هەڵبژاردن لەسەرچیە و دەبێ چی بکرێ؟.. ئاسۆ کمال

لە هەڵبژاردنی ئێستادا لە کوردستان هەر کام لە یەکێتی و پارتی دروشمی “گۆڕینی دەسەڵات و پاراستنی هەرێم”یان دژ بەیەک بەرزکردۆتەوە تا بتوانن دەنگدەران بەکاربێنن بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر لە پەرلەمانی داهاتودا. بەڵام لە ڕاستیدا کورسیەکانی پەرلەمان هەرچۆنێک ڕێکی بخەنەوە ئەم کەشتیەی دەسەڵاتی تێکشکاوی سیاسی و ئابوری هەرێمیان بەرەو پێشەوە پێ ئاراستە ناکرێ. لەو کاتەوە کە “کاپتن ئەمریکا” دەستی بەرداوە لەم ئەزمونی “فیدراڵی”یەی یەکێتی و پارتی، ئیتر ئەم کەشتیەی دەسەڵاتیان کەوتۆتە گێژاوێکەوە کە بە هیچ شێوەیەک خۆی ناگرێتەوە. ئێستا لەلایەک ئێران زۆنی سەوزی یەکێتی بە بارمتە گرتوە بۆ خزمەتکردن بە ئامانجەکانی لە عێراقدا ولە قەفەزکردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان و تورکیاش لەسەرەوە زۆنی زەردی پارتی، وەک حەوشەی پشتەوەی ئۆپەراسیۆنەکان و چاڵە نەوتی هەرزان لێکردوە، کە ئارەزوی خۆی تەراتێنی تێدا دەکا.
لە ساڵی ١٩٩٨ کاتێک تاڵەبانی سەرمەست بوو بەو ڕێکەوتنە ستراتیژیەی ئەمریکا بۆیانی ڕیکخستبوو و بەرەو ڕوو لە کۆڕێکی لەندەندا بە “جەلال تاڵەبانی “م وت” ئێوە وپارتی، هەرکات ئومێدی ئەمریکاتان نەمێنێ، بێ ئومێدانە دەست دەکەنەوە بە شەڕی ناوخۆ و جگە لەمە ستراتیژێکتان بۆ کوردستان نیە.”.
دۆڕاندنی کەرکوک و نەوتەکەی و شکستی حکومەتی هەرێم لە دادگای پاریس لە کەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و ڕێگرتن لە فرۆشتنی گازی هەرێم، دادگای فیدراڵی عێراقی خستۆتە جێگای ڕێکەوتنی ستراتیژی زێڕینی یەکێتی و پارتی، وە تەنانەت نەمانی دابەشکردنی داهاتی نەوت بە ڕیژەی ٤٣٪ بۆ یەکێتی و ٥٧٪ پارتی وەک پیشوو. ئەمە باڵانسی هێزی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا تێک داوە. پارتی دەیەوێ باڵادەستی خۆی بپارێزی لە کۆنترۆڵی داهات بەپێی زۆنەکان و یەکێتیش داوای یەکسانی بونی بەشی زۆنی سەوز لەگەڵ زەردا دەکا. ئەمە ناوەرۆکی دروشمی “”گۆڕینی دەسەڵات و پاراستنی هەرێم” یەکێتی و پارتیە. ئەمە شەڕی دابەشکردنەوەی داهاتی نەوتە و ئەمە هەموو ماستەرپلان و بەرنامەی ئەم دوو حزبەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە و هیچی تر.
کورسیەکانی پەرلەمان تەنیا ئامڕازێکی تری شەڕی ئەم دوو حزبەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگیەی نێوان دەسەڵاتی ئابوری و سیاسیان. هیچ کام لەم دوو حزبە هیچ ستراتیژیەکی دەربازکردنی کوردستانیان لەم تەنگەژە ئابوری و سیاسی و ئیداریە نیە. هەڵبژاردنیش سەربارەت بەم ڕێگاچارە جیاوازانە نیە. ئەولەویەت بۆ ئەم دوو حزبە سەرمایەدارە پاراستنی داهات و دەسەڵاتی میلیشیاکانیانە و هەڵبژاردن و هەر سیاسەتێکی تر لە خزمەت ئەم ئامانجە سەرەکیەیاندایە، نەک هیچ بانگەشەیەکی فریوکارانەی گۆڕانکاری و باش بژێوی خەڵک و پاراستنی هەرێمی کوردستان.
هەر دوو لا دوای هەڵبژاردن درێژە بە هەمان سیاسەت و کار دەدەن کە دەتوانێ باڵانسی هێزیان بەرامبەر بە یەکتر بگۆڕێ. جا یەکێتی لەگەڵ ئێران و حکومەتی شیعەدا بۆ فشار خستنە سەر پارتی کارتی کورسیەکانی پەرلەمانی بەکار دەهێنێ و ڕێگا نادەن پارتی نەوت و گاز بفرۆشێ و پارتیش لەگەڵ تورکیا و لایەنەکانی تری حکومەتی عێراقدا یەکێتی لە قەیرانی موچە و بودجەدا دەهێڵێتەوە و چاوەڕێی هەر فرسەتێک لە عێراق و ناوچەکدا دەکا بۆ شکست پێدانی یەکێتی و ئیدارەکەی. ئەمانە ناکۆکی دوو هێزە کە بەرژەوەندی هاوبەشیان لە هێشتنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا هەیە وەک سەرچاوەی هاوبەشی داهات و دەسەڵاتی میلیشیاییان و بەم ناکۆکیانەشیانەوە درێژە بە دەسەڵاتەهاوبەشەکەیان دەدەن.
ئەم دوو حزبە ئەگەر ژمارەی کورسیەکانیان بگۆڕێت هیچ لەم داهاتانەی نەوت ناڕژێننە گیرفانی خەڵکەوە و تەنها گۆڕانی ژمارەی دۆلاری دابەشکردنەوەی پارەی نەوت و خاڵە سنوریەکان دا دەبێ لە حسابی بانکی یان ژێرزەمینی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و کۆسرەت و شێخ جەعفەر و کۆمپانایی کار و شەریکەکانی تریاندا. شەڕ و ناڕەزایەتی خەلکی کرێکار و فەرمانبەر دژی دەسەڵات بەهۆی نەدانی موچە و خانەنشینی و دزینی بەناوی پاشەکەوتەوە و نەبونی خزمەتگوزاریەکان وەک خۆی درێژەی دەبێ. ئەم شەڕە لەسەر دزینی ئەم داهاتەیە، نەک لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی. چۆن دەکرێ لەشەڕی دزەکاندا چاوەڕێی شکتێکی زیاتر لە “دابەشکردنی دادپەروەرانەیان” لە نێو خۆیاندا بکرێ؟
لە کوردستان دەسەڵات لە سەروو پەرلەمان و هەڵبژاردنەوەیە و هەر کات ئەم دوو دەسەڵاتەی یەکێتی و پارتی بیانەوێ ئەوا دەرگاکەی دادەخەن و لە هۆڵێکی بۆشی بێ دەسەڵات هیچی لێ ناهێڵنەوە.
چینە هەژارەکانی کوردستان دژ بە تەمەنی٣٠ ساڵەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و میلیشیایە خەباتیان کردوە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا ڕێژەی بە شداریکردن و دەنگدانیان جاربەجار کەمتر بوە. ڕاستە ئەم بایکۆتکردنەی خەڵک بەشێک لەو ناڕەزایتیەی خەڵکی هەژاری کوردستان دژ بەم دەسەڵاتە نمایش دەکا. بەڵام لە ئێستادا کە دەبینین بەشێکی ئەم خەڵکە ناڕازیە کەوتونەتە دوای بانگەشەی یەکێتی و پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، ئاکامی نەبونی ڕیز و هێزی سەربەخۆ و ناڕێکخراوی ئەم خەڵکەیە کە نەیانتوانیوە تا ئێستا لە ڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتەوە ئەم دەسەڵاتە بگۆڕن.
دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان وحکومەت لە کوردستاندا ، مافێکی بەرتەسکە، کە تەنیا دەتوانرێ کورسیەک بۆ قسەکردن لە پەرلەمان پێ بەدەست بهێنرێ، نەک گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە. کاتێکیش خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و هەژار دەتوانێ سوود لەم مافی دەنگدانە وەرگرێت کە خۆی لیست و حزب و کەسایەتی سەربەخۆی هەبێ. لە ئێستادا جێگەی ئەم بەدیلە چەپ و یەکسانیخوازە لە کوردستاندا خاڵیە و ئەمەش وا دەکا کە هێز و دەنگی ناڕازی خەڵکێک کە دەنگ نادەن ئەمڕۆ بێ کاریگەر و پەرژوبڵاو بێت لە مەیدانی سیاسیدا.
بێ گومان خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت بە دەنگدان بە یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی ئیسلامی و نەوەی نوێ و گۆڕان و بەرەی گەل، نەک مافی دەنگدانی خۆی ناتوانێ بکاتە کارتی فشار بەسەر ئەم هێزانەوە، بەڵکو وەک پێشتر خەڵک تاقیان کردۆتەوە تەنیا شەرعیەت دەداتەوە بەم دەسەڵات و حزبە سەرمایەدارانە و هەژارتربونی زیاتری خۆی.
هەربۆیە هەرچەند دەنگ نەدان بەم حزبانە دروستە لە ئێستادا، بەڵام ئەمە ڕێگاچارەی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی سەرمایەداری نیە لە کوردستان و دەبێ خەڵکی ناڕازی دەرس لەم لاوازیە سیاسیەی خۆیان وەرگرن و لە هەڵبژاردن یان هەر فرسەتێکی سیاسی و ڕوداوێکی سیاسیدا بتوانن وەک هێز و ڕێکخراوی سەربەخۆ دەوریان هەبێ. هەرچۆن لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا هێزە چەپ و ڕیکخراوە کرێکاریەکان سەرەڕای بونی مافیا و گەندەڵی و دەسەڵاتی سەربازی بەرەی خەڵکی چەوساوەش دەتوانێ دەنگ و ڕەنگی هەبێ و وەک هەنگاوێک لە پرۆسەی خەبات و شۆڕش بۆ ڕزگای لەدەست سیستمی سەرمایەداری و پەرلەمان و حکومەتی بورژوازی ڕیزەکانی خەباتی خۆیانی پێ بەهێز و ئامادەبکەن.

