خه‌باتی چه‌کداریی و حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەران.. شێرکۆ کرمانج

ئەم بەشێکە لە زنجیرە وتارێکی شرۆڤەکاریی، کە لەسەر خەباتی چەکداری و بەرئەنجام و دەرکەوتە نەرێنی و وێرانکارییەکانی بۆ سەر گەلی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەیاننووسم. ئەوەی ڕاستی بێت سەرەتاکانی ئەم نووسینە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٤ ساڵ پێش ئێستا و ڤێرژنی یەکەمی ئەم نووسینە بە دوو بەش لە گۆڤاری هەوار، کە لە ئوسترالیا دەردەچوو، بڵاوکرایەوە. ئەم نوسخەیە بەدەستکاریی و نوێکردنەوە لەژێر تیشکی بەردەوامبوونی خەباتی چەکداریی لە باکووری کوردستان بەگشتی و ئەو چالاکییەی کە پار^تی کرێکا^رانی کوردستان (پەکەکە) لە ٢٣ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا و بەرپرسێیەتییەکەی لە ئەستۆ گرت، نووسراوە. بابه‌تەکە‌ بەسەریەکەوە هه‌وڵدانێکه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ یه‌کێک له‌ هۆکارە‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی بزووتنەوە و شۆڕشه‌کانی گه‌لی کوردستان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، ئه‌ویش په‌یڕه‌ویکردنی‌ خه‌باتی چه‌کدارییە وه‌ک شێوازێکی خه‌بات بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان، لەنێویاندا ڕزگاریی نیشتیمانیی. بەگەڕانەوە بۆ مێژووی کورد، بەتایبەتی دوای شەڕی دووەمی جیهانیی و ئەزموونی خەباتی چەکداری لە کوردستان لەوکاتەوە، شرۆڤەی پێشهات و دەرکەوتەکان دەکەین. لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە خەباتی چەکداریی لەوانەیە لایەنی باشیشی هەبووبێت وەک وروژاندن و حەماسەتخولقێنی و گورزوەشاندن لە داگیرکەر و ڕزگارکردنی هەندێک ناوچەی کوردستان جار جار، لێرە و لەوێ، بۆ ماوەی کورت یان درێژ. بەڵام ئەو لایەنە، یەکەم، لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە، دووەم، بە هیچ شێوەیەک لایەنە ئەرێنییەکانی خەباتی چەکداریی بارتەقای لایەنە خراپ و ئاکامە کارەساتبار و نەرێنییەکانی نابن. بۆیە، ئه‌وه‌ی لە هەموو شتێک زیاتر ته‌رکیزی له‌سه‌ر ده‌کرێت ئاکامه‌ خراپه‌کانی ده‌ستبردنی حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌کانه‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی. پاش ده‌ستنیشان کردنی ئاکامه‌ خراپه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری، هەوڵ دەدەین لە بەشەکانی کۆتایی ئەم زنجیرە بابەتە وەڵامی دوو پرسیاری دیکە بدەینەوە، یەکەم، داخۆ لایەنە کوردستانییەکان خەباتی چەکدارییان وەک تاکتیک و سەپێنرا و هەڵبژاردووە یان وەک ستراتیج. دووەم، داخۆ کوردستانییان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە پێشە، ئەگەر هەیە ئەو بژاردەیە چییە و چۆنە گرنگییاکانی چین؟ گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ تاوەکوو ئێستا له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌م شێوازی خه‌باته‌ له‌لایه‌ن پەکەکە و پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان (پژاک) و چه‌ندین لایه‌نی دیکه [وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (حیزبی دیموکرات) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمەڵە)]‌ که‌م تا زۆر په‌یڕه‌وی لێ ده‌کرێت، یان ئەگەر وازیشیان لێ هێنابێت ئەوە جارناجارێک گفتوگۆی دەکەنەوە. ئێمە پێمان وایە کە خەباتی چەکداریی، لانیکەم، دەبێتە مایەی: (١) پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان بە داگیرکەران؛ (٢) له‌دەستدانی جڵه‌و و ئاراستەی بزووتنه‌وه کوردستانییەکان؛ (٣)‌‌ ناشیرین و لەکەدار بوونی بزووتنەوەکان لەبەر پەیڕەوکردنی شێوازێکی باونەماو لە خەبات؛ (٤) شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ (٥) هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیریی کوردستان لەگەڵ ‌خەڵک و جەماوەر؛ (٦) هەڵگیرسان و درێژەدانی شه‌ڕی ناوخۆ؛ (٧) پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌بات و فرەلەشکریی؛ (٨) بەشەڕگەبوونی سەرزەویی کوردستان و کردنی بە کێڵگەی شەڕ لەلایەن داگیرکەران؛ (٩) بەهێزبوونی دەوڵەتی قووڵ و پێگەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی داگیرکەران؛ (١٠) ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی چه‌ک دوای سەرکەوتن. لەم بەشەدا گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستان دەکەین. یه‌کێک له‌ هۆکارە‌ هه‌ره‌ سه‌رکییه‌کانی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی شۆڕشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان، پشت به‌ستنیان بووه‌ به‌ وڵاتانی دراوسێ و گره‌وکردنیان بووه‌ له‌سه‌ر کێشه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانییان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه‌. سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشی چوارده‌ ساڵه‌ی ئه‌یلول (1961-1975) به‌ سه‌رکردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی نموونه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌و دیارده‌ کوشنده‌یه‌یه‌ که‌ تووشی شۆڕشه‌کانی کورد بووه‌.

