بۆچی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات دژی ئێران.. شێرکۆ کرمانج

ئەوەی لێرە دەیخوێننەوە، دید و تێگەیشتن و پێشبینیکردنی من نییە بۆ پۆڵەسی (واتە: هەڵوێست و کردە و ستراتیجییەکانی) ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران، بەڵکوو ئەمە دیدی کەسی دووەمە لە ئیدارەی ئەمریکا، ئەنتنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە لە بابەتێکی دوورودرێژدا بەناونیشانی “ستراتیجییەتی نوێبوونەوەی ئەمریکا: دووبارە بنیاتنانەوەی سەرکردایەتیی بۆ جیهانێکی نوێ” (America’s Strategy of Renewal: Rebuilding Leadership for a New World) نووسیویەتی، کە لە گۆڤاری فۆرین ئەفەیرس (Foreign Affairs) لە یەکی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردۆتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە من بە چاکم زانی کە ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە ئێران-ەوە هەیە بکەم بە کوردی، بەڵام هەوڵمداوە کە تەرجومەی حەرفی نەکەم تاوەکوو خوێنەر باشتر لە بابەت و چەمکەکان و پەیامەکانی نێو ڕستەکان بگات. لە کۆتایشدا خوێندنەوەیەکم بۆ تێگەیشتن و پەیامەکانی بلینکن کردووە لە چەند بڕگەیەکدا.
بلینکن بابەتەکە بەوە دەست پێ دەکات کە ماوەیەکە کێبڕکێیەکی توند بۆ دووبارە-پێناسەکردنەوەی جیهان لە ئارادایە، بەتایبەتی لە پەیوەند بە سیستەمی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان، لەوانە ڕووسیا، بە هاوکاری ئێران و کۆریای باکوور، لەگەڵ چین، بڕیاریان داوە دەستکاری بنەما بنەڕەتییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بکەن. لە کاتێکدا شێوازی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندی و تواناکانی ئەم وڵاتانە لە یەکدی جیاوازن، بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە هەر چواریان دەیانەوێت دەسەڵاتێکی خۆسەپێن لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا بسەپێنن و لە کایە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکانیشدا کاریگەرییان هەبێت و دەستێوەردان بکەن. هەموویان بەسەریەکەوە دەیانەوێت ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر خاک بەزۆرەملێ یان هێز چارەسەر بکەن و توانا ئابووری و وزەییەکانیان وەک چەکێک بەکاربێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریان و جیهاندا.
بلینکن لەوە زیاتر دەچێتە ناو جەوهەری بابەتەکە و ڕاشکاوانە دەڵێت، ئەم وڵاتانە (ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور) هەموویان هەوڵدەدەن بناغەکانی هێزی ئەمریکا لە جیهاندا بنکۆڵ بکەن و لەناوی ببەن، کە خۆی لەم بوارانەدا دەبینێتەوە: باڵادەستی سەربازی و تەکنەلۆجی، باڵادەستی دۆلار، تۆڕی بێهاوتای هاوپەیمانی و هاوبەشیی لەسەرتاسەری جیهان. لە کاتێکدا ئەم وڵاتانە بە ئاشکرا وەک میحوەرێک خۆیان پێناسە نەکردووە بەڵام کار و کردەوەکانیان وەک میحوەرێک نیشانیان دەدات. بۆیە، واچاکە بەو شێوەیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم قسەیەی بلینکن زۆر مانا، بەتایبەتی بەرانبەر ئێران، لە خۆی حەشار داوە. بەکورتی بەو مانایە دێت، کە ئەو پشتیوانییانەی کە ئەمریکا لە ئیسرائیل-ی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ بە بەشێکبوونی ئێران لەم میحوەرە، لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم خاڵە.
ئینجا، بلینکن هەندێک هەڵوێست و کردار و ستراتیجی ئەمریکا دەخاتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم میحوەرە و دەڵێت، کاتێک سەرۆک جۆ بایدن و جێگرەکەی کامالا هاریس هاتنە سەر حوکم لە ٢٠٢١ دا، ئەم وڵاتانە بە خەستی بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە بەگژ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-دا چووبوونەوە. ئەم وڵاتانە پێیان وابوو کە ئەمریکا لە ناوخۆدا لە ململانێ و پاشەکشە و گەڕانەوەدایە و لەگەڵ دۆستەکانی لە دەرەوەی وڵات هاوکار و هاوبەشی نەماوە، یان کەم بوونەتەوە. ئەوان لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکییەکانیان دەبینی کە باوەڕیان بە حکومەت و دەزگاکانی لەق بووە و دیموکراسیی ئەمریکییش تووشی جەمسەرگیریی بووە و بەرەو ئاقارەکانی ئیفلیج بوون هەنگاوی ناوە. هاوکات ئەو وڵاتانە دەیان بینی کە ئەمریکا خەریکە هەر خۆی ئەو دامەزراوانە بنکۆڵ بکات کە خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ) دایمەزراندوون.

