سیاسەتی ئیسرائیل لە شەڕەکانی غەززە و لوبناندا کۆتاییەکی ڕوونی نییە!.. عوسمانی حاجی مارف

لە سەعاتەکانی دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی یەحیا سنوار بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، چەند ناوچەیەک لە کەرتی غەززە گەمارۆدراو کەوتە بەر بۆردومانی چڕەوە و کوشتاری خەڵکی مەدەنی نەوەستا. تەواو بەپێچەوانەی ئەوانەی باوەڕیان وابوو دوای تیرۆری سنوار شەڕ کۆتایی دێت و ژیان ئاسایی دەبێتەوە. دڕندەیی و ستراتیژی ناتانیاهۆ بۆ داگیرکاری و وەستانەوەی بەرامبەر چارەنوسی فەلەستین، لەوە واوەترە بە تیرۆری سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵڵا، بۆردمان و کوشتارو شەڕی وێرانکەر ڕاگرێت، یان بەئاسانی دەست لە هەڕەشەکانی بەرامبەر ئێران هەڵبگرێت. بەداخەوە شەڕەکە نەوەستاوە و کوشتار بەردەوامەو لەهەمانکاتدا ئەگەری فراوانکردنەوەی شەڕەکە ئەگەرێکی زیاترە.
کوشتنی سنوار هیوای بەهەندێک دا کە ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ زیندووکردنەوەی دانوسان بەئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، گوایە بایدن لەمێژە هەوڵی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەدات، بەڵام دەرئەنجامێکی لەوشێوەیە بەهیچ شێوەیەک دڵنیا نییە. ئەمەش لە لێدوانەکانی بایدن دا ڕەنگدەداتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوبەڕوی کێشەی یەک لە دوای یەک و ئاڵۆز دەبنەوە.
هەروەها پلانی ناتانیاهۆ زیاتر بۆ پاراستنی ئیسرائیلە بۆ دوای جەنگ، تاگەر ئیسرائیل سەرکەوتنی گەورەتریش بەدەست بهێنێت، هەوڵئەدات بەشی باکووری غەززە لە ژێر داگیرکاری هەمیشەیی ئیسرائیلدا بهێڵێتەوەو دەستەیەکی حوکمڕانی دامەزرێنن کە حەماس لەخۆنەگرێت، بەڵام بزوتنەوەی حەماس دوای ساڵێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیە چڕەکان هێشتا چالاکە. تا ئێستا ١٠١ بارمتەی ئیسرائیلیان ڕادەست نەکردۆتەوە.
پلانی ناتانیاهۆ لە باکووری کەرتی غەززەدا سەپاندنی گەمارۆیەکی تەواوە، کە داوادەکات هەموو هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە ناوچەکە بەجێبهێڵن، هەموو ئەو کەسانەی کە لەم ناوچە سەربازیە وێرانکراوە داخراوانەدا ماونەتەوە، بە شەڕکەری دوژمن هەژمار بکرێن و دەرگای هاوکاریان لێداخرێت. هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری غەززەیان گەمارۆداوە و داخستنی ڕێگاکان ڕێگری لە گەیاندنی پێداویستیەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە دەکات، تا فەلەستینەیەکانی غەززە ناچاربن ناوچەکە بەجێبهێڵن و چۆلی کەن بۆ ئیسرائیلیەکان.
ئامانجی سەرەکی حکومەتی ئیسرائیل لە غەززە کۆتاییهێنانە بە حەماس، گەر ئەو کۆتاییهێنانەی حەماس لەسەر کوشتاری تەواوی دانیشتوانی غەززە بکەوێت، دەست ناپارێزێت، چونکە ناتانیاهۆ باش دەزانێت تا وەڵام بەکێشەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نەداتەوە، کە نایەوێت بیداتەوە، زمینەی دووبارە بوژانەوەی حەماس هەیەو خاوەنی بنکەی فراوانی پشتیوانی جەماوەریە لەنێو دانیشتوانی فەلەستیندا.
ئیسرائیل لە مانگی سێپتەمبەری ڕابردودا بە فەرمی ڕایگەیاندوە، کۆتایهێنان بە هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل ئامانجێکی شەڕەکەیەتی. بەڵام بە دوای تیرۆرکردنی بەشێک لە سەرکردەکانی حزبوڵڵا، پلانێکی دیاریکراوی ڕۆشنی نیە. دەیانەوێت ناوچەیەکی پاراستن لە دیوی سنوری لوبنانیش دابمەزرێنن، کە حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستین وەک حەماس نەتوانن چالاکی تێدا بکەن.