ئاسۆ کمال
١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤




کاریگەری زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا.. 154.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی١٥٤

زەبری دەروونی کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر ئەمیگدالا، کە بەشێکی گرنگی مێشکە و ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پڕۆسەی هەست و سۆز و بیرەوەریدا. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە ئەزموونی زەبری دەروونی دەتوانێت گۆڕانکاری لە پێکهاتە و کارکردنی ئەمیگدالادا دروست بکات. ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی چالاکی ئەمیگدالا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر بە هەڕەشە و مەترسی.
زەبری دەروونی کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر ئەمیگدالا هەیە، کە بەشێکی سەرەکییە لە سیستەمی لیمبیکی مێشکدا. ئەمیگدالا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پرۆسێسکردنی هەست و سۆز، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بە ترس و مەترسییەوە. لێکۆڵینەوە نیورۆبایۆلۆجییەکان دەریانخستووە کە زەبری دەروونی دەتوانێت گۆڕانکاری بەرچاو لە پێکهاتە و فرمانی ئەمیگدالادا دروست بکات.

لە کەسانی تووشبووی زەبری دەروونیدا، ئەمیگدالا زۆر جار زیاتر چالاک دەبێت و وەڵامدانەوەی توندتری هەیە بۆ هاندەرە سۆزدارییەکان، تەنانەت ئەو هاندەرانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی مەترسیدار نین. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی نیشانەکانی تێکچوونی فشاری دوای زەبر (PTSD)، وەک دووبارەبوونەوەی بیرەوەرییە ناخۆشەکان، خۆدوورخستنەوە لە بارودۆخە هاوشێوەکان، و هەستکردن بە دڵەڕاوکێی بەردەوام.

هەروەها، زەبری دەروونی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمیگدالا و کۆرتێکسی پێش-ناوچەوان بکات، کە بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز. ئەم تێکچوونە دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی توانای کەسەکە بۆ ڕێکخستنی هەستەکانی و وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ بارودۆخە جیاوازەکان.

یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا، زیادبوونی چالاکی و هەستیارییەتی. توێژینەوەکان بە بەکارهێنانی تەکنیکی وێنەگرتنی مێشک (fMRI) پیشانیان داوە کە لە کەسانی تووشبووی تێکچوونی فشاری دوای زەبر (PTSD)دا، ئەمیگدالا چالاکییەکی زیاتری هەیە کاتێک ڕووبەڕووی هاندەرە سۆزدارییەکان دەبنەوە. ئەم زیادبوونەی چالاکی دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر بە هەڕەشە و وەڵامدانەوەی زیادە بۆ هاندەرە نەرێنییەکان.

هەروەها، زەبری دەروونی کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمیگدالا و ناوچەکانی تری مێشک دەکات، بەتایبەت کۆرتێکسی پێش-ناوچەوان (prefrontal cortex). لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زەبری دەروونی دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ئەم دوو ناوچەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز. ئەم دیاردەیە بە “کەمبوونەوەی کۆنترۆڵی تۆپ-داون” (reduced top-down control) ناسراوە.

لە ئاستی مۆلیکیولیدا، زەبری دەروونی دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە دەردانی ناقڵە دەمارییەکان- دەرمارە ڕاگەیاندنەکان (neurotransmitters) لە ناوچەی ئەمیگدالادا. بۆ نموونە، زیادبوونی ئاستی نۆرئەدرینالین (noradrenaline) لە ئەمیگدالادا تێبینی کراوە، کە پەیوەندی بە زیادبوونی هەستیاری و ئامادەباشی بۆ مەترسی هەیە. هەروەها، گۆڕانکاری لە سیستەمی GABA (کە ناقڵێکی دەماری کپکەرەوەیە) لە ئەمیگدالادا دۆزراوەتەوە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کپکردنەوەی چالاکی زیادە.

لە ئاستی جینێتیکیشدا، زەبری دەروونی دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەربڕینی جینەکان (gene expression) لە ئەمیگدالادا هەبێت. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە زەبری دەروونی دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری ئیپیجینێتیکی، وەک میسیلەیشنی DNA، کە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی دەربڕینی جینە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخستنی هەست و سۆز دەکات.

سەرەڕای ئەم کاریگەرییە نەرێنییانە، گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە مێشک خاوەنی خەسڵەتی نیورۆپلاستیسیتییە (neuroplasticity)، واتە توانای گۆڕان و خۆگونجاندنی هەیە. چارەسەرە دەروونییەکان، وەک چارەسەری ڕەفتاری-دەروونی (CBT) و چارەسەری EMDR، دەتوانن یارمەتی دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەم گۆڕانکارییانە بدەن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا کەم بکەنەوە.
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە بەرچاون، بەڵام مێشک توانای خۆگونجاندن و چاکبوونەوەی هەیە. چارەسەری دەروونی و دەرمانی گونجاو دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا و باشترکردنی ژیانی کەسە تووشبووەکان بدەن.

