ئازاری خامنەیی و چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی!.. ڕێبوار ڕەشید

لە ماوەی دە ساڵەی حکومی ئایەتوڵاخومەینیدا گەلانی ئێران خراپترین ڕۆژەکانی خۆیان بە سەر برد، لە بەڵێنی ئازادیی و کارەبا و ئاو و گازی خۆڕاییەوە بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستیی و چەوساندنەوەی چینایەتیی و مەزهەبیی و جێندەریی و نەتەوەیی. ئایەتوڵا خومەینی، بە پێی وتەی خۆی، ڕابەری خەڵک و حکومەت بوو. لە ڕاستییدا ئەندازیاری حکومەتی شەڕ و فەرمانداری کۆمەڵکوژیی بوو.
جێی داخە، ئایەتوڵاخومەینی سزا نەدرا، بێ ئازار مرد.
هاتنە سەرکاری خامنەیی لە ٤/٦/١٩٨٩ئەو ڕاستیەی دەرخست کە دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان خراپتر بوو. کۆماری ئیسلامیی زیاتریش کەوتە دژایەتی گەلانی ئێران بەتایبەتیی کورد و بەلوج و عەرەب. ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زیندانکردن و فشارهێنان پەرەی سەند. کوشتن بوو بە هونەری ئیسلامیستیی.
هەر مانگێک پاش هاتنەسەرکاری خامنەیی د. قاسملۆ لە ڤیەننا (١٣/٧/١٩٨٩) و پاشان شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئەڵمان (١٧/٩/١٩٩٢) تیرۆر کران. خامنەیی، شاگردی یەکەمینی ئایەتوڵاخومەینی، ئەندازیار و بڕیاردەری شەپۆلی تیرۆرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتیی لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە ڕێگای دەستی درێژەوەبووی خۆی لە باشوور ئەنجامی دەدان. لە ٣٥ ساڵی دەستبەکاربوونیدا بە سەدان چالاکوانی سیاسیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کراون.
خامنەیی رابەری فەرمیی بزووتنەوە و دامەزراوەی مەزهەبیی، فەرماندەی گشتیی سوپا و بەڕێوەبەری فەرمیی هەموو دەزگا ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیەکانە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لە هەموو ئەو کوشتنوبڕین و ڕاوەدوونان و سووکایەتیپێکردن و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران وەکو کاری تێرۆریستیی کراون و دەکرێن.
خامنەیی ئەو کەسەیەکە نکۆڵی لە روودانی هۆلۆکۆست دەکات و گاڵتەی بە قڕکردنی جوولەکە و بە زیانەخرۆیی و وەحشیگەریی نازیزیم دێت، کە پارەوپولی ئێران، بە سەدان ملیارد دۆلار، بۆ شەڕی سکێتاریزمی مەزهەبیی و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبیی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت بە سوننەی چواردەور سەرف دەکات. خامنەیی بوو فەرمانی بە راوەدوونان و گرتن و ئازاردان و کوشتنی بەهائیەکان دا بۆ ئەوەی لە ئێران نەمێنن. لە سەردەمی خامنەییدا لەشفرۆشیی و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشیی و بڵاوکردنەوەی مەوادی بێهۆشکار بوو بە کولتوری داسەپێندراو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بە پێی پلانی خامنەییە کە مەوادی بێهۆشکار بەتایبەتیی لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە بێکاریی و فشاری کۆمەڵایەتیی بە ئەوپەڕی خراپبوون گەیشتووە.
خامنەیی ئەندازیاری ڕێکخستنگەلی جاش و شێوەکانی سیخووڕیی و ڕێکخستنی جاشئیسلامی سیاسییە لە ڕۆژهەڵات و لە هەندێک لە ئەوانەی باشوور. لە رێگای کەسانی وەکوو قاسم سولەیمانییەوە نەخشە و پلانەکانی خامنەیی لە ئێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەڕێوە دەچوو، بەهەمان شێوەی مستەفا چەمران، کە بکوژی خەڵکی کوردستان و نەمران فوئاد مستەفا سوڵتانیی و سەدیق کەمانگەر و سەدانی دیکە بوو لە گیانبەختکردووان، هەرواش قاسم سولەیمانیی جەللادی بە پیادەکردنی ئەو تیرۆرانە بوو کە خامنەیی لێیان بەرپرسیارە.
خامنەیی نوێنەری دیار و بەر چاوی ئیسلامی سیاسیی مونافیق و دژەژن و بەدکار و بەدڕەووشتە کە ئێستا نموونەکانی لە شێوەی ”ئیسلامی سوننی“ پەلاماری لاقی ڕۆشنبیران و ژنانی باشوور دەدەن، بوختان و درۆ بە دەم هەر ژنێکەوە دەکەن کە باس لە ئازادیی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بکات. ئەوانەی باشووریان کردووە بە مەیدانی کۆنەپەرستیی و خورافات، هەر لە خواردنەوەی میزی وشترەوە تا شێوەکانی نوشتە و دوعا و تاد.
