ئاکامەکانی هەڵبژاردن، لێکدانەوەی ماتریالیستی و هەڵوێستی کۆمۆنیستی.. نادر عەبدولحەمید

بەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان)، لە (٢٠-١٠-٢٠٢٤)دا، (کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق) ڕایگەیاند لەسەدا حەفتا و دوو (٧٢%) بەشداریان کردووە. ئەم ڕێژەیە قابیلی مشتومڕە (جەدەلە) و لەواقعدا زۆر لەوە کەمترە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ڕێژەی بەشدار بووانی ئەم خولە لەچاو دوو خولی پێش خۆی نکۆڵی لێ ناکرێت کە زیاترە، سەرەتای ئەم باسەشمان لێکدانەوەیەکە لە ڕوانگەیەکی ماتریالیستیانەی چینایەتییەوە بۆ بەرزی ڕێژەی دەنگدان لەم خولەدا.
بەدڵنییاییەوە، هەم فشارەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات و ئیمتیاز پێدان و کڕینی دەنگ، وە هەم هەڵمەتی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی خۆی بینیوە لە ڕێژەی زۆری بەشداربووندا، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە کە بۆچی جەماوەری ئەم هەرێمە لەگەڵ ئەم فاکتانەشدا لە دوو هەڵبژاردنی پێشووتردا (٢٠١٨ و ٢٠٢١) بایکۆتیان کرد، کەچی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری؟ کەواتە دەبێ بەدوای ئەو هاندەرە دیاریکراوە بابەتییەدا بگەڕێین بۆ ڕووهێنانی جەماوەر لەم هەڵبژاردنەدا بۆ سندوقەکانی دەنگدان.

خاڵی هەرەسەرەکی ئەم هەڵبژاردنە
ئەگەر وەک کۆمەڵناسێک لە ڕوانگەی ماتریالیستی مێژووییەوە سەیر کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بکەین دەبین لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا، لە (٢٠١٤) بەدواوە، دوای قەیرانی مالی حکومەت و قەیرانی ئابووری گشت کۆمەڵگە، خۆپێشاندان و مانگرتنەکان وەک بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە ڕووی ناوەڕۆکی چینایەتی و خواستەکانیانەوە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی تەواوی بەسەردا هاتووە، و جیاواز بووە لە بزووتنەوەکەی (سەردەشت عوسمان ٢٠١٠) و بزووتنەوەکەی (١٧ شوباتی ٢٠١١) و ئەوانەی پێشووتریش.
ئەم بزووتنەوە چینایەتییە تازەیەی دە (١٠) ساڵی ڕابردوو، پێ بە پێ و قۆناغ بە قۆناغ لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری (٢٠١٥) و سێپتێمبەری (٢٠١٦) و دێسێمبەری (٢٠١٧ – تا مارسی ٢٠١٨)دا بە خێرایی گەشەی کردووە و خۆشباوەڕی نەماوە بەو چاکسازییانەی کە هەردوو حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی (گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان لەو کاتەدا) بانگەشەیان بۆدەکرد، ئەمەش لە هەڵبژاردنی (٢٠١٨ و ٢٠٢١)دا بە ئاشکرا خۆی لە بایکۆتێکی بەرفراوانی جەماوەری و ڕێژەیەکی کەم لە بەشداری دەنگدان نیشاندا، بەڵام بۆچی ئەم تەوژمە چینایەتییە دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی لۆکاڵ لە هەرێمی کوردستان، نەیتوانی لە بایکۆت زیاتر واوەتر بڕوات و لێرەدا وەستا؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ لە ئارادا نەبوونی حزبێکی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی خاوەن ئیتۆریتە و چەکدار بە ئاسۆیەکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ و ئینتەرناسیوناڵ. با ئەوە بێنینە بەرچاوی خۆمان ئەگەر حزبی بەلشەفی لە (١٩١٧)دا لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو کاتەی ڕووسیادا لە ئارادا نەبوایە، هەموو گیانفیداکاری چینی کرێکار و شوراکانیان نەیدەتوانی شۆڕشێکی سەرکەوتووی سیاسی-کۆمەڵایەتی وەک (شۆڕشی ئۆکتۆبەر) ئەنجام بدات.
جا لەم هەلە زێڕینە مێژووییە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠١٨-٢٠٢١) کە هاوکاتی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاقیش بوو، ئەو تەوژمە لە خەباتی چینایەتی توێژە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار، لە سەراسەری عێڕاقدا بە هەرێمی کوردستانەکەشیەوە کە وەک لافاوێک ڕووەو ڕاماڵینی دەسەڵاتی بورژوازی ناوەندی بەغدا و دەسەڵاتدارەتی لە هەرێمی کوردستانەکەیدا سەری هەڵدابوو، وە ئیمکانی گرێدانەوەیان هەبوو بەیەکترییەوە بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەڵام لە غیابی حزبێکی پێشڕەوی لینینیدا ئەم ئیمکانییەتە نەهاتەدی و بورژوازی عێڕاق توانی بە هەڵبژاردنی (٢٠٢١) خۆی قوتار بکات و لە هەرێمی کوردستانیشدا لە (٢٠٢١) بەدواوە ئەم لافاوە لە توڕەیی و بێزاری جەماوەری زەحمەتکێش هەوڵیداوە دەریچەیەک بۆ ڕزگاربوون لەم پەنگخواردووییە پەیدا بکات، کە ئەم دەریچەیەی لەم هەڵبژاردنەدا بینییەوە!
لە خولی پێنجەمی (٢٠١٨)ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەوە، تا خولی شەشەمی هەڵبژاردنی (٢٠٢٤) جەماوەری زەحمەتکێش، ژنانی ستەملێکراو، ئەو کچ و کوڕانەی کە زۆرێکیان خوێندنیان تەواو کردووە و بێکاری و هەژارییان بەسەردا سەپێنراوە و لە بێ خزمەتگوزاریدا ڕاگیراون و پەڕاوێز خراون، هەرگیز خۆشباوەڕیان نەگەڕاندۆتەوە بۆ ئەم ڕژێم و دەسەڵاتە و حزبە فەرمانڕەواکانی، تا ئەمە نهێنی بەشدار بوونە زۆرەکەیان بێت، بە پێچەوانەوە ئەو جەماوەرە لەو باوەڕەدا بوو کە ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا ئیمکانی ئاڵوگۆڕێک هەیە، هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا کەمتر خواست و داواکاری خستەڕوو، وە چاوەڕێی ئەوە بوو کە گۆڕانەکە بێتەدی، ئەمەش لە بەرنامە و کەمپینی هەڵبژاردنی لیستە جیاوازەکانیشدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو کە کەمترین وادە و بەڵێن دەدرا و پێداگری بوو لەسەر “دەیگۆڕین” و “وەلای دەنێین”، “ڕێڕەوی دەسەڵات ڕاست دەکەینەوە” و “خۆسەپێنییەکەی ناهێڵین”، … هتد.
دۆڕاوی ئۆپۆزسیۆن بە هێنانی دەنگی زۆرەوە
جگە لە (پارتی دیموکراتی کوردستان) هەر هەموو حزبەکان هەتا بە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)یشەوە وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەم حزبە بەشداریان لەم شانۆگەرییەی هەڵبژاردندا کرد بە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاری (پارتی) بۆ جومگەکانی دەسەڵاتدارەتی لەم هەرێمە. [(یەکێتی) لە (١٩٩١)ەوە بە واقعی یەکێک لە دوو حزبی دەسەڵات بووە و لە کاتی هەڵبژاردن و لە ئێستای دوای هەڵبژاردنیشدا هەر ئەوەیە، بەڵام لەسەر شانۆی هەڵبژاردنەکە ڕۆڵی ئەکتەرێکی ئۆپۆزسیۆنی دەبینی بۆ گردکردنەوەی جەماوەر بەدەوری خۆیدا]، ئەمەش تەشخیسێکی دروست بوو بۆ مەزاجی جەماوەر. تەنانەت (گۆڕان)یش تەنها پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەسەر بچێت لە کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم کشایەوە و خۆ وەک ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاند.
وە ئاکامەکانیش ئەوە نیشان دەدەن، کە زۆرینەی جەماوەر دەنگیان بەو “بەرە”یە داوە لە ئۆپۆزسیۆنێکی نایەکگرتوو دژی حزبی ئۆکتۆپووسی (Octopus-ئەختەبووتی) دەسەڵات کە (پارتی)یە. ئەگەر پێنج (٥) کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەژمار نەکەین ئەوا لە کۆی (٩٥) کورسیی پەرلەمان؛ پارتی (٣٩) و هەموو حزبەکانی تر لە لایەکی ترەوە وەک ئۆپۆزسیۆنی نەیار بەو حزبە (بەجیا لە نایەکگرتوویی و ناکۆکی ناوخۆیان)، (٥٦) کورسیان بەدەستهێناوە.
ئەگەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەک هەڵبژاردنی (وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) لە نێوان دوو جەمسەردا بووایە، کە هەرجەمسەرە بۆخۆی لە جۆرەها فراکسیۆنی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگی ناکۆک بەیەک پێکهاتووە کە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو وایە نەک وەک حزبێێکی سەنتڕاڵ، ئەوا جەمسەری ئۆپۆزسیۆنەکە لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی لە دەست (پارتی) دەرهێنابوو. جەماوەر دەنگی داوە بە ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حزبی قۆرخکاری دەسەڵات لە هەرێمەکە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن یەکگرتوو نییە و ناشتوانێت یەکگرتوو بێت تا دەسەڵات لە دەستی (پارتی) دەربهێنێ.
ئەم حاڵەتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێک لە حاڵەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بریتانیا دەچێت کە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) بەڕێوە چوو. کۆی ئەو دەنگانەی کە هەردوو (حزبی پارێزگاران) و (حزبی ڕیفۆڕم) بە دەستیان هێنا لە (٣٨%) بوو، وە (٤%)ی زیاتر بوو لە دەنگی (حزبی کرێکاران) کە لە (٣٤%)ی بەدەستهێنا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەوە کە ئەو دوو حزبە هاوپەیمانی یەکتری نەبوون، بۆیە (حزبی کرێکاران) بەڕێژەیەکی کەمتر لە کۆی ڕێژەکەی ئەوان، وەک براوەی یەکەم حکومەتی بریتانیای گرتە دەست.
(پارتی)ش لە هەرێم وەک حزبی کەمایەتی واقعی، (نەک هەر کەمایەتی لە ڕێژەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵکو هەتا کەمایەتی لەو ڕێژەیەش کە دەنگیداوە) جارێکی تر لەڕێگەی ئەم شانۆیەوە شەرعییەت بە فەرمانڕەوایەتی خۆی دەداتەوە و دەسەڵاتی خۆی قایم دەکاتەوە بەسەر جومگەکانی حوکمڕانی و بەسەر چارەنوسی چەند ملیۆن ئینسان لەم هەرێمەدا، وە لافی ئەوەش لێدەدات کە خەڵکی کوردستان هەڵیبژاردووە!
هەڵبژاردنی سەراسەری (٢٠٢١)ی عێڕاق کە تیایدا (ڕەوتی سەدر) لیستی براوەی هەڵبژاردنەکە بوو، بەدوای قەیرانی پێکهێنانی حکومەتدا خۆی کشاندەوە لە پەرلەمان و (چوارچێوەی هەماهەنگی) کە لیستی کەمینە بوو، دەسەڵاتی گرتەدەست وەک دژە شۆڕشێکی دژە (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، (ڕەوتی سەدر)یش بەو شێوازە خزمەتە چینایەتییەکانی خۆی بەدژی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە ئەنجامدا. ئەمەی لە کوردستانیش دەگوزرێت لەم هەڵبژاردنەدا لە ناوەڕۆکدا هەمان مەسەلەیە، بەڵام لە شکڵ و میکانیزمەکانی هاتنەدیدا جیاوازن، (پارتی) وەک کەمینەکەی (چوارچێوەی هەماهەنگی) دەسەڵات دەگرێتەدەست و ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی کوردستانیش دروست وەک (ڕەوتی سەدر) خزمەتکارییە چینایەتییەکانی خۆی دژی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئەنجامدا.
زەمینە ماددییەکانی خۆشباوەڕی جەماوەر بە گۆڕانکاری پەرلەمانی
بەر لەوەی بڵێین جەماوەر خۆشباوەڕ بووە بە ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی، پێویستە سەرەتا ئاماژە بەو زەمینە مادییە سیاسیـیانە بکەین کە بە موشەخخەسی وایان کردووە جەماوەرێک ئاسۆی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی لە خەیاڵیاندا ببێتە ڕێگەیەکی عەمەلی و واقعی بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە ناهەموارەی ژیانیان؟
شکستی یەک لە دوای یەکی پڕۆژە سیاسی و ئابوورییەکانی حکومەت (ی پارتی)، وەک شکستی ئابووری سەربەخۆ و ڕیفڕاندۆم، نەتوانینی دابینکردنی مووچە، تێکچوونی پەیوەندی هەردوو حزبی دەسەڵات، سەرباری ئەوانەش لە ڕێگەی (دادگای باڵا)وە دۆسیەی نەوتی لێ سەندرایەوە، پەرلەمانەکەی هەڵوەشێندرایەوە و پابەند کرا بە پێدانی موچە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، جا کۆی ئەمانە نەک هەر جێگەوڕێگەی هەرێمە فیدڕاڵییەکە و حکومەتی هەرێم و حزبە فەرمانڕەواکانی لە بەرامبەر حکومەت و دەسەڵاتی ناوەندی عێڕاقدا بچووک کردەوە، بەڵکو لەبەرچاوی جەماوەری خەڵکی هەرێمەکەشی خستن.
پێ بە پێ لە ماوەی ئەم دە (١٠) ساڵەی ڕابردوودا ئەم حکومەت و دەسەڵاتە هیچ شکۆیەک و پیرۆزییەکی نەما لای جەماوەر و ئەو هێز و دەسەڵاتەی جارانیشی نەما، وە لەناوخۆشیدا یەک دەست و یەکگرتوو نەمایەوە (جێگری سەرەک وەزیران شەش مانگ بایکۆتی حکومەتی کرد)، بەم پێیە پارسەنگی هێز لە نێوان دەسەڵاتدارەتی هەرێم و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار گۆڕانکاری بەسەردا هات، جا ئەم باروودۆخە مێژووییە سیاسییە زەمینەی ئەو خۆشباوەڕییانەی ڕەخساند کە دەسەڵاتێکی ئاوا ڕیسوا کە نەک هەر کێشەکانی هەرێم و ناوەندی پێ چارەسەر نەکراوە، بەڵکو خۆی بۆتە گەورەترین کێشەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی، وە لە ئێستاشدا ناکۆکە لەناوخۆیدا و لە بێهێزترین و بێ سومعەترین قۆناغی خۆیدایە، ئیتر ئیمکان هەیە لەم هەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا گۆشەگیر بکرێت و چۆکی پێ دابدرێت و دەسەڵاتیش لە دەستی دەربهێنرێت.

