) دا، لە ئینگـلـیزییەوە وەرگـێڕایە سەر زمـانی کوردی و لە چەنـد سایتێکـدا بڵاومکـردەوە.
(سامـۆیـل یاکۆڤـلـێـڤـیچ مـارشاک: ١٨٨٧ ـ ١٩٦٤):
سامـۆیـل مارشـاک، نـووسەرێکی ناسراوی جـوولەکەی رووسییە، هـۆنـراوەنـووس و بیـرمەنـد و وەرگـێڕ و شانـۆنـووس و نووسەرێکی بەرزی وێـژەی منـداڵانی رووسی (یەکێتی سـۆڤـیەت) بـوو. وێـژەی منـداڵانی رووسیای بـەرەو ئاراسـتەیەکی نـوێ برد. مارشاک رەخنەگـرێکی سیاسی تەنـزئامێزی ناسراوبـوو. سەرنووسەر و دەرهـێنەری چەنـد گۆڤـارێکی منداڵان بوو. لە ساڵی (١٩٢٥) دا، سەرۆکی بەشی منداڵان بوو، لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی حکـوومی لە لـینینگـراد. بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی پەرتـووک و گۆڤـاری منـداڵان.
مارشاک بۆ زاڵـبوون بەسەر شـۆکی مـردنی کچـە بچـووکەکەی، لە ساڵی (١٩١٥) دا، نـوقمی نووسین بۆ منداڵان بوو. لە نووسینی چیرۆکی منداڵانەوە، رووی لە نووسینی هـۆنـراوە بۆ منداڵان کرد. چەندین پەرتووکی چیرۆکەهـۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە. چەندین هـۆنراوەی بۆ منداڵان، لە زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی کەوە، وەریانیگێراون بۆ سەر زمـانی رووسی. بە نووسینی رۆمانی فانتازی و رۆمانی مێژوویی بەناوبانگە. بەوەش ناسراوە کە شێوازی نووسینی سادە بووە. مارشاک بـڕوای بـەوە هەبـوو، کە نووسین بـۆ منـداڵان هـونەرێکی نایابە. چـیرۆکەهـۆنـراوەکانی، بە زۆری بۆ منداڵانی پێـش قوتـابخـانەن. مارشـاک یەکـێکە لە یەکـەمە درووستکەرانی شانـۆی منـداڵان لە رووسیادا. شانـۆنامەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر، لە پایـە سەرەکییەکانی شانـۆی منـداڵانی سۆڤـیەت بوون. چەندین شانۆی بۆ منـداڵان نووسیوە. لەوانەش: بـڵـقەکانی سابـوون، دکتـۆر فـاوست، سەرەکـێـشییەکانی سیپـۆ لینـۆ.
ماکـسیم گـۆرگی، مارشـاکی بـە (دامـەزرێـنەری وێـژەی منـداڵانی سـۆڤـیەت) ناوبـرد.
یەکەم پەرتووکی بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٢٣) نووسی بە ناوی (منداڵان لە قەفەزدا)
ئەمانە ناوی چەند چیرۆکەهـۆنراوەیەکـێتی بۆ منداڵان: پەلکەزێـڕینە، باڵندە شینەکە، ئاگر، ئایـس کرێـم، دوێـنی و ئەمـڕۆ، نووسینگەی پۆست، مشکـێکی گەمـژە،…هـتد.
لە هـۆنراوەکانیدا، هانی منداڵان دەدات: راستگۆبن، گوێڕایەڵی دایکان و باوکانیان بن، باش بخـوێـنن، لەگـەڵ ئـاژەڵانـدا دلـۆڤـان بـن،… هـتد.
بە دەگـمەن منـداڵێک یان لاوێکی رووسی دەدۆزرێتەوە، کە بەشێک لە هـۆنراوەکانی مـارشاکـیان لەبـەر نەبێـت. گـۆرانی و هـۆنـراوەکـانی، بەشـێک بـوون لە پـرۆگـرامی پەرتـووکی خوێنـدنەوە، لە باخچـەی منداڵان و لە قـوتابخانە بنەڕەتییەکانی سۆڤیەت.
(ئـیـڤـان ئەنـدرێـڤـیچ کـریـلـۆڤ: ١٧٦٩ـ ١٨٤٤)

ئیڤان کریـلۆڤ، هـۆنراوەنووس، چیرۆکنووس، شانۆنووس، رۆژنامەنووس، وەرگـێڕ، بە نـووسەری چـیرۆکی ئەفـسانەیی و داستانیـش بەنـاوبـانگە. لە شـاری مـۆسکـۆ لە رووسیا لەدایک بووە. جگە لە زمانی رووسی، لە منداڵییەوە فـێری زمانی فەرەنسی و یۆنـانی بـوو. بەشێکی هەرە زۆری چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان نووسیوون، یان لە چیرۆکەکانی (ئیـزۆپ) ی یـۆنانی و (لاڤـۆنتین) ی فەرەنسین، کە لە زمانی یۆنانی و فەرەنسییەوە وەریانیگـێڕاون بۆ سـەر زمـانی رووسی. پاڵەوانی چـیرۆکەکانی ئـاژەڵ و باڵنـدە و شـتی بـێگـیانـن. لە شـێر و رێـوی و سـەگ و مـاسی و باڵـنـدە تا دار و بـەرد.
ستایلی نووسینی زۆر ئاسان و سادەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ژیـرانە و مەبەستـدارن.
کریلۆڤ نزیکەی (٢٠٠) چیرۆکی ئەفسانەیی هـێمایی بۆ منداڵان نووسیون. لەوانەش:
جووتیار و مار، ئەنجوومەنی مشکان، مەیمـوون و پشیلە، پشیلە و شالـوور، جـەژن، بـۆق و گـا، جـووتیار و مـەڕ، گـورگ و شـوان، بەرازی ژێـر داربـەڕووەکە،… هـتد.
حەزەکەم ئامـاژەش بەوە بـدەم کە (جووتیـار و مـار) ەکەی کـریلـۆڤ، هەمان چیرۆکی رەسەنی کوردیـمان (مـارەکەی مـام هـۆمەر) ە. کە بـۆتـە پەنـدێک لە وێـژەی ئەدەبی کوردی، دەڵـێـین:”بـوو بە مـارەکـەی مـام هـۆمەر و ویـستی پـێـمەوە بـدات”.
کریلۆڤ نایشارێتەوە، کە کاریگەرییەکی زۆری هەردوو نووسەر، لاڤـۆنتین و ئیزوپی بەسەرەوەیە، تەنانەت بۆ زۆر لە چیرۆکەکانی هەمان ناونیشانی چیرۆکەکانی ئەو دوو نووسەرەی دانـاون.، یان بە کەمـێک گـۆڕان و دەستکارییەوە. لە نـووسـینی چـیرۆکە ئەفسانەییەکانیـدا، ریچکەهـەڵگـرێکی تەواوی لاڤـۆنتـین بـوو. بۆیـە لە رووسـیاد، بە (لاڤـۆنتینی رووسی) ناودەبـرێت. هەرچەنـدە کە کـریلـۆڤ، یەکەم نووسەری چیرۆکی ئەفـسانەیی رووسی نەبـوو بـۆ منـداڵان، بەڵام بـوو بە دیـارتـریـن و بە ناوبانگـتریـن چـیرۆکنووسی ئەم بـوارە.
چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی کریـلـۆڤ، بە زۆری تـوانج و تەنـزئامـێز و مەبەستـدارن. بۆ نموونە: چیرۆکی (گـورگ لە ماڵی سەگـدا)، مەبەستی لە لەشکرکێشییەکەی فەرەنسایە لە (١٨١٢) دا، بۆ سـەر خاکی رووسـیا. لە چـیرۆکی (گـورگ و شـوان) دا، مەبەستی لە ئاهـەنگـێڕانی بەرگـریی رووسـیایە.
بێجگە لەو نووسەرانەی لە سەرەوە باسمان کـرد. چەنـدیـن نووسـەری تـری رووسی لە وێـژەی کلاسیکی و ریالیزمی منداڵاندا، بەشدارییان لە بـزووتنەوەی وێـژەی منداڵان لە رووسیادا کـردووە و رۆڵی بەرچاویان هەبووە. بە نووسین و چاپکـردنی چـیرۆک و هـۆنـراوە و شانـۆ و رۆمـان، منـداڵان و هـەرزەکارانیـان بەسەرکـردوونـەتەوە.
(*) بۆ ئەم نووسینەم، سوودم لە چەنـدین سایتی ئینگـلیزی و نەرویجی وەرگرتووە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




ئێمە لەچ ئێستایەکداین؟.. نیهاد جامی

پرسیارکردن لەو ساتەی تیایدا دەژین، گەڕانە بەدوای ئاستە وون بووەکەی خۆمان، ئەوەی ناگەڕێت بۆ ئەو زەمەنە ئەوە تەنیا دەسەڵاتی سیاسیە، چونکە ئێستا بۆ دەسەلات بریتیە لەساتەوەختی چێژ، لەکاتێکدا بۆ کۆمەلگا لەدایکبونی برینە، لەنێوان وێنەی چێژ و برین، مۆتیڤی دەسەلات و کۆمەلگا دەخولقێت، وێنەیەکی سادیانەی ژیانە، دەسەڵات چێژ لەو برینەی کۆمەلگا دەبینێت، ئەو ئارەزووکردنە بۆ خوێن، ویستێکی زەوتکردنی ئیرادەی هەمووانە، کوشتنی خەسڵەتی جیاوازیە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی نەتوانین بیر لەئێستامان بکەینەوە.
هێزی کولتور لەکوێی ئەو ئێستایەدایە؟ پرسیارێک ئاراستەی دەسەڵات ناکرێت، هێندەی پرسیارێکە بۆ وەبیر هاتنەوەی کۆمەڵگا، ئێمە بۆ ئەوەی بیربکەینەوە، دەبێت بیرمان بێتەوە، کۆی ژیانی ئێمە بەگژداچوونەوە بووە بە دەسەلات، ئەو فۆڕمەی دەسەڵات وێنەیەکی جیاوازی نیە، هێندەی ڕووخسارەکانی جیاوازن، دەنا بۆ خۆی یەک وێنەی هەیە، ئەویش وێنەی دەسەلاتی فاشیزمە، ئێمە کە برینمان ساتێکی هەمیشەیی ژیانە، لەبەردەم ئەگەرێکی نوێدا نین، بەڵام دەکەوینەوە ناو دووبارەکردنەوەی مێژوو، کۆتایی بەعسیزم و کۆتایی بنەماڵەی کوردی، دوو کۆتایین درێژکراوەی یەکترین، چونکە سەرەنجام فاشیزم کە لەئاستی باڵای دەسەلاتدا نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا دەکات، ئەوە ئێمە نین کۆتایی پێدێنین، بەلکو سەرمایەداری بۆ خۆی تا ئەو شوێنە ڕێگای دەدات کە داکۆکی لەهێزی ئەو دەکات، بنەماڵەی کوردیی تا ئەو شوێنەی کاری کۆمپانیا و بازرگانی و ئایدیای بیری سەرمایەداری بەڕێوە دەبات، نوێنەرایەتی ئەو دەکات، هیچ کاتێک نوێنەرایەتی خۆی ناکات، بەڵکو فۆڕمێکی ئەویتری دەرەوەی ئێمەیە، ئەو فۆڕمە دەتوانێت بە بیانوی نەتەوە فریوومان بدات، وەک چۆن بەدرێژایی مێژوو نەتەوە کراوە بەو بیانوەی کە ئێمە دەستخەرۆ بدات، ململانێی بنەمالەکان کێشەی ئایدیۆلۆژی نین، هێندەی وابەستەی ئەگەرێکی ململانێیە دەبێت ئامادەبوونی هەبێت، بەڵام دیسان دەپرسین هێزی کولتور لەکوێدایە؟
ئەوە نائامادەبوونی کولتور نیە لەئێستادا، هێندەی نەبوونی نوێنەرانی کولتورە، بەوەی نوسەران و هونەرمەندان لەناو کایەی بنەماڵەکان تواونەتەوە، ئەو هێزە رۆشنبیریەی دەیەوێت نوێنەرایەتی کولتور بکات، لەڕاستیدا هێلێکی باریک هەیە لەنێوان ئەوان ودەنگەلێک کە لەناو بنەماڵەدایە، بۆیە سەختە بتوانین لەیەکتریان جیا بکەینەوە، ئەو هێزە توانای هەیە بۆ ئەوەی لەئێستای کولتوردا بژیێت، تێبگات لەوەی ژنکوژی ئەخلاقێکی سیاسی بنەماڵەییە زادەی دۆخێکی دەسەلاتی سادیە کە بەدوای ڕاپەرین هێنایەنە بوون وەک کولتورێکی بنەمالەیی ئەو دوو بنەماڵە کوردیە، کە دەبێت بپرسین: ئاخۆ ڕاپەڕینی بەهاری نەوەت و یەک ڕاپەڕینی پیاوی کوردیی بوو بەسەر ژندا؟
ئەوە پرسیار نیە بۆ وەلامدانەوە، هێندەی کاتێک ژمارەی ژنکوژراوەکانمان بیر دێتەوە، پێویستمان بە تەریق بوونەوەیە کە پیاوین لەکۆمەلگای کوردیدا، پیاوین و بنەمالەکان ناوەندی سەربەخۆ بۆ ژنان دەکەنەوە، کەچی ژمارەی ژنە کوژراوەکان زیاد دەکات، کاتێک خۆرئاواییەک ئێمە دەبینێت وادەزانێت دامەزراوەی کۆمەلگای مەدەنیمان هەیە بەبونی ئەو سەنتەرو ناوەندە جیاوازانە، هێزی کولتور پێویستی بەوەیە دیوارێک درووست بکات لەنێوان ڕاستەقینەی کولتور و ناوەندە بنەماڵەییەکانی لە ئێستادا خوازیارن خۆیان وەک ناوەندی کولتوری بە ئێمە بناسێنن، لەو ئێستایەدا چیرۆک وەک گێڕانەوە و بەتایبەت ڕۆمان توانای ئەوەی هەیە ئەو مێژووە درۆزنانەی دەسەڵات ئاشکرا بکات، ئێمە بۆ خۆمان لەڕێی پێنج نۆڤلێت و ڕۆمان ویستمان پەردە لەڕووی ئەو هەموو ئارەزووە سادیەی بنەماڵەیی ڕابمالین، قسە لەکۆی ئەو مێژووە خوێناویە بکەین لەڕێی گێڕانەوەی ئەدەبی، بەڵام ئەوە تەنیا دەنگێک نیە ئێمە کۆمەلێک دەنگمان هەیە کە لەئێمەش زیاتر کاریان لەسەر ئەو ئاستە ئەدەبیە کردووە بۆ ئەو ئێستایەی تیایداین، ئەوە تەنیا ڕۆمان نیە ئەو هێزەی هەیە، هونەری شێوەکاری و هونەری شانۆ کە ئەو ڕۆڵەیان نەبینیووە، بەڵام لەتوانایاندایە نوێنەرایەتی کولتور بکەن لەو ئێستایەی تیایداین.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




کەرکوک چۆن روناکی دەبینێت!.. عوسمانی حاجی مارف

بارزانی سەرەڕای ناڕەزایی حکومەتی بەغدا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی عێراق بە کەرکوکیشەوە ئەنجامدا. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق فەرمانی بە هێزەکانی عێراق کرد، دەست بەسەر کەرکوکدا بگرن و لە ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵەبانی و بارزانی دەری هێنا، هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمیش بەبێ ئەوەی بەرەنگاریەکی ئەوتۆ بکەن، کشانەوە، بەم شێوەیە حکومەتی هەرێم باجێکی زۆریدا، لە ئاکامی ئەو هەوڵە شکستخواردوەی کە بانگەوازی سەربەخۆیی راگەیاند. پارتی و یەکێتی گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی نەوت و ڕووبەرێکی زۆری خاکەکەیان لەدەستدا، هاوسەنگی هێزیان لەبەرامبەر حکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکانی عێراقدا گۆردراو لە ئاستێکی زۆر نزمدا هێزەکەیان نمایشیان کرد، تەواوی مێژووی کوردایەتی خۆیان شەرمەزارکرد.
دواتر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم پاش ملکەچیان بۆ بەغدا، بەرێگەی دیبلۆماسی و دانوسانەوە لە هەوڵی پاراستنی مانەوەیان بون لە کەرکوکدا، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢١، مەسعوود بارزانی هاوپەیمانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کرد، لە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوکدا. بەلام دوای کشانەوەی ئەلسەدر لە پڕۆسەی سیاسی، بارزانی ناچار بە دانوستان بوو لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا، پاڵپشتی خۆی بۆ محەمەد شیاع ئەلسودانی راگەیاندو پاشەکشەی لەهەوڵەکانی بۆ گەرانەوەی دەوری لە کەرکوکدا کرد. تاڵەبانی بەو دەلیلەی زوتر خۆیدا بەدەستەوەو هاوکاری چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد، پێیەکی لە کەرکوکدا مایەوە.
بەگشتی تەواوی هێزە میلیشا دەسەڵاتدارەکانی عێراق و کوردستان هۆگری پارێزگای کەرکوکن و هەرلایەنێکیان خواستی خۆی هەیەو لە کێبرکێیەکی بەردەوامدان بۆ دامەزراندنی پێگەیان لە کەرکوکدا، لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی بنکەیان لە پارێزگاکەدا هەیە، بەڵام بەدوای ٢٠١٧وە و خۆرێکخستەوەی هێزە سەربازیەکانی عێراق و داسەپاندنی حەشدی شەعبی، هاوکێشەکە بەجۆرێک گۆرانی بەسەردا هات، کە ئێستا یەکێتی و پارتی لەرێگای رکابەری لە هەڵبژاردنەوە هەوڵئەدەن پێگەیان لە کەرکودا دامەزرێندنەوە، ئەمەش لە واقعی دەسەڵاتی هێزی میلیشا و باڵادەستی حکومەتی عێراق بەسەر کەرکوکدا، ئەمجۆرە هەوڵانە بەزوویی پوچەل دەبێتەوە، یان بە شێوازێکی فۆرماڵی لە ئەنجومەنی پارێزگادا بەشداریان پێدەکەن.
هەستیاری دۆخی پارێزگای کەرکوک و ئایندەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هیچ پرۆژەیەکی سیاسیی رێکەوتن لە نێوان هێزەکاندا، ئەو هێزانەی کە لەسەر بنەمای دینی و تائیفی و نەتەوەیی لەشانۆی سیاسی عێراق و کوردستاند هەڵسورانی سیاسی دەکەن، تا ئەو ئاستەی کەرکوک چۆتە لیستی ناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و تائێستاس هەربەو ناوەوە دەناسرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی لەم دواییانەدا بەشداریکردنی چەند لایەنێک لە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و دامەزراندنی پارێزگاردا رێکەوتنێکیان ئەنجامدا، بەڵام هێشتا ناکۆکیەکانیان لەسەر چارەنوسی کەرکوک و تاڵانچێتی لە کەرکوکدا وەک خۆی ماوە، بۆیە ئەم ناکۆکیەش دەرگا بەڕووی ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێی نوێدا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.
بەمەبەستی شکاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی لەکەرکوکدا بەدوای هەڵبژاردنی پارێزگار و دابەشذکردنی پۆستەکانی پارێزگا پێشهات، سودانی رایگەیاند کە دەبێ دانیشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگا لە ١١ی تەمموزدا بەڕێوەبچێت. داواشی کرد هێزە سیاسیە پەیوەندیدارەکان هاوکار بن لە تەواوکردنی ئەو کێشانەی هەبووە لە گفتوگۆ سیاسییەکانیاندا، ئەم هەڕەشەیە بووەهۆی ئەوەی بلۆکە براوەکان هاوپەیمانی خۆیان بکەن و هاوپەیمانیەکی نەتەوەیی و تائیفی پێکبهێنن. لایەنەکان بەسەر دوو میحوەردا دابەشبوون، یەکەمیان بارزانی، بەرەی تورکمانی و هێزەکانی هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و ڕاکان جەبوری لەخۆدەگرت. دووەمیان، تاڵبانی و بزووتنەوەی بابلی مەسیحی سەر بە حەشدی شەعبی و سێ ئەندامی عەرەبی سەر بە پارتی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی، هەروەها هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە.
لە ١٠ی ئابدا هێزەکانی میحوەری دووەم توانییان ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگار دامەزرێنن، لەسەر بنەمای حوکمی زۆرینە. شایانی باسە لە دانیشتنی هەڵبژاردنەکەدا بە ئامادەبوونی، بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی، و بەرپرسی پارتی تەقەدوم، محمد ئەل- حەلبوسی بەرێوە چوو، کە دەنگیان بە ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانی دا، ڕێبوار تەها بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار . رێبوار تەها لە دانیشتنێکی مشتومڕاویدا هەڵبژێردرا کە تێیدا نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان و نیوەی هێزە عەرەبییەکان ئامادەنەبوون، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
حەلبوسی ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە پێدانی پۆستی پارێزگار بە یەکێتی، دوای ئەوەی دەنگی سێ کورسی حزبەکەی لە بەرژەوەندی ئەم کاندیدکردنە بەخشی، ئەمەش دەتوانین بڵێین لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی حەلبوسیە بەرامبەر نەیارەکەی، کە خەمیس خەنجەرە، کەپەیوەندی لەگەڵ بارزانیدا کردوە، بەمەش تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە هاوسەنگی پرۆسەی سیاسی کەرکوکی تێکداوە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە هەوڵەکانی حەلبوسی زیاتر گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان زاڵن بەسەر هەموو دانوستانەکانی ئێستایدا. بەمشێوەیە حەلبوسی مەرجی دابینکردنی پشتیوانی خۆی بۆ سەرکەوتنی ڕێبوار تەها دانا، لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتیوانی هاوپەیمانە نوێیەکانی بۆ گەڕانەوەی پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.
لەبەرامبەردا ئەو گروپانەی ئامادە نەبوون، سکاڵایان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە تۆمارکرد کە لە هۆتێل ئەلڕەشیدا بەرێوەچووە، بەهۆی شکاندنی یاسای تەوافوق و ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەکەدا، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەو داوایەی ڕەتکردنەوە.
هەرچەندە وانیشان ئەدرێت ناکۆکیە سیاسییەکانی کەرکوک تەنها لە سروشتێکی ناوخۆییدا بێت، بەڵام ئەوە شاراوە نیە کە زلهێزە ئیقلیمییەکانیش دەستێوەردانیان لە پرسی کەرکوکدا کاریگەرەو پێگەو نفوزی خۆیان هەیە، ئەم کاریگەریەیان لە ئەنجومەنی پارێزگاکەدا نیشاندا. ئەو قەیرانەش کە کەرکوک دەرگیریەتی، درێژکردنەوەی کێبڕکێی ناوچەیی نێوان تورکیا و ئێرانە لەسەر ناوچەکە، هەردووکیان هەوڵدەدەن بگەنە دۆخێکی سیاسی کە خزمەت بە مەبەستەکانیان لە کەرکوکدا بکات، ئەنقەرەو تاران لە هەوڵی ئەوەدان ئەو لایەنە لە ئەنجومەنی پارێزگادا باڵادەست بێت کە سەر بەخۆیەتی.
بەگشتی بارزانی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە، هاوکات تاڵەبانی پەیوەندییەکی نزیکی بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و ئێرانەوە هەیە، لەم پرۆسەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوکدا ئێران گرەوی بردەوە، بەڵام ئەمە کۆتایی یاریەکە نیە و دۆخی کەرکوک لە بەردەم چەندین سیناریۆی گەمەی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە..
ئەو ژمارە زۆرەی لە هێزی چەکداری جیاواز بەسەر ئەو شارەدا دابەشبووە و پارچە پارچەبوونی هێزە ئەمنیەکانە بۆ گرووپە جیاوازەکان، ئاشکرایە ئەمجۆرە لە باڵادەستی هێزەکان بە ناوی دین و تائیفەو نەتەوەوە دەتوانێ سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدات و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئارامی سیاسی بگرێت، بەردەوام لە دۆخێکی دژواردا ئەو شارە وێنا دەکرێت، ئەم دۆخە پر جەنجاڵ و نائەمنە رۆشنە کە دابەشکردنی دانیشتوانی ئەو شارەیە بەزۆر بەناوی دین و تاتیفەو نەتەوەوە، لەهەمانکاتدا بەهۆی بەردەوامی دەستوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ، دۆخەکە خراپتر دەبێت، کە هەردوو تورکیا و ئێران لەوبارەیەوە هەمیشە رۆڵێکی مەترسیداریان هەیە.
واتە بەمشێوەیە لەباری هەلومەرجی سیاسی ئێستای شاری کەرکوک، ئەوەمان نیشان ئەدات سیناریۆی ئەم پارێزگایە ڕووناکی بەخۆیەوە نابینێت، مەگەر حکومەتێکی ناوەندی بەهێز کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەرکردایەتی بکات و توانای جێبەجێکردنی یاساکانی پارێزگاری لە مرۆڤایەتی هەبێت، یان لەڕووی سیاسییەوە لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر داببڕێت لە سیستەمێکی نیمچە سەربەخۆدا کە خەڵکی شارەکە خۆیان بەڕێوەی بەرن. حکومەتی عیراق و کوردستان و بەرێوەبەرایەتی شارەکانی عێراق و کوردستان پێویستە لە سەر بنەمای هاووڵاتی بوون دامەزرێت.




په‌راوێـزی شه‌شه‌مینی تێكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

ڕه‌نگه‌ تۆش هه‌ر وای لێك بده‌یه‌وه‌؛ (دواكه‌وتن)‌ ته‌نیا له‌ ڕه‌هه‌ندی ئابووری و ته‌كنه‌لۆژییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێ ، لایه‌نی كولتووری و ئاستی بینای ئه‌بستمی له‌ پێشه‌وه‌یان پرۆژه‌یه‌كی جیدی وه‌رگێڕان ڕۆڵی دیار له‌ به‌رقه‌راركردنی پێگه‌یشتنی شارستانی و دروستبوونی فاكته‌ره‌كانی پێشكه‌وتن ده‌بینێ..
لای ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی وه‌رگێڕانه‌وه‌ كراوه‌، وێڕای كۆششی تاكه‌ كه‌سی ‌ ، به‌هۆی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ بووه‌ ، له‌ مێژووی خۆیدا ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی تاكه‌ مینبه‌ر بووه‌ ده‌ق و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی وه‌رگێڕدراوی بڵاوكردبێته‌وه‌..ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر له‌به‌هه‌ند زانینی ڕۆژنامه‌ وگۆڤار و ده‌وریاتی كوردیشدا سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، بۆ پرۆژه‌یێكی گرنگی وه‌ك پرۆژه‌ی وه‌رگێڕان بێگومان به‌س نیه‌..( دیاره‌ من لێره‌دا باس له‌ پێش ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌م ، بێگومان پاش ڕاپه‌ڕین له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ)
هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ندێ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسەوە دراون كه‌ زیاتر ده‌چنه‌وه‌ ناو خزمه‌تگوزاری كولتووری تا پرۆسه‌یێكی پلان بۆ داڕێژراو ..ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێ ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕانمان نییه‌ وه‌ك دامه‌زراوێكی په‌تی كوردی ‌بێ ڕه‌چاوكردنی سیاسه‌ت و تونێڵه‌ مارپێچه‌كانی كه‌وتبێته‌ كار و هاتبێته‌ مه‌یدان بۆ دیاریكردنی پلانێكی درێژخایه‌نی وه‌رگێڕان و به‌دواداچوونی ته‌كنیك و كێشه ‌و هونه‌ر و كاریگه‌ریه‌كانی به‌ تایبه‌تی له‌ بازنه‌ی پێشخستننی زمان و چه‌سپاندنی ئیدیوم و زاراوه‌ی نوێ ئه‌و پرۆسه‌ گرینگه‌ ، كه‌ ئه‌گه‌رێكی دیاری پێشكه‌وتن و پێكگه‌یشتنی شارستانی و شه‌قاوێكی ڕێگابڕ به‌ ئاراسته‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دواكه‌وتوویی با به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكیش بێ.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی پرسیار و تاڕاده‌یه‌ك داخه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ تا ئێستا ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیرییه‌كانیش ئه‌رزشی بۆ داندرابێ، وا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ لایه‌نی په‌یوه‌نیدار له‌ ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی گرنگی پرۆسه‌كه‌ی وه‌كو خۆی كه‌ پێویسته‌ و به‌ ئاست و ڕاده‌ی خۆی خوێندبێته‌وه‌! وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی هه‌ستانه‌وه ‌و به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وتی زمان و كولتوور و ڕووناكبیریی كوردی..
له‌م ڕاسته‌دا ده‌كرێ بۆ له‌مه‌ودوا مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ جیدیتر سه‌یر بكرێ، بوار هه‌میشه‌ ماوه‌ و ده‌مێنێ به‌و ڕووكاره‌ی له‌ كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌تیدا كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕێكبخرێ، مه‌وداكانی كاریگه‌ری وه‌رگێڕان به‌سه‌ر پێشكه‌وتنی كولتووریی لێك بدرێته‌وه‌ و له‌ كێشه ‌و كۆسپه‌كانی ڕێی كاراكردنی بكۆڵدرێته‌وه ‌و چارسه‌ر و پلانی پێویستی بۆ له‌به‌رچاو بگیرێ..
كتێبخانه‌ی ئێمه‌، وێڕای فراوان بوونی به‌تایبه‌تیش دوای ڕاپه‌ڕین و پاش دامه‌زرانی چه‌ند ده‌زگایه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ تایبه‌تیش نین و نه‌بوون به‌ وه‌رگێڕان، هێشتا هه‌ر كتێبخانه‌یه‌كی هه‌ژاره‌…
به‌ كه‌مگرتنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كه‌ كۆڵه‌گه‌یێكی پته‌و له‌ پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی زمان و هه‌ستانه‌وه‌ی كولتووری نه‌ته‌وییدا داده‌ڕێژێ، كه‌ ئێستا دره‌نگه‌ زوو نییه‌ به‌ به‌راوردی هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی سیاسی په‌راوێزگرتووی بێ فایده ‌و ئایده‌ی له‌ قاڵبدراو، فاكته‌رێكی دیكه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌گرتنی پرۆژه‌ی له‌و چه‌شنه‌..
ناچینه‌ ناو تونێڵه‌ دوور و به‌ر درێژه‌كانی به‌راوردكاری به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر ڕێی نموونه‌ هێنانه‌وه‌دا سه‌یری ئامارێكی پێنج ساڵی یه‌كه‌می هه‌شتاكان ده‌كه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن یۆنسكۆوه‌ ئاماده‌كراوه‌ و تێیدا هاتووه‌: تێكڕای وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ هه‌ر ملیۆنێك یه‌ك دانه‌ كتێبی وه‌رگێڕاوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا وڵاتی ئیسپانیا به‌ ته‌نێ بۆ هه‌مان ژماره (920) نۆسه‌دو بیست ناونیشانی هه‌بووه‌..
ئینجا تۆ وه‌ره‌ فكری لێ بكه‌وه‌.. (بڕوانه‌ جابر عصفور الحیاه‌2\6\2004) پێم وایه‌ ئه‌و ئاماره‌ی یۆنسكۆ به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی كتێبخانه‌ و ئاستی چالاكی خۆمانی له‌و بواره‌دا تێدا بخوێنینه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیه‌ تاڵه‌شدا، به‌ش به‌بار وای نابینم ئیتر نه‌توانین هه‌نگاو هه‌ڵێنین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئێستا وه‌ختیه‌تی كۆنگره‌یه‌ك بۆ وه‌رگێڕان و كێشه‌كانی ، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند دامه‌زراوێكی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان پێكده‌هێنرێت، ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كاردان به‌ جیدی ده‌ستی بده‌نێ و خه‌تێكی تایبه‌تی و به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت و پلان بۆ داڕێژراو بۆ كتێب و تێكستی وه‌رگێڕدراو ته‌رخان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها باشتریش ده‌بێ ئه‌گه‌ر هه‌وڵبدرێ پادداشتی شایان بدرێته‌ وه‌رگێڕ..
ده‌ڵێن له‌ زه‌مانی مه‌ئموونی كوڕی هاروون ڕه‌شید كه‌ ئه‌وسا ده‌زگای (الحكمه‌)ی دانا بوو ده‌قی وه‌رگێڕدراو به‌زێـڕ ده‌كێشرا و پارسه‌نگی بۆ داده‌ندرا ته‌نانه‌ت كولتووری عه‌ره‌بی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و ئیسلامی به‌ پله‌ی دووه‌م، له‌و زه‌مانه‌دا به‌هۆی بزاڤی وه‌رگێڕان گه‌یشته‌ چڵه‌پۆپه‌ی پێشكه‌وتن..
مه‌سه‌له‌ی ده‌سمزو پاداشت، مه‌سه‌له‌یه‌ك نیه‌ عه‌یب و ئیرادێكی تێدا بێ، خه‌ڵك و خوایه‌ك هه‌ن كه‌ به‌چاوی مجرد ده‌بینرێن بێ ماندووبوونێكی داپێندانراو له‌وه‌ختێكی پێوانه‌یی ده‌بن به‌ هاروون و قاڕوون.. بۆچی پاداشتێكی شایان بۆ وه‌رگێڕو نووسه‌ران له‌ وه‌رگێڕانی كتێبێك یا تێكستیك كه‌ ماندوو بوون و شه‌ونخوونی و مه‌سئوولیه‌تی قانوونی و ئه‌خلاقی به‌دواوه‌یه‌، به‌قه‌د سه‌رقه‌ڵه‌مانه‌ی جارانیش سه‌یر نه‌كرێ كه‌ له‌ بریتی جادوو نووشتان ده‌درا؟ به‌ڕاده‌یه‌ك وه‌ك خێرپێكردن یا شتێكی له‌و بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێ لێی بڕوانرێ!!
ئێستا هه‌قه‌ به‌ هه‌مان تاو و په‌رۆشییه‌وه‌ بیر له‌ پرۆژه‌ چاره‌نووسازه‌كانی دی تایبه‌ت به‌ كولتوور و فه‌رهه‌نگ بكرێته‌وه ‌و به‌ هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین كاری بۆ بكه‌ین، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌یش دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی شایان بۆ وه‌رگێڕان كه‌ ده‌سپێكی كاره‌كانی وه‌كو پرۆژه‌ی ده‌سپێك به‌ پرۆژه‌ی هه‌زار كتێبی كوردی وه‌رگێڕدراو بێت له‌ هه‌موو بواره‌كان.
بێگومان هه‌ر ڕێگایه‌ك چه‌ندیش دووربێ هه‌ر به‌هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌ست پێ ده‌كا.




گفتوگۆ لەگەڵ ژەنیار ئاودێر مەحموود.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

ژەنیار ئاودێر مەحموود : بەهۆی كاریگەری موزیكی بیانی خەریكە موزیكی كوردی نانسرێتەوە
ژەنیار ئاودێرمەحموود: لە كوردستان هیچ ژنیارەكی چەلۆ نییە كەوا لە من بكات پێی سەرسام بم و لاسایی بكەمەوە
خاتوونی ژەنیاری بە توانای كوردستان (ئاودێر مەحموود) یەكێكە لەوژەنیارانەی كە شوێن پەنجەی لە نێو موزیكی كوردی دیار و بەرچاوە ..ئەو دەرچووی پەیمانگەی هونەرجوانەكان و كۆلێژی هونەرە لەگەڵ چەندین گروپ و تیپی موزیكی شاری سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی كاری كردوە.. ئاودێر عەشقێكی شێتانەی بۆئامێری چەلۆیەكەی هەیە هەمیشە وەكو كەسێكی نزیك لە خۆی سەیری دەكات تێكەڵ بەرۆحی بووە. ئێمە بۆ ئاشنا بوون بەم خاتوونە هونەرمەندە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
ئا- كامەران حاجی ئەلیاس

  • سەرەتا خوێنەرانمان حەز دەكەن بزانن، ئاودێرخان چۆن ئاشنای جیهانی موزیك بوو؟
  • هەموو كەسێك حەزی لە موزیكە،بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت من لەسەرەتا تامەزرۆی موزیك نەبووم، بەڵام خێزانەكەم موزیكیان زۆر زۆر پێخۆشبوو.. بۆیە زۆر هانی منیان دا لە هەمان كاتدا پێیان خۆش بوولەم بوارە دا بخوێنم ،ئەم هاندانی خێزانەكەم وای لێكردم بچمە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی ئەگەر نا لەسەرەتادا هیچ بیرم لەوە نەكردبووە فێری موزیك بم، ئێستاش موزیك بەجۆرێك تێكەڵ بەرۆحم بووە ناتوانم رۆژێك بەبێ موزیك گوزر بكەم.

    *لە نێو ئەو هەموو ئامێرە موزیكیانە بۆچی ئامێری چەلەتۆت هەڵبژارد؟
    -راستە لەسەرەتادا من تامەزرۆی موزیك نەبوو ،بەڵام پێش بچمەپەیمانگا حەزم لە ژەنینی ئامێری چەلۆ بوو هەرچەندە پێشتر هیچ ئەزموونێكم لەسەر ئامێرەكە نەبوو،بەڵام كاتێ لە تەلەفزیۆن ئەو ئامێرەم دەبینی تاكە ئامێر بوو سەرنجی راكێشام و زۆر حەزم لێیبوو لەپەیمانگاش بە ئامێری چەلۆ دەستم پێكرد تائێستاش بەردەوامم هیچش پەشیمانیم لە هەڵبژاردنی ئێستا ئەمێرەكە وەكو كەسێكی نزیكی خۆمی سەیر دەكەم ئەتوانم بڵێم تێكەڵ بەمن بووە .

  • كامەن ئەو ژنیارانەی كەبەرێزتان بە ژنیان سەرسامیت وە كاریگەریان لەسەر ژنینی تۆدا هەبووە؟
  • لەسەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەریم هیچ ژەنیارێك نەبوو لە ئامێرەكەی خۆما تا من پێی سەرسام بم، ئەتواتنم بڵیم تائێستاش لە كوردستان هیچ ژنیارەكی چەلۆ نییە كەوا لە من بكات پێی سەرسام بم و لاسایی بكەمەوە یاخود سوودی لێوەربگرم بەداخەوە من خەفەت دەخۆم كەتاوەكو ئێستا ژەنیارێكی والە كوردستان هەبێت كە سەرنجی من رابكێشێت ..بەڵام من زۆر سەرسامم بە ژنیارە ئەورپییەكان بەجۆرێك ژەنیاری زۆر بە توانایان هەیە بۆیە دەمێكە تێكەڵاوی زۆریانم زۆر سوودم لێ وەرگرتوون هەندێكان كە هاتوونەتەوە كوردستان وانەی تایبەتم لێوەرگرتوون هەروەها كاتێ خۆم گەشتی دەرەوەم كردووە لەوێ وانەی تایبەتم لەلایان وەرگرتووە.
  • بەرێزتان لەگەڵ چەندین تیپی موزیك كارتان كردوە،تاچەند ئەو تیپانە هاوكارت بوون بۆ پیشڤەچوونی ئەزموونی هونەری تۆ؟
  • من وەكو ژەنیارێكی چەلۆ ئەتوانم بڵیم لەگەڵ هەموو گروپە موزیكییەكانی ناوشاری سلێمانی و دەتوانم بڵیم دەرەوەی سلێمانیش كارم كردوە،لە چەندین رووە سوودی زۆرم لێوەرگرتوون وەكو سەرەتا كاركردن لەگەڵ ئەو تیپ و گروپانە تۆ ئەزموون زۆر پیدادەكەیت لە هەمان كاتدا ئاشنا دەبیت بە میوزیكەكانی تر وە ئاشنا دەبیت بە ستایلی جیاواز لەبەرئەوەی هەرگروپەو بەشێوەیەك كار لەسەر موزیك دەكات ئەمانە هەموو سوودی زۆری هەیە بۆ كەسێك كە كەسەرەتا دەست پێبكات وەكو لایەنی ژەنیینش من سوودم لێبینیوە بەتایبەتی كەسەرەتا موزیكی كلاسیك دەخوێنێت بەڵام ئەو موزیكەی لە كەڵچەری ئێمە دا هەیە لەموزیكی كوردیدا هەیە جیاوازە لەگەڵ موزیكی كلاسیك بۆیە تۆ فێری ئەو شێوازە ژەنینانە دەبیت فێری شێوازی ئەو تۆنانە دەبیت كەلە موزیكی كوردیدا دەژنێرێت لەبەر ئەوە من سوودی زۆر لێوەرگرتوون.
  • وەكو ژەنیارێك ،كامەیان زیاتر كاریگەری لەسەر وەرگر هەیە (ئاواز یاخود تێكست یان شێوازی ئەدایەكە؟
  • من وای دەبینم كەهەریەكەو كاریگەری خۆی هەیە زۆر جار ئاوازەكە زۆر زۆر دەچێتە ناو خەڵكەوە بەجۆرێك ئاوازەكە كاریگەری لەسەری هەبووە،ئەوەندە گرنگی بە ئادای گۆرنیبێژەكە یاخود تێكستەكە نەداوە زۆر جاریش بەپێچەوانە وەرگر ئەوەندە گرنگی بە تێكستەكە یاخود بەووشەكان دەدات بەلایەوە گرنگ نییە ئاوازەكە چۆن چۆنییە یان موزیكەكەی چۆنە بۆیە دەڵێم كاریگەریەكە دەگەڕێتەوە سەر وەرگر بەوەی كامەی زیاتر لە (ئاواز، یاخود تێكست، یاخود وتنەكە) كاریگەری لێدەكات، لە هەمان كاتدا كاریگەریەكە لە كەسێك بۆ كەسێكی تر جیاوازە.
  • ئێوە لەپەیمانگا و كۆلێژی هونەریت خوێندوە ،تاچەند گرنگە ژەنیار بەشێوەیەكی ئەكادیمی ئامێرەكەی بژەنێت؟
  • من پەیمانگای هونەرەجوانەكان بەپلەی یەكەم تەوا كردوە و كۆلێژی هونەریشم بەپلەی یەكەم تەواو كردوە،شێوازی ژەنین بەشێوەیەكی ئەكادیمی زۆر گرنگە وەكو سەرەتا هەركەسێك دەست بەهەركارێك بكات پێویستە شێوازە راستەكەی فێربێت ئیتر دوای ئەوەی قوڵ دەبێتەوە لە بوارەكەی داهێنانی تیا دەكات یان شێوازەكەی دەگۆرێت ئەمەیان جیاوازە بەڵام وەكو سەرەتا بۆئەوەی لە ئامێرەكە بەباشی فێربیت دەبێ بەشێوەیەكی ئەكادیمی فێربیت.
  • كاریگەری موزیكی بیانی بە (ئەرێنی و نەرێنی) لەسەر شوناسی موزیكی كوردی چۆن دەبینت؟
  • بەداخەوە لە كوردستان موزیكی بیانی كاریگەری زۆر نەرێنی هەیە لەسەرتاكی ئەم كۆمەڵگایە بەجۆرێك بەهۆی كاریگەری موزیكی بیانی خەریكە موزیكی كوردی نانسرێتەوە ئەوەندە كاریگەری نەرێنی لەسەرە.. من پێم خۆشە سوود لە موزیكی بیانی وەربگرین بەشێوەیەك بەكار بێت كە موزیكی كوردی سوودی لێوەربگرین نەك بەشێوەیەك بەكار بێت كەبەرگێكی بیانی بكەیت بە موزیكی كوردی تا ئەورادەی نەناسرێتەوە.. زۆر بەداخەوە كەسانێك بەو جۆرە ئیش دەكەن جێگەی داخە كاتێ گوێ لەهەندێ گۆرانی یان لەهەندێ موزیك دەبێت كەسەكە كوردە هەموو ئەوانەی كاریان لە كارەكەیان كردوە كوردن بەڵام هیچ مۆركێكی كوردی پێوەنییە ئەوەند مۆركی بیانیان بەكار هێناوە نازانیت ئەمە كارێكی كوردییە.
  • هەندێ لە گۆرانیایەكانی ئێستا تەنیا چەند رۆژێك گوێگریان دەبێت لە دواییدا ون دەبن هۆكارەكەی ئاوازەكە یاخود تێكستەكە یان بۆ دەنگەكە دەگەڕێتەوە؟
  • راستییەكەی هۆكار زۆرن ئاواز كاریگەری خۆی هەیە، تێكست كاریگەری خۆی هەیە دەنگەكە كاریگەری خۆی هەیە لە هەمووشی گرنگتر ئەو ستایلە گۆرانیەی كە هەندێ لە گۆرانیبێژەكان بەكاری دەهێنن هەروەكو لەوەڵامی پرسیاری سەرەوە ئاماژەم پێدا بە داخەوە هەندێ گۆرانی ئەوەندە كاریگەرە بە ستایلی بیانی هیچی لە كوردی ناچێت كاتێ گوێ لێدەگریت هیچ تام وچێژێكی نییە ئەوجا لە ئێستادا زۆر زۆریش بووە وەنەبێت كەسێك یان دووان بەوشێوازە كاربكەن زۆرێك بەو ستایلە كار دەكەن بۆیە گۆرانییەكە هیچ رۆحییەتی تیا نەماوە كارەكان وەكو كارگەی لێهاتووە هەرگۆرنی دەریدەكات تەواو دەریدەكات تەواو.. هەندێ گۆرانیبێژ هەیەمن هەرنایانناسم كاتێ لە شوێنێك گوێت لە گۆرانییەك دەبێت لام سەیرە دەپرسم ئەوە كێیە ئەوە چۆنە !؟ چونكە گۆرانیبێژ زۆر بووە گۆرانی بڵاوكردنەوەش وەكو كارگەی لێهاتووە لەهەمان كاتداخەڵكیش نەئەوەندە كاتی هەیە گوێ لە گۆرانییەكە بگرێت لەبەر ئەوەی تام چێژ لە گۆرانییەكە وەرناگرێت بۆیە تاقەتی ئەوەی نییە بەدوای ئەو گۆرانیانە بگەرێت.. خاڵكی تریش بۆتێكستەكە دەگەرێتەوە بە جۆرێك هەندێ تێكست ئەوەند ناشیرینە مرۆڤ حەز ناكات گوێی لێبگرێت ئەمانە هەمووی كاریگەری خۆی هەیە بۆ ئەوەی گۆرانییەكان بە نەمری نەمێنەوە.
  • باشەچۆن دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی موزیكی كوردی بكەین؟
  • لەو كاتە دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی موزیكی كوردی بكەین كاتێ هونەرمەندان كار دەن مۆركی كوردی لە دەست نەدەن، مادەم ئێمە كوردین دەبێ هەر كارێك بكەین مۆركی كوردی پێوە بێت ئەنجا شێوازی نووسینی موزیكەكە بێت بەكارهێنانی ئامێرە كوردییەكان بێت هەروەها لەرێگەی كلیپەكان كە بەداخەوە هەندێ لە كلیپەكان زۆر ناشرینن تا ئەو رادەییەی حەزناكەیت مناڵەكشت ببینی چونكە ئەوەندە شتی نەشیاوی تیایە پێویستە ئەو كلیپانەی دەكرێن شتی سەرنج راكێشی كوردی بێت مۆركی خۆی لە دەست نەدا.. ئێمەدەتوانین هەم لە ئاواز هەم لە تێكست هەم لە هەڵبژادنی لەو دەنگەی كەدەنگ دەبێژێت مۆركی كوردی لەخۆ بگرێت لەم رێگەیەوە دەتوانین موزیك و گۆرانی كوردی بەرەو پێشەوە ببین وە دەتوانیین سوود لە شێوازی دانانی موزیكی ئەوروپی وەربگرین سوود لەلایەن زانستەكەیان وەربگرین بەڵام نابی مۆركی ڕاستەقینەی خۆی لە دەست بدات.

كامەران حاجی ئەلیاس




به فیلمی “سنجار”ی فیلمسازی ئیسپانی چواره‌مین فێستیڤاڵی کوردی “مۆسکۆ” ده‌کرێته‌وه.. ئامادەکردنی: مه‌نسوور جیهانی

ـ به پیشاندانی فیلمی سینه‌مایی “سنجار” له ده‌رهێنانی فیلمسازی ئیسپانی “ئانا بوفاڕۆل”، چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” ده‌کرێته‌وه.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه “بڵینده سینەماییه‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”، به‌شی پێشبڕکێی “کورتە فیلم” و هه‌روه‌ها به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی” له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow، فیلمی سینه‌مایی “سنجار” Sinjar له ده‌رهێنانی خاتوو “ئانا بوفاڕۆل” Anna M. Bofarul له کاتژمێر ٩ی شه‌ویی چوارشه‌مه ١٨ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ ‌و به ئاماده‌بوونی ئه‌م خانمه فیلمسازه ئیسپانییه، سینه‌‌ماکارانی ڕووسی، ده‌رهێنه‌ران، لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، سینه‌ماکارانی جۆڕجیا و کوردانی دانیشتووی ڕووسیا، له سینه‌ما “پارک مۆسفیلم” Mosfilmovskaya له شاری مۆسکۆ له وڵاتی ڕووسیا پیشان ده‌درێت.

فیلمی “سنجار” تایبه‌ته به ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانی ساڵی ٢٠١٤
فیلمی سینه‌مایی “سنجار” تایبه‌ته به ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانی ساڵی ٢٠١٤، ئه‌و کاته‌ی که داعش بۆ ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵکوژیی هێرشی کرده سه‌ر شاری شنگاڵ. یه‌کێک له پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌م فیلمه،‌ به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ سی منداڵی ده‌چێت بۆ به‌رده‌یی، ئه‌ویدیکه له‌م چه‌رمه‌سه‌رییه ده‌رباز ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات که بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه و سێیه‌مین که‌سیش له شاری بارسلۆنای ئیسپانیا به‌شوێن کوڕه ونبووه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕیت. ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌ماییه ده‌ریده‌خات که ئه‌م ژنانه، بۆ ڕزگاربوونی خۆشه‌ویسته‌کانی خۆیان تا چ شوێنێک ده‌چنه پێشه‌وه.

“شه‌وی سینه‌مای کوردی” له کۆمه‌ڵه‌‌ی هونه‌ری “لین بێرسێنێڤسکی”
بێجگه له‌وانه، له “شه‌وی سینه‌مای کوردی” ژماره‌یه‌ک له فیلمه کوردییه‌کانی ئاماده‌بوو له فێستیڤاڵ، له کاتژمێر ١١ی شه‌وی شه‌ممه ٢١ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ تا کاتژمێر ٦ی به‌ره‌به‌یانی یه‌کشه‌مه ٢٢ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ له هۆڵی “لۆمیێر” Lumiere له کۆمه‌ڵه‌‌ی هونه‌ری “لین بێرسێنێڤسکی” Bersenevsky Lane پیشان ده‌درێن.

“مۆسکینۆ” خانه‌خێوی شاکاره مۆدێڕنه‌کانی سینه‌مای کوردی
فیلمه‌کانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” له سینه‌ماکانی کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “مۆسکینۆ” پیشکه‌ش ده‌کرێن. سینه‌ماکانی “مۆسکینۆ” Moskino له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا، شاکاره مۆدێڕنه‌کانی سینه‌مای کوردیی پیشان ده‌دات. ته‌واوی فیلمه‌کان به زمانی سه‌ره‌کی و به ژێرنووسی ڕووسی نمایش ده‌کرێن.

کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “مۆسکینۆ” Moskino له‌وانه؛ سینه‌ماکانی “مۆسکینۆ فاکێل” Moskino Fakel، “مۆسکینۆ کاسمۆس” Moskino Cosmos، “مۆسکینۆ مۆلۆدێژنی” Moskino Molodezhny و “مۆسکینۆ “سپۆتنیک” Moskino Sputnik له شاری مۆسکۆ، خانه‌خێوی ٣٨ به‌رهه‌می ئاماده‌بوو له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، له‌وانه؛ ٧ فیلمی سینه‌مایی و ٨ به‌ڵگه‌فیلمی بڵیند له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان” و هه‌روه‌ها ١٤ کورته فیلمی چیرۆکی و ٩ به‌ڵگه‌فیلمی کورت له به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان” ده‌بن.

ئاڵووگۆڕیی و وتووێژیی نێوان که‌لتووری
ئه‌مساڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزی خستۆته‌ سه‌ر وتووێژیی نێوان که‌لتووری و هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا. ئه‌م فێستیڤاڵه له درێژه‌ی نه‌ریتی ساڵانی ڕابردوو، به‌ ناونیشانی به‌شێک له ئاڵووگۆڕیی فه‌رهه‌نگی، دیسانه‌وه فیلمسازان و لایه‌نگرانی سینه‌ما له سه‌رتاسه‌ری جیهان له یه‌کتریی کۆده‌کاته‌وه تاکوو پێکه‌وه شاکاره ڕاسته‌قینه‌کانی سینه‌مای کوردی پێشکه‌ش بکه‌ن. جوگڕافیای به‌شدار‌بووان زۆر جۆراوجۆرن، به‌رنامه‌کانی فێستیڤاڵ، فیلمه‌کان له ١٢ وڵاتی جیهان، له‌وانه؛ ئیسپانیا، فه‌ڕه‌نسا، که‌نه‌دا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا، دانیماڕک، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هه‌رێمی کوردستان و … له خۆده‌گرێت.

ته‌رکیزی جوێی له‌سه‌ر فیلمه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیزه‌دییه‌کان
ته‌رکیزی جوێی له‌سه‌ر فیلمه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیزه‌دییه‌کان و دینی کۆنی میزۆپۆتامیای ئه‌وانه. هه‌ر ئه‌وه‌ش له چه‌مکی دیمه‌نی فێستیڤاڵیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه: هێمای سه‌ره‌کی پۆسته‌ری ئه‌مساڵ، په‌ڕیی تاووسه که هێمایه‌کی به‌هێزه بۆ خه‌ڵکی کورد، به تایبه‌ت له به‌ستێنی ئیزه‌دیسمدا، که دینی باب و باپیرانی باستانی هه‌موو کورده‌کانه که جه‌خت له‌سه‌ر گرینگی پاراستن و په‌ره‌پێدانی که‌لتووریی کوردی له ڕێگای سینه‌ما ده‌کاته‌وه.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

زانیارییه‌کانی فیلمی سینه‌مایی “سنجار” له ڕێگای ئه‌م لینکه‌وه دانلۆد بکه‌ن:
https://drive.google.com/drive/folders/1GDxlr4f2i8bBMGGOZlXstR5kJxg9NXco




بیرت دەکەم.. شەهلا نوری

بەچی جۆرێ شێوەت بکەم
به ئاوابوونی غەمگینی ئێوارانەت
یا به نامەکانی عیشقم
کە نازانم ئەگا یا نا پێت؟
بەچی جۆرێ شێوەت بکەم
بەئەو جامی کرستاڵە ژەنگاوییەی
پڕ له شەراب
یا بە جامی ئەلەست
به شەمیمی خۆش گۆڵی شەهلای بابردوو
یا به شوعلەی مۆمێک کە بەر لەنەسیمێ بۆی دەلەرزێ
بە بەرسیلەی ترێ
یا به لێوی سووری پڕ چنک ھەنار خواردوو؟
بەچی جۆرێ شێوەت بکەم
به غەزەلە جوانەکانت، نوازشگری شەوانە
یا به حاکمی توغيانی سەرداری
دەوڵەتی عیشق؟
به گومبوونی پەڕەی ئەوین
یا بەڕاگوزەری هه ورازەکەی وادی
بەچی جۆرێ شێوه ت بکەم
به تەڕ و نازگی شقایەق
یا به جاڕ و جنجاڵی
دڕک، بەتاسە بۆ سەروەختێکی دیدارت
یا بەیەک سەرابی ئارەزوو
بەچی جۆرێ شێوەت بکەم

شەهلا نوری




براوه‌کانی ٨١مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” ناسێندران.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

ـ براوه‌کانی هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” Venice له وڵاتی ئیتاڵیا ده‌ستنیشان کران و فیلمی سینه‌مایی “ژووریی ته‌نیشت” له ده‌رهێنانی “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” خه‌ڵاتی گرینگی “شێری زێڕین”ی به‌ده‌ستهێنا.

ڕێوڕ‌‌ه‌سمی کۆتایی هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” Venice به پێشکه‌ش کاری خاتوو “سڤێڤا ئاڵویتی” Sveva Alviti خانمه ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌مای ئیتاڵیا له هۆڵی سینه‌مایی “سالا گڕاندێ” Sala Grande له شاری ڤێنیز له وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو و براوه‌کانی به‌شه جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ به‌شی “پێشبڕکێی سەرەکی”، به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان” Orizzonti، به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه” Immersive و هه‌روه‌ها به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا” Orizzonti Extra ناسێندران و خه‌ڵاتی گرینگی “شێری زێڕین” و خه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به براوه‌کان پێشکه‌ش کرا.

براوه‌کانی به‌شی “پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی” له هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” که بریتی بوون له: خاتوو “ئیزابێل هۆپێرت” Isabelle Huppert ئه‌کته‌ری ناوداری فه‌ڕه‌نسی ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “جیمز گڕێی” James Gray ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، “ئه‌ندرۆ هایگ” Andrew Haigh نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی به‌ریتانیا، “ئاگنیسکا هۆڵه‌ند” Agnieszka Holland ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی پۆڵه‌ندا، “کلێبێر مێندۆسا فیلهۆ” Kleber Mendonça Filho ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی بڕازیل، “عه‌بدولڕه‌حمان سیساکۆ” Abderrahmane Sissako ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی موریتانی، “جۆزێپێ تۆرناتۆرێ” Giuseppe Tornatore ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئیتاڵیا، خاتوو “جوولیا ڤۆن هاینز” Julia von Heinz ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها خاتوو “ژانگ ژیی” Zhang Ziyi ئه‌کته‌ر له وڵاتی چین؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی “شێری زێڕین”
فیلمی سینه‌مایی “ژووریی ته‌نیشت” The Room Next Door له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری ناوداری ئیسپانی “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” Pedro Almodóvar و به‌رهه‌می وڵاتی ئیسپانیا خه‌ڵاتی گرینگی “شێری زێڕین” Golden Lion باشترین فیلمی ئه‌م ڕووداوه گرینگه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی شێری نوقره‌یی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی شێری نوقره‌یی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م گه‌ڕه‌ی فێستیڤاڵ، به فیلمی سینه‌مایی “وێرمیگلیۆ” VERMIGLIO له ده‌رهێنانی “مائۆرا دێلپێرۆ” Maura Delpero به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئیتاڵیا، فه‌ڕه‌نسا و به‌لژیکا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی شێری نوقره‌یی باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی شێری نوقره‌یی باشترین ده‌رهێنانیش به “بێردی کۆربێت” Brady Corbet بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “برۆتالیست” The Brutalist به‌رهه‌می وڵاتی به‌ریتانیا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن
خه‌ڵاتی “کاپی ڤۆڵپی” The Volpi Cup باشترین ئه‌کته‌ری ژن به “نیکۆل کیدمه‌ن” Nicole Kidman ئه‌ستێره‌ی ناوداری سینه‌مای جیهان بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “کیژۆڵه” BABYGIRL له ده‌رهێنانی خاتوو “هێلینا ڕێژین” Halina Reijn به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو
خه‌ڵاتی “کاپی ڤۆڵپی” The Volpi Cup باشترین ئه‌کته‌ری پیاو به “ڤینسێنت لیندۆن” Vincent Lindon بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “کوڕی هێمن” The Quiet Son له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “دێلفین کۆلین” Delphine Coulin و “مۆریل کۆلین” Muriel Coulin به‌رهه‌می وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ
“مۆریل هاوزێر” Murilo Hauser و “هیتۆر لۆرگا” Heitor Lorega بۆ نووسینی سیناریۆی “من هێشتا لێره‌م” I’m Still Here له ده‌رهێنانی “واڵتێر سالز” Walter Salles به هاوبه‌شی خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆیان به‌ده‌ستهێنا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌رانیش به فیلمی سینه‌مایی “ئه‌پریل” APRIL له ده‌رهێنانی “دێئا کۆلۆمبێگاشڤیلی” Dea Kulumbegashvili به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا، ئیتاڵیا و جۆڕجیا پێشکه‌‌ش کرا.

خه‌ڵاتی “ماڕچێلۆ ماستڕۆیانی”
خه‌ڵاتی “ماڕچێلۆ ماستڕۆیانی” Marcello Mastroianni بۆ باشترین ئه‌کته‌ری گه‌نجی نوێی به “پائوڵ کیرچێر” Paul Kircher بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “و منداڵه‌کانیش دوای ئه‌وان” And Their Children After Them له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “لۆدویک بووکێرما” Ludovic Boukherma و “زوران بووکێرما” Zoran Boukherm به‌رهه‌می وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

براوه‌کانی به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان” Orizzonti له‌م ڕووداوه گرینگ و پله‌ یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان که بریتی بوون له: خاتوو “دێبرا گڕانیک” Debra Granik ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “عه‌لی عه‌سگه‌ری” Ali Asgari ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ئێران، خاتوو “سووده کادان” Soudade Kaadan ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی سووریا، “کریستۆس نیکوو” Christos Nikou ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی یۆنان، “تۆڤا نۆڤۆتنی” Tuva Novotny ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی سوید، “گابۆر ڕایس” Gábor Reisz ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی هه‌نگاریا و هه‌روه‌ها خاتوو “ڤالیا سانتێلا” Valia Santella سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئیتاڵیا؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین فیلم
خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان” به فیلمی سینه‌مایی “ئه‌و ساڵه نوێیه‌ی که هه‌رگیز نایه‌ت” The New Year That Never Came له ده‌رهێنانی “بوگدان مۆڕشانۆ” Bogdan Mureșanu به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ڕۆمانیا و سیربیا به‌‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی ئه‌م به‌شه به خاتوو “سارا فریدله‌ند” Sarah Friedland بۆ ده‌ر‌هێنانی فیلمی سینه‌مایی “ده‌ستلێدانی ئاشنا” Familiar Touch به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران به فیلمی سینه‌مایی “یه‌کێک له‌و ڕۆژانه‌ی که هێمی ده‌مرێت‌” One of Those Days When Hemme Dies له ده‌رهێنانی “مورات فیرات ئۆغڵۆ” Murat Fıratoğlu به‌رهه‌می وڵاتی تورکیا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژنی ئه‌م به‌شه‌ی‌ فێستیڤاڵیش به “کاتلین چالفانت” Kathleen Chalfant بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “ده‌ستلێدانی ئاشنا” Familiar Touch له ده‌رهێنانی خاتوو “سارا فریدله‌ند” به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاوی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” به “فڕانچێسکۆ قێقی” Francesco Gheghi بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “فامیلیا” Familia له ده‌رهێنانی “فڕانچێسکۆ کۆستابیله” Francesco Costabile به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتی ئیتاڵیا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به “ئه‌سکه‌نده‌ر کوپتی” Scandar Copti بۆ نووسینی سیناریۆی “پشوودان پیرۆز بێت” Happy Holidays به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئیتاڵیا و قه‌ته‌ر به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین کورته فیلم
خه‌ڵاتی باشترین کورته فیلم به به‌ڵگه‌فیلمی “چ که‌سێک هه‌تاویی خۆش ده‌وێت” Who Loves the Sun له ده‌رهێنانی “عه‌ڕشیا شه‌کیبا”Arshia Shakiba سینه‌ماکاری ئێرانی و به‌رهه‌می وڵاتی که‌نه‌دا پیشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی بینه‌رانی ‌به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا”
فیلمی سینه‌مایی “شاهد” The Witness له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری ئێرانی “نادر ساعی‌وه‌ر”Nader Saeivar ، له نووسینی هاوبه‌شی سینه‌ماکاری ناوداری ئێرانی “جه‌‌عفه‌ر په‌ناهی” و نادر ساعی‌وه‌ر” و به ڕۆڵ بینینی خانمه ئه‌کته‌ری کورد خاتوو “مریه‌م بووبانی”، هونه‌رمه‌ندی کورد خاتوو “هانا کامکار”، “عه‌باس ئیمانی”، “غه‌زه‌ل شوجاعی”، “فه‌رید ئێشقاقی” و … خه‌ڵاتی بینه‌رانی به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا” Orizzonti Extra له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” به‌ده‌ستهێنا.

خه‌ڵاتی “لۆئیجی دی لۆرێنتس” ڤێنیز
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه یه‌که‌مه‌کان” له هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” که بریتی بوون له: “جیانی کانۆڤا” Gianni Canova ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی ئیتاڵیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “ریکی دامبروز” Ricky D’Ambrose نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، خاتوو “باڕبارا پێز” Barbara Paz ده‌رهێنه‌ر، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار، ئه‌کته‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی بڕازیل، خاتوو “ته‌ێلۆر ڕۆسێل” Taylor Russell ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی که‌نده‌دا و هه‌روه‌ها “جاکۆب وۆنگ” Jacob Wong کیۆریتۆری فێستیڤاڵی فیلم و به‌رپرسی بازاڕی پڕۆژه له وڵاتی ژاپۆن؛ خه‌ڵاتی ڤێنیز “لۆئیجی دی لۆرێنتس” Luigi De Laurentiis به فیلمی سینه‌مایی “ده‌ستلێدانی ئاشنا” له ده‌رهێنانی خاتوو “سارا فریدله‌ند” به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرد. ئه‌م خه‌ڵاته به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵاتی بڕی پاره‌ی ١٠ هه‌زار دولاری به شێوه‌ی یه‌کسان به ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌خشرا.

خه‌ڵاتی به‌شی “فیلمه کلاسیکییه‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “فیلمه کلاسیکییه‌کان”ی ڤێنیز به سه‌رۆکایه‌تی “ڕێناتۆ دی مارینا” Renato De Maria و پێکهاتوو له ٢٤ خوێندکاری سینه‌ما که له نێوان مامۆستایانی به‌رنامه‌کانی سینه‌مای زانکۆی ئیتاڵیا هه‌ڵبژێردرابوون، خه‌ڵاتی خۆیان به‌م شێوه‌یه پێشکه‌ش کرد: ‌

خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلم
خه‌ڵاتی “ڤێنیزی کلاسیک” بۆ باشترین به‌ڵگه‌فیلم له سینه‌ما به به‌ڵگه‌فیلمی “کاردانه‌وه زنجیره‌ییه‌کان” Chain Reactions له ده‌رهێنانی “ئێلێکساندێر ئۆ. فلیپ” Alexandre O. Philippe به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نوێژه‌ن کراوه‌کان
خه‌ڵاتی “ڤێنیزی کلاسیک” بۆ باشترین فیلمی نوێژه‌ن کراوه‌کان به فیلمی سینه‌مایی “لێره‌ هه‌نگی هه‌نگوین” Ecce bombo له ده‌رهێنانی “نانی مۆڕتی” Nanni Moretti به‌رهه‌می ساڵی ١٩٧٨ی وڵاتی ئیتاڵیا پێشکه‌ش کرا.

براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه” Immersive به سه‌رۆکایه‌تی “سێلین دایمێن” Celine Daemen، “ماریۆن بێرگێر” Marion Burger و “ئادریان لۆکمه‌ن” Adriaan Lokman دوای بینینی٢٦ کورته فیلم، خه‌ڵاته‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی گه‌وره
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه” به کورته فیلمی “ئیتۆ میکیۆ” Ito Meikyū له ده‌رهێنانی “بۆریس لابه” Boris Labbé به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و لۆکزامبۆرگ به‌خشرا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵ به کورته فیلمی “ئه‌ستێره‌ی ئۆتۆ” Oto’s Planet له ده‌رهێنانی “گۆنائێل فڕانسوا” Gwenael François به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی لۆکزامبۆرگ، که‌نه‌دا و فه‌ڕه‌نسا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی ده‌ستکه‌وتی هونه‌ری
خه‌ڵاتی ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریش به کورته فیلمی “ئه‌نگێزه: یاری به ڕاستییه‌کان” Impulse: Playing with Reality له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “به‌ری جین مۆڕفی” Barry Gene Murphy و “مه‌ی عه‌بدوڵا”May Abdalla به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بە سەرۆکایەتی “ئاڵبێرتۆ باربێڕا” Alberto Barbera و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە بەشەکانی پێشبڕکێی، لەوانە: ٢١ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “پێشبڕکێی سەرەکی”، له‌وانه؛ به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان”، به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه”، به‌شی پێشبڕکێی “هه‌فته‌ی ڕخنه‌گران” و هه‌روه‌ها به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ به‌شی “نمایشی بەرهەمە بڵیندەکان”، به‌شی “نمایشی تایبەت”، به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا”، به‌شی نوێژه‌ن کردنی “فیلمه کلاسیکییه‌کان”، به‌شی “کالێجی سینەما”، به‌شی “باشترین ئه‌زموونه‌کان”، به‌شی “باشترینه‌کانی جیهان”، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی “هه‌فته‌ی ڕخنه‌گران”، به‌شی “مه‌ستێر کلاس و وتووێژ له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کانی سینه‌ما” و … لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.labiennale.org/en/news/official-awards-81st-venice-international-film-festival




تیئۆری و بۆچوونی (هونەر تەنها بۆ هونەرە)، و بازرگانی بەسەر دیمۆکراسی و ئازادی ڕا دەربڕین!.. سابیر. م

لە کۆمەڵگای چینایەتیدا هیچ هێزێک و کۆمەڵەیەک و تاقمێک لە ئارادا نیە ، ئەگەر مەبەست و نیازێک و ئامانجێکی سەرەکیان لەم چالاکیەی خۆیاندا نەبێت .
خەباتی پڕۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان دژ بە سەرمایەدری ئامانجەکەی ڕووخاندنی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی و هێنانە سەرکاری دەسەڵاتداریەتی شوورایی پڕۆلیتاریایە واتە ( دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا) .

با بزانین تیئۆری و باوەڕی ( هونەر تەنها بۆ هونەرە) ! لە لایەن چ هێزو کۆڕوکۆمەڵ و بەتایبەت لەلایەن چ توێژێکی کۆمەڵایەتیەوە پیادەکراوەو ئەکرێت ؟!
لە ڕاستیدا لە ناو مێدیا جیهانیەکاندا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و قوتابخانە هونەریەکان ، زۆرێک لە لایەنگرانی ئەم ڕەوت و تیئۆریە فیکریە ئەبینین و بەرچاومان ئەکەون .

ئەم ڕەوت و تاقمە فیکری و سیاسی و هونەریانە لە ژێر ناوی ( ئازادی ڕادەربڕین) و (دیمۆکراتیەت لە قسەکردن و دەربڕینی بۆچوونەکاندا ) ، خۆیان حەشارداوەو بازرگانی بەسەر ئەم ووشانەوە ئەکەن ، وە بەمەش دژایەتی مارکسیزم و ئامانجی سەرەکی پڕۆلیتاریا ئەکەن .

پێویستە بە کورتی باسێکی تیئۆری ( هونەر تەنها بۆ هونەرە) یان ( هونەر بۆ هونەر ) بکەین، تا بتوانین ڕۆشنگەری لە سەر بنەمای فەلسەفی و چینایەتی ئەم قوتابخانە فیکریە بدەین .

قوتابخانەی فیکری و باوەڕی ( هونەر تەنها بۆ هونەرە) هەروەها بە باوەڕی ( برناسی) ئەناسرێتەوە ، سەرەتا و یەکێک لە کەسایەتیە یەکەمەکان ( ڤیکتۆر هۆگۆ) بوو کە خودی ئەم زاراوەیەی بەکار هێنا لە ساڵی ۱۸۲۹ لە یەکێک لە پلمیک و جەدەلەکانی لە گەڵ ( ڤۆڵتێر) دا.

هەروەها لایەنگرانی ئەم قوتابخانە یە بریتی بوون لە ؛

  • (لوکانت دی لیل ) کە ئەتوانین بڵێین سەرقافڵەی ئەم باوەڕو قوتابخانە فیکریەیە.
  • (شارل بۆدلێر )کە لە ساڵەکانی ۱۸٦۷ ـ ۱۸۲۱ دا چالاکی خۆی نواندووە ، شارل بۆدلێر خوازیاری ئاژاوەگێڕی بوو لە سێکسدا و وەک کەسێکی ( سادي) واتە ئەوانەی کە چێژ لە ئازاردانی خەڵکیتر ئەبینن .
  • ( تیۆڤێڵ گوتیە) کە لە ساڵەکانی ۱۸۱۱ ـ ۱۸۷۲ ، چالاکی خۆی نوواندووە .
  • ( مالا ڕامیە) ، لە ساڵەکانی ۱۸٤۲ ـ ۱۸۹۸ دا چالاک بووە .
  • ( ئۆسکار وایڵد ) ، لە ساڵەکانی ۱۸٥٤ ـ ۱۹٠٠ ، دا ژیاوە.

ئەم باوەڕو قوتابخانە فیکریەی ( هونەر تەنها لە پێناوی هونەردا) ، لە سەر بنەمای تێڕوانینە ئایدیالستیەکانی ( ئیمانویل کانت ) دامەزراوە ، کە باوەڕی وابوو کە هیچ شتێک لە دەرەوەی زیهن و هزری مرۆڤدا نیە ، وە ڕاستیەکان تەنها لە مێشکی مرۆڤدان و پەیوەندیان بە هیچ فاکتەرێکی دەرەکیەوە نیە.

فەلسەفەی جوانکاری کە ئەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی فیکری ( هونەر بۆ هونەرە ) ! ئەوە ڕائەگەیەنێت کە هونەر هیچ پەیوەندیەکی بە کۆمەڵگاو بە تێکۆشانی ناو چینەکانەوە نیە و نابێت تێکەڵ بەم کێشمەکێشانە بکرێت ، تا جوانی خۆی لەدەست نەدات .

ئەم تێڕوانیە و قوتابخانە ئەدەبیە بە شێوەیەک لە شێوەکان کارکردی خۆی لە ناو زۆرێک لە توێژە کۆمەڵایەتیە ووردەبۆرژوازیەکان و بۆچوونە سیاسیەکانیان داناوە.

وە لە بوواری سیاسیدا هەمیشە باس لە ئازادی ڕادەربڕین ئەکەن یان باس لە دیمۆکراتیەت ئەکەن ، بەبێ ئەوەی کە سەرچاوەی کارکردی بەرژەوەندیە چینایەتیەکان دیاری بکەن .

پۆستمۆدێرنیزم و ئانارشیزم و ئەدەب و هونەری سەربەخۆو ، چەپی ناسیۆنالیستی و هەر هەموو ئەو فەلسەفە ووردەبۆرژوازیە لێبڕاڵ ئامێزانەی کە ڕەخنە لە مارکسیزم ئەگرن هەمیشە پێداگری لەسەر ئازادی تاکی مرۆڤ و جودایی زانستی جوانناسی لە هەموو بەش و سێکتۆرە فەلسەفی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی تری ژیان ئەکەن ، هەروەها نەوەیەکی پاسیفیست لە ووردەبۆرژوازیە هونەرمەندەکان دروستکردووە ، کە دژایەتی خەباتی سیاسی پڕۆلیتاریاو ڕێکخراوبوونی ئەکات دژ بە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان .
لە ڕووی تێڕوانینی سیاسیەوە هەموو ئەم ڕەوەندە ووردە بۆرژوازیانە ئەچنەوە سەر بیروبۆچوونە بۆرژوازیەکانی سۆسیال دیمۆکراتی لە جیهاندا کە بە گوێرەی ئەو زاراوە بە ناوبانگەی ( ئیدوارد برنشتاین ) کە ئەڵێت؛
” چالاکی بریتیە لە هەموو شتێک ، بەڵام ئامانج هیچ شتێک نیە ” !