بەگوێرەی تێگەیشتنەکانی بلینکن، جۆ بایدن و کامالا هاریس لەگەڵ هاتنە سەر کاریان، ستراتیجییەتی نوێبوونەوەیان (strategy of renewal) پەیڕەو کردووە، بەوەی کە هەوڵی بردنەپێشی توانای کێبڕکێی ئەمریکایان لە بوارەکانی ئابووری و تەکنۆلۆجی، هتد، لەگەڵ ئەوانی دی بردەپێش. هاوکات، لە ناوخۆدا ئەم هەوڵانەیان هاوجووت کرد لەگەڵ هەڵمەتێکی دیپلۆماسی چڕ بۆ بوژاندنەوەی هاوپەیمانیی و شەراکەتەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات. بەم پێیە، ئەم ستراتیجە دوو ستوونییە، باشترین ڕێگە بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو گریمانەیەی کە دەیگوت توانا ئابووری و سەربازیی و تەکنۆلۆجییەکانی ئەمریکا لە داکشاندایە، یان ئەوەی ناویان نابوو، ئەمریکا گلۆرەی بەرەو لێژییە. ئەم گریمانانە مەترسیدار بوون چونکە وای لەو وڵاتانە کردبوو کە بەردەوام بن لە تێکدانی سیستەمی جیهانی ئازاد و کراوە و سەقامگیر و ئاوەدان، کە ئەمریکا بە بازووی خۆی دایمەزراندبوو. سیستەمێک کە بەشێکی زۆری وڵاتانی دیکەی دنیا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانویست لەژێر سێبەریدا بحەسێنەوە. ئەو سیستەمە جیهانییەی کە ئەمریکا حەفتا ساڵێكە دایمەزراندووە و بەرگری لێدەکات، لە دیدی بلینکن، جیهانێکە کە وڵاتان ئازادن لە هەڵبژاردنی ڕێگا و هاوبەشەکانی خۆیان؛ ئابوورییەکەی بنەمای لەسەر کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و کراوە و ڕوون داناوە، دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. جیهانێک کە تەکنەلۆجیا، مرۆڤەکان بەهێز دەکات و پێشکەوتنی مرۆڤ خێراتر دەکات. جیهانێک کە بنەمای لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانابێت و ماف و بەها گەردوونییەکانی مرۆڤ ڕێزیان لێ بگیرێت. جیهانێک کە بتوانێت پەرە بسەنێت بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعی نوێ، ڕێگە و دەنگ بدات بە دیدگا و یاریزانە تازەپێگەیشتووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی.
ستراتیجی ئیدارەی بایدن، کە بلینکن دەیخاتەڕوو، ئەمریکای خستۆتە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر بەهێزتر لە چاو چوار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام کارەکانمان تەواو نەبوون. ئەمریکا دەبێت خۆڕاگری خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بپارێزێت بۆ ئەوەی گریمانەکانی ئەو وڵاتانەی کە دژی ئێمەن لەرزۆک بکەین. دەبێت ئێمە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە نەتوانن هاوکاری لەگەڵ یەکتر قووڵتر بکەنەوە و ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە پێشووتر دروست ببوون. دەبێت ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە دۆستەکانی و هاوڕێکانی و شەریکەکانی نیشان بدات. دەشبێت بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی متمانەی گەلی ئەمریکا بە هێز و ئامانج و بەهای سەرکردایەتی دیسپلینکراوی ئەمریکا لە جیهاندا.
لە پەیوەند بە ئێران، بلینکن دەڵێت، ئێمە بەر چاومان ڕوونە و فشاری دیپلۆماسیمان زیاد کردووە، هەم لەسەر ئێران هەم لەسەر کۆریای باکوور. هاوکات، پێگەی سوپای ئەمریکامان بەهێزتر کردووە بۆ ڕێگریکردن و سنووردارکردنی تاران و پیۆنگیانگ. لە دیدی ئیدارەی بایدن-ەوە، دەرچوونی تاکلایەنە و چەواشەکارانەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران (پێنج + یەک)، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لە زیندان ڕزگار کرد و ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ نموونە، ئیسرائیلی خستۆتە مەترسییەوە. ئێمە بە ئێران-مان نیشان دا کە ڕێگایەک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و پابەندبوون پێی. لە هەمان کاتدا، گەمارۆیەکی بەهێزمان خستبووە سەر ئێران بەشێوەیەک کە هەرگیز ڕێگە بە تاران نەدات چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت. ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆریای باکووریش بە ڕوونی ڕاگەیاند، بەڵام هەردوولا، کۆریای باکوور و ئێران، دەبێت ئەوە چاک بزانن کە ئێمە ملکەچی پێشمەرجەکانی ئەوان نابین.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا، ئەمریکییەکان ئەوەیان بۆ ڕوون بۆتەوە کە تا فلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، تا زیاتر فشاری شەڕەکەی کەوتبێتە سەر، ئەوا زیاتر پشتی بە پشتیوانی و کۆمەکی ئێران و کۆریای باکوور و چین بەستووە بۆ درێژەدان بە شەڕەکە. بۆ نموونە، کۆریای باکوور باری یەک شەمەندەفەری گەورە چەک و تەقەمەنی لەم ماوەیەدا گەیاندە ڕووسیا، کە تێیدا ملیۆنان گوللـەی تۆپخانە و چەندان مووشەکی بالیستیکی تێدابوو. ئەمانە بەزەقی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی چەندین بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن. بەهەمان شێوە، ئێران کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕووسیا دروست کردووە و سەدان مووشەکی بالیستیکیشی بۆ مۆسکۆ ناردووە. لەپاڵ ئەمانە، کۆمپانیا چینییەکان ئامێر و مایکرۆ ئەلیکترۆنیاتەکان (چیپەکانیان) بۆ ڕووسەکان بەردەست کردووە، کە لە پیشەسازی سەربازیی و چەکدا بەکاردێن.
لەگەڵ زیادبوونی پشتیوانییەکانی چین و ئێران و کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا، یارمەتییەکانی مۆسکۆ-ش بۆ ئەو سێ وڵاتەی هەڵکشا، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی سەربازی و چەک. ئەمەش لە ئێستادا هەڕەشەیەکی زەقی دروستکردووە بۆ سەر ژاپۆن و کۆریای باشوور. بۆ نموونە، پوتین و کیم جۆنگ ئون پەیماننامەیەکی سەردەمی جەنگی سارد-یان زیندووکردەوە، کە بەڵێنیان تازە کردەوە یارمەتی سەربازی یەکدی بدەن ئەگەر هەریەکێکیان بچێتە شەڕەوە.
هاوکات، ڕووسیا پشتیوانی سەربازی و تەکنیکی بۆ ئێران زیاد کردووە و دانوستانەکانی بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە خێراتر کردووە. ڕووسیا ئەمەی لەکاتێکدا کردووە کە دەزانێت تاران بەردەوامە لە پڕچەککردن و ڕاهێنان و پارەدارکردنی ئەو پرۆکسیانەی کە هێرشی تیرۆریستیی دەکەنە سەر کارمەندان و سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەرووە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور. هاوکارییەکانی ڕووسیا و چین لە هەموو دۆمەینەکاندا فراوانتر بووە و هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازیی شەڕانگێز و بەرفراوانیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا لە دەریای باشووری چین و جەمسەری باکوور. هەموو ئەوانە ئەمریکای تەواو نیگەران و توڕە کردووە، بە قسەی بلینکن.
چین، ڕووسیا، ئێران و کۆریای باکوور مێژوویەکی ئاڵۆز و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، هاوپەیمانییەکەیان بە هیچ شێوەیەک خۆی لە شانی هاوپەیمانییە باڵابەرز و درێژخایەنەکانی ئەمریکا نادات. پشت پەردەی بانگەشە گەورەکانیان بۆ دۆستایەتی و پشتیوانیی پڕیەتی لە مامەڵەخوازیی و بەرژەوەندی تەسکیی کاتیی و کڕین و فرۆشتن کە بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری هەڵوەشانەوەیان هەیە. ئەوە بە تایبەتی بۆ چین ڕاستە، کە تەندروستی ئابوورییەکەی لە ناوخۆ و هێزی لە دەرەوەی وڵات لە ئەگەری درێژەدان بەو شەراکەتە کاتییانە لە مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک بلینکن پێ داگری لەسەر دەکات، جۆرێک لە پابەندبوون لەنێوان هەر چوار وڵاتدا هەیە کە خۆی لە دژایەتی کردن و تەحەدای ئەمریکا و سیستەمی نێودەوڵەتییدا دەبینێتەوە. ئەوەش بەردەوامی داوە بە هاوکارییەکانیان، بە تایبەت کە دەبینن ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەرامبەریان وەستانەتەوە.
کاریگەرییە خراپەکانی ئەم هێزە دەستکاریخوازانە (revisionist powers) ئەوروپا و ئاسیای تێپەڕاندووە. لە ئەفریقا، ڕووسیا بریکار و بەکرێگیراوەکانی بەڕەڵا کردووە بۆ دەرهێنانی زێڕ و کانزا گرنگەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتە دیموکراسییەکان دەدەن. مۆسکۆ لەبری ئەوەی پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سودان، چەک بە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەدات بۆ درێژکردنەوەی کوشت و کوشتار. ئەوەی ئەمریکای توڕە کردووە، وەک لە قسەکانی بلینکن دەردەکەون، ئێران هاوشان و هاوتای ڕووسیا، بەڵام لە ئەفریقا نا بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیە کە بریکارەکانی تاران دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان قۆستۆتەوە و ئاژاوەگێڕی لە هەموو شوێنێکدا دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێگاکانی بازرگانی نایاسایی چەک لە ناوچەکە و گەورەکردنی ململانێکان لە چەندین وڵاتدا. لە لایەکی دیکەوە، پەکین چاوی لە شەڕانگێزییەکانی مۆسکۆ لە ئەفریقا نوقاندووە و لەلای خۆشیەوە وڵاتانی ئەو کیشوەرەی زیاتر و زیاتر خستۆتە ژێر باری قەرزی ناپایەدارەوە، بەمەش ئابووری وڵاتانی ئەفریقای خستووەتە ژێر مەترسییەوە. بەهەمان شێوە، لە ئەمریکای باشوور، چین و ڕووسیا و ئێران پشتیوانی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی پێشکەش بە حکومەتە تاکڕەوییەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا دەکەن. ئەمەش وای لە مادۆرۆ کردووە کە ئەو قەناعەتەی لا دروست بێت کە ڕژێمەکەی لە ژێر فشاردا نییە، بۆیە دژایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکات.
کاریگەریی هێزە دەستکاریخوازەکان، چوار دەوڵەتەکە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەقتر و توندتر دەردەکەوێت. دە ساڵێک پێش ئێستا، ڕووسیا پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد بۆ سنووردارکردنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ بەڵام ئێستا ڕێک بە پێچەوانەوە، پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات و کارە ئەتۆمییەکانی ئێرانی چالاکی کردۆتەوە، هاوکات، کارئاسانی بۆ چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات. بێجگە لەمە، ڕووسیا چەندین ساڵ بوو دۆست و هاوبەشێکی نزیکی ئیسرائیل بوو، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، لە جیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکە، پوتین پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس گەشە پێداوە. بەپێچەوانەوە، بلینکن دەڵێ کە ئێمە ماندوونەناسانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەولاتریش کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و ئازارەکانی غەززە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی کە وا بکات ئیسرائیلییەکان و لوبنانییەکان بتوانن بە سەلامەتی لە هەردوو دیوی سنووردا بژین و ناوچەکە لە مەترسی شەڕێکی ناوچەیی و گەورەتر دوور بخەینەوە. لەوەش زیاتر، ئەمریکا دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ نزیکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.
ئەم هەوڵانەی ئێمە و ئەوان یەکتربڕن. ئێمە پێمان وایە، بلینکن ێژێ، بەبێ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ بەدەوڵەتبوونی فەلەستین کە ئاوات و خواستە ڕەواکانی فەلەستینییەکان و پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دابین بکات، ئاساییکردنەوە و ئاشتی ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت. بەڵام ئەگەر ئەم هەوڵانەی ئێمە سەربکەون، ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەوپێش بچێت. ئەوکات ئیسرائیل دەبێتە بەشێک لە ژێرخانی ئەمنی ناوچەکە و دەرفەتە ئابوورییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەشە دەکەن و ئێران و بریکارەکانی گۆشەگیر و پەراوێز دەخرێن. سەرەتاکانی ئەم جۆرە پەیوەندییە چەند ساڵێک لە ڕێگەی پەیماننامەی ئەبراهام و ڕێککەوتنەکانی پێش ئەو بناغەیان دانرابوو. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم ڕاستییە هاوکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی بوو لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ کاتێک ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرئیل، وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون لە شکستپێهێنانی هێرشەکان.
لە کۆتاییدا، بلینکن دەڵێت، من وەک وەزیری دەرەوە سیاسەت (politic) ناکەم؛ بەڵكو من پۆڵەسی (policy) جێ بەجێ دەکەم. پۆڵەسی پەیوەندی بە بژاردنەکانەوە هەیە. هەر لە ڕۆژی یەکەمیشەوە بایدن و هاریس بژاردەیەکی ڕاستیان هەڵبژارد کە بنەمای لەسەر ئەوە دانابوو کە لە جیهانێکی پڕکێبڕکێ و پڕتەنگژەدا، ئەمریکا ناتوانێت بە تەنیا بەسەر تەحەداکان و گرفتەکاندا سەرکەوێت، ئەمە ڕێک پێچەوانەی دیدی ترەمپ بوو، کە گۆشەگیریی هەڵبژاردبوو. بۆیە، ئەمریکا پێی وایە، ئەگەر بیەوێت بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و دەرفەت بۆ گەلەکەی بخوڵقێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا بوەستێت که پشکیان هەیه و حەز بە جیهانێکی ئازاد و کراوه و سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکەن و بەگژ ئەو کەس و لایەنانەشدا بچێتەوە کە هەڕەشەن لەسەر ئەو جیهانە و سیستەمە نێودەوڵەتییەکەی.
بە خوێندنەوەی ئەم تێگەیشتن و دیدەی ئەمریکا، ئێمە باشتر لەوە دەگەین کە بۆچی، یەکەم، ئەمریکا بێدەنگە لە پەڕوباڵکردنی پرۆکسییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل-ەوە لە ساڵی ڕابردوودا، هەر لە لێدانی حەماس-ەوە بگرە تا دەگاتە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵا و باشووری لوبنان. دووەم، ئەمریکا وای دەبینێت کە ڕووسیا، لە دیدی ئەوان شەیتانە گەورەکە، مادام لە شەڕێکدا گلاوە کە تا تەواو لاوازبوونی ناهێڵن لێی دەرباز بێت، بەمەش ئەمریکییەکان پێدەچێت خەمی ڕووسیا-یان بە تێوەگلانی لە شەڕ لە ئۆکرانیا لە کۆڵ خۆیان کردبێتەوە. ئەوەی دەمینێتەوە کوریای باکوور-ە، کە ئێستا نیازیان نییە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن چونکە هەڕەشەیەکی جددی نییە لەسەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ، جگە لەوەی جار جار دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور، ناڕەحەت دەکات بە تاقیکردنەوەی چەند مووشەکێک. لە پەیوەند بە چین-یش، بەخوێندنەوەی قسەکانی بلینکن، ئەوە ئەمریکا پێی وایە دەکرێت سیاسەتی ڕووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵیدا پەیڕەو بکات چونکە، ئەوان پێیانوایە کە بەرژەوەندییەکانی چین ئێجگار گەورەن لە بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا، بۆیە دەکرێت چین بێتەوە هۆشی خۆی و لە ڕووسیا دووریش نەکەوێتەوە ئەوە وەک ئێستا پشتیوانی لێ نەکات.
بەڵام پرسە هەنووکەییەکە ئێران-ە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش بۆ ئێران لە هەر سێ وڵاتەکەی دیکە ئاسانترە و هەنوکەییترە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، ئێران بێهێزترینی ئەو چوار دەوڵەتەیە بۆیە لێدانی لە هەمووان بێ گرفترە، هەم لەبەر ئەوەی وەک گوتم خاڵە لاوازەکەیە (the weakest link)، هەم لەبەر ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی نییە. دووەم، بۆ لێدانی ئێران، ئەمریکا زۆر پێویستی بە خۆ سەرقاڵکردن نییە چونکە ئیسرائیل دەتوانێت ئەو کارەی بۆ بکات و هەرزان لەسەر ئەمریکا بوەستێت.
بۆیە من پێموایە کە ئەگەری لێدانی ئێران لەم ڕۆژانە زۆرە بەڵام نەک بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێم وەک ئیسرائیل حەزدەکات بەڵکو بۆ لاوازترکردنی ڕژێمی ئێران لەلایەک و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەویش بە تەقاندنەوەی ڕیئەکتەرە ئەتۆمییەکانی، وەک ئەوەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت. ئەم دوو دیدە جیایە، دیدێک کە بنەماکەی لەسەر ڕووخانی ڕژێم داناوە، کە ستراتیجی ئیسرائیل-ە، لەگەڵ دیدی ئەمریکییەکان، کە لاوازترکردنی ئێران و نینۆککردن و پەڕوباڵکردنیەتی، هۆکاری هەرە سەرەکی دواخستنی لێدانی ئێران-ە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. داخۆ کەی سازانێک لەسەر ئەم دوو دیدە دەکرێت ئەوە تەنیا کات پێمان دەڵێت، بەڵام من پێموایە زۆری پێناچێت، بەڵام دیدی کامیان زاڵ دەبێت ئەوەش مەعلوم نییە، بەڵام من پێموایە کە دیدی ئەمریکا ئەگەری زیاترە، وەلەو لەوانەیە زۆربەی کورد حەز بە سەرکەوتنی دیدی ئیسرائیل بکەن.