کەی خامنەیی دەمرێت پرسیارێکی بێ وەڵامە، بەڵام راستییەک هەیە کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەبێت بە گیانکێشەری خامنەیی و شاگردەکانی. لە مێژوودا ڕوو دەداتەوە وشەگەلی پارادایمێکی ئازادیخوازانە ریز دەبن و تنۆکە ژەهر لە سەرخۆ دەکەونە ناو زاری تاوانبارانێک. ئەو تاوانبارانەی دەبێت لە قەفەسی ترس و سووکایەتیپێکردندا مەرگی دۆڕاندنیان بە سەردا بسەپێنرێت. مەرگی مەحکوم بە تەسلیمبوون!
جێی داخی گران و بیرەوەریەکی تاڵە کە تا ئێستا هەموو ئەو ئایەتوڵا و ئاخوندە بەرپرسانەی ئێران، نموونەی خاڵخاڵیی، بەهەشتیی، گرکانی، موسەویی، ڕەفسەنجانی، تەبرێزیی، حەسەنیی و بە سەدان ئایەتوڵای تاوانکار کە ئاسایی مردن، بەبێ ئەوەی گەل بتوانێت دادگاییان بکات و سزای دروستیان بە سەردا بسەپێنێت.
ئایەتوڵاخومەینی کاتێک مرد ئێران بەرەو لوتکەی سەقامگیریی بەڕێوە بوو. لە باوەشی دڵنیایی و لە ناو سەدای لەبەیکی پاسداران و ژێر سێبەری خایەرانی زەینەبدا گیانی دەرچوو. مردنی بێ ئازاری خومەینی، بۆ ئازادیخوازان بە ئازارە.
کۆتایی خامنەیی بە هەمان شێوەی ئایەتوڵاخومەینی نابێت.
کۆتایی خامنەیی لە دوندی هەڵدێرەوە دەست پێ دەکات کە بنکەکانی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسیی لە غەززە و لوبنان زیانی شایانباسیان بەرکەوت و ئەسەدی سووریای دۆست و قەڵا، فڕێ درایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. ئەمە ئازارێکی گەورە و گرانە. ئازارێکە تیایدا مەرگ شادی دەهێنێت. خەرجکردنی سەدن ملیارد دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران بۆ دروستکردنی نفوزێکی سیاسیی شیعە سەرئەنجام بوو بە هۆی ماڵوێرانیی بۆ فەلەستینیەکان و لوبنان و سووریا و بێگومان یەمەن و هەروەها عێراقیش ئەگەر زووبەزوو دەستبەرداری وەفاداریی بۆ ئێران نەبن. هەروەها پێگەی ئایینیی و کولتوریی شیعەی دەوڵەتانی کەنداو سعودیەشی لاواز کرد.
کۆتایی خامنەیی هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی رۆژائاوای کوردستان و گەرمبوونی بەرخۆدانی باکووردایە کە ئەردؤغانی ئایەتوڵای سوننە و دامەزرێنەری داعش و تیرۆریزمی سوننەی ئیسلامیی، سەرەڕای سەرکەوتنی ئیستایان لە سووریا، لە دۆڵی دۆڕاندایە.
ئەمانە هەموو ئازارن، ئازارێکی گەورەن و هیچ خامناییەک و ئەردۆغانێک بەرگەی ناگرن.
خامنەیی بە دەم ئازارەوە کۆتایی دێت. ئازارێک کە لە دامێنی دۆڕان و بەربوونەوەی هەتاهەتایی سەرچاوە دەگرێت. ئازارێک کە حوکمی ڕەهای دە ساڵەی فاشیزمی سێکتاریستی خومەینیشی دەچێتە سەر.
مەرگی خامنەیی لە مێژە وەختی هاتووە. ئەو مەرگەی دەمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران شیرین دەکات و ئەو ئازارە بە زەبرە بە دڵی ئەم دیکتاتۆرە تۆتالیتارە فاشیستە کۆنەپەرستە و ئەو حەشاماتە ڕەشۆکەیەی دوای کەوتووە، دەگەیەنێت.
ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی پاش مردنی خامنەییش ماوەیەک بەردەوام بێت و ڕەنگیشە هاوپێچ بن، بەڵام ترسێک لە ئێستاوە دڵی هاوتاوانکارەکانی خامنەیی داگیر کردووە کە بە هەمان شێوەی خۆی لە ئازاری دۆڕان و بەرەو کۆتایی چووندا چرکەکانی کات دەژمێرن.
هەستێکی تۆڵە سەندنەوە بە سوار کۆڵی میلی کاتژمێرەوە بێ ئۆقرە سینگ دەکوتێت. تۆڵەی ئاو و کارەبا و گازی خۆڕایی نا، تۆڵەی ئازاردانی مرۆڤ و ئازادیخوازان، تۆڵەی گۆڕینی جەستە و رۆحی ژنان بۆ پیاوێکی شاخلێڕواوی کەڵبەدار، تۆڵەی دانی عەبا و پەچە بەسەر تەواوی ئێراندا، تۆڵەی ئەشکەنجە و ڕشتنی خوێنی هەزاران رۆحی شاد، تۆڵەی زەوتکردنی ئازادیی و بێڕێزیکردن بە ویژدانی مرۆڤایەتیی. تۆڵەسەندنەوە لە مێژووی درۆ و دەلەسە و بوختان.
