زه‌وه‌ززه‌ی ده‌روێـش.. چیرۆكنووسی بولگارستان: نیكۆلای خـایتۆڤ.. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئەوەی بۆتی دەگێڕمەوە لە دێر زەمانەوە ڕووی داوە..
هێشتا چواردەم لە تەمەنم نە بوارد بوو، نە دایكم هەبوو نە باوك، باوكمیان سەبارەت بە مانگاكەی ساڵحەوە كوشتبوو دایكیشم بە ئیسپانیە تا مرد. لە لای نەنك و باپیرێكی پیرەوە پەروەردە بووم.. دەستی ڕاستی داپیره‌م ڕەق ببوو ، ئەمەش مانای وایە كەسێك نەبوو ئیش و كاری ماڵێ ڕاپەرێنێ.. باپیرم چاوی لە من بوو ژنم بۆ بێنێ، لێی نەپرسیم، جاران نەیان دەپرسی، ئەوانەی ژنیان بۆ دەهات ڕیش سپی و پیرەكان لە ناوەخۆدا ئیشەكەیان دەبڕاندەوە. جارێكیان گوێم لێ بوو پێكەوە دەئاخڤین نەنكم وتی: ـــ: هێشتا منداڵە! باپیره‌م وەڵامی دایەوە: گەورە دەبێ، گرینگ ئەوەیە كیژێكی بۆ ببینینەوە! باپیرم چی دیبوو و چۆن؟ ئەمەیان كە ناتوانم پێتی بڵێم بەڵام جارێكیان كە لە ناو مێرگدا گەڕامەوە بنیادەمێكم بینی مەقەستێكی گەورەی دەبەر پشتێ دا بوو، باپیرم وتی: ــ ڕەمەزان! ئەوا ئەو بەرگدرووەم بانگ كردووە، شەرواڵێكت بۆ بدروێ، جا ڕەنگاو ڕەنگت دەوێ یا سادە؟ لەوەی زیاتری لێ نەپرسیم، بۆیان خواستم.. ژنیان بۆ هێنام لەوەی زیاتریشیان لێ نەپرسیم (شەرواڵێكی ڕەنگاو ڕەنگ یا سادە). چوارشەممە بەرگدروو هات، پێنچ شەممە شەلوارەكەی تەواو كرد، شەلوارێكی ڕەنگاو ڕەنگی خەت خەت و چنراو بوو.. ڕۆژی(هەینی)یش دۆڵنگێو هات و كەوتە لێدانی تەپڵی زەماوەند، دۆڵ لێ دەدرێ و مەنجەڵ و قازانی پر لە گۆشتیش كوڵەكوڵیانە، منیش نازانم داخۆ دەبێ بووكەكەم كێ بێ؟ بە شەرمەوە لە نەنكم پرسی: ـــ: هاوسێیە، یا هەر خەڵكی گوندییە؟ بەڵام كێیە و چۆن دەبێ، نەنكم شتێكی نەگوت، منیش لە سەری نەڕۆیشتم.. ئێوارە زانیم كێیە و چۆنە.. شێخ دروودی مارەیی خوێند و تەپڵمان بۆ لێ درا.. پاشان هاتە سەر ئەو وەختەی پێكەوە لە ژوورەكەدا جێمان بێڵن. باپیرم جودای كردمەوە و وتی: ـــ: ئاگاداربە، بەیانی ده‌بێ خوێن هەبێ! ئەگەر بووی بە پیاو ئەوا وەك پیاوان بە.. گرینگ ئەوەیە خوێن هەبێ دەنا دەبیتە مەسخەرەی تەواوی گوندی، پاڵێكی پێوە نام و دەژوورێی كردم و دەرگای كلیل دا.
نیو سەعات دەبوو وەك كۆڵكەدار دانیشتبووم بێ ئەوەی فززەم لێوە بێ یا ڕووپۆشی لە سەر لادەم پاشان هەر خۆی بە دەستی خۆی ڕووپۆشەكەی لادا و دەركەوت.، وام زانی باپیرم ئافرەتێكی قەڵەو و تێكسمڕاوی بۆ هێناوم، كەچی من كیژێكی لە وێنەی پەپوولەم دی، سپی دەت گووت شیرە، چاوی گەورە و سیحراوی.. بە سەرسامیەوە تێیەوە ڕامابووم، ئەویش سەیری دەكردم.. پاشان دایە قاقای پێكەنین ئینجا پرسی: ـــ: شەرم دەكەی؟
ـــ: ئەرێ وەڵڵا..!!
ـــ: شەرم لە چی دەكەی؟ شەڵوارێكی ڕەنگینت دەبەردایە سەیری ئەو پشدینە، حەز دەكەی یاری بكەین، بگەوزێین؟ پێش ئەوەی پێی بڵێم كە داخۆ دەمەوێ یان نا شویتكی گرتم و بۆ خۆی ڕاكیشام و ماچی كردم و دایهێنامەوە. بەم چەشنە به‌ كه‌یفی تۆمان یاری كرد و ئاگامان لە خۆ بڕا، هەستمان بە كەڵەبابی بەیانی نەكرد.. لەو دەمی دا كە خوێنەكەم بیر كەوتەوە كوڕنیشكم كەوتنە نێوچاوانێ »ئێستا كە خۆشە، بەڵام سپێدە دادێ و ئەوانەی لە خوێن دەپرسن دێن.. ئەدی ئاكام؟« بینیمی چیم بەسەر هات، لێی پرسیم كە داخۆ بیر لە چی دەكەمەوە؟ وتم: ـــ: لە خوێن! وتی: ـــ بۆت پەیدا دەكەم.. ڕوومەتی پڤ دان.. بوون بە گوڵاڵە سوورە و تفنكیشی كۆڵینەوە خوێنی لێ پژا.. لەوەی گەڕێ لە كوێ و بە چیمان سڕیەوە، هەموو شتێ كۆتایی پێ هات، وەك پیاوێك لەگەڵ ئافرەتێك دا دەژی، لەگەڵ سلیفیانادا ژیام، ئەو كیژە، بەڵام هاوسەرمە.. مێینە هەر لە منداڵێیەوە ڕوخساری ئافرەتیان پێوە دیارە، جا ئەوە لە ژێر برژانگانیان دایە یا لە ژێر نینۆكان، گرینگ ئەوەیە هەیە، بەڵام مەسەلەكە بۆ نێرینە جیایە، ئەو پیاوەی كە ڕدێنی نەبێ ڕوومەتی ئافرەتی پێ بخورێنێ پیاو نیە! دڵیش كە بیر لە ئافرەتێ دەكاتەوە لەسەرو ڕدێنێ ناپرسێ كە ئەمەش لە خۆم ڕوویدا، كاتێ لەگەڵ سلیفیانا گەوزیم و لێك ئاڵاین و ئەوەندی پێمان كرا یاریمان كرد، دڵم هێزی دەهاتەبەر هێز! كە ویستیشیان بە زۆرەملی ڕێی پێ بگۆڕن، لە ڕەگ و ڕیشەوە لە منیان دەركێشا، ئەوەش بێ ئەوەی كەسێ هەستی پێ بكا، هەموو شتێ وەك دەڵێن ئاسایی ڕۆیی، وەكو ئەوەی لەسەر ئاوێ بێ وا بوو، كەس نەبوو بۆ ئەوە بچێ كە لەوانەیە لەژێر ئاوەكەدا بەردێ هەبێ و قایێخەكەمانی تێ هەڵبنگوێ و هەلاهەلا بێ. (سلیفیانا) لە ماڵەوە دەمێنێتەوە، خزمەتی نەنكم دەكا كە دەگەڕێنەوەیش زرۆبی و ناوساجیمان لەپێش دادەنێ و ئیشان دەكا، گسك لێ دەدا، تەنانەت ماڵە كۆنەكەمان وای لێ هاتووە وێنەی ڕۆژێ پرشنگان دەدا، كۆڵەگەكانیش زەردەمسكە بوونەتەوە،(سلیفیانا) بە گوڵ و گیای هەمەچەشتی ڕازاندبوونەوە، وای لێ هاتبوو ڕۆژێ سێ جاران مینای پەنجەرەكەی تەڕ دەكرد و پاكی دەكردەوە و لە باتی ئاوێنە قژی لەبەر دادەهێنا، قژێكی هەبوو لێرە زەردی دەنواند و لەوێ سوور وەك بڵێی گڕی تێبەر بوو بێ، كە لە لایێكی تر تەماشات دەكرد وەك زێڕی زیندوو وابوو، كەروێشكەی لەسەر سەری دەكرد، دەست دەكاتێ دایدەهێنێ، منیش دەچم سه‌یری دەكەم و تێیەوە ڕادەمێنم تا باپیرم بانگم دەكا:
ـــ: ڕەمەزان هەستە، بزنەكانت خەریكە لە برسان دەمرن! ئای چ ئازارێكە بە دەست بزنانەوە، هاوینان خۆر تەمەڵی دەنوێنێ و لە تاقی ئاسمانایە و ئاوا نابێ.. پێنج فلوسانیش ناهێنێ، بووكی منیش لە گوندییە.. وام بە خەیاڵدا دێ بە گۆچانەكەم بكەومە بەر خۆر و پاشان ختمی بكەم لە زەوی و ئیتر هەڵنەیێتەوە، منیش بە گەنجی بمێنمەوە تا هەر شەو بێ و تا هەتایێ لە تەكیەوە پاڵ بكەوم یا بە هەناسەم برژانگی دابێنم، فێر بووم هەموو بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستم فوو لە برژانگی دەكەم، تاكو هەموو تاڵێكی دەچێتەوە جێی خۆی. بەڵێنم بە (سلیفیانا) دابوو كە لەگەڵ باپیرم دەچمە پێشانگایێ لە (فلیپیە) شانەیێكی ئێسقانی بۆ برژانگان بۆ بهێنم، كە چی بەڵێنەكەم نەگەیاندە جێ. ڕۆژێكیان لەگەڵ باپیرم لە دروێنە بووم كە ئێوارە گەڕاینەوە ماڵێ، چووینەوە سەر هەوارێك خاڵی و تار و بێ بووك. نەنكم وتی، براكانی سلیفیانا داوایان كرد، ئەویش نەیدا بوونێ و ئەوانیش پاڵێكیان پێوە نابوو و بردبوویان. وتبوویان سلیفیانا جیازیی هەیە و پێویستە وەری بگرێ، سواری ئەسپێكیان كرد كە خەڵكیشیان گەیشتنێ بە ناو دارستانەكەدا بۆی دەرچوون. نازانم چیم بەسەر هات؟ بەڵام كە باپیرم بینیمی دەست بۆ چەقۆیێ دەبەم، گرتمی و بە نەنكمی وت: كندڕێكم بدەرێ! نەنكم كندڕێكی هێنا و باپیریشم لە ئەستوونەكەی بەستمەوە و پێی وتم: تۆ دەبێ لە پێناوی زەوەززەدا خۆت ڕاگری.. نابێ ببزووی دەمەوێ نەوەی حەسەن دەروێش لێرە گاگۆڵكێ بكا، پاشان دەچی لە كوێ دەكوژرێی كەیفی خۆتە! سواری ئێسترەكە بوو و بۆی دەرچوو، بانگی نەنكمیشی كرد: ـــ: ئاگات لە وەچەی دەروێش بێ، دەنا سەرت دەقەڵێشنمەوە! نەنكم باپیرم چاك دەناسێ بۆیە دەست و پێی نەكردمەوە. منیش وەك بڵێی سەد (زەروو)م بە دڵەوە نووسابێ و خوێنم بمژن هیچی ترم بە خەیاڵدا نەدەهات، تەنها ئەو هیوایە كزە نەبێ كە دەشێ براكانی بە ڕاستی بۆ جیازەكە بردبیانەوە، دوای ئەوەیش بیرم لەوە دەكردەوە كە ئەوان براینە و غەریبە نین. دڵی خۆم بەو تۆزە هیوایە دەدایەوە تا باپیرم لەگەڵ مەلا بانگدانێ هاتەوە، زاری ئێسترێی كەفی هەڵدابوو، ئەوەندەی بەنێو زڵكاوانیشدا تێپەرێ تەواوی بەدەنی تەڕ ببوو. پاڵی پێوەنام و دەژوورێی كردم و دەرگایشی گاڵەدا، لەگەڵ نەنكیشم چوونەوە ژوورەكەی خۆیان. دیوارێكمان ناوبڕ بوو، لە نێوەڕاستیدا دووكەڵكێشێكی تێدا بوو، دیوارەكە لە ڕاستی دووكەڵكێشەكەدا دەنگی تیا دەهات و دەمتوانی گوێم لە قسەو گفتوگۆیان بێ. خۆم لە كونجێك ئاخنی و گوێم بۆ ڕادێران، باپیرم بە دەنگێكی نزمەوە دەئاخڤی، بەڵام هەموو شتێ تێ گەیشتم دەیگوت: ـــ: ئیتر بووك هی ئێمە نییە، برایە بێ ئەدەبەكانی زانیبوویان هێشتا كچە، بۆیە بە دوو (سابرێن)ـانیان داوەتە ڕەفعەت! نەنكم لێی پرسی: ئەی ئێستا؟ -: ئێستاش بردوویانەتە دارستان و كەس نازانێ كەنگێ دەگەڕێنەوە، بەڵام چ سوودێكی هەیە بگەڕێتەوە و تۆوەكی بیژۆكی لە هەناواندا دابێ. نەنكم وتی: جا ئێستا چ دەكەی؟ -: دەزانی چ؟ وام بە خەیاڵدا دێ ڕەفعەت وەك گوللە لە قیڕیدا ختم بكەم، دەشیكەم! بەڵام ئێستا نا، ژنێ بۆ ڕەمەزان دێنم و چاوەڕێ دەكەم تاكو نەوەكە پەیدا دەبێ، جا دەزانم چۆن وا بكەم دایكی ڕەفعەت خڕە فرمێسكان هەڵبارێنێ.
قسەكانی باپیرم، ئا ئەو قسانەی وای لێ كردم كە خۆم بە ئۆجاغەكەوە بنێم نەبزووم و داوای لێ كردم بە دیار خۆڵەمێشەوە بم! لەگەڵ گەردی بەیانیدا باپیرم لەگەڵ شێخی هاتنەلام دڵی دامەوە، تانەخنكێم و نوقم نەبم و تا دوژمنایەتی كەس نەكەم و لەگەڵ كەس بە داوا نەیێم، هەر بۆ ئەوەی نەوەیەك بۆ باپیرم بەجێ بێڵم پاشان خوای دەكرد سەرم پان دەبووەوە!!
ئەو ڕووداوانەی لە دوایشدا هاتن، بێرە، بە ناو دڵم دا چوون… وێنەی كۆمەڵە تابلۆیێك… ئازاریان دەدام… تابلۆی یەكەم كە سیلیفیانا گەڕایەوە گوندی، ماڵی ڕەفعەت هاوسێمانن، ناوبڕمان تەنها دیوارێكە، بەڵام كە گەڕانەوە كەس نەیدیتن، مانگێك بڵێ زیاتریشی پێ چوو بوو پێیەوە دیار نەبوو ئەم دەڵە كە جووتبێتی… ڕوومەتی وەك هەویر شێلا بوو، زاتی نەدەكرد ئەمە بڵێ منیش هەموو شتێكم دەزانی… لە یەكەمین ڕۆژەوە ڕەفعەت عاشقی ببوو، كاتێ كە لە حەوشەی دیبوو دێ و دەچێ، كونێكی لە دیواریدا كردبوو و تەماشای دەكرد، ئەو بە حەفت ساڵان لەمن گەورەترە سەرەڕای ئەوەیش لە خۆشیان دایە، ناچێتە داران و ناشچێتە كێڵگە، تەنها یارمەتی باوكی دەدا، باوكی گۆشتفرۆشە. عارەقێ دەخواتەوە و ددانان دەگڕسێنێ و پاشان دەچێ سنگ دەردەپەڕێنێ و فشەو فەخفەخە بەسه‌ر خەڵكیدا دەفرۆشێ… ماڵی ڕەفعەت دوو سابرێنی قەڵەویان هەیە دوو زەنگوڵیان بە ملی یەوەیە، كە دەزرنگێنەوە لە پشت دە گردانت گوێ لێ دەبن، براكانی سلیفیانا (ڕەجەب و یۆمێر) تەماحكارن، شوانكارەشن حیساب بۆ سابرێن و زەنگوڵان دەكەن، جڵەویان بۆ ڕەفعەت شل كردووە، ئەوان سابرێنەكانیان دەوێ ئەویش خوشكیان، زانیبووشیان هێشتا كچە دەقەبەڵیان كردبوو. زۆرم حەز دەكرد سلیفیانا ببینم، بەڵام ئەو زاڵمە لە پشت قفڵێی نابوو چ ڕێگایەك نەبوو پێی ببینم، جارێكیان غەریبیم بۆی هەستا، هەر تاریك دا هات بە سەر بانەكە كەوتم و چووم لە پەنا دووكەكێشەكەوە خۆم حەشار دا، لە پەنجەرەی ماڵی ڕەفعەتەوە سەیرم دەكرد… پەنجەرەكە خڕە، لە ناوەوەشدا لامپایێكی نەوتی دەسووتێ چی لە ماڵدایە دیارە، هەمووی نا… بەڵام دەمدیتن لەبەر خوانەكە دادەنیشن، پاشان دەمدیتن هەڵی دەگرنەوە و ڕەفعەتم دەدی پشتی دەكردەوە و خۆی تەنها دەكرد و… و …؟ نەمدەتوانی چاوەكانی ببینم، بەڵام سەری وەك بڵێی بڕابێ دەلەنگیەوە ئەویش دەیگرت و هەر دوو پەنجەی گەورەی دەخستە ژیر چەناگەی و وەك دڕندە هەڵی دەلووشی. لامپاكە دەسووتاو دڵی منیش وێنەی مۆم دەتوایەوە…