وەرگێڕان بۆ جنۆكە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ئەستەمترین بواری وەرگێڕان شیعر نییە، بەڵكو فەلسەفە و هزرە، چونكە ئەم بابەتانە، وێرای ئەوەی لە ڕووی نووسینەوە فۆڕمێكی قوڕس و ئاڵۆزیان هەیە، هاوكات هەموو هاو واتایەكییان لە زمانی كوردی نییە. بۆیە گەر سەرنج بدەین، دەبینین كە وەڕگێڕە هەرە بە توانا و ئەزمووندارەكانی ئێمە ئەوەندەی كتێبی ئەدەبی، سیاسی و مێژوویی وەردەگێڕن، ناچن بەلای بابەتی هزرییەوە، چونكە بابەتە هزرییەكان لە ڕووی زمان، چەمك و زاراوەسازیی، بە ئاسانی وەرناگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی و تەنانەت گەلێك زاراوەی هزری هەیە، تەنها بە زمانە ئۆرگیناڵەكەی خۆی مانا دەدات و ئەگەر بكرێتە كوردی یان زمانێكی دیكە، ئەو مانا ڕاستەقینەی ناگەیەنێت كە لە ڕووی فەرهەنگییەوە هەیەتی بە تایبەتیش لە زمانی ئینگلیزیدا. بۆیە دەبێ وشەكە وەكو خۆی بنووسرێتەوە، بۆ نموونە وەك زاراوەی ( پراگماتیزم ). لە كاتێكدا وەرگێڕە بە تواناو دیارەكانی ئێمە، زۆر بە كەمی خۆیان لە قەرەی وەرگێڕانی كتێبی هزری دەدەن، لە بەرانبەر ئەمەدا، گەنجێك كە تازە ڕووی لە هەندەران كردووەو دوو سێ ساڵێكە لە وڵاتێكدا گیرساوەتەوە، دێت كتێب لە زمانی هۆڵەندی، ئەڵمانی، دانماركی وەردەگێڕێت، بە بێ ئەوەی لە ڕووی بابەت و ناوەڕۆكەوە، ئەو وەرگێڕانە نا هونەریی و بێ مانایانە، واتایەك بگەیەنێت، یاخود ناوەڕۆكی كتێبەكە ئاشنای خوێنەران بكات. من لێرەدا، نموونەی كتێبێكی لەو شێوەیە دێنمەوە بە ناوی ( ماركسیزم، ڕیتمەكان و شەقامەكان و شارەكان ) كە ( پێشرەوە محمەد ) ناوێك وەریگێڕاوە. ئەم كتێبە، بە زمانێك وەرگێڕدراوە، مەگەر بە ناو وەرگێڕ خۆی بزانێت چی وەرگێڕاوە و تێی بگات، وەك ئەوەی دەگوترێت ماڵی قەڵپ سەر بە ساحێبیەتی. ئەم بە ناو وەرگێڕە، لە لاپەڕە (53 ) ی كتێبەكەدا نووسیویەتی:
( پێدەچێت خەسڵەتی مێژوویی لە مەدیترانە زیاتر لە هەر شوێنیێكی دیكە ماوەتەوە، ئەمە تێزێكە لۆڤیفرە و ریگۆلییە بە وشیارییەوە قسەیان لە سەر كردووە، وەك بڵێیت دەسەڵاتێكی بەرهەڵستی سەرسەختانە خۆی لە ڕیتمە ژینكردووەكانی ڕۆژانە و ڕێكخستن و ئۆرگانێزەكردنی زەمەن ڕزگار دەكات، لە ناوچەی مەدیترانەدا، هەر جۆرە چوون یەكێتتیەك ڕەت دەكرێتەوە، لە درێژ ماوەدا فرەیی دەیباتەوە. ڕیتم شیكاریی كە لە سەر بنەمایەكی دروست دامەزرابێت، بە شێوەیەكی داهێنەرانە بە كار بهێنرێت، دەتوانێت بە باشی شیكردنەوە بۆ ئەم مەسەلەیە بكات ) سەرەتا سەرنج لە هەردوو كرداری پێ دەچێت و ماوەتەوە بدەن! لە سادەترین پێناسەدا، ئەمە وەرگێڕان نییە، بەڵكو گاڵتەكردنە بە وەرگێڕان و شكاندنی شكۆی پیرۆزی زمانی كوردی و بەرهەمی هزری ماركسیزمە. جێگەی سەرنجە، وەرگێڕە هەر بە تواناكانی ئێمە بەرهەمی ماركسیزم وەرنەگێڕن، كەچی گەنجێك كە چوار پێنچ ساڵێكە لە ئەڵمانیا دەژیت، بوێری ئەوەی هەبێت وەرگێڕان بۆ ئەم بەرهەمانە، بەو زمانە نا هونەری و سەقەتە و ناشیرینە بۆ كوردی بكات، تەنها بۆ ئەوەی وەك وەرگێڕێك بناسرێت و بە داخەوە دەزگاكانی ئێمەش چونكە دەزانن بەرهەمی وەرگێڕدراو خوێنەری زۆرە، ئیدی لە پێناو بەرژەوەندی و دەسكەوتی ماددی خۆیان، سوود لەو كەلێنە دەبینن، چش لەوەی زمانی كوردی تێكدەچێت یان نا ! هەر پەیوەست بە وەرگێڕانی بابەتی هزری و فەلسەفی، نموونە بە كتێبێكی دیكە دێنینەوە. كە ئەویش كتێبی ( ژیان هەمووی چارەسەركردنی كێشەیە ) كە (كارل پۆپەر) نووسیویەتی و بادینان محمەد وەریگێڕاوە. هەر خوێنەرێك ئەو كتێبە بخوێنێتەوە، نازانێت پۆپەر دەیەوێت چی بڵێت؟ گرفتەكە ئەمە نییە، گرفتەكە ئەمەیە، تێناگەین باس و بابەتەكانی لەو كتێبەدا هەن بە زمانی كوردی ماانای چی دەگەیەنن، چونكە ئەوەندە بە ناڕوونی و نا هونەرییانە وەرگێڕدراون. پەنجا لاپەڕەی سەرەتای ئەم كتێبە، وەك ئەوە وایە وەرگێڕانەكە بۆ جنۆكەكان بێت ! لێرەدا پەڕەگرافێك وەك نموونەی وەرگێڕدراوی ئەو كتێبە دێنینەوە كە ئەویش لەلاپەڕە (154 ) نووسیویەتی 🙁 لەوەش زیاتر تیۆری ڕەسەنێتی ئەندامە قورسەكان لە تەقینەوەكانی ئەستێرەكان، جۆری دووەمی جەبری پێش دانراو یان سازانێكی پێشتر دامەزراو دادەهێنن چونكە بریتییە لەو جەختكردنەوەیەی كە پێی وایە هێز كێشكراوەكان وا دەردەكەوێت لە هەموویان لاوازتر بێت و تا ئێستا پەیوەندی لەگەڵ هێزە ناوەكی و كارۆ موگناتیسیەكان نەبێتن لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی زۆری هایدرۆجین دەتوانن زۆر بە هێز ین بۆ ئەوەی زاڵبن بە سەر لێك دووركەوتنەوە كارەبایەكان وایان لێ بكەن بە هۆی چاڵاكی هێزە ناوەكییەكان بتوێنەوە ) گومان دەكەم، وەرگێڕەكە خۆشی لەو وەرگێڕانە و ئەو پەڕەگرافە بگات، كە پۆپەر باسی چی دەكات و مەبەستی چییە. وەرگێران بۆ ئەوەیە ئەو زمانەی بۆی وەرگێڕدراوە، خوێنەرەكانی لە ناوەرۆك و گوتاری بابەتەكان بگەن. ڕەنگە خوێنەرانێك، ئەم تێنەگەیشتنەی ئێمە، بۆ ئاستی هوشیاریی و خوێنەوەی ئێمە بگەڕێننەوە، بەڵام گەر خۆیان كتێبەكان بخوێننەوە، دڵنیام بۆچوونێكی دیكەیان دەبێت. چۆن دەبێت كەسێك كتێبی فەیلەسوفانی دنیا وەربگێڕێت، كە لە نێو خوێنەرەكانی نەتەوەكەی خۆشی وەك وەرگێڕ نەناسراوە و بەرهەمی نییە؟ ئەم گەڕەلاوژێیە لە هیچ وڵاتێكی دنیا هەیە ؟ زۆربەی ئەو وەرگێڕانەی لە زمانانی دیكەی جیهان بۆ كوردی دەكرێن، لە زمانی دووەم و سێیەمەوە دەكرێن، لە كاتێكدا وەرگێڕان ئەگەر لە زمانی یەكەمەوە نەبێت، نە برێفێكتە، نە جێی بڕوا، چونكە لەو كاتانەدا ئەگەری دەستكاری و گۆڕانكاریی هەیە و ئەمەش دەچێتە خانەی ناپاكی وەرگێڕانەوە. جێگەی داخە كە زۆربەی هەرە زۆری وەرگێڕەكانی ئێمە، لە ئاستی فەرهەنگی و نەتەوەیی و نیشتمانی، بەرهەمی نووسەرانی نەتەوەكەی خۆیانەوە هەست بەبەرپرسیاریەتی ناكەن و ڕۆڵی نەتەوەییانەی خۆیان وەك وەرگێڕ، لە ئاستی زمان و بەرهەمی نەتەوەیی خۆیان نابینن. ئەوان ئامادەن كتێبی نەناسراوترین نووسەری دنیا، بێ ماناترین شیعر و ڕۆمان وەربگێڕنە سەر زمانی كوردی، بەڵام بای ئەوە ڕوحی خۆبەخشیان تێدا نییە، یەك شیعر و چیڕۆك، یەك بابەتی فۆلكلۆری، مێژوو، حیكایەت و داستانێكی میللی كوردی وەربگێڕنە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا. هیوا قادر بە تەنها، لە دەزگای جەمال عیرفان، تەنها لە ماوەی سێ ساڵدا، یانزە ڕۆمانی لە زمانی سویدی بۆ كوردی وەرگێڕاوە، هەر ئەو وەرگێڕە، لە دەزگای سەردەمیش هەر لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا واتا (2021 _2024) چەندین ڕۆمانی لە زمانی سویدی وەرگێڕاون. ئەرك نەبێ با ئەو وەرگێڕە ناوی یەك نووسەری سویدیمان پێ بڵێت كە نەك یەك كتێب، بەڵكو یەك دێڕی نووسەرێكی كوردیشی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا وەرگێڕابێت با ناوی دەزگایەكی چاپ و وەرگێڕێكی سویدیمان پێ بڵێت كە لە سوید لە ماوەی نەك سێ ساڵ، بەڵكو سی ساڵیش، پێنچ كتێبی نووسەرێكی كوردی كردبێتە سویدی . ئایا بەرهەمی نووسەرانی كورد شیاوی ئەوە نییە وەربگێردرێنە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا ؟ ئەم گەڕەلاوژێ و بێ بەرنامەیە لە كوێ هەیە؟ ئەمە لە هەر وڵاتێكی دنیا بێت، لێپرسینەوەی فەرهەنگی لەگەڵ وەرگێڕەكان دەكرێت و دەخرێنە بەردەم ئەو پرسیارەی كە تۆ چیت لە زمانی نەتەوەیی خۆت بۆ زمانەكانی دیكەی دنیا وەرگێڕاوە؟ چەند بەرهەمی نووسەران و ئەدەبی نەتەوەكەی خۆت بە دنیا ناساندووە ؟ چەند مێژوو، لاپەرەی تێكۆشانی گەلەكەت، فەرهەنگ و زمانی نەتەوەكەت بە دنیا ناساندووە؟ مەگەر هیچ نەتەوەیەك لە دنیادا، بە قەد ئێمەی كورد پێویستیان بەوە هەیە بەرهەمەكانیان وەربگێردرێن؟!

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4147) لە 8/9/2024 بڵاوكراوەتەوە.




تاوانی نازییەکانی ئەڵمانیا لە رۆمانی شەترەنج دا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

نۆڤلێتی شەترەنج یەکێکە لە کارە جوانەکانی رۆماننووس و نووسەری ناوداری نەمساوی شتێفان تسڤایگ، ئەم نۆڤلێتەی چ لە رووی شێواز و چ لە رووی ناوەڕۆکەوە، مایەی گرنگی پێدانی جیهانە. نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی نۆڤلێتێکی بچووکەوە، باسی گەورەترین تاوانی نازییەکان بکات کە دەرهەق بە گەلی جوو کردوویانە. دیارە زۆر باسی چەتەگەریی و بەربەریەتی رژێمی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانی کراوە، چۆن بە دڕندەترین شێوە پەلاماری گەلان و نەتەوەکانی ئەوروپایان داوە، بەڵام ئەم نۆڤلێتە باسی لایەنێکی تری ئەو تاوانانە دەکات و دیوێکی ناشیرین و دژە مرۆیی تری ئەم رژێمەمان پیشان دەدات.

ناوەڕۆکی نۆڤلێتەکە

میرکۆ چینتۆڤیج کوڕی بەلەوانێکی هەژارە، گوندەکەیان، گوندێکی دوورە دەستە لەسەر رووباری دانۆب لە یۆگۆسلاڤیای پێشوو. لە تەمەنی 12 ساڵیدا باوکی دەمرێت، دواتر قەشەی گوندەکە، ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی دەگرێتە ئەستۆ، میرکۆ خوێندکارێکی تەمبەڵ بوو، بۆیە بە ناچاری قەشەکە لە ماڵەوە هەوڵ دەدات فێری خوێندنی بکات. هەوڵی زۆری لەگەڵ دەدات تاوەکو پیت و ژمارەکانی فێر بکات، بەڵام بێسوودە، مێشكی کوڕەکە هیچ وەرناگرێت. راستە منداڵێکی ئارام و بێدەنگ بوو، بەڵام هەتا بڵێیت تەمبەڵ بوو، هەتاوەکو کارێکیان پێ نەکردایە، هیچی نەدەکرد، ئەمەش قەشەکەی نیگەران و خەمبار کردووە. هەمووکاتێک قەشەکە لەگەڵ هاوڕێیەکی شەوانە یاریی شەترەنج دەکەن، میرکۆش بەبێ دەنگی بە دیاریانەوە دادەنیشێت.