بەشێك لەسەرچاوە زانستیە بەکارهاتووەکان:
1-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/10845062/

2-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/16891563/

3-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC3318959/

4-https://psycnet.apa.org/record/2003-00679-010

5-https://www.nature.com/articles/npp200983

6-https://www.researchgate.net/publication/311790958_Fear_conditioning_synaptic_plasticity_and_the_amygdala_implications_for_posttraumatic_stress_disorder

7-https://jennynurick.com/how-trauma-affects-the-brain/

8-https://scholar.google.com/citations?user=k7C9PhkAAAAJ&hl=en




یەك دابەش وجاران و کەم ناکرێ.. رۆستەم عەزیز عومەر

(سەباح ڕە نجدەر) بە هەمان ئازار شیعر دەنووسێت کەپێی لە دایك بووە شیعریش هاندەدات لە پێناوی سەربەخۆیی خۆیدا خەبات دەکات.
ئەمڕۆ، لەگەڵماندایە و شاعیرێکی زیندوو و داهێنەرە، سبەینێش نەمرە و لەگەڵماندا دەمێنێتەوە. ئەوەی لە ئێمەی نزیك دەکاتەوە خەیاڵی تایبەتی دەقەکانییەتی، داهێنانیش دواخستن قبووڵ ناکات، هەمیشە دۆخی گونجاندوە بۆ خۆی و دەقەکانی بۆیە شعرەکانی بە نەمری دەمێنێتەوەو دەبێتە شکۆداری بێگەرد، سەردەمەکان لە خۆیدا بەرهەم دەهێنێتەوە. شیعریش دەکا بەچاوگی نایاب و جۆشێکی بەکوڵ ( ڕەنجدەر) شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان ناسنامە ی شاعیر بوونی بەدەست هێناوە، بڕوام وایە هەموو گەل و نەتەوەیەك لە ماوەی نیو سەدەدا توانای دروستکردنی تەنیا چەند ڕەمز و داهێنەرێکی هەیە، واتە هیچ نەتەوەیەك ناتوانێت ژمارەیەکی زۆری داهێنەر لە ناو دنیای سیاسەت و ئەدەب و کایەکانی تری ڕۆشنبیری دروست بکات، لە نێو پانتایی ئەدب و شیعردا (ڕەنجدەر) ناوێکە بە زیندویی دەمێنێتەوە.
دەمەوێت نووسینێکی مامۆستایی ڕەوانشاد (محمود زامدار) تان بێنمەوە یاد. یادی بەخێر، لە ناوەڕاستی هەشتایەکان لە ڕۆژنامەی هاوکاری دەیگوت: ( سەباح ڕەنجدەر) لاوێکە و هەڵکەوتووە، هونەر و داهێنانی تێدایە. هەوڵ و شێوازێکی ڕەسەن و خۆماڵییە بەرەو نوێ خوازی دەڕوات، لە دەیەیی هەشتاکان گرووپی پێشڕەو دێتە سەرهەڵدان، لە دیارترینی شاعیرەکان (سەباح ڕەنجدەر) ە ڕەنجدەر،جوایەز لە دەیەی پپێش خۆی، قاچی شیعری کوردی لە نەتەوەییبوونەوە بەرەو نێونەتەوەیی وەردەسووڕێنێت. کەشوهەوای ئەدەبیاتی ئەو هاچوون نابێت و نییە لەگەڵ هاوسەردەمەکەی. دەسکاریی ڕووخسار و ناوەڕۆکی شیعر دەکات، چەشەیەکی دیکە لە شیعر بەرهەم دەهێنێت.
بەڕێز محمود زامدار بەناونیشانی(مژدەیەکی تر بەرەو نوێ خوازی) بە دوو ئەڵقە لە ڕۆژنامەی(هاوکاری) دا بڵاوی کردەوە. بەوردی (زێوان) ی ناساند. باری خامۆشی و تێڕامانی و شۆڕبوونەوە بۆ ناخ و ڕوونبوونەوەی دیدگا. گرانایی پێکهاتەی هونەریشیان بردەوە سەردەنگ و دیمەن و وێنە. لایەنی کەم کەشێکی جیاکاری هێنایە گۆڕێ. جوانی شتێکی گشتی نییە. (زێوان) ئەزموونێکی وێنەخوازی و زمانگەراییە، شیعرێك کە جوان بوو، بەپێی پێوەری داهێنان لە هەموو سەردەمەکاندا بیرکردنەوەی جوانیی تێدا دەدۆزییەوە. لە کۆتایی بە ڕستەێك کۆتایی بە نووسیەکانی ڕەوانشاد محمود زامدار دێنم کە دەیگوت: خەیاڵی شیعری خۆم بەکار دەبەم و لە ناوچەوانی شیعری کوردی دەنووسم: نوێبەخشی.
بەڕێز (عارف عیتۆ)
لە مەراسیمی ڕێزلێنانی نوسەرانی کورد لقی هەولێر لە 2024/8/10 دا گوتی بەڕێز )سەباح ڕەنجدەر) هێمای شیعری نوێ خوازی شیعری نوێییە، وە ئەوەشی درکاند گوتی: لە هەولێر سێ بۆ چوار شاعیری زۆر باشی وەك ڕەنجدەرمان هەیە هیچیان کەمتر نییە لە شاعیرە جیهانییەکان.
بەڕێز مامۆستا (مومتاز حەیدەری)
ئەویش نەیشاردەوەو گوتی: سەباح ڕەنجدەر واتە (شیعری نوێ شیعری نوێش واتە سەباح رەنجدەر).
هەر لە هەمان ڕێزلێنان سابیر ڕەشید ئاماژەی بە 15 ماجستێر و دکتۆرا کرد کە لە سەر شیعرەکانی سەباح رەنجدەر هاتووە ئەوەش دڵ خۆشیێکی گەورەیە بۆ شیعری کوردی،
سەباح ڕەنجدەر لە نووسینیکی دی بە ناوی (شیعر زاراوەیەکی مللییە) دا دەڵێت:هەموو شیعرێك گوڵ نییە خۆی بۆ بینینی هەڵبخات و چاوانی بەرامبەر خۆی تیژ بکات. چڕە وەك گوڵاو، ناوكی گوڵ، بۆن بڵاو دەکاتەوە، لەڕێگایی هەستکردنی زمان و لێکدانی هەستەکان دەگەیتە بۆنکردن و هەست دادەمەزرێت، ڕەنجدەر شیعری لەسەر شاخی کەڵەکێوی و ناوچەوانی ئاسك و باڵی پەپوڵە و دووگوردی نوێژ نەبینیووە،
لەدەمی شمشێری جەلادو دیکتاتۆریش بینیوە، زمانی پاکێتی و نا بارگاویبوونی سادەیی و سادەگۆیی و هەرزە بیریدا ناژی، بەڵکوو ڕایەڵە بە قووڵ ڕوانین و دوور مەودا نووسین و گرینگیدان بە ئەدەبێتی شیعر دەبەخسیت. یەکێك لە گرفتەکان لە شیعری (ڕەنجدەر) دا ئەوەیە بێ پێڕەوی خاڵبەندییە و هەندێكجار پۆڵێن و بونیادی ڕێکخستنی دێر و کۆپڵە لە بۆتەی خۆیدا نییە، کە ئەمە دەبێتە تێکدانی ڕەوڕەوەی خوێندنەوەی خوێنەر و بەجۆرێك لە جۆرەکان، ئەرکی بەستنەوە و جۆشکاری و گرێدانەوەی نێوان دێرەکان دژوارییەك درووست دەکا،
سەباح ڕەنجدەر دەڵێت:
من پەروەردەی کلتووری شیعرییم و لە کرۆکی زمانی کوردییەوە هاتوومە دەرێ، کلتوور لەناو کۆمەڵێك هەڵومەرجی کاریگەردا دەڕسکێت. هیچ شتێکم لە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆمدا نەدۆزیوەتەوە، کە لێکدانەوەی جیاکاری بۆ ژیان نەبووبێ. ئەگەرچی دەشزانم ناوکی بێگەردیی شیعر لە پلەی مەحاڵدا بەدەست دێت و لە گرد و کۆی جۆش و خرۆشی ویژدانی و گۆشە جیاکارەکاندا گەڵاڵە دەبێت، بەڵام من وەك کەسێکی پڕ جۆش و خرۆش و یژدانی و ماندوو بە شیعرەوە، گەیشتن بە درەوشانەوەیەك ناوکی بیگەردی شیعر و ژیانمە. ڕەنجدەر بەڕێگایی شاعیرانی پێشوودا نەچووە، ئێستا خاوەن دەنگ و ڕەنگی خۆیەتی.
بۆیە بەپێویستم زانی وەك ئەمەك و ڕێز ئەم چەند نووسین و نووسینانەی نووسەران بخەمە ڕوو . بۆ پێش بینینی چاوی خوێنەران.
(سەباح ڕەنجدەر) لە کتێبی (بەهاو پێشبینییەکان) دا لە شیعری (یەکەکان لە ئاسۆی چاوەڕوانی) دا
یەك دابەش و جاران وکەم ناکرێ ،
خودا
خۆر
من
لەمەوبەدوا بازنەی یەکەکان داخران بەرگەی سەیرکردنمان بگرن بۆنی هەر کەسێك دەدەین ئاو و گیای کەروێشکەکانی بیر نەچێ و چڵی ناو دەمی ڕەش نەبووبێت.
شاعیر پێمان دەڵیێ:
( یەك دابەش و جاران و کەم ناکرێ( واتە(خودا)تاك وتەنیایە نەدابەش دەبێت و نەکەسیشی لێدەبێت و نەبەکەسیش دەچێت (خۆر) ئەوڕوناکییەیە بەتاریکی دەڵێت بارکەو بڕۆ. من ڕووناکیم ،هیچ کەسێك توانایی سەیرکردنی ڕووناکی چاوەکانی منی نیە (من) شاعیر بە ئالنگاری پێمان دەڵێت من(منم) لەسەرەتای نوسینەکانم تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە ناولەپم بخوێنێتەوە ،بۆیە حەز دەکەم هیچ کەسێك لە هیچ شوێنێك چاوەڕوانم نەکات شاعیر لە هەمان شیعریدا ، وێنەێکی دیکەمان بۆ دەخاتە ڕوو، چاو ناپاکیی لەگەڵ زەمین ناکات پێش من خودا و خۆری لێ بوو بەخێر هاتنی منیان کرد . هەرسێکمان گەیشتین بەهەموو شت و کەسێك کەچی هەرتەنیاین و دەمانەوێ زمانی ئەو منداڵانە فێربین.
بۆیە وێنە و تۆڕی چاو لەتوانیاندا هەیە بەشێوەێکی بەرفراوان کاریگەری خۆیان بنوێنن بۆ بەکارخستنی زمان و دیار خستنی واتاو سەقامگیری کردنی وێنە شاعیر دەڵێت هەموو شتێکیش جوان مایەوە دەستی هەموو جوان ماوەیەکمان کوشی لە چاوەڕوانی ڕوانەوەی لاسکە گوڵ لەناو لاپەڕەکانی کتێب ماینەوە سێبەر کەوتە سەر بۆشاییەکان بۆشاییەکان پڕن لەمرۆڤ مرۆڤ دابارین و سەر زەویان داپۆشی و بەیاننامەی درۆزنانەیان ڕاگەیان.
شاعیر جارێکی کە بەخەیاڵێکی جوان و وێنەکان دادەڕێژێت و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ نیشتەجێیانی ماڵی شیعر، بۆیە لەکۆتایی شیعرەکە دەڵێت،
حەزدەکەم هیچ کەسێك لەهیچ شوێنێك چاوەڕوانم نەکات. من تەنها بەخۆم دەچم لە شیعر، لە هیچ وێسگەێکی شیعر ،چاوەڕوانی شیعر ناکەم، بەڵکو پابەندێتی دەشکێنێت و ئاسۆی وێژەی پابەندگەرا ڕوو لە کزی دەکات.
شیعر بۆ هاوکێشەی خودی و بوون خوازی دەگەڕێتەوە، لەبری بەرگری، بەرەو و جوانکاری و زمان و هونەر کاریی هەنگاو دەنێت. شاعیر لەگەڵ ئەوەشدایە گرنگی پەیڕەوی ڕەهەندەکانی جوانیناسی تێدا بکرێت.
نەك بە تەنیا خاوەن زمان ، بەڵكو تێگەیشتنێكی ئەبەستراكتانەیە ، پێرفۆرمانس ، نیەو درامی ئیپیكیە ، شیعری شاعیر لە نزمیەوە بۆ بەرزی دەفڕێت ، نەك لە بڵندیەوە بۆ زەوی ، هەرچەندە گرنگە شیعر لە قوڕ و لیتەی زەوی دانەبڕێت و پەیام ئاڵۆز نەبێت ، بونیادی شیعری ڕە نجدەر لە ژێر هەژموون و فیكر و ڕێتم و جوانكاری و عیرفانیەكی دەرە ئاینیدایە ، موكوڕە لەسەر گەڕانەوەی شكۆ بۆ شیعر و كاریگەرە بە خەونی خوڵقاندن لە شیعر دا .
سەرچاوە
ئەزموون و شیعری بێگەرد ( صباح ڕەنجدەر )
ناونیشان و دەق ( دیار لەتیف ) ل16




