فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی 6.2 ئیبن ڕوشد (ئاڤێروێس).. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ئەو کاریگەرییە کە فەیلەسوفى عەرەبى ئیبن ڕوشدى کۆردۆبەیى لەسەر چەرخی نێڤینی ئەوروپی نواندی، زۆرتر بوو لەو بایەخە کە لە سەدەى هەڤدەیەم و هەژدەیەمى ئەوروپیدا بە ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیل درا. دانتە لە “کۆمیدیاى خودایى”دا بەم شێوەیە ناوی ئیبن ڕوشدى بردووە: “ئاڤێروێس کە شەرحى مەزنى نووسیوە” (Inf IV، 144). ئەوە دیاردەیەکى تایبەتیى مێژووى هزرە کە فەلسەفەى ئیبن ڕوشد گەورەترین کاریگەریى لە هزرى ئەوروپى-کریستیانیدا نواند نەک لە هزرى عەرەبى-ئیسلامیدا. لێرە وەرگرتن (ڕێسەپسیۆن) و دانوستاندنى فراوانى ئەو سەرەتا بەهۆى سەرئەنجامەکانى مۆدێرنەوە، وەلێ بەتایبەتى لە سیى ساڵى ڕابوردوودا، دەستیپێکرد، ئەمەش سووڕهێنەرە: ئاخر ئایا فەیلەسوفێکى چەرخى نێڤین چیى پێیە بە جیهانێکى مۆدێرنەى ڕابگەیەنێت کە پارادیگماى هۆشەکی و کێشەى جڤاکیانەی تەواو جیاوازى هەیە؟ ئەمڕۆ ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبیدا زۆر زیاتر لە هەر فەیلەسوفێکى دیکەى عەرەبى-ئیسلامى بە هزرڤانی ترادیسیۆنێکى ڕۆشنایی دادەنرێت کە تایبەتە بە خودى کولتوورى ئیسلامی و ئوتۆنۆم و سەربەخۆیە لە ئەوروپا. هەروا لە لایەک ئەو کاریگەرییە کەمە کە ئیبن ڕوشد لەنێو ئەم کولتوورەدا لە دەوروبەری ژیانی خۆیدا نواندی، لە لایەکى دی واتاى ئەو بۆ دیسکورزى سەردەم، ڕووندەکرێتەوە: کاتێک هزرى ئەو لە سەردەمى خۆیدا بەر نێوەندێکى کەمێک ئامادەى جڤاکی و هۆشەکى کەوت، ئەوا سەرنجڕاکێشیی فەلسەفەکەى لەم سەردەمەدا بۆ ئەو شرۆڤە ڕەخنەییە دەگەڕێنرێتەوە کە لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان ئەنجامى دا، کەواتە لەبارەی مژارێک کە واتایەکى سەنترالیى بۆ دیسکورزى ئەمڕۆى ئیسلام هەیە.
ئەبولوەلید موحەمەد ئیبن ئەحمەد ئیبن ڕوشد کە لە فەلسەفەى ئەوروپیدا بە ئاڤێروێس ناسراوە، ساڵى 1126 لە کۆردۆبا هاتە جیهانەوە، وەک کوڕى خانەوادەیەک کە تێیدا پشتاوپشت دادوەرانی خاوەن کاریگەریى سیاسی هەڵکەوتبوون. ئیبن ڕوشد ڕێگەى خوێندنێکى گشتگیرى گرتە بەر کە تەنیا فەلسەفە و ماتماتیک و زانستى سروشتیى لە خۆ نەگرتبوو، بەڵکو هەروەها پزیشکى و دادوەری، لەم پەیوەندییەشدا هاوکات لە تیۆلۆگیى ئیسلامیدا پێگەیەنرا. ساڵى 1169 ئەبو یەئقوب یوسف کە حوکمدارى ئەلمووەحیدون بوو لە مەڕاکیش (ماڕۆکۆ)، بۆ شارحێک دەگەڕا کە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیسى بۆ ڕوونبکاتەوە، ئیبن توفەیلیش کە ئەو دەمە پزیشکى کۆشک بوو، پێشنیارى ئیبن ڕوشدى لاوى کرد ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت. ئێمە دەتوانین وای دابنێین کە ئیبن توفەیل لەو کاتە بەدوواوە مامۆستا و پشتیوانى ئیبن ڕوشد بووە. ئەو لە ساڵى 1171 بەدواوە دادوەرى باڵاى کۆردۆبا بوو و پاشان ساڵى 1182 وەک پزیشکى کۆشک جێى ئیبن توفەیلى گرتەوە. ئەو چەند ساڵێکى درێژخایەن، تا ئەو کاتە کە حوکمدار پشتی تێکرد، لە فەرمانگەى جیاوازدا کارى بۆ ئەلمووەحیدون کرد. کتێبەکانى لە نێوەندی گشتیدا سووتێنران، خۆیشى ناچار بوو کۆچ بکات بۆ تاراوگە. پێدەچێت فشاری زانایانى کۆنزەرڤاتیڤى ئایین لەسەر میر بەرپرسیار بووبێت لەو ڕووداوە. وەلێ ئیبن ڕوشد لە کۆتاییدا بە چەند تێزێکى سەرنجڕاکێش لەسەر پەیوەندیى نێوان ئیمان و ئاوەز دەرکەوتەوە. دەبێت کاریگەریى بەهێزى ئەو لەسەر میرى ئەلمووەحیدون و هەروەها ناوبانگی لە نێوەندی گشتیدا هۆی ئەوە بووبن کە ئاوارەکردنەکەی تەنیا ماوەیەکى کورتى خایاند. ئیبن ڕوشد دواى گەڕانەوەى سەرلەنوێ تا مردنى کاری فەرمیى لە کۆشکى حوکمداردا ئەنجامدایەوە.

مێتافیزیک

ئەوە ئاشکرایە کە “تەرقیە”ى ئیبن ڕوشد وەک فەیلەسوف بە شەرحێک (کۆمێنتارێک) ی ئەڕیستۆتێلیس دەستی پێکرد. ئاخر ئەو تەواو ئەڕیستۆتێلى بوو، چەرخى نێڤینى ئەوروپیش ئەوى سووک و ئاسان ناو نا “ئەلشارح”ى ئەڕیستۆتێلیس. هەندێک جار ئەم پابەندبوونەى هێندە زۆرە کە ئیدی لەدژى مەئریفە نوێکانى توێژەرانى ئەرەبى-ئیسلامى بەرگرى دەکات لە بیرۆکەکانى ئەڕیستۆتێلیس لەمەڕ فەلسەفەى سروشت و فزیک، جا گەرچى ئەو توێژەرانە بەئاشکرا باشتر لە مامۆستاکەى ئەنتیکە وەڵامى پرسیارەکانیان دابۆوە. ئیبن ڕوشد بەهۆى ئەم خۆبەڕاستزانییەوە تانوتى ئەوەى لێدرا کە تەنیا لاساییکەرەوەیەکى گریکەکەیە. وەلێ ڕاستییەکەی فەلسەفەى ئەو زۆر لە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس تێدەپەڕێت: ئەو، لەپاڵ شەرحەکانی ئەڕیستۆتێلیسدا، هەروەها هزرى فەیلەسوفانى دیکەى ئەنتیکەى ڕاڤە کرد، وەک بۆ نموونە “کۆمار” (Politeia)ى پلاتۆن (ئەم کارەی تەنیا بە وەرگێڕانێکى حیبرى بەدەستگەیشتووە)، ئەوجا “ئیساگۆگە” (Isagoge)ى پۆرفیریۆس یان “ئالماگێست” (Almagest)ى پتۆلێمیۆس. ئیبن ڕوشد هاوکات هەڵوێستێکى دووفاقی بەرانبەر ئیبن سینا وەردەگرێت: لە کارە سەرەکییەکەیدا بە ناونیشانى “تەهافوت ئەلتەهافوت” بەرگرى لە ئیبن سینا دەکات لەدژى هێرشەکانى غەزالى، وەلێ هاوکات زۆر ڕەخنەییانە خۆى بە هزرى ئەوەوە خەریک دەکات و بەرپەرچی هەندێک لە تێزە کرۆکییەکانى دەداتەوە. ئەمە بەتایبەتى زانینومای ئیدێکانى پلاتۆن دەگرێتەوە کە لە چەرخى نێڤیندا ناو دەنرا ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکان. شتەکان کە بەرجەستانە شیاوى دەرککردنن و بۆ ئەزموون کراوەن، لە ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکاندا بە ڕیالێتى دانانرێن، بەڵکو لە پشتیانەوە گەوهەرى سەربەخۆ لە شێوەى “ئیدێ” یان “یونیڤێرساڵ”دا (گشتێتیدا – و) خۆیان دەبیننەوە. ئیبن ڕوشد بە پێچەوانەوە وای دەبینێت کە یونیڤێرساڵەکان کاریگەریى زەینى چالاکن لەسەر دەروونەکانى مرۆڤ و هەبوونى خۆییان لە دەرەوەى دەروون پێنادات. زەین خۆى تێگە یونیڤێرساڵەکان (گشتییەکان) چێدەکات، ئەویش کاتێک فۆرمەکان لە تاکە شتەکانى ئەزموون دادەبڕێت. فۆرمەکان کە توخمى جیهانى هۆشەکین، لەنێو شتە کەرەسەییەکاندان. بەم پێیە ئیبن ڕوشد هەڵوێستێکى ناوگەرایى (nominalistisch) ی میانەیی وەردەگرێت، واتا: یونیڤێرساڵەکان لە ڕاستیدا تێگەى دروستکراوى زەینن، وەلێ لەبەر ئەوەى فۆرمەکان گشتێتین یان “دیارداوی ئیدێیی”ن لەنێو تاکە شتەکاندا، ئەوا زەین نەک تەنیا پێویستی بە نەزەری تاکە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەى بە “ئیدێ”ى فۆرمەکان بگات، بەڵکو هەروەها خودى جیهانى هۆشەکییانەى فۆرمە پەتییەکان پێویستیى بە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەی خودى خۆى بهێنێتەدی. مرۆڤ دەتوانێت لەمە هزرێکى ماتەریالیستى تێبگات، وەک چۆن ئێرنست بلۆخ لێی تێدەگەیشت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەمەیە مژاری ئیبن ڕوشد: مەئریفەى هۆشەکى هەمیشە تێگەیشتنە لە گشتێتیى ڕیال، کەواتە دەشێت بوونى شتەکان لەنێو خودى شتەکانى ئەزموونکردنی بەرجەستەدا ئاشکرا بکرێت بەبێ ئەوەى پێویست بێت لەتەک پلاتۆندا گریمانەی دووبەشاندنی شتەکان بەسەر دیاردە و کرۆکدا بکرێت. ئەم بیرۆکانە سەرلەنوێ لە فەلسەفەى ئەوروپیى چەرخى نێڤیندا لە ناوگەرایى میانەییدا سەرهەڵدەدەنەوە و لێرەشدا هەڵوێستى ئەڕیستۆتێلیزم بەهێز دەکەن.
ئەو کارانە کە تێیاندا هزرى خۆیى ئیبن ڕوشد بە ڕوونترین شێوە خویا دەبێت و ئەمڕۆ زۆرترین گرنگیان پێدەدرێت، بەزۆریى خەریکبوونە ڕەخنەییەکانى بوون بە هێرشى تیۆلۆگەکانەوە بۆ سەر فەلسەفە، بۆ نموونە بە “تەهافوت ئەلفەلاسیفە”کەى غەزالییەوە. ئیبن ڕوشد لەبارەی ئەم نووسینە شەرحێکى مەزن دەنووسێت و تێیدا ئەرگومێنتەکانى غەزالى وەک خۆیان دەخاتە ڕوو، پاشان بە شێوەیەکى سیستەماتیکى بەرپەرچیان دەداتەوە. “تەهافوت ئەلتەهافوت (Destructio destructionis / Die Inkohärenz der Inkohärenz) بە کارە سەرەکییەکەى ئیبن ڕوشد دادەنرێت. ئەو لەم نووسینەدا هەروەها ڕەخنەییانە بە تێگەى هۆئەنجامیى (کاوساڵێتیى) غەزالییەوە خەریک دەبێت، لێرەشدا ڕوودەکاتە نموونەکەى غەزالى لەمەڕ پارچەیەک لۆکە کە دەکەوێتە نێو ئاگرەوە. غەزالى سەبارەت بەم نموونەیەى خۆی دەبێژێت: مرۆڤ دەتوانێت تەنیا گریمانەى پەیوەندییەکى دوای-یەکییانە (post hoc)ی نێوان ئاگر و سووتان بکات، وەلێ هەرگیز ناتوانێت گریمانەى پەیوەندییەکی بەهۆوەیی (propter hoc)ی نێوانیان بکات. ئاگر بۆ غەزالى تەنیا هۆیەکى “خوازەیی”ى سووتانە. ئێستاش ئیبن ڕوشد بەپوختى پرسیار دەکاتەوە: ئایا مرۆڤێک کە بەڕێکەوت دەکەوێتە نێو ئاگرێکەوە، تەنیا بە شێوەیەکى خوازەیی دەسووتێت؟ بۆ ئەو ڕوون و ئاشکرایە کە سەرجەم شتەکان هەروەها خاوەنى ئەدگارانن. هۆی ئەوە کە شتەکان چی بن، هەر ئەوەش بن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەدگارەکان. ئەمە لە ڕەوشی ئاگردا بۆ نموونە سووتانى ئەو شتەیە کە بەر ئاگرەکە دەکەوێت، بەگوێرەی ئەمەش دەبێت ئاگرەکە بە هۆ دابنرێت، چونکە گەر ئەوها نەبێت، ئەوسا ناتوانین هیچ گۆتەیەک نە لەبارەى شتەکان و نە لەبارەى دەستووری جیهان دەرببڕین، کە ئیدی هەروەها ئەو شیمانەیە نامێنێت بۆ ئەوەى لە خودا یەکەم هۆ تێبگەین و بەمەش هەبوونى بسەلمێنین.
ئیبن ڕوشد لەپاڵ “تەهافوت ئەلتەهافوت”دا چەند توێژینەوەیەکى بچووکى لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان نووسى کە بریتین لە: “فەسڵ ئەلمەقال” (لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە) و “ئەلکەشف عەن مەناهیچ ئەلئەدیللە” (لێتوێژینەوەی بەڵگەکان لە ڕووی پێشبینییەکانی ئیمانەوە). ئەم نووسینانە ساڵى 1875 وەرگێڕران بۆ ئەڵمانى و لەژێر ناونیشانى “فەلسەفە و تیۆلۆگیى ئاڤێروێس”دا دانران.