لە کاتێکدا کە لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت، بەڵام پلانێکی رۆشنی بۆ پاراستنی ناوچەی پارێزراو نەخستۆتەڕوو، جگە لەوەی بەردەوام دەبێت لە پەسەندکردنی فشارە سەربازیەکان دژی حزبوڵڵا لە لوبنان، تا ئەوکاتەی تواناکانی ئەو گروپە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە یان لەناو دەچن .
ئەگەر ناتانیاهۆ ڕایبگەیەنێت کە دواجار لە غەززە یان لوبنان دەکشێتەوە، ئەوا مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی ڕاستی توندڕەو دەبێت، بەمەش لایەنگرانی ڕاستی ناوەڕاست لەدەست دەدات و مەیلی وەستانەوەی ئۆپۆزسیۆنێک لەبەرامبەر خۆیدا دەجوڵێنێت، کە دواتر ئەو ئۆپۆزسیۆنە سوود لە ماندوێتی سەردەمی جەنگ وەردەگرن لە بەرامبەر ناتانیاهۆدا.
لایەنە ڕاست توندڕەوەکان زیاتر پشتگیری لەو بژاردەیە دەکەن و ئاواتەخوازن بۆ نیشتەجێکردنی ئیسرائیلیەکان لەغەززەدا، هەروەها فراوانکردنی نیشتەجێبونی ئیسرائیلیەکان لە باشووری لوبنان بۆ دەستەبەرکردنی ناوچەیەکی پارێزراو.
ناتانیاهۆ مێژوویەکی دوور و درێژی تۆمارکرد لە پشتگوێخستنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ و یاسا نێودەوڵەتیەکان، بە پەسەندکردنی نیشتەجێبونەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا، بەبێئەوەی بەڕوونی سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی بەسەر ئەو ناوچانەدا ڕابگەیەنێت. بۆیە ئەم سیاسەتە زیاتر بەوە وەسف دەکرێت کە کاریگەری لەسەر یەکلایکردنەوەی کۆتایی هێنان بە چاوەڕوانکردنی نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکاندا دەهێنێت، کە نیشتەجێکردنی ئیسرائیلەیەکان لەو ناوچانەی بۆ پارستنی ئیسرائیل پێویستیانە لای ناتانیاهۆو راسترەوە توندرەوەکان مەسەلەیەکی براوەیە.
ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەسەر ئاراستەی داگیرکاریەکی سەربازی کراوە لە غەززە، کە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ میسر و غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش وادەکات گواستنەوەی فەرمی دوای جەنگ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی فەلەستین لە کەرتی غەززە لەلایەن هەر هێزێکی فەلەستینیەوە قورس بێت. لەم نێوەندەدا پێدەچێت ئیسرائیل درێژە بە ستراتیژی هەڵکوتانەسەر و کشانەوە بدات بە بەکارهێنانی هێزێک کە لە هەزار بۆ چوار هەزار سەرباز پێکهاتووە، نەک ئەو یەکە بچوکانەی کە تایبەتمەندی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانین لە کەناری ڕۆژئاوادا.
لەکاتێکدا ئەم ستراتیژە لە داگیرکردنی کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە جێبەجێدەکرێت، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل بەشێوەیەکی یاسایی وەک داگیرکاری پێناسەی ناکات. لەبری ئەوە وەک بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی شەڕێکی درێژخایان کە لە دژی یاخیبونێکی ناوخۆی ئیسرائیل ئەژماری دەکات و حکومەتەکەی لەو یاخیبوونە دەپارێزێت، بەڵام ئەم ستراتیژە دەبێتەهۆی ئەوەی کە گواستنەوەی دەسەڵات لە دوای شەڕی غەززە قورس بێت، چونکە پێناچێت حەماس بەبێ قایلبوونی پێگەیەک لە دەسەڵاتی غەززەدا بە ئاگربەست ڕازی بێت، لە لایەکی تریشەوە پێدەچێت ئیدارەی ناتانیاهۆ ئامانجەکانی جەنگی خۆی لە لوبنان بە فراوانی بهێڵێتەوە تا ئەوکاتەی کە بتوانێ حزبوڵڵا گۆشەگیرکات.