بوون بە پارسەنگ و ڕۆڵی بورژوا ئۆپۆزسیۆن
لە کاتێکدا لەناو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا زەمینەی مادی و بابەتی فەراهەم هاتووە بۆ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی کۆمەڵایەتی، وە جەماوەریش ئامادەی دەخالەتی سیاسییە، ئامادەبوونی بەدیلێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لە چرکە ساتێکی ئاوادا و لە مەیدانەکەدا، بۆی هەبوو ئاڵوگۆڕی سیاسی لە هەرێمەکەدا، زۆر واوەتر بەرێت لە ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و سەرەوەیی و دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات.
بەڵام لە غیابی ئەو بەدیلەدا جەماوەر ناچاربوو فشارەکانی خۆی چڕ بکاتەوە و کاریگەری دابنێ لەسەر کێشمەکێشی دووبەرەی بورژوازی دژ بەیەک؛ تا کێشمەکێشی نێوانیان توندوتیژتر بێتەوە بەو هیوایەوە کە لەم کێشمەکێشەدا ناچار بن سازش لەسەر دابینکردنی هەندێ خواست و پێداویستییە سەرەتاییەکانی بکەن، بە کورتی ڕیفۆڕمێک لە بەرژەوەندی ئەو (جەماوەر) بەدەستبێت. بەم پێییە جەماوەر “گەمژەی سیاسی” نییە و فریووی نەخواردووە و هەڵنەخەڵەتاوە، بەڵکو لە غیابی بژاردەیەکی کۆمۆنیستیدا، جوڵەیەکی سیاسیی بە هوشیارییەکی دیاریکاراوەوە ئەنجام داوە. جا لێرەوەیە کە ئەو جەماوەرە دەبێتە پارسەنگ بۆ ڕەوت و هێز و لایەنە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی تا دەستاودەستی دەسەڵات لەنێوانیاندا ئەنجام بدرێت.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بارودۆخەکە زۆر لەباربوو بۆ بانگەشە و هاتوهاواری ئۆپۆزسیۆن، چونکە جەماوەر ئەزموونی بایکۆتی کردبوو پێشووتر (لە ٢٠١٨ و ٢٠٢١) و هیچی لە ژیانی نەگۆڕی بوو، وە لە ئێستاشدا دەبینێ دەسەڵاتی هەرێمەکە لەوپەری ڕیسوایی و بێ تواناییدایە و ئەگەر ئەمجارە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەزموون بکات، ئەگەرێک هەیە گۆڕانێک لە ژیانیدا بێتەدی!، جا لەم ئاووهەوا لەبارەدا و لە حاڵەتێکیشدا کە جەماوەر بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نییە لەدەرەوەی ئەو بژاردە جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگانەی قەومی و ئیسلامی، ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەم بارودۆخە لەبارەدایە کە ڕۆڵی کارای خۆی دەگێڕێ بۆ کێشکردنی هەرچی زیاتری جەماوەری ناڕازی بۆ بەشداری ئەم شانۆسازییە.
بەم شێوەیە جارێکی تر ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە (٢٠٢٤)دا، هەمان ڕۆڵی (٢٠٠٩ و ٢٠١٣)ی ئۆپۆزسیۆنی (بزووتنەوەی گۆڕان) و حزبە ئیسلامییەکانیان بە جەماوەرێکی ناڕازی دووبارە کردەوە، کە ئەویش شەرعیەتدانەوە بوو بە هەمان دەسەڵات و وەک (نەوشیرەوان مستەفا) ئاوێکی ساردیشیان کرد بەسەر سەری خەڵکێکدا کە بەگەرموگوڕی هاتبوونە مەیدان بۆ گۆڕانکاری، کە ئەمەش بەدوای خۆیدا بێ ئومێدی و دیپرێشن و بە نەعلەتکردنی سیاسەت و تەسلیم بوون بە ئەمری واقع دێنێتە ئاراوە، و کاری شۆڕشگێڕانە و چالاکی کۆمۆنیستی و ڕێکخستنی سیاسی خەبات و ناڕەزایەتییەکان قورستر دەکات بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنسیتی. ئەمە ڕۆڵی چینایەتی بورژوا ئۆپۆزسیۆنە لە خەباتی چینایەتی دژ بە چینی کرێکاردا.
وە ئەمە جەوهەری هاوکێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە هەموو جیهاندا کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنانی چەوساوە و توێژە بێ بەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە لە بارودۆخێکی سیاسی دیاریکراودا، هاوڕای هاشوهوشی کەمپینی هەڵبژاردن دێنە مەیدانی کێشمەکێشی نێوان ڕەوت و لایەنە بورژوازییە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئاڵوگۆڕییەکی سیاسی شکڵی و دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات، بەو هیوایەی کە بارودۆخی سەختی ژیانیان سوک بێت، بەڵام لەوسەرەوە بەدەستی بەتاڵەوە دەنێردرێنە ماڵەوە.
بەڵێ لە غیابی حزبێکی پێشڕەوی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵدا کە لە کێشمەکێشە سیاسی و فکرییەکانی کۆمەڵگەدا وەک ڕکەبەرێکی جدی بە دژی تەواوی بەرەی بورژوازی هاتبێتە مەیدانی جەنگ لە پێناو دەسەڵاتدا، ئەو جەماوەرە بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە جگە لە بایکۆت یان بەشداری، بۆیە هەر چوار ساڵ جارێک یان بایکۆت تاقی دەکەنەوە یان بەشداریکردن، کە لە ڕێگەی بەشداریکردنیشەوە دەبنە پارسەنگی ئەم لایەن و ئەو ڕەوتی بورژوازی بۆ ئاڵوگۆڕییەکی ڕووکەشی سیاسی، کە لە واقعدا جگە لەوەی بەگشتی سیستمە سیاسییەکەی چینی بورژوازی شەرعییەتی پێوەر دەگرێتەوە، لە زۆر حاڵەتیشدا هەمان دەسەڵاتی فەرمانڕەوا شەرعییەت بەخۆی دەداتەوە، هەروەک لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمدا دەیبینین.
بۆیە هەردوو ئەم ئەکتە سیاسییەی بایکۆت یا بەشداری هیچ لە جەوهەری مەسەلەکە ناگۆڕێت، وە ئەمە تەنگەنایەکی (مەئزەقە) مێژوویی و گرێ کوێرەکەیە و کۆمۆنیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە لە جیهانی ئەمڕۆدا، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا، بەڵکو لە تەواوی کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان لەسەراسەری جیهان و لە ژێر دەسەڵاتدارەتی بورژوازیدا.