ئیمان و ئاوەز

چۆن لە “تەهافوت ئەلتەهافوت”دا، هەر ئەوها تەواو لە “فەسڵ ئەلمەقال”دا، ئیبن ڕوشد هەوڵ دەدات ئەو تۆمەتى دەرچوونە لە ئیمان لەکاربخات کە غەزالى دابوویە پاڵ فەیلەسوفەکان بەگشتى و فارابى و ئیبن سینا بەتایبەتى، لێرەشدا لەسەر ئەو پرنسیپە دەڕوات کە هەروەها فەیلەسوفانى پێش خۆى پەیڕەوییان کردبوو، واتا: ڕاستییەکانى ئایین و فەلسەفە دژبێژیى یەکدى ناکەن. ئیبن ڕوشد دەبێژێت:
“لەبەر ئەوەى ئەم یاسا ئایینییانە (ئەم شەریعەتە) ڕاستین و داواى نەزەری گەیەنەر بە ڕاستى دەکەن، ئەوا ئێمەى موسڵمان بەتەواوى دەزانین، نەزەری بورهانى (دێمۆنستراتیڤ) گەیەنەر نییە بە شتێک کە پێچەوانەى یاساى سروشییە (شەرعە). ئاخر ڕاستى دژبێژیى ڕاستى ناکات، بەڵکو پێی دەگونجێت و گەواهیی بۆ دەدات.(…)
وەلێ گەر سەرچاوەى ئایین خۆى لێى بدوێت، ئەوا گوزارشتی دەرەکی دەگونجێت یان ناگونجێت بەو شتە کە بورهان گەیەنەرە پێی. گەر پێی بگونجێت، ئەوسا پێویست ناکات زیاتر بگۆترێت، وەلێ گەر پێی نەگونجێت، ئەوسا تەئویلکردنى پێویست دەبێت. (…)
واتاى تەئویل ئەوەیە کە لە مەغزای ڕاستینە مەغزاى پەیڤ دەربهێنرێت و بکرێت بە مەغزایەکى خوازەیی، بەبێ ئەوەى بەو ڕێیەوە زیان بە زمانی باوی عەرەبەکان بگەیەنرێت” (1).
کەواتە تەنیا بەرواڵەت دژبێژییەک هەیە لە نێوان ڕاستییەکى فەلسەفەیى سەلمێنراو و مەغزاى وشەیى تێکستێکى ئایینیدا، ئەم دژبێژییەش هەڵدەوەشێتەوە گەر مرۆڤ خوازەییانە (مێتافۆریانە) لە تێکستى ئایینی تێبگات. وەلێ ئەمە هەروەها واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە فەیلەسوفەکان خۆیان لەسەر هەمان ئاستى هزرمەندانەى (ئینتەلێکتوێلیى) “یاسادانەرانى ئایینى” و فەلسەفەش خۆى لەسەر هەمان ئاستى ئایینى سروشی دەبینێتەوە، هەر وەک چۆن ئیبن ڕوشد لە شەرحى “کۆمار”ى پلاتۆندا پێشانى دەدات: مەبەستى پەیامی بۆ هاتوو (پرۆفێتیی) “لەخۆدا هەمان جۆر و مەبەستى فەلسەفەیە” (ئیبن ڕوشد، 1996 و 93). بێگومان چەند ئاشکرایە کە “ناشێت ڕاستى دژبێژیى ڕاستى بکات”، ئەوەندەش توانستى مرۆڤان بۆ ناسینى ڕاستى بەگشتی نائاشکرایە، ئەویش چونکە “هەموو مرۆڤان بەهۆى سروشتیانەوە توانایان بۆ بورهان (دێمۆنستراسیۆن) نییە، تەنانەت بۆ گۆتە (الأقاويل) دیالێکتیکییەکانیش، جا نەخوازە بۆ گۆتە بورهانییەکان”، ئەوجا لەبەر ئەوەى بە پێچەوانەوە “مەبەستى شەرع تەنیا فێرکردنى هەمووانە، ئەوا پێویستە شەرع هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی ڕاستاندن و هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی تێڕوانین (التَصَوُّر) لە خۆ بگرێت” (2)، لێرەشدا زۆرترین بەشیان لە فۆرمى سیمبۆلى و ڕەوانبێژیدا (الخطابية) ئاڕاستەى جەماوەرى ئیمانداران دەکرێت و تەنیا بەشێکى کەمیان لەسەر سوورەتى 59، ئایەتى 2ى قورئان دەڕوات: “ئێوە کە تێڕوانینتان هەیە، هەروەها بهزرێن!” (3). کەواتە ڕاستییەکانى فەلسەفەى تیۆریانە (سپێکولاتیڤ) تەنیا تایبەتن بە هەندێک زانا. ئەم جەختکردنە لە بەربژێریی فەلسەفە ڕاڤەکارانى ئەوروپیی سەردەمی بەو تێڕوانینە گەیاند کە گۆیا داواکارییەکەى ئیبن ڕوشد بۆ ئازادیى هۆش تەنیا هەڵوێستێکى دەستەبژێرانەیە و لێرەشدا زانین و تێڕوانینى فەلسەفەیى دەستوێژ نین بۆ ڕزگارکردنى مرۆڤ. ئەم نرخاندنە پێشانی دەدات، لێرەدا چەند کەم توانستی هەستکردن بە دۆخى هزرمەندێکی نێو کولتوورێکى چەرخى نێڤین هەیە کە تێیدا ئایینداریى ئەقیدەگەرا و دەسەڵاتداریى دێسپۆتی سەروەر بوون.
خودى ئیبن ڕوشد بە پەیڤی تەواو ڕۆشن ڕەوشە سیاسییەکانى سەردەمەکەى دەردەبڕێت. ئەو لە شەرحی “پۆلیتێیا” (کۆمار – و) ى پلاتۆندا پەیوەندییەک لە نێوان دەسەڵاتى سیاسى و پاساوبۆهێنەرەوانی ئایینیدا چێدەکات: لە دەوڵەتى “تیرانى”دا “دەسەڵاتداران پەیوەست بە جەماوەرەوە تەنیا مەبەستی خۆییان هەیە، بۆیە هاوشێوەیی نێوان دەوڵەتى پیاوانی ئایین (priesterlich) و تیرانی زۆر جار ئەنجامێکى ئەوتۆ دەهێنێت کە بەشەکانی پیاوانى ئایین لەنێو ئەو دەوڵەتەدا دەبن بە بەشە تیرانییەکان و ئابڕووی ئەو کەسە دەبەن کە مەبەستى ئایینیی هەیە، وەک چۆن ئەمە لای ئەو پیاوانەى ئایین دەبینرێت کە خۆیان لەنێو دەوڵەتەکانى ئەم سەردەمەماندا دەبیننەوە”. پاشان ئیبن ڕوشد ئەم ڕەخنەیە کە بەئاشکرا لە عولەماى ئایینى ئیسلامی دەگرێت، بەبەرجەستەیى دیاری دەکات: “نموونەیەک بۆ ئەمە بریتییە لەو دەسەڵاتدارییە کە لە کۆردۆباى وڵاتماندا هەیە” (ئیبن ڕوشد، 1996، 119 بەدوواوە). ئیبن ڕوشد لە شەرحەکەى پلاتۆندا ئەم تێزە بەرەنگارى پەیوەندییە هەبووەکان دەکاتەوە: دەبێت یاسا ئایینییەکان هەمیشە بەگوێرەى گونجانیان بەو یاسایانە بنرخێنرێن کە مرۆڤان دایانناون. مۆرکەکانی ئەو پێگونجانە بریتین لەو ڕێسایانە کە پێناسەى ئەوە دەکەن، داخۆ چە ڕێکخراوێک (ى سیاسى) بە کرۆکى مرۆڤ بگونجێت، ئەمە بێگومان لەو شێوەیەدا کە چۆن فەلسەفە وەک زانستى ئاوەز ڕێساکان دادەنێت. کەواتە سەروەریی فەلسەفە هەڵوێستێکى دەستەبژێرانە نییە، بەڵکو سوورە لەسەر پێشتریدان بە بناغەڕشتنى ئاوەزیانەى یاساکان و ڕێکخراوە سیاسییەکان، تەواو بە پێچەوانەى ئەو داواکارییەوە کە دەبێژێت پێویستە یاساکانى مرۆڤ هەمیشە پابەند بن بە یاسا ئایینییەکانەوە.