ئەم ئامانجە لەگەڵ وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی لە باشووری لوبنان دەبێت، بۆئەوەی ناوچەکە نەگونجاو بێت بۆ جێگیرکردنی هەر هێزێکی میلیشیایی. دواتریش بەوشێوەیە سود لە دانوسان وەردەگرێت. ئەمەش ئیسرائیلیش پابەند دەکات بە بەردەوامی ململانێیەکی سەربازی ئاشکرا لە باشووری لوبنان لەگەڵ حزبوڵڵادا، تا دواتر بە چارەسەری دیپلۆماسی یان داڕمانێکی شکستخواردوی یەکێک لە لایەنەکان کۆتایی دێت، ئەم دۆخەش کۆتاییەکەی نادیارە.
توندڕەوانی نێو حکومەتی ئیسرائیل بەبێ سیاسەتێکی دیاریکراو هەوڵدەدەن ئەجێنداکانیان بۆ نیشتەجێکردنی ئیسرائیلیەکان لەغەززە و ئاسایکردنەوەی بنیاتنانی نیشتەجێبون لە باشووری لوبنان بەرەوپێش ببەن. ئەمەش پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی زیاتر ئاڵۆز دەکات.
ئاسایکردنەوەی بیرۆکەی نیشتەجێبونی ئیسرایلیەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە ساڵانێکی زۆری خایاندووە لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا، پاش دەیان ساڵ لە فراوانبوون و گۆڕانکاری لە ڕای گشتیدا، زۆربەی ئیسرائیلیەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە نیشتەجێبونەکان بە تایبەتی لە کەناری ڕۆژئاوا، لە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایدا لەگەڵ فەڵەستینیەکان هەمیشەیی دەبن، واتە دەبێت فەلەستینیەکان بەشێک بن لە ئیسرائیل.
بەوپێیەی حکومەتی ئیسرائیل وردەکاری سیاسەتی نیشتەجێکردنی خۆی لە غەززە یان لوبنان ناخاتەڕوو، پێدەچێت لایەنگرانی ڕاستی توندڕەو و بەشێک لە وەزیرەکان لایەنگری بۆ پێشخستنی ئامانجی نیشتەجێبون لە هەردوو ناوچەکەدا بکەن، بۆ ئەم نەخشەیەش بۆیان گرنگ نیە شەرەکە چەند دەخایەنێت و پێیان گونجاو نیە دانوسان بکرێت.
نەبوونی هیچ سیاسەتێکی ڕونی حکومەتی ئیسرائیل لە چۆنیەتی نیشتەجێکردن ئیسرائیلیەکان لە غەززەو لابردنی فەلەستینیەکان، بەو مانایەیە کە بەگەڕانەوەی دانیشتوانی ئیسرائیل بۆ غەززە، دەبێتە هۆی ئاوارەبونی هەمیشەیی فەلەستینیەکان لەو ناوچانەدا.
لە کاتێکدا پێدەچێت بەهۆی درێژەکێشانی شەرەکە لە ماوەیەکی نزیکدا نیشتەجێبونەکان لە باشووری لوبنان لەنێو بەشێکی زۆری ئیسرائیلیەکاندا بە ناپەسەند بمێننەوە، بەڵام لایەنگرانی نیشتەجێبون، هەوڵدەدەن باشووری لوبنان وەک ئامانجێکی داهاتووی داگیرکاری و نیشتەجێبون لە گوتاری گشتیدا ئاسایی بکەنەوە، بەتایبەت کە شەڕی لوبنان بەردەوامە، لەملاشەوە نەک هەوڵێکی عەمەلی و جدی لە ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ کۆتایی ئەم شەڕە نەخراوەتەڕوو، بەڵکو پێداگری بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و تاوانەکانی ڕێچکەیەکی بەردەوامە. لەهەمانکاتدا ململانێی زلهێزەکانی دنیا، تائێستا ڕەنگدانەویەکی وەها نیشان نادات کە دۆخەکە بەرەو کۆتایی ئەم شەڕە بێت، واتە دەتوانین بڵێین کۆتایی ئەم شەڕە ڕوون نیە، مەگەر گەورەبون و فراوانبونەوەی فشارێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی جەماوەری جیهانی بەر بەم کارەسات و هێرشانەی ئیسرائیل بگرێت.

