هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بۆچی؟! ئیسلامی سیاسی و ترس لە شۆڕشی پرۆلیتاری.. موئەیەد ئەحمەد

ماوەیەکە ڕەوت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق، بە تایبەتی ئەوانەی هاوپەیمانن و گردبونەتەوە لە بلۆکی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، بەهەموو توانایانەوە خەریکی زیندووکردنەوەی پڕۆژەی یاسای جەعفەرین، کە عەبدولعەزیز حەکیم، باوکی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی ئێستا، عەمار ئەلحەکیم، ساڵی (٢٠٠٤) پێشنیاری کرد، بەڵام بە بەرگێکی نوێ و بە ناوی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨) کە لە ساڵی (١٩٥٩)وە کاری پێدەکرێ.
خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی هەموارکردنەوەکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پەرلەمان، لە (١٦)ی ئەیلولی (٢٠٢٤)دا، لە ڕێگەی ڕێککەوتن و فێڵ و تەڵەکەی پەرلەمانییەوە، کە لە ڕژێمی سیاسی دوای (٢٠٠٣)وە باو و نۆرماڵە، بەڕێوەچوو، و ئەمەش بەبێ گوێدانە هەموو ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوە و شەپۆلی توڕەیی جەماوەری لەدژی ئەم هەموارکردنەوەیە. بەم شێوەیە ئەم ڕەوتانە و هاوپەیمانەکانیان هەنگاوێکی دیکەیان لە جێبەجێکردنی هەمواری یاساکەدا هەڵگرت و بەمەش پێداگریان کردەووە لەسەر ئەنجامدانی تاوانێکی گەورە بەرامبەر ژنان و منداڵانی عێراق.
ئەو کەسەی لە بری “چوارچێوەی هەماهەنگی” دەستپێشخەریی کردووە و پڕۆژەکەی پیشکەش کردووە، پەرلەمانتارێکە بە ناوی (ڕائید ئەلمالیکی) کە مێژوویەکی خراپی هەیە لە ژیانی سیاسی تازەی عێراقدا. ناوبراو سەر بەو هێزانەی دژە شۆڕشی ئیسلامیـیە کە کاریان کرد بۆ لەباربردنی ئامانجەکانی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، و بەسەر خوێنی زیاتر لە (٨٠٠) ژن و پیاوی ڕاپەڕیوی قوربانیانی سەرکوتی دەسەڵات و میلیشیاکان، خۆیان پەڕاندەوە بۆ ناو پەرلەمانی ئێستا لە ژێر ناوی لیستی “سەربەخۆکان”.
سەبارەت بە پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاساکە پرسیار زۆرن، لەوانە: بۆچی ئەم هەموو پێداگرییە دەکرێ لەلایەن ڕەوت و حزبەکانی ئیسلامی سیاسییەوە، بەتایبەتیـش لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە، بۆ تێپەڕاندنی؟ و بۆچی بە تایبەتی ئەمڕۆ؟ وە بەرژەوەندی ئەم هێزانە چییە لە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیەدا؟ لەکاتێکدا وڵات و ناوچەکە بە قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەدا تێدەپەڕێت.
یەکێک لە وەڵامە باوەکان ئەوەیە کە یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) کە لە ئێستادا لە کاردایە، گرێیەکی (عُقدة) ئایدیۆلۆژی و سیاسی بۆ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شیعە پێکدەهێنێت، و مەحاڵە ڕەوتی سیاسیی دەسەڵاتدار لە وڵاتدا بێدەنگ بێت لێی، ئەویش لە بەر ئەوەی کە ئەمەیان پێویستە و گۆڕینی بە یاسای جەعفەری یان هەموارکردنەوەی دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی کۆیلەکردنی ژنان و منداڵان، کە یەکێک لە گرنگترین پایەکانی ئیسلامی سیاسی پێکدەهێنن بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر جەماوەردا، و بۆ چەسپاندنی تائیفەگەری کە ئەمەش یەکێکە لەو پایانەی کە لەسەری بنیات نراوە.
ئەم وەڵامە لەلایەن هەندێکی ترەوە تەواو دەکرێت بەجەختکردنە سەر ئەوەی کە ئامانجی پرۆژەکە تاکتیکێکی سیاسییە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و دوورخستنەوەی سەرنجیان لەو سەختییە ئابووری و قەیرانە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئەنجامیدا زۆرینەی جەماوەر دەناڵێنێت بەدەستیانەوە، هەروەها ڕەنگە هەندێکی دیکە بڵێن مەبەست لە هەموارکردنەوەکە هەڵبڕینی شمشێری یاسای جەعفەرییە بۆ پەردەپۆشکردنی ئابڕووچوونە (فەزیحە) دارایـیە نوێـیە ئاشکرابووەکانی تاڵانکردن و دزیکردن لەلایەن هێزە ئیسلامییە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە.
لەم جۆرە وەڵامانە ڕەنگە درێژە بکێشن، کە لەبنەڕەتدا بابەتین، و ئاماژە بەوە بدەن کە دوژمنایەتیکردنی ئاشکرا و ڕەگداکوتراوی ئیسلامییەکان بەرامبەر بە ژنان بەڵگە نەویستە و هۆکارێکی هەموارکردنەوەکە پێکدەهێنێ، یان باس لەو ئیمتیازاتانە بکەن کە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە دەیڕەخسێنێت بۆ توێژگەلێکی کۆمەڵایەتی لە ناو سیستەمی مەلا و فەقێیەکان، و ڕیزێکی دوورودرێژی خەڵکی دەوڵەمەند کە پێویستیان بەتێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانیان هەیە و دەیانەوێت دەستیان ئاوەڵابێت بۆ هاوسەرگیری دووەم و سێیەم و چوارەم و فەزیحەکان و تاوانەکانی تریان بە دژی ژنان. وە لە کۆتاییدا، کە مەرج نییە دوا وەڵام بێت، باس لەوە دەکرێت کە پێشنیارکردنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەکە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی لایەنە ئیسلامییەکان لە بەدەستهێنانی دەنگی کۆنەپەرستان و کۆنەپارێزان لەناو جەماوەردا.
گومانی تێدا نییە کە هەر یەکێک لەم وەڵامانە هۆکاری بابەتیی خۆی هەیە، و لە ڕاستیدا لایەنێکی ئەم سیاسەتە و هەوڵەکانی هەموارکردنەوەی یاساکە دەردەبڕێت، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم وەڵامانە لە بازنەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی، و سیاسەتە تاکتیکییەکانی، و میکانیزمەکانی چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی وەک بزووتنەوەیەک، دەرناچن، چونکە لە سەرخاندا دەمێننەوە بەبێ ئەوەی بگەنە جەوهەر و بنەمای ماددی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، و بەم پێیەش ستراتیژی ئەم سیاسەتە؛ واتە بێ دەستنیشانکردن و ڕەخنە لە بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداری و ستراتیژی سیاسی چینایەتی بۆرژوازی دەمێنێتەوە کە ئەم سیاسەتە نوێنەرایەتی دەکات و لە پشتیەوە وەستاوە.
قەتیسکردنی ڕەخنە لە خولگەی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و پراکتیکی سیاسی و تاکتیکی بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی تائیفیین، و خولانەوە لە دەور و چوارچێوەی ئەم چەمک و تێڕوانین و میکانیزمانەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆنترۆڵی ئەم ڕەوتانە، بەبێ ئەوەی پەیوەست بکرێنەوە بە بنەمای ماددی چینایەتی، و بەبێ پێدانی ناوەڕۆکی سیاسی چینایەتی پرۆلیتاری و دەوڵەمەندکردنیان پێی، وا دەکات کە ڕەخنەکە لە چوارچێوەی ڕەخنەی بۆرژوازی لیبڕاڵ-عەلمانی و مەدەنی و ڕەخنەی فێمینیستی لیبڕاڵ لەم سیاسەتە، دەرنەچێت. وە ئەمە بۆخۆی ڕێگری دەکات لە گرتنەبەری دیدێکی ڕوونی سیاسی و فیکریی پرۆلیتاری، و بەرجەستەکردنی ڕەخنەی سۆشیالیستی پرۆلیتاری بەرامبەر بەو سیاسەت و ستراتیژیانەی کە بۆرژوازی دەسەڵاتدار پێشنیاری کردوون و بەم شێوەیەش بەشدار دەبێت لە لاوازکردنی بەرپەرچدانەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ئەم سیاسەتە، و تەنانەت لاوازکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا لەبەرامبەر هەموارکردنەوەی یاساکەدا.