لە ناوچەی بە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە چوارچێوەیەکی جوغرافی وەک هەرێمی کوردستان ، گەشەی سەرمایەداری و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار هێشتا لە سەرەتا زۆر لاوازیدایەو و بەم هۆیەشەوە ئەو ناوچەیە بە کاری دەستی و پیشەی پچووک و خاوەن کۆگاو بازاڕو دوکانە پچوکەکان بەشێکی گەورەو بەرچاوی ئەو کۆمەڵگایەی پێک هێناوە ، ئەوە بێجگە لە ژمارەیەکی تریش لە کارمەند و فەرمانبەری بەناو دەوڵەتی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک ( البطالة المقنعة) واتە بێکاریەکی پەردەپۆشکراو و لایەنگران و موریدانی حیزبە قەومیەکان و دەست و پەیوەندو تاقمەچەکداریەکانیان ، بوونەتە بەشێکی تری بەرچاوی ئەم کۆمەڵگایە .

لە کۆمەڵگایەکی ئاوادابیروبۆچوونی ووردە بۆرژوازیانەو موحافەزەکارانە و سازشکارانەو ئۆپۆرتۆنیستانە زۆر بەئاسانی وەک پەتایەکی کوشندە و قێزەون بڵاو بوونەتەوەو ئەبێتەوە و پاسیفیستبوون و دژایەتی ڕێکخراوبوونی کرێکاران و دژایەتی مارکسیزم و سەفسەتەبازی و هەوڵدان بۆ بەسەربردنی کات و جوونەوەی باسەکان و دوورکەوتنەوەو خۆپاراستن لە کاری هەدەفمەندانەو ئامانجدار ، و پلمیک و جەدەل تەنها بۆ سەفسەتەبازی نەک لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، ئەمانە بوونەتە سیمای گشتی بەرچاوی ڕۆشنفکرانێکی سەرلێشێواوی چینایەتی کە لە ژێر ناوی ئازادی ڕادەربڕین و دیمۆکراتیەت و هەوڵدان بۆ خۆسازاندن لەگەڵ هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان ، …هتد ؛

هەموو ئەمانە سیمای بەرچاوی کۆمەڵگای کوردی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین و لە تۆڕەکۆمەڵایەتی و مێدیا دەوڵەتی و حیزبی و نا حیزبی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کە لە چوارچێوەی نەزم وڕێسای دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی کوردی و عەرەبی و نەتەوەکانی تر کار ئەکەن .

سابیر. م
١٢ / ٩ / ٢٠٢٤




فیلمەکەی (ئارام حەسەن)! لە دواین لاپەڕەی (بۆپێشەوە)دا.. جەمال کۆشش

ماوەیەکە فیلمی [The Goat life] (بزنە ژیان)، کە یەكێک لە فیلمە سینەماییـیە گرنگەکان بوو لەسەر ژان و چەوسانەوەی کرێکارانی کۆچبەر لە سعودیە لە (نێتـفلێکس) پەخشکرا و بەو هۆیەوە کۆیلایەتی و نائینسانی تر لە سەردەمی کۆیلایەتی، ژیانی ئەو چەند ملیۆن کرێکارە کۆچبەرەی لە وڵاتانی کەنداو هێنایەوە نێو جیدالاتی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. منیش کە ئەو سەردێرەم لە ڕۆژنامەی (بۆپێشەوە) بینی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بەتاسەوە خوێندمەوە، بەڵام چیم خوێندەوە:-
(تەواوی خەبات و بزوتنەوەی سەدان ساڵەی کورد، ئەوەندەی دوو سەعات و٥١ دەقیقەی لە فیلمی (حياة الماعز) یان بزنە ژیان، کاریگەری و دەنگدانەوەی نەبوو لەسەر ئاستی جیهان، خۆم لەقەرەی ئەو کارە سینەمایە زۆر باڵایە نادەم)، (بەڵام بڕوانن کارێکی هونەری هیندیـیەکان چ واتەوات و ژاوەژاوێکی ناوەتەوە لە جیهاندا)، (ئێمەی کورد … تەنیا یەک فلمی سینەمایی تۆکمەمان لە سەر خۆپیشاندانەکەی ٦ ئەیلولی ١٩٣٠ دەرهێنابا ئیدی پێویستمان بە ڕیفراندۆمیش نەدەبوو…)، (ئێمەش لە باشوری کوردستان تازە بەتازە زوڕنای ٣١ئاب و دەهۆڵی ١٦ ئۆکتۆبەر و نوزەنوزی نەبونی موچە و ئاو و کارەبامانە). بۆ (پێشەوە)، دوالاپەڕە لە ژمارە (١٧٤)ی (١-٩-٢٠٢٤).
ئارام حەسەن، بێئنسافانە و لەپشت کێوی لاشە و خوێنی ئەو کرێکارانەوە دەیەوێت ئیستیغلالی نێوبانگی ئەم فیلمە بۆ نابودترین بۆچوونی ناسیۆنالیستی بکات. بە یەک وشەش نە لەسەر فیلمەکە و نە لەسەر کرێکارانی کۆچبەر و نە لەسەر بابەتی فیلمەکە نەینووسیوە. کۆمەڵێک ئیهانەی بەخەڵکی ناڕازیی و خۆپێشاندەری کوردستانی عێڕاق کردووە و داواکان و خەباتیانی وەک “نوزەنوز” چواندووە. ئەم فیلمە تراژیدیای ژیانی کرێکارانی کۆچبەر لە کوردستانیشی هێنایەوە بەر سەرنج بەتایبەت پاش ئەوەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی (کەناڵی هیوا)ی لەلایەن هاوڕێ (شەماڵ عەلی)یەوە لەسەرئ ئەنجامدرا. لە ڕاستیدا ئامانجی (ئارام) لە شاردنەوەی ناوەڕۆکی فیلمەکەوسەرکوتی مەعنەوی ناڕەزایەتیـیەکان،خزمەت بەڕیفراندۆمەکەی بەرزانی دەکات ولە نوسینەکەشدا هەر بەهەمان زمان وچەمک وواتا بەکارهێنراوە. دەیەوێت بەدەرهێنانی فلمێک لەسەر ئەم بابەتە جیهان بهەژێنێت. بەڵام ئەمە کارەساتەکەیە وئەمە ڕاوێژکارو ڕەخنەگرەکەیە،کە ئیدی ئەبێت ڕۆشن بێت بۆ هونەری سینەمایی کوردیی ناتوانێت دونیا وەک چۆن هەیە ببینێت، بۆ ناتوانێت لەنزیکەوە بەقووڵی بچێتە نێو ئازاری خەڵک وئاواتی لەمێژینەیانەوە.
بۆ ئەم “واتەوات”ە لە ڕۆژنامەی (بۆ پێشەوە)دا بڵاوکراوەتەوە؟!
بەڕێز سەرنوسەر،ڕاوێژکاری سەرنوسەرو هاوکاری سەرنوسەر، ئایە هیچ کامیان ئەم وتارەیان نەخوێندەوە؟
بەڕێزان ئامادەکارانی گۆشەی ئەدەب و هونەر، ئاگایان لەم فلمە هیندیە (نوکتەکە نا-فلمی ژیانە بزن) و ئەم نوسینەی (ئارام) نیـیە؟
بابەتەکەش هیچ پەیوەندی بەئازادی نوسین و لێکدانەوەی جیاوازەوە نیـیە. بابەتەکە هیچ لێکدانەوەیەکی لەسەر فیلم و سیناریۆ و دەرهێنان نەکردووە. ئارام حەسەن، ژەهری لە شوشەی هەنگوینـدا پێشکەش کردووە.

ڕێگای پۆپۆلیستی بۆ نێو کۆمەڵانی کرێکاران و ئازادیخوازانتان نابات. وەک دەبینین بۆ کوێی هێنان!
پێشتر لەڕێگای چەند هاوڕێـیەکمەوە، لەسەر چەند بابەتێک سەرنجم بۆیان ناردووە، بەڵام پێدەچێت، خودی ڕۆژنامەی (بۆپێشەوە) ئیدی زۆر دوورکەوتبێتەوە و پێویست بەوە هەبێت، چوپەکەی بۆ هەڵدەین ئیدی ئازادە خۆی پێدەگرێتەوە یان نا؟!

جەمال کۆشش/ سەرەتای مانگی ٩-٢٠٢٤




ئەو هەڵبژاردنەی هەموو لایەنەکان دۆڕاو دەبن!.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە ڕۆژی بیستی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردن لە کوردستان، بەڵام جارێکیتر گومان هەیە لە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا، لەبەر ڕۆشنایی دۆخی چەقبەستووی سیاسی و ئەو قەیرانە سیاسیەی حزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتدارانی بنەماڵە دەرگیری بون، لەبەرامبەر بارگرژی دۆخی سیاسی کوردستان و عێراق لە لایەک و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەو شکاندنی شکۆی حکومەتی هەرێم لەلایەکی ترەوە. لە هەمانکاتدا کێشەی دواکەوتنی موچەو دابەزینی ئاستی گوزەرانی خەڵکی کاریگەری لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە پارتی و یەکێتی خەرجیەکی زۆر لە بانگەشەی پێشوەختەی ڕاگەیاندن دەکەن، بەمەبەستی ڕاکێشانی دەنگدەران، بەبێئەوەی ڕەچاوی بارودۆخی گوزەرانی خەڵک و داواکاریەکانی خەڵکی ناڕازی و توڕە لە دەسەڵاتەکەیان بکەن. لەهەمانکاتدا ڕۆشناییەک لەسەر ئایندەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئایندەی دەسەڵاتیان زیاتر بە نەرێنی پێشبینی دەکرێت، هەروەها لەبەردەم گەمەیەکی سیاسی دژواردا لایەنەکان بەگشتی لاسەنگ وەستاون.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، دیمەنی سیاسی و میدیایی زیاتر گەرم دەبێت، کە زیاتر لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی زیاتر جەخت لەسەر ڕیسواکردنی یەکتر دەکەن، بەگێڕانەوەی ئەو تاوانانەی لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان و لەبەرامبەر یەکتردا پێیهەستاون، واتە بەجیا لە ڕۆڵی حکومەتی عێراق لە هێرشکردنەسەر حکومەتی هەرێم و سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی، لەهەمانکاتدا پارتی و یەکێتی بۆ خۆشیان لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە بەهیچ جۆرێك درێغی ناکەن لەسەر ئەوەی چۆن ئابڕوی یەکتر بکەنە ئامڕزای یەکتر شکاندن. ئەمجۆرە لە بانگەشە، دۆخی جەنگ نیشان ئەدات تا ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت.
هاوکات پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئاستی توڕەیی و ناڕەزایەتی بەجۆرێک دەنگدانەوەی هەیە، کە ڕێژەیەکی زۆر بەرزی هاوڵاتیان بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانە بکەن، کە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا بێوێنە دەبێت، ئەمەش خەجاڵەتی و شەرمەزاریەکی بەرچاو بۆ لایەنەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنە دروست دەکات.
نزیکەی دوو مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردن، پێدانی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتوە، کارەبا باش نەبوە، قەیرانی کەمی ئاو توندتر بۆتەوە، پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان وەستاون، هیچ چاکسازیەکیش لە ئارادا نیە، حکومەتی ئایندەی هەرێم جگە لە کڕنوشبردن بۆ بەغداد، ڕێگایەکی تری نەماوەو بێتوانایی و زەلیلی خۆی بەئاشکرا نیشان ئەدات، واتە شتێک نەماوە کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی گەر بە ساختەو درۆش بێت، پەیمانێک بە هاوڵاتیانی کوردستان بدات کە لە ئاستی جێبەجێکردنی حکومەتەکەیدا بێت. ئەمانە ئاماژەن بۆئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی کە چوار جار دواخراوەو ئەنجام نەدراوە، دیسانەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە لەو کاتەدا کە دیارکراوە، ئەنجام نەدرێ! بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشووەوە هیچ ئاماژەیەک نییە کە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە هێزی میلیشیان و ناتوانرێت بە هەڵبژاردن ئاڵوگۆر بەدەسەڵاتەکەیان بکرێت، بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخەی ئێستا دەرگیری بون، بە ئەگەری رازاندنەوەی سیناریۆی تر و رێکەوتن لە نێوان خۆیاندا ئەم هەڵبژاردنەش ئەنجام ئەدەن بە سەلامەتی لێی دەردەچن.
ئەوەی شایانی باسە هیچ بەربەستێکی ئەمنی نییە کە ڕێگری لە هەڵبژاردنەکان بکات، بەڵکو بابەتەکە تەنها پەیوەستە بەڕادەی حەماسەتی بارزانی و تاڵەبانیەوە، وەک دوو لایەنی سەرەکی کە ئایا دەیانەوێت ئەم هەلبژاردنە ئەنجام بدەن یان نا؟ بەتایبەتی کە دۆخەکە بۆ هەردوو لایان زۆر هەستیارە و بۆیان رۆشن یە کە چۆن لەم گێژاوە بەسەلامەتی بێنە دەرەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەگەڵ ئەو دۆخە دژوارو نالەبارە و ئەو قەیرانە سیاسیەی کە هەردوو بنەماڵە لە زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا تێیکەوتون، ئەمجارە لە شێوازی پڕوپاگەندەیاندا هەر لایەنێکیان لە پارتی و یەکێتی وەها ڕادەگەیەنن کە سەرکەوتنی ئەمجارە بەوشێوەیە دەبرێتەوە کە پێکهێنانی حکومەت یەکلایەنە بۆ لایەنێکیان دەبێت، واتە دوای سی ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی میلیشیاییان لە دوو زۆنی جیاوازدا، بەدوای ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی بەجۆری حکومەتەکانی پێشوو، لەنمونەی حکومەتی بنکە فراوان و حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنە… دێت! ئەم حکومەتەی دوای ئەم هەڵبژاردنە بە قەولی هەر لایەنێکیان یا بۆ بنەماڵەی بارزانی دەبێت یان بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی دەبێت، ئەمەش ئەو دروشمە ناواقعیەیە کە نەک دوای ئەم هەڵبژاردنە، بەڵکو دۆخی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان هیچکاتێک لەم دەوران و هەلومەرجەدا ئەو هەلە بۆ هیچ لایەنێکیان ناڕەخسێنێ کە بتوانن خەونی حکومەتی یەکلایەنە دامەزرێنن، بەڵکو هەمان دەسەڵاتی میلیشیایی لە دەورانێکی لاوازتر و ملکەچی بۆ حکومەتی عێراق درێژە بەدەسەڵاتیان لە هەردوو زۆنەکەدا ئەدەنەوە. ئەمەش بەشێکە لە دۆڕاندنی هەردوولایان لەم هەڵبژاردنەدا!.
هەڵبەتە کاتێک دەبینین حکومەت بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە کۆنتڕۆڵکراوەو دەکرێت، لەو بارەیەوە بنەیەکی بەهێزیان داکوتیوە، بەڵام لەم دۆخەدا ئەو هێرشانەی لەزۆر لایەنەوە دەکرێتە سەریان جۆرێک لە ملکەچی بەسەریاندا سەپێنراوە، بنەماڵەی تاڵەبانی بە هەموو شێوەیەک و پلانێک بێت، بەهەر بەهایەکی نامۆراڵیش بێت لە هەوڵی ئەوەدان ئەو هاوکێشەیە بگۆڕن. ئەم هەوڵەی یەکێتی لەپەیوەند بەو پێشهاتانەی لە ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕی دۆخی ناوچەکەدایە، نەفی ئەوە ناکاتەوە کە دۆخەکە ئیمتیازاتێکی زیاتر لەجاران بکاتە دەستکەوتێک بۆ تاڵەبانی، بەڵام کێشە حزبی و ناوخۆییەکانی هێزەکەیان ئەو هەلە کەمتر دەکاتەوە. بەمانایەک لە هەرحاڵەتێکدا یەکێتی هەر دەستکەوتێکی هەبێت، ناتوانێت بەو شێوازەی وەها بانگەشە دەکات، وەک براوەی پێکهێنانی حکومەت براوەی یەکەم بێت، ئەمەش دۆڕانی یەکێتیە لەم هەڵبژاردنەدا.
بەهەمانشێوە بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ گێچەڵی حکومەتی عێراق و پلانەکانی یەکێتی بەجۆرێك دەرگیرە کە ناتوانێ گەرەنتی ئەوە نیشان بدات گەر هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت، بەرەوڕوی چ دەردیسەریەک دەبێتەوە، بەم مانایە پارتیش دۆڕاو دەبێت.
ئەو لایەنانەش کە بەشدارن لەم دەسەڵاتەدا یان دەیانەوێت بەشداربن، لەم هەلومەرجەی بوونی بارگرژی لە هەڵبژاردنەکاندا، خەونی ئومیدێکیان لا گەڵاڵەبووە، وەها چاوەڕوان دەکەن ئەم هەڵبژاردنە شکستی گەورەی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەو حزبەکانیان بێت. لەم بۆشاییەدا ئەگەری دەستکەوتێکی زیاتری کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، بەشێوەیەکی سەیروسەمەرەتر “نەوەی نوێ” بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم هەڵبژاردنە مایەی گەورەترین سەرکەوتنە بۆیان و دەبنە هێزی یەکەم و دەسەڵات دەگرن!
لەمبارەیەوە پێموانیە ئەم بانگەشەیەی نەوەی نوێ لەو ئاراستەیەوە بێت کە خۆشخەیاڵن بەو دۆخەو مانای باڵادەستی هێزی میلیشیا حاڵی نەبون، بەڵکو جۆرێکە لە فێڵی بانگەشەی هەڵبژاردن، چونکە ئاشکرایە کە ناتوانن هیچ ئومێدێکی عەمەلی و واقعی ببەخشن بە دانیشتوانی کوردستان تا نیشانی بدەن کە ئەتوانن داخوازی و پێداویستیەکانیان دابین بکەن، لەهەمانکاتدا ئەو هێزە نین کە هاوسەنگی هاوكێشەکان لەنێوان هەرێم و بە‌غدادو دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهان ڕێکخەن و ڕاگرن، جگە لە بەنزین فرۆشتن بەهەرزان و ئاودابەشکردن بەسەر ماڵاندا، کارێکی تریان پێناکرێت، ئەهلی حکومەت بەڕێوەبردن نین! بەڵام ئەم دۆخە دژوارە و ئەو قەیرانە سیاسیانەی هەردوو بنەماڵە دەرگیری بون، بۆشاییەکی بۆ نەوەی نوێ و هەندێ لایەنی تر دروست کردووە، گەر هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەڵکو بەم ڕێگەیە دەستکەوتێکی زیاتر لە کورسی پەرلەمانیان پێ ببەخشرێ. ئەوەی شایانی باسە هیچ یەک لەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەم پەرلەمانەدا بکەن، هیچکات لایەنی یەکلاییکەرەوە نەبون و نابن کە پەکی ئەنجامدانی پەرلەمان بخەن.
کاتێک پارتی ڕایگەیاند بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات گەورەترین قەیرانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن پێکهێنا، هەڵبەتە بەهەمانشێوە یەکێتیش لەمبارەیەوە ئەتوانێ قەیرانێکی لەو چەشنە دروست بکات، بەڵام لەناو ئەم هاوکێشەیەدا تەواوی لایەنەکانی ترو بەتایبەتی ئەوەی کە بیەوێ بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، بە تایبەتی لایەنێکی وەک “نەوەی نوێ” هیچ لە هاوکێشەکە ناگۆڕێت و ناتوانێ هیچ قەیرانێک دروست کات، واتە ئەوەی لەباری نفوزی کۆمەڵایەتی و لەنێو گەمەی سیاسی لەم هەڵبژاردنەدا، کە هیچ کێشوقەبارەیەکی نیە، بەکارهێنانی هەنگاوی بایکۆت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەدەستی بەتاڵ دێتە دەرەوە.
هەڵبەتە بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک، ئەوەی زۆر سادەیە پێگەی لاوازی گۆڕانە کە ناتوانێ خاوەنی هیچ جۆرە گەمەیەکی سیاسی بیت و هیچ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت، ئایندەیەکی زۆر نەرێنی هەیە.
بەهەمانشێوە لایەنە ئیسلامیەکان، نەک نەیانتوانیوە قەیران و شکستەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕاستکەنەوە، بەڵکو زیاتر چونەتە دواوەو پاشەکشەیان کردوە، چونکە نەیانزانی و نەیانتوانی لەناو شەپۆلی دەریای ناسیۆنالستیدا مەلە بکەن، بۆیە ئەمجارەش لەبەردەم پاشەکشەیەکی تردا بەرەو ڕوو دەبنەوە. هەڵبەتە ئاشکرایە لەم نێوەدا لایەنێکی وەک بەرەی گەلیش کە لاهور رابەرایەتی دەکات، هیچ جۆرە شانسێک یاوەری نابێت.
ئەم هەڵبژاردنە و تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوی کوردستان، بەشێکە لەو گەمە سیاسیانەی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی وەک مانۆڕۆ گەمەیەکی سیاسی بۆ گۆڕانی ئاستی هاوسەنگیان لەبەرامبەر یەکتردا کاریان لەسەرکردوە، تا لە هاوکێشەی سیاسیدا نفوزی خۆیان لەبەرامبەر یەکتردا تاقی کەنەوە، تا ئەم ئەزمونە و ئەم گەمە سیاسیە بەمشێوەیە لە هەرێمدا بەڕێوە بچێت و دەسەڵاتی میلیشیایی زۆنی زەردو زۆنی سەوز چارەنوسی هەرێم دیاریبکات، هەڵبژاردن هەر کارتۆنی دەمێنێتەوەو پەرلەمان ئەو جێگایە دەبێت کە کورسیەکانی تەنها شوێنی موچەخۆرانی پلە بەرز دەبێت!




پەرەمێز.. پشکۆ ناکام

[ لە ئیسلاما کەسێک لەبەر نەبوونی و بە ناچاری
دزییەک بکا ئەچێتە جەهەننەمەوە ، بەڵام
ئیسلامییەکی دز و گەندەڵ و قۆڵبڕ وەک زۆربەیان
لەبەر ئەوەی حەجی کردوە ئەچێتە بەهەشت….
د . نوال السعداوی ]
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،
…..لە ئیسلاما جگە لە “فرە ژن”ی ڕێگە بە هیچ فرەییەکی تر نادرێ و حەرامە و موسڵمانەکان وەک فەریزەیەک ئەبێ دژی بن و بە لایا نەچن ، بۆ نموونە ؛ فرە بۆچوون..فرە ئایینی..فرە کولتووری..فرە شارستانی کە نەک نابێ بەڵکو هەر نابێ !! فرە فەرهەنگی لە هەر هەموویان حەڵاڵە چونکە پێغەمەری ئیسلام خۆی ئەم داهێنانەی کردوە و خودی خۆی لە فرە فرەتر ژنی هەبوە..!! کەواتە بۆ پەیڕەوەکانیشی هەنگوینێکی بێ غەل و غەشە.. کە فرەژنی خۆی جگە لە مەفهومە سێکسێکەی هیچ تەعبیرێکی تری نیە لە پاڵ وێران کردنی کۆمەڵگا و زیاتر بە شەریعەت کردنی بە سووک سەیرکرنی ئافرەت نەبێ، هەر بۆیە ڕق و دژایەتی بەرامبەر بە عیلمانیەت لای ئیسلام بە پلەی یەکەمە چونکە عیلمانیەت شەرحێکی زانستی و سایکۆلۆجی و سیکسۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی[ کە هەر چواریان لای ئیسلام گوێز ژماردنە] هەیە بە تایبەتی لە ڕووی نا ئینسانیەتی فرە ژنی و کاریگەرە کارەسات هێنەرەکانی لە ناو کۆمەڵگایا ، مەلا و فەقێ و مێزەر بەسەرەکان ئەوەنە لە عیلمانیەت ئەترسن کە بۆ ئەوەی خەڵک لە زیانە کۆمەڵایەتی و ئایندەیی و ئەخلاقی فرەژنی تێنەگا وەعز تا حەدی فتوا ئەیەن کە کەس گوێ لە عیلمانییەکان نەگرێ چونکە لە خوا و پێغەمەر و ئیسلام دووریان ئەخاتەوە و عاقیبەتەکەی بێ شک و شوبهە مەقەڵی و تەنوورەکانی جدهەننەمە…
تا ئێستا هیچ مەلایەکمان نەدیوە و قەتیش نایبینین پێداگری لە کردنەوەی چوار مەکتەب یان چوار خەستەخانە بکا بەڵام ئامادەیە بۆ بەرگری کردن لە فەریزەی هێنانی چوار ژن لە یەک کاتا چوار مانگ قسە بکا و چوار جاریش قوڕگی بنووسێ بێ ئەوەی تەنیا یەک پاساوی ئەخلاقی و کۆمەڵایەیی هەبێ جگە لەوەی تاکە سوودی فرە ژنی بەستراوەتەوە بە ” ناوگەڵ” و هیچی تر، گەر بووترێ ئەی بۆ ژن مافی “فرە پیاوی” نەبێ ؟ جاران ئیسلامییەکان ئەیان ووت :کە مناڵ کەوتە بەینەوە مەعلەم نیە کێ باوکێتی ، بەڵام ئێستا عیلم و “طب” ئەو پاساوەشی نەهێشتۆتەوە کە بە ئاسانی و پشکنینی تایبەت ئەزانرێت کێ باوکەکەیە..ئەمەش بەو مانایایە نایەت کە بە فرەپیاوی بەامبەر فرە ژنی بوەستینەوە بەڵکو هەر خۆی ” فرە” ەکە نا ئینسانی و دژی هەموو بەهاکانی وەک ئینسان و بەهای سەربەخۆیی ئینسان و نەبوون بە سینیەک پاقلاوەی حازرکراو بۆ کاکی مەلا و غەیرە مەلا و وەک جاریە کۆیلەکانی جاران مامەڵە بە کەسایەتی و لەش و پێگە و مافی لە یەکسانیا بەرامبەر بە پیاو و کە ئەڵێین پیاو مەبەستمان پیاوە بە مەفهومە ئەخلاق “موراڵ” و فەلسەفەکەیەتی نەک پیاو لە دوور بینی ئیسلامەوە چونکە عەدەسەی دووربینەکە هەر ئەچێتەوە سەر “ناوگەڵ” !ئەوەش بۆ کۆڵگا لە بۆمبی ئەتۆمی خەتەر و پڕ کارەسات ترە………
هەر بۆیە سەیر نەبێ کە تێڕوانینی ئایین لەسەر سێکس و خێزان بە شێوەیەکە لە ئاستیا تووشی واق ووڕمانن ئەبین بەوەی کە خوێن بەرامبەر بە سێکسە !!..کاتێ کە قورئان و حەدیس و شەرع و مەکتەبە جیاوازەکانی ئیسلام ” ئیخوان ، داعش ، سەلەفی ، قاعیدە ” ڕێگا ئەیا بە کوشتنی کافر یان مونافیقێک کە پاداشتەکەی سێکسی بێ قەید و شەرتە لەگەڵ حۆرێکانی بەهەشتا بە بێ ئەوەی ترسی موحاسەبەی قیامەتی هەبێ ، کە ئیسلام بەوە وەسفی ئەکا کە: ئەو کەسەی مولحیدێک ئەکوژێ دەستی سەوز ئەبێ !! کە لە ڕاستیا ئیسلام ئەبێ بڵێ دەستی سوور ئەبێ چونکە خوێن سوورە و سەوز نیە مەگەر ڕەنگی ئاڵاکەی قوڕەیشییەکان کە لە ژێریا خەڵکیان پێ ئەنفال کردوە..
لەوانەیە بەهانەی ئیسلام بۆ چوار ژنیی ئەوەبێ کە حەماواتی ناوگەڵی موسڵمان ئەوەنە گەرمە چوار پەرەمێزی حەمام دائەگیرسێنێ…




خەباتی سیاسی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران، وەڵامە بە بارودۆخی قەیرانگرتووی هەرێمی کوردستان

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

لەگەڵ توندوتیژبوونەوەی قەیرانی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا، بەهۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی سیستمی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیـیەکەی، بوڕکانی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی بەتەنگهاتووی دەستی هەژاری و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری، تا دێت زیاتر دەبێت. شێوازی جۆراوجۆری خەباتی کریکاران و کارمەندان و گەنجان و ژنان کە ڕۆژانە لە ئارادایە لە سەرجەم عیراقدا ڕەنگدانەوەی ئەم قەیرانەن.
ئەم هەلومەرجە گشتیە لە فۆڕم و ئاوهەوایەکی سەختتردا بەرجەستە بۆتەوە لە هەرێمی کوردستاندا و بەشیوەیەکە کە ژیانی زۆربەی دانیشتوانی بەپلەیەکی ترسناک دەرگیری نائاسودەیی ئابووری و نائەمنی کردووە.
دەسەڵاتی بورژوا ناسیۆنالیستی کورد بە خۆی و دوو ئیدارەیی گەندەڵ و چەتەگەریەوە، و بە دەسەڵاتی تاک حزبی هەردوو حزبی میلیشیای سەرکوتگەریەوە، کە لەمێژە بەزەبری چەک و هیزی میلیشیا خۆیان ‌هێشتوەتەوە، بۆتە مۆتەکەیەک بەسەر سنگی دانیشتوانی ئەم هەرێمەوە. ڕژێمی بورژوا ناسیونالیست لە هەرێم نەک هەر کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان و خانەنشینان بێمووچە دەکات و خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان تا دێت لەبەین دەبات، و ئازادیـیە سیاسی و مەدەنیـیەکان و مافی تاکەکان و ژنان زیاتر قۆرغ دەکات، بەڵکو بەردەوام هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستی برەو پێـدەدات.
سەرباری هەموو ئەمانە گەندەڵی بە ئاستێک پەرەپێداوە کە خەڵک و بژێویانی بە هیلاک بردووە، و خودی بەردەوامبوونی دەسەڵات بۆتە مایەی هەژاری و هەرچی زیاتری بێکاریـیەکی لە ڕادەبەدەر لەنێو گەنجانی كچ و کوڕی ئەم هەرێمەدا. سەرجەم ئەم ڕەوندانە کۆمەڵگەیان دەرگیری چارەنوسیکی نادیار و ترسناک کردووە.
لە گیژاوی ئەم بنبەستە سیاسی و ئابوری و ئیداری و ئایدیولۆژیـیەی حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و لەنێو بارودۆخی داپچرانیان لە جەماوەر و ڕیسوابوونیان، بەجارێ بوونەتە ئامڕازی ئەنجامدانی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و سەربازی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و زلهیزە ناوچەیـیەکان، بەتایبەت ڕژێمی ئیسلامی ئیران و ڕژێمی تورکیای ئوردگان، و بوونەتە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیکسەکانیان بۆ نێو پانتایی هەرێم.
سوپای تورکیا بۆ چەند مانگێکە و لە هێرشێکی نوێیدا بە دەیان کیلۆمەتر هاتۆتە ناو سنووری هەرێم لە دەڤەری بادینانەوە و ملهوری سەربازی و تاوانکاری دەکات و حزبی دەسەڵاتداری ئەو دەڤەرش کە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ە بێدەنگ و بێکردەوەیە لەبەرامبەریدا، هەروەها لەمێژە تۆڕە سیخوریـیەکانی تورکیا تەراتێنیانە لە هەرێمدا و هەر ڕۆژە هێزەکانی تاوانێکی تیرۆریستی دەوڵەتی لەڕیگەی درۆنەکانیەوە ئەنجام دەدەن لەناو شەقام و گەرەکەکانی شارەکاندا بە تایبەت لەم دواییانەدا لە پاریزگای سلێمانی.
ڕژێمی ئیرانیش بەردەوام سیاسەت و پلانەکانی بەوهاوکاری حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبەکەی، بەتایبەت (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) پیادە دەکات، و تۆڕە سیخوریەکانی تا بێت فراونتر دەکات، و هەرکات ویستبێتی ڕاستەوخۆ، یا لەڕیگەی میلیشیاکانیەوە لەعێراق، بە موشەک و درۆن بۆمبارانی ناوچەکانی هەرێمی کردووە، و بەردەوامە لە تیڕوری ئۆپۆزسیۆنی سیاسی خۆی. نەک هەر ئەمەش، تەنانەت بەهاوکاری حزبەکانی دەسەڵات کەسانی ئۆپۆزسیۆنی خۆی، کە نیشتەجێی هەرێمن، بە گیراوی وەردەگرێتەوە و بەرەو پەتی سیدارە و زیندانیان دەبات.
بەم پێیە هەردوو حزبی دەسەڵات لە هەرێم زەلیلانە و بۆ مانەوەی چەپۆکیان بەسەر جەماوەری کوردستانەوە بوەنەتە جێبەبەجێکەری سیاسەت و ستراتیژ و نەخشە و پلانی هەردوو زلهیزی ناوچەیی کە حکومەتی ناوەندیش لە بەغدا هاوکاری ئەم دوو زلهێزەیە.
لەم بارودۆخەدایە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایشی (یەکێتی) هەستاون بە داخستنی مقەڕەکانی (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئیران- کۆمەڵە)، لە (زڕگوێز) لە نزیکی شاری سلێمانی کە (کۆمەڵە) لەوێدا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ڕژێمی ئیران بۆ پتر لە سێ دەیەیە نیشتەجێیە و چالاکی سیاسی دەکات. بەهەمان شیوە ئەمەش بەسەر دوو ڕێکخراوی تریشدا سەپینراوە کە ئەوانیش لەو دەوروبەرەدا نیشتەجێبوون.
ملهوری میلیشیایی و سەرکوت و وەلانانی یاسا بۆتە نۆڕمی ڕۆژ لە هەردوو زۆنی ژێر دەسەڵاتی (یەکێتی) و (پارتی)دا، و تەنانەت ئەم شیوازە بۆ دەمکوتکردنی نەیارە ناوخۆیـیەکانی خۆیان، کە بەدریژایی تەمەنی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی بەکاریان هێناوە، لە ئیستاشدا وەک شێوازێکی سیستماتیک هەرچی بێشەرمانەتر بەکاری دەهێنن.
لە ڕۆژی (٥)ی ئەم مانگەدا هێزێکی کۆماندۆی سەر بەسەرۆکی (یەکێتی) (پافل جلال تاڵەبانی) هێرشی کردەسەر ناوەندی ڕۆشنبیری (چاودێر)، کە لەلایەن (مەلا بەختیار)ی ئەندامی پیشوی (مەکتەبی سیاسی یەکێتی)ەوە بەڕیوە دەبرێت، و دەستیان گرت بەسەر ئەم دەزگایەدا.
ڕەوەندی قەیرانێک کە سەرمایەداری لە عێراقدا پێیدا تێدەپڕێت، و ئەم بارودۆخە کارەساتبارەی کە هەرێمی کوردستان تێیکەوتووە، لە بناغەدا قەیرانی قوڵبوونەوەی جیاوازی چینایەتی و جەمسەرگیری چینایەتی پڕۆلیتاریا و سەرمایەیە لە ئاستی کۆمەڵگەدا کە بەزەقی بەرجەستەبوەتەوە و هەردەم لە پەرەسەندندایە. ئەم واقعیەتە چینایەتیەیە کە هەر ئیستا لە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاراندا لە سەرجەم وڵاتدا و لە دڵی کۆمەڵگەدا نمایشی خۆی دەکات.
بەردەوام بوونی ڕژێمی سیاسی هەم لە کوردستان و هەم لە عێراق هەر ڕۆژە ئەم قەیرانە قوڵتر و دەردناکتر دەکاتەوە. قەیرانێکی سیاسی و بنبەستێکی ئابوری کە دەرگیری دەسەڵاتی هەرێمە دەرگیری ئۆپۆزسیۆنی قەومی و بورژوازیشە، و (شاسوارەکان) و (لاهوریەکان) و (گۆڕانەکان) و (مەلا بەختیارەکان) خۆیان بەشێکی ئەم سیستمەن و ناتوانن لە ڕواڵاتگەری و دەستخەرۆکردنی جەماوەری زەحمەتکێش زیاتر شتێکیان هەبێ. دیارە ڕەوت و حزبە ئیسلامیـیەکان بۆخۆیان تەجسمی کارەساتبارانەی ئەم جەمسەرگیریە چینایەتیەن و بەدیلی نیوفاشستین بۆ ئەم قەیرانە.
ڕێگەی دەرچوون لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتە لەسەر بنەمای سیاست و تیۆری و ڕێکخراوی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران و ژنان و لاوانی ئازادیخواز، و گرتنەبەر و پیادەکردنی بەدیلی کۆمۆنیستیـیە لەبەرامبەر سەرمایە و سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیـیەکەی و ئایدیۆلۆژیا قەومی و ئیسلامی و نیولیبرالەکانیدا. هەروەها، گرتنەبەری ستراتیژی سیاسی خەباتی چینایەتی یەکگرتووی پرۆلیتاریایە لەسەر ئاستی عێراق، و خەباتی ئینتیرناسیونالسیتی کرێکاران و ئازادیخوازنە لە تورکیا و ئیران و لە سەر ئاستی جیهان.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) بانگەوازی جەماوەری کوردستان دەکات کە بیدەنگ نەبن لەبەرامبەر فەزایەکی میلیتاریستی و سەرکوتگەر کە هیزەکانی (یەکێتی) و (پارتی) و زلهێزە ناوچەیـیەکان لە کوردستاند خۆڵقاندوویانە، و بانگەوازی چینی کرێکار و زەحمتکێشانی ئیران و تورکیا دەکات بۆ هاوخەباتی و فشاردانان لەسەر دەوڵەتەکانیان تا ناچاربکرێن بە دەستهەڵگرتن لە ملهوری سەربازی و کاری تیرۆریستی و سیخوری لە هەرێمی کوردستاندا. لە هەمان کاتیشدا بەتوندی سەرکۆنەی فشارەکان و ملهوریـیەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی (یەکێتی) دەکات بۆ سەر بارەگاکانی (کۆمەڵە) و دەستبەسەراگرتنی ناوەندی (چاودێر).
١٠ ئەیلولی ٢٠٢٤




سه‌مفۆنیای عه‌شقێكی ناكام.. ستار ئەحمەد

زامه‌كانی گه‌ڵای عومرم
له‌گوڵدانی مه‌زرای دڵما
به‌سه‌ر هێشووی به‌های ژینا
بارانی خوێن ده‌بارێنن
له‌گه‌ڵ چركه‌ساتی عه‌شقا
ساتێك ده‌بنه‌ په‌یامی مه‌رگ
بۆتاوێكیش مێژووی بوونت ده‌نووسنه‌وه‌
ئه‌و ساتانه‌ی رێمان بۆ قوڵپه‌ی كانیاوو
سه‌مفۆنیای رووباره‌كان ده‌كرده‌وه‌
تۆ بۆ وه‌رینی پرچی گوڵ
هه‌ڵواسینی به‌ژنی سێوو
كوژرانی چڵێك ده‌گریای
بۆ ناسینی كه‌ناریه‌ك
چه‌ندین ته‌لبه‌ندت ده‌شكان
ئێستا له‌پاڵ خه‌رمانی ژانی حه‌سره‌تا
بۆ باده‌یه‌ك خوێنی خۆت و
هه‌ڵواسینی ترێی رازێك
په‌نجه‌ره‌ی خۆزگه‌ ئه‌دوێنی
رووپۆشی باخچه‌یه‌كی بێوه‌ژن‌و
تارای ره‌زێكی قه‌یره‌ هه‌ڵئه‌ده‌یته‌وه‌
نه‌له‌گه‌ڵ نسێی ره‌هابووندا
نه‌ له‌وێستگه‌ی عیشقا ده‌ژی
ده‌مێك ده‌بی به‌ جۆگه‌ی خوێن
تاوێك وه‌ك ره‌هێڵه‌ی باران
بناره‌كان ده‌شۆیته‌وه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ نیگای رامان‌و
گه‌واڵه‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ به‌ر
دوامده‌كه‌وی وه‌كو نه‌گبه‌تی رۆژگارو
چوون تارمایی خه‌م‌و سێبه‌ر
تۆ كسپه‌ی ژانێكی تاڵ‌و
كۆرپه‌ی حه‌زێكی بێنه‌وای
هێلانه‌ت په‌یڤی شرین‌و
ئاسمانت په‌ڕه‌ی ره‌نگینه‌
شیعر نه‌بێ
له‌ هه‌ناوی گڵا ده‌مری
لوتكه‌یه‌ك نابێته‌ ماڵت
نیشتمانێك باوه‌شت بۆ ناكاته‌وه‌
به‌سه‌ر هه‌ر دڕكێكا ده‌ڕۆیت
مینێك له‌ڕێت چێنراوه‌
باوه‌ش له‌هه‌ر دارێك ئه‌ده‌یت
سێداره‌یه‌ك له‌به‌ژنی جوانت ئاڵاوه‌
گه‌ڵایه‌ك مێژووت ده‌سڕێته‌وه‌
چڵێك زامه‌كانت دائه‌گیرسێنێ
جگه‌ له‌ سووتووی ئازارێك
به‌روارێ جێناهێڵیت‌و
مێژوویه‌ك بۆ ته‌م نانووسی
تۆ برینی عومری مه‌زرای
تۆ وڵاتی خاك‌و گوڵ بووی
له‌گه‌ڵا به‌هار‌و ئه‌وینا
هه‌ر زوو دزرای

ستار ئەحمەد




شێخ ڕەزاو مامۆستا جاسم.. نەوشیروان ئازاد

لەپانێڵێکدا …کوڕێکی لاو هاتەسەر تەختەکەو …،زۆربوێرانەئەوەی کەتا ئەوساتە من لەهیچ پیاوێکی ئاینی و مەلایەک نەم بینینی و نەم بیستبو …ئەم گەنجە خوێن گەرمە کەلاریە زۆربوێرانەووتی …بۆیەدڵێم بوێرانە…چونکەبەدرێژای تەمەنی ئەدەبی وسیاسی و کۆمەڵایەتیم …ئەمەم تەنیا لەسیاسیەکان و لەشاعیرو ئەدیبەکانیش تەنیا مامۆستا هەژار ئەم ڕاستیەی درکاندوە…
پێشتر و گەلێک جار گوێبیست وبینەری لێدوان و بانگەوازەدینیەکانی بەشێکی زۆری بانگخواز کوردو عەرەبەکان بوم …بەڵام ڕۆژێک بەبیرم دا نەهاتوە بەهیچ جۆرێک مەلایەک هەبێت لەپاڵ ئەرکەدینیەکەیدا بوێری ئەوەی هەبوبێت …ئەرکەنەتەوایەتیەکەی بدرکێنێ …بێگومان لەبەر لۆمەی هاوپیشەکانی نەک لەبەر ڕەخنەی ئاینی…بەهەرحاڵ لەباسەکەمان لانەدین من دوێنێ لەچەمچەماڵ لەکۆنفڕانسی شێخی شاعیران شێخ ڕەزای تاڵەبانی ئەم مامۆستا ئاینیەم جوانتر وجوانتر لەهەمو جوانیەکان ناسی چونکەکاتێک هاتەسەر ستەیج وباسی شێخ ڕەزای کرد لەڕوی ئاینیەوە هێند جوان باسی کرد پێم خۆش بو وتارەکەی تەواو نەکات و بچم دەستەکانی بگوشم دەست خۆشی لێ بکەم ..کاتێک وتی جنێو کلتورێکی هەمو نەتەوەیەکە..بۆیە جنێولەشیعرەکانی شێخ ڕەزاش ئەگەرچی لەڕوی ئاینی دەچێتەبابێکی ترەوەبەڵام دواجار شێخیش کوڕی ئەم کۆمەڵگایەوکەهەموومان ڕۆژانە جنێو دەدەین …چەندجوانەکەمامۆستایەکی ئاینی ئەمەتێڕوانینی بێت بۆ شیعری ئەوشاعیرەمەزنە…
لەوەش جوانتر هەرئەم گەنجەکەلاریە…وتی:
ئەگەر لەودونیا …بەعەرەبی پرسیاریان لێکردم من بەکوردی وەڵام دەدەمەوە…ئەگەر لێم تێنەگەیشتن …دەڵێم :پەروەردگاری مەزن …ئەی بۆ بەکورد دروستت کردم ….ئەمەوەڵامەبۆ هەموو ئەوانەی کەدەڵێن کوردی زمانی جنۆکەو دوژمنانی مرۆڤایەتی و ئاینیەو لەودونیاش دەبێ بەزمانی پاراوی قورئان موسڵمانان وەڵامی خوای گەورەبدەنەوە…
ئەگەرچی مامۆستا هەژار دەڵێت:
بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم
بەکوردی دەدەم وەڵامی قەبرم …

بەڵام ئەمەی مامۆستای گەرمیانی کەلەبەردەمی دەیان مامۆستای ئاینی وزانکۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیوی ڕاگەیاندنەکاندا فەرموی …شتێک بو زۆر تازەو زۆرسەرنجی منی ڕاکێشا بۆیەلیرەوەمن وەک کوردێک و دەروێشێکی ڕێگەی کوردایەتی کەبەداخەوەئەمڕۆ لەکۆمەڵگادا کاڵ بۆتەوە دەستخۆشی لەبانگ خوازو مامۆستای ئاینی مامۆستا جاسم کەلاری دەکەم

11/9/224
سلێمانی
نەوشیروان ئازاد




نامەی ناڕەزایەتی، ببورن كوردانی رۆژهەڵاتو باكوور

ئێمە ئەم هاوولاتیانەی باشووری كوردستان كە لە خوارەوە ناومان هاتووە, راپەڕین و هەرێمی كوردستان بە بەرهەمی خەباتی خۆمان دەزانین, ئەو روداوە قێزەونانەی هەنووكە لە هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی داگیر كەران دەگوزەرێت (داگیركاری توركیا, داخستنی ئۆردوگاكانی پێشمەرگەكانی رۆژهەلات و تەسلیمكردنەوەیان بە ئێران, سیخوڕی و تیرۆر لە رێگای درۆنەوە) شەرمەزار و رسوا دەكەین, لە هەمبەردا داوای لێبوردن لە كوردانی پارچەكانی كوردستان بە گشتی و كەسواری قوربانیان بە تایبەتی دەكەین.
وێڕای بێبەری خۆمان لەم كارە قێزەونانە و شەرمەزاركردنی داوای لێبوردنی خۆمان رادەگەیەنین, تكایە ئەو كارە شەرمەزاریانە بەكاری هەموو هاوولاتیانی باشوور مەزانن.

تەنها ناوی ئەوانە دەنووسرێت ناوی راستەقینەی خۆیان و هەر سێ زانیارییەكە دەنووسن.

ژ ناوی سیانی پیشە شوێنی ژیان

1- عەلی مەحمود محەمەد چالاكوان هەولێر
2- نیاز سعدالله عبدالله. ئەندازیار. هولندە
3- هەڵكەوت سۆران هاوڵاتی. ئەڵمانیا
4- ناسر تەها سولەیمان. تێكۆشەرو وەرزشكاری دێرین …. دانمارك
5- ئاری محسن تەها، ئەندازیاری تەلارسازی،. ئوسترالیا
6- كامە ران محمود محمد خانەنشین سلیمانی
7- نازم عوسمان رشید. چالاكوان ئیتاڵیا
8- ناجی عومەر ئیسماعیل. ئەڵمانیا
9- گەردە مامەحەمە/ چالاكوان ، هۆڵندا
10- توانا هەورامی. لاهای. هۆڵەندا
11- جەوهەر میراودەلی نووسەر و كۆمەڵناس ،نەمسا
12- هەرێم علی فەرمانبەر و چالاكی سیاسی دەربەندیخان
13- سەلاحەدین جومعە رۆستەم ،،،،،، رۆژنامەنووس ، كەركوك
14- كریم عبدللە كاسب بەریتانیا
15- ساماڵ سەلاحەدین ئبراهیم – مەدیاكار- بروكسل
16- فاتیح مستەفا چالاكوان هەولێر
17- نەریمان صابر – ڕۆژنامەنووس – سلێمانی
18- ڕێباز فاروق حسین / چالاكوان / هەولێر
19- كاوە نادر قادر نوسەر هەولێر
20- ئەیاد علی محمد چالاكوانی مەدەنی خانقین
21- بایەزید كەریم ئەحمد ( چالاكوان ) هەولێر
22- كەریم عباس -هەولێر – مامۆستا و چالاكوان
23- ڕمزیە محمد صالح پارێزەر هەولێر
24-گوڵێ سەلیم كەریم چالاكوان هەولێر
25- مەریوان سابیر شەریف (مەریوان زەندی)/ پێشمەرگەی دێرین و چالاكوان/ هەولێر
26- نەهرۆ جەلال چالاكوان هەولێر
27- رسوڵ علی عزیز…چالاكوان هەولێر
28- عەباس نادر قادر مامۆستا هەولێر
29- شوان بەرزنجی(چالاكوان)/ئۆسلۆ نەرویج
30- گۆران حیكمەت ڕەحیم . شرۆڤەكار و چاودێری سیاسی
31- شاخەوان قادر شۆرش، نووسەر، دانمارك
32- مەغدید باباعلی (دكتر هۆشەنگ) – پ. م دێرین و چالاكوان- هەولیر
33- فازل عەباس رۆژنامەنوس چالاكوان هەولێر
34- سەلام محەمەد / چالاكوان دانمارك
35-رزگار عومەر خەلیل چالاكوان و پێشمەرگەی دێرین هەولێر
36- دەشتی بەرزەواری نووسەرو چالاكوان هەولێر
37- سارا رەزا علی/ئە ندامی تە ڤگەری ئازادی /سلیمانی
38- عەبدوڵڵا حەمەد، پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی هەولێر
39- محمد رسول. زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین..كركوك
40- سامان خالۆ تەها پێشمەرگەی دێرین دانیمارك
41- سمیرە ئەحمد حەسن /چالاكوان/كەركوك
42- هێرش عوسمان / پێشمەرگەی دێرین هەولێر
43- بە سام عمر عەبدووللە پۆڵیس هەلێر
44- پیر لوقمان/ پیری ئاینی زەردەشتیان بەریتانیا
45- فازل میرزا فقێ پیشە مامۆستا هەولێر
46- ئەنور حمەلاو حمەكریم /تاقانەی ئەنفال و چالاكەوان /كەلار
47- هیوا سورەمیری پشمەركەی دیرین
48- حسن محمد شكور .كاسب كەركوك
49- جەمال ئەحمەد سەعید( جەماڵ شوشە) پێشمەرگەی دێرین ئەڵمانیا
50- هەژار معروف ( ملازم هەژار) . كرێكار. دانیمارك
51- بەختیار عەزیز سەعید، میكانیك، ئەسینا
52- ئاریان ئەكرەم میدیاكار ستۆكهۆڵم
53- عبدالرزاق مەرزنگ ـ پارێزەر ـ ڕانیە
54- دیاكۆ كاوە نادر كاسب هەولێر
55- سامان محەمەد عەلی توێژەری دەروونی و مامۆستای فێركاری نابینایان دەربەندیخان
56- كاوێس عەبدوڵا نادر كاسب هەولێر
57- هاوكار ئەحمەد شامی پێشمەرگەی دێرین،كاسب-سوید
58- مزەفەر فاتح شكور ئەندازیاری شارستانی كەركوك
59- كەمال حوسێن عەلی خانەنشـین پ.م دێرین ـ هەولێر
60- دڵزار زرار قادر / فەرمانبەر / هەولێر- كەسنەزان
61- سوعاد حەسەن ئەحمەد / خاتوونی ماڵ /هەولێر-كەسنەزان
62- ڕوگە دڵزار زرار / قوتابی / هەولێر كەسنەزان
63- ڕێگا دڵزار زرار/ دەرچوی زانكۆ/ هەولێر- كەسنەزان
64- نەوزاد محەمەد – رۆژنامە نووس هەولێر
65- یوسف رەشید ( بە قادر كەندێاوە) چالاكەوان هەولێر
66- ئازاد محمد أحمد(ڕێنێسانس)، نووسەرو شێوەكار كەركوك
67- دڵشادسعید ڕزگاربوی ئەنفال كوردستان
68-زەیتۆ ئیسماعیل چالاكوان هەولێر
69- ئایار سلێمان حوسێن كاسبكار هەولێر كوردستان
70- عبدڕحمان حسێن احمد وەستا ڕحمان خەیات كاسب كار قەڵادزێ
71- یوسف جوهر مەلا (د یوسف جوهر حمد صالح) چالاكوانی سیاسی هەولێر
72- هێمن مەولود – نووسەر- سلێمانی
73- بەهزاد موحسین- چالاكی مەدەنی هەولێر
74-دلێر كەریم نووسەر ناحیەی رزگاری
75-سەربەست محەمەد ئیسماعیل چالاكوان هەولێر




فیلۆسکوڵ پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارامە لە گەڵ د. ئازاد حەمە

کۆرسی سێهەم:

١- هاوڕێ وەک ئەویتر
هاوڕێیەتی و بەختەوەریی

٢- خۆمان نابێت رادەستی پەیوەندییە ژەهراوییەکان بکەین

شوێن گەلەری ئارام: دوو کۆڵان خوار ئەمنەسوورەکە..
شەممە، ٧ی ئێوارە
١٤\٩\٢٠٢٤




( چالاکی هەموو شتێکەو، ئامانجیش هیچ نیە )!.. سابیر .م

لە وابەست بە ڕووداوەکانی ئەم دووایانەی داخستنی « دەزگای ڕۆشنگەری چاودێر»ەوە!

ئەم ووتەیەی سەرەوە کە تایتڵی ئەم باسەیە ، ووتەی ناسراوی ئیدوارد بڕنشتاینە ، کە سەرخەتی هێڵە گشتیەکانی سۆسیال دیمۆکراسی بۆرژوایی لە ئەوروپاو جیهان دامەزراند ، ئەویش دژ بە میتۆدو بۆچوونەکانی مارکس سەبارەت بە ئامانجی شۆڕشی پڕۆلیتاریا کە ( دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا) یە .

لەم ئیستنباطە زانستیە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەی مارکسەوە کە لە (گشتەوە بۆ تایبەت ، وە لە تایبەتەوە بۆ گشت ) کردوویەتی ، وە ئامانجی سەرەکی سیاسی پڕۆلیتاریا لە ( دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا) دا داڕشتوە ؛

ئا لەم دیدگایەوە با شۆڕبینەوە بۆ سەر میتۆدو هزری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، وە بەتایبەت وابەست بە کوردەکان و بزووتنەوە چەپەکانی، وە چالاکی بزووتنەوە جیاوازەکانی چەپە بۆرژواکان لەو ناوچەیە .

بێگومان تەواوی بزووتنەوەو ڕەوەندە جیاجیاکانی تر ، کە هەریەکەیان بە ناوێکی تایبەتەوە خۆیان نمایش ئەکەن ، وە پێیان وایە کۆمۆنیزمی سەردەمی مارکس و ئەنگلس و لێنین کۆن بووەو ، بەجۆرێک لە جۆرەکان درێژە بە بۆچوونەکانی یەکێتی چەپەکان و سەوزەکانی ئەوروپا ئەدەن وە لەوانە ؛
( دانیاڵ کۆهێن- بەندیت) ئەدەن ، کە نمایەندەی فراکسیۆنی بۆرژوایی چەپەکان و سەوزەکانی فەڕەنساو ئەوروپای کردووە .

کەمنین ئەو مەیدانانەی کە سۆسیال دیمۆکراسی بۆرژوایی وەک ئایدیۆلۆژیای جیهانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی کاری لەسەر ئەکەن ، هەم لە جیهاندا و هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

کەمنین ئەو مەیدانانەی کە سۆسیال دیمۆکراسی بۆرژوایی وەک ئایدیۆلۆژیای جیهانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی کاری لەسەر ئەکەن ، هەم لە جیهاندا و هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە گشتدا بزووتنەوەکانی چەپ لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە هیچیتر نەبوون بێجگە لە ( چەپێکی ڕیفۆرمیستی کرێکارانە ) وە سۆسیال دیمۆکراتیانە ، کەلەبەرامبەر پۆپۆلیزمی شەعبەوی و میللی ئەو سەدەمانەدا هاتۆتە ئاراوە.

وە خودی تاک و لایەن و ڕەوتە چەپەکان چالاکیەکی برفراوانیان هەیە ، بەڵام چالاکی لە ڕوانگەی چ میتۆدێکەوە ؟ ئایا چالاکی لە پێناو خودی نیشاندانی چالاکیەکانە ؟ کە لەسەر بنەمای تیئۆری ( هونەر لە پێناو هونەردا)! بەڕێوە ئەچن ؛

یان ئامانجێکی تری شۆڕشگێڕانەی هەیە؟ هەموو چەپەکانی سەر بە میتۆدی سۆسیال دیمۆکراسیانەی بۆرژوازی چالاکی جۆراو جۆر ئەنوێنن ، چ لەبواری دژ بە ڕاسیزم و نەژادپەرستی و فاشیەت و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و هەوڵدان بۆ دژایەتی کەمایەتیە ئاینیەکان، لەژێر ناوی بە سۆکۆلاریزمکردنی کۆمەڵگا ، وە هەموو بوارەکانی تریش ……هتد .

ببینە چ میتۆدێک و هزرێکی سیاسی لیخن و قێزەونی بۆرژوازیانەو ووردەبۆرژوازیانەی چەپ چ سەبارەت بە ( شۆڕش) ، ( کۆمۆنیزم) ، (علمانیەت) ، ( ئازادی بیرو ڕاو هەڵسوڕانی سیاسی)، …. هتد
لە جیهان و ناوچەکە بەڕێوە ئەچێت !

یەکێک لەو مەیدانانە ئەو تێزەیە کە پەیوەندی بە (ئازادی بیرو ڕاو هەڵسووڕانی سیاسیەوە ) هەیە .
با بزانین( ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی) لە ڕوانگەی چین و توێژە جیاوازەکانەوە ، چ مانایەکی چینایەتی و سیاسی هەیە ، وە بە قازانجی چ ئامانجێکی سیاسی ئەم شیعارە دووبارە ئەکرێتەوەو سوودی لێئەبینرێت ؟!

بێگومان وە ئەوەی شایانی باسە پڕۆلیتاریا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیە سیاسی و خەباتکارانەکەی خۆیەوە ، خوازیاری شۆڕشگێڕانەی دانەبڕاو لە سیاسەتێکی ڕێکخستنی شۆڕشگێڕانە ، ئەوەیە کە ئازادی لە خەبات و تێکۆشانی سیاس و ئابووری و جەماوەریدا هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت خەباتی چینایەتی و سیاسی خۆی بە کەمترین کۆسپ و ڕێگریەوە بەرێتە پێشەوە.

بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ، ئایا لە خودی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە بە قازانجی خەباتی سیاسی و ئابووری خەڵکی کارگەر و چەوساوە بوونی هەیە یان نا ، تا بتوانێت ئەم شیعارە بە قازانجی خەباتی سیاسی خۆی بەکاربهێنێت ؟

یەکێک لە جۆرەکانی ( چەپی بۆرژوایی ) ئەو نمایەندەییە کە خودی ( مەلا بەختیار) لە هەوڵی ئەوەدایە کە خۆی پێوە هەڵبواسێت ، لەناو گێژاوی ئەو ململانێی سیاسی و ئابووری خێزانی کە لە ناو یەکێتیدا تێیکەوتووە ، سۆسیال دیمۆکراسی بۆرژوازیانەی خودی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەوروپاو جیهانی ڕۆژئاوایە ، کە بۆ وڵاتانی ژێردەستەی سەرمایەی ئیمپریالیزم لە یوتۆپیایەکی ڕووت هیچی تر نیە .

ڕەوەندی قووڵبوونەوەی لێبڕاڵیزمی نوێ و گەشەی سەرمایەو گڵۆباڵیزمبوونی ، جار بۆ جار ئەم ڕیفۆرمیزمەی چەپ بەرەو لایەنە بۆرژوازیە ڕاستڕەوەکان وە بەتایبەت سۆسیال دیمۆکراسیەکانی بۆرژوازی پاڵپێوە ئەنێت ، وە لایەنگیری چینایەتی ( اصطفاف طبقي) خۆیان ، بۆ خودی دەسەڵاتدارانی هەرێم وە مانەوەی قەوارەی هەرێم ( لێرەدا مەبەستمان لە مانەوەی دەسەڵاتداریەتی حیزبەکانیەتی ) ڕەوەندە چەپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نموونەی ئاشکرای ئەم دیاردەیەن ، کە بوون بە سەر قافڵەی مەیلەکانی چەپی میللی و ڕیفۆرمیستیە کرێکاریەکانی تر ، کە پشتیان بە سیاسەتی خۆسازان وە چالاکی و خولانەوە لە چوارچێوەی بازنەیەکی داخراوی سیاسەتی نێوان قوتبی سەوزو زەردا درێژە پێئەدەن .

لە پەیوەند بە ناکۆکیەکانی ناو باڵە جیاوازەکانی ناو حیزبە قەومیە کوردیەکانەوە ، وە بەتایبەت ( دەزگای ڕۆشەنگەری چاودێر) ، کە لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین وە بپرسین ؛ چ ڕۆشەنگەریەک لێرەدا مەبەستە ؟ وە ئایا کۆمۆنیستەکان بە شوێن ئامانجی ( سۆکۆلاریزم و عیلمانیەتی بۆرژوازیەوەن) ؟
کە لەم جۆرە سۆکۆلاریزمەدا دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی پارێزراوە ، وە پڕۆلیتاریا برنشتاین وتەنی نابێت شوێن ئامانجی سیاسی ( دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا ) بکەوێت ، بەڵکە بەشوێن چاکسازی و عیلمانیکردن و سۆکۆلارکردنی ئەم دەسەڵاتەوەبن ، کە ئەمەش بۆخۆی وەک مۆدێلێکی حاکمیەتی بۆرژوازی جێی ڕەزامەندی جومهوری ئیسلامی نیە .

ئایا چینە کارگەر و چەوساوەکانی کورد ، وە سیاسەتی ڕاستەقینەی کۆمۆنیستەکان پێویستە ئەوە بێت ، کە ناکۆکی نێوان خێزانی باڵە بۆرژوازیەکانی دەسەڵاتی هەرێم و هەریەکێک لە حاکمیەتی زۆنەکان ، قووڵتر بکەنەوەو ئاشکراتر بکەن بۆ جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان ، لە پێناو بردنە پێشەوەی خەباته سیاسی و فیکری چینایەتی خۆیان ، یان خۆیان و جەماوەر هانبدەن و ە بکەن بە تەڕەفدارو لایەنگری یەکێک لەم باڵانە ؟! ؛
کە دەیەها ساڵە سەرکردەکانیان جڵەوی سەرکوت و سووکایەتی بە مارکسیزم و چینی کرێکارو هەموو ئامانجە بەرزەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو تەواوی پڕۆلیتاریای جیهانیان لە ئەستۆ گرتبوو وە گرتووە ، وەک ئەرکێکی چینایەتی بەکرێگیراوانە بۆ ئیمپریالیستە سۆسیال دیمۆکراسەکانی جیهان و دەوڵەتە زلهێزەکانیان ؟!

ئایا شەڕی ( براکوژی ) یەکێتی و پارتی بە ( پێشێلکردنی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی ) دائەنرێت ؟! یان بە مۆتەکەی ژیانی تەواوی خەڵکی کارگەر و چەوساوەی کوردستانە لە هەرێم ؟

ئایا جیاوازی ململانێی کەڵەکەی سەرمایەو ، مانەوە لە دەسەڵاتدا لەناو زۆنی سەوزدا ، یان زەردا ، وە هەر هێرشکردنێک بێت بۆ سەر یەکتری بە ( پێشێلکردنی ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی ) دائەنرێت ؟

ئایا پێویست بەوە ناکات کە ئەوە ئاشکرا بکەین و ڕیسوا بکەین ، کەئەم دەسەڵاتداریەتەی هەموو باڵە کۆنەکان و تازەکانی ناو یەکێتی و پارتی و حیزبە ئیسلامی و لێبڕاڵەکان وە تەواوی لایەنەکانی سوودمەند لەم دەسەڵاتە و لەم قەوارەیە ؟!
وە پێداویستی ڕووخاندن و نەهێشتنیی دەسەڵاتداریەتی ئەوان ، ببێتە ئامانجی سەرەکی هێزی جەماوەری کارگەران و چەوساوەکانی کورد ، کە لە ئایندەیەکی تردا پێویستە شکڵبگرێت ، شانبەشانی پڕۆلیتاریای ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، وە ئەم ئامانجە ببێتە سەر لەوحەی ئامانجی شۆڕشگێڕانەی چینە چەوساوەکانی ئەو ناوچەیە ، بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی – کۆمپرادۆری ڕەیعی لە ناوچەکە ؟

دەسەڵاتداران و بۆرژوا – کۆمپرادۆرە ڕەیعیەکانی ئەم ناوچەیەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، باش لەوە شارەزابوون و فێربوون ، وە بە پشتیوانی ئیمپریالیزمی جیهانی ، کە چۆن بتوانن جەماوەر کاڵفامبکەن و بەلاڕێدا بەرن ، وە هەر جارە بە بیانوویەک بیان کەن بە هێزی پاشکۆو جەماوەری خۆیان ، واتە هەر یەکێک لەم باڵە سەرکوتگەرو بۆرژوا – قەومیانە ، هەروەک چۆن بزووتنەوەی گۆڕانیان دروستکرد ، وە شیعاراتی چینایەتی ئەوانیان دزی و خۆیان کرد بە ڕابەڕی بەرژەوەندیەکانی ئەوان ، ئەمەش لەپێناو بەلاڕێدا بردنی خەباتی جەماوەری خەڵکی چەوساوەو ، وە گۆڕینیان بە هێزێکی جەماوەری پاڵپشت بۆ خودی هێزو حیزبە جەللادەکانیان .

ئەم قەیرانی سیاسی و ئابووریە ناوچەیەییە برفراوانەی ، کە خودی دەسەڵاتدارانی قەوارەی هەرێمیش تێیکەوتوون، ڕەنگدانەوەی قەیرانی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەییە، ڕەنگدانەوەی ململانێی ئێران و تورکیاو عێراق و ووڵاتانی کەنداوە ، وە دواتر درێژکراوەی شەڕی قوتببەندی جیهانی چین و ڕوسیاو ئێران ..وە لایەنگرانیان ، لەبەرامبەر قوتببەندی ڕۆژئاواو ناتۆو وە ئیمپریالیزمی ئەمریکا .

وە هیچکوام لە حاکمانی زۆنی سەوزو زەرد ناتوانن تا سەر لەسەر سیاسەتی ڕیفۆرمکردن و چاکسازیکردن بە سەرکوتکردنی بەرامبەرەکەیان بژین ، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە قووڵە ئابووری و سیاسیانەی کە بەرۆکی بە ئەوانیش گرتووە .

ئەم سیاسەتی چاکسازیەی دژ بە گەندەڵی لە ڕێگەی سەرکوت و عەنتەریاتی سەربازیەوە ، هیچ ئامانجێکی تری نیە ، بێجگە لە گەوجاندن و شەقکردنی ڕیزەکانی جەماوەری خەڵک و دروستکردنی ئاژاوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی وە ڕەنگە پێکدادانی چەکدارانەشی بەدواوە بێت ، کە بۆ خودی جەماوەری کارگەر و چەوساوە خنکێنەرو بەلاڕێدابەرەو لە پێناو سەرکوتی ئەوانە ، وە هێندەیتر ئەوان خۆیان و مونافیسە سیاسیەکانیان بۆ نەبەردە قارەمانیەکانی شەڕی چینایەتی داهوو لە ناوچەکەدا لە لایەن کارگەران و ستەمدیدەکانی کوردستان ئامادە ئەکەن وە خۆیان بەهێز ئەکەن .

سابیر .م
١٠ / ٩ / ٢٠٢٤




لە پشت پەردەی واقیعی کامێراوە.. نووسينى: دانا حەمید

لە جیهانێکدا کە تیایدا سنوورەکانی نێوان تایبەتی و گشتی، ڕاستەقینە و خەیاڵ، بەردەوام لە گۆڕاندان، ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”یی بەختیار عەلی وەک ئاوێنەیەک دەردەکەوێت کە ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگایەک لە قۆناغی گواستنەوەدا پیشان دەدات. ئەم ڕۆمانە چەندین چەمکی سەرەکی تێکەڵ دەکات بۆ دروستکردنی وێنەیەکی فرەڕەهەند لە ئەزموونی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتوری واقیعی کوردستان.
ڕۆمانەکە لەسەر دوالیزمی بینین و نەبینین دامەزراوە. کامێرا، وەک ئامرازی سەرەکی بینین، لە هەمان کاتدا دەبێتە ئامرازی نەبینین. ئەوەی دەبینرێت، ئەوەی تۆمار دەکرێت، لە ڕاستییدا پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی ئەوەی نابینرێت. لێرەدا دەتوانین پەیوەندی بە تیۆری ژاک دێریدا دەربارەی “ئامادەیی/ نائامادەیی” بکەین. ئەوەی لە وێنەکەدا ئامادەیە، لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ نائامادەیی شتێکی تر.
شەرەف، وەک چەمکێکی ناوەندی لە ڕۆمانەکەدا، دەبێتە بارێکی قورس لەسەر شانی کۆمەڵگا، بەتایبەت ژنان. ئەم چەمکە، کە زۆر جار وەک بەهایەکی پیرۆز و نەگۆڕ پێناسە دەکرێت، لە ڕاستییدا دەبێتە زنجیرێک کە ئازادی تاکەکان بەند دەکات. لە جیهانی ڕۆمانەکەدا، ژنان بەردەوام لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی کۆمەڵگادان، وەک بڵێی ژیانیان بەردەوام لەبەردەم کامێرایەکی نادیاردایە کە هەموو جووڵەیەکیان تۆمار دەکات.
کامێرا لەم ڕۆمانەدا تەنها ئامرازێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو دەبێتە سیمبوڵێک بۆ چاودێری بەردەوامی کۆمەڵگا. لە لایەکەوە وەک ئامرازێک بۆ تۆمارکردنی مێژوو و پاراستنی یادەوەریی کار دەکات، لە لایەکی ترەوە دەبێتە هێمایەک بۆ چاودێری بەردەوامی کۆمەڵگا. ئەم چاودێرییە، کە لە ڕواڵەتدا بۆ پاراستنی بەها و نەریتەکانە، لە قووڵاییدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی کۆنترۆڵکراو کە تیایدا تاکەکان بەردەوام لە ژێر فشاری خۆگونجاندن و خۆدەرخستندان.
ئەم دۆخە پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: ئایا لە کۆمەڵگایەکدا کە هەموو شتێک دەبێت شەفاف و ئاشکرا بێت، چ جێگایەک بۆ تایبەتمەندی و ئازادیی تاک دەمێنێتەوە؟ ڕۆمانەکە هەروەها ڕووبەڕووی پرسیارێکی گرنگمان دەکاتەوە: ئایا ئەو مێژووەی کە لە ڕێگەی وێنە و تۆمارکردنەوە دەپارێزرێت، بەڕاستی دەتوانێت گوزارشت لە قووڵایی و ئاڵۆزی ئەزموونی مرۆیی بکات؟ بەڵام لە لایەکی ترەوە، ژن وەک هێزێکی ئالەنگاریکار و بەرەنگاربوونەوە دەردەکەوێت. ژن لێرەدا تەنها بابەتی چیرۆکەکە نییە، بەڵکو دەبێتە خودی گێڕەرەوە و بکەری سەرەکی. ئەم دووفاقییە لە ڕۆڵی ژندا، وێنەیەکی ئاڵۆز لە دۆخی ژن لە کۆمەڵگای کوردییدا پێشکەش دەکات.
نەریت لەم ڕۆمانەدا وەک هێزێکی دووفاقی دەردەکەوێت. لە لایەکەوە، نەریت وەک سەرچاوەی شوناس و بەردەوامی کولتوری کوردی پێشکەش دەکرێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە، نەریت دەبێتە بەربەستێک لە بەردەم گۆڕانکاری و پێشکەوتندا. ئەم ڕۆمانە هەوڵ دەدات پرسیار لەسەر ڕۆڵی نەریت لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا بوروژێنێت و پێمان بڵێت کە پێویستە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە مامەڵە لەگەڵ نەریتدا بکەین.
توندوتیژی چەمکێکی تری گرنگە لەم ڕۆمانەدا. توندوتیژی لێرەدا تەنها فیزیکی نییە، بەڵکو فۆرمی جۆراوجۆر وەردەگرێت: توندوتیژی کولتوری، توندوتیژی زمانەوانی، و توندوتیژی سیمبوڵیک. توندوتیژی دەبێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات و پاراستنی سیستەمی باو. بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕۆمانەکە پیشانی دەدات کە چۆن توندوتیژی دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە مرۆییەکان و لەناوچوونی متمانە لە کۆمەڵگادا.
مێژوو و یادەوەریی دوو چەمکی تری گرنگن لەم ڕۆمانەدا. کامێرا، وەک ئامرازێک بۆ تۆمارکردنی مێژوو، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. بەڵام ڕۆمانەکە پرسیار دەکات: ئایا دەکرێت مێژووی نەتەوەیەک لە ڕێگەی تەنها یەک وێنەوە تۆمار بکرێت؟ ئەم پرسیارە ئێمە بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە چۆنیەتی دروستبوونی مێژوو و ڕۆڵی یادەوەری لە پێکهێنانی شوناسی نەتەوەییدا دەبات.
شوناس چەمکێکی تری سەرەکییە لەم ڕۆمانەدا. شوناس لێرەدا وەک شتێکی نەگۆڕ و جێگیر پێشکەش ناکرێت، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی بەردەوامی دروستبوون و گۆڕان دەردەکەوێت. ڕۆمانەکە پیشانی دەدات کە چۆن شوناسی تاکەکەسی و نەتەوەیی لە ژێر کاریگەری فاکتەرە جۆراوجۆرەکاندا دروست دەبێت و دەگۆڕدرێت.
دەسەڵات چەمکێکی تری گرنگە کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕۆمانەکەدا ئامادەیە. دەسەڵات لێرەدا تەنها سیاسی نییە، بەڵکو لە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەیە. ڕۆمانەکە پیشانی دەدات کە چۆن دەسەڵات لە ڕێگەی چەمکەکانی شەرەف، نەریت، و کولتورەوە کار دەکات و چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی تاکەکان دادەنێت.
زمان و گێڕانەوە دوو چەمکی تری گرنگن لەم ڕۆمانەدا. بەختیار عەلی لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانێکی شیعری و تەکنیکی گێڕانەوەی تایبەت، هەوڵ دەدات ئەو شتانە بگێڕێتەوە کە لە ڕێگەی زمانی ئاساییەوە ناتوانرێت دەربڕدرێن. ئەمەش پرسیار دروست دەکات لەسەر سنوورەکانی زمان و توانای گێڕانەوە لە دەربڕینی ئەزموونە مرۆییەکاندا.
سێکسیواڵیتە و جەستە دوو چەمکی تری گرنگن کە لە ڕۆمانەکەدا دەردەکەون. سێکسیواڵیتە لێرەدا تەنها بابەتێکی تایبەتی نییە، بەڵکو دەبێتە مەیدانێک بۆ ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی. جەستە دەبێتە شوێنی نووسینەوەی یاساکانی کۆمەڵگا و لە هەمان کاتدا، شوێنی بەرەنگاربوونەوە و بەرخۆدان. ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: لە کۆمەڵگایەکدا کە تیایدا جەستە و سێکسیواڵیتە دەبنە بابەتی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، چۆن دەکرێت مانای ڕاستەقینەی خۆشەویستی و پەیوەندی مرۆیی بدۆزینەوە؟
لە جیهانێکدا کە تیایدا سنووری نێوان تایبەتی و گشتی، ڕاستەقینە و خەیاڵ، بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەم ڕۆمانە بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوەیەکی قووڵتر دەربارەی مانای ئازادی، شەرەف و مرۆڤبوون. هەروەها، ڕۆمانەکە ئاماژە بە گرنگی ڕێوڕەسم و نەریت دەکات لە پێکهێنانی ناسنامەی تاک و کۆمەڵگادا، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیار دەکات: ئایا ئەم ڕیتواڵ و نەریتانە، کە زۆر جار بە ناوی پاراستنی شەرەف و بەها کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێن، لە ڕاستیدا دەبنە هۆی بەردەوامبوونی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ناعادیلانە؟
هەروەها ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگا، و ئەو فشارانەی کە کۆمەڵگا دەیخاتە سەر تاک بۆ پەیڕەوکردنی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم فشارانە زۆر جار دەبنە هۆی دروستبوونی ناکۆکی ناوەکی لە تاکدا، لە نێوان خواستە کەسییەکانی و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا. ڕۆمانەکە بە وردی ئەم ناکۆکییە ناوەکییە دەخاتە ڕوو و هەوڵ دەدات پیشانی بدات کە چۆن تاکەکان هەوڵ دەدەن لە نێوان ئەم دوو هێزە دژ بە یەکەدا هاوسەنگی بدۆزنەوە.
ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”یی بەختیار عەلی تەنها ڕۆمانێک نییە لەسەر مێژووی کورد یان چیرۆکی ئافرەتێک. ئەمە وێنەیەکی ئاڵۆزە لە کۆمەڵگایەک کە لە نێوان نەریت و مۆدێرنیتە، نێوان مێژوو و داهاتوو، نێوان تاک و کۆمەڵدا ململانێ دەکات. ڕۆمانەکە بانگەوازی گۆڕانکاری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە قووڵەکانی کۆمەڵگا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریمان دەداتێ کە ئەم گۆڕانکارییە لەوانەیە بە نرخێکی قورس بێت. ڕۆمانەکە ئێمە بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە چۆنیەتی دروستبوونی مێژوو، ڕۆڵی یادەوەری لە پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی و مانای ڕاستەقینەی ئازادی و مرۆڤبوون لە جیهانی هاوچەرخدا دەبات.
ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” تەنها چیرۆکێک نییە دەربارەی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە تیایدا دەتوانین ڕەنگدانەوەی ئەو کێشە و پرسیارە جیهانییانە ببینین کە سەردەمی ئێمە ڕووبەڕوویان بۆتەوە. ڕۆمانەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێویستە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و بوێرانە ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببینەوە کە کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕوویان بۆتەوە، ئەگەرچی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لەوانەیە ئازاربەخش و ناخۆش بێت.