تۆڵەی دزین و بە هەدەردانی سامانی گشتیی گەلانی ئێران.
”ژن، ژیان، ئازادیی!“
“ژن، ژینا، ئازادیی!”

ڕێبوار ڕەشید
١٣/١٢/٢٠٢٤




خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی – دکتۆر مارف خەزنەدار.. محەمەد عەبدولڕەحمان مێرگەیی

کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)ی د. مارف خەزنەدار، حەوت بەرگە و چاپی یەکەمی لە ساڵی 2001 و چاپی دووەمیشی لە ساڵی 2010 لەلایەن دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم گوتارە خوێندنەوەیەکی کورت و خێرایە بۆ هەر حەوت بەرگەکە بە گشتی.
سەرەتا هەروەکوو لە پێشەکی بەرگی یەکەمی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە، بەلای خەزنەدارەوە گشت ئەو بەرهەمانەی لەم کتێبەدا بە نموونە هێنراون (بەرزترین قسەی جوانی زمانی کوردین)، واتە مێژووی ئەدەبی کوردی بریتییە لە مێژووی (قسەی جوانی) کوردی. هەر حەوت بەرگی ئەم کتێبە وەکوو دانەرەکەی مەبەستی بووە؛ بە میتۆد و ڕێبازێکی تایبەتی وەها نووسراوە، کەوا بە چەشنی سەرچاوەیەکی (قوتابخانەیی، زانستگایی، ئەکادیمییانە، فەرهەنگییانە و ئینسکلۆپیدیانە) بێت. هەروەک خۆی باسی لێوەکردووە، ساڵانێکی زۆری تەمەنی هەر خەریکی کۆکردنەوە و ساغکردنەوە و نووسینەوەی ئەم کتێبە بووە.
ئەم بەرهەمە تاکە سەرچاوەیە لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە بەو شێوازە زانستیی و فراوانە و لەدووتوێی زیاتر لە چوارهەزار و سەد لاپەڕەدا نووسرابێت. تا حاڵی حازر لە گشت سەرچاوەکانی دیکەی مێژووی وێژەی کوردی زانستیی تر و چڕوپڕترە.
لە بەرگی یەکەمدا خەزنەدار دووسەد لاپەڕەی تەرخانکردووە بۆ باسەکانی وەکوو: مێژووی نەتەوەی کورد، جوگرافیای کوردستان، ئایین و ژیانی کۆمەڵایەتی، ژیانی خوێندەواری و ڕۆشنبیری، دەستنووس، کوردناسی و زمان، ڕۆژنامەگەریی، ئەدەبی کۆن و نەنووسراو… تاد.
لەم کتێبەدا بەدرێژی باسی ژیان و (ناوەڕۆک و ڕووخسار)ی بەرهەمی زۆربەی زۆری شاعیرانی کوردی سەر بە زۆربەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی کراوە، لەوانەش بیستوسێ شاعیری شێوەزاری کرمانجی سەروو، هەروەها شاعیرە بەناوبانگەکان زۆرترینیان لەبارەوە نووسراوە. بۆ نموونە لە بەرگی دووەمدا، خەزنەدار هەشتاوچوار لاپەڕەی بۆ ئەحمەدی خانی (1650-1707) تەرخانکردووە و لە بەرگی سێیەمدا نۆوەد لاپەڕەی لەبارەی نالییەوە (1800-1877) نووسیوە. لەلایەکی دیکەوە باسی ژیان و بەرهەمی هەندێک شاعیر و نووسەر کراوە کەوا خوێنەر پێشتر پێیان ئاشنانەبووە و بەلایەوە ناسراونەبوونە.
لەسەر ئەو بنەمایەی (مەدەنیەتی ئیسلامی) کاریگەری هەبووە لەسەر ئەدەبیات و وێژەی کوردی، خەزنەدار لەبەر ڕۆشنایی ئەم باوەڕەدا ئەم مێژووی ئەدەبی کوردییەی نووسیوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە ئەدەبی کوردی بە دوو شێواز خۆی پیشاندەدات، یەکیان خۆماڵیی ئەویش (شیعری لیریکی و چیرۆکی شیعرییە)، شێوەکەی دیکەش لە ئەنجامی لێکدانی مەدەنیەتی کورد خۆی و هەر سێ نەتەوەی دراوسێی (عەرەب، فارس، تورک) و بە هۆکاری ئایینی موسڵمان دروستبووە، ئەمیش بریتییە لە (غەزەل و قەسیدە). (بڕوانە: بەرگی یەکەم، لاپەڕە 181 و 202)
بەلای خەزنەدار شیعر بەرهەمێکە تەعریف ناکرێت، ژیانی ئادەمیزادیش بەبێ شیعر نابێت و لە بنەڕەتدا شیعر خۆی دروستکردن و خوڵقاندن و داهێنانە، جوانکاریی و گیانی هونەریی کردوویەتی بە بەرهەمێکی وەها بە شێوەیەک بێت کە چێژ و ئەندێشەی مرۆڤ دەجووڵێنێت و بۆ گشت شوێن و چاخ و ڕۆژگارێک دەگونجێت.