شەوێکیان قەشەکە لەگەڵ هاوڕێکەیدا یاری دەکەن، لەپڕ بۆ مەراسیمی مەرگی ژنێک بانگدەکرێت، هاوڕێکەی خەریکە بڕوات، بەڵام سەیری میرکۆ دەکات، بەوپەڕی جدیەتەوە سەیری شەترەنجەکە دەکات، ئەویش پێیدەڵێت، دەزانیت یاری بکەیت؟ ئەویش سەری بۆدەلەقێنێت. دواتر کە یاری دەکەن، بەرچووی میرکۆ دەردەکەوێت. ئەمەش دەبێتە موژدەیەکی گەورە بۆ ژیانی ئەم مێردمنداڵە، ئیتر قەشەکە کە دەگەڕێتەوە، باسی زیرەکی میرکۆ، بۆ هاوڕێکەی دەکات. دواتر دەیبەن بۆ شارۆچکەکە و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی بەهێزی شارۆچکەکە یاری دەکات و لە هەموویان دەباتەوە، لێرەشەوە ئیتر بەرچووی ئەم مێردمنداڵە دەردەکەوێت و لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا ناوبانگی هەموو یۆگۆسلاڤیا و دواتری جیهانیش دەگرێتەوەو دەبێتە بەهێزترین و بەناوبانگترین یاریزانی شەترەج لە هەموو جیهاندا.

هەتاوەکو شەوێکیان لەسەر کەشتیەک کە لە نیویۆرکەوە بەرەو بۆینس ئایریس دەڕوات، کۆمەڵێک کەس دەناسێت و یارییان لەگەڵدا دەکات، یەکێکیش لەوانە: بەڕێز «ب» کە خەڵکی ڤییەننایە و پارێزەرێکە، لە بنەماڵەیەکی ناوداری جووی نەمساوییە، بەڵام بە داگیرکردنی نەمسا لەلایەن ئەڵمانیاوە، ئیتر ژیانی ئەم پارێزەرە گەنجە دەبێتە دۆزەخ و دەستگیر دەکرێت.

لە زاری بەڕێز «ب» ەوە دەڵێت:

«من لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە نەبووم کە تۆڵە لە جەستە و رۆحیان دەکرایەوە، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە بوو، ئەو گرووپەی نازیەکان چاویان لە دەرهێنانی پارەو زانیاریی گرنگ بوو لێیان. بڕوانە لاپەڕە 52

ئەم پارێزەرەو کۆمەڵێک کەسی تر لە دوو ژووری میوانخانەی میترۆپۆل، کە گەورەترین میوانخانەی ڤییەنا بوو، دەستگیر دەکرێن.

لێرە بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕێز«ب» بەتەنها دەخرێتە زیندانێکی ئینفرادییەوە، ئیتر بە تەواوەتی ژیانی تێکدەچێت، هەتاوەکو رۆژێکیان کاتێک دەچێت بۆ ژووری لێکۆڵینەوە، دەتوانێت کتێبێک بدزێت کە ئەویش کتێبی «فێربوونی شەترەنج»ە. ئیتر ئەم کتێبە ژیانی لەو بێدەنگی و بۆشاییە رزگار دەکات و دەستدەکات بە یارییکردن لەگەڵ خۆی. پاشماوەیەک هێندە یاری لەگەڵ خۆی دەکات، تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەبێت و دەبرێت بۆ نەخۆشخانە. لێرەش پزیشکێکی باش، دەتوانێت لە چنگی نازییەکان رزگاری بکات. پاشان شەوێکیان لەسەر کەشتییەکە ئەو کەسانە دەناسێت، لەگەڵ میرکۆ دەکەونە یارییکردن. بەڵام بەهۆی باری خراپی دەروونییەوە، یارییەکە بە میرکۆ دەدۆڕێنێت، ئەمەش کۆتایی نۆڤلێتەکەیە.

بابەتە گرنگەکانی ناو رۆمانەکە

ئەم رۆمانە باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ دەکات لە پێش هەموویانە: (چەتەگەریی و دڕندەیی رژێمی نازی ئەڵمانیا، شێوازی کوشتن و ئازاردانی خەڵکی بێتاوان بەتایبەتی جووەکان.) بەڵام لە هەموویان گرنگتر باسی « شەترەنج، زیندانی ئینفرادی» پانتایی گەورەی رۆمانەکە پێکدەهێنن.

شەترەنج
هەر لە ناوی رۆمانەکەوە هەست بەوە دەکەین یاری» شەترەنج» پانتایی گەورە لەم رۆمانەدا داگیر دەکات، لە چەندین شوێندا، باسی شەترەنج و یاسا و رێساکانی ئەم یارییە گرنگە دەکات.

-شەترەنج تاکە یارییە بەسەر ستەمی چانسدا سەردەکەوێت و خەڵاتەکەی تەنیا دەبەخشێتە رادەی ژیری مرۆڤ، یان باشترە بڵێین بە جۆرێکی دیارییکرا و لە بەهرەو زیرەکی. بڕوانە لاپەڕە 23

شەترەنج تاکە یارییە کەسەر بە هەموو گەلان و هەموو سەردەکەمانە، کەس نازانێت ئەو خوداوەندە کێیە کە بەخشیویەتی بە جیهان. بڕوانە لاپەڕە 23

زیندانی ئینفرادی

لەپەنا شەترەنجدا، زیندان بەتایبەتی زیندانی ئینفرادی، پانتایی گەورە لەم رۆمانە داگیر دەکات، نووسەر زۆر شارەزاییانە توانیویەتی وەسفێکی گشتگیری ئەو زیندانانە بکات، کە دەخرێنە زیندانی ئینفرادییەوە.

-هیچ شتێک نییە بیکەین، هیچ شتێک نییە سەیری بکەین، هیچ شتێک نییە گوێی لێ بگرین، جگە لە بۆشاییەکی سەرگێژکەر هیچ شتێک نییە لە دەوروبەرمان، بێووچان بە ژوورەکەدا دەسووڕاینەوە، بەردەوام لە بیرکردنەوەدا بووین. بڕوانە لاپەڕە 52

هیچ شتێک نەبوو ئەوەی هەبوو عەدەبم بوو لە باڵاترین فۆرمی خۆیدا. بڕوانە لاپەڕە 58

دوا قسە

بەدڵنیاییەوە ئەم نۆڤلێتە یەکێکە لە کارە جوان و ناسراوەکانی ئەم نووسەرە ناسراوەی نەمسا و جیهان، ئەوە مایەی دەستخۆشییە، کە ناوەندی رۆمان کۆمەڵێک بەرهەمی ئەم کەڵە نووسەرەیان کردووە بە کوردی، هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم نۆڤلێتێک یان بەرهەمێکی ئەم کەڵە نووسەر بکەم بە کوردی.




چیرۆك/ دره‌ختێـكی بێ ڕه‌گ.. نیكۆلای خایتۆڤ.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