ڕەخنەی مارکسیستی و پێگەی چینایەتی ئیسلامی سیاسی
یەکەم مەرج بۆ ڕەخنەی مارکسیستی لەم سیاسەت و هێرشە دوژمنکارانەیەی ئیسلامییەکان دژی ژنان و منداڵانی عێراق ئەوەیە کە ڕەخنەیەکی ماددی بێت، هەر بەمپێیەش ڕەخنەیەکی چینایەتی بێت، و لە پێگەی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان و ژنانی چەوساوەوە ‌هەلقوڵا بێت. دەرخستنی جەوهەر و سروشتی ئەم سیاسەتە و ئەم پێداگرییە لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەکە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی ئەو بنەما ماددییە هەیە کە ئیسلامییەکان ناچار بەوە دەکات کە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشنیار بکەن، هەروەها پێویستی بە دەستنیشانکردنی ئەو پەیوەندییەش هەیە کە هەموارکردنەوەکە هەیەتی بە خەباتی چینایەتی و ڕەوەندی شۆڕشی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا لە عێراق و هەرێمدا.
ڕەنگە ئەم ئەنجامگیرییە سەیروسەمەر بێتەبەرچاو و وەک “کەمکردنەوەگەرایی” ئابووری (ڕیدەکشنیزم) و چینگەرایی و دوورکەوتنەوە لە جەوهەری مەسەلەکە دەرکەوێت؛ واتە وەک دوورکەوتنەوە دەرکەوێت لە جەخت لەسەر چەوساندنەوەی ژنان و منداڵان و چەسپاندنی تائیفەگەری لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەم هەموارکردنەوەیە، و ڕەنگە بە چاوپۆشیکردنی “واقع” هەژمار بکرێت، لەلایەن ئەوانەی کە پێیانوایە حوکمڕانی ئیسلامییەکان یانی حوکمڕانییان وەک ئیسلامییەکان، و هیچی تر، ئەمەش یانی ئیسلامییەکان سیاسەتمەداری چینێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو نین، کە ئەویش بۆرژوازییە، بەڵکو ئایدیلۆگ و سیاسەتمەداری دواکەوتوو و کۆنەپەرست و تائیفی و میلیشیایی و دەرەوەی چینەکانن، وەک ئەوەی لە ئاسماندا هەڵواسرابن و لە دەرەوەی ئەو ژینگە ماددی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەدا بن کە تێیدا گەورەبوون و بوونی خۆیان لە پەیوەند پیوەی دریژەپێدەدەن.
بە کەمێک بیرکردنەوە نادروستی ئەو بۆچوونە ناڕاستانە دەردەکەوێت و ئەوە ڕوون ئەبێتەوە کە سیاسەتمەداری ئیسلامی بۆیە سیاسەتمەدارێکی ئیسلامییە، چونکە لە سەرووی هەموو شتێکەوە سیاسەتمەدارێکی بۆرژوازییە نەک بە پێچەوانەوە. ئەو بەرگریکارە لە سەرمایە و خاوەندارێتی سەرمایەداری، و دەچێتە نێو گۆڕەپانی سیاسەتەوە وەک خۆی چۆنە ئەوەها، واتە وەک بەرگریکارێک لە خاوەندارێتی سەرمایەداری و پایە “ئایینی” و “ئەخلاقی” و پێداویستییە سەرکوتگەریەکانی لە بەرامبەر چینی چەوساوەدا.
ئەگەر بمانەوێت هەموو ئەمانە زیاتر شیبکەینەوە، دەڵێین کە ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان کاتیک کە پێیان ناوەتە نێو ژیانی سیاسی کۆمەڵگا هاوچەرخەکانەوە، ئەرکێکی سیاسی چینایەتی سەرمایەداریان لە ئەستۆگرتووە و ئەنجامی دەدەن، یان بە واتایەکی تر، ئەوان ڕەوتی بۆرژوازین و ئەرکێکی تایبەتیان هەیە؛ کە پاراستنی سەرمایەداری و بەرژەوەندی گشتی سەرمایەیە، واتە بەرژەوەندی گشتی بۆرژوازی وەک چینێک لە بەرامبەر پرۆلیتاریا و سۆشیالیزمدا. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو باوەڕەیە کە ئیسلامی سیاسی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ئایدیۆلۆژیکی هەر تەنها ئیسلامی لە قەڵەمدەدا کە گوایا ژیانی خۆی لە دەرەوەی چینەکان درێژەپێدەدا، واتە ئەو باوەڕەی کە ئەو واقیعە لەبەرچاوناگرێ کە ئەوە بەرژەوەندییە گشتییەکانی سەرمایە، و زەروورەتی پاراستنی سەرمایەدارییە لەبەرامبەر شۆڕشی سۆسیالیستیدا، لە سەردەمی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی هاوچەرخدا، کە لە قەیراندایە و پڕە لە دژایەتی، وایکردووە و ئیستاش وادەکات کە ئەم بزووتنەوە ئیسلامییانە جێگەیان هەبێت لە دەروونی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و ململانێی چینایەتی جیهانی نێوان کار و سەرمایەدا.
بەم پێیە، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی هەر لە سەرتاوە وەک بوونەوەرێکی چۆنایەتیی هاتۆتە ناو جیهانی سیاسەت و خەباتی چینایەتیەوە، و ئەرکێکی چینایەتیی گشتیی بۆرژوازی بەخۆسپاردووە، ئەویش؛ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییە سیاسییە گشتییەکانی سەرمایەیە لەبەرامبەر چینی کرێکار و تۆێژە بێبەشکراوەکان لە خاوەنداریەتی، و لە بەرامبەرخەباتی سۆسیالیستی ئەم چینەدا، واتە بەجێگەیاندنی ڕۆڵی خۆی کە پەیوەستە بە ستراتیژی سیاسی گشتی بۆرژوازیەوە لە نیو ململانێی چینایەتی ناو کۆمەڵگاکاندا، نەک تەنیا بەجێگەیاندنی ڕۆڵێ خۆی وەک نوێنەری بەرژەوەندییەکانی بلۆکێکی دیاریکراوی بۆرژوازی. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی سیمای چینایەتی بۆرژوازی خۆی، وەک بزووتنەوەیەک و ڕەوتێک، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی وردە وردە و کەڵەکەبووەوە بەدەست نەهێناوە کە تێیدا سەرکردەی حزبەکانی و چالاکوان و نوێنەرانی، چ لە دەسەڵاتدا بن یان لە دەرەوەی دەسەڵات، ببنە تۆێژێکی بورژوازی بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە سیاسییە ستراتیجی و چینایەتییە بۆرژوازییە بگێڕن، بەڵکو هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە ئیسلامی سیاسی تایبەتمەند بووە بەم کارەکتەرە سیاسییە چینایەتیـیە بورژوازیـیەوە.
لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ئیسلامی سیاسی وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، و ڕەوتێکی سیاسی بۆرژوازی، و بوونەوەرێکی چۆنایەتی، و لە نێوان ماددەی مرۆیی و ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و نەریت و یاسا کۆنەپەرستەکان و بیروباوڕە ئایینی و تائیفیـیە مەزهەبیەکان کە لە کۆمەڵگا و وڵاتێکی دیاریکراودا هەن، و یارمەتی ئەم ڕەوتە دەدەن لە باوەشیاندا گەشە بکات. بوونی چۆنایەتی ئیسلامی سیاسی و ڕۆڵگێڕانی خۆی لە پاراستنی سیستەمی سەرمایەداریدا بە مانای دابڕانی ئەو نییە لەو ژینگەیەی کە تێیدا پەرەی سەندووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەمانای پەرەپێدانی پەیوەندییەکەیەتی لەگەڵ ئەم ژینگەیە و بەرهەمهێنانەوەی لەسەر ئاستێکی باڵاتر و بەرفراوانتر و وێرانکەرترە لە پێشوو. ئەمەشە کە ئێمە لە جیهانی ئەمڕۆدا دەیبینین و بە شێوەیەکی ئەزموونی هەستی پێدەکەین لە هەرکوێ کە دەستی ئیسلامی سیاسی گەیشتبێتێ و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتبێت.
سەبارەت بە بەجێگەیاندنی ڕۆڵی ئیسلامی سیاسی وەک پارێزەری سەرمایە و سیستەمی سیاسی بۆرژوا-ئیمپریالیستی، ئێمە بەشێوەیەکی ئەزموونی هەستی پێدەکەین، و لە پاڵپشتیی بۆرژوازی ئیمپریالیستی جیهانی بۆ ئەم ڕەوتە و هاوپەیمانییەتیی لەگەڵیدا وەک حزب، و ڕژێم و نەریتە سیاسییە نیوفاشیەکاندا کە ئامادەن ئەم ڕۆڵە کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕشە ئەنجام بدەن، دەبینیین. پاڵپشتیی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لە (خومەینی) و ئیسلامییەکان لە بەرامبەر شۆڕشی ئێران لە ساڵی (١٩٧٩) و پاڵپشتیکردنی (موجاهدین) و (قاعیدە) و (تاڵیبان) لە ئەفغانستان و پاشان (داعش) و هێزە تیرۆریستییەکانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەم هێزە‌ ئیمپریالیستانە، بەڵگەی ڕوونن بۆ ئەم ڕۆڵەی کە ئیسلامی سیاسی دەیگێڕێت.
جگە لەوانەش، هاوپەیمانی ئیمپریالیزمی جیهانی، نەک هەر تەنها ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، لەگەڵ بزووتنەوە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستە ئیسلامییەکان لە زۆریک لە وڵاتان، بەڵکو تێکەڵبوونی ئیمپریالیزمی دەرەوەی ڕۆژئاواش لەگەڵیان، وە دەیان نموونەی تر لە بەهێزکردنی ئەم هێزە کۆنەپەرستە (کە ئیسلامی سیاسییە) بۆ ئەنجامدانی سیاسەتی ئیمپریالیزم لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا، هەموو ئەمانە بەڵگەی یەکلاکەرەوەن بۆ ئەم پەیوەندیە ئۆرگانیک و ستراتیژە سیاسییەی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ بۆرژوازیی جیهانی و بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایە و پاراستنی. هەر لەم ڕاستایەدا، هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییە شیعەکان لە عێراق و تەنانەت دامەزراندنی سیستەمی سیاسی ئیسلامی تائیفی و ناسیۆنالیستی لەو وڵاتەدا دوای شەڕی عێراق و داگیرکردنی لە ساڵی (٢٠٠٣)، بەرجەستەکردنی ئەم پەیوەندییە ئۆرگانی و ستراتیژییەی نێوان هەردوو لایەنەکەیە.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە خاڵێکی تر و بابەتێکی تری پەیوەندیدار، ئەویش ئەوەیە کە ئەو پێگەیەی ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان هەیانە، و ڕۆڵێک کە دەیگێڕن، لە بواری ململانێی چینایەتی لەناو کۆمەڵگاکاندا، لەچوارچێوەی هەمان بوارەکانی ئەم ململانێی و ڕەوەندەکەی و داینامیکییەکەیدا شکڵ دەگرێ و کریستاڵە دەبێ، و هەر بەم پێیەش لە ڕیگەی ئەو پێگە بۆرژوازیانەی بەرگریکردن لە سەرمایەداریـیەوە کە ئەم ڕەوتانە هەیانە و ئەو ڕۆڵەی کە لەم بوارە تایبەتەدا دەیگێڕن، دیاردەکرێ، دیارە وەک یەکێک لە بەدیلەکانی بۆرژوازی بەڕووی شۆڕشی سۆسشالیستیدا، واتە وەک ئەڵتەرناتیڤێک لەسەر ئاستی ڕژێمی سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەر لەبەرامبەر پرۆلیتاریا و شۆڕشە سۆشیالیستییەکەیدا. ئەمەش پێگەیەکە کە تەتبیق دەبێ بەسەر هەموو جۆرەکانی ئیسلامی سیاسی و باڵە جۆراوجۆرەکانی، هەر لە ڕەوتە تیرۆریستی و نیوفاشیستیە ڕەنگاوڕەنگەکانیەوە تا دەگاتە ڕەوتەکانی ئیسلامیی سیاسی شیعە و سوننەی دەسەڵاتدار و “ئۆپۆزیسیۆن”، کە سیستەمی نێودەوڵەتی بۆرژوازی بە فەرمی دانی پێداناون.
سەرقاڵبوون بە وردەکارییەکانی پۆلێنکردنی پایەی کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوە ئیسلامیـیانە و باڵە جۆراوجۆرەکانیان، و ژماردنی پێکهاتەی ئەم پایانە لە چین و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کە لێی پێکهاتوون و پۆلێنکردنیان بە شێوازی ماوتسی تۆنگ و چەپی پۆپۆلیستی، ڕێبازی مارکسیستی نییە بۆ شیکاری، و کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ ناباتە سەر پێناسەکردنی ناوەڕۆکی سیاسی و تایبەتمەندی بنەڕەتی ئیسلامی سیاسی و ڕۆڵی سیاسی ستراتیژی لەدژی پرۆلیتاریا و شۆڕشی ڕزگاریخوازنەی. ئەوەی لە بنەڕەتدا بۆ کۆمۆنیستێک پێویستە، دیاریکردنی پێگەی چینایەتیی ئیسلامی سیاسیـیە لە چوارچێوەی کۆی گشتی (كلية) خەباتی چینایەتی و ململانێی نێوان چینەکاندا لەسەر چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگە، و هەروەها گرتنەبەری هێڵی ستراتیژی چینایەتی پرۆلیتاری و سۆسیالیستیـیە بەرامبەر ئەم ڕەوتانەی ئیسلامی سیاسی.
لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی وردەکارییەکانی پایەی (بنکەی) جەماوەریی ئیسلامی سیاسی پێویستە بۆ ئەوەی تاکتیکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی کۆنکریت و دروست و کاریگەر لەلایەن کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکانەوە بگیرێتەبەر تا ڕووبەڕووی ئەو ڕەوتە ئیسلامییانە ببنەوە، چ لە ئاستی ناوخۆیی یان ناوچەییدا، و بۆ ئەوەی هۆشیاری سیاسی چینایەتی سەربەخۆی پرۆلیتاری لەناو جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا، کە زۆرینەی ئەم بنکە کۆمەڵایەتییە پێکدەهێنن، بەرەوپێشبەرن، و هەر لەم ڕاستایەشدا خەبات بکەن بۆ ڕزگاربوونییان لە خۆشباوەڕییەکانیان لەبەرامبەر ئەم ڕەوتانەی ئیسلامی سیاسیدا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی چینایەتی سیاسی و ڕێکخراوەیی پرۆلیتاری. با نموونەی پایەی کۆمەڵایەتی دوو باڵی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراقدا لەبەرچاو بگرین کە بریتین لە ڕەوتی سەدر و “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە ڕەنگە یارمەتیدەرمان بێت بۆ ڕوونکردنەوەی مەسەلەکە.
ڕەوتی سەدر لە ناو بۆرژوازی گەورە و مامناوەنددا پایەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی پایە کۆمەڵایەتیەکەی لەناو بورژوازی بچووکدا، کە لەڕووی ئابوورییەوە تێکشکاوە، و لەناو خەڵکی زەحمەتکێش و هەژار و بێبەشی شار و لادێکاندایە. لە بەرامبەردا، ئەو هێزانەی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا کۆبوونەتەوە کە ئێستا حوکمڕانی وڵات دەکەن، لە دابڕاوترین ڕەوت و باڵەکانی ئیسلامی سیاسین لە جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاران، و زۆربەی پایەکانیان جگە لە توێژە هەژارەکان کە لە دامودەزگا ئەمنییەکان و میلیشیا حزبییەکانن، لە توخمە خاوەن نفوزەکان و بۆرژوازی گەورەی کۆنەپەرست و خێڵەکان و وەکیلەکانیان (الزبائينية) پێکهاتووە، بەڵام ئەم باڵ و ڕەوتەی ئیسلامی سیاسی حوکمی وڵات ئەکات و ئەرکی چینایەتی بۆرژوازی گشتی خۆی ئەنجام دەدات، وەک چۆن ڕەوتی سەدر کاتی خۆی کاربدەست بوو و ئەم کارەی ئەکرد پێش ئەم دەورە پەرلەمانییە.
بۆیە ناسینی پێگە و ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ڕەوتانە لە گۆڕەپانی خەباتی چینایەتیدا، تەنیا بە دەستنیشانکردن و تەشخیسکردنی پێگەی چینایەتی ئەم ڕەوتانە و حیزب و سەرکردەکانیان و کادرەکانیان و بەرنامەکانیان دەکرێت ئەویش لەجەرگەی هەمان ئەم ململانێیە بەردەوامەی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیدا، و بەوەی کە تا چەند ئەم ڕەوتانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە گشتیـیەکانی بۆرژوازی وەک چینیک و سەرمایەداری وەک سیستەم، دەکەن، لەبەرامبەر پرۆلیتاریای سۆشیالیستیدا، ئەمەش یانی زانینی ڕۆل و وئەرکیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا بەرامبەر شۆرشی سۆشیالیستی لەهەر وڵاتێکدا و ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی.
بەم پێیە، وەک لە سەرەوە جەختمان لەسەر کردۆتەوە، ئەوە هەڵەیە کە پایەی جەماوەری پرۆلیتاریانەی بەشێک لەو ڕەوتانە، لە فیکرماندا تێکەڵ بکەین لەگەڵ پێگەی سیاسی و هێڵی سیاسیی سەرکردەکانیان و بەرنامەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی فاشیستیانەیان لە دژی کۆمۆنیزم و ڕزگاری مرۆڤ. هەرکەسێک لە چەپ، بە بەشێک لە چەپەکانی ڕۆژئاواشەوە، ڕەوایی بە ئیسلامی سیاسی بدات لەسەر بنەمای کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکەی لە نێو خەڵکی زەحمەتکێشدا، ئەوا چاوی لەم فاشیزمە لادەدات کەقاڵبووە بە گیانی دوژمنایەتیکردنی کۆمۆنیزم و ڕزگاری چینی کرێکار، و ڕزگاری ژنان لە کۆیلایەتی. ئەم جۆرە پاساوانە تەنها لەگەڵ ئەو بزوتنەوە ناسیۆنالیستی و لیبراڵانەدا تەبایە کە بە زارەکی باس لە سۆشیالیزم دەکەن، بەڵام بەکردەوە بەرگری لە هەموو ئەو شتانە دەکەن کە کۆنەپەرستییە لە پێناوی خزمەتکردنی ئاسۆی سیاسی خۆیان، و سیاسەتە ناسیۆنالیستی و ئیسلامـیە – ناسیۆنالیستیـیە بۆرژوازیەکانیان، کە لایەنگریـیە لە ئیسلامی سیاسی.
ڕەخنە لە سیاسەتە بۆرژوا ئیسلامییەکان بەجیا لە ڕۆڵی ئەوان سەبارەت بە لەباربردنی بزووتنەوەی سیاسیی سەربەخۆی پرۆلیتاریا و بەرگرتن بە کۆمۆنیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی، وەک ڕەخنەیەکی شکڵی و دوور لە ڕاستی دەمێنێتەوە، و لە دوا شیکردنەوەدا ڕەخنەیەک دەبێت لە چوارچێوەی ئاسۆی سیاسی بۆرژوازی و جیهانبینی بۆرژوازی و ڕەوتە ناسیۆنالیستی و لیبڕاڵ و عەلمانیـیەکانی.
سیاسەتی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراقدا بۆ سەپاندنی هەرچی زیاتری کۆیلایەتی بەسەر ژنان و منداڵاندا، لەڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیەوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئیفلیجکردنی وزەی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا لە عێراق و دابەشکردنی ڕیزەکانی لە ڕێگەی یاساکانی دەوڵەت و بەکارهێنانی تەواوی دەسەڵاتی یاسایی بۆ قووڵکردنەوە و فراوانکردنی ئەم دابەشبوون و ناتەبایی بوونە لەناو ڕیزەکانیدا. ئەڵبەتە ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو جیاکاری و ستەمکارییە ڕەگەزیـیەی کە لە نێو ڕیزەکانی ئەم چینەدا هەیە و بووە، و بەرهەمهێنانەوەیان بە شێوەیەکی گشتگیرتر و کوشندەتری وەها کە ئەم چینە بۆ دەیان ساڵ لە ژێر بارگرانیـیەکانیدا دەرنەچێ، ئەگەر نەتوانێت بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆی فڕێان بداتە زبڵدانی مێژووەوە. فراوانکردنەوەی تائیفەگەری لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، و تێکڕماندنی زیاتری پەیکەرەی کۆمەڵایەتی و مەدەنی دانیشتوانی وڵات، لە ئەنجامی تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە، ئاکامێکی دڵنیای ئەم ستراتیژە سیاسییە کۆنەپەرستانەیە بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئاستەنگ دانان لە بەرامبەر گەشەسەندنی ڕەهەندی قەیرانی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتدا.
ئەمڕۆ دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی و ڕژێمی حوکمڕانی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی لە عێراق، ئەم ڕەوتانە سەرەڕای ئەوەی تۆێژێکی بۆرژوازی پێکدەهێنن لە کۆی چینی بۆرژوازی لە وڵاتدا، و بلۆکێکی سیاسی پەرلەمانی خاوەن میلیشیان، خۆشیان وەک تۆێژێکی بورژوازی گەورە جێگیر کردووە لە ڕێگەی گەندەڵی دارایی و ئیداری و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگاوە. بەهەرحاڵ، لە ڕووی ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەی کە ئەم توێژە ئەنجامی دەدات، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی بۆرژوازی و بەرژەوەندییەکانی جوڵەی سەرمایە لە عێراقدا دەکەن.
ئەگەر جیاوازی هەلومەرج و سەردەم و کات لەبەرچاو بگرین، ئەوەی مارکس لە کتێبی “خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا” لە نێوان ساڵەکانی (١٨٤٨-١٨٥٠) وتوویەتی سەبارەت بە “بانکدارەکان”، “لایەنگرانی پاشایەتی و شەرعیەتخوازەکان” و “کۆماریخوازانی بۆرژوازی”، بەسەر ئەمانیشدا ڕێکدێتەوە، کە چۆن ئەوان “تویژی” بۆرژوازی و “بلۆکی پەرلەمانی” بوون، بەڵام لە ڕێگەی هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی “کۆماری بۆرژوازی” لە فەرەنسا، واتە “فۆرمی دەوڵەت” کە لەگەڵ “بەرژەوەندی چینایەتی گشتی بۆرژوازی”دا بگونجێت، ئەم “ئەرکە چینایەتیـیە گشتیـیەی بۆرژوازییان”، ئەنجامداوە. ئەم تۆێژە گەورە بۆرژوازیـیە لە عیراق بە جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی، ئەو شتە بەدەست دەهێنێت کە جولەی سەرمایە و چینی بۆرژوازی لە وڵاتێکی تووشبووی قەیرانی چەند لایەنە و ئاڵۆزدا پێویستی پێیەتی، لە ڕووی سیاسەتی کۆنەپەرستانە، بۆ ئەوەی ڕێگای گەشەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی پرۆلیتاریا و بزوتنەوەی مارکسیستی و سۆسیالیستی ژنان بگرێت، و ئەمە ئەو ئەرکە سیاسیـیەیە کە ئیسلامی سیاسیی شیعە، و پەرلەمانتار (ڕائید ئەلمالیکی)، جیبەجی دەکات کاتێک تاوان دژی ژنان و منداڵان لە عێراق ئەنجام دەدەن.

ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و سەرمایەداری،
لێکهەڵپێکراویی هەرچی زیاتر بە بازاڕی جیهانیەوە

ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق، دوای بیست ساڵ حوکمڕانی، چیتر تەنیا میلیشیا و حزب و هێزی سیاسی بە ئایدۆلۆژیایەکی ئاینی و تائیفی، لاواز لە ڕووی ئابوورییەوە پێکناهێنن، بەڵکو بوونەتە هێزی زەبەلاح و کاریگەری ئابووری. ئەم ڕەوتە لە ئیستادا تەحەکوم بە بودجەی زۆروزەبەندی دەوڵەتەوە دەکات، و قۆرخکاری گەورەترین پشکی گەندەڵی و تاڵانکردنی داهاتی دەوڵەت و سامانی کۆمەڵگایە، و پشکی سەرەکی خۆی هەیە لە پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزاری و سەربازییەکانی دەوڵەتدا، و لە پڕۆژە ستراتیژییەکانییدا و پڕۆژە ئابووریەکانی مەزارگە ئایینییەکان (عەتەباتەکان- مشاريع العتبات)، و زۆر پڕۆژەی تری لەم بابەتانە.
سەرباری ئەمەش، بە دەوری ئەم هێزانەی دەسەڵاتدا، و وەک بەشێکی ئۆرگانیکی پەیوەست پێیانەوە، ڕیزێکی فراوان و دوورودرێژی سەرمایەدارە گەورە و بچووکەکان و تۆڕێکی ئەکتۆپوسی سەرمایەی تاکەکان لە کۆمەڵگادا هەیە، کە سوود لە توانای ئابووریی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی وەردەگرن. ئەم حیزبانە و ڕەوتە دەسەڵاتدارەکان و سەرمایەدارەکانی دەوروبەریان تۆێژێکی بۆرژوازی گەورە و تاڵانچی و گەندەڵ پێکدەهێنن کە بەشێکی زۆر لە چالاکییە ئابورییە سەرەکیەکان قۆرخ دەکەن، نەک هەر ئەوە، بەڵکو حزبەکانیان دەسەڵاتی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەتیان هەیە. لەناو ئەو سیاسەتانەدا ئەوانەی کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی جوڵەی سەرمایەن، بە تایبەت سیاسەتە کۆنەپەرستە دژی کرێکاریـیەکان و دژە ژنان و گەنجانی شۆڕشگێڕ.
سەرەڕای ئەوەش، ئەم ڕەوتانە، لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە، ئیتر لە ئیستادا مامەڵە لەگەڵ سەرمایەداری عێراقی پێش داگیرکردنی ئەمەریکا بۆ سەر وڵات لە ساڵی (٢٠٠٣)دا، ناکەن، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ سەرمایەدارییەک دەکەن کە بیست ساڵی تێپەڕاندووە لە گەشەسەندن و زیادبوونی تێکەڵبوونی بە بازاڕی جیهانی و سەرمایەداری جیهانیـیەوە. ئەمەش بەجۆرێکە کە گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی نەک تەنیا لە دەستەبەرکردنی باڵادەستی شێوازی ئابووری نیولیبراڵی فەراهەمهێناوە، لە ڕێگەی سیاسەتە ئابوورییەکانی هەمان ڕژێمی سیاسیی دەسەڵاتدارەوە کە ئەم ڕەوتانە سەرکردایەتی دەکەن، و لە ڕیگەی سیاسەت و پراکتیزە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم لە دژی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە سەندیکاییەکانی کرێکاران و خەباتیان، و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی ئەم سیاسەتە ئابوورییانە، بەڵکو ئەم سەرمایەدارییە گۆڕانکارییەکی گەورەی بە خۆیەوە دیووە لە مەودای قووڵایی و ڕادەی تێکەڵبوونی لەگەڵ جوڵەی سەرمایەی جیهانی و گەردەلوولەکانی ئەم سەرمایەدارییە جیهانییە و قەیرانە خنکێنەرەکانی کە ماوەیەکە تووشی بووە، بە تایبەتی لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە. بە وتەی نووسەری ئەکادیمی (یوسف بەکر)، “یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی لەشکرکێشیی بۆسەر عێراق تێکەڵکردنی وڵات بوو بەشێوەیەکی تەواوکەماڵ تر بە سیستەمی سەرمایەداری جیهانییەوە”. (1).
بەمجۆرە ئامانج لەو ڕژێمە سیاسییە ئیسلامی و ناسیۆنالیستییە، کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنە، ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)دا لە عێراقدا دایمەزراند، کە ئیستاش هەروەهایە، سەقامگیرکردنی ڕژێمێکی سیاسیی بۆرژوازی بوو کە سەرمایەداری لەعێراقدا دەپارێزێت، ئەویش وەک سەرمایەداریـیەکی هەرچی زیاتر تێکەڵبوو بە بازاڕی جیهانی و لەناو جەرگەی پێشهات و هەڵچوون و زریان و قەیرانەکانی ئەم بازارەدا.
قەیرانی ئابووریی ڕژێم و بێتوانایی ئەم ڕژێمە لە چارەسەرکردنی كێشەکانی بێکاری، هەژاری، داڕمانی خزمەتگوزارییەکان و نزمیی ئاستی کرێ و بێگوزەرانی کرێکاران و فەرمانبەران و ئەو کرێکارانەی کە لە کەرتی کارە ناجیگیرەکاندا کاردەکەن، ساڵانێکی زۆرە گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی قووڵ و بەرفراوان. ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە لە هەمانکاتدا ڕەنگدانەوەی ڕەهەند و توخمەکانی قەیرانی سەرمایەداری جیهانیـیە لەناوخۆی عێراقدا، هەروەها ڕەنگدانەوەی واقیعی سەرمایەداریی هاوچەرخە، کە تا ئەوپەڕی جیهانگیرییە، کە هەژاری، بێکاری، داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، قەیرانی گوزەران و بێبەشی لە خانووبەرەی کۆمەڵایەتی، بۆ فراوانترین بەشەکانی جەماوەر، دروست دەکات لەلایەکەوە، و لە لایەکی دیکەوە، کەڵەکەبوونی سەرمایە لەلایەن کەمینەیەک کە تادێت کەمتر دەبێت، لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا، لەگەڵ لێکهڵپیکرانی هەرچی زیاتری ئەم سەرمایە کەڵەکەبووە بە تۆڕێکی جیهانی ئەکتۆپۆسیەوە (أخطبوطيه).
بۆیە ئەمڕۆ دەبینیین خەباتی کرێکاران لە کەرتە جیاجیاکانی دەوڵەت و پڕۆژە و دامەزراوەکانیدا لە پەرەدەسندندایە، و بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران و کرێکاران بە تین و تەوژمێکی زیاترەوە بەردەوامە، کە ئەمەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئیمتیازاتی تایبەتی ئەو تۆێژانە دەکات کە پلەی باڵایان هەیە لە ڕژێمی ئیستادا. ئەم پێشهات و پەرسەندنانە لە خەباتی کرێکاریدا، یەکێک لە نیشانەکانی گەشەی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریایە لە فۆرمی کۆرپەیی خۆیدا دژی سەرمایە و سەرمایەداری، کە لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکارییە هەمەلایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە سەرمایەدارییە بەخۆیەوە دیوە لە عێراقدا، هاتۆتە ئاراوە.
ئەمە و بە ملیۆنان کچ و کوڕی گەنج کە بێکارن، یان کارێکی ناجێگیر و ناسەقامگیریان هەیە بە کرێیەکی کەم بوونەتە بەشێکی گەورەی پرۆلیتاریا، کە ناڕەزایی و توڕەیی لە ناویاندا شەپۆل دەدات و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لە دژی سیستەمێکی ئابووری و سیاسی کە هەیە، بەڕیبخەن. بۆیە قەیرانی سەرمایەداری لە عێراق قەیرانی جەمسەرگیری چینایەتی و نەبوونی چارەسەری ئابوورییە لەسەر بنەمای سەرمایەداری و مۆدێلە ئابوورییە نیولیبراڵەکەی بۆ دەرچوون لە بارودۆخی ئێستا.