ئەم دڵە چۆن نەتوێتەوە؟ چۆن نەوەستێ؟ چۆن بگاتە سبەی و دوو سبەی؟! نەنكم هەستی بەوە كرد خۆم لە پەنای دووكەڵكێشەكەوە دەنێم بە باپیرمی گوت، ئەویش دیار بوو سەرزەنشتی كردو وتی: -: با بكا، چ دەكا با بكا… با ڕق بخواتەوە، با پڕ بێ لە قین… با فێر بێ خوێنی ئافرەت لە لووتیەوە وەرنەگرێ! بڵێی باپیرم ڕاستی كردبێ یان نا؟ ناتوانم حوكمی ئەوە بدەم، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ڕقەكەوە بێ كارەسات بوو… كە حەزت دەچێتە شتێك، بیر لە چیتر ناكەیەوە… بووكه‌ڵه‌ی پڕ لە پووشت دیوە؟ هیچی تیا نییە، نە دڵ، نە ئێسقان تەنها پووش و بەس من وەك ئەو بووكه‌ڵه‌یه‌م، بەڵام پووشی من ڕق و كینەیە، هەر بە وەیشم خۆ لە سەر پێیان ڕاگرتووە. ئەو ڕقەی لە ڕەفعەتم دەبێتەوە ئەوەتا بە سەرمەوەیە، لە ناو نوێنیێ، لە كێڵگەشدا لەگەڵمایە، شەوو ڕۆژ… خەیاڵی ئەوە دەكەم چۆنی بە تەورداسێ دەبڕمەوە یا بە خەنجەرێی دادەڕسێمە هەناوان، ئەویش دەم و دەست نامرێ و پێوەی دەناڵێنێ؟ ڕیخۆڵەكانی لە سەر ئەرز بە دوای خۆی ڕادەكێشێ، منیش بە پێیان پانیان دەكەمەوە و بە نینۆكان لە باڵ یەكیان دەردێنم، بێ ئەوەی بەمەیش دڵم ئاوێ بخواتەوە، بە خەنجەر ئازاری نابێ، بیرم لە ئازاردانێكی دیكە كردەوە، بیرم لەوە كردەوە لە سەرخۆ بیخنكێنم، ماوەی بدەمێ، بەڵام ئەوەم لا ڕوون بوو، ئەگەر بیگرم بەری نادەم بۆیە خنكاندنەكەیشم بە دڵ نەبوو، ئازار و ئەشكەنجەی ترم داهێنا و سێ سەد جارم كوشت و ژیاندمەوە. سەرم گڕی گرت، كوشتمەوە، لەت لەتم كرد و كردم بە هەزار پارچە، دەستم شل بوون ئەوجار بە ددانان، تاكو ئاخری پووشی ناو بووكۆكە گڕی گرت و منیش تام لێهات، لێوە لەرزەم گەیشتێ و نەخۆش بووم، كەوتمە ناو جێیان. ئەو وەختە باپیرم تەنگاو بوو! لەبەر من نا، لەبەو وەچەی دەروێش، لەگەڵ خۆی بردمە (تریگراد) بۆ لای ئایشە قەڵەو… ئەویش زۆری دەرمانی تاڵ دامێ و بە زۆر مەڵحەمانیشی چەور كردم، ئیتر تایەكە بەری دام و حەفتەیێكی پێنەچوو چاك بوومەوە، بەڵام باپیرم نەیهێنامەوە گوندی، لە (تریگراد) بەجێی هێشتم، لەوێ لای بزنە گەلی (دیلیۆمێر)، ئایشە قەڵەویشی ڕاسپارد چی پێ باشە بمداتێ بە مەرجێك بێ سمێڵ و ڕدێن نەگەڕێمەوە. هەر وایش بوو، جا ئەوە بە هۆی تاڵاو بوو یا لەبەر ئەوەی چونكە بە ناو ساڵان كەوتم- هەر ماوەی چەند مانگێك بوو سمێڵ و ڕدێنم پێوە هاتن، كەس نازانێ ئەوە چ ڕدێنێكە، بەڵام بە هەرحاڵ ڕدێنە، ئەمەیش نەختێ هێوری كردمەوە و ڕزگارم بوو لەو دەردە بەرازەی و ڕۆیشتم بە دوای ئارەزووی خۆم كەوتم… باپیرم هات وتی: یاڵڵا با ژنت بۆ بێنین خورێ خورێم كەوتۆتە دەستی و شینێ بە دایكی ڕەفعەت هەر دەگێڕم! بە باپیرم وت: دەتوانی ژنێم بۆ بێنی و چم لێ دەكەی كەیفی خۆتە، بەڵام تخوونی ڕەفعەت ناكەوی من خۆم حیسابی لەگەڵ پاك دەكەمەوە… سوێندیشم دا كە بە قسەم بكا. ژنم لە تریگراد هێنا، ئەمجارەیان چ فڕوفێڵی تێدا نەبوو، هەموو شتێ بەر كەماڵ بە سەرچوو، منداڵەكەم بوو، بەڵام نەك بە نۆ مانگان، بە حەفت مانگان! دیارە زانیوویەتی باپیرم ئەوەندەی لێ بەساتییە و پێشی وادەی بوونی كەوتووە! چەند ساڵ بوو باپیرم نەدیبوو پێبكەنێ، ئێستا بینیم… گڕژیەوە و ڕاكشا بمرێ… بە ڕاستیی ڕاكشا هەر دوای سێ ڕۆژان پاش لە دایك بوونی منداڵەكە، دەمی داچەقی و كەوتە سەر جێیان، برۆی چەپەی بە تەنێ هەڵدەتكی، بانگی كردم و وتی:ــ ڕەمەزان كوڕم! خۆ دیتت، باپیرتم ها! زەوەززەی دەرۆیش؟؟ ئەوەتا ئێستاش دەڕۆم مزگێنی بدەمە باوكت، بەڵام (ڕەفعەت)، ئەوا ئەویشم بە تەمای تۆ كرد! باپیرم ئەمەی وت و بە دوایی بوو، ژن و مناڵێك و ڕەفعەتیشی بە تەمای من بەجێ هێشت، دە وەرە جا ڕەمەزان بزانین چۆن سێ شتان بە دەستێكی هەڵدەگری، ژن و منداڵێك و دژمنیش، تۆی كە پووشی بووكه‌ڵه‌ت تێدایە، دەبێ ڕاست ڕێ بكەی و بزنەكانت بلەوەڕێنی و بكێڵی تا بخۆی، وە ئەمما جەرگ و دڵت ئەوەتان لە لای قەسابی، ڕەفعەت چۆنی بوێ وای دەگووشێ. لەبەر خۆمەوە دەمگوت: پێویستە منداڵەكەم هەراشۆكە ببێ كە دایكی بتوانێ پەروەردەی بكا، ئەو دەمی سكی ڕەفعەتت بۆ هەڵدەدڕم، لە دوایشدا وتم چاوەڕێ دەكەم تا ڕەپێ دەبێ و دەڕوا… كە ڕۆیشتیش وای لێهات سلیفیانا بە دەر دەكەوت، منداڵێكیشی دە ئامێزی دا بوو و پەچەی لە ڕووان دابوو، وەك جاری جاران هات و چۆی لە حەوشەكە دەكرد، دیار بوو نەی دیبووم، بەڵام چاوی لێ دەگێڕام بمبینێ. كونێكم دە دیواری ژوورەكەیان كردو سەیرم دەكرد، كاتی كە من لە ژوورەوە تەماشام دەكرد، ڕەفعەت لە پەنجەرەكەوە چاوی لێ بوو، ژنەكەیشم چاوی لێ بووم، لە بەختی من ژنێكی شەڕانی نییە، نە هاواری كرد و نە حەفت و هەشتیشی لەگەڵ كردم، چوو بێ هەست و خوست فرمێسكی هەڵدەباراندن.