نووسينى: دانا حەمید




سەدامیزم.. نەوزاد بەندی

سەدام حسێن کە هاتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی ، مۆدێلی حوکمڕانیی مۆدێرنی نەهێشت و .. مۆدێلی فەرمانڕەوایی خێزان و دەستە و خێڵی هێنایە ئاراوە ، ئەوەیش وەرچەرخانێکی زۆر ترسناک بوو لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ..بۆ نمونە لە فەرمانڕەواکانی پێش سەدامدا ، هیچ کەس نەیدەزانی خێزان و مناڵ و ئامۆزا و خزمەکانی سەرۆک کۆمار کێن و هیچ دەسەڵات و داهاتێکی گشتییان بەدەست نەبوو ..بەڵام کە سەدام بوو بە فەرمانڕەوا ، ئیتر کوڕ و کچ و خێزان و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمەکانی سەرۆک دەرکەوتن و .. تەنها بە هۆی خزمایەتیی سەرۆکەوە ، پۆستی گەورەیان لە سیستمی فەرمانڕەواییدا وەرگرت ..بوون بە کۆمەڵێ دەوڵەمەند و ئاغا و جەللادی چنگ بە خوێن ، بە ئارەزووی خۆیان یاساکانیان ئەشکاند و خەڵکیان ئەکوشت و ئەشکەنجە دەدا و سامانی گشتییان تەخشان و پەخشان ئەکرد ..
ئەم دۆخە ترسناکە لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ، هەر لە سەرەتای بوون به سەرۆکی سەدامەوە دەستی پێکرد ، کاتێک لە هۆڵی – خولد – هەموو ئەندامانی حیزبی بەعسی کۆکردەوە و .. بە کەیف و کەش و فشەوە ، ناوی کۆمەڵێک سەرکردەی حیزبەکەی خوێندەوە و پێی ووتن دروشمی حیزب بڵێنەوە و بڕۆنە دەرەوە ! ، لەو سەرکردانە موحەمەد عایش بوو کە یەکێک بوو لەوانەی خەڵاتی یونیسێف ی هەبوو ، لەسەر قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواریی لە عێراقدا ..
شایانی باسه ئەو ناوانەی کە سەدام حسێن خوێندنیەوە ، کە لە سەرکردە دڵسۆزەکانی حیزبی بەعس بوون ، لە هۆڵەکە کرانە دەرەوە ، بە تاوانی خیانەت بە حیساب دادگایی بکرێن …!
یەکێک لە وەزیرەکانی سەردەمی بەعس ئەڵێ : دادگاییکردنەکە بەم جۆرە بوو : نەعیم حەداد وەک سەرۆکی دادگای شۆڕش ، لاپەرەیەکی بە دەستەوە بوو ، ئەیخوێندەوە : فڵانی کوڕی فڵان : سزای سێدارە .. فڵانی کوڕی فڵان : سزای 25 ساڵ زیندان .. !! …. هتد ..
هاوڕێکانی واقیان ووڕ ئەمێنێ و لێی ئەپرسن : بە چ تاوانێک ئەم سزایانە سەپێنراون ؟
نەعیم حەداد ئەڵێ : نازانم ..! من لاپەڕەیەکم پێدراوە و پێم ووتراوە تەنها سزاکان بخوێنەرەوە و با چەک بەدەستەکانیش جێبەجێی بکەن !!
ئا لێرەوە ئیتر شتێک لە عێراقدا نەمایەوە بە ناوی یاسا و دادگا ..بەڵکو هەمووی خرانە ژێر خواست و ئارەزووی سەرۆک و خێزانی سەرۆکی فەرماندەوە ..میللەتیان بە جۆرێک ملکەچ و بەچەترسێن و شکستخواردوو کرد ، کە دەبوو لەگەڵ ناو هێنانی سەرۆکدا بڵێن خوا بیپارێزێ و .. هەزار و یەک سروود و نزا و وەسف و ناوی بەرزی تر بلکێنن بە ناوەکەیەوە ..
ئەم بە لاڕێدابردنی یاسا و دەستوور و فەرمانڕەواییە ، لەلایەن دەزگا ئەمنییە جیهانییەکانەوە نەخشەی بۆ کێشرا بوو ، پشتگیریی دەکرا و .. لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵدا ، بیرۆکەی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و ئاساییان لە مێشکی هەموو عێراقییەکاندا هەڵکەند .. بەو مانایەی سەرۆک ، واتا ژنەکەیشی سەرۆک و یاسا بە دەست و یاسا شکێن و خەڵک کوژە و خاوەنی سەر و ماڵی میللەتە و بۆی هەیه هەر یاسایەک خەیاڵی بۆی بچێ ، جێبەجێی بکا ..
واتا کوڕی سەرۆک بۆی هەیه هەر کچێک پێی جوانە ، پەلکێشی ژووری نوستنەکەی بکا و دەستدرێژیی بکاتەسەر و ئەگەر بە دڵیشی نەبوو بیکوژێ ..بۆی هەیە ببێ به وەزیر ، به هەر پلە و،پایەیەکی سەربازی و مەدەنیی ، کە خۆی حەزی لێیەتی ..بۆی هەیە کێی بوێت، بیکوژێت .. بۆی هەیە دەستشۆڕی زێڕ و ئاودەستخانەی زێڕ و ئوتومبیلی زێڕ و کڵاشینکۆفی زێڕو هەموو شتێکی زێڕی هەبێ چونکە ئەو کوڕی سەرۆکێکە کە زێڕە ..بۆی هەیە چەندان گۆرانیبێژ و سەماکەر لە هۆڵێکدا کۆبکاتەوە و گۆرانی و سەمایان پێ بکا ، چەکیان لێ ڕاکێشێ و فیشەک بتەقێنێ و بنمیچی هۆڵەکە دابێژێ و گڵۆپ و سورەیا هاڕە پێ بکا ، کەسێکیش بۆی نەبێ وورتە بکا ، ئەبێ هەمووان لەسەر کەیف و پێکەنین و گورانی و سەماکردن بەردەوام بن ، وەک ئەوەی لە جیاتی فیشەک ، گوڵباران کرابن ..
ئەبێ میزاجی سەرۆک بکرێتە دەستووری ووڵات ، بۆ نمونە بە خەیاڵیدا بێت هەر ماڵێک کوڕی پێشمەرگەی هەبێ ، ئەبێ خانووەکەیان بڕوخێنرێ ، لەگەڵ شەش خانووی لای ڕاست و شەش خانووی لای چەپ .. ئەبێ هەر گەنجێ لە سوپا ڕایکردبێ ، گوێچگەی ببڕن و ناوچاوی داخبکرێ بە مۆری ترسنۆکیی ..ئەبێ لەو شوێنەی کوڕەکەی بریندار کراوە ، کە شەقامێکی سەرەکیی پایتەختە، بکرێ بە شانۆ و هەرچی گۆرانیبێژ و سەماکەر و ووتاربێژی مزگەوتەکانە ، بۆ ماوەی چەندەها هەفتە و بە شێوەی بیست و چوار سەعاتیی ، لەوێدا کۆببنەوە و سروود و سەما و نزای چاک بوونەوە بە قەد و باڵای کوڕەکەیدا بڵێن ، هات و چۆ لەو چوار ڕێیانەدا بە تەواوەتیی ڕاوەستێنرێ .. ئەبێ لە هەموو ماڵ و مزگەوت و دوکان و کۆمپانیا و شەقام و مەیدانێکی ووڵاتدا وێنەی سەرۆک هەڵواسرێ .. ئەبێ لە ڕۆژی له دایکبوونی سەرۆکدا هەموو وڵات ئاهەنگ بگێڕێ ..ئەبێ سەرۆک کە بڕیاری هەر جۆرە شەڕێکی دا ، خوای ئەکرد شەڕ لەگەڵ هەموو جیهاندا بێ ، هەمووان جێبەجێی بکەن ..ئەبێ لە هەڵبژاردندا هیچ ڕکابەرێکی نەبێ و هاووڵاتی تەنها بۆی هەبێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکدا ئا یان نا بەکاربێنێ ، جا قوڕ بەسەر ئەوەی ئەڵێ نا ..
هەر مناڵ و تواڵ و نەخوێندەوارێک سەرۆک کەیفی پێ بێ ، بۆی هەیە گەورەترین پلەی سەربازیی پێ بدا ..خۆیشی پلەی موهیب ڕوکن کە باڵاترین پلەی سەربازییە وەربگرێت ، بە بێ ئەوەی لە ژیانیدا یەک خولەک خزمەتی سەربازیی کردبێ .. بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆریی ، وەک کڕینی نەستەلەیەک وا بێ بۆ خۆی و هەر کەسێک بیەوێ ،یەکسەر پێی دەدرێ ..بۆی هەیە مۆڵەتی شۆفێریی بدات بە کوێر ..بۆی هەیە تەمەڵترین خوێندکار له بەرزترین کولێجدا دابنێ.. بۆی هەیە مەزرا بسووتێنێ بیکا بە سەربازگا .. … هتد ..
لە هەمووی گاڵتەجاڕتر، کوڕە گەورەکەی کاتێ بە حیساب لە پۆلی دوانزەی زانستی بوو ،ساڵی 1982 ، کرایە یەکەمی عێراق ، لە کاتێکدا ڕێبوار هۆگر گۆران کە نەوەی شاعیری بەرز ، عەبدوڵا گۆران بوو ، یەکەمی عێراق بوو ، ئەویان کردە دووەم و کوڕی سەرۆکیان کردە یەکەم …
ئەم نمونانە ، سەلمێنەری ئەو بێ حورمەتیکردنەن کە سەدام بە یاسا و دەستووری ووڵاتی کرد .. ئەو لە ڕێلادان و بە لاڕێدابردنەی فەرمانڕەوایی بوو کە تاکو هەنووکە پیادە دەکرێ و زۆر زیاتریش بووە ..
دۆخێکی شەرمئامێز و ناشیرینە ناوی دەنێم سەدامیزم .. قوتابخانەیەکە تیایدا سوکایەتیی بە مرۆڤ و مێژووی مرۆڤ و ئاینی مرۆڤ و ئەخلاقی مرۆڤ دەکرێ .. یاساکانی مرۆڤایەتیی و هەموو شتێک لەلایەن سەرۆک و توتەڵەکانیەوە له پێ دەکرێ ..

تیایدا مرۆڤ هێندە بچوک و بێ ڕێز و بێ ماف دەکرێ ، کە بوون و نەبوونی وەک یەکتریان لێ دێ .. کەتیایدا سەرهەڵگرتن و مردن ، تاکە دوو ڕێگان بۆ ڕزگار بوون ، چونکە کۆمەڵگاکە هێندە خەسێنراوە و سەرکوتکراوە و هێندە سەگ و گورگی سیخوڕی تێبەردراوە ، هیچ هیوایەکی شۆڕش و ڕیفۆرمی تێدا نەماوە .. سەرۆک خۆیشی لە بنچینەدا ، سیخوڕێکی دەزگایەکی سیخوڕیی جیهانییە ، بە جۆرێک دەزگا سیخوڕییە جیهانییەکان ، زیاتر لە 20 ئەگەری ڕوخانی ئەو ڕژێمەیان دیاری کردبوو ،کە تەنانەت یەکێک لەو ئەگەرانە ڕاپەڕینی کریستیانەکانی عێراق بوو کە لاوازترین ئەگەر بوو ، چارەسەری خێرایشیان بۆ هەموو ئەگەرەکان دۆزیبۆوە ، بۆ ئەوەی سەدام بەردەوام بێ .
کەواتە هەر سیستمێک ، ژنی سەرۆک و کوڕ و کچ و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمان و هاوڕێیانی سەرۆک تیایدا دەرکەوتن و دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەست بوون ، سەر بە قوتابخانەی سەدامیزمە..
هەر سیستمێک هاووڵاتی بێ ماف و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، وەک قالۆنچە لەناو تاریکی و پشتگوێخستندا بژی ، لە بەرامبەردا سەرۆک و خێزان و بنەماڵە و هاوەڵانی وەک پاشا بژین ، ئەو سیستمە ، سەر بە سەدامیزمە ..
هەر سیستمێک باج و خەراجی لەسەر هاووڵاتیانی بێ دەسەڵات زیاد کرد و ..بازرگان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حیزبیە قائیدەکان ، وەک بەرزەکی بانان لێی دەرچوون ..
سامانی نیشتمانی و زەوی و ئاوی نیشتمان بوون بە موڵکی سەرۆک و خێزانەکەی ..
هەڵکوتانە سەر و کوشتن و بڕینی بیری جیاواوز و ئازاد ..
بەشینەوەی پلەی سەربازیی بە سەرۆک و خزم و دۆست و هاوەڵانی ..
بەخشینی پلەی دکتۆرا بە هەر کەسێک زوڕناژەنی سەرۆک و خێزانەکەی بێ ..
بەرەڵڵا کردنی کۆمەڵگا لە خراپترین دۆخی ژیاندا ..
گرنگیدان بە ڕاگەیاندن بۆ جوانکردنی سەرۆک و .. گەورەکردنی سەرۆک و ..بەهێزکردنی سەرۆک و .. بێ ئومێدکردنی خەڵک ، بە جۆرێک دەزگا و زانکۆ حوکومییەکان هیچ خزمەگوزارییەکیان تێدا نەمێنێ ، بەڵام بودجەی وەزارەتی ڕاگەیاندنی حوکمەتۆکەکەی سەدام ، بێ پایان بوو ، بودجەکەی کراوە بوو ، واتا چی خەرج ئەکا ، حیساب کراوەیە ، تەنانەت جارێکیان وەزیرێکی ڕاگەیاندنی دەرکرد لەبەرئەوەی ئەو ساڵە بودجەیەکی زۆری لە ڕاگەیاندندا خەرج نەکردبوو ، واتا وەک پێویست پارەی تەخشان و پەخشان نەکردبوو لە جوانکردنی سەرۆک و خێزانەکەیدا ..!! به جۆرێک کارگەی کاشی و پەیکەرتاشیی تایبەت بە پەیکەری سەدام ، لە ئیتاڵیادا ، تەرخانکرابوو بۆ دروستکردنی دەیان هەزار پەیکەر و جیداریی سەرۆک لە کاتێکدا سەربازەکانی ڕیسوا و برسی و موحتاجی نانێک بوون ، لە تێرمیناڵ و مەیدانەکاندا وەک سواڵکەر کەوتبوون ..
ئەمە زێرابەکانی سەدامیزمە کە دێنە دەرەوە و کۆمەڵگا بۆگەن و ناشیرین ئەکەن ..
هەر سیستمێ ، لە ئاست داواکاریی خەڵکدا کوێر و کەڕ و لاڵ بوو .. بە حەشاماتی هێزی تایبەتی چەکدار دەوره درابوو .. لە گوزەر و بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا دەرنەکەوت .. تەنها لەسەر سکرینەکانی تی ڤی بە جل و بەرگی شاهانە و کاتژمێر و ئێکسسواراتی ملیۆنەها دۆلارییەوە ، خۆی نمایش کرد ..لە کۆشکی خەیاڵیی فیرعەونیی و فڕۆکەخانە و گەشتی ووڵاتان و تەوقە کردن لەگەڵ کەسایەتییە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکاندا ، لە پایتەختە کۆڵۆنیالیستەکاندا ، بە قسەی فودراو و بێ بنچینە و نالۆژیکیی و ڕاو و ڕێویکرندا ، خۆی نیشاندا ..
ئەوە بزانە تۆ لەبەرامبەر سیستمێکی سەدامیزمدایت ..تۆ داهاتوو و خەون و هیواکانت لە گۆڕ نراون .. تۆ لەبەردەم ناشیرینترین سیستمی فەرمانڕەواییدایت کە لە ڕاستیدا سیستم نییە ، بەڵکو گەمەیەکی دەزگا سیخوڕییە داگیرکەرەکانی جیهانە ، بۆ دەستگرتن بەسەر داهات و داهاتووی میللەتە خاوەن پەیام و شارستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ..
ئەوەیش وەک یەکێک لە بیریارەکان ئەڵێت : ئەمەریکا کێشە و ڕقێکی گەورەی هەیە لە بەرامبەر کۆمەڵگا خاوەن پەیام و شارستانی و مێژووەکاندا ، چونکە خۆی مێژووی نییە و بنچینەکەی نادادییە و خاوەن پەیام و شارستانیی نییە ، کلتورێکی شەرافەتمەندانەی نییە ، ناچار خۆی ناو ناوە جیهانی نوێ ، لەکاتێکدا لەسەر زوڵم و نادادیی ڕۆ نراوە .
بەو جۆرە ئەو نیشتمانە خاوەن مێژوو و سەروەرییانە ، پڕ پڕ دەکەن لە دەسەڵاتداری گەمژە و نەزان و دژ بەیەک ..لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و لەشفرۆشی دژ بەیەک .. لە شاعیری ڕیسوا و سەرشۆڕی دژ بە یەک ، کە بۆ ئافەرینێک ، بۆ پارچە نانێکی حەرام ، سەدامەکانت بۆ ئەبەنە کەشکەشانی فەلەکەوە ..سەفسەتە ..چەنەبازیی .. بۆینباخلەمی بێ هەڵوێست و نەخوێندەوار ، ئەمە سیاسەتی ( فرق تسد ) واتە سەروەریی لە هەڵوەشاندندایه .
بە شێوەیەک ، پایتەختێکی وەک بەغداد ، کە ڕۆژێ له ڕۆژان پایتەختی سیاسەت و زانست و ئەدەب و هونەری هەموو جیهان بووە و تیایدا بۆ یەکەمجار کاتژمێر دروست کراوە ، بوو بە پایتەختی ترس و سڵ و مافیا و چەقۆکێش .. بێ هیوایی و ڕەشبینی و کەوتنی هەموو پایەکانی مرۆڤایەتیی ..
برسێتی و نەخوێندەواری و بێکاری و تایفەگەری و خێزانپەرستی و خۆپەرستی و لێکهەڵوەشان و جەنگی ناوخۆ و دەرەوەی بێ مەعنا ..نەمانی شتێک بە ناوی یەکبوونی نیشتمانیی و ..بڵاو بوونەوەی دژایەتی نێوان شار و گوند و ئایین و ئاینزا و ئایدۆلۆژیاکان ..داڕمانی کولتوریی نەتەوایەتی و ئەخلاق و بەها کۆمەڵاتییەکان ..
ئەمانە و زۆر لەوانە زیاتریش دیاریی سەدامەکان و قوتابخانەی سەدامیزمە بۆ گەلەکانیان ، کە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکان لە پشتیانەوە وەستاون و داکۆکییان لێ دەکەن ..لێرەدا ئیتر هەموو کۆمەڵگا ئەشێوێ ، تاکە شت کە بە ڕێک و پێکیی ئەڕوات بە ڕێوە ، نەوت و داهاتی ئەو میللەتانەیە بۆ عەمباری نەوت و داهاتی زلهێزە جیهانییەکان ..




چیرۆكی پەیكەری ( ئولا یاكۆبسۆن).. ئا: كامەران حاجی ئەلیاس

پەیكەری ( ئولا یاكۆبسۆن)، یەكێكەلەپەیكەرەكانی هونەرمەندی دیاری كورد (شوان كەمال)،كەلە كتێبخانەكەی مۆنداڵ لە شاری یۆتۆبۆری مەملەكەتی سوید دانراوە.
لەسەر چۆنییەتی دورست بوون و دانانی پەیكەری ئولا یاكۆبسۆن هونەرمەندی كورد شوان كەمال دەڵێت” ساڵی 2016 تازە هاتبومە واڵت سوید ماوەیەك بوو بێ ئیش بوم لە چەند شوێنێك ،هەوڵی ئیشكردنم دابوو CV خۆمم بۆ ناردبوون،باسی ئەوەم كردبوو كە پەیكەرسازێكی،كوردم بەاڵم ڕەگەزنامەی ئەڵمانیم هەیە و شارەزای بواری پەیكەرسازیم،ئیشی هونەری و بەتایبەتی پەیكەرسازی كەمێك زەحمەت و گرانە بەهۆی كەمی ئەوكارگانەی پەیكەر دروست ئەكەن،بۆ نمونە لە هەمو واڵتانی سكەندناڤیا لەوانەیە 4 یان5 شوێنی وای لێبێت”.
هەروەها پەریكەر ساز شوان دەڵێت”خۆشبەختانە لە چەند شوێنێكیان رەزامەندیان هەبوو بۆ كاركردنم بەڵام هەنێكیان گونجاونەبوون چونكە زۆر دوربوون لەوانە دانەیەك لە كۆبنهاگنی پایتەختی دانمارك و دانەیك لە خوار شاری ستۆكهۆڵم بو دانەیەك لە فینەلەند،دانەیەك نزیكی خۆمان بو ئیتر كاتیان بۆ دانام بچم قسەیان لەگەڵ بكەم،كە ئیش و كارەكانم پیشان دان لە ئەلەمانیا و هەنێ واڵتی ئەوروپی یەكسەر ڕازی بون كاریان لەگەڵ بكەم”.
شوان كەمال زیاتر دەڵێت”جا چیرۆكی دروستكردنی ئەم پەیكەرە لەوێوە دەست پێ ئەكات،كاتێك خاوەنی كارگەكە (ڕۆبێرت كاسالاند) لەهەمان كاتا مامۆستای زانكۆش بوو لە شاری مالمۆ وتی: شوان داوای پەیكەرێكیان لێمانكردوە ئەتوانی دروستی بكەی بۆمان؟ منیش دوای ئەو دابڕانە زۆر خۆشحاڵ بووم بەوەی ئەو كارەیان بۆ بكەم،ئیتر هەستام بەكۆكردنەوەی زانیاری و پەیاكردنی مۆدێل بۆ دروستكردنی پەیكەرەكە، داڕشتن و بیرۆكەی پەیكەرەكە لەسەر دواكاری و رێكەوتن بوو لەگەڵ چەند كەسی شارەزای بواری هونەر و رخنەی هونەری ودوایی شارەوانی یۆتۆبۆری”.

ئولا یاكۆبسۆن كێیە؟
هونەمەند شوان كەمال دەڵێت”ئولا یاكۆبسۆن هونەرمەندێك و ئەكتەرێكی شانۆ و سینەمای سویدی نەمساویە،لە شاری یۆتۆبۆری ژیاوە لەنێوا سااڵنی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی ڕابردو،لەم سااڵنەی،دوایی شارەوانی شارەكە بڕیاری داوە شوێێك بكرێت بەناویەوە بە تەحدیدی ئەكەوێتە گەرەكی مۆنداڵ بەردەم كتێبخانەی گشتی،لە ئێستایا پەیكەرەكە لەو دانراوە”.
لەسەر چۆنیەتی دورست كردنی پەیكەرەكە شوان دەڵێت”ماوەی 4 مانگێك خەریكی دروستكردنی پەیكەرەكە بوم لەمادەی گەچ وبۆرەك،دوایی لە كارگەی داڕشتنی كانزاكان (مەیالە)لە شاری مالمۆ پەیكەرەكە كرایە بڕۆنز،لە شوێنی دانانی پەیكەرەكە هەنێ كاری سیرامیكی و نوسین هەیە هونەرمەندی سویدی(بیۆرن كانسۆن) ئەوكارانەی چاكردوە كاتی خۆی ئەم ئوال ویاكۆبسنە لە فیلمێكا بەناوی (سەمایەك لە هاوینا) لە كەنارەكانی ئیتالیا بە شێوەیەكی نیمچە ڕوت دەرئەكەوێت،ئیتر توشی سەرزەنشت و رەخنەیەكی ئەوكاتەی میدیاكان و خەڵكی سكەندناڤی ئەبەێتەوە،بۆیە پەیكەرەكە ئاماژە و گوزارشت لەوە ئەكات كە بەناهەق و نادادپەروەرانە بوە ئەو رەخنانەی ئەو سەردەمە لەم خاتونە گیراوە”.
لەسەر پێكهاتەی پەیكەرەكە هونەرمەند شوان كەماب دەڵێت”پەیكەرەكە پێكهاتوە لە مناڵێكی زنجی ڕەشپێست بەشێوەیەكی توڕە دەستێكی بەرزكردۆتەوە پرسیار ئەكات ئەڵی لەسەرچی و بۆ واتان كرد ئەوكاتانە بەرامبەر ئەم خاتونە هونەرمەندە،لەسەر بلوزەكەی تایتڵی ئەوفیلەمە(سەمایەك لە هاویندا)م دروستكردۆتەوە لەسەر شێوەی ڕیلیف.
شایانی باسە ئەم خاتونە لە ساڵی 1929 لە دایكبوە لە ساڵی 1982 لە نەمسا كۆچی دوایی كردوە ،خاوەنی گەلێك فیلمە لە واڵتی سوید و ئەلەمانیا و ئەمەریكا چەند خەڵاتێكیشی بەدەست هێناوە.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر قۆناغەكانی دروستكردنی پەیكەرەكە دەتوانن سەردانی كەناڵی یوتۆبی هونەرمەند شوان كەمال بكەن ،یان لە گۆگڵ بنووسن شوان كەمال .

ئا – كامەران حاجی ئەلیاس




کورتەچیرۆک: مەلا.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

دەرگایەکەی توند دوای خۆی پێوەدا، هەر لە قولینچکی لای چەپی دەرگاکە چوارمشقی ڕوونیشت، پشتی خۆی بە دیوارەکەدا دا، دەستەکانی خستنە ناو یەکتری و خۆی خڕ کردەوە، فرمێسک وەکوو باران بە چاوانیدا دەهاتە خوارەوە، هەنیسکی گریانی وەکوو دەنگی نای نێو گۆرانییەکی خەمناکی سەبا وابوو، دەنگی قێزەونی هەناسەی ئەم دڕندەیە لە گوێکانی دەزرینگانەوە و گوێیەکانی کاس کردبوو. دەترسا، زۆر دەترسا، ڕمبە ڕمبی دڵی هەر لە ڕەزمی دەفی دەروێشێکی حاڵگرتوو دەچوو.
دیمەنەکان وەکوو فلیمێکی تاریکی ترسناک دەهاتنەوە بەر چاوانی. ئەوی لە فەقێیەکانی تر جیا کردەوە، پێی گوت: «بمێنەرەوە، کارێکم پێتە.» چاوی خۆی لێ سوور کردەوە، نەوەکا بۆ کەسی بگێڕێتەوە. بەسەریدا قیڕاندی: «کەس باوەڕت پێ ناکات، کەس لە مەلایەکی بەشانوشکۆی وەک من ڕانابینێت کە کارێکی ئاوا بکات.» ئێ خەڵکی چۆن بە فەقێیەکی لووسکەی جەوان باوەڕ دەکەن، فەقێیەک کە هێشتا هەر سمێڵیشی گووگرە نەبووە.
چوار حەفتە بەر لە ئەمڕۆ، لەگەڵ باوکی بە ژوورێ کەوتن، مەلا ڕووی گەشاوە، فەرمووی لە هاوڕێیەکەی و لە منداڵەکە کرد، گفتی پێیان دا کە (هاوار) لەسەر چاوانی خۆی بپارێزێت. ئێ ئەدی کوڕی هاوڕێیە گیانیی بە گیانییەکەی نییە! لەگەڵ فەقێیەکانی تر دەستی کرد بە خوێندنی سیپارە و خوێندنەوەی قوڕئان. لەگەڵ هەر وەڵامێکی ڕاست، مەلا ماچێکی لەسەر ڕوومەتی دەکرد و دەستێکی لەسەر ڕانەکانی دادەنا و توند توند دەیگوشین!
هەتا ئێستا تارمایی مەلا وەکوو دێوەزمەیەک بەر چاوانی گرتووە. کاتێک جوببەکەی داکەند و بانگی کردە سەر کۆشی خۆی، پێی گوت شتێکت پێ پیشان دەدەم، هەتا ماویت لە بیری ناکەیت. نەیدەزانی چی دەگوزەرێت، چاوانی مەلا بۆ وەکوو دوو چاوی کەمتیارێکی چاوبرسی دەبریسکێنەوە، دەنگەکەی بۆ وەک دەنگی سیسارکێکی مردووخواردووی لێ هاتووە! ئای دەبێت چی بگوزەرێت.
ویستی هەڵبێت، بەڵام مەلا لەو خێراتر بوو و پێشی لێ گرت، هاواری کرد، زۆر لێی پاڕایەوە، گوێیەکی قوڵاخی نەدۆزییەوە. سەرنجی نەخشەکانی سەر دیواری حوجرەکەی مەلای دەدا، هەستی دەکرد کە ئەوانیش لەگەڵ ئەو هاوار دەکەن، بەڵام کەسێک نایانبیستێ. ئێشێکی زۆری بۆ هات، پڕ بە دەنگی خۆی قیژاندی، کەوتە پەلەقاژێ، گەلێک پاڕایەوە.
ئێستا چۆن ڕووبەڕووی باوکی ببێتەوە، چۆن بۆی بگێڕێتەوە، بەڵکوو چی بۆ بگێڕێتەوە، کێ باوەڕی پێ دەکات. چۆن سەیری نێو چاوانی مەلا بکات، چۆن جارێکی تر بۆ مەدرەسەکەی مەلا بگەڕێتەوە. ئێ چۆن دەتوانێت نەگەڕێتەوە، ئەدی باوکی گومانی لێ ناکات؟ باشە چ وەڵامی باوکی بداتەوە. دەبێت باوکی چی لێ بکات، چۆن چۆنی دارکاری بکات! ئێستا ئەو بووەتە مایەی سەرشۆڕی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی!
ناوی خۆی هاتە بەر گوێ، دەنگێک لەپشت دەرگاوە، دەنگی دایکی بوو، بانگی دەکرد بۆ نانخواردن. نانخواردنی چی، ئەو ئەمڕۆ هەر خۆی خواردۆتەوە، هەر خەمی خواردووە، جا چۆن جارێکی تر لەگەڵیان دانیشێت، ئەی هەموویان هەستی پێ ناکەن، ئەی نابێتە گاڵتەجاری دەستی برا و خوشکەکانی! چۆن لەم ژوورەدا بێتە دەرەوە، ئێستا هەموویان دەزانن، هەواڵ گەیشتووەتەوە بەر گوێی هەموویان!
دەنگی کێلانی دەرگاکە هات، خۆی وێکتر هێناوە، سەری خۆی شۆڕتر کردەوە، وەک ئەوەی بیەوێت خۆی بشارێتەوە بەڵکوو نەیبینن. دەرگاکە کرایەوە، ڕووناکی خۆر ڕژایە نێو ژوورە تاریکە ئەنگوستەچاوەکە، دایکی هاواری لێ هەڵسا، ئەوە بۆ وەڵام نادەیتەوە هیچ و پووچ! پیلی منداڵەکەی گرت و بە پێش خۆی دا. ئەمیش لە ترسانا بە دەستەکانی پاشەڵی خۆی گرت نەوەکا دیسانەوە هەتک بکرێتەوە.

واتای وشەکان:
ڕەزم: واتە ئیقاع، یان ڕیتم.

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی




قەیران.. سامان خدر

لەزمانەوانیدا دەوترێت توشی قەیران بووین واتە نارەحەتی و تەنگژەمان هاتوەتە پێش . یان لە کشتوکاڵدا دەوترێت ساڵەکە قەیراناوی بوو واتە قاتی و قڕی و کەم بەرهەمی بوو .

بەلام لەڕووی بەکارهێنانەوە :واتە چارەسەری کێشەیەک بەبنبەست گەشتوە و ئاستەنگ و کۆسپ رێگرن لە پیش چون و چارەسەرکردنیدا.

قەیران چیە؟ وەهۆکاری دروستبوونی جیە؟

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا هەندێک جار بەهۆی ناڕوونی سیاسەتەکان یا پلانی هەڵە یان بریاردانی سەرپێی و هەڵەشە یان هەرهۆیەکیتر وادەکات قەیران دروست بێت و دواتر کۆنترۆلکردنی ئاسان نەبێت.

بارودۆخێکی ناسەقامگیری یان مەترسی، وەک لە کاروباری کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، یان نێودەوڵەتیدا، کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوە.

-هەروەها هەندێک جار دەرەنجامی بونی خەلەل لە ( دەزگای نەخشەو پلاندانان . بەریوەبردن و ریکخستنی کارەکان . رێنماییەکان . دەزگای چاودێری . دەزگای بریارو بریاری نابەجێ) قەیران دروست دەبیت.

بەواتایەکیتر قەیران بریتیە لە :

ئەودۆخە ناهاوسەنگ و ناریکەیە کە لەنێوان ئەوەی کراوە و ئەوەی پێویست بوو ئەنجام بدرایەت دێتە ئاراوە

ئیستا له‌ كوردستان به‌هۆی نه‌بونی پیلانی پێشوه‌خته‌و نه‌بونی نه‌خشه‌دانانی بنه‌ره‌تی و ، هه‌له‌ی سیاسی و سه‌ركرده‌كانی كورستان نه‌بونی چاودێرێکی بێ لایه‌ن و نه‌بونی به‌ڕێوه‌بردنێكی باش له‌وڵات ئه‌م قه‌یرانان كه‌دروست بوون .

ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان له‌ سالانی رابردوو كێشه‌ی كاره‌با و ئاو و ریگاو بان و كێشه‌ی سوته‌مه‌نی چاره‌سه‌ر بكردایه‌ ، ئه‌وا ئه‌م دۆخە ناخۆشە و کێشەکانی ئێستا‌ دروست نه‌ئه‌بوو.




فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی مێژوو و سەردەم.. گێرت ‌هێندریش.. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

.6 فەلسەفە لە ئیسپانیای عەرەبی (ئەلئەندەلوس)

ئیسپانیا (ئەل-ئەندەلوس ی عەرەبەکان) لە ساڵی 711 بەدوواوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو، ئەوە دوای گەیشتنی سوپاسالار تاڕیق ئیبن زیادی یەمەنی بە جیبرالتەر (جەبەل تاریق). سەرەتا هێرشی عەرەبەکان کەمێک زۆرتر بوو لە پەلاماری تاڵانی، پاشان لاوازیی دەوڵەتی گۆتەکانی ڕۆژئاوا بوو بە هاندەرێک بۆ داگیرکردنی کردەکی. سوپایەکی ڕێژەییانە بچووک لە کورتترین ماوەدا هەموو شارە گەورەکانی داگیر کرد و تا باشووری فەڕەنسا بەرەو پێش هێرشی برد. وەلێ پەلامارەکانی تاڵانی لە نیوەی سەدەی هەشتەمدا وەستێنران. پەلامارێکی عەرەبەکان بۆ تاڵانی کە لە لایەن کارل مارتێل-ەوە لای توورس و پواتیێر شکێنرا (732) و بە هەڵە ناونراوە شکانی “مێژوویی-جیهانی”، دوورترین سنووری عەرەبەکانی دیاری کرد و تا ئەو سنوورەش دەیهێنا بۆ مەبەستی تاڵانی پەلامار بدەن. وەلێ ئەم شکانەی عەرەبەکان بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بە ئامادەگیی ئەوان لە باشوری فەڕەنسا نەهێنا، هەروەها کۆتایی نەهێنا بە هەڵچوون و گەشانەوەی ئیسپانیای عەرەبی. سەرەتا والییەکی خەلافەتی دووری ئەمەوی لە دیمەشق لەوێ حوکمی دەکرد، ئەوجا دوای ئەوەی ساڵی 750 خەلافەت کەوتە دەستی عەباسییەکان و ئەوانیش پایتەختیان گواستەوە بۆ بەغداد، ئیدی خەلافەت دوایەمین نفوزی خۆی بەسەر ئیسپانیادا لەدەست دا. تاکە میری ئەمەوییەکان کە لە کۆمەڵکوژیی خانەوادەکەی ڕزگاری بوو بوو، لە لایەن موسڵمانانی ئەوێوە کرا بە دەسەڵاتداری ئیسپانیا. بەمەش ئێستا چیدی ئیسپانیا سەر بە خەلافەتی عەرەبی-ئیسلامی نەبوو، بەڵکو بوو بە دەوڵەتێکی عەرەبیی سەربەخۆ.

ئەلئەندەلوس چە لە ڕووی ئابووری و چە لە ڕووی شارستانییەوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو و ئاڵوگۆڕێکی زیندووی لەتەکیدا هەبوو. هەرگیز ئیسپانیای عەرەبی زەبرمەندانە بەئیسلامی نەکرا، بەڵکو موسڵمان و کریستیان و جوو لەژێر سەروەریی عەرەبیدا بەئاشتیانە پێکەوە دەژیان. بەو ڕێیەوە گرووپێکی نوێی دانیشتوان بە ناوی “مۆزائەرابەر”ە (Mozaaraber) کریستیانییەکان سەریهەڵدا کە بە زمانی عەرەبی دەئاخڤین و نەریتی عەرەبییانەیان وەرگرتبوو. هەروەها کۆمەڵە گەورەکەی جووەکان لە ئیسپانیا لێبوردەیی زۆری پێبڕابوو و هاوکات بەشداریی لە بەعەرەبیکردنی ژینجیهان و کولتووردا دەکرد. لەم کۆمەڵەیەوە فەیلەسوفانی بەواتا دەرکەوتن، وەک: سالۆمۆ ئیبن گابیرۆل (بە لاتینی ئاڤیسێبرۆن، 1020-1058)، هەروها مایمۆنیدێس (موسا ئیبن مەیمون، 1135-1204). هزری ئەمان تەنیا پابەندی ترادیسیۆنی جوویەتی نەبوو، بەڵکو هەروەها کاری چە لە وەرگرتنی ئیسلامییانەی ئەنتیکە و چە لە فەلسەفەی موسڵمانەکاندا کردەوە. هەندێکیان بەڕێی فەلسەفەی ئەوانەوە گەیەنرا بە چەرخی نێڤینی لاتینی.
ئیسپانیای ئیسلامی لە ماوەی حوکمڕانیی عەبدولڕەحمانی سێیەمدا (912-961) گەیشت بە ترۆپکی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی. بەدووی ئەوەدا ئیدی سەردەمێک هات و تێیدا “ڕێکۆنکویستا” (Reconquista)، واتا ئەوە کە زۆر جار ناو دەنرێت “داگیرکردنەوەی ئیسپانیا لە ماورەکان”، پتر گوڕی سەند. وەلێ پاشخانی ڕێکۆنکویستا کەمتر جەنگی ئیمان بوو لە نێوان موسڵمانان و کریستیاناندا، بەڵکو پاشخانەکە بەزۆریی لێکترازاویی نێوخۆیی ئەندەلوس بوو کە دوای مەرگی دوایەمین میری ئەمەوییەکان لە ساڵی 1008 دا بەسەر پتر لە سی میرنشینی گچکەی سەربەخۆی ناوچەییدا لێکهەڵوەشایەوە. لە نێویاندا هەروەها میرنشینی کریستیانی هەبوون کە تا ئەو دەمە ئەمەوییەکانیان وەک سەروەر ناساندبوو. دەوڵەتۆچکەکان شەڕی ڕکاوییان لەسەر باڵادەستی لەدژی یەکدی پەربا کردبوو، لێرەشدا کوالیسیۆنی دەمدەمیانەی نێوان دەسەڵاتدارانی کریستیانی و ئیسلامی مۆرکی خۆیان لەو شەڕانە دابوو. مۆتیڤی ئایینی لە ڕەوتی بەردەوامبوونی “ڕێکۆنکویستا”دا واتای وەرگرت. جگە لەوە ناکۆکییەکانی نێو ئیسپانیا بوون بەهۆی هێرشی نوێ لە باکوری ئەفریکاوە و هێرشەکان پتر ئەو وڵاتەیان دابەشاند. سەرهەڵدانی چەند شانشینێکی کریستیانی گوڕی دا بە داڕوخانی ئیسپانیای عەرەبی. ساڵی 1085 تۆلێدۆ داگیرکرا، ساڵی 1236 کۆردۆبا و ساڵی 1248 سیڤییا. تەنیا گرانادا تا ساڵی 1492 عەرەبی مایەوە، پاشان ئەویش لە لایەن هەردوو شانشینی یەکگرتووی ئاراگۆن و کاستیلیاوە داگیرکرا. بەدووی لەناوچوونی ئیسپانیای عەرەبیدا قۆناغێکی درێژخایەنی نالێبورەدەیی ئایینی و دوژمنایەتیی هزر دەستی پێکرد. پتر لە سێ ملیۆن موسڵمان، جوو و هەروەها زۆر کریستی بەعەرەبیکراو ناچاربوون هەڵبێن. لە گرانادای داگیرکراودا ماوەیەکی کورت دوای دەسەڵاتسەندن لە لایەن شایانی کاتۆلیکییەوە بڕەدارە هەڵچنراوەکان گڕیانگرتەوە. ئەوە سەرەتا کتێبەکانی عەرەب و جووەکان بوون کە لەنێو بڵێسەدا گڕیان گرت و بەوەش میراتی یەکێک لە دەوڵەمەندترین کولتوورەکانی ئەوروپا لەناوچوو. وەلێ هەروەک هاینریش هاینە لە تراژیدیای گرانادادا بە ناونیشانی “ئەلمەنسور” نووسیی: “ئەوە تەنیا پێشەکی بوو، ئاخر لەکوێ مرۆڤ کتێب / بسووتێنێت، لە کۆتاییدا مرۆڤیش دەسووتێنێت”.

6.1 ئیبن باجە و ئیبن توفەیل
فەلسەفە هەروەها یەکێکە لە گەشانەوە کولتوورییەکانى ئەندەلوس، وەلێ سەرەتا لە سەدەى دوازدەیەمەوە بەڕێى تاکە کەسێتییانى بەواتاوە سەرهەڵدەدات، بۆ ئەمەش دەتوانین دوو هۆ دەستنیشان بکەین: فەلسەفە لە خۆرهەڵاتى جیهانى ئیسلامى بۆ یەکەم جار بە چالاکیى وەرگێڕەکانى تێکستگەلى ئەنتیکە دەست پێدەکات، وەلێ قۆناغێکى بەم چەشنە لە ئەندەلوس نییە. لێرە، دواى داڕوخانى جیهانى ئەنتیکە و کۆچى گەلان، کەمتر لە خۆرهەڵات تێکستی کلاسیکی مانەوە. ئەوجا لێرە گرووپى زانایانی کریستیانیی سریانیزمان کە لە خۆرهەڵات رۆڵی بەواتای نێوەندیاریان وەرگرت، لەگۆڕێ نەبوو. جگە لەوە فەلسەفە لە ئەندەلوسى ئەمەویدا بەدناو بوو، چونکە دوژمنە عەباسییەکەیان لە خۆرهەڵات گەشەی پێدەدا. درەنگتر لە ڕەوتى ئاڵوگۆڕى کولتوورییانەی نێوان ئەندەلوس و بەشەکانى دیکەى جیهانى ئیسلامیدا ئەدەبیاتى فەلسەفەییش لەپاڵ زانستەکانى دیکەدا پتر گەیشت بە ئەندەلوس.
ئەبو بەکر ئیبن یەحیا ئەلسائغ کە بە ئیبن باجە (ئاڤێمپاس ى چەرخى نێڤینى لاتینى) ناسراوە، یەکەم فەیلەسوفى مەزنى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە کۆتایى سەدەى یازدەیەمدا لە ساراگۆسا هاتە جیهانەوە و هەر لەوێ زۆرترین کاتی ژیانى بەسەر برد، هەروەها لێرە بۆ ماوەیەک لە ژیانى سیاسیى شاردا رۆڵى بەواتاى گێڕا: چەند جارێک بوو بە وەزیر، وەلێ چەندجارە بە زیندانیکردن هەقى ئەم تەرقیە سیاسییەى خۆی دا. پێش ئەوەى سوپای کریستیانییەکان ساراگۆسا داگیر بکات، ئەو شارەکەى بەجێهێشت و کۆچی کرد بۆ باکورى ئەفریکا. ئیبن باجە ساڵى 1138 لە فێس مرد.
فەلسەفەى ئیبن باجە بەتایبەتى لە فارابییەوە دەردەچوو. ئاخر ئەو نووسینەکانى فارابیى دەناسى، وەلێ هیچ شارەزاییەکى لەبارەی ئیبن سینا نەبوو و بە ڕادەیەکی کەم شارەزای غەزالی بوو. بەگوێرەی ئەمەش فەلسەفەیەکى ئەڕیستۆتێلى-نوێپلاتۆنیی پشتبەستوو بە فارابى دەرچەی ئەو بوو و لە نێوەندیدا بابەتی فارابییانەى تیۆریەکى دەوڵەت خۆى دەبینییەوە. لێرەدا زانینوماى ڕژان (ئێماناسیۆن) و ئەو ئێپیستێمۆلۆگییە کە پێوەی گرێدرابوو، هێندە لە زانینوماکەى فارابى جیاواز نەبوو، وەلێ ئیبن باجە لە دوو پنتى گرنگدا پەرەی پێدا. بۆ فارابى گرێدانى زەینى مرۆڤ بە زەینى چالاکەوە ڕوداوێکی تایبەت بوو بە خودى هەر سەبژێکتێک و ڕوداوەکە دەیتوانى ئەو سەبژێکتە بهێنێتە ڕەوشی ڕۆشنبوونەوەی هۆشەکییەوە (Erleuchtung). بە پێچەوانەوە لای ئیبن باجە ئەو زۆرێتییە ژمارەییەى تاکە زەینەکان لە باڵاترین پلەدا دەبوو بە یەک تاکە زەین و سەرجەم تاکە بوونەوەرەکان سەر بەو دەبوون، ئەوە لایەنى کەم پاش مەرگ دوای ئەوەی دەروونە نەمرەکان لە لەشەکان جیابووبوونەوە. لێرە زەینى کردەکیی مرۆڤان وەک یەک زەینی ژمارەیی، وەک یەکانەی زەین، بەردەوامیی وەردەگرت. ئەم بیرۆکەیە درەنگتر کاریگەریى لەسەر تیۆریی یەکانەی زەین لای ئیبن ڕوشد نواند، هەروەها بۆیە ئەوەندە شۆڕشگێڕانە بوو، چونکە نەمریى دەروون کە ڕەوشێکى ئەندێشەیى ئەودنیایی (ترانسسێندێنت) بوو، بەو تیۆرییە وەرگۆڕرا بۆ ڕەوشێکی ڕیالى مێژوویى: بۆ نەمریى زەینى یەکانەیى مرۆڤایەتى، واتا پێشکەوتنى مەئریفە.
دووەم جیاوازیى ئێپیستێمۆلۆگییانە لە فارابى ئەوە بوو کە ئیبن باجە گیرەی خستە سەر رۆڵی دەروون لە بەدیهێنانی ڕەوشی بەختیاریدا. ئەو لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ غەزالى دەدات کە گۆتبووی: یەکگرتن لەتەک خودادا (بۆ نموونە لە سۆفیزمدا) بەڕێی بەکردەکیبوونی زەینەوە نایەتە دی، بەڵکو بەڕێى ئەزموونێکى عیرفانییەوە. وەلێ ئیبن باجە بە پێچەوانەوە وایدادەنێت کە یەکگرتنى هۆشى مرۆڤ لەتەک زەینى چالاکدا بە هەر حاڵ ڕودانێکى زەینییە (ئینتەلێکتوێلییە)، کەواتە فەلسەفە و زانست پێشمەرجى ئەو یەکگرتنەن. بەختیاریى نەزەری خودا بریتی نییە لە سەرئەنجامى ئەزموونى عیرفانی، بەڵکو بەزەرووری گرێدراوە بە مەئریفەی فەلسەفەیی-ڕاسیۆنالەوە. هەروەها ئیبن ڕوشد لەمەدا شوێن پێى ئیبن باجە هەڵدەگرێت.
تیۆریى دەوڵەتی ئیبن باجە بەزۆریى پشت بە فارابى دەبەستێت، سەرباری ئەوە لێرەش جیاوازیى سەرنجڕاکێش هەن. بۆ نموونە کاریگەریى فەیلەسوفەکان لاى ئیبن باجە جیاوازە وەک لاى فارابیی پێشەنگی. بە دیدی فارابى مرۆڤانی فەزیلەمەند (فازیل) لە دەوڵەتى ناڕەوادا نەفرەتى ئەوەیان لێکراوە یان فەزیلەمەندیی خۆیان بدۆڕێنن یاخود ئەو کۆمەڵە جێبهێڵن و بۆ دەوڵەتێکى باشتر بگەڕێن. گەر دەوڵەتێکى بەو چەشنە شیاوى دۆزینەوە نەبێت، ئەوسا مردن بۆ فەیلەسوف باشترە لەوەى فەزیلەی خۆی بدۆڕێنێت. هاوکات تایبەتمەندیی هەموو دەوڵەتێک بە دەوڵەتى نموونەییشەوە ئەوەیە کە هەمیشە دەشێت لەنێویدا توخمى تێکدەر هەبن (و فارابى لە “مەدینە”دا ناویان دەنێت “گیاکەڵە”). ئێستاش ئیبن باجە لە لایەنى خۆیەوە لێکچواندنێکی سەرنجڕاکێش لەنێوان توخمە زیانگەیەنەرەکان بە جڤاک (asozial) یان “گیاکەڵە” و فەیلەسوفەکاندا ئەنجام دەدات: ئەمانیش دەشێت لە دیدی زۆرینەى نافەزیلەمەندی نێو دەوڵەتى ناڕەواوە ببن بە “گیاکەڵە”، بەڵێ زۆرتر لەوەش: تەنانەت گەرەکە فەیلەسوفەکان ئەو رۆڵە وەربگرن و بە کاریگەربوونیان شێوەیەکى “چارەسەرکردنی کۆمەڵ” بەربخەن. بە پێچەوانەشەوە لە دەوڵەتى فازیلدا ئەو جۆرە فۆرمانەى هەستى مۆرالیانەی جڤاکی (Gemeinschaftssinn) پێویست نین، بەڵێ دادوەران و فەرمانبەرانیش، تەنانەت پزیشکان، زیادەن، چونکە دەوڵەتى نموونەیى هیچ تێکدانێک ناناسێت کە ئیدی ئەو جۆرە “پسپۆران”ە بۆ چارەسەرکردنی پێویست بن. ئیبن باجە لێرەدا لەبریى تێڕوانینە ڕەشبینەکەى فارابى تێڕوانینە ئیدیالیستییەکەى پلاتۆن لە “کۆمار”دا وەردەگرێت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت هەر بەم ڕێیەوە دەوڵەتى “نموونەیى”ی فازیل دەبێت بە هیوایەک کە بەدەگمەن شیاوى بەدیهێنانە. بەم شێوەیە دوو گیرەخستنەسەری پێچەوانە لە تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەدا دێنە نێوانەوە: تیۆرییەکە لە پرنسیپەوە بێهیواترە لەوەی فارابی و هاوکات دەربەستهاتووانە گەشبینترە، چونکە رۆڵى مرۆڤانی فەزیلەمەند، وەک چاکساز و چارەزانی (تێڕاپۆیتی) کۆمەڵ، لایەنى کەم گفت دەدات کە دەوڵەتی ناڕەوای ڕیال لەسەرخۆ چاکبکرێت. ئەگەرچی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نموونەیی، تەواو هاوشێوەی سەرهەڵدانی ئەو جۆرەی دەوڵەت لە یوتۆپیاکانی پلاتۆن و فارابیدا، لە کۆتاییدا گرێدراوە بە توانستی تاکەکەسانەوە بۆ چێکردنی پەیوەندییەک لەتەک زەینی چالاک و بەمەش لەتەک فەزیلەمەندیدا، وەلێ لەبەر ئەوەی ئیبن باجە ئەرکی “چارەزانی” دەخاتە ئەستۆی ئەندامانی فەزیلەمەندی جڤاک، ئیدی بەو ڕێیەوە ئاستێکی هزرین دەردەخات: هزرین لەو مەرجە سۆسیالانە کە دەبێت بۆ شیمانەی هەڵوێستی مۆڕالی لەنێو کۆمەڵێکدا لەگۆڕێ بن. جگە لەوە کاتێک کەمینەى فەلسەفێنەران و “گیاکەڵە”ى کەلاخراو و نەخوازراوى جڤاک هاوتا دادەنرێن، ئیدی بەو ڕێیەوە گیرەیەکی ڕووخێنەرانە (سوبڤێرزیڤ) دێتە نێو تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەوە. وەلێ گەر ئێستا لێرەوە بەردەوامی بە هزرین بدرێت، ئەوسا یەکسەر ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا تا چەند پێوارە مۆڕالییەکان بەرهەمی بەخۆدان و بەواندانی ئەدگارانن / شوناسن (Selbst- und Fremdzuschreibung) کە زۆرینەیەکی جڤاک بەرانبەر کەمینەکان پەیڕەویی دەکات بەبێ ئەوەی بەڕاستی بتوانێت هۆی ڕاسیۆنال بۆ ئەوە بخاتە بەردەم؟ بێگومان نە لای ئیبن باجە و نە لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی ی سەردەمانی درەنگتردا لەوە زیاتر کار لەو دوو کۆنسێپتەدا نەکراوە.
ئەبو بەکر ئیبن توفەیل (بە لاتینی: ئابوباکێر 1105-1185) دووەم فەیلەسوفى بەواتاى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە نزیکى گرانادا هاتە جیهانەوە، لە سەردەمى دەسەڵاتداریى ئەلمووەحیدونەکاندا لە گەلێک پۆستى باڵاى بەڕێوەبەریدا وەک پزیشک و ئەستێرەناس و فەیلەسوف کارى کرد. وەک دەگێڕرێتەوە، ئەو فرە کارى فەلسەفەیى و زانستى سروشتیى نووسیوە، وەلێ لەم نووسینانە تەنیا یەک دانە ماوەتەوە. ئەم بەرهەمە بچووکە کە جۆرێکە کە لە ڕۆمانى فەلسەفەیى گەشەى تاکەکەس، زۆر کاریگەر بوو. نووسینەکە بوو بە نموونەی یەکێک لە ناسراوترین و زۆر خوێنراوەترین بەرهەمى ئەدەبى ئەوروپى: ڕۆبینسن کڕۆس (1719)ى دانیەڵ دیفۆو (Daniel Defoe).
ئیبن توفەیل چیرۆکەکەى بە پێشگۆتنێک دەستپێدەکات کە هەستێکى ئەوتۆ بێدار دەکاتەوە، هەروەک ئەو چیرۆکە وەڵام بێت بۆ پرسیارى دۆستێک کە تکاى لێکردووە نهێنییەکانى فەلسەفەى ئیبن سیناى بۆ ڕوون بکاتەوە. ئەو ڕێبەرییەکە بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنە لە سەرجەم فەلسەفەى پێشین کە چە فەیلەسوفانی کلاسیکیى گریک و چە فەلسەفەى عەرەبی-ئیسلامى لە خۆ دەگرێت. ئیبن توفەیل ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە لە داڕشتنەکانى فارابى و ئیبن باجەدا دژبێژیگەلی کرۆکی هەن، پاشان ڕەخنەی ئەوە لە غەزالى دەگرێت کە ئەو لە نووسینە جیاکانیدا لەبارەی فەلسەفە، هەڵوێستێکی دەربەستنەهاتووی هەبووە. تەنیا ئیبن سینا ڕێگەى ڕاستى پێشانى ئەو کەسانە داوە کە بەدووى ڕاستیدا دەگەڕێن: نەک تەنیا ڕێگەى ڕاسیۆنالى مەئریفە لە کۆتاییدا شیفا بۆ مرۆڤ دەهێنێت و دەبێت بە پاڵهێزی گەیشتن بە کامیلێتى، بەڵکو هەروەها ڕوانینی عیرفانیش، “نەزەرى حاڵلێهاتوو” لە دەستووری خودا. ئەو تەنانەت ناونیشانى ڕۆمانەکەى لە ئیبن سینا وەردەگرێت: حەى ئیبن یەقزان – زیندووى کوڕى بێدار. وەلێ ئیبن توفەیل ڕۆمانێکى فەلسەفەیى ئەوتۆ دەنووسێت کە زۆر لە نموونە بەردەستەکەى ئیبن سینا تێدەپەڕێت.

ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی حەى ئیبن یەقزان
چیرۆکەکە لەسەر دورگەیەکى تڕۆپی دەستپێدەکات. لەسەر ئەم دورگەیە شیرەمژەیەک فڕێ دراوە و ئێستاش ئاسکێک بەخێوی دەکات. حەى بە هێزى هزرینى خۆى فێری خۆپۆشین، خۆچەکدارکردن و ڕاوکردن دەبێت. دوای ئەوەی دایکە پەروەردکارەکەى، ئاسکەکە، دەمرێت، حەى بەناکامى هەوڵ دەدات لە لاشەکەیدا هۆیەکى میکانیکى بۆ مردنى بدۆزێتەوە، لێرەشدا بۆی ئاشکرا دەبێت کە شتێکى نابەرجەستە (ئیمماتەریەل)، واتا هۆش، هۆى ژیانە. لە ئێستا بەدوواوە پرۆسەى پێگەیشتنى حەى چیدى تەنیا ڕوو ناکاتە خۆهێشتنەوە، بەڵکو هەروەها ئاڕاستەیەکى فەلسەفەیی وەردەگرێت. ئەو لە سروشت دەتوێژێتەوە و دەگات بە پرنسیپەکانى مێتافیزیکى کلاسیکى: جیاوازیکردن لە نێوان یەکانە و زۆرێتیدا، لە نێوان ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس) و گەوهەردا، دەگات بە زەروورەى ئەنجامە سروشتییە کاراکان، ئەوجا لۆگیکییانە دەگات بە یەکەم هۆ و لە کۆتاییدا بە شیمانەى گەیشتن بە تێروانین لەبارەی زەروورەى ئافرێنەرێکی سەرجەم بوونەوەران. دواى ئەوەى حەى بە ڕێگەی ڕاسیۆنال خودا دەناسێت، ئیدی دەیەوێت خۆی لە خودا نزیکبخاتەوە: بە ڕامان (کۆنتێمپلاسیۆن) و زوهد و ڕاهێنانى ڕەوانی (سپیریتوێل). بەم شێوەیە حەى دەگات بە ڕەوشی بەختیارى، ئەوجا لە وێنایەکدا دەگات بە مەئریفەی سەرهەڵدانی دەستووری گەردوون بەڕێی ڕژانەوە (ئێماناسیۆن)، هەروەها بە مەئریفەی باڵاترین پلەى ئاگایى مرۆڤ کە چیدى ڕاسیۆنال نییە:
“ئەو بەردەوام تێدەکۆشا تا ئاگایى خودى خۆى نەهێڵێت و خۆی بەتەواوی بۆ نەزەری پەتی لە کرۆکى ڕاستی تەرخان بکات؛ ئەوەشی لە کۆتاییدا پێبەدیهات: هەموو شتەکان، سەرجەم فۆرمە هۆشەکییەکان و توانستە جەستەییەکان لە زاکیرە و لێهزرینی ئەودا نەمان […]؛ تەنیا یەک شت مایەوە: ئەلهەق (der Wahre)، بوونەوەرى ئەزەلى […]” (Tufayl 1987, 130f.).
ئیبن توفەیل بەشێکى دووەم دەداتە پاڵ ئەم چیرۆکەى هەتیوێکى خۆپێگەیەنەر کە ڕەنگە گرنگتر بێت لە چیرۆکەکە. لەسەر دورگەیەکى دراوسێ گەلێک دەژى کە فەیلەسوفێکى پیر ئەو تیڕوانینە فەلسەفەییانەى لە فۆرمى سیمبۆلی یان وێنەییدا پێڕاگەیاندووە کە حەى بە هێزى زەینى خۆى ئاشکراى کردبوون، هێندە نەبێت کە ئەو گەلە وێنە و سیمبۆلەکانى ئایینەکەی وشەییانە وەردەگرێت. تەنیا ئەبسالى هزرڤان دەیەوێت بگات بە پاشخانی واتاى زمانە وێنەییەکە، وەلێ ئەوەی لەنێو ئەو کۆمەڵەدا پێبەدیناهێنرێت، بۆیە دورگەکەی جێدەهێڵێت و لەسەر ئەو دورگەیە دەگیرسێتەوە کە حەى لێى دەژى. ئەبسال حەى فێرى زمان دەکات و لەوەوە بۆى ئاشکرا دەبێت کە حەى بەبێ سیمبۆلیک-ى ئایینێک بەو قووڵترین ڕاستییانە گەیشتووە کە ئەو خۆى بەدوویاندا گەڕابوو. هەردووکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر دورگەکەى ئەبسال، ئەوجا لەوێ حەى هەوڵ دەدات واتاى سیمبۆل و وێنەکانى ئایین بۆ مرۆڤەکان ڕوون بکاتەوە تاکو دەرفەتی یەکگرتنى حاڵلێهاتوویان لەتەک خودادا بۆ بڕەخسێنێت:
“ئەو پێشبینییە کە تێکڕای مرۆڤەکان خاوەنى کارەکتەرێکى بێهاوتا و هۆشێکى تیژ و دەروونێکى خۆڕاگرن، خستییە لێهزرین. ئەو نەیدەزانى هۆشیان چەند تەمەڵ و لاوازە، بڕیارەکانیان چەند چەوتن، حولحولێتیی ئەوانى نەدەناسى” (لا 160).
کەواتە هێندە ناخایەنێت کە دەبێت حەی ببینێت، ئەو مرۆڤانە لێى تێناگەن و وا هەست دەکەن داناییەکەى مەترسییە لەسەریان:
“هەموو هۆشدارییەک لاى ئەوان بێکاریگەری دەمێنێتەوە، هاندانى چاک کردار ناخاتەوە، دێبات لاى ئەوان تەنیا کەللەڕەقی لێدەکەوێتەوە، هیچ ڕێگەیەکیش ڕووەو دانایى لە بەردەمیاندا ئاوەڵا نییە و بەشداریى لە شکۆفەپێدانی (دانایی – و) دا ناکەن”(Ebd., 163f.).
حەى بەنائومێدی لەتەک ئەبسالدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو دورگەیە کە خۆى بەتەنیا لێى دەژیا، بێگومان وەنەبێت هۆشدارییان بە مرۆڤەکان نەدابێت کە بۆ ئەوان چاکترە پابەند بن بە واتای وشەى سیمبۆلەکانى ئایین و هەروەها بە ترادیسیۆنەوە، نەک بە هزرینى خۆیی ڕۆ بچن بۆ نێو هێڕێزى (زەندەقە). ئاخر:
“ئەو و ئەبسالى دۆستى دەرکیان بەوە کردبوو، بۆ ئەم جۆرەی مرۆڤ کە هاوشێوەی مەڕە و بێدەسەڵاتە، تەنیا ئەم ڕێگەیە بەرەو خەڵاس هەیە. گەر ئەوان لەسەر ئەو ڕێگەیە لا ببرێن بۆ ئەوەی بفڕێنرێن بەرەو بەرزاییەکانى ڕوانینی هۆشەکی (سپێکولاسیۆن)، ئەوسا ڕەوشەکەیان دوچاری سەرلێشێوانى قووڵتریان دەکات” (Ebd., 166).
پێدەچێت ئەم دەرئەنجامە زۆر ڕەشبینە خۆى لەنێو دابی هزرینی فارابى و ئیبن باجەدا ببینێتەوە. سەرەتا، تیگەیشتنی قووڵی ڕاسیۆنال و عیرفانیانەی حەی لە جیهان پەرچیوەتە نێو فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایینەوە. لە پشتی ئەمەوە ئەو تێزە ناسراوە خۆى دەبینێتەوە کە دەبێژێت فەلسەفە و ئایین لە کۆتاییدا هەمان ڕاستى لە خۆ دەگرن. وەلێ کاتێک مەئریفەی فەلسەفەیی تایبەتە بە کەسانى کەمی بەهرەمەند بۆ دانایى، ئەوا دەبێت بە پێچەوانەوە زۆرینەى مرۆڤان بەتەواوى و بڕوابوو بە واتای وشەکان شوێن ئایینى سروشى بکەون، چونکە زەین و کارەکتەریان لە ئاستێکدا نین کە ئیدی بتوانن لە فەلسەفە تێبگەن و ژیانى “دانا”یەک بەڕێوەبەرن. لێرەوە ستاتۆی فەیلەسوف لەنێو جڤاکدا دەکەوێتەوە. ئەو دەبێت بە پشتکردنە جیهان هەقى داناییەکەى بدات. کەواتە فەیلەسوف تەنیا ئەو کاراییەى بۆ گۆڕانى جڤاکێک هەیە کە بەتەنیا بە هزراندنى قووڵترین ڕاستییەکان، واتا بەڕێى لێرەبوونى تەنیاکەوتووى خۆیەوە، جڤاک بە ڕادەیەکی زۆر کەم چاکتر بکات. فەیلەسوف هیچ شیمانەیەکى نییە بۆ ئەوەی مەئریفەکانى بە هاومرۆڤانى ڕابگەیەنێت و بەم ڕێیەوە چاکسازیى جڤاک ئەنجام بدات، چونکە مرۆڤەکان ناتوانن لەو تێبگەن، نەخێر لەبریی ئەوە پێویستە کەسانی پاتریارشیایی بە ڕێنوما توند و حیکایەتە سیمبۆلییەکانى ئایین ڕێبەرییان بکەن. وەلێ لێرەدا ئەوە پتر جێی سووڕمانە کە بەتایبەتی لە بزاوتی ڕۆشناییەکانى ئەوروپادا ئاگامەندییەکى گەورە بەم کتێبەى ئیبن توفەیل بڕا. ئیدوارد پۆکۆک ساڵى 1671 تێکستە عەرەبییەکەى بۆ لاتینى وەرگێڕا، پاشان سایمن ئۆکڵى ساڵی 1708 تێکستەکەى لە عەرەبییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕا. هەردوو بڵاوکراوە ئەڵمانییەکەی پریتیوس (1726) و ئایشهۆرن (1783) دەگەڕێنەوە بۆ ئەم وەرگێڕانە ئینگلیزییە. ئەو ناونیشانە کە پۆکۆک و پریتیوس بە وەرگێڕانەکانی خۆیانیان دا، ئاماژەیەکمان بۆ نووسینەکەی دیفۆو پێدەدات: “Robinson: Philosophus autodidactus”، یان: “ئەو دانایەى جیهان کە فێرکەری خۆی بوو”. چە کتێبەکەی دیفۆو و چە ڕۆشناییەکانی سەرەتا بەگشتی لەو بڕوایەدا بوون کە مرۆڤ بە ئاوەزی خۆی نەک تەنیا توانای بۆ هەر کردارێکى خۆهێشتنەوە هەیە، بەڵکو هەروەها بۆ ئەو مەبەستە هیچ فێرکارییەکی لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵاترەوە، بۆ نموونە دەسەڵاتێکی دەر-جیهانییەوە، پێویست نییە. مرۆڤ دەتوانێت بەتەواوی “لەنێو خودى خۆیەوە” نهێنییەکانى جیهانى فیزیکى ئاشکرا بکات و هەروەها لەو ڕەوتەدا ناوکە هومانیستییەکەى ئایین، بۆ نموونە یاساى نەریت، لە ئاوەزی خۆیەوە دەربئەنجامێنێت. ئەم تێڕوانینە بۆ نموونە لە نووسینەکەى لێسینگدا بە ناونیشانى “پەروەردەکردنى ڕەگەزى مرۆڤ” (1780) وەک ئیدیال خویا دەبێت. باوەجو لێسینگ، هاوشێوەى مۆزس مێندلسزۆن، ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیلى دەناسى و بەرز دەنرخاند. سەرباری ئەوە ئەنجامی ڕەشبینانەى ڕۆمانەکە ڕاڤەکارانى ڕۆشناییەکان ناسڵەمێنێتەوە کە گۆیا جەماوەرى مرۆڤان تەنیا بە یاریدەی فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایین بە تێڕوانینی خۆی دەگات، وەلێ فەیلەسوف بەڕێى ئاوەزی تێگەییەوە.
بۆ ڕۆشناییدەران ئەوە گرنگە کە ئیبن توفەیل دەرفەت بۆ حەی دەڕەخسێنێت ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر تاکو پەی بە نهێنییەکانی ئایین بەرێت. ئەمە ڕاڤەدەکرێت وەک شایەتمانهێنان بە سەروەریی ئاوەزی فەلسەفەیی بەسەر تێکستە پیرۆز و تەڵقیندادانە ئایینییەکاندا. هەر ئەوها لێرەدا دوو لایەن ئاشکرا دەبن: توانای سەبژێکتی فەلسەفەیی بۆ هەر ئەنجامدانێک لەنێو خودی خۆیەوە، هەروەها سەروەریی فەلسەفە بەسەر ئایین و ئەقیدەگەریدا. بەم ڕێیەوە دەتوانین شوێنێکی دیاریکراو بۆ ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی ئیبن توفەیل بکەینەوە: وەک دۆکومێنتی نێو ترادیسیۆنێکی ڕۆشنایی دایبنێین کە بەردەوام و بەنێو سەرجەم کولتوورەکاندا بانگەشە بۆ ئۆتۆنۆمیی سەبژێکتی ئاوەزمەند دەکات.
بێگومان نابێت ئەوەش بشارینەوە کە ڕاڤەکارانى هاوچەرخ، بەتایبەتى لە زانستە ئیسلامییەکانەوە، گومان لە ڕاڤەکردنێکی بەو چەشنەى ئیبن توفەیل دەکەن. ئەمان وایدادەنێن کە حەى ئیبن یەقزان بەتایبەتى بەڵگەیە بۆ پاشەکشەی بێئومێدبووی ڕەشبینانەی فەلسەفە لە کولتوورى ئیسلامیدا کە بەردەوام پتر ئەقیدەگەریی ئایینى بەسەریدا سەروەریی وەرگرتووە.

سەرچاوە:
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

فەرهەنگۆک
بەخۆدانی ئەدگار / شوناس (Selbstzuschreibung) و بەواندانی ئەدگار / شوناس (Fremdzuschreibung) دوو تێگەی سۆسیۆلۆگین. بە یەکەمیان ئەدگار یان شوناسێکی جەخت و پێناسەکراو بە خۆ دەدرێت، بە دووەمیان گرووپێکی مرۆڤان بەڕێی ڕەچەڵەک و شێوەی خۆییانەوە دیاریدەکرێت و زۆر جار کەلاخستن (Marginalisation) لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە کەلاخستنی کۆچکردووان بۆ نێو جڤاکێکی ئەوروپی کە ئەدگاری جیاوازیان لە دانیشتوانی ڕەسەنی جڤاکەکە پێدراوە.
ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس، بە عەرەبی “سیفات”) و گەوهەر (زوبستانس): ئەدگاری بەڕێکەوت ناکرۆکییە، بگۆڕە، بەڕێی خودی خۆیەوە لەگۆڕێ نییە، بەڵکو بەندە بە گەوهەرەوە کە بنەڕەتی یان “زامن”ی ئەوە. ئەڕیستۆتێلیس بە واژەی جیاواز گەوهەر ڕوون دەکاتەوە: سرەوتوو، زامنی ئەدگارەکان، فۆرمی نێو ماتەری (کەرەسە)، یان تاکە شت. کاتێک ئەدگار بەندە بە گەوهەرەوە، ئەوها گەوهەر تەنیا بەڕێی خۆیەوە هەیە. بۆ نموونە تێگەی “مرۆڤ” گەوهەرە، وەلێ تێگەی “نەخۆش”، یان “مووڕەش”، بەڕێکەوتە و ئەدگاری لکاوە بە مرۆڤەوە.
ئێپیستێمۆلۆگی: تیۆریی مەئریفە.
کلاسیکی: لە تێگەکەدا وشەی “کلاس” هەیە، واتا پۆل، چین، ی سەرەوە؛ واتای مەغزایی واژەکە ئەوەیە کە شتێک کۆن نابێت، لە سەردەمانی درەنگتریشدا هەنووکەیەتیی خۆی دەهێڵێتەوە، بۆ نموونە شانۆنامەکانی سۆفۆکلێس. کەواتە ناشێت کەسێکی “تەقلیدی” ناوبنرێت کلاسیکی.
ڕژان (ئێماناسیۆن): سەرجەم بوونەوەر لە “یەک”ی (ئەلئەحەدی) سەرچاوەییەوە دەڕژێت بەبێ ئەوەی “یەک” خۆی بگۆڕرێت. ئەمە پێچەوانەی کرداری ئافراندنی جیهانە لە لایەن خودایەکی ڕەهاوە کە ئایینە ئاسمانییەکان وەک بنەما دایدەنێن. وەلێ ڕژانەکە پلەییە، لای پلۆتین بەم چەشنە: “یەک” یان خودا ڕەهایە، نە هۆشە و نە دەروون، نە لە ڕاوم (فەزا) و نە لە کاتدایە. یەک سەرەتا لە خۆیەوە هۆش (نووس) بەردەدات کە دووانەیە، چونکە گەر ناسین (مەئریفە) هەبێت، ئەوا ناسراویش هەیە. ئەوجا هۆش درێژە بە ڕژان دەدات، سەرەتا ئیدێکان دروست دەکات و وەک پێشوێنەى دروستکردنی جیهان و تاکەکان وەریان دەگرێت: ئەو سەرەتا دەروونی جیهان دادەنێت و تێیدا هزر سەرهەڵدەدات. تاکە دەروونەکان لەنێو دەروونى جیهاندا بەتەواوکراوی هەن و بۆیە هاوسۆزانە پێکەوە پەیوەندن. دەروون نێوەندێکە لە نێوان کایەى هۆشەکى (یەک، هۆش، دەروون) و کایەى سروشتیدا (دەرکیدا). لەبەر ئەوەی دەروون سەرجەمێکە، ئەوا لە یەک-ەوە نزیکە، لەبەر ئەوەی لە لایەکى دیکەوە ڕوو دەکاتە کەرتەکان، ئەوا لە زۆرێتى نزیکە. سروشت نزمترین پلەى دەروونە، ئێستا دەروون خۆى بە لەشێک داپۆشیوە. لەبەر ئەوەی سروشت دەروێنەى کایەى هۆشەکییە (ئینتێلیگیبلە)، ئەوا کامیلە. ئێستا هەروەها ڕاوم (فەزا) و کات دێنە ئاراوە. دەروون لە خۆدا ئازادە، بۆیە لەنێو خۆیەوە هۆى نوێ دادەنێت. دوایەم پلەى ڕژان ماتەرییە (کەرەسەیە) کە پۆزەتیڤ نییە، بەڵکو پرنسیپى خراپەیە و دژەتەوەرى یەک-ی سەرچاوەییە. وەلێ پلۆتین داوا دەکات کە گەرەکە سەرجەم ئەوەى دروست بووە سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بۆ لاى دەرچەی خۆی کە یەک-ە، گەڕانەوەکەش بەڕێى تاکەدەروونەوە ڕوو دەدات. دەروون بە چوونی بۆ نێو لەش گوناهبار بووە، ئێستا گەرەکە خۆى لە لەش ئازاد بکات، لەتەک هۆشدا یەک بگرێت و خۆى بە هۆش ڕۆشن بکاتەوە، لەتەک ئیدێکانى هۆشدا و لە کۆتاییدا تەنانەت لەتەک خودى یەک-ى سەرچاوەییدا ببێت بە یەک.