لێم دەپرسی ناوت چییە؟ سوپاست دەكەم! ساڵێكی تەواوم لەم شارەدا بەسەر برد، هەموو ڕۆژێ لەسەر ئەم جێیە دادەنیشم، تا ئەو سەعاتەی كەسێك لێی نەپرسیوم»ناوت چییە؟«.. هەرگیز، تۆ یەكەمین كەسی.. بۆیە سوپاست دەكەم، خوا لەسەر بەدەنێكی ساغ ڕاوەستاوتان بكا، هیواداریشم نەگەیە ئەو ڕادەیەی منی گەیشتوومەتێ.
ئایا برسیم؟ تینووم؟ نەخێر، تەماشای ڕووی دەرەوەم بكە بێ عەیبم دەبینی. كچەكەم شووی كردووە و لە گوندیدا دەژی. منداڵەكەی لەو پەڕی تەندروستی دایە، مێردی سەرۆكە… كوڕەكەم لە وەزارەتێدا پێی دەڵێن گەورەی ئەندازیاران شایەدنامەیێكی بە قەوارەی چەرچەفێ هەیە، ئۆتۆمبیل دەیباتە سەر ئیش و ئۆتۆمبیل دەیهێنێتەوە، ژنەكەی پزیشك و فەرمانبەرە و مووچە وەردەگرێ، لە حەوزێكی فەخفووری بۆرسلانیش دە ئاوێ دەكەون، خواردنم ئەمما خواردن، جێ و بالنگانیشم ئەمما جێ و بالنگان، لەگەڵ ئەوەشدا حاڵم لە ماڵێدا حاڵ نییە، تابڵێی خەراپە، بەڵام چار چییە؟ لێی دەكشێمەوە، دەبنیسێم و دەتوێمەوە، نە تام لە خواردنێ دەكەم نە دەتوانم لە بیرەخەوێ ڕابچم، سەرەڕای ئەوەش گەلەك خەڵەت و پەڵەتم لە مێشكدا دەخوڵێنەوە كەسێ نابینم بۆی بگێڕمەوە..
بیگێڕمەوە؟ كەواتە پێم دەڵێن دەبەنگە و بەڵكو شێتیش، سەیرێكی ئەم نموونەیە بكە: شتێكی سادە و ساكار (ماست). بە كیرچی كوڕم وت: كوڕم كیرچ لێم گەڕێ بابچم ماست بكرم، لێم گەڕێ تاكو ڕابێم وەك ئینسانێك كە خەڵكی دەبینێ و دەیبینن، كە بانگی دەكەن فێنك دەبێتەوە، مەگەر وانییە؟ وەڵامی دایەوە: ـــ ناچی. لەوانەیە ئاگات لە خۆ ببڕێ ئۆتۆمبیلێ شتێ خۆت پی دادا، ئەو وەختە كێ قوڕ بەسەری خۆی دەكا،(من). وەك وتم لە ماڵەوە دانیشە و چی بە چاك دەزانی ئەوەی بكە!
جا لە ماڵەوە چ دەكەم، ماڵێكی گەورە ئەسپی تیا تاودە، پانسیۆنێكی تەواوە، ڕێك و پێك لە ژوورەوە ڕازاندراوەتەوە، هەموو شتێكی تێدایە، مافور لە پاڵ مافورییە تا لە ڕۆیشتنا ساتمە نەبەی، عاردە دارینەكەی لووس و خلیسكانە هەر لەسەری بجوولێیتەوە دەكەوی. ــ لە ژوورەوە پاڵ كەوە ــ، كوڕەكەم دەڵێ لە ژوورەوە پاڵ كەوە، بژی، بخۆ، بخۆرەوە و بیر لە هیچ مەكەرەوە!! ئەی هاوار! چۆن بژیم؟ لەگەڵ كێ؟ لەگەڵ مێز؟ یا لەگەڵ سندووقی نوینان؟! ئەو خۆی و ژنەكەی ئێواران نەبێ نایەنەوە، لەگەڵ گەردی بەیانیشدا وەدەر دەكەون كە دەشگەڕێنەوە لە پاڵ یەكدی ڕوو بە سندوقەكەی شەیتان دادەنیشن فلیمێ ببینن، كە وەختی نووستنێش دادێ پێكەوە پێم دەڵێن هەستە.. شەوباش، شەوت باش خواحافیز، شەوێكی خۆش… ئا بەو جۆرە وشانە ساڵێك و ــ ئەوەندەیە پێك دەگەین و لێك جودا دەبینەوە، تەنانەت كە منداڵەكەیان لە ماڵەوە بێ چاكترە، یاری لەگەڵ دەكەم، چاوەدێری دەكەم، بەمەیش تەمم لەسەری پەرت دەبێ بەڵام بووكە چۆلیەكەم ـــ خوای لێ ڕازی بێ ــ لە باخچەی منداڵانی داناوە، ئیتر هەفتەی جارێك نەبێ نایبینم… هەموو یەك شەموومانێ. دەزانی بۆ چی ناردوویەتیە باخچەی منداڵان؟ تاكو وشە و قسەی دێهاتم لێ فێر نەبێ، تا زمانی لەنگ نەبێ كەمن بە شێوەی گوندی لەگەڵی دەدوێم. لەو باوەڕەدای بازێ جنێوو منێوم فێر كرد بێ؟ نەخێر، تەنها لە پێش ئەو قسەیێكم لەگەڵ كرد لە باتی ئەوەی بڵێم (دار) پێم وت (شووڵ).. منیش مەبەستم لە دارێكی باریكەلە بوو كە بۆ لێدان بە كاری دەهێنین، ئێمە لە گوندی پێی دەڵێین(شووڵ)، لەبەر ئەوەی باریكەلەیە و لە كاتی لێدان دەچەمێتەوە، لە دەستی نەوەكەم نابوو ئەسپەكەی پێ لێ خوڕێ، وتم: ـــ ها كوڕم ئەو شووڵەی بگرە بەر نەبیتەوە دایكی قیژاندی:ـــ ئەو شووڵە چییە؟ بۆ نەت وت (دار)؟ تۆ بەم جۆرە وشانە زمانەكەی تێك دەدەی..!
ـــ: ئنجا بووكێ چی تێدایە، منداڵەكە ئەم جۆرە وشانەیش فێر دەبێ ــ(دار) بە ئەستوورەكەی دەڵێن، بەڵام باریكەكە پێی دەڵین (شووڵ)، ئەویش هەر لە دارەوە وەرگیراوە، لێی گەڕێ بافێری ببێ لەوانەیە پێویستی پێ بێ.
ـــ: نابێتە شوان تا پێویستی بە(شووڵ)ی تۆ هەبێ، كە دەگاتە ئەوەی خوێندنی دواناوەندیش تەواو دەكا زمان فێر دەبێ، ئەو كات بڕیاری پێویست دەدا.. بە هەر حاڵێ بێ، پێویستی بە (شووڵ)ی تۆ نابێ. هەر بە هۆی ئەم شووڵەیشەوە بوو
نێردرایە باخچەی منداڵان! بە مێردەكەیم وت: چاكتر وایە، من بگەڕێمەوە لادێ، منداڵەكەش بێتەوە ماڵێ. بەڵام ئەو كارەكەی بڕاندەوە و وتی: ـــ: هەرگیز! گەڕانەوە نییە.. دەگەڕێیەوە بەتەنێ بژی، تا بكەومە بەر زاروزمانی خەڵكی لادێ! (ناتوانێ بابی بەخێو بكا).. لێرە پاڵ دەوە، بخۆو بخۆرەوە و بیر لە هیچ مەكەرەوە. بخۆ! بەڵام ئاخر نە چێشتی گەرمكراوەی ناو قووتووم پێ خۆش نییە، ئەوەی لە قووتوو ئاخنراوە، كەبابی ناو قووتوو هەموو شتێك قووتوو كراوە، قووتوو دەكەنەوە و خواردن تێ دەكەن لە هەموو ئیشانیش وێرانتر بووكەكەم تیژاوێی بەسەر دادەكا.. كە چووە ئەڵەمانیا، دیتی لەوێ هەموو شتێك بە تیژاوێ دەخۆن، ئەویش هەستا ئامێرێكی ئامادە كردنی كڕی هەر تەواو دەبێ دروستی دەكاتەوە وەك بڵێی قەت تەواو نابێ، گۆشتی گوێلەكە، گۆشتی بەراز، شێخ مەحشی هەمووی تیژاوی لەگەڵ دایە، نە دەتوانی چەشنی ئەو دانە بناسییه‌وه‌ دەیخۆی، نە دەشتوانی نەیخۆی! ژنەكە تەبیات تیژ و مزوڕە مۆنج دادەگرێ.. جارێكیان بە (كیرچ)م وت:ـــ ـــ: دەبێ ئەو تیژاوەی لە بێن بەری! ـــ: بۆ؟ ـــ: چونكە سەبارەت بەوەوە گەدەم ئازارم دەدا..
ـــ: ڕاست دەكەی، ئەمەش مانای وایە كە تۆ تووشی قورحە بوویت بەیانی دەتبەم معایەنەت دەكەم. ئەگەر تووشی بووبی دەیبڕن. ـــ: بمبە! بمبە بەڵكو بمبڕن.. چی دەبێ باببێ، با بمبڕن با سكم هەڵدڕن، بەڵام با لە تیژاوێم ڕزگار بكەن، جارێكیان حەزم چووە ئەوەی نەختێ سیر و خوێ بكوتم و لەگەڵ سركە خۆراكێكی ئینسانی بخۆم، ئەو ژەمە وەك دەرمانی یەكساتە بوو بۆم لە دوای تیژاوی بەڕێز، دووبارە و سێ بارەم كردەوە، بەڵام جارێ بەسەهوو چووم لە بیرم چوو پەنجەرەكان بكەمەوە، دیار بوو دكتۆرەش بۆنی سیری كرد بوو، وتی: ــ بۆنی چ كەلاشێكە ئەم بۆنە؟ نەمتوانی درۆ بكەم، پێم وت: سیر. ـــ: جا سیر لێرە چی دەكرد؟ ـــ: ئۆ.. وەڵڵاهی چیت لێ بشارمەوە جنیم و خواردم. (كوڕەكەم دەكوتم)… چ هات و هاواری نەكرد لەگەڵ ئەوەی پڕیشكیشی دەهاوێشتن، نەی قیژاند، ئەو بەو جۆرەش نییە ئەوەندە سادە بێ.. هێمن و لەسەرخۆ دەپەیڤی بەڵام بە شێوەیەك، داغی دەكردم. ـــ: زۆرباشە! بەخوا جوانە، بەخۆ و بە كیرچی ئەم ناو ماڵەمان لە چوار قوڕنەی دونیایێ كۆكردووه‌تەوە، تۆش دێی بە سیری گوڵاوپژێنی دەكەی، كانتۆرەكە بۆگەنی كردووە، دارتاشێ بانگ دەكەم بیگۆڕێ، ئیتر لەمەو دوا هەرگیز ناتوانم پێشوازی له‌ میوانان بكەم. دوای كۆششێكی زۆر ڕازیم كرد كەنتۆرەكە تێك نەشكێنێ، پێم وت: ئەمجارەش چاو لە هەڵەم بپۆشە ئیتر جارێكی تر چاوت بە سیری ناكەوێتەوە. با ئاشت بینەوە!
ئاشتی.. جا بۆ ئاشتی؟! دوو جارانم بەشداری شەڕ كردووە، جاری یەكەم لە پێشەوە بووم و لە جاری دووەمیشدا لەگەڵ ئەوانەدا بووم ئازووقەمان بۆ كەتیبەكە ڕەوانە دەكرد، ئەوەشت پێ بڵێم لە شەڕدا، نە ترساوم و نە مردوویشم، بەڵام دەتوانم بڵێم كە مرۆڤ دەشێ بە هۆی (ئاشتی) یەوە لەسەرخۆ بمرێ. مەسەلەكەت بۆ ڕوونتر دەكەمەوە: ـــ مرۆڤێ لە ماڵێ دابنێ، وازی لێ بێنە بێ كارو كاسبی، هەموو شتێكی بە تیژاوێ دەرخوارد بدە باسی بایێی بە بارانێ بۆ بكە.. حەیاتی لێ دەبڕێ!!
بە كیرچم وت: ـــ: كە بۆ كردنەوە و داخستن دەچیتە لای بناوانێ، هەندێ قەدی (شۆڕەبی)م بۆ لەگەڵ خۆت بێنە سەبەتەی پێ دروست دەكەم. كوڕەكەم وتی: ـــ: تۆ سەبەتەی خۆتت دروست كردووە، بۆ خۆت بە ڕەحەتی دانیشە و لە دوو ئەوەی بە بە چاكی دەزانی! (بەڕەحمەت) بێ هەر لە دایكی دەكا، قسەیەك دەكا لێی نایێتە خوارەوە تەنانەت ئەگەر چەند ساڵێكیشی بە سەردا تێپەری بێ.. قسەیێكی كرد لێی پەشیمان نابێتەوە. ئەو ئەندازیارە و تەنها لە ژماران دەگا،(2) لە لای هەر دەكاتە (2)، سفریش هەر سفرە، لەوەی زیاتر قسەی قۆڕە.. (شەو شاد، ڕاكشێ بەڵكو خەوت لێ بكەوێ)! راكشێ بەڵام نەنووی، هەر پاڵ دەكەوم و ناكەوم هەست بە گێژی و سەرسووڕان دەكەم.