مام-وەستا و پەروەردە و ستراتیژیەتی نیشتمانی.. سامانی وەستا بەکر

مەبەستمە سەرنجی ئەو مامۆستایانە ڕاکێشم کە بەشێک یان زیاتری ئەم وتارە ئەیانگرێتەوە بە پێچەوانەشەوە مامۆستایانی “پەروەردە-دروستکار” جێگای شکۆو شانازین.
لەهاوینی ئەمساڵا لە گەشتەکەما بۆ کوردستان چەند شتێک سەرنجیان زۆر ڕاکێشام کە بەشێکیان ئومێدبەخش و بەشێکیشیان پێچەوانەکەی بوو، بەڵام ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و نیگەرانی کردم پەروەردە بووکە مامۆستا پشكی شێری بەرەکەوێ لەوبوارەیا.
ساڵێ ١٩٨٠ کە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم و ساڵێ ١٩٩٦ کە دواساڵی خوێندم بوو لە زانکۆ هەمیشە مامۆستا دووکاری هەبوو:
یەکەم، پەروەردە.
دووەم، فێرکردن.
من کاری فێرکردن بەجێئەهێڵم بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرۆسەی فێرکردن و فێربوون چونکە ناکرێ هەرکەس لەئاستی خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆبکا بەڵکو ئەوە کارێکی زانستییە و ئەبێ بە داتا و بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵای بکرێ، بەڵام ئەوەی کە ئەمەوێ قسەی لەسەر بکەم “پەروەردە”یە.

ئەو سەردەمە ئازادی بوونی نەبوو، ناوهێنانی نیشتمان و خەباتکردن بۆ سەربەخۆی یان خۆبەڕێوەبەری بە خیانەتی نیشتمانی ئەژمارەکرا، مامۆستاکان ئەبوو لەوانەی پەروەردی نیشتمانیا بەشان و باڵی “سەدام حسێن”ا هەڵەن، لە وانەی مێژوو ئەبوو باسی قارەمانی سەرکردەی عەرەبیان بۆ بکردینایە، شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی جەزیر، لیبیا، میسر…هتد بکردایە، ئەبوو ژیانامە و کار و چالاکی تاک بەتاکی سەرکردە مێژوویەکانی عەرەبمان بۆ ڕوونکەنەوەو وەک قارەمانێک پێمان بناسێنن.
لەوانەی جوگرافیایا فێری نەخشەی نیشتمانی عەرەبیان ئەکردین…هتد بەکوردی و بەکوردی ئەبوو فێری هەموو شتێکمان بکەن جگە لە کوردایەتی چونکە ئەگەر زانیاری بگەشتایەتە دەست بەعسی و ئەمەنەکان ئەوا تووشی لێپرسینەوە و زیندانی کردن ئەبوون بــــــــــــــــەڵام لەگەڵ ئەوەشا هەرگیز فێری ئەوەیان نەئەکردین کە نیشتمان و خاکی کوردستانمان خۆشنەوێ، بەڵکو ئەگەر کەمترین بوار هەبووایە ئەوا بەڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ باسی خۆشەویستی کوردستان و خاک و ئاویان بۆ ئەکردین، لێرەیا نمونەی مامۆستایەکی جوامێر ئەگێڕمەوە.