بڕوانە:
Johannes Hirschberger: Geschichte der Philosophie. Band 1. S. 293ff. Herder. Freiburg am Breisgau.
سپێکولاسیۆن: لاتینییەکان بەرانبەر تیۆرییا (لێڕوانین)ی گریکی دایان نا، واتا ڕوانینی هۆشەکی لە کرۆک کە نائەمپیرییە.
تڕۆپی: ناوچەی گەرم کە دەکەوێتە ژوروو و ژێرووی نزیکی هێڵی ئیستیواوە.




زۆربای یۆنانی.. شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانی (زۆربا) بە یەکێک لە شاکارە هەرە مەزن و بە نرخەکانی فەیلەسووف و گەورەنووسەری یۆنانی(نیکۆس کازانتزاکیس -١٨٨٣-١٩٥٧) دادەنرێت له جیهانی ئەدەب و وێژەدا. چاپی یەکەمی ئەم شاکارە جیهانییە مەزنە لە ساڵی ١٩٤٦ بڵاوبووەوە. ئەو ڕۆمانەی کاریگەری و دەنگدانەوەی تەنها لە بواری ئەدەبدا جێنەهێشت، بەڵکو خۆی خزاندە نێو دنیای فیلم و سینەما و جیهانی مۆسیقاشەوە. زۆربا باس لە پارادۆکس و دژبەری دوو تێڕوانین و کەسایەتی جیاواز دەکات. دوو هاوڕێ، یەکەمیان(باسێل) کە نازناوی(سەرۆکە)، نموونەی زانین و بەهابەرزی و ئایکۆنی ڕەوشت و جوانییه.
ئەوەیتر(زۆربا،) پیاوێکی نەخوێندەوار و نموونەی کەسێکی یاخی و ئازاد لە هەموو کۆتوبەندێک. هەردووکیان نوێنەری دوو ئاڕاستەی ئەنت و دوو جیهانی جیاواز و دوو جەمسەری زۆر دژ بە یەکن. لەگەڵ ئەو جیاوازییەشدا، خۆشەویستییەکی قووڵ و ڕایەڵە و هاوڕێیەتییەکی زۆر بەهێز و پتە و لە نێوانیاندا هەیە و پێکەوەیان دەبەستێتەوە. باسێلی هاوڕێی لەو ڕۆمانەدا لە وەسفی زۆربادا دەڵێ: ( زۆربا ئەو مرۆڤەی زۆر لە مێژە بە دوایدا دەگەڕام و نەمدەدۆزییەوە، ئەو دڵێکی هەیە، ژیانی لێ هەڵدەقووڵێت، خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر سادەیە مرۆڤێکی گەلێک مەزنە.) چیرۆکی ڕۆمانی (زۆربا) باس له گەنجێکی تەمەن سی و پێنج ساڵی دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر دەکات بە ناوی(باسێل.)
گەنجێک، سامانێکی زۆری بە میرات لە باوکییەوە بۆ بە جێماوە و دەیەوێ بەو سامانە لە پڕۆژەیەکدا وەبەرهێنان بکات. باسێل گەنجێکی شارستانی و پڕ لە حیکمەت و فەلسەفەیە. گەنجێکی ئاوێتە لە دوو کولتوور. گەنجێک، نیوەی ئەمریکی و نیوەکەی تری یۆنانی. گەنجێک، لە ناو پەڕتووکخانەدا پێگەیشتووە و پەروەردە بووە و لەنێو دووتوێی پەڕەی کتێبەکان لە دایکبووە. لەگەڵ کەسێکی تری نەخوێندەوار و پیرەمێردەکی بە ساڵداچووی تەمەن شەست ساڵ بە ناوی(ماسیدۆنی ئەلێکسیس زۆربا.) کەسایەتییەک، عاشقی کار و سروشت و ژن. کەسێک، گاڵتەی بە خوێندن و خوێندنەوە دێت. ئەو، لە هەموو تەمەنیدا یەک دێڕی نەخوێندووەتەوە و بە توانج بە باسێل دەڵێت( تف بکە ڕووی پەرتووکەکانت، هەموو شتێکی بوون لە پەرتووکەکانتدا نین و باس نەکراون.) زۆربا، کەسێکی سادە و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیرە. هەڵبەت بەو پێوەر و تێگەیشتنە کلاسیکی و تەقلیدییەی بۆ ڕۆشنبیری کراوە و دەکرێت. تاقە قوتابخانەی زۆربا، ژیانە.
زۆربا مرۆڤێکە لە ڕێگای تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی ژیانەوە زۆر فەلسەفە و حیکمەت فێر بووە و هەر بە ڕاستی ئەو لێزان و حەکیم و پسپۆڕە لە واتای ژیان. زۆربا بەشداری لە جەنگ و شۆڕشەکان کردووە، هەموو پارادۆکسەکانی ژیانی ئەزموون کردووە، خۆشیی و ناخۆشیی، ئارامیی و نائارامیی، ترس و ناسۆری و زۆر لە تاڵی و ناشیرینییەکانی ژیانی چەشتووە. ئەو کەسایەتییەکە، نە فریشتەیە و نە ئەهریمەنە. مرۆڤێکە، خۆشەویستی دەکات، تووڕه دەبێت، ڕاستگۆیە و هەندەک جار درۆش دەکات، هەوڵ دەدات، شکست دەخوات، پەیوەندی لەگەڵ ژن دەبەستێت، نیشتیمانەکەی خۆی خۆش دەوێت. کارەکتەرێکە ئازار و خەمەکان سل بەو ناکەنەوە لە ژیان. ئەو ژیانی بە هەموو جۆرەکانییەوە خۆش دەوێت. ئەو دایمە بە دڵخۆشی دەژیت. مرۆڤێکە پڕە لە ئێنەرژی و لێوانلێوە لە ئومێد و هێزی ژیانی لێ دەچۆڕێت. زۆربا بە سەمایەک کە پێی دەڵێن(سەمای زۆربا) ڕووبەڕووی ئازار و نەهامەتی و خەمەکانی ژیان دەبێتەوە. ئەو هێندە بە گەرمی ڕۆدەچێتە سەماکە، وا هەست دەکات تەواوی گەردوون و هەموو مرۆڤایەتی لەگەڵیدا کەوتوونەتە سەما. سەختییەکانی ژیان و خەمەکان لای ئەو بەهایەکیان نییە و ناتوانن کاریگەری لەو بکەن. گرنگ ئەوەیه ئەو زیندووە یان مردوو. زۆربا مرۆڤێکە، تەژییە لە سەرکێشی و شێتی و هیچ شتێک ئەو ناترسێنێ، جگە لە پیری. ڕاستە ئەو خوێندەواری نییە، وەلێ لە ڕاستیدا ئەو فەیلەسووف و حەکیمە و پڕە لە فەلسەفە و حیکمەت. زۆربا و سەرۆک لە کەناری یەکێک لە ڕووبارەکانی شاری(گریت) لە یۆنان بە ڕێکەوت یەکتری دەبینن.

سواری کەشتییەک دەبن بە مەبەستی چوون بۆ دوورگەی (گریک)
گەشتێکی پلاتۆیی(ئەفلاتۆنی) لە نێوان فەیلەسووف و خوێندەوارێکی گەنج، لەگەڵ دەریاوانێکی نەخوێندەوار و پیر.
ئەو گەشتەی کۆمەڵێک چیڕۆکی سەیری ژیانی تێدا ڕوو دەدات و چەندین نهێنی و نەزانراو و فەلسەفەی بوون لە میانیدا ئاشکرا دەبن. وەک سەردانیکردنی ئەو دێرە گۆشەگیر و دوورەپەرێزەی قەدپاڵی چیاکە. ئەو پەیوەندییە تەمومژاوی و نامۆیەی زۆربا و پۆپۆلینای بەساڵداچوو. پەیوەندییە سەیر و ڕەق و نامرۆڤانەکەی خەڵکی دێیەکە لەگەڵ ژنە بێوەژنەکە(هۆرانتس.) لەنێو کەشتی گەشتکردنەکەدا زۆربا و سەرۆک ڕێککەوتنێک دەکەن بۆ کارکردن پێکەوە. زۆربا لەگەڵ باسێل و لە ژێر فرمانەکانیدا له کارگەیەکی خەڵووزدەرهێناندا کار دەکات. زۆربا کاتی ڕێککەوتنەکە بە سەرۆک دەڵێ”من تەنها کاتی کارکردن کرێکاری تۆم و لە ژێر فرمانەکانی تۆ دام، دوای ئەوە من کەسێکی ئازادم لە ژیانی خۆمدا.” لەو شاکارەی زۆربادا لە پاڵ هەردووک پاڵەوانی سەرەکی( زۆربا-سەرۆک) نووسەر باس لە کۆمەڵێک کارەکتەری تری لاوەکیش دەکات کە ڕۆڵ دەبینن له چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە. لە نموونەی کەسایەتی بێوەژن(هۆرانتس) و مافراندۆنی پیرەمێرد، مومیکۆ، کاپتنی کەشتییەکە و کۆمەڵێک کەسی تر. ڕووداوەکان پەرەدەسەنن لە زۆربادا بە بەردبارانکردنی خاتوو هۆرانتسی بێوەژن، لە لایەن هەموو دانیشتووانی دێیەکە. ئەو ژنەی هیچ کەسێک بەرگری لێ ناکات جگە لە زۆربا نەبێت، فریای دەکەوێت. زۆربا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و هۆرانتس لەناو ئازار و بەردبارانکردن و لێدان لە ژێر دەستیان دەردێنێت. بە هۆکاری ئەوەی گەنجێک لە پێناو خۆشەویستییەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، دەیانەوێت لە تۆڵەی ئەو گەنجە بیکوژن. دواتر کوشتنی هۆرانتسی بێوەژن لە لایەن مافراندۆنی باوکی گەنجە خۆکوژەکە کە بە چەقۆ پەلاماری دەدات و خەڵتانی خوێن دەکرێت و سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە.
ئەو بێوەژنەی هەموو پیاوەکانی دێ مۆڕەیان لێ گرتبوو و چاویان تێ بڕیبوو و تەماحیان تێکردبوو. ئینجا ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی ژنێکی تری بەساڵداچوو دەکات بە ناوی (پۆپۆلینا) کە بە تەنها دەژیت. پۆپۆلینا پێشووتر و سەردەمی جوانی و گەنجێتی، دۆستی ژەنەڕاڵەکان بوو و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دەبەستن. هەرچی ئاوی ژیان و تامی گەنجێتی ئەو بوو، هەموویان مژی.
کە چووە تەمەنیشەوە، ئیتر هەمووان جێیانهێشت و پشتیان تێکرد. ئەو میوانخانەیەکی بچووک لە دێیەکە دەکاتەوە تا بتوانێت لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات. پاشان لەگەڵ زۆربا دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکترییەوە و دواتر دەمرێت و خەڵکی دێ ماڵەکەی هەموو دەبەن، جگە لەو قەرەوێڵەیەی کە لەسەری ڕاکشاوە بە مردوێتی، لەگەڵ بولبولەکەی ناو قەفەس نەبێت، ئەویش دواتر زۆربا وەک تاقە یادگاری پۆپۆلینا لەگەڵ خۆی دەیبات. زۆربا بە گواستنەوەی دار لە دارستانەوە، بۆ سەر لوتکەی چیا کار دەکات لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکەی. وەلێ هەموو هەوڵەکانی زۆربا بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان کەناری دەریاکە و چیاکە، تا لە ڕێگایەوە ڕەژوو لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، شکست دێنێت. پاشان سەرۆکی هاوڕێی هەموو سامانەکەی دەخاتە نێو دەستی زۆربا، تا بڕوات هەموو پێداویستییەک و کەرەستەی پێویست بۆ کارەکەی بکڕێت. زۆربا دەڕواتە شار و ڕێکەوتی باڕێک دەکات. لەو باڕەدا ژنەگۆرانیبێژێکی بە تەمەن بچووک کە لەوێ کار دەکات، دەناسێت. ژنەکە دەرفەت دەقۆزێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ زۆربا دەبەستێت و هیچ پارەیەکی پێ ناهێڵێت و هەمووی لە جوانیی خۆی و ڕابواردن و خواردنەوە و چێژی باڕ پێ سەرف دەکات. زۆربا دواتر نامەیەک بۆ سەرۆکی هاوڕێی دەنێرێت و چیرۆکی خۆشەویستی خۆی و ئەو ژنەگۆرانیبێژە و بابەتی نەمانی ئەو پارەیەی کە پێیداوە بۆ باس دەکات. چیرۆکی ڕووداوەکانی زۆربا بەردەوام دەبێت و دواتر زۆربا لەو ژنە جیادەبێتەوە و بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێت و ئینجا دەچێتە تەمەنەوە و نیشانەکانی پیری لەسەر جەستەی ژیانی هێدی هێدی بەدەردەکەون و چرچ و لۆچەکانی بەساڵداچوون لە سەر ڕووخساری شوێنپەنجەی خۆیان جێ دێڵن و نەخشی پیری دەکێشن. زۆربا و سەرۆکی هاوڕێی هیچ سامانێکیان بۆ نامێنێتەوە و بەو چەشنە بە سەما کۆتایی بە چیرۆکەکە دێت و پەڕەی ڕووداوەکانی ڕوومانەکە دادەخرێت. خوێنەر لە کۆتایی ڕۆمانی زۆربادا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت، جگە لە ورە و هێزی ئومێد و خۆڕاگریی و خۆشەویستیی مرۆڤ و ژیان نەبێت. لە ڕۆمانی زۆربادا، زۆر حیکمەت و فەلسەفە و پەند و شت فێر دەبین و کەسایەتی زۆربا وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری لە ژیان بکەین و لە جیهان و بوون بڕوانین. زۆربا کاریگەرییەکی گەورە و بێ وێنە لە سەرت جێ دێڵێت و دەتباتە جیهانێکی جیاواز. زۆربا ڕۆمانێکە پڕ لە ڕامانی قووڵ و حیکمەتی ژیان. ڕۆمانێک، هەڵگری کۆمەڵێک فەلسەفەی بەرز و حیکمەتی بێ وێنە و جوان. زۆربا هەموو قورساییەکانی ژیان سادە دەکاتەوە و بە هێزی خەندە و بە سەما، شەپۆلی فرمێسکی ئازارەکانی دەریای بوون ڕادەماڵێت. زۆربا گەشتێکی فەلسەفییە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بۆ قووڵایی ژیان و وجوود. گەشتێک، پڕ لە تێڕامان و پرسیار و ئەزموون و پەند و حیکمەت. زۆربا پێت دەڵێت”جوانییەک دڵی نەبوو و هەستی بە ئازاری مرۆڤایەتی نەکرد، با بڕواتە دۆزەخ.” زۆربا هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان، بە ڕێگایەکی سادە و لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و فەلسەفە و بیرکردنەوەی قووڵ. زۆربا ڕۆمانێکە، فێری فەلسەفەمان دەکات، بەڵام بە شێوازێکی تر. زۆربا پێمان دەڵێت ژیانتان بە هەموو ناخۆشییەکانەوە خۆش بوێت و فرۆغ ئاسا ژیان بە هەموو ناشرینییەکانییەوە با لاتان شیرین بێت. ئێمەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا چەندە پێویستمان بە هەنگاونان و ڕۆیشتنە بەو ڕێگایەی زۆربا. ڕێگایەک، پڕ لە خۆشەویستی و مرۆڤبوون، پڕ لە ئومێد و خۆڕاگری و سادەیی، پڕ لە تێڕامان و جوانی.

ڕێگایەک، دڵێکی گەورە و هەستێکی بەرز دەوری داوە و سەما دایپۆشیوە و بە فەرشی عیشق تەنراوە. زۆربا سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری و فەلسەفی نەبوو، لەو قوتابخانە فیکری و فەلسەفییانەی لەناو پەرتووکەکاندا هەن. ئەو مرۆڤێکی سادەیە و خاوەنی کومەڵێک تێگەیشتنە لە بارەی ژیان و گەردوون و سروشت و میتافزیکا و مرۆڤ و بوون کە تەنها لە ئەزموونی تایبەتی خۆیەوە فێریان بووە. لە ڕوانگەی زۆرباوە، بەختەوەری لەو هۆشیاری و فەلسەفە و زانستانەدا نییە کە فەلسەفە و زانست پێشکێشی ژیانی دەکەن، بەڵکو لەو زانیارییەدایە کە لە ڕێگەی ئەزموون و دڵەوە پێیان دەگەین. ئەو جیهانبینییەی زۆربا، مانای وا نییە ئەقڵ بە تەواوی ڕەت بکاتەوە و پشتگوێی دەخات. نەخێر، بەڵکو ئەو ڕەخنەی ئەقڵێکی ڕووت و پەتی و وشکی میکانیکی بێ ڕۆح دەکات. زۆربا بانگەوازێکە بۆ ئەزموونکردن و خۆشەویستی. خۆشەویستی خۆمان و هەموو ئەوانەیتر. خۆشەویستی وڵات و هاونیشتیمانییان. خۆشەویستی هەموو مرۆڤایەتی. زۆربا دەنگی ویژدان و هێزی ناوەکی مرۆڤە. زۆربا بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوە بە جەستە و دڵ و ئەقڵ، بیرکردنەوەیەکی گشتگیر. بانگەوازێکە بۆ ژیانکردن بە جۆرێکی تری جیا لەوەی ئێستا. زۆربا داوامان لێ دەکات لە بری زاراوەی ڕق، زمانی ئیشق و سەما بکەین بە زمانێکی جیهانی نێوان مرۆڤەکان. زۆربا تا هەرمان(ئەبەد) بە نەمری و وەکو ئایکۆنێکی بەرز و بێ وێنە و شاکارێکی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە. ئایکۆنێک، لە هەموو زەمان و شوێنێکدا و لە نێوان هەموو کەسێکدا ڕۆحی خۆشەویستی بڵاو دەکاتەوە و بەهای مرۆڤایەتی فێری مرۆڤەکان دەکات و جوانیی لە ژیاندا جێگیر دەکات.
زۆربا مرۆڤێکە، پڕە لە هەست و بەها و سادەیی و جوانیی. مرۆڤێکە، خاوەنی دڵێکی گەورەیە و نایەوێت سووکترین و بچووکترین ئازار بە هیچ کەسێک بگەیەنێت و هەستی کەس بریندار بکات. ئەو بیر لە ڕابردوو ناکاتەوە و داهاتوویش لای ئەو گرنگ نییە. تاقە شتێک لە سەنتەری بیرکردنەوەی ئەودا، ئەو پارووە نانەیە ئێستا دەیخوات و ئەو ژنەیە کە پەیوەندی لەگەڵ دەبەستێت و ئەو خۆشەویستییەیە، پێشکێش به مرۆڤایەتی دەکات. ئەو ئازادیی و ژیانی خۆی بە هیچ شتێکەوە نابەستێتەوە. لەگەڵ زۆربا هاوڕا یان دژ بیت، ئەوە هیچ لە کەسایەتی و گەورەیی ئەو کاراکتەرە جیاواز و مرۆڤدۆست و گەورەیه کەم ناکاتەوە. زۆربا کەسایەتییەکە، هەندێک بە نەزان و هەندێک بە شێت و هەندێک بە پیاوی جنس و سوارچاکی باوەشی ژن و ڕابواردنی دەزانن. چونکە لە تێڕوانینی ئەواندا، زۆربا هیچ نییە جگە لە کاراکتەرێک کە هەموو فەلسەفەی ژیانی لە کار و شەراب و نان و ژن کورت کردووەتەوە. بەشێکی تریش بە حەکیم و فەیلەسووف و دانا پێناسەی دەکەن. زۆربا لە یەک کاتدا هەموو ئەوانەیە کە باسمان کرد. کارەکتەری زۆربا سنوورەکانی کات و زەمان و زمان دەبڕێت. زۆربا کاتێک ناتوانێ بە زمان گوزارشت لە هزر و هەستی خۆی بکات و سەرۆکی هاوڕێی تێبگەیەنێت لە یەکێک لەو دایەلۆکانەی نێوانیان، پێی دەڵێت”سەمات بۆ دەکەم.” زۆربا بەو سەمایه دەیەوێت سنوورەکانی زمان تێک بشکێنێت و بە زمانی جەستە و زمانی سەما، مرۆڤەکان تێبگەیەنێت. زۆربا دەیەوێت لە جیهاندا دنیایەکی نموونەیی بەرز و تاکێکی ژیاندۆست دروست بێت. تاکێک، سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا و دین و نەتەوە و ڕەگەز ببڕێت و هەموو جیاوازییەکان بسڕێتەوە و تەنها بڵێت”من مرۆڤم.” نووسەر لە ڕێگای زۆرباوە هەموو ئەو بیروبۆچوون و فەلسەفەی خۆی کە پێشووتر زەمینەی بۆ نەڕەخساوە و زرووفێک بۆی نەگونجاوە تا دەریان ببڕێت و باسیان بکات، هەمووی دەخاتە ناو شاکارە مەزنەکەی زۆربا و لە دوورگەی گریک و لەو شوێنەی کە بە کۆمەڵێک تابووی فیکری و تەقلیدی و تێگەیشتنی ناشیرین لە بارەی ژن و ژیان و مرۆڤەوە دەوردراوە، بڵاو دەکاتەوە و هەموو کۆتوبەندەکان تێکوپێک دەشکێنێت. زۆربا ڕەخنەگرتنە لەو تێڕوانینە پاتریارک و نێرسالار و نامرۆڤانەیەی لە کومەڵگە پیاوگەرا و تەقلیدییەکان کە ژن تەنها وەک کائینێکی بێ دەسەڵات و بووکەڵەی دەستی ئارەزووەکانی نێرینە و موڵکی پیاو دەبینێت.
ئەو تێڕوانینە سەقەت و داخراوەی وێنەی ژن تەنها لە جەستەیەکی ڕووتدا دەبینێت. بە تایبەتی کۆمەڵی گریکی ئەوسا و ئەو تێڕوانینە وشک و نێگەتیڤ و دڵڕەقییەی تاکی گریکی لە بەرانبەر ژن و بە تایبەتی ژنە بێوەژن(هۆرانتس) کە بە کوشتنی کۆتایی هات. کوشتنێکی تراژیدی و نامرۆڤانە. لە زۆربادا کازانتزاکیس بە فەلسەفە تایبەتییەکەی خۆی، مشتومڕی کۆمەڵێک پرسی ئەزەلی تایبەت بە ژیان و مرۆڤ و بوون و عەدەم دەکات. وەک: بۆچی دەمرین؟ بۆچی دەژین؟ دوای مردن ئێمە بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ بۆچی خەمبار دەبین؟ بۆچی دڵخۆش دەبین؟
ئایه ژیان ئەوە دەهێنێت کە لە پێناویدا بجەنگین؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسە فەلسەفییانەیش له ڕێگای کارەکتەره نەخوێندەوار و سادەکەی زۆرباوە دەداتەوە و پێمان دەڵێت: تا دەتوانیت چێژ لە ژیان بەرە و بەختەوەر و دوور لە خەم بژی و دەرفەت مەدە هیچ خۆشییەک لەدەست بدەیت و ڕووبەڕووی ژیان بەرەوە و لەگەڵ نەهامەتیی و ناخۆشیی و ئازارەکانی بوون بجەنگە و هەرگیز لێنەگەڕێیت چۆکت پێدابدەن و لە هەوڵدان نەکەویت و شکست نەخۆیت لە بەرانبەر ناڕەحەتییەکان. ئەوەی تر لە کوێ هاتووین و بۆ کوێ دەچین، هەمووی بهاوێژە دۆزەخ و کونجی لەبیرچوونەوە و پەراوێزی فەرامۆشی و هیچ گرنگییەکیان پێ مەدە و ئیتر ژیان بکە، ژیان. هەروەها زۆربا باسکردنە لە ئافاتەکانی ئەقڵی بەشەریی، ئەقڵێکی میکانیکی ڕووت. ئەقڵێک، بەردەوام لە بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێ و تەڕەددوددا دەژیت. ئەو ئەقڵەپەتییەی ژیان لە سایەیدا هیچ واتایەکی بۆ نامێنێتەوە. نووسەر ئەو جۆرە ئەقڵ و ئەقڵییەتە لە کارەکتەر و کەسایەتی سەرۆک و هەڵوێست و بیرکردنەوەکانیدا لەو ڕۆمانەدا بەرجەستە کردووە، لە بەرامبەر ئەقڵی کارەکتەری زۆربا، ئەقڵێکی سادە کە سەرچاوەی بڕیارەکانی تەنها ئیلهامی دڵێکی پاک و ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانن.
ئەقڵێک، بێ هیچ گرێیەکی قورس و تەفسیرێکی فەلسەفیی تەمومژاویی و ناڕوون و بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی قووڵ، لەوپەڕی سادەییدا بڕیار دەدات و هەڵوێست وەردەگرێت. هەروەها زۆربا ڕەخنەیه لە سیستەم و ئەقڵییەتی سەرمایەداری. ئەو ئەقڵییەت و سیستەمە سەرمایەدارییەی کە تەنها لە ڕەهەندێکەوە مرۆڤ دەبینێت و مرۆڤی تاکڕەهەند دروست دەکات. لە کاتێکدا مرۆڤ لە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز پێک هاتووە. مرۆڤ بیردەکاتەوە و خۆشەویستی دەکات و ڕق دەیگرێت و سەرکەوتن بە دەست دێنێت و تووشی شکستیش دەبێت. لایەکی تری زۆربا ڕەخنەگرتنە لە چەپەکان و شۆڕشی شیوعییەکان و سیستەمی حوکمڕانییان.
لە ڕێگەی نموونەی ئەو دێیە بچووکەی کە خاتوو (پۆپۆلینا) تێیدا دەژیت. لە ڕێگای نموونەی دیمەنی دەوردانی ماڵەکەی(پۆپۆلینا.)
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی پۆپۆلینا، خەڵکی دێیەکە خێرا هێرش دێنن و هەموو ماڵەکەی تاڵان دەکەن. دیمەنێکە، دڵی کارەکتەری زۆربا و هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەگوشێت و ئازاریان دەدات و ناخیان دەکوڵێنێت. پۆپۆلینا هێشتا نەمردووە و لە سەرەمەرگ و دواهەناسە و کۆتا ساتەکانی ژیانیدایه. کۆمەڵەمرۆڤێک دێن و هەموو مریشکەکانی دەبەن.
زۆربا بەرجەستەکەری کەسایەتییەکی وجوودیی و بوونگەرایە.
کەسایەتییەک، جگە لە بنەماکانی مرۆڤبوون، بە هیچ شتێکی ترەوە پابەند نابێت. خۆشەویستی، ڕق، گەیشتن و دابڕان، ئومێد و ڕەشبینیی، هێمنیی و شێتیی، هەموو ئەو پارادۆکسانە لێرە و لە زۆرباکەی کازانتزاکیس دەبینت.
ماوەتەوە بڵێم:
خوێنەری ئەم ڕۆمانە، گەر جیاوازییەکان قبووڵ نەکات و هەڵگری ڕۆحێکی گەورە و خاوەنی دڵێکی فراوان نەبێت، ئەوە هەرگیز
ناتوانێت هەڵسەنگاندنێکی جوان و بڕیارێکی شایستە بدات لەبارەی زۆرباوە.




داخستنی (چاودێر) وەک سەرەداوی کڵافەی دۆخێکی ئاڵۆزکاو.. د.هەژار عوسمان مەعروف

لە سەر داخستنی دەسگای ڕۆشنبیریی چاودێر لە ڕۆژی ٥ ی ٩ ی ٢٠٢٤ بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، ئەم دەسگایە هی مەلا بەختیارە و ئەو سەرپەرشتیی دەکات، فەرمون ئەم سەرنجانەم:
ڕاستیە ڕون و بەڵگە نەویستەکان:
١ . مەلا بەختیار ئیمڕۆ قسەکەری بوێر و سەرەکیی هەمو ئەو ئەندام و لایەنگرانەی یەکێتیە کە لە سیاسەتی ئیمڕۆی یەکێتی زۆر ناڕازی و بێزارن.واتای ڕونی ئەم داخستنە (کە دورنیە هەنگاوی دوژمنکارانەی تری بەدوادا بێت!) ئەوەیە کە بافڵ و تیمە کەی دەیانەوێ مەلا بەختیار بە تەواوی دەمکوت و بێدەنگ بکەن و ناچاری بکەن لە ترسی ژیانی خۆی و دڵسۆزانی ڕابکات بۆ هەولێر و ئینجا بڵێن ئەها نەمانوت پیاوی پارتیە؟
٢ . نەک هەر یەکێتیەکان، نەک هەر سیاسی و حیزبی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر و دڵسۆزەکانی کورد بەڵکو زۆرینەی خەڵکی دەڤەری سەوز نائومێدن لە سیاسەتی ڕۆژانەی یەکێتی، هەر بۆ نمونە:
ا: یەکێتی بوە بە فیدراسۆنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی و پیشەسازی و نەوت و موڵک و دۆنم و شوقە دروستکردن.
سەرمایەدارە ملیۆنێرە بێبەزەییەکانی ئیدارەی گشتیی یەکێتی و سەرمایەدارە شەریکەکانیان لە بازاڕی ڕەشی ئابوریی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی ڕۆحی و دەرونیان بە مێژوی خەباتی سەختی یەکێتیەوە نیە و ئامادەنین ئەو دڵسۆزانەی ناو یەکێتی کە هێشتا ماون و وزە و ورەیەکی نیشتمانپەروەریان تێدا ماوە هەر ببینن یا گوێیان لێبگرن، ئەگەر گوێشیان لێگرتن بەگوێیان ناکەن و دوای ماڵاوایی کردن لێیان گاڵتە بە عەقڵیان دەکەن ! ئەنجامی کارەکانی ئەم فیدراسیۆنە کە ئیشی سەرەکیان کەڵەکەکردنی سەرمایەیە بۆ گیرفانی خۆیان: دزینی نەوت و داگیرکردنی موڵکی گشتی و شکستی پرۆژەکانی ئاوەدانی و قۆرخکردنی بازاڕی کاڵاگرنگەکانی وەک نەوت ودەرمان و زەوی و زار و.. بە جۆرێک کە بازاڕ سست بوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی گەنجانی بێکارلە زۆربوندان و ناچار دەبن بە دوای کار و ژیاندا ڕێگای هات و نەهاتی کۆچ بگرنە بەر.
ب: ژیانی حیزبی لە ناو یەکێتیدا وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات نەماوە و ئەوەی جێی گرتۆتەوە زمانی توندوتیژی و سەربازی و عەزەڵات و پۆزلێدان و هەڕەشەی برسیکردن و نانبڕین و چاودێریی خەڵک و ئەندامانی یەکێتی لە لایەن دەسگا نهێنیەکانی یەکێتیەوە و تاکگەرایی و نادیموکراتی بون ، بڕیارە گرنگەکان بە پەلە و بێ ڕاوێژی زیرەکانە و دور لە بنەما عەقڵی و لۆجیکیەکان دەدرێن، بۆ نمونە تەقاندنەوەی خانوەکانی کوێخا دێرین (کە دیارە شایستەی لێپرسینەوەی قانونی و حیزبی بوە ) بیخەینە چواچێوەی کام هزر و بیرکردنەوە؟ کام شێوازی بەڕێوەبردن؟ تۆمارکردنی پیشەییانەی ئەو وێرانکاریە بە دەنگ و وێنە ئەگەر بۆ تۆقاندن و هەڕەشە نیە ئەی سودی چیە؟ بەڵام ئایا بە تەنیا بە هەڕەشە و تۆقاندن چارەسەری گەندەڵی و تاوان دەکرێت کە ئیمڕۆ بە هۆی شکستی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیەوە سەرتاپای هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە؟
ج .وەک پزیشکێک دەیبنم چۆن سیاستی تەندروستیی یەکێتی لە سلێمانیدا بە تەواوی شکستی هێناوە، کەرتی گشتی کە بۆ خەڵکی کەم داهات و نەدار شادەماری خزمەتگوزاریی تەندروستیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پوکانەوەدایە، هەر لە ناو دوکتۆرەکانی سەر بە یەکێتیدا چەندین جار ڕەخنە لەم سیاسەتە بێبەزیی و هەڵەیە گیراوە و داواکراوە لێپرسراوانی شکستخواردو لابرێن و خەڵکی دەستپاک و بەویژدان و زیرەک وشارەزا دابنرێن، بەڵام بە هۆی پەیوەندیی شەخسی و خزمایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش ئەوانە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.
پرسیارەکان:
١ . نە دەکرا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردساتان لە ٢٠ ی ١٠ ی٢٠٢٤ ئەم هەنگاوە بلیمەتانەتان بنایە؟ بڵێی بڕواتان بە بردنەوەی هەڵبژاردنەکە نەبێت و مەبەستتان شێواندنی دۆخەکە بێت بە جۆرێک کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
٢ .ئایا دەوری ئێران ی براگەورەی یەکێتی و تورکیای بڕبڕەی پشتی پارتی لەم ڕوداوەدا چیە؟ ئەی دەور و هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا و…؟
٣ . ئایا پارتی ش بەم بەنزینکردنە نابەرپرسیار و ناعەقڵانیە بە ڕوداوەکەدا دەیەوێت دۆخی سلێمانی بەرەو شەڕ بەرێت و ئینجا خۆی و پاراستن و زرێڤانییەکەی بە پاڵپشتی درۆن و ڤانتۆمەکانی تورکیا (کە سلێمانیی دڵە زیندوەکەی کوردایەتی بوەتە چقڵی تیژی چاوی) وەک ڕزگارکەرێکی دڵسۆزی خەڵکی دەڤەری سەوز کۆتایی بە یەکێتی بێنێ و خەونە کۆن و تازەکەی بۆ دەسەڵاتی یەک حیزبی لە زاخۆوە تا خانەقین بەدیبێنێ؟
یا پارتیش وەک یەکێتی باوەڕی بە بردنەوەی هەڵبژاردن نیە و دەیەوێت دۆخەکە وا بشێوێنێ کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
٤ . ئایا باشتر نیە پارتی خەریکی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی خۆی بێت؟ مەگەر شەڕی شاراوە و نهێنیی دەسەڵات لە ناو بنەماڵە و لە ناو پارتیدا نیە؟ مەگەر کەمن ئەو دۆڵ و نشێویانەی ناو بنەماڵە کە لە دڵ و دەرونی خۆیاندا دانەچیڕە لە دژەکانیان دەکەن و چاوەڕێی دەرفەتن بۆ هەڵزنان بەرەو لوتکەکان؟ مەگەر دادپەروەری و دیموکراتی و ئاوەدانی و ئازادیی بیروڕا و خەباتی مەدەنی لە دەڤەری زەرد زۆر باشن؟ هاواری هەزاران یاساناس بۆ ئازادکردنی شیروان شیروانی و هاوڕێکانی کە بەناحەق گیراوە گەیشتە ئاسمان، بۆ بەری نادەن؟
بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران تا ئێستا بە ڕەسمی و لە میدیاکانی کوردستان و هەمو دنیاوە داوایان لە تورکیا نەکرد هێرشەکانی بۆ کاولکردن و کوشتنی خەڵکی مەدەنیی باشوری کوردستان دەسبەجێ ڕاوەستێنێ؟
٥. ئەی گۆڕان و حسک و کۆمەڵ و یەکگرتو چی دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو شەڕی ناوخۆ نەچێت؟ ئەی حیزبە کوردستانیەکانی سێ پارچەکەی تری کوردستان چی دەکەن؟
٦. ئەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا سەربەخۆکان و کەسایەتیە کانی کورستان چی دەکەن؟
بە هەوڵ و خەباتی هەمومان نابێت هەرگیز بهێڵین جارێکی تر شەڕی براکوژی لە هیچ بستەخاکێکی کوردستان هەڵگیرسێتەوە، کەس نەڵێت پەیوەندیی بە منەوە نیە، شەڕ ئاگرە و بڵاودەبێتەوە و لە کۆتاییدا پریشک و گڕە سوتێنەرەکەی بەر هەمومان دەکەوێت، دڵنیابن ئاوایە!

د.هەژار عوسمان مەعروف




لە پەراوێزی ڕۆمانی چارەنووس دا.. زاهیر ئیبراهیم

” بەبێ خەتا ئاگری شەڕی ناوخۆ منی هاوێشتۆتە ئێرە، ئەو شوێنەی لێی دەستگیرکراوم بەدەستی خۆم کارەباکەیم بەستووە و بۆم ڕووناک کردوونەتەوە”
شەڕی ناوخۆ، بەتەنها پێشهات یان ڕووداوێک نەبوو کە پەیوەست بێت بە قۆناغێکی ڕاگوزەر،کورت خایەن، یان ساتەوە ختێکی مێژوویی،کە بە تێپەڕبوونی کات و زەمەنێکی دیاریکراو، ئاسەوار و لێکەوتەکانیشی کۆتایی هاتبێت. شەڕێک ئێمەی خستە سەردەمێکی تاریک، سەردەمێک ناچاری کردین دەست بەرداری خەونی گەورە و پڕۆژەی گەورەبین لە پێناو شتە بچوکەکان! ئەو شەڕە ئێمەی دابەزاندە ئاستێکی نزم، ئێمەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتایی. شەڕێک بە وێرانکردن و هەڵتەکاندنی ڕەگ و ڕیشەی ئەوەی هەمان بوو هەنگاوی نا، تاگەیشتە دابەشکردنی جوگرافیا و ڕەنگ و جۆری دوونیابینینمان.
سیما و ناوڕۆکی ئەو شەرە، هەر بریتی نەبوو لە کاولکاری و داگیرکاری و کوشتنی کورد بەدەستی کورد، بەڵکو دەرکەوتە و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە هێندە کوشندە و تراژیدی بوون، تا ئەوەی کلتورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی قێزەوەنی چەپاند، کە تا ئەمڕۆش لەناومان ئیش ئەکات و ئەجولێت. کلتورێک بە هەمان کەرەستە و گوتار ڕووبەڕووی دوونیای ئێستا دەبێتەوە. کلتوری شەڕی ناوخۆ چۆتە قوڵایی عەقڵی سیاسی و ئایدۆلۆژی و مۆدێلی حزبایەتی. بە بەردەوامی بەر ئەو گوتارە پڕ لە بوغز و شەڕانگێز، توندوتیژ و پۆپۆلیستییە دەکەوین، کە شەڕ بەرهەمی هێنا. شوناسی ئەو گوتارە لەسەر بنەمای سەرکوتکردن، گوشاری جۆراوجۆر، نەهێشتنی جیاوازی و سڕینەوەی بەرامبەر خۆی بینا کردووە. ئەو گوتارە ئەمڕۆ زیاتر لەسەردەمی شەڕی چەک، گوشار دێنێت و کاریگەرە. ئەمەش وای کردووە هەمیشە لە کۆنەستی ئێمەدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ، ئەگەرێکی کراوە و نزیک بێت!.
ناو و بانگ و ڕەنگدانەوەی ئەو شەڕە نەگریسە، سەختی ڕووداوەکان و کارەساتە کوشندەکانی کە بەسەر مرۆڤی کورد داهات، بەبێدەنگی نەمایەوە. بەشێکی زۆر لە نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووسی کورد بە ڕێگەی وشەکانیان ڕەخنە بارانی شەڕەکە و دەسەڵات و لایەنە شەڕکەرەکانیان کرد. لەگەڵ هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا، و ساڵانی دواتریش، تا ئێستاش چەندان تێکست، وتار و پەرتوکی ڕەخنە ئامێز لە دایکبوون بە ئاراستەی ڕاگرتن و ڕەخنەکردنی شەڕ. ڕۆمانی چارەنووس یەکێکە لەو شاکارانەی” سەلام عومەر”. نووسەر هەوڵیداوە لە ڕێگەی ڕۆمانەکەی، هەڵبەت ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەب، گوزارشت لەو چارەنووسە ڕەشە بکات کە کورد بەسەر کوردی داهێنا، هەر ئەو چارەنووسەی پڕۆژە و خەون و ئامانجی لە مێژینەی دووژمن و نەیارانی کوردبوو.
لە ڕۆمانی “چارەنووس” دا بەر ئەو چارەنووسە لێڵ و ئاڵۆزە دەکەوین کە شەڕ سەپاندوویەتی. چارەنووسێکی تاریک. ئەو تاریکاییە شار بەشار و دێ بە دێ، وەک ڕەشەبایەک دێت و دوونیا دادەپۆشێت. نووسەر لە ڕێگەی ڕووداوەکانەوە ئەو دۆخە ئاشکرا ئەکات کە ئەو شەڕە چۆن باری کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژی تاکی کوردی شێواندووە و خەونەکانیان داگیر ئەکات، ویست و هیواکانیان سەرکوت دەکات، نەهامەتیی و تۆز وخۆڵی ئەو چارەنووسە ڕەشە بەرچاوی هەمووانی گرتووە. ئەو شەڕە کۆمەڵگەی دووچاری شلەژانێکی گەورە کرد، هەر لە برسێتی و زیادبوونی تاوان و بەسەربازیکردنی کۆمەڵگە تا ئەوەی توندوتیژی و ناسەقامگیری سەرتاسەری، پچڕانی زمانی گغتوگۆ. ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دروست ئاوێنەی ڕاستەقینەی سەردەمی شەڕ و ماڵوێرانییەکانن. ڕووداوەکان بە ئەندازەیەک جەرگبڕ و تراژیدین، خەمناکن تا ئەو ساتەی خوێنەر ئەباتەوە ناو زەمەن و واقیعی تاڵی شەڕی ناوخۆ.
ڕۆمانی چارەنووس، جگەلەوەی شاکارێکی ئەدەبی گرینگە، لە هەمانکاتدا یاداشتێکی مێژووییە، شەڕ و ماڵوێرانی و نەهامەتییەکانی گەلێکی ستەمدیدەی نووسیوەتەوە، گەلێک کە هێشتا خوێنی هەڵبجە و ئەنفال و جینۆساید لە جەستەی زامداری دەچۆڕێت، کەچی شەڕی ناوخۆ بەڕۆکی دەگرێت و زیاتر قەتماغەی برینەکان هەڵدەداتەوە. لافاوی ڕق و توڕەیی هێزەکان و بەگژیەکداچوونی براکان. کوشتنی دیل و سوتاندنی موڵک و ماڵ، ئاوارە بوونی هەزاران مرۆڤی کورد، هەزاران قوربانی بێ تاوان، بوونەتە بەشێک لە تارمایی ڕۆمانی چارەنووس.
لە ڕۆمانەکەدا زۆر ڕووداوی جەرگبڕ دێتە بەرچاومان، کارەکتەرەکانی وەستا عوسمان و لوقمان و چەندان کارەکتەری تر، واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەو سەردەم، هەریەکێکیان سەربوردە و چیڕۆکێکی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی سەرەنجی ڕاکێشام، چیڕۆکی نووسینی سەر دیواری زیندانییەکی شەڕی ناوخۆیە! وەستا لوقمانی کارەباچی، لەسەر دیواری بەندیخانەی شەڕی ناوخۆ کە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت دەستگیرکراوە! دوای ئەوەی دۆخی شەڕ گۆڕانکاری بەسەردادێت و زیندانەکە نامێنێت و زیندانییەکان دەگوازرێنەوە. لە ژوورێکی زیندانییەکەدا نووسینێکی کورت لە سەردیوار دەدۆزرێتەوە کە هی وەستا لوقمانە و نووسیویەتی” من وەستا لوقمانی کارەباچی، بەبێ خەتا ئاگری شەڕی ناوخۆ منی هاوێشتۆتە ئێرە، ئەو شوێنەی لێی دەستگیرکراوم بەدەستی خۆم کارەباکیم بەستووە و بۆم ڕووناک کردوونەتەو”.
لەم ڕۆمانەدا دەبینین چۆن لە ئاکامی شەڕ و کوشتنی هەزاران کەسدا، هێشتا فەرمانڕەواکان دەهۆڵی بەردەوام بوونی شەڕ دەکوتن، نایانەوێت شەڕ بووەستێت، چێژ لە کوشتن و کاولکاری دەبینن، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا سەدان کەس دەوڵەمەندبوون و دەستیان گرت بەسەر موڵک و ماڵی هەژاراندا. ئەو شەڕە ئاستی هەژاری و چینایەتی لە کۆمەڵگە زەقکردەوە.
لاپەڕەکانی ڕۆمانی “چارەنووس”، چارەنووسی سەپێنداوی مرۆڤی کوردە بەدەست هاونشتیمانی و هاو شارەکانی. ئەو چارەنووسەی عوسمانی کارەباچی، داوای شەکەتبوون و هیلاکی و نەهامەتییەکانی ڕۆژگار، دەڵێت” مردن هیچ نیە ژیان ترسناکە”.
کارەکتەرەکانی ڕۆمانی” چارەنووس”،دەردەڵ ئەکەن و باس لە نەهامەتییەکانیان ئەکەن، بە ئارامی ناڕەزاییەکانیان دەخەنەڕوو، گوزارشت لە خراپی ژیان وگوزەرانیان دەکەن، یاداشتەکانیان دەنووسنەوە، بەڵام چەندان چیڕۆک و کارەساتی تر هەن کە دەشێ هەر پێی نەزانین و بەبێ دەنگی مابێتەوە، ئەو سەردەمە تاریک و ئاڵۆزەی شەڕی ناوخۆ بەرهەمی هێنا، بە هەر جۆر و شێوەیەکی دیکەی کارەساتەکانی مێژوو بەراورد بکرێت لە قەبارەکەی و زیانەکانی و تراژیدییەکانی کەم دەبێتەوە. ئەوەی لەم ساڵانەی شەڕ ڕوویدا هێشتا شایستەی ئەوەیە ئەدیب و نووسەرانی ئێمە لەسەر بووەستن ولێی بدوێن.




دیموکراسی لە دیدی (ئارثەر ڕامبۆ)وە.. وەرگێڕان و ئامادەکردنی/ سۆران محەمەد

ڕامبۆ بە بریقوباقی دیموکراسی نەخەڵەتا

………………………….
١- دەقی شیعرەکەی ڕامبۆ:
(دیموکراسی)
“ئاڵا ڕێدەکا ڕووەو دیمەنی قێزەون،
زاراوەکانمان زاڵ دەبێت بەسەر لەرەی تەپڵەکان”
دەبوژێینەوە لە ناوەندەکان،
ڕابواردنی زیاتری سەگانە،
و سەرکوتی ڕاپەڕینە ڕەواکان
.
لە وڵاتە تەڕە بیبەراویەکان!
لە خزمەت دێوەزمەترین –
ژێربارخستنی پیشەسازی یان سەربازیی
” لێرە ماڵئاوا، یان لە هەر جێی دی
.
ئێمەی بەسەربازگیراوە ئیرادە باشەکان،
خودان فەلسەفەی شەڕەنگێزیی،
بێ گوێدانە زانست، پەرۆشی خۆشگوزەرانی،
با لەنێوچێ جیهانی پێشکەوتوو(١)،
ئەمەیە ڕەوتی ڕاستەقینە، بۆ پێشەوە، لە سەر ڕێ”
………….
٢- ڕاڤەیەکی کورت:
ئارتۆر رامبۆ خاوەن هزری پێشکەوتوو و دنیابینی مرۆڤدۆستانە، سەدەو نیوێك پێشترو هەر لەسەردەمی هەرزەکاریدا رەفزی دنیای کۆلۆنیالیزمی ئەوکاتی کردبووەو بەهارات و شفرەی فیلە بڕاوەکانی هیند و هێڵی ئیستوای باراناوی و بەردە ئاڵتونییە گرانبەهاو تاڵانکاراوەکانی ئەفریقا… بزەیان نەخستە سەر لێوەکانی، ئەو نەبووە یەکێك لە مەڕەکان کە ئەباعێنن بۆ شوان پێكڕا، تەنانەت کاتێك هەڵهات بۆ یەمەن و حەبەشە چەند ساڵێك دوای ئەو سوپاسی فرەنسی پەی بەو ناوچانە بردو ژێردەستی خستن. ئەوهەستە هیومانیزمەی ڕامبۆ ئەو سات هەیبو کە بۆ کۆمەڵگایەکی تازەی پیشەسازی و کراوە بە ڕووی داگیرکاریە جیهانییەکاندا شتێکی نامۆ بوو، بەڵێ سەدەو نیوێك پێشتر ئەو بیروڕای خۆی سەبارەت بە دیموکراتی چاوشینەکان خستە ڕوو، کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت کەسانێك هەن شانازی بە دروشمی دیموکراتی ڕۆژئاواوە دەکەن بێ ئەوەی ڕۆبچن بە پێچوپەنا شاردراوەکانیدا!.
رامبۆ لە دەقی (دیموکراسی)دا بە وتەی سەربازە داگیرکارەکان دەست پێ دەکات، بەڵێ ئەوە وتەی سەربازەکانە نەك ڕامبۆ کە ئاڵایان لەدەستەو شێوەزارەکانیان زاڵ دەبێت بەسەر سەدای شمشاڵ و لەرەی تەپڵی خێڵە خاوەن نیشتمانەکاندا کە خاوەن کەلەپوورو زمانی خۆیانن،کاتێکیش گەلانی ژێردەست خەباتی ئازادیخوازی دەست پێ بکەن، ئەوا لەلایەن هەڵگرانی ئاڵای دیموکراسییەوە بە ئاگرو ئاسن وەڵام دەردێنەوەو ڕەوایەتییان پێ نابەخشرێت. ڕامبۆ دواتریش کە لە گەڵ سوپای دەریایی هۆڵەندیدا ساڵی ١٨٧٦ چوو بۆ (جاوە)ی ئەندەنوسیا یەکسەر هەڵهات، تەنانەت هەندێك وای لێکدەدەنەوە ڕامبۆ ئەو هەلەی تەنیا بۆ سەفەرکردن قۆستبوەوە. وەك شاعیر ئاماژەی پێدەدا بەم جۆرە مارش و سەداو شێوەزای سەربازەکان زاڵ دەبێت بەسەر سەدای تەپڵی خێڵە زەوییە داگیرکراوەکاندا، ئەو ئاڵایەی کەوا بە دەست سەربازەکانەوەیە، هەرچەندە هێشتا سەربازو کرێگرتەی هێزە ئیستیعماریەکان بەڕێوەن و نەگەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و بەڵکو بەرەو ڕووی دەڕۆن، بەڵام رامبۆ بە وێنەی قێزەون وەسفی دەکات، چونکە دەزانێت چ کارەساتێکی لە دوو دێت.
ئەم وێنەیە وەکو ڕێژەی بیستودوو لەسەر حەوت شتێکی نەگۆڕە، جا چ ئەگەر لە کیشوەری هیندیە سوورەکان ڕووی دابێت و پاکتاوکرابن، یان لە دورگەکانی کوکی ماوریەکان لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی، کەواتە وەك لەم دەقەدا هاتووە؛ کاتێ سەربازەکان لە جێیەك ماڵئاوایی دەکەن و دەچن بۆ هەرجێیەك مەبەستەکە هەر داگیرکارییە، دابەشکردنی وڵاتەکان و بەتاڵانبردنی خێروبێریانە.. جا ئەگەر ئەوسای سەرەتا شێوەیەکی ڕاستەوخۆی وەرگرتبێت، ئەوا ئێستاش هەر لە ژێر هەمان ناودا شێوازێکی هاوچەرخی تری وەرگرتووەو بوون و ناسنامەی نەتەوەکان دەسڕێتەوەو لە ڕێی فشارو بەرژەوەدنییە جۆراوجۆرەکان و چەقی بڕیاری وڵاتان و دەنگی ناڕازیی مۆنۆپۆڵ دەکرێت.
ئایا دەکرێت ئەم شیعرەی ڕامبۆ بە شیعرێکی سیاسی ناوبەرین؟ یان شیعرێکە پێچەوانەی شیعرە پڕ جادوو و ئاڵۆزەکانی دواترین قۆناغی شیعر نووسینی لە (درەوشانەوەکان)،یان نەخێر ئەمە شتێك لە واقیعی و بگرە ڕیالیزمی شۆڕشگێڕی لە خۆ دەگرێت؟ ڕووبەرووبوونەوە بەرانبەر ئەو ئایدیا زاڵەی کە جیهانی ژێرباری خۆی خست بە نێوی دیموکراتییەوە، ئەو پێوانەیەی لە سەر هەر پارچە زەوییەك جۆرە کێشانێکی جیاوازی هەیە، لە جێیەك گەر بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکییەوە منداڵێك بمرێت وەزارەتی تەندروستی دەهەژێت و ئەگەر سەرۆك وەزیران دەست لەکارنەکێشێتەوە ئەوا وەزیری تەندروستی دەبێت ئەو بڕیارە بدات، کەچی هەمان پێکهاتەی فیسیۆلۆژی منداڵ لەسەر زەمینێکی تری ئەم جیهانەدا بە هەزاران نەك یەك منداڵ بە چەکی قەدەغەکراوی ئەو وڵاتە دیموکراتییانە قەتڵوعام بکرێن هیچ هەستێکی مرۆڤدۆستییان تیا ناجوڵێت و بسکەی سمێڵیان دێ. ئەمەیە ئەو پەتا کوشندەیەی ملیۆنان مرۆڤ لە سەر ڕووی زەوی دەکاتە قوربانی و رامبۆ زۆر زووترو زۆر قووڵتر –وەك شاعیرێکی هوشیارو هەستەوەرو داهێنەر- لێی تێگەیشتبوو و لە ژیانی ڕۆژانەیشیدا پێشچاوی دەکەوتن وئەزموونی کردبوو، ئەو هەمیشە یاخی و ڕەفزکەرەوەیەکی ئەو کۆمەڵگا ئۆرستوکراتییەی ئەو کاتەی پاریس بوو و لە میزکردن بە شیعری شاعیرە ملچرچەکانی ئەو ڕەوتە باوەدا هەڵوێست و شۆڕشی خۆی ڕاگەیاند.
فایەق بێکەسی لەمەڕ خۆشمان لە ساڵی ١٩٤٦ دا و لە سلێمانی لە هۆنراوەی (٢٧ ساڵە)دا دۆخی ژێر چەپۆکەی کۆلۆنیالیزم دەهۆنێتەوەو لە کۆپلەیەکیدا ئاوها دەربڕینی لێ دەکات:
بیست و حەوت ساڵە تاڵە ژیانم
لە ژێر دەستی تۆ زۆر پەشیمانم
لە ئینسان ناچم، عەینی حەیوانم
کەی ڕزگار ئەبم ماڵی وێرانم ؟
وا بە خۆت ئەڵێیت ‘حامی’ گەلانم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆچی بە ناهەق وا سووکت کردم؟!
٣- دەقەکەی ڕامبۆ بە ئینگلیزی:
Democracy
“The flag goes with the foul landscape,
and our jargon muffles the drum.”
In the great centers we’ll nurture
the most cynical prostitution.
We’ll massacre logical revolts.

In spicy and drenched lands!–
at the service of the most monstrous
exploitations, industrial or military.
“Farewell here, no matter where.

Conscripts of good will,
ours will be a ferocious philosophy;
ignorant as to science, rabid for comfort;
and let the rest of the world croak.
This is the real advance. Marching orders, let’s go!”
…………………………………………………..
٤-پەراوێز/
(١) لە دەقە ئینگلیزیەکەدا ئەم دێڕە بەم جۆرەیە:
با لە نێوچێ سەراپای جیهان.
بەڵام لە دەقە فەرەنسییەکەدا ئاوهایە:
با لەنێوچێ جیهانی پێشکەوتوو.
La crevaison le monde qui va
توێژەرانیش چەند ڕاڤەیەکیان بۆ زاراوەی پێشکەوتوو کردووە؛ لەوانە وای لێکدەدەنەوە کە ئەو سەربازە هاواری لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەکات کە داوای پێشکەوتن دەکەن، هەندێکیش وای دادەنێن سەربازەکان داوای لەناو چوونی ئەو جیهانە دەکەن کە لەبەردەمیاندا دەڕوات، واتا جیهانی نەها.




میا تالێریکۆ لە یانزە مانگیدا بوو بە ئەکتەرێکی ناسراو.. رەزا شـوان

خونچەگـوڵی جـوان (میا تالـێریکـۆ)ی ئەمریکی، یەکـێکە لە ئەکتەرە ناوازە و دەگـمەنـەکانی جیهـان، کە لـە تەمـەنی (١١) مـانگـیـدا، ئەستـێرەی هـونەریی هـەڵهـات و دەسـتی بە نـوانـدن کـرد و بە ملیـۆنـان کەسی هـێنایە پـێکەنـین و خـۆشی و شـادیی خـسـتە دڵـیانەوە و بـوو بە خۆشـەویـستی مـلیـۆنـان کەس.
ناوی تەواوی (میا کایتلین تالێریکۆ) یە. لە رۆژی (١٧/ سێپتەمەر/ ٢٠٠٨) لە (سانتا باربـرا) لە کالیفـۆرنیا لە ئەمریکا لەدایکـبووە. مـیا تالێریکۆ منداڵی یەکەمی خـێزانەکەیەتی. باوکی ناوی (کـریـس تالـێریـکۆ) یە، دایکـیشی ناوی (کلیر تالێریکۆ) یە، خوشکێکی هـەیە، ناوی (ئۆبری تالـێریکۆ) یە، دوو ساڵ لە خۆی منداڵـترە. میا تالـێریکۆ، لە ئـێستادا تەمەنی (١٥) ساڵە. کچۆڵەیەکی نێـوجەوانی شـۆخ و شەنـگە. خوێنـدکاری قـوتابخـانەی ئامـادەییە.
نووسەری درامـای تەلەفـزیـۆنی (درو فـۆیـن) و بەرهـەمهـێـنەر درامـا (فـیـل پەیکەر) لە تەلەفـزیۆنی دیـزنی. لە ساڵی (٢٠٠٩) دا، دەستیان بە نووسین و بە دەرهـێنانی زنجیرەیەکی تەلەفـزیۆنی کۆميدی سەرکەوتووی سەرنجڕاکێش بۆ منداڵان و بۆ گەورەساڵان کرد. کە لە کەناڵی تەلەفزیۆنی دیزنی پێشکەشی بکەن. چـیرۆک و پلۆتی زنجیرەکە، لە دەوری خێزانێکی ئەمریکی مامناوندی دەسووڕێتەوە. لاسایی کردنەوەی ئەو خێزانە ئەمـریکـییە هەڵـبژاردەیەیە، کە چـۆن هەڵـسوکەوت، لەگەڵ لەدایکبوونی منـداڵی چـوارەمیان دەکەن، کە ناوی (چارلي) یە. زنجـیرە تەلەفـزیـۆنییەکەش بە ناوی (بەخـتێکی باش چارلی) یە. بۆ هـەڵـبژاردنی ئەو منـداڵەی کە رۆڵی پاڵەوانێـتی چـارلی دەبینـێـت. چەنـدین منـداڵیان تاقـیکـردەوە. لە دواییـدا (مـیا تالـێریکـۆ) ی تەمەن (١١) مانگانیان هەڵـبژارد، کە رۆڵی چارلی لە زنجـیرەی (بەخـتـێکی باش چارلی) دا ببـینێـت. زنجیرەکە کۆمیدییەکە، پڕە لە پێکەنین و لە خۆشی بۆ منداڵان و گەورەساڵان. فیل پەیکەری داهـێنەر و ئامادەکەر و هاوبەشی بەرنامەکە، دەڵێت: دەربارەی مـیا تالـێریکـۆ، قـسەم لەگـەڵ دایکـیدا کـرد، بـۆ ئـەوەی بـزانـین چـیدەکـات و حەز و ئارەزووی لە چییە، تا ئەو زانیارییانە بخەینە ناو چیرۆکەکانمانەوە.

هـەریـەکە لە درود فـۆیـن و فـیـل پەیـکەر، لـە سـەرەتـادا دودڵ بـوون، لە هـەڵـبژاردنی تالـێریکـۆی یانـزە مانـگان، بە گومان بـوون کە بتـوانێـت، بە سەرکەوتوویی رۆڵی چارلی لە زنجیرەی (بەختێکی باش چارلی) دا ببینێت.
بەڵام گەورەترین سوپرایـز بۆ رۆڵی پاڵەوانێتی لە زنجـیرەی بەخـتێکی باش چـارلی، هەڵـبژاردنی تالـێریکـۆی ئەکـتەرە بچکـۆلە یانـزە مانگـییەکە بـوو. کە بە خـێرایی ئـەو دودڵی و گومـانەی لە دڵی نـووسـەر و بەرهەمهـێنەری زنجـیرەکە رەوانـدەوە. سـەلـمانـدی کە بـۆچـوونەکانیـان دەربـارەی توانـای نوانـدنی هەڵـەن. هـەروەکو ئـەوەی کە بـۆ نـوانـدن لەدایـک بـووبێـت. ئەو
لە تـیشکی گـڵـۆپ و بلاجکتـۆرەکان و رووناکـیی کامیراکان بێـزار نابـوو و لەگەڵیانـدا راهـات. تالـێریکـۆ زۆر سەرکەوتـووبوو لە نوانـدنی رۆڵەکەیـدا. تالـێریکۆ کاردانەوەی دەربـڕینەکانی و کۆمێـنتە سادەکانی، بە خـێرایی دڵی ملیـۆنان کەسیان بەدەستهـێـنا. بوو بە چارلی خـۆشـەویـست لە ئەمـریکادا.
لە ماوەی چوار ساڵدا، لە (٢٠١٠ـ ٢٠١٤) تێکڕا (٩٧) ئەڵقە لە زنجیرەی بەخـتێکی باش چـارلی لە تەلەفـزیـۆنی دیـزنی پێـشکەش کرا، کە تالـێریکۆ پاڵەوانی سەرەکی زنجیرەکە بوو. لەو تەمەنە منداڵییەدا ناوبانگێکی زۆری دەرکرد. پیـرۆزبایی و دەستخۆشییان لێکـرد و ستایـشیان کرد. بە مـلیـۆنان هـەوادار و ئاشنای لە منـداڵان و گەورەساڵان، لە ئەمـریکادا بەدەسـتهـێـنا.
گرنگـترین رۆڵەکانی تالـێریکـۆ لە فـیلمەکانـدا:
تالـێریکـۆ لە چەنـدین فـیلـم و بەرنـامەی تەلەفـزیـۆنی بەنـاوبـانگـدا، رۆڵی سەرەکی گـێڕاوە. ئەمانە هەنـدێک لەو فـیلمانەن کە تالـێریکۆ رۆڵی پاڵەوانـێتی تێيانـدا هـەیە:
١ـ لە ساڵی (٢٠١١) دا، بۆ یەکەم جار لە فـیلمی سینەمایی (بەخـتێکی باش چارلی ـ کریسمسە) دا، رۆڵی پاڵەوانی بـیـنی. ژمارەیەکی پێـوانەی لە ناوبانگـدا بەدەستهـێنا.
٢ـ لە ساڵی (٢٠١٤) دا، تالێریکۆ بەشداریی لە ئەڵـقەکانی زنجـیرەی (داون تـری) دا کرد. لە رێکەی سەرکەوتنی ئەم ئەڵـقە تەلەفـزیـۆنییەوە، دیـزنی بازدانێکی بەرچاوی بەخـۆیەوە بـیـنی.
٣ـ لە ساڵی (٢٠١٥) دا، تالێریکۆ لە کورتە فـیلمـێکی ترسناکی سیننەمـاییـدا (لۆسـت داون) دا، رۆڵی (کاتـریـن) ی پاڵەوانی فـیلـمەکەی دەگـێڕا.
٤ـ لە ساڵی (٢٠١٧) دا، رۆلی (لاریـسا ماک ئادەمـز) ی لە کـورتە فـیلـمی (بیـرەوەی فـۆتـۆگـرافی) هـەیە.
٥ـ لە ساڵی (٢٠١٨ ـ٢٠٢٢ ) لە زنجیرە درامای تەلەفـزیۆنی (مانی) دا، رۆڵی (بیگ رۆگ) هـەبـوو.
٦ـ لە سـاڵی (٢٠٢٣) دا، لە زنجـیرە درامـای تەلەفـزیـۆنی (کـۆنـراد). رۆڵی (مـولی) بینـیوە. هـێندەی تـر ناوبـانگی دەرکـرد.
٧ـ چەنـدین جـار، دیـمانەی تەلەفـزیـۆنییان لەگەڵ تالـێریکـۆدا کـردووە.
تا ئێستا چەنـدین رێـزلـێنان و خەڵاتیـان بە تالێریکۆ پێشکەش کردووە. تا ئێستا لەرێی کارەکـانیـیەوە، وەک ئەکـتەرێـک، زیـاتر لە (٢) مـلیـۆن دۆلاری بەدەسـتهـێـناوە. ئـەم پارەیەش بۆ منـداڵـێک لەو تەمـەنەدا کـەم نیـیە.
تالێریکۆ، پلانی هـەیە بۆ بەردەوام بوون لە نوانـدنـدا. حەزدەکات رۆڵی پاڵەوانیێتی لە فـیلـم دا ببینێـت. میـا تالـێریکـۆ لە ئێستادا ئەکـتەرێکی منـداڵ نییە، بەڵکو ئەکـتەرێکی لاوە و ئەستێرەیەکی ناسراوی جیهـانی سینەمـایە. بەهـرەمەنـدێکی نـاوازەی ناسـراوە. بە ملیـۆنـان هـەواداری کارەکانی هـەیە. ئێستا خوێـنـدکاری قـوتـابخـانەی ئامـادەییـە.
گرنگـترین ئارەزووەکانی میا تالـێریکۆ:
تالـێریکۆ چەنـدین خولـیا و ئارەزووی دڵخـوازی خـۆی هـەیە، بە کورتی و بە چـڕی:
١ـ هـاوڕێیـەکی هـەمیـشەی پەرتـووکە و هـۆگـرێکی خـووگـرتـووی خـوێنـدنەوەیە.
٢ـ ئارەزووی گوێگـرتن لە مـوزیک و گۆرانی دەکات. بەشداریی لە کـێبڕێی سەمـادا کـردووە. رۆژانە سـەیـری تەلەفـزیـۆن و فـيـلـم دەکـات.
٣ـ زۆر حەزی لە گەشـتکـردن و گەڕانە. تا ئێستا گەشـتی بۆ چەنـد وڵاتـێک کـردووە.
٤ـ حەزی لە مەلەوانییە و چێژێکی زۆریش، لە خلیسکانی سەر بەفەر و شەپۆلەکانی سەر دەریـا وەردەگـرێـت. زۆر حەزیـشی لە سـواریی پاسکـیـل هـەیە.
٥ـ حەزێـکی زۆریـشی بـۆ وێنـەکـێـشان هـەیە.
٦ـ رەنگی دڵخـوازی، رەنگی پەمـەییە. ئەکاونتی فـەرمی ئینستاگـرامە. دڵـسۆزترین و خۆشەویسترین هاوڕێشی (مالینا گریس) ە، کە کچە ئەکتەر و گۆرانیبێژێکی ناسراوە.
٧ـ میـا تالـێریکـۆ، لە رێگەی ئەکاونتـێکەوە، لە تـۆڕە کـۆمـەڵایـەتییە سەرکـییەکانـدا،
بە شـێوەی ئۆنـلایـن چـالاکە.
پێشبیـنی ئەوە دەکـرێـت، کە میـا تالـێریکـۆ داهـاتـوویەکی باشـتر و ناوبانگـێکی زیـاتر بەدەسـتبهـێنـێـت. گەشتی هـونەریی میا تالـێریکـۆ، سەرچاوەی ئیلهـام بەخـشە بۆ ئەو هـونەرمەنـدە گەنجانەی، کە خوازیاری سەرکەتن و داهـێنان و داهـاتـوویەکی گەشـن.
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەنـدین سایتی ئینگـلیزی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




پرۆژەیەکی نوێی (گەلەری ئارام)ە هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە

سێشەممە ١٠\٩\٢٠٢٤
کات: ٧ی ئێوارە

وانەی یەکەم:

تارمایی نیچە لەناو فەلسەفەدا




نەخۆشی بایپۆلەر: ناساندن، هۆکارەکان، نیشانەکان و چارەسەرییەکان.زنجیرەی ١٤١.. ابراهیم موحەمەد (ئەبڕاهام لێڤای)

نەخۆشی بایپۆلەر یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان. ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر مەزاج و وزەی کەسەکە دەبێت و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری بەرچاو لە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی تاکدا. نەخۆشی بایپۆلەر، کە پێشتر بە “نەخۆشی دوو جەمسەری” ناسراو بوو، حاڵەتێکی دەروونییە کە تێیدا کەسەکە قۆناغەکانی خۆشی زۆر (مانیا) و خەمۆکی (دیپرێشن) بەسەر دەبات. ئەم قۆناغانە دەتوانن چەند ڕۆژ، هەفتە یان تەنانەت مانگیش بخایەنن.
هۆکارەکان:
هۆکارەکانی نەخۆشی بایپۆلەر بە تەواوی ڕوون نین، بەڵام توێژینەوەکان و بەڵگە زانستیەکانی نێو زانستی دەروونزانی ئاماژە بە چەند فاکتەرێک دەکەن:
بۆماوەیی: ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی بایپۆلەر لە کەسانێک کە خزمی نزیکیان ئەم نەخۆشییەیان هەیە، زیاترە.
کیمیای مێشک: ناهاوسەنگی لە ماددە کیمیاییەکانی مێشک (نیورۆترانسمیتەرەکان) ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.
ژینگە: سترێس، تراوما، یان ڕووداوە گرنگەکانی ژیان دەتوانن وەک هاندەر بۆ دەستپێکردنی نەخۆشییەکە کار بکەن.
نیشانەکان:
نیشانەکانی نەخۆشی بایپۆلەر دەکرێت بە دوو بەشی سەرەکییەوە:
نیشانەکانی مانیا و هایپۆمانیا: هەستکردن بە وزەیەکی زۆر، کەمبوونەوەی پێویستی بە خەو،بیرۆکە و پلانی زۆر، قسەکردنی خێرا، هەڵسوکەوتی مەترسیدار و لەناکاو، متمانەبەخۆبوونی زیاد لە پێویست کە بەرەو سەرکێشی ناتەندروستی ببات بەجۆرێك زیان بە جەستە و دەروونی بگاتن لە دەرئەنجامەکەیدا. (مانیا و هایپۆمانیا دووجۆری جیاوازن بەڵام نیشانەکانینان زۆر لەیەکترەوە نزیکە تا ئاستی هاوبەش و نیشانەکانی مانیا توندترە لە هایپۆمانیا)، زۆرکات دەکرێ نیشانەکانی مانیا بەشێوەیەکی گشتی لە شوێنەکانی کار و قوتابخانە و زانکۆ و هتد گاریگەربن لەسەر تاکەکە.
نیشانەکانی دیپرێشن: هەستی خەمۆکی بەردەوام، کەمبوونەوەی چێژ لە چالاکییەکان، گۆڕانکاری لە خەوتن و خواردن، هەستی بێ بەهایی یان تاوانباری، بیرکردنەوە لە خۆکوش*تن.
چارەسەرییەکان:
چارەسەری نەخۆشی بایپۆلەر بە شێوەیەکی گشتی پێکهاتووە لە:
١- دەرمان: وەک لیثیۆم، دژە-خەمۆکی، و دژە-سایکۆتیك دەتوانن هاوکاربن بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی میزاجی تاکەکە.
٢- چارەسەری دەروونی: وەک چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) و چارەسەری کەسی و ڕێکخستنی ڕیتمی ژیان.
٣- خۆ-چاودێری: وەك خەوتنێکی باش، وەرزش و خۆدوورگرتن لە ماددە هۆشبەرەکان.
٤-چارەسەری کارەبایی مێشک (ECT): تەنها بۆ حاڵەتە توندەکان، بەو مەرجەی کاتێك ڕێگا چارەسەرییەکانی سەرەوە سوود بە تاکەکە نەگەیەنێت بۆ باشتربوونی دۆخەکەی.
نەخۆشی بایپۆلەر وەك هەر نەخۆشییەکی تر پێویستی بە چاودێری و چارەسەری بەردەوام هەیە، بە یارمەتی پزیشک و پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی، زۆربەی کەسانی تووشبوو دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و بەرهەمدار بەسەر ببەن و چاك ببنەوە.