تێکشکاندنی ڕەشنووسی هەموارکردنەوەکە، ئەرکێکی دەستبەجێ و بەپەلەی خەباتی پڕۆلیتاریایە
لە کاتی قەیرانەکاندا، بۆرژوازی بە گشتی، بە بۆرژوازی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی دەسەڵاتداریشەوە، بەدوای ئەو دەرفەتانەدا دەگەڕێن کە لەبەردەستیاندایە لەنێو کۆگای (ستۆکی) کۆنەپەرستانەی (المخزون الرجعي) نەریت و بەهاکانی زاڵ لە کۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی لێیانەوە دەرچن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە دژە جەماوەرەکانیان لەپێناوی ڕزگارکردنی سیستمەکەدا. ناسیۆنالیستەکان پەنادەبەن بۆ بڵاوکردنەوەی دەمارگیری ناسیۆنالیستی و دووبەرکی نەتەوەیی، و ئیسلامییەکانیش هەر وەک ئەوەی کە ئێستا دەیکەن، دەستدەدەنە توندوتیژکردنەوەی ستەم لەسەر ژنان و منداڵان. بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتدار لە عیراقدا ئەم ڕێگایەی هەڵبژاردوە، چونکە ئامانجێکی ئاسانە بۆ جیبەجیکردن بە هۆی زاڵیی کولتووری پیاوسالاری و نەریتی کۆنەپەرستانەی ئایینی و خێڵەکی لە کۆمەڵگادا، هەروەها بەهۆی پەسەندکردن و ڕازیبوونی زۆربەی لایەنە ناسیۆنالیست و ئیسلامییە ناسیۆنالیستەکانی دیکەی بەشداربوو لە ڕژیمدا، لەگەڵیاندا لە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەکەدا.
تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨) دەبێتە هۆی چڕبوونەوە و توندوتیژتر کردنەوەی کۆیلەکردنی ژنان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیان و گۆڕینیان بۆ هاوڵاتی پلە دوو و سێ لەڕووی میرات و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، وهەروەها دەبێتە هۆی چەسپاندن و یارمەتیدەانی فراوانکردنەوەی بازنەی هاوسەرگیری منداڵان، و کارە ناڕەواکانی تری دژی ژنان و منداڵان. هەروەها دەرگاکان بە فراوانی دەکاتەوە بۆ سەپاندنی یاسای جەعفەری، لەوانە هاوسەرگیری کچانی تەمەن (٩) ساڵ و سەپاندنی حیجاب و جۆرەکانی تری چەوساندنەوە و شێوازەکانی سەرکوتکردن و ئازاردەری ژنان و منداڵان.
ئەم هێرشە دڕندانەیەی بۆرژوازی ئیسلامی بۆسەر ژنان، پەیامێکی هەڕەشەئامێزە بۆ ژنان لە سەرتاسەری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و ئەمەش لە کاتێکدا ڕوودەدات کە بەردەوام ناڕەزایەتی کرێکاران لە عێراقدا بەرەو هەڵکشان دەچێت، هەروەها دەنگدانەوەی بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە، بە ئەگەری گەشەسەندنی زیاتری، درەنگ یان زوو، دەگاتە کرێکارانی ناوچەکە، ئەمەش لە کاتێکدا کە توخمەکانی دۆخێکی شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا لەگەشەسەندندایە. هەروەها، ڕژیمی ئێران لە نێوخۆی خۆیدا لەگەڵ شەپۆلێکی تووڕەیی جەماوەری بەرفراوان بەرەوڕوو بووەتەوە. بۆیە ئەم هێرشە کردەوەیەکی سیاسی ڕۆتینی نییە لە دۆخێکی سەقامگیردا بۆ بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە عێراقدا، بەڵکو یەکێکە لەو ئامراز و سیاسەتانەی لە سەردەمی قەیرانەکاندا بەکارهێنراون لە لایەن بورژاوزی دەسەڵاتدارەوە، و پێداگری لەسەری پەیوەندییەکی توندوتۆلی هەیە بەم قەیرانە و دژایەتی شۆڕش و کۆمۆنیزم و خەباتی چینایەتی شۆرشگێرانەی پرۆلیتاریاوە.
سەندنەوەی یەکێک لە دەستکەوتەکانی پرۆلیتاریای سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئەنتەرناسیۆنالیستی ژنان و بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە عێراق، لە هەموو ژنانی ئەم وڵاتە، لەڕیگەی هەموارکردنەوەی یاسای (١٨٨)وە، سەرەڕای هەموو کەموکوڕیەکانی خودی ئەم یاسایە، سیاسەتێکی تاوانکاری و دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان، و پاڵنەرەکەی بە پلەی یەکەم بەهۆی ترسەوەیە لە شۆڕش.
دیارە لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاواندا نییە کە بهێلن هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە تێپەڕێنرێ لە کاتێکدا کە ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاساکە یئیفلیجکردنی خەباتی چینایەتی شۆڕشگێڕانەی ژنان و پیاوانە. پتەوکردنی خەباتی ژنان و پرۆلیتاریا و گەنجان و هەموو سۆشیالیست و ئازادیخوازان و ڕێکخستنی لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەریندا بۆ ڕووخاندنی ئەم پرۆژەیە ئەرکێکی دەستبەجێ و بەپەلەیە کە ناتوانرێت دوابخرێت.
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤


Yousef K. Baker, “Global Capitalism and Iraq: The making of a neoliberal state”. International Review of Modern Sociology, vol. 40, no. 2, 2024, pp 48-121. JSTOR,
http://www.jstor.org/stable/43499905. Accessed 26 Sept. 2024.




ئەو شاعیرەمان ناوێت!.. سەدیق سەعید ڕوادزی

كایەی وەرگێڕانیش وەك زۆر كایەی دیكەی نێو كۆمەلگای كوردی، چەندین گرفت و كێماسی هەیە لە ڕووی زمان، بابەتی هەڵبژاردن، جۆری كتێبەكە و ناونیشان و چەندان گرفتی دیكەش. وەرگێڕان هونەرە، مەرج نییە هەموو كەسێك كە زمانێكی زانی، ئیدی لەو هونەرە بزانێت ئەگەر خۆشی بانگەشە بۆ خۆی بكات. زۆر لە نووسەرانی ئێمە، خەریكی كاری وەرگێڕانن لە زمانەكانی دیكەی دنیا، وەلێ ئەگەر خۆمان فریو نەدەین و ڕاشكاو بین لەگەڵ خۆمان، ئەوا لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی كوردیدا، ژمارەی وەرگێڕەكانی ئێمە، ئەوانەی پڕۆفیشناڵانە وەرگێڕان دەكەن و كەسانی سەركەوتووی ئەو بوارەن، لە پەنجەی دوو دەست تێناپەڕن و ئەوانی تر زۆربەی هەرە زۆریان وەرگێڕ نینە، بەڵكو خۆیان بەتەنافی وەرگێڕان هەڵواسیوە. وەرگێڕان وەك هەر كارێكی دیكە، سەلیقە و شارەزایی و زاڵبوونە بە سەر زمان بەر لە زانینی زمان. هەندێك وەرگێڕ هەن، ئەوەندە جوان بەرهەمەكان وەردەگێڕن، خوێنەر وا هەست دەكات ئەو بەرهەمە بە زمانە ڕەسەنەكە نووسراوە نەك زمانێكی تر. بە پێچەوانەوە بەشێك لە وەرگێڕانەكانیش، خوێنەر تووشی هەناسە سواری و بێزاری دەكەن و هیچ چێژ لە كتێبەكە نابینن، یاخود ئەو كتێبەی وەریدەگێڕن، كتێبێكی ئاسایی نووسەرێكی نەناسراوە، یاخود لە ڕووی ناوەڕۆكەوە بابەتی بێ ماناو بێ چێژن كە لە خوێنەوەیاندا خوێنەر بەر هیچ ناكەوێت. (با شاعیرێك بكڕین) ناوی ڕۆمانێكی (ئەفۆنشوكروش) ە، ئەم ڕۆمانە (عیماد حەسەن ) وەریگێڕاوە، ئەم ڕۆمانە دوو جار كراوەتە كوردی، ئەمەیان كە لەلایەن دەزگای ڕۆساوە، ئەویتریشیان لەلایەن دەزگای سەردەمەوە. ڕۆمانەكە باس لە شاعیرێك دەكات و یەكێكە لە بێ ماناترین ڕۆمانەكان، بە جۆرێك كە خوێنەر لە خوێنەوەی ڕۆمانەكە دەبێتەوە، نازانێت چی خوێندۆتەوە و باسی چی دەكات. ئەم جۆرە بە ناو ڕۆمانانە، ئەگەر ڕۆمانووسێكی كورد بینووسێت، خوێنەرانی خۆمان گاڵتەی پێ دەكەن، وەلێ ئێمە، چونكە هەمیشە هەستێكی خۆ بە كەمزانین لە ناخ و بیركردنەوەمان، لە دەرەنجامی ستەمی دوور و درێژی دوژمنان هەیە، ئیدی پێمان وایە ئەدەبی كوردی شتێكی تێدا نییە، شیاو بە بەراوردكردن بە ئەدەبی جیهانی بێت. من لە بارەی ناوەڕۆكی ئەو ڕۆمانە بێ مانایەوە هیچ ناڵێم، دەكرێ خوێنەران خۆیان بیخوێننەوە، بۆ ئەوەی ڕاست و دروستی قسەكانی منیان بۆ دەربكەوێت، تەنها لە سەر وەرگێڕانی ڕۆمانەكە دەوەستین، تا بزانین وەرگێڕ چی وەرگێڕاوە؟