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٦٢، واتە تەنیا ساڵێک دوای دەست پێ کردنی شۆڕشەکە، کاتێک شای ئێران، محمد ڕەزا، دەستی کرد بە دابینکردنی تەقەمەنی سووک و پاڵپشتی دارایی بۆ کوردەکان دژی حکومەتی عێراق. پشتگیریی دارایی ساڵانە و ناردنی چەک لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیادی کرد و لە ١٩٧٤ دا گەیشتە لوتکە و لە ٧٥ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند (تەماشای کتێبی “مام جەلال: دیداری تەمەن، ل. ٣٠٦ بکە). دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە 1975، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان (یه‌کێتیی) له‌ دیمه‌شق دامه‌زرا و بۆ پشتیوانی له‌ شۆڕشی “نوێ” ئه‌وێیان به‌ تاران گۆڕیه‌وه‌. پاشانیش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌کی جیۆپۆلیتیکی و سه‌رنه‌گرتنی مفاوه‌زاته‌کانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو و زویربوونی سووریا لە مفاوەزاتەکە، یه‌کێتیی ڕووی کرده‌ تاران و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراند، بە ڕادەیەک کە سوپای پاسداران لە هەندێک چالاکی پێشمەرگە بەشداریان کرد. پێش یه‌کێتیی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران خۆشبوو له‌و خه‌باته‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان چڕببووه‌ و پشتیوانی له‌ ئێران وه‌ر‌ده‌گرت. وەک یەکێتیی، پارتی لە هەندێک ناوچە چالاکی هاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسداران ئەنجام دا. بێجگە لەمە، بارەگا سەرەکییەکانی پارتی لە گوندی زێوە و شاری کەرەج بوون تا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١. له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌وتنه‌ به‌ر فشاری هێزه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەر زوو بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی په‌نایان بۆ عێراق هێنا. هەندێک لە بارەگا سەرەکییەکانی هەردوو لایەن تا ڕاپەڕین لەو ناوچانەدا بوون کە لەژێر سایەی حکومەتی عێراقی-دا بوون و کەم تا زۆر کۆمەکی سەربازیی و لۆجستییان لە عێراق وەردەگرت. به‌هه‌مانشێوه،‌ په‌=که=‌که،‌ دوای دامه‌زراندی له‌ 1978 هه‌ر زوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی بنه‌وبارگه‌ی تێک ناو ڕووی کرده‌ سووریا. دواتریش دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌باتی چه‌کداریی له‌ 1984 سووریای کرد به‌ پشتیوانی سه‌ره‌کیی خۆی و ده‌شتی بیقاع-یشی له‌ لوبنان کرد به‌ مه‌ڵبه‌ندی مه‌شق و سازدانی گه‌ریلاکانی بۆ شه‌ڕ له‌ کوردستان. بەگشتیی، پێداویستییەکانی خەباتی چەکداریی (چەک، فیشەک، ئازوقە، پارە، هتد) پاڵنەریی سەرەکی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان و داگیرکەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون. لێره‌دا حەزدەکەم پێش ئەوەی زیاتر بچمە ناو بابەتەکە لەسەر دوو شت هەڵوەستە بکەم.
یەکەم، من ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە، گەریلا یان شەڕڤان بوون. هاوکات، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم، بەوانەش لە خەباتی چەکداریی گیانیان فیدا کردووە. ئەو ڕەخنانەی من لەسەر شێوازێکی خەباتە بە هیچ شێوەیەک نابێت وەک بێڕێزیی بە ماندووبوون و خوێنی ڕژاوی بەشدارانی خەباتی چەکداریی ببینرێت. دووەم، ده‌مه‌وێت خوێنه‌ر ئاگاداربکه‌مه‌ که‌ مه‌به‌ست له‌ پشتبه‌ستن نۆکه‌رایه‌تی کردن نییه‌، له‌م بابه‌ته‌ که‌ باس له‌ پشتبه‌ستن ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان تاوانبارکردنی نه‌ سه‌رکردایه‌تی و نه‌ بنکردایه‌تی ئه‌م لایه‌نانه‌ نییه بەڵکوو ڕەخنەکردنی خەباتی چەکدارییە کە حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستانی هێناوەتەگۆڕێ‌. بەبنەما لەسەر‌‌ دیالەکتیکی هۆ و ئه‌نجام دەکرێت شرۆڤەی پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی و پشتبەستن بە داگیرکەران بکەین. به‌پێی ئه‌م دیاله‌کتیکه‌ هه‌موو ئه‌نجامێک هۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ به‌هێز بێت ئه‌نجامه‌که‌ حه‌تمی ده‌بێت‌، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ش بێهێز بێت ئه‌نجامه‌که‌ی وه‌ک ڕووداوێک ده‌رده‌که‌وێت‌‌، بە زمانی بازاڕ پێی دەڵێن ڕێککەوت (سودفە). بۆ نموونه،‌ ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی باش ئاماده ‌بکات بۆ تاقیکردنه‌یه‌ک ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی شتێکی حه‌تمییه‌، ئه‌گه‌ریش که‌م یان هه‌ر خۆی ئاماده ‌نه‌کات ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ سودفه‌یه‌. به‌ بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپه‌ ده‌توانین هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه‌کانی کوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه‌ هه‌یه‌ شی بکه‌ینه‌وه‌.
که‌من ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌وه‌دا هه‌بێت که‌ هۆی هه‌ره ‌سه‌رەکی شکستهێنانی “شۆڕشی ئه‌یلول” لە باشوور بە سەرکردایەتی پارتی پشتبه‌ستنی بوو به‌ ئێران، ئێرانێک کە لە باشترین دۆخ نەیارە و لە خراپترینیش دوژمن و داگیرکەر. گومان له‌وه‌شدا نییه‌ که‌ “شۆرشی نوێ”ی کوردستان له‌ 1976-1988 بە ڕابەرایەتی یەکێتیی به‌هه‌مانشێوه‌ پشتبه‌ستن بوو به‌ ئێران، کە به‌هه‌مان ئاکامی گه‌یاند. ئاشکراشه‌ که‌ “ڕێککەوتنی ئەدەنە” لە نێوان سووریا و تورکیا، بە سەرپەرشتی ئێران و میسر، له‌ 1998، بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی سووریا لە پەکە^کە، کە ده‌رپەڕاندنی “عه‌بدوڵا ئۆجالان”ی سه‌رکرده‌ی شۆڕشی کوردانی باکوور بەدوای خۆیدا هێنا، هۆکاری هەرە سەرەکیی بێهێزبوونی بزووتنه‌وه‌که‌ له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان-دا بوو، لانیکەم لاوازبوونی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە، کە لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بەشێکی زۆری باکووری کوردستانی لەژێر دەسەڵاتدا بوو و چالاکییەکانی گەریلا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باکوور گرتبۆوە، کەچی لە بیست ساڵی ڕابردوودا تاک و تەرا نەبێت، گەریلا لە باکوور بوونی نەماوە. لە باشووریش گەریلا توانای هێرشیان لە دەست داوە، بەرگرییکردنی لێ دەرچێت، ئەویش لە چەند شاخێکی سەخت لە دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان، لەنێو تونێل و ئەشکەوتەکانی باشوور نەبێت. ئەمانە ڕاستیی تاڵن.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، کاریگه‌ریی ڕێککەوتنی ئەدەنە له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌کەی باکوور‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی باره‌گاکانی په‌@که@‌که‌ له‌ لوبنان و پشبه‌ستنی به‌ سووریا بۆ دابینکردنی بارەگا بۆ مەشق و ڕاهێنان لە دۆڵی بیقاع و یارمەتی سەربازیی و لۆجستیکی. هه‌رئه‌ویش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ سووریا ده‌ستی باڵای هه‌بێت له‌ دیاریکردنی ئاراسته ‌و دواڕۆژی بزووتنه‌وه‌که، لانیکەم تا ئەو کاتەی بارەگاکانی پە+کە+کە لە بیقاع بوون‌.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا شۆڕشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان بۆ پشت به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌به‌ستن؟ به‌ ده‌ربڕینێکی دیکه‌ شۆڕشه‌کان چۆن ده‌توانن پشت به‌ بێگانه‌ نه‌به‌ستن؟ کورد چۆن ده‌توانێت به‌رانگژی تورکیا بێته‌وه ‌و پشت به‌ سووریا نه‌به‌ستێت؟ یان دژی دەوڵەتی عێراق یان ئێران خه‌بات بکات بێئه‌وه‌ی یارمه‌تی له‌ ئێران یان عێراق وه‌رنەگرێت؟ ئایا ده‌کرێت شه‌ڕی پارتیزانی بکرێت و کۆمه‌ک له‌ ده‌روجیران وه‌رنه‌گیرێت؟ ئایا شه‌ڕ بێ ئازووقه‌ ده‌کرێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌بێت هۆکانی پشتبه‌ستن به‌ دراوسێکان (داگیرکه‌ران) بدۆزینه‌وه‌، ئه‌وسا ڕێگه‌چاره‌ی خۆقوتارکردن له‌ نه‌هامه‌تی پشتبه‌ستن به‌ بێگانه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین.
ده‌ست پێ کردن‌ و درێژه‌دان به‌ خه‌باتی چه‌کداریی لەلایەن بزووتنه‌وەکانی کوردستان، پێویستیی پشبه‌ستن به‌ ده‌روجیران دێنێته‌ گۆڕێ. بۆ؟ چونکه،‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌کان (کادیر و پێشمەرگەکانیان، گەریلاکانیان) پێویستییان به‌ چه‌ک و گولە و تفاقی جه‌نگی و زه‌خیره‌ بۆ چەکدارەکانیان دەبێت‌، هاوکات پێویستییان بە نەخۆشخانە دەبێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی بریندارەکانیان، هتد. ئه‌مانه‌ش‌ وا له‌ بزووتنه‌وه‌کان‌ ده‌که‌ن په‌نا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببه‌ن بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی و پشتیوانی. بە واتایەکی دیکە، خه‌باتی چه‌کداریی میکانیزمی پشتبه‌ستن به‌ دراوسێکان دێنێتەگۆڕێ. هاوکات، له‌به‌ر شوێن و واقیعی جوگرافی کوردستان کە “وڵاتێکی دەورەدراو” (landlocked)، واتە وڵاتێکی بێ کەنارە و لە هەموو لایەکەوە بە وشکانی دەوردراوە، ئەوا زۆرجار، ئەگەر نەڵێین هه‌میشه‌، ئه‌و لایه‌نەی کە بزووتنەوەکانی کوردستان داوای یارمەتی لێدەکەن، یەکێک لە چوار‌ داگیرکه‌رەکەی کوردستان-ە. هه‌ڵکه‌وتی کوردستان وای کردووه‌، ئه‌گه‌ر دۆستێکی کورد به‌نیازپاکی، یان بۆ بەرژەوەندی خۆی، بیه‌وێت یارمه‌تی ڕاپەڕینەکانی کوردستان بدات، ئه‌وا‌ به‌ناچاریی بۆ گه‌یاندنی کۆمه‌ک و چەک و تەقەمەنی ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ی دراوسێیه‌کی، داگیرکەرێکی، کوردستان بیان گه‌یه‌نێت. مێژووش پێمان ده‌ڵێت که‌ دراوسێکانی کوردستان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانیان یارمه‌تی کوردیان داوه‌ و ده‌ده‌ن، یان یارەمەتی لایەنی دیکە دەگەیەنن.