ئەم نووسینە لەم سەرچاوانەوە وەرگیراون:
1-https://www.sciencedirect.com/…/abs/pii/S014067361500241X
2-https://www.nimh.nih.gov/health/topics/bipolar-disorder
3-https://www.cambridge.org/…/22083BA760F85A66B7216376E2B…
4-https://scholar.google.com/scholar?lookup=0&q=Geddes,+J.+R.,+%26+Miklowitz,+D.+J.+(2013).+Treatment+of+bipolar+disorder.+The+Lancet,+381(9878),+1672-1682.&hl=en&as_sdt=0,5&as_vis=1




بەیاننامەی ڕێكخراو و چالاكوانانی بواری جینۆساید تایبەت بە كاركردن لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان

بەپێی بەدواداچوونمان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تیمێكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی ونبووانی وڵاتی كوەیت، بە بەكارهێنانی ئامێری قورس شۆفەل و حەفارە بە شێوەی دوور لە زانستی هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ كار لە نزیك جێگای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی پارێزگای موسەننا (المثنی) تەل شێخیە لە سنووری نوگرەسەلمان دەكەن، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو شوێنە لە چەندین جێگە(موقع) بە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی لێیە و تاكو ئێستا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کوردی لێ هەڵدراوەتەوە. لەوانەش ئەو گۆڕەی ڕووفاتی 172 ئەنفالكراوی تێدا بوو، کە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵی پێچوو تاکو گەڕێنرانەوە بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ.
بە گوێرەی ئەو چەند وێنەیەی بڵاوكراوەتەوە، بەشێوەیەكی زۆر خراپ و نادروست و دوور لە بەها مرۆییەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕە دەكەن، بەجۆرێک كەلە سەری مرۆڤ لەبن كێلەی حەفارە بە شکاوی بەدیار دەكەوێت، ئەمانە رووفاتی هەر كەسێک بن، وێنایەكی قێزەونە و مامەڵەی نا بەرپرسانەیە لەگەڵ ڕووفاتی قوربانیانی دەست ڕژێمە فاشیستەكەی بەعس. پێویستە مامەڵەیەكی بە كەرامەتەوە لەگەڵ ڕووفاتەکانیان بكرێت. بۆیە ئێمە وەكو رێكخراوەكان و نووسەران و چالاكوانانی بواری جینوساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە كوردستان داواكارین لە:

یەكەم/ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی ئەو گۆرٍە بەكۆمەڵانە و گۆڕەكانی تریش كە شوێنەكانیان دیاری كراوە، بەتایبەتی ئەوانەی تەل شێخیە لە نوگرەسەلمان تا ئەو كاتەی هەڵدەدرێنەوە و ڕووفاتی ئازیزیان دەگەرێندرێتەوە كوردستان. پشتیوانی دەزگای شەهیدان و تیمی نیشتمانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكات بۆ خێرا كردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان.

دووەم / لە وەزارەتی بەرگری عێراق كارەكانی لەو شێوەیەی کە گوایە بۆ هەڵکەندنی چاڵێک بۆ تەقاندنەوەی چەک و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ بووە لە سنووری تەل شێخییە ڕابگرێت، پرسی گەڕان و پشكنین بە لایەنی پەیوەندیدار بسپێرێت كە فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراقە، كە تایبەتمەندە بەم پرسە. لە كاتی كاركردن بۆ گەڕان بەدوای ونبووانی جەنگی كوەیت یان جەنگی ( عێراق ـ كویت) كە لە ڕێگای لیژنەی سێقۆڵی دەكرێت، ئەگەر ڕووفاتی هەر جینۆسایدکراو یان ئەنفالكراوێکیان بەرچاو كەوت، بە پەلە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بكەنەوە.

سێیەم/ لە دەزگای شەهیدانی عێراقی فیدرال، كار بكات بۆ خیراتر كردنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تری تەل شێخیە، و تیمەكانی فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بخاتەگەر بۆئەوەی بەزوترین كات ئەو گۆڕانە هەڵبدرێنەوە. دەزگای شەهیدان داوا لە وەزارەتی بەرگری عێراق بكات پرسی گەڕان و پشكنین بەبێ تیمی تایبەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ئەنجام نەدات.
چوارەم/ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەزووترین كات بێتە سەر خەت و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوون و رێکاری پێویست بگرێتەبەر و ڕێگری لە هەموو هەوڵ و کارێکی نایاسایی و نائاسایی دوور لە بەهای مرۆڤایەتی لە چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بکات و ئەو كارە ڕابگرێت كە ئێستا دەكرێت، ناڕەزایی خۆی بۆ ئەم پرسە دەرببرێت.
هەروەها پەیوەندییەكانی وەزارەت لەگەڵ فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراق كە لە ئێستادا سستی بەخۆیەوە دەبینێت، كارا بكاتەوە بۆئەوەی ئەندامانی وەزارەتەكە ڕۆڵیان هەبێت لەگەڵ تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ICMP سەنتەری نێودەوڵەتی بێسەروشوێنکراوان.
پێویست و زەرورە ئەندامییەتی وەزارەت لە لێژنەی سێقوڵی گەڕان و پشكنین بۆ ونبووانی (جەنگی عێراق ـ ئیران و جەنگی كوەیت) كە لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەرپەرشیتی دەكات و هەر سێ وڵات لە ڕێگای وەزارەتی تایبەتمەند ئەندامەتییان هەیە كارا بكاتەوە و لە تاكو لە نزیكەوە ئاگاداری چاودێری گەڕان و پشكنین بێت.
پێنجەم / هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، قوربانییەكان لە هەر نەتەوە و ئاینێک بن. پێویستە بەشێوەیەك بێت كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت و لەگەڵ پرنسیپە نێودەوڵەتییەكاندا هاوتا بێت و بە بەشداری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانی بیانی بەڕێوە بچێت, بەم شێوەیەی ئێستا تەواو ڕەتكراوەیە.

شەشەم/هەموو گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانەی بەپێی ڕاپۆرتی بەشی گۆڕی بەکۆمەڵی CPA ئەمریکی و RCLO دیاریکراون کە لە 100 جێگە لە 301 گۆڕی بە کۆمەڵ کە پێشتر نیشانە و هێمایان لە سەر نەخشە بۆ دیاری کرابوو، بە مانگی دەستکرد وێنەی گیراوە، بەڵام عێراق باس لە داتای جۆراجۆر دەکات بۆیە پێویستە ڕووپێوێکی سەرتاسەری لە عێراق بکرێت بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە گومانی هەبوونی گۆڕی بەکۆمەڵیان لێدەکرێت. یان لەم بارەوە گومان نەهێڵێتەوە.

حەوتەم/ لە پرۆسەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ کەسوکاری قوربانیانی هەموو کەیسەکانی جینۆسایدی فەیلی و بارزانی و هەڵەبجە و ئەنفال و ئێزیدی، پەلە بکرێت. هەروەها هەموو ئەو ڕووفاتانەی كە تا ئێستا هێنراونەتەوە و بڕیار بووە پشکنینی DNA یان بۆ بکرێت. بەتایبەتی بە زووترین کات ئەنجامی پشکنینی ڕووفاتی ١٧٢ ئەنفالکراواکەی چەمچەماڵ ئاشکرا بکرێت، لەگەڵ سامپڵی خوێنی کەسوکاریان بەراورد بکرێت تاوەکو ئەو متمانەیە دروست بێت، کە کارەکانیان ڕاست و دروست و زانستین و لە داهاتووش بە بێ وەرگرتنی سامپڵ لە هەر ڕووفاتێک و دڵنیا نەبوونەوەی لە ناسینەوەی لەلایەن کەسوکاریان ڕادەستی هیچ لایەنێک نەکرێت و پێویستە لێژنەی تایبەتمەند دابنرێت و نوێنەری کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی تێدا بێ و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەرپەرشتی و چاودێری وەرگرتن و هێنانەوە و ناشتنیان بکات.

هەشتەم / پێویستە یاسای كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ژمارە 5ی ساڵی 2006 هەموار کراوی ژمارە 13 ساڵی 2015 جارێکیتر هەموار بکرێتەوە ومافی گەلی کوردستان تیدا پارێزراو بێت کە خاوەنی زۆرترین قوربانی ناو گۆرەبەکۆمەڵەکانە لە عێراق.

ناوەكان:

1-رێكخراوی داكۆكی لە مافی قوربانیانی كۆرەبەكۆمەڵەكان
2-فوئاد عوسمان / رۆژنامەنووس و چالاكوان
3- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
4- تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
5-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
6- محەمەد زرنگ چالاكوانی بواری جینۆساید
7-هەڵمەتی دادپەروەری
8-جەبار ئەحمەد توێژەر لە بواری جینۆساید
9- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10-رۆژنامەی نگرەسەلمان
11- گۆڤاری تۆبزاوە
12-هێمن حەسیب نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
13-عەلی بەندی چالاكوان و نووسەری بواری جینۆساید
14- پاریزەر ئەیاد ئیسماعیل كاكەیی پاریزەر له دۆسیەی ئەنفال و دۆسیەی بارزانیان لە دادگای باڵای تاوانی عێراق
15-تۆڕی ئایكان كوردستان
16-سەلاح كەركوكی چالاكوانی جینۆساید- سوئید
17-عەباس هەمزه خدر، دادوەری پێشوو لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق
18-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
19-عەدالەت عومەر توێژەر لە بواری جینۆساید
20-هەدار زوبێر بارزانی پارێزەری کەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان و پەرلەمانتاری خولی چوارەمی عێراقی
21-نازدار ئەسعەد محمود چالاكوانی بواری ئەنفال
22-مەلا شاخی نووسەر لە بواری جینۆساید
23-رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
24-محەمەد حەمە ساڵەح وەرگێڕ و توێژەری بواری جینۆساید
25-عادیل مەلا ساڵەح بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان
26-هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
27- گەردە مامە حەمە چالاكوان و بنەماڵەی قوربانی
28-حازم بلەیی نووسەر و چالاكوانی جینۆساید
29-زەمان عەبدە نووسەرو چالاكوانی بواری ئەنفال
30- رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
31- دلێر كەریم نووسەر و چالاكوان لە بواری ئەنفال
32-ئیبراهیم هەورامانی نووسەر و رۆژنامەنووس
33- لەتیف فاتیح فەرەج لێكۆڵەر لە بواری جینۆساید
34-ڕۆژان شەهید حەمەڕەش- ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
35-هاوڕێ ئەحمەد مەجید چالاكوانی بواری جینۆساید, كەسوكاری ئەنفال
36-رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-كوردستان
37- د. شۆڕش حاجی – لێکۆڵەر لە بواری ئەنفال و جێنۆساید
38- ئەنوەر عومەر سەعید یاسایی و شارەزا لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
39- قاسم کازم چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری جینۆسایدکراوان
40- سەوسەن محەممەد میرخان، کەسوکاری ئەنفال و سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەهیدان، جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەم
41- شوان جەلال، کەسوکاری ئەنفال و ڕۆژنامەنووس
42- تاڤگە حمەصالح احمد بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوانی کۆیە و ئەندامی ڕێکخراوی کۆژان بۆ پرسی ئەنفال
43- دیاکۆ مورادی -ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ – نۆروێژ
44- ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال
45- کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
46- هاوڕێ پێشڕەو پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفال
47-عەلی مەحمود محەمەد چالاكوان لە بواری جینۆساید




سووتانی بەفر و سووتانی شیعر!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بە درێژایی قۆناغەكانی شیعری كوردی، تا ڕادەیەك ناسینەوەی نەوە و قۆناغە شیعرییەكان، لە پەراوێزی هەبوونی هەندێك خاسیەتی ئەدەبی و هونەری و زمان و ناوەڕۆكەوە، ئاسانە. بەڵام كاتێ دێینە سەر شیعری نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین، ئەوا ئێمە لە بەردەم لێڵییەكی گەورە داین، كە ناتوانیین خاسیەتە شیعرییەكانی ئەو نەوەیە، دیاری بكەین و بناسینەوە. ئەوەش لەبەر یەك هۆكاری سادە ئەویش ئەوەیە، كە لە بنەڕەتەوە ئەو نەوەیە، شوناسێكی شیعری دیار و بەرجەستە و سەربەخۆی تا ئێستا نییە، كە پێی بناسرێتەوە. ئەمە لە ئاستی زمانی شیعریی بێت، یاخود دنیابینی شیعرییەوە. بۆیە زۆرجار كە دەقێكی شیعری ئەو نەوەیە دەبینین، وا دەزانینن قسە كردنێكی ئاسایی دەخوێنینەوە. بەشێكی زۆری ئەو نەوەیە، شیعر لە دەربڕین و گوتندا دەبینێتەوە و بڕوای وایە، دەشێ هەموو شتێك لە شیعردا بگوترێت، بۆیە زۆرجار دەقە شیعرییەكان بە ئاراستەیەك بێ مانا دەكەونەوە، كە لە دەرەوەی هەموو جۆرە شوناسێكی شیعری دانە. ئەمە وێرای هاوشێوەبوون و هاوچوونی دنیابینی و دەقی شیعری زۆربەی هەرە زۆری ئەو نەوەیەش. كە واتا ئەگەر نەوەیەك شوناسێكی نەبێت، دەكرێ بڵێین شاعیرێكی گەنج لە نێو ئەو شوناسە شوێنێكی هەیە؟ (دڵشاد عەبدوڵا) لە پێشەكی كتێبی ( سووتانی بەفر) دەنووسێت:( توانای سامان گەردی، لە نێو بزاوتی شاعیرانی نەوەی نوێ و ئەو توانایەی هەیەتی، دەتوانم موژدەی ئەوە بدەم كە هەوڵێكی جددییە بە ئاراستەی داهاتوو ). دواتر بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: (خاڵی بە هێز لە شیعرەكانی ئەم شاعیرە زمانەكەیەتی) لێرەدا، وەك خوێنەرێكی شیعر، بەراوردی هەردوو بۆچوونەكەی دڵشاد عەبدوڵا، بە ناوەڕۆك و گوتاری ئەو شاعیرە گەنجە دەكەین و دواتریش، ڕوونی دەكەینەوە كە ئاخۆ ئەم بۆچوونە، بۆچوونێكی لۆژیكی و ئەدەبی و دەرەنجامی هەڵسەنگاندنێكی قووڵ و وردی ئەزموونی شیعری نەوەی نوێ بە گشتی و شیعرەكانی سامان گەردیش بە تایبەتییە، یاخود تەنها ستاییشنامەیەكە و جۆرێكە لە ڕازیكردنی شاعیر، وەك ئەوەی ئێستا لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا دەبینرێت؟ شیعرەكانی ئەم شاعیرە لە كوێدا، لە ڕووی زمانەوە بە هێز و جیان لە شیعری شاعیرانی دیكە ؟ بێگومان زمان لەو كۆمەڵە شیعرەدا، هەمان ئەو زمانە شیعریەیە، كە نیو سەدە زیاترە لە دنیای شیعری ئێمەدا، شیعری پێ دەنووسرێت. زمانی شیعری ئەو شاعیرە گەنجە، لە ئاستی ناوەڕۆك و چەمك و دەربڕینی شیعرییانەوە یاخود فۆڕمی شیعری، هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ شیعری هاونەوەكانی و پێشووتریش نییە و ئەم شاعیرەش هەمان ئەو وشە و دەربڕینانە دەڵێتەوە، كە دەیان ساڵە لە شیعری كوردیدا، هەن، لەلایەكی ترەوە، جیاوازكەوتنەوە لە ڕووی ئەزموونی شیعریی و نووسینی دەقی جیاواز و تایبەت لە ڕەوتی شیعری باو، توانا و داهێنانێكی گەورەی شیعری دەوێت، لێرەدا وەك خوێنەرێك نموونە لە چەند دەقە شیعرییەك دێنینەوە، تا بزانین ئەو شاعیرە خاڵی بە هێز لە شیعرەكانیدا، زمانەكەیەتی وەك ئەوەی دڵشاد عەبدوڵا دەیڵێت؟ بۆ نموونە:

خۆم بە هێڵی ئەو داپیرۆچكانە هەڵدەواسم
هێلانەیان پڕە لە گۆ (سووتانی بەفر لا 27)
ئایا جالجاڵۆكە، تەونی هەیە یان هێلانە؟ ئەگەر شاعیرێك ئەمانە لە یەكتری جیا نەكاتەوە، دەكرێ بڵێین خاڵی بەهێز لە شیعرەكانی زمانەكەیەتی؟
تا مەكتەب جمهووری
كە بەرامبەر ئێستای نووسەرانە (سووتانی بەفرلا 29)
مەبەست قوتابخانەی (جمهورییە) كە بەرامبەر نووسەرانە لە شاری هەولێر، كەچی ئەم شاعیرە گەنجە و زمان بەهێزە (مەكتەب)ی نووسیوە كە بە مانای نووسینەگە، یان عەقارات دێت!
بووم بە بەردێك
لەگەڵ باران ناوی تۆم
بە دڵۆپێك لە سەر هەڵكەند (سووتانی بەفرلا 37)
لێرەدا، مەبەست هەڵكۆڵینە، واتا، كەچی شاعیر هەڵكەندی نووسیوە، كە بە مانای لە ڕەگەوە دەرهێنان دێت!

تا دەنگ پڕكا یەك بە قوڕگم هاوار دەكەم (سووتانی بەفر لا42)

مەبەست ئەوەیە، تا دەنگ دەڕوات و هێزی گەیاندن و دووركەوتنەوەی هەیە، هاوار دەكات. بەڵام شاعیر( پڕ) ی نووسیوە لە بری ( بڕ ) كە بە مانای بڕین و خێرایی دێت و وا دەزانێت هەردووكییان هەمان مانایان هەیە! دەنگ بڕ دەكات، نەك پڕ دەكات.

ڕاكردنی سەر بەفر پێی دەڵێن خلیسكانە (سووتانی بەفر لا 87)

ئایا خلیسكانێ ڕاكردنە لە سەر بەفر؟ مەگەر یەكێك كە یاری سەر بەفر دەكات، خلیسكانێ دەكات یان ڕاكردن؟

لە نێو بیابانێكی بێ گیاوگوڵم (سووتانی بەفر لا108)
مەگەر هیچ بیابانێك هەیە، سەوز و پڕ لە گیاو گوڵ بێت؟
خاڵێكی دیكە هەر پەیوەست بە زمانی شیعرەكان ئەوەیە، كە بەشێك لەو شیعرانە، لە ڕووی دەربڕین و وێنەی شیعرییەوە، لە شیعری شاعیرانی تر وەرگیراون و لاساییان كراوەتەوە. یاخود هەمان دەربڕین و وێناكردن، بە جۆرێكی دیكە دەبینین. بە ڕادەیەك كە شیعرەكان پڕن لەو وشە و دەستەواژە شیعرییانەی لە شیعرەكانی شێركۆ بێكەسدا، دەبینرێن و لە فەرهەنگی شیعرییانەی ئەودا هەن. ئیدی نازانم چۆن دڵشاد عەبدوڵا، بوێری ئەوەی كردووە بنووسێت:_(خاڵی بەهێز لە شیعرەكانی ئەم شاعیرە گەنجە زمانەكەیەتی و یەكێكە لە تایبەتمەندییە سەركەوتووەكانی) ئەگەر شاعیرێك بە هەمان زمانی شیعری شاعیرانی تر بنووسێت، دەكرێ بڵێین زمانێكی بەهێز و جیاوازی هەیە؟ لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەك دەكەین كە ئەم شاعیرە گەنجە لە شیعری شاعیرانی دیكە وەریگرتوون:

  • لا 49 نووسیویەتی: ( ژووانی سێبەر) ئەمە لە ناونیشانی دیوانێكی فەرید زامدار وەرگیراوە.
  • لا 62 نووسیویەتی: ( حەزم لە ماچە، ماچی لێوەكانت، ئارەقەی سوێری بن چەناگەت) ئەمە لاسایی شیعرێكی پەشێوە كە دەڵێت ( ئەی گیانی خۆم ماچت دەكەم، نەرمایی گوێ، قۆرتی چەناگەت ماچ دەكەم).
  • لا 64 نووسیویەتی: ( ئەگەر لەناو شیعرەكانم مەمك بێنە دەرەوە، پاییز بێبەر دەبێت لە هەنار ) ئەمە لاسایی شیعرێكی شێركۆ بێكەسە كە دەڵێت ( ئەگەر لە ناو شیعرەكانما گوڵ دەراوێژنە دەرەوە لە چوار وەرز وەرزێكم دەمرێت).
  • لا 69 نووسیویەتی:( بوونت بەسە تا بڵێم هەم) ئەمە لاساییكردنەوەی شیعرێكی سەركەوت ڕەسولە لە كۆمەڵە شیعری پاییزە یاد كە دەڵێت ( لە ژێر سێبەری یادێكت دانیشتوومە هەتا هەبیت منیش هەمە).
  • لا 102 نووسیویەتی:(درێژترین دێڕ…دایە) ئەمە لاساییكردنەوەی شیعرێكی فەرهاد پیرباڵە لە دیوانی ئیكسیل كە دەڵێت (درێژترین شیعر بۆ دایكم … غەریبیت دەكەم).
    وێرای ئەمانەش، شیعرەكانی ئەم كۆمەڵە شیعرە، پڕن لە لاساییكردنەوە و كۆپیكردنەوەی ئەو وێنە و دەربڕینە شیعرییانەی لە شیعری شێركۆ بێكەسدا هەن، كە خوێنەران بۆ دڵنیایی، دەتوانن بگەڕێنەوە سەر شیعرەكانی ئەو شاعیرە و بەراوردی یەكتریان بكەن، ئەو كات باشتر ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەكەوێت.

*پەراوێز: سووتانی بەفر، كۆمەڵە شیعر، نووسینی: سامان گەردی.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4135) ڕۆژی 25 /8/2024 بڵاوكراوەتەوە.




سێینه‌ى خود “جه‌سته‌، رۆح، من” له‌ هه‌ڵبه‌ستى (زه‌نگى په‌ستى) گۆران دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

(زه‌نگى په‌ستى) یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌ دیاره‌كانى گۆران كه‌ لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین له‌رووى بنیادى پێكهێنه‌رى شیعره‌كه‌وه‌ بیخوێنینه‌وه‌و له‌دواى ئه‌و پرسیاره‌ ئیبستیمىیه‌ بگه‌ڕێین كه‌م ئه‌م ده‌قه‌ هه‌ڵیگرتووه‌.
ده‌قى شیعره‌كه‌:
1- ئه‌وا دیسان له‌گۆشه‌ى نادیارى
2- دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ى زه‌نگى فگارى.
3- به‌ ئه‌سپایى به‌بێ هێزى به‌ ئاسته‌م.
4- هه‌واى رۆحم ئه‌خاته‌ سه‌ر له‌ره‌ى خه‌م!
5- به‌ ئه‌سپایى، به‌له‌رزۆكى، هه‌ژارى
6- ئه‌ناڵێنى له‌شوێنى نادیارى..
7- زمانێك دێته‌گۆ هه‌رچه‌ن زڕه‌ى دێ
8- كه‌ تێرنابم له‌گوێگرتن به‌دوو گوێ!
9- زمانێك به‌سته‌یه‌ك، ده‌نگێك، نه‌وایه‌ك
10- سكاڵایه‌ك، هه‌ناسه‌و ئاخ‎و ئایه‌ك..
11- كه‌تێى ناگه‌م، كه‌ نازانم ئه‌ڵێ چى
12- به‌ڵامم خوڕخوڕ له‌ گه‌ڵیا رۆحم ئه‌گرى
13- چىیه‌ ئه‌ى رۆحى بێلێوارو بێپه‌ى،
14- له‌تۆ ناشاره‌زایى من هه‌تا كه‌ى؟
15- چىیه‌ ئه‌م ده‌نگه‌؟ ئه‌م ئاوازه‌ دووره‌؟
16- كه‌پێ هه‌ڵهێنه‌رى چاوى شعوره‌؟
17- كه‌ دێ په‌ستم كه‌نایه‌ ئاره‌زووى دڵ
18- به‌دوویا وێڵا ئه‌بێ! مه‌نزڵا به‌ مه‌نزڵا!
19- چىیه‌ ئه‌م زه‌نگه‌ زرنگه‌ى دێ به‌ماتى
20- كه‌ ژێر ته‌م كه‌وتووه‌ شوێنى وڵاتى؟
1940
شیعرى زه‌نگى په‌ستى هه‌مان شێوه‌ى ئه‌زموونى شیعرى گۆران زمانێكى ساده‌ پێكهێنه‌رى بنیاده‌ گشتىیه‌كه‌یه‌تى، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و زمانه‌ ساده‌یه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى شیعریه‌تى هه‌یه‌و جیهانبینىیه‌كى قوڵاو مه‌ودا دارى فره‌ ئاراسته‌و فره‌ مانا له‌ پشتىیه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌و ده‌شێ به‌چه‌ند رێگایه‌كى جیاواز ئه‌م شیعره‌ بخوێندرێته‌وه‌. واته‌ زه‌نگى په‌ستى ده‌قێكه‌ زیاتر له‌ كلیلێكى كردنه‌وه‌ى هه‌یه‌. بنیادى دووانه‌ (دیوالتى) یه‌كێكه‌ له‌و رێگایانه‌ى كه‌ ده‌توانرێت لێیه‌وه‌ هه‌وڵى چونه‌ نێو ده‌ق‎و ده‌هالیزه‌كانى ده‌ق بدرێت. به‌ڵام بنیادى گشتى زه‌نگى په‌ستى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندىو به‌رامبه‌ر یه‌كتر وه‌ستانى سیانه‌یه‌ك پێكدێت كه‌ هه‌رسێكیان پێكه‌وه‌ بارى ئه‌نتۆلۆژیانه‌ى خود پێك ده‌هێنن هه‌ر بۆیه‌ ده‌شێت ئه‌و سیانه‌یه‌ به‌ سیانه‌ى خود ناو ببه‌ین كه‌ بریتین له‌ (جه‌سته‌، رۆح، من) یان له‌شێوه‌یه‌كى تردا دڵ واته‌ ئاره‌زووى دنیایى، رۆح واته‌ دنیاى په‌ى پێنه‌براو، من واته‌ خودى فه‌رماندارو رووداو دروستكه‌ر له‌ شیعره‌كه‌دا.( ئه‌م بنیاده‌ به‌دوو لقه‌ هه‌ره‌مى به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر هه‌ڵده‌چن‎و هه‌ندێ كات ناتوانن پارێزگارى دورى نێوانیان بكه‌ن‎و لێكدى نزیك ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز دوورى نێوان ئه‌و دوو هه‌ره‌مه‌ (هه‌ره‌مى دنیاى جه‌سته‌و هه‌ره‌مى دنیاى رۆح) ناسڕێته‌وه‌، واته‌ نزیك بوونه‌وه‌ى هه‌ردوو هه‌ره‌مه‌كه‌ى بنیاد له‌یه‌كتر زیاتر له‌و كاتانه‌دا ده‌بێت كه‌ جه‌سته‌ واته‌ (دڵ) (كه‌ ئه‌ویش وه‌ك گوتمان ئاره‌زووى دنیایى نیشان ده‌دات) نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ى ناسنامه‌ى خۆى ون بكات‎و چىتر له‌دواى ئه‌و داواكراوانه‌ نه‌ڕوات كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، واته‌ جه‌سته‌ له‌سه‌ر هێڵێكى داڕێژراوى شێوه‌ به‌رنامه‌ له‌و بنیاده‌دا ناجوڵێت، ئه‌وه‌ش شكاندنى ئه‌و حاڵه‌ته‌ مه‌ئلوفه‌ نیشان ده‌دات كه‌ له‌رابردوودا هێڵكارییه‌كه‌ى كێشراوه‌. جه‌سته‌ له‌و چه‌ند حاڵه‌ته‌دا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت خه‌سڵه‌ته‌كانى خۆى ون بكات‎و نزیك ببێته‌وه‌ له‌رۆح یان بیه‌وێت ده‌مامكى كه‌سیه‌تى په‌ى پێنه‌براوى رۆح له‌سه‌ر بكات، به‌و هیوایه‌ى به‌نهێنىو په‌نهانى بمێنێته‌وه‌.
لقه‌ بنیادى یه‌كه‌م له‌سه‌ر حاڵه‌تى ئاماده‌بوونى (جه‌سته‌ = دڵ= ئاره‌زووى دنیایى) هه‌ڵچنراوه‌ كه‌ ئه‌ویش بنیادى دابڕان پێك دێنێت. دڵ په‌ست‎و عاجزه‌و ده‌نگ‎و هاوارو ناڵینى به‌هیچ كوێ ناگات. ئه‌م بنیادى دابڕانه‌ش له‌دێڕى یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‎و هه‌تا كۆتایى شیعره‌كه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ چونكه‌ بێزارى له‌گۆشه‌ى نادیاره‌وه‌ (پاڵنه‌ره‌كانى ناوه‌وه‌) ده‌زرنگێته‌وه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ى هه‌واى رۆح ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر له‌ره‌ى خه‌م‎و له‌گه‌ڵا زه‌نگى دڵدا ئه‌میش ده‌كه‌وێته‌ گریان‎و پرسیاركردنى (من)ى بگۆ له‌ دڵو نه‌شاره‌زایى سه‌رجه‌م رووى نه‌شاره‌زایى (من) ى بگۆ واته‌ (خودى سێیه‌م) له‌ بنیادى پێكهێنه‌رى شیعره‌كه‌دا نیشان ده‌دات‎و به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته‌ ئێسته‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ى بڵێین سه‌راپاى بنیادى شیعره‌كه‌ له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ره‌ (خود) بنیاد نراوه‌ كه‌ جه‌سته‌و رۆح وه‌كو دوو ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى بنیاده‌كه‌ هه‌ردووكیان به‌شێكن له‌ (من)و دیسان (من) خۆیشى وه‌كو خودێكى سه‌ربه‌خۆ له‌ پانتایى زمانى شیعره‌كه‌دا ئاماده‌بوونى هه‌یه‌و زۆربه‌ى جوڵه‌و پراكتیكى نێو ده‌قه‌كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌ربارى ده‌ركه‌وتنى رۆح‎و جه‌سته‌ وه‌كو دوو بنیادى ئاماده‌و سه‌ربه‌خۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ (من) له‌بارێكى ئاماده‌بوونى ئه‌وتۆدایه‌ كه‌ له‌پرۆسه‌ى جوڵاندن‎و خۆنواندنیدا وه‌كو ئاماده‌بوونێكى ئه‌نتۆلۆژیانه‌ رۆح‎و جه‌سته‌ پابه‌ندى ئه‌ون‎و له‌ده‌ره‌وه‌ى كۆنترۆڵكردنى جوڵه‌ى ده‌قه‌كه‌ له‌لایه‌ن (من) ه‌وه‌ هیچ ماناو ده‌لاله‌تێكى ئه‌وتۆیان نابێت له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ پێكهێنه‌رى ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌.
لقه‌ بنیادى (دڵ = جه‌سته‌) دوور له‌ ویست‎و داواكارى (من) و بێئه‌وه‌ى (من) ئاگادارى سه‌رچاوه‌ى ئه‌وهێزو پاڵنه‌ره‌ بێت كه‌ ده‌یوروژێنێ‎و ده‌یخاته‌ جوڵه‌و ئاراسته‌ى ده‌كات، ئه‌و واته‌ (دڵ) ده‌نگى خۆى ئاشكرا ده‌كات. (په‌ستى و بێزارى) به‌ ئه‌سپایى و به‌لاوازى ده‌نگێك دروست ده‌كه‌ن‎و به‌رزیشى ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ده‌نگى دڵ ده‌نگى جه‌سته‌یه‌، ئاره‌زووى دنیایىیه‌، غه‌ریزه‌ى بایۆلۆژیانه‌ى (من) ه‌ له‌كاتێكدا بنیادى جه‌سته‌ له‌شیعره‌كه‌دا هه‌رچۆن ده‌بێته‌ به‌شێك له‌بنیادى گشتى، هه‌مان شێوه‌ جه‌سته‌ وه‌كو توخمێكى بنیاده‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌ كه‌ینوونه‌یه‌كى باڵاتر كه‌ ئه‌ویش (من) ه‌ واته‌ ئه‌فریده‌بوویه‌كه‌ كه‌ له‌ جوڵه‌ى به‌رده‌وامیدا خه‌سڵه‌ته‌ ئینسانىیه‌كانى خۆى ئاشكرا ده‌كات. وه‌كو گوتمان ده‌نگى دڵ ده‌لاله‌تى غه‌ریزه‌ بایۆلۆژییه‌كانى مرۆڤ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ مرۆڤ نازانێت چۆن‎و كه‌ىو له‌كوێ ئه‌و ده‌نگه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ هه‌روه‌ك خودى (من) یش په‌ى به‌و راستىیه‌ نابات‎و به‌رده‌وام وه‌كو نهێنىیه‌ك لێى ده‌ڕوانێت كاتێ ده‌ڵێت:
ئه‌وا دیسان له‌گۆشه‌ى نادیارى
دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ى زه‌نگى فگارى
لێره‌دا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات به‌رامبه‌ر به‌ (گۆشه‌ى نادیارى دڵ) و لێمان ده‌پرسێت مه‌به‌ست له‌گۆشه‌ى نادیارى دڵ چىیه‌؟ دیاره‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ تیشكێك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و نهێنىیه‌ى له‌پشتى وشه‌كانه‌وه‌ خۆى حه‌شار داوه‌. مه‌به‌ست له‌گۆشه‌ى نادیارى دڵ ئه‌و سه‌رچاوه‌ په‌ى پێ نه‌براوه‌یه‌ كه‌ جێگاى له‌دایكبوونى حه‌زو ئاره‌زووه‌ دنیاییه‌كانى مرۆڤه‌ ئه‌ویش وه‌كو ئاره‌زووى سێكس، وروژان، خۆشه‌ویستى، ئاسووده‌یى، بێزارى.. تاد.
دڵ ئاره‌زوویه‌كى خۆیى به‌رزكردۆته‌وه‌و وا پێده‌چێت مه‌یلى جێبه‌جێ كردنى هه‌بێت، به‌ڵام كاریگه‌رى ئه‌و ویسته‌ى دڵ هه‌ر له‌ پانتایى سنوورى خۆیدا نامێنێته‌وه‌و دابڕاوو بێ په‌یوه‌ندى نابێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى ترى بنیادى شیعره‌كه‌دا به‌ڵكو وروژانى دڵو كۆنترۆڵكردنى له‌لایه‌ن ئه‌و حاڵه‌تى وروژانه‌وه‌ كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستى لێدانى زه‌نگى فگارى، له‌گه‌ڵا خۆیدا (رۆح) یش ده‌هه‌ژێنێ، زه‌نگێ بۆ رۆح لێده‌دات (هاوارى رۆحم ئه‌خاته‌ سه‌ر له‌ره‌ى خه‌م). له‌م باره‌شدا په‌یوه‌ندىو به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستانى (دڵ و رۆح) وه‌كو دووانه‌یه‌ك كه‌ له‌بۆته‌یه‌كى باڵاتردا پێكه‌وه‌ به‌ندن ده‌رده‌كه‌وێت‎و سیماى په‌یوه‌ندى دایه‌لێكتیكانه‌ى نێوانیان ئاشكرا ده‌بێت. رۆح له‌ژیر كاریگه‌رى داواكارى دڵ یان جه‌سته‌دا به‌ئاگادێت، به‌ڵام ئه‌و به‌ئاگا هاتنه‌وه‌یه‌ى رۆح له‌شێوازى وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كدایه‌ بۆ لێدانى ئه‌و زه‌نگه‌ى له‌گۆشه‌ى نادیارى دڵه‌وه‌ هه‌ڵسا.
واته‌ هه‌رچۆن دڵ یان جه‌سته‌ له‌ژێر فشارى كاریگه‌رى زه‌نگه‌ سه‌رچاوه‌ نادیاره‌ه‌كه‌دا وروژاوه‌ هه‌مان شێوه‌ رۆحیش گه‌یشتۆته‌ حاڵه‌تى هه‌ژاندن‎و شان به‌شانى جه‌سته‌ به‌هێواشى ده‌ه‌ژێت. به‌ڵام هه‌ردووكیان ده‌نگیان كزه‌و له‌سه‌ر هواى خه‌منن. (من) ده‌یه‌وێت ته‌نها گوێى له‌زرنگه‌ى زه‌نگه‌كه‌ بێت به‌و هیوایه‌ى له‌و داواكارییه‌ حاڵى ببێت كه‌ زرنگه‌ى زه‌نگه‌كه‌ دروست ده‌كات، واته‌ ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زه‌نگه‌كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ گه‌یاندنى ده‌نگى دڵ به‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆى. له‌راستیدا رۆح‎و جه‌سته‌ وه‌كو دوو توخم ده‌بێت بكه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵى (من) ه‌وه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا به‌ڵام (من) وه‌كو خودى پراكتیك كه‌ر له‌پانتایى ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌دا ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتى خۆى له‌پانتایى كاركردنى رۆح‎و جه‌سته‌دا دیارى بكات. لێره‌دا ده‌شێ پێكهاته‌ى بنیادى كه‌سێتى (من) و پێكهاته‌كانى واته‌ رۆح‎و جه‌سته‌ به‌ چه‌مكێكى فرۆیدى ناودێر بكه‌ین‎و وه‌كو سوپه‌رئیگۆ بڕوانرێته‌ (من). رۆح‎‏و جه‌سته‌ش به‌ ئیگۆو ئید ناوببرێن، كه‌ من له‌پرۆسه‌ى جوڵه‌ى شیعره‌كه‌دا ده‌یه‌وێت ده‌ورى چاودێر ببینێت‎و خۆى رۆڵى دیسپلین كردنى ویسته‌كانى جه‌سته‌و نهێنىیه‌كانى رۆح ببینێت‎و حاڵه‌تى به‌رامبه‌ر وه‌ستان‎و دژایه‌تى نێوان رۆح‎و جه‌سته‌ش كپ بكاته‌وه‌و خۆى ده‌ورى هێزى سه‌ركوتكه‌رو چه‌پاندن ببینێت، به‌ڵام له‌راستیدا (من) له‌ پانتایى شیعره‌كه‌دا لاوازه‌و به‌ئاسانى ناتوانێت ئه‌و جۆره‌ پراكتیكه‌ بكات.
رۆح كاتێ به‌ده‌نگى زه‌نگى دڵ واته‌ جه‌سته‌ ده‌هه‌ژێ ناتوانێت له‌ گه‌ورهه‌رى ئه‌و ده‌نگه‌ تێ بگات، هێنده‌ حاڵى ده‌بێت كه‌ جه‌سته‌ سكاڵا ده‌كات‎و ئاخ‎و هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشێت‎و ئه‌میش له‌گه‌ڵیدا به‌كوڵا ده‌گرى. لێره‌دا ئاراسته‌یه‌كى دوو لایه‌ن دروست ده‌بێت. ئه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌بارى یه‌كه‌مدا رۆح له‌لایه‌ن داواكارییه‌كانى جه‌سته‌وه‌ زه‌نگى وریاكردنه‌وه‌ى بۆ لێده‌درێت‎و ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌چ مه‌به‌ستێك ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ دواتر به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى ده‌گه‌ین. له‌بارى دووه‌مدا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ رۆح له‌ كه‌ینوونه‌ى خۆیدا رۆحێكى په‌شێوه‌و له‌حاڵه‌تى گومان‎و قه‌له‌ق‎و تێڕاماندایه‌. ئه‌مه‌ش پرسیارى دووه‌مه‌ له‌م شیعره‌دا كه‌ رویه‌كى جیهانبینى شیعره‌كه‌ به‌مه‌وه‌ به‌ستراوه‌. من وه‌كو خودى باڵا له‌ شیعره‌كه‌دا له‌ ده‌نگى رۆح حاڵى نابێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ رۆح تاكو ئێستا له‌سنوورى نهێنیدا ماوه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌خودى من‎و من نه‌یتوانیوه‌ نه‌ په‌ى به‌نهێنىیه‌كان ببات نه‌ كۆنترۆڵى رۆح بكات‎و ئه‌نجام دسیپلینى بكات‎و به‌پێى به‌رنامه‌یه‌كى داڕێژراو ئاراسته‌ى بكات.
ئه‌م حاڵه‌تى په‌ى پێنه‌بردن‎و نه‌ناسینه‌ى رۆح له‌لایه‌ن خودى منه‌وه‌ لاوازى كه‌سێتى من نیشان ده‌دات، به‌ڵام من سه‌ربارى درك نه‌كردن هێشتا له‌ پرۆسه‌ جوڵه‌یه‌كدا هه‌وڵده‌دات بگاته‌ ئاستى ناسینى ماهیه‌تى رۆح، ئه‌وه‌ش وه‌هاى لێده‌كات چه‌ند پرسیارێك به‌رزبكاته‌وه‌، ئه‌و پرسیارانه‌ش راسته‌وخۆ رووبه‌ڕوى رۆح ده‌یان كات‎و، پرسیارن له‌ گه‌وهه‌رو ناسنامه‌ى رۆح. دیاره‌ گه‌یشتنى خود به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیار خاڵێكى گرنگه‌ چونكه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێ ده‌بێ ئه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ین كه‌ كاتێ خود وه‌ك ئینسان ده‌گاته‌ ئاستى پرسیاركردن ماناى درك به‌راستى گه‌ڕان له‌دواى دۆزینه‌و گه‌یشتن به‌نوێ ده‌كات، ده‌یه‌وێت ده‌رگاى داخراوى سه‌ر به‌نهێنىیه‌ك بخاته‌ سه‌رپشت، دنیایه‌كى تازه‌ بخاته‌ڕوو، (به‌ڵێ) بۆ ئه‌و دنیا نوێیه‌ بكات‎و له‌پاڵا ئه‌وه‌دا دنیاى كۆن نه‌فى بكات.
ئه‌و پرسیارانه‌ى كه‌ (من) له‌ ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌دا به‌رزیان ده‌كاته‌وه‌و ئاراسته‌ى رۆح ده‌كرێن سه‌رچاوه‌كه‌یان (دڵ) یان (جه‌سته‌) یه‌، واته‌ له‌گۆشه‌ى نادیارى دڵه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. بۆیه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كان ده‌شێ له‌ ئه‌نجامى شیكردنه‌وه‌ى بیناى زمانى ده‌قه‌كه‌وه‌ ئاشكرا بكرێن به‌ تایبه‌تى به‌ دۆزینه‌وه‌ى مه‌دلوله‌ سایكۆلۆژییه‌كان كه‌ كۆمه‌ڵێ ده‌لاله‌تى سایكۆلۆژى ئاشكرا له‌ بنیادى زمانى ده‌قه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى ئه‌و مانایانه‌ هه‌ڵده‌گرن‎و له‌مه‌ودایه‌كى قوڵتردا مه‌دلولى سێكسیشكیان ده‌بێت. به‌ڵام (من) هه‌ر پرسیار ده‌كات‎و له‌سه‌ر به‌رزركدنه‌وه‌ى پرسیاره‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت،‎ هه‌ر له‌ شێوازى به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیار به‌دواى پرسیاردا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خودى پرسیاركه‌ر له‌ بارێكى ده‌روونى په‌شێوو شلۆقدایه‌، گومانێك كۆنترۆڵى هه‌ست‎و نه‌ستى كردوووه‌و پرسیار له‌دواى پرسیار به‌رزده‌كاته‌وه‌ چونكه‌ ناتوانێت له‌وه‌ دڵنیابێت كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ ده‌یگه‌یه‌نێته‌ حاڵه‌تى یه‌قین‎و به‌وه‌ش له‌دوو دڵىو گومان رزگار ببێت‎و له‌رووى ده‌رونیه‌وه‌ بحه‌وێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیار به‌دواى پرسیاردا به‌رده‌وام ده‌بێت. ده‌لاله‌تى قوڵترى پرسیار به‌دواى پرسیاردا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من وه‌كوو خودێكى داهێنه‌ر به‌گومانه‌وه‌ له‌ هه‌موو شتێك ده‌ڕوانێت‎و ناتوانێت بڕوا به‌ جێگیرى شته‌كان بهێنێت‎و بڕواى به‌تاك مه‌ودایى هیچ دیارده‌یه‌ك نىیه‌ له‌ گه‌ردووندا، بۆیه‌ له‌برى پرسیارێك چه‌ندین پرسیارى هه‌یه‌ به‌و هیوایه‌ى له‌برى تاكه‌ مانایه‌ك بۆ ژیان، بۆ بوون چه‌ندین مانا بدۆزێـته‌وه‌.
كاتێ (من) پرسیار ده‌كات ده‌یه‌وێت ئه‌و زه‌نگه‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌ جه‌سته‌ (دڵ) دایه‌ بزرنگێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ زه‌نگه‌كه‌ش ده‌زرنگێته‌وه‌ ئه‌م په‌ست ده‌بێت. ئه‌م باره‌ شلۆق‎و ناجێگیره‌ى (من) كه‌ له‌پانتایى ده‌قه‌كه‌دا ناگاته‌ حاڵه‌تى سه‌قامگیربوون‎و دڵنیایى حاڵه‌تى نیگه‌رانىو گومان‎و تێڕامان دروست ده‌كات، كه‌ خودى من له‌ ئه‌نجامى گه‌یشتن به‌و حاڵه‌تى نیگه‌رانىو تێڕامانه‌دا ده‌گاته‌ ئاستى پرسیاركردن. لاوازى زڕه‌ى زه‌نگه‌كه‌ى دڵ تێكڕأ كرده‌ى ده‌ربڕین‎و ئه‌نجامدانى كار نیشان ده‌دات كه‌ توخمه‌كانى زمان ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن ئه‌ویش به‌هۆى ئاوه‌ڵناو و ئاوه‌ڵفرمان‎و فرمانى نه‌رێو فرمانى ئه‌رێى كردار نێگه‌تیڤه‌وه‌ واته‌ كردارى نه‌رێوه‌ كه‌ تێكڕا ئه‌م ره‌گه‌زه‌ زمانیانه‌ بارى شلۆقىو له‌هه‌مان كاتدا كرده‌ى لاواز له‌ سه‌راپاى ده‌قه‌كه‌دا نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ (به‌ ئه‌سپایى، به‌بێ هێزى، به‌ ئاسته‌م، به‌ له‌رزۆكى، هه‌ژارى، ئه‌ناڵێنێ، تێرنابم، تێى ناگه‌م، نازانم، ناشاره‌زایى، په‌ستم، وێڵا ئه‌بێ، به‌ماتى….) به‌ڵام رۆح هێدى هێدى له‌ژێر كاریگه‌رى زڕه‌ى زه‌نگى په‌ستىو بێزارى دڵدا ده‌هه‌ژێ هه‌تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى خوڕخوڕ له‌گه‌ڵا زڕه‌ى ئه‌و زه‌نگى په‌ستىیه‌دا بگرى. ئه‌م بنیاده‌ش له‌ بنیادى گشتى ده‌قه‌كه‌دا بنیادێكى كراوه‌یه‌ كه‌ له‌چه‌ند پرسیارێك دروست ده‌بێت‎و سه‌رجه‌مى پرسیاره‌كانیش من به‌رزیان ده‌كاته‌وه‌، ده‌شێ رۆح له‌سنووى جوڵه‌ى خۆیىو له‌و پانتاییه‌ى كه‌ له‌خودى خۆیدا ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ردا ده‌شكێو لێى شاره‌زایه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى (من) ى ده‌ستگیر نه‌بێت‎و نه‌توانێت وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، یان له‌بارێكى تردا رۆح ئاماده‌گى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیارانه‌ى نه‌بێت، بۆیه‌ سه‌رجه‌مى بنیادى پرسیاره‌كان ده‌سپێرێت به‌ بنیادێكى رسته‌ى خه‌به‌رىو پرسیارو سه‌رسوڕمان كه‌ تێكڕا ئه‌م رستانه‌ له‌ جوڵه‌یه‌كى به‌رده‌وامى هه‌ست پێكراودان به‌ڵام له‌ سنوورێكى داخراودا. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و چه‌ند پرسیاره‌ یه‌ك به‌دواى یه‌كه‌دا مه‌وداى جیهانبینى ده‌قه‌كه‌ ده‌رده‌خه‌ن‎ كه‌ دواتر بۆ ئه‌م خاڵه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌.
رۆح ئاماده‌گى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانى (من) ى نىیه‌، یان وه‌ڵامى پرسیاره‌كان لاى ئه‌و ده‌ستگیر نابن چونكه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى پرسیاره‌كان (دڵ) جه‌سته‌یه‌، دڵیش ناتوانێت راسته‌وخۆ رۆح بوروژێنێ، به‌ڵكو زه‌نگى (دڵ) كه‌ ئه‌و زه‌نگه‌ش له‌سنوورى جوگرافیاى دڵدا شوێنه‌كه‌ى نه‌زانراوه‌، هه‌واى رۆح ده‌خاته‌ سه‌ر له‌ره‌ى خه‌م. لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت دڵ راسته‌وخۆ كار له‌ رۆح ناكات به‌ڵكو دڵ له‌رێگاى ئامرازێكه‌وه‌ یان هۆكارێكه‌وه‌ كه‌ زڕه‌ى زه‌نگى فگارىیه‌ كار له‌هه‌واى رۆح ده‌كات. هه‌واى رۆح ده‌هه‌ژێنێو ده‌یخاته‌ سه‌ر له‌ره‌ى خه‌م، هه‌واى رۆح له‌ ئه‌نجامى وروژاندا رۆح وریا ده‌كاته‌وه‌و له‌ ئاراسته‌ جوڵه‌یه‌كى به‌ره‌و ناوه‌وه‌دا له‌ره‌ى خه‌م كۆنترۆڵێ پانتایى رۆحى (من) ده‌كات، به‌ئاراسته‌یه‌كى پێچه‌وانه‌ش (من) ناتوانێت جه‌سته‌ بدوێنێ له‌به‌رماوه‌ى دوورى نێوانیان له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ (من) بێئاگایه‌ له‌ ویسته‌كانى جه‌سته‌، یان من له‌حاڵه‌تى خود دیسپلین كردندایه‌و نایه‌وێت وه‌ڵامى داواكارییه‌كانى جه‌سته‌ بداته‌وه‌. هه‌روه‌ك ده‌شێ لاوازى ده‌نگى جه‌سته‌ش له‌و بواره‌دا ده‌ورى خۆیى هه‌بێت. هه‌ربۆیه‌ (من) پرسیاره‌كانى ئاراسته‌ى رۆح ده‌كات. پێشه‌كى هه‌ندێ زانیاریش پێشكه‌ش ده‌كات كاتێ خۆى ناتوانێت له‌ده‌نگى جه‌سته‌ تىبگات، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر نێوه‌ندێك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌، به‌ڵام دواجار نێوه‌نده‌كه‌ خۆى ده‌بێته‌ لێپرسراوى یه‌كه‌م.واته‌ (خود) له‌بنیادى سێینه‌ى خۆیدا له‌م ئاسته‌دا به‌م جۆره‌ ده‌جوڵێت.
خودى یه‌كه‌م كه‌ (جه‌سته‌) یان (دڵ) له‌رێگاى زڕه‌ى زه‌نگه‌وه‌ ده‌یه‌وێت خودى سێیه‌م واته‌ (من) ئاگادار بكاته‌وه‌و داواكانى به‌رزبكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ى زڕه‌ى زه‌نگى دڵ كار له‌خودى دووه‌م (رۆح) ده‌كات‎و رۆح ده‌وروژێنێ. كاریگه‌رى وروژانى جه‌سته‌ له‌لایه‌ك‎و رۆژانى رۆحیش له‌ژێر كاریگه‌رى ویسته‌كانى جه‌سته‌دا له‌لایه‌كى تره‌وه‌ كار له‌ (من) واته‌ خودى سێیه‌م ده‌كه‌ن، (من) ده‌گاته‌ ئاستى وریابوونه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانێت له‌ده‌نگى خودى یه‌كه‌م‎و دووه‌م تێبگات، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامى ئاماده‌بوونى (من) دا له‌ ئاستێكى دیسپلین كراودا كه‌ ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى (من) به‌ واقیعى ده‌ره‌وه‌و په‌یوه‌ندىیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ نیشان ده‌دات، چۆن سانسۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى رێگاى ته‌قینه‌وه‌ى ناوه‌ ده‌گرێت‎و حاڵه‌ته‌كانى نهێنى ناخى مرۆڤ ده‌شارێته‌وه‌و ئه‌نجام له‌شێوه‌ى غه‌ریزه‌ى چه‌پێنراودا به‌شێكیان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌، هه‌ندێكى تریش له‌و ویستانه‌ به‌ر له‌وه‌ى بگۆڕێن بۆ ده‌لاله‌تێكى زمانى ده‌مرن.
ماوه‌ی نێوان جه‌سته‌و رۆح له‌ بیناى كه‌سێـى خودى ئاماده‌ى نێو ده‌قه‌كه‌دا گه‌لێك له‌یه‌كتر نزیك ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ ناسڕێته‌وه‌ به‌ڵكو درزێك له‌نێوانیاندا ده‌مێنێت. ئه‌مه‌ش وه‌هاى كردووه‌ رۆح‎و جه‌سته‌ وه‌كو دوو دنیاى سه‌ربه‌خۆ بمێنمه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ رۆحیش له‌به‌رده‌م پرسیاره‌كانى (من) دا ده‌سته‌وسانه‌و ناتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه‌. ئه‌م ده‌سته‌وسانیه‌ش جارێكى تر لاوازى كردار له‌بنیادى گشتى شیعره‌كه‌دا نیشان ده‌دات، هه‌روه‌ك چۆن ئاوه‌ڵناوو ئاوه‌ڵفرمان‎و فرمانى نه‌رێ له‌ بنیادى زمانى شیعره‌كه‌دا ده‌ورێكى دیاریان له‌ دروستكردنى حاڵه‌تى (ناكرده‌یى) دا هه‌یه‌ په‌یوه‌ست به‌ جوڵه‌ى (من).
(من) چه‌ند پرسیارێك به‌رزكردۆته‌وه‌:
چىیه‌ ئه‌ى رۆحى بێ لێوارو بێ په‌ى
له ‌تۆ ناشاره‌زایى من هه‌تاكه‌ى؟
چىیه‌ ئه‌م ده‌نگه‌؟ ئه‌م ئاوازه‌ دووره‌؟
كه‌ پێ هه‌ڵهێنه‌رى چاوى شعوره‌؟
چىیه‌ ئه‌م زه‌نگه‌ زرنگه‌ى دێ به‌ماتى
كه‌ ژێر ته‌م كه‌وتووه‌ شوێنى وڵاتى؟
هه‌ریه‌كه‌ له‌م پرسیارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ كه‌ (من) له‌ شیعره‌كه‌دا به‌رزى ده‌كاته‌وه‌، ده‌یه‌وێت له‌ گه‌وهه‌رى نه‌زانراوێك حاڵێ ببێت، ماهیه‌تى ئه‌وى زانراوه‌ى لائاشكرا بێت، تێكڕاى پرسیاره‌كانیش ده‌رباره‌ى كه‌ینوونه‌یه‌كى نه‌زانراو ده‌كرێن كه‌ ئه‌ویش رۆحه‌، هه‌روه‌ك نه‌ناسینى ماهیه‌تى رۆحیش بۆته‌ هۆى شاردنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى ئه‌و ده‌نگ‎و ئاوازه‌ كه‌ من هیچیان له‌باره‌وه‌ نازانێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ چاوى شعور ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام شوێنى سه‌رهه‌ڵدانى زرنگه‌ى زه‌نگه‌كه‌ش نازانێت چونكه‌ پێى وایه‌ له‌ دنیایه‌كى ون‎و نادیاردایه‌.
ده‌شێ وه‌ڵامى هه‌ریه‌كه‌ له‌و پرسیارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى شیكردنه‌وه‌ى زمانىو دۆزینه‌وه‌ى ده‌لاله‌ته‌كان له‌ هه‌ردوو هه‌ره‌مى جه‌سته‌و رۆحدا ده‌ستگیرببن. سه‌ره‌تا با سه‌رنجێ له‌ خودى جه‌سته‌ بده‌ین. تێكڕاى ئاوه‌ڵفرمانه‌كانى شوێن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ جه‌سته‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ غه‌ریزه‌كانى جه‌سته‌ یان سه‌رچاوه‌ى له‌دایك بوونى ئه‌و غه‌ریزانه‌ى كه‌ (من) نازانێت ئه‌و سه‌رچاوانه‌ له‌كوێدان. ئاوه‌ڵفرمانى (گۆشه‌ى نادیار) وه‌ك دالێك له‌به‌رامبه‌ریدا مه‌دلولى غه‌ریزه‌ى سێكسى هه‌یه‌ كه‌ جار له‌دواى جار زه‌نگه‌كه‌ى ده‌زرنگێته‌وه‌. (دیسان) ده‌لاله‌تى به‌رده‌وامى له‌نوێ وروژانه‌وه‌ى ئه‌و غه‌ریزه‌یه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ته‌نانه‌ت دواى هه‌ر كرده‌یه‌كى سێكسیش به‌ماوه‌یه‌كى كورت خۆى ده‌رده‌خاته‌وه‌. به‌ڵێ زڕه‌ى زه‌نگه‌كه‌ لێره‌دا په‌ست‎و په‌شێوه‌، لاوازو بێ هێزو له‌رزۆكه‌، به‌ڵام ئه‌ناڵێنێ. لێره‌شه‌وه‌ زیاتر سیماى وروژانى غه‌ریزه‌ى سێكسى ده‌رده‌كه‌وێت‎و پاڵنه‌رى ئه‌و غه‌ریزه‌یه‌ له‌ ناوه‌وه‌ له‌ جوڵه‌دایه‌ به‌ڵام ده‌شێ له‌سه‌ر پانتایى واقیعى ده‌ره‌وه‌ى (خود) پانتایىیه‌ك نه‌دۆزێته‌وه‌ بۆ پراكتیك كردن كه‌ ئه‌ویش یان هه‌ر له‌بنه‌ڕته‌وه‌ نه‌بوونى ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌ واته‌ (مێ) یان نائاماده‌گى ئه‌و ره‌گه‌زه‌یه‌ (ره‌گه‌زى مێ) له‌رووى نمایش كردنى جه‌سته‌وه‌ بۆ خودى (من)، هه‌تا به‌ئازادى (من) به‌و جه‌سته‌یه‌ بگات‎و بیدوێنێ.
لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ژێر كاریگه‌رى داواكارییه‌كانى جه‌سته‌دایه‌ كه‌ (رۆح) دووچارى په‌شێویى هاتووه‌و كاتێكیش كه‌ ئه‌و داواكارییانه‌ى جه‌سته‌ جێبه‌جێ ناكرێن بارى په‌شێوى رۆح زیاتر ده‌بێت‎و فشار ده‌خاته‌ سه‌ر (من).
(من) یش له‌ ئه‌نجامى ئه‌و فشارخستنه‌ سه‌ره‌دا ده‌گاته‌ ئاستى وه‌ڵامدانه‌وه‌، به‌ڵام ویسته‌كان‎و سه‌رچاوه‌ى دروستبوونیشیان ده‌كات‎و ئه‌و پرسیارانه‌ش رووبه‌ڕووى رۆح ده‌كاته‌ نه‌ك جه‌سته‌. ئه‌و زمانه‌ى دێته‌گۆو ده‌یه‌وێت داواكارییه‌كانى خۆى به‌ (من) بگه‌یه‌نێت‎ زمانى جه‌سته‌یه‌، به‌ڵام من نه‌ له‌گوێگرتن له‌و زمانه‌ تێر ده‌بێت نه‌ لێى تێده‌گات‎و نه‌ده‌شزانێت چى ده‌وێت. لێره‌وه‌ به‌ ته‌واوى ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ دیوارێكى ئه‌ستوور له‌نێوان خودى من‎و جه‌سته‌یدا هه‌یه‌. یان ئه‌وه‌تا به‌رده‌وامبوونى پرۆسه‌ى سانسۆركردنى جه‌سته‌ وه‌هاى كردووه‌ چىتر (من) به‌رامبه‌ر به‌ داواكانى ئه‌و جه‌سته‌یه‌ حاڵى نه‌بێت. یان نامۆبوونى (من) به‌رامبه‌ر به‌داواكارىیه‌كانى جه‌سته‌ به‌گشتىو تێنه‌گه‌یشتنى له‌ویسته‌كانى جه‌سته‌و ئه‌زموونه‌ سێكسىیه‌كانى بگه‌یه‌نێت.
به‌ڵام لێكدانه‌وه‌ى دووه‌م خواردبوونه‌وه‌یه‌ له‌و باره‌ شلۆقه‌ى رۆح كه‌ تواناى سه‌قامگیربوونى نىیه‌. ئه‌م باره‌ شلۆقه‌ى رۆحیش له‌نێوه‌ندى بنیادى شیعره‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ویش پرسیارو سه‌رسوڕمان دروستى ده‌كه‌ن. كلیلى دابڕان له‌ بنیادى ده‌قه‌كه‌دا بریتىیه‌:
چىیه‌ ئه‌ى رۆحى بَى لێوارو بێپه‌ى
له‌تۆ ناشاره‌زایى من هه‌تا كه‌ى؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ بنیاده‌ كراوه‌كه‌ داده‌خات، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامێكى ئایدیالیانه‌ى ئاماده‌ى بده‌یه‌وه‌، به‌ڵام هه‌تا به‌كۆتایى شیعره‌كه‌ش هیچ وه‌ڵامێكى ئه‌م پرسیاره‌ گه‌وهه‌رىیه‌ نادرێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌شێوه‌ى رسته‌ى پرسیاریداو له‌چه‌ند پرسیارێكى یه‌ك به‌دواى یه‌كدا ره‌گه‌زه‌كانى وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ ئاشكرا ده‌كرێن. زه‌نگه‌كه‌ كه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستى له‌زه‌نگى دڵه‌ له‌رووى وابه‌سته‌بوونیه‌وه‌ به‌لێكدانه‌وه‌ى به‌رۆحه‌وه‌ په‌ى به‌وه‌ نه‌براوه‌ كه‌ مه‌به‌ستى داواكارییه‌كانى رۆحى هه‌ڵگرتووه‌و كه‌ ئه‌ویش له‌ حاڵه‌تى په‌شێوى رۆحىو نیگه‌رانىو گومان كردندا ده‌رده‌كه‌ون كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ رۆحیه‌ش (من) ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستى تێ ئاواره‌بوون كه‌ ئه‌ویش تىئاواره‌بوونى ئه‌نتۆلۆژىیه‌و ره‌گ‎و ریشه‌ى دروستبوونى ئه‌و حاڵه‌تى تێئاواره‌بوونى ئه‌نتۆلۆژییه‌ش لاى گۆران ئاماده‌بوونى رۆحى داهێنان له‌ كه‌سیه‌تى گۆران‎دا دروستى كردووه‌.
(من) به‌ بیستنى زڕه‌ى زه‌نگى فگارى كه‌ زه‌نگى جه‌سته‌یه‌ په‌ست‎و بێزار ده‌بێت، كه‌ ناشیه‌ت، ئه‌م به‌دوایدا وێڵاو سه‌ودا سه‌ر ده‌بێت، لێره‌دا (من) شوناسنامه‌ى زڕه‌ى زه‌نگ له‌نێوان رۆح‎و جه‌سته‌دا تێكه‌ڵا ده‌كات‎و ناتوانێت جیاوازى نێوان داواكارییه‌كانى جه‌سته‌و داواكارییه‌كانى رۆح بكات. زه‌نگه‌كه‌ له‌ راستیدا له‌نێوه‌ندى بنیادى جه‌سته‌وه‌ (دڵ) به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ واته‌ ئامرازى ده‌ستى جه‌سته‌یه‌ بۆ ئاشكراكردنى داواكارییه‌كانى. هه‌ركاتێ ئه‌و زه‌نگه‌ نازرنگێته‌وه‌، ئه‌وا (دڵ) ده‌كه‌وێته‌ حاڵه‌تى حه‌وانه‌وه‌وه‌، واته‌ هێزى دروستكه‌رى زه‌نگه‌كه‌ له‌بارى ئۆقره‌ گرتندایه‌. به‌ڵام كه‌ نایه‌ت جارێكى دى ئاره‌زووى دڵ (جه‌سته‌) به‌دواى هۆى وریاكردنه‌وه‌كه‌دا وێڵا ده‌بێت واته‌ له‌دواى زه‌نگه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێت تا بیزرنگێنێته‌وه‌. دیاره‌ بێ چه‌ندو چوون ئاره‌زووى دڵ، بریتىیه‌ له‌ ئاشكراكردنى حه‌زو ویسته‌ غه‌ریزییه‌كان‎و ئاشكراتر بڵێین ئاره‌زووى سێكسى نیشان ده‌دات. كه‌واته‌ له‌م باره‌یاندا زڕه‌ى زه‌نگه‌كه‌ زڕه‌ى تواناى ئه‌نجامدانى كرده‌ى سێكسىیه‌. به‌ڵام هه‌ر له‌ میانه‌ى ده‌لاله‌تى زمانى ده‌قه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌رینه‌وه‌ى ئه‌و زه‌نگه‌یه‌ گه‌لێك هێواش‎و له‌سه‌رخۆیه‌ به‌ تایبه‌تیش ئاوه‌ڵناوو ئاوه‌ڵفرمانى ده‌قه‌كه‌ ئاشكراى ده‌كه‌ن له‌وانه‌ش (به‌ئه‌سپایى، به‌بێ هێزى، به‌ئاسته‌م، به‌ له‌رزۆكى، هه‌ژارى،…) هێواشى زرنگه‌ى زه‌نگه‌كه‌ ده‌لاله‌تى لاوازى ئاره‌زووى سێكسى نیشان ده‌دات. تواناى زه‌نگه‌كه‌ش توانایه‌كى لاوازه‌و پانتایى پیاده‌كردنى ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ زه‌نگه‌كه‌ له‌ پێناوى پراكتیك كردنیدا ده‌زرنگێته‌وه‌ كه‌لاوه‌و وێرانه‌یه‌، یان له‌ بارێكى تردا ده‌توانین بڵێین ئه‌و پانتاییه‌ ئاشكرا نىیه‌و تاكو ئێستاى له‌دایك بوونى ده‌قه‌كه‌ به‌ نه‌زانراو ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بێت‎و وه‌هاى لێك بده‌ینه‌وه‌ كه‌ جار له‌دواى جار هه‌ڵسانه‌وه‌ى زڕه‌ى زه‌نگى فگارى له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌دا بێت ك هه‌ر جارێ كه‌ ئاره‌زووى سێكسى (من) ده‌وروژێ، پانتاییه‌ك نه‌بێت بۆ پیاده‌كردنى ئه‌و ئاره‌زووه‌ وروژاوه‌، ئه‌وا پاش ساتێكى هه‌ژان، حاڵه‌تى دامركانه‌وه‌و كپ بوونێكى ساتى روو ده‌دات، به‌ڵام هێنده‌ى پىناچێت حاڵه‌تى وروژان دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. وشه‌ى (دیسان) له‌دێڕى یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ حاڵه‌تى وروژان چه‌ندین جارى پێشتر رووىداوه‌و ئه‌وا ئه‌مجاره‌ش دیسان ده‌ركه‌وته‌وه‌. هه‌روه‌ك له‌هه‌مان كاتدا وشه‌ى (دیسان) ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دات گه‌رچى كرده‌ى سێكسى ئه‌نجامیش بدرێت‎و پانتایى بۆ ئه‌و پراكتیك كردنه‌ ئاماده‌بێت، هێشتا هه‌ر ئاره‌زووى سێكسى كپ نابێت، چونكه‌ وه‌كو حاڵه‌تێكى غه‌ریزى هه‌ر زوو سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.
ئێستا ئه‌وه‌مان ئاشكراكرد كه‌ ده‌لاله‌تى یه‌كه‌مى (گۆشه‌ى نادیار) بریتىیه‌ له‌و جێگا په‌نهانه‌ى كه‌ هێزى پاڵنه‌رى غه‌ریزه‌ى سێكسى تیا ده‌بزوێت. به‌ڵام له‌پاڵا ده‌لاله‌تى یه‌كه‌مدا (گۆشه‌ى نادیار) ده‌لاله‌تى ئایینى هه‌یه‌و ده‌شێ به‌شوێن‎و جێگاى نادیارى خواوه‌ند لێك بدرێته‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ روانیمانه‌ مه‌دلولى (شوێنى نادیار) ئه‌وا ره‌نجى هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ گۆران به‌ شاعیرێكى مولته‌زیمى حیزبى شیوعى ده‌زانن‎و پێیان وایه‌ گه‌وره‌یى گۆران به‌نده‌ به‌ هه‌ڵوێستى ئیلتیزامبوونى به‌و حیزبه‌وه‌ به‌باده‌ده‌ین. كه‌ له‌راستیدا له‌سه‌ر بنه‌ماى دۆزینه‌وه‌ى مه‌دلولاتى زمانى شیعره‌كه‌و ئه‌و پرسیارانه‌ى كه‌ ماهیه‌تى پرسیاریان هه‌یه‌و ده‌بێ وه‌ڵامى ئیبستیمى بدرێنه‌وه‌ شان به‌ شانى بارى نیگه‌رانىو گومانى گۆران وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك زیاتر پێده‌چێت كه‌ گۆران به‌ ئاراسته‌ى جیاوازو بگره‌ دژ به‌یه‌كیش پرسیارى خۆیى به‌رزكردبێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى نوێ، گۆران وه‌كو شاعیر له‌سنوورى یه‌ك پێناسه‌ بۆ ژیان‎و یه‌ك مانا بۆ بوون‎و به‌رده‌وامى نامێنێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ سه‌ربارى پرسیاركردنى به‌ئاراسته‌ى لێكدانه‌وه‌ى بوون‎و ژیان‎و حه‌قیقه‌ت له‌روانگه‌ى ئه‌و بیرو ئایدۆلۆژیایه‌وه‌ كه‌ ئیلتیزامى پێوه‌ هه‌بووه‌، گه‌ڕان له‌دواى حه‌قیقه‌تى بوون له‌ نه‌ستیدا پرسیار به‌ره‌و كه‌شفكردنى ئه‌و دنیا نه‌زانراوو په‌ى پێ نه‌براوه‌ دروست ده‌كات، كه‌واته‌ ئێستا ده‌توانین به‌كورتى پرسیارى گۆران له‌م ده‌قه‌یه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ست نیشان بكه‌ین. یه‌كه‌م: داخۆ شوێنى نادیار (گۆشه‌ى نادیار) ئه‌و پانتاییه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هێزى جوڵێنه‌رى غه‌ریزه‌ى سێكس زه‌نگى به‌ئاگا هێنانه‌وه‌ بۆ (من) لێ ده‌دات؟ دووه‌م: داخۆ (گۆشه‌ى نادیار) شوێنى نه‌زانراووو په‌ى پێنه‌براوى خواوه‌ند نیشان ده‌دات؟
بنیادى كات
كات له‌م شیعره‌دا له‌رابردووه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‎و هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامه‌. ئه‌مه‌ش جوڵه‌ى گشتى شیعره‌كه‌یه‌ له‌رابردووه‌وه‌ بۆ ئێستا، به‌ڵام جوڵه‌ى كات‎و ده‌مى فرمانى شیعره‌كه‌ش له‌رابردووه‌وه‌ تاكو ئێستان‎و له‌ حاڵه‌تى ئێستا وه‌ستاون، واته‌ داخستنێك به‌رووى ئاینده‌دا هه‌یه‌و له‌رووى توخمه‌كانى بنیاده‌وه‌ ده‌قه‌كه‌ ناپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌مىداهاتوو. داهاتوو له‌سنوورى رسته‌ى رێزمانیه‌وه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌كى بۆ نه‌كراوه‌، واته‌ له‌مه‌وداى درێژبوونه‌وه‌ یان دابه‌شبونى ده‌مه‌كانى كاته‌وه‌. (رابردوو، ئێستا) كاتێ ئاماده‌ن له‌ بنیادى (كاتى) ده‌قه‌كه‌دا، به‌ڵام ده‌لاله‌تى شیعره‌كه‌ به‌هۆى فه‌زاى نیگه‌رانىو دوو دڵىو دڵه‌ڕاوكێو تێڕامانه‌وه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و ئاینده‌یه‌ى جه‌سته‌و رۆح ئه‌گه‌ر له‌رووى مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ دیاربێت‎و چاوه‌ڕوانى بكه‌ن ئه‌وه‌ پێى ناگه‌ن چونكه‌ (من) به‌رامبه‌ر به‌رۆح‎و جه‌سته‌ راده‌مێنێت، له‌رابردوودا تواناى درك پێكردن‎و ئاماده‌گى ركێف كردنى ئه‌و دوو دنیایه‌ى نه‌بووه‌ كه‌خۆى وا ده‌رده‌خات خاوه‌ندێتى ئه‌وانى له‌ئه‌ستۆدایه‌. ئه‌و بێ تواناییه‌ له‌رابردووه‌وه‌ درێژبۆته‌وه‌ بۆ ئێستا، ئه‌و بێتواناییه‌ له‌رابردووه‌وه‌ بۆ ئێستا كشاوه‌ ئه‌وه‌ش له‌م دوو دێڕه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌وه‌ دیسان له‌گۆشه‌ى نادیارى
دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ى زه‌نگى فگارى.
چىیه‌ ئه‌ى رۆحى بێ لێوارو بێپه‌ى
له‌تۆ ناشاره‌زایى من هه‌تا كه‌ى؟
وه‌ك پێشتر وتمان بنیادى كات له‌م شیعره‌دا له‌سه‌ر دوو تافى (رابردوو، ئێستا) بنیاد نراوه‌، به‌ڵام كرده‌ى فرمانه‌كانى (ئێستا) كۆتایى پێ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو جۆرێك له‌په‌ڕینه‌وه‌ بۆ داهاتوویان تێدایه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى گواتسنه‌وه‌ى هه‌مان نائاماده‌یى (من) ده‌رده‌خات له‌داهاتووشدا بۆ پاڵنه‌ره‌ نهێنىو نادیاره‌كه‌ى (جه‌سته‌= دڵ)و تێگه‌یشتنى له‌ده‌نگى رۆح، بۆیه‌ زه‌مه‌نى شیعره‌كه‌ له‌رابردووه‌وه‌ بۆ ئێستاو بۆ داهاتووش چه‌ندێ درێژ ببێته‌وه‌ (من) هه‌ر به‌هه‌مان كه‌ینوونه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ له‌هه‌رسێ تافه‌كه‌دا هه‌مان بارى په‌شێوىو نامۆیىو ناكرده‌یىو ده‌رك پێنه‌كردنى هه‌مان جۆره‌ پرسیارى لادروست ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م باره‌ش ده‌شێ به‌ئاسایى كه‌ینوونه‌ى حه‌قیقى گۆران ده‌ربخات یان راستتر بڵێین خودى هونه‌رمه‌ندانه‌ى گۆران نیشان ده‌دات كه‌ هه‌میشه‌ ده‌باره‌ى گه‌وهه‌ربوون له‌گوماندا بووه‌ كه‌ خاڵى ده‌ست پێكردنى له‌خۆیه‌وه‌یه‌. به‌ر له‌هه‌موو شتێ (من) ناتوانێت وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ له‌جه‌سته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌و ده‌بنه‌ هۆى هه‌ژاندنى رۆح. ئه‌م له‌هه‌ق نه‌هاتنه‌ش رووبه‌ڕووى پرسیارى باڵاترى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش پرسیاره‌ له‌خودى رۆح، له‌ حه‌قیقه‌تى شته‌ په‌نهانه‌كان. هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌توانینى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كان‎و ده‌رك پێنه‌كردنى ئه‌و دنیا ئاڵۆزه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستى بنیادى شیعره‌كه‌یه‌. فرمانى نه‌رێ له‌ده‌قه‌كه‌دا روونه‌دانى كردار نیشان ده‌دات له‌وانه‌ش (نابم، تێى ناگه‌م، نازانم، نایه‌،…) نێگه‌تیف به‌رجه‌سته‌ى حاڵه‌تى لاوازى ده‌كات‎و گومان كردن به‌رامبه‌ر به‌ (كردار) نیشان ده‌دات. ئاوه‌ڵناوو ئاوه‌لفرمانیش له‌بنیادى ده‌قه‌كه‌دا دوو ره‌گه‌زى وه‌ستاوى زمانن، یان وه‌سفى حاڵه‌تى وه‌ستان‎و ناكرده‌یى (من) ده‌كه‌ن یان كرده‌ نێگه‌تیفه‌كانى ده‌خه‌نه‌ڕوو. به‌واتا ره‌گه‌زه‌ زمانیه‌كان له‌بنیادى ئه‌م شیعره‌دا به‌تێكڕا ده‌لاله‌تى لاوازىو ناكرده‌یى خودى (من) به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. ئه‌و خوده‌ش واته‌ (من) ده‌شێ كه‌سیه‌تى ئاماده‌ى نێو واقیعى كۆمه‌لایه‌تى ئێمه‌ بێت له‌سه‌ر وه‌ختى له‌دایكبوونى ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌دا.
(من) پێشتر چه‌ند پرسیارێكى به‌رزكرده‌وه‌ به‌ڵام وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى ده‌ستگیر نابێت. هه‌ڵبه‌ته‌ پانتایى دنیاى ناوه‌و ده‌نگ‎و ویسته‌كانى ئه‌و دنیایه‌ لاى (من) تاكو كاتى له‌دایكبوونى شیعره‌كه‌ له‌ سنوورى نهێنیدان، ئه‌مه‌ش دیسان توخمێكى ترى پێكهێنه‌رى بنیادى گشتى شیعره‌كه‌یه‌ وه‌كو بنیادێكى كراوه‌ كه‌ (كردار) ى تێدا روونادات‎و پرسیاره‌كانى رابردوو و ئێستاى (من) وه‌ڵام نادرێته‌وه‌و لێره‌وه‌ مه‌وداى جیهانبینى خودى (من) ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و جیهانبینىیه‌ى كه‌له‌سه‌ر بنه‌ماو زه‌مینه‌ى ئاماده‌ى كۆمه‌ڵێ پرسیارى مه‌عریفى بنیاد ده‌نرێت كه‌ ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌ پرسیاره‌كان ئاراسته‌ى بكه‌ین: بۆچى دیسان له‌گۆشه‌ى نادیارى دڵه‌وه‌ زه‌نگى فگارى لێده‌داته‌وه‌؟ بۆچى زرنگه‌ى زه‌نگه‌كه‌ هێواشه‌؟ ئه‌وه‌ چ زمانێكه‌ كه‌ زه‌نگه‌كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ داواكارى گۆشه‌ى نادیارى دڵ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ بۆ (من)؟ خودى ئه‌و ده‌نگه‌ چىیه‌؟
بنیادى شوێن
شوێن له‌م شیعره‌ى گۆران‎دا بوونێكى مادیانه‌ى نىیه‌، هیچ كام له‌ توخمه‌كانى سروشت‎و ئه‌و توخمانه‌ى كه‌ ئاماژه‌ى مادیانه‌ى شوێن ده‌كه‌ن له‌ ده‌قه‌كه‌دا ئاشكرانین، ته‌نها به‌شێك له‌شوێن به‌هۆى توخمێكى ناسراوى تره‌وه‌ ده‌ناسرێت وه‌كو (گۆشه‌ى نادیارى دڵ) كه‌ دڵ خۆى پێناسه‌ كراوه‌ له‌رووى شوێنه‌وه‌. به‌ڵام گۆشه‌ى نادیارى ته‌نها بوونێكى مه‌عنه‌وى هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت له‌رووى توێكارى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى له‌شى زینده‌وه‌ریشه‌وه‌ به‌شێك دیارى نه‌كراوه‌و پێى بگوترێت (گۆشه‌ى نادیارى). كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین شوێن توخمێكى به‌رجه‌سته‌كراوو پێناسه‌كراو نىیه‌ له‌بنیادى ئه‌م شیعره‌دا. ئه‌مه‌ش ناجێگیرىو په‌شێوى (من) واته‌ خودى به‌رهه‌م هێنى شیعره‌كه‌ واته‌ (گۆران) نیشان ده‌دات كه‌ پابه‌ندو په‌یوه‌ستى شوێن نىیه‌، ئه‌و شوێنه‌ى كه‌ زۆرجار ده‌بێته‌ كۆت‎و پێوه‌ندێك‎و خودى هونه‌رمه‌ندایه‌تى گۆت ده‌كات‎ یان ئازادى داهێنان ده‌كوژێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و راستىیه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ داهێنان په‌یوه‌ستى شوێن‎و بگره‌ كاتیش نىیه‌.
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد تاكه‌ ده‌لاله‌تێكى شوێن له‌بنیادى گشتى شیعره‌كه‌دا (گۆشه‌ى نادیارى دڵ)ه‌ كه‌ له‌دێڕه‌كانى (1،6،18،20) ده‌لاله‌تى شوێنیان تێدایه‌، به‌ڵام شوێنێكى نه‌ناسراو كه‌ دیسان به‌نده‌ به‌ پرسیاره‌ كراوه‌كانى (من) ه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ى (جه‌سه‌ته‌و رۆح) ى ده‌كات، ئه‌ویش وه‌ك گوتمان لێكدانه‌وه‌ى بایۆلۆژیانه‌و له‌هه‌مان كاتدا ده‌لاله‌تى هێزێكى میتافیزیكى هه‌ڵده‌گریت كه‌ له‌ شوێنى نادیارو نه‌زانراوو پێناسه‌ نه‌كراودا ئاماده‌بوونى هه‌یه‌ واته‌ خواوه‌ند. ئه‌م لێكدانه‌وه‌ دوو جه‌مسه‌رییه‌ش وه‌ك له‌حاڵه‌تێكى شیاو (ممكن) دا جارێكى تر بارى په‌شێو و شلۆقى (من) له‌ بنیادى گشتى شیعره‌كه‌دا نیشان ده‌دات، له‌هه‌مان كاتدا ئاستى لاوازى ئاماده‌بوونیشى ده‌نوونێ له‌كاتێكدا نه‌ له‌زه‌نگى فگارىو له‌رۆحى بێ لێوارو بێپه‌ى ده‌گات.
بنیادى ئیقاع
ئه‌م شیعره‌ى گۆران له‌ نبادى داڕشتندا ئایا مبیك پێنتامیته‌ره‌، به‌ڵام له‌چه‌ند نیوه‌ دێڕێكدا ئه‌م بنیاده‌ تێكشكێنراوه‌ ئه‌ویش به‌وه‌ى یان میترێك زیادكراوه‌ یان كه‌م، كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ربارى شێواندنى ئیقاع پابه‌ندى بارى په‌شێوى (من) ه‌ كه‌ ل بنیاد دووانه‌ى (پرسیار) وه‌كو بنیادى رێزمانى، سیانه‌ى خودیش وه‌كو بنیادى گشتى شیعره‌كه‌یه‌، ئیقاع سه‌ربارى تێكچوونى یه‌كه‌ مۆسیقیه‌كان كه‌ پێویتسه‌ رسته‌ خه‌به‌رییه‌كان له‌ئاستى به‌رزى ئیقاعه‌وه‌ بۆ نزم كۆتاییان پێ بێت‎و رسته‌ پرسیارییه‌كانیش ئیقاع به‌رزبێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ده‌قه‌كه‌دا واناكه‌وێته‌وه‌. له‌رسته‌ى خه‌به‌ریدا ئیقاع به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئیقاعیش له‌سه‌ر بنه‌ماى بنیادى سیانه‌ى خود له‌شیعره‌كه‌دا لێك ده‌درێته‌وه‌. ده‌نگى جه‌سته‌ (ئیقاعى) دڵ كه‌ تێكڕاى رسته‌كانى رسته‌ى خه‌به‌رین یان له‌شێوه‌ى گێڕانه‌وه‌دان تۆنى سه‌ر كوتانه‌وه‌ى خودى یه‌كه‌م (جه‌سته‌= دڵ) وه‌كو غه‌ریزه‌ى بایۆلۆژى له‌ناوه‌وه‌ ده‌وروژێ، ئاراسته‌ى وروژانیش به‌رزبوونه‌وه‌یه‌، واته‌ ئاراسته‌ى ئیقاع له‌بنیادى جه‌سته‌دا سه‌ركه‌وتنه‌، فرمانى (هه‌ڵسا) و وروژانى ئاره‌زووى دنیایى كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى دڵه‌ یه‌ك ئاراسته‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش ئاراسته‌ى سه‌ركه‌وتنه‌.
ئه‌وا دیسان له‌گۆشه‌ نادیارى
دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ى زه‌نگى فگارى
ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌نگى جه‌سته‌ ئاراسته‌ى سه‌ركه‌وتنى هه‌یه‌ كه‌ له‌ گۆشه‌ى نادیارى دڵه‌وه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌. ئه‌م ئیقاعه‌ هێدى هێدى كار له‌ خودى دووه‌م (روح) ده‌كات، رۆح له‌گه‌ڵا ده‌نگى جه‌سته‌دا جووت ده‌بێت‎و له‌گه‌ڵیدا ده‌گرى، ئاراسته‌ى ئیقاع له‌ بنیادى خودى دووه‌م‎دا واته‌ رۆح كه‌ دێڕى (11،12) ده‌گرێته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ى دابه‌زینه‌.
چىیه‌ ئه‌ى رۆحى بێ لێوارو بێ په‌ى
له‌تۆ ناشاره‌زایى من هه‌تا كه‌ى؟
ئێستا له‌م دوو دێڕه‌ى سه‌ره‌وه‌دا ئاراسته‌ى ئیقاع دابه‌زینه‌، ئه‌مه‌ش له‌راستیدا لادانه‌ له‌یاساى رێزمانى بۆ ئاراسته‌ى ئیقاع چونكه‌ له‌پرسیارى رێزمانیدا ئاراسته‌ى ئیقاع به‌رزبوونه‌وه‌یه‌. به‌ڵام لێره‌دا رۆح به‌ده‌نگێ مه‌سته‌و ده‌هه‌ژێو له‌گه‌ڵیدا ئاراسته‌ى رێ ده‌گرێ.. به‌ڵام هه‌ژاندنى رۆح ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر توخمه‌كانى زمان دیارى بكات‎و ئاراسته‌ى ئیقاع به‌رزبێته‌وه‌. جه‌سته‌ دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌گاته‌ دواپله‌ى هه‌ژاندنى هێور ده‌بێته‌وه‌، رۆحیش گه‌رچى له‌بارێكى هه‌ژاندنى لاوازدایه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵا حه‌وانه‌وه‌ى جه‌سته‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئیقاعدا به‌ ته‌واوى به‌ره‌و نزم بوونه‌وه‌ ده‌جوڵێت. ئه‌مه‌ش له‌دێڕى (11،12) ى شیعره‌كه‌دا به‌ئاشكرا ده‌ركى پێده‌كرێت.
چىیه‌ ئه‌ى رۆحى بێ لێوارو بێ په‌ى
له‌تۆ ناشاره‌زایى من هه‌تا كه‌ى؟
له‌راستیدا ده‌بێ ئاراسته‌ى ئیقاع لێره‌دا به‌رزبوونه‌وه‌ بێت، به‌ڵام له‌ده‌قه‌كه‌دا پێچه‌وانه‌یه‌. چونكه‌ له‌پرسیاردا ئیقاع به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
به‌ڵام بنیادى خودى دووه‌م (رۆح) له‌ئاستى دابه‌زینى خۆیه‌وه‌ كار له‌ ئیقاعى رێزمانى ده‌كات‎و ده‌یگۆڕێت، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆى حاڵه‌تى شكاندن له‌ سه‌راپاى بنیادى شیعره‌كه‌دا له‌ ئایامبیك پێنتامیته‌ره‌وه‌ بۆ كه‌مترو زیاتر. ئه‌مه‌ش له‌ژێر كاریگه‌رى بارى په‌شێوو نیگه‌رانى (رۆح) داو تێنه‌گه‌یه‌شتنى (من) له‌ده‌نگى رۆح كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌تى شكاندنى یاساى باوه‌ به‌ره‌و پرسیارى نوێش رێ ده‌گرێ.
بنیادى ئیقاعى سێیه‌م له‌سه‌ر بنه‌ماى پرسیاره‌كانى خودى من بنیاد ده‌نرێت كه‌ بنیادێكى داخراوه‌و تا ده‌ستگیربوونى وه‌ڵامى پرسیاره‌كان ناكرێته‌وه‌. (من) به‌رامبه‌ر هه‌ردوو لقه‌ بنیاده‌كه‌ى تر واته‌ (جه‌سته‌، رۆح) وه‌ستاوه‌، به‌ڵام ئاراسته‌ى ئیقاعى ئه‌م لقه‌ بنیاده‌ دابه‌زینه‌. (من) له‌ ئاستێكى به‌رزترو له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ى لقه‌ بنیاده‌كانى (جه‌سته‌، رۆح) وه‌ستاوه‌، له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌وه‌ پرسیاره‌كان ئاراسته‌ ده‌كات. له‌راستیشدا پرسیاره‌كان دواى به‌رزبوونه‌وه‌ى زه‌نگى فگارى له‌گۆشه‌ى نادیارى دڵه‌وه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى رۆح واته‌ هه‌ژاندنى به‌كاریگه‌رى ده‌نگى جه‌سته‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن. واته‌ پرسیاره‌كانى (من) له‌راستیدا له‌ژێر كاریگه‌رى جوڵه‌ى ناوه‌وه‌یى جه‌سته‌و رۆحدا دروست ده‌بن.
ده‌بینین هیچ وه‌ڵامێك ده‌ستگیر نابێت، ته‌نها پرسیار ئاراسته‌ ده‌كرێت، ده‌نگى دڵ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پانتایى ده‌سه‌ڵاتى رۆح. رۆح له‌ژێر كاریگه‌رى ده‌نگى دڵدا ده‌هه‌ژێو ده‌نگى دڵو رۆح پێكه‌وه‌ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ تا ده‌گه‌نه‌ گوێى من، یان هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ى من وریا ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام من هیچیان لێ حاڵێ نابێت بۆیه‌ ده‌كه‌وێته‌ پرسیاركردن، پرسیار ئاراسته‌ ده‌كات، به‌ڵام پرسیاره‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كى پێچه‌وانه‌ ئاراسته‌ى رۆح ده‌كرێن (چىیه‌ ئه‌ى رۆحى بێ لێوارو بى په‌ى
له‌تۆ ناشاره‌زایى من هه‌تاكه‌ى؟)
من زانیارىیه‌كى كه‌م ده‌رباره‌ى رۆح له‌و پرسیاره‌دا پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆح بێلێوارو بێپه‌یه‌ واته‌ قوڵاو بێ سنووره‌. پرسیاره‌كان له‌راستیدا بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه‌، نه‌رۆح خۆى به‌ وه‌ڵام دێت، نه‌ جه‌سته‌ش ده‌بێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤى رۆح‎و وه‌ڵام بداته‌وه‌. داخرانى وه‌ڵامى پرسیاره‌كان بۆته‌ هۆى دابه‌زینى ئیقاع. له‌ راستیشدا پرسیاره‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ماهیه‌تى نه‌زانراوێك ده‌كرێن كه‌ له‌ پانتایى ده‌قه‌كه‌دا ناتوانرێت هه‌وڵى دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامه‌كانیان بدرێت، به‌ڵام وه‌ڵامێكى ئاماده‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌دا هه‌یه‌و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆح له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌ى پێ بردنى مرۆڤه‌و ته‌نها له‌زانینى خواوه‌نددایه‌. ئه‌م وه‌ڵامه‌ ئاماده‌یه‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كىیه‌ ك له‌رووى مه‌عنه‌وىیه‌وه‌ ماناى پرسیاره‌كه‌ لێك ده‌داته‌وه‌و به‌و پێیه‌ش پرسیاره‌كه‌ ماهیه‌تى پرسیار ون ده‌كات. هه‌ربۆیه‌ ئیقاعیش داده‌به‌زێت. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ى گۆران له‌ودیووى ئه‌و وه‌ڵامه‌ ئاماده‌یه‌وه‌ ده‌كرێت‎و له‌دواى وه‌ڵامێكى تر ده‌گه‌ڕێت.
ئاراسته‌ى كردنى پرسیاره‌كانى (من) له‌ ئاستێكى به‌رزتره‌وه‌ بۆ رۆحه‌‎و ناراسته‌وخۆش بۆ جه‌سته‌یه‌ كه‌ جه‌سته‌ سه‌رچاوه‌ى دروستبوونى ده‌نگى وریا كردنه‌وه‌كه‌یه‌تى، هه‌ردوو لقه‌ بنیادى رۆح‎و جه‌سته‌ له‌به‌رده‌مى پرسیاردا راگیراون‎و واچاوه‌ڕوان ده‌كرێت وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌. به‌ڵام بێده‌نگ بوون له‌به‌رامبه‌ر پرسیاره‌كاندا ماناى چوونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵات‎و كۆنترڵكردنى خودى پرسیاركه‌ره‌وه‌ واته‌ (من) ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌تى بارى كپ كردنى ئاره‌زووه‌كانى جه‌سته‌ هه‌ڵده‌گرێت‎و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ خۆحه‌شاردانى رۆح ده‌گه‌یه‌نیت به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر پرسیارێك كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ئاشكراكردن‎و ناساندنى ماهیه‌تیه‌وه‌ هه‌بێت. به‌ڵام رۆح له‌بارێكى په‌شێودایه‌، ئه‌ویش به‌هۆى كپ كردنى حه‌زو ئاره‌زووه‌كانى جه‌سته‌وه‌، چونكه‌ هه‌تا جه‌سته‌ نه‌سره‌وێت‎و حه‌زو ئاره‌زووه‌كانى جه‌سته‌ یان هه‌ر به‌دى نایه‌ن‎و كپ ده‌كرێنه‌وه‌و ده‌چه‌پێندرێن یان له‌كاتى به‌دیهاتندا هه‌رگیز ناگه‌نه‌ لوتكه‌و حاڵه‌تى خاڵى بوونه‌وه‌ به‌ ته‌واوى روونادات. بۆیه‌ روخسارى بێزارىو بێهوده‌یى به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵا توخمه‌كانى ترى بنیادى ده‌قه‌كه‌دا بۆته‌ هۆى لاوازى كردارو یان له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا شیانى پراكتیكى به‌ ته‌واوى دوور خستۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بارى كپ كردن به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌م باره‌ش به‌ ته‌واوى هاوشانه‌ له‌گه‌ڵا ئاراسته‌ى دابه‌زینى ئیقاعدا.
ئێستا ده‌توانین بڵێین له‌ بنیادى گشتى ئه‌م شیعره‌دا (خود) بۆته‌ سێ به‌ش یان سێ بنیاد كه‌ ئه‌وانیش به‌ ته‌واوى خه‌سڵه‌تى سه‌ربه‌خۆبوونیان هه‌یه‌ له‌ روانگه‌ى جوڵه‌و پراكتیك كردنیانه‌وه‌ له‌نێو پانتایى ده‌قه‌كه‌دا. ئه‌م حاڵه‌تى دابه‌شبوونه‌ى كه‌سیه‌تى من بۆ (رۆح، جه‌سته‌، منى بگۆ) له‌ ده‌قه‌كه‌دا بارێكى ده‌روونى په‌شێو نیشان ده‌دات‎و له‌هه‌مان كاتدا له‌رووى ئه‌نتۆلۆژییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ خود ئه‌و ئه‌فریده‌ ئاڵۆزه‌یه‌ كه‌ له‌نێو خودى خۆیدا مه‌یدان‎و گۆڕه‌پانى چه‌نده‌ها كێشه‌و ململانێى ئاڵۆزه‌و باڵاده‌ست بوونى هه‌ریه‌كه‌ له‌و هێزه‌ دژو له‌هه‌مان كاتدا ته‌واوكه‌رانه‌ى یه‌كترى كاریگه‌رى دیارو له‌به‌رچاوى ده‌بێت له‌دیارىكردنى كه‌سیه‌ت‎و شێوازى هه‌ڵس‎و كه‌وت‎و مامه‌ڵه‌كرندا.
ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ له‌بنیادى كه‌سیه‌تى ده‌قه‌كه‌دا ماناكانى دنیاپه‌رستىو حه‌زو ویسته‌ دنیاییه‌كانى هه‌ڵگرتبێت‎و له‌ هه‌وڵى ئه‌نجامدان‎‎و پیاده‌كردنیاندا بێت‎و رۆحیش ئه‌و پانتاییه‌ بێت جه‌سته‌ بیه‌وێت له‌رێگاى هه‌ژاندنییه‌وه‌ بیكاته‌ مه‌یدانێك هه‌تا له‌وێوه‌ بتوانێت ئامانجه‌كانى خۆى به‌دى بهێنێت، ئه‌وه‌ (خودى من) له‌سه‌ره‌وه‌ وه‌كو چاودێر سه‌رپه‌رشتى رێكخستنى بارى هاوسه‌نگى ده‌كات‎و له‌نێوان دنیاى خاوێنى رۆح‎و دنیاى شه‌هوانى جه‌سته‌دا ئه‌وداگه‌رى دروست ده‌كات به‌و مه‌به‌سته‌ى هاوسه‌نگى (خود) رابگرێت. ده‌شێ (خودى من) له‌ ده‌قه‌كه‌دا وه‌كو ویژدانى كۆمه‌ڵایه‌تىو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌ق لێى بڕوانێت كه‌ سنوور بۆ هه‌ر هه‌ڵس‎و كه‌وتێك داده‌نێت. هه‌روه‌ك ده‌شێت وه‌هاى لێك بده‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و زه‌نگى فگارىیه‌ى لێ ده‌دات له‌نێو كۆمه‌ڵدا زه‌نگى حه‌زو ویسته‌ دنیاییه‌كانى ئینسان بێت له‌سنوورى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، به‌ڵام (خودى من) بریتى بێت له‌ نموونه‌ى باڵاى (مپل العلیا) ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ ئه‌ویش به‌ها ئه‌خلاقىو ئایینىیه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و رێگا نه‌دات ماهیه‌تى (نموونه‌ى باڵا) له‌به‌رده‌مى حه‌زو ویستى شه‌هوانیانه‌ى ئینساندا بڕوخێنرێت. بۆیه‌ هه‌موو زه‌نگ لێدانێكى هه‌ژاندنى حه‌زو ویسته‌ دنیاییه‌كانىئینسان به‌ پرسیارێك وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و پرسیاره‌ش خه‌سڵه‌تى ونكردنى ئه‌سڵى داواكارییه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێت، واته‌ ده‌لاله‌تى نه‌فى كردنى ئه‌و داواكارییه‌ى ده‌بێت كه‌ جه‌سته‌ به‌رزى كردۆته‌وه‌.
ده‌لاله‌تى زمانىى (زه‌نگى په‌ستى) وه‌كو ناونیشانى شیعره‌كه‌ ده‌شێ به‌ئاماده‌بوونى جۆرێك له‌كپ كردن یان چه‌پاندن له‌ ناخى (من) دا لێك بدرێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بابه‌تێكى ئینسانى كۆنترۆڵكراوه‌، ئه‌ویش ده‌یه‌وێت خۆى نمایش بكات، به‌ڵام ناتوانێت دیواره‌ ئه‌ستووره‌كانى هێزى كۆنترۆڵكه‌ر بڕوخێنێ یان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ داموده‌زگاى عه‌قڵیه‌تى كۆنترۆڵا به‌رهه‌م هێن تێك بشكێنێت بۆیه‌ له‌ژێر فشارى كۆنترۆڵكرندا زه‌نگێكى ئاگاداركردنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى خۆى لێ ده‌دات. مۆتیڤى دروستكه‌رى ئه‌و زه‌نگه‌ش بریتىیه‌ له‌ چڕبوونه‌وه‌ى ئاره‌زووى سێكسى، كه‌ له‌ ئه‌نجامى سه‌ر كوتاندنه‌وه‌و كپ كردنى له‌راده‌به‌ده‌ریدا زه‌نگى وریاكردنه‌وه‌ لێده‌دات، كه‌ ئه‌ویش ئاماژه‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ى ده‌كات واته‌ ده‌رخستنى ئاره‌زووى سیكسى.
دیسان كۆمه‌ڵێك ده‌لالاتى ترى ئاشكراى سێكسى له‌ده‌قه‌كه‌دا ده‌دۆزرێنه‌وه‌و بارى كپ كردن له‌ قۆناغێكداو وروژان له‌ قۆناغێكى تردا نیشان ده‌ده‌ن. وه‌كو (ناڵین) كه‌ ده‌لاله‌تى ده‌ربڕینى ده‌نگێكه‌ له‌كاتى پرۆسه‌ى سێكسیدا درووست ده‌بێت، هه‌روه‌ها “خوڕ خوڕ ئه‌گرى” ده‌لاله‌تى رشتن نیشان ده‌دات له‌كاتى هه‌مان پرۆسه‌دا. گریان خۆى زیاتر ده‌لاله‌تێكى خاڵى كردنه‌وه‌ى هه‌یه‌، كه‌ ده‌شێ خاڵى كردنه‌وه‌ى بارى په‌نگ خواردووى سێكسى بگه‌یه‌نێت.
(خودى من) له‌ ئه‌نجامى فشارو په‌ستانى ده‌ره‌وه‌دا تاكو ئێستا له‌ ماهیه‌تى داواكارى دڵ تێناگات‎و ناشزانێت ده‌ڵێت چى. به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ له‌گه‌ڵا وروژانى جه‌سته‌دا ئه‌میش ده‌كه‌وێته‌ پراكتیك كردن‎و له‌گه‌ڵا ئه‌و حاڵه‌ته‌دا رۆحى به‌كوڵا ده‌گرى. من ده‌زانێت كه‌ سه‌رچاوه‌ى بزوێنه‌رى جوڵه‌یه‌ك دروست ده‌بێت ئه‌م له‌رووى شعوره‌وه‌ وریا ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ك لێدانى زه‌نگى وریاكردنه‌وه‌ كه‌ (من) په‌ست ده‌كات، به‌ڵام نه‌هاتنیشى ده‌یخاته‌ سه‌ركه‌ڵكه‌ڵه‌ى گه‌ڕان‎و به‌دواداچوونى ئه‌و ده‌نگه‌، واته‌ ده‌نگى ئاره‌زووى وروژاوى جه‌سته‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ دوو جه‌مسه‌رىیه‌ زیاتر ده‌لاله‌تى په‌شێویىو دوودڵىو نیگه‌رانى (من) هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ له‌هیچ كام له‌و حاڵتانه‌دا ئۆقره‌ ناگرێت‎و به‌دواى حاڵه‌تێكى تردا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تى داهێنه‌ره‌ له‌ژیانى تایبه‌تى خۆیدا كه‌ گومانى به‌رده‌وام نیگه‌رانى به‌رده‌وام، له‌ قوڵایى رۆحیدا ده‌ژى.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجى بنیادى (قافیه‌- سه‌روا) له‌م شیعره‌دا بده‌ین ده‌بینین قافیه‌ له‌شه‌ش فۆینم پێك هاتووه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ فۆینمه‌كانى (ى، م، ێ، ك، ه‌، ڵا)، واته‌ چه‌ندباره‌ بوونه‌وه‌یه‌كى له‌به‌رچاو له‌سه‌روادا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش دیسان لاوازى كردار له‌ شیعره‌كه‌دا نیشان ده‌دات‎و ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پراكتیك زۆر هێواشه‌و حاڵه‌تى وروژان‎و كپ كردنه‌وه‌ش هه‌موو جار به‌هه‌مان ماهیه‌ت‎و به‌هه‌مان ماناوه‌ روو ده‌داته‌وه‌و تواناى دروستكردنى گۆڕانیشى له‌ له‌ بیناى سه‌رواى ده‌قه‌كه‌دا نىیه‌. له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنجى فۆنیمه‌كانى سه‌روا بده‌ین ئه‌وا به‌ئاشكرا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تێكڕاى ئه‌و فۆنیمانه‌ له‌رووى ده‌نگسازییه‌وه‌ كپن ته‌نانه‌ت فۆنیمه‌ بزوێنه‌كانیش. ئه‌م حاڵه‌تى كپ بوونه‌ى فۆنیمه‌كانى سه‌روا دیسان بارى كپ كردن‎و چه‌پاندنى ئاره‌زووى وروژاوى جه‌سته‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ چۆن داخوازییه‌كانى جه‌سته‌ تواناى نه‌بووه‌ بارى وروژان به‌ ته‌واوى به‌رزبكاته‌وه‌و بیگه‌یه‌نێته‌ حاڵه‌تى پراكتیك كردن، به‌ڵكو به‌ئاراسته‌یه‌كى پێچه‌وانه‌ ئه‌و ئاره‌زوانه‌ چه‌پێنراون یان سه‌ركوت كراون، ئه‌وه‌ش له‌بنیادى سه‌رواى شیعره‌كه‌دا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌و له‌برى فۆنیمى كراوه‌ یان ئاوازدار فۆنیمى كپ‎و داخراو تێكڕاى سه‌رواى دیڕه‌كانى پێكهێنانه‌وه‌. ئه‌م بارى به‌كارهێنانه‌ى فۆنیم له‌سه‌رواى شیعره‌كه‌دا په‌یوه‌ندى به‌مانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانیشه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ داخراوى بێ ئه‌وه‌ى وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌. چونكه‌ مانه‌وه‌ى پرسیاره‌كان به‌بێ وه‌ڵام ماناى دروست بوونى حاڵه‌تى بێده‌نگى، كه‌ ئه‌و بێده‌نگىیه‌ش هاوشانه‌ له‌گه‌ڵا بنیادى سه‌روادا.
ئه‌نجام:
سه‌رجه‌م بارى كپ كردنى ویسته‌كانى جه‌سته‌و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانى (من) له‌پانتایى ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌داو ئارام نه‌گرتنى رۆح‎و كاركردنى بنیادى زمانى ده‌قه‌كه‌ چ له‌رووى بنیادى رسته‌وه‌، چ له‌رووى بنیادى ئیقاع‎و سه‌رواوه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى حاڵه‌تى كپ كردنى ده‌نگى جه‌سته‌، دواى شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌و ده‌ست نیشان كردنى ده‌لالاتى زمانىو هه‌وڵدان بۆ شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ئاسته‌ شاراوه‌كانى ده‌قه‌كه‌و دۆزینه‌وه‌ى زمانى دووه‌م یان زمانى ئه‌و دیوو ده‌ق ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ گۆرانى هونه‌رمه‌ند ئه‌و پرسیارانه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وه‌ش جیهانبینى ده‌قه‌كه‌ى گۆرانه‌، پرسیار به‌رامبه‌ر به‌ ماهیه‌تى رۆح‎و په‌یوه‌ندى نێوان سیانه‌ى خود كه‌ چۆن حاڵه‌تێكى دایه‌لێكتیكى پێكهێناوه‌ له‌پانتایى جوگرافیاى ده‌قه‌كه‌دا پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت‎و ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دات كه‌ چۆنیش ویسته‌كانى جه‌سته‌ كه‌ بریتین له‌ حه‌زو ئاره‌زووى دنیایى ناتوانن خۆیان به‌ ئاشكرا نمایش بكه‌ن‎و بێ هیچ به‌ربه‌ستێك بگه‌نه‌ ئاستى پیاده‌كردن، ماده‌م له‌سه‌روى هه‌موو داواكارییه‌كى تایبه‌تى ئینسانه‌وه‌ چاودێرێك هه‌یه‌و زه‌نگى وریاكردنه‌وه‌ لێده‌دات‎و به‌ربه‌ست داده‌نێت‎و ئازادىیه‌كانى فه‌رد ده‌كوژێت، ئه‌و چاودێره‌ش له‌بنیادى ده‌قه‌كه‌دا (خودى من)ه‌ كه‌ نوێنه‌رى به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تىو ئه‌خلاقىو ئایینىیه‌كانه‌ له‌سه‌ر پانتایى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى، له‌م ده‌رئه‌نجامه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌تا یاسا ژه‌نگ گرتووه‌كانى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ڵنه‌وه‌شێنرێنه‌وه‌، هه‌تا مانا باوه‌كانى ژیانى ئێستاى له‌دایك بوونى ده‌قه‌كه‌ نه‌فى نه‌كرێن نه‌جه‌سته‌ ئازاد ده‌بێت، نه‌رۆح ده‌حه‌وێته‌وه‌، نه‌خودى من له‌ حاڵه‌تى چاودێرى هه‌میشه‌یى رزگارى ده‌بێت. هه‌تا ئه‌و سێ حاڵه‌ته‌ش به‌رووى پۆزه‌تیفدا نه‌شكێنه‌وه‌ (من) وه‌كو خودێكى ته‌واوى خاوه‌ن ناسنامه‌ دروست نابێت. به‌مانایه‌كى تر ده‌توانین بڵێین لاوازى كه‌سیه‌تى تاك له‌و واقیعه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌ى كه‌ ده‌قه‌كه‌ى تیا له‌دایك بووه‌ ئه‌نجامى داخستنى ده‌رگاكانى ئازادىیه‌. دیاره‌ ئه‌و ده‌رگایانه‌ش به‌بێ دروست بوونى پرۆژه‌یه‌كى رۆشنبیرى شۆڕشێكى كه‌لتوورىو ئه‌خلاقى ناكرێنه‌وه‌.
ده‌شێ ئه‌و پرسیارانه‌ى كه‌ من له‌ده‌قه‌كه‌دا به‌رزیان ده‌كاته‌وه‌ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌ به‌و وه‌ڵامه‌ ئامادانه‌ى كه‌ له‌ ژهنى هه‌ریه‌كه‌ماندا ئاماده‌بوونیان هه‌یه‌. به‌ڵام پرسیارى ده‌قه‌كه‌ پرسیارى مه‌عریفین، پرسیارن له‌ حه‌قیقه‌ته‌ په‌ى پێ نه‌براوه‌كان، پرسیارن له‌دنیاى رۆح‎و سه‌رچاوه‌ى غه‌ریزه‌ى بایۆلۆژى مرۆڤ، پرسیارن ده‌رباره‌ى نهێنىو گومان‎و نیگه‌رانى ناخى مرۆڤ واته‌ پرسیاره‌كان ده‌رباره‌ى ماهیه‌تى خودى مرۆڤ به‌هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانیه‌وه‌ ده‌كرێن. پرسیار ده‌رباره‌ى ئه‌نتۆلۆژیاو چۆنێتى ژیان‎و چاره‌نووس. ئه‌م پرسیارانه‌ش له‌ ده‌قه‌كه‌دا وه‌ڵام نادرێنه‌وه‌و ده‌قه‌كه‌ له‌به‌رده‌م خوێندنه‌وه‌ى تردا راده‌گرن. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تى ده‌قى كراوه‌یه‌.