ئەوە سەروەریی هزرە بەسەر ئیماندا کە ئیبن ڕوشد پشتگیریی لێدەکات، ئەو هەروەها بە “ئەرکی فەلسەفە”ی دادەنێت “کە ئایین لە بەردەم زەینی کەسانی پێشکەوتوودا بپشکنێت و بەمەش دەرفەت بدرێت بۆ ئەوەی بەڵگە لەبریی ئیلهام بدوێت”، هەروەک چۆن ئێرنست بلۆخ دروست ڕاڤەی کردووە (Bloch 1972, 484). کەواتە “لە ئاییندا هیچ پاشماوەیەکی سروشییانەی سەر-ئاوەزی” نامێنێتەوە “کە زەین لە بەردەمیدا ئاگنۆستییانە شکست بهێنێت” (هەمان سەرچاوە). هەر بەتەواوەتی ئیبن ڕوشد ئەم کاریگەرییەی لەسەر فەلسەفەی چەرخی نێڤینی دەمەو کۆتایی ئەوروپا نواند و ئەمڕۆش سەرلەنوێ لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامیی سەردەمدا ڕەچاو دەکرێت. جگە لەوە ئیبن ڕوشد لەبریی ئەو ڕەشبینییە کە غەزالی بەرانبەر ئاوەز هەیبوو، گەشبینییەکی تەواو ئاشکرای مەئریفە دادەنێت.

زەینى نەمر
ئەم گەشبینییەى مەئریفە هەروەها لە تیۆریی زەینى ئیبن ڕوشددا کارا دەبێت. تیۆریى زەین هۆیەکى سەرەکى بوو بۆ ئەو پۆلێمیکە کە لە فەلسەفەى ئیسلامى و کریستیانیدا ئاڕاستەى ئەو کرا. ئەڕیستۆتێلیس مرۆڤى وەک زیندەوەرێک پێناسە کردبوو کە بەهۆی زەینی خۆیەوە لە سەرجەم زیندەوەرانى دیکە جیادەبێتەوە و هەروەها بەتوانایە بۆ ئەوەی لە فۆرمە گشتى و نافانییەکان تێبگات. وەلێ لەم تێڕوانینەوە کێشەیەک دەکەوێتەوە: پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە چۆن زەینى مرۆڤێک لە لایەک لە فۆرمە گشتى و نافانی و سەرکەسییەکان تێدەگات، وەلێ لە لایەکى دى تەنیا زەینی کۆنکرێتی تاکە مرۆڤێکە. ئەڕیستۆتێلیس لەم کێشەیەدا جیاوازیى لە نێوان دوو زەیندا کرد: زەینى ناچالاک (پاسیڤ) کە فانی و بمرە، بەمەش بریتییە لە هێزى پێشبینیى هەر تاکەکەسێک، هەروەها زەینى چالاک (ئەکتیڤ) کە لە وێنەکانى هێزى پێشبینییەوە فۆرمە هۆشەکییە ئەزەلییەکان دەرئەنجامێنێت (abstrahiert). زەینى چالاک دابڕاوە لە لەشى بەرجەستە و نافانییە، وەلێ بۆ ئەوەى بتوانێت پێشبینییەکانى زەینى ناچالاک بکات بە کردەکى (ئەکتوالیزە بکات)، پێویستیى بە نێوەندیاریى زەینێکى شیمانەییە (intellectus possibilis). ئەم زەینە شیمانەییە تەنیا توانستى مەئریفەى مرۆڤە و لە ڕووى نێوەرۆکەوە هیچ دەبێت گەر هاتوو زەینى چالاک کاریگەری نەنوێنێت. وەلێ بەمە ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرا کە داخۆ چۆن جیهانى پێشبینیى بمر و سنووردارى تاکە مرۆڤان پەیوەندی بە جیهانى هۆشەکییانەى زەینى چالاکەوە بکات، بەڵکو کێشەکە تەنیا گوێزرایەوە بۆ جێیەکی دی. وەلێ بە تێگەیشتنی ئیبن ڕوشد زەینى شیمانەیش نافانییە. ئەو ناوی دەنێت “زەینى ماتەریەل”، ئەوجا ئەرگومێنت دەهێنێتەوە: ئەم زەینە ماتەریەلە بەشدارە لە چێکردنی فۆرمە هۆشەکییەکاندا، ئەویش کاتێک فۆرمە هۆشەکییەکان بە زەینى ناچالاک دەگەیەنێت، وەلێ ئەو خۆى هاوکات زەینى کۆنکرێتى مرۆڤێکى پێویستە، کەواتە پێویستی بە زەینى ناچالاکە پێکەوە لەتەک پێشبینیى و وێنە خۆییەکانیدا لەبارەی جیهان. لەمەوە ستاتۆ تایبەتییەکەى زەینى ماتەریەل ڕوون دەبێتەوە. زەینى چالاک لە دەرەوەى مرۆڤە و فۆرمە هۆشەکییەکان لە خۆ دەگرێت. زەینى ناچالاک بەشێکە لە گرێدراویی لەش و دەروون و هاوشێوەى هەردووکیان فانییە. وەلێ گەر مرۆڤێک بمرێت، ئەوسا هیچ گومانى تێدا نییە کە یەکێتیى لەش و دەروون و لەتەک ئەویشدا زەینى ناچالاک لەناودەچێت، وەلێ زەینى ماتەریەل لەناوناچێت. ئەم زۆرێتی نییە و سەر بە تاکە مرۆڤان بێت، بەڵکو وەک یەکانە سەر بە ڕەگەزى مرۆڤە. کەواتە گەر زەینى مرۆڤ بەڕێى زەینى ماتەریەلەوە بە مەئریفەى فۆرمە هۆشەکییەکان بگات، واتا بە مەئریفەى ڕاستییە ئەزەلییەکان بگات، ئیدی بەم ڕێیەوە کارەکتەرێکى گەردوونى وەردەگرێت.
وەلێ بڕوابوون بە نەمریى تاکە دەروون سەر بە دۆگمە بنەڕەتییەکانى ئیسلام و کریستیانەتییە. کاتێک ئیبن ڕوشد تاکە دەروونە کەسییەکان بە بمر و تەنیا زەینى ماتەریەل کە شێوەیەکى “دەروونى ڕەگەزى”یە، بە نەمر دادەنێت، ئیدی فەلسەفەکەى دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەتەک دۆگمە ئایینییەکاندا، هەر بەگوێرەی ئەمەش پەرچەکرداری ئەقیدەگەریی ئایینى لە هەردوو ئایینەکەدا دوژمنانە بوو. بۆ نموونە مەترانی پاریس ساڵى 1270 نەفرەتی لە سیازدە تێزى فەلسەفەیى کرد، لێرەشدا زانینومای ئیبن-ڕوشدییانەى دەروون یەکێک بوو لەو تێزانە. تۆماسى ئەکوینى کێشەنامەیەکی بە ناونیشانى “لەبارەى یەکانەى زەین لەدژى ئاڤێرۆیستەکان” (De unitate intellectus contra Averroistas) نووسی، کە ڕاستییەکەی کەمتر ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئیبن ڕوشدەوە هەیە، بەڵکو ڕوودەکاتە فەیلەسوف سیگەر فۆن برابانت کە بەئاشکرا لایەنگریی خۆی بۆ زانینوماى زەینى ئیبن ڕوشد ڕاگەیاندبوو. دەنگدانەوەى زانینومای ئاڤێرۆیستى هەروەها لە “دى مۆناڕشییا” (De Monarchia، 1313)ى دانتەدا دەبینرێت: تێڕوانینى ئیبن ڕوشد بۆ زەینى ڕەگەزییانەی نەمر ئەوەیە کە ئەم زەینە بەردەوام بە گەشەسەندنی زانین و توانستى پەرچاندن پێشڤەدەچێت؛ دانتە ئالیگیرى لەم تێڕوانینەی ئەوەوە زەروورەى ڕێکخراوێکى سیاسیى دەرئەنجاماند کە دەرفەت بۆ پرۆسەیەکى هاوشێوەى گەشەسەندن دەڕەخسێنێت و خۆیشى تەنانەت سوود لە پرۆسەکە دەبینێت. وەلێ ئێستا بەم ڕێیەوە ڕێکخراوى ئاکاریانەی جڤاکی مرۆڤ چیدی ئەنجامی دەستورێکى ڕاگەیەنراوى خودا نییە، بەڵکو بەرهەمى ئاوەزى مرۆڤە و تەنیا بەڕێى ئەم ئاوەزەوە ڕەوایەتیى پێدەدرێت. تێزەکەى ئیبن ڕوشد لە هەڤرایەڵێکی هاوشێوەدا هەروەها لە ڕەوتی ڕۆشناییەکانی ئەوروپاشدا دێتەوە نێوان. هێردەر لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “چەند ئیدێیەک لەبارەی فەلسەفەى مێژووى مرۆڤایەتى” (91/1784) هێرش دەکاتە سەر ئەو تێزە: “فەلسەفەى مێژووى ئێمە ناچێتە سەر ئەم ڕێگەیەى فەلسەفەى ئاڤێرۆیستى کە وایدادەنێت سەرجەم ڕەگەزى مرۆڤ تەنیا یەک، بەڵێ یەک دەروونى زۆر نزمى هەیە و خۆی تەنیا تا ئەندازەیەک بە تاکە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت” (Herder 1989, 338). ئەم چزووە کە بە ڕووکەش ڕووەو نووسینەکەى لێسینگ بە ناونیشانى “پەروەردەى ڕەگەزى مرۆڤ” ئاڕاستەدراوە، بەبێ هیچ گومانێک ڕاستەوخۆ ئاڕاستەى کانت کراوە. ئاخر کانت لە “ئیدێى مێژوویەکى گشتى لە ڕوانگەى هاوڵاتێتیى جیهانییەوە” (1784) نووسیبووى: “لای مرۆڤ (وەک تاکە مەخلوقێکى ئاوەزمەند لەسەر زەمین) ئەو توانستە سروشتیانە کە ئامانجیان بەکارهێنانى ئاوەزى ئەوە، تەنیا لەنێو ڕەگەزدا نەک لەنێو تاکەکەسدا بەتەواوی گەشەدەسێنن” (Kant 1968, VIII 18). ئەوە گریمانەیەکی سەرنجڕاکێش دەبێت کە داخۆ کانت لێرەدا بەڕاستى “ئاڤێرۆیستییانە” ئەرگومێنت بهێنێتەوە یان داخۆ بە پێچەوانەوە بتوانین دەربئەنجامێنین، کە مەبەستى ئیبن ڕوشدیش لێهزرینێکى هاوشێوە بووە. بێگومان دوائەنجامی مژاری کانت بریتی نییە لە فیگورێکى کلاسیکی ئەڕیستۆتێلیانەی زانینومای دەروون، بەمەش پرسیار نییە لەبارەی نەمریى دەروونى کەسەکی، بەڵکو مژاری ئەو کارەکتەرى مێژووە وەک پێشڤەچوونى ماف: کاتێک مرۆڤان وەک بوونەوەرى ئاوەزمەند خۆیان دەست دەدەنە چاکسازیى پەیوەندییەکانیان، ئیدی ئەوان وەک بوونەوەرى ڕەگەزى بەشداری لەوەدا دەکەن کە لەنێو پرۆسەى مێژووییدا مەرجەکان بۆ شیمانەى گەشەی ئاوەز و ئاکار لەنێو تاکە مرۆڤدا چاکبکرێن و لە کۆتاییشدا بەتەواوى گەشەبسێنن.