دیاره‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر دراوسێ نه‌یاره‌کانی کوردستان جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی کوردستانیش لە باشوور یان هه‌ر دەوڵەتێکی سەربەخۆ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان لە دواڕۆژ دابمەزرێت، جێبه‌جێ ده‌بێت. چونکه‌ هه‌رێمه‌که‌/وڵاتەکە، بۆ نموونە: هه‌رێمی کوردستان، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ کاتییه‌کانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کان له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌کات، وەک ئەوەی ئێستا بە زەقی دەبینرێت لە مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور. بۆیه،‌ ئه‌و فشاره‌ی که‌ ئێستا هه‌رێم جارجار ده‌یخاته‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ چەکدارییەکانی ڕۆژهه‌ڵات یان باکوور شتێکی چاوه‌ڕوان کراوه‌.
لەوەشدا دەردەکەوێت کە خه‌باتی چه‌کداریی و پشتبه‌ستن به‌ لایه‌نێکی دیکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی دیاله‌کتیکیانه‌یان هه‌یه‌. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، هه‌رکاتێک بزووتنەوەیەک پشت به‌ لایه‌نێکی دەرەکی‌ ببەستێت، ئه‌وا له‌لایه‌ک ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که‌، له‌لایه‌کی دیکه‌ش، بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئایدیۆلۆجی و فکری لایه‌نه‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که. بۆ نموونە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په(‌که)‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک له‌ نه‌وه‌ته‌کان سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستبوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باره‌گای سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی له‌ سووریا و بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی لە لوبنان بوون، ئەوا ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر ده‌خزایه‌ ژێر کاریگەریی ئه‌و ده‌وڵەتە، وەک تێوەگلانی پە[کە]کە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو‌ بۆ ڕازیکردنی پشتیوانەکەی، سووریا. هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ تا ده‌هات بزووتنه‌وه‌که‌ پێداویستیی جه‌نگ و تفاق و شوێنی مه‌شقکردنی زیاتر ده‌بوو. بەهەمان شێوە، بوونی په‌^کە^‌که‌ له‌ سووریا، که‌ هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستبردنی بۆ چه‌ک و پەیڕەوکردنی خەباتی چەکداریی،‌ یه‌کێک له‌و هۆکارانە بوو که‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ئیسرائیل وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌ماشا بکرێت، چونکه‌ هەم سووریا، وڵاته‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که‌، ده‌یان ساڵه‌ وه‌ک وڵاتێکی پاڵپشتیکەر له‌ تیرۆر ناسراوه‌، هەم خەباتی چەکداریی شێوازێکی ڕەتکراوەیە بۆ خەبات لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا (لە بەشەکانی داهاتوودا قسەی زیاتری لەسەر دەکرێت). لەلایەکی دیکەوە، توندڕه‌ویی سووریا کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وتی فکریی و پراکتیزیی په‌+که+‌که‌ دانابوو. سووریا به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه‌ سه‌ر تورکیا و پارسه‌نگکردنی ته‌رازووی هێز له‌ کێشه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ تورکیا په‌-که-‌که‌ی به‌کارده‌هێنا. له‌هه‌مانکاتدا شه‌ڕی مه‌عنه‌وی و ئایدۆلۆجی ئه‌مریکا و ئیسرائیلی-شی پێ ده‌کرد، گوایه‌ به‌ره‌ی دژی ئیمپریالیزمیان پێکهێناوە، گوتارێک کە ئێستاش، دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە دەرچوون لە سووریا، کەچی پە!کە!کە نەیتوانیوە لێی ڕزگار بێت. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی دەربازنەبوون لە گوتاری دژە-ئیمپریالیزم، نزیکیی ئەو ڕێکخراوە بێت لە ئێران لەم ساڵانەی دوایی، کە خۆی بە ڕابەری بەرەی دژی-ئیمپریالیزم دەزانێت، ئەوەی ئێران ناوی لێناوە بەرەی مقاوەمەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە له‌ 1946 دامەزرا، تا سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زیاتر خه‌ریکی خه‌باتی ژێرزه‌مینی و جه‌ماوه‌ری بوو. په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هیچ ده‌روجیرانێکی کوردستان نه‌بوو، که‌چی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی 1961 هه‌رزوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی کۆمه‌ک وه‌رگرتن ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران تێکه‌ڵ کرد. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا له‌ڕێگای چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل-یش په‌یوه‌ندی به‌سترا. گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندی پارتی تا ١٩٦١ له‌ سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌ و ڕه‌وته‌ فکرییه‌کانی پارتی ڕوویان نه‌دابوو، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەد‌ی بۆچی دوای ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌ستی بۆ دراوسێکانی درێژ کرد. ئه‌گه‌ر خه‌باتی چه‌کداریی و پێداویستییەکانی شەڕ نه‌بووبێت ئه‌دی ده‌بێ چی بێت؟ واتە، خەباتی چەکداریی زەرورەتی پشتبەست بە بێگانەی هێناگۆڕێ. لەهەمان کاتدا، به‌نزیکبوونه‌وه‌ له‌ ئێران و ئیسرائیل پارتی‌ هەم جڵەوی بزووتنەوەکەی لە دەستدا، هەم بوو بە بەشێک لە گەمە ئیقلیمییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەم لە‌ ڕه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌می ناوچه‌که‌ دوورکه‌وته‌وه‌، له‌وانه‌ حیزبی شیوعی عێراقیش. ئێمە لێرە باس لە باشی یان خراپی نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوە لە حیزبی شیوعی و بلۆکی ڕۆژهەڵات ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە پشتبەستن بە بێگانە حەتمییەتی گۆڕین لە ئاراستەی فکریی بزووتنەوەکەش دێنێتەگۆڕێ. پارتی تا سەرەتای شەستەکانی ڕابردوو وەک هێزێکی چەپ خۆی دەناساند و لە حیزب و لایەنە چەپەکانی ناوچەکە نزیک بوو، بەڵام کاتێک بزووتنه‌وەکە لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل پەیوەندی گرێدا، ئێدی پارتی پشتی له‌ چەپ و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات کرد و ڕووی لە ئێران و ئەمریکا کرد، وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی موحافیزکار خۆی نمایش دەکرد.
بەپێچەوانەوە‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ی باکوور بنه‌وبارگه‌ی له‌ سووریا دانابوو ئه‌ویش دژ به‌ ڕۆژئاوا و به‌ شنه‌ی ڕۆژهه‌ڵات سه‌مای ده‌کرد، بزووتنه‌وه‌ کوردییه‌که‌ش له‌سه‌ر هه‌مان ئاواز دەیخوێند و ئاڵای سووری کۆمۆنیزمی له‌ شاخه‌کانی کوردستان هه‌ڵکردبوو. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، وەک ئاماژەی پێ کرا، له‌ لوبنان له‌پاڵ فه‌له‌ستینیه‌کان شه‌ڕی ئیسرائیلی ده‌کرد.
ئه‌مانه‌ هه‌موو نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ خەباتی چەکداریی بێجگە لەوەی پێویستیی پشتبەستن بە وڵاتێکی دراوسێ، لە دۆخی کوردستان، داگیرکەرێک، دێنێتەپێش، ئەوا بزووتنه‌وە چه‌کدارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییه‌کانیان ده‌که‌ونە‌ ژێر کاریگه‌ریی فکریی و ئایدیۆلۆجیی ئه‌و لایه‌نەش کە پشتی پێ ده‌به‌ستن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی نه‌ک هه‌ر له‌ ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که‌ به‌ڵکو ئاراسته‌ فکرییه‌کانیشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعی ڕۆژ نابن چونکه‌ به‌ ناچاری ده‌که‌ونه‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی خه‌ته‌ ئایدیۆلۆجییه‌کانی ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نه‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که‌. یه‌کێک له‌ به‌ره‌نجامه‌کانی پشتبەستن بە بێگانە، کە زادەی پەیڕەوکردنی خەباتی چەکدارییە، لەگەڵ‌ ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وەکە‌، دەوڵەتە پشتپێبەستراوەکە دەخاتە پێگەیەکی بەهێز لە کاریگەریی دروست کردن لەسەر بزووتنەوەکە. بۆیه‌ هه‌ر کاتێک به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاتە پشتپێبەستراوەکە بخوازێت فوویه‌ک له‌ “مه‌شخه‌ڵی” شۆڕشه‌کان/ڕاپەڕینەکان ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ خه‌باتی چه‌کداریی تاکه‌ هۆکاری سه‌رنه‌کەوتن یان سه‌رانگۆبوونی بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کانه‌، به‌ڵکو یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کان. بۆیه‌ من له‌و باوه‌ڕه‌دام یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن و له‌ده‌ستنه‌دانی ڕكێفی بزووتنه‌وه‌کانی کوردستان به‌ وه‌لانانی خه‌باتی چه‌کداریی وه‌ک شێوازێکی خه‌بات ده‌ست پێ ده‌کات.
لە بەشەکانی داهاتوودا، گفتوگۆی خاڵە نەرێنی و نه‌هامه‌تییه‌کانی دیکەی خه‌باتی چه‌کداریی دەکەین، لەوانە: ناشیرینبوون و باونەمانی خەباتی چەکداری وەک شێوازێکی خەبات؛ شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ تا کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیرییەکانی کوردستان لەگەڵ ‌خەڵک و جەماوەر.