خەزنەدار باوەڕی وایە بەرهەمی جوان و ڕەسەن بە کامڵی لەدایکدەبێت، ئینجا ئەمە لە هەر قۆناغێکی تەمەن و ژیانی شاعیردا بێت. خەزنەدار ئەو تیۆرییە بە هەڵە دەزانێت کە پێیوایە شاعیر وەک زانا؛ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توانا و بڕستی لە دانان و هۆنینەوەی شیعردا بەرەو زیاتر دەچێت، بەڵکوو گشت شیعرێکی بەرز بە کامڵی دێتەبوون و جا چ لە وەختی تەمەنی گەنجیەتی شاعیردا بێت یاخود لە تەمەن و ڕۆژگاری پیریدا بێت.
بە هەمان شێوە خەزنەدار پێیوایە بەهرەی هونەریی و خەیاڵی شیعریی، پەیوەندییەکی ئەوتۆیان نییە بە پلە و ڕادەی خوێندەوارییەوە. هەروەک هونەر زێدەتر پەیوەندی هەیە بە چێژ و خەیاڵەوە و کەمتر پەیوەندی هەیە بە ڕاستیی و لۆژیک، هەروەها داهێنانی هونەریی و ئەدەبیی دوور لە تیۆریی زانستییە و بەهرەی داهێنانی هونەر هیچ چەشنە سنوور و مەرج و ڕێسا و دەستوورێکی بۆ نییە.
خەزنەدار باوەڕی وایە مەبەستی سەرەکی لە گشت داهێنانێکی هونەریی و ئەدەبی ئەوەیە لەو قاوغ و چوارچێوەیەی بۆی دانراوە بچێتەدەرەوە و ببێ بە موتڵەق. داهێنانی ئەدەبییش بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵە، نەوەک تەنها بۆ گرووپێک و توێژێکی دیاریکراوی ناو جڤاکێک. سەبارەت بە پەیوەندی ئەدەب بە سیاسەتەوە، خەزنەدار بۆچوونی وایە ئەدەب لە سیاسەت گوشادتر و مەزنترە و داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی بەبێ سیاسەت سەردەگرێت، بەڵام ئەو بەرهەمەی ناوئاخنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی هەبێت، بەبێ جوانکاریی سەرناگرێت.
بۆیە داهێنان لە شیعری سیاسیدا پێویستی بە شاعیری لێزان و وەستا هەیە، چونکە ئەو شاعیرە کاتێک ئیلهام لە دیاردە و ڕووداوێک وەردەگرێت و پارچە شیعرێکی بۆ دەهۆنێتەوە، ڕەنگە ئەم دیاردەیە زوو یان درەنگ بە خراپە بگەڕێتەوە، ئەودەمەش دەبێت بە دروشمێکی سیاسی ڕۆژانەی بێتام. خەزنەدار پێداگیری لەوەدەکات کە دەبێت وەها حسێب لەگەڵ بەرهەمی ئەدەبیی بکرێت بە جۆرێک تەنها لەڕووی هونەرییەوە بێت و هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدیۆلۆژییەتی نووسەرەکەوە نەبێت. (ب5، ل274، ل436، ب6، ل392، ل414، ل647، ب7، ل72، ل212، ل274، ل325، ل341، ل469، ل505، ل697، ل704)
لەبارەی کاریگەریی زێدەتری شیعر لەچاو پەخشانەوە، خەزنەدار پێیوایە بۆ نموونە ئەگەر لیریکی (لەخەوهەڵسن)ی ئەحمەد موختار جاف 1898-1935، کەوا لە سییەکانی سەدەی بیستەم بووە بە سروودی وریابوونەوە و بانگەوازی خوێندەواری و کوردایەتی، لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەگەر شاعیر بە پەخشان بینووسیایە، ئەوا کاریگەرییەکی وەهای نەدەبوو و ئاوڕی لێنەدەدرایەوە. (ب5، ل487-488)
جێی سەرنجە خەزنەدار ئەگەر یەک تاقە دێڕە شیعری شاعیرێکی لەبەردەست دابووبێت و بەلایەوە جوان بووبێت، ئەوا ئاماژەی پێداوە و بە نازدار وەسفی کردووە. بۆ نموونە لە بەرگی سێیەم و لە بەشی چوارەمدا، لە باسی شیعری کێشی عەرووزی لە پێش نالیدا، دەبینین سەبارەت بە دێڕە شیعرێکی مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی 1747-1806 خەزنەدار نووسیویەتی: ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە (دێڕە شیعرێکی نازدار)مان لەبەردەستدایە و سەرچاوەکان دەڵێن ئەم شیعرە لە بەرهەمی نووسەری ناوداری کورد بێتووشییە، دێڕەکەش ئەمەیە:
لە دیباجەی کیتابی حوسنی عالەم هەر وەرەق لادەم
دەبینم مەبحەسی وەسفت لە هەر فەسڵێ و لە هەر بابێ (ب3، ل53)