عوسمانی حاجی مارف




گفتوگۆی رۆژنامەی رەوت لەگەڵ شیرین عەبدوڵڵا دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان

شیرین عەبدوڵا: ئەم پەرلەمانە بە هەموو لایەنە ناکۆکەکانیـیەوە، لە ڕاستیدا لە سەر یەک خاڵی زۆر سەرەکی یەکدەستن، ئەویش پیاوسالاریـیە … و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکتر بە ژنان نادات.

ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس لە تێکشکانی زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمان لەلایەن (پارتی)ـیەوە دەکەن، بەهۆکاری جۆراوجۆر، نەمانی کۆتا، کەمی تەزویر، کۆمۆسیۆنی سەربەخۆ و بێلایەن و چەیکی دەنگەکان هەر لەلای سندوقەکان و ئایا ئەگەر ئەمانە وابن مانای ئەوەی دەدات، کەبەڕاستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەت لە بەرژوەندی ژنان؟
شیرین عەبدوڵا: هەموو ئەو بەناو گۆڕانکاریانەی لە سیستەمی پەرلەمانیدا باسی لێ دەکەن، هیچ شتێک نیـیە جگە لە دانی ڕووکەش و پەردەیەکی مۆدێرن بە سەر درێژەدان بە کۆنەپەرستی و بێ مافی ژنان و هەموو ستەملێکراوانی کۆمەڵگا. ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕزگاری ژنانەوە بێت، کاتێک دەتوانین باسی گۆڕانکاری ئەرێنی و باش بکەین لە بەرژەوەندی ژنان، کە ژنان لە هەرێمدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن؛ چ لە ماڵەوە و چ لە شوێنی کار و چ لە سەر شەقام و ڕێگاوبانەکانی ئەم ووڵاتە. ئاسوودەیی بە مانای ئەوەی:
لە مەترسی کوشتن و سوتاندن و توندوتیژی و دەستدرێژی جۆراو جۆری ناو خێزان و دەرەوەی بە دوور بن.
ژن و پیاو یەکسان بن لە بواری خوێندن و کار و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و خانەوادەکانیان.
هەڕەشەی پێشێل کردنی مافە کەسایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووریـیەکانیانیان لەسەر نەبێت.
ناچار نەبن واز لە کارکردن، یان خوێندن و چالاکیـیەکانی تریان بهێنن و بخزێنە ماڵەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و پیر و نەخۆشەکانی فامیلیـیەکانیان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنانەی سیستەمەکە و دەسەڵاتداران دروستیان کردوە بە بۆنەی تێکدانی سیستەماتیکی کەرتە گشتیـیەکانی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریـیەکانی ترەوە.
ژنان بتوانن بە ئاسانی دەستیان ڕابگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی و دادگایی بۆ کێشەکانیان، وە بەبێ هیچ ڕێگریـیەکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری.
ژنانی دوو گیان یان نەخۆش بەرەو ڕووی گومان و سوکایەتی و توندوتیژی نەبنەوە.
بە چاوی سووک و باوەڕ پێ نەکردنەوە سەیری کێشە یاساییەکانیان نەکرێت.
کاتێک توشی توندوتیژی و زەوت کردنی مافەکانیان دەبن هەست بە پشتگیری تەواوی یاسا و دامودەزگاکانی بکەن.
بە هۆی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازیەوە تووشی کوشتن و ئەشکەنجە و شاڵاوی کۆنەپەرستانە نەبن.
ئەگەر باس لە گۆڕانکاری بکەین، ئەمانە و زۆر خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت پێوەرەکانمان بێت بۆ گۆڕانکاری و لەخۆمان بپرسین ئایا ئێمە وەک ژنان تا چ ڕاددەیەک ئومێدمان بە هیچ کام لەم لایەنانە هەیە و ئایا شەڕ و پێکداچونەکانیان چەند پەیوەندی بە ژیان و خۆش گوزەرانی ئێمەی ژنەوە هەیە و چەند لە نیگەرانی و بێ مافیەکانی ئێمەی ژن کەم دەکەنەوە. ئەو ئاڵوگۆڕانەی سیستەمی پەرلەمانی کاتێک مەعنای دەبێت کە بەشێک بێت لە پاکێجێکی ئاڵوگۆڕی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانە لە سەراپای (کوللی) سیستەمەکەدا، بەڵام دەبینین پەیامەکانیان پڕە لە دەمارگیری مەزهەبی و کۆنەپەرستی و دژە ژنی و دژە ئازادی.