ماویەتی..




هونەرمەندان بدوێنە شەرحی حاڵی خۆیان دەكەن!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بڕوام وایە دیارترین توێژ لە دوای مامۆستایان ( خۆم مامۆستام و ئەوە دەزانم ) كە ناخوێننەوە، توێژی هونەرمەندانن، ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە میانەی دیمانە و گفتوگۆ و بەشدارییان لە بەرنامە میدیایەكان دەردەكەوێت، كە زۆرباش هەست بەوە دەكەین كە هونەرمەندی كورد، چۆن هونەری هەیە، بەڵام ڕۆشنبیریی هونەری نییە، كە سەرچاوەكەی لە كتێب و خوێندنەوەوە دروست دەبێت. ئێمە لە كوردستاندا، ئەكتەری زۆر بە توانا، مۆسیقاڕی زۆر لێهاتوو، شێوەكاری زۆر داهێنەر، شانۆنامەنووس و سیناریست و گۆرانیبێژی زۆر بە توانامان هەن، بەڵام لە ڕووی ڕۆشنبیریی هونەریی و زمانی دەربڕینەوە، ئەوەندە هەژار و كۆلەوران، مرۆڤ بە زەیی پێدا دێنەوە، كە چۆن لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا، زوو پە كییان دەكەوێت و ناتوانن دوو ڕستەی ڕاست و دروست، دوو زانیاریی جیهانی و كوردستانی لە بارەی هونەرەكەی خۆیانەوە بخەنە ڕوو، چونكە بڕوایان وایە، سنووری هونەر تەنها لە ژەنینێكی ناوازە، تابلۆیەكی پڕ مانا، نواندنێكی جوان، دەنگێكی خۆش، كۆتایی دێت و ئیدی پێویشستیان بە هیچ نییە. زۆر جار كە سەیری زمانی هونەرمەندانی كورد، ئاستی ڕۆشنبیریی و زمانزانی و مەعریفیان دەكەم، بە ڕاستی بەلامەوە سەیرە و تەریق دەبمەوە، كە چۆن دەبێ هونەرمەند، كە ناو و شوناسێكی هێندە گەورە و جوانە ،بەو شێوەیە بێت و ئەمە ئاستی ڕۆشنبیریی و زمانزانی بێت؟ سەیر كەن هونەرمەندانی كورد چی دەكەن و چی دەڵێن؟ ئەوان لە بری ئەوەی داهێنان دوای داهێنان بكەن، هونەری نەتەوەكەیان لە هەموو ڕووێكەوە بە دنیا بناسێنن، دێن بە زمانێكی پەریووتی بێ زانیاریی و گوتە و دەستەواژەی هێندە میللی و كۆمەڵایەتییانە دەدوێن، كە نەك هەر جیاوازی لەگەڵ زمانی ئاسایی خەڵك نییە، بگرە پلەیەك لە ژێر ئەو زمانەشە. سەرنج بدەن، درامانووس و ئەكتەرێكی دیار، كە ئایكۆنێكی هونەری دیارە، بە دەنگێكی بەرز و بە هەناسە بڕكێوە دەڵێت:( نەكەن بێوەژن بێنن بە كەڵكی هیچ نایەن ) ئەم هونەرمەندە، بێ ئەوەی درك بەوە بكات، كە هەزارەها ژنی كورد هەن، هاوسەرەكانییان پێشمەرگە بوون و كاتێ ئەو لە ئەوروپا بێ خەم دەژیا، گیانیان لە پێنا و ئەو و نیشتمانەكەیان بەخت كرد و عاوسەرەكانیان بەداخەوە بێوەژن كەوتن. كەم نەتەوە هەیە لە دنیادا هێندەی نەتەوەی كورد، بە حوكمی ستەمی سیاسی و نەتەوەیی، ژنانی بێ مێرد كەوتبن، ئیدی ئەم بە ناو هونەرمەندە دێت بێ ئەوەی هەست بەوە بكات، كە چۆن هەست ونەستی ئەو ژنانە بریندار دەبێت، دەڵێت: مەیانهێنن ! بە ڕاست ئەمە زمانی هونەرمەندە، یان زمانی شوان و گاوان؟ مەگەر ئەوان كە نەدەزانن هونەر چییە و نواندن چییە، قەت قسەیەكی لەو شێوەیە دەكەن؟ هونەرمەندێكی دیكەی ژن، بە دەنگێكی بەرز هاوار دەكات و دەڵێت:
( یەك ملیار دۆلارم بەنێ دەمی پیاوێك ماچ ناكەم !) بەوەدا دیارە كە ئەم خاتوونە لە هونەر و نواندن نەگەیشتووە، چونكە جیاوازی لە نێوان دنیای هونەر و دنیای واقیع ناكات و وا دەزانێ هەردووكییان هەر یەكن. مەگەر جگە لە ژنە هونەرمەندەكان، ملیۆنان ژنی دیكە لە كۆمەڵگە نین؟ بۆچی دەرهێنەرێك بەوان ناڵێت ماچی پیاوێك بكەن؟ چونكە ئەوان هونەرمەند نین ! هونەر بێ ڕاشكاویی و بوێریی و سڵنەكردنەوە هیچ مانایەكی هەیە؟ ئایا ئەم ئەقڵە بە ناو هونەرییە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەقڵی ئاسایی ژنێكی دواكەوتوو خێڵەكی هەیە؟ هونەرمەندێكی دیكەیان هاوسەرە پیاوەكەی كە زۆر لە خۆی قۆزترە، لە ماڵ دەردەكات و ناچاری دەكات لە سەر شەقام ونێو پاركەكان بنووێت ! یەكێكی دیكەیان، لە گۆرانییەكدا بۆ شووكردن دەكرووزێتەوە و داوا دەكات بچنە داخوازیی ! سەردەمانێك ژنی كورد بە شوو دەدرا، مارەبڕ دەكرا، دەگواسترایەوەـ هەفتا ساڵیش لەگەڵ پیاوەكەی بەیەكەوە دەژیان، كەچی هەرگیز ڕووبەڕووی دانەدەنیشت و پشتی تێ دەكرد، واتا ئەوەندە شەرمن و خاوەن ڕێز و سرووشتی كۆمەڵایەتییانەی جوان بوو. یەكێكی دیكەیان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی چنیوە و بە شانازییەوە باس لەوە دەكات تەمەنی پەنجا ساڵە و مێردەكەشی بیست ساڵە و بە سی ساڵ لەو گەورەترە، ئەو هونەرمەندانەشی كە ڕقیان لێیە لە بەر ئەوەیە كە گەنجێك هاوسەریەتی! لێرەدا قسە لە سەر ئەوە ناكەین كاتێ ژنێك دڵخۆشە بەوەی لە تەمەنی پەنجا ساڵی گەنجێكی بیست ساڵ هاوسەریەتی، چونكە دەزانین خۆشی و مەرامی ئەو هاوسەرگیرییە چییە و لە چیدایە ! تەنها دەڵێین ئایا ئەو باس و ڕووداوە بێ بەها و نا هونەری و ناكۆمەڵایەتییانە هی ئەوەن لە زاری هونەرمەندێكەوە بگوترێن؟ مەگەر هونەرمەند دەبێ داهێنان لە هونەرەكەی بكات، یان شانازی بەوە بكات كە مێردێكی گەنجی هەیە؟ یەكێكی دیكەیان دەڵێت 🙁 مێردەكەم سیفەتی جاكوراری هەیە ئەوەندە ترسناكە) بە مەرجێك سیفەتی ڕێویشی نییە، چونكە زانستی پزیشكی و دەرووناسی ئەوەی سەلماندووە پیاوی سپی پێست و قژ زەرد و چاوشینەكان، لاواز و بێ توانان و سیستەمی بەرگریی لە شیان وەك ڕەشپێست و گەنم ڕەنگەكان بە هێز نییە ! ئەویتریان باس لەوە دەكات كە هەموو لەشی تاتووە، نازانێ كامەیان بە لێزەر لا بات. یەكێكی دیكەیان هەرچی قسەی بازاڕی هەیە، بە ناوی بەندەوە ڕێز دەكات! بە ڕاست ئەمە دەبێ زمانی هونەرمەندان بێت؟ بێگومان بە داخەوە زۆرینەی هەرە زۆریان، ڕۆشنبیرییەكی كەم و زمانێكی پەرپووت و هەژاریان هەیە و هونەرمەندە ڕۆشنبیرەكانی ئێمە لە پەنجەی دوو دەست تێناپەڕن.
ناو و شوناسی هونەرمەند گەورە و پیرۆزە، نابێ بە ئاسانی بدرێتە پاڵ هەموو كەسێك، هونەرمەند دەبێ بە مانای وشە لە هەموو ڕووێكەوە بە تایبەتیش ڕۆشنبیریی و زمانەوە هونەرمەند بێت ! من چی لە گۆرانیبێژێكی ناودار، ژەنیارێكی دیار و بە توانا، ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموون بكەم ئەگەر نەزانێت دوو قسەی جوان و پڕ مانا بە زمانێكی ڕێكی كوردییانە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەرببڕێت. هونەر هەر تەنها بەهرە و نماییش نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر پێگە و كاریگەریەتی لە سەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە. هونەرێك لە خزمەت نەتەوە و نیشتمان، ئاكار و بەها ڕەوشتی و كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤ نەبێت، هیچ مانایەكی هەیە؟.هیوادارم هونەرمەندانی كورد كەمترین دەركەوتنیان هەبێت، نە بادا وەك ئەو باڵندەیەیان لێبێت كە دەڵێن تەنها یەكجار دەیخویند ئەویش دەیگووت:_ (قوڕ ).

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4181) لە 28/10/2024 بڵاوكراوەتەوە.




وتارێکی جەمال نەبەز بە ئەڵمانی لەبارەی شێخ حەسەنی گڵەزەردە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

جەمال نەبەز کەسێکی فرەبەهرە بوو، لە یەککاتدا «مێژوونووس، ئەدیب، سیاسەتمەدار، زماننزان، وەرگێڕ، مامۆستای زانکۆ» جگە لە زمانی کوردی کۆمەڵێک زمانی بیانیی دەزانی، ئەمەش هاوکاری باشی کردبوو، تاوەکو دونیابینی و رۆشنبیری خۆی فراوانتر بکات. لە هەمووشی گرنگتر زیاتر خزمەتی گەلی کورد بکات بەتایبەتی لەڕووی ناساندنی کەلتوری کوردی بە وڵاتانی جیهان لەپێش هەموویانەوە گەلانی عەرەبی و ئەڵمانی، چونکە کۆمەڵێک کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەی گرنگی بەم دوو زمانە نووسیوە.

لە ماوەی پێشوودا لە سلێمانی سەردانی «رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز»م کرد، لەراستیدا بوونی ئەم بنکەیەش، خۆی لە خۆیدا خزمەتێکی گەورەیە بە ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بەگشتی و ئەدەبیاتی مامۆستا جەمال نەبەز بەتایبەتی. بەداخەوە ئێمە زۆر کەم گرنگییمان بە هێشتنەوەی توراسی مامۆستایانی پێشوومانداوە بەتایبەتی لە بواری ئەدەبیی و فەرهەنگیدا، لەکاتێدا زۆر لە وڵاتانی جیهان، لەپاش مردنی نووسەر و هونەرمەندان، بنکەیەک یان ماڵی نووسەرەکە وەکو مۆزەخانەیەک دەهێڵنەوە، بۆئەوەی لەلایەکەوە نەوەی نوێ رێز لە مامۆستایانی پێش خۆی بگرن، لەلایەکی تریشەوە پارێزگاری لە کەلتوری خۆیان بکەن و بە جیهانی بناسێنن. هەربۆیە ئەم هەوڵەی ئەو بەرێزانەی رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز، مایەی دەستخۆشی لێکردنە.
لەوێ کاک دەوەن مەعروف بەڕێوەبەری رێکخراوەکە، کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی مامۆستای جەمالی پێ پیشاندام، لەوانە کتێبەکانی مامۆستا بە زمانی ئەڵمانی و عەرەبی، جگە لە کۆمەڵێک وتار بە زمانی ئەڵمانی، کە هەر هەموویان تەوەری سەرەکییان گەلی کوردستانە. یەکێکیش لەو وتارانەی کە بووە مایەی سەرنجم، وتارێکی مامۆستا جەمالە کە لە ساڵی 1972 واتە پێش 52 ساڵ، لە گۆڤارێکی زانستیی ئەڵمانی، لە بارەی ئەستێرەنناس و کەسایەتیی ناوداری کورد « شێخ حەسەنی گڵە زەردە» یە.

وتارەکە بەناونیشانی:( Ein kurdisches Mond-Observatorium aus neuerer Zeit، روانگەیەکی کوردی بۆ بینینی مانگ لەسەردەمی نوێدا) کە لە گۆڤار( خۆرهەڵاتنناسی ئەڵمانی)دا بڵاوکراوەتەوە. لە وتارەکەدا جەمال نەبەز باسی کەسایەتی شێخ حەسەنی گڵە زەدەردە دەکات و دەڵێت: ئەو ئەسترۆناوێکی» ئەستێرەنناس « کورد بووە لە ناوەڕاستی سەدەی 18 دا ژیاوە، کۆمەڵێک کتێبی گرنگی نووسیوە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عیراقەوە سووتێنراون.
لەلایەکی ترەوە باسی ئەو داهێنان و کارە گرنگانە دەکات کە ئەم ئەستێرەنناسە کوردە کردووەیەتی، هەروەها باسی ئەو بورجە دەکات کە شێخ حەسەن دروستیکردووەو دەڵێت: ئەو بورجێکی ستوونی لەسەر شاخی گڵەزەردە دروستکردووە، کە لە بەرد و گڵ دروستکراوە.

پاشان باسی شاخی گڵە زەردە دەکات، گرنگی و پێگەی ئەم شاخە باس دەکات، کە دەکەوێتە نزێک شاری سلێمانییەوە.

بە گشتی ناساندنی ئەم کەسایەتییە کوردیە بە گەلی ئەڵمانیا، کە لە بواری زانستیدا داهێنانی کردووە، خزمەتێکی گەورەیە. لە داهاتوودا هەوڵ دەدەم تەواوی ئەو وتارەو وتارەکانی تریشی، لەگەڵ چەند کتێبێکی کە بە ئەڵمانی نووسیویەتی، وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی، ئەمەش پڕۆژەیەکی رێکخراوی رۆشنبیری جەمال نەبەزە لە سلێمانی، هیوادارم بتوانم بە ئەنجامی بگەیەنم.