  • لا 7 نووسیویەتی :_( براكەم بە نمرەیەكی ئا بڕوبەر سەخیفە)
  • لا 13 نووسیویەتی :_ (شوێنەكە پڕ بوو لە شاعیر هەموو جۆرە مواسەفاتێكی تێدا بوو، باڵا كورت، باڵا زراڤ، قژ زەرد) سەرنج بدەن شاعیر تاكە، وەسفەكان كۆن.
  • لا 23 نووسیویەتی :_( سەحن و كەوچك) كەوچك دیارە، بەڵام سەحنەكە چییە؟
  • لا 23 نووسیویەتی :_( پازدە گرام پارچە سەموونی جۆراو جۆر، كە كێشی هەریەكەیان سی گرام دەبوو ) سەرنج بدەن، ئەگەر پارچە سەموونەكان هەموویان كێشیان پازدە گرام بێت، چۆن كێشی هەر پارچەیەكیان سی گرام بووە؟ ئەگەر ئەم پانزە پارچەیە، لێكدانی سی گرامەكە بكەین، چەند دەرە چێت؟
  • لا 51 نووسیویەتی :_( بێدەنگییەكی تەمەن سێ چركەیی باڵی كێشا، هیچ شتێك نەیشێواند) سێ چركە بەشی هیچ دەكات؟ دواتریش باڵی بە سەر چی كێشا؟ نابێ دیار بێت؟
  • لا 51 نووسیویەتی :_( حەفتاو شەش دیسبیل) دیسبیل چییە؟ مەگەر ئەم بەناو ڕۆمانە بۆ خوێنەرانی كورد وەرنەگێڕدراوە؟
  • لا 52 نووسیویەتی :_( نە گۆشت هەیە نە ماسی، پێویستە لە سەرمان قایشی پشتمان تووند بكەین و لەو جوانكارییە خۆراكییانە ماڵداری بكەین ) ئەرێ كەس دەزانێت مەبەست لەو دێڕە چییە؟ تۆ بڵێی وەرگێڕی ڕۆمانەكە، بە وردی و بە قوولی چووبێتە نێو لایەنی واتایی ڕۆمانەكە؟ یان هەر تەنها وەرگێڕانەكەی بە لاوە مەبەست بووە؟!
  • لا 65 نووسیویەتی :_( هەموو ڕۆژێك لە ماڵەوە گفتوگۆی دەربارەی دەكرێ ) سەرنج لەلایەنی ڕێزمانی ڕستەكە بدەن.
  • لا 65 نووسیویەتی :_( ترس بە سەر ڕوخساریدا هەڵدەگەڕێ ) ئەگەر بەو وەرگێڕانە بێت، دەبێ ترس سوپایدارمان بێت !
  • لا 72 نووسیویەتی :_( زۆر تووڕە بوو، قژی بۆ سەر شانی چەپی كۆچیان كرد ) تۆ بڵێی قژەكە بە چی كۆچی كرد بێت؟ بە فڕۆكە، بە میتڕۆ، بە شەمەندەفەر ؟
  • 77 نووسیویەتی :_( من حەز بە شعیر دەكەم ) شیعر دیارە، بەڵام شعیر چییە؟
  • لا 87 نووسیویەتی:_( هەفتەی داهاتوو شاعیرەكەمان لە ناو ئوتومبێلەكە دانا ) سەرنج بدەن شاعیرەكەیان لە نێو ئوتومبێلەكە داناوە، بێ ئەوەی هەفتەكە دابێت، دەكرێ كەسێك وەرگێڕان بكات، بەڵام كردارە زمانییەكان ڕێزمانییانە نەنووسێت؟!
  • لا 89 نووسیویەتی :_( بڕوام وایە تۆ قەڵەو بوویتە، تۆش پیر بوویتە ) ئەم جۆرە وەرگێڕانانە، بە داخەوە بنەمای گرامەری زمانی كوردیش وێران دەكەن.
  • لا 93 نووسیویەتی :_( بە یانی لە خەو هەستام میزاجم تێكچڕژابوو ) هەموو ئەوانەی وەرگێڕان دەكەن (مەگەر بە دەگمەن) شارەزایەكی ئەوتۆیان لە ڕووی ئیتمۆلۆژیی و لایەنی فەرهەنگی وشەسازی زمانی كوردی نییە، نازانن چ وشەیەك بۆ چ بار و گوزارشت و دەربڕینێك بە كاردێت. میزاج تێكناچڕژێت، تێكچڕژان، واتا ئاپۆڕای خەڵك كە بواری هاتووچوون و دەرچوون نەمابێتەوە.
  • لا 107 نووسیویەتی :_( خەڵكێكی زۆر سەیری ڕۆشنبیری دەكەن ) نازانم چۆن سەیری ڕۆشنبیریی دەكرێت؟ وەرگێڕ لێرەدا، جیاوازی لە نێوان ڕۆشنبیریی وەك هاوەڵناو، ڕۆشنبیر وەك ناو نەكردووە، دەنا پێمان ناڵێی چۆن سەیری ڕۆشنبیریی دەكرێت، كە سیفەتێكی نا بەرجەستەیە؟ ئەوەی سەیری دەكرێت ڕۆشنبیرە وەك مرۆڤ، نەك زانین و مەعریفە و ڕۆشنبیریی، چونكە ئەوانە نابینرێن، بەڵكو لە ڕێی بیر و زمانەوە بەریان دەكەوین.
    وێرای ئەمانەش، ئەم ڕۆمانە پڕە لە وشەی عەرەبی، هەڵەی ڕێنووس و زمان و تایپ. دواجار دەڵێم، ئەم شاعیرەمان بە یەك فلسی قەڵپ ناوێت، خۆمان شاعیرمان كەم نییە، تا بچین شاعیرێكی نەناسراو و شیعرە بێ ماناكانی بكڕین !
  • ناوی كتێب: با شاعیرێك بكڕین، نووسینی: ئەفۆنشوكروش، وەرگێڕانی: عیماد حەسەن، بڵاوكراوەی: دەزگای ڕۆسا _ 2019.
  • ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (41119) لە 18/7 /2024 بڵاوكراوەتەوە.



من کارگەی دروستکردنی هێزی ژیانم.. داستان بەرزان

هێزی ژیانم بە کۆڵەوە
من کۆڵبەری هێزی ژیانم
کارخانەی بەرگەگرتنم هەیە
کۆگای چاوەڕوانی دادەنێم
گەنجینەی هیوا
خەمی کۆن کۆدەکەمەوە.

من هەورەبانی خەونی لەدەستچووم
پێشانگای ژانی مۆدێل بەرز
سەکۆی چێژی ستەمدیدەیی
هەوارگەی گۆشەگیریی پەتی
سەیرانگای تەنیایی بێ فڕوفێڵ
هۆتێلی پێنج برینی تەڕ و بە سوێ
خەڵوەتگەی لەگەڵ خۆت ناتەبایی
لانەی لە ئەزەلەوە بێکەسی
خولی فێربوونی دەربەدەریی.

من دایەنگەی بەشخوراوانم
فێرگەی بێنەوایان
ناوەندی فریودراوانم
خانەی دەستلێبەردراوان.
پەناگەم بۆ هەڵهاتووانی دەستی دۆست
کەمپینم بۆ هاوکاریی پەشموردەیی
پانتایی جێماوان لە کاروانی بێدەربەست
سێبەرم بۆ خەڵکانی بێپەروا مەست.

من هاوەڵم هەن خۆشم دەوێن
هاوەڵم هەن خۆشیان دەوێم
بەڵام من خۆم هاوەڵم نییە
خۆم حەزی بە چارەم نییە
خۆم بە دیدارم پەستە
بە ناسینم خۆشحاڵ نییە
پەژێوانە لە بەرکەوتنم.

با ئەمە لە نێوانی خۆماندا بمێنێتەوە
من بەدیاریکراوی دەزانم
کە پەتای ژیانمە
ژیان سواری کۆڵم بووە
هەر سەرەتای سەرەتا دەمزانی
هاتنم بۆ ئێرە باش نییە
دڵنیابووم پەشیمانی ناوێت
تاکو ژەهری بۆ بنۆشم
شتێکە و هاتۆتەڕێم
پێویست ناکات پەنجە بگەزم
ئیتر ئێرە ئێرەیە و
واهاتووە و واچووە و وادەڕوا
پەیمانی کۆن دەڵێت:
لە ژێر ئەم ئاسمانە بەرینەدا
هیچ شتێک نوێ نییە
هیچ شتێک!
بەڵام بەمجۆرەی ئێستا کە منی تێدام
مەگەر تەنیا ئاسمان
تەنیا ئاسمان
ئەگین مرۆڤ لە کوێ بۆ ئەمە کراوە
مرۆڤ بەو تۆزە گۆشت و ئێسک و دەمارەوە
مرۆڤ بەو چۆرە خوێن و فرمێسک و
بەو نەختە دڵ و زمان و زارەوە
بە دوو دەست و دوو پێ
چۆن دەتوانێت قووتاری بێ
چۆن دەتوانێت هەڵبێ؟

من نەمزانی ژیان یەکجار وایە
هەر نەبێت دامنابوو
ماوەیەک هەناسەیەک بدەم و
برینێکی نوێ لە سەرما پێنەبێت
هەر نەبێت دامانبوو بەر لە خۆم
ئایندەم بەو جۆرە دیار نەبێت
خۆ من پلانی درێژم بۆ داهاتووم نییە
لە بارێکدا لە ژێر باری بێبارییدا پساوم
گرنگ نییە گەش بێت یان ڕەش بێت!
من لە ئێستامدا گیرمخواردووە
دەزانم بۆ ئایندەش بە سەردا دەخلیسکێم
من ئێستا دەستی ستەمی لە پاشەڵم گیرکردووە
هەرگیز بە ئایندەی ئێستاکەم قایل نیم
من دەمزانی ژیانەکەی چەند بێبارە
ئەم زەمینە لەسەر پشتی ئاسمانیش بارە
بەڵام هەر نەبێت دامنابوو بتوانم بڕۆم و
لەگەڵ ئەم شیعرەدا گوێم لە زایەڵەی شکانی دڵ نەبێ
من دامنابوو هەمیشە ژیان سوار نەبێت
هەبێت بۆ جارێک کەسێک تەنیا کەسێک
کەسێک کە بە هەڵە ڕێی لێرە کەوتبێت
کەسێک تەنیا کەسێک
کەسێک کە بە هەڵە
سوارە بێت
من ئەو کەسە کەسیرەم نەیزانی لە دەمی دەرچوو
داوای کرد سەرکەوێ
سەرنەکەوت
زۆری مابوو
کە بینیم مرۆڤانێک
خوێنی ڕژاوی خۆیان بە دەستمەوە بۆن دەکەن
دەبینن چلۆن خەنجەر لە مۆخیان هەڵدەسووم
خۆش نەبوون و کۆڵنەدەربووم
لێنەگەڕان جارێکی تر هێزم هەبێت
بە گوێی ژیانی باڵگرتوومدا بچێنم
کە من بەر لە مردن
بۆخۆم مەرگم!

بێچارەنیم
بێچارەیی منە
کوا بێچارەم
ئەی ئەوە نییە چارۆکە؟
بێحاڵ نیم
بێحاڵی منە
کوا بێحاڵم
ئەی ئەوە نییە دەسڕۆکە؟
بێماڵ نیم
بێ ماڵی منە
کوا بێماڵم
ئەی ئەوە نییە کەپرۆکە؟

ئەی شەقام؟
شەقامی سەرشار بە دڵۆپەی ڕۆندک
کە هی ژانە کە هی منە کە قەترانە!
بۆ من نەبێت بۆ چیتانە؟

سواربن
بڕۆن و
بیئاژوون
سەر و بنی بکێڵن دنیا
کە هی خۆشە کە هی بۆشە هی خۆتانە

من شووشەم نییە
مەییم لە کوێ ڕژاوە؟
خۆم دڵێکم هەیە
لە شکان دروستکراوە.

بەر لە من دڵی من لە سنگی فراوانی کۆترێکدا دەیگماند
ئێستاکەش زۆر شەوان دڵی من دەبێتە ئەستێرە و
بۆ باربووی ژانی من چریسکەی دەگاتە ئاسمان
ئێستاکەش زۆر ڕۆژان دڵی من دەبێتە فرمێسک و
سەرزەمین دەداتە بەر تۆفان.

من دڵێک لە سنگما دانانێم هەر بۆ دڵ دانرابێت.

دڵی من شەبەقان دەبێتە جریوەی چۆلەکە
دەبێتە گوڵێکی بێقەرار ئێواران
هەورێکی ئاوارەی شەوەکان
دڵی من چی بکات نازانێت
چەند دەکات بسرەوێت ناتوانێت!

من دڵم خەونێکە بێقەرار دەگەڕێت
بۆ ئاسۆ دوورەکان
بۆ هیوا ونبووەکان
بۆ خولیا ساواکان.

دەگەڕێت بۆ دەشتێ بەرینی لەبەردا کە مابێت
بۆ کەلێک ڕووناکی نەمریی هەواری هەڵدابێت
بۆ دڵێک باڵایی دڵانی تێدابێت
وەکو خۆی لە دڵدا ژیابێت بۆ دڵی بێگەردی
وەکو خۆی لە دڵدا بۆ دڵی لێیدابێت
دەگەڕێت هەمیشە من دڵم
من دڵم لە سەردا
من دڵم لە دەستدا
کوا دڵم؟

من دڵم سروە بوو/ نەگیرا
من دڵم نەورەس بوو/ ڕام نەکرا
من دڵم بەور بوو/ ڕاو نەکرا.