ڕەوت: زۆر لە حیزبە نوێیەکان ( نەوەی نوێ، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل ) دەڵێن ئەگەر خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە بە قازانجی (یەکێتی) و (پارتی)یە و بۆیە پێویستە خەڵک بەبەرفراوانی بەشداری ئەم دەرفەتە بکەن، ئێوە دەڵێن چی؟

شیرین عەبدوڵا: ئەوان پێویستیان بە دەنگە بۆ مسۆگەر کردنی کورسیـیەکانی پەرلەمان و بەشی خۆیان لە تاڵان و چەتەگەری و گەندەڵی ڕژێمدا. ڕاستە لەوانەیە بەشداری نەکردن لە دەنگدان لە بەرژەوەندی (یەکێتی) و (پارتی) بگەڕێتەوە، بەڵام نە ئەوان و نە هێزە تازەکانیش هیچ ئاسۆیەکی ڕووناک بۆ باشتر کردنی ژیان و چارەنوسی ماف زەوتکراوەکانی هەرێمیان پێ نیـیە.
بە لای منەوە ژنان و هەموو توێژە ستەملێکراوەکان ئەگەر پەنجە مۆری خۆیان بدەن لەم هەڵبژاردنە ئەوە دەنگدانە بە چەسپاندن و درێژە پێدانی کۆنە پەرستی و ئەو پیاو سالاری و سیستەمە دژە ژنەی کە چەندین ساڵە هەیە و ئاسوودەیی لێ بڕیوین. ژنان و کرێکاران و نەداران بە درێژایی تەمەنی ئەم هەرێمە، هەمیشە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دوور خراونەتەوە لە سیاسەت و بەشداری کردن لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان. ئەم هات و هوریایەی کە دەیبینین و دەیبیستین لە ڕاستیدا هیچ مانایەکی واقیعی بۆ ژیانی زۆربەی هەرە زۆری ژنان و چەوساوەکانی ئەم هەرێمە نیـیە و هیچ لەو دۆخە سامناکەی ژیانیان کەم ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە، ئەم پەرلەمانە بە هەموو لایەنە ناکۆکەکانیـیەوە، لە ڕاستیدا لە سەر یەک خاڵی زۆر سەرەکی یەکدەستن، ئەویش پیاوسالاریـیە و درێژە پێدانی ئەو سیستەمە دێرین و نێرینەیەی چەوسانەوەی ژنان و ستەم لێکراوانە و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکتر بە ژنان نادات.
ڕەوت
: بەرنامەی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕ لە ژیانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت کرێکاران و هەژارانی کوردستان لە هیچ لە لیستەکان دا نەهاتووە، یان زۆر بەکەمی هاتووە، ئایا بۆ کاریگەری ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سۆسیالیستی بەم هەڵبژاردنەوە لاوازە و گوشاری ناڕەزایەتییەکانی بەم هەڵبژاردنەوە زۆر کەم دیارە و زیاتر مۆرکی شەڕێکی حیزبی ڕووتە لەسەر کورسی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایە و مۆنۆپۆلکردنیانە؟

شیرین عەبدوڵا: ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە هەرێمدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ببێتە فشارێکی جددی لەسەر دەسەڵات، لە لایەک بە هۆی سەرکوتی خوێناوی و لە لایەکی ترەوە بە هۆی نا ئامادەیی و کەم ڕێکخراوبوونی هێزی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ گۆڕینی تەرازووی هێزەکان لە کۆمەڵگەدا.
ئەم حیزب و لایەنانەی شەڕی پەرلەمان دەکەن ئێستا، زۆر نامۆن بە داخوازیەکانی ژن و پیاو و لاو و منداڵ و پیری هەرێم و خۆشگوزەرانیـیانەوە لەبەرئەوەی کە ئەوان نوێنەری ئەم خەڵکە نین و بەرژەوەندیـیەکانی ئەمانیان لە ئاجێندەدا نیـیە، بە پێچەوانەوە، دەبینین کەمپەینەکانیان لەسەر ستایڵی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بە تێچووی چەندەها ملیۆن دۆلار بەڕێوە دەچێت، وەڵامی ئەوان بۆ کێشەکانی مووچە و بێکاری و گرانی و نەبوونی ئازادیەکان، سەرکوتی زیاتری ناڕەزاییەتیـیەکان و کوشتن و دەستگیرکردنی چالاکوانان بووە و هیچ چاوەڕوانیـیەک ناکرێت کە لە پەرلەمانی داهاتودا شتێکی جیاواز بکەن.