با حاڵی خۆمانت بۆ بگێڕمەوە! پێم دەڵێن، بابە بۆچی ئێمە لەگەڵ ئەوەش وێكڕا لە جێگایێكی دەژین و لەسەر یەك خوانیش دەخۆین لە یەكتری غەریبین؟ ئێمە بە ڕادەیەك غەریبین لە یەكتری، كە ئەوان ڕازی نەبوون مناڵەكە بە ناوی من بكەن، چونكە ناوی من (ئیگنات)ـە و منداڵەكانیش بە(گاتیۆ) بانگی دەكەن، ناویان نا (كراسیمیۆر).. ناوێكی نوێیە. بە باپیریتیان دەگوت (گاتیۆ)، بابیری باپیریشت ناوی (گاتیۆ) بوو، هەردووكیشیان ژیانێكی پڕ خەباتیان لەگەڵ یاخی بووەكانی (هایدۆت) دا بەسەر برد، بەشداری گەلەك شەڕانیان كرد، ناوێ گەیاندبووینەوە یەك و هەردووكیش بەنهێنی لایەنگیری شۆڕشگێڕەكان بوون.. ئەوەتا ئێستاش نەوەكەیان ناوی دەنرێ (كراسیمۆر). با لە ناوەكە بگەڕێین، ئەوەتا باوكی وازی لە (ئگناتۆن) هێناوە و بووەتە (ئیگناتیڤ)، تەنانەت لەدەلیلی تەلەفۆنیشدا نووسیویەتی: ئەندازیار (كیریل ئیگناتیڤ). زەنگی تەلەفۆن لێ دەدا هەڵی دەگرم: ـــ: كێتان دەوێ؟ ـــ: هاوڕێی ئەندازیار (ئیگناتیڤ)! كە هاتەوە بەرەو ڕوو پێم وت: ـــ: شۆرەتی خێزانەكەم (ئگناتۆڤ)ـە، ئەمەش لە مێژە لە دادگادا تۆمار كراوە، لەبەر خاتری ئەم خێزانەیش چوویتە زانكۆیێ و ئەندازەت خوێند و وات لێ هات سواری ئۆتۆمبیل ببی، ناوەكەی ترت لە كوێدا هێنا، یا لە خێزانەكە بێ بەری دەبی و لە ڕۆژنامەی ڕەسمیش بڵاوی دەكەیەوە، یا ئەوەیە ناوم ناگۆڕی و بێزی لێ ناكەیەوە!
گەلەك جاران جوابی داومەتەوە، بەڵام ئەمجارە فززەی نەكرد لەگەڵ ئەوەشدا ئازایەتی من دادی نەوەكەمی نەداو ناوی هەر بە (كراسیمۆر) مایەوە. جا ئەمە سەركۆڵێكی بچووكە، هی گەورەتریش هەیە كە جارێكیان. وەریان چەرخاند، كونێكی ترسناكی لە هەستمدا كردەوە. ئەوێ شەوێ، دوو سەعات بوو بێنی تەنگ كرد بووم، لە خۆم دەپرسی: بۆچی ماڵی خۆم لە گوندی بەجێ هێشت و هاتم گۆشە گیری ئەم قەفەسە زێڕینەی بووم؟ بۆچی؟ بەڵام تۆ وەرە ئەوەی بە كوڕەكەم بڵێ، كە پێم دەڵێ: چ دەكەی لە گوندی بە تاقی تەنێ دەژی؟ چۆن دەتوانم تێی بگەیێنم، كە من لە ماڵێ دەبم لە گوندی، لە دڵێ جیهانێدا دەبم. لە بێستانێدا گێڵاس و كولەكە و پیواز و تەڕە و فێقی تر…. شتێ خوڕەی دێ، شتێكی تر هاشەی دێ، سێیەم دەبۆڕێنێ. پێش ئەوەی بێمە ئێرە دوو بەرخم هەبوون، دوو بەرخی سپی جەربەزە، فێر ببوون كە بە ماندوویەتی دەگەڕامەوە و لەبەر دەرگا دادەنیشتم، لەشم ئارەقەی لەبەر دەڕۆیی، لێم نزیك ببنەوە و بە زمان ئارەقەی بناگوێ و مل و هەرجێیەكی زمانی تێدا بسوڕابایەوە دەیان لێستەوە، لەگەڵ سوێریشی دەیان لێستەوە.. پفیان دەكرد، دەیان لێستەوە و پفیان دەكرد… وەك بڵێی بۆ خواردنی قوربانیەكی پیرۆز ئامادەم بكەن.. هەردووكم بۆ كوڕەكەم كوشتنەوە.. تاكو ئێستاش خۆم نەبەخشیوە، كە گوێیان لە كرانەوەی دەرگا دەبوو، دەستیان بە باڕەباڕ دەكرد، ئماع.. ئماع..مماع… شتێكت لەبارەی دەرگاكەت بۆ دەگێڕمەوە: چوارچێوەكەی كۆنە.. بەڵام قوڕسە و لە داری مازوو دروست كراوە، كە دەكرێتەوە جیڕەی دێ، كە دایشدەخرێ سییڕەی دێ.. هەندێ جار وەك (خاتوون سێمانكە) دەچریكێنێ هەندێ جاریش دەنگێكی كەرخی لێوە دێ… كە نەختێ دونیا شێدار دەبێ دەبۆڕێنێ، كاتێ دەكەوینە ناو گەرمایشەوە وشك هەڵدێ و سییڕەی تەواو لە (ئارگۆن)ی دەستی دەكا.. منیش لە سییڕەی دەرگاوە دەزانم، كەی باران دەبارێ و كەنگێ هەوا خۆش دەبێ.. تەنانەت وام لێ هاتبوو بە ئەندازیارەكەی كشتوكاڵم دەگوت: بەسە لاوە! بەسە، چیتر ئاوێ بەبنە مێوانەوە مەنێ.. سبەینێ دەبارێ.. ئەندازیاریش وەڵامی دەدامەوە: بەڵام ئێزگە شتێكی دی دەڵێ؟! ـــ: تۆ گوێ بۆ ئێزگەی خۆت ڕادێرە و منیش گوێ لە ئێزگە تایبەتیەكەی خۆم دەگرم. دەشبینینەوە.. كامەیان ڕاستتر دەردەچێ؟! وەكو منیش گوتم وا دەرچوو و باران باری، لەو كاتەوە وای لێ هات سەر كارەكە دەهاتە لای من هەوای ئەمڕۆ و سبەینێم لێ بپرسێ.. ئێستاكە ئەو دەرگایە ژەنگ هەڵدێنێ.. نە كەس هەیە بیكاتەوە، نە كەسیش هەیە گوێ له‌ گوفتاری بگرێ، نە یاوەر و خەمڕەوێنێكیشی هەیە… نامەیێكم بۆ ئاوەڵ زاواكەم ناردبوو، پرسیارم لێ كرد بوو خەبەرم بداتێ داخۆ ماڵەكە، بەتایبەتیش دەرگاكە وەكو خۆیان ماون؟… ئەویش ئەم نامە كورتەی خوارەوەی بۆ ناردبوومەوە: »سڵاوت لێ بێ ئاوڵ زاوا! چوومە تەماشای دەرگاكە، ئەوا ئێستاش پێت دەڵێم: دەرگا ساغ و سەلیم هەر لەجێی خۆیدایە..بەڵام نە وەك جاران گۆرانی دەڵێ و… نەسییڕەی دێ… بەڵكو وەك یەكێ بە ددانان جیڕە جیڕ دەكا، وەك سەگی پێكراویش نسكە نسكی دێ.. سەركار هەواڵت دەپرسێ، هەروەها خەڵكی گوندی هەموویان، لێت دەپرسن..« نامەكەم دایە دەست كوڕەكەم بیخوێنێتەوە، بەڵكو هەست بەوە بكا، كە من پێویستیم بە ماڵێیە و سووڕەی ناوك نیم بڕابم و فڕێ درابمە بیرێكی قووڵەوە.. ئایا دەزانی چی پێ وتم؟:
ـــ: ئێوەی پیر وەك منداڵانن، بە دوای حەسانەوەی خۆتان ناگەڕێن، جا چ كەسێ هەبێ بەڕووتانا بقیژێنێ، یاخۆد یەكێ بۆتان بژەنێ! ـــ: ئاخ.. من ئێستاكە لەكوێم؟ بڕۆ ڕێی خۆت بگرە! ئەوا سیر و تیژاو وەك یەكیان لێ هات.. هەر چەندی نەیشتوانم قسەی لەگەڵ بكەم، ئەدی قسە لەگەڵ كێ بكەم؟! لەگەڵ ئەوەشا حەزم لە قسە كردنە بەڵام نە جێگایەكی لەبار دەبینم، نەكەسێ هەیە لەگەڵی بئاخڤێم.. دەستەی جحێڵان لەباخچەكە دادەنیشن و قومارێ دەكەن..تۆزێ دوور دەكەومەوە، یەكتری دەئامێز دەگرن و بەماچان دەكەونە بەر یەكتر.. تۆزێكی دی دوور دەكەومەوە منداڵ و دایكان دەبینم، ئێرە كەسێكی هاوتەمەنمی تێدا نییە، بڵێ ی لەگەڵ ڕیزێ دابن یاخود دەیانبینی گەرما تەنگی پێ هەڵچنیون؟ نازانم.. بەڵام هیچیان نابینم، لەوانەیە تووشی یەكێكیان ببم، فەرمانبەرێكی بانق.. یا هەر بۆ نموونە (باش كاتبێ)،بەڵام تۆز قاڵێ لە قسەكانیانم بەدڵ نییە.. جارێكیان لەگەڵ سەرتیپێكی خانەنشین دا پێك گەیشتین، پێم وت: ئەم ساڵ وەرزی ڕەزان باش دەبێ، باخەوانەكانیش بە درێژایی ڕۆژێ ئاو بەباخچەكانیانەوە دەنێن، كەچی ئەو باسی (لێزەر)ی بۆ دەكردم: كەهەموو شتێ دەبڕێ: ـــ: (لێزەر) تۆپ لە نێو دەبا.. ئەگەر زوو یا درەنگ جێگای دەگرێتەوە ئیتر تۆپ ڕەش دەبنه‌وە. پاشان ئەوەی گێڕایەوە، كە چۆن تۆپەكەی بەتالیۆنێكی (ئینگلۆفەڕەنكسی) لە ناو بردووە.. باسی تەقینەوەی بۆمبای گەورە گەورەیشی دەكرد، داخی ئەوەیشی بوو بە كپی سەر دەنێتەوە!! وەك بڵێی ئەوەی كرد بووی لە پەلەكووتەی دوا هەناسە زیاتر نەبووە! ئەمە باسی شەڕی بۆ دەكردم، ئەوانی دیش باسی داوو دەرمان، كەی چاك بووەتەوە و چۆن سنگیان بە مەلحەمێ شێلاوە.. یان ئەو پەڕۆكەی دینكۆفی پرۆفیسۆر بۆی داناوە بەكاری بهێنێ. یەكێكیان خەڵكی گوندی (كراسنۆ) بوو ناوی (یۆگی یان یۆرگی) بوو، ئەوەی بۆ دەگێڕامەوە، چۆن هەموو بەیانیان وەسەر و پۆڕی خۆی ڕادێ.. تاكو پتری خۆین لە مێشكدا بگەڕێ.. لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕەنگ و ڕوخسارت دەدی، زەرد هەڵگەڕاو، تەنانەت وات بە خەیاڵدا دەهات، بە درێژایی ژیانی تنۆكە خوێنێكی بەسەریدا نەگەڕاوە! ملی قەد قەد ببوو، چەناگەیشی دیار بوو ناوە ناوە دەلەرییەوە.. ئەگەر ئەو (یۆرگی) یەیان دەدایە دەستم و پێمەڕەیێكم لە دەست دەنا، ئەو كات دەتبینی چۆنی خوێن لە دەماراندا دەگەڕێ.. لەبەر ئەوەی ئەم ساڵیش هەر لێرە بووم، وام لێ هات هەستم بە ئێشێك دەكرد لە كڵاوەی چۆكم. ئیتر هاوارم كرد: ئەی هاوار هەی خودایە خەریكم دەمرم..! هەندەی دەرزی ئاژنم بكەن وایان لێ كردووم وەك بێژنگم لێ هاتووە.. دەم ئێشێ و قسەیش ناكەم. جارێكیان ئاوەڵ زاوەكەم تێپەڕی پێمەڕەیێكی پێ بوو: ـــ: بۆ كوێ؟ ـــ: پارچە زەوییەكیان لە هەرەوەزیێ داومەتێ، ئەوا ئێستاش دەچم تەختی بكەم، (وێنجە)ی بۆ پێچۆڵێ تیا دەچێنم، بۆ لەگەڵم نایێی؟ وەرە چ دەبێ با ببێ. لەگەڵی چووم.. كێڵگەكەمان تەخت كرد، بژارمان كرد، ئێوارە داهات، منیش هیچ ئێشێكم تێدا نەما.. وەك بڵێی كەسێ بە دەست لێی دەرهێنابم و لە بن خاكی نابێ. بەسەرۆكی كۆمەڵەی هەرەوەزیم وت: ئەوان ئاسا، پارچە زەوییەكیش بدە بە من، زۆر دەرد هەنە پێویستە پێی دەرمان بكەم. سەرۆك وتی:ـــ جا تۆ پارچە زەویت بۆ چییە؟ چیت پێ چاكە ئەوه‌ی بكە..!! بە سەرمدا قیژاند:ـــ مێرگێكی بەردراوم بدێ، ئەو وەختە پێت دەڵێم چیم پێ چاكە.. ئەویش ڕێزی لێ دەنام، چونكە من یەكێكم لەوانەی كە بەشداریان لە دامەزراندنی كۆمەڵەی هەرەوەزیدا كردووە. مێرگێكی دامێ، بەڵام دەزانی لە كوێ؟ لە بن كلكی كسۆكی..، لە چۆلەوارێكی بەیار و بێ ئاودا.. پێش ئێستا مێرگ بووە، وازی لێ هێنراوە زڕەگیا و وشترالووكی لێ شین بووە و، خاكەكەی خنكاندووە و زیانی پێ گەیاندووە.. ئیتر پێی بەسەردا نەهاتووە.. من خۆم بە پلەی یەكەم باخەوانم، لەگەڵ ئەوەشدا تەخسیریم نەكرد، زڕەگیا و بیژۆكم دانە دانە لێ بژار كرد، بڕینمەوە.. لە ڕەگەوە دەرم كێشان و دوورم فڕێ دان. مێرگەكەم پاك كردەوە، بەڵام لە ڕەگ و ڕیشەی (قرانیا) یێك هەڵنگووتم.. ڕەگی لە قووڵایی خاكدا گیر كرد بوو، نە دەهەژایەوە، نە دەشبزووت.. گەلێكی بە دەسكەپێمەڕان لەگەڵ خەریك بووم، بێ هوودە بوو. تەنیشتم كۆڵین، بەڵام ڕەق و بەگرێ بوو، توند توند خۆی بە خاكەوە گرتبوو نەیدەویست لێی بێتەوە، گشت لق و پۆپم بڕین، لقێك نەبێ چیدی پێوە نەما، لەگەڵ ئەوەشدا پێم دەرنەكێشرا. یەكشەممەیێك بەگژی داچووم، وەك ئەوەی بەگژ دڕندەیێك دابچم.. بڕیمەوە، بن كۆڵم كرد، هەناسە بڕكێم پێوە نووسا كەفم هەڵدا.. ئاخری دەرم كێشایە سەر زەوی. ئیتر مێرگ كەوتەوە هەناسەدان. لە جێی (قرانیا)یەكەشدا، دار گێڵاسێكم لێ چەقاند، (خۆخ و هەرمێ)یشم لێ ڕواند.. تۆی سێپەڕەیشم كۆكردەوە و زەوی یەكەم پێ تۆدا.. ئاوم پێوەنا و لێی گەڕام تا شین دەبێ.. لە جێژنی (قەدیس قووستەنتین)دا لەگەڵ ئاوەڵ زاواكەم چووین بژاری بكەین، تۆ بڵێ چیمان بینی؟؟ گوڵە سێپەڕە و خەشخاش تێكەڵ ببوون، بەری دارحەلووكە سوور ببوو، بۆنی گوڵان كە بەناو دارستان بڵاو ببووەوە، ئاپوورەی هەنگ و مێشی دیكەی عاشق بە گوڵی بۆ خۆی ڕاكێشابوو، باڵیان لێك دەدا و شیلەیان دەمژی.. ئاوەڵ زاواكەم بانگی كردم: دەی با دەست بە بژارێ بكەین.. ـــ: بژاری چی و حاڵی چی؟ ئەم مێرگە بژار ناكرێ، وازبێنە با هەنگەكان گۆرانی بڵێن و سوپاسی (گاتیۆ) بكەن. ئێوارێ بە سەرۆكم وت: ــ گەر دەتەوێ بزانی چیم پێ خۆشە، سبەینێ لەگەڵم وەرە دەچینە ناو مێرگەكە.. سەرۆك ڕازی بوو و چووین.
ـــ: ئا ئەوەتا، ئەوەی كە من پێم خۆشە جەنابی سەرۆك! ـــ: ئەمە شتێكی چاكە، بەڵام چاكتر دەبێ ئەگەر دێوجامەیێك لە شەرابی گەمزا (جۆرە مەیێكی هەرە چاكی بوڵگارانە) بە بەر چوكڵەی چاوانەوە بنرێ.. ئنجا لەسەر ئەو سێپەڕەیەدا پاڵ بكەوێ و قەڵێشت پێ بێ، لە دەور و بەریشتدا، قرچە قرچی كاریلەی برژاو بێ، ئەو حەلە بە چاكی دەزانم چیت پێ خۆشە… چاكە! من هەندێ چەوراییم پێیە.. دیار بوو ئەوەی پێی بوو دەری هانی و خواردی. پاشان بێ ئەوەی سەیری گێڵاس بكات، یا هەوایێكی پاك و بێگەرد هەڵمژێ لێیدا ڕۆیی!! بەم جۆرە وەك وتی وای نەكرد.. لەو ساوە من بیر لەوە دەكەمەوە كە پێم خۆشە. جارێكیان بە كیرچم وت هاوڕێی ئەندازیار! پێم دەڵێی ئەوەی بكە، پێت خۆشە، داخۆ دەبێ ئەوە چی بێ كە خۆشی لێ دەبینرێ؟ ـــ: دەپرسی چییە؟ ئەوەیە كە بنوی، بچیتە سینەما.. دەشبێ ئەگەر كەسێ هەبوو لەگەڵی بكەی یاری (تەرنیف) ــ جۆرە یاریێكی كاغەزی قومارە ـــ بكەی.. بەڵام زەوق و میزاجی بێگەردیش ئەوەیە دونیات بە گونان بێ و لە كوێ پسا لە وێی گرێ بدەیەوە. وتم:ـــ ئا ئەو زەوق و میزاجەی تۆ قسەی قۆڕە! تۆ دەزانی ئەو سینەمایەی هەموو ئێوارەیێ چاوی تێ نز دەكەیەوە چییە؟. ئەوە وەكو ئەو دۆنە وایە كە بەشووشەوە دەنووسێ.. سینەمای جوان ئەوەیە منی تیا دەژیم، وە ئەمما بایەخ بە هیچ نەدەی ئا ئەمەیان مردنە..؟! ـــ: شتێكی ئاسایییە خانەنشین بیت و بحەسێیەوە و بایەخ بەهیچ نەدەی. ـــ: نەخێر ئاسایی نییە ئادەمزادی زیندوو بایەخ بە هیچ نەدا.. ئایا پەلكۆكەیێك لەم سرووشتەدا هەیە خانەنشین بێ؟ نەخێر نییە و نایشبێ هەبێ.. قەتت گوێ لێ بووە، هەڵۆیێك خانەنشین كرابێ و هاتبێ لە دیار هێلانەكەی دانیشتبێ، زاری بەش كردبێتەوە فەرخە هەڵۆیەكان بە دەنووك مشكی دەرخوارد بدەن؟ »هەڵۆ« تا دوا هەناسەی دەفڕێ، ئینجا بۆ زەوی كەڵەواژی دەبێتەوە.. ئەوەم بۆ گێڕایەوە كە جارێكیان لە نزیك (سپییەئاو)ـە كەوە ڕوویدا: »وەختی پشوودانی نیوەڕۆم بوو، لە ژێر دارسنەوبەرێكدا پاڵ كەوتبووم، بەرخەكانیش دەورەیان دابووم، گوێم لە هاشەیێك بوو بەسەرمەوە، تەماشام كرد هەڵۆیێكم دی لە لای (برسنەك)دا دەهات تا دەشهات سەرەو خوار دەبووەوە تا گەیشتە سەرسەرم.. راپەڕیم ببینم چی بوو؟ سەیرم كرد باڵەكانی لەسەر مێرگەكەدا جووت كردووە و حەیاتی لەبەر بڕاوە بێ ئەوەی زامدار بووبێ یاخود نووكی دەخوێن هاتبێ… مرد بوو و دەشفڕی… ئا ئەوەیە شتی ئاسایی كوڕی خۆم لە كاتی فڕیندا بمری.. بەڵام تۆ لەو قەفەسەم بەند دەكەی دەمویست ئەوەی پێ بڵێم، لێ پێش ئەوەی بیدركێنم، جوویم و قووتم دایەوە…« كیرچ سەیرێكی كردم وام تێوەڕامابوو، دەتگوت یەكەم جارە دەمبینێ..! وتی: ـــ نەخێر.. دەتبەمە لای دكتۆرێك، پێم وایە كە تۆ مێشكت نەخۆشە! ـــ: لێم گەڕێ لەبەر و دختۆران، چاكتر وایە بۆ خۆت بچیتە سینەما!.. وام زانی لە قسەكانم دەگا، بەڵام دیار بوو تێی نەگەیشتبوو.. وشە بە گوێرەی ئەو وەك ژمارە وایە، دوو هەر دووە و سفریش هەر سفر…! من بەرەو مێرگی بەرفرەو كاكی بە كاكی دەچم.. ئەویش بەرەو بەغدا.. لە كوێ دەگەینەوەیەك؟ ئا ئەمەیە سەری كۆڵیوم و گێژی كردووم، وێنەی دار كۆڵێ بەسەرمەوەیە، دەسوڕێ و دەسوڕێ تا لە ئاگر و ئارەقەمدا نقوم دەكا… ڕەپێ دەبم پەنجەرەكە بكەمەوە هەوایێك بێتە ژوورەوە.. دەیكەمەوە و نایكەمەوەیش، هاڕە هاڕو ڤڕە ڤڕی مەكینان دێ: بڕ بڕبڕ.. بڕبوك.. قرڕڕڕ قڕڕ.. بوووم… ماتۆڕەكان هەر مەپرسە لە شەقامەكەدا چ زیقە زیقیانە، وەكو بڵێی زیقەیان لەناو دڵ و گوێی پیاویدا دەچەقێ، دەڵێم ئێستا كەڕ دەبم.. ژمارەی دانیشتووانی شاری (تۆڵشاف) خۆی لە ملیۆنێك دەدا، پارێزگاریشی لێیە و تیپێكی تەواوی سەربازیش.. بڵێی كەسی وای تێدا نەبێ ئەو هەزارــ تۆ بڵێ پێنج هەزار ــ ماتۆڕانە دوور بخاتەوە كە شاری تێك دەدەن و مرۆی كەڕ دەكەن؟؟ پەنجەرەكەم داخستەوە، سەرم خستە ژێر سنەوبەرەكە.. ئیتر لەو زیاترم تا ئێستا بە دەستەوە نەماوە.. شتێكی دیكەشم بەخەیاڵدا دێ ئەویش ئەوەیە هەڵبێم… تەنم حەزی لە هەڵمژینی بۆنی خۆڵی زیندوو و گەرمۆكەیە، چ قسەیش لەگەڵ كیرچ یا لەگەڵ بەفرگرەكە (سه‌لاجه‌) بكەی جیاوازی نییە! بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەینێ كوڕەكەم خەرابە، نە‌و! ئەو بە دڵسۆزی و بە شەرەفەوە ئیشی خۆی دەكا، تەنانەت وا دێتە بەرچاو كە لە سكی دایكی نەبووە لە بەرمیلی دا هاتووەتە دەرێ، هەر بۆیە بۆنی بنیادەمی لێ نایێ، پتر لەوەی بۆنی بەنزینی لێ دێ.. ئەوەندەی قسەی بۆ بكەم سوودی نییە، وا ئەم پارچە كاغەزۆكەی بۆ دەنووسم: » كوڕم كیریل! ئەمن دەچمەوە گوندی، ئەوان نەمامان دەگوێزنەوە لە شوێنی تر بیڕوێنن…. تۆ منت هێنایە شار لەوێم بڕوێنی… پیر بووم كوڕم.. من ڕەگ و ڕیشەم لێرە نییە… ڕەگ و ڕیشەی من لەوێیە، لە گوندی. ئەوا منیش دەچمەوە بە دوایدا دەگەڕێم.. كە سیس دەبم و وشك هەڵدێم، بەچاوی كراوەوە دەچمە نێو گۆڕەكەم… بمبورە ڕۆڵەم! بە دوای منیش دا مەگەڕێ.. من بەرەو مێرگ و مێرغوزاری كاكی بە كاكی و فراوان ڕۆیشتم.. بەڵام تۆ، تۆیش بەردەوام بە لە ڕێگەی خۆت بەرەو بەغدایێ.
باوكت: گاتیۆ«