ناساندنی زانستی بۆ کتێبی “ئینسایکلۆپیدیای دەروونی..158.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

ناساندنی زانستی بۆ کتێبی “ئینسایکلۆپیدیای دەروونی”(نەخۆشییە دەروونییەکان).نووسەر: خلیل البواب، وەرگێرانی بۆ کوردی لەلایەن مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری دەروونزانی: فکری مەجید.
چاپی یەکەم ساڵی ٢٠١٢(تاکو ئێستا ئەم پەرتووکە سێ جار لە چاپ دراوەتەوە).

نووسینی وتار: ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، زنجیرەی ١٥٨.

کتێبی “ئینسایکڵۆپیدیای دەروونی (نەخۆشییە دەروونییەکان)” بەرهەمێکی زانستی و ئەکادیمی گرنگە لە بواری دەروونناسیدا کە لەلایەن نووسەری شارەزا “خەلیل ئەلبواب”ـەوە نووسراوە و لەلایەن پسپۆڕی بواری دەروونناسی”فکری مەجید کەورینی”یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و زانستی، کۆمەڵێک زانیاری گرنگ و پێویست لەخۆدەگرێت سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان، شێوازەکانی دەستنیشانکردن، و میتۆدە هاوچەرخەکانی چارەسەرکردن. گرنگی کتێبەکە لەوەدایە کە بە زمانێکی ڕوون و زانستی، دیاردە دەروونییەکان شیدەکاتەوە و لە ڕوانگەی پزیشکی و دەروونناسییەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات.

لە ڕووی ناوەڕۆکەوە،کتێبەکە باس لە زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان دەکات، وەک خەمۆکی، خەمۆکی ناوەکی، خەمۆکی دوای لەدایکبوونی مناڵ، و خەمۆکی ناچەشن، دڵەڕاوکێ، شیزۆفرینیا، دوو جەمسەری، کەسایەتی دووانە، ئۆتیزم، و چەندین نەخۆشی تر. کتێبەکە بە شێوەیەکی ورد و زانستی باس لە پێناسەی نەخۆشییە دەروونییەکان دەکات و پۆلێنبەندییەکی تەواوی بۆ جۆرەکانی نەخۆشی دەروونی خستووەتە ڕوو. هەر نەخۆشییەک بە جیا و بە وردی شیکراوەتەوە، هۆکارەکانی دروستبوونی، نیشانەکانی، شێوازەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی خراونەتە ڕوو.

لە ڕووی میتۆدۆلۆژیاوە، کتێبەکە پشت بە نوێترین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەبەستێت لە بواری دەروونناسیدا. نووسەر و وەرگێڕ هەوڵیان داوە پشت بە سەرچاوە باوەڕپێکراو و نێودەوڵەتییەکان ببەستن و زانیارییەکان بەپێی پێوەرە زانستییە جیهانییەکان بخەنە ڕوو. هەروەها، کتێبەکە هاوتەریبە لەگەڵ پێوەرەکانی DSM-5 و ICD-10 کە دوو سەرچاوەی سەرەکین لە بواری پۆلێنکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە کە تەنها تیۆری نییە، بەڵکو لایەنی پراکتیکیشی لەخۆگرتووە. لە هەر بەشێکدا، نموونەی پراکتیکی و حاڵەتی واقیعی خراونەتە ڕوو کە یارمەتی خوێنەر دەدەن باشتر لە چەمک و بابەتەکان تێبگات. هەروەها، شێوازەکانی هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بە شێوەیەکی پراکتیکی و کردەیی خراونەتە ڕوو.

کتێبەکە گرنگییەکی تایبەتی داوە بە بواری چارەسەری دەروونی و شێوازە هاوچەرخەکانی چارەسەرکردن. لەم بەشەدا، باس لە نوێترین میتۆد و تەکنیکەکانی چارەسەری دەروونی کراوە، لە چارەسەری دەرمانییەوە بۆ تێراپییە جۆراوجۆرەکان. هەروەها، ڕێنمایی و ڕاسپاردەی گرنگ خراونەتە ڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان و شێوازی یارمەتیدانیان.

لە ڕووی زمانەوانییەوە، کتێبەکە بە زمانێکی ڕوون و پوخت نووسراوە کە تێگەیشتنی ئاسان کردووە بۆ خوێنەر. وەرگێڕ هەوڵی داوە زاراوە زانستییەکان بە شێوەیەکی دروست و گونجاو بگوێزێتەوە بۆ زمانی کوردی، بەجۆرێک کە هەم واتای زانستی خۆیان بپارێزن و هەم بۆ خوێنەری کورد تێگەیشتنیان ئاسان بێت. ئەمەش بەهایەکی زیاتری بەخشیوە بە کتێبەکە وەک سەرچاوەیەکی زانستی کوردی.

گرنگییەکی تایبەتی کتێبەکە لەوەدایە کە بۆشاییەکی گەورە پڕ دەکاتەوە لە کتێبخانەی کوردیدا. لە کاتێکدا کە کتێبی زانستی بە زمانی کوردی لە بواری دەروونناسیدا کەمن، ئەم کتێبە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و پێویست بۆ خوێندکاران و پسپۆڕانی بواری دەروونناسی. هەروەها، کتێبەکە دەوڵەمەندی کردووە بە زاراوە و چەمکە زانستییەکان بە زمانی کوردی.

لە ڕووی پێکهاتەوە، کتێبەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لۆژیکی دابەشکراوە بۆ بەش و تەوەرە جیاوازەکان. سەرەتا چەمکە بنەڕەتییەکان دەخاتە ڕوو، پاشان بە شێوەیەکی پلە بە پلە دەچێتە ناو بابەتە ئاڵۆزترەکان. ئەم ڕێکخستنە وایکردووە خوێنەر بە ئاسانی بتوانێت شوێن زنجیرەی بابەتەکان بکەوێت و تێگەیشتنێکی قووڵ و هەمەلایەنە بەدەست بهێنێت.

بێگومان ئەم کتێبە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ چەند گرووپێکی جیاواز: بۆ خوێندکارانی زانکۆ دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی خوێندن و فێربوون، بۆ مامۆستایان و توێژەران دەبێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ وانەوتنەوە و توێژینەوە، بۆ پسپۆڕان و دەروونناسان دەبێتە ڕێنیشاندەرێک لە کاری پراکتیکیدا، و بۆ کەسانی ئارەزوومەند دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن لە دۆخە دەروونییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان.

پێشنیار دەکەم ئەم کتێبە بخوێندرێتەوە لەلایەن هەموو ئەو کەسانەی کە لە بواری تەندروستی دەروونیدا کار دەکەن یان دەخوێنن. بەتایبەت بۆ خوێندکارانی بەشی دەروونناسی و دەروونناسان، ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و پێویست. هەروەها بۆ کەسانی ئارەزوومەند، کتێبەکە دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ تێگەیشتن لە نەخۆشییە دەروونییەکان و شێوازەکانی چارەسەرکردنیان، پەرتووکەکە بە شێوەیەکی زانستی و سیستەماتیک داڕێژراوە، هەر لە پێناسەی نەخۆشییەکان، هۆکارەکانیان، نیشانەکانیان، تا دەگاتە شێوازەکانی چارەسەر و خۆپاراستن. هەر نەخۆشییەک بە وردی و بە پشتبەستن بە سەرچاوە زانستییە باوەڕپێکراوەکان شیکراوەتەوە.ئەمەش وایکردووە کتێبەکە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و تەواو بۆ خوێندکارانی بواری دەروونناسی و پسپۆڕانی ئەم بوارە.




بمنەخشێنە بە ئەبەدیەت.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەموو بێدەنگیەکان و شەوەکانم کردە ووشە
ئەوەی نەوترا ، من نوسیمەوە …

(ئارسەر ڕامبۆ / وەرزێک لە دۆزەخا)

پەراوێزم کە ، تۆفانی
ساتەکان، تازە گوێنادەمێ
بگەڕێمەوە نزرگە پیرۆزەگانی خەمگینی!
هەموو شتەکان خەیال دەرچوون
چەند ئاسان پەپولەکانی جوانی
لە پەنجەکانەوە فڕین! ئای لاوێتی!
خۆشیە جوانە درۆزنەکان، گریمانەی
ئەبەدیەت لە تەمی عیشقێک
کە زوو ڕەویەوە، چەند ئاسان بوو
فێربوونی ژمارەو پیتی
سروودی بوون و نەبوون!
بینیم ئاسمان ڕەنگی ئاڵتونی،و ڕەشی
خوێنی!، هاوڕێکەم ووتی..
با لە پەنجەرەی شەمەندەفەری کاتەوە
مەملەکەتی بریسکاوەی خۆری سپی ببینین
لە پشتەوە ئەسپسوارەکانی دۆزەخ قاقایان بوو!
دەشێ جارێکی تر لە ڕۆحی ترا
یەک ببینینەوە، ئەوی نازدار پێی ووتم،
هیشتا هەنگوین و شەکری
گوڵە هەڵاڵەکان بۆ ماچێکی ژەهرین
لەسەر لێوی بوو!
هەموو ڕەنگێکم ئەوێتەوە کە لە لاوێتی
بێستان و دەشت و دیواری قوتابخانەکانمان پێ بۆیە ئەکرد
وەک جاران زەردەم بێت
بە قووڵایی ئەو چاڵانەی
ژیان لە گەشتە بوهەیمیەکان
بۆی دانابووم، ئەو دەڵێ:
چی سودێکی هەیە دواکەوتن
یان زوو گەیشتن
گەر هەموو ڕێگاکان ئەچنەوە تاریکی مەرگ
چۆن بتوانم جارێکی تر
کازیوەت بم
ئەی فریشتەی ڕۆح قەقنەزی
یاخی لە عەرشی میهرەبانی
تا بە بەخشندەیی
لەگەڵ پەرتبوونی رۆحم بدوێم
چەشنی سۆناتای ئێوارەیەکی وەنەوشەیی
ژیانم بەردەوامە
وەڵامم دایەوە، زەنگێک لە کلێسای
شیعردایە، زرنگەی چرکەکانی تێپەڕینمە
بە نێو پیادەرەوەکانی سەردەمێکی فەنا
ئەمانەی ئەیبینی کۆچەری سەرهەڵگرتوون
دوپاتکردنەوەی هەمان سەفەری ئادەمە
بەرەو نەفرەت! بەرەو گەڕان بۆ مانا
کە خواوەندەکان لێیان سەندەوە
سەرباری ئەوەش،
هاژەی زەریای دڵمە
دەریاچەی بێهودەیی زیندوو ئەکاتەوە!