١٨-١٠-٢٠٢٤




سەر زەمینی قسە دوورەکان، مانەوە وەک دواین جۆری مردن.. سۆران ساڵح

هەموو شتێک دەربارەی دڵشکاندن دەزانم
ئەوەش دەزانم کە بیرەوەری،
وەک ڕاوچییەک دەیەوێت ڕاوم بکات.
ئەگەرچی خۆم لەم ڕاکردنە ڕانەهاتووم
بەڵام ئازارێک هەیە گۆرانییەکانم دەمژێت،
شەوێک هەیە هێندە تاریک بووە،
قاچی لەوە دەرچووە ڕاست بڕوات.
بۆ ئەوەی ڕووناکیم نەکوژێتەوە
بۆ ئەوەی پەشیمانی لە دوایدا،
بەردم بە چۆکی دا نەدات، ڕۆیشتم.
چونکە ڕاوەستان ئیشی ئەوانەیە،
کە ڕێگاکان بە خواری دەبینن.
من بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە بناسمەوە
دەبێت بەردەوام ببم.

لەم ڕێگایە
هەرچەندە هاوارم کرد، نەبیسترام
هەرچەندە ژانم هەبوو، نەهاتن
مرۆڤ کە ڕەنگی نەما؛ بێناز دەکەوێت
مرۆڤ کە ناوەوەی سەرمای بوو؛ هەستی دەمرێت
بۆیە بە خۆم و دەنگێکی برسییەوە
بە خۆم و ژانێکی توندەوە، ڕێگام گرتە بەر.
بەڵام چونکە بەرگی ئەم تەنیایییە
هێندە ئەستوور بوو
نەمتوانی بەر گوێی زەوی بکەوم.

لە شارێک دەژیم
ڕۆژە خراپەکان لەبەر چاومدا،
وەک وێنەیەکی شیعری خراپ زاوزێ دەکەن.
دڵتەنگی وەک هەورێکی مات،
بارانی خۆشبەختیم لێ قەتیس دەکات.
ئەوەی کێشەیە ژیان هەر ئاسایی دەڕوات!
چۆن ساڵەکان وشک نابن؟
چۆن پێکەنینەکان بێ ماڵ نابن؟

کە ڕۆیشتم، ماڵم لە دەستدا
ناچار، چارەنووسی ئەم دەرگایەم دایە،
دەست دیوارە لەرزۆکەکان.
ئێستاش وەک هەفتەیەک،
سێبەری ڕۆژەکانم لێ ون بووە
وەک هەفتەیەک، هیچ کراسێکم
بۆ دڵتەنگی ڕۆژەکانم،نە دوورییە.
هەموو شتێک لێرە تاریک بووە،
مردن نەبێت!

هەرچەندە لێره شەوەکان درێژن
من لە ڕۆژە کورتەکان بەجێ مام
چونکە هیچ هاوڕێیەکم نییە
گوێ لە شیعرێکم بگرێت
ناچار لەبەر خۆمەوە، وێنەی ڕووبارێک دەکێشم
کە جۆگەلەیەک بێتاقەتی کردووە، بێتاقەت دەبم
بەڵام چونکە هیچ شەوێکیش ئی من نەبوو،
تەنیا دەمێنمەوە.

لەنێو ئەم تەنیاییە دا
دەنگم کە چاڵاکترین چەکی زمانم بوو
بوو بە تەرم.
شەقامەکانیش خەونەکانم قوت دەدەن
ئەو شەقامانە تەنیا بۆ ئەوە دروست کراون،
کە ئازارەکانی من بژمێرن!
دوور دەڕۆم، چونکە نەمتوانی مەودای ئەم فەرامۆشییە ببڕم.
هەتا ڕابردووم چیرۆکێکی خنکا و بێت/ سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە/ دەکەم.

کە ڕەشەبا هەڵی کرد
کە دایکم بە غەمگینی
لەبەر دەرگا دانیشتبوو ترسام
هەرچەندە بیرم لە برینی خۆم دەکردەوە
هەرچەندە برینی خۆمم لێ دیار بوو
بەڵام چونکە لە پاییزدا، کەسێکم خۆش ویست
وەک دارێکی ئەستوور، بەرگەم گرت و نەشکام.