كفن لەنێوان تەكنیك و ئایدۆلۆژیادا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

ئەم ئێوارەیە، لەڕۆژی دووەمی نمایشی فیلمی (كفن) دەرهێنانی (سروشت عەبەڕەش) ئامادەبووم،
فیلمێك بینەرێكی زۆری لەگەڵ خۆیدا ڕاكێشی هۆڵەكانی سینەما كردو لەشارەكانی سلێمانی و هەولێرو بەغدا، جێگەی دانیشتنی بۆ بینەر نەهێشتەوە.
بەر لەوەی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی بۆ فیلمەكە بكەین، دەبێ بەگشتی ڕەچاوی سێ خاڵی گرنگی ئەمڕۆی سینەمای كوردی بكەین:
یەكەم: دەرهێنەرە سینەماییەكانی ئێمە ئێستا بەعەقلێكی بازرگانی كراوەتر كار دەكەن،، لە دەسپێكی هەر پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی فیلم، نەخشەو پلانێكی تۆكمە بۆ فۆرم و ناوەرۆكی فیلمەكان دادەنێن، لەژێر ڕۆشنایی پێشبینیەكانیان بۆ بڕی بینەرو ئاستی بازاڕ كار دەكەن.
لەبەر ئەوەی فاكتەری ئابووری گرنگترین و بەهادارترین خاڵی جەوهەرییە بۆ بەردەوام بوونی ڕەگەزی بەرهەمهێنانی فیلم.
جگە لەوەی بەدەست هێنانی داهات بەهێزترین فاكتەرێكە بۆ هاندانی سینەماكارەكان و ئایندەی سینەما لەكوردستاندا.
هەروەها داهاتی باش، دەبێتە مایەی كۆكردنەوەی سەرمایەو گەشەی هونەری سینەما لە كوردستاندا.
دووەم: متمانە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە، ئەو بینەرەی كە لەساڵانی ڕابووردووداو لەئەنجامی بەرهەمهێنانی فیلمی لاواز هیچ متمانەیەكی بە سینەما نەمابوو، ئێستا هەمان ئەو بینەرانەن، هۆڵی سینەماكان پڕ دەكەن و بەپارەیەكی زۆر پلیتی بینینی فیلمێكیان بەسەختی دەست دەكەوێت.
بێگومان ئەو پێشوازی لێكردنەی سینەمای كوردی، هۆكارەكەی بەرەو پێشەوە چوونی ئاستی فیلمی كوردیە بەگشتی.
خاڵێكی بنەڕەتی دیكەی گەرم بوونی بازاڕی سینەما، هانی زێتری سەرمایەدارەكان دەدا، بایەخ بە دروست كردنی هۆڵی سینەماو بازرگانی سینەما بدەن.
سێیەم: هوشیاری و كولتووری سینەما گەشە پئ دەدا، كە كۆمەڵگای كوردیش بەدیدێكی شارستانی هەڵس و كەوت لەگەڵ سینەمادا بكاو سینەما بە زەرورەتێكی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بزانێ.
قۆناغێكی نوێ بۆ سەرهەڵدانەوەی سینەما
بەو چەند بەرهەمانەی دوایی دەردەكەوێت، كەسینەمای كوردی قۆناغە باوەكەی خۆی تێپەڕاند كە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم پشت بەحكومەت ببەستێ، بەڵكو ئێستا بەهەمان فۆرمی بەرهەمهێنانی سینەما لەجیهاندا پشت بەكەرتی تایبەتی دەبەستێت، كەرتی تایبەتیش بەر لە هەموو شتێ ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات و هەوڵی زامن كردنی سەركەوتن دەدات لەو فیلمانەدا.
جگە لەوەش ئاراستەی ئێستای بەرهەمهێنانی فیلمەكان وەك جاران تەنیا ڕوو لەفیستیڤاڵە جیهانیەكان نیە كە هیچ كاریگەرییەكیان بۆ پیشەسازی سینەما بەجێ نەدەهێشت لە كوردستان، بەڵكو ئێستا ئاراستەكە بەرەو بازاڕە كە ئایندەی سینەمای كوردی لەسەر وەستاوە.
بەگوێرەی فیلمی كفن، كە فیلمێكی درێژی ترسە، من خۆم بۆ یەكەم جارمە فیلمێكی كوردی بە ستایلی ترس ببینم، پێشم وایە فۆرمێكی نوێیە لە سینەمای كوردیدا، لەبەر دوو هۆكار :
لەپاڵ ئەو هونەرەی دەرهێنەر بەتەكنیكی سینەمایی بەرجەستەی دەكات، بۆ دروست كردنی چەند حاڵەتێكی دەروونی، بەنیشاندانی شووشتنی مردوو، دەركەوتنی تارمایی جنۆكە، دەركەوتنی لەناكاوی ئەو تارماییانەو دیارنەمانی لەناكاویان، دەرخستنی دەم و چاوی ترسناك و شێوێنراو، هێنانە دەرەوەی تەرمی مردوو لەشەوداو زۆر دیمەنی ترسناكی دەروونی، ئاسەوارێكی نەرێنی لەڕووی سایكۆلۆژیەوە بۆ بینەر بەجێ دێڵێ، بەتایبەت بۆ ئافرەت كە خۆڕاگری بەرامبەر ترس كەمترە..
هەموو ئەو دیمەنە ترسناكانە لەپەنای چوونە ژوورەوەی دنیای جنەكان و دەرخستنی نهێنیەكانیان لەگەڵ مرۆڤدا.
كرۆكی بنەڕەتی و ئامانجی سەرەكی ئەوەیە فیلمەكە پێمان بڵێ كە لەزەمەنی عەولەمەو تەكنەلۆژیای ئەمڕۆكە تا ئێستاش پرسی جادوو نوشتەكاری هەر باوەو ئاگاتان لەوە نیە جنەكان لەناو ماڵتان دەژین و ژیانتان وێران دەكەن.
پئ دەچێ بینەری كورد، لاری نەبێت لە وەرگرتنی دیمەنە ترسناكەكان و وەرگرتنی خیتابی فیلمەكە، بە نیشانەی ئەو پێشوازیە گەرمەی لە فیلمەكەی دەكا.
لێرەدا پرسیاری ئەوەم بۆ دروست دەبێت، ئاخۆ هۆكارەكانی وەرگرتنی بینەر چین؟
بەلای منەوە دوو هۆكاری سەرەكی هەن:
1.ئەو تەكنیك و ستایلە سینەماییە چڕەی دەرهێنەر بۆ بەرجەستە كردنی دیمەنە ترسناكەكان بەكاری هێناوە، تەكنیكێكی مەقبولە لای بینەر، وێڕای هەموو دەرهاوێشتە نەرێنی و ئەرێنیەكان.
2.بابەتی فیلمەكە بابەتێكی نوێیە بۆ بینەری كورد، ڕەنگە تا ئێستا ئەو بابەتە بەدەگمەن لە سینەمای كوردی خرابێتە ڕوو، ئەگەرچی لەسینەمای توركی و جیهانیدا زۆرە.
جێگەی سوپرایزە (سروشت عەبەڕەش) بۆ بینەری كوردو سینەمای كوردی ناوێكی نوێیە، بەڵام ئەو ئەزموونەی نیشانی داین دەیسەلمێنێ كە داهێنان بەساڵانی ئەزموونی دوورو درێژ نیە، بەڵكو بەتوانست و لێهاتوویی مرۆڤە لەگەڵ پیشەكەی خۆیدا…لەوانەش لەگەڵ سینەمادا.
ئێستاش ئەگەر بمانەوێت شڕۆڤەیەكی لۆژیكی بۆ فیلمەكە بكەین، ئەوە دەبێت لەدوو جەمسەرەوە بۆی بچین.
دەرهێنەر بۆ دروست كردنی ئەو ئەتۆسفیرە ترسناكانە، هەموو ئامرازە تەكنیكیەكانی خۆی بەكارهێناوە، لەوانە ریتم و موزیك و كاریگەریەكانی دەنگ و ڕووناكی، ماسك و ئارایشت و دیكۆر، جگە لەدەرخستنی ڕیتمی بزووتنەوەی كامێراو گۆڕینی گۆشەكانی بەخێرایی بە مەبەستی بەهاوسەنگ ڕاگرتنی ڕیتمی دیمەنەكان.
لەهەموو حاڵەتێكا فۆرمی ترس لەسینەمای كوردی دا فۆرمێكی باو نیە و ( سروشت عەبەڕەش) لە شێوەدا بەرگێكی نوێ ی لەبەر كردووە،، بەڵام لە ناوەرۆكدا شتێكی ترە.
لەجەمسەری دووەمدا و لەلایەنە ئایدۆلۆژییەكەوە دەڵێین:
ئەوەی كە فڕوفێڵی ڕووناكی و ڕیتمی موزیك و ئارایشت نایشارێتەوە ئەوەیە كە فیلمەكە ئامانجی دەرخستنی، دیاردەیەكی خەتەرناكی دەروونیە، بەدروست كردنی نوشتەو جادو لەناو كۆمەڵگای كوردی، كە دەبێتە هۆی ماڵ وێرانی بۆ سەدان تاكی ئەو كۆمەڵگایە.
لێرەوە دەبێت دەرهێنەر ئاگای لەوە بێت، لەڕێگەی گوتاری ئەو فیلمە، وا دەكات خەڵكانێك بۆ هەڵڕشتنی مەرامە ژەهراویەكانیان زێتر متمانە بە نوشتەو جادوو پەیدا بكەن بۆ تۆڵەسەندنەوە لەیەكترو فیلمەكە هاندەر دەبێت بۆ پەرەسەندنی دیاردەكە نەك ڕێگری لێ كردنی.
چونكە فیلمەكە لەدیمەنێكی لاوازی حكومەتدا دەری خست كە یاساو دەسەڵات هیچیان پئ نیە بۆ ڕێگری كردن.
خاڵی دووەمی ناوازەیی لەوە دایە كە ناكرێت گەنجێكی وەك هیوا كە نوێنەرایەتی نەوەیەكی نو ێی كۆمەڵگا دەكات، كار لەسەر دروست كردنی نوشتەوجادو بكات دژی پورزایەكی خۆی.
دەرهێنەر دەسەڵاتێكی گەورەی نیشان داوە لەدروست كردنی ترس و لەم سوچەوەش چێژێكی زۆری بەبینەر بەخشیووە، بەڵام چارەسەركردنی ئایدۆلۆژی و فەلسەفی لەئاست توانستە تەكنیكیەكەدا نەبووە.
ئەو لەئاكامدا بەبینەر دەڵێ هەر كات گیرودەی ڕووداوی نوشتەو جادوو بوون، پەنا ببەن بۆ مەلاو شێخەكان.
دەرهێنەر لەكۆتایی فیلمەكە ئەو گوتارە بە ڕێگا چارەی كۆتایی دا دەنێ بۆ كێشەكە، كە بێ شك ڕێگە چارەیەكی شارستانی نیە بۆ كێشەكە، كە چارەنووسی نەخۆشیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی ڕادەستی چەند مەلاو شێخێكی جادوكار بكەیت و هیچ ئەلتەرناتیفێكی نەدەیتێ ئەوان نەبێت.
لە كۆتاییدا سینەما خیتابی خۆی دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر خیتابی دەرهێنەری فیلمی كفن لەو سەردەمە پێشكەوتووەی دنیادا گەڕانەوە بێت بۆ جادوكەرەكان، ئەوە دیارە، بێ دەسەڵات بووە لە دۆزینەوەی رێگە چارەسەرێكی لۆژیكی و لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە شكست دێنێ.
ئەكتەرەكانی كفن كۆمەڵێ ئەكتتەری بژاردەو پڕ توانابوون لەبەرجەستە كردنی كاراكتەرەكانیان، بەتایبەت (چریكە عەبەڕەش) كە لەنواندن و ئەدای بەهێزی، ڕیتمی فیلمەكەی گەیاندە لوتكە.




(فیلمی کفن) بۆ ناو کفن!.. د.هەژار مەعروف

لە مانگی ٨ ی ٢٠٢٤ وە ئەم فیلمە کوردیە لە سینەماکانی کوردستاندا پیشاندەدرێ، دوای ئەوەی کەوتمە بەر لافاوی بێبەزەیی ڕیکلام بۆی، منیش پتر لە دو سەعات لە ژیانی خۆمم کرد بە قوربانی ! چی لەوە خۆشترە فیلمێک بە زمانی شیرینی کوردی ببینی!
وەک بینەرێکی ئاسایی و پزیشکێکی پسپۆڕی دەرونی ئەم سەرنجانەم لەسەر فیلمەکە هەیە، هیوادارم هونەرمەندان و فیلمدۆستان ڕەخنەگرانی سینەمایی و هونەری بچن فیلمەکە ببینن و ڕای خۆیان لەسەری دەربڕن.
لە ڕوی تەکنیکی و فۆرمەوە: بەڕاستی گرمە و ناڵە و قیژە و نەڕە نەڕ و دەنگدانەوە پەردەی گوێی بینەران و مێشکیانی ئازاردەدا ، وێنەکان زۆربەیان ترسناک و ناشیرین و غەیبی و دراکۆلایی بون، بۆیە ئەم فیلمە دەچێتە خانەی فیلمە ترسناکەکان و نابێت بلیت بە منداڵ و مێردمنداڵ و هەرزەکار بفرۆشرێ و هەر لە ڕیکلامکردن بۆیدا دەبێت ئەمە بە ڕونی بوترێ!
لە سەر شێوەی فیلمی هۆلیۆدی کە دەبێت بە خۆشی و شادی کۆتایی بێت (happy end) بۆ نمونە بە لەدایکبونی منداڵێک کە زۆر جار دەرهێنەرانی دنیا بە دەنگی گریانی منداڵێک مژدەمان دەدەنێ ، بەڵام لەم فیلمەدا بە تکانی چەند دڵۆپێک خوێن لە دامێنی ژنە پاڵەوانی فیلمەکەوە پیشانمان دەدات ، خوێن مەرج نیە نیشانەی لەدایکبونی منداڵێک بێت بەڵکو دەشێ نیشانەی لێکەوتەی نائاسایی دوگیانیەکە بێت، نەدەکرا بێ پیشاندانی خوێن بێت؟ بۆ نمونە بە پیشاندانی ژنەکەبێت لە کاتێکدا کە ژان گرتویەتی وهاوژینەکەی لە گەڵیدا وەک هاوسۆزی ماچی دەکات و نازی دەداتێ؟ مەگەر گەلی کورد لە ڕابوردو و ئێستادا و دۆخی ئیمڕۆی هەمو جیهان ڕۆژانە خوێن ناکەن بە قوڕگ و نایکەن بە دەموچاومان دا.
لە ڕوی ناوەڕۆکەوە: فیلمەکە باسی جادوکردنی ژنێک دەکات لە خوشکەکەی خۆی وەک تۆڵەی ئەوەی کە کچەکەی نەداوە بە کوڕەکەی، کچەکە دەدرێت بە کوڕێکی تر و پاش ماوەیەک بە هۆی جادوەکەی پوریەوە یان بە هۆیەکی تر دایکی دەمرێت و خۆیشی توشی نەخۆشیی دەرونی دەبێت و ژیانی ژن و میردیی بەتەواوی دەشێوێ و منداڵی نابێت وهەستی بینین و بیستنی دەشێوێ و زو زو کە لە ماڵەوە بەتەنیا دەبێت توشی ترس و تۆقان دەبێت و دیمەنی شتنی تەرمی دایکی و شیوەنی کوردانەی لەخۆدان و لاوانەوەی ژنان دەبینێ و دەبیسێ، ئەمە لە ڕوی دەرونناسیەوە پێی دەڵێن (hallucination) واتا هەستشێوان و وڕاوە.
لە فیلمەکەدا لە بری ئەوەی بیبەن بۆ لای پزیشکێکی دەرونی یا پزیشکی هەر پسپۆڕیەکی تر، دەیبەن بۆ لای مەلایەک کە ئەمیش پیاوێکی یاریدەدەری هەیە پسپۆڕە لە دەرهێنانی جنۆکە و جادو لە لەشی مرۆڤ، دەرهێنەری فیلم ئەم ڕۆڵەی داوە بە پیاوێکی ڕوخسار زۆر ناشیرین وترسناک، باشە پیاوێک ڕۆلی فریادڕەس و دوکتۆر و ڕزگارکەر ببینێ بۆ قۆز و باڵابەرزێکی وانەبێت کە خوشكی خۆی حەیرانی بێت؟ بۆ ئازاردانی دەرونی بینەر دەبێت ئەمیش وەک دیمەنە ترسناکەکانی تری فیلمەکە بێت؟ تەنیا دیمەنێکی جوان من لە فیلمەکەدا بینیم وێنەی گۆڕی دایکی کچەکەیە و چەپکە گوڵە کەی سەری!
مەلا و یاریدەدەرە دراکۆلاییەکەی بە هەندێ ئایەتی قورئان و اللە اکبر و جم و جوڵی هیستیریایی کچەکە وەک پەڕجویەک (موعجیزە) چاک دەکەنەوە و ژیان ئاسایی دەبێتەوە.
من دوای ٢٥ ساڵ ژیان و هێنانی دوکتۆرا لە دەرونناسی و کارکردن وەک پزیشکی دەرونی لە ئەڵمانیا و ١٢ساڵی تر لە ٢٠٠٩ وە لە سلێمانی بەردەوامم لە پسپۆڕییەکەمدا.
ئەوەی لە فیلمەکەدا هاتوە ڕاستە، لە کاری ڕۆژانەمدا سەدان بەسەرهاتی وام بیستوە کە بە ئێستاشەوە ڕودەدەن ، فیلمەکە لە سەر بناغەی ئەم بەسەرهاتە ڕاستەقینانە دروستکراوە، بەڵام ئایا فیلم دەبێت ئاوێنە یا کۆپیی کوتومتی وێنە و ڕوداوە ڕاستەقینەکان بێت؟ نەدەکرا لە فیلمەکەدا چارەسەرە زانستیەکە بخرێتە ڕو نەک درۆ و خەڵەتاندنی ئەوەی نەخۆشیی دەرونی بە دەرهێنانی جنۆکە و جادو و نزای شەڕ چارەسەر بکرێ ؟ یا باشتر نەبو فیلمێکی دۆکومێنتاریی پڕ زانیاریی ورد لە سەر بابەتی خەرافیات و بیری پوچ و بیبنەما و نا لۆژیکی ئاینی و نائاینی دروست بکەن و چارەسەری کێشەکەش لە ڕوی زانستیەوە بخەنە ڕو؟
وادیارە بەرهەمهێنەر و هەمو تیمی فیلمەکە باوەڕیان بە هەمو ئەو خەرافیاتانە هەبێت بۆیە دەرهێنەرناهێڵێ پاڵەوانەکەی هانا ببات بۆ گوگل و کتێب و ڕاوێژکاری دەرونی و کۆمەڵایەتی و پزیشکی دەرونی یا پزیشکی مێشك و دەمار و پسپۆڕیەکانی تر، ئەو هەر مەلایەک و جادو- دەرهێنێکی ناشیرینی بەسە کێشەدەرون- کۆمەڵایەتیەکانی ژنە پاڵەوانەکەی پێ چارەسەربکات! هەزار جار مەخابن !! ئاخ کوردی داماو!




سەروەر و بەیان .. فڕین بەرەو ناخی دەریا .. (١).. مەولود ئیبراهیم حەسەن

نووسەری بەتوانا (سەروەر ئەحمەد ) گەنجێکی هەوڵیر بوو ، لە گەڵ ئێمە هاو زانکۆو هاو کۆلیژ بوو ، ڕۆشنبیرێکی گەورەو خوێنەرێکی بە توانابوو ، بەو چەند چیڕۆکەی کە بڵاوی کردەوە دەریخست کە نووسەرێکی مەزنە ، بەداخەوە دواجار لە گەڵ خاتوو( بەیان) ڕیگایەکیان هەڵبژارد .. دڵی هەمووانیان پڕ ژانکرد .
هەواڵی کوڕە هەولێریەکە..
من ساڵێ ١٩٨٠ لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیران عێراق لە زانکۆی بەغدا ، لە کۆلیژی ئاداب بەشی زمانی فارسی وەرگیرام ، بەشەکە خواستی خۆم نە بوو ، بەڵام ؛ ئەو ساڵە نمرە بەرز بووەوە من لە بەشی فەرەنسی وەرنەگیرام ! ئیتر بە ناچاری چوومە ئەو بەشە ؛ ساڵی دووەمی خوێندن ، کە( خوێندکار).(٢)ە تازەکان وەرگیرابوون ، بیستم کوڕێکی هەولێری لە بەشی ترکی وەرگیراوە ، ئەودەم گەنجە کوردەکان بەگستی پەیوەندیەکی جوانیان لە گەڵ یەکتردا هەبووە ، کە گەنجێکی تازە لە بەشێک وەردەگیرا هەموو هەوڵیان دەدا بیناسن و چی بۆیان بکرێ یارمەتیان بدەن ، هەتا ئەوانەی بێ جێگابوون و هێشتا ناویان بۆ بەشی ناوخۆ دەرنەچووبوو ، لەگەڵ خۆیان دەیانهێنانەوە بەشی ناو خۆو نەیایاندەهێشت ، بچنە ئوتێل .. زۆر بەی گەنجەکانیش کوڕە هەژارو مام ناوەندی بوون ، بۆ ئەوەی خەرجی زیاد نەکەن و هەر زوو تیکەڵ خوێندکارانی بەشی ناو خۆ بن !
ناسینی کوڕە هەولێریەکە .. من و ڕەحمەتی ( عەبدوڵڵا قادر گۆران )کە ئەو لە بەشی ئینگلیزی وەرگیرابوو، هەردوکمان تەمەنمان لە خوێندکارەکان گەورەتر بوو ، بە هۆی ژیانی تایبەتی خۆمانەوە هەریەکەو چەند ساڵیک دوا کەوتبووین ، لە گەڵ مامۆستا عەبدوڵلا گۆران بەدوای سۆراغی ئەو کوڕە هەولێریەوە داچووین ، بە هۆی کاک ( کامەران عوسمان ) کە ئەویش لەگەڵ ئێمە لە بەشی فارسی وەرگێرابوو ( سەروەر ئەحمەد )مان دۆزیەوە ، سەروەر کوڕێکی باریکەڵەی کەمێک کورتە باڵاو ڕەنگ ئەسمەری و هێمن و بن باڵ پڕ لە کتێب و گۆڤار بوو ، زۆر بەی کات جگەرەی بە دەستەوە بوو. گەنجێکی کەمدو بوو ، کە دەتدواند ئەو سەیری بەردەمی خۆی دەکرد ، زۆر تر گوێی دەگرت و کەمتر گفتوو گۆی دروست دەکرد ! بە خێر هاتنمان کردوو هەردووکمان خۆمان پێناساند و ئامادەیی خۆمان بۆ هەموو یارمەتی و هاوکاریەک دەربڕێ .. کە زانی هەردووکمان خەڵکی هەولێرین گەشانەوەیەکی لێدەرکەوت و سوکە سوپاسێکی کردین..
ئەو کوڕە هەولێریە سەروەر ئەحمەد بوو..
سەروەر زۆر کەم تیکەڵ خوێندکارەکان دەبوو ، کەمدو و لاتەریک بوو ، کەمتر سڵاوو ڕۆژباشی دەکرد .. زۆر نەرم و ساردیش وەڵامی دەدایەوە ! تەنیا کەسێک کە زۆر تر لە گەڵ ئەو دەبیندرا ، کاک کامەران عوسمان بوو ، کامەران کوڕیکی دەم پڕ نوکتەو لێو بە خەندە دەنگ بەدەرەوە بوو ، لە گەڵ سەر وەر بەردەوام بە ترکی قسەیان دەکرد ، کامەران بە نوکتەو دەنگە بەرزو خەندەکانی دەیتوانی سەروەر بخاتە پێکەنین .. پێکەنینی نەرم و لە سەر خۆ ! بە ڕاستی سەروەر لە هەمووان زیاتر دڵی بە کامەران دەکرایەوە ، کامەران ئەگەر ڕۆژێک سەروەری نەدیبا ؛ کە دەیبینی دەیگوت : سەروەر دینسز هاردە سەن ؟ ئیتر ئەو هاردە سەنە ، کلیلی کردنەوەی زارو دڵێ سەروەر بوو ! سەروەر زۆر چاک کەسایەتی کامەرانی خوێندبووەوە ، زۆر جار پێی دەگوت : کامەران دەبێتە باوکێکی باش بۆ منداڵەکانی ! هەربە ڕاستیش وادەرچوو ، کامەران پاش تەواکردنی خوێندن ڕووی لە کاسبی کردوو بەو کاسبیە ژیانێکی باشی بۆ خۆی دروستکردوو دوا ڕۆژی منداڵەکانیشی مسۆگەر کرد ، من هەر جارێکی کامەران دەبینم .. ئەو قسە حیکمەت ئامێزو پێشبینیەی سەروەرم دیتەوە یاد ، زۆر جاریش بە کامەرانم گوتووە ، ئەلحەق کامەرانیش بە زەردەخەنەیەکەوە ئەم ڕاستیەی دەسەلماند !
سەروەر ئەحمەد چیڕۆکنووس بوو ..
سەروەر بە هۆی لاتەریکی و سنوور بەندی خۆیەوە زۆر کەم تێکەڵ خویندکارەکان دەبوو ، کەمتریش لە دەرەوەی زانکۆ دەبیندرا ! تا چێڕۆکی ( سەرکەوتن بەرەو خوارەوە !!) بە زمانی عەرەبی لە گۆڤاری ( الاقلام )بڵاو کردەوە . ئەم چیڕۆکە هەژانێک بوو لە نیو ڕاگەیاندنی ئەدەبی عەرەبی ، ناوەرۆکەکەی زۆر نوێ بوو ، چیڕۆکەکە زۆر تازەو ئاست بەرز بوو ، خوێندەوارێکی زۆری بۆ خۆی پەیداکرد ! عەرەبەکان نەیاندەناسی ، لایان وابوو عەرەبە ، چۆن لە گۆڤارەکەدا ناوی بە ئیملای عەرەبی ( سرور احمد ) نووسراو بوو و ناوەکەش نوێ بوو، هەندێک بە نووسەرو چیڕۆکنووسێکی جەزائیریان دەزانێ !؟ من خۆشم کە گۆڤارەکەم کرێ وخوێندەوە ، نەمزانی ئەم( سرور احمد) ە سەروەر ئەحمەدە کەی خۆمانە ! دواتر کە گۆڤارەکەم بە بن هەنگلیەوە بینی ، پرسیم چیڕۆکی – صعود الی السفل – ت خوێندەوە ؟ بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە شەرمەوە .. گوتی ئەوە چیڕۆکی منە !! بە ڕاستی شادیەک دایگرتم و هەتا پێمکرا دەسخۆشیم لێکردوو بە چیڕۆکەکەم دا هەڵگوت ، هەستم کرد شەرمێکی داهێنەرانە ڕەنگ و ڕووی داگرتووە !
حکومەت دەڵێ : فەرموون ئەم کتێبانە بخوێننەوە..
ئیتر لێرەوە من سەروەرم وەک نووسەرێکی گەورە هاتە بەرچاوو ، هەر جارێک یەکترمان دەدی و جار هە بوو پێکەوە لە زانکۆ دەچووینە دەرەوە ، باسمان هەر باسی ئەدەب بوو ، هەتا دەهات زۆر ترو چاکتر توانای ئەو گەنجە هەولێریەم بۆ دەر دەکەوت . بە تایبەت هەندێک لە ڕۆمانەکانی وا خوێندبووەوە ، وەک ئەوەی ڕۆمانەکەی ئەزبەر کردبێ ! کە باسی دەکردن وات دەزانی یەکێکە لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانە کان !
پاش نیوە ڕۆیەک پێکەوە لە کۆلیژ چووینە دەرەوەو لە کۆڵانە تەنگەکانی پشت شەقامی ڕەشید نانێکی هەژارانەمان خواردو لە گازینۆی پەرلەمان ، چامانخواردەوە .. پاشان هەڵساین و چووینە شەقامی ( متنبی ) و بە نێو کتێبان دا شۆڕ بووینەوە ، هەرچی چاومان گێڕا هیچمان دەسنەکەوت ، من بە دوای سەرچاوی فارسی دا دەگەڕام ، سەروەریش چاوی بە دوای ڕۆمانی تازەوە بوو ! هەردووکمان گڵەییمان لەم بازاڕە وشکەی کتیب و سەرچاوە دەکرد ، لە پڕ سەروەر گوتی : کاک مەولود دەزانی ئەو کتێبانەی ئێمە دەیانخوێنینەوە ، حکومەت پێمان دەڵی : ئەم کتیبانە بخوێننەوە !! گوتم چۆن کاک سەروەر ؟ گوتی : حکومەت ڕێگا بەوکتێبانە نادات کە بە مەترسی دەزانی بۆ ڕژێمەکەی خۆی بێنە وڵات ، ڕێگەش بەو کتبانەدەدات کە لە گەڵ بەرژەوەندی ئەو دەگونجێ ، ئەوسا دەڵێ .. فەرموون ئەم کتێبانە بخوێننەوە ! قسەکەی زۆر مەعقووڵ بوو، گوتم : ڕاست دەکەی کاک سەروەر . هەتا دەهات سەروەر زیاتر دڵی خۆی لای من دەکردەوەو ئازادانەتر قسەی دەکرد و منیش بەرە بەرە توانای سەروەرم بۆ دەردەکەوت و ڕێزم دەگرت .
سەروەر ئەحمەد بەردەوام بن باڵی پڕ بوو لە کتێب و گۆڤار ، هیچ ڕژۆێک کتێبێکی مەنهەج و بەشەکەیم – ترکی – بەدەستەوە نەبینی ! شتێکی سەرنجم دەدا هیچ کتێب و گۆڤارێکی کوردیشم بەدەستەوە نەبینی بوو ، جگە لەوەش هیچ ڕۆژێک باسی نووسەرێکی کورد یان ترکی نەدەکرد ، نە کۆن و نە نوێ ؛ زۆرتر بە دوای ئەدەبی ڕۆژئاوایی و نووسەرە ڕوسەکانەوە بوو ، بە تایبەت ڕۆمان نووسە گەورەکان .
سەروەرو لیستێک ڕۆمان ..
هاوین بوو لە هەولێر ولە شەقامی تەعجیل کاک سەروەرم بینی ، چاک و چۆنیمان کرد ، هەواڵی ئەدەب و خوێندنەوەم لێپرسی ؟ وەرەقەیەکی لە باخەڵی دەرهێنا ، لەو وەرقە خەت خەت و گەورانەی دەفتەرە سەت پەڕیەکان ، کە لە ئەی فۆڕی ئیستا گەورە تر بوو ، بە لستێک ناوی هەموی ئەو ڕۆمانانەی نووسیبوون کە خوێندبوونیەوە ؛ گوتی : ئەم ڕۆمانانەم هەمووی خوێندووتەوە ! کە سەیری لیستەکەم کرد ، ڕووێکی وەرقەکەی پڕ کرد بوو پەڕێبوەوە لای ئەودیویش ، ڕۆمانی وای تێدا بوو کە من هەر ناویشم نە بیستبوون ! بە گەرمی دەسخۆشیم لێکردوو ، لە دڵێ خۆمدا گوتم : ئەم سەرو دڵە بچووکەی سەروەر چۆن جێگای ئەم هەموو ڕۆمانە گەورەو پڕ لە ڕوداوو کەسایەتی و کێشمە کێشمەی تیدا دەبێتەوە ؟!! لە نێو قسەکانیدا گڵەیی لە کەسانێکی بەرپرس کرد ، کە لە دانیشتنێکا وایان نیشانداوە ، مادام دەسەڵات و پارەیان هەیە دەتوانن نووسەریش دروست بکەن !! گوتی : ئەوانە زۆر سەیرن !؟ گوتم : ئەو نووسەرانەی دەسەڵات دروستیان دەکات ، نووسەر نین ؛ ئامێرن !!
دەمەوێ زۆر ترین کەس بمبخوێننەوە ..
سەروەر ئەحمەد هەرچەندە چێڕۆکەکەی بە عەرەبی و لە گۆڤاری عەرەبی بڵاو کردوە ، بەڵام ؛ لە نێوەندی ئەدیبانی کوردیش گرنگیەکی زۆری پێدرا ، هەر زوو چیڕۆکەکەی کرایە کوردی و خەڵکێکی زۆر دەیانخوێندەوە .
لە گەڵ سەروەر نێوانمان گەیشتبووە ئاستێک .. بێ پەردە قسەمان لە گەڵ یەک دەکرد ، ڕۆژێک باسی ( زمانی نووسین ) هاتە نێو قسە کانمان ، گوتم : کاک سەروەر لە نووسەرانی کورد ، کەسانێک هەن بە زمانی عارەبی نووسیویانەو جوانیشیان نووسیوەو بەرهەمیان بڵاو کردووتەوە ، دوا جار جۆرێک پەشێمانیان لێ دەر کەوتووە ! تۆ چۆنە بە عەرەبی دەنووسێ ؟ چاکتر نیە بە ترکی یان کوردی بنووسی ؟! گوتی : زمان لای من گرنگ نیە ! ئەوە گرنگە نووسینەکانم بگاتە زۆر ترین خوێندەوار ! ئەگەر بە ترکی بنووسم ! سەت کەس دەمخووینتەوە !؟ ئەگەر بە کوردیش بنووسم ، هەزار کەس دەمخوێننەوە ! بەڵام ، کە بە عەرەبی دەنووسم پێنج هەزار کەس زیاتر دەمخوێننەوە !! گوتم : بمبوورە کاک سەروەر مەبەستم ئەوە نیە کە تەداخوڵ بە جۆری نووسین و زمانی نووسینت بکەم ! ئەم نووسین بە زمانێکی تر لە نێوەندی ئەدەبی بەردەوام قسەی لە بارەوە دەکرێ ! گوتی : نا ..کاک مەولود خەڵکی تریش ئەو پرسیارەیان لێکردووم ، ئاساییە و من ڕای خۆمە .
بەیان و سەروەرو دوا دیدار ..
خاتوو بەیانیش هاوکۆلیژی ئێمە بوو، من لە نزیکەوە دەمناسی ، کجێکی بەڕێزو باش بوو ، بەڵام ، ئەو کچە بە دوای بەهەشتی خەیاڵی خۆی دا دەگەڕا ، کەچی ؛ بۆی نەدەکرا ئەو بەهەشتە خەیاڵی و ئەم بەرچاو- واقیع- ە بگەینێتە یەک ! هەر بۆیە بەردەوام نیگەرانیەکی پێوە دیار بوو ! خاتوو بەیان لە پەیوەندیەکی پێشتر سەرنەکەوتبوو!

لە کۆتایی ساڵی خوێندنی ١٩٨٤ڕۆژێک پێش نیوەڕۆ گەڕامەوە بەشی ناوخۆ ، لە بەردەرگای پرسگە خاتوو بەیانم بینی و چاک و چۆنیمان کرد، گوتم : خێر بەیان خان لێرەی ؟ گوتی؟ کاک مەولود دەتوانی کاک سەروەرم بۆ بانگ بکەی ؟ گوتم : بەسەر چاو ئەگەر لە ژوورەکەی بێت ، ئاگاداری دەکەمەوە ، گوتی: من چاوەرێی دەکەم . سەرکەوتم و چوومە ژوورەکەی سەروەر ، ژوورەکە چۆڵ بوو، سەیرم رد لە سەر یەکێ لە قەلوێرەکان یەکێک لە ژێر بەتانی گرمۆڵەی کردووە ؛ هاوینیش بوو ! گوتم : کاک سەر وەر .. کاک سەروەر ! بەبێ تاقەتی بەتانیەکەی لەسەر خۆی لادو چاوی هەڵگلۆفت و گوتی : ها کاک مەولود چیت دەوێ ؟ گوتم : هەستە ئەوە خاتوو بەیان لە بەردەم پرسگەی ناوخۆ چاوە ڕێت دەکات . کە ناوی خاتوو بەیانی بیست ، بە بێ ئەوەی هیچ بڵێ ! بە پەڵە هەڵساو چووە خوارەوە! من لە بەردەرگای ژوورەکەی خۆمانەوە لە نهۆمی دووەمەوە سەیرم دەکرد ، سەروەر خێرا دەڕۆیشت و ڕۆیشتنێکی نا ئاسایی ، هەر سەیرم دەکرد .. تا لە چاو بزر بوو ! بەداخەوە ئەو دەم نەمدەزانی ئەمە دواجارە من کاک سەروەر و خاتوو بەیان دەبینم !؟ ئەوەی ڕاستیش بێت من پێشتر هیچم لە بارەی پەیوەندی ئەم دووانە نەدەزانێ و چاوەڕێی پەیوەندیەکی ئاوا نە بووم !!
ونبوونی بەیان و سەروەر ..
دواتر زۆر بەدرەنگەوە ، زۆر چیڕۆکی بێ سەرو شوێن بوونی خاتوو بەیان و کاک سەروەرم بیست ؛ هیچیان بۆ من جیگای بروا نە بوون ! لە نیو چیڕکەکانی بزر بوونیان ، دوو جێڕۆک زۆر تر بڵاو بوونەوە ، یەکیان خۆ بە ڕووبار دادان وخۆکوشتن بوو ، کە من بۆ خۆم بڕوام نەدەکرد ! ئەوەی تریان گیرانیان بوو لە لایان دەزگا ئەمنیەکانی عێراق لە هەوڵی چوونە دەرەوەیاندا !؟ بە ڕای من ئەمەیان ڕێی تێدەچوو . چۆن من ئەوەندەی لە گەڵ کاک سەروەر دوابووم ، هیچ ڕۆژێک هێمایەکی ئاوام لێ نەبیستبوو ! کە خەیاڵی خۆ کوشتنی هەبێت ! زیاتر بۆ ئەوە دەچووم کە سەروەروەک گەنجێک و نووسەرێکی بە توانا دەیهەوێ ببێتە نووسەرێکی ناودارو بەر هەمەکانی بە دنیادا بڵاو بێتەوە ! پەیوەندیەکەشی لە گەڵ خاتوو بەیان بۆمن زۆر کت و پڕو تازە بوو ، چۆن هەڵس و کەوتەکانی سەروەر و لاتەریکیەکەی لەوە نە دەچوو مەلی بە دوای کچەوە بێت ، چونکە منی هیچ ڕۆژێک نەمدیبوو لەگەڵ کچیکا ڕاوەستێ و قسە بکات ! خاتوو بەیانیش ، وەک پێشتر نووسیم بە دوای بە هەشتی خۆی دادەگەڕا ، ئێستا کە لە گەڵ سەروەر یەکتریان ناسیووە ، دەیهەوێ ژیانی داهاتووی خۆی مسۆگەر بکات !
خۆ کوشتنەکەیان بوو بەڕاست ..
کاتێ لە ژمارە (٣٧) گۆڤاری دیوان وەسیەتنامەی ئەو دووانەم خوێندەوە ، بەو پەڕی داخەوە ناچار بووم ، ئەو چیڕۆکی تراژیدی وتاڵەی خۆ کوشتنە بڕوا بکەم ! سەروەر گەنجێکی ڕۆشنبیرو بە توانا بوو، خوێندەوارێک بوو لە خویندنەوەدا کتیب خۆی لە بەر نەدەگرت ؛ بە تایبەت ڕۆمان .. سەروەر بەو گەنجیەی خۆی ڕەوشتی داهێنەرێکی خاوەن ئەزموونی هەبوو ، نان و بەرگ هەر هێندە پێویست بوون ، بەلای ئەوەوە ، ڕووت نەبێت و برسی نە بێت ؛ ئەو تەنیا شتێک کە تێری لێنەدەخوارد .. خوێندنەوە بوو خوێندنەوەی ڕۆمان .. !! سەروەر لە تەمەنی بیست و پێنج سالی دا ڕێگای مەرگی هەڵبژارد و لەم ڕێگایەشدا بە تەنیا نە ڕۆیشت .. خاتوو بەیانیشی بەگەڵ خۆی دا ، دوا جار خاتوو بەیان نەگەیشت بە بە هەشتەکەی خەیاڵێ . بەڵام ، گەیشت بە هاوڕییەکەی هەتا هەتایی و پێکەوە بەرەو ناخی دەریا هەڵفڕین.. ڕوحیان شاد ..
**
(١)چەند مانگێک لەوە پێش.. پێش نیوە ڕۆیەک لە بەردەم قەڵا ، لە تەنیشت کتێبخانەکەی سیروان ، پشتمان بە قەڵا دا بوو و سنگمان ڕوو لە هەتاو ، ئێمە چەند برادەرێ بووین مامۆستا ( سمکۆ عەبدوڵکەریم ) ی سکرتێری گۆڤاری ( دیوان ) گوتی : بە تەمای فایلێکی تایبەتین سەبارەت بە ژیانی ( سەروەر ئەحمەد )، منیش گوتم : پێکەوە بووین لە زانکۆ منیش یادگاریم لە گەڵ هەیە ؛ مامۆستا سمکۆ گوتی : باشە چی دەزانی بینووسە . گوتم : بەسەرچاو . من هەر خۆم دەمێک بوو هەستم دەکرد پێویستە ئەوەی دەیزانم لە بارەی ئەم چیڕۆکنووسە گەورەیە ..بینووسمەوە ! بەداخەوە ئەو قسەی بە مامۆستا سمکۆم دابوو لە بیرم کرد ! کە ژمارە ٣٧ گۆڤاری دیوانم بینی و فایلە تایبەتەکەی سەروەر ئەحمەدم خوێندەوە ، گوتم : حەیف زۆر دوا کەوتووم ! دەستم بە نووسین کرد . شاد دەبم ئێستا ئەگەر برایانی گۆڤاری دیوان ئەم نووسینەم بۆ بڵاو بکەنەوە .
(٢)خوێندکاروقوتابی : دەمێکە سەیر دەکەم لە بەکار هێنانی ئەم دوو ناوە ، تێکەڵیەک هەیە ؛ من بە چاکی دەزانم ، قوتابی بۆ ئەو منداڵانە بەکار بێت ، کە سەرەتا دەچنە بەرخوێندن تا دوازدەی ئامادەیی ، چۆن ئەم قۆناخە قوتابی بە خواستی دایک و باوک دەچیتە بەر خوێندن و کەمتر خواستی خۆی تێدا هەیە .
بەڵام ، قوتابی کە لە دوازدەی ئامادەیی دەردەچێ ، خواست و ئامانجێکی خۆی هەیەو بە دوای بەشێک دادەگەڕێ کە خۆی بتوانێ پێبگات ، بۆیە دەخوێنێ و کاردەکات بەرەو ئەو بەشە ، لێرەوەیە کە ئەو خوێندنە دەکات بەکاری خۆی ، بۆیە من پێمباشە بۆ قۆناخی پەیمانگاکان و کۆلیژەکان و تا دەگاتە ماستەرو دکتۆرا وشەی خوێندکار بەکار بێت .