ئیبن ڕوشد پێناسەی ئاوەز دەکات وەک یەکانەی زەین لەنێو ڕەگەزی مرۆڤدا، ئەمەش کەمتر واتایەکی تیۆرییانە، بەڵکو پتر واتایەکی پراکتیکی-مۆرالیانەی هەیە. ئاخر چیدی ئێستا ئایینی بۆماوەیی بناغەی یاساکانی ئاکار نییە، بەڵکو ئاوەزی گشتیی ڕەگەزی بریتییە لەو بناغەیە. ئەمە پەیوەستە بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشدەوە سەبارەت بە باڵادەستیی فەلسەفە وەک زانستی ئاوەز بەسەر دۆگمەکانی ئیماندا.

بێگومان نابێت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە ئیبن ڕوشد لێرەدا بۆ مرۆڤى ئاوەزمەند ڕایدەگەیەنێت، بەسەهوو لێمان بگۆڕرێت بە بیرۆکەی ئوتۆنۆمی لای کانت: ئیبن ڕوشد دەستبەرداری بڕوا بناغەییەکەى پارادیگماى ئۆنتۆلۆگى نابێت کە ڕاستی وەک مەئریفەى بوونەوەرى ڕاستینە دادەنێت، وەلێ ئۆتۆنۆمیى سەبژێکت لاى کانت وایدادەنێت کە مرۆڤ ناتوانێت ڕاستییەکى بەو چەشنە بناسێت، هەر لەمەشدایە بناغەى ئۆتۆنۆمییەکەی مرۆڤ و تەنانەت ئۆتۆنۆمیى ئاکاریش. بەمەش ئاوەز بۆ کانت ئۆتۆرێتییەکی بێسنووری دادوەرییە و هەر خۆیشی دەتوانێت سنوورەکانى خۆى دیارى بکات. ئاوەز بۆ ئیبن ڕوشد میدیەمى بەشداریکردنە لە دەستوورێکى بووندا کە خۆی لە دەرەوەى ئاوەزى سنووردارى مرۆڤدا دەبینێتەوە. کەواتە تانوتى ئاڤێرۆیزم کە هێردەر دەیگرێتە کانت، بەهەڵەتێگەیشتنە، وەلێ تانوتەکە هەروەها پێشانى دەدات کە تا چە ڕادەیەک ئەم فەیلەسوفەى چەرخى نێڤین دێتە نێو هزرى مۆدێرنەوە و بەشداری دەکات لە ڕشتنی بناغەکاندا بۆ وەرچەرخانە پارادیگماییەکە ڕووەو فەلسەفەى نوێسەردەم. ئەمە بێگومان تەنیا لە فەلسەفەى ئەوروپیدا ڕووى دا. فەلسەفەى ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبى-ئیسلامیدا دەرک کرا، وەلێ ئەوە بە ڕادەیەکى زۆر کەمتر وەک لە ئەوروپا و بەزۆریش لە شێوەى ڕەتکردنەوەدا.

سەرچاوە
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

پەراوێز

1) بۆ وەرگێڕانی سیتاتەکەی ئیبن ڕوشد هەروەها گەڕاوینەتەوە بۆ سەرچاوە عەرەبییەکە. بڕوانە:
ابو الوليد بن روشد: فصل المقال فيما بين الحكمة والشريعة من الأنصال. دراسة وتحقيق: د. محمد عمارة. المؤسسة العربية للدراسات والنشر. بيروت 1981. ص 31-32
2) هەمان سەرچاوە، لا 55-56.
3) “فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان”.

فەرهەنگۆک
ئاگنۆستیک: جۆرە تێڕوانینێکی فەلسەفەییە کە دەبێژێت هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت مەئریفەی دوایەمین بوونەوەرێکی هەبێت. ئاگنۆستیک دەشێت وەک سینۆنیومی ئاتێئیزم (ئیلحاد) دابنرێت.
پۆلێمیک: هێرشی زانستی، فەلسەفەیی یان سیاسی.
تیرانی: دەسەڵاتداریی ستەمکار.
دێسپۆتی: دەسەڵاتداریی تاکەکەسێکی ستەمکار.
دێمۆکراتی: دەسەڵاتداریی جەماوەری.
ناوگەرایی: (نۆمینالیزم) ڕێبازێکی دژبەری ڕیالیزمە (بڕوانە خوارەوە) و وایدادەنێت کە یونیڤێرساڵەکان (گشتێتییەکان، تێگە گشتییەکان) هیچ ڕیالێتییەکیان لە دەرەوەی هۆشی مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەنێویدان و تەنیا بە دەرئەنجاماندن یان داماڵین لە پێشبینییە وێنەییەکان چێدەکرێن – وەک “ناو”ی شتەکان.
ڕیالیزمی یونیڤێرساڵەکان: لێرە واتای ڕیالیزم جیاوازە لە واتای مۆدێرنی تێگەکە. لەم ڕێبازە هزرییەدا کە لە پلاتۆنەوە دەردەچێت، بوونی ڕاستینە دەدرێت بە تێگەکان، گشتێتییەکان (یونیڤێرساڵەکان) و پابەند بەوانەوە شتە تاکەکان دەئافرێنرێن. یونیڤێرساڵ / گشتێتی نیشانەیە بۆ هاوبەشییەک کە دەشێت بوونەوەرانی جیاواز هەیانبن، بۆ نموونە زیندەوەر، سوور-ێتی، خولگەێتی و هتد. ئەم گشتێتییانە چواندنیان بۆ سەرجەم یونیڤێرسوم / گەردوون و بەمەش بۆ مرۆڤان هەیە.
زەین: توانستى تێگەیشتن.
فۆرم: ئایدۆس، ئیدێ، گشتێتی.
کردەکێتی و شیمانەیی: بە گریکی “ئێنێرجێیا”، بە لاتینی “ئەکتوالیتاس”، تێگەی گشتگیری ئەوەیە کە بەڕاستی لەگۆڕێیە، هەروەها تێگەکە ڕوودەکاتە کرۆکی لەگۆڕێبووەکە، وەلێ شیمانەیی (پۆسیبیلیتێ) ئاماژە بۆ توانستێک دەدات کە جارێ نەبووە بە کردەکی.
کۆنزەرڤاتیڤ: پارێزەری بەها کۆنە کاراکانی نێو سەردەمێک کە وەک هەقیقەتی نەشیاوی گۆڕان دایان دەنێت.
ئەڕیستۆکراتی: دەسەڵاتداریی دەوڵەمەندە بەگزادەییەکان.




خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی تیۆرییەکی گشتی بۆ لەبیرچوونەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە ماوەی پێشودا رۆمانی (تیۆرییەکی گشتی بۆ لەبیرچوونەوە)م خوێندەوە، کە لە نووسینی نووسەری ئەنگۆلی (جوزیە ئیدواردو ئاگوئالوسا)یە، حەمە کەریم عارف کردویەتی بە کوردی و ناوەندی رەهەند چاپی کردووە. نووسەرەکە بۆ من نوێ بوو، بەڵام کاتێک رۆمانەکەم خوێندەوە، خۆشحاڵ بووم کە بەرهەمی ئەم نووسەرەم خوێندەوە، بەتایبەتی کە زانیم نووسەرەکەی خەڵکی ئەفریقایە، دەمێکیشە بە دوای ئەدەبی ئەفریقادا دەگەڕام، چونکە کەمتر ئاگاداری ئەدەبی ئەفریقام.
ئەم رۆمانە لە رێگەی باسکردنی ژیانی ژنێکەوە، کۆمەڵێک پرسی گرنگی وروژاندووە لەپێش هەمووشیانەوە باسی شۆڕشی سەربەخۆیی ئەنگۆلا و جەنگی ناوخۆ و شۆڕشی چەپەکانی پورتوگال دژی رژێمی سالازاری دیکتاتۆری پورتوگال.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە

لودۆڤیکا لەگەڵ ئودیتی خوشکی دەژی، ئەوان لە سەرەتادا لە پورتوگال دەژین، ئودیتی خوشکی مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانییە، پاشماوەیەک ئودیتی خوشکی ئۆرلاندۆ دەناسێت، کە ئەویش ئەندازیارێکی ئەنگۆلییە لە یەکێک لە کانەکانی ئەڵماسدا کار دەکات. پاشماوەیەک لودۆڤیکا و ئودیتی خوشکی بەرەو لواندا پایتەختی ئەنگۆلا دەڕۆن و لەوێ دەژین، ئودیتی خوشکی هیچ کاتێک لودۆ بە تەنیا جێناهێڵێت، هەربۆیە بڕیار دەدات کە خوشکەکەشی لەگەڵ خۆی بەرێت بۆ ئەنگۆلا. نووسەر لەم رۆمانەدا باسی قۆناغێکی ئێجگار هەستیار و گرنگی ئەنگۆلا و پورتوگال دەکات، کە ئەویش شۆڕشی چەپەکانی پورتوگالە لە دژی رژێمی سالازاری دیکتاتۆر، بە کۆتاییهێنانی رژێمی دیکتاتۆری سالازاریش، چەپەکان دان بە مافی چارەنووسی گەلی ئەنگۆلیدا دەنێن و سەربەخۆییان پێدەدەن. بەڵام وەکو دیارە هەر لە پاش سەربەخۆبوونی ئەنگۆلا جەنگی ناوخۆ دەستپێدەکات و ئەنگۆلا دەبێتە مەیدانێکی گرنگی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و روسیا، هەروەها کۆمەڵێک دەوڵەتی ئیقلیمیش رۆڵی خراپ دەگێڕن لە پێش هەموویانە ئەفریقای باشوور، کە ئەوکاتە رژێمێکی راسیزم حوکمی دەکرد.

لەپاش سەرهەڵدانی شۆڕشی چەپەکانی پورتوگال و سەربەخۆبوونی ئەنگۆلا لە ساڵی 1975، هاتنە سەرکاری رەوتە شۆڕشگێرەکان، بارێکی نائارامی و پشێویی هەموو وڵات دەگرێتەوە، ئەمەش وا دەکات کە ئۆرلاندۆ سندوقێک ئەڵماس بدزێت، شەوێک بەدزییەوە ماڵ بەجێبهێڵێت، لەم سەفەرە کتوپڕەشدا، ئودیتی خێزانی لەگەڵی دەڕوات، بەڵام لودۆ بۆ ماوەی 30 ساڵ، لە شوقەکەی ئەواندا خۆی زیندانی دەکات. هەتاوەکو سابالو پەیدا دەبێت، کە منداڵێکی هەتیوە لەسەر شەقامەکان دەژی، ئەم ژنە لەو زیندانەی خۆی دەردەهێنێتە دەرەوەو دووبارە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژیان.
ژیانی تەنهایی و گۆشەگیری پانتایی گەورە لەم رۆمانەدا داگیر دەکات، لەپەنا ئەوەشدا رەوشی سیاسی و ئابووری گشتی ئەنگۆلا لەو قۆناغە گرنگەدا باس دەکات، هەروەها باسی ساڵانی پاش سەربەخۆبوون دەکات، لێرەشدا پانتایی بۆ گەندەڵیی و دزی سیاسییەکان تەرخان دەکات، کە چۆن ئەو شۆڕشگێرانەی دوێنی، دەبنە بەرپرس گەندەڵ و دز.

« هەمان ئەو کەسانەی کە سۆسیالیستیان بونیاد نابوو، رووخاندیان، سەرمایەداری بە هەموو دڕندەییەکی خۆیەوە، لەهەمان خۆڵەمێشی ئەوەوە، سەری بەرزکردەوە. ئیتر هەموو ئەوانەی تا چەند مانگێک لەوەوپێش لە ئاهەنگەکان و رۆژنامەکان و کۆبوونەوە سیاسییەکاندا، زۆر بەتوندی دژایەتی دیموکراسی بۆرجوازیان دەکرد، نها بە جلی پۆشتە و پەرداخەوە، کە دیزاینەری تایبەتی بۆیانی دیزاین کرد بوون، لە شاردا بە ئۆتۆبیلی کەشخەوە دەسوڕانەوە. بڕوانە ل82

شێوازی نووسین

یەکێک لەو شتە جوانانەی کە سەرنجی منی بۆ لای ئەم رۆمانە راکێشا، شێوازی نووسینیەتی، نووسەر زۆر شارەزایانە رۆمانەکەی نووسیوە، بەتایبەتی رەگەزی « بیرەوەریی و گرێی ئەدەبی» زۆر بە باشی بەکارهێناوە. زۆرجار رووداوێک باس دەکات، دوای چەندین لاپەڕە، ئینجا هۆکار و دەرەئەنجامەکانت پێدەڵێت، ئەم یاری چاوشارکێیەش لەگەڵ خوێنەر، نووسەری بەتوانا نەبێت، ناتوانێت بەکاریبهێنێت، چونکە پێویستیی بە شارەزایی زۆر هەیە، لە رەگەزەکانی رۆماندا.




هەنگاوی یەکەم ڕیسواکردنی خەسڵەتی بورژوازیانەی ڕژێم و هەڵبژاردنەکەیەتی لە هەرێم!.. موئەیەد ئەحمەد