سۆران ساڵح




ستیڤانیش مرد.. شیعری نەوزاد بەندی

( بۆ مەرگی ستیڤان شەمزینیی )

بە دوو دێڕ ..تەنها دوو دێڕ ،
ووتیان ستیڤان جێی هێشتین ،
ئەو پیاوەی پڕ بوو لە نووسین ..
ئەوەی بەناو
ئەو هەموو جەنگەدا ڕۆیشت و
قەت تێکنەشکا
ئەوەی بە شەقاما ئەڕۆیشت ،
بە لێزمە ووشەی لێ ئەتکا ..
لە نانەوا ، تا سەرەی ئەهات ،
ئەو ناوەی پڕ ئەکرد
لە باڵی شیعر ..
ئەو کوڕی پێنوس و ..
نەوەی لاپەڕە بوو ..
قامکەکانی نە دەمەنچەیان گرتبوو ..
نە دار لاستیک ..
نە قۆچەقانی ..
نەجارێ مشتەکۆڵەیەکی وەشان ..
دەست سپی بوو ، ستیڤان ، زۆر دەست سپی بوو ،
لە قەڵەم زیاتر ، هیچ شتێ
لای ئەو نەبوو ..
لەناو ئەو هەموو فیشەک و
بەرد و تاوێرەدا ، وەکو
فەقێیەکی عاشق بە حوجرە ،
هەمیشە ،
بە چوار دەوری کتێبا تەوافی ئەکرد ..
لە لایەک ژوانی هۆنراوە و ..
لە لایەک بە دوای ئەستێرەی کشاوی میللەتەکەیدا ،
داوای ژیان و مافی ئەکرد ..
ئەو لە شارێکی ژەنگاوی و
میللەتێکی خوساوەدا ،
خەونی یوتۆپیای ئەبینی ..
لەناو ئەو هەموو عەشرەتە ،
به تیشێرتێک و
کاوبۆوە ..
لە ژێر کاسکێتەکەیەوە ،
خەونی دوور و جیای ئەبینی ..
ئەو هەورێ بوو لە ووشه و پیت ،
لە هەموو شوێنێ ئەباری ..
تەنها بە دوو دێڕ ، نوسییان ،
ستیڤان مرد ..
دوو دێڕ ..
دوو دێڕی ناچاریی ..
ئیتر باسی ئەو قەڵەمانەیان نەکرد ،
کە لەدوای ئەو هەتیو کەوتن ..
باسی ئەو لاپەڕە بێوەژن و ..
ئەو شیعرە بێوە پیاوانە ..
باسی جینۆسایدی پیت و ..
ئەو هەموو کتێبە مات و
تاساوانە ..
باسی ئەو ڕێبازە چۆڵەی
کە بێ ئەو ،
نەیزانی چی بکا ..
بۆ کوێ بڕوا ..
ئەو زەردەخەنە تاساوە و ..
ئەو هەناسە سوارانەی
کە هیچ لێوێ ،
کە هیچ سنگێ ،
مافی مانەوەی پێ نادا ..
لێرە بە دوو دێڕ ئەتکوژن ..
بە چلەیەکی ماتەمینیی ،
مەرگت دووپات ئەکەنەوە ..
گۆڕەوشار و
ئازاری دابڕانەکەت ،
جەندەها قات ئەکەنەوە ..
کەس ناپرسێ ،
بۆچی لەسەر ئەم مەرزە ،
نووسەر وا لە پڕ ئەمرن ؟
کەچی تابێ ،
سمێڵی سیاسیی ڕەشتر ..
شەوانی سیاسیی سوورتر ..
ملیاری سیاسیی زیاتر ..
ملی سیاسیی پانترە ؟
کەس ناپرسێ ،
بۆچی نووسەر لەم سەر مەرزە ،
وا غەریب و
نەخۆش و
مات و
هەژارن ؟
وا بێ کەس و
تەنیا و
وون و
بریندارن ؟
بە دوو دێڕ ،
تەنها بە دوو دێڕ ،
نوسیبوویان ستیڤان مرد ..
ئیتر
باسی ئەو هەموو پیتەیان نەکرد ،
کە بە برسێتی و تینوێتیی ،
کۆڕەویان کرد ..
باسی ئەو هەموو تیرۆژ و
تیشکی خۆرەی
داوای ئیقامەی شەویان کرد ..
ئەو هەموو مێز و کورسییەی
لە چاوەڕێی بێداریی ئەودا ،
لێک ئەترازێن و ئەپرۆتکێن ..
ئەو هەنگاوە نەنراوانەی
لە ژێر پێچکەی
تەنکەرە نەوتێکا ،
یەک یەک زیندەبەچاڵ ئەکرێن ..
بە دوو دێڕ ، ستیڤان مرد و ..
بڕۆنەوە دیوەخانی
سیاسییە هەمیشه سمێڵ ڕەشەکان ..
سیاسییە نەمرە
کچۆڵە خۆرە
ئاسکخۆرە
چاوگەشەکان …