بە هەمان شێوە خەزنەدار باوەڕی وایە ئەگەر شاعیرێک تەنها یەک تاقە شیعری هەبووبێت، بەڵام شیعرەکە بە پێوەرەکانی جوانیی جوانبێت، ئەوا ئەو شاعیرە بە شاعیرێکی مەزن دادەنرێت، بۆ نموونە لە بەرگی پێنجەم و لە باسی شوکری فەزلی 1882-1926 و شیعرەکەی بۆ شێخ مەحموودی گوتووە بەناوی (ئیش کە ڕووی ئێستە لە هەورازە سەرەوژێری نەکەی)، خەزنەدار دەڵێت: ئەم تاکە شیعرە شەش دێڕییە؛ گێتییەکی گەورەی بێپایانە، ئەوەندە بەنرخ و بەبەهایە، ئەگەر شوکری فەزلی شیعری دیکەی نەبووایە و تەنیا ئەم شیعرەی هەبووایە، بەم شەش دێڕە بە شاعیرێکی گەورە دەکەوتە بەرچاو. (ب5، ل421، 436)
هەر لەمەڕ بە لوتکەبوونی جوانیی یەک دێڕەوە، ئەوەتە بیریار و ئەدەبناس مامۆستا مەسعوود محەمەدیش (1919-2002) لە بەرامبەر ئەم دێڕەی نالی کە دەڵێت:
ثوبووتت باعیثی نەفیی منە، وەک لامی زولفەینت
لە هەردوولا قەدت بگرێتە ناو، وەک «لامەلفلا» بێ
لە شەرحەکەیدا ئەوەندە پێی سەرسام و شاگەشکە بووە هەتا ئەوەی بارتەقای چەندین غەزەل و قەسیدەی دادەنێت. وەکوو لە کتێبەکەیدا (دەستەودامانی نالی، لاپەڕە211) نووسیویەتی (ئەم بەیتە یەکێکە لە هەرە هەرە هەرە دەگمەنەکانی هەڵبەستی عالەمی ئیسلام، ماڵم حەقە، بەیتێکە چەندین غەزەل و قەسیدە دەهێنێ).
لەبارەی شیعرییەتی دەقێکی جوان و پەیوەندی بە کێش و قافیەوە، بۆ نموونە لە بەرگی حەوتەم و لە باسی کاکەی فەللاح 1920-1990، خەزنەدار دەڵێت: شاعیر بەشداری بەرچاوی هەبووە لە دەوڵەمەندکردنی شیعری نوێی کوردیدا و لەو لیریکەی بەناوی (بۆچی نابێ) کەوا لەسەر کێشی هەشت بڕگەییە و چوار پێنج قافیەی تێدا بەکارهێناوە، کاتێک شاعیر لەو شیعرەیدا بە دلبەر دەڵێت: لەبەرئەوەیە من خۆم خۆشدەوێت، چونکە تۆم خۆشدەوێت، بەواتای ئەوەی ئەگەر دلبەری خۆش نەویستایە؛ خۆی خۆش نەدەویست. خەزنەدار دەڵێت: ئەگەر ئەم بیرەی شاعیر کاکەی فەللاح لەناو قاڵبی کێش و قافیەشدا نەبێت، ئەوە هەر شیعرە. (ب7، ل613-614)
سەبارەت بە پەیوەندی شیعر بە ئەوینەوە، پێچەوانەی بیروڕای موفتی پێنجوێنی 1881-1952 لەو شیعرەی دژی دڵداری دایناوە، خەزنەدار دەڵێت: شیعر بێ دڵداری نابێت، ئەڤین ماک و سەرچاوەی بنچینەیی و لەبن نەهاتووی ئەدەب و هونەرە. بێجگە لە باسەکانی کەموکوڕی کۆمەڵگە و پرسی نەتەوەیی و کێشەی چینایەتی، گشت ئەو شاعیرانەی وەسف و ستاییشی کیژی جوانیان کردووە، ئەوانیش شاعیری دیارن. وەک خەزنەدار لە جێی دیکەدا دەڵێت: لەناو کورداندا کچی جوان زۆرە و تەنانەت شاعیرانی کرمانجی سەروو، هەمیشە جوانی ژنیان بە دەوڵەمەندیی چوواندووە. لە بەرامبەریشدا بێگومان ئەدەبی کوردی هەناسەی بەهێز و گەرمی لە بزووتنەوەی سۆفیزم وەرگرتووە. (ب6، ل147-148، ل189، ل273، ب7، ل197)
دەربارەی لاساییکردنەوەی شاعیرێک بۆ شاعیرێکی دیکە، خەزنەدار بە ئیسناف و دادمەندییەوە لەم لایەنە دەڕوانێت و بە چاوی نزم تەماشای شاعیری لاساییکەرەوە ناکات، بەڵکوو وێڕای ئاماژەدان بە لاساییکردنەوەکەی، هەمانکات تیشک دەخاتە سەر لایەنە جوان و داهێنانەکانی ئەویش. لەمبارەوە ئاماژە بە دوو نموونە دەدەین. وەک ئاشکرایە زۆر شاعیری کلاسیک هاتوون لاسایی نالی-یان کردووەتەوە، یەکێک لەوانە (مەحوی 1831-1906)یە. لە بەرگی چوارەم و لە باسی مەحویدا، خەزنەدار نووسیویەتی قەسیدەی (بەحری نوور) کەوا لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی مەحوییە و ڕاستە مەحویش وەکوو کۆمەڵێک شاعیری دیکە بە هەمان کێش و قافیەی نالی لاسایی شیعرە نەعتە بەناوبانگەکەی نالی کردووەتەوە کە بەم دێڕە دەستی پێکردووە:
ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا هەتا کەی حیرسی وێرانە
لەگەڵ ئەم عیشقبازانە بڕۆ ئازانە بازانە
وەک خەزنەدار دەڵێت مەحوی نەوەک تەنیا لە کێش و قافیە لاسایی نالی کردووەتەوە، بەڵکوو لە مەعنا و وێنە و ڕستە و لێکسیکۆنیش لە دەوری داهێنانەکانی نالی دەخولێتەوە و گەرچی نەگەیشتۆتە پلەی هونەریی نالی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا؛ شاعیرانی دیکە و هەم مەحویش لە قەسیدەکەیدا وەستایەتی و هونەرکاریی و داهێنانی تێداکردووە. (ب4، ل215-216)
نموونەیەکی دیکە لە بابەتی لاساییکردنەوەی شاعیران، لە بەرگی پێنجەم و باسی مەلا محەمەدی کۆیی (1876-1943) خەزنەدار دەڵێ: ئەگەرچی مەلا محەمەد لاسایی شیعرە میللییەکانی حاجی قادری (1816-1897) کردووەتەوە و شیعری حاجی ڕێبەڕێک بوون بۆی، بەڵام مەلا محەمەد وەکوو قوتابییەکی زیرەکی حاجییە و بەردەوامبوونی ئەوە، ئەگەر شیعری حاجی لەڕووی ناوەڕۆکەوە دانایانە و ڕۆشنبیرانەبێت، ئەوا شیعرەکانی مەلا محەمەدیش وەکوو ئامۆژگاریییە بۆ توێژی نەخوێندەوار و گیانی کوردایەتی لەناو دڵیان هەڵدەقوڵێنێ و هەوڵدەدات ئایین و شەریعەت لەگەڵ پرسی نەتەوەیی کورد بگونجێنێ. (ب5، ل381)
ئەگەرچی خاوەنی کتێب وەکخۆی دەڵێ: ئەم کتێبە بەشێوەیەکە بیروباوەڕی خاوەنەکەی تێیدا ڕەنگدەداتەوە و قسەکانیش تەنیا پەیوەندییان بە نموونە ئەدەبییەکانەوە هەیە، بەڵام دەبینین هەندێجار خەزنەدار لە مێژووی ئەدەب چووەتەدەرەوە و هەندێک بیروباوەڕی کوردایەتی و هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانەی تایبەتی خۆی لەمەڕ هەندێ پرسی نەتەوەیی کورد دەربڕیوە، بۆ نموونە لە دوو جێگەدا کاتێک باس لە وەرگێڕانێکی (مەم و زین) دەکات بۆ سەر زمانی عەرەبی لەلایەن (محەمەد سەعید ڕەمەزان بۆتی)ی کوردی سوریا کەوا لە ساڵی 1957 بڵاویکردووەتەوە، خەزنەدار هەڵوێستی خۆی دەربارەی دۆخی ناهەمواری گەلی کورد لە سوریا دەردەبڕێت و بەمشێوەیە باسی لێوەدەکات: جێی داخە سانسۆری سوریا هەموو ئەو دێڕە شیعرانەی (خانی) کوردایەتی تێداکردوون لای بردوون و دەستەڵاتی سیاسی ڕازی نەبووە بە بڵاوکردنەوەیان. هەر لەومیانەدا خەزنەدار دەڵێت: بەربەرەکانیکردنی کورد لە سوریا سیاسەتێکی هەمیشەیی و نەگۆڕاوە لەوەتەی سەربەخۆبوونی وڵاتەکە لەدوای جەنگی دووەمی گێتییەوە. (ب2، ل12، ل402، ب6، ل62)
لە جێی دیکەدا ڕەخنە لە شۆڤێنییەتی عەرەبی دەگرێت و لەبارەی سەرکردەیەکی شۆڤێنیی وەکوو جەمال عەبدولناسڕ، خەزنەدار دەڵێت: (ئەو کابرا عەرەبە شۆڤێنییە هەر لە بنەڕەتدا دانی بە مافی تەواوی میللەتی کورد نەهێناوە). (ب6، ل457)
سەبارەت بە ڕووخاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، خەزنەدار ڕەخنەی توندی لە دەستەڵاتی سۆڤیەتی جاران گرتووە و بەمجۆرە باسی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە و بیروباوەڕ و هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت: سوپای ڕووسیای سۆڤیەت، تەشقەڵەیەکی سیاسی نامەردانەی لەگەڵ کوردی ناوچەی موکریان کرد و لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، سوپای سوور لە ئێران چووە دەرەوە و کۆماری مەهاباد ڕوخێنرا و سەرکردەکانی کوردیش لە سێدارەدران. خەزنەدار نووسیویەتی ئەگەرچی ئەمە گەورەترین ڕووداوێک بوو لە مێژووی کوردستانی ئێران و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام لە هەمانکاتدا سەرچاوەیەکی گرینگ بوو بۆ هۆشیارکردنەوەی نەتەوەی کورد.