ئەڵقەی داخراوی بایکۆت یا بەشداری
هەزار و یەک بەڵگە لە ئارادایە، زووربەشیان ڕاست و دروستن، کە ئەم هەڵبژاردنەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی بورژوازی هەڵبژاردنێکی کارتۆنیـیە، واقعی و دادپەروەرانە نییە.
ئەم بەڵگانە لەگەڵ هەموو ڕاستی و دروستییەکیشیاندا هێشتا لە ڕوانگەیەکی کۆمۆنیستییەوە پاکانە نیین بۆ بەشداری نەکردن، چونکە بنەمای بایکۆت کردنی کۆمۆنیستەکان لەسەر بێ خەوشی و پاکی هەڵبژاردنەکە نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە ئایە بەشداری یان بایکۆت وەک تاکتیکێکی موشەخخەس لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا کامیان کۆمەگ بە بردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی بەگشتی و بە تایبەتیش یارمەتی پەرەپێدانی چالاکی پڕۆلیتاریای سۆشیالیست دەدات لە دەرونی چینەکەی خۆیدا.
بەڵام ئەمە هێشتا هەر قسەیەکی گشتیی و تیۆرییە، پێویستە بە موشەخخەسی بزانین ئەو فاکتە چییە کە پێویستە هەڵوێستی بایکۆت یا بەشداری لەسەر دیاری بکرێت لەم هەلومەرجە دیاریکراوە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا و لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی (٢٠٢٤)ەدا؟
پێشتر لەژێر ناونیشانی (خاڵی هەرە سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە)دا باسمان لە بزووتنەوەیەکی چینایەتی کرد لە دە (١٠) ساڵی ڕابردووا، کە چۆن لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەی ڕۆژانەدا، وە بە ئەزموونی خۆی، خۆی جیاکردۆتەوە نەک هەر لە حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو لە ئۆپۆزسیۆنەکەشی و ئەمەش لە بایکۆتی جەماوەری بەرفراوانی هەردوو هەڵبژاردنی (٢٠١٨)ی هەرێم و (٢٠٢١)ی سەراسەری عێڕاقدا خۆی نیشاندا، وەک ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەو سیستمە بە دەسەڵاتدار و بە بەدیلی ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە، جا مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە دەبێ ڕێگە بگیرێت لەوەی کە ئەو ئاگاهییە بەرزە سیاسی و چینایەتییەی کەتا ساڵی (٢٠٢١) بەدەستهاتووە لەدوای ئەو ساڵە نەهێتەخوارەوە، بەڵکو پەرەدار بکرێ و بەرز بکرێتەوە بۆ ئەو ئاستە کە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە بێتەمەیدان و وەک هەنگاوی یەکەم نەک هەر ئەم حکومەت و دەسەڵاتە دیاریکراوەی هەرێم، بەڵکو سیستمە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکەشی تێکبشکێنێ و خۆی لێکهەڵبپێکێت بە بزووتنەوەی هاوچینەکانی لە گشت عێڕاقدا، وە کوردستان بکاتە مەڵبەندێک بۆ گەشەی خەباتی چینایەتی لەسەراسەری عێڕاقدا دژی دەسەڵاتی بورژوازی لە ناوەند و بۆ بەدیهێنانی شۆڕشێکی سۆشیالیستی سەراسەری و هەمە لایەنە.
واتا دەخالەتکردنێکی کۆمۆنیستی جدی فکری و سیاسی بۆ ڕێگری لەو هەوڵ و کۆششە فکری و سیاسییانەی کە ئەنجام دەدرا لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی قەومی ئیسلامی و ڕیفۆڕمخوازانی دەرونی سیستمە سیاسییەکە، بۆ کێشکردنی ئەم جەماوەرە و هێنانەخوارەوەی لەو ئاستە بەرزە لە هەڵوێستی سیاسی ڕەتکردنەوەی سەراپای سیستمە سیاسییەکە (بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیەوە) بۆ ئاستێکی نزم کە ببێتە بەشێک لە کێشمەکێشەکانیان و پارسەنگی ئەم یان ئەو حزب و ڕەوت و لایەنی بورژوازی لە هەڵبژاردندا.
جا ئەگەر بایکۆتەکە ئاکامی نەک هەر لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی ئاوا، بەڵکو ئاکامی کارێکی کۆمۆنیستی پایەیی لەو چەشنە و پێشوەختی بەر لە هەڵبژاردنەکە نەبووبێت، ئەوا دەبێتە بایکۆتێک لە ڕووانگەی ڕادیکاڵیزمەی سەرووچینایەتی وردە بورژوازییەوە، کە لەڕووی عەمەلییەوە؛ یا ڕاگرتنی چینی کرێکارە لەو ئاستە لە هۆشیاریی ڕەتکردنەوەی سیستمەکە، کە ئەمەش مەحاڵە چونکە ناتوانێت لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە بە وەستاوی، بۆیە جارێکی تر دێتە خوارەوە و لێرەوە ئەرکی ئەم ڕادیکالیزمە وردە بورژوازیە ئەوە دەبێت کە هەوڵبدات هەمدیسان بەرزی بکاتەوە تا دەوریەکی تر، بەم شێوەیە لە ئەڵقەیەکی بۆشدا دەسوڕێتەوە.
ئەگەری دووەم ئەوەیە کە ڕادیکالیزمەی وردەبورژوازی پاڵدەنێت بەو جەماوەرەوە و هانیان دەدات بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش بەبێ ئەوەی کە ئاسۆی سۆشیالیستی و ڕێکخراوبوونی ڕیزەکانی بەو ئاسۆیەوە بە ئەندازەی کافی لەئارادا بێت، کە لەوسەرەوە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش هەرچەندە گورزیش لە پەیکەرەی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی بدەن و تێکیبشکێنن، بەڵام ناتوانن دەسەڵاتدارەتی چینایەتی خۆیان (واتا دکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا ئەو تەعبیرەی کە بورژوازی دزێوی کردووە و زەندەقی لێ چووە) دابمەزرێنن و جارێکی تر حزب و ڕەوتگەلێکی تری بورژوازی سەروسامان دەدەنەوە بە دەسەڵات و ئەڵقە داخراوەکە بۆ ڕادیکالیزمەی سەروو چینایەتی وردەبورژوازی سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە.
بۆیە لە غیابی کارێکی پایەیی کۆمۆنیستیدا بەشداری یا بایکۆت بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێش و توێژە بێ بەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە گۆڕانکارییەکی مانابەخش ناهێنێتەدی.

کۆمۆنیزمی جەماوەری
لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا و لەناو ئەو بزووتنەوەیەی کە ناسراوە بە (بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق) ئەم ناوەڕۆکی ڕادیکالیزمە سەروو چینایەتییە بەناوی کۆمۆنیزم و کرێکارەوە ڕەواجی پێدەدرێت. کێشەکە ئەوە نییە کە هەڵوێستی بایکۆت و دژایەتی سەراپای سیستمە سیاسیـیەکە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە شتێکی باش نەبێت، کە دیارە ئەمە شتێکی باش و ئەرێنی (ئیجابی)یە، کێشەکە لەوەدایە کە پێشوەخت، پێش هەڵبژاردن ناوەڕۆکی کۆمۆنیزمەکەی ئەو ڕەوت و حزبانە، ئەم ڕادیکالیزمە جەماوەریـیەیە و لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەمە ڕەنگ پێ دەدەنەوە.
لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا، چەند ساڵێکە تەوەرە و ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان، وەک ئاسۆیەک بۆ دەرچوون لە بارودۆخی “گێژاوی سیاسی” کوردستان، بێ ئەوەی بە دۆکیومێنتی ڕەسمی ڕەتکرابێتەوە، لە لایەن ئەو حزبەوە کە هەڵگریەتی بێدەنگەی لێکراوە، گەرچی هەندێ جار وەک نیگەرانی (لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!) گوزارشێک لە خۆی دەکات، بەڵام چەقی قورسایی خستنەڕووی ئاسۆی دەرچوون لەم دۆخەی هەرێم، لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا و بەتایبەت لە ڕێگەی ئەم حزبەوە، شفتی کردووە و چۆتەسەر شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی سەروو چینایەتی ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستی بۆ بەدەستهێانی “ئازادی” و “گۆڕانکاری”، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی توێژە جیاجیاکانی زەحمەتکێشان و چینی کرێکار، وە لەم دواییانەدا ڕێکخراوی (کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری- مٶتمر الحرية والتغيير) پێکهێناوە بۆی، وەک پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ حزبی دەستەخوشکی لەسەر ئاستی عێڕاق، تا بزووتنەوەیەکی سەروو چینایەتی ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستی لە هەرێمی کوردستاندا لە پەیوەندیدا بە هاوشێوەیەکی لەم چەشنە لە عێڕاقدا شکڵ پێبگرن.
ئەم دوو حزبە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەی (کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری)یەوە، ناڕەزایەتیی توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار و بەشە (فئة) ستەملێکراو و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە کۆدەکەنەوە دژی حکومەت و دەسەڵات، هەوڵدەدەن ڕێکخراو و ڕابەرایەتییان بکەن و ئاسۆیەکی ڕادیکاڵیان پێ ببەخشن لە بزووتنەوەیەکی جەماوەری عموم خەڵکیدا. وە لە ئەدەبیاتی نوسراو و بیستراو و بینراویشیاندا باس لە بورژوازی و کرێکار و شۆڕش و کۆمۆنیزم دەکەن، وەک پەردەیەکی ڕازاوە بەسەر ئەو پڕاتیکە سیاسی و عەمەلی و واقعیـیە عموم خەڵکیـیەدا.
ئەم ڕەوتە لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەو ناوەڕۆکە دیموکراتخوازە لە ڕادیکالیزمەی پۆپۆلیستی ڕەنگ پێدەداتەوە، بە زمان و چەمک و وشەی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی. واتا لەم هەڵبژاردنەدا هەر ئەم کۆمۆنیزمە جەماوەریـیەی ڕەنگپێداوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنەکە خەریکی پیادەکردنی بووە.
هەروەها لەناو ئەم بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییەی هەرێمەکە، هەشە کە ناوی (کۆمۆنیست)ی هەر پێوە ماوە، بەڵام هیچ بانگەشەیەکی (ئیدیعایەکی) کۆمۆنیستی و کرێکاری نیـیە، و ڕەواج پێدەری هەمان ڕادیکالیزمەی سەرووچینایەتی پۆپۆلیستانەیە، دوور لە بەکارهێنانی چەمک و زاراوەی چینایەتی و سۆشیالیستی، وە بە ناوەڕۆکێکی ڕووتوقوتی دیموکراتخوازی و تاموبۆیەکی ناسیونالیزمی چەپ، وە هەر ئەوەشی ڕەنگ پێداوەتەوە لەم هەڵبژاردنەدا.
لەم نێوەدا (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، لە چەند ساڵی ڕابردوویدا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندن و ئەدەبیاتەکانیدا پێچەوانەی ئەو ڕەوتانەی، کە کار لەسەر کۆکردنەوەی و ڕێکخستن و ڕابەرایەتی ناڕەزایەتی گشتی دەکەن، بۆ شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی جەماوەری و ئۆڕگانسازی بۆ دەکەن لە شکڵی “کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری”دا، بەڵێ بەپێچەوانەی ئەوەوە (بەدیلی کۆمۆنیستی) خەتێکی فکری سیاسی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵی خستۆتەڕوو، کە کاری پایەیی کۆمۆنیستی و ڕێکخراوکردنی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریای خستۆتە دەستوری کاری خۆیەوە.
وە دژی هەرجۆرە ڕوانگە و لێکدانەوەیەکی سەرووچینایەتی وەستاوەتەوە بۆ “ئازادی” و “گۆڕانکاری” و نەک هەر پێداگری فکری کردووە لەسەر پەیوەستەگی واقعی ئەم دوو چەمکە بە خەباتی پڕۆلیتاریا و شۆڕشی سۆشیالیستییەوە، بەڵکو لە پڕتیکی ڕۆژانەشدا ئەو پەیوەستەگییەی بەرجەستەکردۆتەوە و بەدەستهێنانی هەرجۆرە (ئازادی) و (گۆڕانکاری)ێکی لە هەرێم و لەسەراسەری عێڕاقدا بە بردنەپێشەوەی ئەو کارە کۆمۆنیستیـیە و بە پێشڕەوی خەباتی پڕۆلیتاریاوە گرێداوە، وە دژی هەرجۆرە خۆشباوەڕییەک بە دیموکراتیزم و ناسیونالیزم وەک دوو ڕێگەچارە وەستاوەتەوە جا لەژێر هەر پەردە و پاکانەکەیدا بووبێت، وە لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەوەی ڕەنگ پێداوەتەوە.