نووسینی : مەولود ئیبراهیم حەسەن
٧/ ٢٠٢٤ – هەولێر




گفتوگۆ لەگەڵ گۆرانیبێژ(ئومێد قادر زیرەك).. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

ئومێد قادر زیرەك: مەرج نیە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت بەڵام مەرجە گوێچكەی موزیكی بێت و دەنگەكان بناسێت
ئومێد قادر زیرەك: هەندێك لە گۆرانی باوكم هەیە تائێستا بڵاونەكراونەتەوە لەلای خۆمان پاراستوومانە
گۆرانیبێژ(ئومێد قادر زیرەك) ئەگەر چی بەرهەمی بڵاوكراوەی كەمە بەڵام لە ئێستادا چەند بەرهەمێكی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە ،كاریگەری دەنگی هونەرمەندی كۆچكردووی باوكی (قادر زیرەگ) ،هۆكار بووە گە ئەویش بیر لە گۆرانی ووتن بكاتەوە هەربۆیە لەسەردەستی هونەرمەند مامۆستا(وریا ئەحمەد) دەچێتە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێر پێنج لە بەشی موزیگ دەخوێنێت،دوایش دەچێتە ئەكادیمای هونەرەجوانەكانی هەولێر لەوێش چواری خوێندنی موزیك بەسەركەوتووی تەواو دەكات لە ئێستادا سەرپەرشتیاری هونەرییە لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئێمەش لە نزیكەوە ئەم هەڤپیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*پێمان باشە سەرەتا بۆ خوێنەرەنمان باس لە كاروانی هونەری خۆت بكەیت.

  • كاروانی هونەری من لەو كاتەوە دەست پێدەكات كاتێ چاوم كردەوە تەنیا لە تیڤی و وێنەكان باوكی ڕەحمەتیم (قادر زیرەك) دەبینی و گوێم بۆ گۆرانیەكانی شل دەكرد بەدەم سۆز و ئاوازە پڕ لە دەنگە زوڵال و كوردانەكەی بە دڵێكی پڕ لەخەم و دووری چاوەكانم هێدی هێدی نەرمە بارانێك ئاسا هەندێ جار بەر شاشەكەی لێ دەگرتم هەندێ جار ڕومەتەكانمی تەڕ دەكرد و بەكۆلێك خەمەوە رۆژانم بەرێ دەكرد تا ئەو كاتەی بە هاوكاری مامۆستای موزیك ژەن و ئاواز دانەر مامۆستا(وریا ئەحمەد) خۆم لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بینیەوە و دواتر تەواوكردنی كۆلیژی هونەرە جوانەكان لە هەردوو قۆناغی خوێندن دا بەشداری بەشی زۆری چالاكییە هونەرییەكانم دەكرد ..لە دوای دەرچوونم لە چەندین گۆرانی تایبەت بەخۆم بڵاوكردەوە لە ئێستاش سەرپەرشتیاری پەروەردەیم لە پسپۆڕیەتی هونەرییم لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر.
    *ئەو كاتەی هونەرمەند(قادر زیرەك)ی باوكت كۆچی دوایكرد تۆ منداڵ بوویت هەبووە چێت لەیاد ماوە؟
    -ئەوكاتەی باوكم كۆچی كرد من تەمەنم چوار ساڵ بوو سۆزی باوكایەتی لەبەردەم شاشەی تیڤی و ڕادیۆ و ریكۆرد بوو كە ئەوكات فێنكایەكی زۆریان پێ دەبەخشیم و ئارامیان دەكردمەوە.

    *هونەرمەند قادر زیرەك تائێستا گۆرانی هەیە بڵاونەكرابێتەوە؟ هەموو ئەرشیفی لەلای بەرێزتان هەیە؟

  • بەڵێ ئەرشیفی هونەری باوكم بەشێكی زۆری لەلای منە و ئەوانەی بڵاویش بونەتەوە چەند وێنەیەك نەبێت هەمووی هی ئ
    لێمەیەو و بڵاوكراوەتەوە وە هەندێكی گۆرانی هەیەبڵاونەكرایتەوە تائێستا پاراستوومانە.

    *تاچەند گرنگە گۆرانیبێژ ژنیار بێت؟ خۆت كامە ئامێر دەژێنیت؟

  • بۆ پرسیاری ئەوەی تا چەند گرنگە گۆرانیبێژ ژەنیار بێت .. ئێمە با وابلێین تا چەند گرنگە گۆرانی بێژ یا هونەرمەد بەگشتی ڕۆشەنبیر بێت لە ڕوی ژەنین و ئامێر ناسیەوە …چونكە رۆشەنبیریەتی ژەنین و ژەنیار بۆ گۆرانی بێژ گرینگە تا بتوانێ هاوكاری دەنگی بكات مەرج نیە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت بەڵام مەرجە گوێچكەی پاك بێ و دەنگەكان بناسێ و توانای ئەدای لەبەرزترین مەودا هەبێت و هەما هەنگی و لەگەڵ ئامێری موزیك بكات و بەنەشاز نەبێت.

    *ئێمە دەزانین چەندین گۆرانی خۆت هەیە، هۆكار چیە تائێستا بڵاونەكردۆتەوە؟

  • دیارە زانیاریتان هەیە…

    *بەڵێ بێگومان هەر بۆیە ئەو پرسیارەشمان كرد؟

  • من لە ٢٠٠١ گۆرانی (بێ سۆداغ نیم) تۆ مار كرد لە تیڤی هەرێم كاری وێنەگریم بۆ كرد و بڵاوم كردەوە، دواتر پلانم دانا تا سی دیەك بڵاو بكەمەوە كە ئەوكات باری دارایی زۆر خراپ بوو هەندێ گۆرانیم تۆمار كرد لە سەر ئەركی خۆم ئەوەبوو برا بچوكەكەم نەخۆش كەوت و منیش ئەركی ئەو خێزانەم لە ئەستۆ بوو هیچ پاڵپشتیەكم نەبوو دواتر هەستم كرد تاوانە دەرهەق بە خۆم و خانەوادەكمان دەكەم بۆیە گۆرنیەكان لە ساڵی ٢٠٠٦ وە تا ئێستا ماون و بڵاوم نەكردیتەوە ئەركی خێزان زۆر قورسە ئامانەتێكە دەبێت بیپارێزی بۆیە من بێم پارە لە قوڕگی مناڵەكانم بگرمەوە بۆ كاری هونەری و لەولاشەوە هونەرەكەم كە ناتوانێ بمژینێ تاوانی من نیە بۆیە دەبێت بیرێك لەمەوە بكەینەوە هونەرمەند بتوانێ بە هونەرەكەی بژیێ ئا لێرە كەی پاڵپشتی هەبوو منیش دەست بەكاری هونەری دەكەمەوە.

    *كلیپی گۆرانی تایبەت بە خۆت هەیە؟ چۆنە دەڕوانیتە كلیپەكانی گۆرانی بەگشتی؟

  • وەك گوتم یەك گۆرانی كلیپی لۆ كرا لە تیڤی هەرێم لای من نەماوە لە ئەرشیفی تیڤی هەرێم خۆیانە .. تایبەت بە كلیپەكانی ئەمڕۆ بەداخەوە بەشێكی زۆری تەقلیدە و هەیانە نوێكاری تێدایە بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی ئەفڕاندن وە هەندێ كلیپ هەن هەر دوورن لە بابەتەكە و تەنیالكێندراون بەیەكەوە.

    *وەكو هەر گۆرانیبێژێك ئەو گرفت كێشانە چین كەرووبەری گۆرانیبێژ دەبنەوە؟

  • خراپترین حاڵەت نەبونی پاڵپشتی و هاوكاری هونەرمەندان خۆیانن لە نێو خۆیان جاران هونەرمەندی ژەنیار و گۆرانی هاوكاری یەكتر بون و بە روحیەتێكی هونەری و نیشتیمان پەروەری هاوكاری یەكتر بون بۆ خستنە ڕوی بەرهەمێكی هونەری پڕ ڕوحیەت و هاوكات نیشتیمان پەروەری بەڵام ئێستا بیر لە پارە دەكرێتەوە و بەلایەوە گرینگ نیە چی دەبێت وە هەندێ جار دەنگە پڕ سۆزەكان لە ستۆدۆ دەمرن.

    -وەكو لاوێك ئاستی گۆرانی كوردی چۆن دبینیت؟

  • ئاستی گۆرانی كوردی لە ڕوی ئەداوە هەنگاوی باشی بڕیوە بەڵام بەگشتی فەوزایەك هەیە لە گۆرانكاریە خێراكان جاری وا هەیە مۆركی كوردی لەدەست داوە یاخود تۆن و دەنگ بۆتە قوربانی كلیپ ئەمە بگرە لە نەفەس كورتی و نەبونی بەردەوامی بەهەر هۆكارێك بێت.

    *وەكو سەرپەرشتیارێكی پسپۆری هونەری وانەی هونەرلەنێو قوتابخانەكان و ئاستی هونەری قوتابیان لەچ ئاستێك دایە؟

  • بەداخەوە لە زۆرێك لە قوتابخانەكان، وانەی هونەری لە قوتابخابەكان بۆتە قوربانی ڕێكخستنی میلاكی قوتابخانە .. پەندەكی كوردی هەیە دەڵێ.. ( چ بایە و چ بارانە هەر لە تەمەنی بەفر كورت دەكاتەوە ) لە نێو قوتابخانەكانیش یا لە باڵاتر هەر گۆرانكاریەك ڕوو دەدات لەبەشە وانەی هونەری كەم دەكرێتەوە ئەوە جگە لە هەندێ قوتابخانە خشتەی دابەش كرایە و بۆ تەواوكردنی میلاك هەر دوو وانەیەك دراوەتە مامۆستایەك بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە،لە ناوەندەكانی خوێندن گرنگی زیاتر بە وانەی هونەری بدات،چونكە وانەی پەروەردەی هونەری مێشك چالاك دەكات.
    سەبارەت قوتابیانیش ،سوپاس بۆ خوا من وای دەبینم ئاستی قوتابیەكانمان لە وانەی هونەری زۆر باشە بەڵام بە داخەوە كەمی مامۆستای پسپۆری و گرینگی نەدان بە بەهرە هونەرییەكانیان دواتر بەرە بەرە دوور دەكەونەوە بەڵێ لە هەندێ قوتابخانە هەندێ مامۆستا و قوتابی هەن زۆر دڵخۆشكەرن بەڵام نەبوونی پاڵپشتی و هاندان ئەوانیش لە بازنەیەك دەسورێنەوە ناتوانن هەنگاوی گەورە تر بهاوێژن.
  • باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی تا قوتابیەكی هونەرمەند و فێرخوازێكی ژیر دەركەوێ تا دوارۆژ پارێرزەرێكی یا دكتۆرێكی هونەرمەند ی لێ دەرچێت؟
  • بۆ ئەم پرسیارە دەبێت گرنگی تەواو بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی هونەری بدرێت و دەستی واڵا بكرێت لەروی پركردنەوەی میلاكی مامۆستای هونەر ی لە هەمان كاتدا كردنەوەی خوولی بەهێزكرنی مامۆستای پەروەردەی هونەری لە ناوەندەكانی خوێندن لەگەڵ ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و پێش بڕكێی هونەری ساڵانە لە نێوان قوتابخانەكاندا.



کارگەران و چەوساوانی کورد لە نێوان بەرداشی ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزم و هزری کوردایەتیدا!.. سابیر .م

سەرەتا کوردەکان لە ناوچەیەکدا ژیاون کە ململانێی و کارکردی سیاسەتی کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانی و ڕوسیا ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە چارەنووسی ئەم ناوچانادا.
بەهۆی ئەم زۆرداری سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمەوە وە کارکردی دەوڵەتانی ناوچەکە وە شەڕی نێوان ئیمپراتۆریەتی فارس و عوسمانیەکان ، سەرجەم ئەم فاکتەرانە ڕێگریان لە چوونە پێشەوەو گەشەی ئابووری ئەو میللەتانەی کە لەو ناوچانەدا کۆڵۆنیالیزم دەستیان بەسەردا گرتوون ، هەمیشە جوتیارانی هەژارو چەوساوەکانی کورد هێزی جەماوەری و سووتەمەنی سەرەکی ئەو بزووتنەوە سیاسی و چەکداریانە بوون کە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی چینێک و توێژێکی دیاریکراو لە سەرۆک خێڵ و ئاغاکان و شێخەکانی ئەوکاتە هاتوونەتە ئاراوەو وە بەناوی ( سەربەخۆیی کوردستان و کوردان ) جەماوەریان گەوجاندووە .
بەڵام ڕەنج و تەقەللاو خوێنی سەدان هەزار گیان بەختکردووی فریودراو بە (وەهمی شۆڕش و ئاخێزی کوردایەتی ) چۆتە گیرفانی چین و توێژی بۆرژوا پەرستەکان و زۆرداران و ئاغاو دەربەگ و شێخ و مەلاو چینە باڵادەستەکانی کوردو حیزبە خێڵەکیەکانیان، وە نەوە دڕدۆنگەکانیان .
ئەم چینە کۆمەڵایەتیەی کارگەران و چەوساوانی کوردیش تا ئێستاش نەبۆتە خاوەنی بزووتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری سەربەخۆی خۆی و هێشتا گیرۆدەی هزری دواکەوتوانەی کوردایەتی و ڕەعیەت و خێڵ و سوننەتی دواکەوتوانەی فەرهەنگ و ئەدەبی دەرەبەگانەی جنێوفرۆشی لە حیوارو گوفتوگۆدا و کوڕنوشبردنی کۆمەڵایەتیانەی ئەسڵ و نەسەبی خزمایەتی خێڵە دەشتیەکان .
وە هەمیشە چینە باڵادەستەکانی ئێستای کورد بە ناوی دیمۆکراسی و سۆسیال دیمۆکراسی و چەپێکی بۆرژوازیانە وە پاشکۆو ڕیفۆرمیستیە جۆربەجۆرەکانیان خەباتی ئەم چینەیان کردووە بە قوربانی ستراتیجیەت و ئامانجی قەومیانەو هزری کوردایەتی حیزبە خێڵەکی و چەکدارەکانی خۆیان ، وە بەردەوام جەماوەریان هانداوەو و هەڵخڕاندووە کە لە ژێر چەتری ئەم بزووتنەوە نەتەوایەتی و پۆپۆلیستیە کۆنەپەرستانەدا بمێننەوەو لە خەبات و تێکۆشانی سەربەخۆی چینایەتی خۆیان دوور ڕابگرن .
تا جیهانی سەرمایەداری و بەرژەوەندی چینایەتی بمێنێ و تا بەرژەوەندی ئیمپریالیستەکانی جیهان لەم ناوچانەدا بەو جۆرە بچێتە پێشەوە ، وە کۆڵۆنیالیزمی کۆنی خۆیان بەبەرگێکی تازەی لێبڕالیزمانەوە درێژە پێبدەن ، بەردەوام خەڵکان و گروپ و دەستەی داڕزیوو بۆگەنی ووردە بۆرژوا قانگدراو بە هزری کوردایەتی بۆرژوازیانە ، هەڵئەتۆقن و جارێک بەناوی سەربەخۆیی کوردستانەوە ، جارێک بەناوی ئاخێزی کوردانەوە ، جارێک بەناوی گێڕانەوەی ئایدیتێنتی کوردو ، …..هتد ، کە دوورو نزیک بوونەتە پاشکۆی فەرهەنگێکی ئیمپریالیستانەی جیهانی و ە لەوانە سۆسیال دیمۆکراتە جەللادەکانی پڕۆلیتاریای جیهان و ئەوروپا ، ئیتر چ دژ بە میتۆدی خەباتکارانەی مارکسیستی بێت لە ناوچەکەدا ، یان دژ بە خودی بەرژەوەندی ملیۆنەها کارگەرو چەوساوەی کورد بێت ، لە ڕێگەی سووکایەتی و گاڵتەجاڕی بە خەباتی چینایەتی و نێونەتەوەیی پڕۆلیتاریا لە ناوچەکەو جیهان .

هەربۆیە وڵاتە ئیمپریالیستە زلهێزەکان و ڵاتانی ناوچەکەش بەردەوام بە شوێن گەشەپێدان و کۆمەکی مادی و مەعنەوی و بەردەوامبوونی خەباتێکی بۆرژوا ناسیۆناڵیستانەی چەکداری ، یان فیکری ناسیۆنالیستی بوون لە ناوچەکەدا ، لە پێناو ڕێگەگرتن و بەربەست دروستکردن لەبەردەم هاتنە ئاراوەی بزووتنەوەیەکی چینایەتی سەربەخۆی چەوساوەکانی کوردستان ، کە هێزی بالفعل و بنەڕەتی گەورەن بۆ هەر گۆڕانکاریەکی ڕادیکاڵانە لە ناوچەکەدا بە قازانجی لابردنی ئەم هەڵاواردنە قەومی و نەتەوەییەی کە لەم دەڤەرانەدا هەیەو ، وە دواتر دژایەتی و بەرهەڵستی هەر سیاسەتێکی شۆڤێنیستانەو فاشیستیانەی دەوڵەتانی ناوچەکە وە حیزب و هێزە سیاسیەکانیان.

سابیر .م
٦/ ٨ / ٢٠٢٤




بۆ ڕێنیسانسی ئەدەبی کوردی شکستی هێنا؟.. ئاسۆ کەمال

ئەم کتێبەی نوسەر ئەحمەدی مەلا شایەنی خوێندنەوە و گرنگی پێدانە، کە بەراوردی ڕێنیسانسی فەرەنسی و کوردی دەکا.
ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەدەبی کوردی گرنگە تا بزانین لە چ ئاستێکی ئەدەبی جیهانیدایە و لە مێژووی نوێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەم ئەدەبە بۆچی نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە بۆ گۆڕینی فکر و کەلتوری کۆمەڵگەی کوردستان بنێ؟ بۆچی لە بوژانەوە و ڕێنیسانسی فکر و ئەدەبدا شکستی هێناوە؟
ئەحمەدی مەلا ڕێسەی ئەم شکستانەی ئەدەبی کوردی لە مانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان لە “سیستمی خێڵایەتی بابانەکان و میرنشینە کوردیەکان” و سیستمی داخراوی دینی و تەسەوفی ئیسلامی بوە کە دین نەک مرۆڤ بنەمای تێڕوانین و گرنگی پیدانیان بوە. سەرهەڵنەدانی دیدێکی ڕەخنەگرانەی فکری و فەلسەفی و ئەدەبی بەرامبەر بەم شوناسە خێڵەکیە و کەلتوری حوجرە و موریدی خەلیفە، وە بەرانبەر بەم سیستمە خێڵی و دینیانە خۆی ڕەنگدانەوەی دواکەوتویی ئابوری دەرەبەگایەتی و خەلافەتی عوسمانی بوە لە کوردستاندا، کە بەشیوەیەکی کورت لەم لێکۆڵینەوە بەراودکاریەیدا بەرچاو دەکەوێ. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی بە هاتنی سیستمی سەرمایەداری بۆ کوردستانیش دیسان ئەم ڕێنسانسە ئەدەبی و کەلتوریە ڕوی نەداوە؟
لێرەوە دەگەین بەوەی کە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی سەرتاپاگیری کۆمەڵگەی کوردستان پێویست و گرنگە. لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری کە لە بواری بەراوردی سیاسەت و ئابوری و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕینیسانس و گۆڕانی کۆمەڵگەی جیهانی ئەنجام بدرێت، تا تێگەیشتنێکی ڕۆشنتر بدات بەدەستەوە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان. خوێندنەوەی ئەم کتێبە هاندەرێک دەبێت بۆ کەسانێک کە دەیانەوێ مێژوو و واقعیەتی ئەدەبی و سیاسی و ئابوری کومەڵگەکەیان باشتر بزانن.
لەم خوێندنەوەیەدا سەرنجێکی نوێ دەدەیت بۆ ئەدەبی کوردی و دەوری شاعیر و ئەدیبەکان دەناسی. ئەوەی بۆمن سەرنج ڕاکێش بوو دەوری پێشڕەوی شێخ ڕەزای شاعیرە(١٨٣٥-١٩٠٩) کە ئێمە تا ئێستا بەتەنیا بە ئەدەبی هەجو و زمانی زبر دەیناسین و لێرەدا بە هەوڵی ڕێنسانسانەی سەرەتایی و ئاڵوگۆڕبەخشی ئەم شاعیرە ئاشنا دەبین لە ئەدەبی کوردیدا. وەک ئەحمەدی مەلا دەنوسێ” کاتێک شیعری شێخ ڕەزا دەخوێنینەوە، واقعیەتێکی نوێ یەخەمان دەگرێت، واقعی شار. باس لە مرۆڤ و کەسایەتیەکانی شار، زمانی نوێی شیعر، باسی ئازادی، ڕەخنە لە واقع و دەسەڵاتە دینیەکان. دواتریش لەگەڵ تێکەڵ بونی کوردستان بە سیستمی سەرمایەداری جیهانیەوە لە سەدەی بیستدا باسی قانع و حاجی قادری کۆیی و پیرەمێرد و بێکەس و ئەوانی تر دەکا کە لە هەوڵی تازەگەری و ڕۆشنگەری ئەدەبیدا دەوریان هەبوە و ڕەخنەیان لە دواکەوتویی کەلتوری و فەرهەنگی و داومودەزگای دینی و حوجرە گرتوە، وە بەدوای شوناسی ناسیونالیستی کوردێکی مودێرندا گەڕاون نەک شوناسی ئیسلامی و خەلافەت و تەریقەتدا. باسی خوباسی خوندن و زانست و ئازادی و ڕۆڵی ژنان دەکەن.
بەڵام ئەم هەوڵە ئەدەبیانە نەیان توانیوە ڕێنسانسێکی فکری و ئەدەبی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دروست بکەن، هەر وەک “ئەحمەدی مەلا”ش باس لەم شکستەی ڕێنسانسی کوردی دەکا. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە تەنیا ئەدەب و شیعر نیە کە کۆمەڵگەیەک دەگۆڕێت. ئەوروپا و ڕۆژئاوا لە ئاکامی شۆڕشێکی ڕینسانسیی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ڕووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکریەوە توانی دنیا و سیستمی دەرەبەگایەتی و دینی بگۆڕێ بە دنیایەکی سەرمایەداری. بەڵام خودی ئەم سیستمە سەرمایەداریە کە لەسەرەتاوە شۆڕشگێڕ بو بەرامبەر بەدەرەبەگایەتی و لەدوای بەدەسەڵات گەیشتنی خۆی کۆنەپارێز بو، وە کاتێک وەک هێزێکی ئیمپریالی و داگیرکار لە سەدەی بیستدا باڵ بەسەر جیهاندا لە سەدەی بیستدا دەکێشێ دەوری دەگیڕێ لە هێشتنەوەی بەشێکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیش لەم دواکەوتویە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگیەی کە تا ئێستا بەردەوامە. شۆڕشە کرێکاریەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠ بونە ئەو نەوە نوێیەی کە درێژەی بە ڕێنیسانسی سیاسی و کەلتوری دا و هەر بۆیە کاریگەری ئەم تەوژمە شۆڕشگێڕیەش لە کوردستان لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە دەبینین، وەک لای گۆران و قانع و هتد…
ئەم مێژوە فێرمان دەکا ئێستا و ئانیدەی ئەدەبی پیشکەوتنخواز لە کوردستاندا گەڕانە بە دوای شوناسێکی مرۆڤی جیهانیدا کە گوزارشت لە خولیا و خواستی ژیانێکی ئینسانی باشتر بکا و ڕێگایەک نیشان بدات بۆ دەرچون لە دەرد و ئازارەکانی سیستمی سەرمایەداری زاڵی ئێستا. ئەم خەم و کێشانە جیهانین و چارەسەرەکانیش هەر لە ڕیگەی کەلتور و ئەدەب و هەوڵی هاوبەشی مرۆڤەکانەوە دەبێ، هەربۆیە مرۆڤی کورد و ئەدەبەکەی بە شوێن شوناسێکی نوێی جیهانیەوەن.
دەستی نوسەر ئەحمەدی مەلا خۆش بێت بۆ ئەم کتێبەی کە شایەنی خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی زۆرترە و بەداخەوە من لەبواری ئەدەبدا شارەزانیم تا زیاتر لەسەر خوێندنەوەی ئەم کتێبە ڕاڤەی زیاتری بکەم.




تاوانێکی دیکەی تاسەر مۆخ نائەخلاقی ئاسایشی سلێمانی!.. تاهیر عیسا

بەپێی ڕاگەیاندنی، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەفتەی رابردو هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، چالاكوانێكی سیاسیی كوردی خەڵكی شاری سەقزی كوردستانی ئێران، بەناوی بەهزاد خوسرەوی لەدوای ئەشكەنجەیەكی توند رادەستی جمهوری دڕندەی ئیسلامی ئێران كردۆتەوە، كە خاوەن پێداویستی تایبەتە و ئەندامی حزبی دیموكراتە و بەڕەسمی پەنابەریی نەتەوە یەكگرتوەكان
بووە.
ئەم هەنگاوەی ئاسایشی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، لەسەرو بەندی هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕانەکەی پەڕلەمانی کوردستاندا،
چ مانایەک دەگەیەنێت؟
لەهەر دەورەیەکی ئینتخاباتی وڵاتانی دنیادا، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی بەشدار لەململانێی هەڵبژاردنەکاندا، بەر لە هاتنی وادەی تەبلیغاتی بۆ ئەو ململانێیە، زۆر بەحەزەرەوە هەڵس و کەوت دەکەن، نەکا بکەونە هەڵەیەکەوەو لەلایەن جەماوەرەکەیانەوە بکەونە ژێر باری سەرنج و تێڕوانینی خراپەوە، بەڵام پێچەوانەی ئەمە، ئاسایشی یەکیەتی کەدەست بۆ تاوانێکی وەحشیگەریانەی زۆر مەترسیداری لەم جۆرەدەبات، پێمان دەڵێن، کە ئەوان تۆزقاڵێک باکیان بەوە نییە هەڵوێستی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەهەمبەری سیاسەت و کردەوە ناپەسەندە دژە ئازادیەکانیان کە ڕۆژانەو بەردەوام پەیڕەوی لێدەکەن چیلێدێت.
بەڵکو ئەوەی بۆ ئەم دوو هێزە بنەماڵەییە ئۆلیگارشییە گرنگە، کە هەریەکەیان دەستی بەسەر زۆنێکدا گرتووە، پارێزگاری کردنیانە لەپێگەی حوکمڕانی گەندەڵکارانەیان و لەلوتکەی بێمۆڕاڵیدا خەریکی خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتین بۆ هەریەکە لە جمهوری کۆنەپەرستی ئێران و حکومەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە.
لەلایەک بەناو دژە تیرۆری پارتی خەریکی جاسوسیی و دەستنیشانکردنی کەسانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیاو کەسانی ئازادیخوازی تورکیایە، تەنانەت ئەوانەشی کە وەک کەسانی سیڤیلی دانیشتوی زۆنی سەوز، دژی سیاسەتەکانی تورکیاو ئەردۆغانن، لە ژێر سێرەی چاوی پیسی جاسوسی بەناو دژەتیرۆری پارتیدا، نەجاتیان نابێت و بۆ دڕۆنەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، لەڕێگای جی پی ئێسەوە دەستنیشان دەکرێن و ڕۆژنییە پۆلێک لەکەسانی شارنشینی بێتاوان نەبنە قوربانی ئەم سیاسەتی نۆکەرچێتیەی سەرانی بنەماڵەی بارزانی و پارتەکەیان و خەڵتانی خوێن و خاک دەکرێن.
سەرباری ئاواڵاکردنی سنورەکانیان بۆ هێرشی سەربازی ڕژێمی فاشیستی تورکیاو وەڵامدانەی ئەم بنەماڵە نێرجسیانە، بەمەیل و ویست وخواستی داگیرکەرانی کوردستان، نیشانەی ئەوپەڕی بێ ئەخلاقی هەریەکە لەو دوو هێزەو وە هەموو ئەو هێزو حیزب وڕێکخراوانەی دیکەی دەورو بەری ئەم دوو هێزەشە کەلەبەرامبەر ئەو جینایەتانەدا بێدەنگن .
ئەوەی لەم چەند ڕۆژەشدا لەلایەن ئاسایشی سلێمانی ڕوودەدات، لەدەستبردن بۆ جینایەتێکی وەحشیگەریانەی لەم جۆرە، هەموو ئەو قسە قۆڕانەی سەرۆکی یەکیەتی بەناو نوێ و تازە کە دەیگوت هەرکوردین وهەر کورد دەبین، دەکات بەدرۆیەکی زل وزەبەلاحی بێماناو پووچ وبەتاڵ، نیشانیان دا کەکوردایەتی ئەمان بەو جۆرەیە کە بەئەزموون لەماوەی سیی و سێ ساڵی ڕابردوودا نموونە هەرە قێزەونەکەی حوکمڕانی لەڕۆژهەڵاتی ناویندا، پیشانی هەم خەڵکی کوردستانیاندا و هەم پیشانی خەڵکی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی و تورکیاییان داوە.
سیاسەتە عەمەلیەکانی هەریەکە لەپارتی و یەکیەتی لەم سەروبەندەی بەرلەهەڵبژاردندا، لە دەلاقەی زۆنی زەردەوە بۆنی ئەوەدێت کە لەوەناچێت پارتی و ئاکەپە(بارزانی و ئەردۆغان) مەبەستیان بێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، نەبۆ بارزانی و پارتەکەی دوابەدوای ئەو ئاڵ وگۆڕانەی لەکۆمیسیۆن و بازنەی هەڵبژاردنەکان و کۆتاکاندا ڕویداوە، هەل ومەرج و دۆخی هەڵبژاردن لەباربێت، نە ئەردۆغانی فاشیستیش لەیادەوەری زیاتر لەسەد ساڵ تێپەڕین بەسەر پەیماننامەی لۆزان و میساقی میللی ئەتاتورکدا، دەیەوێت لەهەرێمی کوردستاندا دۆخی سیاسی و ئیداری وحکومی جێگیربێت، کە بەپێی ئەو میساقە میلییە،تموحیان لە گێڕانەوەی موسڵ و کەرکوک و تەنانەت هەولێریشدا هەیە، کە بۆ دەوڵەتانی زلهێز هەڵبژاردنی پەڕلەمانی لەکوردستاندا، مەرجی ئەو جێگیریە سیاسیی و ئیداریی وئابووریەیە.
ئەمە لەکاتێکدا بەدەیان باڕەگای میت وکۆماندۆی تورکیا بارەگایان لەزاخۆوە هەتا هەولێر بڵاوەپێکراوە،
دەرفەت بۆسیناریۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخی سەربازی بەبیانووی شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان، یەکێکە لەو ئیحتمالاتانەی کەدەکرێت وەک بیانوویەک بۆ ئەنجامنەدانی هڵبژاردن دەستی بۆ ببردرێت !
هاوکاتیش لەدەلاقەی زۆنی سەوزەوە دوای ئەم تاوانەی کەلەلایەن ئاسایشی سلێمانی ئەنجامدراوەو کەسێکی چالاکی مەدەنی سیاسیی خاوەن پێداویستی تایبەت تەسلیم بەڕژێمی سێدارەی ئێران کراوەتەوە، نیشانەی کەین و بەینێکی دیکەی بەر لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانە، لە نێوان ئێران و یەکیەتی نوێدا، بەنرخی خوێن لەکاسەکردنی چالاکوانێک بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران لەبەڕامبەر دیزاینی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی چاوەڕوانکراودا.نیشانەی پێداگریی و بەردەوامی نۆکەرچێتی ئەم یەکیەتیەیە بۆ سیاسەتەکانی جموری ئیسلامی ئێران لەناوچەکەدا.
بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر سیاسەتە نۆکەر چێتیەکانی یەکیەتی و پارتیدا تەنیاو تەنیا بەهاتنەمەیدانی ڕیزی بەرفراوان لەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا دەتواندرێت کۆتایی بەم هەل ومەرجە ئاڵۆزو دژوارە بهێندرێت کە وەک تارمایی باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی
کوردستاندا.
تاهیر عیسا/06.09.2024




نانی بەرد.. شیعری سۆران محەمەد

چی دەبوو بنیامین
گەر ئەو بەردەت نەهاویشتبا
کەی ئەو گۆمە
حەوجێی شڵەقین بوو؟
نااااا
پردەکان دەبوو
برینەکانیان ساڕێژ کردبا
گەرمێنییە بێناونیشانەکان
لە بولێڵەوە
بەسەریدا بپەڕینایەتەوە
ئەوبەری چێشتەنگاو…
ئای ئەو بەردە
سەری هەمووانی شکان
کەی شەوی ڕەواندەوە؟
کەچی بینەرانێکی درەنگ وەخت
چەپڵەیان بۆ دەستڕاستیی بنیامین لێدەدا
دەڵێن وای لە کاریزما
وای لە پاڵەوانی گۆڕەپان و مەیدان….

*
چی دەبوو گەر شەقت
لە دەمەشێرەکانی سەر ڕێ نەداباو
گوڵەحاجیلەکانت پان نەکردباوە
کاتێ بە باڵای چیاکاندا هەڵدەزنای
ئەو کاتانەی
کەلانەکانی ناو پریاسکەی شوانەکانت دەکرۆشت
خۆر بە هەر دە پەنجەی دروستی کردبوون
دەتخواردو دەبوونە پلاستیك
ئیدی پیتی کێڵگەکان بزر بوو
شەرت بێ ئەمجارە
ئێسکە پەرتەکان گەر کۆبوونەوە
پاڵەیەك لەدەرەوەی مەزرا
کای بە با کرد
دەبێ پێی بڵێم:
چیدی مەهێڵه نانەکانت ببنە پلاستیك …

*
ئوردوگا پڕە لە بەرد
مزگەوتەکەی عەنەب
پڕە لە تەرمی بەرد
یەکی گوڵە گەنمێکیان لە دەستدایە
چاوەڕێی مردووشۆرێکن
تا بیانشواو هەستنەوە
گەر چاخی بەردیش گەڕایەوە
بنیامین
بیورەکەی لە بەرد دەتاشێ
نەیدەزانی
لە زمانی بەرد نەرمتر،
بۆ شکانی سەری ڕێبوارەکان.
چۆلەکەکانیش
لە بەردی نێو دارلاستیکی مناڵەکان
دەترسان.
*
چی دەبوو
گەر ئەو بەردەت نەهاویشتایە بنیامین؟
دوێنێ سەرەکان پڕ بوون لەبەرد
پێیەکانیشی کردە بەرد
ڕێی لە هەنگاوەکان دەگرت
شەرت بێ ئەمجارە گەڕامەوە
ئاگام لە بێرییەکان بێ
تا شوان دەگەڕێتەوە
ئەوجا دەبێ گوزوشتەی ئاشی بەردین و
لەشکری گورگە دووپێکانی بۆ بگێڕمەوە
نەهێڵم هەورەکان چیدی بەرد ببارێنن
ئەو کاتەی جوڵەی چرکەکان
هاوتای گەڕانی خۆر دەبێ
لە دڵی مەزراکان،
ئاوها، کڕێشی توێغی ناخەکان
ناوەشێردرێ
لە دیدەی گیان..

*
بنیامین کە پیر بوو
نەیدەزانی
ئەو هەموو بەردە چیین
لەبەردەرگا!
نەیدەزانی چەند لە مێژە
قەتێیەك لەسەر کانییەکی دوورە دەست
تێر ئاو نەبووە..
نەیزانی
ئیدی بەرد نامێنێ
تا بەکامی دڵ
خانووچکەیەکی ئاوا
لەبەرد چێکەین
بۆ پەیڤەکان…

*
چی دەبوو
گەر ئەو بەردەت نەهاویشتبا؟
بنیامین!
……………………….
کۆتایی تشرینی یەکەم ٢٠٢٣

سۆران محەمەد




گوناحە.. شیعری نەوزاد بەندی

گوناحە ،
شیعری جوان و نایاب ،
بۆ میللەتێ ،
بووە به عاشقی کۆیلایەتی و
برنج و کەباب ..
گوناحە ڕۆشنبیریی ،
بۆ میللەتێ ،
لای ناوگەڵ و
گەدەیەتی ،
هەموو هۆش وبیری ..

٭ ٭ ٭
گوناحە کتێب ،
بۆ میللەتێ ،
برسیترە لە سواڵکەرەکەی ،
میر و وەزیری ..
35 ساڵ نەوت بدزێ ،
هێشتا پڕ نەبووە گیرفانەکانی ،
هێشتا جێی نەهێشتووە ،
مێشکی ،
کابوسی فەقیریی ..

٭ ٭ ٭

گوناحە ،
کتێبخانە و
پێشانگای کتێب ،
بۆ میللەتێ ،
کە دینار تێکەڵکراوە بە شیری ..
کە ترس و سێکس و خواردن ،
بوون بە خوای
مناڵ و پیری ..

٭ ٭ ٭

کفرێکی گەورەیه نووسین ،
بۆ میللەتێ ،
دوژمن گاڵەی پێ ئەکا و بێدەنگە ،
بۆ سنگی یەکترە شیر و تیری ..
ڕیفۆرمی چی نیشان ئەدەی بۆی ،
ئەو کە تەنها بۆ گیرفان و
بۆ خێزان و
ماڵی خۆیەتی ، تەگبیری ؟




ئامۆس گیتەی بانگەوازەکانی بۆیکاتکردنی فیلمی ‘Why War’ لە ڤێنس ڕەتدەکاتەوە؛.. وەرگێڕانی: گۆران

ئامۆس: حەماس و ئیسرائیل دەبێت و پێویستە رابەرە ڕاستڕەو توندڕەوەکانی ئێستایان وەلانێن بۆئەوەی ئاشتی بەرقەراربێت.

ئامۆس گیتەی، دەرهێنەری ئیسرائیلی بانگەوازەکانی بۆیکاتکردنی کارەکانی لەبارەی فیلمی ‘Why War’ لە ڤێنیس ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: هەردوولا لە ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین پێویستیان بە پاککردنەوەی سەرکردایەتی ئێستایان هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی زاڵ بێت.

فیلمی ‘Why War’ کە ئەم هەفتەیە بۆ یەکەمینجار لە ڤێنیس نمایش دەکرێت، ئیلهامەکەی لە نامەنووسی سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ی نێوان ئەلبێرت ئەنیشتاین و سیگمۆند فرۆید وەرگرتووە سەبارەت بە پرسی سروشتی شەڕخوازانەی ڕەگەزی مرۆڤ و چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە شەڕ.

کارەکە دووبارە نمایشکردن و تێکەڵکردنی هەردوو کارەکتەرەکەیە لەکاتی گێڕانەوەی یاساکانیان، لەگەڵ وێنەی مێژوویی شەڕ لە هونەردا و دیمەنی چۆنیەتی مامەڵەکردنی کارەکتەرەکان لەگەڵ کاریگەرییە دەروونییەکانی ململانێکان.
ئەم فیلمە لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد کە. کەلەئەنجامدا زیاتر لە هەزار کەس کوژران و بەدووایدا هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوە لە حەماس دەستی پێکرد و وێرانەیی و کوشتارێکی زۆری لە خەڵکی غەزە بەدووای خۆیدا هێنا.

لەگەڵ ئەوەشدا گیتای وتی، دیدگای ئەو ئەوەیە کە دەیەوێت لەپرسی شەڕ بە شێوەیەکی گشتی بکۆڵێتەوە نەک لە ڕێگەی “پەیوەندییە سەرخۆشکەرەکەی ئیسرائیل و فەلەستین”.

“هەروەها وتی: لە ڕاستیدا فیلمەکە تیشکی لەسەر ئیسرائیل و فەلەستین نییە، هەرچەندە پێیان وایە و وابیردەکەنەوەو کە ئەوان ناوەندی جیهانن. بەڵام جیهان هیچ ناوەندێکینییە. هەسارەکە خڕە. [ئەوە] ململانێیەکی زۆر گرنگە، بەڵام.” ئەوان تاکە کەس نین لەسەر هەسارەیە”.

لە باسی فیلمەکەدا باسی لە بەشداری ئەم ئەکتەرانە کرد کە بەشدارن ئیرێن جاکۆب، ماتیۆ ئامالریک، میکا لێسکۆت، جیرۆم کیرچەر، یێل ئەبیکاسیس و کێرن مۆر. دیمەنەکان لە گەشتێکی شیعری دەچن لە ڕێی ئەو وێنانەی گیراون و خراونەتە پاڵی یەکتر لە ڤیەننا، تەلئەبیب، بەرلین و پاریس.
“هەموو شتێک لەسەر بنەمای هزری ئەم دوو بیرمەندە گەورەیە دامەزراوە. ڕەنگە کارل مارکس ئیلهامبەخش بووبێت بۆ ئەلبێرت ئەنیشتاین، چونکە کارێکی زۆر مارکسیستییە دەربارەی پارە و تەماح، یان پیشەسازی. کاری فرۆید لەسەر ڕۆحی مرۆڤە وە بۆچی ئەم ئاژەڵە زیرەکانە دەیانەوێت شەڕ بکەن”.

گروپێک لە نزیکەی ٨٠ کەسایەتیی ڕۆشنبیری ئیتاڵی لە سەروبەندی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیزدا نامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئیدانەی بەشداریکردنی فیلمی Why War – لەگەڵ فیلمێکی دیکەی ئیسرائیلی بە ناوی Gods and Men– لە بەرنامەی فێستیڤاڵەکەدا کرد و ڕایانگەیاند کە بەرهەمەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانەوە بەرهەم هێنراون کە “بەشداریکردن لە ئاپارتاید، داگیرکاری و ئێستا جینۆساید”.
گیتای کە ژیانی پیشەیی خۆی بە داکۆکیکردن لە ئاشتی و وتووێژی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بەسەر بردووە، کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڤێنیزدا پرسیاری لەبارەی ئەو پەیامەوە لێکرد، داوای بایکۆتکردنی ڕەتکردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی داوای بایکۆتیان کردووە فیلمەکەیان نەبینیوە و بەرهەمەکەش یەک (شیکڵ) یان لەپارەی دەوڵەتی ئیسرائیلی وەرنەگرتووە، هەروەها باسی لە هەوڵەکانی کرد بەدرێژایی ژیانی بۆ بەرەوپێشبردنی دیالۆگ لەنێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان.
گیتای گەشبینی خۆی دەربڕی کە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین ڕۆژێک دێت چارەسەر دەبێت.

دەشڵێت: ناتوانین لەبارەی مێژووەوە یەکلاکەرەوە بین… هەندێکجار خراپترین خاڵی مێژوو ڕەنگە بە بارێکی باشدا بکەوێتەوە، چونکە ئەم خەڵکە درک بەوە دەکەن کە ئەمە ڕێگەیەکی دروست نییە و ناتوانن بەردەوام بن لە کوشتنی یەکتر و وەک سەرکەوتن، ئەمە کارێکی پووچە” .
پێشنیاری کرد کە هەم بزووتنەوەی چەکداری فەلەستینی حەماس و هەم حکومەتی ناسیۆنالیستی بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ لەناوببرێن بۆ ئەوەی ئاشتی دەرفەتی هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێویستە هەردوو گروپەکە لەوە تێبگەن کە پێشنیاری ملکەچبوون بۆ حوکمڕانی حەماس پێشنیارێکی باش نییە، هیچ مافێک بۆ ژنان نابێت، نە مافێک بۆ مەسیحییەکان لە ڕۆژهەڵات، نە مافی هاوڕەگەزبازان و نە هیچ” نمونەی ئێرانی باسکرد لەوەی کە چۆن بە دوای خومەینی کەوتن و ئێستا بە هیچ رزگاریان نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمەی ئیسرائیلی دەبێت ڕزگارمان بێت لەو حکومەتە توندڕەو، ناسیۆنالیستی، ڕاستڕەو، ڕەگەزپەرست، ئەوتوندڕەوە ئایینیەی کە هەمانە ئەو دوو گروپە دەبێت هەندێک پاککردنەوە بکەن و دواتر ڕەنگە پردێکی نوێ دروستبکرێت. ئێستا نییە بەڵام دەبێت ئەو بیرۆکەیە بهێڵینەوە کە ڕۆژێک دێت، منیش باوەڕم وایە دێت”.
گیتای بڕیاریداوە هیچ وێنەیەک لە هەڵگیرسانی ئێستای ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین پیشان نەدات، چونکە پێی وایە ڕۆماڵکردنی هەردوولا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات.

دەشڵێت: “ئەگەر سەیری تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بکەیت، تەنها ئەو دڕندەییانەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ڕوویدا پیشاندەدات لە چەشنی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، سووتاندنی کیبوتزیم (موجەمەع)ت پیشان دەدات، ئەگەر تۆ ئیسرائیلییەکی ئاسایی بوویتایە و ئەم وێنانەت ببینیایە، دەتگوت با هەر هەموویان بکوژین.’
میدیای لاکەی تریش وەک تۆڕە عەرەبییەکان، ئەلجەزیرە، تەنیا وێرانکردنی غەززەت پیشان دەدەن، واتە دڕندەیی و وێرانکردنی دەیان هەزار ماڵ لە غەززە و کوشتنی دەیان هەزار کەس… و کە زۆربەیان تیرۆریست نین… بەڵکووخەڵکی مەدەنی و منداڵن.
لە بابەتی درێژەدان بە شەڕەکە”. ئاماژەی بەوەشکرد: تەلەفزیۆن جەنگ درێژدەکاتەوە، بۆیە بڕیارماندا فیلمێکی دژە جەنگ دروستبکەین بەبێ وێنەی شەڕ، پێویستە ڕێگەی نوێ بدۆزینەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم هەرێمە جوانە… تەنانەت سەرەڕای برین و کارەساتەکان و… یادەوەرییە خراپەکان، پێویستە شتێکی جیاواز بنیات بنێن ئەمەی هەیە نابێت بەردەوام بێت.”

Sep 3, 2024

———————————
سەرچاوە:
https://deadline.com/2024/08/amos-gitai-why-war-venice-boycott-1236074736/




یاسای جەعفەری چی لە دەوڵەتی مەدەنیدا دەهێڵیتەوە؟.. عوسمانی حاجی مارف

یەکەمجار نییە کە داکۆکیکارانی ئاینی لە ئەدامانی حزبە “ئیسلامیەکان” هەوڵ دەدەن جێپەنجەی خۆیان لەسەر سیماکانی کۆمەڵگەی عێراق بەجێبهێڵن، هەروەها کار بۆ تێکدانی ئەو سیما مەدەنی و شارستانیە دەکەن کە عێراقیەکان لە دێر زەمانەوە هاوشانی گەشەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆیان لەگەڵدا گونجاندوەو پەیڕەوی دەکەن.
ئەمجارە ئەم ڕەوتی پیاوسالاریە دژە ژنە ئیسلامیانەی خەریکن خۆیان کۆدەکەنەوە بۆئەوەی شەڕی نەهێشتنی دوا هێمای مەدەنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەرلەمان و دەوڵەتەوە پیادەبکەن، کە لەیاسای باری کەسیدا بەرجەستەی دەکەنەوە. دەیانەوێت پەیوەندی کارو سەرمایە و بازاڕی سەرمایەی ئازاد لە داسەپاندنی شەریعەی جەعفەریەوە بەڕێوەبەرن. بەڵام دانیشتوانی شارستانی و ناڕازی عێراق بەبێ ڕەچاوکردنی جیاکاری تائیفی و نەتەوەیی، مافەکانی ژنان و منداڵان دەپارێزن. هەروەها یارمەتیدەرن بۆ چەسپاندنی یەکگرتویی کۆمەڵگا دژ بە شەڕی تائفی و دینی و نەتەوەیی، یاسای جەعفەری لە ژیانیاندا جێگای نابێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ پیاوسالارانی حزبە “ئیسلامیەکان” دەیانەوێت، شەرعیەتدان بە هاوسەرگیری کچانێک بدەن کە تەمەنیان ساڵی نۆیەمی تێپەڕ نەکردووە، بە ئاماژەدان بە فەتوایەک کە لەلایەن دەسەڵاتی عەلی سیستانیەوە دەرچووە، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی دیکە لەگەڵیاندا ناکۆکن، بە تایبەت کە گەشەسەندنی کۆمەڵگاکان بڕگەی نوێیان دابینکردووە کە ڕێزگرتنە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژنان و پیاوان.بەڵام ئەو ڕەوتی پاراستنی مافی ژنان و مناڵان و سیمای مەدەنی و شارستانیە، گەر بەیاساو یاسادانان و هێزی دەسەڵاتی خەڵک نە سەپێندرێت، ئاشکرایە کە لەژێر کاریگەری هێزە میلیشیا تائیفیەکاندا پێشێل دەکرێت و کۆمەڵگە بە ئاقاری بەرژەوەندی کۆنەپەرستانەی خۆیاندا کێش دەکەن، ئەم کارە پێویستی بە ئیرادەو دەوری ڕاستەخۆی خەڵکە لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیەی ئەمڕۆ لەلایەن پێشنیاری میلیشیا ئیسلامیەکانەوە بەردەوام بێت لە پەرلەماندا، پێشبینی دەکرێت هیچ شتێک لە پێکهاتەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی نەهێڵنەوە کە عێراقیەکان بتوانن بە سەلامەتی بژین و ژیانی خۆیان بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت پراکتیزە بکەن، بەم شێوەیە بەغداو شارەکانی تری عێراق دەکەنە قەندەهار.
نەتەوە یەکگرتوەکان باس لەوە دەکات کە بەشێک لە پیاوانی ئاینی عێراق لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هەزاران هاوسەرگیریان لەگەڵ کچانی خوار تەمەنی نۆ ساڵان ئەنجامداوە، ئەم دیاردەیە وەک تاوانێک لە ئاستی فەرمیدا سنووردار نەبووە، لەئەنجامدا بووەتە هۆی ڕووداوی بەربڵاوی جیابوونەوەی فراوانی هاوسەرگیری، مایەی سەرگەردانی و نەهامەتی و قوربانیدان بووە بۆ ژنەکان. لەماوەی ساڵێکدا (٢٠٢٢) زیاتر لە ٧٣ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراقدا تۆمارکراوە. چالاکوانان هۆشداریاندا لەوەی ئەگەر هەموارکردنەوەی پێشنیارکراوی یاسای باری کەسێتی پەسەند بکرێت، پێشبینی دەکرێت ئەم کارانە فراوانتربن و زیاتر گەشە بکەن، هەروەها نەوەکانی کچانی خوار تەمەنیش بەر دەستدرێژی و زەلیلکردن دەبنەوە بەپێی یاسا پێشنیارکراوەکە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی خەڵکی عێراق دادەنێت، کەوەک بەشێک لە پلانی لەناوبردنی “دەوڵەتی مەدەنی” مانا پەیدا دەکات.
مەترسی سەپاندنی ئەو بڕیارانەی دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتیە، لەو شوێنەوە ببینین کە هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” (شیعە) لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا پشتیوانی لێدەکەن. چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو دەستەیەن کە پێداگری لەسەر دەرکردنی یاسا نوێیەکە دەکەن، تا سیستەمێکی سیاسی تائیفی کە دەرفەتی مانەوەی دەسەڵاتیان پێدەدات دامەزرێنن، تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری تائیفیەوە دەتوانێت سەقامگیری بەدەستبهێنێت، کە ژنان لە مافەکانیان بێبەش کات، بزوتنەوەکەیان بە ئیفلیجی پاشەکشە پێبکات، یان ژنان دورخاتەوە لە بیرکردنەوەی پاراستنی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ و شارستانی، کە لە نێوان ئەندامەکانیدا یەکسانی واقعیە و جیاکاری قەبوڵ ناکرێت.
بۆیە دەکرێ بگوترێ کە بنبڕکردنی توانای ژنان بۆ بیرکردنەوە لە ئازادی و یەکسانی و پێشێلکردنی مافەکانیان لە کۆمەڵگادا، هەر لە منداڵیەوە گرنگترین ئامانجی ئەم یاسا نوێیە، کە هاوسەرگیری مێینە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا پەسەند دەکات، ئەمەش جۆرێکە لە کۆیلایەتی کە ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئاینیە توندڕەوەکانی وەک داعش پێشتر هەوڵیان داوە بەسەر پێکهاتەکاندا بسەپێنن کە لە ڕێگەی پیلانگێڕیەوە توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن و مافەکانیان زەوت بکەن.
لەژێر پاراستنی پەیوەندی تائیفی، خێڵەکی، یان بنەماڵەدا ئەو دەوڵەتە ئایینیەی کە لایەنە شیعەکان هەوڵی سەپاندنی دەدەن بەسەر عێراقیەکاندا، جۆرێکی تایبەتی دەوڵەتە و دواکەوتوییەکەی بریتیە لە زیادەڕەویەکی زۆر لە هەژاری و نەداری و جیاکاری و بێئیرادەکردن و گۆشەگیری ژنان. واتە دەسەڵاتێکە بێباکە بەرامبەر دانیشتوانەکەی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە پارێزگاکان کە زۆرینەی شیعەیان هەیە، بەرپرسەکان دواکەوتوترینن لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیدا، لەهەمانکاتدا لە بەرامبەریدا چەک و مادەی هۆشبەر لەناویاندا بڵاو دەکەنەوە،. ئەتوانین بڵێین ئەمریکا سیستەمێکی سیاسی سەپاند کە ئامرازی بەردەستیان بوو بۆ لەناوبردنی عێراق بە دڕاندنی پەیکەرە کۆمەڵایەتیەکەی.
یاسا نوێیەکە بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ سەپاندنی بناغەکانی دەوڵەتێکی ئاینی کە لەوانی دیکە توندتر بێت، هەروەها سەرەتای ملکەچکردنی کۆمەڵگەی عێراقیە بۆ زاڵکردنی ئیرادەی میلیشیاکان کە دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی بە دوژمنی بەرژەوەندیەکانیان پێناسە دەکات. لە ڕێگەی ئەم هەموارکردنەوە، پێناسەی شارستانیەت بە ئاژاوەگێڕی دادەپۆشرێت. ئەمەش توندترین و قێزەوەنترین ناونیشانە بۆ ژنان، دوای ئەوەی لە زۆرێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکان پۆشینی حیجاب بەسەر کچاندا سەپێنرا. ئەمەش بەو مانایەیە کە نەوەیەک لە ژنان گەورە دەبن کە باوەڕیان بە ئازادی ژنان نیە و ئەو بڕوانامە دەرونیەیان نیە کە ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە هەڵاواردن. ئەمە ئەو نەوەیەیە کە هەژاری وەک چارەنووس و نەخۆشی وەک تاقیکردنەوە و نەزانی وەک حیکمەت قبوڵ دەکات. بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە باری مەدەنیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە چارەنووسی عێراق و کۆمەڵگاکەیەوە هەیە.
بەڵام ئەو خۆپێشاندانانەی لەدژی پێشنیازی هەموارکردنەوە ڕوویاندا بەتایبەتی لە خودی شاری نەجەفیشدا کە قەڵای دیارترین دامەزراوەی ئاینی شیعەیە، نموونەیەکی بەرجەستەیە لە ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارانەی پێشنیارکراوە، لەهەمانکاتدا ئومێدبەخشە کە فشارێکی گەورەبێت لەسەر پەرلەمان، تا دەرگای دەنگدان لەسەر ئەو بڕیارانە داخات.
کاتێک خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا ڕویاندا ئەنجامی کتوپڕی ئەو ساتەوەختە نەبوو، بەڵکو ئاکامی کەڵەکەبونی توڕەیی و ناڕەزایەتیەک بو لەبەرامبەر سیاسەتی ئەو هێزە میلیشیا شیعانەی ئامۆژگاریان لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرت، ئێستاش لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەدا بەدور نازانرێت کە هەمان ناڕەزایەتی بە گوڕوتینێکی ترەوە ڕوبدات.
پێویستە خەڵکی ناڕازی بەفراوانکردنەوەی نارەزایەتیەکانیان، بەهیچ جۆرێک ڕێگە نەدەن ڕەشنووسی نوێی یاسای باری کەسێتی دەنگدانی دووەمی لە پەرلەمان بۆ بکرێت و پەسەندبکرێت. ئەو کەسانەش ئەو پێشنیارانەیان کردوە، پێویستە مافی ئەندامێتی پەرلەمانیان لێوەربگیرێتەوە، پێویستە دڵنیابین لەوەی چوارچێوەی یاسایی عێراق ژنان و کچان دەپارێزێت بەگوێرەی پابەندبون بەو یاسا نێودەوڵەتیانەی بەرگری لە یەکسانی ژنان و پیاوان دەکات. چونکە پەسەندکردنی یاسای جەعفەری هەنگاوێکی کارەساتبار و مەترسیدارە و بەڕەسمەیەت ناسینی جیاکاریە بۆ ژنانی عێراق، ڕێگە خۆشدەکات بۆ نایەکسانی بە یاسا، لەوەش مەترسیدارتر سەوداومامەڵیە بە مناڵان.
ئەم دۆخە جگە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ڕەسمیەتدان بە باڵادەستی پیاو سالاری و بە یاساکردنی نایەکسانی، لەوەش واوەتر شیرازەی کۆمەڵگەیەکی شارستانی تەواو دەشێوێنی، بەو مانایە ژنان دەکاتە کۆیلەیەک و کەرەسەیەک، تەنها بۆ چێژوەرگرتنی پیاوان، ئەمەش بەرەو ڕووی ئەوپەڕی دڕندەیی ئەو لایەنە ئیسلامیانەمان دەکاتەوە کە داعش لەباری عەمەلیەوە نمونەیەکی قێزەوەنی ئەوپەڕی دژی ئینسانی نیشانداین، ئەو داعشەی بەر نەفرەتی تەواوی جیهان کەوت، ئێستا بەشێک لە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراقدا، خەریکن بێشەرمانە و بەئارامی ئەو یاسایانە لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەخەنە ناو پرۆسەی دەنگدانەوەو دەیانەوێت فرسەت لەسەر ئەوە بهێنن کە زۆرینەن لە پەرلەماندا، بەڵام پێویستە دانیشتوانی عێراق ئەوەنیشان بدەن کە زۆرینەی دژی ئەو بڕیارو یاسایەن لەدەرەوەی پەرلەمانن و ڕێگا نادەن ئەو جۆرە بڕیارانە بەسەر چارەنوسی ئازادی ژیانی ژنان و پیاوانەوە مامەڵەیان پێبکرێت.
مشتومڕ لەم بارەیەوەو لە شەقامی عێراقی و لەناو داڵانەکانی پەرلەماندا لەسەر ترسی تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەکرێت، کە بەناوی دەنگی زۆرینە لە پەرلەماندا مامەڵەی پێدەکرێت، پێشتریش چەندینجار هێزەکانی سەر بەچوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاریان کردووە، بەڵام دەنگدانەوەی ئێستای، متمانەی ئەولایەنانەیە کە پێیانوایە دەتوانن دۆخی عێراق لە کۆمەڵگەیەکی شارستانیەوە بەم ڕێگەیە بگۆڕن بۆ باڵادەستی دەوڵەتێکی ئیسلامی و جێبەجێکردنی یاسای جەعفەری بسەپێنن، بە ڕابەری ئەولایەنە شیعانەی پاشکۆی ئێرانن. هەوڵی خەڵکی ناڕازی عێراق پێش هەر شتێک لە ئێسادا پێویستە ڕێگە نەدات ئەم هەموارکردنەوەیە تێپەرێت. بەڵام ئەوەی شایانی باسە گەر بەهەر فڕوفێڵ و ساختەکاریەک ئەم هەموارکردنە لە پەرلەماندا پەسەند کرا، ناتوانێت ببێتە یاسایەک لە نێو زۆرینەی کۆمەڵگەی عێراقدا جێبەجێ بکرێت، ناتوانێت بەر بە گەشەی شارستانی بونی عێراق بگرێت، ناتوانێت ململانێی ڕەوتی ئازادی و یەکسانی ژنان و پیاوان بوەستێنێت، بەجیا لەوانەش ڕۆژێک ڕاپەڕینی جەماوەری تەواوی دامودەزگاکانی ئیسلامی بۆ دەسەڵاتی سیاسی و یاساو شەریعەتەکانیان لە ئێران و عێراق و هەر دەوڵەتێکی ئیسلامی دەپێچنەوەو لە مۆزەخانەدا دایدەنێنن.




شیعرییەت لە نێوان لاساییکردنەوەو ئەفراندندا.. سۆران محەمەد

ئارگیومێنتی شیعر:
شیعرییەت لە نێوان لاساییکردنەوەو ئەفراندندا
دوو شیعر بەنموونە
سۆران محەمەد

١
شەڕەپشیلە


نارین ڕۆستەم
…………………………
لە قاپووتێکی دەستی دوو
شیعرێک پژمی.
پێشانی دایکمم دا
جنۆکەی لێ دەرکرد و
بە قورئان ڕاوی نا
ناومان لێنا:
شەڕەپشیلە.
لە کن عەریزەنووسی ناسنامە
کە قەڵەم گەیشتە سەر ڕەگەز
سەرەوخوارم کردەوە،
فرمێسکێکی لێ کەوت:
نییەتی
دەرکراین.
کتێبخانەی گشتی..
تایبەت بە بێناسنامان لە بەشی ئەرشیف،
زبڵدانێکیان ھەبوو
بازمان بەسەردا.
لە گەڕانەوە ماتۆڕی پۆلیسی ژینگە ھەڵی داین
شیعرەکە کەوتە ناو زەلکاو.
لەو زەلکاوە
قوڵابی شاعیران:
بۆق
زبڵ
ئاویان بۆ شیعر ڕاو کرد
تا وشکی کرد
لە لێواری زەلکاو،
قۆپچەی قاپووتم دەکردەوە
شەڕەپشیلە ھەر نەگەڕایەوە.


٢
شێعرێک کە دەبوایە لەبار بچوایە
پەروێز هوما
……………………………
زاکیرەم موچرکەیەکی پیا دێت،
پێم وایە، دەبێت شیعرێک لەدایک ببێ.
دەینێرمە نفووس،
ناوی دەنێن”ئازار”.
دەینێرمە دووکانی ئاردفرۆش،
بە ڕووڕەشی دێتەوە.
دەچێتە کۆڕێکەوە و هاوار دەکات،
پشتی دەشکێنن و حەرفەکانی بە پڵتۆک ڕاو دەنێن.
دەینێرمە شارەوانی،
وەک میرات،
گۆڕێک دەکەن بەناویەوە.
دەینێرمە گۆڕستان،
بەزیندوویی ئەینێرنەوە.
ئەینێرمەوە ناو زاکیرەم،
مێشکم دەبێتە تابووت،
شیعرەکە دەبێتە مەیت و سەریشم گۆڕستان.


جیاوازی و لێكچوون:
رەنگە لە نێوان ئەو ٢ شیعرەدا خاڵی جیاوازی و هاوبەش هەبێت، بەڵام من دڵنیاتان دەکەمەوە کە هاوبەشی لە وێنە شیعرەیەکان و زاراوە بەکارهاتووەکاندا نییە کە دوو پێکهاتەو بەشی گرنگن لە شیعر، بەڵام خاڵە هاوبەشەکان کە جەنابت بە لاساییکردنەوەی دەزانیت ئەوا من باسیان ناکەم، پرسیاری پێش ئەمەشم ئەوەیە بۆچی شیعرەکەی نارین خانم لە یەکەم بینیندا سەرنجمان ڕادەکێشێت و لامان جێی بایەخ دەبێت؟
من هیچیان لە پێشەوە ناناسم و رێزم بۆ کاکە سۆران و هەر دوو شاعیر هەیە، بەڵام لێرەدا وەك نیمچە لێکۆڵینەوەیەکی پراکتیکی بەڵگەی ئەو دوو بۆچوونەی خۆمتان بۆ دەخەمە روو کە لێكچوون لە وێنەو زاراوەسازییدا نییە، بەم جۆرە:
شیعرەکەی نارین بە قاپووت دەست پێ دەکات و هەر بەویش کۆتایی دێ، هەر کۆپلەش کۆمەڵێك وێنەو دەستەواژە لە خۆ دەگرێت بەم جۆرە:
کۆپلەی١/ شیعر- جنۆکە – شەرەپشیلە
٢/ عەریزەنووس- بێ رەگەز
٣/ کتێبخانەی گشتی- پێناسە- زبڵدان
٤/ ماتۆڕ -زەلکاو – قولاپی شاعیران
٥/ قاپووت – شەرەپشیلە
………………….
شیعرەکەی پەروێز:
١/ زاکیرە – شیعر- نفوس -ئازار
٢/ دوکانی ئارد فرۆش – روو رەشی
٣/ کۆڕ – راونان
٤/ شارەوانی- گۆڕ
٥/ گۆڕستان – زیندوویی
٦/ زاکیرە- تابووت – شیعر
…………………

  • سەرنج: من خاڵە جیاوازەکانم خستە روو کە پێمان دەڵێت لە فۆرمدا هەردوو شیعر جوانن و هەوڵی نامەئلوفییان تێدا بەدی دەکرێت، هەرچی وێنەکانە لە شیعری یەکەمدا زیاتر حسین بەڵام لە دووەمدا زەینین، بەڵام (لە رووی پێودانگی شیعرییەوە) لێدەگەڕێم لە خاڵی لێكچوون ، بەو مانایە نا کە جاوپۆشی لێبکەم یان بەرگری لە شاعیرێك بکەم دژی ئەوی تر، مەرج نییە هەموو جارێکیش شیعرێکمان بەدڵ بێت یان بەدڵ نەبێت هۆکەی راستەوخۆ بزانین لەکاتێکدا چەشە لەمبارەدا حوکم دەدات، بەڵام حاڵەتی لێكچوونی دوو دەق هۆکاری زۆرن و قێزەونترینی ئەوەیە کە لە شاعیرێکی ترەوە کۆپی کرا بێت.
    بەهای شیعرییەت:
    ، من کە ئەم دوو پرسیارەم هروژان، مەبەستم ئەوەبوو لە سۆنگەی (دیدە روونییەوە) بیروبۆچوونە شیعریەکانمان بخەینە روو، وەك دەزانن نەمنووسیوە لێکچوون نییە یان هەیە.. بەڵام باوەڕ بفەرموون هێندەش دەقەکەی کاک پەروێز ناشیعریی نییە، هەست ناکەن زۆر هێرشێکی توند و ناڕەوایە گەر زەربی سفری بکەینەوە و هیچی بۆ جێ نەهێڵین؟ باشە گەر خوێنەرێك دەقی یەکەم نەبینێت ئایا بە دەقی دووەم دەڵێ شیعر نییە؟ لە کاتێکدا ئەویش لە هەر کۆپلەیەکدا وێنەیەکی جیاوازو تاڕادەیەك جوانیشی بەکارهێناوە کە لەگەڵ مانای گشتی دەقەکەدا دەگونجێت، هەروەها من هاوڕا نیم لەوەدا کە نا … جیاوازی زۆرە لە نێوان قاپووت و زاکیرەدا چونکە زاکیرە ناخەکییەو و شوێنێکی هەستیار و گرنگە لە سایکۆلۆژییەتی نووسیندا و تاکە سەرچاوەی بوونی مرۆڤە لە رابردوویدا، لە بەرانبەریشدا قاپووت شمەکێکی دەرەکییەو بە تایبەتی گەر دەستی دوو و بەکارهاتوو بوو بێت دەبێت چ شەرەپشیلەیەکی لێ دەرچێت؟ لێ دەتوانین هاوشێوەییەك ببینینەوە لە ئایدیای شیعرەکەدا بە گشتی و بونیاتی مانای کۆپلەکاندا کە هەردووکیان دەلالەت لە شیعری بێ بەخت و شکستخواردوو دەکەن و سەردەکەن بە چەند شوێنێكی جیاوداو لە دنیای ئەندێشەدا فۆرمیان پێ دەدرێت، بەڵام گەر بمانەوێ لە رابردووی پەروێز تێبگەین ئەوا شیعر لێرەدا بەدبەختی ئەو مرۆڤەمان نیشان دەدا کە لە ڕێی زاکیرەوە پەی پێ دەبەین، بۆ نموونە لای شاعیر زاکیرە یانی فلاشباکی ناسۆرو نەهامەتییەکان کە هەموو دەرگاکان بە روویدا دادەخرێن، ئەمە دەکرێت هەڵگری دەلالەتی ژیانی شاعیران بێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە گشتی. هەرچی دەقەکەی دادە نارینە هەست ناکەیت جۆرێك لە سوریالییەت و هیچگەرایی و شتێك لە وێنەی کارتوونسازیی و ساتیری تێدا بێت؟ هەندێك وێنەی نامەعقول کە زیاتر جوانی و ئۆتۆماتیکی و پاراوی پێ دەبەخشێ، بۆ نموونە دەکرێت بپرسین پەیوەندی قاپوت و پژمین و شیعر چییە؟ نارین خانم زیاتر پشتی بە ئیلهامی ساتەوەخت بەستووەو خۆی تەسلیمی شەپۆلەکانی کردووە بەڵام هەرچی پەروێزە هەوڵی تەنسیق و تەبایی نێوان کۆپلەکانی داوەو زیاتر بیرکردنەوەو رێكخستنی پێوە دیارە، پاشان لە کۆپلەی یەکەمدا هەستناکەیت دەرکردن و راونان دوو وشەن بۆ یەك مەبەست بەکارهاتوون و یەکێکیان زیادەیە؟ بۆنموونە دەکرا پوختەترو تۆکمەتر بکرێ بەم جۆرە:
    لە قاپووتێکی دەستی دوو
    شیعرێک پژمی.
    پێشانی دایکمم دا
    بە قورئان
    جنۆکەی لێ دەرکرد و
    ناومان لێنا:
    شەڕەپشیلە
    لە کۆپلەی دووەمدا زۆرمانایەکی باڵای لێ دەفامینەوە کە جێهێشتنی شەڕەدەنووکی رەگەزییە، ئەو لێرەدا باوەڕی بەم جەنگە کاڵفام و ناکۆتایە نییە،لای ئەو ئەمە خۆمژیلکردن و بەهەدەردانی کاتەو بەس- کە لەشیعرەکانیشیدا ئەم هەستە باڵایە رەنگ دەدەنەوە، بەڵکو شاعیر وای دەبینێت بنەچەی ئێمە هەر یەکە و شیعریش بۆهەمووانە تەنانەت بڕوای بە شیعری پیاو و ژن نییە، یان شیعری باش هەیە یان نا…. هەروەها لەم کۆپلەیەدا لێکەوتنی فرمێسك ئاماژەیەکی جوانی ستەمدیدەیی لانەوازانە وێڕای ئەوەی لێرەدا بە خەستی (بەرەواژەی ناونیشانی کتێبەکە) چڕ دەبێتەوەو خۆی نمایش دەکات، هەرچەندە تارادەیەك جیهانی حەوا لەم دەقەدا سێبەرێکی تەنکی لەسەر جێهێشتووە، کە ئەمەش حاڵەتێکی زۆر ئاسایی و ئیستێتیکییە(وەکو پیشاندانی دایك و جنۆکە دەرکردن، فرمێسکی لێ کەوت، قاپووتی دەستی دوو….) .
    لە کن عەریزەنووسی ناسنامە
    کە قەڵەم گەیشتە سەر ڕەگەز
    سەرەوخوارم کردەوە،
    فرمێسکێکی لێ کەوت:
    نییەتی
    دەرکراین
    لە کۆپلەی سێ دا چەند بازدانێکی سروشتی تێدایە کە زیاتر شێوازی ئۆتۆماتیکی زاڵە بەسەریدا ، سەرنج بدەن سەنتەر لەم کۆپلەیەدا چییە؟.. ئایا ئەرشیفی کتێبخانە چەقە؟ کە شاعیر باز بەسەر ئەم چەقەدا دەدات و تیشك دەخاتە سەر زبڵدان و باز بەسەر ئەویشدا دەدات، بێ ئەوەی بڵێت شیعرەکە کەوتە ناو زبڵدان، بەڵکو دەڵێت بازمان بەسەردا دا، کەواتە گەر لە کۆپلەی یەکدا شتێك لە (هۆرەر) ی تێدا بێت ودەروازەی تییما بکاتەوە کە شیعرێکی شەڕە پشیلەییە ، و لە هی دووەمدا بەرەو یونیڤێرساڵی هەنگاو بنێ بە جێهێشتنی شەڕی رەگەزیی ئەوا لەم کۆپلەیەدا شیعرەکەی بێ ناسنامە نییە چونکە ئەو بەشە بەشی بێ ناسنامانەو زبڵدانیشی تێدایە بەڵام نەکەوتە ناوی، وێڕای ئەوەی ناسنامە زیاتر سەر بە پۆلێنی بەڕێوبەرایەتی رەگەزنامەیە نەك کتێبخانە!
    کتێبخانەی گشتی..
    تایبەت بە بێناسنامان لە بەشی ئەرشیف،
    زبڵدانێکیان ھەبوو
    بازمان بەسەردا
    لە کۆپلەی چواردا ساتیرێکی جوان و وێنە شیعرێکی تازەی لە خۆ گرتووە کە (ماتۆڕی پۆلیسی ژینگەیە)، کەواتە ئەمەش دەرخەری ئەو دیوە رەشەی بەرەواژووبوونی مەیدانەکانی ژیانە لە کۆمەڵگای جیهانی سێ دا، بەڵام گەر شیعرەکە بکەوێتە ناو زەلکاو و با ئاوای دابنێین شاعیرانی تر دەیانەوێت یان دەریبهێننەوە یان لێی بدزن! ههههـ! بەڵام ئایا وای نابینیت دەستەواژەی (ئاویان بۆ شیعر ڕاو کرد)لە رووی دەلالەت و زمانەوە زۆرناگونجاوە لەوجێیەدا- چونکە هیچ مانایەك نادا بەدەستەوە، نازانم ئاو بۆشیعر رۆ دەکەن؟ یان شیعر راو دەکەن؟ یان ئاویان لە زەلکاو دەرکرد؟ هتد….. پاشان ببینە (قۆپچەی قاپووتم دەکردەوە)لێرەدا بەکارهێنانی فەرمانی (دەکردەوە): رابردووی بەردەوامە کە رەنگە رابردووی سادە بوایە ئەوا زیاتر لەگەڵ (راوکرد)ی دێڕی پێشوو بگونجایەو دەهاتەوەو هەروەها کە قۆپچە جارێك کرایەوە بە بەردەوامی ناکرێتەوە جارێکی تر… پاشان گەر زەلکاو وشکی کرد ئیتر کەی لێواری دەمێنێت؟ بەهەرحاڵ شیعرێکی جیاوازەو هەمیشەش جیاوازیی مقۆ مقۆ بە دوای خۆیدا دێنێت، وێڕای ئەوەی کەرەسەکانی تایبەتە بە دنیای خودی شاعیر و دنیایەکی مناڵانە کە زەیینمان بەرەو فیلم کارتۆنەکانی تەمەنی گچکەیی دەباتەوە لە تەکنیك و شێوازدا، بەڵام لە بابەت و وشەسازیدا نا هی گەورانە، هەرچەندە شاعیری رەوانشاد رۆستەم باجەلانیش شێوە هەوڵی نووسینی شیعری جیاوازی بەو ئاراستانەدا هەبوو(ئەمە بابەتێکی ترەو شوێنی ئێرە نییە)، هەرچەندە خودی شاعیر لە شیعرێکی تردا وای دەبینێت کڵاوە ئەفسوناوەکەی ئەو جیاوازە لە كلاوە شیعرییەکەی باوکی کە دەڵێت:
    من کڵاوێکی جادووییم لەسەرنرا و بزر بووم
    ئەو کڵاوەی باوکمی کرد بە شاعیر
    لە چەکمەجەی دۆڵابەکە پاڵکەوتووە
    **
    لیرەداو لە کۆتا کۆپلەدا شاعیر ئاوها پەردەی دوا دیمەنی شەڕەپشیلەکەی دادەداتەوە و چاوەڕوانی دەرکەوتنەوەی دەکات،تا ئەو کاتەی شیعر لە کۆمەڵگای بێ بەهای مرۆڤەکاندا بەهای بۆ دەگەڕێتەوە:
    لە گەڕانەوە ماتۆڕی پۆلیسی ژینگە ھەڵی داین
    شیعرەکە کەوتە ناو زەلکاو.
    لەو زەلکاوە
    قوڵابی شاعیران:
    بۆق
    زبڵ
    ئاویان بۆ شیعر ڕاو کرد
    تا وشکی کرد
    لە لێواری زەلکاو،
    قۆپچەی قاپووتم دەکردەوە
    شەڕەپشیلە ھەر نەگەڕایەوە
    لە کۆتاییدا دەڵێم ئەمە بەشێكەو جۆرێکە لە خوێندنەوەکان ، هیوادارم ئەم بۆچوونانە زیاتر بابەتی زیندووی دنیای شیعر بجوڵێنێت و ئیتر واز لە دەستەواژەی دەستخۆشی بهێنین، رەنگە لای هەندێك پەسەند نەبێت چونکە ئەوەی دەربارە دەدوێین شیعری خانمێکە، بەڵام من مامەڵەم تەنیا بۆ تێکستەکانە دوور لە هەر هۆکارێکی دەرەکی، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە بەداخەوە دەستخۆشی نووسین بۆ پۆستەکان گەورەترین بارە بەسەر دنیای شیعرەوە لە سۆشیال میدیا، دەبوو ئەوەی شتێك یان ئیزافەیەکی هەیە بۆدەولەمەندکردنی بابەتەکان بینووسێت ئەگینا %٩٠ی کۆمینتەکان دووبارەو بێ سوودو نابەرهەمهێنن لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەمووان…
    ……………………
    پوختەی باس:
    شێوازی نارین دوو جۆر کەرەسەو ئایدیا بەشدارن لە بەرهەمهێنانی شیعرەکانیدا:
    ١- شێوازی فیلم کارتوون: ئەمەش بە تێکەڵکردنی لەگەڵ زاراوەو ئایدیای شیعریدا.
    ٢- شێوازی جادوویی و هۆرەر: ئەمەش هەندێكجار هەر لە فیلم کارتووندا دەبینرێتەوە، بەڵام سەراپای دەق لای نارین داگیرناکات بەڵکو وەکو رەگەزێك لە پێکهاتەی دەقدا بەشدارە.
    هەرچی دەقەکەی هۆمایە هیچ لەم دوو خاڵە بنەڕەتییە شێوازییەی تێدا نییە، ئەوەی خاڵی هاوبەشە تەنیا ئایدیای رەگەزی سەرەکی شیعرەکەیە کە (شیعر)ەو لە هەردوودەقدا سەر دەکات بە چەند شوێنێکی جیاوازدا کە تەواو جیاوازیشە لەوانەی نارین، ئیتر ئایا ئەمە لەژێر کاریگەری شیعرەکەی نارین دا بووە یان نا؟ ئەوە کاری من نییە حوکم بەسەر نییەتدا بدەم، بەڵام وەکو نۆڕینێکی رەخنەیی ئەمە بەرەنجامی ئەو مقۆ مقۆیەیە کە لەبارەی ئەو دوو شیعرەوە خراوەتە روو.