ئەوکاتە لەسەردەمی ڕژێمەکەی سەداما بۆئەوەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و لە پەیمانگای مامۆستایان کە ئەوکاتە پێی ئەوترا “دار المعلمین” وەرگیرێی ئەبوو ئیمزای بەعسی بوون بکرێ و لەشەش مانگ کەمتریش قبوڵ نەئەکرا، هەربۆیە لەسەرەتای دەستپێکی خوێندی پۆلی سێیەمی ناوەندیا، پیاوانی حیزبی بەعس ئەگەڕان بەسەر ناوەندەکانی خوێننا بۆئەوەی زۆرترین گەنج ئیمزابکا و ببێ بە بەعسی.

بیرمە لە پۆلی سێی ناوەندی بووین لە ناوەندی ئازادی کوڕان لە برایم پاشا لە سلێمانی، کە ئەوکاتە مامۆستای زۆر قەدرگران و خۆشەویست مامۆستا “کاوس یوسف” بەڕێوبەر بوو، لەپرێکا درگای پۆل کرایەوە و سێ کەس هاتنە ژوورێ کە یەکێکیان مامۆستای جوگرافیا بوو، کە بەکوردیەکی تێکشکاو قسەی ئەکرد هەندێک ئەیانووت عەرەبە و فێری کوردی بووە هەندێکیش ئەیانوو کوردی ناوچە دوورەکانی گەرمیانە و بە بەعسی ناسراو بوو لەناو فێرخوازەکانا، پێمخۆش نییە ناوی بهێنم، لەگەڵ دوو کەسی بەعسییا، وانەی کوردیمان هەبوو کە مامۆستای زۆر سەنگین و شکۆمەند مامۆستا خالید وانەکەی پێئەوتین کە جێگری بەڕیوبەریش بوو.

بەهەرحاڵ بەعسییەکان دەستان کرد بە پیاهەڵانی سەدام و حیزبه بەعسا و پێیان وتین ئەگەر ئیمزانەکەن هیچ شانسێکتان نییە لەو دوو شوێنەی کە لەسەرەوە ناوم هێناون وەرگیرێن، پێش ئەوەی بچنە دەرەوە وتیان ئەوەی ئەیەوێ ئیمزای بەعسی بوون بکا بابێت بۆ ئەو ژوورەی کە دیاریان کرد بۆمان.
هەرکەڕۆشتن ماۆستا خالید بەدەنگی بەرز و زۆر بوێرانە پێی وتین “ئەوەی لەم درگایە بچێتە دەرەوە و بچێتە ئەو ژوورەی تر بۆ ئیمزاکردن بۆ بوون بە بەعسی شەرەفی نییە و درێژەی بە قسەکانییا دەستی کردن بە باسکردنی کوردایەتی و پیرۆزی خاک و نیشتمان” تا ئەم ساتەش کە بیرلەوکاتەو بوێری مامۆستا خالید ئەکەمەوە زیاتر لام گەورەترەبێ، چونکە ئەولەوکاتەیا لێنەگەڕا کە فێرخوازەکانی هەڵخەڵەتێنرێن، فێری خیانەکردن ببن لە دایکی نیشتمان، فێری ئەوەی کردین کە ئەبێ ئیردەمان بەهێزبێ و نابێ لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتا خۆمان ڕادەستکەین، فێری کردین ئەگەرکەڵەشریش نەبێ خۆر هەر هەڵیەت…هتد دروود بۆ ئەو مامۆستا خالید و هەموو ئەو مامۆستایانەی وەک ئەون.

لەو نمونەیەی سەرەوەیا مەبەستم بوو ڕۆلی مامۆستا و گەورەی ئەرکی ئەو کارەی کە لەسەر شانێتی بە مامۆستایان بەپلەی یەک و کۆمەڵگەش بناسێنم. تەنها ئەرکی مامۆستا فێرکردن نییە بەڵکو پەروەردە و فێرکردنە، ئەگەر سەرنج بەین پەروەردە لەپێس فێکردنەوە یەت، بەو واتایەی کە کارە گرنگەکە پەروەردەیە، چونکە چەن خەڵکانی بلیمەت هەبوونیان هەبێ ئەگەر پێشتر پەروەردەیەکی دروستیان پێنەگەشتبێ زانستەکەیان سود بەخش نابێ بەلکو هەندێجار بەزیانیش ئەشکێتەوە.

وەک خۆم سەردانی هەر شوێنێ بکەم پێمخۆشە گفتوگۆ لەگەڵ مناڵەکانا بکەم، چونکوم ئەوان ڕاستگۆترینن و ئاوێنەکیشن بۆ تێگەشتن، بەتایبەتی لەبواری پەروەردەیا، بۆیە کە لە کوردستان بووم زۆر بە گرنگییەوە لەگەڵ مناڵانا گفتوگۆم ئەکرد سەبارەت بە ڕەوشی پەروەردە و فێربوون.
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لایەنی پەروەردە بوو کە گرنگترینە لەو بوارەیا. هەڵەبەتە با ڕوونتربین پەروەردەش دوو بەشە بەشێکیان ئەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان بەشێکیشی ئەکەوێتە سەرشانی مامۆستایان.
ئەوەی منی نیگەران ئەکرد ئەو بەشەیە لە پەروەردە کە ئەکەویتە سەرشانی مامۆستایان، کە خۆی لە خۆی لە خۆشەویستی بۆ خاک، نیشتمان، نەتەوە، ئاڵا و کلتورا ئەبینێتەوە.
کاتێک کە گفتوگۆ لەگەڵ مناڵێکی کوردا ئەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆتدەرەکەوێ کە کەمترین زانیاری لەسەر نئشتمانەکەی و مێژووەکەی هەیە، هەرئەوەشنا بەڵکو ئەوەی گرنگ نەبێ بەلایەوە ئەوەیە و هەندێجاریش بەگاڵتەجاڕییەوە باسی ئەکەن! کە ئەمە شکستێکی زۆر گەورەیە بۆ مامۆستایان بە گشتی و وەزارەتی پەروەردە بە تایبەتی.
ئاخر چۆن وانەبێ لە کاتێکا وەزیری پەروەردە هیچ کاتێک پلانێکی مامناوەند و درێژخایەنی نەبووە بۆ پەروەردەی مناڵان بەڵکو ئەوەی هەیانە پلانە بۆ فێرکردن.