خەسڵەتی چینایەتی ئەم هەڵبژاردنە
فەلسەفەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوەیە کە وای نیشان بدات کۆمەڵگە لە تاکە کەسی ئازاد و خاوەن دەنگ پێکهاتووە و لە هەڵبژاردندا ئازادانە بەشداری دەکات و نوێنەری خۆی چ ئەندام پەرلەمان بێت یان حزبێکی سیاسی هەڵدەبژێرێت، وە ئەو ئەندام پەرلەمانە یا ئەو حزبە نوێنەری ئەم جەماوەرەیە کە هەڵی بژاردووە، بەمەش سەرپۆشی ناوەڕۆکی چینایەتی حزبەکان و دەسەڵات و هەروەها سەرپۆشی ناوەڕۆکی چینایەتی کۆمەڵگە و ستەم و چەوسانەوەی چینایەتیش دەکات لەناو کۆمەڵگەدا.
لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستانیشدا ئەم وێنەیە ڕەواجی پێدراوە لە لایەن میدیای بورژوازییەوە، جا چ لەناو بازنەی حزبەکانی دەسەڵات و پەراوێزیدا بن یان لەناو بازنەی ئۆپۆزسیۆندا بن وەیا سەربەخۆ و بێلایەن بن. کێشەی ئۆپۆزسیۆن زیاتر ئەوەیە کە دەڵێ پڕۆسەی هەڵبژاردن دیزاینکراوە یان دەنگەکان ساختەکاریـیان تێدا ئەنجام دراوە، یان حزبەکانی دەسەڵات ڕێگر بوون لە هەلی یەکسان لە هەڵبژاردندا، …هتد، وە ئەمە لێکدانەوەیەتی بۆ دۆڕان و کەم بەدەستهێنانی ژمارەی دەنگ و کورسی ئۆپۆزسیۆن و بردنەوەی حزبەکانی دەسەڵات و بەدەستهێنانی دەنگ و کورسی زۆرتریان!
ئەگەر بە چاوێکی واقعی سەیری کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بکەین، دەبینین یەکانگیربوونێکی ئۆڕگانیک هەیە لەنێوان سیاسەت و ئابووری نەک هەر لای حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو لای حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکانیش.
هەردوو حزبی دەسەڵات خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە هەرە زەبەلاحەکان و گروپی کۆمپانیا و خاوەن بانکە تایبەتەکانن، بازگانی دەرەکیان قۆرخکردووە، دەستیان داگرتووە بەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەویە نایابەکانی دەوروبەری هەموو شارەکان و بە مفتی ئەم موڵکە گشتییەی کۆمەڵگەیان خستۆتە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تەلارسازی و دروستکردنی گوندە هاوچەرخەکان، جگە لە دەست داگرتن بەسەر گومرگی خاڵە سنوریەکان و باج و دەرامەتی ناوخۆش، سەروەتەکانیان ملیارەها دۆلارە، وە تەواوی گەورە بازرگان و سەرمایەدار و پوڵدارانی خاوەن بزنێس لەم هەرێمە بە هەزار و یەک ڕایەڵە و پەیوەندی، بەم حزبانە و بە حکومەتی هەرێمەوە بەستراونەتەوە و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوە.
ئەمە جگە لە هێزێکی میلیشیایی زۆر و دامودەزگای بیرۆکراتی ئیداری دەوڵەتی و میدیایی زەبەلاح، کە توێژگەلێکی لە مشەخۆری ئەفسەر و پلەدار، بەرپرس و کارمەندی پلەباڵای تێوەگلاو لە گەندەڵییەکانی دەسەڵات، ڕۆشنبیری زوڕنا لێدەر بۆ دەسەڵات … بەم دوو حزبەی دەسەڵاتەوە بەستراونەتەوە و لەگەندەڵییەکانیان بەهرەمەندن.
بەواقعی ئەم دوو حزبە (پارتی) و (یەکێتی) و حکومەتەکەیان نوێنەرایەتی سەرمایەی گەورە، سەرمایەی نیشتمانی و سەرمایەی مۆنۆپۆل دەکەن، سەرمایەیەک کە مۆنۆپۆڵی (قۆرخی) تەواوی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری هەرێمەکەی کردووە و بەرژەوەندی سەرمایەی ناوەنجی و بچووکی بەخۆیەوە بەستۆتەوە، وە لە هەموو ڕوویەکەوە لە دژایەتیدایە لەگەڵ بەرژەوەندی و ماف و ئازادییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی کچ و کوڕی سەربە خانەوادە کرێکاریـیەکان. ئەم حزبانە هیچ پایەیەکی مادی و کۆمەڵایەتییان لەناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی هەرێمەکەدا نییە.
ناسیونالیزم بەگشتی و کوردایەتیش وەک بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد نوێنەری جوڵە و کەڵەکەی سەرمایەیە، ئەگەر ئەم خسڵەتە لە کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکیا و کوردستانی سوریا لە ئێستادا بەرجەستە و دەرکەوتوو نەبێت، ئەوا لەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا زۆر بەڕۆشنی وەک ڕۆژی ڕوناک دەبینرێت.
هەرچی ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامییە، هیچ کێشەیەکی جەوهەری لەسەر سیاسەتە ئابوورییە نیولیبرالەکانی حکومەت و هەردوو حزبی دەسەڵات نییە لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی و سامانی کۆمەڵگە بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بەڵکو شەڕی لەسەر کێبڕکێی ئازادانەی ناو بازاڕە و دژی مۆنۆپۆلە (قۆرخکاریی) تا پشک و بەشی زیاتر بەر بەشێکی تری سەرمایەداران بکەوێت کە خۆیان بە مەغدور دەزانن لە چنینەوەی نیعمەتەکان لەناو بازاڕێکدا کە قۆرخکراوە.
لێرەوە بەڕوون و بەئاشکرا دەبینرێت هەردوو بەرەی دژ بەیەک (دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن) دوو جەمسەری یەک چینی کۆمەڵایەتین و لە کێشمەکێشی نێوان خۆیاندا بە جۆرەها میکانیزم، لەوانە خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار، وەگەرخستنی دەزگای زەبەلاحی میدیایی، سود وەرگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە ژێریشەوە بەکارهێنانی دەزگای سیخوڕی و هێزی میلیشیایی و (ئاسایش) بۆ تۆقاندنی جەماوەر و کڕینی دەنگ و ئیمتیاز بەخشینەوە، …هتد، بەڵێ لەڕێگەی ئیمکاناتی مادی و میدیاییەوە مانیپیولەکردنی بیروڕای گشتی جەماوەرێک دەکەن (manipulate people’s minds)، کە چەوساوەی سیستمی ئابووری و ڕژێمە سیاسییەکەیانە و هانیان دەدەن بۆ بەشداری لە یاریێکدا کە بورژوازی چوارچێوە و یاساکانی دیاریکردووە، تا بـبـنە پارسەنگ چ بۆ شەرعیەتدان بە دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، یان ئیمتیاز وەرگرتن لە یەکتری لە کێشمەکێشە ناوخۆییەکانیاندا. ئەمە ناوەڕۆکی چینایەتی و واقعی ئەم هەڵبژاردنە و کێشمەکێشی ڕەوت و حزب و لایەنە قەومی و ئیسلامییەکان بوو لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەی هەرێمی کوردستاندا.
خسڵەتە چینایەتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەتا لەڕووی شکڵیشەوە زۆر لە هەڵبژاردنێکی مۆدێرنی دەوڵەتە بورژوا ئارام و خاوەن دامەزراوە دەوڵەتییەکان دەچوو، گەرچی هەرێمەکە خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتیش نییە.

لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان
ئەم هاوپەیمانەتییە لە سێ حزبی (شیوعی کوردستان-عێڕاق)، (سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان) و (زەحمەتکێشانی کوردستان) پێکهاتبوو کە یەک کورسی لە بازنەی سلێمانی بۆ (حزبی سۆشیالیست) بەدەستهێنا.
ئەم لیستە لانی کەم لە شکڵدا جیاوازییەکی لە لیست و لایەنە بورژوا قەومی و ئیسلامییەکانی تر هەبوو، ئەویش ئەوەبوو لە ڕێگەی کاندیدەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)ەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا دژی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالی حکومەتی هەرێم لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەتی دەدوان و پێداگرییان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و هەوڵدان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیان دەکردەوە.
ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لێرەدا ئەوەیە کە بزانین جێگەوڕێگەی ئەم لیستە چییە بە بەراورد بە لیست و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی، وە جیاوازییەکەیان لەو ئۆپۆزیسیۆنە لە کوێدایە؟
سەرەتا ئەوە بڵێین کە ئەم سێ حزبە هەر لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە نەوەتەکانەوە لە زووربەی کابینەکاندا بەشداریان کردووە، یان سەرۆکی حزب و ئەندامانی مەکتەب سیاسی و کۆمیتە ناوەندیـیەکانیان ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و سەرەک وەزیران بوون. واتا نەک هەر بەشێک بوون لە سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارەتی لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەژێر سایەی حزبی یەکەمی دەسەڵات (پارتی)یشدا بوون و ئەندامانی پلە باڵایان بەهرەمەند بوون لە ئیمتیاز و گەندەڵییەکانی حکومەتی هەرێم.
(حزبی شیوعی کوردستان-عێڕاق) لە ڕاگەینراوی كۆبونەوەی (كۆمیتەی ناوەندی) لە (١٢ نۆڤێمبەری ٢٠١٨) بەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی خوولی پێنجەمی ئەو کاتەدا کە توانی ببێتە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمان، ڕایگەیاند کە (کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا بەشداری کابینەی تازەی نەکاتن و دەنگی پێ‌ نەدات بەهۆی جیاوازی دیدمان دژ بە پەیرەوکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هێزە براوەکان، …. خۆمان وەک حزبێکی بەرهەڵستکار ڕادەگەیەنین، بەڵام بەرهەڵستکارێک لە ڕوانگەی بەرنامەیەکی چەپی نیشتمانی دیمەکراتیخواز). سەرەڕای ئەم ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بوونە، بەڵام ڕاوێژکاری چەند ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندییەکەی هەر بەردەوام بووە بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرەک وەزیرانن! کە دیارە هەردوو ئەم پۆستەش لە دەستی (پارتی)دان. لەوە دەچێت ئۆپۆزسیۆن بوونی (چەپی نیشتمانی دیموکراتیخواز) پێچەوانەی ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێم نەبێت.
مەبەستمان لەم فاکتانە دەرخستنی جێگەوڕێگەکەیەتی کە ئەویش حزبێکی ڕیفۆڕمخوازی ناو سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، جا چ بەشدار بێت لە حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن بێت. ئەم ڕیفۆڕمخوازیی ناو سیستەمیـیەش هەرگیز بەو مانایە نایەت کە حزبێکی ڕیفۆڕمیست بێت، و لەناو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا خەریکی ڕێکخستن و بەگژاچوونەوەی دەسەڵات بێت و لە ڕێگەی فشاری بزووتنەوە جەماوەرییەکانەوە ڕیفۆڕم داسەپێنێت بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا، بەڵکو لە ڕێگەی ڕاوێژکاری دەسەڵاتەوە خوازیاری چاکسازی و ڕیفۆڕمە لەناو خودی سیستمی سیاسی و ئابووری (دژی نیولیبرالیزم) و وەک (چەپی نیشتمانی دیموکراتیخواز) ئامۆژگاری پێشکەش دەکات بە دەسەڵات و هوشداری پێ دەدات کە “ئەزموونی بەنرخی کوردستان” و “بەها نیشتمانی و نەتەوەیەکان و ئەو دەسکەوتانەی کە بەدەست هاتوون” ناشیرین نەکات و لەدەستیان نەدا!
پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە بەشێک لە کادر و چالاکوانانی ئەو حزبە ساڵەهایە ناڕازین بەو ڕێبازەی کە حزبەکەیان هەیەتی لە نزیکایەتی حزبی دەسەڵاتداری یەکەمی هەرێمەکە (پارتی) و لەگەڵ ئەوەشدا کە (کۆمیتە ناوەند)ی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی داوە، بەڵام پەیوەندیـیە واقعیـیەکە بەو حزبەی دەسەڵاتەوە هەر لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە.
ئەم هاوڕێ ناڕازیـیانەی ناو حزب لە زۆرێک لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا دژی دەسەڵات چالاک بوون و باجی ئەم خەباتەشیان داوە و جێگەی پشتیوانی و دەستخۆشانە بوون، بەڵام نەیانتوانی خۆیان کۆبکەنەوە وەک فڕاکسیۆنێک، خەتێکی جیاواز و ڕێبازێکی فکری و سیاسی جیاواز لە سەرکردایەتی حزبەکەیان بخەنە بەردەم ئەندام و هەوادارانی حزب و خەباتێکی جدی بکەن دژی خەتی ڕاستڕەوانەی حزبەکە، بە پێچەوانەوە لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لە پڕۆسەی ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەدا ڕەخنە و گلەوگازەندەکانیشیان هەرچی هاتووە کاڵتر بۆتەوە و بوون بە بەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خەتی ڕەسمی حزبەکەیان.
ناوەڕۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەم هاوپەیمانەتییە هەرە باشەکەیان هەڵمەتی (حزبی شیوعی کوردستان) بووە، کە ئەوەی سەرەوەیە و باسمان کردووە، و داوای لە جەماوەری زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخواز و عەلمانی و مۆدێرن کردووە تا دەنگیان پێبدەن و بچنە پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانەوە هەم بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن و هەم پڕۆژە لەبەرژەوەندیان پێشکەش بە دەسەڵات بکەن، وە لە ڕێگەی چاودێری حکومەت و دامەزراوەکانی دەسەڵات و یاساوە هەوڵبدەن بەربگرن بەو سیاسەتانەی کە دژی جەماوەرە و لەبەرامبەردا پڕۆژەی ڕیفۆم بۆ خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.
ئەمەش هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ڕیفۆڕمی دەرون ڕژێمی یان دەرون سیستمیـیە. وە بە درێژایی تەمەنی ئەم حزبە شیوعییەش ئەوە ڕۆڵی بووە، بەشێک بووە لە سیستمی سیاسی هەرێمەکە و تا ئێستا چوار بەش لە پێنج بەشی ژیانی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمدا بەشدار بووە، هەتا لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا دوای (٣١-ئابی ١٩٩٦) کە (پارتی) بە هاوکاری سوپای عێڕاق هەولێری گرتەوە، ئەم حزبە بەشداری لە حکومەتەکەی هەولێری (١٩٩٦)ی (پارتی)دا کرد بە دوو وەزیر، هەروەها کاتێکیش لە (١٧ شوباتی ٢٠١١) لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکاندا چەندین لاوی خوێنگەرم شەڵاڵی خوێن کران لەبەردەم بارەگای (پارتی) لە سلێمانی، بەڵێ لەو کاتەدا ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە (وەزیری ڕۆشنبیری) و (قسەکەری فەڕمی) حکومەتی هەرێم بوو.
بەڵام هێشتا بزووتنەوەکەی (١٧ی شوبات) تەواو سەرکوت نەکرابوو کە تا (٢٠-٤-٢٠١١) خایاندی، بە بۆنەی یەکی ئایاری (٢٠١١)ەوە ئەم حزبە یاداشتێکی پێشکەش بە حکومەت کرد کە کۆمەڵێک خواست و داواکاری کرێکارانی تێدا بوو. جا ئەمە نمونەیەکی بەرجەستەی ڕیفۆمیستی ناو سیستەمەکەیە. حزبی دەسەڵاتداری حکومەت جەماوەری ناڕازی و خۆپێشاندەر دەداتەبەر دەستڕێژی گولـلە، (حشک)یش خاوەن وەزیرە و پڕۆژەی ڕیفۆڕم بۆ کرێکاران پێشکەش بەو حکومەتە دەکات! لە (٢٠١٨)شەوە هەمان ڕۆڵ دەبینێت، بەڵام لە دەرەوەی کابینە و خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت، بەداخیشەوە کە شانسی نەبوو هیچ ئەندام پەرلەمانێکی دەرنەچوو تا وەک ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان هەمان ڕۆڵی ڕیفۆڕمیستی ناو سیستم ببینێتەوە.
هەرچی حزبی (سۆشیالیست) و (زەحمەتکێشان)ە کە (سەرۆکەکانیان لە ماوەی جیاجیادا ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بوون) لەوانەیە ئەم دوو حزبە خۆشیان پێیان سەریر و سەمەرە بێت ئەگەر وەک ئۆپۆزسیۆن حسابیان بۆ بکەیت! بەڵام هەرچۆنێک بێت کێشەیەکی ئەو تۆیان نییە لەگەڵ پلاتفۆڕمەکەی حزبی شیوعی.
ئەم سێ حزبە هەریەکەیان تایبەتمەندی جیاوازی فکری و مێژووی خۆی هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکی سیاسیاندا وەک دەڵێن مناڵی یەک خانەوادەن، واتا لە ڕووی فکری و شکڵگیری مێژووییانەوە جیاوازن لە یەکتری و ناتوانن تێکەڵ بەیەک بن و ببنە یەک حزب، بەڵام ڕێبازی سیاسیـیان زۆر نزیکە لە یەکەوە، ئەمەش بنەمای نەک هەر ئەم هاوپەیمانەتییەیان بووە کە وەک یەک حزبی سیاسی ڕۆڵیان گێڕاوە، بەڵکو هەموو مێژووی سیاسیشیان وەک یەکە لەناو سیستمی حوکمڕانی و سیاسی هەرێمەکە.