بەم چەشنە ڕۆژگار هاتن و ڕۆژگار ڕۆین… جووتی دەكەم و كارێزان لێدەدەم، یا نەخۆ لەگەڵ بزناندا دەبم، بە پەلەشم، پێش ئەوەی تاریك دابێ دەگەڕێمەوە بەو كوونەوە دەنووسێم كە لە دیواری ژوورەكەدا كردوومە و چاوەڕوانی سلیفیانا دەكەم بیبینم جا ئەگەر بیبینم ئەوا دڵم دادەمركێتەوە ماندوویەتیشم دەڕەوێتەوە، ئەگەر نەیشی بینم ئەوا شەوێ بە ددان گڕساندن بەڕێ دەكەم… كەوڵی دەكەم… دەیخنكێنم، دەرمان خواردی دەكەم، لەگەڵ ئەوەشا دڵم قەرار ناگرێ! زۆر جارانم داناوە تەواوی بكەم، بەڵام هەر كە بیر لەوە دەكەمەوە دەچمە زیندان و لەوێشدا هیچ كونێك نییە سلیفیانای تێدا ببینم، واز دێنم و پەشیمان دەبمەوە. ئا بەم جۆرە ژیانم دەڕۆیی، ڕۆژ دوای ڕۆژو ساڵ لە دوای ساڵ… ئەگەر منداڵم گەورە نەبوونایە و شوویان نەكردبایە و منداڵیان نەبووایە، نەمدەزانی چەن ساڵ تێپەڕیون. ناوبڕی نێوان ئێمەو ماڵی ڕەفعەت لە دار گڵوانییە و لە باڵ یەكدی چووەتەوە، ئاوایش ئاسان نەبوو هەموو ئێواران بە بەفر و مەی سەرخۆش ببێ و بەیانیانیش لەگەڵ شەختەدا ڕابێ…
زۆری خواردۆتەوە و وەختی داهاتووە گڵۆڵەی بكەوێتە لێژییەوە… قەسابخانەكەیشیان لێ ستاندووە، بەمەیش زیاتری بێن تەنگ بووە… ئەگەر دەرزی ئاژنیش نەكرێ، ئەوا مەی وێنەی دەرزی تێی دەچەقێ. مەی پشتی شكاندووە و فڕێی داوەتە سەر جێیان… كچەكانی شوویان لە گوندێكی تر كردووە و خۆی و سلیفیانا بە تەنها ماونەتەوە. پێلەقەیێكم لە ناوبڕە هەڵوەشاوەكەدا، وەك ئەوەی بـچمە ماڵی خۆم، چوومە حەوشەی ماڵی سلیفیانا، نەخێر بە حەوشەیشدا بۆ ژووری ڕەفعەت تێپەڕیم، لەوێ لێی دانیشتین. چل ساڵ دەبێ یەكەمین جارە كە ئێمە هەرسێكمان لە یەك جێگادا كۆدەبینەوە و یەكەمین جاریشە بەرەو ڕوو دەڕوانمە ڕەفعەت و سلیفیانایشمان لە بەیندایە… ( فكرم پیسە گەورەم با پێت بڵێم!)، حەزم دەكرد بە بەرچاوییەوە سلیفیانا لە ئامێزێ بگرم و لە باوەشمدا بیبینێ وەكو چۆن من بە درێژایی ژیانم لە باوەشی ئەومدا دیوە… بەڵام ئەو قبووڵی نەكرد:
-: ئەوەندە بەسە كە لێرەین، ئەگەر ئەو زاڵم بووبێ، تۆ وا مەبە! دەپرسی ئەدی ئێستا؟ ئێستاكە كار بەم چەشنە دەڕوا: ڕەفعەت سەرمای دەبێ… سلیفیانایش كەری نییە پێی بچێتە داران و ئاگری بۆ بكاتەوە و سۆبەی بۆ تێ باوێ… من دەچم!! هەموو ڕۆژێ باری كەرێك دار دەهێنم و بەشیش ناكا… یاساوڵەكانی دارستان بینیمیان لێیان نووسیم، دوایشم كەوتن بمگرن و جارێكی ترم لە سەر بنووسن… هەڵاتم… بۆیە ئێستا بە شەو دەچم و بەو چاوانە سەیریان دەكەم و بەو دەستانەیش دەیانبڕم تاكو یاساوڵەكان دەنوون، ئینجا دارەكان بە نێو دۆڵەكەدا دێن و بەرەو ماڵ دەیانكێشمەوە. بەڵان چی؟ لە ڕێی ئەوەی كە ئاگری بەرداوەتە ڕۆحم لەشم تێك شكاوە!… ئاگریش دەكەمەوە، ئەوەی پێ گەرم دەكەمەوە وای لێكردووم..
چڵ ساڵان، تاوێ لە نێو ئاگر و تاوێ لە نێو شەختەدا بژیم.. نەمدەتوانی واز بهێنم، كە وازیشم هێنابووایە دەبووایە سلیفیانا خۆی بچووبایە داران.. بانگم دەكا یارمەتی بدەم.. دەستم پێ لە ئیش هەڵدەگرێ، چونكە چاكیش ئالیك دراوە و قورسە، لە پاك كردنەوەی جێ و باڵنگانی و عەیب نەبێ پاشەڕۆك، پێویستی بەوە هەیە بڵند بكرێ، ئەویش ئافرەتێكی لاوازە و ئەو هەموو ئیشانەی پێ ناكرێن.. كەواتە كێ ئەم كارە بكا؟؟!! كێ؟ ئینجا وەرە ڕەمەزان ئەوجار خزمەتی ڕەفعەت بكە، كە خزمەتیشم دەكرد هەر بۆ ئەوەبوو بارەكە لە سەر شانی سلیفیانا نەبێ…
بیستمەوە لە گەڕەكێ باس دەكەن: (تەماشا، تەماشا.. چۆن هاوسێیەكە! چ ئینسانێكە؟..)، بەڵام ئەوان ناوەوەی من نابینن چی تێدایە.. براینە هەناوم زووخاوی تیا دەكوڵێ و دەكوڵێ.. منیش چاوەڕێی مردنی ڕەفعەت دەكەم تاكو سلیفیانا مارە بكەم، كەچی ئەو نابووتەیش نامرێ.. ئا ئەمەیشە زووخاوی زووخاوان.. دەمەوێ پێكەوە لە ژێر لێفەیێكدا بنووین، وەك پیاوێ لەگەڵ ئافرەتێكدا دەنوێ.. پاشانیش چ دەبێ با ببێ.. ژن و ماڵ و منداڵم بەجێ دێڵم و دەچمەوە لای.. بەڵام ئا ئەوەتا ڕەفعەتە شەپڵەلێدراو كڕوكپ لە نێوانماندا كەوتووە، ئەوەتا كاتیش دەفڕێ و ئاوی چۆكانیشم دەچێ و ناشزانم داخۆ لەگەڵ سلیفیانا وەك ژن و پیاو لەگەڵ یەك دەنووین یا وەك خوشك و برا كەس حەقی بە سەرمانەوە نابێ..؟ زۆر جار دەڵێم: ئەو هەر بە ئازارە، ئێمەیش لەگەڵی مردووین.. بۆچی دەرگای ژوورەكەی، كە ئەوە دوو ساڵە دایخستووە لە سەر واڵا نەكەمەوە.. نە دەیخنكێنم و نەنووقمیشی دەكەم.. دوو سێ شەوانی لەبەر سەرمادا لێ دەگەڕێم كاری لە كار دەترازێ.. بیرم ئا لەوە كردەوە، بەڵام ئیتر ئەم كارەكەی بڕاندەوە… ڕوانیم سلیفیانا تەماشام دەكا.. لێی گەڕام و ڕێی خۆم گرت و بەرەو دارستان بچم داری بۆ بهێنم..! لە دوو ڕێیاندا لێم تێك دەچێ.. ڕێگام پێشان بدە! گەر دەتوانی ڕێنمایم بكە، یاخود یارمەتیم بدە ئەو دارانە لە كەرێ بێنم و بڕۆم.. ددانی ئەو نابووتەی تێك دەچەقن و چاوەڕوانە.