مامۆستا و پەروەردە:
مامۆستا کە لەبنەڕەتا “مام-وەستا”یە کە بەتێپەڕبوونی کات پیتی “ۆ” شوێنی هەردوو پپتی “و-ە” گرتۆتەوە کە ئەمەش لەزمانی کوردیا زۆر باوە بۆ نمونە ساردبووەتەوە بووە بە ساردبۆتەوە هەروەک چۆن گەرمبووەتەوە بووە بە گەرمبۆتەوە.
لەسەرەتایا مام-وەستا پەیڤێ یان پێشگرێک بووە کە بۆ ڕێزلێنان و کارامەیی بەکەسێک وتراوە، کە لە کوردەواری و زۆربەی وڵاتان مام یان “عموا” لە عەرەبییا بە کەسێکی بەتەمەن یان گەورەتر لە خۆت ئەوترێ، وە وەستاش بە کەسی کارامە و شارەزا لەبواری کاری پێشەییا ئەوترێ بەڵام لە ئێستایا گۆڕاوە بۆ مامۆستا.
مامۆستا بە کەسی فێرکار ئەوترێ واتا کەسێک کە پیشەکەی وانە وتنەوە و پەروەردەکردنی دروست و تەندروستبێ.
بەڵام لە زمانی کوردییا ئەم پێشگرە واتا مامۆستا تا ئاستێک هەم لە واتای ناوە ڕەسەنەکەی خۆی کە “مام-وەستا”یە لاییاوە هەم ناوی مامۆستاش بەسەردوو چینا دابەش بووە.
چینی یەکەم مامۆستای فێرگەکانە بەگشتی.
چینی دووەم مەلا یان مامۆستای مزگەوتەکانە.
ئەمە وێڕای ئەوەی کە پێشناوی مامۆستا بۆ زۆر چینی دیکەش بەکارئەهێنرێ بۆ نمونە لە ئێستا بە زۆربەی خۆش-دەنگەکان “گۆرانیبێژ” ئەوترێ مامۆستا.
لەناو کوردا بە گشتی بە کەسی فێرکار بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێند ئەوترێ مامۆستا واتا لە قۆناغی سەرەتایی تا زانکۆ بۆ نمونە، مامۆستای سەرەتای بەعەرەبی “معلم-معلمة”، مامۆستای ناوەندی و دواناوەندی “مدرس-مدرسة”، مامۆستای زانکۆ “أستاذ-أستاذة”.
لە ڕاستیا ئەبێ بەکەسێ بوترێ مامۆستا کە قۆناغی پەروەردەی فێرکاری خويندبێ و بڕوانامەی هەبێ، مەخابن ئەمڕۆ بەهەمووی ئەوترێ مامۆستا”.
ئەحمەد شەوقی “أمير الشعراء”ی عەرەب و بەڕەچەڵەک کورد ساڵی ١٩٣٢ لە مەراسیمێکا کە لەلایەن یانەی قوتابخانەی مامۆستایانی باڵا بەڕێوەچوو،، بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی مامۆستا لەنێو خەڵکییا وتی:( قم للمعلم وفه التبجيلا، كاد المعلم أن يكون رسولا ) واتا هەستە سەرپێ و ڕێزی لێبگرە، مامۆستا نزیک بوو لەوەی پەیامبەربێ.
مەخابن تابێت مامۆستا واتا قوڵ پڕ ماناکەی لەدەستەیا و بۆ ئەمەش کۆمەلگە ڕۆڵێکی خراپئەگێڕێ کە ئەمەش بە زەرەری بەرژەوەندی گشتی ئەگەڕێتەوە، چونکەم ئەگەر مامۆستا کە بە پێشەنگ، فێرکار و پەروەردەکار ئەناسرێتەوە شکۆی بەرز ڕانەگیری ئەوا ئەوە بە نێگەتیڤ بەسەر کۆمەڵگەیا ئەشکێتەوانێ.

لەمەشیانا دەسەڵاتداران و حکومەت بەرپرسن کاتێک کە مامۆستا برسی ئەکەن و مافەکانی لەبەرامبەر ئەرکەکانیا پێنابەخشن، لەبەرامبەریشا بەشێک لە مامۆستایان کەمتەرخەمەبن بەرامبەر ئەو کارە پیرۆزەی لەسەرشانیانە.

وێڕای قورسی و گرانی بەدەستهێنانی بژێوی ژیان بەڵام گرنگە مامۆستایان هەمیشە لە لوتکەیا بمێننەوە و ڕۆڵە مێژوویەکەی مامۆستایان لەبیرنەچێ کە پەروەردەی دروست و تەندروستە، بۆیە لەم نوسینەیا پێناسە، ئامانج و گرنگی وەبیر کۆی مامۆستایان بەگشتی و بەتایبەتی ئەو مامۆستایانە ئەهینمەوە کە گرنگی بەو پێگە مەزن و شکۆدارەنایەن کە لە کۆمەڵگەیا هەیانە.

پێناسەی په روە ردە: په روه ردە ڕۆڵێکی گرنگی هەیه لەژیانی کۆمەڵگەکان و گەلانا، پایەیەکی سەرەکی گەشه و پێکهاتە و سەرفرازییە کە ئامرازێکی سەرەکی مانەوەو بەردەوامبوونی کۆمەڵگەیە، هەروەکچۆن پێویستیەکی کۆمەڵایەتییە کە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و گرنگیانە بە مرۆڤ، هەروەها پێویستییەکی تاکەکەسیشە بۆ مرۆڤ، بەو پێیەی کەسایەتییەکەی پێکئەهێنێت و توانا و کلتورەکەی پاڵاوتە ئەکات بۆ ئەوەی لە کارلێککردن و هاوئاهەنگیا بێت لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دەووروبەری و بەشدارییەکی کاریگەرانەی تیابکات.
ئەفلاتۆن توویەتی، پەروەردە ئەوەیە کە هەموو جوانی و کامڵبوونێک بە جەستە و ڕەوان ببەخشێت کە گونجاوبێت.

پەروەردە چییە؟
١. پەروەردە ئەوەیە کە کارەکتەری منداڵ لەسەر ئەو شتانە بنیات بنێت کە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی شکۆدارا ئەگونجێت.
٢. پەروەردە بریتییە لە دروستکردنی تاکێک کە کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت، ڕەوشتی باشبێ، بیرکردنەوەی ڕاستبێ، نیشتمانەکەی خۆشبووێ، شانازی بە نەتەوەکەیەوەبکا، ئاگاداری ئەرکەکانی سەرشانیبێ.
٣. پڕ چەککردنی بەو زانیاریانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیا پێویستی پێیئەبێت.
٤. ئامادەکردنی تاکێکە کە بتوانێ ژیانی پڕ و تەواو بژی.
٥. پەروەردە ژیانە، پرۆسەی گونجاندن یان کارلێکی نێوان تاک و ژینگەی دەوروبەری.
٦. پەروەردە پرۆسەیەکە کە کردار و کاریگەرییەکان لەخۆئەگرێت، کە گەشەی تاک لە هەموو لایەنەکانی کەسایەتیا ئەکاتە ئامانج، کە بەرەو کامڵبوونی ئەرکەکانی ئەبات بە گونجاندن لەگەڵ ئەوەی دەوروبەری، بەوجۆرەی کە ئەرکەکانی پێویستیان پێیەتی لەڕووی توانا و ڕەفاترەوە.
٧. پەروەردە بریتییە لە کردارێکی بە مەبەست و هەماهەنگ کە ئامانج لێی گواستنەوەی زانستە.
٨. دروستکردنی تواناکان و داڕشتنی مرۆڤە.
٩. پەروەردە هەوڵانە بەرەو کامڵبوون لە هەموو ڕوویەکەوە و بە درێژایی ژیان.