من دڵم دڵێکە بەبێ دڵ نایکرێت(نوختە)
(سەری دێڕ)
لە ئاسمان بۆ ئاسمان ئاسمانێک ڕێسمانی نەما بێت
دڵی من لەبەرچی وەستابێت؟
لە زەمین بۆ زەمین زەمینێک زەمانی نەمابێت
دڵی من لەبەرچی لاییدابێت؟
مانگێکە ڕووناکی ناوەوەی دڵانی لێبڕاو/ دڵی من
جێماوی کاروانی وارێکە هیوایان لە سەراب ڕۆنراو/ دڵی من
ئاسمانێک ئەستێرەی بەرۆکی دۆڕاوە/ دڵی من
مانگێکە خەرمانەی دزراوە/ دڵی من
عەسرێکە تروسکەی لە جیاتی تیشکی خۆر داناوە/ دڵی من
خەونێکە کلیلی ئایندەی ڕفێندراوە/ دڵی من
پێم بڵێن: چی لە دڵ/ دڵ لە چی
بۆ منێک جێماوە
پێم بڵێن: دڵ بە چی/ بە چی دڵ
بۆ منێک جێماوە
پێم بڵێن: لە کوێیە دڵی من
کوا دڵم/ دڵی من!

مەگەر بەس ئاسمان بێت بزانێت
ئێستاکە دڵی من بە چ شاخێکەوە گیرساوە؟
کێ دەڵێ دڵی من بە چ داخێکەوە سووتاوە؟
مەگەر بەس ئاسمان بێت بزانێت
دەگەڕێم هەرچەندە دڵی من بێ سەر و بەبێ شوێن واماوە
ڕۆیشتووە دڵی من ڕۆژێک بوو تۆراوە.

هەرچەندە دڵی من دەگەڕێم بێ سەر و بەبێ شوێن واماوە
ڕۆیشتووە دڵی من ڕۆژێک بوو تۆراوە
بێ سەر و بەبێ شوێن دەگەڕێم دڵی من هەرچەندە نەماوە
ڕۆیشتووە ڕۆژێک بوو دڵی من تۆراوە
دڵی من ئێستاکە نەماوە.

لە مێژە ئاسمان هیچ دڵی لە بیردا نەماوە
دەمێکە هیچ دڵێک لە دڵدا سەردەمی نەماوە.

من گەڕیدەم بە بەبێ شوێن بە دڵدا
من شوێنکەوتەی ڕێگای دڵ لە دڵدا.

لە خەمدا هەر منم سەرقافڵەی کاروانی ڕێی دڵان
لە سەبرا هەر منم خەڵوەتم دەکێشم لە دڵدا بۆ دڵان.

(بووەستن)

کوا ئێوە ئێستاکە لە دڵدان؟
لە کوێدا لێدەدات
کوا دڵتان؟

من لە چاوەڕوانی دڵدا نوقم دەبم
تەماشای ناوەوەی خۆم دەکەم
چ نابینم
لە ڕەنگی بێدەنگی زیاتر
لە دەنگی بێڕەنگی زیاتر
چ بۆن ناکەم
لە بۆنی سەرمای گیان زیاتر
لە تامی گەرمی برین زیاتر
بەر چ ناکەوم
لە بەردی نەفرەتی سەر شانم زیاتر
لە زایەڵەی ئاوازێکی بێلانە زیاتر
لە سنگی بەتاڵمەوە دوور و نزیک دێتەگوێ:

ڕۆژگاری نەفرەت نابڕێتەوە
برینی کۆنمان هەر دەکولێتەوە
کەس ژانی ئێمە ناخوێنێتەوە
مرۆڤ مۆمێکە زوو دەتوێتەوە.
ڕۆژانی شادی ڕوومان تێناکەن
خەڵکی لە مەرگی بێدەنگ تێناگەن
شەوانی پڕ ژان دەستمان بەرنادەن
خەونەکان دوورن بە ئاسۆ ناگەن!




نامەی چواردەهەم و پانزدەهەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی چواردەهەم

دووبارە خەریکی خوێندنەوەی بەدگۆڕانەکەی کافکام. چ خۆشبەختم کە کافکام ناسی! ناڵێم کافکا باشترین ڕۆماننووسی مێژووی مرۆڤایەتییە، وەلێ یەکێکە لە ڕۆماننووسە باشەکان. ئەو قسانەی سەبارەت بە (ڕۆمانی کۆشک) کردت، هاوڕاتم. ئەی دادگاییەکەیت نەخوێندووەتەوە؟ ئازیزەکەم، تا بۆت دەکرێت بخوێنەوە. دەتوانی بیریش بکەیتەوە، بەڵام گەمژانە نا. با ژیانت هەمووی به وشە و کتێبەوە بەند بێت. بەڵام ئاگاداربە وەک باپیرەی سارتەر* دەیگوت، ئەدەب هەرگیز گەدەی مرۆڤ تێرناکات. ئەوەشت بیر نەچێت، هیچ کاتێک خۆت لە قەرەی هەندێک بابەت مەدە. بۆ نموونە: مردن چییە؟ سەرەتای ژیان چۆن دەستی پێکرد؟ کێ گەردوونی دروست کردووە، کێ ئێمە و هەموو شتێکی دروست کردووە؟ گەر هێزێکی باڵا و بانسروشتیی هەیە، ئەی بۆچی لە بەرانبەر ئەو هەموو نادادیی و ستەمکارییەی مرۆڤەکان و کارەساتە دڕندانەییەی سروشت بێدەنگە؟ گەر ئەو هێزە باڵایە ژیان و ئێمەی دروست کردبێت، حیکمەت و گرنگی ئەوە لە چیدایە؟ گەر بەهەشتێک و ژیانێکی تر هەیە، بۆچی یەکسەر لەوێ ژیان دەستی پێنەکرد و لەبری بەهەشتە یۆتۆپیاکەی ئەوێ، فڕێ دراینە ئەم دۆزەخە و ئەم هەسارە نەگریسەیە؟ هەر بەجیددی ئەو یارییە پووچ و بێتامە سوود و حیکمەت و مانای چییە؟ ئازیزەکەم، زۆر هەوڵم دا وەڵامێک بۆ گومانەکانم و مانایەک بۆ ئەم ژیانە بێ مانایە بدۆزمەوە، کەچی هەموو هەوڵەکانم وەهم دەرچوون. ئازیزەکەم، تۆ دەتوانی سەبارەت بە بوونمان لێرە یەک بەڵگەی لۆژیکیم بدەیتێ؟ دەی لەوە گەڕێ. ئەو بوونە سۆزانییە هی ئەوە نییە کاتی خۆتی لە پێناودا بە فیڕۆ بدەیت. گەڕان بۆ دۆزینەوەی مانایەک بۆ بوونمان لێرە، لە هەوڵێکی دۆنکیخۆتانە زیاتر نییە. بەڵێ تەنها شەڕکردنە لەگەڵ ئاشی با. من ڕووی پرسیارم لەو هێزە باڵایە دەکەم کە کاهینی گەڕەکەکەمان باسی دەکات، باشە” بۆچی وەسوەسەت بۆ گیانی ئێمە خوڵقاندووە؟ وەسوەسە! خودایە یانی هەر ئەو وەسوەسەیە نییە کە من دەمهەوێ خۆم لە شادی و چێژەکانی ژیان لادەم و توێشوویەک بۆ ئەو دنیا بنێرم کە لەوانەیە هەر نەبێ و زیاتر لە شتێکی خەیاڵیی دەچێ؟”*
دەزانم تۆش وەکو من دەیان پرسیاری وجوودیی و فەلسەفیی سەبارەت بە چەندین بابەتی میتافیزیکی و گەردوونی لە مێشکتدا جینگڵ دەدەن. دەزانم دڵت بەو وەڵامە سادە و ساکارانەی کاهینەکان ئاوی دڵنیایی و مەعریفە ناخواتەوە، وەلێ ڕێگەی تر و چارەی تر نییە. دڵنیابە هەرچەند بۆی بگەڕێیت و هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی بدەیت، تا هەتایە وڵامگەلێکی دڵنیاکەرەوە و یەکلاکەرەوەی ئەو پرسیارانەت دەست ناکەوێت. بۆیە باشتر وایە هەر لە بۆتەی بێدەنگی، مەبەستم گومانگەرایی و نازانمگەراییدا بمێنیتەوە. من زۆر هەوڵمدا دروستکەری گەردوون بدۆزمەوە و بگەمە دەڤەری دڵنیایی، ئەفسووس! کاتی زۆرم بە فیڕۆ دا و شکستم هێنا. بۆیە باشتر وایە ئەزموون لە من وەر بگریت و کاتی خۆت بە میتافیزیکا و ئەو جۆرە بابەتانە بەفیڕۆ نەدەیت. گەر ئارەزوو دەکەیت بڕۆ دە جار کتێبی( مێتافیزیک چییە؟) بخوێنەوە، بزان هیچ شتێک لە بابەتەکە حاڵی دەبیت و دەزانیت کە مێتافیزیک چییە! دەشتوانی کتێبی(تەقینەوە گەورەکە: Big Bang)* یان (دەربارەی بنەچەی جۆرەکان – On the Origin of Species)* بخوێنیتەوە. ئەو دوو کتێبە بە بڕوای من تۆزەک یارمەتیدەرێک دەبن سەبارەت بە دروستبوونی گەردوون و مرۆڤ، بەڵام هەرگیز ناتگەیەنن بە وەڵامی پرسیارەکان و هەموو ڕاستییەکان و هیچی ئاوا لە قەبارەی گومانەکانت کەم ناکەنەوە. ببوورە ئازیزەکەم، کات درەنگە و دەبێ بڕۆم بخەوم. سەلامەت بیت.
ــــــــــــــــــــــــــــ
*مەبەست(ژان پۆل سارتەر)ـە.
*لیۆ تۆلستۆی، باوکە سێرگی، وەرگێڕانی: ئەمین گەردیلانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات(هەولێر)، چاپی یەکەم، ل٤٣.
*کتێبەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر).
*مەبەست کتێبەکەی(ستیڤن هاوکینگ)ـە.
*مەبەست کتێبەکەی(چاڕڵز داروین)ـە.