سه‌رچاوه‌ : ژماره‌ 2 ی ساڵی دووه‌می گۆڤاری ( الاداب الاجنبیة )ی سووری.

*زه‌وه‌ززه‌- وەچە




دۆستایەتی بافڵ و ئەعرەجی.. عوسمانی حاجی مارف

بەغدا و تاران حسابێکی تایبەت بۆ بافڵ و یەکێتی دەکەن، چونکە بێدودڵی هەڵدەستن بە پێشخزمەتیەکی ئەمنی گەوره و ڕۆڵێکی سیاسی دەگێرن بۆ بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی له مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا ڕایانگەیاندبوو، لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنووریەکانی نێوان ئێران و هەڕێم، بە چەکداماڵین و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بەئێران لە سنورەکانی ئێران و هەرێمدا، کە دەیانەوێت بەمجۆرە دڵسۆزی و پابەندبونی زیاتری خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی بسەلمێنن، تا لەسایەی کۆماری ئیسلامیدا پارێزگاری لە پێگەی سیاسیان بکەن،هەر بەم شێوەیەش بافڵ دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەببات.
بافڵ بەجیا لەوەی پێداگری و جەخت لەسەر دڵسۆزی سی ساڵەی بەردەوامی ڕێبازی یەکێتی دەکاتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، لەهەمانکاتدا بەدوای ڕۆڵێکی کاریگەریەوەیە تا ئەوە مسۆگەر بکات لە نێو هاوپەیمانەکانی لە ئێران و لە عێراق جێگایەکی دامەزراو بچەسپێنێت! تا بەم ڕێگەیە هاوسەنگی هێزەکەی لە بەرامبەر ڕکابەرەکەی کە بارزانی و پارتیە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ئەو هاوسەنگیەی كە چەندین ساڵە خەوی پێوەدەبینن.
لەهەمانکاتدا بارزانی و پارتی بەهەمانشێوەی پێشخزمەتی بۆ تورکیا توانیویانە هاوسەنگی هێزو سیاسیان لەبەرامبەر تاڵەبانی و یەکێتیدا بپارێزن، بەهەمانشێوە تورکیاش حسابێکی تایبەت بۆ بارزانی و پارتی دەکات.
ئەتوانم بڵێم هەوڵی پاراستنی سنوورەکانی ئێران ڕۆڵێکی کارای هەیە، کە جێگەی تایبەت بۆ تاڵەبانی لەنێو هاوپەیمانەکانی لەتاران و لە عێراق مسۆگەر دەکات.
دوای گەڕانەوەی قاسم ئەعەرەجی لە ئێران، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقە، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە دەکات کە لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمدا پەسەندکراوە، هەروەها سەبارەت بەو دۆسیەی دەربارەی بونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا لەئارادایە، ئەعرەجی بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت و لە دەباشان گفتوگۆی لەگەڵ بافڵ و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و ئەمنی ئەنجامدا، قاسم ئەعرەجی کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرە، یەکێکە لە کوتلە بەهێزەکانی شیعەی عێراقی دڵسۆز بۆ ئێران، بافڵ پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵدا پەرەپێداوە، هەوڵئەدات لە ململانێی لە بەرامبەر بارزانیدا پشتیوانیەکی بەهێزی هەبێت، بەو هیوایەی ئەوە نیشان بدات کە بەم ڕێگەیە دەست بەسەر سەرکردایەتی هەرێمدا بگرێت! ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ٢٠/١٠/٢٠٢٤دا بۆی نەچووە سەر، هەوڵئەدات بەڵکو لەڕێگە ئەعرجیەوە قومارێکی تر بەرامبەر بارزانی بکات و دەستکەوتێکی هەبێت! یان لەدواجاردا گەر دۆخەکە نەشێوێنن، پێگەیەکی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەست بهێنن.
لەڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ئەعەرەجیدا ئاماژە بەوەکراوە، کە بەڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، بەیاوەری شاندێکی ئەمنی، سەردانی سلێمانیان کرد، بۆ بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەعرەجی و ئەندامانی شاندی ئەمنی یاوەری، لەگەڵ سەرکردەکانی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی بە ئامادەبونی بافڵ کۆبوونەتەوە و باسیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سەرجەم وردەکاریەکانی تێدا کردووە.
میدیاکانی ئێران لە زاری ئەعرەجیەوە ڕایانگەیاندووە کە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم ئامادەن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ببنەوە، لەهەمانکاتدا بافڵ باسی لەپێشهاتە ئەمنی و سەربازیەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنیەکان لە هەرێم و عێراق کردووە.
چەکداماڵینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دورخستنەوەیان لە سنوورەکانی ئێران خاڵێکی سەرەکی لەڕێکەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران بوو، سەرچاوە عێراقیەکان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورتکردۆتەوە: ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران و ڕادەستکردنی داواکراوەکان بەپێی یاسا، چەکداماڵین و لابردنی کەمپەکان و کۆکردنەوەیان لە کەمپەکانی دوور لە سنوور.
دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچە سنوریەکانی نێوان ئێران و هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، بەڵام ئەوەی زیاتر پرسی سنوورەکانی چڕکردەوە، دەورانی دوای ئەو ناڕەزایەتیانە بوو کە بەدوای تیرۆری (مەهسا ئەمینی) لە ناوخۆی ئێراندا سەریان هەڵدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆماری ئیسلامی بەجیا لەسەرکوتی ئەو ناڕەزایەتیانە لەهەمانکاتدا پەنایبردە سەر سنوردارکردنی هەڵسورانی ئۆپۆزیسیۆنەکانی و دەستیکرد بە هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێستاش ئێران بەڕێکەوتن و بە هاوکاری بافڵ و حکومەتی عێراق ئەوکارەی بۆ ئەنجام ئەدرێت. سەرەڕای سەختی ئەرکەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەتوانن پشت بە خزمەتگوزاریەکانی یەکێتی نیشتمانی ببەستن بۆ بەرتەسکردنەوەی جموجۆڵی ئەو چەکدارانە.
بەغدا هەوڵئەدات بە کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی چەکدارە کوردەکان لەناو خاکی عێراقدا، تا تاران و ئەنقەرە ئارام کاتەوە، کە هەردووکیان پەرۆشی ئەو پرسەن.
ئێران پێشتر هەڕەشەی ئاشکرای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە ناوخۆی عێراقدا کردبوو، ئەگەر عێراق و هەرێم دەستپێشخەری نەکەن بۆ کۆتایهێنان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری ئێران لەسەر خاکەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو گەر ڕێکەوتنەکە لکاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەرپرسانی ئێران خۆیان بەرامبەر بەهێزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێم ئەو چەکداماڵینە جێبەجێ دەکەن.
زیادبونی پێویستی بافڵ و یەکێتی بە پشتیوانیکردنی ئێران و ئەعرەجی، لەو ڕووەوەیە کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ململانێی سیاسی بەکاریان دەهێنن کەلە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا نمایشی دەکەن، نمایش لەبەرامبەر ئەو ڕکابەریەی کە تائێستا تاڵەبانی لە تەواوی ژیانی سیاسی جەلالیەتدا، نەیتوانیوە بەسەریدا سەرکەوێت.
واقعی حکومەتی هەرێم و زۆنی زەرد و سەوز، پێکهاتەیەکە لە باڵادەستی حزبەکانی بورجوا ناسیۆنالستی کورد، بە ڕابەری بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بەهێزی میلیشیاو بە پشتیوانی و پاشکۆبوون بە دەوڵەتی ووڵاتانی تر، پارێزگاری لەخۆیان دەکەن و سەرمایەگوزاری و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی دەکەن، ئەمە نمونەی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتە لە کوردستاندا، کە هیچ هەنگاوێکی پێویستی بۆ خواستەکانی خەڵک نەنراوە.
لەوە گەوجانەتر نیە کە هەندێ لایەن و ڕۆشنفکر، ئومێدی ئەوە دەبەخشنەوە کە گۆڕانی ئەم دەسەڵاتە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، زیانی ئەمجۆرە ئومێدانە دامرکانەوەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانەیە کە داوای کۆتایهێنانی ئەم دەسەڵاتە دەکەن، کۆتاییەک کە لەڕیگەی ڕاپەرینەوە تەواوی دامودەزگاکانیان هەڵدەوەشێنێت، دامودەزگایەک بەدەورو ئیرادەو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک دادەمەزرێننەوە.