کوخێک لە تەما.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١)
لە سپێدەیەک لە نورا..
بۆت گەڕام،
خەونی بوونیش..
بێ تۆ، نەبوونە!
(٢)
لە دوبارەبونەوەی ڕۆژەکان..
بێبەریم، دەشێ..
ئەبەدیەت دوێنێ بوبێ!
(٣)
لەدەستمان چوو، ئێستا..
ساتە خۆڵەمێشیەکان ..
دوا ئاسەواری گێژەنەی نێو بیابانە!
(٤)
چی جادویەکە ، زەردەپەڕ،،
دەوەنی ڕەوشەن، پشویەکی..
هەتا هەتا، ڕەهایی …
جوانی گوڵەزەردە خەوتوەکان
(٥)
کوخێک هەیە لە تەما،،
زەریاو مانگ و گەڵاو گوڵە هەڵاڵە..و..
سرووتی ئەفسونی جەستەیەک مەست..
بە فەرامۆشکردنی خەمە جوانەکانی ئەو،
سەکسیفۆنژەنی نادیاری ئێوارەیەکیش..
وون لە زەلکاوی ڕەنگینی پشت دارستانە ..
شەبەنگپۆشئامێزو..
گەنجینە شیعری بوهەیمی!
(٦)
بێداری دەریا..
بەدیار سەماکەرە ماسکدارەکانی گزنگ..
مانگێک بەدەفەوە حاڵی گرتوە..
گەلاوێژی جەستە تەڕ بە بارانی جوانی..
فرمێسکی زومردی ئەکاتە گڕی ژوان!
(٧)
بە فرمێسک و هەڵاڵەو ئاورینگی..
شەوێکی پەمەیی ، دەگەمە..
پردی خەیاڵ، کە پاشماوەی باڵی ئاویینی ..
فریشتە خەمگینەکانی دوای کۆچی تۆی لێجێما
(٨)
بە زەنگۆڵەی ئەستێرە خۆکوژەکان ،
سوێندبێ، هەمیشە تەمەنم بۆت ..
پایزە گەڵا خەزانی عیشقت بێ،،
(٩)
ئای زەریا! من کۆیلەو..
دێوانەی..
شەپۆلە بەخوڕە درەوشاوەکانتم
(١٠)
بەهرەیەکم پێویستە
ئەی ئەهریمەنی شیعری یاخی..
تا لە خونچە ڕەشەکانی داری زڕی مەرگ
خەرەندی ئەم ڕێگا تەمتومانەی ..
درەوازەی خۆری ئاوابووی چاوی ئەو،،
بکەمە فوارەی تەقیوی نێو هاژەی خودی ڕەها




ڕۆمانی ( وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان) بەزمانی فارسی بڵاودەکرێتەوە

ڕۆمانی (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان) ، دووەمین ڕۆمانی (یوسف عزەدین)ە کەلەلایەن وەرگێڕ ( باست مرادی)ییەوە، دوای وەرگێڕانی ڕۆمانی ( تەنها ڕۆژێکی سارد) بکرێتە فارسی و لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی (انتشارات افراز) لەتاران/٢٠٢٤ بڵاوبکرێتەوە. هەروەها بابەتێکی تایبەتی لێكۆڵەر و نووسەر ( هۆشەنگ شێخ محەمەد)؛ تایبەت بەڕۆمانەکە، کەلەکتێبی ( دنیای تارمایی کاراکتەرە پەنهانەکان/دەزگای فام-٢٠٢٢) وەرگیراوەو بەزمانی فارسی لەپێشەکی ڕۆمانەکەدا بڵاوکراوەتەوەو پەرەگرافێکیشی خراوەتە سەر بەرگی دواوەی کتێبەکە.