(*) له‌ ژماره‌ 2 ی ساڵی دووه‌می گۆڤاری (الاداب الاجنبیة)ی سوورییه‌وه‌
كراوه‌ به‌ كوردی.




کۆڕێک بۆ یادی نووسەرو مێژونووس کەریم زەند لە شاری تۆرۆنتۆ




دەسەڵات بۆ گەڕان بەدوای ساماندا.. عوسمانی حاجی مارف

حزبەکانی کوردایەتی بە قۆستنەوەی مەسەلەی کورد و بەکارهێنانی ئەم مەسەلەیە لە هەڵسوڕانی سیاسیاندا، ڕەسمیەتیان بە خۆیان داوەو خۆیان بەناوی کێشەکانی کوردستانەوە ناساندوە. دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢، هەلێک هەڵکەوت لەئەنجامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراو هەر دوو پارتی و یەکێتی گەیاندە دەسەڵاتی سیاسی. هەرچەندە لە مێژوی هەڵسورانی سیاسیاندا خۆیان وەک نوێنەری چارەسەری ستەمی میللی و چەوسانەوەی خەڵکی کوردستان ناساندوە، بەڵام ئەم کێشەیە تا ئێستا نەک چارەسەر نەبووە، بەڵکو ناسیۆنالستەکان بەردەوام سەوداو مامەڵەی پێوەدەکەن و نانی لێدەخۆن و سامانی پێ کۆدەکەنەوەو هیچ کات نوێنەرایەتی ستەمی نەتەوایەتیان نەکردوە.
دوای ئەوەی جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ فەراهەم بونی بۆشایی لە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراق خولقاند، بووە هۆی باڵادەستی پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی میلیشیا. لە لەشکرکێشیەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەمریکاوە بۆ سەر عێراق، خزمەتێکی بێوێنەیان بە ئەمریکا کرد، لە هەمان کاتدا دۆخێکی تەواو ئاواڵا کرایەوە بۆیان، کەلە رێگەی گەندەڵی و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوتەوە سامانێکی بێ شوماریان کەڵەکەکرد، هێزەکانیان و دەسەڵاتیان لە دوو ناوچەی جیاوازدا بە ناوی زۆنی زەردو سەوزەوە لە ئاستێکی باڵادا چەسپاند و سنورەکانیان بۆ سامان پەیداکردن کۆنترۆڵ کرد.
شاراوە نیە بەشداریەکی جدیان لە پێکهێنانی حکومەتێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی و کۆنەپەرستی کرد لە عێراقدا، دەورو کاریگەری بەرچاویان لە چوارچێوەی پێکهێنانی دەوڵەتی عێراقدا بینی. بەڵام دوای سی ساڵ زیاتر لە دەسەڵات و ٢٠ ساڵ دوای لەشکرکێشی ئەمریکا، حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی، دیدێکی ڕوونیان بۆ داهاتووی خۆیان نییە و لە نێو گێژاو و قەیرانێکدا گیریان کردوە، نازانن بە کوێدا دەیان بەن و چۆن سەردەردەهێننەوە. ئێستا جگە لە دابەزینی دەورو پێگەیان لە حکومەتی عێراقدا، لە هەمانکاتدا مەترسی لەدەستدانی پێگەو نفوزی سیاسیان لە ناو هەرێمیشدا چاوەڕوانیەکی تریانە.
شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨، ئیعتباری هەردوو حزبی تێکشکاندو شتێک نەمایەوە بە ناوی حکومەتی هەرێم، تا دوای ساڵی ٢٠٠٣، کە توانیان لە پاڵ ئەو تاڵان و برۆیەی ئەنجامیان ئەدا، ئەو هەلەش بقۆزنەوە، بۆ پێکهاتن لەسەر ئەوەی کە چەند نمونەیەک لە شێوازێکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنن، هاوکات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا نەوەیەکی نوێ لە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ڕۆڵی سەرکردایەتیان وەرگرتووە، بە مانایەک هەردوولایان کە بانگەوازێکی چەواشەکاریان بۆ دیموکراسی دەکرد، هەر بۆ خۆیان پوچەڵیان کردەوەو دەسەڵاتی بنەماڵەیان چەسپاند.
تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢، حکومەتی هەرێم نزیک ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنا، کە زۆرینەی لە ڕێگەی بۆری سەربەخۆی هەرێمەوە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرا. تەنها لە چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، فرۆشی نەوت لە کوردستانی عێراق کۆی داهاتی ٣.٧٧ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە. لەکاتێکدا تەنها لەسەدا ٤١ی ئەو داهاتانە گەیشتە خەزێنەی حکومەتی هەرێم. سەبارەت بە غازی سروشتیش، ئەو بەرهەمەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیخاتە بازاڕەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا ساڵانە گەیشتووەتە نزیکەی 5.3 ملیار مەتر سێجا.
بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو هێزی میلیشیاو خاوەن دەسەڵات، سودێکی زۆریان لە هەڵکەوتەی جوگرافی و سنورەکان وەرگرت، کە وەک دوو کۆمپانیای قاچاخچی بۆیان بوو بە ڕێڕەوێکی بازرگانی ناوچەیی و شوێنی مەبەست. تورکیا کە تاکە سنووری وشکانی لەگەڵ عێراق بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، گەورەترین هاوبەشی بازرگانی دەسەڵاتی بارزانیە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیە و کوردستانی عێراق گەیشتە دوو ملیار و پێنج ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنقەرەیە لەگەڵ عێراقدا. بەهەمان شێوە یەک لەسەر سێی هاوردەکردنی عێراق لە ئێرانەوە – کە ساڵانە بە دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت – دەگاتە کوردستانی عێراق. جگە لەوەش 50%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە دەروازە سنووریەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبانی تێدەپەڕێت.
ئیدیعای خاوەندارێتی لە نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بەهۆی مەترسیە سیاسیەکانەوە بە نرخێکی کەم نەوت بفرۆشێت. جگە لەوەش ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت و گومرگ لە ساڵی ٢٠١٤بەرەو خراپتر دەردەکەوت، ئەمەش وایکرد بەغدا پشکی حکومەتی هەرێم لە بودجەی نیشتمانی ببڕێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە فەرمی بڕیاریدا کە یاسای سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم و گرێبەستە نەوتیەکان و هەناردەکردنی نادەستوریە. هەروەها حکومەتی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر تورکیە لە دادگاکانی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تۆمارکرد لەسەر ڕێگەدان بە “حکومەتی هەرێم” بۆ بەکارهێنانی بۆری عێراق-تورکیا بەبێ ڕەزامەندی بەغدا. لەکاتێکدا ئەم بابەتە دەنوسرا، دادگا هەڵوێستی عێراقی پشتڕاستکردەوە و تورکیای ناچارکرد هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت. بەم جۆرەش ئایندەی کەرتی سەربەخۆی وزەی حکومەتی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.
سەرەڕای دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی بارزانی تاڵەبانی لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا لە کەڵەکەکردنی سەرمایە، بەڵام بەبێ بایەخدان بە دامەزراندن و جێگیرکردنی چەسپاندن و جێخستنی حکومەتێکی یەک دەست و سەراسەری لە هەرێمدا، یان بەرگری نەکردن لە سەربەخۆیی کوردستان، ئاشکرایە دواجار مایەپوچ سەریان دەلەقێنن.
ئەم پرۆسیەی لە دۆخی ئێستای عێراقدا دەیبینین، کە هەوڵدانی جدیە بۆ ناوەندبوەنەوی عێراق و سنوردارکردنی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، لە چوارچێوەی کۆتایی دەورەیەکدایە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بە تایبەتی، دەگوێزێتەوە بۆ دەورەیەکی تازە، کە هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی ئاسایشە بۆ سەرمایەگوزاری و چونە ناو دۆخێکی تازە لە گەشەی پرۆژە ئابوریەکان، بەبێ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا حساباتێک بۆ حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لە خاڵێکی دیاریکراودا جێگایەکیان بۆ دیاری کرابێت.
بەگشتی لەم ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکە و جەختکردن و هەنگاونان بۆ ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراق، ڕۆشنە پێگەی هەرێم زیاتر خۆی لە پاشکۆبونی هەنگاوبەهەنگاوی بەغداوە دەبەستێتەوە، بارزانی و تاڵەبانیش ئەمەیان قەبوڵ کردوە، گرنگ ئەوەیە بۆیان دەسەڵاتێکیان هەبێت، بەهەرجۆرێك بێت سامانێکیان بۆ دابین کات، هەر بۆیە باسێک نەماوە لە بەکار هێنانی مەسەلەی کوردو دەوڵەتی سەربەخۆ.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نیشانەکانی بازاڕی ئازاد و سیستەمی گەندەڵی بەربڵاو نیشان دەدەن. لەم نێوەندەدا دەستڕاگەیشتنیان بە سەروەت و سامان و کەڵەکەی سەرمایەیان پەیوەست کردوە بە دەسەڵاتی سیاسیەوە، تا لە ڕێگای دەسەڵاتی سیاسیەوە تاڵانی و بازرگانی و قۆرخکردنی تەواوی سەرمایە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بەڕێوە دەچێت.
لەگەڵ بەرجەستەبونەوەی زیاتری دوو ئیدارەیی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزی بارزانی و تاڵەبانی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا، ئەوەی شایانی باسە لە دوای ڕیفراندۆمەوە سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم بۆچونیان سەبارەت بە پێگەی خۆیان لە چوارچێوەی نەخشەکانی حکومەتی عێراقدا ناکۆکن، بەتایبەتی لەسەر چۆنیەتی گەڕانەوەیان بۆ بەغداد و مامەڵەی ئایندەیان لە پەیوەندیان بە حکومەتی عێراقەوە چۆن دەبێت، کە ناڕۆشن و ناتەبان، وەک ئەوەی لە چاوەڕێی قەدەرێکدا دۆشدامابن، چونەکە ئەزمونەکەیان بە شكست گەیاندوە، هەر بۆیە ئەو پرسیارەش لێرەدا دێتە پێشەوە، ئایا ئابوری هەرێم لەم کەین و بەینەی وابەست بون و پاشکۆبون بۆ بەرنامەو بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و بە پشتبەستن بە هاوکاری دەرەکی و گواستنەوەی بودجە لە بەغداوە بۆ هەرێم، ئایا دەتوانن بمێننەوە؟، یان چۆن دەمێننەوە؟ واتە لە رێرەوی ئەم پرۆسەیەدا چۆن لەرێگەی دەسەڵاتەوە دابینی سامان و داهاتیان دەکەن، کاتێک دەسەڵات لە حکومەتی عێراقدا کۆنترۆڵی تەواوی جومگە ئابوریەکان بکات.!




نەخۆشی کەسایەتی: ناساندن، هۆکارەکان، نیشانەکان و چارەسەرییە زانستیەکان..151.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٥١

نەخۆشی کەسایەتی بریتییە لە کۆمەڵێك دۆخی دەروونی کە کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوە، هەڵسوکەوت و پەیوەندی تاک لەگەڵ کەسانی دیکە دروست دەکاتن. ئەم نەخۆشیانە بە درێژایی کات پەرە دەسێنن و دەبنە هۆی کێشە لە ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.
لێرەدا نموونەیەك لەسەر خۆم دەهێنمەوە تاکو دۆخەکە زیاتر ڕوون بێتەوە بۆ ئێوە.

بۆ نموونە: ئەبڕاهام گەنجێکی ٢٦ ساڵەیە کە نیشانەکانی نەخۆشی کەسایەتی خود-شەیدایی (Narcissistic Personality Disorder) پیشان دەدات. ئەو:

هەستێکی زۆر بەرزی لە خۆبایی بوونی هەیە، خەیاڵی سەرکەوتنی بێ سنووری هەیە، پێویستی بە ستایش و سەرنجی بەردەوامی خەڵکی هەیە، کەم هاوسۆزی لەگەڵ هەستی کەسانی تر نیشان دەدات.

لە ڕووی زانستییەوە، ئەم جۆرە نەخۆشییە کەسایەتییە بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری ژینگەیی و ژێنەتیکییەوە پەرە دەستێنێت.

هۆکارەکان:

هۆکارەکانی نەخۆشی کەسایەتی ئاڵۆزن و زۆر جار تێکەڵاوێک لە چەند فاکتەرێکن:

بۆماوە- جینەتیك: لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە کە هەندێک کەس لەوانەیە مەیلی زیاتریان هەبێت بۆ پەرەسەندنی نەخۆشی کەسایەتی بەهۆی فاکتەرە جینیەکانەوە.

ژینگەیی: ئەزموونە نەرێنیەکانی سەردەمی منداڵی، وەک پشتگوێ خستن یان دەستدرێژی، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن.

کیمیایی مێشک: ناهاوسەنگی لە ماددە کیمیاییەکانی مێشکدا دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر گەشەی کەسایەتی.

کولتووری: هەندێک فاکتەری کولتووری دەتوانن کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی نەخۆشی کەسایەتی.

نیشانەکانی نەخۆشی کەسایەتی دەگۆڕێن بەپێی جۆری نەخۆشیەکە، بەڵام هەندێک نیشانەی گشتی بریتین لە:

کێشە لە پەیوەندی دروستکردن و پاراستنی پەیوەندییەکان هەڵسوکەوتی نائاسایی یان توندوتیژ، هەستی بەردەوام بە نائارامی یان ترس، گۆشەگیری کۆمەڵایەتی، کێشە لە کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز، بیرکردنەوەی ناڕێک یان شێواو.

چارەسەرییە زانستیەکان:

چارەسەری نەخۆشی کەسایەتی بەپێی جۆری نەخۆشیەکە و تووندی نیشانەکان دەگۆڕێت. هەندێک لە چارەسەرە باوەکان بریتین لە:

دەرمان: دەرمانەکان وەک دژە خەمۆکی و دژە دڵەڕاوکێ دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ کۆنترۆڵکردنی هەندێک نیشانە.

چارەسەری دەروونی: چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) و چارەسەری دیالێکتیکی ڕەفتاری (DBT) لە کاریگەرترین شێوازەکانی چارەسەرن.

چارەسەری گرووپی (group counselling) : ئەم جۆرە چارەسەریە یارمەتی نەخۆشەکان دەدات بۆ فێربوونی کارلێکی کۆمەڵایەتی باشتر.

ڕاهێنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی: فێرکردنی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت یارمەتی نەخۆشەکان بدات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان.

چارەسەری خێزانی: بەشداریپێکردنی ئەندامانی خێزان لە پرۆسەی چارەسەردا دەتوانێت کاریگەر بێت.

——————————-

سەرچاوەی بەکارهاتووی زانستی:

١-https://psychiatryonline.org/doi/book/10.1176/appi.books.9780890425596

٢-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/21195251/

٣-https://psycnet.apa.org/record/2018-00745-000

٤-https://psycnet.apa.org/record/2018-00745-023
٥-https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC10786009/