سێ خاڵ بۆ کۆتایی وتارەکە
لە وتارێکی پێشووترمدا بەر لە هەڵبژاردنەکە نوسیبووم کە ئەم هەڵبژاردنە دەروازەیەکە بۆ خەستبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکان.
یەکەم. ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، هەرێم دەخاتە ناو قەیرانێکی پێکهێنانی حکومەتییەوە، ئەمەش زۆر کێشە نییە، چونکە کاتێک ئەمە کێشەیەکی جدی دەبوو کە دوو حزبی دەسەڵات ببونایە کەمینەیەکی لاکەوتە و حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکانی تر بەرپرس بکرانایە لە پێکهێنانی حکومەت، کە لەم حاڵەتەدا ئەستەم بوو (پارتی) و (یەکێتی) دامودەزگای فەرمانڕەوایتیـیان ڕادەست بکەن، یان یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات بۆ نمونە (یەکێتی) دەنگ و کورسی زۆر کەمی بهێنایە لە چاو (پارتی) و ئەو حزبەش بیویستایە بەبێ (یەکێتی) حکومەت پێکبهێنێت، کە لەم حاڵەتەشدا (یەکێتی) دامودەزگای فەرمانڕەوایەتی زۆنی سەوزی ڕادەست نەدەکرد، جا قەیرانێک کە لە ئێستادا بۆ پێکهێانی حکومەت دێتەئاراوە، وەک هی هەر وڵاتێکی تر لەسەر پۆست و پلە و بەشی هەردوو حزبە، لە زۆر وڵاتدا ئەمە پێش دێت، وەک نمونەی فەرەنسای ئەمساڵ.
کێشەکە ئەوەیە کە ناسیونالیزمی کورد وەک بزووتنەوەیەکی چینایەتی سیاسی تا ئێستا بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیە سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە ئۆڕگانێکی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتی دروست بکات کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەستاودەستی پێ بکرێت، هەرێمی کوردستان گەرچی یەک هەرێمی فیدڕاڵیـیە لەناو عێڕاقدا، بەڵام بەواقعی دوو هەرێمی کۆنفیدڕاڵیـیە لەناوخۆیدا لەژێر دەسەڵاتی دوو هێزی میلیشیاییدا، جا ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هیچ شتێک لەو واقعە ناگۆڕێت و درێژکراوەی ئەو مێژووە دەبێت و ناپایەداری سیاسی و نادیاری ئایندەی هەرێمەکە و مانەوەی وەک گۆڕەپانێکی مانۆڕی سیاسی و میلتاریستیی تورکیا و ئێران و ئەمریکا هەر درێژە دەکێشێت.
دووەم قەیرانی ئابووری و بێکاری و ناڕەزایەتی درێژە دەکێشێت. حکومەتی ئایندە درەنگ یان زوو پێک دەهێنرێت و لەسەر هەمان ڕێباز دەڕوات لە پیادەکردنی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نیولیبرالیزم و ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کە لە (٢٠١٦)ەوە لە کۆنفراسی هاوبەشی (بانکی نێودەوڵەتی) و (حکومەتی هەرێم) بە بەشداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بەسترا و نەخشەکەی دانرا لە کابینەی هەشتەمدا، کابینەی نۆهەم بە هەنگاوی خێرا بردییە پێشەوە، کابینەی دەیەمی داهاتووش ئەگەر هەنگاوەکانی خێراتر نەکاتەوە ئەوا هێواشتری ناکاتەوە.
ئەمەش واتا درێژەدان بە کەڵەکەی سەرمایە و کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری سەروەت و سامان و نیعمەتەکانی کۆمەڵگە لە دەستی کەمایەتییەک و ڕاگرتنی زووربەی هەرە زۆری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیش لە هەژاری و بێکاری و پەراوێزخراوییدا.
کۆمەڵگەیەکیش کە دەرگیری هەژاری و بێکاری و جۆرەها تڕاژیدیا بێت، زەمینەیەکی بابەتی فەراهەم دێنێ بۆ پەرەسەندی کۆنەپەرستی و خکاندنی ئاوات و ئارەزووی لاوانی کچ و کوڕ بۆ ئازادی و پێشکەوتن، وە زەمینەی ژیانەوە و گەشەی داب و نەریتی پیاوسالارییش دەخوڵقێنێت و ستەم لەسەر ژنان توندوتیژتر دەبێتەوە و جێگەوڕێگەیان لە هەرێمەکە لەوەی کە هەیە زۆر خراپتری لێ دێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا ناڕەزایەتی سەرهەڵدەدات و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران و لاوانی کچ و کوڕ و ژنانی ئازادیخواز دێنەمەیدان، وە ئەمجارە لەبارودۆخێکیشدا کە سەرمایەداری زیاتر کۆمەڵگە لەڕووی چینایەتییەوە قوتبی و دوو کەرت دەکات و دەسەڵاتیش زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی بۆ جەماوەر دەردەخات.
سێیەم. دەبێ چ بکرێ و خۆئامادەکردن. شەپۆلێکی نوێ لە خەباتی چینایەتی بەڕێوەیە، ئەم خەباتە بەبێ دەخالەتی کۆمۆنیزم ناگات بە هیچ شوێنێک چونکە ئەوە کۆمۆنیزمە کە خەباتی توێژ و بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و گروپە ستەم لێکراو و پەراوێزخراوەکان لە بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی چینایەتیدا شکڵ پێدەدات و چینی کرێکار لە چینێکەوە کە بابەتی چەوسانەوەیە دەگۆڕێت بۆ چینێکی خەباتکار لە پێناو بەرژەوەندی چینایەتی خۆیدا، وە ئەوە کۆمۆنیزمە کە ڕابەرایەتی دەکات و دەیهێنێتەمەیدان بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتە چینایەتییەکەی. هەر ئەم ڕێگە واقعییەشە کە یەکێتی چینی کرێکار لە هەرێمەکەدا بەرجەستە دەکاتەوە و کۆتایی بەدوو ئیدارەیی و دوو زۆنی دەهێنێ، ئەمە ڕێگەی واقعی پڕۆلیتاریانە و کۆمۆنیستییە بۆ یەکگرتووکردنەوەی کوردستان و گرێدانەوەی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە خەباتی هاوچینەکانیان لە سەراسەری عێڕاقدا.
شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لە دەرونی چینی کرێکار و خەبات و ناڕەزایەتییەکانیدا، وە یەکگرتووکردنی کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕ و مارکسیستەکان لەو پڕۆسەیدا، لە ئەرکە هەرە لە پێشەکانمانە.
کۆمۆنیست و مارکسیستەکانی هەرێمی کوردستان لەناو هەر حزب و ڕێکخراوێک و ئەڵقە و دەستەجاتێکدا بن پێویستە بەشێک بن لەم وەڕێخستن و شکڵپێدانە بەم بزووتنەوە چینایەتییە مەزنە، وە سنوربەندییەکی ڕۆشن و لێبڕاوانە لەگەڵ هەرجۆرە ئاسۆ و ئەجندایەکی ڕادیکالیزمەی سەروو چینایەتی و ناسیونالیستیدا بکەن لەناو ناڕەزایەتییەکاندا. ئەم باسە لە داهاتوود درێژە پێدەدەین.

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
نادر عەبدولحەمید




ئۆتیزم: ناساندن، هۆکار، نیشانە و چارەسەرییە زانستییەکان..160.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٦١.

ئۆتیزم (Autism) بریتییە لە دۆخێکی پەرەسەندنی دەماری کە کاریگەری لەسەر مێشک دەکات و بەشێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر پەیوەندی کۆمەڵایەتی، پەیوەندیکردن و رەفتار دەکات. ئەم دۆخە لە تەمەنی منداڵیدا دەردەکەوێت.

هۆکارەکانی ئۆتیزم بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ: هۆکاری جینی و گۆڕانکاری لە جینەکاندا و بۆماوەیی بێت.

هەرەوەها هۆکاری ژینگەییەکانی وەك: تەمەنی دایک و باوک کاتی دووگیانی و کێشەکانی کاتی دووگیانی و هەندێک دەرمان لە کاتی دووگیانی. سەرەڕای ئەمانەش هۆکاری بایۆلۆجییەکانی وەك
گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشکدا، ناهاوسەنگی کیمیایی لە دەمارە گوێزەرەوەکان یاخود ڕێژەی پرۆتین و جۆر و شێوازەکەی لە مێشکدا دەتوانن ببنە فاکتەری دروستبوونی ئۆتیزم.

نیشانەکان لە کەسی توشبوو بە ئۆتیزم دەکرێ ئەمانە بن:
کێشە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، دووری لە پەیوەندی چاو
کەمی هاوسۆزی، دژواری لە دۆستایەتی دروستکردن.
کێشە لە پەیوەندیکردن و دواکەوتن لە قسەکردن، دووبارەکردنەوەی وشە و ڕستە، تێنەگەیشتن لە زمانی جەستە.
هەروەها ڕەفتاری دووبارە و جووڵەی دووبارە و پابەندبوون بە ڕۆتین و هەستیاری بەرامبەر دەنگ یاخود رووناکی.

چارەسەرە زانستیەکان بۆ ئۆتیزم:
چارەسەری ڕەفتاری:
ABA (Applied Behavior Analysis)

و چارەسەری فیزیکی Physiotherapist.

ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی و چارەسەری پیشەیی.

چارەسەری دەروونی: چارەسەری گفتوگۆیی، ڕاهێنانی دایک و باوك.

چارەسەری پزیشکی: دەرمان بۆ نیشانە تایبەتەکان و چاودێری بەردەوام.