هەر چەند ساڵ جارێک کە کەمپێنی هەڵبژاردن دەست پێدەکات لە هەرێمی کۆردستان، حزبە بورژواکان بە قەومی و ئیسلامی و نیولیبرالەکانیانەوە کۆمەڵگە سەرقاڵ دەکەن بەخۆیانەوە و وای نیشان دەدەن، بە تایبەت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، و ئەمساڵێش (یەکێتی)، کە گۆڕانکاریەکی گەوەرە ڕوودەدات وەک ئەوەی شۆڕشیک بەرپاببێت. (گۆڕان) و (ئیسلامیـیەکان) و (نەوەی نوێ) ئاوایان کرد و ئیستاش ئۆپۆزسیۆنەکانی تر و تەنانەت (یەکێتی) یش وادەکەن. لە ئاکامیشدا هەمووشت لە جێگەی خۆی مایەوە و ڕژێمەکەش گەندەل تر و ڕادەی سەرکوت و قۆرخکاری و بیدەرتانی جەماوەر زیاتر گەشەیسەند.
زۆربەی جەماوەر بە ئەزمونی خۆیان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم سیناریۆیانە لە چەواشەکاری و دەستخەڕۆکردنیان زیاتر شتێکی تر نییە. هەروەها ئاشکرایە بۆیان کە ئەوەی ناگۆڕدرێ لە ڕێگەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە لە هەرێم، هەمان ئەم ڕژێمە گەندەڵ و میلیشیایە و ئەم سیستمی چەوساندنەوە و بێمافییەیە، و هەمان دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەیە (پارتی و یەکێتی) کە بونەتە مۆتەکەی سەرسنگیان، و هەمان باری سەختی ژیان و گوزەرانیانە کە هەر جارە خراپتر دەبێت.
ئەوە ڕاستیـیەکی بەرجەستەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و بانگەشەی ئیستا هی حزب و لایەنەکانی سەرەوەی کۆمەڵگەن، و لەناو بازنەی نۆینەرانی سیاسی و حزبەکانی چینی بورژوازی و توێژە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەدەچێ جا چ لە دەسەڵاتدا بن یان لە ئۆپۆزسیۆن، و خەسڵەتی سیاسی چینایەتی بورژوازی و کێشمەکێشی پێوە دیارە لەبەرامبەر چینی کرێکار و کۆمۆنیزمدا.
لەلایەک سەرمایەدارنی ملیاردێر و ملیۆنەری بەڕەچەڵەک سیاسی و سەرۆک حزبەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومی، و بۆرژوا ئۆپۆززسیۆنی دەروون ڕژێمی لە ئیسلامی و قەومی و نیولیبرالەکانەوە دەبینین، بەخۆیان و دەستەوتاقمی ڕۆشنبیران و چالاکەوانە سیاسییەکانیانەوە، بە پارەوپول و ئیمکانیتی بێئەندازەوە، و لە لایەکی ترەوە، نەبوونی دەنگوسەدای سەربەخۆی پرۆلیتاریای کوردستان و ژنانی چەوساوە و لاوانی کچ و کوڕی ئەم هەرێمە، دەبینینن. لەم بانگەشەیەدا تەنانەت وشەیەک لەسەر سۆشیالیزم و یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی و ڕزگاری ژنان نییە، و قسەیەکی بەبایەخ لەسەر چارەسەری کێشە ئەسڵیەکانی کۆمەڵگە و ڕزگاربوون لەدەستی بێکاری و بێدەرامەتی و بێخزمەتگوزاری، نییە.
نەک هەر ئەوانەش بەڵکو قسەیەکیش لەسەر کۆتاییهێنان بەدەسەڵات و ڕژێمی میلیشیایی و ئیستبدادی سیاسی و سەرکوت و دوو ئیدارەیی نییە لە هەردوو زۆنەکەدا، کە کێشەیەکی هەرە سەرەکی سیاسیی کۆمەڵگەیە. ئەمەش بەسادەیی لەبەرئەوەی کە هەڵبژاردن هی هەمان ئەم ڕژێمەیە و بۆ دووبارەبەرهەمهینانەوەی بەڕێخراوە و بەڕێدەخرێت. قسەیەکیش گەرهەبێ لەم بارەیەوە لەم بانگەشەیەدا لەڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنی قەومی و ئیسلامی و نیولیبرالەوەیە کە بۆ خۆیان پایەکانی خودی ڕژێمەکەن، و شەڕیانە لەسەر پشکەکانیان. دیارە ئەوەش بێمانایە گەر قسەکانی (یەکێتی) بەجیدی وەربگێریت لەم بارەیەوە چونکە جەوهەری کەمپێنەکەی گوڕینی پارسەنگی هێزە بەلای خۆیدا تا پشکی لە دەسەڵات و سەروەت و نەوت و گاز زیاتر بکات.
ئەوەی هەیە لەم بانگەشەیەدا جەنجاڵکردنی خەڵکە نەک بە سیاسەت و مانیفیستۆی ئینتیخاباتی کە ناوەڕۆکێک و مانایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوون و ئاشکرای هەبێت بۆ جەماوەری دانیشتووی کوردستان، بەڵکو جەنجاڵکردنیانە بە وەهمی ناسیونالیستی و ئیسلامی و نیولیبرالی و خورافاتەکانیان و بە پەیامی سوکایەتی بە ئازادی و شکۆمەندی ژنان و مۆراڵی دژە ئینسانی ئیسلامیزم، ئەمە سەرباری شەڕە جنێویان بەیەکتر.
هێشتا بزوتنەوەی شورایی و کۆمۆنیستی، کە هەوڵ و تێکۆشانی پرۆلیتاریای نەوەی ئەوسای هەرێمی کوردستان بوو، لە ئاووهەوای هەڵچوونە سیاسیەکانی (١٩٩١)دا، نەچووبووە دواوە، و هێشتا لەچەلێنجدا بوو لەبەرامبەر بورژوا ناسیونالیستی کوردی و هێزەچەکدارەکانی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و چارەنوسی کۆمەڵگە لە پێگەی چینایەتی خۆیەوە لەم هەرێمەدا، حزبە ناسیونالیستەکان هەڵبژاردنی کوردستانی ساڵی (١٩٩٢)یان بەڕیخست و هەر یەک لە (پارتی) و (یەکێتی) بە نیواونیو دەسەڵاتیان دابەشکرد کرد لە ناوخۆی خۆیاندا و ڕژێمێکی سیاسی دوو ئیدارەیـیان پاش شەری ناوخۆیی و کارەساتەکانی دامەزراند.
لەو قۆناغەدا هەڵبژاردنی ساڵی (١٩٩٢) بۆ بورژوا ناسیونالیزم سوودوەرگرتن بوو لەوەهمی ناسیونالیستی لەناو جەماوەردا تا بیگۆڕێ بۆ شتێکی سیاسی کۆنکرێت کە جێگیرکردنی دەسەڵاتی حزبە چەکدار و مێلیشیاکانی ئەم بزوتنەوەیە بێت بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا، و ڕێگەیەکێش بێت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نیوانی خۆیاندا. ئەو هەڵبژاردنە جیانەبوو لە ڕەوەندی کێشمەکشیی سیاسی چینایەتی ئەوسای کۆمەڵگە و بەئاشکرا سیمای دژە شورایی و دژە کۆمۆنیستی لەخۆدا هەڵگرتبوو، و وەهمی ناسیۆنالیستی مانایەکی چینایەتی سیاسی دیاریکراوی لەخۆدا عەکس کردبووەوە، و نەک هەر ناکۆک بوو لە بەرامبەر داوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی جەماوەری کارەسات بەسەرداهێنراوی ئەوسای خەڵکی کوردستان، بەڵکو کەوتبووە بەرامبەر چاوەڕوانی سیاسی جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، کە پێداگریـیان لەسەر دەسەڵاتی شورایی دەکرد.
لە دوای (٢٠٠٣)وە هەڵبژاردن و پەرلەمان هەم لە هەرێم و هەم لە سەرئاستی بەشەکانی تری عێراق بەشێکە لە پاکێجی ڕژێمێکی میلیشی کۆنەپەرستانەی سیاسی ئیسلامی و قەومی کە لەدوای داگیرکردنی عیراق لەلایەن بورژوا ئیمپریالیستی ئەمریکیەوە دامەزرەوە، و هەڵبژاردن بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ڕژێمە سیاسیەیە نەک فەراهمەهێنانی هەر ئاڵوگۆریەکی جیدی تیایدا.
کەمپێنی هەڵبژاردنیش لە هەرێم هی (پارتی) و (یەکێتی) و حزبەکانی تری ئۆپۆزسێونە کە نۆینەرانی سەرمایە و سەرمایەدارین. پاش (٣٣) ساڵ لە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەم دوو حزبە بەسەر هەرێمدا و (٢٠) ساڵ بەسەر تاڵانوبڕۆی نەوت و گاز و داهاتی ناوچەکە و قۆرغی پشکی مالیـیان کە لە بەغداوە دێت، و پاش گەشەسەندنی هەرچی زیاتری سەرمایەداری لە عیراق و کوردستان و جێبەبەجێکردنی سیاسەتی ئابوری نیولیبرالیزم بەشیوەیەکی هەمەلایەنە و خێرا، و لە گەڵیشیدا هەرچی زیاتری لێکهەڵپێکرانی سەرمایەداری لە عیراق و هەرێمی کوردستان بە بازاری جیهانی، و کەڵەکەی سەرمایەی جیهانی و ناوچەیـیەوە، ئیتر باس کردن لە سیاسەتی هەڵبژاردن و پەرلەمان بە بێ نیشاندانی ئەم خەسڵەتە چینایەتیـیە سەرمایەداریەی، دووریە لە واقع و خزمەت بە هوشیاری پرۆلیتاریا و ستەمدیدەکان ناکات.
هەر بەم پێیەش، سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی (پارتی) و (یەکێتی) وەک دوو حزبی میلیشیای بورژوازی دەسەڵاتدار لە جیۆپۆلیتیکسی ناوچەییدا و پەیوەستبوونی هەریەکەیان بە جەمسەریکی دەوڵەتی ناوچەیـیەوە؛ ئیران و تورکیا، واقعێکی سیاسی و ستراتیژی سەربازییە، و پەیوەندی هەردوکیشیان بەکۆمەڵگەوە پەیوەندی ڕژێـم و دەسەڵاتی سیاسیە وەک دەسەڵاتیکی چینایەتی بورژوازی بە دژی كرێکاران و زەحمەکێشان. هەوڵ و تەقەلاکانیان بۆ گۆڕینی پارسەنگی هێز لەنێوان ئەم دوو حزبەدا و هەوڵدان بۆ شکاندنەوەی لە بەرژەوەندی هەر لایەکیان لەڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە کارێکی سیاسی گرنگە بۆیان و کۆمەڵەگەیان پێوە سەرقاڵکردووە. هەر بۆیە بێبایەخ کردنی ئەم مەسەلە سیاسییە بەبونەی میلیشییایی بوونیان و کارتۆنییەتی هەڵبژاردنەکانیان سەرگێژی دروست دەکا بۆ جەماەری نەداری کۆمەڵگە و ڕاستیـیە چینایەتییەکانی ئەم دوو حزبە و ستراتیژیان لە نەزەر ناگرێ.
ئەم هەڵبژاردنە چەند گاڵتەجاڕییە و یاریکردنە بە ئامانج و ئاواتەکانی خەڵكی کوردستان، بەڵام بۆ خۆی ڕووداوێکی سیاسیـیە و بەشێکە لە درێژەدان بە هەمان ڕژێمی زاڵی سیاسی و هەمان سیستمی ئابووری سەرمایەداری و زیاتر و زیاتر تێکەڵبوونیەتی لەگەڵ سەرمایەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا و درێژە دانە بە باری سەختی جەماوەری زەحمەتکێش و بێکاری و بێخزمەتگوزاری.
لە سیستمی پەرلەمانی بورژوا دیموکراتیکیشدا نە قسە لەسەر گۆڕینی سیستمی دەوڵەت و ڕژێمی بورژوازییە، نە تەسلیم بوونە بە داوکارە ڕادیکاڵەکانی جەماوەری کریکاران، بەڵکو دەستا و دەستاپیکردنی حکومەتە لەم حزبی بورژوازی بۆ ئەوی تریان.
ئەرکێکی سیاسی کۆمۆنیستەکان لەبەرامبەر بانگەشی هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا لە کوردستان گرتنەبەری سیاسەتێکی چالاکانەی کۆمۆنیستیـیە بەرامبەری و هەنگاوی یەکەمی ئەمەش ڕیسواکردنی خەسڵەتی چینایەتی بورژوازیانەی ڕژێمی سیاسی کوردستان و حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیونە، و لێرەشەوە چوونەسەر هەموو لایەنەکانی تری خۆ ئامادەکردنی و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتی و سۆشیالیستی پرۆلیتاریا لە دەرەوەی کایەی پەرلەمان و هەڵبژاردن.
هەر لەم ڕاستایەشدا نەک هەر بانگەشەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوان بکات کە بەشدار نەبن و بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، بەڵکو ڕوونیبکاتەوە کە چۆن هەڵبژرادن و پەرلەمانی کوردستان ڕێگرە لەبەردەم بەرەوپێچوونی هەر ئاڵۆگۆرێکی شۆڕشگیرانە کە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕزگاریان.

١٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤




چەن سەرنجێک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.. سامانی وەستا بەکر