…………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری نەمساوی
Thomas Muhl
بەسوپاسەوە لە بەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




كتێبێك لە بارەی شیعری شەوی یەڵدا چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

وا بڕیارە لە یادی شەوی یەڵدا دا، كتێبێكی دیكەی سەدیق سەعید ڕواندزی بە ناوی (شەوی یەڵدا لە نێوان نالی و كوردی دا) چاپ و بڵاو بكرێتەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لێكۆڵینەوە و ساغكردنەوەی ئەو شیعرەیە، كە ئایا شیعری كام لەم دوو شاعیرەیە، كە هەتا ئێستا هەندێك بە شیعری نالی و هەندێكی دیكەش بە شیعری مستەفا بەگی كوردی دای ئەنێن. نووسەر لەو كتێبەیدا، بە خوێنەوەیەكی زمانی و فەرهەنگی زمانی شیعری هەردوو شاعیرەوە، شڕۆڤەی دەقەكە دەكات و ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم شیعرە شیعری نالییە و هیچ پەیوەندییەكی بە كوردییەوە نییە، چونكە زمان و جیهانبینیی و لایەنی وشەسازیی شیعری دەقەكە، لە هی نالی دەچێت نەك كوردی. هەر لە پەراوێزی شڕۆڤەكردنەكەدا، نووسەر ئاماژە بە زمانی هەردوو شاعیر و دواتر بەستنەوەیان بە زمانی سەردەمی بابانەكان و شیعری كلاسیكی ئەو كاتە دەكات و دواتریش لە سەر زمان و لایەنی وشەسازیی شیعری شەوی یەڵدا دەوەستێت، كە ئایا شیعرەكە لە زمانی شیعرەكانی نالی دەچێت یان كوردی؟ وا بڕیارە ئەم كتێبە خوا یار بێت. لە ڕۆژی بیستی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو، كە هاوكاتە لەگەڵ شەوی یەڵدا لەلایەن كۆمەڵگەی فەرهەنگی ئەحمەدی خانێ لە سۆران، چاپ و بڵاو بكرێتەوە !