خەزنەدار بە توندی ڕەخنە لە دەستەڵاتی سیاسی ئێران دەگرێت و دەڵێت: هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەفەوییەوە تا ئێستا بیروڕای بەرامبەر بە کورد نەگۆڕاوە، سیاسەتی گشتی تواندنەوەی کوردە لەناو (پانئێرانیزم). خەزنەدار ئاماژە بەوە دەدات کەوا نەتەوەی کورد لە ئێران سەرەڕای بەربەرەکانی لەڕووی نەتەوەییەوە، چەوساندنەوەشی وەکوو پەیڕەوانی سەر بە ئایینزای سووننە زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا خەزنەدار گەشبینە بەرامبەر بە ئاییندەی کورد لە ئێران و دەڵێت: خەڵکی کوردستانی ئێران هۆشیارن، بیروهۆشیان هەمیشە بۆ پارێزگاری ئەدگاری نەتەوەیی و داواکردنی مافی مرۆڤایەتییانە. (ب6، ل16-17)
سەبارەت بە کوردی تورکیا، لە بەرگی شەشەمی کتێبەکەیدا خەزنەدار نووسیویەتی: لەدوا ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم، گەلێک ڕێکخراو و پارتی سیاسی و یانە و مەڵبەندی ڕوناکبیری و ئەدەبیی و هونەریی؛ لە کوردستانی تورکیا و شارە گەورەکانی دیکەی تورکیا پەیدابوون و هەریەک لەوانە زۆر ڕۆژنامە و کۆوار و چاپەمەنییان دەرکردووە…، لە بەرامبەریشدا دەستەڵاتی تورکیا جاڕی جەنگی داوە لە دژیان. خەزنەدار دەڵێت: ئەم دەستەڵاتە خەیاڵی خاوە و کورد ئێستا و ئەوساش کۆڵی نەداوە، هەتا ئەمڕۆش خەباتی ڕۆشنبیری و سیاسی ئەو میللەتە ئازادیخوازە بەردەوامە. بەلای خەزنەدارەوە کورد هەمیشەییە و هەر دەمێنێت. (ب6، ل14-15)
سەبارەت بەوەی سەرکردەی کوردان دەبێت چۆنبێت، لە باسی موخلیسی (1910-1985) شاعیردا و لە بابەتی شیعری کوردایەتی، خەزنەدار سەرنج دەخاتە سەر بۆچوونێکی شاعیر و بە هەڵەی دەزانێت، موخلیس لە شیعرێکیدا بەناوی (کورد) دەڵێت سەرۆکی کورد نابێت بێگانە بێت و سەرۆک ئەگەر خوێنیشت بمژێت، بەڵام مادام کورد بێت باشترە. خەزنەدار ئەم بۆچوونەی شاعیری بەلاوە هەڵەیە و ڕەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت: (شاعیر ڕاستە کە دەڵێ سەرۆک نابێ بێگانە بێ، بەڵام ڕاست نییە کە دەڵێ خوێنمژیش بێ لە بێگانە باشترە، بەپێچەوانەوە لەڕووی سایکۆلۆجییەوە ئەگەر دوژمن خراپەت لەگەڵدا بکا ئێشی دەروونی کەمترە لەوەی هاوخوێنت دوژمنایەتیت لەگەڵدا بکات). (ب7، ل192-194)
دەربارەی دەردی دووبەرەکی ناوەخۆوە، خەزنەدار پێیوایە لەناو ئەدەبیشدا ئەوەندەی باس لە دوژمنی دەرەوەی کورد کراوە وەکوو هاوسێکان و ئەمپریالیستی جیهانیی، ئەوەندە باس لە دوژمنی ناوەوە نەکراوە، خەزنەدار دەڵێت: بەڕاستی کاریگەریی دووبەرەکی ناوەوە لە دواکەوتن و بەئامانج نەگەیشتنی کورد لە کاریگەریی دوژمنی دەرەوە کەمتر نەبووە. هەر بەم دەردی دووبەرەکی ناوەخۆییە گشت شۆڕش و هەڵسانەکانی دیکەی کورد هاوشێوەی حکومەتەکەی شێخ مەحموود ڕووخاون. (ب5، ل455-456).

محەمەد عەبدولڕەحمان مێرگەیی
هەولێر/ 12/12/2024

سەرچاوەکان:
1- دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، چاپی دووەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ساڵی 2010.
2- مەسعوود محەمەد، دەستەودامانی نالی، چاپی سێیەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ساڵی 2010.