ـــــــــــــــــــــــــــ
نامەی پازدەهەم

گیانەکەم، هەستدەکەم گەر چیتر لێرە، مەبەستم لەم هەسارەیە و لەناو ئەو هەموو گەمژەیە درێژە بە ژیان بدەم منیش دەبم به گەمژەیەک لە گەمژەکان. ئازیزەکەم، دەزانم ئەم قاڵۆنچانە گلەیی دەکەن و پێم دەڵێن زمانی زۆر درێژە. دڵنیابە ئەوان شایەنی قسەپێگوتنی زۆر زیاترن. فلۆبێر* لە نامەکانی زۆر زیاتری منی پێ کردوون و نامەکانی پڕ لە جوێنن دژ بە مرۆڤایەتی. ئازیزی من، “پاڵەوانێتی مرۆڤ لەو قۆناغەدا لەوەدایە، بتوانێ به سەربەرزی و زیندوێتی بمێنێتەوە و ئەقڵی خۆی لە دەست نەدات.”* ئازیزی من، هۆشیاریی لێره و لەناو ئەو ناهۆشیارانە زۆر قورسه. هۆشیاریی بەڵا و ئافاتێکی زۆر گەورەیە بۆ خاوەنەکەی لە کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانی لە خورافەدا ڕۆچووبن.
لە کۆمەڵگەیەکدا هێندەی گوتارێکی خورافی و دژەلۆژیک و دژەزانستیی کاهینێک بڕ دەکات و بازاڕی هەیە، سەدا یەک قسەی ڕۆشنبیرێک بڕ ناکات. کۆمەڵگەیەک، دەرچووی زانکۆی لە هەموو تەمەنیدا کتێبێک نەخوێنێتەوە، مامۆستای زانکۆی لە مرۆڤێکی ئاسایی و گشتیی، گشتییانەتر بیر بکاتەوە و بڵێت: زانکۆ مێیە و پەرستگا نێرە، هەمیشەش نێر هەیەتی بەسەر مێوە!
کۆمەڵگەیەک، پیاوی ئایینیی بڵێت:٩٠٪ی نەبوون بە زاوا، هۆکارەکەی جنۆکەیە! گیانی من، ڕاستە ڕۆشنبیر بۆ خەڵکی ئاسایی و گشتیی نانووسێت. ڕۆشنبیر کار لەسەر نوخبە(ئیلیتە) دەکات، وەلێ ئەوە مانای ئەوە نییە کە ڕۆشنبیر بڕواتە بورجی عاج و دوور لە خەڵک و واقیع و کۆمەڵگەکەی خۆی بژیت. ڕۆشنبیر چاوی کۆمەڵگەیە، ڕێنیشاندەر و هۆشیارکەرەوە و دڵسۆزی کۆمەڵگەیە. بەڵام کە ڕێز و بەهای ڕۆشنبیر نەزانرا، باشتر وایە ڕۆشنبیر ئاگاداری خۆی بێت و بەرلەوەی ببێت به گەمژە، سنوورێک بۆ گەمژایەتی ئەوانی تر دابنێت. ئازیزی من، ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەلاتییەکان، ئەو کۆمەڵگەیانەی که ڕەگیان لەسەر خورافە داکوتاوە و لە ئەفسانە ڕۆچوون و کۆمەڵگەی نەریتی و تەقلیدیی، سوننەتیی و مەزهەبیی و نێرسالارین، قورسە و حەوسەڵەی دەوێت. بەشی ڕۆشنبیران لەو وڵاتانە هەمیشە دەربەدەریی، کۆچ، تیرۆرکردن، بێتاقەتیی، بێزاریی و ڕەشبینیی بووە. ڕۆمانی (چۆن بووم بە گەمژە) بخوێننەوە. (ئەنتوان)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە سەرەنجام دەگات بەو قەناعەتەی کە ئەقڵ و بیرکردنەوە هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و بەدبەختی و ئازارەکانیەتی و خەیاڵ و ژیان لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە، هیچ بەهایەکی بۆ نەهێڵدراوەتەوە و بیرکردنەوە مانایەکی بۆ نەماوە و ژیانی ڕۆشنبیریی جگە لە عەزابێکی ئەبەدی، چیتر نییە و بیرکردنەوەیش ئازار و عەزابێکی نەبڕاوە و نەخۆشییە، با لە ڕیزی نەخۆشیش دانەنرابێت. ئەو، ئیدی بیرکردنەوەی ئەمە دەکەوێتە کەڵکەلەیەوە کە دەبێت مرۆڤ لێرە گەمژەبێت، ببێت به بەشێک لە هەمووان، دەستبەرداری قەناعەتی تایبەتی خۆی و بیروبۆچوونە جیاوازییەکانی خۆی و ئازادییەکانی بێت، تا بتوانێت لە کۆمەڵدا بژیت و خەڵک قبووڵی بکات و لەگەڵ دەوروبەر کارلێک بکات و بگونجێت و بە هێمنی و ئارامی بژیێت. ئەو پێمان دەڵێت ئیدی” بەشداری لەو ئەقڵە گەورەیە دەکەم کە پێی دەڵێن(بۆچوونی گشتی). من ناڵێم ئەمە باشە، یاخود خراپ، تەنها دەمەوێ بەشداری ئەو ئەقڵە بکەم و بەس. لەگەڵ ئەوانەیتر بم و لێیان حاڵی نەبم و وەکو ئەوان بم. لەنێوانیاندا بم…دەمەوێ وەکو هەموو خەڵکی تر بم. مێروولەیەک بم لەنێو مێروولەکان.” بەو شێوەیه ئیدی زەکاوەت و زیرەکیی و هۆشیاریی لای ئەو نەخۆشییە و ئەو دەیەوێت چیتر ئاستی هۆشیاریی و هێزی دەرککردنی کەم بێتەوە و باڵانسی جەهل و نەزانیی بەرزبێتەوە. ئیدی تەنها بژیت و بەس. ژیانێکی دیماگۆگانە و هیچ لە ژیان و دەوروبەر و واقیع و ڕاستییەکان نەزانێت. ئەو بۆی ڕوونبووەتەوە کە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هەمووشتێک، هۆکارە کە نەتوانیت بژیت. بۆیە ئەو گەمژەیی و دیماگۆگییەت بە تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە و قەلەقییەکانی و نەخۆشییەکەی دەزانێت و بڕیار دەدات هۆشیاری و مێشکی بە کفنی گەمژەیی کفن بکات و ماڵئاوایی لەبیرکردنەوە بکات و دەرگای عەقڵی کڵۆم بدات و دەستبەرداری عەقڵانییەت بێت. (من بە دەست نەفرەتی عەقڵەوە دەناڵێنم و تووشی نەخۆشیی زیادەڕۆیی و ڕۆچوونی زۆر لەبیرکردەنەوەبووم). بەڵێ، (هەرکەسێک ئاستی زانستیی بەرزتربوو، ئازاری زیاتر دەبێت). بۆ قورتاربوونیش لەو دۆخە و یەکەم هەنگاویش بۆ بوون بە گەمژە، مەیخانە و مەی و سەرخۆشییە، بە تێڕوانینی ئەو! بۆیە بڕیاردەدات خۆی سەرخۆش بکات. ئەو پێی وایە بەو شێوەیە خەڵک دەیناسێت و خەڵک ڕێزی دەگرێت. کۆمەڵگایەک، لە تێڕوانینی ئەودا بەزەیی بە سەرخۆشدا دێتەوە، وەلێ بە ڕۆشنبیر و عاقڵ و ژیر نا. ئەو سەرەنجام لەو هەوڵەی شکست دێنێت و بە هۆی زۆرخواردنەوەی مەی و ئەلکهوولەوە، ژەهراوی دەبێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە. ئەنتوان سەرەتا زۆر هەوڵ دەدات لە کۆمەڵدا شوێنێک و پێگەیەکی گونجاو بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە وەک ڕۆشنبیرێک کە لەگەڵ ڕۆشنبیرییەکەی ئەو گونجاوبێت. مەوقعێک، کە شایەنی ئەو بێت و مەحەللی لە ئیعرابدا دیار بێت. وەلێ ئەفسووس!
کۆمەڵێک، کە بە تێڕوانینی ئەو کۆمەڵێکی تا بڵێیت سەتحییە و ناچێتە قووڵایی بابەتەکان و نرخی کاری فیکریی و ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران نازانێت و ڕێز لە کایەی ڕۆشنبیریی ناگرێت. بۆیە بێزاریی و ڕەشبینیی ئەنتوان دادەگرێت، لە کۆمەڵێکی وا کە نرخ و بەها بۆ رۆشنبیری دانانێت و نازانێت ڕۆشنبیریی چییە و ڕۆشنبیر کێیە! لە کۆمەڵێک هێندەی حیساب بۆ گەمژەیەک دەکرێت، سەدا یەکیش بۆ مرۆڤی ژیر و ڕۆشنبیر ناکرێت و ڕۆشنبیر نرخ و بەهای بۆ دانانرێت. ئاخر لە کۆمەڵێکی مێگەلئاسا، کۆمەڵێکی بەکاربەر و ئستهلاکی، کۆمەڵێکی چێژگەرا، بۆ کۆمەڵێکی لەو چەشنە بیرکردنەوە و کاری فیکریی و فەلسەفیی و ڕۆشنبیریی هێندە ئاسان نییە. بیرکردنەوە ئەرک و ئەخلاقە، بەرپرسیارەتی و خەمە، گەلێک قورسە. بیرکردنەوە لە خەمی مرۆڤایەتی، لە ژیانی خەڵک، لە ئازاری هەمووان. بەڵێ گیانەکەم، منیش وەکو ئەنتوان گەیشتووم بەم بڕوایه کە”بەختەوەری ئەوەیە بتوانیت خۆت لە موعانات و ئازاری ئەوانەیتر بێ ئاگا بکەیت، ڕاحەت و ئارامی ژیان و ئەقڵ لە گوێپێنەدان و بێ موبالاتیدایە.” ڕەنگە بڕواکردن بەو قسانەی من بۆ گەمژەکان کەمێک سەخت بێت. بەڵێ، گەمژەکان تەنها باوەڕ بەوانە دەکەن کە هەواڵی ناڕاستیان پێ دەدەن. ئەوان خویان بە درۆوە گرتووە، چێژ لە گەمژەیی دەبەن. ئازیزی من، لێره تەنانەت قانوونیش تەنها بڕوا بەو کەسانە دەکات کە پارەی پێ دەدەن.”*
ـــــــــــــــــــــــــ
*گوتەیەکی نووسەر و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری بە ڕەگەز سعوودی(عەبدولڕەحمان ئەلمونیف)ـە.
*مەبەست(گۆستاڤ فلۆبێر١٢ی کانوونی یەکەمی١٨٢١ – ٨ی ئایاری ١٨٨٠)ی خاوەن ڕۆمانی(مەدام بۆڤاری)یە. فلۆبێر، نووسەرێکی جیهانیی- فەرەنسییە و بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسە فەرەنسییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دێتەژماردن.
*ستیڤن کینگ، ڕۆمانی(١٩٢٢)، وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد، چاپ:٢٠٢٤، ل١١.




پڕۆژەی ئاگا وێنەیەكی تازەی خۆبەخشییە لە ئەدەبیاتی كوردیدا دەبێت شانازیی پێوە بكرێت

ڕەنگە ئەمە پرسیاری بەشێك لە هاوڕێیانم و نووسەر و ئەدیبان بووبێت، ئایە پڕۆژەی ئاگا چییە و چۆن كاردەكات، بۆ چاپكردنی كتێب سەرچاوەی ماددی لە كوێوە بە دەست دێنێت. چۆن توانی لە ماوەی ساڵێكدا دەیان ڕۆماننووسی گەنج بەرهەم بێنێت. بۆیە بە پێویستم زانی بەبێ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ پرسكردن بە خاوەنی پڕۆژەكە، ڕووی جوانیی ئەو پڕۆژەیە هەڵماڵم. ئەوانەی كە خۆیان گەرەكیان نییە باسی خزمەت و كارەكانیان بكەن، ئەمە بە ئەركێكی ئەخلاقی دەزانم، بەبێ گوێدانە ئایدیا و بۆچوون، ستایشیان بكرێت و دەستی ماندبوونیان بگوشین.
نابێت نووسەران و ئەدیبان تەنیا لە قەڵەمی خۆیان بڕوانن و خۆیان لە خانەیەكی داخراودا قەتیس بكەن. ڕەمەزانی ساڵی پار نامەیەكم لە گەنجێكەوە بە دەست گەیشت. بێ ئەوەی من بیناسم و ئەویش من بناسێت. داوایكرد ژمارەیەك ڕۆمانی گەنجان بۆم دەنێرێت، بۆئەوەی سەیریان بكەم و كەموكوڕیی ئەدەبیی و ئاست و بنەماكانی ڕۆمانیان هەڵبسەنگێنم، باش و خراپ، لێكیان هەڵاوێر بكەم و ئەوەی شایانی چاككردن بێت پێیدا بچمەوە. ئەوانە دیاری بكەم كە شیاوی بڵاوكردنەوەیە تاكوو لەسەر ئەركی پڕۆژەیەك بەناوی ئاگا بۆیان چاپ و بڵاوی بكەنەوە. هەر لەو كاتەوە كاتی تەواوم بۆ تەرخانكردن و یەك یەك بە ڕۆمانەكاندا چوومەوە. ئەوەی ئومێدی ئەوەی لێ دەكرا ببێتە ڕۆمانێكی باش بە پێی پێویست و لانەدان لەبنەمای پێداچوونەوە دەستی قەڵممان گرتن و كەموكەسرییەكانمان بۆ چاككردنەوە. بۆ ئەوەی هەر نەبێت ببێتە هاندانێك بۆ ئەو گەنجانە، بتوانن لە ئایندە لەسەر پێی خۆیان بووەست. ئەم پڕۆژەیە ئومێدیكی گەورەی پێ بەخشیم كە توانیمان دەیان قەڵەمی شاراوەی چەندین گەنج ئاشكرا بكەین كە پێشووتر دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخسابوو، تواناكانیان بخەنەگەڕ.
لەماوەی ساڵی ڕابردوو توانیمان دەیان ڕۆمان و كتێبی جۆراوجۆر بۆ گەنجان چاپ بكەین. جگە لە ڕۆمان دەیان ژانری دیكە لای كەسی شارەزا بەپێی پسۆڕیی و شارەزایی بە دەقەكان چوونەتەوە، بۆ هەردوو پێشەنگەی ساڵی بۆری هەولێر و ئەمساڵی سلێمانی هەڵەیان بۆ ڕەخسێندرا بەشداریی لە پێشەنگەی نیودەوڵەتی كتیب بكەن. جگەلەوی خولی ڕێنووسیی و ڕاستنوویسی كوردیمان بۆ كردنەوە. هەروەها لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە گرنگیان پێدرا و دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا لە كەناڵی ئاسمانی NRT4 وەك میوان بانگێشت بكرێن و باس لە بەرهەمەكانیان بكەن.
هەموو ئەم پڕۆژەیەش لەسەر شانی برای بەڕێزم سالار عومەر و هۆزان ڕەمەزان بەڕێوەدەچێت دوو گەنجی خۆنەویست. سەرباری ئەوەی كە توانیویانە دڵی ناسكی گەنجان ڕابگرن. بە دەردەسەریی و دەیان كێشە وگرفتدا تێپەڕین و لێرە و لەوێ پارە و كۆمەك بۆ كتێبیی گەنجان پەیدا بكەن. تەنانەت لە داهاتی كار و كاسبییەی خۆیان مانگانە بڕیك پارە بۆ پڕۆژەكە وەلا دەنێنن و لەسەر دەمی ماڵ و منداڵ و خێزانەكانیان دەگرنەوە. ئەمە رۆحییەتێكە لە بەخشیندا كەم وێنەیە. پڕۆژەی ئاگا تاكە پڕۆژەی ئیسلامییە، كە بە بێ گوێدانە ئایدیا و بۆچوون و یاخود جیاكردنەوەی دەقی ئایینیی و نا ئایینیی، دەرگەیان بۆ بیر و هزری گەنجان واڵاكردووە، بێ بەرامبەر و جیاكاریی دەقەكانیان بۆ بە چاپ دەگەیێنن.
بۆیە لێرە بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم زەكات و سەرفترە تەنیا بۆ دروستكردنی بینای مزگەوت و قوتابخانەنییە. بەڵكوو بۆ دروستكردنی بینایی فكریی مرۆڤیشە. هیوادارم خێرخوازان و دەوڵەمەندان دەستی هاوكاری بۆ ئەم پڕۆژەیە و هەر پڕۆژەیەكی هاوشێوەی ئاگا درێژ بكەن، كە جگە لە خزمەت و كارێكی خۆبەخشی هیچی دیكەیان مەبەست نییە.
ئەمەش بۆ مێژوو دەڵێم ئەوەی پڕۆژەی ئاگا لەماوەی ساڵێكدا كردیی. تا ئێستا دەیان دەزگەی سێبەر و ئاڕاستەكراوی حزب و لایەنەكان و تەنانەت وەزارەتی ڕۆشنبیریی نەیانتوانیوە بیكەن. بۆیەشە من پشتگیریی تەواوی ئەم پڕۆژەیە دەكەم و جێگەی دەستخۆشین.