و چارەسەری فیزیکی Physiotherapist

سەرچاوەکان:
1-https://www.psychiatry.org/psychiatrists/practice/dsm

2-https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/autism-spectrum-disorders

3-https://www.nimh.nih.gov/health/topics/autism-spectrum-disorders-asd

4-https://www.cdc.gov/autism/data-research/index.html




کتێبی فەلسەفەی بیرکردنەوەى دڵشاد کاوانى بۆیەکەمجار چاپ و بڵاودەبێتەوە

پوختەیەک لە بارەی کتێبەکە

فەلسەفەی بیرکردنەوە، سەرەتایەک بۆ بیرى فەلسەفەى کوردیی.
فەلسەفەی بیرکردنەوە، کتێبێکی هزریی فەلسەفیی کوردییە 253 لاپەڕەیە و لە دووتووێی بەرگێکی جواندا خۆی دەبینێتەوە. ئەم کتێبە لە نووسینى دڵشاد کاوانییە و لەلایەن بەڕێوبەرایەتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى سۆرانى وەزارەتى ڕۆشنبیریی و هونەریی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە زینجیرەى ژمارە (19) بۆ ساڵی 2024 بۆیەکەمجار چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. کتێبەکە (22) وتاری فەلسەفیی لە خۆ دەگرێت، کە تێیدا ڕەگ و ڕیشەى سەرهەڵدانى فەلسەفە بۆ فەلسەفەى ڕۆژهەڵاتیی، وەک بنەچەى دایکى فەلسەفەکان گەڕاندۆتەوە. باسى قوتابخانە سەرەتاییەکانى فەلسەفەى یۆنانیی دەکات. هۆکارى نەبوونى قوتابخانەیەکى فەلسەفیی و ئاریشەى فەلسەفە لە بیرى تاکى کورددا لە ڕابردوو و ئێستا خستۆتە بەرباس.
دڵشاد کاوانى ڕایگەیاند: دواى ئازادیی لێپێچینەوە، ئەمە دووەمین کتێبى چاپکراوى ژانری فەلسەفیی و هەروەها دەیەمین کتێبى چاپکراویەتى، کە ئێستا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. بۆ یەکەمجار لە پێشەنگاى نێودەوڵەتى سلێمانى دەکەوێتـە بەردیدی خوێنەران.
ئەمەشى خستەڕوو: گرنگی بە چەمکەکانی بیرکردنەوە، فەزیڵەتەکان، حەقیقەت، بەختەوەری، ڕەوشت، ئەندرۆجینیزم و چەمکەکانی دیکەی ئەخڵاقی داوە. بە پشت بەستن بە تیۆرییەکانی فەلسەفە و بۆچوونی فەیلەسووفانی گریک و بیرمەندانی ڕۆژهەڵاتی و پێگەی ئەفسانەکانی ڕۆژهەڵاتی کاریگەری لە ڕەوتی فەلسەفەی دا دیاریکردووە. بەتایبەتی قوتابخانە فەلسەفییەکانی وەک میلیتۆس و ستۆیکیی، بە دیاریکراوی فەلسەفەی پێش سۆقرات و سەردەمی سۆقرات، کراوەتە ئامانج. هەروەها ئەرک و ڕۆڵی ڕەوشت لەسەردەمی مۆدێرنتە خراوەتە بەرباس. هەورەها نووسەر باسى لەوەکردووە، کە مرۆڤ و ئاکارەکانی دەخاتە بەر ڕەخنە.
ناونیشانی کتێبەکە لە ناونیشانی وتارێکی ناو کتێبەکە وەرگیراوە، کە نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا پەنجەی خستۆتە سەر ئاریشەکانی بەردەم کایە مەعریفییەکان و کتێب و نووسەرانی بابەتی بواری فەلسەفی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نائامادەگی بیرکردنەوەی فەلسەفی، لەسەردەمی ئێستا و وەک پرسێکی هەنووکەیی جیهان دەبینێت. بەتایبەتی بیرنەکردنەوەی بابەتییانە لەناو گەلی کورد و ڕووخانی شارستانیەتە یەک لەدوای یەکەکانی کورد، بەدەر لە هۆکاری لوجستی و داگیرکاری و کوشتن و بڕین و سڕینەوەی شوناسی کورد لەسەر دەستی داگیرکارانی، بیرکردنەوەی ڕوکەشیانە و نەبوونی ڕوانینی فەلسەفەکاری و قوتابخانەیەکەی فەلسەفی و بە گەورەترین گرفتی بەردم گەلی کورد دەزانێت.
لە کۆتاییدا دڵشاد کاوانى نووسەرى کتێبى فەلسەفەى بیرکردنەوە، گرنگى کتێبەکە لەوەدا دەبینێتەوە کە جیاواز لەو کتێبانەى دیکەى فەلسەفیی، کە تەنیا وێنا و ئاوێنەى گواستنەوەى ڕەنگ و ڕووی فەلەسەى ڕۆژئاوایی بوون، کەچى ئەم کتێبە بە بیرێکى کوردانە و ڕۆژهەڵاتیانە و تێگەیشتنێکى فەلسەفیانە لە ژیان و چەمکەکانى فەلسەیی دەڕوانێـت.
کتێبەکە پشتی بە ٢١ سەرچاوەی فەلسەفی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی، بەستووە. ئیستا بۆ خوێنەران و هەوادارانی فکر و فەلسەفە بەردەستە.




حکومەتی دوای هەڵبژاردن.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتێک گەر یەکێتی نیشتمانی بەشداری تێدا نەکات، ئەو حکومەتە ناتوانێت پێکهاتەیەک بێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمدا درێژکاتەوە، بەتایبەتی سلێمانی و هەڵەبجە، چونکە دەسەڵاتی یەکێتی بە هەر هاوسەنگیەک بێت لەبەرامبەر پارتیدا ڕایگرتووە، لەئەنجامدا وەها چڕبووەتەوە کە توانیویەتی تەواوی دامودەزگاکانی ناوچەی سەوز کۆنترۆڵ بکات. هەروەها هێزی تایبەتی خۆی لە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس دابینکردووە.
ئێستا هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی چارەنووسێکی دیکەدایە، ئەویش پێکهێنانی حکومەتی نوێیە لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا کە بووە هۆی سەرکەوتنی بارزانی بەسەر ڕکابەری ڕاستەوخۆی خۆی، کە تاڵەبانیە، ئەمەش خوڵقێنەری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بۆیە نازانرێت سەقامگیری هەرێم چۆن دابین دەکرێت.
دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن نەک هەر نائومێدی بۆ بافڵ و یەکێتی هێنایە ئاراوە، بەڵکو نائومێدی بۆ هاوپەیمانیە عێراقیەکانی و تەنانەت بۆ ئێرانیش دروستکرد، کە هیوایان ئەوە بوو لەو ڕێگەیەوە نفوزی خۆیان بۆ تەواوی هەرێم درێژ کەنەوە و پاشەکشەیەکی تر بە بارزانی بکەن.
ئەو هێزە عێراقیانەی هاوپەیمانی ئێرانن، کە بەهیوای ئەوە بوون هاوسەنگیە سیاسیەکانی هەرێم بە قازانجی یەکێتی، لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕن، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، بۆیە ڕەنگە دوای شکستی هەوڵەکەیان، بەنیازی ئاڵۆزکردنی پێکهێنانی حکومەت بن لە هەرێم، تا ڕێگری بکەن کەجارێکی تر پارتی لە دەسەڵاتدا جێگیر نەبێتەوە.
ئەم گۆڕانکاریە جۆراوجۆرانەی کە لەلایەن یەکێتیەکەی تاڵەبانیەوە داواکرابوو، هیوای دەخواست هاوکاربێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی هەڵبژاردنێکی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆئەوەی بتوانێت ڕەوتی حوکمڕانی بگۆڕێت، بەو دروشمەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەرزیدەکردەوە.
سەختی پرۆسەکەش لەوەدایە کە بەشداری هەردوو پارتی و یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، ناچاریەکی دۆخی سیاسی هەرێمە، ئەمەش چۆن ساغ دەبێتەوە ئاکامەکەی لە ئێستادا ڕۆشناییەک نیشان نادات.
بازنەی سیاسی عێراق بەگشتی ترسی ئەوەیان هەیە کە تاڵەبانی و یەکێتی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی دوای ئەم هەڵبژاردنە بەجۆرێک لە هەرێم ئاڵۆزتر بکات، بەوەی کە ئیمتیازاتێک زیاتر لە قەبارەی خۆی داوابکات، بە بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریەکانی و خستنەڕووی مەرجی مەحاڵ بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا. بۆیە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و ڕەنگە دۆخێکی نوێ بسەپێنێت.
تۆنی نێوان پارتی و یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر تیژ بوو، ئەگەر ئەم دۆخە هەروا بمێنێتەوە، کە تائێستا ئەوەی پێوە دیارە، وەک ڕەتکردنەوەی “هەژماری من” و قسەکردن لەسەر ڕێگەنەدان بە حکومەتی تاکڕەو…، ئەوە مانای ئەوەیە کە پارتی دەبێت لەجیاتی یەکێتی بەدوای هێزی دیکەدا بگەڕێت کە هاوپەیمانی لەگەڵدا بکات.! ئەمەش دۆخێکی تەواو نالەبار دەخولقێنێت.
واتە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، مەترسی دیکە سەرهەڵدەدەن کە بۆشایی نێوان سلێمانی و هەولێر فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی درز و شکاندنی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم، دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی حکومەتی عێراقی لە ئاستی ناوچەکەو تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا.
مەسعوود بارزانی، دوای دەرەنجامە سەرەتاییەکان وەک سەرکەوتوویەک لە هەڵبژاردنەکاندا، پابەندبونی خۆیان بە پێشخستنی گوتارێکی میانڕەوانە، لەکرانەوەی بۆ هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسیە جیاوازەکانی هەرێم بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاند، بەڵام هاوکات تاڵەبانی تائێستا ناڕونی هەڵوێستی خۆیانی پاراستوە و قسەیەکیان لەسەر هەڵوێستەکەی بارزانی نەکردوە، بەردەوامن لە بەرەوپێشبردنی هاژوهوژی سەرکەوتنەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورسیەکانیان پێچەوانەکەی نیشان دەدەن
لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان، ٣٩ کورسی بارزانی، ٢٣ کورسی تاڵەبانی، بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پلەی سێیەم بە ١٥ کورسی، باقی کورسیەکان بەسەر لایەنەکانی تردا دابەشکران، هەروەها یەکێک لە دیاردەی سەرسوڕهێنەری ئەم هەڵبژاردنە لەدەستدانی کورسیەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە کە چاوەڕوانکراو بوو، ئەمەیە کە پێشوەختە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی خستە ناو شێوازێکی تر لە گێژاوی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، چونکە هیچ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە ئاسۆی دۆخی سیاسی هەرێمدا نیشان نەدا، یەکەم: بەپێچەوانەی ئەو بانگەشانەی کە ئۆپۆزیسیۆن دەیان کرد بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانەکەی نیشاندا. دووەم: بەوپێیەی بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو لایەنی سەرەکی زۆرینەیان بەدەست نەهێنا، تا لایەنێکیان بتوانێ حکومەت پێکبهێنێت، مەگەر پێکهێنانی حکومەت دوبارە بە ڕێکەوتنی نێوانیان یان لەنێوان یەکێکیان و لایەنە سیاسیەکانی دیکەدا ڕێکخەنەوە! بەوپێیەی بارزانی جگە لە هاوپەیمانی لەگەڵ تاڵەبانی هیچ بەدیلێکی نییە، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو قورس و ئاڵۆز دەبێت و کاتێکی زۆری دەوێت.
هەڵبەتە ئەو لایەنە بچووکانەش ڕۆڵی گەورەیان نابێت لە پێکهێنانی حکومەتدا، چونکە کورسیەکانیان کەمە و ئەو کورسیانە هاوکاری بارزانی و تاڵەبانی نابن بۆ پێکهێنانی زۆرینە کە بتوانن حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، واقیعی کوردستانیش بەجۆرێک پێشهاتووە کە حکومەت هەر بەسەر بارزانی و تاڵەبانیدا دەسەپێت، کە ئایا حکومەت پێکدەهێنن یان نا، تەنانەت ئەگەر هەریەکەیان توانای ئەوەی هەبێت کە زۆرینە کۆکاتەوە، بەڵام ناتوانێ حکومەتێک بێت لە تەواوی جوگرافیای هەرێمدا ڕاوەستێت و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی هەرێمدا بسەپێنێت.
ئەوەی لەم کەینوبەینەدا جێگای سەرنجە پێگەی نەوەی نوێیە لەم هەڵبژاردنەدا، ڕاستە وەک لایەنی براوەی سێیەم هاتۆتەپێشەوە، بەڵام لە حاڵەتێکی تەواو ناکۆک و سەرەگێژیدایە، کە ڕوون نیە چۆن مامەڵە بە کورسیەکانیەوە دەکات، چونکە گەر بەشداری لە حکومەتدا بکات، پێگە و نفوزی کۆمەڵایەتی تەواوی دادەبەزێت، هەر هەوڵێکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پەیوەستبوون بە حکومەتەوە، هاوتای خۆکوشتنی سیاسی دەبێت بۆ ڕێکخراوەکەی، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕوویدا، گەر بەشداریش نەبێت دەبێتە لایەنێکی هیچکارە و ناتوانێ ئۆپۆزسیۆنێکی سەرکەوتوبێت.
ئەوەش ئاشکرایە هیچ یەکێک لە بارزانی و تاڵەبانی بەقازانجیان نیە ڕوو لە ئۆپۆزسیۆن کەن، ئەستەمە حکومەت بەڕێگەی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنرێت بەدەرکردنی یەکێکیان. بۆیە پرۆسەی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم ماوەیەکی زۆری دەوێت.
هەرچەندە یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی بوو لەگەڵ پارتی لە حکومەتی پێشوودا، بەڵام وەک نەیارێکی بەهێز خۆی نیشانداو بەشێوەیەکی توند هێرشیان کردە سەر ڕکابەرەکەی، بەوپێیەی تاڵەبانی بانگەوازەکەی بۆ دەنگدەران دووباتکردەوە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی پارتی لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نائومێدکەر بوون بۆ یەکێتی، دوای ئەوەی بارزانی دوو هێندە دەنگی تاڵبانی بەدەستهێنا.
پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێم بەرەو پشێوی و دۆخێکی دژوار هەنگاو دەنێت، چونکە ئەگەر حکوومەتی داهاتوو لەلایەن هەردوو بارزانی و تاڵەبانی نوێنەرایەتی نەکرێت، ئەوە بابەتەکە ئاڵۆز دەبێت و وادەخوازێت کە پێویست دەکات بارزانی، ئیمتیاز بدات و نەرمی نیشان بدات بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتێک پێکبهێنێت تا ئیختیارێکی بەهێزی هەبێت کە بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، گەر وەها نەکات ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بەغدا، پێگەی پارتی دەباتە دواوە.
ئەم دۆخەی ئێستا لەکێشەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، دیاردەی ڕوودانی گۆڕانێکی بێپێشینە نیە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ واقعی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی کە حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی لەچوارچێوەی کێشەکانیان لەبەرامبەر ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و فشارەکانی حکومەتی عێراقدا بەرەوڕووی بوون، کە بێدەسەڵات و بێچارە ڕاوەستاون، دووساڵ دواخستنی هەڵبژاردن، کێشەکانی بودجەو موچەی فەرمانبەران، فشارەکانی بەغداو ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان لەلایەن بەغداوە، ئامادەنەبون یان نەتوانینی وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵک لە پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان، تادەگات بە ململانێکانی نێوان خۆیان وەک دوو دەسەڵات لە زۆنی جیاوزدا، لەهەمانکاتدا ئاڵۆزی و بارگرژی دۆخی سیاسی ناوچەکە، ناتوانێ نیشاندەری ئاسۆ و ئایندەیەک بن، کە لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا، کە حکومەت پێکبهینن یان پێکنەهێنن، دەتوانن دابینی ئارامی لە هەرێمدا بکەن، واتە نەک کاریگەریان نابێت لەسەر کۆتایی نائارامی و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، بەڵکو بەردەوامی هەمان ڕیسوایی و شەرمەزاری چۆنیەتی حکومڕانی و بەڕێوەبردنی سیوسێ ساڵەی کۆمەڵگەدا ئەوە دوپات دەکەنەوە کە خۆشیان هۆکارێکی بێوێنەن لە بەرجەستەکردنەوەی نائەمنی و نائارامی و ستەم و چەوسانەوەو بێکاری بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، نیشاندەری گەورەترین نمونەی بەرگریکارو ڕاگرتنی کۆمەڵگەیەکی نایەکسانن.