:




تۆ دز نیت ، شەریکە دزیت بە خۆڕایی.. نەوزاد بەندی

بە بێ ماف و
بە بێ نان و
بەڕەڵایی ..
شەریکە دزیت ،
به بێ بەش ..
بە خۆڕایی ..!

٭ ٭ ٭

دەنگت هەبووایه،
مۆڵەتی هاوارێکت ئەبوو جارێ ..
ئەبێ بە بێدەنگیی بڕۆی ،
بچیتە بەر سندوقێکی وەکو زیندان ،
دارە زڕەکە هەمدیسان زڕ کەیتەوە ..
ناسنامەی لاڵیی و
بێدەنگیی و
کۆیلایەتیی
بۆ ساڵانێکی داهاتووت ،
پڕکەیتەوە ..

٭ ٭ ٭

دەنگ بدەن .. دەنگ ..
با لە خولی داهاتوودا ،
لەگەڵ نەوتا ،
بتانکەنە تاریکایی تەنکەرەکان ..
لەگەڵ برسێتیدا ،
دیسانەوە هەڵتانشێلن ..
خوێنتان بکەنە ناو قاسەی
ژێر زەمین و
ناو دۆلار و دەفتەرەکان ..
با لە خولی داهاتوودا ،
داهاتووتان بکەنە پێی
شەهوەتاویی
سەماکەره مۆدێلەکان ..
بە زیندوێتیی
بتانخەنە
ناو کفن و قەبر و کێلەکان …

٭ ٭ ٭

ئەرێ چەندەمین جارتانە ،
بە دەستی خۆتان ،
ئەڕۆنە ناو ئاپۆڕەی
برسی و سەرشۆڕ و گێلەکان ؟

٭ ٭ ٭

قەسابەکان ،
هەموو ڕۆژێ مەڕ سەر ئەبڕن ..
نە مەڕێ ڕایکرد .. هەڵفڕی ..
نە قەسابێ وازی لە سەربڕین هێنا ..
نە چەقۆیەک دەستی قەسابێکی بڕی ..

٭ ٭ ٭

خەمگینترین زیندان لێرەیە ..هاوڕێیان !
دەرگا و پەنجەرەکانیشی ئاوەڵان و
زیندانییەکانی هەڵنایەن ..!
برسێتیی شەتەکی داون ،
کەچی لە کۆیلە خستنەوە
هەر کۆڵ نایەن ..

٭ ٭ ٭

خەمگینترین ئازادیی لێرەیه ، گەلۆ ..
هیچ کەس بە پولێ نایکڕێ ..
کەس بە سەپانیش ڕایناگرێ ..
بە شەقاما دێت و دەچێ ،
ڕۆژانە لە برسا ئەمرێ ..
پیشەکەی : تەنەکەی خۆڵە ..
هێند سوکایەتیی پێکراوە ،
کەس لە ڕووی نایە
پیاڵەیەک چای بۆ بکڕێ ..
دەسەڵاتداران هێشتاکە لێی ئەترسن ،
پیاوەکانیان ئەنێرن ، تا
چینێکی تر فەلاقەی کەن..
چینێکی تریش لاقەی کەن ..
ئەو کەسەی بە لایدا بڕوا ،
دەم و دەست ، غوسڵ دەرئەکا ..
بە گڵ و ئاو ، پاک خۆی ئەشوا ..
مناڵ فێری تفکردن بوون ،
یەکەمین تف ئەیکەنە چاوی ئازادیی ..
ووتارخوێنەکان کە قوڕگیان پاک کردەوە ،
یەکەم بەڵغەم ئەکەنە دەمی ئازادی ..

٭ ٭ ٭

تۆ و من خەریکی چین هاوڕێ ؟
44 هەزار پێغەمبەر ،
چوار ئەوەندەی تر جیڤارا ،
هیچ شتێکیان پێ چاک نەکرا ..
ئەوەتا هەرچوار وەرزەی ساڵ
کۆیلە و چڵکاوخۆر بارانە ..
ئەوەتا ئێستا لە جیاتی کۆشکێ ،
ووڵاتێ ،
لەسەر دز
تاپۆ ئەکرێ ..
تۆ و من خەریکی چین ، هاوڕێ ؟
ئەم ئەقڵسووکییە چییە ئاڵودەی بووین ؟
کێ قەڵەم و کاغەز ئەکڕێ ؟
ئەم گەمژەییە چییە بۆمان تەرک ناکرێ ؟
لە حەرەمسەرای ڕێویدا ،
شێر ڕام کراوە
وەک مەیمون سەیر ئەکرێ ..
دایبیی بۆ ئایین دانراوە ،
لە کاریکۆتا ،
جار و بار ،
ووڕک ئەگرێ …
خەریکی چین ئێمە هاوڕێ ؟
خەریکی چی ..؟
جاران پیاوکوژ پیاوی ئەکوشت و هەڵئەهات ..
جاران دز ، ماڵەکەی ئەدزی و
تێی ئەتەقاند ..
ئێستا پیاو کوژ ، گەلێ ئەکوژێ و ..
میز ئەکا بە ڕوخساریاندا ..
سەد کچی بەژنزراف و
سەد پیاو ماقوڵ ،
چەپڵە و دەستخۆشیی لێ ئەکەن ..
ئاهەنگی سەرکەوتنیشی بۆ ڕێک ئەخەن ..
ئێستا دز ، ماڵەکە ئەبات ،
خاوەن ماڵەکەیش سرودی تەمەندرێژیی بۆ ئەڵێ ..
کلکە لەقێیشی بۆ ئەکا ..
ئەڵێ بۆ زەحمەتت کێشا ؟
خۆم ماڵەکەم بۆ ئەهێنای ..
خوێنی خۆم و منالەکانیشم بۆ تۆ ..
لەشی ژن و خوشکەکانم ..
تۆ بۆچی زەحمەتت کێشا ،
دز ئاغا گیان ..
شێخ دزی بەرز و قارەمان ..؟

٭ ٭ ٭

تۆ و من خەریکی چین هاوڕێ ؟
خەریکی چی ..؟




مەحوی و نەجات و من!.. سۆران محەمەد

١
مەحوی


هۆ مەلا موحەممەدی کوڕی مەلا عوسمانی باڵخی! ئەی حەکیمی دڵ دەردەداران! هێشتا گیانت لە نێو قافیەکاندا لەگەڵمان دەدوێ.. سەدەو نیوێک پێشتر نووسیوتە: قەی کردنی سوراحی ئەوی تێبگات دەڵێت: دڵ تێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی. ئەی ئەگەر لەگەڵ مرۆڤگەلی ئێستادا بژیایتاتە چیت دەنووسی؟ ئەو پەرداخەی ئاوی حەیاتی تێدەکرێ سەد جار تف و نەفرین لە سوراحی دەکات!
بپرسە لەو میوانانەی گۆڕستان لەملاولاتەوە چەندیان بە خەنجەری دۆستان پەڕەی ژینیان هەڵوەریوە؟ هەرچەندە ئەستەمە بۆ ئێمە لە جوگرافیای بوون تێگەشتن، لێ ئەم بوونە لەسەر وەفاو راستگۆیی و دەستپاکی و میهرەبانی و خۆشەویستی و لێبووردەیی …. بنیاتنراوە، گەر ئەو بناغانە هەڵتەکین ئەوا لە هەموو لایەکەوە مەرگی جۆراوجۆر شاڵاو دێنێت، دۆش دادەمێنی کێ بگری بە دۆست؟
ئەی پیری عاشق! ئەو عەشقەی تۆی لە هەلهەلەی مەخلوق دوور خستەوە، ئەمڕۆ لە تاقی هیچ خانەقایەکا نابینرێتەوە. ئەمڕۆ وەلوەلەی مەخلوق لە هەموو لایەکەوە بۆ کەشکەڵانی فەلەك بەرز دەبێتەوە، نازانرێ کێ قوربانییەو کێ جەللاد؟ کێ دزەو کێ خاوەن ماڵ؟ کێ دۆستەو کێ دوژمن! رەنگە لەهەمانکاتدا ئەو عالەمە زاڵم بن و مەزڵوم، گورگ بن لە پێستی مەڕا یان مەڕ بن لە پێستی گورگا.. نازانرێ سەرزەنشتی کێ بکرێ و لە کوێوە دەست بۆ ژیان ببرێ!
شارەکان بوونەتە سارایەکی چۆڵ، بە چراو زەڕەبینەوە بە دوای مرۆڤێکدا بگەڕێی نایبینیەوە، ئەوەی هەیە دۆستێکە لە پشتەوە خەنجەر دەوەشێنێت و دوژمنێکە لە پێشەوە جەرگ بە ئاو دەکات.
هۆ مەلای باڵخی! سەدەونیوێك دوای تۆ دەیجورێکی تۆزاوی دڵڕەق باڵی بەسەردا کێشاین، تیایدا ماهی مەعریفەت و عەدالەت و ئیحتیرام و ئەمانەت بۆ یەکجاریی لێمان ئاوا بوو..
ئەی پیری دانا… ئەمەیە شەڕی پاڵەوانە کارتۆنییەکان لەم سەرابستانەدا، سوپایەکیان لە چەکوشی نادان سازکردووە بۆ سەری مەعدوم و بێ نەوایان.
٢
نەجات


ئەو کاتەی شیعرەکانی ناو کتێبی (ئەزموونێکی جیاوازی شیعر)م بۆ نەجات حەمید ئەحمەد نارد هەر پێشبینی ئەوەم دەکرد پێشەکییەکی کورتی بۆ بنووسێت و زوو بۆم رەوانە بکاتەوە، بەڵام سێ مانگ و نیوی خایاند هەر دەیخوێندنەوە – کە ئەو کات ژمارەشیان ١٥ شیعر بوو نەك ١٩- دوای ئەو ماوەیە سەرەداوێکی بۆ دەرکەوت و گوتی دەتوانم کاری لەسەر بکەم، تەواو ئەم بۆچوونە دروستە؛ چونکە رەخنەنووس دەبێت لە دەقەوە زەمینەیەك بسازێنێت و ئەو خاڵە بدۆزێتەوە کە وەك چەق لێکٶلینەوەکەی لەسەر بنیات دەنێت، چونکە وەك چۆن دەق داهێنانێکە هەر واش لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و باش و ئارگیومنتی نەگوتراوەکانی دەق و ئیستیتێك و تەکنیك و لایەنە شاردراوەکان خۆی لە خۆیدا دەبێتە دەقێکی ئەدەبی تر.
لەناکاو ئەو مرد نزیکەی دوای ساڵێك لە نووسینی ئەو لێکۆڵینەوەیە، مەرگ هیچ پێوەرێکی نییەو لەناکاودا پرسەی چاوەڕوان نەکراو لەملاو لا بە مرۆڤەکان دەنووسێت و هەندێكیان کاریگەری قووڵ لە ناخماندا جێدەهێڵن.
من بە هیچ جۆرێك ئەدەب تێکەڵاوی ژیانی شەخسی نووسەر ناکەم، هەموو مرۆڤێك ئازادە چ رێبازو ئایین و بۆچوون و گروپێك هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەوەی لەیاد ناچێتەوە وردبینی و قووڵیی و تازەگەریی لێکۆڵینەوە رەخنەییەکانی نەجات حەمید بوو، ئەو وەك ستایڵێکی هزریی پەرەی بە رەخنەی بونیاتگەریی دابوو و بەرەنجام شتێکی تری لێ دروست کرد بوو.
هەندێکجار ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم کە بۆچی ئێمەی کورد رەخنەگرمان کەمە؟ ئەگەر نەڵێم هەر نیمانە! بێگومان ئەدەبیش بێ رەخنە لە بازنە بۆش و لاوەکییەکاندا دەخولێتەوە.
نەجات دوای خۆی چەندان لێکۆڵینەوەو کتێبی رەخنەیی جێهێشت، رۆژنامەی (هزرو هونەر)یش یەکێك بوو لەو بڵاوکراوە ناوازانەی لەسەر ئاستی میدیای ئەدەبیدا نموونەی کەم بوو، ئەوەی سەرنجمدا بوو بە هیچ جۆرێك نەجات هیچ بابەتێکی خۆی تیا بڵاونەکردەوەو وەك بیستبووم زۆر لە کەسە نزیکەکانی لێ زویر بوو بوون چونکە بابەتی کاڵوکرچی ئەوانی وەك خاترانە تێدا بڵاونەدەکردەوە.
نەجات لە خەمی هزروهونەردا سیس بوو و دوایی بێدەنگ خامۆش بوو، نەخۆشی و پارادۆکسەکان تەنگیان پێ هەڵچنی، ئەو کات شیعرەکەی گۆرانم یاد هاتەوەو بە خۆمم گوت ئەمەیە قەدەری وێژەو هونەر لە ناو قەومی بەسیتا ..
٣
من


شارەکان هێند گەوەرەبوون تەنانەت گەڕەکێك تیایاندا بووەتە شارێك و باس و خواستی خۆی هەیە، نەوەی دەیەکانی رابردوو تیایدا نامۆ دەبن؛ چوون لە رووی مادی و مەعنەوییەوە بە پێشتر ناچن و زۆر گۆڕدراون، خۆ هەموومان لەگەڵ گۆڕانکاری ئەرێنیداین، بەڵام بەدگۆڕان کێشەیە.
لە رووی مادیەوە هەر ماوەو مۆدی بابەت و کەرەسەیەکی نوێ دێت و بێ فلتەر خۆی دەکات بە ناو دڵەکاندا، ئەوەی هەبوو بێت و نەبوو بێت هەر هەوڵی وەدەستهێنانی دەدات بێ ئەوەی بزانێت گەر پێ بەقەد بەڕەی خۆ ڕانەکێشرێت ئەوا ئارامیی لێمان بزر دەبێت، بێ ئەوەی لەخۆ بپرسن: کاکە ئەوەی مافیایەکی نەوت پێی هەڵدەستێت و لەسەری دەژی بە ئێمەی کاسب و فەرمانبەرو بێکار ناکرێت!
لە رووی مەعنەوییەوە کەسایەتی رووخاو و بێ متمانەو دووفاق و هەلپەرست و درۆزن و بەرژەوەندیخوازو دز و چاولێکەرو کاڵفام و ناپاك ….. وەکو گەڵای دار بە گوزەرەکاندا خلۆر دەبنەوەو دەکەونە باوەشی کۆمەڵگاوە، ببورن گەر بشڵێم: باوەشی کۆ. مەڵـ. . گا . وە! کە شیرازەی لە مێژە وەکو دەنکی تەسبیح پچڕاوەو هەر دەنکەی لە ناو زێرابێکدا تەوژم دەیبات.
من ویستم بە شیعر چێژی رەسەنایەتی بکەینەوەو لەگەڵ ژیاندا ئاشت بینەوە، بەڵام کەس گوێی نەگرت، ئەو شەپۆلە میکافیللیە دڵرەق و کوێرانەیەی کە سێ دەیەیە بەڕێوەیە هەموومانی هاویشتە دەرەوەی ژیان و مێژوو، ئیتر لە دەرەوەی ژیاندا کەی روح و شیعر جێی دەبێتەوە؟ کە ئێرە بووەتە خەستەخانەیەکی تایبەتی گەورەو بەس چارەسەری ئەوانەی تیا دەکرێت کە پارەیان هەیە، بۆیە پارە بووە بە دوا مەبەستی ئەو بوونەوەرانەی لەو رووبەرەدا ناودەبرێن بە مرۆڤ!
(پیاوێك لە شەختە) مژێك ئۆکسجینی دارستانە دوورە دەستەکان بوو کە هێشتا دارەکانی نەبڕدراونەتەوەو زەمینەکەی نەکراوە بە ئەپارتمانە کۆنکرێتییەکان. دەزانم نەك شیعر بەڵکو کتێب و پێنووس و ئەوەی بەلای زەین و ویژدان و هەست و ئاگامەندیدا بچێت زۆرینە لەو نەخۆشخانەیەدا هێڵنجیان پێ دێتەوە، هەرچەندە مەرگ هێزێکی دادوەرەو بەرودوا هەموومان پەلکێشی تەنیایی دەکات، کەچی ئێستا لەسەر شێوەی بەردەکان کەس بە مەرگی ئازیزان ڕاناچڵەکێ و تنۆکێك ئەسرین لە چاوان نایەنێتە خوار، ئیتر نازانم چۆن ئەڵقە پچڕاوەکانی نێوان ئێمەو ژیان چاک کەینەوە کە هێزی شەڕەنگێزی مرۆڤ دەستی خستووەتە بینەقاقای تروسکاییە دڵسافەکانی سەحەر و هەموو شتێك بۆنی مەرگ دەدات، ئیتر کێ دەچێت (پیاوێك لە شەختە) دەستخات کە رەنگە خۆی لە کۆپلەیەکیدا بدۆزێتەوە؟ یان رەنگە ئەو مەرگە بوەستێنێت و دوابخات.




په‌راوێزی پێنجه‌مینی تێكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ ڕووپێوی‮ ‬گشتیدا‮ (كات) ‬له ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌تایبه‌تیش له‌و وڵاتانه‌ی‮ ‬به‌ دونیای‮ ‬سێیه‌م ،‮ ‬یا وه‌ختێك به‌خاترانه‌ به‌ وڵاتانی‮ ‬تازه‌ گه‌شه‌كردوو ناوزه‌دكرابوون ،‮ ‬شتێكی‮ ‬بێ ئه‌رزش و بێ به‌هایه‌‮…‬ ‮ ‬به‌پێچه‌وانه‌ی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬پێشكه‌وتوو ،‮ ‬له‌وێدا كات به‌حسابێك و بۆ كارێك دابه‌ش بووه‌ ‌‌ كه‌ هیچ ده‌قیقه ‌و سه‌عاتێكی‮ ‬به‌فیڕۆ نادرێ و پڕ‮ ‬به‌ پێویست پێی ده‌ژین و بۆی‮ ‬ده‌ژین‮… ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬بێگومان ئه‌وان له‌وه‌ حاڵی‮ ‬بوون ته‌مه‌ن‮ ‬یه‌كجاره‌ و دووباره‌ نابێته‌وه ‌،‮ ‬ئه‌وه‌یشی‮ ‬تێده‌په‌ڕێ ده‌خوازێ به‌خۆڕایی‮ ‬نـه‌ڕوا ،‮ ‬به‌ڵكو تاقیكردنه‌وه‌ و ئه‌زموونی‮ ‬لێ هه‌ڵدبهێنجرێ‮… ‬ كات به‌فیڕۆنه‌دان له‌ڕووی‮ ‬سایكۆلۆژیشه‌وه‌ كاریگه‌ریی‮ ‬پۆزه‌تیڤی‮ ‬به‌ڕووكاری‮ ‬به‌ئومێد ژیان و هیوابینینه‌وه‌ هه‌یه ‌،‮ ‬بۆیه‌ ده‌بینی‮ ‬له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی‮ ‬ڕێزی‮ ‬كات ناگیرێ و له‌هیچ حسابان داناندرێ ،‮ ‬هه‌میشه‌ ده‌ستبه‌تاڵیه‌كی‮ ‬كوشنده‌ جێی‮ ‬ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌بێئومێدی‮ ‬و هیوابڕاویی و ماندووبوون‌ هه‌ڵكێشراوه‌‮…‬ هه‌ر ئه‌و ده‌ستبه‌تاڵیه‌شه ‌،‮ ‬ئینجا له‌ هه‌رچه‌شنێكیدا بێ له‌ بێكارییه‌وه‌ هاتبێ ،‮ ‬یا له‌ به‌گله‌ری‮ ‬و ئاغاسیفه‌تی ؛ كاریگه‌ری‮ ‬پاشڤه‌بڕی‮ ‬به‌لای‮ ‬كۆمه‌ڵگه‌ و ڕه‌گاژوویی‮ ‬دواكه‌وتن ده‌كشێنێ‮…‬ زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی‮ ‬زیادبوونی‮ ‬ڕێژه‌ی‮ ‬تاوانیش له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا‮… ‬ئه‌گه‌ر باسی‮ ‬ڕه‌هه‌نده‌كانی‮ ‬دیكه‌یشی‮ ‬نه‌كه‌ین‮…‬ دیاره‌ كات و ڕه‌گه‌زی‮ (كات)‬یش له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬كوردیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‮ ‬ئه‌و بارودۆخه‌یه ‌،‮ ‬كه‌ له‌ بناغه‌دا له‌كو‌لتوور و ئاستی‮ ‬كۆمه‌ڵگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌‮ ‬ده‌گرێ‌،‮ ‬به‌ڕاده‌یه‌ك‮ (كات) ‬لای‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسانیش كه‌ به‌ دڵیخۆ به‌شێك‮ ‬ له‌ ده‌سته‌ی‮ ‬ئه‌نتلێجستا پێك دێنن ،‮ ‬تووشی‮ ‬هه‌مان پاشگه‌ردانی‮ ‬بووه‌‮.‬ بۆیه‌ ده‌بینی‮ ‬ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ،‮ ‬كه‌ به‌ڕاستیش مه‌سه‌له‌یه‌كی‮ ‬گرینگه‌ له‌چۆنیه‌تی‮ ‬چاره‌سه‌ركردن و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كردندا به‌هه‌ند نه‌گیراوه ‌،‮ ‬به‌تایبه‌تی‮ ‬له‌ڕووی‮ ‬گه‌یاندنی‮ ‬ده‌ستبه‌جێی‮ ‬هه‌واڵ و ده‌رهاورده‌كانی‮ ‬له‌چه‌شنی‮ ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژی‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسی‮ ‬و به‌دواداچوونی‮ ‬پێشهاته‌كانه‌وه‌‮…‬ ئه‌م حاڵه‌ته‌یش ئه‌گه‌ر له‌ هه‌فته‌نامه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك قبووڵ بێت (هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانیش ده‌توانن ڕێوڕه‌سم و پلانی‮ ‬خۆیان هه‌بێ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاتدا).‬ به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌ی‮ ‬ڕۆژانه و تیڤی و ماڵپه‌ڕه‌كانی هه‌واڵدا ‌ قبووڵ نییه ‌و‮ ‬یه‌كێكه‌ له‌ سیما پاشڤه‌بڕه‌كانی ،‮ ‬كه‌ له‌ته‌مه‌ڵی‮ ‬و بێموبالاتی‮ ‬و به‌هه‌ند نه‌گرتنی خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌ر زیاتر هیچ پاساوێكی‮ ‬دیكه‌ی‮ ‬نییه‌‮…‬ لێره‌وه‌ ده‌خوازێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كه‌ ده‌قه‌به‌ری‮ میدیا به‌ گشتی ‮ ‬ده‌كرێ ،‮ ‬به‌تایبه‌تی‮ ‬میدیای ‮ ‬كوردی‮ ‬نزیكتر لێی‮ ‬بڕوانرێ‮…‬ ئێستا هۆیه‌كانی‮ ‬پێكگه‌یشتن به‌ئاستێك پێشكه‌وتوون و له‌به‌ره‌وپێشچووندان بڕوا نه‌كرده‌‮… ‬له‌هۆی‮ ‬عاده‌تی‮ ‬ بگره‌ تا هۆی‮ ‬پێشكه‌وتووی‮ ‬تۆڕه‌ جیا جیاكانی ئه‌نته‌رنێت‮…‬ ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ ئامێری‮ ‬په‌ره‌سه‌ندووی‮ ‬وه‌رگرتن و ناردنی‮ ‬تێكست و وێنه‌ بۆ میدیای‮ ‬نووسراو وبیستراو وبینراو‮…‬ ڕه‌گه‌زی‮ ‬كات له‌ میدیای‮ ‬كوردیدا سه‌ره‌ڕای‮ ‬ئاسانكاریی‮ ‬به‌رچاو ،‮ ‬ده‌زگا ڕۆژنامه‌نوسیه‌كان وه‌ك پێویست ،‮ ‬به‌و ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵیدا نه‌هاتوونه‌ته‌وه ‌، ‮‬خواستی‮ ‬خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌ری به‌و ڕاده ‌و ئاسته‌ دابین كردبێت ،‮ ‬ناچار نه‌بێت په‌نا بۆ هۆی‮ ‬ڕاگه‌یاندنی‮ ‬بێگانه‌ ببا‮…‬كه‌ لێره‌شدا گرفتی ڕاستگۆیی و پیشه‌یی و بێلایه‌نیش له‌ولا داده‌نێین كه‌ باسێكی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێ ، ئه‌مه‌ش به‌ تایبه‌تی له‌و هه‌واڵانه‌دا نموونه‌یان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ به‌ خێراییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌ ماڵپه‌ڕێكی (فه‌یك)دا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ ، به‌ڵام چونكه‌ به‌رپرسیاریه‌تی تێدا هه‌ڵناگیرێ ، كه‌واته‌ هه‌ر چه‌ندی له‌ ڕووی (كات)ـه‌وه‌ خێراتر بگا ، هه‌میشه‌ جێی گومان ده‌بێ .. له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م خاڵه‌یش له‌ میدیای ناسراو ‌و تۆمار كراوه‌وه‌‌ گرینگه‌ له‌ ڕه‌چاو كردنی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كاتدا . هه‌ر ئه‌و به‌هه‌ند نه‌گرتنی‮ (كات) ‌یشه‌ كه‌ سه‌رباری‮ ‬چۆنیه‌تی‮ ‬مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌واڵ و ده‌رهاورده‌كانی ،‮ ‬زۆر جار (به‌رامبه‌ر)‬ی‮ ‬له‌ میدیای‮ ‬كوردی‮ ‬تۆراندووه‌‮…‬ به‌نموونه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان ،‮ ‬ڕادیۆكان ،‮ ماڵپه‌ڕه‌كان ‬كه‌ ده‌ستبه‌جێترن له‌ ڕۆژنامه ‌،‮ ‬كه‌م وارێك كه‌وتووه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‮ ‬ده‌موده‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌واڵدا كردبێ ،‮ ‬ئه‌گه‌ر چۆنیه‌تی‮ ‬مامه‌ڵه‌كردنه‌كه‌یش له‌ولا دابنێین كه‌ قسه‌ی‮ ‬تر هه‌ڵده‌گرێ‮…‬ له‌ میدیای‮ ‬نووسراویشدا وێرانتر نه‌بێ باشتر نییه ‌،‮ ‬لاپه‌ڕه‌ی‮ ‬یه‌كه‌م كه‌وا پێویست ده‌كا سه‌عاتی‮ دوو تا چواری‮ ‬پاش نیوه‌شه‌و دابخرێ ،‮ ‬هه‌ندێ جار ده‌ره‌نگتریش به‌تایبه‌تی‮ ‬ئه‌گه‌ر بارێكی‮ ‬نائاسایی‮ ‬له‌ گۆڕێ بێ‮…‬ خوێنه‌ر ئه‌وه‌ی‮ ‬له‌ ڕۆژنامه‌ی‮ ‬ڕۆژانه‌ ده‌وێ ،‮ ‬كه‌ به‌یانی‮ ‬له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێ بزانێ كاتێ ئه‌و له‌خه‌ودا بووه‌ چی‮ ڕوویداوه‌‮…‬ (كات) ‬له‌ڕووی‮ ‬گه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ و دابه‌شكردنیش كاریگه‌ریی‮ ‬خۆی‮ ‬هه‌یه‌‮…‬ ڕۆژنامه‌ پێویسته‌ تاریك و ڕوونی‮ ‬سپێده‌ له‌بازاڕ‮ ‬بێت ،‮ ‬بۆ شوێنه‌كانی‮ ‬دووریش نابێ له‌سه‌عاتی‮ ٨ ‬هه‌شت تا هه‌شت و نیوی‮ ‬به‌یانی‮ ‬ده‌رنگتر بگا ،‮ ‬ئه‌وكاته‌ی‮ ‬هێشتا فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندان له‌ ڕێگادان به‌ره‌و ئیشوكاره‌كانیان ،‮ ‬بۆیه‌ سه‌یر ده‌كه‌ی‮ ‬له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان ڕۆژنامه‌ له‌ دووچاپدا ده‌رده‌چن‮… ‬ چاپی‮ ‬یه‌كه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ی‮ ‬شار ده‌نێردرێ ،‮ ‬بۆ شوێنه‌ دووره‌كان‮… ‬بۆشاره‌كانی‮ ‬دی‮… چاپی‮ ‬دووه‌م له‌ناوه‌نددا ،‮ ‬له‌و شوێنه‌ی‮ ‬ڕۆژنامه‌كه‌ی‮ ‬لێ ده‌رده‌چێ ،‮ ‬بڵاوده‌كرێته‌وه‌‮…‬ به‌كورتی‮: ‬ڕه‌گه‌زی‮ ‬كات له میدیادا دوا هه‌واڵ ،‮ ‬گه‌رماو گه‌رم له‌شێوه‌ی‮ ‬پێویست بگاته‌ به‌رامبه‌ر…ئه‌مه‌ش بێگومان به‌وه‌ ده‌كرێ‮ (كات) ‬له‌ خودی‮ ‬ده‌زگا ڕۆژنامه‌نووسیه‌كاندا به‌ها و نرخی‮ ‬خۆی‮ ‬هه‌بێ و پێ درابێ و له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رباز بكرێت تێی‮ ‬كه‌وتووه‌ كه‌ له‌دواكه‌وتن و پێڕانه‌گه‌یشتن به‌ده‌ر چیدی به‌رهه‌م ناهێنێ‮…‬




چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر كنێر جەمیل.. ئامەدەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

نووسەر كنێر جەمیل: چیرۆك گیڕانەوە ئامراز ێكی هەرەكاریگەرە بۆ پرسی پەرورەردە
نووسەر كنێر جەمیل: نووسین بۆ منداڵ زۆر سەختترە بۆ نووسین بۆ گەوران
نووسەر شاعیر خاتوو(كنێر جەمیل حەسەن)، لە ناوچەی هەریری پایتەختی خانزادی سۆران لەدایك بووە ،لە بەرەبابی مەلا خەیلانییەكانی ڕواندزین..كنێرخان قەڵەمێكی جوانی بواری ئەدەبە خاوەنی چەندین كتێبی چاپكراوە .. بەهۆی هەڵوێستی كوردانەی لە سەردەمی بەعسدا چوارجار گیراوە جاری چوارەمی لەساڵی 1989 بووە، و دواتر لەگەڵ پۆلێك تێكۆشەری تری كوردستان حوكمی ئیعدامان بۆ دەردەچێت و پاشان حوكمەكەیان سووك دەكرێت بۆ حوكمی هەتا هەتایی، ئینجا لەدوای ڕاپەڕین و لە میانەی گتفوگۆی بەرەی كوردستانی لەگەڵ رژێم ئازاد كرا لە ئێستادا لە هەندەران دەژیت، وەكو چالاكوانێك لە بەریتانیا لەگەڵ ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی كاریكردووە بۆ ئاگاداربوون لە ژیان و بەرهەمەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

  • سەرەتا بابگەرینەوە سەردەمی منداڵی خۆت چی وای لەتۆ كرد لە بواری منداڵان بنووسیت؟
  • هەڵبەتە قۆناغی منداڵی خۆشترین و پاكترین قۆناغی ژیانمانە، بۆیە كاتێك گەورە دەبین هەر ئاخ و ئۆف و حەسرەت بۆ ئەو قۆناغە دەخوازین و حەزدەكەین بۆی بگەڕێینەوە، ئیدی هەر یەكەو بەشێوەیەك بۆی دەگەڕێتەوە، نووسینیش بۆ منداڵان دەكەوێتە ئەو چوارچێوە گەڕانەوەیە. لەبەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە و بەكارهێنانی هەمان زمان، كارێكی سەختە، بۆیە نووسین بە زمانی منداڵان یان نووسین بۆ منداڵ زۆر سەختترە بۆ نووسین بۆ گەوران، چونكە مرۆڤ پێ بەپێی هەڵكشانی تەمەن، زمانەكەشی هەڵدەكشێ، یان بابڵێین لەگەڵ تەمەنی هەنووكەیی دەگونجێ، بۆیە ڕاستریین نووسین ئەوەیە خۆت تێیدا بی و بە شێوەیەكی ڕاستەقینە هەستی پێبكەی. زمانی ئەدەبی منداڵانیش هەروەهایە، چونكە هەموومان تێێدا بووین، بەڵام ئایا كاتێك كە گەورەیەك بۆ ئەو زمانە و جیهانی ئەوكات دەگەڕێتەوە و پێی دەنووسێ، ئەوە پرسێكی گەورەیە.
  • كەی دەنووسیت ،كاتێكی دیاركراوت هەیە بۆ نووسین؟
  • نووسین بۆ تاكی كورد تا ئێستا نەبووەتە پیشەیە، مەبەستم ئەوەیە پیشەیەك پێی بژی و ژیانی سەرتاسەری بۆ تەرخان بكات، بۆیە وەك هەر نووسەرەێكی دیكەی كورد، دەبێ لە كاتی تایبەتی خۆت بگرێتەوە، ئەوسا چ بە ڕۆژ بێ یان بە شەو بەگوێرەی ڕێككەوتن و دەرفەت هەبوون.
  • تۆ لە بواری نوسینی گەورانیش دەنووسیت جیاوازی نووسین لە نێوان ئەدەبی گەوران و ئەدەبی منداڵان هەیە؟
  • بێگومان جیاوازییەكی زۆر هەیە، هەر جیاوازییەكەش وای لێدەكا زەحمەتتر بێ، ئەوسا زەحمەتییەكەش دوو سەرەیە، هەم لەبارەی زمانەوەیە، چونكە زمانی منداڵان جیاوازە لە هی گەوران، هەروەها لەڕووی پەیامیشەوە، چونكە پەیامەكەشیان بۆ یەك نابێت.
    ئەگەر هەندێك جار پەیامەكەش وەك یەك بێ، ئەوا دەبێ جیاوازییەكی تەواو لە شێوازی دەربڕیندا هەبێ. بۆیە پێویستە نووسەری منداڵان زۆر باس خۆی لەگەڵ قۆناغی كاتی خۆی بگونجێنێ، واتە لەگەڵ زەمانی منداڵیی خۆی و بتوانێ بە زمانێك بنووسێ كە ئاڵۆز و تێكەڵ و قوڕس نەبێ تا منداڵ بەئاسانی لێی تێبگا.
  • تا چەند چیرۆك گێرانەوە بۆ منداڵان گرنگە بەتایبەتی لەوسەردەمەی تەكنەلۆژیایەدا؟
  • بەڵێ بێگومان زۆر گرنگە. چیرۆك گیڕانەوە ئامراز ێكی هەرەكاریگەرە بۆ پرسی پەرورەردە، ئەوسا پەروەردە بۆ ئەوەی منداڵەكە لە دواڕۆژدا ببێتە تاكێكی بەسوود بۆ كۆمەڵگا. ئاشكرایە دینەكانیش پەنایان بۆ چیرۆك بردووە، بۆ ئەوەی حیكمەتی خۆیان بەگوێی هەوادار و لایەنگرانیان دابدەن.
    گێڕانەوە و شێوازی چیرۆكئامێز لەو تەمەنە ساوایەی مرۆڤدا، تاكە شێوازێكە كە شت لای منداڵ شیرین بكرێ. بێگومان هەموو كەسێكیش كاتێك بە شێوەیەكی سروشتی و سەلیقەیی زمانی دایكی فێردەبێ، زیاتر لەو چیرۆكانە فێردەبێ كە بۆ منداڵەكە دەگێڕدرێنەوە.

    *یەكێك لە كتێبەكانت بەناوی (چیرۆكی دیۆكیۆمێنتاری) یەچیرۆكەكانی ئەم كتێبە باسی چی دەكات؟
    -لەم كتێبەم دا بە لە چیرۆكێكی راستەقینەی ژیانی كچێكی جوانی شاری هەولێرە كەلە زیندانی بەعس لەگەڵ من زیندانی كرابوو ،باس لە خۆڕاگری ئەو كچە قارەمانە دەكات.

  • ئاستی چیرۆك نووسینی كوردستان چۆن دەبینیت؟
  • دیارە چیرۆك لەمێژووی ئەدەبی كوردیدا مێژوویەكی قووڵی هەیە و و لەدوای شیعرەوە دێت، هەندێك جار شیعریش وەك ئامرازێك بۆ گێڕانەوەی چیرۆك پێكهێنراوە، خۆ ئەوەش هەیە هەموو ژانرێكی نووسین، ئەوسا شێعر بێ یان داڕشتن یان لێكۆڵینەوە یان هەرشتێك ئەوا چیرۆكێكی خۆی هەیە، كەواتە بیرۆكەی چیرۆك چەقی بازنەیە و ژانرەكانی دیكەی وەك بازنەیەك بەدەوردا دەسووڕێنەوە.

    *پرۆژەی نوێت هەیە لە بواری نووسین؟
    -لە ئێستادا خەریكی نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی ژیانی زیندانی خۆمم بەشی زۆری تەواو بووە بەدوای سپۆنسەر دەگەرێم بۆ ئەوی بەچاپی بگەیەنێم ،هەروەها كتێبكی شیعریشم ئامادەیە بەم زووانە بڵاوی دەكەمەوە.




هەواڵی ڕاست و هەواڵی ڕیکلامئامێز.. نەوزاد بەندی

ڕۆژنامەی نەیچەری بەریتانیی لە ڕاپۆرتێکیدا ئەڵێ : ڕۆژووی پچڕ پچڕ هۆکارێکە بۆ زیاد بوونی نەخۆشی شێرپەنجە ..!
ئێستا هەر کەسێک هەڵدەستێ بابەتێک بڵاو ئەکاتەوە کە ڕەنگە بازرگانییەک یان ڕیکلامێک بێت بۆ کەل و پەل و دەستە و تاقمێک ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەڵێن : ئەگەر دوو شەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو بیت ، خانەکانی لەش تێکەڵاوی ژەهرەکانی لەش ئەبن و کارەسات ئەقەومێ !
لە کاتێکدا ئەوانەی کە لە ساڵانێکە ئەو دوو ڕۆژە بە ڕۆژوو بوون ، تەمەنێکی درێژ و لەشێکی ساغیان هەبووە .
هیچ گۆڤارێکی ئەمەریکیی و ئەوروپیی باس لەوە ناکەن کە هۆکاری سەرەکیی سەڕەتان ، بریتییە لە جەنگەکان و چەکەکان و دوکەڵی کارگەکان و شەپۆلی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەنتەرنێت و تیشکی شاشە زیرەکەکان و پلاستیک و پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک به دوکەڵ و پاشماوەی کارگە ناوکییەکان و کارگە زەبەلاحەکانی ووزە و نەوت و خواردنی بەستوو و قوتوکراو..
بە ڕاستی ، هەتا ئێستایش ڕێژەی شێرپەنجە و زەهایمەر و شێت بوون و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ووڵاتە موسوڵمانەکاندا زۆر کەمترە لە چاو لە ئەوروپا و ئەمەریکا ..
ڕۆژووی پچڕ پچڕ ، خواردنی ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارەیە و .. وازهێنانە لە خواردن هەتا پانزە بۆ هەژدە سەعات بە پێی ئەو سیستمەی دکتۆر بێرگ دایناوە .. بەڵام بە ڕای من ئاونەخواردنەوە یان کەم ئاوخواردنەوە هۆکاری زۆربەی نەخۆشییەکانە ، وەک چۆن ماڵێک ئاوی لێ ببڕێت ، کەڕوو هەڵدێنێ و پیس ئەبێ ، لەشی مرۆڤیش بە شێوەیەکی بەردەوام ئاوی نەدرێتێ ، پیس بوون و نەخۆشیی و ژەهراویبوون ڕوودەدات تیایدا ..بە تایبەت لە سیستمی کیتۆ و ڕۆژووی پچڕ پچڕدا ، زۆربەی کەس ئاوی پێویست ناخۆنەوە .. جارێ کوردە حەیاتەکە ئاو هەر ناخواتەوە ، چونکە بۆن و ڕەنگ و تامی نییە ..

ڕۆژنامەی نەیچەری بەریتانیی لە ڕاپۆرتێکیدا ئەڵێ : ڕۆژووی پچڕ پچڕ هۆکارێکە بۆ زیاد بوونی نەخۆشی شێرپەنجە ..!
ئێستا هەر کەسێک هەڵدەستێ بابەتێک بڵاو ئەکاتەوە کە ڕەنگە بازرگانییەک یان ڕیکلامێک بێت بۆ کەل و پەل و دەستە و تاقمێک ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەڵێن : ئەگەر دوو شەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو بیت ، خانەکانی لەش تێکەڵاوی ژەهرەکانی لەش ئەبن و کارەسات ئەقەومێ !
لە کاتێکدا ئەوانەی کە لە ساڵانێکە ئەو دوو ڕۆژە بە ڕۆژوو بوون ، تەمەنێکی درێژ و لەشێکی ساغیان هەبووە .
هیچ گۆڤارێکی ئەمەریکیی و ئەوروپیی باس لەوە ناکەن کە هۆکاری سەرەکیی سەڕەتان ، بریتییە لە جەنگەکان و چەکەکان و دوکەڵی کارگەکان و شەپۆلی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەنتەرنێت و تیشکی شاشە زیرەکەکان و پلاستیک و پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک به دوکەڵ و پاشماوەی کارگە ناوکییەکان و کارگە زەبەلاحەکانی ووزە و نەوت و خواردنی بەستوو و قوتوکراو..
بە ڕاستی ، هەتا ئێستایش ڕێژەی شێرپەنجە و زەهایمەر و شێت بوون و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ووڵاتە موسوڵمانەکاندا زۆر کەمترە لە چاو لە ئەوروپا و ئەمەریکا ..
ڕۆژووی پچڕ پچڕ ، خواردنی ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارەیە و .. وازهێنانە لە خواردن هەتا پانزە بۆ هەژدە سەعات بە پێی ئەو سیستمەی دکتۆر بێرگ دایناوە .. بەڵام بە ڕای من ئاونەخواردنەوە یان کەم ئاوخواردنەوە هۆکاری زۆربەی نەخۆشییەکانە ، وەک چۆن ماڵێک ئاوی لێ ببڕێت ، کەڕوو هەڵدێنێ و پیس ئەبێ ، لەشی مرۆڤیش بە شێوەیەکی بەردەوام ئاوی نەدرێتێ ، پیس بوون و نەخۆشیی و ژەهراویبوون ڕوودەدات تیایدا ..بە تایبەت لە سیستمی کیتۆ و ڕۆژووی پچڕ پچڕدا ، زۆربەی کەس ئاوی پێویست ناخۆنەوە .. جارێ کوردە حەیاتەکە ئاو هەر ناخواتەوە ، چونکە بۆن و ڕەنگ و تامی نییە.




ئێران..دەسەڵاتی دز و جەردە!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

هەرچەندە لە سەرەتاوە روون بوو، بەڵام هیچ سەرۆککۆمارێک لە ئێران(!)وەک مەسعوود پزیشکیان نیشانی نەداوە کە “دەستنیشانکراو”ە و لە ئێران هەموو کاروبارەکان بەدەست “وەلی فەقێ”یە! پزیشکیان خۆی گوتبووی کە بۆ “پاراستنی رژێم” هاتۆتە گۆڕەپانی شانۆی هەڵبژاردنەکە. چون رژێمی لە “مەترسی”دا بینیوە! (ماڵپەڕی جەماران، ٢٩ی پووشپەڕ). هەروەها وتبووی کە “ئیسڵاح تەڵەبێکی ئوسوولگەرا”یە! کە بە بڕوای خەڵکی ئێران، ئەمە “بنەمای چیرۆک”ەکەیە و کۆتایی هاتووە. واتە دەرهاویشتە و گووشراوەی پێناسەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقێ بریتییە لە (دزی) و (جەردەیی) و(خوێنڕشتن)!

سەرۆکایەتییەکی بێ کۆماری و بێ جەماوەری!
لە ڕاستیدا لە ئێران، “سەرۆک” زۆرە، بەڵام “کۆماری” هەر نییە. خەیاڵییە. چونکە هەموو سەرۆکەکان دامەزراوی (وەلی فەقێ)ن و ئەویش شەرعیەتی خۆی لە “ناکۆماری؟” وەردەگرێت. هەر لەبەر ئەمەشە دەوترێت، ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی “ناشەرعی”یە!
کابینەی خامنەیی!
دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، نەک هەرگیز دەستبەرداری “ئیعدام” نەبووە و خۆی لە فراوانخوازی و شەڕخوازی و تیرۆر دوور نەخستۆتەوە، بەڵکو ئەمانەشی بە پێویستییەک بۆ مانەوەی خۆی زانیوە و کردوویەتی بە بەشێک لە سیاسەتی بنەڕەتی خۆی. ئێستا خامنەیی و رژێمەکەی، دوای نزیکەی ٤٥ ساڵ لە گێژەڵوکەی قەیرانە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا و لە ترسی راپەڕینی خەڵک، پەنایان بردووەتە بەر کوشتن و بەکۆمەڵکوژکردنی زیندانیان. جارێکی دیکە گەڕۆکی بەناو (ئیرشاد) دەستی بە کار کردووە و ستەم و چەوساندنەوەی ژنان و کچان لە شەقام و کۆڵانەکاندا بەردەوامە و کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەرانی کورد و بەلووچ هەروا بەردەوامە. پزیشکیان چەندین جار رایگەیاندووە کە کابینەکەی، بە رەزامەندی خامنەیی راگەیاندووە. خەڵکی ئێران کابینەی (پزیشکیان)یان بە “کابینەی سێدارە” ناوزەد کردووە!
بە وتەی پزیشکیان، کابینەکەی، جگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خامنەیی هیچ پلانێکی نییە. لە کاتێکدا کە پلانی کار و سیاسەتی خەڵکی ئێران بریتییە لە رووخاندنی خامنەیی و تەواوەتی رژێمی ویلایەتی فەقێ و دامەزراندنی کۆمارییەکی دێموکراتیک. خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران رایگەیاند: کابینەی پزیشکان تێکەڵەیەکە لە باندە دز و تاڵانچییەکانی کابینەکەی (ئیبراهیم رەئیسی) و (رۆحانی).

مانای حکومەتی یەکگرتوویی نەتەوەیی (ویفاقی میللی)!
ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، پزیشکیان، کابینەکەی خۆی وەک “حکومەتی ویفاقی میللی” ناساند. زۆری نەخایاند، دوای راگەیاندنی کابینەی حکومەت، جەواد زەریف کە پێشتر سەرۆکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پزیشکیان بووە و پزیشکیان وەک جێگری ستراتیژی خۆی ناساندبووی، شکستی خۆی راگەیاند و دەستی لەکارکێشایەوە! (هەڵبەت دوای ماوەیەک دووبارە گەڕایەوە ناو گۆڕەپانەکە)و بەم شێوەیە دەبینرێت کە دوای کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی، کێشە ناوخۆییەکانی دەسەڵات بە بەرچاوی دەرکەوتووە.
سەرەڕای ئەو تەپ و تۆزەی پزیشکیان و دەوروبەری، کە لە شانۆی هەڵبژاردندا و لە ئامادەکارییەکانی کابینەکەدا بە وشەی “گۆڕانی گەورەی ناوخۆیی” و “هاوکاریکردن لەگەڵ دەرەوە” دەریانخست، ئەوەی ئێستا لە پێکهاتەی کابینەی پزیشکیاندا بەرچاو دەکەوێت، بریتییە لە بەردەوامبوونی هێڵی “گرژبوونەوە” و شکستی بێشەرمانەی “گۆڕانی گەورە و “هاوکاریکردن”. محەممەد جەواد زەریف، بانگدەر و بەڕێوەبەری سەرەکیی شانۆی بانگەشەکردنی پزیشکیان، ئەم شکستەی بە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و لە روونکردنەوەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەیدا، نووسیویەتی: داوای لێبوردن دەکەم بۆ بێتواناییم لە بەدواداچوونی کاروبارەکان لە کۆریدۆرەکانی سیاسەتی ناوخۆییدا.”
بارودۆخی ئێران روو لە تەقینەوەیە و زوو یان درەنگ، وەک (ئیسحاق جەهانگیری) باسی کرد، ئەم “ژوورە پڕ لە گاز”ە بە هۆی پریشکێکەوە دەتەقێتەوە. کردنەوەی بچووکترین بۆشایی، لە کەمترین ماوەدا، دەبێتە لێکدابڕانێک کە هەموو دەسەڵاتەکە لەناو دەبات. لە ترسی بەرچاوڕوونییەکی وادایە کە خامنەیی و کابینەی پزیشکیان پەنایان بۆ ئێعدامی بەکۆمەڵ بردووە. بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساڕێژکردنی برینەکەی رژێم؟ نەخێر! هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کاری پزیشکیان و ناساندنی کابینەکەی، ریکۆردی ٣٠ ساڵەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە ئێران شکێندرا و بەڵگەنامەیەکی دیکە بۆ “کۆتایی چیرۆکەکە” زیادکرا.
دۆخی بژێوی ژیان لە ئێران!
میدیاکانی حکومەت باسیان لە دروستکردنی زەمینە بۆ گرانکردنی نرخی نان لە 10 پارێزگای وڵات کرد. راپۆرتەکان ئێستا لە رەهەندێکی فراوانتر و فەرمیتردا، باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 25% نرخی نان لە ناوچەکانی ئێراندا بەرزبووەتەوە.
تەنیا (گرانبوونی نان) نییە کە ئاسۆی رەشی برسێتی خستۆتە بەردەم ملیۆنان کەسی بێبەش. لە ئێستادا، پچڕانی بەردەوامی کارەبا و دواتر پچڕانی ئاو و لەکارکەوتنی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە لە گەرمای سەختی هاویندا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ئێران، ژیانی خەڵکی تاڵ کردووە.
ڕۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژ، پزیشکیان لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی، پێکەوە چوونە مەجلیس. مەجلیس بوو بە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ. ناوبراو وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ خومەینی و پاسدار قاسم سولەیمانی و ئیبراهیم رەئیسی، لە ترسی لێکترازان و بۆشایی لە ناو حکومەتدا وتی: “نەبوونی یەکڕیزی و یەکگرتووییمان بە واتای هەنگاونانە بەرەو ئاگرەکە!” پابەندنەبوون، یەکنەبوون، پابەندنەبوون بە واتای لێواری ئاگرەکەیە! هەروەها وتی: “ئەگەر لەسەر ئەم شێوازە بڕۆین، گەوجانەیە بیر لەوە بکەینەوە کە دەگەینە شوێنێک”.
پزیشکیان کە بۆ ناساندنی کابینەکەی چووبووە مەجلیس، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری رژێم و قەیرانە دیارەکانی ناو رژێم، بۆ پشتیوانی لە ئەندامانی کابینەکەی وتی: زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی کەسایەتییەکان، پشکنینیان بۆ کراوە، و ئەمانە، ئەو ئازیزانەن کە ئێستا لەبەردەمتدا دانیشتوون. باوەڕ بکەن ئەو تیمەی کە بە مەجلیسمان ناساندووە، هەر ئەو تیمەیە کە هەمانە. هێمای رێککەوتنە، هێمای هاودەنگییە لە ناو حکومەتی (ئیبراهیم رەئیسی)و (روحانی)یەوە هەتا (ئەحمەدی نژاد). هەربۆیە کاتێک باس لەسەر رێککەوتنی نیشتمانی (ویفاق) و کابینەی حکومەت دەکرێت، مەبەست رێککەوتنی نێوان باندە دز و تاڵانچیەکانە کە هاوبەشن لە حکومەتدا و هیچ پەیوەندییەکیان بە خەڵکی ئێرانەوە نییە.
ئەندامێکی مەجلیسی رژێم وتی: “ئەمڕۆ گەلەکەمان دەڵێت ئێوە لەکاتی هەڵبژاردندا کڵاوێکتان خستینە سەر”. ئێوە متمانەتان بە هیچ سوننەیەک لە نێو ئەهلی سوننەدا نیە، هیچکەس بە ئەندازەی پێکهاتەی کابینەکەتان، جێگەی نائومێدی و دڵساردی نەبووە بۆ ئەم بەشە گرنگەی کۆمەڵگەی سوننە و میللەتی ئێران.
بەم شێوەیە، لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەی مەجلیسی رژێم لەگەڵ کابینەی پزیشکیاندا، بەناو ویفاقی پزیشکیان و سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵی داوە ئەو بۆشاییە بە ئاوێتەبوونی حکومەتەکانی پێشوو ببڕێت، ئاگری شەڕ و ململانێ و مەترسیەکانی سەر رژێمی قەیران لێدراوی خامنەیی بلێسە دەسەنێت. هەڵبەت بە دوای ئەمڕۆکەدا، دواڕۆژیش هەیە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





وەسواسی، ناساندن و نیشانەکان و هۆکارەکان و چارەسە دەروونییەکانی ئەم نەخۆشییە.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

Obsessive compulsive disorder وتاری زانستی: لەسەر وەسواسی OCD – ناساندن و نیشانەکان و هۆکارەکان و چارەسە دەروونییەکانی ئەم نەخۆشییە.

زنجیرەی ١٤٢

وەسواسی یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان دادەنێت. لەم وتارەدا، تیشک دەخەینە سەر هۆکارەکانی وەسواسی و چارەسەرە دەروونییەکانی. بۆ نموونە( ئەبڕاهام ماوەی ساڵێك دەبێت بەردەوام کاتێك لە توالێت WC دێتە دەرەوە ناتوانێ یەکجار دەستی بە پاکی بشواتن بەڵکو زیاتر لە ١٠ جار دەستەکانی دەشواتن ئەم دۆخەش زۆر بێزاری کردووە، زۆرکات ناتوانێ جلێك بە یەکجار هەڵبژێرێت بەڵکو جاری وا هەیە ٧ دەستە جل تاقیدەکاتەوە تاکو بڕیاڕ دەداتن کە دانەیەك بپۆشێت، بەردەوام لە دۆخێکی بێ ئۆقرەیدایە کە ئەمەش وایکردووە نەتوانێ کارەکانی ڕۆژانەی وەك دۆخی کەسێکی ئاسایی ئەنجام بداتن، لەسەر ئەو نیشانانەی کە دەرکەوتن لەو نموونەیەدا، تۆ دۆخەکە چۆن دەبینیت؟). ئەم نموونەیە تەنها یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە نەوەك دیاریکردن(تەشخیس- Diagnose)ـی دۆخی تاكەکە.

هۆکارەکانی وەسواسی OCD:
1- بۆماوەیی: بەشێك لە توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە هەندێک کەس بەهۆی فاکتەرە ژینەتیکییەکانەوە زیاتر ئامادەن بۆ تووشبوون بە وەسواسی.
2- کیمیایی مێشک: ناهاوسەنگی لە تڕاسمیتەرە دەمارییەکان، بەتایبەت سیرۆتۆنین، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پەرەسەندنی وەسواسیدا.
3- ژینگە: ئەزموونە نەرێنییەکانی ژیان و منداڵی تاکەکە لەنێو خێزان، تڕاوما یان سترێسی درێژخایەن، دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی وەسواسی.
4- کەسایەتی: کەسانی زۆر ڕێکوپێک یان ئەوانەی خاوەن بیرکردنەوەی ڕەشبینانەن زیاتر لەوانەیە تووشی وەسواس ببن. نیشانەکان بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بەم جۆرەبن: بیرۆکەی دووبارەبووەوە و ناخۆش، هەستی ناچاری بۆ ئەنجامدانی کردارێکی دیاریکراو، ترس لە پیسبوون یان تووشبوون بە نەخۆشی، پێداگری لەسەر ڕێکوپێکی زۆر, دووبارەکردنەوەی بەردەوامی کردارێک (وەک دەستشۆردن). کۆکردنەوەی شتومەکی بێ کەڵک، بیرکردنەوەی زۆر لە ڕێکخستنی شتەکان، خۆدوورخستنەوە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان، کەمبوونەوەی تەرکیز و توانای بڕیاردان. چارەسەرە دەروونییەکان: دەرمان: ئەم چارەسەرە لە لایەن پزیشکی دەروونییەوە ئاڕاستە دەکرێت( هەندێك کات دکتۆرەکە دەرمانی دژە-خەمۆکی یان دژە-دڵەڕاوکێ دەنووسێ کە ئەمەش یارمەتی تاکەکە دەداتن بەرەو باشبوون). cognitive behaviour therapy چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT): ئەم شێوازە یارمەتی نەخۆش دەدات بۆ ناسینەوە و گۆڕینی بیرۆکە نادروستەکان و ڕەفتارە وەسواسییەکان. Exposure and response prevention ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لە بەرپەرچدانەوە (ERP): لەم تەکنیکەدا، تاکەکە بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخانە دەکرێتەوە کە وەسواسیان بۆی هەیە و فێر دەکرێت چۆن خۆی لە بەرپەرچدانەوە بپارێزێت. Acceptance and Commitment Therapy چارەسەری قبوڵکردن و پابەندبوون (ACT): ئەم شێوازە یارمەتی تاك دەدات بۆ قبوڵکردنی بیرۆکە وەسواسییەکان بەبێ ئەوەی کاریان پێبکات و لەسەر بەهاکانی ژیانی تەرکیز بکات. خاوبوونەوە و مێدیتەیشن و تەمرینی هەناسەدان: ئەم تەکنیکانە یارمەتی کەمکردنەوەی سترێس و ئارامکردنەوەی مێشک دەدەن. وەسواسی حاڵەتێکی چارەسەرکراوە و بە یارمەتی پسپۆڕانی دەروونی و بەکارهێنانی شێوازە زانستییەکان، دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێت و چاک ببێتەوە. هەروەها، پشتگیری خێزان و کۆمەڵگا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پرۆسەی چاکبوونەوەدا.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

ئەم وتارە لەم سەرچاوانەوە وەرگیراوە:

1-https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/obsessive-compulsive-disorder/symptoms-causes/syc-20354432
2-https://iocdf.org/about-ocd/
3-https://www.psychiatry.org/patients-families/obsessive-compulsive-disorder/what-is-obsessive-compulsive-disorder
4-https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/9490-ocd-obsessive-compulsive-disorder




ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ ناسێندران

ئامەدەکردنی: مه‌نسوور جیهانی

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا ناسێندران.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه “بڵینده سینەماییه‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”، به‌شی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌” و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی له‌وانه؛ به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده سینه‌ماییه‌‌‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان” و به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان” له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ناسێندران که به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی ١٢ وڵاتی جیهان، له‌وانه؛ فه‌ڕه‌نسا، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا، دانیماڕک، هه‌رێمی کوردستان و … له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونیدا په‌خش ده‌کرێن.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه سینه‌ماییه‌‌‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده سینه‌ماییه‌‌‌کان” له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow بریتین له: خاتوو “ئانجلینا نیکۆنۆڤا” Angelina Nikonova ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا، که فیلمی سینه‌مایی “پۆڕتره‌یه‌ک له گورگ و بۆمه‌لێڵ” Portrait in the Twilight له‌م فیلمسازه له یه‌که‌مین به‌شداریی جیهانی خۆیدا له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” Venice ئاماده‌بوو و هه‌روه‌ها ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “به‌خێر بێن بۆ ماڵه‌وه” Welcome Home و فیلمی سینه‌مایی “ئه‌رێ که‌سێک کچه‌که‌ی منی بینیوه؟” Has Anyone Seen My Girl? له کارنامه‌ی هونه‌ریی خۆیدا هه‌یه‌، خاتوو “لیانکا گریۆ” Lyanka Gryu ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا که به ڕۆڵ بینین له فیلمه‌کانی “منداڵانی ژێر ١٦ ساڵ” Children Under 16، “گه‌ڕاونه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان” The Return of the Musketeers و زنجیره دڕاماکانی “باڕڤیخا” Barvikha و “سێرلۆک هۆڵمز” Sherlock Holmes ناسراوه و هه‌روه‌ها “ماکسیم دۆبرۆمیسلۆڤ” Maxim Dobromyslov به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان، به‌ڵگه‌فیلمه‌کان و زنجیره دڕاماکان له وڵاتی ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که له پڕۆژه‌کانی “مانای ژیان” The Meaning of Life، “ڕووسیا ـ ئۆدیسه” Russia-Odyssey و “ده‌ره‌وی وه‌رز. حیماسه‌ی لاوان” Off-season. Saga of Youth هاوکاریی کردووه.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کان” له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه کوردییه‌دا بریتین له: “توماس سیدریس” Thomas Sideris ڕۆژنامه‌نووس، توێژه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی یۆنان، که زیاتر له ٤٠ خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کاری توێژینه‌وه‌ییه‌کانی خۆی له بواری به‌ڵگه‌فیلمدا به‌ده‌ستهێناوه، خاتوو “مزگێن ئه‌رسلان” Mizgin Arsalan ڕۆژنامه‌نووس و دیکۆمێنتسازی کورد له وڵاتی به‌ریتانیا، که به یه‌که‌مین فیلمی بڵیندی خۆی به ناوی “من فڕیم، تۆ مایه‌وه” I Flew, You Stayed خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی ساڵی له ئه‌نجومه‌نی ڕخنه‌گرانی فیلمی تورکیا، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی به‌ڵگه‌فیلمی “ئامێد” Amedو خه‌ڵاتی “مریلا گالێتی” Mirella Galletti له وڵاتی ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێناوه و هه‌روه‌ها “ئێڤان بۆلۆتنیکۆڤ” Ivan Bolotnikov ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که ده‌رهێنانی بۆ فیلمه‌کانی “له هێڵی یاریی” On the Line of the Game، “جان باپتیست” John the Baptist و “مۆزه‌خانه‌ی پڕبه‌دڵ” The Ideal Museum کردووه و به فیلمی بڵیندی “ئازاره‌کان” Harms دوو خه‌ڵاتی له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “شانگهای” Shanghai له وڵاتی چین به‌ده‌ستهێناوه. فیلمی “پاڵمیرا” Palmyra له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وه که له باکوور کوردستان وێنه ‌گیراوه.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان” له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بریتین له: خاتوو “ئێلێنا گلیکمه‌ن” Elena Glikman به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که فیلمه‌کانی “پیتێر ئێف. ئێم” Piter FM، “سپیتاک” Spitak، “له‌سه‌ر لێوار” On the Edge و “جاده‌ی سپی” White Road! له کارنامه‌ی هونه‌ری خۆیدایه، “فێکری به‌ڕۆشی” Fekri Baroshi به‌رهه‌مهێنه‌ر، مۆنتیر و ده‌رهێنه‌ر له هه‌رێمی کوردستان که ده‌رهێنانی بۆ فیلمه‌کانی “خه‌یاڵی دوای مردن” The Dream Before Death و “له لانه‌ی شێر” In the Lion’s Den کردووه و هه‌روه‌ها “نه‌وزاد شێخانی” Navzad Shehani ده‌رهێنه‌ری ئیزه‌دیی که خه‌ڵاتی “ژان لۆک گۆدار” Jean Luc Godard به‌ده‌ستهێناوه و به‌ڵگه‌فیلمی “کوشتن‌وبڕینی ڕه‌ش” Black Massacre سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵکوژی ئیزه‌دییه‌کانی ساز کردووه که وه‌کوو به‌ڵگه‌یه‌کی گرینگی هاوچه‌رخ، ده‌رباره‌ی ئه‌م تڕاژیدیایه له دیوانی سزای نێوده‌وڵه‌تیدا تۆمارکراوه.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان” له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه کوردییه‌دا بریتین له: خاتوو “ڕووگه‌ش کیریچی” Rugesh Kirici ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر له باکووری کوردستان که له شانۆ و سینه‌مای کوردیدا چالاکی ده‌کات و له فیلمه‌کانی “شه‌وی دوورودرێژ” The Long Night، “بڕیاری سه‌خت” The Hard Decision، “به‌ڕوو” Acorn و “دایکی ئێلیف” Mother Elif ڕۆڵی بینیوه، “شێرۆ هینده” Shero Hinde ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له ڕۆژئاوای کوردستان که به فیلمی “ئه‌وین به‌رانبه‌ر به کۆمه‌ڵکوژی” Love in the Face of Genocide خه‌ڵاتی بینه‌رانی فێستیڤاڵی فیلمی “له‌نده‌ن” و به فیلمی “چیرۆکی شارێکی وێران” The Story of Destroyed Cities خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی فیلمی مه‌کزیکی به‌ده‌ستهێناوه و هه‌روه‌ها “لوقمان سوخه‌نوه‌ر”‌ Loghman Sokhanvar مۆنتێر له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که مۆنتێری زۆربه‌ی فیلمه ناسراوه‌کانی سینه‌مای ئیران و کوردستان، له‌وانه؛ “ده‌نگی باران” The Sound of Rain، “یانه” The Team، “ته‌نیا” Tanya له ئه‌ستۆدا بووه.

پێشکه‌ش کردنی خەڵاتی بلووری “هەتاوی زێڕین”
له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، ٣٨ به‌رهه‌م پێکهاتوو له دوو به‌شی پێشبڕکێی له‌وانه؛ له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان”، ٧ فیلمی سینه‌مایی و ٨ به‌ڵگه‌فیلمی بڵیند و هه‌روه‌ها له به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان”، ١٤ کورته فیلمی چیرۆکی و ٩ به‌ڵگه‌فیلمی کورت، بۆ به‌شداریی له به‌شی کۆتایی ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌ستنیشان کراون و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خەڵاتی کریستاڵی “هەتاوی زێڕین”ی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه له‌گه‌ڵ یه‌کتریی ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی”دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

وێنه‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”:

https://drive.google.com/drive/folders/1A-UU1u8xBHxKy782A58QcBIc3WyMC3SA?usp=share_link




عیشق و هەوەس.. شەهلا نوری

واقتان نەپەڕێت، ئەوە ژیانە
یەکەک زڵفی وەک زنجیر بە پای یاردا گیرۆدەدەبێت
ئەوی تر لەبازاڕی حەز بەدەوری خۆیدا گێژانە دەخولێت
یەکەک بە داوی مژوولکەی چاوی جوانێک شەوانە ئێشکدەگرێت
ئەوی تر بەکەوانی برۆی قەوسی خۆی یار تیرباران دەکات و دەیکوژێت
یەکەک لە بازاڕی هەوەس قوماشی دایدڕەومردم دەکڕێت
ئەوی تر قەزازی زەنگوڵە زێڕین کۆڵوانە بۆ یار بە دیاری دەهێنێت
یەکەک لە ئامێزی خۆش لانەوازەی شەوانە کپ دەخەۆێت
ئەوی تر دۆزەخی جنون ئامێز بایی دەکڕێت
یەکەک تەختی ڕازاوە بەگوڵدان و شەمعەدان دەکڕێت
ئەوی تر کراسی مردگ، بلووری بۆخۆی بەکرێ دەگرێت
یەکەک پەراوێزی قەسیدەیەکی جوان دەچنێت
ئەوی تر ئارامی عیشقێکی قەشەنگ دەشێۆێنێت
واقتان نەپەڕێت ئەوە ژیانە
یەکەک بەسەزمانە! بە لفکە زبرو دڕەکان خۆێ دەساوێت سەیرە کەف ناگرێت
ئەوی تر هەمیشه بۆنی خۆشی مەعشوقی خۆێ لێوەدێت
یەکەک شەکردانەکەی پڕ لە نوقڵی زەرد و سووری هەوەس دەکات
عاقبەت تووشی
شەکرە دەبێت تامی لێ نابینێت و ئارامی لێدەبڕێت

شەهلا نوری




ماڵئاوا ، پیاوی کتێب و ڕۆژنامە ، ماڵئاوا.. نەوزاد بەندی

کە لە ناکاو بە جێت هێشتین ،
کتێبەکان هەتیو کەوتـــــــن
خەمێکی قورست پێ چێشتین ،
پیتەکان بە بێ شیو خەوتن ..

کۆشکێکی پاک و ڕازاوەی
ڕۆژنامە ، واقی وڕما بوو ..
فرمێسک لەناو چاوەکانی
بەردەرکی سەرادا زا بوو .

ئیتر کۆشکی کتێبەکان ،
کێ ڕێکی خا ؟ تاوتووی بکا ؟
کراسی ڕۆژنامە و گۆڤار ،
کێ بیشوا ؟ کێ ئوتووی بکا ؟

ناوەندی شار ، بێ تۆ چی بکا ؟
هاوسەنگیی خۆی چۆن ڕاگرێ ؟
بە بێ تۆ .. بە بێ خەندەی تۆ ،
زەحمەتە خۆی ڕاناگـــــــرێ ..

دوو درەختەکە خەمگینن ،
چاوەڕێت بوون ، هەر نەهاتی
پێشوەخت گەڵایان هەڵوەری،
ژمارەی خەزانی کاتیی !

تاقە ئازارێ کە بەخشیت ،
ئازاری ماڵئاوایی بوو ..
بەو ناوەختە ، بەو خەزانە ،
بەو مەرگە ، کە نائاسایی بوو ..

ئاخر لە وڵاتی مافیا و
گەمژە و نەخوێندەواریدا ،
لەگەڵ کتێب بووی کە هاتیت و
هەروا له کۆچی یەکجاریدا

لە شاری دەفتەره دۆلار ،
تۆ کتێبت کرد بە هاوڕێ
بۆیە لە میراتیی شارا ،
تۆ هیچ شتێکت پێ نابڕێ !!

سوپاس ، بۆ باوکی ووشه و پیت ،
کە له شێوەی نابێتەوە ..
ناوەندی شار دڵی شکا ،
زۆر زەحمەتە چا بێتەوە ..

  • وێنەکە: ملا موحسین سەید محمود بەرزنجی



ته‌وره‌ كچ.. شیعری ستار ئەحمەد

هەموو شەوێك
خەرمانێك گومان
دونیایەك بێ متمانەیی
زەمینێك بەردو
ئاسمانێك كینە
بەسەرما دەبارێنێ
دەڕوات دەسماڵێك تاریكی
بەروانكەیەك حەسرەت
لە رۆحی خۆی دەئاڵێنێ
بۆ بەیانی
بەكۆمەڵێك بیانوو
جۆگەیەك گللەیی و
رووبارێك نەفرەت دێتەوە
خۆشەویستی زامدار دەكات
شیعر بۆ گڕ هەڵئەڕشێنێ
شەوانیش كات لەژان دەدات
جێژوان لەگڵ مارە دەبڕێت
من دەباتە خەڵوەتگای شێتان
بەدەستی خۆی خۆشی دەكوژێت
وتەی زاری
لەنەخێرو گومڕاییەكان
هەڵكێشاوە
مەمك لای ئەو نارنجۆكە
دەم گڕكانی تێزاب و
ژەهرو جوێنە
ناونیشانی عەشق و ئینسان
سوتماكی پاشماوەی خوێنە
نەبروای بەوشەی خوداو
هەست و گیانە
نەدڵیشی كانگای شیعرو
سۆزی خاك و نیشتمانە
كچێكە لەشێوەی تەور
دەبێت بەتەم
رۆحی دەبیت بەتیلەی هەور
چاوەكانی بزەی بارانی نەدیوە
دڵ لەژێر پێدا دەدوێنێ
پەنجە بەجەستەی هەتاوا دەكات
بۆسە بۆجوانی هەڵدەچنێ
تەنها ئەم شیعرەم دەتوانێ
ناوێك جوانی بۆ دابنێ

ستار ئەحمەد