دڵشاد كاوانی.
نووسەر و ڕۆماننووس
29/11/2024




غەیبەت.. نەوزاد بەندی

بۆ / ز …ۆ .. س ..س ..ۆ …ز ..

باران غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەندەها جار قژیم تەڕ کردووە و ..
نەهاتۆتە ژێر چەترەکەت ..
زریانیش هەر غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار هەڕەشەی ڕافڕاندنم لێ کردووە و ..
نەهاتۆتە ئەشکەوتەکەت ..
لە لای درەختەکان بوختان بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : سەد جار هاتۆتە ئێرە و نەهاتووم ..
بەفر غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ چەند جار پێم وتووە
ڕەق ئەبیتەوە ، وتوێتی :
کێشە نییە ! من ڕاهاتووم ..
لە لای شیعر ، زۆر خراپ باسی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ئەڵێ لە ووشە کۆشکێ دروست کە ،
پێکەوە تیایا نەمر بین ..
وەک مەم و زین ،
با لە دوو نەفەر زیاتر بین ..
لافاو دێ و غەیبەتت ئەکا ،
ئەڵێ : تا هەیوانەکەیشیان هاتم و ..
ناونیشانی تۆم ،
لە تەمی پەنجەرەکەیان بۆ هەڵکۆڵی ..
ووتی ناچم . . با بخنکێم !
لە قاوەخانەی غەزەلنووس ،
کوپێ قاوە غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار پێم وتووە ،
ئەم تەنیاییە ئەتکوژێ ..
وتوێتی جا با بکوژرێم ..
بیرۆکەیەک غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : پێم وتووە بڕۆ ناو شیعرێکی ،
با وەک شیرین بەرز بیتەوە ..
ئەڵێ : ناچم ..من خۆم بەرزم ..
لای دارکاژێکی تۆزاویی ،
بێویژدانانە بوختانێ بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : وتی با ڕۆژێ گەڵاکانی تۆ کۆکەینەوە ..
ئەڵێ : جا کوا ؟ خۆ من هەر چوار وەرزە سەوزم ..
مقەست غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ : هەزار جار پێی ئەڵێم ،
قژت نابڕم .. ئەو حەز ئەکا
شەپۆلێکی ڕەش دایپۆشێ ..
کەچی ئەڵێ : بیبڕە دەنا ئەیسوتێنم ..
ئەڵێ : دیاره لە داخی تۆ ،
شەڕ ئەفرۆشێ ..
لای خۆم غەیبەتی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ساڵانە چەندەها موچەی ئیلهامم لێ ئەخوا ..
شیعر و ڕۆمانیشی کوشتووم ..
خوێنی دەیەها کتێبی ،
لە هیچ و خۆڕایی ڕشتووم ..
خۆم باوەڕ بە خۆم ناکەم و
بە خۆم ئەڵێم : بڵێ به خوا ؟
کازیوە بە شێداریی دێ و غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : سەدجار ئاگادارم کردۆتەوە ،
پێم وتووە با هەرسێکمان ،
سێ شەممەیەک بچین بۆ شاخ ..
وتوێتی : ئەوت لەگەڵ بێ ،
یەک هەنگاو نانێم گەر هەموو ئەو ڕێگایەیش
داپۆشرێ بە کانیاو و باخ ..
فڕۆکەخانە غەیبەتی تۆم لا ئەکا ،
ئەڵێ سەد جار پێم وتووە ،
لەناو پایتەختە دوورەکان ،
دەیان شەقام و ئوتێل و
کەنار دەریا و
مۆڵ و کافێ ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
چەندین گەشتی ناو هەورەکان ،
چەندین بلیت..
چەندین کورسی ،
چەندین نەورەس ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
کەچی ئەڵێ : با بۆخۆیان چاوەڕێ بن ..
کێ وتوێتی قەت ئێمە دێین ؟
یان کێ ئەزانێ ئێمە کێین ؟
من لای پەنجەرەی نیوە شەو ،
زۆر دڵڕەقانە غەیبەتی تۆ ئەکەم و ..
ئەڵێم بەس توخوا ئەم باسە لە نێوانمانا دەرنەچێ ..
ئەڵێ : نا نا .. خەمت نەبێ ..
بەردەوام تەمەن دێتە لام ،
غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : هەمیشە پێی ئەڵێم ،
وا ئەو پیر بوو ..
لە داخی تۆ ،
لە دۆست و دوژمن زویر بوو ..
ئێ هیچ نەبێ ،
گۆچانێکی بۆ بکە بە دەست و دیاری ..
لە جیاتی ملپێچ و عەتر و
نیو پوتی مارکەی بوگاتی ، دەنکێ حەبی زەغت و
شەکرەت بە دەستەوە بێ کە هاتی ..
ئەڵێ : نەخێر ..
کێ ئەڵێ من پێش ئەو نامرم
بۆ ناڵێی بمرە لە جیاتی ؟؟!!
خەو غەیبەتی تۆم لا ئەکا ….

نەوزاد بەندی




کۆتری فرووزی.. شەهلا نوری

کۆتری فرووزی کەناری چەمەن
باڵی گرتەوە
یاخی لە جێی بەرز
ئاخۆ بۆکام لا ئۆغر کردووە
بۆ کۆڵانێ تەنگ، یاخود دەریای مەنگ
وێڵ و شەیدای کامە داستانە!
ونبووی تارمایی ڕەشپۆشی کامە نازەنین
کام سوتووی سوتاوی ئەستوون ئامێزە
بە چ دارێکا خۆێ هەڵواسیوە
لەسەر تەلاری سەرای کام خێو دەنیشێ و
سەرخەو دەشکێنێ
لەکام ئاوی گڵ ئالودەی غەرقە
بئ مایە نییە ئەم باڵگرتنه!
شەیدای خورشيدى ئافاقه
يان
تەرزه تەمەنایەکە
کۆترێکی بەستەزمانە
لەبازنەی بۆشاییدا
گرفتارە و دەخوڵێتەوە
ئیدی ئاوێتەی کەنار نیت!
ھەڵنانیشی لە ئەم ناوە
تادەگاتە لای ئەو لاوە
بشی ئەو دارەیش بن سست بێ
دیسانەوە ، باڵ نەگرێ
وەک هەرەسی کێو داڕووخێ
هەر دەکەوێ
لەم جیهانە خەڵەتاوە

شەهلا نوری




نیگارێك له‌شنه‌ی با.. ستار ئەحمەد

له‌قه‌ده‌ری بادا گه‌ڵاكان بوار به‌هه‌ناسه‌ی گوڵ ناده‌ن
شه‌پۆل شه‌پۆل ئاورنگه‌ماچ له‌زاری سروشت دێنه‌خوار
به‌ره‌و كه‌ناری رووباره‌ سووره‌كان
بۆپێشوازی ئه‌و مه‌لانه‌ی چریكه‌ له‌نسێی چڵ ده‌خوازن
ئێوارانێك….
كوڵمی سوور به‌چزووی ره‌شه‌بادا هه‌ڵده‌زنێ‌
كراسی تاریكی به‌ركی ئاو داده‌دڕێ‌
ئه‌مه‌یه‌ قه‌ده‌ری با..
كاتێك لێو له‌كوڵمی هه‌ور ده‌سوێ‌
بۆیه‌ خه‌نده‌ی چرا له‌ رووی ئه‌ستێره‌ تێناگا
په‌نجه‌ره‌كان پرشنگی خۆر به‌ ته‌لی ئاوه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسن
ده‌مێكه‌ تینوێتی ته‌مه‌نی رۆژژگاره‌كان ده‌پێچێته‌وه‌
له‌ سوانه‌وه‌ی كۆرپه‌ی وه‌رزو
له‌ پێگرتنی ساڵه‌كانی نه‌هامه‌تیا
لانكی چاره‌نووس ده‌سرازه‌ بۆ مێژوو ده‌دوورێ
به‌رواره‌كان خه‌م له‌ گلێنه‌ی كانییه‌كاندا ده‌نووسنه‌وه‌
تارمایی هه‌وره‌ كۆچه‌ره‌كان، دوای شه‌ونمی گوڵ ده‌كه‌ون
ئه‌ستێره‌یه‌ك خۆی ده‌كات به‌ دیده‌ی مانگا
مانگ هه‌ڵمی بناره‌كان بۆ خۆر ده‌كاته‌ رچه‌ڕێ
تیشكی ئاسمانیش، زریانی شه‌واره‌
له‌ ته‌وێڵی گه‌واڵه‌ به‌ فرێكا راده‌كێشێ
به‌ره‌و سه‌هه‌نده‌ دووره‌كان
بۆ ئه‌و دۆڵانه‌ی گۆڕستانی چڵ‌و هه‌ڵاڵه‌ن
خۆزگه‌ی نوێبوونه‌وه‌..
گه‌ڵا گه‌ڵا له‌ شه‌پۆله‌ ورده‌كان ورد ده‌بێته‌وه‌
دڵه‌كوتێی گزنگ
بوورانه‌وه‌ی ئاو
هه‌ڵچوونی مه‌زاری شه‌وه‌ دیجووره‌كان
به‌ گۆرانی دوندی سه‌خت،
بارانی چیاكان ده‌خوێننه‌وه‌
نووسین له‌سه‌ر به‌فر
هه‌ڵكۆڵینی نیگار له‌ دڵی شنه‌ی بادا یاده‌وه‌ری ده‌ژێنێ
بووكی به‌هار له‌ ساڵنامه‌ی وه‌رزه‌كان ماره‌ ده‌كا
بۆ سه‌رچۆپی ئه‌و ساڵانه‌ی رۆژه‌كانی عیشقیان به‌با ده‌ناسان
ئاورنگه‌ ماچیان له‌ ده‌می كانیاوه‌كان ده‌قۆزتته‌وه‌
ته‌مه‌ن ره‌شه‌بای وه‌رزه‌كانی
ده‌كرده‌ نیگای چراكانی شار
شه‌قامه‌كان له‌ پێخاوسی به‌هار
گه‌ڵایان بۆ باڵای حه‌ز ده‌دووری
كفن ورده‌ به‌فری رۆحی چیا بوو
ده‌روونی دۆڵه‌كان،
ده‌له‌رزان بۆ پێشوازی نێرگزێك
زه‌مه‌نێك بۆ ژان
قه‌ده‌رێك بۆ ده‌رفه‌تی لێكترازان
ئالووده‌یی خاكیان
له‌ جه‌رگی كوێستان تاوتوێ ده‌كرد
بۆ ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی
شه‌ویان له‌ خۆر ده‌ئاڵاند
تاریكیان ده‌كرده‌ تارای
شه‌پۆلی به‌های كه‌ناری هێور بوونه‌وه‌
ئاسمان له‌ ماچی گوڵ به‌ گومان‌و
دیمه‌نه‌كان له‌ ره‌ونه‌قی چڵ ده‌ترسان
ئه‌و كاته‌ قه‌ڵه‌مێك
په‌ڕه‌ی گوڵی ماچ بكردایه‌
گولله‌یه‌ك ئاگری شه‌وچه‌ره‌ی
بۆ گوڵ‌و چیا ده‌كرده‌ نیشتیمان
ستار ئەحمەد