زەنگێكی مەترسیدار بۆ خێزانی كورد.. پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان

وەك پارێزەر و خەمخۆرێكی خێزانی كورد، كە رۆژانە لە نێو دادگاكان كاردەكەم دەمەوێت كۆمەڵگەكەم لە مەترسییەكی گەورە ئاگادار بكەمەوە، ئەگەرچی لێرەولەوێ‌ كۆمەڵێك كەس ئەم مەترسییەیان وروژاندووه‌ كە ڕووی لە تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردییە، بەڵام من ئەمجارە وەك شایەتحاڵێكی نێو دادگاكان بۆتان باس دەكەم كە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا چ مەترسییەكی گەورە خەریكە ڕوو لە هەموو خێزانێكی كورد دەكات.
هاوڵاتیانی ئازیز، دایك و باوكە بەڕیزەكان، بە داخەوە بە هەر هۆكارێك بێت ماددەی هۆشبەر تەشەنەی كردووە و لە ئێستادا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە! گەنجەكانمان بەهۆی بەلاڕێدابردن و خەڵەتاندنیان لەلایەن كەسانێكی تووش بوو بە ماددەی هۆشبەر، ڕۆژانە ڕێژەی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر ڕوو لە زیاد بوونە، چونكه‌ بە شێوەیەكی خێرا بڵاودەبێتەوە. له‌م كاره‌ هەر بە گەنج نەوەستاون بەڵكو كاردەكرێت بۆ لە خشتەبردنی نەوجەوانانیش و تێوەگلانیان لەم كارە. لە بەشێك لە شارە گەورەكان بەهۆی بازرگانیكرن و رەواجدان بە ماددە هۆشبەرەكان گەڕەك نییە كۆمەڵێك گەنج یان تاكێك ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە نەبووبیت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی جدی دروستكردووه‌ له‌سه‌ر ئایینده‌ی ڕۆڵه‌كانمان.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم، زۆر گرنگە چاودێرییەكی چڕ و بەردەوامان هەبێت بۆ منداڵەكانمان كە ئایا هاوڕێیەتی كێ‌ دەكەن و هەڵسوكەوتی رۆژانەیان زیاتر لەگەڵ كێیە؟ وه‌ هه‌رگیز ڕێگایان نه‌ده‌ین شه‌وان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ مه‌گه‌ر بۆ كارێكی پێویست نه‌بێت. بە حوكمی ئەوەی من رۆژانە لە دادگاكانم كاتێك ئەو هەموو گەنجە دەبینم كە ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن دڵم ژان دەكات، زۆربەشی كاتێك پرسیاریان لێدەكەی كە چۆن تووش بوون؟ ئاماژە بەوە دەكه‌ن كە هۆكاری سەرەكی بۆ توشبوونیان (برادەر) بووە! بۆیە بەڕاستی دەبێت زۆر وریابین كە منداڵەكانمان كێ‌ دەكەن بە هاوڕێی و دۆستی ڕۆژانەیان. هەموو توێژەرانی دەروونی ئاماژە بەوە دەكەن كە منداڵ ئەوەندەی كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ بە چاك و خراپی، ئەوەندە كاریگه‌ری ماڵه‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه‌. پەیامبەرمان (د.خ) لە بارەی كاریگەری برادەر لەسەر برادەر دەفەرمووێت: (برادەر لەسەر دینی برادەرەكەیەتی). ئینجا لە هەمووی ناخۆشتر و كارەساتبارتر ئەوەیە كە لەم زەمەنەی ئیستادا كێشەكە گەورەتر بووە، چونكە هەر بە گەنجی كوڕ نەوەستاوە بەڵكو كچ و ژنانیشیان ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە كردووە و خزاوەتە نێو خێزانی كورد!
بە داخەوە رۆژانە دەیان كەیسی ماددەی هۆشبەر لە دادگاكان بوونیان هەیە، ئەگەر بە شێوەیەكی چڕ و پڕ كاری لەسەر نەكرێت و رێگری نەكرێت لە هاتنە ناوەوەی ئەم ماددانە بۆ كوردستان، ئەوا دڵنیام لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ژمارەیەی كە ئێستا هەیە چەند قات دەبێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە خێزانی كورد بە گشتی وشیار بێتەوە و لە مەترسی ئەم ماددە هۆشبەرانە ئاگادار بێت، چونكە هەڕەشەیەكی جدی هەیە بۆ داهاتووی وڵاتمان.
ئەی گەنجی بەڕێز، لە توشبوون بە ماددە هۆشبەرەكان جگە لەوەی خۆت زەرەرمەندی یەكەمی ئەی بیرت لە دەوروبەرت كردووەتەوە؟ دایك، باوك، خوشك، برا… ئەی ئەوانەی ماڵ و منداڵیان هەیە و خیزاندارن چی!؟ خودای گەورە عەقڵ و هۆشێكی باشی پێدای بۆچی بە پارەی خۆت عەقڵ و هۆشت لەناو دەبەیت و سەرئەنجام لە چواردیواری بەندینخانە خۆت دەبینیەوە؟!

پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان




پەیوەندی سۆزداری، خۆشەویستی یەکلایەنە و بەشێك لە لێکەوتەکانی..166.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی١٦٦

لە ڕوانگەی زانستییەوە، خۆشەویستی یەکلایەنە دیاردەیەکی فیسیۆلۆژی و دەروونییە کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر سیستەمی هۆرمۆنی و دەماری مرۆڤ هەیە. کاتێک مرۆڤ تووشی ئەم دۆخە دەبێت، مێشک دەست دەکات بە دەردانی ڕێژەیەکی زۆر لە هۆرمۆنی دۆپامین و نۆرئەدرینالین، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی خۆشەویستی بەهێز و پەیوەستبوون بە کەسێکی دیاریکراوەوە.

لە ڕووی دەروونییەوە، ئەم دۆخە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی خولێکی نەرێنی لە بیرکردنەوەدا. مێشک بە شێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی بیرکردنەوە لە کەسی خۆشەویست دەبێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر چۆنیەتی ژیانی ڕۆژانە و بەرهەمداری کەسەکە دروست دەکات. توێژینەوە زانستییەکان پیشانیان داوە کە ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیستەمی خەوتن، خواردن و تەندروستی گشتی کەسەکە دابنێت.

لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، خۆشەویستی یەکلایەنە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بۆ گەشەکردنی کەسایەتی سەیر بکرێت. ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ناخۆشییەکەی، دەرفەتێکی باشە بۆ ناسینی خود و پەرەپێدانی توانا کەسییەکان. زۆربەی توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم قۆناغە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی کەسایەتی و فێربوونی شارەزایی نوێ لە بواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

چارەسەری زانستی بۆ ئەم دۆخە پشت دەبەستێت بە تێگەیشتنی قووڵ لە میکانیزمی کارکردنی مێشك و سیستەمی هۆرمۆنی. توێژەران پێشنیاری بەکارهێنانی چەندین ڕێگەی تایبەت دەکەن کە لەسەر بنەمای گۆڕینی پەیوەندی نێوان خانە دەمارییەکان داڕێژراون. یەکێک لە گرنگترین ئەم ڕێگایانە، چالاکی جەستەیی بەردەوامە کە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئەندۆرفین و باشترکردنی مەزاجی کەسەکە.