میللەتێکی خۆخۆر یان شتگەلێکی هیچ.. نەوزاد بەندی

میللەتی کورد ، لە زیرەکترین میللەتەکانە .. هەموو جۆرە بەهرەکانی تێدایە ..لە بیرکاری و پزیشکی و سینەما و ئەندازیاری و هونەر و نوسیندا گەیشتۆتە چڵە پۆپە .. بەڵام لە گۆشە نیگای یەکترەوە ، هیچن ..!
تۆ بڕوانە لەو میللەتە ، بۆ نمونە کچێکی هەڵەبجە چەندەها مەدالیای ئاڵتونی هەیە لە بواری بەرزکردنەوەی قورساییدا ، هیچ کوردێک باسی ناکا ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا .. کارەساتێکی چەند گەورەیە خۆت باسی خۆت بکەیت لە پیناوی ئەوەی ئەرک وماندووبوونت وون نەبن ، خۆی و مەدالیاکانی بڕۆنە خزمەتی بەرپرسە بودەڵەکانی کورد ، کەچی ئەوان هەر تەماشایشی نەکەن ..تەنانەت وەک مشکێکی تۆپیو بۆ مەدالیاکانی بڕوانن .. داهێنەری ئوتومبیلی کارەبایی لە کۆمپانیای جەنڕاڵ مۆتۆڕی ئەمەریکیی ، کوردێکە ، هیچ کوردێک نایناسێ ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا ، به بێ ئەوەی هیچ کوردێک دەستخۆشییەکی لێ بکا ، به پێچەوانەوە ئەو هەر باسی چالاکی و داهێنانەکانی خۆی ئەکا و .. میللەتەکەیشی باوێشک ئەدەن .. کەناڵەکە ئەگۆڕن .. یان تێر جنێوی ئەکەن ..به درۆزن و فشەکەر و هەڵەوەڕ ئەیناسێنن ..پێی ئەڵێن ئەگەر پیاو بوویتایە لە شارەزوور یان لە بەستەسێن دروستت کردایە..!
گەورەترین دەرهێنەری سینەمایی کورد ، بە ناچاریی خۆی باسی خۆی ئەکا ، چونکە هیچ کوردێک باسی ناکا .. گوێی لێناگرن ، کە دێتەوە ، جۆرەها پرسیاری شەرمئامێزی لێ ئەکەن ، پێی ئەڵێن تۆ دزیت ، با لە ڤێستڤاڵی کان یش قازی بێت ، بەڵام تۆ دزیت .. گەورەترین گۆرانیبێژی ڕاپ و جێگرەوەی مایکڵ جاکسن ، کە کوردە .. نایناسن ..ئەویش به ناچاریی دێتەوە ناو میللەتەکەی و ..کەناڵێکی زۆر هەژار ، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەکا و .پێی ئەڵێ : باسی خۆت بکە!! .. ئەبێ خۆی باسی خۆی بکا .. کەسیش گوێی لێ ناگرێ ، پێی ئەڵێن با بڕوا بێ ڕەوشتی وا .. هەزار ناوناتۆرەی دوا دەخەن ..
شتێکی چەند سەیرە ، میللەتێک پڕ بێ لە توانا و بەهرە ، بەڵام هەر خۆیان ئەو توانا و بەهرانە بە درۆ بخەنەوە .. ئەمە لە یاساکانی فیزیادا پێی دەووترێت سفرکردنەوە ، کاتێک چەند هێزێکی زۆر گەوره کە دژی یەک ئەبنەوە ، دەرئەنجامەکەی سفرە ..
ئیتر بەو جۆرە ، لە کاتێکدا نووسەری زۆر گەورەی جیهانیمان هەیە ، بەڵام لای خۆمان دز و درۆزن و بێ نرخە ..ئەویش ناچار ڕائەکا بۆ ئەوروپا و .. بە دەستێک قاپ ئەشوات و ..بە دەستەکەی تری ڕۆمان ئەنوسێ .. کە ئەیەوێ بێتەوە ، هەزار جنێوی مزری بۆ ئامادە ئەکەن ..
پیاوێکی دینداری گەورەی کورد ، لەلایەن دیندارەکانی هاوڕێیەوە ، جنێو باران ئەکرێت ، ئەکرێ بە کافر .. زەندیق .. خوێنی حەڵاڵ ئەکرێ ..
گەورەترین کێشەی تاکی کورد ئەوەیە ، کە ئەبێ واز له داهێنان بێنێ و ناچار بێ به چوارمشقیی لێی دانیشێ و .. باسی خۆی بۆ کورد بکا .. مەدالیاکانی ، خەڵاتەکانی کە میللەتانی تر پێیان داوە ، پیشانیان بدا ، بۆ ئەوەی پێی بڵێن درۆ ئەکەیت ..فشە فش مەکە .. ساڵەهای ساڵ ئەو داهێنەرانە باسی خۆیان ئەکەن چونکە هیچ کەسێک باسیان ناکات .. نەک هەر باسیان ناکەن ، بەڵکو تەنانەت ئامادە نین گوێیشیان لێ بگرن .. ئەوانیش به ناچاریی ،بە دڵی شکاوەوە ئەڕۆنەوە بۆ تاراوگە ، لەوێ فەرشی سووریان بۆ دادەخرێ و دەکرێنە پارێزگاری شارە گەورەکانیان وەکو تۆفیق بەگی پیرەمێرد کە 20 ساڵ پارێزگاری شاری ئەماسیای تورکیا بوو ..ڕێز و نرخاندنیان لەوێ بۆ ئەکرێ و .. لەوێ ئەمرن ..
کارەساتێکی چەند گەورەیە بەهرەمەندێکی کورد ڕووگیر بکەیت لە ئەمەریکا بێتەوە کوردستان ، بۆ ئەوەی گاڵتەی پێ بکەیت و پێی ڕابوێریت و ..وای لێ بکەیت لە مامۆستای زانکۆوە ببێتە ئاڵودەی ئەلکهول و ..لە داخ و مەراقدا بمرێ ..
شەرمەزارییەکی تا سەر ئێسقانە ، دانەری ئەلف و بێی زمانی کوردی ، کە دەیەها نەوەی بەرز و باڵا و زیرەکی بنیاتناوە ، ناچار بێ سەر هەڵبگرێ و لە تاراوگە بمرێ .. پێش ئەوەیشی بمرێ ، بە بەرچاوی خۆیەوە ، کتێبەکەی لە سیستمی خوێندن شار بەدەر بکرێ ، بۆ ئەوەی بە داخ و گینگڵدانەوە بمرێ .. کە ئەیشمرێ ، هیچ کوردێ نەک هەر فرمێسکێکی بۆ ناڕێژێ ، تەنانەت هیچ کوردێ نازانێ مردووە .. هەر بەو ئەلف و بێیەی کە فێری کردوون ، دوو دێڕ پرسەی بۆ نانوسرێ ..به پیتێکیش دڵی نادرێتەوە ..
ئەمە چۆن کارەساتێکە ؟ ئەم چ نەخۆشییەکە توشی عەقڵی ئەم میللەتە بووە ؟ کاتێ داهێنەرەکانی ناچار ئەکا ، ڕا بکەن ..خۆیان بکوژن .. شێت بن .. جۆرەها سوکایەتی و تاوان و بەدڕەوشتیی بۆ ئەچنن ، بۆ ئەوەی لە داهێنان ڕاوەستن .. بۆ ئەوەی تێک بشکێن .. بتوێنەوە ..داڕزێن .. حەیایان بچێ .. تف لە خۆیان و بەهرە و داهێنانەکانیان بکەن ..
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم ، کە بڕوانامەیەکی بەرزی هەیە و ..ئەلتەرناتیڤی ئەنتی بایۆتیکی دۆزیوەتەوە ، هاتبوو باسی داهێنانەکانی خۆی بۆ ئەکردم ، کە هیچ زانکۆیەک ..هیچ کەناڵێک ..هیچ کوردێک حیسابی چڵە پوشێکیان بۆ نەکردووە ..چونکە ئێمە میللەتێکی دڕندەین ، ئەوانەی داهێنەرن تیایدا ، ئەبێ وەک مەڕ و کارئاسک لە حزووریاندا بپاڕێنەوە و باسی داهێنانەکانیان بکەن ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بیانهاڕن ..بیانخەنە ژێر ڕەحمەتی کەڵبەکانیانەوە ..بیانخەنە ژێر شەستە بارانی تف و جنێو و سوکایەتییەوە ..
پزیشکێک کە لە ناوجەرگەی ئەوروپادا ، گەورەترین پڕفیسۆری شێرپەنجە بوو ، لێرەوە موگناتیزە چاوچنۆک و دڕەندەکان ، ڕایانکێشایەوە بە حیساب پێویستیان پێیەتی و چۆن ئەبێ خزمەتی بێگانە بکا و ..میللەتەکەیشی لە زەلکاوی شێرپەنجەدا بتلێتەوە ، بەو جۆرە وەک چۆن شەماڵ سائیبیان لە سەر کورسی دکتۆرا لە ئەمەریکا هێنایەوە بۆ ئەوەی لێرە سوکایەتیی پێبکەن ، ئەویشیان لە ناوجەرگەی ئەوروپا ، پێش ئەوەی مافی هاووڵاتیبوون وەربگرێ ، هێنایەوە ..تەماشا ئەکا دەستی دەستی پێ ئەکەن ..تەنانەت دامەزراندنەکەی بۆ تازه ناکەنەوە .. بۆ ئەوەی تەماشای بکەن کە چۆن بەرە بەره ڕیسوا ئەبێ و شێت ئەبێ و لەسەر شەقامەکان لە برسا ئەمرێ ..ئەمیش پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ ، پەیوەندی به ئەوروپاوە ئەکا و .. پێیان ئەڵێ : هاوڕێیان ! میللەتەکەم خەریکە وەک حەزرەتی حسێن سەرم ئەبڕن ، چارم چییه ؟
پێی ئەڵێن : گەورەم تۆ ڕازی بیت بێیتەوە بۆ لامان ، ئێمە ئەتخەینە سەرچاومان ..
ئەڵێ : چۆن ئەتوانم بێمەوە ؟ من نە ڕەگەزنامەی ئێوەم هەیه و نە پاسپۆرت و نە هیچ ..
پێی ئەڵێن :ئەوە بۆ ئێمە لێ بگەڕێ ..