گرنگی پەروەردە:
گرنگییەکی زۆر لەنێوان کۆمەڵگە جیاوازەکانا هەیە لەوانە:
١. فاکتەرێکی گرنگ لە هاوسەنگی ژینگەیا، لەڕێگەی ڕۆڵی پەروەردەی ژینگەییەوە تاک پەروەردە ئەکات لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ژینگە و سروشتی دەوروبەریا، بەو پێیەی ژینگە تووشی پیسبوونی ژینگەی گەورە و مەترسیار بووە لە کە لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام ئەیرێت، لەبەر ئەو هۆکارە پەروەردە دەستی پێکردووە تا شوێنی پێویست بات بە ژینگە لە دڵی تاکەکانا بۆ پاراستنی، وە پێکهێنانی کەسێکی ژینگەپارێزی باش.
٢. پەروەردە بۆتە ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ خەڵکی جیهان، بودجە و پلان و سەرچاوە مرۆییەکانی لەلایەن سیاسەتی وڵاتانەوە دائەڕێژرێت، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە تاکەکان هیوادارن لە ڕێگەی پەروەردەوە بەدەستی بهێنن.
٣. فاکتەرێکی گرنگە لە گەشەسەندنی ئابوریا، لەڕێگەی پێکهێنانی تاکی شایستە و وەبەرهێن، ئامادەکاری و شیاوکردنی سەرچاوە مرۆییەکان بۆ کارکردن لە ئابوریا.
٤. فاکتەرێکی گرنگە لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیا، بەو پێیەی تاک پەروەردە ئەکات بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ماف و ئەرکەکانی بناسێت.
٥. فاکتەرێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن کە هاوتەریب بێت لەگەڵ شارستانییەت، هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیا، هەتاوەکولە ژیانێکی شکۆمەندانە بە خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو تاکەکانا بژین.
٦. فاکتەرێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی دیموکراسی دروست، بەو پێیەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی پیشانی تاکەکان ئەیات، بیرۆکەکان لە نەزانی ڕزگار ئەکات، بۆ ئەوەی تاکەکان باوەڕیان بە بۆچوون و جیاوازی ئەوانی دیکە هەبێت، هەروەها ڕۆڵی بەشداری کاریگەرانەیان لە گەشەپێیانی کۆمەڵگایاهەبێت.
٧. فاکتەرێکی گرنگە لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم لە ڕێگەی یەکخستنی هێز و ڕەوتەکان لە کۆمەڵگایا، بۆ دروستکردنی یەکێتییەکی فیکری کە ئەبێتە هۆی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و یەکگرتوویی تاکەکانی.

ئامانجی پەروەردەیی:
هەرچەنە ئامانجەکانی پەروەردە لە سەرانسەری سەردەم و کۆمەڵگا جیاوازەکانا جیاوازن، بەڵام بە گشتی هەوڵەیات تاک لەگەڵ کۆمەڵگاکەیا تێکەڵ بکات و هەر بۆیەش خەمی تاک و کۆمەڵگا بە یەکسانی هەیە لەنێو ئەم ئامانجانەیا.
١. ئامادەکردنی هاوڵاتییەکی باش، کە بە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی پەروەردە دائەنرێت لە سەردەمی کۆن و سەردەمی ئێستایا، بەو پێیەی پەروەردە پەیوەندی بە گەیشتن بە هاوسەنگی لە بیرکردنەوە و هەست و سۆز و جەستە و ئەخلاقی مرۆڤا هەیە، بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکی باشی لێدروستبێ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ خۆی و لەگەڵ کۆمەڵگایا.
٢. شیاو کردنی تاک لە ڕووی ئایینی و دونیاییەوە، وەک چۆن پەروەردە ئاڕاستە کرابوو لەگەڵ گەشەسەندنی کرۆنۆلۆژی ئاڕاستەی ئایینی و ڕۆحی تاکەکان، بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە مرۆیی و دونیاییەکان.
٣. پەروەردەکردن و ڕاهێنانی تاک لەسەر چۆنیەتی کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ژیانی، بەو پێیەی ئەو پرۆسەیە تاک بۆ ژیان شایستە ئەکات و وا ئەکات خۆی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریا بگونجێنێت.
٤. گواستنەوەی شێوازە ڕەفتارییەکان و پاراستنیان بەبێ گۆڕانکاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، وەک لە شێوازە کۆنەپەرستەکانی پەروەردەیا، وەک شارستانیەتەکانی چین و هیندستان و میسری کۆن، کە تێیدا پەروەردە ڕوانگەیەکی کۆنەپەرستانەی گرتەبەر کە خەمی داب و نەریتی بوو.
٥. ئامانجی گەشەپێدان بۆ کۆمەڵگا بە گشتی لە هەموو لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکانا.
٦. ئامانجە زانستییەکان لەسەر گواستنەوەی زانست و مەعریفە بۆ گەڕان بەدوای زانست و ئامادەکردنی فێرخواز لە ڕووی دەروونییەوە، فێرکردنی ڕێگاکانی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و زانیاریەکان، ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی تاک بە شێوەیەکی زانستی، بە واتایەکی تر، پەروەردە چیتر پشت بە تەڵقین “ئیندۆکتریناسیۆن” نابەستێت و هەڵگرتنی زانیاری لە مێشکا، بەڵکو لەسەر دروستکردنی عەقڵ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی بیربکەنەوە.
٧. پێکهێنانی تاک و کۆمەڵگەی دیموکراسی، بەجۆرێک تاک لە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانیا سەبارەت بەوانیتر بیری کراوە بێت و لێیانەوە فێربێت و فێریان بکات، مافەکانی خۆی بزانێت و پەیڕویان بکات، چونکە چاکەی تاک چاکەی کۆمەڵگەشە و لە کۆتاییا کۆمەڵگایەکی دیموکراسی دروست ئەبێت.
٨. ئامانجێکی پێشکەوتنخوازانە کە بۆخۆی ئامانجێکی گرنگە، چونکە ئەبێتە هۆی گەشەکردنی تاک،هەروەک چۆن گەشەکردن پرۆسەیەکی بەردەوامە، پەروەردەش بە هەمان شێوە بەردەوامە.
٩. ئامانجێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، چونکە پەروەردە ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی هەستی یەکێتی نیشتمانی و نەتەوەیی، هەستێک کە لە یەکگرتوویی زمان و مێژوو و جوگرافیا و هیوا و خواستەکان بۆ داهاتوو سەرچاوە ئەگرێت.

سامانی وەستا بەکر
١٧-١٠-٢٠٢٤ سوید-ستۆکهۆڵم




(30) چرا بۆ یادی پاشای حەیران رەسوڵ بێزار گەردی دادەگیرسێنین.. هەندرێن خۆشناو

ئەمڕۆ پێنج شەممە 17/10/2024 شنە بای یادی سی ساڵەی ماڵئاوایی مامۆستای هونەرمەند رەسوڵ بێزار گەردی بەسەر كوردستان و هەولێری لاوك و حەیران و هونەر و موزیك و هۆنراوە گوزەردەكات، و كەڵە هونەرمەندی رەسەن مامۆستا بێزار گەردیمان دێنێتەوە یاد، و دەنگە بە سۆز و ئاوازە دڵرفێنەكانی بە گوێمان دەچرپێنێت، و هەستی پڕ عەشق و خۆشەویستیمان دەوڕوژێنێت، و پێمان دەڵێ مامۆستا (رەسوڵ) تان بێتەوە یاد، كە سیمبول و نیشانەیەكی دیاری شاری هەولێرە، رۆحی پاكی ئەم هونەرمەندە مەزنە قبوڵناكات كوچە و كۆڵانەكانی هەولێری دێرین جێبێڵێت، و وەك كزە بایەكی فێنك رۆژانە بەسەریاندا تێپەڕدەبێت، هەر كە لاوكێك یان حەیرانێك یان گۆرانیەكی رەسەنی كوردی دێتە بەر گوێچكەی رۆڵە بەوەفاكانی ئەم شارە.
ئەوڕۆ ئێوارێ لەدوم هەناردی لۆچی نەهاتی ..
حەیران ئەوڕۆكە سێ رۆژە زانیتم بازن و خڵخاڵت لەكن وەستا شەریفی زێڕینگرە، جلكی بوكێنیت لەسەر خەیاتی..
خزم و برادەر هەموو دەزانن ئەتوو سەری چەند ساڵانە دۆست و گراوی من بووی.. حەیف و سەد مخابنی دنیایێم
دەمینی شەو ساڵەكە هاوینێ بە قسەی دوژمنان و ناكەسان لەگەڵ من خایەن دەرهاتی..