پرسە لە نێوان هونەرمەندێكی هەڵپەرست و پێشمەرگەیەكی پاكدا!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕۆژانە یە هۆكاری جیاواز، لە شێوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، نەخۆشی و تلانەوە بە دەست زامە قووڵەكانییان، كە دەرەنجامی بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان كەوتۆتە جەستەیان، شەهیدبوون و تەقینەوە و تیرۆر، نەخۆشی درێژ خایەن، پێشمەرگە قارەمانەكان دەمرن و خوێنی پیرۆزییان تێكەڵ بە خاكی پیرۆزی كوردستان دەبێت. ئەوان تا لە ژیاندان، كەس هەست بە ئازارەكانییان ناكات، كە دەشمرن، بە پرسەیەكی سارد و سوڕ و هەژارانە، پرسەیەكیان بۆ دا ئەنرێت بەرپرسێكی گەندەڵ بە پرسەنامە و بەشدارییەك، هاوخەمی خۆیان بۆ دەرنابڕن، لە كاتێكدا هەموویان لافی ئەوە لێ دەدەن گوایا ئەوانیش پێشمەرگەن و چەند بە گەورەیی و شكۆمەندییەوە سەیری پێشمەرگە و قوربانییەكانی دەكەن، كە لە ڕاستیدا وانییە. لە بەرانبەر ئەمەدا، هونەرمەندێكی هەڵپەرست و بەرژەوەندیخواز، كە هەموو تەمەنی لە سەنگەر گۆڕین و پەت پەتێن و حزب گۆڕین، بە سەر بردووە و هەر ڕۆژە و لای حزبێك با لە كوێ هاتووە لەوێ شانەی كردووە، لەمبەرو ئەوبەری جۆگا بووە، كە دەمرێت بە سەدان پرسەنامەی بەرپرسان و بەشداری و هاوخەمی بۆ دەچێت و دەردەبڕدرێت. لە كاتێكدا ئەگەر گریمان كۆی كارە هونەرییەكانی ئەو جۆرە هونەرمەندانە بخەیتە سەریەك، یەك دڵۆپ خوێنی ڕژاوی پێشمەرگەیەكی شەهید و زامدار ناهێنێت، كە لە پێناو سەربەستی خاكەكەی و ئارامی و ئازادی مندا، لە دژی تیرۆرستە ئیسلامییەكانی داعش لە سەنگەری بەرگریی نواندوویەتی، چونكە ئەوەی من و خاكەكەم لە ژێر دەستەیی و داگیركاریی و بەربەریەتی داعش و دوژمنان دەپارێزێت، پێشمەرگەیە نەك ئەو جۆرە هونەرمەندانە كە ئامادەن مێژوو، كەسییەتی، ناوبانگی خۆیان لە شەو و ڕۆژێكدا لە حزبێكەوە، كە تەمەنێكییان تێدا بردۆتە سەر، بفرۆشنە حزبێكی دیكە تەنها لە پێناو پارەدا. جێگەی داخە، كەم نین ئەوانەی لە پەراوێزی ناوی پیرۆز و پەیامی گەورەی هونەر، بوونەتە هەڵپەرست و پۆست و پێگە و بەرپرسیاریەتیان وەرگرت، ئەوانە تەنها لە پاداشتی فرۆشتنی بیر و باوەڕو ڕابردووی خۆیان لە حزبێكەوە بە حزبێكی دیكە، بە یەك بڕیار پلەیەكی كارگێڕی باڵایان وەردەگرت و دەبوونە بەڕێوەبەری گشتی و هەر بەو پلەیەش دوای چەند ساڵێكی كەم خانەنشین دەكران و تا هەتایە ئەو مووچە زۆر و زەبەندە وەردەگرن. كە فەرمانبەرێكی ئاسایی بە چل ساڵ خزمەت وەریناگرێت. جێگەی داخە مێژوویی هونەری ئێمە لە دوای ڕاپەڕین تەژییە لەو جۆرە هەڵپەرستانە، كەچی لە ژێر ناوی هونەر و داهێنان و خزمەت بە هونەری كوردی دەناسێنرێن و دەنرخێنرێن. گەر بە مێژووی هونەری خۆمان لە ڕابردوودا بچینەوە، نموونەی دیكەی پێچەوانە دەبینین. تاهیر تۆفیق چەند هەژارانە مرد، ڕەسوول گەردی، حەسەن سیساوەیی ! ئەی كەریم خەمزەیی، كە ئەستێرەی هەفتاكان بوو، كەچی ئێستا تەسبیح دەفرۆشێت، ئەی حەسەن زیرەك چی مانا نەیبینێت لە ژیان؟ ئەی دڵشاد مەریوانی؟ مەگەر بەعس لە سۆنگەی کوردایەتییەكەی لە سێدارەی نەدا؟ ئەی شێخ حوسێن بەرزنجی؟ كە ئاوازی بۆ سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب داناوە! ئەمانە و دەیان ناوی دیكە كە نموونەی هونەرمەندی نەمر، بە شكۆ گەورە و مەزنن، كە هیچ كاتێك ئامادە نەبوون پەیامی پیرۆزی هونەر بۆ هەڵپەرستی و پۆست و بەرژەوەندیخوازی بەكار بێنن و خەڵكی فریو بدەن. ئەمانە لە سەر وتە و ڕێبازە جوانەكەی حەزرەتی مەسیح(سەلامی خوای لێ بێت) بوون، كاتی دەڵێت:_( چی بە كەڵكی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو دنیا بەرێتەوە و خۆی بدۆڕێنێت) بێگومان مەزنی و شكۆمەندی و مێژوو، گەورەیی بۆ ئەو كەسانەیە كە هەموو دنیا دەدۆڕێنن بۆ ئەوەی خۆیان ببەنەوە نەك بە پێچەوانەوە.