كریستینا دەبێتە یەکەم کەشتیوانی ژن بۆ سەر مانگ.. رەزا شـوان

کریستینا هامۆک کۆچ، ژنێکی ئەمریکی بەڕەسەن ئەفریقییە. لە (٢٩/ یانوار/١٩٧٩) لە گرانـد راپیـدز لە میـشیگان لە ویلایەتە یەکگـرتووەکانی ئەمـریکا لەدایک بووە. لە ئێستادا تەمەنی (٤٥) ساڵە. لە شاری (جاکـسۆنـڤـيل) لە ویـلایـەتی کارۆلـیـنای باکوور گەورەبووە. دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانیاری ئەنـدازیاری کارەبا و لە فـیزیا و لە زانیـاری و بیـرکاری بەدەستهـێناوە. لە ساڵی (٢٠٠١) دا، بـڕوانامەی ماستەری لە ئەنـدازیـاری کارەبـا، لە زانکـۆی ویـلایـەتی کارۆلـیـنای باکـوور وەرگـرتـووە. هـەر لە ساڵی (٢٠٠١) دا، دەرچـووی پـرۆگـرامی ئەکـادیـمی نـاسایە، لە سـەنـتەری فـڕیـن بـۆ بۆشایی ئاسمان گۆدارد. لە چەندین کۆرس و ئەرکی ناسادا بەشداری کردووە، فـیزیای ئەستـێـرەیی و گـەردوونـناسی خـوێنـدووە. وەک یـاریـدەدەری مامـۆسـتا، لە کـۆلـێـژی مۆنتگۆمێـری لە ویلایەتی میریـلانـد کاری کـردووە و سەرپـەرشـتیی خولێکی فـیزیـای کـردووە. کـریـستینا کـۆچ دەڵـێـت:”کاتـێک کە لاو بـووم، زۆر حـەزم دەکـرد شـەوانە سەیـری ئاسـمان و سەیـری ئـۆقـیانـووس بـکەم”
کریستینا لە دوای دەرچوونی لە زانکۆ، وەک ئەندازیارێکی کارەبا، لە سەنتەری فڕینی بۆشایی ئاسمانی لە گۆدارد لە ویلایەتی میریلانـد و لە تاقیگەی فـیزیای کارپێکـراوی و لەسـەر تـیـشکـدانـەوەی ژیـنگەیی لە نـزیک زەوی، لە زانکـۆی جـۆنـز هـۆپکـیـنز بـۆ تاقـیکـردنەوە، لێکۆڵـینەوەی کردووە. هـەروەهـا کـۆچ بە کـرداریی زانـستی لە شـوێنە دوورەکـانی وەک، ئەنـتارکـتـیک، گـریـلانـد و باکـووری ئـەلاسـکا ئـەنجـامـداوە. وەک هاوکارێکی توێژینەوە، لەگەڵ پرۆگرامی جەمسەری باشووری ئەمریکا و ئەنـدازیـاری مەیدانی، لە بەڕوەبەریتی نیشتمانی، لەسەر ئۆقـیانووسەکان و بەرگەهەوا، بە کرداری کـاری کـردووە. لە (٢٠٠٧) وەک هـاریکارێکی چالاک تـوێـژینەوەی لەگەڵ بەرنـامەی جـەمسـەری باشـووری ئەمـریکا کـاری کـردووە. سێ سـاڵ و نیـو لـە گـەشتکـردنی بـۆ ناوچـەکانی جەمسەری باکـوور و جەمسەری باشـوور بە مەبەستی باس و تـوێـژینـەوە بەسەربـردووە. لە سـاڵی (٢٠١٣) دا، پەیـوەنـدیی بە ناسـاوە کـرد (ئـاژانسی ئاسـمانی نیشتمانی ئەمریکا) بۆ فڕینی ئاسمانی و بۆشاییگەری (فەزا) چەندین کاری تر کردووە.
کریستینا کـۆچ، هـاوسەرگیریی لەگەڵ کەشتیوانی ئاسمانی (رۆبـەرت کـۆچ) دا کردووە.
کریـستـینا کـۆچ، لە یەکـەم ئەرکی ئاسمانـیدا، لە مانگی ئاداری (٢٠١٩) دا، تا مانـگی شوباتی (٢٠٢٠) دەستی بە گەشتکـردنه ئاسمانییەکانی کـرد. لەنـاو ویسگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ئی ئێس ئێس) دا، لە خولگەی زەویـدا، بۆ ماوەی (٣٢٨) رۆژ، لەنـاو ئەم ویـستگەیەدا ژیـاوە. کە درێـژتـریـن مـاوەی مانـەوەیە لە بۆشایی ئاسـمانـدا. بەمەش کۆچ ریکۆردێکی پێـوانەییەیی جیهـانی تـۆمارکرد، کە پێـشتر هـیچ ژنـێک ئەم کارەی ئەنجام نەداوە. پێشتر (سکـوت کـێلی) کە یەکەم ئەمـریکی یە، نـزیکەی ساڵێک لە بۆشایی ئاسماندا ژیانی بەسەربرد. کـۆچ لەم ئەرکەیدا، لەناو ئەم ویستگەیەدا، شانە بایـۆلـۆژییـەکانی بە شـێوەی سێ رەهـەنـدی چـاپکـرد، پـرۆتـینی چـانـد، کـاری لەسـەر تاقـیکردنـەوەیەکی مادە تاریکەکان کرد. کـۆچ بە یەکەمـین گەشتی بۆ بۆشایی ئاسمان، مێـژوویەکی پـڕ لە شانازی و شکۆمەنـدیی بـۆ ژنـان تۆمـارکـرد.
کریستینا کۆچ و خاتوو جـێسکا مێیر، یەکەم دوو ژنـن. کە لە (١٨/ ئۆکتۆبەر/٢٠١٩) لە وێـسگەی ئاسمـنی نیـودەوڵـەتی (ئی ئێس ئێس)، دەرچـوون و لە بۆشایی ئاسماندا رۆێشتن و گەڕانەوە ناو وێسگەکە. سەرەکێشییەکی زۆر گەورە بـوو. ئازایەتی زۆر و ئیـرادەیەکی بەهـێزی دەویـست. بەمەش کـۆچ ریکـۆردێکی تـری باڵای تـۆمارکـرد.
کریـستینا کـۆچ، ناوی لە لیسی (١٠٠) ژنی بەناوبانگی جیهـانی لە ساڵی (٢٠٢٠) دا تۆمارکـراوە، کە رۆژنـامـەی تایـمـز هـەڵـیانی بـژاردوون.
لە چوارچێوەی پـرۆژە گەورەکەی ناسا، بۆ بۆشـایی ئاسمان، بۆ گەڕانەوەی مـرۆڤ بۆ سـەر مانـگ، لە (٤١) کەشـتیوانی ئاسمانی چالاکـی کانـدیدکـراو بۆ ئەم گەشـتە. تەنها (٤) یان لێـیان هـەڵـبژارد، کە دووەم کەسـیان، کریـستیـنا کـۆچـە. لە ئێـستادا سەرقـاڵی مەشـق و خۆئامادەکردنە، بۆ ئـەم سەرەکـێـشییە نـوێیەی. دەیەوێـت وەک یەکەم ژن بۆ سەر مانگ و وەک نوێنەری هەموو ژنان ناوی لە مێژوودا بە پیتی زێڕین تۆماربکات.
لە چـوارچـێوەی پـرۆژە گەورەکەی، دەزگـای ناسا بۆ بۆشـایی ئاسـمان، بۆ گەڕانـەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، بە کەشـتیی (ئارتـیـمس ـ ٢) بـۆ سـووڕانەوە بە دەوری مانگـدا، کە دەبـوایە لە کۆتایی ئەمساڵـدا، ئەم گەشتە ئەنجـام بـدرایە. بەڵام دواکەوت و لە ساڵی داهـاتـوو (٢٠٢٥) دا ئەنجام دەدرێـت. ناسا لە کـۆبـوونەوەیەکـدا لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، لە رێـوڕەسـمـێکی شایـستەدا، لە شاری (هـیوسـتن) ناوی ئـەو تیمە چـوار کەشـتـیوانە ئاسمانیـیانـەی راگەیانـد، و بە ئامادەبووانی ناسانـدان. کە بـۆ ئـەم گەشتەی سەر مانگ هەڵیانی بژاردوون. ئەم چوار کەشـتیوانانەن، کە تەمەنی هەمـوویان لە چـلەکان دان:
١ـ ریـد وایـزمـان ـ ئەمـریکی: وەک فـەرمـانـدەی ئەرکەکانی گەشـتەکەی ئارتیمس ـ٢.
٢ـ ڤـیکـتـۆر گـلـۆڤـەر ـ ئەمـریکی: فـڕۆکـەوانی و جەنگی دەریـایی.
٣ـ کـریـستـینا کـۆچ ـ ئەمـریکی ـ ئەفـریـقی: ئەنـدازیـاری کارەبـا. پسـپۆری ئەرکەکانی ئارتیمـس٢ ـ بۆ یەکەم جار و یەکەمین ژنـە لە مێژوودا، کە گەشتی سەر مانگ دەکات.
٤ـ جـێرمی هـانـز ـ کەنـدی: فـرۆکەوانێکی فـڕۆکەی جەنگی پێشوو کەنەدییە. پسپـۆری ئەرکەکانی ئارتیمس ـ ٢. یەکەم کەشتیوانە لە دەرەوەی ئەمریکادا، بەشداری لە گەشتی چـوون بۆ سەر مانگ دەکات. یەکەم جاریـشێ دەبێـت کە بەرەو بۆشایی ئاسمان بچـێت.
هـانـز وتی:”بەیەکەوە دەچـیـنە سـەر مانـگ”.
بیـل نـێـڵسن ـ بەڕێـوەبەری ناسا وتی:”ئەمـە تـیـمـێکی مـرۆڤـایـەتـیـیە”.
سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایـدن بە گەرمی پێشوازی لە چوار کەشتیوانەکانی ئارتـیمس ـ٢ کـردو وتی:”ئەرکەکەتان ئیلهـامبەخـش دەبێت بـۆ نەوەی داهـاتـوو بۆ گەڕان. نیـشانی هـەمـوو منـداڵـێک دەدات ـ لـە ئەمـریـکا و لە کەنـەدا و لە سەرانـسەری جـیهـان ـ کە ئەگـەر بتـوانـن خـەون بە شـتێکەوە ببیـنن.. دەتـوانـن بە دەستی بهـێـنـن”.
ئەمـریکا لە گەشتەکانی پێشووی بۆ سەر مانگ، لە (١٩٦٩ ـ ١٩٧٢) دا، لە کەشتیی (ئەپـۆلـۆ) دا، (٢٤) کەشتیوانیی بۆ سەرمانگ نارد، کە (١٢) یان چـوونە سەرمانگ.
یەکەم کەس کە پێی خستە سەر مانگ، کۆچکـردوو (نیـل ئارمسترۆنگ ـ ئەپۆلۆ ـ١١) بوو کە لە (٢٠/ یۆلیۆ/١٩٦٩) دا لەسەر مانگدا نیشتەوە. لە دوای ئارمسترۆنگ (باز ئاڵدریـن) یش دابەزییە سەر مانگ. لە کتێبێکم دا بە ناونیشانی (یەکەم گەشتی مـرۆڤ بۆ سـەر مانـگ) کە لە ساڵی (٢٠٢١) دا، پـرۆژەی قەفـتان لە سلـێمانی چاپیان کـرد و بـڵاویـان کـردەوە، بە درێـژی و بە وێنەوە باسی یەکەم گەشتی مـرۆڤم بـۆ سەر مانگ کـردووە. دوا گەشتیـش لە ساڵی (١٩٧٢) دا بـوو، دوا کەشتیوان (یـۆجـین سێرنـان و هـاریـسۆن شـمیـس) بـوون، کـە بـە (ئەپـۆلـۆـ ١٧) لە رۆژی (١٦/ نیسان/١٩٧٢) لەسـەر مانگ دابەزیـن. زیاتـر لە (٥٢) ساڵە، مـرۆڤ هـیچ گەشتێکی دیکەی بۆ سەر مانـگ نەکـردووە. سەرجـەم تیـمە کەشـتیوانەکانی پـێـشوو، لە رەگـەزی نـێر بـوون و هەمووشیان پێست سپی و ئەمریکی بوون. بەڵام لە گەشتی داهاتوو بۆ سەر مانگ بۆ یەکەم جار ژن و رەش پێست و کەشتیوانی دەرەوە ئەمریکاش لە ئارتیميس ـ ٢هەیە.
شایەنی باسیـشە، ژنـان لە پـشتەوەی هـەوڵەکانی گەڕانـەوەی ناسان بۆ سەر مانگ و کـلیلی کارەکان و ئامادەکارییەکانن. هـیوادارن کە مێژوو تۆماربکەن. خاتوو (بلاکوێـڵ تۆمپسۆن) کاربەدەستێکی باڵایە لە ناسا، دەڵـێت:” کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ سەر مانگ، لەگەڵ یەکەم ژن و یەکەم کەسی رەنـگاوڕەنـگ.، ئەو چـاپە پـێـڵاوە واژۆدارانـە، بـەو مانایەیە، کە فـەزا و گـەڕان لە بەردەستی هـەمووان دایە. لە ئێستادا ژنـانی بەهـێـز و زیـرەک لە هەمـوو گۆشەیەکـدا دەبـینن، کە ئێـمە لە ناسادا کارەکان ئەنجـامی دەدەیـن. ئەو کەسانەی یارمەتیـدەرن بۆ دروستکـردنی ئەم موشکە زەبەلاحە ـ ئۆریـۆن ـ ئەگەر سەیربکەن، ژنان لە بەڕێوەبەرەکان، ئەندازیارە سەرەکییەکان، لە پۆستی باڵا و بەهـئز و لە هەر شـوێنێکی تردا هـەن و دیانبینن. ئەم ژنانە بناسن: لۆرا بولیا، شارون کـۆپ، ستیڤان ویڵسۆن، چارلی بلاکوێڵ تمپسۆن، کە یاریزانی سەرەکین لە پـرۆگامی ئارتیمس لەلایەن ناساوە. کارگـێڕانی باڵای ناسا ژنـانـن. ئەوە ئێمەی ژنـین کار بـۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ دەکەیـن. لە (٣٥%) ناسا لە ژنـان پـێکهـاتـووە”.
بەرنامەی ئارتیـمس، نزیـکەی (٩٣) ملیـار دۆلاری تێـدەچـێت. چـوار گەشتی یەکەمی چـوار ملیـاری تێـدەچـێت. پـارەکەش حکـومـەتی ئەمـریکا دەیـدات.
نـاسا لە ساڵی (٢٠٢٢) یەکـەم گەشـتی ئارتـیـمس بـۆشـایی ئاسـمانی کـرد، کەپــسولی ئۆریۆنی بێ سەرنشینی فـڕی، تەنها بۆ سوڕایەوە بە دەوری مانگـدا. بۆ پـرۆڤـەکردنی جلوبەرگی تازەی کەشتیوانەکان. بەسەرکەوتووی بە دەوری مانگـدا سـووڕایـەوە و بە ساغیش گەڕایەوە بۆ سەر زەوی. ئەم گەشتە رێگە خۆشکەرە بۆ گەشتی ئارتیمس ـ٢.
بۆچی ناوی نـراوە (ئارتیمس)؟ لە ئەفسانە یۆنانییە کۆنەکاندا، (ئارتیمس) و (ئەپـۆلـۆ) خوشک و بـرابـوون و دوو خواوەنـد بـوون. ئەپـۆلـۆی بـرای خواوەندێکی زۆر بەهـێز و لـە تـوانـا بـەدەر بـووە. بەرپـرس بـووە لە جـووڵـەپـێکـردنی خـۆر. خوشـکەکـەشی ئارتـیمـس بە خواەنـدی مـانـگ ناسـراوە.
لە نێـوان کەشتی ئەپـۆلـۆ و ئارتیمـس جیـاوازی هـەیە. (ئەپـۆلـۆـ١١) سێ کەشتیوانی ئاسمانی هـەڵگـرتبـوو. بەڵام کەشـتی (ئارتیـمس ـ ٢) گەورەتـرە و چـوار کەشـتیـوانی ئاسمانی هەڵـدەگـرێت. ئارتیمس لە ئەپـۆلـۆ بەهـێزتـر و پێشکەوتـووتـر و تیـژفـڕتـرە.
ئامـانجە گـشـتـییەکانی بەرنـامەکەی ئارتـیمس ی ناسا، زۆرە لـەوە زیـاترە کە رۆژانی شکـۆمەنـدی ئەپـۆلـۆ دووبارە بکاتەوە. ئەمجارە مـرۆڤ لە ئارتـیمس ـ ٣ دا، دەچـێتە جـەمـسەری باشـووری مانـگ، کە ساردتـریـن و تـاریکـتریـن شـوێنـە لەسـەر مانـگ. بۆ دۆزینەوەی ئـاو لەنـاو شەخـتەدا.
ئەم چـوار کەشتیوانە ئاسمانەییانەنەی ئارتیـمس ـ ٢، لە ساڵی داهـاتـوودا (٢٠٢٥) بە کەپسولی ئارتـمیـس ـ ٢ دا، لەسەر موشەکی زەبـەلاحی هـەڵـدانی ئاسمانی (ئـۆریـۆن) گەشت بـۆ سەرمانگ دەکەن. لە سەر سەکـۆی هـەڵـدانی موشەکی بۆ بۆشایی ئاسمان، لە ناونـدی بۆشایی ئاسمانی کـنـێدی یەوە، بەرز دەبێتەوە.
ماوەی دیاریکـراوی گەشتەکەشـیان (١٠) رۆژە. تەنها بە دەوری مانگدا دەسووڕێنەوە و ناچـنە سەر مانـگ. دوای جـێبەجـێکـردنی بەرنامەکەیان، دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی. بە ئەنجامـدانی ئەم گەشـتە. (کریـستینا هـامـۆک کـۆچ) دەبـێتە یەکەم ژنی گەشتکـردوو بـۆ مـانـگ. دەبێـتە ناودارتـریـن ژنی جـیهـان لە ساڵی (٢٠٢٥) دا.
ئارتیمس بە شێوەیەک دروست کراوە، کە دەتوانێت (٢٥٠) هەزار میل بفـڕێـت، رەنگە خێرایەکەشی باوەڕ پێکـراو نەبێت. کە لە کاتژمێرێکـدا لە (١٧) هەزار بۆ (٢٥) هـەزار میـل لە کاتـژمێرێکـدا دەبڕێـت. لەم ماوەیەدا چەند تاقـیکردنەوەیەک دەکەن و وێنەیەکی زۆری تەوەری باشووری مانگ دەاگرن. دوایش دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی. ئەم گەشتە رێـگە خـۆشکەر دەبـێـت، بۆ گەشـتی سێـیەم، لە (ئارتـیمـس ـ ٣) دا، کە نیـاز وایـە، لە ساڵی (٢٠٢٦) دا، دوو کەشتیوان، لەوانەیە ژنێک و پیاوێک بێت، لەسـەر جەمسەری باشووری مانگ دایان بەزێنن. لە داهاتووشدا، بنکەیەکی ئاسمانی نیشتەجێبوون لەسەر مانگ دابنـێن و لەوێـوە، خەون و ئامـانجە گەوەکە بـەدی بهـێـنن، کە ناردنی مـرۆڤە بۆ سەر هـەسارەی مەریـخ، کە ناوی بە کوردی، هەسارەی (بـارام) یان (گـڕەهەسارە) یە.