کاتێ ئەچێتە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە ئەوروپیە لە ووڵاتی شام ، کابرای باڵوێز لە بەری هەڵئەستێت و ..پێی ئەڵێ : بەس پێم بڵێ تۆ کێی ، گەورەم ؟
ئەڵێ : بۆچی ؟
ئەڵێ : ئەوەی بۆ تۆ کراوە ، لە مێژووی ئەوروپادا بۆ هیچ کەسێک نەکراوە .. هیچ کەسێک به بێ ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەوروپیی نەیتوانیوە به شێوەیەکی فەرمیی و له ڕێی باڵوێزخانەیەکی ئەوروپییەوە ، بۆ ئەوروپا بڕوات .
تەماشا ئەکەی پەیکەرسازێکی جیهانیی کورد کە لە لیژنەی داڕێژەران و دروستکردنی دراوی جیهاندا ئەندامە ، دێتەوە لێرە پەراوێز ئەخرێ ، پەیکەر لەسەر ئەرکی خۆی دروست ئەکا وهێشتا پێی ئەڵێن دزە .. بە ناخی زەویدا ئەیبەن و تاک شەڕواڵێک له پێ ئەکا و لە دوکانێکی بچووکدا تەلی حاجەت شوشتن ئەفرۆشێ ..!
ئیتر بەو جۆرەیە ، سیاسیەکی کورد ، سیاسیەکانی تری کورد ڕیسوا ئەکا ..ئەیانکا به پەڕۆ .. لە بەرامبەردا باسی پڕۆژە و چاکسازییەکانی خۆی ئەکا ، لە هەزار لاوە جنێوی مزری بۆ ئەڕوات .. سیاسیەکانی تریش قۆڵی مەردانەی لێ هەڵئەماڵن ، بۆ هێرشکردنە سەر یەکتری و حەیابردنی یەکتری ..
گەشتیارە کوردەکان گەشتی ئەستەمبوڵ و کیش و باکوری ئێران و ئەوروپا ئەکەن و پارەکانیان لەوێ خەرج ئەکەن ، ناچنە مەهاباد و دیاربەکر و ورمێ و ئیلام ..
تەماشا ئەکەی دوو کورد یەکتری ئەبینن ، یەکێکیان ئەڵێ بەردەرگای خۆمان و ئێوەیشم پاک کردەوە .. ئەوەی تریان لە جیاتی دەستخۆشیی ، پێی ئەڵێ :جائەوە چییە ؟ من هی خۆمان و ئێوە و گەڕەکی ئەودیویشم پاک کردۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ :ئەمشەو سەد لاپەڕەم خوێندۆتەوە ..
ئەوەی تریان ئەڵێ : جا سەد لاپەڕە چییە؟ من هەر کاتی نانخواردن ،دووسەدم خوێندۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ : من چوار
حەج و هەشت عەمرەم کردووە .. ئەوەی تریان ئەڵێ : ئەوەی تۆ هیچ نییە ، من هەشت حەج و شانزە عەمرەم کردووە و شەهیدیشم ! ..
یەکێکیان ئەڵێ : من لە هەشت ڕۆژنامەدا ئەنووسم و پەنجا کتێبم بە چاپ گەیاندووە ..
ئەوەی تر ئەڵێ : هیچ نییە ،من هەر لە سکی دایکما بووم کە دوو ئەوەندەی تۆ کتێب و ووتارم هەبوو ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرکردەی کورد هەبووە لەڕێی کوردا شەهید بووە ..یان بیست ساڵە لە زینداندایه ، کەچی کورد جنێویان پێ ئەدەن .. یان لە باشترین حاڵەتدا ، پشتگوێیان ئەخەن ، وەک ئەوەی هەر هیچ نەبووبن ..بەو جۆرە ..
ئەمەیش دەرئەنجامی سەیر و گاڵتەجاڕی لێ سەرچاوە ئەگرێ ، بۆ نمونە سەیر ئەکەیت کەناڵە کوردییەکان ڕیکلام بۆ کاڵای دوژمنانی کورد ئەکەن و بازاڕیان بۆ پەیدا ئەکەن ، لە بەرامبەردا کاڵا ناوخۆییەکان سوک و ڕیسوا وخراپ نیشان ئەدەن ..بەو جۆرە بازاڕەکانی کوردستان ئەبنە بازاڕی کاڵاکانی دوژمنانی کوردستان و بە شانازیشەوە ئەو پڕۆسە قێزەونە ئەنجام ئەدەن ..
تەماشا ئەکەیت ، هەزاران ووتار لەسەر چیرۆکی مۆباسان و چیخۆف و ئێدگار ئاڵن پۆ ئەنووسن ، بەڵام تەنانەت دێڕێکیش لەسەر چیرۆکێکی حەسەن قزڵچی و حسێن عارف و کاوس قەفتان نانووسن .. تەنانەت گەنجێکی ئەمڕۆ نازانێ کاوس قەفتان و ئەحلام مەنسوور کێن و چ کارە بوون .. بەڵام ئەوەندە بابەتیان لەسەر کافکا و تۆڵستۆی و ئۆرهان پاموک و بۆرخیس خوێندۆتەوە وا ئەزانن ئەوانن باوکی ئەدەبی کوردیی .. کەسێک باس لە ووتارە ڕەخنەگرییە دوور و درێژەکانی فوئاد مەجید میسری ناکات ..نازانن ئەنوەر قادر محەمەد و عەبدوڵا پەشێو کێن و خەریکی چین .. بەڵام ئاگاداری شیعرەکانی فروخ وسوهراپ و نازم حیکمەت وڕامبۆن ..
ئەم دۆخە سەیر و ترسناکە وا ئەکات ئەو کۆمەڵگایه بۆگەن بکات .. تیایدا کرم و مار سەر دەربێنن و ببن بە کەسی باڵا و بەرپرس .. هەتا بێ ، کرم و مارەکان گەورەتر بن و.. کەلاکی کۆمەڵگایش قێزەونتر و بۆگەنتر بێ ..
تیایدا هیچ شانازی و شەرەفمەندیی و پیاوەتییەک نەمێنێ .. مرۆڤەکانی بێ ماف و بێ گوزەران و کۆیلە و سووک بن ، لەوەیش ناخۆشتر ، شانازیی بە بێ مافی و بێ گوزەرانی و کۆیلایەتیی و سوکایەتیەوە بکەن .. هەندێکیان بە تاقیکردنەوەی خوایی بۆ بەندەکانی لێکی بدەنەوە کە ئارامگرتن لەسەریان ، بەهەشتی تیا دەست دەکەوێت وەک پاداشت ..
هەندێکی تریشیان بە قۆناغه تاریکەکانی مێژووی دابنێن و چاوەڕوان بن تا قۆناغی ڕێنیسانسی کوردیی دێت ..!
هەندێکی تریش لایان وابێ ژیان هەر وایە و .. کۆمەڵگا هەر وایه ..
لە کاتێکدا چاڵێکە وهەموویان پێکەوە هەڵیانکەندووە و.. هەموویشیان پێکەوە تێیکەوتوون .. هەموویشیان پێکەوە لە کێشمە کێشمی ئەوەدان کەسیان لە چاڵەکە دەرباز نەبن ، وەکو چۆن تورکەکان بە خەڵکی ناوچاڵەکە پێناسەی کورد ئەکەن .




ئاوابونێکی ئاڵتونی.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە شەوە بەهەشتیەکانەوە با جرپەکان وەڵام بدەنەوە
تاجی درەوشاوە، نێونیگای عیشقێکی تیژڕەوی بەسەرچوو !
مالارمێ / شیعری (گوڵەکان)
ئەم ئەفسوونەیە
نوری ڕژاوی سەرکەنار
ڕۆحم ڕزگار دەکا

گەڕاوەتەوە، جوانیەکی
دڕندە، لەوسەری کەل
کاتێک هەورە بوهەیمیەکان
خۆیان تێکەڵی شەپۆلی ڕوخساری ئەوێکی وون
تێکەڵ بە شنەبای بێهودەییم ئەکەن

با نەفرەتلێکراوبم، بە بێدەنگی
زیوینی سەحەرێک،
ئەفسووس! گەر…
سەمفۆنیای تێپەربووی
بێستانێکی پرچ سەوزی تەڕ
منداڵیەکی سرک بهێننەوە!

چۆن ببمەوە بە دڵۆپە ئاورینگی
خۆشبەختی، چۆن ئەم پەیژە
ئەفسونیە بەرەو کازیوەیەک
لە کڵپەدا هەڵکێشم؟؟؟،

ئەی کەشتی گومڕای ڕۆح،
بەرەو گۆرانی دووری ئەبەدی،
پێت ناڵێم ماڵئاوا، هێشتا
ئەدرەوشێمەوە بۆ گەیشتنی
چارۆکەی بریقەدارت ،
لە کەنار…

تۆیەک لەچرکە ساتێک
بوویتە تەمتومان،
با هەبێت، بیرەوەریت..
با هەبێت، خەندەی سەرهەڵگرتنت
تا ئەوپەڕی لوتکەی کۆشکی
کریستاڵی وێڵبووووووون
با هەبێت، زەنگەکانی
ئێوارەیەک لە ئەڤینی ناسک
وەک پەڕی ئەو گوڵە
ئاویانەی
گالیسکە هەورە پرتەقاڵیەکانی
خەون ئەفراندیان

تۆ تەنها
سەما بکە،
لە گۆمی درەوشاوەی شیعر،
ئەوێک..
فریشتەی
نێو تەمی سپێدە،
بە گوێما چرپاندی
هیچی تر مەڵێ!

چەماونەتەوە کەوانی ئەو پردانەی
هاوشێوەی دوا نیگای ئەو

پێش ڕۆچونی دڵ،
سەرفرازیە
چاوەڕێکەم ، تا گۆشەیەک
بەدەر لە شەڕانگێزی چرکە مسینەکانی
ڕۆتینی مرۆڤە بەندەکانی ماشین

ڕاستیەکەی، من پەیامم
بۆت نارد، لە وەرزێکا
کەس بەتەنگی شەن و کەوی
خونچە مۆرەکانی
عیشقی وەحشتناکی سەفەر نیە!

شیعر،
شمشاڵێکی
ئەفسوناویە
بێ لێو، سۆزی
خەمگینی ئاوابونێکی ئاڵتونی ئەچڕێ!

…………………………………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆڵەندی
Tomasz Marciniak

بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە