وەستانێک لەئاست ڕۆمانی (خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا)ی واڵتەر گرینوود.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

شوێنکات لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا
ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاردا؛ ڕۆمانێکی ناوازەی ڕۆماننووسی سۆشیالیستی بەریتانیی واڵتەر گرینوودە(١) کە لە ساڵی ١٩٣٢ نووسراوە و ساڵی ١٩٣٣ بڵاوبووەتەوە. ئەم ڕۆمانە وەک وەڵامێکی ڕۆماننووس بۆ قەیرانی بێکاری کە لە ئاستی لۆکاڵیی و نێودەوڵەتیدا لەپەرەسەندندابوو، نووسراوە. شوێنکاتی ڕۆمانەکە بریتییە لە گەڕەکێکی هەژارنشینی کرێکاریی بەناوی هانکی پارک کە یەکێکە لە گەڕەکە کرێکارییەکانی شاری سالفۆرد لە باکووری بەریتانیا، کە زێدی ڕۆماننووس واڵتەر گرینوودە و نووسەر لەوێ لەدایکبووە و پەروەردە بووە. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە چەند ساڵ دوای ئەو مانگرتنە گشتییەکەی کرێکارانی بەریتانیا دێت کە لەساڵی ١٩٢٦دا، دەستی پێکرد. (٢)واتە ڕۆمانەکە شەش ساڵ دوای مانگرتنە گشتییەکە نووسراوە. ئەم ڕۆمانە کرێکارییە وەکو دەقێکی نێو بزووتنەوەی ئەدەبی کرێکاریی بەریتانیا، چەند ساڵ دواتر دەکرێتە شانۆنامە و ئینجا فیلم و دەبێتە یەکێک لە کارە هونەرییە هەرە سەرکەوتووەکانی بواری شانۆ و فیلم و سینەمای کرێکاریی. بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە سەرباری ئەوەی سەرکەوتنێکی ئەدەبیی و بازرگانی گەورە بوو، لەهەمان کاتیشدا کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر بۆچوونی خەڵکی بەریتانیا دانا سەبارەت بە قەیرانی دیاردەی بێکاری بەجۆرێک کە کاریگەری ئەم ڕۆمانە وای لە پەرلەمانی بەریتانیا کرد دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک چاکسازیی لە سیستەمە ئابوورییەکەی، بەڵام لەبەرژەوەندی چینی کرێکار، ئەنجام بدات.

کاراکتەر و گرێچنەی ڕۆمانەکە
بەوپێیەی لە سەرەتای دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا، دوای دەیەیەک لە کۆتایهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم، دۆخی ئابووری و ژیانی کرێکاران لە بەریتانیا بەگشتی لە دۆخێکی نالەبار وخراپدا بوو. سەعاتکاری زۆر، کرێی کەم، ناسەلامەتی شوێنی کار، بێکاری لەڕادەبەدەر، بەکورتی هەژاری و بەشمەینەتییەکی زۆر ژیانی خەڵکی داپۆشیبوو. لەو سەردەمە قەیراناوییەی سیستەمی سەرمایەداری بەریتانیادا، ڕۆمانێک دەنووسرێت کە گوزارشت لە ڕەهەندە نائینسانییەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە دەکاتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاردا ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نائینسانیی و ئەو ستەم و بێماف و پەژاراوییەی کرێکارانی بەریتانیا بوو. کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، کارەکتەری کۆمەڵایەتی واقیعین و بریتین لە خێزانە چوار نەفەرییەکەی هاردکاسڵ کە لە گەڕەکی هانکی پارک دەژین کە گەڕەکێکی هەژارنشینی شاری سالفۆردە لە بەریتانیا. هارد کاسڵ بەخۆی کرێکارێکی کۆمپانیای کانی خەڵووزە؛ کرێکارێکی ناهۆشیار و پیاوسالارە و هاوژینەکەی ژنی ماڵەوەیە. منداڵەکانیشی، کوڕەکەی (هاری تەمەن حەڤدە ساڵی خوێندکاری زانکۆی لینکن) سەرەتا لە کۆگای بارمتەدانان و دواتر وەک یارمەتیدەری ئەندازیاری لە کۆمپانیایەکی ئەندازیاریی دەست بەکار دەبێت. (سالی) کچیشی لە کارگەی چنین کرێکارە. دەروبەریشیان بریتین لە ژمارەیەک لە کارەکتەری ناسەرەکی (بەڵام ئەمانیش واقیعین) خەڵکی جۆراوجۆری وەک (لاری میس) ئاژیتاتۆری سۆشیالیست و (هێلن) کرێکاری کارگەی چنین و کۆمەڵێک ژنی تری بەتەمەن و سام گراندی سەرمایەدار، تۆم هەیر و سام هاردی و بیڵ سایمۆنس و جاک لیندزەی و جۆ ڕێجی فۆرمەن و کەیت و خاتوو بووڵ و خاتوو جایک و هەڵگینتن خانم و ناد نارکی و سام گواند و ..تاد، هەموو ئەم کارەکتەرانە جگە لە ناد نارکی پاڵەوانی جەنگ و گیرفان گەرم و و سام گراندی خاوەن سەروەت و سامان، ئەوانیتر هەموو نوێنەرایەتی ئابووری چینی کرێکار دەکەن کە بەهۆی دەرئەنجامەکانی قەیرانی ئابوورییەوە، دووچاری زیانی سیاسی و ئابووری زیاتر و زۆرتر دەبن.
ڕۆمانەکە لە سەرەتادا بە شێوەیەکی سەرەکی فۆکسی لەسەر هاری هاردکاسڵی حەڤدە ساڵە؛ کە لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە قوتابخانەی بەجێهێشتووە و ماوەی دوو ساڵ لە کۆگایەک کاری کردووە، کارێک کە ئارەزووی لێنەبوو بەشێکی لەبەر ئەوەی دەبوو ڕۆژانی شەممە کار بکات و بەمجۆرە نەیدەتوانی هاوڕێکانی ببینێت و کاتێکی خۆشیان لەگەڵدا بەرێتەسەر، بەشێکی تریشی لەبەر ئەوەی هەستی دەکرد ئەو کارە، لەبنچینەدا کاری پیاوان نییە. چونکە بەڕاستی موشتەرییەکان هەموویان ژن بوون. پاشان هاری بەڕاستی دەیویست و خوازیاری ئەوە بوو کاری ئەندازیاریی کار بکات و بەم شێوەیە چارەنووسی خۆی وەک ئەندازیارێک دیاری بکات. بۆیە سەرەنجام پاش هەوڵێکی زۆر دەتوانێت وەک یارمەتیدەری ئەندازیار دەست بەکاربێت و پاشان ئەزموون بەدەست بهێنێت و ببێت بە ئەندازیارێکی شارەزا. هاری سەرەتا وای هەست دەکرد کە هەموو شتێک بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت و هیچ پێویست ناکات جارێکی تر خەمی ژیان و خەمی نانی سبەینێی بێت. هەروەها هاری لەسەرەتای بێکاربوونیدا بەڕێکەوت لە گرەوێکی براوەی هاوشێوەی قوماردا پشوویەکی کورتی کەنار دەریای لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی (هێلین کە ئەویش وەکو سالی خوشکی هاری کرێکاری کارگەی چنینە) بۆ دەستەبەر دەبێت، بەڵام زۆری پێناچێت و دوای ئەو پشووە کورتە مۆتەکەی بێکاری دەست دەخاتە بیناقاقای ژیانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کۆڵ نادات و پێیوایە کە دەتوانێت کارێکی دەستبکەوێت، دەچێت هەموو شارەکە پەی دەکات و بەدوای کاردا دەگەڕێت، سەرەنجام بێهیوا دەبێت و کاری دەست ناکەوێت. لێرەوە و لەژێر فشاری ئەو بێکاربوونەدا کۆشکی خەیاڵی ژیانی هاری بەرەو داڕمان دەچێت و ئیتر لەوساتەوە ترووسکەی هیچ ئەگەر و ئەلتەرناتیڤێک و ئاسۆیەکی ڕووناک لای هاری نابینرێت. هێلینی کچە هاوڕێشی لەدوای پەیوەندییەکی سۆزداری کەم، دووگیان دەبێت. ئەمەش بۆ ئەو قۆناغەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوسای خەڵکی بەریتانیا و خێزانی هاردکاسڵ ( دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم) مایەی ئیحراجی کۆمەڵایەتی بوو. سەرەنجام هاری لەگەڵ باوکیدا تووشی گیروگرفت و دەمەبۆڵە دەبێت لەسەر ئەوەی کاردکاسڵ بە خۆشەویستەکەی هاری کوڕی دەڵێت (سۆزانی!)، بۆیە هاری سەرەنجام بەتووڕەیی دەرگای ماڵ لەدوای خۆی دادەخات و ماڵ بەجێدێڵێت، ئەمەش ئەوەندەی تر دۆخی کۆمەڵایەتی ئەو خێزانە پەشێوتر دەکات و شیرازە کۆمەڵایەتییەکەی زیاتر تێکدەچێت. ئەم ماڵ جێهێشتنەی هاری وەک یەکێک لە کارەتکەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە جۆرێک لە گۆشەگیری کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە. هاری و هێڵن و مناڵە ساواکەیان لە ژوورێکی کۆن و پەرپووت ژیان دەگوزەرێنن. دوو لە هاوڕێ هەرە نزیکەکانی هاری دەکەونە زیندانەوە و جاک لیندزەیش دەبێتە سەرباز. بەگشتی ئەتمۆسفیری کۆمەڵایەتی هاری ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەشێوێت.

کۆمپانیای کانی خەڵووز هەفتەی کارکردنی بۆ سێ ڕۆژ کارکردن کەم دەکاتەوە و پاشان بەتەواوەتی دادەخرێت لەشکرێک لە کرێکارانی کانەکان ( دوانزە هەزار کرێکار) لەنێویشیاندا هاردکاسڵ بێکار دەکرێن، بێئەوەی هیچ بیمەیەکی بێکارییان پێڕەوا ببینرێت. زاڵمی کۆمپانیا لەوەدایە کە هەزاران کرێکار بێکار دەکات لە کاتێکدا دەیان ئامێری نوێی کارکردن هێنراوەتە کارگەکەوە. هاردکاسڵ لە بیمە بێبەش دەکرێت بەبیانووی ئەوەی کچ و کوڕێکی کار دەکەن. کاتێک کوڕەکەشی هاری بێکار دەکرێت، ئەویش هیچ بیمەیەکی بێکاری نادرێتێ بەبیانووی ئەوەی خوشکەکەی کار دەکات. بەمجۆرە ئەو خێزانە بێکار و بێ داهات دەبن. (سالی)ی کچی هاردکاسڵیش دڵخوازی کوڕە شۆڕشگێڕی سۆشیالیست و هەڵسوڕاوی حیزبی کار(٣) (لاری میس) و پێکەوە نەخشەی هاوسەرگیرییان داڕشتووە، بەڵام پلانی هاوسەرگیرییەکەیان ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەهۆی ئەوەی لاری کارەکەی لەدەست دەدات. سالی ئامادەیە لەگەڵ خۆشەویستەکەی(لاری) بژێت و گوێ بەقسە و قسەڵۆکی خەڵک نەدات، بەڵام لاری ڕەتی دەکاتەوە بەوجۆرە بژێت. لاری میس خەباتگێڕێکی سۆشیالیست و ئەندامی حیزبی کار لە کاتی ڕێپێوانی بێکاراندا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣١ دا و کەلەسەر بانگەوازی بزووتنەوەی نەتەوەیی کرێکارانی بێکار(٤) هاتە ئەنجامدان، سەباری ناجێگیریی باری تەندروستی و نەخۆشبوونی بە سەرما و کۆخە، دەستبەرداری ڕابەرایەتیکردنی ئەو نارەزایەتییە چینایەتییە نابێت. ئەو بە وشەی(هاورێیان) دەست پێدەکات و کاتێکیش بێکارانی ناڕازی بە دروشمی ( خەزێنەی بیمە هیچی تیا نییە، دەست لە دزینی قووتی خەڵک هەڵگرن) و بە هەڵکردنی ئاڵای سوور، بەڕێپێوان بەرەو گۆڕەپانی شارەوانی شاری ساڵفۆرد بەڕێدەکەون تا چاویان بە لێپرسراوی شار بکەوێت. لێپرسراوی شاریش ئامادەیی دەربڕیبوو کە نوێنەرانی خۆپیشاندانەکە ببینێت. بەڵام کاتێک دەگەنە نزیک باڵەخانەی شارەوانی و لەبری بینینی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی کە شەش کەس دەبن، هێزەکانی پارێزەری سەرمایەداران(پۆلیس) لە پلانێکی ئامادەکراو و داڕێژراودا هێرش دەکەنە سەر نوێنەرانی خۆپێشاندەران و لەم ساتەدا هەردوولا، لایەک ئامادە و ساز و لایەکیش بەنیازی چارەسەری کێشەکانیان و ئاشتیخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و بەگژ یەکتردا دەچن و شەڕی دەستەویەخە ڕوو دەدات ، لەم شەڕ و پێکدادانەدا لاری میس بە شێوەیەکی زۆر خراپ بریندار دەبێت و یەک دوو ڕۆژ دواتر بەهۆی ئەو بریندابوونەیەوە گیان لەدەست دەدات. (سالی)یش سەرەتا لە ناچارییەکی بێئەندازە سامناکدا دەژێت و هیچ مەیلێکی نابێت بۆ داواکانی سام گراندی خاوەن سامان کە دەیەوێت بەزەبری پارە سالی تەفرە بدات و بیخوازێت و بیکاتە هاوسەری خۆی، بەڵام پاشان سالی بە دوودڵی و ناچاری ئابوورییەوە مل بەو دۆخە ناهەموارە دەدات خۆی ڕادەستی سام گراندی دەکات. سەرەتا داوای پارە لەسام دەکات و دوواتر ڕازی دەبێت ببێت بە هاوژینی (سام گراندی)، ئەو پیاوە سەرمایەدارییە دەوڵەمەندەی شار. ئەم قوربانیدانە ناچارییەی سالی تەنها و تەنها بۆ ئەوە بوو کە بتوانێت یارمەتی خێزانەکەی بدات تا لەو دۆخە ناهەموارە ئابوورییە، ڕزگاریان بکات. ساڵی پارەی بۆ دایک و باوکی و هاری برای دەستەبەر دەکات. بەڵام هاردکاسڵی باوک بەو هەڵوێست و تەسلیمبوونەی کچەکەی تووڕە دەبێت و سەرکۆنەی کچەکەی دەکات تا کار دەگات بەوەی دەست لە جەرگی خۆی، کچەکەی بەرز بکاتەوە و زللەیەکی لێبدات و پێی دەڵێت بڕۆ جارێکی تر نامەوێت بتبینمەوە. سالی لەم ساتەدا بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت تۆ هاریت دەرکرد و ئێستاش من دەردەکەی. لێرەدا بەم زللە لێدانە هێڵی درامی ڕۆمانەکە دەگاتە چڵەپۆپە و نووسەر زۆر ورد لەڕێگەی کۆمەڵێ وەسفی زیندووەوە وێنەیەکی بێهاوتای ئەو دۆخە چینایەتییە پڕ لەنەهامەتییەی ژیانی کرێکارانی ساڵفۆردی بەریتانیامان نیشان دەدات.
ڕۆمانی (خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا) بەپێی ڕەگەزە هونەریی و ناوەڕۆکە سۆشیالیستییەکەی، دەقێکە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ژیان و خەباتی کرێکارانی ئەو قۆناغەی کۆمەڵگەی بەریتانیایە. جیهەتگیری چینایەتی لەم ڕۆمانە جیهەتگیرییەکی کرێکارییە و هێندە ڕوونە کە کەسێکی وەک ئەی جەی پی تایلەری مێژوونووسی بەریتانی بڵێت (شێوازی ژیان لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا لە نووسینی واڵتەر گرینوود کو یەکێکە لەو ڕۆمانە دەگمەنە بەڕاستی پرۆلیتارییانەی کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە.)(٥). هەر ئەم جیهەتگیرییە چینایەتییە وا دەکات ماسیۆ گاوگان کە لە ژمارەیەک نووسین و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەکانەوە کە بۆ ڕۆمانەکە کراون، بگات بەوەی باوەڕەی کە بڵێت(ئەم ڕۆمانە نوێنەرایەتییەکی دڵسۆزانەی بێکاران و بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستییەکانی خەباتی کرێکارانە. (٦) شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا هەر زوو سەرنجی نووسەران و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و لەوەش گرنگتر سەرنجی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی شۆڕشگێڕەی ( چینی کرێکار) ڕاکێشا کە تێدەکۆشا بە شکۆ و لێهاتووییەوە دەست و پەنجە لەگەڵ هەژاری و نەداری و نەهامەتی ژیان نەرم بکات.

زمانی ڕۆمانەکە
زمان لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا، زمانێکە لەئاست دەق و ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەدایە. والتەر گرینوود لەم ڕۆمانەیدا کەیەکەمین ڕۆمانییەتی، ئاستی زمانی نووسینی نەهێناوەتە خوارەوە. بەپێچەوانەوە زمان لەم دەقەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە وەسف و دەرخستنی شوناس و ماهییەتی کارەکتەر و دۆخ و ئەتمۆسفیری دەقەکە. نووسەر لێهاتووانە زمانی بەپێی مەوقیعییەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکان دیاریکردووە. بەواتایەکی تر زمان لەم ڕۆمانە نەکراوەتە قوربانی هیچ ڕەگەزێکی هونەری، بەڵکوو هەموو ڕەگەزەکان لەڕێگەی شائەرکی زمانی ڕۆمانەکەوە بە ئاستێکی بەرزتر و باڵاتر سپێردراون. زمانی نووسینی ڕۆمانەکە ، هەمان زمانی ئەدەبییاتی سەرەتای سەدەی ڕابردووە، کە بەبەراورد بە زمانی ئینگلیزی ئێستا، جیاوازییەکان بەڕوونی دەبینرێن. نەک هەر ئەوەش بگرە زمانی کرێکاریی ئەو سەردەمەیە بەهەموو قسەی نەستەق و پەند و ئیدیۆم و میتافۆرە باوەکانییەوە. لێهاتوویی نووسەر لێرەدا دەردەکەوێت کە شارەزایانە زانیویەتی هەر کارەکتەرێک دەبێت چۆن بدوێت و چ شێوازێکی گفتوگۆ و قسەکردن بەکار بهێنێت. بۆیە دەبنین زمانی ڕۆمانەکە، هەمان زمانی سادەی ڕۆژانەی بەکارهاتووی نێو کۆڕ و کۆمەڵی کرێکارانی سەرەتای سەدەی بیستەمی بەریتانیایە. زمانێک کە لەیەککاتدا زیاتر لە ئەرکێک ئەنجام دەدات. ئەرکی دەرخستنی شوناسی کارەکتەرەکان و هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەرکی گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەو پەیامە سیاسییە چینایەتییەی کە دەقەکە هەڵگریەتی. واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس زۆر سەرکەوتووانە زمانی لەجێگەی خۆی بەکارهێناوە و توانیویەتی ئەوەی مەبەستییەتی بیپێکێت.

ڕۆمانەکە و ڕەنگدانەوەی دۆخی سایکۆلۆژی چینایەتی بێکاران
واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس؛ تێگەیشتنێکی ورد و دروستی لەسەر دۆخی سایکۆلۆژیای چینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی هەبووە و لەم ڕۆمانەیدا زۆر زیرەکانە ئیشی لەسەر ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە سایکۆلۆژیاییە کردووە. ڕۆمانووس ئاگایی سیاسی چینایەتی کارەکتەرەکانی ناسیوە و بەرجەستەی کردوونەتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا ئاوێنەیەکە ڕێک بەباڵای هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی بەریتانیی سەرەتای سەدەی بیستەم. زمانی کارەکتەرەکان و هەڵسوکەوت و تێڕوانینی سیاسییان و تێگەیشتن و ناسینی خۆیان کۆی ئەو ئاماژانەن کە نووسەر توانیویەتی سەرکەوتووانە بەرهەمێکی ئەدەبیی(ڕۆمانێک) بنووسێت کە بەمانای وشەکە واقیعی بێت، نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو ئەو واقیعیبوونەی ڕۆمانەکەش لە دیدێکی سۆشیالیستانەوە داڕێژراوە. گرینوود نووسەرێکی مارکسیستی سەردەمی خۆی بوو بۆیە دەردە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەچەشنی بێکاری لەڕادەبەدەر و نەبوونی بیمەی بێکاری و سەعات کاری زۆر و هەقدەستی کەم و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و فەرهەنگی پێویست و لەسەرووی هەمووشیانەوە نامۆبوون بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی پارە و هێزە سەرکوتگەرەکانی سوپا و پۆلیس و دەوڵەتی ناسیوە و لێرەشەوە و لەڕێگەی ئەو مەعریفە چینایەتییەوە توانیویەتی تۆن و میزاجی کارەکتەرەکان، هێمنی و بێدەنگی هەندێکیان، پیاوسالاری بۆرژوازییانە و تووڕەبوون و بەرز و نزمبوونەوەی تێمپەر و ناسینی دیاردەکان و وشیاری و ئاگایی ..تاد، هەموو ئەمانە بەیەکەوە وێنای ئەو دۆخ و هەلومەرجەی پێ بکات کە سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دەخوڵقێنن. بەم پێیە گرینوود هەر تەنها نووسەرێک نییە و بەڵکوو وەک سایکۆلۆژیستێکیش وێنای هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکە کردووە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانە چینایەتییە سۆشیالیەتییەی گرینوود کە مێژووی ئەدەبی بەریتانیی تا ئەمڕۆش شانازی پێوە دەکات. پێگەی ژن و خێزان و وابەستەبوونی منداڵ بە خێزان و باوکسالاری و گۆشەگیریی و هاوڕییەتی و خەبات لە ڕۆمانەکەدا بەجۆرێک نەخشێنراون کە یارمەتی خوێنەر دەدەن کە زۆر بە ئاسانی ئاستی کلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ئەو قۆناغ و سەردەمەی کۆمەڵگەی بەریتانیی بناسێت.

ئەم ڕۆمانە چۆن کرا بە شانۆ و فیلم؟
دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا لەساڵی ١٩٣٣، ناوبانگ و سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا و بووە پڕفرۆشترینی کتێبی ساڵ. ساڵی ١٩٣٤ لەڕێی شانۆنامەنووس ڕۆناڵد گۆو ئەم ڕۆمانە بۆ شانۆ ئامادەکرا. یەکەمین نمایشی ئەم شانۆیە لەسەر تەختەی شانۆی مانچستەر ڕیپەرتۆری بوو. قسەکردن لەسەر تەوەرە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان لە بەریتانیا لەڕێگەی هونەرەوە شێوازێکی تازە بوو لەسەر قۆناغ و سەردەمەکە. شانۆنامەکە بەهۆی دوو تیپی جیاوازەوە لەتەواوی بەریتانیا و پاشانیش لە لەندەن و پاریس و نیۆیۆرک، نمایشکرا. ئەمەش بووە هۆی ناووناوبانگی زیاتر بۆ واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس، چونکە ئەم شانۆنامەیە تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٥ ملیۆن و نیوێک و تا ساڵی ١٩٤٠ لە بەریتانیا نزیکەی سێ ملیۆن بینەری هەبووە. ساڵی ١٩٦٧ وەک شانۆنامە لە تەلەفیزیۆن تۆمار کرا. مۆسیقای ئەم دەقە شانۆییەش لە ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن تێری هەگس و ڕۆبەر گرەی و ئاڵن فلەکەوە ئامادەکرابوو. لەبواری سینەماش ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٤٠ هەوڵێک درا بکرێتە فیلم بەڵام بۆردی سانسۆری فیلمی بەریتانی(٧) ڕێگەی نەدا و پرپۆزڵەکەی ڕەت کردەوە بەبیانووی ئەوەی (چیرۆکێکی قێزەوەنە لە هەلومەرجێکی قێزەوەندا)(٨). دواجار لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ دا، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە کە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتبوو، ئەم ڕۆمانە سۆشیالیستییە کرێکارییە بە پرپۆزڵێکی هاوشێوەی جاری یەکەم لەڕێگەی وەزارەتی ڕاگەیاندنەوە ڕەزامەندی لەسەر درا و لەلایەن دەرهێنەری سینەمایی (جان باکستەر)ەوە کرایە فیلم. بۆڵتنی مانگانەی فیلم وەک گۆڤارێکی لێکۆڵینەوەی هونەریی هاوچەرخ پێیوایە فیلمی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا (فیلمێکە لە ڕیزبەندی باشترین ئەو فیلمانەی کە تا ئێستا بەرهەم هێنراوە. دەرهێنانەکەی نایاب و وێنەگرتنەکەشی جێگەی ستایش و گروپی کاستیش تابڵێی باش بوون).(٩)هۆکاری سەرەکی لەپشت سەرکەوتنی ئەم دەقە، وێناکردنی ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییەی ژیانی چینی کرێکاری بێکارکراوی بەریتانیا بوو کە چۆن لە ژێر ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداراندا، تاریکترین ژیانی پڕ لە نەهامەتی و سەرکوتیان بەسەر بردووە.

دواقسە
ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا ڕۆماننووسی کرێکاریی بەریتانی واڵتەر گرینوود، وەک دەقێکی واقیعی و خەباتکارانەی سۆشیالیست کە گوزارشتە لە ژیان و خەباتی کرێکارانی بێکاری بەریتانیا لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم، گەرچی بۆرژوازی ڕێگری لێکرد و هەوڵیدا بڵاونەبێتەوە، بەڵام ئاستی هونەریی و ناوەڕۆکی خەباتکارانەی ڕۆمانەکە سنوورەکانی هەوڵەکانی بۆرژوازی بڕی و بوو بە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێب لە بەریتانیا. دواتریش سەرباری هەر سانسۆر و ڕێگرییەک بۆ شانۆ ئامادەکرا و پاشانیش کرا بە فیلم و تا ئێستاش بەهەزاران خوێنەر و بینەری هەبووە و هەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هەرکات ئەدەب و هونەر لە جەرگەی خەبات و ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ناو کۆمەڵگە ئامادەیی هەبوو، ئەوا ئەو ئەدەب و هونەرە جێگەی خۆی لە دڵی ملیۆنان کرێکار و ئینسانی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕی ڕێگای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا، شاکارێکە دەبێت هەموو کرێکارێک بیخوێنیتەوە. بەو ئومێدەی ڕۆژێک بێت وەربگێردرێتە سەر زمانی کوردی و خوێنەری کوردزمانیش لەم شاکارە ناوازەیە بێبەش نەبێت. خراپیش نابێت ئەم کورتە نووسینە بەو وەڵامەی لاری میس نوێنەری بێکارانی خۆپیشاندەران و پاڵەوانی سۆشیالیستی ڕۆمانەکەی واڵتەر گرینوود کۆتایی پێبهێنین کە لە بەرانبەر قسەی لێپرسراوێکدا کە دەڵێت بەرپرسان ئامادەنین کاروبارە گرنگەکانیان دوابخەن بۆ ئەوەی نوێنەرانی بێکاران ببینین، لاریش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت(هیچ کاروبارێک لە کاروباری پرۆلیتاریای برسی گرنگتر نییە).(١٠)

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤

————————————-

پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١)واڵتەر گرینوود(١٩٠٣ – ١٩٧٤) ؛ ڕۆماننووسی بەریتانی لەخێزانێکی کرێکاریی سەر بە بیروباوەڕی سۆشیالیستی( باوکی سەرتاش و دایکیشی لە چێشتخانەیەکدا وەک بەردەست کاری کردووە)، لەدایک بووە. بنەماڵەی دایکی گرینوود سەر بە ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هەروەها وەک باوەڕیش سۆشیالیست بوون بەجۆرێک کە دایکی گرینوود ڕەفی کتێبخانەکەی باوکی گرینوودی بە کتێبی سۆشیالیستی پڕکردبووەوە. گرینوود لە کاتی بێکاریدا بۆ حیزبی کار، کاری کردووە. دوای ئەوە دەبێتە ڕاوێژکار و دەست دەکات بەنووسینی کورتەچیرۆک. پاشان بێکار دەکرێت و ئینجا بیمەی بێکارییەکەشی دەبڕن. گرینوود لەیاسا و ڕیساکانی ئەوکاتی بۆرژوازی بێزار دەبێت، لەساڵی ١٩٢٩ دوای ئەوەی هەقی سێ مانگ مووچەی وەک تاپسیت نادرێتی، ئەویش ئامێری تایپکردنەکە لە کۆمپانیاوە دەبات بۆ خۆی و دەست دەکات بە نووسینی چیرۆکی خەڵکی بەشمەینەتی هانکی پارک. ساڵی ١٩٣٢ لەکاتی بێکاریدا، گرینوود یەکەمین ڕۆمانی خۆی، خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا دەنووسێت. گرینوود یازدە ڕۆمان و سێ کتێبی نووسین و یادەوەری بڵاودەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی ئامادەکراون بۆ شانۆ و کراونەتە فیلم. گرینوود لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا، لەساڵی ١٩٧٤ بە مێژوویەکی گەشاوە و پڕ لە شانازی چینایەتییەوە بۆ هەمیشە ژیان و خەبات و نووسین لەپێناو ئینسان، جێدێلێت.
(٢)مانگرتنێکی گشتی بوو کە لە بەریتانیا ئەنجامدرا، لە چوار تا دوانزەی ئایاری ١٩٢٦ خایاند و لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی گشتی کۆنگرەی سەندیکاکانەوە بانگەوازی بۆ کرا. ئەم مانگرتنە مێژووییە لەلایەن کرێکارانی بەریتانیاوە کە نوێنەرایەتی ناڕەزایی ملیۆنان کەسیان دەکرد وخوازیاری گۆڕانکاری بوون لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڕێوەچوو. هەرچەندە ملیۆنێک و حەوت سەد هەزار کرێکار هاتنە سەر جادە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە بەدیهێنانی داخوازییەکانیان کە بریتیبوون لە ڕێگریکردن لە کەمکردنەوەی هەقدەست و باشتربوونی هەلومەرجی کار.
(٣)حیزبی کار؛ وەک حیزبێکی سیاسی سۆشیال دیموکرات ساڵی ١٩٠٠ لە بەریتانیا، دامەزرا. ئەم حیزبە لایەنگری بزووتنەوە سۆشیال دیموکراتەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان بوو. مێژوویەکی درێژی هەیە و بە گەلێ قۆناغ وئاڵوگۆڕدا تێپەڕیووە و هەتا ئەمڕۆش لەگۆڕەپانی سیاسی بەریتانیا بوون و چالاکی سیاسی هەیە.
(٤)بزووتنەوەی نەتەوەیی کرێکارانی بێکار؛ ڕێکخراوێکی کرێکارانی بێکاری بەریتانیا بوو و لەساڵی ١٩٢١ لەلایەن ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا، هاتە دامەزراندن. ئامانجی ئەم ڕێکخراوە؛ ڕاکێشانی سەرنج بوو بۆ دۆخی نالەباری کرێکارانی بێکار لە قەیرانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و مانگرتنی گشتی ساڵی ١٩٢٦ و دواتر قاتوقڕییە گەورە و بەرەنگاربوونەوەی دەزگای پێدانی بیمەی بێکاری بوو لە بەریتانیا. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا ، واتە لە ساڵی ١٩٣٩ قەدەغە کرا و بڕیاری کۆتاییهێنان بەو بزووتنەوەیە لە ساڵی ١٩٤٣دا، درا، دواجار لە ساڵی ١٩٤٦ هەڵوەشایەوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەندین هەوڵ دراوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەم بزووتنەوەکە کە ئاخرینیان لە دەوروبەری ساڵی ١٩٩٢ بوو.
(٥)https://reading19001950.wordpress.com/2018/01/12/love-on-the-dole-by-walter-greenwood-1933/
(٦)http://www.screenonline.org.uk/film/id/485682/index.html
(٧)بۆردی سانسۆری فیلمی بەریتانی؛ ڕێکخراوێکی ناحکومیی بوو کە لەلایەن پیشەسازی فیلمی بەریتانیاوە لە ساڵی ١٩١٢ دامەزرا و بەرپرسیار بوو لە پۆلێنکردنی نەتەوەیی و سانسۆرکردنی ئەو فیلمانەی کە لە سینەماکان و بەرهەمە ڤیدیۆییەکان نمایش دەکران و لە میدیای فیزیکی لە ناوخۆی بەریتانیا، بڵاودەکرانەوە.
(٨)http://www.screenonline.org.uk/film/id/485682/index.html
(٩)The Monthly Film Bulletin, Published by The British Film Institute, Volume 8, No.88, April 1941, page 43.
(١٠)Love on the Dole, Walter Greenwood, Penguin Modern Classics. 1976, page 200.




شیرین تەشی دەرێسێ لەنێوان وەفایی و وەلی دێوانە دا.. حازم كوردە

شیرین تەشی دەرێسێ، گۆرانی مامۆستای گەورەی كورد مەزهەری خالقی لە ساڵی ١٩٦٠ وە گوتویەتی و هەرگیز كۆن نابێت !
هەر كاتێك گوێی لێبگری، هەروەك وایە دوێنێی ووتبیت ! گۆرانیەكە بە ووشەو بە ئاواز و بە هەست و بە گەورەیی ئەو زاتە گەورەیەی مەزهەر، تا درێژانێك لە مێژو كۆن نابێت !
بەشێكی گەورەی دیرۆكی میللەتێك، لە سۆزو هونەر و ئاوازی ئەو میللەتە هەڵئەقوڵێت.
من هەروەك چیرۆكی ئەم هۆنراوەم بیستوە هەندێك ئەڵێن هی وەفاییە هەندێكیش ئەڵێن هی وەلی دێوانەیە ،من زیاتر مائیلی ئەوەم هی وەلی دێوانە بێت، چونكە هۆنراوەكە دێوانەییە و پتر ئەشێ ئی مام وەلی دێوانە بێت!
بەر هەر حال هیچ كەس جیاواز نیە كە ئەم هۆنراوە یەكێكە لە جوانترین تێكهەڵەی وەسف و جوانی و ئەندێشەو
هۆنراو كە تا ئێستاش دڵی ملیۆنەها گەنجی كورو كچ پیرو گانج ئەكولێنێتەوە بۆ خۆشی و خۆشەویستی !
من كە بیستومە ( بەبێ سەرچاوەیكی باوەر پێكراو ) كە گۆیا كوێخای لادێیەك بەدوای وەلی دێوانە ئەنێرێت كە نامەیەك بۆ كوێخای دێیەكی دیكەی دوور بنوسێ ( چونكە لەو سەردەمە دا خوێندەوار دەگمەن بووە)
كوێخاش كچێكی زۆر قەشەنگی بێووێنەی ئەبێت بە ناوی شیرین كە لە پەنجەرەی ژوری سەرەوەی روو بە رووی باوكی و وەلی دێوانە ئەبێت و تەشی ئەرێسێت ،
هەر كە كوێخا دەست بە قسەكانی ئەكات بۆ نامە نوسین لە لایەن وەلی دێوانە، مام وەلی لە دیمەن و نیگای ئەم كچە سەرسام ئەبیت و تەواو شێت ئەبیت و ئیلهامی شیعری بۆ دێت !
ئیتر كوێخا چی لەدەمی دەر ئەچێ، وەلی هەر خەریكی نوسینی شیعرەكەی ئەبێت كە بەم شێوەی خوارەوەی
شیرین تەشی دەرێسێ
لەسەروی قامەتی یار، عەتر و عەبیر دەباری
دڵانی خستە لەرزە، لەرەی مەمكی هەناری
مەست مەست بە نیمنیگاوە، دوو نێرگسی خوماری
بە خەندە زوڵفی لادا، لەسەر عوزار و زاری
دونیا بە ئیتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
تەشی وەكو دڵی من، لە دەستی ئەو دەلەرزی
چەند جوان و دڵڕفێنە، ئافتاب و تەور و تەرزی
كاتێ كە بۆ سەر ئاوێ، زولفی لە سەرووی بەرزی
كە شەو بەیانی بەردا، گوڵ و وەنەوشە باری
دونیا بە ئیتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
پەنجەی بە چەشنی شمشاڵ، دوو دەستی پڕ لە خرخاڵ
ڕوومەت سپی، دوو لێو ئاڵ، پەرچەم سیاهـ بوو چاو كاڵ
وەك ڕەنگی نەخشی مانی، باڵا و كوڵم و خەت و خاڵ
سەڵای لە عاشقان دا، باغی گوڵ و هەناری
دونیا بە ئیتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
كە لە ووشەكەنی ورد ئبیەوە، وەسفیكت بۆ ئەكات كە لە وەسفەكانی حەزرەتی گۆران نزیك بێت !
كە لە غەزەلەكی وورد ئەبیتەوە، لە شیعرەكانی وەفایی خۆت ئەبینیەوە !
كە جوانترین تیكەڵاوی هونەری شیعر ئەبینی، ئەڵێی حەتما ئەوە وەلی دێوانەیە !
بەهەر حاڵ ! كە كوێخا بە دەم نەمەكەی تەواو ئەكات، وەلی دیوانەش شیعرەكەی تەواو ئەكات و ئەیداتە دەست كوێخای نەخویندەوار !
ئەویش بە ئسپسواران دەینێرێ بۆ كوێخایەكی تر !
پاش رۆژێك كە بە پەرۆش نامەكەی كوێخا ئەخوێنەوە و ئەوو شیعرە بلیمەتەی وەلی دێوانەی لێ بە دی ئەكەن و كوێخاكە خۆی دێت بۆ لای كوێخای خاوەن نامە !
ئینجا هەردوو كوێخا ك
لە ئەندێشەو عشقی نوسەرەكە تێئەگەن، كویخا میوانەكە ، دەست بەجێ خوازبینی شیرین بۆ وەلی دێوانە ئەكات !!!
بەڵام وەلی دێوانە هەر كە نامەكە رادەستی كوێخای باوكی شیرین ئەكات (كە لە رۆژهەڵات بووە ) را ئەكات بۆ سلێمانی و ناگەرێتەوە و جارێكی تر چیرۆكێكی تری شیرن و فەرهاد تۆمار ئەكرێتەوە !
https://www.youtube.com/watch?v=lHbcdmHlNx0

حازم كوردە سوید – ستۆكهۆلم




ئێمەی شکستخواردوو.. نەوزاد بەندی

ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە ..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆ ،
بێهونەریی خۆمان ئەشارینەوە ..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند ..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند ..
وەک چۆن لە پشت تاج و نەجمە و چەک و فیشەکی بێگانە ،
ترس و بیم و ئەژنۆ لەرزەی خۆمان مات دا ..
وەک چۆن کفر و دوو ڕووییمان
لە پشت نوێژ و عەمرە و قورئانا قایم کرد ..
وەک چۆن میراتیی کچانمان وەک شیری دایکمان هەڵقوڕاند
وەک چۆن هەرچی تاوانمانە
لەگەڵ ڕۆژووی عەرەفەدا سڕانەوە ..!
لەگەڵ ئاوێکی دەستنوێژا ،
شۆرانەوە ..!
لەگەڵ یەک دوو دێڕ نزادا ،
هەمووی سفر کرانەوە..!
لە ژێر دەم و قەپۆزێکی هەڵئاوساوا ،
ڕوخساری هەرچی دوژمنی ئەم خەڵکەیە ، خۆی مات داوە ..
وەک چۆن لە پشت ئوتومبیلی دوا مۆدێل و قات و بۆینباخی گران ،
شکستی فەرمانڕەوایی و
ئیدارەمان ، شاردۆتەوە ..
ئێمە لە پشت ڕاستییەوە ،
درۆ و فێڵ و نامەردیی ئەشارینەوە ..
لە پشت سناپ و جوانکاریی،
ڕوخسارە ناقۆڵاکانمان شاردۆتەوە ..
وەک چۆن داڕمانەکانمان ،
لە پشت نوکتە و قسەی قۆڕا ، شاردۆتەوە ..
شەقامە دزێوەکانمان ،
بە ملیۆنەها ئوتومبیل شاردۆتەوە ..
وەک چۆن هەرچی دز و دیلکوژ و گەوادە ، لە پشت ئەنفال و کیمیایی هەڵەبجەدا خۆی مات داوە ..
وەک چۆن داڕمانی خێزانمان ،
لە پشت پێکەنینی درۆ و
کێک و سەگ و پشیلەدا شاردۆتەوە ..
وەک چۆن گەڕانەوەمان بۆ چاخی بەردین ،
لە پشت بورجی ئیڤڵ و
شەقامەکانی ئەوروپا خۆی مات داوە..
گۆرانییەکانمان ئەوەندە بۆگەنیان دێ ،
لە پارک و
شەقامی بێگانەیان هەڵئەکێشین ..
شیعرمان بووە بە پێڵاو ،
کێ بیەوێ لە پێی ئەکا ..
وەک چۆن دڕندەییمان ،
لە پشت وێنەیەکی دایکە تێرێسا و
مۆنالیزادا شاردۆتەوە..
ئێمە کۆیلەیی و نیفاق و سەرشۆڕیی خۆمان ،
لە پشتی مەردایەتیی
عومەری کوڕی خەتابا ، خۆی مات داوە ..
خۆپەرستیی تا سەر ئێسقان ،
لە ژێر خواپەرستییەکی ڕووکەشدا قایم ئەکەین ..
جەردەمان لە ژێر سێبەری حاتەمی تەی نیشتەجێیە ..
وەک چۆن زینا ،
لە ژێر پەردەی سیغە و میسیارا تێپەڕی ..
ئێمه تەنانەت ناتوانین وەک پشیلە ، پاشماوەکانمان وون بکەین ، بڕوانە ئاودەستخانەکان ..
ئێمە تەنانەت ناتوانین وەک ئاژەڵێک ، داوای مافەکانمان بکەین ، بڕوانە بۆ موچەکانمان ..
ئێمە هۆلاکۆ و هیتلەر و سەداممان ،
لە پشت سندوقێکی فێڵبازی دەنگدانا شاردۆتەوە ..
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان ،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکیی
دیموکراسیدا مات داوە ..
وەک چۆن زۆر خۆریی و هەڵئاوسان ،
له پشت هۆڵەکانی جیما خۆی مات داوە ..
ئێمە حەیای تاراوگە و کەیسی پەنابەریی و کەمپەکانی پەنابەریشمان بردووە ..
ئێمە خوشکمان هەر بە ناوی ژنی خۆمان ، ئاودیوی ئەوروپا کرد و داشنەڕزاین .. هەر ئیش بڕوا ..!
وەک چۆن ترسنۆکیی و ملکەچییمان ،
لە ژێر ئایەتەکانی سەبر و
نزا و پاڕانەوەدا عەمبار کرد ..
ئێمە تەنانەت حەیای شەیتانیشمان برد ..
حەیای درۆ و
نیشتمانفرۆشیی و
خیانەتیشمان داچۆڕان ..
کەی درۆ و خیانەت و نیشتمانفرۆشیی گەیشتونەتە ئەم ڕادەیە ؟
تەنانەت کتێبی گینزیش شۆک بوو ، هیچ گەوادێ نە گەوادیی پێوانەیی لەو جۆرەی تۆمار کردووە و .. نەهیچ قەحبەگەلێک ئەو دۆخەی قبوڵکردووە ..
حەیای زەوی و دارستان و تڕۆژەی٭ نیشتەجێبوون و تاوەر و شوقه و مۆڵمان برد ..
حەیای وەرزش ..
حەیای ڤیستڤاڵ ..
حەیای پێشانگا ..
حەیای بازرگانیی ..
حەیای خەڵات ..
حەیای یەکەم ..دووەم و سێیەمیشمان برد ..
حەیای بەنگ و
هی کوشتن و
دزی و
شەڕواڵپیسیشمان برد ..
ئێمە خۆخۆریمان لە پشت ئەنتەرڤیو ، چاوپێکەوتنا شاردۆتەوە ..
ئێمە گەدە و ئەندامەکانی زاوزێمان ،
لەناو مێشک و چاو و گوێچکە و لووتمانا چاک شاردۆتەوە ..
وەک چۆن حەیای پەرلەمان و ڕۆژنامە و وەزارەت و پۆست و پلە و کورسیمان برد ..
حەیای ئاڵتون ..
حەیای مەرز و
حەیای قەرز و
حەیای لێدوان و مایکمان برد ..
وەک چۆن کابرا موچە و داهات و داهاتووی
شەش ملیۆن کەسی لە پێکرد ..
ئێمە لە پشت سەعاتی پاتیک فیلیب و ڕیش و مێزەر و تەسبیح و شانەوە خۆمان مات داوە ..
مێژوو و شەرەف و ئینتیما و پیاوەتیمان شار بەدەرکرد ..
ئێمە حەیای کارتی بانکی و کۆمپیوتەر و حەواڵە و داتابەیسی دنیامان برد ..
ئێمە پەردەی ڕێپێوان و بانگەشە و ڕای بەرامبەرمان به ڕۆژ دڕی ..
ئێمە نمرە و داهێنان و زانکۆ و بڕوانامەی گەنجمان تێکەڵی جوملەی پێڵاو کرد ..
حەیا و شەرەفی ووتار و هەواڵمان برد ..
کتێب‌ و قەڵەممان سووتان ..
هەرچی باڵدار و بێ باڵ و ئاژەڵە ،
ئێمەی جێهێڵا ..
دەریایش لە بەر کەلاکی ئێمە،
ژەنگ گرتی .. ڕەنگی شێوا ..تامی گۆڕا .. بۆگەنی کرد ..
ئێمەیش چ خەڵک و چ حوکمەت
لە کەلاکیان بێبەریی بووین ..
ئێستا هەرچی هۆڵی قومار و
سۆزانی و باندی مافیایه وەکو سەگ
سەیرمان ئەکەن ..
حاشای موتڵەقیان لێکردووین ..

تێر نەخواردن ،
چاوچنۆکیی ،
لە پشت حەدیس و ئایەت و ڕۆبن هود و ڕێکخراوەکان ، پارێزراون ..
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا ، شاردۆتەوە ..
ئێمه ئەوەندە بودەڵەین ،
تانجییەکی دوو بەهارە ئەتوانێ سەد ساڵ حوکممان کا ..
هەڵماتێکی ڕوو قرنجاو ، سەد ساڵ هەڵمانئەپەڕێنێ ..
بزمارێکی کەوش ئەتوانێ تا ئەبەد پەنجەرمان بکا ..
ئێمە مەرگمان له پشت جوڵەی وەک ئەفلام کارتۆن ، مات داوە ..
ئێمە حەیای باج و بودجە و سامانی زەوی و ژێر زەوی و کەلەپورمان تک – تک تکان ..
زانستمان بە قبوڵ خاس و پاڕالێڵ ، ئەتک کرد و
گیرفانی خەڵکمان به ناوی پاشەکەوتەوە ، گسک دا ..
ئەوەیشی هی شکان نەبوو ، تێکمانشکاند ..
هیچ کەسێکمان یەک ناڕەزایی دەرنەبڕی ..
ئێمە نەوتمان وەکو حوشتر لە هەزار لاوە سەربڕی ..
هەر ئەوەندە ماوە ، دزیی دەعوامان لەسەر تۆمار کا .. بڵێ : حاشا ! ئەم جەردەییە قبوڵ ناکەم ..
ئێمە حەیای خاڵی سنووریی و دەستوور و پەیماننامەی نێو دەوڵەتیی و ئیمزا و پەنجەمۆریشمان برد ..
هەر ئەوەندە ماوە ، شەیتان
بێتە دادگا و
هاوار بکا : حاشا وە لیلا بە خەویش ئەم ئافاتانەم نەدیوە ..!
ئێمە مافیامان لەودیوی ئاپۆڕەی بازاڕ قایم کرد ..
ئێمە خۆمان عەیبەیەکی هەرە گەورەین ، بۆیە هیچمان پێ عەیب نییە … ئێمە خۆمان تاوانێکی هەرە قورسین ، بۆیە هەموو تاوانێکمان لا نۆڕمەڵە.. ئێمە خۆمان هەر لە بنچینەدا سوکین ، بۆیە شانمان وا سوکایەتیی هەڵئەگرێ .. ئێمە خۆمان گۆڕستانین ، بۆیه هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە و مردن وەرئەگرین ..
لە پیسترین زۆنگاوی نەزانیی و زوڵم و نامەردیدا ،
پێش میللەتان ،
پێکی خۆمان خواردۆتەوە ..
ئێمە شێرپەنجەین ، شێرپەنجە ! ، خۆمان لە جەستەی دنیادا شاردۆتەوە …

٭ تڕۆژە : هەڵەی چاپ نییە .




کورتەچیرۆک: سۆزانی.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

دەرگای بەفرگرەکەی کردەوە، خاڵی خاڵی، وەک دەشتێکی کاکیبەکاکی، جگە لە دەفرێک ئاوی تورشی، لەتکە نانێکی ڕەق و بنکڕی مەنجەڵێک ماست هیچی تری تێدا نەبوو. سەیرێکی فەردە بەتاڵەکەی برنجی کرد، لەتەنیشت ئەویش سەبەتە بەتاڵەکەی پەتاتەی بینی، چاوی بە بینینی سەلکە پیازێکی بۆگەنی گەشاوە.
بۆڵەبۆڵی مێردە ئیفلیجەکەی ڕایچڵەکاند، ئەوە دوو ڕۆژە ئاگر لەم ماڵەیان هەڵنەکراوە، ئەوە دوو ڕۆژە چێشتی گەرم لەم ماڵە نەخوراوە. هەر دوو مەمکەکانی وەکوو جووتە کانییەکی وشک وشکیان لێ هاتبوو، چەند ڕۆژێک دەبێت شیر پێی بەم مەمکانەی ئەو دانەکردووە. مەلۆتکەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەڕتر و لاوازتر دەبێت. ئاخ ئەم ژیانە چەند گرانە!
ئاخۆ دەبێت هەتا کەی بەرگەی ئەم بارە نالەبارە بگرێت. ئەو مێردەی کە هەتا چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە سەنگەر بووە و بەرگری لە نیشتمان کردووە، ئێستا لەنێو جێ کەوتووە و نان نییە بیخوات، برینەکانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیستر و ناسۆرتر دەبن. ئەو منداڵەی کە تاکە هیوای ژیانیان بوو، ئێستا هیشکوبریشک هەڵگەڕاوە و چەند ڕۆژێکە شیر بەر ئەم لێوانەی نەکەوتووە. ئای ئەوە چ ڕۆژگارێکە تێی کەوتوونە.
چارۆگەکەی خستە سەر سەری، منگەمنگێکی کرد و دەرپەڕییە دەرەوە. ملی ڕێگای گرتە بەر و هێدی هێدی بەرەو بازاڕ شۆڕ بووەوە. لەپێش دەرگایەکی بچووک، کە کەوتبووە لاکۆڵانێکی چەپ، ڕاوەستا. هەڵوەستەیەکی کرد، فرمێسکەکانی سڕییەوە. کاغەزەکەی دەستی دەرهێنا، سەیری ژمارەی سەر دەرگاکەی کرد، ئینجا سەیری نووسینەکەی سەر کاغەزەکەی کرد. بە دوودڵییەکەوە چووە ژوورەوە.
لە دەرگاکە هاتە دەرەوە، چارۆگەکەی سەری هەندێک لە پێشتر شڕتر پێچرابووەوە، یەخەی مەکسییەکەی هەندێک لە پێشتر زیاتر ترازابوو، فرمێسەکەکانی چاوی ڕووبارێکی گەورەتریان لەسەر ڕوومەتە پەمەییەکانی دروست کردبوو. دڵی لە جاران شکاوتر بوو، هێشتانیش زیاتر بێزی لە خۆی و ئەم بارەی ئێستا تێی کەوتوونە دەبووەوە.
بەرەو دوکانی مام کەریم ڕۆیشت، بەم چەند هەزار دینارەی تازە بە دەستی کەوتبوو کیلۆیەک برنج و دەببەیەک نەفت و یەک کیسەی بچووک شیری منداڵانی کڕی، و خێرا خێرا بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە. هەندێک نەفتی لە لالە شووشە شکاوەکە کرد و دایگیرساند. برنجەکەشی خستە سەر ئاگرێکی کز کز. دەنگی قۆڕەی سکی مێردە ئیفلیجەکەی منداڵەکەی لە خەو هەڵساند. هەر بەپەلە شیرەکەی گرتەوە و خستییە نێو دەمی جگەرگۆشەکەی. لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئۆخخەی، نانی ئەمڕۆشم بۆ مسۆگەر کردن.»
ڕمبەڕمبی دەرگاکە ئەوی ڕاچڵەکاند، گوێی خۆی بۆ ڕادێرا، دڵی بە خورپە کەوت. ژاوەژاوی پشت دەرگاکە هەر دەهات و بەرزتر دەبووەوە، دەنگەکان دڕتر و تووڕەتر دەبوون. پێلاقەیەک بەر دەرگاکە کەوت، دوو پێلاقە. مستێک بەر دەرگاکە کەوت، دووان، سییان. سەرێک خۆی لەسەر دیوارەکە هەڵکێشا، دووان، سییان.
یەک بە یەکیان خزانە کەلاوەکەی کە پێیان دەگوت حەسار. ئەمیان تەورێک لە دەستی، ئەمیان چەقۆیەک، ئەویان دارێک و ئەویشیان قامچییەک. دەرگای ناندینەکەیان خستە سەر پشت، وەک گەلەگورگێکی برسی لەسەر سەری ئەم ژنە بەستەزمانە خڕ بوونەوە. وەک ئەوەی خودی ئەهریمەنیان کەوتبێتە بەر دەست، لە شەق و پێلاقان نەسڵەمینەوە، هەر کەسە و جارێک و دووان و سییان، قامچییەک، دارێک تەورێکیان خێواندە ئەم فریشتە بەستەزمانە.
ڕیش سپییە هەرە گەورەکەیان دەمە بۆگەنییەکەی کردەوە و شیڕاندی: «تۆ شەرم لە خۆت ناکەیەوە هەی سۆزانی؟ ئەو مێردە مەردەت لە ماڵێ بەجێ‌ دەهێڵیت، تا لەگەڵ‌ کوڕی خەڵکی ڕابوێریت، ئابڕوومانت برد، هەی ئابڕووت بچێت. تازە منداڵت بووە، تازە!»

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی




شیعر\ عەلی بەگ.. نووسینی: هاینریش هاینە*.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

عەلی بەگ، پاڵەوانی باوەڕی ڕاستەقینە،
بە خۆشی لە باوەشی کچاندا ڕاکشاوە؛
خودا لێرە لەسەر زەوی پێشچێژی
چێژی بەهەشتی پێ بەخشیوە.

کەنیزەکان، جوان وەک حۆریەکان،
وەک ئاسک لە جوڵەدان
کاتێک یەکەمیان ڕیشی بۆ لوول دەکات،
دووەمیان نێوچاوانی بۆ ڕێک دەخات.

سێیەمیان عوود لێدەدات،
گۆرانی دەڵێت، سەما دەکات، پێدەکەنێ و
ماچی دەکات،
لەوێ بڵێسەی شادی دەگەشێتەوە.

بەڵام لەپڕ دەنگی کەڕەناکان، بەیەکدادانی شمشێرەکان
لە دەرەوە بەرزدەبێتەوە،
هاوار بۆ چەک،
تەقەی تفەنگ دێت
خودایە، فەرەنگییەکان هاتنە سەرمان!

پاڵەوان سواری ئەسپی شەڕ دەبێت،
دەچێتە ناو شەڕ، بەڵام هێشتا وا دیارە خەون دەبینێت؛
چونکە وا هەست دەکات لە باوەشی
کچاندا ڕاکشاوە وەکو پێشتر.

لە کاتێکدا سەری دەیان داگیرکەر دەپەڕێنێت،
وەک دڵدارێک پێدەکەنێت،
بەڵێ، بە نەرمی و نیانی پێدەکەنێت.

سەرچاوە:
THE POEMS OF HEINE
BY
EDGAR ALFRED BOWRING, C.B.
لاپەڕە ١٤٨
• هاینریش هاینە\ ئەڵمانیا\ ١٧٩٧-١٨٥٦

https://www.gutenberg.org/files/52882/52882-h/52882-h.htm#page_148

——————–

لە ژمارە ٢٣ی ٢٠٢٤ی بانێژەی ئەدەب و کلتوور بڵاوبۆتەوە..




رەهەنـدی نەتەوەیی و نیشـتمانی لە هـۆنـراوەی منداڵان.. رەزا شـوان

هـۆنراوەی منداڵان لقێکی گرنگە لە وێژەی منداڵان، رۆڵێکی گرنگی لە رۆشنبیریکردنی منداڵاندا هـەیە. فـۆرمێکی نایاب و سەرنجـڕاکێشە. جوانتریـن و ناسکـترین شـێوەیە، لە شێوەکانی هـونەر. نـزیکـترین هـونەرە لە دەروونی منداڵانەوە، چونکە بەهای دەنگی و وێنـەی هـونەری و چـنیـنی واژەیی لەخـۆگرتـووە. هـۆنـراوەی منـداڵان، لە ئەمـڕۆ و لە داهاتووشـدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی گەورە و بەهـێز و ئەفـسووناوی لە پەروەردەکردنی منـداڵان هـەیە. رۆڵێکی کاریگەری لە دروستکردنی کەسایەتـی دروسـت و هـاوسـەنگی منـداڵان هەیە. هـۆنراوەی منداڵان، زۆربـەی هـونەری ژانـرەکانی تری وێـژەی منداڵانی لەخـۆگـرتـوون. بـۆیـە هـۆنـراوەی منـداڵان بـووە بە بـەشـێکی گـرنـگ؛ لـە بابـەتـەکانی پەرتووکی خوێندنەوە، بۆ قـوتابیانی پۆلەکانی قوتابخانەی بنەڕەتی، لە هەموو جیهاندا.
منـداڵان بە سـروشـتی، هـەر لە منـداڵـییەوە، هـۆگری هـۆنـراوە و گـۆرانی و سروودن. دایکانی کوردمان، بە دێڕە هـۆنراوەی فۆلکلۆری یان لە هەڵبەستی خۆیان، بە دەنگێکی ناسک و بە ئاوازێکی شیرین، جگەرگۆشەکانیان هەڵدەپەڕێنن. بە لایلایە دەیانـلاوێنن و چێژ و خۆشیی هـۆنراوە دەخەنە دڵی کۆرپەکانیان و دەیانکەنە خەوێکی خۆش و ئارام.
(لامارتین) دەڵێت:”جوانترین هـۆنـراوەر لە سەرانسەری جیهـاندا، لایـلایـەی دایکانە”.
هـۆنراوەی منـداڵان، سەرەڕای بەخـشینی چـێژ و خۆشی بە منـداڵان، چەندین پەیـام و بەها و رەهەنـدی لەخۆگـرتووە، وەک: پەروەردەیی، نەتەوەیی و نیشـتمانی پەروەری، کۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتی، رەوشتی، سۆزداری، ژینگەپارێـزی، جوانی، زمانی،.. هـتد.
هـۆنـراوەی نیشـتـمانی کوردستانی، جـۆرێکی گرنگە لە جۆرەکانی هـۆنراوەی کوردی، کە دەربارەی سۆز و خوشەویستی و شکۆمەنـدیی کوردستانن، یان دەربارەی جوانی و ئەفـسووناویی سـروشتی کوردسـتانـن. دەربـارەی خەبـات و تـێکـۆشانـن، بۆ ئـازادی و بـۆ رزگارکردنی کوردسـتان لە داگـیرکەران. بـۆ پارێـزگاری و خۆبـەخـشـین لە پێـناوی کوردستانی نیشـتمانی پیـرۆزمان. ئەو هـۆنـراوانانەن کە یادی قـارەمانان و شەهـیدانی نەمـری کورد و کوردستان و داسـتانەکانی پێـشـمەرگە بـەرز رادەگـرن. ئـەم هـۆنـراوە کوردسـتانـییانەمـان، ئامـرازێـکی بەهـێـزن، بـۆ گـۆزارشـتکـردن لە خـۆشـەویـسـتی و هـاوبەستەبـوون بۆ کـورد و کوردسـتان.

هـۆنراوەی نیشـتمانی کوردستانی، بەشێکی گرنگە لە هـۆنـراوە بۆ منـداڵانی کوردمـان. لەم کورتە باسە چـڕ و پـڕەدا، باس لە رەهـەنـد و لە بەهـای نەتەوەیی و نیشـتمانی، لە هـۆنراوەی نیشـتمانی کوردستانی بۆ منـداڵان دەکەیـن، کە هـۆنراوەنووسانی پێـشـوو و ئـێستامان بە دەیان هـۆنـراوە و سـروودی کوردییـان، بۆ منـداڵانی کورد هـۆنیونەتەوە. کە دەربارەی سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونن بۆ کورد و کوردسـتان. هـۆنـراوەی نـیـشـتمانی کوردسـتانی، پانتـاییەکی گـەورەیـان لە هـۆنـراوەی منـداڵانی کورد گـرتـووەتەوە.

پیویستە لە منداڵییەوە، لە باخچەی منداڵانەوە، منداڵانی کوردمان لە رێگەی هـۆنراوەی نیشـتـمانی کوردستانییەوە، بە هـەستی کوردایەتی و بە سـۆز پەرۆش و خۆشـەویـستی بۆ کوردستان، گـوش و پەروەردەیـان بکەیـن. تا لە ئەمـڕۆ و لە داهـاتـووشدا، شانـازی بە کوردبـوونی خۆیـان و بە کوردستانی نیشـتمانی هـەزاران هەزار ساڵەمانەوە بکەن.
هـۆنـراوەنووسی عـەرەب (سلێمـان ئەلعـیسا) دەڵێـت:”بـۆ ئەوەی منـداڵان زمـانەکەیان خۆشبوێـت، بۆ ئەوەی نیشـتمانەکەیان خۆشبویـت، بۆ ئەوەی خەڵکـیان خۆشبوێـت، بۆ ئەوەی گـوڵ و بەهـار و ژیـانیان خۆشـبوێـت، فـێری سـروودی خۆشـیان بکەن”.
خوێندنەوەی هـۆنراوەی و چـڕینی سـروودە کوردییـە کوردستانییەکانمان، بە تاک و بە کۆمەڵ بە جۆش و خرۆش و ئاوازەوە، لەلایەن منداڵانی کوردمانەوە؛ رۆحی کوردایەتی و کوردستان پەروەری، لەلایـان خۆشـەویـستر و شـیریـنتر دەکەن. ئەمـەش یەکـێکە لە گرنگـترین پەیـام و ئامانجەکانی هـۆنراوەی رەسەنی کـوردیمان بۆ منـداڵانـی کوردمان.

هۆنراوە و سروودی کوردی، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییەکی زۆریان لە دروستکردنی کەسانی کوردستان پەروەر و تێکۆشەر و شۆڕشگـێڕی کوردمان هەبـووە و هـەیە. ئەو هـۆنـراوەنووسانەشمان، کە لە ئێستادا هـۆنراوەی کوردستانی بۆ منـداڵان دەنووسن. لە منـداڵـییانـدا، هـۆگـری هـۆنـراوە و سـروودی کـوردی ببـوون. کاریـگەرییـەکی زۆریـان لەسەریان هـەبـووە. یادەوەرییەکانی منـداڵـێیان هـێـناونەتەوە یـاد و بەرچـاوی خۆیان و ژیانی ئەمـڕۆی منداڵانی کوردستان لەبەرچاودەگـرن. بـوونە بە ئیـلهـام و بە هەوێن بۆ نووسینی هـۆنـراوە و سروودەکانیان، بۆ مـنداڵانی نەوەی ئەمڕۆی کوردمان. ئەگەر بە ژیاننامەی زۆربەی هـۆنـراوەنووسانی منـداڵانی کوردمـان بچـینەوە، ئـەو راسـتیـیەمان بـۆ دەردەکەوێـت، کە لە منـداڵییەوە دەستیان بە نووسینی هـۆنـراوەی ئاسان کـردوون.
(پاپـلـۆ نیـرۆدا) دەڵـێـت:”ئەگـەر هـۆنـراوەنـووس. ئـەو منـداڵـەی لـە نـاخـیـدا دەژیـت، لەدەست بـدات، ئـەوا هـۆنـراوەکـەشی لەدەســت دەدات”.
کەواتە هـۆنـراوە و سـروود، بە تایبەتیش هـۆنـراوەی نیشـتمانی کوردستانی، هـانـدەر و پاڵنەرن، بۆ ئەو منداڵە بەهـرەمـەندە کوردانەمان، کە ئارەزووی نووسـینی هـۆنـراوەیان هـەیە. مامۆستایانی وانەی زمانی کوردی، رۆڵیان هـەیە لە دۆزینەوەیان و لە پشتگیری و لە هانـدانیان. لە وڵاتی ژاپـۆن لە پـۆلی سێی بنەڕەتـییە، فـێری قـوتابییەکانیان دەکەن، کە (هـۆنـراوەی هـایکـۆ) بنووسن. هـایکۆ بە ژانـرە هـۆنراوەیەکی رەسەنی داهـێنراوی نیشـتمانیی ژاپـۆنی دەزانـن.
هـۆنراوە و سـروودی کوردیی نیـشـتمانی کوردستانی، بـێجـگە لە بەهـێزکـردنی سـۆز و هـەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری، رۆڵـیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاکادیـمی قـوتابیان و گەشەکردن و دەوڵەمەنـدکردنی زمـانی کوردی بە وشـە و بە زاراوەی نـۆی هـەیە. هـۆنراوەی نوێ بۆ منداڵان، ورووژێنەر و هـاندەری قوتابیانن، بۆ بیرکردنەوە و تێگەیشتن و رەخنەگرتن و گفتوگۆکردن، بۆ داهـێنان و پێشکەوتن. فێری ئەوە دەبن کە بە ئـازادی، گـوزارشـت لە هـەسـت و لە بیـرۆکە و لە را و لە بـۆچـوونەکانیـان بـکەن.
(رەسووڵ هـەمـزاتـۆڤ) دەڵـێـت:”بێگومـان ئێـمەی هـۆنـراوەنـووسان، بەرپـرسـیاریـن لە هـەمـوو جیهـان”.
نـەرویـج: ٢٠٢٤