ئەمـەش وڕینەکـردن نیـیە. لە سایەی گەشبـینی و متمـانە بەخـۆبـوون و ئیـرادەیـەکی پۆڵاییـن و بڕیاری تۆکمەدا، لە سایەی ویستن و کۆشش و سووربوون و کۆڵنەدان دا، هەموو خەون و هـیوایەکی مرۆڤ دێنەدی. چونکە شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بـێت.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگلـیزی وەرگـرتووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




کاتی وەلانانی کێشەکان هاتووە.. کەریم قادر

“ئەگەر گوڵ نین، دڕکیش مەبن”

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەلی، هەڕەشە و تانەنەت “قونکە” شەڕ و شەڕی بەوەکالەت لەنێوان ئیسرائیل و ئێران هەیە، ئێران هەڕەشە دەکات و دەڵێ، “دوژمنان چ ڕژێمی زایۆنی و چ ئەمریكا، لەسەر ئەوەی بەرامبەر بە گەلی ئیران و بەرەی مقاوەمە ئەنجامی دەدەن، بەدڵنیاییەوە وەڵامێكی توند وەردەگرن.”، هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، دەڵێ: “فەرمان دراوە بە ناردنی کەشتیی جەنگی زیاتر، فڕۆکەی شەڕکەر، فڕۆکەی بارهەڵگر و چەندین بۆمبهاوێژی دوورمەودا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، “ئیسرائیل وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران دەداتەوە، ئەگەر لە خاکی عێراقیشەوە جێبەجێ بکرێ”. ئیسرائیلیش لەلای خۆیەوە لە هەڵتەکاندنی ژێرخانی سەربازی و کوشتن و ڕفاندنی فەرماندەکانی حەماس و حزبوڵای لوبنانی بەردەوامە، دوور نییە ئەو دەست نەپاراستنەی ئیسرائیل هەندێ لە ملیشیاکانی عێراقیش بگرێتەوە کە بەپێی ئامارێک لە سێ مانگی ڕابردوو “نزیکەی ١٥٤هێرشیان كردووەتە سەر ئیسرائیل، واتە بەپێی ئەو لێدوان و هەواڵانە بێت، ئەگەری تەشەنەسەند و فرەوانبوونی شەڕەکە لە ئارادایە.
ڕێکخستنەوە و تۆکمەکردنی ناوماڵی کورد لەهەموو کات و سەردەمێکدا پێویستییەکی گرنگ بووە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەرکاتێک گرنگترە، تەنانەت دەوڵەتێکی وەکو تورکیا بۆ پڕکردنەوەی درز و کەلێنەکانی ناوخۆی بەخۆکەوتووە. باشە، حزبە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەتی کە تازە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی بەڕێوەبردووە، چ دەبێت ئەگەر بۆ ئەم قۆناغە ناکۆکی و ناتەباییەکانتان بەلاوە بنێن و وەکی وڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتووەکان لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن، بەزوویی یەک هەرێم و یەک پەرلەمان و یەک حکومەت پێشکەشی خوێنی شەهیدان بکەن؟




كه‌شكۆڵ.. شیعری ستار ئەحمەد

ئەم سەفەرە
شانت لەگەردن دەترازێنێ
نەجانتایەك دڵت هەڵدەگرێت
دڵیكیش نابینی
ئارامگەبێت
تەماشای كەشكۆڵی لوولت كە
بزانە دێوانەی خاكی
یان كت و مت” شێتێكی شێت
بۆ كوێ دەڕۆی
ئەو گۆشەیەی تۆ دەگرێنێ
هەمان لانكۆڵەی حەوایە
ئەو بەهەشتەی لێیدەگەڕێی
هەر دارستانی ئەفسوسە
ئادەمێك
چەندین شەرابی رەنگاڵە
داڵاشێك
جەستەی براكەت و
قابیلێكی دی تێدایە
مەڕۆ..
شیعر لێرەبێت
یان لەوێ
ئەسكڵێكە..
تەنها بەر جەرگ و هەناوی
نەداران و
رۆحی شاعیران دەكەوێ
ئێمەو ئەوان
لەزمانی ئەمەك ناگەین
هەموو نیگاكان
بەخوناو دەچوێنین
ئێمە بین یاخود ئەوانیش
لەژێر پێی گوڵ و جوانیا
مین لەدەروونی قەڵەما دەڕوێنین
ئاسمانمان یەك و
ئەسـتێرە .. هەتاو
سروشتمان
لەهەمان گڵكۆیا دەمرێت
بیرت لەبوخچەكەت دەركە
جگەرەیەك داگیرسێنە
من دەتناسم
پرچت چرۆی سپی دەركردووە
ناخت تەرزەی عەشقی لێدەبارێت
مەڕۆ .. هاوڕێ مەڕۆ
بۆ نازانی عاشق شێتە
وەكوو ئەم خاكە زامدارە
بەئەوین و راستی دەژێت

ستار ئەحمەد




نامەکانم.. ٥ – ٦..شەماڵ بارەوانی

نامەی پێنجەم

ئازیزی من، نازانم ئەو شیعرەی بۆم ناردیت بە دڵت بوو یان نا؟ دەمێکی باشە ئیلهامی شیعریی بەسەری نەکردوومەتەوە. دوای دوو ساڵ لە بێدەنگی، ئەوە یەکەم شیعرە بۆتی بنووسم. مەبەستم لە دوای دوو کتێبی شیعرییم، جگە لەو شیعرەی کە بۆم ناردی، هیچی ترم نەنووسیوە. زۆر حەز دەکەم بەرلەوەی شەمەندەفەری مەرگ بگات، کتێبی سێیەمی شیعرییشت بۆ بنووسم و پێشکەشتی بکەم. ئازیزەکەم، ئەو جارە خۆت دێڕێک لە یەکێک لە شیعرەکان هەڵبژێرە و بیکه بەناونیشانی کتێبە شیعرییەکە. هەر دێڕێک کە خۆت بە لاتەوە سەرنجڕاکێش و جوان بوو. من کێشەیەکم هەیە لە هەڵبژاردنی ناونیشان. هەموو کتێبێک، بە تایبەتی کتێبە شیعرییەکانم، لەوە تێدا دەمێنم کە چ ناونیشانێکیان بۆ هەڵبژێرم. جاری وایە دە دێڕ لە کۆی هەموو شیعرەکانم دەهێنم و نازانم کامەیان بکەم به ناونیشانی کتێبه شیعرییەکەم. بەدڵنیاییەوە ئەم جارە تۆ ناونیشانەکە هەڵدەبژێریت.

ـــــــــــــــــــــــ
نامەی شەشەم

ئازیزەکەم، زۆر هەست به نامۆیی دەکەم. بەردەوام هێڵنجێکی زۆر بەهێز دامدەگرێت. دەڵێیت ڕۆحی پاڵەوانەکەی ڕۆمانی(هێڵنج)* مەبەستم(ڕۆکانتان)ـە، چووەتە ناو لەشم. هەموو شتێک بە پووچی و بێمانا لە بەر چاوەکانم خۆیان دەنوێنن. تۆ بڵێیت هایدگەر* ڕاستی نەگوتبێت و ئێمە بە هەڵە فڕێ نەدرابینەتە ئێرە؟ مەبەستم ئەم هەسارەیەیە. زۆر لەوە دڵنیام کە ئێمە لە شوێنێکی هەڵە و لە هەسارەیەکی هەڵە لە دایک بووین. هەرگیز نەدەبوو لێره لەدایک بین. مەبەستم فڕێ بدرێینە ئێره. منیش ئەوە بووەتە پرسیار لام و نازانم لای کێ و ئینجا بۆچی ئێمه بێ مۆڵەتی خۆمان فڕێ دراوینەتە ئێرە؟ بە لایەنی کەمەوە دەبوایە پرسێکمان پێ بکرابایە و مۆڵەتمان لێ وەرگیرابایە. پێم وابێ تۆش لەمەیان هاوڕایت لەگەڵم؟ ئەی وا نییە ئازیزم؟
ــــــــــــــــــــــــــ
*هێڵنج ڕۆمانێکی فەلسەفیی (٢٤٦)لاپەڕەیی(ژان پۆل سارتەر ١٩٠٥ -١٩٨٠) گەورە نووسەر و فەیلەسووفی وجوودی فەڕەنسییە و یەکەم چاپی لە ساڵی١٩٣٨ لێ بڵاوبووەوە.
*فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر) ساڵی ١٨٨٩ لە باشووری ئەڵمانیا هاتووەتە دنیاوە و لە ساڵی ١٩٨٦ مردووە.