  1. هەموو حیزبەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنا ئەیانووت، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و بواری تەزویرکردن کەمە، هەربۆیە نابێ لە ئێستایا هیچیان پرتەوبۆڵەیانبێ.
  2. ئەو ئەنجامەی کە هەیە قەبارەی هەمووانی دیاری کرد ئەگەر بەشێک لە خەڵکی ڕۆشنبیر و نوسەر و نوخبە بۆچوونێکی تری هەبێ.
  3. چیتر ئەوە ڕاست نییە بوترێ حکومەت و دەسەڵات خۆ سەپێنن و گلەی لە شێوازی حوکمڕانی هەرێم بکرێ، خەڵک چووە سەر سندوقی هەڵبژاردن و قسەی خۆی کرد.
  4. نەنگییە خەڵک گلەی بێ مووچەی و کەمی خزمرتگوزاری بکا.
  5. شەرمە لە ئێستاوە خەڵک هەبێ ناڕەزای لە ئەنجامە پێشبینیکراوەکەی هەڵبژاردن دەربڕێ.
  6. نەنگییە چیتر باس لە دزی گەندەڵی بکرێ، مادام بەپێی وتەی حیزب و زۆربەی چاودێر و ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن بوون هەڵبژاردنێکی بێ تەزویر بووە.
  7. دەرکەوت کە خەڵکی هەرێمی کوردستان حەزیان لە گۆڕانکاری نییە و ڕازی بەو شێوازی حوکمڕانیەی کە ٣٢ ساڵە هەیە.
  8. ئەنجآمی هەڵبژاردنەکە پێمان ئەڵێ کە خەڵکی هەرێم مووچە هەبێ یان نەبێ، گەرەنتی بژێوی ژیانیان بەشێوازیتر بۆ دابینکراوە، ئەگەروانییە کەواتە ئەبێ خەڵکی هەرێم تووشی نەخۆشی “ستۆکهۆڵم سیندرۆم” بوون و ئاشقی جەلاد و دزەکان بوون، وەک مەڕ زمان ئەهێنن بە چەقۆی سەڕبڕەکانا.
  9. دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەوە ئەگەیەنێ کە خەڵکی هەرێم بە لەشکرکێشی و داگیرکای و بۆردومان و کوشتنی خەڵکی سڤیلی کورد لەلایەن تورکیاوە ڕازین و کێشەیان نییە.
  10. هەر دەرنجامەکە ئەوە ئەگەیەنێ کە بوونی قەرارگا و دەستوەردانی ئێران لە وردودرشتی سیاسەتی هەرێما بەلای خەڵکەوە ئاساییە.
  11. دەرەنجامەکە پێی وتین کە پێشتر بێ ئاگابووین لە بوونی تورکمان لە سلێمانی و مەسیحی لە شارباژێڕ.
  12. دەرکەوت کە بادینان کەیفیان هەر بە بادینی یەت و حوکمی سۆرانی گیراناکەن.
  13. ئەنجامەکە ئاماژەئ گرنگی تیایە لەوەی دێگەڵە سنورێکی تۆکمەیە و بڕینی ئاستەمە.
  14. دەرەنجامەکە بۆی ڕوونتر کردینەوە کە خەڵکی هەرێم سۆزداری بەسەریان زاڵە و بە دڵ دەنگ ئەیەن و هەڵەبژێرن نەک بە بیر و هزری سیاسی.
  15. ئەکرێ بە ئاسانی پۆپۆلیست و بازرگانەکانی ناو سیاسەت گەمە بە ئاستی هۆشیاری خەڵک بکەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریانبهێنن.
  16. وەڵامی ڕوونی بۆ حیزبە ئیسلامییەکان پێیەو پێیان ئەڵێ لە سیاسەتا شوێنی دین نابێتەوە، بڕۆنەوە ناو پەرستگاکان و دەست لە سیاسەت هەڵگرن، بەرۆکی ژن و کچی کورد بەردەن و بەزۆر کلتوری عەرەب مەسەپێنن بەسەریانا، خانمی کورد هەر دێر زەمانەوە سەرپۆشێکی سپی یاوە بەسەریا بۆ بەزۆر لەچکی تورکی، سعودی و ئێرانی ئەسەپێنن بەسەریانا.
  17. پێیوتین کە جارێ هۆشیاری خەڵک نەگەشتۆتە ئاستی ئەوەی کە کاندیدی سەربەخۆ دەرچێنێ.
  18. ئاستی هۆشیاری خەڵک هێندە لاوازە ئەکرێ چوار ساڵ بیچەوسێنیتەوە و بە ٢٠ ڕۆژ بانگەشەی هەڵبژاردن هەموو ستێکی لەبیربەریتەوانێ. ماسیش هەروایە ئەگەر لەجاری یەکەما ڕزگاری بوو لە قولاپی ماسیگرەکە، ئەوا تەنها پاش ٢٠ چرکە جاێکیتر ئەگەڕێتەوە بۆلای قەلاپەکە، هەتا لەدەمی گیرەبێ و ئەبێ بەکاڵا و خۆراک هەروەک ئەوەی ماسیگرەکە پلانی بۆ داناوە.
  19. تەنانەت لەناو کاندیدی حیزبەکانیشا ئەوانە هەڵەبژێرن کە لای حیزب پەسەنە نەک ئەوەی کە شیاوترینە بۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان.
  20. پۆڕی خوراو و قوربانی دەستی خەڵکانی هەلپەرست و ناجۆر بزووتنەوەی گۆڕانە، کە ئەکرێ سوڕی ژیانی بە سوڕی ژیانی جاڵجاڵۆکە بچوێنرێ.
    لەکاتی دوو گیان بوونی جاڵجاڵۆکەیا، مێینەکە نێرەکە ئەکوژێ فڕییئەیاتە دەرەوە. پاشان دوای تروکان مناڵەکان دەستەکەن بەخواردنی لاشەی دایکیان و لەسەری ئەژین تا گەورەئەبن ئەکەونە سەرپێ. ئەمە کتومت لە گۆڕان ڕووییا، سەرەتا ناکۆکیەکان و باڵباڵێن و خۆ بەکەسی یەکەمزانی کاک نەوشیروانیان شەکەت و مانوو کرد تا ئاستی دوورکەوتنەوە، پاشان مشەخۆرەکان گۆڕانیان کرد بەخۆراکی حەزە کەسییەکانیان و بە پلیکانەی گۆڕانا سەرکەوتن بۆ دەسەڵات، دواتر هەندێکیان بە هەڵگەڕانەوەی ڕاستەوخۆ و چوونە ناو پارتی و کۆمەڵێک بەڵگە و نهێنی گۆڕانیان هاوشێوەی سیخوڕ گواستەوە بۆ پارتی تا جێی خۆیان بە باشی بکەنەوە. بەشێکیان کە هیچیان دەستنەکەوت وەک ئەوەی چاوەڕێی بوون گەڕانەوە ناو یەکێتی. بەشکیشیان بەرنامە و ڕێبازی کاک نەوشیروانیان بەکارهێنا بۆ دروستکردنی حیزب و دروستکردنی لیست بۆ پەرلەمان.
    ئەمانە هەموویان گۆڕانیان وەک ماسیە گەورەکە وشکردەوە و هاڕیان و کردنیان بە خۆراکی ماسیە بچوکە چاوچنۆکەکان.
    ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان ئازایەتی نوان و داوای لێبوردنی کرد لە هەڵەی ساڵانی ڕابردوو بەڵام
    بوونی دوو مەکۆی سەرەکی و دوو گۆڕان لە گردەکەو و لە کوردسات وە دواکەوتنی گۆڕان لە کشانەوە لە حکومەت و لاوازی مێدیای گۆڕان بوونە فاکتەری سەرەکی پاشەکشێی کەمەرشکێنی بزووتنەوەی گۆڕان چونکە ئاستی هۆشیاری میلەت زۆری ماوە بۆ جیاکاری و تێگەشتن لە پۆزش هێنانەوە، بەڵام ئەکرێ گۆڕان ئەم شکستە بکاتە سەرەتای هەستانەوە وگەڕانەوە بۆناو خەڵک.

سامانی وەستا بەکر
٢١-١٠-٢٠٢٤ سوید-ستۆکهۆڵم




خاتوو ریـپـین چـیرۆکنووسێکی ئـۆسترالـییە بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