پڕۆسەی چاکبوونەوە لەم دۆخە پێویستی بە کات و بەرنامەیەکی تایبەت هەیە. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە بە گشتی ٣ بۆ ٦ مانگ پێویستە بۆ ئەوەی مێشک بگەڕێتەوە بۆ دۆخی هاوسەنگی خۆی. لەم ماوەیەدا، گرنگە کەسەکە سەرقاڵی چالاکی نوێ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز بێت، چونکە ئەمە یارمەتی دروستبوونی پەیوەندی دەماری نوێ دەدات لە مێشکدا.

خۆشەویستی یەکلایەنە دۆخێکی کاتییە و بە تێپەڕبوونی کات و بەکارهێنانی ستراتیژی زانستی، کەسەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی و تەندروست. ئەم گەڕانەوەیە پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام و پابەندبوون بە پڕۆگرامی چارەسەری هەیە، بەڵام ئەنجامەکەی بە دڵنیاییەوە ئەرێنی دەبێت.

سەرچاوە:
1-https://www.medicalnewstoday.com/articles/one-sided-relationship

2-https://www.forbes.com/sites/traversmark/2024/09/16/a-psychologist-shares-5-types-of-unrequited-love-and-which-is-worst/

3-https://www.verywellmind.com/one-sided-relationship-signs-causes-effects-coping-5216120

4-https://www.psychologs.com/one-sided-love-and-its-impact-on-mental-health/?amp=1




تەنز/ سەعدۆ و هەلا بیلنەشاما.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

سەعدەدین، كە ئێمە بە سەعدۆ بانگمان دەكرد، كوڕێكی ڕەقەڵەی كەپوو قنجی چاوشین بوو، باوكی وی لەناو قەیسەری، دوكانی جاجم و خرار و جەواڵفرۆشیی هەبوو. ئێواران دوای دەوامی قوتابخانە بۆ هاریكاریی باوكی دەچووە دوكانەكە، بە قسەی خۆی دەیگوت ئێمە شكاكین و لە بەری ئێرانەوە هاتووین. سەعدۆ هاوپۆلی من بوو لە پێنجی زانستی و قوتابییەكی هاروهاج و فێڵزان و چاوكراوە و بە جوولەجوولیش بوو، وەلێ لە ماتماتیك ئەوەندە زیت و زرنگ بوو، وەك دەڵێن ئاگری قودرەتێ بوو! زیرەكییەكەی بە ڕاددەیەك بوو، جار هەبوو هەستم دەكرد مامۆستاكەمان سڵی لێ دەكاتەوە. قەت لە ماتماتیك و شیكارییەكانی دانەدەما. ڕۆژانە دوای بەربوونمان لە مەكتەب، من و سەعدۆ بە پێ بەناو كۆڵانەكانی گەڕەكی عارەباندا دەگەیشتینە ناو بازاڕ و ئەو بەرەو دوكان و منیش بەرەو گۆڕەپانەكەی شوێنی یانەی كۆنی فەرمانبەران و لەوێ سواری پاسەكانی ئیسكان دەبووم و دەگەڕامەوە ماڵەوە. سەردەمانی ناكۆكیی نێوان حكوومەتی عیراق و كورد، دوای ڕێكەوتننامەی یازدەی مارت، لە نیوەی یەكەمی حەفتاكانی بووری، وەختێك سەعدۆ دیار نەما. زۆرجار بەكن دوكانەكەی باوكی دادەچووم، دەمبینی داخراوە، تومەز بابی وی بەگەڵ پێشمەرگە و ئەو خەڵكە كەوتووە كە بۆ پێشمەرگایەتی چوونەتە سەرەوە بۆ شاخ! دوای ئەوە ئیتر من سەعدۆم نەدیتەوە. نزیكەی چل ساڵ دواتر، ڕۆژێكیان لە تەیراوە، نزیك مزگەوتەكەی مەلا ڕەشید لەسەر عەرەبانەیەك دانەویبوومەوە، خەریكی پیواز بژاردن بووم، كە سەرم قیت كردەوە زەلامێكی چوارشانە تەماشای دەكردم، دوای دوو سێ جار تەماشاكردن و دیققەتدان، بۆم دەركەوت ئەمە سەعە خۆیەتی! هاوارێكم كردێ: كوڕە سەعدۆ؟ ئەوە تۆی؟ لێم سووڕایەوە و باوەشمان بەیەكدا كرد، ڕاستی من نازانم لە خۆشییان بوو یان لە چی! فرمێسك زایە چاوم و ئاگام لە پیوازومیواز نەما!.. هەستم كرد سەعدۆ زۆر گۆڕاوە، پێشتر لەڕ و لاوازێكی سیرمە بوو، ئێستا یەكی كەتەی چوارشانەی لێ دەرچووە!.. لەبیرمە لە پۆلی پێنج كە مامۆستا عومەر لە وانەی ڕووەكزانی، پرسیاری ئەركی ماڵەوەی لێ دەكرد، ئەو نەیدەزانی و لێی باش نەبوو چونكە حەزی بە دەرسەكە نەبوو و نەشیدەخوێند! پێی دەگوت: (دانیشە! سەعدۆی پیسی سیسی سیرمەی سەر سەیانی). هەر شەش وشەی ڕستەكەی عومەرەفەندی، پیتی (س)یان تێدا بوو، بۆیە قسەكەی ئەوەندە مۆسیقی و شیعراوی دەهاتە بەر گوێمان، هی هەندێ نەبوو لەبیری بكەین.. من لە باسی یادگارییەكانی ئەوكاتە، ئەوەی عومەرەفەندیم بیرخستەوە، ئیتر هەردووكمان لە بیرخستنەوەی ئەمە و بیرەوەریی دیكەی ئەو سەردەمانە دەتریقاینەوە و دەماندایە قاقای پێكەنین. خۆشیی سەردەمانی هەرزەكاری، لە تۆمارگەی هزرماندا بە هەوەنتە ناسڕێتەوە!.. لەگەڵ سەعدۆ لە جووت جادەكەی تەیراوە، بەدەم پیاسەوە خەریكی گێڕانەوەی سەرهاتەكانی ساڵانی قوتابخانە و هاوپۆلیمان بووین.. خۆشترینی ئەوانەی سەعدۆ بیری خستمەوە، كە یەكێكە لە تاكتیكەكانی هونەری فرتبازی و فێڵزانی! مەگەر تەنیا یەكێكی وەك سەعدۆی ماتماتیكزانی زۆڵ، بیری بۆ ئەم جۆرە فێڵانە بچێ!..
سەعدۆ گێڕایەوە: عەبە، لەبیرتە ئەو ڕۆژەی تووشی ژانە ددانێك بووم وەختابوو لەدەستی بگریم؟ ڕاستییەكەی ددانێشەكەیم لەبیر بوو، بەڵام بەهۆی زەینكوێرییەوە چیڕۆكەكەیم بەباشی نەدەهاتەوە یاد! سەعدۆ لە سەرابنەوە دەستی بە گێڕانەوە كرد: شەوێكیان بەهۆی ژانی ددانمەوە خەو نەچووبووە چاوم، چەند حەبێكی پۆنستانتیشم خواردبوو، كاریگەرییان نەبوو، بەیانییەكەی هاتمە بازاڕ و تا نزیكی نیوەڕۆ لە دوكانەكەمان خۆمم غافڵاند، كەچی ژانە ددان دەتگوت مارەزیوە لەناو ددانێكم دەگەڕێ و بەری نەدەدام!. بۆ سەعات دوازدە، كە تۆ هاتیە دوام و بەیەكەوە شۆڕبووینەوە قوتابخانە، من بەهۆی ژانەكەمەوە حەجمینم لێ بڕابوو، ئاگام لە دەرس و دەوام نەمابوو، تۆیش لە پشووی وانەی سێیەم، منت بردە لای مامۆستا سەڵاح مەردان، كە مامۆستایەكی توركمان بوو، ماوەیەك بووە بەڕێوەبەرمان، لەوێ مۆڵەتی نەخۆشی و چوونە دختۆرمان وەرگرت و هاتینە دەرەوە. هەر بە پێ چووینە شەقامی پزیشكان، لەوێ نۆڕینگەی چەند دختۆرێكی ددانمان دۆزییەوە، یەكیان وابزانم ناوی دختۆر تەڵعەت بوو! چەند دختۆرێكی تریش لە خوار ئەو هەبوون، یەكی تریان پێم وابێ ناوی دختۆر یاوس یان یەڵماز بوو! باشت لەبیرە كە من پارەی تەواوم پێ نەبوو، دەستت لەناو هەردوو گیرفانی شەرواڵەكەم ڕاكرد، لە نیو دینار زیاترت نەدیتەوە، خۆشت ڕۆژاناسا هەر پارەی پاسی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەت پێ بوو. لە نۆڕینگەی دختۆر تەڵعەت بەسەركەوتین، دوای نیو سەعات چاوەڕێ، لە دختۆر چووینە ژوورەوە. كە دختۆرەكە تاماشای ددانی كردم، سەرێكی بادا و گوتی:
ددانت كلۆر بووە و پێویستی بە هەڵقۆڵین و پاككردنەوە و پڕكردنەوەیە.
منیش هەر نیگەرانی ئەوە بووم كە پارەكەی بەڕكم بەشی چارەی ددانەكەم ناكات. دختۆرەكە تەماشایەكی كردمێ تا بزانێ ئاخۆ چی دەڵێم!
باشە یان نا؟
گوتمە دختۆر: ئەم پڕكردنەوەیە چەندی دەوێ؟ مەبەستم تەكلیفی پارەكەیە.
دختۆرەكە وەڵامی دامەوە: كاكە گیان بەهەمووی دەكاتە دوو دینار.
لە دختۆرەكەم پرسی، بۆ وا گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
بیرم كردەوە، قیڕوسیا. گوتم: زۆرباشە، بەنجەكەی لێدە.
دختۆر دوو بەنجی لەملاولای ددانەكەم دا و گوتی: فەرموو لە دەرەوە بیست خولەكێك چاوەنۆڕبە تا بەنجەكە كاری خۆی دەكات.
هاتینە دەرەوە و پێنج خولەكێك لە بەر دەركی دختۆرەكە لای ڕێكخەری كارەكانی، دانیشتین. من هەر لە بیركردنەوەی ئەوەدا بووم چی دەقەومێ ئەگەر تەواوی پارەكەم نەبێ بیدەمە دختۆر؟
لەهیكڕا بیرێك هزری ڕاژەنیم.. عەبە، بیرتە بەیەكەوە هاتینە خوارەوە و چووینە لای دختۆرێكی دیكەی ددان؟ هەڵە نەبم هەر دختۆر یاوسەكە بوو!.. لەوێ ڕێكخەرەكەی دوای نزیكەی چارەكە سەعاتێك ناردینیە لای ئەو دختۆرە. ئەویش بە وردی لە ددانە بەنجاوییەكەم ڕاما و گوتی:
ددانەكەت زۆر كلۆر بووە و پێویستی بە پڕكردنەوەیە، ئەمەیش بە بەنج دەكرێ.
گوتمە دختۆرەكە: سەرلەبەری ئیشەكە، چەندی پارە پێویستە؟
وەڵامی دایەوە: گەر دەتەوێ ببڕای ببڕ، ئەو ددانەت ژانی نەیەتەوە، هەمووی دەكاتە دوو دینار.
گوتم: بۆ ئەوەندە گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
پێشتر بیرم كردبووەوە پلانی فێڵێكی تۆكمەم دانابوو، بەڵكوو بە نیوە لێی دەرچم و دواتریش ڕێیەك بۆ باقی پارەی تێچوو بدۆزمەوە!
تەماشایەكی دختۆرەكەم كرد، ئەویش هەر چاوەنۆڕی وەڵامدانەوەمە. ترسێك ناخی گرتم. دوای چەند چركەیەك ڕووم كردە دختۆرەكە و گوتم:
باشە دختۆر گیان، ئەگەر بێ بەنج ددانەكەم بۆ پڕكەیتەوە، بێگومان هەقدەست و چارەسەری خۆ هەمان نرخ نییە؟ دەبێ نیوە بێت! مەبەستم بوو دوای ئەوەیش هێشتا نرخەكەی پێ كەم بكەمەوە.
وەڵامی دامەوە: بابی من، ئەو ددانەت زۆر كلۆر بووە، چۆن بەرگەی ژانی ڕنین و چاكردنەوەی دەگریت؟ خۆ ئەمە گاڵتەی منداڵان نییە؟
گوتم: با، بۆ من گاڵتەی منداڵانە و دڵنیام بەرگەی دەگرم.
دختۆرەكە زۆری مشتومڕ لەگەڵ كردم، سوودی نەبوو، من هەر سوور بووم لەسەر ئەوەی هەر دەبێ بێ بەنج بیكەم. ئەویش تووڕە بوو و گوتی:
شەرتبێ تۆ ئەوەندە جوامێر و ئازا و پیاو بیت و بێ بەنج لەژێر دەستم بەئارامی داسەكنێیت. شەرتبێ هیچت پارە لێ وەرنەگرم. سەیرە هاااا! تۆ لەو تەمەنەت چۆن دەتوانی بەرگەی ئەو ژانە بگریت؟ بێ بەنج؟! نامەوێ من پارەم ناوێ. دەی وەرەوە ژێر دەستم.. چوومەوە سەر كورسییەكەی و كەوتمەوە ژێر دەستی. دەستی بە ڕنینكاریی ددانەكەم كرد و نیو سەعات بەرگەی ئەو ژانەم!! گرت. هەتا هاتینە دەرەوەیش دختۆرەكە هەر بە واق وڕماوی تەماشای دەكردم و دەیگوت: یا هەلە بیلنەشاما!
خۆم و پارەی گیرفانی شەرواڵم وەكوو خۆی، سوپاسێكی گەرمی دختۆرم كرد. خۆ لەبیرتە، وەك پاڵەوانێك بەپێشت كەوتم و لە قاڵدرمەكان هاتینە خوارەوە؟. دوای سەعاتێك زیاتریش بەنجەكەی دختۆر تەلعەت هەر بەرینەدابووم.
تا گۆڕەپانی پاسەكان بەیەكەوە بووین و بەدرێژایی ئەو ڕێیە پێكەنین بەرینەدەداین و ئەو خەڵكەش هەر تەماشای دەكردین. لە گۆڕەپانەكە تەوقەیەكمان كرد و تەماشایەكی دوڕ چاوم كردیت، سكم پێت سووتا، من دەستم لە گیرفانم نا و لەو پارەیەی پێم بوو ڕوبعێكم خستە گیرفانت و تا لێك بزربووین هەر پێدەكەنیین.
————————————————
*هیچ مەرج نییە، چیڕۆك بەسەرهات یان گێڕانەوە یان ڕەنگدانەوەی ڕاستی بێت.
ع.ف




وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!.. ئومێد قەرەنی

ئەو شیعرەم بۆ خۆمە؛
ئەتۆ بڵێی
لەبری هەموو ئەو شەوە تاڵانەی
کە سەرخۆش بووم بۆ خنکاندنی ترسەکانم
جیهانێکی دیکە هەبووبێ بێ پۆلیس؟
هەسارەیەک بێ توندوتیژیی؟
ئەستێرەیەک بێ بەدبەختیی؟

ئەو شیعرەم بۆ یارە؛
کاتێ تەنیاییم وەک تیغێکی تیژ
لەسەر دەماری ملی ڕووتی دادەنێم.
ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیەکانمە؛
کاتێ ئارەقە لە هەنیەیانەوە دادەچۆڕێ
سەختە بزانی رەنگی پانتۆڵەکانیان چیە،
ژێر نینۆکەکانیان ڕەنگاوڕەنگە
هەڵسوکەوتیان بە دڵی تۆ نییە،
نازانن سیستەم چیە!
کەچی دەوڵەت، هەموو ڕۆژێ
لە ڕێی تەزووی کارەباوە
لە ڕێی بۆڕیی ئاوەڕۆوە
دێتە نێو ماڵەکانیانەوە!

ئەو شیعرەم بۆ خۆمانە؛
کاتێ ئایندەمان تا سبەی دەڕوا
ئێستامان تا دوێنێ
ئەمڕۆمان لە بۆشاییدایە.

ڕەنگە دوا جار ئەو شیعرەم هەر بۆ خۆم بێ؛
هیچم نییە لێی بترسم
هیچم نییە لە دەستی بدەم
دەمەوێ سبەی ئومێدێکی دیکە بم
یەک دەم بژیم و ونببم
وەک یاریی ئاگرین لە ئاسماندا
وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!

ئومێد قەرەنی