ئەو هونەرمەندە توانی بە درێژایی نیو سەدە لە داهێنان و خزمەتكردنی هونەر و ئەدەب و فۆلكلۆری كوردی بچێتە دڵی هەموو هونەردۆستێك، و بچێتە كاروانی نەمران و مامۆستایان لەم بوارەدا، و سەرمەدیانە لە دڵ و سۆزی خەڵك بمێنێتەوە. هەر لە منداڵیەوە خولیای هونەر و كولتور و فۆلكلۆری نەتەوەكەی بووە، و هەر لە زووەكەوە دەوروبەری هەستیان بە بەهرەمەندی ئەو هونەرمەندە كردووە، و لە دەنگخۆشی و شارەزایی لە مەقام و لاوك و حەیران، و هەروەها لە شیعر هۆنینەوە و ئاوازدانان.
بە تۆ یار پەیدا نابێ
پەیداش بێ فایدەی نابێ
سەد ساڵ خونچە بشكوی
بێ بولبول بەهار قەت نابێ
بریندارم بریندارم

رەسوڵ بێزار گەردی لە چلەكانی سەدەی رابردوو روویكردۆتە رادیۆ و ئێزگەی كوردی، بە هەگبەیەكی پڕ لە داهێنان و هونەری رەسەن و شیعر و ئاواز و لاوك و حەیران، یەكەم كەس بووە كە حەیرانی كوردی لە رادیۆ گووتوە و بە راستەخۆیی پەخشكراوە، و هەروەها یەكەم كەس بووە كە حەیرانی نووسیوەتەوە، و بەتایبەتی ئەو حەیرانانەی كە گووتویەتیەوە و بۆخۆی دایناوە و دایڕشتووە و لە دوو توێی چەند كتێبێكدا تۆماریكردوون، یەكەم كەس بووە كە حەیرانی لەگەڵ موزیكدا چڕیوە، بۆخۆشی شیعری بۆ زۆربەی گۆرانیەكانی داناوە و ئاوازی بۆ هەموو بەرهەمەكانی خۆی داناوە، بووە یەكەم كەس كە ئاواز بۆ سەرجەم بەرهەمەكانی خۆی دابنێت، بۆیە بە ئاسانی جێگەی خۆی كردۆتەوە لە نێو مامۆستا و پێشەنگانی هونەری كوردی. مامۆستا رەسوڵ سیمبولی هونەری رەسەنی كوردی بوو، چونكە لاوك و حەیران هونەرێكی تایبەت بە گەلی كوردن، و گەلەكانی تر خاوەنی ئەم هونەرە رەسەنە نین، و ئەم هونەرە بە یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی ناسنامەی گەلی كورد دادەنرێت.
مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردی پێشمەرگەیەكی ئازا و نیشتمان پەروەر بووە، نەك هەر بە هونەر و نووسین بەڵكو بە گیانیش خزمەتی كوردستانی كردووە، بەشدارییەكی بەرچاوی هەبووە لە شۆرشی ئەیلولدا، و یەكێك بووە لەو كەڵە پیاوانەی هەر لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بەشداری تێداكردووە بە گوتنی چەندین سروودی لە یادنەكراو و هەروەها دانانی چەندین سروودی نیشتمانی، بۆتە یەكەم كەس كە سروودی نیشتمانی و بەرگری بە شێوازی حەیران و مەقام بچڕێت.
كاروانی ئێمە كەوتۆتە رێگا
بە ئامانجی كورد هەر ئەبێ بگا
ئەگەرچی شەوی خەباتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وەك گوڵ هەڵوەران
بەڵام هەر ئەبێ شەفەق دەركەوێ
كورد لەو هەورازە سەختە سەركەوێ

ماڵئاوایی كردنی ئەم هونەرمەندە مەزنە، كەلێنێكی گەورەی كردەوە لە هونەری كوردی، بە تایبەتی لە بواری لاوك و حەیراندا، كە زۆر ئاشكرا هەست بەو كەلێنە دەكرێت، و كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی، چونكە رەسوڵ بێزار گەردی بەمانای وشە میری حەیران و حەیرانبێژان بوو، و رێباز و رێچكەیەكی تایبەتی خۆی هەبوو، و جێپەنجەی لە هونەری كوردیدا دیار و بەرچاوە. ئەو بلیمەتە بە دەنگە خۆش و بەسۆزەكەی سەدان گۆرانی و لاوك و حەیران و مەقام و سروودی چریوە و مەحاڵە لە یادبكرێن، كە وەك گەنجینەیەك بۆی بەجێهێشتین.
مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردی دوایی چەندین ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی دڵ، بێنازانە دڵە ماندووبوەكەی لە 17/10/1994 توانای ترپەكردنی نەما و كز و بێدەنگ بوو، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و سی ساڵ لەمەوبەر رۆڵە بەوەفاكانی هەولێری دێرین لە ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندان و خزم و برادەران، تەرمی پاكی ئەو زاتە مەزنەیان بە خاكی كوردستان سپارد، دوای ئەوەی بە گشت كۆڵان و شەقامەكانی هەولێردا دوایین گەشت و گەڕانی كرد، و ماڵئاوایی و خواحافیزی لە هەموو خەڵكی هەولێر و كوردستان كرد. یاخوا لە باوەشی خاكدا هەر شاد و سەربەرز بیت.




هــــایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

کیژۆڵەیەکی ژاپۆنی،
پانتایی خەیاڵی گرتووم
هایکۆ!

لەبەردەم باخچەی ئازادی،
هوتاف بۆ قومێک ئازادی دەکێشن
خۆپیشاندەران.

شەتڵی ئومێدێک دەڕوێنم
هەتا سەر سنووری مردن
چاوەڕێ دەکەم

بێ شووشتن و کفن و دفن
بە خاکم سپارد
کۆترە مردارەکە!

قەمبووری نۆتردام،
بە هەورازی شەخەکەوە چەماوەتەوە
کۆڵبەر.

بە دڵی پڕ ئینتیماوە،
نیشتیمان بە یەک دینار دەفرۆشێت
ڕۆژنامەفرۆش!

بەم تەمەنەوە
لە بۆقە مغاویرییەکان دەترسێم
ماران گەستەم

سندوقی پۆستەکەم دەکەمەوە
تەنها کلیک لەسەر ئەو نامانە دەکەم
لە تۆوە هاتوون

لە چەمەکە زەماوەندە
هەموو ئێوارەیەکی هاوین
بۆقێک هاوسەرگیری دەکا

کە کیژۆڵەکە دەخەوێ
دەچێتە باوەشی دایکی
باوکی!

تەنوورەیەکی کورت
پیاوانیش لەبەری دەکەن
هایکۆ!

بۆ سەگەکانی کۆڵان
خواردنگەی پێنج ئەستێرەیە
حاویەی ماڵە زەنگینەکان!

ئەلبوومی یادەوەری
وێنە ڕەش و سپییەکانم جوانترن
لە ڕەنگاوڕەنگەکان

نیشتیمان
لای ئێوە سێ بڕگەیە
لای من چوار
چاوەکانی!




پایز.. شەهلا نوری

بەخۆم دەوت
شاعیرەکان بۆ وەرزی پایز زیزن
ئەم پایزە
لە ناو گەڵاسیسە وەریوەکانی سەر زەوی
خۆم دیتەوە
ئێوارەیەکی ساردوسڕی
بە خۆم دەوت بۆ بۆنی پایزیان لا ئاڵە
کە بۆنی پایزم کرد هاتە گژمە
هەمیشە دەمپرسی
بۆ دەڵێن مەوسمی گژە پایز
دیتم پشکۆ
ڕەنگم زەرد زەرد
وەکوو خلیسکی سەر زەوی وەرز
وتم بۆ دەڵێن وەرزی زەبوون و بێ کەیفی
سەرکزی خۆم دۆزیەوە
لە سیهەم گژی کزەبای ئەم ساڵییشدا
وتم بۆ خەزان بوو بەنازناوی ڕەمزی پایز
ووتیان ئەو بەرگ دڕانە
دیاری تۆیە هەر مانگ هەشتەمین ساڵی پایز

شەهلا نوری