خاتـوو (سـالی ریـپـیـن) نووسەرێکی بەنـاوبانکی ئـوسترالی و جیهـانییە، لە بـواری وێـژەی منـداڵان. لە ماوەی (٢٥) ساڵی رابـردوودا، زیـاتر لە (١٠٠) پەرتـووکی بۆ منـداڵان و بۆ نەوجـوانـان نووسـیوە و چاپیـانی کردوون و بـڵاویـانی کردوونـەتەوە. پەرتـووکەکانی پـڕفـرۆشـتریـن پەرتـووکـن لە ئوسترالـیادا. زیـاتر لە (١٠) ملیونیان دانەیان لە (١٨) وڵاتی جیهان و بە (١٤) زمانی جیهانی لـێفـرۆشراون. لە زۆربەی پەرتووکەکانیشی خەڵاتی لـێیان وەرگرتـوون. تا ئەمڕۆش درێـژە بە نووسین دەدات.
سـالی ریـپـین، لە شـاری (دارویـن) لـە ئـوسترالـیا لەدایـک بـووە. بەڵام لە باشووری رۆژهـەڵاتی ئاسیا گەورەبـووە. بە هـۆی کارەکەی باوکـییەوە، چەنـد ساڵ جـارێک لە دەرەوەی ئوسترالـیا ژیـاون.
سالی ئامادەیی هـونەریی لە مێلبۆرن تەواوکردووە، دوایش بۆ ماوەی (٣) ساڵ چووە بۆ چـین، لە شارەکانی شەنگەهـای و هانگـژۆ، هـونەری وێنەکێشانی کلاسیکی چینی خوێنـدووە. فـێری نـووسین و خوێنـدنەوە قـسەکـردن بە زمـانی چـینی بـووە.
سالی ریپین دەڵێت:”بۆ بێ بەخـتیم. زۆر منـداڵ بووم، لەگەڵ وێنەکـێشێکی فەرەنسیدا هـاوسەرگـیریم کـرد. زۆری نەخایاند، بـۆم روون بووەوە، لە پانتایی ماڵكێـدا، شوێنی دوو وێنەکـێشی لـێنابێـتەوە. رووم لە جـیهـانی وێنەکـێشانی وێنـەی روونکـردنـەوەی پەرتـووکی منـداڵان کرد. بۆ هـاوڕێتی وێنەکانیـشم چـیرۆکـیشـم بۆ منداڵان دەنووسی. ئەمـەیە کە مـنی گەیـانـدە ئـەو ناوبـانگ و ئەو پایـەیەی کە ئێستا لـێـیـم”.
سالی ریپین، لە تەمەنی شەش ساڵـییەوە، دەستی بە نووسینی پەرتـووک کردووە. تا ئێستاش درێـژە بە نـووسـین دەدات. زمـانی ئـینگـلـیزی و هـونـەر، بابەتی دڵـخـوازی بـوون. لە قـوتابخـانەی بنەڕەتیـدا، چـیرۆکی دەربارەی ژیـانی خـۆی و خـێزانەکەیـان دەنـووسی، بـە زۆریـش خـۆی وەک پـەرییـەک یـان شـازادەیـەک پـێـشـان دەدا. ئـەو چـیرۆکانەی کە دەیانی نووسین، پـیشانی مامۆستاکانی دەدان، ئەوانیش دەستخۆشیان لێـدەکـرد و بە دەنـگـێکی بـەرزەوە، لـە پـۆلـدا بـۆ قـوتـابیەکـانیان دەیـانخـوێـندنـەوە.
دەڵـێت:”مـن زۆر حـەزم لە نووسینە، ئایا مـن بەخـتەوەر نیـم، کە ئەمـە کاری منە؟.
دەشڵێت:”ئەوەم بە ئەنـدێـشەدا نەدەهـات، کە نـووسـین دەبێت بە پـیشەم، بەڵام شتێک نەبـوو، کە هـەرگـیز بتـوانـم دەستی لێ هـەڵـبگـرم. لە سەرەتـادا، لـەو باوەڕەدا بـووم، کە دەبـمە وێـنەکـێش”.
سالی ریپین. دوای تەواکردنی خوێندن و گەڕانەوەی لە چین، دەستیکرد بە یارمەتیدانی منـداڵانی چـینی ـ ئوسـترالی، لە جـێبەجێکـردنی ئەرکەکانی قـوتابخـانەکانیان. ئیلهامیش لە یەکـێک لە خوێنـدکارەکانەوە وەردەگـرێـت و بە بـۆنـەی سەری ساڵی چـینیـیەوە، بە زمـانی چـینی پەرتووکێک دەنووسێت، بە ناونیشانی (سەری ساڵی چـینی ڤانگ ڤانگ).
یەکەمین پەرتووکی بۆ گەورەساڵان، بە ناوی (شـتە کـێوییەکان) ەوە نووسیوە، کە باس لەوە دەکات کە چـۆن فـێری خوێنـدن بـوون. یەکەمـین پەرتـووکی بۆ منـداڵان، زنجیرەی پەرتووکی (بیلی بی براون)ە بۆ منـداڵانی تەمەن (٦ ـ ٨) ساڵانە. لە ساڵی (٢٠١٠) دا، لەلایـەن خـانەی بڵاوکـردنەوەی (هـاری گـرانـد) ەوە چاپکـراون و بڵاوکرانەتەوە. هـەر پەرتـووکـێکـیش لەم زنجـیرەیە. بابـەتی جیاوازیان لەخـۆگـرتـوون. بیـلی بی بـراون لە بە ناوبانگترین پەرتووکەکانێتی بۆ منداڵان، تەنیا لەم پەرتووکەی، چـوار ملیـۆن و نیو، دانـەی لە لـێفـرۆشـرا. بێجگە لەم پەرتـووکەی، پەرتـووکی (هـای جـاک) یەکـێکی تـرە لە پەرتـووکە بەناوبانگەکانی بـۆ منـداڵان.
لە مانگی (فبرایەر/ ٢٠٢٤) واتا لە ئەمساڵدا، دامەزراوەی (خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا) (سالی ریپـین) ی وەک بـراوەی خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا بۆ ساڵی (٢٠٢٤ ـ ٢٠٢٥) راگەیانـد. ئەم خەڵاتـەش بە (خـەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان) لە ئـوسترالیا دەزانـرێـت، کە لە ساڵی (٢٠١٢) ەوە دەستی پێکرد. دوو ساڵ جـارێ دەدرێـت بە نووسەرێکی لیهاتـووی بـواری وێـژەی منـداڵان یان بە وێنەکـێشێکئ وێنەی روونکـراوەی پەرتـووکئ منـداڵان.
سالی ریپین هـەشتەمین بـراوەی ئەم خەڵاتەیە. بـراوەی خەڵاتـەکەش، پۆستی باڵـیۆزی منـداڵانی نـیشـتمانی هـەیە. دەبێـت بەشدارییەکی گـەورە لە کۆمەڵـێک چالاکـیی وێـژەی منـداڵانی ئـوسترالـیا بکات. بـۆ مەبەستی یارمـەتـیی منـداڵان لە ئـوسترالـیا، گەشـت بۆ هەمـوو شـارەکانی ئۆسترالـیا دەکـات.
ئەم خەڵاتە، دەرفەتی بۆ سالی ریپین رەخساند، بۆ ئەوەی گەشت بۆ هەمـوو شوێنێکی وڵاتـەکەی بکات. قــسە لەسەر ئـەو شـتانە بکات، کە بۆ ئەو واتـایەکی زۆریان هـەیە. وەک: خوێندەواری، داهـێنان، پشگـیریی منـداڵانی تووشبووی دەمـارگـرژی لە پـۆلـدا.
پەیـامی سالی ریپـین ئەمـەیە:” هـەمـوو منـداڵان دەتـوانـن خـوێنـەربـن”.

ریپـین بە شێوەیەکی تایبەتی، حەزدەکات یارمەتیی ئـەو منـداڵانە بـدات، کە تـووشی دەمـارگـرژی و هـەڵـچـوون و دۆخـێکی دەروونـی بـوونـە، یـان ئـەو منـداڵانـەی کە کـێشەیان لە گـرانی خوێنـدنەوە هـەیە. بـۆیـە کـاری لە پێـشینەی ریپـین، بـریتـییە لە بیرکردنەوەی ئاستی هـۆشیاری، سەبارەت بەوەی کە چـۆن گـرانییەکانی فـێربوون و دەمـارگـرژی، کاریگەرییـان لەسەر خوێنـدنەوە و نـووسـینی منـداڵان هـەیە.
ریپـین تیشک دەخـاتە سەر ئەو ئاستەنگانەی خوێنـدنەوە، کە رووبـەڕووی ملیـۆنان منـداڵی ئـوسـترالی دەبنـەوە.
سالی ئامادەکەر و پێشکەشکەری بەرنامەی تەلەفـزیـونیش بـوو. لە چەنـدین کـۆڕ و فێستیڤاڵی وێـژەیشدا، بەشداری کردووە و بابەتی وێژەیی منداڵانی پێشکەش کردووە.

سالی ریپین، کاتێکیش کە سارقاڵی نووسین و وێنەکێشان نەبێت، لەگەڵ سەگەکەیدا، بەنـاو دارستانەکـانی نـزیکی ماڵـیان، پیاسە دەکـات. بیر لە بیـرۆکەی چـیرۆکی نـۆی دەکـاتەوە. هـەمـوو بیـرۆکەکانیـشی لە تـێکەڵکـردنی ئەنـدێـشە و ئەزمـوونەکانییەوە سەرچـاوەدەگـرن. زنجـیرە چـیرۆکەکانی: پـۆلی و پاسـتەر، زیاتر فـانتـازیـن، چونکە بەلایـەوە جـادووگەر و ئەهـریـمەن و جـنۆکە بوونیان نییە. زۆریـش لەو رووداوانەی لە چـیرۆکەکـانیدا روودەدەن، لـەو شـتانەوە سەرچـاوەیـان گـرتـوون، کە لـە جیهـانی ئەمـڕۆدا روویـان داون. سالی لە نـاخی دڵـییەوە چـیرۆکەکانی دەنووسێـت. پاڵەوان و کارەکـتەرەکانی چـیرۆکەکانی، لەلای منداڵان و دایکان و باوکان و لەلای مامۆستاکان، پەسەندن و دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەیە. لە ئوسترالیا و جیهـاندا ناوبانگـیان هەیە.
بەشـێکی زۆری پەرتـووکەکـانی سالی ریپـین، خـۆی وێنـەکانی بـۆ کـێشاون. چـەنـد پەرتـووکـێکـیشی بە هـاوبەشی، لەگەڵ نووسـەرانی ئوسترالی تـردا نووسیویـانـێتی.
تاێسـتاش چەنـدیـن رێـزلـێنان و خەڵاتیان پـێی بەخـشـیون.
سالی ریـپین، سێ کـوڕ و سێ کـچی هـەیە، لەگـەڵ هـاوسەرەکەی و منـداڵەکانیـدا لە خانووە کۆنەکەیان، لە مـێلـبۆرن دەژیـن. لە ئێستادا سەرقـاڵە بە نووسینی زنجـیرەی تەلەفـزیۆنی ئەنمەیشن، بۆ منـداڵانی پێـش قـوتابخـانە. سەرەڕای نووسینی چـیرۆک،
لە کـۆمپانیایەکی ئـوسـترالی بەرهەمهـێـنانیش کاردەکات.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




تازە کردنەوە.. شیعری نەوزاد بەندی

لە کۆتاییدا ،
مێژوومان
دیسان ، دووبارە کردەوە ..
دەردی دڵمان ،
دیسان بێچارە کردەوە ..

٭ ٭ ٭

ناسنامە کۆنەکانتانمان
(ئەوەی پیس و خوێناویی بوون )،
وا ئەمجارەیش نوێ کردەوە..
ئاگری دڵی هەتیو و
هەژارانمان ،
جارێکی تر پێ کردەوە ..
دەستمان لە خەوی غەفڵەتا ،
جەرگی توێ توێی
هەمدیسان توێ توێ کردەوە ..

پەنجە هەڵوەریوەکانمان ،
لە زەلکاوا
کۆکردەوە و ..
فێری چەپڵەمان کردنەوە ..
ئەو کۆترانەی کوشتبووتان ،
فێری تەقلەمان کردنەوە ..
لولاقە شکاوەکانمان ،
بوونەوە قوربانی سەما ،
ژانمان لە بیر بردنەوە ..

بە ئوتووی سارد ،
تووڕەیی ڕوخسارمان
جوان و لوس کردەوە ..
لە بەرامبەر ڕاستی و
ویژدان ،
زوو خۆمان عەبوس کردەوە ..
بە داڕوخاویی ،
چووینەوە خەیاڵ پڵاو ..
تەنانەت شەیتانیش ووڕ بوو ،
وێڵ بوو ، ئەیووت :
ئەمە مرۆڤن یان پێڵاو ..!؟

لە کۆتاییدا هەمدیسان ،
گۆزەکەمان کەوتە خوار و ..
شکا و ..
بێ ئاو گەڕاینەوە ..
نە تینوێتیمان لە بیر بوو ..
نە برسێتیی ..
بە ئاسانیی ، دۆڕاینەوە ..

پیرۆزتان بێ ،
ڕەوە تەنکەر
گەلە تاوەر
جوانکیلەی سپی و
ڕەش ئەسمەر ..
ملیارەها ملیار .. ملیار ..
دینار ..یۆرۆ ..
پاوەن ..دۆلار ..
ملیۆنەها مەترە دوجای
شارۆچکە و شار ..
پیرۆزتان بێ ،
بڕینی شاخ
سووتانی دار ..
قوتدانی خێر و خێرات و
سەر و ژێرەوەی داهات و
جادە و بازاڕ ..
زەوی .. ئاسمان ..
قوتی کافر و خواناسمان ..
خەمتان نەبێ ،
ئەوەی وورتەی لێ بێتە دەر
ئەیخەینە ژێر پێی جەماوەر

ئێستا ئیتر ،
دوای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ
ڕازی و ڕەزامەندین لێتان ..
چاوەڕوانین ،
بمانخەنەوە ژێر پێتان ..
بەڵام بە لیست دایبەزێنن ،
با مافمان نەخورێ ،
بزانین
کێمان بۆ پێڵاوی کێتان ..